وه‌رگێڕانی: سه‌لاحه‌دین بایه‌زیدی
دوای چه‌ندین ساڵ ناكۆكی و ملمڵانێ له‌سه‌ر دروستكردنی به‌نداوێک له‌سه‌ر ئاوی ڕووباری دیجله كه كۆمه‌ڵێكی بێ هاوتا له شوێنه‌واره مێژوییه‌كان ده‌خاته ژێر ئاوه‌وه، دواجار سه‌رۆک وه‌زیرانی توركیا قوڵینگی ده‌ستپێكردنی كاره‌كانی له عه‌رد دا.
لایه‌نگرانی دروستكردنی به‌نداوه‌كه ده‌ڵێن كه ئه‌م هه‌نگاوه بۆ ناوچه كوردنشینه‌كانی توركیا كه به‌له‌نگازترن له شوێنه‌كانی تری ئه‌و وڵاته، ئاو و كاره‌با و پیشه‌ی جۆراوجۆر له‌گه‌ڵ خۆیدا دێنێ، به‌ڵام دژبه‌ران، ئه‌م به‌نداوه به هۆكاری تووناكردنی باژێری مێژوویی حه‌سه‌نكه‌یف ده‌زانن كه میراتێكی مێژوویی چه‌ند هه‌زار ساڵه‌ی له‌باوه‌ش گرتووه.
ئه‌م به‌نداوه به ناوی گوندێكی نزیک خۆیه‌وه كراوه به ناوی ئیلی سو له ٤٧ كیلۆمه‌تری سنووری سووریا له پارێزگای كوردنشینی دیاربه‌كر و ئه‌گه‌ر ته‌واو ببێت، له ڕوانگه‌ی كه‌ڵه‌كه‌كردنی ئاوه‌وه، دووهه‌مین سه‌دی گه‌وره‌ی توركیا ده‌بێت.
پێشبینی ده‌كرێت كه دروستكردنی ئه‌م به‌نداوه حه‌وت ساڵ بخایه‌نێ و زیاتر له میلیاردێک و نیو دۆلار خه‌رجی هه‌بێت.
گه‌ڵاڵه‌ی دروستكردنی ئه‌م به‌نداوه نزیكه‌ی سی ساڵه له‌ئارا دایه به‌ڵام دژایه‌تیكردنی له‌ئاستێكدا بوه كه پێنج ساڵ له‌مه‌وبه‌ر بووه هۆی ئه‌وه‌ی كۆمپانیای به‌ریتانی بالفۆر بیتی كه بریكاری دروستكردنی به‌نداوه‌كه بوو، گرێبه‌سته‌كه‌ی خۆی بۆ دروستكردنی به‌نداوه‌كه هه‌ڵوه‌شێنێته‌وه و پاشانیش كۆمپانیای ئیتالیایی ئه‌یمه‌رلیو و بانكی سوییسی ی‌و بی ئێس خۆیان له گه‌ڵاڵه‌ی دروستكردنی به‌نداوه‌كه كێشایه‌وه و له‌ئه‌نجامدا، پلانی دروستكردنی ڕاوه‌ستێنرا.
له‌م ماوه‌یه‌دا به ده‌یان ڕێكخراوی ده‌وڵه‌تی و ناده‌وڵه‌تی و داموده‌زگا مه‌ده‌نییه‌كان له‌توركیا و سه‌رجه‌م وڵاتانی تر، ئیتلافێكیان پێكهێنا بۆ دژایه‌تی له‌گه‌ڵ دروستكردنی به‌نداوه‌كه و له‌پێناو پاراستنی شاری مێژوویی حه‌سه‌نكه‌یف.
دواجار، كۆنسێرسیۆمێک كه كۆمپانیایه‌كی نه‌مسایی و ئاته‌ک هیدرۆ له سه‌رووی هه‌مویانه‌وه‌ن، گرێبه‌ستێكیان بۆ دروستكردنی به‌نداوه‌كه واژۆ كرد‌و پلانی دروستكردنی سه‌رله‌نوێ بوژایه‌وه، ئه‌گه‌رچی ده‌وڵه‌تی، نه‌مسا، سویس و ئه‌ڵمان هێشتا ئاماده نین گه‌ره‌نتی ئه‌م كۆنسێرسیۆمه بكه‌ن.
