وتوێژی بی بی سی له‌گه‌ڵ شێخ عیزه‌ددین حوسێنی
سازدانی: عنایه‌ت فانی
له‌فارسییه‌وه: سه‌لاحه‌دین بایه‌زیدی
عیزه‌ددین حوسێنی میوانی به‌رنامه‌ی "به‌واتایه‌کی تر"، له دژی ڕژێمی شا بوو، به‌ڵام له‌گه‌ڵ حکومه‌تی جێگرانی شاش پێکنه‌هات. له‌بری ئه‌مه، ڕێبه‌رایه‌تی خه‌باتێکی وه ئه‌ستۆ گرت که کورده‌کانی ئێران، له‌سه‌ره‌تای سه‌رکه‌وتنی شۆڕشی [ئیسلامیی ئێران]ه‌وه بۆ ده‌سته‌به‌رکردنی خودموختاری هه‌ڵیانگیرساندبوو. ئه‌و له‌سه‌روبه‌ندی ٩٠ ساڵی ته‌مه‌نی دایه و ڕێگه‌یه‌کی دوور و درێژی پێواوه له کوردستانه‌وه تا ئۆپسالای سوید. ده‌رباره‌ی کرده‌وه‌کانی ڕای چییه و ئایا ئه‌م ڕێگه دوور و درێژه له هه‌ڵوێست و بۆچونه‌کانیشیدا ته‌ی کراوه؟
جه‌نابی شێخ له‌سه‌روبه‌ندی ٩٠ ساڵی دان و ناچار بوون چه‌ند ساڵ له تاراوگه بژین. هۆکاری هه‌موو ئه‌وانه‌ش ده‌گه‌ڕێته‌وه بۆ چالاکییه سیاسیه‌کانتان. لێره که ته‌نیان و دوورن له وڵات و زێدی خۆتان، ئایا هیچکات بیرتان له‌وه کردۆته‌وه که خۆزیا تێکه‌ڵی سیاسه‌ت نه‌بوایه‌ن و ئێستا له مه‌هاباد پێشنوێژی ئه‌و شاره بوایه‌ن؟
نه‌خێر. من شانازی به‌وه‌وه ده‌که‌م به‌شداری سیاسه‌ت بووم. نه‌ته‌وه‌ی کورد له ژێر زوڵم و سته‌م دایه. ئێمه ده‌بێ خه‌بات بکه‌ین تاکوو له چنگ ئه‌و زوڵم و زۆرییه ڕزگارمان ده‌بێ و به مافه سروشتییه‌کانی خۆمان ده‌گه‌ین. من ئه‌گه‌ر ڕۆڵێکی بچوکم له‌م قۆناغەدا هه‌بێ، زۆری شانازی پێوه ده‌که‌م.
کوردستانی دوای شۆرش سه‌رده‌مێکی زۆر ئه‌سته‌می تێپه‌ڕاند و پڕاوپڕ بوو له شه‌ڕ و خوێن ڕشتن. ئێستا که ئاوڕ ده‌ده‌یه‌وه، ئایا له‌و ڕۆژانه‌ی سه‌ره‌تای شۆڕشدا ویستی خودموختاری پێویست بوو؟ نه‌ده‌کرا ئه‌م هه‌موو خوێنه نه‌ڕژێ؟
ئێمه خۆ خوێنمان نه‌ڕشتووه. ئێمه کۆمه‌ڵێک داخوازیمان هه‌بوو و پێشکه‌ش به ڕژێممان کرد. من خۆم ڕۆیشتمه تاران. حزبی دیموکراتیش نوێنه‌ری نارده تاران و هه‌وڵماندا به‌شێوه‌یه‌ک له شێوه‌کان، مافێکمان پێ بده‌ن و ئێمه‌ش له‌گه‌ڵیان بین و هاوکارییان بکه‌ین. هه‌رچه‌ند ئێمه‌ش موسوڵمان بووین، به‌ڵام ئه‌وان ئاماده نه‌بوون ددان به هیچ شتێک دابنێن. له باتی ئه‌وه‌ی مافه‌کانمان له به‌رچاو بگرن، که‌سانی خوێنمژی وه‌ک خه‌لخالیان نارده کوردستان و ده‌ستیان کرد به قه‌تڵوعام. ئێمه ناچار بووین پارێزگاری له خۆمان بکه‌ین. ئێمه به‌رگریکه‌ر بووین. هیچکات شه‌ڕانی نه‌بووین، چونکه ئێمه خه‌ڵکمان لێ ده‌کوژرا. ئێمه داوای مافی خۆمان ده‌کرد، ئه‌وه ئه‌وان بوون ده‌هاتنه سه‌رمان.
