۱۳۸۵/۰۷/۲۳

"نامەیەکی بارزانیم گەیاندە باڵوێزخانەی سۆڤیەت لە تاران"

خدر مەڕەسەنە - وێنە: سەلاحەدین بایەزیدی

سەلاحەدین بایەزیدی - ڕانیە

جەرگەی نێوەڕۆیەکی گەرم لە شاری ڕانیەوە بەرەو گوندەکانی دەوروبەر و دۆڵی بۆتی و گوندەکانی بناری قەندیل بەڕێ دەکەوین، هەرچەند زۆر گەرمە و تاک و تەرا مرۆڤ بە دیارەوەیە بەڵام نە بۆ من گرنگە کە تامەزرۆی بیستنی بەشێک لە بیرەوەریی و بەسەرهاتی پەنجا ساڵ خەباتی مرۆڤێکم کە هەموو ژیانی لە شۆڕش و دەربەدەریدا بەسەر بردووە و نە بۆ ئەو کە بەمجۆرە ڕۆژانی پێشمەرگایەتی و شاخی دێتەوە یاد. بە درێژایی ڕێگە باسی ئەو ڕۆژانە دەکات، باسی خەبات و ژیان لە بەندیخانە و دەربەدەری و پێشمەرگایەتی لە حزبی دیموکراتی کوردستانی ئێران، باسی نەهامەتی و دووبەرەکیی ناوخۆیی و خەبات لە دژی کۆنەپارێزترین سیستەم، خەبات لە دژی ڕژێمی پاشایەتی و ڕژێمی خومەینی، دواجاریش ژیانی تاراوگە و غەریبی. وەک خۆی دەڵێت ڕۆژی ٤ی بانەمەڕی ١٩٣٩ لەگوندی بێورانی خوارێ سەر بە ناوچەی سوێسنایەتی سەردەشت لەدایک بووە. هەر لە سەرەتای ژیانی منداڵییەوە نەیتوانیووە تەنیا ساڵێکیش لە زێدی خۆی بچێتە قوتابخانە و وەک هەموو مناڵێک ژیانی ئاسایی هەبێت.
خدر مەرەسەنە باسی ئەو گرووپە یاخییە دەکات کە باوکی سەرپەرشتی کردووە و لە ناوچە لێڕەوار و شاخاوییەکانی سەردەشت دژ بەرژێمی پاشایەتی شەڕیان کردوە. دەڵێت: "بەهۆی فشاری ڕژێمی پاشایەتی باوکم لەگەڵ چەند کەسێکی تر لە خزمان لە ساڵی ١٩٤٣ ڕێگای شاخیان هەڵبژارد و لە دەوڵەت هەڵگەڕانەوە و ملیان بۆ ویستەکانی ڕژێم دانەنەواند.دوای دوو ساڵ شەڕو بەربەرەکانی، دەوڵەت بەهێزێکی زۆرەوە پەلاماریان دەباتە  سەر و ناچار دەبن بچنە کوردستانی گەرمێن (عێراق)"، هەتا دروستبوونی کۆماری مەهابادیش خدر دوور لە سێبەری باوک دەژیت و بە ڕاگەیاندنی کۆمار بنەماڵەکەیان دیسان دێتەوە سەر یەک و بۆ ماوەیەکی کورتیش بێت هەناسەیەکیان دێتەوە بەر. بەڵام تەمەنی کۆمار لەوە کورتترە کە بتوانن هەموو شتێک لە نوێوە دەست پێبکەن. بۆیەش بۆ جارێکی دیکە لە ساڵی ١٩٤٦ تا ناوەڕاستی ١٩٤٨ ئاوارەی شاخ و دۆڵ و چیاکانی کوردستان دەبنەوە. ساڵی ١٩٥٦ بەرێگای باوکی بەشداری ڕیزەکانی حزبی دیموکراتی کوردستانی ئێران دەبێت. دوو ساڵ دواتر لەگەڵ زۆر لەئەندامانی حزب و لەوانە باوکی دەستگیر دەکرێت و پاش ١٨ ڕۆژ مانەوە لە زیندانی تەورێز ڕەوانەی زیندانی قەسری قاجار دەکرێن و چوار ساڵ دواتر واتە ساڵی ١٩٦٢ ئازاد دەکرێن. خدر مەرەسەنە کە گەنجترین زیندانی سیاسی بوو، سێ چوار مانگ پاش ئازادبوونی دیسان ڕێگەی باشووری کوردستان دەگرێتە بەر و دێتەوە ناو ڕیزەکانی حزب و بۆ یەکەمجار بەشێوەیەکی ڕەسمی چەکی پێشمەرگایەتی دەکاتە شان.

چۆن بوو هاتنە باشووری کوردستان، ئایا چیتر نەتاندەتوانی لە ڕۆژهەڵات درێژە بە خەباتی سیاسی و حزبایەتی بدەن؟
دوای چەند ساڵ ئەندامبوونم لەحزبی دیموکراتدا و دوای ئەوەی بەهۆی خیانەتی کادرێکی حزبەوە، لەساڵی ١٩٥٩ کەوتمە بەر پەلاماری ساواک و ڕژێمی شا. من هەر ئەودەم و پێشتریش ئەندامی حدکا بووم و لەو پەلامارەدا بۆ ماوەی ٥ ساڵ گیرام و لە زینداندا بووم. دواتر کە لە زیندان ئازاد کرام لەگەڵ چەند هاوڕێیەکم لە مەهاباد و سەردەشتەوە هاتینە کوردستانی عێراق و پەیوەندیمان کرد بە شەهید ئەحمەد تۆفیق کە ئەودەم ئەو سەرپەرشتی حدکا بوو و بەمجۆرە چەکی شۆرشی ئەیلوولمان لە شان کرد. دیارە ئەحمەد تۆفیق لە کۆنگرەی دووهەمدا بەسکرتێری حزب هەڵبژێرابوو. ئەگەرچی هەندێک لە برادەرانی خۆمان دانیان بە بەرپرسایەتی ئەحمەد تۆفیق دانەدەنا بەڵام بەحوکمی ئەو دەسەڵاتەی کە وەختی خۆی دوای ڕوخانی کۆماری کوردستان پێشەوا قازی کۆمیتەی کاتی دامەزرا، ئەحمەد تۆفیق یەکێک لە ئەندامانی کۆمیتەی کاتی بوو.

بۆ دانیان بە ئەحمەد تۆفیق دانەدەنا؟
بەشێک لە برادەرانی خۆمان بەوە ڕازی نەبوون، پێیان وابوو کە دەبێ لەکۆنگرەیەکدا ئەحمەد تۆفیق هەڵبژێردرێ و بڕیاری کۆمیتەی کاتیان ڕەد دەکردەوە. هۆیەکەشی ئەوە بوو کە ئەودەم ئەحمەد تۆفیق زۆر دژی کۆمۆنیزم بوو، لایەنگری لە سیاسەتەکانی ئەمریکا دەکرد و بیرێکی نەتەوەیی هەبوو. ئێمەش خۆمان بە ڕادیکاڵ و چەپ دادەنا و ملکەچی بڕیارەکانی ئەحمەد تۆفیق نەدەبووین. تۆفیق پێی وابوو کە ئێمە دەبێ وەکوو نەتەوەیەکی ژێردەستە وابەستە بە هیچ دەوڵەتێکەوە نەبین و هاوکاریش لەهەموو لایەک پەسەند بکەین. بەشێک لە کێشەکانیش دەسەڵات بوو کە وایان کرد کۆمیتەی ساغکەرەوە دروست بێت. کۆمیتەی ساغکەرەوە چوونە ژێر دەسەڵاتی ئەو باڵەی کە لە پارتی جیا ببوونەوە.

سیاسەتی پارتی چۆن بوو بەنیسبەت ئەحمەد تۆفیقەوە؟
پارتی ئەوەدەم پشتیوانیان لە سیاسەتەکانی ئەحمەد تۆفیق دەکرد.

ئەوکات تۆ لەگەڵ کام تەوژمدا بووی و سەر بە چ بیرو لایەنێک بووی؟ ئەی بەگشتی چ مەیلێک بەسەر جوڵانەوەی کوردی ڕۆژهەڵاتی کوردستاندا زاڵ بوو؟
لەبەر هۆی عاتیفی و ئەو دۆستایەتییەی کە لەگەڵ حەسەن ڕەستگاردا هەمبوو بەلای کۆمیتەی ساغکەرەوەدا شکابوومەوە. لەلایەکی دیکەشەوە ئەحمەد تۆفیق ڕێزێکی تایبەتی لێدەگرتم، ئەحمەد تۆفیق مەئمورییەتێکی بارزانی بە من سپارد، لەکاتێکدا کە ئەرتەشی سوریا پشتیوانی لە دەوڵەتی عێراق کرد و تورکیا و ئێرانیش هێزەکانیان هێنابووە سەر سنووری عێراق و گەلەکۆمەیان کرد کە لەشۆڕشی کورد بدەن، لەو کاتەدا بارزانی نامەیەکی بۆ بالوێزخانەی سۆڤیەت نووسی لە تاران، من لەسەر داوای تۆفیق نامەکەم گەیاندە باڵوێزخانە. ئەوەش ببووە هۆی ئەو ڕێزە تایبەتییە. کە لەئەنجامدا سۆڤیەت ئۆلتیماتۆمی دا بەئێران و تورکیا و ئەوانیش هێزەکانیان لە سنوور کێشایەوە.
ئەحمەد تۆفیق بەرەو کوردایەتییەکی تۆخ و بەلای ڕۆژئاوادا دەشکایەوە، برادەرانی دیکە چەپێکی تۆخ و بەلای سۆڤیەت و حزبی تودە و حزبی شیوعی عێراقدا دەشکانەوە. ئەمە ململانێیەکی گەورەی ساز کردبوو لەسەردەمی شۆرشی ئەیلوولدا.

پێت وانییە ئەو ناکۆکی و دووبەرەکیی نێوخۆییانەی کە ئێستاش لەناو جوڵانەوەی کوردی لە ڕۆژهەڵاتی کوردستاندا برەویان هەیە، سەرچاوەکەیان هەر ڕووداوەکانی ئەوکات و ئەو دابڕانانە بێت کە ئاماژەت پێدا؟
نەخێر، ناکۆکی ئێستا لەسەر هەندێک شێوازی کارکردن و پەیوەندی گرتن بەحزبەکان و هەروەها لەسەر مەسەلەی دەسەڵاتە. ئێستا کێشەکان لەئاستێک دان کە لەناوخۆدا وەک دوو حزب پێکەوە هەڵسوکەوت دەکرێت. دیارە ئەو لێکدابڕان و دووبەرەکییانە هەر جارە و بەشێوەیەک دووبارە بۆتەوە، چونکە لە بنەڕەتدا چارەسەری بۆ نەدۆزراوەتەوە. لە ١٩٦٤ کۆمیتەی ساغکەرەوە جیا بوویەوە، ئەوی تر کۆمیتەی ئینقلاب بوو ئەوە لە سەردەمی شەهید ئەحمەد تۆفیقدا بوو. ئەویتریان کاتێک بوو کە دکتۆر قاسملۆ لە ئەوروپا گەڕایەوە و کۆنفرانسی سێهەمی پێک هێنا. ئەودەم ئەحمەد تۆفیق مابوو و ئەندامی کۆمیتەی ناوەندی حزب بوو. لەو کۆنفرانسەدا کۆمیتەی کاتی جیابوویەوە بە ناوی پەیڕەوی کردن لە خەت و ڕێبازی ئەحمەد تۆفیق. پارتی پشتگیری لە کۆمیتەی کاتی دەکرد و لەژێر دەسەڵاتی پارتی دابوون. جەماعەتی قاسملووش کە نێویان حزبی دیموکرات بوون لە بەغدا بوون و یارمەتیان لە دەوڵەتی عێراق وەردەگرت. دابڕانەکەی تر لەکۆنگرەی چوار دابوو کە زیاتر لە ٧٠٠ پێشمەرگە و کادیری حزب جیابوونەوە کە زیاتر بە لای تودەدا دەشکانەوە و دوای تەسلیم بوونی حزبی تودە ئەوانیش پەرتەوازە بوون. بەهێنانی کورتەباس بۆ ناو حزبی دیموکرات، کە خەت و ڕێبازی سۆسیال دیموکراتەکانی فەرەنسە بوو و لەناکاو هاتە کۆنگرەی شەشەوە، کورتەباس بەزۆربەی دەنگ ڕەد کرایەوە، بەڵام دکتۆر قاسملوو قەبوڵی نەکرد. ئەوەش نیمچە لێکدابڕانێک بوو. لێکدابڕانی چوارەمیش لەکۆنگرەی هەشتدا بوو کە ڕێبەرایەتی شۆرشگێڕی لێکەوتەوە و نزیکەی ٩ ساڵ ئەو باڵە خەباتی کرد.

باشە هۆکار چی بوو؟
هۆیەکەی ئەوە بوو کە سەرکردایەتی حزب نەیتوانی ڕۆڵی سکرتێر ببینێ وەک پێویستە. نەیتوانی حزب لە دەوری ستراتیژییەکدا کۆ بکاتەوە کە هەموویان پەیڕەوی لێبکەن.

لە ساڵی ٢٠٠٤دا پەیڕەو پڕۆگرامی کۆنگرەیەکتان بڵاو کردەوە بە ناوی کۆنگرەی نیشتمانی کوردستان، دەکرێ زیاتر باسی بکەن، چی بەسەر هات؟
ئێمە دەستوورێکی ناوخۆییمان پێشنیار کرد بۆ بەستنی کۆنگرە لەکۆتایی ساڵی ٢٠٠٣دا و وەک کۆمیتەی ئامادەکاری کۆنگرەو ماوەیەک لەو چوارچێوەدا کارمان کرد. کۆنگرەکە لە ناوەڕۆکدا بەرەیەکی فراوانی یەکگرتووی ڕۆژهەڵاتی کوردستان و کۆنگرەیەکی نیشتمانی بوو کە پلۆرالیزمی سیاسی بەبنەما وەردەگرت، بەڵام پاشان بەهۆی نەبوونی زەمینەیەکی لەبار و هەروەها پاڵپشتێک بۆ بەرجەستەکردنی بیری نەتەوەیی و سەربەخۆیی هەر لە چوارچێوەی قسەدا مایەوە.

ئایا ئێوە کە چوونە دەرەوەی وڵات، نیشانەی ئەوە نەبوو لە تێکۆشان  ناهومێد بوون و لەو خەباتە سارد بوونەوە؟
ئەوەی کە ئێمە لەدەرەوە پێمان وابوو خەبات ڕادەوەستێ بەخۆشیەوە ڕانەوەستا. بەپێچەوانەی خوێندنەوەو پێشبینی ئێمە جوڵانەوەی کورد بەگشتی لە ڕۆژهەڵات شێوەیەکی دیکەی بەخۆوە گرت، ڕوناکبیرانی نێوخۆیی وڵات، خوێندکاران، ڕێکخراوە پیشەیی، ڕێکخراوەکانی مافی مرۆڤ، ئافرەتان بەگشتی و بەتایبەتیش پەرلەمانتارەکان ڕۆڵی زۆر گرنگیان هەبووە لە زیندوو ڕاگرتنی خەباتی نەتەوەیی لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان. ئەوە بەشێکێتی، مەبەست ئەوەیە ناهومێد نین کە بڵێین حزبەکان ئێستا ڕۆڵی شۆڕشگێرانە نابینن. لە ڕۆژهەڵاتدا خەبات کپ نەبوو و بەشێوەی جۆراوجۆر هاتە ئاراوە. جگە لەوەش ئێستا پژاک لەمەیدان دایە و بەنیسبەت خۆی دەور دەبینێ. پارتی و یەکێتیش بەگوێرەی توانای خۆیان توانیویانە لە ڕێگای هونەرمەندان و ڕوناکبیران، بە وەرگرتنی خوێندکارانی کورد لە زانکۆکانی کوردستان ئەو خەباتە نەتەوایەتییە زیندوو ڕابگرن.

لەناو حزبی دیموکراتی کوردستاندا زۆر کەس بیرەوەرییان نووسیوە، لەوانە: دکتۆر قاسملوو، جەلیل گادانی، عەبدوڵڵا حەسەن زادە، کەریم حیسامی، دکتۆر خەلیقی، غەنی بلووریان، مستەفا شەڵماشی و سەعید کوێستانی و... جیاوازی بیرەوەرییەکانی تۆ کە لە سێ بەرگدا بڵاوت کردۆتەوە، لەگەڵ ئەم سەرچاوانە چییە کە ئاماژەمان پێدا؟
بە بڕوای من هیچکام لەوانە بەتەنیایی نابنە مێژووی ڕاستەقینەی هەموو قۆناغەکانی خەبات و تێکۆشانی حزب. چونکە هیچکام لەو نووسەرە بەڕێزانە و تەنانەت خۆیشم بێلایەنانە بیرەوەرییەکانی خۆمان لەحزبدا نەنوسیون و هەرکام بەنۆبەی خۆمان مێژووی ئەو حزبەمان شێواندوە. بۆ نمونە شەهید دکتۆر قاسملوو و عەبدوڵڵا حەسەن زادە هەموو خەبات و تێکۆشانی شەهید ئەحمەد تۆفیق و لایەنگرانی ناوبراویان خستۆتە ژێر پرسیار یان هەر ئاماژەیەکی ئەوتۆیان بەو قۆناغە نەکردووە. هەر بۆیە هیچکام لەم کتێبانە بێلایەن نین بەڵام دەکرێ وەک سەرچاوەیەک کەڵکیان لێ وەربگیرێ. منیش کاتێک کە تاوم دایە قەڵەم، حیسابی ئەوەم بۆ خۆم کرد کە دەبێ یان وەک ئەوانەی خۆیان لە ڕاستی دەبوێرن و ناوێرن دان بەڕاستییەکان دابێنن، دەبێ منیش هەروا گوێ نەدەم و بەرژەوەندی و دەسەڵاتی خۆم لەبەر چاو بگرم، یان پێویستە ڕاستییەکان بڵێمەوە تاکوو نەوەکانی دوای من وەک ئێمە تووشی لاڕێبوون نەیەن.

۱۳۸۵/۰۶/۲۵

"هێشتا زه‌مینه‌ بۆ پێکهێنانی به‌ره‌ی کوردستانی پێک نه‌هاتووه‌"


وتوێژێک لەگەڵ عیرفان ڕه‌هنمون ئه‌ندامی سه‌رکردایه‌تی حزبی دیموکراتی کوردستانی ئێران

سازدانی: سه‌لاحه‌دین بایه‌زیدی

٢٢ی پوشپه‌ڕی ئه‌مساڵ هاوکات بوو له‌گه‌ڵ هه‌ڤده‌هه‌مین ساڵیادی تیرۆری دکتۆر عه‌بدوڵره‌حمان قاسملوو. عیرفان ڕه‌هنمون ئه‌ندامی سه‌رکردایه‌تی حزبی دیموکراتی کوردستانی ئێران که‌ نوێنه‌ره‌ له‌ سلێمانی سه‌باره‌ت به‌ که‌سایه‌تی قاسملوو ده‌ڵێت "د. قاسملوو که‌سێک بوو که‌ زۆر زووتر له‌ زه‌مانی خۆی هاته‌ دنیا. که‌سایه‌تییه‌که‌ که‌ ده‌بوایه‌ له‌سه‌رده‌مێکی تردا بهاتایه‌ دنیاوه‌. وه‌ک هه‌ر بیرمه‌ندێک ده‌بێ ڕۆژگارێک تێپه‌ڕێ تا خه‌ڵک له‌گه‌ڵ بیروئه‌ندێشه‌ی ئه‌ودا ئاشنا ببن." پێشی وایه‌ له‌ناو ئۆپۆزۆسیۆنی ئێراندا وه‌ک که‌سایه‌تییه‌کی میحوه‌ری ناسراوه‌، چونکه‌ هه‌میشه‌ توانیویه‌تی بیروبۆچوونه‌ لێک جیاوازه‌کان و ته‌نانه‌ت دژ به‌یه‌که‌کانیش له‌یه‌ک نزیک بکاته‌وه‌. ئه‌وه‌ش بۆ چه‌ند شت ده‌گه‌ڕێنێته‌وه‌. یه‌کیان سیاسه‌تی ئوسوڵی حزبی دیموکرات سه‌باره‌ت به‌ خودی ئێران که‌ یه‌کێک له‌ دروشمه‌ سه‌ره‌کییه‌کانی دیموکراسی بۆ ئێرانه‌، ئه‌وی تریشیان ده‌گه‌ڕێنێته‌وه‌ بۆ کارامه‌یی و لێزانیی د. قاسملوو له‌ بواری دیپلۆماسیدا. له‌ درێژه‌ی قسه‌کانیدا ده‌ڵێت: "پێموابێ د. قاسملوو یه‌که‌مین ڕێبه‌ری کورد بوو که‌ توانی دۆز و پرسی کورد بکاته‌ دۆزێکی نێونه‌ته‌وه‌یی و پێش ئه‌و هیچ ڕێبه‌رێک به‌و ئه‌رکه‌ گرنگه‌ هه‌ڵنه‌ساوه‌. د. قاسملوو به‌ حوکمی ئه‌وه‌ی له‌ ئه‌وروپا ژیاوه‌ و مامۆستای زانکۆ به‌ناوبانگه‌کانی سۆربۆن و چیکۆسلۆڤاکی بووه‌، په‌یوه‌ندییه‌کی قووڵی له‌گه‌ڵ دیپلۆماته‌کان، ئه‌وروپاییه‌کان و سیاسه‌تمه‌داراندا هه‌بوه‌. د. قاسملوو یه‌که‌مین کورد بووه‌ که‌ له‌ کۆبوونه‌وه‌ی ئه‌نته‌رناسیۆنالی سۆسیالیستدا به‌شدار بووه‌و به‌گشتی باس له‌وه‌ ده‌کات که‌ پرسی کورد ڕێگه‌چاره‌ی نیزامی نییه‌و ده‌بێ به‌شێوه‌ی دیالۆگ و ئاشتیخوازانه‌ چاره‌سه‌ر بکرێ و ڕۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست ئاشتی و ئارامی به‌خۆیه‌وه‌ نابینێ مه‌گه‌ر ئه‌وه‌ی که‌ پرسی کورد چاره‌سه‌ر ببێ."

