سەلاحەدین بایەزیدی
وه‌ک چاوه‌ڕوان ده‌کرا، ئه‌سغه‌ر فه‌رهادی ده‌رهێنه‌ری ئێرانی، خه‌ڵاتی باشترین فیلمی نا ئینگلیزی زمانی، له مه‌راسیمی هه‌شتاو چواره‌مین خولی ئۆسکار وه‌رگرت و به‌مجۆره فیلمی "جیابوونه‌وه‌ی نادر له سیمین" بوو به یه‌که‌م فیلمی ئێرانی که خه‌ڵاتی ئۆسکار وەردەگرێ.
وه‌رگرتنی خه‌ڵاته‌که، "جیابوونه‌وه"یه‌کی دیکه‌شی له ئاستی ئێران نیشان دا، خه‌ڵکانێک که به جۆش و خرۆشه‌وه چاوه‌ڕوانی وه‌رگرتنی ئه‌و خه‌ڵاته بوون و شه‌ویان له پای ته‌له‌ڤزیۆنه‌کان ڕۆژ کرده‌وه، پیرۆزباییان له یه‌کتر کرد و به شێوه‌ی جۆراوجۆر خۆشحاڵی خۆیان ده‌ربڕی. له لایه‌کی دیکه‌وه، خه‌ڵکانێک که له به‌رامبه‌ر وه‌رگرتنی خه‌ڵاته‌که هه‌ستێکی ئه‌وتۆیان نه‌بوو و ڕۆژه‌ڤیان نه‌گۆڕدرا، وه‌ک بڵێی ئه‌م ڕووداوه هونه‌رییه، هیچ په‌یوه‌ندییه‌کی به‌و جوگرافیایه‌وه نییه که ئه‌وان تێیدا ده‌ژین.
ئه‌و جۆره بۆنانه، به شێوه‌یه‌کی زۆر ڕوون که‌ڵکه‌ڵه جیاوازه‌کانی نه‌ته‌وه جۆراوجۆره‌کان له ئێران ده‌خاته ڕوو و به بیرمان دێنێته‌وه که به هیچ شێوه‌یه‌ک خه‌م و شادی ئه‌و نه‌ته‌وانه لێک ناچێ. جگه له‌وه‌ی هه‌ستی جیاوازیان هه‌یه، جۆرێک له ململانێش ده‌ژین. هه‌ستی چه‌وساوه‌بوونی نه‌ته‌وه ژێرده‌سته‌کان له‌و بۆنه و ڕووداوانه‌دا، زیاتر به‌رجه‌سته ده‌بێ.
به‌ڵام پێش ئه‌وه‌ی ئه‌سغه‌ر فه‌رهادی خه‌ڵاتی ئۆسکار وه‌ربگرێ، هونه‌رمه‌ندێکی ئێرانی به‌ناوی موحسێن نامجوو یاداشتێکی کورتی سه‌باره‌ت به‌و ده‌رهێنه‌ره بڵاو کرده‌وه و هێڵه‌کانی جیابوونه‌وه‌ی کورد له فارسی تۆختر کرده‌وه. نامجوو بێزاری خۆی له‌و چه‌شنه له سینه‌ما ده‌ربڕیبوو که ''ئێران وه‌ک گوندێکی گه‌وره به خه‌ڵکی جیهان ده‌ناسێنێ، پڕ له خه‌ڵکی هه‌ژار و شاعێر که زۆربه‌یان به زمانی کوردی و به زاراوه‌ی دوورده‌ست قسه ده‌که‌ن".
بێ ئه‌وه‌ی بمه‌وێ بچمه سه‌ر مژاری ئه‌و فیلمانه یان ته‌نانه‌ت قسه‌کانی نامجوو، کاردانه‌وه‌کانی پاش ئه‌و قسانه، به دژبه‌ر و هاوڕاوه بۆ من سه‌رنج ڕاکێش بوو. له‌و جۆره باسانه‌دا به گشتی دوو به‌ره دروست ده‌بێ، به‌ره‌یه‌کی هێرشبه‌ر و به‌ره‌یه‌کی به‌رگریکار. ئه‌وه‌ش ئه‌و جیابوونه‌وه‌یه‌یه که له هه‌ستی تاکه‌کاندا دروست بووه و تا دێ پڕ ڕه‌نگ تر ده‌بێ.
منیش له‌و که‌سانه بووم هیچ هه‌ستێکی تایبه‌تم نه‌بوو له‌وه‌ی فیلمێکی ئێرانی بۆ یه‌که‌مجار خه‌ڵاتی ئۆسکار ده‌باته‌وه.