وتوێژێک لەگەڵ د. ڕه‌فیق سابیر
سه‌لاحه‌دین بایه‌زیدی
وه‌ک زۆر شتی تر بیری چه‌پیش به شێوه‌یه‌کی ئۆرجیناڵ نه‌گه‌یشتوه‌ته کورد، واتا له ڕێگه‌ی عه‌ره‌به‌کان یان فارس یاخود تورکه‌کانه‌وه به کورد گه‌یشتووه، ئایا هه‌ر ئه‌میش هۆکارێک نییه بۆ ئه‌وه‌ی چه‌پی کورد هه‌میشه له ژێر چه‌تری ئه‌وانی تردا بێت و نه‌توانێت وه‌ک ته‌ڤگه‌رێکی سه‌ربه‌خۆ کار بکات؟
د. ڕه‌فیق سابیر: کۆمه‌ڵی کوردستان له هیچکام له‌و وڵاتانه‌ی کوردستانیان به‌سه‌ردا دابه‌شکراوه، په‌یوه‌ندی ڕاسته‌وخۆی کلتوری و سیاسی له‌گه‌ڵ وڵاتان و کلتوری ئه‌وروپاییدا نه‌بووه. له کوردستاندا زمان و کلتوری نه‌ته‌وه‌ی سه‌رده‌ستی عه‌ره‌ب، یان تورک یاخود فارس له خوێندن و نوسیندا به زۆره‌ملێ به‌سه‌ر منداڵی کورد و کۆمه‌ڵی کوردستاندا سه‌پێنراون، له هه‌مانکاتدا ده‌وڵه‌تی ناسیۆنالی ئه‌و نه‌ته‌وانه به جۆرێکی سیستماتیک هه‌وڵی له‌ناوبردنی کلتوری کوردی و کوشتنی زمانی کوردی‌یان داوه، بۆیه په‌یوه‌ندیی کلتوریی کورد ڕاسته‌وخۆ له‌گه‌ڵ کلتوری نه‌ته‌وه سه‌رده‌سته‌کانی کوردستان بووه، نه‌ک له‌گه‌ڵ ئه‌وروپا، هه‌ر له ڕێی ئه‌وانیشه‌وه دیارده‌ی نوێی فیکری، فه‌لسه‌فی و ئایدۆلۆژی گه‌یشتونه‌ته کوردستان، واتا زمانی ئه‌و نه‌ته‌وانه هه‌ر یه‌که‌یان له به‌شێکی کوردستاندا، له‌لایه‌که‌وه هه‌ڵگری ئایدۆلۆژیای کۆلۆنیالیی ناسیۆنالیزمی عه‌ره‌ب و فارس و تورک و جیهانبینی و به‌ها کلتورییه‌کانی ئه‌وان بوون، له‌لایه‌کی دیکه‌شه‌وه په‌نجه‌ره‌یه‌ک بوون که به هۆیانه‌وه ڕوناکیی بیری ئازادیخوازنه‌ی نێو ئه‌و نه‌ته‌وه سه‌رده‌ستانه و بیری چه‌پ و مارکسیستی و بیر و کلتوری ئه‌وروپایی به گشتی گه‌یشتونه‌ته کوردستان، به‌ڵام زمان ته‌نها ئامرازی گه‌یاندنی زانین و گه‌یاندنی زانیاریی نییه، به‌ڵکو سیستمێکی بیرکردنه‌وه‌یشه، یان هه‌ر زمانێک سیستمێکی تایبه‌ت به خۆی هه‌یه که کاری خۆی له بیر‌و شێوه بیرکردنه‌وه‌ی ئه‌وانه ده‌کات که به‌و زمانه زانیاریی وه‌رده‌گرن و بیرده‌که‌نه‌وه. له‌مه‌ش گرنگتر هه‌ر فه‌لسه‌فه و ئایدیۆلۆژیایه‌کی نوێ کاتێک له نێو کۆمه‌ڵگه‌یه‌کدا بڵاوده‌بێته‌وه، به‌و ئه‌ندازه‌ی کار له کۆمه‌ڵگه‌که ده‌کات و ده‌یگۆڕێت، ده‌شێت به هه‌مان ئه‌ندازه‌یش یان که‌متر و زیاتر، خۆی (واتا فه‌لسه‌فه یان ئایدیۆلۆژیاکه) بکه‌وێته ژێر کارتێکردنی کلتوری كۆمه‌ڵگه نوێیه‌که و گۆڕانی به‌سه‌ردا بێت، له‌به‌رئه‌وه چه‌پی کورد (که لێره قسه له چه‌پی مارکسی/ لینینییه)، وه‌ک ته‌ڤگه‌رێک هه‌میشه وابه‌سته و پاشکۆی چه‌پی ئه‌و نه‌ته‌وانه بووه، له‌مه‌یش ترسناکتر ئه‌وه بووه که زۆرینه‌ی چه‌پی کورد به عه‌قڵی ئادیۆلۆجیستانی چه‌پی ئه‌و نه‌ته‌وه سه‌رده‌ستانه بیریان کردوه‌ته‌وه و جیهانبینیی ئه‌وانیان هێناوه‌ته‌وه به‌رهه‌م، بۆ ئه‌وه‌ی ئه‌م قسه‌یه نه‌بێته تۆمه‌تێک، باشتره ئه‌م مه‌سه‌له‌یه ڕوون بکه‌مه‌وه.