ئه‌گه‌ر که‌مینه‌یه‌ک داوای ماف بکات، به‌هیچ شێوه‌یه‌ک ناتوانێ خوازیاری شه‌ڕ بێ، چونکه لایه‌نی به‌رامبه‌ری به‌هێزتره. ئه‌وان له‌گه‌ڵ ئێمه به‌شه‌ڕ ده‌هاتن.
به‌ڵام جه‌نابی شێخ، پرسیاری من ئه‌وه‌یه له‌سه‌ره‌تاکانی ئه‌و شۆڕشه‌دا، زوو نه‌بوو ئێوه پرسی خودموختاریتان هێنایه گۆڕێ؟ چه‌ند پێویست بوو که ڕێک له‌و کاته‌دا به خودموختاری بگه‌ن؟
خودموختاری لانیکه‌می مافێک بوو که ئێمه ده‌مانویست.
ئه‌ی نه‌تانده‌توانی چاوه‌ڕێ بکه‌ن تاکوو بارودۆخه‌که هه‌ندێک باشتر ده‌بێ و له‌گه‌ڵ حکومه‌تی کۆماری ئیسلامی وتوێژێکی زۆرتر بکه‌ن؟
زۆرمان چاوه‌ڕێ کرد. ئه‌وان هاتن. ئێمه له‌گه‌ڵ حزبی دیموکرات ڕۆیشتینه تاران و هه‌وڵێکی زۆرمان دا به‌جۆرێک له گه‌ڵیان پێک بێین، به‌ڵام ئه‌وان نه‌یانده‌ویست. ویستی ئه‌وان ئه‌وه بوو کوردستان داگیر بکه‌ن.
به‌ڵام له‌و کاتانه‌ی وتوێژه‌کان له نێوان نوێنه‌رانی کوردستان و نوێنه‌رانی ده‌وڵه‌تی ناوه‌ندی له ئارا دابوون که زۆربه‌ی کاته‌کانیش ئێوه سه‌رۆکی وه‌فدی نوێنه‌رایه‌تی کوردستان بوون، له‌وه ده‌چوو ئه‌وان ملکه‌چی هه‌ندێک له داخوازییه‌کانی ئێوه بووبن؟
نه‌خێر، به‌هیچ شێوه‌یه‌ک. ئه‌وان شکستیان خوارد. هێرشیان کرده سه‌ر ئێمه و شکستیان خوارد. ئه‌وه بنه‌مایه‌ک بوو بۆ ئه‌وه‌ی جارێکی تر خۆیان ببوژێننه‌وه و سه‌ر له نوێ ده‌ست پێ بکه‌نه‌وه. من کاتێک سه‌ردانی خومه‌ینیم کرد و له نزیکه‌وه بینیم، زانیم هیچ مافێکمان پێ نادا.
چاوپێکه‌وتنی ئێوه له‌گه‌ڵ ئایه‌توڵڵا خومه‌ینی به چ شێوه‌یه‌ک بوو؟
خومه‌ینی له ڕێگه‌ی وه‌زیری ناوخۆوه منی بانگهێشت کرد. ئێمه ڕۆیشتینه لای. ئه‌گه‌ر چی له تاران کۆمه‌ڵێک گرفتیان هێنایه پێش، به‌ڵام دواجار چاومان پێی که‌وت. ئه‌و پرسانه‌ی له‌وێ باسمان کرد، داخوازی گه‌لی کورد بوون و یه‌کێک له خاڵه‌کانیش ئه‌وه بوو که حکومه‌ت ده‌بێ حکومه‌تێکی ئیسلامی ڕه‌ها بێ. چونکه کۆمه‌ڵیک مه‌لا له‌گه‌ڵ مندا بوون ئێمه گوتمان ئه‌گه‌ر حکومه‌ته‌که هه‌ر ئیسلامییه ده‌بێ سوننه‌کانیش بگرێته خۆ.
به‌ڵام خومه‌ینی وەڵامی هیچکام له داخوازییه‌کانی نه‌ده‌دایه‌وه و خۆی ده‌دزیه‌وه. ده‌یگوت هه‌موو که‌س ده‌گرێته خۆ و هه‌موو شته‌کان به‌ره‌و باشی ده‌ڕۆن. له‌ڕاستیدا ده‌بێ هه‌موو که‌س ئه‌وه بزانێ خومه‌ینی جگه له پیاده‌کردنی کۆماری ئیسلامی و ویلایه‌تی فه‌قیه به هیچ شتێکی دی ڕازی نه‌بوو.
