۱۳۹۸/۰۲/۱۱

تەنانەت لە ژاپۆنیش ئاستەنگی بۆ زوانی کوردی بنێنەوە


جەلال باشلانگچ / ئارتی گەرچەک
لە تورکییەوە: سەلاحەدین بایەزیدی

 
عەزیز نەسین، لەگەڵ وەفدی ڕۆژنامەنووسانی هاوچەرخ دەڕۆیشتە شڕناخ.
١٤ی سێپتەمبری ساڵی ١٩٩٢ بوو. شڕناخ سووتێنرابوو، وێران کرابوو. وەفدەکە دەیویست سەبارەت بە بەرپرسیارەکانی ڕووداوەکانی ئەوێ لێکۆڵینەوە بکا. 
لە ڕێگادا، عەزیز نەسین بە تاسووقەوە گوێی بۆ بەسەرهاتێک ڕاداشتبوو:
"هەروەک دەزانن لە ئایدیۆلۆژیای فەرمیدا کورد نییە. تورکە و لە شاخ دەژی. ئەمانە 'تورکی شاخستانی'ن. بەفری چیا لە هەوای سارددا ڕەق دەبێ. بە هۆی ئەوەی ئەم 'تورکە شاخستانی'یانە پێیان لە بەفر ناوە و دەنگی 'کارت کورت'یان لێ بەرز بووەتەوە، پێیان دەگوترێ 'کورد'. ئەمە گوتاری ئایدیۆلۆژیای فەرمییە."
بە ئاستەم بزەیەک لەسەر لێوەکانی [عەزیز نەسین] نیشت:
"تەنانەت من کە ئەو هەمووە ساڵە خەریکی تەنزم، شتی ئاوام بۆ وەسەر یەک نایە."
وادەی چاوپێکەوتن لەگەڵ فەرماندەی ئەوکاتی لیوای شڕناخ، عەمید مەتە سایاریش وەرگیرابوو. 
لە چاوپێکەوتنەکەدا، ڕستەیەکی هێنایە زمان، ڕەنگە بۆ ئەوەی کۆتایی بەو باسە بێنێ کە "کێ پەلاماری شڕناخی دا":
"ئەمن لێرە هەوڵ دەدەم تابلۆیەکی جوان بئافرێنم. ئەگەر هەوڵ بدرێ پەڵەیەکی بچووک بەم تابلۆیەوە بلکێنرێ، ئەم تابلۆیە بەسەر شڕناخییەکاندا دەڕووخێنم.
دواجار ڕووخاندیشم…"
عەزیز نەسین نەیتوانی وەڵامی ئەم قسەیە نەداتەوە:
"ئێوە لە دەروازەی شار نووسیوتانە 'چ بەختەوەرە ئەوەی دەڵێ تورکم'. ئەز تورکێکی پەتیم بەڵام بەختەوەر نیم. کورد چۆن بەختەوەر بێ!"
ساڵانی نەوەدەکان، دەوڵەت هێدی هێدی ئایدیۆلۆژیای "کورد نییە، تورکی شاخستانی هەیە"ی شکاندبوو. ئەمە ئیتر بۆ گوتاری "کوردەکان برامانن. ئێمە دژی پەکەکەین، دژی تیرۆرین" گۆڕدرابوو.
ئەوەی ڕاستی بێ ئەم گوتارە دەمامکێک بوو بۆ شاردنەوەی دژایەتیی کورد. چونکە لە دڵی خۆیاندا دەیانویست بڵێن "کورد هەیە بەڵان هەمووی تیرۆریستە". هەرچەندە هەوڵیشیان دابێ ئەم هەڵوێستانەیان وەستایانە حەشار بدەن، ناوە ناوە وتەبێژانی دەسەڵات قسەیان لە زار دەرپەڕیوە و نیەتی ڕاستەقینەیان "لەقاو" داوە.
بۆ نموونە، ٢٢ی ئووتی ٢٠١٦، پاش کۆبوونەوەی جڤاتی وەزیران، سەرۆک وەزیر بینالی یڵدرم ئەم لێدوانەی ڕاگەیاند:
"هێنانە ئارای قەوارەیەکی کوردی لە باشووری تورکیا، شتێک نییە ئێمە وەک تورکیا هەرگیز بتوانین پەسندی بکەین."
بینالی یڵدرم، دوو ڕۆژ دوای ئەم قسانەی، پاش چاوپێکەوتنی لەگەڵ جۆ بایدن جێگری سەرۆکی ئەوکاتی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا، زمانی بە هەمان شێوە "تەتەڵە"ی کرد:
"لە سنووری باشوورمان پێکهاتەیەکی نوێی کوردی قەبوڵ ناکەین."
ماوەیەک دواتر، هەر ئەو یڵدرمە کە ڕۆیشتبووە میتینگی دیاربەکر، توانی بەم ڕاحەتییە قسە بکا:
"ئێمە لە هیچ شوێنێکی دونیا دژی کورد تێنەکۆشاوین، ئەوەی پێچەوانەی ئەمە دەڵێ با بێتە مەیدانی دیاربەکر."
ساڵانی نەوەدەکان، هاوکات لەگەڵ بەدیهاتنی هەرێمی فیدڕاڵی کوردستان لە باکووری عێراق، "ڕوانگەی فەرمی"ی دەوڵەت هەر بەم شێوەیە بوو:
"لە باکووری عێراق ڕێگە بە پێکهاتنی قەوارەیەک نادەین."
پاش ئەوەی ئاکەپەش هاتە سەر دەسەڵات، دەوڵەت ئەم هەڵوێستەی هەر پاراست.
ڕۆژی ٦ی ژوئەنی ٢٠٠٧، ئەردۆغان، سەرۆک وەزیرانی ئەوکات، لە پەخشی ڕاستەوخۆی کاناڵ ٢٤دا لەسەر ئەو ڕایە بوو کە: "بەردەنگی ئێمە سەرکردە کوردەکانی ئەوێ نین."
"بەردەنگی ئێمە حکومەتی ناوەندی عێراقە. ئەمن چاوم بە سەرۆککۆمار و سەرۆک وەزیرانی حکومەتی ناوەندی کەوت. بێجگە لەمە، ئەمن لەگەڵ سەرۆک هۆزێک دانانیشم."
ئەم دۆخە لەگەڵ ڕستەیەک کە ئەردۆغان پەیتا پەیتا دەیهێنایە زمان، یەکیان دەگرتەوە؛ "لە کوێوە بۆ کوێ…"
هەر ساڵی ڕابردوو، لە میتینگی دیاربەکر، ئەردۆغان بەم جۆرە دوا:
"ئێمە بەرامبەر بەو بۆچوونەی کە خودی کوردەکان وەک کێشەیەک دەبینێ، دەڵێین 'کێشەی کورد لە گۆڕێ نییە'. تورکی، زوانی فەرمیمان کە هەرگیز ناگۆڕدرێ و هەر بەو شێوەیە دەمێنێتەوە، چەند بەنرخە، کوردی، زوانی دایکیشتان، بەو شێوەیە بەنرخە."
هەر ئەمساڵ بوو وەزیری کاروباری دەرەوە، مەولوود چاوشئۆغڵو لە ئاگری دەیگوت: "دەردی ئێمە تیرۆریستەکان و ڕێکخراوە تیرۆریستییەکانن. هیچ کێشەیەکمان لە تەک برا کوردەکانمان لە عێراق و ئێراندا نییە."
بەڵام ئەمە، وەک چۆن بە ساڵان پیادە کراوە، بۆ هەر دەسەڵاتێک کە لە تورکیا بێتە سەر کار، "دەمامکێکی کوردی" وازلێنەهێنراوە.
مانشێتی دوێنێی ڕۆژنامەی "یەنی یاشام" جارێکی تر ئەم دەمامکەی هەڵماڵی.
مانشێتی نووسەرانی یەنی یاشام بەم جۆرەیە:
"تەنانەت کوردیی ژاپۆنیش بووە مایەی بێزاری!"
سەردێڕی هەواڵەکەش پەیوەندیی بە وەزارەتی کاروباری دەرەوە هەیە کە ئەو چاوشئۆغڵویەی گوتبووی "هیچ کێشەیەکمان لەگەڵ برا کوردەکانمان نییە" بەرپرسیەتی:
"وەزارەتی کاروباری دەرەوەی تورکیا داوای کرد وانەی کوردی لە زانکۆی تۆکیۆ کۆتایی پێ بهێنرێ"
بە گوێرەی هەواڵەکە، وەزارەتی کاروباری دەرەوەی تورکیا، بێزاریی خۆی لەمەڕ وانەگوتنەوە بە زوانی کوردی کە لە یەکی ئاوریل بە دواوە لە زانکۆی توێژینەوەی بیانی لە ژاپۆن دەستی پێ کردبوو، بە وەزارەتی کاروباری دەرەوەی ژاپۆن ڕاگەیاندووە. سەرچاوەی هەواڵەکەش، مامۆستای زوانی کوردیی زانکۆکە، واکاس چۆلاکە.
پێشان، کەمێک دڕدۆنگ بووم و بە خۆمم گوت "تۆ بڵێی بە هەڵە خوێندبێتمەوە؟" شتێکی بەم جۆرە دەکرێ ڕاست بێ؟
پاشان، بەسەرهاتێکم بیر کەوتەوە کە ساڵح موسلیم ساڵی ٢٠١٣ گێڕابوویەوە…
دڕدۆنگی لە گۆڕێ نەما…
بە مەبەستی ئامادەکردنی "دۆسیەی کوردستان" بۆ گۆڤاری "تووکەنمەز"ی بزووتنەوەی ٧٨ەکان لەگەڵ نیمەت تانریکوولوو و جەلالەدین جان لە هەولێرێ بووین.
ساڵح موسلیمیش بۆ زنجیرە چاوپێکەوتنێک وەک هاوسەرۆکی پەیەدە هاتبووە هەولێر.
ئەم هەلەمان قواستەوە و وتوێژێکی دوورودرێژمان دەگەڵ ساڵح موسلیم ساز دا. موسلیم لەم وتوێژەدا "چیرۆکێک لە مێژووی" گێڕایەوە.
ئاخروئۆخری ساڵانی ١٩٥٠… سووریا و میسر خەریکی دامەزراندنی کۆماری یەکگرتووی عەرەبی بوون. ڕادیۆی قاهیرە پەخشی کوردی بەرنامەکانی دەست پێ کردبوو.
وەک دەگێڕنەوە باڵوێزی تورک لە قاهیرە بە مەبەستی گەیاندنی ناڕەزایەتیی تورکیا بە پەلەپڕوزێ خۆی دەگەیەنێتە نووسینگەی سەرۆککۆمار جەمال عەبدولناسر. داوای چاوپێکەوتنێکی خێرا دەکا.
تەنانەت دەڵێن باڵوێزی تورک ماوەیەکی زۆر چاوەڕێی بینینی عەبدولناسر بووە. دواجار ئەو پەسندی کردووە.
باڵوێزەکە داواکارییەکەی پێشکەش بە عەبدولناسر دەکا:
"ئەفەندم پێویستە کۆتایی بەم پەخشی کوردییە بێت، چونکە ئێمە لەم دۆخە بێزارین."
ناسر بە زەردەیەکەوە دەپرسێ: "بۆچی؟ چما لە لای ئێوە کورد هەن؟" باڵوێزە تورکەکە وەڵامی دەداتەوە: "نەخێر ئەفەندم، چ پەیوەندییەکیان پێکەوە هەیە."
ئەم قسەیە عەبدولناسر کۆتایی بە چاوپێکەوتنەکە دێنێ:
"ئەی کەواتە بۆچی بێزار دەبن؟"
ڕاستی ڕووت و قووت لەبەر چاوانە. یانی ئەو قسەیە کە دەڵێ "کوردەکان برامانن، ئێمە دژی تیرۆری پەکەکەین" و پەیتا پەیتا دووپات دەکرێتەوە، ئەوەی ڕاستی بێ، دەمامکێکە بە ڕووی ئەو بەڕێوەبەرانەی بە ساڵانە کۆماری تورکیا بەڕێوە دەبەن.
ساڵانی ١٩٥٠ کاتێک ڕادیۆی قاهیرە بە کوردی بەرنامەی بڵاو دەکردەوە، پەکەکە هەبوو؟
نابێ لە بیرمان بچێ کە ئەم هەڵوێستەی دژ بە کوردەکان و زوانی کوردی، دەرئەنجامێکی "سیاسەتی دەمامکدار''ە کە بە درێژایی ٩٠ ساڵ لە کۆماری تورکیادا پیادە کراوە.
با چاویان هەڵنەیە بە "تورکیا نوێیەکەتان"؛ گومان لەوەدا نییە لەچاو جاران خراپترە.
ساڵانی ١٩٥٠ بێزاریی خۆیان بە کوردیی قاهیرە دەردەبڕی. ئێستاش لە "تورکیای نوێ"ی ئاکەپەدا بە کوردیی تۆکیۆ ناڕەحەت دەبن.
وا دیارە ئەمانە قسەکەی حەزرەتی محەممەد بە هەڵە تێگەیشتوون کە دەڵێ: "زانست ئەگەر لە چینیش بێ، بە دوایدا بچن"، پێیان وایە گوتویەتی: "کوردی ئەگەر لە ژاپۆنیش بێ، ئاستەنگی بۆ بنێنەوە"!

