۱۳۸۸/۰۹/۰۶

نێگەتیڤ


سەلاحەدین بایەزیدی 

 
کەمتر پەنابەرێک هەیە ڕۆژانە سەیری سندوقی پۆستەکەی نەکات و هەموو جارێکیش بە بینینی نامەیەکی زەرد دڵی ڕانەچڵەکێ، بەتایبەت لەقۆناغی ئێستادا کە دۆخی پەنابەری لە وڵاتانی ئەوروپا بەگشتی ئەستەم بووە، زۆربەی هەرە زۆری پەنابەرەکان چاوەڕوانی وەڵامی نێگەتیڤ دەکەن تا هیی پۆزەتیڤ.

سامان عەبدولخالق مستەفا ڕۆژی جەژنی قوربان وەک هەموو ڕۆژەکانی دی، سەردانی سندوقی پۆستەکەی دەکا، بە بینینی نامەیەک سەڕی سوڕ نامێنێ، چونکە وەک خۆی دەڵێ "چاوەڕوانی دەکرد نامەیەکی لەو جۆرەی بۆ بێت" و پێشتریش بە هاوڕێکانی گوتبوو کە من لەم ڕۆژانەدا نێگەتیڤم بۆ دێ. بەڵام ئەو پێی سەیرە ڕێک لەو ڕۆژەدا نێگەتیڤی بۆ هاتووە و بەپێکەنینەوە دەڵێ "ئەوە جێژنانەی سویسرایە بۆ من."

سامانی تەمەن (٢٥) ساڵ لەشاری هەولێر لەدایک بووە و سێ ساڵە لە شارۆچکەی مارتینی لە سویسرا دەژی. ئەوە دووهەمین نێگەتیڤە وەریدەگرێ و لەم ڕوەوە هەندێک غەمبارە. سامان کە لە ژورێکی بچوکدا بەتەنیا دەژی، دەیویست لە ڕۆژی جەژندا، تەلەفۆن بۆ ماڵەوەیان بکات و پیرۆزبایی جەژنیان لێ بکات، بەڵام بەوەرگرتنی وەڵامی نێگەتیڤ موڕاڵی دابەزیوە و جەژنەکەی لێ تاڵ بووە.

سویسرا یەکێکە لەو وڵاتانەی زۆر بە ئەستەم وەڵامی پەنابەران دەداتەوە و تا چەند ساڵ چاوەڕێیان دەهێڵێتەوە. ئەوەش بەهۆی ئەوەی زۆربەی هەرە زۆری ئەو پەنابەرانەی پەنجەمۆری وڵاتێکی دیکەیان هەیە، ڕوو لەم وڵاتە دەکەن. بەگوێرەی ئامارە فەرمییەکان، ١٦ هەزار و ٦٠٦ پەنابەر لە ساڵی ٢٠٠٨دا وەرگیراون کە ئەو ڕێژەیە دوو هێندەی ساڵانی ڕابردوویە. وڵاتێکی وەک ئاڵمانیا کە ژمارەی دانیشتوانی یانزە قاتی سویسرایە، لەو ساڵەدا تەنها ٢٢ هەزار کەسی وەک پەنابەر وەرگرتووە. هەلومەرجی ئاماژەپێکراو چەندە گرفتی بۆ سویسرا دروست کردووە، بۆ پەنابەرێکی وەک سامانیش کە سێ ساڵە وەڵامێکی ڕونی نەدراوەتەوە، زۆر دژوارە. سامان لەکاتێکدا نامەکەی بەدەستەوەیە و چەند جار لەسەر یەک دەیخوێنێتەوە، دەڵێ "من لێرە کۆن بووم، بەم وڵاتە ڕاهاتوم و زمانەکەیان فێر بووم. تازە چۆن بچمە وڵاتێکی دیکە یان چۆن بگەڕێمەوە بۆ شاری خۆم؟"

پاش ئەوەی سویسرا پەیوەست بوو بە پەیمانی "شێنگێن"ەوە، هیوادارتر بوو لەپێناو ئەوەی ژمارەی پەنابەرەکانی وڵاتەکەی کەم بکاتەوە. ئەم وڵاتە ئێستا دەتوانێ وەک یەکێک لە ئەندامانی پەیمانی ئاماژەپێکراو، ئەو پەنابەرانەی لە وڵاتێکی دیکەوە هاتوون، مافی پەنابەرێتیان ڕەت بکاتەوە. کانتۆنی "ڤالێ" لەو کانتۆنە محافزەکارە کاتۆلیکانەیە کە بەر لەم ئاڵوگۆڕییانەش یاسای سنورداری دژ بەپەنابەران پەیڕەو دەکرد. لەساڵی ٢٠٠٨دا ژمارەیەکی زۆر لە کوردانی باشووری کوردستان لەو کانتۆنە، وەڵامی نێگەتیڤیان درایەوە یا خود قۆڵبەست کران.

سامان ئێستا لە هەوڵی ئەوە دایە پەیوەندی بە یەکێک لە هاوڕێیەکانییەوە بکا کە مانگێک لەمەوپێش لەیەک ژوردا پێکەوە دەژیان و پاش ئەوەی هاوڕێکەی وەڵامی نێگەتیڤی وەرگرت و مۆڵەتێکی یەک مانگەی پێدرا، سویسرای بەجێهێشت و ڕووی کردە فینلاند. ئەوان پێیان وایە ئێستا فینلاند باشترین وڵاتە بۆ کوردەکانی باشور و زو وەڵامیان دەداتەوە. سامانیش بیر لەوە دەکاتەوە وەک هاوڕێیانی دیکەی ڕوو لەو وڵاتە بکات. ئەو مۆڵەتی پێدراوە تا کۆتاییەکانی مانگی ژانوییەی ٢٠١٠ سویسرا بەجێ بهێڵێ و دەبێ لەو ماوەیەدا فیکرێک بکاتەوە. لەکاتێکدا سەیری بەفری لوتکەی سەر چیاکان دەکا، دەڵێ "تاقەتی ئەوەم نییە جارێکی دی ئاوارە ببمەوە، ئەویش لەو زستانەدا."

شەقام و کۆڵانەکانی شار، بەگڵۆپ و داری کریسمەس ڕازێنراونەتەوە، هەرچەند کەش و هەوا زۆر ساردە، بەڵام خەڵکێکی زۆر دێت و دەچێ. سامانیش کە ئەو بەیانییەی مەنفا خۆی بۆ جەژن ئامادە کردبوو، مۆبایلەکەی دەکوژێنێتەوە. دەست لەناو گیرفان، خۆی دەکات بە فرۆشگایەک بۆ ئەوەی سێتێک بیرە بکرێت و لەم ڕۆژەدا بیانخواتەوە.

۱۳۸۸/۰۹/۰۵

"خەرجی رۆژانەم ناگاتە دۆلارێکیش"


وتوێژی ڕۆژنامەی (تورکیا) لەگەڵ موراد قەرەیڵان

سازدانی: عوسمان ساغرلی
وەرگێڕانی لەتورکییەوە: سەلاحەدین بایەزیدی


٢٤ کاتژمێر پاسەوانی لەخاڵی پشکنین

بەساڵانە، بارەگاو شوێنی حەوانەوەی پەکەکە واتە قەندیل، لە ڕووی جوگرافی و سروشتەکەیەوە، بە "هەکاری" دەشوبهێندرێ. ئەوانەی بیانەوێ بچنە قەندیل، بەو ژمارە زۆری دێهاتیەکانیشەوە، پێویستە خاڵی پشکنینی "کۆرتەک" دەرباز بکەن کە بیست و چوار کاتژمێر لەلایەن چەکدارانی پەکەکەوە پارێزگاری لێدەکرێ. ئەو کەسانەی گومانیان لێ بکرێ، لەلایەن هەپەگە (باڵی سەربازی پەکەکە) ئاستەنگیان بۆ دروست دەکرێ.

قەندیل، وەک بەرمۆدایەکی شەیتانی سێگۆشە

قەندیل لەنێوان تورکیا، عێراق و ئێراندا هەڵکەوتوە و خاوەنی پانتاییەکی تا بڵێی بەرینە. چیاکانی قەندیل بەرزاییان دەگاتە سێ هەزار مەتر و دەیان گوندیش دەگرنە خۆ. داوێنەکانی قەندیل ڕێگەی قیرتاویان هەیە و هەر چی بەرزاییەکانیشە بەتەواوەتی لەلایەن پەکەکەوە کۆنترۆڵ دەکرێن. ئەندامەکانی ئەو ڕێکخراوەیە، ناوە ناوە بەجلی سڤیلەوە دێنە ناو ئەو دێهاتانە و هەندێکجاریش دەچنە شارەکان و شتومەک دەکڕن.

