۱۳۹۱/۰۵/۰۷

''دەسەڵاتی باکووری سووریا دەکەوێتە دەست کوردەکانەوە"


وتوێژی ''بی بی سی" تورکی لەگەڵ هاو سەرۆکی پەیەدە
وەرگێڕانی لە تورکییەوە: سەلاحەدین بایەزیدی

 
دوابەدوای ئەو هێرشەی ڕۆژی ١٨ی ژوئیە لە پێتەختی سووریا شام ڕووی دا و لە ئەنجامدا وەزیری بەرگری داود ڕاجیعە، یاریدەدەری وەزیری بەرگری ئاسف شەوکەت، سەرۆکی مێزی قەیران ژەنەڕاڵ حەسەن تورکمانی و سەرۆکی دەستەی ئاسایشی نەتەوەیی هیشام بەختیار کوژران، ئاڵۆزییەکانی سووریا کەوتنە پێڤاژۆیەکی تازەوە.

ڕووداوی هەرە گرنگ پاش ئەم هێرشە، ئەوە بوو کە هێزە کوردییەکان لە باکووری ئەو وڵاتە، لەو شوێنانەی دانیشتوانی کورد زۆرینەن، کۆنتڕۆڵی شارەکانیان گرتە دەست.

بە میواندارێتی مەسعود بارزانی، ڕۆژانی ٩ و ١٠ی ژوئیە، مەجلیسی گەل کە پارتی یەکێتی دیموکراتیک (پەیەدە)ش – ئەو پارتەی لەسەر ڕێبازی پەکەکەیە – دەگرێتە خۆ، لەگەڵ چەندین ڕێکخراوی جیاجیا بە ناوی ئجومەنی نیشتیمانی کوردی لە شاری هەولێر دوای کۆمەڵێ گفتوگۆ بڕیاری یەکخستنی هێزەکانیان دا.

 بە دوای ئەم بڕیارە، کوردەکان خۆیان بۆ قۆناغێکی نوێی سیاسی ئامادە کرد و پاش ئەوەی تەقینەوەکەی شام هاوسەنگیەکانی وە لەرزین خست، ئەوان هەوڵیان دا بەڕێوەبەرایەتی خۆجێی دابمەزرێنن.

ئاکتۆری هەرە گرنگی قۆناغەکە، پەیەدە (پارتی یەكێتی دیموکراتیک) بوو کە بەوە ناسراوە لەسەر ڕێبازی پەکەکە دەڕوا.

پەیەدە کە تا ڕۆژی ئەمڕۆ هەم خۆی لە دەسەڵاتدارێتی ئەسەد و هەمیش لە نەیارە چەکدارەکان دوورەپەرێز گرتبوو، بەم هەڵمەتە بوو بە ئاکتۆرێکی گرنگی سیاسی لە ناوچەکەدا.

لەمەوبەدوا، وێدەچێ بزووتنەوەی کوردیش ببێتە ئەکتەرێکی زۆر گرنگ هەر وەک سوپای ئازادی سووریا کە بە خەباتی چەکدارانە دژی دەسەڵاتی ئەسەد لە ئاستی نیشتیمانیدا پێگەیەکی دیاری هەیە.

سەبارەت بە ڕووداو و پێشهاتەکانی ناوچە کوردییەکان، هاوسەرۆکی پەیەدە ساڵح موسلیم بۆ بی بی سی دوا.

هەر دوابەدوای تەقینەوە بەهێزەکەی شام، پێشهاتی هەرە گرنگی سیاسی، یەکە یەکەی ناوچە کوردییەکان لە لایەن ئەنجومەنی نیشتیمانی کوردی و پەیەدە (پارتی یەکێتی دیموکراتیک) دەستی بەسەردا گیرا. کوردەکانی سووریا بە گشتی و پەیەدە بە تایبەتی ئامانجیان لەو هەنگاوە چییە؟ 