۱۳۹۸/۰۲/۰۶

گفتوگۆی بن شووراکان




ناوی کتێب: گفتوگۆی بن شووراکان
نووسەر: ئۆیا بایدار
وەرگێڕ: سەلاحەدین بایەزیدی
چاپ: یەکەم
ISBN: 978-622-9507-20-9 ‬‬‬
نرخ: 9000 تمه‌ن (3000 دینار)
ژمارەی لاپەڕە: 104
ساڵی چاپ: بەهاری 1397 (2019)

لە بڵاوکراوەکانی نشر مادیار

۱۳۹۷/۱۰/۲۱

قادر عەبدوڵڵا دەڵێ چی؟


سەلاحەدین بایەزیدی

لەگەڵ قادر عەبدوڵڵا بە زمانی ئینگلیزی نامە ئاڵوگۆڕ دەکەین، هەرچەند من جارجارە بە بیری دێنمەوە کە ئینگلیزییەکەم باش نییە، هیچ لە مەسەلەکە ناگۆڕدرێ. بۆ دیتنی قادر عەبدوڵڵا، ئەو نووسەرە هۆڵەندییەی دوو کتێب و چەندین چیرۆکیم وەرگێڕاوە، دەبوایە بچمە شاری دێلفت کە بە شەمەندەفەر سەعاتێک لە ئەمستەردام دوورە. سەرەتا وامزانی گەڕەکێکی نزیک وێستگەی شەمەندەفەری ئەمستەردامە و بۆیە پێشوەخت هەوڵی دۆزینەوەی "فریشتەکە"، ئەو قاوەخانەیەم نەدا کە بۆ چاوپێکەوتن دیاری کرابوو. دوو سەعاتێک پێش دیدارەکە چاوێکم بە نامەکەدا خشاندەوە و بۆم دەرکەوت دەبێ بچمە شارێکی تر، بەپەلە خۆم ئامادە کرد و ئەگەر چەند خولەکێک درەنگ جووڵابامەوە، نەمدەتوانی لە کاتی خۆیدا سواری شەمەندەفەر بم و چاوم بە قادر عەبدوڵڵا بکەوێ. 


لە دێلفتەوە ئیتر دۆزینەوەی "فریشتەکە" ئاسان بوو. چونکە بە ڕستەی سادە و ڕوون، ڕێک وەک ناو ڕۆمانەکانی، بۆی شیی کردبوومەوە چۆن بە پێنج دەقە بگەمە ئەو شوێنە. پێش وی لەوێ بووم. کە دواتر ئەو وە ژوور کەوت، هەستم کرد لە یەک کاتدا سێ پیاو دێنە ژوورێ: حوسێن و قادر و عەبدوڵڵا.


حوسێن سەجادی قایم‌ مەقامی فەراهانی، ناسراو بە "قادر عەبدوڵڵا"، ساڵی ١٩٥٤ لە شاری "ئەراک"ی ئێران لەدایک بووە. ساڵی ١٩٨٨ ڕۆیشتۆتە هۆڵەندا و پاش فێربوونی زمانی هۆڵەندی، بەو زمانە نووسیویەتی و ئەمڕۆکە یەکێکە لە نووسەرە هەرە ناسراوەکانی هۆڵەندا. بەرهەمەکانی بۆ گەلێک زمان و لەوانە بۆ زمانی کوردی وەرگێڕدراون، بەڵام کتێبەکانی لە ئێران قەدەغەن و تەنیا دوو کتێبی کراوەتە فارسی و ئەوانیش لە هەندەران چاپ و بڵاو بوونەتەوە. 
دوایین ڕۆمانی قادر عەبدوڵڵا
سەرەتاکانی مانگی ئابی ئەمساڵ، پەردە لەسەر نوێترین ڕۆمانی وەرگێڕدراوی قادر عەبدوڵڵا بە ناوی "لە مەککە" هەڵدرایەوە کە لە لایەن شەفیقی حاجی خدرەوە کراوەتە کوردی. ئەم وەرگێڕە کوردە، پێشتر دوو ڕۆمانی تری قادر عەبدوڵڵای بە ناوەکانی "خانووەکەی مزگەوتێ" و "خەتی بزماری" کردووەتە کوردی. بەم جۆرە، تا ئێستا شەش کتێبی نووسەر لە ماوەی دوو - سێ ساڵدا بۆ سەر زمانی کوردی وەرگێڕدراون. ئەوەندەی بشزانم شەفیقی حاجی خدر خەریکی وەرگێڕانی دوایین ڕۆمانی نووسەرە کە ماوەیەک لەمەوپێش بە ناوی "ڕێچکەی قاپقاپە زەردەکان" کەوتە بەر دیدی خوێنەرانی هۆڵەندی زمانەوە. 

پێش ئەوەی دەست بە پرسیارەکانم بکەم، قادر عەبدوڵڵا دۆخی کوردەکانم لێ دەپرسێ، وەک ڕۆژنامەنووسە گەنجە چەپەکەی ساڵانی هەشتاکان مەراق دەکا بزانێ لە کوردستان چ ڕوو دەدا. ئەو پرسیارە ڕووبەڕووی من دەکاتەوە کە بۆ خۆی لە هەرەتی گەنجیدا بە دوایدا وێڵ و عەوداڵ بووە، لە توێی کتێبێکدا ویستویەتی وەڵامێکی بۆ بدۆزێتەوە و ئێستاش من نازانم لە ماوەیەکی کورتدا بڵێم چێ. تێدا دەمێنم. دواجار دەڵێم هەندێک لە سیماکانی کتێبەکەت هێشتاش لە گۆڕەپانی سیاسیی کوردستاندا ڕۆڵ دەبینن، جیاوازیی گەورە ئەوەیە شێخی مەزن ماڵئاوایی لێ کردووین. 


قادر عەبدوڵڵا زۆر خۆشحاڵە کە خوێنەرانی کورد کتێبەکانی وی دەخوێننەوە. پێی خۆشە بە سڵاو دەست پێ بکا: "سڵاوم هەیە بۆ خوێنەرانی کورد. دونیایەک سڵاو. بە فارسی، بە هۆڵەندی و بە کوردی."


سەبارەت بە وەرگێڕانی ڕۆمانەکانی بە زمانی کوردی دەڵێ: "هەموو کەس ئەم کتێبانە دەخوێنێتەوە، بەڵام خەڵکەکەی خۆم، بنەماڵەکەم لە ئێران ناتوانن بیانخوێننەوە. من دڵخۆشم ئێوە دەتوانن بیانخوێننەوە. کچەکانی من ڕەگێکیان کورد، زمانی کوردی و جوانییەکانی فەرهەنگی کوردییە. ئێوە کە دەخوێننەوە وەک ئەوە وایە کتێبەکانم گەڕابنەوە ماڵێ." عەبدوڵڵا دەڵێ هەوڵەکانی ئێوەی کورد بۆ وەرگێڕانم وەک وڵاتی بۆسنیا دێتە پێش چاو. چەند ساڵ لەمەوپێش لەوێ بووم، ئەوانیش لە هەموو ڕوویەکەوە لە هەوڵ دان و دەیانەوێ ئەدەبیاتی خۆیان دروست بکەن. 

یەکێکی دیکە لە ڕۆمانەکانی قادر عەبدوڵڵا کە کراوەتە کوردی و ئەمساڵ لە کوردستان چاپ کرا، ڕۆمانی "پێغەمبەر"ە، ئەم ڕۆمانە لە لایەن "دڵۆڤان" ناوێکەوە وەرگێڕدراوە، خاڵی سەرنجڕاکێش ئەوەیە وەرگێڕی فارسیی ئەم ڕۆمانەش هەر ناوی خوازراوی بەکار هێناوە، هەرچەند نووسەر جەخت دەکاتەوە کە چیرۆکەکان و ڕووداوەکانی نێو "پێغەمبەر" لەسەر بنەمای ڕاستی مێژوویی ڕۆنراون و دەبێ بە گوێرەی قانونەکانی ئەدەبیات بخوێندرێنەوە، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا کاردانەوە و ناڕەزاییان لێکەوتووەتەوە.


قادر عەبدوڵڵا دەڵێ: "من کتێبی پێغەمبەرم بە ڕێزەوە نووسی. من محەممەدی پێغەمبەرم خۆش دەوێ. محەممەد پیاوێکی گەورە بوو. قورئانەکەشی یەکێکە لە جوانترین کتێبەکانی وێژەی جیهان. من ئەگەر ڕۆژێک بچمە هەسارەی مارس، بەدڵنیاییەوە کتێبی تەورات، ئەنجیل و قورئان لەگەڵ خۆمدا دەبەم. ئەمانە گرنگترین کتێبەکانی مرۆڤن."


ڕووداوەکانی ناو ڕۆمانەکە لە زمانی زەید ئیبن سەلسەوە دەگێڕدرێنەوە و ئەم ڕۆمانە تا ئێستە بە دەیان زمان وەرگێڕدراوە. نووسەر پێی وایە کە لەم کتێبەدا، محەممەدی وەک مرۆڤ، وەک پیاوێک، وەک شاعیرێک، وەک بازرگانێک، ڕێبەرێک، پیاوێک کە ئاشقی ژنە گەنجەکانە خستووەتە ڕوو. ئەو دەڵێ "من لە خۆمەوە هیچم دەرنەهێناوە. هەمووی لە قورئاندا هاتووە. زۆر کەس ئەم کتێبەیان گەلەک خۆش دەوێ. هەندێکیش ڕقیان هەستاوە. من لە تووڕەیی ئەوان دەگەم و ڕێزیان لێ دەگرم."


نووسەر، نازناوی "قادر عەبدوڵڵا"ی لە ناوی دوو شۆڕشگێڕی کوردی هاوڕێی وەرگرتووە کە لەلایەن ڕژێمی ئێرانەوە لەسێدارە دراون. چۆن و بۆچ ئەو نازناوەی هەڵبژاردووە؟ 


عەبدوڵڵا هاوڕێیەکی کوردیی حوسێن بووە. قادریش هاوڕێیەکی تری کە ئەویش هەر کورد بووە. کاتێ ویستوویەتی یەکەمین کتێبی سەبارەت بە کوردەکان، واتە کتێبی "کوردەکان دەڵێن چی؟" چاپ بکا، نەیتوانیوە ڕاستەوخۆ ناوی خۆی بنووسێ. "مەترسیدار بوو. دەیانکوشتم. منیش ناوی قادر و عەبدوڵڵام لە لای یەک دانا و بووم بە قادر عەبدوڵڵا. ئەم هاوڕێیانەی من هەردووکیان ئەوکات گولـلەباران کران. بۆیەش ناویانم لەسەر کتێبەکەم هێشتەوە."


