۱۳۹۴/۰۹/۰۹

بە سەپاندنی ئازارەکان ئەم وڵاتە پارچە دەکەن


حەسەن جەماڵ
لە تورکییەوە: سەلاحەدین بایەزیدی

دیاربەکر
دەمەوێ ئەو شتانەی لە دواییدا دەبێ بگوترێن، سەرەتا بیانڵێم. 
بگرە خۆشتان پێ نازانن. 
بەو ئازارانەی بەم خاکانەی دەچێژن، ڕۆژ بە ڕۆژ وڵات زیاتر بەرەو پارچەبوون دەبن.
بەڵێ، بێ ئەوەی پێ بحەسن. 
لە ژێر ناوی خەبات دژی تیرۆر و جیاخوازی، بەرەیەکی دوژمنی وەها دروست دەکەن و دوژمنایەتی وەها قووڵ دەکەنەوە کە خۆتان دەبنە جیاخوازی ڕاستەقینە.
هەرگیز ئەو تۆفانی هەستە لە یاد ناکەم کە بە درێژایی چەندین سەعات لە مەراسیمی ئۆغرخواستنی تاهیر ئەلچی لە مندا بەرپا بوو.
گریانی بە کوڵی نازەلینی کچی تاهیر ئەلچی هەروا لە گوێمدا دەزرینگێتەوە: 
"باوکە… باوکە…"
قەت پاڕانەوە داماو و هاوارە جەرگبڕەکەیم لە کاتی بەخاک سپاردنی باوکی لە بیر ناچێتەوە.
"باوکە… باوکە.... تکایە مەڕۆ باوکە، جێمان مەهێڵە!"
کسپەم لە جەرگی هەڵدەستێ. 

ئازارچێشتن لەپێناوی ژیاندا
یانی دەبێ ئاوا بێ.
لە پێناو ژیان لەسەر ئەم خاکانە دەبێ ئیللا و بیللا ئازار بچێژی، ڕۆندک و خوێن دەشێ لووزەو ببەستن. 
کەواتە، ژیان بە شێوەیەکی دی لەسەر ئەم خاکانە مەحاڵە. 
کەوابێ، تراژیدیا بە هیچ جۆرێ لەم خاکانە نابڕێتەوە. 
کەواتە قەدەری ئەو مرۆڤانەی لەسەر ئەم خاکانە دەژین، بەمجۆرە نووسراوە. 
ئەسەف ئەگەر وابێ. 
بەڵام من پێم وا نییە وەها بێ. 
خوێن و ڕۆندک چارەنووس نین. 
ڕۆژی دادێ ئەم بازنە خوێنینە نەزۆکە لەم خاکانەش کۆتایی دێ. 

بێدەنگی و هەنیسک… 
بەرەبەیانە و ڕێگەی "سیلڤان"مان گرتۆتە بەر بۆ ئەوەی بەشداری پرسەی ماڵی تاهیر ئەلچی بین. 
کەشوهەوایەکی تاقەتپڕووکێنە. 
هەر کەسە و لە شوێنێک دانیشتووە، لەسەر قەنەفە و کورسی و فەڕشەکان…
غەمێکی تا بڵێی تاڵ ڕووخسارەکانی تەنیوە. 
دەنگی هەنیسک ئەم بێدەنگییە ڕەهایە دەشکێنن. 
لەسەر کورسییەک لە بەرامبەر هاوسەری تاهیر ئەلچی خاتوو تورکان ڕودەنێم.
زمانم دەگیرێ.
وشەیەک نادۆزمەوە دەریبڕم. 
کەسەرێکی قووڵ لە نیگاکانی دایە. 
لێ ناگری. 
لە سیمای ناڕوانم. 
نازەلینی کچی هەژدە ساڵی تەمەنە. 
تازە کۆلێژی "رۆبێرت"ی ئەستەنبوڵی تەواو کردووە و ئەمساڵ دەچێتە زانکۆ. 
جار جارە بە دەم گریانەوە دەڵێ "باوکە… باوکە…"
ئارینی کوڕی دە ساڵی تەمەنە. 
هێندە گریاوە چاوەکانی هەڵمساون، سوور هەڵگەڕاون. 
لێوبەبارە بەڵام تا بڵێی ئارام و مەتینە. 
جارێ خۆ بە باوەشی دایکی و جارێ خۆ بە باوەشی دادیدا دەکا و دەیەوێ هێزیان پێ ببەخشێ.
سەرەخۆشییان لێ دەکەین و لە ماڵ دەچینە دەر.

"لە بەر دەروازەی گۆڕستانەکان گەورە بووین"
باغچەی مافەکانی مرۆڤ. 
ڕێک لە نێوەڕاستی باغچەکە یادپەیکەری مافەکانی مرۆڤ هەیە.
جاڕنامەی گەردوونی مافەکانی مرۆڤی لەسەر هەڵکەنراوە. 
لەگەڵ زایەڵەی "باوکە… باوکە…" تەرمە دەگا. 
چاوەکانم فرمێسکیان تێ دەزێ. 
دروشمەکان بەرز دەبنەوە:
"پەکەکە تۆڵە، پەکەکە تۆڵە!"
"بکوژ ئەردۆغان!"
"کوردستان گۆڕستانی فاشیستان!"
ئاڵاکانی پەکەکە و پۆستێرەکانی ئۆجەلان لە حەوادا دەشەکێنەوە. 
خاتوو تورکان دێتە گۆ: 
دەبێژێ لە سەرزەمینێکی تر قوربانییەکانی کردەوە نادیارەکان پێشوازی لە مێردەکەی دەکەن و پێی دەڵێن ''ئێمە لێرە بەردەوام بە دواتا وێڵ بووین."
بە هەستێکی بەتین باس لەوە دەکا مێردەکەی چلۆن بە ساڵان تاوانەکانی کردەوە نادیارەکان و کوشتارە هەڕەمەکییەکانی شۆپاندووە. 
وتارەکەی خاتوو تورکان لە باغچەی مافەکانی مرۆڤ هەستی ئامادەبووان دەوروژێنێ. 
پاشان هاوسەرۆکی گشتی هەدەپە سەلاحەدین دەمیرتاش بەمجۆرە قسەکانی دەست پێ دەکا:
"خوێن و ڕۆندکێکی زۆرمان بینیوە. لە بەر دەروازەی گۆڕستانەکان گەورە بووین."
قسە دێنێتە سەر تاهیر ئەلچی و بەم شێوەیە بەردەوام دەبێ: 
"تەمەنێک لە پێناو ئاشتی، ئازادی و برایەتی… خوا ژیانێکی وەها و مەرگێکی وا بە شەڕەفمان بە نەسیب بکا… لەسەر ئەم خاکە بەسۆیانەی کوردستان ئاسان نییە پارێزگاری لە ئاشتی و ئازادی بکەیت و قیت و قینج بوەستی… پێیان وایە بەم تاوانانە چاوترسێنمان دەکەن و بە چۆکمان دادێنن، وەلێ بە هەڵەدا چوون. کاروانی ئازادی بەردەوامە."

دروشمی نێو کۆڵانەکان
تەرمەکە بە هاواری "شەهید شەهید شەهید" لە شەقامی فاتیح ڕووەو شەقامی ساغلک ئۆجاغی دەکەوێتە ڕێ.
ئاپۆرایەکی قەرەباڵغە و تا دێ زیاتر شەپۆل دەدا…
پیر و لاو، ڕیشن و بێ ڕیش، سەر داپۆشراو و سەر ڕووت، گشت پێکەوە هاوار دەکەن، هەلهەلە لێدەدەن و دەڕۆنە پێش. 
خەڵک هاتوونە پشت پەنجەرە و شانشینەکان. 
قامکەکان بە نیشانەی سەرکەوتن بەرز کراونەتەوە. 
سەرنج دەدەم مێرمنداڵەکانن دروشمی پەکەکەیان لەسەر زارە.
ئاڵای پەکەکە و پۆستێرەکانی ئۆجەلان لە شەکانەوە دان. 
بە دەم هاواری "بژی سەرۆک ئاپۆ"وە..
هەرە زێدە ئەم دروشمانە لە گوێمدا دەزرینگێنەوە:
"دەوڵەتی بکوژ باجەکەی دەدا!"
"پەکەکە تۆڵە، تۆڵە پەکەکە!"
لەسەر پارچەیەکی گەورەی چوارگۆشە بە کوردی و تورکی نووسراوە "بەرخۆدان ژیانە!"، لە پشت پارچەکە خەڵک هەنگاوی توند و پتەو دەنێن. 
کچانی لاو هەلهەلە لێ دەدەن و کوڕانی لاو تێکڕا دروشم دەدەن:
"کوردستان گۆڕستانی فاشیستان!"
کوڕەکان دروشمێکی تریشیان لەسەر زارە:
"لاوان فیدایی ئاپۆنە!"
لە سیماکان ڕادەمێنم. 
چینەکانی دەموچاو نیگەران دەنوێنن..
نیگاکان لە قینن…
لە جموجوڵەکاندا پەرچەکردارێکی سەیر دەبینرێ. 
دەڵێی هەمووان بە لووت هەناسە دەدەن..
لەم نێوانەدا، لەو پاڵەپەستۆیەی جێی دەرزییەک نابێتەوە، کەسێک پیدەی گەرم و تازە بڵاو دەکاتەوە..
بە شەقامی گوورسەل (یان شەقامی جەنتۆ)دا دەچینە گۆڕستانی یەنیکۆی. 
باب ئاگای لە کوڕ نییە. 
دوو جار لە نێو حەشیمەتەکەدا ون دەبم، هەر دوو جارەکەش بەرەو دەنگی عوسمان بایدەمیر دەچم.
کە تاهیر ئەلچی بە خاک دەسپێردرێ، ئەو دەنگە هەمدیس کزە لە جەرگم هەڵدەستێنێ: 
"باوکە… باوکە…"
خۆ بە هەمبێزی دایکیدا دەکا:
"باوکە، باوکە مەڕۆ، تکایە جێمان مەهێڵە!"
دڵم هەپروون بە هەپروون دەبێ.
فرمێسک بەری چاوم دەگرێ. 

هاواری ئاشتی…
لەگەڵ عوسمان بایدەمیر دەچینە "ماڵی پرسە". 
هۆڵی گەورەی پێشوازیی شارەوانی شاری گەورە کراوەتە شوێنی پرسە و سەرەخۆشی. 
پێش تاهیر ئەلچی جارێک لێرە سەرخۆشی بۆ محەممەد ئوزوون بەڕێوە چووبوو..
دوعا و سەرەخۆشی دەکرێ. 
وتاری کورت دەخوێنرێنەوە. 
ئەم یادداشتانە لە قسەکانی سەلاحەدین دەمیرتاش هەڵدەگرمەوە:
"لە ئەگەری ئازادی، دیموکراسی و یەکسانی دایە ئاشتییەکی ڕاستەقینە لە دەرگامان دەدا."
"با پەرە بە کین و دوژمنایەتی نەدەین."
"شەڕ، چەک و پێکدادان لەگەڵ سرووشتی مرۆڤایەتی یەک ناگرنەوە."
"واز لە ڕێگەی ئازادی و دیموکراسیمان ناهێنین."
"دەبێ هاواری ئاشتیمان بەرز بکەینەوە."

۱۳۹۴/۰۹/۰۸

کوردانی سوییس: ئاکەپە بکوژی ئەلچییە


بە سەدان هاووڵاتیی کورد لە چەندین شاری سوییس دژ بە کوشتنی تاهیر ئەلچی سەرۆکی نووسینگەی بنکەی پارێزەرانی تورکیا، خۆپیشاندانی ناڕەزاییان بەڕێوە برد و دەوڵەتی تورکیایان مەحکووم کرد. 
لە کۆبوونەوە جەماوەرییەکانی شارەکانی سوییسدا بە شێوەیەکی ڕاشکاوانە حکومەتی ئەردۆغان بە کوشتنی ئەلچی تۆمەتبار کرا.
ئەو کۆبوونەوانە دوێنێ شەممە (٢٨ی نۆڤەمبەر) لە شارەکانی بازڵ، فریبوورگ، بێرن و لۆزان بە بەشداری سەدان کەس بەڕێوە چوون. 
تاهیر ئەلچی پارێزەری ناسراوی کورد دوێنێ دوابەدوای لێدوانێکی ڕۆژنامەوانی لە شاری ئامەد تیرۆر کرا. 
پاش بڵاوبوونەوەی هەواڵی کوژرانی ئەلچی بە سەدان کەس لە ئەستەنبوڵ و شارەکانی تری تورکیا ڕژانە سەر شەقامەکان و لەگەڵ پۆلیسی تورکیا دەستەویەخە بوون. 

۱۳۹۴/۰۸/۲۹

ئاسمانی ژوور بانیژە

پۆول ڤێرلێن
وەرگێڕ لە فەرەنسییەوە: سەلاحەدین بایەزیدی

ئاسمان، لە ژوور بانیژەوە،
شین شین، مەنگ.
دارێک، لە ژوور بانیژەوە،
گەڵاکانی ڕادەژەنێ.

زەنگی کلێسە، لەنێو ئاسمانی بەرچاومان،
بە هێمنی دەبیسترێ.
مەلێک، لەسەر دارەکەی بەرچاومان
سکاڵاکانی دەچڕێ.

خودای من، خودای من، ژیان لەوێیە
سادە و ئارام.
ئەم بانگەشە ئەهوەنە
لە شارەوە دێ.

چیت کرد، هۆ ئەتۆ
کە بەردەوام دەگریت،
دە پێم بڵێ، چیت کرد، ئەتۆ
بە گەنجێتیت؟

۱۳۹۴/۰۸/۲۶

جــی‌پــی‌ئــێس


فرێدریک بەیگبێدێ
و. لە فەرەنسییەوە: سەلاحەدین بایەزیدی
لە پاش مەرگی خودا، مرۆڤ وایزانی گوم بووە؛ بەختەوەرانە، چاوساغە دیجیتاڵییەکان بواری ئەوەیان بۆ ڕەخساند ڕێگەکەی بدۆزێتەوە. ئەم دەسکردە[ی مرۆڤ]، سەرەتا تایبەت بوو بە شۆفێر ئۆتۆمبێلەکان، بەڵام هەنووکە لە شاشەکانی نێو گیرفانیشدا هەیە. ڕۆژ بە ڕۆژ، ڕێبوارەکان پتر قوتوویەکی ڕەشی بچکۆلە دەخەنە بێرکی کەوا و پانتۆڵەکانیانەوە کە فەرمانێکی تۆمارکراویان پێدەدا: "سێسەد مەتری تر، بادەنەوە بۆ چەپ." دەنگی یەکدەستی مەکینەکە، باش ڕاهاتنی پێوە دیار نییە (نە دەڵێ "تکایە" نە "سوپاس")، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا ونبوو گوێ بە فەرمانەکانی دەدا، چونکە دەزانێ ئەو لەسەر حەقە. دەزانێ قوتووی جی‌پی‌ئێس، پێڵێک بۆ هەزاران کیلۆمەتر بان سەری دەنێرێ، ئەم پێلە دۆخی وی بە سەنتیمەتر دیاری دەکا و شاشەیەک لەسەر نەخشەیەکی هێڵدار، ئەو ڕێگەیەی پیشان دەدا کە دەبێ بیگرێتە بەر. ئەمە شۆڕشێکە هێشتا پانتاییەکەی نەپێوراوە.
بە درێژایی هەزاران ساڵ، مرۆ دەبوایە پرسیاری ڕێگە لە کەسێکی نامۆ بکا: شوورەیی بوو، جار جارەش مایەی پێکەنین، بەڵام بواری ئەوەی پێ دەدا تووشی هاوڕێی نوێ بێ و سەر بە کوون و کەلێنی نەناسراودا بکا. کە ون دەبوو، ناوچەی تازە و خەڵکی بەدەوی دەدۆزییەوە، وەک کریستۆف کۆلۆمب و کلۆود لێڤی-ستراوس. ئێستاکە، دەزانێ دەچێتە کوێ و لە هیچ شوێنێکی ئەم جیهانە، بگرە لە سووچی کۆڵانەکەی خۆیشیدا، لەگەڵ کەس ناپەیڤێ. نەخشەکەی ئاشکرایە، دڵنیایە، پارێزراوە. ئەگەر بیەوێ ون بێ، ئەوەندە بەسە مەکینەکە بکوژێنێتەوە (یان چاوەڕێ بکا باترییەکە لە پەلوپۆ بکەوێ)، بەڵام نایەوێ. مرۆڤی هاوچەرخ بە زۆرەملێ خۆی بە ئازاد دەزانێ: ئەوەی ڕاستی بێ، ناچاربوونەکەی ناوی نراوە ئازادی. چونکە سەتەلاتیش ئامرازێکی چاودێرییە. بە جی‌پی‌ئێس، ئێمە دەزانین لە کوێین، بەڵام ئێمە تەنیا کەس نین کە دەزانین لە کوێین. مرۆڤ بۆتە تاکە ئاژەڵێک کە دەکرێ لە ڕووی جوگرافییەوە شوێنەکەی دەستنیشان بکەی. هەر جارەو کە تەلەفۆن یان جی‌پی‌ئێسەکەی هەڵدەکا، چیتر ناتوانێ خۆی حەشار بدا: دەتوانی یەکسەر مووشەک، پۆلیس یاخود ژنەکەی بنێریتە سەر. لەگەڵ وندابوونی تامی وێڵبوون و سەرگەردانیدا، شتێکی تری گرانبەهاش بارگە و بنەی پێچاوەتەوە: ئەویش نهێنییە.

