ئاماژە: قه‌ندیل بۆته جێی سه‌رنجی ڕۆژنامه‌نووسه هه‌رێمی و بیاینیه‌کان. به‌مدواییانه چه‌ندین ڕۆژنامه‌نووسی تورک ڕوویان کرده قه‌ندیل و له‌گه‌ڵ که‌سی ژماره یه‌کی په‌که‌که، موراد قەرەیڵان چاوپێکه‌وتنیان ئه‌نجامدا. حه‌سه‌ن جه‌مال (رۆژنامه‌ی میللیه‌ت)، عه‌مبه‌رین زه‌مان (رۆژنامه‌ی خه‌به‌ر تورک)، عوسمان ساغرلی (رۆژنامه‌ی تورکیا)، ئه‌حمه‌د ئاڵتان و یاسه‌مین چۆنگار (رۆژنامه‌ی ته‌ڕه‌ف) و ئێستاش ئه‌رتوغرول ماڤی ئۆغڵو له ڕۆژنامه‌ی ڕادیکاڵه‌وه له نزیکه‌وه دیدار‌و چاوپێکه‌وتنیان لەگەڵ قەرەیڵان ئه‌نجامداوه. له‌م وتوێژه‌دا ئه‌رتوغرول بانگه‌شه ده‌کا که یه‌که‌مجاره قەرەیڵان وا بێپه‌رده بۆ ڕۆژنامه‌یه‌کی تورکیا قسه ده‌کا و وتوێژه‌که به "دانپێدانان" وه‌سف ده‌کا. هه‌ر چه‌ند ئه‌وه له ناو ڕۆژنامه‌نووسان و ڕۆژنامه‌کانی تورکیادا باوه و هه‌میشه هه‌وڵ ده‌ده‌ن و پێیان خۆشه "یه‌که‌مین" بن و هه‌موو که‌سیش "یه‌که‌مین" شته‌کان به ئه‌وان بڵێ.
سازدانی: ئه‌رتوغرول ماڤی ئۆغڵو
له تورکییه‌وه: سه‌لاحه‌دین بایه‌زیدی
له دۆڵی ئاکۆیانه‌وه به‌ره‌و قه‌ندیل
له تاریک و ڕوونی به‌یاینیه‌وه، نزیکه‌ی دوو کاتژمێر له به‌رده‌م خانوویه‌ک چاوه‌ڕێم کرد. ماوه‌یه‌کی تر دێن و ئه‌و پیاوه‌ی له به‌رامبه‌رم داده‌نیشێ، ده‌ڵێ "ئیتر تێگه‌یشتووین ده‌وڵه‌ت متمانه‌ی به ئێمه نیه، به‌ڵام ئێمه‌ش متمانه به ده‌وڵه‌ت ناکه‌ین." باس له‌و هه‌نگاوانه ده‌کا که له درێژکردنه‌وه‌ی ئاگربه‌ستدا ڕۆڵیان هه‌یه و زۆر ڕاشکاوانه باس له په‌یوه‌ندییه‌کانیان لەگەڵ ئێران، ویلایه‌ته یه‌کگرتوه‌کان و ئیسرائیل ده‌کا. تا ئێستا وه‌ها ڕاشکاوانه لەگەڵ که‌سدا قسه‌ی نه‌کردووه. گوتی "له‌مه‌وبه‌دوا له لایه‌ن په‌که‌که‌وه زیان به که‌سانی سڤیل ناگا".
له‌گه‌ڵ نزیک بوونه‌وه‌ی ده‌نگی ئه‌و ئۆتۆمبێله‌ی به‌ره‌و قه‌ندیل ده‌ڕوا، له‌شوێنی خۆم هه‌ڵده‌ستم و ده‌چمه به‌رده‌می. ئه‌و پیاوه‌ی خۆی به "ده‌نیز" ده‌ناسێنێ، "مه‌رحه‌با"م لێده‌کا و ده‌م به بزه ده‌ڵێ: به‌خێر بێن. پێموابێ ڕێگه‌یه‌کی تاقه‌ت پڕوکێن بوو. گه‌لۆ ئاماده‌ن؟
له‌ناو تۆیۆتایه‌کی چوار ته‌گه‌ری جووت کابینه‌دا، هه‌ست ده‌که‌ی وه‌کوو چۆمێکی خرۆشاو له‌ناو دۆڵی ئاکۆیان که ده‌که‌وێته نێوان دیانا و ڕانیه‌وه، به‌ره‌و پێشه‌وه ده‌چی. ڕێگایه‌ک که ڕووی له ناوچه‌کانی ئێرانه، فراز و نشێو و پێچ و خه‌می زۆر تێدایه و هه‌ر چۆنێک بێ مرۆڤ هه‌ڵده‌به‌زێنێته‌وه.
