۱۳۹۱/۰۸/۳۰

کاوە ئاهەنگەری: ئیستدلال و قسه‌و باسی کورده‌کان بێ نه‌تیجه نه‌بووه


دیمانە: سەلاحەدین بایەزیدی
 
لە ڕۆژەکانی ١٧ و ١٨ی نۆڤامبری ٢٠١٢، لە شاری پراگی پایتەختی چیک، کۆبوونەوەیەکی دوو ڕۆژە لە ژێر ناونیشانی ''یەکگرتن لەپێناو دیموکراسی'' بە بەشداری لایەن و کەسایەتیە جۆراوجۆرەکانی ئۆپۆزۆسیۆنی ڕۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران بەڕێوە چوو.

لەو کۆنفڕانسەدا کە ڕۆژی شەممە (١٧ نۆڤامبر) دەستی پێکرد، باس لە بابەتگەلی وەک گفتوگۆی میللی، هەڵبژاردنی ئازاد و کەمینەکان کرا و ڕۆژی یەکشەممە (١٨ی نۆڤامبر)، کۆنفڕانس کۆتایی بە کارەکانی هێنا.

بەڵام بەیانی کۆتایی ئەو کۆنفرانس بۆتە مایەی ناڕەزایی چالاکانی سیاسی کورد و تەنانەت بەشداربووانی کۆنفڕانسەکەش. بەیاننامەکە وەک ئەوەی کۆنفرانس پەیام و ئامانجێکی دیکەی نەبووبێ، زیاتر باس لە شارستانیەت و پاراستنی یەکپارچەیی ئێران دەکا و هەندێک لە چاودێرانی سیاسی پێیان وایە بەشداربووانی کورد فێڵیان لێکراوە و بە دەستی بە تاڵ لە کۆنفڕانس گەڕاونەتەوە.

کاوە ئاهەنگەری ئەندامی کۆمیتەی ناوەندی حزبی دیموکراتی کوردستان و بەرپرسی پەیوەندییە ئێرانیەکانی ئەو حزبە ناوه‌رۆکی کۆنفرانسه‌که‌و ئه‌و بابه‌تانه‌ی لەوێ که‌وتنه بەر باس و موناقشه، بە پۆزەتیڤ دەبێنێ و دەڵێ ''هه‌ڵبه‌ت ئەوە نه به‌مانای ته‌ئیدکردنی هه‌رچی له‌وێدا کووتراوه، به‌ڵام ئه‌وه‌ی که که‌ش و هه‌وایه‌ک دێته ئاراوه که هه‌موولایه‌ک ڕاشکاوانه بیروبۆچوونی خۆیان ده‌رده‌بڕن، زۆر باشه. ده‌توانم بلێم که له‌و دوو ڕۆژه‌دا دیالۆگێکی به نرخ له ئارادا بوو.''

سەبارەت بە بەیانی کۆتایی کۆنفڕانس، کاوە ئاهەنگەری پێی ڕاگەیاندین ''به‌یانی کۆتایی نه‌ک له ماوه‌ی ئه‌و دوو ڕۆژه‌دا هیچ باسێکی لێ نه‌کرا، به‌ڵکوو له پڕێکدا و له چه‌ند ده‌قه‌ی کۆتاییدا خوێنرایەوە و ته‌نانه‌ت لهبه‌ر نه‌بوونی کات ده‌رفه‌تی ئه‌وه نه‌درا که قسه‌ی له‌سه‌ر بکرێ. هه‌روه‌ها به پێچه‌وانه‌ی ئه‌وه‌ که نووسراوه به په‌سندی زۆرینه‌ی به‌شداربوان گه‌یشتووه، به دوای خوێندنه‌وه‌ی به‌یانه‌که کۆمه‌لێک له به‌شداربوانی کۆنفرانسه‌که‌ ناره‌زایه‌تیی خۆیان به نیسبه‌ت به‌یانه‌که ده‌ربڕی و یه‌ک له‌وان من و هاورێ گوڵاله شه‌ڕه‌فکه‌ندی ناره‌زایه‌تی خۆمان به نیسبه‌ت بلاوکردنه‌وه‌ی ئه‌م به‌یانییه‌یه به ناوی به‌شدارانه‌وه ده‌ڕبڕی و کووتیشمان ئێوه ده‌توانن به نێوی هه‌یئه‌تی به‌ڕێوه‌به‌ریی‌یه بڵاوی بکه‌نه‌وه.''

کاوە ئاهەنگەری و گوڵاڵە شەڕەفکەندی لە یەکەم کاردانەوەدا بەرامبەر بە ڕاگەیەندراوی کۆتایی کۆنفرانس، ئەمڕۆ سێ شەممە (٢٠ی نۆڤامبر) ڕوونکردنەوەیەکی نووسراویشیان بڵاو کردەوە، لە ڕوونکردنەوەکەدا جەخت لەسەر ئەوە دەکەنەوە کە ''دەقی بڕیارنامەی کۆتایی ئەو کۆنفڕانسە، نیشاندەری ڕاوبۆچوونی هەموو ئەو کەسانە نییە کە لەو کۆبوونەوەیەدا بەشدار بوون و لە لایەن هەمووانەوە پەسند نەکراوە.''

کۆنفرانسی پراگ، درێژەی کاری کۆنفڕانسەکانی ستوکهۆڵم و برۆکسێل و دەوری سێهەمی دانیشتنەکانی یەکگرتن لە پێناوی دێموکراسی بۆ ئێران بوو. کاوە ئاهەنگەری دەربارەی جیاوازی و ئەزموونەکانی ئەم کۆنفرانسە لەگەڵ ئەوانی پێش خۆی دەڵێ ''له کۆنفرانسی ستۆکهۆڵم زۆرتر هه‌ندێک ته‌وه‌ری گشتی وه‌ک بنه‌ما باسکراوه، بۆ وێنە: مافی مرۆڤ، دێموکراسی و هتد. له کۆنفرانسی بروکسێل زۆرتر ته‌ئکید له سه‌ر داڕشتنی پرۆسه‌که‌ و تێزی هه‌ڵبژاردنی ئازاد و ته‌جرووبه‌ی وڵاتانی دیکه و هتد کرا. لە کۆنفرانسی پراگ که زیاتر له ١٢٠ که‌س تێیدا به‌شدار بوون، کۆمه‌لێک ته‌وه‌ری دیکه‌ هاتنه به‌رباس که یه‌ک له‌وان مه‌سه‌له‌ی ''میللی- قه‌ومی'' بوو . بۆیه پێموایه که کۆنفرانسی پراگ بۆ ئێمه وه‌ک کورد گرینگی خۆی هه‌بوو. هه‌ر سێ کۆنفرانسه‌که‌ش له ژێر ناوی '' یه‌کێتی بۆ پێشڤه‌چوونی دێموکراسی'' به‌رێوه‌ چووه.''

لە دەستووری کاری کۆنفرانسدا جەخت لەسەر 'ڕەتکردنەوەی هێرشی سەربازی و دەرەکی' کرایەوە، بەڵام ئەحزابی کوردی بەشداربوو، لە هەڵوێستی سیاسی ڕۆژانەیاندا بەو شێوەیەش دژایەتی هێرشی سەربازی ناکەن، ئاخۆ ئەمە جۆرێک پارادۆکس نییە؟ ئەندامی کۆمیتەی ناوەندی حزبی دیموکراتی کوردستان، کاوە ئاهەنگەری لە وەڵامی ئەم پرسیارەدا پێی وایە ''دژایه‌تی نه‌کردن له‌گه‌ڵ هێرشی سه‌ربازی و ده‌ره‌کی له‌گه‌ڵ ڕه‌تکردنه‌وه‌ی، یه‌ک نین. ئێمه وه‌ک کورد بۆچوون و ڕوانین و مێتۆدی سیاسیی خۆمان هه‌یه و ئه‌وانیش واته ناوه‌ندگه‌رایان یان ده‌توانم بڵێم به‌ڕێوه‌به‌رانی کۆنفرانسه‌که‌ش بۆچوونی خۆیان هه‌یه. ئه‌ساسه‌ن ئه‌م نوکته‌یه نه‌بوو به ته‌وه‌ری باس و پێشتریش له ده‌ستووری کاردا نه‌گوونجێندرابوو. به‌ڵام به گشتی ئێمه وه‌ک حێزبی دێموکراتی کوردستان بانگه‌شه بۆ هێرشی نیزامی لایه‌نی ده‌ره‌کی بۆ سه‌ر ئێران ناکه‌ین.''

کاوە ئاهەنگەری لە یەکەم دانیشتنی دووهەم ڕۆژی کۆنفڕانسی پراگدا، وتارێکی پێشکەش کرد و باسی لە دیموکراسی لە ئێران و ڕێگەکانی بەدیهێنانی دیموکراسی کرد. ئاهەنگەری لە بەشێکی وتارەکەیدا ئاماژەی بەوە کرد ڕیفراندۆم و گەڕانەوە بۆ ڕای گشتی جۆری تەمبەڵی دیموکراسییە و پێی وابوو گونجاوترین جۆری دیموکراسی، دیموکراسی ڕێککەوتن و بەشدارییە.

لەمبارەوە زیاتر دوا: ''له وڵاتێکی فره‌ نه‌ته‌وه یان جۆراوجۆردا چ له ڕووی زمانی و چ له ڕووی ئایینی، که پێکهاته‌‌یه‌کی ڕه‌نگاوره‌نگی هه‌یه، باشتر وایه که کێشه‌ سیاسیه‌کان له ڕێگای دیالۆگ و ڕێککه‌وتنه‌وه چاره‌سه‌ر بکرێن نه‌ک په‌نا بردن بۆ ڕای گشتی له ئاستی وڵاتدا. بۆ وێنه ئه‌گه‌ر له ئێران جۆری سیسته‌می سیاسی داهاتوو بخرێته ده‌نگدانه‌وه- له ئاستی سه‌راسه‌ریدا- دیاره مۆدێلی دڵخوازی کورده‌کان ده‌نگی زۆرینه ناهێنێته‌وه. به تایبه‌ت له مێژووی هاوچه‌رخی ئێراندا پێشینه‌ی سته‌می نه‌ته‌وایه‌تی و مه‌زه‌بی بووه و هه‌یه، له لایه‌کی دیکه‌وه ڕێفراندۆم ئاستی به‌شداری چالاکانه و به‌رده‌وامی شارۆمه‌ندان له کێشه‌ سیاسییه‌کاندا که‌م ده‌کاته‌وه. بۆیه پێموایه که دێموکراسی ڕێککه‌وتن و به‌شداری (توافقی و مشارکتی) گونجاوترین جۆری دێموکراسی‌یه بۆ ئێران هه‌تا دێموکراسی زۆرینه. به‌شێک له ئێرانییه‌کان باس له ڕێفرامدۆم بۆ هه‌ڵبژاردنی جۆری سیسته‌می سیاسی ده‌که‌ن، به‌ڵام به باوه‌ڕی من کورد نابێ به‌شداری وه‌ها ڕێفراندۆمێک بێ. له لایه‌کی دیکه‌وه ئێران پێشینه‌ و ته‌جرووبه‌ی دێموکراسی نییه، دیالۆگ و گفتوگۆش جه‌وهه‌ری دێموکراسی‌یه، باشتر وایه که په‌ره به دیالۆگ بدرێ و له‌و ڕێگایه‌وه کێشه‌کان چاره‌سه‌ر بکرێن.''