ئایدۆلۆژیای چه‌پ له سه‌رده‌مێکدا له وڵاتانی خۆرهه‌ڵاتی نێویندا بڵاوبوه‌وه که گه‌لانی ئه‌و وڵاتانه له خه‌باتێکی توندی ڕزگاریخوازانه‌دا بوون له دژی کۆلۆنیالیزمی به‌ریتانی و فه‌ره‌نسایی، که ده‌ستیان به‌سه‌ر زۆرینه‌ی ئه‌و وڵاتانه‌دا گرتبوو، یان ڕاسته‌وخۆ ڕه‌وشی سیاسی و ئابوریی ئه‌و وڵاتانه‌یان دیاری ده‌کرد، بۆیه ئه‌م ئایدۆلۆژیایه له‌و وڵاتانه‌دا له ناوه‌رۆکدا به‌شێک بوو له ئایدۆلۆژیای ته‌ڤگه‌ری ڕزگاریخوازیی نه‌ته‌وه‌یی و له‌گه‌ڵ ئه‌ودا ئاوێته بوو. چه‌په‌کانی ئه‌و وڵاتانه خه‌باتی عه‌داله‌تخوازانه‌یان تێکه‌ڵاوی خه‌باتی نه‌ته‌وه‌یی بۆ ڕزگاربون له کۆلۆنیالیزم و ڕژێمه ئیستیبدادییه وابه‌سته‌کانیان پێکه‌وه گرێدا، بۆیه ده‌توانین بڵێین بزاڤی چه‌پ و نه‌ته‌وه‌یی ئازادیخواز له‌و وڵاتانه‌دا ئه‌نجامی ئه‌و ناکۆکییه بوو که له نێوان خه‌ڵکی سته‌ملێکراوی ئه‌و وڵاتانه و نێوان داگیرکه‌ری بیانی (کۆلۆنیالیزم) و حکومه‌ته وابهستهکانیاندا هه‌بوو. له‌م دۆخه سیاسییه‌دا چه‌پی کورد له‌ژێر کاریگه‌ری چه‌پی نه‌ته‌وه سه‌رده‌سته‌کانی کوردستاندا (بۆ نموونه له عێراقدا که چه‌پێکی عهرهبپهروهر بوو) ده‌رکه‌وت، چه‌پی کورد که له ڕووی ئایدیۆلۆژی و ڕێکخراوه‌ییه‌وه وابه‌سته‌ی چه‌پی عه‌ره‌ب و تورک و فارس بوو، دوای ئه‌و وه‌همه که‌وت که پێیوابوو به ڕزگاربونی ئه‌و وڵاتانه له کۆلۆنیالیزم و حکومه‌ته ئیستیبداییهکان، گه‌له‌کانیان (به کوردیشه‌وه) ڕزگار ده‌بن، به‌ڵام دوای ڕزگاربوونی هه‌ندێک له‌و وڵاتانه له کۆلۆنیالیزم، ده‌رکه‌وت ئه‌م بۆچوونه (بۆ گه‌لی کوردستان) له خورافه زیاتر نه‌بوو، چونکه له‌کاتێکدا گه‌لی کورد (بۆ نموونه له عێراقدا) له کۆلۆنیالیزمی به‌ریتانی ده‌رباز بوو، ڕوبه‌ڕووی دوژمنێکی دڕنده‌تر و داگیرکه‌رێکی ترسناکتر بوه‌وه که ناسیۆنالیزمی عه‌ره‌ب و به‌عس بوو. به کورتی چه‌پی کورد هه‌ڵگری ئه‌و ئایدیۆلۆژیا چه‌په بوو که له‌گه‌ڵ کلتور و دۆخی سیاسیی نه‌ته‌وه سه‌رده‌سته‌کانی کوردستاندا (نه‌ک کورددا)، ئاوێته بوبوو، له‌جیاتی ئه‌وه‌ی خه‌بات بۆ عه‌داله‌تی کۆمه‌ڵایه‌تی له کوردستان و مافی نه‌ته‌وه‌یی و کلتوری و ئازادیی زمانه‌که‌ی بکات، کوێرانه بوو به پاشکۆی چه‌پی نه‌ته‌وه‌ی سه‌رده‌ست. هه‌ر کاتێکیش به‌شێک له چه‌پی کورد هه‌وڵی دابێت سه‌ربه‌خۆیی فیکری و ڕێکخراوه‌یی خۆی هه‌بێت و خه‌بات بۆ به‌رژه‌وه‌ندیی کوردستانه‌که‌ی بخاته پێش خه‌بات بۆ په‌یوه‌ندیی نه‌ته‌وه‌ی سه‌رده‌ست، یان وه‌ک هێزێکی چه‌پی سه‌ربه‌خۆ کار بکات (بۆ نمونه چه‌په‌کانی کوردستانی عێراق له ساڵانی ١٩٧٥ و ١٩٩١)، ئه‌وا چه‌پی عێراقی هه‌ر به به‌شه‌که‌ی تری چه‌پی کورد، شه‌ڕی ئه‌وانیان کردووه و وه‌ک ئامراز دژی چه‌پی کورد به‌کاریان هێناون.
ئایا پێتان وا نییە چه‌پ له کوردستاندا نەک هەر نه‌یتوانیوه سه‌ربه‌خۆ بێت، به‌ڵکوو هه‌میشه ناچار بووه له گوتاری نه‌ته‌وه‌یی یان ته‌نانه‌ت ئایینیش که‌ڵک وه‌ربگرێت؟
ڕاستییه‌که‌ی تا ناوه‌ڕاستی ساڵانی حه‌فتاکان چه‌پی کورد و ته‌ڤگه‌ره‌که‌ی به‌شێک بوون له چه‌پی سه‌رتاسه‌ری ئه‌و وڵاتانه‌ی کوردستانیان به‌سه‌ردا دابه‌شکراوه، واتا له ڕووی ئایدیۆلۆژی و سیاسی و ڕێکخستنه‌وه سه‌ربه‌خۆ نه‌بوون، بۆیه شوێنێکی گرنگیان له بزاڤی ڕزگاریخوازیی کوردستاندا نه‌گرتبوو، به‌ڵام له‌و کاته به دواوه ته‌ڤگه‌ری چه‌پی کوردستانیی سه‌ربه‌خۆ و دابڕاو له حیزبه چه‌په سه‌رتاسه‌رییه‌کان (حیزبی چه‌پی نه‌ته‌وه‌ی سه‌رده‌ستی عه‌ره‌ب و تورک و فارس) ده‌رکه‌وت. گروپی یه‌که‌می چه‌پی کورد (چه‌پی وابه‌سته) نه‌ک هه‌ر که‌ڵکی له گوتاری نه‌ته‌وه‌یی وه‌رنه‌گرتووه، به‌ڵکو زۆر به توندی دژایه‌تیی هه‌رجۆره گوتارێکی نه‌ته‌وه‌یی کردووه و به ناسیۆنالیزم و جوداخوازیی داناوه، له ڕاستیدا به‌شێکی چه‌پی کورد له ترسی ئه‌وه‌ی وه‌ک ناسیۆنالیست تومه‌تبار نه‌کرێن، له چه‌په هه‌ره شۆڤینیسته‌کانی عه‌ره‌ب و تورک و فارس زیاتر دژایه‌تیی هه‌ر بیر و خواستێکی نه‌ته‌وه‌یی کوردیان ده‌کرد، تا ئێستاش (به‌تایبه‌تی له ئێران‌دا) ده‌یکه‌ن، به‌ڵام چه‌پی کوردستانی، به بۆچوونی من فێنۆمێنێکی فیکری و سیاسیی نوێ بوو که ڕه‌نگدانه‌وه‌ی سته‌می نه‌ته‌وه‌یی و کۆمه‌ڵایه‌تی بوو، هه‌روه‌ها به‌رهه‌می ئه‌و ناکۆکییه بوو که له‌نێوان کۆمه‌ڵانی خه‌ڵکی کوردستان و ده‌سه‌ڵاتی نه‌ته‌وه‌ی سه‌رده‌ست و داگیرکه‌ردا هه‌بوو، ئه‌م ناکۆکییه ڕێگری هه‌رجۆره پێشکه‌وتنێکی ئابوری، کۆمه‌ڵایه‌تی، سیاسی و کلتوریی کۆمه‌ڵی کوردستانه. ده‌رکه‌وتنی ئه‌م دیارده‌یه له‌و نسکۆ و تێکشکانه جیا ناکرێته‌وه که بزاڤی کورد له ناوه‌ڕاستی حه‌فتاکانی سه‌ده‌ی ڕابردوودا تێیکه‌وت، هه‌روا به‌لای زۆره ئه‌نجامی سیاسه‌تی چه‌وتی حیزبه چه‌په سه‌رتاسه‌رییه‌کانی عێراق و ئێران و تورکیا بیئومێدبون بوو له سیاسه‌تی سۆڤیه‌ت به‌رامبه‌ر کورد، ڕه‌نگه له‌به‌ر ئه‌مه بووبێت که چه‌پی سه‌ربه‌خۆی کورد سه‌ره‌تا وه‌ک چه‌پی ماویستی ده‌رکه‌وت، به‌تایبه‌تی که ماویزم ئاوێته‌بوونێکی سه‌رنجڕاکێشی مارکسیزمه له‌گه‌ڵ خه‌باتی ڕزگاریخوازیی نه‌ته‌وه‌یی گه‌لی چیندا. به‌ڵام ئاخۆ چه‌پی کورد تا چه‌ند له گوتاری ئایینی که‌ڵکی وه‌رگرتووه، ئه‌مه‌یان مه‌سه‌له‌یه‌کی نیسبییه، چونکه هه‌ندێک لاباڵی چه‌پی کۆنی کورد، به‌تایبه‌تی له عێراقدا، بونه‌ته چه‌پێکی شه‌که‌ت و پشتیان له پره‌نسیپه‌کانی خۆیان کردووه، حیزبه‌که‌شیان بوه‌ته حیزبی موناسه‌بات، بۆیه ئه‌گه‌ر پێویست بێت ڕه‌نگه ڕیشی ئیسلامییانه به‌رده‌نه‌وه و مه‌ندیلیش له‌سه‌ر نێن، که‌چی چه‌پی ڕادیکالی کورد هه‌ڵوێستێکی ڕوونیان به‌رامبه‌ری ئایین و ئه‌و هێزه سیاسییانه وه‌رگرتووه که ئایینیان کردوه‌ته ئایدیۆلۆژیای سیاسیی خۆیان.