تۆیۆتا له شوێنێک ده‌وه‌ستێ و بۆ دواوه ده‌گه‌ڕێته‌وه. پاش پێنج خوله‌ک ڕۆیشتن، سه‌ر له‌نوێ ده‌وه‌ستێ و هه‌مدیس بۆ دواوه ده‌گه‌ڕێته‌وه. زۆر به ساده‌یی ده‌پرسم "رێگه‌تان هه‌تڵه کردووه؟" ئه‌و، که چیا ڕوخساری سووتاندبوو، گوتی "نه‌خێر، چاوه‌ڕوانی هێمایه‌کم." به‌ڵام من له ده‌وروبه‌ر ده‌ڕوانم و جگه له مه‌ل، له ده‌عبا، له دار و گوڵ، ئاماژه‌یه‌ک له بوونه‌وه‌رێکی زیندوو نابینم. ئینجا سه‌رله‌نوێ ئۆتۆمبێله‌که ده‌وه‌ستێ. شوفێر ده‌ڵێ "له‌مه‌وبه‌دوا هه‌ندێک به پێ ڕێ ده‌که‌ین." هیچکه‌س له‌و ناوه به‌دی ناکرێ. بێگومان ڕێپێوانێکی دوور و درێژمان له پێشه. به‌ده‌ربه‌ندێکی بچووکدا تێده‌په‌ڕین و ناوچه‌یه‌کی سه‌وز دێته به‌ر ده‌ممان. کت‌وپڕ چه‌ند چه‌کدارێک خوویا ده‌که‌ن، له ژن ده‌چن. بێده‌نگ و وریا. له پاش سه‌ریان موراد قەرەیڵان ده‌بینرێ، ناوی ژماره یه‌کی په‌که‌که له ده‌ره‌وه. ئه‌و که‌سه‌ی له هه‌موو شوێنێکی جیهان به دوایدا ده‌گه‌ڕێن. به‌گوێره‌ی ناسنامه‌که‌ی، ساڵی ١٩٥٤ له "بیره‌جیک" له‌دایک بووه. ساڵی ١٩٧٩ به‌شداری ڕیزه‌کانی په‌که‌که بووه. به‌ر له کوده‌تای ١٢ی سێپته‌مبه‌ر په‌ڕیوه‌ی ده‌ره‌وه‌ی وڵات بووه و قه‌ت نه‌که‌وتۆته گرتووخانه‌وه. له من نزیک ده‌بێته‌وه و ته‌وقه‌م لەگەڵدا دا‌کا: "به‌خێر بێن."
ئه‌وانیش وتوێژه‌که تۆمار ده‌که‌ن
ئێستا له‌ناو تاوڵێک داین که سه‌ره‌وه و ده‌وروبه‌ری داپۆشراوه. مێزێک و سێ کورسی لێ دانراوه و حه‌سیرێکیش له سه‌ر ئه‌رزه‌که ڕاخراوه. پێڵاوه‌کان داده‌نێین. موراد قەرەیڵان له‌سه‌ر کورسیه‌ک داده‌نیشێ. منیش له نزیک ئه‌و. له‌به‌رامبه‌رمدا بۆزان ته‌کین یه‌کێک له به‌ڕێوه‌به‌رانی په‌که‌که داده‌نیشێ. له کن ده‌نگ هه‌ڵگره‌که‌ی من، ئه‌وانیش ده‌نگ هه‌ڵگری خۆیان داده‌نێن. وێنه ده‌گرن و مۆڵه‌تم لێ وه‌رده‌گرن بۆ ئه‌وه‌ی چه‌ند خوله‌کێک به کامێرا، چاوپێکه‌وتنه‌که تۆمار بکه‌ن تاکوو له ئه‌رشیڤی خۆیاندا هه‌بێ. ته‌نیا باس له‌سه‌ر ڕۆژه‌ڤی شه‌ڕو ئاشتی له تورکیا و ئه‌و بابه‌تانه‌ی دیکه ناکه‌ین که قسه‌یان زۆر له سه‌ر ده‌کرێ، به‌ڵکوو پێداگرم له‌سه‌ر ئه‌و پرسیارانه‌ی به ساڵانه سه‌باره‌ت به په‌که‌که له مێشکمدا که‌ڵه‌که بوون. پرسیار ده‌که‌م و قەرەیڵان وەڵام ده‌داته‌وه...
