۱۳۹۵/۱۲/۰۸

باکووری کوردستان و ئەزموونی ئەفریقای باشوور


ئەسا مووسا، پارێزەری پێشووی نیلسۆن ماندێڵا و دۆستی گەلی کورد سەر لە بەیانی یەکشەممە (٢٢ی فێوریە) لە تەمەنی ٨١ ساڵیدا ماڵئاوایی لە ژیان کرد.
زستانی ساڵی ٢٠۱۳ لە شاری ژنێڤ وتوێژێکم لەگەڵ ناوبراو ئەنجام دا، ئەمەی خوارەوە دەقی وتوێژەکەیە:


ئەسا مووسا، پارێزەری نیلسۆن ماندێلا لە سەردەمی ئاپارتاید، لە ماوەی مانەوەی لە سویسرا تا بڵێی سەرقاڵ بوو و بەردەوام بەشداری کۆڕ و کۆبوونەوەکانی کوردان دەبوو، بەڵام سەرباری ئەمەش پێداگر بووم لەسەر ئەوەی دەرفەتێک بۆ وتوێژ لەگەڵ سایتەکەمان (NNSROJ) برەخسێنێ. تا دواجار بە هەوڵی کاک پشکۆ شەمسی لە ژنێڤ چاوم پێی کەوت، سەعات چواری پاش نیوەڕۆ بۆ چاوپێکەوتن دیاری کرا، بەڵام من بە هۆی کارێکی تایبەت و چەند جار قەتار گۆڕینەوە، دوو سەعات درەنگتر گەیشتم. لە قاوەخانەیەکی سادە لە نزیک وێستگەی شەمەندەفەری ژنێڤ چاوم پێی کەوت و بە هۆی ئەوەی بەرنامەیەکی تایبەتیان هەبوو، نیو سەعات زیاتر نەمانتوانی دابنیشین. لە کۆتاییدا هەستم کرد گەلێک پرسیارم ماون، هەر وەک چۆن هەستم دەکرد ئەسا مووساش هێشتا قسەی دڵی خۆی نەکردووە، بۆیە لە مەودای نێوان قاوەخانە و وێستگەی شەمەندەفەر زوو زوو دەیگوت لە بیرم چوو بڵێم بانگەواز دەکەم کورد، فارس، تورک و عەرەب بە شێوەیەکی ئاشتیانە دابنیشن و هەموو لایەک هەست بە بەرپرسیارێتی بکەن... ئەمانە و زۆر قسەی دیکە کە نەدەکرا لەو چەند هەنگاوەدا بێنە زمان. کاتێ ویستم ماڵئاوایی لێ بکەم، بە کوردی گوتی «رۆژ باش»، هەرچەند نیشانەیەک لە ڕۆژ نەمابۆوە، بەڵام منیش بە هەمان شێوە وەڵامم دایەوە و بە پەلە ڕامکرد بۆ ئەوەی شەمەندەفەری ژنێڤ بەرەو شارەکەمان جێم نەهێڵێ.

سازدانی دیمانە: سەلاحەدین بایەزیدی
وەرگێڕانی لە ئینگلیزییەوە: عارف سەلیمی


پاش تێپەڕبوونی زیاتر لە مانگ و نیوێک، بۆ جاری دووهەم پەرلەمانتارەکانی بەدەپە، ٢٣ی مانگی فێورییە چاویان بە عەبدوڵڵا ئۆجەلان کەوت، ئۆجەلان لەو چاوپێکەوتنەدا باسی «هەنگاوێکی مێژوویی و قۆناغێکی هەستیار»ی کردووە، ئێوەش لەو کەسانەن کە هەر لە سەرەتاوە سەبارەت بەم پێڤاژۆیە هەندێک گەشبین بوون، ئاخۆ ئەو گەشبینیە هەر بەردەوامە؟

ئەسا مووسا: لەوانەیە پێویست بێ تۆزێک بگەڕێمەوە دواوە و پرێسپێکتیڤێک نیشان بدەم، بەم شێوەیە دەتوانم بڵیم کە بۆچێ من گەشبینم. ساڵی 2009 لە تورکیا بووم. ئەو کاتە هەڵبژاردنی شارەوانییەکان لە ئارا دابوو، ئەودەم زۆربەی پارتە سیاسییەکان سەرقاڵی کەمپەینەکانی هەڵبژاردن بۆ بەدەست هێنانی شارەوانییەکان بوون. من لە نزیکەوە کەمپەینەکانی هەڵبژاردنم دەشۆپاند و دەمبینی کە گشت پارتەکان لەبارەی دۆزینەوەی ڕێگەچارەیەکی سیاسی بۆ پرسی کورد لە تورکیا دەدوێن. تەنانەت کاتێ لەگەڵ خەڵک بە کورد و تورکەوە قسەم دەکرد هەردوولا لەسەر ئەو بڕوایە بوون کە ئیتر کاتی ئەوە هاتووە ڕێگەچارەیەکی سیاسی بۆ کێشەی کورد بدۆزرێتەوە و شەڕی نێوان عەسکەری تورکیا و گەریلای پەکەکە ئیتر کۆتایی بێت و[چەکەکانیان دانێن] و کار لەسەر چارەسەرێکی ئاشتیانە بۆ کێشەی کورد بکەن. تەنانەت ڕۆژنامەکانیش لەو کاتەدا سەبارەت بە دۆزینەوەی ڕێگەچارەیەکی ئاشتیانە بۆ کێشەی کورد پرسیاریان دەورووژاند و هاوکات بەشە گرینگەکانی کۆمەڵگەش وەک بازرگانەکان و ئاکادیمیستەکان و ڕۆژنامەنووسانیش تێکڕا لەبارەی دۆزینەوەی ڕێگەچارەیەکی سیاسیەوە قسەیان دەکرد. تەنانەت هەر لەو سەردەمەدا سەرۆک وەزیر ئەردۆغان گوتی کێشەی کورد کێشەی منە و دەبێ هەوڵ بدەم ڕێگەچارەیەک بۆ ئەو کێشەیە بدۆزمەوە.