ئێمە وەک کۆمەڵگەی کوردی جۆرێک خوێندنەوەمان لە قۆناغەکە هەبوو. لەم ڕوەوە هەر لە سەرەتاوە تەگبیری خۆمان وەرگرت. گەلەکەمان بە ڕێکخستن کرد و کۆمیتەی خۆجێیمان دامەزراند. ئەمەش درێژەی هەوڵەکانی پێشوومان بوو. بۆ خۆئامادەکردن بوو لە پێناو قۆناغەکاندا. گەلێکی ڕێکخراو و مرۆڤێکی ڕێکخراو ڕووبەڕوی هەر قۆناغێک ببێتەوە، کاریگەری زیاتری دەبێ. پێکدادانەکان پەرە دەستێنن، بە سەرانسەری سووریادا بڵاو دەبێتەوە، بگرە گەیشتۆتە ناوچە کوردییەکانیش. شەڕ لەبەر دەرگایە. بۆ ئەوەی ئەم پێکدادانانە دزە نەکەنە ناوچەکانی ئێمەوە، کۆمیتە خۆجێیەکان کەوتنە خۆ، گەل ڕاپەڕی و دەستیان بەسەر دامودەزگاکانی ڕژێم داگرت. ڕژێمیان لەو شوێنانە دەرپەڕاند و گوتیان "ئێمە بۆ خۆمان، خۆمان بەڕێوە دەبەین و ئەو هێزەمان هەیە."

یانی ئامانجی سەرەکی لە بەدەستەوە گرتنی دامودەزگاکانی دەوڵەتی سووریا، ئەوە بوو پێکدادانەکانی نێوان هێزەکانی دەوڵەت و سوپای ئازادی سووریا لە ناوچە کوردییەکان بڵاو نەبێتەوە و زیان بە گەلی کورد نەگەیەنێ؟

 ئەمە تەگبیرێکە. لە شاری عەفرین دەستی پێکرد و بەرەو کۆبانی تەشەنەی سەند. لەوێ خەڵک دەستیان بەسەر دامودەزگاکانی ڕژێم داگرت، هێزە ئەمنیەکانیان وە دەر نا و ئێستا بەڕێوەبەرایەتی ناوچەکە بە دەستی خۆیانە. وەها ڕەوشێک لە دیرکیش هاتە  ئاراوە. ئێستا ئیتر گەل دەستی بەسەر سەرجەم دامودەزگاکان داگرتووە و بەڕێوەبەرایەتی بە دەست خۆیەتی. ئامانج لەمە پاراستنی خەڵکە.

بەگوێرەی ئەو زانیاریانەی بە دەست گەیشتوون، هێزەکانی دەوڵەت لە بەرامبەر گرتنی دامودەزگاکان بەرخۆدانی چەکداری ئەوتۆیان نیشان نەداوە. ئەمە چۆن هەڵدەسەنگێنن؟

 لە یەک دوو شوێن دەستیان کردەوە. شەهیدمان دا، هەم لە قامیشلی و هەم لە دێرک. هەروەها ژمارەیەکیش بریندار بوون. لە لایەکی ترەوە، تەگبیر وەرگیرابوون. لە کوبانی و لە عەفرین ١٢ سەعات مۆڵەتیان پێ درا بۆ ئەوەی دامودەزگاکان چۆل بکەن. ئەوانیش زانیان کە سەرجەم خەڵک هەستاوەتە سەر پێ.

یانی یەکێک لەو هۆکارانەی وایکرد خوێنی زۆر نەڕژێ، ئەوە بوو شەڕتان نەکرد و سەرەتا مۆڵەتتان پێ دان؟ 

بەڵێ، هۆشداریمان پێدان کە لە ناوچە کوردییەکان دەرکەون ئەگینا هەڵوێستی جیاوازمان دەبێ. ئەوانیش هەر لە سەرەتاوە خۆپیشاندانەکانی ئێمەیان بینیبوو، دەزانن داواکارییەکانی خەڵک بە چ ئاراستەیەکدا دەڕوا. لەبەر ئەمەش بێ ئەوەی خوێن بڕژێ، کوڵیان دا. زۆر باش بوو، خۆی ئێمەش نامانەوێ خوێن بڕژێ. لە شارەکانی دیکەش بۆ نموونە لە قامیشلی، چاوەڕوانی ئەوە دەکەین خوێن نەڕژێ. نامانەوێ هێرشی خوێناوی ئەنجام بدرێ. بەڵام گەل خۆی، خۆی بەڕێوە دەبا.