ئاخۆ دوا مۆڵه‌تی ئاگربه‌ست ٣١ی ئۆکتۆبه‌ره؟
له‌ڕاستیدا ئێمه به‌رده‌وام لایه‌نگری ئاگربه‌ست و دژی شه‌ڕین. پێویسته هه‌نگاوی متمانه‌به‌خش به‌رز بکرێنه‌وه. هه‌نگاوێک که کۆتایی به ئۆپه‌راسیۆنه‌کان بێنێ. پێشخستنی پێڤاژۆی دیالۆگ لەگەڵ ئۆجه‌لان واتایه‌کی گرنگی هه‌یه. دوا چاوپێکه‌وتن له به‌رواری ١٦ی سێپته‌مبه‌ردا ئه‌نجام دراوه. پێویسته شێوازێکی ئه‌رێنی، متمانه‌به‌خش و به‌سوود بۆ چاره‌سه‌ری به‌کار ببرێ. چاوه‌ڕوانین و هێشتا بڕیارمان نه‌داوه. ناتوانین شانبه‌شانی هه‌ڵسوکه‌وته نه‌رێنیه‌کان، هه‌ڵوێستێکی ئه‌رێنی بنوێنین. هه‌ندێک شتیش هه‌یه که له ده‌ره‌وه‌ی ئیراده‌ی ئێمه ڕوو ده‌دا. ئێمه خوازیاری ئاگربه‌ستێکی هه‌میشه‌یین. ده‌سپێکردنی قۆناغی دیالۆگ و وتوێژ، په‌یوه‌ندی به بێده‌نگکردنی یه‌کجاره‌کی چه‌که‌کانه‌وه هه‌یه. جارێکیان حه‌سه‌ن جه‌ماڵ گوتی "په‌له‌پیتکه‌تان له سه‌ر ماشه‌ی تفه‌نگه‌کان لابه‌ن". ئێمه وا ده‌که‌ین، ئه‌و قامکی لا نابا، یه‌کلایه‌نه‌ش نابێ. ڕووداوه‌کان هه‌ڵده‌سه‌نگێنین، چاوه‌ڕێ ده‌که‌ین و به گوێره‌ی بارودۆخه‌که بڕیارێک ده‌ده‌ین.
ڕه‌خنه‌ی تووند له چه‌پ
له کاتێکدا که ته‌رمی شه‌هیده‌کان دێنه‌وه و گه‌نجانی په‌که‌که له چیاکان ده‌کوژرێن، ڕوداوه‌کان به‌ره‌و شه‌ڕێکی خوێناویمان ده‌به‌ن، له‌و حاڵه‌ته‌دا، ئاشتی چۆن سه‌قامگیر ده‌بێ؟ دانیشتوانی ترابزۆن، مانیسا، ئوشاک و ئه‌نقه‌ره چۆن قایل ده‌بن؟
بێگومان له به‌رامبه‌ر خه‌ڵکی تورکیا به‌رپرسیارێتیمان له ئه‌ستۆیه. ئاریشه‌یه‌کی سیاسی ئه‌وتۆمان هه‌یه که خۆمانیان پێ بناسێنین. ناڵێم له‌و ڕوه‌وه هه‌موو شتێکمان به‌جێ گه‌یاندووه. لێره‌دا، تاقمێکی دیکه‌ش به‌رپرسیارن. بزووتنه‌وه‌ی چه‌پی تورکیا. ئێمه له ناساندنی تێکۆشانه‌که‌ماندا که‌موکوڕیمان هه‌بووه و چه‌پی تورکیاش له به‌ر ئه‌وه‌ی که‌مایه‌سیی زۆر بوو، بۆشایه‌کی گه‌وره هاته ئاراوه.
