۱۳۹۵/۰۷/۰۹

وتوێژی ڕۆژنامەی LE TEMPSی سوییسی لەگەڵ سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان



ڕۆژنامەی لۆتۆن
وەرگێڕ لە فەرەنسییەوە: سەلاحەدین بایەزیدی


نوێنەرانی کوردی عێراق لەگەڵ ئەوەدا نەبوون ماوەی سەرۆکایەتی مەسعوود بارزانی درێژ بکرێتەوە، بەڵام ڕۆژئاوا کە تەواو بە هێرشەکەی سەر موسڵەوە سەرقاڵە، وا دەنوێنێ لەمە بێئاگایە.
ژماردنی پێچەوانەوە دەستی پێکردووە. هێزەکانی سوپای عێراق، هێزەکانی ڕۆژئاوا و پێشمەرگە خۆیان بۆ هێرشی موسڵ، دووهەم شاری گەورەی عێراق ئامادە کردووە کە لە ساڵی ٢٠١٤ەوە لە ژێر چنگی ڕێکخراوی دەوڵەتی ئیسلامی (داعش) دایە. ڕەنگە ئیتر لەمەودوا مەسەلەی ئەمڕۆ و سبەی بێ: ژمارەیەکی زۆر بەرپرس ڕۆژی ١٩ی ئۆکتۆبریان بۆ هێرشەکە دەستنیشان کردبوو.
نیشانەیەک وەک زۆر نیشانەی تر: ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا پەسندی کردووە ٦٠٠ کەسی زیاتر ڕەوانەی شەڕەکە بکات. ئەمریکییەکان (ئێستا زیاتر لە ٤٠٠ سەربازیان لە مەیدانەکە هەیە)، هەروەها بریتانیاییەکان، فەرەنسییەکان و ئاڵمانەکان، کەم و زۆر بە ڕاشکاوی، بە شێوەیەکی چالاک پشتیوانی خۆیان بۆ کوردەکانی عێراق دەربڕیوە کە ڕۆڵێکی سەرەکیی دەبینن لە گرتنەوەی ئەم شارەی بۆتە مەتەرێزی ٤٠٠٠ شەڕکەرێکی داعش لە نێو جەرگەی جەماوەرێکی سڤیلی زیاتر لە یەک میلیۆن کەسدا.
سەرۆکی هەرێمی کوردەکانی عێراق، مەسعوود بارزانی، لەم پێناوەدا هەموو هەوڵێک دەدا. ماوەیەکی کورت لەمەوپێش لە پاریس لە لایەن سەرۆک کۆمار فرانسوا ئۆلاندەوە پێشوازی لێکرا؛ لە کردەوەدا هەموو ڕۆژێ پەیوەندیی لەگەڵ ئەمریکییەکان (و بە تایبەتیش جێگری سەرۆک کۆمار جۆ بایدن) هەیە. جگە لەمەش: ڕۆژی پێنجشەممە، سەردانی بەغدا دەکا، لە کاتێکدا پەیوەندییەکانی نێوان دەوڵەتی عێراق و هەرێمی کوردستان لەوپەڕی خراپی دان. بەغدا ماوەی دوو ساڵە لە داهاتی فیدڕاڵ بودجەی هەرێمی نەداوە لە کاتێکدا بە تیۆری دەبێ ئەم بودجەیە بە هەولێری پایتەختی کورد بدا.
گەلۆ مەسعوود بارزانی، قارەمانی ڕووخانی بەرنامە بۆ داڕێژراوی دوایین قەڵای جیهادیستەکانە لە عێراق؟ بەڵام یوسف محەممەد سادق، سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان کە بە سەردانێک لە "بێرن"ە، دەڵێ: "بارزانی چیتر سەرۆکی یاسایی ئێمە نییە. چیتر نوێنەرایەتی ئێمە ناکا."
مەسعوود بارزانی کە لە ٢٠١٣ەوە دوو خوولی سەرۆکایەتی تەواو کردووە، توانی لە پەرلەمان ماوەی سەرۆکایەتییەکەی بۆ ماوەی دوو ساڵ بە شێوەیەکی "ئاوارتە" درێژ بکاتەوە. پار، ئەو داخوازییەی هەمدیس نوێ کردەوە. کەچی لە لایەن زۆرینەی پەرلەمانەوە ڕەت کرایەوە. لە لایەکی ترەوە، سەرۆک لە ئۆکتۆبری ڕابردووە لە بەردەم کۆبوونەوەی پەرلەمان بۆتە ئاستەنگ. "هەوڵم دا بچمە هەولێر. لێ لە بازگەیەک لە لایەن کۆمەڵێک پیاوی چەکدار بەربەست کرام. بە هەمان ئەو چەکانەی ڕۆژئاوا ناردبوونی تاکوو شەڕی داعشیان پێ بکرێ"، سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان بە بزەوە وا دەڵێ. ئا بەمجۆرە نزیکەی ساڵێکە سەرۆکی پەرلەمان ناتوانێ پێ بنێتە پایتەختی کوردستانەوە.
یوسف سادق دەڵێ لە ناخی دڵەوە ئاواتەخوازە پێشمەرگە بۆ هەتاهەتایە بەسەر جیهادییەکاندا سەرکەوێ. بەڵام لە بێرن، هەروەک ژنێڤ، لەو شوێنەی چاوی بە بەرپرسانی نەتەوەیەکگرتووەکان کەوت، ناوبراو جەختی لەسەر مەترسییەکانی چاونوقاندن لە حاند ئاریشەی ملهوڕانەی رژیمێکی دۆست بە بیانووی بەرەنگاربوونەوەی دوژمنێکی هاوبەش کردەوە. بە کورتی دەڵێ: "ئێمە سوپاسگوزاری کۆمەڵگەی نێونەتەوەیین بۆ یارمەتییەکانیان. بەڵام ناکرێ کوردەکان تەنیا وەک قوربانی بەکار بێن. کوردەکان بەس سەرباز نین، بەڵکوو ئەوانیش مرۆڤن و کۆمەڵێک ئارمانجی تریان هەیە."
سەرۆکی (پێشوو) مەسعوود بارزانی، پۆستی سەرۆک وەزیرانی داوە بە برازاکەی. یەکێک لە کوڕەکانی بەرپرسی هێزی سەربازییە. یەکێکی تریان ڕاوێژکارێکی سەرەکی خۆیەتی. سەرۆکی پەرلەمان دەڵێ: "سەرجەم پۆستەکان بەسەر بنەماڵەکەی و خزمەکانیدا دابەش کراون." یوسف سادق لەم ڕووەوە پێی وایە: هەروەها هۆزی بارزانی سەرمایەکی زۆریان ڕفاندووە، پارەیەکی زۆریان لە خەزانەی دەوڵەت "حەپەلووش" کردووە کە حاڵی حازر لە سویسرایە.
ناوچەکە خاوەنی یەکێک لە گرنگترین سەرچاوەکانی نەوت و گازە لە جیهاندا. بەڵام لە ڕووی ئابوورییەوە تەواو تێک شکاوە. یوسف سادق ئاماژە بەوە دەکا: "ئەمە پرسێکی سەرەکییە. لە بەرامبەر گشت ئەو مەترسییانەی لە ناوچەکە هەن، ڕۆژئاوا دەبێ پشت بە شەریکێکی کوردی تەندروست و دیموکرات ببەستێ. ئەمە تاقە ڕێگەی درێژخایەنە بۆ نانەوەی بەربەست بەرامبەر بە توندئاژۆیی."
مەسعوود بارزانی لە بەغدا، لە چاوپێکەوتنەکەیدا لەگەڵ حەیدەر عیبادی سەرۆک وەزیرانی عێراق، پەیتا پەیتا باسی "پاش موسڵ"ی کرد، بەتایبەت خواستی هاوپیشەکەی دڵنیا بکاتەوە کوردەکان لەو هێرشەی دادێ هەوڵ نادەن خاکی حوکمڕانیان بەرفراونتر بکەنەوە. بە پێچەوانەوە، لەمەڕ ئەگەری گواستنەوەی دەسەڵات لە کوردستان عێراق، هیچ شتێک ئاڵوگۆڕ نەکراوە.