به‌ڵام جه‌نابی شێخ، ئێوه ئێستا که سه‌یری ڕابردوو ده‌که‌ن ده‌سکه‌وتی ئه‌و هه‌موو ساڵه‌ی خه‌بات بۆ خه‌ڵکی کوردستان چی بووه؟
ده‌سکه‌وته‌که‌ی ئه‌وه‌یه که خه‌ڵکی کوردستان له‌به‌رامبه‌ر ڕژێم خۆڕاگرییان کرد و ٣٠ ساڵ خه‌باتیان کرد. ئێستا خه‌ڵکی کوردستان پێشکه‌وتووترن له سه‌رجه‌م خه‌ڵکانی دیکه‌ی ئێران.
له چ بوارێکه‌وه؟
له‌و ڕوانگه‌وه که خه‌ڵکی ئێران تازه داوای ئه‌و شتانه ده‌که‌ن که خه‌ڵکی کوردستان ئه‌و کات ده‌یانگوت.
یانی دیموکراسی و ئازادی؟
به‌ڵێ. ئه‌وان ده‌نگیان دا به کۆماری ئیسلامی. ئێستا په‌شیمان بوونه‌ته‌وه و ده‌ڵین ئه‌و حکومه‌ته خراپه. ئێمه سی ساڵ خه‌باتمان کرد. ئێستا که زیندووین و ده‌بینین ڕۆژ به‌ڕۆژ خه‌ڵک زیاتر و پێداگرتر داوای مافی خۆی ده‌کات، به‌رهه‌می ئه‌و خه‌باته‌یه که ئێمه کردمان، ئه‌وانی تر نه‌یانکرد.
به‌ڵام جه‌نابی شێخ، هه‌ر ئێستا زۆر له سه‌رکرده‌کانی ڕێکخراوه سیاسییه‌کانی کورد به‌و ئه‌نجامه گه‌یشتوون که خه‌باتی چه‌کداری ئیتر به‌و شێوه‌یه بره‌وی نه‌ماوه و وازیان لێهێناوه. بیروڕای ئێوه چییه؟ ئایا پێتان وایه کورده‌کان ده‌بێ ئێستاشی له‌گه‌ڵ بێ له دژی ده‌وڵه‌ت شه‌ڕی چه‌کداری بکه‌ن؟
نا. به‌ڕای من نابێ خه‌باتی چه‌کداری بکرێ، مه‌گه‌ر ئه‌وان بێن شه‌ڕ بکه‌ن و تۆش داکۆکی له خۆت بکه‌ی. به‌ڵام من ئه‌وه‌م قه‌بوڵ نییه به‌شێوه‌یه‌کی فه‌رمی بکه‌ویه ناو خه‌باتی چه‌کدارییه‌وه. من ده‌مه‌وێ له ڕێگه‌ی سیاسیه‌وه نه‌ک هه‌ر له‌گه‌ڵ کۆماری ئیسلامی، به‌ڵکو له تەک خه‌ڵکی ئێران ده‌ست بده‌ینه ده‌ستی یه‌کتری و ئه‌م ڕژێمه بڕووخێ و ڕژێمێکی دیموکرات و خه‌ڵک سالار بێته سه‌ر کار و ئێمه‌ش به مافه‌کانی خۆمان بگه‌ین.
بابه‌تێک که به‌رده‌وام بۆ کورده‌کان هاتۆته ئاراوه، به‌تایبه‌ت له به‌ر ئه‌وه‌ی له ڕوانگه‌ی مێژوییه‌وه پێشینه‌یه‌کی دوور و درێژتریان هه‌یه له خه‌بات بۆ گه‌یشتن به خودموختاری، ئه‌وه‌یه که ده‌گوترا ئێوه جیاخوازن و دواجار ده‌تانه‌وێ کوردستان له ئێران جیا بکه‌نه‌وه. ئه‌م تۆمه‌ته هێشتاش له هه‌ندێک ڕێکخراوی سیاسی کورد ده‌درێ. وه‌ڵامی ئێوه بۆ ئه‌و تۆمه‌تانه چییه؟
ئه‌وه‌ی ڕاستی بێ جیاخوازی گوناح نییه. نه له قورئاندا گوناحه و نه له ناو خه‌ڵکی دنیادا. نه‌ته‌وه‌یه‌ک که بیه‌وێ سه‌ربه‌خۆ بێ، مافی خۆیه‌تی. به‌ڵام له‌هه‌لومه‌رجی ئێستادا، پێمان ڕاست نییه.
