۱۳۹۴/۱۲/۰۹

ســـەیرم کــە بـــرا!



یاشار کەماڵ
لە تورکییەوە: سەلاحەدین بایەزیدی
 
یەکەم جار کە هاتبوو سواری شەمەندەفەر ببوو، جاری دووهەمیش ئێستا. ئارام و قەراری لێ هەڵگیرابوو. برۆکانی تێک نابوون. بێ ئۆقرە بوو. لەسەر چەمەدانە دارینە گەورە زەردەکەی دانیشتبوو. دەتگوت لەسەر پەنگر دانیشتووە. پاڵی بە دیوارەوە دابوو. شەپقەکەی، پاتۆڵەکەی، پەستەکەکەی، چاکەتەکەی و پێڵاوەکانی نوێ بوون و دەبریقانەوە. دەتگوت تازە لە کارگە هاتوونەتە دەر. پەستەکەکەی، زەردێکی هێڵ‌دار بوو. چاوی لەبەر هەڵنەدەهات. خەڵک، پۆل پۆل دەهاتن و دەچوون. لە تەقەڵا دابوون. نیگای لە هێڵی دوور و درێژی شەمەندەفەر بڕیبوو. زەرگەتەیەکی مردوو لەسەر عەرز بەدی دەکرا. چەند توێکڵە شووتییەک، توێکڵە کاڵەک و تۆوی تروکاو بە چیمەنتۆکەوە لکابوون… چەند زەرگەتەیەک لەسەر تۆوەکان دەنیشتن و هەڵدەفڕینەوە. زەرگەتەکان بەنێو لاقی خەڵکیدا دەسووڕانەوە. لە شوێنێکی جەستەی، ڕەنگە سەری یان پشتی، هەستی بە بێ‌تاقەتی، شەکەتی و ماندووبوون دەکرد.
کتوپڕ شەمەندەفەرەکە بە هاڕە هاڕ خۆی بە وێستگە داکرد. جانتا دارینەکان وە حەوا کەوتن. شەمەندەفەر کە دووکەڵی گەرم و شینی لێ بەرز دەبۆوە، وەستا. دەست و بردێ هەستا و بە نێو قەرەباڵغی خەڵکدا خۆی گەیاندە شەمەندەفەرەکە. بە هەڵەداوان خۆی لە داڵانی واگۆنێک پەستاوت. ناو داڵانەکان لە خەڵک جمەی دەهات. پێیان لێ نا و پێی لێ نان. لە بەردەم هۆدەیەک وەستا. سەراپای گیانی شەڵاڵی ئارەق بوو. ڕووخساری سوور هەڵگەڕابوو. دەتگوت ئێستا نا ئێستا کەواکەی لە شانی دادەکەوێ. دیار بوو ناشارەزایە. کچێک و کوڕێکی گەنج، لەنێو هۆدەکەدا دانیشتبوون. سەیری کردن. پاشان وە ژوور کەوت. جانتا گەورە دارینەکەی هەڵگرت و لە سەرەوە تاقەتی کرد. خۆیشی لە گۆشەیەک دانیشت. نێو هۆدەکە بۆنی پیوازی شینی لێ دەهات. ناوەوە هەوایەکی بەهاری هەبوو. جارێک بۆنی پێوازی شین، جارجارە خۆڵی تازە و جارناجارێ بۆنی بەهار…
شەمەندەفەر کەوتە ڕێ. کچە سەری خستبووە سەر شانی کوڕە گەنجەکەی بەرامبەر. چاوەکانی جارێک هەڵێنا و وە سەر یەکی نانەوە.
شەمەندەفەر، دووکەڵی شین و گەرمی لە حەوا دەکرد.
بڕیاری دا لە وێستگەی دواتر دەسکێ پیوازی شین بکڕێ. بەڵام دوودڵ بوو. لەبەر خۆیەوە گوتی "بەو دەم و دەستە پیوازی چی…"، پاشگەز بۆوە "تا دەگاتە گوند… مەزرایەکی پڕ…"، پاشان پەژیوان بۆوە، "بۆ دەسکە پیوازێک بە چەند قرووشە… نرخەکەی چەندە!"
لە وێستگە، دەسکە پیوازێکی گەورەی کڕی. بیست و پێنج قروشی پێ دا. کە گەیشتەوە گوند… بۆ خەڵکی ئاوایی دەگێڕێتەوە و هێندە وە پێکەنینیان دەخا، زگیان وە ئێش دێنێ... پیوازی تەڕ و تورت… پیوازی وا بەتام… کوا پێوازی وا! پیواز بە نۆرەی خۆی، بێ‌تامترین و خراپترین خواردنە. هەموو ڕۆژێکی خوا… پیاو بەرگەی ناگرێ. زاری مرۆڤ دەبێتە قالبە سابوون. کەفێ دەکا. لەگەڵ ئەوەشدا، بە درێژایی ساڵ لە تامەکەی تێر نابی. پیواز ئاوایە.
کچە خەوتبوو. کوڕەکە داڵغەی ڕۆیشتبوو. کاکۆڵی ڕەشی کوڕەکە لە بن شەپقەکەی هاتبووە دەرێ. قژە قەترانییەکەی لە ژێر تیشکی خۆردا سەوز دەچوو.
کتوپڕ هەستی بەوە کرد کوڕە گەنجەکە چاوەکانی بڕیوەتە ئەو و تێی ڕاماوە. دوو چاوی گەورە و زەق، قورساییان لەسەر جەستەی دانابوو.. سەری دانەواند. دڵی بەرایی نەدا، سەری بەرز کردەوە، بینی دیسان… هەمدیس سەری دانەواندەوە. سەیری ڕاست و چەپی خۆی کرد. بە ڕقەوە، قەپاڵێکی لە پیوازەکەی نێو دەستی گرت. پاشان هەمدیس سەری بەرز کردەوە. دیسان چاوی لەو چاوە گەورە و خەمۆکانە هەڵەنگووت. دەتگوت ئەو چاوانە لێخەی نابنەوە. بە حەپەسانەوە جووتێ پیوازی لە دەسکەکە کردەوە، دەستی بەرەو گەنجەکە ڕاداشت و گوتی:
"وەریگرە برام، وەریگرە! تۆش تامێکی بکە!"
گەنجەکە بە سووکە سەر ڕاوەشاندنێک، ڕەتی کردەوە.
ئەم پێداگرانە گوتی:
"وەریگرە، وەریگرە، وەریگرە برام! پارویەکی لێدە!"
کوڕەکە هەروا بە ئەسپایی سەری ڕادەوەشاند و چاوەکانیشی لەسەر وی هەڵنەبڕیبوو.
مەحموودە زەرد - ناوی پیاوەکە مەحموودە زەرد بوو - گوتی:
"با ئەو خوشکەش بیخوا! زۆرم پێیە. پیوازی شین، دەرمانە. ئەگەر پیوازی شین بخۆی، چەندەش شەکەت و هیلاک بی، لە گەرمای نیوەڕۆدا بنووی، کە هەستای، وەک ئەوە وایە ئێستا لەدایک بووی. شتی شین هەر باش و بەکەڵکە، وەک پیوازی شینت چنگ ناکەوێ."
کوڕە گەنجەکە ئەمجارەیان بە نیشانەی نا سەری توندتر ڕاوەشاند.
مەحموودە زەرد:
"پیوازی شین لە گەرمادا فێنکت دەکاتەوە."
چاوەکانی کوڕە گەنجەکە وەها لەسەر مەحموودە زەرد ئەبڵەق مابوون کە… لە ناوەوە ئاخێکی هەڵکێشا و لە دڵی خۆیدا گوتی:
"ئاخ. خێرە! ئەخە باشە ئەو تووتکە سەگە بۆ وا سەیرم دەکا؟"
کچەکە لەو ساتەدا خەبەری بۆوە. سەری بەرز کردەوە. مات مات ڕوانی و پاشان هەمدیس سەری بۆ سەر شانی کوڕەکە لار کردەوە و چاوەکانی نوقاند.
