‏نمایش پست‌ها با برچسب ئاکی شیمازاکی. نمایش همه پست‌ها
‏نمایش پست‌ها با برچسب ئاکی شیمازاکی. نمایش همه پست‌ها

۱۳۹۹/۰۹/۳۰

تسووباکی

 


ژیر دانا

(لەودیو دژەکانەو دژتر هەیە)
هەمیشە وا ڕاهاتووین و باوەڕمانکردووە کە هەموو شتێک پێویستە دژێکی هەبێت، واتە بۆ ئەوەی ڕەش هەبێت پێویستە سپیش هەبێت، بۆ ئەوەی پیاو هەبێت پێویستە ژنیش هەبێت، وە بۆ ئەوەی ئاشتی هەبێت پێویستە جەنگیش هەبێت، بەمە ئەڵێن دوالیزم، باوەڕبوون بە دوالیزم لە هەمان کاتدا زیان و سوودیشی هەیە، زیان بەو مانەیەی کە تەنها یەک ڕێگات پیشان ئەیا بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان و سوودیش بەو مانەیەی کە هەمیشە بوونی هیوایەکت بۆ دروست ئەکات بەرەو چارەسەر، بێگومان هەم زانست و هەم ئەزموونی مرۆڤایەتیش گەیشتوون بەوەی کە شتەکان تەنها لە ئاستێکی بینراو و ڕووکەشیدا بەو جۆرە دوالیزمیەن و لە ناوەڕۆکدا شتەکان هەر شتن بەبێ ئەوەی کە دژیشیان هەبێت، لەوانەیە بۆ کەسێکی ئاسایی باوەڕهێنان بەم نەبوونی دوالیزمییە قورس بێت بەڵام ڕێگا زۆرە تا بگەیت بەو ڕاستییە و یەکێکیش لە ڕێگاکان ئەوە بووە کە تۆ کەسێکی یابانی بیت، وە لە سەردەمی جەنگی جیهانی دووەمدا ژیابیت.
هەر ئەم پووچەڵکردنەوەی دوالیزمیەشە کە لە سەرەتاکانی چیرۆکەکەوە خوێنەر بەری ئەکەوێت، بە جۆرێک کە لە سەرەتادا شتەکان و دژەکانیان واتە جەنگ و ئاشتی، جوانی و ناشرینی، خێزان و پەیوەندی تاکەکەسی، خۆشەویستی و هاوسەرگیری، یۆکیۆ و یۆکیکۆ لە ململانێیەکی بەردەوامدان بەرەو ئامانجێکی دیاریکراو بەڵام لە درێژ ماوەدا ئەم شتانە بە جۆرێک لەیەک دووردەکەونەوە کە ئەسڵەن بە دژ و هاوتای یەکتر دانانرێن و هەر یەکێکیان ڕووبەڕووی دژتر و دژتر و دژتر لە دژەکەی پێشووی ئەبێتەوە، ئەمەش ئەو ڕاستییە ناخۆشەمان بۆ دەردەخات کە هەموو شتێک بە بێ ئەنداز شتی ترەوە بەستراوەتەوە و بۆ گەیشتن بەو شتە لەجێی ئەوەی تەنها پشت بە دژەکەی یان هاوتاکەی ببەستی پێویستە پشت بە بێ ئەنداز شتی ترەوە ببەستی، بەو مانایەی کە بۆ ئەوەی یۆکیۆ بە یۆکیکۆ بگات جیا لەوەی کە پێویستە سنووری کلتوور و خێزان و مێژوو تێپەڕێنێت،  پێویستە لەگەڵ هەموو ئەمانەشدا ڕۆزڤێڵتی سەرۆکی ئەمریکا بڕیاری تەقاندنی بۆمبە ئەتۆمیەکەی نەدات.

(جەنگ و مرۆڤ وەکو مێتافۆری یەکتر)
یەکێک لەو نەگبەتییە گەورانەی کە مرۆڤ بە دەستیەوە ئەناڵێنێت ئەوەیە کە مەودای بیرکردنەوەی تەنها لە ٢ ڕەهەندی هەست پێکراودا خۆی ئەبینێتەوە لەجێی ئەوەی کە ٣ ڕەهەند بێت، واتە بیرکردنەوەی مرۆڤ هێڵییە و بۆ ئەوەی لە شتێک تێبگات تەنها بە جۆرێک تێی دەگات کە ئەو شتە سەرەتا و ناوەند و کۆتایی هەبێت، سەرەتاکەی ناودەنێت هۆکار و کۆتاییەکەش ئەنجام، بەڵام ئەگەر بیرکردنەوەی لە مەودایەکی سێ ڕەهەندیدا بوایە ئەوا ئەمانتوانی شتەکان بە جۆرێکی ناهێڵی ببینین بۆ نموونە بە بازنەیی، بۆ تێگەیشتن لەمە با ئەو پرسیارە لە خۆمان بکەین کە جەنگ چۆن دروست ئەبێت، ئەتوانین بڵێین کە مرۆڤێک ویستێکی خۆپەرستانەی هەیە و ئەیکات بە ئامانج بۆ خۆی، دواتر دێت و کەسانێکی تر کۆدەکەتەوە کە هەمان ویستییان هەبێت و پێکەوە هەنگاو بەرەو جێبەجێکردنی ئەنێن، دواتر ئەوەی ئەمێنێتەوە لە بەردەمییان تەنها زیان گەیاندنە بە مرۆڤایەتی و بەم جۆرە جەنگ دروست ئەبێت، ئێستاش ئەگەر پرسیار لە خۆمان بکەین کە خراپە چۆن دروست ئەبێت لەوانەیە هەڵە نەبیت ئەگەر هەمان شتی پێشوو پێچەوانە بکەینەوە، واتە جەنگ ڕوویداوە و مرۆڤەکانی بێهیوا کردووە لە ئاشتی، دواتر ڕێگایەک نامێنێتەوە بۆ درووستبوونی ویستی خۆنەویستانە و چاکەکارانە دواتریش تاکەکان ئەگەن بە خۆویستییەکی ڕەها و بەو هۆیەشەوە خراپە ئەکەن، کەواتە ئەتوانین بڵێین کە ئەکرێت خۆویستی تاک هۆکاری جەنگ بێت یان جەنگ هۆکاری خۆویستی تاک بێت، بەم جۆرە بۆمان دەردەکەوێت کە هەموو شتێک ئەگەر هۆکارێکی هەبێت ئەوا هەر ئەو هۆکارە ئەکرێت ببێت بە شت و شتەکەش ببێت بە هۆکارەکەی، واتە لەجێی ئەوەی هێڵیک هەبێت کە سەرەتا و ناوەند و کۆتایی هەبێت ئەوا بازنەیەک هەیە کە هەموو شتەکان هەم سەرەتان و هەمیش کۆتایین بۆ یەکتر، ئەوەی وای لە یۆکیکۆ کرد کەسێک بکوژێت جەنگ بوو، بەڵام هەر ئەو کوشتنەش بوو کە جەنگەکەی دروست کرد، بۆیە لەم چیرۆکەدا تەنها کارەکتەرەکان و ڕووداوەکان مێتافۆری جەنگ نین بەڵکو جەنگیش لە هەمان کاتدا مێتافۆری کارەکتەر و ڕووداوەکانە، ئەمەش لە کاتێکدا کە ئەم چیرۆکە خەیاڵی زانستی نیە تا دەستکاری کات و شوێن بکات بۆ ڕوودانی ئەو شتە بەڵکو خوودی ژیانی کردووە بە بازنەیەک کە کات و شوێن تیایدا لاوەکی ترین شتن نەک سەرەکیترین.

(ئەوەی ناوی چارەنووسە ئەگەر بوونیشی نەبێت هیشتا ئەبەدییە و بوونی هەیە)
ئەو شتانەی پێشتر باسمانکردن بۆی دەرخستین کە ئەگەر ئێمە شتێک بكەین یان شتێکمان بوێت ئەوا لە باشترین دۆخی خۆیدا ئەکرێت نەکرێت یان پووچەڵ بێتەوە بەوپێیەی کە بێ ئەنداز شتی تر هەن و کاریگەرییان لەسەرە یان لەناو بازنەیەکی داخراوی پڕ سەرەتا و کۆتایین کە شتەکەی ئێمە ناتوانێت هیچی لێ بگۆڕێت، کەواتە بۆ شت بکەین؟ بۆچی یۆکیکۆ کەسێکی خۆشبوێت کە لە دواییدا بەبێ ئەوەی بزانێت کەسێکی خۆش ئەوێت کەسێکی بۆ بکوژێت؟ کە دواییش کەسەکەی کوشت بژی بەبێ ئەوە بزانێت کە بۆ ئەژی و بە تەواوەتی خۆی دابێتە دەست چارەنووس کە چی بۆ داناوە بەوپەڕی ڕازیبوونەوە وەریبگرێت؟ هەر ئەمەیە کە وا ئەکات ئێمە بڕوامان بە چارەنووس هەبێت و خۆمان بە بکەری ئەو شتانە نەزانین کە ڕوودەدەن، وە تسووباکیش هەر ئەمەت پێ ئەڵێت کە چارەنووس بۆ تاک ئەکرێت بەبێ ئەوەی بوونێکی واقعی هەبێت لەناو مێشک و تەنانەت هەموو ژیانیشماندا بوونی هەبێت، بۆیە تاک چ ئاکتێک بکەن دواتر کاریگەری ئاکتی ئەوانی تری بەسەردا ئەسەپێت و ئاکتەکەی خۆی ون ئەبێت.
خۆشبەختانە من کتێبی دووەمیشم پێشتر خوێندووەتەوە و ئەزانم کە لەوێدا کاریگەری هەموو ئاکتەکانی یۆکیکۆ ئەبینم لەسەر ئەوانی تر، واتە ئاکت چەندێک بێ کاریگەر بێت بۆ خوودی ئاکتەرەکە و هەر زوو ون ببێت بەڵام لە ژیانی ئەوانی تردا خۆی ئەدۆزیتەوە، سەیر لەوەدایە ئاکتەکانی یۆکیکۆ پیش ئەوەی لە داهاتوودا کاریگەر بێت لە ڕابردوودا کاریگەر بووە! هەر ئەمەشە بۆمان دەردەخات کە لەم زنجیرەیەی قورسایی ڕازەکان کات و شوێن هیچ مانەیەکی لەو شێوەیەی نییە کە پێشتر تێیگەیشتووین و تەنها لەڕێی دوو کتێبی یەکەمەوە تۆ ئەتوانیت بیبینێت کە ئەکرێت ئاکتەکانی داهاتوو کاریگەرییان هەبێت لەسەر ڕابردوو، لێرەشەوە لە خۆت ئەپرسی ئەبێت لە کتێبەکانی تردا چەند شتی ترت لەلا بگۆڕێت و بە جۆرێکی جیاواز دەرکەون وەک لەوەی کە هەن!