لە لایەکی دیکەوە، نازناوی "قادر عەبدوڵڵا"، پاشناوی باوکی باوەگەورەی لە کۆڵ کردووەتەوە؛ میرزا ئەبولقاسم قایم‌ مەقامی فەراهانی، پاشناوێک کە وەک سێبەر بە دوویەوە بووە. قادر عەبدوڵڵا، هەڵبژاردنی ئەم نازناوە هەم دەگەڕێنێتەوە بۆ هۆکارگەلیی سیاسی و هەم ئەدەبی. ئەو دەڵێ: "من یەکێکم لە نەوەکانی میرزا ئەبولقاسمی قایم مەقامی فەراهانی. میرزا ئەبوولقاسم لە هەموو شوێنێ ناو و دەنگی هەبوو. هەم وەزیر بوو، هەم نووسەر و شاعیر. شەقامەکانیان بە ناوی ئەوەوە کردبوو. کاتێ گەنج بووم، ئەمنیش دەمویست بەناوبانگ بم، بەڵام بە ناوی خۆمەوە. بۆیە بە دوای نازناوێکدا گەڕام. دواجار نازناوێکی خۆشم دیتەوە: قادر عەبدوڵڵا." 


بەڵام نووسەر تەنیا ناو ناگۆڕێ، وڵات و زمان و شێوازی نووسینیش گۆڕانیان بەسەر دادێ. قادر عەبدوڵڵا، ساڵی ١٣٦٧ی زایینی (١٩٨٨)، پاش لە سێدارەدانی ئامۆزاکەی، لە تەمەنی ٣٤ ساڵیدا ئێرانی بەجێ هێشتووە و لەو کاتەوە لە هۆڵەندا دەژی و بە هۆڵەندی دەنووسێ. ئەم زمانە بە زمانی ئازادی وەسف دەکا و دەڵێ: "من لەمبارەوە هیچ بڕیارێکم نەدا. خۆی وای لێهات. وەک ئاوێک کە کتوپڕ لە بن بەردێکەوە هەڵبقوڵێ. من لەناکاو بەرهەڵدا ببووم، سەرجەم ستۆپەکان شکابوون. ستۆپی زمانی فارسی، ستۆپی دابونەریتی بنەماڵە، ستۆپی فەرهەنگی، ستۆپی ئایینی. کتوپڕ وەک ئاسمانگەردێکم لێ هاتبوو کە لە بۆشایی و لە نێو ئاسمانگەڕێک دایە. ئازاد ببووم. ئەم ئازادییە زمانێکی هەبوو: زمانی هۆڵەندی. بەم زمانە دەمتوانی چیرۆکەکانم بگێڕمەوە."
لە ڕۆمانی "لە مەککە"دا ئەم گۆڕانکارییە مەزنەی ژیانی نووسەر بە هۆی زمانی هۆڵەندییەوە بەمجۆرە باسی لێوە کراوە:


"زمانە نوێیەکە {هۆڵەندی} گۆڕانکارییەکی مەزنی بەسەر ژیانی مندا هێنا. {...} بە هۆی زمانی هۆڵەندییەوە هەموو شتێک لە ژیانمدا گۆڕا، بەڵام دوو بوونەوەر، دوو ڕووخساری خۆشەویست هەرگیز نەگۆڕان؛ ئەوانیش ڕووخساری "جەواد" {ئامۆزا لەسێدارە دراوەکەی} و هی خوشکەکەم بوون." (لە مەککە، ل. ١١٤) 
قادر عەبدوڵڵا و شەفیقی حاجی خدر
لەگەڵ ئەوەشدا، زمانی دایکی، زێد و ئەدەبیاتی فارسی ڕۆڵێکی گرنگیان لە گێڕانەوەکانی قادر عەبدوڵڵادا بۆ خۆیان تەرخان کردووە. "زمانی دایکی، فەرهەنگی دەوڵەمەندی ئێرانی و ئەدەبیاتی فارسی لە نهێنییەکانی سەرکەوتنی منن. من هەندێک شتم خوێندووەتەوە و دەزانم کە هیچ نووسەرێکی هۆڵەندی نایانزانێ"، قادر عەبدوڵڵا وا دەڵێ.
 

بەمجۆرەش بەردەوام دەبێ:
"من قورئانم خوێندووەتەوە، شانامەم خوێندووەتەوە، سەعدیم خوێندووەتەوە، ڕوودەکیم خوێندووەتەوە.
من سروودە کوردییەکانم لەبەر کردووە. من شارەزای خەم و خەفەتی کوردەکانم. گشت ئەمانە هێز بە قەڵەمەکەم دەبەخشن."
 

"کوردەکان دەڵێن چی؟"، یەکەمین کتێبی قادر عەبدوڵڵایە کە بە زمانی فارسی نووسیویەتی. نووسەر لە سەرەتای ئەم کتێبەدا دەنووسێ: "بۆم دەرکەوت باشترین ڕێگە بۆ ناسینی کوردستان ئەوەیە بڕۆم و ئەوێ لە نزیکەوە ببینم، بۆیە جانتاکەم دەست دایە و کەوتمە ڕێ، سەرەتا نەمدەزانی لە کوێوە دەست پێ بکەم، دوای ڕووداوەکان کەوتم، ڕەنگە ئەمە ڕێگەیەکی باش نەبێ بۆ ناسینی کوردستان، بەڵام لەمە زیاتر هیچم لەدەست نەدەهات."
 

لە زۆر شوێنی ئەم کتێبەدا پێت وایە ڕۆمانێکی خۆش و سەرنجڕاکێش دەخوێنێتەوە و هەست ناکەی سەفەرنامە یان ڕاپۆرتێکی سیاسی بەدەستەوە بێ، بۆچی قادر عەبدوڵڵا بیری لەوە نەکردووەتەوە گەشتی کوردستان بکاتە ڕۆمان؟ لە وەڵامی ئەم پرسیارەدا دەبێژێ:
"هەر دوو کتێبەکەی من دەربارەی کوردستان، بەتایبەتیش "کوردەکان دەڵێن چی؟" بەرهەمی نووسەرێکی گەنجن کە لە ڕێگەیەک دەگەڕێ بۆ ئەوەی کتێبەکانی بنووسێ. کتێبی "کوردەکان دەڵێن چی؟" بە زمانێکی شیرین نووسراوە، بەڵام ئەودەم سەردەمی شۆڕش بوو. کاتی خوێندنەوەی ڕۆمان نەبوو. من چووبوومە کوردستان بۆ ئەوەی هاواری کوردەکانمان بە گوێی هەمووان بگەیەنم."
 

قادر عەبدوڵڵا دوای نووسینی ئەم دوو کتێبە سەبارەت بە کوردەکان، ڕوو دەکاتە نووسینی چیرۆک، ڕۆمان و وەرگێڕان و ئیتر ماڵئاوایی لە زمانی فارسی و ئەم جۆرە نووسینە دەکا. دوای دوو ساڵ مانەوە لە هۆڵەندا ڕاستەوخۆ بە زمانی هۆڵەندی دەنووسێ. هۆڵەندییەکی سادە و بێ گرێوگۆڵ. ئەو ڕستانەی قادر عەبدوڵڵا بەکاریان دێنێ کورت و سادەن، لێی دەپرسم ئاخۆ ئەم سادەنووسینە لەبەر نووسین بە زمانی هۆڵەندییە یان خۆی نووسەرێکی سادەنووسە؟
 

"نووسین بە زمانی ئەوانیتر، جوانیی و بەربەستی تایبەت بە خۆی هەیە. کە هاتمە هۆڵەندا سی و سێ ساڵم تەمەن بوو و لە سی و پێنج ساڵیدا بە هۆڵەندی نووسیم. سنوورداریت، بەڵام ڕێی تازە دەدۆزیتەوە بۆ گێڕانەوەی چیرۆکەکەت، ڕێگەی نوێ"، قادر عەبدوڵڵا وا دەڵێ. 
سادەنووسینیشی دەگەڕێنێتەوە بۆ سێ هۆکاری سەرەکی: "هۆکاری یەکەم، زمانی هۆڵەندییە کە زمانێکی دژوارە. هۆکاری دووەم، ئەوەیە کە سادەنووسین پرەنسیبێکی ئەدەبیاتی فارسییە. فیردەوسی دەڵێ "عجم زنده کردم بدین پارسی" (عەجەمم زیندوو کردەوە بەم زمانی فارسییە)، ڕستەیەکی سادە و پڕواتایە. هۆکاری سێهەمی سادەنووسینی من باوکم بوو. باوکم کەڕ و لاڵ بوو و من بەردەوام دەبوایە سادە، پتەو و ڕوون بە زمانی ئاماژە قسەم بۆ بکردایە."
 

زمانی ئاماژە لە چیرۆک و ڕۆمان و تەنانەت ڕاپۆرتە سیاسییەکانی قادر عەبدوڵڵادا ڕەنگدانەوەیەکی بەرچاوی هەیە. نووسەر، لە سەفەری بۆ شاری مەهاباد و دیداری لەگەڵ شێخ عیزەددین حوسێنی، بێدەنگ دەبێ و تەنیا بە زمانی ئاماژە لەگەڵی دەدوێ و بە نیگا بۆچوونەکانی پشتڕاست دەکاتەوە. لە ڕۆمانی "لە مەککەش"دا کە وەک زۆربەی ڕۆمانەکانی تر، نووسەر ئاوڕی لە ژیانی خۆی داوەتەوە، ئەم دێڕانە دەخوێنینەوە:
"من کاتی خۆی پەیم پێنەبردبوو، بەڵام دواتر کە هاتمە هۆڵەندا و لەوێ ژیام، ئەوەم بۆ دەرکەوت، هێشتاش ئەو زمانە ئاماژەیەی باوکم بەکار دەهێنم. ئەوەش مایەی سەرسامیم بوو، ئاخر هەرچەند تەمەنم هەڵدەکشا، زیاتر دەگەڕامەوە سەر خووی کۆن، سەر زمانی ئاماژە." (لە مەککە، لاپەڕە ٧٠)

ئەم وتووێژە لە ژمارەی (٩)ی گۆڤاری باران-دا بڵاو بووەتەوە.
قادر عەبدوڵڵا، لە ساڵی ١٩٩٣ بەو لاوە، یانی لە دوای چاپی یەکەم کتێب بە زمانی هۆڵەندی، دەیان کتێبی ئەدەبی بەو زمانە نووسیوە و چەند خەڵاتی نێوخۆیی و نێونەتەوەیی وەرگرتووە. بە ڕای زۆربەی ڕەخنەگران، ڕۆمانی "خانووەکەی مزگەوتێ" سەرکەوتووترین بەرهەمی نووسەرە، بەڵام خۆی لە نووسراوەیەکی کورت بۆ چاپی کوردیی "خەتی بزماری"، ئەو ڕۆمانەی بە ڕۆمانە خۆشەویستەکەی ناو دەبا، لەمبارەوە دەڵێ:
"کتێبی "خانووەکەی مزگەوتێ" بەناوبانگترین ڕۆمانی منە. بەڵام ئەمنیش وەک خوێنەرەکانم کتێبی "خەتی بزماری"م خۆش دەوێ. کتێبێکە دەربارەی باوکم. لەسەر ڕەنجەکانی باوکم و خەڵکی ئازیزی وڵاتەکەم دەدوێ. باسی خوشکەکەم و ئازارەکانی دایکم دەکا.
 

من ویستوومە گشت ئەمانە بە ئێوە نیشان بدەم. هەر کتێبێک دنیا و چارەنووسی تایبەت بە خۆی هەیە. من لەم ڕووەوە "خەتی بزماری"م زیاتر خۆش دەوێ، لەبەر باوکم."
کتێبەکانی قادر عەبدوڵڵا بۆ زیاتر لە سی زمان وەرگێڕدراون و هەزاران کەس لە ئەوروپا دەیانخوێننەوە.
 