شۆڤێنیزم بوو به کاردانه‌وه‌یه‌کی کۆمه‌ڵایه‌تی. جوڵانه‌وه‌ی کورد به تێپه‌ڕبوونی زه‌مان، به جه‌ماوه‌ری بوو. هه‌رچی جووڵانه‌وه‌ی چه‌پیشه دووره په‌رێز ما. ئه‌گه‌ر لەگەڵ جووڵانه‌وه‌ی کورد به‌راوردی بکه‌ین، کۆمه‌ڵگەی تورک که‌وته دۆخی گۆشه‌گیرییه‌وه. لەگەڵ جوڵانه‌وه‌ی کورد مه‌ودایان که‌وته ناو. له‌لایه‌کی دیکه‌وه، هه‌ڵوێستی خۆ دوورگرتنی چه‌پی تورک، وایکرد پێگه‌یه‌کی ئه‌وتۆی له‌ناو کۆمه‌ڵگەدا نه‌مێنێ. لایه‌نێکی چاره‌سه‌رکردنی کێشه‌که‌ش، قایلکردنی گه‌لی تورکه. له‌مڕوه‌وه تێکۆشانمان درێژه‌ی ده‌بێ.
له‌زۆر شوێن په‌که‌که ته‌قینه‌وه ئه‌نجام ده‌دا. هه‌روه‌ها په‌که‌که هه‌ندێک لێدوانی ڕاگه‌یاند، بۆ نموونه گوتی "چالاکیه‌کانمان ده‌به‌ینه ناو شاره‌کانه‌وه و شاره‌کانیان لێ ده‌که‌ینه دۆزه‌خ." ئایا نابینن مرۆڤه‌کان زیانیان پێ ده‌گا و ڕقیان له‌م کرده‌وانه‌یه؟
له‌مباره‌وه هه‌ندێک له ڕووداوه‌کان له‌ده‌ره‌وه‌ی ویستی ئێمه ڕوو ده‌ده‌ن. وه‌ک ڕووداوه‌که‌ی شاری هه‌کاری. با ئه‌وه‌تان پێ بڵێم. له‌م ساڵانه‌ی دواییدا به هۆی پێشکه‌وتنی هه‌ندێک هه‌لومه‌رج، زۆر هه‌ستیارتر له‌جاران هه‌ڵسوکه‌وت ده‌که‌ین و له‌سه‌ر ئه‌م بنه‌مایه هێزه‌کانمان به پرنسیپ په‌روه‌رده ده‌که‌ین. له مه‌ترۆپۆله‌کان، له هه‌ر شوێنێ چالاکی ئه‌نجام بده‌ین، پرنسیپی سه‌ره‌کیمان ئه‌وه ده‌بێ زیان به که‌سانی سڤیل نه‌گات. له‌رابردوودا ڕووی دا، به‌ڵام ئیتر ئه‌مه دووباره نابێته‌وه.
"به‌ڵێ هه‌ڵه‌مان کردوه"
زۆر ڕووداوی دڵته‌زێن هه‌ن. ڕووداوگه‌لی وه‌ک (ماڤی چارشی)، (چه‌تینکایا) و چه‌ندین ڕووداوی هاوشێوه که تیایدا ژماره‌یه‌ک زۆر که‌سی بێگوناح و سڤیل گیانیان له‌ده‌ست دا...
به‌ڵێ زۆر هه‌ڵه هه‌ن که له ئێمه‌وه سه‌رچاوه‌یان گرتووه. له‌شوێن و کاتی خۆیدا، سه‌باره‌ت به‌و هه‌ڵانه‌ی ئه‌نجاممان داون، داوای لێبوردن ده‌که‌ین و هه‌وڵ ده‌ده‌ین قه‌ره‌بوویان بکه‌ینه‌وه. به‌ڵام نابێ ئه‌وه‌شمان له بیر بچێ که زۆر چالاکی له لایه‌ن ده‌وڵه‌ته‌وه خرانه ئه‌ستۆی ئێمه‌وه که په‌یوه‌ندیان به مه‌وه نه‌بووه. سه‌ره‌ڕای هه‌موو ئه‌وانه‌ش، بۆ ئه‌وه‌ی هیچ سڤێلێک له چالاکیه‌کانی ئێمه زیانی پێنه‌گا، ده‌توانم بڵێم ئێمه به‌شێوه‌یه‌کی بڕواپێکراو هێزه‌کانمان په‌روه‌رده ده‌که‌ین. هه‌رگیز ڕووداوێکی وا نایه‌ته پێش. په‌یامی من بۆ کۆمه‌ڵگە ئه‌وه‌یه.