(تسووباکی وەک نۆستاڵژیای ئازارەکان)
بیرمە لە یەکەم پەڕەکاندا بەر ئەوە کەوتم کە گووڵێکی جوانی وەکو کامیڵیا چۆن بووە بە هەڵگری قورسترین و سەخترین ڕازەکانی یوکیکۆ، لە درێژایی خوێندنەوەشدا بەردەوام بەر هەمان شت ئەکەوێتەوە کە چۆن جوانترین شتەکانی وەک گووڵی کامیڵیا کە ناوە یابانیەکەی تسووباکییە چۆن ئەکرێت ببن بە ناشرینی و هەڵگری ناشرینی، وە چۆن شتە ناشرینەکانی وەک کوشتن و درۆکردن و خۆدان بەدەست چارەنووسەوە ئەکرێت شتێکی جوانی وەک نامیکۆ و کوڕەکەی دروست بکەن، کەواتە لە تەنها ساتێکی ژیاندا ئەکرێت شتەکان هەبن و بە هاوتای خۆشیان دژیان هەبێت بەڵام خۆ ژیان تەنها ساتێک نییە و لە جووڵەی بەردەوامدایە، هەر بۆیە شتەکان بە هیچ جۆرێک مانایەکی جێگیریان نیە لە ژیاندا و تەنها لە فۆڕمدا جێگیرن، کامیلیا کە جوانترین شتی چیرۆکەکە بوو لە پەرەی ١٢٠ ـدا هەموو مانای جوانیەکەی خۆی لەدەست ئەیات، دووریش نییە هەمان بۆمبی ئەتۆمی کە ناشرینترین شتی چیرۆکەکە بوو هۆکاری دروستبوونی هەموو ئەو جوانیانە بێت کە ئێستا لە یاباندا هەیە.

سەرچاوە: لاپەڕەی فەیسبووکی نووسەر

۱۳۹۹/۰۷/۱۲

یامابووکی



 📚کتێب: یامابووکی
💎مژار: رۆمان
📝نووسەر: ئاکی شیمازاکی
✍وەرگێڕان: سەلاحەدین بایەزیدی
🖨وەشانخانە: مادیار

یامابووکی دوایین بەرگی پێنجێنەی دووهەمی ئاکی شیمازاکییە. یامابووکی بەسەرهاتی ژن و مێردێک دەگێڕێتەوە کە لە یەکەم ژوانی نێوانیاندا بڕیاری زەماوەندیان داوە و پەنجاوشەش ساڵە پێکەوە دەژین. ئایکۆ شانبەشانی ئەم پیاوە کە "سامووڕاییەک" و کادیرێکی بەرچاوی کۆمپانیای گۆشیمایە، دەکەوێتە ڕیزەکانی پێشەوەی ژیاندنەوەی ئابووری وڵاتەکەی کە جەنگ وێرانی کردووە. هەردووکیان کە ئێستاش ئاشقی یەکترین، چێژ لە ژیانی خانەنشینییان وەردەگرن. لە پیاسەکان و لە ژێر نمەی باراندا، ئایکۆ بیر لەو نیو سەدەیە دەکاتەوە کە لەگەڵ تسوویۆشی تۆدای مێردیدا تێیپەڕاندووە، بە بەختەوەرییەک کە قەدری دەزانێ. ئەو هەروەها ساڵانی پێش یەکترناسینیان و یەکەم زەماوەندیی ناسەرکەوتوویشی دێتەوە یاد.

تسووکووشی



 📚کتێب: تسووکووشی
💎مژار: رۆمان
📝نووسەر: ئاکی شیمازاکی
✍وەرگێڕان: سەلاحەدین بایەزیدی
🖨وەشانخانە: مادیار

یووکۆ، لە جەژنی سیانزەهەمین ساڵیادی لەدایکبوونی کچەکەی میتسووبادا، شەمچەیەک دەدۆزێتەوە کە بە نیگاری گیای کلکەئەسپ ڕازێنراونەتەوە. ئەم شەمچەیە گەلێک نهێنیی شاراوەی لە پشتەوەیە کە بەرە بەرە بۆ یووکۆ ڕوون دەبنەوە. وەک ئەوەی دەنکە شەمچەیەکی لە شەوی تاریک داگیرساندبێ. پەیبردن بە نهێنییەکان، گۆڕانکاریی بەسەر هەستەکانیی یووکۆدا دێنێ و تێڕوانینی لەمەڕ ژیانی خێزان و بەختەوەری دەگۆڕێ. دوای سیانزە ساڵ ژیانێکی ئارام، شانبەشانی پیاوێکی ڕووڕاست و لەبەردڵان، یووکۆ بۆی دەردەکەوێ هاوسەرەکەی ئەو کەسە نییە کە بیری لێ کردووەتەوە و تازە دەزانێ بۆچی بنەماڵەی هاوسەرەکەی هێندە پێداگر و دڵخۆش بوون کە مێردی پێ بکا.

۱۳۹۹/۰۷/۰۶

تۆنبۆ


 

 📚کتێب: تۆنبۆ
💎مژار: رۆمان
📝نووسەر: ئاکی شیمازاکی
✍وەرگێڕان: سەلاحەدین بایەزیدی
🖨وەشانخانە: مادیار

نۆبوو، ساڵی ١٩٨١ قوتابخانەیەکی تایبەت بە ئامادەکاری بۆ تاقیکردنەوەکان دادەمەزرێنێ. ناوەندەکەی پێشوازییەکی باشی لێدەکرێ و ناو و ناوبانگی بڵاو دەبێتەوە. شەش ساڵ دواتر، سەردانی کتوپڕ و چاوەڕواننەکراوی پیاوێک بیرەوەرییەکی تاڵ لە یادگەی نۆبوودا زیندوو دەکاتەوە؛ بیرەوەریی خۆکوشتنی باوکی. بە دوای ئەم سەردانەدا، نۆبوو هەندێک ڕاستیی دیکەی لەسەر ئەم ڕووداوە بۆ دەردەکەوێ.


ڕۆمانی تۆنبۆ هاوکات کە درێژەی دوو ڕۆمانەکەی پێش خۆیەتی، وەک هەموو ڕۆمانەکانی دیکەی ئەم پێنجێنەیە، دەکرێ بە شێوەیەکی سەربەخۆش بخوێنرێتەوە، بەڵام هەر هەموویان پێکەوە ڕۆشنایی دەخەنە سەر کوون و کەلەبەرە تاریکەکانی بەسەرهاتێک.

۱۳۹۹/۰۷/۰۳

زاکوورۆ

 


📚کتێب: زاکوورۆ
💎مژار: رۆمان
📝نووسەر: ئاکی شیمازاکی
✍وەرگێڕان: سەلاحەدین بایەزیدی
🖨وەشانخانە: مادیار


زاکوورۆ بە ژاپۆنی یانی هەنار. هەناریش میوە دڵخوازەکەی بانزۆ تۆدایە کە ساڵی ١٩٤٥ بۆ سیبێریا دەگوازرێتەوە. لەو کاتەوە بەدوا شوێنەواری نامێنێ، کەس هەواڵی لێ نازانێ و هەموویان لە گەڕانەوەی ناهومێد دەبن، بەڵام هاوسەرەکەی کە تووشی نەخۆشی لەبیرچوونەوە بووە، هەروا چاوەڕوانییەتی. بانزۆ بێسەروشوێن نەبووە و نەمردووە، لە ژاپۆنە و لە شارێکی نزیک بە بنەماڵەکەی و هاوسەرە چاوەڕوانەکەی دەژی، بۆچی کە لە سۆڤییەت دەگەڕێتەوە، یەکسەر ناچێتەوە ماڵی خۆیان؟ چی وای لێ دەکا کە بێدەنگی و ژیانێکی نهێنی هەڵبژێرێ؟

۱۳۹۹/۰۶/۳۱

میتسووبا


کتێب: میتسووبا
💎مژار: رۆمان
📝نووسەر: ئاکی شیمازاکی
✍وەرگێڕان: سەلاحەدین بایەزیدی
🖨وەشانخانە: مادیار


تاکاشی فەرمانبەری کۆمپانیای بەناوبانگی گۆشیمایە، کۆمپانیایەک کە زۆر شانازیی پێوە دەکات و هێمایەکی ژاپۆنیی ساڵانی هەشتایە. تاکاشی سەرکەوتووانە لە سەنگاپوور گەڕاوەتەوە کە بۆ لێکۆڵینەوەیەک ڕووی تێکردبوو. خاوەنەکەی پیرۆزبایی لێ دەکات و بەڵێنی پێ دەدا بۆ لقیی پاریسی بگوازێتەوە. پێش چوون بۆ هەندەران، تاکاشی کچێکی جوان دەناسێ، بەڵام دەستەکانی پشتپەردە لە بەردەم پێکگەیشتنیان دەبنە ئاستەنگ.