من چه‌ندین ساڵ له‌مه‌وبه‌ر له‌گه‌ڵ هه‌ندێک له سه‌رکرده‌کانی کورد، وه‌ک به‌ڕێزان قاسملوو و شه‌ره‌فکه‌ندی که پێشینه‌یه‌کی زۆر کۆنیشیان هه‌یه، وتوێژم کردووه. ئه‌وان ده‌یانگوت هیچکات پرسی جیابوونه‌وه له ئێران له به‌رنامه‌یاندا نه‌بووه و دروشمیان دیموکراسی بۆ ئێران و خودموختاری بۆ کوردستان بووه و هه‌روه‌ها ده‌یانگوت له داهاتووشدا ئه‌وه دروشمی ئێمه ده‌بێت.
ڕاسته. ئێمه ئێستا داوای فیدڕالی ده‌که‌ین. ئه‌و شته‌ی کورد له بنه‌ڕه‌ته‌وه داوای ده‌کا جیاوازه له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ی ئێستا ده‌یهێنینه گۆڕێ.
یانی ئێوه له‌بنه‌ڕه‌تدا ئه‌و مافه به نه‌ته‌وه‌یه‌ک ده‌ده‌ن که وڵاتی خۆی هه‌بێ؟
به‌ڵێ. به‌ڵام ئێمه ڕاستیه‌کان ده‌بینین و ئه‌و شتانه‌ی ئێستا مه‌جالیان نییه، هه‌رگیز باسیان لێوه ناکه‌ین. ئێمه هیچکات نه‌مانگوتوه جیاخوازین. هه‌ر له ڕۆژی یه‌که‌مه‌وه، له‌سه‌رده‌می شادا، قازی محه‌مه‌دیش وا بوو. ئه‌وان ئه‌و تۆمه‌ته‌مان لێده‌ده‌ن بۆ ئه‌وه‌ی شه‌ڕمان له‌گه‌ڵ بکه‌ن و مافمان پێ نه‌ده‌ن. ته‌نانه‌ت قاسملوو له‌بری خودموختاری به خۆبه‌ڕێوه‌بردنیش ڕازی بوو، به‌ڵام پێیان نه‌دا.
یانی ته‌نانه‌ت ئه‌و کاته‌ی قازی محه‌مه‌د کۆماری مه‌هابادیشی دامه‌زراند، ئه‌و و حزبی دیموکرات نه‌یانده‌ویست له ئێران جیا ببنه‌وه؟
نا. دروشمی کوردستان به گشتی کۆماری خودموختاری کوردستان بوو.
با هه‌ندێک بگه‌ڕێینه‌وه بۆ سه‌ر بۆچوونه‌کانی خۆتان جه‌نابی شێخ. ئێوه که‌سایه‌تیه‌کی ئاینین، به‌ڵام له ساڵانی دوای شۆڕشی ئێران‌دا، زۆر له ڕێکخراوه‌کانی چه‌پی ئێران و له‌سه‌رووی هه‌موویانه‌وه ڕێکخراوه‌کانی چه‌پ له کوردستان که زۆربه‌یان ئایینی نه‌بوون و ته‌نانه‌ت بڕوایان به بوونی خودا‌ش نه‌بوو، ڕێزێکی تایبه‌تیان له ئێوه ده‌گرت، ئێوه‌ش پشتگیریتان له‌وان ده‌کرد. چ شتێک له‌نێوان مارکسیزم و ئه‌و ئیسلامه‌ی ئێوه‌دا هه‌یه که به‌و ڕاده‌یه لێک نزیک ببوونه‌وه؟
ئه‌و پرسه‌ی ئێمه له پێناویدا خه‌باتمان ده‌کرد و ده‌مانویست، مافی گه‌لی کورد بوو. هه‌ر که‌س له‌و ڕێگایه‌دا بوایه، له‌گه‌ڵ ئێمه هاوکار و هاوبیر و برا بوو، جا چ چه‌پ بێ یان مه‌سیحی یان هه‌ر که‌سێکی تر. کۆمه‌ڵه و حزبی دیموکرات دوو ڕێکخراوی چه‌پ بوون.
ویستی ئێمه ئه‌وه بوو له پێناو به‌ده‌ستهێنانی مافه‌کانی گه‌لی کورد درێژه به خه‌بات بده‌ین، گرنگ ئه‌وه نه‌بوو کێ موسڵمانه، کێ کافره. ڕۆژێک، کۆمه‌ڵێک که‌س له خۆپیشانداندا ئاڵایه‌کی سه‌وزیان به هێمای موسڵمانێتی به‌رز کردبۆوه. لێیان نزیک بوومه‌وه و پێم گوتن برایان ئێمه له مزگه‌وتدا موسڵمانین، به‌ڵام لێره بۆ گه‌لی کورد خه‌بات ده‌که‌ین. ئه‌م ئاڵایه به‌رنه‌وه بۆ مزگه‌وت. پرسی ئێمه خه‌باته له پێناو پێشکه‌وتنی مافه‌کانی کورد و گه‌یشتنی ئه‌و نه‌ته‌وه‌یه به مافه‌کانی.
