وتوێژی ڕۆژنامه‌ی هاوبیر له‌گه‌ڵ من و چه‌ند گه‌نجێكی تر
''له‌یه‌كه‌م هاتنمدا به‌زیندان و هه‌ڕه‌شه پێشوازیم لێكرا''
هاوبیر: له‌كه‌یه‌وه هاتوونه‌ته باشوری كوردستان، هۆی چییه و چۆن گوزه‌ران ده‌كه‌ن؟
سه‌لاحه‌دین بایه‌زیدی: نزیكه‌ی هه‌شت ساڵه له باشوری كوردستان ده‌ژیم، له‌م ماوه‌یه‌دا هه‌م ژیانی سه‌ربازی ژیاوم و هه‌م ژیانی مه‌ده‌نی. به‌هۆی تێكه‌ڵبوونم به سیاسه‌ت و كاری ڕێكخستنیه‌وه ناچار بووم ڕۆژهه‌ڵاتی كوردستان به‌جێ بهێڵم و له‌و ماوه‌یه‌ی كه لێره‌شم، زۆرتر سه‌رقاڵی كاری ڕۆژنامه‌نوسی و چاپه‌مه‌نی بووم.
هاوبیر: ئایا پێتان وا نییه له‌لایه‌ن حكومه‌تی كوردییه‌وه پشتگوێ خراون؟ هۆی چییه؟ ئایا ئێران ده‌ستی هه‌یه؟
سەلاحەدین بایەزیدی: نه ته‌نیا پشتگوێ خراوین، بگره زۆرجار كۆسپ و ئاسته‌نگیشمان بۆ دروست كراوه. به‌داخه‌وه ئه‌و پشتگوێخستنه‌ش زیاتر ڕووبه‌رووی ئه‌و كه‌سانه ده‌بێته‌وه كه موعارزی ئێرانن و له دژی ئه‌و ڕژێمه خه‌باتیان كردووه. له‌و ناوه‌دا گومانی تێدا نییه كه هاوكێشه سیاسییه‌كان له‌به‌ر‌چاو ده‌گیرێن و ئه‌مه‌ش به‌ر له هه‌موو شتێ به زیانی ئێمه ده‌شكێته‌وه. له یاسای ئێره به ڕه‌سمی وه‌ک ''ئێرانی'' مامه‌ڵه‌مان له‌گه‌ڵ ده‌كرێت، واته له وڵاتێكی تره‌وه په‌نامان هێناوه بۆ هه‌رێمی كوردستان و هه‌ر به پێی ئه‌م پێناسه‌یه بێت ده‌بوایه وه‌ک په‌نابه‌رێک هه‌ندێک مافی بنچینه‌ییمان هه‌بوایه یان لانیكه‌م به‌مجۆره‌ی ئێستا بێنه و به‌ره‌یان پێ نه‌كردایه‌ین. چونكه هه‌ر مرۆڤێک ئازاده له كوێ بیه‌وێ بژی، من پێم خۆشە له كوردستان بژیم، ئێستا كه ئه‌وان پێیان خۆش نییه ئەوە شتێكی تره.
هاوبیر: فشارتان له سه‌ره له‌لایه‌ن ئاسایش و حكومه‌ت؟
سەلاحەدین بایەزیدی: به‌ڵێ، له یه‌كه‌م هاتنمدا به زیندان و هه‌ڕه‌شه پێشوازیم لێكرا. براده‌رێ له ئاسایش به‌سه‌ریدا گوڕاندم ''تۆ پێویسته بدرێیته‌وه به ئێران، ئێره جێگه‌ی تۆ نییه'' نازانم تاوانم چی بوو جگه له خه‌بات و دڵسۆزی بۆ نه‌ته‌وه‌كه‌م. له كاتێكدا كه من له زیندانی ئێراق و توركیاشدا ماومه‌ته‌وه، به‌ڵام هه‌رگیز وه‌ک زیندانی ئێره هه‌ڵسوكه‌وتم له‌گه‌ڵ نه‌كرا. تا ئێستا ده‌یان جار سه‌ردانی ئاسایشم كردووه، به‌داخه‌وه په‌نابه‌رییان پێ نه‌داوم. نازانم هۆكاره‌كه‌ی چییه، به‌ڵام به‌ته‌ئكید له هه‌ر وڵاتێكی تر بوومایه، تا ئێستا مافی نیشته‌جێبوونم پێ درابوو. بێ ئه‌و مافه كه مافێكی سه‌ره‌كییه هیج شتێكت پێ ناكرێت. نه ده‌توانی بژی، نه ده‌توانی كار بكه‌ی.