ئاکی شیمازاکی بەم ڕۆمانە کورت و سادەیە، چیرۆکێکی ئاڵۆز و خەمبارمان بۆ دەگێڕێتەوە، ئەو ژاپۆنێکی جیاواز لە ژاپۆنی میدیاکانمان دەخاتە بەر چاو. نیشانمان دەدا چۆن لە ژاپۆنی مۆدێرندا، مووچەخۆرێک وەک کۆیلەیەک هەڵسوکەوتی لەگەڵ دەکرێ، چۆن جەستە و تەنانەت ڕۆحیشی هی ئەو کۆمپانیایەیە کە کاری بۆ دەکا.

۱۳۹۹/۰۱/۰۲

پێنجینەیەکی پوخت و ڕه‌وان...


ئەژین فەهمی 
 
قورسایی ڕازه‌كان، پێنجینه‌یه‌كی پوخت و به‌كه‌ڵک.. له‌گه‌ڵ خوێندنه‌وه‌ی هه‌ر یه‌کێکیان ته‌ماعگیری یه‌کێکی تریان ده‌بیت..
 
پێنجینه‌یه‌کی وه‌ک (1/ تسووباکی 2/ هاماگووری 3/ تسووبام 4/ واسووره‌ناگووسا 5/ هۆتاروو )‌ گرنگه‌ خوێندنه‌وه‌ی فه‌رامۆش نه‌کرێت.
 
بێگومان هه‌ریه‌ک له (تسووباکی و هاماگوری) و ئه‌وانیکه،‌ مانای خۆیان هه‌یه،‌ ئه‌مه‌ش وای کردووه‌ زێده‌تر قوڵ ببینه‌وه‌ له‌ واتاکانی و زیاتر سه‌رنج بده‌ین له‌ ناوه‌ڕۆکه‌ ورده‌که‌ی و وا هه‌ست بکه‌ین ئێمه‌ش یه‌کێکین له (یۆکیۆ و یۆکیکۆو ماریکۆو تاکاهاشی و.... )‌، بێگومان نووسه‌ر تیایدا دیالۆگێکی جوان ده‌ڕه‌خسێنێت له‌نێوان هه‌موو کاره‌کته‌ره‌کان، ماف ده‌دات به‌ هه‌موویان، بکه‌ونه‌ قسه‌ و ورد ورد بپه‌یڤن.. هه‌روه‌ک وه‌رگێڕ ئاماژه‌ی پێده‌دات: (ئاکی شیمازاکی) مایکی داوه‌ته‌ هه‌موو کاره‌کته‌ره‌کانی و وایکردووه‌ هه‌مووان بێنه‌ گۆ. بێگومان ئه‌وه‌ش چیرۆک جوانتر ده‌که‌ن، هه‌ر ئه‌و ماف پێدانه‌شه له‌کۆڵ چیرۆکه‌که‌ ناگه‌ڕێین تا ته‌واوی نه‌که‌ین. ‌
 
نوسینی ڕۆمانێکی له‌و جۆره‌ شتێکی نوێگه‌ر‌ی بوو، چیرۆکێک به‌ پێنج شێواز داڕێژرابێت، گرنگه‌، خوێنه‌ری زۆر له‌خۆی کۆده‌کاته‌وه‌ .. بێگومان پێنجینه‌یه‌کی وا نازدار، به‌و پوختییه‌ی خۆیه‌وه‌ بۆمن سوودبه‌خش بوو، تا له‌ (تسووباکی) لێده‌بوومه‌وه‌ ده‌په‌ڕژامه‌ سه‌ر (هاماگووری) و په‌له‌ی ئه‌وانیکه‌شم بوو..
 
تۆ، له‌ هه‌ر کونجێکه‌وه‌ سه‌‌رنج له‌و چیرۆکه‌ بده‌ی وا ئیحساس ده‌که‌ی له‌ناو چیرۆکه‌که‌ دابیت، نازانم! من، لە خوێندنەوەیدا هێزێکم تێدا بینی هه‌میشه‌ جێگیری کردبووم، لێی عاسێ نه‌بووم له‌ گرێکوێره‌کانی ڕووداوه‌کان.
 
بۆیه‌ گرنگه‌ دان به‌وه‌دا بنرێت: ئه‌و زمانه‌ جوانه‌ی له‌ (قورسایی ڕازه‌کان)دا به‌رجه‌سته‌یە، موڵکی نووسه‌ری فەڕەنسی زمان (ئاکی شیمازاکی)یە یاخود وه‌رگێڕ (سه‌ڵاحەدین بایەزیدی)یە؟ بۆ وەڵامی ئەوە نابێت دابمێنین، چونکە ھەر وەک وەرگێڕیش ئاماژەی پێداوە :(ئاکی شیمازاکی) جواننوسە، گرنگی ئەو جواننوسینە پاڵنەرێک بووە بۆ وەرگێڕان.
 
گومان لەوەشدانییە وەرگێڕ (سەڵاحەدین) شیرین زمانە، ھیوا خوازم بێبەش نەبین لە بەرھەمە وەرگێڕدراوەکانی تری.
 
ڕەنگبێت من وەک خۆی بەو جوانییەی خۆی نەمناساندبێت، کەم و کوڕیم ھەبێت..
 
بۆیە ئەگەر تا ئێستا ئەو پێنجینەیەت نەخوێندووەتەوە، لە مەجالێکدا بیخوێنەوە، تا بزانی چیرۆکی ڕاستەقینە مانای چی یە..
 
لێرەوە دەست خۆشیت لێدەکەم نوسەرو وەرگێڕ (سەڵاحەدین بایەزیدی) وەرگێڕانێکی بەپێزت بۆ کردووە، ماندوو نەبیت.

سەرچاوە: لاپەڕەی فەیسبووکی نووسەر

۱۳۹۹/۰۱/۰۱

خوێنەر و کتێب: قورسایی ڕازەکان


لۆڤان عومەر

هەمیشە ئەدەبیاتی ڕۆژهەڵاتی دوور (یان ڕۆژهەڵاتی ئاسیا، یاخود ئاسیاییەکان) زۆر سەرنجڕاکێشن لە لام. هەست بە هێمنییەکی تایبەت ئەکەم لە دێڕەکاندا، هەروەک چۆن ئەو هێمنییە لە ڕووخسار و نیگایاندا هەست پێ دەکرێت.

گێڕانەوە، زمان، وێنا لە ڕۆمانەکانیاندا بێئەندازە ناسک و جوانە. بۆ هەریەکێکیان هەست بە سەنگی خۆی دەکەیت. بۆ نموونە ڕۆمانە ناوازەکانی جولی ئۆتسوکا (بەتایبەتی بودای ناو هەورەبانەکە، کە گێڕانەوەیەکی تەواو جیاوازە لە ڕەوتی ڕۆمان)، یان هاروکی مۆراکامی، پاشان ئاکی شیمازاکی… پێنج ڕۆمانە تایبەت و جوانەکەی ئاکی شیمازاکی “تسووباکی، هاماگووری، تسووبام، واسوورەناگووسا و هۆتاروو” ئەدەبیاتێکی تا بڵێیت گرنگ و جوانن. زۆر جار یەک وشە یەک ڕستەیە، هەڵگری مانا و قورسایی خۆیەتی، چونکە هەر ڕۆمانێکیان ١٠٠-١٢٠ لاپەڕەیە. هەر بۆیە دەبێت ئاگاداری وشەکان بیت، ڕەنگە لە هەر چەند وشەیەکی کورتدا ڕازێک هەبێت، مانایەک هەبێت.

گرنگترین ڕەگەز لەو پێنج ڕۆمانەدا تەکنیکی گێڕانەوەیە. ڕۆمانەکان باس لە سەروەختی جەنگی جیهانیی دووەم و بوومەلەرزەکەی بەر لە جەنگی جیهانیی دووەم دەکەن. شیمازاکی وەک چۆن ڕەخنەی ئەمریکا دەکات لە بەکارهێنانی چەکێکی وێرانکەردا، بە هەمان شێوە ڕەخنەی خۆیشیان (یابانییەکان) دەکات کە سیاسەتێکی حەکیمانەیان پەیڕەو نەکردووە، ئەگەرچی دیوە کۆمەڵایەتییەکەی ڕۆمانەکان زەقترن وەک لە دیوە سیاسییەکەی.