پێتان وایە دوابەدوای هەڵبژاردنەکانیش ئەو کەشوهەوایە هەر بەردەوام بوو؟

پاش هەڵبژاردنەکان من تورکیام بەجێ هێشتبوو و تازە گەیشتبوومەوە وڵاتەکەی خۆم ئەفریقای باشوور کە ژمارەیەکی زۆر لە چالاکانی کورد بە گشتی و سیاسەتمەدارە ناودارەکان بە تایبەتی قۆڵبەست کران و خرانە زیندانەوە. ئەمە لە کاتی هەڵبژاردنە لۆکاڵییەکانی ساڵی 2009دا بوو. ساڵێ 2011 من دیسان سەردانی تورکیام کردەوە و لەو کاتەدا هەڵبژاردنەکانی پەرلەمان لە ڕۆژەڤدا بوو. دیسان لەو کاتەدا ئاگاداری کەمپەینەکانی هەڵبژاردن بووم و دووبارە دەمبینی کە تەواوی پارتە سیاسییەکان جارێکی تر باس لە دۆزینەوەی ڕێگەچارەیەکی سیاسی بۆ پرسی کورد دەکەن. تەنانەت ڕۆژنامەکانیش زۆربەیان ئەو پرسیارەیان دەورووژاند کە گەلۆ کاتی چارەسەریی کێشەی کورد نەهاتووە؟ بگرە خەڵکی سەر شەقامیش بە گشتی گەشبین بوون و پێیان وابوو کە پاش هەڵبژاردنەکان پەرلەمان[ی داهاتوو] دۆزینەوەی ڕێگەچارەیەکی ئاشتیانە بۆ کێشەی کورد دەخاتە ڕۆژەڤەوە. بەڵام ئەمجارەش هەر یەکجێ دوای هەڵبژاردنەکان، ئەوان کێشەی کوردیان لە بیر کرد و شەڕی نێوان سوپای تورکیا و پەکەکە سەری هەڵدایەوە. هەر لەو کاتەدا دەرکەوت کە پێشتر دەزگای ئاسایشیی نەتەوەیی تورکیا و پەکەکە لە ئۆسڵۆ وتووێژیان هەبووە. ئەمجارەش خەڵک دیسانەوە نائۆمێد بوون و گوتیان کە ئەم قۆناخەش هیچی لێ شین نابێ. چالاکانی کورد و زۆربەی هەرە زۆری خەڵکیش بە نیسبەت ئەو پڕۆسەوە تەواو بێ هیوا بوون. هاوکات لە لایەکی ترەوە [لە ناوچەکەدا] گەرمەی سەرهەڵدانە عەرەبییەکان لە باکووری ئەفریقا و سووریا بوو کە بە بڕوای من هیوایەکی نوێی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و باکووری ئەفریقا خوڵقاند. هیوا بەوەی خەڵک لە دژی دیکتاتۆرەکان ڕاپەڕیون و دێموکراسی دەگاتە ئەم وڵاتانەش. بەداخەوە ئەوەی ڕوویدا ئەوە بوو کە بینیمان هەندێ فاکتەری دەرەکیی دیاریکراو تێوەگلان و ئەجێندای سیاسیی ئەوان بەسەر ویستی دێموکراسیخوازانەی خەڵکەکەدا زاڵ بوو.

ئەمە ئەو شتە بوو کە لە سووریا ڕوویدا….

بەڵێ. هەڵبەت مەبەستم بە گشتی ڕووداوەکانی میسر و لیبیا و وڵاتانی دیکە بوو. دواتر هەلومەرجێکی هاوشێوە بۆ کوردەکان لە سووریا هاتە ئاراوە. ئەوانیش پەیوەستی سەرهەڵدانەکان لە دژی ڕژێمی بەشار ئەسەد بوون. خەڵکی ناوخۆی وڵات داوای ئەنجامدانی چاکسازییان دەکرد. بەڵام دیسان لێرەش وەک بینیمان فاکتەرە دەرەکییەکان بە ئەجێندای تایبەت بە خۆیانەوە هاتنە ناو مەسەلەکەوە. بە گشتی بە هۆی ڕووداوەکانی باکووری ئەفریقا و ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و بە تایبەت سووریا، هاوکێشە سیاسییەکان لە ناوچەکە گۆڕانیان بەسەردا هات. بە بڕوای من ئێستاکە کوردەکان لە هەر یەک لەو وڵاتانەی بەسەریاندا دابەش کراون ڕۆڵێکی گرینگ دەلەیزن. ئەوان لە سووریا و تورکیا و ئێران و عێراق کەمینەن. بەڵام ئەم خەڵکە کەمینەیە ڕۆڵێکی تەواو گرینگییان لەو ڕووداوانەی لەو وڵاتانە دێنە ئاراوە، هەیە و دەبێ.

بەڵام ئاخۆ هەست بەوە ناکرێ کە وڵاتانی ناوچەکە و بە تایبەت تورکیا هەموو هەوڵێک دەدەن بۆ ئەوەی لە بەردەم ڕۆڵی کوردەکان لەو گۆڕانکارییانەدا ببنە کۆسپ؟

 تورکیا دەیهەوێ لە [گۆڕانکارییە سیاسییەکانی] ئەو وڵاتانەدا ڕۆڵی هەبێ. بەڵام لێرەدا گرفتێکی گەورە هەیە. گرفتەکە ئەوەیە کە کێشەی نێوان حکومەت و کوردەکان لە ناوخۆی تورکیا هێشتا چارەسەر نەکراوە و ئەم گرفتە دەتوانێ ببێتە بەربەستێک لەبەردەم ڕۆڵ گێڕانی تورکیا لە دەرەوە، بۆ نموونە لە سووریا. بە هۆی ئەوەی سووریاش خۆی کەمینەی کوردی هەیە کە ڕۆڵێکی گرینگییش دەگێڕێن لە بەرامبەر هەر چەشنە فاکتەرەکی دەرەکیدا، و لە لایەکی تریشەوە تورکیا کە لەگەڵ کوردەکانی ناوخۆی وڵاتەکەی لە شەڕ دایە، ناتوانێ پەیوەندییەکی دۆستانەی لەگەڵ کوردەکانی سووریا هەبێ و یارمەتیی گۆڕانکارییەکانی ناو سووریا بدات. ناکرێ لەگەڵ کوردەکانی خۆت شەڕ بکەی و هاوکات بتهەوێ پەیوەندیی دۆستانەت لەگەڵ کوردەکانی سووریا هەبێت. من پێموایە لەبەر ئەو گەشەسەندنانەی لەوێ لە ئارادان، ئێستاکە ئیتر تورکیا تێگەیشتووە کە پێویستی بە ئاشتی لە ناو ماڵەکەی خۆی هەیە. چونکە دەیەوێ ڕۆڵی گرینگ و ستراتژیکی لە سووریا و شوێنەکانی دیکە هەبێ.
هەروەها سەبارەت بەو ڕووداوانەش کە لە عێراق ڕوودەدەن، وەک دەبینین هەندێ ناکۆکی لە نێوان بەغدا و هەولێر هاتۆتە ئاراوە. ئێستاکە کوردەکانی عێراق دەیانەوێ، لە تورکیا نزیک ببنەوە و پەیوەندیی بازرگانیان لەگەڵ ئەو وڵاتە هەبێت. تورکیاش هەروەتر دەیەوێ پەیوەندیی بازرگانی لەگەڵ کوردەکانی عێراق هەبێت هەروەها تەنیا بە هاوکاریی ئەوانیش دەتوانێ پەیوەندییەکانی لە سەرانسەری عێراق پەرە پێ بدات. چونکە بۆ نموونە بۆرییە نەوتییەکان لە عێراقەوە بۆ تورکیا لە ناوچە کوردییەکانەوە تێپەڕ دەبن. بۆیە من پێموایە کە ئەوان [کاربەدەستانی تورکیا] تێگەیشتوون لەوەی کە ئەگەر بیانەوێ هەر چەشنە ڕۆڵێکیان لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست هەبێت و بۆ نموونە هەندێ دەسپێشخەری بۆ قەیرانی سووریا ئامادە بکەن، دەبێ سەرەتا لە ناو ماڵێ خۆیاندا ئاشتیی بچەسپێنن. کەواتە دەبێ سەر لەنوێ دەست بە دانوستان لەگەڵ کوردەکان و نەخاسمە لەگەڵ عەبدوڵڵا ئۆجالان بکەنەوە. هەروەها ئەوان[تورکیا] دەزانن کە عەبدوڵڵا ئۆجالان کلیلی ئاشتی لە تورکیا و لە ڕاستیدا لە سووریاش و [تا ڕادەیەکی زۆر] لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستیشە. من پێموایە لەبەر ئەم شتانەیە کە ئێستاکە لەگەڵ ئۆجالان دەستیان بە گفتوگۆ کردووە. ئێستا لە ناوخۆی تورکیا دەبینین کە میدیاکان زۆر بە کراوەیی باسی پڕۆسەی ئاشتی لەگەڵ کوردەکان دەکەن. تەنانەت بازرگان و خاوەنکارەکان و هەموو چین و توێژەکان باسی ئاشتیی نێوان کورد و تورک دەکەن.