هاوپێچ:هــەی باغــەوان مــن غــەریبم ڕێــگای باغــت بە کــوێدا؟

۱۳۹۴/۰۸/۲۴

هەڵکوتانە سەر لایەنگرانی مەلا کرێکار لە سوییس و وڵاتانی تری ئەوروپا


پۆلیسی ئیتالیا ڕایگەیاند کە هەڵیکوتاوە سەر تۆڕێکی جیهادی ئەوروپیی کە پێشبینی دەکرا لەپێناو ڕزگاری مەلا کرێکاری بەندکراو لە نەرویج، چالاکی ئەنجام بدەن. لە چوارچێوەی ئەم هەڵمەتەدا، داوا لە سوییسیش کراوە یەک دوو کەس قۆڵبەست بکا.
دادگای ئیتالیا حوکمی قۆڵبەستکردنی هەڤدە کەسی داوە کە ١٦ لەوان کوردن و یەکیان خەڵکی کۆزۆڤۆیە. شەش ئەندامی ئەم تۆڕە لە ئیتالیا گیراون، چواریان لە بریتانیا، سێیان لە نەرویج، هاوکات ژمارەیەکیان بۆ شەڕکردن لە پاڵ دەوڵەتی ئیسلامیدا ڕوویان کردۆتە عێراق و سووریا.
فەرمانی قۆڵبەستکردنی دوو کەس بە سوییس دراوە کە بە گوێرەی میدیاکانی سوییس یەکێک لەو دوو کەسە داواکراوە لە شەڕی سووریا مردووە.
وەک دەگوترێ، ئەندامانی ئەم تۆڕە پەیڕەوانی نەجمەدین ئەحمەد فەرەج ناسراو بە مەلا کرێکارن کە کوردێکی بناژۆخوازی تەمەن ٥٩ ساڵە و لە ساڵی ١٩٩١ەوە لە نەرویجە.
بە وتەی گیوڤانی گۆڤێرنال بەرپرسێکی دەستەی ئۆپەراسیۆنی تایبەت، گرنگیی ئەم ئۆپەراسیۆنە لەوە دایە کە بە شێوەیەکی هاوئاهەنگ لە ئیتالیا، بریتانیا، نەرویج، فینلاند، سوییس و ئاڵمانیا بەڕێوە دەبرێ.
ناوبراو دەڵێ ئەم تۆڕە لە ڕێگەی ئەنتەرنێت و بە شێوەی نهێنی پەرەی سەندووە.
بە پێی لێدوانەکانی ئەم بەرپرسە، گرووپەکە "خۆی بۆ ناردنی ژمارەیەک جیهادی بۆ دەرەوە ئامادە کردووە و ویستوویانە کۆمەڵێک چالاکی و لەوانە هێرشی خۆکوژی ئەنجام بدەن تاکوو بەمجۆرە هەوڵی ڕزگارکردنی سەرۆکەکەیان دابێ."
مەلا کرێکار لە نەرویج بە هەڕەشەیەک بۆ سەر ئاسایشی نیشتیمانی لەقەڵەم دەدرێ. لە ساڵی ٢٠٠٣ەوە هەوڵی ناردنەوەی بۆ عێراق دەدرێ بەڵام نەرویج بە هۆی نەبوونی گەرەنتییەک و ئەگەری لەسێدارەدانی لە لایەن عێراقەوە تا ئێستا ناوبراوی نەناردۆتەوە.
مەلا کرێکار دامەزرێنەری ڕێکخراوی ئەنسار و ئیسلامە لە کوردستان. لەگەڵ گرووپەکەی لە لیستی تیرۆری ئەمریکا و نەتەوە یەکگرتووەکان دایە.

۱۳۹۴/۰۸/۲۱

وەی لۆ لۆ، وەی لۆ لۆ، وەی لۆ لۆ



 دوایین ڕۆژی مانگی فێوریە، ڕێک لە ڕۆژێکدا کە هەنگاوێکی مێژوویی لەمەڕ پرسی کورد نرا و بانگەوازی 'ماڵئاوایی لە چەک' بڵاو کرایەوە، یاشار کەماڵ، ئەو نووسەری تەمەنی بۆ ئاشتی تەرخان کردبوو، کۆچی دوایی کرد. جەم ئەرجیەسی ڕۆژنامەنووس ئەم وتوێژەی خوارەوە، ساڵی ٢٠٠٩ لەگەڵ یاشار کەماڵ و بۆ ڕۆژنامەی 'ڕادیکاڵ' ئەنجام داوە و دیمانەکە پاش کۆچی دوایی ناوبراو، بۆ جارێکی تر لە ماڵپەڕی ڕۆژنامەی ڕادیکاڵدا بڵاو بۆتەوە.
 
وتوێژی ڕۆژنامەی 'رادیکاڵ' لەگەڵ یاشار کەماڵ
لە تورکییەوە: سەلاحەدین بایەزیدی
 
یاشار کەماڵ نەک هەر گەورەترین ناوی ئەدەبیاتی تورکیایە، بەڵکوو یەکێکە لە نووسەرە هەرە بە ویژدانەکانی ئەم کۆمەڵگەیە. بە درێژایی ژیانی بەرەنگاری هەر چەشنە زوڵم و زۆرییەک بۆتەوە و بەردەوام لایەنگریی لە ئازادی کردووە. یاشار کەماڵ، سەبارەت بە چارەسەری پرسی کوردیش، ڕاشکاوانە بۆچوونەکانی دەربڕیون. ماوەیەکی درێژە، بە بۆنە و درەفەتی جۆراوجۆر، هەڵوێستی خۆی لەمەڕ ئاشتی و ئازادی دەردەبڕێ. لە نووسین و قسەکانیدا، باس لەوە دەکا کە نابێ فەرهەنگ و زمانەکان قەدەغە بکرێن.
دەمێک بوو دەمانەویست سەبارەت بە کێشەی کورد لە تورکیا، هەڤپەیڤینێک لەگەڵ یاشار کەماڵ ئەنجام بدەین و بە شێوەیەکی تێروتەسەل و پڕ وردەکاری لەمبارەوە ئاگاداری بۆچوونەکانی بین. ماوەیەک لەمەوپێش، بەڵێنی وەها وتوێژێکمان وەرگرت و ڕۆژێک لەگەڵ عیسمەت بەرکان و ئۆرال چالشلار چاومان پێی کەوت.
یاشار کەماڵ، دۆخی 'ڕۆژهەڵات'ی [تورکیای] (باکووری کوردستان. و) هێنایەوە بیر، باسی لە سیاسەتەکانی دەوڵەت لە ناوچه‌كه‌، نکۆڵی لە بوونی کوردەکان و سیستەمی جاشایەتی و قەدەغەکردنی زمان کرد؛ 'کەس نایەوێ ڕۆڵەکانی بمرێ، گەلی کورد ئاشتی گەرەکە'، وای گوت و بەمجۆرە درێژە بە قسەکانی دا: "کورت و کورمانجی، دەبێ دوژمنانی شەڕ لە تورکیا یەک بگرن…"

پەیتا پەیتا دەگوترێ کوردەکان و تورکەکان لە [جەنگی] مەلازگیرد بە دواوە شان بە شانی یەک دەژین. ئەم دوو گەلە، هەم هەزار ساڵە پێکەوە دەژین و هەم سەدان ساڵە ڕاپەڕین، جەنگ و تاوان کۆتاییان نایە. چ شتێک لە پەیوەندیی نێوان تورکەکان و کوردەکاندا هەڵەیە، بۆچی گەیشتن بە ئاشتی ڕێگەیەکی وەها دژواری لە پێشە؟

من لە مناڵیمەوە دەزانم کە تورکەکان و کوردەکان لەنێو کەشوهەوایەکی برایانە و ئاشتیانەدا پێکەوە ژیاون. لە ساڵانی سەرەتای دامەزراندنی کۆمار [ی تورکیا]دا لەنێو تاکە بنەماڵەی کوردی دێهاتێکی تورکمەن، چاوم بە ژیان هەڵێناوە و گەورە بووم. لە ماڵێ بەس بە کوردی قسەم دەکرد و لەنێو گوندیش بە تورکی. تەنانەت بۆ ڕۆژێکیش خۆم وەک بێگانە، پەراوێزخراو و جیاواز نەهاتە پێش چاو. من بە کولتووری تورکمەن دەوڵەمەندتر بووم و هاوڕێکانیشم، لە منەوە فێری گۆرانی کوردی بوون.
یەکەم کاری ڕۆژنامەوانیم بەو ڕێپۆرتاژانە دەستی پێکرد کە لە ڕۆژهەڵات [ی تورکیا] ئەنجامم دان و بە چەند بەش لە ژێر سەردێڕێ 'لە ڕۆژهەڵات شتی سەیروسەمەرەم بینی' بڵاوم کردنەوە. شەست ساڵ لەمەوپێش لەو دەڤەرە کە شێخ و مەشایخ حوکمیان دەکرد و دەوڵەت قەت خۆی تێهەڵنەده‌قورتاند، شتگەلی باوەڕپێنەکراوم بینی.
بەڵێ، کوردەکان و تورکەکان، هەزار ساڵە شان بە شانی یەکتری دەژین. لە سەردەمی عوسمانییەکاندا، چەندین نەتەوە پێکەوە دەژیان. نەتەوەیەک بە دی نەدەکرا بێزراو بێ یاخود سووکایەتی پێ بکرێ. ساڵانی دوایی، دەستەڵاتی عوسمانی گۆڕدرا. بزووتنەوە نەتەوەپەرستەکان پەرەیان سەند. یەکێک دروشمی سەربەخۆیی نەتەوەکانی بەرز کردەوە و یەکێکیش چووە ژێر سێبەری وڵاتانی ڕۆژئاواوە. لە ناو ئه‌مانه‌دا نه‌ته‌وه‌ی کورد به‌ دی نه‌ده‌كرا. کوردەکان سەرباری ئەو هەموو دەرفەتە، داوای سەربەخۆییان نەکرد.
ڕووسەکان، هەموو هەوڵ و تەقەڵایەکیان دا بۆ ئەوەی لەگەڵ کوردەکانی قەفقازیا یەکیان بخەن. ماڵ بە ماڵی کوردستان گەڕان. لە ماڵی بەگە کوردەکان مانەوە و چەندی کردیان و نەیانکرد، لە هەوڵەکانیاندا سەرکەوتوو نەبوون.
بە درێژایی ئەو هەزار ساڵە زۆر ڕووداو بەسەر کوردەکان هاتووە، بەڵام لەم ماوەیەدا کوردەکان تەنیا چەند جار بە شەڕ هاتوون، لە سەدەی نۆزدەدا، دوو ڕاپەڕین دروست بوون، کەچی لە سەردەمی کۆمار [ی تورکیا]، ٢٩ ڕاپەڕین هاتوونەتە ئاراوە. ڕاپەڕینی هەرە گرینگیان، پێش دامەزراندنی کۆمار و سەرهەڵدانی کۆچگری بوو کە لە ساڵی ١٩٢٠دا ڕووی دا. هەر دەتگوت سوپا بوونی نییە و سەرکوتكردنی ڕاپه‌ڕینی قۆچگیری سووک و سانا نەبوو. ٩٣ نوێنەری کورد لە مەجلیس، بەیاننامەیەکیان نووسی و ناردیان بۆ کوردستان. گوتیان تا تەوابوونی شەڕی ڕزگاری، ئێمە لەگەڵ تورکەکان دەبین و ڕاپەڕینی قۆچگیری سەرکوت کرا. دوابەدوای کۆماریش، پەیتا پەیتا ڕاپەڕین سەریان هەڵدا.
هەڵە و کەموکوڕی هێندە زۆرە، لە هەڵە و کەموکوڕی چۆتە دەرێ. بۆ نموونە با باسی چەند دانەیەکیان بکەم. کتوپڕ، شتێک بە ناوی کورد بوونی نامێنێ. کوردەکان هیچ شتێک نین، دوای شەڕەکان دەبنە نۆکەر و کۆیلەی تورکەکان. کەسانێک کە دەیانەوێ ئەمانە بزانن با ئەو ڕۆژنامانە بخوێننەوە کە پاش سەرهەڵدانی ئاگری‌داغ دەرچوون. سووکایەتی کردن بە مرۆڤێک، بە گەلێک و حیساب نەکردنی وەک مرۆڤ، لە پیاوکوشتن خراپترە.
کوردەکان، زمانیان نییە. زمانەکەیان، زمان نییە، 'کارت‌کورت'ە. ئەم زمانی کارت‌کورتەش کە بوونی نییە، قەدەغەیە. زۆربەی ئەو ئەرک‌پێدراوانەی بۆ ناوچە کوردییەکان بەڕێ دەکران، تاوانبار، دوورخراوە و گەندەڵ بوون. خەڵکی دێهاتەکانی ڕۆژهەڵاتی ئەنادۆڵ بە پیر ئەم ئەرک‌پێدراوانەوە نەدەچوون و ئەگەر ئیشێکیان بە حکومەت بوایە، ئەوا ئاغا و بەگ لە بری ئەوان ئەنجامیان دەدا. ئاغا و بەگ لە جیاتی دێهاتییەکان هەموو شتێکیان دەکرد. هەر بەگە و مەئمووری تایبەتی هەبوو، هەڵبەت ئەگەر ڕێيان نه‌كه‌وتبایە غەریبی.
بەم شێوەیە، حکومەت باوەشی بۆ ئاغا و بەگەکانی گەلی کورد کردەوە. خەڵک پەنایان بۆ ئاغا و بەگەکانی کورد برد. ئیشی ئەوان لەگەڵ حکومەت لەلایەن ئاغا و بەگەکانەوە ڕادەپەڕێنرا. بەمجۆرە، دەوڵەت دەستەڵاتی بەسەر گەلی کوردەوە نەبوو و ئاغا و بەگ بەڕێوەیان دەبرد.
لەم ساڵانەی دواییدا، جاشەکان و جەردەوانەکان، جێگەی ئاغا و بەگیان گرتەوە. چەکی دەوڵەتیان بە دەستەوەیە. بێستان و خاکی میلیۆنان کورد کە نەبوونەتە جاش و جەردەوان، وەک ئەوەی ماڵ و سامانی باوکیان بێ، بەکار دێنن، لەسەر خاکی ئاوارەکان پاڵیان لێ داوەتەوە. جاشەکان ناهێڵن ئاوارەکان بە دوای ڕێگەیەکدا بگەڕێن و بێنەوە سەر ماڵ و حاڵی خۆیان. ڕۆژنامەکان لەمبارەوە نووسیان، بەڵام کێ گوێ لە ڕۆژنامەکان دەگرێ!
بە درێژایی هەشتا ساڵ بیرمان لەوە نەکردەوە ئەم مرۆڤانە بۆچی ئەو هەموو ساڵە لە چیاکان دەمێننەوە. چاوەڕێ بووین ئەرکەکانی هاووڵاتیی بوون بەجێ بێنن، وەلێ لە پەروەردە، تەندروستی، وەبەرهێنان و ئەو خزمەتانە بێ‌بەریمان کردن کە هەر هاووڵاتییەکی دەوڵەت دەبێ هەیبێ. بە ئەقڵمان نەگەیشت وەک مرۆڤ و هاووڵاتی، مافەکانیان پێ بدەین.
هەشتا ساڵە ئەم ناوچەیە پشوویەکی نەداوە. کوردەکان ڕاپەڕیون. سه‌رباری ئه‌وه‌ی زانیویانه‌ شکست ده‌خۆن. سه‌رباری ئه‌وه‌ی هه‌ر له‌ سه‌ره‌تاوه‌ زانیویانه‌ ئه‌نجامی ڕاپه‌ڕین چۆن ده‌بێ. كارم به‌وه‌ نییه‌ زانیویانه‌ یان نا، به‌ڵام دەزانم زۆر مرۆڤ به‌ زانابوون بەرەو پیری مەرگ چوون. سەربوردەی شێخ شامیل دەزانم. دەزانم چەندین کۆمەڵگە مردوون. دەزانم کوردەکان بیست و نۆ جار، به‌ زانابوون به‌ پێشوازی مه‌رگه‌وه‌ چوون.
هەر چاخە و لە چاخێکی تر جیاوازە. وڵاتە پێشکەوتووەکان، خۆیان لەگەڵ چاخەکان گونجاندوە. کەچی ئێمە نابینین دونیا گەیشتۆتە کوێ، لە چاخ و دونیای شارستانییەت دوا کەوتووین. ئەم دۆخە بۆ نەتەوەیەک کارەساتە. ئەگەر وڵاتەکەمان، وڵاتێکی دیموکرات بوایە، لە نێو مرۆڤایەتی پێشکەوتوودا، سەرمان قیت قیت ڕادەگرت. گەلەکەمان، گەلێکە شایانی دیموکراسی. ڕوونەدانی شەڕێکی نێوخۆیی، سەرباری ئەو هەموو وروژاندن و دنەدانانە، ئەم ڕاستییە دەسەلمێنێ.
ئەوەش دەزانین کە هیوا خاوەن هێزێکە کە مرۆڤ دەکاتە مرۆڤ. ڕۆژێک هێزی شاراوەی هیوای مرۆڤایەتی بەدەر دەکەوێ. ئەم هیوا نوێیەش، مرۆڤەکان بەختەوەر دەکا.
وەی لۆ لۆ، وەی لۆ لۆ، وەی لۆ لۆ…
زۆر گۆرانیی کوردی بەناوبانگ بەم وشەیە دەست پێدەکا.