لێرەدا من نامەوێت سیحری خوێندنەوەیتان لا خاڵی بکەمەوە، خۆتان کە خوێندتانەوە بەر ئەو تەکنیکە تایبەت و چێژبەخشە دەکەون. دەکرێت ڕۆمانەکان سەربەخۆ بخوێنرێنەوە، بەڵام بێگومان بە خوێندنەوەی هەر پێنجیان بەدوای یەکدا لە سیحری ڕۆمانەکان تێدەگەیت و وێنە کامڵەکە پڕ دەکەیتەوە. تەنها شتێک کە ڕەخنەم لێی هەبوو (کە لە زۆر ڕۆمانی تریشدا تێبینیم کردووە) نیشاندانی سێکس بوو کە یەکێکە لە بابەتە سەرەکییەکانی ڕۆمانەکە (یان ڕۆمانەکان)، بەڵام وەک هەمیشە سێکس لە ڕوانگەیەکی نێرانەوە دەگێڕدرێتەوە. ئافرەتەکان تەواو پاسڤن لە گێڕانەوەی سێکسدا، کە بێگومان ئەمە ڕەنگدانەوەی واقیعە، بەڵام نەمدەزانی ئەمە واقیعی وڵاتی ژاپۆنیش بێت. هەمیشە لە کاتی گێڕانەوەی جووتبوونەکاندا ئەوە پیاوەکانن چالاکن، ئەوە پیاوەکانن وەسف و سەنای جەستەی ئافرەتەکان دەدەن، لە بەرانبەریاندا ئافرەتان یان بێدەنگن، یان خۆیان دوور دەخەنەوە و دەستەواژەگەلی ”دوور بکەورەوە” ”وا مەکە” ”دەستت لا بە” بەکار دەهێنن. بۆ نموونە پیاوەکان بەردەوام بەم جۆرە وەسفی جەستەی ئافرەتەکان دەکەن ”پێستی وەک ئاوریشمت…” ”قامکەکانم بەسەر جەستەیدا دەخشاند” ”مەمکە قوت و قینجەکانیم دەگرت و بە هێمنی دەممژی”.

بەڵام بە درێژایی هەر پێنج ڕۆمانەکە هیچ کام لە کارەکتەرە مێینەکان وەسفێکی کەمیشی جەستەی پیاوەکان ناکەن، هەرگیز حەزی پڕ تامەزرۆی خۆیان لە کاتی بەرکەوتنیاندا ناگێڕنەوە. هەرگیز پێمان ناڵێن ئەی پێستی پیاوەکان بۆ ئافرەتەکان چۆنە؟ دەزانین کە پیاوەکان چووکیان دەچێتە ناو زێی ئافرەتەکانەوە چ لەززەتێک دەچێژن، چۆن دەورووژێن، بەڵام هەرگیز نازانین ئافرەتەکان هەست بە چی دەکەن؟ لە بەرانبەریاندا تەنها بێدەنگن و هیچی تر. لێرەدا هەرگیز مەبەستم ئەو جووتبوونانە نییە کە جۆرێک لە زۆرلێکردن و دەستدرێژیی تێدایە، بەڵکو مەبەستم لەو جووتبوونانە، یان ئەو ڕامووسانانەیە کە لە نێوان ژن و مێردەکان و خۆشەویستەکاندا هەیە.

ئەم کەموکوڕییە نەک لەم ڕۆمانەدا، بگرە لە زۆرینەی ئەو ڕۆمانانەدا کە خوێندوومەتەوە تێبینیم کردووە، کە لەڕاستیدا ئەمە وێنای جۆرێک لە بەبووکەڵەکردنی ئافرەتە و لە مرۆڤبوون دایدەماڵێت، چونکە وەک جەستەیەکی بێڕۆح نیشانمان دەدات. ئەگەرچی ئەگەرێکی لاوازە، بەڵام دەلاقەیەکی بچووکیش بۆ نووسەر دەهێڵمەوە کە ویسبێتی بەمە ڕەخنە لەو دۆخە بگرێت کە ئاماژەم پێ دا، ئەگەرچی لە هیچ جێگەیەکدا من کۆدێکی وام هەست پێ نەکردووە کە لە پشتیەوە ئەم مانایەی هەبێت. لەگەڵ ئەوەشدا: شایەنی خوێندنەوەیە.

۱۳۹۸/۱۱/۱۲

پێنجینەیا "ئاکی شیمازاکی"


زانا واحد 

دەم درەنگی شەڤ بوو، من گەلەک دڤیا چاڤێن خو بدانمە سەر ئێک، بەلکو پیچەک بنڤم، چونکە پشتی من ئەڤ پێنجینەیە بدوماهیک ئینایی، سەرێ من گەلەک ئێشا، من پێکول کرن بچم ئاڤەکێ ڤەخوم تژی سەرێ من پرسیار بووم دگەل ڤەخارنا ئاڤێ من هەست ب هەمی پرسیاران دکر چەوان دسەرێ من دا دهێن و دچن، پاش نڤستم.
ئەم ل جهەکێ مەزن بووین، قەرەبالغەکا زور ژ واران هەمیان دهات، من دڤیا خو ڤەدەر کەم ژ هەمی تشتان، لێ چ جهێن بتنێ نەبووم بچمێ، ل لایەکی من دیت کومەکا زور یا مروڤان یێن دگەل ئێک دئاخڤن هەر ئێک ب زمانەکی لێ هەمی د زمانێ ئێک دوو دگەهن، بومن گەلەک یا سەیر بوو، من ڤیا خو نێزیک کەم، لێ وەکی هەمی جهێن دی، هندەک کورد ل وێرێ ژی هەبوون، ل قولاچەکێ من "یووکیۆ" و "یووکیکۆ" دیتن، یووکیکۆ یێ چیروکا کوشتنا بابێ خو بو یووکیو یی ڤەدگێرا، دیسان ژ نشکان ڤە من "ماریکو" دیت، ل ناڤ وێ قیامەتێ چوکێن خو دانا بونە ئەردی و داخوازا ژێبرنا گونەهان ژ خودێ دکر لێ "هوریب"ی بەلا خو ژیڤە نەدکر و ژ پشتێ ڤە هەمبێز دکر، "تاکا هاشی" بەردەوام دگەل خو دگوت:خودێ ما گونەها من چبوو؟، پیرەژنەکا کورد ل وێرێ ل کورێ خو دگەریا، پرسیار ژ یووکیکۆ یێ دکر: ئەرێ تە کورێ من ژیار نەدیتیە؟، ئەو دبێژیتێ: دایکێ دبیت سیانیدی پوتاسیوم خوار بیت بەری بهێتە ڤێرە دا ژ ڤێ ئازارێ قورتال بیت، ئەو ئێکسەر دبێژیتێ:"دادێ قوربان، ل وێرێ و ل ڤێرێ ژی مە ئەو ژەهر یا خواری و ئەم نەمرینە، ئەم نە جوهینە و نە یابانی،نە هیروشیما و نە هولوکوستێ خو ل بەر ژەهرا دایە مە نەدگرت، لێ هەر مە ئەو ژەهر خوار و ئەم نەمرین و برێکا خو دچیت و گازی دکەت کورێ من، بابێ من تو کیڤە بەرزەبوویی.
هەمی مروڤ دگاڤەکێ دا د چونە د رویبارەکی دا کو شەپولێن وێ بو لایێ چەپێ دچوون، لێ ئەڤێن هە هەمی ل بەلەمەکێ سیار بوون و بەروڤاژی پێلێن ئاڤێ چوون و چوون، من خو ژی دوێ بەلەمێ دا دیت.، و ژ نشکان ڤە ئەز هشیار بووم.
دەمژمێر حەفتی سپێدێ بوو، ئەز چووم نانی بکرم، ل باخچێ پشت مالا مە من گەلەک گول دیتن من ڤیا ئێکێ بو هەڤژینا خو بکەم، لێ چ یێن جوان دناڤ دا نەبوون، ئەز ب رێکا خو چووم و من دگەل خو گوت: خوزی گولەکا "تسوباکی" ل ناڤ ڤی باخچەیی هەبا، دا بەری هەڤژینا من هشیار ببا من دابایێ.

سلاڤ، ئەز دزانم تو نزانی ئەڤە چبوو، رەنگە ئەز ژی نەزانم، لێ ئەڤا من خواندی رومانەکا پێنجینەیی یا "ئاکی شیمازاکی" بوو، کو بەحسا رویدانێن هیروشیما و ناکازاکی دکەت، بەحسا کارتێکرنا وان رویدانان دکەت ل سەر ژیانا یابانی و کوریان، من ژی ڤیا تشتەکێ کوردی ل سەر زێدەکەم.
هیڤیدکەم توژی بخوینە.
*من ئەڤ پەرتوکە خواند، حەز ژێکر و لسەر نڤیسا ئەگەر تە پەرتوکەک خواندبیت و حەز ژێکربیت بومن پێشنیار بکە د کومێنتەکێ دا، و ئەگەر تە ئەڤ رومانە خواندبیت تشتەکێ دی ل سەر زێدەکە دکومێنتێ دا.

