۱۳۹۶/۰۹/۳۰

سیاسەتمەدارێکی دژەبیانی لە جەستەی ژنەکوردێکی موسڵماندا



"Boomerang" فیلمێکە لەسەر ژیانی سیاسەتمەدارێکی دژەبیانی و ژنەخزمەتکارەکەی کە پەناخوازێکی موسڵمانی کورد و لەچکەبەسەرە، ئەم فیلمە لە دەرهێنانی نیکۆل بۆرژیئا و بەرهەمی ڕادیۆ تەلەڤزیۆنی سویسرایە و مانگی شوباتی ساڵی داهاتوو لە تەلەڤزیۆنی سویسرا نمایش دەکرێ.

ڕێک لە جەرگەی کەمپینی هەڵبژاردنەکان، تێئۆ، سیاسەتمەدارێکی گەنجی دژەبیانی، لە جەستەی بیریڤان-ی ژنەخزمەتکارەکەیدا خەبەری دەبێتەوە کە ژنە پەناخوازێکی کوردی موسڵمان و لەچکە بە سەرە… هاوکات بێریڤانیش لە جەستەی تێئۆدا بەخەبەر دێ. بۆ هەر دووکیان ژیان دەبێتە مۆتەکە. تێئۆ، لە جەستەی بێریڤاندا، دەبێ لەگەڵ پەناخوازەکانی تر و مێردەکەی و دوو منداڵەکەی لە کەمپی میوانداری بژی و بێریڤانیش لە جەستەی تێئۆدا دەبێ لەگەڵ سۆلێنی هاوژینی کەمپینی دژەبیانی بەڕێوە ببا. 

بۆ ئەوەی دەرنەکەوێ کە ئەوان جەستەیان گۆڕدراوە، تێئۆ فێری ژیانی ژنێکی گوێڕایەڵ و لەچکەبەسەر دەبێ کە بە هیچ شێوەیەک لەگەڵ فیز و ئیفادەی وی یەک ناگرێتەوە. لە لایەکی تریشەوە، بە هۆی ئەوەی دەبێتە خزمەتکاری هاوژینەکەی خۆی، بیرکردنەوە و تێڕوانینی سۆلێنی سەبارەت بە خۆی بۆ دەردەکەوێ. دیارە جێگەی دڵخۆشی نییە! سۆلێن وەک خۆپەرستێک سەیری دەکا کە تەنانەت لە سەر جێگەش شتێکی ئەوتۆی لەدەست نایە. بێریڤانیش دەبێ ڕۆڵی پارێزەر ببینێ و هەرچەند ژنێکی شەرمنە، شایی بە خۆ بەشداری کەمپینی هەڵبژاردنەکان بێ. 

ئەم فیلمە ٦ی شوباتی ٢٠١٨ لە تەلەڤزیۆنی سویسراوە نمایش دەکرێ.

سەرچاوە: تەلەڤزیۆنی سوییس 

۱۳۹۶/۰۹/۲۹

ده‌رباره‌ی "باهۆز"


ئیسماعیل بێشکچی
له‌تورکییه‌وه: سه‌لاحه‌دین بایه‌زیدی

 
باهۆز (Fırtına) فیلمێکی سینه‌مایی و به‌رهه‌می ناوه‌ندی میزۆپۆتامیایه‌. سیناریۆکه‌ی له‌لایه‌ن کازم ئۆزه‌وه ئاماده‌ کراوه. ده‌رهێنه‌ره‌که‌یشی هه‌ر کازم ئۆز بۆ خۆیه‌تی.

ده‌مه‌وێ هه‌ست و ڕامانی خۆم سه‌باره‌ت به‌م فیلمه ده‌رببڕم.

هه‌ڤاڵێکی زۆر گه‌نج و دڵسۆزم هه‌یه. ساڵانی ده‌سپێکی ڕۆیشتنه زانکۆی بۆ ده‌گێڕامه‌وه. کۆتایی هه‌شتاکان و سه‌ره‌تای نه‌وه‌ده‌کانی سه‌ده‌ی ڕابردوو... ده‌یگوت: ده‌مانزانی تورکین، به‌ڵام نه‌مانده‌زانی له‌ چ ڕوویەکەوە تورکین. مه‌راقمان ده‌کرد بزانین کورده‌کان له‌ چ ڕوویەکەوە تورکن؟ بۆ ئه‌مه‌ش ده‌بوایه کتێبمان بخوێندایه‌ته‌وه. بۆ نامیلکه و کتێب گه‌ڕاین و پرسیارمان کرد. کتێبفرۆشێک پێشنیاری پێ کردین کتێبه‌کانی بێشکچی بخوێنینه‌وه. له‌ ئه‌نجامی ئه‌و خوێندنه‌وانه‌دا هایه‌دار بووین ڕه‌گ و بنه‌چه‌ی ئێمه کورده‌ و زانیمان کوردیش نه‌ته‌وه‌یه‌کی جیاوازه.

له‌ فیلمی باهۆزیشدا خوێندکارێکی گه‌نج هه‌یه که له‌ ئه‌سته‌نبوڵ تازه دواناوه‌ندی ته‌واو کردووه‌ و ساڵی یه‌که‌مێتی له‌ زانکۆ. ناوی جه‌ماڵه. له‌ناو زانکۆدا، خوێندکاره کورده شۆڕشگێڕه‌کان، هه‌وڵی به‌رێکخستنکردنی خوێندکاره تازه‌کان ده‌ده‌ن. ده‌گه‌ڵ جه‌ماڵیشدا په‌یوه‌ندی ده‌گرن و باسی کورد، مافه‌کانی گه‌لی کورد و زه‌وتکردنی ئه‌و مافانه ده‌که‌ن. جه‌ماڵ که له''‌تونجه‌لی''یه‌وه هاتووه ده‌پرسێت: بۆ کورده‌کانیش تورک نین؟ ناکۆکییه‌کی گه‌وره له‌نێوانیاندا دروست ده‌بێت. به‌رده‌وامیی ئه‌م ناکۆکییانه، دواجار ‌هێلینی کچه‌کورد هان ده‌دا به‌هۆی تێنه‌گه‌یشتنی جه‌ماڵەوە، زلـله‌یه‌ک به‌ بنا گوێیدا بکێشێ، به‌ڵام له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا هه‌وڵ ده‌ده‌ن په‌یوه‌ندییان به‌رده‌وام بێت.

باهۆز خه‌باتی سی ساڵه‌ی دوایی خوێندکاره شۆڕشگێڕه‌کان له‌ زانکۆ به‌گشتی و خه‌باتی کورده‌کان به‌ تایبه‌تی ده‌خاته ڕوو. له‌سه‌ره‌تای فیلمه‌که‌دا، ژیانی ئه‌و خوێندکارانه‌ش له‌زانکۆ نیشان ده‌دات که‌ هیچ په‌یوه‌ندییه‌کیان به‌ سیاسەت و کێشه‌ کۆمه‌ڵایه‌تی و سیاسیه‌کانی ناوخۆی تورکیاوه‌ نییه. له‌م فیلمه‌دا ئاماژه‌ به‌خاڵێکی گرنگی تێکۆشانی کورد ده‌کرێت. بینه‌ر به‌ تاسوقه‌وه، به‌ جۆش‌ و سرنجه‌وه ژیانی جه‌ماڵ ده‌شۆپێنێ که چۆن گۆڕانی ڕۆحی و ئه‌قڵی به‌سه‌ردا دێت، بێ ئه‌وه‌ی هه‌ست بکات چۆن پێش ده‌که‌وێت و ئاستی زانیاریه‌کانی ده‌چێته سه‌ر. جه‌ماڵیش موتاڵاکانی به‌ کتێبێکی بێشکچی ده‌ست پێده‌کات. فیلمه‌که له‌ ڕێی قسه‌وه په‌یامی زۆر گرنگ نادا، به‌ڵکه له‌ ڕێی ئاماژه‌وه ئه‌م کاره ئه‌نجام ده‌دات. بۆ میناک، بزەیەکی ڕوون، داگرتن و دره‌وشانه‌وه‌ی چاوه‌کان، هه‌ر هه‌موویان ئافرێنه‌ری په‌یامگه‌لی گرنگن. ده‌توانین وه‌ک ئوسلوبێکی خوڵقێنه‌ر باس له‌مانه بکه‌ین. له‌م فیلمه‌دا چوار پێنج په‌یامی وا به‌دی ده‌کرێت.

له‌ فیلمی باهۆزدا دیمه‌نێکی تراژیک هه‌یه. با بزانین له‌ چ ڕوویه‌که‌وه؟ با ده‌سه‌ڵاتێکی ئۆتۆریته‌ر و فاشیست بێنینه‌ به‌ر چاو. تیمه ئه‌منییه‌کانی هه‌ڵده‌کوتنه سه‌ر ماڵێک. له‌و ماڵه‌دا، جگه‌ له‌ دایک و باوک دوو کوڕی خوێنگه‌رمیش ده‌ژین. فه‌رمانده‌ی تیمه‌که به‌ دایکی ماڵه‌وه ده‌ڵێت: ئه‌م ماڵباته له‌ دژی ده‌سه‌ڵاته‌که‌مان وه‌ستاون. سه‌رپێچیان له‌ فه‌رمان و ڕاسپارده‌کانمان کرد. بۆیه سزا ده‌درێن. سزاکه‌ش بردنی یه‌کێک له‌و کوڕانه و گولـله‌باران کردنیه‌تی. تۆ پێمان بڵێ کامیان به‌رین؟ ئا لێره‌دا، بارودۆخی ژنه‌که له‌م دۆخه‌دا و هه‌روه‌ها ناسه‌‌قامگیری ڕۆحی وی ساته‌وه‌ختێکی تراژیدیه. بێگومان دایکه‌که هه‌وڵ ده‌دات هه‌ر دوو زارۆکه‌که‌ی بپارێزێت و هه‌ر دوکیان بژین. لێبه‌لێ یه‌کێک له‌وان ده‌بردرێ و ده‌درێته به‌ر دەسڕێژ. ئه‌و مافه‌ش به‌ژنه‌که ده‌درێ خۆی سەرپشک بێ. له‌م دۆخه تراژیدیایه‌دا هه‌ڵبژاردن مه‌حاڵه. خۆی ئه‌و شته‌ی ئه‌م ساته‌وه‌خته‌ی خوڵقاندووه نه‌بونی مافی هه‌ڵبژاردنه‌. چاره‌سه‌ری، به‌ بڕیاری ژن و مناڵه‌کان پێک نایه‌ت به‌ڵکه‌ به‌‌ بڕیاری هێزه‌کان پێک دێ، له‌گه‌ڵ تێپه‌ڕبوونی زه‌مه‌ندا ئه‌م چاره‌سه‌رییه‌ به‌دی دێت.

له‌ فیلمی باهۆزیشدا ساته‌وه‌ختێکی تراژیدیی هاوشێوه هه‌یه. به‌یه‌کگه‌یشتنی کوڕه‌که واته‌ جه‌ماڵ له‌گه‌ڵ باوکیدا، له‌پۆڵێکی به‌تاڵی زانکۆ... جه‌ماڵ، بۆ خۆڕزگارکردن له‌ چنگ پۆلیس هه‌وڵی خۆشاردنه‌وه ده‌دات. جگه له‌ چه‌ند هاورێیه‌کی، هیچکه‌س نازانێت له‌ کوێیه. هه‌ر که‌س واده‌زانێ ون بووه. باوک به‌ دوای کوڕه‌که‌یدا ده‌گه‌ڕێ. له‌ به‌شی پێشوازی زانکۆ و ناوه‌ندی پۆلیس پرسیاری کوڕه‌که‌ی ده‌کا. هۆڵی وانه‌وتنه‌وه‌ و به‌شی پێشوازی زانکۆ له‌ ڕاستیدا زۆر لێک نزیکن. جه‌ماڵ که له‌ په‌نجه‌ره‌ ڕا له‌ ده‌ره‌وه ده‌ڕوانێ، باوکی خۆی ده‌بینێ که تاک و ته‌نها له‌سه‌ر کورسییه‌ک دانیشتووه و داوا له‌ هاورێیه‌که‌ی ده‌کات باوکی بێنێته لای خۆی. له‌ کاتی ده‌رکه‌وتنی هاوڕێی جه‌مال له‌ پۆله‌که‌وه به‌ره‌و باوکی، پۆلیس له‌ باوکی نزیک ده‌بێته‌وه و چه‌ند شتێکی به‌ گوێدا ده‌چرپێنێ و لێی دوور ده‌که‌وێته‌وه. جه‌ماڵ په‌شیمانه که‌ هاوڕێیه‌که‌ی به‌دوای باوکیدا ناردووه. هاوڕێیه‌که‌ی هیچ ئاگای له‌ پۆلیس نییه و باوکی جه‌ماڵ دێنێته لای. باوک و کوڕ، له‌و پۆله‌ی باسمان کرد ده‌گه‌نه یه‌ک. باوک ده‌یه‌وێ کوڕه‌که‌ی به‌رێته‌وه بۆ ماڵه‌وه، بۆ گوند. کوڕ به‌ ئاماژه ئه‌و داواکارییه ڕه‌ت ده‌کاته‌وه. هه‌ڵسوکه‌وت و دانیشتنی باوک و کوڕ له‌ناو پۆله‌که‌شدا ئه‌م ناکۆکییه نیشان ده‌دا. بینه‌ر، به‌مه‌راقه‌وه ده‌یه‌وێ بزانێت باوک چی به‌ کوڕ ده‌ڵێ و کوڕ چی به‌ باوکی. جه‌ماڵ ئاڵۆزییه‌کی قووڵی ڕۆحی به‌سه‌ردا زاڵه. بیر له‌وه‌ ده‌کاته‌وه به‌شداری تێکۆشانی سیاسی بێت و له‌ لایه‌کیشه‌وه په‌یوه‌ندی ماڵبات و به‌رپرسیارێتیه‌کانی ڕێگرن. له‌ناو دۆخێکی ڕۆحی به‌مجۆره‌دا ڕوبه‌رووی باوکی ده‌بێته‌وه. له‌وپه‌ڕی وروژانی مه‌راق و جه‌نجاڵ لای بینه‌ر، ئه‌و هه‌ڤاڵه‌ی ئاگاداری ڕه‌وشی جه‌ماڵه، ئاگاداری ده‌کاته‌وه که پۆلیس هاتوون. جه‌ماڵ زۆر به‌په‌له له‌ پۆله‌که ده‌ڕواته ده‌ر. باوکیش له‌ بێچاره‌ییان به‌ دوای کوڕه‌که‌یدا غار ده‌دا، به‌ڵام کوڕه‌که‌ی خۆی دەشارێتەوە. ئه‌و دیالۆگه‌ی چاوه‌ڕێ ده‌کرا، دروست نه‌بوو. لێره‌دا ده‌کرێ هونه‌ری کازم ئۆز ببینین. ئه‌گه‌ر دیالۆگێک دروست ببوا شتێکی زۆر ئاسایی ده‌بوو. له‌وانه‌یه ئه‌م دیالۆگه‌ نه‌یتوانیبا ئه‌و ساته‌وه‌خته تراژیدیایه چاره‌سه‌ر بکات. له‌وانه‌شه قورسایی ئه‌م تراژیدیایه‌ی هه‌ندێک سووک بکردایه‌ته‌وه. ئه‌و ساته تراژیدیایه له‌لایه‌ن که‌سانێکی جیاواز له‌ جه‌ماڵ و باوکییەوە چاره‌سه‌ر ده‌کرێ. واته له‌ لایه‌ن هاورێکه‌ی و ئه‌و پۆلیسانه‌ی دوای که‌وتوون. لێره‌دا خوڵقاندن به‌دی ده‌کرێت.

له‌ ئه‌نجامی کێشمه‌کێشێکی ده‌روونی قورسدا، جه‌ماڵ بڕیار ده‌دا ته‌ڤلی تێکۆشان بێ. باهۆز له‌ ڕوانگه‌یه‌که‌وه کێشمه‌کێشێکی ده‌روونیه. ئیتر جه‌ماڵ له‌ناو دڵی گه‌له‌که‌ی دایه، له‌ناو مرۆڤه‌کانی خۆیدا. هه‌ندێک که‌س دەیناسنەوە. به‌ڵام ئه‌و ده‌ڵێت من له‌مه‌ودوا ناوم مه‌حمووده. هاوکات له‌گه‌ڵ شاییه‌کدا به‌شداری تێکۆشان ده‌بێ، له‌گه‌ڵ شاییه‌کی کوردەواریدا. من به‌شداری زۆر شایی کورد بووم له‌ئه‌سته‌نبوڵ و ئه‌نقه‌ره. داوەتی کوردییان پێ ده‌وترا، به‌ڵام داوەتی کوردی نه‌بوون. هه‌ندێک گۆرانی کوردی که تورکێندرابسون و شوێندرابوون، له‌و ئاهەنگانەدا لێ ده‌دران... به‌ڵام ئه‌وه‌ی فیلمه‌که ڕێک شاییەکی کوردییه. ئاهەنگەکە، له‌سه‌ر چۆمێک و له‌ناو که‌ڵه‌کێکدا به‌ڕێوه ‌ده‌چێ. داوه‌تی پیره‌کان زۆر سه‌رنج ڕاکێشە. له‌ داوه‌ته‌که‌ زیاتر، خۆئاماده‌کردن بۆ داوه‌ته‌که مرۆڤ ده‌هه‌ژێنێ. دکتۆر جه‌مشید به‌نده‌ر له‌مباره‌وه ده‌ڵێ: ژیانی باب و باپیرانمان له‌ زاگرۆس سه‌یر و سه‌مه‌ره‌یه. ڕه‌وشی مرۆڤه‌ پیره‌کان له‌داوه‌تدا، منی برده‌وه بۆ چاخه کۆنه‌کان، بۆ زاگرۆس. ئه‌م داوه‌ته، مرۆڤێکی تریشی خستمه‌وه یاد. مه‌‌لا مسته‌فای بارزانی. ئه‌و ده‌ڵێ کوردێک نه‌توانێ بکه‌وێته گەڕی داوه‌ته‌وه، کورد نییه. له‌ داوه‌ته‌کاندا شڤان په‌روه‌ریش ڕۆڵی هه‌یه. چ باهۆز و گه‌رده‌لوولێکی له‌ کۆتایی هه‌فتاکاندا بەرپا کرد شڤان په‌روه‌ر... ئۆرهان کۆتان ده‌رباره‌ی شڤان په‌روه‌ر ده‌یگوت: شڤان په‌روه‌ر، به‌ گۆرانییه‌کانی، به‌ ئاژیته‌، کوردی خه‌وتوی هه‌ستاند، خستیه جموجوڵه‌وه، هه‌ژاندی. ئیتر ئه‌م کورده مه‌حاڵه بخه‌وێ.

لە کۆتاییدا، جه‌ماڵ به‌ردێکی به‌ ده‌سته‌وه‌یه. پارچه به‌ردێکی نه‌خشێنراو. ئه‌و کاتانه‌ی هێشتا خوێندکاری دواناوه‌ندی بوو، له‌ ڕه‌خ ئاوێک، به‌ڕێکه‌وت ئه‌و به‌رده‌ی دۆزیبۆه و وه‌ک به‌رده‌کانی تر فڕێی نه‌دابوو، ونی نه‌کردبوو. شتێکی به‌نرخ بوو که له‌ دێرسیمه‌وه له‌گه‌ڵ خۆیدا بردبوویه ئه‌سته‌نبوڵ. جارناجارێک ده‌یخسته ناو ده‌سته‌کانیه‌وه و سوکنایی ده‌هاته‌وه. هه‌ندێ جاریش بۆ ماوه‌یه‌کی درێژ له‌ به‌رده‌که ورد ده‌بۆوه و خه‌یاڵ ده‌یبرده‌‌وه. له‌وه‌ ده‌چێ به‌رده‌که، له‌ گونده‌کانی ده‌وروبه‌ر، له‌ شوێنه‌وارێکی مێژوویی هەڵگیرابێ.

جه‌ماڵ، له‌سه‌ر که‌ڵه‌ک، که‌ به‌ره‌و گه‌له‌که‌ی ده‌چێ، به‌رده‌که‌ی ناو ده‌ستی ده‌خاته ناو ئاوه‌کەوه. که‌ منداڵ بووه، پارچه به‌رده‌که‌ی له‌م شوێنانه دۆزیوه‌ته‌وه. ئه‌و به‌رده که له‌ دێرسێمه‌وه براوه‌ته ئه‌سته‌نبوڵ، له‌ ئه‌سته‌نبوڵه‌وه هێنراوه‌ته‌وه جێگه‌ی خۆی، له‌ شوێنه‌وارێکی مێژوویی دابڕاوه، ده‌گه‌ڕێته‌وه شوێنێک که سه‌ر به‌ ئه‌وێیه.

فیلمی باهۆز ده‌سته‌یه‌ک ئه‌کته‌ری زۆر به‌نرخ و به‌کوالیتی هه‌یه‌. ئه‌و ئه‌کته‌رانه‌ی ڕۆڵی جه‌ماڵ، هێلین، ئۆرهان و ڕۆژدا ده‌بینن، زۆر سه‌رکه‌وتوون، ئه‌کته‌رانی تریش هه‌روا.... ئه‌گه‌ر فیلمه‌که دروشمی تیا بوایه، سه‌رجه‌م په‌یوه‌ندیی و دیالۆگه‌کانی وه‌ک ئێستا سرووشتی نه‌ده‌بوون.

ده‌کرێ به‌سه‌رنج و مه‌راقه‌وه تێکۆشانی شۆڕشگێڕانه‌ی خوێندکاران له‌م سی ساڵه‌ی دواییدا، به‌تایبه‌ت تێکۆشانی کورد، ڕه‌نگدانه‌وه‌ی ئه‌م تێکۆشانه‌ له‌ سه‌ر خوێندکارانی زانکۆ، هه‌ر هه‌موویان له‌ باهۆزدا ببینین.

۱۳۹۶/۰۹/۲۶

دامەزرانی ڕێکخراوێکی تایبەت بە خوێندکاران و دەرچووانی زانکۆ لە سویسرا

پڕۆفیسۆر جەلیلێ جەلیل لە کاتی پێشکەش کردنی وتارەکەیدا. وێنە: سەلاحەدین بایەزیدی


دوێنێ شەممە لە زانکۆی فریبۆرگ ڕێکخراوی "کورد - ئاکاد" لە لایەن کۆمەڵێک چالاکڤان و ئاکادیمیسیەنی کوردەوە دامەزرا. ڕێکخراوەکە تۆڕی خوێندکارانی باڵا و دەرچووانی کوردە لە زانکۆکانی سویسرا و کار دەکات بۆ داکۆکیی کردن لە مافەکانی مرۆڤ و مافی کورد.

بە پێی بەیانی ڕاگەیاندنی ڕێکخراوەکە، کورد ئاکاد سەر بە هیچ ڕێکخراوێک نییە، هیچ ئینتیمایەکی سیاسی نییە و لە بوارگەلی فەرهەنگی، کۆمەڵایەتی، پەروەردە و زانستییەوە چالاک دەبێ.

لە کۆبوونەوەی دامەزراندنی کورد ئاکاد کە دوێنێ لە زانکۆی فریبۆرگ بە بەشداری زیاتر لە پەنجا کەس بەڕێوە چوو، چەند کەسایەتییەکی سیاسیی کورد و لەوانە دکتۆر دێرسیم داغدەڤیرەن، نووسەر و کوردۆلۆگ پڕۆفیسۆر جەلیلێ جەلیل، سیاسەتمەدار و مافناس فرات ئانلی وتاریان پێشکەش کرد.

