گونا‌ی ئا‌سڵان
له تورکییه‌وه: سه‌لاحه‌دین بایه‌زیدی
له تورکیا ده‌مێکی درێژه گفتوگۆ له سه‌ر مۆدێلی سریلانکا ده‌کرێ. یه‌که‌مجار نووسه‌ری ئیسلامی "فه‌همی کورو" که به دۆستێکی زۆر نزیکی سه‌رۆک کۆماری تورکیا عه‌بدوڵا گویل ناسراوه، بابه‌ته‌که‌ی خسته ڕۆژه‌ڤه‌وه. ئیسلامیه‌کان به ڕۆژنامه‌نووس، نووسه‌ر و ڕێبه‌ری ئایینیه‌وه، ده‌یانه‌وێ له به‌رامبه‌ر په‌که‌کەدا ئه‌و شێوازه بگیرێته به‌ر که ده‌وڵه‌تی سریلانکا دوو ساڵ له‌مه‌وپێش، "توند‌و تیژییه‌کی بێ سنوور"ی دژی پڵنگه‌کانی تامیل په‌یڕه‌و کرد. له‌و پێناوه‌دا جاڕ ده‌ده‌ن و چاره‌سه‌رییه‌ک ده‌خه‌نه ڕوو که کێشه‌که له "ریشه"وه چاره‌سه‌ر بکات (هه‌ر وه‌ک چۆن له سریلانکا ڕووی دا).
فه‌همی کۆرو له سه‌رتۆپی میدیا ئیسلامیه‌کان، ڕۆژنامه‌ی (زه‌مان)دا وتارێکی به نازناوی "ته‌ها کڤانچ" نوسی، تیایدا ئاماژه‌ی به قسه‌ی "دۆستێک" کرد و باسی ئه‌وه‌ی هێنایه ئاراوه که ده‌کرێ ئه‌و قه‌تڵوعامه‌ی له سریلانکا ڕووی دا، له کوردستانیش جێبه‌جێ بکرێ.
مۆدیلی سریلانکا
ئه‌و دۆسته‌ی، نووسه‌ری ئاماژه‌پێکراو باسی ده‌کا، که‌سێک نییه جگه له سه‌رۆککۆماری تورکیا عه‌بدوڵا گویل. هه‌ر وه‌ک ده‌زانین، ئه‌و شه‌ڕه‌ی که سریلانکا دژی تامیله‌کان ده‌ستی پێ‌کرد، هه‌شت مانگ درێژه‌ی خایاند و بووه هۆی گیان له ده‌ست دانی ۴۰ هه‌زار که‌س و ده‌ربه‌ده‌ربوونی ۴۰۰ هه‌زاری تر، گوند، ناوچه و شاره‌کان لەگەڵ خاک‌دا یه‌کسان کران و ده‌ستدرێژی کرایه سه‌ر مناڵانی که‌م ته‌مه‌ن و ژنان. له جه‌نگه‌ی ئه‌و شه‌ڕه قورسه‌دا، سه‌رۆککۆماری تورکیا عه‌بدوڵا گویل، به ته‌له‌فۆن په‌یوه‌ندی به "راجاپاکاسا" سه‌رۆککۆماری سریلانکاوه کرد.
سه‌رۆککۆماری سریلانکا، هه‌م مزگێنی سه‌رکه‌وتنی به سه‌رۆککۆماری تورکیا دا و هه‌میش له ڕوانگه‌ی دیپلۆماسییه‌وه داوای یارمه‌تی لێکرد. گویل به شێوه‌یه‌کی ئه‌رێنی وڵامی ئه‌م داواکارییه‌ی دایه‌وه. دیپلۆماسی تورک له ئه‌وروپا، دژی دیپلۆماسی تامیله‌کان که‌وته جموجوڵ.