۱۳۹۵/۰۷/۰۶

چەمکی خۆشەویستی لە ڕۆمانی شازادە چکۆل‌دا


ڕێزان فتاح
 
"ئەگەر کەسێک گوڵێکی خۆش بوێت کە لە ملیۆنان ئەستێرەدا تەنیا یەک گوڵی لەو چەشنە هەبێت، ئەوا ئەو کەسە هەر هێندەی بەسە کە لە ئەستێرەکان بڕوانێت و هەست بە بەختەوەری بکات، دەتوانێت بە خۆی بڵێت: ‘گوڵەکەی من لە یەکێک لەو ئەستێرانە دایە.’ بەڵام ئەگەر بەرخێک بێت و گوڵەکەی بخوات، وەک ئەوە وایە هەموو ئەستێرەکان لە پرێکدا پرتەیەک بکەن و بکوژێنەوە."

ئەمە پەرەگرافێکە لە ڕۆمانی شازادە چکۆل‌ی نووسەر و فڕۆکەوانی فەڕەنسی ئانتوان دۆ سانت ئیگزۆپێری، کە دیارترین و پڕفرۆشترین ڕۆمانەکانی سەدەی بیستەمە. لە سالی ١٩٤٣ بۆ یەکەم جار بە زمانی فەڕەنسی لە سەردەمی جەنگی جیهانیی دووەم چاپ و بڵاو کراوەتەوە، ئەوکاتە نووسەر لە ئەمەریکا نیشتەجێ ببوو. بە چوارەمین کتێب دادەنرێت کە زۆرترین وەرگێڕانی بۆ کراوە لە جیهاندا، کە بە زیاتر لە ٢٥٠ زمان و دیالێکت دادەنرێت. یەکێک لەو زمانانە زمانی کوردییە، کە دوو جار وەرگێڕدراوە، یەکێکیان سالی ٢٠٠٧ لە لایەن خەبات عارف و بەڕۆژ ئاکرەیی‌یەوە دەزگای ئاراس چاپ و بڵاوی کردووەتەوە. ئەوەی تریش ئەم ساڵ لە لایەن ناوەندی غەزەلنووس بۆ چاپ و بڵاوکردنەوە بە وەرگێڕانی سەلاحەدین بایەزیدی بڵاوی کردووەتەوە. کتێبەکە تاکە بەرهەمی وەرگێڕدراوی نووسەرە بۆ سەر زمانی کوردی، هەرچەندە چەندین بەرهەمی بەناوبانگی تریشی هەیە.

سەرەتا وەرگێرانەکەی دەزگای ئاراس‌م خوێندەوە، دواتر جارێکیش بە زمانی ئینگلیزی و لەم دواییانە وەرگێرانەکەی ناوەندی غەزەلنووس‌م خوێندەوە. لەم سێ جار خوێندنەوەیەمدا دەتوانم بڵێم بە ڕاستی ڕۆمانێکە نەک سێ جار بەڵکو شایستەی خوێندنەوەی زیاتریشە، زێدەڕۆیی نییە ئەگەر بڵێم لەهەر قوناغێکی تەمەن پێویستە جارێک بخوێندرێتەوە. ڕۆمانێکە بۆ گەورە و منداڵ دەشێت، بە دەقێکی فەلسەفی قووڵ دادەنرێت. پوختەی ڕۆمانەکە باس لە چیرۆکی فڕۆکەوانێک دەکات کە بە ناچاری لە بیابانێک دەنیشێتەوە بە هۆی شکانی پارچەیەک لە مەکینەی فڕۆکەکەی، ئەو کاتەی بە چاککردنەوەی خەریک دەبێت لە پڕ چاوی دەکەوێت بە بوونەوەرێکی بچکۆلانە و سەیر، دواتر بە تێپەربوونی کات بۆی دەردەکەوێت کە ئەو مرۆڤە بە تەنیا لەگەڵ گوڵەکەی لەسەر ئەستێرەیەکی دوور دەژی و بە گەشتێک هاتووەتە سەر هەسارەی زەوی، لە ماوەی گەشتەکەیدا چەندین ئەستێرەی تری بینیوە و ئاشنایەتی لەگەڵ مرۆڤ و ئاژەڵاندا پەیدا کردوە و فێری چەندین وانە بووە.

نووسەر جەختی لەسەر چەند بابەتێک کردووەتەوە وەک ئەوین، هاورێیەتی، سەفەر و گەڕیدەیی، گرنگیدان بە ئارەزوو و خولیاکانی منداڵان و گوێگرتن لە خواستەکانیان و لێک تێگەیشتن و پەیوەندیی نێوان مرۆڤەکان. چیرۆکی ڕۆمانەکەی لە ڕووداوێکی ڕاستەقینەی ژیانی خۆی وەرگرتووە، کە لە ساڵی ١٩٣٥ ڕووی داوە، کاتێک لە پاریسەوە بە هاوەڵی لەگەل هاوڕێ فرۆکەوانەکەی، ئەندرێ پریڤۆت، بەرەو سایگۆن بەڕێ دەکەون، لە ڕێگە فڕۆکەکەیان تێک دەشکێت و ڕێگەیان لێ ون دەبێت بۆ ماوەی ٣ ڕۆژ لە ناو بیاباندا دەمێننەوە، بە هۆی گەرمی و وشکیی بیابانەوە ڕووبەڕووی مەرگ دەبنەوە. لە ڕۆژی چوارەمدا بە شێوەیەکی پەڕجووئاسا لە لایەن هۆزەکانی بیابان لەم کارەساتە ڕزگاریان دەبێت. دواتر ئەم بەسەرهاتە دەبێتە هەوێنی داڕشتنی دەقێکی بەهادار و گرنگ لە ناو دونیای ئەدەبی جیهانی. چیرۆکێکی پڕ خەیاڵ و فەنتازیای جوان لە پشت هەر دێڕیکی کە مانایەکی قووڵی فەلسەفی و چەندین وانەی لە خۆ گرتووە نەک تەنیا منداڵان و لاوان بەڵکو بۆ هەموو تەمەنێک دەشێت و سوود و کەڵکی هەیە.

قسە لەسەر شێواز و تەکنیکەکانی ڕۆمانەکە ناکەم و هەروەها لە ڕووی باشی و خراپییەوە وەرگێڕانەکان هەڵناسەنگێنم و بەراوردیان ناکەم، بەڵام هاندەری سەرەکی لەم نووسینەدا بریتییە لە بابەتی هاوڕێیەتی و خۆشەویستی کە پانتاییەکی فراوانی لە دەقەکەدا گرتووە.

