۱۳۹۶/۰۱/۳۱

سەفەری بوتڵە بەتاڵەکان


ئارام سدیق

ساڵی ڕابردوو ڕۆمانی "زۆر تایبەت"ی عەباسی مەعروفیم خوێندەوە، کە یەکێکە لە جوانترین ڕۆمانەکانی ئەو نووسەرە و ڕۆمانەکە باسکردنە لە تاکی ڕۆژهەڵاتی بە کولتووری ڕۆژئاوا و لێکەوتەکانی لەنێو ئەو کولتوورەدا. عەباس لەو ڕۆمانەدا بە وردی لەسەر ئەو بەرکەوتنانە کاری کردووە و توانیویەتی ئەوە پیشان بدات کە تاکی ڕۆژهەڵاتی لە دەستی چ شتێک لێرە ڕادەکات و دواجاریش لەوێ تووشی چ دەردیسەرییەکی دیکە دەبێت.

ئەم ڕۆژانەی پێشووش دوو رۆمانی دیکەم خوێندەوە، کە لە دەوری هەمان تێمە دەسوڕێنەوە یەکەمیان ڕۆمانی "وێرانەپیاو"ی عەبدولعەزیز بەرەکە بوو، کە قسەکردن لەسەر ئەم رۆمانە هەڵدەگرم بۆ دەرفەتێکی دیکە. بەڵام ئەوەی دووەمیان کە مەبەستی سەرەکی ئەم نووسینەیە قسەکردنە لەسەر ڕۆمانی "سەفەری بوتڵە بەتاڵەکان"ی قادر عەبدوڵڵا، کە سەڵاحەدین بایەزیدی کردوویەتی بە کوردی و ناوەندی غەزەلنووس لە دوتوێی 244 لاپەڕەدا چاپ و بڵاوی کردۆتەوە. من پێشتر تەنها رۆمانی "خانووەکەی مزگەوتێ"ی ئەم نووسەرەم خوێندبوەوە، کە ڕۆمانێکی مێژوویی سیاسییە لەسەر دۆخی کۆماری ئیسلامی ئێران لە سەردەمی شای ئێران و دەسەڵاتی خومەینیدا. بەڵام ڕۆمانی "سەفەری بوتڵە بەتاڵەکان"، زیاتر بە بایۆگرافیای کەسێکی پەناهەندە دەچێت، کە لە وڵاتێکی ئەوروپی (بەتایبەتیش هۆڵەندا)دا دەبێتە پەناهەندە. ڕۆمانەکە بە شێوەیەکی سادە دەست بە گێڕانەوەی چیرۆکێک دەکات، کە دەشێت هەموو پەناهەندەیەک رۆژێک لە رۆژان ڕووبەڕووی بێتەوە. بەڵام هێزی گێڕانەوەو ئەو بابەتانەی نووسەر وەک تێمەی کتێبەکە هەڵیبژاردووە جێی بایەخ و بابەتی هەستیارن.

پاڵەوانی ڕۆمانەکە کەسێکە بەناوی "بولفەزڵ" دەچێتە وڵاتی هۆڵەندا و لەوێ مافی پەنابەری وەردەگرێت و دەبێتە نیشتەجێی ئەو وڵاتە. یەکەم بەرکەوتنی ئەو لەنێو ئەو کولتوورەدا بەرکەوتنیەتی بە دراوسێیەکی بەناوی ڕۆنی، کە پیاوێکی هاوڕەگەزبازە. ئەم دراوسێیەی بولفەزڵ لەگەڵ ئەوەی کەسێکی لەم شێوەیەیە، بەڵام کەسێکە تا ئەوپەڕی ئینسانی و خاوەن هەستی مرۆدۆستی. ئەمەش ئەوکاتە بەتەواوی بۆ بولفەزڵ ڕوون دەبیتەوە کە دایکی سەردانی دەکات و کاتێک دەیەوێت نوێژ بکات بولفەزڵ نازانێت قیبلە لە کوێوەیە. بەحوکمی ئەوەشی کە ئەم کەسە نەیتوانیوە پەیوەندی لەگەڵ دراوسێکانیدا دروست بکات و نزیکترین هاوڕێی لە گەڕەکەکەدا ڕۆنییە ناچارانە داوا لە ڕۆنی دەکات قیبلەی بۆ بدۆزێتەوە. ڕۆنیش زۆر خەمخۆرانە دەست بە دۆزینەوەی قیبلە دەکات و بەهاوکاری نەخشە و قیبلەنومای تایبەت قیبلە دەدۆزێتەوە.