لە ماوەی ڕابردوودا، سەرۆک کۆمار سەبارەت بە کێشەی کورد ئاماژەی بە 'دەرفەتێکی مێژوویی' دا. ئێستا کە سەرۆک کۆماریش ئەمە بە 'سەرەکی ترین کێشەی تورکیا' وەسف دەکا، ئاخۆ کاتی چارەسەرکردنی مەسەلەکە هاتووە؟
سەرۆک کۆمار نیازپاکە. کێشەی کورد، سەرەکیترین کێشەی تورکیایە. کێشەی کورد، کێشەی هاوچەرخیی تورکیایە. کێشەی کورد، کێشەی دیموکراسیی تورکیایە.
لە کاتی دامەزراندنی کۆمار بە دواوە، چاوی بەڕێوەبەرانی دەسەڵات بە ڕووی کوردەکان هەڵنەهاتووە. لە خوارووی ئەنادۆڵ، بوونەوەرانێک خەوتوون بەڵام جار نا جارێ بە تیر و کەوان لە خەو ڕادەبن. کە ئەوان هەستن، هەڵبەت بە هەیبەتەوە هەڵدەستن. ئەو بوونەوەرانە دەکوژن، ئەوانەی ناشیانکوژن، بە پیر و مناڵەوە بۆ غوربەت دووریان دەخەنەوە. هێشتا باس له‌وه‌ ده‌كرێ کە دەستەڵاتدارانی ناوچەکە دەڵێن لە دێرسیم شتێکی وەک مرۆڤ بوونی نییە و پێدەکەنن، دەڵێن لەم چیایە شتێک نییە لە مرۆڤ بچێ و شادی دەردەبڕن. دەڵێن کارت‌کورتەکان چوونە کوێ و بزەیان دێ.
ئێستا ئیتر سەرۆک‌کۆمار بە تەنیا نییە. مرۆڤایەتی لەگەڵیەتی. ئەو بەڕێوەبەرانەی ئاگایان لەمە نییە، وا هەست دەکەن ئەویش وەک خۆیان وایە.
وێڕای ئەوەی سەرکردەی گەورە مستەفا کەماڵ ئاتاتورک ڕێ نیشاندەر بووە، بەڵام بەڕێوەبەران ڕێگەیان نەبینیووە. ئەوانەی تورکیایان هێناوەتە دۆخی ئەمڕۆ، زیاتر و زیاتر  له‌م پێناوه‌دا هەوڵ دەدەن. ئەمانە کێن، چ کەسانێک نەتەوەیەکیان گەیاندۆتە دۆخی ئێستا؟ کەس نازانێ ئەمانە کێن. سەرباری هەموو شتێ، تورکیا بە دیموکراسی شاد دەبێ. سەرۆک‌کۆمار، هێز و ورەی بەو کەسانە بەخشی کە نایانەوێ لە تورکیا شەڕ هەبێ. ئەم هێزە تا دێ گەورەتر دەبێ. هەروەها تا دێ زۆرینەی نیازپاک، پەی بە ڕاستییەکان دەبا.
تورکەکان و کوردەکان هیچکات خوازیاری ئەوە نەبوون لێک دابڕێن. هیچ هێزێکیش ناتوانێ لێکیان داببڕێ. ناحەزان کە زۆر باش ئەمەیان بۆ دەرکەوتووە، لە شەرمان ڕادەکەن و لە شوێنێک دەگەڕێن داڵدەیان بدا. وەک چاوەڕوان دەکرێ، ئەستەم نییە. گەلێکی وەک گەلی کورد، بە سانایی دەتوانی ڕۆڵەکانی شاخی بێنێتە خوار. لە مناڵی حەوت ساڵە ڕا بگرە تا پیری حەفتا ساڵە، کەس نایەوێ برا و ڕۆڵەکانیان، لە هیچ هەلومەرجێکدا گیان لەدەست بدەن. گەلی کورد ئاشتی دەوێ. من کوردەکان دەناسم. لە زمانی کوردیدا دەستەواژەیەک هەیە دەڵێ، کوردەکان لە پێناو قسەکەیاندا سەر دادەنێن، بەڵام پاشەکشە ناکەن. جا لە هەر کەس کە پەیوەندی بە کوردەوە هەیە، بپرسی هەر ئەوەیە.

هەندێک وڵاتی ئەوروپایش هەن کە کێشەی هاوشێوەیان هەیە. ئەوان ئەم مەسەلەیەیان لە ڕێگەی مافە 'فەرهەنگی و سیاسییەکانەوە' چارەسەر کردووە. ئایا چارەسەری کێشەی کورد لە تورکیا، کاریگەریی ئەرێنی لەسەر پێڤاژۆی یەکێتی ئەوروپا دەبێ؟

 لە وڵاتانی ئەوروپا کەمینە هەن. ئەمانە ساڵانێکی درێژ لەسه‌ر خاكی خۆیان مانەوە، شەڕیان کرد، هەرەسیان هێنا، سەرکەوتن. كه‌ كاتی خۆی هات، زۆربه‌ی هه‌ره‌ زۆریان له‌گه‌ڵ به‌ڕێوه‌به‌رانی وڵاته‌كانیان پێكهاتن، به‌ مافی زمان و فه‌رهه‌نگی خۆیان گه‌یشتن. نموونه‌ی هه‌ره‌ به‌رچاو كاتالانه‌كانن. سه‌د ساڵ له‌گه‌ڵ ئیسپانییه‌كان شه‌ڕیان كرد و دواجار له‌گه‌ڵ ئیسپانیا پێكهاتن و یه‌كیان گرت. ئێستا كاتالانه‌كان زۆر به‌خته‌وه‌رن. له‌گه‌ڵ ژۆردی پووژۆلی سه‌ركرده‌ی ئه‌فسانه‌ییاندا چه‌ند سه‌عاتێك قسه‌مان كردووە. سەروبنی قسەکانی باسی ئاشتی بوو. سه‌رۆكیش وه‌ك گشتیان دڵخۆش و به‌خته‌وه‌ر بوو. ئاشتی بۆ هه‌ر دوو گه‌لیش، كامه‌رانییه‌كی گه‌وره‌ی باوه‌ڕپێنه‌كراوی له‌گه‌ڵ خۆیدا هێنا. ئه‌وان به‌ زمان و فه‌رهه‌نگی خۆیان گه‌یشتن. زمان و فه‌رهه‌نگێك كه‌ نه‌ك هه‌ر بۆ ئیسپانیا به‌ڵكوو فه‌رهه‌نگی دونیای ده‌وڵه‌مه‌ند كردووه‌ و گه‌له‌ك مرۆڤی گه‌وره‌ی پێگه‌یاندووه‌، له‌ نیگاركێشدا كه‌سانی وه‌ك خوان میرۆ، تاپیێس و دالی، له‌ بیناسازیدا هی وه‌ك گاودی، بۆفیل، له‌ مۆسیقاشدا ئالبەنیز، كاسال، كابال و كاره‌راس.
هاوڕێیه‌كی ڕۆژنامه‌نووسی كاتالان كه‌ دواتر ناسیم، ده‌یگوت ئه‌گه‌ر ئێستا له‌ ئیسپانیامان دابڕن، ئێمه‌ هه‌مدیس په‌نا بۆ چیا له‌ مێژینه‌كانمان ده‌به‌ینه‌وه‌. خۆزیا زمانی ئێمه‌تان زانیبا و له‌گه‌ڵ خه‌ڵكی كاتالان قسه‌تان كردبا، ئه‌وانیش هه‌مان ئه‌و شتانه‌یان پێ ده‌گوتن.
كاتالانیا له‌ سه‌د ساڵ له‌مه‌وپێشه‌وه‌ هه‌رێمی هه‌ره‌ ده‌وڵه‌مه‌ندی ئیسپانیا بووه‌ و ئه‌مڕۆكه‌ش هه‌ر وایە.
یه‌كێتی ئه‌وروپا هاوڕا نییه‌. هی وا هه‌ن توركیایان خۆش ده‌وێ و هی وا هه‌ن ڕقیان لێیه‌تی. به‌ڵام توركیایه‌كی دیموكرات ده‌توانێ بۆ یه‌كێتی ئه‌وروپا یارمه‌تیده‌ر بێ.
كێشه‌ی كورد ڕووداوێكه‌ هێزی توركیای له‌ دونیادا ڕزاندووه‌. یه‌كێتی ئه‌وروپا سه‌ری له‌وه‌ سووڕماوه‌ كه‌ بیست میلیۆن كه‌س له‌ مافه‌كانیان بێبه‌ش كراون و، توركیا دیموكرات نه‌بووه‌. نازانن چ بكه‌ن. ده‌سه‌ڵاتدارانی توركیاش له‌ دیموكراسی سڵ دەکەنەوە. له‌ وڵاتێكی دیموكرات، نه‌ك گه‌لێكی نزیك بیست میلیۆنی، به‌ڵكوو نابێ تەنانەت كه‌سێكیش له‌ مافه‌ مرۆییه‌كانی بێبه‌ش بێ.
گه‌لۆ بۆچی یه‌كێتی ئه‌وروپا له‌حاند هه‌موو شتێك یارمه‌تیی توركیا نادا. سه‌ره‌ته‌قه‌ی لێ ده‌رناكه‌م. ئاخۆ ده‌یانه‌وێ توركیا له‌ دیموكراسی بێبه‌ش بێ. له‌ كاتێكدا دامه‌زرێنه‌رانی یه‌كێتی ئه‌وروپا به‌ر له‌هه‌ر شتێك خوازیاری سه‌قامگیركردنی دیموكراسیی ڕاسته‌قینه‌ له‌ دونیا به‌ گشتی و ئه‌وروپا به‌تایبه‌تی بوون. یه‌كێتی ئه‌وروپا بۆ مرۆڤایه‌تی هیوایه‌كی گه‌وره‌ بوو.

كه‌ خه‌ڵاتی گه‌وره‌ی چاندی و هونه‌ریی سه‌رۆك كۆماریتان وه‌رگرت، گوتتان `هه‌ر گه‌لێك كه‌ له‌ ئەنادۆل ده‌ژی، ده‌بێ زمانی دایكی به‌كار بێنێ. به‌ زمانی دایكی په‌روه‌رده‌ ببینێ، كتێب بنووسێ و فیلم دروست بكا`. ئه‌وه‌ی ڕاستی بێ ئه‌مانه‌ مافه‌ بنه‌ڕه‌تییه‌كانی مرۆڤن، ئاخۆ داننان به‌م مافانه‌، كێشه‌كه‌ له‌ كۆكه‌وه‌ چاره‌سه‌ر ده‌كا؟
 

سه‌یر كه‌ برام، فیكر و زمانی من یه‌كه‌ و چیم له‌ مێشك دابێ ده‌یهێنمه‌ زمان. له‌م بۆچوونانه‌مدا، ڕه‌نگه‌ له‌ ژێر كاریگه‌ریی مرۆڤه‌ گه‌وره‌كانی سه‌رده‌م دابم. هه‌رچی بێ، ئه‌م بیر و بۆچوونانه‌، هه‌م بۆ چاخی مه‌ و هه‌م بۆ وڵاته‌كه‌مان کۆمەڵێ ڕاستیی حاشاهه‌ڵنه‌گرن.
هەر لە تافی گەنجێتیمەوە گوتومە دونیا باغچەیەکە بە هەزار گوڵەوە، به‌ڵام دەزانین دونیا باغچەیەکە پڕ لە گوڵی لە ژمارنەهاتوو. هەروەها لە گەنجێتیمەوە بەردەوام گوتومە دونیا باغچەیەکی فەرهەنگییە بە هەزار گوڵەوە. به‌ڵام دەزانین دونیا باغچەیەکی فەرهەنگییە بە گوڵی لە ژمارنەهاتووەوە. ئەگەر لە دونیادا، لە فەرهەنگێک داببڕێین، لە ڕەنگێک، بۆنێک و دەوڵەمەندییەکی دونیا بێبەش دەبین.
بە درێژایی مێژوو، فەرهەنگەکان بەردەوام شانبەشانی یەکتری گەشەیان سەندووە، کاریگەرییان لەسەر یەکتری هەبووە و یەکتریان پتەو کردووە. شارستانییەتەکان و فەرهەنگەکان، تا ڕۆژی ئەمڕۆش، قەت زیانیان بە یەکتری نەگەیاندووە. یەکتریان لەناو نەبردووە.
ئەنادۆڵ خاکێکی فرە فەرهەنگ، فرەزمان و فرەئایین بوو. چونکە ئەنادۆڵ هەم دەریای سپی، هەم میزۆپۆتامیا، هەم قەفقازیا و هەم دەریای ڕەش بوو. فەرهەنگەکانی ئەنادۆڵ، بە درێژایی مێژوو، بەردەوام یەکتریان پتەو کردووە. ئەگەر لە سەردەمی پێش زایینەوە، تەنیا بڕوانینە کەنارەکانی ئیجەی ئەنادۆل، دەبینین چەندە فرەزمان و فرەکولتوور بووە. ئەم فەرهەنگانەن کە فەیلەسووفەکانی گەل، هۆمێرۆس و دەیان شاکاری دیکەیان ئافراندووە و بوونەتە چاوگە بۆ فەرهەنگی مرۆڤایەتی.
ئەمڕۆکە لە ئەنادۆڵ، گەلەک فەرهەنگ، هەر لە سەردەمی کۆمار بە دواوە، سەرباری هەموو قەدەغە و قەدەغەکارییەکان، هه‌ر چۆنێك بێ ژیاون. لە ئەنادۆڵی فرەکولتوور، فەرهەنگی تورک ویستی تەنیا زمان و فەرهەنگی خۆی بسەپێنێ و سەرجەم زمان و فەرهەنگەکانی قەدەغە کرد. لەگەڵ هەوڵدان بۆ مۆدێڕنیزەکردن، سامانە خۆجێیەکان، ئەو ئاریشانه‌ی سەرچاوە فەرهەنگییەکانیان لەسەر پێ ڕاگرتبوو، ئەنیستیتۆکانی گوند و ماڵەکانی گەل خاپوور کران.
بەمجۆرە زمان و فەرهەنگی تورکیش لاواز بوو. بۆ نموونە، ئازادبوونی فەرهەنگ و زمانی کوردی کە بەردەوام یەک لەسەر سێی دانیشتووانی ئەنادۆڵیان پێکهێناوە، فەرهەنگ و زمانی تورکیشی دەوڵەمەند کردووە. دیارە فەرهەنگی تورکیش، دەوڵەمەندییەک بووە بۆ فەرهەنگی کورد. زمانەکانی چەرکەس، لاز، زمانەکانی دیکەی قەفقازیا، عەڕەبی، سووریانی، ئاشووری هەم یەکتریان ژیاندووە و دەوڵەمەند کردووە، هەمیش سوودیان بۆ زمانەکانی تورکی و کوردی هەبووە. فەرهەنگەکانی ئەمڕۆی ئەنادۆڵ، هەر وەک فەرهەنگەکانی کۆن لەو ناوچەیە کە ببوونە چاوگەی کولتووری مرۆڤایەتی، ئەگەر وەک پێشوو سەرچاوە و ئیلهام نەبووبن بۆ فەرهەنگی مرۆڤایەتی، ئەوا یارمەتییەکی بەرچاویان داوە.
کە نووسین و خوێندن بە زمانی کوردی قەدەغە کرا، کوردەکان ناچار مان پەنا بۆ ئەدەبیاتی زارەکی بەرن، ئەفسانە، گۆرانی، شین‌نامە و چیرۆکی گەورەیان خوڵقاند. هێزی وشەیان لە ئەدەبیاتی زارەکیدا تاقی کردەوە و گەشەیان بە هونەری جادوویی دا. ئەمڕۆکە، تەنانەت زۆر ڕۆشنبیری کورد لەمە بێئاگان. فۆلکلۆرێکی وەها ڕیشەداکوتراو و تۆکمە نەنووسراوەتەوە. ئەمڕۆ لە زانکۆکانی تورکیا، ئەنیستیۆی زمان، فلکلۆر و ئەدەبیاتی کوردیمان نییە. بە هەموو شێوەیەک سەلمێنراوە کە سەقامگیرکردنی دەوڵەتێکی یەک فەرهەنگی، دژ بە هەر چەشنە دەوڵەمەندییەکی تورکیایە. ئەنادۆڵ، موزاییکی فەرهەنگەکانە. هەم گەورەبوون و هەم دەوڵەمەندبوونی، دەگەڕێتەوە بۆ دەوڵەمەندیی زمان و فەرهەنگەکانی ئەنادۆڵ. بێبەش هێشتنەوەی تورکیا لەم دەرفەتە گەورانە، وڵاتی خستۆتە دۆخی ئەمڕۆوە و لە لایەکی دیکەشەوە، دەسەڵاتی کردۆتە دێوزمەیەکی سەیر و سەمەرە.
ئاخۆ تورکیا وڵاتێکی دیموکراتە یان دیکتاتۆڕانە بەڕێوە دەچێ؟ ئەوانەی وڵاتیش بەڕێوە دەبەن، سەریان لەم مەسەلەیە دەرناچێ. دەسەڵاتێکی بێ سەرە و بەرە. هەموو شتێک تێکەڵ پێکەڵە. لەم نێوانەدا، کوردەکان لەپێناو زمان و فەرهەنگی خۆیاندا خۆڕاگری دەکەن. دەسەڵاتیش دەڵێ ئێوە داوای سەربەخۆیی دەکەن. دەڵێ ئەگەر ئازادیی زمان و فەرهەنگتان پێ بدەن، ئەوا سەربەخۆیشتان دەوێ. بەمجۆرە چەندین ساڵە بە کرێتی و گەمارییەکی باوەڕپێنەکراو، شەڕێکی بێ واتا درێژەی هەیە.
بە هۆی ئەم شەڕەوە، تورکیا زامی گەورەی بەر جەستەی کەوت. ئەو دەسەڵاتەیش کە پێمان وایە دیموکراتە لە تورکیاش بریندار بوو. ئیتر نازانێ چ بکا و بچێتە کوێ. لەم نێوەڕاستەدا گیری کردووە.
دیموکراسی وڵامدەرەوەیە. دیموکراسی دەبێ بۆ هەموو مرۆڤایەتی بێ. سەرجەم دیموکراتە ڕاستەقینەکانیش، جا لە کوێ بێ گرنگ نییە، دەبێ هەرچییەکی لەدەستیان بێ بۆ ئەو کەسانەی خوازیاری پیادەبوونی دیموکراسین و لەپێناو دیموکراسیدا خەبات دەکەن، درێغی نەکەن.
دەبێ ئەوەش بڵێم من پرەنسیپێکی نەگۆڕم هەیە، بنیادەم بەردەوام گەشبینە. حەزی مرۆڤ بۆ ژیان، شتێکی نەمرە. پێشم وایە مرۆڤەکانی وڵاتەکەم کە لەسەر ئەم خاکە بەشکۆ فەرهەنگییە دەژین، هەر بەم شێوەیە نامێننەوە، ئەم خاکە فەرهەنگییە پڕ پیت و بەرەکەتە سەرلەنوێ دەبووژێتەوە، دواجار بە دیموکراسی ڕاستەقینە دەگەین و لە ڕێگەی خەبات بۆ دیموکراسی لە دونیادا، یارمەتیی گەلانی دیموکراتیی وڵاتەکانی دیکە دەدەین.