به‌ڵام بۆچوونه‌کانی ئێوه تاڕاده‌یه‌ک سنووری کێشه‌ی گه‌لی کوردیشی به‌زاندووه. یانی ئێوه تێروانین و بۆچوونتان سه‌باره‌ت به ئیسلام به‌شێوه‌یه‌کی دیکه‌یه. چ جیاوازییه‌ک هه‌یه له نێوان ئه‌و ئیسلامه‌ی تۆ ده‌یبینی و ئه‌و ئیسلامه‌ی ئه‌وانی تر به‌گشتی و تاقمی ده‌سه‌ڵاتداری کۆماری ئیسلامی ئێران به تایبه‌تی په‌یڕه‌وی لێده‌که‌ن؟
به‌ڵێ. جیاوازی زۆره.
جیا له‌وه‌ی ئێوه سوننه‌ن و ئه‌وانی تر شیعه.
ئیسلام به‌واتای وشه ڕاسته‌قینه‌که‌ی، یانی بڕوا به خودا و ڕۆژی قیامه‌ت و دادی کۆمه‌ڵایه‌تی و خه‌ڵک سالاری. ئیسلام ئایینێکی باشه. به‌ڵام ئه‌وه‌ی ئێستا هه‌یه کۆماری ئیسلامی ئه‌سنا عه‌شه‌ری ویلایه‌تی فه‌قیهه. بڕوانن، کاتێک که ده‌ڵێن کۆماری ئیسلامی، ئه‌وانه‌ی موسڵمان نین ده‌که‌ونه ده‌ره‌وه‌ی بازنه‌که. که گوتتان شیعه‌ی ئه‌سنا عه‌شه‌ری، ئه‌وا سوننه‌کان ده‌که‌ونه ده‌ره‌وه. له باسی ویلایه‌تی فه‌قیهیشدا ته‌نیا ده‌توانین ئه‌و که‌سانه له شیعه بخه‌ینه ناو که ولایه‌تی فه‌قیه په‌سند ده‌که‌ن. له‌ولایه‌تی فه‌قیه‌دا ده‌بێ نوێنه‌ری ئیمامی زه‌مان که ئه‌ویش نوێنه‌ری خودایه قه‌بوڵ بکه‌ی.
ته‌نانه‌ت هه‌ندێک که‌سی شیعه‌ش وه‌ک ئایه‌توڵڵا شه‌ریعه‌تمه‌داری و ئایه‌توڵڵا خویی، ولایه‌تی فه‌قیهیان قه‌بوڵ نه‌بوو.
یانی ئێوه له بنه‌ڕه‌تدا بڕواتان به کۆماری ئیسلامی نه‌بووه؟
نا. من بڕوام به جیابوونه‌وه‌ی ئایین هه‌یه له حکومه‌ت و ده‌وڵه‌ت. پێموایه ئه‌مڕۆکه ئایین ناتوانێ حکومه‌ت بکات.
که‌واته ڕۆڵی ئایین له کۆمه‌ڵگەدا چییه، به تایبه‌ت له کۆمه‌ڵگەیه‌کدا که ئایینی بێ؟
رۆڵی زۆره، وه‌ک پڕوپاگه‌نده‌ی ئایینی، مه‌سه‌له‌ی خودا، مه‌سه‌له‌ی قیامه‌ت، پرسی ئه‌خلاق و لایه‌نه مه‌عنه‌وییه‌کانی ژیان به گشتی. ئایین ڕه‌هه‌ندێکی مه‌عنه‌وی هه‌یه. با نموونه‌یه‌ک بێنمه‌وه. ئێمه لایه‌نگری دیالێکتیکین. هه‌ر وه‌ک چۆن مرۆڤێک قۆناغه‌کانی گه‌شه‌کردن تێده‌په‌ڕێنێ تا ده‌گاته ئاکام. بۆ نمونه ده‌چێته قوتابخانه‌ی سه‌ره‌تایی، پاشان دواناوه‌ندی و زانکۆ و ئینجا سه‌ربه‌خۆ ده‌بێ.
