۱۳۹۶/۰۹/۳۰

سیاسەتمەدارێکی دژەبیانی لە جەستەی ژنەکوردێکی موسڵماندا



"Boomerang" فیلمێکە لەسەر ژیانی سیاسەتمەدارێکی دژەبیانی و ژنەخزمەتکارەکەی کە پەناخوازێکی موسڵمانی کورد و لەچکەبەسەرە، ئەم فیلمە لە دەرهێنانی نیکۆل بۆرژیئا و بەرهەمی ڕادیۆ تەلەڤزیۆنی سویسرایە و مانگی شوباتی ساڵی داهاتوو لە تەلەڤزیۆنی سویسرا نمایش دەکرێ.

ڕێک لە جەرگەی کەمپینی هەڵبژاردنەکان، تێئۆ، سیاسەتمەدارێکی گەنجی دژەبیانی، لە جەستەی بیریڤان-ی ژنەخزمەتکارەکەیدا خەبەری دەبێتەوە کە ژنە پەناخوازێکی کوردی موسڵمان و لەچکە بە سەرە… هاوکات بێریڤانیش لە جەستەی تێئۆدا بەخەبەر دێ. بۆ هەر دووکیان ژیان دەبێتە مۆتەکە. تێئۆ، لە جەستەی بێریڤاندا، دەبێ لەگەڵ پەناخوازەکانی تر و مێردەکەی و دوو منداڵەکەی لە کەمپی میوانداری بژی و بێریڤانیش لە جەستەی تێئۆدا دەبێ لەگەڵ سۆلێنی هاوژینی کەمپینی دژەبیانی بەڕێوە ببا. 

بۆ ئەوەی دەرنەکەوێ کە ئەوان جەستەیان گۆڕدراوە، تێئۆ فێری ژیانی ژنێکی گوێڕایەڵ و لەچکەبەسەر دەبێ کە بە هیچ شێوەیەک لەگەڵ فیز و ئیفادەی وی یەک ناگرێتەوە. لە لایەکی تریشەوە، بە هۆی ئەوەی دەبێتە خزمەتکاری هاوژینەکەی خۆی، بیرکردنەوە و تێڕوانینی سۆلێنی سەبارەت بە خۆی بۆ دەردەکەوێ. دیارە جێگەی دڵخۆشی نییە! سۆلێن وەک خۆپەرستێک سەیری دەکا کە تەنانەت لە سەر جێگەش شتێکی ئەوتۆی لەدەست نایە. بێریڤانیش دەبێ ڕۆڵی پارێزەر ببینێ و هەرچەند ژنێکی شەرمنە، شایی بە خۆ بەشداری کەمپینی هەڵبژاردنەکان بێ. 

ئەم فیلمە ٦ی شوباتی ٢٠١٨ لە تەلەڤزیۆنی سویسراوە نمایش دەکرێ.

سەرچاوە: تەلەڤزیۆنی سوییس 

۱۳۹۶/۰۹/۲۹

ده‌رباره‌ی "باهۆز"


ئیسماعیل بێشکچی
له‌تورکییه‌وه: سه‌لاحه‌دین بایه‌زیدی

 
باهۆز (Fırtına) فیلمێکی سینه‌مایی و به‌رهه‌می ناوه‌ندی میزۆپۆتامیایه‌. سیناریۆکه‌ی له‌لایه‌ن کازم ئۆزه‌وه ئاماده‌ کراوه. ده‌رهێنه‌ره‌که‌یشی هه‌ر کازم ئۆز بۆ خۆیه‌تی.

ده‌مه‌وێ هه‌ست و ڕامانی خۆم سه‌باره‌ت به‌م فیلمه ده‌رببڕم.

هه‌ڤاڵێکی زۆر گه‌نج و دڵسۆزم هه‌یه. ساڵانی ده‌سپێکی ڕۆیشتنه زانکۆی بۆ ده‌گێڕامه‌وه. کۆتایی هه‌شتاکان و سه‌ره‌تای نه‌وه‌ده‌کانی سه‌ده‌ی ڕابردوو... ده‌یگوت: ده‌مانزانی تورکین، به‌ڵام نه‌مانده‌زانی له‌ چ ڕوویەکەوە تورکین. مه‌راقمان ده‌کرد بزانین کورده‌کان له‌ چ ڕوویەکەوە تورکن؟ بۆ ئه‌مه‌ش ده‌بوایه کتێبمان بخوێندایه‌ته‌وه. بۆ نامیلکه و کتێب گه‌ڕاین و پرسیارمان کرد. کتێبفرۆشێک پێشنیاری پێ کردین کتێبه‌کانی بێشکچی بخوێنینه‌وه. له‌ ئه‌نجامی ئه‌و خوێندنه‌وانه‌دا هایه‌دار بووین ڕه‌گ و بنه‌چه‌ی ئێمه کورده‌ و زانیمان کوردیش نه‌ته‌وه‌یه‌کی جیاوازه.