پڵینگه‌کانی تامیل، ڕێکخراوێک بوون که لۆبیه‌کی به‌هێزیان له ئه‌وروپا هه‌بوو. دوابه‌دوای شکستیان له‌و شه‌ڕه‌دا، له ئا‌ڵمانیا به تایبه‌تی و زۆربه‌ی وڵاتانی ئه‌وروپا به گشتی چالاکی پڕۆتستۆییان به‌ڕێوه برد. وه‌ک ده‌سته‌ی ئاشتی ئه‌وروپا، به‌شداریمان له هه‌ندێک له‌و چالاکییانه‌دا کرد و ئه‌و ڕۆژانه لەگەڵ ئازاره‌کانیاندا به ته‌نیا جێ‌مان نه‌هێشتن.
تامیله‌کان، چه‌ندین جار باسیان له پشتیوانی ده‌وڵه‌تی تورکیا له سریلانکا کردبوو، به‌ڵام ئه‌وان ڕۆژان، به ئه‌سته‌م بڕوامان به‌و قسانه ده‌کرد. لێ پاش ماوه‌یه‌کی کورت، ڕاستی قسه‌کانیان بۆ هه‌موو لایه‌ک ده‌رکه‌وت. ڕێک دوو ساڵ له‌مه‌وپێش، له کاتێکدا تامیله‌کان له ئه‌نجامی قه‌تڵوعامێکی گه‌وره‌دا تێک شکێنران و سه‌رۆککۆماری سریلانکا مزگێنی سه‌رکه‌وتنی به هاوتا تورکه‌که‌ی دا، عه‌بدوڵا گویل ته‌نیا به‌وه نه‌وه‌ستا دژی دیپلۆماسی تامیله‌کان بکه‌وێته جموجوڵه‌وه، به‌ڵکو له‌وان ڕۆژاندا، ئاماژه‌ی به پرسی کوردیش کرد و گوتی "به‌م زووانه شتی باش ڕوو ده‌ده‌ن"!
مه‌به‌ستی گویل له شتی چاک، نابێ هیچ شتێک بێ جگه له مۆدێلی سریلانکا. ئه‌مه له فه‌همی کۆرو فێر بووین. باش بوو پێمانزانی. ئێستا زۆر باش تێده‌گه‌ین پاش تێپه‌ڕبوونی دوو ساڵ، چ ده‌قه‌ومێ و چ پلانێکی نگریس به‌ڕێوه‌یه.
فه‌همی کۆرو، دۆسته نزیکه‌که‌ی گویل، پاش دروستبوونی کۆمه‌ڵێک کاردانه‌وه‌ی جۆراوجۆر، ڕۆژی ۱۹ی ئووت و ئه‌مجاره له ڕۆژنامه‌ی "ستار"دا، سه‌ر له‌نوێ بابه‌ته‌که‌ی وروژانده‌وه و نووسی:
"حکومه‌تی سریلانکا، ساڵی ۲۰۰۶ سه‌رله‌نوێ دانوستانه‌کانی لەگەڵ ڕێکخراوی تیرۆریستی پڵینگه‌کانی تامیل ده‌ست پێکرده‌وه. چاوپێکه‌وتنه‌کان، به ناوبژیوانی نوروێژ و له شاری ژنێڤ ئه‌نجام دران. دوابه‌دوای ده‌سپێکردنی گفتوگۆکان، ئه‌و تیرۆره جیاخوازییه‌ی سی ساڵ بوو به‌رۆکی ئه‌و وڵاته‌ی گرتبوو، پاش چوار ساڵ قۆناغی ئاگربه‌ست، دیسان که‌وته ڕۆژه‌ڤه‌وه. حکومه‌ت په‌ی به‌وه برد کێشه‌که له ڕێگه‌ی ئاشتییه‌وه چاره‌سه‌ر نابێ و په‌نای بۆ شێوازه کلاسیکه‌کانی چاره‌سه‌ری برده‌وه: توندوتیژی بێ سنوور.."
