سەلاحەدین بایەزیدی - فەڕەنسا
باغێكی گه‌وره بۆته نیشتمانی هه‌میشه‌یی سه‌دان شاعیر، ڕۆماننووس، مۆسیقاژه‌ن، نیگاركێش، بۆته نیشتمانی سیاسه‌تمه‌دار و سه‌رباز، زه‌نگین و به‌له‌نگاز، ئانارشیست و سه‌ڵته‌نه‌تخواز، فێمێنێست و پیاوسالار، بێ نیشتمان و خاوه‌ن ماڵ، بورژوا و كۆنه‌په‌رست، به‌ناوبانگ و گومناو له هه‌موو نه‌ته‌وه‌كان و گشتیان بێ جیاوازی و به ئاشتی له‌گه‌ڵ یه‌کتریدا ده‌ژین، بێ جیاوازی ناسنامه و ڕه‌گه‌ز و ڕه‌نگ. ئه‌مه نیشتمانی ناو چیرۆک و وڵاتی ناو خه‌ونه‌كانی په‌نابه‌رێک نییه، به‌ڵكه گۆڕستانێكه كه ناو و گه‌وره‌ییه‌كه‌ی، هێمایه‌كه له فره‌چه‌شنی مرۆڤه‌كان و له هه‌مانكاتدا یه‌كسانبوونی ئه‌وان. له‌و نیشتمانه‌دا كاتۆلیک، پرۆتستان، ئه‌رتدۆكس، جوله‌كه، موسڵمان، بودایی، فراماسۆن و ئاته‌ئیست و بڕوادارانی ئایین و ئه‌ندێشه‌كانی تر بێ چاوسوركردنه‌وه‌و به‌گژیه‌كداچوون له ده‌وری یه‌ک كۆبونه‌ته‌وه.
گۆڕستانی پێرلاشێز له‌ناوی ((Père Francois de la Chaise (1624-1709 ) وه‌رگیراوه، كه به یه‌كێک له كه‌سایه‌تییه دیاره‌كانی دادگای فه‌ره‌نسا دێته ئه‌ژمار و كه‌سێكه دانپێنانی له (لویی شانزه‌هه‌م) وه‌رگرتووه. پێرلاشێز كه‌شه‌یه‌كی جێگه‌ی متمانه‌ی لویی چارده‌هه‌م و كه‌سێكی ده‌ست ڕۆشتوو بووە. ئه‌و به باوكی لاشێز یان وه‌ک فه‌ره‌نسیه‌كان ده‌ڵێن پێغلاشێز به‌ناوبانگ بووە. ئه‌م گۆڕستانه ٢١ی مه‌ی ساڵی ١٨٠٤ له‌لایه‌ن ناپلیۆنه‌وه دروست كراوه و، له ساڵی ١٧٨٦ه‌وه تا ئه‌وكات دروستكردنی گۆڕستان له‌ناو شاری پاریس قه‌ده‌غه كرابوو.
سه‌ره‌تا گۆڕستانه‌كه پێشوازی لێ نه‌كرا و ب ه‌هۆی دووربوونی له پاریس، كه‌متر مه‌راسیمی پرسه‌ی و به‌خاكسپاردنی تێدا ئه‌نجام ده‌درا. پاریسییه ده‌وڵه‌مه‌نده‌كان پێیان نه‌نگ بوو، ته‌رمی كۆچكردووه‌كانیان له‌و شوێنه بنێژن و به‌مجۆره گۆڕستانه‌كه ته‌ریک و دوورەپه‌رێز مایه‌وه تا كاربه‌ده‌ستانی شاره‌وانی په‌نایان به‌رده به‌ر هونه‌رمه‌ندان و، هاتنه سه‌ر ئه‌وه‌ی شێوازێكی نمایشی بۆ به‌كارهێنانی ئه‌م فه‌زایه بدۆزنه‌وه. وه‌ك سه‌ره‌تاش، ئێسك و پروسكی هه‌ندێك نوسه‌ری وه‌ک "لافۆنتێن" و "مولیرزا" له ئه‌نجامی مه‌راسیمێک و له‌ساڵی ١٨٠٤ بۆ ئه‌و شوێنه گوازرانه‌وه.