دکتۆر قاسملوو له‌و ماوه‌یه‌ی که‌ ڕێبه‌ری حزبی دیموکرات بوو، زیاتر له‌گه‌ڵ وڵاتانی ئه‌وروپایی دانوستانی هه‌بوو و هه‌رگیز بۆ کاری دیپلۆماسی ڕێگه‌ی نه‌که‌وته‌ ئه‌مریکا. چه‌ند مانگ به‌ر له‌ تیرۆرکردنی به‌نیاز بوو کێشه‌ی کورد بگه‌یه‌نێته‌ ناوه‌نده‌ ئه‌مریکییه‌کانیش، به‌ڵام ده‌رفه‌تی ئه‌و کاره‌ی بۆ نه‌ڕه‌خسا. هه‌ر له‌کاتی ئه‌و یاده‌دا سکرتێری ئێستای حزبی دیموکرات له‌میانه‌ی کاره‌کانی کۆنگره‌ی نه‌ته‌وه‌کانی ئێرانی فیدراڵ له‌ئه‌مریکا بوو، ڕه‌هنمون سه‌فه‌ری ئه‌م دواییه‌ی مسته‌فا هیجری به‌ سه‌فه‌رێکی "پڕ ده‌ستکه‌وت" له‌قه‌ڵه‌م ده‌دات چونکه‌ "بۆ یه‌که‌مینجار دوای دامه‌زراندنی کۆنگره‌ی فیدراڵی، ئه‌و کۆنگره‌یه‌ توانی بیروبۆچوونه‌کانی له‌مه‌ڕ کێشه‌کانی ئێران و پلاتفۆرمی زاڵبوون به‌سه‌ر ئه‌و کێشانه‌دا بخاته‌ به‌ر دیده‌ی کۆڕ و کۆمه‌ڵه‌ نێونه‌ته‌وه‌ییه‌کان."

کۆنگره‌ی نه‌ته‌وه‌کانی ئێرانی فیدراڵ له‌ چه‌ندین حزبی ئێرانی پێکهاتووه‌ که‌ حزبی دیموکرات و کۆمه‌ڵه‌ی شۆڕشگێڕانیش وه‌ک دوو حزبی کوردی تیایدا به‌شدارن. به‌گشتی سه‌رجه‌م ئه‌ندامانی کۆنگره‌که‌ فیدرالیزم به‌ باشترین ڕێگه‌چاره‌ی کێشه‌کانی ئێران ده‌زانن. عیرفان ڕه‌هنمون ده‌ڵێت: " ئه‌و کۆنگره‌یه‌ توانی خۆی به‌ وڵاته‌ بڕیارده‌ره‌کان بناسێنێ و به‌خۆشییه‌وه‌ ئه‌و کۆبوونه‌وه‌یه‌ش دوای خرۆشانه‌ جه‌ماوه‌رییه‌کانی کوردستان و خوزستان و ئازه‌ربایجان هاته‌ ئاراوه‌ که‌ ئه‌وه‌ بووه‌ هۆی ئه‌وه‌ که‌ ئه‌و وڵاتانه‌ و به‌تایبه‌ت ئه‌مریکا سه‌رنجێکی زیاتر بداته‌ بیروبۆچوونه‌کانی کۆنگره‌ی نه‌ته‌وه‌کانی ئێرانی فیدراڵ."

له‌ وه‌ڵامی هۆکاری به‌شداربوونیان له‌ کۆنگره‌ی ئاماژه‌پێکراودا له‌سه‌ر ئه‌و بڕوایه‌یه‌ که‌ ئه‌و کۆنگره‌یه‌ ده‌توانێ ئێران له‌ ناوه‌ندگه‌رێتی بێنێته‌ ده‌ره‌وه‌ و هه‌موو گه‌لانی ئێران به‌مافی یه‌کسانی خۆیان بگه‌ن.

به‌مجۆره‌ش وه‌ڵامی گله‌یی کۆمه‌ڵه‌ی زه‌حمه‌تکێشان ده‌داته‌وه‌ که‌ پێی وایە حزبی دیموکرات ڕازی نه‌بووه‌ به‌ یه‌که‌وه‌ ئه‌مریکاییه‌کان ببینن: "ئێمه‌ له‌گه‌ڵ کۆمه‌ڵه‌ دوو حیزبی جیاوازین، به‌ ڕابردوو و بیروبۆچوون و ئایدیۆلۆژیای جیاوازه‌، بۆیه‌ سرووشتیه‌ ئه‌گه‌ر به‌ جیا سه‌ردانمان کردبێ. پێشینه‌ی په‌یوه‌ندیی ئێمه‌ له‌گه‌ڵ ویلایەتە یه‌کگرتوه‌کانی ئه‌مریکاشدا پێشینه‌یه‌کی باشتره‌ نیسبه‌ت به‌ کۆمه‌ڵه‌ی زه‌حمه‌تکێشان. ڕه‌نگه‌ ئه‌وه‌ش ئاستی دانیشتنه‌کانی ئێمه‌ی تا ڕاده‌یه‌ک بردبێته‌ سه‌ره‌وه‌. ته‌نانه‌ت ئه‌گه‌ر به‌ره‌ی کوردستانی دروست بکرێ، سروشتییه‌ ئه‌گه‌ر حزبه‌کان بۆ خۆیان به‌ جیا په‌یوه‌ندی دیپلۆماتیکیان هه‌بێ. به‌ مه‌رجێک دژایه‌تی نه‌بێ له‌گه‌ڵ ئه‌و خاڵانه‌ی که‌ له‌به‌ره‌دا له‌سه‌ری ڕێک که‌وتوون."

 "هه‌ندێک له‌ ڕێکخراوه‌کان پێخۆر به‌ به‌ره‌ی کوردستانییه‌وه‌ ده‌که‌ن"

خه‌باتی هاوبه‌شی حزبه‌کان و دروستکردنی به‌ره‌یه‌کی یه‌کگرتوو، دوابه‌دوای وازهێنان له‌ خه‌باتی چه‌کداری، ڕوبه‌رێکی زۆری ئه‌ده‌بیاتی سیاسی ڕۆژهه‌ڵاتی کوردستانی بۆ خۆی ته‌رخانکردوه‌. عیرفان ڕه‌هنمون پێکهێنانی به‌ره‌ی کوردستانی به‌ ئه‌رکێکی نیشتمانیی و به‌رپرسیارێتیه‌کی نه‌ته‌وه‌یی ده‌زانێ و ده‌ڵێ ئێمه‌ وه‌ک حزبی دیموکرات له‌ دێرزه‌مانه‌وه‌ باوه‌ڕمان به‌وه‌ هه‌بووه‌ کە حزبه‌کانی کوردستان ده‌بێ یه‌کگرتوو بن بۆ ئه‌وه‌ی ده‌سکه‌وتی سیاسی باشتر به‌دی بێنن. وه‌ک نمونه‌ ئاماژه‌ به‌پێکهێنانی ده‌سته‌ی نوێنه‌رایه‌تی گه‌لی کورد ده‌کات که‌ به‌ پێشنیاری حزبی دیموکرات پێکهاتووه‌ و ده‌ڵێ "حزبیش بوو بە وته‌بێژی ده‌سته‌که‌ که‌ له‌وێدا حزبی دیموکرات و قاسملوو و هه‌روه‌ها مامۆستا شێخ عیزه‌ددین حوسێنی و کۆمه‌ڵه‌ و لقی کوردستانی چریکهای فیدایی خه‌لق به‌شدار بوون." وه‌ک هه‌وڵێکی تریشیان بۆ دامه‌زراندنی به‌ره‌ی کوردستانی ده‌ڵێت: "هەشت ساڵ پێش ئێستا به‌ر له‌وه‌ی کۆمه‌ڵه‌ ببێ به‌ دوو به‌ش، ئێمه‌ گه‌ڵاڵه‌یه‌کمان بۆ هاوکاری و بۆ زه‌مینه‌ خۆشکردن و له‌ئاکامدا پێکهێنانی به‌ره‌ی کوردستانی هێنایه‌ ئاراوه‌، به‌ڵام به‌داخه‌وه‌ ئه‌وکات وه‌ڵامێکی ڕوون به‌و گه‌ڵاڵه‌یه‌ نه‌درایه‌وه‌. دوای جیابوونه‌وه‌ی کۆمه‌ڵه‌ی زه‌حمه‌تکێشان له‌ حزبی کۆمۆنیستی ئێرانیش ئێمه‌ دووباره‌ له‌گه‌ڵ هه‌ردوو لا و له‌گه‌ڵ حزبه‌کانی تریشدا مه‌سه‌له‌که‌مان هێنایه‌ گۆڕێ که‌ به‌داخه‌وه‌ له‌به‌ر ئه‌وه‌ی که‌ هه‌ندێک له‌و حزبانه‌ په‌یوه‌ندییه‌کی ئاساییان به‌یه‌که‌وه‌ نییه‌ و گرژییان له‌نێواندا هه‌یه‌و هه‌ندێکیش پێشمه‌رجیان داده‌نا بۆ دانیشتن و باس و وتوێژ له‌سه‌ر به‌ره‌ی کوردستانی که‌ به‌داخه‌وه‌ تا ئێستا ئاکامێکی ئه‌وتۆی لێنه‌که‌وتۆته‌وه‌." وه‌ک دوا نموونه‌ش خۆپیشاندانه‌ جه‌ماوه‌رییه‌کانی کوردستانی ئێران دێنێته‌وه‌ بیر له‌ هاوینی ڕابردوودا و ده‌ڵێت داوامان له‌ هه‌موو حزبه‌کانی کوردستانی ئێران کرد که‌ دابنیشین له‌ژێر بن میچێکدا و سمینارێک پێک بهێنین بۆ باس و تاوتوێکردنی ئه‌و خۆپیشاندانه‌ شکۆداره‌ جه‌ماوه‌رییه‌ و گرتنه‌به‌ری هه‌ندێک ڕێ و شوێن بۆ کاری هاوبه‌ش و بۆ ئه‌وه‌ که‌ کاریگه‌رییه‌کی زیاترمان له‌سه‌ر ڕووداوه‌کان هه‌بێ. به‌ڵام به‌داخه‌وه‌ چه‌ند حزبێک وه‌ڵامی ئه‌و داوایه‌ی ئێمه‌یان نه‌دایه‌وه‌.

پێکهێنانی به‌ره‌ی کوردستانی و لێک نزیک کردنه‌وه‌ی حزبه‌کان به‌مه‌به‌ستی تێکۆشانی هاوبه‌ش، نه‌ ته‌نیا حزبه‌کانی ڕۆژهه‌ڵاتی کوردستان به‌ڵکو که‌سایه‌تی و لایه‌ن و ڕێکخراوی دیکه‌شی به‌خۆیه‌وه‌ خه‌ریک کردوه‌. یه‌کێک له‌و ڕێکخراوانه‌ی که‌ هه‌وڵێکی به‌رچاوی دا بۆ پێکهێنانی به‌ره‌، کۆنگره‌ی نیشتمانی کوردستان بوو، سه‌رۆکی کۆنگره‌ی ناوبراو د. سامان شاڵی چه‌ند مانگ له‌مه‌وبه‌ر داوای له‌ حزبه‌کانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان کرد که‌ به‌شداری کۆبوونه‌وه‌یه‌ک بن له‌ هه‌ولێر و به‌جیا له‌گه‌ڵ هه‌موو لایه‌نه‌کان کۆبووه‌. له‌مباره‌وه‌ ڕه‌هنمون ده‌ڵێت: "له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌دا که‌ کۆمه‌ڵه‌ی زه‌حمه‌تکێشان له‌سه‌ر کات و شوێنی کۆبونه‌وه‌که‌ش مه‌وافه‌قه‌تی کردبوو، به‌ڵام به‌داخه‌وه‌ له‌و کۆبونه‌وه‌یه‌دا به‌شداری نه‌کرد ته‌نیا حزبی دیموکرات و خه‌بات و یه‌کێتی شۆڕشگێڕان له‌و کۆبوونه‌وه‌یه‌دا به‌شدار بوون."

ره‌هنمون پێی وایه‌ حزبی دیموکرات زۆرترین هه‌وڵی بۆ پێکهێنانی به‌ره‌ی کوردستانی داوه‌ و له‌م په‌یوه‌ندییه‌دا ده‌ڵێت: "به‌ره‌ی کوردستانی شتێک نییه‌ به‌ ٢٤ کاتژمێر بێته‌ دامه‌زراندن، به‌ڵکو ده‌بێ زه‌مینه‌ی بۆ خۆش بکرێ. که‌ به‌ ڕای ئێمه‌ هێشتا زه‌مینه‌ بۆ پێکهێنانی به‌ره‌ی کوردستانی پێک نه‌هاتووه‌. به‌ش به‌حاڵی خۆمان په‌یوه‌ندییه‌کی ئاساییمان له‌گه‌ڵ هه‌موو حزبه‌ کوردییه‌کاندا هه‌یه‌. به‌ڵام به‌داخه‌وه‌ له‌نێوان هه‌ندێک له‌و حزبانه‌دا کێشه‌ و ناکۆکی بوونیان هه‌یه‌ که‌ ئه‌و ناکۆکییانه‌ تا ئه‌ندازه‌یه‌ک ڕێگر بوون له‌ پێکهێنانی به‌ره‌ی کوردستانی. ئێمه‌ وه‌ک حزبی دیموکرات مه‌سه‌له‌ی به‌ره‌ وه‌ک بابه‌تێک بۆ پڕوپاگه‌نده‌ به‌کار ناهێنین. به‌ڵام ده‌توانم به‌ مه‌سئولیه‌ته‌وه‌ ئه‌و شته‌ بڵێم که‌ حزبی دیموکرات زۆرترین هه‌وڵی بۆ پێکهێنانی به‌ره‌ی کوردستانی له‌خۆی نیشان داو زۆرترین سنگفراوانی نواندووه‌ له‌و پێناوه‌. هێشتا له‌ هه‌وڵه‌کانی خۆمان ماندوو نه‌بووین و درێژه‌ به‌تێکۆشانی خۆمان ده‌ده‌ین بۆ پێکهێنانی به‌ره‌."

عیرفان ڕه‌هنمون له‌ درێژه‌ی قسه‌کانیدا سه‌باره‌ت به‌ ئه‌گه‌ری گۆڕانکاری له‌ ئێران و ئاستی ئاماده‌گی حزبی دیموکرات بۆ ڕووبه‌روبونه‌وه‌ی پێشهاته‌کان ده‌ڵێت: "ئه‌و ئاماده‌گییه‌مان تێدایه‌ که‌ به‌ پیری هه‌ر ڕووداوێکه‌وه‌ بچین. به‌ڵکو خۆشمان بتوانین ڕووداو دروست بکه‌ین. حزبێک کاتێک ده‌توانێت جه‌ماوه‌ر ئاراسته‌ بکات که‌ حزبێکی جه‌ماوه‌ری بێت، نفووز و پێگه‌یه‌کی به‌رینی له‌ناو کۆمه‌ڵانی خه‌ڵکی کوردستاندا هه‌بێ. به‌خۆشییه‌وه‌ حزبی دیموکرات سه‌ره‌کیی ترین و پڕجه‌ماوه‌رترین حزبی کوردستانی ئێرانه‌ و ئێمه‌ به‌تایبه‌تی دوای ئه‌وه‌ی که‌ فه‌راخوانێکمان دا بۆ ئه‌وه‌ی خه‌ڵکی کوردستان به‌بۆنه‌ی تیرۆری قاسملووه‌ دوکانه‌کانیان دابخه‌ن یان شه‌و کاتژمێر ١١ تا ١١:٣٠ ده‌قه‌ گڵۆپه‌کانیان بکوژێننه‌وه‌، به‌خۆشییه‌وه‌ خه‌ڵک به‌پیری بانگه‌وازییه‌که‌ی حزبه‌وه‌ هات و بۆ دۆست و دوژمن پێگه‌ی جه‌ماوه‌ری حزب ئاشکرا بوو."

ده‌رباره‌ی هه‌ڵگرتنی دروشمی فیدرالیزمیش له‌لایه‌ن حزبه‌که‌یانه‌وه‌ وتی:
ئێمه‌ وه‌ک حزبێکی ڕئالیست و واقع بین پێمان وایه‌ گونجاوترین دروشم بۆ ئێران و بۆ کوردستان دامه‌زراندنی کۆمارێکی دیموکراتی فیدراڵه‌ له‌ ئێراندا که‌ نه‌ ته‌نیا کوردستان بتوانێ کاروباری ناوچه‌یی و نێوخۆیی به‌ڕێوه‌ ببات به‌ڵکو له‌ سیسته‌می سیاسی له‌ ناوه‌ندی ئێرانیشدا به‌شدار بێت. ئه‌گه‌ر هاتوو ئه‌و پره‌نسیپه‌ش بۆ ئێمه‌ نه‌گونجا له‌ئاینده‌ی ئێراندا زۆر سرووشتیه‌ ئه‌گه‌ر وه‌ک حزبێکی سیاسی پێداچوونه‌وه‌ به‌دروشمه‌کانی خۆماندا بکه‌ین و به‌ پێی ویستی خه‌ڵکه‌کانمان دروشمێکی جودا هه‌ڵگرین.