لەچاو قۆناخەکانی ساڵانی پێشوو و بە تایبەت 2009 بەدواوە، جیاوازی ئەم قۆناغە لە چیدا دەبینی؟
من لەو باوەڕەدام کە قۆناخی ئێستاکە بە هۆی ئەوەی کە ڕەوشی ناوچەکە گۆڕاوە، لەچاو دوو قۆناخی پێشووی 2009 و 2011 زیاتر جێگەی گەشبینییە. چونکە ئەو فاکتەرانەی ڕێگر بوون لە بەردەم چارەسەریی سیاسی، ئێستاکە ئیتر گۆڕاون. پێموایە گفتوگۆکانی ئەمجارە جیاوازن لە گفتوگۆگانی ڕابردوو. بۆ نموونە بەدەپەش، وەک باڵی یاسایی بزووتنەوەی کوردەکان، بەشداری پێکراوە و تورکیا دەستی بە گفتوگۆ لەگەڵ بەدەپە بۆ دۆزینەوەی ڕێگەچارەیەکی سیاسی بۆ کێشەکە کردووە. هەروەها ڕێگەیان داوە کە نوێنەرانی بەدەپە لە زیندان لەگەڵ عەبدوڵڵا ئۆجەلان قسە بکەن. من، لەچاو جارانی پێشوو، زیاتر گەشبینم بەوەی کە ئەمجارە ڕێگەچارەیەکی سیاسی بۆ کێشەکە بدۆزرێتەوە و هەروەها گەشبینم بەوەی کە ڕەوشی زیندانی عەبدوڵڵا ئۆجەلان باشتر دەکرێ و دواتریش ئازاد دەبێ و بەشداری ڕەوتی ئاشتی دەبێت.

زۆر شڕۆڤەکاری سیاسیی کورد و تەنانەت تورکیش ئەم ڕووداوانە و ڕەوشی عەبدوڵڵا ئۆجەلان لەگەڵ ڕووداوەکانی پێشووی ئەفریقای باشوور و نیلسۆن ماندێلا پێک دەچوێنن، ئێوە وەها لێک نزیک بوونێک دەبینن؟ 

ئەگەر بمانەوێ بەراوردێک لە نێوان ئەم ڕووداوانە و ئەوەی پێشووتر لە ئەفریقای باشوور ڕوویدا بکەین، دەبینین کە نێلسۆن ماندێلاش کاتێ کە هێشتا لە زیندان بوو گفتوگۆکانی ئاشتی لەگەڵ حکومەت دەست پێکرد. ئەویش وەک عەبدوڵڵا ئۆجالان واقعێک بوو هەم بۆ دەسپێکردنی پڕۆسەکە و هەمیش بۆ درێژەپێدانی. هەروەها دوابەدوای دەستپێکردنی گفتوگۆکان لەگەڵ ماندێلا، دەزگای هەواڵگریی دەوڵەتیش لەگەڵ «ئەی ئێن سی» لە تاراوگە [رێکخراوی کۆنگرەی نیشتمانیی ئەفریقا] لە گەلێک باژێر و شار دەستی بە وتووێژ کرد و کۆمەڵێ دیدار لە نێوان ئەی ئێن سی و دەزگای هەواڵگریی ئەفریقای باشوور پێکهێنرا کە زۆر هاوشێوەی پڕۆسەی ئۆسڵۆ بووە. لە ناوخۆی وڵاتیش ئەی ئێن سی، ڕای خاوەنکاران [بێزنسمانەکان کە پشتگیریان دەکرد] و ژمارەیەکی زۆر لە ئاکادیمیسیەنەکانی وەردەگرت و لە ڕاستیدا ئەوان چوون لەگەڵ ئەی ئێن سی لە دەرەوەی وڵات دیداریان کرد و سەبارەت بە دۆزینەوەی ڕێگەچارەیەکی سیاسی بۆ کێشەکە و هەڵوێستی خەڵک لەبارەیەوە قسەیان کرد. بەتایبەت هەڵوێستی خەڵک لەوبارەیەوە گرینگ بوو. چونکە [تا ئەو کاتە بەردەوام] دەگوترا کە ئەی ئێن سی ڕێکخراوێکی تیرۆریستییە، ماندێلا تیرۆریستە، وەک چۆن حکومەتی تورکیا دەڵێ عەبدوڵڵا ئۆجالان تیرۆریستە و پەکەکە ڕێکخراوێکی تیرۆریستییە. بەڵام بە پێێ یاسای نێودەوڵەتی ماندێلا شەڕوانێکی ئازادی و ئەی ئێن سی بزووتنەوەیەکی ئازدیخواز بوو. هەروەک چۆن بە پێی یاسای نێودەوڵەتی عەبدوڵڵا ئۆجالانیش شەڕوانێکی ئازادی و پەکەکە بزاوێکی ئازادیخوازە. هەروەها لە ئەفریقای باشوور دوای ماوەیەک، ماندێلا گوازرایەوە بۆ حەپسی ناوماڵ، ئەو هێشتا زیندانی بوو بەڵام لە ناو ماڵێکدا. ئەو هەموو شتێک و هەموو ڕۆژنامەکانی پێ دەدرا. واتە لە چوارچێوەی ماڵەکەدا ئازاد بوو…

ئەو حەپسی ناو ماڵەی نیلسۆن ماندێلا چەندەی خایاند؟ 

ئەگەر هەڵە نەبم ماوەی نزیکەی دوو ساڵی خایاند. دوایەش وتووێژەکان دیسان دەستیان پێکردەوە. دواتر سەرۆککۆماری پێشووی ڕژێمی ئاپارتایدی ئەفریقای باشوور «بۆتا» کە ئامادەیی ئەوەی تێدا نەبوو بە تەواوەتی بچێتە ناو پڕۆسەکەوە جێگەی خۆی دا بە «دێ کلەرک » (حەوتەمین و دوایین سەرۆککۆماری ئەفریقای باشوور لە سەردەمی ئاپارتاید لە ساڵانی 1989 تا 1994). دێ کلەرک هەرچەندە زۆر کۆنسەرڤاتیڤ بوو و تەنانەت لە بۆتاش زیاتر، بەڵام خۆشبەختانە تێگەیشت کە هیچ ڕێگەیەکی نییە و ناکرێ قۆناخەکە بەرەو دواوە بگەڕێتەوە و تاکە ڕێگە ئەوەیە کە درێژە بە وتووێژ لەگەڵ ئەی ئێن سی و نێلسۆن ماندێلا بدات بۆ ئەوەی ڕێگەچارەیەکی ئاشتیانە بۆ کێشەی سەرەکیی ئافریقای باشوور ببینرێتەوە.

