‏نمایش پست‌ها با برچسب ڕوانگە. نمایش همه پست‌ها
‏نمایش پست‌ها با برچسب ڕوانگە. نمایش همه پست‌ها

۱۳۹۷/۰۱/۱۳

"لۆ مە چ کر، مە چ کر؟"

سەلاحەدین بایەزیدی

سوڵتانی نوێی تورکان بچووکترین جموجوڵی دژ بە خۆی و دەوڵەتەکەی خستووەتە ژێر چاودێری، دەزانێ سێ چوار خوێندکار لە کام زانکۆ چ لافیتەیەکیان بەرز کردووەتەوە، فڵان ڕۆژنامەی لۆکاڵی دەرەوەی وڵات چ مانشێتێکی نووسیوە، لە پایتەختی فیسار وڵاتی ئەوروپی چ دروشمگەلێک بەرز کراونەتەوە، سیاسەتمەدار یان ڕۆژنامەڤانێکی بیانی چی گوتووە، هونەرمەندێکی ئەمریکا چۆن کاریکاتێرێکی لەو کێشاوەتەوە و تەنانەت لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا کێ، لە کوێ چی لە دژ نووسیوە. بەرامبەر بە بچووکترین کۆڕ و کۆوبوونەوە و ناڕەزایەتی دەربڕیندا بە ڕقێکی بێ وێنەوە دێتە وەڵام. ئەگەر بکرێ دەمکوتیان دەکا، دەنا ڕادەسپێرێ هێرشیان بکەنە سەر، ئەگەر هیچ شتێکیشی پێ نەکرا، بە جۆرێک کە ڕق و توڕەیی دابمرکێ، بە شێوازی خۆی، بە سووکایەتی پێکردن وەڵام دەداتەوە.  

جا بۆیە ناکرێ دەنگ و سەدای شڤان پەروەریشی نەبیستبێ و پێی پەست نەبووبێ. مەبەستم دوایین کلیپێتی بۆ عەفرین. ناکرێ وەدەنگهێنانی تاتلیسەس کاردانەوەیەک نەبێ بەرامبەر بە وی. 

بەمجۆرە، تاتلیسەس، جارێکی تر بەرامبەر بە شڤان هاتە سەر "شانۆ". ئەمجارەیان بە چریکە و گۆرانی نا، چونکە دەمێکە لە پەلوپۆ کەوتووە، بەڵکوو بە شێوازی سوڵتانەکەی خۆی، بە گۆرانیی گاڵتەئامێز و پێکەنینی دەستکرد. دیارە لەوە زیاتریش هیچی پێ نەدەکرا. نەگبەتی لەوە دایە ئەو ڕۆڵە، وەک هاوشاریی شڤان و لەوە زیاتریش وەک سەمبۆلێکی دژ بە شڤان دەبێ بەو بدرێ و دەبێ بە شێوەیەک هونەری خۆی نیشان بدا و سوڵتان دڵخۆش بکا. 

هەتا ئێرە هەموو شتێک ئاساییە، لایەنی نائاسایی لەم بۆ یەکتر سەندنەوەیەدا دۆخی شڤان پەروەرە. شڤانێکی باڵکراو. وەک بڵێی ویسترابێ دۆخی ئەم دوانە یەکسان بکرێ و یەک لە سەرووی ئەویترەوە نەبێ.

لە دوایین کلیپدا، شڤان پەروەر تەنیایە، تێکشکاوە، چرچ و لۆچی دەستی دیارن. پیاسەکردن بە قەراغ ڕووبارێک لە مەنفا و کلیپێک بە مۆنتاژێکی سەرەتایی و سادە نیشانەی ئەوپەڕی تەنیایی شڤان پەروەرە. خەمێکی قووڵ لە سیمادا، کەشتی، مەلە دەریاییەکان، کورسیی چۆڵ، داری ڕووت و شەپقە... ئەم دیمەنانە لە پاییزی تەمەنی پەناهەندەیەکی تێكشکاو دەچن و فڕیان بە خوێندنەوەی پەیامێکی سیاسیی دژ بە فاشیزمەوە نییە. لەو لاشەوە سوڵتان و هونەرمەندەکەی پێدەکەنن. پێکەنینێکی شەیتانی. وەک بڵێی بە وی پێبکەنن، پێی بڵێن تۆ هەر بێژە، هەر بچڕە "ل کۆلانێن باژێرێ ئەوروپایێ" بێ خودی بگەڕێ. لەکاتێکدا کە شڤان چەند ساڵێ لەمەوپێش بە قاسپەی ئەوان گەڕابۆوە، دەستی لە دەستی ئەوان کردبوو، لۆمە و تەشەری دۆست و لایەنگرانی دابووە پێش چاو. شایانی ئەوە نەبوو بەر زوڵمێ بایێ ڕەش بکەوێ. 

شڤان لە "وڵاتێ غەریبییێ، بێ خودی و بێ ماڵە". سوڵتان و هونەرمەندەکەی کاری خۆیان پێ جێبەجێ کرد، هاوڕێیەتی و هاوپەیمانی بارزانی لەوە کەمتر بوو کە چاوەڕێ دەکرا، کەناڵەکانیشی زیاتر بە تاتلیسەس سەرسامن تا شڤان، کەرەمی سوڵتان بۆ ئەوان گرنگترە، دۆست و هاوڕێ پڕۆلیتاریاکانیشی لەمێژە لێی تووڕەن. تێگەیشتن لە هۆکاری گشت ئەمانە دژوار نییە، ئەوەندە بەسە لە خۆت بپرسی لۆ مە چ کر، مە چ کر؟ 

۱۳۹۶/۰۷/۲۷

تاشتەکین… بروجێردی… سێلین


سەلاحەدین بایەزیدی

لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا بە پێی بڕیاری دادگایەکی تورکیا کتێبی "ڕۆژئاوا، سەردەمی کوردەکان" بە قەڵەمی فەهیم تاشتەکین کۆکرایەوە و کتێبەکە چووە نێو لیستی کتێبە قەدەغەکراوەکانی تورکیاوە. کە دەوڵەتێکی دیکتاتۆر و سەرکوتکەر کتێبێک دەخاتە لیستی سوورەوە، ئەو کتێبە بە لای منەوە خۆشەویست دەبێ، ئەگەر هەمبێ، جارێکی دیکە دەیخوێنمەوە، ئەگەر نەمبێ هەوڵ دەدەم بە دەستی بێنم. ڕەنگە ئەگەر ئیسلامییەکانی کوردستان هەڕەشەیان لە مەریوان هەڵەبجەیی نەکردبایە، من لاپەڕەیەکیشم لە کتێبی "سێکس و شەرع و ژن لە مێژووی ئیسلامدا" نەخوێندباوە.
دوای بیستنی ئەو بڕیارە، کتێبەکەی تاشتەکینم دەست دایە، لاپەڕەکانیم هەڵدایەوە و بیرم لەوە کردەوە دەبێ ئەم کتێبە چ زەرەرێکی هەبێ و بۆچی دەسەڵاتدارانی تورکیا لێی دەسلەمێنەوە.
سەیرێکی کتێبەکانی دەوروبەریم کرد و لە خۆم پرسی ئاخۆ تاکەکانیش دەبێ لیستێک کتێبی قەدەغەکراویان هەبێ.
ڕەفەیەک ئەولاتر سێلین سەرنجی ڕاکێشام، پێشتریش یەک دوو جار بەربینگم پێ گرتبوو، دیسان پرسیم ئایا ئاساییە سێلین لە کتێبخانەکەی من بێ.
بە بیرم دێ ئەو دەمەی پانزە ساڵێکم تەمەن بوو، هەموو شتێکی کوردیم دەخوێندەوە، بەس ئەوەندە بە کوردی نووسرابا، بەیاننامە با، ڕۆژنامە با، کتێب با، گرنگ نەبوو. دوو گۆڤاری سروە و ئاوێنەم بە بەردەوامی دەکڕی. هەمیشە سێ چوار ڕۆژ پێشتر پرسیارم لە کتێبفرۆشییەکان دەکرد، جاری وا هەبوو پانزە ڕۆژ و تەنانەت مانگێک چاوەڕوانی ژمارەی نوێ دەمامەوە. ڕۆژێک چووم لە کتێبفرۆشی "موفقی" تازەترین ژمارەی "ئاوێنە" بکڕم، دیتم تایبەتە بە محەممەد بروجێردی یەکێک لە جەللادەکانی کوردستان. وێنەیەکی گەورەی بروجێردی لە لاپەڕەی یەکەم بە من پێدەکەنی. کابرایەکی پیر گۆڤارەکەی بۆ هێنابووم و چاوەڕێ بوو من پارەکەم بدەم و بڕۆم. بە بینینی ئەو وێنەیە گۆڤارەکەم دایەوە بە کتێبفرۆش و بە هەڵچوونەوە پێم گوت من ئەم گۆڤارە ناکڕم. بزەیەکی تاڵ لەسەر لێوەکانی نیشت، دەستی گرتم و بە سرتەیەک گوتی: "ئافەرین… من لەسەر ئەو کابرایە دوور خراومەتەوە." بە بێ وازی ڕۆیشتم و ئەو ڕۆژە گۆڤارەکەم نەکڕی. چەند ڕۆژ تێ پەڕین، خۆم پێ نەگیرا و ڕۆژێک لە ڕێی گەڕانەوەی قوتابخانەدا گۆڤارەکەم لە شوێنێکی تر کڕی و بردمەوە ماڵێ. لە نێو ڕیزی گۆڤارەکانی ترم دانا. گۆڤارەکە لە نێو ڕەفەیەکی کتێبخانەکەم دانرابوو، بەڵام شتێک ئازاری دەدام، شتێک بێ تاقەتی کردبووم. چاوم لەبەر کتێبخانەکەم هەڵنەدەهات. کتوپڕ ڕۆژێک گۆڤارەکەم دەست دایە و بە پێ دزە بەرەو ژێرەزەمینە تەنگ و تاریکەکەمان شۆڕ بوومەوە و گۆڤارەکەم لەوێ دانا. بە خۆمم گوت شوێنی بروجێردی لەوێیە، ڕاستە وشە کوردییەکان یارمەتیدەر بوون بۆ ئەوەی گۆڤارەکە بێتە ئەم ماڵەوە، بەڵام نابێ لەسەر ڕەفەکە و لەبەر چاوان بێ. نابێ لە نێو گۆڤاری "ڕامان" و "پێشڕەو" و ڕۆژنامەی "کوردستان" و "وڵات" دابێ. ئەو گۆڤار و ڕۆژنامانەی لە "دیو"ی ئەولا ڕا هاتبوون، ئەوانەی شڕ بوون، دڕابوون، سیمای کتێبخانەکەیان ناشیرین کردبوو بەڵام بە بینینیان هەستێکی خۆش بەسەرمدا زاڵ دەبوو.
ئەودەم پرسیاری ئەوەم لە خۆم نەکردبوو کە ئاخۆ هەموو کتێبێک بۆی هەیە ڕێی بکەوێتە ژوورەکەم و لەگەڵ ئەوەشدا ڕێم نەدا بروجێردی لە کتێبخانەکەم بمێنێتەوە.
ئێستاش ئەگەرچی پێم وایە دژی سانسۆڕم، بەڵام ناتوانم ڕێگە بە هەموو کتێبێک بدەم ببێتە هاوماڵم. هەرگیز ناتوانم کتێبێکی خومەینی یان ئاتاتورک لە ناو کتێبەکانی ترم دابنێم. ناتوانم کتێبی هیتلەر بکڕم و بیکەمە هاوسێی ئیگزۆپێری. پێم وایە ئەو مافەم نییە، کێ دەڵێ ئەوان ڕازی دەبن من ئەم کارە بکەم. کوا شیرکۆ بێکەس ڕازی دەبێ من کتێبی سەددام بخەمە نێو کتێبخانەکەمەوە؟ تەنانەت کتێبە ئایینییەکانیش وا بە ئاسانی ڕێیان ناکەوێتە کتێبخانەکەمەوە، مەگەر بە میوانی.
کتێبخانە ئاوێنەی مرۆڤە. کتێبەکان زیندوون. تۆ دەتوانی لەگەڵ نووسەرەکانیان دابنیشی و بەدەم چاخواردنەوە باس و خواسێکی درێژیان لەگەڵ دابمەزرێنی.
سەرباری ئەوانەش سێلین هەروا لە نێو کتێبەکانی ترمدا چاوم لێ دادەگرێ، ئاخۆ من تەنیا سەبارەت بە مێژووی نەتەوکەکەی خۆم هەستیارم؟ ئەگەر جوولەکە بوایەم سێلینم دەخوێندەوە؟ نازانم. هەرچەند ئەو کتێبەی سێلین "سەفەر بەرەو کۆتایی شەو" ڕۆمانە و من لە هیچ شوێنێکدا نەفرەت و وشەی بێزراو نابینم، بەڵام هەندێک لەو کتێبانەی بۆیان نییە لەگەڵم بژین، بە هەمان شێوە، ڕق و نەفرەتیان تێدا بەدی ناکرێ.
هەرچی بێ سێلین جارێ هەیە و نازانم تا کەنگێ دەمێنێتەوە. ڕەنگە ڕۆژێک ئەگەر بینیم سارتر نەخۆش کەوتووە و دڵی لە ژێڵلا دێ، هێمن نامدوێنێ و لۆرکا ڕەنگ و ڕووی پێوە نەماوە، بیخەمە ئەستۆی سێلین و لە ماڵەکەم دەری بکەم، جارێ هیچ کام لە کتێبەکان هەڵوێستیان نەنواندووە.

۱۳۹۴/۰۷/۱۰

پێشەکییەک بۆ دەفتەری گەورە



ئاگۆتا کریستۆف، ژنە نووسەر، شاعیر، ڕۆماننووس و شانۆنامەنووسی سوییسی بە ڕەگەز هەنگارییە و ٣٠ی ئۆکتۆبری ١٩٣٥ لە گوندی "ژیسکڤاند"ی هەنگاریا لەدایک بووە. لە تەمەنی ٢١ ساڵیدا، پاش ئەوەی شۆڕشی ١٩٥٦ی هەنگاریا لە لایەن سۆڤیەتەوە تێک شکێنرا، لەگەڵ مێردەکەی و مناڵە چوار مانگەکەی هەنگاریایان بەجێهێشت و لە بەشی فەرەنسی زمانی سوییس، لە شاری "نۆشاتێل" گیرسانەوە. ئاگۆتا، لەو شارە بچووکەی سوییس، ڕۆژانە لە کارگەیەکی سەعات سازی ئیش دەکا و شەوانە خەریکی نووسین دەبێ. دوای فێربوونی فەڕەنسی، زمانی ئاوارەیی و غوربەت، زۆربەی هەرە زۆری نووسینەکانی بەو زمانە دەنووسێ.
ئاگۆتا کریستۆف بە شانۆنامە دەستی بە نووسین کردووە و بە سیانەی ڕۆمانەکانی بەردەوام بووە، ئەو سێ ڕۆمانەی نووسەریان بە جیهان ناساند. "دەفتەری گەورە" (١٩٨٦) یەکەم ڕۆمانێتی، پاشان ڕۆمانەکانی "بەڵگە" (١٩٨٨) و "سێهەم درۆ"ی (١٩٩١) نووسیوە. کریستۆف، خەڵاتی کتێبی نێونەتەوەیی لە ساڵی ١٩٩٢دا وەرگرتووە. ڕۆمانی دەفتەری گەورە، خەڵاتی باشترین کتێبی ئەوروپای لە ساڵی ١٩٨٧ پێ دراوە و بۆ زیاتر لە چل زمانی دونیا وەرگێڕدراوە. دوێنێ (رۆمان - ١٩٩٥)، نەخوێندەوار (ژیاننامە - ٢٠٠٤)، جیاوازییەکی ئەوتۆی نییە (کۆمەڵە چیرۆک - ٢٠٠٥) و تۆ لە کوێی ماتیاس؟ (شانۆنامە - ٢٠٠٦) چەند بەرهەمێکی تری ئەو نووسەرەن. ئاگۆتا کریستۆف، دواجار ساڵی ٢٠١١ لە شاری نۆشاتێل کۆچی دوایی کردووە.
رۆمانی "دەفتەری گەورە" بەرگی یەکەمی بەسەرهاتی دوانەیەکە کە بە ڕۆمانی "بەڵگە" (بەرگی دووهەم) و "سێهەم درۆ" (بەرگی سێهەم) بەردەوام دەبێ و هەر بۆیەش ناوی "تریلۆژی دوانەکان"ی لێ نراوە. 
جەنگ، دوانەیەک لە شارێکی گەورە دادەبڕێ و ڕەوانەی ماڵی نەنکیان دەکا لە شارێکی تەریک و دوورەدەستی سەر سنوور، لەوێ وەبەر ژیانێکی سەخت و دژوار دەنرێن و ناچار دەبن لە تەمەنێکی کەمدا زۆر شت تاقی بکەنەوە. زۆربەی ڕووداوەکانی "دەفتەری گەورە"، چەند هەنگاو ئەولاتری سنووری نێوان دوو وڵات ڕوو دەدەن. 
ئاگۆتا کریستۆف بە زمانێکی سادە، مینیماڵ و کاریگەر، بە تەنزێکی تاڵ، ڕەخنە لە کەشوهەوای پەروردە لە ماوەی ساڵانی جەنگدا دەگرێ. شان بە شانی دوانەکان، ڕووداوە تاڵ و ناخۆشەکانی ئەو ساڵانە لە دەفتەرێکدا دەنووسێتەوە و لە توێی کتێبێکدا دەیانخاتە بەر چاوی خوێنەر. 
"دەفتەری گەورە"، یەکەم بەرهەمی وەرگێڕدراوی ئاگۆتا کریستۆفە بە زمانی کوردی. هیوادارم بە گوێرەی شیاو توانیبێتم ئەم نووسەرە بە خوێنەرانی کورد بناسێنم. 