 "کۆماری ئیسلامی له‌گه‌ڵ ئه‌زموونی ئێره‌دا نییه‌"

ماوه‌یه‌ک ده‌بێت هێزه‌کانی ئێران و تورکیا تۆپبارانی ناوچه‌کانی باشووری کوردستان ده‌که‌ن به‌ بیانووی ڕاونانی هێزه‌کانی په‌که‌که‌، له‌ وه‌ڵامی پرسیارێکدا سه‌باره‌ت به‌ هۆکاری ده‌ستدرێژییه‌کانی ئێران و تورکیا بۆ ئامانجی جیاوازتر عیرفان ڕه‌هنمون به‌مجۆره‌ بۆچوونی خۆی ده‌ربڕی: "ئێران زه‌مانێکیش تۆپبارانی هه‌رێمی کوردستانی کردوه‌ که‌ په‌که‌که‌ له‌ناوچه‌که‌ نه‌بووه‌. ئه‌وه‌ش نیشان ده‌دات که‌ کۆماری ئیسلامی له‌گه‌ڵ ئه‌و ئه‌زموونه‌ی ئێره‌ نییه‌. شتێکی تازه‌ نییه‌. به‌ڵام ئه‌وه‌ی که‌ له‌م دواییانه‌دا هه‌ندێک مانۆڕی سیاسی ده‌دا، له‌لایه‌که‌وه‌ ده‌یه‌وێ کورد به‌گشتی چاوترسێن بکا، له‌لایه‌که‌وه‌ ده‌یه‌وێت چاو سوور بکاته‌وه‌ له‌ هێزه‌کانی کوردستانی عێراق و بڵێ ئه‌و سنوورانه‌ی هه‌رێمی کوردستان به‌ڕه‌سمی ناناسم. له‌لایه‌کی دیکه‌وه‌ ده‌یه‌وێ به‌تورکیا نیشان بدات که‌ ئه‌مریکا دۆستی تۆ نییه‌ و من دۆستی تۆم. ده‌یه‌وێ تورکیا له‌ ئه‌مریکا جیا بکاته‌وه‌. به‌ڵام په‌یوه‌ندی نێوان تورکیا و ئه‌مریکا ستراتیژین و ئه‌م دواییانه‌ش چونکه‌ ئیسرائیل هێرشی کردۆته‌ سه‌ر باشووری لوبنان، هه‌م تورکیا له‌ باکووره‌ هاتۆته‌ ناو کوردستان و هه‌م ئێرانیش هه‌ندێک مانۆری نیزامی ده‌دا. ده‌یه‌وێ ئه‌وه‌ بسه‌لمێنێ که‌ بۆچی ئیسرائیل ده‌توانێ بێته‌ ناو باشووری لوبنان، بۆچی من ناتوانم بچمه‌ ناو هه‌رێمی کوردستان؟ بۆیه‌ پێموایه‌ نه‌ تورکیا هه‌قی هه‌یه‌ نه‌ ئێران که‌ سنووره‌کانی کوردستان پێشێل بکەن."

دواجار سه‌باره‌ت به‌ گله‌یی هه‌ندێک حزبی ڕۆژهه‌ڵاتی کوردستان له‌ حزبی دیموکرات که‌ ڕێگه‌ نادات گه‌شه‌ بکه‌ن یاخود هاوکاریی و پشتگیرییان ناکات، ڕه‌هنمون وتی: "ئێمە وەک دیموکرات هه‌ر له‌ کۆنه‌وه‌ بڕوامان به‌ پلۆرالیزم هه‌بووه‌ و ئه‌و شته‌مان سه‌لماندوه‌. ته‌نانه‌ت هه‌ندێ حزب هه‌بوون به‌ پاره‌ی حزبی دیموکرات ڕادیۆکه‌یان خستۆته‌ کار و دوایی دژی حزب قسه‌یان کردووه‌. تا ئه‌وه‌نده‌ش سنگ فراوان بووین، پێمان ناخۆش نییه‌ هه‌ر حزبێک سه‌ر هه‌ڵبدات. هه‌ر حزبێک ئه‌گه‌ر سه‌ربه‌خۆ بێت و به‌ستراوه‌ به‌لایه‌نێک نه‌بێ و به‌رگری له‌ به‌رژه‌وه‌ندییه‌کانی نه‌ته‌وه‌یی کورد بکات، ئاماده‌ین په‌یوه‌ندی له‌گه‌ڵ ساز بده‌ین. ئێمه‌ پێش مه‌سه‌له‌ی نه‌ته‌وایه‌تیش وه‌ک ئایدیا مه‌سه‌له‌ی دیموکراسی و پلۆرالیزممان بۆ گرنگە."

۱۳۸۵/۰۶/۰۵

قوڵینگی ویرانكردنی شوینه‌واره‌ مێژووییه‌كان له‌ عه‌رد درا



وه‌رگێڕانی: سه‌لاحه‌دین بایه‌زیدی

 دوای چه‌ندین ساڵ ناكۆكی و ملمڵانێ له‌سه‌ر دروستكردنی به‌نداوێک له‌سه‌ر ئاوی ڕووباری دیجله‌ كه‌ كۆمه‌ڵێكی بێ هاوتا له‌ شوێنه‌واره‌ مێژوییه‌كان ده‌خاته‌ ژێر ئاوه‌وه‌، دواجار سه‌رۆک وه‌زیرانی توركیا قوڵینگی ده‌ستپێكردنی كاره‌كانی له‌ عه‌رد دا.

لایه‌نگرانی دروستكردنی به‌نداوه‌كه‌ ده‌ڵێن كه‌ ئه‌م هه‌نگاوه‌ بۆ ناوچه‌ كوردنشینه‌كانی توركیا كه‌ به‌له‌نگازترن له‌ شوێنه‌كانی تری ئه‌و وڵاته‌، ئاو و كاره‌با و پیشه‌ی جۆراوجۆر له‌گه‌ڵ خۆیدا دێنێ، به‌ڵام دژبه‌ران، ئه‌م به‌نداوه‌ به‌ هۆكاری تووناكردنی باژێری مێژوویی حه‌سه‌نكه‌یف ده‌زانن كه‌ میراتێكی مێژوویی چه‌ند هه‌زار ساڵه‌ی له‌باوه‌ش گرتووه‌.

ئه‌م به‌نداوه‌ به‌ ناوی گوندێكی نزیک خۆیه‌وه‌ كراوه‌ به‌ ناوی ئیلی سو له ٤٧ كیلۆمه‌تری سنووری سووریا له‌ پارێزگای كوردنشینی دیاربه‌كر و ئه‌گه‌ر ته‌واو ببێت، له‌ ڕوانگه‌ی كه‌ڵه‌كه‌كردنی ئاوه‌وه‌، دووهه‌مین سه‌دی گه‌وره‌ی توركیا ده‌بێت.

پێشبینی ده‌كرێت كه‌ دروستكردنی ئه‌م به‌نداوه‌ حه‌وت ساڵ بخایه‌نێ و زیاتر له‌ میلیاردێک و نیو دۆلار خه‌رجی هه‌بێت.

گه‌ڵاڵه‌ی دروستكردنی ئه‌م به‌نداوه‌ نزیكه‌ی سی ساڵه‌ له‌ئارا دایه‌ به‌ڵام دژایه‌تیكردنی له‌ئاستێكدا بوه‌ كه‌ پێنج ساڵ له‌مه‌وبه‌ر بووه‌ هۆی ئه‌وه‌ی كۆمپانیای به‌ریتانی بالفۆر بیتی كه‌ بریكاری دروستكردنی به‌نداوه‌كه‌ بوو، گرێبه‌سته‌كه‌ی خۆی بۆ دروستكردنی به‌نداوه‌كه‌ هه‌ڵوه‌شێنێته‌وه‌ و پاشانیش كۆمپانیای ئیتالیایی ئه‌یمه‌رلیو و  بانكی سوییسی یو بی ئێس خۆیان له‌ گه‌ڵاڵه‌ی دروستكردنی به‌نداوه‌كه‌ كێشایه‌وه‌ و له‌ئه‌نجامدا، پلانی دروستكردنی ڕاوه‌ستێنرا.

له‌م ماوه‌یه‌دا به‌ ده‌یان ڕێكخراوی ده‌وڵه‌تی و ناده‌وڵه‌تی و داموده‌زگا مه‌ده‌نییه‌كان له‌توركیا و سه‌رجه‌م وڵاتانی تر، ئیتلافێكیان پێكهێنا بۆ دژایه‌تی له‌گه‌ڵ دروستكردنی به‌نداوه‌كه‌ و له‌پێناو پاراستنی شاری مێژوویی حه‌سه‌نكه‌یف.

دواجار، كۆنسێرسیۆمێک كه‌ كۆمپانیایه‌كی نه‌مسایی و ئاته‌ک هیدرۆ له‌ سه‌رووی هه‌مویانه‌وه‌ن، گرێبه‌ستێكیان بۆ دروستكردنی به‌نداوه‌كه‌ واژۆ كردو پلانی دروستكردنی سه‌رله‌نوێ بوژایه‌وه‌، ئه‌گه‌رچی ده‌وڵه‌تی، نه‌مسا، سویس و ئه‌ڵمان هێشتا ئاماده‌ نین گه‌ره‌نتی ئه‌م كۆنسێرسیۆمه‌ بكه‌ن.

وه‌ک هه‌ڵسوڕاوانی مافی مرۆڤ ده‌ڵێن، به‌نداوی ئیلی سو جگه‌ له‌وه‌ی شوێنه‌واری مێژوویی وێران ده‌كات، ١٩٩ گوند و شاریش له‌بن ئاودا نوقم ده‌كات و ٥٥ تا ٧٨ هه‌زار كه‌س ئاواره‌ ده‌كات و ده‌بێته‌ هۆكاری كاره‌ساتێكی مرۆیی.

یه‌كێک له‌و شارانه‌، حه‌سه‌نكه‌یف كه‌ شارێكی مێژوییه‌ و زێدی لانیكه‌م ٣٨٠٠ كه‌س ده‌بێت.

چه‌ند هه‌فته‌یه‌ک به‌ر له‌وه‌ی قوڵینگی دروستكردنی به‌نداوی ئیلی سو له‌ئه‌رد بدرێت، كۆمه‌ڵێک شوێنه‌وارناس، ڕۆژنامه‌نووس و یاسازان له‌ دژی ئه‌م بڕیاره‌ی ده‌وڵه‌تی توركیا سكاڵایه‌كیان بۆ دادگای مافی مرۆڤی یه‌كێتی ئه‌وروپا به‌رز كرده‌وه‌.

پراكتیزه‌كردنی حوكمه‌كانی ئه‌م دادگایه‌ ڕۆڵی ده‌بێت له‌به‌دیهاتنی خه‌ونی توركیا بۆ چوونه‌ ناو یه‌كێتی ئه‌وروپاوه‌.

ده‌وڵه‌تی توركیا له‌ وه‌ڵامی دژبه‌رانی دروستكردنی به‌نداوه‌كه‌دا ڕایگه‌یاندوه‌ كه‌ پلانی دروستكردنی شارێكی تازه‌ی له‌ به‌رنامه‌دا هه‌یه‌ كه‌ خه‌ڵكی حه‌سه‌نكه‌یف تیایدا نیشته‌جێ ده‌كرێن و هه‌روه‌ها "پاركێكی كه‌لتووری" ئاوا ده‌كات كه‌ به‌شێكی زۆر له‌ شوێنه‌واره‌ مێژووییه‌كان ده‌گوازرێنه‌وه‌ بۆ ئه‌وێ.

لێ شوێنه‌وارناسان پێیان وایه‌ هێشتا شوێنه‌وارێكی مێژوویی زۆرو زه‌وه‌ند له‌ناو دڵی حه‌سه‌نكه‌یفدا شاراوه‌یه‌ و پێویسته‌ بۆ دۆزینه‌وه‌یان لێگه‌ڕین ئه‌نجام بدرێ و به‌نداوی ئیلی سو ئه‌م شوێنه‌وارانه‌ بۆ هه‌تا هه‌تایه‌ له‌ژێر خاكدا ده‌نێژێت.

ده‌وڵه‌تی توركیاش دان به‌م بۆچونه‌ی شوێنه‌وارناساندا ده‌نێت و ڕایگه‌یاندوه‌ كه‌ ته‌نها ٤٠%ی شوێنه‌واره‌ شاراوه‌كانی حه‌سه‌نكه‌یف دۆزراونه‌ته‌وه‌، هه‌رچه‌ند شوێنه‌وارناسان ئه‌م ئاماره‌ به‌ ٢٠% مه‌زه‌نده‌ ده‌كه‌ن.

حه‌سه‌نكه‌یف شوێنه‌واری مێژویی ده‌ تا دوازده‌ هه‌زار ساڵ له‌مه‌و پێشی له‌خۆیدا حه‌شار داوه‌ و هه‌روه‌ها شوێنه‌واری شارستانیه‌ته‌كانی ئاشوور، ڕۆما و توركه‌ سه‌لجوقی و عوسمانییه‌كان له‌ناویدا به‌دی ده‌كرێت.

كاربه‌ده‌ستانی ده‌وڵه‌تی توركیا پێیان وایه‌ به‌دروستكردنی به‌نداوی ئیلی سو، چه‌ندین گۆرستان و سه‌دان ئه‌شكه‌وتی مێژوویی هه‌روا له‌ سه‌رووی ئاو ده‌مێننه‌وه‌ و ئه‌و مزگه‌وت و حه‌مام و پرده‌ مێژوییانه‌ی كه‌ له‌سه‌ر ڕوباری دیجله‌ دروست كراون ده‌گوازرێنه‌وه‌ بۆ "پاركی كه‌لتووری".

سه‌رۆک وه‌زیرانی توركیا به‌ڵێنی داوه‌ تا كاتی ته‌واوكردنی به‌نداوه‌كه‌، لێگه‌ڕینه‌ شوێنه‌وارناسییه‌كان له‌و شوێنه‌دا به‌رده‌وام ده‌بێت و بڕی ٨٥ میلیۆن دۆلار بۆ ئه‌م لێكۆڵینه‌وانه‌ ته‌رخان كراوه‌.

سه‌رچاوه‌: BBC

۱۳۸۵/۰۵/۳۱

یەکەم ڕۆژنامەی ڕۆژانەی کوردی لە باکووری کوردستان


وتووێژ لەگەڵ تایب ته‌مه‌ل سه‌رنوسه‌ری ئازادیا وه‌لات

ئاماده‌کردنی: سه‌لاحه‌دین بایه‌زیدی
 
دوای دوازده‌ ساڵ هه‌فته‌نامه‌ی ئازادیا وه‌لات ده‌بێته‌ ڕۆژانه‌، ئایا به‌ گوێره‌ی بارودۆخه‌که‌ و هه‌روه‌ها به‌ هۆی ئه‌وه‌ی تا ئێستا زمانی کوردی به‌ربه‌ستێکی زۆری بۆ نراوه‌ته‌وه‌، ئه‌و تواناییه‌تان هه‌یه‌ بیکه‌نه‌ ڕۆژانه‌؟
تایب ته‌مه‌ل: هه‌ر وه‌ک ئاماژه‌ت پێدا ئه‌وه‌ دوازده‌ ساڵه‌ ئازادیا وه‌لات به‌ شێوه‌یه‌کی هه‌فتانه‌ ده‌رده‌چێت، له‌م ماوه‌یه‌دا خۆی به‌رفراوان کردو به‌ده‌یان نوسه‌رو ڕۆژنامه‌نوسی پێگه‌یاند. هه‌روه‌ها وه‌ک لای هه‌موو که‌س ئاشکرایه‌ ئازادیا وه‌لات له‌ باکووری کوردستان بوو به‌ ناوه‌ند و قوتابخانه‌یه‌کی ڕۆژنامه‌گه‌ری کوردی. بۆیه‌ ئاسانه‌ به‌لامانه‌وه‌ که‌ بیکه‌ینه‌ ڕۆژانه‌. به‌ڵام پێویسته‌ ئه‌وه‌ش بڵێم که‌ ئاسته‌نگیمان دێته‌ ڕێ.

بۆچی بیرتان له‌وه‌ کرده‌وه‌ که‌ بیکه‌نه‌ ڕۆژانه‌؟

به‌ بڕوای من له‌سه‌ده‌ی بیست و یه‌که‌مدا هه‌فته‌نامه‌ ناتوانێ وه‌ڵامده‌ره‌وه‌ی داخوازییه‌کانی خه‌ڵک بێت. تا ئێستا له‌ باکووری کوردستان ڕۆژنامه‌یه‌کی ڕۆژانه‌ی کوردی ده‌رنه‌چووه‌. ئێمه‌ش دوازده‌ ساڵه‌ ده‌ری ده‌که‌ین و ئیتر به‌ پێویستمان زانی بیکه‌ینه‌ ڕۆژانه‌. چونکه‌ ئه‌شێ ڕۆژنامه‌گه‌ری و په‌یامنێری کوردی پرۆفشنه‌ڵ بێت و وه‌ڵامی خه‌ڵک له‌ هه‌موو بوارێکه‌وه‌ بداته‌وه‌ و ڕۆژانه‌ ویست و داخوازییه‌کانیان تێر بکات.

ئازادیا وه‌لات کاتێک هه‌فته‌نامه‌ بوو له‌ ئیستانبول ده‌رده‌چوو، ئایا ناوه‌نده‌که‌ی هه‌ر له‌وێ ده‌بێت؟

ئێمه‌ له‌ ٢٠٠٣وه‌ ناوه‌ندی ڕۆژنامه‌که‌مان گواستۆته‌وه‌ بۆ ئامه‌د و هه‌ر له‌وێش به‌رده‌وام ده‌بین. هه‌ر له‌رۆژی یه‌که‌مه‌وه‌ واته‌ ١٥ ئاگۆست. ئه‌مه‌ش ده‌بێته‌ ڕۆژێکی مێژوویی چونکه‌ یه‌که‌مجاره‌ له‌ باکووری کوردستان بڵاوکراوه‌یه‌کی ڕۆژانه‌ به‌ کوردی ده‌رده‌چێت.

ئایا هه‌ر به‌ڕێکه‌وت له‌ ١٥ى ئاگۆستدا یه‌که‌م ژماره‌ی ڕۆژانه‌ی ده‌رده‌که‌ن؟

تێکۆشانی ئازادی گه‌لی کورد له‌ ڕۆژی ١٥ی ئاگۆستدا ده‌ستی پێکردووه‌. ئه‌م ڕۆژه‌ بۆ گه‌لی کورد، ڕۆژێکی پیرۆزه‌. چونکه‌ پێمان وایه‌ ڕۆژنامه‌گه‌ریش کارێکی پیرۆزه‌، بڕیارمان دا له‌و ڕۆژه‌دا ده‌ری بکه‌ین.

ڕه‌وتی ڕۆژنامه‌گه‌ری کوردی له‌ باکووری کوردستان به‌ قۆناخێکی پڕ له‌ قه‌ده‌غه‌ و سنووردا تێپەڕیوه‌، له‌م نێوانه‌دا پێگه‌ی ئازادیا وه‌لات چۆن بووه‌ و چۆن توانیویه‌تی تا ئه‌مڕۆ به‌رده‌وام بێت؟
یه‌که‌مین ڕۆژنامه‌ی کوردی له‌ تورکیا "وه‌لات" بوو که‌ ٢٢ی ڕه‌شه‌ممه‌ی ساڵی ١٩٩٢ له‌ سته‌نبۆل ده‌ستی به‌ وه‌شان کرد. "وه‌لات" هه‌فتانه‌ ده‌رده‌چوو و دوای ١١٥ ژماره‌، به‌ هۆی ئاسته‌نگییه‌کانی ده‌وڵه‌ت و ئه‌و دۆزانه‌ی له‌ دژی کرایه‌وه‌، له‌ساڵی ١٩٩٥دا داخرا. دوابه‌دوای داخرانی "وه‌لات" هه‌ر له‌هه‌مان ساڵدا هه‌فته‌نامه‌یه‌کی تر به‌ناوی "وه‌لاتێ مه‌" له‌ سته‌نبۆڵ ده‌رچوو، به‌ڵام ئه‌ویش دوای ٤٦ ژماره‌ داخرا. له‌ئه‌نجامدا "ئازادیا وه‌لات" وه‌ک درێژه‌پێده‌ری وه‌لات و وه‌لاتێ مه‌ له‌ ٢١ی ڕێبه‌ندانی ساڵی ١٩٩٥ له‌ سته‌نبۆل یه‌که‌م ژماره‌ی ده‌رچوو و له‌ساڵی ٢٠٠٣شدا ناوه‌نده‌که‌ی گوازرایه‌وه‌ بۆ دیاربه‌کرو ئێستاش هه‌ر له‌ دیاربه‌کره‌.

ئازادیا وه‌لات تا چه‌ند ده‌توانێ ببێته‌ ده‌رگایه‌کی نوێ بۆ ڕۆژنامه‌گه‌ری کوردی؟

بێگومان ده‌رگایه‌کی نوێ له‌ ڕۆژنامه‌گه‌ری کوردی ده‌کاته‌وه‌. له‌لایه‌کی دیکه‌شه‌وه‌ وه‌ڵامێک ده‌بێت بۆ ده‌وڵه‌تی تورکیا که‌ ڕێگه‌ نادات زمانی کوردی ببێته‌ زمانێکی ڕه‌سمی و په‌روه‌رده‌یی. هه‌روه‌ها په‌یامنێران و ئاژانسه‌ کوردییه‌کان ناچار ده‌مێنن خۆیان به‌ گوێره‌ی ڕۆژنامه‌یه‌کی ڕۆژانه‌ ڕێک و پێک بکه‌ن. ئه‌وانه‌ش هه‌موو ده‌رگایه‌کی نوێن بۆ ڕۆژنامه‌گه‌ری کوردی.

