۱۳۹۶/۰۶/۲۱

پیشەی قورسی پەرێتی


فیلیپ کلۆودێل
لە فەڕەنسییەوە: سەلاحەدین بایەزیدی 

کە پەرییەکە بەدەر کەوت، کۆرالین لە ژوورەکەی خۆی قژی بووکەڵە خۆشەویستەکەی شانە دەکرد.
پەرییەکە بە دەنگێکی دڵبزوێن گوتی: "ڕۆژ باش."
کۆرالین، شەکەت و هیلاک، تەنانەت بە بێ ئەوەی سەیری بکا، وەڵامی دایەوە: "ڕۆژباش.
- من پەریم!
کیژۆڵەکە لە کاتێکدا هەروا خەریکی بووکەڵەکەی بوو، سەری ڕاوەشاند و گوتی: "ئێ…"
پەرییەکە هەندێک بەمە تێک چوو. کۆخی، چەند هەنگاوێکی بۆ چەپ و ڕاست هاویشت، داوێنی کراسە بەشکۆکەی هەڵدایەوە کە ڕەنگەکەی لە تریفەی مانگ دەچوو، چەند تایەکی قژی بردە دواوە کە بەسەر ڕووخسارە شەنگەکەیدا شۆڕ ببۆوە، ئەو ڕووخسارەی بە تاجێک لە زێڕی هەژدە عەیار خەمڵابوو. کۆرالین هەمدیس لێی نەڕوانی.
پەرییەکە جارێکی دی چرپاندی: "من پەریم…"
کۆرالین لەبەر خۆیەوە گوتی: "بەزمەکەیە!
- ببوورە؟
- ئەوە دووهەم جارە وا دەڵێن، قسەکەتان دووپاتەیە، دەزانم ئێوە پەرین!
- بەڵێ وایە، من پەریم و ئێستا لە ژوورەکەتم، هاتووم بتنینم.
- بەڵام من داوای هیچم لە ئێوە نەکردووە و بە دووشتاندا نەهاتووم. 
لێوەکانی پەرییەکە بڕێک هەڵلەرزین. شووڵکەکەی توند بە دەستەوە گرتبوو و نەیدەزانی بە ڕاستی چی بکا. کچە بچکۆلانەکە تا ئەو ساتەش نیگایەکی تێ نەبڕیبوو. بە سیمایەکی سەرقاڵ، بسکی بووکەڵەکەی دادەهێنا.
پەرییەکە لەوە پتر خۆی پێ نەگیرا و دواجار گوتی: "سەرەڕای ئەوانەش، هەست ناکەی بەخت بۆتە میوانت؟ چەند کیژۆڵە حەز دەکەن لە جێی تۆ بن؟ حەز دەکەن پەرییەک، ئەویش پەرییەکی ڕاستەقینە لە ژوورەکەیاندا ببینن؟ ئاخ، دە ماڵەتە سیلەی چاوێکم تێ ببڕە!"
کۆرالین هەناسەیەکی هەڵکێشا، ئەوسا ڕووی بەرەو ئەو ژنە شۆخە وەرگێڕا کە لە خۆشیان بە ئەفسوونێکی بێ وێنەوە خەریک بوو سەمای دەکرد.
کۆرالین گوتی: "بڕوانن خاتوون، من بێ قڕە و کێشە لە ژوورەکەی خۆم یاری دەکەم، بێ ئەوەی لە دەرگا بدەن هاتوونەتە ژوورێ، وەک ئەوەی ماڵی خۆتان بێ، کارێکی جوان نییە.
- بەڵام… ئاخر… من… ڕۆڵەم… تۆ… هەرچی بێ من پەریم!