بۆچی چه‌پ له کوردستاندا له‌ناو کۆمه‌ڵگه‌دا نه‌چه‌سپاوه و وه‌ک گوتارێکی ڕۆشنبیری بوونی نه‌بووه و زیاتر وه‌ک ئامرازێکی ئه‌حزابی سیاسی به‌کار هاتووه؟
تا ئه‌و کاته‌ی گه‌لی کوردستان مافی خۆبڕیاردانی چاره‌نووسی نه‌ته‌وه‌یی نه‌بێت، ناکرێت چاوه‌ڕوانی ئه‌وه‌بین که فیکر و کلتوری چه‌پ له کۆمه‌ڵگه‌ی کوردستاندا کاریگه‌ری زۆرتریان هه‌بێت، به‌تایبه‌تی که ساڵانێکی زۆر چه‌پی کورد له‌نێو بزاڤی ڕزگاریخوازیی کورد یان دوور بووه یان هێزێکی لاوه‌کی بووه. هه‌ر نه‌ته‌وه‌یه‌ک کاتێک ڕوبه‌ڕوی سته‌می نه‌ته‌وه‌یی ده‌بێته‌وه و پێناسه (شوناس)ی نه‌ته‌وه‌یی و زمان و کلتوره‌که‌ی ده‌که‌ونه به‌ر ههڕەشهی پێناسه و کلتور و زمانێکی بێگانه، ئه‌وا مه‌سه‌له‌ی ئازادیی نه‌ته‌وه‌یی نه‌ک هه‌ر ده‌بێته به‌شێک له میکانیزمی خۆپاراستن و مانه‌وه، به‌ڵکو ده‌شبێته به‌شێکی گرنگی پێداویستییه‌کانی گه‌شه‌کردنی ئابوری، کلتوری و سیاسیی نه‌ته‌وه‌که. کاتێک مرۆڤ له‌سه‌ر کوردبوون سزا ده‌درێت، كلتور و زمانه‌که‌ی ده‌کوژرێن، ده‌رفه‌تێکی زۆر بۆ خه‌باتی چینایه‌تی و کۆمه‌ڵایه‌تی نامێنێته‌وه، له‌مجۆره دۆخه‌دا، به بۆچوونی من خه‌بات بۆ ئازادیی نه‌ته‌وه‌یی خۆی ده‌بێته خه‌باتێکی دیموکراتانه و چه‌پانه. چه‌په‌کانی کورد زۆر دره‌نگ له‌م ڕاستییه گه‌یشتن، هه‌ندێکیان هێشتا نایانه‌وێت یان ناتوانن تێیبگه‌ن. ئایا چه‌پبوون ته‌نها کۆمه‌ڵه "ئایه‌ت"ێکی ئایدیۆلۆژییه که مرۆڤ له‌به‌ری بکات و هه‌وڵبدات له هه‌ر کۆمه‌ڵگه‌یه‌کدا به‌بێ له‌به‌رچاوگرتنی تایبه‌تمه‌ندیی کۆمه‌ڵگه‌که، جیبه‌جێیان بکات؟ ئایا پاراستنی نه‌ته‌وه‌یه‌ک له سته‌م و کۆمه‌ڵکوژی و ناعه‌داله‌تی نه‌ته‌وه‌یی و داکۆکیکردن له زمان و کلتورێکی هه‌ڕه‌شه‌لێکراو، کارێکی چه‌پانه و دادپه‌روه‌رانه نییه؟ چه‌پ له زۆر وڵاتی ناوچه‌که‌دا که گرفتی نه‌ته‌وه‌یی هه‌بووه، ته‌نها ئه‌وکاتانه قورسایی سیاسیی له کۆمه‌ڵدا هه‌بووه که خه‌باتی چه‌پانه و عه‌داله‌تخوازانه‌ی خۆی به خه‌باتی ڕزگاریخوازیی نه‌ته‌وه‌یی و نیشتمانییه‌وه گرێداوه. چه‌پی نه‌ته‌وه سه‌رده‌سته‌کانی کوردستان، که به رای من له ناوه‌رۆکدا هه‌ڵگری خواستی ناسیۆنالیستیی ئه‌و نه‌ته‌وانه بوون، تاوانیان به‌رامبه‌ری نه‌ته‌وه‌که‌یان و باوه‌ڕ و پره‌نسیپه ئه‌خلاقییه‌کانی خۆیان کردووه کاتێک له‌لایه‌که‌وه چه‌په کورده وابه‌سته‌کانی خۆیان له ته‌ڤگه‌ریی ڕزگاریخوازیی کورد دابڕی، له‌لایه‌کی دیه‌وه له سته‌م و شه‌ڕی داسه‌پاوی ده‌وڵه‌ته‌کانیان به‌سه‌ر کورددا بێده‌نگ بوون و ته‌نانه‌ت له زۆر کاتدا پشتگیریی ده‌وڵه‌ته ناسیۆناله شۆڤێنیسته‌کانی خۆیان کردووه، به‌و بیانووه‌ی که گوایا ئه‌و ده‌وڵه‌تانه دژی ئیمپریالیزمن. ئه‌زمونی کورد له‌گه‌ڵ حیزبی شیوعی عێراق، حیزبی توده، حیزبی کۆمۆنیستی تورکی و سوری، چه‌پی مارکسی و چه‌په کورده وابه‌سته‌کانی ئه‌و حیزبانه‌یان له کوردستاندا لاواز و بێ ئیعتیبار کردووه.