ئه‌ی پێت وایه‌ چ کاریگه‌رییه‌کی سیاسی و زمانه‌وانی ده‌بێت له‌سه‌ر خه‌ڵک؟

کورد زیاتر ده‌توانن به‌ زمانی خۆیان بخوێننه‌وه‌ و به‌رده‌وام به‌ زمانی خۆیان ئاگاداری پێشڤه‌چوونه‌کان ده‌بن. هه‌روه‌ها زمان و چاندی کوردی ده‌بێته‌ زمانی هه‌واڵ و پێشکه‌وتنه‌کانی ڕۆژانه‌. له‌لایه‌کی دیکه‌وه‌ ئامانجمان ئه‌وه‌یه‌ ڕووداوه‌کانی هه‌ر چوارپارچه‌ی کوردستان بگه‌یه‌نینه‌ خه‌ڵک.

واته‌ جێگه‌ ده‌ده‌ن به‌ زاراوه‌کانی دیکه‌ و کوردی پارچه‌کانی تریش؟

به‌ گشتی سیاسه‌تی ڕاگه‌یاندنی ئێمه‌ پاراستنی به‌ها چاندی و که‌له‌پورییه‌کانی کورده‌ به‌ ئه‌قڵییه‌تێکی نۆژه‌ن. له‌هه‌ر هه‌لومه‌رجێکدا پارێزه‌ری به‌رژه‌وه‌ندی کورد ده‌بین. بۆیه‌ گرنگی ده‌ده‌ین به‌ نوچه‌و نوسراوه‌ی زاراوه‌کانی سۆرانی و زازاکیش، به‌ڵام به‌ پیتی لاتینی. ئازادیا وه‌لات ئه‌وه‌ دوازده‌ ساڵه‌ لاپه‌ڕه‌یه‌کی تایبه‌ته‌ به‌ زازاکی و ناوه‌ ناوه‌ش نوسراوه‌ی سۆرانی بڵاو کردۆته‌وه‌. له‌مه‌وبه‌دواش هه‌ر درێژه‌ به‌م هێڵه‌ ده‌ده‌ین و نوسراو و هه‌واڵ به‌ زازاکی و سۆرانی بڵاو ده‌که‌ینه‌وه‌.

ئایا بیرتان له‌وه‌ نه‌کردۆته‌وه‌ بیکه‌نه‌ ڕۆژنامه‌یه‌کی سه‌رانسه‌ری و له‌ ده‌ره‌وه‌ی تورکیاش بڵاوی بکه‌نه‌وه‌؟

ئازادیا وه‌لات ڕۆژنامه‌یه‌کی کوردستانییه‌ و ته‌نها کورده‌کان ده‌توانن بیخوێننه‌وه‌. ئه‌گه‌ر ده‌رفه‌تمان بۆ ڕه‌خسا به‌نیازین له‌ باشووری کوردستان نووسینگە بکه‌ینه‌وه‌ و له‌وێش ڕۆژنامه‌که‌مان چاپ بکه‌ین. له‌م پێناوه‌دا هه‌وڵی یاسایی خۆمان ده‌ده‌ین و حه‌ز ده‌که‌ین ڕۆژنامه‌که‌مان له‌ هه‌موو پارچه‌کان بڵاو بکه‌ینه‌وه‌.

ئه‌ی له‌وه‌ ناترسن ده‌وڵه‌تی تورکیا دوای ماوه‌یه‌ک ڕێگه‌تان پێ بگرێت و ڕۆژنامه‌که‌ دابخات؟

ئێمه‌ باش ده‌زانین که‌ ئاسته‌نگیمان بۆ ده‌رده‌خه‌ن به‌ڵام له‌ هیچ ناترسین. ناشێ به‌گوێره‌ی هه‌ڵسوکه‌وته‌کانی تورکیا بجوڵێینه‌وه‌. به‌خه‌باتی خۆمان خۆڕاگری ده‌که‌ین و تێکۆشانی ئازادی زمان درێژه‌ پێده‌ده‌ین. کاری ده‌وڵه‌ت ئاسته‌نگکردن نییه‌، به‌ڵکو هاوکاریکردنه‌، به‌داخه‌وه‌ که‌ تورکیا به‌پێچه‌وانه‌یه‌. هه‌رچی بێت ئێمه‌ به‌ره‌و دواوه‌ هه‌نگاو نانێین و هه‌ر به‌ره‌و پێشه‌وه‌ ده‌ڕۆین. به‌ پێداگرییه‌وه‌ درێژه‌ به‌م خه‌باته‌ ده‌ده‌ین.

وه‌ک ده‌زانین کێشه‌ی کورد له‌ باکووری کوردستان ڕوبه‌روی ته‌نگژه‌یه‌کی زۆر بۆته‌وه‌، پێت وایه‌ ئه‌م ڕۆژنامه‌یه‌ چه‌نده‌ ده‌توانێ ڕۆڵ ببینێ له‌چاره‌سه‌رکردنی کێشه‌که‌دا و ناساندنی به‌جیهانی ده‌ره‌وه‌؟

ئێمه‌ به‌ر له‌ هه‌موو شتێک گرنگی ده‌ده‌ین به‌ چاره‌سه‌رکردنی دیموکراتییانه‌ی پرسی کورد. ئه‌وه‌ش ده‌زانین که‌ ڕێگه‌چاره‌ی سه‌ره‌کی کێشه‌ی کورد له‌ باکوور توندوتیژی و ئۆپه‌راسیۆن نییه‌، به‌ڵکو دیالۆگه‌. له‌گه‌ڵ ئه‌مانه‌شدا بایه‌خێکی گرنگ ده‌ده‌ین به‌ یه‌کێتی نه‌ته‌وه‌یی گه‌لی کورد به‌گشتی و له‌م پێناوه‌دا بیروبۆچوونی سه‌رجه‌م ڕێکخراو و لایه‌نه‌ کوردییه‌کان به‌هه‌ند وه‌رده‌گرین. چونکه‌ پێمان وایه‌ چاره‌سه‌ری په‌یوه‌ندی به‌بونیادنانی یه‌کیتی نه‌ته‌وه‌ییه‌وه‌ هه‌یه‌ له‌کوردستاندا. وه‌ک کورد ده‌بێ له‌هه‌موو پارچه‌کان پێکه‌وه‌ له‌دانوستان و دیالۆگدا بین. ئێمه‌ش وه‌ک ڕۆژنامه‌ ئه‌م هه‌نگاوه‌ ده‌نێین.

۱۳۸۵/۰۵/۲۰

جیهان و "مه‌لا ئه‌تۆمییه‌کانی" تاران


وتووێژ له‌گه‌ڵ قه‌ره‌نی قادری

سازدانی: سه‌لاحه‌دین بایه‌زیدی

 
کاربه‌ده‌ستانی کۆماری ئیسلامی ئێران به‌رهه‌مهێنانی وزه‌ی ئه‌تۆمی به‌ مافێکی به‌رهه‌قی خۆیان ده‌زانن و له‌ کۆڕو کۆبوونه‌وه‌ نێوخۆیی و ده‌ره‌کییه‌کاندا ڕاشکاوانه‌ جه‌خت له‌سه‌ر پیتاندن و په‌ره‌پێدانی ده‌که‌ن، به‌ بڕوای ئێوه‌ ئه‌م دۆسیه‌یه‌ به‌کوێ ده‌گات؟

به‌ گوێره‌ی ڕاپۆرتی ڕێکخراوی نێونه‌ته‌وه‌یی وزه‌ی ئه‌تۆمی، کۆماری ئیسلامی بۆ ماوه‌ی نزیک به ٢٠ ساڵان چالاکییه‌ ئه‌تۆمییه‌کانی خۆی له‌م ڕێکخراوه‌یه‌ شاردبۆوه‌. به پێی تاقیکردنه‌وه‌کانی ئه‌م ڕێکخراوه‌یه‌، به‌شێک له‌و که‌ره‌سانه‌ی که بۆ چالاکییه‌ ئه‌تۆمییه‌کان له هه‌ندێک له بنکه ناوکییه‌کانی ئه‌و وڵاته‌دا به‌کار هێندرابوون، شوێنی ئۆرانیۆمی پیتێندراویان پێوه‌ دیار بووه. کۆماری ئیسلامی هاوکات که پێ له‌سه‌ر مافی خۆی بۆ "چالاکیی ئاشتیخوازانه" داده‌گرێت، به ناڕوونی و له نهێنیدا هه‌وڵی بۆ پیتاندنی ئۆرانیۆم داوه‌. ئیددعای "ئاشتیخوازانه" له‌گه‌ڵ شاردنه‌وه‌، له نهێنیدا کارکردن و ناڕوونی له ڕاپۆرتدا، که ئه‌مانه کارنامه‌ی کۆماری ئیسلامین، یه‌کتر ناگرنه‌وه‌. ئه‌م کرده‌وانه‌ ئه‌و شک و گومانه‌ به‌هێز ده‌که‌ن، که چالاکییه‌ ئه‌تۆمییه‌کانی کۆماری ئیسلامی به‌ره‌و گه‌ڵاڵه‌یه‌کی نیزامی هه‌نگاو ده‌نێن. ئه‌م کۆده‌نگه‌ جهانییه و دۆخه‌ دیپلۆماسییه‌ی که هه‌ر ئێستا ئاسمانی کۆمار‌ی ئیسلامی داگرتووه‌، "مه‌‌لا ئه‌تۆمییه‌کانی تاران" لێی به‌رپرسن.

زۆرترین هه‌وڵی ئه‌مریکا له‌ ئاستی نێونه‌ته‌وه‌ییدا فشار هێنانه‌ بۆ سه‌ر کۆمه‌ڵگەی نێوده‌وڵه‌تی له‌پێناو ده‌رچواندنی بڕێارێک ده‌رباره‌ی به‌رنامه‌ی ئه‌تۆمی، تا چه‌نده‌ سه‌رکه‌وتوو بووه‌ و ئایا ناکۆکییه‌ ئه‌تۆمییه‌کانی ئێران کاری کردۆته‌ سه‌ر په‌یوه‌ندییه‌کانی ئه‌و وڵاته‌ و وڵاتی تر؟

ته‌واوی هه‌وڵی ئه‌مریکا له‌م ماویه‌دا ئه‌وه‌ بوو، که دۆسیه‌ی ئه‌تۆمیی کۆماری ئیسلامی ڕه‌وانه‌ی ئه‌نجومه‌نی ئاسایش بکات. ئه‌مریکا له‌م کاره‌یدا سه‌رکه‌وت. ئێستا ئه‌م دامه‌زراوه‌ جهانییه، له‌گه‌ڵ سێناریۆیه‌کی تردا ده‌سته‌ویه‌خه‌یه‌، ئه‌ویش کێشه‌ی ئه‌تۆمیی تارانه‌. له ‌ده‌ره‌وه‌ی ئه‌م دامه‌زراوه‌یه‌شدا‌، ئه‌مریکا هه‌روا خه‌رێکی پێکهێنانی "به‌ره‌یه‌ک"ی جیهانی به‌ دژی تارانه‌. له‌م بواره‌دا دراوسێکانی کۆماری ئیسلامیش که‌توونه‌ته‌ ناو پلان و به‌ر سێره‌ی کۆشکی سپییه‌وه‌. وڵاتانی عه‌ره‌بیی که‌نداوی فارسیش سه‌رجه‌م له چالاکییه‌ ئه‌تۆمییه‌کانی تاران ترسیان ڕێنیشتووه. تورکیه‌ی به ده‌وڵه‌ت موسڵمان و ئه‌ندامی ناتۆش به‌توندی له ژێر کارتێکه‌ریی هه‌وڵه‌کانی ئه‌مریکا دایه‌. وڵاته‌ ئورووپایییه‌کانیشی له‌گه‌ڵه‌. له‌سه‌ریه‌ک کۆماری ئیسلامی ته‌نانه‌ت له بواری جوغرافیاییشه‌وه‌ له‌لایه‌ن وڵاتانی دۆست و نزیک له ئه‌مریکاوه‌ گه‌مارۆ دراوه‌. ڕه‌وتی ته‌نگتربوونه‌وه‌ی گه‌مارۆکان هه‌ر وا درێژه‌یان هه‌یه.

ئه‌گه‌ری ده‌ستتێوه‌ردانی سه‌ربازی له‌لایه‌ن ئه‌مریکاوه‌ بۆ سه‌ر ئێران هەیه‌؟

گه‌رچی ئه‌مریکا په‌تیا په‌تیا باس له به‌دیلی دیپلۆماسی بۆ چاره‌سه‌رکردنی کێشه‌ی ئه‌تۆمیی تاران ده‌کات، به‌ڵام به‌دیلی سه‌ربازیش یه‌کێک له ڕێگاکانیانه. کۆشکی سپی ئه‌وه‌شی نه‌شاردۆته‌وه‌. "هێرشی ئاسمانی" بۆ سه‌ر بنکه ئه‌تۆمییه‌کانی ئێران، یه‌کێک له‌و به‌دیلانه‌یه. له‌به‌رامبه‌ردا، کۆماری ئیسلامیش ڕایگه‌یاندووه‌، که واز له پیتاندنی ئۆرانیۆم ناهێنێت. ته‌واوی هه‌وڵه دیپلۆماسییه‌که‌ی ئه‌مریکاش ئه‌وه‌یه، که به ڕاگرتنی پیتاندنی ئۆرانیۆم، چۆک به‌ کۆماری ئیسلامی دابێنێت. ئه‌مه‌ش یه‌کێک له‌و ئاڵقه‌ ئاڵۆزانه‌یه، که قه‌یرانی بۆ دیپلۆماسیی جهانی ناوه‌ته‌وه‌. دیاره‌ له کۆشکی سپی و ده‌ره‌وه‌ی کۆشکی سپیدا ئه‌و لایه‌نانه‌ی‌، که مه‌یلی خه‌ست و خێرایان بۆ هه‌ڕه‌شه‌ی توندتر به دژی کۆماری ئیسلامی هه‌یه، به‌دی ده‌کرێن و له هه‌وڵی ئه‌وه‌شدان، که چه‌قووی کۆشکی سپی بۆ ملی "مه‌لا ئه‌تۆمییه‌کان" تیژتر بکه‌ن. ته‌نانه‌ت ئه‌و مه‌یله‌ش هه‌یه، که هانی جۆرج بووش بده‌ن هه‌ر له‌ ده‌وره‌ی سه‌رکۆماری خۆیدا، "کۆتایی" به دۆسیه‌ی ئه‌تۆمی یان کۆماری ئیسلامیش بێنیت. له ڕاستیدا کێشه‌ی ئه‌مریکا له‌گه‌ڵ کۆماری ئیسلامی دوای یازده‌ی سێپتامبر، هه‌روه‌ها دوای ڕووخانی ڕژێمی ئیسلامیی تالیبان و دیکتاتۆری سه‌ددام، ته‌نیا دۆسیه‌ی ئه‌تۆمی نییه. له گه‌ڵاڵه‌ی "ڕۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاستی گه‌وره‌"ی ئه‌مریکادا باس له "ئاڵوگۆڕ و لادانی ده‌وڵه‌تانی سه‌رکێش" له‌م ناوچه‌یه‌دا ده‌کرێت. له حه‌وتووی ڕابردوودا بوو، که سه‌رکۆماری ئه‌مریکا تێڕوانی کۆشکی سپی سه‌باره‌ت به کۆماری ئیسلامی له پێنج خاڵدا گه‌ڵاڵه کرد و گوتی: "كۆمه‌ڵگای ئه‌مریكا و جهان له‌وه نیگه‌رانن، كه كۆماری ئیسلامی خه‌ڵکی ئێران سه‌ركوت ده‌كات، پشتیوانی له تیرۆریسم ده‌كات، ناوچه‌كه‌ ناسه‌قامگیر ده‌كات، هه‌ڕه‌شه له ئیسرائیل ده‌كات و ده‌خوازێت ده‌ستی به چه‌كی ئه‌تۆم ڕابگات." وێناچێت کۆمه‌ڵه کێشه‌یه‌کی له‌م چه‌شنه به چه‌ند دانیشتن و چه‌ند هاتووچۆ چاره‌سه‌ر بکرێن. ئه‌گه‌ری به‌دیلی سه‌ربازی گه‌لێک به‌هێزه.

دوابه‌دوای پرۆسه‌ی ئازادی عێراق چ گۆڕانکارییه‌ک به‌سه‌ر پارته‌ کوردییه‌کانی رۆژهه‌ڵاتدا هاتووه‌ که‌ به‌ گشتی له‌و وڵاته‌ سه‌قامگیرن و ناوه‌ندی بڕیاردانیشیان هه‌ر له‌و شوێنه‌یه‌؟

له دوای ڕووخانی ڕژێمی سه‌ددام به‌ولاوه‌، دۆسیه‌‌ی دیارده‌ و دروشمی "خودموختاری" به یه‌کجاری داخرا و دروشمی فیدرالیسم له به‌رنامه‌ی هه‌ندێک پارت و ڕێکخراودا بڕه‌وی په‌یداکردووه‌. خودموختاری له‌و به‌شه‌ی کوردستان به ئه‌رشیوی مێژوو سپێردرا. دیار دروشم و داخوازیی سه‌ربه‌خۆیی، شوێن و لایه‌نگری خۆیشی هه‌یه و له قۆناغی هه‌ڵدانی خۆی دایه. دیاره‌ بوونی بنکه و باره‌گاکانی پارت و ڕێکخراوه‌کان له‌و به‌شه‌ی کوردستان، گه‌لێک سنوورداری کردوون. ته‌واوی پارت و ڕێکخراوه‌کان، که کاتی خۆی خه‌باتی چه‌کدارییان ده‌کرد، ئه‌وه‌ نزیک به ١٥ ساڵ له‌م شێوه‌ خه‌باته‌ دابڕاون، به‌ڵام ڕه‌تیشیان نه‌کردۆته‌وه‌، هه‌ر وه‌کوو به‌ڕێوه‌شی نابه‌ن! ئێستا له دۆخێکی چه‌تووندا ده‌ژین. ئه‌گه‌ر ئاڵوگۆڕی بنه‌ڕه‌تی له کۆماری ئیسلامیدا پێک نه‌یه‌ت، بێشک گرفتی جددیتریان بۆ دروست ده‌بێت. جیا له چالاکی و به‌رنامه‌یان، له چاوه‌ڕوانی ئه‌گه‌ری سێناریۆیه‌کی تری ئه‌مریکاش دان ئه‌گه‌ر بێتوو له ئێرانیشدا ڕووبدات. ئاشکرایه‌ له سیاسه‌تیشدا شوێن بۆ ئه‌گه‌ره‌کان هه‌میشه هه‌یه و کارێکی عه‌قڵانیشه‌، که حێزێکی سیاسی خۆی بۆ هه‌ر چه‌شنه ئه‌گه‌رێک، که له‌ ده‌ورووبه‌ریدا ڕووده‌دات ئاماده‌ بکات.