دەکرێت بڵێین مرۆڤ ئەو گیانلەبەرەیە کە بەبێ خۆشەویستی هەڵناکات و تووشی سەرلێشێواوی دەبێت، پێویستی بە دڵنەوایی و پەناگەیەک هەیە. ئەوە قسەکردن و فێربوونی زمان نییە کە مرۆڤ لە گیانلەبەرانی تر جیا دەکاتەوە، بەڵکو خۆشەویستییە. هەرکاتێک ئەم خۆشەویستییە لە مرۆڤدا سەری هەڵدا، دەبێتە خاڵی بنەڕەتیی گۆڕانکاری، بە چەشنێک دەبێتە گەیەنەرێک مرۆڤ بە خودی ڕاستەقینەی خۆی ئاشنا دەکاتەوە. لێرەدا دەبێت بپرسین ئایا خۆشەویستی چییە؟ خۆشەویستی ئەو پەیوەندییە تۆکمەیەی نێوان دوو کەسە کە حاڵەتێکی دەگمەن و سەیرە، پلەیەکی سەرووترە لە هەر جۆرە پەیوەندییەکی تر، چونکە لە خۆشەویستیدا هێزێک بۆ پێکبەستنەوە هەیە کە هیچ بەربەست و لەمپەڕێک نابێتە ڕێگر و هیچ دەسەڵاتێکی دەرەکی پێگەی لەق ناکات، ئەمەش خۆی لە هێزی ڕۆحی دەبینێتەوە. لەمەڕ پێویستبوونی دوو بونەوەر لە خۆشەویستیدا، فەیلەسووفی فەڕەنسی ئالان بادیۆ دەڵێت: “خۆشەویستی چەشنێک بیناکردنە، ئەو ژیانەیە کە بینا دەکرێت، بەڵام نەک تەنیا لە ڕوانگەی یەکەوە، بەڵکو لە ڕوانگەی دووەوە، ئەمە ئەزموونکردنی ژیانێکە کە کۆڵەکەی ئەوینە. لە خۆشەویستیدا تۆ بە ویستی خۆت و بێ زۆرلێکردن ڕازیت بە بەرامبەرەکەت بەو شێوەیەی کە هەیە، هەروەها تۆ تەنیا بەرپرسیارێتیی خۆشویستنی ئەوی ترت لەسەر شانە بێ گوێدانە ویستەکانی خۆت، ئەوت بە لاوە گرنگە بەر لە خۆت، بێ ئەوەی خۆشت  فەرامۆش بکەیت. تا دڵ فراوانی و تێگەیشتن لە یەکتر زیاتر بێت، سەرئەنجام ئەم ئەوینە زیاتر پەرە دەسێنێت و باڵاتر دەبێت.” هەر لەم بارەیەوە فەیلەسووفی هیندی کریشنا مۆرتی لە کتێبی فەرهەنگی فێربوون و خۆشەویستیکردندا دەڵێت: “خۆشویستن واتای ئەوە دەگەیەنێت کە تۆ هزر و دڵ و تەواوی بوونایەتی خۆتی پێ ببەخشیت و هیچت لەو نەوێت و بۆ بەدەستهێنانی سۆز و خۆشەوستی کاسەی گەدایی نەگریتە دەست. ئەگەر ئەم جۆرە خۆشەویستییە بوونی هەبێت، چیتر توڕەبوون بە لامانەوە گرنگ نابێت.”

ئێستا با بزانین ئەو هاورێیەتی و خۆشەویستییەی کە ئانتوان لە شازادە چکۆلدا باسی دەکات، چییە؟ ئانتوان باس لەهاوڕێیەتی و خۆشەویستیی بێ مەرج دەکات کە مرۆڤایەتی پێوستی پێیەتی بۆ ڕزگاربوون لەم بارە ناهەموارەی کە تێیکەوتووە. ئەو چەشنە هاوڕێیەتی و خۆشەویستییە بریتییە لەو پەیوەندییە ڕاستەقینەیەی کە دەگمەنە لەم سەردەم و زەمەنەی ئەمڕۆماندا کاتێک بەها بنەڕەتییەکانی مرۆڤبوون کاڵ بووەتەوە و شەڕ و کوشتار و خۆپەرستی بە هەموو سووچێکی ئەم جیهانەدا تەشەنەی کردووە. بۆیە گرنگە کتیبگەلێکی لەم چەشنە بخوێندرێنەوە و ڕاڤەی وردیان بۆ بکرێت. ئایا ئێمە چەندە پاک و سادە و بەبێ مەرج دەتوانین هاوڕێیەتی و خۆشەویستی بکەین؟ وەک ئەوەی کە جوبران خلیل جوبران لە پەیامبەردا دەڵێت: “ئاگەدار بن لە هاوڕێیەتیتاندا هیچ مەبەستێکتان نەبێت، جگە لە قووڵکردنەوەی ڕۆحی هاورێیەتی.” هاوڕێیەتییەک لە هەموو کات و ساتەکاندا بێت و لە خۆشی و ناخۆشییەکان پشتوپەنات بێت نەک بۆ پڕکردنەوەی کاتی بەتاڵ و سوود و بەرژەوەندی. دواجار هاوڕێیەتی و خۆشەویستی و قبووڵکردنی ئەوی تر وەک خۆی بەبێ دەستکاریکردنی ڕۆحی ڕووتی، ڕزگارکاری ئەم دونیا جەنجاڵ و قەرەباڵغ و سەرلێشێواوەیە. گەر سەرنج بدەین دەبینین تەکنەلۆژیا و ئەم هەموو پێشکەوتنانەی مرۆڤ بە هۆی زانست بە دەستی هێناوە، کاریگەریی خۆی داناوە لەسەر پەیوەندیی مرۆڤەکان، پەیوەندییەکانی لاواز کردووە، تەنافی خۆشەویستیی هەقیقی نێوان مرۆڤەکان تەنانەت بۆ خودی خۆشیان ئەوەندە باریک بووەتەوە لە پسان نزیکە. دەشێت هەر ئەم خۆشەویستییەی ئانتوان باسی لێوە دەکات، ئەو خۆشەویستییە بێت کە تەواوی نووسەران و فەیلەسووفان هەر لە کۆنەوە تاکو ئێستا باسیان کردووە، لەوانەش شاعیری فەڕەنسی ئارسەر ڕامبۆ لە وەرزێک لە دۆزەخدا بۆچوونی وایە خۆشەویستی هێزی ئافراندن و داهێنان دەداتە مرۆڤ و کلیلی سەلماندنی خودە، کاتێک دەڵێت: “خۆشەویستی ئەو کلیلەیە، ئەم سروشەیە، دەیسەلمێنی کە من خەون دەبینم.” لە شعرێکی تردا دەڵێت: “خۆشەویستی، وەک چۆن دەزانین دەبێ سەرلەنوێ دابهێندرێتەوە.” ئەمەش ئەم دەستەواژەیەیە کە فەیلەسووفی فەڕەنسی ئالان بادیۆ پشتگیری لێ کردوە سەبارەت بە دووبارەداهێنانەوەی خۆشەویستی، وە ئەو پێی وایە: “بەو چەشنەی کە هەموومان دەزانین، خۆشەویستی دووبارەداهێنانەوەی ژیانە و سەرلەنوێ داهێنانەوەی خۆشەویستی هەر هەمان سەرلەنوێ داهێنانەوەی ئەو داهێنانە دووبارەیەیە.”