یاساکانی قەندیل

* پێویستە هەمو ڕۆژێک پیاوەکان ڕدێنیان بتاشن.
* داربڕینەوە و ڕاوکردن قەدەغەیە.
* نابێ لەنێوان یەکتریدا گرژی دروست بکەن.
* بە پێچەوانەوە چەک دەکرێن (ئەمە لە شاخ قورسترین سزایە.)

هەر ئەندامێک دەبێ بڕیارەکانی ڕێکخراوەکە جێبەجێ بکا

لەناو قسەکانماندا لە دۆڵێکی قەندیل، موراد قەرەیڵان کە باسی هەڵوێستی پەکەکەی دەکرد سەبارەت بە قۆناغی کرانەوە، پشتگیری خۆیانی بۆ چارەسەری دیموکراسییانە دەربڕی، بەڵام گوتیشی پێویستە بەشێوەیەکی هەمەلایەنە کاری لەسەر بکرێ. قەرەیڵان وێڕای ئاماژە بەوەی لەناو ڕێکخراوەکەیاندا هەندێک کەس و لایەن هەن لایەنگری لە پێکدادان دەکەن، گوتی "کاتێک بڕیارێکمان پەسەند کرد، دەبێ هەمو کەسێ جێبەجێی بکات، جا چ پۆزۆسیۆنێک لەگۆڕێ بێ، گرنگ نییه."

پێشگوتن

کرانەوەی ناو تورکیا لەقەندیلەوە

یەکەم جار ساڵی ٢٠٠٧ لە کەرکوک ڕوبەروی پەکەکە بومەوە. دەزگای هەواڵگری سەر بە تاڵەبانی پاش ئەوەی زانیبویان من لەتورکیاوە هاتوم، خستیانمە ژێر چاودێری و نزیکەی حەوت کاتژمێر لێپرسینەوەیان لەگەڵدا کردم.
دو ساڵ بەسەر ئەو ڕۆژانەدا تێدەپەڕێ و لەو ناوەدا گۆڕانکارییەکی زۆر بەدی هاتوە، کرانەوە بەروی کورددا، ڕۆژەڤی تورکیای داگیر کردووە. دیسان لەباکوری عێراق و ئەمجارەیان لە ناوەندی پەکەکە واتە لە قەندیلم. بەرپرسی پەیوەندیە میدیایەکانی پەکەکە ئەحمەد دەنیز سەرەتا داوای منی بۆ وتوێژ لەگەڵ قەرەیڵان ڕەت کردەوە و گوتی "ئێمە نامانەوێ لەگەڵ میدیاکانی تورکیادا قسە بکەین. چونکە قسەکانی ئێمە دەگۆڕن و چی بەمێشکیان داهات دەینوسن. ئێوە دەتوانن بۆچونی خۆتان لەسەر ئێمە بنوسن، بەڵام ناکرێ قسەکانی ئێمە وەک خۆی بڵاو نەکەنەوە." بەڵام لەئەنجامی پێداگری مندا، پێی ڕاگەیاندم بەتەلەفۆن ئاگادارم دەکاتەوە و بەڕێی کردم.
پاش هەفتەیەک ئەحمەد دەنیز گوتی "هەڤاڵ (قەرەیڵان) بەتایبەت لەگەڵ تۆدا وتوێژ دەکا. بەڵام دڵنیا بن لەمەو دوا، نایبینن لەگەڵ میدیاکانی تورکیادا قسە بکەین، ئێستا چاوەڕوانی ئێوەیە." و بەمجۆره بانگهێشتی قەندیلی کردم.
٢٣٥ کیلۆمەتری نێوان هەولێر ــ‌ قەندیلمان بەچوار کاتژمێر بڕی، ڕوبەڕوی چەندین خاڵی پشکنین بوینەوە. جار جارە بە تولەرێیەکاندا دەڕۆیشتین و ئەمەش دەیهێنا، چونکە پەکەکە بەڵێنی ڕێپۆرتاژی بە من دابوو و بەگوێرەی خۆیان کرانەوەیەکیان ئەنجام دابوو. دوای تێپەڕاندنی خاڵی پشکنینی پەکەکە، لەشوێنێکی نزیک تەلەفۆنەکانم ڕادەست کردن. سەرەتا چاییمان خواردەوە و دوایی لەگەڵ دەستەیەکی پانزە کەسی لە پارێزەرەکانی، وتەبێژی پەکەکە موراد قەرەیڵان گەیشتە لامان.
دوابەدوای خۆناساندنێکی کورت، بێ متمانەیی خۆی لەمەڕ میدیاکانی تورکیا هێنایە زمان. لە وەڵامی مندا کە داوام کرد "لەو قسانە کە ئامانجیان زیاتر پڕوپاگەندەیە، دەمەوێ وەڵامی پرسیارەکانم بدەیەوە"، گوتی "هەر چی پێت خۆش بێ، بیپرسە، من بۆ پڕوپاگەندە نەهاتوم. ڕێگایەکی دورو درێژ هاتوم تەنیا بۆ ئەوەی متمانە بە ڕاستگۆیتان بکەم. نوسین و نەنووسینی، لەسەر ئێوە دەمێنێتەوە."
لەمیانەی وتوێژەکەماندا، ڕاشکاوانە وەڵامی پرسیارەکانی دایەوە. بەبەرزکردنەوەی تۆنی دەنگی و جموجوڵی هەوڵیدەدا کاریگەریی هەبێ. جارجارەش بزەیەکی دەهاتە سەر لێو. وتوێژەکەمان نزیکەی سێ کاتژمێری خایاند و بەگشتی پێنج کاتژمێر لەگەڵ قەرەیڵان ماینەوە. بەڵام قسەکانی قەرەیڵان لەسەر نانخواردن لەوانی دیکەی گرنگتر بوون.

ئەوەش نمونەیەک لە قسەکانی: 

سەرۆک وەزیر ئەردۆگانیش، کۆمەڵیک تایبەتمەندی سەرکردایەتی هەیە. چونکە قۆناغێکی لەمجۆرە تەنیا لەلایەن ئەو کەسانەوە ڕەچاو دەکرێ کە سیفەتی سەرکردەیان هەبێ. وەک کەسێکی بوێریش هاتە بەرچاوم، لێبەلێ هەندێک گومانم هەیە. لەوە دەفکرم ئەنجامێکی وەک ئۆزالی بەسەر دێ.

ئەو سیاسەتەی لەسەر شارەوانیەکانی دەتەپە پەیڕەو دەکرێ، سیاسەتی تۆقاندنە. هیچکەسێ ناتوانێ پەڵەی ڕەش بەناسنامەی کوردایەتیمانەوە بلکێنێ. بەر لە هەموو کەسێک ئێمە دژی ئەو سیاسەتە دەردەکەوین.

- هەنگاوەکانی کرانەوە لە پەرلەماندا قسەیان لەسەر کرا. ڕاتان چییە لەسەر ئەو ئاستەی کە پرسەکە پێی گەیشتوە و ئیتر لەپەرلەمان گفتوگۆی لەسەر دەکرێ؟
سەرەتا پێویستە بڵێم گفتوگۆکردنی پرسی کورد لەچوارچێوەی پەرلەمان و بۆ یەکەمجار، خۆی لەخۆیدا بەلای ئێمەوە دەرئەنجامێکە. دیارە تورکیا بە پشت بەستن بە چارەسەری دیموکراتیانەی کێشەی کورد، دەیتوانی لەپێناو داهاتوی خۆیدا، پێڤاژۆیەکی نوێ دەست پێ بکا. بەداخەوە ئەمە ڕوی نەدا. هەنگاوی پراتیکی بەرز نەکردەوە. سەرەتا هیوایەکی زۆرترمان هەبوو. حاڵی حازر، هیچ چارەسەرییەک بەدیناکرێ.