لەو کۆبوونەوەیەدا پێنج کەس (سێ ژن و دوو پیاو) بە دەستەی بەڕێوەبەریی ڕێکخراوەکە دەستنیشان کران.

۱۳۹۶/۰۹/۲۳

"یەریڤان خەبەر دەدە"

تیتالێ کەرەم لە بەر دەرگەی ڕادیۆ یەریڤان - وێنە: سەلاحەدین بایەزیدی


سەلاحەدین بایەزیدی - یەریڤان

 
نزیکەی سەد ساڵ بەسەر تەمەنی ڕادیۆ کوردی یەریڤاندا تێدەپەڕێ. لە بەرەبەری یادی سەدەیەک مێژووی پڕشنگداریدا مەترسیی ئەوە هەیە ئەو دەنگە بۆ هەتا هەتایە ماڵئاواییمان لێ بکا. تیتالێ کەرەم، بەرپرسی بەشی کوردیی ڕادیۆی یەریڤان نایەوێ بیر لەو ساتەوەختە بکاتەوە، ئەو ئێستا لە کارمەند و بەرپرسێک زیاتر، خۆی گوتەنی وەک "منداڵێک" چاو لە ڕادیۆکە دەکا، هەرچەند هەست دەکەی ڕادیۆکە چیتر ئەو منداڵە نییە و لە پاییزی تەمەنی دایە. 


بەشی کوردی ڕادیۆ یەریڤان ساڵی ١٩٣٠ دەستی بە وەشان کردووە. ڕادیۆیەکی حکومییە. سەرەتا ماوەی بەرنامەکانی زۆر کەم بووە و هەفتانە پێنج تا دە دەقە بەرنامەی پەخش کردووە، هەواڵەکان هەمووی پڕوپاگەندەی سۆڤیەت و پارتی کۆمۆنیست بوون، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا وەک تیتالێ کەرەم دەڵێ کە خەڵک گوێیان لەو ڕستە بەناوبانگە دەبوو کە دەڵێ "یەریڤان خەبەر دەدە" دەستیان لە کاروباری ڕۆژانە هەڵدەگرت و ژیان دەوەستا. 


ڕادیۆ یەریڤان تا ساڵی ١٩٣٧ بەمجۆرە بەردەوام بووە. لە ماوەی ئەو ساڵانەدا گەلەک ناوەندی چاندی بۆ کوردان لە ئەرمەنستان دروست بوون. ئەو ناوەندانە تا ساڵی ١٩٣٧ بەردەوام بوون و کاریان کردووە. ساڵی ١٩٣٧ زەبروزەنگی ستالین گەیشتە لوتکە و دەرگەی ئەو ناوەندانە داخران. تیتالێ کەرەم ئەو ڕۆژانە ئاوا وەسف دەکا "ئەودەم تەنانەت ئەگەر منداڵێک گوتبای فڵان کەس سیخوڕە، ئەو کەسەیان دەگرت و دەیانبرد. ناوەندە کوردییەکان داخران، نەک هەر هیی نەتەوەی کورد، بەڵکوو هیی نەتەوەکانی دیکەش بەو دەردە چوون."


ئەم دۆخە هەتا ساڵی ١٩٥٥ بەردەوام بووە. ساڵی ١٩٥٣ ستالین مرد. ئەو بەهارەی ستالین مرد، ڕادیۆ و ڕۆژنامە و ناوەندە چاندییەکان بووژانەوە. لە ساڵی ٥٥ەوە تا ڕۆژی ئەمڕۆ ڕادیۆ یەریڤان بێ وچان بەردەوام بووە. ئەو ساڵە کە ڕادیۆکە دیسان دەستی بە پەخشی بەرنامەکانی کردووەتەوە، کاتی بەرنامەکانی کەم بووە و تەنیا نیو سەعات بەرنامەی بڵاو کردووەتەوە. بەڵام ساڵی ١٩٥٨ دوای سەفەری مەلا مستەفای بارزانی ماوەی بەرنامەکانی ڕادیۆ درێژ کراوەتەوە. تیتالێ کەرەم دەڵێ "مەلا مستەفای نەمر ئەو ساڵە سەردانی کوردەکانی ئێرەی کرد. ژیانی کوردانی سۆڤیەتی لە نزیکەوە بینی و هاتە ڕادیۆش. لە کارمەندەکانی ڕادیۆی پرسیبوو چ داواکارییەکتان هەیە. ئەوانیش لە وەڵامدا گوتبوویان دەمانەوێ کاتی بەرنامەکان درێژ بکرێتەوە. مەلا مستەفا کە دەچێتە مۆسکۆ داوا لە دەسەڵاتی سۆڤیەت دەکا ماوەی بەرنامەکانی بەشی کوردی زیاتر بکەن. ئەرمەنستان ئەوکات لە ژێر کۆنتڕۆڵی مۆسکۆ دابوو. دوای ئەوە، بەرە بەرە ماوەی بەرنامەکانیان زیاتر کرد. لە نیو سەعاتەوە بوو بە سەعات و نیوێک. لە شەشەوە هەتا حەوت و دواتر لە سەعات نۆ و نیو تاکوو دە بەرنامەی کوردی پەخش دەکرا." 


ئەو ساڵانە ڕادیۆی کوردی کەم بوون، ئەوانەی هەشبوون، وەک ڕادیۆ یەریڤان سەریان بەرز نەبوو. "ڕادیۆ یەریڤان جیاواز بوو''، تیتالێ کەرەم وا دەڵێ.


ناوبراو پێی وایە "ڕادیۆ یەریڤان ڕۆڵێکی مەزنی لە وشیاری نەتەوەیی و بووژانەوەی هونەری کوردیدا گێڕاوە. لە هەر چوار پارچەی کوردستان، لە هەر شوێنێک باسی ڕادیۆ یەریڤان بکەی، خەڵک دەیناسن. ڕادیۆکە لە سەرانسەری کوردستان و هەموو ڕۆژهەڵاتی ناوین دەگیردرا. ئەمڕۆکە گەلەک ڕادیۆ هەن، گەلەک تەلەڤزیۆن هەن، ئەنتەرنێت پێش کەوتووە، لێ ناوی ڕادیۆ یەریڤان لە نێو دیرۆکی گەلی کورددا بە جیا هاتیە نەڤیسارێ. ناوی ئەم ڕادیۆیە بە پیتی زێڕین لە مێژووی کورد و کوردستاندا تۆمار کراوە."  


ڕادیۆ یەریڤان بەتایبەت لە باکووری کوردستان ڕۆڵێکی زۆر گرنگی بینیوە، چونکە لە تورکیا ڕادیۆ کوردی قەدەغە بوو و نکۆڵی لە هەبوونی کورد دەکرا. تیتالێ کەرەم لە زاری زۆر کەسەوە بیستوویەتی کە ئەو ساڵانە لە باکوور کێ لە ماڵێ ڕادیۆی هەبوایە، دەرگە و پەنجەرەی پێوە دەدا و بە دزی گوێی لە ڕادیۆ یەریڤان دەگرت. زۆر نووسەر و لێوەکۆڵ ئەم قسەیەی تیتالێ کەرەم پشتڕاست دەکەنەوە. ئۆرهان پاموک، نووسەری تورک لە ڕۆمانی "بەفر"دا لە زاری سەرداربەگی ڕۆژنامەنووسەوە دەڵێ "... کەس لە بەرامبەر ئەوانی تردا شانازیی بە ڕەچەڵەکی خۆیەوە نەدەکرد. هەموو ئەم هەستی بە خۆنازینە لە لایەن ڕادیۆ کۆمۆنیستەکانی یەریڤان و باکۆوە بە مەبەستی هەڵوەشاندنەوەی تورکیا و دابەشکردنی بڵاو دەکرانەوە. ئێستا خەڵکەکە هەژارتر بوون، بەڵام بەخۆشانازترن." (بەفر، ئۆرهان پاموک، وەرگێڕانی بەکر شوانی)


ڕادیۆ کوردیی یەریڤان بەرزی و نزمیی زۆری بە خۆوە بینیوە کە هەموویشی پەیوەندیی بە دۆخی ئابوورییەوە هەبووە. هەڵوەشانەوەی سۆڤییەت و تێکچوونی ڕەوشی ئابووری کاریگەریی لەسەر ڕادیۆکە داناوە. دەوڵەت نەیتوانیوە خەرجی ڕادیۆکە دابین بکا. تیتال ئەو ڕۆژانەی بە بیر دێ کە خەڵک دەستە دەستە کۆچیان دەکرد و دەچوونە وڵاتانی جۆراوجۆر. "ئێمە نەچووین. باوکم بە تەنیا لە ڕادیۆ مایەوە. ئەوەی ڕاستی بێ ئەمنیش دەمویست بچمە دەرەوە. تازە زەماوەندم کردبوو. بە خۆمم دەگوت دەبێ کارێکی تر بکەم و ماڵ و منداڵم بژێنم. لێرە بەتاڵ و حەتاڵ چی بکەم. باوکم گوتی نا من بەتەنیا جێ مەهێلە، حەیفە ئەم ڕادیۆیە دابخرێ کە ئەو هەموو ساڵە بەردەوام بووە. دەیگوت وەک ئەوە وایە زارۆکێک مەزن بکەی و پاشان وازی لێ بێنی و بڵێی تۆ زارۆکی من نی."


تیتالێ کەرەم دەگێڕێتەوە: "سەرەتای ساڵانی نەوەد لێرە گرفتی ئابووری هەبوو، خەرجی ژیان زۆر گران بوو، کارەبا نەبوو، گواستنەوە و هاتوچۆی گشتی وەستابوو و شەڕێکی سەخت لە نێوان ئەرمەنستان و ئازەربایجان لە ئارا دابوو. لە ڕادیۆوە تا ماڵی ئێمە نۆ کیلۆمەتر ڕێ هەیە. ڕێگەکەش وا نییە هەموار بێ، سەرەولێژە. باوکم بە پێیان نۆ کیلۆمەتر دەچوو و نۆ کیلۆمەتر دەگەڕایەوە. جا زستانان زۆر ئەستەمە. ئەویش سەرمای ئێرە. تا بیست و بیست و پێنج و تەنانەت سیی پلەی ژێر سفر دەچوو. ئەمنیش جارجارە لەگەڵ بابم دەچووم بۆ ڕادیۆ. هەرچەند کەمتر. ماڵێ سارد بوو و ڕادیۆ ساردتر. ئەودەم بەرنامەکانی ڕادیۆ وەک ئێستا کەم نەبوون و نۆ و نیو و دە تەواو دەبوو. کە دەگەیشتینەوە ماڵێ، دەبوو بە سەعات دوو و سێی شەو. سێ چوار سەعات دەخەوتین و بەیانیی زوو ڕادەبووین بۆ ئەوەی بە پێیان بێینەوە ڕادیۆ. چەند ساڵێک ئەم دۆخە بەم شێوەیە بەردەوام بوو. بە بیرم دێ ئێوارەیەک کە دەمانویست پێکەوە بچینە ڕادیۆ، ئەمن بە باوکمم گوت من تاقەتم نەماوە و ئیدی واز لەو کارە دێنم. ئەوکات لە هەموو پارچەکانی کوردستان شەڕێکی نەتەوەیی لە گۆڕێ بوو. باوکم گوتی ئێستا شەڕڤانەکانی کورد، چ پێشمەرگە چ گەریلا، لە چیاکان لەو بەفر و بەستەڵەکەدا دژ بە دوژمن شەڕ دەکەن، تۆ ناتوانێ دە کیلۆمەتر بە پێیان بپێوی؟ بە خۆمدا شکامەوە و لە دڵی خۆمدا گوتم خۆزیا ئەو قسەیەم نەکردایە."


باوکی تیتالێ کەرەم، سەیادێ کەرەم پەنجا و چوار ساڵ ڕادیۆ کوردی یەریڤانی بەڕێوە برد و بە سەلامەتی بە کوڕەکەی سپارد. ئێستا ڕادیۆ یەریڤان چوار کارمەندی هەیە و ڕۆژانە نیو سەعات بەرنامە پەخش دەکا. 


ئاخۆ زەحمەت نییە؟ "زەحمەت بێ یان نا، دەبێ ئیش بکەین. ئێدی بە درێژایی ئەو هەموو ساڵە ڕاهاتووین. مەعاش کەمە. دۆخی ئابووری باش نییە. لەگەڵ ئەوەشدا هەتا ڕۆژی ئەمڕۆمان هێناوە. بەو مەعاشە کەمەوە هەر کەس نایەت لێرە کار بکا. کادیرمان نییە. گەنجی ئێستا ڕوو لە کاری ئاوا ناکەن، دەچن بە ئیشی ترەوە مژووڵ دەبن. ئەگەر کادیر نەبێ، مەترسی ئەوە دێتە گۆڕێ بەشی کوردی دابخرێ، دەوڵەت ڕێگە و بوار دەدا، بەڵام دەبێ خەباتکار هەبن. هەتا ڕۆژی ئەمڕۆمان هێناوە و بزانین چۆن دەبێ."


تیتالێ کەرەم هاوکات بەڕێوەبەری نووسینی ڕۆژنامەی "ڕێیا تازە"شە. ساڵی ٢٠١٠، پاش کۆچی دوایی گریشایێ مەمێ بووەتە سەرنووسەری ئەو ڕۆژنامەیە کە یەکێکە لە کۆنترین ڕۆژنامە کوردییەکان و ٨٦ ساڵی تەمەنە. "ڕێیا تازە" هەتا پێش هەڵوەشانەوەی سۆڤیەت هەفتەی دوو جار چاپ و بڵاو بۆتەوە، بەڵام پاش هەڵوەشانەوەی سۆڤییەت بووە بە مانگێ جارێک و ئێستاش جار جارە و بە پێی دەرفەت چاپ دەبێ. ڕۆژنامەکە بە خۆڕایی لە نیو کوردەکانی ئەرمەنستان بڵاو دەبێتەوە و بەدەست گرفتی ئابوورییەوە دەناڵێنێ. وەک تیتالێ کەرەم دەڵێ ساڵی ٢٠١٣ بنکەی لالەش لە باشووری کوردستان یارمەتی داون و دوای ئەو یارمەتییانە توانیویانە بۆ یەکەمجار ڕۆژنامەکە بە ڕەنگی چاپ بکەن. ئەو هاوکارییە هەتا دەسپێکردنی شەڕی داعش بەردەوام بووە.


تیتالێ کەرەم کە ئاستی ڕۆشنبیری و چاپەمەنی کوردەکانی ئەرمەنستان لە سەردەمی ئێستا و سۆڤییەتدا هەڵدەسەنگێنێ، جیاوازییەکی گەورە دەبینێ، ئەو پێی وایە لە سەردەمی سۆڤییەتدا جموجوڵێکی زیندووتر هەبوو و کتێبێ کوردی زۆرتر چاپ دەبوون، بەڵام ئێستا بنووس کەم بوونەتەوە، کەس لە بەشی کوردیی ئاکادیمیای زانستی ئەرمەنستان نەماوەتەوە. پێشتر چەندین پڕۆفیسۆری کورد کاریان تێدا دەکرد. جاران شانۆی کوردی هەبوو و ئێستا داخراوە و تەنیا یەک دوو کەس لە بەشی کوردیی یەکێتیی نووسەرانی ئەرمەنستان کار دەکەن.

۱۳۹۶/۰۹/۱۴

تـــاراوگە

 
Photo : Cinou Delcuvellerie

سەلاحەدین بایەزیدی

کە پێم نایە
یەکەم پایتەختی جیهان
تێر تێر
گریام بۆ گوندەکەی خۆمان.


***

شەوانە زوو،
پەنجەرەکان بە ڕووی ئاسۆدا دادەخا
رێگە نادا
گڕی پەنگ خواردووی دەروونم
لە تاریکی دەرەوەدا
داگیرسێنم

بەرەو قەرەوێڵەیەکم دەبا
وەکوو پەنگر.

سپێدە زوو،
پەنجەرەکە بەرەو خۆری نەزۆکی ئێرەدا دەکاتەوە
رێگە نادا
وەک هەمزاتۆف
شۆڕ بمەوە بۆ نێو خەونی دوێنێ شەوم
زوو یادەکانم دەردەکا

بەرەو نەینۆکێکم دەبا
پێش تر سیمای ڕووشاندووم و
نهێنی ترین نیگاکانی لێ دزیوم.

چەند تەنگە ئەم ژوورە بۆ غەریبیم
چەند زیندانە بۆ هەناسەم
چەند تاریکە بۆ دوارۆژ و
چەندە بزرە بۆ ئێستاکەم.


***
من درەختێک دەناسم
ڕەگی لە نێو خاکدا نییە

من دارگێوژێک دەناسم
بە تەنیا بە نێو لێڕەواری کاژەکاندا پیاسە دەکا

من درەختێک دەناسم
بە ئۆکسیژێن ناژی

درەختێک،
شنەی یادی ڕابردوو دەیژێنێ
خەونی دەستکردنە نێو هێلانەکانی منداڵی
لە سەر پێی ڕادەگرێ. 


***


تاراوگە:
دەشت،
شار،
ئاپارتمان،
شاڕێ،
دەریا،
زەنگی کڵێسە،
ئاسۆ.

زێد:

چیا
گوند،
کەوێڵ،
شڤەڕێ،
کانی،
مەلابانگدان،
کازیوە.
 

***
 

ڕۆیشتن:
هەڵاتن.

مانەوە:
گریان.

ئاوڕدانەوە و هانکەهانک
ڕۆندک و چاوەڕوانی.

ڕۆیشتن:
شەپۆل
جەستەی مردوو.

مانەوە:
شەونخوونی
فرمێسکی وشکەوەبوو.

۱۳۹۶/۰۹/۱۳

خەونێک


خورخێ لویس بۆرخێس
لە فەڕەنسییەوە: سەلاحەدین بایەزیدی

 
لە شوێنێکی شۆرەکاتی ئێران، بورجێکی بەردین دیارە، هەندێک نزمە، بێ دەرگا و بێ پەنجەرەیە. لە تاکە ژووری ئەو بورجەدا (کە عەرزەکەی داتەپاوە و شێوازێکی بازنەیی هەیە) مێزێکی دارین و کورسییەک بەدی دەکرێن. لەم ژوورە بچووکە بازنەییەدا، پیاوێک کە لە من دەچێ، بە خەتێک کە لێی تێناگەم، شیعرێکی درێژ لە سەر پیاوێک دەنووسێ کە لە سللولێکی تری بازنەییدا شیعرێک لە سەر پیاوێک دەنووسێ کە لە سللولێکی تری بازنەییدا… ڕەوتەکە بێ کۆتاییە و کەس ناتوانێ ئەو نووسراوە بخوێنێتەوە کە گیراوەکان دەینووسنەوە.

۱۳۹۶/۰۸/۲۷

کتێبی نووسەرێکی فەڕەنسی لەسەر بەرخۆدانی کۆبانێ کرایە کوردی



ئاژانسی میزۆپۆتامیا
 
کتێبی "مردن ئەڕای کۆبانێ" بە قەڵەمی نووسەر و ڕۆژنامەنووسی فەڕەنسی پاتریس فرانسێچکی کە خۆڕاگریی کۆبانێ دێنێتە زمان، وەرگێڕدرایە سەر زمانی کوردی.
کتێبی پاتریس فرانسێچکی نووسەری فەڕەنسی، "مردن ئەڕای کۆبانێ"، کە تایبەتە بە بەرخۆدانی یەپەگە دژ بە داعش کە ساڵی ٢٠١٤ کۆبانێی گەمارۆ دابوو، بۆ سەر زاراوەی سۆرانی وەرگێڕدراوە. ئەم کتێبە یادداشتەکانی سەفەری نووسەری بۆ کۆبانێ لە پاش ڕزگاری شارەکە گرتووەتە خۆ.
فرانچێسکی لە پێشەکی ئەم کتێبەدا دەڵێ: "کۆبانێ، کە ئەوەی ڕاستی بێ هێشتا شەڕەکە کۆتایی نەهاتووە، خۆڕاگرییەکی تری کردە سەمبۆل، خۆڕاگریی کوردەکان دژ بە تۆتالیتاریزمێکی نوێ: ئیسلامیی ڕادیکاڵ - و بێگومان گەورەترین هۆڤێتی لە دەسپێکی سەدەی بیستویەکەمدا. لە ڕوانگەی جیهادییەکانی داعشەوە، کە ڕقیان لە هەموو شتێک دەبێتەوە لەوان نەچێ، تەنانەت خودی بیرۆکەی دیموکراسی دەبێ بۆ هەتا هەتایە بسڕدرێتەوە. ئەم دیموکراسییە لە نێو جەرگەی جووڵانەوەی شۆڕشگێڕیی کوردەکانی سووریا بە دی دەکرێ کە دژ بە دەوڵەتی ئیسلامی دەجەنگن تاکوو بەمجۆرە بەها سەرەکییەکان بپارێزن: بەهاگەلی وەک ئازادی تاک و کۆ، یەکسانیی پیاو و ژن، عیلمانییەت، ڕێزگرتن لە کەمینەکان و دادپەروەریی ئابووری." لەم کتێبەدا هۆکارەکانی پشتگیریی دەوڵەتانی ڕۆژئاوا لە کوردەکان ئاشکرا کراون.
ئەم کتێبە بە زمانی فەڕەنسی لە لایەن وەشانخانەی ئێکواتۆرەوە چاپ کراوە و سەلاحەدین بایەزیدی کردوویەتی بە کوردی. ئەم وەرگێڕانە لە لایەن کتێبفرۆشی غەزەلنووسەوە چاپ و بڵاو بووەتەوە.

۱۳۹۶/۰۸/۲۶

مردن ئەڕای کۆبانێ



مردن ئەڕای کۆبانێ
پاتریس فرانسێچکی
 

سەلاحەدین بایەزیدی
 لە فەڕەنسییەوە کردوویە بە کوردی
 چاپی یەکەم - ٢٠١٧
 
بڵاوکار: ناوەندی غەزلنووس بۆ چاپ و بڵاوکردنەوە

۱۳۹۶/۰۸/۰۹

دانی لافێریێر: ناونیشان نادەین

وێنە: سەلاحەدین بایەزیدی

ئێوارەی ڕۆژی دووشەممە ٣٠ی ئۆکتۆبر، دانی لافێریێر نووسەری کەنەدی بە ڕەچەڵەک هایتی لەسەر بانگهێشتی ئەنیستیتۆی زمان و شارستانییەتی فەڕەنسی (ILCF) لە زانکۆی نۆشاتێل کۆڕێکی پێشکەش کرد.

ئەم نووسەرە کێبکییە کە هاوکات ئەندامی ئاکادیمیای زمانی فەڕەنسییە، دەبوایە مانگی مەی ڕابردوو لە نۆشاتێل بوایە، بەڵام بە هۆی ئەوەی دایکی کۆچی دوایی کردبوو، نەیتوانیبوو ئەودەم ئامادە بێ و سەفەرەکەی بۆ ئێستا دوا خستبوو. 


لافێریێر، لەو ئێوارەکۆڕەدا وێڕای قسەکردن لەسەر ئەزموونی خۆی لە بواری نووسیندا، باسی لە مژارگەلی وەک پەنابەران و خوێندنەوەش کرد. 


