۱۳۸۸/۰۹/۰۶

نێگەتیڤ


سەلاحەدین بایەزیدی 

 
کەمتر پەنابەرێک هەیە ڕۆژانە سەیری سندوقی پۆستەکەی نەکات و هەموو جارێکیش بە بینینی نامەیەکی زەرد دڵی ڕانەچڵەکێ، بەتایبەت لەقۆناغی ئێستادا کە دۆخی پەنابەری لە وڵاتانی ئەوروپا بەگشتی ئەستەم بووە، زۆربەی هەرە زۆری پەنابەرەکان چاوەڕوانی وەڵامی نێگەتیڤ دەکەن تا هیی پۆزەتیڤ.

سامان عەبدولخالق مستەفا ڕۆژی جەژنی قوربان وەک هەموو ڕۆژەکانی دی، سەردانی سندوقی پۆستەکەی دەکا، بە بینینی نامەیەک سەڕی سوڕ نامێنێ، چونکە وەک خۆی دەڵێ "چاوەڕوانی دەکرد نامەیەکی لەو جۆرەی بۆ بێت" و پێشتریش بە هاوڕێکانی گوتبوو کە من لەم ڕۆژانەدا نێگەتیڤم بۆ دێ. بەڵام ئەو پێی سەیرە ڕێک لەو ڕۆژەدا نێگەتیڤی بۆ هاتووە و بەپێکەنینەوە دەڵێ "ئەوە جێژنانەی سویسرایە بۆ من."

سامانی تەمەن (٢٥) ساڵ لەشاری هەولێر لەدایک بووە و سێ ساڵە لە شارۆچکەی مارتینی لە سویسرا دەژی. ئەوە دووهەمین نێگەتیڤە وەریدەگرێ و لەم ڕوەوە هەندێک غەمبارە. سامان کە لە ژورێکی بچوکدا بەتەنیا دەژی، دەیویست لە ڕۆژی جەژندا، تەلەفۆن بۆ ماڵەوەیان بکات و پیرۆزبایی جەژنیان لێ بکات، بەڵام بەوەرگرتنی وەڵامی نێگەتیڤ موڕاڵی دابەزیوە و جەژنەکەی لێ تاڵ بووە.

سویسرا یەکێکە لەو وڵاتانەی زۆر بە ئەستەم وەڵامی پەنابەران دەداتەوە و تا چەند ساڵ چاوەڕێیان دەهێڵێتەوە. ئەوەش بەهۆی ئەوەی زۆربەی هەرە زۆری ئەو پەنابەرانەی پەنجەمۆری وڵاتێکی دیکەیان هەیە، ڕوو لەم وڵاتە دەکەن. بەگوێرەی ئامارە فەرمییەکان، ١٦ هەزار و ٦٠٦ پەنابەر لە ساڵی ٢٠٠٨دا وەرگیراون کە ئەو ڕێژەیە دوو هێندەی ساڵانی ڕابردوویە. وڵاتێکی وەک ئاڵمانیا کە ژمارەی دانیشتوانی یانزە قاتی سویسرایە، لەو ساڵەدا تەنها ٢٢ هەزار کەسی وەک پەنابەر وەرگرتووە. هەلومەرجی ئاماژەپێکراو چەندە گرفتی بۆ سویسرا دروست کردووە، بۆ پەنابەرێکی وەک سامانیش کە سێ ساڵە وەڵامێکی ڕونی نەدراوەتەوە، زۆر دژوارە. سامان لەکاتێکدا نامەکەی بەدەستەوەیە و چەند جار لەسەر یەک دەیخوێنێتەوە، دەڵێ "من لێرە کۆن بووم، بەم وڵاتە ڕاهاتوم و زمانەکەیان فێر بووم. تازە چۆن بچمە وڵاتێکی دیکە یان چۆن بگەڕێمەوە بۆ شاری خۆم؟"

پاش ئەوەی سویسرا پەیوەست بوو بە پەیمانی "شێنگێن"ەوە، هیوادارتر بوو لەپێناو ئەوەی ژمارەی پەنابەرەکانی وڵاتەکەی کەم بکاتەوە. ئەم وڵاتە ئێستا دەتوانێ وەک یەکێک لە ئەندامانی پەیمانی ئاماژەپێکراو، ئەو پەنابەرانەی لە وڵاتێکی دیکەوە هاتوون، مافی پەنابەرێتیان ڕەت بکاتەوە. کانتۆنی "ڤالێ" لەو کانتۆنە محافزەکارە کاتۆلیکانەیە کە بەر لەم ئاڵوگۆڕییانەش یاسای سنورداری دژ بەپەنابەران پەیڕەو دەکرد. لەساڵی ٢٠٠٨دا ژمارەیەکی زۆر لە کوردانی باشووری کوردستان لەو کانتۆنە، وەڵامی نێگەتیڤیان درایەوە یا خود قۆڵبەست کران.

سامان ئێستا لە هەوڵی ئەوە دایە پەیوەندی بە یەکێک لە هاوڕێیەکانییەوە بکا کە مانگێک لەمەوپێش لەیەک ژوردا پێکەوە دەژیان و پاش ئەوەی هاوڕێکەی وەڵامی نێگەتیڤی وەرگرت و مۆڵەتێکی یەک مانگەی پێدرا، سویسرای بەجێهێشت و ڕووی کردە فینلاند. ئەوان پێیان وایە ئێستا فینلاند باشترین وڵاتە بۆ کوردەکانی باشور و زو وەڵامیان دەداتەوە. سامانیش بیر لەوە دەکاتەوە وەک هاوڕێیانی دیکەی ڕوو لەو وڵاتە بکات. ئەو مۆڵەتی پێدراوە تا کۆتاییەکانی مانگی ژانوییەی ٢٠١٠ سویسرا بەجێ بهێڵێ و دەبێ لەو ماوەیەدا فیکرێک بکاتەوە. لەکاتێکدا سەیری بەفری لوتکەی سەر چیاکان دەکا، دەڵێ "تاقەتی ئەوەم نییە جارێکی دی ئاوارە ببمەوە، ئەویش لەو زستانەدا."

شەقام و کۆڵانەکانی شار، بەگڵۆپ و داری کریسمەس ڕازێنراونەتەوە، هەرچەند کەش و هەوا زۆر ساردە، بەڵام خەڵکێکی زۆر دێت و دەچێ. سامانیش کە ئەو بەیانییەی مەنفا خۆی بۆ جەژن ئامادە کردبوو، مۆبایلەکەی دەکوژێنێتەوە. دەست لەناو گیرفان، خۆی دەکات بە فرۆشگایەک بۆ ئەوەی سێتێک بیرە بکرێت و لەم ڕۆژەدا بیانخواتەوە.

۱۳۸۸/۰۹/۰۵

"خەرجی رۆژانەم ناگاتە دۆلارێکیش"


وتوێژی ڕۆژنامەی (تورکیا) لەگەڵ موراد قەرەیڵان

سازدانی: عوسمان ساغرلی
وەرگێڕانی لەتورکییەوە: سەلاحەدین بایەزیدی


٢٤ کاتژمێر پاسەوانی لەخاڵی پشکنین

بەساڵانە، بارەگاو شوێنی حەوانەوەی پەکەکە واتە قەندیل، لە ڕووی جوگرافی و سروشتەکەیەوە، بە "هەکاری" دەشوبهێندرێ. ئەوانەی بیانەوێ بچنە قەندیل، بەو ژمارە زۆری دێهاتیەکانیشەوە، پێویستە خاڵی پشکنینی "کۆرتەک" دەرباز بکەن کە بیست و چوار کاتژمێر لەلایەن چەکدارانی پەکەکەوە پارێزگاری لێدەکرێ. ئەو کەسانەی گومانیان لێ بکرێ، لەلایەن هەپەگە (باڵی سەربازی پەکەکە) ئاستەنگیان بۆ دروست دەکرێ.

قەندیل، وەک بەرمۆدایەکی شەیتانی سێگۆشە

قەندیل لەنێوان تورکیا، عێراق و ئێراندا هەڵکەوتوە و خاوەنی پانتاییەکی تا بڵێی بەرینە. چیاکانی قەندیل بەرزاییان دەگاتە سێ هەزار مەتر و دەیان گوندیش دەگرنە خۆ. داوێنەکانی قەندیل ڕێگەی قیرتاویان هەیە و هەر چی بەرزاییەکانیشە بەتەواوەتی لەلایەن پەکەکەوە کۆنترۆڵ دەکرێن. ئەندامەکانی ئەو ڕێکخراوەیە، ناوە ناوە بەجلی سڤیلەوە دێنە ناو ئەو دێهاتانە و هەندێکجاریش دەچنە شارەکان و شتومەک دەکڕن.

یاساکانی قەندیل

* پێویستە هەمو ڕۆژێک پیاوەکان ڕدێنیان بتاشن.
* داربڕینەوە و ڕاوکردن قەدەغەیە.
* نابێ لەنێوان یەکتریدا گرژی دروست بکەن.
* بە پێچەوانەوە چەک دەکرێن (ئەمە لە شاخ قورسترین سزایە.)

هەر ئەندامێک دەبێ بڕیارەکانی ڕێکخراوەکە جێبەجێ بکا

لەناو قسەکانماندا لە دۆڵێکی قەندیل، موراد قەرەیڵان کە باسی هەڵوێستی پەکەکەی دەکرد سەبارەت بە قۆناغی کرانەوە، پشتگیری خۆیانی بۆ چارەسەری دیموکراسییانە دەربڕی، بەڵام گوتیشی پێویستە بەشێوەیەکی هەمەلایەنە کاری لەسەر بکرێ. قەرەیڵان وێڕای ئاماژە بەوەی لەناو ڕێکخراوەکەیاندا هەندێک کەس و لایەن هەن لایەنگری لە پێکدادان دەکەن، گوتی "کاتێک بڕیارێکمان پەسەند کرد، دەبێ هەمو کەسێ جێبەجێی بکات، جا چ پۆزۆسیۆنێک لەگۆڕێ بێ، گرنگ نییه."

پێشگوتن

کرانەوەی ناو تورکیا لەقەندیلەوە

یەکەم جار ساڵی ٢٠٠٧ لە کەرکوک ڕوبەروی پەکەکە بومەوە. دەزگای هەواڵگری سەر بە تاڵەبانی پاش ئەوەی زانیبویان من لەتورکیاوە هاتوم، خستیانمە ژێر چاودێری و نزیکەی حەوت کاتژمێر لێپرسینەوەیان لەگەڵدا کردم.
دو ساڵ بەسەر ئەو ڕۆژانەدا تێدەپەڕێ و لەو ناوەدا گۆڕانکارییەکی زۆر بەدی هاتوە، کرانەوە بەروی کورددا، ڕۆژەڤی تورکیای داگیر کردووە. دیسان لەباکوری عێراق و ئەمجارەیان لە ناوەندی پەکەکە واتە لە قەندیلم. بەرپرسی پەیوەندیە میدیایەکانی پەکەکە ئەحمەد دەنیز سەرەتا داوای منی بۆ وتوێژ لەگەڵ قەرەیڵان ڕەت کردەوە و گوتی "ئێمە نامانەوێ لەگەڵ میدیاکانی تورکیادا قسە بکەین. چونکە قسەکانی ئێمە دەگۆڕن و چی بەمێشکیان داهات دەینوسن. ئێوە دەتوانن بۆچونی خۆتان لەسەر ئێمە بنوسن، بەڵام ناکرێ قسەکانی ئێمە وەک خۆی بڵاو نەکەنەوە." بەڵام لەئەنجامی پێداگری مندا، پێی ڕاگەیاندم بەتەلەفۆن ئاگادارم دەکاتەوە و بەڕێی کردم.
پاش هەفتەیەک ئەحمەد دەنیز گوتی "هەڤاڵ (قەرەیڵان) بەتایبەت لەگەڵ تۆدا وتوێژ دەکا. بەڵام دڵنیا بن لەمەو دوا، نایبینن لەگەڵ میدیاکانی تورکیادا قسە بکەین، ئێستا چاوەڕوانی ئێوەیە." و بەمجۆره بانگهێشتی قەندیلی کردم.
٢٣٥ کیلۆمەتری نێوان هەولێر ــ‌ قەندیلمان بەچوار کاتژمێر بڕی، ڕوبەڕوی چەندین خاڵی پشکنین بوینەوە. جار جارە بە تولەرێیەکاندا دەڕۆیشتین و ئەمەش دەیهێنا، چونکە پەکەکە بەڵێنی ڕێپۆرتاژی بە من دابوو و بەگوێرەی خۆیان کرانەوەیەکیان ئەنجام دابوو. دوای تێپەڕاندنی خاڵی پشکنینی پەکەکە، لەشوێنێکی نزیک تەلەفۆنەکانم ڕادەست کردن. سەرەتا چاییمان خواردەوە و دوایی لەگەڵ دەستەیەکی پانزە کەسی لە پارێزەرەکانی، وتەبێژی پەکەکە موراد قەرەیڵان گەیشتە لامان.
دوابەدوای خۆناساندنێکی کورت، بێ متمانەیی خۆی لەمەڕ میدیاکانی تورکیا هێنایە زمان. لە وەڵامی مندا کە داوام کرد "لەو قسانە کە ئامانجیان زیاتر پڕوپاگەندەیە، دەمەوێ وەڵامی پرسیارەکانم بدەیەوە"، گوتی "هەر چی پێت خۆش بێ، بیپرسە، من بۆ پڕوپاگەندە نەهاتوم. ڕێگایەکی دورو درێژ هاتوم تەنیا بۆ ئەوەی متمانە بە ڕاستگۆیتان بکەم. نوسین و نەنووسینی، لەسەر ئێوە دەمێنێتەوە."
لەمیانەی وتوێژەکەماندا، ڕاشکاوانە وەڵامی پرسیارەکانی دایەوە. بەبەرزکردنەوەی تۆنی دەنگی و جموجوڵی هەوڵیدەدا کاریگەریی هەبێ. جارجارەش بزەیەکی دەهاتە سەر لێو. وتوێژەکەمان نزیکەی سێ کاتژمێری خایاند و بەگشتی پێنج کاتژمێر لەگەڵ قەرەیڵان ماینەوە. بەڵام قسەکانی قەرەیڵان لەسەر نانخواردن لەوانی دیکەی گرنگتر بوون.

ئەوەش نمونەیەک لە قسەکانی: 

سەرۆک وەزیر ئەردۆگانیش، کۆمەڵیک تایبەتمەندی سەرکردایەتی هەیە. چونکە قۆناغێکی لەمجۆرە تەنیا لەلایەن ئەو کەسانەوە ڕەچاو دەکرێ کە سیفەتی سەرکردەیان هەبێ. وەک کەسێکی بوێریش هاتە بەرچاوم، لێبەلێ هەندێک گومانم هەیە. لەوە دەفکرم ئەنجامێکی وەک ئۆزالی بەسەر دێ.

ئەو سیاسەتەی لەسەر شارەوانیەکانی دەتەپە پەیڕەو دەکرێ، سیاسەتی تۆقاندنە. هیچکەسێ ناتوانێ پەڵەی ڕەش بەناسنامەی کوردایەتیمانەوە بلکێنێ. بەر لە هەموو کەسێک ئێمە دژی ئەو سیاسەتە دەردەکەوین.

- هەنگاوەکانی کرانەوە لە پەرلەماندا قسەیان لەسەر کرا. ڕاتان چییە لەسەر ئەو ئاستەی کە پرسەکە پێی گەیشتوە و ئیتر لەپەرلەمان گفتوگۆی لەسەر دەکرێ؟
سەرەتا پێویستە بڵێم گفتوگۆکردنی پرسی کورد لەچوارچێوەی پەرلەمان و بۆ یەکەمجار، خۆی لەخۆیدا بەلای ئێمەوە دەرئەنجامێکە. دیارە تورکیا بە پشت بەستن بە چارەسەری دیموکراتیانەی کێشەی کورد، دەیتوانی لەپێناو داهاتوی خۆیدا، پێڤاژۆیەکی نوێ دەست پێ بکا. بەداخەوە ئەمە ڕوی نەدا. هەنگاوی پراتیکی بەرز نەکردەوە. سەرەتا هیوایەکی زۆرترمان هەبوو. حاڵی حازر، هیچ چارەسەرییەک بەدیناکرێ.

ـ ئێوە چاوەڕوانی دەسپێکێکی چۆن بوون؟

پرسی کورد، کێشەیەکه بەڕەگدا چووە. بەکرانەوەی بچوک مەحاڵە چارەسەر ببێ. نەخۆشیەکی قورسی گورچیلە بە ئاسپرین دەرمان ناکرێ. کێشەی کورد، بەگۆڕینی ناوی هەندێک شوێن بۆ ناوە کۆنەکەی یان بەدامەزراندنی تەلەڤزیۆن چارەسەر نابێ. کورد ئەمڕۆ خۆی زیاتر لە پانزە کەناڵی تەلەڤزیۆنی هەیە. لەزانکۆیەک ئەنیستیتۆی کوردۆلۆژی دادەمەزرێنن. ئەمە چ شتێکی گرنگی تێدا دەبینرێ؟ ئەگەر مەسەلە ئەوە بێ، کوردەکانی دەرەوە چەندین ئەنیستیتۆیان دامەزراندووە. تەنانەت ئەگەر زمانی کوردی وەک زمانێکی هەڵبژاردەش پێی بخوێندرێ، چارەسەری دەگەڵ خۆیدا ناهێنێ.
لێرەدا کۆمەڵگەیەک هەیە. داننان بەناسنامەی ئەم کۆمەڵگەیە گرنگە. ئێمە باسی کێشەیەک دەکەین کە بەدرێژایی ٨٥ ساڵ تراژیدیای گەورە ژیاوە.
حکومەتی (وشەکە دەگۆڕێ) دەوڵەتی کۆماری تورکیا، لە ڕابردوەوە تا ئێستا ناسنامەو ڕاستینەی گەلی کوردی خستۆتە ژێر پێ. ئەمە هەڵە بوو. ئەوان دەبوایە گوتبایان "ئێمە ئێستا ئەو هەڵەیە ڕاست دەکەینەوە. کورد هەیە و ناسنامەیشی هەیە. دان بەهەر چەشنە ماف و ناسنامەیەکیاندا دەنێین. پێکەوە برایانە دەژین. مێژویەکی هەزاران ساڵەی هاوبەشمان هەیە. لەڕێگەی پێکەوە ژیانەوە، پڕۆژەی نوێی دەخەینە ڕۆژەڤەوە."

ـ بەڕێز سەرۆک وەزیرانیش هەندێک لێدوانی ڕاگەیاند کە مانایەکی هاوشێوەیان هەبوو. لە هەمویان گرنگتر، ڕوی کردە ئەوانەی داکۆکیان لە ڕوداوەکانی دێرسیم دەکرد و بەو کەسانە لەقەڵەمی دان کە فڕیان بەسەر مرۆڤایەتیەوە نییه. گوتی چیاکان بەهیچ و خۆڕایی بۆردومان کراون، گوندەکان سوتێنران، ڕوخێنران و هەروەها ئەو ڕۆڵانەی لەو جوگرافیایەدا دەژیان، بێ سەرو شوێن کران. ئەوە لەڕوانگەی ئێوەوە، پەیامێکی گرنگ نییه؟

بێگومان لێداونەکانی بەڕێز سەرۆک وەزیران مانای خۆی هەیە. بەڵام هێشتا کەمە. ئەگەر دەوڵەت لەم سیاسەتەیدا، هۆکاری ئازارەکانیش بخاتە ڕو، جێگەی متمانەیە.
ئەگەر سەرۆک وەزیر کردەوەی کەسانی نزیک لەخۆی ڕیسوا بکا، لەراستیدا هەڵسوکەوتێکی جیاواز دەبێ. ئەوانەی دەیانەوێ درێژە بەو کردەوانە بدەن، دەڵێن "کردەوەکانی ئێوە هاوچەرخ نین. پێویستە بەمیتۆدی نوێ نزیکی کوردەکان ببینەوە و بیانخەینە ژێر چاودێرییەوە."
باس لەیەکپارچەیی خاکی تورکیا دەکرێ. ئێمەش داکۆکی لەهەمان شت دەکەین. دەوڵەت بەهۆی مامەڵەی توندوتیژی لەگەڵ کوردەکان ڕەخنەی لێگیراوە. ئێستا دەیانەوێ بەمامەڵەیەکی نەرمتر کوردەکان بخەنە ژێر ڕکێفی خۆیانەوە. پارتی دادو گەشەپێدان دەڵێ "ئەم کێشەیە تەنیا بەشێوازی سەربازی و ئەمنی چارەسەر نابێ". خوێندنەوەی من بۆ قسەکانی ئەردۆگان ئاوایە "پێویستە پەکەکە پاکتاو بکرێ. ئەوان بە شێوازی سەربازی تەواو نابن. دەبێ ڕێ و ڕێبازی دی بەتاقی بکەینەوە." پاش ئەم قسانە من چۆن دەتوانم هیوادار بم.
سەرباری هەمو ئەمانەش، حکومەتی ئێستا بەگوێرەی ئەوانی ڕابردوو باشترە. پارتی دادو پارتی کۆماری گەل پێکەوە بەراورد ناکرێن. لێ نوکە لەبەرامبەرماندا حکومەتێک هەیە کە بانگەشەی چارەسەری دەکات. پێموایە ئەم حکومەتە بەو سیاسەتانەی ئێستای ناتوانێ چارەسەری بەدوای خۆیدا بێنێ. دیارە کێشەی لەمجۆرە بەشێوەیەک لەشێوەکان لەهەموو گۆشەو قوژبنێکی جیهان ڕویانداوە. واتە کێشەیەک نیە یەکەمجار دەستەویەخەی تورکیا بوبێ. ئەگەر ئامانج چارەسەری بێ، ئەوا لەڕێگەی گفتوگۆ و وەک بەردەنگ پەسەند کردنی لایەنی بەرامبەر، کێشەکان چارەسەر دەبن. ئێستا حکومەت دەڵێ کێشەکە بەبێ لایەنی کوردی چارەسەر دەکەم. دەڵی "بەردەنگ گەلە"، بەڵام لەڕاستیدا وا نییه. ئەم کێشەیە لایەنی بەرامبەریشی هەیە.

ـ ئەو شوێنەی کێشەکان تیایدا گەیشتونەتە بنبەست، هەر ئەم خاڵەیە. خوێندنەوەکان جیاوازن. ئایا ئەوە ڕاستە تەنیا حکومەتێک باجی قۆناغێکی ٨٦ ساڵە بداتەوە؟

سەرۆک وەزیر هەندێک شتی نوێ دێنێتە زمان. بەڵام لەبەرامبەر ئەمەدا دەڵێ "با پەکەکەش ئالیکاری بکات." دواجار بەم چەشنە دەسپێشخەریانەی سەرۆک وەزیر، چارەسەری بەدی نایە. ساڵی ١٩٨٨، تورگوت ئۆزال هاتە مەیدان و وەک ئەردۆگان قسەی نەدەکرد. چونکە کێشەکە ئەو پێگە نەتەوەیی و نێونەتەوەییەی ئێستای نەبوو. ئیتر دەرکەوتوە ئەم کێشەیە بەڕێگەی سەربازی چارەسەر نابێ. ئەمڕۆکە هەموو بەرپرسانی تورکیا بەگشتی و سەرۆک وەزیران بەتایبەتی، ناچارن کێشەکە چارەسەر بکەن.

ـ سەبارەت بەچۆنیەتی دەسپێکردن، تەنها ڕستەیەکتان هێنایە زمان، ئەویش داننان بەناسنامەی کورد... جگە لەمە پێشنیاری دیکەتان هەیە؟

من هەموو جارێ ناچار نیم یەکە یەکە ئەمانە بژمێرم. بۆ نمونە دەتوانم ئاماژە بکەم بە داننان بەزمانی زگماکی، داننان بەخوێندن بەزمانی زگماکی، دەرفەتدان بەرێکخستنی سیاسی، بەهێزکردنی دەسەڵاتە خۆجێیەکان و واژۆکردنی پرۆژەی پێکەوەسازانی کۆمەڵایەتی لەپێناو چارەسەری و زۆر بابەتی دیکە. بەناردنەوەی گروپەکانی ئاشتی، هەوڵماندا پەیامی خۆمان ڕابگەیەنین.

ـ پێشوازیکردنەکان ئۆرگانیزه کرابوون. دەتەپە بە هەموو توانایەوە، لەسلۆپیەوە هەتا دیاربەکر مرۆڤەکانی هەستاندە سەر پێ.

لەوانەیە دەتەپە هاوکاری کردبێ. بەڵام، نیشاندانی ئەم خۆشەویستیە قوڵە لەلایەن گەلەوە گرنگە. ئەگەر لێرەدا پڕوپاگەندە یان شەڕی سایکۆلۆژی کرابێ، ئەوا دەکرێ لێکۆڵینەوەیەکی جیای بۆ بکرێت. بەڵام ئەگەر بمانەوێ کێشەکە بخەینە سەر مێزی دیالۆگ و لەڕێگەی ئەقڵەوە چارەسەری بۆ کێشەکان بدۆزینەوە، پێویستە قسە لەسەر ڕاستیەکان بکەین. ڕاستی ئەمەیە؛ ئەگەر پەکەکە لەبەر چاو نەگیرێ، ناکرێ باس لەلایەنی کوردی بکەین. ٣٠ ساڵە ئێمە لێرە بە سیاسەتەوە سەرقاڵین. بەرپرسانی ئێستای کۆماری تورکیاش سیاسەت دەکەن. یانی ئەگەر ڕۆژانە جنێو بە پەکەکە بدەن، کێشەکە چارەسەر دەبێ؟ ئێوە دەتانەوێ کێشەکە چارەسەر بکەن، بەڵام ئاوا نابێ.

ـ ئەی چۆن هەنگاوێک پێویستە؟

بۆچی باسی ڕێ و ڕێبازە سیاسیەکان ناکا؟ ڕستەی "با فرمێسکی دایکان ڕابوەستێ" و ڕستەگەلی دیکەی لەو بابەتە کە سەرۆک وەزیر ڕیزی کردن، هەمویان جوان بوون. بەوتنی هەندێک شتی باش، کێشەکە چارەسەر نابێ. ئەگەر حکومەت هەنگاوی بەهەند بەرز نەکاتەوە، ئەوا کۆمەڵێ هێز سەرهەڵدەدەن و هەوڵدەدەن قۆناغەکە بشێوێنن.

ـ ئەو هێزانە کێن کە هەوڵی شێواندنی قۆناغەکە دەدەن؟

ئەو دەوروبەر و لایانانەن کە چارەسەرییان ناوێ... ئەو لایەنانەی لەشەڕی تورکیا سودی ئابوری و سیاسی دەستەبەر دەکەن..