ـ ئێوە چاوەڕوانی دەسپێکێکی چۆن بوون؟

پرسی کورد، کێشەیەکه بەڕەگدا چووە. بەکرانەوەی بچوک مەحاڵە چارەسەر ببێ. نەخۆشیەکی قورسی گورچیلە بە ئاسپرین دەرمان ناکرێ. کێشەی کورد، بەگۆڕینی ناوی هەندێک شوێن بۆ ناوە کۆنەکەی یان بەدامەزراندنی تەلەڤزیۆن چارەسەر نابێ. کورد ئەمڕۆ خۆی زیاتر لە پانزە کەناڵی تەلەڤزیۆنی هەیە. لەزانکۆیەک ئەنیستیتۆی کوردۆلۆژی دادەمەزرێنن. ئەمە چ شتێکی گرنگی تێدا دەبینرێ؟ ئەگەر مەسەلە ئەوە بێ، کوردەکانی دەرەوە چەندین ئەنیستیتۆیان دامەزراندووە. تەنانەت ئەگەر زمانی کوردی وەک زمانێکی هەڵبژاردەش پێی بخوێندرێ، چارەسەری دەگەڵ خۆیدا ناهێنێ.
لێرەدا کۆمەڵگەیەک هەیە. داننان بەناسنامەی ئەم کۆمەڵگەیە گرنگە. ئێمە باسی کێشەیەک دەکەین کە بەدرێژایی ٨٥ ساڵ تراژیدیای گەورە ژیاوە.
حکومەتی (وشەکە دەگۆڕێ) دەوڵەتی کۆماری تورکیا، لە ڕابردوەوە تا ئێستا ناسنامەو ڕاستینەی گەلی کوردی خستۆتە ژێر پێ. ئەمە هەڵە بوو. ئەوان دەبوایە گوتبایان "ئێمە ئێستا ئەو هەڵەیە ڕاست دەکەینەوە. کورد هەیە و ناسنامەیشی هەیە. دان بەهەر چەشنە ماف و ناسنامەیەکیاندا دەنێین. پێکەوە برایانە دەژین. مێژویەکی هەزاران ساڵەی هاوبەشمان هەیە. لەڕێگەی پێکەوە ژیانەوە، پڕۆژەی نوێی دەخەینە ڕۆژەڤەوە."

ـ بەڕێز سەرۆک وەزیرانیش هەندێک لێدوانی ڕاگەیاند کە مانایەکی هاوشێوەیان هەبوو. لە هەمویان گرنگتر، ڕوی کردە ئەوانەی داکۆکیان لە ڕوداوەکانی دێرسیم دەکرد و بەو کەسانە لەقەڵەمی دان کە فڕیان بەسەر مرۆڤایەتیەوە نییه. گوتی چیاکان بەهیچ و خۆڕایی بۆردومان کراون، گوندەکان سوتێنران، ڕوخێنران و هەروەها ئەو ڕۆڵانەی لەو جوگرافیایەدا دەژیان، بێ سەرو شوێن کران. ئەوە لەڕوانگەی ئێوەوە، پەیامێکی گرنگ نییه؟

بێگومان لێداونەکانی بەڕێز سەرۆک وەزیران مانای خۆی هەیە. بەڵام هێشتا کەمە. ئەگەر دەوڵەت لەم سیاسەتەیدا، هۆکاری ئازارەکانیش بخاتە ڕو، جێگەی متمانەیە.
ئەگەر سەرۆک وەزیر کردەوەی کەسانی نزیک لەخۆی ڕیسوا بکا، لەراستیدا هەڵسوکەوتێکی جیاواز دەبێ. ئەوانەی دەیانەوێ درێژە بەو کردەوانە بدەن، دەڵێن "کردەوەکانی ئێوە هاوچەرخ نین. پێویستە بەمیتۆدی نوێ نزیکی کوردەکان ببینەوە و بیانخەینە ژێر چاودێرییەوە."
باس لەیەکپارچەیی خاکی تورکیا دەکرێ. ئێمەش داکۆکی لەهەمان شت دەکەین. دەوڵەت بەهۆی مامەڵەی توندوتیژی لەگەڵ کوردەکان ڕەخنەی لێگیراوە. ئێستا دەیانەوێ بەمامەڵەیەکی نەرمتر کوردەکان بخەنە ژێر ڕکێفی خۆیانەوە. پارتی دادو گەشەپێدان دەڵێ "ئەم کێشەیە تەنیا بەشێوازی سەربازی و ئەمنی چارەسەر نابێ". خوێندنەوەی من بۆ قسەکانی ئەردۆگان ئاوایە "پێویستە پەکەکە پاکتاو بکرێ. ئەوان بە شێوازی سەربازی تەواو نابن. دەبێ ڕێ و ڕێبازی دی بەتاقی بکەینەوە." پاش ئەم قسانە من چۆن دەتوانم هیوادار بم.
سەرباری هەمو ئەمانەش، حکومەتی ئێستا بەگوێرەی ئەوانی ڕابردوو باشترە. پارتی دادو پارتی کۆماری گەل پێکەوە بەراورد ناکرێن. لێ نوکە لەبەرامبەرماندا حکومەتێک هەیە کە بانگەشەی چارەسەری دەکات. پێموایە ئەم حکومەتە بەو سیاسەتانەی ئێستای ناتوانێ چارەسەری بەدوای خۆیدا بێنێ. دیارە کێشەی لەمجۆرە بەشێوەیەک لەشێوەکان لەهەموو گۆشەو قوژبنێکی جیهان ڕویانداوە. واتە کێشەیەک نیە یەکەمجار دەستەویەخەی تورکیا بوبێ. ئەگەر ئامانج چارەسەری بێ، ئەوا لەڕێگەی گفتوگۆ و وەک بەردەنگ پەسەند کردنی لایەنی بەرامبەر، کێشەکان چارەسەر دەبن. ئێستا حکومەت دەڵێ کێشەکە بەبێ لایەنی کوردی چارەسەر دەکەم. دەڵی "بەردەنگ گەلە"، بەڵام لەڕاستیدا وا نییه. ئەم کێشەیە لایەنی بەرامبەریشی هەیە.

ـ ئەو شوێنەی کێشەکان تیایدا گەیشتونەتە بنبەست، هەر ئەم خاڵەیە. خوێندنەوەکان جیاوازن. ئایا ئەوە ڕاستە تەنیا حکومەتێک باجی قۆناغێکی ٨٦ ساڵە بداتەوە؟

سەرۆک وەزیر هەندێک شتی نوێ دێنێتە زمان. بەڵام لەبەرامبەر ئەمەدا دەڵێ "با پەکەکەش ئالیکاری بکات." دواجار بەم چەشنە دەسپێشخەریانەی سەرۆک وەزیر، چارەسەری بەدی نایە. ساڵی ١٩٨٨، تورگوت ئۆزال هاتە مەیدان و وەک ئەردۆگان قسەی نەدەکرد. چونکە کێشەکە ئەو پێگە نەتەوەیی و نێونەتەوەییەی ئێستای نەبوو. ئیتر دەرکەوتوە ئەم کێشەیە بەڕێگەی سەربازی چارەسەر نابێ. ئەمڕۆکە هەموو بەرپرسانی تورکیا بەگشتی و سەرۆک وەزیران بەتایبەتی، ناچارن کێشەکە چارەسەر بکەن.

ـ سەبارەت بەچۆنیەتی دەسپێکردن، تەنها ڕستەیەکتان هێنایە زمان، ئەویش داننان بەناسنامەی کورد... جگە لەمە پێشنیاری دیکەتان هەیە؟

من هەموو جارێ ناچار نیم یەکە یەکە ئەمانە بژمێرم. بۆ نمونە دەتوانم ئاماژە بکەم بە داننان بەزمانی زگماکی، داننان بەخوێندن بەزمانی زگماکی، دەرفەتدان بەرێکخستنی سیاسی، بەهێزکردنی دەسەڵاتە خۆجێیەکان و واژۆکردنی پرۆژەی پێکەوەسازانی کۆمەڵایەتی لەپێناو چارەسەری و زۆر بابەتی دیکە. بەناردنەوەی گروپەکانی ئاشتی، هەوڵماندا پەیامی خۆمان ڕابگەیەنین.

ـ پێشوازیکردنەکان ئۆرگانیزه کرابوون. دەتەپە بە هەموو توانایەوە، لەسلۆپیەوە هەتا دیاربەکر مرۆڤەکانی هەستاندە سەر پێ.

لەوانەیە دەتەپە هاوکاری کردبێ. بەڵام، نیشاندانی ئەم خۆشەویستیە قوڵە لەلایەن گەلەوە گرنگە. ئەگەر لێرەدا پڕوپاگەندە یان شەڕی سایکۆلۆژی کرابێ، ئەوا دەکرێ لێکۆڵینەوەیەکی جیای بۆ بکرێت. بەڵام ئەگەر بمانەوێ کێشەکە بخەینە سەر مێزی دیالۆگ و لەڕێگەی ئەقڵەوە چارەسەری بۆ کێشەکان بدۆزینەوە، پێویستە قسە لەسەر ڕاستیەکان بکەین. ڕاستی ئەمەیە؛ ئەگەر پەکەکە لەبەر چاو نەگیرێ، ناکرێ باس لەلایەنی کوردی بکەین. ٣٠ ساڵە ئێمە لێرە بە سیاسەتەوە سەرقاڵین. بەرپرسانی ئێستای کۆماری تورکیاش سیاسەت دەکەن. یانی ئەگەر ڕۆژانە جنێو بە پەکەکە بدەن، کێشەکە چارەسەر دەبێ؟ ئێوە دەتانەوێ کێشەکە چارەسەر بکەن، بەڵام ئاوا نابێ.

