۱۳۹۲/۱۱/۱۵

"ژیانی ئەمڕۆم دەفرۆشم، بۆ کڕینی نانی سبەی"


سەلاحەدین بایەزیدی
 
ژیانی کۆڵبەران و کاسپکارانی سەر سنوور، ململانێ و دەستەویەخەبوونە لەگەڵ مەرگ. لەگەڵ ئەوەی کوشتنی کۆڵبەرانی کورد لە سەر سنوورەکان، بەردەوام دووبارە دەبێتەوە و مانگ نییە تەرمی چەند کەسێک، ڕادەستی بنەماڵەکەیان نەکرێتەوە، بەڵام دیسان هەوڵدان بۆ کڕینی نانی سبەی، ناچاریان دەکا ژیانی ئەمڕۆیان بفرۆشن. هەرچەند هەبوون ئەوانەی ژیانی دوێنێیان فرۆشت، بێ ئەوەی بتوانن نانی ئەمڕۆ بکڕن. دواجار دوێنێ و ئەمڕۆ بۆ ئەوان هیچ جیاوازییەکی نییە، لانیکەم لەوەدا جیاوازیی نییە کە دەزانن مەرگ چەند هەنگاو ئەولاتر بۆسەی بۆ ناونەتەوە.

رۆژێکی تووشی مانگی ڕێبەندان، خەڵکی گوندەکانی "سارکێ" و "سیسێڕ"ی سەر بە شاری سەردەشت، بە شین و ڕۆڕۆ بەرەو پیری چوار تەرم چوون. بیست ساڵ بە سەر ئەو ڕێبەندانەدا تێپەڕیوە، بەڵام زامەکە هێشتا بۆ کەسوکاری قوربانییەکان نوێیە و سارێژ نەبۆتەوە. چونکە ئەوە دوایین فیشەک نەبوو وە جەستەی سەرچاوەی نانی ئەو خەڵکانە بکەوێ.

رێکەوتی ٨ی ڕێبەندانی ساڵی ١٣٧٢، لە بەیانییەوە تا نیوەڕۆ ناوچەکانی دۆڵێ "قاسمەڕەش"، "نۆکان"، "کانیە زەرد"، "گڵ کەنگ"، "مەزردا" و دێهاتەکانی دەوروبەری لە لایەن فڕۆکە جەنگییەکانی تورکیاوە بۆردومان کران. لە ئەنجامی ئەو بۆردومانەدا ٤ کەس کوژران و ١٦ کەس بریندار بوون. هەر چوار کوژراوەکە و زۆرینەی بریندارەکان کاروانچی بوون.

ئاسۆ خەبات ئەو کات لە پۆلی پێنجی سەرەتایی و یانزە ساڵی تەمەن بوو، وەک ئەمڕۆ ڕووداوەکانی بە بیر دێ. کوژرانی مامی پەژارەیەکی قورسی پێدەدا و دەیگرێنێ، بەڵام هەست و هزری مناڵانەی یارمەتی نادا لەوە تێبگا مامی بۆچی کوژراوە.

عزیزی ئیلاهی (تەمەن سی و پێنج ساڵ ساڵ)، مامی ئاسۆ و خەڵکی سارکێ، یەکێک بوو لەو کوژراوانە. ئیلاهی خاوەنی ٣ منداڵ بوو و مناڵە بچووکەکەی هێشتا نەببووە چل شەو. برایم خڕە، خەڵکی سارکێ و خاوەنی دوو مناڵ کە یەکیان لە سەر لانکە بوو، هەمزە مەولانی خەڵکی سیسێڕ خاوەنی مناڵێک، مستەفا پور ئەقدەم خەڵکی سیسێر خاوەنی سێ منداڵ، لەگەڵ عزیزی ئیلاهی لە ئەنجامی بۆردومانی فڕۆکەکاندا گیانیان لە دەست دا.

ئاسۆ خەبات، نووسەر و چالاکی سیاسی دەڵێ لە بوردومانەکاندا مامی بە خەستی بریندار بووە و هەفتەیەک دواتر، ڕێکەوتی ١٥ی ڕێبەندان لە نەخۆشخانە گیانی لە دەست داوە.