به‌ڵام ئه‌و هه‌ڵوێسته هه‌لپه‌رستانه‌ی چه‌پی سه‌رتاسه‌ری ئه‌وه ناگه‌یه‌نێت که "چه‌پ وه‌ک گوتارێکی ڕوناکبیری بوونی نه‌بووه"، ڕاسته ژیانی ڕوناکبیریی ئێمه تا ڕاده‌یه‌کی زۆر ڕه‌نگدانه‌وه‌ی دۆخی سیاسیمانه، به‌ڵام گوتاری چه‌پ له باشوری کوردستاندا، له کۆتایی ساڵانی په‌نجاکانی سه‌ده‌ی ڕابردووه‌وه تا کۆتایی هه‌شتاکانی، گوتارێکی دیار و کاریگه‌ریش بوو، به ڕای من ئه‌م گوتاره تا ڕاده‌یه‌کی زۆر کاریگه‌ری له ژیانی ڕوناکبیریی ئێمه کردووه و بیری پێشکه‌وتنخوازانه و کۆمه‌ڵه پره‌نسیپێکی نوێی کۆمه‌ڵایه‌تی و عه‌داله‌تخوازانه و بیری یه‌کسانبونی گه‌لان و ژن و پیاو سێکولاریزم (عه‌لمانیه‌ت)ی له کۆمه‌ڵی کوردستاندا به‌هێز کردووه، ئه‌مانه‌ش له تێڕوانینی به‌شێکی زۆری ڕووناکبیران و له‌نێو كلتوری کورد و ئایدیۆلۆژیای بزاڤی ڕزگاریخوازیی کورددا، به زه‌قی ڕه‌نگیان داوه‌ته‌وه.
ڕێکخراوی حیزبی شیوعی عێراق چ کاریگه‌رییه‌کی له‌سه‌ر جوڵانه‌وه‌ی کورد هه‌بووه؟
حیزبی شیوعی عێراق له ڕووی فیکری، سیاسی و ڕێکخستنه‌وه هه‌م کاریگه‌ریی پۆزه‌تیڤ و هه‌م کاریگه‌ریی نێگه‌تیڤی به‌رامبه‌ری جوڵانه‌وه‌ی کورد هه‌بووه، ئه‌م حیزبه ته‌نها ده ساڵ دوای لکاندنی باشوری کوردستان به عێراقه‌وه (١٩٣٤) دامه‌زرێنرا، ئه‌وکاته جوڵانه‌وه‌ی کورد دوای دابهشکرانهوهی کوردستان، به‌ته‌واوی تێک شکێنرابوو، به‌ڵام خه‌ڵکی کوردستان باوه‌ڕی به‌وه نه‌هێنابوو که له‌ناو قه‌واره‌ی ده‌وڵه‌تێکی عه‌ره‌بیدا له قاڵب بدرێت و به‌ره‌نگاری ئه‌م پرۆژه‌یه‌ی ده‌کرد، له هه‌مانکاتدا ته‌ڤگه‌ری سیاسیی کورد نه‌یتوانیبوو خۆی له ڕێکخراوێکی مۆدێرنی سیاسی‌دا ڕێک بخات، خه‌بات بۆ سه‌ربه‌خۆبوونی باشوری کوردستان له عێراق، به‌تایبه‌تی له‌نێو ڕوناکبیراندا به‌رده‌وام بوو، بۆیه تا ناوه‌ڕاستی چله‌کان و گه‌رمه‌ی شه‌ڕی دوه‌می جیهانی، ئه‌م حیزبه هیچ شوێن و نفوزێکی سیاسیی له کوردستاندا نه‌بوو، به‌ڵام تێکشکانی نازیزمی ئه‌ڵمانی و سه‌رکه‌وتنی به‌ره‌ی گه‌لان له شه‌ڕدا، گوڕوتینێکی نوێی به حیزبه شیوعییه‌کانی ناوچه‌که، له‌وانه حیزبی شیوعی عێراق، به‌خشی. ئه‌وه بوو ئه‌م حیزبه، وه‌ک حیزبێکی سه‌رتاسه‌ری که‌وته په‌لهاویشتن بۆ کوردستان، له‌و کاته به دواوه مێژوی په‌یوه‌ندیی ئه‌م حیزبه و بزاڤی ڕزگاریخوازیی کورد، که هه‌ندێکجار ته‌بایانه و هه‌ندێکجار پڕ له ناکۆکی و ته‌نانه‌ت خوێناوی بووه، ده‌ستپێده‌کات. لێره‌دا له‌به‌ر که‌میی ده‌رفه‌ت، زۆر به کورتی ئاماژه به کاریگه‌رییه پۆزه‌تیڤ و نێگه‌تیڤه‌کانی حیزبی شیوعی له‌سه‌ر جوڵانه‌وه‌ی کورد ده‌که‌م.
حیزبی شیوعی ته‌ڤگه‌رێکی فیکری و سیاسیی نوێ بوو بۆ ئه‌و سه‌رده‌مه‌ی عێراق که تازه له‌ژێر وێرانه‌ی ده‌وڵه‌تی عوسمانی ههستابوهوه و ڕوبه‌ڕووی سته‌می کۆلۆنیالیزمی به‌ریتانی بووبووه‌وه، ئه‌م حیزبه له کۆمه‌ڵگه‌یه‌کدا که نوقمی دواکه‌وتویی، نه‌خوێنده‌واری و خورافه بوو، پێشه‌نگی بیری سێکولار (عه‌لمانی) و ڕۆشنگه‌ری و سۆسیالیستی و خه‌باتی کۆمه‌ڵایه‌تی و ڕزگاریخوازی بوو، سه‌رکه‌وتنی ئه‌م حیزبه، به‌ر له هه‌ر شتێک له‌وه دابوو که له کۆمه‌ڵگه‌یه‌کی پڕ له سته‌می کۆمه‌ڵایه‌تی و جینایه‌تی و ژێرده‌سته‌ی کۆلۆنیالیزمدا، توانی خه‌باتی ڕزگاریخوازیی نیشتمانی و خه‌باتی کۆمه‌ڵایه‌تی و چینایه‌تی پێکه‌وه گرێ بدات. له ڕاستیدا حیزبی شیوعی عێراق تا کودێتای ته‌مموزی ١٩٥٨ زیاتر ته‌ڤگه‌رێکی ڕزگاریخوازیی بوو، چونکه ناکۆکی سه‌ره‌کی ئه‌وکاته‌ی کۆمه‌ڵگه‌ی عێراق له‌نێوان خه‌ڵکی عێراق و نێوان کۆلۆنیالیزمی به‌ریتانیدا بوو، له‌به‌رئه‌وه ئه‌م حیزبه توانی به‌تایبه‌تی له ساڵانی په‌نجاکانی سه‌ده‌ی ڕابردوودا، سه‌رنجی زۆرترین خه‌ڵک، به‌تایبه‌تی له‌نێو زۆرینه‌ی سته‌ملێکراوی شیعه‌و تا ڕاده‌یه‌ک کورددا، بۆ لای خۆی ڕابکێشێت، به‌شێک له دیارترین ڕوناکبیرانی ئه‌و سه‌رده‌مه‌ی عه‌ره‌ب و کورد، یان لایه‌نگری ئه‌م حیزبه بوون، یاخود به‌شێوه‌یه‌ک له شێوه‌کان کاریگه‌ریی فیکریی ئه‌و حیزبه‌یان به‌سه‌ره‌وه بوو. له‌وکاته‌داو تا کودێتای ته‌مموزی ١٩٥٨ ئه‌م حیزبه داکۆکیی له هه‌ندێک مافی نه‌ته‌وه‌یی گه‌لی کورد ده‌کرد، به‌ڵام له دوای ئه‌م کودێتایه‌وه، دیلێما (ته‌نگژه)ی فیکری و ئایدیۆلۆژی و سیاسیی ئه‌م حیزبه‌و شه‌ڕو کێشه‌کانی له‌گه‌ڵ گه‌لی کورد و جوڵانه‌وه‌که‌یدا ده‌ست پێده‌کات.