باسی ئەوەتان کرد 'کوردەکان لەپێناو زمان و فەرهەنگەکەیان خۆڕاگری دەکەن. دەسەڵاتیش دەڵێ ئیللا و بیللا، ئێوە داوای سەربەخۆیی دەکەن.' پێویستە زیاتر لەمبارەوە بدوێین؛ هەندێک پێیان وایە پەروەردە بە زمانی دایک و مافە فەرهەنگییەکان، ڕێگە لەبەردەم جیابوونەوە خۆش دەکەن. ئێوە لەمبارەوە چۆن بیر دەکەنەوە، ئاخۆ بۆی نییە ئەگەرێکی وا وە ڕاست گەڕێ؟ ئەگینا ئەم گوتارە لە کوێوە سەرچاوە دەگرێ؟
 

هەموو ئەم قسانەی ئێوە لە ڕوانگەی دیموکراسییەوە، بەشێکە لە مافەکانی مرۆڤ. هەوڵ و تەقەڵای مرۆڤە دیموکراتەکان و تەنانەت گیان بەختکردنیان بۆ ئەم مەبەستەیە. لە وڵاتە دیموکراتەکان، ناڵێن ئەم مافە لە دەرەوەی دیموکراسییە. وەک ئێمە مافەکانی گەلێکی بیست میلیۆنی پێشێل ناکەن. ئاخۆ کوردەکان سەرجەم مافەکانی شارۆمەندییان ڕانەپەڕاندووە؟ جگە لەوانەی شاخ [گەریلاکان]، گەلۆ هەر کوردێک ئەرکەکانی شارۆمەندی بەجێ نه‌هێناوه‌؟
ڕێگەی گەیشتن بە دیموکراسی، تەنیا چیاکان نین. مرۆڤ وەک چۆن داگیرکاریی لە ڕەگەوە نەهێشتووە، وەهاش نادادپەروەری لە بنەوە دەسڕێتەوە. بۆ ئەمەش پێویست بەوانەی شاخ ناکا. هەم ئەوانەی شاخ و هەم دەسەڵاتداران دەبێ ئەمە بزانن. ئەگەر ئەمڕۆ وەک سەردەمانی دامەزراندنی یەکێتی ئەوروپا بوایە، ئەوروپا دەبووە ناوبژیوان و هەر لە ساڵانی سەرەتادا ئەم شەڕەی لە گۆڕێ نەدەهێشتەوە. ئەگەر بەڕێوەبەرانی تورکیا بە چاوێکی وەها دوژمنانە سەیری کوردەکانیان نەکردبا، ئەم شەڕە دیسان لە ساڵانی سەرەتاوە کۆتایی دەهات. چونکە گەلی تورک و گەلی کورد هەزار ساڵە بە شێوەیەکی برایانە شان بە شانی یەکتری دەژین. پاش دەسپێکردنی شەڕ، لە شەڕڤانەکان زیاتر هەڵیانکوتایە سەر گەل. لاپەڕەی ڕەشیان بە مێژووەوە لکاند. وەک بڵێی کوردەکان هەزار ساڵ برا نەبوون، دوژمن بوون، وەک بڵێی ئەوان شەڕی ڕزگاریخوازییان پێکەوە نەکردبێ.
زمانە دایکییەکان، چۆناوچۆن تورکیا پارچە دەکەن، ئاخۆ لازەکان، چەرکەسەکان، ئاشوورییەکان، عەڕەبەکانی ئادانا، مێرسین، هاتای، ئوورفا و سیرت یاخود کوردەکان کە هەزار ساڵە لەگەڵ تورکەکان دەژین، تورکیا پارچە دەکەن؟ ئەوانەی ئەم قسانە دەکەن گەلۆ دۆستی تورکیان؟
من ئەوەندەی بە بیرم بێ بە هیچ کەسم نەگوتووە خاین بە نیشتیمان، تێنەگەیشتم مرۆڤێک چۆن خیانەت بە نیشتیمانەکەی دەکا. ئەوانەی دەڵێن تورکیا پارچە دەبێ، بۆچی ئەم درۆیانە دەکەن؟ هیچ تێناگەم خەڵک چۆن بڕوا بە درۆکانی ئەوانە دەکا.
بیر لە شتی خراپ خراپیش دەکەمەوە. گوێی شەیتان کەڕ، تۆ بڵێی ئەمانە بۆ شەڕی نێوخۆیی ئەم جیابوونەوەیەیان نەکردبێتە بنێشتەخۆشکەی سەر زاریان. سەریان دای لە بەرد. ئەوان هەزار ساڵە لە ناو ئافات و کارەساتدا پێکەوە ژیاون، لەبەرامبەر کارەساتەکان لە برایەتی دانەبڕاون. لەمەوبەدواش هیچ هێزێک لە یەکتریان دانابڕێ.
بەسە، بەسە، بەسە ڕۆڵە گەنجەکانمان لە دەست دەچن.
کوردەکان چ ویست و داخوازییەکیان هەیە، کەم کەس هەیە ئەو پرسیارە بکا. لە کاتێکدا ئەمە شادەماری مەسەلەکەیە و بەدەگمەن خۆی لێ دەدەن. هیچکەس لە ماوەی ئەم هەشتا ساڵەدا، بە گوێرەی پێویست هەڵوەستەی لەسەر ئەم بابەتە نەکردووە. هەڵدەستن و دادەنیشن دەڵێن جیاخوازی. کوردەکان جیاخواز نین. لە ویست و داخوازییەکانیان ڕا دیارە کە نایانەوێ جیا ببنەوە. هەمووان دەزانن کوردەکان چییان گەرەکە. دەزانن بەڵام دەڵێن ئەگەر داخوازییەکانیان بە دی بێنین، داوای جیابوونەوەمان لێدەکەن. دەزانن ئەمە درۆیە. لەپێناو ئەم درۆیانەدا، ئەم هەموو ساڵە شەڕ کرا و لەم پێناوەدا هەمدیس ڕۆڵەکان ڕەوانەی مەرگ کران. کێ لە وڵاتەکەمان دەتوانێ بۆ دایکانی شەهید، بۆ باوک، برا، خزم و کەس و کارەکانیان هۆکارەکانی ئەمە باس بکا، کێ، کێ.
ئه‌ی ئابووری و هەژاری لە وڵاتەکەمان. چی بەسەر ئەو خاکە پڕ پیت و بەرەکەتانەی ڕۆژهەڵاتی ئانادۆڵ هات، با پسپۆڕەکان لەمبارەوە لێکۆڵینەوە بکەن، بزانن چییان بۆ دەردەکەوێ. با بزانن ئاخۆ ئاژەڵداری هەر برەوی هەیە. مرۆڤەکان بە نرخی گیانیان پەنایان بۆ قاچاغچێتی بردووە. لەکاتێکدا ئەم خاکە، مەکۆی شارستانییەت بوو. شارستانییەتە گەورەکان بەردەوام لە خاکە بە پیتەکاندا گەشەیان سەندووە. ئێستا ئەم خاکانە مردوون. ئەم شەڕە گەلانی ئێمەی پەرێشان کردووە.
ئەی جەردەوانەکان. ئاخۆ لەم چاخەدا، دەوڵەتێکی دیكه‌ی هاوشێوەی نێو ئەم دەوڵەتە پێویسته‌، ئاخۆ دەتوانێ لە ژێر باری ئەم شورەییەدا سەری بەرز بکاتەوە؟ ئەم دەوڵەتە، دەوڵەتی ئەم گەلە بە شەڕەفەشە. دەوڵەتێك نابێ جاشی هه‌بێ. ئه‌وانه‌ی مناڵەکان، گەنجەکان، ژنەکان و بەساڵاچووەکان ده‌كوژن، ده‌ڵێن 'ئه‌گه‌ر پێ نه‌زانرابا دەمانگوت پەکەکە ئەوانی کوشتووە.' بەشێک لەوانیش جەردەوان بوون. هەر کەسێ دەبێ با ببێ، ئاخۆ دەتوانی لە ژێر ئەم بارە قورسەدا شانت بەرز بکەیتەوە؟ لەبەرامبەر ئەم ئیشە سەیرەدا هەموومان بێدەنگ بووین. کێ ئێمەی بێدەنگ کرد؟

ئاخۆ کوردەکان ئەو ئەرکەی لەپێناو ئاشتیدا بکەوێتە سەر شانیان، بە جێی دێنن؟ 

کوردەکان بە درێژایی ئەو ساڵانە چییان ویست و ئێستا چییان گەرەکە؟ ئەگەر ئەم دەرفەتەش لە کیس بدەین، کوردەکان چ دەکەن؟ ئەگەر چینی ڕۆشنبیری تورکیا و دونیا پێشیان پێ نەگرن، چی؟ نازانرێ لەمڕۆ بەدواوە چ دەکەن. باشە ئەگەر پەکەکە بە جۆرێک لە جۆرەکان لە گۆڕی نەمێنێ، چ دەبێ، لە ئێستاوە زەحمەتە بزانی بە گوێڕەی کات و سەردەم چ دەکەن.
لێرە بەدواوەی با له‌ نیشتیمانپەروەرانی لایەنگری شەڕ بپرسین، لایەنگرانی شەڕ هەموو شتێک لە هەموو کەس باشتر دەزانن، تا ئەو شوێنەی بەرژەوەندی خۆیان بر دەکا. دژ بە هەموو شتێکن تا ئەو کاتەی بەرژەوەندی خۆیان لە برەودا دەبێ.  کوردەکان پێشتر لە لۆزان هاواریان کردووە کە 'ئێمە کەمینە نین'، لە هەشتا ساڵ لەمەوپێشیشەوە هەروا دووپاتی دەکەنەوە و دەڵێن ئێمە کەمینە نین بەڵام دەسەڵاتداران گوێیان لەم هاوارانە نەبووە. ئێستاش گوێیان لێ نابێ. لەکاتێکدا دونیا گۆڕاوە، لە زۆر وڵات تەنانەت کەمینەکانیش بە سەرجەم مافە مرۆییەکانی خۆیان گەیشتوون.
ئه‌م ڕۆژانه‌ كورده‌كان زیاتر له‌ جاران هاوار ده‌كه‌ن. ئێمه‌ كه‌مینه‌ نین. هه‌ر شتێك بين، ئه‌م وڵاته‌ پارچه‌ نابێ. باجه‌كه‌ی چی ده‌بێ با ببێ، له‌تی ناكه‌ین.
کەسێک نەیەوێ ببیسێ، گوێی لەمەش نەبووە و نابێ. من لەچاو ئێوە خۆشبینم، بەردەوام گوتومە نووسەرێکی گەشبینم. هەر ئەمنیش گوتومە بنیادەم لە بێ هیوایی هیوا دەخوڵقێنێ. متمانەم بە مرۆڤەکانی وڵاتەکەشم هەیە. شانبەشانی دونیا، ئەوانیش دەگۆڕدرێن.