ئه‌ی ئۆپۆزۆسیۆنی کوردی رۆژهه‌ڵاتی کوردستان چه‌نده‌ جێگه‌ی هیوا و ئومێدی خه‌ڵکه‌ و له‌نێو دڵی کۆمه‌ڵگە دایه‌؟

هه‌ر پارت و ڕێکخراوێک به‌ گوێره‌ی ته‌مه‌ن و چالاکیی خۆی، کێشی سیاسی له‌ کۆمه‌ڵگەی کوردستاندا ماوه‌ و هه‌یه. ئه‌م کێشه‌ش چونکه‌ په‌یوه‌ندی به سه‌رکه‌وتن و شکستی سیاسییه‌وه‌ هه‌یه، پارت و ڕێکخراوه‌کان تووشی گه‌رمێن و کوێستان ده‌کات. ڕاده‌ی جێگای ئه‌وان له ناو کۆمه‌ڵگای کوردستاندا ڕێژه‌یییه‌وه‌ و جێگۆڕکێ له پله‌ و پایه‌ی پارت و ڕێکخراوه‌کانی کوردستانی ئێراندا ده‌بێ به‌ دیارده‌یه‌کی ئاسایی وه‌ربگیرێت. له‌به‌ر ئه‌وه‌یکه‌ی ئه‌م دیاردانه‌ له زانستی سیاسه‌تدا ڕه‌ها نین. له‌م چه‌ند ساڵه‌ی دواییدا، هاووڵاتیانی کوردستانی ئێران وه‌کوو هاوکێشه‌یه‌کی سیاسی، کۆمه‌ڵایه‌تی و فه‌رهه‌نگیی سه‌ربه‌خۆ، به‌ڵام گه‌نج هاتنه‌ مه‌یدانی یاری سیاسییه‌وه. ئه‌وان به‌پێچه‌وانه‌ی بایکۆتی سه‌رجه‌می پارت و ڕێکخراوه‌کانی کوردستانی ئێران، له چه‌ندین کرده‌وه‌ی سیاسی و هه‌ڵبژاردندا به ڕێژه‌ی نزیک به ٥٥% به‌شدارییان تێدا کرد. ڕاده‌ی هیوا و ئۆمێدی هاووڵاتیانی کوردستان به پارت و ڕێکخراوه‌کان‌ چه‌نده‌، هیچ ئامارێکی باوه‌ڕپێکراو نییه. ئه‌و هه‌لوێست و "ئامار"انه‌ی که لێره‌وله‌وێش ده‌گوترێن، ته‌نیا هه‌ڵوێستێکی حیزبییانه‌یه. به‌هه‌رحاڵ ده‌بێ له که‌شوهه‌وایه‌کی تردا له وڵامه‌که‌ بگه‌ڕێین. ئاڵوگۆڕه‌‌کانی ناوه‌وه‌، هه‌روه‌ها ڕووداوه ‌تیژڕه‌وه‌کانی ناوچه‌‌، به‌تایبه‌تی گوشاری ده‌ره‌کی له‌سه‌ر کۆماری ئیسلامی، ئه‌گه‌ر بێتوو شتێکی لێبکه‌وێته‌وه‌ و پارت و ڕێکخراوه‌کانیش بتوانن یاریکه‌رێکی چالاک بن و ده‌رفه‌ت بکه‌ن به سیاسه‌ت و به‌رژه‌وه‌ندی، بێشک جێگۆڕکێی به‌دوادا دێت.

به‌ره‌ی کوردستانی که‌ چه‌ندین ساڵه‌ رووبه‌رێکی زۆری ئه‌ده‌بیاتی سیاسی رۆژهه‌ڵاتی کوردستانی داگیر کردووه‌، به‌ بڕوای ئێوه‌ ئاسته‌نگییه‌کانی به‌رده‌می چین و کام هێزو لایه‌ن یاخود فاکته‌ری سه‌ره‌کیی رێگه‌ له‌پێکهێنانی ده‌گرن؟

کوردستانی ئێران، پێشینه‌یه‌کی که‌مته‌مه‌نی له شێوازه‌کانی کاری هاوبه‌ش (ئیئتیلاف، یه‌کێتیی کرده‌وه‌، به‌ره‌ی کوردستانی و ...)دا هه‌یه. ئه‌مه‌ یه‌کێک له کۆسپه‌کانی سه‌ر ڕێگای شێوازه‌کانی کاری هاوبه‌شه. له بۆچوونه‌کانی سه‌ده‌ی ڕابردوو و ئێستاشدا، تۆکمه‌ترین و هه‌راوترین شێوه‌ی کاری هاوبه‌ش، "به‌ره‌" بووه‌. یه‌کێک له پێشمه‌رجه هه‌ره‌ سه‌ره‌کییه‌کانی پێکهێنانی به‌ره‌، ڕاده‌ی نزیکی و به‌ڕیوه‌بردنی هه‌ندێک له شێوازه‌کانی کاری هاوبه‌شه، که ڕێگا بۆ پێکهێنانی "به‌ره‌" خۆشده‌کات. به‌له‌به‌رچاوگرتنی ئه‌وه‌ که له‌و ماوه‌یه‌دا پارت و ڕێکخراوه‌کانی کوردستانی ئێران تا ئێستا نه‌یاتوانیوه‌ زمانێکی هاوبه‌ش بۆ بڵاوکردنه‌وه‌ی به‌یاننامه‌یه‌کی چه‌ند قۆڵی له کوردستاندا بدۆزنه‌وه‌، چۆن ده‌توانن "به‌ره‌" پێک بێنن! له‌م چه‌ند ساڵه‌شدا به‌ هه‌ڵه "به‌ره‌ی کوردستانی" موتڵه‌قکرا و له کرده‌وه‌‌دا، شێواز و وێستگه‌کانی تر کاری هاوبه‌ش خرانه په‌راوێزی تێڕوانینی ناسیاسی و ناعه‌قڵانییه‌وه‌! به‌ره‌ی کوردستانی له‌مێژه شکستی خواردووه‌، به‌ڵام هیستریای حیزبایه‌تی به سه‌ر عه‌قڵ و تێگه‌ییشتندا زاڵه‌ و ناخوازێت ئه‌مه قبووڵ بکات!

ماوه‌یه‌که‌ تورکیا و ئێران به‌ بیانووی ڕاونانی په‌که‌که‌ جارناجار سنووره‌کانی عێراق ده‌به‌زێنن و تۆپبارانی ناوچه‌کانی باشووری کوردستان ده‌که‌ن، ئایا ئامانجیان لێدانی په‌که‌که‌یه‌ یان مه‌به‌ستی تریان هه‌یه‌؟

پێکهێنانی حکومه‌تی عێراق و سه‌قامگیریی که‌شوهه‌وای سیاسی له کوردستانی پارچه‌ی عێراقدا، هه‌روه‌ها گوشاری قورسی ئه‌مریکا بۆ سه‌ر کۆماری ئیسلامی، تورکیه‌ی ناچارکردووه‌ جارێکی تر ده‌ست بداته‌وه‌ یارییه‌کی سیاسی، که وێناچێت تێیدا گه‌لێک چالاک بێت. هاوکێشه‌ی ئه‌مریکا له ناوچه‌دا، به‌ تایبه‌تی هه‌وڵی ئه‌و وڵاته بۆ به‌شداریکردنی تورکیه له پلانه‌کانی ئێستا و سێناریۆکانی داهاتووی به دژی ئێران، جارێکی تر ئه‌و فکره‌ی له پیاوانی ده‌سه‌ڵات له تورکیه‌دا زیندووکردۆته‌وه‌‌، که به‌ که‌ڵکوه‌رگرتن له دۆخی ئاڵۆزی ناوچه‌که‌، بیر له "دانوستان" له‌گه‌ڵ ئه‌مریکادا بکه‌نه‌وه‌. واته‌ تورکیه سه‌باره‌ت به کۆماری ئیسلامی له‌گه‌ڵ ئه‌مریکادا بکه‌وێته‌ دانوستان، به‌ڵام ئه‌مریکاش بۆ لێدانی په‌کەکه، یارمه‌تییان بدات. دیاره‌ ئانکارا له‌م چه‌ند ساڵه‌دا ئه‌مه‌ی نه‌شاردۆته‌وه‌ و به ئه‌مریکایییه‌کانیشی راگه‌یاندووه‌، به‌ڵام وه‌ڵامه‌که‌یان "نا" بووه‌. مه‌به‌ستی سه‌ره‌کیی تورکیه له‌م هه‌ڕه‌شه‌ و تۆپبارانانه، لێدانی (پەکەکه)یه. وێده‌چێت ئامانجی تر، دروستکردنی گرفت له نێوان ده‌وڵه‌تی به‌غدا و ده‌وڵه‌تی هه‌ولێردا بێت، ئه‌ویش به بوونی کۆمه‌ڵێک پارت و ڕێکخراوی چه‌کداری پارچه‌ی کوردستانی تورکیه‌ و ئێران، که چه‌ند ساڵێکه له ژێر ناوچه‌ی ده‌سه‌ڵاتی حکوومه‌تی هه‌رێمی کوردستاندا گیرساونه‌ته‌وه‌. له‌وانه‌یه له داهاتوودا، بوونی ئه‌م پارت و ڕێکخراوانه له کوردستانی عێراق، ببێته‌ که‌ره‌سه‌یه‌ک بۆ تورکیه، به مه‌به‌ستی نانه‌وه‌ی ئاژاوه‌ له نێوان هه‌ولێر و به‌غدادا. باردۆخی ناوچه‌که ئیزن به تورکیه نادا کوردستانی عێراق داگیر بکات یان پیلانی گه‌وره‌ی بۆ دابڕێژێت. له‌م بواره‌دا زه‌مان له قازانجی تورکیه‌دا نییه. وێناچێت (پەکەکه)ش به‌م هێڵه چه‌کدارییه‌ و سیاسه‌ته‌ که هه‌یتی، هیچ چه‌شنه سه‌رکه‌وتنێک وه‌ده‌ست بێنێت.

له‌ به‌شێکی قسه‌کانتدا باسی ئه‌وه‌تان کرد، که خه‌ڵکی ڕۆژهه‌ڵاتی کوردستان وه‌کوو هاوکێشه‌یه‌کی سه‌ربه‌خۆ هاتوونه‌ته‌ مه‌یدان، ئه‌ی ئایا گوتارێکی سیاسی له‌ ده‌ره‌وه‌ی حزبه‌کانی رۆژهه‌ڵاتی کوردستان هه‌یه‌، به‌ چ شێوه‌یه‌که‌ و له‌ چ ئاستێک دایه‌؟

شکڵگرتنی کۆڕوکۆمه‌ڵی ئه‌ده‌بی، سیاسی و مه‌ده‌نی له ماوه‌ی ئه‌م ده ساڵه‌دا، چالاکبوونی هاووڵاتیانی کوردستان وه‌کوو هێزێکی ماددیی سه‌ربه‌خۆ له یارییه سیاسی، کۆمه‌ڵایه‌تی و کولتوورییه‌کاندا، گوتارێکی سیاسی و مه‌ده‌نییانه‌ی پێیه‌، که به گشت نوێی و که‌موکۆڕییه‌کانییه‌وه‌ ناوئاخنێکی تری به که‌شوهه‌وای سیاسیی کوردستانی ئێران داوه‌. هاتنه‌‌کایه‌ی چه‌مکی هاووڵاتێتی، مافی مرۆڤ، دێموکراسی، کێشه‌ی ژنان، پێکهێنانی کۆڕوکۆمه‌ڵی ناحکوومه‌تی (NGO)، هه‌روه‌ها شێوازی سیاسی و مه‌ده‌نییانه‌ی تێکۆشان، ده‌رگه‌یه‌کی تریان به‌ره‌وڕووی کێشه‌ی نه‌ته‌وایه‌تیدا کردۆته‌وه‌. ئه‌م دۆخه سیاسییه و فه‌رهه‌نگییه، خه‌ریکه وه‌کوو په‌یامێکی سیاسی و مه‌ده‌نی، خۆی گه‌ڵاڵه‌ ده‌کات. له‌ پاڵ پارت و ڕێکخراوه‌کاندا، ده‌نگێکی تریش به‌رزبۆته‌وه‌. به‌هه‌رحاڵ بزوێنه‌ر و هۆکاری سه‌ره‌كیی بۆ ئه‌م هه‌وڵانه‌، هه‌ستی نه‌ته‌وایه‌تییه‌ كه‌ هانده‌ریانه‌.

۱۳۸۵/۰۵/۱۱

عوسمان ئۆجالان له‌ دیدارێکدا

عوسمان ئۆجەلان و هاوسەرەکەی - وێنە: سەلاحەدین بایەزیدی


سەلاحەدین بایەزیدی - کۆیە

ماوه‌یه‌ک له‌مه‌وپێش هه‌واڵی نه‌خۆشی ئێوه‌ بڵاو بۆوه‌، ئێسته‌ دۆخی ته‌ندروستیتان چۆنه‌؟
عوسمان ئۆجالان: مانگی ڕابردوو تووشی نه‌خۆشی دڵ بووم، به‌ڵام نه‌خۆشییه‌کی زۆر قورس نه‌بوو. سه‌ردانی دکتۆرم کرد و ئێستا باشترم. بارودۆخی ته‌ندروستیم تا ڕاده‌یه‌کیش په‌یوه‌ندی به‌ ڕه‌وشی سیاسییه‌وه‌ هه‌یه‌. به‌تایبه‌ت له‌ کوردستانی تورکیا بزاڤی نه‌ته‌وه‌یی له‌ناو ئاڵۆزییه‌ک دایه‌ و منیش که‌ ماوه‌یه‌ک سه‌رکردایه‌تی شۆڕشم کردووه‌، ئه‌م ئاڵۆزییانه‌ کاریگه‌رییان له‌سه‌ر داناوم و ته‌ندروستیان خستومه‌ته‌ ژێر باندۆڕه‌وه‌. به‌ڵام ئێستا باشترم. ده‌رمان ده‌خۆم و دکتۆره‌کان پێیان گوتوم پێویست به‌ نه‌شته‌رگه‌ری ناکات.

وا هه‌ست ده‌کرێ عوسمان ئۆجالان ئه‌و ده‌نگه‌ی جارانی نه‌ماوه‌ و گۆشه‌گیر بووه‌، ئایا وازتان له‌ سیاسه‌ت هێناوه‌؟
پێویسته‌ بزانین چ کاتێک ده‌شێ واز له‌ سیاسه‌ت بێنین. وه‌ختێک گه‌لی کورد به‌ ئازادی گه‌یشت، سیاسه‌تمه‌دارێکی کورد ده‌کارێ واز له‌ سیاسه‌ت بێنێ، به‌ڵام ئێستاکه‌ گه‌لی کورد به‌ ئازادییه‌کانی نه‌گه‌یشتووه‌، له‌ کوردستانی عێراق ئه‌م ئازادییه‌ ده‌سته‌به‌ر بووه‌، به‌ڵام له‌کوردستانی تورکیا و پارچه‌کانی تر گه‌له‌که‌مان هه‌ر وا ژێرده‌سته‌. هه‌تا ئازادی ده‌سته‌به‌ر نه‌بێت، ئه‌گه‌ر سیاسه‌تمه‌دارێکی به‌ئه‌زمون بڵێ سیاسه‌ت ناکه‌م و وازی لێ دێنم، ئه‌وا شتێکی خراپه‌. من ناتوانم ئه‌م خراپییه‌ بکه‌م. پێم وایه‌ پێویستی به‌ خزمه‌تی من هه‌یه‌. تێگه‌یشتن و ئه‌زموونی تایبه‌تم هه‌یه‌ و نزیکه‌ی سی ساڵه‌ خزمه‌ت ده‌که‌م و به‌گوێره‌ی پێوانه‌ سیاسییه‌کان ته‌مه‌نێکی واشم ڕانه‌بواردوه‌ و هێشتا گه‌نجم، بۆیه‌ پێویسته‌ باشتر له‌ جاران سیاسه‌ت بکه‌م، نه‌ک ئه‌وه‌ی ده‌ستبه‌رداری بم. کەچی هه‌ندێک که‌س که‌ ئیستخباراتی تورکیایان له‌ پشته‌ و پێیان ناخۆشه‌ ئۆجالان کاریگه‌ریی له‌سه‌ر سیاسه‌تی کوردی هه‌بێ و گه‌ره‌کیانه‌ باندۆڕی نه‌هێڵن، جا ئه‌مه‌ عه‌بدوڵڵا ئۆجالان ده‌بێت یان عوسمان ئۆجالان، بانگه‌شه‌یه‌کی به‌مجۆره‌یان له‌سه‌ر من کرد و ئامانجیان ئه‌وه‌ بوو له‌ناو گه‌لی کورددا بێ ئومێدی دروست بکه‌ن. بۆ وێنه‌ پارتی وڵاتپارێزی دیموکراتیک (pwd) که‌ سه‌ره‌تا پێکه‌وه‌ بووین و ئێستا هاوده‌ستن له‌گه‌ڵ ئیستخباراتی تورکیا، بانگه‌شه‌یان کرد که‌ عوسمان ئۆجالان وازی له‌ سیاسه‌ت هێناوه‌، ئه‌مه‌ دووره‌ له‌ ڕاستی و له‌ هه‌میشه‌ زیاتر له‌ مه‌یدانه‌که‌ دام و به‌رده‌وامم له‌سه‌ر خه‌باتی سیاسییم و پێم وایه‌ له‌ ئاینده‌دا ده‌توانم خه‌باتێکی زیاتریش بکه‌م و سه‌رکه‌وتوو بم.

وه‌ک سیاسه‌تمه‌دارێکی سه‌ربه‌خۆ؟
دیاره‌ من سی ساڵ له‌ناو په‌که‌که‌ دابووم، له‌ شه‌ڕی چه‌کدارییه‌وه‌ بگره‌ هه‌تا خه‌باتی سیاسی و دیپلۆماسی له‌گه‌ڵ بووم. به‌ڵام له‌ سه‌ره‌تای ساڵی ٢٠٠٠ به‌ دواوه‌ سیاسه‌تی په‌که‌که‌ نه‌یتوانی وه‌ڵامده‌ره‌وه‌ی تێکۆشانی ئازادی بێت. له‌ ماوه‌ی ئه‌م سی ساڵه‌دا خه‌باتێکی شیلگێرانه‌ کرا و زۆر ده‌ستکه‌وتی نه‌ته‌وه‌یی دروست بوون. لایه‌نه‌ ئیجابییه‌کانی په‌که‌که‌ زۆرن و دیاره‌ هه‌ڵه‌ و که‌م و کورتیشی هه‌یه‌. پێویسته‌ خاوه‌ندارێتی بکرێ له‌و ده‌ستکه‌وته‌ نه‌ته‌وه‌ییانه‌ و هاوکات که‌م و کورتییه‌کانیش ڕه‌خنه‌ بکرێن. ئه‌ز په‌شیمان نیم که‌ سی ساڵ له‌ ناو په‌که‌که‌دا خزمه‌تی گه‌لی کوردم کردووه‌ و شانازی پێوه‌ ده‌که‌م. به‌ڵام له‌م ساڵانه‌ی دواییدا به‌تایبه‌ت دوای ده‌ست تێوه‌ردانی زلهێزه‌کان له‌ ڕۆژهه‌ڵاتی نێوه‌ڕاست، قۆناخێکی تازه‌ هاته‌ ئاراوه‌، پێویست بوو په‌که‌که‌ش ده‌ستبه‌رداری سیاسه‌ته‌ کۆنه‌کان بێت و گۆڕانکاری بکردایه‌ و شان به‌شانی هێزه‌ جیهانییه‌کان له‌پێناو چاره‌سه‌ریی دۆزی کورددا هه‌نگاوی نابایه‌. به‌ پێچه‌وانه‌وە، پێداگری له‌سه‌ر سیاسه‌ته‌ کۆنه‌کانی کرد. من گۆڕانکارییم به‌ پێویست ده‌بینی.