سەلاحەدین بایەزیدی

۱۳۹۲/۱۱/۱۵

"ژیانی ئەمڕۆم دەفرۆشم، بۆ کڕینی نانی سبەی"


سەلاحەدین بایەزیدی
 
ژیانی کۆڵبەران و کاسپکارانی سەر سنوور، ململانێ و دەستەویەخەبوونە لەگەڵ مەرگ. لەگەڵ ئەوەی کوشتنی کۆڵبەرانی کورد لە سەر سنوورەکان، بەردەوام دووبارە دەبێتەوە و مانگ نییە تەرمی چەند کەسێک، ڕادەستی بنەماڵەکەیان نەکرێتەوە، بەڵام دیسان هەوڵدان بۆ کڕینی نانی سبەی، ناچاریان دەکا ژیانی ئەمڕۆیان بفرۆشن. هەرچەند هەبوون ئەوانەی ژیانی دوێنێیان فرۆشت، بێ ئەوەی بتوانن نانی ئەمڕۆ بکڕن. دواجار دوێنێ و ئەمڕۆ بۆ ئەوان هیچ جیاوازییەکی نییە، لانیکەم لەوەدا جیاوازیی نییە کە دەزانن مەرگ چەند هەنگاو ئەولاتر بۆسەی بۆ ناونەتەوە.

رۆژێکی تووشی مانگی ڕێبەندان، خەڵکی گوندەکانی "سارکێ" و "سیسێڕ"ی سەر بە شاری سەردەشت، بە شین و ڕۆڕۆ بەرەو پیری چوار تەرم چوون. بیست ساڵ بە سەر ئەو ڕێبەندانەدا تێپەڕیوە، بەڵام زامەکە هێشتا بۆ کەسوکاری قوربانییەکان نوێیە و سارێژ نەبۆتەوە. چونکە ئەوە دوایین فیشەک نەبوو وە جەستەی سەرچاوەی نانی ئەو خەڵکانە بکەوێ.

رێکەوتی ٨ی ڕێبەندانی ساڵی ١٣٧٢، لە بەیانییەوە تا نیوەڕۆ ناوچەکانی دۆڵێ "قاسمەڕەش"، "نۆکان"، "کانیە زەرد"، "گڵ کەنگ"، "مەزردا" و دێهاتەکانی دەوروبەری لە لایەن فڕۆکە جەنگییەکانی تورکیاوە بۆردومان کران. لە ئەنجامی ئەو بۆردومانەدا ٤ کەس کوژران و ١٦ کەس بریندار بوون. هەر چوار کوژراوەکە و زۆرینەی بریندارەکان کاروانچی بوون.

ئاسۆ خەبات ئەو کات لە پۆلی پێنجی سەرەتایی و یانزە ساڵی تەمەن بوو، وەک ئەمڕۆ ڕووداوەکانی بە بیر دێ. کوژرانی مامی پەژارەیەکی قورسی پێدەدا و دەیگرێنێ، بەڵام هەست و هزری مناڵانەی یارمەتی نادا لەوە تێبگا مامی بۆچی کوژراوە.

عزیزی ئیلاهی (تەمەن سی و پێنج ساڵ ساڵ)، مامی ئاسۆ و خەڵکی سارکێ، یەکێک بوو لەو کوژراوانە. ئیلاهی خاوەنی ٣ منداڵ بوو و مناڵە بچووکەکەی هێشتا نەببووە چل شەو. برایم خڕە، خەڵکی سارکێ و خاوەنی دوو مناڵ کە یەکیان لە سەر لانکە بوو، هەمزە مەولانی خەڵکی سیسێڕ خاوەنی مناڵێک، مستەفا پور ئەقدەم خەڵکی سیسێر خاوەنی سێ منداڵ، لەگەڵ عزیزی ئیلاهی لە ئەنجامی بۆردومانی فڕۆکەکاندا گیانیان لە دەست دا.

ئاسۆ خەبات، نووسەر و چالاکی سیاسی دەڵێ لە بوردومانەکاندا مامی بە خەستی بریندار بووە و هەفتەیەک دواتر، ڕێکەوتی ١٥ی ڕێبەندان لە نەخۆشخانە گیانی لە دەست داوە.

بە پێی قسەکانی خەبات، لەو ساتەدا کاروانچیەکان لە کاتی پشوودا بوون و لە دەوری ئاگر خۆیان گەرم کردۆتەوە کە وەبەر ڕاکێتی فڕۆکەکانی تورکیا کەوتوون. ئەو ناوچانە شوێنی ئاسایی ژیانی خەڵکن، گوند و ئاوەدانین، بەردەوام خەڵک دێت و دەڕوا، بۆیە لەو کاتەدا هیچ کەس ترسی مەرگ لە دڵی نەنیشتووە.

بە گوێرەی زانیارییەکان، فڕۆکەکانی تورکیا بە بیانووی بوونی گەریلاکانی پەکەکە ئەو هەرێمەیان بۆردومان کردوە و، وەک لە سەیری سەردێڕی ئیمزاکان دەردەکەوێ، چەن کەسێکیان کردوونەتە وەکیل بۆ بەدواداچوونی کەیسەکە.

رەنگە بنەماڵەی قوربانییەکانی ئەو کۆمەڵکوژییە لە ڕوویەکەوە شانسیان هەبووبێ کە کاسپکارەکان لە لایەن خودی دەوڵەتی ئێرانەوە نەکوژرابوون و لانیکەم "دەوڵەتی ئێران بە دوای مەسەلەکە کەوبتوو" و گۆیا "غەرامەی" بۆ بنەماڵەی کوژراوەکان لە تورکیا ئەستاندووە. دوای ئەو ڕووداوە، هەر بنەماڵەیەک، میلیۆنێک و ششسەد هەزار تمەنی وەک قەرەبوو پێ درا و بریندارەکانیش بە پێی سووک و قورسی برینەکانیان بڕە پارەیەکیان وەک قەرەبوو پشکەش کرا. بە پێی هەواڵی ڕۆژنامەی "کیهان"، سوپای تورکیا دوای هێرش بۆ سەر ئەو ناوچانە، قەرەبووی داوە بە ئێران و بە شێوەیەکی فەرمی داوای لێبوردنی لەو وڵاتە کردووە.

بەڵام سوپا و دەوڵەتی تورکیا ئەم "هۆشدار"ەی کۆماری ئیسلامیی ئێران، لە مەڕ بۆردومانکردنی ناوچە سنوورییەکان بە هەند وەرناگرن و جارێکی دی ناوچەکان و خەڵکی سڤیل بۆردومان دەکەنەوە.

سێ ساڵ دواتر، دیسان فڕۆکەکانی تورکیا بە هەمان شێوە ناوچەیەکی سەرسنووریان بۆردومان کرد کە لە ئەنجامی بۆردومانەکەدا ٦ کەس کوژران و ١٧ کەسی تریش بریندار بوون. بە گوێرەی هەواڵی ڕۆژنامەی "کیهان" (سێ شەممە، ١٢ی پووشپەڕی ١٣٧٥)، فڕۆکە جەنگییەکانی تورکیا، دوانیوەڕۆی چوارشەممە لە ناوچەی سیلوانا، هەوارچییەکانیان داوەتە بەر مووشەک و ڕاکێت.

لە ئەنجامی ئەم بۆردومانەدا ٤ ژن و دوو مناڵ گیانیان لە دەست داوە و ١٧ کەسی دیکەش بریندار بوون.

غولامحوسێن بولندیان، جێگری ئەمنی-ئینتیزامیی ئەو کاتی وەزیری کاروباری ناوخۆ، ئەم هێرشەی سیلوانا، دوابەدوای بۆردومانەکەی ناوچەی سەردەشت لە ساڵی ١٣٧٢، بە دووهەمین هەڵەی تورکیا لە مەڕ ئێران لە قەڵەم دا.

ئەگەرچی بە پێی ئەو هەواڵە ئاماژەپێکراوەی ڕۆژنامەی کەیهان، هێزە ئەمنییەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێران لەو ٥١١ کیلۆمەتر سنوورە هاوبەشەی لەگەڵ تورکیا هەیانە، وشیارانە مەسەلەکان دەشۆپێنن، هەروەها کۆماری ئیسلامیی ئێران هەستیارە لە بەرامبەر پاراستنی گیانی هاوڵاتییانی و داوای کردوە ئەنقەرە بە شێوەی فەرمی پابەندی دووپاتە نەکردنەوەی دەستدرێژیی لەم چەشنە بێ، لەگەڵ ئەوەشدا کوشتن و کۆمەڵکوژی کۆڵبەران، کاروانچیان و کاسپکارانی کورد لە سەر سنوور لە لایەن ئەنقەرە و تارانەوە تا ڕۆژی ئەمڕۆش بەردەوامە.