لافێریێر کە لە ژێر ستەمی دیکتاتۆر و زەبر و زەنگ لە تەمەنێکی گەنجدا لە وڵاتەکەی ڕای کردووە و پەنای بۆ کەنەدا بردووە، گوتی: ''من بەردەوام بەرامبەر بە وشەی تاراوگە هەستیار بووم و ویستوومە سەر لەنوێ پێناسەی بکەمەوە. پەناخواز لە ڕوانگەی منەوە ئەو کەسە نییە کە دەڕوا، بەڵکوو ئەو کەسەیە وا دەمێنێتەوە. بە بۆچوونی من دیکتاتۆڕ کە دەمێنێتەوە لە مەنفایە. ئەوە ناتوانێ بە دڵی خۆی بجووڵێتەوە. بۆ ئەوەی بژی، دەبێ پارە ببەخشێتەوە. لە زۆر شت بێبەشە. ڕۆیشتن یانی جموجوڵ، یانی زیندووبوون. جاران خەڵکی دەوڵەمەند سەفەریان دەکرد، پێیان دەگوترا گەشتیار، بەڵام ئێستا هەژارەکانن سەفەر دەکەن، هەژارەکان بوونە خەڵکانی پوختە و گەڕیدە."


لافێریێر پێی وایە ئەو لە وڵاتی خۆی ماوەتەوە و بزربوونی لە مەنفا بووە. "دوای من دایکم هەروا لەو ماڵە دەژیا کە من لێی ژیابووم، هەڵبەت ئەمجارە بێ من. ئەو بزربوونە لە مەنفا بوو."


ئەو پێی وایە نووسەر سەر بە هیچ نەتەوە و زمانێک نییە، خوێنەران سەر بە نەتەوە و زمانەکانن نەک نووسەر. ئەو خۆی بە نووسەر و خەڵکی هایتی دەزانێ، بەڵام خۆی بە نووسەرێکی هایتی نازانێ.


لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا، ناوبراو سەرنجی بۆ سەر گرنگیی نووسین و خوێندنەوە ڕاکێشا و ئاماژەی بەوە کرد کە ئەدەبیات کردنەوەی پەنجەرەیەکی نوێیە. گوتی: "خوێندنەوە بۆ ئەوەیە لەو پەنجەرەوە باز بدەی و خۆت لە کێشەکانی دونیای ئەمڕۆ ڕزگار بکەی. بۆ ئەوەی بچێتە کوێ؟ ئێمەی نووسەر و خوێنەر دەزانین ئەو شوێنە کوێیە. بەڵام ئادرەس نادەین. نابێژین نووسەر و خوێنەر کە سیحری وشە بەسەریاندا زاڵ دەبێ، دەچنە کوێ. ئەگینا پۆلیسمان دەنێرنە سەر. سیستەمێکی ئیداری لەوێش دادەمەزرێنن و لەوێش جاڕزمان دەکەن. باج دەستێنن. ئێستاش بە پێی پێویست باجیان خستووەتە سەر خوێندنەوە، بۆ ئەوەی نەتوانین بخوێنینەوە."


لە ڕوانگەی نووسەرەوە، پێناسەکردنی کتێب مەحاڵە. وزەیەکی گەورە لە توێی کتێبێکدا شاراوەیە. نووسەر وزەیەکی بێ هاوتا دەخاتە نێو کتێبەوە. دەبێ ئەو وزەیە چ وزەیەک بێ کە سنووری سەدەکان دەرباز دەکا؟  


"خوێندنەوە بێدەنگیمان بەسەردا دەسەپێنێ. کە سۆفۆکلێس دەخوێننەوە، ئێوە بێدەنگ دەبن و ئەو دێتە گۆ. ئەو مردووە، بەڵام لە سەردەمی دەنگە دەنگدا بێدەنگی دەکاتە دیاری. ئەو بێدەنگی پێویست بووە تاوەکوو بنووسێ و دوو هەزار ساڵ دواتر ئەو بێدەنگییەت پێشکەش دەکا بۆ ئەوەی بخوێنیتەوە. کەواتە ئەوە وزەی بێدەنگییە هەزارەکان تێدەپەڕێنێ. بێننە بەرچاو ئەگەر ئەو کتێبانە نەبوایەن چ دەقەوما! دەنگ و هەرای دونیا چی لێ دەکردین؟ دوو کەس بێننە بەر چاوتان کە لە تەنیشت ئێوە لە نێو مەترۆ دانیشتوون و قسە دەکەن، یەکیان خەیاڵی لەوێ نییە و هەردووکیان زیندوون. بەڵام لەو لاتر کەسێک بە بێدەنگی دانیشتووە و لە تەک کەسێکدا دەدوێ کە چەندین سەدەیە مردووە و ئەم گوێی لێ دەگرێ."


ئەدەبیات توانای گۆڕینی هەیە، ئەدەبیات دەتوانی شەرابی خراپ بگۆڕێ و بیکاتە شەرابێکی چاک. 


"لە ڕۆمانی یەکەممدا شەراب زۆر ڕەنگی داوەتەوە. من دەمتوانی لە ڕۆمانەکەدا ئاماژە بە شەرابی باش بکەم، ئەدەبیاتە، چی تێ دەچێ؟ بەڵام شتێک هەیە لە ئەدەبیاتدا پێی دەگوترێ دەست پێوەگرتن. نووسەری وا هەن دەست پێوە ناگرن و زۆر خەرج دەکەن. من کەسێکم شەرابم پێ خۆشە. بەڵام نابێ بە چاوی هەژارانیدا بدەی. بۆیە شەرابی خراپم کڕی. بە ئەدەبیات دەتوانی ئەو شەرابە بگۆڕی. دەڵێم بوتڵێکی چاک شەرابی خەراوم لە پێش خۆم دانابوو، پڕشنگی خۆر بە پەنجەرەکەدا دەهاتە ژوور. ساڵانێک دواتر ژن و مێردێکی گەنجی فەڕەنسیم بینی، ئەوان گوتیان تۆ ژیانی ئێمەت ڕزگار کردووە. گوتم چۆن؟ گوتی ئێمە هەژارین و پارەمان نییە شەرابی چاک بکرێن، پێشتر نەماندەزانی چ بکەین، بەڵام دوای خوێندنەوەی کتێبەکەت زوو زوو بە یەکتری دەڵێین پێت چۆنە بوتڵێکی چاک شەرابی خراپ بکڕین؟"


دانی لافێریێر، ساڵی ١٩٥٣ لە هایتی لەدایک بووە، لە ساڵی ٢٠١٣ ئەندامی ئاکادیمیای فەڕەنسایە. زیاتر لە دە ڕۆمانی نووسیوە و "مەتەڵی گەڕانەوە" یەکێکە لە ڕۆمانە هەرە بەناوبانگەکانی. 

۱۳۹۶/۰۸/۰۴

عەلی ئەشڕەف دەروێشیان کۆچی دوایی کرد


عەلی ئەشڕەف دەروێشیان، سیمای ناسراوی ئەدەبیاتی فارسی لە تەمەنی ٧٦ ساڵیدا لە شاری تاران کۆچی دوایی کرد.

شەهناز دارابیان هاوسەری عەلی ئەشڕەف دەروێشیان هەواڵی کۆچی دوایی ناوبراوی بە میدیاکانی ئێران ڕاگەیاندووە و گوتویەتی هاوسەرەکەی بە هۆی نەخۆشییەوە کۆچی دوایی کردووە.

ئەم نووسەرە بە ڕەچەڵەک کوردە چەند ساڵێکە نەخۆشە و لە ژێر چاودێری پزیشکی دایە.

دەروێشیان ساڵی ١٣٢٠ی هه‌تاوی له‌ كرماشان له‌دایك بووه‌. ماوه‌یه‌كی زۆر مامۆستا بووه‌، هاوینی ١٣٥٠ به‌هۆی چالاكیی سیاسی و كۆمه‌ڵه‌چیرۆكی "از این ولایت" ده‌ستگیر كراوە و هه‌شت مانگ له‌زینداندا ماوه‌ته‌وه‌.

سێ ساڵ دواتر، له‌كاتێكدا سێ مانگ به‌سه‌ر زه‌ماوه‌نده‌كه‌یدا تێپه‌ڕیبوو، دیسان ده‌ستگیر كرایەوە و به‌ پازده‌ ساڵ زیندان حوكم درا.

دوابه‌دوای "شۆڕشی ئێران" له‌ زیندان ئازاد كرا.

به‌رهه‌مه‌كانی بۆ زیاتر لە پازده‌ زمان وه‌رگێڕدراون.

هەندێک لە بەرهەمەکانی عەلی ئەشڕەف دەروێشیان لە لایەن عەبدوڵڵا حەسەن زادە و عەزیز گەردییەوە بۆ سەر زمانی کوردی وەرگێڕدراون.

دەوروبەری دە ساڵ لەمەوپێش لە شاری سلێمانی باشووری کوردستان وتوێژێکم لەگەڵ عەلی ئەشڕەف دەروێشیان ئەنجام دا کە کاتی خۆی لە گۆڤاری "هەنار"دا بڵاو بوویەوە.

۱۳۹۶/۰۷/۳۰

بەهاری کوردەواری



نیکۆلا بووڤیێ
لە فەڕەنسییەوە: سەلاحەدین بایەزیدی

 
بە هەنگاوی پتەو بەفری تواوەی دەشێلا
ئەو کوڕەی خوداوەندی یەکتا
بە دەم نارەناری سترانێکەوە
سواری ترۆمبێلەکە بوو
بە شەدەیەکی لارەوە
کۆنەدەمانچەیەکی قورس بە بەر پشتێنەوە و
دەستی کرد بە گۆرانی چڕین

بە بیرم دێ
ئاوی چۆمەکە زۆر ببوو
ئاسمانی ئاوس بە باران وەک ئاژەڵێک خۆی لەبەر یەک دەکێشاوە
لەسەر زەویی ڕەشی نەزۆکی بێ سنوور
کە چێرگ، حاجی لەق لەق و
سەرجەم ئەوانەی خۆشم دەویستن
پەنامەکی هێلینیان تێدا چێ کردبوو

لە ڕۆخەکەی ئەوبەر
کەسێک بە ئاماژە بەرەو ئێمە
قامکە بچکۆلانەکەی ڕاوەشاند
"مەحاڵە تێپەڕبوون!"

بارانێکی بەخوڕ دڵی پاراو کردم
بە وێنەی ئیسفەنجێک گووشی
ئینجا بەس لەبەر ئەوە مابووەوە
ئاسۆ تا لێوان دابگرێ

ئەوە ساتەوەختێکە بەعلولزبوب*
چیتر ناتوانێ دەست بکاتەوە و
شوێنەکان بە دەم جنێوەدانەوە چۆڵ دەکا
من کالیسکە ڕەشەکەیم بینی بە فانۆسی مسینەوە
لە نێو بێدەنگیی شۆڕەبییەکاندا ون بوو

بەڵام من مامەوە
قەدەرێکی زۆر لەوێ مامەوە
پۆستاڵ ڕۆچوو بە نێو گڵی زێڕیندا
وێڵ و ئەفسون
مات و حەیران
بۆ زاتکردنی هەڵنانی هەنگاوێک.

مەهاباد - ژنێڤ، ١٩٨١.

*ئیبلیس، بە گوێرەی شەیتانناسی ئایینی مەسیحی یەکێکە لە شازادەکانی دۆزەخ.

نێکۆلا بووڤێی و تیێەری ڤێرنێ زستانێک لە تەورێز دەمێننەوە و سەرێکیش لە شاری مەهابادی ڕۆژهەڵاتی کوردستان هەڵدێنن، ئەم سەفەرە بە تێروتەسەلی لە کتێبی "ڕێوشوێنی دونیا"دا باسی لێوە کراوە. ئەم "کوڕەی خوداوەندی یەکتا" کە بە دەم چڕینی گۆرانییەوە سواری تڕۆمبێلەکە دەبێ، ڕەنگە هەمان ئەو پیرەمێردە بێ کە لەسەر ڕێگەکەیان هەڵیدەگرن:

"لە دەوروبەری مەهاباد، پیرەپیاوێکمان سوار کرد کە قوڕ تا سەر چۆکانی داپۆشیبوو، بە هەنگاوی پتەو بەفری تواوەی دەشێلا و یەک بە خۆی گۆرانی دەچڕی. کە لەسەر کورسییەکە دانیشت، دەمانچەیەکی کۆنی لەبەر پشتێنەکەی دەرهێنا و بە ڕێزەوە پێشکەش بە تییەریی کرد. لێرە، باش نییە کە چوویتە ماڵی کەسێکەوە چەکت پێ بێ. ئەوسا جگەرەیەکی گەورەی بۆ هەر کاممان پێچایەوە و دەم بە بزە دەستی کردەوە بە گۆرانی چڕین."

۱۳۹۶/۰۷/۲۷

تاشتەکین… بروجێردی… سێلین


سەلاحەدین بایەزیدی

لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا بە پێی بڕیاری دادگایەکی تورکیا کتێبی "ڕۆژئاوا، سەردەمی کوردەکان" بە قەڵەمی فەهیم تاشتەکین کۆکرایەوە و کتێبەکە چووە نێو لیستی کتێبە قەدەغەکراوەکانی تورکیاوە. کە دەوڵەتێکی دیکتاتۆر و سەرکوتکەر کتێبێک دەخاتە لیستی سوورەوە، ئەو کتێبە بە لای منەوە خۆشەویست دەبێ، ئەگەر هەمبێ، جارێکی دیکە دەیخوێنمەوە، ئەگەر نەمبێ هەوڵ دەدەم بە دەستی بێنم. ڕەنگە ئەگەر ئیسلامییەکانی کوردستان هەڕەشەیان لە مەریوان هەڵەبجەیی نەکردبایە، من لاپەڕەیەکیشم لە کتێبی "سێکس و شەرع و ژن لە مێژووی ئیسلامدا" نەخوێندباوە.
دوای بیستنی ئەو بڕیارە، کتێبەکەی تاشتەکینم دەست دایە، لاپەڕەکانیم هەڵدایەوە و بیرم لەوە کردەوە دەبێ ئەم کتێبە چ زەرەرێکی هەبێ و بۆچی دەسەڵاتدارانی تورکیا لێی دەسلەمێنەوە.
سەیرێکی کتێبەکانی دەوروبەریم کرد و لە خۆم پرسی ئاخۆ تاکەکانیش دەبێ لیستێک کتێبی قەدەغەکراویان هەبێ.
ڕەفەیەک ئەولاتر سێلین سەرنجی ڕاکێشام، پێشتریش یەک دوو جار بەربینگم پێ گرتبوو، دیسان پرسیم ئایا ئاساییە سێلین لە کتێبخانەکەی من بێ.
بە بیرم دێ ئەو دەمەی پانزە ساڵێکم تەمەن بوو، هەموو شتێکی کوردیم دەخوێندەوە، بەس ئەوەندە بە کوردی نووسرابا، بەیاننامە با، ڕۆژنامە با، کتێب با، گرنگ نەبوو. دوو گۆڤاری سروە و ئاوێنەم بە بەردەوامی دەکڕی. هەمیشە سێ چوار ڕۆژ پێشتر پرسیارم لە کتێبفرۆشییەکان دەکرد، جاری وا هەبوو پانزە ڕۆژ و تەنانەت مانگێک چاوەڕوانی ژمارەی نوێ دەمامەوە. ڕۆژێک چووم لە کتێبفرۆشی "موفقی" تازەترین ژمارەی "ئاوێنە" بکڕم، دیتم تایبەتە بە محەممەد بروجێردی یەکێک لە جەللادەکانی کوردستان. وێنەیەکی گەورەی بروجێردی لە لاپەڕەی یەکەم بە من پێدەکەنی. کابرایەکی پیر گۆڤارەکەی بۆ هێنابووم و چاوەڕێ بوو من پارەکەم بدەم و بڕۆم. بە بینینی ئەو وێنەیە گۆڤارەکەم دایەوە بە کتێبفرۆش و بە هەڵچوونەوە پێم گوت من ئەم گۆڤارە ناکڕم. بزەیەکی تاڵ لەسەر لێوەکانی نیشت، دەستی گرتم و بە سرتەیەک گوتی: "ئافەرین… من لەسەر ئەو کابرایە دوور خراومەتەوە." بە بێ وازی ڕۆیشتم و ئەو ڕۆژە گۆڤارەکەم نەکڕی. چەند ڕۆژ تێ پەڕین، خۆم پێ نەگیرا و ڕۆژێک لە ڕێی گەڕانەوەی قوتابخانەدا گۆڤارەکەم لە شوێنێکی تر کڕی و بردمەوە ماڵێ. لە نێو ڕیزی گۆڤارەکانی ترم دانا. گۆڤارەکە لە نێو ڕەفەیەکی کتێبخانەکەم دانرابوو، بەڵام شتێک ئازاری دەدام، شتێک بێ تاقەتی کردبووم. چاوم لەبەر کتێبخانەکەم هەڵنەدەهات. کتوپڕ ڕۆژێک گۆڤارەکەم دەست دایە و بە پێ دزە بەرەو ژێرەزەمینە تەنگ و تاریکەکەمان شۆڕ بوومەوە و گۆڤارەکەم لەوێ دانا. بە خۆمم گوت شوێنی بروجێردی لەوێیە، ڕاستە وشە کوردییەکان یارمەتیدەر بوون بۆ ئەوەی گۆڤارەکە بێتە ئەم ماڵەوە، بەڵام نابێ لەسەر ڕەفەکە و لەبەر چاوان بێ. نابێ لە نێو گۆڤاری "ڕامان" و "پێشڕەو" و ڕۆژنامەی "کوردستان" و "وڵات" دابێ. ئەو گۆڤار و ڕۆژنامانەی لە "دیو"ی ئەولا ڕا هاتبوون، ئەوانەی شڕ بوون، دڕابوون، سیمای کتێبخانەکەیان ناشیرین کردبوو بەڵام بە بینینیان هەستێکی خۆش بەسەرمدا زاڵ دەبوو.
ئەودەم پرسیاری ئەوەم لە خۆم نەکردبوو کە ئاخۆ هەموو کتێبێک بۆی هەیە ڕێی بکەوێتە ژوورەکەم و لەگەڵ ئەوەشدا ڕێم نەدا بروجێردی لە کتێبخانەکەم بمێنێتەوە.
ئێستاش ئەگەرچی پێم وایە دژی سانسۆڕم، بەڵام ناتوانم ڕێگە بە هەموو کتێبێک بدەم ببێتە هاوماڵم. هەرگیز ناتوانم کتێبێکی خومەینی یان ئاتاتورک لە ناو کتێبەکانی ترم دابنێم. ناتوانم کتێبی هیتلەر بکڕم و بیکەمە هاوسێی ئیگزۆپێری. پێم وایە ئەو مافەم نییە، کێ دەڵێ ئەوان ڕازی دەبن من ئەم کارە بکەم. کوا شیرکۆ بێکەس ڕازی دەبێ من کتێبی سەددام بخەمە نێو کتێبخانەکەمەوە؟ تەنانەت کتێبە ئایینییەکانیش وا بە ئاسانی ڕێیان ناکەوێتە کتێبخانەکەمەوە، مەگەر بە میوانی.
کتێبخانە ئاوێنەی مرۆڤە. کتێبەکان زیندوون. تۆ دەتوانی لەگەڵ نووسەرەکانیان دابنیشی و بەدەم چاخواردنەوە باس و خواسێکی درێژیان لەگەڵ دابمەزرێنی.
سەرباری ئەوانەش سێلین هەروا لە نێو کتێبەکانی ترمدا چاوم لێ دادەگرێ، ئاخۆ من تەنیا سەبارەت بە مێژووی نەتەوکەکەی خۆم هەستیارم؟ ئەگەر جوولەکە بوایەم سێلینم دەخوێندەوە؟ نازانم. هەرچەند ئەو کتێبەی سێلین "سەفەر بەرەو کۆتایی شەو" ڕۆمانە و من لە هیچ شوێنێکدا نەفرەت و وشەی بێزراو نابینم، بەڵام هەندێک لەو کتێبانەی بۆیان نییە لەگەڵم بژین، بە هەمان شێوە، ڕق و نەفرەتیان تێدا بەدی ناکرێ.
هەرچی بێ سێلین جارێ هەیە و نازانم تا کەنگێ دەمێنێتەوە. ڕەنگە ڕۆژێک ئەگەر بینیم سارتر نەخۆش کەوتووە و دڵی لە ژێڵلا دێ، هێمن نامدوێنێ و لۆرکا ڕەنگ و ڕووی پێوە نەماوە، بیخەمە ئەستۆی سێلین و لە ماڵەکەم دەری بکەم، جارێ هیچ کام لە کتێبەکان هەڵوێستیان نەنواندووە.

