۱۳۹۵/۰۵/۰۶

ڕەشبینی و نۆستالژیا


وەرگێڕ لە فەرەنسییەوە: سەلاحەدین بایەزیدی
ئاگۆتا کریستۆف، نووسەری "دەفتەری گەورە"، ساڵی ١٩٣٥ لە چیکڤاندی هەنگاریا لەدایک بووە و ڕۆژی ٢٧ی ژوییە لە تەمەنی ٧٥ ساڵی لە شاری نۆشاتێلی سوییس کۆچی دوایی کردووە. ساڵی ١٩٥٦ هەنگاریای کۆمۆنیستی جێهێشتووە و لە سوییس نیشتەجێ بووە و لە کارگەیەکی سەعات سازی کاری کردووە.  کتێبەکانی بۆ زیاتر لە سی زمانی دونیا وەرگێڕدراون. ناوبراو ساڵی ٢٠٠٥، بە چاپی کتێبی "جیاوازییەکی ئەوتۆی نییە" کە کۆمەڵێک دەقی کۆنن و لە ماوەی چل ساڵدا نووسراون، بۆ هەمیشە وازی لە نووسین هێناوە و نەیتوانیوە کتێبە نوێیەکەی تەواو بکا. لەم وتوێژەی خوارەوەدا وەڵامی پرسیارەکانی دیدیێ ژاکۆبی داوەتەوە کە لە سوییس ئەم چاوپێکەوتنەی لەگەڵ ئەنجام داوە.

تیک-تاکی سەعاتی دیوار لەو ئاپارتمانە تاریکەدا دەبیسترێ کە ئەم ژنە ڕۆماننووسە تیایدا بێدەنگ بووە. ئاگۆتا کریستۆف نووسەرێکە لە قسەکردندا هەژارە. خوڵقێنەری "دەفتەری گەورە" کە لە ساڵی ١٩٨٦دا بە دونیای دەناسێنێ، وەک کچی بێکێت و سیۆران، تینووی ڕستەی قەبە و مانای گەورە نییە.
دوایین کتێبی "جیاوازییەکی نییە" لە کۆمەڵێک دەقی کۆن پێک دێ کە لە ئەرشیڤی کتێبخانەی "بێرن" دۆزراونەتەوە، هەندێک دەقی ریالیست و پووچگەران کە وێدەچێ چل ساڵ لەمەوپێش فڕێ درابنەتە نێو سندووقی پۆستەوە و پۆستەچی هەڵیگرتبنەوە. 
ئاگۆتا کریستۆف ئەو کچەی ساڵی ١٩٣٥ لە گوندێکی بچکۆلانەی هەنگاریا لەدایک بووە، چۆن توانیویەتی بگاتە ئەو ئاستە؟ ئاگۆتا لە نێو مریشک و قاز و مراویدا، لە نێو مەزرایەکی دوور لە ئاسوودەیی - بێبەری لە کارەبا، تەلەفۆن، ئاوی خاوێن و نانی ڕۆژانە - گەورە بووە. لەگەڵ جەنگدا، مناڵێتی برسییەتی، بەڵام خۆشەویستی دڵەکزە و ژانی گەدە دەڕەوێنێتەوە:
"شەش ساڵم تەمەن بوو. ئاشقی قەشە ببووم کە بەردەوام دەهاتە ماڵمان. ئەو بێ ڕادە خۆشی دەویستم و بەڵێنی پێ دابووم کە گەورە بووم زەماوەندم لەگەڵ بکا. بەڵام لەگەڵ کەسێکی تردا زەماوەندی کرد. بە خۆمم گوت: تەنانەت قەشەکانیش درۆ دەکەن. هەستێکی سامناک بوو."
ئاگۆتا دەبێتە کوڕیژگەیەک و دەکەوێتە ژێر کاریگەریی دەسەڵاتی براگەورەکەی، خۆشەویستێکی هەمیشەیی تری. "براگەورەکەم تەمبێمانی دەکرد. تەنانەت هەندێک خراو بوو. خۆشمان دەویست." چونکە باوکی ئاگۆتا هەرگیز بۆ ئەو باوک نەبوو. "بابم مامۆستا بوو. کتێبی دەخوێندەوە و دەینووسی: بەردەوام لە ژوورەکەی خۆی بوو. کەسێکی جددی بوو." لە دوایین چیرۆکی کتێبی "جیاوازییەکی نییە"، ئاگۆتا ئەم گۆشەگیرییە تاڵە دێنێتەوە بیر کە هەرگیز حەزی لێ نەبووە: "باوکم لە هیچ کوێ دەست لە نێو دەستی مندا پیاسەی نەکردووە."
ئاگۆتا کریستۆف لە تەمەنی نۆ ساڵیدا لە شارۆچکەیەک نیشتەجێ دەبێ کە دواتر دەبێتە شاری نێو "دەفتەری گەورە". بە درێژایی چەندین ساڵ، یان بەدفەڕی دەکا یان لەگەڵ براکەی خەریکی خوێندنەوە دەبێ. "ئەمە دایکمی وە گریان دێنا کە ئیرەیی بە خۆشەویستی ئێمە بۆ کتێب دەبرد."
لە تەمەنی چاردە ساڵیدا دەچێتە قوتابخانەیەکی شەوانە لە بیست کیلۆمەتری ئەو شارە. "دابڕانێکی دژوار بوو. مافی ئەوەمان نەبوو بچینە دەرێ، بەڵام من ڕۆژانی یەکشەممە ڕامدەکرد و دەگەڕامەوە ماڵێ." بەردەوام گەڕانەوە، بەڵام هەمیشە وازهێنان لە هەموو شتێک. کارەساتیی تا هەتایی ئاگۆتا کریستۆف.
زۆری پێناچی ساڵی ١٩٥٦ شۆڕش سەرکوت دەکرێ. مێردی ئەو ژنە گەنجە بۆ ماوەی دوو ساڵ لە یەکێتی سۆڤییەت دەکەوێتە گرتووخانەوە. دواجار بڕیار دەدا بە نێو لێڕەواردا بەرەو ئوتریش ڕابکا. ئاگۆتا کریستۆف بە کۆرپە چوار مانگەکەی نێو باوەشییەوە، هەموو شتێک بەجێ دێڵێ. لە ماوەی ساڵانی شۆڕشدا، ڕووسەکان شوێنی سنوورپارێزەکان دەگرنەوە، ئەوان تەقە لە حەوا دەکەن بەڵام ئەو تاپۆیانەی بەرەو ئەو هێڵە دەخووشن کە ناوی لێ نراوە "سنوور"، گوێیان بەم تەقانە نابزوێ.
ئەوسا ئاگۆتا و بنەماڵە گچکەکەی دەگەنە سوییس. "من بە دڵی خۆم هەڵنەهاتووم. ئەگەر زانیبام بۆ هەتا هەتایە دەمێنمەوە، زێدی خۆمم جێ نەدەهێشت. لەم هەڵبژاردەیە پەژیوانم." ڕستەکە دەکەون، وەک کاغەزێک کە بکەوێتە نێو قەرتاڵەی ژیانەوە. "کارەساتە"، وا دەڵێ. بەڵام ئەی ئازادیی ڕادەربڕین؟ "من لێرە باشتر نەبووم."
ئەی بۆچوونی سەبارەت بە هاتنی بۆ نۆشاتێل، ئەو شارەی مێردەکەی بوورسێکی زانکۆی لێ وەرگرت و ئێستاش هەروا لەم شارە دەژی: "سەرەتا، لە گوندێک ماڵێکی بچووکمان هەبوو و منیش لە کارگەیەکی سەعات سازیدا ئیشم دەکرد. لە هەنگاریا خراپتر بوو. تەنانەت کاتی ئەوەم نەبوو بنووسم. شەوانە پاش خەواندنی مناڵەکان و پاک و خاوێنی، چەند شیعرێکم دەنووسی." سوییس وڵاتی ئازارەکانیەتی.
ئێستا هەست ناکەن لە سوییس باشترن؟ بە کورتی وەڵام دەداتەوە "خراپ نییە". دەیتوانی بڵێ: "جیاوازییەکی نییە"، هەروەک سەردێڕی بەرگی ئەو کتێبەی ئەم ڕۆژانەی دوایی چاپی کردووە. ئەم سەردێڕە هی کتێبەکەیە یان هی ژیانی؟ "حەزم لەم شێوازی دەربڕینەیە. یانی: پەیوەندیی بە منەوە نییە. من ڕەشبین لەدایک بووم. تەنانەت کە مناڵ بووم، تێنەدەگەیشتم بۆچی خەڵک پێدەکەنن. کاتێ دەمبینی دایک و باوکم پێدەکەنن لۆمەم دەکردن."
ڕەشبینی و نۆستالژیا. تەنانەت شاکارەکەی ئاگۆتا کریستۆف "دەفتەری گەورە"یش لە ژێر سێبەری ئەمانەدا نووسراوە: دوابەدوای گێڕانەوەی ژیانی کچێنی بۆ مناڵەکانی بیرۆکەی نووسینی کۆمەڵێ بابەتی کورتی لەسەر جەنگ بە مێشک دەگا. سێ ڕۆمان دەنووسێ، پاشان شانۆنامەیەک، بەسەرهاتی ژیانی خۆی و دواجار "جیاوازییەکی نییە".
ئەی ئەمڕۆ؟ ئاگۆتا دەنووسێ بێ ئەوەی بنووسێ. "چەندین جار لەسەر یەک بەشێک دەنووسمەوە، بەڵام باش دەرنایە. پاشان دەست بە نووسینی بەشێکی تر دەکەم، بەڵام ئەمەش ئەو شتە نییە کە دەمەوێ. پێم وایە لە چاو ڕابردوو چاوەڕوانیم زۆر زیاترە." بزەیەکی سارد و پاشان ئەم دانپێدانانە: "ڕقم لە شێوازی نووسینەکەمە." ئەمجارەیان هەوڵ دەدا بە شێوەی کچۆڵەیەکی ئەڤیندار خۆ بنوێنێ. کتێبەکە ئەگەر ڕووناکی ژیان ببینێ ناوی "ئاگلائێ لە نێو کێڵگەکاندا" دەبێ. بەڵام زۆر هیوای بەوە نییە تەواوی بکا.
ئاگۆتا بە دەست دەنووسێ، لە نێو کۆمەڵێک دەفتەری جیاوازدا. هەڵەیەک و دەفتەرێکی نوێ. "دەبێ هەموویان سەر لە نوێ بخوێنمەوە." ئەو کارە ناکا. لە خۆی ڕا نابینێ. ئەی ئەگەر بێ ئەوەی هەست پێ بکا، کتێبەکەی تەواو بێ؟ پێدەکەنێ. بێگوناهییەکی کەمێک خەیاڵی، وەک ئەوەی لەناکاو پارچە مۆسیقایەکی بێدەنگی بژەنێ: "بەڵێ، زۆر باش دەبێ."