وه‌ک هه‌ڵسوڕاوانی مافی مرۆڤ ده‌ڵێن، به‌نداوی ئیلی سو جگه له‌وه‌ی شوێنه‌واری مێژوویی وێران ده‌كات، ١٩٩ گوند و شاریش له‌بن ئاودا نوقم ده‌كات و ٥٥ تا ٧٨ هه‌زار كه‌س ئاواره ده‌كات و ده‌بێته هۆكاری كاره‌ساتێكی مرۆیی.
یه‌كێک له‌و شارانه، حه‌سه‌نكه‌یف كه شارێكی مێژوییه و زێدی لانیكه‌م ٣٨٠٠ كه‌س ده‌بێت.
چه‌ند هه‌فته‌یه‌ک به‌ر له‌وه‌ی قوڵینگی دروستكردنی به‌نداوی ئیلی سو له‌ئه‌رد بدرێت، كۆمه‌ڵێک شوێنه‌وارناس، ڕۆژنامه‌نووس و یاسازان له دژی ئه‌م بڕیاره‌ی ده‌وڵه‌تی توركیا سكاڵایه‌كیان بۆ دادگای مافی مرۆڤی یه‌كێتی ئه‌وروپا به‌رز كرده‌وه.
پراكتیزه‌كردنی حوكمه‌كانی ئه‌م دادگایه ڕۆڵی ده‌بێت له‌به‌دیهاتنی خه‌ونی توركیا بۆ چوونه ناو یه‌كێتی ئه‌وروپاوه.
ده‌وڵه‌تی توركیا له وه‌ڵامی دژبه‌رانی دروستكردنی به‌نداوه‌كه‌دا ڕایگه‌یاندوه كه پلانی دروستكردنی شارێكی تازه‌ی له به‌رنامه‌دا هه‌یه كه خه‌ڵكی حه‌سه‌نكه‌یف تیایدا نیشته‌جێ ده‌كرێن و هه‌روه‌ها "پاركێكی كه‌لتووری" ئاوا ده‌كات كه به‌شێكی زۆر له شوێنه‌واره مێژووییه‌كان ده‌گوازرێنه‌وه بۆ ئه‌وێ.
لێ شوێنه‌وارناسان پێیان وایه هێشتا شوێنه‌وارێكی مێژوویی زۆر‌و زه‌وه‌ند له‌ناو دڵی حه‌سه‌نكه‌یفدا شاراوه‌یه و پێویسته بۆ دۆزینه‌وه‌یان لێگه‌ڕین ئه‌نجام بدرێ و به‌نداوی ئیلی سو ئه‌م شوێنه‌وارانه بۆ هه‌تا هه‌تایه له‌ژێر خاكدا ده‌نێژێت.
ده‌وڵه‌تی توركیاش دان به‌م بۆچونه‌ی شوێنه‌وارناساندا ده‌نێت و ڕایگه‌یاندوه كه ته‌نها ٤٠%ی شوێنه‌واره شاراوه‌كانی حه‌سه‌نكه‌یف دۆزراونه‌ته‌وه، هه‌رچه‌ند شوێنه‌وارناسان ئه‌م ئاماره به ٢٠% مه‌زه‌نده ده‌كه‌ن.
حه‌سه‌نكه‌یف شوێنه‌واری مێژویی ده تا دوازده هه‌زار ساڵ له‌مه‌و پێشی له‌خۆیدا حه‌شار داوه و هه‌روه‌ها شوێنه‌واری شارستانیه‌ته‌كانی ئاشوور، ڕۆما و توركه سه‌لجوقی و عوسمانییه‌كان له‌ناویدا به‌دی ده‌كرێت.
كاربه‌ده‌ستانی ده‌وڵه‌تی توركیا پێیان وایه به‌دروستكردنی به‌نداوی ئیلی سو، چه‌ندین گۆرستان و سه‌دان ئه‌شكه‌وتی مێژوویی هه‌روا له سه‌رووی ئاو ده‌مێننه‌وه و ئه‌و مزگه‌وت و حه‌مام و پرده مێژوییانه‌ی كه له‌سه‌ر ڕوباری دیجله دروست كراون ده‌گوازرێنه‌وه بۆ "پاركی كه‌لتووری".
سه‌رۆک وه‌زیرانی توركیا به‌ڵێنی داوه تا كاتی ته‌واوكردنی به‌نداوه‌كه، لێگه‌ڕینه شوێنه‌وارناسییه‌كان له‌و شوێنه‌دا به‌رده‌وام ده‌بێت و بڕی ٨٥ میلیۆن دۆلار بۆ ئه‌م لێكۆڵینه‌وانه ته‌رخان كراوه.
سه‌رچاوه: BBC