به‌ڵام ده‌کرێت لایه‌نه نێگه‌تیڤه‌کانی ئه‌م کاریگه‌رییه که زۆر زۆرتره، له‌م خاڵانه‌دا چڕبکه‌ینه‌وه:
یەکەم: حزبی شیوعیی عێراق وه‌ک وتم ته‌نها ده ساڵ دوای داگیرکردنی کوردستان و لکاندنی به عێراقه‌وه دامه‌زرێنرا، که‌چی ئه‌م حیزبه قه‌ت ڕۆژێک له ڕۆژانه دانی به‌و ڕاستییه‌دا نه‌نا که کوردستان وڵاتێکی داگیرکراو به زۆر به عێراقه‌وه لکێنراوه و گه‌له‌که‌ی وه‌ک هه‌ر گه‌لێکی ژێرده‌سته و وڵات داگیرکراو، مافی خۆیه‌تی له ژێرده‌ستیی بێگانه زرگاری ببێت و سه‌ربه‌خۆیی نه‌ته‌وه‌یی خۆی به‌ده‌ست بهێنێت، به‌پێچه‌وانه‌وه حیزبی شیوعی له‌مباره‌یه‌وه هه‌ڵگری هه‌مان ئایدیۆلۆژیای کۆلۆنیالیانه و داگیرکه‌رانه‌ی ناسیۆنالیزمی عه‌ره‌ب و ده‌وڵه‌تی داگیرکه‌ری عێراق بوو. له‌کاتێکدا ده‌وڵه‌تی داگیرکه‌ری عێراق به زه‌بری له‌شکر و کوشتاری خه‌ڵکی کوردستان ده‌یویست کوردستان به ژێرده‌ستی له‌نێو چوارچێوه‌ی داتاشراوی عێراقدا بهێڵێته‌وه، که‌چی حیزبی شیوعی بۆ ته‌واوکردنی کاری ده‌وڵه‌تی ناسیۆنالی عه‌ره‌ب، به زه‌بری شمشێری ئایدیۆلۆژی و تێڵای فیکری و به خیانه‌تدانانی هه‌ر ویستێکی سه‌ربه‌خۆیانه‌ی جوڵانه‌وه‌ی کورد، هه‌مان کاری ئه‌نجام ده‌دا، له‌مه‌یشدا هێزی خۆی له سۆڤیه‌ت و بلۆکی سۆسیالیستی و ته‌نانه‌ت ناسیۆنالیزمی عه‌ره‌ب وه‌رده‌گرت. حیزبی شیوعی بیری ناسیۆنالیستانه‌ی خۆی به تێزێکی گومانکارانه داپۆشی بوو که پوخته‌که‌ی ئه‌وه بوو: گه‌لانی عێراق، به کورد و عه‌ره‌ب و که‌مینه نه‌ته‌وه‌کانییه‌وه، له‌ژێر ده‌ستی کۆلۆنیالیزمی به‌ریتانی دان، ڕزگاربوونی عێراق له کۆلۆنیالیزم واتای ڕزگاربوونی هه‌مووانه، بۆیه کورد وه‌ک عه‌ره‌ب، ده‌بێت خه‌بات دژی کۆلۆنیالیزم بکاته ئامانجی سه‌ره‌کی خۆی. بزاڤی ڕزگاریخوازیی کورد له‌به‌رده‌م په‌لاماری سه‌ربازیی ده‌وڵه‌تی عێراق و په‌لاماری ئایدیۆلۆژی و سیاسیی حیزبی شیوعیدا، دروشمی ڕزگارکردنی کوردستانی گۆڕی بۆ ئۆتۆنۆمی، که دروشمی حیزبی شیوعی بوو، به‌مه‌ش داگیرکردنی کوردستان و مانه‌وه‌ی له‌نێو چوارچێوه‌ی عێراقدا، لای کورد خۆی ڕه‌وایه‌تیی پێدرا. به بۆچوونی من به بێ ئه‌م شه‌ڕه فیکری و ئایدیۆلۆژی و سیاسییه‌ی حیزبی شیوعی، که هه‌مان هه‌ڵوێستی شۆڤێنیستانی عه‌ره‌ب بوو، ئاسان نه‌بوو داگیرکردنی کوردستان لای خه‌ڵکی کورد و جوڵانه‌وه‌ی کورد، هێنده به ئاسانی بگۆڕدرێت به ڕاستییه‌کی قبوڵکراو.
دووهەم: له دوای کودێتای ١٩٥٨ عێراق له کۆلۆنیالیزمی به‌ریتانی ڕزگاری بوو، به‌ڵام له ڕاستیدا ئه‌مه ته‌نها ڕزگاربوونی عه‌ره‌بی عێراق بوو، نه‌ک کورد، چونکه بۆ کورد ته‌نها جۆری جه‌للاده‌که‌ی- داگیرکه‌ره‌که‌ی گۆڕدرا و توندتر که‌وته به‌ر په‌لاماری ناسیۆنالیزمی عه‌ره‌ب. ته‌نها دوای سێ سال (ساڵی ١٩٦١) ده‌وڵه‌تی عه‌ره‌بیی عێراق شه‌ڕێکی شۆڤێنیستانه‌ی له‌دژی گه‌لی کورد هه‌ڵگیرساند، که سه‌رئه‌نجام به ئه‌نفال و کیمیابارانکردنی هه‌ڵه‌بجه گه‌یشت. له هه‌ندێک سه‌رده‌می ئه‌م شه‌ڕه شۆڤێنییه به‌رده‌وامه‌ی ده‌وڵه‌تی عێراقدا، حیزبی شیوعی پاڵپشت و ته‌نانه‌ت دارده‌ستی ده‌وڵه‌تی عێراق بوو، هه‌ر کاتێک ئه‌م حیزبه په‌یوه‌ندیی له‌گه‌ڵ ده‌وڵه‌تی عه‌ره‌بی عێراق باش یان ئاسایی بوایه، ئه‌وا پشتی ده‌وڵه‌ت و شه‌ڕه‌کانی ده‌گرت، بۆ نموونه له سه‌رده‌می عه‌بدولکه‌ریم قاسمدا (١٩٦١ تا ١٩٦٣) دواتر له سه‌رده‌می به‌عسدا (١٩٧٤- ١٩٧٥) هه‌روا (١٩٧٧ - ١٩٧٨)، به کورتی حیزبی شیوعی به لایه‌وه گرنگ نه‌بوو کورد ده‌کوژرێت و وڵاته‌که‌ی وێران ده‌کرێت، به‌ڵکو ئه‌وه گرنگ بوو کێ ئه‌م کاره ده‌کات، دۆسته‌که‌ی خۆی یان دوژمنه‌که‌ی! بۆیه ته‌نها ئه‌و کاتانه له‌سه‌ر کوشتاری کورد و وێرانکردنی کوردستان هه‌ڵوێستی توندی ده‌گرت ئه‌گه‌ر خۆشی به‌ر په‌لاماری ده‌وڵه‌ت بکه‌وتایه. ئه‌مه‌ش ئه‌و ڕاستییه ده‌سه‌لمێنێت که ئه‌م حیزبه له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ی له شه‌سته‌کانی سه‌ده‌ی ڕابردوو به‌دواوه زۆرترین ئه‌ندامانی له‌نێو کورددا بوو، که‌چی له ناوه‌رۆکدا له حیزبی عه‌ره‌ب و حیزبێکی عه‌ره‌بی زیاتر ده‌رنه‌چوو، ئه‌مه‌ش پرسیارێک دێنێت: ئایا له وڵاتانی فره‌نه‌ته‌وه‌دا که سته‌می نه‌ته‌وه‌یی هه‌یه، حیزبێکی سه‌رتاسه‌ری (ئایدۆلۆژیاکه‌ی کۆمۆنیستی یان لیبرال یاخود ئیسلامی بێت)، ده‌توانێت به یه‌ک ئه‌ندازه له به‌رژه‌وه‌ندییه‌کانی نه‌ته‌وه‌ی سه‌رده‌ست و نه‌ته‌وه‌ی ژێرده‌ست داکۆکی بکات و له یه‌ک کاتدا حیزبی نه‌ته‌وه‌ی سته‌مکارو نه‌ته‌وه‌ی سته‌ملێکراو بێت؟ له‌ڕاستیدا حیزبی شیوعی به جه‌داره‌ته‌وه سه‌لماندی که سه‌رئه‌نجام حیزبی عه‌ره‌بی عێراق بوو نه‌ک کورد، له‌کاتێکدا به ده‌یان جار له‌به‌ر خاتری به‌رژه‌وه‌ندیی عه‌ره‌ب قوربانیی به به‌رژه‌وه‌ندیی کورد دا، که‌چی تاکه جارێکیش پێچه‌وانه‌ی ئه‌مه ڕه‌فتاری نه‌کرد. (به بۆچوونی من هه‌ڵوێستی حیزبی توده‌ی ئێران، حیزبی کۆمۆنیستی تورکی و سوریش هه‌ر به هه‌مان شێوه بوون)، له‌به‌ر ئه‌م هۆکارانه بوو که له سه‌ره‌تای نه‌وه‌ته‌کانی سه‌ده‌ی ڕابردوودا به هه‌زاران له ئه‌ندامه ڕوناکبیره کورده‌کانی ئه‌م حیزبانه، باوه‌ڕیان به‌م حیزبانه نه‌ما و به‌کۆمه‌ڵ جیا بوونه‌وه، سه‌رئه‌نجام ئه‌مڕۆ بۆ نمونه حیزبی شیوعی عێراق و لقه‌که‌ی له کوردستان وه‌ک قاوغێکی بێناوه‌رۆک و حیزبی موناسه‌باتی لێهاتووه.
سێهەم: به‌ڵام له ڕووی ڕێکخستنه‌وه، حیزبی شیوعی وه‌ک کۆنترین مۆدێلی حیزب له عێراقدا، کاریگه‌ری زۆر خراپی له‌سه‌ر جوڵانه‌وه‌ی کورد و حیزبه کوردییه‌کان هه‌بوو، چونکه ئه‌م حیزبه مۆدێلێکی ستالینی بوو که له‌سه‌ر سیستمی ناوه‌ندییه‌کی توند و دیسپلینی عه‌سکه‌ریانه و ملکه‌چبونی خواره‌وه بۆ سه‌ره‌وه و ڕێگه‌نه‌دان به که‌مترین ڕای جیاواز دامه‌زرێنرا بوو. ئه‌م مۆدێله‌ی حیزبایه‌تی، له ڕێگه‌ی حیزبی شیوعییه‌وه له کوردستان و عێراقدا، بوو به تاکه مۆدێلی باو. حیزبه کوردییه‌کان له‌به‌ر ڕۆشنایی (په‌یڕه‌وی نێوخۆی) حیزبی شیوعیدا، ده‌ستوری حیزبیی خۆیان داڕشتووه و تا ئێستاش زۆربه‌یان له‌م شێوه کارکردنه ده‌رباز نه‌بوون.
له بواری سیاسی و ڕێکخستنه‌وه تا ئێستا چه‌پی کورد گرفتاری قه‌یرانه و ناتوانێت ئه‌و سیستمه مارکسی- لینینییه تێپه‌ڕ بکات، ئایا به‌م حاڵه‌یه‌وه ده‌توانێت وه‌ک هێزێکی سیاسی له مه‌یداندا خۆی بنوێنێت؟
ڕاسته به‌شێکی چه‌پی کورد هێشتا له دۆگما و قاڵبه ئاماده‌کراوه‌کانی مارکسی- لینینی ده‌رباز نه‌بوون و په‌یوه‌ستن به‌و ئایدۆلۆژیایه‌وه، ئه‌مانه وابه‌سته‌ی حیزبی سه‌رتاسه‌ریی نه‌ته‌وه سه‌رده‌سته‌کانن، ئه‌و حیزبانه له بنه‌ڕه‌تدا به‌رهه‌می كلتور و ئایدیۆلۆژیای نه‌ته‌وه‌ی سه‌رده‌ستن و ده‌ربڕی به‌رژه‌وه‌ندییه‌کانی ئه‌وانن. ئه‌و چه‌په پاشکۆ و وابه‌ستانه به ئه‌ندازه‌یه‌ک کۆیله‌ی فیکر و ئایدۆلۆژیای نه‌ته‌وه داگیرکه‌ره‌کانی کوردستان بوون که ناتوانن له ده‌ره‌وه‌ی سیستمی فیکریی ئه‌وان بیر بکه‌نه‌وه، ئه‌وان ته‌نانه‌ت وه‌ک کۆمۆنیست‌یش هه‌ر ده‌بێت وابه‌سته و ژێرده‌ستی کۆمۆنیستانی وڵاتی میترۆپۆل بن و به چاوی ئه‌وان کۆمه‌ڵی کوردستان بخوێننه‌وه، پێیان شه‌رمه که کۆمۆنیستێکی سه‌ربه‌خۆی کوردستانی بن، چونکه وا فێرکراون که ئه‌مه جۆرێکه له ناسیۆنالیزم. هه‌ڵبه‌ت ئه‌وان ئازادن له‌م کاره‌یاندا و ئه‌مه به‌شێکه له مافی خۆیان، به‌ڵام مرۆڤ ناچاره بپرسێت که له‌کاتێکدا مارکسیزم- لینینیزم وه‌ک ئایدیۆلۆژیا و سیستمی سیاسی، له ماڵ و قه‌ڵاکه‌ی خۆیدا (ئه‌وروپا) هه‌ره‌سی هێناوه، ئایا ده‌کرێت ئه‌م ئایدیۆلۆژیا و سیستمه که به‌رهه‌می کۆمه‌ڵگه‌یه‌کی سه‌رمایه‌داری و پیشه‌سازییه، له کوردستانێکی بێ سه‌نعه‌ت و بێ پرۆلیتاریا‌دا زیندوو بکرێته‌وه؟ له‌مه‌ش گرنگتر ئایا چه‌پبوون هه‌وڵدانه بۆ به‌خته‌وه‌رکردنی مرۆڤ و جوانترکردنی ژیان و چه‌سپاندنی پره‌نسیپی عه‌دالتخوازانه، یان گۆڕینی ئایدۆلۆژیایه‌که (مارکسیزمی- لینینیزم) بۆ ئایین، به جۆرێک که ژیان و مرۆڤ و کۆمه‌ڵگه به جۆرێک له قاڵب بدرێن و دابتاشرێن که هێنده‌ی ئه‌و ئایدیۆلۆژیایه‌یان لێ بێت. ئه‌مجۆره چه‌په‌ی مارکسی- لینینی له کوردستاندا نه‌ک هه‌ر لاوازه و هیچ پێگه‌یه‌کی سیاسی، کۆمه‌ڵایه‌تی و كلتوری نییه، به‌ڵکو خه‌ریکه وه‌ک داینه‌سۆر له‌ناو ده‌چێت.
