۱۳۹۵/۱۱/۱۲

ئاسلی ئەردۆغان، کچە ئاگرینەکە



ڕۆژنامەی Le Temps
لە فەرەنسییەوە: سەلاحەدین بایەزیدی

 
ئاسلی ئەردۆغانی نووسەر کە لە مانگی ئابەوە، لە چوارچێوەی هەڵمەتی گرتنی ڕۆشنبیران لە تورکیا، خرابووە گرتووخانەوە، ڕۆژی ٢٩ی دێسەمبەری ٢٠١٦ بە شێوەیەکی کاتی ڕزگار کرا. ئەو وتار و گۆشانەی بە نرخی گرتنی تەواو بوون، بە زمانی فەرەنسیش چاپ و بڵاو بوونەتەوە.
لە وێنەکاندا، ڕووخساری تەڕە. ڕۆژی ٢٩ی دێسەمبەری ڕابردوو، لە ئەستەنبوڵ باران بەخوڕ دەباری. بەڵام ئاسلی ئەردۆغان لە ژێر با و بووراندا تیشک داوێ. ئەم ژنەنووسەرە پاش ١٣٦ ڕۆژ مانەوە لە گرتووخانەی ژنانی باکرکۆی، لە گرتووخانە دێتە دەر. ئازادییەکی کاتی لە ژێر چاودێریی دادوەر و ڕێگەنەدان بە دەرکەوتنی لە خاکی تورکیا. ئەو هێشتاش مەترسیی زیندانی هەتاهەتایی لە سەرە. ئاسلی ئەردۆغان، نووسەری چوار ڕۆمان، کە لە فەرەنسا لە لایەن وەشانخانەی "ئاکت سوود"وە چاپ کراون و لە زۆر وڵاتان وەرگێڕدراون، هەر لە دەسپێکی نەوەدەکانەوە گۆشەنووسی ڕۆژنامە جۆراوجۆرەکانی پایتەختە. بە مژارێکی نەگۆڕ: لاڕێ نەبوون لەو باسانەی دەبنە مایەی تووڕەیی، بۆ نموونە پێشێلکردنی مافی مرۆڤی کەمینەکان.
ئەم ساڵانەی دوایی، بە شێوەیەکی ڕێکوپێک گۆشەوتاری بۆ ڕۆژنامەی لایەنگری کوردەکان ئوزگوور گویندەم (ڕۆژەڤی ئازاد) نووسیوە، وەک هەمیشە بە زمانێکی تا بڵێی ئەدەبی و تایبەت لەم نووسینانەدا هەموو شێوازەکانی توندوتیژی مەحکووم کردووە و ستایشی ئاشتی نێوان تورکەکان و کوردەکانی کردووە. ئەم دەقانە بوونە هۆی ئەوەی لە وڵاتەکەی، شەوی ١٦ لە سەر ١٧ی ئاب، بە تۆمەتی "پڕوپاگەندە بە قازانجی ڕێکخراوێکی تیرۆریست"، دیارە مەبەست لێی پەکەکە، پارتی کرێکارانی کوردستانە، هەروەها "ئەندامێتیی ڕێکخراوێکی تیرۆریستی" و "وروژاندنی بشێوی" قۆڵبەست کرا. ئەم دەقانە ئێستا بە فەرەنسی و لە ژێر سەردێڕی "چیتر بێدەنگیش هی تۆ نییە" (وەشانخانەی ئاکت سوود) چاپ و بڵاو بوونەتەوە.

پەلاماری پۆلیس 

ئەم گرتنە بەشێک بوو لە شەپۆلێکی گەورەی سەرکوت و پاکتاو کە لە ١٥ی ژوییەوە، واتە دوای کودەتا ناسەرکەوتووەکەی بەشێک لە سوپا دژ بە دەسەڵات، بەڕێوە برا: ١٧٠ دامودەزگای میدیایی قەدەغە کراون، ١٣٠ ڕۆژنامەنووس گیراون، ٢٩ وەشانخانە داخراون، هەروەها بە دەیان هەزار کەس نانبڕاو کراون یان لە سوپا، میدیای گشتی، پۆلیس، دەزگای هەواڵگری و دادوەریی دەرکراون. 
ئاسلی ئەردۆغان چەند سەعاتێک پاش داخرانی ڕۆژنامەی ئوزگوور گوویندەم قۆڵبەست کرا. هەشت ئەندامی تری دەستەی نووسەرانی ڕۆژنامەکە لە ژێر چاودێری دان. پێنجی تر بەر لەوەی پۆلیس هەڵبکوتێتە سەریان، ڕایان کرد بۆ هەندەران. چوار کەسیش هاوکات لەگەڵ ئاسلی ئەردۆغان خرانە گرتووخانەوە. وەک نەجمیە ئالپای، زمانناس و تەمەن ٧١ ساڵ. ئەویش ٢٩ی دێسەمبەر بە شێوەیەکی کاتی سەربەست کرا. پڕۆسەی دادگایی کردنەکەیان ٢ی ژانوییە دەستی پێ کردەوە. دانیشتنی داهاتوو ڕۆژی ١٤ی مارس دەبێ.

پڕۆسەیەکی دوور و درێژ 

تەیموور محێدین، بەرپرسی بەشی "وێژەی تورکی" لە وەشانخانەی ئاکت سوود، پێی وایە مایەی گەشبینییە کاتێک ڕادەگەیەنرێ پڕۆسەکە زۆر دەخایەنێ. ئەمەش سەرەڕای جموجوڵی بەرفراوان و خورت لە ئەوروپا، لە فەرەنسا بە گشتی و لە سویسرا بە تایبەتی بە هەڵمەتی "بخوێنەوە بۆ ئەوەی ئازاد بێ" کە لە لایەن کۆمەڵەی نووسەرانی بەشی فەرەنسی زمانی سویسرا، ماڵی "ئێکلۆز" بە هاوبەشی ڕێکخراوی لێبوردنی نێونەتەوەیی، لە نێوان ١ بۆ ٢٤ی دێسەمبەر، لە ژمارەیەکی زۆر لە کتێبفرۆشییەکان بەڕێوە برا و خەڵک بانگهێشت کران بۆ خوێندنەوەی دەقەکانی ئاسلی ئەردۆغان لە بەردەم جەماوەر. چالاکییەک کە هەموو ڕۆژانی پێنجشەممە لە سەعات ٦ەوە دەستی پێ دەکرد. تەیموور محێدین دەڵێ: "مرۆڤ دەبێ سی ساڵ بگەڕێتەوە دواوە تاکوو شاهیدی وەها هاوپشتییەک بۆ هونەرمەندێکی تورک بێ. من دەخاتەوە بیر چالاکییەکانی ڕزگارکردنی یەڵماز گونەی، دەرهێنەری فیلمی "ڕێگە" لە ساڵانی هەشتاکاندا."