۱۳۹۴/۰۸/۱۹

دەربەندی داڵەکان


ڕۆژی ٢٨ی سێپتامبر لە ڕادیۆی سوییس گوێم لە وتوێژێک لەگەڵ ژنەنووسەری ئێرانی سۆروور کەسمائی بوو کە بە بۆنەی چاپی دوایین ڕۆمانی "ڕۆژێک بەر لە کۆتایی دونیا" لەگەڵی ئەنجام درابوو، لە سەرەتای بەرنامەکەدا ئاوڕێک لە کتێبی "دەربەندی داڵەکان"یش درایەوە کە هانی دام بیخوێنمەوە.
"دەربەندی داڵەکان"، سەفەرنامەی هەڵاتنی ژنەنووسەری ئێرانی سۆروور کەسمائییە کە ساڵی ١٩٨٣ هاوڕێ لەگەڵ خوشکەکەی تارانیان جێ هێشتووە و بە چیا سەخت و هەزار بە هەزارەکانی کوردستاندا بە سواری ئەسپ خۆیان گەیاندۆتە تورکیا و لەوێشەوە چوون بۆ فەرەنسا. 
هەڵاتن و سەفەری قاچاغی سۆروور کەسمائی ژنەنووسەری ئێرانی نزیکەی سێ مانگی خایاندووە و لە ڕێگەی ئەم سەفەرە قاچاغەدا وەک هەموو ئەو کەسانەی بە شێوەیەکی نهێنی زێد و نیشتیمانی خۆیان جێ دەهێڵن، ڕووبەڕووی گەلەک تەنگ و چەڵەمەی ئەوتۆ بووتەوە کە هەناسە لە سینگدا قەتیس دەهێڵن. نووسەر بە زاکیرەیەکی تیژ و وردبینانە خوێنەر دەکاتە هاودەم و هاوسەفەری ڕۆژ و شەوانی خۆی.
نزیکەی سی ساڵ لەمەوپێش، جەنگی دژواری پێشمەرگە و هێزەکانی ئێران، تۆڕی قاچاغچییەکانی کورد و هەوڵەکانی دیپلۆماتکارێکی ڕۆژئاوایی دەست دەدەنە دەستی یەکتری و سۆروور دەگەیەننە ئەودیوی سنوورەکانی ئێران. ئەگەرچی جارێک لەسەر سنوور دەگیرێ و تەنانەت تۆمەتی هاوکاریی لەگەڵ پێشمەرگە و هێزەکانی سەننار مامەندی دەدرێتە پاڵ، بەڵام ئاڵۆزییەکانی ئەودەم بە هانایەوە دێن و جاری دووهەم دەتوانێ سەرکەوتووانە ئەم ڕێگە مەترسیدارە ببڕێ.
سۆروور و خوشکەکەی، لە سەروبەندێکدا لە ئێران ڕادەکەن کە مەلاکان هاتوونەتە سەر حوکم و تەنگیان بە ئازادیخوازان هەڵچنیوە. "تاران ئەو ساڵە ڕەشترین ڕۆژەکان و سپی ترین شەوەکانی خۆی دەژیا. دوای شەپۆلی یەکەمی لە نێوبردنی سیاسەتمەدار و وەزیرەکانی شا، نۆرە گەیشتبووە شۆڕشگێڕان.."
بەڵام بە پێچەوانەی زۆر سەفەری قاچاغ، بەسەرهاتی سۆروور کەسمائی بە گەیشتن بە فەرەنسا کۆتایی نایە، بەڵکوو تەنیا بەشی یەکەم لە کتێبەکەی پێک دێنێ. سۆروور لە فەرەنساش هەڵدێ، بۆ ساتێک دەسبەرداری خەیاڵەکانی نابێ و ڕوو دەکاتە مۆسکۆ بۆ ئەوەی فێری زمانی ڕووسی بێ. لەوێش کۆمەڵێک ڕووداوی نەخوازراوی بەسەر دێن و بۆ جارێکی دیکە ناچار دەبێ ژیانی نهێنی و قاچاغ تاقی بکاتەوە.
کتێبی دەربەندی داڵەکان ساڵی ٢٠٠٦ لە لایەن وەشانخانەی "ئاکت سوود"ەوە چاپ کراوە. نووسەر لە پێشەکیی کتێبەکەیدا ئاماژەی بەوە کردووە بە درێژایی بیست ساڵ بەردەوام ویستوویەتی هەڵاتنەکەی بگێڕێتەوە. چەندین جار پەنای بۆ نووسین بردووە و نەیتوانیوە. وەک ئەوەی بەسەرهاتەکان ژیان و هەڵاتنەکەی شتێکی کەم بێ. وەک ئەوەی چیرۆکەکەی پێویستی بە ئەنجامێک بێ و ڕووداوەکان بە نیوەچڵی جێ نەهێڵرێن. وەک ئەوەی دەبێ کۆتاییەکی لەبەر دەست بێ تاکوو بتوانێ سەرەتا بگێڕێتەوە. نووسەر، بیست ساڵ دواتر دەگەڕێتەوە بۆ ئێران، دەگەڕێتەوە تاکوو بتوانێ بگێڕێتەوە و بەشی سێهەم واتە گەڕانەوە بۆ ئێران ئەنجامێکە کە خوێنەر بە هیچ شێوەیەک چاوەڕوانی ناکا.
بەمجۆرە کتێبێ "دەربەندی داڵەکان" لە دوو بەش پێک دێ: هەڵاتن لە ئێران کە دەگەڕێتەوە بۆ ساڵی ١٩٨٣ و گەڕانەوە بۆ ئێران لە ساڵی ٢٠٠٤دا. لە نێوان ئەم هەڵاتن و گەڕانەوەیەشدا، ساڵی ١٩٨٧ و ڕۆیشتن بۆ رووسیا هەیە.  
سۆروور لە کوردستان لە نزیکەوە دەبێتە شاهیدی هەڵسوکەوتی پاسدار و هێزە نیزامی و ئەمنییەکانی ئێران لەگەڵ کوردانی سڤیل و بێ گوناە و دەبینێ چۆن تەنیا و تەنیا لەبەر کوردبوون ئەشکەنجە دەکرێن. دیمەنی لێدانی ئەو کوردانە لە پاسگاکانی سەر سنوور دێنێتە پێش چاو. بە خوێندنەوەی دێڕ بە دێڕی بیرەوەرییەکانی بۆت دەردەکەوێ سۆروور مرۆڤێکی دیموکراتە و خەبات و تێکۆشانی کورد بە خەباتێکی ڕەوا دەزانێ. 
***
"... لە کەیەوە کوردەکان پەنایان بۆ ئەم شاخە هێناوە؟ بۆچی هاتوونەتە ئێرە؟
بە کوردی وەڵامم دەداتەوە و ئەو ڕێگەیەم نیشان دەدا کە بەرەو داوێنی چیاکە شۆڕ دەبێتەوە. دەستی ڕادەدێرێ و ئاماژە بەو دۆڵە دەکا کە لە بن پێیەکانماندا لە دووماهیی نشێوەکە زارکی لێک کردۆتەوە. پاشان لاسای مەلێک دەکاتەوە، مەلێکی گەورە بە دوو باڵی پان وەک قۆڵە لەبەر یەک کشاوەکانی. لێی تێناگەم. بانگی کوڕێکی گەنج دەکا کە کەمێک ئەولاتر لە ژێر نسێی درەختێک ڕاکشاوە. چەند وشەیەکی بە گوێچکەدا دەچرپێنێ.
کوڕە لاوەکە بە ڕووسی دەڵێ: لە کوردستان دەربەندێک هەیە کە پێی دەڵێین دەربەندی داڵەکان. ئەم پیرەمێردە خەڵکی ئەوێیە. هەر لە مناڵییەوە هاتۆتە ئێرە. هۆزەکەی لە جەنگ ڕایانکردووە. لە ژیاندا تەنیا یەک ئارەزووی هەیە، حەز دەکا بگەڕێتەوە و داڵەکان لە بان سەرییەوە ببینێ کە دەسووڕێنەوە.
سەرم لە گێژەوە دێ. قەدەر وا بوو سەرجەم ئەو چیا و دۆڵانە تێپەڕێنم تاکوو بەسەر ئەم چیا کەونەدا بکەوم و چاوم بەم پیرەپیاوە بکەوێ. خۆم پێ ڕانەگیرێ و پێی دەڵێم من ئەم دەربەندە دەناسم، بە سواری ئەسپ پێیدا تێپەڕیوم و داڵەکانم بینی لە بان سەرم لە بۆشاییدا دەسووڕانەوە.
***
نووسەر و وەرگێڕ سۆروور کەسمائی لە تاران لەدایک بووە و لە ساڵی ١٩٨٣وە لە پاریس دەژی. کەسمائی بە دوو زمانی فەرەنسی و فارسی دەنووسێ. یەکەمین ڕۆمانی گۆڕستانی چراکان ساڵی ٢٠٠٢ چاپ و بڵاو کراوەتەوە و ئەمساڵیش ڕۆمانێکی بە ناوی "ڕۆژێک بەر لە کۆتایی دونیا" کەوتە بازاڕەوە.

۱۳۹۴/۰۸/۱۸

مێزێک بۆ بردنە ژێر پرسیاری بێلایەنیی سوییس


کۆپییەک لەو مێزەی ساڵی ١٩٢٣ پەیماننامەی لۆزانی لەسەر واژۆ کرابوو، لە لایەن هونەرمەندێکی کوردەوە لە بەردەرکی کۆشکی "روومین" دانرا. ئامانج لەو کارە هونەرییەوە ئەوە بوو ڕای گشتی و سیاسەتمەدارانی سوییس لەمەڕ بێلایەنیی ئەم وڵاتە هێمای پرسیاریان لە مێشکدا دروست بێ.
کچە هونەرمەندێکی کورد بە ناوی میرکان دەنیز کۆپیی ئەو مێزەی پەیماننامەکەی لەسەر واژۆ کرابوو، لە پێش کۆشکەکە دانا. پەیماننامەی ئاماژەپێکراو، سەمبولی پارچەبوونی گەلی کوردە.
میرکان دەنیز لە تەنیشت مێزەکەوە دەڵێ: "بەم مێزە دەمەوێ خەڵکی سوییس بیر بکەنەوە کە ساڵی ١٩٢٣ چ ڕووداوێکی گرنگ ڕووی داوە و چ ئەنجامگەلی گرنگی بە دواوە بووە، بە شێوەیەک کە ئێستاش شوێنەوارەکانی بەسەر هەر دوو گەلی کورد و ئەرمەنەوە ماوەتەوە."
ئەم هونەرمەندە تەمەن ٢٥ ساڵە کە ماوەی پێنج ساڵە لە سوییسە لە درێژەی قسەکانیدا دەڵێ: "خەڵکی لۆزان و سوییس ئاگاداری ئەم ڕووداوە نین. هەموو شتێکیان بیر چۆتەوە."
ساڵی ٢٠٠٨، ئەم مێزە مێژووییە لە لایەن سەرۆکی کۆنفیدراسیۆنی سوییس پاسکال کووشۆپەنەوە پێشکەش بە عەبدوڵڵا گولی سەرۆککۆماری تورکیا کرا. سەرۆکی کۆنفیدراسیۆنی سوییس پێی وابوو ئەم مێزە بەو ڕادەیەی بۆ تورکیا بە نرخە، بۆ ئێمە بە نرخ نییە.
میرکان لەگەڵ ئەم بۆچوونەدا نییە. بە کارە هونەریی و ڕەخنەییەکەی دەیەوێ بە بیر سوییس بێنێتەوە کە بەرپرسیارێتییەکی مێژوویی لەسەر شانە و دەبێ لە بێلایەنبوونی بەگومان بێ. پرسیاری ئەوە بکا ئاخۆ پەیماننامەی لۆزان ئاشتی لەگەڵ خۆیدا هێنا یان ڕێگەی لەبەردەم شەڕ و پێکدادانی درێژخایەن خۆش کرد؟
میرکان پێی وایە دەبێ بە گۆشەنیگایەکی نوێوە سەیری مێژوو بکرێ. مێزەکە ئێستا براوەتە کۆشکی روومین، هەرچەند میرکان حەزی دەکرد لە کۆشکەکەدا لە شوێنە مێژووییەکەی خۆیدا دابنرێ.

شەمەندەفەرێک بەرەو باکوور


ئاگۆتا کریستۆف
وەرگێڕ: سەلاحەدین بایەزیدی

پەیکەرێک لە نێو پارکێکی نزیک وێستگەیەکی تەریک.
پەیکەری سەگێک و پیاوێک.
سەگەکە ڕاوەستاوە، پیاوەکە بە چۆکدا هاتووە، دەستەکانی لە ملی سەگەکە ئاڵاندوە، سەریشی هەندێک نەوی کردووە. 
چاوەکانی سەگەکە لەو دەشتە دەڕوانێ کە لە لای چەپی وێستگە تا بێ کۆتایی پان بۆتەوە، پیاوەکەش، لە ژوور سەری سەگەکە، چاوی لە پێش خۆیەتی، لە ڕێگەی ئاسن دەڕوانێ کە بە گژوگیا داپۆشراوە، ئەو ڕێگەیەی ماوەیەکی دوور و درێژە هیچ شەمەندەفەرێکی پێدا تێ نەپەڕیوە. ئەو گوندەی وێستگە تەریکەکەی لێ هەڵکەتووە، لە لایەن دانیشووانییەوە چۆل کراوە. هێشتا کۆمەڵێک کەسی شارنشین هەن حەزیان لە سرووشت و تەنیاییە و کە هەوا خۆشی کرد، لێرە دەژین، بەڵام هەموویان ئۆتۆمبێلیان هەیە.
هەروەها پیرەمێردێک هەیە کە لە نێو پارکەکەدا پیاسە دەکا و بانگەشە دەکا ئەو پەیکەری سەگەکەی چێ کردووە و لە کاتی ڕامووسانیدا - چونکە زۆری خۆش ویستووە -، خۆیشی بۆتە بەرد.
کە لێی دەپرسن چۆن شتی وا دەبێ لە کاتیکدا ئەو بە زیندوویی، بە گۆشت و ئێسکەوە، لەوێ ڕاوەستاوە، زۆر بە سانایی وڵام دەداتەوە چاوەڕوانی شەمەندەفەری داهاتوویە کە بەرەو باکوور دەڕوا.
کەس دڵی نایە پێی بڵێ چیتر شەمەندەفەرێک بەرەو باکوور ناڕوا، ئیدی شەمەندەفەر لێرەوە بەرەو هیچ شوێنێک ناڕوا. پێشنیاری پێ دەکەن بە ئۆتۆمبێل بیگەیەنن، بەڵام ئەو سەری ڕادەوەشێنێ.
- نا، بە ئۆتۆمبێل نا. لە وێستگە چاوەڕێمن.
پێشنیاری پێ دەکەن بیگەیەننە وێستگە، هەر وێستگەیەکی شەمەندەفەری باکوور کە پێی خۆشە.
دیسان سەری ڕادەوەشێنێ.
- نا، سپاس. دەبێ سواری شەمەندەفەر بم. چەند نامەیەکم نووسیوە. بۆ دایکم. بۆ ژنەکەشم. بۆم نووسیون کە بە شەمەندەفەری هەشتی شەو دێم. خێزانم لەگەڵ مناڵەکان لە وێستگە چاوەڕێمە. دایکیشم هەروا. لەو کاتەوەی باوکم مردووە، دایکم بۆ بە خاک سپاردنی چاوەڕێمە. بەڵێنم پێ داوە لە کۆڕی ناشتنیدا بەشدار بم. بەو پێیە دەتوانم ژنەکەم و مناڵەکانیشم ببینم کە… بە جێم هێشتوون. بەڵێ، من بە جێم هێشتن بۆ ئەوەی ببمە هونەرمەندێکی مەزن. نیگارم کێشایەوە، پەیکەرم دروست کردن. ئێستا، حەز دەکەم بگەڕێمەوە.
- بەڵام ئەمانە گشتیان، نامە بۆ دایکتان و بۆ ژنەکەتان، بە خاک سپاردنی باوکتان، گشت ئەمانە قسەی کەنگێن؟
- هی ئەو کاتەی…. ئەو کاتەی سەگەکەمم ژەهرخوارد کرد، چونکە نەیدەویست وازم لێ بێنێ. خۆی بە چاکەتەکەم هەڵدەواسی، دەستەودامێنی پانتۆڵەکەم دەبوو، کە دەمویست سواری شەمەندەفەر بم، دەیقرووسکاند. ئینجا منیش ژەهرخواردم کرد و لە ژێر پەیکەرەکەدا ناشتم.
- پەیکەرەکە ئەودەم لەوێ بوو؟
- نا، بۆ بەیانییەکەی دروستم کرد. پەیکەری سەگەکەمم لێرە چێ کرد، لەسەر گۆڕەکەی. کاتێکیش شەمەندەفەری باکوور هات، بۆ دوایین جار ڕاممووسی و… لەسەر ملی بووم بە کەڤر. تەنانەت بە مردوویش، نەیدەهێشت بڕۆم.
- لەگەڵ ئەوەشدا، ئێوە لێرەن و چاوەڕوانی شەمەندەفەرن.
پیرەپیاو پێدەکەنێ:
- ئەوەندەش شێت نیم کە پێتان وایە. زۆر باش دەزانم من نیم، من لە بەردم، لەسەر پشتی سەگەکەم چەماومەتەوە. ئەوەش دەزانم ئیتر شەمەندەفەر بە ئێرەدا تێناپەڕێ. دەشزانم باوکم لەمێژە نێژراوە، دایکیشم مردووە، ئیتر لە هیچ وێستگەیەک چاوەڕێم ناکا، هیچ کەس چاوەڕوانی من نییە. ژنەکەم مێردی کردۆتەوە، مناڵەکانم گەورە بوون. من پیر بووم، کاکە، زۆر پیر، پیرتر لەوەی ئێوە بیری لێ دەکەنەوە. من پەیکەرم، ناچمە هیچ کوێ. ئەمانە گشتیان، یارییەکن لە نێوان سەگەکەم و مندا، یارییەک کە بە ساڵانە دەستمان پێ کردووە، یارییەک کە سەگەکەم بردییەوە، ڕێک ئەو ساتەی کە ناسیم.

لە ژمارە (٢١٩)ی گۆڤاری ڕاماندا بڵاو بۆتەوە.

۱۳۹۴/۰۸/۱۷

هێمۆسێکسوالیتێ لە ئێران

حوسێن و موحەممەد تەمەن ٢٤ و ٢٦ ساڵ، بۆ پیاسە هاتوونەتە "بەهەشتی ونبوو" کە لە نزیک شیراز هەڵکەوتووە.