کێشەی کورد و گەمەی بەریتانیا
ـ ئەوانە کوردن یان تورکن؟

بەر لەوەی کورد یان تورک بن، ئەو کەسانەن لەلایەن دەوڵەتەوە ڕێکخراون. ئایا لە نمونەی ئەرگەنەکۆندا نەبینرا؟ بەر لە هەموو شتێک، خۆ هەموو کردەوەکانی ئەرگەنەکۆن لێپرسینەوەیان لەسەر نەکرا. پێموایه بەشێکی بەرچاویان، لەناو خودی دەوڵەتدا درێژە بەمانەوەی خۆیان دەدەن. دەربڕینەکانی مەهەپە و جەهەپە نمونەی ئەم ڕاستیەیە. ئەرگەنەکۆن لەم خاڵەدا، قسەکانی ڕاستن. لەو قسەیەدا کە دەڵێ "دەتانەوێ تەرمی شەهیدەکان بگەڕێتەوە" و مەبەستی ئۆپۆزۆسیۆنە، ڕاست دەکا. هەن ئەو لایەنانەی لەناو بیرۆکراسی دەوڵەتدا لایەنگری لەبەردەوامیی شەڕ دەکەن. یەکێک لەو هۆکارانەی کە تا ئێستا وایکردوە کێشەکە لەسەر پێ بمێنێتەوە و ببێتە ئاستەنگ لەبەردەم چارەسەری، هەر ئەو هەڵسوکەوتەیە.

ئاڵمانیا دژی چارەسەری کێشەکانە
ـ گەلۆ بەهەڵوێستتان سەبارەت بەڕاگرتنی شەڕ، ئالیکار نابن بۆ چەسپاندنی ئەم کەشوهەوایە؟

لەناو هێزەکانی خۆماندا، هەوڵدەدەین ژیانێکی هاوسەنگ و سادەمان هەبێ. لەوانەیە خەرجی ڕۆژانەم نەگاتە دۆلارێکیش. ئەوانەی بازرگانی بەم شەڕەوە دەکەن، تەنیا لە ناوخۆی تورکیا ناژین. لەدەرەوەی تورکیاش هەن. ئەوانەی تا ئێستاش نەیانویستوە کێشەی کورد چارەسەر بێ، هێزە دەرەکییەکان بون. ئەوان پێیان خۆشە ئەم کێشەیە بەردەوام هەبێت و وەک کارتێک دژی تورکیا و وڵاتانی ناوچەکە بەکاری دێنن. ئینگلیزەکان لەو کۆنفرانسەی لە ساڵی ١٩٢١ لە قاهیره بەستیان، ئامانجیان چارەسەرکردنی پرسی کورد نەبوو، بەپێچەوانەوە هەوڵی چارەسەرنەکردنیان دا. هەروەها ئاڵمانیا، فەرەنسا و ئەمریکا دەیانەوێ ئەم کێشەیە بەوڵاتانی ناوچەکەوە بلکێنن. ئەمریکا لەرۆژی ئەمڕۆدا، هەوڵی بچوک کردنەوەی کێشەکە دەدات و نایەوێ کێشەکە بەشێوەیەکی ڕیشەیی چارەسەر ببێ. ئامانجیان لەهەڵپەساردنی ئەم کێشەیە ئەوەیە ڕۆژهەڵاتی ناوین لەژێر کۆنتڕۆڵی خۆیاندا بهێڵنەوە. لەبەر ئەم هۆکارانە ئێمە هاوار دەکەین؛ "وەرن با ئەم کێشەیە پێکەوە چارەسەر بکەین." ڕون و ئاشکرایە کە دەیانەوێ بەشەڕمان بدەن.

ـ ئایا ئەم هێزە دەرەکیانە لە گەڵ ئێوە پەیوەندییان بەست؟

ناوه ناوە بەڵێ. بەڵام نەک بۆ یارمەتیدان و پشتگیریکردن. بۆ نمونە، دژی ئێمە هەڵوێست دەنوێنن و بەوەش ئەو لایەنانە بەهێز دەکەن کە لە تورکیا دژی چارەسەری دەوەستنەوە. لێرەدا دەتوانین ئاماژە بە ئاڵمانیا بکەین. ئاڵمانیا نایەوێ پرسەکە چارەسەر بێ. چونکە ئاڵمانیا زۆر باش دەزانێ ئەگەر کێشەی کورد چارەسەر بێ، ئەوا تورکیا پێش دەکەوێ و دیموکراتیزه دەبێ. لەئەنجامدا، تورکیا لەیەکێتی ئەوروپا وەردەگیرێ. تەنانەت لەوانەشە تورکیا لە ڕۆژهەڵاتی ناوین پێشەنگایەتی یەکێتیەکی دیکە بکات. ئەگەر کێشەی کورد چارەسەر نەکرێ، تورکیا هیچکات دیموکراتیزه نابێ. پێموانییه هێزه نێودەوڵەتیەکان لەگەڵ چارەسەریی ڕیشەیی کێشەکەدا بن.

ــ ئایا بە پێداگریتان لەسەر خەباتی چەکداری، ئەو لایەن و کەسانە بەهێز ناکەن کە دژی چارەسەریین؟

ئێمە پێداگری ناکەین لە سەر خەباتی چەکداری. ئێمە بەشێکین لە ئیرادەی گەلی کورد. شانبەشانی هێزە چەکدارییەکانمان، هێزی سیاسیمان هەیە. ستراتیژی ئێمە بۆ چارەسەری کێشەکان دیالۆگ و شێوازی سیاسیە. لەساڵی (١٩٩٣)وە دەمانەوێ کێشەکان بەمیتۆدی سیاسییانە چارەسەر بکەین. لە ساڵی (١٩٩٩)یشەوە، ڕێبازی پاراستنی ڕەوامان بەکار هێناوه. ڕێبازەکەشمان ئاوایه؛ ئەگەر هێرشم بکەیتە سەر، ئەوا منیش خۆم دەپارێزم. چارەسەریمان دەوێ و تەسلیم نابین. ئەگەر پێکهاتن و دیالۆگێکی دولایەنە دروست ببێ، ئەوا بۆ ئاشتیەکی بەرومەت ئامادەین. لەپێناو دیموکراتیزەبوونی تورکیا و چارەسەر کردنی کێشەی کورد لەسەر بنەمای ئۆتۆنۆمی ئامادەین هەر چەشنە ئاسانکارییەک ئەنجام بدەین.

وتوێژ لەناو کتێبخانەی چیا

لەناو ئەو کتێبخانەیەی سێ کاتژمێر وتوێژمان لەگەڵ موراد قەرەیڵان کرد، مێزێکی تێنیس، تەلەڤزیۆنێک و ژمارەیەکی زۆر کتێب بەزمانی جوراوجۆر هەبوون.

چەند تێبینیەکی سەرنج ڕاکێش لەسەر ئەو وتوێژە

* بەکارهێنانی سیفەتی "بەڕێز" بۆ (رەجەب تەیپ ئەردۆغان) سەرنج ڕاكێش بوو.
* لەو شوێنانەی وشەی "حکومەت"ی بەکار دەهێنا، بەردەوام ڕستەکەی دەگۆڕی و وشەی "دەوڵەت"ی لەجێگە دادەنا.
* لەکاتی وێنەکێشاندا، وەک عەبدوڵڵا ئۆجەلان هەڵسوکەوتی دەکرد.
* بۆ ئەوەی جارجارە کامێراکانی خۆشیان وێنە بگرن، لەناو وتوێژەکەدا ڕوو لەکامێرا تۆنی دەنگی بەرزتر دەکرد و هەوڵی دەدا پەیامەکەی بەهاوڕێیانی بفامێنێ.
* دوای تەواوبونی وتوێژەکە، لە ئێمە دابڕا و بۆ ئەوەی بەدوای ئەودا لەکتێبخانەکە نەڕۆینە دەر، وشیارانە دەیڕوانی.
* ڕەوان دەئاخفی و هەوڵیدەدا ژێست و هەڵسوکەوتەکانی کارتێکەر بن. بەگشتی دەیویست وێنەیەکی دڵسۆزانە نیشان بدا.
* لەپشت ئەو کورسیەی لەسەری دانیشتبوو، جانتایەکی دیپلۆماسی دانابوو. ئەو جانتایەی لەگەڵ خۆیدا دەگێڕا.
* سەبارەت بەروداوەکانی ناوخۆی تورکیا، کۆمەڵێک پرسیاری ئاراستە کردین و هە‌وڵی دا بیرو ڕا ئاڵوگۆڕ بکرێ (بۆ نمونە سەبارەت بە ئەرگەنەکۆن).

مردنی ئۆزال بۆ تورکیا لەدەستچونێکی گەورە بوو
ـ لەم سی ساڵەی ڕابردودا کام دوڵەت پەیوەندی لەگەڵ ئێوەدا هەبووە و یارمەتی ئێوەی داوە؟ ئەمڕۆکە ئەو دەوڵەتانەی لەگەڵ ئێوە ڕوراست نین، کامانەن؟

ئێستا کێ هەیە یارمەتی پەکەکە بدات؟ لەساڵی ١٩٨٥ بەدواوە، ویلایەتە یەکگرتوەکانی ئەمریکا بەبەردەوامی ئالیکاری تورکیای کردوە دژ بە پەکەکە. بەڵام ئەمەشی بۆ بەرژەوەندی تایبەتی خۆی کردووە. دڵنیام ئەگەر ئەمریکا و دەوڵەتەکانی هاوشێوەی نەبوایەن، پرسی کورد لەمێژ بوو چارەسەر کرابوو. ئۆزال بۆچی کوژرا؟ مەرگی ئۆزال بۆ تورکیا لەدەستچونێکی گەورە بوو. دەیویست هەموو کێشەکانی تورکیا چارەسەر بکات بەڵام زلهێزەکانی جیهان بەهۆی ئەوەی چاویان بڕیبوه تورکیا، مۆڵەتیان پێنەدا.

ئێمە پانکاردمان بەرز نەکردۆتەوە
ـ لەدەروازەی خاپور دنەدان هەبوو. ئایا دروشمی "بژی سەرۆک ئاپۆ" و بەرزکردنەوەی پانکارد دنەدان نیه؟

ئەگەر ئەمە کرابێ هەڵەیە. بەڵام بۆ پانکاردەکان لێکۆڵینەوەمان کرد، ئەوە ئیشی ئێمە نەبوو. دیارە هێزه ئەمنیەکانیش خەریکی لێکۆڵینەوەن و تا ئێستا ڕون نەبۆتەوە کێ بەرپرسیارە.

ـ گروپی دیکەش لەڕێدان بۆ گەڕانەوە؟

ئیتر گەلی کورد بە وادە و بەڵێنی فریو نادرێ. بینیمان بەهەزاران کەس لەپاسەکان نزیک دەبونەوە و دەیانویست دەستیان لێ بدەن و ماچیان بکەن. ئەمە تاسەی متمانەیە بە ئاشتی.

ـ باشە لەمیانەی ناردنەوەی ئەو گروپانەدا، ئەنجامدانی میتینگی پێشوازی بەبەشداری دەیان هەزار کەس، پەیامێک نەبوو بۆ ئێوە؟ ئایا مەراسیمی پێشوازی لەدیاربەکر، ناکرێ وەک پەیامێک وەربگێرێ کە چیتر پێویست نییە ئێوە لەچیاکان بمێننەوە؟

بێگومان بۆ ئێمەش هەڵگری پەیام بوو... بەڵام ئاشتی هەوڵێکی دوو لایەنەیە. بەڵگەنەویستە گەلەکەمان ئاشتیەکی بەشەڕەفی دەوێ.

تایبەتمەندیە هاوبەشەکانی چیانشینان
* زمانی قسەکردن (بەزمانە بیانیەکانیشەوە) تورکی و کوردییه.
* جاران لایەنگری یانەی "گالاتا سەرای" بوون، ئێستاش یانەی "دیاربەکر سپۆر"یان خۆش دەوێ.
* بۆ بانگکردنی یەکتری وشەی "هەڤاڵ" بەکار دەهێنن.
* سەرمەشقیان عەبدوڵڵا ئۆجەلانە.
* دوژمنیان عوسمان ئۆجەلانە.
* جلوبەرگیان لەپانتۆڵێک و کەوایەک پێکدێ و پێڵاوی "مەکاپ"یان لە پێیە.
* پێیان وایه "ئونور ئۆیمەن" کەسێکی دڵسۆزه. (لەسەر ئەو بڕوایەن، چی لەدڵ دابێ، دەیهێنێته زمان.)
* لەهەرە گەورەکەیانەوە تا هەرە بچوکەکەیان، ڕستەگەلی هاوبەش بەکار دێنن و لاسایی ئۆجەلان دەکەنەوە.

بۆ ئەوەی لێت تێنەگەن، بەتورکی قسە بکە
ئەو پەکەکەییانەی لەخالی پشکنینی کۆرتەک کە دەروازەی ڕۆیشتنە بۆ قەندیل، کێشک گرن، لە کن بیانییەکان بەتورکی قسە دەکەن بۆ ئەوەی کەس لێیان تێ نەگا.

۱۳۸۸/۰۸/۱۴

لەگەڵ (میت)دا، پلانی گه‌ڕانه‌وه‌مان داڕشت


وتوێژی ڕۆژنامه‌ی (ته‌ڕه‌ف) لەگەڵ نێچیرڤان بارزانی
له‌تورکییه‌وه: سه‌لاحه‌دین بایه‌زیدی

 
نێچیرڤان بارزانی، یه‌کێک له که‌سایه‌تییه‌ سه‌ره‌کییه‌کانی هه‌رێمی کوردستانی عێراق، ئه‌م لێدوانانه‌ی به "ئامبه‌رین زه‌مان" ڕاگه‌یاند؛ په‌كه‌که هه‌ڵه‌یه‌کی گه‌وره‌ی ئه‌نجام دا، به‌ڵام پرۆسه‌ی گه‌ڕانه‌وه بۆ ماڵ به‌رده‌وامه. سه‌رۆک وه‌زیرانی پێشوی کوردستانی عێراق نیچیرڤان بارزانی هاتنه خواری په‌كه‌که‌ی له چیاکان به پرۆژه‌یه‌ک وه‌سف کرد که هیوای لای هه‌موو که‌سێک ئه‌فراندوه. به بیریشی هێنایه‌وه سوپای تورک ناتوانێ له ڕێگه‌ی سه‌ربازییه‌وه، کێشه‌کان چاره‌سه‌ر بکات. ئێمه ئه‌م پڕۆژه‌یه‌مان لەگەڵ ڕاوێژکاری میت، ئه‌مره تانه‌ر پێش خست. به ڕای بارزانی، هه‌ڵوێستی په‌که‌که سه‌باره‌ت به‌ گه‌ڕانه‌وه بۆ ماڵ، تا دوا ڕاده چه‌وت بوو. شێوازگه‌لی دنه‌ده‌ر، زیانیان به پێڤاژۆی چاره‌سه‌ری گه‌یاند و بیانویه‌کی دیکه‌ی دایه ده‌ست ناحه‌زانی ئاشتی. په‌که‌که به خۆنواندن، هه‌ڵه‌یه‌کی مێژویی ئه‌نجامدا، به‌ڵام پڕۆژه‌که‌ به‌رده‌وامه.

له‌میانه‌ی سه‌ردانی مێژویی وه‌زیری کاروباری ده‌ره‌وه‌ی تورکیا ئه‌حمه‌د داودئۆغڵو بۆ هه‌رێمی کوردستانی عێراق که هه‌ینی ڕابردوو کۆتایی پێهات، نێچیرڤان بارزانی یه‌كێک له ناوه گرنگه‌کانی هه‌ڕیمی فیدڕاڵی کورد و سه‌رۆک وه‌زیرانی پێشوو، بۆ ڕۆژنامه‌ی "ته‌ڕه‌ف" دوا. بارزانی وێڕای ئه‌وه‌ی به ئینگلیزییه‌کی ڕه‌وان قسه ده‌کا، له وتوێژه‌که‌ماندا وه‌رگێڕی بەکار هێنا. ناوبراو جه‌ختی له‌سه‌ر ئه‌وه کرده‌وه که قۆناغی گه‌ڕانه‌وه‌ی ئه‌ندامانی په‌که‌که به‌رده‌وام ده‌بێ به‌ڵام ئاماژه‌ی به‌وه‌ش کرد ئه‌و "دوژمنانه" هه‌ن که ده‌یانه‌وێ پێڤاژۆکه لاڕێ بکه‌ن. پرسیارمان کرد "دوژمنه‌كان" کێن، به‌ڵام خۆی له ورده‌کارییه‌کان دزییه‌وه. به گوێره‌ی ئه‌و سه‌رچاوانه‌ی له نزیکه‌وه قۆناغه‌که ده‌شۆپێنن، له ناو په‌که‌که‌دا مشتومڕی زۆر توند سه‌باره‌ت به‌و ڕوداوانه له ئارا دایه.

بۆ یه‌که‌مجار له مێژوی کۆماری تورکیادا، وه‌زیرێکی ده‌ره‌وه‌ی ئه‌و وڵاته پێی نایه ناو خاکی کوردستانی عێراقه‌وه. له په‌نا ئاڵای کوردستانی عێراق په‌یامی دۆستایه‌تی ڕاگه‌یاند. به‌ڕای ئێوه، ڕۆڵی پارتی دادو گه‌شه‌پێدان له‌م هه‌وڵه مێژوییانه‌دا چیه؟ ڕۆڵی له به‌هێزکردنی سیاسه‌تی سڤیل له تورکیا چییه؟

به‌ر له هه‌موو شتێک، ئه‌م هه‌نگاوانه‌ی تورکیا جێبه‌جێی کردون، به لای ئێمه‌وه گرنگ و هیوابه‌خشه و پێمان وایه ئه‌مانه ئاماژه‌ن بۆ سه‌ره‌تای گۆڕانێکی ڕیشه‌یی. گومانی تێدا نییه ده‌سپێکردنی ئه‌م سیاسه‌ته به هه‌وڵی هه‌ر یه‌که له به‌ڕێز سه‌رۆک ڕه‌جه‌ب ته‌یپ ئه‌ردۆگان و به‌ڕێز سه‌رۆککۆمار عه‌بدوڵڵا گویل هاتۆته ئاراوه. به‌ڵام ئه‌گه‌ر دورتر لێی بڕوانین، ده‌بینین ئه‌مه به ته‌نیا سیاسه‌تی حکومه‌ت نیه، به‌ڵکه سیاسه‌تی ده‌وڵه‌تیشه. به ته‌نیا وه‌ک سیاسه‌تی حزبێک سه‌یری ناکه‌ین. به‌ڕای ئێمه، ئه‌مه سیاسه‌تێکی ڕاسته بۆ چاره‌سه‌رکردنی کێشه‌یه‌ک که ماوه‌یه‌کی درێژه له سه‌ر یه‌ک که‌ڵه‌كه بووه. ئاواته‌خوازین نه‌ته‌وه‌ی تورکیش داخوازی له سه‌ر بێت و کێشه‌که به‌ره‌و چاره‌سه‌ری بچێ. پێمانوایه هه‌موو که‌س و لایه‌نێک پشتگیری له‌م سیاسه‌ته ده‌کا. به‌تایبه‌ت سه‌رۆک ئه‌ردۆگان، به‌رپرسیاریه‌تیه‌کی گه‌وره‌ی گرته ئه‌ستۆ، پێویسته گشت داموده‌زگاکان پشتگیری لێ بکه‌ن.

باشه به‌ڕای ئێوه، ئه‌م پشتگیرییه به‌دی ده‌کرێ؟

گۆڕان ئاسان نیه. گۆڕان، دوژمنی زۆره. له‌وانه‌یه‌ که‌سانێک ده‌ربکه‌ون که بیانه‌وێ به لاڕێیدا به‌رن، به‌ڵام ئه‌وانه‌ی شایانی سیفه‌تی "سه‌رۆک‌"ن، ده‌توانن پێشه‌نگایه‌تی گۆڕان بکه‌ن و گۆڕان بچه‌سپێنن. خاڵی گرنگ، ده‌رئه‌نجامه. جگه له‌مه‌ به خه‌یاڵدا نایه‌ت کێشه‌کان له شه‌وو ڕۆژێکدا چاره‌سه‌ر ببن. ئه‌نجامدانی هه‌ندێک شت بۆ نه‌ته‌وه‌یه‌ک که هه‌شتا ساڵه حسابی بۆ ناکرێت، وه‌ختی پێویسته. ده‌بێ هه‌مو لایه‌نێک ڕاست بین بن.

به‌ڕای ئێوه هێزه چه‌کداره‌کانی تورک له کوێی ئه‌م قۆناغه‌ دان؟ ئه‌گه‌ر ئه‌وان په‌سندیان نه‌کردبا، ئایا به‌م ڕۆژه ده‌گه‌یشتین؟ پێتان وایه پشتگیری له کرانه‌وه به ڕوی کورددا ده‌که‌ن؟

له سه‌ر ئه‌و بڕوایه‌م سوپا گه‌یشتۆته ئه‌و قه‌ناعه‌ته‌ی پشتگیری لێ بکه‌ن. ئه‌گه‌ر هه‌مووشیان وا نه‌بن، ئه‌وا تاقمێکی گرنگی ناو سوپا به‌مجۆره بیر ده‌کاته‌وه. به شێوه‌یه‌کی ئاسایی ڕوبه‌ڕوی دروستبونی ئه‌م قه‌ناعه‌ته ده‌بمه‌وه، چونکه هیچ که‌سێک له‌مڕوه‌وه، هێنده‌ی سوپا ئه‌زمونی نییه. ئایا ئه‌م کێشانه به شێوازی سه‌ربازی چاره‌سه‌ر ده‌بن یاخود نا؟ به‌ڕای ئێمه ئیتر سوپا ڕوبه‌ڕوی ئه‌م پرسیاره بونه‌ته‌وه؛ "٢٥ ساڵ هه‌وڵمان دا له ڕێگه‌ی ته‌گبیری سه‌ربازییه‌وه ئه‌م کێشه‌یه چاره‌سه‌ر بکه‌ین. گه‌لۆ تیایدا سه‌رکه‌وتین؟" پێموایه سوپا له تورکیا، تێگه‌یشت که له پێناو داهاتوویه‌کی گه‌ش له‌و وڵاته ئێتر ئه‌م پرسه ده‌بێ چاره‌سه‌ر بکرێ.

په‌یوه‌ندیتان لەگەڵ هێزه چه‌کداره‌کانی تورک زۆر پته‌و بووه. ئایا له نزیکه‌وه ده‌یانناسن...

به‌ڵێ، ئێمه و تورکیا پێکه‌وه ئه‌زمونێکمان وه‌رگرت. به‌تایبه‌ت لەگەڵ سوپای تورکیا. بۆمان ده‌رکه‌وت ئه‌م پرسه ته‌نیا به شێوازی سه‌ربازی چاره‌سه‌ر نابێت. ده‌بێ بزانرێ ئێمه هیچ بوێرییه‌کمان نییه سه‌باره‌ت به ده‌ستێوه‌ردان له کاروباره ناوخۆییه‌کانی تورکیا. ڕۆڵی ئێمه ئه‌وه‌یه پشتگیری له‌م پڕۆژه‌ گه‌وره‌یه بکه‌ین که لای هه‌مو که‌سێ بۆته مایه‌ی هیوا. بێگومان سه‌باره‌ت به‌م بابه‌ته لەگەڵ تورکیا له ڕێککه‌وتن داین و به‌رده‌وام زانیاری ئاڵوگۆڕ ده‌که‌ین. لەگەڵ ده‌سپێکردنی ئه‌م پڕۆژه‌یه، لەگەڵ میت و سه‌رۆکی میت ئه‌مره تانه‌ر زۆرمان قسه له سه‌ر پڕۆژه‌که کردووه و هه‌وڵمان داوه گه‌شه‌ی پێ بده‌ین. به‌ڵام ئه‌مه نایه‌ته مانای ده‌ست تێوه‌ردان له کاروباری ناوخۆی تورکیا. ئێمه له‌م قۆناغه‌دا، ئالیکاری له ڕێگه‌ی سیاسه‌تی لۆژیکانه به ئه‌رکی خۆمان ده‌زانین.

ئه‌و مه‌سه‌له‌یه‌ی ئه‌مڕۆ له تورکیا له هه‌موو شتێک زیاتر لای خه‌ڵک مه‌راقی دروست کردوه، کاردانه‌وه‌ی به‌شێک له کۆمه‌ڵگەیه دوابه‌دوای گه‌ڕانه‌وه‌ی دوو گروپه‌که‌ و هه‌روه‌ها ئه‌وه‌ی که ئایا ئه‌م گه‌ڕانه‌وانه‌ی په‌که‌كه به‌رده‌وام ده‌بێ یان نا. گه‌لۆ به‌رده‌وام ده‌بێ؟

پێش هه‌موو شتێ ده‌بێ ڕونی بکه‌مه‌وه، خۆنواندنی په‌که‌که پاش گه‌ڕانه‌وه بۆ ماڵه‌وه‌یان، تا دوا ڕاده چه‌وت بوو. شێوازی دنه‌ده‌ر، به‌ڕای ئێمه زیانی به پێڤاژۆی چاره‌سه‌ری گه‌یاند. پێویست ڕاستیه‌کان ببینین، ئه‌م پڕۆژه‌یه دوژمنیشی زۆره. هه‌م له تورکیا و هه‌م له ناوخۆی په‌که‌که‌ و هه‌م له‌ناو وڵاتانی جیراندا. له هه‌موو شوێنێک دوژمنی هه‌یه.

یانی پێتان وایه مه‌ترسییه‌کانی له‌باربردنی ئه‌م قۆناغه هێشتاش له ئارا دایه؟

هه‌ڵبه‌ت مه‌ترسییه‌کان به‌رده‌وامن. بۆیه ده‌بێ خۆمان له‌و جموجوڵانه به‌دوور بگرین که مه‌ترسیه‌کان خورت تر ده‌که‌ن. نابێ بیانو بده‌ینه ده‌ست دوژمنان. هه‌ڵوێستی خۆنواندنی په‌كه‌که له کاتی گه‌ڕانه‌وه بۆ ماڵ، بیانوی دایه ده‌ست دوژمنان. خاتو ئامبه‌رین، باشتره به‌مجۆره بۆتان شی بکه‌مه‌وه. که ده‌ته‌وێ پرسێک چاره‌سه‌ر بکه‌ی، دوو هه‌ڵسوکه‌وت و شێوازی جیاواز دێنه گۆڕێ. هه‌ندێکجار ته‌نیا گرنگی به خۆنواندن و ڕۆاڵه‌ت ده‌درێ و کاكڵی مه‌سه‌له‌که له بیر ده‌کرێ. به‌داخه‌وه په‌که‌که‌ییه‌کان زیاتر گرنگیان به خۆنواندن دا. به‌ڕای من، هه‌ڵه‌یه‌کی مێژوییان ئه‌نجام دا. پێویسته گشتمان پشتگیری له‌م پڕۆژه‌یه‌ بکه‌ین.