- پێتان وایە ئەمە پاساوێکی باشە؟ پێتان وایە من بەردەوام هەموو کەسێ قەبوڵ دەکەم کە سەری بەرداتەوە و بێتە ژوورەکەم؟ کۆمەڵێک یاسا هەن خاتوون. من دەتوانم تەلەفۆن بۆ پۆلیس بکەم. ئەوان دەسبەجێ دەگەن و قۆڵبەستتان دەکەن. بێجگە لەمە، ئێوە مناڵێک، کچۆڵەیەکی کەم تەمەنتان جاڕز کردووە، من شەش ساڵم تەمەنە خاتوون، یاساش زۆر توند ڕووبەڕووی ئەو کەسانە دەبێتەوە کە ئازاریان بە مناڵانی بچووک دەگا، بێ ڕووخسەت خۆ بە ژوورەکانیاندا دەکەن، خۆ نەرم و نیان دەنوێنن و بە چیرۆکی سەیروسەمەرە هەوڵ دەدەن بیانخەڵەتێنن!"
چەند دڵۆپ ئارەقی درشتی ڕەش و شین لەسەر تەوێڵی نازەنینی پەرییەکە لووزەویان بەست. هێندە پەشۆکابوو، پاڵی بە هەڕزاڵەکەی کۆرالینەوە دا. هەوڵی دا چەند وشەیەک بێنێتە سەر زمان:
"ئەوە خەونی هەموو کیژۆڵەیەکە کە چاوی بە… ئادی، یانی، پێم وایە، کیژۆڵەکان، مناڵەکان… هەر هەموویان شێت و شەیدای پەرییەکانن… پێم وایە، لەسەر ئەو بڕوایەم…
- ئەگەر بەمە دڵخۆش دەبن وا بڕوا بکەن. ئەمە من جاڕز ناکا، بەڵام لە کۆڵم بنەوە تکایە.
- کۆمەڵێک توانای جادوییم هەیە دەزانی!"
پەرییەکە بە پەلە پەلێکی پتر قسەی دەکرد. کۆرالین هەناسەیەکی قووڵتر لە پێشووی هەڵکێشا، شانەکانی هەڵتەکاند و سەری ڕاوەشاند.
"توانای جادوویی؟
- بەڵێ، بێگومان، کۆمەڵێک تواناکاریی بێ وێنە، ئەویش لە سایەی ئەم شووڵکەوە!"
پەرییەکە متمانەی هاتەوە بەر و شووڵکە بە ئەڵماس نەخشێنراوەکەی چەند جارێک لە حەوادا ڕاوەشاند. کۆرالین بە هێمنی بووکەڵەکەی لەسەر عەرزی دانا، دەستەکانی لێک ئاڵاند و لێوی خوار و خێچ کرد.
"ئەوە هەفتەیەکە هەموو شەوێ دێنە ژوورەکەمەوە. ئەوە هەفتەیەکە یەک شتم بە گوێچکەدا دەچرپێنن، پەری، تواناکاری و شووڵک. سێشەممە ویستتان بارانێکی پەمەیی ببارێنن، بێجگە لە پەڵە هەورێک کە بۆگەنێکی سامناکی لێ دەهات و تا چەند سەعاتێک بۆنەکەی نەچوو، هیچی دیمان نەدی، ناچار بووم کەپۆم بگرم تاکوو خەوم لێ بکەوێ...
- هەڵەیەک ڕووی دا!
- … چوارشەممە ویستتان ورچە مەخمەرەکەی من بکەنە شازادەیەکی ژیکەڵە، ئاکام چ بوو: کردتانە پیوازی شین. گەرەکتانە چ لە پیوازی شین بکەم؟
- دەستوورەکەیم لێ تێک چووبوو!
- … پێنجشەممە کتێبی چیرۆکەکانی منت بێ سەروشوێن کرد…
- لە پتەم دەرچوو، بە سەهوو چووم!
- … هەینی کورسییەکەمتان شکاند کە دەتانویست بیکەنە داشقە و لە تەک دایکما لێمان بوو بە دەمەقاڵە…
- بە داخەوەم.
- … شەممە ویستتان سەگەکەی من وە گۆ بێنن، قەپاڵێکی لە لاقتان گرت…
- ڕاهاتنی زیاتر پێویستە، دەبێ لێم تێ بگەن.