خه‌ڵک و جۆری مرۆڤ به‌شێوه‌یه‌کی سروشتی وه‌ها بووه، ته‌نانه‌ت ئه‌و کاتانه‌ی هیچ پێغه‌مبه‌رێکیش نه‌بوو. دواتر که گه‌شه‌ی سه‌ند و ئاماده‌یی تێدا دروست بوو، پێغه‌مبه‌ره‌کان هاتن. هه‌روه‌ک له قورئاندا هاتووه هیچ ئوممه‌تێک نییه ڕێنیشانده‌رێکی نه‌بووبێ. خه‌ڵک له هه‌ر قۆناغێکدا به‌ره به‌ره پێش که‌وتوون و شته‌کانی ڕابردوو، به لایانه‌وه کۆن بووه. پێغه‌مبه‌رێکی تر هاتووه و شتی نوێی هێناوه تا گه‌یشتۆته حه‌زره‌تی محه‌ممه‌د. کاتێک حه‌زره‌تی محه‌ممه‌د هات ڕایگه‌یاند که دوا پێغه‌مبه‌ره.
به‌ڕای ئێوه فه‌لسه‌فه‌ی ئه‌م قسه‌یه‌ی محه‌ممه‌د که دوا پێغه‌مبه‌ره له چی دایه؟
فه‌لسه‌فه‌که‌ی له‌وه دایه که مرۆڤایه‌تی پێی ناوه‌ته قۆناغێکی تره‌وه. وه‌ک ئه‌و که‌سه‌ی ده‌چێته زانکۆ.
یانی ئاستی زانستی مرۆڤایه‌تی گه‌یشتۆته قۆناغێک که چیدی پێویستی به پێغه‌مبه‌ر نه‌ماوه.
به‌ڵێ. پێویستی پێ نییه و که‌سێکیش نیه. یانی قۆناغی زانست و زانیاری دێت. ئه‌گینا هێماکردنی ئه‌وه ئه‌سته‌مه که له‌ماوه‌ی هه‌زار ساڵدا دوو سێ پێغه‌مبه‌ر هاتوون. به‌ڵام به‌درێژایی ١٤٠٠ ساڵ، ئیتر خوا ده‌زانێ هه‌تا که‌ی، ته‌نها کتێبێک له‌هه‌لومه‌رجێکی تایبه‌تدا حکومه‌ت بکات.
به‌ڵام ده‌بینین کۆمه‌ڵگەی مرۆڤایه‌تی به‌ڕاده‌یه‌ک پێش که‌وتووه و گه‌یشتۆته ئاستێک که ده‌توانێ خۆی به‌ڕێوه به‌رێت و پێویستی به‌وه نییه په‌یڕه‌وی له‌و مه‌سه‌لانه بکات. ئه‌مه بیر‌و بۆچوونی منه.
یانی له‌ڕاستیدا ئێوه لایه‌نگری ئه‌قڵن و باس له‌وه ده‌که‌ن که ئه‌قڵی مرۆڤایه‌تی گه‌یشتۆته ئاستێک که چیدی پێویستی به چاکساز و چاوساغ نییه که چاره‌نوسی دیار بکات.
به‌ڵێ. ئایین ده‌توانێ ئالیکاری ڕه‌هه‌ندی مه‌عنه‌وی بێت. مرۆڤ دوو لایه‌نی هه‌یه. لایه‌نێکی مادی و لایه‌نێکی مه‌عنه‌وی؛ یه‌کیان ئه‌م دونیایه و یه‌کیان دونیای تر. ئه‌ویان ده‌توانێ به‌هه‌موو شێوه‌یه‌ک ئه‌رکی خۆی به‌خه‌ڵک ڕابگه‌یه‌نێ، به‌ڵام ناتوانێ تێکه‌ڵ به ده‌وڵه‌ت و یاسای بنه‌ڕه‌تی بێت. ده‌ستووری بنه‌ڕه‌تی، ده‌بێ ده‌ستوورێک بێ که هه‌موو چینه‌کانی خه‌ڵک بگرێته خۆ. دیموکراسی و ئازادی و سێکۆلاریزمی تێدا به‌رجه‌سته بێت. ده‌بێ هه‌ر که‌سێک که سه‌یری ئه‌م ده‌ستووره‌ی کرد، به هی خۆی بزانێت. سه‌باره‌ت به مافی ژنانیش هه‌روا.