شەمەندەفەر، بەنێو دەشتێکی پان و پۆڕدا، بە لەز دەڕۆیشتە پێش. دەربەندێکی وشک و دارتێلەکانی تێلێگراف، خێرا بە پێش چاوەکانیدا ڕەت بوون. پاشان کۆمەڵێک دار. بایەک هەڵیکردبوو و پووش و پەڵاشی دەشتی بەرەو باشوور شکاندبۆوە. لەوانەشە لەبەر خێرایی شەمەندەفەرەکە وا بنوێنێ. پاشان، تۆزێک وەک هەور دەشتەکەی داپۆشی. دەشت بە جارێ لە تەپ و تۆز داماڵرا.
گەیشتنە ڕووبارێک. شەمەندەفەر لەسەر پردێکی بچووکی ئاسنین فیشکاندی. تیشکی خۆر، نێو ڕووبارەکەی ئاخنیبوو. دەرکەوتن و ونبوونی کەمەندی تیشک پێکەوە لکان. پاشان لە ئاسمان چاوی بە هەڵۆیەک کەوت. لە ماوەیەکی کورتدا، هەڵۆکەی کەشکەڵان، لە پشت سەریان بە جێما.
نیگاکانی کوڕەکە هەروا لە دڵی مەحموودە زەردا مابوونەوە. سەری بۆ ناوەوە وەرسووڕاند. چاوەکانی هەڵنەهێنا و لە کوڕەکەی نەڕوانی. سەری لەنێو کۆشی دابوو. پاشان هەمدیس سەری بۆ دەرەوە وەرسووڕاند. لە نێوەڕاستی دەشتەکەدا، تاقە مانگایەکی بینی دەڵەوەڕا و ئێسک و پرووسکی بە دیار کەوتبوو. مانگاکە لە ساتەوەختێکدا بای داوە و ون بوو.
تا چاو هەتەر کا دەشتێکی وشک و برینگ، چۆل و هۆل و کاکی بە کاکی بەدی دەکرا.
وەک خەونێک، نوقمی ڕوانینی دەشتەکە بوو. خاکی هەمەڕەنگ، داری جۆراوجۆر… جێگوڕکێی هەورە مۆر و سپییەکان… دونیا لە خوڕین دابوو… خۆی کۆ کردەوە. لەبەر خۆیەوە گوتی: "چ دەبێ با ببێ، چ دەبێ با ببێ". تووند سەری بۆ ناوەوە وەرسووڕاند. ویستی لەو ساتەدا لە ڕووخساری کوڕەکە بنوارێ. وەلێ پەژیوان بۆوە. سەری بەرداوە… پیوازەکە بۆنێکی تیژی لێدەهات. لە بن پێیەکانی تەپ و تۆز و توێکڵە پیواز بڵاو ببۆوە. کتوپڕ هەستی کرد کرێکارێک هۆدەکە گەسک دەدا. لاقەکانی کۆ کردەوە. لەو ماوەیەدا نیگای لەگەڵ نیگای کوڕەکە تێک ئاڵا. کوڕە چاوەکانی زەق زەق هەڵێنابوو. دەتگوت دەقیان گرتووە. چاوە دەق گرتووە گەورەکانی بە سەرسووڕمانەوە لەو بڕیبوو. سەری سووڕاند و لە کچەکەی تەنیشت ئەو کوڕەی ڕوانی. ڕووخسارێکی زراڤ، ڕەنگ پەڕیو، وشک. خەوێکی قووڵ بردبوویەوە.
تۆ بڵێی ئەو گەنجە سەیری چی و کوێ بکا؟ هی برینی قووڵی ئەو داسەی لەسەر ڕووخسارێتی؟ لە چاوەکانی گەنجەکەدا، خۆف و ژان و حەپەسان بەدی نەدەکرا. لەناکاو فیکری بۆ کاسکێتەکەی سەری چوو. نەکا شتێکی پێوە بێ. کڵاوەکەی دانا و بە دەستییەوە گرت. جوان لێی ورد بۆوە. ئینجا خێرا نایەوە سەری. دیسان سەری بەرز کردەوە. زامی ئەو داسە… کە زامی داسەکەی بیر کەوتەوە، موچوڕکێک بە لەشیدا هات… ئەو ڕۆژەی هاتەوە بەر چاو. شەڕ لەسەر ئاو لەگەڵ عەلی میستیک… بە هەموو هێز و توانایانەوە، بەو ڕق و کینەی لە چەندین ساڵ لەوە پێش لەسەر یەک کەڵەکەیان کردبوو، دەستەویەخەی یەکتری ببوون. تۆز و غوبار، قوڕ، دارێکی سەوز، گژوگیا، ئاسمانی شین، ئازار، سەرەگێژە، خوێنی ئاڵ…. خەڵتانی خوێن ببوو. دەتگوت لە ئاویان هەڵکێشاوە… هەمدیس سەری بەرز کردەوە. چاوەکان زەقتر لە پێشوو…
لاقەکانی، بەتایبەتیش لاقی ڕاستی، وا هەڵدەلەرزی، دەتگوت دەردەپەڕێ.
خۆیشی نەیزانی چۆناوچۆن بوو دەستی بە قسە کرد.
"ئەو کچە نەخۆشە چی برا؟ ڕەنگی بزرکاوە… نەخۆشی، بەڵایە. خوا تووشی هیچ کەسی نەکا. بەڵام شتێکە و بەسەرت دێ. دەبێ لەگەڵی ڕابێی. لەگەڵی ڕانەیەی، چت لە دەست دێ. وا نییە برا؟ بنیادەم چی لە دەست دێ! نەخۆشییە ئیتر! زاڵمە. چ نەخۆشییەکی هەیە؟"
کوڕە بێدەنگە. ئەم زیاتر ڕقی هەڵدەستێ.
"ناتوانم بڵێم مالاریایە… ئەگینا لەرز و تای دەبوو. ناتوانم بڵێم سیەسۆیەتی… ئەگینا دەکۆخی. نەخۆشە؟"
کوڕە چاوەکانی هەروەک پێشوون.
خۆی پێ ڕانەگیرا، بە هەڵچوونەوە دووپاتی کردەوە:
"ناتوانم بڵێم مالاریایە."
ئینجا بە متمانەوە سەیری چاوە زەقەکانی کرد.
کوڕە گەنجەکە کەمێک لە جێگەی خۆی جووڵایەوە. چاوەکانی بووژانەوە. بریسکەیەکی سارد بە چاوەکانیدا تێپەڕ بوو.
"ناتوانم بڵێم مالاریایە...."
''نەخۆشە"، گەنجەکە وای گوت.
خۆشییەک هاوکات لەگەڵ هەستێکی تاڵ لە دڵی مەحموودە زەرد گەڕا. دەموچاوی گەشایەوە.
"ناتوانم بڵێم…"
گەنجەکە بۆ یەکەم جار چاوەکانی لە عەرزەکە بڕی و گوتی:
"کەس نازانێ بە چ نەخۆشییەکەوە گرفتارە. دکتۆری هیچ شارێک نەماوە، نەمبردبێ. هیچ ئومێدێک نەماوە. بەڵام دیسان دەیبەمە لای دکتۆر. هەتا دەمرێ هەر دەیبەم..."
دەتگوت ئەو دەنگە لە قوڕگی خۆی نایەتە دەر. دەنگێکی وەها نزم ومەنگ بوو.
"لە گوندیش دەرمان نەما تاقیمان نەکردبێتەوە. بۆتە پارچەیەک پێست و ئێسقان. ئیتر بەردەوام ئاوایە، بەردەوام دەخەوێ. سێ ساڵە دەسگیرانمە. مانگێک پاش ئەوەی بوو بە دەسگیرانم، وای لێهات. ئیتر ئاوا!"
مەحموودە زەرد بە جارێ حەپەسا. دەبێ ئەو شوێنە کوێ بێ کچ بە دەستی دەسگیرانەکەی دەسپێرێ. نەخۆشە. جا با نەخۆش بێ.
بە پێکەنینەوە گوتی:
"چۆن کچەیان تەسلیم کردووە؟ ها، چۆن؟"
ئەویتر:
"ساڵێک نیشانیان نەدام. پاشان کە ئاوای بەسەر هات…"
چاوەکانی هەمدیس ئەبڵەق مان، بەڵام ئەمجارەیان بە دڵۆپێکی قەتیسماو لە گۆشەیەکی چاویدا.
مەحموودە زەرد لە دڵی خۆیدا گوتی:
"چاوت دەردەهات. بۆ ئاوا زەق زەق سەیرم دەکا؟ هەی ئەو چاوە زەقانەت بێنە دەرێ…"