به‌گوێره‌ی ئاماره‌كان ته‌نها له ماوه‌ی چه‌ند ساڵێكدا، ژماره‌ی گۆڕه‌كانی پێرلاشێز له سه‌د گۆڕه‌وه بوو به ٣٣٠٠٠ گۆڕ. ئه‌مڕۆكه نزیكه‌ی یه‌ک ملیۆن گۆڕ له‌م گۆڕستانه‌دا هه‌یه و ژماره‌یه‌كی زۆر له‌و گۆڕانه فه‌ره‌نسی نین و كه‌سانی بیانی و به‌ناوبانگی وه‌ک ئۆسكار وایلدیان گرتۆته خۆ.
دیواری به‌ناوبانگی (فێدره) كه سیمبۆلی ئازادیخوازی خه‌ڵكی فه‌ره‌نسایه، له‌و شوێنه هه‌ڵكه‌وتوه، ئه‌و دیواره به ناوی سه‌ربازه شۆڕشگێڕه‌كانی كۆمۆنی پاریسه‌وه كراوه كه دوایین گروپ له‌و سه‌ربازانه بۆ ناو گۆڕستانه‌كه پاشه‌كشێیان كرد، له‌ئه‌نجامدا یه‌كێك له‌ده‌رگاكان به‌زه‌بری تۆپ شكا و پاش شه‌ڕێكی خوێناوی له ٢٨ی مه‌ی ١٨٧١دا، ١٤٧ كه‌س له ڕێبه‌رانی حزبه جیاجیاكانی فه‌ره‌نسا، درانه به‌ر ڕێژنه‌ی گولـله. ئێستا ئه‌م دیواره له لایه‌ن خه‌باتگێڕه سیاسییه‌كانی سه‌رانسه‌ری دنیاوه ڕێزی لێده‌گرێت و وه‌ک نمونه‌ی خه‌بات بۆ گۆڕانكاری سه‌یری ده‌كرێت.
پێرلاشێز یه‌كێكه له‌و گۆڕستانانه‌ی زۆرترین گه‌شتیار ڕووی تێده‌كات و ساڵانه، زیاتر له دوو میلیۆن كه‌س له سه‌رانسه‌ری دنیاوه ڕاكێشی گڵكۆی ئه‌و كه‌سانه ده‌کات كه له ماوه‌ی دوو سه‌د ساڵی ڕابردوو له فه‌ره‌نسا ژیاون.
پانتاییه‌كه‌ی زیاتر له ٤٤ هێكتاره و ٥٣٠٠٠ داری تێدایه، به واتایه‌كی تر گه‌وره‌ترین پاركی پاریسه. سه‌دان هونه‌رمه‌ند، بیرمه‌ند، نوسه‌ر و سیاسه‌توانی به‌ناوبانگ له‌و گۆڕستانه به‌خاک سپێردراون. زۆر له كێله‌كان و په‌یكه‌ره‌كان له‌لایه‌ن میعماره به‌ناوبانگه‌كانی جیهان دروست كراون و ئه‌مه‌ش وایكردوه ئه‌م گۆڕستانه له هه‌مانكاتدا ببێته مۆزه‌یه‌كی گه‌وره له فه‌زایه‌كی كراوه‌دا. شوێنه‌واره‌كانی ناوی نیشانه‌یه‌كن له داهێنان و هونه‌ر. په‌یكه‌ر و به‌رهه‌می میعماری له شێوازی یۆنانییه‌كانه‌وه بگره تا هونه‌ری مۆدێرن له یه‌ک شوێن كۆكراونه‌ته‌وه.