بارهەڵگرە عەسکەرییەکە 

ساڵانی هەشتاکان لە تورکیا… ئەم ساڵانە وا بە ئاسانی تێ نەپەڕین. ئاسلی ئەردۆغان و نووسەرانی هاووەچەی کە کۆتایی ساڵانی شەستەکان و سەرەتای ساڵانی هەفتاکان چاویان بە ژیان هەڵێناوە، مناڵانی وەچەیەکی ونن، ئەم ڕۆشنبیر، نووسەر، مامۆستا و تێکۆشەرە چەپانە دوابەدوای کودەتای ١٢ی سێپتەمبەری ١٩٨٠ لەناو بران. باوکی ئاسلی ئەردۆغان، یەکێک لە بەرپرسە باڵاکانی سەندیکای خوێندکاران، وەک نزیکەی ٦٠٠٠٠٠ کەسی تر، ڕووبەڕووی ئەشکەنجە بۆوە. بیرەوەریی بارهەڵگری تەژی سەرباز کە خێرا دابەزین بۆ ئەوەی باوکی بگرن، لە پێش چاوی دایکە چاو بە گریانەکەی، لە کاتێکدا کە تەنیا چوار ساڵی تەمەن بوو، وەک پۆلوویەکی گەشاوە لە قووڵایی زاکیرەی ئاسلی ئەردۆغاندا ماوەتەوە. ئەشکەنجە، بوونەوەرەکان دەشکێنێ، هەروەها ژن و مێرد و بنەماڵەکانیش لێک دەکا. باوک توندوتیژی دژ بە خۆی و دژ بە بنەماڵەکەی وەرسووڕاند.
نووسەر خۆی گشت ئەمانەم لە قاوەخانەیەکی قەرەباڵغی ئەستەنبوڵ لە ساڵی ٢٠٠٩دا بۆ دەدرکێنێ. ئەو خەریکی نووسینی "بینای بەردین" بوو، کە ساڵی ٢٠١٣ چاپ و بڵاو بوویەوە، دەقێکی ئەفسووناوی، ئاوازی ژانی کەسایەتییەکی ژن کە مانەوەی لە گرتووخانە دێنێتەوە بیر و بە زمانێک نووسراوە کە دەتوانێ هەموو جۆرە غەم و کەسەرێکی لە وەسف نەهاتوو دەرببڕێ. ئاسلی ئەردۆغان پێی گوتین لە دۆخێکی نزیک بە پەیوەندیی لەگەڵ ڕۆح نووسیونی. ئێمەش هەستمان بەوە کرد چونکە لە چاوەکانیدا بریسکەی ساردی ئەم مۆتەکانە هەروا بەدی دەکران. ئەودەم، هێشتاکە ڕێگەی نەکەوتبووە گرتووخانە.

وێڵ و سەرگەردان لە ژنێڤ 

ئاسلی ئەردۆغان بەر لەوەی دەست بە نووسین بکا، فیزیازان بووە. یەکێک بووە لە ئەندامانی تیمێکی لاوی توێژەر کە بە تایبەت دەستچن کرابوو بۆ بۆزۆن هیگز و سێرن (ڕێکخراوی ئەوروپی بۆ توێژینەوەی ناووکی). دوو ساڵ لە ژنێڤ ژیاوە. لە تەمەنی ٢٤ ساڵیدا ڕووی کردووەتە ئەم شارە و پێی وا بووە تا کۆتایی شەو لەگەڵ خوێندکارە ئۆگرە دکتۆراکانی وەک خۆی دادەنیشن و مشتومڕ دەکەن. کەچی خەیاڵەکانی بێ ڕەحمانە تێک شکاون. یەکێک لە ژنانی دەگمەنی دەستەکە بووە، دەبوایە دەستەویەخەی خوو و خدەی پیاوانە، ململانێیەکی دژوار و تەنیایی ببێتەوە. بۆ ئەوەی خۆ ڕابگرێ، پاش کاری ڕۆژانەی، لە ماڵی خۆی بە درێژایی شەو نووسیویەتی. بەرهەمی ئەم شەونخوونییە "لالەنگی پەڕجووئاسا"یە، وێڵگەردییەکانی ژنێکی گەنجی نابینا لە نێو کۆڵانەکانی ژنێڤ، پڕ لە بیرەوەریی بەسەرهاتی خۆشەویستی نێوان "هارڤ" و "رۆن". نووسراوەیەکی دەسپێک بەڵام لەیاد نەچوو چونکە لێبڕاوبوونێکی ئاگرینی لە پشتە، بڕیاری ڕۆیشتن بۆ شوێنێکی ئازاربەخش.
ئاسلی ئەردۆغان لە گەڕانەوەیدا بۆ ئەستەنبول، لە زانکۆ دەبێتە یاریدەدەر. لەگەڵ "سۆکوونا" پەنابەرێکی ئەفریقی ئاشنا دەبێ. ئەم جووتە بوێرە ڕوو لە هەر شوێنێک دەکەن ڕووبەڕووی ڕەگەزپەرستی دەبنەوە. ئاسلی خەریکی لێکۆڵینەوە لە سەر هەلومەرجەکانی ژیانی گەلێک دەبێ کە ئەوکات بە شێوەیەکی بەرفراوان لە لایەن میدیاوە پشتگوێ خراوە. لەمبارەوە وتار و گۆشە بۆ گەلەک ڕۆژنامە دەنووسێ. پاشان خۆشەویستی تێکەڵ بە دۆسیەیەکی ماددە هۆشبەرەکان دەبێ. ئاسلی دەتوانێ وڵات جێ بهێڵێ: لە زانکۆی "ریۆ" هەوڵی تەواوکردنی دکتۆراکەی دەدا بەڵام سۆکوونا ناتوانی دوای بکەوێ. ئەو بۆ هەمیشە ون دەبێ بێ ئەوەی شوێنەوارێک لە دوای خۆی جێ بهێڵێ.