دوای ساڵانێکی زۆر مانەوە لە هۆڵەندا، پەنابەری و کۆچ هێشتا بابەتی سەرەکیی ڕۆمانەکانی نووسەر پێک دێنن، قادر عەبدوڵڵا نایەوێ بە هەڵبژاردنی ئەم مژارانە کاریگەریی لەسەر بەردەنگی ئەوروپی و خوێنەران دابنێ. ئەو دەڵێ: "من هەرگیز نامەوێ کاریگەریی لەسەر تێڕوانینەکان دابنێم. من نامەوێ کاریگەریی لە سەر تێڕوانینی کوردەکانیش دابنێم. من لەگەڵ خۆمدا دەیانبەم بۆ سەفەر، بۆ دنیایەک کە پێم خۆشە نیشانیان بدەم. من دەمەوێ دنیای خۆم لەگەڵ ئەواندا بەش بکەم، هەر بۆیەشە دەنووسم."
 

لە کۆتایی ئەم وتوێژەدا کە بە ڕستەی کورت، پوخت و سادە و ڕەوان وەڵامی دامەوە، لە قادر عەبدوڵڵام پرسی چ شتێک لە نووسەرانی هۆڵەندای جیا دەکاتەوە، وەڵامی دامەوە:
"شتێک هەیە ئێمە بە یەکەوە گرێ دەدا، ئەویش دانیشتن و نووسینە.
شتێک ئێمە پێکەوە گرێ دەدا، ئێوەش نووسینە بۆ خوێنەر کە دواتر بەرهەمەکە دەخوێنێتەوە.
بەڵام زۆر شت من لەوان جیا دەکاتەوە، ئەویش ئەو شتانەن کە من هەمن و هەمبوون و ئەوان نیانە. ئەو شتانەش ئەمانەن: چیاکان، وشکەڕۆکان، لێڕەوارەکان، پادشا مەزنەکان، نووسەرە گەورەکان، بەرهەمە شاکارەکان، مزگەوتەکان، جەژنەکان، سەما و هەڵپەڕکێ، ژنە جوانە ئێرانییەکان، مێژووی ئێران، دایەگەورە خۆشەویستەکان، سروودە نەتەوەییەکان، دەرد و ئازاری کوردەکان، ئازەرییەکان، سیستانی و بلووچەکان. هەروەها ژنەکەم و کچەکانم کە ڕەگێکیان کوردە."

واژۆی قادر عەبدوڵڵا بۆ کتێبی کچە گەنجەکان و پارتیزانەکان
ئەزموونەکانی نووسین و نووسەریی قادر عەبدوڵڵا دەگمەن و شیاوی لێوەفێربوونن، نەخاسمە بۆ کەسێک کە خولیای فێربوون، خوێندنەوە و نووسین بە زمانێکی بێگانەی هەبێ، بەڵام کات دوژمنی قەستەسەرە. لە چاوپێکەوتنی بەم جۆرەدا، بەردەوام هەست دەکەی کات ئامادەیە و کەسی سێهەمە، هەست دەکەی لە سووچێک دانیشتووە و زوو زوو بە بیرت دێنێتەوە کە دەبێ واز لە بەرامبەرەکەت بێنێ، کە بۆی هەیە کاری هەبێ، بۆی هەیە نووسینێکی تازەی بە دەستەوە بێ، تۆش ناچار دەبێ هەستی. بەر لە ڕۆیشتن قادر عەبدوڵڵا پێشنیاری پێ کردم مادام تا ئێرە هاتووم، سەرێک لە "لاهای"یش بدەم کە نزیکە، پێی گوتم لەنێو ترامەوە دیمەنەکانی ڕێگە بەڕاستی سەرنجڕاکێشن. بە قسەم کرد.

کتێبەکانی قادر عەبدوڵڵا بە کوردی:
  • خانووەکەی مزگەوتێ، وەرگێڕانی شەفیقی حاجی خدر، هەولێر، ناوەندی ئاوێر، ٢٠١٦. 
  • سەفەری بوتڵە بەتاڵەکان، وەرگێڕانی سەلاحەدین بایەزیدی، سلێمانی، ناوەندی غەزەلنووس، ٢٠١٧. 
  • خەتی بزماری، وەرگێڕانی شەفیقی حاجی خدر، سلێمانی، ناوەندی ئەندێشە، ٢٠١٧.  
  • پێغەمبەر، وەرگێڕانی دڵۆڤان، ٢٠١٨. 
  • لە مەککە، وەرگێڕانی شەفیقی حاجی خدر، چاپخانەی حەمدی، ٢٠١٨. 
  • کوردەکان دەڵێن چی؟، وەرگێڕانی سەلاحەدین بایەزیدی، دەزگای ئایدیا، ٢٠١٨.

۱۳۹۷/۱۰/۱۹

گەڕاندنەوەی زمانی کوردی بۆ ڕۆمانێکی تری یەشار کەمال


بەکر شوانی 

کۆتایی ساڵی ٢٠١٦ هاوڕێی هێژام کاک هەژار مەجید، دامەزرێنەری ناوەندی ڕۆشنبیریی ئەندێشە، داوای لێم کرد ڕۆمانی "سوڵتانی فیلەکان"ی یەشار کەمال وەربگێڕم و باسی ئەوەی کرد کە کاتی خۆی ئەو ڕۆمانەی بە زمانی فارسی خوێندووەتەوە و زۆر بە دڵی بووە. منیش کە هەر بەنیاز بووم دوای کتێبی "یەشار کەمال سەبارەت بە خۆی دەدوێت" بەرهەمێکی تری یەشار کەمال وەربگێڕم، بە خۆشحاڵییەوە پیشنیارەکەی کاک هەژارم پەسەند کرد. دوای گەڕانەوەم بۆ ئەڵمانیا دەستم بە وەرگێڕان کرد و چەند لاپەڕەیەک چوومە پێشەوە، بەڵام ئیدی لەناکاو تووشی تراژیدیایەکی خێزانی بووم کە هەموو ژیانمی قڵپ کردەوە.

لەم ڕۆژانەدا بینیم کاک هەژار لە پۆستێکدا مزگێنیی وەرگێڕان و چاپبوونی ڕۆمانی "سوڵتانی فیلەکان و مێرووە شەلەی ڕیشسوور"ی یەشار کەمالی ڕاگەیاندووە. دەبێت بڵێنم من لە چەند ڕوویەکەوە بەو هەواڵە خۆشحاڵ بووم؛ یەکەم: کاک هەژار هاتووە لە پەیجی خۆی ڕێکلامی بۆ کاری دەزگایەکی تر "غەزەلنووس" کردووە کە ئەمە ئاکارێکە کۆمەڵگەی ئێمە بە ئەندازەی پێداویستیی مرۆڤ بە ئۆکسژین پێویستی پێیەتی. هاوڕێم کاک هەژار، مایەی شانازیت و نموونەت زۆر بێت... دووەم: هێشتا ڕۆمانی جێگەی باسم بە کوردی نەبینیوە، بەڵام بەناوی وەرگێڕ و وەرگێڕانی ناوی ڕۆمانەکەدا، "سوڵتانی فیلەکان و مێرووە شەلەی ڕیشسوور"، دیارە کە دەبێت کارێکی نایاب بێت و لە ئاستی ئەدەبی یەشار کەمال دا بێت... سێیەم: من لەبری "وەرگێڕان"، دەستەواژەی "گەڕاندنەوەی زمانی کوردی" بۆ وەرگێڕانی بەرهەمەکانی یەشار کەمال بەکار دەهێنم. بۆچی؟ بۆ وەڵام بڕوانە ئەو وتارەی لای خوارەوە کە ساڵی ٢٠١٥ نووسیومە و بڵاوم کردووەتەوە.
یەشار کەمال لە "سوڵتانی فیلەکان و مێرووە شەلەی ڕیشسوور"دا کتومت وێنای پەیوەندیی نێوان سیستەمی سیاسیی تورک و خەباتی گەلی کورد دەکات. نامەوێت لێرەدا بچمە قوڵایی ناوەڕۆکی ڕۆمانەکەوە، تەنیا ئەوەندە دەڵێم کە یەشار کەمال جارێک بە خۆمی گوت: "ئەوانەی پێم دەڵێن هیچم بۆ دۆزی کورد نەکردووە، با بچن (سوڵتانی فیلەکان و مێرووە شەلەی ڕیشسوور) بخوێننەوە!"
بە پێویستی دەزانم لێرەوە دەستخۆشی لە وەرگێڕی بەڕێز سەلاحەدین بایەزیدی و ناوەندی غەزەلنووس بکەم. 
----------------

گەڕاندنەوەی زمانی کوردی بۆ یەشار کەمال! (٢٠١٥)

بەکر شوانی

لە ساڵانی ڕابردوودا زۆر گوتراوە دەربارەی ئەو نووسەرە کوردانەی کە هەریەکەیان لەبەر کۆمەڵێك هۆکاری تایبەت و گشتی، بە زمانەکانی تورکی و عەرەبی و فارسی نووسیویانە. نووسەری کوردی تورکینووس یەشار کەمال یەکێک لەو نووسەرانەیە کە لەو ڕووەوە زۆرترین قسەی لەسەر کراوە. تەنانەت لە دوای مردنیشی لە ٢٨ مانگی ڕابردوودا، لە هەندێک میدیای کوردیدا گوێم لێ دەبوو دەیانگوت: یەشار کەمال بە زمانی بێگانە نووسیوێتی و خزمەتی زمان و ئەدەبی تورکی کردووە... بەڵێ، ڕاستە یەشار کەمال نەک هەر تەنیا تورکینووس بوو، بەڵکو ئەو بە هێنانی وشە و دەستەواژەکانی دەرەوەی زمانی نووسین بۆ ناو زمانی نووسین ڕۆڵێکی دیاری لە پێشخستن و گەشەپێکردنی زمانی تورکیشدا هەبوو. تەنانەت زمانناسێکی تورک بەناوی عەلی پویسکویلوئۆغڵو ساڵی ٢٠٠٦ فەرهەنگێکی بە ناونیشانی "فەرهەنگی یەشار کەمال" چاپ کرد. پێم وایە پێش ئەوەی لە پای بە تورکینووسین ڕەخنە لە یەشار کەمال بگیرێت، پێویستە دوو خاڵی جەوهەری لەبەرچاو بگیرێت:

یەکەم؛ نابێت لە بیرمان بچێت کە یەشار کەمال دوور لە کورد و کوردستان، لە تورکیا و لە ناو تورکاندا لە دایک بووە و گەورە بووە. خۆ تەنانەت ئەگەر لە شاری وانی زێدی باوباپیرانیشی لە دایک ببوایە، هیچ گەرەنتییەک نەبوو بۆ ئەوەی چاوەڕێ بکرێت نووسەرێکی کوردینووسی لێ دەربچێت، چونکە لە دایکبوون و منداڵیی یەشار کەمال هاوکات بوو لەگەڵ پەرەسەندنی سیاسەتی قەدەغەکردنی زمان و بە تورککردنی کورداندا. بۆیە نووسەر کاتێك دەستی بە نووسین کردووە، تەنیا زمانی تورکی بەدەستەوە بووە کە ئەویش لەو سەردەمەدا لە کەموکورتی بەدەر نەبووە. با بزانین خۆی لە بارەی هەردوو زمانی کوردی و تورکییەوە چی دەڵێت: "کاری گرنگ بۆ من، بریتی بوو لە ئافراندنی زمانێکی نوێی نووسین، زمانی ڕۆمان، دابەزین بۆ قوڵایی زمان، تاقیکردنەوەی هەموو تواناکانی گێڕانەوە، دۆزینەوەی جیاوازیی نوێ لە زماندا و خوڵقاندنی کەش و هەوایەکی نوێی زمان. کرۆکی کارەکە پێویستی بە ئافراندنی زمان هەبوو. پێویست بوو دنیای ڕۆمان و دنیای تایبەت بە خۆم بەشێوەیەکی تەواو نوێ و بە کەسایەتییەوە بئافرێنم و لەگەڵ ئەوەیشدا زمانێکی نوێی نووسین دابهێنم. زمانی کوردی خاوەن پێکهاتەیەکی زۆر جیاوازە و هیچ لە پێکهاتەی زمانی تورکی ناچێت. لە ڕۆمانەکانمدا هەندێك جار چەند ڕستەیەکی کوردیم لە دیالۆگدا بەکارهێناوە. ئێستا کوردی بە ئەندازەی تورکی نازانم. ئێ خۆ من لە کەنارەکانی گۆلی وانی زێدی دایك و باوکم و لە دامێنی چیای ئاگری لە دایك نەبووم و نەژیاوم... بۆ ئەوەی مرۆڤ بکەوێتە ژێر باندۆری زمانێکی دیاریکراوەوە، پێویستە بێ دابڕان لەگەڵ ئەو زمانەدا بژی. منیش وەك پێویست لەگەڵ زمانی کوردیدا نەژیاوم..."