گرنگترین شتیش نەشاردنەوەی هەستی خۆشەویستییە, چونکە دەربڕینی ئەم هەستە بۆ دەوروبەر و مرۆڤەکان ئەوەندە سەخت بووە، کاتێک تەکنەلۆژیا دەستی خستووەتە قوڕگی هەموو مرۆیەک، سادەیی لە بیر مرۆڤ بردووەتەوە و وای لێ کردوە کە نرخ و بەها بداتە شتانێک کە بنەڕەتێکی ئەوتۆیان نییە، لایەنی رۆحی و مەعنەوی فەرامۆش کردووە، بەهاکانی خۆشەویستی و هاوڕێیەتی لە لای کاڵ بووەتەوە. دەبینین کە مرۆڤ لە هەوڵی سڕینەوەی ئەوی تردایە و خۆشەویستی بۆ شتە فانی و ڕووکەشییەکانی وەک هێز و دەسەڵات و ناوبانگ و سەروەت و سامان زۆرترە وەک لەوەی بۆ ڕۆحی ڕووتی ئەوانی دی. خۆشەویستییەک ببێتە هەوێنی جوانترین کردار و هەڵسوکەوتەکان، ببێتە داینەمۆی ژیانێکی پڕ لە نەمری. خۆشەویستی مانای سنووردارکردن و گۆڕینی سروشتی کەسی بەرامبەر نییە، بەڵکو ڕازیبوونە پێی بەو شێوەیەی کە هەیە. خۆشەویستی هونەرە، ئەم هونەرەش پێویستی بە ئەزموون هەیە، ئەوانەی ئەم بەهرە و هونەرەیان هەیە لە ژمارەدا کەمن، لە زەمەنێکی وەک ئەمڕۆدا گرنگە بگەڕێینەوە باوەشی میهرەبانیی خۆشەویستی تا بتوانین بە یەکەوە هەڵبکەین و بژین. ئیستا ئەگەر دونیایەکی خاڵی لە خۆشەویستی وێنا بکەین، بزانین تا کوێ و چەندە لەوێ دەتوانین هەڵبکەین؟ بێگومان زۆر سەختە، چونکە خۆشەویستی ڕایەڵەی پێکبەستنەوەیە کە نەبێت، سەرلەبەری گەردوون لە یەک هەڵدەوەشێتەوە.

شازادە چکۆڵ ڕۆمانێکە هەڵوەستەت پێ دەکات، لە بەردەم ئاوێنەکەی ڕات دەگرێت، ڕووبەڕووی چەندین پرسیارت دەکاتەوە، وانەیەکی بەنرخی خۆشەویستی، سەفەر، گەڕیدەیی، مامەڵەکردن، پەیوەندییەکی تۆکمە و تێگەیشتن لە دونیای پاکوبێگەردی منداڵانت فێر دەکات.

ئەرێ ئاخۆ ئێمە دەبێت چەند کەسمان بە چەشنی شازادە چکۆڵ گیرمان خواردبێت بە دەست تاقە گوڵەکەمان و نەمانتوانیبێت لە زمانی بگەین؟ ئەو کاتەش ڕووبەڕووی دۆخێکی سەیر و پڕ لە نائومێدی ببینەوە و نە بمانەوێت ئەستێرەکەمان بە جێ بهێڵین و نە بەرگەی ئازار و ناڕەحەتی و شەونخونی بگرین، چەند کەسمان بیری لە بەجێ هێشتن کردووەتەوە؟ دڵگران بووە لەوەی کە خۆشەویستەکەی قسەی دڵی ئەوی نەکردووە بێئاگا لەوەی کە خۆشەویستەکەی هیچ مەبەستێکی ئەوتۆی نییە لە ناز و مەکرەکانی، تەنیا دەیەوێت پیشانی بدات و بڵێت ئەوە منم تاکە هاوڕێ و خۆشەویستی تۆ.

خۆشەویستیی شازادە چکۆل خۆشەویستییەکی ڕاستەقینە بوو، پڕ بوو لە میهرەبانی و سۆز و فیداکاری و خۆنەویستی. ئەو بە دڵ خزمەتی گوڵەکەی دەکرد هەموو بەیانییەک ئەستێرەکەی خاوێن دەکردەوە لە تۆوی نامۆ و پنچکەگیا. وەختێکیش لە گوفتار و قسەکانی ماندوو و ناڕەحەت دەبێت، سەری خۆی هەڵدەگرێت و تاقەگوڵەکەی بەجێ دەهێلێت و لە تاو خۆشەویستییە پاکەکەی گەشتێکی دوورودرێژ دەست پێ دەکات. ئەو کاتەش کە لە مانای فانییەت تێدەگات، پەشیمانی دای دەگرێت و دەڵێت: "ئەوسا لە هیچ نەگەیشتم، من دەبوو لە ڕووی هەڵسوکەوتیەوە هەڵمسەنگاندبا نەک لە ڕووی قسەکانیەوە. ئەو منی سەرڕێژی بۆن و بەرامەی خۆی کردبوو و دەوروبەری ڕووناک کردبوومەوە. دەبوو سەری خۆم هڵنەگرتبایە و بەجێم نەهێشتبا. دەبوو هەستم بەو سۆز و نەرمونیانییەی کردبا کە لە پشت فێڵە بێ گوناهەکانیەوە حەشاردرابوون. گوڵان پڕن لەم چەشنە هاودژییانە. بەڵام چی بکەم، من لەوە کاڵفامتر بووم کە بزانم چۆن ئەوم خۆش بوێت."

شازادە چکۆڵ لەسەر قسەکانی گوڵەکەی بڕیاری دا نەک لەسەر هەڵسوکەوتەکانی، سەرئەنجام دەیەوێت بە گەورەکان بڵێت تکایە ڕووکەشبین مەبن، تکایە با چاوەکانتان تۆزێک فراوانتر بێت و دوورتر بڕوانن، هەوڵ بدەن ئەوەی لە پشتی پەردەکانەوە شاردراوەتەوە ببینن، چونکە لەم جیهانەدا شتانێک هەن بە چاوە ئاساییەکان نابینرێن، دەبێت هەوڵ و تەقەڵای بۆ بدەیت تا تروسکایی بینایی دەدۆزیتەوە، تاکە رێگەش بۆ دۆزینەوەی ئەو تروسکاییە خۆشەویستییەکی ڕاستەقینەیە، کە لە پێناویدا ئامادە بیت گیانت فیدا بکەیت، خۆشەویستییەک کە دەرگەکانت بۆ واڵا دەکات و بە ناو ژوورەکانی کۆشکەکەیدا یەک بە یەک دەتگێرێت، خۆشەویستییەک کە تێیدا بوون بە هەموو شتەکانی ناویەوە جوان دەبینیت، تەنانەت بەو شتانەش کە لە چاوی ئەوانی تردا ناشیرینە. شازادە لە گەشتەکەیدا بە دوای هاودەم و هاوڕێیەکدا دەگەڕا، ئاشنای مرۆڤ و ئاژەڵان بوو، بەڵام هیچ کامیان سەبر و ئارامییان پێ نەبەخشی و لە کۆتاییدا بڕیاری دا بگەڕێتەوە سەر ئەستێرەکەی و لە لای تاقەگوڵە بێهاوتاکەی بۆ هەمیشە ئۆقرە بگرێت.

سەرچاوە: ماڵپەڕی دیدی من

۱۳۹۵/۰۶/۳۱

"گورگ و سەگ"، ئەفسانەکەی ئەمڕۆ

پاتریس فرانچێسکی
لە فەرەنسییەوە: سەلاحەدین بایەزیدی
 

"بەها تینووی مەترسییە."
سێنێکا، دەربارەی ویست.

