۱۳۹۱/۰۶/۰۲

ژیانی ٥٤ گیراوی سیاسی لە گۆشەنیگایەکی نزیکەوە


 بەهمەن ئەحمەدی ئەمویی
لە فارسییەوە: سەلاحەدین بایەزیدی

 
بەهمەن ئەحمەدی ئەمویی، ڕۆژنامەنووسی گیراو، لە نامەیەکدا کە بە بۆنەی ڕۆژی لەدایکبوونی هاوسەرەکەی ژیلا بنی یەعقووب لە گرتووخانەوە نووسیویەتی، هەوڵی داوە دیمەنێکی ورد لە هەلومەرجی ژیانی گیراوانی سیاسی زیندانی ڕەجایی شار بخاتە بەرچاو. ئەحمەدی ئەمویی، ساڵی ٢٠١١ خەڵاتی هێلمن – هێمتی بردۆتەوە. ناوبراو بە تاوانی نووسینی وتاری ڕەخنەگرانە سەبارەت بە هەڵسوکەوتی ئابووری دەوڵەتی ئەحمەدی نەژاد لە ڕۆژنامەی "سەرمایە" و وێبسایتی تایبەتی خۆی و هەروەها سایتی "خرداد نو"، دوای هەڵبژاردنەکانی سەرۆککۆماری ٨٨ قۆڵبەست کرا و لەو کاتە بەدواوە لە گرتووخانەیە. ئەمویی هەتا دوو مانگ و نیو پێش ئێستا، لە بەندی ٣٥٠ی ئێوین زیندانی بوو و پاشان بۆ گرتوخانەی ڕەجایی شار گوێزرایەوە.
ئەمەش دەقی نامەکەی:

 
سڵاو ژیلا گیان
دوو مانگ و نیو لە هاتنم بۆ گرتووخانەی ڕەجایی شاری کەرەج تێدەپەڕێ، ئەو دوو مانگ و نیوەی هەر ساتێکی، کۆمەڵێک کەڵکەڵەی زەینی و سۆزداری بۆ تۆ دروست کردوە. سەبارەت بەم بابەتە، تەنیا شتێ دەتوانم بیڵێم ئەوەیە کە بە داخەوەم لەبەر ئەوەی هەلومەرجی ژیانی چەتوون و دژواری خۆمانمان، ڕۆژ بە ڕۆژ قورستر کردووە و تۆش ناچاری بە تەنیایی شانی داماوت بدەیتە بەر سەرجەم ئەم کوێرەوەرییانە. لەم ماوەیەدا، چەندین جار ویستوومە شتێک بنووسم، بەڵام نازانم بۆچی هەر جارە و کە دەستم بۆ قەڵەم دەبرد، هەستم دەکرد لە توانامدا نییە تەنانەت وشەیەکیش بنووسم.

بەڵام دواجار، ئەمڕۆ توانیم بنووسم. بەرەبەری ٢٨ی گەلاوێژە و ڕۆژی لەدایکبوونی تۆ. هەڵبەت ساڵڕۆژی ئەو کودەتا ڕەشەش کە زۆر لە ئاواتەکانی خەڵکەکەمانی لەگەڵ خۆیدا برد. لە بیرمە بەردەوام دەتگوت بەڕاستی مایەی شەرمە مرۆڤ ڕۆژی لەدایکبوونی لە وەها بۆنەیەکدا جەژن بگرێ. دەتگوت ژێر پێ خستنی سەرجەم زەحمەت و ڕەنجی ئەو پیاو و ژنە گەورانەیە گەرد و تۆزی مێژوو لەسەر سیمایان نیشتووە. لەگەڵ خۆمدا بڕیارم دابوو ئەگەر شتێکم بۆ ڕۆژی لەدایکبوونت نووسی، ئاماژەیەک بەم بابەتە نەکەم، بەڵام نازانم بۆچی نەمتوانی و دیسان هەردووکیان پێکەوە ختووکەی مێشکیان دام.

ژیلا، ئێستا کە خەریکم ئەم نامەیەت بۆ دەنووسم، تۆ لە کوێی؟ بیر لە چ دەکەیتەوە؟ بە چییەوە سەرقاڵی؟ بیستوومە دامودەزگا قەزاییەکان داوایان لێکردووی خۆت بە گرتووخانەی "ئێوین" بناسێنی تاکوو ساڵێک زیندانیەکەت لەوێ تێپەڕێنی. لەوانەیە ئێستا خەریک بی کەلوپەلەکەت بۆ ڕۆیشتن ئامادە بکەی. لە دڵی خۆمدا گوتم، ڕەنگە ئیتر کاتم نەبێ بە ئارامی قسەت لەگەڵ بکەم و دەردی دڵمت بۆ بەیان کەم. هەندێ جار، ژیان لەسەر هەر پێچێکی، وەها مرۆڤ دەگۆڕێ کە ئەگەر بێت و مرۆڤ خۆیشی بۆ ڕووبەڕووبوونەوە لەگەڵیدا ئامادە کردبێ، هەمدیس وەک بڵێی خافڵابی، سەرت سووڕ دەمێنێ کە دەبێ ئێستا چی بکەی؟ ڕێک وەک ئەو وەزعەی ئێستاکە من هەمە.

لە سێ ساڵی ڕابردوودا، بەردەوام چاوەڕێ بووم بگەڕێمەوە بۆ گرتووخانەی ئێوین. بە خۆمم دەگوت وەکوو سەرجەم ئەو گیراوانەی دوو هەفتە جارێک، چاویان بە هاوسەر، دایک یاخود خوشکیان کە لە گرتووخانەی ژنانن، دەکەوێ، منیش تۆ لەو دیو میلەکانی هەمان ئەو بەندیخانەیە دەبینم کە خۆم تێیدا حەپسم. بۆ ئەمەش بە ڕواڵەت خۆم بۆ ئەو ساتە ئامادە کردبوو. لەم ماوەیەدا، تۆ چەند خاولی و چەند مەلافەت بەڕێ کردبوو و منیش یەک دوو دانەم لە گۆشەیەک دانابوو بۆ ئەوەی هەر کاتێک هاتی، بەجۆرێک بۆت بەڕێ بکەم.  ئەو ڕۆژانە نەدەکرا بە سانایی کەلوپەلەکانت لەگەڵ خۆتدا ببەی بۆ زیندانی ژنان. منیش لەم ماوەیەدا، بۆ ئەوەی نەکا تۆ بێیت و کەلوپەلی ڕۆژانە و پێویستت پێ نەبێ، هەندێک شتم بۆ حازر کردبووی، یەک – دوو قوتووی حەبی وزەبەخش و ویتامین لەگەڵ باڵەنجیکی بچکۆلانە. بەڵام ئێستا کە من و ئەو کەلوپەلانە لە گرتووخانەی گەوهەردەشتی کەرەج، بە دەیان کیلۆمیتر لە تۆ دوورین، بڕیارە تۆ لە گرتووخانەی ئێوین بی.