ـ ئەی چۆن هەنگاوێک پێویستە؟

بۆچی باسی ڕێ و ڕێبازە سیاسیەکان ناکا؟ ڕستەی "با فرمێسکی دایکان ڕابوەستێ" و ڕستەگەلی دیکەی لەو بابەتە کە سەرۆک وەزیر ڕیزی کردن، هەمویان جوان بوون. بەوتنی هەندێک شتی باش، کێشەکە چارەسەر نابێ. ئەگەر حکومەت هەنگاوی بەهەند بەرز نەکاتەوە، ئەوا کۆمەڵێ هێز سەرهەڵدەدەن و هەوڵدەدەن قۆناغەکە بشێوێنن.

ـ ئەو هێزانە کێن کە هەوڵی شێواندنی قۆناغەکە دەدەن؟

ئەو دەوروبەر و لایانانەن کە چارەسەرییان ناوێ... ئەو لایەنانەی لەشەڕی تورکیا سودی ئابوری و سیاسی دەستەبەر دەکەن..

کێشەی کورد و گەمەی بەریتانیا
ـ ئەوانە کوردن یان تورکن؟

بەر لەوەی کورد یان تورک بن، ئەو کەسانەن لەلایەن دەوڵەتەوە ڕێکخراون. ئایا لە نمونەی ئەرگەنەکۆندا نەبینرا؟ بەر لە هەموو شتێک، خۆ هەموو کردەوەکانی ئەرگەنەکۆن لێپرسینەوەیان لەسەر نەکرا. پێموایه بەشێکی بەرچاویان، لەناو خودی دەوڵەتدا درێژە بەمانەوەی خۆیان دەدەن. دەربڕینەکانی مەهەپە و جەهەپە نمونەی ئەم ڕاستیەیە. ئەرگەنەکۆن لەم خاڵەدا، قسەکانی ڕاستن. لەو قسەیەدا کە دەڵێ "دەتانەوێ تەرمی شەهیدەکان بگەڕێتەوە" و مەبەستی ئۆپۆزۆسیۆنە، ڕاست دەکا. هەن ئەو لایەنانەی لەناو بیرۆکراسی دەوڵەتدا لایەنگری لەبەردەوامیی شەڕ دەکەن. یەکێک لەو هۆکارانەی کە تا ئێستا وایکردوە کێشەکە لەسەر پێ بمێنێتەوە و ببێتە ئاستەنگ لەبەردەم چارەسەری، هەر ئەو هەڵسوکەوتەیە.

ئاڵمانیا دژی چارەسەری کێشەکانە
ـ گەلۆ بەهەڵوێستتان سەبارەت بەڕاگرتنی شەڕ، ئالیکار نابن بۆ چەسپاندنی ئەم کەشوهەوایە؟

لەناو هێزەکانی خۆماندا، هەوڵدەدەین ژیانێکی هاوسەنگ و سادەمان هەبێ. لەوانەیە خەرجی ڕۆژانەم نەگاتە دۆلارێکیش. ئەوانەی بازرگانی بەم شەڕەوە دەکەن، تەنیا لە ناوخۆی تورکیا ناژین. لەدەرەوەی تورکیاش هەن. ئەوانەی تا ئێستاش نەیانویستوە کێشەی کورد چارەسەر بێ، هێزە دەرەکییەکان بون. ئەوان پێیان خۆشە ئەم کێشەیە بەردەوام هەبێت و وەک کارتێک دژی تورکیا و وڵاتانی ناوچەکە بەکاری دێنن. ئینگلیزەکان لەو کۆنفرانسەی لە ساڵی ١٩٢١ لە قاهیره بەستیان، ئامانجیان چارەسەرکردنی پرسی کورد نەبوو، بەپێچەوانەوە هەوڵی چارەسەرنەکردنیان دا. هەروەها ئاڵمانیا، فەرەنسا و ئەمریکا دەیانەوێ ئەم کێشەیە بەوڵاتانی ناوچەکەوە بلکێنن. ئەمریکا لەرۆژی ئەمڕۆدا، هەوڵی بچوک کردنەوەی کێشەکە دەدات و نایەوێ کێشەکە بەشێوەیەکی ڕیشەیی چارەسەر ببێ. ئامانجیان لەهەڵپەساردنی ئەم کێشەیە ئەوەیە ڕۆژهەڵاتی ناوین لەژێر کۆنتڕۆڵی خۆیاندا بهێڵنەوە. لەبەر ئەم هۆکارانە ئێمە هاوار دەکەین؛ "وەرن با ئەم کێشەیە پێکەوە چارەسەر بکەین." ڕون و ئاشکرایە کە دەیانەوێ بەشەڕمان بدەن.

ـ ئایا ئەم هێزە دەرەکیانە لە گەڵ ئێوە پەیوەندییان بەست؟

ناوه ناوە بەڵێ. بەڵام نەک بۆ یارمەتیدان و پشتگیریکردن. بۆ نمونە، دژی ئێمە هەڵوێست دەنوێنن و بەوەش ئەو لایەنانە بەهێز دەکەن کە لە تورکیا دژی چارەسەری دەوەستنەوە. لێرەدا دەتوانین ئاماژە بە ئاڵمانیا بکەین. ئاڵمانیا نایەوێ پرسەکە چارەسەر بێ. چونکە ئاڵمانیا زۆر باش دەزانێ ئەگەر کێشەی کورد چارەسەر بێ، ئەوا تورکیا پێش دەکەوێ و دیموکراتیزه دەبێ. لەئەنجامدا، تورکیا لەیەکێتی ئەوروپا وەردەگیرێ. تەنانەت لەوانەشە تورکیا لە ڕۆژهەڵاتی ناوین پێشەنگایەتی یەکێتیەکی دیکە بکات. ئەگەر کێشەی کورد چارەسەر نەکرێ، تورکیا هیچکات دیموکراتیزه نابێ. پێموانییه هێزه نێودەوڵەتیەکان لەگەڵ چارەسەریی ڕیشەیی کێشەکەدا بن.

ــ ئایا بە پێداگریتان لەسەر خەباتی چەکداری، ئەو لایەن و کەسانە بەهێز ناکەن کە دژی چارەسەریین؟

ئێمە پێداگری ناکەین لە سەر خەباتی چەکداری. ئێمە بەشێکین لە ئیرادەی گەلی کورد. شانبەشانی هێزە چەکدارییەکانمان، هێزی سیاسیمان هەیە. ستراتیژی ئێمە بۆ چارەسەری کێشەکان دیالۆگ و شێوازی سیاسیە. لەساڵی (١٩٩٣)وە دەمانەوێ کێشەکان بەمیتۆدی سیاسییانە چارەسەر بکەین. لە ساڵی (١٩٩٩)یشەوە، ڕێبازی پاراستنی ڕەوامان بەکار هێناوه. ڕێبازەکەشمان ئاوایه؛ ئەگەر هێرشم بکەیتە سەر، ئەوا منیش خۆم دەپارێزم. چارەسەریمان دەوێ و تەسلیم نابین. ئەگەر پێکهاتن و دیالۆگێکی دولایەنە دروست ببێ، ئەوا بۆ ئاشتیەکی بەرومەت ئامادەین. لەپێناو دیموکراتیزەبوونی تورکیا و چارەسەر کردنی کێشەی کورد لەسەر بنەمای ئۆتۆنۆمی ئامادەین هەر چەشنە ئاسانکارییەک ئەنجام بدەین.

وتوێژ لەناو کتێبخانەی چیا

لەناو ئەو کتێبخانەیەی سێ کاتژمێر وتوێژمان لەگەڵ موراد قەرەیڵان کرد، مێزێکی تێنیس، تەلەڤزیۆنێک و ژمارەیەکی زۆر کتێب بەزمانی جوراوجۆر هەبوون.

چەند تێبینیەکی سەرنج ڕاکێش لەسەر ئەو وتوێژە

* بەکارهێنانی سیفەتی "بەڕێز" بۆ (رەجەب تەیپ ئەردۆغان) سەرنج ڕاكێش بوو.
* لەو شوێنانەی وشەی "حکومەت"ی بەکار دەهێنا، بەردەوام ڕستەکەی دەگۆڕی و وشەی "دەوڵەت"ی لەجێگە دادەنا.
* لەکاتی وێنەکێشاندا، وەک عەبدوڵڵا ئۆجەلان هەڵسوکەوتی دەکرد.
* بۆ ئەوەی جارجارە کامێراکانی خۆشیان وێنە بگرن، لەناو وتوێژەکەدا ڕوو لەکامێرا تۆنی دەنگی بەرزتر دەکرد و هەوڵی دەدا پەیامەکەی بەهاوڕێیانی بفامێنێ.
* دوای تەواوبونی وتوێژەکە، لە ئێمە دابڕا و بۆ ئەوەی بەدوای ئەودا لەکتێبخانەکە نەڕۆینە دەر، وشیارانە دەیڕوانی.
* ڕەوان دەئاخفی و هەوڵیدەدا ژێست و هەڵسوکەوتەکانی کارتێکەر بن. بەگشتی دەیویست وێنەیەکی دڵسۆزانە نیشان بدا.
* لەپشت ئەو کورسیەی لەسەری دانیشتبوو، جانتایەکی دیپلۆماسی دانابوو. ئەو جانتایەی لەگەڵ خۆیدا دەگێڕا.
* سەبارەت بەروداوەکانی ناوخۆی تورکیا، کۆمەڵێک پرسیاری ئاراستە کردین و هە‌وڵی دا بیرو ڕا ئاڵوگۆڕ بکرێ (بۆ نمونە سەبارەت بە ئەرگەنەکۆن).