بەرەی تەلمەعرووف، باشووری ڕۆژهەڵاتی قامیشلی، ئۆکتۆبری ٢٠١٤.
هەمدیس گەڕاومەتەوە بۆ ڕۆژئاوا. ژێرار شالیانم لەگەڵ دایە. ساڵی ٢٠١٢، ئەم هاوڕێ قەدیمییەم - لە سەرەتاکانی شەڕی ئەفغانستانەوە یەکتری دەناسین - ناوەندێکی لێکۆڵینەوەی ستراتژیی لە زانکۆی هەولێر دامەزراند. لەوێ چەند مانگ لە ساڵدا وانە دەڵێتەوە. ئەو و کوشنێر لەو دەگمەن کەسە کاریگەرانەن کە داشداری کوردەکانن - دەمەوێ بڵێم: پابەند و چالاک هەر لە یەکەمین ساتەکانەوە - و وەک باندێکی چاکمان لێهاتووە. بیرەوەریی هەندێک دانیشتنی شەوانەی باڵەخانە گەورەکەی شالیان کە حکومەتی بارزانی پێشکەشی کردووە، هەرگیز لە یاد ناکەم، جارجارە ئەحمەد بامەڕنیش کە لە بەغداوە دەهات بەشداری کۆڕەکانمان دەبوو. گفتوگۆی سیاسی و ستراتیژی لە دەوری بوتڵە شەراب و ئارەقی چاک تێکەڵ بە تێبینییەکانمان سەبارەت بە ژیان و مرۆڤەکان دەبوو و دواجار درەنگانی شەو بە خوێندنەوەی شیعری لەبەرکراو یان هەندێ جار پێداچوونەوەی دەقێکی جەنجاڵی ڕۆژنامەی لۆمۆند کۆتایی دەهات.
کار و خەباتی سەربەخۆ چێژبەخشە…
دۆخی ئەمنی لە کوردستانی عێراق لەگەڵ سەرهەڵدانی داعش و دەسپێکی شەڕی کۆبانێ ئەوەندە لاواز بووە کە حکومەتەکەی بارزانی دوو لیمۆزینی زرێپۆش و پێنج حیمایەی پێ داین تاکوو بگەینە سنووری جەزیرەی سووریا و بە دڵنیاییەوە لە دیجلە - و پردە تووک لێکراوە هەڵپەسێردراوەکەی - بپەڕینەوە. سەفەرەکەمان بە تەکسی یان بە ئۆتۆمبێلی شۆڕشگێڕانی ڕۆژئاوا درێژە پێ دا تاکوو لە وڵاتێکەوە دەربازی وڵاتێکی دیکە بین، لە ناز و نیعمەت و باق و بریقی کوردستانی عێراقەوە بۆ دەستکورتی و سادەیی کوردستانی سووریا.
لە سەر ئەم مژارە، من و شالیان بە جیاوازیی جەستەیی نێوان حیمایەکانمان، ئەوانەی سەر بە بارزانی و هاوتاکانی ئاسایشیان لە ڕۆژئاوا ڕادەبوێرین. دەستەی یەکەم: قەڵەو و ورگن. دەستەی دووەم: کز و زراڤ. لە ڕوانگەی ئێمەوە هێمایەکی سەمبۆلیک بۆ ئەفسانەی گورگ و سەگەکەی لافۆنتێن -  نووسەرێک بۆ گەورەکان، هەڵبەت بێ پێداگری کردن - کە کاکڵە سەرەکییەکەی سەبارەت بە ئازادی و ڕەهەندەکانییەتی. لێرەدا ئەگەر بمانەوێ بە تەواوی چاوگەی ئەو کەسایەتییانە دەرک بکەین کە لەم چیرۆکەدا خراونەتە ڕوو، بیرهێنانەوەی خووی دوو کارەکتەرەکەی ئەم ئەفسانەیە بێ سوود نییە: لە هەمبەر گورگی لەر و لاواز کە هەموو مەترسییەک دەداتە بەر چاو تاکوو ئازادانە بە نێو لێڕەواردا بێت و بچێ، سەگێکی قەڵەوی قەڵادە لە مل ئەو حەسارە ئارامە هەڵدەبژێرێ وا لە ژێر چاودێری و پاراستنی خاوەنەکەی دایە. لە ماوەی بیست ساڵ ئاشتی و پێشکەوتنی ئابووری، هاوڕێیانی کوردی عێراقمان، کە جاران کز و زەعیف  بوون، بێشەرمانە قەڵەو بوون - بە تەواوی مانای وشە. وەک هەمیشە لەو هەلومەرجانەدا، لە ئازادی خۆیان غافڵ مان وەک ئەوەی چیتر ئەو سەرکەوتنە نەبێ باوکەکانیان باجی گەورەیان بۆ دابێ، بەڵكوو جۆرێک دیاریی خۆڕایی بێ کە نرخە ڕاستەقینەکەی لەناو چووبێ. ئەوان یاساکانی مێژوو، وزەی گەلان و هێزی ئایدیۆلۆژیاکانیان لە بیر چۆوە. ناوەندگەلی بازرگانی، پارکی سەرنجڕاکێش و هۆتێلی لووکس و سەرجەم ئەو شتانەیان بونیاد نا ڕۆژێک ئەوان لە دووبەی بچوێنێ، لە کاتێکدا هەروا بەو دوژمنانە دەور درابوون کە ئاواتیان دۆڕانی ئەمان بوو. بوونە بەکارهێنەر و تا ئاستێک چوونە پێش کە مناڵانی گرفتاربوویان بە یاری ڤیدیۆ و مۆبایلی هۆشمەند لە سەرجەم خزمەتگوزارییە سەربازییەکان دوورەپەرێز بگرن. لەم ڕووەوە کەمێک گەندەڵی، برسێتی مادە و کۆڵێک سات و سەودا و هەموو شتێک ئامادە بوو بۆ ئەوەی تراژیدیاکە ڕوو بدا. کاتێک هاوینی ٢٠١٤ ئیسلامییە تەیارەکانی داعش هێرشیان هێنا، پێشمەرگەکان کە لە چوارچێوەی سوپایەکی فەرمیدا ڕاهاتبوون، بە هەمان شێوازی سەربازەکانی عێراق لە موسڵ پاشەکشەیان کرد. چییان لێ هات ئەو جەنگاوەرانەی تا مەرگ شەڕیان دەکرد؟ ئیتر کەسێک نەبوو بەرگری لەو ئازادییە بکا کە وەچەی پێشتر بە هەزار حاڵ دەستەبەریان کردبوو.
لەمەوبەدوا، "سەندرۆمی هەولێر" بۆ من نیشانەی وەسوەسەی وازهێنانی ئازادییەکان دەبێ بۆ ئارامیی گوێلکی زێڕینی بەکارهێنان.
شالیان بە گاڵتەوە سەبارەت بە هاوڕێ پێشمەرگەکانمان دەیگوت: "کە دە بیست کیلۆ زیاد بکەی، تەنانەت ڕاکردنیش ئەستەم دەبێ."
لەو ساتە تاریکانەدا، شڵەژان بەسەر هەولێردا زاڵ ببوو، تا ئاستێک کە خەڵک خۆی حازر کردبوو پەنا بۆ شاخ و داخ بەرێ، وەک ڕۆژە هەرە سامناکەکانی سەردەمی ڕژێمی سەددام حسێن. کوردەکانی عێراق لەپێناو پاراستنی پێتەختەکەیان ناچار بوون دەستەوداوێنی ڕۆژئاوا بن کە سەرەتا فڕۆکە و پاشان ڕاوێژکار و دواجار چەک و تەقەمەنیان بۆ ناردن. بەڵام لەم بەینەدا، لە مەیدانەکە، ئەوە گورگە لاوازەکانی یەپەگە بوون بە هانای برا عێراقییەکانیانەوە چوون - بە یارمەتیی برایانی تریان لە پەکەکە کە دەستوبرد لە چیاکانی تورکیاوە شۆڕ ببوونەوە. ئاڵدار خەلیل، "بەتریقەکە"، چاودێری ئۆپەراسیۆنەکانی کردبوو. وەک دواتر پێی گوتم شەڕێکی سامناک بوو. گەرما تاقەتپڕووکێن و بای لم هەموو شتێکی گەسک دابوو، ئیسلامییەکان خۆیان شەڕکەر نیشان دابوو، گورگە لاوازەکانیش بە هەمان شێوە.
داعش دەیویست هەولێر بگرێ، وەک چۆن موسڵی گرتبوو، وەک چۆن چەندین شاری تری عێراقی گرتبوو. هاوکات هەوڵی دەدا ئێزدییەکان و ئاینی باب و کاڵیان لەناو ببا. یەپەگە پاشەکشەی بە ئیسلامییەکان کردبوو و کۆریدۆرێکی مرۆیی بەرەو خاکی خۆیان چێ کردبوو و ئەم بێبەختانەی لە قڕبوون پاراستبوو. بۆ یەکەمجار ڕای گشتی نێونەتەوەیی ددانی بە بوێری کوردەکان دانا.