۱۳۹۶/۰۷/۲۵

بەسەرهاتی ناوەکان


سەلاحەدین بایەزیدی 

سەردەمانی زۆر زوو، ئەو کاتانەی مرۆڤ لە ئەشکەوتەکان دەژیا، ڕووت دەگەڕا و بە ڕاو خۆی دەژیاند، هەموو شتێک ئەو ناوەی لەسەر نەبوو کە ئەمڕۆ لە سەریەتی. سەرەتا هەموو شتەکان بێ ناو بوون، لێڕەوار ناوی لێڕەوار نەبوو، شاخ ناوی شاخ نەبوو، ڕووبار، ڕووبار نەبوو، مرۆڤ، مرۆڤ نەبوو. دواتر مرۆڤ ئەو ناوانەی لەسەر نان و ئەمڕۆکە ئەستەمە بیر لەوە بکەیتەوە کە مرۆڤ دەکرا ناوی شتێکی دیکە بێ، ئەگەر یەکەمجار ناوی مانگا لە مرۆڤ نرابا، خۆ قەت سەیر نەدەبوو، تازە ئەو ناوەی پێوە دەنووسا و ئێمەش ئەمڕۆ دەمانگوت کۆمەڵەی مانگا، مانگایەتی، مانگادۆست، کۆمەڵەگا، مانگازاد و …
بەڵام ئەو ناوانە هەموویان بە ڕۆژێک دروست نەبوون. یانی ئاکادیمیایەکی زمان نەبوو کۆ ببێتەوە و بڕیار بدا لەمەوبەدوا فڵان شت پێی بگوترێ بەرد و فیسار شت دار. بەرە بەرە وەک چۆن مرۆڤ جلوبەرگی لەبەر خۆ کرد، ئاواش ناوی بە باڵای شتەکانی دەوروبەریدا بڕی. جا سەرەتا ناو لەو شتانە نرا کە گرنگ بوون، پێداویستی ژیانی ڕۆژانە بوون و دەبوایە بناسرێنەوە، بۆ نموونە پیاوێک دەبوایە بە هاوسەرەکەی گوتبا من هەتا ئەو دۆڵەی خوارێ دەچم بزانم ئاژەڵێک پەلەوەرێک شتێک ڕاو ناکەم. هەر وەک دەبینن دۆڵ، ئاژەڵ و پەلەوەر و ڕاو زووتر ناویان بۆ دۆزراوەتەوە.
مرۆڤ پەیوەندییەکی نەپچڕاوەی بە سرووشتەوە هەبوو و سەرەتا ناوی لە ئاژەڵ و گژ و گیا و میوە و پەلەوەرەکان نا. سێو و پڕتەقاڵ و هەرمێ و هەڵووژە. ئەخر هەر ئەو پیاوەی سەرێ ئەگەر چووبا بۆ ڕاو، هاوسەرەکەی دەبوایە تێی بگەیەنێ کە لەگەڵ خۆیدا هەندێک سێو بێنێتەوە و پێی بڵێ:
"ئادەی پیاوەکە ئەگەر گەڕایەوە ئەشکەوتێ، لەگەڵ خۆتدا پێنج شەش کیلۆ سێوی جوان دەسبژێر بکە، نەچی وەک جارەکەی دیکە بکەی، چاوتەنگی مەکە خۆ پارەی پێ نادەی. سەیری خولەی حەلاوێ (ئەودەم پیاوەکان بە ژنەکانی تایفەوە دەناسران) بکە سێوی چەند جوانی هێناون." 
ئەو شتانەیش کە هێشتا ناویان بۆ نەدۆزیبوونەوە، بە ئاماژە یان شتێکی ناو سرووشت دەیانناسینەوە.
ئەندامانی جەستەی مرۆڤ، پێکەنین و گریان و ئەوانە هێشتا ناویان لێ نەنرابوو. کەسیش بەو شێوەیە کاری پێیان نەبوو تا لە ناولێنانیاندا پەلە بکا. کەس نەدەچووە دکتۆر بۆ ئەوەی بڵێ دکتۆر گوێم دێشێ، سکم دێشێ، ددانەکانم ژان دەکەن. بەڵام دیسانیش بۆ ماوەیەکی کاتی ئەندامانی جەستەیان بە گژ و گیا، بە ئاژەڵ و پەلەوەر و میوە و بەر و بووم دەناسییەوە. بە سینگیان دەگوت پەنیر. بە کۆڵـمیان دەگوت قۆخ. بە چاویان دەگوت زەیتوون لە هەندێک زاراوەشدا پێیان دەگوت دەنکە ترێ. بە مەمکیان دەتگوت هەنار، لە هەندێک زارەوەشدا پێیان دەگوت هەرمێ. زاراوەکانی دیکەش بە ئاسانی لە هاوواتاکانی ئەندامانی لەش دەگەیشتن و کەس زاراوەیەکی بە سەر زاراوەیەکی دیکەدا نەدەسەپاند.
سەیریان دەکرد بزانن ئەو ئەندامەی لەش لە چی دەچێ و ڕێک بەو ناوە دەیانناسییەوە. دەزانن بە پرچی ژنانیان دەگوت چی؟ پێیان دەگوت ڕەشمار. لە چییەوە هاتووە؟ ئەودەم مرۆڤەکان ماریان پێ جوان بوو، وەک ئێستا نەیاندەکوشتن، لە ناو مار و مێروودا دەژیان. ماریش خۆیان لە مرۆڤ نەدەشاردەوە، کە خۆر دەردەکەوت مارەکان خۆیان لەبەر تاو هەڵدەخست، یان بە لقی دارەکاندا شۆڕ دەبوونەوە و لە ژێر تیرێژی خۆردا پێستیان بریسکەی دەهات. بەتایبەت مارە ڕەشەکان. پیاوەکان بە بینینی ئەم دیمەنانە هەستی شیعریان دەبزووت. لەو لاشەوە کە دەیانبینی پرچی ژنان (ئەودەم قژ کورت کردنەوە نەبوو و هەموو قژیان پێنج شەش مەتر بوو) وەک مار بە دوایاندا دەخوشێ و لەسەر شان و پشتی ڕووتیان لووس لووس بریقەی دێ، بڕیاریان دا بە پرچ بڵێن ڕەشمار.
ئەودەم ئاوەڵناوی کورت و بەرز بۆ بەژن بەکار نەدەهات، هەرخودی وشەی بەژن هێشتا نەهاتبووە ناو ناوان. باڵا، دار بوو، ئیتر بە گوێرەی ئەو دارە، ئاوەڵناویان پێوە دەلکاند، بۆ نموونە دارخورما، شۆڕەبی، دارچنار. کچان بە تریقەتریق لە دەوری ئاگر کۆدەبوونەوە و دەیانگوت: بەڕاستی مچەی ئایشێ شۆرەسوارێکی دارچنارە.
لە هەمووان زیاتر ئەوە ئاشقەکان بوون دەیانویست ئەو ئەندامانەی لەش بناسن و یەکەمجار ئەوان بوون ناویان لێ نان، دەنا کەس بە لای جەستەدا هەر نەدەچوو. ئاشقەکانیش بۆ ئەوە بوو لە شیعر و گۆرانییەکانیاندا باسی بکەن. یان لە ژوانا بۆ پێداهەڵگوتن پێویستیان پێ بوو.
بەداخەوە هیچ شوێنەوارێک لە بەیت و شیعر و بالۆرەکانی ئەودەم لە گۆڕی نەماون تاکوو لێرەدا ئاماژەیان پێ بکەم، بەڵام بە گوێرەی ئەو ناوانەی سەرێ دەتوانن وێنا بکەن کوڕان چۆن بە باڵای کچانیاندا هەڵگوتوە:

خەزاڵەکەم!
ئاسکۆڵەکەم!
شەو دێم بۆ باغ ڕنین
دایکت بمبینێ یان نا
ئاوێزانی شۆڕەبیت دەبم
قەپاڵ لە سێوت دەگرم و
شووتی کاسم دەخەمە سەر لۆرک و پەنیری ناسکت
تا بەرەبەیان ڕەشمارەکانت دەلاوێنمەوە.

کچانیش گوتویانە:

نێرەکەری من!
پانێرەکەم!
حەیرانی گرنجی چنارت،
وا هاتوومە بەر دەرگەت
دوو هەنارم بۆ هێناوی.

ئەگەر سەرنجتان دابێ ئێستاش لە شیعردا خەزاڵ و ئاسک بۆ کچ بەکار دەهێنرێ و زۆر جاریش دایکان لە ڕووی خۆشەویستییەوە بە منداڵەکانیان دەڵێن، کەرە، کەرەگیان. ئەوە سەرچاوەکەی دەگەڕێتەوە بۆ ئەودەم.
ئەوە چییە؟ بۆ بزەتان لەسەر لێوە؟ بۆ سەرتان ڕادەوەشێنن؟ سەعاتێکە شێر و ڕێویتان بۆ دێنمەوە چونکە پێم وابوو ئێوە بە پێچەوانەی گەورەکان لە قسەکانم تێ دەگەن.
دەی ئەگەر بڕوام پێ ناکەن بچن گوێ لە گۆرانییەکانی حەسەن زیرەک بگرن.
ئەو ئاوەڵناوانە لە گۆرانییەکانیدا بەکاریان دێنێ، لەو دەمەوە دێن. زار بە زار و پەنیر بە پە… ببوورن سینگ بە سینگ هەتا ڕۆژی ئەمڕۆ هاتوون.

۱۳۹۶/۰۷/۲۰

ئۆجەلان، تورکیا و سویسرا بە گژ یەکدا دەکا


بانگەوازێک بۆ ئازادی عەبدوڵڵا ئۆجەلان، سەرۆکی بەندکراوی پارتی کرێکارانی کوردستان لەسەر شاشەی گەورەی وێستگەی شەمەندەفەری شاری بێرنی پایتەختی سویسرا جارێکی تر ئەم دوو وڵاتە بە گژ یەکدا دەکاتەوە. 

لە نێوان ڕۆژانی دووشەممە و سێشەممەدا، پەیامێک کە خوازیاری ئازادی عەبدوڵڵا ئۆجەلان بوو، شێسەد جار لە شاشە گەورەکەی نێوەڕاستی وێستگەی شەمەندەفەری بێرن نیشان درا. 

ڕۆژنامەی "Berner Zeitung" ئاماژەی بەوە کردووە کە دوای ئەم ڕیکلامە، باڵوێزی تورکیا لە بێرن وە جموجوڵ کەوتووە و ناڕەزایی وڵاتەکەی بە کاربەدەستانی سویسرا ڕاگەیاندووە. 

ڕۆژنامەکە دەنووسێ کە بێرن و ئەنقەرە بەتایبەت دوای خۆپیشاندانی دژ بە ئەردۆغان لە بێرن پەیوەندییەکانیان بەرتەسک بووەتەوە. 

ئەو خۆپیشاندانە کۆتایی مانگی مارس لە بەردەم پەرلەمانی سویسرا بەڕێوە چوو.

کۆمپانیای ڕێگەی ئاسنی سویسرا دەڵێ ئەوان هیچ هۆکارێکیان بۆ ڕەتکردنەوەی ڕیکلامەکە بەدی نەکردووە و بە پێویستیان نەبینیوە سانسۆڕی بکەن. 

کۆمپانیاکە بە ڕادیۆ و تەلەڤزیۆنی سویسرای گوتووە ئەوە یەکەم جار نییە وێنەی ئۆجەلان لەسەر شاشەی وێستگەی شەمەندەفەر نیشان دەدرێ، مانگی سێپتەمبەری ڕابردوو لە شاری لۆزێرینیش ئەم کارە کرابوو. 

سویسرا بە پێچەوانەی یەکێتیی ئەوروپا و ئەمریکا، پارتی کرێکارانی کوردستان بە ڕێکخراوێکی تیرۆریست لەقەڵەم نادا.

۱۳۹۶/۰۷/۱۷

سبەی خیانەت دەکەم


ماریان کۆهن
لە فەڕەنسییەوە: سەلاحەدین بایەزیدی

 
سبەی خیانەت دەکەم نەک ئەمڕۆ.
ئەمڕۆ، نینۆکەکانم هەڵکێشن،
خیانەت ناکەم من. 

ئێوە نازانن ورەی من لە کوێ دوایی دێ.
من دەزانم.
ئێوە پێنج دەستی ڕەقن بە ئەڵقەوە.
ئێوە پێڵاوی بزمارڕێژتان
لە پێیە.

سبەینێ خیانەت دەکەم نەک ئیڕۆ،
سبەینێ.
شەوم دەوێ تا لەگەڵ خۆم پێک بێم،
لانیکەم شەوێک پێویستە
بۆ حاشاکردن، بۆ نکۆڵی، بۆ خیانەت.

بۆ حاشاکردن لە هاوڕێکانم،
بۆ نکۆڵی لە نان و لە شەراب،
بۆ خیانەت لە ژیان،
بۆ مردن.

سۆزی خیانەت دەکەم، ئەمڕۆ نا.
بڕبەندێک هەیە لە بن جامەکە،
بڕبەندەکە نە بۆ میلەیە،
بڕبەندەکە نە بۆ جەللادە،
بڕبەندەکە بۆ شاڕەگمە.

ئەمڕۆ هیچم بۆ گوتن پێ نییە،
سبەینێ خیانەت دەکەم.

ماریان کۆهن، ١٩٤٣.

۱۳۹۶/۰۷/۱۳

کازۆئۆ ئیشیگورۆ خەڵاتی نۆبێلی ئەدەبیاتی ٢٠١٧ی وەرگرت


کۆمیتەی نۆبێل، ئەمڕۆ پێنجشەممە (٥ی ئۆکتۆبر) خەڵاتی نۆبێلی ئەدەبیاتی ٢٠١٧ی بە نووسەری بریتانیی بە ڕەچەڵەک ژاپۆنی، کازۆئۆ ئیشیگورۆ بەخشی.

ئەمساڵ بە گشتی نیگاکان لەسەر نگووگی وا تیۆنگۆ نووسەری کینایی، فیلیپ راس نووسەری ئەمریکی، ئامۆس ئۆز نووسەر و ڕۆژنامەنووسی ئیسرائیلی و هارووکی مووراکامی نووسەری ژاپۆنی بوون، کەچی ئەکادیمیای سویدی خەڵاتی نۆبێل بە شێوەیەکی چاوەڕواننەکراو کازۆئۆی بە براوەی خەڵاتەکە ڕاگەیاند.

ئەکادیمیای نۆبێل پێی وایە ڕۆمانەکانی ئیشیگورۆ هێزێکی سۆزداریی خورتیان هەیە.

کازۆئۆ ئیشیگورۆ نووسەرێکی ناسراو و هاوچەرخی بریتانییە و ساڵی ١٩٥٤ لە ناگازاکی لەدایک بووە. لە تەمەنی پێنج ساڵیدا وێڕای بنەماڵەکەی لە بریتانیا گیرساوەتەوە. لە زانکۆی کۆنت زمانی ئینگلیزی و فەلسەفەی خوێندووە. ساڵی ١٩٨٩ خەڵاتی بووکەری بۆ ڕۆمانی کۆتەڵی ڕۆژ وەرگرتووە. 

ناوبراو ٦٢ ساڵی تەمەنە و بە ڕۆمانی "کۆتەڵی ڕۆژ" ناوبانگی دەرکردووە.  ئەم ڕۆمانەی کازۆئۆ لایەن جەوهەر مەحموود داراغاوە کراوەتە کوردی.

کتێبێکی دیکەی ئەم نووسەرە بە ناوی "هەرگیز بەجێم مەهێڵە" لەلایەن سولەیمان دڵسۆزەوە بۆ سەر زمانی کوردی وەرگێڕدراوە.

پار، بۆب دیلان، گۆرانیبێژ و شاعیری ئەمریکی خەڵاتی نۆبێلی ئەدەبیاتی وەرگرتبوو.

ساڵی ٢٠١٥یش، ئەم خەڵاتە بە سڤێتلانا ئالێکسیڤیچ، نووسەری بلاڕوس ڕەوا بینرابوو.

۱۳۹۶/۰۷/۱۲

نۆشاتێل میتکەی نیشانی خەڵک دەدا

© سەلاحەدین بایەزیدی


لە ژێر نەسیمی سەردی پاییزی، نۆشاتێل چەند ڕۆژێکە خۆی ڕووت کردووەتەوە و میتکەی نیشانی خەڵکی دەدا.

ئەو ڕێبوارانەی لە وێستگەی شەمەندەفەری شار دێنە دەر، یان بە پێچەوانەوە خۆ بە وێستگەکە دادەکەن، یان ژی لە قاوەخانە و چێشتخانەکانی دەوروبەری وێستگە دادەنیشن، میتکەیەکی زەبەلاح سەرنجیان ڕادەکێشێ.

ئەو قیتکە کۆچەرییە ئێوارەی ڕۆژی شەممە لە فولکەی "مەیدانی ئەوروپا" چەقێنراوە و بڕیارە سێ هەفتە میوان بێ.

ئۆرگانی چێژ کاری هونەرمەندی گەنجی ژنێڤی ماتیاس پفووندە. ماتیاس دەڵێ "ئەمە وانەیەکی ڕاستەقینەی توێکاریی لەشە بۆ ئەوانەی سەرەدەری لێ ناکەن."

لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان هەندێک پێیان "کارەسات"ە و هەندێک پێیان خاسە و هیوا دەخوازن ئەم ئۆرگانەی لەشی ژنان باش بناسرێ.

پیاوێکیش بە دەم پاڵ پێوەنان بە گالیسکەی منداڵەکەی نێوچەوانی تێک ناوە و بە ژنەکەی گوتووە "ئێستە چ جوابی منداڵەکان بدەینەوە، پێیان بڵێین ئەوە چییە؟"

بە هەڵکەوت، ڕۆژی دووشەممەی ڕابردوو، میتکەیەکی دوو مەتر و نیوی لە چوارچێوەی پێشەنگایەکدا لە مەیدانێکی برووکسێل داندرابوو.

۱۳۹۶/۰۶/۲۱

پیشەی قورسی پەرێتی


فیلیپ کلۆودێل
لە فەڕەنسییەوە: سەلاحەدین بایەزیدی 

کە پەرییەکە بەدەر کەوت، کۆرالین لە ژوورەکەی خۆی قژی بووکەڵە خۆشەویستەکەی شانە دەکرد.
پەرییەکە بە دەنگێکی دڵبزوێن گوتی: "ڕۆژ باش."
کۆرالین، شەکەت و هیلاک، تەنانەت بە بێ ئەوەی سەیری بکا، وەڵامی دایەوە: "ڕۆژباش.
- من پەریم!
کیژۆڵەکە لە کاتێکدا هەروا خەریکی بووکەڵەکەی بوو، سەری ڕاوەشاند و گوتی: "ئێ…"
پەرییەکە هەندێک بەمە تێک چوو. کۆخی، چەند هەنگاوێکی بۆ چەپ و ڕاست هاویشت، داوێنی کراسە بەشکۆکەی هەڵدایەوە کە ڕەنگەکەی لە تریفەی مانگ دەچوو، چەند تایەکی قژی بردە دواوە کە بەسەر ڕووخسارە شەنگەکەیدا شۆڕ ببۆوە، ئەو ڕووخسارەی بە تاجێک لە زێڕی هەژدە عەیار خەمڵابوو. کۆرالین هەمدیس لێی نەڕوانی.
پەرییەکە جارێکی دی چرپاندی: "من پەریم…"
کۆرالین لەبەر خۆیەوە گوتی: "بەزمەکەیە!
- ببوورە؟
- ئەوە دووهەم جارە وا دەڵێن، قسەکەتان دووپاتەیە، دەزانم ئێوە پەرین!
- بەڵێ وایە، من پەریم و ئێستا لە ژوورەکەتم، هاتووم بتنینم.
- بەڵام من داوای هیچم لە ئێوە نەکردووە و بە دووشتاندا نەهاتووم. 
لێوەکانی پەرییەکە بڕێک هەڵلەرزین. شووڵکەکەی توند بە دەستەوە گرتبوو و نەیدەزانی بە ڕاستی چی بکا. کچە بچکۆلانەکە تا ئەو ساتەش نیگایەکی تێ نەبڕیبوو. بە سیمایەکی سەرقاڵ، بسکی بووکەڵەکەی دادەهێنا.
پەرییەکە لەوە پتر خۆی پێ نەگیرا و دواجار گوتی: "سەرەڕای ئەوانەش، هەست ناکەی بەخت بۆتە میوانت؟ چەند کیژۆڵە حەز دەکەن لە جێی تۆ بن؟ حەز دەکەن پەرییەک، ئەویش پەرییەکی ڕاستەقینە لە ژوورەکەیاندا ببینن؟ ئاخ، دە ماڵەتە سیلەی چاوێکم تێ ببڕە!"
کۆرالین هەناسەیەکی هەڵکێشا، ئەوسا ڕووی بەرەو ئەو ژنە شۆخە وەرگێڕا کە لە خۆشیان بە ئەفسوونێکی بێ وێنەوە خەریک بوو سەمای دەکرد.
کۆرالین گوتی: "بڕوانن خاتوون، من بێ قڕە و کێشە لە ژوورەکەی خۆم یاری دەکەم، بێ ئەوەی لە دەرگا بدەن هاتوونەتە ژوورێ، وەک ئەوەی ماڵی خۆتان بێ، کارێکی جوان نییە.
- بەڵام… ئاخر… من… ڕۆڵەم… تۆ… هەرچی بێ من پەریم!
- پێتان وایە ئەمە پاساوێکی باشە؟ پێتان وایە من بەردەوام هەموو کەسێ قەبوڵ دەکەم کە سەری بەرداتەوە و بێتە ژوورەکەم؟ کۆمەڵێک یاسا هەن خاتوون. من دەتوانم تەلەفۆن بۆ پۆلیس بکەم. ئەوان دەسبەجێ دەگەن و قۆڵبەستتان دەکەن. بێجگە لەمە، ئێوە مناڵێک، کچۆڵەیەکی کەم تەمەنتان جاڕز کردووە، من شەش ساڵم تەمەنە خاتوون، یاساش زۆر توند ڕووبەڕووی ئەو کەسانە دەبێتەوە کە ئازاریان بە مناڵانی بچووک دەگا، بێ ڕووخسەت خۆ بە ژوورەکانیاندا دەکەن، خۆ نەرم و نیان دەنوێنن و بە چیرۆکی سەیروسەمەرە هەوڵ دەدەن بیانخەڵەتێنن!"
چەند دڵۆپ ئارەقی درشتی ڕەش و شین لەسەر تەوێڵی نازەنینی پەرییەکە لووزەویان بەست. هێندە پەشۆکابوو، پاڵی بە هەڕزاڵەکەی کۆرالینەوە دا. هەوڵی دا چەند وشەیەک بێنێتە سەر زمان:
"ئەوە خەونی هەموو کیژۆڵەیەکە کە چاوی بە… ئادی، یانی، پێم وایە، کیژۆڵەکان، مناڵەکان… هەر هەموویان شێت و شەیدای پەرییەکانن… پێم وایە، لەسەر ئەو بڕوایەم…
- ئەگەر بەمە دڵخۆش دەبن وا بڕوا بکەن. ئەمە من جاڕز ناکا، بەڵام لە کۆڵم بنەوە تکایە.
- کۆمەڵێک توانای جادوییم هەیە دەزانی!"
پەرییەکە بە پەلە پەلێکی پتر قسەی دەکرد. کۆرالین هەناسەیەکی قووڵتر لە پێشووی هەڵکێشا، شانەکانی هەڵتەکاند و سەری ڕاوەشاند.
"توانای جادوویی؟
- بەڵێ، بێگومان، کۆمەڵێک تواناکاریی بێ وێنە، ئەویش لە سایەی ئەم شووڵکەوە!"
پەرییەکە متمانەی هاتەوە بەر و شووڵکە بە ئەڵماس نەخشێنراوەکەی چەند جارێک لە حەوادا ڕاوەشاند. کۆرالین بە هێمنی بووکەڵەکەی لەسەر عەرزی دانا، دەستەکانی لێک ئاڵاند و لێوی خوار و خێچ کرد.
"ئەوە هەفتەیەکە هەموو شەوێ دێنە ژوورەکەمەوە. ئەوە هەفتەیەکە یەک شتم بە گوێچکەدا دەچرپێنن، پەری، تواناکاری و شووڵک. سێشەممە ویستتان بارانێکی پەمەیی ببارێنن، بێجگە لە پەڵە هەورێک کە بۆگەنێکی سامناکی لێ دەهات و تا چەند سەعاتێک بۆنەکەی نەچوو، هیچی دیمان نەدی، ناچار بووم کەپۆم بگرم تاکوو خەوم لێ بکەوێ...
- هەڵەیەک ڕووی دا!
- … چوارشەممە ویستتان ورچە مەخمەرەکەی من بکەنە شازادەیەکی ژیکەڵە، ئاکام چ بوو: کردتانە پیوازی شین. گەرەکتانە چ لە پیوازی شین بکەم؟
- دەستوورەکەیم لێ تێک چووبوو!
- … پێنجشەممە کتێبی چیرۆکەکانی منت بێ سەروشوێن کرد…
- لە پتەم دەرچوو، بە سەهوو چووم!
- … هەینی کورسییەکەمتان شکاند کە دەتانویست بیکەنە داشقە و لە تەک دایکما لێمان بوو بە دەمەقاڵە…
- بە داخەوەم.
- … شەممە ویستتان سەگەکەی من وە گۆ بێنن، قەپاڵێکی لە لاقتان گرت…
- ڕاهاتنی زیاتر پێویستە، دەبێ لێم تێ بگەن.
- … کەواتە تواناکانتان پێشکەش بە خۆتان خاتوون! جا بە قسەی خۆش لە ژوورەکەم بڕۆن، بێ ئەوەی ناڕەزایەتی دەرببڕن و بیانوویەکی ترم بۆ بێننەوە، دەنا دەقیژێنم و باوکم دێ، باوکیشم هیچ توانا و دەسەڵاتێکی نییە، تەنانەت دەسەڵاتی دایکیشمی نییە، بەڵام لانیکەم بەهێزە!"
دڵۆپ دڵۆپ ئەسرین بەسەر گۆنای پەرییەکەدا شۆڕ بوونەوە. دەنگی هەنیسکەکانی ڕۆژە ڕێیەک دەڕۆیشتن. کۆرالین کە کچۆڵەیەکی دێزە نەبوو، دەسرۆکەیەکی بۆ ڕاداشت.
"خاتوون، وەرنەوە سەر خۆتان، دڵتان گەورە بێ تکایە."
پەرییەکە فرمێسکەکانی سڕییەوە، بە دەنگێکی بەرز لووتی خاوێن کردەوە، بە شووڵکەکەی ڕوومەتی خوراند، خۆی هاویشتە سەر قەرەوێڵەکە و بە دوو چاوی سوورەوەبوو لە کۆرالینی ڕوانی.
"دەمێکی درێژ بوو بێکار بووم. زۆر ناخۆشە بە درێژایی چەندین ساڵ ئیش نەکەی. ئیتر نازانم چۆن خۆم ڕابێنمەوە."
کۆرالین لێی نزیک بۆوە، دەستی لەسەر شانی دانا و گوتی:
"هێدی هێدی، جێبەجێ دەبێ… کرد و کۆشش پێویستە تا بەو ئاستە بگەیتەوە."
پەرییەکە کە دەرکەی هومێدی لێ کرابۆوە، پرسی: "تۆ بڵێی؟
- بێگومان، لەمە دڵنیام.
- لەوانەیە زۆر پیر بووبم…
- نا، وا نییە، بەڵام دەبێ بچنە لای دەروونناسێک، بۆ کاتی تەنگانە پێویستە. گرنگە سەر لە نوێ خۆت بونیاد بنێیتەوە، ببووژێیتەوە و بڕوات بە خۆت هەبێ: ئێمە لە کۆمەڵگەیەک دەژین کە دۆڕاوەکانی خۆش ناوێ. دەبێ شتی نوێت پێ بێ! ببن بە بکوژ!
- بکوژ؟
- ئیتر با بڵێین بەڵێ. بڵێن کە لە ناویان دەبەن!
- باشە بە کێ؟
- بە ئەوانی تر، ڕکەبەرەکان، کرێکارەکان… دەی، وازی لێ بێنن، ئەو قسانەم لە بیر بکەن… بۆ ئێوە، باشتر وایە لەگەڵ دکتۆرێکدا ڕاوێژ بکەن، ئێستا دەرمانی ئەوتۆ هەن کە شوێنەواری لاوەکییان نییە و کارتێکەریی بەرچاویان هەس.
- حەق بە تۆیە، دەبێ وا بکەم. تۆ کیژۆڵەیەکی زۆر باشی. دایک و باوکت بەختیان هەیە…
- ئێمە هەموومان کۆمەڵێ فراز و نشێومان هەیە، کۆرالین وای گوت و بووکەڵەکەی دەست دایەوە و پرچی شانە کردەوە.
- جا ئێستا بەجێت دێڵم.
- لە چاکەی خۆتانە، سپاستان دەکەم، تکایە بە دەرگادا بچنە دەرێ و دەنگە دەنگتان نەیە.
- نا، نا، خەمت نەبێ. چیتر نایەمەوە بێزارت بکەم. بەڵێن بێ.
- بەڵێ، پێم وایە بۆ خۆتان باشتر دەبێ.
- کەواتە بە نیازی دیدار کۆرالین.
- بە نیازی دیدار نا، ماڵئاوا، ماڵئاوا خاتوون. بەخت یاوەرت بێ!"