بەڵام لە لایەکی دیکەوە دەبینین ماوەی نزیکەی بیست ساڵە لە کۆلۆمبیا لە نێوان ڕێکخراوی فارک و دەوڵەت ناوە ناوە وتووێژ دەکرێ و تا ئێستا هیچی لێ شین نەبووەتەوە یان لە زۆربەی ئەو شوێنانەی لە نێوان حکومەت و نەیارانی چەکداردا وتوێژ هاتۆتە ئاراوە، پڕۆڤاکاسیۆنی جۆراوجۆر ڕوویان داوە، گەلۆ ئێوە لە ئەفریقای باشوور ڕووبەرووی ئاستەنگ و چەڵەمەیەک بۆ بە لاڕێ دابردنی پرۆسەکە دەبوونەوە؟

 بەڵێ. کاتێ کە وتووێژەکان دەستیان پێکرد، هاوکات کۆمەڵێ کێشە و گرفتیش هاتە ئاراوە. گرووپە کۆنسێرڤاتیڤەکان کە دژی وتووێژ بوون، بە ئاژاوە و کێشەنانەوە هەوڵیان دەدا پرۆسەکە لاڕێ بکەن. خەڵکێکی زۆر دەکوژران. ئەوان هەندێ کەسانیان هان دەدا بۆ ئەوەی لە چەند شارێک هێرش بکەنە سەر خەڵک. ئەوە بوو ماندێلا کە بینی هەندێ لایەنی ناو دەوڵەت هەوڵی سابۆتاژکردنی پرۆسەکە دەدەن، وتووێژەکانی ڕاگرت و بە «دێ کلەرک»ی گوت کە دەبێ سەرەتا ئەوە توندوتیژییانە لە دژی خەڵک کۆتایی پێ بهێنرێت. دێ کلەرک کەسێکی لە کۆمیسیۆنی دادوەری بۆ تاوتوێکردنی مەسەلەکە ڕاسپارد. ئەو کەسەش لە ڕاپۆرتێکدا کە ئامادەی کردبوو ئاماژەی بەوە کرد کە 23 ئەفسەری پلەبەرزی ناو سوپا لە پشت ئەو هێرشانەوەن و دەیانەوێ پڕۆسەی گفتوگۆکان لەبار ببەن. دێ کلەرک ئەو 23 ئەفسەرەی سوپای لەسەر کار لابرد. ئەوە بوو ئیتر ماندێلاش گەڕایەوە سەر مێزی گفوگۆکان. ئەمە بووە هۆی ئەوەی هەر دوو پارتی لایەنگری ئاپارتایدیش بە تەواوی پەیوەستی پڕۆسەکە بن. بە واتایەکی تر هێزەکانی لایەنگری ئاپارتاید و هێزە ئازادیخوازەکان هاتنە سەر ئەو قەناعەتەی کە پێویستە کێشەکە لە ڕێگەی سیاسییەوە و بە زووترین کات چارەسەر بکرێت. چونکە کەسانێک لە هەوڵی ئەوەدا بوون پرۆسەکە تێک بدەن. بەڵام پێش ئەوەی ئەو لایەنە سیاسییانە بێنە ناو پڕۆسەکەوە، هەندێ لایەنی سپی پێستی کۆنسەرڤاتیڤ، یەکێ لە ڕێبەرە هەرە کاریزماکانی کەی ئێن سی واتە «کریس هانی»یان تیرۆر کرد.(کریس هانی (1942-1993) سەرۆکی پارتی کۆمۆنیستی ئەفریقای باشوور و هاوکات سەرۆکی باڵی سەربازیی «کۆنگرەی نیشتمانیی ئەفریقا»، ئەی ئێن سی. کریس هانی لە دژبەرە هەرە سەرسەختەکانی ڕژێمی ئاپارتاید بوو کە لە 10ی ئەپڕیل/نیسانی 1993 لە بەردەم ماڵەکەی تیرۆر کرا.) ئەو لەو کەسانە بوو کە ئەگەر بمایە لەوانە بوو دوای ماندێلا ببێتە سەرۆککۆماری داهاتووی وڵات. بە هۆی تیرۆری ناوبراوەوە ترس و نیگەرانی بە نیسبەت بە ئاکام نەگەیشتنی پڕۆسەکەوە و ئەگەری سەرهەڵدانی شەڕێکی ناوخۆیی باڵی بەسەر وڵاتدا کێشا.

ئەو تیرۆە پاش دەسپێکردنەوەی وتووێژەکان بوو؟

بەڵێ. تیرۆری کریس هانی دوای ئەوەی وتووێژەکان جارێکی تر دەستیان پێ کردەوە ڕوویدا. ساڵی 1993 بوو.

ئەمە هەر ئەو کەسە بوو کە لە پاریس تیرۆر کرا؟

 نا. کریس هانی یەکێ لە سەرکردەکانی کەی ئێن سی بوو کە لە ناوخۆی وڵات تیرۆر کرا.

دوای ئەو تیرۆرە چ ڕووی دا؟

دواتر ماندێلا هاتە سەر تەلەفزیۆن و بە لایەنگرانی گوت کە دان بەخۆیاندا بگرن. چونکە بەهەر حاڵ سەرکردەیەکی کەی ئێن سی کوژرابوو و ئەمە کاریگەرییەکی زۆری لەسەر خەڵک دانابوو. خۆشبەختانە خەڵک بە دەنگ بانگەوازی ماندێلاوە هاتن و بەم شێوە مەترسیی شەڕی ناوخۆیی دوور کەوتەوە. دوای ئەوە درێژە بە وتووێژەکان درا وهەردوولا گەیشتن بە ڕێگەچارەیەکی سیاسی کە دوایی، دانانی دەستوورێکی دێمۆکراتیک و حکومەتێکی نیشتمانی لێ کەوتەوە و لە ئاکامدا لە هەڵبژاردنەکانی ساڵی 1994 ئەی ئێن سی دوو لە سێی دەنگەکانی بەدەست هێنا و دەسەڵاتی گرتە دەست. ئەوە یەکەم هەڵبژاردن لە ئەفریقای باشوور بوو کە خەڵکانی ڕەش و سپی پێکەوە تێیدا بەشدار دەبوون.