گۆڕانکاری لە چ بوارێکەوە؟
دۆستایه‌تی له‌گه‌ڵ هێزه‌ جیهانییه‌کان و لایه‌نه‌ کوردییه‌کان، به‌تایبه‌ت دۆستایه‌تی له‌گه‌ڵ ده‌سه‌ڵاتی کوردستانی عێراق، چونکه‌ ئه‌و ئازادییه‌ی له‌کوردستانی عێراق ده‌سته‌به‌ر بووه‌، هی گه‌لی کورده‌ به‌گشتی و که‌سێک که‌ دژایه‌تی بکات ئه‌وا مه‌ترسیداره‌، په‌که‌که‌ له‌م بواره‌ هه‌ڵه‌ بوو. له‌لایه‌کی دیکه‌وه‌ پێویست بوو له‌ناوخۆدا په‌ره‌ به‌ دیموکراسی بدا. مافی تاکه‌که‌س هه‌بێ و هه‌ر که‌س بتوانێت ژیانی شه‌خسی خۆی بژیت. ئه‌گه‌ر ژیانی تایبه‌تی نه‌بێت، مافی مرۆڤیش مانای نییه‌. په‌که‌که‌ ئه‌م خاڵانه‌ی له‌به‌ر چاو نه‌گرت و هۆکاری سه‌ره‌کیی جیابوونه‌وه‌ی منیش هه‌ر ئه‌مانه‌ بوون. پێم وایه‌ هه‌تا په‌که‌که‌ گۆڕانکاری له‌ سیاسه‌ته‌کانیدا به‌دی نه‌هێنێ، ناتوانێ وه‌ڵامده‌ره‌وه‌ی قۆناخ بێت، بۆیه‌ ناتوانم له‌ناو په‌که‌که‌دا سیاسه‌ت بکه‌م و هاوکات دوژمنایه‌تیشی ناکه‌م. سه‌رۆک ئاپۆ و په‌که‌که‌ خزمه‌تێکی زۆری گه‌لی کوردیان کردووه‌ و ئه‌گه‌ر که‌م و کورتیشیان هه‌بێ پێویسته‌ ڕه‌خنه‌ بکرێن نه‌ک دوژمنایه‌تی. ڕه‌خنه‌ مافێکی ئاساییه‌ به‌ڵام دوژمنایه‌تی ماف نییه‌. ده‌مه‌وێ وه‌ک که‌سایه‌تییه‌کی سه‌ربه‌خۆ کار بکه‌م و له‌ هه‌وڵی دروستکردنی ڕێکخراویشدا نیم. به‌ ڕێگه‌ی سیاسه‌تێکی سه‌ربه‌خۆوه‌ زه‌مینه‌ بۆ بزاڤی دیموکراسی خۆش ده‌که‌م. ئاماده‌م بۆ دیالۆگ له‌گه‌ڵ هه‌موو هێزه‌کان له‌ په‌که‌که‌وه‌ بگره‌ هه‌تا پارتی سۆسیالیست و یه‌کێتی و پارتی و سه‌رجه‌م لایه‌نه‌کانی باشوور و په‌ره‌ به‌ دۆستایه‌تی نێوانیان بده‌م. هه‌ڵبه‌ت جیاوازی ناخه‌مه‌ ناو حزبه‌کانی هیچ کام له‌ پارچه‌کانی کوردستان.

ساڵی پار باکووری کوردستان و تورکیا گۆڕه‌پانی خۆپیشاندانی جه‌ماوه‌ری کورده‌کان بوو، ئایا ده‌کرێ ناوی ڕاپه‌ڕینێکی سه‌رتاسه‌ری لێ بنێین، به‌ بڕوای ئێوه‌ هانده‌ری ئه‌م جوڵانه‌وانه‌ کێیه‌؟
پێم وایه‌ ئه‌مانه‌ سه‌رهه‌ڵدانێکی سیاسی گرنگ بوون، سه‌ره‌تا و کۆتایی پار خۆپیشاندانی گه‌وره‌ دروست بوون، نه‌ورۆزی پار له‌ دیاربه‌کر و کۆتاییه‌کانی ساڵیش له‌ گه‌ڤه‌ر و شه‌مزینان. گه‌لی کورد به‌م خۆپیشاندانانه‌ په‌یامێکی گرنگی دا بۆ چاره‌سه‌ری پرسی کورد و گوتی ئه‌م چاره‌سه‌رییه‌ به‌ تێکۆشانی سیاسی ده‌کرێ. نه‌ورۆزی ٢٠٠٥ هه‌تا ئێستا نموونه‌ی نه‌بووه‌. گه‌لی کورد تێکۆشانی چه‌کداری ڕه‌ت ده‌کاته‌وه‌ و له‌ دژی ئۆپه‌راسیۆنی تورکیا و شه‌ڕی گه‌ریلایه‌. له‌ کوردستانی تورکیا که‌س پشتگیری له‌ ئۆپه‌راسیۆنه‌کانی ئه‌رته‌شی تورکیا ناکات، ته‌نانه‌ت تورکه‌کانیش، به‌هه‌مان شێوه‌ که‌سیش باوه‌ڕ ناکات به‌ شه‌ڕی چه‌کداری کێشه‌کان چاره‌سه‌ر بکرێن، ئه‌وه‌ په‌یامی گه‌لی کورد بوو له‌ پێرۆزباییه‌کانی نه‌ورۆز و هه‌ر دوو ڕووداوی گه‌ڤه‌ر و شه‌مزینان، ئینتیفازه‌ی ١٩٨٧ی فه‌له‌ستین دێنێته‌وه‌ بیر. من سه‌ره‌تای هه‌شتاکان له‌فه‌له‌ستین بووم، ٥ی حویزه‌رانی ٨٢ ئیسرائیل هێرشێکی به‌ربڵاوی کرد و گه‌ریلای فه‌له‌ستینی پاکتاو کرد. له‌ به‌یرووت ئابلۆقه‌ دران و پاشان ڕێگه‌ له‌به‌رده‌م ڕاکردنیان کرایه‌وه‌، به‌و مه‌رجه‌ی جارێکی تر نه‌گه‌ڕێنه‌وه‌ خاکی لوبنان. ساڵانی ١٩٨٣ و ٨٤ بزاڤی گه‌ریلای فه‌له‌ستین له‌ دژوارترین هه‌ل و مه‌رج دابوو. شه‌ڕی ناوخۆ ته‌شه‌نه‌ی سه‌ندبوو. واته‌ له‌ ماوه‌ی سێ ساڵدا بزاڤی نه‌ته‌وه‌یی فه‌له‌ستین زۆر لاواز بوو. ساڵی ١٩٨٧ گه‌لی فه‌له‌ستین ده‌ستیان به‌ ڕاپه‌ڕین کرد و دوای یه‌ک ـ دوو ساڵ ئیسرائیل ناچار ما دانوستانیان له‌گه‌ڵ بکات. دواجار په‌یمانی ئۆسلۆ به‌سترا و ئه‌نجامی باش ده‌سته‌به‌ر بوون. لێره‌دا هێزه‌ چه‌کداره‌کان هاتنه‌ مه‌یدان و کێشه‌ دروست بوو و نه‌ته‌وه‌په‌رستی عه‌ره‌ب و ئیسرائیل سه‌ری هه‌ڵدایه‌وه‌. ده‌مه‌وێ بڵێم وه‌ک چۆن ڕاپه‌ڕینی جه‌ماوه‌ری خه‌ڵکی فه‌له‌ستین ڕێخۆشکه‌ر بوو له‌به‌رده‌م چاره‌سه‌ری، هی گه‌لی کوردیش به‌مجۆره‌یه‌. واته‌ گه‌لی کورد به‌ گه‌ریلا ده‌ڵێت تۆ دانیشه‌، من بۆ خۆم ده‌توانم وه‌ڵامی ئه‌رته‌ش و کۆماری تورکیا بده‌مه‌وه‌ و ملکه‌چی چاره‌سه‌رییان بکه‌م. ئه‌م ڕووداوانه‌ نیشانه‌ی خورت بوونی په‌که‌که‌ نییه‌، به‌ڵکو نیشانه‌ی به‌هێزبوونی بزاڤی ئازادی نه‌ته‌وه‌ییه‌. پێم وایه‌ گه‌لی کورد له‌ نه‌ورۆزی ئه‌مساڵدا ئه‌م په‌یامه‌ی به‌شێوه‌یه‌کی به‌رچاوتریش دا.

هه‌ندێک چاودێری سیاسی له‌وانه‌ ڕۆژنامه‌ڤانێکی به‌ناوبانگی وه‌ک محه‌ممه‌د عه‌لی بیراند پێیان وایه‌ له‌ پشت ئه‌م جم و جوڵانه‌ هه‌وڵێکی ئاژاوه‌گێڕی و پڕاڤاکاسیۆن هه‌یه‌.
من به‌پێچه‌وانه‌ بیر ده‌که‌مه‌وه‌. ده‌وڵه‌ت بۆ ئه‌وه‌ی مه‌شرووعییه‌ت به‌ ئۆپه‌ڕاسیۆنه‌کانی بدات، ته‌قه‌یان له‌خه‌ڵک کرد. شه‌ڕی تایبه‌تی له‌ دژی بزاڤی نه‌ته‌وه‌یی کورد به‌ڕێوه‌ برد. ئیستخباراتی ژانده‌رمه‌ jitem له‌مێژه‌ ئه‌م کارانه‌ ده‌کات. پێش تر پێیان ده‌گوت کوشتنی بکه‌ری نادیار. ئه‌وه‌ سیاسه‌تێکی کۆنه‌. کاتێک که‌ له‌ کوردستان تێکۆشان په‌ره‌ ده‌ستێنێ، ئه‌رته‌شی تورکیا به‌ڕێگه‌ی ئیستیخبارات شه‌ڕی تایبه‌تی ده‌خاته‌ ڕۆژه‌ڤه‌وه‌. ئیستیخباراتی ژانده‌رمه‌ له‌ زۆر جێگه‌ ته‌قه‌ی له‌ خه‌ڵک کرد و به‌رپرسیارێتیه‌که‌ی وه‌ ئه‌ستۆ نه‌گرت. بۆ ئه‌وه‌ی بڵێن ئه‌مه‌ له‌ لایه‌ن کورده‌کانه‌وه‌ کراوه‌. مه‌به‌ستیان ئه‌وه‌ بوو کاتێک ئۆپه‌راسیۆنیان ئه‌نجام دا، خه‌ڵک بێ هه‌ڵویست بێت و ده‌نگ نه‌کات. که‌چی خه‌ڵک وه‌ڵامی دانه‌وه‌. خه‌ڵک ئه‌و که‌سانه‌یان گرت که‌ ته‌قه‌یان کردبوو. به‌ڕای گشتیان سه‌لماند که‌ کێ ئه‌م کارانه‌ ده‌کات. ناڕه‌زایی خۆیان له‌ دژی ئه‌رته‌ش و ده‌وڵه‌ت نیشان دا و بانگه‌وازییان ئاڕاسته‌ی جیهان کرد. بۆیه‌ش ئه‌م سه‌رهه‌ڵدانانه‌ هه‌ڵوێستی ڕاسته‌قینه‌ی گه‌لی کورده‌ و چه‌وته‌ ئه‌گه‌ر وه‌ک ئاژاوه‌گێڕی له‌قه‌ڵه‌م بدرێ. پێم وایه‌ گه‌لی کورد له‌ باکوور ئه‌وه‌نده‌ وشیار و تێگه‌یشتووه‌ که‌ ده‌زانێ به‌چ ڕێگه‌یه‌ک کێشه‌کانی چاره‌سه‌ر بکات. ئه‌گه‌ر شه‌ڕی گه‌ریلا ڕابوه‌ستێنرێ و ڕێگه‌ به‌ گه‌ل بدرێ، پێم وایه‌ له‌ماوه‌ی یه‌ک ــ دوو ساڵدا کۆماری تورکیا زۆر ته‌نگاو ده‌کرێ و ناچار ده‌بێ مل بۆ چاره‌سه‌رکردنی کێشه‌که‌ دانه‌وێنێ.

چۆن ده‌ڕواننه‌ ئه‌و به‌ره‌یه‌ی که‌ به‌ به‌شداری چه‌ند حیزب و لایه‌نێکی باکووری کوردستان دروست بووە؟
دیاره‌ به‌ره‌یه‌کی وه‌ها یه‌کگرتوو نییه‌. له‌ نێوان پارتی سۆسیالیستی کوردستان، پارتی دیموکراتی کوردستانی تورکیا و هه‌ندێک گرووپی تردا گفتوگۆ و دانوستان هه‌یه‌. ئه‌و بلۆکه‌ بۆ چاره‌سه‌ری کێشه‌ی کورد دروست نه‌بووه‌، به‌ڵکو یه‌کگرتنێکه‌ له‌ دژی په‌که‌که‌. له‌ ڕابردووشدا هاوپه‌یمانێتی به‌مجۆره‌ پێکهاتووه‌ که‌ ئه‌و کاتیش له‌سه‌ر بنه‌مایه‌کی ڕاست نه‌بوو. پێویسته‌ خه‌باتێکی هاوبه‌ش له‌ دژی کۆماری تورکیا بکرێ نه‌ک له‌ دژی په‌که‌که‌، جا هه‌ڵه‌ و که‌م و کوڕییه‌کانی په‌که‌که‌ چ ده‌بن گرنگ نییه‌. من له‌ زۆر بواره‌وه‌ ڕه‌خنه‌م له‌ په‌که‌که‌ هه‌یه‌، بۆ نمونه‌ ده‌یه‌وێ خه‌باتێکی یه‌کده‌ست له‌ باکووری کوردستان هه‌بێ، یه‌کده‌ستی دیکتاتۆرییه‌، له‌دژی ئه‌و سیاسه‌ته‌ی په‌که‌که‌م. هه‌روه‌ها هه‌ڵوێستی په‌که‌که‌ بۆ سه‌رجه‌م بزاڤه‌ نه‌ته‌وه‌ییه‌کانی تر جوان نییه‌ و دۆستانه‌ هه‌ڵسوکه‌وتیان له‌گه‌ڵ ناکات. جگه‌ له‌مانه‌ په‌که‌که‌ سیاسه‌تی کوشتن به‌ڕێوه‌ ده‌بات، کوشتنیش هیچ کات ڕه‌وا نییه‌. تۆ نابێ له‌دژی که‌سێک چه‌ک به‌کار بێنێ که‌ له‌ دژت چه‌ک به‌کار ناهێنێ. له‌لایه‌کی تره‌وه‌، په‌که‌که‌ له‌م چه‌ند ساڵه‌ی دواییدا کوردایه‌تی لاواز کردووه‌ و له‌ بری کێشه‌ی چینایه‌تی پێش ده‌خات. ئێستا کاتی ئه‌وه‌ نییه‌ شه‌ڕی چینایه‌تی بکرێ، پێویست به‌ خه‌باتێکی نه‌ته‌وه‌یی ده‌کات. ئه‌مڕۆ ڕۆژی نیشتمانپه‌روه‌ری و دیموکراسییه‌. له‌ناو په‌که‌که‌دا له‌م پێنج ساڵه‌ی دواییدا به‌تایبه‌ت نیشتمانپه‌روه‌ری و دیموکراسی لاواز بوون. له‌م خاڵانه‌دا به‌توندی ڕه‌خنه‌م له‌ په‌که‌که‌ هه‌یه‌. که‌س به‌قه‌ت من ڕه‌خنه‌ی له‌سه‌ر په‌که‌که‌ نییه‌، به‌ڵام ئه‌مه‌ پاساوێک نییه‌ بۆ ئه‌وه‌ی دژایه‌تیی بکه‌م. به‌داخه‌وه‌ ناوه‌ڕۆکی به‌ره‌ی هاوبه‌شی گرووپه‌کانی باکووری کوردستان دژایه‌تی په‌که‌که‌یه‌. ئه‌و به‌ره‌یه‌ له‌م ماوه‌یه‌دا له‌کوردستان و ده‌ره‌وه‌ چه‌ند خۆپیشاندانی ئه‌نجام داوه‌؟ چه‌ند به‌یاننامه‌ی هاوبه‌شی ئیمزا کردووه‌؟ به‌ره‌یه‌کی بێ پراتیک هیچ مانایه‌کی نییه‌ و پێم وایه‌ هیچ ئه‌نجامێکیشی نابێ. جگه‌ له‌مانه‌ زۆر لاوازه‌ و پێویسته‌ هه‌وڵ بدات هه‌موو لایه‌نه‌کان به‌ په‌که‌که‌شه‌وه‌ ڕاکێشی ناو دیالۆگ بکات. چونکه‌ په‌که‌که‌ گه‌وره‌ترین هێزی باکووری کوردستانه‌.

له‌ ڕاگه‌یاندنێکیتدا بۆ سایته‌کان سه‌باره‌ت به‌ تیرۆری کانی یه‌ڵماز گوتبووتان که‌ ئه‌مه‌ کاری په‌که‌که‌ نییه‌، به‌بڕوای ئێوە کێ ئه‌م کاره‌ی کردووە؟
من نه‌مگوتووه‌ کاری په‌که‌که‌ نییه‌. گومان زۆرن. په‌که‌که‌ش کانی یه‌ڵمازی خۆش نه‌ده‌ویست. کانی یه‌ڵمازی به‌دوژمنایه‌تی ئاپۆ تاوانبار ده‌کرد و به‌ خیانه‌تکار له‌قه‌ڵه‌می ده‌دا. په‌که‌که‌ پێی وابوو کانی له‌ گیرانی ئاپۆدا ده‌ستی هه‌یه‌. له‌مباره‌وه‌ گومان له‌سه‌ر کانی یه‌ڵماز زۆر بوو که‌ هه‌وڵی داوه‌ تاکوو ئاپۆ له‌ ئه‌وروپا سه‌قامگیر نه‌بێت. ئه‌مانه‌ چه‌نده‌ ڕاستن، ئه‌وا به‌ جێگه‌ی خۆی و شیاوی لێکۆڵینه‌وه‌یه‌. ناڵێم کانی یه‌ڵماز پیر و پاکه‌ و ناشڵێم له‌گیرانی ئاپۆدا ڕۆڵی هه‌بووه‌. پێویستە ڵێکۆلینه‌وه‌ بکرێ، چونکه‌ ئه‌وکات کانی به‌رپرسی ڕێکخستنی ئه‌وروپا بوو. ئه‌مانه‌ به‌سن بۆ ئه‌وه‌ی کانی یه‌ڵماز له‌ لایه‌ن په‌که‌که‌وه‌ ببێته‌ ئامانج. واته‌ سه‌یر نییه‌ ئه‌گه‌ر گومان له‌سه‌ر په‌که‌که‌ هه‌بێت. به‌ڵام ئاپۆ له‌زیندانه‌وه‌ لێدوانی داوه‌ که‌ کاری تیرۆر و کوشتن ئه‌نجام مه‌ده‌ن. ئه‌مه‌ تێڕوانینی به‌ڕێز ئۆجالانه‌. به‌کوشتنی کانی یه‌ڵمازیش خه‌فه‌تباره‌. له‌کاتی دیدار له‌گه‌ڵ بنه‌ماڵه‌دا گوتویه‌تی با ئه‌م کارانه‌ ڕابوه‌ستێنرێن. له‌لایه‌کی دیکه‌وه‌ ئه‌و که‌سه‌ی کانی کوشتووه‌، ساڵێک له‌گه‌ڵی ژیاوه‌، گه‌نجێگه‌ به‌ناوی نومان. ساڵێک له‌مه‌وپێش له‌ په‌که‌که‌ دابڕا و هاته‌ ناو ڕیزه‌کانی پارتی وڵاتپارێز و له‌گه‌ڵ کانی یه‌ڵمازیش په‌یوه‌ندییه‌کی گه‌رم و گوڕی هه‌بوو. له‌وانه‌یه‌ گرفتێکی تاکه‌که‌سیش بێت. هه‌ندێک شتم بیستووه‌ ده‌ڵێن کێشه‌که‌ ئه‌خلاقییه‌. دیاره‌ منیش بیستوومه‌ و نه‌سه‌لمێنراوه‌. به‌ڵام ئه‌گه‌ر نومان پیاوی په‌که‌که‌ بوایه‌، ده‌بوو له‌ماوه‌ی ئه‌م یه‌ک ساڵه‌دا هه‌ستیان پێ کردبا. ناتوانم له‌م کاته‌دا بڵێم کاری په‌که‌که‌ بووه‌ یان به‌پێچه‌وانه‌، مه‌سه‌له‌یه‌کی سیاسی بووه‌ یان ئه‌خلاقی. من خۆم که‌سایه‌تی کانی یه‌ڵمازم خۆش نه‌ده‌ویست، که‌سیش خۆشی نه‌ده‌ویست. که‌سایه‌تییه‌ک بوو که‌ ته‌نیا به‌رژه‌وه‌ندی خۆی ڕه‌چاو ده‌کرد، له‌گه‌ڵ ئه‌مه‌شدا دژی تیرۆری کانی یه‌ڵمازم.