له‌ فیلمی باهۆزیشدا خوێندکارێکی گه‌نج هه‌یه که له‌ ئه‌سته‌نبوڵ تازه دواناوه‌ندی ته‌واو کردووه‌ و ساڵی یه‌که‌مێتی له‌ زانکۆ. ناوی جه‌ماڵه. له‌ناو زانکۆدا، خوێندکاره کورده شۆڕشگێڕه‌کان، هه‌وڵی به‌رێکخستنکردنی خوێندکاره تازه‌کان ده‌ده‌ن. ده‌گه‌ڵ جه‌ماڵیشدا په‌یوه‌ندی ده‌گرن و باسی کورد، مافه‌کانی گه‌لی کورد و زه‌وتکردنی ئه‌و مافانه ده‌که‌ن. جه‌ماڵ که له''‌تونجه‌لی''یه‌وه هاتووه ده‌پرسێت: بۆ کورده‌کانیش تورک نین؟ ناکۆکییه‌کی گه‌وره له‌نێوانیاندا دروست ده‌بێت. به‌رده‌وامیی ئه‌م ناکۆکییانه، دواجار ‌هێلینی کچه‌کورد هان ده‌دا به‌هۆی تێنه‌گه‌یشتنی جه‌ماڵەوە، زلـله‌یه‌ک به‌ بنا گوێیدا بکێشێ، به‌ڵام له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا هه‌وڵ ده‌ده‌ن په‌یوه‌ندییان به‌رده‌وام بێت.

باهۆز خه‌باتی سی ساڵه‌ی دوایی خوێندکاره شۆڕشگێڕه‌کان له‌ زانکۆ به‌گشتی و خه‌باتی کورده‌کان به‌ تایبه‌تی ده‌خاته ڕوو. له‌سه‌ره‌تای فیلمه‌که‌دا، ژیانی ئه‌و خوێندکارانه‌ش له‌زانکۆ نیشان ده‌دات که‌ هیچ په‌یوه‌ندییه‌کیان به‌ سیاسەت و کێشه‌ کۆمه‌ڵایه‌تی و سیاسیه‌کانی ناوخۆی تورکیاوه‌ نییه. له‌م فیلمه‌دا ئاماژه‌ به‌خاڵێکی گرنگی تێکۆشانی کورد ده‌کرێت. بینه‌ر به‌ تاسوقه‌وه، به‌ جۆش‌ و سرنجه‌وه ژیانی جه‌ماڵ ده‌شۆپێنێ که چۆن گۆڕانی ڕۆحی و ئه‌قڵی به‌سه‌ردا دێت، بێ ئه‌وه‌ی هه‌ست بکات چۆن پێش ده‌که‌وێت و ئاستی زانیاریه‌کانی ده‌چێته سه‌ر. جه‌ماڵیش موتاڵاکانی به‌ کتێبێکی بێشکچی ده‌ست پێده‌کات. فیلمه‌که له‌ ڕێی قسه‌وه په‌یامی زۆر گرنگ نادا، به‌ڵکه له‌ ڕێی ئاماژه‌وه ئه‌م کاره ئه‌نجام ده‌دات. بۆ میناک، بزەیەکی ڕوون، داگرتن و دره‌وشانه‌وه‌ی چاوه‌کان، هه‌ر هه‌موویان ئافرێنه‌ری په‌یامگه‌لی گرنگن. ده‌توانین وه‌ک ئوسلوبێکی خوڵقێنه‌ر باس له‌مانه بکه‌ین. له‌م فیلمه‌دا چوار پێنج په‌یامی وا به‌دی ده‌کرێت.

له‌ فیلمی باهۆزدا دیمه‌نێکی تراژیک هه‌یه. با بزانین له‌ چ ڕوویه‌که‌وه؟ با ده‌سه‌ڵاتێکی ئۆتۆریته‌ر و فاشیست بێنینه‌ به‌ر چاو. تیمه ئه‌منییه‌کانی هه‌ڵده‌کوتنه سه‌ر ماڵێک. له‌و ماڵه‌دا، جگه‌ له‌ دایک و باوک دوو کوڕی خوێنگه‌رمیش ده‌ژین. فه‌رمانده‌ی تیمه‌که به‌ دایکی ماڵه‌وه ده‌ڵێت: ئه‌م ماڵباته له‌ دژی ده‌سه‌ڵاته‌که‌مان وه‌ستاون. سه‌رپێچیان له‌ فه‌رمان و ڕاسپارده‌کانمان کرد. بۆیه سزا ده‌درێن. سزاکه‌ش بردنی یه‌کێک له‌و کوڕانه و گولـله‌باران کردنیه‌تی. تۆ پێمان بڵێ کامیان به‌رین؟ ئا لێره‌دا، بارودۆخی ژنه‌که له‌م دۆخه‌دا و هه‌روه‌ها ناسه‌‌قامگیری ڕۆحی وی ساته‌وه‌ختێکی تراژیدیه. بێگومان دایکه‌که هه‌وڵ ده‌دات هه‌ر دوو زارۆکه‌که‌ی بپارێزێت و هه‌ر دوکیان بژین. لێبه‌لێ یه‌کێک له‌وان ده‌بردرێ و ده‌درێته به‌ر دەسڕێژ. ئه‌و مافه‌ش به‌ژنه‌که ده‌درێ خۆی سەرپشک بێ. له‌م دۆخه تراژیدیایه‌دا هه‌ڵبژاردن مه‌حاڵه. خۆی ئه‌و شته‌ی ئه‌م ساته‌وه‌خته‌ی خوڵقاندووه نه‌بونی مافی هه‌ڵبژاردنه‌. چاره‌سه‌ری، به‌ بڕیاری ژن و مناڵه‌کان پێک نایه‌ت به‌ڵکه‌ به‌‌ بڕیاری هێزه‌کان پێک دێ، له‌گه‌ڵ تێپه‌ڕبوونی زه‌مه‌ندا ئه‌م چاره‌سه‌رییه‌ به‌دی دێت.