کەواتە ئەفریقای باشوور بۆ پووچەڵکردنەوەی ئەو پرۆڤاکاسیۆنانە هەوڵی داوە و وەک هەنگاوێک، ژمارەیەکی بەرچاو لەو ژەنەڕاڵانەی لەسەر کار لابردووە. بە ڕای ئێوە پێویست ناکا تورکیاش هەنگاوی لەو شێوەیە بهاوێ و هەوڵ بدا بۆ ئاشکراکردنی دەستەکانی پشت پەردە؟ بۆ نموونە لە دوای تیرۆری سەکینە جانسز و هاوڕێیانی لە پاریس، ئاخۆ پێویست نەبوو هەڵوێستێکی جوداتری نواندبا؟

دیارە تیرۆری ئەو سێ چالاکوانە کوردە لە پاریس، بە ماوەیەکی کورت دوای دەست پێکردنی گفتوگۆکان، نیشانی دەدات کە جارێکی تریش لایەنێک کە ئەگەری ئەوە هەیە سەر بە هێزە ئەمنییەکانی تورکیا بێت، دەیەوێ پڕۆسەکە لەبار ببات. ئێستا کەسێک لەسەر ئەو تیرۆرە قۆڵبەست کراوە و دەگوترێ کە پەیوەندییەکی توندوتۆڵی لەگەڵ هێزە ئەمنییەکانی تورکیا هەبووە. دیارە لێکۆڵینەوەکان لەمبارەیەوە بەردەوامە، بەڵام مەسەلەی سەرەکی دەرەنجامی ئەو لێکۆڵینەوانەیە و [دەرکەوتنی] ئەوەی کە کێ یان چ لایەنێک لە پشتی ئەم کوشتارەوەیە. ئێستاکە ئەوان کەسێکیان گرتووە کە پەیوەندی بەو ڕووداوەوە هەبووە. کەواتە ئاشکراکردنی ئەوەی کە کێ لە پشتی ئەو ڕووداوەیە نابێ کارێکی هێندە ئەستەم بێت. وەکوو دۆسیەیەکی دادوەری ئەوان ئەو کەسەیان دیتۆتەوە کە دەستی لە ڕووداوەکەدا هەبووە بەڵام هێشتا هیچ شتێک لەبارەی ئەوەی کێ پەرپرسیارە لە ناردنی ئەم کەسە بۆ کوشتنی ئەو چالاکوانە کوردانە لە پاریس، ئاشکرا نەکراوە. هەر لە ڕووداوێکی هاوشێوەی تیرۆری ئەو سێ ژنە کوردە چالاکوانە، لە ساڵی 1988یش بەرپرسی نووسینگەی نوێنەرایەتیی «ئەی ئێن سی» لە پاریس تیرۆر کرا. ئەویش کاتێ کە بە نیاز بوو بچێتە ناو ئۆفیسی ئەی ئێن سی لە لایەن کەس یان کەسانێکی نەناسراوەوە کوژرا. بەداخەوە کەس سەبارەت بەو کەیسە نەگیرا. هەرچەندە گومان لەسەر ئەندامێکی هێزە ئەمنییەکانی ڕژێمی ئاپارتاید هەبوو و ئەی ئێن سی ناوەکەشی دایە دەسەڵاتدارانی فەرەنسا، بەڵام نەگیرا و تا ئێستاش کەس نازانێ کە بۆچی دەسەڵاتی فەڕەنسی لێکۆڵینەوەی تەواوی لەوبارەوە نەکرد.

واتە ئەویش ژنە سیاستوانێکی ئەندامی کەی ئێن سی بوو؟

بەڵێ. بەرپرسێکی ژن بوو و ناوی «داولسی سێپتەمبر» بوو (داولسی ئێڤۆن سێپتەمبەر (1935-1988): ژنە چالاکوانی سیاسیی ئەفریقای باشوور و نوێنەری کۆنگرەی نیشتمانیی ئەفریقا، ئەی ئێن سی، لە فەرەنسا کە ڕێکەوتی 29ی مارس/ئاداری 1988 لە بەردەم ئۆفیسی نوێنەرایەتی ئەی ئێن سی لە پاریس تیرۆر کرا…تا ئێستا بکوژ یان بکوژەکانی داوڵسی سێپتەمبەر دیار نین). ئەویش بە شێوازێکی تەواو هاوشێوەی[ تیرۆری ئەم دواییەی پاریس] کوژرا. هەڵەبەت سەبارەت بە کەیسی ئەم سێ ژنە چالاکوانە کوردە وەک دەبینین کەسێک گیراوە، بەڵام تا ئێستا هیچ شتێک نازانرێ لەبارەی ئەوەی کە داخۆ لێکۆڵینەوەکانی دەوڵەتی تورکیا یان دەسەڵاتی فەڕەنسی دەریان خستووە کە کێ لە پشتی ناردنی ئەو کەسەوە بووە یان نا.

لەم ماوەیەدا هاوکات لەگەڵ دانوستاندکان هەندێ کۆنفڕانسیش لە وڵاتانی ئەوروپایی سەبارەت بە پرسی کورد لە تورکیا و بە تایبەت ئەم قۆناخەی ئێستا بەستراوە کە کۆنفڕانسی ئەم دواییەی «بێڕن» لە سویسرا دوایین نموونەیەتی کە ئێوەش بەشداریتان تێدا کرد . کۆنفڕانسەکەی بێرن لە ژێرناوی «رۆڵی وڵاتانی سەربەخۆ لە چارەسەری پرسی کورددا» بەڕێوە چوو. ڕات لەبارەی ئەوەی کە لایەنێک یان وڵاتێکی دیکەش بچێتە ناو وتووێژەکانەوە چییە؟ بە واتایەکی تر پێت باشە کە ئەم وتووێژانە دوو لایەنە بەڕێوە بچێت یان باشتر وایە وڵات یان لایەنێکی دیکەش وەک ناوبژیوان بەشدار بێت؟

دیارە ئەمە بۆ خودی پڕۆسەکە دەگەڕێتەوە. من پێموایە کە لە هەنگاوی یەکەمدا پێویستە هەردوولا پابەندیی خۆیان نیشان بدەن بەوەی کە دەیانەوێ کێشەکە بە ڕێگەی سیاسی چارەسەر بکەن. لە هەنگاوی دووەمدا پێویستە کەشێکی لەبار بێتە ئاراوە، واتە حکومەتی تورکیا کەشێکی لەبار بڕەخسێنێ بۆ ئەوەی بتوانن ڕێگەچارەیەکی سیاسی بۆ کێشەکە بدۆزنەوە. بۆ ئەمەش پێویستە هەر چەشنە قەدەغەی یاسایی لەسەر گشت ئەو ڕێکخراوانەی لە ڕابردوودا قەدەغە کراون، هەڵبگیرێت و بەم شێوە ئەوانیش دەتوانن لە پڕۆسەکەدا بەشدار بن. هەروەها پێویستە هەموو ئەو سەرکردانەی کە قەدەغەیان لەسەرە ئازاد بکرێن بۆ ئەوەی بەشداری بکەن.

