سه‌لاحه‌دین بایه‌زیدی
ئه‌و ده‌نگه‌ی له دوایین ساته‌کاندا، شه‌ڵاڵی خوێن و بێ باوه‌ڕانه هاواری ده‌کرد "چ ڕوو ده‌دا؟ من باوکتانم، من قه‌زافیم"، ئه‌گه‌ر به لای هه‌ندێکه‌وه دوایین ڕسته‌کانی ژیانی دیکتاتۆرێک بێ، بۆ کورد بیرهێنه‌ره‌وه‌ی ده‌نگێکه که سه‌رده‌مانێک له که‌ناره‌کانی ده‌ریای مه‌دیته‌رانه‌وه، له پاڵ چیاکانمان وه‌ستا.
موعه‌مه‌ر قه‌زافی، خۆشبه‌ختانه یان مه‌خابن، هه‌تا دوایین ڕۆژه‌کانی ده‌سه‌ڵاتی، پشتیوانی له کورد کرد. یه‌که‌م وڵاتی عه‌ره‌بی بوو دانی به تاوانی هه‌ڵه‌بجه دانا و نوێنه‌ری تایبه‌تی نارده ئه‌و شاره، سه‌ربه‌خۆیی و مافی چاره‌ی خۆنووسینی بۆ کورد به ڕه‌وا بینی، له سایته‌که‌یدا لینکی زمانی کوردی کرده‌وه. له بۆنه و وتوێژی جۆراوجۆردا سه‌رنجی بۆ سه‌ر دوڕویی جیهان له‌مه‌ڕ کورده‌کان ڕاکێشا. له پرێس کۆنفرانسێکدا، به سه‌رۆک وه‌زیری ئه‌وکاتی تورکیا، نه‌جمه‌دین ئه‌ربه‌کانی گوت بۆ مافی کورده‌کان ناده‌ن، بۆ قه‌تڵوعامیان ده‌که‌ن؟ له‌گه‌ڵ ده‌سپێکردنی خۆپیشاندانه‌کانیش له لیبیا، له وتوێژ له‌گه‌ڵ ته‌له‌ڤزیۆنێکی تورکیا، له وەڵامی پرسیارێکدا سه‌باره‌ت به ئاسمانی دژه‌فڕین له لایه‌ن ناتۆ و ویلایه‌ته یه‌کگرتووه‌کانه‌وه گوتی: ئه‌ی بۆ کێشه‌ی کورد له ڕۆژهه‌ڵاتی تورکیا چاره‌سه‌ر ناکه‌ن؟ کورده‌کان له‌وێ داوای مافی خۆیان ده‌که‌ن و بۆ ئه‌وه‌ی ببنه ده‌وڵه‌ت به ساڵان دژی تورکیا ده‌جه‌نگن، بۆچی ئاسمانی ئه‌وێ قه‌ده‌غه ناکه‌ن؟ بۆچی ئه‌وروپا و ئه‌مریکا سه‌باره‌ت به‌مه بڕیارێک ناده‌ن؟ ئه‌مانه و زۆر لێدوانی دیکه.
قه‌زافی تا ئه‌و ڕۆژه‌ی خنکا، پێچه‌وانه‌ی ڕه‌وتی ئاو ڕۆیشت. له‌وانه‌شه بۆیه پشتگیری له کورد کردبێ، چونکه ئه‌و ساڵانه‌ی کورد به چه‌ک و چۆڵی ڕۆژهه‌ڵات و ڕۆژئاوا سه‌رکوت ده‌کران و ده‌کوژران، له جیهانی کڕو کپی ئه‌وسادا پشتیوانی کردن له‌و گه‌له دژایه‌تی بوو له گه‌ڵ نه‌زمی جیهانی. کورد که ژماره‌ی دۆسته‌کانی له په‌نجه‌کانی ده‌ست تێنه‌ده‌په‌ڕین، ده‌نگی گڕی ئه‌و دیکتاتۆڕه به لایه‌وه، تراویلکه‌ی ئومێدێک بوو له‌و دیو سه‌حراکانی عه‌ره‌ب.
قسه‌کانی بوێری پێ به‌خشین، له ڕاگه‌یاندنه‌کانماندا زه‌قمان کرده‌وه، دیاریمان بۆ نارد، وه‌ک سه‌رکرده‌یه‌کی نموونه ناسیمان و باغچه‌کانی شارمان به ناوه‌وه کرد.
