وه‌رگێڕانی: سه‌لاحه‌دین بایه‌زیدی
من حوسێن خزری کوڕی عه‌لی، ساڵی ١٣٦١ له شاری ورمێ له‌دایک بووم. وه‌ک ده‌زانن و له میدیاکانیشدا باسکراوه، هاوینی ١٣٨٧ له کرماشان قۆڵبه‌ست کرام. من وه‌ک چالاکڤانێکی سیاسی که بڕوام به کۆمه‌ڵگەی مه‌ده‌نی هه‌یه، له ساڵی ١٣٨٣ به دواوه، له‌گه‌ڵ داموده‌زگا مه‌ده‌نییه‌کان، ڕێکخراوه یاسایییه ناده‌وڵه‌تییه‌کان له کوردستان و ئێران هاوکاریم کردووه. من به‌رده‌وام له سه‌ر ئه‌و بڕوایه بووم که ئازادی ئه‌و کاته له کۆمه‌ڵگەدا سه‌قامگیر ده‌بێ که تاک به هه‌موو شێوه‌یه‌ک خۆی له چوارچێوه‌ی ده‌زگاکانی ده‌وڵه‌ت ڕزگار بکا و ده‌ست بکا به ڕێکخستنی دیموکراتییانه و ناده‌وڵه‌تی. له‌وه‌ها حاڵه‌تێکدا ده‌کرێ به کۆمه‌ڵگەی مه‌ده‌نی و یۆتۆپیا هیوادار بین. له‌م چوارچێوه‌یه‌دا، ماوه‌یه‌کی زۆر له‌گه‌ڵ چالاکانی مه‌ده‌نی و مافی مرۆڤ له کوردستان خه‌باتم کرد. له‌گه‌ڵ زۆر له هه‌ڤاڵانی دڵسۆزم هه‌وڵماندا مه‌رهه‌مێک بین بۆ جه‌سته‌ی زامداری کۆمه‌ڵگەکه‌مان. ئه‌گه‌رچی زۆر جار له لایه‌ن هاوڕێیانمه‌وه ئاگادار کرامه‌وه که له ژێر چاودێری دام، به‌ڵام من خۆشاردنه‌وه‌م به پێویست نه‌ده‌زانی، چونکه بڕوام به ڕاستی و یاسایی بوونی کاره‌که‌م هه‌بوو. ڕێک به‌ر له‌وه‌ی قۆڵبه‌ست بکرێم واته ڕۆژی ٨ی گه‌لاوێژی ساڵی ١٣٨٧ به پێشنیاری یه‌کێک له دۆستان ڕۆیشتمه کرماشان، تاکوو سه‌باره‌ت به چۆنیه‌تی بارودۆخی چالاکییه مه‌ده‌نییه‌کان لێکۆڵینه‌وه‌یه‌ک ئه‌نجام بده‌م و ده‌رئه‌نجامه‌کانی لێکۆڵینه‌وه‌که‌م وه‌ک وتارێک بڵاو بکه‌مه‌وه.