کاربه‌ده‌ستانی تورک به‌گوێره‌ی ئه‌و لێدوانانه‌ی به ئێمه‌ی ڕاده‌گه‌یه‌نن، بانگه‌شه ده‌که‌ن ده‌سپێشخه‌ری گه‌ڕانه‌وه له ده‌ست ده‌وڵه‌ت و کۆماری تورکیا دایه. به‌ڕای ئێوه ده‌کرێ ئه‌مه پێناسه‌یه‌کی ڕاسته‌قینه‌ی قۆناغه‌که بێ؟

منیش پێموایه ئه‌مه ڕاسته. ده‌وڵه‌ت تورکیایه، حکومه‌ت تورکیایه و ئه‌وه‌ی بڕیاریش ده‌دا، هه‌ر تورکیایه. په‌که‌که ده‌بێ سود له‌م ده‌رفه‌ته وه‌ربگرێ.

به بۆچونی ئێوه، په‌که‌که بۆ ئاشتی ئاماده‌یه‌؟

پرسیارێکی زۆر گرنگه. به بۆچونی من، له ناو په‌که‌که‌شدا نه‌رینی جیاواز هه‌یه، لێ به‌شی هه‌ره زۆری بۆ ئاشتی ئاماده‌یه.

تۆ بڵێی گه‌ڕانه‌وه به‌رده‌وام بێ؟

به بۆچونی من، ئه‌م پڕۆژه‌یه به‌رده‌وام ده‌بێ. سه‌ره‌تا پێویسته له که‌مپی مه‌خموره‌وه ده‌ست پێبکرێ. خه‌ڵکی ئه‌وێ، هه‌موویان هاووڵاتی کۆماری تورکیان. قایل کردنی ئه‌وان بۆ گه‌ڕانه‌وه، زۆر ئاسان تره. له‌وانه‌وه ده‌کرێ باشتر تێبگه‌ین که هه‌ر دو لایه‌ن بۆ چاره‌سه‌ری کێشه‌که ئاماده‌ن.

کاربه‌ده‌ستانی تورک له‌م گه‌شته‌یاندا، به ئێوه و به‌تایبه‌ت به به‌ڕێز مه‌سعود بارزانیان ڕاگه‌یاند سه‌باره‌ت به چاره‌سه‌رکردنی پرسی په‌که‌که، هه‌م خاوه‌ن بڕیارن و هه‌میش دروستکارن. هه‌روه‌ها ئه‌وه‌شیان نه‌شارده‌وه که له ڕوی لۆژستیکیه‌وه به گوێره‌ی پێویست په‌که‌که ته‌نگاو ناکه‌ن.

ئێمه به‌رپرسی جموجوڵه‌کانی په‌که‌که نین. چیمان له ده‌ست بێت، ده‌یکه‌ین بۆ ئه‌وه‌ی په‌که‌که زیان به تورکیا نه‌گه‌یه‌نێ. وه‌ک ئێوه‌ش ده‌زانن گه‌یشتن به چیاکان ئه‌سته‌مه و ئه‌وان له ناوچه‌یه‌ک ده‌ژین که جوگرافیایه‌کی توش و دژواری هه‌یه. زۆر زه‌حمه‌ته له‌وێ ده‌ربکرێن و ناوچه‌که‌ بخرێته ژێر کۆنتڕۆڵه‌وه.
ئێمه لەگەڵ سوپای تورکیا ساڵانێکی زۆر هه‌وڵماندا له‌وێ ڕاویان بنێین، ئه‌نجامیش له به‌ر چاوانه.

په‌یوه‌ندییه‌کانتان لەگەڵ تورکیا به‌رزی و نزمییه‌کی زۆری به‌خۆیه‌وه بینیوه. به‌ڵام تورکیا، دوابه‌دوای شه‌ڕی یه‌که‌می که‌نداو، ڕێگه‌ی به دامه‌زراندنی هێزی چه‌کوش دا له بنکه‌ی ئه‌نجه‌رلیک و به ساڵان ئێوه‌ی له به‌رامبه‌ر سه‌دام حسێن پاراست. ئایا کشانه‌وه‌ی هێزه‌کانی ئه‌مریکا نیگه‌رانتان ده‌کا؟ ئایا جارێکی دیکه له پێناو دابینکردنی ئاسایش ڕو له تورکیا ده‌که‌ن؟

ئێمه له دوایین داخویانیه‌کانی سه‌رۆک ئۆباما به‌م ده‌رئه‌نجامانه گه‌یشتین. هه‌تا ئاسایش به‌ته‌واوی له‌عێراق سه‌قامگیر نه‌بێ، ئه‌مریکا درێژه به پاراستنی ئاسایشی عێراق ده‌دا. به‌بۆچونی من، عێراق بۆ ماوه‌یه‌کی دور و درێژ هه‌روا پێویستی به ئه‌مریکا ده‌بێ.

بۆچی؟ هه‌ندێک له عێراقیه‌کان ڕایان وایه هۆکاری سه‌ره‌کیی ناسه‌قامگیری له عێراق، بونی سه‌ربازی ویلایه‌ته یه‌کگرتوه‌کانی ئه‌مریکایه.

عێراق ناتوانێ ئاسایشی خۆی بپارێزێ. کێشه‌ی سه‌ره‌کیی، له متمانه‌ی له‌ڕاده‌به‌ده‌ری هاوڕێیانمان له به‌غداوه سه‌رچاوه ده‌گرێ. ده‌بێ واقع بینانه نزیکی پرسی ئاسایش ببینه‌وه. له‌م ڕوه‌وه، تورکیا چ ڕۆڵێکی ده‌که‌وێته ئه‌ستۆ؟ به بۆچونی من، تورکیا وه‌ک وڵاتێکی ده‌ره‌کی، ڕۆڵێکی چێکه‌ری بینی. بێگومان ده‌توانێ درێژه‌ به‌م ڕۆڵه‌ی بدات. هه‌ر چی بێ، خۆ ئێمه وه‌ک ساڵانی نه‌وه‌ده‌کان کێشه‌کانی ئاسایش پێناسه‌ ناکه‌ین. هاوسه‌نگییه‌کانی ناوچه‌که و پێکهاته‌ی ئاسایشی گۆڕانێکی زۆریان به‌سه‌ردا هاتوه.

یانی چیتر ئه‌نجه‌رلیک بۆ پاراستنی ئێوه گرنگ نییه؟

بۆ ئێمه نه‌خێر. خۆمان ده‌توانین ئاسایشی خۆمان بپارێزین. بێگومان گرنگی ده‌ده‌ین به پته‌وبونی په‌یوه‌ندییه‌کانمان لەگەڵ وڵاتانی ناوچه‌که‌دا...

به‌ ساڵان خه‌یاڵی کوردستانێکی سه‌ربه‌خۆ ژیان. به‌ڵام ئه‌وه پێنج ساڵه له سه‌ر بنه‌مای ده‌ستوری بنه‌ڕه‌تی عێراق و له چوارچێوه‌ی پێکهاته‌یه‌کی فیدڕاڵیدا، درێژه به بوونی خۆتان ده‌ده‌ن. جه‌لال تاڵه‌بانی سه‌رۆککۆماری عێراق، کورده. وشیار زێباریی وه‌زیری کاروباری ده‌ره‌وه‌ش هه‌روا. ئایا به‌و بڕوایه گه‌یشتون له داهاتوودا، وه‌ک به‌شێک له عێراق بمێننه‌وه؟

ئه‌و عێراقه‌ی ئێستا له ناویدا ده‌ژین، عێراقێکه ده‌کرێ تیایدا چاوه‌ڕوانی هه‌مو شتێک بین.

مه‌به‌ستتان لایه‌نه پۆزه‌تیڤه‌که‌یه‌تی؟

ئێمه پێمان وایه هه‌لومه‌رجی هه‌نوکه‌یی عێراق نائاساییه.

چۆن یانی؟
تا ئێستا عێراق وه‌ک وڵاتێک نه‌هاتۆته‌وه سه‌ر خۆ. ئه‌و خاڵه‌ی به لای ئێمه‌وه گرنگه، ئه‌وه‌یه پاشاگه‌ردانیی عێراق ڕوو نه‌کاته ئێره. مانه‌وه‌ی ئێمه‌ش لەگەڵ‌ عێراق، په‌یوه‌ندی به ڕێزگرتن له خاڵه‌کانی ده‌ستوری بنه‌ڕه‌تی ئێستا (داننان به پێکهاته‌ی فیدڕالی) هه‌یه. عێراق چ قازانجێکی بۆ ئێمه هه‌بووه؟ پێنج هه‌زار گوندمان کاول کرا و سوتێنرا، نزیکه‌ی دوو سه‌د هه‌زار که‌سمان بێ سه‌رو شوێن کرا. به‌رده‌وام ڕوبه‌روی چه‌ک و مه‌رگ بووینه‌وه. له به‌ر ئه‌مه، یه‌کێتی عێراق ته‌نیا به دروشمی مایه پوچ نایه‌ته دی. ئێمه به هاوڕێیانی به‌غدامان گوت "یان ده‌ستوری بنه‌ڕه‌‌تی جێبه‌جێ بکه‌ن، یا ئه‌وه‌تا خۆمان ڕێگه‌ی خۆمان دیاری ده‌که‌ین."

کێشه‌ی سه‌ره‌کیی نێوانتان، ستاتۆی که‌رکوک نییه؟
که‌رکوک بیانووه. سه‌رنجێک بده‌نه قسه‌کانی سه‌رۆک وه‌زیر مالیکی. ناوه ناوه ده‌ڵێ "ده‌ستوری بنچینه‌یی ده‌گۆڕین". یاسای بنچینه‌یی ئێستای عێراق، ٨٠%ی ده‌نگه‌کانی پێدراوه. خاڵی گرنگ ئه‌قڵیه‌ت و هه‌ڵسوکه‌وته. ئایا عێراق ده‌یه‌وێ له سه‌ر پره‌نسیپ و بنه‌ماکانی دیموکراسی، فیدڕاڵی و فره‌یی به‌ڕێوه بڕوات؟ ئه‌گه‌ر وابێ ده‌توانین پێکه‌وه بژین.

به‌ڵام دیسانیش که‌رکوک پرسێکی گرنگه. زۆر پسپۆڕی ڕۆژئاوا پێیان وایه له که‌رکوک شه‌ڕی کورد و عه‌ره‌ب هه‌ڵده‌گیرسێ.

که‌رکوک بیانووه. پرسێکی هێنده گرنگ نییه. بیانویه‌که بۆ ئه‌وه‌ی خۆیان له هه‌ڵبژاردن بدزنه‌وه. بۆچی که‌رکوک جیا ده‌کرێته‌وه؟ ئه‌گه‌ر کێشه له پێکهاته‌ی دانیشتوانیدا هه‌یه، ئه‌ی بۆچی ناوچه‌کانی دی ناخرێته ڕۆژه‌ڤه‌وه که ده‌ست تێوه‌ردان له پێکهاته‌ی دانیشتوانیدا ده‌کرێ؟ ئێمه له پێناو چاره‌سه‌رکردنی کێشه‌ی که‌رکوک، هه‌مو جۆره جه‌ساره‌تێکمان نیشان داوه.

کورده‌کان به‌شداری ئه‌و هه‌ڵبژاردنه ده‌بن که پێشبینی ده‌کرێ ١٦ی ژانویه‌ ئه‌نجام بدرێ؟

ئێمه سه‌باره‌ت به به‌شداری له هه‌ڵبژاردنه‌کان هێشتا بڕیارێکی ڕونمان نه‌داوه. دیاره به هیچ شێوه‌یه‌ک په‌سند ناکه‌ین که‌رکوک گرێ بدرێت به مامه‌ڵه‌یه‌کی "تایبه‌ت"ه‌وه.

له کۆتاییدا، ده‌مه‌وێ بپرسم؛ پاش چه‌ندین ساڵ تێکۆشان له سه‌ر چیاکان، دواجار ئێوه‌ی کورد شارنشین بوون. له‌چیاکان دابڕاون و له شاره مودێرنه‌کان، له چوارچێوه‌ی دیواره چیمه‌نتۆکاندا ده‌ژین. پێتان وا نییه شتێک له ڕۆح و پاکبوونتان که‌م بۆته‌وه؟

ئه‌و تێکۆشانه‌ی له‌ شاخ ئه‌نجاممان دا، بۆ ئه‌وه بوو ئه‌مڕۆ ببینین. بۆ ئه‌وه‌ی له ناو گه‌له‌که‌ماندا بین. ئه‌مه ئامانجی هه‌ره گرنگی ئێمه بوو. به‌ڵام ئه‌وه نایه‌ته واتای فه‌رامۆشکردنی خه‌باتی ڕابردومان. ئێستا جار جاره بۆ نوێکردنه‌وه‌ی بیره‌وه‌رییه‌کانی ئه‌و ڕۆژانه، وێڕای هاوڕێیانم ده‌چمه شاخ. هه‌ندێکجار پێنج شه‌و و ڕۆژ له شاخ ده‌مێنمه‌وه. چه‌ندین کاتژمێر ڕێ ده‌پێوم. لەگەڵ خه‌ڵکدا ده‌ئاخفم و بیره‌وه‌رییه‌کانی تێکۆشانی ئه‌وان ڕۆژان لەگەڵ خه‌ڵکدا ده‌ژێنمه‌وه. هه‌لومه‌رجه‌کان گۆڕان، به‌ڵام ڕۆحمان قه‌ت نه‌گۆڕا.

نێچیرڤان بارزانی کێیه؟
نیچیرڤان بارزانی که پۆستی سه‌رۆکایه‌تی حکومه‌تی هه‌رێمی ڕاده‌ستی یه‌کێتی نیشتمانی کوردستان و به‌رهه‌م ساڵح کرد، یه‌کێکه له سه‌رۆکه هه‌ر گرنگ و کاریگه‌ره‌کانی جوڵانه‌وه‌ی کورد له عێراق. به که‌سێکی ژیر، بوێر، تێکۆشه‌رو تا دوا ڕاده پراگماتیک ناسراوه. نێچیرڤان که دێته واتای "راوکه‌ر"، ساڵی ١٩٦٦ لەدایک بووه و به‌شێکی گرنگی ژیانی لەگەڵ مه‌لا مسته‌فای باپیری له تاراوگه و له ئێران به‌سه‌ر بردوه. له ته‌مه‌نی لاویدا شانبه‌شانی ئیدریسی باوکی سیاسه‌تی به‌ڕێوه بردووه و زۆر به خێرایی له ناو پارتی دیموکراتی کوردستاندا به‌ره‌و پێش چووه. بارزانی له ئێران زانستی سیاسی خوێندوه و له ئه‌مریکا کۆتایی پێهێناوه، لەگەڵ "نه‌بیله"ی کچی مه‌سعود بارزانی سه‌رۆکی پارتی دیموکراتی کوردستان و له هه‌مانکاتدا ئامۆزاکه‌ی زه‌ماوه‌ندی کردووه. ده‌گوترێ له داهاتودا بۆ به ده‌سته‌وه‌گرتنی پارتی دیموکراتی کوردستان، ته‌نها ڕکابه‌ری هه‌میسان کوڕی مه‌سعود بارزانی، "مه‌سرور" ده‌بێ که ئێستا به‌رپرسی ده‌زگای "زانیاری"یه.

۱۳۸۸/۰۷/۰۱

وتوێژی ڕۆژنامەی "تەڕەف" لەگەڵ شڤان پەروەر


 له‌تورکییه‌وه: سه‌لاحه‌دین بایه‌زیدی

بۆچی شڤان په‌روه‌ر

کێشه‌ کۆمه‌ڵایه‌تیه‌کان، ئه‌و کێشانه‌ن له‌ناوخۆیاندا حیکایه‌تی زۆر له مرۆڤه‌کان و به گشتیش درامای مرۆ هه‌ڵده‌گرن. هه‌ندێکجار که ده‌ڕوانینه ئه‌و کێشه گه‌ورانه، له‌ناویاندا به نه‌بینینی "مرۆڤ"، ڕوبه‌ڕوی ئاسته‌نگی ده‌بینه‌وه. ده‌توانم بڵێم شڤان په‌روه‌ر، گۆرانیبێژی هه‌ره پێشه‌نگی کورده. کورده‌کان به‌ ده‌یان ‌ساڵه به سه‌رسامیه‌وه گوێ له ئاواز و گۆرانییه‌کانی ده‌گرن. ئه‌م هونه‌رمه‌نده گه‌وره‌یه ٣٤ ساڵی ڕه‌به‌قه، دوور له‌ وڵاته‌که‌ی، دوور له زێد و که‌س و کاره‌که‌ی، له مه‌نفا ده‌ژی. له‌وانه‌یه "کرانه‌وه به‌ڕوی کورد" له‌مدواییانه‌دا، ئه‌و له ئاڵمانیاوه بگه‌ڕێنێته‌وه بۆ وڵاته‌که‌ی. یه‌که‌مین ئاماژه‌ش بۆ ئه‌مه، له‌لایه‌ن ئه‌ردۆگانه‌وه درا. ئه‌ردۆگان له قسه‌کانیدا له دیاربه‌کر، سه‌باره‌ت به کرانه‌وه‌ی به‌ڕووی کورددا گوتی؛ تورکیا نه‌یتوانی  لەگەڵ مێژوی خۆیدا ئاشت بێته‌وه. زۆر شڤان و جوان له دایکیان دابڕان." شڤان په‌روه‌ر له ئه‌نقه‌ره بۆته ناوێکی سه‌مبۆلیک له پڕۆسه‌ی کرانه‌وه به‌ڕووی کورددا. له ئه‌نیستیتۆی کورد له پاریس، قسه‌مان له سه‌ر سه‌ربورده تایبه‌تیه‌کانی، پرسی کورد و کرانه‌وه به‌ڕوی کورددا کرد.

* * *
نه‌شه‌ دوزه‌‌ل: چه‌ند ساڵه له مه‌نفا ده‌ژی؟
شڤان په‌روه‌ر: سی و چوار ساڵه دور له وڵاته‌که‌م ده‌ژیم. یه‌که‌مجار ساڵی ١٩٧٦ هاتمه ئاڵمانیا. سی و چوار ساڵه هه‌موو کون و قوژبنێکی جیهان ده‌گه‌ڕێم به‌ڵام ناتوانم بگه‌ڕێمه‌وه زێده‌که‌م.

بۆچی ڕووتان له مه‌نفا کرد؟
گۆرانی کوردیم ده‌گوت. یاساکانی تورکیاش، نکۆڵیان له بوونی کورد ده‌کرد. ناسنامه‌ی کورد قه‌ده‌غه بوو. من له‌وه‌ها فه‌زایه‌کدا هه‌ستامه سه‌ر پێ و گۆرانیم بۆ کوردستان گوت. خودایه هاوار! ئه‌مه له‌به‌رکردنی کراسێک بوو له ئاگر! شتێک بوو به هیچ جۆرێک ده‌وڵه‌ت بۆی دانه‌ده‌قورتا! ئه‌وکات له ئه‌نقه‌ره، خوێندکاری زانکۆ بوم. له ئه‌سته‌نبوڵ و زانکۆی ته‌کنیکی ڕۆژهه‌ڵاتی ناوین له ئه‌نقه‌ره کۆنسێرتم به‌ڕێوه ده‌برد. له هه‌موو شوێنێ به‌دوامه‌وه بوون به‌ڵام هه‌ڤاڵانم زۆر باش منیان ده‌شارده‌وه.

ئه‌وان ساڵان زمانی کوردی قه‌ده‌غه بوو؟ گه‌لۆ زمانی کوردی پاش کوده‌تای ساڵی ١٩٨٠ قه‌ده‌غه کرا؟
له‌ده‌رباری به‌گ و پاشاکان ده‌کرا گۆرانی ئه‌وینداری بڵێی. ده‌نگبێژه‌کان، چه‌ندین کاتژمێر له سه‌ر یه‌ک، گۆڕانی کوردیان بۆ ده‌گوتن و به‌یت و باوی کوردیان بۆ ده‌گێڕانه‌وه. هیچ که‌س دژی ئه‌وه نه‌بوو له‌ملاو له‌ولا گۆرانی کوردی له‌سه‌ر قۆناغه لاوازو به‌له‌نگازه‌کان بگوترێ. ده‌یانگوت "گۆرانیه‌کی کوردییه له به‌ری کردوه و ده‌یڵێته‌وه." به‌ڵام ئه‌گه‌ر له گۆرانییه‌کاندا، واقعه کۆمه‌ڵایه‌تییه‌کانی ژیانی کورد، ته‌نگ و چه‌ڵه‌مه‌کان ڕاشکاوانه هاتبانه سه‌ر زمان، ده‌وڵه‌تت له به‌رامبه‌ر خۆتدا ده‌بینی. ده‌وڵه‌ت خێرا ئه‌و ده‌نگه‌ی کپ ده‌کرد. له سه‌ر ئه‌مه چه‌ندین جار قۆڵبه‌ست کرام. هیچ ڕێگه‌یه‌کم له به‌رده‌مدا نه‌مابوو جگه له دوورکه‌وتنه‌وه له وڵات.

ئێوه له ناو کورده‌کاندا زۆر له پێشه‌وه‌ن. ده‌توانین بڵێین گۆرانیبێژی هه‌ره پێشه‌نگی کوردن. به‌ڵام تورکه‌کان تازه به تازه ده‌تانناسن. ته‌نانه‌ت زۆربه‌یان نازانن گۆرانی "جانێ جانێ" هی ئێوه‌یه. ئایا هۆکاره‌که‌ی ته‌نیا ده‌گه‌ڕێته‌وه بۆ ئه‌وه‌ی که کوردن؟
جارێکیان، من به گۆرانیبێژێکی ناسراوی تورک ده‌ناسێنن و ده‌ڵێن "شڤان په‌روه‌ر مامۆستای ئێمه‌یه". پێیان ده‌ڵێ "ببوورن نایناسم." کاتێکیش که پێی ده‌ڵێن "خۆ ئێوه له سه‌رجه‌م کۆنسێرته‌کانتاندا گۆرانی جانێ جانێ ده‌ڵێنه‌وه"، ده‌بێژێ "ئاااا، من هه‌میشه گۆرانی جانێ جانێ ده‌چڕم. گۆرانیه‌که هی ئه‌وه؟" ئه‌وه‌ی ڕاستی بێت، ئاڵمانه‌کان له‌تورکه‌کان باشتر من ده‌ناسن. چونکه له‌ناو ئاڵمانه‌کاندا ئازادانه گۆرانی ده‌ڵێم.  لەگەڵ گۆرانی بێژه‌کانیان کۆنسێرت پێشکه‌ش ده‌که‌م. ئه‌وان، من وه‌ک هونه‌رمه‌ندێک ده‌ناسن و ڕێز له هونه‌ره‌که‌م ده‌گرن. واز له‌وه بێنن من بۆ گه‌لی تورک گۆرانی ناڵێم و گه‌لی تورک من ناناسێ، ئێمه ته‌نانه‌ت ڕووبه‌ڕوی هونه‌رمه‌ندانی تورکیش نابینه‌وه.

بۆچی؟
هونه‌رمه‌نده تورکه‌کان له‌وه ده‌ترسێن له هونه‌رمه‌نده کورده‌کان نزیک ببنه‌وه. چونکه هونه‌رمه‌ندانی تورکیش به چاوی ده‌وڵه‌ته‌وه له کورده‌کان ده‌ڕوانن. ده‌وڵه‌ت به‌رده‌وام به‌چاوی سووکه‌وه سه‌یری کورده‌کانی کردووه و وه‌ک تیرۆریست و جیاخواز مامه‌ڵه‌ی ده‌گه‌ڵدا کردون....

به‌ڵێ....
هونه‌رمه‌نده تورکه‌کانیش، پێیان وایه ئه‌گه‌ر شانبه‌شانی ئێمه ده‌رکه‌ونه پێش چاوی خه‌ڵک، پێگه کۆمه‌ڵایه‌تی و مادیه‌که‌یان زیانی پێده‌گات و ناوبانگیان ده‌زڕێت. با هه‌ڤاڵێکی هونه‌رمه‌ندی تورکمان به نمونه بێنینه‌وه؛ زولفو لیوانئه‌لی... گۆرانی خۆش خۆشی هه‌ن، هونه‌ره‌که‌ی ڕێزی لێده‌گیرێ، وتاری جوان و به پێز ده‌نوسێ، که له ته‌کیا داده‌نیشی زۆر قسه خۆشه، به‌ڵام ده‌چێ له پێناو دۆستایه‌تی تورک ــ یۆناندا  لەگەڵ ماریا فاراندوری و میکیس تئۆدۆراکیس گۆرانی ده‌ڵێ. سه‌ره‌ڕای ئه‌وه‌ی هه‌موومان ده‌زانین له‌م وڵاته‌دا کورد و تورک یه‌کتری ده‌کوژن. ئه‌ی دۆستایه‌تی و برایه‌تی ئه‌مانه چی به‌سه‌ر دێ؟ له تورکیا نه‌ته‌وه‌یه‌کی مه‌زن به ناوی کورد هه‌یه که ژماره‌یان ده‌گاته بیست ـ سی میلیۆن.

ئێوه ئاماده‌ن  لەگەڵ زولفو لیوانئه‌لی گۆرانی بڵێن؟
بۆچی نا. ئێمه ڕۆڵه‌ی یه‌ک شوێن و یه‌ک وڵاتین.

باشه قه‌ت پێشنیارتان به هونه‌رمه‌ندێکی تورک کردووه پێکه‌وه گۆرانی بڵێن؟
هیچ هونه‌رمه‌ندێکی تورک ئه‌و جه‌ساره‌ته له خۆی نیشان نادا. ئه‌وان هه‌ر هه‌موویان وه‌ها به په‌روه‌رده‌ی فه‌رمی گۆش کراون، وه‌ها ڕوانگه‌ی فه‌رمی ده‌وڵه‌تیان هه‌زم کردوه، که ئه‌و جه‌ساره‌ته‌یان نییه. چونکه ئایدیۆلۆژیای فه‌رمی ده‌وڵه‌ت، باندۆڕی له سه‌ر ئه‌وانیش داناوه. ئه‌وانیش به چاوی سوکه‌وه سه‌یری کورده‌کانیان کرد. هه‌روه‌ها ئه‌و هونه‌رمه‌نده کوردانه‌ی له کوردستانیش ده‌رکه‌وتن، خۆیان بچوک بینی. بۆیه که‌سایه‌تی خۆیان حه‌شار دا. ناچار به تورکی گۆرانیان وت. دیاره بازاڕی موسیقا له ده‌ستی تورکی دابوو و هه‌روه‌ها کوردیش له‌م وڵاته‌ قه‌ده‌غه بوو. ئه‌گینا کوردستان شوێنێکه به مۆسیقا داپۆشراوه و فه‌رهه‌نگێکی ده‌وڵه‌مه‌ندی هه‌یه.