سەرم لەم هەموو قومارانەی ڕۆژگار سووڕماوە، بە درێژایی ئەو ماوەیە نەڕۆیشتیە گرتووخانەی ئێوین و ئێستا کە منیان بۆ زیندانی ڕەجایی شار گواستۆتەوە، دەچیتە ئەوێ. نازانم بڵێم چی؟ لە دڵی خۆمدا دەڵێم بە سەرنجدان بە هەلومەرجی باو، وێدەچێ لانیکەم تا چەند مانگی داهاتوو یەکتری نەبینین. دەمەوێ دڵم بە خۆم و تۆ بسووتێ، بەڵام زۆر زوو تەریق دەبمەوە. لێرە، لە بەندی سیاسی بەندیخانەی ڕەجایی شار کەسانێک هەن کە چەندین ساڵە هیچ چاوپێکەوتنێکیان نەبووە، کەسانی بە ئیعدام حوکمدراو، کە دوای پێنج شەش ساڵ حوکمەکەیان شکاوە و بۆ حەپسی ئەبەد گۆڕاوە، ئەمێستا لە ساڵانی پانزە، دوانزە، چواردە و بیستی زیندانی بوونیاندا، هیوایان بەوەیە ڕۆژێک حەپسی ئەبەدیان هێندەش هەتا هەتایی نەبێ. ئەو زیندانیانەی لاوەتی و پیریی ناوەختیان لە پشت ئەم میلانەی گرتووخانە و لە فەرامۆشیدا تێپەڕاندوە.

محەمەد نەزەری، بیست و دوو ساڵی تەمەن بوو کە گیرا و ئێستا بیست ساڵە لە زیندانە بەڵام دەڵێی شەست ساڵی تەمەنە. عومەر و ئیبراهیم و خالید ئەندامانی حزبی دیموکراتی کوردستانن و پێیان ناوەتە مانگەکانی دەسپێکی چواردەهەمین ساڵی زیندانەوە، لە دوایین چاوپێکەوتنیان لەگەڵ بنەماڵە، چەندین ساڵ تێدەپەڕێ. لە خۆم دەپرسم ئەگەر حزبی دیموکرات ئێستاش بوونی هەبێ، ئاخۆ دەزانێ کەسانێک هەن بە نێوی ئەندامێتی لەو حزبە ساڵەهای ساڵە لە گرتووخانە دان. هەندێک جار بە خۆم دەڵێم لەوانەیە تەنانەت سیستەمی دادوەری ئێرانیش لە لیستی زیندانیەکانی خۆیدا، ناوی ئەوانی نەبێت.

چەند ڕۆژ لەمەوپێش کە هەواڵی لێبوردن و دابەزینی حوکمی ژمارەیەک لە گیراوانی سیاسی و ئەمنیەتیم خوێندەوە کە ڕۆژنامەکان ترش و خوێیەکی زۆریان پێوە کردبوو، یەکەم شت کە بە مێشکم گەیشت ئەوە بوو کە چ باش دەبێ ئەگەر لە ناویاندا یەکێک لەو گیراوانە هەبێ. بەڵام نا، دەڵێی خوداش ئەوانی لە بیر چۆتەوە.

مۆڵەتی چاوپێکەوتن، لێبوردن و کەمکردنەوەی سزایان بەو کەسانە داوە کە حوکمی هەندێکیان دوو ڕۆژی دیکە، دوانزە ڕۆژ یان دوو مانگی دیکە تەواو دەبوو. ژمارەیەکی تریش، سزای زیندانی یەک ساڵە و دوو ساڵە و سێ ساڵەیان نیوە ببوو یان لە نیوەی تێپەڕاندنی حوکمەکەیاندا بەخشرابوون. جگە لەوەی تاوانی هەندێکیان بەراستیش سیخوڕی و خیانەت بە وڵات بوو. تۆ بڵێی هیچکام لە کۆنە گیراوانی ئێرە، پاش تێپەڕاندنی ئەم هەموو ساڵەی زیندان، نەیاندەتوانی و نەدەبوایە چاوەنواری مۆڵەت، کەمکردنەوەی حوکم یان تەنانەت لێبوردن بن؟

کەرەمی خەیرئابادی، یەکێکە لەو کەسانەی شانزە ساڵە حوکمی لەسێدارەدانی بە سەردا سەپاوە، ئەو یەکشەممە و سێشەممانەی ئەگەری بەڕێوەبردنی حوکمی لەسێدارەدان هەیە، بە تێپەڕینی هەفتە و مانگ و ساڵانێکی زۆر، ئێستا ئیتر هیچ هەستێکیان بۆ نەهێشتۆتەوە. کاتێک لێی دەپرسم چ هەستێکی هەیە ئەگەر بێت و یەکێک لەو یەکشەممە یاخود سێشەممانە نێوەکەی بخوێننەوە، بە زەردەخەنەیەکی تاڵ وەڵامم دەداتەوە و بە زاراوە تۆخە خوزستانیەکەی دەڵێ: "خوا گەورەیە"

ئینجا بە جۆش و خرۆشێکی بێ وێنە، زۆربەی ڕووداوەکانی شانزە ساڵی ڕابردوو، وەک بڵێی دوێنێ ڕوویان دابێ، لەگەڵ ڕێکەوت و ناوی ئەو مرۆڤانەی لەو ماوەیەدا هەڵسوکەوتی لەگەڵ کردوون، یەکە یەکە دەگێڕێتەوە. دواییش ئامۆژگاریم دەکا کە لە گرتووخانە، تەنانەت بزمارێکیش بە کەڵکت دێ، بەڵام زۆر کەس ئەمە نازانن.

بۆ خۆی پێی نەگوتووم بەڵام گیراوانی تر بۆیان گێڕاومەتەوە کە نانی پێویستی هەفتەیەکی بەردەوام بە وشکی هەڵدەگرێ، چونکە بە تاقی کردۆتەوە زۆر جار تەنانەت نانیش لە گرتووخانە دەست ناکەوێ.
دوای ئەمانە، چوار کەسی سەر بە حزبی پەکەکە هەن کە هەشت ساڵ و پێنج ساڵە چاوەڕوانی حوکمن، ئەو گەنجانەی لە نیوەی دووهەمی دەیەی بیستی ژیانیان دان.

زانیار و لوقمان مورادی ئامۆزان کە ماوەی چوار ساڵە لە ژێر حوکمی ئیعدام دان و بە فەرمانی قازی سەلەواتی لە چاوپێکەوتن لەگەڵ ماڵەوەیان بێبەشن. ئەوانیش دەمێکە چاویان بە بنەماڵەی خۆیان نەکەوتووە. هەندێک جار، ڕۆژانی چاوپێکەوتن شەرم دامدەگرێ لەوەی ڕاستەوخۆ سەیری چاوەکانیان بکەم.

ئەمجۆرە مرۆڤانە، لە هەموو کەس زیاتر پێویستیان بەوە هەیە ببینرێن و سەرنجیان بدرێتێ، ئەو شتەی هەم بەر لە زیندان و هەم لە نێو زیندان لێیان زەوت کراوە. تۆ چەند کەسێکیان دەناسی، چونکە پێشتر باسی ئەوانم بۆ تۆ کردووە. کەسایەتییان شیاوی ڕێزلێگرتنە، بە هەر شێوەیەک بێ خۆیان بژیوی ژیانیان دابین دەکەن، لە ڕێگەی درووتنی شاڵ و لەچکە، بووکەشووشە و کاری دەستی تر و فرۆشتنیان بە گیراوانی تر.

ئێستە ڕۆژی لەدایکبوونتە و بڕیارە بۆت بنووسم ئێرە چۆنە و من چ دەکەم؟ چونکە بەردەوام لە چاوپێکەوتنەکان لێم دەپرسی لێرە چ دەکەین و بارودۆخی ئەم گرتووخانەیە بە چ شێوەیەکە. منیش لە وەڵامی تۆدا دەڵێم باشە، هەموو شتێ ڕێکوپێکە و ئێمە – گیراوانی ئێرە – لەگەڵ یەکتری باشین.