مردنی ئۆزال بۆ تورکیا لەدەستچونێکی گەورە بوو
ـ لەم سی ساڵەی ڕابردودا کام دوڵەت پەیوەندی لەگەڵ ئێوەدا هەبووە و یارمەتی ئێوەی داوە؟ ئەمڕۆکە ئەو دەوڵەتانەی لەگەڵ ئێوە ڕوراست نین، کامانەن؟

ئێستا کێ هەیە یارمەتی پەکەکە بدات؟ لەساڵی ١٩٨٥ بەدواوە، ویلایەتە یەکگرتوەکانی ئەمریکا بەبەردەوامی ئالیکاری تورکیای کردوە دژ بە پەکەکە. بەڵام ئەمەشی بۆ بەرژەوەندی تایبەتی خۆی کردووە. دڵنیام ئەگەر ئەمریکا و دەوڵەتەکانی هاوشێوەی نەبوایەن، پرسی کورد لەمێژ بوو چارەسەر کرابوو. ئۆزال بۆچی کوژرا؟ مەرگی ئۆزال بۆ تورکیا لەدەستچونێکی گەورە بوو. دەیویست هەموو کێشەکانی تورکیا چارەسەر بکات بەڵام زلهێزەکانی جیهان بەهۆی ئەوەی چاویان بڕیبوه تورکیا، مۆڵەتیان پێنەدا.

ئێمە پانکاردمان بەرز نەکردۆتەوە
ـ لەدەروازەی خاپور دنەدان هەبوو. ئایا دروشمی "بژی سەرۆک ئاپۆ" و بەرزکردنەوەی پانکارد دنەدان نیه؟

ئەگەر ئەمە کرابێ هەڵەیە. بەڵام بۆ پانکاردەکان لێکۆڵینەوەمان کرد، ئەوە ئیشی ئێمە نەبوو. دیارە هێزه ئەمنیەکانیش خەریکی لێکۆڵینەوەن و تا ئێستا ڕون نەبۆتەوە کێ بەرپرسیارە.

ـ گروپی دیکەش لەڕێدان بۆ گەڕانەوە؟

ئیتر گەلی کورد بە وادە و بەڵێنی فریو نادرێ. بینیمان بەهەزاران کەس لەپاسەکان نزیک دەبونەوە و دەیانویست دەستیان لێ بدەن و ماچیان بکەن. ئەمە تاسەی متمانەیە بە ئاشتی.

ـ باشە لەمیانەی ناردنەوەی ئەو گروپانەدا، ئەنجامدانی میتینگی پێشوازی بەبەشداری دەیان هەزار کەس، پەیامێک نەبوو بۆ ئێوە؟ ئایا مەراسیمی پێشوازی لەدیاربەکر، ناکرێ وەک پەیامێک وەربگێرێ کە چیتر پێویست نییە ئێوە لەچیاکان بمێننەوە؟

بێگومان بۆ ئێمەش هەڵگری پەیام بوو... بەڵام ئاشتی هەوڵێکی دوو لایەنەیە. بەڵگەنەویستە گەلەکەمان ئاشتیەکی بەشەڕەفی دەوێ.

تایبەتمەندیە هاوبەشەکانی چیانشینان
* زمانی قسەکردن (بەزمانە بیانیەکانیشەوە) تورکی و کوردییه.
* جاران لایەنگری یانەی "گالاتا سەرای" بوون، ئێستاش یانەی "دیاربەکر سپۆر"یان خۆش دەوێ.
* بۆ بانگکردنی یەکتری وشەی "هەڤاڵ" بەکار دەهێنن.
* سەرمەشقیان عەبدوڵڵا ئۆجەلانە.
* دوژمنیان عوسمان ئۆجەلانە.
* جلوبەرگیان لەپانتۆڵێک و کەوایەک پێکدێ و پێڵاوی "مەکاپ"یان لە پێیە.
* پێیان وایه "ئونور ئۆیمەن" کەسێکی دڵسۆزه. (لەسەر ئەو بڕوایەن، چی لەدڵ دابێ، دەیهێنێته زمان.)
* لەهەرە گەورەکەیانەوە تا هەرە بچوکەکەیان، ڕستەگەلی هاوبەش بەکار دێنن و لاسایی ئۆجەلان دەکەنەوە.

بۆ ئەوەی لێت تێنەگەن، بەتورکی قسە بکە
ئەو پەکەکەییانەی لەخالی پشکنینی کۆرتەک کە دەروازەی ڕۆیشتنە بۆ قەندیل، کێشک گرن، لە کن بیانییەکان بەتورکی قسە دەکەن بۆ ئەوەی کەس لێیان تێ نەگا.

۱۳۸۸/۰۸/۱۴

لەگەڵ (میت)دا، پلانی گه‌ڕانه‌وه‌مان داڕشت


وتوێژی ڕۆژنامه‌ی (ته‌ڕه‌ف) لەگەڵ نێچیرڤان بارزانی
له‌تورکییه‌وه: سه‌لاحه‌دین بایه‌زیدی

 
نێچیرڤان بارزانی، یه‌کێک له که‌سایه‌تییه‌ سه‌ره‌کییه‌کانی هه‌رێمی کوردستانی عێراق، ئه‌م لێدوانانه‌ی به "ئامبه‌رین زه‌مان" ڕاگه‌یاند؛ په‌كه‌که هه‌ڵه‌یه‌کی گه‌وره‌ی ئه‌نجام دا، به‌ڵام پرۆسه‌ی گه‌ڕانه‌وه بۆ ماڵ به‌رده‌وامه. سه‌رۆک وه‌زیرانی پێشوی کوردستانی عێراق نیچیرڤان بارزانی هاتنه خواری په‌كه‌که‌ی له چیاکان به پرۆژه‌یه‌ک وه‌سف کرد که هیوای لای هه‌موو که‌سێک ئه‌فراندوه. به بیریشی هێنایه‌وه سوپای تورک ناتوانێ له ڕێگه‌ی سه‌ربازییه‌وه، کێشه‌کان چاره‌سه‌ر بکات. ئێمه ئه‌م پڕۆژه‌یه‌مان لەگەڵ ڕاوێژکاری میت، ئه‌مره تانه‌ر پێش خست. به ڕای بارزانی، هه‌ڵوێستی په‌که‌که سه‌باره‌ت به‌ گه‌ڕانه‌وه بۆ ماڵ، تا دوا ڕاده چه‌وت بوو. شێوازگه‌لی دنه‌ده‌ر، زیانیان به پێڤاژۆی چاره‌سه‌ری گه‌یاند و بیانویه‌کی دیکه‌ی دایه ده‌ست ناحه‌زانی ئاشتی. په‌که‌که به خۆنواندن، هه‌ڵه‌یه‌کی مێژویی ئه‌نجامدا، به‌ڵام پڕۆژه‌که‌ به‌رده‌وامه.

له‌میانه‌ی سه‌ردانی مێژویی وه‌زیری کاروباری ده‌ره‌وه‌ی تورکیا ئه‌حمه‌د داودئۆغڵو بۆ هه‌رێمی کوردستانی عێراق که هه‌ینی ڕابردوو کۆتایی پێهات، نێچیرڤان بارزانی یه‌كێک له ناوه گرنگه‌کانی هه‌ڕیمی فیدڕاڵی کورد و سه‌رۆک وه‌زیرانی پێشوو، بۆ ڕۆژنامه‌ی "ته‌ڕه‌ف" دوا. بارزانی وێڕای ئه‌وه‌ی به ئینگلیزییه‌کی ڕه‌وان قسه ده‌کا، له وتوێژه‌که‌ماندا وه‌رگێڕی بەکار هێنا. ناوبراو جه‌ختی له‌سه‌ر ئه‌وه کرده‌وه که قۆناغی گه‌ڕانه‌وه‌ی ئه‌ندامانی په‌که‌که به‌رده‌وام ده‌بێ به‌ڵام ئاماژه‌ی به‌وه‌ش کرد ئه‌و "دوژمنانه" هه‌ن که ده‌یانه‌وێ پێڤاژۆکه لاڕێ بکه‌ن. پرسیارمان کرد "دوژمنه‌كان" کێن، به‌ڵام خۆی له ورده‌کارییه‌کان دزییه‌وه. به گوێره‌ی ئه‌و سه‌رچاوانه‌ی له نزیکه‌وه قۆناغه‌که ده‌شۆپێنن، له ناو په‌که‌که‌دا مشتومڕی زۆر توند سه‌باره‌ت به‌و ڕوداوانه له ئارا دایه.