له‌ فیلمی باهۆزیشدا ساته‌وه‌ختێکی تراژیدیی هاوشێوه هه‌یه. به‌یه‌کگه‌یشتنی کوڕه‌که واته‌ جه‌ماڵ له‌گه‌ڵ باوکیدا، له‌پۆڵێکی به‌تاڵی زانکۆ... جه‌ماڵ، بۆ خۆڕزگارکردن له‌ چنگ پۆلیس هه‌وڵی خۆشاردنه‌وه ده‌دات. جگه له‌ چه‌ند هاورێیه‌کی، هیچکه‌س نازانێت له‌ کوێیه. هه‌ر که‌س واده‌زانێ ون بووه. باوک به‌ دوای کوڕه‌که‌یدا ده‌گه‌ڕێ. له‌ به‌شی پێشوازی زانکۆ و ناوه‌ندی پۆلیس پرسیاری کوڕه‌که‌ی ده‌کا. هۆڵی وانه‌وتنه‌وه‌ و به‌شی پێشوازی زانکۆ له‌ ڕاستیدا زۆر لێک نزیکن. جه‌ماڵ که له‌ په‌نجه‌ره‌ ڕا له‌ ده‌ره‌وه ده‌ڕوانێ، باوکی خۆی ده‌بینێ که تاک و ته‌نها له‌سه‌ر کورسییه‌ک دانیشتووه و داوا له‌ هاورێیه‌که‌ی ده‌کات باوکی بێنێته لای خۆی. له‌ کاتی ده‌رکه‌وتنی هاوڕێی جه‌مال له‌ پۆله‌که‌وه به‌ره‌و باوکی، پۆلیس له‌ باوکی نزیک ده‌بێته‌وه و چه‌ند شتێکی به‌ گوێدا ده‌چرپێنێ و لێی دوور ده‌که‌وێته‌وه. جه‌ماڵ په‌شیمانه که‌ هاوڕێیه‌که‌ی به‌دوای باوکیدا ناردووه. هاوڕێیه‌که‌ی هیچ ئاگای له‌ پۆلیس نییه و باوکی جه‌ماڵ دێنێته لای. باوک و کوڕ، له‌و پۆله‌ی باسمان کرد ده‌گه‌نه یه‌ک. باوک ده‌یه‌وێ کوڕه‌که‌ی به‌رێته‌وه بۆ ماڵه‌وه، بۆ گوند. کوڕ به‌ ئاماژه ئه‌و داواکارییه ڕه‌ت ده‌کاته‌وه. هه‌ڵسوکه‌وت و دانیشتنی باوک و کوڕ له‌ناو پۆله‌که‌شدا ئه‌م ناکۆکییه نیشان ده‌دا. بینه‌ر، به‌مه‌راقه‌وه ده‌یه‌وێ بزانێت باوک چی به‌ کوڕ ده‌ڵێ و کوڕ چی به‌ باوکی. جه‌ماڵ ئاڵۆزییه‌کی قووڵی ڕۆحی به‌سه‌ردا زاڵه. بیر له‌وه‌ ده‌کاته‌وه به‌شداری تێکۆشانی سیاسی بێت و له‌ لایه‌کیشه‌وه په‌یوه‌ندی ماڵبات و به‌رپرسیارێتیه‌کانی ڕێگرن. له‌ناو دۆخێکی ڕۆحی به‌مجۆره‌دا ڕوبه‌رووی باوکی ده‌بێته‌وه. له‌وپه‌ڕی وروژانی مه‌راق و جه‌نجاڵ لای بینه‌ر، ئه‌و هه‌ڤاڵه‌ی ئاگاداری ڕه‌وشی جه‌ماڵه، ئاگاداری ده‌کاته‌وه که پۆلیس هاتوون. جه‌ماڵ زۆر به‌په‌له له‌ پۆله‌که ده‌ڕواته ده‌ر. باوکیش له‌ بێچاره‌ییان به‌ دوای کوڕه‌که‌یدا غار ده‌دا، به‌ڵام کوڕه‌که‌ی خۆی دەشارێتەوە. ئه‌و دیالۆگه‌ی چاوه‌ڕێ ده‌کرا، دروست نه‌بوو. لێره‌دا ده‌کرێ هونه‌ری کازم ئۆز ببینین. ئه‌گه‌ر دیالۆگێک دروست ببوا شتێکی زۆر ئاسایی ده‌بوو. له‌وانه‌یه ئه‌م دیالۆگه‌ نه‌یتوانیبا ئه‌و ساته‌وه‌خته تراژیدیایه چاره‌سه‌ر بکات. له‌وانه‌شه قورسایی ئه‌م تراژیدیایه‌ی هه‌ندێک سووک بکردایه‌ته‌وه. ئه‌و ساته تراژیدیایه له‌لایه‌ن که‌سانێکی جیاواز له‌ جه‌ماڵ و باوکییەوە چاره‌سه‌ر ده‌کرێ. واته له‌ لایه‌ن هاورێکه‌ی و ئه‌و پۆلیسانه‌ی دوای که‌وتوون. لێره‌دا خوڵقاندن به‌دی ده‌کرێت.

