۱۳۹۶/۰۳/۲۴

ئەدەبیاتی گێڕانەوە لەناو مێژوودا


( حەلیم یوسف) وەك نموونە

غەمگین بۆڵی

ئەدەبیاتی گێڕانەوە ڕەگێكی قووڵی هەیە بە ڕابردووەوە، وەلێ ئەوەی لە ڕێگەی ئەدەبیاتی گێڕانەوەوە دەنووسرێتەوە، تەواو جیاوازە لە گێڕانەوەیەكی مێژوویی. تۆماركردنی مێژوو ئەوەندەی نووسراوێكی ستایشئامێز و پیاهەڵگوتن و دروستكردنی كارەكتەری پاڵەوانی جەنگە، ئەوەندە خەریكی دیوە جوانەكانی مێژووی نەتەوەیی و مرۆیی نییە، یان ئەوەندە خەریكی دیوە شاراوەكان نییە. بۆیە زۆرجار ئەوەی بە مێژوو ناكرێت، بە ئەدەبیات دەكرێت. ئاخر زۆربەی جاران نووسینەوەی لاپەڕەكانی مێژوو لە پێناو مێژوودایە، مێژوویەك ڕووت و بەبێ هیچ ئێستیتیكایەكی هونەری. ئەوە جگە لەوەی زۆرجارانیش لەناو مێژوودا غەدری گەورە دەكرێت لەسەر وەختی تۆماركردندا. بۆ نموونە: لە تۆماركردن و نووسینەوەی مێژوودا هەرگیز باس لە ئازایەتی و جوامێری سەربازێك، یان پێشمەرگەیەك ناكرێت، بەڵكو هەمیشە گێڕانەوە و تۆماركردنەكە لە ڕێگەی پێشەوا و سەرۆكەكەوە دەبێت. مێژوو نووسراوێكی شانازییە بۆ دەوڵەت و سەرۆك و نەتەوەیەك، وەلێ نووسراوی ئەدەبی شانازییە بۆ هەموو كەسێك. چۆن ئەدەبیاتی گێڕانەوە وەك نووسراوی مێژوویی دەستەمۆ ناكرێت و هەمیشە لە هەوڵی هەڵفڕینە، هەمیشە دەیەوێت سنوورەكان ببەزێنێت و بچێتە ئاسمانی دەوڵەتێكی دیكە، دەیەوێت لە ڕێگەی ئیستیتیكای نووسینەوە جوانی نیشانی سەرۆكەكان بدات، گەرەكیەتی ببێتە موڵكی هەموو نەتەوەیەك.

دیارە جیاوازییەكانی نێوان مێژوو و ئەدەبیات زۆرن، وەلێ خاڵێكی بنەڕەتی كە لە یەكیان جیا دەكاتەوە ئەوەیە: مێژوو باس لە شتێك دەكات كە ڕووی داوە، وەلێ زۆرجار ئەدەبیات باس لە شتێك دەكات كە دەشێت ڕووبدات. لە نووسینەوەی مێژوودا گرینگ نییە زمانی نووسین و هونەری جوانیناسی، بەڵكو ئەوەی گرینگە ستایشكردنی جەنگەكان و شانازیكردنی نەتەوە و تاكەكانیەتی بە سەركردەكانیان. وەلێ لە ئەدەبیاتدا بەتایبەت لە ئەدەبیاتی گێڕانەوەدا، ئەوەی گرینگە زمانێكی تۆكمەی گێڕانەوەیە، چیرۆكێكی نایابە، ...هتد. ئەوەی ئێمە لێرەدا دەمانەوێت لەبارەیەوە بنووسین، ئیشكردنی ئەدەبیاتی گێڕانەوەیە لەناو مێژوودا، دیارە لە هەردووكیاندا بەریەككەوتنێك هەیە كە گێڕانەوەی ڕۆژانی ڕابردووە، یان تۆماركردنی زەمەنێكە. واتە: هەم لە نووسینەوەی مێژوودا و هەمیش لە ئەدەبیاتی گێڕانەوەدا، دەگەڕینەوە ڕابردوو. دیارە مێژووی كوردیش لەم لایەنانەوە پشكی شێری بەركەوتووە، چۆن زۆربەی ئەو سەرچاوانەی كە هەن و لەبارەی مێژووی كوردەوە نووسراون، لەلایەن كەسانی بیانییەوە بوونە. بۆیە بەبڕوای من دووبارە دەستبردن بۆ نووسینەوەی ئەو مێژووە، باشترین ڕێگەیە و شێوازێكی نووسین، ئەدەبیاتی گێڕانەوەیە. دیارە نووسەرانی ئێمەیش دركیان بەم بۆشاییە گەورانە كردووە، بۆیە نووسەرانێك بە پرۆژەی بەردەوام كار لەسەر پڕكردنەوەی ئەم بۆشاییە گەورەیە دەكەن. یەكێك لەو نووسەرانەیش (حەلیم یوسف)ە.