به‌ڵام له به‌رامبه‌ر ئه‌م چه‌په وابهستهیهدا چه‌پی کوردستانی هه‌یه، که چه‌پێکی سه‌ربه‌خۆیه و وه‌ک چه‌پی هه‌ر وڵاتێکی دی له ڕوانگه‌ی به‌رژه‌وه‌ندیی کۆمه‌ڵانی خه‌ڵکی کوردستانه‌وه (نه‌ک نه‌ته‌وه‌یه‌کی داگیرکه‌رو بێگانه‌وه)، بۆ کۆمه‌ڵ و ژیان و جیهان ده‌ڕوانێت، ئه‌مجۆره چه‌په له‌پاڵ خه‌باتی کۆمه‌ڵایه‌تی و عه‌داله‌تخوازانه‌ی خۆیدا، ده‌خوازێت به‌شدارییه‌کی ڕاسته‌وخۆ له خه‌باتی ڕزگاریخوازانه‌ی گه‌له‌که‌یدا بکات. به واتایه‌کی دی ئه‌وان له ژیانه‌وه، له به‌رژه‌وه‌ندیی کۆمه‌ڵگه و ژانه‌کانی نه‌ته‌وه‌که‌یانه‌وه بۆ تیۆری ده‌ڕوانن. چه‌پبوون لای ئه‌وان به‌ته‌نگه‌وه‌هاتنی گرفته سه‌ره‌کییه‌کانی خه‌ڵکی ئه‌و کۆمه‌ڵگه‌یه‌یه که تێیدا ده‌ژین. ئه‌گه‌ر ڕزگاربونی نه‌ته‌وه‌یه‌ک له سته‌م و کۆیله‌یی و پاراستنی زمان و كلتورێک له کوژران، گه‌وهه‌ری چه‌پ و چه‌پبوون نه‌بێت، ئه‌وا چه‌پبوون له وههم و خورافه زیاتر نییه.
دواجار حه‌زده‌که‌م به په‌یوه‌ندی له‌گه‌ڵ ئه‌م پرسیاره‌تاندا بڵێم که هه‌ر ئایدیۆلۆژیایه‌ک (ئه‌م قسه‌یه پێموایه بۆ ئایینیش ڕاسته)، پره‌نسیپ و به‌هاکانی هه‌رچییه‌ک بن، سه‌رئه‌نجام له پرۆسێسی پراکتیزه‌کردنیدا دو گۆڕانی گه‌وره‌ی به‌سه‌ردا دێت، یه‌که‌میان له ئاستی کۆمه‌ڵگه‌دا ئایدیۆلۆژیاکه (ئایینه‌که) بۆ خۆبڵاوبونهوه و خۆگونجاندن ڕه‌نگی کۆمه‌ڵ و كلتورهکهی ده‌گرێت، دووه‌میان له ئاستی تاکه‌کاندا، ئایدۆلۆژیاکه (ئایینه‌که) هێنده‌ی سه‌ری ئه‌و که‌سانه‌ی لێدێت که په‌یڕه‌وی ده‌که‌ن.
بۆ بزوتنه‌وه ناسیۆنالیسته‌کان له جیهانی سێیه‌مدا له‌گه‌ڵ چه‌پ ئاوێته بوون، یان بۆچی له‌و کۆمه‌ڵگه‌یانه‌دا که واز له چه‌پ ده‌هێنن به ١٨٠ پلە ده‌گۆڕدرێن و ڕوو له ڕێکخراوه ناسیۆنالیسته‌کان ده‌که‌ن؟
ئه‌وه‌نده‌ی من ئاگادار بم، ئه‌م دیارده‌یه سه‌ره‌تا له وڵاتانی خۆرئاوای ئه‌وروپا، ئه‌و وڵاتانه‌ی به سۆسیالیست ناسرابوون، ده‌رکه‌وت، دواتر له‌نێو حیزبه کۆمۆنیسته‌کانی هه‌ندێک له وڵاتانی جیهانی سێیه‌میشدا بڵاوبوه‌وه. هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ی بلۆکی خۆرهه‌ڵات و ئاشکرابونی ئه‌و تاوان و مرۆڤکوژییه‌ی ئه‌و ده‌وڵه‌تانه به‌رامبه‌ری گه‌له‌کانی خۆیان کردبوویان، نه‌ک هه‌ر خه‌ڵکی ئه‌و وڵاتانه، به‌ڵکو هه‌موو دنیای هه‌ژاند. پێشتر ئه‌وجۆره به‌ربه‌ریه‌ت و دڕندایه‌تییه وه‌ک کاری نازییه‌کانی ئه‌ڵمانیا و فاشیزمی ئیتاڵیادا داده‌نران، به‌ڵام دواتر ده‌رکه‌وت که ئه‌وه‌ی نازیزم و فاشیزم له‌و دوو وڵاته و هه‌ندێک شوێنی تردا کردبویان، کۆمۆنیسته حوکمڕانه‌کان به زیاده‌وه به‌رامبه‌ری خه‌ڵکی وڵاتانی خۆیان کردوویانه، به‌مجۆره کۆمۆنیزم و فاشیزم له خۆرئاوا‌و گه‌لێک شوێنی دیکه‌دا، وه‌ک دوو ڕوی دراوێکیان لێهات، بۆیه زۆربه‌ی حیزبه کۆمۆنیسته‌کان گۆڕدران به سۆشیال دیموکرات، هه‌ندێکیشیان تێکه‌ڵی ڕه‌وشی ناسیۆنالیستیی وڵاته‌که‌یان بوون. به بۆچوونی من مارکسیزم یان ئایدیۆلۆژیای کۆمۆنیزم، له سه‌رده‌مێکی میژوییدا له هه‌ر وڵاتێک‌دا به‌شێک بوو له ئایدیۆلۆژیای وڵاتپارێزی و خه‌باتی ڕزگاریخوازیی نیشتمانی، به واتایه‌کی دی ئه‌م ئایدیۆلۆژیایه له سه‌ره‌تادا وه‌ک به‌شێک له زه‌روره‌ته‌کانی خه‌باتی نیشتمانی و ڕزگاریخوازی و گۆڕانی کۆمه‌ڵایه‌تی ده‌رکه‌وت. له ڕوسیادا کاردانه‌وه‌یه‌ک بو دژی سته‌می پاشایه‌تی و شه‌ڕ، له کۆمه‌ڵێک وڵاتی داگیرکراوی وه‌ک چین، ڤێتنام، لاوس، کوبا، کهمپۆچیا، ئهنگۆلاو... کۆمۆنیزم له ناوه‌رۆکدا له‌بری ناسیۆنالیزم، ئایدیۆلۆژیای بزاڤی ڕزگاریخوازیی نه‌ته‌وه‌یی و نیشتمانی بوو له‌دژی داگیرکه‌ر و بۆ سه‌ربه‌خۆبوون، له هه‌رکام له‌و وڵاتانه‌شدا