له‌ ئه‌نجامی کێشمه‌کێشێکی ده‌روونی قورسدا، جه‌ماڵ بڕیار ده‌دا ته‌ڤلی تێکۆشان بێ. باهۆز له‌ ڕوانگه‌یه‌که‌وه کێشمه‌کێشێکی ده‌روونیه. ئیتر جه‌ماڵ له‌ناو دڵی گه‌له‌که‌ی دایه، له‌ناو مرۆڤه‌کانی خۆیدا. هه‌ندێک که‌س دەیناسنەوە. به‌ڵام ئه‌و ده‌ڵێت من له‌مه‌ودوا ناوم مه‌حمووده. هاوکات له‌گه‌ڵ شاییه‌کدا به‌شداری تێکۆشان ده‌بێ، له‌گه‌ڵ شاییه‌کی کوردەواریدا. من به‌شداری زۆر شایی کورد بووم له‌ئه‌سته‌نبوڵ و ئه‌نقه‌ره. داوەتی کوردییان پێ ده‌وترا، به‌ڵام داوەتی کوردی نه‌بوون. هه‌ندێک گۆرانی کوردی که تورکێندرابسون و شوێندرابوون، له‌و ئاهەنگانەدا لێ ده‌دران... به‌ڵام ئه‌وه‌ی فیلمه‌که ڕێک شاییەکی کوردییه. ئاهەنگەکە، له‌سه‌ر چۆمێک و له‌ناو که‌ڵه‌کێکدا به‌ڕێوه ‌ده‌چێ. داوه‌تی پیره‌کان زۆر سه‌رنج ڕاکێشە. له‌ داوه‌ته‌که‌ زیاتر، خۆئاماده‌کردن بۆ داوه‌ته‌که مرۆڤ ده‌هه‌ژێنێ. دکتۆر جه‌مشید به‌نده‌ر له‌مباره‌وه ده‌ڵێ: ژیانی باب و باپیرانمان له‌ زاگرۆس سه‌یر و سه‌مه‌ره‌یه. ڕه‌وشی مرۆڤه‌ پیره‌کان له‌داوه‌تدا، منی برده‌وه بۆ چاخه کۆنه‌کان، بۆ زاگرۆس. ئه‌م داوه‌ته، مرۆڤێکی تریشی خستمه‌وه یاد. مه‌‌لا مسته‌فای بارزانی. ئه‌و ده‌ڵێ کوردێک نه‌توانێ بکه‌وێته گەڕی داوه‌ته‌وه، کورد نییه. له‌ داوه‌ته‌کاندا شڤان په‌روه‌ریش ڕۆڵی هه‌یه. چ باهۆز و گه‌رده‌لوولێکی له‌ کۆتایی هه‌فتاکاندا بەرپا کرد شڤان په‌روه‌ر... ئۆرهان کۆتان ده‌رباره‌ی شڤان په‌روه‌ر ده‌یگوت: شڤان په‌روه‌ر، به‌ گۆرانییه‌کانی، به‌ ئاژیته‌، کوردی خه‌وتوی هه‌ستاند، خستیه جموجوڵه‌وه، هه‌ژاندی. ئیتر ئه‌م کورده مه‌حاڵه بخه‌وێ.

لە کۆتاییدا، جه‌ماڵ به‌ردێکی به‌ ده‌سته‌وه‌یه. پارچه به‌ردێکی نه‌خشێنراو. ئه‌و کاتانه‌ی هێشتا خوێندکاری دواناوه‌ندی بوو، له‌ ڕه‌خ ئاوێک، به‌ڕێکه‌وت ئه‌و به‌رده‌ی دۆزیبۆه و وه‌ک به‌رده‌کانی تر فڕێی نه‌دابوو، ونی نه‌کردبوو. شتێکی به‌نرخ بوو که له‌ دێرسیمه‌وه له‌گه‌ڵ خۆیدا بردبوویه ئه‌سته‌نبوڵ. جارناجارێک ده‌یخسته ناو ده‌سته‌کانیه‌وه و سوکنایی ده‌هاته‌وه. هه‌ندێ جاریش بۆ ماوه‌یه‌کی درێژ له‌ به‌رده‌که ورد ده‌بۆوه و خه‌یاڵ ده‌یبرده‌‌وه. له‌وه‌ ده‌چێ به‌رده‌که، له‌ گونده‌کانی ده‌وروبه‌ر، له‌ شوێنه‌وارێکی مێژوویی هەڵگیرابێ.

جه‌ماڵ، له‌سه‌ر که‌ڵه‌ک، که‌ به‌ره‌و گه‌له‌که‌ی ده‌چێ، به‌رده‌که‌ی ناو ده‌ستی ده‌خاته ناو ئاوه‌کەوه. که‌ منداڵ بووه، پارچه به‌رده‌که‌ی له‌م شوێنانه دۆزیوه‌ته‌وه. ئه‌و به‌رده که له‌ دێرسێمه‌وه براوه‌ته ئه‌سته‌نبوڵ، له‌ ئه‌سته‌نبوڵه‌وه هێنراوه‌ته‌وه جێگه‌ی خۆی، له‌ شوێنه‌وارێکی مێژوویی دابڕاوه، ده‌گه‌ڕێته‌وه شوێنێک که سه‌ر به‌ ئه‌وێیه.

فیلمی باهۆز ده‌سته‌یه‌ک ئه‌کته‌ری زۆر به‌نرخ و به‌کوالیتی هه‌یه‌. ئه‌و ئه‌کته‌رانه‌ی ڕۆڵی جه‌ماڵ، هێلین، ئۆرهان و ڕۆژدا ده‌بینن، زۆر سه‌رکه‌وتوون، ئه‌کته‌رانی تریش هه‌روا.... ئه‌گه‌ر فیلمه‌که دروشمی تیا بوایه، سه‌رجه‌م په‌یوه‌ندیی و دیالۆگه‌کانی وه‌ک ئێستا سرووشتی نه‌ده‌بوون.