ژیانی گەرمێن

 ریۆ، دەبێتە هۆی لەدایکبوونی ڕۆمانێک بە ناوی "شاری عەبا سوور" کە ئاسلی ئەردۆغان لە ئاستی نێونەتەوەییدا دەناسێنێ. لەو گەورەشارەی بەرازیلدا ئاسلی بڕیار دەدا واز لە پیشە ئەکادیمییەکەی بێنێ و خۆی بۆ نووسین تەرخان بکا. بەڵام ڕۆمانەکە درەنگتر دێ، پاش ئەوەی دەگەڕێتەوە بۆ ئەستەنبوڵ، پاش تێپەڕبوونی ئەم دوو ساڵە خنکێنەر و تەنیاییە. "دەتگوت جۆرێک پێکگەیشتنە لە نێوان ئەو توندوتیژییەی بە مناڵی چێشتم، ئەوەی دایک و باوکم ژیان و ئەوەی لە ریۆ بینیم".
لەو کاتەوە ژیانی بە نووسین تێدەپەڕێنێ، فرەتر لە هەندەران و کەمتر لە تورکیا. ژیانێکی مەنفا جا بەرەو هەر کوێی بەرێ. "تەنیا لە نێو وشەکاندا هەست دەکەم لە ماڵی خۆمم." کتێبی "تەنانەت بێدەنگیش هی تۆ نییە"، پوختەیەکە لە ستایل و پابەندیی وی: گەڕانەوە لە ڕێگەی وشەکانەوە. شاعیرئاساش، ژیاندن و ژیاندنەوەی ئازارەکانی قوربانییەکان، بۆ ئەوەی دەستیان بۆ ڕادێرێ، لەو دیوی ترس و خۆفەوە. 

۱۳۹۵/۱۱/۱۱

کڕنۆشی ڕنوو





سەلاحەدین بایەزیدی 


شاخی پشت کووڕ شەرم دایگرت
ویستی کڕنۆشت بۆ بەرێ
پێی وابوو وەک لەشی وشکت 

گەر دابێتەوە ناشکێ.

۱۳۹۵/۱۱/۰۸

چیرۆکێکی پڕ فراز و نشێو


پاتریس فرانچێسکی
لە فەرەنسییەوە: سەلاحەدین بایەزیدی

"کە مەترسیی ڕوویان تێ کردین، ئیتر درەنگە بۆ ئەوەی ڕۆحمان ئامادە بکەین و بەرگەیان بگرین."
سێنێکا، دەربارەی ئاسوودەگی ڕۆح.