بۆ یه‌که‌مجار له مێژوی کۆماری تورکیادا، وه‌زیرێکی ده‌ره‌وه‌ی ئه‌و وڵاته پێی نایه ناو خاکی کوردستانی عێراقه‌وه. له په‌نا ئاڵای کوردستانی عێراق په‌یامی دۆستایه‌تی ڕاگه‌یاند. به‌ڕای ئێوه، ڕۆڵی پارتی دادو گه‌شه‌پێدان له‌م هه‌وڵه مێژوییانه‌دا چیه؟ ڕۆڵی له به‌هێزکردنی سیاسه‌تی سڤیل له تورکیا چییه؟

به‌ر له هه‌موو شتێک، ئه‌م هه‌نگاوانه‌ی تورکیا جێبه‌جێی کردون، به لای ئێمه‌وه گرنگ و هیوابه‌خشه و پێمان وایه ئه‌مانه ئاماژه‌ن بۆ سه‌ره‌تای گۆڕانێکی ڕیشه‌یی. گومانی تێدا نییه ده‌سپێکردنی ئه‌م سیاسه‌ته به هه‌وڵی هه‌ر یه‌که له به‌ڕێز سه‌رۆک ڕه‌جه‌ب ته‌یپ ئه‌ردۆگان و به‌ڕێز سه‌رۆککۆمار عه‌بدوڵڵا گویل هاتۆته ئاراوه. به‌ڵام ئه‌گه‌ر دورتر لێی بڕوانین، ده‌بینین ئه‌مه به ته‌نیا سیاسه‌تی حکومه‌ت نیه، به‌ڵکه سیاسه‌تی ده‌وڵه‌تیشه. به ته‌نیا وه‌ک سیاسه‌تی حزبێک سه‌یری ناکه‌ین. به‌ڕای ئێمه، ئه‌مه سیاسه‌تێکی ڕاسته بۆ چاره‌سه‌رکردنی کێشه‌یه‌ک که ماوه‌یه‌کی درێژه له سه‌ر یه‌ک که‌ڵه‌كه بووه. ئاواته‌خوازین نه‌ته‌وه‌ی تورکیش داخوازی له سه‌ر بێت و کێشه‌که به‌ره‌و چاره‌سه‌ری بچێ. پێمانوایه هه‌موو که‌س و لایه‌نێک پشتگیری له‌م سیاسه‌ته ده‌کا. به‌تایبه‌ت سه‌رۆک ئه‌ردۆگان، به‌رپرسیاریه‌تیه‌کی گه‌وره‌ی گرته ئه‌ستۆ، پێویسته گشت داموده‌زگاکان پشتگیری لێ بکه‌ن.

باشه به‌ڕای ئێوه، ئه‌م پشتگیرییه به‌دی ده‌کرێ؟

گۆڕان ئاسان نیه. گۆڕان، دوژمنی زۆره. له‌وانه‌یه‌ که‌سانێک ده‌ربکه‌ون که بیانه‌وێ به لاڕێیدا به‌رن، به‌ڵام ئه‌وانه‌ی شایانی سیفه‌تی "سه‌رۆک‌"ن، ده‌توانن پێشه‌نگایه‌تی گۆڕان بکه‌ن و گۆڕان بچه‌سپێنن. خاڵی گرنگ، ده‌رئه‌نجامه. جگه له‌مه‌ به خه‌یاڵدا نایه‌ت کێشه‌کان له شه‌وو ڕۆژێکدا چاره‌سه‌ر ببن. ئه‌نجامدانی هه‌ندێک شت بۆ نه‌ته‌وه‌یه‌ک که هه‌شتا ساڵه حسابی بۆ ناکرێت، وه‌ختی پێویسته. ده‌بێ هه‌مو لایه‌نێک ڕاست بین بن.

به‌ڕای ئێوه هێزه چه‌کداره‌کانی تورک له کوێی ئه‌م قۆناغه‌ دان؟ ئه‌گه‌ر ئه‌وان په‌سندیان نه‌کردبا، ئایا به‌م ڕۆژه ده‌گه‌یشتین؟ پێتان وایه پشتگیری له کرانه‌وه به ڕوی کورددا ده‌که‌ن؟

له سه‌ر ئه‌و بڕوایه‌م سوپا گه‌یشتۆته ئه‌و قه‌ناعه‌ته‌ی پشتگیری لێ بکه‌ن. ئه‌گه‌ر هه‌مووشیان وا نه‌بن، ئه‌وا تاقمێکی گرنگی ناو سوپا به‌مجۆره بیر ده‌کاته‌وه. به شێوه‌یه‌کی ئاسایی ڕوبه‌ڕوی دروستبونی ئه‌م قه‌ناعه‌ته ده‌بمه‌وه، چونکه هیچ که‌سێک له‌مڕوه‌وه، هێنده‌ی سوپا ئه‌زمونی نییه. ئایا ئه‌م کێشانه به شێوازی سه‌ربازی چاره‌سه‌ر ده‌بن یاخود نا؟ به‌ڕای ئێمه ئیتر سوپا ڕوبه‌ڕوی ئه‌م پرسیاره بونه‌ته‌وه؛ "٢٥ ساڵ هه‌وڵمان دا له ڕێگه‌ی ته‌گبیری سه‌ربازییه‌وه ئه‌م کێشه‌یه چاره‌سه‌ر بکه‌ین. گه‌لۆ تیایدا سه‌رکه‌وتین؟" پێموایه سوپا له تورکیا، تێگه‌یشت که له پێناو داهاتوویه‌کی گه‌ش له‌و وڵاته ئێتر ئه‌م پرسه ده‌بێ چاره‌سه‌ر بکرێ.

په‌یوه‌ندیتان لەگەڵ هێزه چه‌کداره‌کانی تورک زۆر پته‌و بووه. ئایا له نزیکه‌وه ده‌یانناسن...

به‌ڵێ، ئێمه و تورکیا پێکه‌وه ئه‌زمونێکمان وه‌رگرت. به‌تایبه‌ت لەگەڵ سوپای تورکیا. بۆمان ده‌رکه‌وت ئه‌م پرسه ته‌نیا به شێوازی سه‌ربازی چاره‌سه‌ر نابێت. ده‌بێ بزانرێ ئێمه هیچ بوێرییه‌کمان نییه سه‌باره‌ت به ده‌ستێوه‌ردان له کاروباره ناوخۆییه‌کانی تورکیا. ڕۆڵی ئێمه ئه‌وه‌یه پشتگیری له‌م پڕۆژه‌ گه‌وره‌یه بکه‌ین که لای هه‌مو که‌سێ بۆته مایه‌ی هیوا. بێگومان سه‌باره‌ت به‌م بابه‌ته لەگەڵ تورکیا له ڕێککه‌وتن داین و به‌رده‌وام زانیاری ئاڵوگۆڕ ده‌که‌ین. لەگەڵ ده‌سپێکردنی ئه‌م پڕۆژه‌یه، لەگەڵ میت و سه‌رۆکی میت ئه‌مره تانه‌ر زۆرمان قسه له سه‌ر پڕۆژه‌که کردووه و هه‌وڵمان داوه گه‌شه‌ی پێ بده‌ین. به‌ڵام ئه‌مه نایه‌ته مانای ده‌ست تێوه‌ردان له کاروباری ناوخۆی تورکیا. ئێمه له‌م قۆناغه‌دا، ئالیکاری له ڕێگه‌ی سیاسه‌تی لۆژیکانه به ئه‌رکی خۆمان ده‌زانین.

ئه‌و مه‌سه‌له‌یه‌ی ئه‌مڕۆ له تورکیا له هه‌موو شتێک زیاتر لای خه‌ڵک مه‌راقی دروست کردوه، کاردانه‌وه‌ی به‌شێک له کۆمه‌ڵگەیه دوابه‌دوای گه‌ڕانه‌وه‌ی دوو گروپه‌که‌ و هه‌روه‌ها ئه‌وه‌ی که ئایا ئه‌م گه‌ڕانه‌وانه‌ی په‌که‌كه به‌رده‌وام ده‌بێ یان نا. گه‌لۆ به‌رده‌وام ده‌بێ؟

پێش هه‌موو شتێ ده‌بێ ڕونی بکه‌مه‌وه، خۆنواندنی په‌که‌که پاش گه‌ڕانه‌وه بۆ ماڵه‌وه‌یان، تا دوا ڕاده چه‌وت بوو. شێوازی دنه‌ده‌ر، به‌ڕای ئێمه زیانی به پێڤاژۆی چاره‌سه‌ری گه‌یاند. پێویست ڕاستیه‌کان ببینین، ئه‌م پڕۆژه‌یه دوژمنیشی زۆره. هه‌م له تورکیا و هه‌م له ناوخۆی په‌که‌که‌ و هه‌م له‌ناو وڵاتانی جیراندا. له هه‌موو شوێنێک دوژمنی هه‌یه.