حەلیم یوسف نووسەرێكی ڕۆژئاوای كوردستانە و خەڵكی شاری عامودێیە و ئێستا لە وڵاتی ئەڵمانیا دەژیت. ئەم نووسەرە خاوەن بەرهەمگەلێكە، وەلێ لەم چەند ساڵەدا بەرهەمەكانی لە كرمانجییەوە كرانە سۆرانی. پێشتر وەك ناو، تەنیا جارێك چیرۆكێكم بینی لە یەكێك لە ژمارەكانی گۆڤاری (ڕامان)دا بڵاوكرابۆوە. بۆیە دووبارە بەركەوتنم بە ناو و بەرهەمی حەلیم یوسف نائاشنا نەبوو. وەك خۆشی ئاماژەی بە دەستەواژەی (نووسەری نیوەكورد) دەكات، كە هەتا نووسەرانی كوردی سۆرانینووس بە كرمانجی نەخوێنرێنەوە و نووسەرانی كوردی كرمانجینووسیش بە سۆرانی نەخوێنرێنەوە، نابنە نووسەری كورد. بۆیە پتەوكردنی ئەو پردە، پتەوكردنی كولتووری كوردییە و باشترین خزمەتێكە ئێمە بە نووسەرانی نیوەكوردی دەكەین.

كاتێك ماسییەكان تێنوو دەبن:
ئەمە ناونیشانی ڕۆمانێكی ڕۆماننووس حەلیم یوسفە و لە ڕێگەی كارەكتەرێكەوە بەناوی (ماسی)یەوە، خۆڕاگری شەڕڤانەكان و ژیان و مەینەتی و دژوارییەكانی گەریلاكان دەگێڕێتەوە. ڕۆماننووس لە ڕێگەی (گێڕەرەوەوە) تەكنیكێكی جوانی بۆ هونەری گێڕانەوەی بەكارهێناوە. كاتێك دەرگەیەكی كۆن دەبێتە گێڕەرەوە، یان نووشتەیەكی بن هەنگڵ، یان سەگێك، یان كڵاوێك، یان قەڵەمێك ...هتد. واتە لە هونەری گێڕانەوەكە ئەوەندە ورد و هۆشیارانە گێڕەرەوەی دروست كردووە، كە خوێنەر بە جۆرێك كەمەندكێش دەكات، زۆرجار بڕوا بەوە دەكات كە بەردێك لە شاخە سەختەكانی كوردستان بۆ گێڕانەوەی واقیعی ژیانی گەریلاكان دێتەگۆ. ڕۆماننووس ئەگەرچی ئەو هەموو گێڕەرەوە لەناو ڕۆمانەكە دروست دەكات، وەلێ بە شێوەیەكی ئەوەندە تۆكمە و هونەرییانەیە كە خوێنەر هەست بە بێزاری و پچڕانی ڕووداوەكان ناكات. چۆن لەناو هەموو چیرۆكەكەدا واقیعێك هەیە كە بوونی كوردە. واتە بوونی ئەو مێژووەیە كە گەلی كورد خەباتی بۆ دەكات. مێژوویەكی بریندار و خوێنبەر ڕۆیشتوو. ئەو مێژووەی كە تێنووە و خەبات و تێكۆشان دەكات بۆ ئاوی سەربەخۆیی. دیارە ڕۆماننووسیش بە مەبەست پەیڤی (تێنوو)ی بەكارهێناوە و دەیەوێت وەك ڕەمزێك بەكاری بهێنێت بۆ گەیشتن بەو ئاوە. زۆرجارانیش بۆ مەینەتی و ئەو ناخۆشیانەیە كە گەریلاكان لە شاخە سەرختەكان بەسەری دەبن. ڕۆماننووس هێندە ورد و قووڵ چۆتە ناو ڕووداوەكانەوە كە هەرگیز لە مێژوودا وەها باس ناكرێت. ئاخر مێژوو ناتوانێت ئەو هەموو وردەكاریانەی ناو جەنگ باس بكات، یان باسی گەریلایەك بكات بەدرێژایی وەرزی زستان لە ژێرزەمینێك، یان هەڵگرتنی قووی ئاوەتەماتە، یان بوونی ئەڤینێكی ڕاستەقینە لەناو شەڕدا. ئەوانە بۆ مێژوونووس سەختە و مێژوونووس ناتوانێت هێندە ورد بچێتە ناو قووڵایی ڕووداوەكانەوە، یان لەناو دڵی كارەكتەرەكاندا دابنیشێت و هەستەكانیان بخوێنێتەوە. بۆیە دەشێت ئەم ڕۆمانە بەشێك بێت لە مێژووی نەبەردی و قارەمانیەتی گەریلاكان، كە بڕواناكەم هەرگیز لە نووسینەوەی مێژوودا، وەها ورد و جوان بێتە بەرباسەوە.

