حه‌سه‌ن جه‌ماڵ
له‌تورکییه‌وه: سه‌لاحه‌دین بایه‌زیدی
قەرەیڵان ڕه‌خنه له یه‌کێتیی ئه‌وروپا به گشتی و فه‌ره‌نسا و ئه‌ڵمانیا به‌تایبه‌تی ده‌گرێ. ده‌ڵێ هه‌ر دووک وڵات نایانه‌وێ تورکیا له یه‌کێتی ئه‌وروپادا ببینن؛ له به‌ر ئه‌مه‌ش ئه‌و دوو وڵاته یاری به چاره‌سه‌ری پرسی کورد ده‌که‌ن. قەرەیڵان ده‌ڵێ "ئه‌گه‌ر کێشه‌که چاره‌سه‌ر نه‌کرێ و پێکدادانه‌کان به‌رده‌وام بن، هه‌زاران قسه و بیانوویان ده‌بێ بۆ ئه‌وه‌ی ئێوه نه‌که‌ونه ناو یه‌كێتیی ئه‌وروپاوه. باس له مافه‌کانی مرۆڤ ده‌که‌ن و زۆر شت ده‌ڵێن. تورکیا ئه‌م بارودۆخه‌ی بۆ ناخوێندرێته‌وه...." هه‌روه‌ها سه‌باره‌ت به سه‌رۆکی نوێی ئه‌مریکا ده‌ڵێ "دڵنیا نیم له‌وه‌ی داخۆ ئۆباماش وه‌ک بوش هه‌ڵسوکه‌وت ده‌کات، واته بێ چاره‌سه‌ری هه‌ڵده‌بژێری یان نا. خۆزیا ئه‌مریکای ئۆباما به دڵ چاره‌سه‌ری سیاسی بوێ.. نازانم ده‌یه‌وێ چی بکات. ئه‌مریکا ده‌توانێ ڕۆڵێکی به‌رچاوی هه‌بێ له چاره‌سه‌ری کێشه‌کاندا.... "
چیای قه‌ندیل، باکووری عێراق
موراد قەرەیڵان که‌سی ژماره یه‌که‌می په‌که‌که ساڵی ١٩٥٦ له دێهاتێکی سه‌ر سنوری سوریا لەدایک بووه. له (گازی عه‌نتاب) خوێندنی باڵای ته‌کنیکی ته‌واو کردوه. سه‌ره‌تای هه‌فتاکان که هێشتا خوێندنی ناوه‌ندی ته‌واو نه‌کردبوو، له ژێر کاریگه‌ری ده‌نیز گه‌زمیش و قۆناغی ١٢ی مارسدا ده‌بێته کەسێکی چه‌پگه‌را.
له باسی ئه‌و ساڵانەدا ئه‌وه‌شی پێوه زیاد ده‌کا:
"دواتر کێشه‌ی کوردمان له پاش خۆمان بینی."
له میانه‌ی وتوێژه چوار کاتژمێرییه‌که‌مدا لەگه‌ڵ موراد قەرەیڵان له گوندێکی بناری قه‌ندیل لێم پرسی:
"ئه‌گه‌ر بانگه‌وازێکتان بۆ حکومه‌تی ئه‌ردۆگان هه‌بێ، به پێی ڕیزبه‌ندی ژماره به کورتی ده‌ڵێن چی؟"
وه‌ستا، بۆ ماوه‌یه‌ک قسه‌ی نه‌کرد.
چاوی بڕیه دوو کەس له پێنج ئه‌ندامه‌که‌ی کۆنسه‌ی سه‌رۆکایه‌تی په‌که‌که بۆزان ته‌کین و سۆزدار ئا‌ڤێستا. چووه سه‌ر هه‌ندێک بابه‌تی تر. سه‌ری به نیشانه‌ی قازانجکردنی زه‌مه‌ن هێنا و برد و پاشان یه‌که یه‌که خاڵه‌کانی هێنایه زمان. ئه‌مانه له ده‌فته‌ری خۆمه‌وه ده‌گوازمه‌وه:
١. حکومه‌ت نابێ جارێکی تر کێشه‌که ڕاده‌ستی سوپا بکات. ده‌توانین چه‌که‌کان له کێشه‌ی کورد ده‌ربهاوێژین. ده‌بێ ده‌وڵه‌تیش هه‌ستیارانه جموجوڵ بکا.
٢. به گوێره‌ی ڕابردوو، سوپا هه‌ندێک گۆڕانکاری به‌سه‌ردا هاتوه، به‌ڵام له به‌رامبه‌ر ئه‌مه‌دا، له سیاسه‌ت و سه‌رۆکایه‌تیدا که‌موكوڕی به‌دی ده‌کرێ.