"... زیاتر له ۲۰ هه‌زار میلیتان، له لایه‌ن سوپای سریلانکاوه به شێوه‌یه‌کی دڕندانه کوژران؛ سه‌رۆکه‌که‌یان "ڤۆلوپیلای پرابهاکاران"یش له ناو کوژراوه‌کان دابوو. ڕێکخراوه‌که به یه‌کجاری له نێو چوو. ئه‌مه ڕۆژه‌که‌یه، ئه‌مان، با ئه‌م کێشه‌یه به ئاشتی چاره‌سه‌ر بێ، با ئه‌و شێوازه‌ی ده‌وڵه‌ته‌کان باش شاره‌زاییان به سه‌ریدا هه‌یه، تاقی نه‌که‌ینه‌وه، به پێویستی ده‌زانم ئاگادارتان بکه‌مه‌وه فه‌رمۆڵی پڵینگه‌کانی تامیل نه‌خه‌نه ڕۆژه‌ڤه‌وه!"
گه‌لۆ مۆدیلی سریلانکا، وه‌ک ئه‌وه‌ی کۆرو باسی ده‌کا، ڕووی دا‌و گه‌یشته ئه‌نجام؟ گه‌رچی ئه‌و نووسه‌ره ئیسلامییه له به‌رامبه‌ر به‌رزبوونه‌وه‌ی کاردانه‌وه‌کاندا ئه‌مجاره‌یان پاشه‌کشه‌ی کرد! له‌وانه‌یه له ترسی "تاوانباره هاوبه‌شه‌کان"ی قه‌تڵوعامه‌که، هه‌ڵبه‌زیبێته‌وه و هۆشداری ده‌دا مه‌سه‌له‌که نه‌که‌وێته ڕۆژه‌ڤه‌وه.
مۆدێلی قڕان و خاشه‌بڕکردن
مۆدێلی سریلانکا شتێک نییه جگه له کۆمه‌ڵێ حساب و بازرگانی قڕێژ که ئه‌نجامه‌که‌ی قه‌تڵوعامێکی جه‌ماوه‌ری بوو. لەگەڵ ئه‌وه‌شدا حکومه‌تی ئاکه‌په و میدیا ئیسلامییه لایه‌نگره‌کانی، وه‌ک مۆدێلێک بۆ کۆتایی هێنان به کێشه‌یه‌ک له تورکیا سه‌یری ده‌که‌ن و هه‌وڵ ده‌ده‌ن پراکتیزه‌ی بکه‌ن. لێره‌دا با به کورتی ئاوڕێک له‌و قۆناغه‌ی سریلانکا بده‌ینه‌وه.
سریلانکا ئه‌و وڵاته‌یه ئێمه‌ی کورد به چا قاچاغ و باشه‌که‌شی واته سه‌یلان ده‌یناسین. وڵاتێکی دورگه‌ییه له ئاسیا و له چوار لاوه به ئاو ده‌ور دراوه. له ئوقیانووسی هیند هه‌ڵکه‌وتووه و دانیشتوانی ۲۰ بۆ ۲۲ میلیۆن که‌سن. به هۆی سرووشته دڵڕفێنه‌که‌یه‌وه، سه‌رنجی خه‌ڵکی بۆ لای خۆی ڕاکێشاوه. له میتۆلۆژیادا باس له‌وه ده‌کرێ که ئاده‌م و حه‌وا، دوای ده‌رکرانیان له به‌هه‌شت فڕێ دراونه‌ته ئه‌م شوێنه‌وه. هه‌رچی بێ سه‌یلان، به‌هه‌شتی سه‌ر ڕووی زه‌وییه.
سریلانکا، که تاقمه ئیسلامییه‌کان ته‌نیا نموونه‌ی کوشتاره‌که‌ی دێننه‌وه، له هه‌مانکاتدا کۆمارێکی "سۆسیال دیموکرات"ه! سه‌یلان به درێژایی ۲۰۰ ساڵ له ژێرده‌ستی کۆلۆنیالی به‌ریتانیا دابووه و ساڵی ۱۹۴۸ سه‌ربه‌خۆیی ڕاگه‌یاندوه. ڕووبه‌ری ئه‌و وڵاته ۲۰ میلیۆنیه، ۶۵ هه‌زار کیلۆمه‌تری چوارگۆشه‌یه. (کوردستان ۵۵۰ هه‌زار کیلۆمه‌تری چوارگۆشه‌یه. یانی ده هێنده‌ی سریلانکا گه‌وره‌یه.) سریلانکا ۴۳۰ کیلۆمه‌تر درێژ و ۲۲۰ کیلۆمه‌تر پانه.