کوردەکان نەتەوەیەکی بێ بەختن. کە بەم ڕستەیە دەست پێ بکەین، دەتوانین بە چەند دێڕێک لە مێژووکەیان تێ بگەین. مێژوویەک کە بە دابەشکردنی کارتەکانی، خۆی لە یاریکەرێکی وەرەقی مۆنت هەڵخەڵەتێنەرتر نیشان داوە. لە سەردەمی مۆدێڕندا، ئەم مێژووە کوردەکانی بەسەر چوار دەوڵەتی جیاوازدا دابەش کردووە، لەبەردەم خۆبەڕێوەبردنیان بۆتە ئاستەنگ و ئەوانی خستۆتە ژێر چنگی بێگانە دەسپۆتەکانەوە. هەڵبەت "دەسپۆتیزمی ڕۆشنگەری" نا - کە دیارە زیاتر ڕۆشناییان بە خۆیان دەدا - بەڵکوو کۆنە دەسپۆتی سەردەمی زوو. سەددام حوسێن لە عێراق؟ ئاتیلایەک بە چەکی کیماوییەوە. حافز ئەسەد و بەشاری کوڕی لە سووریا؟ چەنگیزخانێک بە ئۆتۆمبێلی زرێپۆشەوە. ڕەزا پەهلەوی و پاشان خومەینی لە ئێران؟ ساتراپە یەک لەدوای یەکەکانی ڕۆژهەڵات. بەڕێوەبەرانی تورک؟ زاڵمە قەمچی‌وەشێنەکانی گوند.
چل میلیۆن کوردی ڕۆژهەڵاتی ناڤین بێجگە لەمانە کەسی تریان نەناسیوە. جا هەر وڵاتێک بێ، هەمان تاس و هەمان حەمام. ئەگەر وەک هەڵەبجەی ساڵی ١٩٨٨ گازیان دەرخوارد نەدابن، ئەوا بۆ شوێنی نەگونجاو دووریان خستوونەتەوە، شار و گوندەکانیان ڕاماڵیون، بگرە لێیان قەدەغە کردوون بە زمانی خۆیان بپەیڤن. لەوە بترازێ، چوار دەوڵەتی ئاماژەپێکراو بەردەوام کوردەکانی "خۆیان"یان بێ دوودڵی قۆرخ کردووە، وەک چەکێک بۆ ناسەقامگیریی جیرانەکانیان بەکاریان هێناون، ئەو جیرانانەی ئەگەر لە شەڕی ڕاگەیاندراودا نەبووبن، ململانێیەکی سەختیان پێکەوە هەبووە - بە ئێستاشەوە -. لە ڕابردوویەکی نزیکدا، کۆمەڵێک هاوپەیمانیی هاوبەش هاتوونەتە ئاراوە کە هێندەی کاریگەرییان، ئاڵۆز و شکێنەر بوون. بۆ نموونە، بە درێژایی ساڵانی جەنگی نێوان عێراق و ئێران لە ساڵانی هەشتاکاندا، خەباتگێڕە سەربەخۆخوازە کوردەکانی ئێران کە پەنایان بردبووە بەر عێراق، لەلایەن ئەو وڵاتەوە هان دەدران بەرەنگاری هێزەکانی ئێران ببنەوە، هاوکات ئێرانیش هەمان مامەڵەی لەگەڵ خەباتگێڕە سەربەخۆخوازەکانی کوردی عێراقی دەکرد کە پەڕیوەی خاکەکەی ببوون. دەرئەنجامی ئەم ئاڵۆزییە، هەتڵەبوونێکی دەگمەن بوو: کوردەکانی دوو وڵات لە جەنگدا خۆیان ڕووبەڕووی یەکتر بینییەوە. هەمان تراژیدیای پاشایەتی "ئووبوو". مرۆڤ دەتوانێ خەون بە چارەنووسێکی باشترەوە ببینێ. ئەمە شوێنەواری خۆی دەبێ.
هەرچی بێ، سەدەکانی ڕابوردوو هێندە دڵخۆشکەر نەبوون. پشکی هەمیشەیی کوردەکان؟ بازنەی - وەک وەرزەکان ڕێک‌وپێک - چەوسانەوە، ڕاپەڕین، سەرکوت. ئەم خەڵکانە بۆ ئەوەی لەناو نەچن، پەیتا پەیتا ناچار بوون بە دوای هاوپەیمانی بەهێزتر لە خۆیاندا وێڵ بن - ئەو هاوپەیمانانەی بە گۆڕینی دۆخی ژیۆپۆلتیک، بەردەوام پشتیان تێ کردوون و هەندێکجار لێیان وەرسووڕاونەتەوە بۆ ئەوەی توونایان بکەن. جێگەی سەرسووڕمانە کە کوردەکان ڕقێکی نەرمیان لە فارس، عوسمانی و عەڕەبەکانە کە بە درێژایی چەندین سەدە چەپۆکی بیزانسییانەیان لەسەر هەڵنەگرتوون.
سەرەڕای ئەمانەش، کوردەکان سێ جار پێیان وا بووە بەخت ڕووی تێ کردوون. یەکەمجار ساڵی ١٩٢٠. ئەو ساڵە، دواجار پەیمانی سێڤر، وەک پاداش بۆ پشتیوانیان لە هاوپەیمانان لە ماوەی جەنگی دژ بە ئیمپراتۆریای عوسمانی و ئاڵمانیا، دواجار دانی بە مافی دەوڵەتێکی سەربەخۆ بۆ ئەوان دانا. ئەم مافە هەرگیز پیادە نابێ. هەر ساڵی ١٩٢٣، لە پەیمانی لۆزان بێدەنگی لێ دەکرێ. ئەم خیانەتە هەمیشە لە زاکیرەی جەمعی کوردەکاندا ئامادەیە.
دوو کەڕەتەکەی تر، هەر کە دێن خۆیان ڕزگار بکەن، خەونەکانیان دەبنە بڵقی سەر ئاو. ئەمەش چیرۆکی دوو کۆماری کورتخایەنە. یەکەمیان ساڵی ١٩٢٧ لە ڕۆژهەڵاتی تورکیا لەدایک دەبێ و بە شێوەیەکی کاتی لەلایەن بریتانیاوە پشتیوانیی لێ دەکرێ. ئەم کۆمارە چوار ساڵ دواتر بە زەبری عەسکەریی ئەنقەرە، لە کاتێکدا گۆڕانکاریی بەسەر سیاسەتەکانی بریتانیا داهاتبوو، لەناو برا. کۆماریی دووهەم کە لەلایەن یەکێتیی سۆڤیەتەوە پشتیوانیی لێ دەکرا، لەوەی پێشوو کەم تەمەن تر بوو. کەمتر لە ساڵێکی خایاند و ساڵی ١٩٤٦، لە مەهاباد کە دەکەوێتە باکووری ڕۆژئاوای ئێرانەوە، ڕاگەیەنرا و سەرۆککۆمارەکەی، قازی محەممەد هەر لەو شارە لەلایەن هێزەکانی تارانەوە لەسێدارە درا.