ژنانی نهۆمە بەرزەكان:
ئەوەیان ناونیشانی كۆمەڵە چیرۆكی حەلیم یوسفە و دووەمین كتێبی چاپ و بڵاوكراوەیەتی و لەدوای بڵاوبوونەوەی كۆمەڵە چیرۆكی (پیاوی ئاوس)ەوە دێت. ژنانی نهۆمە بەرزەكان لە پێنج چیرۆك پێكهاتووە: "ئەڤینی سەركرمێ- لەداردانی لووتێك- سەردێڕی نووسین- لاشەیەكی خۆبۆغزێن (بەشێك لە ڕۆمانێكی ونبوو)- ژنانی نهۆمە بەرزەكان." بەگشتی ئەم كتێبەیش باس لە مێژووی كورد دەكات و لەناو مێژوویەكی كۆندا چیرۆك دروست دەكات، یان مێژوویەكی كۆن و دەمامكدار دەهێنێت و لەگەڵ مێژوویەكی دیكەدا لێكیان دەدات و چیرۆكێكی تازەیان لێ دروست دەكات. ئەوەی لەناو هەموو چیرۆكەكانیش وەك خەتێكی گشتگیر دەبینرێت، نەهامەتی و ناخۆشییەكانی نەتەوەكەیەتی كە نەتەوەی كوردە. لە چیرۆكەكاندا ژیان و دۆخی خەڵك و مێژووی بەجێماو و تۆمارنەكراوی ئەو ڕۆژانە بوونەتە كەرستەی نووسین و چیرۆكەكانی. واتە بوونی دوو ڕۆژگاری لە یەكتر دوور بە یەكەوە گرێ دەدات و لە ڕێگەی هونەرێكی جوانی گێڕانەوەوە، دەیگێڕێتەوە و دەیكاتە چیرۆكێكی پڕ ڕەهەندی نەتەوەیی. لێرەدا دەمەوێت باسی چیرۆكەكان بكەم و هەر چیرۆكەی بە جیا، بە كورتی لەبارەیەوە هەڵوەستە دەكەم و ڕوانگە مێژوویەكەشی دەخەمە بەر ڕۆشنایی نووسینەوە.

ئەڤینی سەركرمێ:
ئەم چیرۆكە ئەوەندە ئیشكردنە لەناو مێژوو و نیشاندانی مەینەتییەكانی گەلی كورد، ئەوەندە باسی كارەكتەر و ڕۆژگار نییە. یان ئەوەندەی ئەو ئەڤینەی كە هاتۆتە بەر گێڕانەوەوە ئەڤینێكی نەتەوەیی و خاك و خۆڕاگرییە، ئەوەندە ئەڤینی ئافرەت و سامان و دەستەڵات نییە. ئاخر حەلیم یوسف ئەوەندە ڕاستگۆیانە باسی ئەو ئەڤینە دەكات، كە خوێنەر ناتوانێت لەسەر دێڕەكانی نەوەستێت: " من پێش دوو هەزار و شەش سەد ساڵ مردبووم. كاتێك كە هەڵوەدای ئەڤینی خاك بووم، دەستم بە خواردنی خۆڵ كرد".

لەداردانی لووتێك:
ئەم چیرۆكەیش لە هەوڵێكی چڕدایە بۆ گێڕانەوەی چیرۆكێك لەناو چەند پارچە چیرۆكێكی كۆن و پەراوێز. كە هەموو ڕووداوەكان بە تەنافێك بەستراونەتەوە، كە بوونی لووتێكی گەورەیە. كە ئەمەیش هەم وەك سیمبووڵ بەكارهاتووە، هەمیش وەك گەڕانەوەیەك بۆ مێژوو. ئەو ڕووداوە مێژوویانەیش لە چوارچێوەی چیرۆكدا بەرجەستە بوونە و خەم و ناسۆری و نەهامەتییەكانی تاكی ڕۆژهەڵات و مرۆڤی كوردی و خاكی داگیركراو نیشان دەدەن، كە ئەمەیش ڕوونە كە بوونی نەتەوەی كورد بە درێژایی مێژوو باجی بۆ دەدات و لە هەوڵ و تێكۆشانەكانی بەردەوامە بۆ گەیشتن بە ئامانجەكە.