۱۳۹۲/۰۸/۲۹

گـــــــــــەڕانەوە


سەلاحەدین بایەزیدی

گەڕانەوە یان گەڕاندنەوەی سیاسەتمەدار، هونەرمەند و شۆڕشگێڕانی کورد بۆ تورکیا شتێکی نوێ نییە و دەگەڕێتەوە بۆ کۆتایی ساڵانی نەوەدەکانی سەدەی ڕابردوو. یەکی ئۆکتۆبری ١٩٩٩ هەشت کەس کە ناوی ''گرووپی یەکەمی ئاشتی"یان لێ نرابوو، لە سەر پێشنیاری عەبدوڵڵا ئۆجەلان گەڕانەوە تورکیا و یەکسەر لە لایەن کاربەدەستانی تورکیاوە قۆڵبەست و ڕەوانەی گرتووخانە کران. دە ساڵ دواتر واتە مانگی ئۆکتۆبری ٢٠٠٩، هەر لە سەر پێشنیاری ئۆجەلان و بەڵام ئەمجارەیان بە ڕەزامەندی حکومەتی تورکیا، گرووپێکی تری پێکهاتوو لە ٣٤ کەس لە دەروازەی سنووری خابوور گەڕانەوە تورکیا.
لە مەودای نێوان ئەو دوو گەڕانەوەیەدا، بەردوام دوو چەمکی دژ بە یەک لە ململانێ دابوون؛ "گەڕانەوە" و "هاتنەوە ماڵ". لە لایەکەوە بزووتنەوەی سیاسیی کورد پێداگر بووە لە سەر "گەڕانەوەیەکی ئابڕومەندانە" و وەک بەشێک لە خەبات و پڕۆسەی ئاشتی سەیری ئەو ڕەوتەی کردوە و لە لایەکی دیکەشەوە حکومەتی تورکیا هەوڵی داوە وەک "تەسلیم بوون" و "بادانەوە" پێناسەی بکا.
یەکێک لە سەرەکیی ترین ئەو هۆکارانەی، ڕەوتی گەڕانەوەکانی ساڵی ٢٠٠٩ی ئاستەنگ کرد و لایەنی کوردی لە ناردنەوەی گرووپی دیکە پاشگەز کردەوە، زمان و شێوازی هەڵسوکەوتی تورکیا بوو لە بەرامبەر ئەو کەسانەی دەهاتنەوە. ئەگەر چی حکومەتی تورکیا لەچاو دەیەیەک لە مەوپێش بە کردەوە گۆڕدرابوو و لە بری ئەوەی بە چەند عەسکەرێک و لە سنوورێکی شاخاوییەوە بەرەو پیری گرووپەکە بچێ، بە شێوەیەکی سڤیل پێشوازییان لێکردن، بەڵام ئەدەبیاتی سیاسی هەمان ئەو ئەدەبیاتە بوو کە دە ساڵ پێش لە کار دەکرا.
لە یەکەم کاردانەوەدا، بەشیر ئاتالای وەزیری کاروباری نێوخۆی تورکیا، وەک "هاتنەوە بۆ ماڵ" باسی گەڕانەوەی گرووپەکەی کرد و ئەردۆغانیش ڕاشکاوانە ڕەخنەی لەوە گرت کە پێشوازییان لێکراوە و گەڕانەوەیانی بە "خۆ نواندن" لە قەڵەم دا.
ئەو توڕەبوونەی کاربەدەستانی حکومەتی تورکیا چاوەڕواننەکراو نەبوو. ئەوان دەیانویست گرووپەکە بە بێدەنگی و بە دوور لە چاوی میدیاکان و خەڵک بگەڕێتەوە و دواتریش بە هێمنی لە شارەکان دابنیشن و چاوەڕوانی هەنگاو و ئاڵوگۆڕەکانی حکومەت بکەن. دەیانویست تەنیا خۆیان مانۆڕ بەو گەڕانەوانە لێبدەن و لایەنی کوردی لەو مافە بێبەش بکەن. دەیانویست ''گەڕاوەکان" تەنیا دەستخۆشانە لە حکومەت بکەن و بە شێوەیەک هەڵسوکەوت بکەن کە لایەنی کورد هیچ ڕۆڵێکی لەم پێشهاتانەدا نەبووە. هەروەها چاوەڕوان بوون ئەو گوتارەی لە لایەن گرووپەکەوە بەکار دەهێنرێ، گوتارێک بێ دابڕاو لە "شانازیییەکانی ڕابردوو" و هاتنەوەیەکی ئاسایی بێ.
سێ ساڵ دوای گەڕانەوەی دووهەم گرووپی سەر بە پەکەکە،  ١٣ی ئووتی ٢٠٠١، کەماڵ بورکای شاعیر و سیاسەتمەداری باکووری کوردستان، دوای سی و یەک ساڵ دووری لە نێو ئاپۆرای لایەنگرانی لە فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی "ئاتاتورک" دابەزی و بۆ هەمیشە گەڕایەوە بۆ تورکیا. حکومەتی تورکیا نەک بە هاتنەوە و پێشوازی لێکردنی توڕە نەبوو، بگرە بە گوێرەی هەواڵی میدیاکانی تورکیا، بورکای لە سەر بانگهێشتی وەزیری کاروباری دەرەوەی تورکیا لە سویدڕا گەڕاوە.
کەماڵ بورکای لە یەکەم پەیامیدا دوای گەڕانەوەی بۆ تورکیا، بە ڕۆژنامەنووسانی ڕاگەیاند "چ حکومەت، چ جەهەپە، کێ لەپێناو چارەسەری پرسی کورددا هەنگاوی ئەرێنی بەرز بکاتەوە دەبێ پشتیوانی لێ بکرێ و هەروەها دەبێ پێش بەو کەسانە بگیرێ کە هەوڵەکانی ئاشتی بە لاڕێدا دەبەن."
کەماڵ بورکای کە ساڵی ١٩٧٦ لەگەڵ ژمارەیەک لە هاوڕێیانی، حزبی سۆسیالیستی کوردستانی تورکیای دامەزراندبوو، ئێستا سەرۆکی گشتی پارتی ماف و ئازادییەکان (هاک - پار)ە و بە یەکێک لە سەرەکی ترین ڕەخنەگران و ڕەقیبەکانی ئۆجەلان دەناسرێ.
سەرەڕای ئەوەی میدیاکانی تورکیا بایەخێکی زۆریان بە گەڕانەوەی بورکای دا بەڵام کاریگەرییەکی ئەوتۆی لە سەر شەقامی کوردی لە باکووری کوردستان دانەنا.
وێدەچێ شڕۆڤە و لێدوانەکانی بورکای بە دڵی میدیاکانی تورک بێ، چونکە لە بۆنە یان ڕووداوی تایبەت بە مەسەلەی کورددا کەم هەڵدەکەوێ بانگهێشتی نەکەن و نێرین و بۆچوونەکانی وەک پەرسپەکتیڤ نەخەنە ڕوو.
دوای ڕۆیشتنەوەی گرووپەکانی پەکەکە و کەماڵ بورکای، گەڕانەوەی هونەرمەندی ناسراوی کورد شڤان پەروەر، لەو گەڕانەوانە بوو کە مۆری خۆی لە ڕۆژەڤی باکووری کوردستان و تورکیا دا. پەروەر دوای سی و حەوت ساڵ و پاش دانوستانێکی چەند ساڵە لە ئاڵمان لەگەڵ بەرپرسانی پارتی دەسەڵاتدار (ئاکەپە)، گەڕایەوە بۆ تورکیا.
شڤان پەروەریش وەک کەماڵ بورکای و ئەو کەسانەی بانگهێشتی گەڕانەوە کرابوون، چەندین ساڵ لە دوودڵیدا ژیا و کات و ساتی جۆراوجۆری بۆ گەڕانەوە دیاری دەکرد، تا دواجار لەگەڵ هەڤدیتنی مەسعوود بارزانی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان و ڕەجەب تەیپ ئەردۆغان سەرۆک وەزیری تورکیا گەڕایەوە ئامەد. شڤان پەروەر لەگەڵ کاروانی ئۆتۆمبێلەکانی سەرۆکی حکومەتی هەرێم پێی نایە خاکی باکووری کوردستان و لە لایەن ڕایەدرانی ئەمنی تورکیاوە پێشوازی لێکرا، لە ئامەدیش لە بەردەم کەسایەتییە سیاسییەکان و جەماوەری پارتی داد و گەشەپێدان ئامادە بوو و گۆرانی بۆ ئەوان چڕی.
ئەگەرچی هەندێک هەواڵ سەبارەت بە سووتاندنی سی دی و کاسێتەکانی شڤان پەروەر یان سووکایەتی کردن بەو هونەرمەندە بڵاو بوونەوە، بەڵام ئەو هەواڵانە لە لایەن هیچ ئاژانس و ناوەندێکی هەواڵەوە پشت ڕاست نەکرانەوە و زیاتر قسەلۆگ و پاشملەی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بوون.
شڤان پێشوازی لێنەکرا و بە بەراورد لەگەڵ سی و حەوت ساڵ غوربەت و دووری، تاسەی دیداری لای خەڵک دروست نەکرد. هۆکاری پێشوازی نەکردن لە شڤان، بێدەنگی و پێناخۆشبوونی پارتی کرێکارانی کوردستان نەبوو، هۆکاری سەرەکی چۆنیەتی گەڕانەوەی خۆی بوو. لە ئاقاری ئەو دوو جۆرە گەڕانەوەیەی کە تورکیا و بزووتنەوەی کورد پێداگری لە سەر دەکەن، شڤان پەروەر کەناڵی "رەسمی و حکومی" هەڵبژارد، بۆیەش ئاساییە تەنیا لە لایەن کوردەکانی لایەنگری دەوڵەت و بەرپرسانی حکومەتەوە پێشوازی لێبکرێ.
گەڕانەوەی کەماڵ بورکای و شڤان پەروەر دوو نموونەن لەو گەڕانەوانەی لە سەر بانگهێشتی ڕەسمی حکومەت بە ئەنجام گەیشتوون و وێدەچێ تورکیا ئەمە وەک مۆدێلێک چاو لێ بکا بۆ گەڕاندنەوەی سیمبۆل و ناوە گرنگەکانی دیکەی کورد لە دەرەوەی وڵات. مۆدێلێک کە لە ڕێگەیەوە بتوانێ شێوازی گەڕاندنەوەی خۆی بسەپێنێ و ئیماژێکی جیاواز لە خۆی و لە بزووتنەوەی کورد نیشانی ڕای گشتی بدا.
جەنگیز چاندار گۆشەنووسی ناسراوی تورک لە ڕۆژنامەی 'رادیکاڵ' لە زاری تۆیتی نووسەرێکی کوردەوە سەبارەت بە گەڕانەوەی شڤان نوسیبووی ئەگەر شڤان بە تەنیا گەڕاباوە، لانیکەم سێ میلیۆن کەس بەرەو پیرییەوە دەچوون. ئەم قسەیە لەوانەیە زێدەڕەوی نەبێ و ئەگەر ئاوڕێک لە گەڕانەوەی جوان حاجۆ بدەینەوە، لەوانەیە ئێمەش بگەینە هەمان ڕا.
ئەگەرچی جوان حاجۆ هاووڵاتیی تورکیا نەبووە و نابێ وەک گەڕانەوە باس لە چوونی بۆ تورکیا بکرێ، بەڵام بە هۆی ئەوەی زۆربەی لایەنگرانی لە باکووری کوردستان و تورکیا دەژین و کاریگەرییەکی زۆری لە سەر خەڵک هەبووە، کوردەکانی باکوور و تەنانەت میدیاکانی تورکیاش وەک "هاووڵاتی"یەکی خەڵکی تورکیا لێی دەڕوانن. کەسایەتییەک کە بە شێوەی هونەرمەندەکانی ئەو پارچەیە و بگرە زیاتریش، پەیوەندی بە هەستی خەڵک و ئاڵوگۆڕە سیاسییەکانی ئەو بەشەی نیشتیمانەوە هەیە. ئۆکتۆبری ٢٠١٣ کاتێک جوان حاجۆ ڕۆیشتە تورکیا، زۆربەی هەرە زۆری میدیا و هەواڵنێرییەکانی تورکیا بە "هاتن و گەڕانەوە دوای ٢٣ ساڵ" باسی سەفەرەکەیان کرد.
جوان حاجۆ وەک شڤان پەروەر بە جلی کوردی و بە کاروانی ئۆتۆمبێلان نەگەڕایەوە، بەڵکو بە تاقی تەنیا و بە تیشێرتێکی سادە گەڕایەوە، لەگەڵ ئەوەشدا لە شاری باتمان، یەکێک لە گەورەترین کۆنسێرتەکانی لە مێژووی هونەری تورکیادا تۆمار کرد. بە دەیان هەزار کەس بەشداری ئەو کۆنسێرتە بوون و بە جۆش و خرۆشەوە پێشوازییان لە "گەڕانەوەی" و ئاڵبۆمی ''ڤەگەڕ" کرد.
حاجۆش وەک شڤان پەروەر لەگەڵ پارتی کرێکارانی کوردستان جار جارە نێوانی خۆش و جار جارەش ناخۆش بووە، ئەویش لەگەڵ هونەرمەندێکی تورک، لەگەڵ ژنە گۆرانیبێژی بە ڕەچەڵەک کورد "هولیا ئەفشار" دوێتی کرد، کەسێک کە لایەن بزووتنەوەی سیاسیی کوردەوە بە "لایەنگری دەوڵەت" و "مۆرەی شەڕی تایبەت" ناسرابوو. سەرباری ئەوانەش نە خەڵک، نە ئەحزابی سیاسی و لایەنگرانیان، بە دیدێکی نەرێنی لە سەفەرەکەی جوان حاجۆیان نەڕوانی و بە شێوەیەکی شکۆدار بەرەو پیری چوون.
خاڵێک کە گەڕانەوەی شڤان پەروەر لە جوان حاجۆ جیا دەکاتەوە ئەوەیە کە شڤان لە سەر ویست و لە چوارچێوەی بەرنامەی حکومەتدا دەگەڕێتەوە بەڵام گەڕانەوەی جوان حاجۆ، قەناعەتێکی تاکەکەسی و پڕۆژەیەکی هونەرییە. لە لایەکی دیکەوە جوان حاجۆ نەک بە پێویستی نەبینی بە شان و باڵی دەوڵەتدا هەڵبڵێ، بەڵکو تکای لێکردن هەرچی زووتر چارەسەرییەک بۆ پرسی کورد و مافە فەرهەنگی و سیاسییەکانی بدۆزنەوە.
شڤان پەروەر خەونی بەوەوە دەبینی لە ئامەد، لە باکوور بە ئازادی سترانە شۆڕشگێڕییەکانی بچڕێتەوە، ڕۆیشت و "ئازادانە" ستڕانەکانی گوتەوە. لە سەر سەکۆ پەیامی ئاشتی دا و داوای لە دایکان کرد "نەگرین"، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا ژنی ئەردۆغان گریا، ئەو ژنەی پێشتر بۆ مناڵانی فەلەستین گریابوو و بۆ مناڵانی ڕۆبۆسکی نا، کەچی دایکانی تر غایب بوون، ئاخۆ ئەوان لە پشت تەلەڤزیۆنەکانیانەوە گریان یاخود هەستیان کرد ئەو ڕۆژە نزیک بۆتەوە کە نەگرین؟
شڤان ئێستا لە نێو دڵی ئەو گەلە دایە کە بە دەنگ و چریکەی ئەو فێری یاغی بوون و بەرخۆدان بوون. بۆی هەیە ئەو چریکە کێوییە لە نیو تەلار و کۆشکەکاندا ئارام نەگرێ و دیسان لە نێو خەیاڵە چڕ و دووردەستەکانی ئەواندا هێلانە بکاتەوە. تۆ بڵێی؟

۱۳۹۱/۰۳/۲۲

له‌ ئۆپۆزێسیۆنێکی سروشتیی په‌رته‌وازه‌وه‌ بۆ به‌ره‌یه‌کی ڕێکخراو


سه‌لاحه‌دین بایه‌زیدی

ڕۆژهه‌ڵاتی کوردستان به‌حوکمی فره‌زاراوه‌یی، فره‌ ئایینی و فره‌ که‌لتووری له‌چاو پارچه‌کانی دیکه‌ی کوردستان پێکهاته‌یه‌کی پلۆرالیست و له‌هه‌مانکاتدا په‌رته‌وازه‌ی هه‌یه‌. هه‌ر ئه‌وه‌ش ڕێگه‌خۆشکه‌ر بووه‌ بۆ دانانی سنوور و به‌ربه‌ستێک له‌به‌رده‌م یه‌کگرتنی ڕیزه‌کانی جه‌ماوه‌ر. ناڕه‌زایه‌تی و سه‌رپێچی له‌به‌رامبه‌ری ڕژێم، له‌شوێنێکدا نه‌بۆته‌ هۆی ناره‌زایه‌تییه‌کی سه‌رانسه‌ری و هه‌مه‌لایه‌نه‌. چونکه‌ له‌پشت ئه‌و ناره‌زایه‌تییه‌وه‌ تایبه‌تمه‌ندییه‌کی هه‌رێمی خۆی نواندوه‌. یان ئه‌و هه‌ڵچوونه‌ له‌ئه‌نجامی گوشاری ڕژێم بۆ سه‌ر بیروباوه‌ڕی خه‌ڵکی ئه‌و ناوچه‌یه‌ بووه‌، یان له‌میانه‌ی ڕوداوێکی ڕۆژانه‌دا هاتۆته‌ گۆڕێ که‌ خه‌ڵکی ناوچه‌کانی دیکه‌ به‌ کێشه‌یه‌کی خۆیان نه‌زانیوه ‌و له‌گه‌ڵی هاوده‌نگ نه‌بوون.

بۆ نموونه‌ ئه‌گه‌ر ڕژێم گوشاری خستبێته‌ سه‌ر پێڕه‌وانی ئه‌هلی حه‌ق، یه‌کێکی موکریانی یان کورمانج سه‌ری پێوه‌ نه‌ئێشاندوه‌، یان ئه‌گه‌ر ناڕه‌زایه‌تییه‌ک شاره‌ سنوورنشینه‌کانی گرتۆته‌وه‌، وه‌ک ئه‌و هه‌موو ڕوداوه‌ی که‌ له‌ئه‌نجامی کوشتنی قاچاقچیه‌کدا بۆ وێنه‌ له‌مه‌ریوان یان پیرانشار ڕوو ده‌دات، نه‌بۆته‌ کێشه‌یه‌کی خه‌ڵکی کرماشان. ته‌نانه‌ت ڕووداوی تیرۆری شوانه‌ قادریش که‌ ده‌کرا ببێته‌ سه‌ره‌تایه‌ک بۆ ئیعترازێکی به‌رین و سه‌رتاسه‌ری، له‌به‌ر نه‌بوونی ڕێکخستن و قه‌یرانی له‌مجۆره‌ ته‌نیا هه‌رێمی موکریان و ئه‌رده‌لانی گرته‌وه ‌و ئه‌و ڕووداوه‌ش وه‌ک زۆر ڕوداوی تر که‌ به‌تایبه‌ت له‌م چه‌ند ساڵه‌ی دواییدا بێ پسانه‌وه‌ دێنه‌ ئاراوه‌، حاڵه‌تێکی هه‌رێمی به‌خۆوه‌ گرت. خۆپیشاندان و ناره‌زایی ده‌ربڕین له‌پێناو کوشتنی مه‌لا محه‌مه‌د ڕه‌بیعی و ده‌یان هه‌ڵچوونی دیکه‌ی هاوشێوه‌ له‌شاره‌ جۆراوجۆره‌کاندا هه‌ر له‌و بازنه‌یه‌دا ده‌خولێنه‌وه‌.

په‌رته‌وازه‌یی و نایه‌کریزی خه‌ڵک له‌م پارچه‌یه‌ی کوردستان واتای ئه‌وه‌ ناگه‌یه‌نێ که‌ خاوه‌ن ئامانج یاخود خاڵێکی هاوبه‌ش نین، به‌پێچه‌وانه‌وه‌. سه‌رجه‌م چین و توێژه‌کان بێ جیاوازی، ده‌ردێکی هاوبه‌شیان هه‌یه‌ و هاوکات ئامانجێکی هاوبه‌شیشیان هه‌یه‌. جا گرنگ نییه‌ سه‌ر به‌ کام زاراوه، کام ئایین و کام حزبن. به‌ساده‌ترین زمانیش ده‌توانین ڕزگاربوون له‌چنگ ڕژێم به‌ئامانجی هه‌موویان پێناسه‌ بکه‌ین. هه‌ر تاکێکی کورد هیوای ڕزگاری له‌ مێشک دایه‌ و بۆ گه‌یشتن به‌ ئامانجیش جگه‌ له‌ هه‌ندێ جیاوازیی لاوه‌کی له‌سه‌ر شێوازێکی خه‌بات و تێکۆشان کۆکن. دیاره‌ ئه‌م شێوازه‌ی خه‌بات و هه‌روه‌ها ڕزگاربوونیش به‌گوێره‌ی تێگه‌یشتنی هه‌ر مرۆڤێک له‌م چه‌مکه‌ ده‌گۆڕدرێ.

کارکردن و هه‌وڵدانی ڕژێم بۆ گۆڕینی ئه‌و دۆخه‌ واته‌ له ئۆپۆزێسیۆنه‌وه‌ بۆ هێزێکی دینامیکی گوێڕایه‌ڵ و سازشکار ئه‌نجامێکی ئه‌وتۆی نه‌بووه‌. چه‌نده‌ ئه‌و هه‌وڵانه‌ له‌سیاسه‌تێکی به‌رنامه‌بۆدارێژراویشه‌وه‌ سه‌رچاوه‌ی گرتبێ. کۆماری ئیسلامیی ئێران بۆ پێچه‌وانه‌کردنی ئه‌م دۆخه‌، پراکتیکێکی زۆر سیسته‌ماتیکی له‌ هه‌موو بواره‌کانی ژیان، په‌روه‌رده‌، بیرۆکراتی، ئابووری، وه‌رزش و ... به‌ڕێوه‌ بردووه‌، به‌شێوه‌یه‌ک که‌ جوڵانه‌وه‌ له‌ ده‌ره‌وه‌ی ئه‌م پرۆسه‌یه‌ی ڕژێمدا نامومکین و دژوار بێت، که‌چی توانیویه‌تی ته‌نیا له‌بواری شکڵه‌وه‌ پاشه‌کشه‌ی پێ بکات و له‌بواری مه‌عریفه ‌و تێگه‌یشتنه‌وه‌ له‌جێگه‌ی خۆی ماوه‌ته‌وه‌.