لە وێستگەیەک، کابرایەک دەرگای هۆدەکەی کردەوە، چاوێکی بە دەوروبەردا گێڕا. پاشان دەرگاکەی پێوە دا و ڕۆیشت.
شەمەندەفەر وە جووڵە جووڵ کەوت. دەشت، وەک لەپی دەست وا بوو. دارتێلەکانی تێلێگراف لە پشت سەر جێ دەمان.
بە تاسەوە درێژەی بە قسەکانی دا:
"ئەمڕۆ دەچمەوە دێیەکەم. بەڵێ برا، دێیەکەم… پێنج ساڵ لە گوند دابڕام. چووم پارەی دوو گا کۆ کەمەوە. کەچی پارەی دە گام وە سەر یەک نا." پێکەنی. "لە ئیزمیر حەمباڵیم کرد. پارەیەکی زۆرم بە دەست هێنا. ئێستا هەر کە گەڕامەوە گوند، چوار گای شاخدار دەکڕم. یەک نا، دوان نا، چوار گا! چوار مانگاش دەکڕم. پەز دەکڕم برا، بزن دەکڕم… ئەسپێک دەکڕم، لەگەڵ ماینێک… کۆڵێک جلوبەرگم بۆ ماڵ و مناڵ کڕیوە، بۆ یەکە یەکەیان، بۆ براکەم، بۆ ژن براکەم، مناڵەکانیان، بۆ دایکم، دایکێکم هەیە هەشتا ساڵی تەمەنە و پشتی کووڕ بۆتەوە، بۆ کۆرئۆغڵوی خۆمان، بۆ هەموویان. لە گەڕانەوەما، ماڵەکەمان وەک گوڵی لێ دێ. هاوینان و بەهاران، چیاکان چۆن بە گوڵ دەخەمڵێن، ماڵەکەشمان ئاوای لێ دێ… ئەگەر باسی دێی خۆمانت بۆ بکەم، دەبێ بڵێم پڕە لە دارسنەوبەر. لە هەموو لاوە بۆنی عەتر و دارسنەوبەرت بۆ دێ برا! ئاوی حەیات لە کانیاوەکانی هەڵدەقووڵێ. دەوڵەمەندەکانی 'ماراش' بۆ سەیران ڕوو دەکەنە گوندی مە. بەڵێ، بۆ گەشت و گوزار دێنە وێ."
کوڕە گەنجەکە بە شەوقەوە قسەکانی بڕی:
"سێ ساڵە چاک نەبۆتەوە. هەر یەکە و شتێکی گوت... یەک گوتی فڵان، یەک گوتی فیسار…. سێ ساڵی ڕەبەق… بوو بە سێ ساڵی تەواو… دکتۆرێک گوتی سنەوبەر… دێی ئێمە ڕەق و ڕووتە. سنەوبەری لە کوێ بوو…"
مەحموودە زەرد:
"گوندەکەی ئێمە دارسنەوبەری گەورەی لێیە. خەڵکی شاری بۆ سەیران دێنە گوندەکەی ئێمە…"
پاشان کتوپڕ خورپەیەک بە دڵیدا هات. سەری هەڵێنا و لە ڕووخساری کوڕەکە ڕاما. چاوەکانی گەنجەکە چیتر سارد و لێڵ نەبوون، دەگەشانەوە و بە حەزەوە لەویان دەڕوانی.
دەموچاویشی سوور سوور هەڵگەڕابوو.
گەردەلوولی خۆشی لە دڵی مەحمووددا بەرپا بوو. لە خۆشیان سەری وەرسووڕاند. دڵی وە ترپە ترپ کەوت:
"سەیرم کە برا، دێیەکەمان پڕە لە دارسنەوبەر… من، ڕێک بایی دە گا پارەم کۆ کردۆتەوە. دە سەر گا… لە باتی مانگایەک چوار مانگا. ئەویش چوار مانگای بە شیر. مانگای 'حەلەب'ێ دەکڕم. مەڕ و بزن… ماڵ پڕە لە ڕۆن و شیر و هەنگوین…"
ڕاوەستا، خۆی قیت کرد و درێژەی بە قسەکانی دا:
"سەیرم کە برا! دەستی دەسگیرانەکەت بگرە و وەرە بۆ کن ئێمە. دەستی بگرە و وەرە! وەک گلێنەی چاو دەتانپارێزم. وەرە کاکە! لە بری پارەی دوو گا، پارەی دە گام کۆ کردۆتەوە، دەستی بگرە و وەرە! سێ مانگی پێناچێ دەسگیرانەکەت چاک چاک دەبێتەوە، دەردی لێ دەبڕێ. وەرە برا! دوای سێ مانگان دەبووژێتەوە، وەک ئەوەی تازە لەدایک بووبێت. دەستی بگرە و وەرە! چوار مانگای بە شیر دەکڕم. لە دێ شاییتان بۆ دەگێڕم… وەرە کاکە!"
دەستی ڕاستی گەنجەکەی گرت و گووشی. چاوەکانی قا قا پێدەکەنین.
"شیلەیەک لە دارسنەوبەرەکان دێتە دەرێ. ئەم شیلەیە یەکاویەکە. هەموو خەڵکی گوند ڕادەسپێرم. خەڵکی دێیەکەشمان زۆر باشن. جحێڵەکانی ئاوایی هەموویان وە خۆ دەکەون، باوەش باوەش شیلە هەڵدەهێنجن و بۆ نەخۆشی دێنن… شیلەی سنەوبەر! شیلەش چ شیلە. یەکاویەکە. ئەوەی شیلە بخوا، قەت نامرێ."
گەنجەکە سەری لە پەنجەرە هێنایە دەرێ، لە پێشەوەی ڕوانی و گوتی:
"ئێرەیە… کە شەمەندەفەرەکە ڕاوەستا."
پاشان ڕوو لە کچەکە گوتی:
"هەستە، هەستە دۆندوولوو. گەیشتین."
دۆندوولوو، بێ‌تاقەت سەری لەسەر شانی هەڵگرت. لەچکە تەنکەکەی ڕێکوپێک کرد.
کەمێک دواتر شەمەندەفەر وەستا. لەگەڵ وەستانی شەمەندەفەرەکەدا، لە سەربانی ماڵە چۆلەکەی وێستگە، پۆلێک قەلەڕەشە بە قڕەقڕ فڕین. گەنجەکە هەستایە سەر پێ، دەسگیرانە خەواڵوو و نیوە مردووکەی بە کۆڵدا دا. بە مەحموودە زەردی گوت "دێیەکەمان لە پشت ئەم تەپۆڵکەیە…" و کەوتە ڕێ.
مەحموود کتوپڕ لە جێگەکەی ڕاچەنی و پڕی دایە بەرۆکی کوڕە گەنجەکە:
"ئیتر ئاوا، ئەگەر نەیە گوندی ئێمە، لەو دونیای دی بەو دوو دەستەم بەرۆکت دەگرم. بەو دوو دەستەی خۆم. ئیتر خۆت دەزانی. هەر بەهار هات و نەهات، دەستی دەسگیرانت بگرە و وەرە. جا ئێستا بڕۆ! خوا ئاگادارت بێ برا!..."
کوڕەکە دابەزی. مەحموودە زەرد لە پشتەوە سەیری دەکرد. هەوای جەژن بەسەر شەمەندەفەردا زاڵ ببوو. هەموو شتێک، لە خۆشیان باڵی گرتبوو. جارێکی تر سەیری کرد، گەنجە دابەزیوەکە، دەسگیران لە کۆڵ، هاتبووە بەردەم پەنجەرەکە ڕاوەستابوو و هەمدیس چاوەکانی لەو بڕیبوو. چاوە گەورەکانی....
مەحموود نەیدەزانی چ بکا. شەمەندەفەر وە جووڵە کەوت.
مەحموود تا هەستی پێکرد، شەمەندەفەر کەوتبووە ڕێ. یەک بە خۆی هاواری کرد:
"ناوی گوندەکەمان هونوویە… گوندی هونووی سەر بە قەزای ئالبیستان. هوونوو!... هوونوو… هوونوو… هوونوو. ئالبیستان، ئالبیستان… وەرە ماراش! ئالبیستانی ماراش… هونوو… وەرە برا… دوو دەستم…"
شەمەندەفەر فیشکاندی… بەدەم پڕژاندنی دووکەڵی گەرم و شین، لە دەشتی هەراو و بەریندا، وەک ڕەشەبای خۆشی فڕی.