سێرژ میشێل
لە فەرەنسییەوە: سەلاحەدین بایەزیدی

هێمۆسێکسوالێتی لە ئێران یەکێکە لەو مژارانەی لەمەڕ چۆنیەتی ڕووبەڕووبوونەوە  لەگەڵیدا تا ڕادەیەک لە نێوان ڕژێم و خەڵک هاودەنگی هەیە. سەرەتا لە ڕوانگەی قانوونەوە، تاوانێکی گەورەیە کە ماددەی ٢٧ی سزای یاساکانی ساڵی ١٩٩١ی بۆ تەرخان کراوە. سەد قامچی لەو ژنانە دەدرێ کە لێزبیەنن و ئەگەر ئەو پەیوەندییە سێ جار دووبارە بێتەوە، سزای مەرگیان بەسەردا دەسەپێ. سزای پیاوانی هێمۆسێکسوال مەرگە، قازی لێرەدا هیچ شتێکی لەدەست نایە جگە لەوەی لەسەر چۆنیەتی سزای مردنەکە بڕیار بدا کە زیاتر سزای لە سێدارەدانە. ساڵانە لانیکەم دە کەس بەم شێوەیە لە سێدارە دەدرێن. لەوانەشە تاوانی هێمۆسێکسوالی بخرێتە پاڵ لیستی تاوانەکانی جیابیرێکی سیاسیی، بۆ ئەوەی کاربەدەستان لە جێبەجێکردنی حوکمی دڵخوازیان لە لایەن دادگاوە دڵنیا بن. بۆ نموونە نووسەر عەلی ئەکبەر سەعیدی سیرجانی (١٩٩٤ - ١٩٣١) ئەو شتەی بەسەر هات، هەڵبەت ناوبراو بە تەنافی دارەوە نەمرد، بەڵکوو لە ژێر ئەشکەنجەی جەللادەکەی لە گرتووخانە گیانی لەدەست دا.
هێمۆسێکسوالێتی لە ڕوانگەی سیاسییەوە، وەک جۆرێک لادان لە قەڵەم دەدرێ کە هاوردەی ڕۆژئاوایە. چەندین مێژوونووس باس لەوە دەکەن کە ساڵانی ١٩٧٨ و ١٩٧٩ ڕقی شۆڕشگێڕانەی خەڵک بەو بیرۆکەیە زیاتر بلێسەی سەندووە کە لە دەرباری شادا هێمۆسێکسوالێتی بە شێوەیەکی ئازادانە برەوی هەیە؛ ئەو دەنگۆیە کاتێک پەرەی سەند کە زەماوەندی نێوان دوو وەزیری کابینەی داد بە مەبەستی جەفەنگ بەڕێوە چوو و خەڵک ڕووداوەکەیان بە جدی وەرگرت. چونکە هێمۆسێکسوالێتی لە نێو کۆمەڵگەدا تابویەکی تووک لێکراوە. تەنانەت زۆر جار هەڵکەوتووە بنەماڵەکان مناڵە هاوڕەگەزبازەکانی خۆیان بە کاربەدەستان ناساندوە، چونکە لە ڕوانگەی ئەوانەوە مناڵەکەیان لە سێدارە بدرێ باشترە تا ئەوەی ئابڕوویان بچێ. ئەوە لە کاتێکدایە کە نوکتەگەلێکی زۆر سەبارەت بە مەیلی دانیشتوانی قەزوێن - شارێک لە ١٢٠ کیلۆمەتری ڕۆژئاوای تاران - بە نێربازی وێردی سەر زمانانە. 
رۆژی ٢٤ی سێبتامبری ٢٠٠٧، سەرۆککۆماری ئێران مەحموود ئەحمەدی نەژاد لە لایەن زانکۆی کۆلۆمبیا لە نیۆیۆرک بۆ "دیالۆگ"  لەگەڵ خوێندکاران بانگهێشت کرا. لە وەڵامی پرسیاری "حکومەتی ئێوە سزای زۆر قورس و تەنانەت سزای مەرگ بەسەر ئەو هاوڵاتییە ئێرانیانەدا دەسەپێنێ کە هاوڕەگەزبازن، بۆچی؟"، ئەحمەدی نەژاد گوتی: "ئێمە لە وڵاتەکەمان وەک ئێوە هێمۆسێکسوالمان نییە. نازانم کێ باسی ئەمەی بۆ کردووی." لێدوانەکەی بووە مایەی سەرسوڕمانی جیهان، بەڵام ژمارەیەکی زۆر لە هاووڵاتیانی هەناسەیەکی ڕاحەتیان هەڵکێشا. 
لێ کۆدەنگیی نێوان خەڵک و ڕایەدارانی ئێران سەبارەت بە دژایەتی کردنی هێمۆسێکسوالێتی پشت ئەستوورە بە درۆیەکی گەورەی مێژوویی. چونکە ئەوە هێمۆسێکسوالێتی نییە کە هاوردەی ڕۆژئاوایە، بەڵکوو بیرۆکەی مەرگەکەی هی ڕۆژئاوایە. 
بەرپرسانی ئیرشادی ئیسلامی، کە لە ڕاستیدا هەمان وەزارەتی فەرهەنگە، هەروەها ژمارەیەکی زۆر پرۆفیسۆری ئەدەبیات، هەموو جۆرە بەڵگەیەکیان خستۆتە ڕوو بۆ ئەوەی نکۆڵی لە بوونی ئاماژەی ئێرۆتیکی نێوان پیاوان لە شیعری سۆفیانە و کلاسیکی ئێرانیدا بکەن. بە بۆچوونی ژانێت ئافاریی پسپۆڕ، ئەم پینە و پەڕۆیە، بە لێکۆڵینەوە مێژووییەکان هەڵدەوەشێتەوە. ئەو خانمە، هەروەها لە دوایین بەرهەمەکەیدا بە نێوی "سیاسەتی سێکس لە ئێرانی مۆدێڕندا" ئاماژەی بەوەش کردووە کە پەیوەندیی سێکسی لە نێوان مامۆستایەک و قوتابییەکەیدا دیاردەیەکی باو بووە و لە پڕۆتۆکۆلە هیرارشییەکان و لە ڕیزی خزمەتەکانی قوتابی بە مامۆستا، وەک دیارییەک سەیری کراوە کە قوتابی دەبوایە پێشکەش بە مامۆستاکەی بکا. ئەوەش دیارییەک بووە بەرامبەر بە وانە ئەدەبی، ئایینی، زانستییەکان و هەندێکجار وانە سەربازییەکانی مامۆستا. ئەو نووسەرە هەروەها ڕادەگەیەنێ ناوەندیی سۆزانیگەری پیاوانە تا نیوەی سەدەی هەڤدە لەسەرانسەری ئەو وڵاتە هەبووە کە باجیشیان داوە. ئاماژە بەوەش دەکا سیغە (زەماوەندی کاتی) لە نێوان پیاوان و ژنانی هاوڕەگەزباز لە ئارادا بووە. 
لەسەرجەم ژانرە ئەدەبییەکاندا، دەستەواژەیەک بە نێوی "ئاوێنەی شازادە" دەبینرێ کە بریتیی بووە لە ڕاوێژ و پەندی کوڕ بۆ باوک یان وەزیر بۆ سوڵتان. لە کتێبی قابوس نامە (١٠٨٣) باوکێک بە کوڕەکەی دەڵێ: "لە نێوان ژنان و کوڕانی گەنجدا، تۆ نابێ حەزەکانت لە نێوان ئەم یان ئەودا سنووردار بکەی. دەبێ چێژی خۆت لە هەردووکیاندا بدۆزییەوە بێ ئەوەی خۆت پابەندی لایەنێک بکەی. هاوینان هەوساری هەوەس بەرەو کوڕانی گەنج بەڕەڵا بکە و زستانان بۆ ژنان."
لەسەردەمی دەسەڵاتداریی ناسرەدین شادا کە لە ساڵی ١٨٤٨ەوە تا ساڵی ١٨٩٦ بەردەوام بوو، بوونی کوڕانی گەنجیش وەک بەشێک لە حەرەمسەرا، دیاردەیەکی باو بوو. شا خۆی گەنجێکی بە ناوی مەلیجەک خۆش دەویست کە بە غروورەوە لە بیرەوەرییەکانیدا باسی دەکا، بەو پێیە ئەو حەز و مەیلەی شا بۆ ماچکردنی ئەو هەیبووە، بۆتە مایەی ئیرەیی ژنە سیغە کراوەکانی.
سەرەتای سەدەی بیستەم  لەگەڵ دەسپێکردنی سەردەمی مەشرووتە هەندێک گۆڕان دروست دەبێ. مەشڕووتە بیری دیموکراسیی پەرلەمانی لە ڕۆژئاوا وەرگرتبوو، بەڵام لە هەمانکاتدا، بۆچوونی دژە هێمۆسێکسوالی کارل مارکسی پەژراندبوو. بەمجۆرە دیاردەی هێمۆسێکسوالێتی وەک هێمایەکی پاشڤەڕۆی ڕۆژهەڵاتییانە لە قەڵەم درا. ڕەزا پەهلەوی، دوابەدوای ڕووخاندنی زنجیرە پاشایەتی قاجار لە ساڵی ١٩٢٥ و دانیشتن لەسەر تەختی دەسەڵات، یەکسەر هێمۆسێکسوالێتی بە ناقانوونی ڕاگەیاند و لە ڕۆژنامەکان و وانەکانی قوتابخانەدا، ژمارەیەکی زۆر شیعری کلاسیکی سانسۆر کرد کە ئاماژەی هێمۆسێکسوالییان تێدا بوو. 
ئیتر یەک هاوسەریی ناهاوڕەگەزبازانە کە لە ڕۆژئاوا وەرگیرابوو، بوو بە نیشانەی نیشتیمان پەروەری و مۆدێرنیتە. ڕژێمی نوێ هەروەها دەیویست لە بواری تەکنیکی و زانستیشەوە نموونەی ڕۆژئاوا کۆپی بکا. یەکێک لەو سیما ناسراوە ناسیۆنالیستەی لە نێوان ساڵانی ١٩٣٠ تا ١٩٤٠ دژایەتی هێمۆسێکسوالێتی دەکرد، ئەحمەد کەسرەوی دامەزرێنەری بزووتنەوەی "پاک دینی"یە. ناوبراو شەوانی چلەی هەموو ساڵێ ڕێوڕەسمی کتێب سووتاندنی بەڕێوە دەبرد و کتێبە ''پیس''ەکانی دەسووتاند. کەسرەوی تا ڕادەیەک چووە پێش کە شیعری سۆفیانەی فارسی بە پلانی بریتانیا بۆ دابڕانی ئیران لە شۆڕشی مەشڕووتە و دنەدانی کردەوەگەلی دژە ئەخلاقی لە قەڵەم دا.
ئەمڕۆکە ڕۆژئاوا سەبارەت بە پرسی کەمینەی سێکسوال پێشکەوتنی دەستەبەر کردوە لە کاتێکدا ئێران خۆی بە دەمارگرژییەکی ناکۆک بە ناسنامەکەی بەستۆتەوە. لە ڕابردووی پڕ لە هاوسەنگی، جگە لە نوکتە هیچ شتێکی تر نەماوەتەوە. بە گوێرەی یەکێک لەو نوکتانە، نەیارێکی ڕژێم دەخرێتە ژوورێکی گرتووخانەی قەزوێنەوە.
هاوبەندییەکانی لێی دەپرسن: "لە پاڵ کێدا گیراوی؟ لە پاڵ مامت؟"
- نا...
- ئەی لە پاڵ براکەت؟ لە پاڵ براکەتدا گیراوی؟
- نا....
- ناکا لە پاڵ کوڕەکەتدا گیرابی؟
- نا، نا، ئێوە هەڵەن، کێشەکە سیاسییە...
- ئەها، کەوابێ لە پاڵ ڕژیمدا گیراوی!"

۱۳۹۴/۰۸/۱۵

ڕووبارەکان شایەتی دەدەن


قادر عەبدوڵڵا
لە فەرەنسییەوە: سەلاحەدین بایەزیدی

لە نیشتیمانی من، ڕووبارەکان شایەتحاڵن. هیچ شتێک حەشار نادەن. ئەوان لە چیا بەرزەکانەوە سەرچاوە دەگرن. گا گۆرانی دەچڕن. گا هاوار دەکەن، جار جارە بە بێدەنگی  لەگەڵ ئێمەدا دەگرین.
هەندێک جار نەرم و نیانن، جاری واشە تووڕەن، جاری وایە  لەگەڵ خۆیاندا گوڵ دێنن، جاری واش تەرمێک.   
رووبارەکان، هەمان ڕووبارن، جا چ لێرە بخوشن چ لە وڵاتەکەی من. 
کاتێک لێرە بە درێژایی ڕووباری "ئەیسێل"دا پیاسە دەکەم، چاوەڕێم ڕووبارەکە شتێکی پێ بێ و ڕووبەڕووی شتێکی چاوەڕواننەکراوم بکاتەوە. 
رووبارەکان دەتوانن جارجارە شتێک دروست بکەن، شێوەی پێ بدەن یان لەقاوی بدەن.

لە نیشتیمانی من، ڕووبارەکان بە گشتی تەرمێک  لەگەڵ خۆیان دێنن. جاری وایە بە هەموو هێزی خۆیان، وەک شتێکی نەگریس تەرمەکە بە گاشەبەردەکاندا دەدەن. فڕێی دەدەنە قەراخ و درێژە بە پەنا و پێچەکانیان دەدەن، وێڵ، سەرگەردان. 
جاری وایە ڕووبارێک بە شێوەیەکی جیاوازتر تەرمێک هەڵدەگرێ. دەبینی ئاوەکە ئەو جەستەیە لەسەر دەستەکانی ڕادەژەنێ. گوێت لێ دەبێ کە ڕووبارەکە دەگری، دەبینی وەک شایەتحاڵێک هەڵسوکەوت دەکا. تەرمەکە بە زنارەکاندا نادا. لە قەراخەکان جێی ناهێڵێ. بە پەنا و پێچەکاندا، تەرمەکە لە باوەش دەگرێ و نیشانی هەموومانی دەدا. پاشان، بەرەو دەریا، بەرەو ئۆقیانووسی دەبا.
ڕووبارەکان لە نیشتیمانی من بەمجۆرە شۆڕ دەبنەوە. لە مێشکی منیشدا هەر بەمجۆرە پەنا و پێچ دەکەن.

لە نیشتیمانی من، ڕووبارەکان پەیوەندییەکی تۆکمەیان بە خەڵکەوە هەیە. لە ژیانی هەموواندا، شوێنێکی گرنگیان بۆ خۆیان تەرخان کردووە. ئەوان جێگەی متمانەن. خیانەت بە هیچ کەس ناکەن. گوێ بۆ مرۆڤەکان شل دەکەن و ڕازەکانیان  لەگەڵ خۆیان هەڵدەگرن. 
جارجارە، ئێوارە درەنگان، ژنێک دەبینی خۆی لە چارشێوەکەی پێچاوەتەوە و بە پێ دزە بەرەو ڕووبار دەخوشێ. لە ڕەخی ئارامی ڕووبارەکە، دەست دەکا بە قسە، دەگری و دەئاخفێ. بە دەم گریانەوە، ئەو شتانە دەگێڕێتەوە کە ڕوویان داوە، باسی ڕازەکانی بۆ دەکا. زۆری پێ ناچێ، نیگەرانییەکانی دەڕەوێنەوە و وەکوو سێبەر بەرەو ماڵەوە دەبێتەوە.
جاری وایە فرمێسکەکان ئالیکار نابن. لە نێو تاریکیدا، ژنەکە تا نیوەڕاستی ڕووبارەکە دەچێ و جەستەی بە شەپۆلە خرۆشاوەکانی دەسپێرێ. 
لە بیر و هزری هاووڵاتیانی مندا، ڕووبارێک دەخرۆشێ کە جەستەی پیاوێکی هەڵگرتووە. پیاوەکە چاویلکەکانی هەروا لە چاوە و ساکێک پڕ لە دەقی ئەدەبی قەدەغەکراوی بە دەستەوەیە.
ئەو پیاوە، سەمەدی بێهرەنگی‌یە، پارتیزانێکی بێ‌چەک، بەڵام دەوڵەمەند بە گەلێک چیرۆک.
لە نێو بیرەوەرییەکانمدا، سەفیدخانی، چۆمی مناڵیم شۆڕ دەبێتەوە.
چۆمی سەفیدخانی بە بەردەم ماڵی باوکمدا تێدەپەڕی. پردێکی دارین، گەڕەکی ئێمەی بە مێوەکانی ترێ دەبەستەوە، پردێکی سادە کە مانگاکان نەیاندەوێرا بە سەریدا بڕۆن. 
ئێمە بەردەوام لەوبەری چۆمەکە، لەسەر ڕێگەی مێوەکان یاریمان دەکرد. هەمیشە شوێنی خزینی مارەکانمان دەشۆپاند و کە کونەکانیانمان دەدۆزینەوە، دارمان تێ دەوەژاندن.

لە ڕوانگەی منەوە، ڕووبارەکان و مارەکان پەیوەندییەکی چڕوپڕیان بە یەکەوە هەیە. ئەم بیرۆکەیە بەردەوام ختووکەی مێشکم دەدا. 
کاتێک هەوا گەرم دەبێ، دەستەیەک پیرەماری بریقەدار دەبینی بە هاش و هووش بەرەو ڕووبارەکە دەخزن تاکوو خۆیان فێنک بکەنەوە. بۆ چرکەساتێک لە قەراخ ڕووبارەکە دەوەستن، سەیری ڕاست و چەپیان دەکەن و، ئەگەر کەسی لێ نەبێ، هەموویان تێکڕا بۆ نێو ڕووبارەکە دەخوشن. سەرەتا خۆیان بە پێلە سەرکێشەکان دەسپێرن، پاشان بە پێچەوانەی ڕەوتی ئاو مەلە دەکەن و خۆیان دەگەیەننەوە کەنار بۆ ئەوەی هەمدیس ڕوو بکەنەوە نێو مێوەکان.  

کاتێک لێرە بە قەراخ ڕووباری "ئەیسێل"دا پیاسە دەکەم، بێ ویستی خۆم چاو بۆ مارەکان دەگێڕم، بەڵام تا ئێستا هیچ مارێکم نەبینیوە.
ئەیسێل، جارجارە هەڵخەڵەتێنەرە. هەست دەکەم پۆلێکی بچووک لە مارەکان بەرەو کەنار دەخزن؛ کەچی مار نین، بەڵکوو کۆمەڵێک شەپۆلی ورد و ئارامن کە دێن قەراخ بلێسنەوە و پاشان دەگەڕێنەوە. 
لە نێو دەنگی شەپۆلەکاندا، من بەردەوام گوێم لە هەنیسکی کوڕیژگەیەکە. کاتێک ئێواران درەنگ بە قەراخ ئاودا پیاسە دەکەم، گوێم لەو دەنگە دەبێ. گوێم لێ دەبێ کوڕیژگەکە بانگی کەسێک دەکا. 
ئەوە کێیە ئەو کوڕیژگەیە کە کاتێک بە قەراخ ئەیسێلدا دەڕۆم، لە ناخی مندا دەست دەکا بە گریان؟ 
لە نیشتیمانی خۆم، هێندە سەرقاڵ بووم کە گریانەکەی سەرنجی ڕانەکێشابووم. 
ئێستا کە بە قەراخ ئەیسێلدا پیاسە دەکەم، بە ئاڵۆزی سیمای مناڵیمم دێتە بەر چاو. 
هەشت ساڵم تەمەن بوو و ئەو ڕۆژە هەوا تا بڵێی گەرم بوو. من لەو بەری ڕووبارەکە، لە نێو مێوەکاندا کایەم دەکرد. لەناکاو، گوێم لە قیژەیەکی بەرز بوو. کەسێک لە نێو مێوەکان هاواری دەکرد. بەرەو لای دەنگەکە هەڵاتم. کەسم نەبینی، بەڵام گوێم لە گریان و پاڕانەوە بوو: "وازم لێ بێنن، تکاتان لێ دەکەم، وازم لێ بێنن."
من لە بن پۆلە دارێکەوە بۆ بن پۆلێکی تر ڕامدەکرد و بانگم دەکرد: "ئەوە کێ‌یە دەگری؟"
لەناکاو، پیاوێکی چوارشانە، بە پانتۆڵی داکەنراو، لە نێو دارەکانەوە بەدیار کەوت. کوڕیژگەیەک وەک کەروێشکێکی زامدار لە نێو لاقەکانی پیاوەکە دەرپەڕی. ئەو پانتۆڵەکەی هەڵکێشاوە و بە دووی کەوت. مناڵەکە، ڕەزەکەی تێپەڕاند و بەرەو ڕووبارەکە ڕایکرد. بە پەلە بوو خۆی بگەیەنێتە پردەکە. کتوپڕ، هاوسەنگی لە دەست دا و کەوتە نێو ئاوەکەوە. گوێم لە هات و هاواری دەبوو، بەڵام کاتێک خۆم گەیاندە کەناری ڕووبارەکە، ئەو ون ببوو. 