لێ مێژووی "کۆماریی مەهاباد" دەبێتە یەکێک لە بناغەکانی ڕۆمانتیزمی شۆڕشگێڕیی کورد. دەبێتە نموونەیەکی سەمبۆلێک بۆ ئەوەی چیتر دەرفەتەکان لە کیس نەدرێن. ئەفسانەی مەهاباد شایانی چەند وشەیەکە. هەموو شتێک بە شانسێکی کت‌وپڕ دەست پێدەکا. دەسپێکی جەنگی جیهانیی دووەم، بریتانیا دەکەوێتە ئێرانەوە تاکوو ناوچە نەوتاوییەکانی باشووری وڵات داگیر بکا، ئەوە لە کاتێک دایە کە سۆڤییەت لە باکوور خۆی سەقامگیر کردووە. سەربازە ئێرانییەکان دەست لە خۆیان بەردەدەن، بشێوی هەموو شوێنێ دادەگرێ. لەم دۆخە ئاڵۆزەدا، کوردەکان لەناکاو خۆیان ئازاد دەبینن - بۆ یەکەمجار بێ ئەوەی بەدوایدا وێڵ بن. تەنزی مێژوو. ئەوان بۆ ئەم مەبەستە، چاوەڕوانی موعجیزە نابن. خاوەنی کۆمەڵێک سەرکردەی بەرچاو و حزبێکی ڕێکخراون، واتە کۆمەڵە [ی ژێ.کاف] کە دواتر دەبێتە حدکا، حزبی دیموکراتی کوردستانی ئێران، سکرتێری ئەم حزبە، قاسملوو، ساڵی ١٩٨٩ لە ڤیەننا لەلایەن دارودەستەی ڕژێمی ئیسلامیی تارانەوە تیرۆر دەکرێ.
هاوکات، ساڵی ١٩٤٣، کوردەکانی کۆمەڵە دەست بەسەر شاری مەهاباد و ناوچەکانی دەوروبەریدا دەگرن. بە پەلەپەل خۆیان ڕێک دەخەن - بێ ئەزموونێکی ئەوتۆ بەڵام شارەزایانە. وەک ئەوەی ئەمڕۆ لە سووریا ڕوو دەدا. هێزەکانی سۆڤییەت ورەیان بەرز دەکەنەوە و یارمەتییان دەدەن. وەک دواتر دەبینین دەبنە هاوپەیمانی هەل‌ومەرجەکە. دوو ساڵ دواتر، واتە ژانوییەی ١٩٤٦، کوردەکان بە گوێرەی پێویست متمانەیان بە چارەنووسی خۆیان و پشتیوانیی مۆسکۆ بۆ جاڕدانی سەربەخۆیی لەسەر خاکەکەیان و بەناوکردنی وەکوو کۆمار هەیە. مەهاباد بە پایتەخت ڕادەگەیەنرێ، قازی محەممەد دەبێتە سەرۆککۆمار. قازی محەممەد کەسایەتییەکی نێو ڕۆمانەکانە، کاریزماتیک، پتەو و لە خۆبردووە و ڕواڵەتی فریشتەی ڕزگاریبەخشی هەیە. ژەنەڕاڵە گشتییەکەی مستەفا بارزانیی ناوە: سەربازێکی چوارشانە، بە هەیبەت و هێمای خەباتگێڕێکی چیاکان لە ڕوانگەی شەڕکەرەکانییەوە، یان بە واتا ناسراو و ئەدەبییەکەی پێشمەرگەکان: "ئەوانەی وە پێش مەرگ دەکەون". بارزانی، بەهۆی ئەو مێژوویەی پێشتر هەیبوو، لە ناو خەباتە چەکدارییە ئەفسانەییەکان و ڕێپیوانیی مێژوویی هاوشیوەی مائۆ تسێ توونگ، بوو بە سیمای هەرە ناسراوی شۆڕشیی هاوچەرخی کورد. لە شاری مەهاباد، بەر لەوەی کۆمار بڕووخێ، ژنەکەی کوڕێکی بە ناوی مەسعوود هێنایە دونیا کە ئێستا سەرۆکی کوردستانی ئۆتۆنۆمی عێراقە.
خەونی سەربەخۆیی، سێ مانگ پاش لەدایکبوونی ئەم میراتگرە، ڕێک ٢٧ی نۆڤەمبری ١٩٤٦ دامرکا. ئەو ڕۆژە، دارودەستەی شای نوێی ئێران هەڵیانکوتایە سەر مەهاباد. سۆڤییەت کەوتبووە نێو هاوپەیمانییەتییەکی سەیری پێچەوانەوە. بە لەبەرچاوگرتنی کەڵک وەرگرتن لە نەوتی ئێران، ڕێگەی خۆیان هەڵبژاردبوو: زێڕی ڕەشی پاشاکەی تاران لەبری چیا وشک و برینگەکانی دیموکراتەکەی مەهاباد. خیانەتێکی دیکە.
جەنگ کورتخایەن و دژوارە. پێشمەرگەکان ناتوانن بە تەنیا بۆ ماوەیەکی زۆر خۆ ڕابگرن. مستەفا بارزانی لەگەڵ پاشماوەی هێزەکەی بەرەو عێراق شۆڕ دەبێتەوە، پاشان، هاوکات لەلایەن تورکەکان، ئێرانییەکان و عێراقییەکانەوە گەمارۆ دەدرێ، لەتەک باقیی پیاوەکانی کە کەمتر لە هەزار کەس دەبوون، پەنا دەبەنە بەر تاکە وڵاتێک کە بە جوامێرییەکی هەڵخەڵەتێنەرانە وەریاندەگرێ: یەکێتیی سۆڤییەت کە تازە پشتی بەرداون… قازی محەممەد پابەندە بە ئیماژەکەی و ئامادە نییە شار جێ بێڵێ. ئێرانییەکان قۆڵبەست و دادگایی دەکەن و دواتر لە مەیدانیی ناوەندی شاری مەهاباد لەسێدارەی دەدەن. جەستەی دوو ڕۆژ بە هەڵواسراوی دەمێنێتەوە تاکوو ببێتە وانەیەک بۆ خەڵکی تر.
ئەمڕۆکە، مەهاباد بۆتە شارێکی تووک لێکراو. زەمەن تێپەڕیوە بەڵام هیچ شتێک ئارام نەبۆتەوە. دەستی پۆڵایینی سوپای ئێران، سفت و سۆڵ هەروا لە بان سەری شارە. سەمبۆلی پێشووی سەربەخۆیی کورد، بە هۆی ئەو جەسارەتەی پێشتر نواندوویەتی، شارێکی چەوساوە، زوڵملێکراو و بێزراوە.
ئەو بیرۆکەیەی کە چارەنووسێکی هاوشێوە ڕۆژێک لە ڕۆژان کوردستانی سووریای ئازاد بگرێتەوە، موچوورک بە لەشی ئاوار تامیادا دێنێ.  