پێکهاته‌ی دانیشتوانی به‌مجۆره‌یه: ۷۰% سینهالی، ۸% مور و نزیکه‌ی ۲۰%یش تامیلن. تامیله‌کان هه‌ندێک جیاوازی فه‌رهه‌نگیان هه‌یه. به گشتی ۴ میلیۆن که‌سن. (ئه‌مه به به‌راورد لەگەڵ کوردستاندا دیسان ژماره‌یه‌کی که‌مه. کورده‌کان ۴۰ میلیۆن که‌سن!)
زمانی فه‌رمی سریلانکا، سینهالیه. به‌کارهێنانی زمانی تامیل له شوێنه گشتییه‌کان قه‌ده‌غه‌یه. ده‌وڵه‌تی سریلانکا هه‌روه‌ها مافی هه‌ڵبژاردن، مافی چاره‌ی خۆنووسین و په‌روه‌رده به زمانی زگماکی به تامیله‌کان نادا.
چاوپێکه‌وتن به ئامانجی پاکتاوکردن
به‌شێکی بچووک له تامیله‌کان و موره‌کان، موسڵمانن. ئه‌وانی تریش بودایین. به‌ڵام پڵنگه‌کانی تامیل (رێکخراوی ڕزگاریخوازی ئێله‌م - LTTE) ڕێکخراوێکی مارکسیستی بوو. تامیله‌کان، به ڕه‌چه‌ڵه‌ک خه‌ڵکی سریلانکا نین. نزیکه‌ی ۲۰۰ ساڵ له‌مه‌وپێش له هیندستانه‌وه کۆچیان کردووه و له باکووری سریلانکا نیشته‌جێ بوون. ئه‌و ڕێکخراوه‌ش که زیاتر به پڵنگه‌کانی تامیل ناسراوه، ساڵی ۱۹۷۶ له لایه‌ن کۆمه‌ڵێک خوێندکاره‌وه دامه‌زراوه.
ئه‌و ڕێکخراوه‌یه له پێناو ده‌سته‌به‌رکردنی مافه نه‌ته‌وه‌یی – دیموکراتیکه‌کانی گه‌لی تامیل که پاش دابڕانی سه‌یلان له به‌ریتانیا و دامه‌زراندنی سریلانکای نوێ پێشێل کرابوون و هه‌روه‌ها به ئامانجی دامه‌زراندنی ده‌وڵه‌تێکی سه‌ربه‌خۆ له باکووری ئه‌و وڵاته، ساڵی ۱۹۸۳ خه‌باتی چه‌کداری ده‌ست پێ‌کرد.
پڵنگه‌کانی تامیل که یه‌كێک له ته‌یارترین، پڕچه‌کترین و خۆڕاگرترین بزووتنه‌وه‌کانی گه‌ریلا بوو له دنیادا، ۲۶ ساڵ دژی سریلانکا خه‌باتی گه‌ریلایی به‌ڕێۆه برد و ۷۰ هه‌زار که‌س له ئه‌نجامی ئه‌و شه‌ڕانه‌دا گیانیان له ده‌ست دا. سوپای سریلانکا، ساڵانی ۲۰۰۰ له سه‌ر لێواری هه‌ڵوه‌شانه‌وه بوو. چاوپێکه‌وتنه‌کانی ئاشتی ڕێک له‌و کاته‌دا ده‌ستیان پێ‌کرد. حکومه‌ت له لایه‌که‌وه چاوپێکه‌وتنی لەگەڵ بزووتنه‌وه‌ی گه‌ریلا ئه‌نجام ده‌دا و له لایه‌کی تره‌وه، سه‌ر له‌نوێ سوپای بونیاد نایه‌وه. پاش ئه‌وه‌ی هاتنه‌وه سه‌ر خۆ، یه‌کسه‌ر ده‌ستی به هێرش کرد.