ئەم وتارە لە ژمارە یەکەمی گۆڤاری "بیروهزر"دا بڵاو بۆتەوە.

۱۳۹۵/۰۵/۰۵

وتوێژێک لەگەڵ بەشی تورکی ئاژانسی فرات



نۆشاتێل/ ئاژانسی فرات – سەرکان دێمیرێل

جارجارە قەڵەم دەگریتە دەست و دەتەوێ بە ڕۆمان، هەقایەت و چیرۆک ژیانی مەنفا بگێڕیتەوە، جارجارەش ئەوە مەنفایە بۆ گواستنەوەی فەرهەنگ و وێژە جیاوازەکان بۆ وڵاتەکەی خۆت پردت بۆ ساز دەکا. سەلاحەدین بایەزیدی کە لەبەر هۆکارگەلی سیاسی ناچار بووە ڕۆژهەڵاتی کوردستان جێ بهێڵێ و لە سویس لە مەنفا دەژی، لە زمانی فەرەنسییەوە کە دواتر فێری بووە، کتێب وەردەگێڕێ.
سەلاحەدین بایەزیدی کە بە هۆی کێشەگەلی سیاسییەوە ڕۆژهەڵاتی کوردستانی جێ هێشتووە، لە ساڵی ٢٠٠٧ بەولاوە بە ناچاری لە سوییس دەژی، لە مەنفا ناچار بووە زمانی فەرەنسی فێر بێ و لەو زمانەوە سێ کتێبی بۆ سەر زمانی دایکی واتە کوردی شێوەزاری سۆرانی وەرگێڕاوە، بەم شێوەیە دەیەوێ کەمێکیش بێ ئەدەبیاتی سوییس بۆ کوردستان بگوازێتەوە.
سەلاحەدین بایەزیدی کتێبەکانی "دەفتەری گەورە"، "بەڵگە" و "سێهەم درۆ"ی نووسەرێکی سوییسی بە ڕەچەڵەک هەنگاری کە بە فەرەنسی نووسیویەتی و وەک خۆی لە مەنفا ژیاوە، کردووەتە کوردی. لەم وتوێژەدا سەبارەت بە وەرگێڕان و ژیانی مەنفا قسەمان کرد.

دەکرێ هەندێک خۆتان بناسێنن؟  

خەڵکی ڕۆژهەڵاتی کوردستانم، مناڵیم و بەشێک لە گەنجێتیم لەوێ تێ پەڕیوە. وەک پارچەکانی دیکەی کوردستان، ئێمەش بە ساڵان لە هەموو ڕوویەکەوە لە بن گوشاری ڕژێمی ئاخوندی ئێران دابووین و خەڵکی ڕۆژهەڵات هێشتا لەو دۆخەدا دەژین. هیچ ئاسان نەبوو هەوڵ بدەین وەک کورد لە خاک و زێدی خۆمان بژین. ئێمەش لە هەموو ڕوویەکەوە هەستمان بە ترس لە ڕژێمی ئێران کرد، ئەم ترس و خۆفە لە زمانی دایک ڕا بگرە تا پاراستنی بەها فەرهەنگییەکانمان لە زۆر بوارەوە خۆی نواند و هەروا خۆی دەنوێنێ. هەر لە تەمەنی مناڵییەوە حەزم لە خوێندنەوە بوو. ئەو کاتانەی لە مەهاباد دەمخوێند، دەستم کرد بە خوێندنەوەی ئەدەبیاتی کلاسیکی دونیا. کە ئەو کتێبانەم بە فارسی دەخوێندەوە بەردەوام هەستم بە کەموکوڕییەک دەکرد و ئەودەم زۆرم بیر لەوە دەکردەوە بۆچی ئەم کتێبانە بە کوردی نین. هەر لەو تەمەنەوە بیرم لەوە دەکردەوە ئەگەر ڕۆژێک لە ڕۆژان دەرفەتێکم بۆ بڕەخسێ ئەم کتێبانە بۆ زمانی کوردی وەردەگێڕم. ئەوکات لە عێراقەوە گۆڤار و کتێبی کوردی بە دزی دەهاتن. هەرچەند خوێندنەوەیان قەدەغە بوو بەڵام هەرچەشنە مەترسییەکمان دەگرتە بەرچاو و ئەو کتێبانەمان دەست دەخست و دەمانخوێندنەوە. هەرچەند کوردی قسەکردن لە ئێران قەدەغە نەبوو بەڵام کەسێک ئەگەر کوردی باش بزانیبا و لە ژیانی ڕۆژانەدا زمانێکی پاراوی بەکار هێنابایە، بە جۆرێک لە جۆرەکان پەنجەی تۆمەتی بۆ ڕادەکێشرا. لە وەها فەزایەکدا ئەو شتانەی ڕژێم بەسەر تۆ و گەلەکەتیدا دەسەپێنێ، تا دێ بەرگەگرتنی بە لاتەوە ئەستەم تر دەبێ. هەلومەرجی ژیانی منیش بە هۆی ئەم چالاکییانەوە دژوار و مەحاڵ بوو.

ئەی پاشان چیتان کرد؟  

پاش تێپەڕاندنی چەند قۆناغێکی تر، ساڵی ٢٠٠٤ چوومە باشووری کوردستان و تا ساڵی ٢٠٠٧ لە ڕۆژنامەیەکی ڕۆژانەدا لەوێ کارم کرد. سەرەتا کە چوومە ئەوێ پێم وابوو ئاسانکارییەکی زۆرم لەبەردەمدا دەبێ. چونکە هەرچی بێ وڵاتی خۆم بوو و دەمتوانی خەیاڵی نووسینی هەواڵ و وتار بە زمانی دایک لە کردەوەدا پێک بێنم. ئەمە بە لای منەوە زۆر گرنگ بوو. لە ماوەی ئەو سێ ساڵەی کە لەوێ مامەوە، سەرەڕای ئەوەی چەندین جار داواکاریم بۆ مانەوە و نیشتەجێبوون پێشکەش کرد، بەڵام هیچ ماف یاخود ناسنامەیەکم پێ ڕەوا نەبینرا. بە واتایەکی دیکە لە وڵاتی خۆم سێ ساڵ بە قاچاغ ژیام. لەوێ ڕاشکاوانە بۆم دەرکەوت بۆ گەشەپێدان و پێشخستنی زمانی کوردی لە لایەن دەسەڵاتەوە هەوڵ و تەقەڵڵایەکی ئەوتۆ نادرێ. هاوکات لە باشووری کوردستان زیاتر کارم لەسەر زمانی تورکی کرد کە پێشتر ئاشناییەکی باشم لەگەڵیدا هەبوو و دەستم بە وەرگێڕانی وتار و نووسینی گۆشەنووسانی تورک بە زمانی کوردی کرد، هەر لە چوارچێوەی وەرگێڕان لە زمانی تورکییەوە، دواجار کتێبێکی ییڵماز گونەی بە ناوی "چیرۆک بۆ کوڕەکەم" وەرگێڕایە سەر زمانی کوردی. دواتر، بە هۆی ئەوەی لەوێ هیچ مافێکی نیشتەجێبوونم نەبوو و نەشمدەتوانی بگەڕێمەوە بۆ ئێران، کۆتاییەکانی ٢٠٠٧ هاتمە سویسرا.