یانی پێتان وایه مه‌ترسییه‌کانی له‌باربردنی ئه‌م قۆناغه هێشتاش له ئارا دایه؟

هه‌ڵبه‌ت مه‌ترسییه‌کان به‌رده‌وامن. بۆیه ده‌بێ خۆمان له‌و جموجوڵانه به‌دوور بگرین که مه‌ترسیه‌کان خورت تر ده‌که‌ن. نابێ بیانو بده‌ینه ده‌ست دوژمنان. هه‌ڵوێستی خۆنواندنی په‌كه‌که له کاتی گه‌ڕانه‌وه بۆ ماڵ، بیانوی دایه ده‌ست دوژمنان. خاتو ئامبه‌رین، باشتره به‌مجۆره بۆتان شی بکه‌مه‌وه. که ده‌ته‌وێ پرسێک چاره‌سه‌ر بکه‌ی، دوو هه‌ڵسوکه‌وت و شێوازی جیاواز دێنه گۆڕێ. هه‌ندێکجار ته‌نیا گرنگی به خۆنواندن و ڕۆاڵه‌ت ده‌درێ و کاكڵی مه‌سه‌له‌که له بیر ده‌کرێ. به‌داخه‌وه په‌که‌که‌ییه‌کان زیاتر گرنگیان به خۆنواندن دا. به‌ڕای من، هه‌ڵه‌یه‌کی مێژوییان ئه‌نجام دا. پێویسته گشتمان پشتگیری له‌م پڕۆژه‌یه‌ بکه‌ین.

کاربه‌ده‌ستانی تورک به‌گوێره‌ی ئه‌و لێدوانانه‌ی به ئێمه‌ی ڕاده‌گه‌یه‌نن، بانگه‌شه ده‌که‌ن ده‌سپێشخه‌ری گه‌ڕانه‌وه له ده‌ست ده‌وڵه‌ت و کۆماری تورکیا دایه. به‌ڕای ئێوه ده‌کرێ ئه‌مه پێناسه‌یه‌کی ڕاسته‌قینه‌ی قۆناغه‌که بێ؟

منیش پێموایه ئه‌مه ڕاسته. ده‌وڵه‌ت تورکیایه، حکومه‌ت تورکیایه و ئه‌وه‌ی بڕیاریش ده‌دا، هه‌ر تورکیایه. په‌که‌که ده‌بێ سود له‌م ده‌رفه‌ته وه‌ربگرێ.

به بۆچونی ئێوه، په‌که‌که بۆ ئاشتی ئاماده‌یه‌؟

پرسیارێکی زۆر گرنگه. به بۆچونی من، له ناو په‌که‌که‌شدا نه‌رینی جیاواز هه‌یه، لێ به‌شی هه‌ره زۆری بۆ ئاشتی ئاماده‌یه.

تۆ بڵێی گه‌ڕانه‌وه به‌رده‌وام بێ؟

به بۆچونی من، ئه‌م پڕۆژه‌یه به‌رده‌وام ده‌بێ. سه‌ره‌تا پێویسته له که‌مپی مه‌خموره‌وه ده‌ست پێبکرێ. خه‌ڵکی ئه‌وێ، هه‌موویان هاووڵاتی کۆماری تورکیان. قایل کردنی ئه‌وان بۆ گه‌ڕانه‌وه، زۆر ئاسان تره. له‌وانه‌وه ده‌کرێ باشتر تێبگه‌ین که هه‌ر دو لایه‌ن بۆ چاره‌سه‌ری کێشه‌که ئاماده‌ن.

کاربه‌ده‌ستانی تورک له‌م گه‌شته‌یاندا، به ئێوه و به‌تایبه‌ت به به‌ڕێز مه‌سعود بارزانیان ڕاگه‌یاند سه‌باره‌ت به چاره‌سه‌رکردنی پرسی په‌که‌که، هه‌م خاوه‌ن بڕیارن و هه‌میش دروستکارن. هه‌روه‌ها ئه‌وه‌شیان نه‌شارده‌وه که له ڕوی لۆژستیکیه‌وه به گوێره‌ی پێویست په‌که‌که ته‌نگاو ناکه‌ن.

ئێمه به‌رپرسی جموجوڵه‌کانی په‌که‌که نین. چیمان له ده‌ست بێت، ده‌یکه‌ین بۆ ئه‌وه‌ی په‌که‌که زیان به تورکیا نه‌گه‌یه‌نێ. وه‌ک ئێوه‌ش ده‌زانن گه‌یشتن به چیاکان ئه‌سته‌مه و ئه‌وان له ناوچه‌یه‌ک ده‌ژین که جوگرافیایه‌کی توش و دژواری هه‌یه. زۆر زه‌حمه‌ته له‌وێ ده‌ربکرێن و ناوچه‌که‌ بخرێته ژێر کۆنتڕۆڵه‌وه.
ئێمه لەگەڵ سوپای تورکیا ساڵانێکی زۆر هه‌وڵماندا له‌وێ ڕاویان بنێین، ئه‌نجامیش له به‌ر چاوانه.

په‌یوه‌ندییه‌کانتان لەگەڵ تورکیا به‌رزی و نزمییه‌کی زۆری به‌خۆیه‌وه بینیوه. به‌ڵام تورکیا، دوابه‌دوای شه‌ڕی یه‌که‌می که‌نداو، ڕێگه‌ی به دامه‌زراندنی هێزی چه‌کوش دا له بنکه‌ی ئه‌نجه‌رلیک و به ساڵان ئێوه‌ی له به‌رامبه‌ر سه‌دام حسێن پاراست. ئایا کشانه‌وه‌ی هێزه‌کانی ئه‌مریکا نیگه‌رانتان ده‌کا؟ ئایا جارێکی دیکه له پێناو دابینکردنی ئاسایش ڕو له تورکیا ده‌که‌ن؟

ئێمه له دوایین داخویانیه‌کانی سه‌رۆک ئۆباما به‌م ده‌رئه‌نجامانه گه‌یشتین. هه‌تا ئاسایش به‌ته‌واوی له‌عێراق سه‌قامگیر نه‌بێ، ئه‌مریکا درێژه به پاراستنی ئاسایشی عێراق ده‌دا. به‌بۆچونی من، عێراق بۆ ماوه‌یه‌کی دور و درێژ هه‌روا پێویستی به ئه‌مریکا ده‌بێ.

بۆچی؟ هه‌ندێک له عێراقیه‌کان ڕایان وایه هۆکاری سه‌ره‌کیی ناسه‌قامگیری له عێراق، بونی سه‌ربازی ویلایه‌ته یه‌کگرتوه‌کانی ئه‌مریکایه.

عێراق ناتوانێ ئاسایشی خۆی بپارێزێ. کێشه‌ی سه‌ره‌کیی، له متمانه‌ی له‌ڕاده‌به‌ده‌ری هاوڕێیانمان له به‌غداوه سه‌رچاوه ده‌گرێ. ده‌بێ واقع بینانه نزیکی پرسی ئاسایش ببینه‌وه. له‌م ڕوه‌وه، تورکیا چ ڕۆڵێکی ده‌که‌وێته ئه‌ستۆ؟ به بۆچونی من، تورکیا وه‌ک وڵاتێکی ده‌ره‌کی، ڕۆڵێکی چێکه‌ری بینی. بێگومان ده‌توانێ درێژه‌ به‌م ڕۆڵه‌ی بدات. هه‌ر چی بێ، خۆ ئێمه وه‌ک ساڵانی نه‌وه‌ده‌کان کێشه‌کانی ئاسایش پێناسه‌ ناکه‌ین. هاوسه‌نگییه‌کانی ناوچه‌که و پێکهاته‌ی ئاسایشی گۆڕانێکی زۆریان به‌سه‌ردا هاتوه.

یانی چیتر ئه‌نجه‌رلیک بۆ پاراستنی ئێوه گرنگ نییه؟

بۆ ئێمه نه‌خێر. خۆمان ده‌توانین ئاسایشی خۆمان بپارێزین. بێگومان گرنگی ده‌ده‌ین به پته‌وبونی په‌یوه‌ندییه‌کانمان لەگەڵ وڵاتانی ناوچه‌که‌دا...