دووەم؛ یەشار کەمال کاتێك بە تورکی نووسیوێتی، بەمەبەستی ئەوە نەبووە نکۆڵی لە ڕەچەڵەکی خۆی و زمان و کولتووری باوباپیرانی بکات. بەڵکو تەواو بەپێچەوانەوە، ئەو ڕاستەوخۆ و ناڕاستەوخۆ بە تورکینووسینی وەک ئامرازێك بۆ گەیاندنی برین و تراژیدیاکانی گەلی کورد و چەوساوەکانی تورکیا بەکارهێناوە. بۆن و بەرامەی کوردی و کوردەواری لە بەشی زۆری ڕۆمان و چیرۆک و ڕیپۆرتاژ و وتارەکانی یەشار کەمالدا هەیە. نووسەر بەدرێژایی شەڕی نێوان کورد و دەوڵەتی تورکیش بێدەنگ نەبووە و هەمیشە دەنگێکی بەرزی ئاشتیخواز و داکۆکیکار لە مافەکانی گەلی کورد بووە. لەو پێناوەدا چەندین جار دادگایی کراوە و ڕووبەڕووی هەڕەشە بووەتەوە. نووسەر ٣ ساڵ لەمەوبەر سەرجەم ئەو وتار و دیمانانەی کە لە ٢٠ ساڵی ڕابردوودا سەبارەت بە پرسی کورد نووسیبوونی، لە دووتوێی کتێبێکدا بەناوی "ئەمە بانگەوازێکە" بە چاپ گەیاند.

پۆستێکی شاعیر و نووسەر ناسری حوسامی لە فەیسبووک دەربارەی ئەو کوردانەی کە یەشار کەمالیان پێ زیادە، بەلای منەوە سەرنجڕاکێش بوو، بۆیە بەشێکی لێرەدا دادەنێم. حوسامی دەنووسێت: (ئێرانییەکان کتێبی نزیکەی هەزار نووسەریان لە ١٢٠٠ ساڵ لەوەپێشەوە بە میرات بۆ ماوەتەوە، بەوەشەوە کەسیان پێ زیادی نییە و نووسەری کتێبە عەرەبییەکانی "طب" و قانون" و سەدان کتێبی عەرەبیی دیکە بە هی خۆیان دەزانن. تورکەکان "مێڤلانا جێلالەتتین"ی کە ناوەکەشی بە تەواوی نازانن و لە یەک دێڕ شیعری ناگەن، بە هی خۆیان دەزانن. ئێمەی هەژاری بێ ‌کتێبی بێ ‌نووسەری بێ ‌دەوڵەت کە کۆنترین کتێبمان هی سێسەد ساڵ لەوەپێشە و خۆمان پێ کۆنترین و دەوڵەمەندترین نەتەوەی جیهانە، یاشار کەماڵمان لێ زیادە و هێشتا نەنێژراوە حاشای لێدەکەین...)

وەک لە چەند شوێنێکی تریش ئاماژەم پێ کردووە، یەشار کەمال ساڵی ٢٠١٢ هەموو کتێبەکانی خۆی دا بە من و داوای لێم کرد کارێکی وەها بکەم هەموو بەرهەمەکانی بکرێن بە کوردی. ئەو داوا و ئاواتەی یەشار کەمال کە ئیدی بۆ من بووە بە وەسێت و دەبێت کار بۆ بەدیهێنانی بکەم، لە هەستێکی قوڵی خۆ بەکوردبوونەوە سەرچاوە دەگرێت. هەموو جارێك باسی لە ژمارەی ئەو زمانانە دەکرد کە ڕۆمانەکانی ئەویان پێ وەرگێڕدراوە و دەیگوت: "با هەموو بەرهەمەکانم بە زمانی کوردیش هەبن." دیارە وەرگێڕانی سەرجەم بەرهەمەکانی نووسەر بە یەک وەرگێڕ ئەنجام نادرێت، بەڵکو پێویست بە پێکهێنانی تیمێکی وەرگێڕ دەکات بۆ وەرگێڕانی بەرهەمەکان لە تورکی و زمانەکانی ترەوە و منیش دەتوانم لای خۆمەوە سەرپەرشتی پرۆژەکە بکەم. بێگومان ئەم کارە پێویستی بە بودجەیەک دەبێت بۆ پاداشتی وەرگێڕەکان و چاپکردنی کتێبەکان و هیوام وایە کۆمپانیا و دەوڵەمەندەکانی کوردستان هاوکارمان بن. یەشار کەمال تۆوی گوڵێکی کەناری گۆمی وان بوو. ١٠٠ ساڵ لەمەوبەر بای چارەنووس و نەهامەتیی کوردان ئەو تۆوەی گەیاندە سەر تاشەبەردەکانی گوندی هەمیتەی تورکماننشینی ناوچەی ئەدەنە و دوای ٨ ساڵ لەوێ چرۆی کرد. کاتێك چاوی هەڵهێنا، لە ماڵەوە هەموو شتێك بە کوردی بوو؛ ئاخاوتن و کولتوور و پەروەردە. لە دەرەوەیش هەموو شتێك بە تورکی بوو. بۆیە زمانی نووسینی ئەویش بە تورکی پژا. بەڵام ئێمە دەتوانین بە وەرگێڕانی سەرجەم کارە بە کوردی نەکراوەکانی نووسەر بۆ زمانی کوردی، زمانی کوردی و گیانی کوردستانیبوون بۆ یەشار کەمال بگەڕێنینەوە!

تێبینی: لە لاپەڕەی فەیسبووکی نووسەر وەرگیراوە.

۱۳۹۷/۱۰/۱۸

سان سالڤادۆر


پیتەر بیکسێل
وەرگێڕانی: سەلاحەدین بایەزیدی


پیاوەکە قەڵەم جافێکی بۆ خۆی کڕیبوو.
پاش ئەوەی چەندان جار واژۆکەی لەسەر لاپەڕەیەک کێشایەوە، ئینجا پیتی یەکەمی ناوەکەی و ناونیشانی ماڵەکەی و چەند هێڵێکی پێلدار، لاپەڕەیەکی دیکەی دەست دایە، بە سەرنجەوە قەدی کرد و نووسی: "ئێرەکانە بۆ من زۆر ساردە"، ئەوسا: "دەڕۆمە ئەمریکای باشوور"، پاشان ڕاوەستا، سەری قەڵەم جافەکەی گرت، چاوێکی بە کاغەزەکەدا خشاند و بینی مەرەکەبەکە وشک دەبێتەوە و ڕەنگەکەی تۆختر دەبێ (لە نووسەمەنییەکە دڵنیایان کردبووەوە کە مەرەکەبەکە ڕەش دەبێ)، ئینجا قەڵەمەکەی دەست دایەوە و لە بنەوە ناوی خۆی نووسی: پۆول.
پاشان هەروا لە جێی خۆی دانیشت.
قەدەرێک دواتر، ڕۆژنامەکانی سەر مێزەکەی کۆ کردەوە، هەلی قواستەوە و چاوێکی بە بەرنامەکانی سینەمادا خشاند، بیری لە چەند شتێکی لاوەکی کردەوە، تەپڵەکەکەی لە سووچێک دانا، لاپەڕەی هێڵە پێلدارەکانی دڕاند، مەرەکەبی قەڵەمەکەی بەتاڵ و پڕ کردەوە. بۆ ڕۆیشتنە سینەما، ئیتر زۆر درەنگ ببوو.
ڕاهێنانی کۆرسی کڵێسە تاکوو کاتژمێر نۆ درێژە دەخایەنێ، کاتژمێر نۆ و نیو هیلدێگارد دەگەڕێتەوە ماڵێ. ئەو چاوەڕوانی هیلدێگارد بوو. بە درێژایی ئەم ماوەیەش، دەنگی مۆسێقا لە ڕادیۆوە دەهات. ڕادیۆکەی کوژاندەوە.
لەسەر مێزەکە، لە نێوەڕاستی مێزەکە، ئێستا لاپەڕە لۆچکراوەکە بەدی دەکرا، لەسەری بە خەتێکی شینی مەیلەوڕەش ناوەکەی، پۆول نووسرابوو.
هەروەها لەسەری نووسرابوو: "ئێرەکانە بۆ من زۆر ساردە."
کەواتە هیلدێگارد کاتژمێر نۆ و نیو دەگەڕێتەوە. ئێستا کاتژمێر نۆیە. یادداشتەکەی دەخوێنێتەوە، ڕادەچڵەکێ، بە دڵنیاییەوە بڕوا بەم چیرۆکەی ئەمریکای باشوور ناکا، سەرەڕای ئەمەش، کراسەکانی نێو دۆڵابەکە دەژمێرێ، هەرچی بێ دەبێ شتێک ڕووی دابێ.
هیلدێگارد تەلەفۆن بۆ "شێرەکە" دەکا.
"شێرەکە" ڕۆژانی چوارشەممە داخراوە.
بزەی دێتێ و ناهومێد دەبێ و لەوانەیە، دۆخەکە پەسند بکا.
چەند جارێک پرچی سەر ڕووخساری لا دەدا، قامکی براتووتەی دەستی چەپی بە لاجانگی ڕاست و ئینجا لاجانگی چەپ دادێنێ، پاشان هێدی هێدی دوگمەکانی چاکەتەکەی دەکاتەوە.
ئەوسا، هەروا بە دانیشتنەوە، پیاوەکە لە خۆی پرسی دەتوانێ نامە بۆ کێ بنووسێ، جارێکی تر ڕێنماییەکانی شێوازی بەکارهێنانی قەڵەمەکەی خوێندەوە… بە هێمنی بۆ لای ڕاست بای دەن… هەروەها دەقە فەڕەنسییەکەشی خوێندەوە، دەقە ئینگلیزییەکەی لەگەڵ ئەڵمانییەکەدا بەراورد کرد، دیسان چاوێکی بە لاپەڕەکەیدا خشاندەوە، بیری لە دارخورماکان کردەوە، بیری لە هیلدێگارد کردەوە.
هەروا دانیشتبوو.
کاتژمێر نۆ و نیویش هیلدێگارد گەڕایەوە و پرسی:
"منداڵەکان خەوتوون؟"
ئەوسا پرچی سەر ڕووخساری لا دا.