"به‌رگری ڕه‌وا"
له‌گۆڕه‌پانی سیاسه‌ت و ڕۆژنامه‌نووسیدا سیفه‌تی "رێکخراوێکی تیرۆریستی" بۆ په‌که‌که به‌کار ده‌برێ، گه‌لۆ ئێوه تیرۆریستن؟
بانگه‌شه ده‌که‌ین که جووڵانه‌وه‌یه‌کی جه‌ماوه‌رین. ئه‌مه‌ش ڕاسته. ئێمه ئه‌و گه‌له‌ین له‌دژمان به هه‌زاران کرده‌وه‌ی توندوتیژی په‌یره‌و کراوه. ئه‌وه سیفه‌ته ڕاسته ئه‌گه‌ر به‌رگری ڕه‌وا به تیرۆر پێناسه بکرێ. به‌ڵام له هه‌موو شوێنێکی دونیا و له نه‌ته‌وه یه‌کگرتووه‌کانیش به‌رگری ڕه‌وا وه‌ک مافێک په‌سند کراوه ئێمه کۆمه‌ڵگەیه‌کین، بڕیاریان داوه له‌ناومان ببه‌ن، ڕه‌واین، مافدارین، داوای مافه سروشتیه‌کانی خۆمان ده‌که‌ین. له‌پێناو ئه‌مانه‌دا سه‌ر دانانه‌وێنین، ڕۆحمان ڕاده‌ست ناکه‌ین. به‌رده‌وام ده‌ڵێن تیرۆر و تیرۆریست، به‌ڵام ڕاستی شتێکی دیکه‌یه. جووڵانه‌وه‌یه‌کی ڕزگاریخوازانه، ناتوانێ تیرۆریست بێ. لێ زلهێزه‌کان سه‌رجه‌م جوڵانه‌وه جه‌ماوه‌رییه ڕه‌واکان به تیرۆریست پێناسه ده‌کان. چه‌ندین ساڵ به ماندێلایان گوت تیرۆریست. ٢٧ ساڵ له به‌ندیخانه‌یان په‌ستاوت. ئێستا وه‌ک په‌یامبه‌ری ئاشتی لێی ده‌ڕوانن. یه‌کێکه له مرۆڤه هه‌ره پێشه‌نگه‌کانی دونیا. یاسر عه‌ره‌فاتیش هه‌روا.
به ساڵان نازناوی تیرۆریستان دایه پاڵ، پاشان بوو به سه‌رۆکی ده‌وڵه‌ت. به‌پێی ده‌وڵه‌تی تورکیا، ئێمه تیرۆریستین. به‌ڵام ده‌وڵه‌ت خاکی ئێمه‌ی داگیر کردووه، زمانمانی قه‌ده‌غه کردووه، سامانه ده‌وڵه‌مه‌نده‌که‌مانی به‌چه‌پاو بردوه. له کاتێکدا ئێمه گه‌لێکین هه‌زاران ساڵه له سه‌ر ئه‌م خاکانه ده‌ژین.
"ئێمه‌ش ناتوانین ده‌وڵه‌ت تێک بشکێنین"
ئێستا گفتوگۆ له سه‌ر ئه‌وه ده‌کرێ که په‌که‌که له چیاکان بهێنرێته خواره‌وه. باس له پاشه‌کشێ به‌ره‌و باشوور ده‌کرێ. به‌ڵام ئه‌وه‌نده‌ی من بزانم وه‌ک جاران په‌که‌که هێزه‌کانی له چیا سه‌قامگیر ناکا. ئایا په‌که‌که لاواز بووه یان چۆته ناو شاره‌کانه‌وه؟
له‌شاره‌کان هه‌ین، به‌ڵام له شاخیش ماوین. په‌که‌که ده‌زگایه‌کی ڕێکخراوه، سیسته‌مێکه. سووک و سانا دروست نه‌بووه، وا به ساده‌ییش شیته‌ڵ ناکرێ. کێشه‌ی کورد، کێشه‌یه‌کی قووڵه. ده‌کرێ له سه‌ر بنه‌مای چاره‌سه‌رکردنی کێشه‌که، مامه‌ڵه لەگەڵ پرسی په‌که‌که‌شدا بکرێ. له‌ڕێگه‌ی هاوپه‌یمانی لەگەڵ ده‌وڵه‌تانی دراوسێ و په‌ره‌پێدانی ئۆپه‌راسیۆنه‌کان، ئه‌م کێشه‌یه‌تان بۆ چاره‌سه‌ر نابێ. من بۆ خۆم ڕووبه‌ڕووی سه‌دان ئۆپه‌راسیۆن بوومه‌ته‌وه. ئێمه فێر بووین له‌و شاخانه خۆمان بپارێزین و خۆمان بژێنین. بست به‌بستی ئه‌و ناوچانه شاره‌زاین. له‌پارچه‌کانی دیکه‌ی کوردستانیش ئه‌زموونمان هه‌یه. یه‌كێک ده‌نێرن بۆ نۆروێژ، یه‌ک بۆ ماڵه‌وه. ئه‌و مرۆڤانه هاتوون کێشه‌که چاره‌سه‌ر بکه‌ن. بۆچی بگه‌ڕێنه‌وه؟ ئێمه ناڵێین سه‌رکه‌وتنمان به ده‌ست هێناوه. له‌ئاستی نێونه‌ته‌وه‌ییدا ده‌یان جار هێرشیان کردوینه‌ته سه‌ر، به‌ڵام پاکتاو نه‌بووین. ئه‌گه‌ر بیانه‌وێ په‌ره به توندوتیژی بده‌ن، بڕوا بکه‌ن په‌که‌که زیاتر به هێز ده‌بێ. ئه‌وکات له‌وانه‌یه خۆی چاره‌سه‌ری بۆ خۆی بدۆزێته‌وه و خۆی ئه‌و چاره‌سه‌رییه ڕابگه‌یه‌نێ. وه‌ک دوا ڕێگا، په‌نا بۆ ئه‌مه‌ش ده‌با. به‌ڵام مه‌حاڵه په‌که‌که به توندوتیژی و ته‌سلیم بوون کۆتایی پێ بێ. له‌به‌رامبه‌ردا ئه‌م ڕاستیه‌ش هه‌یه: ئێمه‌ش ناتوانین هه‌ره‌س به ده‌وڵه‌ت بێنین. هه‌وڵدان بۆ تێکشکاندنی یه‌کتری له ڕۆژه‌ڤ دایه. له‌سه‌ر ئه‌م بنه‌مایه چاره‌سه‌ری ڕاستیه‌که خۆی ده‌سه‌پێنێ. ئه‌گه‌ر به‌رده‌وام بێ، زیانی دوو لایه‌نه زیاتر ده‌بن.
"ئۆتۆنۆمی"
قەرەیڵان پێی وایه حکوومه‌ت له به‌رنامه‌ی دایه هێدی هێدی کورده‌کان بتوێنێته‌وه و له پێناو چاره‌سه‌ریدا دوو خاڵ ده‌خاته ڕوو: ئۆتۆنۆمی و کۆتایی هێنان به سیاسه‌تی نکۆڵی لێکردن.
په‌که‌که چ فه‌رمۆڵێکی هه‌یه بۆ ئه‌وه‌ی چه‌که‌کان بێده‌نگ بن، ئاشتی سه‌قامگیر بێ و دواجار چاره‌سه‌ری بێته ئاراوه؟
ئه‌وه‌ی ڕاستی بێ دوو جۆر هه‌ڵسوکه‌وت و پرۆژه هه‌ن بۆ چاره‌سه‌رکردنی کێشه‌که. یه‌کێک له‌م دوانه ئێمه‌ین. فه‌رمۆلی چاره‌سه‌ری له ڕوانگه‌ی ئێمه‌وه ئاوایه: ئۆتۆنۆمیه‌کی دیموکراتییانه. له‌سه‌ر بنه‌مای ڕێزگرتن له یه‌کتری، له ڕێگه‌ی گفتوگۆ و دانیشتنه‌وه ئه‌م کێشه‌یه چاره‌سه‌ر ده‌بێ. له‌چوارچێوه‌ی یه‌کپارچه‌یی خاکی تورکیادا، ئه‌م پێکه‌وه‌بوونه زۆره‌ملییه ده‌بێته پێکه‌وه بوونێکی دڵخوازانه. له‌سه‌ر بنه‌مای ده‌ستوورێکی بنه‌ڕه‌تی نوێ، کۆمه‌ڵگەی تورکیا سه‌ر له‌نوێ بونیاد ده‌نرێته‌وه. ئێستا دانیشتوانی ڕۆژئاوای تورکیا ده‌ڕژێنه سه‌ر شه‌قامه‌کان و هاوار ده‌که‌ن "ئه‌و په‌که‌که‌یه چییه، تیرۆریسته، چییه". ئه‌گه‌ر سه‌رۆک وه‌زیرێک بڵێ "ئێمه به‌ساڵان نکۆڵیمان له بوونی ئه‌و برایانه‌مان کرد، زمانی ئه‌وانمان قه‌ده‌غه کرد، له‌سه‌ر ئه‌م بناغه‌یه ویستمان بیانکه‌ین به تورک به‌ڵام سه‌رنه‌که‌وتین. به‌هۆی ئه‌نجامدانی ئه‌و هه‌ڵه‌یه، زۆر تراژیدی هاتنه ئاراوه. براکان ده‌سته‌ویه‌خه‌ی یه‌کتر بوون. به‌چاوی خراپ ڕوانیمانه یه‌کتر، با ئێستا وا نه‌بێ. هۆکارێکی نوێ هه‌یه، پاڵپشت به‌م هۆکاره قۆناغی هاوپه‌یمانی کۆمه‌ڵگە ده‌ست پێده‌که‌ین. چاکسازیی یاسایی ئه‌نجام ده‌ده‌ین." ئه‌وکات خه‌ڵکی ڕۆژئاوا چه‌پڵه‌ی بۆ لێده‌ده‌ن. ئه‌وانه‌ی به‌رژه‌وه‌ندی بازرگانیان له‌به‌رچاو نییه، بێگومان پێیان خۆش ده‌بێ.