باشە جگە لە ئاستەنگ کردنی زیانی پێکدادانەکان لە ناوچەکە، داخوازییە سیاسیەکانی پەیەدە چین؟ ئایا ئامانجتان سەقامگیرکردنی ئۆتۆنۆمیە لە باکوری سوریا و لە چوارچێوەی وڵاتێکی یەکگرتوودا؟ 

سەرەتا با شتێکتان بۆ ڕاست بکەمەوە. ئێمە بەو ناوچەیە دەڵێین ڕۆژئاوای کوردستان. داخوازییەکانی ئێمە هەر لە سەرەتاوە دیار بوون. ئێمە چوار ساڵە لە چوارچێوەیەکی دیموکراتیکدا، یانی لە چوارچێوەی یەکپارچەیی سووریادا لە سەر پڕۆژەیەک کار دەکەین کە مافە نەتەوەییەکانی گەل (بۆ نموونە خوێندن و نووسین بە زمانی زگماکی) لە خۆوە دەگرێ و هەوڵێکە بۆ داننان بە گەلی کورد لە دەستوری بنەڕەتیدا. ئەمەشمان بە خۆسەری دیموکراتیک پێناسە کردووە. خۆسەری دیموکراتیک، نایاتە واتای ئۆتۆنۆمی. ئێمە بروشوری تایبەتمان لەمبارەوە بڵاو کردۆتەوە و بە هەموو کەسمان داوە. دیارە ئەمە تایبەت نییە بە کورد و بۆ ناوچەکانی تریشە ئەگەر خۆیان بیانەوێ.

 هەڵسوکەوتی دەسەڵاتدارێتی ئەسەد بەرامبەر بە ویستی خۆسەری دیموکراتیک چۆن هەڵدەسەنگێنن؟

 ئەوان چوار ساڵە پێیان وایە ئەمە دێتە واتای "لێکدابڕان". بێگومان ئێمە وا بیر ناکەینەوە. ئێمە لە چوارچێوەی یەکپارچەیی سووریادا، بیر لە مافە دیموکراتیکەکانمان دەکەینەوە. ئێمە سیاسەتێکی جیاخوازی یا خود سەربەخۆخوازی ناگرینە بەر. هەر وەک دەزانن ئێمە لەگەڵ ئۆپۆزۆسیۆنی عەرەبیش پەیوەندیمان هەیە. وەک پەیەدە لە ناو دەستەی کۆردیناسیۆنی نەتەوەییدا هەین. وەک چۆن ویستی سەربەخۆیمان نییە، داوای فیدڕالیزمیش ناکەین. خۆسەری دیموکراتیک، لە ڕووی جوگرافیەوە هیچ سنوورێک ناخاتە بەردەم خۆی.

کاربەدەستێکی باڵای سوپای ئازادی سووریا بۆ ڕۆژنامەی "زەمان"ی چاپی تورکیا قسەی کردووە و گوتویەتی پەیەدە لە باکووری سووریا دەیەوێ دەوڵەتێکی سەربەخۆ دابمەزرێنێ و ڕەخنەی لە پەیەدە گرتوە. بۆچوونتان لەسەر ئەم لێدوانە چییە؟

 پەیوەندیمان لەگەڵ سوپای ئازادی سووریا باشە. ئەم لێدوانە، زمانحاڵی سوپای ئازادی سووریا نییە. هەڵسوکەوت و نزیکایەتی سوپای ئازادی سوریا وەها نییە. من باسی کەسانی یەکەمیان دەکەم. لەوانەوە وشەی جوانمان بیست، وەک ''گەلی کورد بەشێکە لە شۆڕشی سووریا و پێرۆزبایی بە گەلی کورد دەڵێین" و ئێمەش بەمە گەلەک کەیفخۆشین.

یانی وەک ئێوە باسی دەکەن سووریا بە دەستی کێوە دەبێ بڵا ببێ، گرنگ ئەوەیە لەپێناو خۆسەری دیموکراتیک خەبات دەکەن؟ 

ڕاستە. بێگومان ئێمە بەڕێوەبەرایەتیەکی دیموکراتمان بۆ سووریا دەوێ. دەسەڵاتی ئێستا هیچ کات نەیتوانی دیموکرات بێ و پێشمان وا نییە دیموکرات بێ، بەڵام ئەوەی ڕاستی بێ بۆ وەی ویست و داواکارییەکانمان بەدی بێن، دەبێ حکومەتێکی دیموکرات لە شام هەبێ.