"مــام جــەلال"


جەنگیز چاندار
لە تورکییەوە: سەلاحەدین بایەزیدی

 
چارەگی یەکەمی ساڵی ١٩٧٣ بوو، لە کاتێکدا خەریکی بەرنامەداڕشتن بووم بۆ ئەوەی لە لوبنان داببڕێم و بچمە ئەوروپا، بۆ جارێکی تر لە بەیرووت لەگەڵ هەڤاڵ عەبدولحەمید دانیشتم، کتوپڕ پرسیاری لێکردم ئاخۆ دەمەوێ چاوم بە جەلال تاڵەبانی بکەوێ یان نا. جەلال تاڵەبانی لە بەیرووت بوو. باسی منیان بۆ کردبوو و ئەگەر چاوم پێی بکەوتایە، کۆتایی هەفتە، رۆژی یەکشەممە پێکەوە قاوەڵتوونمان دەخوارد.
دانی پێدا دەنێم ئەو پێشنیارە جۆش و خرۆشی خستە دڵمەوە. جەلال تاڵەبانی، دوای مەلا مستەفا بارزانی پیاوی ژمارە دووی راپەڕینی کوردەکانی عێراق بوو. بەوە ناسرابوو بیروڕای سۆسیالیستی و بگرە مائۆیستی هەیە. بێجگە لەوەی دووهەم ناوی گرنگ بوو پاش مەلا مستەفای بارزانی، بە هۆی هەواڵی میدیاکانی تورک لەمەڕ ناکۆکییەکانی لەگەڵ بارزانی سەرەتا لە ١٩٦٤ و دواتر ١٩٦٦ و شەڕی نێوخۆیی کورد ناویم بیستبوو. ناسینی کەسێکی ناسراو لە ئاستی جیهاندا و خواردنی قاوەڵتوون لەگەڵی دڵخۆشی کردبووم.
دوو ساڵ دەبوو پێم نابووە ئەو خاکانە و لە لوتکەی رۆمانتیزمی شۆڕشگێڕیدا بووم. کەسێکی بە بانگەشەی بزووتنەوەی چەپی تورکی بووم کە بە گەش‌بینییەوە دەمڕوانییە داهاتوو. لەوەی کە بەشداری بەرخۆدانی فەلەستین بووم خۆم وەک کەسێک لە ریزی شەڕڤانانی ئازادی دونیا دەهاتە بەرچاو و شانازیم بە پێگەی خۆمەوە دەکرد. لە کاتێکدا بوومە بەردەنگی پێشنیاری ئاشنایی لەگەڵ جەلال تاڵەبانی، ئەندامێکی پێشووی رێکخراوێک بووم کە لە تورکیا سەرکوت کرابوو و لە دەرەوەی وڵات بە تەنیا مابوومەوە و لە چالاکییەکانی ئەو رێکخراوە دابڕابووم. کەسێک بووم کە هەوڵم دەدا بەرەو ژیانێکی نوێ بەلەم باژۆم؛ لە روانگەی نوێنەرایەتی سیاسییەوە، دەربڕی هیچ شتێ نەبووم.
دەنیز گەزمیشی هاوڕێم کە بە پێشەنگی جموجوڵ و رووداوە خوێندکارییەکانی زانکۆی ئەستەنبوڵ لە ساڵی ١٩٦٨ ناسرابوو و دواتر بووە هێمای نەمری "وەچەی ٦٨ی تورکیا"، لەگەڵ حوسێن ئینان و یۆسف ئاسڵان کە لەگەڵیان بەشداری چالاکییە خوێندکارییەکان ببووم، لە سێدارە دران؛ ئەو هاوڕێیانەی لە تورکیا پێکەوە بووین، زۆربەی هەرە زۆریان خرابوونە گرتووخانەکانەوە، بزووتنەوەی شۆڕشگێڕی تورک سەرکووت کرابوو. جەلال تاڵەبانیش بە نیاز بوو وەک پێشەنگ و نوێنەرێکی بزووتنەوەی شۆڕشگێڕی تورک چاوی بە من بکەوێ. بە ئامانجی بەڕێخستنی پڕۆژەیەکی وەک یەکێتیی نێوان هێزە چەپەکانی رۆژهەڵاتی ناوین دژی ئیمپریالیزم لەگەڵ یەک کۆ دەبووینەوە. لە کاتێکدا من جگە لە خۆم نوێنەرایەتیی هیچ شتێکم نەدەکرد.
ڕۆژێکی یەکشەممەی سەرەتاکانی مانگی نیسانی ١٩٧٣، لەگەڵ هەڤاڵ عەبدولحەمید لەو ماڵەی لێی دەمایەوە، چاومان پێک کەوت. پاش رێپێوانێکی کورت لە جادەی حەمرا، لەوبەری جادە لەو کۆڵانانەی تا بڵێی ئاشنا بوون بۆ "روو سادات" بامان داوە. لە دەرگای ماڵێکمان دا. پیاوێکی کورتەباڵا بە شەوقێک کە هەستم دەکرد لە رادەبەدەرە، دەرگای لێ کردینەوە و فەرمووی ژوورێی کردین، بە ئینگلیزی پرسیاری لێکردم هێلکەم چۆن پێ خۆشە: "ئۆملێت بێ، دەڵەمە بێ یان تێک‌وەردراو؟" لە کاتێکدا من بە عەڕەبییەکی رەوان قسەم لەگەڵ دەکرد، ئەو پێداگر بوو لەسەر ئەوەی بە زمانی ئینگلیزی لەگەڵم بدوێ.
کە پێم نایە ژوورەوە، پیاوێکی کەڵەگەت، بە هەیبەت، بە سمێڵێکی زل و رەش کە بەوپەڕی ویقارەوە بە بێدەنگی دانیشتبوو، سەرنجی راکێشام. لە مێشکی خۆمدا گوتم فەرماندەیی ئەفسانەئاسای پێشمەرگە و هەڵۆی شاخەکان دەبێ کەسێکی ئاوا بێ. بیرم بۆ ئەوە چوو کە شایانی ناوبانگی جەلال تاڵەبانییە. لەو لاوە، کەسەکەی دی تەواو بە پێچەوانەی ویقار و هەیبەتی سەرکردە دانیشتووەکە، بە شێوەیەک کە بە لامەوە زێدەڕەوی بوو هەروا پرسیاری ئەوەی لێ دەکردم هێلکەم چۆن پێ خۆشە و سووربوونی لەسەر ئەو پرسیارە تەنگی پێ هەڵچنیبووم. دەمەویست هەرچی زووتر لەگەڵ ئەو سەرکردەیە ئاشنا بم کە لە سەر کورسییەکە دانیشتووە. بۆ ئەوەی خزمەتکارەکە لە خۆم دوور بخەمەوە، پێم گوت هێلکەم چۆن پێ خۆشە، پیاوەکە یەکسەر بەرەو مەتبەخ خووشی.
دەستم بۆ لای ئەو پیاوە راداشت کە دانیشتبوو و بە عەرەبی هاتمە گۆ. هیچ وێ نەدەچوو خەڵکی ئەوێ بێ. وەڵامی نەدامەوە. چاوێکم لە عەبدولحەمید خشاند و بە خەیاڵم داهات ڕەنگە نەزانانە هەڵسوکەوتێکم نیشان نەدابێ کە بووبێتە هۆی پێشێلکردنی نەریتێکی کوردەواری. بیرم لەوە کردەوە نابێ چاوەڕوانی ئەوە بم پێش ئەوەی کەسێک بمانناسێنێ لەگەڵ سەرکردەیەکی زل و زەبەلاحی پێشمەرگە ببمە دۆست.
هێلکە هات و بانگهێشتی سوفرە کراین. بەڵام ئەو پیاوەی لە سەر کورسییەکە دانیشتبوو، لە جێی خۆی هەڵنەستا و نەهاتە سەر سوفرەکە. ئەگەر بڕیار بێ لەگەڵ مام جەلال قاوەڵتوون بخۆین، ئەی بۆچی نایەتە سەر سوفرەکە؟ دواجار بۆم دەرکەوت ئەو کەسەی لەسەر مێزەکە بەردەوام خزمەتم دەکا و بە ئینگلیزی دەدوێ جەلال تاڵەبانییە. هەرچەند درەنگیش بووبێ..
باشە ئەی ئەوەی لە سەر کورسییەکە دانیشتووە کێیە؟
پارێزەری جەلال تاڵەبانی بوو و ئینگلیزی و عەڕەبی نەدەزانی. تەنیا لە زمانی کوردی تێدەگەیشت.
ئەمە یەکەم دیداری من و جەلال تاڵەبانی بوو، ساڵانی دواتر، کە بە بیر جەلال تاڵەبانیم دەهێنایەوە، لە قاقای پێکەنینی دەدا.

- لە کتێبی "ئێکسپرێسی میزۆپۆتامیا"م هەڵینجاوە.

۱۳۹۶/۰۶/۲۰

ژنێڤ: کۆبوونەوەیەکی چەند سەد کەسی بۆ پشتیوانی لە ڕیفراندۆمی باشوور

وێنە: لاپەڕەی فەیسبووکی ئازاد حوسێن‌زادە

دوێنێ یەکشەممە، کۆبوونەوەیەک بە بەشداری  ٤٠٠ کەس بە وتەی پۆلیس و ٥٠٠ کەس بە وتەی ڕێکخەرانی، بۆ پشتیوانیی لە ڕیفراندۆمی سەربەخۆیی لەبەردەم بارەگای نەتەوە یەکگرتووەکان لە شاری ژنێڤ بەڕێوەچوو.
بەشداربووان داوایان لە سویسرا کرد پشتیوانی لە ڕیفراندۆم بکا و هیواشیان خواست نەتەوە یەکگرتووەکان مافی چارەی خۆنووسینی کوردەکانی عێراق گەرەنتی بکا.
بە بۆچوونی سەرۆکی دەستەی پەرلەمانتارانی هاوڕێیەتی گەلی کورد و ئەندامی کۆنسەی نیشتیمانیی سویسرا، کارلۆ سۆمارووگا، ڕیفڕاندۆمی ٢٥ی سێپتەمبەر، "بە بێ هیچ گومانێک بەڵێ دەبێ." ناوبراو پشتیوانیی پارتەکەیشی بۆ ڕیفراندۆمی باشووری کوردستان ئاشکرا کرد.
کوردەکانی باشوور لە سویسرا دەتوانن لە کۆنسوڵخانەی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە بێرنی پایتەخت دەنگ بدەن.
مەزەندە دەکرێ ژمارەی دانیشتووانی کوردانی باشوور لە سویسرا ١٠ هەزار کەس بێ.
میدیاکانی سویسرا هیچ ئاماژەیەکیان بە بەشداریی کوردەکانی پارچەکانی تری کوردستان لە کۆبوونەوەکەی ژنێڤدا نەکردووە، لە کاتێکدا ژمارەیەکی بەرچاو لە ئامادەبووان کوردیی بەشەکانی تر بوون.

۱۳۹۶/۰۶/۰۹

سزای بیست ساڵ گرتووخانە بۆ کوردێک کە ژنەکەی کوشتبوو


ساڵی ٢٠١٤، پیاوێکی تەمەن ٤٢ ساڵ لە شاری کریئێنی سەر بە کانتۆنی لوسێرن، بە چەقۆ ژنەکەی خۆی کوشت کە ١٧ ساڵ لە خۆی بچووکتر بوو. کۆتایی ئەم مانگە، دادگایەک لە لوسێرن حوکمی بیست ساڵ زیندانی بە سەر ئەو کەسەدا سەپاند.

بە پێی هەواڵی میدیاکانی سویسرا، بکوژ کوردێکی خەڵکی ڕۆژئاوایە و هاوسەرەکەیشی خزمێکی نزیکی خۆیان بووە. ساڵی ٢٠٠٨ لە گرێک پێکەوە زەماوەندیان کردووە و خاوەنی دوو کوڕ بوون.

ژنەکە ساڵی ٢٠١١ هاتووەتە سوییس و مێردەکەیشی دوو ساڵ دواتر. وەک دەگوترێ ژنەکە ویستویەتی لێی جیا بێتەوە چونکە کەسێکی دیکەی خۆش ویستووە.

ژانوییەی ٢٠١٤، تاوانبار دەچێتە ئاپارتمانی ماڵی ژنەکە و دوو منداڵەکەش لەگەڵ خۆیدا دەبا. دواتر بە چەقۆیەک لە پێش چاوی منداڵەکانی ژنەکەی دەکوژێ.

۱۳۹۶/۰۶/۰۲

دیسانەوە بۆ نیشتیمان



نازم حیکمەت ران
وەرگێڕانی: سەلاحەدین بایەزیدی

 
 نیشتیمانم، نیشتیمانم، نیشتیمانم،

نە کاسکێتە دروستکراوەکەی ئەوێم ما
نە ئەو سۆلەی رێگەکانی تۆی دەپێوا.
دوایین کەواکەی بەریشم
کە پارچەی ناوچەی 'شیلە' بوو
دەمێکە دڕاوە.
تۆ ئێستا تەنیا لە سپێتی پرچمدا
لە نێو جەڵتەی دڵم و
لە قرمیچۆکی نێوچەوانمدا هەی، نیشتیمانم،
نیشتیمانم،
نیشتیمانم….


___________
سۆل: پێڵاو، کەوش
شیلە: ناوچەیەکی بەشی ئاسیای ئەستەنبوڵە.
قرمیچۆک: چرچ، لۆچ، گنج

میلارێپا


میلارێپا

ڕۆمان
ئێریک ئێمانۆئێل شمیت
سەلاحەدین بایەزیدی
لە فەڕەنسییەوە کردوویە بە کوردی 
چاپی یەکەم - ٢٠١٧

بڵاوکار: ناوەندی غەزلنووس بۆ چاپ و بڵاوکردنەوە
لە بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی کتێبخانە گشتییەکان ژمارەی سپاردنی (١٨٤٩)ی ساڵی ٢٠١٦ی پێ دراوە.

۱۳۹۶/۰۵/۰۹

هایدی


هایدی

ڕۆمان

یۆهاننا شپێری
سەلاحەدین بایەزیدی
لە فەرەنسییەوە کردوویە بە کوردی

چاپی یەکەم: ٢٠١٧
بڵاوکار: ناوەندی غەزەلنووس بۆ چاپ و بڵاوکردنەوە

۱۳۹۶/۰۵/۰۵

سێیانەکەی ئاگۆتا کریستۆف بە زمانی کوردی



Trait d'union
گۆڤاری نێوخۆیی زانکۆی نۆشاتێل، ژمارە ١٢٢، فێوریەی ٢٠١٥

سەلاحەدین بایەزیدی، پەناخواز و کوردی ئێرانی دانیشتووی سویسرا، یەکەم نوسخەی وەرگێڕدراوی کوردیی سێیانە بەناوبانگەکەی ئاگۆتا کریستۆف واتە دەفتەری گەورە، بەڵگە و سێهەم درۆی بە کوردی چاپ کردووە. نووسەریش وەک وەرگێڕ، خوێندکاری ئەنیستیتۆی زمان و شارستانییەتی فەڕەنسی بووە! چاوپێکەوتنێک لەگەڵ وەرگێڕ.

سەلاحەدین بایەزیدی دوایین ڕۆژەکانی ساڵی ٢٠٠٧ هاتووەتە سویسرا، بەشداریی لە ڕیزەکانی بزووتنەوەی سەربەخۆخوازی کورد، ناچار ڕێی ناوبراو دەخاتە مەنفا. ئەوکات، تەنانەت وشەیەکی فەڕەنسی نەزانیوە. بە قسەی خۆی "تەنانەت ڕۆژباشیش". ئەم پەناخوازە سەرەتا لە کەمپی پەناخوازانی ڤالۆرب بووە. پاشان ڕەوانەی کانتۆنی ڤالێ کراوە. ئەو کە بەردەوام ئۆگری وێژە بووە، ویستوویەتی لە سویسرا درێژە بە خوێندن بدا. ساڵی ٢٠١٣، ڕێگەی پێ دراوە لە نۆشاتێل نیشتەجێ بێ بۆ ئەوەی لە ئەنیستیتۆی زمان و شارستانییەتی فەڕەنسیی زانکۆی نۆشاتێل (ILCF) بخوێنێ. 

وێکچوونەکان
 سەلاحەدین چوار تێڕم لە ILCF دەخوێنێ و دەتوانێ لەو ماوەیەدا بڕوانامە بەدەست بێنێ. لەو دوو ساڵەدا ئاشنای ئاگۆتا کریستۆف دەبێ، ئەو ژنە نووسەرەی ساڵی ١٩٣٥ لە هەنگاریا لەدایک بووە و ساڵی ١٩٥٦ بە مەبەستی ڕاکردن لە چنگ داگیرکەریی سۆڤیەت وڵاتەکەی بەجێ هێشتووە و لە نۆشاتێل نیشتەجێ بووە. ئاگۆتا لە نۆشاتێل زۆربەی هەرە زۆری بەرهەمەکانی بە فەڕەنسی دەنووسێ، بەو زمانەی دواتر فێری بووە. ئەو ساڵی ٢٠٠٥ خەڵاتی شیللەری وەرگرتووە، ساڵی ٢٠١١ کۆچی دوایی کردووە و بەرهەمەکانی بۆ چل زمانێک وەرگێڕدراون.

"ڕۆژێک، هاوڕێیەک پێی گوتم دەبێ ڕۆمانی دەفتەری گەورە بخوێنمەوە، سەلاحەدین بایەزیدی وای بە بیر دێ. ئەم کارەم کرد. تا بڵێی دەقەکەم پێ ئاسان بوو و بە خۆمم گوت دەرەقەتی وەرگێڕانی دێم. پێشتر کاری وەرگێڕانم بە زمانی کوردی کردبوو، بەتایبەت لە تورکی ڕا. بە هۆی ئەوەی بەردەوام خولیایەکی زۆرم بۆ ئەدەبیاتی فەڕەنسی هەبووە، ئەمەم بە هەلێکی باش زانی!"

جگە لە سەرنجڕاکێشبوونی بەرهەمەکەی ئاگۆتا کریستۆف، وێکچوون لە نێوان ڕەوشی خۆی و نووسەردا کاری لە سەلاحەدین کردووە. ئەو ئاماژە بەوە دەکا: "ئاگۆتا هەمان ڕێگەی منی شۆپاندووە. ئەویش لە وڵاتەکەی ڕایکردووە، هاتووەتە سوییس، ناچار بووە بە چەند جۆر ناسنامەدا تێپەڕ بێ بۆ ئەوەی ببێتە سویسری و بەشداری وانەکانی ئەنیستیتۆی زمان و شارستانییەتی فەڕەنسی بووە. زۆر درەنگ فێری زمانی فەڕەنسی بووە و دواتر بەم زمانە نووسیویەتی. ئەوەی ڕاستی بێ، ورەی پێویستی پێ بەخشیم بۆ ئەوەی لەسەر ڕێبازی فێربوونی فەڕەنسی سوورتر بم".

لە کتێبی نەخوێندەواردا (وەشانخانەی زۆێ)، ئاگۆتا کریستۆف باس لە پەیوەندیی خۆی و زمانی فەڕەنسی و قۆناغی زانکۆی نۆشاتێل دەکا: "پێنج ساڵ پاش هاتنم بۆ سوییس، بە فەڕەنسی قسە دەکەم، بەڵام ناتوانم پێی بخوێنمەوە. من کە لە تەمەنی چوار ساڵییەوە دەمزانی بخوێنمەوە، بوومەوە بە کەسێکی نەخوێندەوار. شارەزای وشەکانم، بەڵام کاتێک کە دەیانخوێنمەوە، نایانناسمەوە. [...] منداڵەکەم بەمزووانە تەمەنی دەبێتە شەش ساڵ و دەست بە قوتابخانە دەکا. منیش دەست بە قوتابخانە دەکەم، دەست پێدەکەمەوە. لە تەمەنی بیست و شەش ساڵیدا، ناوی خۆمم بۆ کۆرسی هاوینەی زانکۆی نۆشاتێل تۆمار کرد، بۆ ئەوەی فێری خوێندنەوە ببم. [...] دوو ساڵ دواتر، بڕوانامەی خوێندنی فەڕەنسی و بڕوانامەی ڕێزلێنان وەردەگرم. دەزانم بخوێنمەوە، دەزانم سەر لە نوێ بخوێنمەوە. دەتوانم ڤیکتۆر هۆگۆ، ڕوسۆ، ڤۆلتێر، سارتر، کاموو، میشۆ، فرانسیس پۆنژ، ساد و هەرچی پێم خۆش بێ، بە زمانی فەڕەنسی بخوێنمەوە، هەروەها کتێبی ئەو نووسەرانەی فەڕەنسی‌زمان نین و کتێبەکانیان وەرگێڕدراوەتە سەر ئەو زمانە: فاکنێر، شتەینبەک، هێمینگوای.
دونیایەک کتێب، ئەو کتێبانەی دواجار بۆ منیش شیاوی تێگەیشتنن."