به‌ره‌به‌یانی ڕۆژی پێنجشه‌ممه ١٠ی گه‌لاوێژی ١٣٨٧ له گه‌راجی کرماشان که‌سانێکی نه‌ناسراو هێرشیان کرده سه‌رم. قۆڵبه‌ستیان کردم و به ئۆتۆمبێلێکی "پێژۆ" ڕه‌وانه‌ی گرتووخانه‌یه‌کیان کردم که له ناو بنکه‌یه‌کی سه‌ربازیدا هه‌ڵکه‌وتبوو. دواتر زانیم ئه‌وێ "سوپای نه‌بی ئه‌کره‌م"ه و ئه‌و که‌سانه‌ی منیشیان قۆڵبه‌ست کردووه ئیتلاعات و سوپای پاسدارانی کرماشان بوون. له هه‌مان ده‌سپێکی قۆڵبه‌ستکردنم، دژوارترین ئه‌شکه‌نجه و ئازاری جه‌سته‌ییم له سه‌ر په‌یڕه‌و کرا. ئه‌وان بێ ئه‌وه‌ی به‌ڵگه‌یه‌کیان دژی من هه‌بێ، تاوانی "دژه ئینقلاب" و هه‌وڵدان دژی ئاسایشی نه‌ته‌وه‌ییان دایه پاڵ من. تاکه به‌ڵگه‌شیان ئه‌وه بوو که ئامانجی من واته ڕزگارکردنی گه‌نجان له ژێر چنگی ماده هۆشبه‌ره‌کان و گه‌نده‌ڵی ئه‌خلاقی لەگەڵ ئامانجه‌کانی ڕێکخراوێکی کوردی یه‌کیان ده‌گرته‌وه. بۆ ماوه‌ی ٤٩ ڕۆژ له‌و شوێنه منیان هێشته‌وه و به دژوارترین شێوه ئه‌شکه‌نجه‌یان دام. هه‌موو جارێ تا گه‌یشتن به شوێنی ئه‌شکه‌نجه، ده‌بوایه ٣٧ قادرمه‌م بژاردبا. هاتنه خواره‌وه له‌و قادرمانه ئه‌گه‌رچی وێڕای ده‌ستبه‌ند و پێبه‌ند ئه‌سته‌م بوو، به‌ڵام سه‌رکه‌وتن به جه‌سته‌ی شل و شه‌که‌ت ته‌نانه‌ت به بێ کۆتی ده‌ست و پێ دژوارتر بوو و چه‌ندین جار به بێهۆشی منیان بردبۆوه بۆ ژوورەکەم.
به‌رده‌وام چاوم به‌سترابوو و ته‌نیا له ژووری گرتووخانه‌دا مافی ئه‌وه‌م هه‌بوو چاوم بکه‌مه‌وه. ئه‌ویش له ژوورێکی به‌رته‌سک و تاریک که شه‌و و ڕۆژی دیار نه‌بوو. له‌م ماوه‌یه‌دا، ئامانجی ئه‌وان ته‌نیا په‌ژراندنی کۆمه‌ڵێک