هه‌موو ڕۆژه‌كانی پێرلاشێز وه‌ك ڕۆژانی پشوو وایه، به‌رده‌وام خه‌ڵكێكی زۆر ڕوی تێده‌كات كه ته‌نها بۆ دانانی گوڵ له‌سه‌ر شانازییه‌كانی ڕابردوو ڕو ناكه‌نه ئه‌و شوێنه، به‌ڵكه كێله‌كان ئه‌و ڕۆژو یادانه‌یان زیندوو ڕاگرتوه كه به هۆی مۆدێرنەوە سڕاونه‌ته‌وه و له‌و شوێنه‌یه كه مرۆڤه‌كان به پێچه‌وانه‌ی گۆڕستانه‌كانی دیكه له مه‌رگ ناترسن و هه‌ست به دڵه‌ڕاوكێ ناكه‌ن. له گۆڕستانه‌كه‌دا بە تەنیا یەک ئینتمای ئایینی زاڵ نییە و ئه‌مه‌ش بۆته یه‌كێكی تر له‌نهێنیه‌كانی سه‌ركه‌وتنی پێرلاشێز.
هه‌ندێک له گۆڕه‌كان
میشێل نی، ماڕشاڵی سوپای فه‌ره‌نسی كه له به‌رامبه‌ر شۆڕشگێڕانی فه‌ره‌نسه له‌شه‌ڕه‌كانی ناپلیۆندا خۆڕاگری كرد، ئه‌لفرێد دۆموسێی شاعیر و ڕۆماننووس، ته‌رمی جان مۆلێن له سه‌ركرده‌كانی سوپای خۆڕاگری فه‌ره‌نسه له ماوه‌ی جه‌نگی جیهانی دووهه‌م و ئه‌مادیۆ مۆدیگلیانی نیگاركێش و په‌یكه‌ره‌سازی ئیتالی كه به هۆی نزیكبوونی به‌رهه‌مه‌كانی له پیكاسۆ به‌ناوبانگه، چارلز ماسیه‌ی ئه‌ستێره‌ناسی به‌ناوبانگی فه‌ره‌نسی و لئۆ لوسینین ئارینی پاشای ئه‌رمه‌نییه‌كان، سامۆیل هانێ من فیزیازانی ئه‌ڵمانی و ژۆزێف فۆریه بیركاری فه‌ره‌نسی و بینیامین كۆنستانتی نووسەری سویسری، سوفی بلانشارد یه‌كه‌م ژنی باڵۆن سوار كه له ئاسمان گیانی له‌ده‌ست دا، میگۆیل ئه‌نگێل ئاستۆریاس دیپلۆمات و نوسه‌ری گواتمالی و وه‌رگری خه‌ڵاتی نو‌بڵی ساڵی ١٩٦٧، كارل ئێپلی نیگاركێشی هۆڵه‌ندی، كامیل پیسارۆ نیگاركێشی ئه‌مپێرسیۆنیست و مارسێل پروست نووسه‌ر و ڕه‌خنه‌گری فه‌ره‌نسی، ئه‌نتوان دۆ سنت ئێگزۆپێری نوسه‌ری به‌ناوبانگی شازاده چكۆله، ویلیا‌م سیدنی ئه‌سمیتی به‌ریتانی و ڕیچارد ڕایتی نوسه‌ری ئه‌فریقی ـ ئه‌مریكی، سادقی هیدایه‌ت و غولامحسێن ساعیدی دو كه‌سایه‌تی ئه‌ده‌بیی ئێران و سه‌دان نووسه‌ر و شاعیر و كه‌سایه‌تی تر. زۆر جار هه‌ڵده‌كه‌وێ كه گه‌شتیارێک بۆ دۆزینه‌وه‌ی گۆڕی یه‌كێك له‌و كه‌سایه‌تیانه‌ی خۆشی ده‌وێت چه‌ندین جار سه‌ردانی گۆڕستانه‌كه ده‌كات و زۆر له گۆڕه به‌ناوبانگه‌كان له ئاپۆرای خه‌ڵكدا ون ده‌بن.