هه‌ر ئه‌مانه‌ش کاره‌کته‌ری ئۆپۆزێسیۆن بوونی پێ به‌خشیوه‌، ئۆپۆزێسیۆنێکی سروشتی که‌ پاڵنه‌ره‌که‌ی هه‌ست و تێگه‌یشتن بووه‌ نه‌ک هێز و دنه‌دانی ده‌ره‌کی. ئه‌م ئۆپۆزێسیۆنه‌ی خه‌ڵک وه‌ک هێزێکی سه‌ربه‌خۆ و جیاواز له‌ کرده‌وه‌دا خۆی نواندوه‌ و زۆر جاریش وه‌ک هێزێکی جیا حیسابی بۆ کراوه ‌و تاکتیک و ستراتیژییه‌تی هه‌ر له‌م چوارچێوه‌یه‌دا بووه‌. چونکه‌ وه‌ک چۆن نه‌که‌‌وتۆته‌ به‌ره‌ی ڕژێم و داموده‌زگاکانی، له‌به‌ره‌ی ئه‌حزابی کوردی و ئۆپۆزێسیۆنی ئێرانیشدا دووره‌په‌رێز ماوه‌ته‌وه‌. به‌حوکمی ئه‌وه‌ی ستراتیژی و ویست و داخوازییه‌کانی به‌ته‌واوی له‌گه‌ڵ پرۆژه‌ی سیاسی و داخوازی حزبه‌کان یه‌کی نه‌گرتۆته‌وه‌، به‌شێوه‌یه‌کی ناسه‌قامگیرو هه‌ڵپه‌سێراو لایه‌نگری و هه‌وادارێتی حزبێکی کردووه‌و سبه‌ی خۆی له‌شوێنێکی دیکه‌دا بینیوه‌ته‌وه‌.

ده‌توانم بڵێم چه‌نده‌ ڕژێمی کۆماری ئیسلامی ئێران نه‌یتوانیوه‌ له‌حاڵه‌تی ئۆپۆزێسیۆن بوون ده‌ری بێنێت، به‌پێچه‌وانه‌ حزبه‌کانیش له‌ خورت کردن و به‌هێزکردنی ئه‌م به‌ره‌یه‌دا نه‌یانتوانیوه‌ هه‌نگاوی به‌رچاو به‌رز بکه‌نه‌وه‌. هه‌رچی حیزبه کوردستانییه‌کانن، له‌بری ڕێکخستن و یه‌کریزی خه‌ڵک، زیاتر په‌رته‌وازه‌یان کردوه‌، نه‌ ته‌نیا نه‌یانتوانیوه‌ له‌ گۆڕینی ئه‌م بارودۆخه‌دا ڕۆڵیان هه‌بێت، به‌ڵکو هه‌مان تایبه‌تمه‌ندییان له‌ کۆمه‌ڵگاوه‌ گواستۆته‌وه‌ بۆ ناو سه‌نگه‌ره‌کانی خه‌بات و ئۆردوگاکانیشیان. تایبه‌تمه‌ندی ناوچه‌گه‌رایی و گرنگی دان به‌ هه‌رێمێک به‌ڕاشکاوی له‌ گوتاری سیاسی ئه‌و حزبانه‌دا ده‌رده‌که‌وێ و له‌ پراکتیکی ڕۆژانه‌یاندا خۆ نیشان ده‌دات.

سه‌رگرتنی به‌ره‌ی کوردستانی پێکهاتوو له‌ حزب و لایه‌نه‌کانی ڕۆژهه‌ڵاتی کوردستان ده‌یتوانی ده‌ستپێکێک بێ بۆ ئه‌وه‌ی ماڵی کوردی له‌و پارچه‌یه‌ یه‌ک بخات و کۆتایی به‌و بڵاوبوونه‌ بێنێت. به‌واتایه‌کی تر چه‌نده‌ به‌ره‌ی کوردستانی نوێنه‌ر و زمانحاڵی ئۆپۆزێسیۆنی کوردی بێت، ئه‌وه‌نده‌ش نوێنه‌ری هه‌موو چین و توێژه‌کانی کۆمه‌ڵگا بێت و سنووره‌کانی زاراوه‌ و ئایین بڕوخێنێ و که‌لتووری هه‌ڵکردن له‌گه‌ڵ یه‌کتری و یه‌کگرتن گه‌شه‌ پێ بدات.

ئه‌وه‌ باشترین و تاکه‌ مودێلی ڕێکخستنی ئه‌م حزبانه‌یه‌ بۆ وه‌سه‌ریه‌کنان و کۆکردنه‌وه‌ی ئه‌م دینامیکه‌ پرژو بڵاوه‌ و ده‌ربازبوون له‌و قه‌یرانه‌ی که‌ له‌بواری ڕێکخستنه‌وه‌ ده‌سته‌ویه‌خه‌ی ئه‌م پارچه‌یه‌ی کوردستان بۆته‌وه‌. به‌ڵام وه‌ک له‌ واقیعدا ده‌بینین پرۆژه‌ی به‌ره‌ی یه‌کگرتوو له‌به‌ر هه‌ندێک کۆسپ و ته‌گه‌ره‌ هه‌روا هه‌ڵپه‌سێردراو ماوه‌ته‌وه‌ و ته‌نانه‌ت له‌بیرۆکه‌ی شکڵ گرتنیشیدا دیسان دینامیکێکی به‌رچاو له‌ده‌ره‌وه‌ی پرۆسه‌که‌ ده‌مێننه‌وه‌.

ئه‌و به‌ره‌ کارتۆنییه‌ی که‌ له‌نێوخۆی ئێرانیشدا دروست بووه‌، به‌هیچ شێوه‌یه‌ک ناتوانێ ئه‌م ئه‌رکه‌ ڕاپه‌ڕێنێ و هه‌نگاو بنێت له‌پێناو یه‌کگرتنی خه‌ڵکدا.

له‌م نێوانه‌دا ته‌نیا بژارێک ده‌مێنێته‌وه‌، ئه‌ویش به‌ره‌ی یه‌کگرتووی خه‌ڵکه‌ که‌ به‌هه‌وڵ و هیممه‌تی خودی خه‌ڵک دروست ده‌بێ. به‌جۆرێک که‌ مه‌غزایه‌کی ته‌واو سیاسی بده‌ن به‌ هه‌ر جۆره‌ ناڕه‌زایه‌تی و جوڵانه‌وه‌یه‌کیان و هه‌وڵ بده‌ن بۆ ئه‌وه‌ی ده‌نگی خۆیان له‌ئاستی جیهانیدا به‌رز بکه‌نه‌وه‌. که‌سانی سه‌ربه‌خۆ به‌گشت چین و توێژه‌کانی، ڕۆشنبیران، سه‌ندیکا و داموده‌زگا سڤیله‌کان و لایه‌نگرانی حزبه‌کان له‌ کۆڵه‌که‌ بنچینه‌ییه‌کانی ئه‌م به‌ره‌یه‌ ده‌بن. خۆدیتنه‌وه‌ی لایه‌نگرانی حزبه‌کان له‌ئاراسته‌یه‌کی یه‌کگرتوو و هه‌ده‌فمه‌نددا گوشار بۆ پێکهاته‌کانی دیکه‌ی حزبیش دێنێ تاکوو له‌م قۆناخه‌دا یه‌کبگرن و ناکۆکییه‌ بچووکه‌کانیان وه‌لا بنێن.

۱۳۹۱/۰۳/۱۶

له‌ خاچ دانه‌وه‌ی پێشه‌وا


سەلاحەدین بایەزیدی

ئه‌ی مه‌سیح! نزیک به‌ دوو هه‌زار ساڵ تێده‌په‌ڕێ و تۆ هێشتا هه‌ر له‌ خاچ ده‌ده‌ن. ئه‌دی که‌نگێ تۆ له‌ خاچ ناده‌ن و کاتێک تۆ دێیت ئیدی جاویدانه‌ له‌ناوماندا ده‌ژیت؟
له‌ خاچ دانه‌وه‌ی مه‌سیح، نیکۆس کازانتزاکیس

ئه‌و به‌ره‌به‌یانه‌ی پێشه‌وا له‌ لایه‌ن دوژمنانیه‌وه‌ له‌ سێداره‌ درا، هه‌رگیز بیری له‌وه‌ نه‌کردبۆوه‌، له‌ داهاتوودا ڕۆڵه‌کانی له‌ سێداره‌ی دەده‌نه‌وه‌، ڕۆح و بیری خۆی و هاوڕێیانی بۆ جارێک و سه‌د جارێک ده‌ده‌نه‌وه‌ له‌ سێداره‌. قه‌ت بیریشی بۆ ئه‌وه‌ نه‌چووه‌ له‌ پێناوی به‌رژه‌وه‌ندیدا، ته‌ناف له‌ گه‌ردنی ڕه‌نج و ئامانجه‌کانی بکه‌ن. به‌ خه‌یاڵیدا نه‌هاتوه‌ هاوخوێن و هاوزمانه‌کانی، سووک و سانا ته‌سلیم به‌ دوژمنی بکه‌ن. وه‌یده‌زانی له‌ ناوماندا جاویدانه‌ ده‌ژی، ئه‌گه‌ر ڕۆڵه‌یه‌کی به‌ ئه‌مه‌کیش نه‌بین بۆی، لانیکه‌م خراپه‌مان بۆی نابێ و به‌ ڕێزه‌وه‌ یادی ده‌که‌ین.
ئه‌و کات له‌ مه‌یدانێک، له‌ به‌ره‌به‌یانێکی کپدا له‌سێداره‌ درا و ئێستا له‌ سه‌د مه‌یدان، له‌ هۆڵی خۆی، له‌ که‌مپه‌کانی حزب، له‌ باره‌گای مه‌سئوله‌کان، له‌ ناوه‌نده‌کانی ده‌وڵه‌ت و … له‌به‌ر چاوی هه‌ر هه‌موومان له‌ سێداره‌ ده‌درێته‌وه‌.
ئه‌و کات له‌ ژێر ئاڵای شێرو خورشیدی ئێران و ئێستا له‌ ژێر ئه‌و ئاڵایه‌ی خۆی بۆ یه‌که‌مجار هه‌ڵیکرد، ئه‌و کات له‌ مه‌یدانی چوارچرا و ئێستاش له‌به‌ر ده‌رکی سه‌را، له‌ شێخه‌ڵڵا. ئه‌و کات حوکمه‌که‌ی له‌ لایه‌ن عه‌جه‌مه‌کان و به‌ زمانی بێگانه‌ خوێنرایەوه‌، ئێستا له‌ لایه‌ن ڕۆڵه‌کانی خۆی و به‌ زمانی کوردی.
له‌ هه‌موو ئه‌و سێدارانه‌ گه‌وره‌تر، سێداره‌یه‌که‌ که‌ حکومه‌تی هه‌رێم ساڵانه‌ له‌ یادی خومه‌ینیدا بۆ پێشه‌وای به‌رز ده‌کاته‌وه‌ و له‌ پێش چاوی هه‌موومان، بێ به‌زه‌ییانه‌ ته‌رمی هه‌ڵواسراوی ئه‌و ڕێبه‌ره‌مان دێنێته‌وه‌ به‌رچاو. مۆمێک بۆ یادی خومه‌ینی ڕۆشن ده‌که‌ن و سه‌دان ڕووناکی له‌ دڵی ئێمه‌دا ده‌کوژێننه‌وه‌. گوڵێک له‌سه‌ر وێنه‌ی خومه‌ینی داده‌نێن و هه‌زاران تف له‌ کێلی پێشه‌وا ده‌که‌ن. فاتیحایه‌ک بۆ ڕۆحه‌ شوومه‌که‌ی خومه‌ینی ده‌خوێنن و بزمارێک له‌ تابووته‌که‌ی پێشه‌وا ده‌ده‌ن.
به‌ لای ئێمه‌وه‌ چه‌ند ئاسایی بۆته‌وه‌ له‌سێداره‌ دانی ڕۆح و کوشتنی خه‌ون. چه‌ند سانا بۆته‌وه‌ له‌سێداره‌دانی ڕابردوو و مێژوومان. سووکایه‌تی به‌ ئامانجمان، به‌ سروودمان، به‌ که‌سایه‌تیه‌کانمان و به‌ …  وه‌ک ئاو خواردنه‌وه‌ی لێهاتوه‌.
دواجار سه‌یر نییه‌ سبه‌ی ڕۆژ له‌ هۆڵی مه‌لا مسته‌فای بارزانی یادی سه‌ددام حوسێن بکه‌ینه‌وه‌، له‌ هۆڵی سه‌ید ڕه‌زای دێرسیمی یادی ئاتاتورک، له‌ هۆڵی جگه‌رخوێن یادی حافز ئه‌سه‌د و له‌ هۆڵی شێخ مه‌حموود، یادی عه‌لی کیمیایی بکه‌ینه‌وه‌. نا، هیچ سه‌یر نییه‌، چونکه‌ هه‌موو شتێک به‌ لامانه‌وه‌ ئاساییه‌.

۱۳۹۰/۱۲/۰۹

جودایی کورد لە فارس


سەلاحەدین بایەزیدی

وه‌ک چاوه‌ڕوان ده‌کرا، ئه‌سغه‌ر فه‌رهادی ده‌رهێنه‌ری ئێرانی، خه‌ڵاتی باشترین فیلمی نا ئینگلیزی زمانی، له‌ مه‌راسیمی هه‌شتاو چواره‌مین خولی ئۆسکار وه‌رگرت و به‌مجۆره‌ فیلمی "جیابوونه‌وه‌ی نادر له‌ سیمین" بوو به‌ یه‌که‌م فیلمی ئێرانی که‌ خه‌ڵاتی ئۆسکار وەردەگرێ.
وه‌رگرتنی خه‌ڵاته‌که،‌ "جیابوونه‌وه‌"یه‌کی دیکه‌شی له‌ ئاستی ئێران نیشان دا، خه‌ڵکانێک که‌ به‌ جۆش و خرۆشه‌وه‌ چاوه‌ڕوانی وه‌رگرتنی ئه‌و خه‌ڵاته‌ بوون و شه‌ویان له‌ پای ته‌له‌ڤزیۆنه‌کان ڕۆژ کرده‌وه‌، پیرۆزباییان له‌ یه‌کتر کرد و به‌ شێوه‌ی جۆراوجۆر خۆشحاڵی خۆیان ده‌ربڕی. له‌ لایه‌کی دیکه‌وه‌، خه‌ڵکانێک که‌ له‌ به‌رامبه‌ر وه‌رگرتنی خه‌ڵاته‌که‌ هه‌ستێکی ئه‌وتۆیان نه‌بوو و ڕۆژه‌ڤیان نه‌گۆڕدرا، وه‌ک بڵێی ئه‌م ڕووداوه‌ هونه‌رییه‌، هیچ په‌یوه‌ندییه‌کی به‌و جوگرافیایه‌وه‌ نییه‌ که‌ ئه‌وان تێیدا ده‌ژین.
ئه‌و جۆره‌ بۆنانه‌، به‌ شێوه‌یه‌کی زۆر ڕوون که‌ڵکه‌ڵه‌ جیاوازه‌کانی نه‌ته‌وه‌ جۆراوجۆره‌کان له‌ ئێران ده‌خاته‌ ڕوو و به‌ بیرمان دێنێته‌وه‌ که‌ به‌ هیچ شێوه‌یه‌ک خه‌م و شادی ئه‌و نه‌ته‌وانه‌ لێک ناچێ. جگه‌ له‌وه‌ی هه‌ستی جیاوازیان هه‌یه‌، جۆرێک له‌ ململانێش ده‌ژین. هه‌ستی چه‌وساوه‌بوونی نه‌ته‌وه‌ ژێرده‌سته‌کان له‌و بۆنه‌ و ڕووداوانه‌دا، زیاتر به‌رجه‌سته‌ ده‌بێ.
به‌ڵام پێش ئه‌وه‌ی ئه‌سغه‌ر فه‌رهادی خه‌ڵاتی ئۆسکار وه‌ربگرێ، هونه‌رمه‌ندێکی ئێرانی به‌ناوی موحسێن نامجوو یاداشتێکی کورتی سه‌باره‌ت به‌و ده‌رهێنه‌ره‌ بڵاو کرده‌وه‌ و هێڵه‌کانی جیابوونه‌وه‌ی کورد له‌ فارسی تۆختر کرده‌وه‌. نامجوو بێزاری خۆی له‌و چه‌شنه‌ له‌ سینه‌ما ده‌ربڕیبوو که‌ ''ئێران وه‌ک گوندێکی گه‌وره‌ به‌ خه‌ڵکی جیهان ده‌ناسێنێ، پڕ له‌ خه‌ڵکی هه‌ژار و شاعێر که‌ زۆربه‌یان به‌ زمانی کوردی و به‌ زاراوه‌ی دوورده‌ست قسه‌ ده‌که‌ن".
بێ ئه‌وه‌ی بمه‌وێ بچمه‌ سه‌ر مژاری ئه‌و فیلمانه‌ یان ته‌نانه‌ت قسه‌کانی نامجوو، کاردانه‌وه‌کانی پاش ئه‌و قسانه‌، به‌ دژبه‌ر و هاوڕاوه‌ بۆ من سه‌رنج ڕاکێش بوو. له‌و جۆره‌ باسانه‌دا به‌ گشتی دوو به‌ره‌ دروست ده‌بێ، به‌ره‌یه‌کی هێرشبه‌ر و به‌ره‌یه‌کی به‌رگریکار. ئه‌وه‌ش ئه‌و جیابوونه‌وه‌یه‌یه‌ که‌ له‌ هه‌ستی تاکه‌کاندا دروست بووه‌ و تا دێ پڕ ڕه‌نگ تر ده‌بێ.
منیش له‌و که‌سانه‌ بووم هیچ هه‌ستێکی تایبه‌تم نه‌بوو له‌وه‌ی فیلمێکی ئێرانی بۆ یه‌که‌مجار خه‌ڵاتی ئۆسکار ده‌باته‌وه‌.