٣. ئه‌گه‌ر حکومه‌ت هه‌ندێک کرانه‌وه به خۆیه‌وه ببینێ، ئێمه‌ش چی پێویست بێ، ده‌یکه‌ین. خۆزیا هه‌نگاوێکی به‌رز ده‌کرده‌وه.
"کۆکوژی سیاسی دژ به ده‌ته‌په ئه‌نجام ده‌درێ"
٤. ئێمه به‌رپرسیارانه هه‌ڵوه‌سته ده‌که‌ین. سه‌رۆکمان هێشتا له زیندان دایه. هه‌روه‌ها چوار هه‌زار ئه‌ندامی په‌که‌که له گرتوخانه دان. ئه‌مه‌تان له بیر نه‌چێ.
٥. ئێمه شان به‌شانی هه‌ڵبژاردنه‌کان چاوه‌ڕێ بووین، نه‌رمبوونه‌وه بێته ئاراوه، به‌ڵام ته‌واو پێچه‌وانه‌که‌ی ڕویدا. له دژی ده‌ته‌په ئۆپه‌راسیۆنیان ئه‌نجامدا و گوشاریان بۆ هێنا. ئه‌مه "کۆکوژییه‌کی سیاسی"یه. نابێ وا بێ. له کاتێکدا، ئێمه له چاوه‌ڕوانی نه‌رمبوونه‌وه‌دا چالاکیه‌کانمان ڕاگرت و تا ١ی حۆزێران ئاگربه‌ستمان ڕاگه‌یاند... په‌یامی هه‌ڵبژاردنه‌کانی ٢٩ی مارس دیموکراسییه.
٦. باشبووغ ده‌ڵێ بۆ له‌ناوبردنی په‌که‌که ئه‌مساڵ شانسێک خوڵقاوه. که ده‌ڵێ کۆنژۆکتۆره ناونه‌ته‌وه‌ییه‌کانیش بۆ له‌ناوبردنی په‌که‌که له‌بارن، چاو له ڕاستیه‌کان ده‌نوقێنێ. ئێمه ده‌ڵێین سیاسه‌ت. بڕوانن، سه‌ره‌ڕای شۆکی ساڵی ١٩٩٩ (قۆڵبه‌ستکردنی ئۆجه‌لان. ح.ج) په‌که‌که له سه‌ر پێ مایه‌وه. ئیتر په‌که‌که له‌ناو ناچێ. چونکه په‌که‌که هه‌م له شاخ و هه‌م له ناو گه‌لدا هه‌یه. (دوای پشویه‌کی کورت به‌رده‌وام ده‌بێ) یانی چی؟ ئێستا ئه‌مریکا ده‌توانێ ئێمه له چیاکان دابه‌زێنێ؟
"یه‌کدڵی، به‌ڵێ تۆزێک یه‌کدڵی...."
٧. گرتنەبه‌ری سیاسه‌تی تواندنه‌وه‌ی کورده‌کان شکستی هێنا. هه‌روه‌ها سیاسه‌تگه‌لی له‌ناوبردنی په‌که‌که‌ش سه‌رکه‌وتوو نه‌بوون. په‌که‌که له‌ناو نه‌چوو.
٨. ئێستا ده‌رفه‌تێک ڕه‌خساوه بۆ چاره‌سه‌ریی ئاشتیانه. هه‌لومه‌رج له‌بار بووه. با ئه‌م ده‌رفه‌ته له‌ده‌ست نه‌ده‌ین. با قۆناغێکی دیکه‌ی شه‌ڕ دروست نه‌بێ، با قۆناغی ئاشتی بەردەوام بێ. سیاسه‌تی ڕۆژئاوا سه‌باره‌ت به بێ چاره‌سه‌ر هێشتنه‌وه‌ی کێشه‌ی کورد له‌وڵاتانی هه‌رێم به زیانی تورکیا ته‌واو ده‌بێ. تورکیایه‌ک که کێشه‌ی کوردی چاره‌سه‌ر کردبێ، ده‌بێته پێشه‌نگ له‌ناوچه‌که‌دا. له‌پێناو ئه‌مه‌دا، سازانی کۆمه‌ڵایه‌تی پێویسته.
٩. وه‌کچۆن ده‌ڵێن یه‌کدڵی... به‌ڵێ هه‌ندێک یه‌کدڵی! ئیتر با نه له‌سه‌رباز بکوژرێ و نه له ئێمه‌ش.
١٠. ئه‌و ده‌سته‌ی درێژمان کردووه با له بۆشاییدا نه‌مێنێته‌وه.
ئه‌مه بوو بانگه‌وازی موراد قەرەیڵان.