"گۆڕستانه پیر و خه‌ماوییه‌كه‌ی پێرلاشێز"
ئه‌وه ته‌عبیرێكه كه سیاسه‌تمه‌دارێكی فارس له یادی تیرۆری دكتۆر قاسملو، به‌پێچه‌وانه‌ی بۆچوونی خه‌ڵكانی تر سه‌باره‌ت به پێرلاشێز ده‌ریبڕی. له‌ڕاستیدا گۆڕستانی پێرلاشێز به‌لای كوردانه‌وه، خه‌ماوی و پیره و بیرهێنه‌ره‌ی تراژیدیا و شكسته. كورده‌كان زیاتر له ساڵرۆژی مه‌رگی ئه‌و كه‌سایه‌تییه كوردانه‌ی له‌وێ نێژراون، سه‌ردانی گۆڕستانه‌كه ده‌كه‌ن و له ده‌وری یه‌ك كۆده‌بنه‌وه. پێرلاشێز بۆ كورده‌كان، هێمای فیلمێكی ته‌واونه‌بوو، شۆڕشێكی سه‌رنه‌گرتوو، سه‌فه‌رێكی بێ گه‌ڕانه‌وه و گۆرانییه‌كی ته‌واونه‌كراوه. به‌پێچه‌وانه‌ی نه‌ته‌وه‌كانی تر ئامانجیان ته‌نها گه‌ڕان به‌گۆڕستانه‌كه و خوێندنه‌وه‌ی دێڕه فه‌لسه‌فییه‌كانی سه‌ر كێله‌كان نییه و وه‌ك هه‌موو ئه‌و خه‌ڵكه‌ش به‌دڵخۆشی ناگه‌ڕێنه‌وه، به‌چه‌پكێ گوڵ ده‌چنه ژوور و فرمێسك ئه‌وكیان ده‌گرێت. كورده‌كان بۆ یه‌كه‌مجار به‌شێوه‌یه‌كی گشتی كاتێک ناوی پێرلاشێزیان بیست كه سكرتێری پێشووی حزبی دیموكراتی كوردستانی ئێران له ڤیه‌ننای پایته‌ختی ئۆتریش تیرۆر كرا و له‌گه‌ڵ بیره‌وه‌رییه‌كی تاڵ‌دا خۆی كرد به‌یاده‌وه‌رییاندا. مه‌رگی هه‌ر یه‌كه له یه‌ڵماز گۆنه‌ی، د. شه‌ره‌فكه‌ندی و ئه‌حمه‌د كایاش هه‌روه‌ک تیرۆری دكتۆر قاسملوو خه‌ماوی و دڵته‌زێنه و له‌ڕاستیدا هیچ كام له‌وانه خه‌ونه‌كانیان به‌دی نه‌هات و له نه‌بوونی بستێک خاک بوو كه پێرلاشێز له ئامێزی گرتن.
چوار كورده‌كه‌ی پێرلاشێز
یه‌ڵماز گۆنه‌ی؛ ساڵی ١٩٣٧ له بنه‌ماڵه‌یه‌كی هه‌ژار له ئه‌ده‌نه‌ی باكوری كوردستان له‌دایک بووه. له مناڵیه‌وه ناچار بووه مل بنێته كار و له زانكۆی ئه‌نقه‌ره، یاسای خوێندووه. یه‌ڵماز گۆنه‌ی كه به باوكی سینه‌مای كوردی ده‌ناسرێت له فیلمه‌كانیدا باس له ده‌رد و مه‌ینه‌تی ژیانی كورد و جیاوازی ناوچه‌ك وردنشینه‌كان ده‌كات له‌گه‌ڵ باكورو باشوری توركیا. پاش كوده‌تای سوپا ده‌خرێته زیندان و پاش ئه‌وه‌ی له‌لایه‌ن زیندان مۆڵه‌تێكی دیاریكراوی پێده‌درێت له توركیا ڕاده‌كات و په‌نابه‌ری فه‌ره‌نسا ده‌بێت. ساڵی ١٩٨٤ له ته‌مه‌نی ٤٧ ساڵیدا به نەخۆشی شێرپه‌نجه له پاریس كۆچی دوایی كرد. ده‌وڵه‌تی توركیا تا ئه‌مساڵیش نكۆڵی له هاووڵاتی بونی گۆنه‌ی ده‌كرد و له چوارچێوه‌ی ئه‌م هه‌نگاوانه‌ی دواییدا ناسنامه‌ی بۆ ئه‌و ده‌رهێنه‌ره كورده گه‌ڕانده‌وه. دیوار، ڕێگا، مێگه‌ل، باوک له به‌ناوبانگترین به‌رهه‌مه‌كانی ئه‌م ده‌رهێنه‌ره كورده‌ن.
