۱۳۹۳/۰۲/۲۲

پێشەکیی ییڵماز گونەی بۆ کتێبی چیرۆک بۆ کوڕەکەم


هەر لە ساڵی ١٩٧٢ەوە، ئەو کاتەی لە "سەلیمییە" بووم، بیری نووسینی "چیرۆک بۆ کوڕەکەم" ختوکەی مێشکی دام. هونەرمەندێک کە ڕۆحێکی شۆڕشگێڕانەی هەیە، دەشێ میراتێکی شۆڕشگێڕانەش بۆ کوڕەکەی بەجێ بێڵێ. لەم پێناوەدا، چەند هەوڵێکی ناسەرکەوتوو، نیوەچڵ و نادڵنیام دا. ناوەڕۆک، شێواز و ئاکام بە هیچ جۆرێ قایلیان نەکردم. 
نیازم وابوو ئەو مرۆڤانەی چیرۆکەکانم دەخوێننەوە، بکەونە ژێر باندۆڕەوە، بیر بکەنەوە و لە ئاڕاستەی گۆڕانکاریدا، مەیل و حەزیان بوروژێ. ئەم هەستی گۆڕانە لە کردەوەدا پێک بێنن و بەمجۆرە تێکۆشانی شۆڕشگێڕانەمان دەوڵەمەند بکەن.
لەم چوارچێوەیەدا خۆم ماندوو کرد، نووسیم، ڕەشم کردنەوە، سەر لە نوێ نووسیمنەوە، دڕاندمن. دواجار بەو بڕیارە گەیشتم کە تیایدا سەرکەوتوو نابم و لە توانای مندا نییە.
بەڵام نەدەبوو ڕێگە بە نسکۆ و بێ توانایی بدەم؛ سەر لە نوێ دەستم بەو خەباتە کردەوە. کۆتاییەکانی ساڵی ١٩٧٧، لە گرتووخانەی قەیسەری، توانیم یەکەم چیرۆکم بنووسم کە هەستم کرد ناواخن و شێوازەکەی تەواوکەری یەکترین و لە خەیاڵ و بیرکردنەوەکانم نزیکە. بە خۆمم گوت دەبێ لێرەوە دەست پێ بکەم. چیرۆکی "بڕوا بە ناوکە قۆخ بێنە، متمانەت بە هێزی خۆت هەبێ" یەکەم نموونە و هەنگاوی ئەو خەباتە بوو.
رۆژێک کە چاوم بە دەستنووسە کۆنەکانمدا دەگێڕا، چیرۆکێکم بینیەوە کە لە گرتووخانەی سەلیمییە نووسیبووم و لە دڕاندن ڕزگاریی ببوو:
"مراوی و مناڵ"...
ئەم چیرۆکە، نموونەیەکە لە ئەزموون و تاقیکردنەوە سەرەتاییەکانم و ئەگەر بمەوێ لەگەڵ چیرۆکەکانی ترمدا بەراوردی بکەم، دەبێ بڵێم لە ڕووی ناوەڕۆک و شێوازەوە جیاوازە و وەک یەکەم نموونە لە کار و هەوڵەکانم، لەم کتێبەدا بڵاوم کردۆتەوە.
ئەم چیرۆکانە، دیارییەکە لە ناخی دڵمەوە بۆ کوڕەکەم و لە ڕێگەی کوڕەکەمەوە بۆ هەموو مناڵانی دونیا. ئەگەر لە پێشکەوتنە ئەرێنییەکانی ئەواندا پشکی هەبێ، ئەوا بۆ من مایەی شانازییە.

ییڵماز گونەی
٢٠ی دێسامبری ١٩٧٨
 گرتووخانەی "تۆپتاشی"