۱۳۹۵/۱۱/۰۳

وتوێژێک لەگەڵ ڕۆژنامەی کوردستانی نوێ


 (سه‌ڵاح بایه‌زیدی) یه‌كێكه‌ له‌ وه‌رگێره‌ ناسراو و دیاره‌كانی ئه‌م ساڵانه‌ی دوایی ناو دونیای وه‌رگێڕانی كوردی و خاوه‌نی چه‌ندین كتێبی وه‌رگێڕدراوه‌ له‌ زمانی فەرەنسییەوە بۆ كوردی، تایبه‌ت به‌ پرۆسه‌ی وه‌رگێڕان و تایبه‌تمه‌ندیه‌كانی ئه‌م دیداره‌مان له‌گه‌ڵ سازدا.

سازدانی: شاخەوان سەدیق
 
بارگاس یۆسا دەڵێت "وەرگێڕەکان شکست خواردووەکانی ناو دونیای ئەدەبن" واتە ئەوانەی نەیان توانیوە ببنە ئەدیبی باش ڕوویان کردۆتە وەرگێڕان و بونەتە وەرگێڕی باش، ئەم بۆچوونە بە بڕوای تۆ تا چەند ڕاستە؟ تۆ بۆ دەستتکرد بە وەرگێڕان؟

بە ڕای من وەرگێڕان تا ڕادەیەک کۆسپە لە بەر دەم ئەوەی ببیتە ئەدیبێکی باش، چونکە ئیتر ناتوانی وەکوو پێویست کات بۆ نووسینی خۆت تەرخان بکەی. لە نووسیندا تووشی وەسوەسەت دەکا، چونکە ئیدی بە هەر دەقێک ڕازی نابی. یان دەنا ڕێگر دەبێ لە بەردەم ئەوەی ستایلێکی نووسینی تایبەت بە خۆت بدۆزیتەوە. ئەگەر وەرگێڕان بوو بە خولیا، بەردەوام هەست دەکەی کاری وەرگێڕانت زۆرە و دەکرێ بیرۆکەکانی خۆت وە لاوە بنێی و دواتر کاریان لە سەر بکەی. هەتا لە وەرگێڕاندا پڕکارتر بی، لە نووسیندا تەوەزەلتر دەبی. ئەو کاتەی کە بۆ وەرگێڕانی تەرخان دەکرێ، ئەگەر بێت و بۆ دەقێکی خۆت تەرخان بکرێ، بێگومان چەندەش لە سەرەتادا لاواز بێ، بە پێی ئەزموون دەگۆڕدرێ و شتێکی پوختی لێ دەردەچێ. محەممەدی قازی و ئیبراهیمی یۆنسی لەو دوو وەرگێڕە پڕکارە بە ڕەچەڵەک کوردانەن کە خزمەتی ئەدەبیی فارسییان کردووە و سەلماندوویانە کە دەکرا ئەدیبی باش بن. محەممەدی قازی بە ڕۆمانی "زارا" و "بیرەوەرییەکانی وەرگێڕێک" و ئیبراهیم یۆنسیش بە چەند ڕۆمانێک وەک "دادا شیرین" و "نزا بۆ ئارمێن". لە لایەکی ترەوە، وەک چۆن کاری وەرگێڕان ڕەنگە زەبر لە نووسین و داهێنان بدا، ئەوەندەش ئەدیب بوون بۆی هەیە زیانی بۆ وەرگێڕان هەبێ. لەوانەیە ئەدیبێکی باش وەرگێڕێکی باش نەبێ. ستایل و سەلیقەی خۆی بە سەر دەقە وەرگێڕدراوەکەدا بسەپێنێ. بوودلێر شاعیر و نووسەرێکی بەناوبانگی فەرەنسییە، هاوکات لە ئینگلیزیشەوە کاری وەرگێڕانی کردووە، لەوانە "قەلەڕەش"ەکەی ئێدگار ئالێن پۆی کردۆتە فەرەنسی، بەڵام بە ڕای زۆربەی ڕەخنەگران وەرگێڕانێکی بوودلێریانەیە، ئەوەندەی لە دەقەکەدا بوودلیر دەبینرێ، ئێدگار ئالێن پۆ نابینرێ. لە کوردیشدا نموونەی وامان هەیە، وەرگێڕانی شیعرەکانی خەییام لە لایەن مامۆستا هەژارەوە، وەرگێڕانێکی هەژارانەیە. ئەوەندەی هەژار دەبینرێ خەییام نابینرێ.
سەبارەت بە بەشی دووەمی پرسیارەکەشت دەبێ بڵێم ئەو حەزە گەورەیەی بۆ خوێندنەوەی ڕۆمان و ئەدەبی جیهانی هەمبوو خولیای وەرگێڕانی لە مندا بەدی هێنا. یەکەم بەرهەمی چاپکراوم وەرگێڕانی کورتە چیرۆکێکی تەنز بوو لە زمانی فارسییەوە کە کاتی خۆی لە گۆڤاری "سروە"دا بڵاو بۆوە. دواتر بە شێوەی جۆراوجۆر درێژەم بە کاری وەرگێڕان دا و لە ماوەی پانزە ساڵی ڕابردوو، لە هیچ هەلومەرجێکدا وازم لێ نەهێناوە و لێی پاشگەز نەبوومەتەوە.

هەمیشە دەوترێت وەرگێڕان نووسینەوەی دەقێکی نوێیە لە لایەن کەسی وەرگێڕەوە، ئێوە چۆن لەمە دەڕوانن؟ پێتان وایە وەرگێڕان دەتوانێت ڕۆحی زیندووی تێکستەکان بگوازێتەوە؟  

وەرگێڕان نووسینەوەی دەقێکی نوێ نییە بەڵام هیچی لە نووسین کەمتر نییە، بۆیەش وەرگێڕ دەبێ لە هەمانکاتدا نووسەر بێ. بەڵام قەڵەمی وەرگێڕ وەک هی نووسەر قەڵەمێکی ئازاد و ڕەها نییە، کۆمەڵێک سنوور و چوارچێوەی دیاریکراوی هەیە. لێرەدا، وەرگێڕ دەتوانێ بەرگێکی نوێ بە باڵای دەقدا ببڕێ. بۆ نموونە ئەگەر ڕۆمانێکی وەرگێڕدراوت خوێندەوە و هەستت کرد کەسایەتییەکانی ناو ڕۆمانەکە جلی کوردیان لەبەر دایە یان فەزای گوند و شوێنێکی نیشتیمانی خۆت لە مێشکتدا وێنا بوو یان دەنا هەست بکەی کەسەکان بە کوردی قسە دەکەن، ئەوە بزانە ڕۆحی زیندووی تێکستەکە گوازراوەتەوە.

ئێستا لە کوردستان پڕۆسەی وەرگێڕان لە زمانی دووەم و سێیەمە دەکرێت، پێتان وایە ئەم جۆرە وەرگێڕانە، وەرگێڕانی زیندوو بێت، ئایا تا چەند دەقەکە جوانیی خۆی دەپارێزێت لەم جۆرە وەرگێڕانانەدا. 