۱۳۹۷/۱۰/۱۶

قورسایی رازەکان


جێمس چینی

تەواوکردنی رۆمانە پێنجینەییە ناسکەکەی قورسایی رازەکان دڵخۆشیان کردبووم، ئەو رۆمانە هەم دیاری کەسێکی ئازیز و هەم وەرگێڕانێکی جوانی بۆ کرابوو، هەر لە ژوورەکەی خۆمدا بووم و بیرم لەو شێوازی تەکنیکە سەرسورهێنەرەی ئاکی شیمازاکی دەکردەوە کە چتۆ توانیویەتی ئەو رۆمانە وا دابڕێژێت.
ئەوەم لا ببووە پرسیار کە لای خودی نوسەر جەوهەری ئەو رووداوە چییە کە وا لە پێنج گۆشەنیگای جیاوازەوە گێڕدراویەتەوە، لەو خەیاڵانە بووم کە ناگەهان شیمازاکی هاتە ژوورەکەم، وەک ئەوەی چاوەڕوانی بووبم بەو هاتنەی سەرسام نەبووم و خێرهاتنم کرد و لەسەر کورسییەک لە نزیکمەوە دانیشت و یەکەم شتێک کە پێیم گوت ئەوەبوو کە ماوەیەکی کەم بەر لە هاتنی وی مۆراکامی لام بوو، دڵتەنگ بوو بەوەی نەلوایە زووتر بێت و بە دیداری مۆراکامی بگات، هەر زووش ئەوەی لەبیر خۆی بردەوە و لێمی پرسی:
ـ قورسایی رازەکانت تەواو کرد؟
ـ بەڵێ، دەمێکە تەواوم کردووە و هێشتا چەندین تێبینیم لەسەری لا گەڵاڵەیە، ئەوەی زۆر لام گرنگە بیزانم ئەوەیە چ شتێک ئەو رووداوەی لات وا بە بایەخ کردووە کە لە پێنج گۆشەنیگایەوە بۆمانی بگێڕیتەوە؟
ـ مەبەست هەر تاکە رووداوێک نییە، هەر وەک چۆن لە رۆمانگەلێک کارەکتەرێک دەکرێتە چەقی باسەکان، لێرەدا رووداوێک چەقی هەموو باسەکانە.
ـ جەنابی هۆریبت وەک درندە وێناکردووە و هەموو خراپەکاری و کاردانەوە خراپەکانت خستوەتە ملی ئەو، لە کاتێکدا هەر لە رۆمانەکەدا چەندین رووداوی هاوشێوە هەن، وەک نموونە جگە لە یوکیۆ کە منداڵی ناشەرعی هۆریبە ماریکۆ و تاکاهاشیش منداڵی ناشەرعین، باوکە ناشەرعییەکەی ماریکۆ کە قەشەیەکە بە چاک وێنات کردووە؟
ـ وانیە.. باوکی ماریکۆ بە چاک نیشان نەدراوە، راستە بە خەمی کچە ناشەرعییەکەیەوە بووە، بەڵام ئەوە باشی جەنابی قەشە نیشان نادات، جەنابی هۆریبیش بۆ یوکیۆی کوڕە ناشەرعییەکەی باشە، بەڵام هەر بە کەسێکی چەپەڵەم نیشان داوە و ئەوم لە جێگای هەموواندا دادگایی کردووە و دواجار بە مەرگیش سزام داوە...
ـ پێنج کەس رووداوەکان دەگێڕنەوە، زۆرینە باسی چەپەڵییەکانی هۆریب دەکەن بە تایبەت لە تسوباکی و هۆتاروودا کەچی مافی بەرگری لەخۆکردنت نەداوەتە هۆریب، نەدەکرا یەکێک لە بەرگەکان ئەو گێڕەرەوە بوایە؟
ـ وەک گوتم ئەوە زیاتر دادگایی هۆریبە، تۆ چەپەڵییەکانی و ئەو کاریگەرییانە بەسەر هەمووانەوە ببینە کە چەندین ساڵ دوای مردنیشی هێشتا کاریگەری بەسەر تاکەکانەوە هەبووە. یوکیۆ و یووکیکۆ لە نائاگا خوشک و برای یەکتربوون و کەچی کەوتبوونە داوی خۆشەویستی یەکترەوە تا ساتی مردنیشیان هەر بەو ئازارەوە ناخی خۆیان دەخواردەوە. ماریکۆ شەرمەزاری جەنابی تاکاهاشی هاوسەری بوو و بەهۆیەوە بەردەوام لە ئازارێکی ویژدانی قول دەژیا، تاکاهاشی لە پێناو ماریکۆ وازی لە میراتگری بنەماڵەکەی هێنا کەچی بە داوی کرێتییەکانی هۆریبەوە ئاڵا و تا ئەوەی چەندین ساڵێکیشی لە جەنگ و دیلێتیدا بەسەر برد، پێت وایە کەسێک کە ژیانی ئەو هەموو مرۆڤەی گرفتار کردبێت شایەن بەوەیە رێگای قسەکردنی پێ بدرێت؟
ـ هاوڕاتم، تۆ چاکتر رووداوەکانت نیشان داوە و هەر خۆشت سزای هۆریبت داوە.
ـ دروستە.
ـ ئاکی خانم، پرسیارێکی ورد و مافی وەڵامنەداوەنەشت پێ دەدەم، ئایا تۆ بە بنەچە کۆریایی؟
ـ ئەم تێبینییە لە چییەوە سەرچاوەی گرتووە؟
ـ تۆ ببینە لە بەرگی سێیەمدا کە تسووبامە، ماریکۆ و پێشتریش دایکی باسی کوشتارگەکەی ساڵی 1923ی کۆریاییەکان دەکەن کە ژاپۆنییەکان دوای بومەلەرزەکەی ئەوساڵە دژی کۆریاییەکان ئەنجامییان دا، تۆ هاوشێوەی ئازاری ویژدانی تاوانەکانی هۆریب بۆ کارەکتەرەکانیان، بەوەش ئازارت داون کە بنەچە کۆریایین و بەڵام تا مردن نەیانوێراوە دەری ببڕن.. ئایا لێرەدا ویستوتە تاوانەکانی گەلی ژاپۆنمان نیشان بدەی؟ تۆ لە کاتێکدا ئەو کوشتارگەیەی دەستی ژاپۆنییەکان دەگێڕیتەوە کەچی لە گێڕانەوەی مەرگەساتی بۆمبارانی ئەتۆمی ئەمریکا لە هیرۆشیما و ناگاساکی خۆت دەبوری؟
ـ من ئازاری مرۆڤایەتم گواستۆتەوە نەوەک ئازاری کۆریاییەکان، دواجار هەموومان مرۆڤین و لە خۆشی و ناخۆشییدا هاوبەشین، هیچ گرنگ نییە من بە بنەچە کۆریایی بم یاخود ژاپۆنی، ئەوەی کە دەبینی ئەوەیە هەستم بە ئازارەکانی ئەوانی دیکە کردووە و هیچی دیکە. خۆ لە تسووباکیشدا کاتێک یووکیکۆ بەسەر کارەساتی ناگاساکییدا دەگەڕێتەوە رووداوەکانم نیشان داون..
ـ دروست دەڵێن خانم، راستی ئەوەت لێ ناشارمەوە زۆر سەرسامی شێوازی نوسینی ئەو پێنجینەیەم، گێڕانەوەی هەمان رووداو لە پێنج گۆشەنیگای جیاواز و بە دیدی پێنج کارەکتەری جیاواز، ئەوە سەلیقە و هونەرکارییەکی زۆری دەوێ..
ـ ترسم هەبوو نەتوانم شتێکی نوێ لەو رۆمانانەدا بگێڕمەوە، وام دانا ئەگەر زیادەیەکم بۆ گێڕانەوەکان نەبی با هەوڵ بدەم بە رێگایەکی نوێ بیانگێڕمەوە.
بە پێکەنینەوە پێیم گوت بە دڵنیاییەوه لەوەشدا سەرکەونتنت بەدەست هێناوە.
بەو پێداهەڵدانەم دڵخۆش بوو و بەوەش کە گوتم نیازم وایە پێنجینەی دووەمی بەناوی (لەنێو دڵی یامۆتۆ) ـدا بخوێنمەوە.
هەستا و پیاسەیەکی ناو ژوور و کتێبخانەکەمی کرد، منیش خەریکی رێکخستنەوەی سەر مێزەکەی خوێندنەوە بووم، کەمێک پاشتر هاتەوە لام و هەردوو رۆمانی (کۆتەڵی رۆژ) و (نرکەی چیاکە) ـی لەسەر مێزەکەم دانا و گوتی : ئەگەر بەڵێنم پێ بدەی بیانخوێنیتەوە ئەوا منیش بەڵێنت پێ دەدەم نوسەرەکانیان بانگهێشتی ژوورەکەت بکەم.
ئەو پێشنیارە گەشاندمییەوە و بێ یەک و دوو بەڵێنم پێی دا بە زووترین کات بیان خوێنمەوە.
دوای ئەو رێککەوتنەی نێوانمان داوای ئەوەی لێ کردم کە مۆڵەتی ئەوەی پێ بدەم لە ژوورەکەمدا بمێنێتەوه، منیش ئاسایی رێگام پێ دا و چوو لە دووری منەوە لەسەر کورسییەک دانیشت و دەستی بە نوسینی بەرگی کۆتایی پێنجینەی سێبەری کەرتەشی کرد و منیش هەر لەسەر مێزەکەی بەردەمم رۆمانی زۆڵەکەی ئیستانبووڵم راکێشایە لای خۆم و لاپەڕەکانیم لێک کردەوە و دەستم بە خوێندنەوەی کرد....

۱۳۹۷/۱۰/۰۷

کامووی ئیسرائیلی کۆچی دوایی کرد


عاموس عۆز ناسراو بە "کامووی ئیسرائیلی"، ئەمڕۆ هەینی لە تەمەنی ٧٩ ساڵیدا کۆچی دوایی کرد. 

کچی ئەم نووسەرە بەناوبانگەی جیهان، فانیا عۆز لە هەژماری تایبەتیی خۆی لە تویتێر هەواڵی کۆچی دوایی باوکی ڕاگەیاندووە. 

عاموس عۆز، نووسەرێکی چەپ و ئاشتیخوازی ئیسرائیلی و لایەنگری مافی فەلەستینییەکان بوو.

ناوبراو، ٤ی مەی ١٩٣٩ لە باکووری ڕۆژهەڵاتی یورشەلیم لەدایک بوو. لە نێو ژینگەیەکی مامناوەند و ڕۆشنبیر گەورە بووە. باوکی پسپۆڕی ئەدەبیاتی بێگانە و عیبری بووە و دایکیشی مامۆستای ئەدەبیات و مێژووی قۆناغی دواناوەندیی بووە.

عۆز کە نووسەری کۆمەڵێک ڕۆمان و هەروەها چیرۆکی بیۆگرافییە وەک "چیرۆکی خۆشەویستی و تاریکی"، چەندین خەڵاتی نێونەتەوەیی و لەوانە "خەڵاتی کافکا"ی وەرگرتووە. لە فەڕەنساش، ساڵی ١٩٨٨ خەڵاتی فێمینای بۆ "قوتووی ڕەش" پێ بەخشراوە.

۱۳۹۷/۰۹/۱۴

لین، کات


ئاگۆتا کریستۆف
لە فەڕەنسییەوە: سەلاحەدین بایەزیدی
  
کەسایەتییەکان
لین، تەمەن دوانزە ساڵ
مارک، تەمەن بیست و دوو ساڵ

لین، تەمەن بیست و دوو ساڵ
مارک، تەمەن سی و دوو ساڵ

دیالۆگی هەر دوو بەشەکە دەکرێ ناوبڕیان بکەوێتە ناو یان دەنگی جۆراوجۆریان بخرێتە پاڵ: بۆ نموونە چلوورەفرۆشێکی دەستگێڕ هاوار بکا: "چلوورەی بە وانیل، چلوورەی بە شۆکۆڵات!"، ئۆرگ ژەنێک، هات و هاوار، قیژە و گریانی منداڵان و تاد.

بەشی یەکەم: باغی گشتی. مارک لەسەر کورسییەک دانیشتووە. لین بە هەڵاتن نزیک دەبێتەوە.

لین (بە دەنگێکی بەرز) :  تا بەیانی، ڤالەنتین! (لە کن مارک ڕادەوەستێ.) مارک؟ ئەوە خەمباری؟ 

۱۳۹۷/۰۸/۱۶

نیکۆلا ماتیۆ بەرەوەی خەڵاتی گۆنکووری ٢٠١٨


ئەمڕۆ چوارشەممە، نووسەر نیکۆلا ماتیۆ بەنرخترین خەڵاتی ئەدەبیی ئەدەبیاتی فەڕەنسی زمانی بۆ ڕۆمانی "منداڵەکانیان پاش ئەوان" (چاپی ئاکت سوود) پێ بەخشرا. 