لە وەڵامی ئەو ڕەخنەیەدا کە گۆیا بەشداربووانی کورد و بە تایبەت نوێنەرانی حزبەکان ئازایانە باسیان لە پرسی نەتەوەیی نەکردووە و لەمڕوەوە نەیانتوانیوە گوتاری زاڵی کۆنفڕانسەکە بگۆڕن، کاوە ئاهەنگەری گوتی ''نازانم مه‌به‌ست له ئازایانه چیه! کورده‌کان بیروبۆچوونی خۆیان به شه‌فافی ده‌ڕبڕیوه و داکۆکیان له ڕای خۆیان کردووه. به باوه‌ڕی من ئیستدلال و قسه‌و باسی کورده‌کان بێ نه‌تیجه نه‌بووه. دیاره نابێ چاوه‌ڕوانی ئه‌وه‌مان هه‌بێ که به یه‌ک دوو کۆنفرانس نێوان و نامۆییه‌کی له‌مێژینه که له نێو ئێرانییه‌‌کاندا هه‌یه، کۆتایی پێ بێ و ئه‌وان بێنه سه‌ر باوه‌ڕی ئێمه. به باوه‌ڕی من به جێگای چاوه‌ڕوانیی له به قه‌ناعه‌ت گه‌یاندن و گۆڕینی باوه‌ڕ و بۆچوونی یه‌کتر، باشتر وایه که بیر له داڕژتنی چۆن پێکه‌وه‌ ژیانی جۆراوجۆرییه‌کان بین.''

لە وتوێژەکەمدا لەگەڵ کاوە ئاهەنگەری مەسەلەی ڕێگەنەدانی کۆمەڵەی زەحمەتکێشانی کوردستان و قسەکانی مێهران بەراتی سەبارەت بە پەژاک و پەکەکەشمان خستە بەر باس. بە کورتی گوتی ''پێموانیه که لایه‌نه ئێرانییه‌کان کێشه‌یه‌کیان له‌مه‌ڕ به‌شداریکردنی کۆمه‌له‌ی زه‌حمه‌تکێشانی کوردستان له‌و کۆنفڕانسه‌دا بووبێت و هیوادارم که له کۆنفرانسی ستۆکهۆڵمی ٢ هه‌موو حیزب و ڕێکخراوه کوردییه‌کان بتوانن تێیدا به‌شدار بن. دوکتور به‌راتی بۆچوونی خۆی له‌سه‌ر هێزه کوردستانییه‌کان هه‌یه و هیچ پێوه‌ندی به حیزبه‌کانی دیکه کوردستانی نیه.''

۱۳۹۱/۰۸/۲۶

جەلال تاڵەبانی: پەکەکە بە مەبەستی وازهێنان لە چەک هاتە لای من


وتوێژی ڕۆژنامەی میللیەت لەگەڵ سەرۆک کۆماری عێراق

 حەسەن جەماڵ
لە تورکییەوە: سەلاحەدین بایەزیدی

 
سلێمانی 

سلێمانی لە کوردستانی عێراق دراوسێی ئێرانە و بە پایتەختی سۆران لە قەڵەم دەدرێ. دوای هەولێر، دووهەم شاری گەورەیە. خەڵکی ئەم ناوچەیە بە زاراوەی سۆرانی قسە دەکەن. دوێنێ، دەمەونیوەڕۆ، بەرەو دەباشان سەرکەوتین کە دەڕوانێتە شاری سلێمانی. لە خاڵی لووتکە، بارەگای بە شکۆی جەلال تاڵەبانی لە ناو سەوزاییدا لە دوورەوە خۆ دەنوێنێ.

پەیکەری شێخ مەحموودی بەرزەنجیش کە دوای جەنگی یەکەمی جیهانی دژ بە ئینگلیزەکان لە ناوچەکەدا شۆڕشی کوردی هەڵگیرساند و شەڕی کرد، لەو سەرەوە سەرنج ڕادەکێشێ…

کاتێک باس لە هەرێمی سۆران لە کوردستانی عێراق دەکرێ، یەکسەر جەلال تاڵەبانی سکرتێری گشتی ی.ن.ک کورتکراوەی پارتی یەکێتی نیشتیمانی کوردستان بە مێشکی مرۆڤ دەگا.

ئەگەر سەرۆکی پدک واتە مەسعوود بارزانی سەرۆکی بەڕێوەبەرایەتی کوردستانی عێراقە،  سەرۆکی ی.ن.ک جەلال تاڵەبانیش، سەرۆک کۆماری عێراقە.

یەکەم چاوپێکەوتنم لەگەڵ مام جەلال دەگەڕێتەوە بۆ ساڵی ١٩٩٢ لە شارۆچکەیەکی بچووکی کوردستانی عێراق بە ناوی شەقڵاوە. هەندێک لە سەر ئەو ڕۆژانە قسەمان کرد، باسی ئەوەمان کرد لەو بیست ساڵەدا چ ڕووی داوە. دیارە پرسیاری جەنگیز چانداری لێکردم، لە زاری منەوە هەواڵێ دوا کتێبەکەی بیست.

وتوێژەکەمان بە ئینگلیزی ئەنجام دا و لە بەشی هەرە زۆری چاوپێکەوتنەکەدا من و ئەو بە تەنیا بووین. نزیکەی سەعات و نیوێکی خایاند.

سەرەتا باسمان لە گۆڕانکارییەکانی ناوچەکە کرد.

گوتی ''ناوچەکە هەر بە تەنیا ناسووتێ، بەڵکوو قوڵت قوڵت دەکوڵێ.''

سەبارەت بە بۆردومانی غەززە لە لایەن ئیسرائیلەوە بەمجۆرە دوا ''بەڵێ، ئەگەر بە یەک وشە باسی بکەین دەتوانین بڵێین سامناکە.''

''ئەم بەیانیە کۆمەڵێک بانگەشە بڵاو بوونەوە، گۆیا ئیسرائیل دەچێتە نێو غەززە و داگیری دەکا… ئینشاڵا کاری وا شێتانە ناکرێ.''

لە نێو قسەکانماندا پشوویەکی کورتمان دا؛ بە سەرنجەوە گوێی لە هەواڵێکی تەلەڤزیۆن گرت سەبارەت بە بەڕێوەبەرانی نوێی چین.

دەربارەی بۆردومانی ناوچەکانی نزیک سنووری تورکیا لە لایەن فڕۆکە جەنگیەکانی سووریاوە گوتی ''جموجوڵێکی زۆر مەترسیدارە.''

 ''هەواڵێکی زۆر ناخۆش''

کاتێک باس لەوە کرا پەیوەندییەکانی سەرۆک وەزیری عێراق نووری مالیکی و دەوڵەتی عێراق لەگەڵ تورکیا بە ئاڕاستەیەکی باشدا ناڕوا، بەمجۆرە کاردانەوەی نیشان دا:

''هەواڵێکی زۆر زۆر ناخۆشە.''

بە کورتی ئەمانەی هێنایە زمان:
''سەرۆک وەزیر نووری مالیکی هاتە سلێمانی، بە مەبەستی تاوتوێکردنی چۆنیەتی هەڵسوکەوت لەگەڵ تورکیا… گوتم با ئێستا ئەو کێشانەی هەڵگری نێوەڕۆکێکی شەخسین لەگەڵ سەرۆک وەزیر ئەردۆغان، بخرێنە سوچێکەوە. ئەوەشم ڕوون کردەوە کە بەرژەوەندی عێراق بێگومان لە پەیوەندی تۆکمە لەگەڵ تورکیا دایە. گوتی باشە و ئامادەیی خۆی لەم پێناوە دەربڕی.. پاشان گوتیان لە ئەنقەرەوە وەزیرێک دێ کە لەوانەیە وەزیری وزە بێ، بەڵام ئەم سەردانە پێکنەهات. لە لایەکی ترەوە بڕیار بوو لێژنەیەک لە پارتی دەعوەی نووری مالیکی بەشداری کۆنگرەی ئاکەپە بێ، بەڵام کە زانرا تارق هاشمی لە کۆنگرەدا قسە دەکا، سەردانەکە پووچەڵ کرایەوە…''

لە وەڵامی پرسیاری چی بکرێ باشە، سەرۆک کۆماری عێراق گوتی:

''پەیوەندی نێوان ئەنقەرە – بەغدا گرنگە. سەرەتا پێویستە ناکۆکییەکان وە لا بنرێن و سەر لە نوێ دیالۆگ هەڵبگیرسێتەوە… دەکرێ وەفدێک لە ئەنقەرەوە بێتە بەغدا، دەکرێ وەزیرێک بێ. پەیوەندی لەگەڵ کۆمپانیاکانی تورک پێش بخرێ… کەڵکەڵەی من ئەوەیە، پەیوەندییەکانی تورکیا – عێراق بکەوێتە نێو بازنەی پێکدادانەکانی سوننە – شیعەوە… هەن کەسانێک کە دەیانەوێ ئەو کارە بکەن. تورکیا وەک دەوڵەت نابێ بچێتە ناو بازنەی 'سوننە'وە…''

 هاوسەنگی لە ناوچەکە 

دوابەدوای ئەمانە تاڵەبانی سەبارەت بە هاوسەنگیەکانی ناوچەکە ڕایگەیاند:
''دەبێ واقعبین بین. مێژوومان و جوگرافیامان ناتوانین بگۆڕین. نوری مالیکی سەرۆک وەزیری عێراقە و ئەوە وڵات بەڕێوە دەبا. کێشەیەکی ئەوتۆ لە ئارادا نییە. لە وەها دۆخێکدا، ڕاگرتنی هاوسەنگیەکان دەکەوێتە سەر شانی هەموومان. پێویستە پەیوەندییەکانی نێوان ئەنقەرە و بەغدا دەست پێ بکەنەوە، پەیوەندییەکان سەر لە نوێ ڕێگاکانی دیالۆگ هەموار دەکەنەوە…''

لە لایەکی دیکەوە، بە گوێرەی زانیارییەکانی چەند سەرچاوەیەکی باوەڕپێکراو لە شاری سلێمانی، سەرۆک وەزیر ئەردۆغان، بە مەبەستی بوژاندنەوەی پەیوەندییەکانی ئەنقەرە – بەغدا، داوای ناوبژیوانی لە ئێران کردوە و پێشوازیەکی ئەرێنی لێکراوە…

ئەوەی ئاشکرایە:
ڕەوتی ئاسایی بوونەوەی پەیوەندییەکانی ئەردۆغان – مالیکی لەوانەیە زیاتر درێژە بخایەنێ، بەڵام لە بەرامبەردا، بۆی هەیە ئاسایی بوونەوەی پەیوەندییەکانی تورک – عێراق ئەو ماوەیەی گەرەک نەبێ. جەلال تاڵەبانی گوتی لەگەڵ ئەم بەدواداچوونانەی مندا کۆکە.

پەکەکە و سەردانی بەغدا 

یاداشتێک:
بە پێی ئەو زانیارییانەی لە چەند سەرچاوەیەکی متمانەپێکراو لە هەولێر و سلێمانی دەستم کەوتووە، ماوەیەک لەمەوپێش دوو نوێنەری پەکەکە سەردانی بەغدایان کردوە. ئامانجیان ئەوە بووە چاویان بە سەرۆک وەزیر مالیکی بکەوێ.

ئەم چاوپێکەوتنە پێکنەهاتووە.

بەڵام وەزیرێک پێشوازی لەو نوێنەرانەی پەکەکە کردوە…

وەک بیستوومە لە بەغدا مالیکی ئاگادار کراوەتەوە کە ''ئەگەر دەتەوێ پەیوەندییەکانی تورکیا – عێراق لاواز بکەی، دەتوانی لەگەڵ نوێنەرانی پەکەکە چاوپێکەوتن ئەنجام بدەی.''

کێ ئاگاداری کردۆتەوە؟
نازانم.

سەرۆک کۆمار تاڵەبانی، ئاماژەی بەوە کرد پەیوەندی دۆستانە لە نێوان عێراق و تورکیا، لە بەرژەوەندی هەر دوو وڵات دایە.

 دیالۆگی پەکەکە
بەشی هەرە زۆری قسەکانمان لەگەڵ تاڵەبانی سەرۆک کۆماری عێراق، بۆ گفتوگۆ لە سەر تەیب ئەردۆغان، کێشەی پەکەکە و کورد تەرخان کرد. بەشێکی قسەکانمان، بەو مەرجە بوو کە یاداشتی نەکەین، لەو نێوانەدا تاڵەبانی ئەم زانیارییانەی درکاند:

''مانگی سێپتامبری ساڵی ڕابردوو، لە جەنگەی کۆبوونەوەی جڤاتی گشتی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان، چاومان بە تەیب ئەردۆغان کەوت. پێم گوت:

پەکەکە هاتۆتە لای من. گوتویەتی ئامادەین واز لە چەک بێنین، (کە ئەم قسەیەی کرد، لە من نزیک بۆوە، گوتی باسی وازهێنان لە چەک دەکەم، نەک ئاگربەست). بۆ ئەم مەبەستە دوو مەرجیان هەبوو. یەکەم لێبوردنێکی گشتی و دووهەم سەر لە نوێ پێناسە کردنەوەی هاووڵاتی بوون لە دەستووری بنەڕەتی و دەرهاویشتنی دەستەواژەی تورک…

ئەردۆغان گوتی لێبوردنی گشتی ئاسان نییە، ڕای گشتی بۆ ئەم مەبەستە حازر نییە. هەروەها تەئکیدی لە سەر خاڵێک کردەوە. ئاماژەی بەوە کرد خۆی بە نەتەوەپەرست نازانێ و موسڵمانە. گوتیشی 'هەموو کەسێ برامە'.

منیش ئەو کات حەزرەتی محەممەدم بە نموونە هێنایەوە. باسی ئەوەم کرد چۆن پێغەمبەر ئەو سەردەمە کە مەککەی داگیر کردوە، هەموو کەسێکی ئازاد کردوە… ئەگەر لێبوردنی گشتی ڕانەگەیەنرێ، ئەوانەی لە شاخ دێنە خوار، بچنە کوێ، لێم پرسی ئایا دەبێ بچنە گرتووخانەکان و پێم گوت ئەمە واقعبینانە نییە.''

 ''مەگەر ئۆجەلان بتوانێ'' 

جەلال تاڵەبانی، هەروەک مەسعوود بارزانی هەمان بانگەوازی ئاڕاستەی پەکەکە کرد:
''قۆناغی خەباتی چەکداری بە سەر چووە، ئیتر کاتی ئەوە هاتووە لە چیاکان بێنە خوار. گیڤارا و هۆ شی مینەکان، لە مێژە بوونەتە دیرۆک.''

دوای ئەم قسانە، تاڵەبانی ڕستەیەکی تری هێنایە زمان:
''هەموو جارێ ئەمانە بە پەکەکە دەڵێم، بەڵام هێشتا قایل نەبوون.''

تاڵەبانی سەرنجی بۆ سەر ئەوە ڕاکێشا کە پێویستە سەر لە نوێ دەرگاکانی دیالۆگ لەگەڵ پەکەکە بکرێنەوە و گوتی:
''تەنیا مرۆڤێک دەتوانێ دەرگای دیالۆگ بکاتەوە، ئۆجەلان… تەنیا ئەو پیاوەی ناو گرتووخانە، دەتوانێ کەسانی شاخ بێنێتە خوارەوە.''

نەخشە ڕێ…

جەلال تاڵەبانی، بۆ پێڤاژۆی دابەزین لە شاخ، بە کورتی نەخشەڕێیەکی بەمجۆرەی وێنا کرد:

(١) هەلومەرجی ژیانی ئۆجەلان لە زیندان باشتر بکرێ… (لەم چوارچێوەیەدا، دەڵێ هەنگاوی یەکەم باش کردنی ڕەوشی گرتووخانە، هەنگاوی دووهەم زیندانی لە ماڵەوە و سێهەمیش لێبوردن بێ.)
(٢) ئاگربەستێکی ڕاستەقینە..
(٣) دەرکەوتنی میلیتانەکانی پەکەکە بۆ دەرەوەی سنوورەکانی تورکیا..
(٤) سەر لە نوێ پێناسەکردنەوەی دەستەواژەی هاووڵاتی..
(٥) لێبوردنی گشتی…
بە کورتی ئەمەیە نەخشە ڕێی تاڵەبانی.

 ''پێویستە لە دەرگا بدرێ''

لە دوا بڕگەی قسەکانمان، جارێکی تر هاتینەوە سەر ناوچەکە و پەیوەندییەکانی تورکیا – کوردستانی عێراق.

''نامەوێ درێژەدادڕی بکەم. لەگەڵ بارزانی پرەنسیپێکمان هەیە. بێ ئەملاو ئەولا دەمانەوێ باشترین پەیوەندی لەگەڵ تورکیا بەرقەرار بکەین.''

لەم نێوانەدا، بێ ئەوەی بچێتە ناو وردەکارییەکانەوە ئاماژەی بەوە کرد 'هەندێک وڵات ئەم پەیوەندییانەیان بە دڵ نییە'، بەڵام نەیویست ئەمە ڕاشکاوانە بنووسرێ، بە تایبەتی داوای کرد ناوی ئەو وڵاتەی گەورەیەی وەک نموونە ئاماژەی پێ کردووە، شاراوە بمێنێتەوە.

سەرۆک کۆماری عێراق سەبارەت بە سەقامگیری لە ناوچەکە، بە کورتی بەمجۆرە دوا:

''ئەگەر بێیتە سەر مەسەلەی ئاشتی و تەناهی لە ناوچەکە، چارەیەکمان نییە جگە لەوەی هەم دەرگای واشنگتۆن بکوتین و هەمیش دەرگای مۆسکۆ. بۆ نموونە تەنیا ئەمریکا دەتوانێ دەوڵەتی ئیسرائیل لە مەڕ ئێران، ئەهوەن بکاتەوە. ناچارین بچینە مۆسکۆ، چونکە ڕوسیاش لەگەڵ تاران، بەغدا و شام پەیوەندی دۆستانەی هەیە. ڕووسیا دەڵێ: نامانەوێ ئەسەد بپارێزین، بەڵام دژی ئەوەین ئەمریکا لە هەموو شوێنێ هێژمۆنی هەبێ. لەم نێوانەدا، ڕووسیا نیگەرانی جموجوڵی ئیسلامی ڕادیکاڵە لە ناوچەکە.''

 پەیام سەبارەت کێشەی کورد بۆ ئەردۆغان..
لە وتوێژەکەماندا، جەلال تاڵەبانی سەرۆک کۆماری عێراق و سکرتێری ی.ن.ک، لە ڕێگەی ڕۆژنامەی میللیەتەوە ئەم پەیامەی ئاڕاستەی ئەردۆغان کرد:

''برام ئەردۆغان؛
پرسی کورد چارەسەر بکە و ئاشتی بۆ شاخەکان بەرە. سەردەم ئیتر هی شاخەکان نییە، کاتی هەڵبژێردران بە زۆرینەی دەنگی گەل و سیاسەت کردنە لە ژێر چەتری پەرلەمان.
برای هێژام؛
چارەسەری کێشەی کورد، ئاشتی و ئارامی بۆ تورکیا و ناوچەکە دەهێنێ و دەبێتە هۆی ئەوەی لە سەر سندووقەکان دەنگدان، دەنگێکی زۆرتر بە دەست بێنی.''

 ''تورکیا سووریای باش نەخوێندەوە''

سەرۆک کۆماری عێراق تاڵەبانی، بە گشتی سیاسەتەکانی تورکیا سەبارەت بە سووریای بەم شێوەیە هەڵسەنگاند:

''تورکیا بە باشی نەیتوانی ئاڵوگۆڕەکانی سووریا بخوێنێتەوە. سەرەتا پێی وابوو هەموو شتێک زۆر ئاسانە و بەشار ئەسەد یەکسەر دەڕوا. پاشان بینی بەمجۆرە نییە.

عەلەوییەکان نایانەوێ واز لە دەسەڵات بێنن، بە بەعسەوە قفڵ دراون.

مەسیحیەکانیش لە ئیخەوان موسلمین دەترسێن. سەبارەت بەمە لە سووریا ڕستەیەک بڵاو بۆتەوە، دەڵێن 'عەلەوییەکان بۆ تابووت و مەسیحیەکان بۆ بەیرووت'.

دورزییەکان بوونەتە دوو بەش…

هەرچی کوردەکانی سووریاشن.. هێشتا لێژنەی نیشتیمانی کورد نەچۆتە ناو ڕیزەکانی ئۆپۆزۆسیۆنی سووریاوە. پەیەدە کە شوێنە بەرچاوەکانی کوردستانی سووریای خستۆتە ژێر کۆنتڕۆڵی خۆیەوە، لە تورکیا دەترسێ.

عەرەبی سوننە، دەیانەوێ ئەسەد بڕوا، بەڵام بوڕژوای سوننە لە شام و حەلەب بە تەواوی بڕیاری خۆیان نەداوە.

لەم حاڵەتەدا، ڕژێمی ئەسەد هەم وڵاتەکەی کۆنتڕۆڵ ناکا و هەم وێدەچێ وا سووک و ئاسانیش نەڕوا.''

تاڵەبانی ئەمەشی بە قسەکانیەوە زیاد کرد:

''دۆستانمان لە ئەنقەرە نەیانتوانی ئەم تابڵۆیە ببینن، هەموو لایەنەکانی وێنەکەیان نەبینی.''

۱۳۹۱/۰۸/۲۵

مەسعوود بارزانی؛ کوردستانی سووریا ڕاستیە


حەسەن جەماڵ
لە تورکییەوە: سەلاحەدین بایەزیدی

 
هەولێر

سەر لە نیوەڕۆی ڕۆژی سێشەممە، لە کۆشکی سەرۆکایەتی لە سەرێ ڕەش هەڵکەوتوو لە سەلاحەدین،  لەگەڵ مەسعوود بارزانی سەرۆکی بەڕێوەبەرایەتی کوردستانی عێراق قسەمان کرد.

بابەت، باکووری سووریایە.
یان بە واتایەکی دروست تر:
کوردستانی سووریا.
وەک هەندێک کەسیش دەڵێن:
ڕۆژئاوای کوردستان.
وەک چۆن سەردەمانێک ڕای گشتی تورک پێی وابوو تەنیا باکووری عێراق هەیە..
وەک چۆن سەردەمانێک ڕای گشتی تورک نەیدەزانی بە ڕاستی لە باکووری عێراق چ ڕوودەدا…
ئێستاش، دوای ٤٠٠ کیلۆمەتر سنووری هاوبەش  لەگەڵ عێراق، ئەمجارەشیان لە سنوری تورکیا ٩٠٠ کیلۆمەتر بووینە هاوسێ، سەبارەت بەوەی کە لە ڕوداوە گەرماوگەرماکانی باکووری سووریا تێناگەین، دەست پێدەکەم.
بارزانی پێدەکەنێ.
ئاماژە بە هەندێک لە لێدوانەکانی سەرۆک وەزیر ئەردۆغان دەکەم کە گوتبووی لە سووریا ڕێگە بە باکووری عێراقی نوێ نادەین و ناهێڵین قەندیلێکی نوێ دروست بێ.
نێوچەوانی تێک نانێ.
سەرۆکی دیوانی هەرێم فوئاد حوسێنیش کە چەندین ساڵە وەک باڵی ڕاستی بارزانی کار دەکا، هێڵەکانی دەموچاوی ناگۆڕدرێن.
نیگاکان لە سەر منن.
دەڵێم لە کوردستانی سووریا، پەیەدە زیاتر زاڵە، واتە باڵی پەکەکە لەو وڵاتە.
کەمێک دەجوڵێنەوە.
دەربارەی بۆچوون و پێش بینیان سەبارەت بەوەی پەیەدە لە کوردستانی سووریا دەتوانێ هێزێکی وای هەبێ یان نا، پرسیار دەکەم:
"پەیەدە لە کوردستانی سووریا گرنگە. ئایا بوونی پەیەدە، هەم بۆ ئێوە و هەم بۆ ئەردۆغان فاکتەرێکی نەرێنییە؟ هەروەها دەگووترێ، لە دوا کۆبوونەوەی دوحە لە هەفتەی ڕابردوودا، تورکیا و کوردستانی عێراق  لەگەڵ ئۆپۆزۆسیۆنی سووریا لە دژی پەیەدە یەکتریان گرتووە… لە مەڕ کوردستانی سووریا و پەیەدە چۆن بیر دەکەنەوە؟"

 کوردەکان تەعریب نەبوون!

مەسعوود بارزانی بەمجۆرە وەڵامی دایەوە:
"لە کوردستانی سووریا، کێشەیەکی کوردی هەیە، واقعێکی کوردی هەیە. تێناگەین بۆچی دەوڵەتانی ناوچەکە دان بە واقعی کورد لە سووریا دانانێن. هەر پارچەیەکی کوردستان، تایبەتمەندی خۆی هەیە و تایبەتمەندییەکان جیاوازن. کێشەکە لە کوردستانی سووریا بە چ شێوەیەک چارەسەر دەبێ؟ قسە لە سەر ئەمە دەکەین. لایەنی عەرەب، لە ساڵی ١٩٦٢ بە دواوە سیاسەتی تەعریب لە کوردستانی سووریا پەیڕەو دەکا، بەڵام لەم سیاسەتەیاندا سەرنەکەوتن. ئێستا ئیتر دەبێ ڕاستی کورد ببینرێ."

دیسان قسەکانم دەبەمەوە سەر پەیەدە.

بارزانی لە وەڵامدا دەڵێ:
"نکۆڵی لە پەیەدە ناکرێ. پەیەدە لە کوردستانی سووریا بوونی هەیە. بەڵام لە دەرەوەی سووریا، ئەمە زۆر گەورە دەکرێتەوە. لە سووریا کورد هەن! کوردەکانی ئەوێ، کوردەکانی سووریان. کوردەکانی ئەوێ لەوانەیە سۆزیان بۆ پەیەدە و بۆ پەکەکە هەبێ، بەڵام مومکینە سەمپاتیان بۆ گرووپەکانی دیکەش هەبێ."

بارزانی سەرۆکی بەڕێوەبەرایەتی کوردستانی عێراق، پاش ئەوەی ئاماژەی بەوە کرد کە بە تەنیا پەیەدە لەوێ نییە، مەسەلەکە زۆر گەورە دەکرێتەوە، ناڕاستەوخۆ گوتی جگە لە پەیەدە، کوردەکانی سووریا سەمپاتی پدک واتە حزبەکەی ئەوانیشن، گوتی:

"ئەوەی بە لای ئێمەوە گرنگە، ئەوەیە کوردەکانی سووریا شەڕی یەکتری نەکەن. بۆ ئێمە ئەو خاڵە زۆر گرنگە. لە لایەکی ترەوە، بێگومان گرنگە کوردەکان و عەڕەبەکانیش شەڕی یەکتری نەکەن."

 بارزانی ڕایگەیاند ئەگەر دیموکراسی هەبێ دەزانین لە کوردستانی سووریا کام هێز سەرکەوتووە، دەتگووت بە زمانێکی ناڕاستەوخۆ پەیەدە وشیار دەکاتەوە. لە بەردەوامی قسەکانیدا گوتی:

"بڕوام بەوە هەیە کە کوردەکان لە نێو خۆیاندا، کوردەکان  لەگەڵ عەرەبەکان و عەرەبەکان لە نێو خۆیاندا، واتە گەلانی سووریا کێشەکانیان لە چوارچێوەی دیموکراسیدا چارەسەر دەکەن. ئەگەر پەیەدە لەم پێڤاژۆیەدا، تێکدەر بێ و ببێتە لایەنی گوشار، ئەوا قەبووڵ ناکرێ. هێشتا زوویە. بەڵام ئەگەر پەیەدە پابەندی دیموکراسی بێ، ئەوا هیچکەس کاری بە سەریەوە نییە. بەڵام ئەگەر دژی دیموکراسی دەربکەوێ، بە ئاڕاستەی بەرنامەگەلی جیاوازدا بڕوا ، نە کوردەکانی سووریا، نە لایەنەکانی دیکە و نە ئێمەش ئەمە قەبووڵ ناکەین."

دەپرسم:
"دوای عێراق، ئێستا دیکتاتۆڕی بەعس لە سووریا خەریکە هەڵدەوەشێتەوە. وێدەچێ دوای عێراق، کوردەکانی سووریاش بەڕێوەبەرایەتی خۆیان هەبێ. گەڕانەوە بۆ دواوە زەحمەتە. لەم چوارچێوەیە دا  چۆن سووریایەک لە خەیاڵتان دایە؟"

وەڵامی بارزانی:
"تا ڕۆژی ئەمڕۆ دان بە ناسنامەی کوردەکانی سووریا دانەنراوە. بگرە تۆماری نیشتەجێ بوونیان نییە. بەر لە هەر شتێ پێویستە واقعی کورد لە سووریا لەبەر چاو بگیرێ. نزیکەی دوو میلیۆن و نیو تا سێ میلیۆن کورد هەیە. بوونی ئەم ژمارەیە لە سووریا بۆ ئێمە گرنگە. بۆ ئێمەی کوردی عێراق زۆر گرنگە، ئەوان بە مافەکانی خۆیان بگەن. ئێمە قەبووڵ ناکەین مافەکانی ئەوان ڕەت بکرێتەوە. بەڵام سەبارەت بەوەی چۆن سیستەمێک بێتە سووریاوە، ئەوا بابەتێکە خۆیان بڕیاری لە سەر دەدەن."

پرسیارێکی تر ئاڕاستە دەکەم:
"پێشبینیتان دەکرد پەیەدە لە کوردستانی سووریا ئەو هێزەی هەبێ؟"

بارزانی زۆر بە پارێزەوە وەڵامی ئەم پرسیارەم دەداتەوە. بە زمانێکی نەرمی دیپلۆماسیانە، سەبارەت بە ئەگەری پەیوەندی نێوان پەیەدە و ڕژێمی ئەسەد دەڵێ:

"ئەوەی لێرەدا گرنگە، ئەوەیە لە کوردستانی سووریا دەرگای بەخت بۆ پەیەدە کراوەتەوە یاخود ئەو ئاستەی پێی گەیشتووە، بەرهەمی باندۆڕی خودی پەیەدەیە؟ هێشتا نازانین. هەڵیدەسەنگێنین. منیش هێشتا وەڵامێکم دەست نەکەوتووە… هێمای پرسیار هێشتا لە سەرمدا ماوەتەوە."

دەپرسم:
"ئەسەد ئەم دەرگایەی کردۆتەوە؟"

بارزانی:
"وەک پرسیار لای ئێمەش ماوەتەوە. هێشتا وەڵاممان بۆ نەدراوەتەوە. پرسیارە بە لامانەوە، ئەسەدە یا کەسێکی تر؟ بڕیار نادەم. بەڵام ئەمە ڕاستیەکە: پەیەدە لەو ئاستەدا نییە خوێ بتوانێ کوردستانی سووریا کۆنتڕۆڵ بکا. هێز و لایەنی دیکەش هەن. بە تایبەت هێشتا لەوە تێناگەین چۆن شوێنەکانی ئاسایش و ئیستیخبارات ڕادەستی پەیەدە کران و چۆن  لەگەڵ کاربەدەستانی سووریا شان بە شانی یەکترین. هێشتا ئاشکرا نەبووە. هێشتا ئەم وەڵامەمان وەرنەگرتوە کە ئاخۆ ئەمە ڕێککەوتنێکە یان لە لاوازبوونی ڕژێمی بەشار ئەسەدەوە سەرچاوە دەگرێ؟ ئێمە هەڵوەستەی لە سەر دەکەین. دووبارەی دەکەمەوە، ئێمە لە ئێستا هەوڵی ئەوە دەدەین کوردەکان لە کوردستانی سووریا لە نێو خۆیاندا بە شەڕ نەیەن."

 دەچمە سەر ئاڵۆزییەکانی ناوچەکە. ئەو پرسیارەمی بە بیر دێنمەوە کە ساڵی ١٩٩٣ لە یەکەم چاوپێکەوتنم  لەگەڵ ئەو لە دهۆک ئاراستەم کردبوو، سەبارەت بە دەوڵەتی سەربەخۆی کوردی.

ئەویش لێم دەپرسێ:
"بێگومان وەڵامەکەی منتان لە بیرە. باسم لە ئیدەئالی دەوڵەتی سەربەخۆ کردبوو."

بەمجۆرە بەردەوام دەبێ:
"بەر لە هەموو شتێ، ئەمە مافی سرووشتی ئێمەیە. کێشەی هەرە گەورە لێرەدا ئەوەیە کوردەکان بە سەر چوار دەوڵەتدا دابەش بوون. لێرەدا مەسەلەکە زەحمەت دەبێ. ئەگەر وا نەبوایە و کوردەکان بە سەر دوو وڵاتدا دابەش بوایەن یان هەر هەموویان بە سەر وڵاتێکدا، دەوڵەتی کوردی زۆر ڕاحت تر دادەمەزرا. ئێمە لایەنگری گەیشتنی هەموو کوردەکان بە مافەکانی خۆیانین. ئەمە مافی هەرە سرووشتی ئەوانە."

مەسعوود بارزانی ڕایگەیاند:
"ئیتر لە دونیادا هیچ شتێک مەحاڵ نییە. لەپێناو دۆزێکی گەورەدا خوێنیش دەڕژێ و باجی گەورەش دەدرێن. بەڵام دواجار گومان لەوە دانییە کە چارەسەری دێتە دی. بە هەڵە لێک تێگەیشتن لە ئارادا نامێنێ، ئێمە لەمڕووەوە دڵنیاین. نموونەی ڕۆژهەڵات و ڕۆژئاوای ئاڵمانیا لە بەر چاوە. نموونەی چێک و سلۆڤاکی هەیە. یەکگرتن و جیابونەوە بە زۆر نییە… گەل خۆی بڕیار دەدا. لایەنی تر، مافی ئەوەیان نییە بڕیار لە سەر مافەکانی ئەو گەلە بدەن."

لە درێژەی قسەکانیدا دەڵێ:
"بڕوانن، لەم چوارچێوەیەدا، دونیا لەم دە – پانزە ساڵەی دواییدا گۆڕانێکی گەورەی بە سەر هاتووە."

کاتێک باس دێتە سەر ئاڵۆزییەکانی ناوچەکە، بارزانی بەمجۆرە دێتە ئاخافتن:

"لەوانەیە ئاڵۆزیەکی زۆر لە ناوچەکەدا هەبێ، بەڵام لێرەدا ئەوەی بە لای منەوە گرنگە، دۆزی کوردە، من بڕوام بەمە هەیە. ئێمە نامانەوێ لە سەر حیسابی ئەوانی تر کێشە یاخود دۆزی کورد چارەسەر بکرێ. ئێمە دەمانەوێ  لەگەڵ هەموو گەلانی ناوچەکە بە تورک، فارس و عەرەبەوە پەیوەندی تۆکمەمان هەبێ.  لەگەڵ ئەوەش داین کێشەی کورد لە چوارچێوەی ئەم پەیوەندییە باشانەدا چارەسەر بکرێ. نامانەوێ لە سەر حیسابی گەلانی تر ئەم کێشەیە چارەسەر بکەین. لە هەمانکاتدا نامانەوێ ببینە هۆکاری هەڕەشە بۆ هیچ کەس و لایەنێک. بێگومان لەپێناو بەرژەوەندی لایەن و دەوڵەتانی تر، لە دۆزی کورددا پاشەکشە ناکەین. وەک کورد خۆمان لە هیچ شوێن و بەرەیەکدا نابینینەوە. ئێمە تەنیا بڕوامان بە دۆزی کورد هەیە."

کە پرسیارەی بەرەی لێدەکەم، بەمجۆرە بابەتەکەم بۆ ڕوون دەکاتەوە:

"ئێمە هیچ بەرەیەکمان نییە. نە ئەمریکا و نە تورکیا تا ئێستا پێشنیاریان پێنەکردووین 'ببنە ئەم یا خود ئەو بەرەیە'. ئامانجی ئێمە دۆزی کوردە. بۆ ئەمە تێدەکۆشین."

دەپرسم:
"ئەگەر تورکیا کێشەی کوردەکانی خۆی بە ڕێگایەکی ئاشتیانە چارەسەر بکا، بێگومان کاریگەری ئەرێنی بۆ سەر سەقامگیری و ئاشتی لە ناوچەکەدا دەبێ، ئێوە دەڵێن چی؟"

بارزانی وەڵام دەداتەوە "بێ گومان وایە."

باس لەوە دەکەم کوردستانی عێراق،  لەگەڵ بەغدای سەرۆک وەزیری شیعەی عێراق نووری مالیکی، هاوینێکی گەرم و ئاڵۆزی تێپەڕاند، بە تایبەت لە شەنگال کە شوێنی نیشتەجێی کوردە ئێزدییەکانە، لە ناوچەکانی کەرکووک و خانەقین، هەر دوو لایەن قامکیان لە سەر ماشەی چەک بوو.

بارزانی لەمبارەوە ڕایگەیاند:
"کێشە هەن و نکۆڵی لەمە ناکرێ. بەڵام ئێمە لایەنگری ئەوەین کێشەکان لە چوارچێوەی دەستووری بنەڕەتیدا چارەسەر بکرێن. ئێمە هیچ شتێک لە دەرەوەی دەستووری بنەڕەتی قەبووڵ ناکەین."

دەپرسم:
"وێدەچێ سەبارەت بە پەیوەندیی  لەگەڵ تورکیا و ئێران، لە نێوان ئێوە و سەرۆک کۆمار جەلال تاڵەبانیدا بۆچوونی جیاواز هەبێ…"

هەست دەکەم لە وەڵامدانەوەی ئەم پرسیارەدا هەندێک ئاستەنگی بینی و ویستی ڕەهەندەکانی مەسەلەکە بچووکتر نیشان بدا.

بارزانی گوتی:
"لە ڕاستیدا ئێمە یەک بۆچوونمان هەیە. هەر دووکمان،  لەگەڵ بەردەوامیی پەیوەندی تۆکمە  لەگەڵ ئێران و تورکیا داین. مام جەلال سەرۆک کۆمار و من سەرۆکی هەرێمی کوردستانم. ئەگەر ئەمە لە بەر چاو بگرین، بۆی هەیە جار جارە بیروڕای جیاواز هەبێ، بەڵام بابەتی بچووکن. لە سەر بابەتە پێویست و سەرەکییەکان، یەک بۆچوونمان هەیە. خۆی ئەمەش گرنگە…"

۱۳۹۱/۰۸/۲۴

"با مانگرتن کۆتایی بێ"


 وتوێژی سەرۆکی هەرێمی کوردستان لەگەڵ ڕۆژنامەی میللیەت

حەسەن جەماڵ
لە تورکییەوە: سەلاحەدین بایەزیدی

 
هەولێر

کوردەکان بە ئەربیل دەڵێن هەولێر کە پێتەختی هەرێمی کوردستانی عێراقە. لەوێوە بە ئۆتۆمبێل بۆ شارۆچکەی سەلاحەدین نیو سەعات ڕێگەیە، ئەو شوێنەی لە بەرزاییەوە دەڕوانێتە دەشتی بێ بڕانەوەی هەولێر. مەودای ڕاستەوخۆی لەگەڵ تورکیا ١٨٠ کیلۆمەترە. بەڵام ئەوێش لە زمانی خەڵکەوە سەلاحەدین نییە و مەسیفە.

لە بەرزترین خاڵی مەسیف کە بە یەکێک لە چیا قیتەکانی کوردستان دێتە ئەژمار، سەرێ ڕەش هەڵکەوتووە. ئەو گردە وەک هێلانەی هەڵۆیان نێوی براوە و ئا لەو شوێنەوە کوردستانی عێراق بەڕێوە دەبرێ.

وتوێژی من بە هاوڕێیەتی فۆتۆگرافەر نامیق دوروکان، لەگەڵ سەرۆک مەسعوود بارزانی سەر لە نیوەڕۆ لە کۆشکی سەرۆکایەتی هەڵکەوتوو لە سەرێ ڕەش ئەنجام درا و سەعات و نیوێکی خایاند. سەرۆکی دیوانی هەرێم فوئاد حوسێن لە تەنیشت بارزانی دانیشتبوو کە بە ساڵانە لە نزیکەوە کاری لەگەڵ دەکا.

یەکەم چاوپێکەوتنم لەگەڵ مەسعوود بارزانی دەگەڕێتەوە بۆ ساڵی ١٩٩٣ لە شاری دهۆک. لە ماوەی بیست ساڵی ڕابردوودا، چەندین جار وتوێژم لەگەڵ ئەنجام داوە.

ساڵانێکە شتێک هەیە ناگۆڕدرێ. ناوچەکە بە هیچ شێوەیەک سەقامگیر نابێ، بەردەوام و گەرماوگەرم بلێسەی دێ. کاتێک ئەمەم هێنایە زمان، کاردانەوەی مەسعوود بارزانی بەمجۆرە بوو:
"ناوچەکە لە ناو ئاگر دایە."
بە پێکەنینەوە بەردەوام دەبێ:
"بەڵام لەم بێنەو بەرەو لەو متبەخە چ جۆرە خواردنێک دێتە دەر، نازانم."

"منیش سەرم لێ شێواوە"

پاش ئاماژە کردن بە گۆڕینی بەپەلەی هاوسەنگیەکان لە ناوچەکە و پەلەقاژە کردنی گەلێک شت، دەچمە سەر باسی پرسی دەستنیشان نەکردنی ئەوەی ناوچەکە لە کوێوە بۆ کوێ هەنگاو دەنێ. بۆی دەگێڕمەوە کاتێک لە هەولێر قسەمان دەکرد، کەسێک گوتی:
"وەک چۆن دەڵێن کێ بە کێ یە. لە نێو جەرگەی ئەم ناوچەیەدا، کەس نازانێ کێ بە کێیە."
پێدەکەنێ.
لێی دەپرسم:
"ئێوە لە ناوچەیەدا دەتوانن پێش خۆتان ببینن؟ من تا ئاستێکی زۆر سەرم لێ شێواوە."
بارزانی کە بە گشتی خۆی کۆنتڕۆڵ دەکا، ئەمجارەیان خۆی پێ ڕانەگیرا و قاقایەکی لێدا:
"دە وەڵاهی منیش سەرم لێ شێواوە!"
پەیوەندیی نێوان تورکیا و هەرێمی کوردستانی عێراق لە 'ئاستێکی زۆر باش' دایە و لەپێناو گەیشتن بەو ئاستە، ڕۆڵی ئەرێنی حکومەتی ئاکەپە بەرز دەنرخێنێ. دەڵێ بە مەبەستی سەقامگیری و ئاشتی لە ناوچەکە دەبێ ئەم پەیوەندییانە هەم لە بواری سیاسی و هەم لە بواری ئابوورییەوە پەرەیان پێ بدرێ.

پەکەکە فاکتەرێکی زیانبەخشە؟

لێی دەپرسم:
"سەبارەت بە پەیوەندییەکانی دوولایەن، ئاخۆ پەکەکە فاکتەرێکی زیان بەخشە؟"
تۆزێک بیر لە وەڵامی پرسیارەکەم دەکاتەوە و بەمجۆرە دەئاخفێ:
"پەکەکە لایەنێکی کێشەکەیە… لێرەدا ئیرادەیەک پێویستە، ئیرادەیەکی سیاسی… ئیرادەیەک کە پەنا بۆ چەک نەبا و لە ڕێگەی ئاشتیانەوە کێشەکان چارەسەر بکا.. سەبارەت بە چارەسەری کێشەی کورد، تا ئێستا ئەم ئیرادەیە نەهاتۆتە ئاراوە. بەڵام ئێمە بڕوامان بە چارەسەری ئاشتیانەی ئەو کێشەیە هەیە."
لە وەڵامی پرسیاری پەیامتان بۆ ئەنقەرە، پەکەکە، تورک و کورد چییە، بە کورتی ئاوا وەڵام دەداتەوە:
"هەم بە نیسبەت ئەنقەرە و هەم پەکەکە، لە هەر دوو لا، دوو ڕێبازی جیاواز هەیە. لایەنێک هێشتا پێ لە سەر چەک دادەگرێ و شەڕی گەرەکە، لایەنەکەی دیکەش پێداگری لە سەر ئاشتی دەکا."
کە بۆ جاری دووهەم لێی دەپرسم ئاخۆ لە نێو پەکەکەشدا هەن کەسانێک کە پێداگری لە سەر ئاشتی دەکەن، تەئکید دەکاتەوە "بەڵێ". بەمجۆرە پێگەی خۆیان شی دەکاتەوە:
"ئێمە لایەنگری ئەو هێزانەی ناو ئەنقەرە و پەکەکەین کە خوازیاری چارەسەرکردنی کێشەکانن لە ڕێگەی ئاشتیانەوە."
زیاتر دەڵێ:
"لە میانەی دوا چاوپێکەوتنم لە ئەنقەرە، باسم لەوە کرد پڕۆسەی کرانەوە هاوشێوەی ساڵی ٢٠٠٩، نیاز پاکییە. جگە لەمە ئەم قۆناغەش بە تەواوەتی ڕانەوەستاوە."

"کێشەکە قووڵتر دەبێتەوە"

پرسیار و وەڵامی نێوان ئێمە و سەرۆک بارزانی بەمجۆرە بەردەوام بوو:
"پەکەکە بە چەک بە شوێنێک دەگا؟"
بارزانی:
"بە چەک ناگاتە هیچ شوێنێک. سەردەمی خەباتی چەکداری تێپەڕیوە. پێویستە پەکەکە واز لە چەک بێنێ."
"نەخشە ڕێیەک هەیە؟ بۆ پێڤاژۆیەکی نوێ چ بکرێ باشە؟"
"کێشەکە قووڵتر و قووڵتر دەبێتەوە. قسەکانی سەرۆک وەزیر ئەردۆغان لە ساڵی ٢٠٠٥ لە دیاربەکر دێنمەوە یاد کە گوتبووی 'کێشەی کورد، کێشەی ئێمەشە'… پاشان قسەکانی لە میانەی سەردانەکەیدا بۆ هەولێر… تورکیا دەوڵەتێکە. لە بەرامبەر هاووڵاتیانی بەرپرسیارە."
"چۆن نەخشە ڕێیەک پێویستە؟"
مەسعوود بارزانی:
"سەرەتا پێویستە ئاگربەست ڕابگەیەنرێ، سەرەتا پێویستە چەکەکان بێدەنگ بکرێن (لەو مانایەدا ناڵێ کە یەکسەر چەکەکان فڕێ بدرێن و بخرێنە ژێر خاکەوە؛ وەک هەنگاوی دواتر ئاماژە بەم خاڵە دەکا، حـ. ج) ئینجا هێدی هێدی هەنگاو بنرێ و لە شتە ئاسانەکانەوە دەست پێ بکرێ.."

پەروەردە بە زمانی زگماکی

پرسیار:
" پەروەردە بە زمانی زگماکی، پەروەردە بە کوردی لە کوێی ئەو نەخشە ڕێیە دان؟"
مەسعوود بارزانی:
"پەروەردە بە زمانی زگماکی، پەروەردە بە زمانی کوردی ئیدی یەکێکە لە سەرەکی ترین و سەرەتایی ترین مافەکان.. تورکیا نابێ خۆی لەمە بدزێتەوە".

دووبارەی دەکاتەوە:
"بە ڕاگەیاندنی ئاگربەست، قۆناغێک، نەخشەڕێیەک بە هەنگاوی بچووک لە هەرە ئاسانەکانەوە دەست پێدەکا… لە شتە ئاسانەکانەوە بۆ سەختەکان، قۆناغێکی زەمەنی دەوێ…"

فاکتەری ئۆجەلان

دەپرسم:
"لەم قۆناغەدا ئۆجەلان چۆن ڕۆڵێک دەتوانێ بببینێ؟ ئەم مژارە لە تورکیادا گفتوگۆی لە سەر دەکرێ. هەندێک دەڵێن پەکەکە ئیتر گوێ لە ئۆجەلان ناگرێ و هەندێکی تریش جیاواز بیر دەکەنەوە. ئێوە ڕاتان چییە؟"
مەسعوود بارزانی زۆر بە سەرنجەوە وەڵامی ئەم پرسیارەم دەداتەوە و قسەکانی هەڵدەبژێرێ. بەڵام بەو ئیماژەی دەیدا، ئۆجەلان ناخاتە دەرەوەی بازنەوە.

قسەکانی بارزانی:

"ئەگەر بڕوانینە فەزای ڕای گشتی، کوردەکان و بە تایبەت نووسەرانی تورکیا… لە قۆناغێکی ئاشتی بەمجۆرەدا، دەبینین کە ئۆجەلان دەتوانێ ڕۆڵ ببینێ. بە ڕای من، پەکەکە هێشتا سەر بە ئۆجەلانە… وەک دیارە، ئۆجەلان هێشتا کاریگەری بە سەر ڕێکخراوەکەوە هەیە… بەڵام کە مەسەلە دێتە سەر کردەوە و پراکتێک، بێگومان نازانم چ دەبێ.."

نامیق دورکان لێرەدا دەکەوێتە ناو قسەکانمانەوە:
"ئەگەر بێت و قۆناغێکی وەک ئۆسلۆ سەر لە نوێ دەست پێ بکاتەوە، ناوبژیوانی دەکەن؟"
مەسعوود بارزانی:
"لەپێناو چارەسەرکردنی ئاشتیانەی کێشەکە، من بەردەوام ئامادەم. هەر لایەنێک بچووکترین هەنگاوی ئاشتیانە بەرز بکاتەوە، چی لە دەستی من بێ درێغی ناکەم."
"قۆناغێکی ئاوا لە گۆڕێیە؟"
مەسعوود بارزانی:
"هێشتا هیچ شتێک لە ئارادا نییە. ئەگەر شتێکی ئاوا ببینم و پێویست بە من بکا، من ئامادەم."

ئەو قسەیەی مەسعوود بارزانی کە دەڵێ "هێشتا شتێکی ئاوا لە ئارادا نییە"، ڕەنگدانەوەی ڕاستیەکانە.
لە ڕۆژی هەینی ڕابردووەوە لە هەولێرم. بەردەوام چاوپێکەوتن ئەنجام دەدەین. ئەو بابەتانەی زیاتر هەڵوەستەیان لە سەر دەکەم، کێشەی کورد و پەکەکەیە لە تورکیا.

لەوانەیە کەناڵی جیا جیای ئەنقەرە، لەوانە میت و وەزارەتی دەرەوە بڵێن کە لەگەڵ هەولێر لە پەیوەندی دان.
بەڵام لە هەرێمی کوردستان، کە دەگوترێ ئێستا 'دۆسیەی کورد' پەیوەندی دار بە کێشەی کورد و پەکەکە لە تورکیا بەتاڵە، دیارە ئەودیوی ڕاستیەکان نیشان دەدا.

مانگرتن لە خواردن

سەبارەت بە مانگرتن لە خواردن لە گرتووخانەکانی تورکیا پرسیار لە مەسعوود بارزانی دەکەم.
بەمجۆرە وەڵامم دەداتەوە:
"ئەوەی ڕاستی بێ بە مانگرتن پەیامی خۆیان داوە. ئیتر پێم وایە دەوڵەتیش دەبێ هەنگاو بەرز بکاتەوە. بە کورتی، پێم وایە پەیامەکان دران و وەرگیران… با مانگرتن لە خواردن کۆتایی پێ بهێنرێ. لە بەرامبەردا دەوڵەتیش وەڵامی ئەرێنی بداتەوە."

۱۳۹۱/۰۸/۲۰

بەهمەن قوبادی: بەهاری کوردی هەر دێ


دەرهێنەری کوردی ئێرانی بەهمەن قوبادی دەڵێ ''کوردەکانی ئێران، عێراق، سووریا و تورکیا، لەپێناو گەیشتن بە ماف و ئازادییەکانیان چیان لەدەست بێ، درێغی ناکەن. ئاواتیان، ژیانێکی ئازادە لە چوارچێوەی سیستەمێکی فیدڕاڵدا.''


موراد تورکەر / بیانەت
لە تورکییەوە: سەلاحەدین بایەزیدی

دەرهێنەری کوردی ئێرانی بەهمەن قوبادی کە وەک میوانی فەخری بەشداری فێستیڤالی فیلمی 'ساڵۆنیک' (٢ هەتا ١١ی نۆڤامبر) بووە، پێی وایە گەلی کورد کە بە سەر چوار وڵاتدا دابەش بووە، لە داهاتوویەکی نزیکدا ڕۆژی خۆی بە چاو دەبینێ.

ڕۆژی شەممە، ٣ی نۆڤامبر لە سالۆنیک چاوم بەو دەرهێنەرە سەرکەوتووە کەوت کە بە فیلمگەلی وەک ساتێ بۆ مەستی ئەسپەکان، کیسەڵەکانیش هەڵدەفڕن، نیوەی مانگ و وەرزی کەرگەدەن لە ئاستی جیهانیدا ناسراوە و گەلەک خەڵاتی نێونەتەوەیی وەرگرتووە. دوا فیلمی هێشتاش لە سینەماکانی تورکیا نمایش دەکرێ.

لە چ قۆناغێکی مناڵیتاندا هەستتان بەوە کرد لەگەڵ زۆرینەی ئێران جیاوازن؟
سەرەتا، کە زانیم زمانی کوردی لە کتێبەکانی قوتابخانەدا بە کار نایە، سەرم سوڕما. هەروەها تێگەیشتن لەوە سەخت بوو کە بۆچی وانەکانمان بە کوردیش نین. سەبارەت بە وەشانی تەلەڤزیۆنەکان بە تایبەت وەختێک دەرهێنەرەکان نەک بە کوردی بەڵکوو بە فارسی قسەیان دەکرد، جیاوازیان لەگەڵ ئێمەی کورد دیاری کرابوو؛ ئەخر ئەوان شیعە و ئێمە سوننی بووین.
وەختێک ناوی خۆم لە زانکۆ تۆمار کرد، بە هۆی دینەکەمەوە ڕەت کرامەوە. پاش تەواوکردنی سەربازی، ڕیشم بەردایەوە و سەر لە نوێ ناوی خۆم نوسییەوە، ئەمجارەیان وەک شیعەکان دوعام کرد و گوتم لە باوکمەوە شیعەم، لە سایەی ئەمەوە قەبوڵ بووم. بەڵام دواجار نەمشاردەوە کە سوننیم و بۆیەش نەمتوانی خوێندن تەواو بکەم؛ ئەوە نیشانەی باڵادەست بوونی سیستەمێکی فاشیستی بوو لە وڵاتەکەم.
سەردەمانێک تەنیا بە هۆی ئەوەی فڕۆکەیەکی سەر بە ڕێگەی ئاسمانی ئێران بە ناوی کوردستان لە فڕۆکەخانەی 'یەشیلکۆی ئەستەنبوڵ' نیشتبۆوە، چی نەمابوو ڕیسوایەکی دیپلۆماتیک لە نیوان دوو وڵاتدا بتەقێتەوە…
نمایشێک بوو و هیچی تر، ئەودەم ئەو ڕژێمەی ناوی یەکێک لە گەورەترین فڕۆکەکانی کردبۆوە کوردستان، ئێمەی هەروا لە مافە سەرەتاییەکانمان، لە زمانەکەمان، لە پەروەردەی زانکۆ و لە شانسی دەرهێنەربوونمان بە هۆی سوننی بوونەوە بێبەش هێشبۆوە. ئێمە نەک وەک هاووڵاتی پلە دوو، بەڵکوو وەک هاووڵاتی پلە سێ و تەنانەت پلە چوار مامەلەمان لەگەڵ کرا. لە دەرگای هەر بنەماڵەیەکی کورد بدەی، بێگومان ئەو وەڵامەت دەست دەکەوێ کە یەکێک لە ئەندامانی بنەماڵەکەی لە لایەن ڕژێمەوە کوژراوە.

باشە ئەی ڕەوشی تورکیا چۆن هەڵدەسەنگێنێ؟
پێم وابوو تورکیا لە ئێران باشترە، بۆ نموونە کە یەکەمجار چوومە ئەو وڵاتە و بینیم سەرۆک شارەوانی دیاربەکر کوردە، بە لای منەوە موعجیزەئاسا بوو. بەڵام سەیرە داخوازی گیراوێکی سیاسی بۆ بەکارهێنانی زمانی کوردی لە دادگا ڕەت دەکرێتەوە. ئەم فەزایە، ئیماژی ڕژێمی تورکیا تێک دەدا. پێویستە ڕێز لەو زمانە بگیرێ کە ٢٠ میلیۆن کەس قسەی پێدەکەن، هەڵوێستی بە پێچەوانە، ناچێتە خانەی دیموکراسییەوە.

ئاگاتان لە مانگرتن هەیە…
حکومەتی تورکیا پێویستە هەرچی زووتر گوێ لە کوردەکان بگرێ، جگە لەمە هیچ شانسێکی نییە. درێژەدان بە وروژاندنی کوردەکان و لە سەر پێ ڕاگرتنی ئەم ئیتیلافە لە ڕێگەی زمانی توندو تیژی ڕۆژنامەکانەوە بەقازانج نییە. پێویستە لە سەر مێزی گفتوگۆ دابنیشن؛ لەوانەشە ئەمە گەمەیەک بێ، چونکە مایەی سەرسوڕمانە کێشەیەک لە ماوەیەکی ئاوا دوورودرێژدا نەگەیشتبێتە چارەسەری.

لە فیلمی وەرزی کەرگەدەندا کە یڵماز ئەردۆغان و مۆنیکا بێلوچیش ڕۆڵیان تێدا گێڕاوە، ئەستەنبوڵ جێگەیەکی تایبەتی هەیە، با پرسیارێکیش لە سەر زێدی خۆم بکەم. چ هەستێکتان سەبارەت بە ئەستەنبوڵ هەیە؟
دوو ساڵ لە ئەستەنبوڵ مامەوە، دوو فیلمم دروست کرد و ڕۆمانەکەم تەواو کرد. ئەم شارەم زۆر خۆش ویست. هاوڕێی زۆر نزیکی کورد، تورک و ئێرانیم پەیدا کرد، 'نوری بیلگە جەیلان'یش یەکێکە لەوان. جوانی و وزەی ئەستەنبوڵ سەر لە نوێ منی ژیاندوە، ئیتر بۆتە نیشتیمانی دووهەمی من. ئێستا لە فکری ئەوە دام سەبارەت بە بوومەلەرزەکەی وان فیلمێک بەرهەم بێنم.

پەیوەندیتان لەگەڵ ساڵۆنیک چۆنە؟
بۆ نمایش کردنی یەکەم فیلمم هاتمە ئێرە. بەڵام سەردانی ئەمجارەم هەندێک بە خەفەتە، چونکە ماوەیەکی کەم بەر لە مردنی چاوم بە ئانگۆپولۆس کەوت و قایلی کردبووم لە دوا فیلمیدا ڕۆڵ بگێڕم. دیارە لە ژێر کاریگەریی ئەو دەرهێنەرە گەورەیە دابووم کە لە ڕابردوودا کەسایەتی کوردی لە بەرهەمەکانیدا گونجاندبوو.

بە بۆنەی فیلمی 'کەس ئاگای لە پشیلەکانی ئێران نییە' کە تا ڕادەیەک لە فیلمی 'بیرەوەری ئەستەنبوڵ'ی فاتیح ئاکن نزیکە و بۆتە هۆی ئاوارەبوونی دەرهێنەر، پێم خراپ نەبوو سەبارەت بە مۆسیقا پرسیارێک لە قوبادی بکەم.
لە چوارچێوەی سیاسەتەکانی کۆماری تورکیادا، کولتوری ڕۆژئاوا لە نێو نەریتی ئانادۆڵدا بایەخی پەیدا کرد، بۆ نموونە ڕادیۆکان گرنگیان دا بە پەخشی مۆسیقای کلاسیکی ڕۆژئاوا…

بەڵێ، ئاریشەی شای پەهلەوی و ئاتاتورک لێک دەچوو، بەڵام ئەوە هی ڕابردوو بوو.
ئێستاکە لە تەلەڤزیۆنەکاندا تەنانەت تەحەممول ناکەن ئامێرێکی مۆسیقا ببینن. ژنان بە تەنیا ناتوانن گۆرانی بڵێن، ئەوانەی بیانەوێ گۆرانی تۆمار بکەن، مەگەر لە گرووپی چوار کەسیدا و ئەویش بە هەزار ئاستەنگی بە ئامانجەکەیان بگەن.
فەرهەنگەکەمان لەناو دەبەن، شارستانیەتەکەمان وێران دەکەن و هەوڵدەدەن پەیوەندیمان لەگەڵ ڕەگ و ڕیشە و ڕابردوومان بپچڕن. هەوڵدەدەن تاکە یەک ناسنامەی ئێرانی بە سەر هەموویاندا بسەپێنن. مەملەکەتێک کە زانا هەرە سەرکەوتووەکانی، ڕۆشنبیر و هونەرمەندەکانی بۆ دەرەوەی وڵات ڕایانکردوە، ناتوانێ باش بێ.
بەڵام ئێمە پێمان وایە وەک داری لک و پۆپ کراو بە‌هێز دەبین. گەلی کورد بە هەزاران ئازاری چێشتووە، بەڵام خەباتی درێژەپێداوە و درێژەی پێدەدا. بەهاری کورد چاوەڕێمانە. کوردەکانی ئێران، عێراق، سووریا و تورکیا، لەپێناو گەیشتن بە ماف و ئازادییەکانیان چیان لە دەست بێ، درێغی ناکەن. ئاواتیان، ژیانێکی ئازادە لە چوارچێوەی سیستەمێکی فیدڕاڵدا.

۱۳۹۱/۰۸/۱۷

ژیان لە بۆسەی مەرگدا


میدیا دێرسیم / ANF
وەرگێڕانی؛ سەلاحەدین بایەزیدی

 
شۆڕش، ئەو کاسبکارەی لە تەمەنی ١١ ساڵیەوە کاروانچێتی دەکا، پێی گوتین 'هەڤدە ساڵم تەمەنە و شەش ساڵە خەریکی کاروانچێتیم. خەڵکی پیرانشارم و لە ماڵی ئێمەدا سێ کەس بەو کارەوە خەریکن. بەڵام بەداخەوە کارێکی تا بڵێی دژوارە. زۆر جار کەوتومەتە بۆسەوە و تا ئێستا هیچم لێ نەهاتووە. لە بەرامبەر ئەم هەموو دژواریەدا، قازانجێکی کەممان دەست دەکەوێ، چونکە بەردەوام پاسدار و عەجەم سەر ڕێگەمان لێدەگرن و پارەیەکی زۆرمان وەک بەرتیل لێ وەردەگرن.'

هەندێک بە 'قاچاغچی' بە ناویان دەکەن و هەندێک کەسیش بە 'کاروانچی'، بەڵام کاتێ سنوورەکان دەرباز دەکەن، مردن دەدەنە بەر چاو. ساڵانە دەیان کاسبکاری سەر سنوور دەکوژرێن و بریندار دەکرێن. نموونەی هەرە دڵتەزێن 'رۆبۆسکی'یە. وەک بڵێی سەرجەم سنوورەکانی باکوور – ڕۆژهەڵات و باشووری کوردستان بوونەتە گۆڕستانێکی گەورە. بە پێی زانیارییەکانی ANF لە دەسپێکی ٢٠١٢وە تا ئێستا (نێوەڕاستی ئۆکتۆبر) لانیکەم سی کەس لە سەر ئەو سنوورانە کوژراون.

هەموو سامانی ئەو کاسبکارانە ئەسپ یان هێسترێکە، بێجگە لەمە هیچ شتێک نییە بژیوی ژیانیان دابین بکا. سەرباری ئەمە، ئەسبەکانیشیان دەکەونە بۆسە و دەدرێنە بەر دەسڕێژی گولـلە. ئەو کاسبکارانە هیچ دەرفەتێکی کاریان لە ناوچەکە نییە، ئەگەر کاروانچێتیش بکەن، ئەوا یان لە لایەن چەکدارانی ئێرانەوە دەکوژرێن یان دەخرێنە گرتووخانەکانەوە. بەڵام لە هەمووی سەرنج ڕاکێشتر ئەوەیە کاتێک هێزەکانی ئێران کاسبکارێک دەکوژن یان برینداری دەکەن، پاشان پارەی فیشەکەکان لە بنەماڵەکەی دەستێننەوە. لە باشترین حاڵەتدا، ئەگەر کاسبکارەکان شانسیان هێنا و هیچیان بە سەر نەهات، دەبێ بە بۆسە و گومرکەکاندا تێپەڕبن و ئەو بڕە پارەیەی بەدەستیان هێناوە، بیدەن بە بەرتیل.

'تەنانەت لە خەویشدا دەترسێین'

عومەر ساڵانێکی زۆرە کاروانچێتی دەکا، سەبارەت بە هەڵبژاردنی کاروانچێتی گوتی 'چونکە کار دەست ناکەوێ. لە ڕووی ناچارییەوە کاروانچێتی دەکەم. هەرچەند دەزانین کارێکی مەترسیدارە، بەڵام بە هۆی هەژاری و تەنگدەستیەوە ئەو ڕێگە دژوارەمان گرتۆتە بەر. کاروانەکەمان زۆر جار دەکەوێتە بۆسەی هێزەکانی ئێران، برادەرمان لێ دەکوژرێ، وڵاغەکانمان دەکوژرێن. ڕۆژانە مردن بە چاوی خۆمان دەبینین.'

ئەو لە تەمەنێکی بچووکەوە کاروانچێتی دەکا و کارێکی دیکەی پێ شک نایە تاکوو واز لە کاروانچێتی بێنێ. یەک دوو جار بە سووکی بریندار بووە. دەڵێ 'کاتێک لە ماڵ دوور دەکەوینەوە ترسی ئەوەمان هەیە جارێکی تر نەیەینەوە. ماڵەوەش ترسیان لێ دەنیشێ و تا دەگەڕێینەوە چاوەڕێ دەمێننەوە. تەنانەت لە خەویشدا دەترسێین. بە هاتن و چوونەوە سێ ڕۆژمان پێدەچێ، بەڵام ئەگەر بکەوینە بۆسەوە، ناچارین بگەڕێینە دواوە و زۆرترمان پێدەچێ. جاری وایە یەک دوو هەفتە چاومان بە ماڵەوە ناکەوێتەوە.'

'ژیانمان هیچ گەرەنتیەکی نییە'

کاروانچییەک بە ناوی ڕەحمان کە ڕەشمەی سێ ئەسپی بە دەستەوە بوو، سەبارەت بە ژیانی خۆیان بەمجۆرە دوا 'ژیانمان زۆر سەختە، مناڵەکانم نەخۆشن و پارەی نەخۆشخانەم بۆ دابین ناکرێ. هیچ کارێکی دیکەم دەست ناکەوێ و ناچارم کاروانچێتی بکەم.'

وەک ڕەحمان دەگێڕێتەوە، لە ماوەی دوو مانگدا دەست بە سەر دوو ئەسپیدا گیراوە و براکەشی بریندار بووە. زیاتر گوتی 'ئەگەر ئەسپەکانمان بریندار بن، پەکمان دەکەوێ. دوو سێ مانگ دەبێ چاوەڕێ بین هەتا چاک دەبێتەوە. ئەگەر برینەکەشیان سەخت بێ، ئیدی ناتوانی کار بەو ئەسپە بکەی. ئەگەر دەوڵەتی ئێران بزانێ کاروانچێتی دەکەین، دەمانگرێ و ئەسپەکانیشمان دەکوژێ. بە هۆی کوردبوونمانەوە ژیانمان لە ئێران دوو قات سەختر بووە. کارمان پێنادەن، خوێندەواریمان کەمە و هەموو جموجوڵێکمان لە ژێر چاودێری ئیتلاعات دایە، بۆیەش ژیانمان هیچ گەرەنتیەکی نییە.'

کاروانچییەکی دیکە بە ناوی موستەفا عەبدولڕەحمان کە لە باشووری کوردستانەوە بار دێنێتە سەر سنوور، گوتی 'ئێمە هەمیشە دووری کەس و کارمانین. ژیانمان لەو شاخ و داخە تێپەڕ دەبێ. سەرەڕای ئەوەی کارەکەمان سەختە، بە هۆی ئەو شەڕو نائارامیەی لەو ناوچانە هەیە، سنوورەکان هێندەی تر ترسیان هەیە. لە لایەک تۆپخانەکانی ئێران و لە لایەکی دیکەشەوە فڕۆکە جەنگیەکانی تورکیا. هەروەها لەو دیوی سنوور، چەندین پایەگای نوێ دروست کراون، بۆیەش وەک جاران ناتوانین لەو لاوە بار بێنین و لەوێوە بەدەستی بەتاڵ دەگەڕێینەوە.'

لە ساڵی ٢٠١١ دا لانیکەم ١١٤ کەس کوژراون

بە گوێرەی ئامارەکانی ANF لە دەسپێکی ساڵی ٢٠١٢وە لانیکەم سی کەس لە لایەن هیزە چەکدارەکانی ئێران کوژراون. لە لایەکی دیکەوە، لە نۆ مانگی دوایی ساڵی ٢٠١١-دا زیاتر لە ٨٠ کاسپکارو کۆڵبەر لە سەر سنوورەکان بە تەقەی هێزە ئەمنیەکانی ئێران و تورکیا کوژراون. هێزەکانی ئێران لە سێ مانگی دوایی ساڵی ٢٠١١-دا ٢٨ کەسی سڤیلیان لە سەر سنوورەکان کوشتووە. ئەوە بێجگە لەو ٣٤ کەسەی ڕۆژی ٢٨ی دێسامبر لە گوندی ڕۆبۆسکی لە لایەن فڕۆکە جەنگیەکانی تورکیاوە کوژران. بەو ٣٤ کەسەوە، ژمارەی کوژراوەکان دەبێتە ١١٤ کەس.

ساڵی ٢٠١٠، ٦٨ کەس کوژراون

هەر بە پێی ئەو ئامارانەی لە ANF تۆمار کراون، لە ساڵی ٢٠١٠-دا لانیکەم ٦٨ کەس لە سەر سنووری ئێران و تورکیا کوژراون، بە دەیان کەس بریندار بوون و سەدان سەر ئاژەڵ و وڵاغ لە ناوچوون. وێدەچێ ئامارەکە زۆر لەوە زیاتر بێ. ئەوە لە کاتێکدایە کە ساڵی ٢٠٠٩ لانیکەم ٩٠ کاسبکار و کاروانچی کورد لە سەر ئەو سنوورانە کوژرابوون.

۱۳۹۱/۰۸/۱۱

یاشار کەماڵ: نەسڵێک لە ناو دەبەن، لەوە زیاتر نامەوێ قسە بکەم


لە ٥١مین ڕۆژی مانگرتنی بێ وادەی گیراوانی سیاسی لە گرتووخانەکانی تورکیا، ژمارەیەک لە نووسەران و ڕووناکبیرانی تورکیا بانگەوازیان ئاڕاستەی حکومەت کرد هەرچی زووتر بکەوێتە خۆ.

ئەمڕۆ پێنجشەممە (١ی نۆڤامبر) نووسەر و ڕۆشنبیرانی وەک یاشار کەماڵ، محەمەد بەکارئۆغڵو، موراتخان مونگان، زولفو لیڤان ئەلی، یڵدز ڕەمەزان ئۆغڵو، فاتمە گۆک، گەنجای گورسۆی، ئۆیا بایدار، ئایدن ئەنگین و زۆر کەسایەتی تر لە هۆتێلی تاکسیم هیل کۆبوونەوە و لەپێناو پێشگرتن لە مەرگی مانگرتووان، بانگەوازی بەپەلەیان ئاڕاستەی حکومەت کرد.

رۆشنبیرانی کورد و تورک لە دژی قسەکانی ئەردۆغان لە ئاڵمانیا کە گوتبووی 'مانگرتوان هەوڵی خۆنواندن دەدەن'، هەڵوێستیان نواند و ڕایانگەیاند مانگرتن پێی ناوەتە قۆناغێکی مەترسیدارەوە و سەرۆک وەزیر و حکومەت بەرپرسیاری ئەگەری مردنی هەر یەک لەو مانگرتوانەن.

یاشار کەماڵ نووسەری بە ڕەگەز کورد، کە لەگەڵ هاوسەرەکەی بەشداری ئەو کۆبوونەوەیە ببوو، ڕایگەیاند 'لە مانگرتنەکانی پێشوودا حکومەت بەرپرسیار بوو. ئەمجارەش هەر حکومەت بەرپرسیارە. ئەمڕۆکە مناڵ و باوکی ئەو مانگرتووانەش دەبنە لایەنێکی ئەو تێکۆشانە.'

ناوبراو مانگرتوانەی پێشووی بە بیر هێنایەوە کە لە تورکیا گیانیان لەدەست داوە و گوتی 'نەسڵێک لە ناو دەبەن، لەوە زیاتر نامەوێ قسە بکەم.'

بە پێی بەرنامەی کۆبوونەوەکە بڕیار بوو یاشار کەماڵ زیاتر قسە بکا، بەڵام لەم خاڵەدا کۆتایی پێ هێنا. بەشەکانی تری وتارەکەی لە لایەن هاوسەرەکەیەوە بە شێوەیەکی نووسراو بە سەر میدیاکاندا بڵاو کرایەوە.

لە وتارەکەی یاشار کەماڵدا هاتووە 'سەیرکردنی مەرگی مرۆڤێکی مانگرتوو، سەخت ترین ئازارە و ئەمەش لە مرۆڤایەتی ناوەشێتەوە.'

موراتخان مونگان نووسەری ناسراوی تورکیاش گوتی 'کەسێک کە ناوی بە سەر شەست کتێبەوە بێ، مانای ئەوە نیە بتوانی ئەم بێ چارەییە بە شێوەیەکی جوان دەرببڕێ. پێویستە هیچکەس بێدەنگ نەبێ.'

مونگان گوتیشی 'درەنگ یان زوو لەم وڵاتە هەموو کەسێ زمانی زگماکی دە کار دێنێ، بەڵام هەتا زووتر بەم ڕاستیە بگەین باشترە.' بەمجۆرە بەردەوام بوو 'تەنیا ئیمراڵی گۆشەگیر نەکراوە، هەموو تورکیا گۆشەگیر کراوە. لە سەر مافی هاوڵاتیان بۆ ئەوەی بە ڕاستیەکان بزانن، گۆشەگیری هەیە.'

هونەرمەند زولفو لیڤانئەلی گوتی 'بەردەنگ سەرۆک وەزیرە و دەبێ هەنگاو بنێ بێ ئەوەی هەست بکا ئەمە شکستێکە.'