بە پێی قسەکانی خەبات، لەو ساتەدا کاروانچیەکان لە کاتی پشوودا بوون و لە دەوری ئاگر خۆیان گەرم کردۆتەوە کە وەبەر ڕاکێتی فڕۆکەکانی تورکیا کەوتوون. ئەو ناوچانە شوێنی ئاسایی ژیانی خەڵکن، گوند و ئاوەدانین، بەردەوام خەڵک دێت و دەڕوا، بۆیە لەو کاتەدا هیچ کەس ترسی مەرگ لە دڵی نەنیشتووە.

بە گوێرەی زانیارییەکان، فڕۆکەکانی تورکیا بە بیانووی بوونی گەریلاکانی پەکەکە ئەو هەرێمەیان بۆردومان کردوە و، وەک لە سەیری سەردێڕی ئیمزاکان دەردەکەوێ، چەن کەسێکیان کردوونەتە وەکیل بۆ بەدواداچوونی کەیسەکە.

رەنگە بنەماڵەی قوربانییەکانی ئەو کۆمەڵکوژییە لە ڕوویەکەوە شانسیان هەبووبێ کە کاسپکارەکان لە لایەن خودی دەوڵەتی ئێرانەوە نەکوژرابوون و لانیکەم "دەوڵەتی ئێران بە دوای مەسەلەکە کەوبتوو" و گۆیا "غەرامەی" بۆ بنەماڵەی کوژراوەکان لە تورکیا ئەستاندووە. دوای ئەو ڕووداوە، هەر بنەماڵەیەک، میلیۆنێک و ششسەد هەزار تمەنی وەک قەرەبوو پێ درا و بریندارەکانیش بە پێی سووک و قورسی برینەکانیان بڕە پارەیەکیان وەک قەرەبوو پشکەش کرا. بە پێی هەواڵی ڕۆژنامەی "کیهان"، سوپای تورکیا دوای هێرش بۆ سەر ئەو ناوچانە، قەرەبووی داوە بە ئێران و بە شێوەیەکی فەرمی داوای لێبوردنی لەو وڵاتە کردووە.

بەڵام سوپا و دەوڵەتی تورکیا ئەم "هۆشدار"ەی کۆماری ئیسلامیی ئێران، لە مەڕ بۆردومانکردنی ناوچە سنوورییەکان بە هەند وەرناگرن و جارێکی دی ناوچەکان و خەڵکی سڤیل بۆردومان دەکەنەوە.

سێ ساڵ دواتر، دیسان فڕۆکەکانی تورکیا بە هەمان شێوە ناوچەیەکی سەرسنووریان بۆردومان کرد کە لە ئەنجامی بۆردومانەکەدا ٦ کەس کوژران و ١٧ کەسی تریش بریندار بوون. بە گوێرەی هەواڵی ڕۆژنامەی "کیهان" (سێ شەممە، ١٢ی پووشپەڕی ١٣٧٥)، فڕۆکە جەنگییەکانی تورکیا، دوانیوەڕۆی چوارشەممە لە ناوچەی سیلوانا، هەوارچییەکانیان داوەتە بەر مووشەک و ڕاکێت.

لە ئەنجامی ئەم بۆردومانەدا ٤ ژن و دوو مناڵ گیانیان لە دەست داوە و ١٧ کەسی دیکەش بریندار بوون.

غولامحوسێن بولندیان، جێگری ئەمنی-ئینتیزامیی ئەو کاتی وەزیری کاروباری ناوخۆ، ئەم هێرشەی سیلوانا، دوابەدوای بۆردومانەکەی ناوچەی سەردەشت لە ساڵی ١٣٧٢، بە دووهەمین هەڵەی تورکیا لە مەڕ ئێران لە قەڵەم دا.

ئەگەرچی بە پێی ئەو هەواڵە ئاماژەپێکراوەی ڕۆژنامەی کەیهان، هێزە ئەمنییەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێران لەو ٥١١ کیلۆمەتر سنوورە هاوبەشەی لەگەڵ تورکیا هەیانە، وشیارانە مەسەلەکان دەشۆپێنن، هەروەها کۆماری ئیسلامیی ئێران هەستیارە لە بەرامبەر پاراستنی گیانی هاوڵاتییانی و داوای کردوە ئەنقەرە بە شێوەی فەرمی پابەندی دووپاتە نەکردنەوەی دەستدرێژیی لەم چەشنە بێ، لەگەڵ ئەوەشدا کوشتن و کۆمەڵکوژی کۆڵبەران، کاروانچیان و کاسپکارانی کورد لە سەر سنوور لە لایەن ئەنقەرە و تارانەوە تا ڕۆژی ئەمڕۆش بەردەوامە.