چاڤکانی: ڕووپەلا فەیسبووک ئا نەڤیسکار

۱۳۹۸/۰۳/۳۱

«قورسایی ڕازەکان»؛ وەکو ئەوەی ئاسمانەکان لەسەر دڵت بن


خوێندنەوەیەکی سەرپێیی پێنجینەکەی ئاکی شیمازاکی

ژیان: یاسین عومەر

هەندێک وەرگێڕ هەن، لە هەڵبژاردنی ئەو بابەت یان کتێبەی وەریدەگێڕن هێندە بە سەلیقە‌و وردن،  کە تەنیا ناوەکەیان لەسەر کتێبێک بەسە بۆ ئەوەی بە چاوی نووقاوەوە بیکڕیت‌و بیخوێنیتەوە. سەڵاحەدین بایەزیدیی یەکێکە لەوانە، کوڕێکی گەنج کە لە فەڕەنسی، تورکی‌و کورمانجییەوە بابەت‌و کتێب وەردەگێڕێت، لەوەتەی من ڕۆمانی «هاوشێوەکانی پیاوێک»ـی ژۆزێ ساراماگۆ-م بە وەرگێڕانی ئەو خوێندۆتەوە، بەردەوام‌و پەیتاپەیتا کتێبە وەرگێڕدراوەکانی ئەو دەکڕم‌و دەیانخوێنمەوە، هەتا ئێستا سوپاسگوزاریم‌و بێئومێدی نەکردووم.
سەڵاحەدین بایەزیدی، بە شاییستەیی پەسن دەدرێت لە پای ناساندنی دوو ژنەنووسەری جواننووس‌و داهێنەر بە ناوەندی ئەدەبی کوردیی، کە ئەوانیش: ئاگۆتا کریستۆف‌و ئاکی شیمازاکیین. یەکەمیان هەنگاریی-سویسرییڕەگەزە‌و دووەمیشیان ژاپۆنی-کەنەدیینەژادە. بایەزیدیی بە وەرگێڕانی شاکارەکەی ئاگۆتا؛ «کە بە تریلۆژیی دووانەکان ناسراوە»‌و لە سێ چیرۆک پێک هاتووە: دەفتەری گەورە،  بەڵگە‌و سێهەم درۆ،  ئەدیبێکی ڕەسەن‌و مەزنی بە ئێمە ناساند، زۆری پێ نەچوو بە وەرگێڕانی شاکارەکەی ئاکی شیمازاکی کە پێنج ڕۆمانن‌و لە ژێر تایتڵی «قورسایی ڕازەکان»ـدا بڵاو کراونەتەوە،  بە ژنەئەدیبێکی دیکەی مەزنتر ئاشنای کردین.
 قورسایی ڕازەکان، بازنەی یەکەمی بەرهەمەکانی ئاکی شیمازاکییە، کە لە سێ بازنە پێک هاتوون: بازنەی یەکەم؛ قورسایی ڕازەکان، کە ئەمیش پێنج چیرۆکە: تسووباکی «١٩٩٩»، هاماگووری «٢٠٠٠»، تسووبام «٢٠٠١»، واسوورەناگووسا «٢٠٠٣»و هۆتاروو «٢٠٠٤». بازنەی دووەم؛ لە ناودڵی یاماتۆ، ئەمیش پێنج چیرۆکە: میتسووبا «٢٠٠٦»، زاکووورۆ «٢٠٠٨»، تۆنبۆ«٢٠١٠»،  تسووکووشی «٢٠١٢»، یامابووکی «٢٠١٣». بازنەی سێیەم؛ سێبەری کەرتەشی، ئەمەیان تا ئێستا چوار چیرۆکە: ئازامی «٢٠١٤»، هۆزووکی «٢٠١٥»، سوویسەن «٢٠١٦»، فووکی-نۆ-تۆ «٢٠١٧».
شیمازاکی، لە «قورسایی ڕازەکان»ـدا، دەگەڕێتەوە بۆ سەرەتای ساڵانی سەدەی بیست، ئەو کاتەی ژاپۆن ئیمپراتۆرییەتێکی بەهێز‌و دڕ بووە‌و بەشێک لە چین، هەردوو کۆریا، تایوان‌و چەند وڵاتێکی دیکەی ئاسیایی داگیرکردووە، ژاپۆن لە لایەن باکووفوو؛ واتە حکوومەتێکی دەرەبەگایەتیی نەریتخوازەوە فەرمانڕەوایی کراوە‌و بە بۆمبابارانکردنی هەردوو شاری هێرۆشیما‌و ناگاساکی کۆتایی پێ هێنراوە.
هەر پێنج حەکایەتخوانەکە لە ناوەڕاستی ساڵانی نەوەدی سەدەی بیستدا چیرۆکەکان دەگێڕنەوە، بەڵام ڕووداوەکان لە نێوان ساڵانی ١٩٠٩-١٩٤٥دا ڕوو دەدەن،  یاخود ڕاستترە بڵێین لوتکەی ڕووداوەکان لە نێوان ئەو ساڵانەدا ڕوویان داوە. حەکایەتەکان لە میانەی نامە‌و یاداشت‌و دەستنووس‌و گێڕانەوەی زارەکییدا دەگێڕدێنەوە. شیمازاکی هەر پێنج حەکایەتەکەی پێکەوە نەنووسیوە‌و بڵاو نەکردۆتەوە،  خوێندنەوەشیان وەکو پێنج بەرگی یەک ڕۆمان لەئارادا نییە‌و دەکرێت هەریەکەیان سەربەخۆ‌و بێ ڕەچاوکردنی زنجیرەکانیان بخوێنرێنەوە. لە پای هاماگووری، واسوورەناگووسا‌و هۆتاروو، خەڵاتی ئەدەبیی بە شیمازاکی دراوە.
 بە شێوەیەکی گشتی، هەر پێنج چیرۆکەکە تایبەتە بە دوو خێزان: یەکەم؛ خێزانی جەنابی هۆریب: ڕیۆژی هۆریب‌و ژنەکەی‌و یووکیکۆ-ی کچیان... یووکیکۆی کچیان کە دواتر بە یووکیکۆ کامیشیما ناو دەبرێت، کچێکی هەیە بە ناوی نامیکۆ، لەگەڵ کوڕێکیدایە، یووکیکۆ تەمەنی لە سەروو هەشتا ساڵەوەیە، پاش ماوەیەک ژیان لە دەرەوەی ژاپۆن هاتۆتەوە بۆ وڵات‌و لە تۆکیۆ دووکانێکی گوڵفرۆشیی هەیە، نامیکۆی کچی لە نزیکی دەژی، کە لە هاوسەرەکەی جیا بووەتەوە، نامیکۆ مامۆستای ماتماتیکە‌و دوای مردنی یووکیکۆ گوڵفرۆشییەکە بەڕێوە دەبات.
دووەم؛ خێزانی تاکاهاشی: کەنجی تاکاهاشی، ماریکۆ کانازاوای هاوسەری‌و یووکیۆی کوڕی... یووکیۆ تاکاهاشی زڕکوڕی کەنجی تاکاهاشییە، لە تۆکیۆ لەگەڵ شیزووکۆی هاوسەری‌و منداڵەکانیان: ناتسووکۆ‌و نوویووکی‌و تسووباکی ‌و یۆنهی کیم «ماریکۆ کانازاوا»ـی داپیرە گەورەیان «ئۆباچان بە زمانی ژاپۆنی» دەژین.
 بناغەی حەکایەتەکە لە ماریکۆ کانازاواوە دەست پێدەکات، دایکی ماریکۆ خەڵکی کۆریایە، ساڵی ١٩٠٩ کاتێک وڵاتەکەیان لە لایەن ژاپۆنەوە داگیر دەکرێت، لەگەڵ براکەی ڕوودەکەنە ژاپۆن،  خوشک‌و برا سەر بە جووڵانەوەی سەربەخۆخوازیی کۆریان، ژنەکە کاری دروومان دەکات‌و براکەشی لە پرۆژەی درووستکردنی بەنداوی ئاراکاوادا کار دەکات، ئەم ژنە لەگەڵ قەشەیەک کە لە ڕۆمانەکەدا بە ناوەکانی شینپووساما‌و جەنابی تسووبام ناودەبرێ، دەکەوێتە پەیوەندییەکی عاشقانەوە‌و ساڵی ١٩١١ منداڵێکیان دەبێت کە دواتر ناوی ماریکۆ کانازاوا-ی بەسەردا دەبڕێت، ماریکۆ کانازاوا ناوێکی کۆریاییشی هەیە کە ئەویش «یۆنهی کیم»ـە.
ماریکۆ، هێشتا تەمەنی ١٢ ساڵە کە لە کانتۆ دایشینسای «بوومەلەرزە گەورەکەی هەرێمی کانتۆ کە  ٩، ٧ پلەی ڕێختەر» بوو، دایک‌و خاڵیشی لە دەست دەدات، خاڵی بە بوومەلەرزەکە‌و دایکیشی لە قەتڵوعامی کۆریاییەکانی ئەو ساڵەدا بە دەستی سوپای ژاپۆنی بێسەروشوێن دەبێت‌و ناگەڕێتەوە. ماریکۆ لە لایەن ئەو کڵێسەیەی کە شینپووسامای قەشە بەڕێوەی دەبات؛ سەرپەرشتی دەکرێت، بێ ئەوەی بزانێت شینپووساما باوکیەتی، هەتا تەمەنی دەگاتە ١٦ ساڵ لەوێ دەمێنێتەوە، دواتر بە هۆی پەیوەندییەکانی قەشەوە، لە کارگەیەکی دەرمانسازیی گەورە کاری دەست دەکەوێت، لەوێ بە ڕیۆژی هۆریب ئاشنا دەبێت‌و پەیوەندییەکی عاشقانەی پەنهان چێ دەکەن، کە بەرهەمەکەی کوڕێک دەبێت بە ناوی یووکیۆ.
ڕیۆژی هۆریب، یاخود جەنابی هۆریب، پزیشکێکی دەرمانسازی قۆز‌و دڵبەرە، ژنان مەفتوونیین، لە ئەورووپا‌و ئەمریکای باکوور خوێندوویەتی، چەند زمانێکی بیانی دەزانێت، شارەزای دیموکراسیی‌و فەلسەفەیە، موزیسیەنە‌و بە باشی ئامێرەکانی ڤیۆلۆن‌و پیانۆ دەژەنێت، کاتێک ماریکۆ کانازاوا دووگیان دەکات، ئامادە نییە ماریکۆ بە ژنی ڕەسمی‌و ئاشکرای خۆی بناسێنێت، ئەویش لەبەر ئەوەی لە خانەوادەیەکی نەریتپەرستە‌و ڕازیی نابن کوڕەکەیان لەگەڵ کچێکی بنەچەنادیاردا هاوسەرگیریی بکات، هێشتا چەند مانگێکە ماریکۆ منداڵەکەی بووە، کە هۆریب لەگەڵ کچێکی نەجیبزادەدا هاوسەرگیریی دەکات‌و دوو مانگ دواتر کچێکیان دەبێت بە ناوی یووکیکۆ.
دواتر کەنجی تاکاهاشی دەردەکەوێت، کەنجییش لە ئەنجامی سەردانێکی بۆ کڵێشەکەی شینپووساما،  دەکەوێتە داوی ئەوینی ماریکۆوە، ماریکۆ؛ کە جەستەیەکی هێندە فریودەر‌و قەشەنگی هەیە، کەم پیاو دەتوانن لە ئاستییدا خۆڕاگر بن. کەنجی؛ پزیشکە‌و هاوڕێی قوتابخانەی هۆریب بووە‌و وەکو ئەویش پزیشکی دەرمانسازە‌و لە هەمان کۆمپانیای دەرمانیشدا کار دەکات، سەر بە خانەوادەیەکی زۆر ناسراوی ژاپۆنییە، کە نەجیبزادەی دەرباری ئێمپراتۆرن، بە هۆی ئەوەی نەزۆکە‌و منداڵی نابێت لە ژنی یەکەمی جیا دەبێتەوە، بە پێچەوانەی خواستی خانەوادەکەیەوە، لەگەڵ ماریکۆ هاوسەرگیریی دەکات‌و یووکیۆ-ی کوڕی ماریکۆ تەبەننی دەکات‌و بۆ کارکردن لە لقێکی کۆمپانیای دەرمانەکە لەگەڵ خانەوادەکەی دەچێتە ناگاساگی.
لە تسووباکی-یدا، کە چیرۆکی یەکەمە، ئێمە بە بەشێک لە سەربوردەی خانەوادەی هۆریب ئاشنا دەبین، یووکیکۆ-ی کچی هۆریب، کە لە ساتی گێڕانەوەدا تەمەنی ٨٨ ساڵە، خۆی دەکوژێت، بەڵام بێ ئەوەی کەس بزانێت‌و دواتر بۆ نامیکۆی کچی دەردەکەوێت کە خۆی کوشتووە. یووکیکۆ دوو زەرفی پڕ لە نووسراو بۆ نامیکۆ جێدەهێڵێت، زەرفی یەکەمیان بۆ نامیکۆیە‌و دووەمیشیان بۆ براکەیەتی بە ناوی یووکیۆ، لە نووسراوەکانی زەرفی یەکەمەوە بۆمان دەردەکەوێت یووکیکۆ جەنابی هۆریبی باوکی خۆی کوشتووە.
لە چیرۆکی هاماگووری-یدا کە بەشی دووەمی قورسایی ڕازەکانە، یووکیۆ تاکاهاشی، برای یووکیکۆ بەشێک لە چیرۆکی خۆی، بەشێک لە چیرۆکی ماریکۆ کانازاوای دایکی کاتێک زۆر منداڵ بووە،  لەگەڵ بەشێک لە چیرۆکی کەنجی تاکاهاشی زڕباوکی دەگێڕێتەوە.
لە چیرۆکی تسووبام-دا کە بەشی سێیەمە، یۆنهی کیم، یاخود ماریکۆ کانازاوا، ئەو بەشەی چیرۆکەکە تەواو دەکات کە لە هاماگوورییدا یووکیۆی کوڕی دەستی پێ کردبوو، لەم بەشەدا یاداشتە ڕۆژانەکانی دایکی یۆنهی کیم دەردەکەون‌و لەمیانەیانەوە دەزانین یۆنهی کیم کچی قەشەکەیە: شینپووساما یاخود جەنابی تسووبام.
لە واسوورەناگووسادا بە چیرۆکی کەنجی تاکاهاشی ئاشنا دەبین، لێرەدا دەردکەوێت کە کەنجییش کوڕی بنەماڵەی بەناوبانگی تاکاهاشیی نییە، بەڵکو کوڕی ژنێکە بە ناوی سۆنۆ‌و بە هۆی ئەوەی تاکاهاشی نەزۆک بووە هەڵیانگرتۆتەوە، بەڵام دیار نییە باوکی کێیە.
لە چیرۆکی پێنجەمیشدا «هۆتاروو»، ماریکۆی تەمەن ٨٨ ساڵ، چیرۆکی خۆی‌و جەنابی هۆریب بۆ تسووباکی کوڕەزای دەگێڕێتەوە، کە چۆن لە پشت تاکاهاشی مێردیەوە پەیوندییەکی سێکسیی ناچارانە لەگەڵ هۆریبی کۆنەدۆستی درێژە پێ دەدات‌و چەندە خۆی بە گوناهبار‌و پەشیمان دەزانێت.
قورسایی ڕازەکان، شاکارێکی ئەدەبیی جیهانییە، جۆرێکە لە دادگاییکردن، دادگایی وڵاتێک کە ژاپۆنە، هی مێژوویەک کە پڕە لە خوێن‌و دڵڕەنجاندن، هی کەسانێک کە هیچ چارەیەکیان نەبووە جگە لەوەی دەبێت تاوان‌و گوناهانێک بکەن کە لە دڵەوە حەزیان نەکردووە بیانکەن. کەسێتی ڕیۆژی هۆریب، نموونەی ئەو مرۆڤە پسپۆڕە مۆدێرنە ڕۆشنبیرەیە، کە لە پێناوی حەزە شەخسییەکانیدا ئامادەیە هەموو مۆڕاڵ‌و بنەمایەکی ئەخلاقیی پێشێل بکات، قوربانییەکانیشی بریتیین لە ژن‌و منداڵ‌و هاوڕێکانی،  دواتر خۆشی دەبێتەوە بە قوربانیی یەکێک لە قوربانییەکانی.
قورسایی ڕازەکان، بەرهەمێکی سەرنجڕاکێش‌و شیرینە، بەڵام لە ڕاستییدا کارێکی ئاسان نییە‌و هەتا بڵێتی تێکچڕژاو‌و پێکداچووە‌و بە باشی دەزانم بە پێی ئەو ڕیزبەندییە بخوێنرێتەوە کە وەرگێڕ پێڕەویی لێ کردووە. من دوای دووەم خوێندنەوە ئینجا بە تەواویی ڕایەڵەی پەیوەندییەکانم بۆ ڕوون بووەوە،  بەڵام هێشتاش حەزدەکەم جارێکی دیکە بیخوێنمەوە، بە سوودوەرگرتن لە وتەکەی یووکیکۆ "هەندێک بێڕەحمیی هەن هەرگیز لە بیر ناچنەوە"،  دەڵێم: بەڵێ هەندێک بەرهەمی ئەدەبییش هەن هەرگیز لە یاد ناچنەوە، یەکێک لەوانەش قورسایی ڕازەکانی ئاکی شیمازاکی داهێنەرە.