بە خۆم دەڵێم ئێستا کە بڕیارە تۆش ڕێت بکەوێتە گرتووخانە و ڕۆژانی تر، لەوانەیە هەمان پرسیارم لە تۆ هەبێ، بۆ ئەوەی لەم بابەتەوە خۆم خاترجەم کردبێ، زۆر بە کورتی هەوڵ دەدەم سەبارەت بە خۆمان بۆت بنووسم و بەم شێوەیە دیاریی لەدایکبوونت پێ بدەم: گرتەیەک لە شوێنی ژیانی ٥٤ گیراوی سیاسیی ڕەجایی شاری کەرەج. ئەمانەت بۆ دەنووسم تاکوو لەگەڵ بەشێک لە حاڵ و هەوا و هەلومەرجی ئێرە ئاشنا بی و بە خەیاڵێکی ئاسوودە بڕۆیتە گرتووخانە و حوکمی ساڵێک زیندانیەکەت تێپەڕێنی.

ساڵۆنێکی پەنجا میتری و داڵانێکی سێ میتری کە فەڕش و مۆکێتی لێ ڕاخراوە، تیایدا سی و سێ ژووری دوو میتر و هەفتا سانتی لە دوو میتردا، دوو کۆلێری گەورە لە سەرەتا و کۆتایی ساڵۆنەکە کە بایەکی فێنک ئاڕاستەی یەکتری دەکەن، لەگەڵ دەرگایەکی ئاسنین کە زیاتر ققڵ دراوە و ئێمەی لە تەنیشت یەکتر لەو ساڵۆنە ڕاگرتوە. تاکە ڕێگەی پەیوەندی ئێمە لەگەڵ جیهانی پشت ئەم دەرگا ئاسنینە، تەلەفۆنێکە بە ئەفسەری پاسەوانەوە وەسڵە.

تۆ کە بچیتە گرتووخانەی ئێوین، دەبینە پێنج کەسێک کە خوشک یان هاوسەرمان لە گرتووخانەی ئێوینن و خۆمان لێرە. ساڵۆنی ١٢، خانەی ئامۆژگاری چوار، گرتووخانەی ڕەجایی شار.

ئەوان تا ئێستا هەر چەند نامەیان نووسیوە بۆ ئەوەی بەرپرسان، هەلی پەیوەندی تەلەفۆنی لەگەڵ ئازیزانیان بۆ برەخسێنن، سەرنەکەوتوون. دەشێ منیش بەم زووانە لە نووسینی ئەم نامە بێ وەڵامانەدا پەیوەست بەوان بم.

لێرە هەموو چەشنە گرووپ و مەیلێکی سیاسیمان هەیە. بە دەردی برادەرێک، داهاتووی ڕۆژهەڵاتی ناوین و ئێران، لە نێوان یەکێک لەم گرووپانەدا سەرهەڵدەدا. ڕاستی لە ساڵۆنی سەرووی ئێمە، سەدو هەفتا کەس، لە گیراوانی ئەلقاعیدە هەن.

لە نێوانماندا، بەهاییەکان زۆرینەن، بە گاڵتە پێیان دەڵێین: دواجار ئێوە لە شوێنێک چیتر کەمینە نین، ئەوانی تر کەسانی سەر بە پەکەکە، پەژاک، حزبی دیموکراتی کوردستان، گیراوانی ڕێکخراوی موجاهدینی خەلق، گیراوانی بزووتنەوەی سەوز، نیشتمانپەروەرەکان (کە لە لایەن دەزگا ئەمنییەکانی ئێرانەوە بە ئارکائیزم ناوزەد کراون)، لایەنگرانی حکومەتی پاشایی و هەڵبەت ئەو کەسانەی خۆیان پێ سەربەخۆیە و کەسانێکن کە تەنیا بە شێوەی تاک کار دەکەن و بە قسەی یەكێک لە هاوڕێیان: بە تەنیایی دەیانەوێ بە گژ کۆماری ئیسلامیدا بچنەوە.

لە دەرگای ئاسنینەوە کە دێیتە ناو ساڵۆنەکەوە، یەکەمین ژووری لای چەپ کە لە هەموویان گەورەتر و هەراوترە، چێشتخانەیە، تەباخێکی دەست سازی هەشت شوعلەی تێدایە. لە کۆتایی ساڵۆنەکەش، ڕیزێک توالێت و حەمام و دەستشۆر هەن.

ئەم ڕۆژانە کە مانگی ڕەمەزانە، بە گشتی کاتی بەربانگ دوو سوفرەی بچووک بە مەودای بیست میتر لێک دوور لە ساڵۆن ڕادەخرێن و شەش – حەوت کەس لە دەوروبەری دادەنیشن: یەکێک سوفرەی موجاهدینی خەلقە کە لە هیی ئەوانی تر قەرەباڵغ ترە و بەردەوام چەند میوانیشیان هەیە، سوفرەکەی دیش، سوفرەی ئەوانی تر... چەند کەسێکیش لە ژوورەکانیان خواردن دەخۆن و لە دەوری سوفرەکان کۆ نابنەوە.

لە یەک – دوو هەفتەی ڕابردوودا، کۆمەڵێک بوویەری سەیر و سەمەرە ڕوویان دا و مرۆڤ تا بە چاوی خۆی نەیبینێ، بڕوایان پێ ناکا. وەک چۆن لەوانەیە ئێستاکە تۆش بڕوا نەکەی: ڕۆنی هەشت سەد گرامی کە لە فرۆشگای گرتووخانە بە ٣٤٠٠ تمەن دەفرۆشرێ، ئیتر دەست ناکەوێ و لە هەندێک لە ساڵۆنەکان بە پانزە هەزار تمەن دەکڕدرێ و دەفرۆشرێ، هۆکاری کەمبوونی ڕۆنەکەش دیار نییە. ئەوە دوو مانگیشە قەدەغە کراوە چەغماغی پێنج سەد تمەنی بێننە گرتووخانە و ئێستا نرخی کڕین و فرۆشتنی بۆ سی هەزار تمەن بەرز بۆتەوە. ئاوی لیمۆش لەو کەرەستانەیە کە لێرە دەست ناکەوێ. چەند ڕۆژ لەمەوپێش، ٢١ بوتڵی نیو لیتری ئاو لێمویان هێنا و گوتیان ئەمە لە نێوان ٥٤ کەسی خۆتاندا دابەش بکەن. بەختەوەرانە یەكێک لە بەهاییەکان کە ئەندازیارە و سەری لە حیسێب و کتێب و ئەوانە دەردەچێ، زەحمەتی دابەشکردنەکەی وە ئەستۆ گرت: هەر پێنج کەسە و دوو بوتڵ. باقی کێشەکەی خستە ملی خۆمانەوە، گوتی ئیتر خۆتان دوو بوتڵەکە لە نێوان پێنج کەسدا دابەش بکەن.

بە گشتی هێنانی کەلوپەلی وەرزشی بۆ ئێرە قەدەغەیە و لە حاڵەتێکی تایبەت و بە ئەستەم ڕێگە بە هێنانی ئەو کەلوپەلانە دەدرێ. هێنانی پێڵاوی وەرزشی هەر بە تەواوی قەدەغەیە.

"وەرزش دەبێ من شکێن بێ نە من ساز" و "من وەرزشکار نیم بەڵام وەرزشکارانم خۆش دەوێ"، لە قسەکانی ئایەتوڵڵا خومەینین کە بە درشتی لە سەر دەرو دیواری حەوشە نووسراون.