 پەیوەندیی بەوەوە هەیە ئەو زمانە دووەم و سێیەمە کام زمانن. ئەگەر ئەم زمانە دووهەمە زمانێکی ئەوروپی بێت، بە ڕای من گۆڕانکارییەکی زۆر گەورە ڕوو نادا، زۆر بە دڵنیاییەوە دەتوانی پشت بە وەرگێڕانێکی ئینگلیزی ببەستی کە لە هەنگاری یان یۆنانییەوە کراوە، یان وەرگێڕانێکی فەرەنسی کە لە پورتوگالی و ئیسپانییەوە کراوە، چونکە گۆڕانکاریی بە سەر وشەکاندا نایە، ستروکتوری دەق ناگۆڕدرێ. هەڵبەت دیسان ئەگەر لە زمانی یەکەمەوە بێ باشترە، بەڵام هەندێک زمان هەن، لەوانەیە لە هەموو نەتەوەی کورددا یەک دوو ئەدیب ئاشنای نەبێ، بۆیە بە ناچاری لە زمانی دووەمەوە دەبێ وەربگێڕدرێن. ئەو پاشاگەردانییەی لەمەڕ وەرگێڕان لە لای خۆمان و جیرانەکانمان هەیە، لێرە نییە یان کێشەکان لەو ڕووەوە بە ڕادەیەک چارەسەر کراون کە ئیتر نابینی باسی لێوە بکرێ. بەڵام بۆ زمانی فارسی وا نییە کە سەرچاوەیەکی گرنگە بۆ وەرگێڕە کوردەکان. ناتوانی متمانە بە هەر وەرگێڕێکی فارس بکەیت. فەوزایەکی گەورە لە وەرگێڕانی فارسیدا هەیە. ئیتر وای لێ هاتووە هیچ سنوورێکی ئەخلاقی ناناسێ. من ڕۆمانێکی وەرگێڕدراوی فارسیم خوێندەوە وەرگێڕەکەی وشەی ''بەراز"ی لە نێو کتێبەکەدا کردبوو بە ئاژەڵ، ئاژەڵەکان. لە زۆر جێدا، پێش ئەوەی وەزارەتی ڕۆشنبیریی ئێران کارەکانیان سانسۆڕ بکا، بۆ خۆیان سانسۆڕی دەکەن بۆ ئەوەی بەرهەمە وەرگێڕدراوەکانیان بڵاو ببێتەوە. ئەمە تەنیا نموونەیەکی بچووکە لە سانسۆڕێک کە وەرگێڕ بە سەریدا سەپاوە یان دڵخوازانە کردوویەتی و زۆریش بێمانایە. ئیتر بمێنێتەوە ئەوەی دەقەکان دەفارسێندرێن، ئیدیۆم و دەستەواژەکان دەگۆڕدرێن. هەست دەکەم لە نێوان زمانی فارسی و عەڕەبیدا پتر دەتوانی پشت بە زمانی عەڕەبی ببەستی و ڕەنگە ئەگەر هەر ناچار بی وەرگێڕانێکی دەستی دوو و سێ بکەی، لە عەڕەبییەوە بێت کەموکوڕی کەمتر بێ.

ئەو بنەما سەرەکییانە چین کە دەبێت لە کەسی وەرگێڕدا هەبن، ئایا زانینی زمانێک بەتەنها دەتوانێ وا لە مرۆڤ بکات توانای وەرگێڕانی تێکستەکانی هەبێت، وەرگێڕان پیشەیە یان زانستە یان هونەرە؟  

وەرگێڕان لە کوردستان هێشتا نەبۆتە پیشە یان زانست و زیاتر هونەر یان خولیا و حەزێکی تاکەکەسییە. پیشە نییە چونکە دەتوانم بڵێم هەموو وەرگێڕێکی کورد لە پەراوێزی ژیانی ڕۆژانەدا کاری وەرگێڕان دەکا، بۆ بژیوی ژیان ناچارە پەنا بۆ کاری تر ببات و وەختی پشوو و حەسانەوەی بۆ وەرگێڕان دابنێ، وەرگێڕانی کوردی لە پەراوێز و بە ماندوویی دەکرێ و لەوانەیە ئەوەش بە نۆرەی خۆی کاریگەریی لە سەر کوالیتی وەرگێڕان هەبێ. نەبۆتە زانستیش چونکە کۆڕ و ناوەندی تایبەت بە وەرگێڕان دروست نەبوون و وەرگێڕی کورد بە هەوڵی خۆی، خۆی پێدەگەیەنێ و دەرچووی زانکۆ یان ناوەندێکی تایبەت بە وەرگێڕان نییە. دواتر بەرهەمی وەرگێڕدراویش، نە بە باش نە بە خراپ قسەی لەسەر ناکرێ و هەڵناسەنگێنرێ. 
سەبارەت بە وەرگێڕانێکی باش و سەرکەوتوویش، بە بۆچوونی من  زانین و شارەزابوون بەسەر زمانی دەسپێک و زمانی مەبەستدا مەرجە، بەڵام بە تەنیا بەس نییە. وەرگێڕ دەبێ لەو بوارەدا ئاگادار بێ کە کاری لە سەر دەکا. دیارە ئەمڕۆکە ئەنتەرنێت لەچاو ڕابردوو دەرفەتێکی زیاتری بۆ وەرگێڕەکان ڕەخساندووە و لە هەندێک ڕووەوە ئاسانکاری بۆ کردوون. بۆ نموونە وەرگێڕێک زۆر بە سانایی دەتوانێ سەبارەت بە فەرهەنگ و نەریتی ناوچەیەک  یان سەبارەت بە ناو، شوێن، کەسەکان و زۆر شتی تر زانیاری بەدەست بێنێ. هەڵبەت ئەمە لە پێشخستنی توانا و دەسەڵاتی وەرگێڕدا بەو شێوەیە دەور نابینێ و تەنیا دەتوانێ کێشە تەکنیکییەکانی چارەسەر بکا.