وەک هەنگاوی سەرەتایی باس لەمانە دەکەی؟

بەڵێ. پێش ئەوەی گفتوگۆکان دەست پێ بکات. هەڵبەت دەتوانن لەبارەی ئەوەی کە ئەم هەنگاوانە چۆن بهاوێژرین، وتووێژ بکەن. بەڵام بە هەرحاڵ پێش ئەوەی گفتوگۆکان دەست پێ بکەن، پێویستە کەشێکی لەبار بۆ ئەو مەبەستە بخوڵقێنن. دواتر پێویستە گشت ئەو کەسانەی لە دەرەوەن ڕێگەیان پێ بدرێت بگەڕێنەوە وڵات. هەروەها دەبێ جێگەی ئەو کەسانەش کە لە باڵی سەربازیی بزوتنەوەکەدا جێیان گرتووە، دیاری بکرێت. دەبێ ئەو کەسانەش بخرێنە ناو پڕۆسەکەوە. حیساباتیک کە ئەم باڵەی لەبەرچاو نەگرتبێت ناگاتە چارەسەرییەکی ئاشتیانە. چونکە ئەوان وەک باڵی سەربازی دەتوانن درێژە بە چالاکییەکانیان بدەن. کەواتە دەبێ ئەوانیش پەلکێشی ناو پڕۆسەکە بکرێن و دەبێ قسە لەسەر ئەوەش بکرێت کە گەلۆ چارەنووسی ئەم خەڵکەی ناو باڵی سەربازی چی بەسەر دێت. چونکە هەندێکیان زۆربەی تەمەنی گەنجێتییان لە ناو باڵی سەربازیی بزووتنەوەکەدا بوون و هیچ شارەزاییەکی دیکەیان نییە. کەواتە دەبێ بەرنامە بۆ گەڕانەوەی ئەوانە بۆ ناو کۆمەڵگە دابنرێت. تۆ ناتوانی بەوان بڵێێ دەبێ وڵات بەجێ بهێڵن چونکە لەو حاڵەتەدا تۆ لە باتی ئەوەی کێشەکە چارەسەر بکەیت ئاڵۆزتری دەکەیت. لە ئەفریقای باشوور کێشەکە بەم شێوەیە چارەسەر کرا. واتە کەشێکی لەبار هاتە ئاراوە بۆ ئەوەی هەموو لایەنەکان لە پڕۆسەکەدا بەشداری بکەن، هەر بۆیە ئەو پڕۆسەیە زۆر سەرکەوتوو بوو. چونکە کەسانێکی زۆر دەیانویست بەشدار بن و بە تایبەت چاوەڕوانی ئەوە بوون داوایان لێ بکرێت بێنە ناو پڕۆسەکەوە و دوای ئەوەی ئەوانیش بەشدار بوون، قۆناخی کۆتایی دانوستانەکان دەستی پێکرد کە لە ئاکامدا داڕشتنی دەستوورێکی دێموکراتیکی لێ کەوتەوە. ئەو پڕۆسەیە دوو ساڵی خایاند و دواتر دەستوورێکی کاتی لە لایەن پارتەکانی ناو پەرلەمانەوە [پەرلەمانی سەردەمی ئاپارتاید] داڕێژرا و بە پێی ئەو دەستوورە کاتییە هەڵبژاردنی گشتی بەرێوە چوو کە بووە هۆی ئەوەی ئەی ئێن سی بێتە سەر دەسەڵات و دواتر لە هەڵبژاردنێکی دیکەدا ماندێلا وەک سەرۆککۆمار هەڵبژێردرا و دێ کلەرکیش بوو بە جێگری سەرۆککۆمار. حکومەتێکی هاوبەندیی نیشتمانی پێکهێنرا و هەردووکیان پێکەوە وڵاتیان بەڕێوە دەبرد تا ئەوەی کە ئەنجوومەنی داڕشتنی دەستووری هەمیشەیی ئاوا بوو و دەستووری هەمیشەیی لە پڕۆسەیەکی دێموکراتیکدا و لە لایەن ئەو ئەنجوومەنەوە کە نوێنەرانی هەموو لایەنەکانی لە خۆ گرتبوو ئامادە کرا. ئەوە بوو کە لە ساڵی 1996 دەستوورەکە ئامادە بوو.

ئەو حکومەتە یەکگرتووە چەند ساڵ بەردەوام بوو؟

نزیکەی سێ ساڵ.

باشە پارت یان لایەنێکی سێیەم هەبوو کە لەم ناوەدا ڕۆڵی ناوبژیوان بگێڕێت؟

بەڵێ. بۆ نموونە کاتێ ماندێلا وتووێژەکانی هەڵپەسارد، کۆمیتەیەکی ئاشتی بە مەبەستی لابردنی هەموو ئەو کۆسپانەی ببوونە هۆی ڕاوەستانی وتووێژەکان دامەزرا و پێموایە ئەو کۆمیتەی ئاشتییە لە هەر شوێنێک دژایەتیی پڕۆسەکە بکرایە هەوڵێ پووچەڵکردنەوەی دەدا و لە ڕاستیدا بە مەبەستی پووچەڵکردنەوەی ئەو دژایەتییانەی کە لە لایەن سوپاوە و یان لە لایەن ئەو هێزانەوە کە دەهاتنە ئاراوە، دامەزرابوو. هەڵبەت لە ڕاستیدا زۆربەی هەرە زۆری کێشەکان لە خودی پارتە سیاسییەکانەوە سەرچاوەی دەگرت، چونکە هەموویان لە هەوڵی ئەوەدا بوون کێشەکە بە زووترین کات و بەو جۆرەی کە خۆیان دەیانەوێ چارەسەر بکرێت.

چ لە مەسەلەی ئافریقای باشوور و چ لە زۆر مەسەلەی هاوشێوەی دیکەدا بە پێی نۆرمە نێونەتەوەییەکان ئەوانەی لە ژێر گوشاری حکومەتەکاندا درێژە بە خەبات دەدەن نابێ بە تەنیا بهێڵدرێنەوە و دەبێ پشتگیریان لێ بکرێ. بەڵام وەک دەزانن چەمکی «شەڕوانی ئازادی» بە تایبەت ئێستاکە چەمکێکی زۆر لێڵ و ئاڵۆزە و دەتوانین بڵێین کە ئاڵۆزیان کردووە. ئێوە تەمەنێکی دوور و درێژ لە پەیوەندیی بەم مەسەلەوە خەباتتان کردووە. بە پێی ئەزموونی خۆتان لەمبارەوە چی دەڵێن؟ بە تایبەت سەبارەت بە خەباتی کوردان چونکە وەک دەبینن هەژمارێکی زۆر کەم لە وڵاتانی دنیا پشتگیری ئەم خەباتە دەکەن.