دانپێدانان بوو که ڕۆحیشم ئاگاداری نه‌بوو. له‌ژێر ئازاری ئه‌شکه‌نجه‌دا، ته‌نانه‌ت ئه‌و کاتانه‌ی نه‌مده‌توانی بجوڵێمه‌وه، وه‌ک په‌سندکردنی دانپێدانانه‌کان مۆری په‌نجه‌میان له سه‌ر ئه‌و لاپه‌ڕانه ده‌دا که ئێستاکه‌ش ئاگاداری نووسراوه‌کانی ناویان نیم.
به‌یانی ڕۆژی چل و نۆهه‌م که ده‌کاته ٢٨ی خه‌رمانانی ١٣٨٧، هاوکات لەگەڵ هه‌ڤده‌هه‌مین ڕۆژی ڕه‌مه‌زان، به ده‌ست و پێ به‌ستراوی له به‌تانیه‌کیان پێچام و به ئۆتۆمبێلێکی ئامبوڵانس له‌و شوێنه هێنایانمه ده‌ره‌وه. بێ ئه‌وه‌ی بزانم ده‌مبه‌ن بۆ کوێ، له‌و نه‌فره‌تخانه‌یه ده‌ریانهێنام. کاتێک تێگه‌یشتم ئۆتۆمبێله‌که ئامبوڵانسه، که‌سێک له ناو ئۆتۆمبێله‌که ده‌رزییه‌کی خه‌وهێنه‌ر یان له‌وانه‌شه بێهۆشکه‌ری لێدام. نازانم دوای چه‌ند کاتژمێر به ئاگا هاتم یان وه هۆشیان هێنامه‌وه. دوو ئۆتۆمبێلی دیکه له پاش و پێشی ئێمه ده‌ڕۆیشتن. به ده‌نگی بێ سیمه‌کانیان ڕا دیار بوو نزیکی ورمێ ده‌بین. چونکه سه‌باره‌ت به سوێربوون و نه‌بوونی گولی ورمێ قسه‌یان ده‌کرد. سه‌روبه‌ندی به‌ربانگ، گه‌یشتینه شوێنی مه‌به‌ست. منیان ڕاده‌ستی گرتووخانه‌ی کاتی ئه‌لمه‌هه‌دی سوپا کرد. له گرتووخانه‌ی ئه‌لمه‌هه‌دی هه‌موو شتێک له سیفره‌وه ده‌ستی پێکردوە. له ئه‌شکه‌نجه‌وه بگره تا لێپرسینه‌وه. ڕۆژه‌کان و هه‌فته‌کانی سه‌ره‌تا به لامه‌وه ئه‌سته‌م بوو، به‌ڵام پاش چه‌ند مانگ مانه‌وه له‌وێ، ئیتر ڕاهاتم. ئیتر هه‌ستیار و به مه‌راق نه‌بووم سه‌باره‌ت به‌وه‌ی فڵان شوێنی جه‌سته‌م شین و ڕه‌ش هه‌ڵگه‌ڕاوه، چونکه ئازای له‌شم شین و ڕه‌ش ببوو.