کوڕەکان لە کاتێکدا سەرپاییەکانیان بە بەن و کێش بە قاچیانەوە بەستۆتەوە، شەق لە تۆپی جیر هەڵدەدەن، هەندێک پێڵاویان لە پێیە، پێڵاوێک کە لەوانەیە چەند ساڵ لەمەوپێش لە کاتی گیرانیاندا پێیان بووبێ و بە هۆی ئەوەی هاتنی هەر چەشنە پێڵاوێک بۆ گرتووخانە قەدەغەیە، ئێستا بنەکەیان لێ بۆتەوە و زۆربەیان بە موکێت و کارتۆن بنە پێڵاویان دروست کردوە.

لەگەڵ هەر شەقێکدا کە لە تۆپەکەی دەدەن، بەشێک لە پێڵاوەکەیان دەدڕێ ولەگەڵ تۆپەکەدا دەڕوا. لەگەڵ ئەمەشدا، کوڕەکان چێژ لەو دوو سەعات هەوا گۆڕینە دەبینن.

پێم خۆشە لەم بارەوە تێروتەسەل تر بۆت بنووسم بەڵام پێموایە ئێستا ئەوەندە بەسە و ئێستا ئیتر خەیاڵت ئاسوودەیە کە دەزانی لە چ هەلومەرجێکدا دەژیم.

بە ڕاست دواجار ئەو کتێبانەی، هەفتەی پێشوو بۆت ناردبووم، بە دەستم گەیشتن، ئەویش بە چ چەرمەسەرییەک. سەرەتا ناوی کتێب، وەشانخانە و نووسەری کتێبەکانم لە نامەیەکدا بۆ سەرۆکی زیندان نووسی تا سەرەئەنجام نامەکە دوای دوو هەفتە ئیمزا کرا و ڕەوانەی بەشی پاراستن – ئیتلاعاتی گرتووخانە کرا.

ئەو ڕۆژەی ڕۆیشتمە بەشی پاراستنی زیندان، تاکوو کتێبەکانم وەرگرم، فەرەجی نژاد بە بێزاریەوە پێی گوتم: تۆ بۆ وەرگرتنی کتێبەکانت چەند جار نامە دەنووسی؟ جگە لەمەش بە قەڵەمی سەوز ناوی تۆیان لە بەرگی پشتەوەی کتێبەکان نووسیوە، پێت وایە چ دەبێ؟ من لەو کەسانە نیم بەو کارانە هەڵبەزمەوە. دەتوانم کتێبەکانت فڕێ بدەمە ناو کووچە و کۆڵانەکان، ئینجا هەر چی پێت خۆش بوو بیکە.. ساتێک بێدەنگ بوو و گوتی: بەڵام ئەمجارەیان کتێبەکانت دەدەمێ. من لەبەر خۆمەوە گوتم ئیتر ئەمجارەشیان کتێبەکانم پێ دەدەی و ئەمە دەسکەوتە. پاشان خوا گەورەیە.

بە ڕاست ئاخۆ دەبینی ڕەنگی سەوز پاش سێ ساڵ، هەروا بەکاریگەر و وروژێنەرە؟ سەرنج ڕاکێشە. نا؟

ژیلا، ئەوە لە کاتێک دایە کە مادە بێ هۆشکەرەکان، لەم زیندانەش وەک سەرجەم زیندانەکانی تر بە بەربڵاوی دەبینرێن و بەرپرسانی زیندان ناچارن بۆ دۆزینەوەیان، گیراوێک هان بدەن سیخوری بکا و خەڵاتی پێ بدەن. لە یەکێک لەو پەیامانەدا کە بە دیواری گرتوخانەوە هەڵواسراوە، لە زاری سەرۆکی زیندانەوە، گیراوان سەبارەت بە هەڵگرتنی شتگەلی وەک کێرد، قەمە، کڕین و فرۆشتن و بەکارهێنانی مادە هۆشبەرەکان، تێکدانی نەزمی زیندان، هێنانە ژوور یا خود هەڵگرتنی مۆبایل، سیمکارت و مێمۆری، کڕین، فرۆشتن و بەکارهێنانی حەبی وەهم زێ، ئیهانە، سووکایەتی و جنێو، بە توندی ئاگادار کراونەتەوە.

چەند ڕۆژێکە لە دڵی خۆمدا بیر لەوە دەکەمەوە کاتێک هێنانی کتێب و کەلوپەلی وەرزشی هێندە سەخت و تەنانەت مەحاڵ بێ، چۆنە بە پێی ئەم ئاگادارینامەیە، ئەو هەموو مادە بێهۆشکەرە دێتە ناوەوە؟ گەلۆ گیراوێک لە نەبوون یاخود کەمبوونی ئیمکانات ڕوو لە وەها کارێک ناکا؟

ژیلای ئازیز، ئێمە باشین و بە ڕواڵەت تەندروست. ئەم ڕۆژانەش سەرقاڵی باغەوانین، کۆمەڵێک چوار لیتری پلاستیکیمان کردۆتە ئینجانە و بە یارمەتی و ڕێنوێنی "ساڵحی کۆهەندێل"، ڕیحانە، سەوزی، توور و تەرە تیزەمان تێدا چاندوون. هەموو ڕۆژێ لە دوو سەعات هەواگۆڕیندا، ئەوانیش لەگەڵ خۆمان دەبەین تاکوو خۆریان بەر بکەوێ و وەک ئێمە هەوایەک نوێ بکەنەوە. ئەگەر هەموو شتێک باش بڕواتە پێش، تا مانگی داهاتوو هەر کاممان چەند دەسک سەوزە، ڕێحان و توورمان بۆ خواردن دەبێ.

ڕەمەزان سەعیدی، گیراوی سیاسی و خەڵکی کوردستانە، قوتووی بەتاڵی ماست و ڕەنگی پڕ کردوە لە چیمەنتۆ و دەسکە گسکێکی ئاسنینی بە نێوانیاندا ڕەت کردوە و چەند دەمبڵێکی بۆ وەرزش پێ دروست کردوون. بەم شێوەیە وەرزشیش دەکەین و لە دوو سەعاتی هەوا گۆڕیندا، چەند دەقەیەک ڕادەکەین.

لە حەوشەی گەورەکەی بەندی گرتووخانەوە، کە ڕووی لە باکووری ڕۆژهەڵاتە، چیایەک لە دووردەست دەبینین کە زۆربەی ڕۆژەکان لە ناو کۆمەڵێک هەوری سپی و خۆڵەمێشیدا خۆی دەنوێنێ. گیراوە لەمێژینەکان دەڵێن زستانان دیمەنێکی جوانی هەیە. بەفر دایدەپۆشێ و سەیرکردنی لەم مەودایەوە، چێژێکی تایبەتی هەیە. ئەمە شتێکە ڕەنگ بێ ئێوە لە "ئێوین" لێی بێ بەش بن و ئێرەیی پێ بەرن. هەموو هەلومەرجێکی ئەستەم، هەندێک شتی باشی هەیە کە لە شوێنەکانی تر ناتوانی هاوتایەکی بۆ بدۆزیەوە. لەمەو بەدوا بە سەیر کردنی ئەم دیمەنە، بە خۆم دەڵێم لە بری ژیلاش، سەیری ئەم جوانیە دەکەم، کتێب دەخوێنمەوە تا لەگەڵ من بی، گوێ لە گۆرانی دەگرم تا لەگەڵ من بی و کە سەیری چیاش دەکەم لەگەڵ من دەبی.