ئەم چیرۆکە لە ڕەخنەی چاودێردا چاپ و بڵاو بۆتەوە. 

ژیان لەگەڵ چەترەکەمدا



ژیان لەگەڵ چەترەکەمدا
ڕۆمان
ڕۆمەن گاری (ئێمیل ئاژار)

سەلاحەدین بایەزیدی
لە فەرەنسییەوە کردوویه‌ به‌ كوردی

    به‌رگ: باسم ڕەسام
    چاپ: یەکەم – 2016
    چاپخانه‌: تاران
    تیراژ: 1000 دانه‌

    بڵاوكار: ناوه‌ندی غه‌زه‌لنووس- بۆ چاپ و بڵاوكردنه‌وه‌

۱۳۹۴/۱۲/۰۵

وتوێژ لەگەڵ ڕۆژنامەی ئێکسپرێس



پەناخوازێک ''سیانەی دوانەکان' وەردەگێڕێتە سەر زمانی کوردی
وەڕگێڕانی بێ‌سنووری کتێبەکانی ئاگۆتا کریستۆف

سانتی تێرۆل


سەلاحەدین بایەزیدی، پەناخوازی ئێرانی، لەو پەنابەرانە نییە کە لەپێناو ئەنتەگرەبووندا هیچ تەقەڵایەک نادەن. جیاوازییەکی گەورە هەیە. بگرە ماوەیەکە ئەو تا ڕادەیەک باڵوێزی ئەدەبیاتی کانتۆنی نۆشاتێلە لە ئێران و عێراق: ئەو نەیارەی ڕژێم کە تەمەنی ٣٢ ساڵە، سێ کتێبەکەی ئاگۆتا کریستۆف کە بریتین لە "دەفتەری گەورە"، "بەڵگە" و "سێهەم درۆ" و بابەتی باسی ئێمەن، بۆ سەر زمانی کوردی وەرگێڕاوە.
هاتۆتە سوییس بۆ ئەوەی لە چنگ زوڵم و ستەم ڕابکا، هەمان ئەو شتەی نووسەری نۆشاتێلی، کاتی خۆی ئەنجامی دا و ناچار بوو هەنگاریای زێدی خۆی جێ بهێڵێ بۆ ئەوەی خۆی لە هێزەکانی سۆڤیەت لە ساڵانی ١٩٦٠ ڕزگار بکا. سەلاحەدین بایەزیدی دوو جار ڕووبەڕووی کێشەی زمان بۆتەوە: سەرەتا لە وڵاتی خۆی (تۆ بخوێنەوە دژی وڵاتی خۆی)، پاشان بۆ دووهەم جار لە ژیانیدا، ئەو کاتەی هاتۆتە سوییس، دەستەویەخەی زمانێکی نەناسراو بۆتەوە.

هەزار کۆپیی بێ‌دەسکاری

 سەلاحەدین بایەزیدی سەرەتا لە کەمپێکی پەنابەران بووە لە کانتۆنی ڤالێ و لە زانکۆی نۆشاتێل، لە بەشی زمان و شارستانییەتی فەڕەنسی ناونووسی کردووە، ئاخر و ئۆخری ٢٠١٣ بە زەحمەت توانیویەتی بێتە کانتۆنی نۆشاتێل. لە نۆشاتێل، کتێبی "نەخوێندەوار"، ژیاننامەکەی ئاگۆتا کریستۆف دەخوێنێتەوە و لێی ورد دەبێتەوە. ئەو زمانە مینیمالیست و کورت و ڕەوانەی نووسەری نۆشاتێلی بە کاری هێناوە، ڕێگە لەبەردەم خوێنەرە دووڕەگەکان خۆش دەکا بە سانایی لە دەقەکانی تێ بگەن. "زۆر خێرا بۆم دەرکەوت کە دەرەقەتی دەقەکانی ئاگۆتا کریستۆف دێم"، سەلاحەدین بایەزیدی بێ خۆ‌هەڵکێشان وا دەڵێ. ئەو پەنابەرە سیاسییە، بێ ئەوەی چاوەڕێ بمێنێتەوە، یەکسەر دەست بە وەرگێڕانی "دەفتەری گەورە" دەکا.
هاوینی ٢٠١٤، کتێبە وەرگێڕدراوەکەی لە کوردستانی عێراق و لە هەزار نوسخەدا چاپ و بڵاو دەبێتەوە. یەکسەر داوای لێدەکرێ کار لەسەر دوو کتێبەکەی دیکەی ئاگۆتا کریستۆف بکا کە بە "سیانەی دوانەکان" ناسراون. قسە هەمان و ئەنجامدانی هەمان. ئەم پانەخوازە کتێبەکان وشە بە وشە وەردەگێڕێتەوە. "هیچم دەسکاری نەکردووە. تەنانەت دیمەنە سێکسییەکانیش." ئەوەی بە لایەوە زۆر مایەی سەرسووڕمانە، کتێبەکان سانسۆڕ نەکراون: "ئەمە سەرکەوتنێکە بۆ من." چۆن ئەم دەست‌ئاواڵا بوونەی حکومەتی ئێران شی دەکاتەوە؟ "نازانم بڵێم چی: ئاخۆ سەرۆک کۆماری نوێی ئێران کرانەوەی فەرهەنگیی ڕاستەقینە ئەنجام دەدا؟ یان پێی وایە بە تیراژێکی هەزار نوسخە، خوێنەرێکی کەم ئەم سیانەیە بە زمانی کوردی دەخوێننەوە؟" سەلاحەدین بایەزیدی ئەم پرسیارە دەوروژێنێ و ئاماژە بەوە دەکا وەرگێڕانی فارسی ئەم کتێبانە لە سانسۆڕ بێبەری نەبوون.
سەلاحەدین بایەزیدی لەسەر ئەم ڕێگە باشەی کە گرتوویەتیە بەر، بەردەوام دەبێ. "وەرگێڕانی ڕۆمانی 'هایدی'م تەواو کردووە و بیر لە وەرگێڕانی 'ڕێوڕەسمی دونیا' لە نووسینی نیکۆلا بووڤیێ دەکەمەوە، چونکە ناوبراو بە مەهاباددا تێپەڕیوە."

ژیانی قوتابییەکی کورد لە وڵاتی فارسان 

"خەڵکی مەهابادم، شارێک لە نزیک سنووری عێراق کە زۆربەی دانیشتووانی کوردن. بەڵام زمانی ئێمە لە قوتابخانە قەدەغەیە." سەلاحەدین بایەزیدی بەمجۆرە لە یەکەم ڕۆژی قوتابخانەدا پەی بە بوونی زمانی فارسی دەبا… لەگەڵ ئەو ڕاچەنینەی کە تووشی دەبێ. "بۆ من شۆکێکی گەورە بوو کە دەبوایە زمانی داگیرکەر فێر ببم. ململانێی ناسیۆنالیستی بەرچاوی نێوان کوردەکان و ڕژێم، کاریگەری لەسەر منیش دانا. ناهومێد ببووم، چونکە نەمدەتوانی گۆڤارە کوردییەکان بخوێنمەوە، بە هۆی ئەوەی ئەلفوبێی کوردی لە هی فارسی ناچێ و دایک و بابیشم نەخوێندەوار بوون و نەیاندەتوانی لەم ڕووەوە هاوکاریم بکەن."
ئەم کۆسپە، ململانێیەکی نێوخۆیی لەو گەنجەدا دروست دەکا کە خولیای نووسینی شیعری هەیە "نەمدەتوانی لە شیعرەکاندا هەستی خۆم بە زمانی فارسی دەرببڕم." لە ڕێگەی کۆبوونەوەی بەپارێزی ئەدیبان و گوێگرتن لە ڕادیۆ دەنگی شۆڕش لە عێراق، کە سەر بە ئۆپۆزۆسیۆنی ئێران بوو، فێری زمانی کوردی بووە و بڵێسەکەی دامرکاندووە. لەو کاتانەدا، ئەو کوڕە گەنجە، ئەدەبیاتی فارسی خوێندووە.