یانی بە واتایەکی تر پێتان وایە ژیانی مەنفا دەستی پێکرد؟  

بەڵێ، ژیانی مەنفا لە سویسرا دەستی پێکرد. دواجار تۆ لە خاکی خۆت ناژیت و دامەزراندنەوەی ژیان لە نێو کۆمەڵگەیەکدا کە نامۆیت و شارەزای زمان و فەرهەنگەکەی نی، بۆ من بە هیچ شێوەیەک ئاسان نەبوو. هەر کە هاتمە سویسرا، یەکسەر داوای پەنابەرێتی سیاسیم کرد، پاش تێپەڕبوونی چوار ساڵ پێناسی جۆری "ئێف"یان پێدام کە لە نێو خۆماندا زیاتر بە مافی نیشتەجێبوونی تیرۆر ناسراوە. سویسرا بە پێدانی ئەم جۆرە لە مافی نیشتەجێبوون بە من، هاوکات سووکایەتی بە کەسێتی و ڕامانم کە لاگرییە لە ئازادی گەلان، کردووە. ئەوەی ڕاستی بێ بە ڕووبەڕووبوونەوەی ئەم دۆخەوە جارێکی تر ئەم ڕاستییەم بۆ دەرکەوت کە ئەگەر لەسەر خاکی خۆت بە ئازادی نەگەی، گەڕان بە دوای ئازادی لە شوێنێکی دیکە هیچ واتایەکی نییە چونکە ئاریشەکان دژ بە خۆت و بیروڕامانت لە هیچ کوێ گۆڕانکارییەکی ئەوتۆیان بەسەردا نایە. لەبەر ئەوەی جگە لە پەسندکردنی ئەم ناسنامەیە کە پێیان وابوو هەقێکە و بە من ڕەوا بینراوە، ڕێگەچارە و شانسێکی ترم نەبوو، ناڕەزایەتیم دەرنەبڕی. بڕیارم دا مادام لەم وڵاتە دەژیم و بۆ ئەوەی بەو کەسەی منی بە تیرۆریست ناسیوە بسەلمێنم تیرۆریست نیم و هەروەها بۆ ئەوەی خزمەت بە زمان و گەلەکەم بکەم، بەو دەرفەتەی سنووردارەی پێیان دام بە دوای فێربوونی زمانی فەرەنسی و وەرگێڕان لەو زمانەوە بکەوم.

کەوایە ڕێگەی وەرگێڕانتان بەمجۆرە گرتە بەر؟ 

 پاش پێدانی ئەمجۆرە لە مافی نیشتەجێبوون لە زانکۆی نۆشاتێل، بەشی زمان و شارستانیەتی فەرەنسی ناوی خۆم تۆمار کرد. پاش خوێندنی دوو تێرم، بە ئاستێک لە زمانی فەرەنسی گەیشتم و دەستم کرد بە خوێندنەوەی ڕۆمانی فەرەنسی. لە نێو ئەم ڕۆمانانەدا هەرە زێدە سێ ڕۆمانی ئاگۆتا کریستۆف ژنەنووسەری سویسریی بە ڕەگەز هەنگاری بە ناوەکانی "دەفتەری گەورە"، "بەڵگە" و "سێهەم درۆ" کاریگەرییان لەسەر دانام. وەرگێڕانی کتێبەکانی ئاگۆتا بۆ من گرنگ بوو چونکە ئەویش وەک من ئاوارە ببوو، ڕووی کردبووە سوییس و لە هەلومەرجی سەخت و دژواردا فێری فەرەنسی ببوو و دواتر بەو زمانە کتێبەکانی نووسیبوو. دواجار بڕیارم دا ئەم سێ ڕۆمانەی ئاگۆتا کریستۆف بکەمە کوردی. پاش هەوڵ و ماندووبوونێکی بێ وچان سێ کتێبەکەم وەرگێڕا و لە باشوور و ڕۆژهەڵاتی کوردستان لە چاپم دان.

وەرگێرانی کتێبەکانی نووسەرێک کە خۆی لە مەنفا ژیابێ، دەبێ هەستێکی جیاوازی لای ئێوە دروست کردبێ؟

وایە، لەگەڵ ئاگۆتا کریستۆف هاوکات زۆر خاڵی هاوبەشم هەیە. ئەویش زۆر لەمەوپێش بە هۆی جەنگ لە وڵاتەکەی ڕای کردووە و پەنای بۆ سوییس هێناوە و لێرە سەرباری ژیان لە کارگە، فێری زمانی فەرەنسی بووە و دواتر بۆ ئەوەی بۆچوونەکانی بێنێتە زمان، بڕیاری داوە بنووسێ. سەرەتا هیچ بایەخی پێ نەدراوە و پاش ئەوەی بۆتە نووسەر، قەدریان زانیوە و پاش مەرگی بە نووسەرێکی سوییسی لە قەڵەم دراوە. بەڵام ئاگۆتا کریستۆف، زمانی فەرەنسی کە دواتر فێری بووە بۆ ئەوەی ڕۆمانەکانی بەم زمانە بنووسێ، بە "زمانی دوژمن" لە قەڵەم دەدا و پێی وایە زمانێکە وای کردووە زمانی دایکی فەرامۆش بکا. هەبوونی زۆر خاڵی هاوبەش دوو ئەوەندە لەسەر وەرگێڕانی بەرهەمەکانی پێداگریان کردم.

ئامانجی سەرەکیتان لە وەرگێڕان چییە؟ 

بەر لە هەموو شتێ بیر لە گەشەپێدانی زمانی کوردی دەکەمەوە. بە هەموو زاراوەکانییەوە. زاراوەکانی زمانی کوردی دەوڵەمەندییەکی گەورەن. دیارە بە سۆرانی کاری وەرگێڕان دەکەم، چونکە بەسەر ئەو زاراوەیەدا پتر زاڵم. ئەگەر هەست بە دەوڵەمەندیی زمانی کوردی بکەی، لەم پێناوەدا دەتوانی باشتر خزمەت بکەی. من لە ڕێگەی وەرگێرانەوە دەمەوێ بۆ گواستنەوەی ئەدەبیاتی ئەو وڵاتەی لێی دەژیم بۆ کوردستان ڕۆڵی پرد ببینم. لەوانەیە لە هەندێک ڕووەوە لە دەسپێکی ڕێگە دابم بەڵام بیر لەوە دەکەمەوە بە بەرپرسیارێتییەکی گەورەتر درێژە بەم ڕۆڵە بدەم. بۆ ئەوەی ئەم پرسیارەی من لە مناڵیدا لە خۆمم دەکرد کە بۆچی ئەم کتێبە بە کوردی نییە، چیتر دووپات نەبێتەوە، درێژە بە خەباتی وەرگێڕان دەدەم.

ئایا بێجگە لە وەرگێڕان بە خەباتی تریشەوە سەرقاڵن و وەرگێڕان چ کارتێکەرییەکی لەسەر ژیانی ئێوە لە مەنفا داناوە؟ 

بێجگە لە کاری وەرگێڕان بۆ ماڵپەڕێکی ئەنتەرنێتی دەنووسم کە بە دوو زمانی کوردی و فارسی وەشان دەکا. ئێسە خەریکی وەرگێڕانی ڕۆمانێکی حەلیم یوسفم بە ناوی "کاتێک ماسییەکان تینوو دەبن". وەرگێڕان کاریگەرییەکی گەورەی لەسەر ژیانی من لە هەندەران داناوە. بتەوێ و نەتەوێ هەموو ڕۆژێ تاسەیەکی پتری نیشتیمان کاریگەریی لەسەر قەڵەمەکەت دادەنێ. تاسەی فەرهەنگ و وڵات لەو مرۆڤانەی لە غوربەت دەژین، پتر سەرهەڵدەدا و لەوانەشە ژانی بێ ناسنامەیی منی لە ڕێگەی وەرگێڕانەوە گەیاندبێتەوە نیشتیمان.

ئاگۆتا کریستۆف کێیە؟

ئاگۆتا کریستۆف ٣٠ی ئۆکتۆبری ١٩٣٥ لە هەنگاریا لەدایک بووە. ساڵی ١٩٥٦، لەگەڵ مێردەکەی و مناڵە چوار مانگەکەی لەبەر هۆکاری سیاسی لە هەنگاریا ڕایان کردووە و لە سوییس بوونەتە پەنابەر. کریستۆف لە سوییس، لە لایەکەوە لە کارگە ئیشی کردووە و لە لایەکی ترەوە خووی داوەتە فێربوونی زمانی فەرەنسی و دواتر بە زمانی فەرەنسی دەستی بە نووسین کردووە. کریستۆف بە هۆی ڕۆمانەکانییەوە ناوبانگێکی جیهانی دەرکردووە و ڕۆژی ٢٧ی ژوییەی ٢٠١١ لە شاری نۆشاتێلی سوییس کۆچی دوایی کردووە.

۱۳۹۵/۰۵/۰۳

شیعرێکی ئاگۆتا کریستۆف


وەرگێڕانی: سەلاحەدین بایەزیدی

دوێنێ، هەموو شتێ جوان تر بوو
مۆسیقای نێو گەڵاکان و
شنەی نێو بسکەکانیشم
لە نێو دەستە ئاواڵاکانی تۆیشدا
خۆر.

۱۳۹۵/۰۴/۱۷

قاسملوو و بۆسەی ڤییەن


کریس کۆچێرا
لە فەرەنسییەوە: سەلاحەدین بایەزیدی

 
ڕۆژی ١٣ی ژوییەی ١٩٨٩، لە ئاپارتمانێکی ڤییەن، دوو گولـلە لە سەری عەبدولڕەحمان قاسملوو، کوردی ئێران و نەیاری ڕژێمی کۆماری ئیسلامی [ئێران] درا و لە ئاکامدا ئەو و دوو هاوڕێی دیکەی کوژران. قاسملوو، ڕێبەری حزبی دیموکراتی کوردستانی ئێران (حدکا) بوو. لە دە ساڵ پێشترەوە، شەڕ سوپای تارانی دەستەویەخەی پێشمەرگەکان (شەڕڤانانی کورد) کردبۆوە.
دوا بە دوای یەکەمین خولی پەیوەندییەکان لە دێسامبری ١٩٨٨ و ژانوییەی ١٩٨، قاسملوو سەر لەنوێ لەگەڵ نێردراوانی ئێران پەیوەندی بەستەوە، یەکێک لەو نێردراوانە محەمەد جەعفەر سەحراروودی، جێگری سەرۆکی هەواڵگریی (دەرەکی) پاسدارانی شۆڕش لە کوردستانی ئێران بوو کە دوای تەقە کردنەکە بریندار دەبێ. پۆلیسی ئوتریش، ڕێگەی دا سەحراروودی کە برینەکانی چارەسەر کرابوون، نەخۆشخانە بەجێ بێڵێ، پاشان پەنا بباتە بەر باڵوێزخانەی ئێران و ڕۆژی ٢٢ی ژوییە خاکی ئوتریش بەجێ بێڵێ. ئێرانییەکی دی، بۆزۆرگیان ناوێک کە پاسدار بوو، ماوەیەک لە بنکەی پۆلیس ڕاگیرا، بەڵام دواجار حوکمی قۆڵبەستکردنی هەڵوەشایەوە و ئەویش توانی بگەڕێتەوە بۆ تاران. کەسی سێهەم، حاجی موستەفەوی لاجوەردیش، سەرۆکی دەزگای نهێنی (ناوخۆیی) لە کوردستان، توانی ئازادانە ئوتریش بەجێ بێڵێ.