ئاگات لە خۆت بێ
ڕۆژی لەدایکبوونت پیرۆز بێ
ئەی بوونی بەردەوام بۆ من

بەهمەن ئەحمەدی ئەمویی
گرتووخانەی ڕەجایی شار – ساڵۆنی ١٢
 

۱۳۹۱/۰۶/۰۱

پێنج ڕۆژ بە نهێنی لە سووریا


 ژیار گوڵ، بی بی سی
لە فارسییەوە: سەلاحەدین بایەزیدی

 
لە کاتێکدا کە سوپای بەشار ئەسەد لە زۆربەی شارەکانی سووریا و بە تایبەتی لە دیمەشق و حەلەب دەستەویەخەی شەڕێکی خوێناوییە، کوردەکانی سووریا کە زۆربەیان لە باکووری ڕۆژهەڵات دەژین، هێدی هێدی کۆنتڕۆڵی ئەو ناوچەیە بە دەستەوە دەگرن.

ئەمدواییانە لەگەڵ تیمێکی بی بی سی فارسی و تۆڕی جیهانی، بە شێوەیەکی نهێنی بۆ ماوەی پێنج ڕۆژ چووینە ناوچە کوردنشینەکانی باکووری ڕۆژهەڵاتی سووریا. دێهاتیەکانی سەر سنووری کوردستانی عێراق دەیانگوت جاران بە ئاسانی دەتتوانی هاتۆچۆی ئەوبەری سنوور بکەی، بەڵام ئێستا چەند هەفتەیەکە هێزەکانی سوپای عێراق لەم نزیکانە جێگیر بوون.

ئەوان لە پێناو کۆنتڕۆڵکردنی تاکە سنووری فەرمی سووریا لەگەڵ کوردستانی عێراق، چی نەمابوو لەگەڵ هێزەکانی پێشمەرگە بەشەڕ بێن. حکومەتی کوردستانی عێراق، ئامادە نەبوو ئەم سنوورە فەرمیە ڕادەستی دەوڵەتی فیدڕاڵ بکات.

ئەم ڕووداوانە بوونە هۆی بستنی سنوورەکان. ئێمە ناچار بووین لە تاریکی نیوەشەودا خۆمان بگەیەنینە یەکەمین بنکەی سنووری سووریا.

راکردن لە هێزە ئەمنیەکان لە نیوەی شەودا

بنکەی سنووری سووریا، بیست ڕۆژ پێشتر کەوتبووە دەست هێزە چەکدارەکانی کورد YPG  یاخود یەکینەکانی پاراستنی گەل. ئەم گرووپە باڵی سەربازی پارتی یەکێتی دیموکراتیک (PYD)یە و دوڵەتی تورکیا زۆر جار بەوە تاوانباری کردوە کە بەشێکە لە پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە).

دیسپلینێکی تایبەت لە نێوان هێزەکانی YPGدا هەبوو و بێ ئێزنی فەرماندەکانی ژوور خۆیان ئامادە نەبوون وتوێژمان لەگەڵ بکەن. ئەم بنکەیە ڕێگەی نەداین فیلم هەڵبگرینەوە.

ئەو ئۆتۆمبێلەی بڕیار بوو لەسەر سنوورەوە ئێمە بگوازێتەوە نێوخۆی سووریا، مۆبایلەکەی لە دەرەوەی بازنە بوو و نەیتوانی ئێمە بدۆزێتەوە. نیوەی شەو سوارێکی وانێتێک بووین و بە ئێسکۆرتەوە بەرەو شاری دێرک یەکەمین شاری کوردنشینی سووریا ڕۆیشتین کە یەک سەعات لە سنوور دوور بوو.

لە هەندێک شوێن، شۆفێرەکە لە جادەی سەرەکی دوور دەکەوتەوە، زانیمان هێشتاش هەندێک خاڵی پشکنین لە ژێر دەستی هێزە ئەمنیەکانی سووریا دایە. لە شۆفێر و ئەو کەسە چەکدارەی هاوڕێیەتی دەکردین، پرسیمان ئاخۆ مەترسییەک هەڕەشە لە تیمەکەی ئێمە ناکا؟ گوتی "نیگەران مەبن. هێزەکانی دەوڵەت لە بنکەکانیان دوور ناکەونەوە و ئەگەر هاتنە بەردەممان، لێیان دەدەین."

بە یەکێک لە ڕێگاکانی چوونە ژوورەوەدا، کە کەوتبووە ژێر دەستی هێزەکانی کوردەوە، دەربازی ناو شار بووین. ئاڵای سێ ڕەنگی کوردەکان لە تەنیشت خاڵی پشکنینی ئەوێ دەشەکایەوە. کاتێک بە ناو شاردا تێپەڕێن، بینیمان وێنەی بەشار ئەسەد لە زۆربەی دامودەزگا دەوڵەتیەکان شکابوو و لە هەندێک شوێن وشەی "عەرەبی" لە دەستەواژەی "کۆماری عەرەبی سووریا" سڕدرابۆوە یاخود هێمای زەربی لێ درابوو.

ڕووناک حەمە، گەنجێکی تەمەن بیست و دوو ساڵە، بە ئێمەی گوت ئەو و هاوڕێیانی، ڕۆژی بیستی ژوئیەی مانگی ڕابردوو وەک زۆربەی شارە کوردنشینەکانی سووریا، شان بە شانی خۆپیشاندەران کە هەندێکیان چەکداریش بوون، هێرشیان کردۆتە سەر دامودەزگا گرنگەکانی دەوڵەت.

هێزە ئەمنیەکان بە بێ خۆڕاگری، زۆربەی ناوەند گرنگەکانیان چۆل کردووە. ئەوان ئاڵای سووریایان لە زۆربەی بینا دەوڵەتی و گشتیەکان هێناوەتە خوارەوە.

ڕووناک دەڵێ بەشێکی بەرچاو لە هیزەکانی بەشار ئەسەد کە لە باکووری ڕۆژهەڵاتی سووریا بوون، پاشەکشەیان کردوە و یەکێک لە فەرماندە گەورەکانی ناوچەکە کە سوننە بووە، بۆ تورکیا هەڵاتووە و هێزەکانی ژێر فەرمانی ئەویش گەڕاونەتەوە بۆ شارەکانیان.

ڕووناک دەڵێ ئەو پێی باشە لە بری ئامادەبوون لە وانەکانی زانکۆ، لە پێناو ڕووخاندنی ڕژێمی بەشار ئەسەد هەوڵ بدا و ئەمە کارێک بووە کە لە چەند مانگی ڕابردوودا ئەنجامی داوە.

هێشتاش لە هەندێک خاڵی هاتنە ژوورەوەی شار، بنکەی هێزەکانی دەوڵەت مابۆوە و خەڵک دەیانگوت هێزە ئەمنیەکان زۆر لاواز بوون و لە بنکەکانیان نایەنە دەرەوە. لەسەر ئاستی شاری دێرک شوێنەوارێک لە چەک بەدی نەدەکرا و زۆربەی دامودەزگاکانی دەوڵەت وەک جاران کراوە بوون.

سەعید حەمە، مامۆستای دەرکراو دەیگوت هەتا مانگێک لەمەوپێش زاتی نەبووە چاوی بە ڕۆژنامەنووسێک بکەوێ. ئەو بە بوونی هێزەکانی دەوڵەت زۆر بێزار بوو. "هەست بە ئازادی ناکەم، ئەگەرچی ئەمڕۆکە نامانکوژن، بەڵام تا ئەو کاتەی سەرجەم هێزە ئەمنیەکانی سووریا ناوچە کوردنشینەکان چۆل نەکەن، من هەست بە ئازادی ناکەم."