ده‌کرێ به‌سه‌رنج و مه‌راقه‌وه تێکۆشانی شۆڕشگێڕانه‌ی خوێندکاران له‌م سی ساڵه‌ی دواییدا، به‌تایبه‌ت تێکۆشانی کورد، ڕه‌نگدانه‌وه‌ی ئه‌م تێکۆشانه‌ له‌ سه‌ر خوێندکارانی زانکۆ، هه‌ر هه‌موویان له‌ باهۆزدا ببینین.

۱۳۹۶/۰۹/۲۶

دامەزرانی ڕێکخراوێکی تایبەت بە خوێندکاران و دەرچووانی زانکۆ لە سویسرا

پڕۆفیسۆر جەلیلێ جەلیل لە کاتی پێشکەش کردنی وتارەکەیدا. وێنە: سەلاحەدین بایەزیدی


دوێنێ شەممە لە زانکۆی فریبۆرگ ڕێکخراوی "کورد - ئاکاد" لە لایەن کۆمەڵێک چالاکڤان و ئاکادیمیسیەنی کوردەوە دامەزرا. ڕێکخراوەکە تۆڕی خوێندکارانی باڵا و دەرچووانی کوردە لە زانکۆکانی سویسرا و کار دەکات بۆ داکۆکیی کردن لە مافەکانی مرۆڤ و مافی کورد.

بە پێی بەیانی ڕاگەیاندنی ڕێکخراوەکە، کورد ئاکاد سەر بە هیچ ڕێکخراوێک نییە، هیچ ئینتیمایەکی سیاسی نییە و لە بوارگەلی فەرهەنگی، کۆمەڵایەتی، پەروەردە و زانستییەوە چالاک دەبێ.

لە کۆبوونەوەی دامەزراندنی کورد ئاکاد کە دوێنێ لە زانکۆی فریبۆرگ بە بەشداری زیاتر لە پەنجا کەس بەڕێوە چوو، چەند کەسایەتییەکی سیاسیی کورد و لەوانە دکتۆر دێرسیم داغدەڤیرەن، نووسەر و کوردۆلۆگ پڕۆفیسۆر جەلیلێ جەلیل، سیاسەتمەدار و مافناس فرات ئانلی وتاریان پێشکەش کرد.

لەو کۆبوونەوەیەدا پێنج کەس (سێ ژن و دوو پیاو) بە دەستەی بەڕێوەبەریی ڕێکخراوەکە دەستنیشان کران.

۱۳۹۶/۰۹/۲۳

"یەریڤان خەبەر دەدە"

تیتالێ کەرەم لە بەر دەرگەی ڕادیۆ یەریڤان - وێنە: سەلاحەدین بایەزیدی


سەلاحەدین بایەزیدی - یەریڤان

 
نزیکەی سەد ساڵ بەسەر تەمەنی ڕادیۆ کوردی یەریڤاندا تێدەپەڕێ. لە بەرەبەری یادی سەدەیەک مێژووی پڕشنگداریدا مەترسیی ئەوە هەیە ئەو دەنگە بۆ هەتا هەتایە ماڵئاواییمان لێ بکا. تیتالێ کەرەم، بەرپرسی بەشی کوردیی ڕادیۆی یەریڤان نایەوێ بیر لەو ساتەوەختە بکاتەوە، ئەو ئێستا لە کارمەند و بەرپرسێک زیاتر، خۆی گوتەنی وەک "منداڵێک" چاو لە ڕادیۆکە دەکا، هەرچەند هەست دەکەی ڕادیۆکە چیتر ئەو منداڵە نییە و لە پاییزی تەمەنی دایە. 


بەشی کوردی ڕادیۆ یەریڤان ساڵی ١٩٣٠ دەستی بە وەشان کردووە. ڕادیۆیەکی حکومییە. سەرەتا ماوەی بەرنامەکانی زۆر کەم بووە و هەفتانە پێنج تا دە دەقە بەرنامەی پەخش کردووە، هەواڵەکان هەمووی پڕوپاگەندەی سۆڤیەت و پارتی کۆمۆنیست بوون، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا وەک تیتالێ کەرەم دەڵێ کە خەڵک گوێیان لەو ڕستە بەناوبانگە دەبوو کە دەڵێ "یەریڤان خەبەر دەدە" دەستیان لە کاروباری ڕۆژانە هەڵدەگرت و ژیان دەوەستا. 


ڕادیۆ یەریڤان تا ساڵی ١٩٣٧ بەمجۆرە بەردەوام بووە. لە ماوەی ئەو ساڵانەدا گەلەک ناوەندی چاندی بۆ کوردان لە ئەرمەنستان دروست بوون. ئەو ناوەندانە تا ساڵی ١٩٣٧ بەردەوام بوون و کاریان کردووە. ساڵی ١٩٣٧ زەبروزەنگی ستالین گەیشتە لوتکە و دەرگەی ئەو ناوەندانە داخران. تیتالێ کەرەم ئەو ڕۆژانە ئاوا وەسف دەکا "ئەودەم تەنانەت ئەگەر منداڵێک گوتبای فڵان کەس سیخوڕە، ئەو کەسەیان دەگرت و دەیانبرد. ناوەندە کوردییەکان داخران، نەک هەر هیی نەتەوەی کورد، بەڵکوو هیی نەتەوەکانی دیکەش بەو دەردە چوون."