لە ئەفریقای باشوور کاتێ کە لە ساڵانی دەیەی 1960 ئەی ئێن سی و پارتی کۆمۆنیست و «پی ئەی سی» و باقی بزووتنەوە ئازادیخوازەکان لە لایەن حکومەتی ئاپارتایدەوە قەدەخە کران، [ئەو پارتانە] چوونە دەرەوە و ژمارەیەکی زۆر لە سەرکردەکانیان گیران و خرانە زیندان. ئەو سەردەمە سەردەمێکی ئێجگار دژوار بوو بۆ ئەی ئێن سی. چونکە وڵاتانی ڕۆژئاوا وەکوو ڕێکخراوەیەکی تیرۆریستی دەیناساند و ماندێلاشیان پێ کەسێکی تیرۆریست بوو و لە لایەن کۆمەڵگەی نێوەدەوڵەتییەوە زۆر بە دەگمەن پشتگیری دەکرا. پێموایە دوای ئەوەی کە حکومەتی ئاپارتاید دەستی کرد بە سەرکوتکردنی خۆپیشاندانە یاسایی و هێمنانەکان، ئیتر وردە وردە مەسەلەکە گۆڕدرا و لە میانەی ئەو سەرکوتانەدا ژمارەیەکی بەرچاو لە خەڵک و هەژمارێکی زۆر منداڵیش کوژران. چونکە دەوڵەت بۆ نموونە گەرەکی بوو زمانی «ئەفریکانس» لە قوتابخانەکاندا بسەپێنێ و قوتابییەکانیش لە دژی ئەمە ڕادەوەستان و دەکەوتنە بەر پەلامار. گەشتیارەکان دەهاتن و دەیانبینی کە پۆلیس تەقە لە منداڵانی ناو قوتابخانە دەکات و ئەمەش هەرایەکی نێونەتەوەیی دروست دەکرد و دەگوترا کە ڕژێمی ئاپارتاید منداڵان دەکوژێت. ئەوە بوو دواتر سەرکردە ئاینییەکان لە [گۆشە و کەناری] جیهان دەنگی ناڕەزایەتییان هەڵبڕی و گوشاریان هێنا. هەروەها کۆڕ و ئەنجوومەنە نێونەتەوەییەکان دەستیان کرد بە گوشار خستنە سەر دەوڵەتان بۆ ئەوەی بە شێوەیەک پێش بەو کردەوانەی ڕژێمی ئاپارتایدی ئەفریقای باشوور بگرن. دواتریش ئەی ئێن سی کەوتەخۆ و هەوڵی دا ڕاستەخۆ لەگەڵ خەڵک لەو وڵاتانە قسە بکات، چونکە هیوایەک بە دەوڵەتەکان بە هۆی پەیوەندیی بازرگانیان لەگەڵ ڕژێمی ئاپارتاید نەمابوو. بۆ نموونە لە ساڵانی دەیەی 1980دا ڕۆناڵد ڕەیگان و مارگارێت تاچێر ڕژێمی ئاپارتایدیان ساپۆرت دەکرد. هەڵبەت نەک ئەوەی پشتگیریی سیاسەتەکانی ئاپارتاید بکەن. بەڵکوو زیاتر بەو مانایە کە پەیوەندیی بازرگانییان لەگەڵی هەبوو و دیارە ئەمەش واتە بایەخدان بەو ڕژێمە. لەو کاتەدا خەڵکی[ی سەر شەقام لە] وڵاتانی وەک ئەمریکا و بەریتانیا دەستیان کرد بە ناڕەزایەتی دەربڕین لە بەرامبەر ئاپارتاید] و بزاوێکی دژە ئاپارتایدیان دەست پێ کرد کە لە ئاکامدا ئەو دەوڵەتانەی ناچار کرد بە سیاستەکانیاندا بچنەوە. ئەوە بوو مارگارێت تاچێر و ڕۆناڵد ڕەیگان گوشاریان هێنا بۆ دەوڵەتی ئاپارتاید و گەمارۆیان خستە سەری تا لە ئاکامدا ئەو گوشارانە ڕژێمی ئاپارتایدی بەو قەناعەتە گەیاند کە ئیتر کاتی ئەوە هاتووە بۆ چارەسەرێکی ئاشتییانە بۆ کێشەکە بگەڕێت.
بەڵام سەبارەت بە کێشەی کورد لە تورکیا، ئەم مەسەلەیە زیاتر دەگەڕێتەوە بۆ پەرەسەندنەکانی ناوچەکە و پەیوەندیی بەوەوە هەیە چ ئاڵوگۆڕێک لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست ڕوو دەدات و ئەم فاکتەرانە چین کە گوشار دەهێنێتە سەر لایەنە سیاسییەکان بۆ ئەوەی بە دوای ڕێگەچارەیەکی سیاسیدا بگەڕێن.

وەک دەزانین چواردە ساڵ پێش ئۆجالان لە کێنیا گیرا. دەگوترێ کە لەوێوە بەنیاز بووە بێتە ئەفریقای باشوور. بە بڕوای ئێوە ئەگەر نەگیرابا و بگەیشتایەتە ئەفریقای باشوور چۆن دەبوو؟ چ ڕووی دەدا؟

بە دڵنیاییەوە پەنابەرێتیی سیاسی وەردەگرت. چونکە بە هەر حاڵ باشترین ڕێگە ئەوە بوو. لانیکەم لە بەرامبەر ئەو هێزانەی کە بە دوای لەناوبردن یان ڕفاندنی بۆ تورکیا بوون دەپارێزرا.

۱۳۹۵/۱۲/۰۱

نیکۆلا بووڤێی لە کوردستان

نیکۆلا بووڤێی، شاعیر، فۆتۆگرافەر، نووسەر و گەڕیدەی سوییسی سەفەرێکی دوور و درێژ و سەرنج راکێشی لە وڵاتانی رۆژهەڵاتی ئەوروپاوە دەست پێکردوە و لە ژاپۆن کۆتایی پێ هێناوە. دوو سێ سەفەرنامەیەکی نووسیوە کە یەکیان سەفەری وڵاتانی رۆژهەڵاتی ئەوروپا تا ئەفغانستان و هیند دەگرێتە خۆ و لە تەورێزەوە رێگەی بۆ شاری مەهابادی ڕۆژهەڵاتی کوردستانیش شۆڕ کردۆتەوە. حاڵ و هەوای ئەو کاتی مەهابادی (١٩٥٤) زۆر بە وردی نوسیوەتەوە. ئەو کتێبەی کە باسی گەشتەکەی بۆ مەهاباد دەکا، ناوی "رێوشوێنی دنیا"یە. بێجگە لەو سەفەرنامانە کۆمەڵێک وێنە، نامە و شیعری سەبارەت بە کورد هەیە کە لە بەرهەمەکانی تریدا چاپ کراون.

نیکۆلا بووڤیێ (١٩٩٨ - ١٩٢٩)
نیکۆلا بووڤیێ لە مەهاباد
کوردستان - ١٩٥٤
کوردستان ١٩٥٤
نەخشەڕێی نیکۆلا بووڤیێ

