سه‌لاحه‌دین بایه‌زیدی
کوشتنی ڕۆژنامه‌نووسی ئه‌رمه‌نی هرانت دینک له تورکیا له زۆر ڕوانگه‌وه قوربانیی دوا ئه‌رمه‌نی بوو به‌ده‌ستی ئه‌قڵییه‌تێکی فاشیسته‌وه. ئه‌وه‌ش به‌و مانایه ناڵێم که چیتر ئه‌رمه‌نییه‌ک له تورکیا به‌مجۆره ناکوژرێت، به‌ڵکو کاردانه‌وه‌کان دوای کوشتنی دینک له ئاستێک دابوون که له‌مه‌وبه‌دوا پۆلیسی تورکیا زاتی ئه‌وه نه‌کات وا بێ به‌رپرسیارانه ئاسایشی گیانی هاووڵاتیانی ئه‌رمه‌نی پشتگوێ بخات.
کوشتنی هرانت دینک هێنده‌ی قه‌تڵوعامی ئه‌و ١٥٠٠٠٠٠ هه‌زار ئه‌رمه‌نییه‌ی که به‌ده‌ستی عوسمانییه‌کان کوژران، ده‌نگدانه‌وه‌ی هه‌بوو، یه‌که‌م له‌به‌ر هه‌لومه‌رجی دنیای ئه‌مڕۆ و دووهه‌میش له‌به‌ر که‌سایه‌تی دینک وه‌ک ڕۆژنامه‌نووسێک و پێداگری مافه‌کانی گه‌لی ئه‌رمه‌ن.
ئه‌و ڕۆژنامه‌نووسه له‌کاتێکدا کوژرا که هێشتاش له ئه‌وروپا هه‌وڵدانه‌کان به‌رده‌وامن له‌پێناو به‌فه‌رمی ناساندنی جینۆسایدی ئه‌رمه‌ن و تورکیاش به‌توندی ڕووبه‌ڕووی هه‌موو جۆره هه‌ڵوێستێکی له‌مجۆره بۆته‌وه و گوشاریشی خستۆته سه‌ر ئه‌و ڕێکخراو و لایه‌ن و که‌سایه‌تییانه‌ی که باسی قه‌تڵوعامی ئه‌رمه‌نییه‌کانیان کردبێت. دینکیش یه‌کێک له‌و که‌سانه بوو که پێداگری له‌مافی گه‌لی ئه‌رمه‌ن ده‌کرد، بۆیه‌ش ناکرێت بکوژی دینک ته‌نها که‌سێکی ئاسایی بێت به‌ناوی "ئۆگون سامسات".
به‌ڵام به‌رپرسیاریی سه‌ره‌کیی ئه‌م ڕوداوه کێیه؟
رۆژنامه‌ی "میللیه‌ت" چاپی تورکیا ڕاپرسییه‌کی له‌مباره‌وه کردوه که به‌ڕای ئێوه به‌رپرسیاری کوشتنی دینک کێیه؟ ئه‌وه‌ش مشتومڕێکی زۆری له ناو ڕۆشنبیران و ڕاگه‌یاندن و شه‌قامی تورکی و پۆلیسی ئه‌و وڵاته ناوه‌ته‌وه.
هه‌رچی هه‌ڵوێستی ڕه‌سمی حکومه‌ته هه‌وڵی سه‌رپۆشکردنی ڕووداوه‌کان ده‌دات، گرتنی به‌په‌له‌ی بکوژی دینکیش پاش ٣٢ کاتژمێر له‌م چوارچێوه‌دا بوو ده‌نا تورکیا به‌وڵاتی کرده‌وه‌ی بکه‌ری نادیار ناسراوه. له‌لایه‌کی دیکه‌شه‌وه یه‌کێتی ئه‌وروپا تاوانبار ده‌که‌ن به‌هۆی ئه‌وه‌ی که ده‌ستی هه‌بووه له‌م ڕوداوه‌دا. ڕاگه‌یاندنی تورکیاش به‌رده‌وام مینبه‌ری چه‌واشه‌کاری و بڵینگۆی پۆلیس بووه. ده‌سته‌یه‌کی تریش پێیان وایه بکوژی دینک ئه‌و ئه‌قڵییه‌ته ڕه‌گه‌زپه‌ره‌ستانه‌یه که له‌تورکیا هه‌ڕه‌شه له دیموکراسی ده‌کات.
وه‌نه‌بێ بڵێی ئه‌مجۆره ئه‌قڵییه‌ته ته‌نها له که‌ناره‌کانی ده‌ریای ڕه‌ش و له ناو پارته‌که‌ی ده‌وڵه‌ت باغچه‌لیدا هه‌بێت و بره‌وی پێبدرێت، به‌ڵکو سه‌رجه‌م ده‌سه‌ڵاتدارانی تورکیا به جۆرێک لە جۆرەکان په‌ره‌یان پێداوه و باسی کێشه‌ی ئه‌رمه‌ن و کورد هێڵی سوور بوون له‌م وڵاته. هه‌ر له مه‌کته‌بی سه‌ره‌تاییشه‌وه منداڵه‌کان له تورکیا فێر ده‌که‌ن به‌مجۆره گه‌وره بن. که‌واته ده‌وڵه‌تی تورکیا به‌رپرسیاری یه‌که‌مه. تاوانی دینک ئه‌وه بوو سووکایه‌تی به تورکبوون کردوه و جه‌ختی له‌سه‌ر ئه‌رمه‌نی بوونی خۆی کردۆته‌وه.
گه‌نجێکی هه‌ڤده ساڵه کۆتایی به‌ژیانی دواجه‌نگاوه‌ری ئه‌رمه‌ن هێنا.
ئه‌رمه‌نه‌کان ته‌واو بوون، ئه‌مجاره‌یان نۆره‌ی کێیه؟