که ئه‌م بانگه‌وازییه‌ی ئاڕاسته‌ی ئه‌نقه‌ره ده‌کرد، ئاماژه‌ی به دوایین کۆبوونه‌وه‌ی ڕۆژنامه‌نووسی سه‌رئه‌رکانی سوپا ژه‌نه‌ڕاڵ باشبووغ کرد، ئه‌وان له چیا، به سه‌رنجه‌وه له ڕێگه‌ی ته‌له‌ڤزیۆنه‌وه کۆبوونه‌وه‌که‌یان شۆپاندبوو. قەرەیڵان به ته‌وسه‌وه گوتی "دواجار باشبووغیش ئێمه‌ی به مرۆڤ له قه‌ڵه‌م دا. ئه‌وه‌نێ گوتی "تیرۆریستیش مرۆڤن."
گوێم له قەرەیڵانه و له گۆشه‌یه‌کی ده‌فته‌ره‌که‌م ده‌نوسم؛ که‌سی یه‌که‌می په‌که‌که هه‌موو جارێ ده‌ڵێ "با سه‌باره‌ت به کێشه‌ی کورد پرس به ئێمه بکرێ. ئه‌گه‌ر ئه‌و کێشه‌یه چاره‌سه‌ر بێ، ته‌نها له ڕێگه‌ی ئێمه‌وه چاره‌سه‌ر ده‌بێ." به یه‌که‌وه گرێدانی په‌که‌که و پرسی کورد دێته مانای "هێرشکردن بۆ سه‌ر په‌که‌که، ده‌رهاویشتنی په‌که‌که بۆ ده‌ره‌وه‌ی بازنه و چاره‌سه‌رنه‌کردنی کێشه‌ی کورد."
"فه‌ره‌نسا و ئه‌ڵمانیا پێداگری له سه‌ر بێ چاره‌سه‌ری ده‌که‌ن"
قەرەیڵان له‌و ڕوانگه‌وه ڕه‌خنه له یه‌کێتی ئه‌وروپا به‌گشتی و فه‌ره‌نسا و ئه‌ڵمانیا به‌تایبه‌تی ده‌گرێ. ده‌ڵێ هه‌ر دووک وڵات نایانه‌وێ تورکیا له‌ناو یه‌كێتی ئه‌وروپادا ببینن. له‌به‌ر ئه‌وه‌ش ئه‌و دو وڵاته پێداگری له سه‌ر چاره‌سه‌ر نه‌هێشتنه‌وه‌ی پرسی کورد ده‌که‌ن.
له‌م چوارچێوه‌یه‌دا سه‌باره‌ت به سیاسه‌تی تورکیا موراد قەرەیڵان ده‌ڵێ؛
"فه‌ره‌نسا و ئه‌ڵمانیا نایانه‌وێ تۆ له یه‌كێتی ئه‌وروپا دا ببینن. بۆیه‌ش نایانه‌وێ کێشه‌ی کورد چاره‌سه‌ر ببێ. ئه‌گه‌ر کێشه‌که چاره‌سه‌ر نه‌بێت و پێکدادانه‌کان به‌رده‌وام بن، ئه‌وان زۆر شت هه‌یه بیڵێن بۆ ئه‌وە‌ی تۆ نه‌که‌ویته ناو یه‌کێتی ئه‌ورپاوه. بۆ نمونه مه‌سه‌له‌ی مافه‌کانی مرۆڤ دێننه گۆڕێ. تورکیا ئه‌م بارودۆخه‌ی بۆ شیته‌ڵ ناکرێ.."
ئه‌مه یه‌کێتی ئه‌وروپا، تۆ بڵێی ویلایه‌ته یه‌کگرتوه‌کان چۆن بێت؟
"دڵنیا نیم له‌وه‌ی ئۆباما ده‌یه‌وێ چی بکا"
قەرەیڵان گوتی:
"با بزانین سه‌رۆک ئۆباما چی ده‌کا؟ ئه‌مریکای بوش ڕۆڵی نه‌بوو له چاره‌سه‌ری کێشه‌ی کورددا. له‌ڕاستیدا له په‌یماننامه‌ی لۆزان به‌دواوه، ئه‌مریکا سیاسه‌تی بێ چاره‌سه‌ر هێشتنه‌وه‌ی گرتۆته به‌ر. ئه‌مه وه‌ک کارتێک دژ به‌تورکیا به‌کار دێنێ. له‌لایه‌کی تره‌وه ئیسرائیلیش قازانجی له چاره‌سه‌رنه‌کردن دایه. به‌مجۆره تورکیا پێویستی به ئیسرائیل ده‌بێ. تورکیا پێویستی به فڕۆکه‌ی (هیرۆن)ی ئیسرائیل ده‌بێ (تورکیا له ڕێگه‌ی ئه‌و فڕۆکه بێ پیلۆتانه‌ی له ئیسرائیلیان ده‌کڕێ، به سه‌ر ئاسمانی قه‌ندیلدا ده‌فڕن و ئامانجه‌کانی په‌که‌که ده‌ستنیشان ده‌که‌ن. ح.ج) له‌هه‌رێمه‌که‌دا، ئێرانیش نایه‌وێ کێشه‌ی کورد چاره‌سه‌ر بێ... له به‌ر هۆکاری هاوشێوه... هه‌موویان گه‌ره‌کیانه کێشه‌که بێ چاره‌سه‌ر بمێنێته‌وه."