سەردێڕی نووسین:
ئەم چیرۆكە ڕاستەوخۆ ئیشی لە دیوێكی شاراوەی ژیانی ئەحمەدی خانی ( نووسەری داستانی مەم و زین) كردووە، هەموو چیرۆكەكەیش زەقكراوەتەوە بۆ نیشاندانی مێژوویەكی پڕ برین، كە مێژووی كوردە و ئەم مێژوویەش بە دەستی نەیارانەوە بەردەوام بریندار كراوە و چڤاتی كورد بەم هۆیانەوە خوێنی لەبەر ڕۆیشتووە.

دیارە لەسەروەختی خوێندنەوەی ئەم چیرۆكەدا، ڕۆمانی (میرنامە)ی رۆماننووسی كورد (جاندۆست)م بیركەوتەوە، وەلێ هیچ یەكێكیان وەك ئەوەی دیكە نەبوون و هەردووكیان بە شێواز و دیگەی جیاواز و تایبەتی خۆیانەوە ژیانی ئەحمەدی خانییان گێڕاوەتەوە و ڕووداوەكانیشیان موتوربە كردوون بە نەهامەتی و ناسۆرییەكانی كورد و خەمی كوردبوون.

لاشەیەكی خۆبۆغزێن – (بەشێك لە ڕۆمانێكی ونبوو)
یەكێك لە چیرۆكە تایبەتەكانی نێو ئەم كۆمەڵە چیرۆكەیە، چۆن نووسەر دەستی بۆ بابەتێكی زۆر هەستیاری نێو مێژووی كورد بردووە، كە ئەویش کوشتاری ئەرمەنییەكانە لەلایەن كۆمەڵێك كوردی بەكرێگیراوی دەستی تورك. نووسەر لە ڕێگەی ئەم بابەتە هەستیار و مێژووە ڕەشەی كوردەوە، دەیەوێت لە ڕێگەی چیرۆكی ئەڤیندارییەوە بڵێت: كورد گەلێكی خوێنڕێژ نییە، بەڵكوو گەلێكە پڕە لە خۆشەویستی و ئەڤین. بۆیە لە ڕێگەی ئەڤینداری كوڕێكی كورد و كچێكی ئەرمەنی، دەیەوێت تیماری بەشێكی بچووكی ئەو برینە گەورەیەی مێژووی ئەرمەنەكان بكات. هەروەها ئەوەیش بڵێت كە ئەڤینداری هیچ سنوور و ئایین و نەتەوەیەك ناناسێت و كورد بە تەنیا بڕوای بە ئەڤین هەیە.

ژنانی نهۆمە بەرزەكان:
ئەم چیرۆكە ئەگەرچی ڕەهەندی جیاوازی هەیە و ئێمەیش دەمانەوێت باسەكەمان مێژوویی بێت و باس لە گێڕانەوەی مێژوو بكەین بە زمانی ئەدەبیات، یان باسی ئەدەبیاتی گێڕانەوە بكەین لەناو مێژوودا. بۆیە تەنیا ڕۆشنایی دەخەینە سەر ئەو لایەنە.
ئەم چیرۆكە باسی ژیانی سترانبێژی كورد محەمەد شێخۆ دەكات و لە ڕێگە مەینەتی و ئازارەكانی ئەو هونەرمەندەوە، نەهامەتی و ئازاری كورد باس دەكات. واتە ژیانی محەمەد شێخۆ بەهانەیەكە بۆ نیشاندانی ئازاری مرۆڤی كورد، كە بێگومان دواجار محەمەد شێخۆیش تاكێكی كوردە و نموونەی هەزاران كوردی دیكەیە كە لەناو نەهامەتی و ئازاری كوردبوون دەژین.

پەراوێز و سەرچاوە:
1- كاتێك ماسییەكان تینوو دەبن – ڕۆمان – حەلیم یوسف – وەرگێڕانی: سەڵاحەدین بایەزیدی. لە بڵاوكراوەكانی ڕۆشنبیری و هونەریی ئەندێشە – چاپی یەكەم: 2015.
2- ژنانی نهۆمە بەرزەكان – چیرۆك – حەلیم یوسف – وەرگێڕانی: فەرهاد چۆمانی. لە بڵاوكراوەكانی ڕۆشنبیری و هونەریی ئەندێشە – چاپی یەكەم: 2017.

-------------------
لە ژمارە (22)ی پاشكۆی (ئەدەب و كولتوور)ی هەفتەنامەی (ڕووداو)دا بڵاوبۆتەوە.

هیچ نظری موجود نیست:

ارسال یک نظر