ئەم دۆخە هەتا ساڵی ١٩٥٥ بەردەوام بووە. ساڵی ١٩٥٣ ستالین مرد. ئەو بەهارەی ستالین مرد، ڕادیۆ و ڕۆژنامە و ناوەندە چاندییەکان بووژانەوە. لە ساڵی ٥٥ەوە تا ڕۆژی ئەمڕۆ ڕادیۆ یەریڤان بێ وچان بەردەوام بووە. ئەو ساڵە کە ڕادیۆکە دیسان دەستی بە پەخشی بەرنامەکانی کردووەتەوە، کاتی بەرنامەکانی کەم بووە و تەنیا نیو سەعات بەرنامەی بڵاو کردووەتەوە. بەڵام ساڵی ١٩٥٨ دوای سەفەری مەلا مستەفای بارزانی ماوەی بەرنامەکانی ڕادیۆ درێژ کراوەتەوە. تیتالێ کەرەم دەڵێ "مەلا مستەفای نەمر ئەو ساڵە سەردانی کوردەکانی ئێرەی کرد. ژیانی کوردانی سۆڤیەتی لە نزیکەوە بینی و هاتە ڕادیۆش. لە کارمەندەکانی ڕادیۆی پرسیبوو چ داواکارییەکتان هەیە. ئەوانیش لە وەڵامدا گوتبوویان دەمانەوێ کاتی بەرنامەکان درێژ بکرێتەوە. مەلا مستەفا کە دەچێتە مۆسکۆ داوا لە دەسەڵاتی سۆڤیەت دەکا ماوەی بەرنامەکانی بەشی کوردی زیاتر بکەن. ئەرمەنستان ئەوکات لە ژێر کۆنتڕۆڵی مۆسکۆ دابوو. دوای ئەوە، بەرە بەرە ماوەی بەرنامەکانیان زیاتر کرد. لە نیو سەعاتەوە بوو بە سەعات و نیوێک. لە شەشەوە هەتا حەوت و دواتر لە سەعات نۆ و نیو تاکوو دە بەرنامەی کوردی پەخش دەکرا." 


ئەو ساڵانە ڕادیۆی کوردی کەم بوون، ئەوانەی هەشبوون، وەک ڕادیۆ یەریڤان سەریان بەرز نەبوو. "ڕادیۆ یەریڤان جیاواز بوو''، تیتالێ کەرەم وا دەڵێ.


ناوبراو پێی وایە "ڕادیۆ یەریڤان ڕۆڵێکی مەزنی لە وشیاری نەتەوەیی و بووژانەوەی هونەری کوردیدا گێڕاوە. لە هەر چوار پارچەی کوردستان، لە هەر شوێنێک باسی ڕادیۆ یەریڤان بکەی، خەڵک دەیناسن. ڕادیۆکە لە سەرانسەری کوردستان و هەموو ڕۆژهەڵاتی ناوین دەگیردرا. ئەمڕۆکە گەلەک ڕادیۆ هەن، گەلەک تەلەڤزیۆن هەن، ئەنتەرنێت پێش کەوتووە، لێ ناوی ڕادیۆ یەریڤان لە نێو دیرۆکی گەلی کورددا بە جیا هاتیە نەڤیسارێ. ناوی ئەم ڕادیۆیە بە پیتی زێڕین لە مێژووی کورد و کوردستاندا تۆمار کراوە."  


ڕادیۆ یەریڤان بەتایبەت لە باکووری کوردستان ڕۆڵێکی زۆر گرنگی بینیوە، چونکە لە تورکیا ڕادیۆ کوردی قەدەغە بوو و نکۆڵی لە هەبوونی کورد دەکرا. تیتالێ کەرەم لە زاری زۆر کەسەوە بیستوویەتی کە ئەو ساڵانە لە باکوور کێ لە ماڵێ ڕادیۆی هەبوایە، دەرگە و پەنجەرەی پێوە دەدا و بە دزی گوێی لە ڕادیۆ یەریڤان دەگرت. زۆر نووسەر و لێوەکۆڵ ئەم قسەیەی تیتالێ کەرەم پشتڕاست دەکەنەوە. ئۆرهان پاموک، نووسەری تورک لە ڕۆمانی "بەفر"دا لە زاری سەرداربەگی ڕۆژنامەنووسەوە دەڵێ "... کەس لە بەرامبەر ئەوانی تردا شانازیی بە ڕەچەڵەکی خۆیەوە نەدەکرد. هەموو ئەم هەستی بە خۆنازینە لە لایەن ڕادیۆ کۆمۆنیستەکانی یەریڤان و باکۆوە بە مەبەستی هەڵوەشاندنەوەی تورکیا و دابەشکردنی بڵاو دەکرانەوە. ئێستا خەڵکەکە هەژارتر بوون، بەڵام بەخۆشانازترن." (بەفر، ئۆرهان پاموک، وەرگێڕانی بەکر شوانی)