بەڵگەیەکی ئاوارتە

ئەم گفتوگۆیانەی نێوان نێردراوانی تاران و سەرکردەکانی کورد لە لایەن بەشداربووانە تۆمار کراوە: کاسێتەکانی قاسملوو پاش ئەوەی لە لایەن پۆلیسی ئوتریشەوە دەستیان بەسەردا گیرا، ڕادەستی حدکا کران: عەبدوڵڵا حەسەن زادە، سکرتێری گشتیی حدکا، بە تایبەتی مۆڵەتی گوێگرتنی پێ داین. بەڵگەیەکی بەدەگمەنە: عەبدولڕەحمان قاسملوو لەوانەیە هەرگیز بە تێڕوانینێکی ڕاهێنەرانەی ئەوتۆ، بۆچوونی خۆی سەبارەت بە ئۆتۆنۆمی بۆ کوردستانی ئێران نەخستبێتە ڕوو. پرسیار و وەڵامەکانی ئەم لایەنە ئێرانییانە، بە دڵنیاییەوە ئاراستە دەکرێن، ئەوان پێیان وایە قسەکانیان هەرگیز لەقاو نادرێ، زۆر ڕاشکاوانە سایکۆلۆژی و شێوازی هزری بەرپرسانی کۆماری ئیسلامیی ئێران دەخەنە ڕوو کە لە نێوان چاوگەکانی چەمکگەلی سیاسی مۆدێرن و هی سەردەمی خەلافەتی عەلیدا هاتوچۆ دەکا.
ئاخۆ بکوژانی قاسملوو و هاوڕێ کوردەکانی، پاش بیستنی ئەم لێدوانانەی، بڕیاری لەناوبردنیان دان؟ یان بەر لە دەسپێکردنی قسەکانی، بڕیاری کوشتنیان دابوو؟ تەنیا شۆپاندنی پڕۆسەکە، دەتوانێ وەڵامی ئەم پرسیارانەمان بۆ ڕوون بکاتەوە. خوێندنەوەی ئەم بەڵگە ئاوارتەیە، ڕێگە بۆ ئەم سیناریۆیەی خوارەوە خۆش دەکا:
دەسەڵاتدارانی ئێران کە ئاگاداری ئەوە بوون جووڵانەوەی قاسملوو لە ئاکامی زەبرەکانی سوپای ئێران و دابەشبوونێکی نوێ (١٩٨٨) زۆر لاواز بووە و هەروەها ڕەنگە بە تێگەیشتن لە ویستی [قاسملوو] بۆ گەیشتن بە چارەسەرییەک لە ڕێگەی وتوێژەوە بەوە هیوادار بووبن کە بە نیوەی داخوازییەکانی قایل بێ: یاسایی بوونی حزبەکەی. بەڵام قاسملوو پێداگری لەسەر ویستی ڕاگەیاندنی ئۆتۆنۆمی بۆ کوردستان لە لایەن بەڕێوەبەرە نوێیەکانی ئێران دەکا (خومەینی ٤ی ژوئەنی ١٩٨٩ مردبوو)، شەوی ١٢ی ژوییەی ١٩٨٩، نێردراوەکانی تاران پاش یەکەم چاوپێکەوتن پەیوەندی بە بەرپرسانی خۆیانەوە دەگرن: دیارە فەرمان دراوە: "بیکوژن".
***
''سڵاوتان لێ بێ! ئێمە لەسەر ئەوە ڕێک کەوتووین ئەم دانوستانانە بە تەواوی نهێنی بمێننەوە"، سەحراروودی وا دەڵێ، چونکە "کۆمەڵێک دوژمن هەن نایانەوێ ئەم کێشانە چارەسەر بن"... سەحراروودی بە تایبەت ئاماژە بەوە دەکا: "تەنانەت لە نێوخۆی حکومەتی ئێرانیش، کەسانێک دژی ئەم دانوستانانەن؛ لە ئاستی بەڕێوەبەرایەتیدا، مەحاڵە ڕاشکاوانە باس لەم کێشەیە بکەین".
عەبدولڕەحمان قاسملوو ڕاستەوخۆ دەچێتە سەر باسەکە:
"لە چاوپێکەوتنی دواییماندا، لەسەر دوو خاڵی سەرەکی قسەمان کرد:
- پەژراندنی پرسی ئۆتۆنۆمی.
- پرسی چالاکی ئازادنەی حزبەکەمان لە نێوخۆی وڵات.
ئێوە وەڵامتان دایەوە کە ئێستاکە کاربەدەستانی ڕژێم لەگەڵ پەژراندنی بنەمای ئۆتۆنۆمی دانین. سەبارەت بە خاڵی دووهەم، ئێمە بە تێروتەسەلی لە دەفتەری سیاسی قسەمان کرد: گەلۆ پێشمەرگەکان واز لە چەکەکانیان دێنن یاخود نا؟ دەفتەری سیاسی پێی وایە مەحاڵە چەکەکان ڕادەست بکرێن. ئێوە لەوە تێدەگەن کە پاش دە ساڵ شەڕ و ئەو هەموو قوربانییە، ئۆتۆنۆمی بۆتە سیمبۆلی داواکارییەکانمان. ئاخۆ پێویستە وشەیەکی تر بەکار بهێنرێ؟ ئەگەر ئێوە ناواخنی ئۆتۆنۆمیتان قەبوڵ بێ، بۆچی لەم وشەیە دەترسێن؟"
قاسملوو لەوە ناپرینگێتەوە کە خۆی وەک پیاوی ئۆتۆنۆمی پێناسە بکا - "وەچەی من، وەچەی دیموکراسی و ئۆتۆنۆمییە''- و بەردەنگەکانی بانگهێشت دەکا لەگەڵی دا درێژە بە وتوێژەکان بدا، هۆشداریشیان پێ دەدا:
"هەڵبەت، ئەگەر کێشەی کورد چارەسەر نەبێ، ڕەنگە ئەمە ببێتە هۆی دابڕان لە ناوەند و جیاخوازی"...
سەحراروودی درێژە بە باسەکە دەدا: "ئەوە یەکەمجارە لە نێو خۆماندا باس لەوە دەکەین کە ئیسلام بیر لە کێشەی نەتەوەکان دەکاتەوە. لە پێناو چارەسەرکردنی کێشەکانمان، ئێمە گوێ لە هیچ کەس ناگرین، نە ڕۆژهەڵات، نە ڕۆژئاوا، ئێمە ئامادەین خۆمان لە پێناو بیروباوەڕمان بکەینە قوربانی."
نۆرە دەگاتەوە عەبدولڕەحمان قاسملوو: "دەمەوێ پێتان بڵێم من سەبارەت بە سەرجەم ئەو کۆسپ و تەگەرانەی لە بەردەم ڕاگەیاندنی ئۆتۆنۆمی ئاماژەتان پێدا، قایل نەبووم… ئێستا ئاغای خامنەیی و ئاغای ڕەفسەنجانی پێش‌نوێژی هەینی تارانن. ئەوان دەتوانن سەبارەت بە ئۆتۆنۆمی بۆ کوردستان ڕوونکردنەوە بدەن".
پاشان قاسملوو بە وردی باس لە تیڕوانینی خۆی سەبارەت بە ئۆتۆنۆمی دەکا:
"بۆ ئێمە چوار خاڵی سەرەکی لە ئارا دان:
- ئۆتۆنۆمی، واتە چڕنەبوونەوەی دەسەڵات لە ناوەند.
- دووهەم خاڵی سەرەکی بۆ ئێمە، زمانی کوردییە. کوردی دەبێ ببێتە زمانی فەرمیی هەرێمە کوردییەکان.
- سێهەم گرفت، دەستنیشانکردنی سنوورەکانی هەرێمی ئۆتۆنۆمە. بۆ ئەم مەبەستە، پێویستە فاکتەرە جوگرافی، ئابووری و لە هەمووی گرنگتر ویستی خەڵکی ئەو ناوچانەی کورد لێی دەژین، لەبەر چاو بگیرێ.
- خاڵی چوارەم بۆ گەلی کورد خاڵێکی سەرەکییە: دەبێ ئاسایشی نێوخۆیی هەرێمی کورد لە لایەن کوردەکانەوە بپارێزرێ.
ئەو چوار خاڵە گرنگەیە و ئێمە لەوە زیاترمان گەرەک نییە… ئەوەندەی پەیوەندی بە وەدیهاتنیانەوە هەبێ، ئێمە واقع‌بینین. بۆ نموونە، بۆ دیاریکردنی سنوورەکان، ناکۆکی چێ دەبێ. بەڵام کوردەکان ئامادە نین لە پێناو شتە لاوکییەکان شەڕ بکەن، ئەگەر شتە بنەڕەتییەکان پەسند بکرێن."
قاسملوو باسەکەی کۆ دەکاتەوە: "مەحاڵە وشەی "ئۆتۆنۆمی" بگۆڕدرێ. ئەم وشەیە واتایەکی سۆزداری و مێژوویی بۆ گەلی کورد هەیە. سیمبۆلێکە. وا هەست دەکەم ئێوە نێوەڕۆکەکەی دەپەژرێنن، بەڵام دەتانەوێ چاوپۆشی لە وشەکە بکرێ. کاتێک دەقێکی پیرۆزی ئیسلام دەخوێنینەوە، ناتوانین بێ گوتنی "بسم اللە الرحمن الرحیم'' دەست پێ بکەین. ئەوەش هەمان شتە، ئێوە نێوەڕۆکی ئۆتۆنۆمی پەسند دەکەن، بەڵام "بسم اللە الرحمن الرحیم'' نا."
ئێرانییەکان دەڵێن بەر لە دەسپێکردنەوەی گفتوگۆکان کە "هیوایەکی زۆریان ئافراندوە"، دەبێ پەیوەندی بە تارانەوە بگرن. پاشان لێک دادەبڕێن و دەڵێن بە مەبەستی دیاریکردنی سەعاتی چاوپێکەوتنی داهاتوو واتە بەیانی، تەلەفۆن دەکەن.
لە دیدارەکەی تردا، ڕۆژی ١٣ی ژوییە، سەحراروودی دەڵێ پەیوەندی بە "برادەرانی" لە تارانەوە گرتووە.
"ئێوە دوێنێ گوتتان کە کاربەدەستانی ئێرانی دەتوانن لە وتاری نوێژی هەینیدا باسی ئۆتۆنۆمی بکەن… هەندێک گیروگرفت هەن کە کاربەدەستانی ئێران و ئیمامەکان دەتوانن لە بارەیانەوە بۆ خەڵک بدوێن. بەڵام پێویستە بگوترێ کە هەندێک کێشە هەن کە ئێمە بۆچوون و تێڕوانینی جیاوازمان لەسەریان هەیە."