لێرە، شان بە شانی ئەیسێل، هەر ئان و سات چاوەڕێم لەناکاو پیاوێک لە نێو دارەکانی قەراخ ڕێگە بەدیار بکەوێ. لە خەیاڵمدا، دەیبینم لە پشت دارێک لە دارەکان خۆی حەشار دەدا.
بە زەبیح شار شارۆکێ بانگمان دەکرد، چونکە لە نێو قووڵکەکان، لە پشت دارەکان یاخود لە ژێر پردەکان خۆی دەشاردەوە بۆ ئەوەی کوڕیژگەکان بە تەڵەوە بکا. 
لێرەکانە، دەیبینم لە نێو مانگاکاندا خۆی حەشار دەدا. لە نێو لاقی مانگا هۆڵەندییەکاندا کە لە قەراخ ئاو خەریکی لەوەڕن، قاچەکانی دەبینم.
ئەگەر نەیتوانیبا کوڕیژگەیەک بگرێ، بە دووی مانگاکان دەکەوت. مانگاکان لێی دەسلەمینەوە. هەر کە لە دوورەوە دەیانبینی، تێیان دەتەقاند. ئەو خۆی دەگەیاندنێ، یەکێکیانی بە گوێ دەگرت و تا داوێنی نشێوێک ڕایدەکێشا و لەوێ خۆی دادەمرکاندەوە. 
کە کارەکەی تەواو دەبوو، بەرەو لای ڕووبارەکە دەڕۆیشت بۆ ئەوەی نێوگەڵی بشواتەوە. ئەو ژنانەی لە قەراخ ئاوەکە جلیان دەشۆرد، وازیان لە جلەکانیان دەهێنا و بە پەلەپڕوزێ دەگەڕانەوە بۆ ماڵێ. بەمجۆرە، لە چنگ زەبیح شار شارۆکێ، ئەم بوونەوەرە سەیرە، ڕایان دەکرد. 

زەبیح یەكێک بوو لە لایەنگرانی شا. لەبەر ئەوەش کەس نەیدەوێرا سکاڵایەکی لە دژ تۆمار بکا. ئەو بە خاڵ دەموچاوی شای لەسەر سینگی هەڵکەندبوو: تاجێکی گەورەی لە بان سەری کێشابۆوە. 
من بە چاوی خۆم، لە کاتێکدا لە نێو ڕووبارەکە خۆی دەشۆرد، ئەو وێنەیەم لەسەر سینگی بینیبوو. لەسەر پردە دارەکە بووم و بە حەپەساوی لەم سەرە مەزنەی شام دەڕوانی. هەڵترووشکابووم و لە پشت پەرژینێک خۆم حەشار دابوو. زاتم نەدەکرد بجووڵێمەوە، لە ترسان لە جێگەی خۆم ڕەق هەڵاتبووم. ئەو چەندین جار هەوڵی دابوو من بگرێ، وەلێ نەیتوانیبوو. لە پڕێکا، ئەمنی بینی، بەرەو لام ڕایکرد و گوڕاندی: "دەتکوژم، دەتکوژم، هەتیوە بیژووە. دەبینی چیت…"
بە هەموو هێزی پێم، لە پردەکە پەڕیمەوە و بەرەو ماڵێ هەڵاتم. 
یەک بە خۆی هاواری دەکرد: "ئاخریەکەی دەبینی چیت لێ دەکەم؛ شەرت بێ تا هەتایە لە بیرت نەچێتەوە!"
خۆم لە ماڵێ کوتاوە.

ئەو پۆلیسانەی لە شار کاریان دەکرد، هەموویان هاوڕێی بوون، هاوڕێیەکی ڕاستەقینە نا، بەڵام لێی دەترسان. کاتێک بە لایەنگری لە شا، خۆپیشاندان بەڕێوە دەچوو، زەبیح شار شارۆکێ لە پێش هەموویانەوە ڕێی دەکرد. سینگی دەکردەوە و هاواری دەکرد: "بژی شا! بژی…"
بەردەوام چەقۆیەکی زامن‌داری پێ بوو کە بە جووڵەیەکی وشک دەیکردەوە و دمە ڕووتەکەی نیشان دەدا. چەقۆکەی لە ژوور سەری ڕادەوەشاند و هاواری دەکرد: "ئەوەم بۆ دوژمنانی شا هەڵگرتووە!"

رووباری ئەیسێل زێدەتر بە نێو لەوەڕگەکاندا تێدەپەڕێ، بەڵام بە درێژایی چۆمی سەفیدخانی، خانووی سادە بە دی دەکران کە خەڵک بە دەستەکانی خۆیان دروستیان کردبوون. پەنجەرەکانی ئەم خانووچکانە، دەڕواننە مێوستان و ترۆپکی بەرزی چیاکان بە كڵاوە سپییە کۆنەکانیانەوە. هەندێک دوورتر، لەو لای گەڕەکی ئێمە، نەخۆشخانەیەکی تازەی دوونهۆمی بونیاد نرابوو. کاتێک بە ناو ماڵەکاندا تێدەپەڕین، نەخۆشخانەکە نەدەبینرا، بەڵام لە تەنیشت ڕووبارەکە پەنجەرەکانی بیناکە کە تیشکی خۆریان دەگەڕاندەوە، بە دی دەکران.
رۆژێک، بەیانی زوو، کە چوومە نێو حەسارەکەمانەوە، کتوپڕ شتێکی سەیرم بە حەواوە بینی، بینایەکی بەرزی نوێ، دیوار بە دیواری نەخۆشخانە. هیچی لێ تێ نەگەیشتم. بە ڕاکردن بەرەو ڕووبارەکە ڕامکرد. نەخۆشخانەکە گەورە کرابۆوە. لە جێگەی خانووی کۆن، بینایەکی نوێ بەرەو کەشکەڵان بەرز کرابۆوە. 
دەتگوت سیحربازێک نەخۆشخانە بچووکەکەی بۆ بینایەکی گەورە گۆڕیوە. 
بۆچی پێشتر چاوم پێی نەکەوتبوو؟ 
دەبێ بڵێم نەخۆشی منی لەسەر جێگە خستبوو و دەبوایە بۆ هەفتەیەک لە ژوورێ نەیەمە دەر،  لەگەڵ ئەوەشدا، بە مەحاڵی دەزانم بینایەکی وەها بەرز لە ماوەیەکی وا کەمدا قووت بووبێتەوە. هەرچی بێ ئێستا بیناکە لەوێ بوو. بینیم خەڵک بەو سیوادی بەیانییە لەسەر ئیشن. بارهەڵگرەکان دەهاتن و دەچوون و بار دەکران. پەلەم کرد بۆ ئەوەی هەموو ئەمانە لە نزیکەوە ببینم. بڕوام بە چاوەکانی خۆم نەبوو. بە دەیان کرێکاری خانووبەرە، بە هەموو لایەکدا دەجووڵانەوە. بارهەڵگرەکان، بەرد، خیز و قسڵیان بۆ نێو حەوشەی نەخۆشخانەکە دەگواستەوە. خێرا نیوە خولێکیان لێ دەدایەوە و دەگەڕانەوە. چەند مەکینەیەک خەریک بوون عەرزیان هەڵدەکەند. کێبڵ‌کێشەکان، کێبڵی گەورەیان دەخستە نێو کەناڵە درێژەکانەوە. پاشان کرێکارەکان دەستوبرد خۆڵیان بەسەردا دەکردن. جۆشکارەکان، میلە ئاسنینەکانیان لەحیم دەکرد کە دواتر خێرا لە لایەن مەکینەکانەوە هەڵدەگیران. کارەباچییەکان، لە سووچێکی بیناکەوە بۆ سووچێکی تر ڕایاندەکرد. دارتاشەکان چوارچێوەی پەنجەرەکانیان لە نێو دیوارە نوێیەکاندا جێگیر دەکرد. شووشەبڕەکان دەسبەجێ جامیان تێ دەگرتن و ڕەنگ‌ڕیژەکان، دیوارە شێدارەکانیان ڕەنگ دەکرد. بەڕێوەبەری نەخۆشخانە، جلێکی ئیشی لەبەردا بوو و کوون و کەلێنەکانی بەسەر دەکردەوە. سەرم سووڕمابوو. مرۆڤ مەگەر لە خەودا ئەو هەموو شتە ببینێ. دەتگوت فیلمێکە و هیچی تر.

لە قوتابخانە بوو کە نهێنی نەخۆشخانە نوێیەکەم بۆ دەرکەوت. شا بۆ یەکەمجار سەردانی شارە هەژارەکەمانی دەکرد. ئەوەی ڕاستی بێ، ئەو بەرەو باشوور دەڕۆیشت، بەڵام دەیویست لە شارەکەی ئێمەش لا بدا. لە ڕوانگەی کاربەدەستانەوە، ئەمە کارەسات بوو چونکە شتێکیان نەبوو شا وە گەڕی بخا. بۆیە پێویست بوو پەنا بۆ خەیاڵیان بەرن و تەنیا پانزە ڕۆژیان لەبەر دەم بوو بۆ ئەوەی شتێک بئافرێنن. بەڕێوەبەری نەخۆشخانە کە کەسێکی تووڕە و تۆسن بوو، پێی گوتن: "ساتەوەختی بەدیهاتنی خەونەکانمە. بەردەوام حەزم کردوە گەورەترین نەخۆشخانەی وڵاتم هەبێ، نەخۆشخانەیەک کە ناوی منی بەسەرەوە بێ. بناغەکانی ئەم نەخۆشخانەیەم وەها قایم ساز کردووە کە تەنانەت دەتوانین تا نۆ نهۆمی بەرز بکەینەوە. بۆ ئێوە، گەرەنتییەک بە نرخێکی گونجاو و بۆ منیش، نەخۆشخانەیەکی گەورە." 
گرێبەست، درەنگانی شەو لە نەخۆشخانە واژۆ کرا. بەڕێوەبەری نەخۆشخانە یەکسەر دەست بە کار بوو بۆ ئەوەی خەونە لە مێژینەکەی وە دی بێنێ. 

بارهەڵگرە سەربازییەکان بە لەز و بەز نەخۆشەکانیان بۆ سەربازگەیەکی کۆن گواستەوە. بۆ بەیانییەکەی، دەیان کرێکاری خانووبەرە، لە بەردەم دەرگای نەخۆشخانە چاوەڕێ بوون. بارهەڵگرەکان، بۆلدوزێر و مەکینەکان لە خاک و خۆڵ وەر درابوون. سێ دەستە بۆ کاری بەردەوام دیاری کرابوون. پۆلێک کرێکار، پاش هەشت سەعات ئیشی تاقەت پڕووکێن، بیناکەیان بەجێ دەهێشت؛ پاشان دەیان ئیشکەری نوێ پێکەوە دەهاتن بۆ ئەوەی جێگەیان پڕ بکەنەوە. 
دواجار، شتێک بەرهەم هات کە لە هەر شوێنێکی تری دونیا مەحاڵ بوو بێتە دی. 
بەرەبەیانی سیانزەهەم ڕۆژ، کاروباری دروستکردنی نەخۆشخانە کۆتایی هات. سێ نهۆمی ژێرەوە، ئامادەی بەکارهێنان بوون، نهۆمەکانی تر، جارێ بەتاڵ بوون. 
خەڵكی لە نێو شار دەیانگوت: " لەگەڵ دەرکەوتنی خۆردا، نەخۆشخانەیەکی سپی جوانمان بینی تا کەشکەڵان بەرز بۆتەوە."
نەخۆشخانەکە لە سەرەوە ڕێکی چیا بەرزەکان بوو و لە خوارەوەش، بە داوێنی سەفیدخانی‌یەوە نووسابوو.
ماڵە نزم و ناحەزەکان بوونە کۆسپ و چیتر  لەگەڵ نەخۆشخانەکە یەکیان نەدەگرتەوە. ئیدی لە پێش چاو ون ببوون.

ڕۆژی چاردەهەم، ئیتر هیچ خانوویەک لەوێ نەما. بۆلدوزێر هەموویانی تەخت کرد. جادەیەکی بەرینی قیلەتاوکراو کە تێکەڵ بە ناوەندی شار دەبوو، جێگەیانی گرتەوە. 
هەموو شتێک بۆ پێشوازی لە شا ئامادە بوو. سەعات دوو، سەرجەم کۆمپانیاکان، قوتابخانە و نووسینگەکان داخران. هەمووان بە وێنەیەکی شاوە بەرەو نەخۆشخانەی نوێ هاتن تاکوو بەخێرهاتنی شا بکەن.
قوتابیان و تەماشاچییەکان لە قەراخ جادە ڕاوەستابوون. 
تیشکی خۆر سووتێنەر و قیلی سەر شەقامەکە هەروا دەتوایەوە و بە بن پێمانەوە دەنووسا. کاربەدەستانی شار کۆمەڵێک فەرشی گەورەیان ڕاخستبوو: ڕێگەیەکی دوور و درێژ، بە فەرشی پان و دڵڕفێن ڕازابۆوە.

سەعات دوو و چارەگ، شا، بە فڕۆکە تایبەتییەکەی کە هەر بۆ خۆیشی لێی دەخوڕی، لە فڕۆکەخانە بچووکەکەی سەربازگە نیشتەوە. 
لە نێو بۆنی ڕەنگ و قیلدا، چاوەڕوانی هاتنی شا بووین. 
بۆ بینینی ئەو پیاوەی تەنیا لە وێنەکاندا چاومان پێی کەوتبوو، بێ سەبرانە چرکەکانمان دەبژارد.
من ملم بەرز کردەوە بۆ ئەوەی بزانم ئۆتۆمبیلی شا گەیشتووە یان نا. کتوپڕ، زەبیج شار شارۆکێ وەک دیوارێک لە بەردەمم قووت بۆوە. لە ترسان ڕۆحم بە بەرەوە نەما. هیچی نەگوت. دەمزانی لەو ساتەوەختەدا  لەگەڵ من هیچی پێ ناکرێ، بەڵام ترسی ئەوەم هەبوو لە پێش چاوی هاوڕێیانی قوتابخانەم دەستم بۆ بێنێ. مناڵەکان دەیانناسی و بێگومان زۆر قوتابی دیکە، لە ڕیزی قوربانییەکانی دابوون. بۆی هەبوو هەندێک کەس پێیان وابێ من پەیوەندیم  لەگەڵی هەیە و لێم وە شک کەون. زەبیح ڕووبەڕوو سەیری کردم و من چاوە ترسناکەکانی مارێکم لە سیمایدا بینی. سەیرێکی دەوروبەری خۆمم کرد و بە خۆمم گوت خوایە گیان بمپارێزە. ئەو هاتە پشت سەرم و بە ئەسپایی دەستی بەرەو سمتم درێژ کرد. خوێن لە نێو دەمارەکانمدا وشک بوو. لە ترسان سەقەت ببووم و نەمدەتوانی لە جێگەی خۆم ببزوێم. دەستی بەرەو قایشی پانتۆڵەکەم برد. لەسەر پێستم هەستم بە نووکی پەنجەکانی کرد، لەو کاتەدا قوتابییەکان یەک بە خۆیان گوڕاندیان: "بژی! بژی شا!"
زەبیح وازی لێ هێنام و چووە ڕیزی پێشەوە. 
لیمۆزینێکی ڕەشی گەورە و بریقەدار نزیک بۆوە. بانەکەی کراوە بوو و شا لەسەر کورسی پشتەوە بە پێوە وەستابوو. جلی سوپای پۆشیبوو و کاسکێتێکی گەورەیشی لەسەر کردبوو. جەماوەر چەپڵەیان لێ دەدا، شادومانی خۆیان دەردەبڕی و هاواریان دەکرد؛ شا بە دەست سڵاوی لێ دەکردن. ئۆتۆمبێلە گەورە ڕەشەکە ئێستا بە بەردەمماندا تێدەپەڕی. شا کاسکێتەکەی لا برد، ڕوو لە ئێمە و زەبیح دەستی ڕاوەشاند. زەبیح، لەمە زیاتر نەیدەتوانی بەسەر جۆش و خرۆشی خۆیدا زاڵ بێ، بە قەڵەمبازێک خۆی هاویشتە ناوەڕاستی شەقامەکە و  لەگەڵ ڕاکردن بە دوای ئۆتۆمبێلەکەی شا، گوڕاندی: "بژی پاشای پاشاکان."
پۆلیسەکان دوای کەوتن و گرتیان. شا، ترسی ڕێ نیشت و ئاوڕی دایەوە. زەبیح، پەشۆکاو، هاواری دەکرد: "بژی پاشا."
شا ئاماژەی بە پۆلیسەکان کرد وازی لێ بێنن. زەبیح یەخەی کراسە سپییەکەی دڕاند و وێنەکەی سەر سینگی نیشان دا. سەرەتا شا تێنەگەیشت. بە سەرسووڕمانەوە، لە زەبیحی دەڕوانی کە ملی کراسە پچڕاوەکەی بە دەستەوە گرتبوو و هاواری لەرزۆکی لێ بەرز دەبۆوە: "بژی شا! بژی…"
شا دەستووری بە شۆفیر دا ڕابوەستێ. زەبیح لە چاوترووکانێکدا، کراسەکەی هەڵدڕی و ماسوولکەکانی سینگی دەرپەڕاند. وێنەکە، سەری شا لەسەر سینەی وە جموجوڵ کەوت. شا چاویلکەکەی لە چاو کرد و بە سەرنجەوە لێی ڕوانی. پاشان چاویلکەکانی دانایەوە، سەری زۆر بە هێمنی ڕوەو زەبیح دانەواند و بزەیەکی هاتە سەر لێو. دوایی ئۆتۆمبێلەکە کەوتەوە ڕێ. 
بۆ بەیانی، وێنەیەکی گەورەی شا و زەبیح لە لاپەڕەیەکی یەکەمی ڕۆژنامەیەکی سەر بە دارودەستەی شا بڵاو بۆوە: لە وێنەکەدا شا دەبینرا، چاویلکەکەی بە دەستەوە بوو و بزەیەکی شاهانە لەسەر لێوەکانی نیشتبوو، لەو لاشەوە زەبیح شار شارۆکێ بە تاتۆیەک لەسەر سینگی ڕووتی.