۱۳۹۰/۰۷/۲۹

دیکتاتۆڕێکی کوردحەز


سه‌لاحه‌دین بایه‌زیدی

ئه‌و ده‌نگه‌ی له‌ دوایین ساته‌کاندا، شه‌ڵاڵی خوێن و بێ باوه‌ڕانه‌ هاواری ده‌کرد "چ ڕوو ده‌دا؟ من باوکتانم، من قه‌زافیم"، ئه‌گه‌ر به‌ لای هه‌ندێکه‌‌وه‌ دوایین ڕسته‌کانی ژیانی دیکتاتۆرێک بێ، بۆ کورد بیرهێنه‌ره‌وه‌ی ده‌نگێکه‌ که سه‌رده‌مانێک‌ له‌ که‌ناره‌کانی ده‌ریای مه‌دیته‌رانه‌وه‌، له‌ پاڵ چیاکانمان ‌وه‌ستا.

موعه‌مه‌ر قه‌زافی، خۆشبه‌ختانه‌ یان مه‌خابن، هه‌تا دوایین ڕۆژه‌کانی ده‌سه‌ڵاتی، پشتیوانی له‌ کورد کرد. یه‌که‌م وڵاتی عه‌ره‌بی بوو دانی به‌ تاوانی هه‌ڵه‌بجه‌ دانا و نوێنه‌ری تایبه‌تی نارده‌ ئه‌و شاره‌، سه‌ربه‌خۆیی و مافی چاره‌ی خۆنووسینی بۆ کورد به‌ ڕه‌وا بینی، له‌ سایته‌که‌یدا لینکی زمانی کوردی کرده‌وه‌. له‌ بۆنه‌ و وتوێژی جۆراوجۆردا سه‌رنجی بۆ سه‌ر دوڕویی جیهان له‌مه‌ڕ کورده‌کان ڕاکێشا. له‌ پرێس کۆنفرانسێکدا، به‌ سه‌رۆک وه‌زیری ئه‌وکاتی تورکیا، نه‌جمه‌دین ئه‌ربه‌کانی گوت بۆ مافی کورده‌کان ناده‌ن، بۆ قه‌تڵوعامیان ده‌که‌ن؟ له‌گه‌ڵ ده‌سپێکردنی خۆپیشاندانه‌کانیش له‌ لیبیا، له‌ وتوێژ له‌گه‌ڵ ته‌له‌ڤزیۆنێکی تورکیا، له‌ وەڵامی پرسیارێکدا سه‌باره‌ت به‌ ئاسمانی دژه‌فڕین له‌ لایه‌ن ناتۆ و ویلایه‌ته‌ یه‌کگرتووه‌کانه‌وه‌ گوتی: ئه‌ی بۆ کێشه‌ی کورد له‌ ڕۆژهه‌ڵاتی تورکیا چاره‌سه‌ر ناکه‌ن؟ کورده‌کان له‌وێ داوای مافی خۆیان ده‌که‌ن و بۆ ئه‌وه‌ی ببنه‌ ده‌وڵه‌ت به‌ ساڵان دژی تورکیا ده‌جه‌نگن، بۆچی ئاسمانی ئه‌وێ قه‌ده‌غه‌ ناکه‌ن؟ بۆچی ئه‌وروپا و ئه‌مریکا سه‌باره‌ت به‌مه‌ بڕیارێک ناده‌ن؟ ئه‌مانه‌ و زۆر لێدوانی دیکه‌.

قه‌زافی تا ئه‌و ڕۆژه‌ی خنکا، پێچه‌وانه‌ی ڕه‌وتی ئاو ڕۆیشت. له‌وانه‌شه‌ بۆیه‌ پشتگیری له‌ کورد کردبێ، چونکه‌ ئه‌و ساڵانه‌ی کورد به‌ چه‌ک و چۆڵی ڕۆژهه‌ڵات و ڕۆژئاوا سه‌رکوت ده‌کران و ده‌کوژران، له‌ جیهانی کڕو کپی ئه‌وسادا پشتیوانی کردن له‌و گه‌له‌ دژایه‌تی بوو له‌ گه‌ڵ نه‌زمی جیهانی. کورد که‌ ژماره‌ی دۆسته‌کانی له‌ په‌نجه‌کانی ده‌ست تێنه‌ده‌په‌ڕین، ده‌نگی گڕی ئه‌و دیکتاتۆڕه‌ به‌ لایه‌وه‌، تراویلکه‌ی ئومێدێک بوو له‌و دیو سه‌حراکانی عه‌ره‌ب.

قسه‌کانی بوێری پێ به‌خشین، له‌ ڕاگه‌یاندنه‌کانماندا زه‌قمان کرده‌وه‌، دیاریمان بۆ نارد، وه‌ک سه‌رکرده‌یه‌کی نموونه‌ ناسیمان و باغچه‌کانی شارمان به ناوه‌وه‌‌ کرد.

وه‌نه‌بێ هه‌ر ئێمه‌ به‌ دۆستی خۆمان زانیبێ. قه‌زافی دۆستی دیکه‌شی هه‌بوو. ئه‌گه‌رچی له‌ به‌رامبه‌ر دۆسته‌کانی دیکه‌یدا قسه‌ی ڕه‌قی ده‌کرد و بگره‌ جنێویشی پێده‌دان، دیسان ئامێزیان پێدا ده‌کرد و ڕێزیان ده‌گرت. تا ماوه‌یه‌ک پێش به‌رپابوونی شۆڕشی لیبیاش، سه‌رۆک وه‌زیری ئیتالیا برلێسکۆنی، له‌ وڵاته‌که‌ی فه‌ڕشی سووری بۆ ڕاده‌خست و شان له‌ شانی یه‌ک، په‌یامیان به‌ نه‌یاران ده‌دا. خێمه‌ به‌ده‌وییه‌که‌ی قه‌زافی و ئاڵای شه‌کاوه‌ی لیبیا له‌ باغێکی پاریس له‌ ساڵی ٢٠٠٧، نیشانه‌ی په‌یوه‌ندی گه‌رموگوڕی نێوان ڕێبه‌رانی فه‌ره‌نسا و لیبیا بوو.

جیاوازی دۆستایه‌تی ئێمه‌ و ئه‌وان له‌گه‌ڵ قه‌زافی له‌وه‌ دابوو که‌ قه‌زافی ئێمه‌ی به‌ قسه‌ کڕی و ئه‌وانی به‌ نه‌وت و پاره‌ و سامانی وڵاته‌که‌ی. ئێمه‌ له‌ ڕێگه‌ی خۆش ویستن و دۆستایه‌تی قه‌زافییه‌وه‌، زیانمان به‌ هیچ که‌س نه‌گه‌یاند، ماڵی هیچکه‌سمان وێران نه‌کرد، ته‌نیا غه‌درمان له‌ سروشتی خۆمان کرد، غه‌درمان له‌ باغچه‌یه‌ک و شه‌قامێکی شاری سلێمانی کرد. به‌ڵام ئه‌وان غه‌دریان له‌ ته‌رابلۆس کرد، له‌ بنغازی، له‌ زاویه‌. ئه‌وان بیابانه‌کانی ئه‌وێیان زه‌ردتر کرد و باغچه‌کانی خۆیان سه‌وزتر. پاره‌ و نه‌وتی لیبیایان هه‌ڵلووشی و بوونه‌ دیوارێکی به‌رز له‌ به‌رده‌م هاواری ئازادیخوازان و چه‌وساوه‌کان.

به‌رژه‌وه‌ندی گۆڕا. ئه‌و پاره‌ دابه‌شین و دۆستایه‌تیه‌ی ئه‌وان چیدی به‌ که‌ڵکی قه‌زافی نه‌هات، هه‌ڵوێست و قسه‌کانیشی له‌ سه‌ر کورد، نه‌یتوانی ئه‌و گه‌له‌ بکاته‌ هاوسۆزی خۆی. کوردیش وه‌ک سه‌رجه‌م خه‌ڵکی دیکه‌ به‌ ڕوخانی قه‌زافی خۆشحاڵ بوو، به‌ڵام هه‌ستێک له‌ نێوان حه‌زکردنی ڕابردوو و ڕقی ئێستا به‌ سه‌ریدا زاڵ بوو. هه‌ستێک که‌ هه‌وڵ درا بشاردرێته‌وه‌ و ته‌نیا دیوی خۆشحاڵیه‌که‌ی‌ نیشان بدرێ.

دوایین هاواره‌کانی قه‌زافی، دوایین پاڕانه‌وه‌کانی به‌ پێچه‌وانه‌ی ده‌نگه‌ به‌رز و بڕوا به‌خۆکه‌ی جارانی که‌ له‌ پشت میکرۆفۆنه‌وه‌ ده‌بیسترا، له‌ ناو ده‌نگی ئه‌ڵڵاهوئه‌کبه‌ر و ته‌قه‌ی "شۆڕشگێڕان"دا ون ده‌بوو، له‌ ناو ئه‌و مرۆڤه‌ به‌ خوێن تینوویانه‌ی ئه‌وه‌نده‌یان تاقه‌ت نه‌هێنا دروشمه‌کانی ڕاپه‌ڕینیان هه‌ر له‌ سه‌ره‌تاوه‌ ژێر پێ نه‌نرێ و بێته‌ دی.

دیمه‌نی ئه‌و مرۆڤه‌ ڕێشنانه‌ی له‌ پێش کامێرای ئاژانسه‌کانی جیهان و مۆبایله‌کان به‌ سه‌ری ئاڵۆز و جلوبه‌رگی شپڕێوه‌وه‌، سینگی ئاسمان به‌ گوللـه‌ی تفه‌نگه‌کانیان ده‌دڕن، هه‌ڵده‌په‌ڕن و ده‌قیڕێنن، شه‌ق له‌ ته‌رمه‌کان هه‌ڵده‌ده‌ن، مه‌ڕو ماڵات ده‌که‌نه‌ قوربانی و سه‌ری بڕاویان له‌ پێش کامێرا به‌رز ده‌که‌نه‌وه‌، سروشت یه‌کپارچه‌ ده‌که‌نه‌ ئاگر و به‌ پۆستاڵ و چه‌کمه‌ی دیاری ناتۆ به‌ سه‌ر فه‌رش و کۆشکه‌ ڕاخراوه‌کاندا گوزه‌ر ده‌که‌ن و که‌لاوه‌یه‌ک له‌ پاش خۆیان به‌ جێ دێڵن، جارێکی دیکه‌ پرسیاره‌ ساده‌کانی قه‌زافی له‌ مێشکماندا ده‌وروژێنن.

چۆنه‌ ئه‌و ئیسلامیه‌ ڕادیکاڵانه‌ که‌ هه‌موو هه‌وڵی میدیاکانی جیهان ئه‌وه‌یه‌ سیمایه‌کی خۆشه‌ویست و ئازادیخوازیان لێ نیشان بده‌ن، له‌ شوێنێکی تری جیهان له‌وانه‌یه‌ تیرۆریست بن؟

بۆ پشتگیری له‌ ڕاپه‌ڕین و خۆپیشاندانی خه‌ڵکی لیبیا ده‌که‌ن که‌ زیاتر له‌ چل ساڵ بێده‌نگ بوون و پشت له‌ خۆپیشاندان و ڕاپه‌ڕینی گه‌لێک ده‌که‌ن که‌ ته‌نانه‌ت چرکه‌یه‌کیش بێده‌نگ نین و سه‌دان ساڵه‌ سه‌رکوت ده‌کرێن؟

وڵاتانی ئه‌وروپا، ئه‌مریکا و ناتۆ هاوکات له‌گه‌ڵ بروسکه‌ی پیرۆزبایی به‌ بۆنه‌ی کوژرانی قه‌زافی، له‌و لاوه‌، خه‌باتگێڕانی کورد به‌ تیرۆریست له‌ قه‌ڵه‌م ده‌ده‌ن. ئه‌و خه‌باتگێڕانه‌ی له‌ به‌رده‌م کامێرا، گوللـه‌کانیان له‌ ژێر ئێله‌گدا حه‌شار ده‌ده‌ن، لووله‌ی چه‌که‌کانیان له‌ ژێره‌وه‌ ده‌گرن، سه‌ربازه‌ دیله‌کان ئازاد ده‌که‌ن، له‌ دژوارترین هه‌لومه‌رجی شاخدا ڕوخساریان پاک و خاوێن ڕاده‌گرن، کچانیان ته‌نانه‌ت له‌ به‌ره‌کانی جه‌نگدا قژیان داده‌هێنن و دڵیان به‌ سروشت و ئاژه‌ڵ ده‌سوتێ.

قه‌زافی کاتێک له‌ ژیان دابوو، باسی ئه‌و دوڕویه‌تیه‌ی کرد چونکه‌ خۆیشی سه‌باره‌ت به‌ خه‌ڵکه‌که‌ی په‌یڕه‌وی له‌و سیاسه‌ته‌ ده‌کرد. کارم به‌وه‌ نییه‌ به‌ چ مه‌به‌ستێک پشتگیری له‌ کورد کردووه‌‌، به‌ڵام بۆچوون‌ و هه‌ڵوێسته‌کانی له‌ سه‌ر کورد ڕاست بوون و بۆ ئه‌وه‌ ده‌بێ به‌ باشی یادیان لێ بکرێته‌وه‌. وه‌ک ئه‌و په‌نده‌ کوردییه‌ی ده‌ڵێ "قسه‌ی ڕاست یان له‌ شێت ببیسه‌ یان مناڵ"، له‌و سه‌رکرده‌ شێته‌ بیسترا.

واقعی کورد و کێشه‌که‌ی هێنده‌ تراژیکه‌، که‌ قه‌زافیش بوو به‌ دۆستمان. دۆستێک که‌ ئێستاش پێمان سه‌یره‌ بۆ خۆشمان ویست، بۆ خۆشی ویستین، دۆستێک که‌ نامانه‌وێ دۆست بمێنێته‌وه‌ و هه‌وڵ ده‌ده‌ین له‌ یاده‌وه‌ریمانی بسڕینه‌وه‌.

۱۳۹۰/۰۵/۰۷

پێشمه‌رگه‌ موسڵمانه‌کان!



سه‌لاحه‌دین بایه‌زیدی
دوابه‌دوای شۆڕشی کۆماری ئیسلامی ئێران و هاوکات له‌گه‌ڵ په‌ره‌سه‌ندن و به‌رزبوونه‌وه‌ی خه‌باتی گه‌لی کورد له‌ ڕۆژهه‌ڵاتی کوردستان، ڕێکخراوی پێشمه‌رگه‌ موسڵمانه‌کان له‌ لایه‌ن کۆمه‌ڵێک جاشه‌وه‌ دامه‌زرێنرا. ئه‌رکی سه‌ره‌کیی پێشمه‌رگه‌ موسڵمانه‌کان‌، تێکشکاندن و زه‌ربه‌وه‌شاندن بوو له‌‌ پێشمه‌رگه‌کانی کوردستان به‌ گشتی و حزبی دیموکرات و کۆمه‌ڵه به‌ تایبه‌تی‌. پێشمه‌رگه‌ موسڵمانه‌کان، که‌ له‌ لایه‌ن بروجێردی و چه‌ند خۆفرۆشێکی کورده‌وه‌ دامه‌زرابوو، ده‌یویست به‌ که‌ڵک وه‌رگرتن له‌و ناوه‌، ئانتی ژاری بزووتنه‌وه‌ی کوردی بێ. یان به‌واتایه‌کی دیکه‌ ئانتی پێشمه‌رگه‌ له‌ ڕێگه‌ی په‌نابردن به‌ ناوی پێشمه‌رگه‌و موسڵمانه‌وه‌. پێشمه‌رگه‌ موسڵمانه‌کان، تا توانیان خۆش خزمه‌تیان کرد، به‌ڵام نه‌یانتوانی ناوی جاش له‌سه‌ر خۆیان بسڕنه‌وه‌، ته‌نانه‌ت له‌ ناو خۆشیاندا زۆر بڕوایان به‌و ناوه‌ نه‌بوو.