پاشان سەحراروودی باسێکی دوور و درێژ و لاڕێ دەست پێ دەکا: "دیارە ئێمە کێشەی ترمان هەیە: ماوەی دە ساڵە مشتومڕێکی گەرم لەسەر ڕۆڵی بازاڕ لە ئارا دایە: هەندێک دەڵێن نابێ ڕێگە بدرێ ئابووری ئێران کۆنتڕۆڵ بکرێ و هەژاران وەک هاووڵاتی پلە دوو بە حیساب بێن. ئەو کات ئیمام [خومەینی] لە ژیان دابوو و دەیگوت ئیسلام لەگەڵ کاپیتالیزم و کۆنتڕۆڵی دەسەڵاتدا نییە، ئیسلام لە نێوەڕاستە، دەنگی سێهەمە و پەیڕەوی تایبەت بە خۆی هەیە! با ئاماژە بە نموونەی بازاڕی دەرەکی بکەم: یاساکان سێ جار لە مەجلیس خرانە ڕوو، بێ هیچ چارەسەرییەک… دواجار لە کۆتاییدا، ناچار بوون حەواڵەی جڤاتی دەست نیشانکردنی بەرژەوەندییەکانی بکەن.
ئێستا با بێینەوە سەر باسی ئۆتۆنۆمی… هەر وەک مەسەلەی ئابوورییە: لەمبارەوە دوو ڕا هەن. بۆچوونێک سەردەمی حەزرەتی عەلی (جێنشینی محەمەد و چوارەم خەلیفە) بە بیر دێنێتەوە. حەزرەتی عەلی لە ناوەندی خەلافەتەوە حوکمڕانی دەکرد؛ بەڵام هەرێمی تریش هەبوون کە ناویان "ویلایەت" بوو، ''والی"ییەکان (حاکمەکان) لە چاو ئۆتۆنۆمی زۆر دەستیان ئاواڵاتر بوو. مەکتەبێکی تر هەیە کە دەڵێ ئەوە سەردەمی عەلی بوو و هەلومەرجی ئەمڕۆ جیاوازن: ئێمە بە دوژمن ئابڵۆقە دراوین، ئەو وڵاتانەی لە نێو ناتۆ دان، ڕژێمە کۆنەپارێزەکان، کە نا‌هێڵن ئۆتۆنۆمی لە چوارچێوەی سنوورەکانیدا بمێنێتەوە. هەوڵ دەدەن بەرفراوانتری بکەنەوە، بۆ ئەوەی بە دابڕان کۆتایی بێ. کەوابێ ئۆتۆنۆمی کێشەیەک نییە بە یەک دوو وتاری نوێژی هەینی چارەسەر بکرێ.
کێشەی دووهەم: حدکا دەیەوێ هەمان بارودۆخ بپارێزێ و لە هەمان کادا لە گەڵ کۆماری ئیسلامی ئێران دانوستان بکا؛ بەڵام بۆ ئەمەیان، دڵنیام کە پەسند ناکرێ."
سەحراروودی باسێکی تری ناپەیوەند دێنێتە گۆڕێ بۆ ئەوەی ڕوونی بکاتەوە سیستەمی ئیسلامی چلۆن کار دەکا: "نموونەیەکی ترتان بۆ دێنمەوە: پەیوەندییە دەرەکییەکان. ئەمە بە درێژایی چەندین ساڵ، بەر لەوەی بڕیارێک بدرێ، گفتوگۆی لەسەر کرا. ئەگەر ئێمە پەیوەندییەکانمان لەگەڵ ویلایەتە یەکگرتوەکانی ئەمریکا پچڕاندوە و نێوانمان لەگەڵ یەکێتی سۆڤیەت خۆش کردوە، بڕیارێک نییە بە ڕۆژێک و دوان یان بە کەسێک و دوو کەس درابێ. گفتوگۆی لەسەر کراوە و دواجار، پاش زیاتر لە سێ ساڵ، دە ساڵ، یانزە ساڵ و هەروەها بە لە بەرچاو گرتنی بارودۆخی یەکێتی سۆڤیەت، بەو ئاکامە گەیشتووین لەگەڵ ئەوان ڕێککەوین. بۆچی؟ چونکە کێشەی ئەفغانستان، پاکستان، کەنداومان هەیە، چونکە لەگەڵ ڕۆژئاوا کێشەمان هەیە. کەوابێ ئۆتۆنۆمی، دەبێ بە درێژایی چەندین ساڵ گفتوگۆی لەسەر بکرێ. دڵنیام لە هەلومەرجێ ئێستادا، ئۆتۆنۆمی بەو شێوەیەی ئێوە باسی دەکەن، قەبوڵ ناکرێ." پاشان نۆرە بە حاجی مستەفەوی دەسپێرێ.
حاجی مستەفەوی: "بسم اللە الرحمن الرحیم… حزبە کۆمۆنیستەکان پشتیان بە تیۆری ناسیۆنالیزمی ستالین بەستووە. عەڕەبەکان دەڵێن: ئەمە تێڕوانینی ئێمەیە. پارتە سۆسیال دیموکراتەکان شێوازی چارەسەریی خۆیان هەیە. ئەوەی پەیوەندی بە ئێمەوە هەبێ، هێزە ئیسلامییەکان، کۆماری ئیسلامی ئێران، تا ئێستا ڕاڤەیەکمان بۆ کێشەی نەتەوەکان نەبووە. ئەگەر بتوانین وا بکەین کۆماری ئیسلامی ئێران لە ڕوانگەی تیۆرییەوە بە شێوەیەکی جیدی بیر لەم کێشەیە بکاتەوە، ئەوا سەرکەوتنێکی گەورە دەستەبەر دەبێ. هەڵبەت لە ئیسلامدا، پێغەمبەر و جێگرەوەکانی، ڕێوشوێنی تایبەت بە خۆیان هەبووە. هیوادارم ڕژێم لەم کێشەیەدا قووڵ بێتەوە و لە نێوان ئەو شتەی پێی دەگوترێ نەریت و ئەوەی ئێوە داوای دەکەن، بتوانین شتێک بدۆزینەوە…
قاسملوو دەکەوێتە نێو قسەکانەوە وەک بڵێی نەتوانێ دۆخی بەردەنگەکانی پەسند بکا:
"ئێوە دەڵێن ئێستا پرسی سەرەکی ئەوە نییە کێشەی ئۆتۆنۆمی چارەسەر بکرێ، بەڵکو چارەسەریی پەیوەندییەکانی نێوان حزب (حدکا) و کۆماری ئیسلامی ئێرانە: ئێمە هاتووین بۆ ئەوەی داواتان لێ بکەین کێشەی ئۆتۆنۆمی چارەسەر بکرێ". پاشان قاسملوو بە تێروتەسەلی باسی ئەوە دەکا کە مافی چارەی خۆنووسین دەکرێ بە شێوەی جۆراوجۆر بەدی بێ: سەربەخۆیی، فیدراڵی و ئۆتۆنۆمی.
قاسملوو درێژە بە قسەکانی دەدا: "بۆ ئێمە پرسی سەرەکی ئەوەیە کە بزانین ئاخۆ کۆماری ئیسلامی ئێران دەیەوێ بە ڕاستی کێشەی نەتەوەکان لە ئێران چارەسەر بکا. ئەگەر کۆماری ئیسلامی ئێران دەڵێ بەڵێ، ئەوکات دەمانەوێ بزانین: کۆماری ئیسلامی چۆن دەیەوێ کێشەکە چارەسەر بکا؟ گەلۆ ئەو شێوازە سەربەخۆییە، فیدڕالیزمە یان ئۆتۆنۆمی؟ ئێمەی کورد، لانیکەمی داخوازییەکانمان هێناوەتە گۆڕێ. ئێمە فیدڕالیزمیشمان قەبووڵە. هەڵبەت، بە ڕای من، وەک چۆن کاتی خۆی لە ئیسلامدا جۆرێک لە فیدڕالیزم بوونی هەبوو، باشتر وایە پەیڕەوی لە فیدڕالیزم بکرێ و بۆ نموونە یەکێتی کۆمارە فیدڕاڵییەکانی ئێران پێک بهێنرێ. جا ئەگەر نە سەربەخۆیتان قەبوڵ بێ، نە فیدراڵیزم و نە ئۆتۆنۆمی، ئەوە مانای وایە چارەسەری کێشەی نەتەوەکانتان قەبوڵ نییە."
لە کۆتاییشدا دەڵێ: "رەنگە سبەی ڕۆژ بەشێکی تری ئێران داوای ئۆتۆنۆمی بکا؛ لە پێناو چارەسەرکردنی کێشە نێوخۆییەکانی ئێران بە پرەنسیپ، بوێری پێویستە. یاسا دەبێ بۆ هەموان بێ، بۆ عەرەبەکان، بلووچەکان، تورکەمەنەکان و کوردەکان. ئەگەر لە ئەمڕۆوە نەتوانرێ ئەم کێشەیە چارەسەر بکرێ، لە داهاتوودا دەبێتە کارەساتێک بۆ وڵاتەکەمان."
دوای باسێکی کورت، لایەنەکان بڕیاری چاوپێکەوتن بۆ سبەینێ دیاری دکەن. فازڵ ڕەسوڵ، نێوبژیوانی کوردی عێراقی، دێتە قسە بۆ ئەوەی باس لە دەرئەنجامی دۆخی دوو لایەنی بەرامبەر بکا و دەڵێ: "یان ئەوەتا دەگەنە ڕێککەوتنێک یان درێژە بە دیالۆگ دەدەن، بێ ئەوەی شەڕ بکەن. یان لەگەڵ بەردەوامبوونی شەڕ، درێژە بە دانوستانەکان بدەن، بەڵام باشتر وایە ئێستا بگەنە ڕێککەوتنێک: قۆناخەکە گونجاوە. لەوانەیە سێ ساڵی دیکە بارودۆخەکە بگۆڕدرێ، هاوسەنگی و ناهاوسەنگیی هێزەکان گۆڕانی بەسەردا دێ، هەلومەرج جیاواز دەبێ…"
ئەمانە دوایین وشەکانیانن... دەنگی جوڵانی کورسی و مێزەکان دەبیسترێ... دواتر دەنگێک وەک چوار تەقەی کپ - تەقە بە ئامرازی چەکی بێدەنگ؟.. پاشان هیچ نابیسترێ... کاتێک پۆلیس لەسەر هۆشداریی جیرانەکان کە لە لایەن سەحراروودییەوە - دیارە ئەویش بریندار ببوو -  ئاگادار کرابوونەوە، دەچنە نێو ئاپارتمانەکەوە، چاویان بە تەرمی سێ کورد دەکەوێ...