چوار مانگ بوو قۆڵبه‌ست کرابووم، هێشتا هیچکه‌س ئاگاداری چاره‌نووسی من نه‌بوو. پاش چوار مانگ مۆڵه‌تیان دام، بنه‌ماڵه‌که‌م چاویان به من بکه‌وێ. دواجار بۆ ماوه‌ی پێنج خوله‌ک و له ژێر چاودێری چه‌ند مه‌ئموورێک، چاوم به دایکم و باوکم که‌وت. ده‌رئه‌نجامی ئه‌و چاوپێکه‌وتنه‌ش شتێک نه‌بوو جگه له هه‌ڕه‌شه‌کردن له بنه‌ماڵه‌که‌م و گوشارهێنانی زیاتر بۆ سه‌ر من. سه‌رئه‌نجام ڕێکخراوی سوپای پاسدارن پاش ١٥٩ ڕۆژ ڕاگرتن له ژووری تاکه‌که‌سی و له ژێر دژوارترین ئه‌شکه‌نجه‌کان و هه‌لومه‌رجی ناله‌بار، به ده‌ست و پێی به‌ستراو منیان ڕاده‌ستی کۆمه‌ڵێک چڵکاوخۆری نوێ کرد به ناوی ده‌زگای ئیتلاعات بۆ ئه‌وه‌ی به‌شکم ئیسک و پروسکێکیش به‌ر ئه‌وان بکه‌وێ. ده‌زگای ئیتلاعاتیش به هۆی ئه‌وه‌ی شانسی قۆڵبه‌ستکردنم که‌وتبووه به‌ر ده‌ستی سوپا و له کیس ئه‌وان چووبوو، تا بڵێی توڕه بوو، ده‌رهه‌ق به من خۆیان له هیچ چه‌شنه کرده‌وه‌یه‌کی نامرۆڤانه و نائه‌خلاقی نه‌بوارد. ناچار بووم له به‌رامبه‌ر ئه‌م هه‌موو ئه‌شکه‌نجه‌یه‌دا، دان به جه‌رگم دابنێم. لەگەڵ هه‌ر باتۆم، شه‌للاق، مست و شه‌قێکدا هه‌وڵم ده‌دا ئیراده‌م پته‌وتر بکه‌م. چل ڕۆژ به‌و شێوه‌یه له ده‌زگای ئیتلاعات مامه‌وه. به درێژایی ئه‌م ماوه‌یه پرسیارێک له به‌رده‌مما زه‌ق بۆوه: بۆچی کۆماری ئیسلامی به‌و ڕاده‌یه له چالاکی مه‌ده‌نی و کۆمه‌ڵایه‌تی که ده‌بنه هۆی وشیاربوونه‌وه‌ی لاوان و نه‌سڵی نوێ، ده‌سله‌مێته‌وه؟ بۆچی که‌سێک نابێ له ده‌ره‌وه‌ی بازنه‌ی ده‌وڵه‌ت بیر بکاته‌وه؟
دواجار ده‌زگای ئیتلاعات پاش ته‌واوکردنی دۆسیه‌که‌م و تێپه‌ڕبوونی ١٩٩ ڕۆژ مانه‌وه له ژووری تاکه‌که‌سی، ڕۆژی ٢٦ی ڕێبه‌ندانی ١٣٨٧، بۆ یه‌که‌مجار ڕێگه‌یان دام چاوم به دادوه‌ری لقی ٦ی دادسه‌رای گشتی بکه‌وێ تاکو له تاوانه‌که‌م بگه‌یه‌نێ و پێم ڕابگه‌یه‌نێ. هه‌مان ڕۆژ واته ٢٦ی ڕێبه‌ندانی ١٣٨٧ منیان ڕه‌وانه‌ی گرتووخانه‌ی ناوه‌ندی ورمێ کرد. پاشان دوای تێپه‌ڕبوونی ماوه‌یه‌ک له گرتووخانه، ڕۆژی ٢٨ی ٢ی ١٣٨٨ له لقی یه‌کی دادگای شۆڕشی ئیسلامی که دادوه‌ر "ده‌روێشی" سه‌رپه‌رشتی ده‌کرد، دادگایی کرام. له‌و دادگاییه‌دا، نوێنه‌ری سوپا، نوێنه‌ری ئیتلاعات و نوێنه‌ری دادستان به‌شدار بوون و به‌ر له‌وه‌ی بانگه‌شه‌نامه‌ی دادوه‌ر سه‌باره‌ت به من بخوێندرێته‌وه، هه‌ر سێ نوێنه‌ر به نۆره مافی ئاخافتنیان وه‌رگرت و هه‌ر سێکیان داوایان له دادوه‌ر کرد توندترین سزاکانم به سه‌ردا بسه‌پێنێ. له‌و ساته‌دا تێگه‌یشتم دادوه‌ر، له‌و دادگا ڕواڵه‌تییه‌دا ته‌نیا بووکه‌شووشه‌یه‌که و حوکمی من پێشتر ده‌رکراوه. دادوه‌ر ته‌نیا له‌به‌ر ئه‌وه‌ی بوونی خۆی ڕابگه‌یه‌نێ، چه‌ند پرسیارێکی ئاڕاسته کردم که بریتی بوو له ژیاننامه‌ی من و ئیتر به هیچ شێوه‌یه‌ک ڕێگه‌ی نه‌دام له به‌رامبه‌ر ئه‌و تاوانانه‌ی به سه‌رمدا سه‌پێندراون، داکۆکی له خۆم بکه‌م. هه‌ر له‌و شوێنه، ئه‌و حوکمه‌ی ده‌بوایه به‌سه‌رمدا سه‌پابایه، ڕوون بۆوه و ڕۆژێک به‌ر له دادگایی له لایه‌ن پارێزه‌ره‌که‌مه‌وه پێم ڕاگه‌یه‌نرا که حوکمی له سێداره‌دانی من بوو.