لە چیاکانەوە بۆ مەنفا
 

هێدی هێدی، ترسە گەورەکەی باوکی دەبێتە ڕاستی. سەلاحەدینی گەنج لە بزووتنەوەی نەیاری کورد لە چیاکان نزیک دەبێتەوە و لە شارەکانیش بەشداری خۆپیشاندانەکان دەبێ. ساڵی ١٩٩٩، لە تەمەنی ١٧ ساڵیدا، تێکەڵ بە هاوڕێیانی لە چیاکانی عێراق دەبێ و لە ڕادیۆیەکی سەربەخۆخوازدا ئیش دەکا. ئەم ئەزموونە، ڕێگەی بۆ سلێمانی لە باکووری عێراق خوار دەکاتەوە، لەوێ لە ڕۆژنامەیەکی هەرێمیدا کار دەکا. "مافی نیشتەجێبوونێکی کاتیم هەبوو. پاشان، بە جۆرێک لە جۆرەکان ناچار بووم یان ئەوەتا خۆم لەنێو حزبێکی ئۆپۆزۆسیۆندا بدۆزمەوە بۆ ئەوەی پارێزراو بم، یان ئەوەتا ڕا بکەم."

 لێک نزیک کردنەوەی زمانەکان

 سەلاحەدین بایەزیدی مەنفا هەڵدەبژێرێ. بە پاسپۆرتێکی ساختە دەچێتە تورکیا، "چونکە هیچ پاسپۆرتێکم نەبوو". پاشان چوار شەو و ڕۆژ بە پێ دەڕۆا تا دەگاتە یۆنان. لەوێوە، بە بارهەڵگر و ئۆتۆمبێل، دەچێتە ئیتالیا و دێسامبری ٢٠٠٧ دەگاتە شاری لۆزان.
ناوبراو دەنێردرێتە بنکەی تۆمارکردنی ڤالۆرب و لەوێشەوە دەدرێتە کانتۆنی ڤالێ. "لە مارتینی ژیام و لەوێ بۆ خۆم، فێری زمانی فەڕەنسی بووم."
ساڵی ٢٠١٣، ڕێگە بەم پەنابەرە سیاسییە دەدرێ لە کانتۆنی نۆشاتێل بژی بۆ ئەوەی لە زانکۆی نۆشاتێل، بەشی زمان و شارستانییەتی فەڕەنسی بخوێنێ. "لەوێ بوو ئاشنای کتێبەکانی ئاگۆتا کریستۆف بووم و نووسەرە فەڕەنسی نووسە غەیرە فەڕەنسییەکان سەرنجیان ڕاکێشام. فەزای نووسینەکانی ئاگۆتا کریستۆف مناڵیمان بە بیر هێنامەوە. لێک نزیک کردنەوەی زمانی دایک و زمانی دوژمن! ئەزموونەکانی ورەیان پێ بەخشیم بۆ ئەوەی ڕێزمانی زمانی فەڕەنسی فێر بم."

کارەکتەری جیهانی بەرهەمەکانی ئاگۆتا کریستۆف
دەقەکانی ئاگۆتا کریستۆف (١٩٣٥ - ٢٠١١) خێرا سنوورە جیهانییەکانیان تێپەڕاند. لە ماوەی ژیانیدا، "سیانەی دوانەکان" بە زیاتر لە بیست زمانێک وەرگێڕدرابوون. فابیەن دووبۆسۆن دەڵێ: "ئەمڕۆکە، بۆ زیاتر لە چل زمانی زیندووی دونیا، وەک زمانە گەورەکانی ئەوروپا و هەروەها بە تورکی، جۆرجی، باسک، کاتالانی، ڤیەتنامی و ڕووسی وەرگێڕدراون. وەرگێڕانی کتێبەکان بە زمانی گالیسیش ئامادەی چاپن." دووبۆسۆن، یەکێک لە بەڕێوەبەرانی ئەڕشیڤی ئەدەبیاتی سویس لە کتێبخانەی نیشتیمانی ئاماژە بەوە دەکا کە وەرگێڕانی کتێبەکانی کریستۆف نیشان دەدا کە بەرهەمەکانی ئەم ژنە نووسەرە نۆشاتێلییە، کارەکتەرێکی گەردوونیان هەیە. "ئەمە بێگومان ڕەنگدانەوەی ئەزموونە مێژووییەکانیەتی: مەنفای بەرهەمی تراژیدیاکانی مێژوو، فێربوونی زمانێکی دیکە و پرسی ناسنامە کە لە بەرهەمەکانی ئاگۆتا کریستۆفدا بەرچاون و هەروەها لە ئەدەبیاتی هاوچەرخی دونیادا برەیان هەیە."