"منداڵەکانیان پاش ئەوان" ڕۆمانێکی فێرکارییە سەبارەت بە ژیانی مێرمنداڵان کە ئاواتەکانیان لە چاخی بەجیهانیبووندا ون کردووە و نازانن چ بکەن. نووسەر، پۆرترێتی کوڕیژگەیەکی جاڕز لە هاوینی ساڵانی نەوەدەکان لە ڕۆژهەڵاتی فەڕەنسا دەخاتە بەر چاوان. 

ئەمە دووهەمین ڕۆمانی ئەم نووسەرە تەمەن چل ساڵەی فەڕەنسایە. 

نیکۆلا ماتیۆ، پاش ڕاگەیاندنی ناوی لە لایەن ئەکادیمیای ئەدەبیی گۆنکوورەوە لە وەڵامی پرسیارێکی "لۆفیگارۆ" سەبارەت بەوەی ئایا بیرتان لەوە دەکردەوە خەڵاتەکە وەربگرن، گوتی: "هەموو ڕۆژێ کە ڕیشم دەتاشی بیرم لێ نەدەکردەوە. بەڵام ددانی پێدا دەنێم کە بەڵێ، ئەم دواییانە بیرم لێ دەکردەوە. بەڵام خۆ خەڵاتی گۆنکوور هەموو شتێک نییە. ئیشی من نووسینە نەک خەڵات بردنەوە، لەگەڵ ئەوەشدا دڵخۆشم کە خەڵاتەکە بە من بەخشراوە." 

پار ئێریک ڤووییار بە هۆی ڕۆمانی "خشتەی کار" ئەم خەڵاتەی وەرگرتبوو.

۱۳۹۷/۰۸/۰۲

لەگەڵ پڕۆفیسۆر "ئەمیری حەسەنپوور"


-دەربارەی كورد و ئەندێشەی چەپ-
 
شوان ئەحمەد

تا ئەم ساڵانەی دوایش، خوێنەرانی ئێمە هەر ئەوەندە پڕۆفیسۆر دكتۆر ئەمیر حەسەنپووریان دەناسی كە ڕۆشنبیرێكی گەورەو دیاری وەك مامۆستا مەسعوود محەمەدی بەهەشتی، لەكۆتایی ساڵانی حەفتاكانی سەدەی ڕابردوودا، كتێبێكی لەسەر نوسیبوو (بۆ ئەمیری حەسەنپوور لەهەر كوێیەك بێت)، جگە لەوە بۆ كەمێكی كەم نەبێت بۆ زۆرینە، هەم بەرهەمەكانی و هەم خۆی و هەم شوێن و مەكانی بزربوو.
هاوڕێیەكی ئازیزم كەسەرەتای ساڵانی 2000 گەیشتە وڵاتی كەنەداو ئێستا خوێندكاری دكتۆرایەو لە زانكۆكانی ئەوێدا فەلسەفە دەخوێنێ‌، بۆی باس كردم كەسەروەختێ‌ بۆ یەكەمجار لە (تۆرنتۆ) چاوی بە (ئەمیری حەسەنپوور) كەوتووە، وتی لەوەدابووم: (توند دەستی بگرم و پڕ بەدەم هاواربكەم و بەمەسعوود محەمەد و خەڵك و خوای باشووری كوردستان بڵێم: ئەو پیاوەی چارەكە سەدەیەكە بەدوایدا وێڵن و شوێن و مەكانی بەڵەد نین، ئەوەتا لێرەیەو دۆزیومەتەوە).
ئەڵبەت ئەمیری حەسەنپوور (1943-2017) بۆ چەپ و ماركسیستەكانی كوردستان، ناوێكی گەورەو گرنگەو بۆ كەسانێكی دیكەش زمانناس و ئەکادیمیست و لێکۆڵیارێکی ورد و پڕ بەرهەم بووە.
لای خۆمەوە جگە لەو كتێبەی مامۆستا مەسعوود محەمەدی بەهەشتی، چەند شتێكی زۆر كەمم لەبەرهەمەكانی و لەبارەیەوە خوێندۆتەوە. لەژمارە (28-29) مانگی ئابی 2018 گۆڤاری (كوردستان دیبلۆماتیك)دا، لاپەڕە 333 بۆ 343 برای بەڕێز كاک سەڵاحەدین بایەزیدی وەرگێڕ، دەقی گفتوگۆیەكی خۆی لەگەڵ پڕۆفیسۆر (د. ئەمیری حەسەنپوور)دا بڵاوكردۆتەوەو پێدەچێت دەساڵێك بەر لەدنیا دەرچوونی ناوبراو، لەگەڵیدا سازی دابێت.
گفتوگۆکە جگە لەپێشەكیەكی كورت كەناساندنی كار و بەرهەمە ئەكادیمیەكانی ئەمیری حەسەنپوورە لەگەڵ (د. شەهرەزاد كۆجاب)ی هاوكار و هاوسەری، تەرخانە بۆ قسەكردن لەپرسێكی گرنگ و هەنووكەیی كەئەویش پرسی (كورد و ئەندێشەی چەپ)ە.
گفتوگۆكە هەرچەندە كورت و سنوردارە، بەڵام خوێنەر هەر لەسەرەتاوە هەست بەگرنگی و بایەخی قسەكانی پڕۆفیسۆر دەكات، سەبارەت بەڕۆڵ و ئەندێشەی چەپ و چەپگەرایی لەكوردستان بەگشتی و لەباشور و باكور و ڕۆژهەڵاتی كوردستان بەتایبەتی.
بۆ من ئەم گفتوگۆیە گەلێك ڕاو سەرنجی وردو بەجێی تێدابوو، هەر ئەمەش وام لێدەكات لێرەبەدوا، بەدوای نوسین و كتێب و لێكچەرەكانیدا بگەڕێم و بەوردی بیانخوێنمەوە.
ئەمیری حەسەنپوور بەدیدێكی ڕەخنەگرانەوە، قسە لەسەر بزاوتە چەپڕەوەكانی ڕۆژهەڵاتی كوردستان و باشوور و باكووری كوردستان دەكات. ئەوەی باكور زۆر بەكورتی و ئەوەی باشور و ڕۆژهەڵاتیش، بەنەفەسێكی كەمێك درێژتر.
سەبارەت بەڕەوتی چەپ لەتوركیا و كورستانی ئەوێ‌، بەمجۆرە دەدوێت: (لەتوركیا ساڵانی 1960 و 1970 زۆر ڕێكخراوی كۆمۆنستی پەیدابوون كەزۆربەیان، لەكۆدەتاكەی ساڵی 1980دا سەركوتكران. ئەوەی بەرگەی گرت و گەشەی كرد پارتی كرێكارانی كوردستان- پ.ك.ك- بوو. ئەو ڕێكخراوە ڕێبازی خۆی وەك سۆسیالیزم ناساند، وەلێ‌ لەسەرەتاوە كردەوەو بەرنامەكەی ناتەبایی زۆری، لەگەڵ بەرنامە و ڕێبازی كۆمۆنستی هەبوو. دواتریش دەستی لەسۆسیالیزم هەڵگرت).
دەرهەق بەكوردستانی عێراقیش بەمجۆرە قسە لەسەر كۆمەڵە دەكات و دەڵێت: (لەكوردستانی عێراق كۆمەڵەی ماركسی- لینینی، لەساڵانی 1970 ڕێبازی كۆمۆنستی ڕەچاوكرد، وەلێ‌ بەتێگەیشتنێكی زۆر ساكار و ڕوكەشانە. لەباتی ئەوەی مێژووی كوردستان و ناوچەكە بەرەو ئاسۆیەكی نوێ‌ بەرێت، لەچوارچێوەی كوردایەتی سونەتیدا سەری لێشێواو لەبری ئەوەی ببێتە حیزبێكی كۆمۆنیست، ڕۆیشتە ژێر ئاڵای ڕێبازێكی سانتریست و خێرا خێرا بەرەو دواوە ڕۆیشت و بوو بەكۆمەڵەی ڕەنجدەران و دواتر لەیەكیەتی نیشمانیدا توایەوە).
لەبەر ڕۆشنایی ئەم لێكدانەوە و شیكاریەی ئەمیری حەسەنپووردا، پێموایە ئەوانەی لێرەو لەوێ‌ ساڵانێكە (بەتایبەت لەدوای ڕاپەڕینی بەهاری 1991 تا بەئەمڕۆ دەگات)، ڕەخنە لەڕەفتار و بەرنامە و سیاسەتەكانی یەكیەتی نیشتمانی كوردستان دەگرن، پێویستە لەڕەخنەگرتنەکانیاندا دوورتر بڕۆن و بچنەوە سەربنەچەی كێشەكە كەڕێكخراوی كۆمەڵەی ڕەنجدەرانەو بزانن، چۆن چۆنی ئەو ڕێكخراوە ماركسی- لینینیە، بوو بەو هێزەی حاشا لەهەموو دروشم و ئایدیا و خەون و بەڵێنەكانی سەرەتای خۆی بكات و بەدرێژایی چارەكەسەدەیەك لەحوكمڕانی كردنی باشوری كوردستان لەگەڵ هێزێكی وەك پارتیدا، لەهەڵپەی خۆ دەوڵەمەندكردنی ناشەرعی و پاوانخوازی زیاتر و قوتدانی كۆمەڵگەی مەدەنی و كۆنترۆڵكردنی تەواوی سەرچاوە داریی و ئابووریەكان دابێت بۆخۆی و دەیان گروهی مافیایی لەساو پەنایدا قووت ببنەوەو بگات بەوەی ڕەنجدەرانی بیرو بازوی دوێنێ‌، ببنە سەرمایەدار و ملیاردێر و خاوەن كۆمپانیا گەورەكانی ئەمڕۆ. لەبارەی ڕۆژهەڵاتیشەوە بەمجۆرە ڕای خۆی بەیان دەكات: (كۆمەڵەی شۆڕشگێڕی زەحمەتێكشانی كوردستانی ئێران، بەپێچەوانەی كۆمەڵەی كوردستانی عێراقەوە، لەسەرتاوە وەك ڕێكخراوێكی ماركسی- لینینی دانەمەزرا. بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا وەك كۆمەڵەی كوردستانی عێراق، ڕێبازی زۆربەی دامەزرێنەرانی ماركسی- لینینی بوو. گەر كۆمەڵەی كوردستانی عێراق لەئاكامی شكستی بزوتنەوەی چەكداری سەری هەڵهێنابێت، ئەوا كۆمەڵەی ئێران بەرهەمی شۆڕشی 1979 گەلانی ئێران بوو لەدژی ڕژێمی پاشایەتی. بەڵام لەكردەوەدا كۆمەڵەی ئێران، بۆڕی كۆمەڵە عێراقی دایەوە.. لەكاتێكدا كۆمەڵەی كوردستانی عێراق بەقسە دژی فیودالیزم بوو، كۆمەڵەی ئێران بەدامەزراندانی یەكیەتی جوتیاران و دابەشكردنی زەوی، بەرەنگاری نیزامی دەربەگایەتی بووەوە. هەروەها لەپرۆژەی بەشداری ژنان لەخەباتدا، كۆمەڵەی ئێران لەپێشتر بوو. بەڵام گیروگرفتی هەردوولایان لەڕێبازدابوو- لەتیۆری و ئیدیۆلۆژیدا بوو.. زۆربەیان بەهەست و بەخواست ماركسی- لینینی بوون، تاڕادەیەكیش ماوی، وەلێ‌ لەڕێبازی سیاسی و ئێدیۆلۆژیدا، نەماركسی بوون ‌و نەلینینی و نەماوی).
ئەم قسانەی ئەمیری حەسەنپوور وەك بیرمەندێكی چەپ، ئیدیعاو لاف لێدانی تەواوی ئەو بەناو سیاسیانەی كورد لەماوەی ئەم چل ساڵەی ڕابردودادا دەخاتە ژێر پرسیارەوە كەسەردەمانێك خۆیان بەماركسی بوونەوە باداوەو مۆری هەڤاڵ و هاوڕێیەكی زەحمەت كێش و ڕەنجدەریان لە خۆیان داوە.
لەوەڵامی پرسیارێكی دیكەدا، توندتر دێتە سەر ڕەخنەبارانكردنی حیزبە كوردستانیەكان و جەوهەر و ماهیەتی ڕاستەقینەیان ئاشكرا دەكات و دەڵێت: (حیزبە كوردستانیەكان لەكێشەی پەیوەندی نێوان مەسەلەی جوتیاری و مەسەلەی نەتەوەییدا، سیاسەتێكی تەواو ناسیۆنالیستیان هەبووە و هەوڵیانداوە، جوتیاران بكەن بە لەشكری كوردایەتی و هیچ جوتیارێك نزیكی خەباتی چینایەتی لەدژی دەرەبەگی كورد نەكەوێت. ڕێباز ڕێبازی ئاشتی چینایەتی بووە. دروشمی- زەوی بۆ ئەوكەسەی دەی كێڵێت-، هەرگیز لەبەرنامەی حیزبە ناسیۆنالیستەكاندا، پێش ئیسڵاحی زەراعی عێراق و ئێران، گەڵاڵە نەکرا).
لەوانەش گرنگتر قسەكردنیەتی لەسەر شۆڕشی ئەیلول و دەڵێت: (ئەوەی پێی دەڵێن شۆڕشی ئەیلول- 1961-، شۆڕش نەبوو، بەڵكو وەك ناڕەزایەتی دەرەبەگی كورد دەستی پێكردو ڕۆشنبیر و چالاكی سیاسی و پارتیش دوای كەوت. پارتی لەناوچە ڕزگار كراوەكاندا هەوڵیان نەدەدا بۆ ڕزگاریی جوتیاران، بەپێچەوانەوە نیزامی عەشیرەتگەرایی و درەبەگایەتیان لەژێر ئاڵای كوردایەتیدا بوژاندەوە. لە ئێرانیش ئیسڵاحی زەراعی حیزبی دیموكراتی غافڵگیركرد. لێرەش بەشێك لەئاغەواتی كورد، ئاڵای كوردایەتیان هەڵكردو حیزبی دیموكرات بەرەو پیریان چوو. واتە هیچ كام لەو دوو حیزبە نەیانتوانی ئیسڵاحی زەراعی، ئاكام و گرنگییە سیاسیەكەی، بەشێوەیەكی قوڵ و بەرین و شۆڕشگێڕانە- بە بەرژەوەندی جوتیاری چەوساوە- لێی بكۆڵنەوە و لێكی بدەنەوە).
وردكردنەوەی ئەو مێژووە ناشیرینە بەمجۆرە، بواری ئەوەمان دەداتێ‌ سەرچاوەی كێشەو قەیرانەكانی ئەمڕۆ، باشتر ببینین. یەكێكیش لەو سەرچاوانەی دەتوانێت دەسگیرۆیمان بكات، بۆ تێگەیشتن لە ماهیەتی ئەو هێزانەی لەكوردستاندا حوكمڕانن و خۆیان بەهێزی شۆڕشگێڕ و ڕەنجدەرانی بیر و بازوو دەزانن و مێژووی خەبات و ڕابردوویان بەپیرۆز لەقەڵەم دەدەن، بیرو بۆچون و ڕەخنە و خوێندنەوەكانی ئەمیری حەسەنپوورە بۆ ئەو مێژووە.
 