لە عێراقەوە بۆ ئێران
 

سەلاحەدین بایەزیدی دەفتەری گەورە وەردەگێڕێ. پاشان، بە هۆی ئەوەی پێی وایە ناتوانێ مافی چاپکردنی لە ئێران وەربگرێ، پەیوەندیی بە ئیدیتۆرێکەوە دەگرێ لە کوردستانی عێراق. ئیدیتۆرەکە پڕۆژەکە قەبوڵ دەکا. بەمجۆرە دەفتەری گەورە بە تیراژی هەزار نوسخە لە ژێر چاپ دێتە دەرێ. کتێبەکە دواتر سەرنجی وەشانخانەی مانگ لە ئێران کە بنکەکەی لە تارانە، ڕادەکێشێ. ئەو وەشانخانەیە داوا لە سەلاحەدین بایەزیدی دەکا بۆ ئەوەی کۆی سێیانەکەی ئاگۆتا کریستۆف بە زمانی کوردی لە ئێران چاپ بکرێن.

سەرسووڕمان و کامەرانی بۆ سەلاحەدین: "سەرەتا، نەمدەتوانی بڕوا بکەم! بە لەبەر چاوگرتنی ڕەوشی خۆم، پێم وا نەبوو وەشانخانەکە بتوانێ مۆڵەتی پێویست وەربگرێ. لە ڕوانگەی منەوە، هەستێکی تا بڵێی تایبەتە: ماوەیەکی زۆر لەمێژە لە ئێران ناژیم و لەگەڵ ئەوەشدا، دواجار لە ڕێی کتێبەکانەوە گەڕامەوە ئەوێ. لە ڕوانگەی بنەماڵە و هاوڕێیانی ئەوێشمەوە بە هەمان شێوە بوو."

لە ڕوانگەی سەلاحەدینەوە، وشەکانی ئاگۆتا کریستۆف لە ڕێگەی چ تێماگەلێکەوە دەتوانن کار لە خوێنەرانی کورد لە ئێران و عێراق بکەن؟ "کوڵەمەرگی ژیان. ململانێی نێوان زمانی دایک و زمانی داگیرکەر. هەروەها ڕەنگە چەمکی سنوور کە لە بەرهەمەکانی ئاگۆتادا زۆر بەرچاوە. ئاخر ئێمەی کوردیش لە نێو ناوچە سنوورییەکان دەژین".

داهاتوویەکی هەروا لێڵ 

لەو کاتەوە، سەلاحەدین بایەزیدی کتێبی هایدی بۆ کوردی وەرگێڕاوە و هەروەها دەستی بە وەرگێڕانی "ڕێوشوێنی دونیا" لە نووسینی نیکۆلا بووڤیێ کردووە، چونکە بووڤیێ سەفەری بۆ ناوچەی زێدی وی، واتە شاری مەهاباد کە لە سنووری عێراق نزیکە، کردووە. بەڵام جارێ بۆ ماوەیەکی کاتی ئەم کتێبەی وە لا ناوە، تا هەمدیس زیاتر لە زمانی فەڕەنسیدا قووڵ دەبێتەوە. هەرچی دەبێ بڵا ببێ، ئەو پێی وایە ژیانی خۆی بۆ وەرگێڕان تەرخان دەکا. "بۆچوونی وەشانخانەکە ئەرێنی بوو و هانی دام لە کارکردن بەردەوام بم"، بە دەم بزەوە وا دەڵێ.

بەڵام لە کوێ و چلۆن؟ دیار نییە. حاڵی حازر، گەڕانەوە بۆ ئێران مەحاڵە. "هیچ هیوایەکم بەوە نییە بەو ڕژێمەی ئێستا هەیە بگەڕێمەوە بۆ ئێران. بێ مەترسی نابێ. بێگومان، دەمەوێ چاوم بە کەسوکارم بکەوێتەوە، لێ ئێستا مەحاڵە"، سەلاحەدین وا دەڵێ. داواکاریی مافی پەنابەریشی هەروا هەڵپەسێردراو ماوەتەوە: "سیاسەتی پەنابەریی لە سویسراش بە نۆرەی خۆی ئەستەمە… ئێستا من لە خەوتنگەی زانکۆی نۆشاتێل دەژیم، بەڵام لەسەر داوای کانتۆنی ڤالێ، دەبێ بگەڕێمەوە بۆ ئەوێ. لەگەڵ ئەوەشدا بە نیازم لە نۆشاتێل درێژە بە خوێندن بدەم."

هەڵکردن لەگەڵ ئەم دۆخەدا ئاسان نییە. بەڵام ئەنیستیتۆی زمان و شارستانییەتی فەڕەنسی کە زیاتر لە ٤٠٠ خوێندکاری لە چل نەتەوە هەیە، لە سۆنگەی سەلاحەدین بایەزیدییەوە پەڕانتێزێکی دڵخۆشکەر بوو: "ئەوە یەکەمجار بوو لە سوییس هەستم نەکرد بێگانەیەکم. منیش یەکێک بووم وەک ئەوانی تر، بە کۆمەڵێک مامۆستای دڵسۆز کە دادوەرییان لەسەر من نەدەکرد. ئەزموونێک بوو کە خۆشم ویست. وەک پەناخوازێک، بەردەوام هەست دەکەی کە دەرگەکانت لەسەر داخراون، لەوێ، دەرگەکانم لەسەر گازەری پشت دی."

شایانی گوتنە ئەوە یەکەمجار نییە خوێندکارێکی زانکۆ ئەدەبیاتی نۆشاتێل بە دەرەوەی سنوورەکانی سویسرا دەناسێنێ. ساڵی ٢٠٠٥، کچە خوێندکارێکی کۆرسی هاوینە بە ناوی ژوولیەتا مۆلێئانوو بۆ یەکەمجار "باشترین بیرۆکەکانی کوشتارگا"ی (٢٠٠٢) ژان بێرنارد ڤییێمی بۆ سەر زمانی ڕۆمانی وەرگێڕابوو.

چۆلەوانی


ئاگۆتا کریستۆف
لە فەڕەنسییەوە: سەلاحەدین بایەزیدی 

لە بنکەی پەنابەرانی زوریخ، بەسەر هەموو شوێنێکی سوییسدا بڵاو دەکرێینەوە. بەمجۆرە، خۆم و بەختی خۆم، ڕێم دەکەوێتە نۆشاتێل، یان باشتر وایە بڵێم "ڤالانژەن"، ئەو گوندەی، تیایدا ماڵێکی دوو ژووری ڕاخراو لە لایەن دانیشتوانی گوندەوە چاوەڕێمان دەکا. چەند هەفتە دواتر، لە کارگەیەکی سەعات‌سازی لە "فۆنتێنمۆلۆن" دەست بە ئیش دەکەم.
سەعات پێنج و نیوی بەیانی لە خەو هەڵدەستم. مناڵەکەم تێر دەکەم و جلوبەرگی لە بەر دەکەم، خۆیشم جلەکانم لە بەر دەکەم و سەعات شەش و نیو سواری ئەو پاسە دەبم کە دەمگەیەنێتە کارگە. مناڵەکەم لە باغچەی ساوایان دادەنێم و دەچمە سەر ئیشەکەم. سەعات پێنجی ئێوارە لە کارگە دێمە دەرێ. مناڵەکەم لە باغچەی ساوایان وەردەگرمەوە و سواری پاس دەبمەوە، دەگەڕێمەوە ماڵێ. لە دووکانە بچووکەکەی گوند، کەلوپەلی پێویست دەکڕم، ئاگر پێدەخەم (بیناکەمان شۆڤاژی سەرەکیی بۆ نەهاتووە)، چێشتی شەو ئامادە دەکەم، مناڵەکەم دەخەوێنم، قاپەکان دەشۆم، کەمێک دەنووسم و خۆیشم دەخەوم.
کارگە بۆ نووسینی شیعر زۆر باشە. ئیشەکە یەکدەستە، دەتوانین بیر لە شتی تر بکەینەوە، مەکینەکانیش ڕیتمێکی هاوئاهەنگیان هەیە وەک بڵێی بەیت دەچڕن. چەکمەجەکەم، کاغەزێک و قەڵەمێکی تێدایە. کە شیعرێک فۆڕم دەگرێ، دەینووسمەوە. شەو، لە دەفتەرێکدا پاکنووسی دەکەمەوە.
ئێمە دە هەنگارییەک دەبین کە لە کارگەکە ئیش دەکەین. بۆ کاتی پشووی نیوەڕۆ لە هۆڵی خواردن لە دەوری یەک کۆ دەبینەوە، بەڵام خواردنەکان زۆر جیاوازن لەوانەی ئێمە پێیان ڕاهاتووین و زۆر بەدەگمەن دەمیان لێ دەدەین. من بە نۆرەی خۆم، لانیکەم بۆ ماوەی ساڵێک، نیوەڕوان تەنیا قاوەیەکی بە شیر و لەتێک نان دەخۆم.
لە کارگە، هەموو کەس لەگەڵمان باشە. لەگەڵمان پێدەکەنن، قسەمان لەگەڵ دەکەن، بەڵام ئێمە لە هیچ تێناگەین.
ئا لێرەیە چۆلەوانی دەست پێدەکا. چۆلەوانییەکی کۆمەڵایەتی، چۆلەوانییەکی فەرهەنگی. لە شکۆی ڕۆژانی شۆڕش و ڕاکەڕاکەدا، بێدەنگی، بۆشایی، نۆستالژیای ئەو ڕۆژانەی هەستمان دەکرد بەشداری شتێکی گرنگ، یان ڕەنگە مێژوویی بووین، ئازاری وڵات، نەبوونی بنەماڵە، خزم و دۆستان یەک بە دوای یەکدا ڕیز دەبن.
دوای هاتنمان بۆ ئێرە چاوەڕوانی شتێک بووین. نەماندەزانی چاوەڕوانی چین، بەڵام بێگومان چاوەڕوانی ئەو شتانە نەبووین: ئەم ڕۆژە خەمناکانەی ئیش، ئەم شەوانەی بێدەنگی، ئەم ژینە سارد و سڕە، بی گۆڕانکاری، بێ شتێکی نوێ، بێ هیوا.
لە ڕووی ماددییەوە کەمێک باشتر دەژین. لە بری ئەوەی ژوورێکمان هەبێ، دوو ژوورمان هەیە. زووخاڵ و خواردەمەنی پێویستمان هەیە. بەڵام بە سەرنجدان بەو هەموو شتەی لە دەستمان دا، باجێکی قورس و گەورەیە.
لەنێو پاسی بەیانیدا، ئەو کەسەی بڵیتەکان کۆنتڕۆڵ دەکا، لە تەنیشت من دادەنیشێ، هەموو بەیانیەک، کابرایەکی قەڵەو و خۆش وێژە، بە درێژایی ڕێگە قسەم لەگەڵ دەکا. زۆر باش لێی تێناگەم، لەگەڵ ئەوەشدا تێدەگەم کە هەوڵ دەدا دڵنیام بکا لەوەی سوییسییەکان ڕێگە بە ڕووسەکان نادەن بێنە ئێرە. پێم دەڵێ نابێ چیتر بترسم، نابێ چیتر لێوبەبار بم، لێرە ئاسایشی گیانم پارێزراوە. من پێدەکەنم، ناتوانم پێی بڵێم من لە ڕووسەکان نەترساوم و ئەگەر پەشێو و خەمبارم بە هۆی ئەو ئاسایشە زۆر و زەوەندەیە کە ئێستە تێیدام، هەروەها چونکە هیچ شتێکی تر نییە بیکەی و بیری لێ بکەیتەوە، بێجگە لە ئیش، لە کارگە، لە بازاڕ، لە جل‌شۆردن، لە خواردن، هیچ شتێک چاوەڕوانت ناکا جگە لە یەکشەممانە بۆ نووستن و خەوبینینێکی درێژتر لە وڵاتەکەی خۆم، هیچ شتێک نییە چاوەڕوانی بیت.
چۆن بۆی شی بکەیتەوە، بێ ئەوەی تووڕە ببی و، بەو چەند وشە کەمە فەرەنسییەی من دەیانزانم، پێی بڵێی وڵاتە خۆشەکەت بۆ ئێمەی پەنابەر چۆلەوانییەکە و هیچی تر، چۆلەوانییەک کە دەبێ پێیدا تێپەڕی بۆ ئەوەی بگەیتە ئەو شتەی "ئێنتێگراسیۆن" و "ئاسیمیلاسیۆن"ی پێ دەگوترێ. لەو ساتەوەختەدا، هێشتا نازانم کە کەسانێک هەن هەرگیز پێی ناگەن.
دوو کەس لە ئێمە سەرباری مەترسیی بەندکردنیان، گەڕانەوە بۆ هەنگاریا. دوانی تر، دوو پیاوی گەنج و زگورتی، دوورتر ڕۆیشتن، چوونە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا و کەنەدا. چوار کەسی تر، دوورتر و دوورتر ڕۆیشتن، تا ئەو شوێنەی بتوانن دوور، بۆ ئەودیوی سنوورە گەورەکە. ئەو چوار کەسە لە ناسیاوەکانی من، لە دوو ساڵی سەرەتای ژیانی مەنفادا خۆیان بە مەرگ سپارد. یەکیان بە دەرمانی باربیتوریک، یەکیان لە ڕێگەی گاز و دوانەکەی تریش خۆیان بە تەنافەوە هەڵواسی. گەنجترینیان کچێکی تەمەن هەژدە ساڵ بوو. ناوی گیزێل بوو.

۱۳۹۶/۰۵/۰۱

گێڕانه‌وه‌، بێده‌نگی و زمان سیانه‌ی گرێدراوی رۆمانی «كاتێك ماسییه‌كان تینوو ده‌بن»ی حه‌لیم یوسف


ئارام سدیق 
«سنووری زمانم، سنووری جیهانه‌كه‌مه‌» ڤیتگنشتاین
 
سه‌ره‌تا
ئه‌گه‌رچی تا هه‌نووكه‌ نه‌توانراوه‌ سنووره‌ به‌زۆر دروستكراوه‌كانی نێوان پارچه‌ له‌ یه‌كترازاوه‌كانی كوردستان به‌ ته‌واوی بشكێنرێت، به‌ڵام هێدی هێدی هێزی ئه‌ده‌ب ئه‌و سنوورانه‌ ده‌شكێنێت و چیرۆك و حیكایه‌تی پڕ چه‌رمه‌سه‌ری مرۆڤی كورد له‌ هه‌موو به‌شه‌  لێكترازێنراوه‌كانی كوردستان به‌ یه‌كتری ده‌گه‌نه‌وه‌.
له‌ نێو دونیای ئه‌ده‌بدا سیحری گێڕانه‌وه‌ ئه‌و هێزه‌ی هه‌یه‌،‌ كه‌ سنووری نێوان وڵاتان بسڕێته‌وه‌ و خه‌می ئینسان له‌ هه‌ر شوێنێكی ئه‌م گه‌ردوونه‌ بێت بگه‌یه‌نێت به‌ ده‌نگی ئه‌وانی دیكه‌. بۆیه‌ ده‌كرێت گێڕانه‌وه‌ ئه‌و پرده‌ بێت كه‌ به‌شه‌ لێكترازێنراوه‌كانی كوردستان بگه‌یه‌نێته‌وه‌ به‌ یه‌كتری، یان لێكتریان نزیكبخاته‌وه‌.
كاتێك ماسییه‌كان تینوو ده‌بن، رۆمانێكی 260 لاپه‌ڕه‌یی رۆماننووسی رۆژئاوای كوردستان (حه‌لیم یوسف)ـه‌. ئه‌م رۆمانه‌ به‌ زاراوه‌ی كرمانجی سه‌روو نووسراوه‌ و «سه‌لاحه‌دینی بایه‌زیدی» بۆ كرمانجی خواروو(سۆرانی) وه‌ریگێڕاوه‌ و ناوه‌ندی رۆشنبیری و هونه‌ریی ئه‌ندیشه‌ چاپ و بڵاوی كردۆته‌وه‌.
له‌به‌ر ئه‌وه‌ی ئه‌م رۆمانه‌ یه‌كه‌م كاری ئه‌م نووسه‌ره‌یه‌ به‌ شێوه‌زاری سۆرانی، بۆیه‌ ناساندنێكی كورتی نووسه‌ر به‌ پێویست ده‌زانم. حه‌لیم یوسف، نووسه‌ر و رۆمانووس ساڵی ١٩٦٧ له‌ شاری عامودێی رۆژئـاوای كوردستان هاتۆته‌ دونیاوه‌. له‌ زانكۆی حه‌له‌ب به‌شی یاسای خوێندووه‌. له‌ ساڵی ٢٠٠٠ـه‌وه‌ له‌ ئـه‌ڵمانیا ده‌ژی. به‌ عه‌ره‌بی و كوردی ده‌نوسێ و كتێبه‌كانی بۆ سه‌ر زمانه‌كانی توركی، عه‌ره‌بی، ئـینگلیزی، ئـاڵمانی و فارسی وه‌رگێڕدراون. ئه‌و به‌رهه‌مانه‌ی تا ئێستا بڵاویكردوونه‌ته‌وه‌ ئه‌مانه‌ن: پیاوێكی ئـاوس «كۆمه‌ڵه‌ چیرۆك»، ژنانی نهۆمه‌ به‌رزه‌كان «كۆمه‌ڵه‌ چیرۆك»، مردووه‌كان نانوون «كۆمه‌ڵه‌ چیرۆك»، سۆبارتۆ «رۆمان»، مه‌می بێ زین «كۆمه‌ڵه‌ چیرۆك»، كاتێك ماسیه‌كان تینوو ده‌بن «رۆمان»، رۆمانی كوردی «توێژینه‌وه‌»، ترسی بێ ددان «رۆمان» ئـو سلانده‌ر به‌گ «كۆمه‌ڵه‌ چیرۆك»، ٩٩ مورووی هه‌ڵوه‌شاوه‌ «رۆمان».
رۆمانی «كاتێك ماسییه‌كان تینوو ده‌بن»ی حه‌لیم یوسف له‌و رۆمانانه‌یه‌ كه‌ له‌ دوای رۆمانی «میرنامه‌»ی جاندۆست و «رووناك وه‌ك ئه‌وین، تاریك وه‌ك مردن»ـه‌كه‌ی مه‌مه‌د ئوزوون. توانی سنووره‌‌ به‌ زۆر دروستكراوه‌كانی نێوان پارچه‌ له‌ یه‌كترازاوه‌كانی كوردستان ببڕێت و بۆ سه‌ر شێوه‌زاری سۆرانی وه‌ربگێڕدرێت. له‌م نووسینه‌دا هه‌وڵی خوێندنه‌وه‌یه‌كی هه‌مه‌ لایه‌نه‌ ئه‌م رۆمانه‌ی حه‌لیم یوسف‌ ده‌ده‌ین.

رۆمانه‌كه‌

كاتێك ماسییه‌كان تینوو ده‌بن، رۆمانێكی سیمبولی و واقیعییه‌ و له‌م رۆمانه‌دا پاڵه‌وانی سه‌ره‌كی ناوی (ماسی)ـه‌، ماسی له‌ وڵاتێكدا ده‌ژی كه‌ هه‌موو دانیشتوانه‌كه‌ی توانای قسه‌كردنیان نییه‌ و لاڵن. رۆمانووس ئه‌م نه‌بوونی توانای قسه‌كردنه‌ی كردۆته‌ ده‌رفه‌تێك بۆ ئه‌وه‌ی گێڕه‌ره‌وه‌ له‌ رۆمانه‌دا خودی (ماسی- پاڵه‌وانی سه‌ره‌كی رۆمانه‌كه‌) نه‌بێت، به‌ڵكو كه‌لوپه‌ل و شته‌كانی ماسی چیرۆكی ژیانی ئه‌م فیگۆره‌ بگێڕنه‌وه‌، كه‌ ئه‌وانیش: درگا، سه‌گه‌كه‌(بۆزۆ)، ماری بنمیچی ماڵه‌كه‌...هتد بن.
چیرۆكی رۆمانه‌كه‌ له‌وێوه‌ ده‌ستپێده‌كات كه‌ وڵاتێك به‌ ته‌واوی لاڵ ده‌بن لێره‌وه‌ له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ی به‌شێك له‌ ژیان ده‌وه‌ستێت، به‌ڵام عه‌شق و ئه‌ڤین هه‌ر ناوه‌ستێت. له‌ نێو ئه‌و گێرمه‌وكێشه‌ی ژیاندا ماسی عاشقی كیژێك ده‌بێت و له‌به‌ر عه‌شقی  ئه‌و كیژه‌، كه‌ ناوی به‌فرینه‌ و رووی كردۆته‌ چیاكانی باكووری كوردستان و بۆته‌ گه‌ریلا ئه‌ویش ئاگری عه‌شق ده‌یخاته‌ دۆخێكه‌وه‌ كه‌ روو بكاته‌ چیاكان و ده‌بێته‌ گه‌ریلا. دوای ئه‌وه‌ی ماسی رێگه‌ی چیا ده‌گرێته‌وه‌به‌ر، گێڕه‌وه‌ره‌ی رۆمانه‌كه‌ ده‌بن به‌ قه‌ڵه‌می بن جانتا، تاوێره‌ به‌ردی شاخ، پشتوێنی پشت و نایلۆن نێو ئه‌شكه‌وتی برینداران. چیرۆكی ژیانی مرۆڤێكی گه‌ریلا به‌ زۆر ورده‌كاری رۆژانه‌وه‌ بۆ خوێنه‌ر ده‌خرێته‌ڕوو به‌ جۆرێك به‌شێك له‌و شه‌ڕ و پێكدادانانه‌شی كه‌ ژیانی گه‌ریلایه‌ك پێكدێنن باسی لێوه‌ ده‌كرێت.‌ 
له‌م رۆمانه‌دا مرۆڤ لاڵه‌ و كه‌س قسه‌ ناكات. به‌ڵام ئه‌وانه‌ی توانای گێڕانه‌وه‌یان هه‌یه‌ شته‌ بێده‌نگه‌كانی نێو ژیانن، كه‌ مرۆڤ هیچ كاتێك وشه‌یه‌كی له‌ ده‌م نه‌بیستوون. ئه‌م رۆمانه‌ باسكردنی ژیانی مرۆڤی كورده‌، به‌ڵام له‌ زاری خۆیه‌وه‌ نا، به‌ڵكو له‌ زاری ئه‌وانی دیكه‌وه‌. ئه‌وانێك كه‌ مرۆڤه‌كان نین، به‌ڵكو شتومه‌ك و ئاژه‌ڵه‌كانن كه‌ هاوڕێی ژیانی هه‌میشه‌یی مرۆڤی كوردن.