ڕۆژنامەی ئێکسپرێس | هەینی، ٦ فێورییەی ٢٠١٥

۱۳۹۴/۱۱/۲۲

دوو هاوڕێ


گی دۆ مووپاسان
وەرگێڕانی لە فەرەنسییەوە: سەلاحەدین بایەزیدی
 
قات و قڕی و نه‌هامه‌تی ده‌سته‌ویه‌خه‌ی پاریس ببوون. بگره‌ چۆله‌که‌ی سه‌ربانه‌کان و جرج و مشکی ناو زێرابه‌کانیش که‌م ببوونه‌وە. خه‌ڵک چییان ده‌ست بکه‌وتایه‌، ده‌یانخوارد.
به‌ره‌به‌یانێکی ساوی مانگی ژانوییه‌، میسیۆ مۆریسۆی سه‌عات‌ساز، خه‌مبار و بێکار، ده‌سته‌کانی خستبوه‌ نێو گیرفانی پانتۆڵه‌ قوڵە سەربازییەکه‌ی و به‌ زگێکی برسی، درێژایی شه‌قامی ده‌پێوا. کتوپڕ تووشی به‌ تووشی هاوکار و هاوڕێیەکی هات. میسیۆ سۆوڤاژ بوو، ئاشنایەکی لێوار ئاو و ڕاوه‌ ماسی.
به‌ر له‌ هه‌ڵگیرسانی جه‌نگ، هه‌موو ڕۆژانی یه‌کشه‌ممه‌، لەگەڵ کازیوەی بەیانی، مۆریسۆ قولاپێکی دارحه‌یزه‌رانی بە دەستەوە دەگرت و قوتوویەکی ته‌نه‌که‌شی بە کۆڵدا دەدا و ده‌چوو بۆ ڕاوه‌ماسی. سواری شه‌مه‌نده‌فه‌ری "ئارژەنتۆی" ده‌بوو و له‌ "کۆلۆمب" داده‌به‌زی، پاشان به‌ پێ، خۆی ده‌گه‌یانده‌ "دوورگەی مارانت". هه‌ر که‌ ده‌گەیشتە ئەم شوێنەی خه‌ونه‌کانی، دەستی دەکرد بە ڕاوەماسی و تا تاریکانی شه‌و، له‌وێ ده‌مایه‌وە.
هه‌موو یه‌کشه‌ممه‌یه‌کیش، چاوی به‌ پیاوێکی کورته‌باڵا و خه‌په‌ و دەم بە بزە ده‌که‌وت به‌ ناوی میسیۆ سۆوڤاژ، که‌ له‌ شه‌قامی "نۆتردام دۆ لۆرێت"، جلی پیاوانی ده‌فرۆشت و ماسیگریکی شێلگیر بوو. ئه‌وان به‌ گشتی نیوه‌ی ڕۆژیان شان به‌ شانی یه‌کتری تێده‌په‌ڕاند، قولاپ به‌ ده‌ست و، لاق شل و وێڵ لەسەر ئاو؛ به‌مجۆره‌ ‌ببوونه‌ هاوڕێی گیانی به‌ گیانی یه‌کتری.
هه‌ندێ ڕۆژ، متەقیان لێوە نەدەهات. جار جارە پێکەوە دەدوان؛ بەڵام یەکتریان باش دەخوێندەوە، بێ ئه‌وه‌ی شتێک بڵێن، ئەخر هه‌ستی یەکسان و چێژی هاوبەشیان هەبوو.
به‌یانی ڕۆژانی به‌هار، ده‌وروبه‌ری سه‌عات ده‌، ئه‌و ساتانه‌ی یه‌که‌مین تیشکۆڵه‌کانی خۆر، مژێکی سووکی - کە لەگەڵ ڕەوتی ئاوەکە دەچووە پێش - لەسەر ئەم چۆمە ئارامە بەرز دەکردەوە و پشتی دوو ماسیگره‌ هۆگره‌که‌ی گه‌رم دادێنا، مۆریسۆ جار جارە به‌ هاوسێکه‌ی ده‌گوت: "هۆی! چ که‌ش و هه‌وایەکی دڵنشینه‌!" میسیۆ سۆوڤاژیش وڵامی دەدایەوە: "لەمە باشترم پێ شک نایە." ئه‌م چه‌ند ڕسته‌یه‌ش به‌س بوو بۆ ئه‌وه‌ی لێک تێ بگه‌ن و ستایشی یه‌کتری بکه‌ن.
پاییزان، بەرە بەری کۆتایی ڕۆژ، کە خۆری دەمەوئاوابوون، ئاسمانی خەڵتانی خوێن دەکرد، دیمەنی هەورە سوورە مەیلەو زەردەکانی دەخستە نێو ئاوەکەوە، گشت ڕوبارەکەی ئاڵ ئاڵ دەکرد، ئاسۆی دەبریسکاندەوە، مەودای نێوان دوو هاوڕێکەی وەک ئاگر سوور هەڵدەگەڕاند و ‌ئەو دارانەی زێڕوەشان دەکرد کە لە ئێستاوە ڕەنگیان گۆرابوو و یه‌که‌مین کزه‌باکانی زستان ڕووتاندبوونییەوە، میسیۆ سۆوڤاژ، به‌ ده‌م بزه‌وه‌، ڕووی له‌ مۆریسۆ ده‌کرد و ده‌یگوت: "چ دیمه‌نێکی سەرنج ڕاکێشە!" مۆریسۆیش بێ ئه‌وه‌ی چاوی له‌سه‌ر قولاپه‌که‌ی هه‌ڵبڕێ، بە تاساوی وڵامی دەدایەوە: "ئێره‌ له‌سەر جادە زۆر باشترە، وا نییه‌ دەنا؟"
هەر کە یەکتریان ناسییەوە، بە هەموو هێزەوە، دەستی یەکتریان گووشی، کەتبوونە ژێر کاریگەریی یەکتربینین لە هەلومەرجێکی وا جیاوازدا. میسیۆ سۆوڤاژ، هەناسەیەکی هەڵکێشا و لەبەر خۆیەوە گوتی: "تۆ سەیری ئەو ڕووداوانە!" مۆریسۆش، کز و غەمبار کڕووزایەوە: "ئەی ئەو کەش و هەوایە! ئەمە یەکەمین ڕۆژی خۆشی ساڵە."
ئەوەی ڕاستی بێ، ئاسمان شین شین و تا بڵێی ساو بوو.
پێ بە پێی یەک، خەفەتبار و دۆشداماو، ملی ڕێگەیان گرت، مۆریسۆ گوتی: "ئەی ڕاوەماسی؟ وا نییە؟ چ خۆشن ئەو بیرەوەرییانە!"
میسیۆ سۆوڤاژ پرسی: "کەی دیسان لەوێ یەک دەگرینەوە؟"
خۆیان بە قاوەخانەیەکی بچووک داکرد، ئارەقێکی "ئابسەنت"یان خواردەوە و لەسەر شۆستەکان درێژەیان بە پیاسەکردن دا.
مۆریسۆ کتوپڕ ڕاوەستا: "دەڵێی چی پەرداخێکی تریش بخۆینەوە؟"
میسیۆ سۆوڤاژ قسەکەی ڕەت نەکردەوە: "هەر چۆنێ پێتان خۆش بێ."
ئینجا سەریان بە دووکانێکی تری شەراب فرۆشیدا کرد.
کە هاتنە دەرەوە، سەریان لە گێژەوە دەهات، لەتریان دەدا، وەک ئەو گەنجانەی تا بینەقاقا کهۆڵ دەخۆنەوە. هەوایەکی فێنکی هەبوو. شنەبایەکی لاوێنەر، ڕووخساریانی قدیلکە دەدا.
میسیۆ سۆوڤاژ کە هەوا فێنکەکە زیاتر سەری گەرم دادێنا، لە جێی خۆی ڕاوەستا: "پێت چۆنە بچین؟
- بۆ کوێ؟
- کوڕە بۆ ڕاوەماسی.
- ئەخر بچینە کوێ؟
- دوورگەکەی خۆمان. مەتەرێزەکانی پێشەوەی فەڕەنسا لە تەنیشت کۆلۆمبن. من کۆلۆنێل دووموولەن دەناسم؛ زۆر بە سانایی دەهێڵن دەرباز بین."
مۆریسۆ لە خۆشییان هەڵلەرزی: "قسەی تێدا نییە. لەگەڵتام."
پاشان لێک هەڵبڕان تاکوو کەلوپەلەکانیان هەڵگرن.
سەعاتێک دواتر، شان بە شانی یەکتری بەسەر شاڕێگەدا ڕۆیشتن. ئەوسا گەیشتنە بەردەم ئەو ڤێلایەی کۆلۆنێل دەستی بەسەردا گرتبوو. ئەو پێکەنینی بە داواکەیان هات و ڕەزامەندی خۆی دەربڕی. ئەوان بە خۆیان و وشەیەکی نهێنییەوە، دیسان کەوتنەوە ڕێ.
زۆری نەخایاند مەتەرێزەکانی پێشەوەیان تێپەڕاند، بە کۆلۆمبدا ڕۆیشتن کە پەپوو لێی دەخوێند و خۆیان لە داوێنی ڕەزێکی بچووکدا دۆزییەوە کە بەرەو "سێن" شۆڕ دەبۆوە. دەوروبەری سەعات یانزە بوو.