من لایه‌نگری یه‌کسانی و دادی کۆمه‌ڵایه‌تی و ئابوورییه‌کی باشترم و ئه‌و شتانه‌م قه‌بوڵه که خه‌ڵکی دنیا پێیان باشه و پێموایه ئه‌مه کاری خودایه. خودا وای ویستووه. ئه‌مه قۆناغی پێگه‌یشتنه. ڕۆژێک له شوێنێک گوتم که ئایینیش یه‌کێکه له نیشانه و ڕه‌نگدانه‌وه‌کانی خودا. ئه‌گه‌ر شتێکی تر شوێنی ئه‌م نیشانه‌یه بگرێته‌وه، ته‌کلیفی ئێمه چی ده‌بێ؟
ئاماژه‌تان به مافی ژنان کرد. به هه‌ر حاڵ بابه‌تێکی زۆر گرنگه و به‌تایبه‌ت دوابه‌دوای شۆڕشی کۆماری ئیسلامی له ئێران، هه‌میشه بابه‌تێکی هه‌ستیار و گه‌رم بووه. ژنانیش له‌م ماوه‌یه‌دا ناڕازی بوون و له‌پێناو گه‌یشتن به مافی یه‌کسانی له‌گه‌ڵ پیاوه‌کان خه‌باتیان کردوه.
ڕاسته.
بۆچونی ئێوه ده‌رباره‌ی مافی ژنان چییه، له‌ڕوانگه‌ی شه‌رعییه‌وه؟
بۆچوونی من ئه‌وه‌یه ژنیش وه‌ک پیاو مافی هه‌یه و حه‌قی خۆیه‌تی به‌و مافانه بگات. به‌ڵام سه‌باره‌ت به‌وه‌ی ژنیش ده‌توانێ سه‌رجه‌م ئه‌و شتانه بکات که پیاویش ده‌توانێ، ئه‌وه مه‌سه‌له‌یه‌کی دیکه‌یه. ژن ده‌بێ مافی ئه‌وه‌ی هه‌بێ وه‌ک پیاوێک قۆناغه‌کانی پێگه‌یشتنی خۆی تێپه‌ڕێنێ. هیچکه‌س بۆی نییه ژن بچه‌وسێنێته‌وه. ژن و پیاو هیچ جیاوازییه‌کیان پێکه‌وه نییه. به‌ڵام ئه‌وه‌ی که تواناکاریی ژن و پیاو جیاوازه و هه‌ر کامیان به‌شێوه‌یه‌کی جیاواز گه‌شه ده‌کات، ئه‌وه باسێکی دیکه‌یه.
ئه‌مه بۆچوونی شه‌رعی ئێوه‌یه یان بۆچوونی تاکه‌که‌سیتانه که بره‌وی هه‌یه و هه‌موو لایه‌ک قه‌بوڵیانه.
مه‌به‌ستتان چییه؟
مه‌به‌ستم ئه‌وه‌یه یه‌کسانی ژن که باسی لێوه ده‌که‌ن، ڕوانگه‌یه‌که له شه‌رعی ئیسلام ده‌رتانهێناوه؟
دیاره هه‌ر که‌سه و به‌شێوه‌یه‌ک ئیسلام ڕاڤه ده‌کا. ئایه‌یه‌ک هه‌یه که ماناکه‌ی به‌مجۆره‌یه: خودا پاداشی ئێوه و ژنان ده‌داته‌وه. ئه‌مه‌ش یانی ژن و پیاو یه‌کسانن.
به‌ڵام له‌به‌رامبه‌ریدا کۆمه‌ڵێک ئایه‌ی دیکه له قورئاندا هه‌ن که چالاکانی مافی ژنان ئه‌و ئایانه به دژی ژنان ده‌زانن.
مۆڵه‌تم بده‌ن. هه‌ندێک له یاساکانی قورئان ده‌رئه‌نجامی هه‌لومه‌رجی زه‌مه‌ن و شوێنه. بۆ نموونه هه‌موو که‌س ده‌ڵێن ژن بۆی نییه ببێته دادوه‌ر. له هیچ شوێنێکی قورئاندا نه‌هاتووه. یان شاهیدی دوو ژن یه‌کسانه له‌گه‌ڵ هی پیاوێک. ئه‌مه هی هه‌لومه‌رجێکه که ژنان له کۆمه‌ڵگە دوور بوون. چونکه ده‌فه‌رمێ ئه‌گه‌ر یه‌کێکیان له بیری چوویه‌وه، ئه‌وی تریان به بیری دێنێته‌وه.
واته به بۆچوونی ئێوه، ده‌بێ تێڕوانین له قورئان، تێڕوانینێکی ئه‌ورۆیی بێت و ئه‌گه‌ر پێویست بکا ته‌نانه‌ت جیاواز بێ له‌و شته‌ی که له ئارا دابووه؟
به‌ڵێ. ئه‌گه‌ر ئێمه ده‌ڵێین ده‌بێ ئایین و حکومه‌ت لێک جیا بن و ڕۆژ، ڕۆژی زانست و زانیارییه، ئه‌وا لایه‌نی مه‌عنه‌وی ئایین وه‌ک خۆی ده‌مێنێته‌وه.