عێسامی تەمەن بیست و حەوت ساڵ دەیگوت کوردەکان نە دەیانەوێ لەگەڵ سوپای ئازادیخوازی سووریا بن و نە لەگەڵ ڕژێمی بەشار ئەسەد، ئەو دەیگوت ڕێگەی سێهەمیش هەیە: "ئێمە لەگەڵ هیچ کەسێک کە دان بە مافە نەتەوەییەکانمان دابنێ، کێشەمان نابێ."

کاربەدەستانی تورکیا زۆر جار پەکەکەیان بەوە تاوانبار کردووە کە هاوکاری ڕژێمی بەشار ئەسەد دەکا و دەڵێن حکومەتی بەشار ئەسەد بە ئەنقەست ناوچە کوردنشینەکانی ڕادەستی پەکەکە کردوە بۆ ئەوەی کێشە بۆ تورکیا بنێتەوە. بەڵام سیناریۆگەلێکی زۆر سەبارەت بە هۆکارەکانی پاشەکشەی دەوڵەت لە ناوچە کوردنشینەکان بەر گوێ دەکەوێ. هەندێک دەڵێن بەشار ئەسەد بە ڕادەست کردنی ئەم ناوچانە بە پارتی لایەنگری پەکەکە، دەیەوێ تۆڵە لە تورکیا بکاتەوە.

گروپێکی تر دەڵێن ئەگەر دیمەشق و حەلەب بکەوێتە دەست هێزەکانی نەیارەوە، بەشار ئەسەد ناوچەیەک بۆ عەلەوییەکان، لە کەنارەکانی دەریای مەدیترانە دادەمەزرێنێ. بە قسەی ئەوان ئەگەر بێت و کوردەکانیش لە باکووری ڕۆژهەڵات ناوچەیەکیان بە دەستەوە بێ، ئەگەری هاتنە ئارای سووریایەکی سوننە، مەترسیەکی کەمتری بۆ ئەوان دەبێ.

سوود وەرگرتنی کوردەکان لە سەرقاڵبوونی هێزەکانی دەوڵەت

بەڵام سیناریۆکانی تر، کە زۆربەی کوردەکانی سووریا بڕوایان پێیەتی، ئەوەیە کە دەوڵەت لە پێناو پاراستنی دیمەشق و حەلەب پێویستی بە هێزەکانێتی، بۆیە بە بانگهێشتکردنی ئەو هێزانە لە ناوچە کوردنشینەکانەوە، بۆشایی دەسەڵات دروست بووە، کوردەکان ئەم هەلەیان قۆستۆتەوە و کۆنتڕۆڵی ئەو شارانەیان گرتۆتە دەست.

بە درێژایی سەفەری پێنج ڕۆژەمان بە نهێنی، بێ ئەوەی بمانەوێ ڕووبەڕووی هێزە ئەمنیەکانی سووریا بووینەوە. لە بەردەم دادگای دێرک، فیلممان لە وێنەیەکی دڕاوی بەشار ئەسەد هەڵدەگرتەوە. سەربازێ کە نە جلی عەسکەری لەبەر دابوو و نە چەکی پێ بوو، بە نیگەرانیەوە سەیرمانی دەکرد. لەناکاو فەرماندەکەی بە جلی مەدەنیەوە هات و داوای لێکردین ئەو شوێنە چۆل بکەین.

گوتی ئەمە ئەرکی سەرشانێتی و تکای لێکردین "کێشەی بۆ دروست نەکەین." تاکوو چەند هەفتە لەمەوبەر، خەڵک زۆر لەم مەئمورانە دەترسا، بەڵام ئەمڕۆکە ئەوان زۆر نیگەران و پەشۆکاون.

بە مەبەستی چاوپێکەوتن لەگەڵ ساڵح موسلیم، سەرۆکی پارتی یەکێتی دیموکراتیکی کوردستانی سووریا، PYD، دەبوایە بڕۆینە قامیشلۆ، گەورەترین شاری کوردنشینی سووریا. لەسەر ڕێگەی چوونە ژوورەوەی قامیشلۆ، ژمارەیەکی زۆر لە خاڵەکانی پشکنین لە دەست هێزەکانی سووری دابوون. بەڵام سەنگەرەکانیان لە هەندێک شوێن بەتاڵ بوون. کۆمەڵێک کۆمیتە کە لە لایەن خەڵکەوە دروست کرابوون، شاری قامیشلۆیان بەڕێوە دەبرد.

لە کاک موسلیمم دەپرسم ئاخۆ PYD بەشێکە لە پەکەکە؟ ئەو دەڵێ ئامانجەکانیان لە عەبدوڵڵا ئۆجەلان نزیکە و پەیوەندییەکی ئاساییان لەگەڵ هەموو حزبەکانی کوردستان و لەوانە پەکەکە هەیە.

ئەو دەڵێ: "لە ماوەی چەند ساڵی ڕابردوودا، دەوڵەتی سووریا بە هەزاران ئەندامی پەکەکەی قۆڵبەست و ڕادەستی تورکیا کردۆتەوە. کەوابێ ناتوانین بڵێین پەکەکە هاوکاری دەوڵەت دەکا، خەبات بۆ کوردەکانی تورکیا ئامانجی پەکەکەیە بەڵام ئێمە پێگەیەکی جیاوازمان هەیە و ئامانجمان بەدیهێنانی مافی کوردەکانە لە نێوخۆی سنوورەکانی ئێستای سووریادا. ئێمە لە چوارچێوەی سووریایەکی دیموکراتدا، خۆبەڕێوەبەرایەتیەکی دیموکراتیکمان بۆ کوردەکان دەوێ."

لێم پرسی لە سەدا چەندی ناوچە کوردنشینەکان لە دەستی کوردەکان دایە و ئایا ئەوان لەگەڵ دەوڵەت لە پەیوەندی دان؟ ئەو گوتی: "لە کۆی ٢٣ میلیۆن خەڵکی سووریا، لە سەدا ١٤ کوردن و زیاتر لە ٥٠%ی ئەو ناوچانە کەوتۆتە دەست خەڵک. ئێمە وەک حزب هیچ پەیوەندییەکمان لەگەڵ دەوڵەت نییە. بەڵام کۆمیتەکانی خەڵک لە پێناو دابینکردنی ئاو، کارەبا و نان دەبێ لەگەڵ کاربەدەستان لە پەیوەندی دابن."

لە وەڵامی ئەو پرسیارەمدا کە بۆچی کوردەکان تەڤلی سوپای ئازادیبەخشی سووریا نەبوون و دژی بەشار ئەسەد شەڕ ناکەن، ساڵح موسلیم گوتی: "هێزەکانی ئۆپۆزۆسیۆن، یەکریز نین و هەندێکیان دەسکەلای وڵاتانی ناوچەکەن وەک تورکیا و عەرەبستانی سعودی، ئەلقاعیدە و سەلەفیەکان کاریگەرییەکی زۆریان لەسەر ئەوان هەیە. من لەگەڵ زۆر کەسی ئۆپۆزۆسیۆن کە لە گرتووخانە ناسیومن، پەیوەندیم هەیە. پێموایە مافی کوردەکان لە ڕێگەی توندو تیژییەوە دەستەبەر نابێ، ئێمە هەر ناتوانین بە یەکجاری لە ناویان ببەین، ئەوانیش بە ساڵان هەوڵیان داوە ئێمە لە ناو بەرن، وەک دەبینن هێشتا لێرەین، کەواتە شەڕ ڕێگە چارە نییە، بەڵام ئەگەر دەوڵەت بیەوێ بارودۆخی جاران بە سەر ئێرەدا بسەپێنێتەوە، ئێمەش شەڕ دەکەین."