وه‌نه‌بێ هه‌ر ئێمه به دۆستی خۆمان زانیبێ. قه‌زافی دۆستی دیکه‌شی هه‌بوو. ئه‌گه‌رچی له به‌رامبه‌ر دۆسته‌کانی دیکه‌یدا قسه‌ی ڕه‌قی ده‌کرد و بگره جنێویشی پێده‌دان، دیسان ئامێزیان پێدا ده‌کرد و ڕێزیان ده‌گرت. تا ماوه‌یه‌ک پێش به‌رپابوونی شۆڕشی لیبیاش، سه‌رۆک وه‌زیری ئیتالیا برلێسکۆنی، له وڵاته‌که‌ی فه‌ڕشی سووری بۆ ڕاده‌خست و شان له شانی یه‌ک، په‌یامیان به نه‌یاران ده‌دا. خێمه به‌ده‌وییه‌که‌ی قه‌زافی و ئاڵای شه‌کاوه‌ی لیبیا له باغێکی پاریس له ساڵی ٢٠٠٧، نیشانه‌ی په‌یوه‌ندی گه‌رموگوڕی نێوان ڕێبه‌رانی فه‌ره‌نسا و لیبیا بوو.
جیاوازی دۆستایه‌تی ئێمه و ئه‌وان له‌گه‌ڵ قه‌زافی له‌وه دابوو که قه‌زافی ئێمه‌ی به قسه کڕی و ئه‌وانی به نه‌وت و پاره و سامانی وڵاته‌که‌ی. ئێمه له ڕێگه‌ی خۆش ویستن و دۆستایه‌تی قه‌زافییه‌وه، زیانمان به هیچ که‌س نه‌گه‌یاند، ماڵی هیچکه‌سمان وێران نه‌کرد، ته‌نیا غه‌درمان له سروشتی خۆمان کرد، غه‌درمان له باغچه‌یه‌ک و شه‌قامێکی شاری سلێمانی کرد. به‌ڵام ئه‌وان غه‌دریان له ته‌رابلۆس کرد، له بنغازی، له زاویه. ئه‌وان بیابانه‌کانی ئه‌وێیان زه‌ردتر کرد و باغچه‌کانی خۆیان سه‌وزتر. پاره و نه‌وتی لیبیایان هه‌ڵلووشی و بوونه دیوارێکی به‌رز له به‌رده‌م هاواری ئازادیخوازان و چه‌وساوه‌کان.
به‌رژه‌وه‌ندی گۆڕا. ئه‌و پاره دابه‌شین و دۆستایه‌تیه‌ی ئه‌وان چیدی به که‌ڵکی قه‌زافی نه‌هات، هه‌ڵوێست و قسه‌کانیشی له سه‌ر کورد، نه‌یتوانی ئه‌و گه‌له بکاته هاوسۆزی خۆی. کوردیش وه‌ک سه‌رجه‌م خه‌ڵکی دیکه به ڕوخانی قه‌زافی خۆشحاڵ بوو، به‌ڵام هه‌ستێک له نێوان حه‌زکردنی ڕابردوو و ڕقی ئێستا به سه‌ریدا زاڵ بوو. هه‌ستێک که هه‌وڵ درا بشاردرێته‌وه و ته‌نیا دیوی خۆشحاڵیه‌که‌ی نیشان بدرێ.
دوایین هاواره‌کانی قه‌زافی، دوایین پاڕانه‌وه‌کانی به پێچه‌وانه‌ی ده‌نگه به‌رز و بڕوا به‌خۆکه‌ی جارانی که له پشت میکرۆفۆنه‌وه ده‌بیسترا، له ناو ده‌نگی ئه‌ڵڵاهوئه‌کبه‌ر و ته‌قه‌ی "شۆڕشگێڕان"دا ون ده‌بوو، له ناو ئه‌و مرۆڤه به خوێن تینوویانه‌ی ئه‌وه‌نده‌یان تاقه‌ت نه‌هێنا دروشمه‌کانی ڕاپه‌ڕینیان هه‌ر له سه‌ره‌تاوه ژێر پێ نه‌نرێ و بێته دی.