له‌م قۆناخه‌دا په‌که‌که‌ و به‌ڕێز عه‌بدوڵڵا ئۆجه‌لان چۆن ده‌ڕواننه‌ ئێوه‌؟
له‌ناو په‌که‌که‌دا، دوو بۆچوون هه‌یه‌. گروپێکیان له‌گه‌ڵ گۆڕانکاری دان که‌ زۆربه‌ی کادیرانی په‌که‌که‌ و ته‌نانه‌ت به‌شێک له‌سه‌رکردایه‌تیش ده‌گرێته‌وه‌. ئه‌مانه‌ به‌ڕه‌سمیش نه‌بێت بۆچوونیان له‌سه‌ر من باشه‌ و هیوایان به‌ من زۆره‌. به‌شێکی تریش هه‌ن که‌ ئه‌وانه‌ موحافزه‌کارن و زێده‌تریان کورد نین و دژی کوردن. ئه‌وانه‌ به‌ بێ هیوایی له‌ من ده‌ڕوانن. بۆ وێنه‌ که‌سایه‌تیه‌کی وه‌ک دوران کاڵکان که‌ تورکه‌ و سی ساڵه‌ له‌ ناو په‌که‌که‌ دایه‌، نوێنه‌رایه‌تی باڵی موحافزه‌کاره‌کان ده‌کات. بۆچی به‌مجۆره‌ پێداگری له‌سه‌ر موحافزه‌کاری ده‌کات، پرسیارێکه‌ که‌ پێویسته‌ هه‌موو لایه‌ک له‌ خۆیانی بکه‌ن. که‌سانی موحافزه‌کار منیان خۆش ناوێت. سه‌رۆکی په‌که‌که‌ش پێی وایه‌ که‌ ده‌کرێ له‌گه‌ڵ من دیالۆگ بکه‌ن. پێشتر من بانگه‌وازی دیالۆگم کردبوو و نامه‌یه‌کم بۆ ڕه‌وانه‌ کردبوو. وه‌ڵامی بانگه‌وازه‌که‌م ئه‌رێنی بوو، واته‌ په‌یامی به‌ په‌که‌که‌ دابوو که‌ ئێوه‌ ده‌توانن له‌گه‌ڵ عوسمان له‌ دیالۆگ دابن. ئاپۆ له‌گه‌ڵ من دیالۆگ په‌سند ده‌کات و ده‌ڵێ ده‌توانن له‌گه‌ڵ په‌که‌که‌ خه‌باتێکی هاوبه‌ش بکه‌ن، با په‌که‌که‌ سۆسیالیست بێ و عوسمان ئۆجالانیش ده‌توانێ دیموکرات بێ، به‌ڵام باڵی موحافزه‌کاری په‌که‌که‌ ده‌بێته‌ کۆسپ. به‌بڕوای من ئه‌گه‌ر ئه‌م موحافزه‌کارانه‌ له‌ناو په‌که‌که‌دا نه‌بن، گۆڕانکاری بنچینه‌یی دروست ده‌بن و هه‌نگاوی نوێ به‌رز ده‌کرێنه‌وه‌، په‌که‌که‌ش باشتر ده‌توانێ خزمه‌ت به‌چاره‌سه‌رکردنی پرسی کورد بکات.

داهاتووی عه‌بدوڵڵا ئۆجالان چۆن ده‌بینن، ئایا به‌ بۆچوونی ئێوە بەم زووانە ئازاد ده‌کرێ؟
کێشه‌یه‌کی زۆر ئاڵۆزه‌. هه‌ر وه‌ک ده‌زانین له‌ دژی کۆماریی تورکیا تێکۆشانێکی دوور و درێژی هه‌بووه‌ و تورکه‌کان زۆر ڕقیان لێیه‌تی. تورک که‌ ناوی ئۆجالان ده‌بیستن بە یەکجاری شێت دەبن. ئه‌گه‌ر به‌ ده‌ستی تورکه‌کان بوایه‌ ئێستا ده‌ جار ئیعدامیان کردبوو. به‌ڵام ڕۆژگار به‌ داخوازیی تورکه‌کان نییه‌. جیهان دژ به‌ ئیعدامه‌ و گه‌لی کوردیش خاوه‌ندارێتی ده‌کات له‌ ئۆجالان. بۆیه‌ش کۆماری تورکیا ناتوانێ عه‌بدوڵڵا ئۆجالان ئیعدام بکات. کاتێک ئه‌مه‌ریکا هاوکاری کرد بۆ ده‌ستگیرکردنی ئۆجالان له‌ کینیا و ڕاده‌ستکردنه‌وه‌ی بۆ تورکیا، چه‌ند مه‌رجی له‌به‌رده‌م تورکیا دانابوو که‌ یه‌ک له‌وان ئیعدام نه‌کردنی بوو. هه‌روه‌ها داوای له‌تورکیا کردبوو که‌ ئه‌شکه‌نجه‌ی نه‌دات و کێشه‌ی کوردیش به‌ شێوه‌یه‌کی گونجاو چاره‌سه‌ر بکات. بۆ ئه‌وه‌ی دیالۆگ له‌گه‌ڵ کورد دروست بێت، ئۆجالان له‌ کینیا گیرا و ڕاده‌ستی تورکیا کرایه‌وه‌. به‌ڵام تورکیا ئه‌و مه‌رجانه‌ی پێک نه‌هێنا و به‌پێچه‌وانه‌ جوڵایه‌وه‌. له‌م قۆناخه‌دا هه‌ر دوو شێواز به‌دی ده‌کرێت، شێوازێک که‌ خوازیاری له‌ناو بردنێتی و شێوازه‌که‌ی تریش به‌رزبوونه‌وه‌ی ئاستی تێکۆشانی گه‌لی کورده‌ بۆ ده‌ربازبوون له‌م قه‌یرانه‌ی باکووری کوردستان. هه‌ر دوو شێواز له‌ ململانێ دان و به‌ بڕوای من پێویسته‌ گه‌لی کورد هه‌ستیار بێ، چونکه‌ ئۆجالانیش وه‌ک به‌ڕێز تاڵه‌بانی و بارزانی سه‌رۆکێکی کورده‌، هه‌موو شته‌کان به‌جێگه‌ی خۆی، له‌به‌ر ئه‌وه‌ی که‌ سه‌رکرده‌یه‌کی کورده‌، ئه‌شێ له‌پێناو ئازادبوونیدا هه‌وڵ بدرێ.

وه‌ک سیاسه‌تمه‌دارێک که‌ له‌ باشووری کوردستان ده‌ژین، ئاڕاسته‌ی گۆڕانکارییه‌کان له‌ عێراق و کوردستاندا چۆن ده‌بینن؟
هه‌ر چه‌ند ئاڵۆزییه‌کان له‌ لووتکه‌ دان به‌ڵام ئیتر عێراق به‌ره‌و دواوه‌ ناگه‌ڕێته‌وه‌، عێراق هه‌رگیز نابێته‌ عێراقی سێ ساڵ له‌مه‌وپێش. پڕۆژه‌ی عێراقی دیموکرات و فیدراڵ ئه‌گه‌ر زۆریش بخایه‌نێ هه‌ر سه‌قامگیر ده‌بێ. نه‌ته‌وه‌په‌رستی عه‌ره‌ب و ئیسلام خۆڕاگری ده‌که‌ن وه‌ک چۆن سێ ساڵه‌ به‌ به‌رده‌وامی چالاکی ده‌که‌ن. له‌لایه‌کی دیکه‌وه‌ خه‌ڵکی عێراق فێری دیموکراسی بووه‌. چه‌ند جار هه‌ڵبژاردن کراوه‌ و حکومه‌ت دروست بووه‌. به‌هێزیش نه‌بێت ئه‌زموونێکی دیموکراسی بینیوه‌. له‌وانه‌ش گرنگ تر له‌ کوردستانه‌که‌ی سه‌قامگیری و ئارامی هه‌یه‌. ئه‌م سه‌قامگیرییه‌ی ئێره‌، به‌ردی بناخه‌یه‌ بۆ سه‌قامگیربوونی دیموکراسی و هێمنایه‌تی له‌ عێراقیشدا. نه‌ته‌وه‌په‌رستی ئیسلام و عه‌ره‌بی توندڕه‌و سێ ساڵ خۆڕاگری کرد و توانی له‌سه‌ر پێ بمێنێته‌وه‌ و به‌رده‌وام چالاکی هه‌بوو، به‌ڵام ئیتر له‌ پێ ده‌که‌وێت. پێم وابێ ئه‌مساڵیش ئه‌م ڕه‌وته‌ هه‌ر جم و جوڵی ده‌بێ، هاوکات دوا په‌له‌قاژه‌کانیشی ده‌بێت. له‌م ڕوانگه‌وه‌ ده‌توانم بڵێم ساڵی ٢٠٠٧ ساڵی سه‌قامگیری عێراقه‌. کرده‌وه‌ تیرۆریستیه‌کان و شه‌ری تایفی ــ مه‌زهه‌بی ڕوو له‌ کاڵ بوونه‌وه‌یه‌ و دیموکراسی ڕۆژ به‌ڕۆژ زیاتر زاڵ ده‌بێت.

ئه‌ی به‌ نیسبه‌ت پارچه‌کانی تری کوردستانه‌وه‌؟
له‌ پێنج ساڵی داهاتوودا له‌ سه‌رجه‌م پارچه‌کانی کوردستان پێشڤه‌چوون دێته‌ ئاراوه‌. له‌ چوارچێوه‌ی سیسته‌مێکی دیموکراتدا، ده‌ستکه‌وته‌کانی گه‌لی کورد له‌ عێراقدا به‌هێزتر ده‌بن و په‌ل ده‌هاوێته‌ پارچه‌کانی تریش. پێویسته‌ گه‌لی کورد به‌ هه‌موو چین و توێژه‌کانیه‌وه‌ له‌م پێنج ساڵه‌دا بێ وچان هه‌وڵ بده‌ن. بۆ ئه‌وه‌ی سه‌ده‌ی بیست و یه‌که‌م ببێته‌ سه‌ده‌ی کورد. سه‌ده‌ی ڕابردوو له‌ دژی کورد بوو، ئاڕاسته‌کان هه‌مووی ئه‌وه‌مان بۆ ده‌رده‌خات که‌ ئه‌م سه‌ده‌یه‌ به‌قازانجی ئێمه‌ ده‌بێت.

۱۳۸۵/۰۴/۰۶

ئه‌ره‌ن که‌سکین هه‌ڵسوڕاویکی چالاکی مافەکانی ژنان له‌ تورکیا


ئاماده‌کردنی: سه‌لاحه‌دین بایه‌زیدی
 
ئه‌م ژنه‌ یاسازانه‌ که‌ ٤٨ ساڵی ته‌مه‌ن و کورده‌، یه‌که‌مین ژنه‌ که‌ له‌ تورکیا سه‌ره‌ڕای هه‌ڕه‌شه‌ی زۆر و چه‌ند جار گیران و سزای به‌ندیخانه‌، بوێرانه‌ توانیویه‌تی ده‌رباره‌ی ئه‌شکه‌نجه‌ی زیندانییه‌ سیاسییه‌کانی تورکیا و به‌تایبه‌ت که‌ڵک ئاوەژووی سێکسی و ده‌ستدرێژی بۆ سه‌ر ژنان له‌ زیندانه‌کانی ئه‌م وڵاته‌دا قسه‌ بکات.
باس و گفتوگۆی زۆر سه‌باره‌ت به‌ وه‌رگرتنی تورکیا وه‌ک ئه‌ندامێکی یه‌کێتی ئه‌وروپا کراوه‌، ئه‌م یه‌کێتیه‌ مه‌رجی سه‌ره‌کیی ئه‌ندامێتی به‌ هه‌بوونی دیموکراسی و نه‌هێشتنی سزای له‌سێداره‌دان و په‌ژراندنی مافی که‌مینه‌کان له‌م وڵاته‌دا ده‌به‌ستێته‌وه‌. سزای له‌سێداره‌دان به‌شێوه‌یه‌کی فه‌رمی له‌ تورکیا قه‌ده‌غه‌ کراوه‌، به‌ڵام په‌یڕه‌وکردنی ئه‌شکه‌نجه‌ی زیندانییه‌ سیاسیه‌کان هه‌روا درێژه‌ی هه‌یه‌.
پێنج ساڵ له‌مه‌وبه‌ر ئه‌ره‌ن که‌سکین وه‌ک ژنێکی پارێزه‌ر له‌گه‌ڵ ئه‌و ژنانه‌ی له‌زیندانه‌کاندا ده‌ستدرێژییان کرابووه‌ سه‌ر، کۆنفرانسێکی پرۆتستۆیی به‌رێوه‌ برد. ئه‌م کۆنفرانسه‌ له‌ ڕاگه‌یه‌نه‌ گشتییه‌کانی تورکیادا ده‌نگدانه‌وه‌یه‌کی زۆری هه‌بوو.
بوێری ئه‌و له‌مباره‌وه‌و شکاندنی بێده‌نگی سه‌باره‌ت به‌ ئه‌نجامدانی ئه‌شکه‌نجه‌ی سێکسی له‌ زیندانه‌کانی تورکیه‌ بارێکی قورسی خسته‌ سه‌رشانی که‌سکین. ئه‌و ده‌بوایه‌ به‌تاوانی سووکایەتی کردن بە هێزه‌ ئه‌منییه‌کان، له‌به‌رامبه‌ر دادگە وه‌ڵام بداته‌وه‌. ئه‌م سکاڵایه‌ ١٦ ژنی تریشی له‌خۆوه‌ ده‌گرت که‌ له‌ کۆی ١٣٨ ژنی زیندانی ئه‌شکه‌نجه‌کراو له‌به‌رده‌م ڕاگه‌یه‌نه‌ گشتییه‌کان قسه‌یان کردبوو.

ساڵێک کارو چالاکی له‌ که‌سکین قه‌ده‌غه‌ کرا. ئه‌و خۆی له‌مباره‌وه‌ ده‌ڵێت یه‌که‌مین ژنه‌ پارێزه‌ره‌ که‌ له‌به‌ر هۆکاری سیاسی مافی کارکردنی لێ زه‌وت کراوه‌. هه‌ڕه‌شه‌ی مه‌رگ، زیندان، نامه‌و ته‌له‌فۆنی هه‌ڕه‌شه‌ئامێز و .. تاد بۆته‌ به‌شێک له‌ ژیانی رۆژانه‌ی ئه‌م ژنه‌ خه‌باتکاره‌ له‌ ئه‌سته‌نبوڵ.
ئه‌ره‌ن که‌سکین له‌ بنه‌ماڵه‌یه‌کی مامناوه‌ند و ئازادیخواز له‌دایک بووه‌. له‌م خێزانه‌دا باس و گفتوگۆ ده‌رباره‌ی پرسه‌ کۆمه‌ڵایه‌تی و سیاسیه‌کان به‌رده‌وام له‌ئارا دابووه‌. ئه‌م بنه‌ماڵه‌یه‌ مێژینه‌یه‌کی دوورودرێژی سیاسییان هه‌یه‌. ئه‌و له‌ وتووێژێک له‌گه‌ڵ گۆڤاری ژنانه‌ی "Emma" چاپی ئه‌ڵمانیا به‌ شانازییه‌وه‌ باسی دایه‌گه‌وره‌ی ده‌کات که‌ له‌و یه‌که‌مین ژنانه‌ بووه‌ خوێندنی زانکۆی هه‌بووه‌ و بۆته‌ ئه‌ندازیاری کیمیا. له‌ درێژه‌دا به‌مجۆره‌ باسی ژیانی خۆی ده‌کات:
بۆ یه‌که‌مین جار له‌ ١٤ ساڵیدا تێگه‌یشتم که‌ باوکم کورده‌. ئه‌و چونکه‌ له‌وه‌ ده‌ترسا پیشه‌که‌ی له‌ده‌ست بدات وه‌ک کارمه‌ندێکی بانک ته‌واوی ئه‌و ساڵانه‌ شوناسی ئێمه‌ی شاردبۆوه‌.
ئه‌ره‌ن که‌سکین له‌ کۆلیجی یاسا خوێندویه‌تی و له‌ساڵی ١٩٨٥ه‌وه‌ وه‌ک پارێزه‌ر خه‌ریکی ئیش و کاره‌. سه‌ره‌تا به‌ دۆسیه‌ سیاسیه‌کانیشه‌وه‌ خه‌ریک ده‌بوو. کاتێک که‌ له‌ساڵی ١٩٨٦ یه‌کێتی مافی مرۆڤی تورکیا IHD بونیاد نرا، ئه‌و بوو به‌ئه‌ندامی ئه‌م رێکخراوه‌و له‌ ساڵی ٢٠٠٢وه‌ وه‌ک جێگری سه‌رۆک ئه‌رکه‌کانی ڕاده‌په‌ڕێنێ.
له‌ وه‌ڵامی ئه‌و پرسیاره‌دا که‌ ئه‌و هه‌موو بوێرییه‌ی له‌کوێ هێناوه‌، شانی هه‌ڵده‌ته‌کێنێ و ده‌ڵێت: "هه‌ڕه‌شه‌و هێرشه‌کان بوونه‌ته‌ به‌شێک له‌ ژیانی من. ئیتر بیریان لێ ناکه‌مه‌وه‌. مرۆڤ یان بڕیار ده‌دات درێژه‌ به‌رێبازی خۆی بدا و بیر له‌ ئه‌نجامه‌کانیشی ده‌کاته‌وه‌ یان به‌رێگه‌یه‌کی تردا ده‌ڕوات." ئه‌ره‌ن که‌سکین هه‌تا ئێستا دووجار ته‌قه‌ی لێکراوه‌ و ڕزگاری بووه‌.
که‌سکین چالاکییه‌کانی له‌پێناو پاراستنی ئامانجه‌کانی مافی مرۆڤ له‌ قۆناغی زانکۆدا ده‌ست پێکرد. قۆناغی به‌ر له‌ کوده‌تای عه‌سکه‌ری ساڵی ١٩٨٠ له‌ تورکیا بوو که‌ له‌ دژی هه‌رجۆره‌ ریفۆرم و ئازادییه‌ک بوو. ئه‌و کاته‌ له‌لایه‌ن حکومه‌تی کوده‌تاوه‌ ڕه‌وشی ئاوارته‌ ڕاگه‌یه‌نرا و نزیکه‌ی ١٨٠٠٠٠ که‌س ده‌سگیر کران و ده‌یان که‌سیش له‌و وڵاته‌ ڕایان کرد.
هه‌ر له‌ سه‌ره‌تای چالاکییه‌کانیه‌وه‌ هه‌تا ئه‌مڕۆ له‌پێناو داکۆکیکردن له‌مافی ئه‌شکه‌نجه‌کراوان و له‌ دژی سزای له‌سێداره‌دان له‌ تورکیه‌دا خه‌باتی کردوه‌ و هه‌ر له‌به‌ر ئه‌مه‌ش چه‌ند جار خراوه‌ته‌ ژێر لێپرسینه‌وه‌و سزای زیندانی بۆ بڕاوه‌ته‌وه‌، ته‌نانه‌ت جارێکیش ته‌نها به‌هۆی به‌کارهێنانی وشه‌ی کوردستان له‌ نامه‌یه‌کیدا بۆ مه‌جلیسی به‌لژیک شه‌ش مانگ سزای زیندانی بۆ بڕاوه‌ته‌وه‌.
ئه‌ره‌ن که‌سکین سه‌باره‌ت به‌و رۆژانه‌ ده‌ڵێت:
"بۆ ژوورێکی گشتی گوازرامه‌وه‌. له‌وێ له‌گه‌ڵ زۆر ژن بوومه‌ هاوڕێ و ئه‌و ژنانه‌م ناسییه‌وه‌ که‌ پێش زیندان هاتبوونه‌ نوسینگه‌که‌م. ئه‌گه‌رچی چه‌ندین ساڵ بوو ئه‌و ژنانه‌م ده‌ناسی، له‌وێدا بوو ئه‌و متمانه‌یه‌ دروست بوو و باسی ئه‌زموونه‌ تاڵه‌کانی زیندانیان بۆ من گێڕایه‌وه‌. به‌ڵام ئه‌وه‌ی من نه‌مده‌زانی ئه‌وه‌ بوو هه‌موویان که‌ڵک ئاژۆی سێکسیان لێ کرابوو و زۆربه‌شیان ده‌ستدرێژی سێکسیان کرابۆوه‌ سه‌ر."
ساڵی ١٩٩٥ رێکخراوی لێبوردنی نێوده‌وڵه‌تی وه‌ک زیندانییه‌کی سیاسی داکۆکی لێکردو داوای له‌ئه‌ندامانی کرد بۆ ئازادی ئه‌و تێبکۆشن و بۆ مافی ئه‌م ژنه‌ پارێزه‌ره‌ له‌ هیچ هه‌وڵێ درێغی نه‌که‌ن.
دوای ئازادبوونی له‌ساڵی ١٩٩٧دا نوسینگه‌یه‌کی نوێی له‌ ئه‌سته‌نبوڵ به‌کرێ گرت و بڕیاری دا هه‌موو هه‌وڵه‌کانی بۆ مافی ژنان بخاته‌ گه‌ڕ بۆ ئه‌وه‌ی حه‌قیقه‌تی ئه‌م کاره‌ساته‌ بگاته‌ گوێی هه‌موو که‌س. هه‌تا ئه‌مڕۆ زیاتر له‌ ٢٠٠ ژن دۆسیه‌که‌یان بردۆته‌ لای ئه‌و که‌ له‌ کاتی زیندانیبوونیاندا له‌لایه‌ن هێزه‌ ئه‌منییه‌کانه‌وه‌ ده‌ستدرێژییان کراوه‌ته‌ سه‌ر. که‌سکین ئیمکانی راوێژکردنی ده‌روونی، پزیشکی و یاساییان بۆ ده‌ره‌خسێنێ.
شایانی باسه‌ خه‌ڵاتی ئاشتی ئاخن Aachener Friedenspreis له‌ساڵی ٢٠٠٤دا هاوکات له‌گه‌ڵ رێکخراوی دایکی عه‌سکه‌ره‌کانی رووسیا درا به‌ خاتوو ئه‌ره‌ن که‌سکین. ئه‌م خه‌ڵاته‌ ده‌ردرێت به‌و هاووڵاتی و رێکخراوانه‌ی که‌ له‌ "ژێره‌وه‌" بۆ سه‌پاندنی ئاشتی جیهانی هه‌وڵده‌ده‌ن.
له‌ وڵاته‌ ئه‌وروپاییه‌کاندا گرنگییه‌کی زۆر ده‌ده‌ن به‌رێکخراوه‌ ناده‌وڵه‌تییه‌کان، NGOکان و چالاکی ئه‌و که‌سانه‌ی که‌ شوناسێک به‌م رێکخراوانه‌ ده‌به‌خشن. به‌تایبه‌ت دوای جه‌نگی جیهانی دووه‌م سه‌لمێندراوه‌ که‌ سه‌قامگیربوونی دیموکراسی له‌وڵاتێکدا په‌یوه‌سته‌ به‌ خورتکردنی ئه‌م دام و ده‌زگایانه‌. ئه‌م به‌هێزکردنه‌ له‌رێگای جۆراوجۆر وه‌ک هاریکاری مادی به‌م رێکخراوانه‌و ئه‌و جۆره‌ که‌سانه‌و ناساندنیان به‌ ڕاگه‌یانه‌ گشتییه‌کان ده‌کرێت. به‌خشینی ئه‌م خه‌ڵاته‌ش به‌ئه‌وان نیشانه‌ی سوپاس و پێزانینینێکی مه‌عنه‌وییه‌ بۆ ئه‌وان.
ئه‌ره‌ن که‌سکین وه‌ک که‌سێک که‌ نزیکه‌ی ٢٠ ساڵه‌ ئه‌ندامی رێکخراوی "ئینسان هاکلاری ده‌رنه‌یی Insan Haklari Dernegi" ئه‌و رێکخراوه‌یه‌ی به‌ نۆزده‌ هه‌زار ئه‌ندامه‌وه‌ وه‌ک گه‌وره‌ترین رێکخراوی مافی مرۆڤی تورکیا دێته‌ ئه‌ژمار، شایانی ئه‌م خه‌ڵاته‌ بینرا.
مێرده‌که‌ی ئه‌ره‌ن که‌سکین که‌ ئه‌ویش پارێزه‌رێکی به‌ناوبانگی تورکیایه‌، چه‌ندین جار ده‌ستگیرو ئه‌شکه‌نجه‌ کراوه‌. حاڵی حازر له‌سه‌ر داوای رێکخراوی داکۆکی له‌ دوورخراوه‌ سیاسیه‌کان له‌هامبۆرگی ئه‌ڵمانیا ده‌ژی.

