۱۳۹۵/۰۸/۰۶

"نه‌ده‌بوو" | خالید حیسامی (هێدی)

مامۆستا هێدی (٢٧.١٠.٢٠١٦ - ١٩٢٧)


دڵ ئه‌گه‌ر مه‌یلی به‌ دڵداری نه‌دابا نه‌ده‌بوو
خه‌م کراسێک بوو به‌ به‌ژنی نه‌بڕابا نه‌ده‌بوو
مه‌ستی ئه‌و خاتره‌ی ئه‌مباته‌وه‌ جێژوانی کۆن
به‌ دزی بایه‌، ده‌سم ڕۆ نه‌کرابا نه‌ده‌بوو
ئه‌و خه‌یاڵه‌ی له‌ خه‌وێدا شه‌وێ پێی ڕاده‌په‌ڕم
دڵی دێوانه‌ به‌ ڕۆژ لێی نه‌دوابا نه‌ده‌بوو
پڕ له‌ چیرۆکی من و تۆ بووه‌ شار و باژێڕ
ئیتر ئه‌و په‌رده‌ بڵێی هه‌ر نه‌دڕابا نه‌ده‌بوو
من له‌ دووی یار و نه‌یاریش ئه‌وه‌ به‌ دوای منه‌وه‌
له‌و گه‌ڕابام من و، ئه‌و له‌منی گه‌ڕابا نه‌ده‌بوو
هێنده‌ ساڵه‌ی که‌ ده‌ڵێن: کورد هه‌یه‌ ڕزگاری ده‌وێ
په‌ت و سێداره‌ ئه‌گه‌ر هه‌ڵنه‌خرابا نه‌ده‌بوو؟!
کورد په‌کی که‌وتووه‌ بۆ دوژمنی! دیاره‌ بۆیه‌
خۆبه‌خۆ یه‌کیه‌تی هه‌بوایه‌ ته‌با با نه‌ده‌بوو!
ئه‌وی له‌و خاکه‌ چه‌کی بۆ گه‌له‌که‌ی ده‌س دایه‌
پڕ مه‌ترسی بوو براکه‌م ئه‌گه‌ مابا نه‌ده‌بوو
سه‌ری بۆ دوژمنه‌که‌ی شۆڕ نه‌ده‌کرد پێشمه‌رگه‌
ژن و منداڵی وه‌به‌ر تۆپ نه‌درابا نه‌ده‌بوو
کورد له‌سه‌ر مافی ڕه‌وای خوێن له‌ برینی ده‌ڕژا
دوژمنی تینوو ده‌می پێوه‌ نه‌نابا نه‌ده‌بوو
ژه‌نگی هێناوه‌ له‌ کالانه‌که‌یا تیخی زوان
مشت و ماڵێک نه‌کرابا نه‌سوابا نه‌ده‌بوو
خوێنمژی ده‌وروبه‌ری تێر نه‌ده‌بوون ئاخر، کورد
وه‌ک گه‌لانی دی به‌ سه‌ربه‌ستی ژیابا نه‌ده‌بوو
دڵی کۆستکه‌وته‌ به‌ ده‌ردانه‌وه‌ خوێنی تێزا
چه‌ند تنۆکێکی له‌ چاوم نه‌تکابا نه‌ده‌بوو
ئه‌ی وه‌ته‌ن شه‌رتی مه‌ بوو "هێدی" له‌به‌ر تۆ بمرێ
مردبایه‌ ده‌بوو په‌یمانی شکابا نه‌ده‌بوو!