له سه‌رده‌می لاوێتیدا وا هه‌ڵکه‌وتوه به تورکی گۆرانی بڵێن؟
بێگومان... زۆرم گوتووه. من زۆر باش ده‌توانم گۆرانی تورکی بڵێم. خۆ ئێستاش زۆر له کورده‌کان، به تورکی گۆرانی ده‌ڵێن. من هه‌وڵمدا نیشانی مرۆڤه‌کان بده‌م گۆرانی به زمانی کوردی خۆشه.

بیر له‌وه ده‌که‌نه‌وه بگه‌ڕێنه‌وه بۆ وڵات؟
چۆن بیری لێناکه‌مه‌وه! چۆن نامه‌وێ بگه‌ڕێمه‌وه! ده‌‌مه‌وێ له چه‌ند مانگی داهاتوودا بگه‌ڕێمه‌وه. ئه‌گه‌ر پرۆسه‌ی کرانه‌وه بێ که‌م و کووڕی به‌ڕێوه بچێ، له‌وانه‌یه زووتر بگه‌ڕێمه‌وه. من بۆ بازرگانی ڕووم له‌ده‌ره‌وه‌ی وڵات نه‌کرد. من زۆربه‌ی ژیانم، واته ٣٤ ساڵی ته‌مه‌نم له دووره‌ وڵاتی تێپه‌ڕاند. نه‌متوانی له کاتی مردنی دایکمدا بگه‌ڕێمه‌وه. پاش ده‌رکه‌وتنم له وڵات، مناڵی تر له‌دایک بوون. هه‌ندێکیانم هێشتاش نه‌بینیوه. پاش هه‌ژده ساڵ له کوردستانی عێراق چاوم به باوکم که‌وت. چونکه په‌ساپۆرتیان پێ نه‌ده‌دا. به‌ڵام... من وه‌ک گۆرانیبێژێکی مه‌زلوم ناگه‌ڕێمه‌وه. تاوانباری هه‌موو ئه‌مانه من نیم. بۆ ئه‌وه‌ی بگه‌ڕێمه‌وه وڵات، ده‌بێ داوای لێبوردن بکه‌ن. ئه‌گه‌ر داوای لێبوردن له من بکه‌ن، ده‌توانن بمگه‌ڕێننه‌وه وڵات.

کێ ده‌بێ داوای لێبوردنت لێ بکا؟
بێگومان ده‌وڵه‌ت.... من ئه‌گه‌ر بتوانم ئازادانه گۆرانی بڵێم، ده‌گه‌ڕێمه‌وه. چونکه ئامانجی من، ئازادییه! من ته‌نها ئازادیم بۆ کورده‌کان ناوێ. بۆ تورکه‌کانیش داوای ئازادی ده‌که‌م. له‌م سیسته‌مه پڕ له به‌ربه‌سته‌دا، کورده‌کان ڕووبه‌ڕووی ئازار ده‌بنه‌وه، له هه‌مانکاتدا تورکه‌کانیش زیانیان پێده‌گات. من نامه‌وێ نه سه‌رباز بکوژرێ و نه گه‌ریلا. ئه‌وانه ڕۆڵه‌ی یه‌ک خاک و ئاون.

چۆن ده‌ڕواننه ئه‌و کرانه‌وه‌یه‌ی حکومه‌ت به ڕووی کورددا؟
پێم هه‌نگاوێکی باشه و له‌مڕوه‌وه پشتگیری له هه‌ڵوێستی حکومه‌ت ده‌که‌م. گویل و ئه‌ردۆگان هه‌نگاوێکی ئه‌رێنیان به‌رز کرده‌وه. نابێ له‌م پڕۆسه‌یه پاشه‌کشه بکرێت. ئه‌و که‌سه‌ی له‌م وڵاته‌دا کێشه‌ی کورد چاره‌سه‌ر بکات، ناوی ده‌که‌وێته مێژو. له هه‌نگاوه‌کانی کرانه‌وه به‌ڕووی کورددا، ده‌بێ ئه‌و گه‌له وه‌ک نه‌ته‌وه ددانی پێدا بنرێ. تورکه‌کان خاوه‌نی هه‌ر مافێک بن، ده‌بێ کورده‌کانیش ئه‌و مافانه‌یان هه‌بێت. ئه‌مه‌یه برایه‌تی ڕاسته‌قینه. گه‌لی کورد نه‌ته‌وه‌یه‌کی گه‌وره‌یه که له ڕۆژهه‌ڵاتی ناوین ژماره‌ی ده‌گاته ٤٠ بۆ ٥٠ میلیۆن که‌س. به‌راوردکردنی کورده‌کان ده‌گه‌ڵ لازه‌کان و تاتار و چه‌رکه‌سه‌کان گونجاو نیه. لازه‌کان هه‌ندێکیان ڕۆیشتنه مۆلداڤیا و هه‌ندێکیشیان کۆچیان کرده یۆنان. ئه‌وانه‌ی مانه‌وه، ئاسیمیلاسیۆنیان قه‌بوڵ کرد. له تورکیا هه‌روه‌ها شوێنه‌وارێک له چه‌رکه‌سه‌کان نه‌مایه‌وه، هه‌ر هه‌مویان بوونه تورک.

ئه‌م کرانه‌وه‌یه متمانه‌ی ئه‌وه‌ی پێ به‌خشین له‌ وڵاته‌که‌تان به زمانی خۆتان گۆرانی بڵێن و ئازادانه بژین؟
هێشتا ئه‌و متمانه‌یه دروست نه‌بووه. چونکه له سه‌ره‌تای ڕێگه داین. ئه‌و که‌سانه‌ی خوازیاری کرانه‌وه‌ن، نیازپاکن، به‌ڵام ئه‌م قۆناغه هێشتا له یاسادا نه‌چه‌سپاوه. له‌م وڵاته‌دا هێژ پارێزگار به که‌یفی خۆی هه‌ڵسوکه‌وت ده‌کا و ناهێڵی مناڵه‌کان ناوی کوردیان هه‌بێ. له‌قسه‌کانی وه‌زیری کاروباری ناوخۆش سه‌باره‌ت به کرانه‌وه به‌روی کورددا، ته‌نانه‌ت جارێک وشه‌ی کورد بهکار نه‌هێنرا.

به‌ڕای ئێوه ده‌بێ چی بکرێت؟
له پێناو چاره‌سه‌ریدا، پێویسته په‌که‌که‌ش‌ به‌شداری قۆناغه‌که بکرێت. ئایا ئه‌وه‌ی چه‌کی ته‌قاند، په‌که‌که نه‌بوو؟ که‌وابێ پێویسته له‌قۆناغی ئاشتیشدا به‌شدار بکرێ. له لایه‌کی دیکه‌وه، ده‌ته‌په، پارتێکه دوو میلیۆن ده‌نگی بهده‌ست هێناوه. ده‌بێ ڕێز له نوێنه‌رانی ده‌ته‌په بگیرێ. بێگومان ئه‌وانیش نابێ له زمانی که‌سانی تره‌وه قسه بکه‌ن، پێویسته له‌م قۆناغه‌دا ڕۆڵێکی پۆزه‌تیڤ ببینن. حکومه‌ت نایه‌وێ  لەگەڵ په‌که‌که‌دا دابنیشێ، ده‌ته‌په ده‌توانێ ئه‌م ڕۆڵه بگێڕێ. ده‌ته‌په  لەگەڵ په‌که‌که و حکومه‌تیش کۆ ده‌بێته‌وه.

ئێوه له مه‌نفا، کۆنسێرتی زۆر گه‌وره‌تان به‌ڕێوه بردووه. به‌ڵام بیسوتومه جار جاره  لەگەڵ گوێگره کورده‌کان کێشه‌تان لێ په‌یدا بووه. ئایا ئه‌م کێشانه ڕوویان داوه؟
بێگومان ڕوویان داوه. زۆر جار ئه‌و کێشانه دروست بوون. له سیاسه‌تی کوردیشدا کۆمه‌ڵێک هه‌ڵه و که‌موکووڕی و ناکۆکی به‌دی ده‌کرێ. له ماوه‌ی ٣٥ - ٣٦ ساڵدا هه‌موو ئه‌م شتانه ژیام و به چاوی خۆم بینیم. ئێمه، کۆمه‌ڵگەی ڕۆژهه‌ڵاتی ناوینین. کۆمه‌ڵگەکانی ڕۆژهه‌ڵاتی ناوین تابشتی ڕه‌خنه‌یان نییه. میر، شێخ و سه‌رۆکه عه‌ره‌به‌کان به ئاسانی ده‌یانتوانی شاعیر و نوسه‌ر یاخود هونه‌رمه‌ندێک بکوژن که ڕه‌خنه‌ی لێ گرتوون. حافر ئه‌سه‌د له سوریا و سه‌دام له عێراق ڕه‌خنه‌گرانیان له ناو ده‌برد. کۆمه‌ڵگەی تورکیش کۆمه‌ڵێک تابۆی هه‌یه. ئه‌گه‌ر شتێک له سه‌ر ئاتاتورک بڵێی، به سزای کۆمه‌ڵگە ده‌گه‌یت.

کۆمه‌ڵگەی کوردی ناتوانێ ڕه‌خنه‌ له کێ بگرێ؟ کورده‌کان، به ڕه‌خنه‌گرتن له کێ، سزا ده‌درێن؟
هه‌ر کام له ڕێبه‌رانی کورد بڵێیت.... به‌ڵام پارتی دیموکراتی کوردستان هه‌ندێک کراوه‌تره بۆ ڕه‌خنه. مه‌سعود بارزانی ده‌ڵێت "ئێمه یه‌کترمان زۆر ئێشاند. له بێ ته‌حمولیان، ئه‌و هه‌موو زیانه‌مان به یه‌کتر گه‌یاند. ده‌بێ پشودرێژتر بین." به‌ڕاستی بارزانی سیاسه‌تمه‌دارێکی باشه. هه‌ندێک که‌س پێی ده‌ڵێ "ئاغا" یان "سه‌رۆک عه‌شیره"، به‌ڵام وا نییه. بارزانی له‌ناو جه‌رگه‌ی شۆڕشی کورد پێگه‌یشتووه و که‌سێکه هه‌مو ئه‌م ئازارانه ژیاوه.

بارزانی ده‌ناسن؟
زۆر له نزیکه‌وه ده‌یناسم. من له‌وێ کۆنسێرتی زۆر به‌ڕێوه ده‌به‌م. له‌‌ چوار پارچه‌ی کوردستان، له تورکیا، ئێران و سوریا ناتوانم کۆنسێرت به‌ڕێوه به‌رم، ته‌نیا له کوردستانی عێراق ده‌توانم ئاهه‌نگ بگێڕم. کوردستانی عێراق به شێوه‌یه‌کی سه‌رنج ڕاکێش گه‌شه‌ی سه‌ندووه. کورده‌کانی ئه‌وێ مه‌یلێکی زۆریان بۆ تورکه‌کان هه‌یه. کورده‌کان، تورکه‌کانیان خۆش ده‌وێ به‌‌ڵام تورکه‌کان به‌چاوێکی سووکه‌وه سه‌یری کورده‌کان ده‌که‌ن. چونکه له تورکیادا، ده‌وڵه‌ت ته‌نها کورده‌کانی ئاسیمیله نه‌کردووه، به‌ڵکه تورکه‌کانیشی ئاسیمیله کردووه. ئه‌وانی به ڕوانگه‌ی ڕه‌سمی ده‌‌وڵه‌ت ئاسیمیله کردووه و له ڕاستیه‌کانی خۆیان دووری خستونه‌ته‌وه. له سیسته‌می دیموکراسیدا، هیچ که‌س له سه‌روی یاساوه نییه. ته‌نها دیکتاتۆره‌کانن به هۆی ڕه‌خنه لێگرتنه‌وه ته‌کفیرت ده‌که‌ن.

ئه‌ی ڕه‌خنه‌گرتن له ئۆجه‌لان ئه‌سته‌مه؟
له په‌که‌که‌شدا ئه‌مه به‌دی ده‌کرێ.... ئه‌سته‌مه. به‌ڵام له ناو ئه‌وانیشدا گۆڕانکاری خه‌ریکه ڕوو ده‌دات. ئه‌وان ده‌ڵێن "با واز له کینه و توندوتیژی له به‌رامبه‌ر یه‌کتری بێنین. تلۆرانسێک سه‌قامگیر بکه‌ین. ئێمه‌ی کوردیش زۆرمان یه‌کتری ئازار داوه." ئیتر ئه‌وانیش نه‌رم هه‌ڵسوکه‌وت ده‌که‌ن.

به‌ڕای ئێوه، هونه‌‌رمه‌ندێک چۆن ده‌توانێ له قۆناغی ئاشتیدا ڕۆڵ ببینێ؟
هونه‌رمه‌ند، له نێوان کۆمه‌ڵگە جیاوازه‌کاندا خۆشه‌ویستی ده‌ئافرێنێ. له ڕێگه‌ی گۆرانیه خۆشه‌کانیه‌وه، له ڕێگه‌ی ئه‌ڵبۆم و کۆنسێرته‌کانیه‌وه ده‌بێته پرد. بێگومان من ئه‌گه‌ر ڕۆژێک بگه‌ڕێمه‌وه بۆ مه‌مله‌که‌ته‌که‌م، ته‌‌نها به‌رده‌نگم کورده‌کان نابن، وێڕای هونه‌رمه‌نده تورکه‌کان له زۆنگویلداکه‌وه تا ئه‌دیرنه‌ له ده‌نیزلیه‌وه تا دیاربه‌کر، له هه‌موو شوێنی ده‌نگمان ده‌بێ. به‌هه‌موو ڕاستگۆییمه‌وه ئه‌مه‌تان پێده‌ڵێم. من جیاوازییه‌ک دانانێم له نێوان گه‌لی کورد و تورکدا. مرۆڤ به‌لای منه‌وه گرنگه. گه‌لی کورد له‌م وڵاته‌دا له‌لایه‌ن ده‌سه‌ڵاتدارانه‌وه، ڕوخێنرا. ده‌مه‌وێ گه‌لی تورک له فامکردنی ئه‌م ڕوخانه گه‌وره‌یه‌دا، کۆمه‌ڵگەی کورد له ئامێز بگرێ. چونکه ئه‌گه‌ر کۆمه‌ڵگەکان باوه‌ش به یه‌کتریدا بکه‌ن، ده‌سه‌ڵاتی سیاسی هیچ واتایه‌کی نامێنێ.

پێتان وایه له گه‌‌ڕانه‌وه‌تاندا چۆن پێشوازی ده‌کرێن؟
نازانم. ئه‌مه په‌یوه‌ندی به ئاستی خۆش ویستنی کۆمه‌ڵگەوه هه‌یه. به‌ڵام گه‌ڕانه‌وه بۆ وڵات، له‌ڕوانگه‌ی منه‌وه ده‌سپێکێکی نوێیه له ژیاندا و ساته‌وه‌ختێکی هه‌ره گرنگ ده‌بێ. له‌پێناو به‌ڕێوه‌بردنی کۆنسێرت و به‌ڕێوه‌چونی قۆناغی ئاشتی، پێویسته دیاربه‌کر به‌شداری تێکۆشانه‌که بێ. ده‌بێ هه‌وڵدانه‌کانی عوسمان بایده‌میر و ئه‌حمه‌د تورک له پێناو ئاشتیدا به ته‌نها نه‌هێڵدرێته‌وه. ئه‌حمه‌د تورک ئه‌زمونێکی دورو درێژی هه‌یه. من کاک ئه‌حمه‌دم زۆر خۆشده‌وێ. هه‌ڵسوکه‌وته‌كانی، نمونه‌یه‌کی گه‌وره‌یه بۆ مرۆڤه‌کان. که‌سانی وه‌ک ئه‌و بۆ تێگه‌یاندنی ڕاستییه‌کان پردێکی ڕاسته‌قینه‌ی ئاشتین له نێوان کۆمه‌ڵگەکاندا.

دوابه‌دوای سه‌قامگیربوونی ئاشتی چۆن تورکیایه‌ک له مێشکتاندا وێنا ده‌که‌ن؟
ده‌بێته وڵاتێکی نموونه‌یی و سه‌رنج ڕاکێش. ئاستی خۆشگوزه‌رانی ده‌چێته سه‌ر، ده‌وڵه‌مه‌ند و فره ڕه‌نگ ده‌بێ. ئه‌گه‌ر له‌رۆژهه‌ڵاتی ناوین بڕوانین، ده‌بینین ژماره‌ی کورده‌کان له هی تورکه‌کان که‌متر نییه. کۆمه‌ڵگەیه‌کی گه‌وره‌یه. ئه‌گه‌ر قۆناغی ئاشتی بسه‌پێت، تورکیا له بواری ئیدارییه‌وه له ناوچه‌که‌ ده‌بێته میناک. تورکیا ئه‌گه‌ر کێشه‌ی کورد چاره‌سه‌ر بکات، ئاشتی بۆ ڕۆژهه‌ڵاتی ناوین  لەگەڵ خۆیدا دێنێ.

ئایا نیگه‌رانیتان سه‌باره‌ت به تورکیا هه‌روا به‌رده‌وامه؟
کاتێک له ته‌له‌ڤزیۆندا گوێ له ده‌نیز بایکاڵ ده‌گرم، نیگه‌رانی دامده‌گرێ.

ئاشتی، دێته ئه‌و واتایه‌ی چیتر گه‌نجه‌کان نه‌مرن. بۆ ئه‌م مه‌به‌سته بیر له‌وه ده‌که‌نه‌وه گۆرانیه‌ک له‌مباره‌وه بڵێن؟
من گۆرانی ئاوام هه‌یه به‌ڵام سه‌باره‌ت به‌ قۆناغی ئاشتی ئاماده‌م به‌یتیش بهۆنمه‌وه.

ئایا متمانه به سیاسه‌تمه‌دارانی تورک ده‌که‌ن؟
سه‌باره‌ت به ئاشتی گومانم هه‌یه له‌وه‌ی ئیراده‌ی پێویست نیشان بدرێ. جگه له هه‌ندێک بواری ده‌گمه‌ن، به گشتی سیاسه‌تمه‌دارانی تورک له پێناو ئازادیدا تێناکۆشن. عه‌بدوڵڵا گویل و ته‌یب ئه‌ردۆگان به‌ڕاستی سیاسه‌تمه‌داری بوێرن. ئه‌ردۆگان له وه‌ڵامی هێرشه‌کاندا ده‌ڵێ "پاشه‌کشه ناکه‌م". پێموایه له داهاتوودا هه‌نگاو ده‌نێ. ڕێزێکی تایبه‌تم هه‌یه بۆ ئه‌م جۆره مرۆڤانه. ده‌مانه‌وێ ئالیکاری هه‌بێ بۆ ئه‌وه‌ی پرۆسه‌ی کرانه‌وه به ڕووی کورددا، سه‌قامگیر بێت. ده‌توانم بڵێم ئه‌گه‌ر تورگوت ئۆزال زیندوو بوایه، هه‌ڵه و که‌موکووڕییه‌کان له‌ناو ده‌بران.

ئایا پێشتریش سیاسه‌تمه‌داره تورکه‌کان بانگه‌وازیان ئاڕاسته کردوون بۆ ئه‌وه‌ی بگه‌ڕێنه‌وه؟
ئۆزال ویستبووی بانگهێشتم بکات. جه‌م کاراجا هه‌ڤاڵێکی زۆر خۆشه‌ویستی من بوو. ئۆزال بانگهێشتی تورکیای کردبوو. جه‌م به منی گوت " لەگەڵ ئۆزالدا قسه‌م کردووه، بانگه‌وازی ئاڕاسته‌ی تۆش ده‌کات. سه‌ره‌تا من ده‌چم، پاشان تۆش وه‌ره." وه‌های گوت. به‌ڵام ته‌مه‌ن ئاره‌زوی هیچکامیانی به‌دی نه‌هێنا.

ئه‌گه‌ر بگه‌ڕێنه‌وه بۆ تورکیا، له کوێ ده‌ژین؟
ده‌مه‌وێ به ده‌ڤه‌ره‌که‌ی خۆمدا بگه‌ڕێم. جارێکیان مه‌سعود بارزانی پێشنیاری پێکردم ببم به وه‌زیری ڕۆشنبیری، پێم گوت "به‌رپرسیاریه‌تیه‌کی دژواره بۆ من، چونکه عه‌ره‌بی نازانم."

لاوه‌کانی کوردستانی عێراقیش عه‌ره‌بی نازانن، وایه؟
نایزانن. لاوه‌کان ئینگلیزی و تورکی ده‌زانن. له سه‌دا شه‌ست تا حه‌فتای گه‌نجان تورکی قسه ده‌که‌ن. له ته‌له‌ڤزیۆنه‌وه فێری بوون. گه‌نجه‌کان له تورکی قسه کردندا، ده‌ستی تورکمه‌نه‌کانیان له پشته‌وه به‌ستۆته‌وه.

قه‌ت  لەگەڵ ئیبراهیم تاتلیسه‌سدا گۆرانیتان گوتووه؟
ئه‌گه‌ر به چاوی "ئورفه‌"ییه‌وه لێی بڕوانم، تاتلیسه‌س ده‌بێته هاوشاریم. به‌ڵام من مرۆڤێکم په‌یوه‌ستم به فه‌رهه‌نگ، گه‌وهه‌ر و ڕاستیه‌کانی کورده‌وه. که‌چی ئه‌و زۆر دووره له کورد. من که‌سێکی کوردپه‌روه‌رم، به‌ڵام ئه‌و زیاتر ئورفه‌چێتی کردووه. هاووڵاتیانی چینی ناوه‌وه‌ی ئورفه زیاتر بیر له کفته، لامعجون و شله ده‌که‌نه‌وه، هه‌روه‌ها له‌وەدا قوڵ ده‌بنه‌وه گۆرانی بڵێن و ببنه پێشه‌نگ.

باشه... به‌ڕای ئێوه تورکه‌کانیش ئێوه‌یان خۆش ده‌وێ؟
ئه‌گه‌ر ئاشتیان خۆش بوێت، ده‌بێ منیشیان خۆش بوێ. پێموایه، تورکه‌کان منیان زۆر خۆشده‌وێ. چونکه من ڕاستییه‌کانی تورکیام هێنایه زمان. کورده‌کان چه‌نده له‌م واقعانه ئازاریان چێشت، تورکه‌کانیش هێنده زه‌ره‌رمه‌ند بون. پرسی کورد، تورکه‌کانی وه‌ک سته‌مکار نیشانی جیهان دا. له کاتێکدا به درێژایی مێژو، کورده‌کان و تورکه‌کان دوو کۆمه‌ڵگای برا بون که به‌ڕاستی شان به شانی یه‌کتری ژیاون. ڕۆژی ئه‌مڕۆ تورکیا پێویستی به ئاشتیه‌کی نێوان جڤاکه‌کان هه‌یه. به‌کورتی، تورکیا پێده‌ڤی به دیموکراسی هه‌یه. ئه‌م شه‌ڕه، شه‌ڕی کورد و تورک نییه.

ئه‌ی ئه‌م شه‌ڕه، شه‌ڕی کێیه؟
هی ئه‌و که‌سانه‌یه که شه‌ڕیان کردۆته ئامرازێکی بازرگانی. ئه‌گه‌ر سیسته‌مێکی برایانه له تورکیا سه‌قامگیر بێت، پێویسته دابه‌شکردنی ماف له نێوان کورد و تورکیشدا برایانه بێت. به داخه‌وه ئێمه گوێ له هیچ که‌س ناگرین.

له مه‌به‌سته‌که‌تان باش تێنه‌گه‌یشتم...
ئێمه کۆمه‌ڵگەیه‌کی تا بڵێی گه‌وره‌ین. ئه‌گه‌ر شێخنشینێکی عه‌ره‌ب مافی سه‌ربه‌خۆیی هه‌بێ و تورکیا و نه‌ته‌وه یه‌کگرتوه‌کان ددانی پێدابنێن، بۆچی کورده‌کان له‌ مافێکی ئاوا بێبه‌ش بن؟ کورده‌کانیش مافی ئه‌وه‌یان هه‌یه له سه‌ر خاکی خۆیان به سه‌ربه‌خۆیی بژین. شێخنشینێکی عه‌ره‌ب ده‌کرێ ده‌وڵه‌تی هه‌بێ، به‌ڵام کورده‌کان هێشتا مافی پێکهاته‌یه‌کی فیدڕالیان نییه. ده‌با چاوه‌ڕوانی پێڤاژۆ بین. گرنگ ئه‌وه‌یه مرۆڤه‌کان، له‌ناو ده‌وڵه‌مه‌ندییه‌کانی کۆمه‌ڵ و له‌ناو ئاشتیدا پێکه‌وه ژیانێکی ئاسوده‌یان هه‌بێ. له ئێستا و داهاتوودا هیچ شتێک به زۆر نه‌سه‌پێنرێ. هیچ کۆمه‌ڵگەیه‌ک نایه‌وێ وڵاته‌که‌ی پارچه پارچه بێت.

ئێوه داوا ده‌که‌ن کورده‌کان یه‌ک بگرن؟
کوردێک هه‌رگیز ناتوانێ بیر له‌و پارچه‌ی ناو تورکیا بکاته‌وه و پارچه‌کانی تر پشت گوێ بخات... بۆ میناک، به‌شێکی به‌لژیک ڤالۆن و به‌شه‌که‌ی تری فلامانن. فلامانه‌کان به هۆڵه‌ندی و ڤالۆنه‌کانیش به فه‌ره‌نسی قسه‌ ده‌که‌ن. ئه‌گه‌ر ڤالۆنه‌کان ته‌ڤلی فه‌ره‌نسه و فلامانه‌کان ته‌ڤلی هۆڵه‌ندا بن، له‌وانه‌یه ژیانێکی زۆر خۆشتر بژین، به‌ڵام وا ناکه‌ن. پێیان باشه له‌چوارچێوه‌ی ده‌وڵه‌تی به‌لژیکدا بژین. ئیسپانیاو سوئیسیش دوو نموونه‌ی به‌رچاوی ترن. ئه‌گه‌ر له‌داهاتوودا کورده‌کانیش بڵێن "ئێمه له‌ڕه‌وشی خۆمان له تورکیا ڕازین، یاساکان ده‌رهه‌ق به هه‌ر دووک گه‌لی کورد و تورک یه‌کسان جێبه‌جێ ده‌کرێن."....