ماوەیەکی زۆر بەسەر ئەم ڕووداوەدا تێدەپەڕێ. کە بیر لە ساڵانی تافی مێرمناڵیم دەکەمەوە، بۆم دەردەکەوێ کە زەبیح مناڵیمی تۆقاندووە. بوونی ئەو، ژیانمی مەحکوومی چوار دیوارییەک کردبوو. زاتم نەدەکرد باڵ بگرم. چیا بەرزەکانی ئەو دیو ڕەزەکان، ڕۆحمیان بۆ لای خۆیان ڕاکێشابوو، بەڵام زەبیح وای کردبوو دوورەدەست بن. لە پێش چاوم لە دێوزمەیەک دەچوو کە لە بەردەم چوونی من بۆ چیاکان دەبۆوە ئاستەنگ.
لە هەموو شوێنێک، هەستم بە بوونی دەکرد. دەبوایە بەردەوام لەسەر هەست بم بۆ ئەوەی نەکەومە بۆسەیەوە، بەڵام بێهودە بوو و هەر چیم کردبایە، نەمدەتوانی لە چنگی ڕزگار بم.
پاش نیوەڕۆیەکی زۆر گەرمی ڕۆژێکی یەکشەممە، لە کاتێکدا  لەگەڵ هاوڕێیانم لە قەراخ ئاو یاریمان دەکرد، لەناکاو مارێکی ڕەنگ تۆخم بینی کە سەرە قاوەییە مەیلەوزەردەکەی لە کونێکەوە دەرهێنابوو. هەناسەم لە خۆم بڕی و لە جێگەی خۆم نەبزووتم. مارەکە ڕاستەوخۆ سەیری نێو چاوەکانی دەکردم. ئەگەر زەندەقم نەچووبا، ئەگەر لە جێگەی خۆم نەجووڵابامەوە، بێگومان دەخزیەوە نێو کونەکەی، بەڵام دەترسام، ترسێکی ئەوتۆ کە نەمدەتوانی لەسەر ئەژنۆ خۆ ڕابگرم. لە دەوروبەری خۆمم ڕوانی، نیوە خولێکم لێ دا و لەناکاو بەرەو مێوەکان هەڵاتم. بە هەموو هێزی پێ ڕام کرد، بەڵام هەستم دەکرد - یان ڕەنگە خەیاڵم وا بوو - مارەکە بە دوومەوەیە. لە پشت سەرم گوێم لە هاش و هووشی دەبوو کە بە نێو گژ و گیا و پنچکەکاندا دەخووشێ. لە پێشەوەم هیچ شتێک نەدەبینرا. گشت وزەم لە هێزی بیستندا کۆ کردبۆوە بۆ ئەوەی بزانم بە دوامەوەیە یان نا. کتوپڕ، زەبیح لە پشت دارێک لێم دەرپەڕی. سەرم لە زگی درا و کەوتمە سەر عەرزی. سەرم هەڵێنا و چاوم لێکرد. لە ترسان هەڵدەلەرزیم، قوڕگم وشک ببوو و هەستم بە تامێکی تاڵ لەسەر زارم دەکرد. 
"گرتمی هەتیوە بیژووە! ئاخریەکەی هاتیە بەر دەستم."
جەستە زەبەلاحەکەی شۆڕ کردەوە، دەستی ڕاستی درێژ کرد، بە قۆڵ گرتمی و بەرزی کردمەوە. هەترەشم چووبوو، پڕ بە زارم هاوارم کرد، هاوارێکی هێندە بەرز کە ڕاچەنی و دەستی لێ بەردام. هەلم قۆستەوە و لەسەر چۆک دوور کەوتمەوە، پاشان هەستامە سەر پێ و بەرەو پردەکە هەڵاتم. گەیشتبوومە نێوەڕاستی پرد کە هاوسەنگی خۆم لە دەست دا و کەوتمە خوارێ. لە کاتێکدا شەپۆلە بە خوڕەکان دەیانگواستمەوە، من دەمقیژاند و هاوارم دەکرد.

نازانم ئەمە چەندەی خایاند. لە پڕا بینیم نیوەی جەستەم لە نێو ئاو و نیوەکەی تری لەسەر خاکە و بە ئاستەم وە هۆش هاتوومەتەوە. لەناکاو، گوێم لە دەنگی ژنان بوو، هاواریانم دەبیست و نەدەبیست، ئەوان بە دەم گریانەوە لە چوار دەورم ئەڵقەیان بەست. پێیان وا بوو مردووم، بەڵام کاتێک زانیان هەناسە دەدەم، چیتر نەگریان. نەیاندەزانی چیم لێ بکەن. ئاخر ئەوان بەردەوام جەستەی مردوویان لە قەراخ ڕووبارەکە دۆزیبۆوە، نەک جەستەی نیوەمردوو. 
ژنێک بە قیژەیەکی خۆشی بێدەنگییەکەی شکاند، ئەوانی تریش بە هەمان شێوە لە هەلهەلەیان دا. دەیانویست بمبەنەوە گەڕەکی خۆمان، ماڵی خۆمان کە ژنێکیان هاواری کرد: "راوەستن! با سەرەتا ئاوی نێو زگی بێنینە دەرێ."
ئەوان کۆمەڵێک لق و پۆپی وشکیان کۆ کردەوە و ئاگریان پێ خست. پاشان ژنێک منی بە لاق بەرز کردەوە، دەتگوت کەروێشکێکی مردارەوەبووم، لە کاتێکدا کە سەرم لە بان ئاگرەکە بوو، ڕایوەشاندم. گوێم لە قیژە و هاواری خۆشییان دەبوو، گوێم لە دەنگی ڕۆ ڕۆیان دەبوو. ئەوان بە نۆرە ڕایاندەوەشاندم. هەستم بە بڵێسەکانی ئاگر دەکرد کە ڕووخساریان دەلێستمەوە. لەو ساتەدا، هەموو ئاوی سەفیدخانی‌م دەردایەوە.
ژنەکان سەر لە نوێ هەلهەلەیان لێدایەوە. ئەوان بە دەم گۆرانی وتنەوە، منیان بردەوە ماڵێ و بەسەر و برۆی هەڵپڕووزاو، ڕادەستی دایکمیان کردمەوە.
پیرەژنێک گوتی: "مزگێنیت لێ بێ! لەسەر تەوێڵی کوڕەکەت نووسراوە کە زۆر دەژی. سەفیدخانی بە زیندوویی هاویشتیە دەرەوە. دەبێتە کەسێکی بەناوبانگ."

ئەمڕۆکە، ساڵ و ڕۆژگار تێپەڕیون و من نەبووم بە کەسێکی بەناوبانگ. لەسەر تەوێڵم، هیچ نەنووسراوە، دوو وشەی "ڕاکردوو" و "نۆستالژیای تاهەتایی" نەبێ.
ئەو ژنانە دەیانویست لە داهاتووی تاریکیاندا، ڕووناکییەکیان هەبێ، بەڵام من ئەو ڕووناهییە نەبووم، نەبوومە هیوایەک. ئەوان هیچ کامیان بیریان بۆ ئەوە نەدەچوو.
ئاگرەکە، ئەو ئاگرە ڕزگاریدەرە، چەند برینێکی لەسەر جەستەم بە جێ هێشتووە. ئەوانە تەنیا یادگارێکن لەو ڕووداوە ناخۆشە هەڵمگرتوون.

بە قەراخ ڕووباری ئەیسێلدا پیاسە دەکەم و زەبیح شار شارۆکێ دەبینم بە دیار دەکەوێ. دەیبینم دەچێتە نێو دارەکان، دەچێتە نێو ئەو مانگایانەی خەریکی لەوەڕن. دەیبینم لە پشت ستوونی پردێکی کۆنی سەر ئەیسێل خۆی مات داوە بۆ ئەوەی کوڕیژگەیەکی هۆڵەندی بە تەڵەوە بکا.
نازانم، بەڵام پێم وایە مەنفا وێستگەیەکە دەتوانین لێیەوە بەرەو ساڵانی مناڵی بفڕین.
بەر لەوەی ئەیسێل بناسم، زەبیح شار شارۆکێم بە یەکجاری لە بیر چووبۆوە. کە ئەیسێل لە هزری مندا دەستی بە خرۆشان کرد، هاوکات گشت بیرەوەرییەکانمی لە نێو مێشکمدا زیندوو کردەوە. 
دواتر، کە گەورە بووم، ترسم لە زەبیح شکا. ئەوەی ڕاستی بێ، چیتر نەمدەبینی. من جیهانی کتێبەکانم دۆزیبۆوە، بۆ ئەوەی هەموو بیر و سەرنجی خۆم بدەمە سەر کتێبەکان، نیگام بۆ چیا دڵبزوێنەکانی ئەو لای ڕەزەکان وەرسووڕاندبوو. شتی سەرنج ڕاکێش و دوور لە خەیاڵم لەسەر ڕووبارەکانی تر، مارەکانی تر و هەروەها لەسەر ئەو بابەتانە دەخوێندەوە کە تەنیا لە مێشکی کوڕیژگەیەکی دانیشتووی شارێکی هەژاردا جێیان دەبۆوە. بەمجۆرە زەبیح شار شارۆکێ بەرە بەرە لە جیهانی مندا ون دەبوو. من لە گۆشەیەکی تاریکی یادەوەرییەکانمدا بە خاکم سپاردبوو، لە گۆشەیەکی هێند قووڵ و تاریک کە نەیدەتوانی تەنانەت بخزێتە نێو خەونەکانیشمەوە. ساڵانی دواتر، ڕووم کردە پایتەخت بۆ ئەوەی لە زانکۆ بخوێنم. لەوێ، پەیوەندیم بە جووڵانەوەیەکی نهێنی شۆڕشگێڕەوە کرد. لەو ساڵانەدا بوو شۆڕش تەقییەوە و شا تاج و تەختی خۆی بەردا. خومەینی هاتە سەر دەسەڵات و دارودەستەکەی کۆنتڕۆڵی شارەکانیان گرتە دەست. ئەوان، دڵەڕاوکێیان خستە نێو دڵی چەپەکانەوە. 
لەسەر ڕێگەکانی دەرچوون، ئەوان لە سەرکردەکانی ئۆپۆزۆسیۆن دەگەڕان و ئۆتۆمبێلەکەنیان دەپشکنی. ئێوارەیەک کە دەمویست لە تاران ڕا بگەڕێمەوە بۆ شارەکەم، لە بەردەم دەروازەی شار، سەربازێک لە ژێر ڕووناکی شۆق پژێنەکان لە کۆشکی چاودێری هاتە دەر. بە جووڵاندنی تفەنگەکەی، فەرمانی پێ دام ئۆتۆمبێلەکەم ڕابگرم. پێم بە کلاج دانا. سەربازەکە هاتە پێشێ، ڕیشی تا سەر سینگی شۆڕ ببۆوە و هەر دوو دەستی لەسەر چەکە درێژەکەی دانابوو. لە لای چەپی شانی، وێنەیەکی بچووکی خومەینی هەڵواسیبوو.
شووشەی ئۆتۆمبێلەکەم دادایەوە، ئەو سەری بۆ ناو ئۆتۆمبێلەکەم چەماندەوە. یەکسەر گوتی: "ناسنامەکەت".
کتوپڕ لە پشت ئەو ڕیشە خۆڵەمێشییە درێژەوە، من سیمای زەبیح شار شارۆکێم ناسییەوە. 
دووپاتی کردەوە: "پێم گوتن ناسنامەکەتان!"
من ڕاستەوخۆ، لە چاوەکانیم دەڕوانی، لە نێو نیگایدا لەناکاو نیشانەیەکی ئاشنایی بە دیار کەوت. خێرا پاشەکشەی کرد، لە ئۆتۆمبێلەکە دوور کەوتەوە و ئیزنی پێ دام درێژە بە ڕێگاکەم بدەم. 

نازانم لە ساتەوەختی ئەو پێک گەیشتنە چاوەڕواننەکراوەدا بیری لە چی کردۆتەوە، بەڵام من نەمدەتوانی ببمە بەشێک لەم بارودۆخە. دەشمزانی من بە تەنیا نیم. ئەو ئێستا لە پشت خومەینی خۆی حەشار دابوو و لە نێو شاردا، دوو ئەرکی هەرە قێزەوەنی گرتبووە ئەستۆ: سەر بە دەمارگرژترین سەربازەکانی خومەینی و بەرپرسی ژووری ئەشکەنجەی گرتووخانە بوو، ئەو گرتووخانەیەی گیراوە سیاسییەکانی تێدا بەند کرابوو. نەک هەر بۆ گیراوەکان، بگرە بۆ هەموو کەس ببوو بە مەترسییەکی گەورە. کەسانی بە ویژدانی شار نەیاندەتوانی بەرگەی ئەم بارودۆخە بگرن. 

شەوێک، چەند ڕۆژ دواتر، لە بەردەم پەنجەرەی ماڵی خۆمان بە پێوە وەستابووم و سەیری دەرەوەم دەکرد، سەیری تاریکی، ڕووبارە سەرهەڵگرتووەکە و، ئەو مێوانەی مارەکان بە نێو لقە و پۆپەکانیاندا دەخزین و بێگومان گوێیان بۆ ڕووبار ڕاداشتبوو. لەو کاتەدا، گوێم لە هاواری ژنان بوو، ئەو ژنانەی لە قەراخ ئاو جلەکانیان دەشۆن. نەمدەزانی ئەوە قیژە و هاواری خۆشییە یان شین و ڕۆڕۆ، بە پەلە ڕامکردە دەرەوە بۆ ئەوەی بزانم چ باسە. ئەوان لە دەوری تەرمێک ئاپۆرایان بەستبوو. لە ژێر تریفەی مانگدا، جەستەی سەربازێک کەوتبوو، نیوەی لە ئاوەکەدا و نیوەکەی تری لە دەرەوە. ڕیشە خۆڵەمێشییەکەی و وێنەیەکی خومەینی لەسەر سینگی، لە ژێر شۆقی مانگ دەدرەوشانەوە. 
وەکوو نەریت، دەبوایە لە کفنێکی سپی بپێچرێتەوە و ببرێتە گۆڕستان، بەڵام ئێمە خۆمان لە هیچ هەڵنەقورتاند. لە نێو تاریکیدا، بێدەنگ سەیری ماڵەکانی خۆمانمان کرد، ئەو ماڵانەی بە پێ دزە و بە پەنجەی پێ بۆیان ڕۆیشتینەوە. 
 من لە نێو تاریکیدا گەڕامەوە بۆ بەردەم پەنجەرە و سەیری دەرەوەم کرد. مانگ تریفەی دەهاویشت. تەرمەکە لە قەراخ ئاو کەوتبوو و ڕووبارەکە بە پارێزەوە دەخرۆشا. 

ئەم چیرۆکە لە ژمارە (٤)ی گۆڤاری ''ئیلیان''دا بڵاو بۆتەوە.