لە ئەنجامی گەڕان بە شارەکانی دێرک، عامودێ و قامیشلۆ تێگەیشتین کە PYD پتەوترین حزبی کوردستانی سووریایە و زۆرترین لایەنگری هەیە. لە ڕابردوودا، ئەو حزبە و ژمارەیەک حزبی بچووکی ژێر چەتری کۆنگرەی نیشتمانی کوردستان KNC ناکۆکیان هەبوو. بەڵام مانگی ڕابردوو، حزبە کوردییەکانی سووریا بە میوانداری مەسعود بارزانی لە هەولێر کۆبوونەوە، سەرەڕای ناکۆکیەکانی ڕابردووی نێوان  PYD و KNC، لەسەر ئەوە ڕێککەوتن کە دەستەی باڵای بەڕێوەبردنی کوردستان دابمەزرێنن و دەسەڵات لە نێوان حزبەکان دابەش بکرێ.

نیگەرانی تورکیا لە بە مودێل بوونی کوردەکانی سووریا
ئەم دەستەیە دە ئەندامی هەیە، پێنج ئەندام لە KNC و پێنجی تر لە PYD. لە بیستی مانگی ژوئیەوە، ئەم کۆمیتەیە بە هاوبەشی شارە ڕزگارکراوەکان بەڕێوە دەبا.

لە شاری عامودێ کە بە تەواوەتی لە ژێر کۆنتڕۆڵی کوردەکان دایە، زۆربەی تابلۆکانی نێو شار بە کوردی نوسراون. سەردانی قوتابخانەیەکمان کرد کە بەمدواییانە بۆ خوێندن بە زمانی کوردی کراوەتەوە. هەر ئەمە دەیتوانی ساڵێک لەمەوپێش، سزای قورسی گرتووخانەی بەدواوە بێ. ئەم قوتابخانەیە نزیکەی ٢٦٠ خوێندکاری هەیە و خوێندکاران لە چەند دانێکی ڕۆژدا بە مەبەستی فێربوونی زمانی کوردی دێنە قوتابخانە.

مامۆستای قوتابخانە ئەندازیارێک بوو کە پاش تەواوبوونی کارەکانی لەوێ وانەی دەوتەوە.

دەوڵەتی تورکیا بە نیگەرانیەوە دەڕوانێتە ڕووداوەکانی کوردستانی سووریا. ئەمڕۆکە بەهێزترین حزبی سیاسی کوردی سووریا، لە ڕوانگەی ئایدیۆلۆژییەوە لە پەکەکە نزیکە. تورکیا لە لایەکەوە نیگەرانی ئەوەیە پەکەکە لە ناوچە کوردنشینەکانی سووریاوە هێرش بکاتە سەر هێزەکانی تورکیا و لە لایەکی دیکەوە ئەگەر کوردەکانی سووریا وەک کوردستانی عێراق بە جۆرێک لە ئۆتۆنۆمی بگەن، ئەمە لەوانەیە هاندەرێک بێ تاکوو لاوانی کوردی تورکیا بەشداری ڕیزەکانی پەکەکە بن و کوردەکانی تورکیاش ناوچەیەکی ئۆتۆنۆم دابمەزرێنن.

بە درێژایی چەندین ساڵ، هەزاران هەزار کوردی سووریا لە مافی پاسپۆڕتی سووری بێبەش بوون. دەوڵەتی بەعس ئەوانی بە بەشێک لە "نەتەوەی عەرەبی" لە قەڵەم نەدەدا. بەڵام ئەمڕۆ بارودۆخەکە زۆر گۆڕاوە.

ئەوان هیچکات بەو ڕادەیە بە وەدیهاتنی مافەکانیان هیوادار نەبوون. ساڵح موسلیم دەڵێ "ئێمە خوازیارین مافی کوردەکان لە قانوونی بنچینەیی سووریادا دانی پێدا بنرێ، ئێمە لایەنگری خودموختاری و دیموکراسین بۆ سەرجەم سووریەکان."

دیار نییە پاش کۆتایی هاتنی جەنگ – ئەگەر کۆتاییەک لە ئارا دابێ – چ چەشنە دەسەڵاتێک لە سووریا بەدی دێ. بەڵام ئەوەی ڕوون و ئاشکرایە کوردەکان سوود لە پێکدادانی بەشەکانی تری سووریا وەردەگرن.

زۆربەی ناوچە کوردنشینەکان لە پێکدادان و کوشت و کوشتار بە دوور بوون. باژێر و گوند لە کەشێکی هێمندا بەڕێوە دەبرێن. ئەگەر ئەم بارودۆخە بەردەوام بێ، هەر وەک کوردستانی عێراق، لەوانەیە کوردستانی سووریاش بتوانێ لەم گۆڕانکارییانەی سووریادا براوە بێ و جۆرێک لە خۆ مسۆگەڕ بکا.