ئه‌و کات چی ڕوو ده‌دا؟
ئه‌و کات کورده‌کان ناچار نابن له‌گه‌ڵ کوردی پارچه‌کانی دیکه یه‌ک بگرن. به‌ڵام ئه‌گه‌ر ئه‌م کۆمه‌ڵگەیه‌ له داهاتوودا بیه‌وێ  لەگەڵ کورده‌کانی تردا بژی، مافی خۆیه‌تی. چونکه خاڵی هه‌ره گرنگ مرۆڤه، به‌خته‌وه‌ری مرۆڤ و پێشخستنی ئاستی ئاسوده‌ییه بۆ به‌رزترین پله.

۱۳۸۸/۰۶/۲۴

وتوێژی ڕۆژنامه‌ی (ته‌ڕه‌ف) لەگەڵ ئیسماعیل بێشکچی | بەشی دووهەم و کۆتایی



وتوێژی ڕۆژنامه‌ی (ته‌ڕه‌ف) لەگەڵ ئیسماعیل بێشکچی 

له‌تورکییه‌وه: سه‌لاحه‌دین بایه‌زیدی

نه‌شه دوزه‌ل: لەمه‌ر بێ ده‌نگ کردنی چه‌که‌کان بۆ هه‌تا هه‌تایه، وا هه‌ست ده‌کرێ پێش هه‌موو شتێک په‌یماننامه‌یه‌کی دوو لایه‌نه هه‌یه. ده‌وڵه‌ت ده‌ڵێ "با سه‌ره‌تا په‌که‌که واز له چه‌ک بێنێ"، په‌که‌که‌ش ده‌ڵێ "با سه‌ره‌تا ده‌وڵه‌ت متمانه‌ی کۆمه‌ڵایه‌تی بدات." ده‌بێ فه‌رمۆڵی گه‌یشتن به‌م ڕێککه‌وتنه چی بێت؟
ئیسماعیل بێشکچی:
ئه‌گه‌ر به په‌که‌که بگوترێ "واز له چه‌ک بێنه"، زۆر واتادار نییه. به پێچه‌وانه‌وه ئه‌گه‌ر بڵێین "با ده‌وڵه‌ت ئۆپه‌راسیۆنه‌کان ڕابگرێ"، زێده‌تر واتای هه‌یه. ڕۆشنبیره‌کان له‌م قۆناغه‌دا داوایان له ده‌وڵه‌ت نه‌کرد ئۆپه‌راسیۆنه‌کانی ڕابگرێت. ئه‌گه‌ر بێت و ئۆپه‌راسیۆنه‌کان ڕابگیرێن، مه‌سه‌له‌ی هێرشکردنی په‌که‌که له گۆڕێ نامێنێ. په‌که‌که ماوه‌یه‌ک له‌مه‌وبه‌ر سێ چوار جار ئاگربه‌ستی ڕاگه‌یاند، لێ ده‌وڵه‌ت به‌رده‌وام بوو له سه‌ر ئۆپه‌راسیۆنه‌کانی. ئه‌گه‌ر ده‌وڵه‌ت ئۆپه‌راسیۆنه‌کان بوه‌ستێنێ، په‌که‌که ئاگربه‌ست هه‌ڵناوه‌شێنێته‌وه.


له‌لایه‌که‌وه (د.ت.پ) بۆ مه‌سه‌له‌ی چاوپێکه‌وتن لەگەڵ‌ حکومه‌ت، هێما بۆ ئۆجه‌لان ده‌کا، له‌لایه‌کی دیکه‌شه‌وه (ج.ه.پ) و (م.ه.پ) دژایه‌تی خۆیان به هه‌موو شێوه‌یه‌ک به‌رامبه‌ر به‌ کرانه‌وه‌ی دیموکراتیک ده‌رده‌بڕن. ئه‌گه‌ر (ج.ه.پ) و (م.ه.پ) به‌مجۆره دژی چاره‌سه‌ری بوه‌ستن، ئایا پارتی داد و گه‌شه‌پێدان ده‌توانێ هه‌نگاوی پێویست بنێت؟

بێگومان ئه‌مه ته‌گه‌ره ده‌خاته به‌رده‌م پراکتیزه‌کردنی سیاسه‌ته‌کانی حکومه‌ت، به‌ڵام به‌ڕای من کرانه‌وه به‌ڕوی کورددا هه‌ر چۆنێک بێ، به‌رده‌وام ده‌بێت. (ج.ه.پ) پێی وایه کرانه‌وه به‌روی کورد، پرۆژه‌ی ئه‌مریکایه که بانگه‌شه‌یه‌کی زۆر چه‌وته.

بۆچی چه‌وته؟ 

چونکه چاوگه‌ی کێشه‌ی کورد، سیاسه‌تی هه‌شتا ساڵه‌ی ئاسیمیلاسیۆن و نکۆڵیه که ده‌‌وڵه‌ت په‌یڕه‌و و جێبه‌جێی کردووه. ئێستا ئه‌گه‌ر ده‌وڵه‌ت واز له سیاسه‌تی هه‌شتا ساڵی ڕابردو بێنێ و خودان هه‌ڵوێستێکی دیموکراتیانه بێت، ئایا ده‌بێ ته‌نیا له‌لایه‌ن ئه‌مریکاوه ته‌ڵقینی پێ کرابێ؟ ئایا ئه‌وه ‌مریکا بوو له ساڵانی ١٩٢٠دا گوتی مافی کورده‌کان پێشێل بکه‌ن؟ بڕوانن.... له تورکیا ده‌وڵه‌ت پاڵپشت به ئیراده‌ی خۆی ده‌توانێ واز له سیاسه‌تی ئاسیمیلاسیۆن بێنێ.

به‌ڕای ئێوه چی پێویسته بۆ ئه‌وه‌ی کێشه‌ی کورد چاره‌سه‌ر بکرێ؟

له پله‌ی یه‌که‌مدا، مافی په‌روه‌رده به زمانی زگماکی دێت. هه‌روه‌ها بۆ ئه‌وه‌ی کورده‌کان له ناوچه‌دا ببنه خاوه‌ن ستاتۆیه‌کی سیاسی، ده‌بێ هێزێکی تایبه‌تی ئاسایش دابمه‌زرێ. چونکه لایه‌نێکی کێشه‌ی کورد، نه‌بونی هیچ چه‌شنه ستاتۆیه‌که، سه‌ره‌‌ڕای ئه‌وه‌ی خاوه‌نی ژماره‌یه‌کی زۆری دانیشتوانه. تورکیا داوا له جیهان ده‌کا ددان به سه‌ربه‌خۆیی قوبرس دابنێ که ژماره‌ی دانیشتوانی ده‌گاته ٢٠٠ هه‌زار که‌س. به‌ڵام نایه‌وێ دان به مافه سه‌ره‌کیه‌کانی ٢٠ میلیۆن کورد له وڵاته‌که‌ی دابنێ. له‌م وڵاته‌دا هێشتا ناسنامه‌ و زمانی کوردی کێشه‌یه.

ئێوه‌ پێتان وایه له پێناو چاره‌سه‌رکردنی کێشه‌که‌دا، پێویسته ده‌وڵه‌تێکی کوردی دابمه‌زرێت. گه‌لۆ بڕواتان به‌ پێکه‌وه ژیانی تورک و کورد هه‌یه؟

له هه‌ندێک حاڵه‌تدا، ژیان به‌م شێوه‌یه سه‌قامگیرتر و زێده‌تر شیاوه. ئه‌مه ته‌نیا بۆ کورده‌کان نا، بگره فه‌له‌ستینیه‌کان و تورکه‌کانی قوبرسیش، ئه‌گه‌ر ده‌وڵه‌تی خۆیان هه‌بێ، ژیانێکی ساغڵه‌م تریان ده‌بێ له‌وه‌ی لەگەڵ یه‌هودی و ڕۆمه‌کان بژین. ئێستا پێکه‌وه ژیانیان گونجاو نییه.

یانی به بۆچونی ئێوه، نژادگه‌لی جیاواز ناتوانن له ناو ده‌وڵه‌تێکدا بژین که ده‌ستوره‌که‌ی لەسه‌ر بنه‌مای پێوانه‌کانی یه‌کێتی ئه‌وروپا داڕێژراوه؟

من ئه‌و ڕێگایه‌ی دی به دروست تر ده‌زانم. با کورده‌کان لەگەڵ کورده‌کاندا بژین! یان به‌واتایه‌کی تر ئه‌گه‌ر ئه‌م پرسیاره بێنینه ئاراوه که "کورده‌کان بۆ دابه‌ش و پارچه پارچه بون؟" زێده‌تر له جێگه‌ی خۆیدا ده‌بێ. هه‌روه‌ها له‌م ڕوه‌وه، پێویسته ڕه‌خنه ئاڕاسته‌ی یه‌کێتی ئه‌وروپاش بکرێت. ئه‌وروپا، ده‌وڵه‌تێک بۆ فه‌له‌ستینیه‌کان په‌سند ده‌کا، به‌ڵام قه‌بوڵی نییه کورده‌کان ده‌وڵه‌تیان هه‌بێ. ئه‌وروپا ده‌ڵێ "دژی گۆڕینی سنوره‌کان و دامه‌زراندنی ده‌وڵه‌تێکی سه‌ربه‌خۆی کوردین له ڕۆژهه‌ڵاتی ناوین." مه‌به‌ستم له قسه‌کانم ئه‌مه‌یه. ده‌توانم لێره‌دا نمونه‌ی لوگزامبۆرگ بێنمه‌وه...

به‌ڵێ..

ئه‌و وڵاته، قه‌واره‌یه‌که له لایه‌ن یه‌کێتی ئه‌وروپاوه دامه‌زراوه. واژۆی له سه‌ر بڕیاره‌کانی یه‌کێتی ئه‌وروپا هه‌یه. لوگزامبۆرگ ده‌وڵه‌تێکه ژماره‌ی دانیشتوانی ده‌گاته ٤٥٠ هه‌زار که‌س. باشه مافی دیاریکردنی ئاینده‌ی چل میلیۆن کورد، له کوێی ئه‌م هاوکێشانه‌ دایه؟ ئایا ئه‌خلاقی سیاسی ئه‌مه هه‌ڵده‌گرێت؟ سیاسه‌ت ده‌بێ لانیکه‌م هه‌ڵگری هه‌ندێ ئه‌خلاق بێ.

به‌رده‌وام داکۆکی له دامه‌زراندنی ده‌وڵه‌تێکی کوردی ده‌که‌ن. ئه‌م بۆچونه‌تان نیشان ده‌دا که بایه‌خێکی زۆر به ده‌وڵه‌ت ده‌ده‌ن. ئایا ده‌وڵه‌ت هێنده گرنگه؟بێگومان ده‌وڵه‌ت زۆر گرنگه. ساڵی ١٩٨٩ له ده‌وروبه‌ری "جه‌زیر" فه‌رمانده‌یه‌ک پیسایی ده‌رخواردی کورده‌کان دا. داوای لێبوردن ده‌که‌م ئه‌م ده‌سته‌واژه‌ له به‌رامبه‌رتاندا به‌کار دێنم. ئه‌گه‌ر ئێوه ته‌نانه‌ت ده‌وڵه‌تێکی پیستان هه‌بێ که هی خۆتان بێ، ئه‌م کردارانه‌ی ڕه‌ت ده‌که‌نه‌وه.

ئه‌گه‌ر تورکیا ده‌وڵه‌تێکی یاسایی و دیموکراتیک بوایه، تورک یان کورد، ده‌یانتوانی له‌م وڵاته‌دا مافی هاووڵاتیه‌کی دیکه‌ پێشێل بکه‌ن؟ ڕوداوێکی ئاوا، بێ سزا ده‌مایه‌وه؟ ئێوه‌ ئه‌م ده‌وڵه‌ته به ده‌وڵه‌تی تورکه‌کان له قه‌ڵه‌م ده‌ده‌ن، به‌ڵام ئایا تورکه‌کان له‌م وڵاته ئازار و ئه‌شکه‌نجه‌یان نه‌بینیوه؟ ئه‌مه به‌ر له‌وه‌ی په‌یوه‌ندی به ڕه‌چه‌ڵه‌که‌وه هه‌بێ، ئایا مه‌سه‌له‌ی دیموکراسی و مافی مرۆڤ نییه؟

ئه‌گه‌ر له ساڵانی (١٩٢٠)ه‌وه، سیاسه‌تی ئاسیمیلاسیۆن و نکۆڵی کردن دژ به کورده‌کان په‌یڕه‌و نه‌کرابا، کورده‌کان له‌م وڵاته، دژی ئه‌م مامه‌ڵانه ده‌وه‌ستانه‌وه. چونکه ژماره‌یه‌کی وا زۆر، به شێوه‌یه‌ک له شێوه‌کان سه‌ربه‌خۆ ده‌بوو.

له‌چوارچێوه‌ی ئه‌و گرنگییه‌ی ئێوه به ده‌وڵه‌تتان دا و داخوازیتان بۆ دروستبونی ده‌وڵه‌تێکی یه‌ک نه‌ته‌وه بۆ کورده‌کان، ئاخۆ ئه‌گه‌ر تورکه‌كانیش پێداگری له سه‌ر داخوازیه‌کانیان بکه‌ن، ئه‌و ڕوداوه وه‌همیانه‌ی له تورکیا هه‌ن، وه ڕاست ناگه‌ڕێن؟

ئه‌مڕۆکه ئه‌گه‌ر پرۆفیسۆڕێکی جوگرافیا به خوێندکاره‌کانی بڵێ "جیهان ڕێکه"، له‌م وڵاته زۆر که‌س عاجز ده‌بێ، به‌ڵام ئه‌گه‌ر بڵێ کورد نییه، هیچ که‌س په‌ست نابێ. دامه‌زراندنی ده‌وڵه‌ت، مافی کورده‌کانه.

به‌ڵام وه‌ک ئه‌و "ده‌وڵه‌ته کوردیه‌"ی ئێوه باسی ده‌که‌ن، لێره ده‌وڵه‌تێک هه‌یه که به خۆی ده‌ڵێ "ده‌وڵه‌تی تورک". ئه‌مه‌ش بنه‌مای کێشه‌کانه. به‌ڕای تۆش وا نیه؟

ئه‌گه‌ر تورکیا له چنگ کێشه‌ی کورد ڕزگاری بێ، زۆر ئاسانتر و ئازادانه‌تر پێش ده‌که‌وێت.

یانی ئه‌گه‌ر کورده‌کان جیا ببنه‌وه....

قۆناغێکی هاوشێوه بێگومان ده‌بێ بێته‌ ئاراوه.... به پێچه‌وانه‌وه زوڵم و زۆری، تورکه‌کانیش لاواز ده‌کا. هزر بکه.... تورکیا به‌ربه‌سته‌کانی به‌رده‌م ئه‌ندێشه ده‌خاته پێش چ که‌سانێکه‌وه؟ ئه‌گه‌ر کورد و کێشه‌ی کورد نه‌بوایه، لێره‌دا ده‌وڵه‌ت پێویستی به‌و هه‌مو سانسۆری ئه‌ندێشه‌یه نه‌ده‌ما.

ئه‌گه‌ر کێشه‌ی کورد نه‌بوایه، تورکیا هێنده نا دیموکرات نه‌ده‌بوو، وایه؟

به‌ڵێ. ده‌وڵه‌تێک ئه‌گه‌ر قه‌ده‌غه‌ی تێدا بێ، نابێته ده‌وڵه‌تێکی دیموکراتیک و یاسایی. تا کێشه‌ی کورد چاره‌سه‌ر نه‌‌بێ، تورکیا نابێته ده‌وڵه‌تێکی دیموکرات و یاسایی. چونکه ئه‌گه‌ر کێشه‌ی کورد چاره‌سه‌ر نه‌کرێ، له‌م وڵاته‌دا، توندو تیژی کۆتایی نایه‌ت. چاره‌سه‌رکردنی کێشه‌ی کوردیش ته‌نها له ڕێگه‌ی دامه‌زراندنی پێکهاته‌یه‌کی فیدڕاڵیه‌وه مومکینه. ده‌وڵه‌ت، کورده‌کان، په‌که‌که، ده‌بێ له هه‌وڵی دامه‌زراندنی وه‌ها پێکهاته‌یه‌کی سیاسی دابن. لانیکه‌م ده‌بێ داکۆکی له فیدراسیۆن بکه‌ن. ماوه‌یه‌ک له‌مه‌وپێش له نێوان ده‌زگای باڵای حاکمان و پارێزه‌ران له‌گه‌ڵ وه‌زیری داددا بارگرژی دروست بوو.

بۆ؟ده‌زگای ناوبراو داوای کرد پارێزه‌ره‌کانی دۆسیه‌ی ئه‌رگه‌نه‌کۆن بگۆڕدرێن. هه‌روه‌ها داوایانکرد له دیاربه‌کر ئه‌و پارێزه‌ره‌ی لێپێچینه‌وه‌ی له فه‌رمانده‌ی سه‌ر به (ژیته‌م) کردوه، ده‌ربکرێت. یانی به کورتی داوا ده‌که‌ن ئه‌و ڕوداوانه سه‌رپۆشیان بخرێته سه‌ر. ئه‌مه نیشانه‌ی بوونی تاوانه له ده‌زگای داددا. له‌م وڵاته‌دا زانکۆ و دادگا په‌ره به ئایدیۆلۆژیای فه‌رمی ده‌ده‌ن.

ئه‌گه‌ر بێت له‌و وڵاته‌دا کوردێک به ناسنامه‌ی کوردبوونیه‌وه ببێته سه‌رۆک کۆمار، ئایا به‌ڕای ئێوه دیسان کورده‌کان ئاماده نابن لەگەڵ تورکه‌کاندا بژین؟

پێکه‌وه ژیان ته‌نیا له چوارچێوه‌ی فیدارسیۆندا ده‌کرێ. چونکه ده‌بێ خاوه‌نی مافی یه‌کسان بن و ته‌نیا له وه‌ها سیسته‌مێکدا خوێندن به زمانی زگماکی ده‌بێته شتێکی ناچاری. بۆ نمونه، وه‌ک چۆن زمانی تورکی له په‌روه‌رده‌دا ناچارییه، ده‌بێ زمانی کوردیش له ناوچه‌کانی خۆیاندا به ناچاری بێت. ئه‌وان ده‌بێ له سه‌ر پیشه‌کانیان و له په‌روه‌رده‌دا کوردی به‌کار بێنن و له ناوچه‌کانی خۆیان، فه‌رمانبه‌رانیان به کوردی قسه‌ بکه‌ن.

ئێوه ده‌وڵه‌تێکتان ده‌وێ بۆ کورده‌کان که پاڵپشت بێ به ته‌ک نه‌ته‌وه. ئه‌گه‌ر کورده‌کان ببنه خاوه‌نی ده‌وڵه‌تێکی به‌و شێوه‌یه، ئایا له‌و حاڵه‌ته‌دا تورکه‌کانیش مافی خۆیان نییه ده‌وڵه‌تێکیان هه‌بێ پاڵپشت ‌‌به ته‌ک نه‌ته‌وه؟

ده‌ی ئێستا وایه. ئه‌م ده‌وڵه‌ته که له ساڵی ١٩٢٠ دامه‌زراوه، پاڵپشته به نه‌ته‌وه‌ی تورک. کورد هیچ ڕۆڵێکی نییه له‌و ده‌وڵه‌تەدا.

منیش ڕێک بۆ ئه‌م مه‌به‌سته پرسیارتان لێده‌که‌م. داننان به بوونی ده‌وڵه‌تێکی ته‌ک نه‌ته‌وه، نایه‌ته واتای داننان به دامه‌زراندنی ده‌وڵه‌تی تورکیاش که پشتی به‌ یه‌ک ڕه‌گه‌ز به‌ستووه؟ ئایا بۆچونه‌کانتان لەسه‌ر ده‌وڵه‌ت، ڕه‌وایه‌ت نادا به سیاسه‌ته‌کانی ده‌وڵه‌تی تورکیا؟ ئه‌گه‌ر به‌م لۆژیکه سه‌یری بکه‌ین، زۆرینه واته تورکه‌کان ئایا پێویست ناکا کورده‌کان ئاسیمیله بکه‌ن؟

من ده‌ڵێم کورده‌کان له ڕۆژهه‌ڵاتی ناویندا ژماره‌یان زۆر زۆره و پێموایه مافی ئه‌وه‌یان هه‌یه خاوه‌ن پێکهاته‌یه‌کی یه‌کگرتووی سیاسی و سه‌ربه‌خۆ بن.

چۆن ده‌وڵه‌تێکی کوردی وێنا ده‌که‌ن؟

هیچ جۆره ده‌وڵه‌تێک.

هیچ جۆره ده‌وڵه‌تێک نه‌بوو به وێناکردن. تورکه‌کان ئه‌م وڵاته‌یان به‌ڕێوه برد و دوابه‌دوای ١٢ی ئه‌یلول یه‌ک میلیۆن که‌س ڕوبه‌روی ئه‌شکه‌نجه و ڕاوه‌دونان بوونه‌وه. ئه‌گه‌ر دیموکراسی و ماف نه‌بێ، "هیچ جۆره ده‌وڵه‌تێک" ئاوای به‌سه‌ر دێ.

سه‌یری باشوری کوردستان بکه‌ن. له سه‌رده‌می سه‌دامدا کورده‌کان چۆن به‌ڕێوه‌ ده‌بران و ئێسته چۆن به‌ڕێوه ده‌برێن. زۆر باشتره ئه‌گه‌ر کورده‌کان خۆیان ئیداره‌ی خۆیان بکه‌ن.

ئێوه لەگەڵ په‌که‌که و عه‌بدوڵڵا ئۆجه‌لان، نێوانتان نه‌ما له به‌ر ئه‌وه‌ی په‌که‌که وازی له دروشمی ده‌وڵه‌تێکی سه‌ربه‌خۆ هێنا. پێتان وایه کورده‌کان ده‌وڵه‌تێکی سه‌ربه‌خۆیان ده‌وێ؟

ئه‌وان چل میلیۆنن، به‌ڵام بێ ناون. کورده‌کان ده‌بێ لێپرسینه‌وه له‌مه بکه‌ن.

پێت وایه کورده‌کان لێپرسینه‌وه‌ی له سه‌ر ده‌که‌ن؟

نا. من له‌م ڕوه‌وه ڕه‌خنه‌یان لێده‌گرم.

ده‌رهه‌ق به ژماره‌ی کورده‌کان هه‌ر که‌سه و ئامارێک ده‌دا. به‌ڕای ئێوه ژماره‌ی کورده‌کان له تورکیا چه‌ند ده‌بێ؟

به گوێره‌ی لێکۆڵینه‌وه‌کانی عوسمان ئایدن که له ئه‌وروپا کار ده‌کا، له تورکیا ٢٠ میلیۆن کورد هه‌یه.

ده‌وڵه‌تێکی سه‌ربه‌خۆی کوردی چۆن داده‌مه‌زرێ؟ کورده‌کان به چه‌ک ده‌گه‌نه سه‌ربه‌خۆیی یان ده‌وڵه‌تی تورکیا به ویستی خۆی، به‌شێک له خاکه‌که‌ی ڕاده‌ستی ئه‌وان ده‌کات؟

له ساڵانی ١٩٢٠دا، به پێشه‌نگایه‌تی به‌ریتانیا و فه‌ره‌نسه به‌رگێکی توک لێکراو کرایه به‌ر کورده‌کان. به‌ریتانیا و فه‌ره‌نسه هه‌ندێک له کورده‌کانیان خسته ژێر ده‌سه‌ڵاتی عه‌ره‌به‌کان و ئه‌وانی تریشیان خسته ژێر ڕکێفی تورکیا و فارسه‌کان. خاڵی بنه‌ڕه‌تی کێشه‌ی کورد ئه‌مه‌یه و ده‌بێ قۆناغه‌که له ڕوانگه‌ی زانستی، سیاسی و دیپلۆماسیه‌وه گفتوگۆی له سه‌ر بکرێت و فام بکرێت.

پێشنیارتان چییه بۆ چاره‌سه‌رکردنی پرسی کورد؟

کێشه‌ی کورد کێشه‌یه‌کی گه‌وره‌یه. ئه‌م کێشه‌یه له تورکیا، ئێران، عێراق و سوریا هه‌یه. بۆ ئه‌وه‌ی ده‌وڵه‌ت دابمه‌زرێنن، سه‌ره‌تا ده‌بێ ئه‌م پرسیاره له لای کورده‌کان په‌ره بستێنێ "چۆن وه‌ها پارچه‌ بوین؟". کورده‌کان چۆن پارچه پارچه بوون و به چ شێوه‌یه‌ک به سه‌ر ئه‌و وڵاتانەدا دابه‌ش کراون؟‌ ئه‌م پارچه‌بوونه‌ی کورده‌کان وه‌ک پارچه‌بوونی سه‌ربه‌خۆیی تاکێک ڕه‌وشێکی زۆر قورسی لێ هاتۆته بوون. پێویسته لێکۆڵینه‌وه له سه‌ر ساڵانی ١٩٢٠ بکرێت. بۆچی کورده‌کان له عێراق و سوریا لەگەڵ عه‌ره‌به‌کان ده‌ژین و له ئێرانیش لەگەڵ‌ فارسه‌کان؟ با کورد لەگەڵ کورد بژی. ئه‌مه پێشنیارێکی به جێیه.

ئێستا له کوردستان ده‌وڵه‌تێکی فیدراڵی کوردی هه‌یه. ئه‌گه‌ر له تورکیاش ده‌وڵه‌تێکی فیدراڵی دابمه‌زرێ، ده‌بنه دوو ده‌وڵه‌تی فیدراڵی جیاواز؟ یان ئه‌و دوو ده‌وڵه‌ته فیدراڵه یه‌ک ده‌گرن؟ ئه‌گه‌ر یه‌ک بگرن، کێ ده‌وڵه‌ته‌که به‌ڕێوه ده‌با؟

له ئێستاوه مه‌حاڵه پێشبینی بکه‌ین چی ڕوده‌دا و چی ڕو نادا. من هه‌وڵ ده‌ده‌م بچمه بنج و بناوانی ده‌سپێکی دروستبوونی کێشه‌ی کورد له ساڵانی ١٩٢٠دا. لاوازی کورد له‌و ساڵانه‌دا چی بوو؟ ساڵانی ١٩٢٠ عه‌شیره‌کان هیچکامیان گوێیان له یه‌کتری نه‌ده‌گرت. کورده‌کان لێک کۆ نه‌ده‌بوونه‌وه تاکو سیاسه‌تێکی هاوبه‌ش به‌ڕێوه به‌رن. ئه‌م که‌مایه‌سیه تا ڕۆژی ئه‌مڕۆش به‌رده‌وامه.