له‌ ماوه‌ی سی ساڵ ته‌مه‌نی کۆماری ئیسلامی ئێران، جاشه‌کان له‌ کوردستان گه‌وره‌ترین ده‌سکه‌لا و چاوساغی ڕژێم بوون. له‌ ناوچه‌ هه‌زار به‌ هه‌زار و چیا سه‌رکه‌ش و سه‌خته‌کانی کوردستان، ئه‌گه‌ر جاش و جه‌رده‌وان وه‌ پێش هێزه‌کانی ئێران نه‌که‌وتبان، بێگومان پاسدار و هێزه‌کانی ئێران هه‌رگیز جه‌ساره‌تیان نه‌ده‌کرد به‌شداری شه‌ڕ بن و هه‌ر له‌ یه‌که‌م ساته‌کاندا، پاشه‌کشه‌یان ده‌کرد. به‌ڵام سیاسه‌تی به‌کارهێنانی ناوی پێشمه‌رگه‌ی موسڵمان سه‌رکه‌وتوو نه‌بوو و وه‌کچۆن له‌ عێراق که‌س به‌ جاشه‌کانی نه‌گووت فورسان، ئێرانیش نه‌یتوانی ئه‌وه‌ ناوه‌ بسه‌پێنێ. پێشمه‌رگه‌ی موسڵمان نه‌مان و جاش هه‌ر مان.

به‌ڵام ئێستا جۆرێکی دیکه‌ له‌ پێشمه‌رگه‌ی موسڵمان هه‌ن. ئه‌و پێشمه‌رگه‌ موسڵمانانه‌ی له‌و دیوی سنووره‌کانی ئێران سه‌ریان هه‌ڵداوه‌ و به‌ جۆرێک له‌ جۆره‌کان به‌رهه‌می هه‌نارده‌ی شۆرشی ئیسلامی ئێرانن. پێشمه‌رگه‌ی موسڵمان که‌ له‌ نێوخۆی سنووره‌کانی ئێران سه‌رکه‌وتنی به‌ ده‌ست نه‌هێنا، وه‌ک مۆدێلێکی کوردیی هه‌نارده‌کردنی شۆڕش، له‌ لایه‌ن کاربه‌دستانی ئێرانه‌وه‌ کاری له‌سه‌ر کرا و ئه‌و خه‌باته‌ش زیاتر له‌ باشووری کوردستان چڕ بوویه‌وه‌. که‌واته‌ موباله‌غه‌مان نه‌کردوه‌ بڵێین سه‌رکه‌وتنی بزاڤه‌ ئیسلامییه‌کان له‌و به‌شه‌ی کوردستان تا ڕاده‌یه‌ک په‌یوه‌ندی به‌ هه‌نارده‌کردنی شۆڕشه‌وه‌ هه‌بووه‌.

هه‌نارده‌کردنی شۆڕش که‌ ستراتیژییه‌کی پاوانخوازانه‌ی شۆڕشی ئیسلامی ئێران و پشتی به‌ ئایینی شیعه‌ به‌ستبوو، بوارێکی زۆری ئابووری بۆ ته‌رخانکراوه‌ و هه‌وڵدراوه‌ وه‌ک فه‌رهه‌نگ، ئایدیۆلۆژی و ڕامان به‌سه‌ر وڵاتانی جیهان و به‌تایبه‌ت وڵاتانی ناوچه‌که‌دا بسه‌پێندرێ. به‌ڵام هه‌روه‌ک ئاماژه‌مان پێکرد به‌ حوکمی ئه‌وه‌ی پشتی به‌ بیرۆکه‌یه‌کی ئایینی به‌ستبوو، زیاتر له‌ ناوچه‌ شیعه‌نشینه‌کان یان وڵاتانی هه‌ژار، بواری ده‌ستێوه‌ردانی بۆ ئێران ڕه‌خساند. باشترین نموونه‌ش لوبنانه‌. یان به‌ جۆرێک سووریا، شیعه‌کانی به‌حرین و یه‌مه‌ن و تۆڕی ڕێکخراوه‌کانی حزبوڵا. به‌ڵام ئه‌و وڵات و لایه‌نانه‌ی که‌ شیعه‌ نه‌بوون، ده‌بوو به‌ ڕێگه‌یه‌کی دیکه‌، ئه‌و شۆڕشه‌ و ئه‌و فه‌رهه‌نگه‌ی ده‌رخوارد بدرێ. باشووری کوردستان، یه‌کێک له‌و دراوسێ گرنگانه‌ بوو، که‌ نه‌ده‌کرا له‌ ڕێگه‌ی ئایینه‌وه‌، شۆڕشه‌که‌ی و کولتووره‌که‌ی بسه‌پێنێ و دارده‌ست بۆ خۆی په‌یدا بکا. باشترین ڕێگه‌ ئه‌وه‌ بوو ده‌رفه‌ت بدا وه‌ک خۆیان په‌ره به‌ ئایینی سوننه‌ بده‌ن و هاوکاری مادییان بکا بۆ ئه‌وه‌ی ئه‌و لایانانه‌ ئاسانتر بتوانن هه‌ڵبسوورێن و له‌ هه‌مانکاتدا وه‌ک ڕکابه‌رێک له‌ به‌رامبه‌ر لایه‌نه‌کانی دیکه‌دا زه‌قیان بکاته‌وه‌. هه‌مان ئه‌و بیرۆکه‌یه‌ی بۆ پێشمه‌رگه‌ موسڵمانه‌کان له‌ ناوخۆی ئێران هه‌یبوو و تیایدا سه‌رنه‌که‌وت، له‌و دیوی سنووره‌کان زیندووی بکاته‌وه‌.

ئه‌رکی پێشمه‌رگه‌ موسڵمانه‌کان له‌ باشووری کوردستان، جگه‌ له‌ بره‌ودان به‌ فه‌رهه‌نگ و کولتووری ئێرانی و ته‌نانه‌ت شیعه‌گه‌ری، سه‌رکوتکردنی نه‌یاره‌کانی کۆماری ئیسلامی و بگره‌ هێزه‌ نه‌ته‌وه‌ییه‌کانی باشووری کوردستانیش بوو. ناوه‌نده‌کانی چاپ و ڕاگه‌یاندنی ئه‌و حزبانه‌، بوون به‌ بڵینگۆی ئێران و به‌رنامه‌ فه‌رهه‌نگییه‌کانیشیان بوو به‌ ناوه‌ندێک بۆ دوبلاژی فیلم و پڕۆگرامه‌‌ ئێرانیه‌کان. بڵاوکردنه‌وه‌ی هه‌ندێک ئه‌ڵقه‌ی ته‌له‌ڤزیۆنی و فیلمی ئایینی که‌ ته‌نانه‌ت ناکۆکه‌ له‌گه‌ڵ ئایدیۆلۆژیای ئه‌و حزبه‌ ئیسلامیانه‌، جێگه‌ی تێڕامان و هه‌ڵوه‌سته‌ له‌سه‌رکردنه‌و ده‌ریده‌خا به‌رژه‌وه‌ندییه‌که‌ له‌ ئاستێکی هێند باڵا دایه‌ که‌ له‌ پێناویدا ستراتیژی حزبه‌کانیشیان پشتگوێ خستووه‌. به‌مجۆره‌ حزبه‌ سوننه‌ ئیسلامییه‌کانی باشووری کوردستان، به‌ ڕادیکاڵ و میانڕه‌وه‌وه‌ بوونه‌ته‌ مینبه‌رێک بۆ بڵاوکردنه‌وه‌ی ئایدیاکانی شۆڕشی ئێران و فه‌رهه‌نگی ئێرانی و ته‌نانه‌ت بڵاوکردنه‌وه‌ی شیعه‌گه‌ری.

بزووتنه‌وه‌ی ئیسلامی کوردستان که‌ دایکی بزووتنه‌وه‌ کوردییه‌کانه‌ له‌ باشووری کوردستان، یه‌که‌م وه‌چه‌ی ئه‌و پێشمه‌رگه‌ موسڵمانانه‌ بوون و به‌ ڕاده‌ست کردنه‌وه‌ی حه‌وت پێشمه‌رگه‌ی حزبی دیموکراتی کوردستانی ئێران له‌ ساڵی 1375، بۆ یه‌که‌مجار گڵۆپی ئه‌و په‌یوه‌ندییانه‌یان هه‌ڵکرد. ئه‌و په‌یوه‌ندییه‌ هه‌مه‌لایه‌نانه‌ دواتر له‌ ڕێگه‌ی ڕێکخراوه‌ ئیسلامییه‌کانی دیکه‌وه‌ وه‌ک یه‌کگرتوو، ئه‌نسارولئسلام ، ئه‌نسارولسوننه‌ به‌رده‌وام بوو و له‌ ڕێگه‌ی کۆمه‌ڵی ئیسلامیه‌وه‌ گه‌یشته‌ لوتکه‌.

خودی ئیسلایمیه‌کان دوای ئینشعاب و ململانێ کردنی یه‌کتری، زیاتر په‌رده‌یان له‌سه‌ر ڕه‌هه‌نده‌کانی ئه‌و په‌یوه‌ندییانه‌ هه‌ڵدایه‌وه‌. بۆ نموونه‌ مه‌لا کرێکار که‌ خۆشی سه‌رده‌مێک له‌ ئێران ژیاوه‌ و له‌و وڵاته‌ خۆی شاردۆته‌وه‌، له‌ وتوێژێکدا له‌ گه‌ڵ "ئیسلام ئۆنلاین" باس له‌وه‌ ده‌کا کۆمه‌ڵی ئیسلامی به‌شێکه‌ له‌ پڕۆژه‌ی ئێرانیزم و عه‌لی باپیر، ڕابه‌ری ئه‌و ڕێکخراوه‌ بێ ئێران ناتوانێ هیچ بڕیارێک بدا.

له‌ هێرشه‌کانی ئه‌مدواییه‌ی هێزه‌کانی کۆماری ئیسلامی ئێران بۆ سه‌ر قه‌ندیل و هێزه‌کانی په‌ژاک، هێزه‌ ئیسلامییه‌کان و به‌ تایبه‌تی کۆمه‌ڵ گوێڕایه‌ڵی و پێشمه‌رگایه‌تی خۆیان بۆ ئێران ڕاشکاوانه‌ دووپات کرده‌وه‌. بیچگه‌ له‌وه‌ی مه‌شرووعیه‌تیان دا به‌ تۆپبارانه‌کانی کۆماری ئیسلامی ئێران و ڕێبه‌ره‌که‌شیان به‌ گوێره‌ی میدیاکانی باشووری کوردستان، ئێستا له‌ ئێرانه‌، به‌ جۆرێکی سه‌یر پڕوپاگه‌نده‌ سه‌یر و سه‌مه‌ره‌کانی کۆماری ئیسلامی ئێرانیان کاوێژ کرده‌وه‌. بۆ نموونه‌، شوان ڕابه‌ر ئه‌ندامی سه‌رکردایه‌تی کۆمه‌ڵی ئیسلامی له‌ لێدوانێکدا بۆ ماڵپه‌ڕی نووچه‌ نێت، ڕایگه‌یاند ئه‌مریکا و ئیسرائیل ده‌ستیان هه‌بووه‌ له‌ دروستکردنی په‌ژاکدا و هاوکاری ئه‌و ڕێکخراوه‌ ده‌که‌ن. ناوبراو هه‌روه‌ها ده‌ڵێ ئێران حه‌قی خۆیه‌تی به‌رگری له‌ خۆی بکا. به‌ڵام ئه‌وه‌ی که‌ ئێستا زیاتر له‌ ڕێگه‌ی کۆمه‌ڵه‌وه‌ ئه‌و کاره‌ ده‌کا، چه‌ندین هۆکاری هه‌یه‌. هه‌ر له‌ سه‌ره‌تای دروستبوونی باڵ و ئینشقاقه‌وه، عه‌لی باپیر‌ له‌ ژێر چاودێری ئێران دابوه‌، ده‌ستی هه‌بوه‌ له‌ تۆپبارانکردنی حیزبی دیموکراتی کوردستانی ئێران له‌ کۆیه‌، له‌ گرتووخانه‌ی ئه‌مریکییه‌کان دابووه‌ به‌ تاوانی خیانه‌تکردن به‌ عێراق و که‌سێکی دواکه‌وتوو و مه‌زهه‌بی و جێگه‌ی متمانه‌ی ئێرانه‌. هه‌موو ئه‌وانه‌ وایانکردوه‌ کۆمه‌ڵی ئیسلامی باشترین هاوپه‌یمانی ئێران بێ. له‌ لایه‌کی دیکه‌وه‌ به‌ حوکمی ئه‌وه‌ی بزووتنه‌وه‌ی ئیسلامی پاسیف بووه‌ و چۆته‌ ژێر کۆنتڕۆڵی پارتییه‌وه‌، هه‌روه‌ها یه‌کگرتوو مه‌یلی به‌ره‌و تورکیا هه‌یه‌ و کۆمه‌ڵێک ڕێکخراوی وه‌ک حزبوڵا و جوندوڵا و ئه‌نسارولئیسلام به‌ یه‌کجاری نه‌ماون، کۆمه‌ڵی ئیسلامی وه‌ک باشترین ڕێکخراوی پێشمه‌رگه‌کانی موسڵمان بۆ ئێران زه‌ق بۆته‌وه‌ و ئه‌رکی ئه‌و پێشمه‌رگه‌ موسڵمانانه‌ جێبه‌جێ ده‌کا که‌ سه‌رده‌مانێک له‌ ئێران نه‌یانتوانی به‌ ئه‌رکی خۆیان هه‌ستن.

پێشمه‌رگه‌ موسڵمانه‌کانی ئه‌ودیو، له‌ ڕۆژی ئه‌مڕۆدا ڕاسته‌وخۆ دژی نه‌یاره‌کانی ئێران چه‌ک هه‌ڵناگرن، به‌ڵام له‌ شه‌ڕی نه‌رم و مه‌شرووعیه‌تدان به‌له‌شکرکێشییه‌کانی ئێران چالاکانه‌ به‌شداری ده‌که‌ن و هه‌وڵ ده‌ده‌ن پشتی بزووتنه‌وه‌ی ڕزگاریخوازی کورد له‌ عه‌رز بده‌ن. له‌ پشت په‌رده‌دا بێگومان کۆمه‌ڵێک شتی تر حه‌شار دراوه‌ که‌ ئاشکرابوونیان په‌یوه‌ندییان به‌ هه‌ڵسوکه‌وته‌کان و کاردانه‌وه‌کانی ئێرانه‌وه‌ هه‌یه‌.

۱۳۸۹/۱۲/۰۹

سوپای قودس!


سه‌لاحه‌دین بایه‌زیدی

ئه‌گه‌ر تۆزێ بیریان لێکردبایه‌وه‌، ده‌یانزانی زۆر ناخۆشه‌ ئه‌و شته‌ی به‌ ساڵان پێی تاوانبار ده‌کرێی، ئێستاکه‌ بێ شه‌رمانه‌، وه‌ک بته‌وێ لاسای ئه‌وان بکه‌یه‌وه‌، بەسەر ئەوانی تریدا بسەپێنی و هه‌مان ڕه‌فتار ئه‌نجام بدەی.

سه‌یره‌، بۆ خۆت ڕێگه‌ له‌ به‌رده‌م هێزێک بکه‌یه‌وه‌ و بیکه‌یه‌ که‌ڵه‌گا. دۆستایه‌تی بکه‌ی و په‌یمانی له‌گه‌ڵ ببه‌ستی و دواتر خه‌ڵکانێک تاوانبار بکه‌ی که‌ به‌ فیتی ئه‌و هێزە ڕژاونه‌ته‌ سه‌ر شه‌قامه‌کان.

شووژنی ناوچاوی خۆیان نابینن و ده‌رزی ناوی چاوی خه‌ڵک با.

له‌ یه‌که‌م ڕۆژی خۆپیشاندانی ناڕه‌زایی خه‌ڵکی سلێمانی له‌ ١٧ی ٢، پارتی و یه‌کێتی له‌ بری ئه‌وه‌ی گوێ له‌ داخوازی خۆپیشانده‌ران بگرن و له‌گه‌ڵیان بکه‌ونه‌ دیالۆگ، وه‌ک پیشه‌ی سه‌رجه‌م وڵات و هێزه‌ داخراو و نادیموکراته‌کان، په‌نجه‌ی تاوانیان بۆ ده‌ره‌وه‌ درێژ کرد و فاکته‌ره‌ ناوخۆییه‌کانیان نه‌بینی. گوتیان ئه‌وان له‌ لایه‌ن سوپای قودسه‌وه‌ هان ده‌درێن.