۱۳۸۵/۰۳/۲۰

"كه‌س به‌ ماستی خۆی ناڵێت ترشه‌"


وتوێژێک لەگەڵ عەلی مەحموود محەممەد

سەلاحەدین بایەزیدی

 
له‌ سه‌ره‌تاكانی مانگی شه‌شدا ناوه‌ندی هه‌ڵه‌بجه‌ دژ به‌ئه‌نفال و جینۆسایدكردنی گه‌لی كورد CHAK كه‌ خۆی به‌ ده‌زگایه‌كی سه‌ربه‌خۆو ناحزبی پێناسه‌ ده‌كات، دوای چوار ساڵ كارو خه‌بات یه‌كه‌مین كۆنگره‌ی خۆی له‌ ئه‌ڵمانیا به‌ست. بۆ زیاتر ئاشنابوون به‌ ده‌رئه‌نجامه‌كانی كۆنگره‌و هه‌روه‌ها تێكۆشانی ئه‌م ناوه‌نده‌ وتووێژێكم پێكهێنا له‌گه‌ڵ عه‌لی مه‌حمود محه‌ممه‌د به‌رپرسی ناوه‌ندی هه‌ڵه‌بجه‌و بیروڕای ئەوم ده‌رباره‌ی دۆخی ده‌زگا ناحكومییه‌كان و كۆسپه‌كانی به‌رده‌میان وه‌رگرت.

 ده‌كرێ به‌ كورتی باس له‌ ده‌رئه‌نجامه‌كانی یه‌كه‌مین كۆنگره‌ی چاك بكه‌ن؟

عه‌لی مه‌حمود محه‌ممه‌د: له‌ ڕۆژه‌كانی ٣ و ٤ی مانگی ٦ی ٢٠٠٦ له‌ شاری كۆڵنی ئه‌ڵمانیا، به‌ به‌شداری ژماره‌یه‌كی زۆر له‌ نوێنه‌ران و میوانه‌كان كۆنگره‌ی یه‌كه‌می چاك دوای چوار ساڵ و نیو كاركردن به‌سترا، به‌شی یه‌كه‌می كۆنگره‌ تایبه‌ت بوو به‌ وتارو قسه‌و باسی نوێنه‌رایه‌تی لایه‌نه‌كان و خوێندنه‌وه‌ی بروسكه‌ و په‌یامی كه‌سایه‌تی و حزب و ڕێكخراوه‌كان، به‌شه‌كانی دیكه‌ی كۆنگره‌ تایبه‌ت به‌ئه‌ندامان كه‌ له‌ سویسرا، نه‌رویج، فنله‌ند، دانمارك، سوید، هۆڵه‌ند، به‌لجیكا، به‌ریتانیا و ئه‌ڵمانیاوه‌ هاتبوون، به‌داخه‌وه‌ له‌وڵاتانی دوور و پارچه‌كانی كوردستانه‌وه‌ نه‌توانرا به‌شدار بن.

ته‌وه‌ری گفتوگۆكان چی بوون؟

به‌ هۆی ئه‌وه‌ی چاک ڕێكخراوێكی سه‌ربه‌خۆیه‌ و هه‌موو بۆچوونه‌ سیاسی و فكرییه‌كانی كۆمه‌ڵگه‌ی كوردی تێدایه‌، بۆیه‌ گفتوگۆكانی ئه‌وپه‌ڕی جددی و گه‌رم و گوڕ بوو، ته‌واوی به‌رنامه‌ و ناوی ناوه‌ندو كاره‌كانی خرایه‌ به‌رباس و ڕه‌خنه‌ و له‌ كۆتایشدا هه‌ڵبژاردن ئه‌نجام درا، سه‌رپه‌رشتیار و جێگره‌كه‌ی و ده‌سته‌ی به‌ڕێوه‌به‌ر و لیژنه‌ی چاودێری هه‌ڵبژێردرا، به‌ درێژیی جه‌خت له‌سه‌ر سه‌ربه‌خۆیی چاك و پاشكۆنه‌بوونی بۆهیچ ئایدۆلۆژیا و لایه‌نێكی سیاسی كرایه‌وه‌، له‌ لیژنه‌ی به‌ڕێوه‌به‌ردا یه‌زیدی، ژنان، كه‌سایه‌تی له‌ ڕۆژهه‌ڵاتی كوردستان به‌دی ده‌كرێت.
ئه‌وه‌ی بۆئێمه‌ گرنگ بوو قسه‌ و باسی میوانه‌كان بوو، ده‌ركه‌وت كوردستانیان له‌ هه‌موو پارچه‌كان ئه‌وه‌نده‌ی ئومێدیان به‌ چاكه‌، ئه‌وه‌نده‌ ئومێدیان به‌ لایه‌نه‌ سیاسییه‌كان نییه‌، ئه‌وه‌ متمانه‌ی زۆری پێمان به‌خشی.

 چاک چه‌نده‌ توانیویه‌تی له‌و ئامانجانه‌دا سه‌ركه‌وتوو بێت كه‌ دایناوه‌ته‌ پێش خۆی؟ خه‌بات و چالاكییه‌ گرنگه‌كانی ئه‌م ناوه‌نده‌ له‌م ماوه‌ی چوار ساڵ ته‌مه‌نیدا چین؟

ئه‌گه‌ر سه‌یری به‌رنامه‌ و ئامانجی پارت و لایه‌نه‌ سیاسیه‌كان بكه‌ین، تاكوو ئێستا هیچ لایه‌نێكم نه‌بینیووه‌ له‌ سه‌رتاسه‌ری جیهان به‌ چه‌پ وڕاسته‌وه‌، به‌ عه‌لمانی و ئاینییه‌وه‌، ئه‌وه‌ی ته‌نانه‌ت له‌ به‌رنامه‌ی لانیكه‌میشیدا هاتووه‌ به‌ده‌ستی هێنابێت، ئێمه‌ش هه‌روا، ئامانجه‌كانمان خه‌ونی گه‌وره‌ن، به‌ڵام كاری زۆر گه‌وره‌شمان كردووه‌، ڕێكخراوێكی هه‌ژاری سه‌ربه‌خۆ چۆته‌ شه‌ڕی یاساوه‌، دادگایی ئه‌نرات و به‌فه‌رمی ناسینی ژینۆسایدی كورد له‌ دادگایه‌كی ئه‌وروپی ده‌توانیین به‌ یه‌كێك له‌ ده‌ستكه‌وته‌ یاساییه‌ گه‌وره‌كانی كورد سه‌یری بكه‌ین، ناساندنی كاره‌ساتی ئه‌نفال، به‌  فه‌رمیكردنی ٢ی٩ ڕۆژی كاره‌ساتی قاڕنێ، به‌شداریكردن له‌ دۆزی دادگاییكردنی نه‌زار خه‌زره‌جی، یادكردنه‌وه‌ی ساڵانه‌ی كاره‌ساتی هه‌ڵه‌بجه‌، ئه‌نفال، عامودا، سه‌رده‌شت، پاڵاوتنی له‌یلا زانا بۆ نۆبڵی ئاشتی ... به‌ كورتی و پوختی بۆ ئه‌وه‌ی نه‌یكه‌مه‌ زۆربڵیی ڕۆژانه‌ چاك چالاكی چاكی بۆ كورد هه‌یه‌، له‌ ئاواره‌كانی ئاڵتاش و توركیا بپرسن، له‌ برینداره‌كانی سه‌رده‌شت بپرسن، له‌ نووریه‌ كه‌سپیر و گه‌ریلاكان بپرسن، له‌ هاوڕێكانی شوانه‌ی سه‌ید قادرو قامشلوییه‌كان بپرسن، بزانن چاك تاكه‌ ناوه‌ندی كوردی نییه‌ له‌ هه‌موو ناخۆشییه‌كدا له‌گه‌ڵیان دایه‌و ئاوێزانی سه‌ختی و ناخۆشییه‌كانیان بووه‌.

ئایا ناوه‌ندی چاك هه‌ر تایبه‌ته‌ به‌باشووری كوردستان وه‌ك له‌ پراتیكدا ده‌بینرێ یان پارچه‌كانی تریش؟

پڕۆژه‌یه‌كی سه‌رانسه‌رییه‌و كار له‌سه‌ر مرۆڤی كورد ده‌كات، له‌ هه‌ر شوێنێك كورد هه‌بێت ئه‌و دژ به‌ ژێنۆسایدكردنییه‌تی و داكۆكی له‌مافه‌كانی ده‌كات، تاكه‌ ڕێكخراوه‌ له‌ ده‌ره‌وه‌ سنووری كوردی یه‌كپارچه‌ی به‌زاندووه‌.

 به‌ سه‌رنجدان به‌وه‌ی كه‌ رێكخراوه‌ ناحكومییه‌كان له‌كوردستاندا ئه‌زموونێكی كه‌میان هه‌یه‌، چ كۆسپ و ته‌گه‌ره‌یه‌كتان هاتۆته‌ سه‌ر رێ؟

ته‌گه‌ره‌ی ئێمه‌ هه‌مه‌لایه‌نه‌، له‌ڕوی مادییه‌وه‌ ده‌بینین له‌ كوردستان دۆلار ده‌بارێت بۆ سیاسییه‌كان كه‌چی ئێمه‌ له‌گیرفانی خۆمان كاره‌كانمان ئه‌نجام ده‌ده‌ین، ئه‌م ناوه‌نده‌ له‌ ده‌ره‌وه‌ی كوردستان چالاكترین ناوه‌ندی كوردییه‌ دوو كورسییه‌ شكاوی له‌ كورستان نییه‌، كه‌لاوه‌یه‌كی نییه‌ بیكاته‌ باره‌گا، ئادره‌سێكی نییه‌ میوانێك بێت بۆ سه‌ردانی، شه‌ڕی سایكۆلۆژی ده‌سه‌پێنن به‌سه‌ریدا، هاوكاری ناكه‌ن... هه‌زارو یه‌ك ده‌ردو نوسیبه‌تی دیكه‌، له‌به‌ر ئه‌وه‌ی ئێمه‌ كۆپی هیچ پارت و لایه‌نێك نین سه‌ری شایان بۆ بێنینه‌وه‌ هاوكاریمان ناكه‌ن، ئه‌وه‌ چاك ده‌زانیین، ئێمه‌ دوژمنی هیچ لایه‌نێك نیین به‌ڵام به‌چرای ڕۆن قارچكدا به‌ دوای هه‌ڵه‌كانه‌وه‌ین و له‌قاویان ده‌ده‌ین، ئه‌وانیش هه‌موو ڕه‌خنه‌یه‌ك به‌دوژمنایه‌تی ده‌زانن، سیاسییه‌كانی كورد نه‌خۆشن، بۆیه‌ ڕه‌خنه‌ به‌ دوژمنایه‌تی ده‌زانن، ئه‌مه‌ به‌رنامه‌ی ئێمه‌یه‌ ئیتر كێ دۆستایه‌تمان ده‌كات ئاماده‌ین، به‌ڵام دوژمنایه‌تی كه‌سیش ناكه‌ین.

 په‌یوه‌ندیتان له‌گه‌ڵ رێكخراوه‌ ناحكومییه‌كانی ئه‌وروپا چۆنه‌؟

ئێمه‌ ڕێكخراوێكی كۆن نیین كه‌سیشمان نییه‌ ته‌فه‌روغی كردبێت بۆ ئه‌م كاره‌، به‌ڵام به‌گوێره‌ی ته‌مه‌نمان هه‌نگاوی زۆرمان ناوه‌ و په‌یوه‌ندی باشمان هه‌یه‌، زۆر له‌ پێش ناوه‌نده‌كانی دیكه‌وه‌ین.

 به‌ بڕوای ئێوه‌ رێكخراوی ناحكومی له‌ كوردستاندا بۆچی نه‌یتوانی بوونی خۆی بسه‌پێنێ و ناتوانێ ده‌نگی خۆی ده‌ربخات؟

هۆكاری پاوانكردنی ده‌سه‌ڵات، سیاسه‌ت، ئابوورییه‌ له‌لایه‌ن هه‌ردوو پارته‌ ده‌سه‌ڵاتداره‌كه‌وه‌، ئه‌وان هه‌موو شتێكیان شێواندووه‌، حوكمی مه‌رگیان به‌سه‌ر هه‌موو شتێكدا داوه‌ له‌ده‌ره‌وه‌ی خۆیان، به‌تایبه‌تی دوژمنی باوك كوشته‌ی نوێگه‌رین، له‌ سنه‌، له‌ دیاربه‌كر ڕێكخراوی كۆمه‌ڵگه‌ی مه‌ده‌نی زۆر زۆر له‌ پێش كوردستانه‌وه‌یه‌، با ئه‌مانیش هه‌رباس له‌ئه‌زموونی ده‌سه‌ڵاتی كوردی بكه‌ن، كه‌س به‌ ماستی خۆی ناڵێت ترشه‌.

 رۆڵی رێكخراوه‌ ناحكومییه‌كان له‌ په‌ره‌پێدانی دیموكراسیدا چۆن پێناسه‌ ده‌كه‌یت؟

ڕێكخراوی ناحكوومی مه‌راقیبه‌ به‌سه‌ر كاروباره‌كانی ده‌وڵه‌ته‌وه‌، به‌ڵام ئێمه‌ ده‌وڵه‌تمان شاراوه‌یه‌، هه‌موو كاره‌كانی به‌ نهێنییه‌، له‌ سه‌فقه‌ی بازرگانییه‌وه‌ تادابه‌شكردنی خاكه‌كه‌ی، سه‌رباری ئه‌وه‌ی هه‌ردوو پارته‌ ده‌سه‌ڵاتداره‌كه‌ له‌ هه‌وڵی زیندووكردنی دیوه‌خان و سرووته‌ كۆنه‌په‌رستتییه‌كانن، له‌هه‌وڵی زیندووكردنه‌وه‌ی هه‌ر دیارده‌یه‌كن له‌ خزمه‌ت پاراستنی ده‌سه‌ڵات و به‌رژه‌وه‌ندییه‌كانیان، ئه‌گه‌ر كۆمه‌ڵگه‌ی مه‌ده‌نی و ڕێكخراوی ناحكوومیمان هه‌بوایا ئه‌وا ئه‌م هه‌موو فیرعه‌وناوه‌و شاری دزانه‌مان له‌شاره‌كانی كوردستان نه‌ده‌بینی.

 چی‌ ده‌ڵێت‌ بۆ ئه‌وانه‌ی‌ ده‌ڵێن‌ چاک‌ بۆته‌ گه‌مه‌ی‌ حیزب؟

من ئه‌وبابه‌ته‌م خوێنده‌وه‌ كه‌ له‌لایه‌ن براده‌رێكمه‌وه‌ نووسراوه‌، به‌لام باوه‌ڕ بكه‌ هیچی لێ تێنه‌گه‌یشتم، به‌ڵام هه‌مووكه‌س ئازاده‌ چی ده‌نووسێت، چۆن و به‌چ شێوه‌یه‌ك كه‌موكوڕییه‌كانمان دیاری ده‌كات، ئێمه‌ ده‌ستخۆشییان لێ ده‌كه‌ین، ئه‌وه‌ نیشانه‌ی جێكه‌وته‌یی چاكه‌ له‌كۆمه‌ڵگه‌دا، زۆرجار له‌ سایته‌كان شت له‌سه‌ر من ده‌نووسن پێشتر ئاگادار كراومه‌ته‌وه‌ له‌لایه‌ن خاوه‌ن سایته‌كانه‌وه‌، به‌لام به‌لامه‌وه‌ ئاسایی بووه‌ بڵاو بكرێته‌وه‌، ده‌توانن چاودێری وردی كاره‌كانمان بكه‌ن  ئه‌وجا سه‌لمانتان له‌ گه‌مه‌ی حیزبایه‌تی داین له‌لایه‌كه‌وه‌ ده‌ستمان لێ بشۆن له‌لایه‌كی دیكه‌وه‌ فاتیحای مه‌رگه‌كه‌ی بخوێنن، من ئه‌و كاته‌ی زانیم چاك بۆنی حیزب و ئایدۆلۆژیای لێ دێت، ته‌نانه‌ت به‌ بوونی ناوه‌ندێتی حیزبی له‌ ناوی من بای بای لێده‌كه‌م، باوه‌ڕم به‌ڕێكخراوی هه‌ره‌می نییه‌، زه‌لیلترین كه‌س له‌ناو چاك منم. ئه‌گه‌ر كاك هه‌ندرێن نوسه‌ری ئه‌وبابه‌ته‌ له‌ نزیكه‌وه‌ ئاگاداری چالاكییه‌كانمان بوایا و به‌شداری بكردایه‌ له‌ كۆبونه‌وه‌كانمان ئه‌و سه‌ردێره‌ی نانوسی بۆ ئه‌و بابه‌ته‌ی، به‌داخه‌وه‌ لێی تێنه‌گه‌یشتم.