ئه‌گه‌ر بڕوانینه ئه‌م ڕه‌وشه‌ی ئێستا، نه لایه‌نی ده‌وڵه‌ت و نه‌ په‌که‌که له ڕێگه‌ی چه‌که‌وه ئه‌نجامێک ده‌سته‌به‌ر ناکه‌ن. وا ده‌خویێ ده‌وڵه‌تی نوێ ده‌یه‌وێ ڕێگه‌یه‌کی جیاواز بەکار بێنێ. له‌و هه‌لومه‌رجه‌دا بۆ بۆچوونی ئێوه ئاشتی به‌رقه‌رار ده‌بێ یان شه‌ر به‌رده‌وام ده‌بێ؟

بێگومان ده‌بێ ئاشتی به‌رقه‌رار بێ. ئێستا ده‌وڵه‌تیش ئه‌مه‌ی ده‌وێت و کورده‌کانیش. ئاشتی، پێکهاتنه له سه‌ر ئه‌و داخوازیانه. له پێناو ئاشتیدا، ده‌بێ هه‌ندێک داخوازی کورد په‌سند بکرێ. و‌ه‌ک مافی په‌روه‌رده به زمانی دایک و دامه‌زراندنی هێزێکی تایبه‌تی ئاسایش.

وه‌ک چۆن ئێوه جیابونه‌وه به چاره‌سه‌ری کێشه‌که ده‌زانن، هه‌روه‌ها به‌مدواییانه ژماره‌‌ی ئه‌و که‌س و لایه‌نه تورکانه‌ی ده‌ڵێن "با جیا ببینه‌وه" په‌ره‌ ده‌ستێنێ. هه‌ندێک هه‌ن داوای ئه‌نجامدانی ڕیفراندۆم ده‌که‌ن. ئه‌گه‌ر ڕۆژێک تورکه‌کان داوای جیابونه‌وه په‌سند بکه‌ن، ئایا کورده‌کان به‌خته‌وه‌ر ده‌بن؟

له‌درێژخایه‌ندا به‌ڵێ. چونکه له داهاتوودا به قازانجی کورده‌کان ته‌واو ده‌بێ. ئه‌وکات برایه‌تی زۆر به ئاسانی سه‌قامگیر ده‌بێ نه‌ک ئێستا.

هیچ بڕواتان به‌‌وه نییه ده‌وڵه‌تێک هه‌بێ جیاوازی نه‌خاته نێوان نژادی مرۆڤه‌کان، تیایدا ڕه‌چه‌ڵه‌ک هیچ گرنگیه‌کی نه‌بێت و هه‌مو یه‌کسان و هاوشان بن؟

ئایدیۆلۆژیای فه‌رمی له تورکیا کۆسپه له به‌رده‌م پێشکه‌وتنی وه‌ها بڕوایه‌ک. من ده‌ڵێم ژماره‌ی کورده‌کان زۆر زۆره. بۆ ئه‌وه‌ی بیانه‌وێ داهاتووی خۆیان ده‌ست نیشان بکه‌ن، پێکهاته‌یه‌کی جیاواز پێویسته. عه‌ره‌ب، فارس و تورک له ڕۆژهه‌ڵاتی ناوین ده‌ژین. کورده‌کانیش ده‌بێ وه‌ک ئه‌وان ستاتۆیه‌کی سیاسییان هه‌بێ. پرسیاری بۆچی نیانه له مێشکمدا ماوه‌ته‌وه.

وه‌ڵامتان چییه بۆ ئه‌م پرسیاره؟ چونکه به‌ڕای ئێوه کێشه‌ی کورد کێشه‌کی دیموکراسی نییه. به بۆچونی ئێوه ئه‌گه‌ر کورده‌کان خاوه‌نی ئه‌و مافانه بن که تورکه‌کان هه‌یانه، هه‌میسان کێشه‌که چاره‌سه‌ر نابێ.

پرسی کورد کێشه‌یه‌کی گه‌وره‌یه. به‌ڵگه نه‌ویسته کێشه‌یه‌کی مه‌زن به گه‌شه‌پێدانی مافه تاکه که‌سیه‌کان چاره‌سه‌ر نابێ. ئه‌گه‌ر جۆرێک زاڵبون نه‌بێ، چۆن مافی یه‌کسان ده‌سته‌به‌ر ده‌بێ... له پێناو برایه‌تی کورد و تورکدا، ده‌بێ ‌حوکمڕانیه‌ک دابمه‌زرێ.

به‌ڵێ....

ژماره‌ی دانیشتوان و خاک دوو فاکته‌ری سه‌ره‌کین له کێشه‌ی کورددا. چونکه که ده‌ڵێی کوردستان، مه‌به‌ست ئه‌و شوێنه‌یه تیایدا کورد زۆرینه‌ن. ئێوه‌ ده‌توانن بڵێن که پێنج میلیۆن کوردیش له ئه‌سته‌نبوڵ ده‌ژین. دیاره گه‌ر هه‌شت میلیۆن کوردیش له ئه‌سته‌نبوڵ بژین، نابێته کوردستان. به‌ڵام ئه‌گه‌ر له هه‌كکاری ته‌نانه‌ت کوردێکیش نه‌ژیت، ئه‌وێ دیسان کوردستانه. چونکه کێشه‌ی کورد، له ڕاستیدا کێشه‌ی خاکه.

۱۳۸۸/۰۶/۱۸

بازرگانی کردن به کورد و کێشه‌ی موسڵ له لۆزان (به‌شی یه‌که‌م)



وتوێژی ڕۆژنامه‌ی (ته‌ڕه‌ف)  لەگەڵ ئیسماعیل بێشکچی 

سازدانی: نه‌شه دوزه‌ل
له‌تورکییه‌وه: سه‌لاحه‌دین بایه‌زیدی

 
بۆچی ئیسماعیل بێشکچی؟

کێشه‌ی کورد که یه‌كێکه له گرنگترین کێشه‌کانی تورکیا، دواجار به شێوه‌یه‌کی جددی که‌وته ڕۆژه‌ڤه‌وه. حکومه‌ت ڕایگه‌یاند نیازو ئیراده‌ی چاره‌سه‌رکردنی کێشه‌که‌ی هه‌یه، (ج.ه.پ) و (م.ه.پ)، گوتیان ڕێگه به‌چاره‌سه‌رکردنی کێشه‌ی کورد ناده‌ن و سوپاش لێدوانی زۆر توندی ئاڕاسته کرد. هه‌رچی (د.ت.پ)یشه، هه‌ندێکجار ئه‌رێنی و جارجاره‌ش دنه‌ده‌ر هه‌ڵسوکه‌وتی کرد. سه‌رباری ئه‌مانه، واز له "کرانه‌وه به‌ڕوی کورد"دا ناهێنرێ، کرانه‌وه به خێرایی و قورسی ده‌ڕواته پێش. ئێمه‌ش ئیسماعیل بێشکچیمان دواند، ئه‌و که‌سه‌ی پرسی کورد، زۆر لەمێژه سه‌رنجی ڕاکێشاوه، لێکۆڵینه‌وه‌ی لەسه‌ر ئه‌م مژاره کردوه، له‌پێناویدا تووشی گرتوخانه هاتووه و هێشتاش کتێبه‌کانی هه‌ر قه‌ده‌غه‌ن. ئیسماعیل بێشکچی که ڕێبازێکی زۆر ڕادیکاڵ تر له (د.ت.پ)ه‌ی هه‌یه، لێکدانه‌وه‌کانی له سه‌ر پرسی کورد، بۆچونه‌کانی خۆی ده‌رباره‌ی چاره‌سه‌ری و پرۆسه‌ی کرانه‌وه‌ی حکومه‌ت بۆ ئێمه خسته ڕو.

* * *


نه‌شه دوزه‌ل: ئێوه نوسه‌رێکن سه‌باره‌ت به پرسی کورد توێژینه‌وه‌ی به‌رفره‌تان ئه‌نجام داوه، کتێبتان نوسیووه و له‌م پێناوه‌دا باجی گه‌وره‌شتان داوه، ئه‌کادیمیسیه‌نێکن له‌به‌ر هه‌ڵوێسته‌کانتان له زانکۆ ده‌رکراون و هه‌ڤده ساڵ له ته‌مه‌نتان له به‌ندیخانه تێپه‌ڕاندوه. ئێوه وه‌ک کۆمه‌ڵناسێک، ته‌نیا له سه‌ر لایه‌نی کۆمه‌ڵایه‌تی کورد لێکۆڵینه‌وه‌تان نه‌کردووه بگره زۆر باش شاره‌زای مێژووی کوردیشن. ئه‌گه‌ر پرۆسه‌ی کرانه‌وه‌ی ئێستاکه  لەگەڵ ڕابردودا به‌راورد بکه‌ن، چ جیاوازییه‌ک ده‌بینن؟
ئیسماعیل بێشکچی:
له‌ ڕابردودا، کورده‌کان و زمانی کوردی له‌م وڵاته‌،‌ ڕوبه‌ڕوی نکۆڵی و فه‌وتان ده‌بونه‌وه. سیاسه‌تی ئاسیمیلاسیۆن په‌یڕه‌و ده‌کرا. که‌چی ئه‌مڕۆ، کێشه‌که به‌ناوی خۆیه‌وه قسه‌ی له سه‌ر ده‌کرێ که پێشهاتێکی زۆر گرنگه و گۆڕانکارییه‌کی گه‌وره‌یه. ئه‌وه‌ی ئەمڕۆ جێگه‌ی ڕه‌خنه‌یه ئه‌وه‌یه که ئێستاش قسه‌ له سه‌ر هۆکاره‌کانی کێشه‌ی کورد ناکرێ و ته‌نیا چاره‌سه‌رکردنی کێشه‌که باسی لێوه ده‌کرێ. ئه‌مه که‌مایه‌سیه‌کی گه‌وره‌یه.

ئایا کۆمه‌ڵگای تورکیا ئیستا ده‌زانێ کێشه‌ی کورد له کوێوه سه‌رچاوه ده‌گرێ؟

نه‌خێر. چونکه قسه له خودی کێشه‌ی کورد و گه‌وهه‌ره‌که‌ی ناکه‌ن.

به‌ڕای ئێوه گه‌وهه‌ری کێشه‌که چییه؟

ئه‌مڕۆکه ٢٠٧ ده‌وڵه‌ت له سه‌رانسه‌ری جیهان هه‌ن. له‌ناویاندا زۆر ده‌وڵه‌ت به‌دی ده‌کرێ که ژماره‌ی دانیشتوه‌کانی له‌ خواره‌وه‌ی میلیۆنێکه. بۆ نموونه یه‌کێتی ئه‌وروپا چه‌ند ئه‌ندامی وه‌ک مالتا، لوگزامبۆرگ و قوبرسی هه‌یه. له کۆنسه‌ی ئه‌وروپاشدا وڵاتگه‌لی وه‌ک سه‌ن مارینۆ، لیخن ئیشتاین و ئاندۆرا هه‌ن که ژماره‌ی دانیشتوه‌کانیان ده‌وروبه‌ری سێسه‌د تا چوارسه‌د هه‌زار که‌سه. کورده‌کان له ڕۆژهه‌ڵاتی ناوین به گشتی، ژماره‌یان ده‌گاته چل میلیۆن، به‌ڵام ئه‌م چل میلیۆنه له نه‌ته‌وه یه‌کگرتوه‌کان، له کۆنسه‌ی ئه‌وروپا و له کۆنفرانسی وڵاتانی ئیسلامی بەدی ناکرێن و خاوه‌نی ستاتۆیه‌کی سیاسی نین. ناوی کورده‌کان له ئاستی نێونه‌ته‌وه‌ییدا ته‌نیا  لەگەڵ پاشکۆی تیرۆر دێته سه‌ر زمان. که باسی کورده‌کان ده‌کرێ،  لەگەڵیشدا ناوی "تیرۆری کورد"، "تیرۆری نێوده‌وڵه‌تی" دێت.

ئێوه ده‌ڵێن کورده‌کان له جیهاندا خاوه‌نی هیچ ستاتۆیه‌کی سیاسی نین. ئه‌ی به‌ڕای ئێوه ده‌سه‌ڵاتی هه‌رێمی کورد له باکوری عێراق پێکهاته‌یه‌کی سیاسی نییه؟

پێکهاته‌ی باشوری کوردستان، به تێپه‌ڕبونی زه‌مه‌ن ده‌بێته ستاتۆیه‌کی سیاسی. ده‌کرێ ئه‌م ستاتۆیه زیاتر پێش بخرێت و له داهاتوودا ببێته ده‌وڵه‌تێکی سه‌ربه‌خۆ. به‌ڵام لەچاو تورکیا، ئێران، سوریا و قه‌فقاز، کورده‌کان هیچ ستاتۆیه‌کی سیاسیان نییه. بۆ نمونه له نێوان قه‌ره‌باغ و ئه‌رمه‌نستاندا له نێوان ساڵانی (١٩٢٨ ــ ١٩٢٣)ه‌وه، له ناوچه‌که، کۆماری کوردستانی سوور هه‌بوو. ئه‌م کۆماره به ئیراده‌ی ستالین هه‌ڵوه‌شایه‌وه و له ئه‌نجامدا به‌شێک له کورده‌کانی دوور خسته‌وه بۆ ئاسیای ناوین.

سه‌رۆکی کورده‌کان جه‌لال تاڵه‌بانی ده‌ڵێ دامه‌زراندنی ده‌وڵه‌تێکی سه‌ربه‌خۆی کوردی خه‌یاڵه. به‌ڕای ئێوه خه‌یاڵ نییه؟

ئه‌م قسه‌یه‌ی تاڵه‌بانی زۆر هه‌ڵه‌یه. یاشار که‌ماڵیش گوتویه‌تی "کورده‌کان ده‌وڵه‌تیان ناوێت" و به میدیاکانی تورکیای ڕاگه‌یاند له‌مڕوه‌وه "نیگه‌ران مه‌بن". لێدوانه‌که‌ی ئه‌ویش زۆر هه‌ڵه‌یه.

به بۆچوونی ئێوه کورده‌کان له تورکیا ده‌یانه‌وێ ده‌وڵه‌ت دابمه‌زرێنن؟

پێویسته گه‌مارۆ نه‌خرێته سه‌ر داهاتوو. له‌وانه‌یه قۆناغێک له قۆناغه‌کانی داهاتوو، بیانه‌وێ ده‌وڵه‌ت دابمه‌زرێنن. نابێ ئاسته‌نگ بخه‌ینه به‌رده‌میان. سه‌یر بکه‌ن... خاڵی گرنگ له کێشه‌ی کورددا، دینامیکه ده‌ره‌کییه‌کانن. ساڵانی ١٩٢٠ دینامیکی ناوخۆیی کورد زۆر لاواز کرا. کورده‌کان له ڕۆژهه‌ڵاتی ناوین پارچه پارچه‌ و دابه‌ش کران و ئه‌مه‌ش بوه هۆکاری له‌ناوچوونی دینامیکی ناوخۆیی. به‌ڵام هه‌ر وه‌ک ئاماژه‌م پێدا له کێشه‌ی کورددا "دینامیکه ده‌ره‌کییه‌کان" به‌هێزترن. ده‌ ساڵ له‌مه‌وپێش کێ بڕوای ده‌کرد سکرتێری یه‌كێتی نیشتمانی کوردستان جه‌لال تاڵه‌بانی ببێته سه‌رۆککۆماری عێراق؟

باشه، پێت وایه دینامیکه ده‌رکییه‌کانی جیهان، ئه‌مڕۆکه گونجاون بۆ ئه‌وه‌ی کورده‌کان ده‌وڵه‌تێکی سه‌ربه‌خۆ دابمه‌زرێنن یاخود یه‌ک بگرن؟

به‌ر له‌هه‌مو شتێ پێویسته ئه‌مڕۆکه گفتوگۆ و قسه لەسه‌ر ئه‌مه بکرێت. کورده‌کانیش ده‌بێ به‌وردی بیر له‌وه بکه‌نه‌وه بۆچی تا ئێستا جه‌ربه‌زه‌ی دامه‌زراندنی ده‌وڵه‌تیان له خۆیان نیشان نه‌داوه. خاوه‌نی ژماره‌یه‌کی زۆری دانیشتوانن، به‌ڵام بچوکترین ستاتۆی سیاسیان نییه. کورده‌کان ده‌بێ سه‌باره‌ت به مێژوو و کۆمه‌ڵگەی خۆیان شاره‌زاییان هه‌بێ. ئه‌م قسانه‌م وه‌ک ڕه‌خنه‌ی بێشکچی له کورده‌کان، تێبگه‌ن. بێشکچی ڕه‌خنه له کورده‌کان ده‌گرێ.

ئه‌ی بڕوا ده‌که‌ن له تورکیا، ده‌وڵه‌ت پێداگر بێت لەسه‌ر چاره‌سه‌ری کێشه‌ی کورد؟

سه‌ره‌تا ناوی قۆناغه‌که "کرانه‌وه به‌رووی کورد" بوو، پاشان خێرا گۆڕیان و ناوێکی ئاڵۆزی وه‌ک کرانه‌وه‌ی دیموکراتیان لێنا. وه‌زیری کاروباری ناوخۆ له کاتی شرۆڤه‌کردنی پرۆسه‌که‌دا، ته‌نیا جارێکیش وشه‌ی کوردی بەکار نه‌هێنا. زۆر سه‌یره.... قسه لەسه‌ر کێشه‌ی کورد ده‌که‌ین به‌ڵام وشه‌ی کورد به‌کار ناهێنین. هه‌روه‌ها له‌لایه‌ن ده‌زگای ئاسایشی نه‌ته‌وه‌ییه‌وه بڕیاری پشتگیری له کرانه‌وه ده‌رچوو، به‌ڵام دوابه‌دوای کۆبونه‌وه‌که‌ی ده‌زگای ئاسایش، سه‌رئه‌رکانی گشتی له قسه‌کانیدا پشتگیری خۆی ده‌رنه‌بڕی. به‌دوای ئه‌مانه‌دا، له ناو حکومه‌تیش هه‌ڵوێستی ترسنۆکانه ده‌ستی پێکرد.

له‌و ڕه‌وشه‌ی به کورتی باست کرد، ده‌کرێ چۆن ئه‌نجامێک ده‌ربخه‌م؟

هه‌مو ئه‌مانه به‌ڕاستی گومانیان له‌سه‌ره، گومان له‌وه‌ی حکومه‌ت تا چ ڕاده‌یه‌ک سووره له سه‌ر چاره‌سه‌ری کێشه‌که یان تا چه‌ند ئه‌م پێداگرییه‌ی ده‌خاته واری پراتیکه‌وه. سه‌باره‌ت به چاره‌سه‌ری پرسی کورد ده‌بێ حکومه‌ت دینامیکی گه‌وره‌تری هه‌بێ و قسه‌کانی به‌دی بێنێ. حکومه‌ت ده‌بێ له‌م بابه‌ته‌دا، قه‌ناعه‌ت به سوپا بێنێ.

ئه‌گه‌ر بێت و کرانه‌وه‌ی دیموکراتیک جێبه‌جێ کرا، ئایا چه‌که‌کان بێده‌نگ ده‌بن؟‌ تۆ بڵێی ئاشتی سه‌قامگیر بێت؟

کێشه‌ی کورد دو ڕه‌هه‌ندی هه‌یه. لایه‌نێکی کێشه‌که، په‌یوه‌ندی به سیاسه‌تی توانه‌وه و نکۆڵی ده‌وڵه‌ته‌وه هه‌یه له به‌رامبه‌ر کورده‌کان و زمانی کوردی که ئه‌م لایه‌نه‌ی کێشه‌ی کورد ده‌گه‌ڕێته‌وه بۆ ساڵانی پێش (١٩٢٠) و سه‌رچاوه‌که‌ی سه‌پاندنی سیاسه‌تی ئاسیمیلاسیۆنه. ئێوه وه‌ک حکومه‌ت گه‌ر بتانه‌وێ هه‌نگاو به‌رز بکه‌نه‌وه له پێناو دیموکراتیزه بووندا، پێویسته واز له هه‌ڵوێستی نکۆڵی و فه‌وتان بێنن و له سیاسه‌تی هه‌شتا ساڵه‌ی ئاسیمیلاسیۆن دوور بکه‌ونه‌وه.

چۆن؟

بۆ میناک، ده‌وڵه‌ت ده‌توانێ مۆڵه‌ت بدا به په‌خشی که‌رتی تایبه‌ت به زمانی کوردی... ناوی کوردیی شوێنه‌کان بگه‌ڕێنێته‌‌وه.. له قوتابخانه به‌ کوردی بخوێنرێ... مافی په‌روه‌رده به کوردی به ڕه‌وا ببینێ... ئه‌نیستیتۆی کوردۆلۆژی دابمه‌زرێن... له پێناو به‌رزکردنه‌وه‌ی ئه‌م هه‌نگاوانه، پێویست ناکا حکومه‌ت  لەگەڵ ئه‌م و ئه‌و کۆ ببێته‌وه. ده‌وڵه‌ت ده‌توانێ پاڵپشت به ئێراده‌ی خۆی، جێبه‌جێان بکا. به‌ڵام سه‌رجه‌م ئه‌م هه‌نگاوه دیموکراتییانه‌ی ئاماژه‌مان پێدان، ته‌نها ته‌واوکه‌ری لایه‌نێک له کێشه‌ی کورده.

لایه‌نی دووهه‌می کێشه‌ی کورد چییه؟

کێشه‌ی کورد له لایه‌کی دیکه‌وه په‌یوه‌ندی به په‌که‌که‌وه هه‌یه که لێره‌دا پێویسته حکومه‌ت  لەگەڵ که‌سانێکدا دابنیشێ. به گوێره‌ی بۆچوونی من، لەپێناو بێده‌نگ بوونی چه‌که‌کان، ده‌بێ حکومه‌ت  لەگەڵ (د.ت.پ) کۆ بێته‌وه. (د.ت.پ) بڕوا ئه‌م مژاره  لەگەڵ په‌که‌که‌دا گفتوگۆ بکات. به‌واتایه‌کی دیکه، (د.ت.پ) له سه‌ر بابه‌تی هاتنه خوار له چیاکان،  لەگەڵ ئیمرالی دابنیشێ. بۆ ئه‌وه‌ی په‌که‌که چه‌که‌کانی دابنێ، گرنگه بزانرێ ددان به چ مافێکی کوردان داده‌نرێت. له‌م ڕوانگه‌وه، (د.ت.پ) ده‌بێ ڕاسته‌وخۆ چاوی به ئۆجه‌لان بکه‌وێ تا له هه‌لومه‌رجه‌کانی چه‌کدانانی (پ.ک.ک) تێبگا.

به ته‌نها ئۆجه‌لانه بڕیار له سه‌ر چه‌کدانانی په‌که‌که ده‌دا؟

به قه‌ناعه‌تی من، ته‌نها ئۆجه‌لان بڕیار له سه‌ر ئه‌مه ده‌دات. قه‌ندیل، واته به‌ڕێوه‌به‌رانی شاخ و فه‌رمانده‌کان گوێ له قسه‌کانی ئۆجه‌لان ده‌گرن. بۆیه ده‌بێ بابه‌تی وازهێنان له چه‌ک  لەگەڵ (د.ت.پ) و ئۆجه‌لان بخرێته به‌ر باس. به‌ڵام (د.ت.پ) له دوایین میتینگی خۆیدا له ڕۆژی جیهانی ئاشتی توشی هه‌ڵه‌یه‌کی گه‌وره بوو. ئادرێسی ئۆجه‌لانی نیشانی حکومه‌ت دا. ڕایگه‌یاند لەپێناو چاره‌سه‌رکردنی کێشه‌ی کورد، ئه‌و شوێنه‌ی پێویسته چاوپێکه‌وتنی تێدا ئه‌نجام بدرێ، ئیمڕالیه. پارتێکی سیاسی قه‌ت ناڵێ " لەگەڵ مندا گفتوگۆ له سه‌ر کێشه‌که‌ مه‌که‌ن."

به‌ڕای ئێوه بۆچی (د.ت.پ) گوتی " لەگەڵ ئیمڕالی دابنیشن"؟

ئه‌مه شتێکه ڕاشکاوانه په‌یوه‌ندیی به ئۆجه‌لانه‌وه هه‌یه. هێزی کاریگه‌ر له‌ناو (پ.ک.ک)دا، ئۆجه‌لانه. به‌ڵام (د.ت.پ) ده‌بێ له‌م قۆناغه‌دا ئه‌کتیڤ بجوڵێته‌وه. ئه‌گه‌ر (د.ت.پ) ئه‌م ڕۆڵه گرنگه بگرێته ئه‌ستۆ، ده‌توانێ هه‌م حکومه‌ت و هه‌م ئیمڕالی بکاته شوێنی چاوپێکه‌وتن.

په‌که‌که به چ مه‌رجێ قایل ده‌بێ له چیاکان بێته خوار؟

به‌ڕای من، دروستبونی پێکهاته‌یه‌کی فیدراڵی که تیایدا کورده‌کان له هه‌ندێک ڕووه‌وه خۆیان ده‌سه‌ڵاتی خۆیان بکه‌ن، پێویسته. په‌روه‌رده به زمانی زگماکی، مه‌جلیسی خۆجێی و پێکهێنانی هێزی ئه‌منی له‌و مافانه‌ن که پێویسته پێیان بدرێ. ئه‌مه بۆچوونی تایبه‌تی منه. لێره‌دا پرسیارێکی گرنگ خۆی زه‌ق ده‌کاته‌وه: په‌که‌که‌ییه‌کانی شاخ که وازیان له چه‌ک هێنا، چی ده‌که‌ن؟ گۆیا له چیاکانی تورکیا دو هه‌زار و له‌‌عێراق ژماره‌یان ده‌گاته سێ هه‌زار که‌س. ئه‌م پێنج هه‌زار مرۆڤه چه‌کداره، پاش ئه‌وه‌ی چه‌که‌کانیان دانا و له چیاکان هاتنه خوار، چی ده‌که‌ن؟

به ڕای ئێوه ده‌بێ چی بکه‌ن؟

له نێوان ئیسرائیل و فه‌له‌ستینیشدا کێشه‌یه‌کی ئاوا هه‌بوو که ساڵی ١٩٩٣ دوابه‌دوای په‌یماننامه‌ی "ئۆسلۆ"، چاره‌سه‌ر کرا. چونکه ئۆتۆنۆمی درا به فه‌له‌ستینیه‌کان. ڕێکخراوی ڕزگاریبه‌خشی فه‌له‌ستین به‌مجۆره چه‌کی دانا و بوو به هێزی پاراستنی هه‌رێمی ئۆتۆنۆمی فه‌له‌ستین. هه‌ر به‌م شێوه‌یه، پاش وه‌رگه‌ڕانی سه‌دام حسێن له عێراق، پێشمه‌رگه چه‌کی دانا. به‌ڵام پێشمه‌رگه‌ش کاتێک چه‌کی دانا که بو به هێزی پاراستنی هه‌رێمی کوردستان. لای ئێمه‌ش ده‌کرێ په‌که‌که، پاش ئه‌وه‌ی له ناوچه‌که ده‌سه‌ڵاتی ئۆتۆنۆم یان فیدراسیۆن دامه‌زرا، ببێته هێزی پاراستنی ئه‌م پێکهاته نوێیه. به‌م شێوه‌یه واز له چه‌ک دێنێ. به‌ڕای من په‌که‌که لایه‌نگری چاره‌سه‌رییه‌کی له‌مجۆره‌یه.