بۆی هه‌یه‌ سوپای قودس هه‌وڵی ئاژاوه‌گێڕی دابێ و ویستبێتی له‌ ئاوی لێڵ ماسی بگرێ. به‌ڵام پرسیاری گرنگ لێره‌دا ئه‌وه‌یه‌ چۆن و به‌ چ شێوه‌یه‌ک ده‌زگا نهێنی و نایاساییه‌کانی ئێران و به‌تایبه‌ت سوپای قودس ڕێگه‌یان بۆ کوردستان کراوه‌ته‌وه‌؟ تۆ بڵێی بزووتنه‌وه‌ی گۆڕان له‌ ماوه‌ی ئه‌و دوو ساڵه‌دا ئاشنای ئه‌و جوگرافیایه‌ی کردبن و ئه‌وانی کردبێ به‌ هه‌مه‌کاره‌؟ ئایا له‌و ماوه‌ کورته‌دا، بزووتنه‌وه‌ی گۆڕان به‌و شێوه‌یه‌ ده‌ست و باڵی کردنه‌وه‌؟

به‌ساڵان ده‌رگاکانی سلێمانی و هه‌ولێریان له‌ به‌رده‌م پێشمه‌رگه‌کانی کرماشان، سنه‌ و ماکۆ داخست، له‌ به‌رده‌م گه‌ریلاکانی بۆتان، مووش و شێرناخ داخست، له‌ به‌رده‌م وڵاتپارێزانی کۆبانێ، عه‌فرین و قامیشلی داخست و بۆ ده‌زگا سیخورییه‌کانی ئێران، تورکیا و سوریا خستیانه‌ سه‌ر گازه‌ره‌ی پشت.

ئه‌وه‌ش ئه‌نجامه‌که‌یه‌تی.

په‌نابه‌ران و هاوڕه‌گه‌زان و هاوخوێن و دڵسۆزانی خۆیان خسته‌ گۆشه‌ی به‌ندیخانه‌کانه‌وه‌، ئازاریان دان و له‌ به‌رامبه‌ردا پاڵاسیان پڕ کرد له‌ ئاغای فه‌رهادی.

ئایا ئه‌وه‌ خۆپیشانده‌ران بوون تا هه‌یبه‌ت سوڵتان، چاوساغی سوپایان کرد بۆ لێدانی بنکه‌کانی حزبی دیموکرات؟ گه‌لۆ ئه‌وه‌ خۆپیشانده‌ران بوون به‌ بێ سیم له‌ بازگه‌کانی کۆیه‌ ڕوو له‌ پێشمه‌رگه‌کانی دیموکرات ده‌یانگوت: ته‌سلیم بن ئه‌گینا یه‌که‌ یه‌که‌تان ده‌کوژین؟!

ئاخۆ ئه‌وه‌ خۆپیشانده‌ران بوون جه‌عفه‌ری سه‌حرارودیان بانگهێشتی هه‌ولێر کرد و له‌ چنگی ئه‌مریکا پاراستیان؟ ئه‌وه‌ خۆپیشانده‌ران بوون له‌ هۆڵی پێشه‌وا پرسه‌یان بۆ خومه‌ینی گێڕا و به‌ قاره‌مانی سه‌رده‌م وه‌سفیان کرد؟

بیرۆکه‌یه‌کی زۆر ساویلکانه‌یه‌ وا بێ مه‌رج، باوه‌ش بۆ ئه‌و هێزه‌ سیخوڕانه‌ بکه‌یه‌وه‌ و پێت وابێ بۆ جوانی خۆیان خزاندۆته‌ ئه‌و بسته‌ خاکه‌وه‌. “شیرنایی بخه‌یه‌ ده‌میان و پێیان بڵێی مه‌یچێژه‌”.

ئه‌وان له‌ شین و له‌ شاییدا، له‌ سه‌رکه‌وتن و ژێرکه‌وتنی ئێوه‌دا، بیر له‌ سه‌رخستنی ئامانجه‌کانی خۆیان ده‌که‌نه‌وه‌.

ئه‌وه‌نده‌ی من تێی گه‌یشتبم، سوپای قودس و ده‌زگا سیخوڕییه‌کانی ئێران له‌ باشووری کوردستان، له‌ ڕه‌گی ملمان، نزیکترن. له‌ هه‌موو شوێنێ هه‌ن. شان به‌ شان خۆپیشانده‌ران، هه‌وڵی ئاژاوه‌گێڕی ده‌ده‌ن. ئه‌و خۆپیشانده‌رانه‌ی سوپای قودس خزمه‌تگوزاری پێشکه‌ش نه‌کردوون، سوپای قودس نان بڕاوی کردوون، سوپای قودس داینه‌مه‌زراندوون، سوپای قودس ڕێگه‌ و بان و کاره‌بای بۆ دابین نه‌کردوون، سوپای قودس په‌ڕێوه‌ی هه‌نده‌رانی کردوون و سوپای قودس ئازادی سیاسی به‌وان نه‌به‌خشیوه‌.

۱۳۸۹/۱۰/۰۵

له‌ حه‌بیبی ئه‌ڵڵاوه‌ بۆ دوژمنی خودا


سەلاحەدین بایەزیدی 
 ئه‌مڕۆژانه‌ هه‌مووان له‌سێداره‌ ده‌درێن. مه‌رج نییه‌ ئه‌و که‌سه‌ی له‌ سێداره‌ ده‌درێ، تاوانبار بێ. ئه‌وان زۆر حه‌زیان له‌ ئێعدامکردنە و هه‌موو که‌سێ ئێعدام دەکه‌ن.
ئۆلیڤه‌ر تویست

ته‌نیا چرکه‌یه‌ک مه‌ودا مابوو بۆ جێبه‌جێکردنی سزایه‌کی هۆڤانه‌. چرکه‌یه‌ک که‌ به‌لای هه‌زاران و بگره‌ میلیۆنان که‌سه‌وه‌ مانگ و ساڵ بوو.

وه‌ک چۆن ته‌نیا چرکه‌یه‌ک مه‌ودا هه‌بوو بۆ له‌دایک نه‌بوون. بۆ نه‌بینینی تاوان، بۆ قوربانی نه‌بوون له‌ به‌رده‌م خوداکان، بۆ زیندانی نه‌چێشتن، بۆ کورد نه‌بوون.

وێناکردنی ئه‌و هاوكێشه‌یه‌ ئه‌سته‌مه‌ ڕۆژێک مرۆڤ خۆی سیفه‌تی خۆشه‌ویستی خودات پێ ببه‌خشی و خوێشی ئه‌و سیفه‌ته‌ت لێ بستێنێته‌وه‌.

به‌ڵام ئه‌و که‌سانه‌ی سیفه‌تی خۆشه‌ویستی ئه‌ڵڵایان به‌ حه‌بیب به‌خشی، بێگومان ته‌نیا بیریان له‌ خۆشه‌ویستی کردۆته‌وه‌. بیریان له‌ دیوه‌ جوانه‌کانی خودا کردۆته‌وه‌ و گومانیان نه‌بووه‌ له‌وه‌ی کوڕه‌که‌یان خۆشه‌ویستی خودا ده‌بێ و خوداش خۆشه‌ویستی ئه‌و.

ئه‌وانه‌ی نازناوی دوژمنایه‌تی له‌گه‌ڵ خوداشیان دایه‌ پاڵ، ئه‌وانه‌ن ته‌نیا و ته‌نیا بیر له‌ کوشتن و بڕین ده‌که‌نه‌وه‌. له‌ خوێن، له‌ شین. ئه‌وانه‌ن بیر له‌ دیوه‌ ناحه‌زه‌کانی خودا ده‌که‌نه‌وه‌ و قامووسیان پڕه‌ له‌ وشه‌گه‌لی جه‌للاد، جه‌بار، فساد، محارب و مجرم.

له‌ نێوان ئه‌وانه‌ی ودمی ژیان ده‌به‌خشن و ئه‌وانه‌ی بێ به‌زه‌ییانه‌ ژیان ده‌ستێنن، نوێنه‌رانی خودا هه‌ن که‌ ده‌ستووره‌کانی موو به‌ موو به‌ڕێوه‌ ده‌به‌ن. به‌ڵام ئه‌وان هیچکات تێیان نه‌گه‌یاندین بۆ خودا ڕۆژ به‌ ڕۆژ زیاتر تووڕه‌ ده‌بێ؟ بۆ سیسته‌می فه‌رمانڕه‌وایه‌تی ناگۆڕێ؟ بۆ خۆی ڕاسته‌وخۆ دوژمنه‌کانی ته‌مبێ ناکا؟ ئه‌گه‌ر به‌هه‌شت و دۆزه‌خی بۆ پاداشی کاره‌کانمان داناوە، بۆ له‌م جیهانه‌ش وازمان لێ ناهێنێ؟ بۆ مافی چاره‌نووسی کورد به‌ لای خوداوه‌ دوژمنایه‌تییه‌؟ بۆ بوونی خاک و وڵات بۆ که‌سانی دیکه‌ یه‌کپارچه‌یی و یه‌کێتیه‌ و که‌ ده‌گاته‌ کورد ده‌بێته‌ جیاخوازی و تاوان؟!

ئه‌م پرسیاره‌ دووباره‌بووانه‌ با بمێننه‌وه‌ چونکه‌ نه‌ خودا و نه‌ نوێنه‌رانی وەڵامیان نەداوه‌ته‌وه‌ و وەڵامی ناده‌نه‌وه‌.

به‌ڵام حه‌بیب به‌ڕاستی دوژمنی خودایه‌؟!

گه‌وره‌ترین تاوانی حه‌بیب ئه‌وه‌ بوو له‌ بەرسڤی ئه‌و پرسیارانه‌ گه‌ڕا، پرسیاریش له‌ فه‌رهه‌نگی ئه‌واندا یانی گوناه. نه‌هامه‌تی له‌و ڕۆژه‌وه‌ ده‌ستی پێکرد که‌ له‌ خودا گه‌یشت. ئه‌و خودایه‌ی ده‌سکردی خۆیان بوو و مانه‌وه‌یان وای حوکم ده‌کرد که‌س په‌ی به‌ نهێنیه‌کانی نه‌با و تێگه‌یشتن له‌و نهێنیانه‌ یانی به‌تاڵ بوونه‌وه‌ی سیحرێکی سه‌دان ساڵه‌.

بوونی که‌سانی وه‌ک حه‌بیب پێمان ده‌ڵێ ئه‌و خودایانه‌ی له‌ دوژمنایه‌تی مرۆڤ ده‌ترسێن، ئه‌و خودایانه‌ن که‌ ده‌سکردی مرۆڤن و ڕه‌گێکیان ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ بۆ سه‌ر مرۆڤ.

ئه‌و مرۆڤه‌ش په‌ی به‌ جه‌وهه‌ری مرۆڤبوونی ئه‌وان به‌رێ، له‌ ڕوانگه‌ی نوێنه‌رانیه‌وه‌ مه‌حکوومه‌ به‌ مه‌رگ.

۱۳۸۹/۰۶/۲۱

شێخی مە


سەلاحەدین بایەزیدی

 یه‌که‌مجاره‌ سه‌رکرده‌یه‌کی ڕۆژهه‌ڵاتی کوردستان به‌شداری ته‌له‌ڤزیۆنێکی فارسی زمان ده‌بێ و چۆکی ناله‌رزێ، زمانی هه‌ته‌ڵه‌ ناکا و ناکروزێته‌وه‌. یه‌که‌مجاره‌ هه‌موومان له‌ پای ته‌له‌ڤزیۆنه‌کانمان شه‌رم نامانگرێ و سه‌ربه‌رزانه‌ و دڵخۆشانه‌ له‌ شێخی خۆمان ده‌ڕوانین. یه‌که‌مجاریشه‌ ئه‌و ئه‌ده‌بیاته‌ی شێخ له‌ته‌له‌ڤزیۆنێکی وه‌ک بی‌بی‌سیدا بڵاو ده‌بێته‌وه‌ و دوور نییه‌ دوایین جاریش بێت.

شێخ عیزه‌ددین حوسێنی.

شێخێک که‌ قسه‌ی دڵی هه‌موو که‌سی کرد. بۆیه‌ش وه‌ها پێشوازی له‌ قسه‌کانی کرا. شێخێک که‌ هه‌موو ئیمانیان پێهێنا و ڕاستی و سه‌داقه‌تیان له‌ قسه‌کانیدا خوێنده‌وه‌. ئه‌و له‌به‌رامبه‌ر ڕۆژنامه‌نووسێکی فارسدا خۆی نه‌دۆڕاند. ئه‌و بۆ ئه‌وه‌ی جارێکی دی به‌شداری له‌به‌رنامه‌کانی ته‌له‌ڤزیۆندا بکاته‌وه‌، پاشه‌کشه‌ی نه‌کرد.

هه‌ر له‌و مینبه‌ره‌ و له‌گه‌ڵ هه‌مان ئه‌و ڕۆژنامه‌نووسه‌دا عه‌بدوڵڵا موهته‌دی سکرتێری کۆمه‌ڵه‌ قه‌ومی! کوردی به‌ دواکه‌وتووترین خه‌ڵکی ئێران له‌قه‌ڵه‌م دا، به‌ڵام شێخ ته‌واو به‌ پێچه‌وانه‌وه‌، کورده‌کانی به‌ پێشکه‌وتووترین خه‌ڵکی ئێران زانی و گوتی ئه‌و شتانه‌ی ئێمه‌ سی ساڵه‌ باسیان ده‌که‌ین، فارسه‌کان تازه‌ به‌تازه‌ پێی ده‌گه‌ن.

هه‌ر له‌و مینبه‌ره‌دا خالیدی عه‌زیزی سکرتێری حزبی دیموکرات ده‌ست و پێی خۆی ون کرد و چی نه‌مابوو حاشا له‌ وشه‌ی کوردستانیش بکا. به‌ڵام شێخ سه‌رفرازی کردین. ده‌تگوت عه‌یبه‌ی سه‌رکرده‌کانی کورد پینه‌ ده‌کا، ده‌تگوت ده‌یه‌وێ زامه‌کانی ئێمه‌ سارێژ بکا.

له‌مێژ بوو چاوه‌ڕوانی ئه‌و قسانه‌ بووین. له‌مێژ بوو ئاواتمان ده‌خواست سه‌رکرده‌کانمان نه‌بنه‌ گاڵته‌جاڕی ڕۆژنامه‌وانه‌ فارسه‌کان و وه‌ک تاوانبارێک نه‌جوڵێنه‌وه‌.

شێخ عیزه‌ددین حوسێنی ئاواته‌که‌مانی به‌دی هێنا. له‌هه‌موان گه‌نجتر، له‌هه‌موان بڕوادارتر، له‌هه‌موان ئازاتر و له‌هه‌موان ژیرانه‌تر.

پایه‌دار بی و ته‌مه‌ن درێژ ئه‌ی شێخ.

۱۳۸۷/۱۱/۲۱

ڕاپۆرتێكی پڕ له‌‌‌ هه‌ڵه


سەلاحەدین بایەزیدی

نازانم کەی بوو کە بۆ یەکەمجار بابەتێکم سه‌باره‌ت به‌ گه‌مژه‌یی ئه‌مریكییه‌كان خوێندەوە، وتاره‌كه ئه‌وكات سه‌رنجی ڕاكێشام چونكه پێشتر وام بیر نه‌كردبۆوه، دواتر زۆر جار ئەو سیفەتەی کۆمەڵگەی ئەمریکییەکان بە بۆنەی جۆراوجۆر لەبەر چاوم زەق بوویەوە.

گه‌مژه‌یی و ناگه‌مژه‌یی ئه‌مریكییه‌كان به‌ جێگه‌ی خۆی، ئه‌وه‌م كرده بیانویه‌ک تاوەکوو بچمه سه‌ر ئه‌و ڕاپۆرته‌ی كه به‌مدواییانه له‌لایه‌ن ڕێكخراوی چاودێری مافی مرۆڤ له‌ ئه‌‌مریكا، سه‌باره‌ت به‌ كورده‌كانی ڕۆژهه‌ڵات و پێشێلكردنی مافه‌كانیان له‌لایه‌ن ئێرانه‌وه، ده‌ركراوه.

بوونی هه‌ڵه‌یه‌كی زۆر له‌ ڕاپۆرتی ڕێكخراوێكی وه‌ک مافی مرۆڤدا كه ده‌بێته ماكی هه‌واڵ و سه‌رچاوه‌یه‌ك بۆ لێكۆڵینه‌و‌ه، بۆ چالاكانی مافی مرۆڤ و دیكه‌ی كه‌سایه‌تی و ناوه‌نده‌کان، له‌ گرنگیی ڕاپۆرته‌كه‌ی كه‌م كردۆته‌وه. ناكرێ ڕێكخراوێک به‌و ناوه زل و زه‌به‌لاحه‌یه‌وه، به‌مجۆره هه‌ڵسوكه‌وتی له‌گه‌ڵ داتاكان كردبێت و وا نابابه‌تییانه بویه‌ره‌كانی خستبێته چوارچێوه‌ی ڕاپۆرته‌وه.