ڕادیۆ کوردیی یەریڤان بەرزی و نزمیی زۆری بە خۆوە بینیوە کە هەموویشی پەیوەندیی بە دۆخی ئابوورییەوە هەبووە. هەڵوەشانەوەی سۆڤییەت و تێکچوونی ڕەوشی ئابووری کاریگەریی لەسەر ڕادیۆکە داناوە. دەوڵەت نەیتوانیوە خەرجی ڕادیۆکە دابین بکا. تیتال ئەو ڕۆژانەی بە بیر دێ کە خەڵک دەستە دەستە کۆچیان دەکرد و دەچوونە وڵاتانی جۆراوجۆر. "ئێمە نەچووین. باوکم بە تەنیا لە ڕادیۆ مایەوە. ئەوەی ڕاستی بێ ئەمنیش دەمویست بچمە دەرەوە. تازە زەماوەندم کردبوو. بە خۆمم دەگوت دەبێ کارێکی تر بکەم و ماڵ و منداڵم بژێنم. لێرە بەتاڵ و حەتاڵ چی بکەم. باوکم گوتی نا من بەتەنیا جێ مەهێلە، حەیفە ئەم ڕادیۆیە دابخرێ کە ئەو هەموو ساڵە بەردەوام بووە. دەیگوت وەک ئەوە وایە زارۆکێک مەزن بکەی و پاشان وازی لێ بێنی و بڵێی تۆ زارۆکی من نی."


تیتالێ کەرەم دەگێڕێتەوە: "سەرەتای ساڵانی نەوەد لێرە گرفتی ئابووری هەبوو، خەرجی ژیان زۆر گران بوو، کارەبا نەبوو، گواستنەوە و هاتوچۆی گشتی وەستابوو و شەڕێکی سەخت لە نێوان ئەرمەنستان و ئازەربایجان لە ئارا دابوو. لە ڕادیۆوە تا ماڵی ئێمە نۆ کیلۆمەتر ڕێ هەیە. ڕێگەکەش وا نییە هەموار بێ، سەرەولێژە. باوکم بە پێیان نۆ کیلۆمەتر دەچوو و نۆ کیلۆمەتر دەگەڕایەوە. جا زستانان زۆر ئەستەمە. ئەویش سەرمای ئێرە. تا بیست و بیست و پێنج و تەنانەت سیی پلەی ژێر سفر دەچوو. ئەمنیش جارجارە لەگەڵ بابم دەچووم بۆ ڕادیۆ. هەرچەند کەمتر. ماڵێ سارد بوو و ڕادیۆ ساردتر. ئەودەم بەرنامەکانی ڕادیۆ وەک ئێستا کەم نەبوون و نۆ و نیو و دە تەواو دەبوو. کە دەگەیشتینەوە ماڵێ، دەبوو بە سەعات دوو و سێی شەو. سێ چوار سەعات دەخەوتین و بەیانیی زوو ڕادەبووین بۆ ئەوەی بە پێیان بێینەوە ڕادیۆ. چەند ساڵێک ئەم دۆخە بەم شێوەیە بەردەوام بوو. بە بیرم دێ ئێوارەیەک کە دەمانویست پێکەوە بچینە ڕادیۆ، ئەمن بە باوکمم گوت من تاقەتم نەماوە و ئیدی واز لەو کارە دێنم. ئەوکات لە هەموو پارچەکانی کوردستان شەڕێکی نەتەوەیی لە گۆڕێ بوو. باوکم گوتی ئێستا شەڕڤانەکانی کورد، چ پێشمەرگە چ گەریلا، لە چیاکان لەو بەفر و بەستەڵەکەدا دژ بە دوژمن شەڕ دەکەن، تۆ ناتوانێ دە کیلۆمەتر بە پێیان بپێوی؟ بە خۆمدا شکامەوە و لە دڵی خۆمدا گوتم خۆزیا ئەو قسەیەم نەکردایە."


باوکی تیتالێ کەرەم، سەیادێ کەرەم پەنجا و چوار ساڵ ڕادیۆ کوردی یەریڤانی بەڕێوە برد و بە سەلامەتی بە کوڕەکەی سپارد. ئێستا ڕادیۆ یەریڤان چوار کارمەندی هەیە و ڕۆژانە نیو سەعات بەرنامە پەخش دەکا. 


ئاخۆ زەحمەت نییە؟ "زەحمەت بێ یان نا، دەبێ ئیش بکەین. ئێدی بە درێژایی ئەو هەموو ساڵە ڕاهاتووین. مەعاش کەمە. دۆخی ئابووری باش نییە. لەگەڵ ئەوەشدا هەتا ڕۆژی ئەمڕۆمان هێناوە. بەو مەعاشە کەمەوە هەر کەس نایەت لێرە کار بکا. کادیرمان نییە. گەنجی ئێستا ڕوو لە کاری ئاوا ناکەن، دەچن بە ئیشی ترەوە مژووڵ دەبن. ئەگەر کادیر نەبێ، مەترسی ئەوە دێتە گۆڕێ بەشی کوردی دابخرێ، دەوڵەت ڕێگە و بوار دەدا، بەڵام دەبێ خەباتکار هەبن. هەتا ڕۆژی ئەمڕۆمان هێناوە و بزانین چۆن دەبێ."