۱۳۹۵/۰۸/۰۴

چیرۆکێک سەبارەت بە هیچ



ئاسلی ئەردۆغان
لە تورکییەوە: سەلاحەدین بایەزیدی
 
بە بێدەنگی هاتۆتە ژوورێ، یەکسەر خۆی گەیاندۆتە ئێوە. سەروسەکوتی پەشۆکاوە. تەنانەت بە نیونیگایەک تێ دەگەن دەروونی پڕە لە قسە و دەیەوێ هەڵیانڕێژێ. گەر بێت و خۆی لێ بدەن، وێدەچێ چەندین سەعات بەدەم هەڵبەز دابەزین و ناڵەناڵەوە، خۆ بە خۆ پێ بکەنێ و قسە بکا. قسەکردنێکی نائاسایی و ترسناک کە بە هیچ شێوەیەک سووکنایی بە کەس نابەخشێ. قسەکردنێک کە نازانی ناوی لێ بنێی هاتەران پاتەران یان چوونە ناو بنج و بناوانەوە.
بە پەرۆشەوە چاوەڕوانی یەکەم ڕستەی دەکەن. ڕەنگە بڵێ پەرێشان دیارن. بە ڕاستیش پەرێشان دیارن. لەوانەیە دەست بکا بە گێڕانەوەی چیرۆکێک: شەوێکی گەرمی ئاخروئۆخری نیسانی ساڵی ١٩٩٤ بوو. ڕادەوەستێ، جگەرەیەک دادەگیرسێنێ، هەمدیس هەوڵ دەدا دەست پێ بکاتەوە: جارێکیان، لە شوێنێکی زۆر دوور لێرە، لە پارزەمینێکی تر و شەوێکی تردا، لە نێو جەرگەی تێکهەڵچوونێکدا تێ گیرابووم. شەوێکی گەرمی ئاخروئۆخری نیسانی ساڵی ١٩٩٤ بوو.
ڕەنگە پاش ئەم دوو ڕستە ڕوون و ئاشکرایانەی سەرێ، جارێکی تر نەتوانێ تێ هەڵبێتەوە، نەتوانێ لەسەر لق و پۆپەکانی پێشوو هەڵنیشێتەوە، ڕستەی بێ سەروبەرە بە دووی یەکدا ڕیز بکا یان دەنا ڕستەگەلی قووڵ، ئاڵۆز و لێک پەیوەنددراو بە داوێکەوە کە خۆ بە دەستەوە نادا. کۆمەڵێک وشەی دووپاتە کە لە جێی خۆیاندا بەکار نایەن، سێ خاڵی ئەوتۆ کە لە بۆشایی زیاتر هیچ واتایەک ناگەیەنن، ئەو فاریزانەی کە دەڵێن: "کەمێک بێدەنگ بە، پشوویەک بدە"... ئاخۆ ئەمە شەڕێکی سەختە دژ بە بێ واتایی، دەست بە یەخەبوونێکی کوێرانەیە یان تەقەڵایەکە بۆ وە قسەهێنانی دونیا، کەس نازانێ. هەرچی بێ، قسەکانی پڕن لە ناهومێدییەکی لەڕادەبەدەر، هەروا بە نیوەچڵی دەبێتە بەرسڤی هەموو شتێک. وەک هەمیشە، هێز و توانای بەردەوامبوون لە خۆیدا دەدۆزێتەوە. هەڵبەت بە پێی پێویست جگەرەی پێیە… ئا لەو ساتەدا دەڵێ، کە بەسەر شۆستەدا ڕێم دەکرد، لە پڕێکا، مانگی نیسانی ساڵی ١٩٩٤، لە شەوێکی دووری پارزەمینێکی دوور، لە کاتێکا لە نێو چەند دزێکی ئۆتۆمبێلدا مابوومەوە، یانی لە نێوەڕاستی ئەو گولـلانەی منیان نەکردبووە ئامانج و هەروەها خۆشیان لێ نەدەبواردم… یانی بە ڕاستی کوێرانە، بە ڕاستی نادادپەروەر… ئەو کاتەی دزەیان قۆڵبەست کرد، کەلەبچەیان لێ دا و بردیانە پشت دیوارەکە… ئا لەو ساتەدا شتێکم بینی کە پێشتر هەرگیز نەمبینیبوو...
لێرەدا ڕادەوەستێ، لە نێوان لێوەکانیدا ئەمدیو و ئەودیو بە بێدەنگی دەکا. خۆی بێ هێز و داماو دێتە بەرچاو… ناتوانێ بڕیار بدا لە کوێ، کەنگێ، لە پەنا خۆی یان لە شوێنێکی زۆر دوور، لە شەوێکی پارزەمینێکی دوور بە دوای ڕاستیدا بگەڕێ…
جا مەرگ و ژین بە بەر چاوما دەهاتن و دەچوون، کە ڕاوەستام و سەیرم کرد، شتێکم بینی کە تا ئەو ساتە هەرگیز نەمبینیبوو: گەورەیی دونیا… دواتر، زۆر دواتر بە بڕیارە گەیشتم خەونێک بوو بەسەر یەکەوەم نابوو. بەڵام هێشتاش نەمتوانیوە ناوێک لەم خەونە بنێم.
کتوپڕ بێدەنگ دەبێ، چاوەکانی زەق زەق لە ئێوە دەبڕێ، لەو بۆشاییە دەڕوانێ وا ڕەنگدانەوەی ئێوەیە. هەست بە بەرتەسکبوونەوەی هۆشیاریی و پچڕانی پەیوەندیی نێوان وشەکان و ماناکانیان دەکەن. ئیتر، لەسەر یەکێک لە خاڵە کوێر و مردووەکانی ژیانە. چیرۆکەکەی لە نێوان سنووری گوتراو و نەگوتراودا تەواو دەبێ و ئێوە بە مەراقەوە چاوەڕێ دەبن ئاخۆ هەمدیس هێزی ئەوەی دێتەوە بەر لەو شوێنە هەڵفڕێتەوە وا پێی گەیشتووە.
بەو چاوانەی هەرچەند زەقن، بەڵام دەرگەکانی توند توند پێوە دراون، قەدەرێک هەروا دەڕوانێ. لە پڕێکا دەڵێ: "ئەوەی ڕاستی بێ، ئێمە قسەیەکمان بۆ گوتن پێ نییە، هاوڕێم!" ڕێک لەو کاتەدا، دەبێ ئیتر لەسەر مێزەکە هەستێ، بڕوا و بچێتەوە نێو قاوغی خۆی. تێدەگەن کاتی ئەوە هاتووە بە هەموو هێزی خۆی ئەو بێدارییە بگێڕێتەوە بۆ دواوە و فەرامۆشی بکا کە بە ژان و ترس و ڕۆندک بەدیی هێناوە… تێدەگەن ئەوەی ڕاستی بێ ئەو فیشەکانەی لە دزە قۆڵبەست کراوەکە گیراون، بەر ئەمیش کەوتوون، لەو ساتەوە، بە مەرگی پیاوە کەلەبچە بە دەستەکە مردووە. ئیتر مەرگ بە دەنگی ئەو دێتە دوو... بۆیەش وشەکانی، وەک ئەو ئاوێنانەی سەردەمی میسری کۆن لەگەڵ مردووان دەنێژران، چ سوودێکیان بۆ زیندووان نییە… دەزانن مرۆڤێکی تێکشکاوە… زۆر پێش ئێستا، ڕەنگە وەک خۆی دەڵێ مانگی نیسانی ساڵی ١٩٩٤ تێكشکابێ، زۆر لێرە دوور، ڕەنگ بێ لە پارزەمینێکی بە ڕاستی دوور کەوتبێتە نێو حەپسی نیگای… ئەو نیگایەش هێشتا نەبڕابێتەوە، ئەو شەوەش هێشتا کۆتایی نەهاتبێ... لەو ساتەوەش بەدوا، ئیدی دونیا ڕووی لێ وەرگێڕاوە، لەوانەیە خۆی لە بێدەنگییەوە پێچابێ تاکوو شان و شکۆی لەدەست نەدا… یان دەنا ڕەنگە تەنیا ڕستەیەک بێنێتە سەر زمان…
''ئەوەی ڕاستی بێ، ئێمە قسەیەکمان بۆ گوتن پێ نییە، هاوڕێم!''