- … کەواتە تواناکانتان پێشکەش بە خۆتان خاتوون! جا بە قسەی خۆش لە ژوورەکەم بڕۆن، بێ ئەوەی ناڕەزایەتی دەرببڕن و بیانوویەکی ترم بۆ بێننەوە، دەنا دەقیژێنم و باوکم دێ، باوکیشم هیچ توانا و دەسەڵاتێکی نییە، تەنانەت دەسەڵاتی دایکیشمی نییە، بەڵام لانیکەم بەهێزە!"
دڵۆپ دڵۆپ ئەسرین بەسەر گۆنای پەرییەکەدا شۆڕ بوونەوە. دەنگی هەنیسکەکانی ڕۆژە ڕێیەک دەڕۆیشتن. کۆرالین کە کچۆڵەیەکی دێزە نەبوو، دەسرۆکەیەکی بۆ ڕاداشت.
"خاتوون، وەرنەوە سەر خۆتان، دڵتان گەورە بێ تکایە."
پەرییەکە فرمێسکەکانی سڕییەوە، بە دەنگێکی بەرز لووتی خاوێن کردەوە، بە شووڵکەکەی ڕوومەتی خوراند، خۆی هاویشتە سەر قەرەوێڵەکە و بە دوو چاوی سوورەوەبوو لە کۆرالینی ڕوانی.
"دەمێکی درێژ بوو بێکار بووم. زۆر ناخۆشە بە درێژایی چەندین ساڵ ئیش نەکەی. ئیتر نازانم چۆن خۆم ڕابێنمەوە."
کۆرالین لێی نزیک بۆوە، دەستی لەسەر شانی دانا و گوتی:
"هێدی هێدی، جێبەجێ دەبێ… کرد و کۆشش پێویستە تا بەو ئاستە بگەیتەوە."
پەرییەکە کە دەرکەی هومێدی لێ کرابۆوە، پرسی: "تۆ بڵێی؟
- بێگومان، لەمە دڵنیام.
- لەوانەیە زۆر پیر بووبم…
- نا، وا نییە، بەڵام دەبێ بچنە لای دەروونناسێک، بۆ کاتی تەنگانە پێویستە. گرنگە سەر لە نوێ خۆت بونیاد بنێیتەوە، ببووژێیتەوە و بڕوات بە خۆت هەبێ: ئێمە لە کۆمەڵگەیەک دەژین کە دۆڕاوەکانی خۆش ناوێ. دەبێ شتی نوێت پێ بێ! ببن بە بکوژ!
- بکوژ؟
- ئیتر با بڵێین بەڵێ. بڵێن کە لە ناویان دەبەن!
- باشە بە کێ؟
- بە ئەوانی تر، ڕکەبەرەکان، کرێکارەکان… دەی، وازی لێ بێنن، ئەو قسانەم لە بیر بکەن… بۆ ئێوە، باشتر وایە لەگەڵ دکتۆرێکدا ڕاوێژ بکەن، ئێستا دەرمانی ئەوتۆ هەن کە شوێنەواری لاوەکییان نییە و کارتێکەریی بەرچاویان هەس.
- حەق بە تۆیە، دەبێ وا بکەم. تۆ کیژۆڵەیەکی زۆر باشی. دایک و باوکت بەختیان هەیە…
- ئێمە هەموومان کۆمەڵێ فراز و نشێومان هەیە، کۆرالین وای گوت و بووکەڵەکەی دەست دایەوە و پرچی شانە کردەوە.
- جا ئێستا بەجێت دێڵم.
- لە چاکەی خۆتانە، سپاستان دەکەم، تکایە بە دەرگادا بچنە دەرێ و دەنگە دەنگتان نەیە.
- نا، نا، خەمت نەبێ. چیتر نایەمەوە بێزارت بکەم. بەڵێن بێ.
- بەڵێ، پێم وایە بۆ خۆتان باشتر دەبێ.
- کەواتە بە نیازی دیدار کۆرالین.
- بە نیازی دیدار نا، ماڵئاوا، ماڵئاوا خاتوون. بەخت یاوەرت بێ!"