(ئەم بابەتە ئەمڕۆ ٢٤ – ١٠ – ٢٠١٨ لەژمارە ١٧٨٠ هەفتەنامەی هاوڵاتی دا بڵاو بۆتەوە).

۱۳۹۷/۰۷/۳۰

دەربارەی ڕۆمانی قورسایی ڕازەکان نووسینی «ئـاکی شـیــمازاکی»



ناساندنی کتێبی «ڕۆمانی قورسایی ڕازەکان» نووسینی «ئـاکی شـیــمازاکی»

 ناسنامه‌ی کتێب: «ڕۆمانی قورسایی ڕازەکان»؛ نووسینی ئـاکی شـیــمازاکی؛ وه‌رگێڕ: سەلاحەدین بایەزیدی؛ چاپ: یەکەم  ٢٠١٨؛ وەشانخانە: غەزەلنووس

کارۆ حسێن

ژیان پـڕە لـە ڕووداو و بەسەرهاتـی سەرنجڕاکێش، نووسەرانیش بەتێکەڵکردنـی خەیاڵ و پاشخانێکـی مەعریفیەوە هەندێک لەم ڕووداوانە  دەنـووسنەوە و دەیگەیەنن بـە خوێنەران، بەڵام کاتێک دەقـێک بـەو مەبەستە دەنووسرێت یان دواتـر لەسەری دەنـووسـرێت ڕۆمـان یـان چیرۆک، ئـەوە نـابێت تەنهـا گێڕانـەوەی چیرۆکـێکـی ڕووت بێت بەڵـکـو دەبێت نـووسـەر چـەنـد بنەمایەک جێبەجـێ بکات لەنـووسیندا و گـرینگی بـە زمان و چنین و شێوازی گێرانەوەش بدات و بەرپرسیاربێت لـەتەواوی نـووسـراوەکـەی. یـەکـێک لـەو ڕۆمانانەی تـازە کەوتوەتـە کتیبخانەکانەوە، ڕۆمانـی (قــورســایــی ڕازەکــان)ە کـە ناوەنـدی غـەزەلـنـووس چـاپ و بڵاوی کردۆتەوە.  کـە دەکرێت نـاوی بنێین شـاکـار و خـوێندنەوە و هەڵوێستەمان لـەسـەری هـەبێت.

 ئەم ڕۆمانە لە نووسینی خانمە نووسەری ژاپۆنی (ئـاکی شـیــمازاکی)یە و لە فەڕەنسییەوە (سەلاحەدین بایەزیدی) کـردوویـە بەکوردی.

 ڕۆمانەکـە پێکدێت لـە پێنج بەش، کە بەڕای ئێمە ئاساییە لەهەر کامەیانەوە دەست پێبکەیت و لـە هەر کامەیانەوە کۆتایـی پـێ بهێنیت، گێڕەرەوەی بەشەکان جیاوازی هەیـە و پەیوەندیان پێکەوە نییە لە گێرانەوەدا، بـەڵـکـو هـەر یەکـەو بـەپێـی زانین  و تێگەیشتنی خۆی ڕووداوەکە دەگێڕێتەوە، بەڵام ئەوەی ئەم ڕۆمانە دەکات بەزنجیرە ئەوەیە کە هیچ گێڕەرەوەیەک گێڕەرەوەی هـەمـوو شـت زان نییە و هـیـچ کامێکیان خـوێنەر نـاگەیەنن بـەتەواوی زانیاریەکان. بـۆیە خـوێنەر دەبێت تـەواوی بەشەکان بخوێنێتەوە بۆئەوەی سەرجەم نهێنی و ڕازەکانی ئەم ڕووداوە بزانێت.

  🔸چیرۆکی ڕۆمانەکە

 مـاریـکـۆ ئەوکچەی لەتەمەنـی ١٥ ساڵیدا خانەی بێسەرپەرشتان بەرەو ماڵێکـی تەنیا و کارکردن لە کۆمپانیایەکـی کەلوپەلـی دەرمانخانە جێدەهیڵێ و دوای ساڵێک توشی بە توشی (جەنابی هـۆریب)ەوە دەبێت. ئەو پیاوەی نـاڕاستگۆیانە لەگەڵیدا مامەڵە دەکـات. لـەکاتێکـدا ئـەو یەکـەم  جـارە کەوتـووەتـە ژێــر کـاریگەری پیاوێکەوە. ڕووداوەکـانـی ڕۆمانەکـە هـاوکاتـە لـەگـەڵ بـۆردوومانـە ئەتۆمییەکەی هـیـروشیما و ناگاساکی لە لایەن ئەمریکاوە، بەڵام خوێنەر تەواوی سەرنجەکانی لەسەر ڕووداوە گـەورەکـەوە دەگوازیتەوە سـەر ڕووداوێـکـی کۆمەڵایەتـی. کـە دەشێت قـوربانیەکانـی لـەچەنـد کەسێک تێپەڕ نـەکـات بـەڵام تراژیدیایەکە پڕ لە تاڵی…

 ئەمـە هێڵـی گشتـی ڕۆمانەکەیە، بەڵام خـوێنەر لەهـەر بەشێکدا بە نهێنی و زانیاری تـازەتـر دەگات. لـەبارەی ڕووداوەکەوە.

 لەو شوێنەی گێڕەرەوەکان دەگەن بە باسکردنی ڕووداوێکـی هـاوبەش نووسەر بەکورتی کۆتایی پـێ هێناوە و لەوشوێنانەشی ڕووداوەکە تاکەکەسین، نـووسەر بواری پێویستـی بە گێڕەرەوەکان داوە ڕووداوەکان بگێڕنەوە. کە ئەمەش وادەکات خـوێنەر هـەمیشە چێژ لە خوێندنەوەی وەربگرێت و بەتامەزرۆییەوە چاوەڕێی زانیاریەکی تازەتر بێت لەبارەی ڕووداوەکانەوە کە لـە گێڕەرەوەکانی تر نەیبیستبێت و بۆ گێڕەرەوەکانی تریش جێگای پرسیار و بیرلێکردنەوە بوونە.

 ١- تـــســـووبـــاکـی

٢- هـــامـــاگــووری

٣- تـــســــــووبــــام

٤- واسوورەناگووسا

٥- هــــــۆتــــــاروو

 لەبارەی ناونیشانی بەشەکانەوە. لەهەر بەشێک مانا و ڕازەکان بۆ خوێنەران ئاشکرا دەبن. کارەکتەری گێڕەرەوەی بـەشەکـە  دەناسیت و جێگەی لە ڕووداوەکان و کاریگەریەکانی ڕووداوەکە لە سەری دەزانیت. وەک وتمان ئەگەرچی بە خویندنەوەی یەک بەشیش سەرەتـا و کـۆتایـی ڕووداوەکە دەزانیت، بـەڵام  بـۆ گەیشتن بـەتەواوی لایەنەشارەوەکان و ڕازەکـانی  پێویستـە سەرجەمیان بخوێنیتەوە، چونکە هیچ گێڕەرەوەیەکیان هەموو شت زان نییە.

  سەرچاوە: ماڵی کتێبی کوردی

۱۳۹۷/۰۷/۲۷

هۆتاروو


هۆتاروو
قورسایی ڕازەکان (٥)
ڕۆمان

ئاکی شیمازاکی
وەرگێڕانی لە فەڕەنسییەوە: سەلاحەدین بایەزیدی

چاپی یەکەم: ٢٠١٨
بڵاوکار: ناوەندی غەزەلنووس بۆ چاپ و بڵاوکردنەوە

واسوورەناگووسا


واسوورەناگووسا
قورسایی ڕازەکان (٤)
ڕۆمان

ئاکی شیمازاکی
وەرگێڕانی لە فەڕەنسییەوە: سەلاحەدین بایەزیدی

چاپی یەکەم: ٢٠١٨
بڵاوکار: ناوەندی غەزەلنووس بۆ چاپ و بڵاوکردنەوە

۱۳۹۷/۰۷/۲۶

تسووبام


تسووبام
قورسایی ڕازەکان (٣)
ڕۆمان

ئاکی شیمازاکی
وەرگێڕانی لە فەڕەنسییەوە: سەلاحەدین بایەزیدی

چاپی یەکەم: ٢٠١٨
بڵاوکار: ناوەندی غەزەلنووس بۆ چاپ و بڵاوکردنەوە

هاماگووری



هاماگووری
قورسایی ڕازەکان (٢)
ڕۆمان

ئاکی شیمازاکی
وەرگێڕانی لە فەڕەنسییەوە: سەلاحەدین بایەزیدی

چاپی یەکەم: ٢٠١٨
بڵاوکار: ناوەندی غەزەلنووس بۆ چاپ و بڵاوکردنەوە