ئێستا لە قامیشلین، لە پێتەختی ڕۆژئاوا. ئەو هەواڵانەی لە کۆبانێوە دێن، بە هیچ شێوەیەک دڵخۆشکەر نین. سەربازگە هەروا خۆڕاگری دەکا، بەڵام هەروا مەحاڵە خۆت بگەیەنیتە شاری ئابڵۆقەدراو. ئێمە دەمانتوانی لە ڕێگەی تورکیاوە هەوڵ بدەین، بەڵام بە لەبەرچاوگرتنی لەقاودانی سیاسەتی دژەکوردی حکومەتی ئەردۆغان بۆ ڕای گشتی لەلایەن ئێمەوە، ئەم ڕێگەیە جێی متمانە نەبوو. لە باشترین حاڵەتدا دەردەکراین. چوون بۆ کۆبانێ لە ڕێگەی جیزرەوە دە قات خراپترە. مەترسیی چوون بە نێو بەرەی ئیسلامییەکانی باکووری سووریا بە ڕادەیەک زۆرە کە ڕێدوور خەلیل، "ئوکرانییەکە"، ئامادە نییە ڕیسکێکی وەها گەورە بۆ ئامانجێکی سنووردار بگرێتە بەر چاو. پێم دەڵێ:
"نیوەی ئەو هێز و کۆمەک و تەقەمەنییەی هەوڵ دەدەین لەم ڕێگەیەوە بیگەیەنین، هەرگیز ناگاتە شوێنی خۆی. نابێ لە خورت و خۆڕایی خۆتان بە کوشت بدەن…"
عەبدولکەریم عومەر، بەرپرسی پەیوەندییە دیپلۆماسییەکان، بە پێی توانا ئەهوەنم دەکاتەوە: "گەلەک شت هەن لە بەرەکانی دیکە ئەنجام بدرێن، هێشتا تەواو نەکراون…"
عەبدولکەریم پیاوێکی کورتەباڵای خڕ و قەڵەو و پانە. هەمیشە قاتێکی تەنگ تەنگ لەبەر دەکا و دەڵێی ئێستا نا ئێستا دەتەقێتەوە. لە ژیانی مەدەنیدا دەرمانساز بووە و ماوەیەک لەگەڵ خالید عیسا لە دیمەشق خوێندوویەتی و لەپێناو داننان بە وڵاتەکەی تێدەکۆشێ: "لەگەڵ شالیانی هاوڕێت، دەتنێرمە بەرەی تەلمەعرووف کە ئێستاکە بەرەی هەرە ستراتژییە. چل کیلۆمەتر لە قامیشلی دوورە. ئەگەر ئیسلامییەکان بڕیاریان دا دەست بەسەر پێتەختەکەمان دابگرن، ئەوا لەم دەڤەرەوە هێرش دێنن. چل کیلۆمەتر هیچ نییە. لەوێ، هەموو ڕۆژێ شەڕ دەکەین بۆ ئەوەی ڕێگەیان نەدەین مەترێک چییە پێشڕەوی بکەن."
تەلەمەعرووف، چەند ڕۆژ دواتر. دیسان دڕکەڵانێکی شۆرەکات ئاسا. دیمەنێکی بێ کۆتایی، چۆل و هۆل، لێرە و لەوێ گوند و ئاوەدانی. چەند تەپۆڵکەیەکی پرژ و بڵاو بەسەر ناوچەی شپڕێوی محەڕەمەدا دەڕوانن و بەرەکانی جەنگ لێک جیا دەکەنەوە. یەکینەیەکی گەنجی سەر بە یەپەژە تەپۆڵکەی سەرەکیی بە دەستەوەیە. هەفتەی ڕابردوو، جیهادییەکان پاش شەوێک ململانێی دژوار توانیان ئاڵوگۆڕی بەسەر پێگەکەیاندا بێنن. دوو ڕۆژ دواتر، ئەندامانی یەپەگە و یەپەژە هێزێکیان ناردە نشێوەکان و دەستوبرد گردەکەیان لە چنگ دەرهێنانەوە. کوردەکان ئامادە نەبوون بە هیچ شێوەیەک ڕێگە بە ئیسلامییەکان بدەن تۆپخانەکانیان لەسەر ئەو تەپۆڵکانە سەقامگیر بکەن و لەوێوە گوندەکانیان بدەنە بەر تۆپ. دە کەسێک لە هێرشەکەدا مردوون و سێ ئەوەندەش بریندار بوون. شێوازێک لە جەنگی دیێن بیێن پوو لە چۆلەوانی و دەشتدا.
ئیسلامییەکان بۆ دزەکردنە نێو هێڵەکانی کورد و بەدەست خستنی گردەکە ئۆتۆمبێلێکی خۆکوژیان بەکار هێنابوو. تەکنیک و میتۆدی باوی خۆیان. ئۆتۆمبێلێک بە ماددەی تەقەمەنی دەئاخنن و شۆفیرە خۆکوژەکەی لە باشترین شوێن کە بتوانێ درز بخاتە نێو سیستەمی بەرگریی لایەنی بەرامبەرەوە خۆی دەتەقێنێتەوە، بۆ ئەوەی بتوانن پاشان لەوێوە هەڵمەتی هێرشبەرانە دەست پێ بکەن. لەو ئۆتۆمبێلەی لێرە سوودی لێ وەرگیراوە، بە گشتی پارچەیەکی ئەوتۆ نەماوەتەوە. لە دەربەندی خوار تەپۆڵکەکەوە ئۆتۆمبێلەکە لەت و پەت بووە. ناخ و هەناوی هەڵدڕاوە و بۆتە خەڵووز، لەگەڵ ئەوەشدا دەکرێ شوێنەواری گەلێک گولـلە ببینی کە هەوڵ دراوە بەر لەوەی ئۆتۆمبێلەکە بە ئامانج بگا، بیتەقێننەوە.
ئەندامێکی یەپەژە ڕادەگەیەنێ: "لە کۆبانێ، دۆخەکە دە قات خراپترە. لە شەڕی کۆڵان بە کۆڵان، جیهادییەکان بارهەڵگری خۆکوژ دەنێرنە نێو هاوڕێکانمان و چونکە سپەریان هەیە، ناتوانین پێشیان پێ بگرین. ئەم ئۆتۆمبێلانە باڵاخانەکان بە تەواوی لەناو دەبەن. سەرباری ئەمەش، ئیسلامییەکان ناتوانن پاشەکشەمان پێ بکەن. بۆیە خۆکوژەکانیشیان دەنێرن کە پشتێنی پڕ لە تەقینەوەیان بەستووە. ئەوان شێتن…"
شەڕی ئەم چەکدارانەی داعش سەیروسەمەرەیە. ئەوان شێوازی بەدەوی و میتۆدگەلی جەنگی مۆدێڕن، کەلوپەلی ئاڵۆز و کەرەستەی سادە، وەک ئەو بۆمبە کوشندە دەستکردانەی بە بوتڵە گاز دروستاین دەکەن، تێکەڵ بە یەک دەکەن.
فڕۆکەیەک بە نێو چەقی ئاسماندا تێپەڕ دەبێ، وەک خووشینی ڕووناکاییەکی تیژ، لە دوورەوە چەند ئامانجێکی نادیاری دەرەوەی خاکی کورد بۆردومان دەکا. هێرشی ئاسمانیی هاوپەیمانەکانە. ئەندامانی یەپەژە پێدەکەنن. ئەوە پشتیوانی ئاسمانییانە کە خۆ لە شەڕەکە هەڵدەقورتێنێ، هەرچەند ئەمڕۆ بە قازانجی سوپای ئازادی سووریایە کە لە پێداگرترین گرووپەکانن هاوکاریی کوردەکان دەکەن. ئەگەر ئەم هێرشە هەواییانە نەبوایەن، بێگومان بەرهەمی چەکە قورسەکانی داعش جیاواز دەبوو.
ڕۆژێکی ئارامە. لە بن سێبەری دارێکی تەنیشت تۆپخانەیەک لەگەڵ ئەو یەکینەیەی یەپەژە کە ئەرکی پاراستنی تەپۆڵکەکەی بە ئەستۆوەیە، چای دەخۆینەوە. ژمارەی کچەکان لەو پێگەیە تەنانەت ناگاتە بیست کەس، هەر یەکە و کڵاشینکۆفی خۆی بە دەستەوەیە. وەک هەمیشە، هێزەکانی کورد بەسەر گرووپی بچووک بچووکی سەربەخۆدا دابەش بوون، پڕ جموجوڵن و بە گوێرەی پێداویستییەکان هاموشۆ دەکەن و هەروەها ئەگەر پێویست بکا تاقمی گەورە گەورەش پێک دێنن. دیارە بێ ئەوەی سەرم سووڕ بمێنێ تێکەڵییەک لە نەزمی پرووسی و هەڵسوکەوتی مناڵێکی چاکی بە ڕەوشت شێوەگرتوو لە شەڕڤانانی ڕۆژئاوادا دەبینم.
ژنێکی تەمەن سی ساڵ فەرماندەی ئەم دەستەیەی یەپەژەیە. پێشتر نەمبینیبوو. کادیرێکی پەکەکەیە و سێ مانگ پێش ئێستا لە نێو هێزەکانی کوردستانی تورکیا ڕا هاتووە. گەلەک جوان و دەم بە بزەیە، قژی کورتە، چاوەکانی دەبریقێنەوە، لە جلە سەربازییە خاکییەکانیدا خۆی تەڕپۆش و زەریف ڕاگرتووە. ئەم ئامازۆنەی ئاگر پتر لە دە ساڵە لە گشت بەرە کوردییەکاندا دەجەنگێ. خۆشحاڵە لەگەڵ هاوڕێیانی بێگانە دەدوێ و باسی شەڕەکانی خۆیان، ئەو بڕوایەی دەیانخاتە جووڵە و ئەو هومێدەیان بۆ دەکا کە هەیانە.
زەمەن لە نێوان دوو بەرەی جەنگدا مەیوە. سەعاتەکان دێن و دەچن وەک ئەوەی جەنگ شوێنەواری نەمابێ.
پاش نیوەڕۆ بەم زوانە کۆتایی دێ. ئێمە لەگەڵ حیمایەکەمان دەڕۆینەوە. بۆ دواجار ئاوڕ دەدەمەوە و وێنەی ئەو ئەندامە دەم بە بزانەی یەپەژە کە پیاڵە چایەکانیان کۆ دەکەنەوە و ئەو فەڕشەی لەسەر عەرزی ڕایانخستبوو، قەد دەکەن و یەکە یەکە دەخزێنە نێو پەناگەکەیان و ون دەبن، لە یادەوەریمدا هەڵدەگرم.
تا ئەو کاتەی هەمدیس جەنگ دەست پێدەکاتەوە.