"مــام جــەلال"


جەنگیز چاندار
لە تورکییەوە: سەلاحەدین بایەزیدی

 
چارەگی یەکەمی ساڵی ١٩٧٣ بوو، لە کاتێکدا خەریکی بەرنامەداڕشتن بووم بۆ ئەوەی لە لوبنان داببڕێم و بچمە ئەوروپا، بۆ جارێکی تر لە بەیرووت لەگەڵ هەڤاڵ عەبدولحەمید دانیشتم، کتوپڕ پرسیاری لێکردم ئاخۆ دەمەوێ چاوم بە جەلال تاڵەبانی بکەوێ یان نا. جەلال تاڵەبانی لە بەیرووت بوو. باسی منیان بۆ کردبوو و ئەگەر چاوم پێی بکەوتایە، کۆتایی هەفتە، رۆژی یەکشەممە پێکەوە قاوەڵتوونمان دەخوارد.
دانی پێدا دەنێم ئەو پێشنیارە جۆش و خرۆشی خستە دڵمەوە. جەلال تاڵەبانی، دوای مەلا مستەفا بارزانی پیاوی ژمارە دووی راپەڕینی کوردەکانی عێراق بوو. بەوە ناسرابوو بیروڕای سۆسیالیستی و بگرە مائۆیستی هەیە. بێجگە لەوەی دووهەم ناوی گرنگ بوو پاش مەلا مستەفای بارزانی، بە هۆی هەواڵی میدیاکانی تورک لەمەڕ ناکۆکییەکانی لەگەڵ بارزانی سەرەتا لە ١٩٦٤ و دواتر ١٩٦٦ و شەڕی نێوخۆیی کورد ناویم بیستبوو. ناسینی کەسێکی ناسراو لە ئاستی جیهاندا و خواردنی قاوەڵتوون لەگەڵی دڵخۆشی کردبووم.
دوو ساڵ دەبوو پێم نابووە ئەو خاکانە و لە لوتکەی رۆمانتیزمی شۆڕشگێڕیدا بووم. کەسێکی بە بانگەشەی بزووتنەوەی چەپی تورکی بووم کە بە گەش‌بینییەوە دەمڕوانییە داهاتوو. لەوەی کە بەشداری بەرخۆدانی فەلەستین بووم خۆم وەک کەسێک لە ریزی شەڕڤانانی ئازادی دونیا دەهاتە بەرچاو و شانازیم بە پێگەی خۆمەوە دەکرد. لە کاتێکدا بوومە بەردەنگی پێشنیاری ئاشنایی لەگەڵ جەلال تاڵەبانی، ئەندامێکی پێشووی رێکخراوێک بووم کە لە تورکیا سەرکوت کرابوو و لە دەرەوەی وڵات بە تەنیا مابوومەوە و لە چالاکییەکانی ئەو رێکخراوە دابڕابووم. کەسێک بووم کە هەوڵم دەدا بەرەو ژیانێکی نوێ بەلەم باژۆم؛ لە روانگەی نوێنەرایەتی سیاسییەوە، دەربڕی هیچ شتێ نەبووم.
دەنیز گەزمیشی هاوڕێم کە بە پێشەنگی جموجوڵ و رووداوە خوێندکارییەکانی زانکۆی ئەستەنبوڵ لە ساڵی ١٩٦٨ ناسرابوو و دواتر بووە هێمای نەمری "وەچەی ٦٨ی تورکیا"، لەگەڵ حوسێن ئینان و یۆسف ئاسڵان کە لەگەڵیان بەشداری چالاکییە خوێندکارییەکان ببووم، لە سێدارە دران؛ ئەو هاوڕێیانەی لە تورکیا پێکەوە بووین، زۆربەی هەرە زۆریان خرابوونە گرتووخانەکانەوە، بزووتنەوەی شۆڕشگێڕی تورک سەرکووت کرابوو. جەلال تاڵەبانیش بە نیاز بوو وەک پێشەنگ و نوێنەرێکی بزووتنەوەی شۆڕشگێڕی تورک چاوی بە من بکەوێ. بە ئامانجی بەڕێخستنی پڕۆژەیەکی وەک یەکێتیی نێوان هێزە چەپەکانی رۆژهەڵاتی ناوین دژی ئیمپریالیزم لەگەڵ یەک کۆ دەبووینەوە. لە کاتێکدا من جگە لە خۆم نوێنەرایەتیی هیچ شتێکم نەدەکرد.
ڕۆژێکی یەکشەممەی سەرەتاکانی مانگی نیسانی ١٩٧٣، لەگەڵ هەڤاڵ عەبدولحەمید لەو ماڵەی لێی دەمایەوە، چاومان پێک کەوت. پاش رێپێوانێکی کورت لە جادەی حەمرا، لەوبەری جادە لەو کۆڵانانەی تا بڵێی ئاشنا بوون بۆ "روو سادات" بامان داوە. لە دەرگای ماڵێکمان دا. پیاوێکی کورتەباڵا بە شەوقێک کە هەستم دەکرد لە رادەبەدەرە، دەرگای لێ کردینەوە و فەرمووی ژوورێی کردین، بە ئینگلیزی پرسیاری لێکردم هێلکەم چۆن پێ خۆشە: "ئۆملێت بێ، دەڵەمە بێ یان تێک‌وەردراو؟" لە کاتێکدا من بە عەڕەبییەکی رەوان قسەم لەگەڵ دەکرد، ئەو پێداگر بوو لەسەر ئەوەی بە زمانی ئینگلیزی لەگەڵم بدوێ.
کە پێم نایە ژوورەوە، پیاوێکی کەڵەگەت، بە هەیبەت، بە سمێڵێکی زل و رەش کە بەوپەڕی ویقارەوە بە بێدەنگی دانیشتبوو، سەرنجی راکێشام. لە مێشکی خۆمدا گوتم فەرماندەیی ئەفسانەئاسای پێشمەرگە و هەڵۆی شاخەکان دەبێ کەسێکی ئاوا بێ. بیرم بۆ ئەوە چوو کە شایانی ناوبانگی جەلال تاڵەبانییە. لەو لاوە، کەسەکەی دی تەواو بە پێچەوانەی ویقار و هەیبەتی سەرکردە دانیشتووەکە، بە شێوەیەک کە بە لامەوە زێدەڕەوی بوو هەروا پرسیاری ئەوەی لێ دەکردم هێلکەم چۆن پێ خۆشە و سووربوونی لەسەر ئەو پرسیارە تەنگی پێ هەڵچنیبووم. دەمەویست هەرچی زووتر لەگەڵ ئەو سەرکردەیە ئاشنا بم کە لە سەر کورسییەکە دانیشتووە. بۆ ئەوەی خزمەتکارەکە لە خۆم دوور بخەمەوە، پێم گوت هێلکەم چۆن پێ خۆشە، پیاوەکە یەکسەر بەرەو مەتبەخ خووشی.
دەستم بۆ لای ئەو پیاوە راداشت کە دانیشتبوو و بە عەرەبی هاتمە گۆ. هیچ وێ نەدەچوو خەڵکی ئەوێ بێ. وەڵامی نەدامەوە. چاوێکم لە عەبدولحەمید خشاند و بە خەیاڵم داهات ڕەنگە نەزانانە هەڵسوکەوتێکم نیشان نەدابێ کە بووبێتە هۆی پێشێلکردنی نەریتێکی کوردەواری. بیرم لەوە کردەوە نابێ چاوەڕوانی ئەوە بم پێش ئەوەی کەسێک بمانناسێنێ لەگەڵ سەرکردەیەکی زل و زەبەلاحی پێشمەرگە ببمە دۆست.
هێلکە هات و بانگهێشتی سوفرە کراین. بەڵام ئەو پیاوەی لە سەر کورسییەکە دانیشتبوو، لە جێی خۆی هەڵنەستا و نەهاتە سەر سوفرەکە. ئەگەر بڕیار بێ لەگەڵ مام جەلال قاوەڵتوون بخۆین، ئەی بۆچی نایەتە سەر سوفرەکە؟ دواجار بۆم دەرکەوت ئەو کەسەی لەسەر مێزەکە بەردەوام خزمەتم دەکا و بە ئینگلیزی دەدوێ جەلال تاڵەبانییە. هەرچەند درەنگیش بووبێ..
باشە ئەی ئەوەی لە سەر کورسییەکە دانیشتووە کێیە؟
پارێزەری جەلال تاڵەبانی بوو و ئینگلیزی و عەڕەبی نەدەزانی. تەنیا لە زمانی کوردی تێدەگەیشت.
ئەمە یەکەم دیداری من و جەلال تاڵەبانی بوو، ساڵانی دواتر، کە بە بیر جەلال تاڵەبانیم دەهێنایەوە، لە قاقای پێکەنینی دەدا.