سەرچاوە: ماڵپەڕی ژیان

۱۳۹۸/۰۳/۲۴

بۆچی ئەمەریکا دوو بۆمبی بە ژاپۆنەوە نا؟


شەماڵ وەلی

ـ بۆچی ئەمەریکا دوو بۆمبی بە ژاپۆنەوە نا؟
ـ چونکە تەنیا دوو بۆمبیان هەبوو.

قورساییی ڕازەکان پێنجینەیەکە دەربارەی ڕازێک کە هێند قورسایی لە دەروونت دەکات، چیتر ناتوانیت هەڵی بگریت. هەندێکمان بەم ڕازەوە جیهان بەجێ دەهێڵین، هەندێکیشمان پێمان وایە ژیانی ئێمە هێند سەربەخۆ نییە کە ڕازێک تەنیا هیی خۆمان بێت. لە ڕۆمانەکەدا چەند ئەمەریکا بە بۆمبەکانی دەتوانێت کارەسات بخولقێنێت، هێندەیش ڕازەکان کارەساتخولقێنن.

کەسەکان یان دوای مەرگیان، بە نامەیەک، یان لە سەرەمەرگدا ڕازەکان دەدرکێنن، چونکە بە زیندوویی ناتوانن بە ڕازێکی ئاشکراوە بژین، یان چونکە لەوەی کە ڕووی داوە، هیچ وەڵامێکی دیکەیان پێ نییە و توانای ڕوونکردنەوەی زیاتریان نییە. ڕۆمانەکەیش زۆر بە خێرایی ڕووداوەکان تێدەپەڕێنێت، چونکە نایەوێت ببێتە ڕۆمانێکی هەستورووژێن و ڕووکەشانە، کە تەنیا بایەخ بە هەستیارکردنی خوێنەرەکەی بدات. سەرەڕای ئەوەیش خوێنەر ئەو کارەسات و ڕووداوە دەروونییانە دەبینێت کە بە خێرایی تێدەپەڕن.

ڕوومانەکە لە دوو شوێندا ڕوو دەدات، شوێنێک کە ژاپۆنە و یان تووشی بوومەلەزە دەبێت یان بۆمبی ئەتۆمیی پێوە دەنێن، شوێنێک کە دەروونی کارەکتەرەکانە و بە ڕازەکان دەهەژێت.

نووسەر دەیەوێت لەناو دڵی ڕووداوێکی مێژووییدا، دەروونی چەند ئینسانێکمان سەبارەت بە ڕق، خۆشەویستی، خیانەت، هاوڕێیەتی و نهێنی، بۆ هەڵماڵێت.

گفتوگۆی کەسەکان سەبارەت بە کارەساتەکەی هێرۆشیما و ناگاساکی هێند هۆشیارانەیە، کە تەنانەت لەم نێوانەدا ژاپۆنیش تاوانبار دەکرێت. هەرچەند ئەمە تەنیا لە چەند دایەلۆگ و دیمەنێکدا بە کەمی دەرکەوتووە، بەڵام وەک ڕازێک- ئەمجار لە نووسەرەوە بۆ خوێنەر- قورسایی دەکات.