ئاسلی ئەردۆغان:
ئاسلی ئەردۆغان، ڕۆماننووس، ڕۆژنامەڤان و فیزیازان و داکۆکیکاری مافەکانی مرۆڤ ساڵی ١٩٦٧ لە ئەستەنبوڵی تورکیا لەدایک بووە. ساڵی ١٩٩٣ یەکەم ڕۆمانی چاپ و بڵاو بۆتەوە. لە نێوان ساڵانی ١٩٩٩ و ٢٠٠٠ گۆشەنووسی ڕۆژنامەی "ڕادیکاڵ" بووە کە ڕۆژنامەیەکی چەپ بوو و لە ساڵی ٢٠١١ەوە بۆتە نووسەری ڕۆژنامەی "ئوزگور گوندەم"، ئەو ڕۆژنامەیەی هاوینی ئەمساڵ بە بیانووی پڕوپاگەندە بۆ پەکەکە لە لایەن تورکیاوە داخرا و ئاسلی ئەردۆغان لەگەڵ بیست کەسی تر لە نووسەران و هاوکارانی ڕۆژنامەکە ڕۆژی ١٧ی ئاگۆستی ٢٠١٦ قۆڵبەست کرا.
ئاسلی ئەردۆغان، سێپتەمبری ئەمساڵ لە لایەن یانەی قەڵەمی سویدەوە خەڵاتی تۆخۆلۆسکی پێ بەخشرا.