پڕۆژه‌ی دووهه‌م پڕۆژه‌ی ده‌وڵه‌ته. دوابه‌دوای ڕوداوه‌کانی ساڵانی ٢٠٠٩-٢٠٠٨ ده‌وڵه‌ت تێگه‌یشت سیاسه‌تی نکۆڵی کردن ڕیشه‌یی نه‌بووه. هۆکارێکی نزیکبوونه‌وه‌ی ئاکه‌په و سوپا هه‌ر ئه‌مه‌یه. ده‌وڵه‌ت له‌ڕێگه‌ی ئاکه‌په‌وه ده‌یه‌وێ سیاسه‌تێکی نوێ له سه‌ر کورد په‌یڕه‌و بکا. بۆ نمونه له چوارچێوه‌ی مافه تاکه‌که‌سیه‌کاندا، که‌ناڵی ته‌له‌ڤزیۆنی کرده‌وه. ئێستا هه‌ر که‌س ده‌توانێ هاوار بکا. گۆرانی بڵێ به‌ڵام په‌روه‌رده به زمانی زگماکی قه‌ده‌غه‌یه.
ئاسیمیلاسیۆن
شارۆمه‌ندی خراوه‌ته چوارچێوه‌ی بوونی نه‌ته‌وه‌ی تورکه‌وه. له‌ناو نه‌ته‌وه‌ی تورک‌دا، لازه‌کان، چه‌رکه‌ز و کورده‌کان بوونیان هه‌یه. یانی تۆ هه‌ی به‌ڵام له چوارچێوه‌ی ئه‌و سیسته‌مه‌دا. قۆناغی به‌تورک کردن کت‌وپڕ نا، به‌ڵکوو هێدی هێدی به‌ڕێوه ده‌برێ. ئینجا سیاسه‌تی ئاسیمیلاسیۆن سه‌ر ده‌که‌وێ. ٨٦ ساڵه نه‌یانتوانیوه سیاسه‌تی ئاسیمیلاسیۆن بسه‌پێنن، ئه‌وا هێدی هێدی پلانی بۆ داده‌ڕێژن بۆ ئه‌وه‌ی به ئه‌نجام بگات.
"له ده‌شت سیاسه‌ت ناکه‌ن"
له‌قسه‌کانی موراد قەرەیڵان ڕا ده‌رده‌که‌وێ که زۆر گرنگی به مه‌سه‌له‌ی ئۆپه‌راسیۆنه‌کانی که‌جه‌که و پڕۆسه‌ی دادگاییه‌کان ده‌دا. "با بێینه سه‌ر بابه‌تی ئۆپه‌راسیۆنه‌کانی که‌جه‌که. ته‌نانه‌ت محه‌ممه‌د ئاغار گوتبووی با له ده‌شت سیاسه‌ت بکه‌ن. ئه‌وه‌نێ ئه‌وانه‌ی له ده‌شت سیاسه‌ت ده‌که‌ن، کۆیان ده‌که‌نه‌وه. جا چ په‌که‌که‌یی بن، چ که‌جه‌که‌یی. ئایا چه‌کیان به ده‌سته‌وه گیراوه؟ بۆ نمونه با باسی فرات ئانلی بکه‌ین. پارێزه‌ره. پاشان له هه‌ڵبژاردنه‌کاندا بوو به سه‌رۆک شاره‌وانی. من سه‌رۆکی ده‌سته‌ی به‌ڕێوه‌به‌ری که‌جه‌که‌م، ئه‌گه‌ر ئه‌وان سه‌ر به ئێمه بن، ڕاشکاوانه ده‌یڵێم."