لە پشت بەرەی تەلمەعرووفەوە، من و شالیان ئێستا وێرانەکانی خودی شارەکە لێک دەدەینەوە. سەفەرێک کە خەم و خەفەت مۆرکی خۆی لێ داوە. جاران ئەوێ دوو مزگەوتی سەر بە دەستەی سۆفییەکان، بە منارەی ڕازاوە بە ڕەنگێکی ناسکی موزاییکی شینی لێ بوو. منارەکان ئێستا بە ئەندازەی قەبارەی خۆیان کەوتوونەتە نێو کۆگایەک بەردەوە. بوونەتە تۆپەڵە بەردێک، ئەوان بە بێدەنگی بوونەتە شاهیدی بناژۆخوازیی نەسازاویی ئیسلامییەکان لە نێوخۆی ئایینەکەیاندا. موسڵمانەکانی تەلمەعرووف سەلەفیزمی شۆڕشگێڕیی داعشیان نەدەویست، لە ویست و مەیلی ئەوان بۆ ڕاکێشکردنی هەموو شتێکی ژیانی ڕۆژانە بەرەو توندڕەویی سامیان ڕێ نیشتبوو. پاشان سزا پەرەی سەند، سفت و سۆڵ و بەردەوام بوو - بە توندوتیژییەکی باوی وەکوو جاران. دەستەیەک لە جیهادییەکان لە جەنگەی هەڵمەتێکی شەوانەدا منارەکانیان دینامێت ڕێژ کرد، بێ ڕێزییان بە گۆڕی پیاوچاکان کرد، میز و پیساییان لە هەر دوو مزگەوتەکە کردووە، کورسییەکانیان بەملا و بەولادا پەرش و بڵاو کردووە، لەسەر دیوار نووسیویانە "داعش" تاکوو بەرهەمەکەیان واژۆ بکەن. ماوەیەک دواتر، دەستەکە وەک هەمیشە لەگەڵ دەستکەوتی جەنگی واتە ژن بە مەبەستی دەستدرێژیکردنی بەردەوام گەڕاوەتەوە.
خەڵک کە تۆقاون، ڕایانکردووە، شاریان جێ هێشتووە و ڕۆیشتوون. ئێستا یەپەگە یەکینەیەکی نەگۆڕی بۆ پاراستنی خۆی لەو شارە جێگیر کردووە بەڵام تەلمەعرووف ئیتر هیچ نییە سێبەرێک نەبێ لە نێو دەشتی کوردەوارییدا.
لە کاتی گەڕانەوە بۆ قامیشلی، سەرێک لە شێخ محەممەد ئەلقادری دەدەین، ئەو کەسەی لەگەڵ هەر سەفەرێکدا حەز دەکەم لە تەکیا دابنیشم. ئەم خواجە عەڕەبە بە خەفەتەوە پێی گوتین:
"ئەم ئیسلامییانە پەتایەکی هێندە گەورەن قەت نموونەیان نەبینراوە. چ کارەساتێکە!"
شێخ محەممەد سەر بە تەریقەتی سۆفیگەری قادریە، وەزیری کاروباری ئەوقافی حکومەتی جەزیرەیە. سیمایەکی دیارە. بەردەوام جلی خۆماڵی دەپۆشێ، ڕووخساری خۆشخوڵقییەکی بێگەردی پێوە دیارە، هێشتا گەنجە، بە پارێزەوە جموجوڵ دەکا، هەر دەڵێی لە یەکێک لە چیرۆکەکانی هەزار و یەک شەوەوە هاتۆتە دەرێ.
لە درێژەی قسەکانیدا دەڵێ: "لە ڕوانگەی ئەم ئیسلامییانەوە، ئێمە هەموومان کافرین. ئێمە عەڕەبە سوننەکانی ڕۆژئاوا چارەی ئەوانمان ناوێ، هەروەها گەلانی تری ئەم وڵاتەش، وەک ئەرمەنییەکان، چەرکەزەکان، ئاسوورییەکان، کوردەکان… دیارە نابێ شیعەکان، مەسیحییەکان و ئیزدییەکانیشمان لە بیر بچێ. تەنانەت برایانی موسڵمان و ئیسلامییەکانی حەماسیش لە ڕوانگەی ئەوانەوە بە پێی پێویست "ڕەسەن" نین. بە جۆرێک لە جۆرەکان، دەتوانین بڵێین شانسێکە ئەوان دژ بە هەموو جیهان شەڕیان ڕاگەیاندووە. ڕق و کین لەم ئیسلامییانە، ئێمەی پتر هان داوە. لەم جەنگەدا یان ئەوان یان ئێمە. وەک دەبینن، ڕێگەی تریان لەبەردەما نەهێشتووینەتەوە."