پاش هه‌ڵبژاردنه‌کانی سه‌رۆککۆماری له ئێران و ده‌رکه‌وتنی بزووتنه‌وه‌ی سه‌وز، سه‌رهه‌ڵدانی بیری نوێ به‌تایبه‌ت پاڵپشت به ئایین زیاتر په‌ره‌ی سه‌ند، هه‌رچه‌ند پێشتر له ئێران سه‌ری هه‌ڵدابوو. به‌ڕای ئێوه ئه‌م پڕۆسه‌یه به کوێ ده‌گات؟ یانی وه‌رچه‌رخانێکی گرنگ له ئیسلام وه‌ک ڕیفۆرم یان ڕێنسانسێک که له ئایینه مه‌سیحییه‌کاندا به دی هاتووه، له ئیسلامیشدا ده‌قه‌ومێ؟
به‌بۆچوونی من، مه‌سه‌له‌ی موسه‌وی و که‌ڕووبی و بزوتنه‌وه‌ی سه‌وز جیاوازه. ئه‌وان ناتوانن سه‌رۆکایه‌تی کۆمه‌ڵگەیه‌ک بگرنه ئه‌ستۆ که سێکۆلاره و ده‌یه‌وێ سێکۆلار بمێنێته‌وه و هه‌روه‌ها ده‌یه‌وێ ئازادی و دیموکراسی به‌رقه‌رار بێت. چاکسازی له‌ناو حکومه‌تی کۆماری ئیسلامی که حکومه‌تی هه‌موو خه‌ڵک نییه، هیچ سوودێک به خه‌ڵک ناگه‌یه‌نێ.
یانی به‌ڕای ئێوه هیچ جموجوڵێکی چاکسازی له ژێر سێبه‌ری کۆماری ئیسلامی ئێران‌دا ناگاته ئه‌نجام؟
نه‌خێر، ناگاته ئه‌نجام.
له‌وانه‌یه ئه‌م بزووتنه‌وه چاکسازییه، دواجار ئامانجه‌کانی کۆمه‌ڵگەیه‌کی سێکۆلار بپێکێ. قه‌ی چی ده‌کات با ناوێکی ئیسلامی له‌سه‌ر بێ؟
کۆماری ئیسلامی ناتوانێ سێکۆلار بێ. ئیسلامی شیعه‌ی ئه‌سنا عه‌شه‌ری و ویلایه‌تی فه‌قیه چۆن ده‌توانن سێکۆلار بن و ئازادی به خه‌ڵک بده‌ن؟
که‌واته جه‌نابی شێخ ئێوه بڕواتان به‌شۆڕشێک هه‌یه؟
من پێموایه ده‌بێ خه‌ڵک وشیار بن. ئه‌گه‌ر شۆڕش له‌سه‌ره‌وه‌ڕا بکرێت دیسان یه‌کێکی تر دێت و ده‌بێته‌وه دیکتاتۆڕ. ده‌بێ خه‌ڵک وشیار بکرێنه‌وه بۆ ئه‌وه‌ی بڕژێنه سه‌ر شه‌قامه‌کان. هه‌روه‌ک چۆن له کوردستان کرا کاتێک ئه‌و پێنج که‌سه‌یان له سێداره دا. خه‌ڵک مانیان گرت و بێ هیچ خوێنڕێژییه‌ک ناڕه‌زایه‌تی خۆیان نیشاندا.
به‌ڵام خه‌سڵه‌تێکی بزووتنه‌وه‌ی سه‌وز که بووه هۆی ئه‌وه‌ی له نێوخۆ و ده‌ره‌وه زۆر که‌س ستایشی بکه‌ن، ئه‌وه‌یه که بزووتنه‌وه‌که به پێچه‌وانه‌ی ڕابردوو، خۆی له توندوتیژی به‌دوور ده‌گرێ. واته له پێناو گۆڕینی ڕژێم په‌نا بۆ ڕق و توند‌و تیژی نابات.
کێشه‌که لێره‌دا نییه. کێشه ئه‌وه نییه لایه‌نگری توند‌و تیژی نییه. به‌ڵکه مه‌سه‌له ئه‌وه‌یه چی ده‌وێ. ئایا ده‌یه‌وێ کۆماری ئیسلامی له ناو ببات و په‌یڕه‌وی له سیکۆلاریزم بکات؟ ئه‌و کاره‌یان له ده‌ست نایه. ئه‌وان هێشتاش ناخودئاگا له‌گه‌ڵ کۆماری ئیسلامین. ته‌نیا کارێک که کردوویانه ئه‌وه‌یه ده‌رگاکانیان کردۆته‌وه بۆ ئه‌وه‌ی خه‌ڵک بڕژێنه سه‌ر شه‌قامه‌کان.