به‌ڵێ، به‌مجۆره ده‌وڵه‌تی سریلانکا سێپتامبری ۲۰۰۸، شه‌ڕێکی قورسی دژی تامیله‌کان ده‌ست پێ‌کرد، چونکه به ڕواڵه‌ت چاوپێکه‌وتنه‌کان بێ ئه‌نجام مابوونه‌وه. به‌ڵام له ڕاستیدا ئه‌و چاوپێکه‌وتنانه به ئامانجی لاڕێکردن ئه‌نجام ده‌دران. به‌داخه‌وه ڕێکخراوی پڵنگه‌کان به‌و چاوپێکه‌وتنانه هه‌ڵخه‌ڵه‌تا. پڵنگه‌کانی تامیل ده‌یانویست شه‌ڕ کۆتایی بێت و به ڕێگه‌ی سیاسی بگه‌نه ئه‌نجامێک و له‌م چوارچێوه‌یه‌دا، بایه‌خێکی گه‌وره‌یان به چاوپێکه‌وتنه‌کان ده‌دا. به‌ڵام حکومه‌ت که له هه‌موو بواره‌کانه‌وه چاوپێکه‌وتنی ئه‌نجام ده‌دا، هه‌نگاوێکی تایبه‌تی نه‌ده‌نا و هیچ خاڵێکی پراکتیزه نه‌ده‌کرد. ته‌نیا یاری به کات ده‌کرد.
دواجار شه‌ڕ سه‌ر له‌نوێ هه‌ڵگیرسایه‌وه. قۆناغی ئاگربه‌ستی چوار ساڵه، ڕێکخراوه‌که‌ی پاسیف کردبوو. لەگەڵ ئه‌وه‌شدا، ده‌وڵه‌ت له‌و شه‌ڕه قورس و هه‌مه‌لایه‌نه‌یه‌ی که سێپتامبری ۲۰۰۸ ده‌ستی پێ‌کردبوو، یه‌کسه‌ر نه‌گه‌یشته ئه‌نجام. شه‌ڕ به دژوارترین شێوه تا مانگی مه‌ی ۲۰۰۹ به‌رده‌وام بوو. له ڕۆژێکدا به سه‌دان گه‌ریلای تامیل کوژران!
سه‌رباری ئه‌مه‌ش، جیهانی هاوچه‌رخ ده‌نگی لێوه نه‌هات. چین ڕاشکاوانه پشتیوانی له سریلانکا کرد و دیپلۆماسیه‌کانی لەگەڵ ئه‌مریکا و ئه‌وروپا پێش خست بۆ ئه‌وه‌ی بێده‌نگ بن. سه‌رمایه‌ی جیهانیش لەگەڵ سریلانکا بوو، چونکه ئه‌و وڵاته بۆ ئه‌وان "به‌هه‌شتی توریستی" بوو. له‌م چوارچێوه‌یه‌دا، هێزه‌کانی ده‌وڵه‌ت تا "کوشتنی دوایین تیرۆریست" چی له ده‌ستیان هات، درێغیان نه‌کرد. توندوتیژی بێ سنوور له هه‌موو ناوچه‌یه‌ک جێبه‌جێ کرا. له‌و ناوچه بچووکه که تۆزێک له "وان" گه‌وره‌تره و هه‌ر چوار ده‌وروبه‌ری ئاوه، سه‌ربازه‌کان، تیمه تایبه‌تیه‌کان و به‌کرێگیراوان ناوچه‌که‌یان سه‌راوژێر کرد.