ڕۆژی ٢٩ی نۆڤەمبەری ٢٠١٤، شەڕی کۆبانێ پێچەوانە دەبێتەوە. جیهادییەکان جارێکی تر لە بەدەستەوەگرتنی بازگەیەکی سنووری شار بە مەبەستی گوشارهێنان بۆ یەپەگە شکست دێنن. لەو ڕۆژەوە، بەردەوام پاشەکشێ دەکەن. ورەیان دەڕووخێ. سەرەتای مانگی ژانوییە، یەپەگە بە هەموو ئەو هێزەی بۆی ماوەتەوە دوا دژە هێرشی ئەنجام دەدا. جیهادییەکان خۆ ڕادەگرن بەڵام کوردەکان دڕیان پێ دەدەن و تەپۆڵکە ستراتژییەکانی دەوروبەری شار دەخەنە ژێر کۆنتڕۆڵی خۆیانەوە. ئیتر هاوئاهەنگیی پەلامارەکانیان لەگەڵ هێرشە ئاسمانییەکان قسەی تێدا نییە.
لەگەڵ ئەمەشدا پێکدادان چەندین هەفتە درێژە دەخایەنێ. تا ئەو کاتەی جیهادییەکان بە یەکجاری سەنگ و قورساییان لەدەست دەدەن. ڕۆژی ٢٦ی ژانوییەی ٢٠١٥، وەک دوا تەقەڵا، یەپەگە ئیسلامییەکان بۆ دەرەوەی دیوارەکانی کۆبانێ ڕادەدا. ئەم دوا تێکهەڵچوونانە ئاوێتەی توندوتیژییەکی لە ڕادەبەدەرن، خەسارە مرۆییەکان لە ژماردن نایەن. لە ماوەی چوار مانگدا چەندین هەزار کوژراو و بریندار هەن. سەربازگەی کورد خوێنێکی زۆری لێ چۆڕاوە.
میدیا و جیهانی سیاسیی ڕۆژئاوا سڵاوی ئەم سەرکەوتنە چاوەڕواننەکراوە دەستێننەوە، سەری ڕێز و نەوازش بۆ بوێریی پارێزڤانانی کۆبانێ دادەنوێنن. شار بە گشتی تەواو ڕاماڵراوە، ڕۆشنبیرەکانی ڕاگەیاندنەکان دەستە دەستە دەچنە ڕۆژئاوا، سیاسەتمەدارە هەلپەرستەکان بە نۆرەی خۆیان ڕووی تێ دەکەن.
ئاوار بزەیەکی نەرمی لەسەر لێوە.

۱۳۹۵/۰۶/۱۷

گورگ و سەگ



لافۆنتێن
لە فەرەنسییەوە: سەلاحەدین بایەزیدی

 
هەر پێست و ئێسک بوو گورگی زەبوون
چونکە سەگەل پاسەوانی چاک بوون

تووشی سەگێ بوو تا بڵێی بەهێز
قەڵەو، خرپن، بەڵام لاڕێ و بە فیز

کاکی گورگ دەیویست بە گیان، بە دڵ
پەلامارێ و، بیگەوزێنێ لە گڵ

چۆن دەبێ تێی بەربێ ئێستە بەڵام
کە سەگی پاسەوان زلە و بەسام

بۆ وەی خۆی گرتبێ لە شەڕ بە دوور
نزیکی بۆوە دڵنزمانە گور

هاتە گۆ بە زمانی چەور و نەرم
پرسی لە حاڵی باش و جێی گەرم

"بۆ وەی قەڵەو بی وەک من" گوتی سەگ
"پەیوەندی بە خۆتەوە هەیە بەگ

بێشەڵان جێ بهێڵە، چاکە بۆت
لەوێ گشتیان بێ‌چارەن وەکوو خۆت

بەلەنگاز وەکوو شەیتانی هەژار
چارەنووستانە لە برسان مردار

لەتە گۆشتێک نییە پر بە کەڵپ
هەر خۆ بە خەنجەردادانی قەڵپ

دوام کەوە با قەدەری باشت بێ.
گورگ وتی ئەی ئەرکی من چ دەبێ؟

سەگ گوتی: هیچ. هەر چی هێنات وە دەست
بیخە چنگ سواڵکەر و گۆپاڵ بە دەست

کلکەسووتە بکە بۆ خاوەنی خۆت
با دەسکەوت و پاداشتی هەبێ بۆت

بەرماوت دەبێ ڕۆژ بە ڕۆژ زۆرتر:
ئێسکی بەتامی مریشک و کۆتر

باشە نەیکەم باسی لاوانەوە…
گورگە کەوتە نێو تێڕامانەوە

خەیاڵ فرمێسکی لە چاوان هێنا.
ملی ڕووتاوەی سەگی دی لە پڕا

گورگ: ئەوە چییە؟ سەگ: هیچ. چی؟ کوانێ؟
ڕەنگە ئەمە جێی قەڵادەکە بێ.

گورگ گوتی بۆ دەتبەستنەوە پێی؟
هەر کوێ پێت خۆش بێ ناتوانی بڕۆی؟

بۆ هەر کوێ نا، بەڵام قەی چ دەکا؟
هەموو خواردنەکانتان دێنێ بە خودا

نا، نەخێر، بە هیچ نرخێک نامەوێ
گەر لە زێریش بگیرێم، نامەوێ

ئەمەی گوت کاکی گورگ و بۆی هەڵات
هەڵات، بە هەموو هێزی پێ هەڵات.