تیتالێ کەرەم هاوکات بەڕێوەبەری نووسینی ڕۆژنامەی "ڕێیا تازە"شە. ساڵی ٢٠١٠، پاش کۆچی دوایی گریشایێ مەمێ بووەتە سەرنووسەری ئەو ڕۆژنامەیە کە یەکێکە لە کۆنترین ڕۆژنامە کوردییەکان و ٨٦ ساڵی تەمەنە. "ڕێیا تازە" هەتا پێش هەڵوەشانەوەی سۆڤیەت هەفتەی دوو جار چاپ و بڵاو بۆتەوە، بەڵام پاش هەڵوەشانەوەی سۆڤییەت بووە بە مانگێ جارێک و ئێستاش جار جارە و بە پێی دەرفەت چاپ دەبێ. ڕۆژنامەکە بە خۆڕایی لە نیو کوردەکانی ئەرمەنستان بڵاو دەبێتەوە و بەدەست گرفتی ئابوورییەوە دەناڵێنێ. وەک تیتالێ کەرەم دەڵێ ساڵی ٢٠١٣ بنکەی لالەش لە باشووری کوردستان یارمەتی داون و دوای ئەو یارمەتییانە توانیویانە بۆ یەکەمجار ڕۆژنامەکە بە ڕەنگی چاپ بکەن. ئەو هاوکارییە هەتا دەسپێکردنی شەڕی داعش بەردەوام بووە.


تیتالێ کەرەم کە ئاستی ڕۆشنبیری و چاپەمەنی کوردەکانی ئەرمەنستان لە سەردەمی ئێستا و سۆڤییەتدا هەڵدەسەنگێنێ، جیاوازییەکی گەورە دەبینێ، ئەو پێی وایە لە سەردەمی سۆڤییەتدا جموجوڵێکی زیندووتر هەبوو و کتێبێ کوردی زۆرتر چاپ دەبوون، بەڵام ئێستا بنووس کەم بوونەتەوە، کەس لە بەشی کوردیی ئاکادیمیای زانستی ئەرمەنستان نەماوەتەوە. پێشتر چەندین پڕۆفیسۆری کورد کاریان تێدا دەکرد. جاران شانۆی کوردی هەبوو و ئێستا داخراوە و تەنیا یەک دوو کەس لە بەشی کوردیی یەکێتیی نووسەرانی ئەرمەنستان کار دەکەن.

۱۳۹۶/۰۹/۱۴

تـــاراوگە

 
Photo : Cinou Delcuvellerie

سەلاحەدین بایەزیدی

کە پێم نایە
یەکەم پایتەختی جیهان
تێر تێر
گریام بۆ گوندەکەی خۆمان.


***

شەوانە زوو،
پەنجەرەکان بە ڕووی ئاسۆدا دادەخا
رێگە نادا
گڕی پەنگ خواردووی دەروونم
لە تاریکی دەرەوەدا
داگیرسێنم

بەرەو قەرەوێڵەیەکم دەبا
وەکوو پەنگر.

سپێدە زوو،
پەنجەرەکە بەرەو خۆری نەزۆکی ئێرەدا دەکاتەوە
رێگە نادا
وەک هەمزاتۆف
شۆڕ بمەوە بۆ نێو خەونی دوێنێ شەوم
زوو یادەکانم دەردەکا

بەرەو نەینۆکێکم دەبا
پێش تر سیمای ڕووشاندووم و
نهێنی ترین نیگاکانی لێ دزیوم.

چەند تەنگە ئەم ژوورە بۆ غەریبیم
چەند زیندانە بۆ هەناسەم
چەند تاریکە بۆ دوارۆژ و
چەندە بزرە بۆ ئێستاکەم.


***
من درەختێک دەناسم
ڕەگی لە نێو خاکدا نییە

من دارگێوژێک دەناسم
بە تەنیا بە نێو لێڕەواری کاژەکاندا پیاسە دەکا

من درەختێک دەناسم
بە ئۆکسیژێن ناژی

درەختێک،
شنەی یادی ڕابردوو دەیژێنێ
خەونی دەستکردنە نێو هێلانەکانی منداڵی
لە سەر پێی ڕادەگرێ. 


***


تاراوگە:
دەشت،
شار،
ئاپارتمان،
شاڕێ،
دەریا،
زەنگی کڵێسە،
ئاسۆ.

زێد:

چیا
گوند،
کەوێڵ،
شڤەڕێ،
کانی،
مەلابانگدان،
کازیوە.
 

***
 

ڕۆیشتن:
هەڵاتن.

مانەوە:
گریان.

ئاوڕدانەوە و هانکەهانک
ڕۆندک و چاوەڕوانی.

ڕۆیشتن:
شەپۆل
جەستەی مردوو.

مانەوە:
شەونخوونی
فرمێسکی وشکەوەبوو.

۱۳۹۶/۰۹/۱۳

خەونێک


خورخێ لویس بۆرخێس
لە فەڕەنسییەوە: سەلاحەدین بایەزیدی

 
لە شوێنێکی شۆرەکاتی ئێران، بورجێکی بەردین دیارە، هەندێک نزمە، بێ دەرگا و بێ پەنجەرەیە. لە تاکە ژووری ئەو بورجەدا (کە عەرزەکەی داتەپاوە و شێوازێکی بازنەیی هەیە) مێزێکی دارین و کورسییەک بەدی دەکرێن. لەم ژوورە بچووکە بازنەییەدا، پیاوێک کە لە من دەچێ، بە خەتێک کە لێی تێناگەم، شیعرێکی درێژ لە سەر پیاوێک دەنووسێ کە لە سللولێکی تری بازنەییدا شیعرێک لە سەر پیاوێک دەنووسێ کە لە سللولێکی تری بازنەییدا… ڕەوتەکە بێ کۆتاییە و کەس ناتوانێ ئەو نووسراوە بخوێنێتەوە کە گیراوەکان دەینووسنەوە.