ناونیشان له‌ رۆمانه‌كه‌دا 

ناونیشان له‌م رۆمانه‌كه‌ ته‌نها ناونیشانێكی ساده‌ و ئاسایی نییه‌.‌ نووسه‌ر به‌بێ هیچ سمبولێك به‌كاری بردبێت، چۆن رۆمانه‌كه‌ پێیه‌كی له‌نێو سمبولیزمدایه‌ و پێیه‌كی دیكه‌ی له‌نێو واقیعدایه‌ به‌ هه‌مان شێوه‌ش له‌ ناونیشانه‌كه‌دا ئه‌مه‌ ره‌نگی داوه‌ته‌وه‌‌ و له‌ پشت ئه‌م ناونیشانه‌وه‌ ده‌كرێت چه‌ندین هێمای جۆراو جۆر خۆی حه‌شار دابێت. (كاتێك ماسییه‌كان تینوو ده‌بن)، به‌ته‌نها ر‌سته‌یه‌ك نییه‌ كه‌ خوێنه‌ر به‌سه‌ریدا تێپه‌ڕێت. كاتێك له‌م ناونیشانه‌ ورد ده‌بینینه‌وه‌ ده‌بینین كه‌ ناونیشانێكه‌ هه‌ڵگری جۆرێك له‌ نادیاری و دروستكردنی گرێ و هاوكات له‌ هه‌ناویشیدا چه‌ند كۆدێك خۆیان حه‌شار داوه‌. لێره‌دا به‌پێویستی ده‌زانم ناونیشانه‌كه‌ هه‌ڵبوه‌شێنمه‌وه‌ و ئه‌وسا زیاتر لێی ورد ببمه‌وه‌. ناونیشانه‌كه‌ له‌ چوار وشه‌ پێكهاتووه‌ و وشه‌ی یه‌كه‌م (كاتێك) ئاماژه‌یه‌ بۆ زه‌مه‌نێك و وشه‌ی دووه‌م (ماسییه‌كان) ئاماژه‌یه‌ بۆ جۆرێك له‌ گیاندار كه‌ زه‌مین نشین نییه‌، به‌ڵكو ده‌ریانشینه‌. وشه‌ی دواتر (تینوو) ئاماژه‌یه‌ بۆ دۆخێك كه‌ ته‌واو دژه‌ له‌گه‌ڵ وشه‌ی پێشخۆیدا، چونكه‌ ماسی ئه‌و بوونه‌وه‌ره‌یه‌ كه‌ له‌ نێو ئاودا ده‌ژی و هه‌رگیز تینوو نابێت. به‌ڵام لای رۆمانووس له‌ وشه‌ی چواره‌مدا(ده‌بن) ئه‌وه‌ خراوه‌ته‌ڕوو كه‌ ئه‌و ماسیانه‌ی ئه‌م باسیان ده‌كات تینوو ده‌بن.
دژبوونی وشه‌ی دووه‌م و سێیه‌م ده‌مانبه‌ به‌رده‌م ئه‌و خوازه‌یه‌ كه‌ نووسه‌ر به‌كاری هێناوه‌ و ده‌بینین له‌وێدا ماسی خوازه‌یه‌كه‌ و جێگه‌ی مرۆڤی گرتۆته‌وه‌، چونكه‌ ئه‌وه‌ مرۆڤی ئه‌و مه‌مله‌كه‌ته‌ی كه‌ نووسه‌ر باسی ده‌كات تینوون، نه‌وه‌كو ماسییه‌كانی. به‌ڵام دیسان رۆمانووس لێره‌شدا گه‌مه‌یه‌كی دیكه‌ له‌گه‌ڵ خوێنه‌ردا ده‌كات و پاڵه‌وانی رۆمانه‌كه‌ی ناوده‌نێت ماسی. لێره‌دا ئه‌م پاڵه‌وانه‌ رۆڵی  سمبولی خۆی ده‌بینێت كه‌ له‌لایه‌ن نووسه‌ره‌وه‌ توانراوه‌ به‌ وریاییه‌وه‌ ئه‌مه‌ ته‌وزیف بكرێت.
له‌ مه‌مله‌كه‌تی نێو رۆمانه‌كه‌دا كه‌ ماسی پاڵه‌وانی رۆمانه‌كه‌یه‌ ئه‌وه‌ی كه‌ تینووه‌ مرۆڤه‌كانن بۆ ئه‌وه‌ی به‌ زمانی دایك بئاخڤن و بنووسن و بیربكه‌نه‌وه‌. به‌ڵام به‌هۆی ئه‌وه‌ی رێگرییان لێده‌كرێت بۆیه‌ (به‌شێوه‌یه‌كی سیمبولی) سه‌رجه‌م مه‌مله‌كه‌ت تووشی لاڵی ده‌بن. وه‌كو ده‌بینین ناونیشانه‌كه‌ گوزارشتكه‌رێكی جوان و هونه‌ریانه‌یه‌ له‌ پیشاندانی دیوی سیمبولی رۆمانه‌كه‌. ‌   

ده‌سپێك

 ده‌سپێك له‌م رۆمانه‌دا گرنگییه‌كی زۆری هه‌یه‌ و نووسه‌ر به‌ گرنگییه‌وه‌ نه‌ك ته‌نها ده‌ستپێكی سه‌ره‌تای رۆمانه‌كه‌ی به‌ وردیایی و هونه‌ركارییه‌وه‌ داناوه‌، به‌ڵكو ده‌سپێكی هه‌ر به‌شێكی رۆمانه‌كه‌ش جۆرێك له‌ هونه‌ركاری تێدا به‌كار براوه‌ كه‌ خوێنه‌ر به‌ره‌و دونیای تێكسته‌كه‌ په‌لكێش ده‌كات. رۆمانه‌كه‌ به‌م چه‌ند رسته‌یه‌ ده‌ستپێده‌كات:
«بۆی هه‌بوو له‌م وڵاته‌دا هه‌موو شتێك رووبدا. هیچ نه‌مابوو له‌ ئه‌قڵ به‌ دووربێ، ته‌نانه‌ت هه‌ستی حه‌په‌سان لای خه‌ڵكی له‌ بیر كرابوو. بۆیه‌ ئیتر رووداوێك سه‌رنجی خه‌ڵكی رانه‌ده‌كێشا. وه‌ی به‌ حاڵی ئه‌و كه‌سه‌ی به‌ هه‌ست بوایه‌ و خۆی له‌ قه‌زا و به‌ڵا نه‌بینراوه‌كان به‌ دوور بگرتایه‌. هه‌موو ده‌یانبینی چ ده‌قه‌ومێ. به‌ڵام په‌یڤی «چما» واتایه‌كی ئه‌وتۆی نه‌مابوو. یه‌كێك له‌و به‌ڵایانه‌ی ته‌شه‌نه‌ی سه‌ند و پاشان بێده‌نگی لێده‌كرا، لاڵبوون بوو. سه‌ره‌تا ده‌یان و ئینجا هه‌زار كه‌س له‌م وڵاته‌ لاڵبوون. بێ ئه‌وه‌ی هیچ كه‌سێك ئاوڕ له‌ هۆكاری په‌ره‌سه‌ندی شه‌پۆله‌كانی ئه‌م لاڵبوونه‌ دژواره‌ بداته‌وه‌.»   
ئه‌م ده‌سپێكه‌ خوێنه‌ر ده‌باته‌ نێو دونیایه‌كه‌وه‌ كه‌ نووسه‌ر بۆی ئاماده‌ كردووه‌، دونیایه‌ك كه‌ ناتوانێت لێی رزگار بێت. چڕی ئه‌م رستانه‌ سه‌ره‌وه‌ جۆرێكه‌ خوێنه‌ر دونیایه‌كی له‌ به‌رده‌مدا كراوه‌ته‌وه‌و دونیایه‌كی بۆ ئاماده‌ كراوه‌ كه‌ بۆته‌ به‌شێك لێی. ئه‌م جۆره‌ له‌ ده‌ستپێكه‌ له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ی نادیاریی و پڕته‌مومژیشه‌، به‌ڵام هه‌ندێك كۆد و وێنه‌ لای خوێنه‌ر به‌جێدێڵن كه‌ خوێنه‌ر به‌دوای خۆیاندا په‌لكێش ده‌كه‌ن بۆ نێو دونیای ده‌قه‌كه‌.
حه‌لیم یوسف نه‌ك ته‌نها له‌ ده‌سپێكی سه‌ره‌تای رۆمانه‌كه‌دا، به‌ڵكو له‌ ده‌سپێكی به‌شه‌كانیشدا هه‌مان هونه‌ركاری و نادیاری به‌كار بردووه‌. به‌شی یه‌كه‌م ده‌رگای ئاسنینی ماڵه‌كه‌ی ماسی قسه‌ ده‌كات و به‌م رسته‌ سه‌رسامكه‌ره‌ ده‌ستپێده‌كات: «من ده‌رگای ئاسنینی ماڵه‌كه‌ی ماسیم». پاش ئه‌م رسته‌یه‌ ده‌ست به‌ چیرۆكی خۆی و ناسینی له‌گه‌ڵ ماسی ده‌كات. به‌شی دواتریش سه‌گه‌ ره‌شه‌كه‌ی ماسی حیكایه‌تی خۆی و ماسی ده‌گێڕێته‌وه‌ و دواتریش ماری بنمیچی ماڵه‌كه‌ی ماسی ده‌ست به‌ گێڕانه‌وه‌ ده‌كات. هه‌موو ده‌سپێكی ئه‌م به‌شانه‌ جۆرێك له‌ هونه‌ركارییان تێدا كراوه‌ كه‌ هه‌ر له‌گه‌ڵ بینینی یه‌كه‌م رسته‌وه‌ خوێنه‌ر له‌گه‌ڵ خۆیاندا ده‌به‌نه‌ نێو دونیای حیكایه‌ته‌كانه‌وه‌.  ‌  
كورته‌ی قسه‌ی من له‌م به‌شه‌دا ئه‌وه‌یه‌ كه‌ ده‌سپێك له‌م رۆمانه‌دا هێنده‌ی ناونیشانی رۆمانه‌كه‌ گرنگی پێدراوه‌ و وه‌كو یه‌كێك له‌ ره‌گه‌زه‌ گرنگه‌كانی رۆمانه‌كه‌ كاری تێدا كراوه‌ و نووسه‌ر توانیویه‌تی په‌یڕه‌وی له‌ ده‌ستپێكی گێڕانه‌وه‌یی مه‌به‌ستدار بكات، كه‌ له‌ هه‌ر به‌شێكدا مه‌به‌ستی له‌ رسته‌كانی سه‌ره‌تادا خستۆته‌ڕوو.

له‌نێوان سمبوولیزم و واقیعدا 

ئه‌گه‌ر باس له‌ پۆلێنكردنی ئه‌م رۆمانه‌ بكه‌ین و بمانه‌وێت له‌ خانه‌ی رۆمانێكی واقیعی یان، سیمبولی پۆلێنی بكه‌ین ئه‌وا ره‌نگه‌ هه‌ردوو پۆلێنكردنه‌كه‌ كورت بهێنێت. رۆمانی «كاتێك ماسییه‌كان تینوو ده‌بن»، رۆمانێكه‌ پێیه‌كی له‌ نێو واقیعدایه‌ و پێیه‌كی له‌ نێو سمبولیزمدایه‌. هه‌ر له‌ ناونیشانی رۆمانه‌كه‌وه‌ سیمبولگه‌رایی رۆمانه‌كه‌ ئاشكرا ده‌بێت، چونكه‌ خودی پاڵه‌وانه‌كه‌ش (ماسی) به‌ جۆرێك له‌ جۆره‌كان ره‌مزێكه‌. ئه‌مه‌ بێجگه‌ له‌وه‌ی كه‌ قسه‌كردنی هه‌ریه‌ك له‌و شتانه‌ی له‌ نێو رۆمانه‌كه‌دا به‌رجه‌سته‌ن هه‌ریه‌كه‌یان جۆره‌ سیمبولێكه‌ و پیشاندانی وێنه‌یه‌كی دیكه‌یه‌ به‌و شته‌. هه‌ر له‌ مار بنمیچی ماڵیكه‌ی ماسی، كه‌ نووسه‌ر ده‌یه‌وێت له‌رێی ئه‌م ماره‌وه‌ ئه‌و وێنه‌ تۆقێنه‌ره‌ تێكبشكێنێت، كه‌ له‌ زه‌ینی مرۆڤدا به‌رانبه‌ر گیاندارێكی وه‌كو مار هه‌یه‌.
یه‌كێك له‌و بنه‌مایانه‌ی كه‌ ئه‌م رۆمانه‌ له‌ سیمبولیزم نزیك ده‌كاته‌وه‌ تێكشكاندنی فیگۆری (پاڵه‌وانه‌) به‌و پێیه‌ی هه‌ر شتێك كه‌ له‌م رۆمانه‌دا ئاماده‌یی هه‌یه‌ و به‌ جۆرێك وه‌زیفه‌یه‌كی له‌ سه‌ر شانه‌ و به‌شێك له‌ گێڕانه‌وه‌ی حیكایه‌تی رۆمانه‌كه‌ی كه‌وتۆته‌ ئه‌ستۆ. ئه‌مه‌ش ده‌مانباته‌وه‌ بۆ لای سمبوولیسته‌كان كه‌ لای ئه‌وان «من» بوونی نییه‌. نووسه‌ر ته‌ماشاكه‌ر و ده‌ربڕی دیمه‌نه‌كانه‌. یه‌كێك له‌ دیارترین فیگۆره‌‌كانی سمبوولیزم ئارتۆ رامبۆیه‌، كه‌ له‌ مباره‌یه‌وه‌ ده‌ڵێت:»من كه‌سێكی دیكه‌یه‌» ئه‌مه‌ ئه‌وه‌ ده‌گه‌یه‌نێت كه‌ نووسه‌ر پێویسته‌ له‌ كاتی پرۆسه‌ی نووسیندا له‌ په‌نایه‌كه‌وه‌ بوه‌ستێت. وه‌ك ده‌بینین ئه‌م خاڵه‌ رۆمانه‌كه‌ی حه‌لیم له‌ سیمبوولیسته‌كان نزیك ده‌كاته‌وه‌. یان ده‌توانین بڵێین حه‌لیم به‌ وریاییه‌وه‌ توانیویه‌تی سوودێكی زۆر له‌ خولقاندنی فه‌زایه‌كی سیمبولی له‌ رۆمانه‌كه‌دا وه‌ربگرێت.
به‌ڵام ئه‌گه‌ر سه‌یری یه‌كێكی دیكه‌ ‌ له‌و خاڵانه‌ بكه‌ین كه‌ سیمبولیسته‌كان له‌ سه‌ری كۆكن ئه‌وه‌یه‌ كه‌ نابێت (ده‌ق/كاری هونه‌ری)‌ هه‌ڵگری هیچ په‌یامێكی سیاسی و هیچ ئامانجێكی ئه‌خلاقی و كۆمه‌ڵایه‌تی بێت. له‌م خاڵه‌دا رۆمانه‌كه‌ی حه‌لیم به‌ته‌واوی له‌ سیمبولیسته‌كان دوور ده‌كه‌وێته‌وه‌، چونكه‌ ئه‌م رۆمانه‌ نه‌ك له‌ په‌یامی سیاسی نزیك ده‌بێته‌وه‌،‌ به‌ڵكو له‌ زۆر جێگه‌دا هه‌ڵگری په‌یامێكی سیاسییه‌. خودی پاڵه‌وانی رۆمانه‌كه‌ ده‌بێته‌ گه‌ریلا و خۆشه‌ویسته‌كه‌شی پێش ئه‌و بۆته‌ گه‌ریلا. ئه‌مه‌ بێجگه‌ له‌وه‌ی كه‌ له‌ زۆر به‌شی رۆمانه‌كه‌دا ژیانی (ماسی) له‌ سه‌رده‌می گه‌ریلایی و ژیانی گه‌ریلایی به‌گشتی پیشانده‌درێت. له‌م جێگایانه‌دا رۆمانه‌كه‌ به‌ته‌واوی ده‌بێته‌ یه‌كپارچه‌ی ته‌واو له‌ نووسینه‌وه‌ی واقیع، ئه‌مه‌ له‌ كاتێكدایه‌ كه‌ سمبوولیسته‌كان ده‌ڵێن: هه‌تا پێت ده‌كرێت پێویسته‌ له‌ واقیعی كۆنكرێت دوور بكه‌ویته‌وه‌ و واقیعییه‌تێكی ئه‌بستراكت دروست بكه‌یت.  
یه‌كێك له‌و ئاسته‌نگانه‌ی كه‌ به‌لای منه‌وه‌ تووشی ئه‌م رۆمانه‌ ده‌بێت ئه‌و زاڵبوونه‌ی واقیبوونه‌وه‌یه‌ و كاڵبوونه‌وه‌ی هێڵه‌ سمبوولیه‌كه‌یه‌تی، كاڵبوونه‌وه‌ی ئه‌م هێڵه‌ نه‌ك زیان به‌ بونیادی گێڕانه‌وه‌كه‌،‌ گه‌یاندووه‌ به‌ڵكو زۆرجار ئه‌و فه‌زا پڕ له‌ ره‌مز و شیعرییه‌ی ونكردووه‌ كه‌ له‌ زۆرجێگه‌ی ئه‌م رۆمانه‌دا خوێنه‌ر به‌ری ده‌كه‌وێت. من له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌دا نیم نووسه‌ر ده‌ستبه‌رداری واقیع بێت، به‌ڵام هه‌موو ده‌ستبه‌رداربوونێكی هێڵه‌ سمبوولییه‌كه‌ی رۆمانه‌كه‌ پێویسته‌ به‌ وریاییه‌كی زیاتره‌وه‌ بێت، چونكه‌ خوێنه‌ر ناكرێت له‌ یه‌ك تێكستدا به‌ر دوو فه‌زای به‌ ته‌واوی لێكدژ بكه‌وێت. لاموایه‌ نووسه‌ر له‌ مامه‌ڵه‌كردن له‌ نێوان ئه‌م دوو دونیا دژ به‌یه‌ك و جیاوازه‌دا ناڵێم سه‌ركه‌وتوو نه‌بووه‌، به‌ڵام نه‌یتوانیوه‌ مامه‌ڵه‌یه‌كی دروست بكات»، كه‌ نه‌بێته‌ هۆی زیان بۆ رۆمانه‌كه‌‌. 

له‌ سوبێكتی لاڵه‌وه‌ ‌بۆ سۆبێكیتی قسه‌كه‌ر

 لۆدڤیك ڤیتگنشتاین قسه‌یه‌كی سه‌رنجڕاكێشی هه‌یه‌ له‌»تراكتاتۆس»دا، كه‌ ده‌ڵێت: «سنووری زمانم، سنووری جیهانه‌كه‌مه‌». ئه‌م قسه‌یه‌ هێمایه‌ بۆ گرنگی زمان و كاركردنی زمان له‌ سه‌ر جیهانبینی. گرنگی زمان به‌ ته‌نها بۆ ئه‌وه‌ نییه‌ كه‌ مرۆڤ ده‌كاته‌ بوونه‌وه‌رێكی قسه‌كه‌ر و له‌ ئاژه‌ڵانی جیا ده‌كاته‌وه‌، به‌ڵكو مرۆڤ به‌ هۆی زمانه‌وه‌ ده‌بێته‌ بوونه‌وه‌رێكی بیركه‌ره‌وه‌ و ده‌توانێت بیر له‌ خۆی و ئه‌وانی دیكه‌ و دونیاش بكاته‌وه‌.
یه‌كێك له‌و فه‌یله‌سوفه‌ پۆستمۆدێرنانه‌ی كه‌ گرنگییه‌كی زۆر به‌ زمان داوه‌ جۆرجیۆ ئاگامبێنه‌. ئه‌م فه‌یله‌سوفه‌ له‌ كتێبی زمان و مه‌رگدا به‌ گرنگییه‌وه‌ له‌ چه‌مكی زمانی روانیوه‌ و هایدیگه‌ر ئاسا په‌یوه‌ستی كردۆته‌وه‌ به‌ بوونی مرۆڤه‌وه‌. لای ئاگامبێن، جه‌وهه‌ر یان زاتی ئینسان بریتییه‌ له‌ هه‌بوونی زمان. 
ئه‌گه‌ر بگه‌ڕێینه‌وه‌ بۆ قسه‌كه‌ی ڤیتگنشتاین ده‌توانین ره‌نگدانه‌وه‌ی ئه‌م رسته‌یه‌ له‌نێو رۆمانه‌كه‌ی حه‌لیم یوسفدا بدۆزینه‌وه‌. دۆخی لاڵبوون له‌م رۆمانه‌دا پیشاندانی ئه‌م دۆخه‌ بۆ جه‌ختكردنه‌وه‌یه‌ له‌ سه‌ر پیشاندانی سنووری ئه‌و جیهانه‌ی كه‌ زمان تێیدا یاساغه‌. لاڵبوونی فیگۆره‌كان له‌ نێو ئه‌م رۆمانه‌دا بۆ بێ بایه‌خی زمان ناگه‌ڕێته‌وه‌، به‌ڵكو بۆ گرنگی زمان ده‌گه‌ڕێته‌وه‌. نووسه‌ر له‌رێی پیشاندانی دژێكه‌وه‌ ده‌یه‌وێت به‌ ئه‌وی دیكه‌ بگات. له‌ سه‌ره‌تا گوتمان ئه‌م رۆمانه‌ سیمبولییه‌. ئه‌م سمبولێتییه‌ لێره‌دا به‌ ته‌واوی ره‌نگی داوه‌ته‌وه‌. ده‌توانین نموونه‌ی نیگاركێشێك بهێنینه‌وه‌ كه‌ گرنگییه‌كی زۆر به‌ ره‌نگی ره‌ش بدات. كاتێك نیگاركێشێك گرنگییه‌كی زیاد له‌ پێویست به‌ ره‌نگی ره‌ش بدات یان بیه‌وێت زه‌ق پیشانی بدات. ئه‌مه‌ بۆ كه‌مبایه‌خی ره‌نگی سپی نییه‌، به‌ڵكو بۆ گرنگی ره‌نگی سپییه‌ كه‌ له‌و ون بووه‌. ئه‌م رۆمانووسه‌ له‌رێی لاڵبوونی فیگۆره‌كانی نێو رۆمانه‌كه‌یه‌وه‌ ده‌یه‌وێت گرنگی زمان بخاته‌ڕوو. ره‌نگه‌ لێره‌دا گرنگ بێت ئاماژه‌ به‌و رسته‌یه‌ی هایدیگه‌ر بده‌ین كه‌ ده‌ڵێت: زمان ماڵی بوونه‌. حه‌لیمیش ده‌یه‌وێت خودی رسته‌یه‌ بسه‌لمێنێت و له‌ رێی لاڵبوونی فیگۆره‌كانه‌وه‌، ئه‌و ماڵه‌ وێرانه‌یه‌ی نێو بوونی كوردی وێنا كردووه‌.
ئه‌گه‌ر كه‌مێك بشگه‌ڕێینه‌وه‌ بۆ لای ئاگامبێن ده‌بینین شتێكی گرنگ و تایبه‌ت لای ئه‌م فه‌یله‌سوفه‌ قابیلیه‌تی قسه‌كردن یان قسه‌نه‌كردنه‌ وه‌كو توانا و لێهاتووییه‌كی تایبه‌تی ئینسان، یان به‌ ده‌ربڕینێكی وردتر قسه‌كردن موتڵه‌قی توانا و ئیمكانی سۆبێكت پیشان ده‌دات. خاڵێكی دیكه‌ كه‌ ئاگامبێن گرنگی پێده‌دات په‌یوه‌ندی زمانه‌ به‌ ئه‌وانی دیكه‌وه‌ و ئه‌و لایوایه‌ ته‌نها له‌ سیاق و زه‌مینه‌ی «بوون له‌گه‌ڵ ئه‌وانی دیكه‌دایه‌» كه‌ ده‌توانین زمان بكه‌ین به‌ هی خۆمان و ببین به‌ سوبێكتێكی قسه‌كه‌ر.
هه‌رچه‌نده‌ سۆبێكته‌كانی نێو رۆمانی كاتێك ماسییه‌كان تینوو ده‌بن سۆبێكتی قسه‌كه‌ر نین (لاڵن)، به‌ڵام رۆمانووس نایه‌وێت له‌و چوارگۆشه‌یه‌دا بیانهێڵێته‌وه‌ و ئه‌و ویستوویه‌تی به‌ به‌زاندنی سنوور سوبێكته‌كانی له‌ سۆبێكتێكی قسه‌نه‌كه‌ر (لاڵ)ـه‌وه‌ بكاته‌ سوبێكتێكی قسه‌كه‌ر. له‌م ئاڵوگۆڕه‌دا حه‌لیم به‌ وریاییه‌وه‌ مامه‌ڵه‌ی كردووه‌ و توانیویه‌تی فیگۆره‌كانی له‌ بوونه‌وه‌ری پاسیڤ و قسه‌نه‌كه‌ره‌وه‌ بكاته‌ بوونه‌وه‌ری ئه‌كتیڤی قسه‌كه‌ر. چونكه‌ لاڵبوون له‌م رۆمانه‌دا وه‌كو جۆرێك له‌ پاسیڤبوون دێته‌ به‌رچاو» یان ده‌توانین بڵێین خوێندنه‌وه‌یه‌كی له‌م چه‌شنه‌ هه‌ڵده‌گرێت. به‌ڵام هه‌نگاونان به‌ره‌و قسه‌كردنی فیگۆره‌كان، هه‌نگاونانه‌ به‌ره‌و ئه‌كتیڤبوونی پاڵه‌وانه‌كانی ئه‌م رۆمانه‌. ‌واته‌ یه‌كێك له‌ خاڵه‌ جه‌وهه‌رییه‌كان لای حه‌لیم له‌م رۆمانه‌دا په‌ڕینه‌وه‌ی فیگۆره‌كانن له‌ سۆبێكتی قسه‌نه‌كه‌ره‌وه‌ بۆ سۆبێكتی قسه‌كه‌ر. یان ده‌توانین بڵێین له‌ سوبێكیتی ناچالاكه‌وه‌ بۆ سوبێكتی چالاك.      