 (لۆمۆند، یەکی ژانوییەی ١٩٩٨)
(فرانکفۆرتەر ئاڵگماینێ، ١٩ی ژانوییەی ١٩٩٨)
(دێر ستاندارد، ٣٠ی ژانوییەی ١٩٩٨)

۱۳۹۵/۰۴/۱۳

هۆ دزەکە، دزەکە، کامەیە ژیانی تۆ؟


ژ. م. گ. لۆ کلێزیۆ
لە فەرەنسییەوە: سەلاحەدین بایەزیدی

 
بێژە پێم، گشتی چلۆن دەستی پێ کرد؟

نازانم ئەز، نازانم ئیتر، زۆر زۆر لەمێژە، ئێستا چیتر بیرەوەرییم لە کات نەماوە، ئەوە ژیانی منە. من لە پورتوگال لەدایک بووم، لە ئەریسێیرا، ئەودەم گوندێکی بچووکی ماسیگرەکان بوو، نزیک لیسبۆن، سپی سپی لە سەرووی دەریا. پاشان باوکم لەبەر هۆکارگەلی سیاسی ناچار ما ئەوێ جێ بهێڵێ و، لەگەڵ دایکم و پوورم لە فەرەنسا نیشتەجێ بووین، منیش هەرگیز چاوم بە باپیرم نەکەوتەوە. ڕێک دوای جەنگ بوو، پێم وابێ ئەوکات مرد. وەلێ باش ئەوم بە بیر دێ، پیاوێکی ماسیگر بوو، هەقایەتی بۆ دەگێڕامەوە، بەڵام ئێستا بە گشتی چیتر بە پورتوگالی قسە ناکەم. دواتر، وەک بەردەستی بیناساز لەگەڵ باوکم کارم کرد، پاشان باوکم مرد، دایکیشم ناچار بوو مل بداتە بەر کار، منیش لە کۆمپانیایەک دامەزرام، بە نۆژەنکردنەوەی ماڵە کۆنەکان ڕادەگەیشتین، عەیبی نەبوو. ئەوکات، من وەک هەمووان بووم، کارێکم هەبوو، زەماوەندم کردبوو، دۆست و هاوڕێم هەبوون، بیرم لە بەیانی نەدەکردەوە، بیرم لە نەخۆشی نەدەکردەوە، فکرم بۆ ڕووداو و شتی وا نەدەچوو، زۆرم کار دەکرد و پارە کەم بوو، بەڵام نەمدەزانی بەخت یارمە.
پاشان لە بواری کارەبادا بوومە پسپۆڕ، من ڕەوتە کارەباییەکانم نۆژەن دەکردەوە، ئامرازەکانی ماڵەوە و ئامرازەکانی ڕووناکاییم جێگیر دەکرد، کێبڵەکانم چاک دەکرد. ئەم شتانەم بە دڵ بوو، کارێکی خۆش بوو. ئەمانە دەگەڕێنەوە بۆ سەردەمێکی هێند دوور کە جار نا جارێ لە خۆم دەپرسم تۆ بڵێی ڕاست بووبن، بڵێی کتومت بەمجۆرە بووبن، تۆ بڵێی زیاتر خەونێک نەبن ئەودەم بۆ خۆمم هەڵبەستبن، ئەو دەمەی هەموو شتێک ئارام و ئاسایی بوو، ئەو دەمەی ئێواران سەعات حەوت دەگەڕامەوە ماڵێ و کە دەرگام دەکردەوە هەستم بە هەوای گەرمی ماڵەکە دەکرد، گوێم لە قیژەقیژی مناڵان دەبوو، دەنگی ژنەکەمم دەبیست، ئەو بەرەو پیرم دەهات، ڕایدەمووسیم، بەر لە نانی شەو لەسەر قەرەوێڵەکە ڕادەکشام، چونکە هیلاک بووم، ئینجا چاوم دەبڕییە بن میچی ژوورەکە و لەو پەڵە سێبەرانەی سەرپۆشی گڵۆپەکان چێیان دەکرد، ورد دەبوومەوە. بیرم لە هیچ نەدەکردەوە، ئەوکاتانە داهاتوو لە گۆڕێ نەبوو، ڕابردووش هەروا، نەمدەزانی بە بەختم.

ئەی ئێستا؟

ئاخ، ئێستا هەموو شتێک گۆڕاوە. کارەسات لەوە دایە ئەم گۆڕانکارییە لە چاوترووکانێکدا ڕووی دا، کاتێ بێکار مامەوە، چونکە کۆمپانیاکە هەرەسی هێنابوو. گوتیان بەرپرس تا قوڕگ چۆتە نێو قەرزان، هەموو شتێ دەگرێو نرابوو. دواجار، خاوەنکار ڕۆژێک بێ ئاگاداری پێشوەخت ڕای کرد، سێ مانگ مووچەمان پێ قەرزدار بوو و چەند ڕۆژێک بوو پێشوەخت بڕە پارەی کارێکی وەرگرتبوو. ڕۆژنامەکان لەم بارەوە دەدوان، بەڵام جارێکی تر نە چاومان بە خۆی کەوتەوە و نە بە پارە. بەمجۆرە هەموومان دەست بەتاڵ ماینەوە، دەتگوت کوونێکی گەورەیە و هەموومان کەوتووینەتە ناوی. نازانم ئەوانی تر چیان بەسەر هات، پێم وایە چوونەتە شوێنی تر، خەڵکانێکیان دەناسی کە دەیانتوانی یارمەتییان بدەن. سەرەتا پێم وابوو هەموو شتێک جێبەجێ دەبێ، پێم وابوو بە سانایی دیسان کارێک دەدۆزمەوە، لێ هیچ شتێک لە گۆڕێ نەبوو، چونکە خاوەن کۆمپانیاکان کەسانی زگورتی و بێگانەکان دادەمەزرێنن، ئاوا کەی پێیان خۆش بوو بە ئاسانی لە کۆڵ خۆیانیان دەکەنەوە. بۆ کاروباری کارەباییش، بڕوانامەی پیشەییم نەبوو، ئاواش کەس کاری پێ نەدەدام. بەمجۆرە مانگ تێپەڕین و من هەروا بەتاڵ و حەتاڵ، تێرکردنی زگی کوڕەکانم و دابینکردنی پارەی پەروەردەیان ئەستەم بوو، ژنەکەم نەیدەتوانی کار بکا، دۆخی تەندروستی نالەبار بوو، تەنانەت پارەمان شک نەدەبرد دەوا و دەرمانی پێ بکڕین. پاشان یەکێک لە هاوڕێیانم کە تازە زەماوەندی کردبوو، کارەکەی بە قەرز پێ دام، منیش چوومە بەلژیک و سێ مانگ لەوێ کارم کرد، لە کوورە بەرزەکاندا. ئەستەم بوو، نەخاسمە کە دەبوایە بە تاقی تەنیا لە هۆتێل بژیم، بەڵام پارەیەکی باشم دەست کەوت و بەم پارەیە توانیم ئۆتۆمبێلێک بکڕم، بارهەڵگرێکی بچووکی جۆری پێژۆ، ئەو ئۆتۆمبێلەی ئێستاش هەمە. ئەودەم، بە خۆمم دەگوت بەو بارهەڵگرە بچووکە ڕەنگە بتوانم کەلوپەلی بیناسازی بگوازمەوە، یاخود بچمە بازاڕ و سەوزە و شتی وا بێنم. بەڵام دواتر، دۆخەکە گەلەک دژوارتر بوو، چونکە هیچم بە دەستەوە نەمابۆوە، تەنانەت سەرجەم پشتیوانییە ماددییەکانم لە کیس چوو. خەریک بوو ماڵ و مناڵ لە برسان بمرن. دوای ئەمە بوو لەگەڵ خۆما بڕیارم دا. سەرەتا بە خۆمم گوت شتێکی کورتخایەنە، بەس تا ئەو کاتەی پارەیەکم دەست دەکەوێ، تا ئەو کاتەی چاوەڕوانم. ئێستا، ئەوە سێ ساڵ تێ پەڕیوە، دەزانم ئیتر ناگۆڕدرێ.
ئەگەر ژنەکەم و مناڵەکان نەبوایەن، ڕەنگە توانیبام سەرهەڵبگرم، چووزانم، ڕەنگە چووبامە کەنەدا، ئوسترالیا، هەر شوێنێ بێ، شوێن گوڕکێم کردبا، ژیانم گۆڕیبا…