ئاخۆ پێتان وایە ئۆپۆزۆسیۆنی ئێستا ڕژێمێکی وەها دیموکرات دابمەزرێنێ؟ 

ئۆپۆزۆسیۆن، پارچە پارچەیە. ئەو بەشەی ئێمە پەیوەندیمان لەگەڵیدا هەیە، داخوازییەکانمان دەپەژرێنێ و بە ماقووڵیان دەزانێ.

سوپای ئازادی سووریاشیان لە ناو دایە؟ 

ئەویش لە ناویان دایە. ئۆپۆزۆسیۆنەکەی تر سەر بە دەرەوەیە و ددان بە لایەنەکان دانانێ. بەڵام ئۆپۆزۆسیۆنی دیموکراتیک واتە ئۆپۆزۆسیۆنی نێوخۆی سووریا، ددان بە هەموویان دادەنێ.

هەر وەک هەموومان ئاگادارین ئێوە لەم دواییانەدا، نەچوونە پاڵ ڕژێمی سووریا بەڵام لە هەمانکاتدا شان بە شانی هێزەکانی ئۆپۆزۆسیۆن و بە تایبەت سوپای ئازادی سووریا دژ بە ڕژێم پەناتان بۆ چەک نەبرد. ئەگەر ددان بە داخوازییەکانتان دادەنێن بۆچی لەگەڵیان ناکەون؟ 

ئەمە ڕاست نییە. ئێمە وەک حزب هەر لە سەرەتای دامەزراندنمانەوە لە ساڵی ٢٠٠٣ بە دواوە لە خەبات داین. ساڵانی ٢٠٠٤، ٢٠٠٥ و ٢٠٠٦ شەهیدمان دا. کە شۆڕشی سووریا یان با بڵێین بەهاری عەرەبی یا خود بەهاری گەلان دەستی پێکرد، ١٥٥٠ کەسی ئێمە لە گرتووخانەکانی ڕژێم دابوون. بۆیە ناکرێ بچینە پاڵ ئەوانەوە. شەڕمان کردوە بەڵام بێگومان لە ڕوانگەی خۆمانەوە.

بە ڕای ئێوە گۆڕانکاری لە بەڕێوەبەرایەتی ناوچە کوردنشینەکان چ کارتێکەرییەک لەسەر پەیوەندییەکانی تورکیا لەگەڵ ناوچەکە دادەنێ؟ 

سەرەتا دەبێ بڵێم ئێمە چاوەڕوانی ئەوە دەکەین پەیوەندی گەلان بە یەکەوە تۆکمەتر بێ و لەپێناو ئەمەدا تێدەکۆشین. هیچ کێشەیەکی ئەوتۆمان لەگەڵ گەلی تورکدا نییە. ئەو تەگبیرانەی لێرە گرتوومانە، لەپێناو پاراستنی گەلەکەمان دایە و بۆ دژومنایەتی هیچ لایەنێک نییە. بەڵام بەداخەوە بەڕێوبەرانی تورک فۆبیایەکی کوردیان هەیە. لە هەر شوێنێک کوردێک مافی خۆی بە دەست بێنێ، لە ڕوانگەی ئەوانەوە ناهەقە. ئێمە لەپێناو دیموکراتیزەبوونی سووریا تێدەکۆشین و تا ئەمەش بەدی دێ هەوڵ دەدەین گەلەکەمان بپارێزین. ئەمە مافی هەرە سروشتی خۆمانە. هیچکەس مافی نیە لەمبارەوە ڕەخنەمان لێ بگرێ.

دوای ئەم قۆناغە، دژ بە دەسەڵاتدارێتی سوریا درێژە بە چالاکی سەربازی دەدەن؟ 

ئێمە ئەگەر هێرشمان نەکرێتە سەر، هێرش ناکەینە سەر هیچ کەس.

پەیوەندیتان لەگەڵ بەڕێوەبەرایەتی کوردەکانی عێراق لە چ ئاستێک دایە؟

 لەسەر بانگهێشتی مەسعود بارزانی، دوو مەجلیسی ناوچەکەمان ڕێککەوتن. بە هۆی ئەم هەوڵانەوە، سوپاسی دەکەین. بەڵام بارزانی هیچکات خۆی نەخستۆتە نێو کاروباری ئێمەوە. لەسەر بنەمای ئەم ڕێککەوتنە، کۆمیتەیەک دادەمەزرێنین. کە یەکەم کۆبوونەوە بەسترا، پاشان کۆمیتەی ژێر چەتریش ئاوا دەکرێن. بەڵام ئەمە ڕێبازێکە کە کوردەکانی سووریا خۆیان گرتوویانەتە بەر.