لە بەرامبەریان، ئاوایی ئارژەنتۆی دەتگوت مردووە. بەرزاییەکانی "ئۆرژۆمۆن" و "سانوا" بەسەر گشت وڵاتدا زاڵ بوون. ئەو دەشتە هەراوەی تا "نانتێر" پان دەبۆوە، چۆل بوو، چۆل و هۆل لەگەڵ دارگێلاسە ڕووتەڵە و خاکە خۆڵەمێشی ڕەنگەکەی.
میسیۆ سۆوڤاژ، بە قامک ئاماژەی بە ترۆپکی چیاکان کرد و لەبەر خۆیەوە گوتی: "پرووسەکان لەوێن." لە بەردەم ئەم دیمەنە کڕ و کپەدا، ترس و دڵەڕاوکێ سەراپای گیانی ئەو دوو هاوڕێیەی داگرتبوو.
"پرووسەکان!"، ئەوان هەرگیز نەیانبینیبوون، بەڵام لە چەندین مانگ لەوە پێشەوە، لەوێ، لە دەوروبەری پاریس، هەستیان پێدەکردن کە لە پشت پەردە و بە هەموو هێزەوە، خەریکی کاولکردنی فەڕەنسا، تاڵان، قەتڵوعام و برسی هێشتنەوەی خەڵک بوون. ئێستا جۆرێک ترسی درۆیینیش بەو ڕقەوە زیاد ببوو کە ئەوان سەبارەت بەم نەتەوە نامۆ و سەرکەوتووە هەیانبوو.
مۆریسۆ بە لاڵەپەتی گوتی: "هۆی! ئەی ئەگەر هات و تووشیان بووین؟"
میسیۆ سۆوڤاژ، بە گاڵتە و جەفەنگێکی پاریسییانە کە قەت پاشەکشە ناکا، وەڵامی دایەوە:
"فەرموویان دەکەین بۆ ماسییەکی برژاو."
بەڵام لە نزیکبوونەوەی گوند دڕدۆنگ بوون، لەو بێدەنگییەی ناوچەکەی داگرتبوو، ترسیان ڕێ نیشتبوو.
دواجار، میسیۆ سۆوڤاژ خۆی یەکلایی کردەوە: "دەی، با بڕۆین! بەڵام با ئاگادار بین."
دوو بە دوو بۆ نێو ڕەزێک شۆڕ بوونەوە، بە خشکە خشک و لەسەر چۆک، بە خۆحەشاردان لە نێو مێوەکان، بە چاوی کراوە و گوێی شل ڕۆیشتنە پێش.
پارچە خاکێکی ڕووتیان لەبەردەم مابۆوە تاکوو خۆیان بگەیەننە لێواری چۆمەکە. دەستیان بە هەڵاتن کرد و هەر کە گەیشتنە کەناری ئاوەکە، خۆیان خزاندە نێو قامیشە وشکەکانەوە.
مۆریسۆ، گوێچکەی بە عەرزەکەوە نا بۆ ئەوەی بزانێ دەنگێ پێ لە دەوروبەر دەبیستێ یان نا. هیچی نەبیست. بە تەنیا خۆیان بوون، تەنیا خۆیان.
دڵنیا بوون و دەستیان بە ڕاوەماسی کرد.
لە بەرامبەریان دوورگەی مارانتی چۆلکراو، ئەوانی لە لێوارەکەی تر دەشاردەوە. ئەو ماڵە بچووکەی کرابووە چێشتخانە، داخرابوو و وێدەچوو چەندین ساڵ بێ وازی لێ هێنرابێ.
یەکەم ماسی، میسیۆ سۆوڤاژ گرتی، دووهەم ماسی مۆریسۆ، چرکە بە چرکە قولاپەکەیان بە ئاژەڵێکی بچووکی بریقەدارەوە بەرز دەکردەوە کە بە سەری داوەکەوە پەلەقاژەی دەکرد؛ ڕاوەماسییەکی ڕاستەقینە و موعجیزەئاسا.
ماسییەکانیان بە هێمنی دەخستە نێو کیسەیەکی تۆڕی کوون ورد کە لە بن پێیان دانرابوو. شادییەکی چێژبەخش بەسەریاندا زاڵ ببوو، شادییەکی ئەوتۆ کە سەراپای گیانت دەگرێتە بەر، وەک ئەوەی بەسەر چێژێکی خۆشدا بکەویتەوە کە ماوەیەکی زۆر لێی بێبەش بووی.
خۆر، تینەکەی بەسەر شان و پێلیاندا دەڕژاندە خوارەوە؛ ئیتر گوێیان لە هیچ نەبوو؛ بیریان لە هیچ شتێک نەدەکردەوە؛ دونیایان بە یەکجاری فەرامۆش کردبوو و خەریکی ڕاوەماسی بوون.
وەلێ کتوپڕ دەنگێکی کپ کە وێدەچوو لە بن خاکەوە بێ، عەردی ژێر پێیانی لەرزاند. گرمەی تۆپەکان دەستی پێ کردبۆوە.
مۆریسۆ سەری وەرسووڕاند و لەولا، لە سەرووی لێوارەکە، بە لای چەپەوە تاپۆی سامناکی چیای "والێریەن"ی بینی کە پەڵەی سپی و مژێک لە باڕووت لە نێو قەدەکەی پەرش دەبۆوە.
پاشان لە چرکەیەکدا، چڕە دووکەڵێک لە ژوور قەڵاوە ڕۆیشتە دەر و چەند سات دواتر، تەقینەوەیەکی نوێ بیسترا.
ئینجا، هی تر بە دوایدا هاتن و سات بە سات، چیاکە هەناسەی مەرگی هەڵدەکێشا و، پەڵە مەیلە و خۆڵەمێشییەکانی دەدایە دەرەوە کە بە شێنەیی بەرەو ئاسمانی مەنگ بەرز دەبوونەوە و هەورێکیان لە ژوور سەری دروست دەکرد.
میسیۆ سۆوڤاژ شانەکانی هەڵتەکاند و گوتی: "فەرموو، دەستیان پێکردەوە."
مۆریسۆ کە بە نیگایەکی شەمزاو دەیڕوانییە بەرزی و نزمی قولاپەکەی، لەناکاو وەک پیاوێکی هێمن ‌کە دژ بەم شێتانە هەڵبچێ کە ئاوا دەستەویەخەی یەکتری بوون، گلەیی کرد: "دەبێ زۆر دەبەنگ بن کە ئاوا یەکتری دەکوژن."
میسیۆ سۆوڤاژ گوتی: "لە ئاژەڵ خراپترن."
مۆریسۆش کە دڵی گیرابوو، گوتی: "دە بڵێ هەتا ئەو حکومەتانە هەبن، دەبێ ئەوە حاڵمان بێ."
میسیۆ سۆوڤاژ هەڵیدایە: "کۆمارەکەمان شەڕی ڕانەدەگەیاند…"
مۆریسۆ قسەکەی پێ بڕی: "لەگەڵ پاشاکان لە دەرەوە شەڕمانە و لەگەڵ کۆماریش لە نێوخۆدا."
ئەوان بە ئارامی باسەکەیان دەست پێکرد، بە لۆژیکێکی تەندروستی پیاوە نەرم و نیانەکان، پەنجەیان خستە سەر گرفتە گەورە سیاسییەکان و لەسەر ئەو خاڵە کۆک بوون کە مرۆڤ هیچکات ئازاد نابێ. چیای ڤالێریەن، بێ پسانەوە گرمەی لێوە دەهات، ماڵە فەڕەنسییەکان بە زەبری تۆپ خاپوور دەبوون، ژیانەکان دەفەوتان، بوونەکان لە نێو دەچوون، خەونەکان، خۆشییە چاوەڕوانکراوەکان، بەختەوەرییە بە ئاوات خوازراوەکان کۆتاییان پێ دەهێنرا و کۆمەڵێک ڕەنج و نەهامەتی بێ بڕانەوە لە نێو دڵی ژنان، لە نێو دڵی کچان، لە نێو دڵی دایکانی ئێرە و شوێنەکانی تر دەچێندران.
"ژیان ئاوایە"، میسیۆ سۆوڤاژ وای گوت.
"باشترە بڵێی مردن ئاوایە"، مۆریسۆ بە پێکەنینەوە گوتی.
بەڵام هەستیان کرد کەسانێک لە پشت سەریان دەڕۆن و شڵەژاوانە ڕاچەنین؛ کە ئاوڕیان دایەوە، لە تەنیشتیان چوار پیاو، چوار پیاوی کەڵەگەت و ڕیشنیان بینی کە وەک خزمەتکارەکان جلیان پۆشیبوو، کڵاوێکی پانیان لەسەر کردبوو و لوولەی تفەنگەکانیان لەوان گرتبوو.
دوو قولاپەکە لە دەستیان بەربوونەوە و کەوتنە نێو چۆمەکەوە.