هاوبیر: حزبه كوردییه‌كانی ڕۆژهه‌ڵات چۆن سه‌یرتان ده‌كه‌ن، ئێوه تێڕوانینتان چییه بۆیان؟ چۆن ده‌ڕواننه دابه‌شبوونه‌كانی ئه‌مدواییه؟
سەلاحەدین بایەزیدی: نه حزبه‌كانی ڕۆژهه‌ڵات كاریان زۆر به‌سه‌ر ئێمه‌وه‌یه و نه ئێمه به ئه‌وان. هه‌ر یه‌كه‌مان وه‌ک كه‌و سه‌رمان له به‌فر ناوه بۆ ئه‌وه‌ی یه‌كتر نه‌بینین. ئه‌و حزبانه به‌داخه‌وه له كۆمه‌ڵگە دابڕاون و ئێستا له قه‌یرانێكی ڕێكخراوه‌ییدا ده‌ژین، دابه‌شبوونیشیان به‌ر له هه‌ر شتێ ده‌گه‌ڕێته‌وه بۆ قه‌یرانی ناوخۆییان و ئه‌و مۆدیله حزبییه‌ی كاری پێده‌كه‌ن، هۆكاری ده‌ره‌كیشی هه‌یه، به‌ڵام هێنده‌ی هۆكاره ناوخۆییه‌كان به‌هێز نییه.
هاوبیر: هه‌ڕه‌شه‌ی ئیتلاعات و فشاره‌كانیان؟
سەلاحەدین بایەزیدی: تا ئێستا به‌شێوه‌یه‌كی ڕاسته‌وخۆ له‌لایه‌ن ئیتلاعاته‌وه فشارم نه‌خراوه‌ته سه‌ر. به‌ڵام هه‌ر ناو و بوونی ئیتلاعات و ئێران بۆ خۆی فشاره.
هاوبیر: حه‌ز ده‌كه‌ن له ڕۆژهه‌ڵات وه‌ک حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان ئه‌زموونی ئێره دووباره بێته‌وه؟
سەلاحەدین بایەزیدی: هه‌رگیز پێم خۆش نییه، هه‌ر چه‌ند پێم وانییه به‌و شێوه‌یه‌ی ئێره دووباره بێته‌وه چونكه بارودۆخه‌كان جیاوازن.
هاوبیر: ئایا ئه‌و گه‌نده‌ڵییانه‌ی كه لێره هه‌یه، پێتان وا نییه له ئیداره‌ی ڕۆژ‌هه‌ڵاتیش دووباره بێته‌وه له ئه‌گه‌ری ئازادی ڕۆژهه‌ڵاتی كوردستان؟
سەلاحەدین بایەزیدی: سیسته‌می سیاسی و ئیداری ئێره، مۆدێلی ئیده‌ئالی حزبه‌كانی ڕۆژهه‌ڵاته، لەبەر ئه‌وه‌ی سه‌رجه‌م حزبه كوردییه‌كانی هه‌ر چوار پارچه‌ی كوردستان له‌سه‌ر یه‌ک پێكهاته‌ی سیاسی بونیاد نراون، ئه‌گه‌ر ده‌سه‌ڵاتیان به‌ده‌ست بێت، هیچ جیاوازییه‌كیان له‌گه‌ڵ یه‌ک نابێت. به‌تایبه‌ت حزبه‌كانی ڕۆژهه‌ڵاتی كوردستان كه له باوه‌شی حزبه‌كانی باشوور دان و ئه‌م كلتوره كاریگه‌ری له‌سه‌ر داناون.
هاوبیر: پێتان باشه بگه‌ڕێنه‌وه بۆ ڕۆژهه‌ڵات یان بمێننه‌وه یان ده‌ربچن بۆ هه‌نده‌ران؟
سەلاحەدین بایەزیدی: هه‌ر كه‌سێكی تر له بری من بوایه ڕێگه‌ی گه‌ڕانه‌وه بۆ ئێرانی هه‌ڵده‌بژارد به‌حوكمی ئه‌و هه‌موو گوشاره‌ی دێته سه‌ر ڕێم، خوێشم زۆر جار بیرم له‌وه كردۆته‌وه، به‌ڵام پردی گه‌ڕانه‌وه‌م بۆ هه‌تاهه‌تایه ڕوخاندووه، چونكه ئێران به گه‌وره‌ترین و سه‌ره‌كیترین دوژمنی كورد ده‌زانم. له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا نه ئه‌مڕۆ و نه سبه‌ی ئاره‌زوو ناكه‌م له كوردستان بژیم، ژیان له كوردستان خه‌ونه‌كانمی به‌راوه‌ژوو كرد و نامه‌وێ له‌وه زیاتر بوونی خۆمم به‌رچاو بكه‌وێت، بۆیه ئه‌گه‌ر بچوكترین ده‌رفه‌تی ده‌رچوون بۆ هه‌نده‌رانم بۆ بره‌خسێت، به‌وپه‌ڕی خۆشییه‌وه نیشتمان جێده‌هێڵم. ئه‌وه‌ی من له نیشتمانی خۆم و له ده‌ستی هاوڕه‌گه‌زه‌كانم چێشتوومه، زامێكه و به هیچ ساڕ‌ێژ نابێت.
شایه‌نی باسه به‌پێی هه‌واڵێكی سایتی www.4rojhelat.org ناوبراو له‌ژێر ئه‌و فشارانه‌دا ناچار بووه كوردستان به‌جێ بهێڵێ به‌ره‌و هه‌نده‌ران.