لە نێو ئەم پێکهاتەیەدا، ناوی زۆر لایەن و ڕێکخراو هەیە، بەڵام ئاخۆ ئەکتەری سەرەکی پێڤاژۆکە پەیەدەیە؟ 

پەیەدە حزبێکی سیاسیە. باشترە بڵێین مەجلیسی گەل. مەجلیسی گەل لە ڕۆژئاوای کوردستان. لە لایەکەوە لە ژێر چەتری مەجلیسێکدا پانزە حزب هەیە و لە لایەکی دیکەشەوە دامودەزگا سڤیلەکان و پەیەدە هەن. شتێک نیە بە ناوی پەیەدەوە کرابێ، بەڵکو لە لایەن ئەم دوو مەجلیسەوە کراوە.

میدیای تورکیا، تەعبیری "باڵی سووریای پەکەکە" بۆ پەیەدە بەکار دێنێ، ئایا ئەم پێناسەیەتان پێ ڕاستە؟ 

پێمان وایە لە ڕوی فەلسەفی و ئیدیۆلۆژییەوە لێک نزیک بوونێک هەیە. دیارە ڕاشکاوانە باسمان لەوە کردووە. بەڵام هیچ چەشنە پەیوەندییەکی ئۆرگانیکمان لەگەڵ هیچ کەسێک نیە. جگە لەمە زۆر قسە و قسەلۆگ دەکرێ. دەڵێن پەکەکەییەکان لە دەرەوە هاتوون. تەنانەت کەسێکیش لە دەرەوە ڕا نەهاتووە. ئەم قسانە هیچ ئەسڵ و ئەساسێکیان نییە. ئێمە بە هێزی خۆمان، بە هێزی گەلەکەمان کاروباری کۆمیتەکان بەڕێوە دەبەین. هەڵبەت لەم ڕۆژانەی دواییدا، ئەمانە ڕاگەیەنراون. کۆمەڵێک یەکینە لە ژێر ناوی یەکینەکانی پاراستنی گەل دامەزراون. زۆربەی ئەمانەش لە هێزی گەنجان پێکهاتووە. بە مەبەستی هێرش کردن بۆ سەر هیچ لایەنێک دروست نەبوون، بەڵکوو بۆ پاراستنی خەڵک پێکهاتوون.

سەبارەت بە توانای هێزی چەکداریتان تا چ ئاستێک دەتوانن زانیاریمان پێ بدەن؟

 وەک ژمارە نازانم، بەڵام لە سەرانسەری ڕۆژئاوای کوردستان بڵاو بۆتەوە. بەشی هەرە زۆری خەڵک لەگەڵ ئێمەیە و پشتیوانیمان لێ دەکا.

وەک دوا پرسیار، شتێک ماوە بیڵێن؟ 

سەرەتا با ڕوو لە گەلی تورک بکەم... ئێمە دوژمنی گەلی تورک نەبووین و نابین. مێژوویەکی هاوبەشمان هەیە. بە کاربەدەستانی تورکیا دەڵێم با خۆیان لە فۆبیای کوردەکانی خۆیان ڕزگار بکەن بۆ ئەوەی هەندێک ئاشتی ڕوو لە ڕۆژهەڵاتی ناوین بکا. بە گەلانی دیکەی ڕۆژهەڵاتی ناوینیش دەڵێم... ئێمە هیچکات نامانەوێ دوژمنایەتی هیچ گەلێک بکەین. ویستی ئێمە برایەتی نێوان گەلانە. دەمانەوێ گەلان یەکسان بن. دەمانەوێ بە شێوەیەکی دیموکراتیک دان بە یەکتری دابنێین.

ئێوە کوردی سووریان، ئەو تورکیە ڕەوانە چۆن فێر بوون؟ 

من ئەندازیاری بواری کیمیام. دەرچووی زانکۆی تەکنیکی ئەستەنبوڵ (İTÜ)م. بۆیەش تورکیەکەم، تورکی ئەستەنبوڵە نەک تورکی ئۆرفا!