قورساییی ڕازەکان هاوکات ئاوێنەیەکە بۆ دەروونی خوێنەرەکەی، کە تۆیش بێگومان ڕازەکەت بووەتە قورسایییەک لە ژیانتدا.

 سەرنج: پێنجینەکە ئاکی شیمازاکی نووسیویە و سەلاحەدین بایەزیدی کردوویە بە کوردی

سەرچاوە: ماڵپەڕی چاودێر

۱۳۹۷/۱۰/۱۶

قورسایی رازەکان


جێمس چینی

تەواوکردنی رۆمانە پێنجینەییە ناسکەکەی قورسایی رازەکان دڵخۆشیان کردبووم، ئەو رۆمانە هەم دیاری کەسێکی ئازیز و هەم وەرگێڕانێکی جوانی بۆ کرابوو، هەر لە ژوورەکەی خۆمدا بووم و بیرم لەو شێوازی تەکنیکە سەرسورهێنەرەی ئاکی شیمازاکی دەکردەوە کە چتۆ توانیویەتی ئەو رۆمانە وا دابڕێژێت.
ئەوەم لا ببووە پرسیار کە لای خودی نوسەر جەوهەری ئەو رووداوە چییە کە وا لە پێنج گۆشەنیگای جیاوازەوە گێڕدراویەتەوە، لەو خەیاڵانە بووم کە ناگەهان شیمازاکی هاتە ژوورەکەم، وەک ئەوەی چاوەڕوانی بووبم بەو هاتنەی سەرسام نەبووم و خێرهاتنم کرد و لەسەر کورسییەک لە نزیکمەوە دانیشت و یەکەم شتێک کە پێیم گوت ئەوەبوو کە ماوەیەکی کەم بەر لە هاتنی وی مۆراکامی لام بوو، دڵتەنگ بوو بەوەی نەلوایە زووتر بێت و بە دیداری مۆراکامی بگات، هەر زووش ئەوەی لەبیر خۆی بردەوە و لێمی پرسی:
ـ قورسایی رازەکانت تەواو کرد؟
ـ بەڵێ، دەمێکە تەواوم کردووە و هێشتا چەندین تێبینیم لەسەری لا گەڵاڵەیە، ئەوەی زۆر لام گرنگە بیزانم ئەوەیە چ شتێک ئەو رووداوەی لات وا بە بایەخ کردووە کە لە پێنج گۆشەنیگایەوە بۆمانی بگێڕیتەوە؟
ـ مەبەست هەر تاکە رووداوێک نییە، هەر وەک چۆن لە رۆمانگەلێک کارەکتەرێک دەکرێتە چەقی باسەکان، لێرەدا رووداوێک چەقی هەموو باسەکانە.
ـ جەنابی هۆریبت وەک درندە وێناکردووە و هەموو خراپەکاری و کاردانەوە خراپەکانت خستوەتە ملی ئەو، لە کاتێکدا هەر لە رۆمانەکەدا چەندین رووداوی هاوشێوە هەن، وەک نموونە جگە لە یوکیۆ کە منداڵی ناشەرعی هۆریبە ماریکۆ و تاکاهاشیش منداڵی ناشەرعین، باوکە ناشەرعییەکەی ماریکۆ کە قەشەیەکە بە چاک وێنات کردووە؟
ـ وانیە.. باوکی ماریکۆ بە چاک نیشان نەدراوە، راستە بە خەمی کچە ناشەرعییەکەیەوە بووە، بەڵام ئەوە باشی جەنابی قەشە نیشان نادات، جەنابی هۆریبیش بۆ یوکیۆی کوڕە ناشەرعییەکەی باشە، بەڵام هەر بە کەسێکی چەپەڵەم نیشان داوە و ئەوم لە جێگای هەموواندا دادگایی کردووە و دواجار بە مەرگیش سزام داوە...
ـ پێنج کەس رووداوەکان دەگێڕنەوە، زۆرینە باسی چەپەڵییەکانی هۆریب دەکەن بە تایبەت لە تسوباکی و هۆتاروودا کەچی مافی بەرگری لەخۆکردنت نەداوەتە هۆریب، نەدەکرا یەکێک لە بەرگەکان ئەو گێڕەرەوە بوایە؟
ـ وەک گوتم ئەوە زیاتر دادگایی هۆریبە، تۆ چەپەڵییەکانی و ئەو کاریگەرییانە بەسەر هەمووانەوە ببینە کە چەندین ساڵ دوای مردنیشی هێشتا کاریگەری بەسەر تاکەکانەوە هەبووە. یوکیۆ و یووکیکۆ لە نائاگا خوشک و برای یەکتربوون و کەچی کەوتبوونە داوی خۆشەویستی یەکترەوە تا ساتی مردنیشیان هەر بەو ئازارەوە ناخی خۆیان دەخواردەوە. ماریکۆ شەرمەزاری جەنابی تاکاهاشی هاوسەری بوو و بەهۆیەوە بەردەوام لە ئازارێکی ویژدانی قول دەژیا، تاکاهاشی لە پێناو ماریکۆ وازی لە میراتگری بنەماڵەکەی هێنا کەچی بە داوی کرێتییەکانی هۆریبەوە ئاڵا و تا ئەوەی چەندین ساڵێکیشی لە جەنگ و دیلێتیدا بەسەر برد، پێت وایە کەسێک کە ژیانی ئەو هەموو مرۆڤەی گرفتار کردبێت شایەن بەوەیە رێگای قسەکردنی پێ بدرێت؟
ـ هاوڕاتم، تۆ چاکتر رووداوەکانت نیشان داوە و هەر خۆشت سزای هۆریبت داوە.
ـ دروستە.
ـ ئاکی خانم، پرسیارێکی ورد و مافی وەڵامنەداوەنەشت پێ دەدەم، ئایا تۆ بە بنەچە کۆریایی؟
ـ ئەم تێبینییە لە چییەوە سەرچاوەی گرتووە؟
ـ تۆ ببینە لە بەرگی سێیەمدا کە تسووبامە، ماریکۆ و پێشتریش دایکی باسی کوشتارگەکەی ساڵی 1923ی کۆریاییەکان دەکەن کە ژاپۆنییەکان دوای بومەلەرزەکەی ئەوساڵە دژی کۆریاییەکان ئەنجامییان دا، تۆ هاوشێوەی ئازاری ویژدانی تاوانەکانی هۆریب بۆ کارەکتەرەکانیان، بەوەش ئازارت داون کە بنەچە کۆریایین و بەڵام تا مردن نەیانوێراوە دەری ببڕن.. ئایا لێرەدا ویستوتە تاوانەکانی گەلی ژاپۆنمان نیشان بدەی؟ تۆ لە کاتێکدا ئەو کوشتارگەیەی دەستی ژاپۆنییەکان دەگێڕیتەوە کەچی لە گێڕانەوەی مەرگەساتی بۆمبارانی ئەتۆمی ئەمریکا لە هیرۆشیما و ناگاساکی خۆت دەبوری؟
ـ من ئازاری مرۆڤایەتم گواستۆتەوە نەوەک ئازاری کۆریاییەکان، دواجار هەموومان مرۆڤین و لە خۆشی و ناخۆشییدا هاوبەشین، هیچ گرنگ نییە من بە بنەچە کۆریایی بم یاخود ژاپۆنی، ئەوەی کە دەبینی ئەوەیە هەستم بە ئازارەکانی ئەوانی دیکە کردووە و هیچی دیکە. خۆ لە تسووباکیشدا کاتێک یووکیکۆ بەسەر کارەساتی ناگاساکییدا دەگەڕێتەوە رووداوەکانم نیشان داون..
ـ دروست دەڵێن خانم، راستی ئەوەت لێ ناشارمەوە زۆر سەرسامی شێوازی نوسینی ئەو پێنجینەیەم، گێڕانەوەی هەمان رووداو لە پێنج گۆشەنیگای جیاواز و بە دیدی پێنج کارەکتەری جیاواز، ئەوە سەلیقە و هونەرکارییەکی زۆری دەوێ..
ـ ترسم هەبوو نەتوانم شتێکی نوێ لەو رۆمانانەدا بگێڕمەوە، وام دانا ئەگەر زیادەیەکم بۆ گێڕانەوەکان نەبی با هەوڵ بدەم بە رێگایەکی نوێ بیانگێڕمەوە.
بە پێکەنینەوە پێیم گوت بە دڵنیاییەوه لەوەشدا سەرکەونتنت بەدەست هێناوە.
بەو پێداهەڵدانەم دڵخۆش بوو و بەوەش کە گوتم نیازم وایە پێنجینەی دووەمی بەناوی (لەنێو دڵی یامۆتۆ) ـدا بخوێنمەوە.
هەستا و پیاسەیەکی ناو ژوور و کتێبخانەکەمی کرد، منیش خەریکی رێکخستنەوەی سەر مێزەکەی خوێندنەوە بووم، کەمێک پاشتر هاتەوە لام و هەردوو رۆمانی (کۆتەڵی رۆژ) و (نرکەی چیاکە) ـی لەسەر مێزەکەم دانا و گوتی : ئەگەر بەڵێنم پێ بدەی بیانخوێنیتەوە ئەوا منیش بەڵێنت پێ دەدەم نوسەرەکانیان بانگهێشتی ژوورەکەت بکەم.
ئەو پێشنیارە گەشاندمییەوە و بێ یەک و دوو بەڵێنم پێی دا بە زووترین کات بیان خوێنمەوە.
دوای ئەو رێککەوتنەی نێوانمان داوای ئەوەی لێ کردم کە مۆڵەتی ئەوەی پێ بدەم لە ژوورەکەمدا بمێنێتەوه، منیش ئاسایی رێگام پێ دا و چوو لە دووری منەوە لەسەر کورسییەک دانیشت و دەستی بە نوسینی بەرگی کۆتایی پێنجینەی سێبەری کەرتەشی کرد و منیش هەر لەسەر مێزەکەی بەردەمم رۆمانی زۆڵەکەی ئیستانبووڵم راکێشایە لای خۆم و لاپەڕەکانیم لێک کردەوە و دەستم بە خوێندنەوەی کرد....