لە ماوەی چەند چرکەیەکدا، گیران، قۆڵبەست کران، بران، خرانە نێو بەلەمێک و ڕەوانەی دوورگەی مارانت کران.
لە پشت ئەو ماڵەی هەستیان دەکرد چۆل کراوە، چاویان بە نزیکەی بیست سەربازێکی ئاڵمانی کەوت.
پیاوێکی دێوئاسای ڕیشن کە وەک سواری ئەسپ بووبێ، لەسەر کورسییەک دانیشتبوو و مۆدنەیەکی گوڵداری دەکێشا، بە فەڕەنسییەکی پەتی لێی پرسین: "ئادەی پێم بڵێن کاکینە، ماسیتان زۆر گرتووە یان نا؟"
ئینجا سەربازێک توورەکە پڕ لە ماسییەکەی لە بن پێی ئەفسەرەکە بە عەرزیدا دا کە تا ئەوێ بە پارێزەوە هەڵیگرتبوو. ئەفسەرە پرووسیەکە پێکەنی: "باشە باش! دەبینم خراپ نییە. بەڵام با بچینە سەر باسێکی تر. گوێم لێ بگرن و مەشڵەژێن.
"لە ڕوانگەی منەوە، ئێوە دوو سیخوڕن و نێردراون بۆ ئەوەی چاودێریم بکەن. دەتانگرم و گولـلەبارانتان دەکەم. ئێوە وا دەنوێنن کە خەریکی ڕاوەماسین تاکوو بەرنامەکانتان باشتر بەڕێوە بەرن. ئێستاش کەوتوونەتە ژێر چنگمەوە؛ بەداخەوە بۆ ئێوە، ئیتر ئەمە جەنگە.
"بەڵام بە حوکمی ئەوەی ئێوە مەتەرێزەکانی پێشەوەتان تێپەڕاندووە، بە دڵنیاییەوە وشەیەکی نهێنیتان بۆ گەڕانەوە پێیە. ئەم وشە نهێنییەم پێ بدەن و دەتانبوورم.
دوو هاوڕێکە کە لە ترسان ڕەنگیان ڕەش هەڵگەڕابوو و دەستیان کەمێک دەلەرزی، لە تەنیشت یەک بێدەنگ ڕاوەستابوون.
ئەفسەرەکە بەردەوام بوو: "کەس هەرگیز بەمە نازانێ، ئێوە بێ سەرئێشە دەگەڕێنەوە. ئەگەر بێت و ڕەتی بکەنەوە، ئەوا دەسبەجێ دەمرن. مافی هەڵبژاردن بە ئێوەیە."
ئەوان بێ ئەوەی زار لێک بکەنەوە، هەروا بێدەنگ و مات ڕاوەستابوون.
ئەفسەرە پرووسییەکە، هەمدیس خوێنسارد، قامکی بەرەو ڕووبارەکە ڕاداشت و تێ هەڵبۆوە: "بێننە بەرچاو کە لە ماوەی پێنج خوولەکدا لە نێو قووڵایی ئاوەکە دان. پێنج خوولەک! بێگومان دەبێ کەسوکارتان هەبێ!"
چیای ڤالێریەن هەروا گرمەی دەهات.
دوو ماسیگرەکە ڕاوەستابوون و نقەیان لێوە نەدەهات. ئاڵمانییەکە بە زمانی خۆی کۆمەڵێک فەرمانی دەرکرد. پاشان شوێنی کورسییەکەی گۆڕی بۆ ئەوەی لە دوو بەندکراوەکە زۆر نزیک نەبێ؛ دوانزە پیاویش هاتن بیست هەنگاو ئەولاتر و چەک بە دەست جێگیر بوون.
ئەفسەرەکە گوتی: "خولەکێکتان مۆڵەت پێ دەدەم، بێ چرکەیەک کەم و زیاد."
پاشان لەناکاو هەستایە سەر پێ، لە دوو فەڕەنسییەکە نزیک بۆوە، پڕی دایە قۆڵی مۆریسۆ، دووری کردەوە و بە دەنگێکی نزم پێی گوت: "خێراکە، وشەی نهێنی. هاوڕێکەت هەرگیز پێ نازانێ، وا دەنوێنم بەزەییم نواندووە."
مۆریسۆ وەڵامی نەدایەوە.
ئەوسا ئەفسەرەکە میسیۆ سۆوڤاژی بردە سووچێک و هەمان پرسیاری لێکرد.
میسیۆ سۆوڤاژ وڵامی نەدایەوە.
دیسان خۆیان لە پەنا یەکتری بینیەوە.
ئەفسەرەکە فەرمانێکی دا و سەربازەکان چەکەکانیان بەرز کردنەوە.
لەو ساتەوەختەدا، نیگای مۆریسۆ بە هەڵکەوت کەوتە سەر کیسە پڕ لە ماسییەکە کە چەند هەنگاو ئەولاتر لەسەر گژوگیا دانرابوو.
پووڵەکەی ماسییەکان کە هێشتا دەجوڵانەوە لە ژێر تیرێژی خۆردا دەبریسکانەوە. ئینجا هێزی ئەژنۆی شکا. هەرچەند هەوڵی دا پێش بە خۆی بگرێ، بەڵام نەیتوانی و چاوەکانی پڕ بوون لە فرمێسک.
بە لاڵەپەتی گوتی: "ماڵئاوا، میسیۆ سۆوڤاژ."
میسیۆ سۆوڤاژ وڵامی دایەوە: "ماڵئاوا، میسیۆ مۆریسۆ."
دەستی یەکتریان گووشی. لە نووکی پێ تا تەوقی سەریان وەک مێوژۆکە دەلەرزی.
ئەفسەرەکە گوڕاندی: "تەقە بکەن!"
دوانزە گولـلە وەک ئەوەی یەک گولـلە بن، بە یەکەوە تەقێنران.
میسیۆ سۆوڤاژ لە چاوتروکانێکدا بە لووت کەوتە سەر عەرز. مۆریسۆ کە کەڵەگەتتر بوو، لە کاتێکدا ڕووی لە ئاسمان بوو و خوێن لە کونێکی چاکەتەکەی سەر سینگییەوە فیچقەی دەکرد، لاترەی بەست، بە لادا هات و بە پێچەوانەوە، بەسەر هاوڕێکەیدا کەوت.
ئاڵمانییەکە هەمدیس فەرمانی دەرکرد.
پیاوەکانی ون بوون، پاشان بە چەند تەناف و کۆمەڵێک بەرد گەڕانەوە، لە قاچەکانی دوو مردووەکەیان قایم کردن و بردیاننە قەراخ ڕووبارەکە.
چیای ڤالێریەن هەروا گرمەی دەهات و چڕەدووکەڵ بەسەر دوندەکەیەوە وەک هەوری لێهاتبوو.
دوو سەرباز، مۆریسۆیان بە سەر و قاچ هەڵگرت؛ دوو دانەی تریش، میسیۆ سۆوڤاژیان بە هەمان شێوە بەرز کردەوە. جەستەکان لە چاوتروکانێکدا، ڕاژێنران و بە هەموو هێزەوە بۆ مەودایەکی دوور فڕێ دران، جەستەکان لە حەودا کەوانەیەکیان دروست کرد، پاشان کەوتنە نێو ڕووبارەکەوە، سەرەتا لەسەر ئاوەکە مانەوە و ئینجا بەردەکان لەگەڵ خۆیاندا لاقەکانیان نوقمی نێو ئاوەکە کرد.
ئاوەکە شڵپەی هات، زاری لێک کردەوە، بۆ دەوروبەر بڵاو بۆوە، دواجار، پاش ئەوەی شەپۆلە وردەکانی سەریان لە کەنارەکان دا، ئارام بۆوە.
کەمێک خوێن سەر ئاو کەوت.
ئەفسەرەکە کە خۆی بێدەنگ کردبوو، بە ئەسپایی گوتی: "ئێستا نۆرەی ماسییەکانە."
پاشان بەرەو ماڵێ بەڕێ کەوتەوە.
کتوپڕ لە نێو گژوگیادا، چاوی بە کیسە پڕ لە ماسیییەکە کەوت. هەڵیگرتەوە، چاوێکی پێدا خشاند، پێکەنی، گوڕاندی: ''ویلهێلم!"
سەربازێک بە پێشبەندێکی سپی خۆی گەیاندێ. ئەفسەرە پرووسیەکە، نیچیری دوو پیاوە گولـلەباران کراوەکەی بۆ فڕێ دا و ئەمری کرد: "خێرا ئەو ئاژەڵە چکۆلانەم بۆ ببرژێنە، هەتا زیندوون. دەبێ بە چێژ بن."
پاشان دەستی کردەوە بە مۆدنەکێشان.

ئەم چیرۆکە لە ژمارە یەکی گۆڤاری ئیلیان-دا چاپ و بڵاو بۆتەوە.