۱۳۹۳/۰۲/۱۳

داشقەی دار



ییڵماز گونەی
لە تورکییەوە: سەلاحەدین بایەزیدی
مناڵ بەدەم گریانەوە گەڕایەوە ماڵێ.
باوکی گوتی: "بۆچی دەگری کوڕە جوانەکەم؟"
مناڵەکە گوتی:
"ئەکرەم داشقەی داری هەیە، بەڵام سوارم ناکا. منیش داشقەم دەوێ."
باوکە گوتی:
"ئێوە ئاواڵی یەکترین، داشقەیەک بەشتان ناکا؟"
مناڵەکە گوتی:
"ئەکرەم قەت من سوار ناکا. هەر ئەو سوار دەبێ و منیش ڕایدەکێشم. دەڵێ ئەتۆ ئەسپی داشقەکەمی. دەڵێ ئەو داشقەیە ئی منە، ئەتۆ ئەسپی داشقەکەمی."
"جاران تۆ و ئەکەرەم نێوانتان خۆش بوو.. باشترین ئاواڵ بوون، یەکتریشتان زۆر خۆش دەویست… بۆ وای لێهات؟"
مناڵەکە فرمێسکەکانی سڕینەوە و گوتی:
"باوکی ئەکرەم داشقەی داری بۆ دروست کردوە! پێش ئەو داشقەیە نێوانمان خۆش بوو، زۆریش خۆش بوو. ئەسپی قامیشمان هەبوو و بەردەوام بە یەکەوە قومارمان دەکرد. دوایی باوکی ئەکرەم، داشقەیەکی داری بۆ دروست کرد. لەو ڕۆژەوە گۆڕاوە. قەت سواری داشقەکەم ناکا و هەر دەبێ داشقەکەی ڕابکێشم… زۆر جار پێشم ڕاناکێشێ، مناڵی دیکە ڕایدەکێشن…"
"دەی ئەوان ڕایکێشن باشترە.. تۆ ڕایناکێشی."
"ئەگە من ڕاینەکێشم، منداڵەکانی دیکە ڕایدەكێشن. پێی دەڵێم ئەکرەم با هەندێکیش ئەمن سوار بم، تۆ ڕایکێشە، دوایی تۆ سوار بە و من ڕایدەکێشم. دەڵێ نابێ. دەڵێ هەموو مناڵەکان پێیان خۆشە داشقەکەم ڕابکێشن. زۆری شایی بە داشقەکەیەتی. ئێستا بابی بۆیاغیشی بۆ کڕیوە و داشقەکەی بۆ ڕەنگ دەکا. ڕەنگی شین و کەسکی لێدەدا."
"بە مناڵەکان بڵێ با ئەوانیش ڕاینەکێشن… یەک بگرن، قسەتان بکەنە یەک، بە نۆرە سوار بن و بە نۆرە ڕایکێشن."
"گوێ لە قسەی من ناگرن خۆ.. هەموویان بە دووی ئەکرەمدا غار دەدەن. لەسەر ڕاکێشانی داشقەکە خەریکە یەکتری بخۆن. بە ئەکرەمم گوتوە ئەمنیش سوار کە، من ئاواڵێ تۆم. پێم گوتوە تۆش کەمێکی ڕاکێشە. دەڵێ نا. نە من سوار دەکا و نە مناڵەکانی دی."
باوکە بیری کردەوە. گوتی:
"وا دیارە ئەو داشقەیە کەوتۆتە نێوان تۆ و ئەکرەم و ئەکرەمی گۆڕیوە. ئەگەر ئەو داشقەیە ئی ئەکرەم نەبوایە و ئی تۆ بوایە، یانی ئەگەر ئەکرەم داشقەی نەبوایە و من داشقەیەکەم بۆ ساز بکردایەی، تۆ ئەو کارانەت دەکرد کە ئەکرەم ئێستا دەیانکا.. سواری داشقەکە دەبووی، مناڵەکانت وە دووی خۆت دەدا و شاییت بە خۆ دەبوو و …"
"ئەمن وام نەدەکرد.. هەموو مناڵەکانم بە نۆرە سوار دەکرد."
باوکە پێکەنی و گوتی:
"باشە کوڕم. منیش داشقەیەکی دارت بۆ دروست دەکەم."
مناڵەکە شاگەشکە بوو و گوتی:
"با لە داشقەکەی ئەکرەم جوانتر بێ، ڕەنگەکەشی سوور بێ."
باوکە یەکسەر خەریکی دروست کردنی داشقەی دار بوو.
مناڵەکە دڵخۆش بوو.
چاوەڕێ بوو داشقەکە تەواو بێ.
کاتێک داشقەکە تەواو بوو، مناڵ بە پێکەنینەوە هەمبێزی بە باوکی داکرد و لە دڵەوە ماچی کرد.
باوک چاوی لە کوڕەکەی دەکرد کە بە پۆلی منالانەوە پەیوەست بوو.
مناڵێک، داشقەکەی ئەکرەمی ڕادەکێشا.
مناڵانی دیکەی گەڕەک، کە کوڕەکەیان بینی داشقەیەکی تازەی پێیە و نزیک دەبێتەوە، خێرا تێی هاڵان…
مناڵەکە گوتی: "داشقەی خۆمە. بابم بۆی دروست کردووم. سبەینێش ڕەنگی سووری لێدەدا."
یەکێک لە مناڵەکان ویستی سواری داشقەکەی بێ. مناڵەکە بە توڕەییەوە پاڵی پێوە نا و قیژاندی:
"داشقەی خۆمە."
کەمێک دواتر، بە فیزەوە داشقەکەی دامەزراند.
مناڵەکە قەڵسەی لە ئەکرەم دەگێڕا، بێ ئەوەی لێی دوور کەوێتەوە، داشقەکەی بە یەکە یەکەی مناڵەکان ڕادەکێشا.
ئەکرەم گوتی:
"داشقەی من لە ئی تۆ باشترە."
مناڵەکە گوتی: "نەخێر. داشقەی من باشترە."
ئەکرەم گوتی: "با کێبڕکێ بکەین."
مناڵەکە بە تانەوە گوتی: "باشە."
لە نێو دەستەی مناڵاندا دوو ئەسپیان هەڵبژارد.
باوکە پێکەنینێکی تاڵ لەسەر لێوانی نیشت.
ژنەکەی پێی سەیر بوو کە بینی مێردەکەی لە خۆیەوە پێدەکەنێ، لێی پرسی:
"خێرە. بە چی پێدەکەنی؟"
پیاوەکە گوتی: "پێکەنینم بە داشقە دێ."
ژنەکە سەری بۆ لای مناڵەکان وەرسووڕاند.
داشقەی ئەکرەم و کوڕەکەی لە تەنیشت یەک، چاوەڕێی دەست پێکردنی کێبڕکێ بوون. مناڵێک ژمارەکانی دەبژارد:
"یەک… دوو… سێ."
ژمارەی سێی گوتبوو و نەگوتبوو، دوو داشقەکە وە ڕێ کەوتن.
ئەکرەم و مناڵەکە، دەستیان ڕادەوەشاند، وەک بڵێی بە قەمچی لە ئەسپەکانیان دەدەن و بە جۆش و خرۆشەوە دەیانگوڕاند:
"دەی.. دەی.."
مناڵەکانی دیکەش بە کەیفەوە بە دووی داشقەکاندا هەڵدەهاتن. منداڵێک کەوتبوو و لە پشت هەموویانەوە دەگریا.