شکستی ڕێکخراو و په‌نابردنه‌وه‌ی ده‌وڵه‌ت بۆ سیاسه‌تی نکۆڵی
مانگی مه‌ی ۲۰۰۹، ڕێکخراوی پڵنگه‌کانی تامیل شکستێکی گه‌وره‌ی خوارد. هه‌زاران میلیتان و له‌ناویاندا سه‌رۆکی ڕێکخراوه‌که کوژران. پاش ئه‌وه‌ی کار له کار ترازا، نه‌ته‌وه یه‌کگرتووه‌کان لیژنه‌ی چاودێریان نارد بۆ سریلانکا. به گوێره‌ی زانیارییه‌کانی ئه‌و لیژنه‌یه، ۴۰ هه‌زار که‌س ژیانیان له ده‌ست داوه. ماڵ، گوند، ناوچه و شاره‌کان کاول کراون. ۴۰۰ هه‌زار که‌سیش ناچاری کۆچی زۆره‌ملێ بوون. ئه‌ندامانی پڵنگه‌کانی تامیل و سه‌رۆکه‌که‌یان چه‌ندین مانگ دژی مه‌رگ خۆڕاگرییان کردووه. دواجار سه‌رکرده ئه‌فسانه‌ییه‌که‌ی و هه‌زارن گه‌ریلا بوونه‌تە قوربانی. به‌شێک له ملیتانه‌کانیش بانگه‌وازی ده‌وڵه‌تیان له پێناو "چاره‌سه‌ری" به شتێکی ئه‌رێنی بینیوه و ته‌سلیم بوونیان هه‌ڵبژاردوه. ئێستا هه‌موو خه‌یاڵه‌کانی ئه‌وان بۆته بڵقی سه‌ر ئاو.
زۆربه‌ی هه‌ره زۆری شاره‌زایانی سریلانکا و پرسی تامیله‌کان، ده‌ڵێن له‌و ده هه‌زار ئه‌ندامه‌ی ڕێکخراوی پڵنگه‌کان، سێ هه‌زاریان کوژراون، به هه‌مان ئه‌ندازه‌ش خۆیان ڕاده‌ستی ده‌وڵه‌ت کردۆته‌وه و ئه‌وی تریش پاشه‌کشه‌یان کردوه، خۆیان حه‌شار داوه و سه‌ر له‌نوێ ده‌گه‌ڕێنه‌وه. له لایه‌کی تره‌وه پاش هه‌ره‌سی ئه‌و شۆڕشه، ده‌وڵه‌تی سریلانکا پێچه‌وانه‌ی ئه‌و به‌ڵێنانه‌ی به خه‌ڵکی دابوو، هه‌ڵسوکه‌وتی کرد. له جیاتی چاره‌سه‌رکردنی کێشه‌که، سیاسه‌تی "نکۆڵی" په‌ره پێدا. کێشه‌که به ته‌واوی مانا کپ کرا و له‌و شوێنانه‌ی تامیله‌کان کوژران، له‌و شوێنانه‌ی گوند و شار وێران کران، سه‌رمایه‌ی جیهانی خه‌ریکی به‌رزکردنه‌وه‌ی ئۆتێلی پێنج ئه‌ستێره‌یه.
بێگومان، تووناکردنی تامیله‌کان ئاوی له‌زاری حکومه‌تی ئاکه‌په هێنا. کۆمه‌ڵێک ده‌نگ له‌ناو حکومه‌ت به‌رز بوونه‌وه و گوتیان "له‌وێ کرا، لێره بۆ ناکرێ؟" تاقمه ئیسلامیه‌کان خوێناوی ترین کوشت و بڕی هاوچه‌رخ ده‌که‌نه سه‌رمه‌شق. ده‌ڵێن وه‌ک چۆن پڵنگه‌کانی تامیل تێکشکێنران، ئێمه‌ش به هه‌مان شێوه ده‌توانین په‌که‌که بسڕینه‌وه. هه‌ڵسوکه‌وتی حکومه‌تی ئاکه‌په، له‌م دوو ساڵه‌ی دواییدا به‌روونی ئه‌مه ده‌رده‌خا. ده‌وڵه‌تی تورکیا، ته‌نانه‌ت له دانیشتنه‌کانی لەگەڵ سه‌رۆکی په‌که‌که‌دا، مه‌به‌ستی ئه‌وه نییه پرسی کورد چاره‌سه‌ر بکا، به‌ڵکو ئامانجی چاره‌سه‌رکردنی په‌که‌که‌یه.