فۆرم و تایبه‌تمه‌ندیی خۆی وه‌رگرت، به‌ڵام کۆمۆنیزم دوای ئه‌نجامدانی ئه‌م ئه‌رکه مێژوییه گرنگه، گۆڕدرا به ده‌سه‌ڵاتێکی تۆتالیتێر و ئیستیبدادی و خۆی بوو به ڕێگر له به‌رده‌م گۆڕان و گه‌شه‌کردنی سرووشتیی ئه‌و وڵاتانه‌دا. کاتێک ئه‌م ئایدیۆلۆژیایه و مۆدێله‌کانی ده‌سه‌ڵاتی کۆمۆنێستی به بنبه‌ست گه‌یشتن، سرووشتییه که خه‌ڵکی زۆر له‌و وڵاتانه به دوای ڕێگه‌یه‌کی دیکه‌دا بگه‌ڕێن. ئینتیمابوون بۆ ئایدیۆلۆژیا، ئینتیما نییه بۆ نه‌ته‌وه تا مرۆڤ نه‌توانێت لێی ده‌رباز بێت. مرۆڤ ئه‌گه‌ر بڕاوی به‌وه هه‌بێت که ئایدیۆلۆژیا ئامرازێکه بۆ به‌خته‌وه‌رکردنی مرۆڤ و پێشخستنی کۆمه‌ڵ، زۆر به ئاسانی له‌کاتی پێویستدا ده‌توانێت ده‌ستبه‌رداری بێت و به ئایدۆلۆژیایه‌کی دی بیگۆڕێت. چه‌پبوون له زۆر وڵات‌دا به‌تایبه‌تی له جیهانی سێیه‌مدا، وه‌ک وتم به‌شێک بوو له ئایدیۆلۆژیای وڵاتپارێزی پێداویستییه‌کانی خه‌باتی ڕزگاریخوازیی نیشتمانی، به واتایه‌کی دی ئه‌م ئایدیۆلۆژیایه له‌و وڵاتانه‌دا به‌پێچه‌وانه‌ی ئه‌وروپا، ته‌نها ئه‌وکاته توانی به فراوانیی جێگه‌ی خۆی له کۆمه‌ڵدا بکاته‌وه که ملکه‌چی شه‌رایتی سیاسی، کۆمه‌ڵایه‌تی و كلتوریی ئه‌و وڵاتانه ببێت و بگوڕدرێت به به‌شێک له فه‌زای فیکری و سیاسیی ئه‌وان، که به گشتی فه‌زای ڕزگاریخوازی و دژ به کۆلۆنیالیزم و ده‌وڵه‌ته دیکتاتۆرییه‌کان بوو، واتا خه‌باتی کۆمۆنیسته‌کان له‌و وڵاتانه‌دا له ناوه‌رۆکدا خه‌بات نه‌بوو بۆ دامه‌زراندنی سۆسیالیزم، به‌ڵکو یان خه‌بات بوو بۆ ئازادیی نه‌ته‌وه‌یی و نیشتمانی، یاخود خه‌بات بوو بۆ دیموکراتی. بۆ ئه‌مجۆره خه‌باته‌ش مه‌رج نییه مرۆڤ ته‌نها به ئایدیۆلۆژیای کۆمۆنیستییه‌وه خۆی وابه‌سته بکات، به‌تایبه‌تی که ئه‌م ئایدیۆلۆژیایه به مۆدێلی حوکمڕانیشییهوه شکستی هێنا. به کورتی پێموایه له گه‌لێک له‌و وڵاتانه‌دا، به کرده‌وه جیاوازییه‌کی گه‌وره له‌نێوان کار و ئامانجی چه‌پ و ناسیۆنالیسته ئازادیخوازه‌کاندا نه‌بوو، له‌به‌ر ئه‌وه ئه‌م وه‌رچه‌رخانه له زۆر شوێندا ئه‌گه‌ر به ڕواڵه‌ت گه‌وره بێته به‌رچاو، به‌ڵام له ناوه‌رۆکدا ئه‌وه‌نده گه‌وره نییه.
چه‌پی ئۆرسۆدۆکس له‌م سه‌رده‌مه‌دا چی پێیه بۆ گوتن؟
به‌لای زۆره‌وه هیچ، چونکه چه‌پی ئۆرسۆدۆکس له‌نێو تونێلێکی داخراوی ئایدیۆلۆژیدا چه‌قیان به‌ستووه و به ته‌نها بۆ خۆیان و له‌گه‌ڵ خۆیان ده‌دوێن، بۆیه جگه له خۆیان، باوه‌ڕ ناکه‌م که‌سانێکی ئه‌وتۆ هه‌بن که گوێیان له ده‌نگ و زایه‌ڵه‌ی ئه‌وان بێت.
ئاسۆی چه‌پ له بزوتنه‌وه‌ی ڕزگاریخوازی کورددا چۆن ده‌بینن؟
ئاشکرایه چه‌پ له زۆرینه‌ی وڵاتانی دنیا که‌مایه‌تییه‌کی ڕوناکبیری و سیاسییه، به‌ڵام زۆر گرنگه ئه‌و که‌مایه‌تییه له ڕووی فیکری، سیاسی و كلتورییه‌وه کاریگه‌ری خۆی هه‌بێت. ئاسۆی چه‌پ و داهاتوی چه‌پ له کوردستاندا تا ڕاده‌یه‌کی زۆر به‌وه به‌نده که تا چه‌ند چه‌په‌کانی کوردستان ده‌توانن خوێندنه‌وه‌یه‌کی تایبه‌تیی خۆیان بۆ کۆمه‌ڵی کوردستان و داخوازییه‌کانی خه‌ڵکی بنده‌ستی کورد هه‌بێت، ئایا ئه‌وان له ڕوانگه‌ی ئایدیۆلۆژیایه‌کی نه‌گۆڕه‌وه بۆ ژیان و پێداویستی و گرفتی کۆمه‌ڵی خۆیان ده‌ڕوانن و سه‌رئه‌نجام واقیع و کۆمه‌ڵ ده‌که‌نه قوربانی ئایدیۆلۆژیا، یان به‌پێچه‌وانه‌وه؟ به بۆچوونی من ئه‌زموونی چه‌پ له جیهاندا زۆر ئه‌زمونی به‌نرخی له‌مباره‌یه‌وه خستوه‌ته ڕوو که ده‌توانرێت بۆ چه‌پی کورد به‌سوود بێت، به‌ڵام ئایا مرۆڤ تا چه‌ند ده‌توانێت سوود له ئه‌زموونی که‌سان و لایه‌نی دی وه‌ربگرێت؟ ئایا مرۆڤ ئه‌گه‌ر خۆی پشتی له‌ژێر باری هه‌قیقه‌تێکدا چه‌مابێته‌وه، ده‌توانێت بایه‌خ به هه‌قیقه‌تی که‌سانی دی بدات؟