ئەم چیرۆکە لە ژمارە ٥٢٥ی ڕەخنەی چاودێردا بڵاو بۆتەوە.

۱۳۹۵/۰۷/۲۲

بۆب دیلان خەڵاتی نۆبێلی ئەدەبی وەرگرت


بۆب دیلان، گۆرانیبێژ و شاعیری ئەمریکی خەڵاتی نۆبێلی ئەدەبیاتی پێ بەخشرا.

ئەکادیمیای نۆبێل لە سوید، ڕۆژی پێنجشەممە (١٣ی ئۆکتۆبر) بۆب دیلان، گۆرانیبێژ و شاعیری ئەمریکی، بە براوەی خەڵاتی ئەدەبیاتی ٢٠١٦ ڕاگەیاند.

ئەکادیمیای نۆبێل هۆکاری بەخشینی ئەم خەڵاتە بە بۆب دیلانی بۆ "داهێنانی دەربڕینی شاعیرانەی نوێ لە دووتۆیی گۆرانیی کەلەپوری ئەمریکی" گەڕاندۆتەوە.

بۆب دیلان بە یەکێک لە کاریگەرترین سیماکانی مۆسێقای هاوچەرخی ئەمریکا دێتە ئەژمار.

خەڵاتی نۆبێڵ بۆ ئەدەبیات زۆرتر بۆ بەرهەمی چیرۆک و شیعر بە نووسەران دراوە و بۆب دیلان یەکەم گۆرانیبێژە ئەم خەڵاتە وەردەگرێ. سڤێتلانا ئالێکسیڤیچیش کە ساڵی ٢٠١٥ خەڵاتەکەی پێ بەخشرا، لەو دەگمەن نووسەرانە بوو بۆ بەرهەمی تری جیاواز لە ڕۆمان و شیعر ئەم خەڵاتەی بردەوە. دیارە پێشتر برتراند راسێل و وینستۆن چڕچیلیش بە هەمان شێوە ببوونە خاوەنی خەڵاتی نۆبێلی ئەدەبی. 

بۆب دیلان ساڵی ١٩٤١ لەدایک بووە و خاوەنی زیاتر لە پێنجسەد ئاواز و گۆرانییە. 

پار، سڤێتلانا ئالێکسیڤیچ، نووسەری بلاڕووسی ئەم خەڵاتەی وەرگرتبوو.