د. قاسملو؛ ٢٢ی دێسه‌مبه‌ری ١٩٣٠ له‌بنه‌ماڵه‌یه‌كی ده‌وڵه‌مه‌ند له ورمێی ڕۆژهه‌ڵاتی كوردستان له‌دایک بووه، خوێندنی سه‌ره‌تایی و دواناوه‌ندی هه‌ر له‌و شاره ته‌واو كردووه. له ته‌مه‌نی لاوییه‌وه په‌یوه‌ندی به ڕیزه‌كانی حزبی دیموكراته‌وه ده‌گرێت. دكتۆر عه‌بدولره‌حمان قاسملوو ساڵی ١٩٦٢ له زانكۆی پراگ دكتۆرای له زانسته ئابورییه‌كان وه‌رگرتووه. له كۆنفرانسی سێهه‌می حزبدا، به‌سكرتێری گشتی حزبی دیموكراتی كوردستان هه‌ڵبژێردراوه و تا كاتی تیرۆركردنیشی وه‌ك سكرتێری حزب ماوه‌ته‌وه. ١٣ی ژوییه‌ی ١٩٨٩ له‌میانه‌ی گفتوگۆ له‌گه‌ڵ نێردراوانی كۆماری ئیسلامی ئێران، له‌ڤیه‌ننا تیرۆر ده‌كرێت.
د. شه‌ره‌فكه‌ندی؛ سادق شه‌ره‌فكه‌ندی ساڵی ١٩٣٨ له گوندی شه‌ره‌فكه‌ندی سه‌ر به شاری بۆكان له‌دایك بووه و له تاران زانكۆی ته‌واو كردووه. ساڵی ١٩٧٢ بۆ درێژه‌دان به‌خوێندن ڕووی كردۆته فه‌ره‌نسه و پاش چوار ساڵ دكتۆرای كیمیای له پاریس وه‌رگرتوه. ساڵی ١٩٧٣ په‌یوه‌ندیی به حزبی دیموكراتی كوردستانی ئێرانه‌وه ده‌گرێت و دوای تیرۆری قاسملو به سكرتێری گشتی ئه‌و حزبه هه‌ڵده‌بژێردرێت. دكتۆر شه‌ره‌فكه‌ندی ١٧ی سێپته‌مبه‌ری ١٩٩٢ له ڕێستۆرانی میكۆنۆس له به‌رلین درایه به‌ر ده‌ستدرێژی گولـله‌ی چه‌كدارانی ئێران و تیرۆر كرا.
ئه‌حمه‌د كایا؛ ساڵی ١٩٥٧ له مالاتیه‌ی باكووری كوردستان له‌دایك بووه. به‌دامه‌زرێنه‌ری شێوازی پرۆتێست له مۆسیقای توركیا دێته هه‌ژمار. تا ئێستاش زۆربه‌ی گۆرانییه‌كانی له‌توركیا قه‌ده‌غه‌یه و به خیانه‌ت به‌نیشتمان تاوانبار كراوه. (گۆرانیه‌كانم بۆ شاخ) له به‌ناوبانگترین ئه‌ڵبۆمه‌كانیه‌تی كه نزیكه‌ی دوو ملیۆن كاسێتی لێ فرۆشرا و له پڕفرۆش‌ترین به‌رهه‌مه مۆسیقیه‌كانه له‌مێژوی توركیادا. كایا داكۆكییه‌كی زۆری له‌ناسنامه‌ی كوردایه‌تی ده‌كرد و ساڵی ٢٠٠٠ له پاریس كۆچی دوایی كرد.