ئه‌وه‌نده‌ی به بیرم بێ، چه‌ند مانگ له‌مه‌وبه‌ر ئه‌و پێشنیاره‌تان بۆ یه‌که‌مجار له سایتێکی ئه‌نته‌رنێتدا بڵاو کرده‌وه. نوسیبووتان "ئه‌و په‌که‌که‌ییانه‌ی له چیاکان هاتونه‌ته خوار، له ژیانی مه‌ده‌نیدا به چییه‌وه خه‌ریک ده‌بن؟ ئه‌و مرۆڤانه‌ی بیست ساڵه چه‌کیان له سه‌ر شانه، خۆ کاری فیزیکی و بیناسازی ئه‌نجام ناده‌ن. با ئه‌مانه ببنه هێزی تایبه‌تی پاراستن." ئێستا ئۆجه‌لانیش، له نه‌خشه‌ ڕێیه‌که‌یدا که دزه‌ی کردۆته میدیاکان، هه‌مان پێشنیاری کردووه. ده‌یه‌وێ کورده‌کان له ناوچه‌که‌دا ببنه هێزی تایبه‌تی پاراستن. ئایا ئۆجه‌لان پێشتریش باسی "هیزی پاراستن"ی کردووه؟

ساڵانی (١٩٨٠) که داوای کوردستانێکی سه‌ربه‌خۆ و یه‌کگرتووی ده‌کرد، ویستێکی له‌مجۆره‌ی هه‌بوو. به‌ڵام پاش چوونی بۆ ئیمڕالی، چاوپێکه‌وتنی  لەگەڵ پارێزه‌ره‌کان ده‌شۆپێنم، نه‌مبینیووه ئۆجه‌لان داخوازییه‌کی ئاوا بێنێته گۆڕێ.

باشه ویستی دامه‌زراندنی هێزی پاراستن له ناوچه‌یه‌کی ئۆتۆنۆم و دروستبوونی پێکهاته‌یه‌کی ئۆتۆنۆم، له‌ڕاستیدا نایه‌ته واتای دامه‌زراندنی ده‌وڵه‌تێکی فیدڕاڵ؟

به‌ڵێ. منیش مه‌به‌ستم له‌وه‌یه، ده‌ڵێم با فیدراسیۆن سه‌قامگیر بێ. ده‌بێ گۆڕانکارییه‌کی ڕیشه‌یی له پێکهاته‌ی ده‌سه‌ڵاتی تورکیادا پێک بێت.

ئایا ئۆجه‌لان ئێستا داوای فیدراسیۆن ده‌کا؟

پاش ئه‌وه‌ی نه‌خشه‌ی ڕێگه‌که‌ی له میدیاکاندا ڕه‌نگی دایه‌وه، سه‌باره‌ت به هێزی تایبه‌تی ئاسایش گوتی "بۆچونی من به هه‌ڵه لێک درایه‌وه، مه‌به‌ستی من ئه‌وه نه‌بوو". به بۆچونی من، په‌که‌که یان هێزی تایبه‌تی پاراستن ده‌بێ پارێزگاری له فیدراسیۆن بکات.

ئایا ده‌وڵه‌ت مه‌رجه داواکراوه‌کانی په‌که‌که په‌سند ده‌کات؟

له نزیکخایه‌ندا مه‌حاڵه. ئایدیۆلۆژیای فه‌رمی له تورکیا زۆر بەهێزه. په‌سندکردنی هێزی تایبه‌تی پاراستن، پێویستی به گۆڕانکاری هه‌مه‌لایه‌نه له به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی ڕای گشتی له‌م وڵاته‌دا هه‌یه. پڕۆسه‌ی کرانه‌وه به ڕوی کورد که ئێستا ناوی کرانه‌وه‌ی دیموکراسیه، ئه‌م گۆڕانکارییه ناچه‌سپێنێ. لێ ئه‌م هه‌نگاوه، ڕێگه له به‌رده‌م چاره‌سه‌رکردنی کێشه‌ی کورد له کورتخایه‌ندا خۆش ده‌کات. چونکه بۆ ئه‌م قۆناغه له کرانه‌وه ده‌بێ لێکۆلینه‌وه و توێژینه‌وه له سه‌ر ساڵانی ١٩٢٠ بکرێ.

لێکۆڵینه‌وه له ساڵانی ١٩٢٠ چ ده‌رئه‌نجامێکی لێده‌که‌وێته‌وه؟

له‌وه ده‌گه‌ن کورده‌کان چۆن پارچەپارچه و دابه‌ش بوون. کوردستان چۆن به‌سه‌ر تورکیا، ئێران، عێراق، سوریا و قه‌فقازیادا، دابه‌ش بووه؟ سنوری نێوان ئێران ــ عێراق، تورکیا ــ عێراق چۆن دروست بووه؟ عه‌شیره‌کان، دێهاته‌کان و خێزانه‌کان چۆن بوونه‌ته دوو به‌ش؟ فه‌ره‌نسا و به‌ریتانیا ئه‌وکات چیان کردووه؟ کورده‌کان به چ شێوه‌یه‌ک وه‌ڵامی هه‌ڵوێستی ئه‌و وڵاتانه‌یان داوه‌ته‌وه؟ ئه‌م بابه‌تانه ده‌بێ به شێوه‌یه‌کی ئه‌کادیمی توێژینه‌وه‌یان له سه‌ر بکرێت.

به‌ڕای ئێوه په‌یوه‌ندیدار به‌و ساڵانه، چ شتێک هه‌یه که نایزانین؟

سه‌رچاوه‌ی کێشه‌ی کورد ده‌گه‌ڕێته‌وه بۆ ساڵانی ١٩٢٠. یه‌ک دوو ساڵی ئه‌و سه‌رده‌مانه واته ساڵانی نێوان ١٩١٩ و ١٩٢١، قۆناغێکی زۆر ته‌ماوییه. کۆنسوڵخانه‌ی به‌ریتانیا بۆ جه‌نگ، وه‌زیرانی وڵاتانی ژێرده‌ست و وه‌زیری کاروباری ده‌ره‌وه‌ی فه‌ره‌نسا له‌مه‌ڕ کوردستان سیاسه‌تێکی شه‌فافیان نه‌بووه. به‌تایبه‌تی تورکیاش هه‌وڵ ده‌دا ئه‌و په‌یوه‌ندییانه له‌ناو تاریکیدا بمێننه‌وه.

پێت وایه ده‌یانه‌وێ چ شتێک بشارنه‌وه؟

به‌تایبه‌ت ده‌یانه‌وێ قۆناغی ١٩١٩ بۆ ١٩٢١ واته ساڵانی پارچه‌بوون و دابه‌شبوون له نه‌ستی کورده‌کاندا نه‌بوژێته‌وه. باشه بۆچی یه‌کێتی سۆڤیه‌ت سه‌رباری ئه‌وه‌ی به‌رده‌وام باسی دیاریکردنی مافی چاره‌ی خۆنووسینی گه‌لانی ده‌کرد، له به‌رامبه‌ر دابه‌شبوونی کوردستاندا مته‌قی لێوه‌ نه‌هات؟ ده‌بێ ئه‌مانه لێکۆڵینه‌وه و توێژینه‌وه‌یان له سه‌ر بکرێ.

ئایا ئه‌م پارچه‌بوونه هۆکارێکیشی ناگه‌ڕێته‌وه بۆ کورده‌کان خۆیان؟

بێگومان... سیاسه‌تی پارچه پارچه‌ی بکه و به سه‌ریدا زاڵ به، ئه‌گه‌ر له سه‌ر لایه‌نێک پێک بێت، دیاره لاوازی زۆر به‌رچاوی هه‌یه. هێزه داگیرکه‌ره‌کان ئه‌م لاوازییه گه‌وره‌یه ده‌قۆزنه‌وه و پارچه‌ پارچه‌یان ده‌که‌ن.... باشه لاوازی کورده‌کان چی بوو که‌وا بوونه ئامانجی دابه‌شبوون؟ پێویسته ئه‌م پرسیاره لێکۆڵینه‌وه‌ی له سه‌ر بکرێت. له‌ڕاستیدا سیاسه‌تی سه‌ره‌کیی هه‌شتا ساڵی ڕابردوو، په‌یوه‌ندیی به نەوتەوە هەیە. ساڵی ١٩٨٠ په‌تڕۆڵ دۆزرایه‌وه و به‌ریتانیا به‌مجۆره داوای کردوه ویلایه‌تی موسڵ بخرێته سه‌ر ده‌سه‌ڵاتی عێراقی ده‌ستکردی خۆی.

ده‌زانین، ئه‌مانه شتگه‌لێک نین له تارماییدا مابنەوە.

به‌ڵام ئاخۆ کورده‌کان چۆن پارچه پارچه و دابه‌ش بوون؟ ئه‌م بابه‌ته سه‌داسه‌د به شێوه‌یه‌کی نهێنی تاوتوێ کراوه. بۆ وێنه له په‌یماننامه‌ی لۆزاندا کورده‌کان له‌به‌ر چاو ناگرن، به‌ڵام بێگومان له پشت په‌رده ده‌رهه‌ق به کورده‌کان لەگەڵ یه‌کتری دانیشتن ئه‌نجام ده‌ده‌ن و بیروڕا ئاڵوگۆڕ ده‌که‌ن. ئه‌وکات مسته‌فا که‌ماڵیش پێداگری له سه‌ر موسڵ ده‌کرد. گوتویه‌تی "چوار سه‌د ساڵه ئێمه ئه‌وان به‌ڕێوه ده‌به‌ین. باب و باپیرمان له‌وێ ئه‌سپیان تاو داوه، ئه‌وێ هی ئێمه‌یه" و له‌سه‌ر ئه‌مه له نێوان به‌ریتانیا و تورکیا تا بڵێی، ناکۆکی دیپلۆماسی ڕویداوه.

تێنه‌گه‌یشتم... ئه‌گه‌ر ویلایه‌تی موسڵ ڕاده‌ستی به‌ریتانیه‌کان نه‌کرایه، کورده‌کان پارچه پارچه نه‌ده‌بوون؟

له ئه‌نجامی لێکۆڵینه‌وه‌دا بۆم ده‌رکه‌وتووه که ئاڵۆزی دیپلۆماسی نێوان به‌ریتانیا و تورکیا، پاش ماوه‌یه‌ک په‌یماننامه‌یه‌کی وه‌های  لەگەڵ خۆیدا هێناوه. له‌وانه‌یه مسته‌فا که‌ماڵ گوتبێتی "ئێمه له باشوور واز له ویلایه‌تی موسڵ دێنین، له به‌رامبه‌ریدا ئێوه‌ش ببنه ئاسته‌نگ له به‌رده‌م ویستی ئۆتۆنۆمیخوازی کورده‌کانی باشوور." سه‌یر که‌ن... که لێکۆلێنه‌وه له سه‌ر ده‌سه‌ڵاتداره ژێر ده‌سته‌کانی به‌ریتانیا ده‌که‌ین، وه‌ک هیندستان، باشوری ئه‌فریقا، کێنیا، ئه‌فریقای ناوین و سۆمالی، له هه‌موویاندا ئه‌مه ده‌بینرێ. به‌ریتانیا له‌ هه‌موو شوێنێک ده‌سه‌ڵاتی سه‌ربه‌خۆی دامه‌زراندووه. ته‌نها شوێنی ژێر ده‌ستی که ده‌سه‌ڵاتی سه‌ربه‌خۆی تیادا دروست نه‌کردووه، کوردستانه.

ئایا پێتان وایه له ئه‌نجامی بارزگانی پێکردنی ئاتاتورکدا، کورده‌کان نه‌یانتوانی پێکهاته‌یه‌کی سه‌ربه‌خۆ دابمه‌زرێنن؟

بێگومان، بێگومان. به پێی خوێندنه‌وه‌کانم، وا بیر ده‌که‌مه‌وه که له‌وانه‌یه پێڤاژۆیه‌کی وا هاتبێته پێش.

ئه‌گه‌ر ئه‌مه ڕاست بێ... بۆچی ده‌بێ مسته‌فا که‌ماڵ، وه‌ها داواکارییه‌کی بووبێ؟

له‌وانه‌یه بیری له‌وه کردبێته‌وه که ئه‌گه‌ر کورده‌کان له باشور سه‌ربه‌خۆ بن، ئه‌مه کاریگه‌ری داده‌نێته سه‌ر کورده‌کانی باکوور. له‌وانه‌یه بۆ ئاسته‌نگ کردنی ئه‌م کاریگه‌رییه وه‌ها داواکارییه‌کی پێشکه‌ش کردبێ. پێموایه ده‌کرێ به‌ڵگه‌ی په‌یوه‌ندیدار له ئه‌ڕشیڤی نێوان ساڵانی (٢١ ــ ١٩١٩)دا بدۆزرێته‌وه.

له به‌شی دووهه‌مدا؛
کورده‌کان ده‌توانن شانبه‌شانی تورکه‌کان بژین؟ ئایا کورده‌کان دامه‌زراندنی ده‌وڵه‌تیان پێ گرنگه؟ بوونی مافی یه‌کسان  لەگەڵ تورکه‌کان به ته‌نیا به‌سه؟ ئه‌گه‌ر ڕۆژێک کورده‌کان بیانه‌وێ جیا ببنه‌وه، تورکه‌کان قایل ده‌بن؟

۱۳۸۸/۰۵/۲۳

پێرلاشێز؛ نیشتمانی دوای مه‌رگ



سەلاحەدین بایەزیدی - فەڕەنسا

 
باغێكی گه‌وره بۆته نیشتمانی هه‌میشه‌یی سه‌دان شاعیر، ڕۆماننووس، مۆسیقاژه‌ن، نیگاركێش، بۆته نیشتمانی سیاسه‌تمه‌دار و سه‌رباز، زه‌نگین و به‌له‌نگاز، ئانارشیست و سه‌ڵته‌نه‌تخواز، فێمێنێست و پیاوسالار، بێ نیشتمان و خاوه‌ن ماڵ، بورژوا و كۆنه‌په‌رست، به‌ناوبانگ و گومناو له‌ هه‌موو نه‌ته‌وه‌كان و گشتیان بێ جیاوازی و به‌ ئاشتی له‌گه‌ڵ یه‌کتریدا ده‌ژین، بێ جیاوازی ناسنامه و ڕه‌گه‌ز و ڕه‌نگ. ئه‌مه نیشتمانی ناو چیرۆک و وڵاتی ناو خه‌ونه‌كانی په‌نابه‌رێک نییه، به‌ڵكه گۆڕستانێكه كه ناو و گه‌وره‌ییه‌كه‌ی، هێمایه‌كه له‌ فره‌چه‌شنی مرۆڤه‌كان و له‌ هه‌مانكاتدا یه‌كسانبوونی ئه‌وان. له‌و نیشتمانه‌دا كاتۆلیک، پرۆتستان، ئه‌رتدۆكس، جوله‌كه، موسڵمان، بودایی، فراماسۆن و ئاته‌ئیست و بڕوادارانی ئایین و ئه‌ندێشه‌كانی تر بێ چاوسوركردنه‌وه‌و به‌گژیه‌كداچوون له‌ ده‌وری یه‌ک كۆبونه‌ته‌وه.

گۆڕستانی پێرلاشێز له‌ناوی ((Père Francois de la Chaise (1624-1709 ) وه‌رگیراوه، كه به‌ یه‌كێک له‌ كه‌سایه‌تییه دیاره‌كانی دادگای فه‌ره‌نسا دێته ئه‌ژمار و كه‌سێكه دانپێنانی له‌ (لویی شانزه‌هه‌م) وه‌رگرتووه. پێرلاشێز كه‌شه‌یه‌كی جێگه‌ی متمانه‌ی لویی چارده‌هه‌م و كه‌سێكی ده‌ست ڕۆشتوو بووە. ئه‌و به‌ باوكی لاشێز یان وه‌ک فه‌ره‌نسیه‌كان ده‌ڵێن پێغلاشێز به‌ناوبانگ بووە. ئه‌م گۆڕستانه ٢١ی مه‌ی ساڵی ١٨٠٤ له‌لایه‌ن ناپلیۆنه‌وه دروست كراوه و، له‌ ساڵی ١٧٨٦ه‌وه تا ئه‌وكات دروستكردنی گۆڕستان له‌ناو شاری پاریس قه‌ده‌غه كرابوو.

سه‌ره‌تا گۆڕستانه‌كه پێشوازی لێ نه‌كرا و ب ه‌هۆی دووربوونی له‌ پاریس، كه‌متر مه‌راسیمی پرسه‌ی و به‌خاكسپاردنی تێدا ئه‌نجام ده‌درا. پاریسییه ده‌وڵه‌مه‌نده‌كان پێیان نه‌نگ بوو، ته‌رمی كۆچكردووه‌كانیان له‌و شوێنه بنێژن و به‌مجۆره گۆڕستانه‌كه ته‌ریک و دوورەپه‌رێز مایه‌وه تا كاربه‌ده‌ستانی شاره‌وانی په‌نایان به‌رده به‌ر هونه‌رمه‌ندان و، هاتنه سه‌ر ئه‌وه‌ی شێوازێكی نمایشی بۆ به‌كارهێنانی ئه‌م فه‌زایه بدۆزنه‌وه. وه‌ك سه‌ره‌تاش، ئێسك و پروسكی هه‌ندێك نوسه‌ری وه‌ک "لافۆنتێن" و "مولیرزا" له‌ ئه‌نجامی مه‌راسیمێک و له‌ساڵی ١٨٠٤ بۆ ئه‌و شوێنه گوازرانه‌وه.

به‌گوێره‌ی ئاماره‌كان ته‌نها له‌ ماوه‌ی چه‌ند ساڵێكدا، ژماره‌ی گۆڕه‌كانی پێرلاشێز له‌ سه‌د گۆڕه‌وه بوو به ٣٣٠٠٠ گۆڕ. ئه‌مڕۆكه نزیكه‌ی یه‌ک ملیۆن گۆڕ له‌م گۆڕستانه‌دا هه‌یه و ژماره‌یه‌كی زۆر له‌و گۆڕانه فه‌ره‌نسی نین و كه‌سانی بیانی و به‌ناوبانگی وه‌ک ئۆسكار وایلدیان گرتۆته خۆ.

دیواری به‌ناوبانگی (فێدره) كه سیمبۆلی ئازادیخوازی خه‌ڵكی فه‌ره‌نسایه‌، له‌و شوێنه هه‌ڵكه‌وتوه، ئه‌و دیواره‌ به‌ ناوی سه‌ربازه‌ شۆڕشگێڕه‌كانی كۆمۆنی پاریسه‌وه كراوه كه دوایین گروپ له‌و سه‌ربازانه بۆ ناو گۆڕستانه‌كه پاشه‌كشێیان كرد، له‌ئه‌نجامدا یه‌كێك له‌ده‌رگاكان به‌زه‌بری تۆپ شكا و پاش شه‌ڕێكی خوێناوی له‌ ٢٨ی مه‌ی ١٨٧١دا، ١٤٧ كه‌س له‌ ڕێبه‌رانی حزبه جیاجیاكانی فه‌ره‌نسا، درانه به‌ر ڕێژنه‌ی گولـله. ئێستا ئه‌م دیواره له‌ لایه‌ن خه‌باتگێڕه سیاسییه‌كانی سه‌رانسه‌ری دنیاوه ڕێزی لێده‌گرێت و وه‌ک نمونه‌ی خه‌بات بۆ گۆڕانكاری سه‌یری ده‌كرێت.

پێرلاشێز یه‌كێكه له‌و گۆڕستانانه‌ی زۆرترین گه‌شتیار ڕووی تێده‌كات و ساڵانه، زیاتر له دوو میلیۆن كه‌س له‌ سه‌رانسه‌ری دنیاوه ڕاكێشی گڵكۆی ئه‌و كه‌سانه ده‌کات كه له‌ ماوه‌ی دوو سه‌د ساڵی ڕابردوو له‌ فه‌ره‌نسا ژیاون.

پانتاییه‌كه‌ی زیاتر له ٤٤ هێكتاره و ٥٣٠٠٠ داری تێدایه، به‌ واتایه‌كی تر گه‌وره‌ترین پاركی پاریسه. سه‌دان هونه‌رمه‌ند، بیرمه‌ند، نوسه‌ر و سیاسه‌توانی به‌ناوبانگ له‌و گۆڕستانه به‌خاک سپێردراون. زۆر له‌ كێله‌كان و په‌یكه‌ره‌كان له‌لایه‌ن میعماره به‌ناوبانگه‌كانی جیهان دروست كراون و ئه‌مه‌ش وایكردوه ئه‌م گۆڕستانه له‌ هه‌مانكاتدا ببێته مۆزه‌یه‌كی گه‌وره له‌ فه‌زایه‌كی كراوه‌دا. شوێنه‌واره‌كانی ناوی نیشانه‌یه‌كن له‌ داهێنان و هونه‌ر. په‌یكه‌ر و به‌رهه‌می میعماری له‌ شێوازی یۆنانییه‌كانه‌وه بگره تا هونه‌ری مۆدێرن له‌ یه‌ک شوێن كۆكراونه‌ته‌وه.

هه‌موو ڕۆژه‌كانی پێرلاشێز وه‌ك ڕۆژانی پشوو وایه، به‌رده‌وام خه‌ڵكێكی زۆر ڕوی تێده‌كات كه ته‌نها بۆ دانانی گوڵ له‌سه‌ر شانازییه‌كانی ڕابردوو ڕو ناكه‌نه ئه‌و شوێنه، به‌ڵكه كێله‌كان ئه‌و ڕۆژو یادانه‌یان زیندوو ڕاگرتوه كه به‌ هۆی مۆدێرنەوە سڕاونه‌ته‌وه و له‌و شوێنه‌یه كه مرۆڤه‌كان به‌ پێچه‌وانه‌ی گۆڕستانه‌كانی دیكه له‌ مه‌رگ ناترسن و هه‌ست به‌ دڵه‌ڕاوكێ ناكه‌ن. له‌ گۆڕستانه‌كه‌دا بە تەنیا یەک ئینتمای ئایینی زاڵ نییە و ئه‌مه‌ش بۆته یه‌كێكی تر له‌نهێنیه‌كانی سه‌ركه‌وتنی پێرلاشێز.

هه‌ندێک له‌‌ گۆڕه‌كان

‌میشێل نی، ماڕشاڵی سوپای فه‌ره‌نسی كه له‌ به‌رامبه‌ر شۆڕشگێڕانی فه‌ره‌نسه له‌شه‌ڕه‌كانی ناپلیۆندا خۆڕاگری كرد، ئه‌لفرێد دۆموسێی شاعیر و ڕۆماننووس، ته‌رمی جان مۆلێن له‌ سه‌ركرده‌كانی سوپای خۆڕاگری فه‌ره‌نسه له‌ ماوه‌ی جه‌نگی جیهانی دووهه‌م و ئه‌مادیۆ مۆدیگلیانی نیگاركێش و په‌یكه‌ره‌سازی ئیتالی كه به‌ هۆی نزیكبوونی به‌رهه‌مه‌كانی له‌ پیكاسۆ به‌ناوبانگه، چارلز ماسیه‌ی ئه‌ستێره‌ناسی به‌ناوبانگی فه‌ره‌نسی و لئۆ لوسینین ئارینی پاشای ئه‌رمه‌نییه‌كان، سامۆیل هانێ من فیزیازانی ئه‌ڵمانی و ژۆزێف فۆریه بیركاری فه‌ره‌‌نسی و بینیامین كۆنستانتی نووسەری سویسری، سوفی بلانشارد یه‌كه‌م ژنی باڵۆن سوار كه له‌ ئاسمان گیانی له‌ده‌ست دا، میگۆیل ئه‌نگێل ئاستۆریاس دیپلۆمات و نوسه‌ری گواتمالی و وه‌رگری خه‌ڵاتی نو‌بڵی ساڵی ١٩٦٧، كارل ئێپلی نیگاركێشی هۆڵه‌ندی، كامیل پیسارۆ نیگاركێشی ئه‌مپێرسیۆنیست و مارسێل پروست نووسه‌ر و ڕه‌خنه‌گری فه‌ره‌نسی، ئه‌نتوان دۆ سنت ئێگزۆپێری نوسه‌ری به‌ناوبانگی شازاده چكۆله، ویلیام سیدنی ئه‌سمیتی به‌ریتانی و ڕیچارد ڕایتی نوسه‌ری ئه‌فریقی ـ ئه‌مریكی، سادقی هیدایه‌ت و غولامحسێن ساعیدی دو كه‌سایه‌تی ئه‌ده‌بیی ئێران و سه‌دان نووسه‌ر و شاعیر و كه‌سایه‌تی تر. زۆر جار هه‌ڵده‌كه‌وێ كه گه‌شتیارێک بۆ دۆزینه‌وه‌ی گۆڕی یه‌كێك له‌و كه‌سایه‌تیانه‌ی خۆشی ده‌وێت چه‌ندین جار سه‌ردانی گۆڕستانه‌كه ده‌كات و زۆر له‌ گۆڕه به‌ناوبانگه‌كان له‌ ئاپۆرای خه‌ڵكدا ون ده‌بن.