به‌ ساڵان خه‌یاڵی کوردستانێکی سه‌ربه‌خۆ ژیان. به‌ڵام ئه‌وه پێنج ساڵه له سه‌ر بنه‌مای ده‌ستوری بنه‌ڕه‌تی عێراق و له چوارچێوه‌ی پێکهاته‌یه‌کی فیدڕاڵیدا، درێژه به بوونی خۆتان ده‌ده‌ن. جه‌لال تاڵه‌بانی سه‌رۆککۆماری عێراق، کورده. وشیار زێباریی وه‌زیری کاروباری ده‌ره‌وه‌ش هه‌روا. ئایا به‌و بڕوایه گه‌یشتون له داهاتوودا، وه‌ک به‌شێک له عێراق بمێننه‌وه؟

ئه‌و عێراقه‌ی ئێستا له ناویدا ده‌ژین، عێراقێکه ده‌کرێ تیایدا چاوه‌ڕوانی هه‌مو شتێک بین.

مه‌به‌ستتان لایه‌نه پۆزه‌تیڤه‌که‌یه‌تی؟

ئێمه پێمان وایه هه‌لومه‌رجی هه‌نوکه‌یی عێراق نائاساییه.

چۆن یانی؟
تا ئێستا عێراق وه‌ک وڵاتێک نه‌هاتۆته‌وه سه‌ر خۆ. ئه‌و خاڵه‌ی به لای ئێمه‌وه گرنگه، ئه‌وه‌یه پاشاگه‌ردانیی عێراق ڕوو نه‌کاته ئێره. مانه‌وه‌ی ئێمه‌ش لەگەڵ‌ عێراق، په‌یوه‌ندی به ڕێزگرتن له خاڵه‌کانی ده‌ستوری بنه‌ڕه‌تی ئێستا (داننان به پێکهاته‌ی فیدڕالی) هه‌یه. عێراق چ قازانجێکی بۆ ئێمه هه‌بووه؟ پێنج هه‌زار گوندمان کاول کرا و سوتێنرا، نزیکه‌ی دوو سه‌د هه‌زار که‌سمان بێ سه‌رو شوێن کرا. به‌رده‌وام ڕوبه‌روی چه‌ک و مه‌رگ بووینه‌وه. له به‌ر ئه‌مه، یه‌کێتی عێراق ته‌نیا به دروشمی مایه پوچ نایه‌ته دی. ئێمه به هاوڕێیانی به‌غدامان گوت "یان ده‌ستوری بنه‌ڕه‌‌تی جێبه‌جێ بکه‌ن، یا ئه‌وه‌تا خۆمان ڕێگه‌ی خۆمان دیاری ده‌که‌ین."

کێشه‌ی سه‌ره‌کیی نێوانتان، ستاتۆی که‌رکوک نییه؟
که‌رکوک بیانووه. سه‌رنجێک بده‌نه قسه‌کانی سه‌رۆک وه‌زیر مالیکی. ناوه ناوه ده‌ڵێ "ده‌ستوری بنچینه‌یی ده‌گۆڕین". یاسای بنچینه‌یی ئێستای عێراق، ٨٠%ی ده‌نگه‌کانی پێدراوه. خاڵی گرنگ ئه‌قڵیه‌ت و هه‌ڵسوکه‌وته. ئایا عێراق ده‌یه‌وێ له سه‌ر پره‌نسیپ و بنه‌ماکانی دیموکراسی، فیدڕاڵی و فره‌یی به‌ڕێوه بڕوات؟ ئه‌گه‌ر وابێ ده‌توانین پێکه‌وه بژین.

به‌ڵام دیسانیش که‌رکوک پرسێکی گرنگه. زۆر پسپۆڕی ڕۆژئاوا پێیان وایه له که‌رکوک شه‌ڕی کورد و عه‌ره‌ب هه‌ڵده‌گیرسێ.

که‌رکوک بیانووه. پرسێکی هێنده گرنگ نییه. بیانویه‌که بۆ ئه‌وه‌ی خۆیان له هه‌ڵبژاردن بدزنه‌وه. بۆچی که‌رکوک جیا ده‌کرێته‌وه؟ ئه‌گه‌ر کێشه له پێکهاته‌ی دانیشتوانیدا هه‌یه، ئه‌ی بۆچی ناوچه‌کانی دی ناخرێته ڕۆژه‌ڤه‌وه که ده‌ست تێوه‌ردان له پێکهاته‌ی دانیشتوانیدا ده‌کرێ؟ ئێمه له پێناو چاره‌سه‌رکردنی کێشه‌ی که‌رکوک، هه‌مو جۆره جه‌ساره‌تێکمان نیشان داوه.

کورده‌کان به‌شداری ئه‌و هه‌ڵبژاردنه ده‌بن که پێشبینی ده‌کرێ ١٦ی ژانویه‌ ئه‌نجام بدرێ؟

ئێمه سه‌باره‌ت به به‌شداری له هه‌ڵبژاردنه‌کان هێشتا بڕیارێکی ڕونمان نه‌داوه. دیاره به هیچ شێوه‌یه‌ک په‌سند ناکه‌ین که‌رکوک گرێ بدرێت به مامه‌ڵه‌یه‌کی "تایبه‌ت"ه‌وه.

له کۆتاییدا، ده‌مه‌وێ بپرسم؛ پاش چه‌ندین ساڵ تێکۆشان له سه‌ر چیاکان، دواجار ئێوه‌ی کورد شارنشین بوون. له‌چیاکان دابڕاون و له شاره مودێرنه‌کان، له چوارچێوه‌ی دیواره چیمه‌نتۆکاندا ده‌ژین. پێتان وا نییه شتێک له ڕۆح و پاکبوونتان که‌م بۆته‌وه؟

ئه‌و تێکۆشانه‌ی له‌ شاخ ئه‌نجاممان دا، بۆ ئه‌وه بوو ئه‌مڕۆ ببینین. بۆ ئه‌وه‌ی له ناو گه‌له‌که‌ماندا بین. ئه‌مه ئامانجی هه‌ره گرنگی ئێمه بوو. به‌ڵام ئه‌وه نایه‌ته واتای فه‌رامۆشکردنی خه‌باتی ڕابردومان. ئێستا جار جاره بۆ نوێکردنه‌وه‌ی بیره‌وه‌رییه‌کانی ئه‌و ڕۆژانه، وێڕای هاوڕێیانم ده‌چمه شاخ. هه‌ندێکجار پێنج شه‌و و ڕۆژ له شاخ ده‌مێنمه‌وه. چه‌ندین کاتژمێر ڕێ ده‌پێوم. لەگەڵ خه‌ڵکدا ده‌ئاخفم و بیره‌وه‌رییه‌کانی تێکۆشانی ئه‌وان ڕۆژان لەگەڵ خه‌ڵکدا ده‌ژێنمه‌وه. هه‌لومه‌رجه‌کان گۆڕان، به‌ڵام ڕۆحمان قه‌ت نه‌گۆڕا.

نێچیرڤان بارزانی کێیه؟
نیچیرڤان بارزانی که پۆستی سه‌رۆکایه‌تی حکومه‌تی هه‌رێمی ڕاده‌ستی یه‌کێتی نیشتمانی کوردستان و به‌رهه‌م ساڵح کرد، یه‌کێکه له سه‌رۆکه هه‌ر گرنگ و کاریگه‌ره‌کانی جوڵانه‌وه‌ی کورد له عێراق. به که‌سێکی ژیر، بوێر، تێکۆشه‌رو تا دوا ڕاده پراگماتیک ناسراوه. نێچیرڤان که دێته واتای "راوکه‌ر"، ساڵی ١٩٦٦ لەدایک بووه و به‌شێکی گرنگی ژیانی لەگەڵ مه‌لا مسته‌فای باپیری له تاراوگه و له ئێران به‌سه‌ر بردوه. له ته‌مه‌نی لاویدا شانبه‌شانی ئیدریسی باوکی سیاسه‌تی به‌ڕێوه بردووه و زۆر به خێرایی له ناو پارتی دیموکراتی کوردستاندا به‌ره‌و پێش چووه. بارزانی له ئێران زانستی سیاسی خوێندوه و له ئه‌مریکا کۆتایی پێهێناوه، لەگەڵ "نه‌بیله"ی کچی مه‌سعود بارزانی سه‌رۆکی پارتی دیموکراتی کوردستان و له هه‌مانکاتدا ئامۆزاکه‌ی زه‌ماوه‌ندی کردووه. ده‌گوترێ له داهاتودا بۆ به ده‌سته‌وه‌گرتنی پارتی دیموکراتی کوردستان، ته‌نها ڕکابه‌ری هه‌میسان کوڕی مه‌سعود بارزانی، "مه‌سرور" ده‌بێ که ئێستا به‌رپرسی ده‌زگای "زانیاری"یه.