وەرگێڕان دەتوانێت چ ڕۆڵێک لە بەرەوپێشەوەبردنی کتێبخانەی کوردیدا بگێڕێت؟ بۆ هەوڵ نەدراوە وەرگێڕانی پێچەوانە بکەن، واتە بەرهەمە کوردییەکان وەربگێڕنە سەر زمانە بیانییەکان، پێتان وا نییە لە ئێستادا ئەوە پێداویستییەکی گەورەیە؟

 وەرگێڕان ڕەفە بەتاڵەکانی کتێبخانەی کوردی دادەگرێ و ڕەفەی نوێی پێوە زیاد دەکا، نەتەوەیەک چەندەش خاوەنی کتێب و نووسەر بێ، دیسان پێویستی بە وەرگێڕانە. خاڵی سەرنج ڕاکێش ئەوەیە ئەو نەتەوانەی خاوەنی زۆرترین کتێب و دەوڵەمەندترین زمانن، زیاتر لەوانی دیکە گرنگی بە وەرگێڕان دەدەن و لەو بوارەوە چالاکترن. کتێبی وەرگێڕدراویان لە هی نووسراو پترە. وەرگێڕان، دەتوانێ بە هانای کتێبخانەی کوردییەوە بێ، دەوڵەمەندی بکا و ڕەنگ و بۆی پێ ببەخشێ. دەتوانێ لە داهێنان و نوێگەریدا ڕۆڵێکی بەرچاو بگێڕێ.
لە وەرگێڕانی پێچەوانەدا، بە پێچەوانەی وەرگێڕان بە زمانی کوردی هەوڵ و خولیای وەرگێڕ بە تەنیا بەس نییە، هەندێک فاکتەری دیکە دێنە گۆڕێ: هەڵبژاردنی دەق، دۆزینەوەی وەشانخانە، تیڕاژ و ڕێژەی خوێنەران. زۆر شت کە ڕەنگە لە وەرگێڕانی دەقێکدا بە کوردی بیری لێ نەکرێتەوە. ئەوەی ڕاستی بێ من خۆم تاقیم نەکردۆتەوە تا بزانم کەند و کۆسپەکانی بەردەمی چین.

ئەو دۆخەی ئێستا وەرگێڕانی پیادا تێپەڕ دەبێت لە هەرێمی کوردستان چۆن دەبینن، پێتان وایە زۆر و بۆریی لە وەرگێڕاندا هەیە، کێ بەرپرسیارە لەو دۆخە و چی بکرێت بۆ باشتربوونی؟ 

 وەرگێڕان هەتا زۆر بێ باشترە، ئەوەی لە کوردستان دەکرێ، زۆر نییە، هێشتا بە سەدان شاکاری کلاسیک هەن بۆ سەر زمانی کوردی وەرنەگێڕدراون، ڕەنگە بۆ خۆمان پێمان وابێ زۆرە چونکە درەنگ دەستمان پێ کردووە. بەڵام بۆربوون لە وەرگێڕاندا بەدی دەکرێ، پاشاگەردانییەک هەیە و بە پلەی یەکەم دەزگاکانی چاپ و پەخش لێی بەرپرسیارن. ئەو دەزگایانە دەبێ هەموو وەرگێڕانێک بڵاو نەکەنەوە و لیژنەیەک بۆ هەڵسەنگاندنی ئەو کتێبانە پێک بێنن کە بە نیازن بڵاویان بکەنەوە و لە بڕیارداندا هەستیارتر بن. بە تایبەت گرنگی بە زمانی کوردی بدەن کە یەکێکە لە کێشە سەرەکییەکانی وەرگێڕانی کوردی.

بە کاتی نیشتیمان

 
وێنە: سەلاح عیلمی زادە

سەلاحەدین بایەزیدی 

بە کاتی ئەستێرەکانی ئێرە دەخەوم
بە کاتی خۆرەتاوی ئێرە هەڵدەستم
نیگام،
بە کاتی بەژن و باڵای ئێرە دەترووکێ
میلی سەعاتەکەی دەستم،
بە گوێرەی زەمەنی ئێرە خول دەخوا
بەڵام دڵم

دڵم بەڵام
هەر بە کاتی کوردستان لێ دەدا.‌‌

۱۳۹۵/۱۱/۰۱

...


سەلاحەدین بایەزیدی

لە بەردەم ئاوێنەی شیعرم
شانە دەکەی

زوڵفی پەشێو.
لە پێش چاوم
رستەکان ڕیزی وشە نین
تاڵەمووی
نیان و خاون.

۱۳۹۵/۱۰/۲۶

پێ بکەنە



 کەماڵ بورکای
لە تورکییەوە: سەلاحەدین بایەزیدی

 
دە پێ بکەنە، بڵا هەورەکان بڕەون
کارکەرەکان باش کار بکەن، پێ بکەنە
دەنا من چۆن بڕوێمەوە
بەشکم فیلمێک بێتە نێو شار
لە نووسینەکاندا ببێتە لێڕەوار
سەقا دەگۆڕدرێ، دەبێتە دەریای سپی، پێ بکەنە.

قامیشم هەبوون من، خودان چۆم بووم
زیخ و چەوم هەبوو
بەڵام تۆ شتێکی تری، لێم تێ دەگەی
وای دابنێ برسیم، لە دایکم تۆراوم
شار هەمووی لێم تۆراوە
پشیلەیەک چییە نیمە، لێم تێدەگەی

سەقا دەگۆڕدرێ، دەبێتە دەریای سپی، پێ بکەنە.


ژنەگۆرانیبێژی تورک سەزەن ئاکسوو ئەم شیعرەی کردۆتە گۆرانی. لێرەوە گوێ لە گۆرانییەکە بگرە.  
شیعرەکە بە دەنگی شاعیر

۱۳۹۵/۱۰/۱۶

نا بۆ مردن…


ئاگۆتا کریستۆف

لە فەرەنسییەوە: سەلاحەدین بایەزیدی

نا بۆ مردن
جارێ نا
زوویە چەقۆ
زوویە ژار، زوویە زوو
خۆمم خۆش دەوێ هێشتاش
دەستەکانمم خۆش دەوێ کە جگەرە دەکێشن
کە دەنووسن
کە جگەرە دەگرن
قەڵەم دەگرن
پەرداخ دەگرن.
دەستەکانمم خۆش دەوێ کە دەلەرزن
کە هێشتاش خەریکی خاوێن کردنەوەن
کە دەبزوێن
نینۆکەکان ئێستاش دەڕوێن
دەستەکانم
چاویلکەکەم لە جێی خۆی دادەنێنەوە
تا بنووسم. 



- ئەم شیعرە لە ژمارە (٢٤١)ی گۆڤاری ڕامان-دا بڵاو بۆتەوە.