۱۳۹۱/۰۵/۲۳

ئەڵتاش.. ئۆردوگا تۆقێنەرەکە | وتوێژ لەگەڵ هەفتەنامەی ئاوێنە


ئا: ئاوێنه‌

ئه‌ڵتاش، ناوی ئه‌و ئۆردوگا تۆقێنه‌ره‌یه‌ كه‌ به‌عس بۆ كورده‌ ئاواره‌كانی كوردستانی رۆژهه‌ڵاتی ساز كردو ماوه‌ی بیست ساڵ له‌نێو ئه‌و ئۆردوگا ته‌لبه‌ندكراوه‌ لماوییه‌ی بیابانی رۆمادیدا توندی كردن.
ئه‌م خه‌لَكه‌ كه‌ نزیكه‌ی په‌نجا هه‌زار كه‌س ده‌بوون، زێدی ڕه‌سه‌نی خۆیان ده‌كه‌وته‌ پشتێنه‌یه‌كی باریكی سه‌ر سنووره‌وه‌ به‌دیووی ئێراندا كه‌ "كرماشان و قه‌سری شیرین و جوانڕۆ و سه‌رپێلی زه‌هاو" ده‌گرێته‌وه‌. ئه‌م خه‌ڵكه‌ له‌گه‌ڵ هه‌ڵگیرسانی جه‌نگی ئێران و عێراقدا له‌به‌ر چه‌ندین هۆكاری جیاواز ئاواره‌ و په‌ڕیوه‌ی خاكی عێراق بوون و حكومه‌تی به‌عسیش له‌ساڵی 1982دا هه‌موویانی كۆكرده‌وه‌ و له‌بیابانی ئه‌ڵتاش "له‌دووری 160 كیلۆمه‌تر له‌به‌غداو نزیك سنووری ئۆرده‌ن" به‌ته‌لی دڕكاوی ئۆردوگاكه‌ی ته‌لبه‌ند كردن، كه‌ وه‌ك دوڕگه‌یه‌ك وابوو له‌بیابانێكی وشك هه‌ڵاتووی عه‌ره‌بنشیندا.
"سه‌لاحه‌دینی بایه‌زیدی" كه‌ یه‌كێكه‌ له‌و كورده‌ چالاكانه‌ی به‌دوای روخانی سه‌دامدا ڕووی كردووته‌ ئه‌ڵتاش و ساڵێكی ژیانی له‌و ئۆردوگایه‌دا به‌سه‌ر بردووه‌، ده‌ڵێت "له‌ئه‌ڵتاشدا، ژیان تیا تا دوا سنوور سه‌خت و دژوار بوو، خانووه‌كانی ئه‌م ئۆردوگایه‌ گڵ و تاریك و بچكۆلانه‌ و داته‌پیو بوون، خه‌ڵكه‌كه‌ی سیمایان برسی، منداڵه‌كانی چڵكن و چڵمن، كچه‌كانیشی ده‌تووت له‌دۆزه‌خدان كه‌ گه‌وره‌ترین رێژه‌ی خۆسووتاندنی ژنانی تیا بوو به‌به‌راورد به‌رێژه‌ی دانیشتوانه‌كه‌ی".
بایه‌زیدی ئاماژه‌ به‌وه‌ ده‌كات كه‌ ئه‌م ئۆردوگایه‌ زۆر له‌ئۆردوگای فه‌له‌ستینی نشینه‌كانی كه‌رتی رۆژئاواو باریكه‌ی غه‌زه‌ و به‌یروت داماوتر و تراژیدیتر بووه‌، سه‌رباری ئه‌وه‌ش له‌ڕووی هه‌ڵكه‌وته‌ی جوگرافیشه‌وه‌ ئه‌م په‌نابه‌رانه‌ خزێنرابوونه‌ ناوچه‌یه‌كه‌وه‌ كه‌ ته‌نانه‌ت نه‌ك گیای تیا سه‌وز نابێت، به‌ڵكو دڕك و داڵیشی تیا ناڕوێت.
بایه‌زیدی باس له‌وه‌ ده‌كات كه‌ ئه‌و په‌نابه‌رانه‌ له‌لایه‌ن رێكخراوه‌ مرۆڤدۆسته‌كانی وه‌ك خاچی سوور و كۆمیساریای بالای په‌نابه‌رانه‌وه‌ كۆمه‌ك و به‌خێو ده‌كران. هه‌روه‌ها وه‌ختی خۆی كه‌ براونه‌ته‌ ئه‌وێ، ئیتر بۆیان نه‌بووه‌ به‌بێ مۆڵه‌تی رێپێدراو له‌لایه‌ن ئیستیخباراتی عێراقه‌وه‌ له‌ئۆردوگاكه‌ بچنه‌ ده‌ره‌وه‌ له‌حاڵی چوونه‌ ده‌ره‌وه‌شیاندا بۆیان نه‌بووه‌ سه‌ردانی كوردستان بكه‌ن، هه‌رچه‌نده‌ كوردستانیش له‌ژێر ده‌ستی رژێمی عێراقدا بوو، به‌ڵكوو چوونه‌ ده‌ره‌وه‌كه‌یان ته‌نها له‌سنووری رۆمادیدا بوو. ئه‌و ده‌ڵێت "تراژیدیایه‌كی تری ئه‌و خه‌ڵكه‌ ئه‌وه‌ بوو كه‌ به‌شێك له‌م كوردانه‌ سه‌ر به‌ئاینزای ئه‌هلی هه‌ق بوون و له‌و چوارده‌وره‌ عه‌ره‌به‌ سوننه‌نشینه‌دا وه‌ك كافر سه‌یر ده‌كران".
ئه‌و هه‌لومه‌رجه‌ به‌وپه‌ڕی ناله‌بارییه‌وه‌ تا ڕووخانی رژێمی سه‌دام به‌رده‌وام بوو، به‌دوای هه‌ره‌سهێنانی ئه‌و رژێمه‌شدا زۆربه‌ی هه‌ره‌ زۆریان به‌دوای ژینێكی مرۆیانه‌تردا وێڵ بوون و ڕوویان كرده‌ كوردستان یان سنووری ئه‌رده‌ن، به‌ڵام هێشتا ژماره‌یه‌كی كه‌میشیان به‌هۆی ده‌ستكورتی و نائومێدییانه‌وه‌ به‌رامبه‌ر به‌جێنه‌كردنه‌وه‌یان له‌كوردستان و داڵده‌نه‌دانیان له‌ئه‌رده‌ندا به‌ناچار له‌ئه‌ڵتاشدا مانه‌وه‌.
بایه‌زیدی باس له‌وه‌ ده‌كات كه‌ چاره‌نووسی ئه‌وانه‌ی ئه‌ڵتاشیان به‌جێهێشت و ئه‌و رێژه‌ كه‌مه‌شی كه‌ له‌وێدا مانه‌وه‌، چاره‌نووسێكی غه‌مه‌نگێزو تراژیدیی بووه‌، چونكه‌ ئه‌وانه‌ی ئۆردوگاكه‌یان به‌جێهێشت و ڕوویانكرده‌ كوردستان یان سنووری ئه‌رده‌ن، تا ئێستاش له‌چه‌ندین كێشه‌و گرفتی گه‌وره‌دا ده‌ژین، ئه‌وانه‌شی كه‌ ماونه‌ته‌وه‌ تا ئێستا له‌ئۆردوگاكه‌دا و نزیكه‌ی 70 تا 100 خێزان ده‌بن، رووبه‌ڕووی چاره‌نووسێكی تراژیدیانه‌تر بوونه‌ته‌وه‌و ده‌ڵێت "ئه‌وانه‌ به‌شێكیان بوونه‌ قوربانی گروپه‌ تیرۆریسته‌كان، به‌شێكی زۆر كه‌میشیان بوونه‌ هاوكاری گرووپه‌ توندڕه‌وه‌كان و چوونه‌ پاڵ تیرۆریستان".
بایه‌زیدی ئاماژه‌ به‌وه‌ ده‌كات كه‌ له‌گه‌ڵ هه‌ڵكشانی كاری توند و تیژی و په‌ره‌سه‌ندنی هێز و توانای گرووپه‌ توندڕه‌وه‌ عه‌ره‌به‌ سوننه‌كان له‌ناو رۆمادی و ده‌وروبه‌ریدا، چه‌ندین جار هێرشیان كردووه‌ته‌ سه‌ر ئۆردوگاكه‌ و له‌سه‌ر ئه‌وه‌ی كورد بوون یان به‌تۆمه‌تی په‌یوه‌ندیكردن به‌ئه‌مه‌ریكییه‌كانه‌وه‌ گه‌نجه‌كانیان رفاندووه‌، ئه‌و ده‌ڵێت "یه‌كێك له‌هاوڕێ نزیكه‌كانم كه‌ ناوی شاهۆی عه‌باسی بوو له‌زانكۆی رۆمادی ده‌یخوێند له‌و كاته‌دا رفێندراو دوای چه‌ند رۆژێك ته‌رمه‌كه‌ی به‌سه‌ربڕدراوی دۆزرایه‌وه‌".
هه‌روه‌ها بایه‌زیدی ته‌ئكید له‌وه‌ ده‌كاته‌وه‌ كه‌ "كاره‌ساتی كورده‌ په‌نابه‌ره‌كانی ئه‌ڵتاش كاره‌ساتێكی گه‌وره‌ بوو، به‌ڵام وه‌ك پێویست له‌لایه‌ن حكومه‌تی هه‌رێم و حیزبه‌ كوردییه‌كانی ئێرانیشه‌وه‌ گرنگی و بایه‌خی پێنه‌درا، هه‌رچه‌نده‌ تا ئێستاش ئه‌م كاره‌ساته‌ی ئه‌وان هه‌ر به‌رده‌وامه‌ چونكه‌ له‌په‌رته‌وازه‌ییدا به‌هه‌ژاری و نائومێدی ده‌ژین و وه‌ك په‌نابه‌ری سیاسیش دان به‌مافه‌كانیاندا نه‌نراوه‌".

ژێدەر: