۱۳۹۲/۰۶/۰۶

"جووما" لە چاوی "جەمیل بایک"ەوە


مەحموود هامسیجی - بی بی سی
لە تورکییەوە: سەلاحەدین بایەزیدی

 
لە ناوچەیەکی بژوێن و سەرسەوزی قەندیل، بۆ ئەنجامدانی دیمانەیەک، چاومان بە جەمیل بایک کەوت. لە سەر کورسییەکی پلاستیک دانیشتین، هێشتا پرسیارەکانمان ئاڕاستە نەکردبوو، گوتی: "دەیانەوێ وەک دێوزمە بمانناسێنن، خۆ ئێمە دێو و درنج نین."
جلەکانی وەک جلی هەموو ئەندامانی پەکەکە وابوو، لە سەر گیرفانی کەواکەشی ڕۆزێتی ئاڵای پەکەکە و پۆرترەی عەبدوڵڵا ئۆجەلان بەدی دەکرا.
ئەگەر سەرنج بدەینە قسەکانی سەرەتای، دەبینین پاش ئەوەی بایک بوو بە هاوسەرۆکی کەجەکە، بانگەشەی میدیاکانی تورک، ڕەنگدانەوەیەکی بەرچاوی لە قەندیل هەبووە.
بایک، سیمایەکە زۆرترین مەراقی ڕای گشتیی تورکیای وروژاندوە. لە یەکەمین دامەزرێنەرانی پەکەکەیە کە بانگەشە دەکرێ دوای عەبدوڵڵا ئۆجەلان زۆرترین کاریگەریی لە سەر ڕێکخراوەکە هەیە و دەڵێن ئۆجەلان سەبارەت بەو گوتویەتی "ئەگەر من ٥٠% ئەو ڕێکخراوەم دامەزراندبێ، جەمیل ٢٥% و هەڤاڵانی دی ٢٥%یان دروست کردووە."
هەتا ئەمدواییانە زۆر بۆ میدیاکان قسەی نەدەکرد و ئەمەش هێنابوویە دۆخێک کە مەراق هێنەر بێ.

دەگوترێ سەرکردەی باڵی شاهینە

دوای گۆڕانکارییەکانی ئاستی سەرکردایەتی کەجەکە، هەواڵی میدیاکانی تورک وەک 'سەرکردەی باڵی شاهینی ڕێکخراوەکە'، 'لایەنگری ئێران' و 'دوژمنی قۆناغی چارەسەری' باسی جەمیل بایکیان کرد. بەڵام بە پێی قسەکانی خۆی ئەم بانگەشانە نەک هەر درۆن، بەڵکوو بەشێک لە 'شەڕێکی پلان بۆ دارێژراوی سایکۆلۆژی'ن.
بایک کە لە ناو حزبەکەیدا بە نازناوی 'جووما' دەناسرێ، دەڵێ ئامانج لە هێنانە گۆڕی مژاری شاهینەکان و کۆترەکان لە پێکهاتەی پەکەکەدا ئەوەیە کە بڵێن 'لە دژی ئەم قۆناغە شاهینەکانی پەکەکە ئەرکدار کراون' و دەیانەوێ بناغە بۆ داڕمان خۆش بکەن.
"یانی ئاڵوگۆڕی دەسەڵات لە نێو کەجەکەدا، هیچ مانایەکی تایبەتیی نییە؟" جەمیل بایک دەڵێ نا.
جەمیل بایک سەرنج بۆ سەر ئەوە ڕادەکێشێ کە ئەم گۆڕانکارییانە پێشتر بەرنامەیان بۆ دارێژراوە، بەڵام بە هۆی نامەکەی عەبدوڵڵا ئۆجەلان لە ٢١ی مارسدا، دوا خراون.
دەڵێ تەنانەت زۆر پێشتر، سەرۆکی پێشووتری کەجەکە، موراد قەرەیڵان گوتویەتی "ئیتر بەسە، من با بگۆڕدرێم، با من ئەرکی تر بەڕێوە بەرم"، بەڵام وەک تەڤگەر نەیانتوانیوە ئەو کات ئەم داواکارییە قەبوڵ بکەن.

لایەنگری ئێرانە؟

سەبارەت بەو بانگەشانەی کە گۆیا لایەنگری ئێرانە، پێدەکەنی و دەڵێ "بگرە مناڵێکیش بڕوا بەمە ناکا. مایەی پێکەنینە."
بایک دەڵێ لە ڕوانگەی ئەوەوە، هەڵسوکەوتی تورکیا و ئێران لە مەڕ پرسی کورد جیاوازییەکی ئەوتۆیان نییە و هیچکامیان لەوی دی بە باشتر نازانێ.
ئاماژە بەوە دەکا شان بە شانی ئەو بانگەشەیە، دەگوترێ گۆیا من عەلەویم و دەڵێ "من سەر بە بنەماڵەیەکی سوننە مەزهەبم. لە ناو سوننەکانیشدا، حەنەفی بووین. دایک و باوکم، بەردەوام خەریکی نوێژ و ڕۆژوو بوون و چوونەتە حەجیش. لە کاتێکدا عەلەوی نیم، وەک عەلەوی نیشان دەدرێم. دەکرێ عەلەویش بم. بۆچی دەیانەوێ دوژمنایەتی لەگەڵ عەلەوییەکان پەرە پێ بدەن؟"
کە لێی دەپرسین گۆیا یەکێکە لەو ناوە بەرچاوانەی هێڵی ئایدیۆلۆژی - سیاسیی پەکەکە دیاری دەکا، یەکسەر و پێداگرانە دەڵێ "نەخێر" و بەمجۆرە بەردەوام دەبێ "رێبەر ئاپۆ، هێڵی ئایدیۆلۆژی ئێمە دیاری دەکا. ئێمە هەوڵ دەدەین ئەو ئایدیۆلۆژیە وەربگرین و لە کردەوەدا پێکی بێنین."
دوای ئەوەی لە دیمانەکەماندا کۆتایی بە 'پرسیارگەلی سیاسی' دێنین، سەبارەت بە ئۆگرییەکانی جەمیل بایک لە دەرەوەی دونیای سیاسەت قسە دەکەین.

'ئێستا لایەنگری هیچ تاقمێ نیم"

دەڵێ "هەموو ژیان و کاتی من بە سەر لە نوێ ئافراندنەوەی مرۆڤەکانی ئەم کۆمەڵگەیە تێدەپەڕێ. کاتم بە دەستەوە نامێنێ. بۆیە دەرفەتی ئەوەم بۆ ناڕەخسێ بە شتێکی ترەوە سەرقاڵ ببم. ئەگەر دەرفەت هەبێ، بۆچی نا."
چی بۆ نموونە؟ لە وەڵامی ئەم پرسیارەدا باسی تەمەنی خوێندکاری و 'ئۆگری بە مۆسێقا، نیگارکێشی، باسکێتباڵ و والیباڵ' دەکا.
وەک دەگێڕێتەوە بە هۆی ئەوەی ئیتر حەزی لە تۆپی پێ نییە، لایەنگری لە هیچ یانەیەکیش ناکا، بەڵام پێشتر لایەنگری "بێشیکتاش'' بووە. کاتی خۆی ئەو بڕیارەی بۆیە داوە، چونکە پێی وابووە بێشیکتاش تاقمی هەژارەکانە.
حەزی لە مۆسیقای ڕەسەنە. دەڵێین "بۆ نموونە کێ؟"، ناوی ئارام تیگران، ئایشێ شان و مەریەم خان دێنێ.
سەبارەت بە کتێب دەڵێ لە هەموو بوارێکدا خوێندنەوەی هەیە و دوایین کتێب کە خوێندویەتیەوە، لێکۆڵینەوەی ئاڕکۆلۆژێکی ئاڵمانی لە سەر "گۆبەکلیتەپە" بووە.
لە کۆتایی دیمانەیەکی دوور و درێژ، لە قەندیل ڕۆژ خەریکە ئاوا دەبێ و کە تۆمارکردنەکەمان تەواو دەبێ، قسەکانی یەکەم ڕووبەڕووبوونەوە دووپات دەکاتەوە: "یانی ئێمە دێوزمە نین. با بێنە لامان و گوێمان لێ بگرن."
لە کاتی ماڵئاواییدا تەوقە دەکا و دوایین ڕستەی دێنێتە زمان: "ئینشاڵا بۆ دیمانەی داهاتوو، لە تورکیا یەک ببینین!"