۱۳۹۷/۰۷/۳۰

دەربارەی ڕۆمانی قورسایی ڕازەکان نووسینی «ئـاکی شـیــمازاکی»



ناساندنی کتێبی «ڕۆمانی قورسایی ڕازەکان» نووسینی «ئـاکی شـیــمازاکی»

 ناسنامه‌ی کتێب: «ڕۆمانی قورسایی ڕازەکان»؛ نووسینی ئـاکی شـیــمازاکی؛ وه‌رگێڕ: سەلاحەدین بایەزیدی؛ چاپ: یەکەم  ٢٠١٨؛ وەشانخانە: غەزەلنووس

کارۆ حسێن

ژیان پـڕە لـە ڕووداو و بەسەرهاتـی سەرنجڕاکێش، نووسەرانیش بەتێکەڵکردنـی خەیاڵ و پاشخانێکـی مەعریفیەوە هەندێک لەم ڕووداوانە  دەنـووسنەوە و دەیگەیەنن بـە خوێنەران، بەڵام کاتێک دەقـێک بـەو مەبەستە دەنووسرێت یان دواتـر لەسەری دەنـووسـرێت ڕۆمـان یـان چیرۆک، ئـەوە نـابێت تەنهـا گێڕانـەوەی چیرۆکـێکـی ڕووت بێت بەڵـکـو دەبێت نـووسـەر چـەنـد بنەمایەک جێبەجـێ بکات لەنـووسیندا و گـرینگی بـە زمان و چنین و شێوازی گێرانەوەش بدات و بەرپرسیاربێت لـەتەواوی نـووسـراوەکـەی. یـەکـێک لـەو ڕۆمانانەی تـازە کەوتوەتـە کتیبخانەکانەوە، ڕۆمانـی (قــورســایــی ڕازەکــان)ە کـە ناوەنـدی غـەزەلـنـووس چـاپ و بڵاوی کردۆتەوە.  کـە دەکرێت نـاوی بنێین شـاکـار و خـوێندنەوە و هەڵوێستەمان لـەسـەری هـەبێت.

 ئەم ڕۆمانە لە نووسینی خانمە نووسەری ژاپۆنی (ئـاکی شـیــمازاکی)یە و لە فەڕەنسییەوە (سەلاحەدین بایەزیدی) کـردوویـە بەکوردی.

 ڕۆمانەکـە پێکدێت لـە پێنج بەش، کە بەڕای ئێمە ئاساییە لەهەر کامەیانەوە دەست پێبکەیت و لـە هەر کامەیانەوە کۆتایـی پـێ بهێنیت، گێڕەرەوەی بەشەکان جیاوازی هەیـە و پەیوەندیان پێکەوە نییە لە گێرانەوەدا، بـەڵـکـو هـەر یەکـەو بـەپێـی زانین  و تێگەیشتنی خۆی ڕووداوەکە دەگێڕێتەوە، بەڵام ئەوەی ئەم ڕۆمانە دەکات بەزنجیرە ئەوەیە کە هیچ گێڕەرەوەیەک گێڕەرەوەی هـەمـوو شـت زان نییە و هـیـچ کامێکیان خـوێنەر نـاگەیەنن بـەتەواوی زانیاریەکان. بـۆیە خـوێنەر دەبێت تـەواوی بەشەکان بخوێنێتەوە بۆئەوەی سەرجەم نهێنی و ڕازەکانی ئەم ڕووداوە بزانێت.

  🔸چیرۆکی ڕۆمانەکە

 مـاریـکـۆ ئەوکچەی لەتەمەنـی ١٥ ساڵیدا خانەی بێسەرپەرشتان بەرەو ماڵێکـی تەنیا و کارکردن لە کۆمپانیایەکـی کەلوپەلـی دەرمانخانە جێدەهیڵێ و دوای ساڵێک توشی بە توشی (جەنابی هـۆریب)ەوە دەبێت. ئەو پیاوەی نـاڕاستگۆیانە لەگەڵیدا مامەڵە دەکـات. لـەکاتێکـدا ئـەو یەکـەم  جـارە کەوتـووەتـە ژێــر کـاریگەری پیاوێکەوە. ڕووداوەکـانـی ڕۆمانەکـە هـاوکاتـە لـەگـەڵ بـۆردوومانـە ئەتۆمییەکەی هـیـروشیما و ناگاساکی لە لایەن ئەمریکاوە، بەڵام خوێنەر تەواوی سەرنجەکانی لەسەر ڕووداوە گـەورەکـەوە دەگوازیتەوە سـەر ڕووداوێـکـی کۆمەڵایەتـی. کـە دەشێت قـوربانیەکانـی لـەچەنـد کەسێک تێپەڕ نـەکـات بـەڵام تراژیدیایەکە پڕ لە تاڵی…

 ئەمـە هێڵـی گشتـی ڕۆمانەکەیە، بەڵام خـوێنەر لەهـەر بەشێکدا بە نهێنی و زانیاری تـازەتـر دەگات. لـەبارەی ڕووداوەکەوە.

 لەو شوێنەی گێڕەرەوەکان دەگەن بە باسکردنی ڕووداوێکـی هـاوبەش نووسەر بەکورتی کۆتایی پـێ هێناوە و لەوشوێنانەشی ڕووداوەکە تاکەکەسین، نـووسەر بواری پێویستـی بە گێڕەرەوەکان داوە ڕووداوەکان بگێڕنەوە. کە ئەمەش وادەکات خـوێنەر هـەمیشە چێژ لە خوێندنەوەی وەربگرێت و بەتامەزرۆییەوە چاوەڕێی زانیاریەکی تازەتر بێت لەبارەی ڕووداوەکانەوە کە لـە گێڕەرەوەکانی تر نەیبیستبێت و بۆ گێڕەرەوەکانی تریش جێگای پرسیار و بیرلێکردنەوە بوونە.

 ١- تـــســـووبـــاکـی

٢- هـــامـــاگــووری

٣- تـــســــــووبــــام

٤- واسوورەناگووسا

٥- هــــــۆتــــــاروو

 لەبارەی ناونیشانی بەشەکانەوە. لەهەر بەشێک مانا و ڕازەکان بۆ خوێنەران ئاشکرا دەبن. کارەکتەری گێڕەرەوەی بـەشەکـە  دەناسیت و جێگەی لە ڕووداوەکان و کاریگەریەکانی ڕووداوەکە لە سەری دەزانیت. وەک وتمان ئەگەرچی بە خویندنەوەی یەک بەشیش سەرەتـا و کـۆتایـی ڕووداوەکە دەزانیت، بـەڵام  بـۆ گەیشتن بـەتەواوی لایەنەشارەوەکان و ڕازەکـانی  پێویستـە سەرجەمیان بخوێنیتەوە، چونکە هیچ گێڕەرەوەیەکیان هەموو شت زان نییە.

  سەرچاوە: ماڵی کتێبی کوردی

۱۳۹۷/۰۷/۲۷

هۆتاروو


هۆتاروو
قورسایی ڕازەکان (٥)
ڕۆمان

ئاکی شیمازاکی
وەرگێڕانی لە فەڕەنسییەوە: سەلاحەدین بایەزیدی

چاپی یەکەم: ٢٠١٨
بڵاوکار: ناوەندی غەزەلنووس بۆ چاپ و بڵاوکردنەوە

واسوورەناگووسا


واسوورەناگووسا
قورسایی ڕازەکان (٤)
ڕۆمان

ئاکی شیمازاکی
وەرگێڕانی لە فەڕەنسییەوە: سەلاحەدین بایەزیدی

چاپی یەکەم: ٢٠١٨
بڵاوکار: ناوەندی غەزەلنووس بۆ چاپ و بڵاوکردنەوە

۱۳۹۷/۰۷/۲۶

تسووبام


تسووبام
قورسایی ڕازەکان (٣)
ڕۆمان

ئاکی شیمازاکی
وەرگێڕانی لە فەڕەنسییەوە: سەلاحەدین بایەزیدی

چاپی یەکەم: ٢٠١٨
بڵاوکار: ناوەندی غەزەلنووس بۆ چاپ و بڵاوکردنەوە

هاماگووری



هاماگووری
قورسایی ڕازەکان (٢)
ڕۆمان

ئاکی شیمازاکی
وەرگێڕانی لە فەڕەنسییەوە: سەلاحەدین بایەزیدی

چاپی یەکەم: ٢٠١٨
بڵاوکار: ناوەندی غەزەلنووس بۆ چاپ و بڵاوکردنەوە

۱۳۹۷/۰۷/۲۵

تسووباکی


تسووباکی
قورسایی ڕازەکان (١)
ڕۆمان

ئاکی شیمازاکی
وەرگێڕانی لە فەڕەنسییەوە: سەلاحەدین بایەزیدی

چاپی یەکەم: ٢٠١٨
بڵاوکار: ناوەندی غەزەلنووس بۆ چاپ و بڵاوکردنەوە