"ئۆبامای ئه‌مریکا چی ده‌کا؟"
"دڵنیا نیم له‌وه‌ی ئۆباماش وه‌ک بووش ده‌کات یانی درێژه به سیاسه‌تی بێ چاره‌سه‌ر هێشتنه‌وه ده‌دات یان نا؟ خۆزیا ئه‌مریکای ئۆباما له‌دڵه‌وه هه‌وڵی چاره‌سه‌رکردن بدا.. نازانم چی ده‌کا. ئه‌مریکا ده‌توانێ ڕۆڵێکی به‌رچاوی هه‌بێ." هه‌روه‌ها ده‌شڵێت "با کێشه‌که له‌ناو خۆماندا چاره‌سه‌ر بکه‌ین. ڕێبه‌رێکی باش له‌تورکیا ده‌توانێ له‌ماوه‌ی بیست و چوار کاتژمێردا کێشه‌که چاره‌سه‌ر بکات."
"سه‌رده‌مانێک ته‌نانه‌ت کوردیش قه‌ده‌غه بوو"
دوو پرسیارم له قەرەیڵان کرد.
پرسیاری یه‌که‌م به‌کورتی ئه‌مه بوو:
"ئه‌گه‌ر په‌که‌که له ساڵی ١٩٨٤ له ئه‌روح و شه‌مدینلی هێرشی چه‌کداری ده‌ست پێنه‌کردبا، ئه‌م هه‌موو خوێن و ڕۆندکه نه‌ڕژایه، ئایا بزوتنه‌وه‌ی سیاسیی کورد به شێوازه ئاشتیخوازه‌کانیه‌وه ئه‌مڕۆکه به‌هێزتر نه‌ده‌بوو؟"
وه‌ڵامی قەرەیڵان:
"نه‌خێر. به ئه‌گه‌رێکی زۆر کورده‌کان له‌ناو ده‌چوون... له بیرتان نه‌چێ سه‌رده‌مانێک ته‌نانه‌ت له‌ناو ماڵه‌کانیشدا ئاخاوتن به‌کوردی قه‌ده‌غه بوو. کورده‌کان ده‌ترسان له ماڵی خویشیان به‌کوردی قسه بکه‌ن. سه‌رهه‌ڵدانی چه‌کداری ژان و ئێشی گه‌وره‌ی به‌دواوه بوو به‌ڵام ئه‌مه قۆناغێک بوو، قۆناغی ده‌رکه‌وتنی ڕاستی کورد له گۆڕه‌پانی تورکیا. مامۆستا ئیسماعیل بێشکچی، هه‌رچه‌ند ئێستا له‌گه‌ڵ ئێمه‌دا هاوڕا نییه، سه‌باره‌ت به قۆناغی ئه‌روح و شه‌مدینلی ده‌ڵێ "گولـله‌یه‌ک بوو ڕوه‌و جه‌سته‌ی ته‌سلیمکاری کورد ته‌قێنرا."
"ئه‌گه‌ر بێمه‌رج واز له چه‌ک بێنین هه‌موو شتێک خراپتر ده‌بێ"
دووهه‌مین پرسیارم ئه‌مه بوو:
"ئه‌گه‌ر په‌که‌که بێ دانانی هیچ جۆره مه‌رجێک چه‌که‌کانی دابنێ، له چیاکان دابه‌زێ، ئایا به‌قازانجی کورد نییه و بزوتنه‌وه‌ی سیاسی کورد به‌هێزتر ناکات؟"
موراد قەرەیڵان له‌وه‌ڵامدا ده‌ڵێ:
"بڕوا ناکه‌م. بڕوانن، ده‌ته‌په ئه‌م هه‌موو ده‌نگه‌ی ده‌سته‌به‌ر کرد و به‌شداری په‌رله‌مان بوو به‌ڵام سه‌رۆک وه‌زیران ته‌وقه‌یان له‌گه‌ڵ ناکا. باشبووغ ده‌ڵێ نایانناسم. له لایه‌کی تره‌وه باشبووغ ده‌ڵێ لایه‌نگری مافه تاکه‌که‌سییه فه‌رهه‌نگیه‌کانم و دژی مافه هه‌ره‌وه‌زییه‌کانم. ئه‌گه‌ر ئێمه بێ ئه‌وه‌ی شتێک ڕویدابێ، واز له چه ک بێنین، به نیسبه‌ت ئێمه‌وه هه‌موو شتێک خراپتر ده‌بێت."
سه‌رچاوه: ڕۆژنامه‌ی میللیه‌ت