قادر عەبدوڵڵا دەیەوێت لەڕێی ئەم بەسەرهاتە کورتەوە کە ئەمە تەنها چەند لاپەڕەیەکی کتێبەکەی داگیر کردووە ئەوەمان پێ بڵێت کە کەسانی هاوڕەگەزباز، ئەگەرچی لەلایەن کۆمەڵگە و ئایینەوە ڕەتبکرێنەوە و بەر نەفرەت بکەون، بەڵام ئەم جۆرە کەسانە داماڵراو نین لە هەستی مرۆیی و گیانی هاوکاری. ئەم جۆرە کەسانە لەگەڵ ئەوەی خاوەنی ئەم تایبەتمەندییەن. بەڵام کەسانی ئاسایین و دەشێت هاوڕێیەتی بکرێن و وەکو هەر کەسێکی ئاسایی تر مامەڵەیان لەگەڵدا بکرێت. نەک بخرێنە بەر تانە و تەشەر و نەفرەتی کۆمەڵگە.

ئەگەرچی ڕۆمانی "زۆر تایبەت"ی مەعروفی، باسی لە بەرکەوتنی تاکی ڕۆژهەڵاتی دەکرد بە کولتووری ئەوروپی، بەڵام ئەوەی لای مەعروفی دەبینرا بەرکەوتنی تاکی ڕۆژهەڵاتی بوو بە ڕووکەشی ئەو کولتوورە، یان دروستترە بڵێم بەرکەوتنی تاکی ڕۆژهەڵاتی بوو بە ڕووکەشی ڕۆژئاوا یان بەشێکی کەمی ئەو کولتوورە. بەڵام ئەوەی قادر عەبدوڵڵا لە سەفەری بوتڵە بەتاڵەکاندا دەستی دەخاتە سەر بەرکەوتنی تاکی رۆژهەڵاتییە بە جەوهەری کولتووری ڕۆژئاوایی و دیوێکی نەبینراو و پەی پێنەبراوی ئەو کولتووە.

ئەم کتێبە ئەگەرچی لە قەبارەدا بچووکە بەڵام یەکێکە لەو کتێبانەی شایستەی خوێندنەوە و هەڵوەستە لەسەرکردنە، بەوپێیەی نووسەر کارێکی وردی لەسەر بەرکەوتنی پەنابەری ڕۆهەڵاتی کردووە بە کولتووری خۆرئاوا و ئەو ئاستەنگانەی دێنە بەردەمی. لە جێگەیەکدا نووسەر دەنووسێت:

"ناکرێ خاڵی کۆتایی بۆ چیرۆکێک دابنێی، چیرۆکەکان پەیڕەوی لە یاساکانی خۆیان دەکەن بۆ کەسێک کە بیەوێت ڕەوتی بەسەرهاتەکەیان بگۆڕێ. مل دانانەوێنن، چیرۆکێک یا ئەوەتا خامۆش دەبێ، یان بۆ هەتا هەتایە دەژی." ئەگەر هەر ئەم چەند ڕستەیە ببەستینەوە بە خودی تێکستەکەی ئەم نووسەرەوە دەبینین کە چیرۆکی نێو ئەم کتێبەش لەو چیرۆکانەن کە بۆ هەمیشەیی دەژین و چیرۆکی تەنها چەند ساڵێک و چەند دەیەیەکیش نین. بەڵکو چیرۆکگەلێکن کە دەتوانن سەدەکانیش ببڕن و بۆ هەمیشەیی بژین، چونکە تا مرۆڤ مابێت، دەبێتە پەناهەندە و ڕووبەڕووی دۆخی لەم چەشنەی بولفەزڵ دەبێتەوە.

دەستخۆشی بۆ سەلاحەدین بایەزیدی و وەرگێڕانە جوانەکەی و ناوەندی غەزەلنووس بۆ لەچاپدانی ئەم ڕۆمانە گرنگە، کە دونیای کوردی تێکستی لەم شێوەیەی زۆر پێویستە.

سەرچاوە: پەیجی فەیسبووکی نووسەر