ئۆجه‌لان له ڕێگه‌ی پارێزه‌ره‌کانیه‌وه، هه‌م نامه‌ی بۆ قه‌ندیل نارد و هه‌م بۆ حکومه‌ت، به‌ڵام ڕایگه‌یاند که بێ به‌رسڤ ماوه‌ته‌وه. ئایا وەڵامی ئۆجه‌لانتان نه‌داوه‌ته‌وه؟
به‌رسڤی نامه‌که‌ی ئۆجه‌لانمان دایه‌وه. به‌ڵام له‌وانه‌یه له‌به‌ر هه‌ندێک هۆ به‌ده‌ستی نه‌گه‌یشتبێ. ئۆجه‌لان نامه‌یه‌کی نووسی که هه‌ڵگری ڕێنوێنی بوو بۆ چاره‌سه‌ری. داوای کردوه گۆڕانکارییه‌کانی ئه‌م قۆناغه به هه‌ند وه‌ربگیرێن. له وەڵامدا نووسیمان: ئێمه گومانمان هه‌یه، به‌ڵام له هه‌ر هه‌لومه‌رجێکدا قسه‌کانی به‌هه‌ند وه‌رده‌گرین. له‌سه‌ر ناوی جووڵانه‌وه درێژه به دیالۆگه‌کانمان ده‌ده‌ین، سه‌رجه‌م ئه‌و دیالۆگانه‌ی له‌وێ به‌ڕێوه ده‌بڕێن، ئێمه‌ش لێره ده‌یانخه‌ینه بواری پراکتیکه‌وه. ئاکه‌په و ده‌وڵه‌ت له‌سه‌ر دوو هێڵ ده‌ڕۆن. له‌لایه‌که‌وه له سه‌ر بنه‌مای مارژیناڵ کردنی بزوتنه‌وه‌که‌مان خۆیان بۆ جموجوڵی سه‌ربازی ئاماده ده‌که‌ن، له لایه‌کی تریشه‌وه خۆیان وه‌ک لایه‌نگری چاره‌سه‌ری نیشان ده‌ده‌ن. دروستی و جدییه‌تیان تێدا نابینرێ.
" خواردنه‌وه نیه، واز له جگه‌ره‌ش ده‌هێنین"
په‌که‌که به ئاڵوگۆڕی پاره‌ی ڕه‌ش تاوانبار ده‌کرێ. سه‌باره‌ت به‌و بانگه‌شانه‌ی که لەگەڵ قاچاغچیه‌کان هاوئاهه‌نگه، بازرگانی به شه‌ڕ ده‌کا و له به‌ر ئه‌مه‌ش هه‌رگیز واز له چه‌ک ناهێنێ، له موراد قەرەیڵان ده‌پرسم "ئایا ئێوه بازرگانێکی شه‌ڕن؟" له‌وەڵامدا ده‌ڵێ: ئه‌مانه گشتیان سه‌فسه‌ته‌ن. پێتان خۆشه چه‌ندین ڕۆژ لێره بمێننه‌وه، ته‌نانه‌ت لیژنه‌ی ناوده‌وڵه‌تی بنێرن. هه‌موو ئه‌رشیڤه‌که‌مان ده‌خه‌ینه ڕوو. ئه‌گه‌ر ته‌نیا یه‌ک شتی قاچاغیان دۆزیه‌وه، ئه‌و کات ده‌ڵێن سه‌رجه‌م ئه‌و قسانه‌ی گوتومانه هه‌ڵه‌ن. کۆمه‌ڵێ پرنسیپمان بۆ ژیان هه‌یه. هه‌ر جۆره مادده‌یه‌کی هۆشبه‌ر و خواردنه‌وه‌ی ئه‌ڵکۆڵی ڕه‌ت ده‌که‌ینه‌وه. ته‌نها جگه‌ره ده‌کێشین، ئیتر واز له‌ویش ده‌هێنین.
سه‌رچاوه: ڕۆژنامه‌ی ڕادیکاڵ 28/10/2010