۱۳۹۵/۱۱/۲۸

ئاگۆتا کریستۆف، خوێندکاری ئەنیستیتۆی زمان و شارستانییەتی فەرەنسی


 ئاگۆتا کریستۆف، ژنەنووسەری بە ڕەچەڵەک هەنگاری یەکێکە لەو کەسایەتییە ناودارانەی لە ئەنیستیتۆی زمان و شارستانییەتی فەرەنسی (ILCF) خوێندوویانە. کە ئاگۆتا بە کچۆڵە تەمەن چەند مانگەکەی نێو باوەشییەوە هاتە نۆشاتێل، لە وڵاتەکەی ڕای کردبوو کە لە لایەن هێزەکانی سۆڤیەتەوە داگیر کرابوو. ئەوکات تەنانەت وشەیەکی فەرەنسی نەزانیوە. پاش دوو ساڵ خوێندن لە ئەنیستیتۆ، ئەودەم ناوی سیمیناری فەرەنسیی مۆدێڕن بۆ بێگانەکان بوو، نەک هەر توانی بە فەرەنسی بخوێنێتەوە، بەڵکوو پێشی نووسی. سەرەکیی ترین بەرهەمە نووسراوەکانی بە زمانی مۆلییەر ئافراندووە، بۆ نموونە  سێ ڕۆمانە ناسراوەکەی کە ئەویان لە ئاستی جیهانیدا بەناوبانگ کردووە، ئەو سێ ڕۆمانە بریتیین لە: دەفتەری گەورە (١٩٨٦)، بەڵگە (١٩٨٨) و سێهەم درۆ (١٩٩١). لە کتێبی نەخوێندەواردا کە ژیاننامەی خودی خۆیەتی، کریستۆف باس لە هاتنی بۆ ئەنیستیۆ و پەیوەندیی لەگەڵ زمانی فەرەنسیدا دەکات:
"لە تەمەنی بیست و شەش ساڵیدا، ناوی خۆمم بۆ کۆرسی هاوینەی زانکۆی نۆشاتێل تۆمار کرد، بۆ ئەوەی فێری خوێندنەوە بم. کۆرسی زمانی فەرەنسی بە مەبەستی ئامادەکردنی خوێندکارە بیانییەکان. لەوێ خوێندکاری ئەمریکی، ئاڵمانی، ژاپۆنی و سوییسی-ئاڵمانی بەدی دەکرێن. تاقیکردنەوە بۆ بەشداری لەو کۆرسە، بە شێوەی نووسینە. من زۆر خراپم، دەچمە پۆلی ناشارەزاکان.
پاش چەند وانەیەک، مامۆستا پێم دەڵێ:
- ئێوە زۆر باش بە فەرەنسی قسە دەکەن، بۆچی لە پۆلی سەرەتاییەکان دان؟
پێی دەڵێم:
- خوێندنەوە و نووسین نازانم. نەخوێندەوارم.
پێدەکەنێ:
- با بزانین چۆن دەبێ.
دوو ساڵ دواتر، بڕوانامەی خوێندنی فەرەنسی و بڕوانامەی ڕێزلێنان وەردەگرم.
(...)
دەزانم هیچکات زمانی فەرەنسی وەک ئەو نووسەرە فەرەنسییانە نانووسم کە بەو زمانە لەدایک دەبن، بەڵام بە پێی توانام دەنووسم، باشتر لەوەی لە توانام دایە.
من ئەم زمانەم هەڵنەبژاردوە. بە جۆرێک لە جۆرەکان، بە هەڵکەوت، بە گوێرەی هەلومەرج بەسەرمدا سەپا.
من ناچارم بە فەرەنسی بنووسم. ئەمە جۆرێک ململانێیە.
ململانێی نەخوێندەوارێک."

وەرگێڕانی ئەدەبیاتی نۆشاتێل لەلایەن خوێندکارانی ئەنیستیتۆوە

ئەو کچ و کوڕانەی لە ئەنیستیتۆ دەخوێنن، دەبنە باشترین باڵوێزەکانی سویسرا و کانتۆنەکەمان. ئەمەش بەڵگە:

سیانەی دوانەکان، شاکاری ئاگۆتا کریستۆف، کە لە توێی سێ ڕۆماندا بەسەرهاتی دوو برا بە ناوەکانی کلاوس و لووکاس دەگێڕێتەوە، دوو برا کە هەوڵ دەدەن لە وڵاتێکی وێرانبوو بە شەڕ زیندوو بمێننەوە، لە لایەن سەلاحەدین بایەزیدی کوردێکی ئێرانی بۆ سەر زمانی کوردی وەرگێڕدراون، ئەو خوێندکارە لە کاتی هاتنی بۆ وانەکانی ئەنیستیتۆی فەرهەنگ و زمانی فەرەنسی ئەم نووسەرە بەڕەچەڵەک هەنگارییەی ناسیوە.

ساڵی ٢٠٠٥یش، کچە خوێندکارێکی کۆرسی هاوینە بە ناوی ژوولیەتا مۆلێئانوو بۆ یەکەمجار "باشترین بیرۆکەکانی کوشتارگا"ی (٢٠٠٢) ژان بێرنارد ڤییێمی بۆ سەر زمانی ڕۆمانی وەرگێڕابوو.

سەرچاوە:

بڵاوکراوەی uninews، گۆڤاری نێوخۆیی زانکۆی نۆشاتێل، ژمارە ٤٤، ژانوییەی ٢٠١٧

۱۳۹۵/۱۱/۲۲

چیرۆکی دوورگە نەناسراوەکە



ناوی کتێب: چیرۆکی دوورگە نەناسراوەکە
نووسەر: ژۆزێ ساراماگۆ
وەرگێڕ: سەلاحەدین بایەزیدی
بابەت: تازەلاوان
نۆرەی چاپ : یه‌که‌م

نرخ: 5000 تمه‌ن (2000 دینار)
ژمارەی لاپەڕە: 48

ساڵی چاپ: 1395 (2016)
ISBN: 
978-600-7748-71-8‬
چاپەمەنی مانگ

"رەنگە پێت وابێ بە سواری ماینی گوێ لەق هەڵاتم"

 
Wêne: Gabriel Hill
فۆتۆگرافەرێکی سویسری وێنەی دەیان پەنابەری لەگەڵ ئەو دوایین شتە هەڵگرتۆتەوە کە بەر لە جێهێشتی وڵاتەکەیان توانیویانە لە تەک خۆیاندا بیبەن.

ڕۆژنامەی "لۆ ماتەن"ی سویسری وتوێژی لەگەڵ چەند شارۆمەندێکی ئەم وڵاتە کردووە و لێی پرسیون، ئەگەر ئێوە ناچار بن لە وڵاتەکەتان هەڵێن، چ لەگەڵ خۆتان دەبەن، وەڵامەکان مایەی سەرسووڕمانن، ژنێک دەڵێ پشیلەکەم، یەکی تر دەڵێ بووکەڵەکەم و دکتۆرێك دەڵێ پاسپۆرتەکەم، چونکە پاسپۆرتی سویسرا لە هەموو گۆشە و کەلێنێکی ئەم دونیایە بە هانامەوە دێ.

خودی ڕۆژنامەکە بەو ئاکامە دەگا کە ئەوان ناتوانن لە قووڵایی پرسیارەکە بگەن، ناتوانن جیهانی پەنابەرێک دەرک بکەن، پاسپۆرت و پشیلە لە کوێ و ئەو شتەی کە لە دوایین ساتەکانی هەڵاتندا هەڵیدەگری و بیری لێ دەکەیتەوە لە کوێ. ئەوان بە ڕاستیش پێیان وایە پەنابەرێک "بە سواری ماینی گوێ لەق" هەڵاتووە.

ئەحمەد وەک زۆر پەنابەری دیکە کوتەکاغەزێکی بە ژمارە تەلەفۆنێکەوە هەڵگرتووە. تەمەن ٢٣ ساڵ و ئەریتری و ٢٠١٣ لە وڵاتەکەی هەڵاتووە. لە سەر ئەو کوتە کاغەزە ژمارە تەلەفۆنی ماڵەوەی نووسیوە بۆ ئەوەی کە گەیشتە ئیتالیا تەلەفۆنیان بۆ بکا. ژمارە تەلەفۆنەکەش لەگەڵ جلەکانی کەوتووەتە نێو دەریاوە.