دیمه‌نی ئه‌و مرۆڤه ڕێشنانه‌ی له پێش کامێرای ئاژانسه‌کانی جیهان و مۆبایله‌کان به سه‌ری ئاڵۆز و جلوبه‌رگی شپڕێوه‌وه، سینگی ئاسمان به گوللـه‌ی تفه‌نگه‌کانیان ده‌دڕن، هه‌ڵده‌په‌ڕن و ده‌قیڕێنن، شه‌ق له ته‌رمه‌کان هه‌ڵده‌ده‌ن، مه‌ڕو ماڵات ده‌که‌نه قوربانی و سه‌ری بڕاویان له پێش کامێرا به‌رز ده‌که‌نه‌وه، سروشت یه‌کپارچه ده‌که‌نه ئاگر و به پۆستاڵ و چه‌کمه‌ی دیاری ناتۆ به سه‌ر فه‌رش و کۆشکه ڕاخراوه‌کاندا گوزه‌ر ده‌که‌ن و که‌لاوه‌یه‌ک له پاش خۆیان به جێ دێڵن، جارێکی دیکه پرسیاره ساده‌کانی قه‌زافی له مێشکماندا ده‌وروژێنن.
چۆنه ئه‌و ئیسلامیه ڕادیکاڵانه که هه‌موو هه‌وڵی میدیاکانی جیهان ئه‌وه‌یه سیمایه‌کی خۆشه‌ویست و ئازادیخوازیان لێ نیشان بده‌ن، له شوێنێکی تری جیهان له‌وانه‌یه تیرۆریست بن؟
بۆ پشتگیری له ڕاپه‌ڕین و خۆپیشاندانی خه‌ڵکی لیبیا ده‌که‌ن که زیاتر له چل ساڵ بێده‌نگ بوون و پشت له خۆپیشاندان و ڕاپه‌ڕینی گه‌لێک ده‌که‌ن که ته‌نانه‌ت چرکه‌یه‌کیش بێده‌نگ نین و سه‌دان ساڵه سه‌رکوت ده‌کرێن؟
وڵاتانی ئه‌وروپا، ئه‌مریکا و ناتۆ هاوکات له‌گه‌ڵ بروسکه‌ی پیرۆزبایی به بۆنه‌ی کوژرانی قه‌زافی، له‌و لاوه، خه‌باتگێڕانی کورد به تیرۆریست له قه‌ڵه‌م ده‌ده‌ن. ئه‌و خه‌باتگێڕانه‌ی له به‌رده‌م کامێرا، گوللـه‌کانیان له ژێر ئێله‌گدا حه‌شار ده‌ده‌ن، لووله‌ی چه‌که‌کانیان له ژێره‌وه ده‌گرن، سه‌ربازه دیله‌کان ئازاد ده‌که‌ن، له دژوارترین هه‌لومه‌رجی شاخدا ڕوخساریان پاک و خاوێن ڕاده‌گرن، کچانیان ته‌نانه‌ت له به‌ره‌کانی جه‌نگدا قژیان داده‌هێنن و دڵیان به سروشت و ئاژه‌ڵ ده‌سوتێ.
قه‌زافی کاتێک له ژیان دابوو، باسی ئه‌و دوڕویه‌تیه‌ی کرد چونکه خۆیشی سه‌باره‌ت به خه‌ڵکه‌که‌ی په‌یڕه‌وی له‌و سیاسه‌ته ده‌کرد. کارم به‌وه نییه به چ مه‌به‌ستێک پشتگیری له کورد کردووه، به‌ڵام بۆچوون و هه‌ڵوێسته‌کانی له سه‌ر کورد ڕاست بوون و بۆ ئه‌وه ده‌بێ به باشی یادیان لێ بکرێته‌وه. وه‌ک ئه‌و په‌نده کوردییه‌ی ده‌ڵێ "قسه‌ی ڕاست یان له شێت ببیسه یان مناڵ"، له‌و سه‌رکرده شێته بیسترا.
واقعی کورد و کێشه‌که‌ی هێنده تراژیکه، که قه‌زافیش بوو به دۆستمان. دۆستێک که ئێستاش پێمان سه‌یره بۆ خۆشمان ویست، بۆ خۆشی ویستین، دۆستێک که نامانه‌وێ دۆست بمێنێته‌وه و هه‌وڵ ده‌ده‌ین له یاده‌وه‌ریمانی بسڕینه‌وه.