ئاخۆ ئەوان دەزانن؟

مناڵەکانم؟ نا، نا، ئەوان هیچ نازانن، ناکرێ پێیان بگوترێ، هێشتا زۆر بچووکن، تێ ناگەن باوکیان بۆچی بۆتە دز. سەرەتا، نەمدەویست بە ژنەکەم بڵێم، دەمویست پێی بڵێم دواجار ئیشێکم دۆزیوەتەوە، پاسەوانی شەوانەی بیناکانم، بەڵام گشت ئەو شتانەی دەبینی کە دەیانهێنمەوە ماڵێ، تەلەفزیۆنی جۆراوجۆر، تەسجیل و ڕادیۆ، کەرەستەی ماڵەوە، کەلوپەلی ڕازاندنەوەی ماڵ، قاپ و قاچاغی زیو، چونکە هەموو ئەمانەم لە گەراج لەسەر یەک کەڵەکە دەکرد و، ئەو دواجار هەستی بە شتێک کرد. هیچی نەگوت، بەڵام باش دەمبینی لە شتێ بە گوومانە. دەیتوانی چ بڵێ؟ لەو خاڵەی پێی گەیشتبووین، هیچمان نەبوو لە کیسی بدەین. یان ئەمە یان سواڵکەری لە کووچە و کۆڵانان… هیچی نەگوت، نەخێر، بەڵام ڕۆژێک لە کاتێکدا بارەکانم لە ئۆتۆمبێلەکە دادەگرت و چاوەڕوانی کڕیار بووم، هاتە گەراجەکە. دەسبەجێ کڕیارێکم دۆزیبۆوە، دەزانی، کڕیارەکە بێ ئەوەی مەترسی بگرێتە بەر چاو، قازانجێکی باشی دەست دەکەوت. ئەو دووکانێکی کەرەستەی کارەبایی و هی ماڵەوەی لە نێو شار هەبوو، دووکانێکی تری عەنتیکەفرۆشیشی لە شوێنێکی تر هەبوو، پێم وابێ لە دەوروبەری پاریس. گشت ئەمانەی بە نرخی دەستی دوو دەکڕی. بۆ کەرەستەی عەنتیکە، پارەیەکی زیاتری دەدا، بەڵام هەموو شتێکیشی وەرنەدەگرت، دەیگوت دەبێ شایانی ئەوە بێ خۆت تووشی سەرئێشە بکەی، ئاخر مەترسیدار بوو. ڕۆژێک، ڕەتی کردەوە سەعاتێکی دیواریم لێ بکڕێ، سەعاتێکی کۆن بوو، گوتی تەنیا سێ چوار سەعاتی لەم جۆرە لە دونیادا هەن و بۆی هەیە خۆی پێوە بکا. بۆیە سەعاتەکەم دا بە خێزانەکەم، بەڵام ئەو بە دڵی نەبوو، پێم وایە چەند ڕۆژ دواتر سەعاتەکەی خستە نێو زپڵەوە. ڕەنگە لێی ترسابێ. بەڵێ، دەمگوت، ئەو ڕۆژە لە کاتێکدا بارهەڵگرەکەم بەتاڵ دەکرد، هات، سەیرێکی کردم، بزەیەکی هاتە سەر لێو، بەڵام هەستم دەکرد لە ناخەوە غەمبارە، بەس پێی گوتم، باش لە بیرمە گوتی: مایەی مەترسی نییە؟ شەرم دایگرتم، پێم گوت نا و داوام لێکرد بڕوا چونکە کڕیارەکە دەهات و حەزم نەدەکرد ژنەکەم ببینێ. نەخێر، پێم خۆش نییە مناڵەکانم بەمە بزانن، هێشتا زۆر بچووکن. پێیان وایە وەک پێشوو کار دەکەم.
ئێستا پێیان دەڵێم شەوکارم و بۆیەش دەبێ شەوانە بچمە دەرێ و بەشێکی ڕۆژ بنووم.

ئەم ژیانەت خۆش گەرەکە؟

نەخێر، سەرەتاکان بە هیچ شێوەیەک حەزم لێی نەبوو، بەڵام ئێستا، چم لە دەست دێ؟

هەموو شەوێ دەچیتە دەرەوە؟

دیار نییە. پەیوەندیی بە شوێنەکانەوە هەیە. گەڕەکی وا هەن بە درێژایی هاوین کەسیان لێ نییە، گەڕەکی واشە زستانان. جاری وایە بۆ ماوەیەکی زۆر دەرناکەوم، دەبێ چاوەڕێ بمێنمەوە، چونکە دەزانم مەترسی ئەوە هەیە خۆم بە دەستەوە بدەم. بەڵام جاری وایە لە ماڵەوە پێویستیمان بە پارە هەیە، بۆ جلوبەرگ، بۆ دەوا و دەرمان. یان دەنا دەبێ کرێ خانوو و پارەی کارەبا بدەی. دەبێ جێبەجێیان بکەم. بە دوای مردووەکاندا دەگەڕێم.

مردووەکان؟

بەڵێ، بڕوانە، ڕۆژنامە دەخوێنیتەوە و کە بینیت کەسێک مردووە، کەسێکی دەوڵەمەند، دەزانی ڕۆژی بەخاک سپاردنەکەی دەتوانی سەردانی ماڵەکەی بکەی.

بە گشتی وا دەکەی؟

دیار نییە، بێ پەیڕەو و ڕێسایە. کاری وا هەن بەس بە شەو ئەنجامیان دەدەم، ئەگەر لە گەڕەکی چەپەک هەڵکەوتبن، چونکە دەزانم سەرئێشەم نابێ. هەندێک جار دەتوانم ئەمە بە ڕۆژ بکەم، دەوروبەری سەعات یەکی پاش نیوەڕۆ. بەگشتی، حەز ناکەم بە ڕۆژ ئەم کارە بکەم، چاوەڕوانی شەو دەمێنمەوە، تەنانەت کازیوەی بەیانی، دەزانی، ئاوا دەوروبەری سەعات سێ و چوار، باشترین ساتەوەختە، چونکە هیچ کەس لە شەقامەکان بەدی ناکرێ، تەنانەت پۆلیسەکان لەو سەعاتەدا دەخەون. بەڵام هەرگیز سەر بە ماڵێک داناکەم ئەگەر کەسێکی تێدا بێ.

چۆن دەزانی کەسی لێ نییە؟

یەکسەر هەست پێ دەکرێ، هەڵبەت ئەگەر ڕاهاتبی. تەپ و تۆزی بەردەم دەرگا، یاخود گەڵای وەریو، یان دەنا ڕۆژنامەی کەڵەکەکراوی نێو سندووقی پۆست.

بە دەرگادا دەچیتە ژوورەوە؟

ئەگەر ئاسان بێ، بەڵێ، قفڵەکە دەشکێنم، یان دەنا کلیلێکی تەزویر بەکار دێنم. ئەگەر ئەمەش نەبوو، هەوڵ دەدەم لە پەنجەرەڕا بچمە ژوورێ. چوارچێوەیەکی دەبڕم و بەوێدا وە ژوور دەکەوم. بەردەوام دەستەوانە لە دەست دەکەم تاکوو شوێن پەنجەم جێ نەمێنێ، هەروەها بۆ ئەوەی خۆم بریندار نەکەم.

ئەی دەزگای ئاگادارکەرەوە؟

ئەگەر ئاڵۆز بێ، وازی لێ دێنم. بەڵام بە گشتی، کۆمەڵێ ئامرازی سادەن، هەر بە چاوخشاندنێک دەیانبینی، ئەوەندە بەسە کێبڵەکان بپچڕی.

پێت باشە چی لەگەڵ خۆتدا ببەی؟

دەزانی، کاتێک سەرت دادەخەیت و پێ دەنێیتە ماڵێکی نەناسراو، نازانی چی دەدۆزیتەوە. دەبێ پەلە بکەی، پەلە و بەس، بۆ ئەوەی نەکا کەسێک شوێن پێی هەڵگرتبی. بۆیە چ شتێک شایانی هەبێ و بێ کێشە بێ، هەڵیدەگری، تەلەڤزیۆن، تەسجیل، کەلوپەلی ماڵەوە، یان دەنا قاپ و قاچاغی زیو، کەرەستەی ڕازاندنەوەی ماڵ، تابلۆ و ئینجانە و پەیکەرە بەو مەرجەی زۆر قورس نەبن.