ئه‌گه‌رچی سه‌رجه‌م سزاکانی سه‌رووی ده ساڵ و له‌ناویاندا بڕیاری له سێداره‌دان، ده‌بێ له لایه‌ن دیوانی باڵای وڵاته‌وه، پێداچوونه‌وه‌یان به سه‌ردا بکرێ، به‌ڵام ئه‌و ده‌رفه‌ته به من نه‌درا و حوکمی یه‌که‌م دادگا، بۆ تاوتوێکردن ڕه‌وانه‌ی دادگای پێداچوونه‌وه‌ی پارێزگای ئازه‌ربایجانی ڕۆژئاوا کرا. بۆ ئه‌وه‌ی له‌وێ تاوتوێ بکرێ و چاوی پێدا بخشێننه‌وه. له کاتێکدا ئه‌و دادگایه به هیچ شێوه‌یه‌ک توانا و ده‌سه‌ڵاتی تاوتوێکردنی ئه‌و دۆسیه‌یه‌ی نییه. به هه‌ر حاڵ، سزای دادگای سه‌ره‌تایی، له لقی ده‌ی دادگای پێداچوونه‌وه‌ی پارێزگا له لایه‌ن دادوه‌ران جه‌لیلیزاده‌ی محه‌مه‌دی، حه‌سه‌نلوو و عه‌لی پوور پشت ڕاست کرایه‌وه و ئه‌و سزایه ڕۆژی ١٧ی ٥ی ١٣٨٨ ڕه‌وانه‌ی به‌شێ به‌ڕێوه‌بردنی سزاکانی دادگای شۆڕشی ئیسلامی کرا بۆ ئه‌وه‌ی جێبه‌جێ بکرێ. له ئه‌نجامی هه‌وڵه‌کانی بنه‌ماڵه‌که‌م و ناڕه‌زایه‌تی پارێزه‌ره‌که‌م سه‌باره‌ت به‌وه‌ی که ئه‌م حوکمه له چوارچێوه‌ی ده‌سه‌ڵاتی دادگای پێداچوونه‌وه‌ی پارێزگادا نییه، دۆسیه‌که له به‌شی جێبه‌جێکردنی حوکمه‌کان هاته ده‌ره‌وه و بۆ دادگایی کردنه‌وه‌یه‌کی تر ڕه‌وانه‌ی ئه‌نجومه‌نی باڵای وڵات کرا.
ئه‌گه‌رچی ویستی من سه‌باره‌ت به داخوازی دادگاییه‌کی تر، چه‌ند ڕۆژێک له‌مه‌وبه‌ر واته سه‌ره‌تاکانی مانگی ڕێبه‌ندان ڕه‌د کرایه‌وه، به‌ڵام بڕیار و ده‌رئه‌نجامی کۆتایی ئه‌نجومه‌نی باڵای وڵات، له ئێستاوه به‌سه‌رنجدان به‌و دۆسیه‌یه‌ی بۆ منیان هه‌ڵبه‌ستووه، ڕوون و ئاشکرایه.
من په‌رۆش و ژاکاوی ئه‌وه نیم سزای مه‌رگم به سه‌ردا سه‌پاوه، چونکه وه‌ک مرۆڤێکی ئازادیخواز دادگایی ده‌کرێم. ئه‌گه‌ر له‌سێداره‌دانی من و هاوژووره‌کانم به‌سوود ده‌بێ بۆ وڵات و گه‌له‌که‌م، نه‌ک جارێک بگره هه‌زار جاری دیکه‌ش ئامادەین بمرین. نرخی ئازادی زۆر له‌مانه زیاتره. ته‌نیا دڵته‌نگی من ئه‌وه‌یه بوومه‌ته هۆی ئازاردانی بنه‌ماڵه‌که‌م. هیوادارم بمبوورن ئه‌گه‌ر وه‌ک ڕۆڵه‌یه‌ک و برایه‌ک قه‌رزداریانم، چونکه ویستم قه‌رزداری گه‌له‌که‌م نه‌بم و ڕۆڵه‌ی هه‌موو کۆمه‌ڵگە بم.
با کۆماری ئیسلامی ئێرانیش باش بزانێ که چیتر لاوانی کورد له مه‌رگ ناترسن. چونکه مردن باشتره له کوێلایه‌تی. ئێمه بۆ گه‌یشتن به ئازادی و به‌جێهێنانی ئاواته‌کانمان، تا دوا هه‌ناسه و دوا دڵۆپی خوێنمان خه‌بات ده‌که‌ین. ئێمه گه‌نجانی کورد، به پێوه ده‌مرین به‌ڵام هه‌رگیز ملکه‌چی و شووره‌یی په‌سند ناکه‌ین.
حوسێن خزری کوڕی عه‌لی
گرتووخانه‌ی ناوه‌ندی ورمێ
به‌ندی ١٢