"گۆڕستانه پیر و خه‌ماوییه‌كه‌ی پێرلاشێز"
ئه‌وه ته‌عبیرێكه كه سیاسه‌تمه‌دارێكی فارس له‌ یادی تیرۆری دكتۆر قاسملو، به‌پێچه‌وانه‌ی بۆچوونی خه‌ڵكانی تر سه‌باره‌ت به‌ پێرلاشێز ده‌ریبڕی. له‌ڕاستیدا گۆڕستانی پێرلاشێز به‌لای كوردانه‌وه، خه‌ماوی و پیره و بیرهێنه‌ره‌ی تراژیدیا و شكسته. كورده‌كان زیاتر له‌ ساڵرۆژی مه‌رگی ئه‌و كه‌سایه‌تییه كوردانه‌ی له‌وێ نێژراون، سه‌ردانی گۆڕستانه‌كه ده‌كه‌ن و له‌ ده‌وری یه‌ك كۆده‌بنه‌وه. پێرلاشێز بۆ كورده‌كان، هێمای فیلمێكی ته‌واونه‌بوو، شۆڕشێكی سه‌رنه‌گرتوو، سه‌فه‌رێكی بێ گه‌ڕانه‌وه و گۆرانییه‌كی ته‌واونه‌كراوه. به‌پێچه‌وانه‌ی نه‌ته‌وه‌كانی تر ئامانجیان ته‌نها گه‌ڕان به‌گۆڕستانه‌كه و خوێندنه‌وه‌ی دێڕه فه‌لسه‌فییه‌كانی سه‌ر كێله‌كان نییه و وه‌ك هه‌موو ئه‌و خه‌ڵكه‌ش به‌دڵخۆشی ناگه‌ڕێنه‌وه، به‌چه‌پكێ گوڵ ده‌چنه ژوور و فرمێسك ئه‌وكیان ده‌گرێت. كورده‌كان بۆ یه‌كه‌مجار به‌شێوه‌یه‌كی گشتی كاتێک ناوی پێرلاشێزیان بیست كه سكرتێری پێشووی حزبی دیموكراتی كوردستانی ئێران له‌ ڤیه‌ننای پایته‌ختی ئۆتریش تیرۆر كرا و له‌گه‌ڵ بیره‌وه‌رییه‌كی تاڵدا خۆی كرد به‌یاده‌وه‌رییاندا. مه‌رگی هه‌ر یه‌كه له‌ یه‌ڵماز گۆنه‌ی، د. شه‌ره‌فكه‌ندی و ئه‌حمه‌د كایاش هه‌روه‌ک تیرۆری دكتۆر قاسملوو خه‌ماوی و دڵته‌زێنه و له‌ڕاستیدا هیچ كام له‌وانه خه‌ونه‌كانیان به‌دی نه‌هات و له‌ نه‌بوونی بستێک خاک بوو كه پێرلاشێز له‌ ئامێزی گرتن.

چوار كورده‌كه‌ی پێرلاشێز
یه‌ڵماز گۆنه‌ی؛ ساڵی ١٩٣٧ له‌ بنه‌ماڵه‌یه‌كی هه‌ژار له‌ ئه‌ده‌نه‌ی باكوری كوردستان له‌دایک بووه. له‌ مناڵیه‌وه ناچار بووه مل بنێته كار و له‌ زانكۆی ئه‌نقه‌ره، یاسای خوێندووه. یه‌ڵماز گۆنه‌ی كه‌ به‌ باوكی سینه‌مای كوردی ده‌ناسرێت له‌ فیلمه‌كانیدا باس له‌ ده‌رد و مه‌ینه‌تی ژیانی كورد و جیاوازی ناوچه‌ك وردنشینه‌كان ده‌كات له‌گه‌ڵ باكورو باشوری توركیا. پاش كوده‌تای سوپا ده‌خرێته زیندان و پاش ئه‌وه‌ی له‌لایه‌ن زیندان مۆڵه‌تێكی دیاریكراوی پێده‌درێت له‌ توركیا ڕاده‌كات و په‌نابه‌ری فه‌ره‌نسا ده‌بێت. ساڵی ١٩٨٤ له‌ ته‌مه‌نی ٤٧ ساڵیدا به‌ نەخۆشی شێرپه‌نجه له‌ پاریس كۆچی دوایی كرد. ده‌وڵه‌تی توركیا تا ئه‌مساڵیش نكۆڵی له‌ هاووڵاتی بونی گۆنه‌ی ده‌كرد و له‌ چوارچێوه‌ی ئه‌م هه‌نگاوانه‌ی دواییدا ناسنامه‌ی بۆ ئه‌و ده‌رهێنه‌ره كورده گه‌ڕانده‌وه. دیوار، ڕێگا، مێگه‌ل، باوک له‌ به‌ناوبانگترین به‌رهه‌مه‌كانی ئه‌م ده‌رهێنه‌ره كورده‌ن.

د. قاسملو؛
٢٢ی دێسه‌مبه‌ری ١٩٣٠ له‌بنه‌ماڵه‌یه‌كی ده‌وڵه‌مه‌ند له‌ ورمێی ڕۆژهه‌ڵاتی كوردستان له‌دایک بووه، خوێندنی سه‌ره‌تایی و دواناوه‌ندی هه‌ر له‌و شاره ته‌واو كردووه. له‌ ته‌مه‌نی لاوییه‌وه په‌یوه‌ندی به‌ ڕیزه‌كانی حزبی دیموكراته‌وه ده‌گرێت. دكتۆر عه‌بدولره‌حمان قاسملوو ساڵی ١٩٦٢ له‌ زانكۆی پراگ دكتۆرای له‌ زانسته ئابورییه‌كان وه‌رگرتووه. له‌ كۆنفرانسی سێهه‌می حزبدا، به‌سكرتێری گشتی حزبی دیموكراتی كوردستان هه‌ڵبژێردراوه و تا كاتی تیرۆركردنیشی وه‌ك سكرتێری حزب ماوه‌ته‌وه. ١٣ی ژوییه‌ی ١٩٨٩ له‌میانه‌ی گفتوگۆ له‌گه‌ڵ نێردراوانی كۆماری ئیسلامی ئێران، له‌ڤیه‌ننا تیرۆر ده‌كرێت.

د. شه‌ره‌فكه‌ندی؛
سادق شه‌ره‌فكه‌ندی ساڵی ١٩٣٨ له‌ گوندی شه‌ره‌فكه‌ندی سه‌ر به‌ شاری بۆكان له‌دایك بووه و له‌ تاران زانكۆی ته‌واو كردووه. ساڵی ١٩٧٢ بۆ درێژه‌دان به‌خوێندن ڕووی كردۆته فه‌ره‌نسه و پاش چوار ساڵ دكتۆرای كیمیای له‌ پاریس وه‌رگرتوه. ساڵی ١٩٧٣ په‌یوه‌ندیی به‌ حزبی دیموكراتی كوردستانی ئێرانه‌وه ده‌گرێت و دوای تیرۆری قاسملو به‌ سكرتێری گشتی ئه‌و حزبه‌ هه‌ڵده‌بژێردرێت. دكتۆر شه‌ره‌فكه‌ندی ١٧ی سێپته‌مبه‌ری ١٩٩٢ له‌ ڕێستۆرانی میكۆنۆس له‌ به‌رلین درایه به‌ر ده‌ستدرێژی گولـله‌ی چه‌كدارانی ئێران و تیرۆر كرا.

ئه‌حمه‌د كایا؛
ساڵی ١٩٥٧ له‌ مالاتیه‌ی باكووری كوردستان له‌دایك بووه. به‌دامه‌زرێنه‌ری شێوازی پرۆتێست له‌ مۆسیقای توركیا دێته هه‌ژمار. تا ئێستاش زۆربه‌ی گۆرانییه‌كانی له‌توركیا قه‌ده‌غه‌یه‌ و به‌ خیانه‌ت به‌نیشتمان تاوانبار كراوه. (گۆرانیه‌كانم بۆ شاخ) له‌ به‌ناوبانگترین ئه‌ڵبۆمه‌كانیه‌تی كه نزیكه‌ی دوو ملیۆن كاسێتی لێ فرۆشرا و له‌ پڕفرۆشترین به‌رهه‌مه مۆسیقیه‌كانه له‌مێژوی توركیادا. كایا داكۆكییه‌كی زۆری له‌ناسنامه‌ی كوردایه‌تی ده‌كرد و ساڵی ٢٠٠٠ له‌ پاریس كۆچی دوایی كرد.

۱۳۸۸/۰۴/۰۸

یادداشته‌کانم له باکوری عێراق (به‌شی شه‌شه‌م)



حه‌سه‌ن جه‌ماڵ
له‌تورکییه‌وه: سه‌لاحه‌دین بایه‌زیدی


قەرەیڵان ڕه‌خنه له یه‌کێتیی ئه‌وروپا به گشتی و فه‌ره‌نسا و ئه‌ڵمانیا به‌تایبه‌تی ده‌گرێ. ده‌ڵێ هه‌ر دووک وڵات نایانه‌وێ تورکیا له یه‌کێتی ئه‌وروپادا ببینن؛ له به‌ر ئه‌مه‌ش ئه‌و دوو وڵاته یاری به چاره‌سه‌ری پرسی کورد ده‌که‌ن. قەرەیڵان ده‌ڵێ "ئه‌گه‌ر کێشه‌که چاره‌سه‌ر نه‌کرێ و پێکدادانه‌کان به‌رده‌وام بن، هه‌زاران قسه‌ و بیانوویان ده‌بێ بۆ ئه‌وه‌ی ئێوه نه‌که‌ونه ناو یه‌كێتیی ئه‌وروپاوه. باس له مافه‌کانی مرۆڤ ده‌که‌ن و زۆر شت ده‌ڵێن. تورکیا ئه‌م بارودۆخه‌ی بۆ ناخوێندرێته‌وه...." هه‌روه‌ها سه‌باره‌ت به سه‌رۆکی نوێی ئه‌مریکا ده‌ڵێ "دڵنیا نیم له‌وه‌ی داخۆ ئۆباماش وه‌ک بوش هه‌ڵسوکه‌وت ده‌کات، واته بێ چاره‌سه‌ری هه‌ڵده‌بژێری یان نا. خۆزیا ئه‌مریکای ئۆباما به‌ دڵ چاره‌سه‌ری سیاسی بوێ.. نازانم ده‌یه‌وێ چی بکات. ئه‌مریکا ده‌توانێ ڕۆڵێکی به‌رچاوی هه‌بێ له چاره‌سه‌ری کێشه‌کاندا.... "

چیای قه‌ندیل، باکووری عێراق
موراد قەرەیڵان که‌سی ژماره‌ یه‌که‌می په‌که‌که ساڵی ١٩٥٦ له‌ دێهاتێکی سه‌ر سنوری سوریا لەدایک بووه. له (گازی عه‌نتاب) خوێندنی باڵای ته‌کنیکی ته‌واو کردوه. سه‌ره‌تای هه‌فتاکان که هێشتا خوێندنی ناوه‌ندی ته‌واو نه‌کردبوو، له ژێر کاریگه‌ری ده‌نیز گه‌زمیش و قۆناغی ١٢ی مارسدا ده‌بێته کەسێکی چه‌پگه‌را.

له باسی ئه‌و ساڵانەدا ئه‌وه‌شی پێوه زیاد ده‌کا:
"دواتر کێشه‌ی کوردمان له پاش خۆمان بینی."

له میانه‌ی وتوێژه چوار کاتژمێرییه‌که‌مدا لەگه‌ڵ موراد قەرەیڵان له گوندێکی بناری قه‌ندیل لێم پرسی:

"ئه‌گه‌ر بانگه‌وازێکتان بۆ حکومه‌تی ئه‌ردۆگان هه‌بێ، به پێی ڕیزبه‌ندی ژماره به کورتی ده‌ڵێن چی؟"

وه‌ستا، بۆ ماوه‌یه‌ک قسه‌ی نه‌کرد.

چاوی بڕیه دوو کەس له پێنج ئه‌ندامه‌که‌ی کۆنسه‌ی سه‌رۆکایه‌تی په‌که‌که بۆزان ته‌کین و سۆزدار ئاڤێستا. چووه سه‌ر هه‌ندێک بابه‌تی تر. سه‌ری به نیشانه‌ی قازانجکردنی زه‌مه‌ن هێنا و برد و پاشان یه‌که یه‌که خاڵه‌کانی هێنایه زمان. ئه‌مانه له ده‌فته‌ری خۆمه‌وه ده‌گوازمه‌وه:

١. حکومه‌ت نابێ جارێکی تر کێشه‌که ڕاده‌ستی سوپا بکات. ده‌توانین چه‌که‌کان له کێشه‌ی کورد ده‌ربهاوێژین. ده‌بێ ده‌وڵه‌تیش هه‌ستیارانه جموجوڵ بکا.

٢. به گوێره‌ی ڕابردوو، سوپا هه‌ندێک گۆڕانکاری به‌سه‌ردا هاتوه، به‌ڵام له به‌رامبه‌ر ئه‌مه‌دا، له سیاسه‌ت و سه‌رۆکایه‌تیدا که‌موكوڕی به‌دی ده‌کرێ.

٣. ئه‌گه‌ر حکومه‌ت هه‌ندێک کرانه‌وه به‌ خۆیه‌وه ببینێ، ئێمه‌ش چی پێویست بێ، ده‌یکه‌ین. خۆزیا هه‌نگاوێکی به‌رز ده‌کرده‌وه.

"کۆکوژی سیاسی دژ به ده‌ته‌په ئه‌نجام ده‌درێ"
٤. ئێمه به‌رپرسیارانه هه‌ڵوه‌سته ده‌که‌ین. سه‌رۆکمان هێشتا له زیندان دایه. هه‌روه‌ها چوار هه‌زار ئه‌ندامی په‌که‌که له گرتوخانه دان. ئه‌مه‌تان له بیر نه‌چێ.

٥. ئێمه شان به‌شانی هه‌ڵبژاردنه‌کان چاوه‌ڕێ بووین، نه‌رمبوونه‌وه بێته ئاراوه، به‌ڵام ته‌واو پێچه‌وانه‌که‌ی ڕویدا. له‌ دژی ده‌ته‌په ئۆپه‌راسیۆنیان ئه‌نجامدا و گوشاریان بۆ هێنا. ئه‌مه "کۆکوژییه‌کی سیاسی"یه. نابێ وا بێ. له کاتێکدا، ئێمه له چاوه‌ڕوانی نه‌رمبوونه‌وه‌دا چالاکیه‌کانمان ڕاگرت و تا ١ی حۆزێران ئاگربه‌ستمان ڕاگه‌یاند... په‌یامی هه‌ڵبژاردنه‌کانی ٢٩ی مارس دیموکراسییه.

٦. باشبووغ ده‌ڵێ بۆ له‌ناوبردنی په‌که‌که ئه‌مساڵ شانسێک خوڵقاوه. که ده‌ڵێ کۆنژۆکتۆره ناونه‌ته‌وه‌ییه‌کانیش بۆ له‌ناوبردنی په‌که‌که له‌بارن، چاو له‌ ڕاستیه‌کان ده‌نوقێنێ. ئێمه ده‌ڵێین سیاسه‌ت. بڕوانن، سه‌ره‌ڕای شۆکی ساڵی ١٩٩٩ (قۆڵبه‌ستکردنی ئۆجه‌لان. ح.ج) په‌که‌که له سه‌ر پێ مایه‌وه. ئیتر په‌که‌که له‌ناو ناچێ. چونکه په‌که‌که هه‌م له شاخ و هه‌م له ناو گه‌لدا هه‌یه. (دوای پشویه‌کی کورت به‌رده‌وام ده‌بێ) یانی چی؟ ئێستا ئه‌مریکا ده‌توانێ ئێمه له چیاکان دابه‌زێنێ؟

"یه‌کدڵی، به‌ڵێ تۆزێک یه‌کدڵی...."
٧. گرتنەبه‌ری سیاسه‌تی تواندنه‌وه‌ی کورده‌کان شکستی هێنا. هه‌روه‌ها سیاسه‌تگه‌لی له‌ناوبردنی په‌که‌که‌ش سه‌رکه‌وتوو نه‌بوون. په‌که‌که له‌ناو نه‌چوو.

٨. ئێستا ده‌رفه‌تێک ڕه‌خساوه بۆ چاره‌سه‌ریی ئاشتیانه. هه‌لومه‌رج له‌بار بووه. با ئه‌م ده‌رفه‌ته له‌ده‌ست نه‌ده‌ین. با قۆناغێکی دیکه‌ی شه‌ڕ دروست نه‌بێ، با قۆناغی ئاشتی بەردەوام بێ. سیاسه‌تی ڕۆژئاوا سه‌باره‌ت به بێ چاره‌سه‌ر هێشتنه‌وه‌ی کێشه‌ی کورد له‌وڵاتانی هه‌رێم به‌ زیانی تورکیا ته‌واو ده‌بێ. تورکیایه‌ک که کێشه‌ی کوردی چاره‌سه‌ر کردبێ، ده‌بێته پێشه‌نگ له‌ناوچه‌که‌دا. له‌پێناو ئه‌مه‌دا، سازانی کۆمه‌ڵایه‌تی پێویسته.

٩. وه‌کچۆن ده‌ڵێن یه‌کدڵی... به‌ڵێ هه‌ندێک یه‌کدڵی! ئیتر با نه له‌سه‌رباز بکوژرێ و نه له ئێمه‌ش.

١٠. ئه‌و ده‌سته‌ی درێژمان کردووه با له بۆشاییدا نه‌مێنێته‌وه.

ئه‌مه بوو بانگه‌وازی موراد قەرەیڵان.

که ئه‌م بانگه‌وازییه‌ی ئاڕاسته‌ی ئه‌نقه‌ره‌ ده‌کرد، ئاماژه‌ی به دوایین کۆبوونه‌وه‌ی ڕۆژنامه‌نووسی سه‌رئه‌رکانی سوپا ژه‌نه‌ڕاڵ باشبووغ کرد، ئه‌وان له چیا، به سه‌رنجه‌وه له ڕێگه‌ی ته‌له‌ڤزیۆنه‌وه کۆبوونه‌وه‌که‌یان شۆپاندبوو. قەرەیڵان به ته‌وسه‌وه گوتی "دواجار باشبووغیش ئێمه‌ی به مرۆڤ له قه‌ڵه‌م دا. ئه‌وه‌نێ گوتی "تیرۆریستیش مرۆڤن."

گوێم له قەرەیڵانه و له گۆشه‌یه‌کی ده‌فته‌ره‌که‌م ده‌نوسم؛ که‌سی یه‌که‌می په‌که‌که هه‌موو جارێ ده‌ڵێ "با سه‌باره‌ت به کێشه‌ی کورد پرس به ئێمه بکرێ. ئه‌گه‌ر ئه‌و کێشه‌یه چاره‌سه‌ر بێ، ته‌نها له ڕێگه‌ی ئێمه‌وه چاره‌سه‌ر ده‌بێ." به یه‌که‌وه گرێدانی په‌که‌که و پرسی کورد دێته مانای "هێرشکردن بۆ سه‌ر په‌که‌که، ده‌رهاویشتنی په‌که‌که بۆ ده‌ره‌وه‌ی بازنه و چاره‌سه‌رنه‌کردنی کێشه‌ی کورد."

"فه‌ره‌نسا و ئه‌ڵمانیا پێداگری له سه‌ر بێ چاره‌سه‌ری ده‌که‌ن"
قەرەیڵان له‌و ڕوانگه‌وه ڕه‌خنه له یه‌کێتی ئه‌وروپا به‌گشتی و فه‌ره‌نسا و ئه‌ڵمانیا به‌تایبه‌تی ده‌گرێ. ده‌ڵێ هه‌ر دووک وڵات نایانه‌وێ تورکیا له‌ناو یه‌كێتی ئه‌وروپادا ببینن. له‌به‌ر ئه‌وه‌ش ئه‌و دو وڵاته پێداگری له‌ سه‌ر چاره‌سه‌ر نه‌هێشتنه‌وه‌ی پرسی کورد ده‌که‌ن.

له‌م چوارچێوه‌یه‌دا سه‌باره‌ت به سیاسه‌تی تورکیا موراد قەرەیڵان ده‌ڵێ؛

"فه‌ره‌نسا و ئه‌ڵمانیا نایانه‌وێ تۆ له یه‌كێتی ئه‌وروپا دا ببینن. بۆیه‌ش نایانه‌وێ کێشه‌ی کورد چاره‌سه‌ر ببێ. ئه‌گه‌ر کێشه‌که چاره‌سه‌ر نه‌بێت و پێکدادانه‌کان به‌رده‌وام بن، ئه‌وان زۆر شت هه‌یه‌ بیڵێن بۆ ئه‌وە‌ی تۆ نه‌که‌ویته ناو یه‌کێتی ئه‌ورپاوه. بۆ نمونه مه‌سه‌له‌ی مافه‌کانی مرۆڤ دێننه گۆڕێ. تورکیا ئه‌م بارودۆخه‌ی بۆ شیته‌ڵ ناکرێ.."

ئه‌مه یه‌کێتی ئه‌وروپا، تۆ بڵێی ویلایه‌ته یه‌کگرتوه‌کان چۆن بێت؟

"دڵنیا نیم له‌وه‌ی ئۆباما ده‌یه‌وێ چی بکا"

قەرەیڵان گوتی:

"با بزانین سه‌رۆک ئۆباما چی ده‌کا؟ ئه‌مریکای بوش ڕۆڵی نه‌بوو له چاره‌سه‌ری کێشه‌ی کورددا. له‌ڕاستیدا له په‌یماننامه‌ی لۆزان به‌دواوه، ئه‌مریکا سیاسه‌تی بێ چاره‌سه‌ر هێشتنه‌وه‌ی گرتۆته به‌ر. ئه‌مه وه‌ک کارتێک دژ به‌تورکیا به‌کار دێنێ. له‌لایه‌کی تره‌وه ئیسرائیلیش قازانجی له چاره‌سه‌رنه‌کردن دایه. به‌مجۆره تورکیا پێویستی به ئیسرائیل ده‌بێ. تورکیا پێویستی به فڕۆکه‌ی (هیرۆن)ی ئیسرائیل ده‌بێ (تورکیا له ڕێگه‌ی ئه‌و فڕۆکه بێ پیلۆتانه‌ی له ئیسرائیلیان ده‌کڕێ، به سه‌ر ئاسمانی قه‌ندیلدا ده‌فڕن و ئامانجه‌کانی په‌که‌که ده‌ستنیشان ده‌که‌ن. ح.ج) له‌هه‌رێمه‌که‌دا، ئێرانیش نایه‌وێ کێشه‌ی کورد چاره‌سه‌ر بێ... له به‌ر هۆکاری هاوشێوه... هه‌موویان گه‌ره‌کیانه کێشه‌که بێ چاره‌سه‌ر بمێنێته‌وه."

"ئۆبامای ئه‌مریکا چی ده‌کا؟"
"دڵنیا نیم له‌وه‌ی ئۆباماش وه‌ک بووش ده‌کات یانی درێژه به سیاسه‌تی بێ چاره‌سه‌ر هێشتنه‌وه ده‌دات یان نا؟ خۆزیا ئه‌مریکای ئۆباما له‌دڵه‌وه هه‌وڵی چاره‌سه‌رکردن بدا.. نازانم چی ده‌کا. ئه‌مریکا ده‌توانێ ڕۆڵێکی به‌رچاوی هه‌بێ." هه‌روه‌ها ده‌شڵێت "با کێشه‌که‌ له‌ناو خۆماندا چاره‌سه‌ر بکه‌ین. ڕێبه‌رێکی باش له‌تورکیا ده‌توانێ له‌ماوه‌ی بیست و چوار کاتژمێردا کێشه‌که‌ چاره‌سه‌ر بکات."

"سه‌رده‌مانێک ته‌نانه‌ت کوردیش قه‌ده‌غه‌ بوو"
دوو پرسیارم له قەرەیڵان کرد.

پرسیاری یه‌که‌م به‌کورتی ئه‌مه‌ بوو:
"ئه‌گه‌ر په‌که‌که له ساڵی ١٩٨٤ له ئه‌روح و شه‌مدینلی هێرشی چه‌کداری ده‌ست پێنه‌کردبا، ئه‌م هه‌موو خوێن و ڕۆندکه نه‌ڕژایه، ئایا بزوتنه‌وه‌ی سیاسیی کورد به شێوازه ئاشتیخوازه‌کانیه‌وه ئه‌مڕۆکه به‌هێزتر نه‌ده‌بوو؟"

وه‌ڵامی قەرەیڵان:
"نه‌خێر. به ئه‌گه‌رێکی زۆر کورده‌کان له‌ناو ده‌چوون... له بیرتان نه‌چێ سه‌رده‌مانێک ته‌نانه‌ت له‌ناو ماڵه‌کانیشدا ئاخاوتن به‌کوردی قه‌ده‌غه بوو. کورده‌کان ده‌ترسان له ماڵی خویشیان به‌کوردی قسه بکه‌ن. سه‌رهه‌ڵدانی چه‌کداری ژان و ئێشی گه‌وره‌ی به‌دواوه بوو به‌ڵام ئه‌مه قۆناغێک بوو، قۆناغی ده‌رکه‌وتنی ڕاستی کورد له‌ گۆڕه‌پانی تورکیا. مامۆستا ئیسماعیل بێشکچی، هه‌رچه‌ند ئێستا له‌گه‌ڵ ئێمه‌دا هاوڕا نییه، سه‌‌باره‌ت به قۆناغی ئه‌روح و شه‌مدینلی ده‌ڵێ "گولـله‌یه‌ک بوو ڕوه‌و جه‌سته‌ی ته‌سلیمکاری کورد ته‌قێنرا."

"ئه‌گه‌ر بێمه‌رج واز له‌ چه‌ک بێنین هه‌موو شتێک خراپتر ده‌بێ"
دووهه‌مین پرسیارم ئه‌مه بوو:
"ئه‌گه‌ر په‌که‌که بێ دانانی هیچ جۆره مه‌رجێک چه‌که‌کانی دابنێ، له چیاکان دابه‌زێ، ئایا به‌قازانجی کورد نییه و بزوتنه‌وه‌ی سیاسی کورد به‌هێزتر ناکات؟"

موراد قەرەیڵان له‌وه‌ڵامدا ده‌‌ڵێ:

"بڕوا ناکه‌م. بڕوانن، ده‌ته‌په ئه‌م هه‌موو ده‌نگه‌ی ده‌سته‌به‌ر کرد و به‌شداری په‌رله‌مان بوو به‌ڵام سه‌رۆک وه‌زیران ته‌وقه‌یان له‌گه‌ڵ ناکا. باشبووغ ده‌ڵێ نایانناسم. له‌ لایه‌کی تره‌وه باشبووغ ده‌ڵێ لایه‌نگری مافه تاکه‌که‌سییه فه‌رهه‌نگیه‌کانم و دژی مافه هه‌ره‌وه‌زییه‌کانم. ئه‌گه‌ر ئێمه بێ ئه‌وه‌ی شتێک ڕویدابێ، واز له چه‌ ک بێنین، به نیسبه‌ت ئێمه‌وه هه‌موو شتێک خراپتر ده‌بێت."
سه‌رچاوه: ڕۆژنامه‌ی میللیه‌ت