ئەی گەوهەر؟

نا، بەو شێوەیە نا. دیارە کاتێک خەڵک دەڕۆن، گەوهەرەکانیان لە پاش خۆیان جێ ناهێڵن. بوتڵە شەرابیش سەرنج ڕاکێشن، باش دەفرۆشرێن. بێجگە لەمەش، خەڵک زۆر گوێ بە عەمبارەکانیان نادەن، قفڵی پتەوی لێ نادەن و بەو شێوەیە چاودێری ناکەن بزانن چ ڕوو دەدا. پاشان، دەبێ هەموو شتێک خێرا بار بکەیت و بڕۆی. بەختەوەرانە من ئۆتۆمبێلێم هەیە، بێ ئەم ئۆتۆمبێلە نەمدەتوانی وەها کارێک بکەم. ئەگینا دەبوایە ببمە ئەندامی دەستەیەک و ببامە چەتەیەکی ڕاستەقینە و ئا. بەڵام حەزم لەوە نییە، چونکە پێم وایە ئەوان زیاتر بۆ خۆشی ئەم کارە دەکەن نەک لە ڕووی ئاتاجەوە، دەدزن بۆ ئەوەی دەوڵەمەند بن، هەموو هەوڵیان دەخەنە گەڕ، دزی گەورە دەکەن، کەچی من بۆ بژیوی ژیانم ئەم کارە دەکەم، بۆ ئەوەی ژنەکەم و مناڵەکانم پارووە نانێک و جلوبەرگیان هەبێ، بۆ ئەوەی مناڵەکانم بتوانن درێژە بە خوێندن بدەن و پیشەیەکی ڕاستەقینەیان هەبێ. ئەگەر سبەی ئیشێک بدۆزمەوە، دەسبەجێ واز لە دزی دێنم، دەتوانم سەر لە نوێ بە ئارامی بگەڕێمەوە ماڵێ، ئێواران بەر لە خواردنی نانی شێوان لەسەر قەرەوێڵەکەم ڕادەکشێم، سەیری پەڵە سێبەرەکانی بن میچی دەکەم، بێ ئەوەی بیر لە شتێک بکەمەوە، بێ ئەوەی بیر لە داهاتوو بکەمەوە، بێ ئەوەی لە شتێک بترسم… نووکە، هەست دەکەم ژیانم پووچەڵە، لە پشت هەموو ئەمانەوە، شتێک بەدی ناکرێ، وەک دیکۆڕێک. ماڵەکان، خەڵک، ئۆتۆمبێل، هەست دەکەم هەر هەموویان دەستکرد و تەزویرن و ڕۆژێک پێم دەڵێن گشت ئەمانە کۆمێدیایە و هی کەس نییە. ئینجا، بۆ ئەوەی بیر لەمە نەکەمەوە، پاش نیوەڕوان دەچمە سەر شەقام، هەڕەمەکی ڕێ دەبڕم، دەڕۆم، دەڕۆم، لە ژێر تیشکی خۆر و دڵۆپی باراندا، هەست دەکەم بێگانەیەکم، وەک بڵێی هەر ئێستا بە شەمەندەفەر هاتبم و لەم شارە کەس نەناسم، کەس.

ئەدی هاوڕێکانت؟

ئەها، دەزانی، کە گرفتێکت تووش بوو، کاتێ زانیان کارەکەت لەدەست داوە و چیتر پارەت نەماوە، سەرەتا زۆر دڵسۆزن، بەڵام پاشان لەوە دەترسن بچیت و داوای پارەیان لێ بکەی، ئەوکات… تۆ زۆر سەرنجی پێ نادەی و ڕۆژێک بۆت دەردەکەوێ کەسێک بە دەوروبەرتەوە نەماوە و ئیتر تۆ کەس ناناسی… هەر بە ڕاست وەک ئەوەی بێگانەیەک بی و تازە لە شەمەندەفەر دابەزیبی.

پێت وایە دۆخەکە وەک جارانی لێ بێتەوە؟

نازانم… هەندێک جار بیر لەوە دەکەمەوە کە ساتەوەختێکی ناخۆشە و تێدەپەڕێ، کە هەمدیس پیشەکەم دەست پێ دەکەمەوە، پیشەی بیناسازی بێ یاخود کارەبا، گشت ئەو کارانەی پێشتر دەمکردن… بەڵام جاری واش هەیە بە خۆم دەڵێم ئەم ڕۆژانە هەرگیز تێناپەڕن، هەرگیز، چونکە خەڵکانی دەوڵەمەند گوێیان بە هەژاران نابزوێ، گاڵتەیان پێ دەکەن، سامانەکانیان بۆ خۆیان هەڵدەگرن، لە ماڵە بەتاڵەکانیانی دەپەستێون، دەیخەنە نێو سندووقەکانیانەوە. بۆ ئەوەیش شتێکت هەبێ، لەتە نانێکت هەبێ، دەبێ بچیتە ماڵەکانیان و خۆت ئەو شتە هەڵبگری.

کە بیر لەوە دەکەیتەوە بوویتە دز، چ هەستێکت بەسەردا زاڵ دەبێ؟

جۆرێکم لێ دێ، ئەوکم دەگیردرێ و لە پێ دەکەوم، دەزانی، جارجارە، کاتی شێو دەگەڕێمەوە ماڵ و ئیتر هیچ شتێک وەک پێشوو نەماوە، بەس ساندەویچی سارد هەیە، بەدەم سەیرکردنی تەلەڤزیۆنەوە دەیخۆم، مناڵەکان متەقیان لێوە نایە. دەبینم خێزانەکەم سەیرم دەکا، ئەویش هیچ ناڵێ، بەڵام ڕووخسارێکی تا بڵێی ماندووی هەیە، چاوەکانی خۆڵەمێشی و غەمبارن، ئەمنیش بیر ئەو قسەیە دەکەومەوە کە یەکەم جار پێی گوتم، کاتێ لێی پرسیم ئاخۆ مەترسییەک لە گۆڕێ نییە. من پێم گوت نا، بەڵام وا نییە، باش دەزانم ڕۆژێک، بتەوێ و نەتەوێ، کێشەیەک دێتە ئاراوە. پێشتر، سێ یان چوار جار، خەریک بووە بقەومێ، خەڵکانێک بە تفەنگ تەقەیان لێ کردووم. سەرتاپا ڕەشم پۆشیبوو، بیجامە و چاکەتی ڕەش، بە دەستەوانە و دەمامکی ڕەشەوە، بۆیەش بەختەوەرانە نەیانتوانی من بپێکن، چونکە لە نێو تاریکیدا منیان نەدەبینی. بەڵام دواجار، بتەوێ و نەتەوێ، دڵنیام ئەمە ڕوو دەدا، ڕەنگە ئەمشەو، ڕەنگە سبەی، کێ چ دەزانێ؟ بۆی هەیە پۆلیس بمگرن و بە ساڵان لە گرتووخانە بمێنمەوە، یان دەنا لەوانەیە لە کاتی تەقەکردندا نەتوانم خێرا ڕا بکەم و بمرم، بمرم. بیر لە وی دەکەمەوە، لە ژنەکەم، نەک لە خۆم، من هیچم نە گەرەکە، گرنگییەکی ئەوتۆم نییە. بیر لەو و لە مناڵەکانم دەکەمەوە، چییان بەسەر دێ، کێ لەم سەر گوێ زەوییە لە فیکری ئەواندا دەبێ؟ ئەو دەمانەی هێشتا لە ئەریسێیرا دەژیام، باوەگەورەم باش پێم ڕادەگەیشت، شیعرێکم لە بیرە کە بەردەوام بۆی دەخوێندمەوە، لە خۆم دەپرسم بۆچی ئەم شیعرەم بە بیر دێتەوە و یەکی تر نا، تۆ بڵێی ئەمە چارەنووس بێ؟ ئاخۆ هەندێک پورتوگالی شارەزای؟ شیعرەکە بەمجۆرە بوو، گوێ بگرە: 


O  ladraõ! Ladraõ!
Que vida e tua?
Comer e beber
Passear pela rua.
Era meia noite
Quando o ladraõ veio
Bateu tres pancadas
A’porta do meio.

هۆ دزەکە! دزەکە!
کامەیە ژیانی تۆ؟
خواردن و خواردنەوە
وێڵی نێو کۆڵان
نیوەشەو بوو
دزەکە هات
سێ جار کوتای
دەرگاکەی من.

سەرچاوە:
La Ronde et autre faits divers, J. M. G. Le Clézio, Editions Gallimard, 1982.

ئەم چیرۆکە لە ژمارە ٢٣٠ی گۆڤاری (ڕامان)دا بڵاو بۆتەوە:
http://www.raman-media.net/230/r10.pdf

۱۳۹۵/۰۴/۱۱

دەفتەری سوور


دێتەوە یادم کاتی دانی خواردن بە سەگەکان، بیرم لەوە دەکردەوە کە ئەوان خواردنیان لە هی من باشترە. قسەکانی خۆم و "ل"م وەبیر دێتەوە کە جارێک بە جیددی بە تەمای ئەوە بووین کۆنسێروێکی خواردنی سەگ بۆ جەمی شەو بکەینەوە و بیخۆین. 
...
دەفتەری سوور
پۆل ئاستر
وەرگێڕان لە ئینگلیزییەوە: هاشم ئەحمەدزادە
چاپی یەکەم، ئۆپسالا ٢٠٠٠