گێڕانه‌وه‌، بێده‌نگی و زمان 

له‌ زۆر كۆنه‌وه‌ مرۆڤ له‌ رێی گێڕانه‌وه‌وه‌ هه‌وڵی شكاندنی بێده‌نگی داوه‌ به‌ جۆرێك هه‌موو هاتنه‌گۆیه‌كی ئینسان جۆرێكه‌ له‌ هه‌ڵهاتن له‌ بێده‌نگی و شكاندنی، ئه‌مه‌ یه‌كێكه‌ له‌ هۆیه‌كانی گرێدانی هه‌رسێ چه‌مكی (گێڕانه‌وه‌، بێده‌نگی و زمان)، كه‌ له‌م رۆمانه‌دا به‌ وردی پێكه‌وه‌ گرێدراون.
با سه‌ره‌تا له‌ چه‌مكی یه‌كه‌م (گێڕانه‌وه‌) وردبینه‌وه‌. گێڕانه‌وه‌، یه‌كه‌م هه‌وڵی مرۆڤه‌ بۆ چالاكی و هه‌وڵدان بۆ ده‌رچوون له‌ پاسیڤبوون. خودی ئه‌م رۆمانه‌ هه‌وڵێكه‌ بۆ تێكشكاندنی پاسیڤبوون و خولقاندنی چالاكی. هه‌رچه‌نده‌ كۆی رۆمانه‌كه‌ باس له‌ خولقاندنی فه‌زایه‌ك ده‌كات كه‌ فه‌زایه‌كی سه‌پێنراوی متبوونه‌ و كه‌ سۆبێكتێیدا لاڵه‌ و بواری گوزارشتكردنی نییه‌ له‌ خۆی. به‌ڵام خودی گێڕانه‌وه‌ ئه‌م ته‌لیسمه‌ ده‌شكێنێت.(بێده‌نگی) كه‌ دیسان فه‌زایه‌كی دیكه‌ی داسه‌پاوه‌ نووسه‌ر توانیویه‌تی له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ی فیگۆره‌كانیشی لاڵن، به‌ڵام ته‌لیسمی بێده‌نگی بشكێنێت. بێگومان شكاندنی ئه‌م ته‌لیسمه‌ له‌ رێی سیحری گێڕانه‌وه‌ و فه‌نتازیاوه‌ روویداوه‌. نووسه‌ر له‌ پشت هه‌موو ئه‌م شتانه‌وه‌ ده‌یه‌وێت ئه‌وه‌ بڵێت ئه‌گه‌رچی زمان قه‌ده‌غه‌ش بكرێت، به‌ڵام فه‌نتازیا و خه‌یاڵی مرۆڤ ئازادن و توانای خولقاندنی سه‌رزه‌مینی فه‌نتازی و مه‌مله‌كه‌تی خه‌یاڵییان هه‌یه‌.
زمانیش هاوتای دوو چه‌مكه‌كه‌ی دیكه‌ گرنگییه‌كی زۆری له‌م رۆمانه‌دا هه‌یه‌ و له‌ پێشووتر كه‌مێك له‌ سه‌ری وه‌ستام، به‌ڵام لێره‌دا ده‌مه‌وێت باس له‌وه‌ بكه‌م له‌ رۆمانه‌كه‌دا ئه‌و زمانه‌ی قه‌ده‌غه‌یه‌ زمانی كوردییه‌، زمانێك نه‌وه‌كان زمانی دایكیانه‌،‌ به‌ڵام لێیان قه‌ده‌غه‌ كراوه‌. یه‌كێك له‌و گه‌یلایانه‌ كه‌ له‌ جه‌نگدایه‌ له‌ گفتوگۆیه‌كیدا له‌گه‌ڵ هاوڕێیه‌كیدا ده‌ڵێت:» من له‌ پێناو منداڵه‌كه‌مدا شه‌ڕ ده‌كه‌م. بۆ ئه‌وه‌ی زمانی دایك بخوێنێ.» ئه‌گه‌ر سه‌رنج له‌م رسته‌یه‌ بده‌ین، ده‌بینین خه‌ونی مرۆڤێك بۆ ئه‌وه‌ی زمانی دایك بخوێنێت بۆته‌ هۆی ئه‌وه‌ی خه‌باتی بۆ بكات. ئه‌مه‌ش ده‌مانگه‌ڕێنێته‌وه‌ بۆ ئه‌وه‌ی كه‌ برینی مرۆڤی كورد له‌ برینه‌كانی مرۆڤی هیچ نه‌ته‌وه‌یه‌كی دیكه‌ ناچێت و خه‌باتی ئه‌م نه‌ته‌وه‌یه‌ له‌ خه‌باتی نه‌ته‌وه‌كانی دیكه‌ قورستتر و ئه‌سته‌متره‌.
نووسه‌ر له‌ شوێنێكی دیكه‌ رۆمانه‌كه‌داو له‌ رێی یه‌كێك له‌ فیگۆره‌كانه‌وه‌ ئاماژه‌ بۆ ئه‌وه‌ ده‌كات كه‌ كتێبی رێزمانی كوردی جه‌لاده‌ت به‌درخان، یه‌كێك بووه‌ له‌و كتێبه‌ قه‌ده‌غه‌كراوانه‌ و ئه‌وان جارێك كه‌ ئه‌و كتێبه‌یان پێگه‌یشتووه‌ ناچاربوون له‌ كتێبه‌كه‌ له‌ كادێندا بشارنه‌وه‌ بۆ ئه‌وه‌ی له‌ ده‌ستی یاساغكه‌رانی بیپارێزن، به‌ڵام دواجار له‌ به‌یانییه‌كدا ده‌كه‌وێته‌ ده‌ستی سه‌ربازان و ئه‌ویش به‌ره‌و فه‌وتان ده‌ڕوات. ئه‌وه‌ی ده‌كرێت له‌ فه‌وتاندنی ئه‌م كتێبه‌ی رێزمانی كوردییه‌وه‌ بیخوێنینه‌وه‌ ده‌شێ ئه‌وه‌ بێت كه‌ ئه‌گه‌رچی ره‌نگه‌ په‌رتووكه‌كانی رێزمان بفه‌وتێنرێن، به‌ڵام زمانی كوردی له‌ هزر و بیركردنه‌وه‌ی كورداندا نافه‌وتێت و به‌رده‌وامی ده‌بێت. گێڕانه‌وه‌ ده‌بێته‌ ئه‌و هێزه‌ كه‌ بێده‌نگی تێكده‌شكێنێت. ره‌نگه‌ نووسه‌ر مه‌به‌ستی له‌وه‌ش بێت زمان ته‌نها له‌ قسه‌كردندا كورت نابێته‌وه‌ و ئه‌گه‌ر هه‌موو مرۆڤه‌كانیش لاڵ بن، ئه‌وا ده‌توانن بیر بكه‌نه‌وه‌. له‌ روویه‌كی دیكه‌شه‌وه‌ پێده‌چێت رۆمانووس بیه‌وێت ئه‌و قسه‌یه‌ی هێنری برگسۆن بسه‌لمێنێت كه‌ ده‌ڵێت:»هزر به‌ر له‌ زمانه‌» فیگۆره‌كانی نێو ئه‌م رۆمانه‌ راسته‌ لاڵن به‌ڵام خاوه‌نی هزرن. پێده‌چێت حه‌لیم په‌یامی زیاتریشی هه‌بێت. به‌ڵام ئه‌وه‌ی بۆ ئێمه‌ گرنگه‌ ئه‌وه‌یه‌ كه‌ ئه‌م رۆمانه‌ پێداگرییه‌كی زۆره‌ له‌ سه‌ر شكاندنی بێده‌نگی و بێده‌نگكردن و ئه‌مه‌ش به‌ هێزی گێڕانه‌وه‌ ده‌كرێت. ئه‌مه‌ بێجگه‌ له‌وه‌ی نووسه‌ر ده‌یه‌وێت زمان ته‌نها له‌ قسه‌كردندا كورت نه‌كاته‌وه‌، به‌ڵكو له‌ تێهزریندا بیخاته‌ڕوو. 
‌كێشه‌ی زمان ته‌نها له‌م رۆمانه‌ی حه‌لیم یوسفدا دووباره‌ نه‌بۆته‌وه‌، به‌ڵكو له‌ رۆمانی «سۆبارتۆ»یی هه‌مان نووسه‌ریشدا ئاماژه‌ی پێدراوه‌. نووسه‌ر له‌ سۆرباتۆدا ئاماژه‌ی بۆ قه‌ده‌غه‌كردنی زمانی زگماك كردووه‌، كه‌ زمانی كوردییه‌. «مه‌ڕوان» كه‌ فیگۆرێكی ڕۆمانه‌كه‌یه‌ زمانی دایكی (مه‌به‌ست له‌ زمانی كوردییه‌) نازانێ و هه‌ر به‌ زمانی فه‌رمی (مه‌به‌ست له‌ زمانی عه‌ره‌بییه‌) قسه‌ ده‌كات. لێره‌وه‌ تێده‌گه‌ین كێشه‌ی زمان لای ئه‌م نووسه‌ره‌ كێشه‌یه‌كی به‌رده‌وامه‌، چونكه‌ قه‌ده‌غه‌كردنی زمانی دایك هیچی كه‌متر نییه‌ له‌ سڕینه‌وه‌ی بوونی ئینسان خۆی. واته‌ هه‌موو به‌رگریكردنێكی ئه‌م رۆماننووسه‌ له‌ زمان به‌رگریكردنه‌ له‌ بوون، لای حه‌لیمیش زمان ماڵی بوونه‌. 

بێده‌نگی و سنوور 

 یه‌كێك له‌ خه‌مه‌كانی مرۆڤی كورد خه‌می سنووره‌. ئه‌م خه‌مه‌، بۆته‌ هۆی ئه‌وه‌ی كه‌ ره‌نگدانه‌وه‌ی له‌ سه‌ر زۆر ئاستی بیركردنه‌وه‌ و هه‌تا نه‌ستی مرۆڤه‌كانی ئه‌م مه‌مله‌كه‌ته‌ داناوه‌. نووسه‌ران زۆرجار له‌ تێكسته‌كانیاندا ئه‌م خه‌مه‌ ره‌نگیداوه‌ته‌وه‌ و پاڵه‌وانی رۆمانه‌كان خه‌ونی ئه‌وه‌یان هه‌بووه‌ كه‌ سنووره‌ ده‌ستكرده‌كانی نێوان پارچه‌ لێكترازاوه‌كانی كوردستان نه‌هێڵن. زۆرجار ئه‌مه‌ ئه‌گه‌رچی له‌ واقیعدا نه‌توانراوه‌ په‌یڕه‌و بكرێت، به‌ڵام له‌ واقیعی ئه‌فرێنراوی نێو تێكسته‌كاندا ئه‌مه‌ كراوه‌ و ئه‌و سنوورانه‌ تێكشكێنراون.
فیگۆره‌كانی نێو رۆمانی « كاتێك ماسییه‌كان تینوو ده‌بن» له‌ مه‌مله‌كه‌تی خۆیاندا تووشی لاڵی هاتوون و سه‌رجه‌م مه‌مله‌كه‌ت توانی قسه‌كردنیان ده‌ستداوه‌، له‌ مه‌مله‌كه‌تی له‌و چه‌شنه‌شدا زمان هیچ وه‌زیفه‌یه‌كی نامێنێت و ده‌مرێت و بێده‌نگی حوكم ده‌گرێته‌ ده‌ست. به‌ڵام په‌رجووی تێكسته‌كه‌ی حه‌لیم له‌وه‌دایه‌،‌ كه‌ ئه‌م بێده‌نگی لاڵبوونه‌ پانتاییه‌كی دیاریكراوی داگیركردووه‌ و كاتێك فیگۆرێك له‌و پانتاییه‌ بێته‌ ده‌ره‌وه‌ و ئه‌و سنووره‌ ببه‌زێنێت زمانی ده‌كرێته‌وه‌. ره‌نگه‌ حه‌لیم له‌ رێی ئه‌م فه‌زا سیمبولییه‌وه‌ بیه‌وێت دوو مه‌به‌ست بگه‌یه‌نێت كه‌ یه‌كه‌میان ره‌نگه‌ بیه‌وێت ئه‌وه‌مان پێبڵێت كه‌ له‌و به‌شه‌ی رۆژئاوای كوردستان به‌هۆی ئه‌وه‌ی زمانی دایك، كه‌ كوردییه‌ قه‌ده‌غه‌یه‌ له‌ به‌كارهێنان و نووسیندا، ئه‌مه‌ وه‌كو جۆرێك له‌ لاڵبوونی مرۆڤی كوردی ئه‌و به‌شه‌ی كوردستان وه‌هایه‌ كه‌ ناتوانن به‌ زمانی خۆیان بئاخڤن. پێده‌چێت مه‌به‌ستی دووه‌م له‌مه‌ گه‌وره‌تر بێت و نووسه‌ر مه‌به‌ستی لاڵبوونی تاكی كوردی بێت له‌ وێنه‌یه‌كی گه‌وره‌تردا كه‌ به‌ درێژایی زیاتر له‌و 2700 ساڵه‌ی كه‌ ساڵنامه‌ی كوردی بوونی هه‌یه‌، به‌ڵام نه‌یتوانیوه‌ گوزارشت له‌ دۆخی خۆی بكات و بوونی خۆی وه‌كو بوونێكی ئه‌كتیڤ له‌نێو بوونی جیهانیدا بسه‌لمێنێت و زمانێكی نه‌بووه‌ گوزارشت له‌ بوونی خۆی بكات.
به‌ده‌ر له‌وه‌ی له‌سه‌ره‌وه‌ خرایه‌ڕوو سنوور زۆر نه‌هامه‌تی بۆ فیگۆره‌كانی نێو ئه‌م رۆمانه‌ پێیه‌، یه‌كێك له‌وانه‌ كوشتنی ئینسانه‌ كه‌ له‌ سه‌ر سنوور زۆر سانا مرۆڤ ده‌كوژرێت و كه‌سیش خۆی به‌ خاوه‌ن ناگرێت. سه‌ربازانی ئه‌مدیو كوشتنه‌ ده‌ده‌نه‌ پاڵ سه‌ربازانی ئه‌و دوو و ئه‌وانه‌ی ئه‌ودیویش به‌هه‌مان شێوه‌. كوشتنی باوكی ماسی به‌ به‌هانه‌ی ئه‌وه‌ی سنووری به‌زاندووه‌، یه‌كێكه‌ له‌ حیكایه‌ مه‌رگباره‌كانی سنوور، كه‌ له‌م رۆمانه‌دا ئاماژه‌ی پێدراوه‌. باوكی ماسی سیمبولی هه‌موو ئه‌و قوربانیانه‌یه‌ كه‌ ساڵانێكی زۆره‌ كورد له‌و سنووره‌ ده‌ستكردانه‌دا ده‌یدات. كوشتنی باوكی ماسی ته‌نها كوشتێكی ئاسایی نییه‌، به‌ڵكو هێمایه‌ بۆ كوشتنی مرۆڤی كورد كه‌ هه‌موو بیركردنه‌وه‌یه‌كی مرۆڤی كورد له‌و سنوورانه‌ مردنێكه‌، یان جۆرێكه‌ له‌ كوشتن.  ‌ 
یه‌كێكی دیكه‌ له‌و شتانه‌ی كه‌ له‌م رۆمانه‌دا ئاماژه‌ی بۆ كراوه‌ ئه‌وه‌یه‌ كه‌ هه‌رچه‌ند ئه‌م سنووره‌ ده‌ستكرد و به‌زۆر سه‌پێنراوانه‌ مه‌ودایه‌كی زۆریان خستۆته‌ نێوان كوردان له‌م چوار پارچه‌ لێكدابڕێنراوه‌ی كوردستان، به‌ڵام یه‌كێك له‌ فیگۆره‌كان ئه‌وه‌ ده‌خاته‌ڕوو كه‌ «رۆژێك دێت ئه‌و سنوورانه‌ نامێنن، رۆژێك دادێ..». ده‌مه‌وێت لێره‌دا ئاماژه‌ بۆ ئه‌وه‌ بكه‌م ئه‌م رسته‌یه‌ چه‌نده‌ ساده‌یه‌، به‌ڵام خه‌ونێكی گه‌وره‌ی له‌ پشت خۆیه‌وه‌ حه‌شارداوه‌ ئه‌ویش خه‌ونی سڕینه‌وه‌ی سنووره‌. بۆیه‌ ده‌كرێت له‌ كۆتایی ئه‌م به‌شه‌دا بڵێین ئه‌م رۆمانه‌ رۆمانی سڕینه‌وه‌ی سنووره‌ ده‌ستكرده‌كانه‌ و هه‌وڵدانه‌ بۆ بینینی خه‌ونێكی گه‌وره‌،‌ كه‌ خه‌ونی نه‌مانی ئه‌و سنووره‌ ده‌ستكردانه‌یه‌،‌ كه‌ ساڵانێكی زۆره‌ مرۆڤی كورد ئازار ده‌دات و رۆحی مرۆڤی كوردی ده‌كوژێت. 
 
به‌ر له‌كۆتایی
تا مرۆڤ ده‌سه‌ڵاتی زیاتری به‌ سه‌ر زماندا بشكێت، باشتر و ورده‌كارانه‌ تر ده‌توانێ بیر بكاته‌وه‌، تا وردتر بیر بكاته‌وه‌ ئاسانتر ده‌توانێت گوزارشت له‌ خۆی  و بیروبۆچوونه‌كانی بكات. مرۆڤی قسه‌كه‌ر مرۆڤێكی به‌ده‌سه‌ڵاته‌ و ده‌توانێ له‌ رێی زمانه‌وه‌ گوزارشت له‌ ده‌سه‌ڵات و هێزی خۆی بكات. حه‌لیم یوسف له‌م رۆمانه‌دا ده‌یه‌وێت ئه‌و ده‌سه‌ڵاته‌ بۆ مرۆڤ بگێڕێته‌وه‌ و ئه‌وه‌ش بخاته‌ڕوو ئه‌گه‌رچی به‌شێك له‌و ده‌سه‌ڵاته‌ به‌هێز داگیر بكرێت، به‌ڵام ده‌توانرێت له‌ڕێی گێڕانه‌وه‌وه‌ ئه‌و ده‌سه‌ڵاته‌ بۆ مرۆڤ ده‌گێڕدرێته‌وه‌. هه‌وڵه‌كه‌ی حه‌لیم پیشاندانی دۆخی قه‌ده‌غه‌كردنی قسه‌كردن و لاڵبوونه‌. به‌ڵام هه‌وڵدانه‌ بۆ تێپه‌ڕاندنی ئه‌و دۆخه‌ و شكاندنی ئه‌و تابۆیانه‌ دروست كراون له‌ڕێی زماندا.
كاتێك ماسییه‌كان تینوو ده‌بن، ده‌یسه‌لمێنێت ئه‌گه‌ر مرۆڤ زمانیشی لێ قه‌ده‌غه‌بكرێت و لاڵبكرێت، ئه‌وا ناتوانرێت هزری لێ داگیر بكرێت. ئه‌م رۆمانه‌ هه‌وڵدانه‌ بۆ تێكشكاندنی بێده‌نگی و ره‌تكردنه‌وه‌ی فاشییه‌تی زمان و گه‌ڕانه‌وه‌یه‌ بۆ لای زمانی دایك و شۆڕشكردنه‌ بۆ گه‌یشتنه‌وه‌ به‌ زمانی دایك كه‌ تا كاتی نووسینی ئه‌م ڕۆمانه‌ش له‌ ڕۆژئاوای كوردستان زمانی دایك قه‌ده‌غه‌ی له‌ سه‌ر بووه‌.
‌به‌ده‌ر له‌ هه‌موو ئه‌وانه‌ی له‌م نووسینه‌دا خرانه‌ڕوو ئه‌م رۆمانه‌ رۆمانی «ئه‌ڤین و بێده‌نگی»یشه‌. ئه‌مه‌ بێجگه‌ له‌وه‌ی رۆمانی ململانێی نێوان مرۆڤ و سروشته‌. رۆمانی پیشاندانی شۆڕشه‌ به‌ هه‌موو لایه‌نه‌كانییه‌وه‌ نه‌ك لایه‌نێكی ماكیاژكراوی شۆڕش. به‌ڵام من له‌م نووسینه‌دا ته‌نها ویستم قسه‌ له‌ سه‌ر ئه‌و لایه‌نانه‌ی سه‌ره‌وه‌ بكه‌م.


سه‌رچاوه‌كان:

*كاترین میڵز، فه‌لسه‌فه‌ی ئاگامبێن، وه‌رگێڕانی: پێشڕه‌و محه‌مه‌د، سلێمانی 2015.
*چارلز چدویك، سمبولیسم، ترجمه‌ی مهدی سحابی، نشر مركز، چاپ أول 1375 تهران.
*حه‌لیم یوسف، كاتێك ماسییه‌كان تینوو ده‌بن-رۆمان، وه‌رگێڕانی: سه‌لاحه‌دین بایه‌زیدی، له‌ بڵاوكراوه‌كانی ناوه‌ندی ڕۆشنبیری و هونه‌ریی ئه‌ندێشه‌ 2015.
*زاهیر رۆژبه‌یانی، كاروباری گێڕانه‌وه‌، له‌ بڵاوكراوه‌كانی ده‌زگای چاپ و بڵاوكردنه‌وه‌ی ئاراس، هه‌ولێر 2011.

ژێدەر:
کوردستانی نوێ، ژمارە ٧٣٢١، ٢٣-٠٧-٢٠١٧