- لە کتێبی "ئێکسپرێسی میزۆپۆتامیا"م هەڵینجاوە.

۱۳۹۶/۰۶/۲۰

ژنێڤ: کۆبوونەوەیەکی چەند سەد کەسی بۆ پشتیوانی لە ڕیفراندۆمی باشوور

وێنە: لاپەڕەی فەیسبووکی ئازاد حوسێن‌زادە

دوێنێ یەکشەممە، کۆبوونەوەیەک بە بەشداری  ٤٠٠ کەس بە وتەی پۆلیس و ٥٠٠ کەس بە وتەی ڕێکخەرانی، بۆ پشتیوانیی لە ڕیفراندۆمی سەربەخۆیی لەبەردەم بارەگای نەتەوە یەکگرتووەکان لە شاری ژنێڤ بەڕێوەچوو.
بەشداربووان داوایان لە سویسرا کرد پشتیوانی لە ڕیفراندۆم بکا و هیواشیان خواست نەتەوە یەکگرتووەکان مافی چارەی خۆنووسینی کوردەکانی عێراق گەرەنتی بکا.
بە بۆچوونی سەرۆکی دەستەی پەرلەمانتارانی هاوڕێیەتی گەلی کورد و ئەندامی کۆنسەی نیشتیمانیی سویسرا، کارلۆ سۆمارووگا، ڕیفڕاندۆمی ٢٥ی سێپتەمبەر، "بە بێ هیچ گومانێک بەڵێ دەبێ." ناوبراو پشتیوانیی پارتەکەیشی بۆ ڕیفراندۆمی باشووری کوردستان ئاشکرا کرد.
کوردەکانی باشوور لە سویسرا دەتوانن لە کۆنسوڵخانەی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە بێرنی پایتەخت دەنگ بدەن.
مەزەندە دەکرێ ژمارەی دانیشتووانی کوردانی باشوور لە سویسرا ١٠ هەزار کەس بێ.
میدیاکانی سویسرا هیچ ئاماژەیەکیان بە بەشداریی کوردەکانی پارچەکانی تری کوردستان لە کۆبوونەوەکەی ژنێڤدا نەکردووە، لە کاتێکدا ژمارەیەکی بەرچاو لە ئامادەبووان کوردیی بەشەکانی تر بوون.