ئه‌م ڕاپۆرته ناتوانێ بابه‌تیانه بێ چونكه له‌ زانیارییه مێژوییه‌كاندا به‌تایبه‌ت پشتی به‌كۆمه‌ڵێ سه‌رچاوه‌ی ناكوردی به‌ستووه و خۆیان هیچ هه‌وڵیان نه‌داوه لێكۆڵینه‌وه‌ی سه‌ربه‌خۆیان هه‌بێ، یان به‌ چات له‌و كوردانه بپرسن كه بۆ شتی تر زانیاریان لێوه‌رگرتون. له‌وانه‌شه پرسیان پێكردبن و ئامارو زانیاریه‌كانیان به‌دڵ نه‌بوبێ! و دواجار دمڕاستیان هه‌ر ئه‌حمه‌د باتبی بووبێ نه‌ك بێهزاد خۆشحاڵی. ده‌كرێ ئه‌وانیش له‌مباره‌وه متمانه‌یان به‌ كورد نه‌بێ و هه‌ر فارسه‌كان به‌ڕاست و سه‌رچاوه بزانن.

ئه‌وه یه‌كه‌م ڕاپۆرتی ئه‌مریكییه‌كان نییه له‌سه‌ر كورد كه ته‌ژییه له‌ هه‌ڵه‌ و كه‌موكوڕی. هه‌موومان ڕاپۆرته‌كه‌ی "دیمستۆرا"مان له‌سه‌ر كه‌ركوك و ناوچه دابڕاوه‌كانی هه‌رێمی كوردستان له‌ بیره. دیمستۆرا له‌ ڕاپۆرته‌كه‌یدا پڕژاوه‌ته سه‌ر كوردبوونی زاخۆ و هه‌ندێک ده‌ڤه‌ری تر كه زیاتر له‌ گاڵته‌جاڕی ده‌چێ تا ڕاپۆرتی نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتووه‌كان، جگه له‌‌ زۆر هه‌ڵه‌ی زه‌قی تر كه‌ مرۆڤ دێنێته سه‌ر ئه‌و قه‌ناعه‌ته‌ی ڕاپۆرتێكی گه‌مژانه‌یه یان دەنا خه‌ڵكیان پێ گه‌مژه‌یه.

ڕاپۆرتی ئه‌م دواییه‌ی ڕێكخراوی چاودێری مافی مرۆڤ ده‌نگدانه‌وه‌یه‌كی باشی له‌ناو میدیاكانی فارس زماندا هه‌بوو، به‌پێچه‌وانه‌ی هه‌ندێک ڕاپۆرتی دیكه له‌سه‌ر كورد، كه خۆیانی لێ بێده‌نگ ده‌كه‌ن. وێده‌چێ ڕاپۆرته‌كه‌یان زۆر به‌دڵ بووبێ!

نه‌خشه‌یه‌كی پڕ له‌ كه‌موكوڕی له‌ سه‌ره‌تای ڕاپۆرته‌كه‌ له‌سه‌ر ناوچه‌ كوردنشینه‌كانی ڕۆژهه‌ڵات بڵاو كراوه‌ته‌وه و پاشانیش له‌چه‌ند به‌شێكدا باس له‌ مێژو و ژماره‌ی دانیشتوانی كورده‌كانی ڕۆژهه‌ڵات و چالاكییه‌كانی هه‌ڵسوڕاوانی مافی مرۆڤ و پێشێلكارییه‌كانی ئێران كراوه. من به‌خوێندنه‌وه‌یه‌كی سه‌رپێی ڕاپۆرته‌كه‌ هه‌‌ندێك شتم لای خۆم یادداشت كرد، ئه‌گینا ئه‌گه‌ر به‌ قووڵی تاوتوێ بكرێت گومانم له‌وه‌دا نییه كه ده‌بێ ڕاپۆرتێكی تازه بنوسرێت. ئه‌وانه‌ی خواره‌وه هه‌ندێك ڕسته‌ن كه له‌ ڕاپۆرته‌كه ده‌رمهێناون بێ ئه‌وه‌ی شرۆڤه و تێبینی خۆمیان بخه‌مه پاڵ.

كاربه‌ده‌ستانی ئێران به‌ نیسبه‌ت هه‌ر چه‌شنه دژایه‌تی سیاسی له‌ ناوچه‌ كه‌مینەنشینەکان به‌تایبه‌ت له‌و شوێنانه‌ی پێشینه‌ی چالاكیی جیاخوازانه‌ی تێدا هه‌یه‌، هه‌ستیارن. (ل ٢، به‌شی یه‌كه‌م، كورته)

له‌كۆی گشتیی ٦٩ میلیۆن كه‌سیی ئێران، نزیكه‌ی چوار میلیۆن و نیوی، كه‌مینه‌ی قه‌ومی كورد پێكی دێنێت. (ل ٦)

له‌شۆڕشی ساڵی ٧٩وه تا ئێستا جگه‌ له‌ هه‌ندێک حاڵه‌ت كه‌مینه‌ی كورد له‌ پۆسته ده‌وڵه‌تییه‌كان دوره‌په‌رێز ڕاگیراوه (ل ٦، تۆ بڵێی ئه‌م حاڵه‌تانه كامانه بن؟)

یه‌كێک له‌م گروپه سه‌ره‌كییانه، حزبی چه‌پڕه‌وی كۆمه‌ڵه‌یه كه ساڵی ١٩٤٠ له‌ مه‌هاباد دامه‌زرا. (ل ٦ و ٧)

هاوینی ساڵی ١٩٤٥ كۆمه‌ڵه ناوی خۆی گۆڕی بۆ حزبی دیموكراتیكی كوردستانی ئێران. ئه‌م حزبه‌ له‌ساڵی ١٩٨٦ه‌وه له‌عێراق سه‌قامگیر بوه.(ل ٧)

به‌پێی قسه‌كانی وته‌بێژی ڕێبه‌ری حزبی دیموكرات، مسته‌فا هیجری ئه‌م حزبه هیچ چالاكییه‌كی چه‌كداری له‌ناوخۆی ئێران ئه‌نجام نادات. (ل ٧)

پاش شۆڕشی ٧٩ گروپێكی چه‌پگه‌رای تر كه خۆی به كۆمه‌ڵه ناوزه‌د ده‌كا، شه‌ڕی چه‌كداری دژی ده‌وڵه‌تی ناوه‌ندی و به‌هیوای دامه‌زراندنی كوردستانێكی سه‌ربه‌خۆ له‌كوردستان ده‌ست پێكرد. (ل ٧)

پارتی كرێكارانی كوردستان بۆ سه‌ربه‌خۆیی كوردستان له‌توركیا خه‌بات ده‌كا. (ل ٧)

له‌ وه‌ڵامی پرسیاری خه‌باتی چه‌كداری حزب، ئاغای هاجی، وه‌ڵامی دایه‌وه، به‌ڵی ئه‌مه دروسته. (په‌راوێز، ل ٧) (پێش زه‌مینه)

ئایا حزوری هه‌ندێک كه‌سایه‌تی وه‌ك مه‌حمود بارزانی و جه‌لال تاڵه‌بانی له‌ گۆڕه‌پانی سیاسی عێراق بڵاوكردنه‌وه‌ی درۆو ده‌له‌سه‌یه (ل ١٠)

مسته‌فا بارزانی سه‌ركرده‌ی ناسراوی كوردستانی عێراق و باوكی سه‌رۆک كۆماری ئێستای كوردستانی عێراق مه‌سعود بارزانی. (په‌راوێز، ل ١٠)

مه‌حمود سادقی كه‌بودوه‌ند، ڕۆژنامه‌نوسی كوردیش له‌به‌ر نوسینه‌كانی سه‌ركوتی ده‌وڵه‌تی چێشت. (ل ١١)

ده‌وڵه‌ت به‌ توندی له‌به‌رامبه‌ر بڵاوكردنه‌وه‌ی هه‌واڵ سه‌باره‌ت به‌كۆمه‌ڵه یان حزبی دیموكراتیكی كوردستان له‌به‌ر پێشینه‌ی جیاخوازییان و پێشكه‌وتنه‌كانی پارتی كرێكارانی كوردستان حه‌ساسیه‌ت نیشان ده‌دات. (ل ١١) (ئاسته‌نگی له‌به‌رده‌م ئازادی ڕاده‌ربڕین)

فه‌رهاد كه‌مانگه‌ر، هاوكات مودیری ده‌بیرستانێكه له‌شاری كامیاران (ل ١٧) (ئاسته‌نگییه‌كان له‌به‌رده‌م ئازادیی كۆمه‌ڵه و حزب)

هه‌روه‌ك ده‌بینرێ ڕاپۆرته‌كه سه‌باره‌ت به‌مێژوو جوگرافیای كورد، كتێبی نوسه‌رانی غه‌یره كوردی وه‌ك حه‌مید حه‌میدی، نادر ئینتزار، كاوه بیات، ده‌یڤید مه‌كداول و كه‌ناڵه‌ بیانیه‌كانی وه‌ك بی بی سی كردۆته سه‌رچاوه و له‌هیچ كوێ ئاماژه‌یه‌كی بچووكی به‌ ئامار و ماتڕیاڵه كوردییه‌كان نه‌داوه و به‌مجۆره‌ش خۆی خستۆته خانه‌ی لایه‌نگرییه‌وه و به‌دیدی سه‌ڵته‌‌نتخوازو پان ئێرانیسته‌كانی دانیشتوی ئه‌مریكا نوسراوه. به‌ دوریش نییه كارمه‌ندێكی فارسی ئه‌و ده‌زگایه نوسیبێتی كه له‌هه‌مانكاتدا لایه‌نگری خاته‌مییه و له‌ ڕاپۆرته‌كه‌شدا ڕاشكاوانه باس له‌ مودێلێكی وه‌ک سه‌رده‌می خاته‌می ده‌كا بۆ كورده‌كانی دانیشتوی ئێران و له‌وه زیاتریان پێ ڕه‌وا نابینێ. ڕاپۆرته‌كه هه‌ر وه‌ک بڵێی هه‌وڵێک بێت بۆ سه‌رخستنی دوباره‌ی خاته‌می بۆ هه‌ڵبژاردنه‌كان، ڕیشه‌ی هه‌موو ئه‌م پێشێلكارییانه‌ی مافی مرۆڤ ده‌گه‌ڕێنێته‌وه بۆ هاتنه سه‌ر كاری ئه‌حمه‌دی نه‌ژاد و سه‌رده‌می خاته‌میش له‌ كوردستان به‌سه‌رده‌مێكی زێڕین ده‌زانێ.

بۆ بینینی ڕاپۆرته‌كه بڕوانه؛ گزارش مفصل سازمان دیدبان حقوق بشر در خصوص کردستان

۱۳۸۷/۱۱/۱۵

مێد تیڤی و ته‌ڕه‌ته شه‌ش



 سه‌لاحه‌دین بایه‌زیدی



دامه‌زراندنی ته‌له‌ڤزیۆنی كوردی ته‌ڕه‌ته‌ شه‌ش، له‌ ڕووی ده‌نگدانه‌وه‌ی له‌ ئاستی شه‌قامی كوردی و جیهانیدا، له‌ دامه‌زراندنی یه‌كه‌م كه‌‌ناڵی كوردی مێد تیڤی ده‌چێ. به‌دوای مێد تیڤیدا، دامه‌زراندن و دروستبونی هیچ كه‌ناڵێكی كوردی به‌ میدیا تیڤی و ڕۆژ تیڤیشه‌وه، هێنده‌ی ته‌ڕه‌ته شه‌ش هه‌رای دروست نه‌کرد. ته‌ڕه‌ته شه‌ش له‌لای لایه‌نگران و نه‌یارانییه‌وه، هه‌یجانێكی هاوشێوه‌ی یه‌كه‌م ته‌له‌ڤزیۆنی دروستكرد. هه‌ر كه‌س به‌جورێک چاوه‌ڕوانی كردنه‌وه‌ی كه‌ناڵه‌كه بوو.

من له‌ ڕوی ده‌نگدانه‌وه‌یان ئه‌و دوو كه‌ناڵه‌م به یه‌كه‌وه هه‌ڵسه‌نگاند، ئه‌گینا به‌راوردكردنی مێد تێڤی كه له‌ نه‌بوونی ته‌له‌ڤزیۆنی كوردی هاته بوون، له‌گه‌ڵ ته‌ڕه‌ته شه‌ش كه له‌ زۆربونی ته‌له‌ڤزیۆنی كوردی هاته مه‌یدان، ئه‌سته‌مه و ئه‌رز و ئاسمانیان جیاوازه. مێد تیڤی له‌ دیاسپۆراوه ڕۆڵێكی به‌رچاوی هه‌بوو له‌دروستكردنی نه‌ته‌وه، به‌ڵام دیار نییه ته‌ڕه‌ته شه‌ش ڕۆڵێكی چۆن ده‌بینێ. به‌ دامه‌زراندنی ته‌‌ڕه‌ته شه‌ش، په‌یوه‌ندییه‌كانی نێوان زمان و ناسیۆنالیزم، چۆن خوێندنه‌وه‌یه‌كیان بۆ ده‌كرێت؟

وه‌ڵامدانه‌وه‌ی ئه‌م پرسیارانه، په‌یوه‌ندییان به‌ پۆزۆسیۆنی داهاتووی ته‌ڕه‌ته شه‌شه‌وه هه‌یه. لێره‌دا من، له‌ ڕوانگه‌ی خۆمه‌وه، به‌ كورتی هه‌ندێك به‌راوردم كردووه له‌ نێوان ته‌ڕه‌ته شه‌ش و مێد تیڤیدا.

مێدتیڤی له‌ تاراوگه دامه‌زراو زیاتر له‌ ناوخۆ سه‌یر ده‌كرا.
ته‌ڕه‌ته شه‌ش له‌ناوخۆ دامه‌زراوه‌ و زێده‌تر له‌ تاراوگه سه‌یری ده‌كرێت. 

سیاسییه‌كانی كورد دانی خێریان به‌ مێد تیڤی دانه‌ده‌نا و تا بۆیان كرابا باسیان نه‌ده‌كرد.
دیپلۆماتكاران و سیاسییه‌كانی كورد هه‌موویان باسی ته‌ڕ‌ه‌ته شه‌ش ده‌كه‌ن.

مێدتیڤی ته‌له‌ڤزیۆنی كوردێک بوو، خه‌ونی به‌ ده‌وڵه‌ته‌وه ده‌بینی.
ته‌ڕه‌ته شه‌ش ته‌له‌ڤزیۆنی ده‌‌وڵه‌تێكه، خه‌ونی به‌ نه‌بوونی كورده‌وه ده‌بینی.

مێدتیڤی به‌ حه‌زه‌ره‌وه نزیكی هونه‌رمه‌ندان و كه‌سایه‌تیه‌كانی كورد ده‌بۆوه.
هونه‌رمه‌ندان و كه‌سایه‌تیه‌كانی كورد، به‌ حه‌زه‌ره‌وه نزیكی ته‌ڕه‌ته شه‌ش ده‌بنه‌وه.

مێد تیڤی پاره‌ی نه‌ده‌دا و له‌ كارمه‌ندی كه‌م نه‌بوو.
ته‌ڕه‌ته شه‌ش پاره‌یه‌كی زۆر ده‌دات و قه‌یرانی كارمه‌ندی هه‌یه.

ئه‌مریكا مێدتیڤی ب ه‌زمانحاڵی تیرۆر ده‌زانی.
ئه‌مریكا دامه‌زراندنی ته‌ڕه‌ته شه‌شی پێ باشه.

مێد تیڤی هه‌وڵی لێک نزیك كردنه‌وه‌ی زاراوه‌كانی زمانی كوردی ده‌دا.
ته‌ڕه‌ته شه‌ش هه‌وڵی جیاكردنه‌وه‌ی زاراوه‌كان ده‌دات.

مێدتیڤی له‌ چوارچێوه‌ی پێشكه‌وتوترین یاساكان دامه‌زرا و پێشی پێ گیرا.
ته‌ڕه‌ته شه‌ش له‌ ده‌ره‌وه‌ی دواكه‌وتوترین یاساكان دامه‌زراوه‌ و پێشی پێ نه‌گیرا.

مێد تیڤی تا بۆی كرابا فه‌رهه‌نگی كوردی بڵاو ده‌كرده‌وه.
ته‌ڕه‌ته شه‌ش تا بۆی بكرێ په‌ره‌ به‌ فه‌رهه‌نگی غه‌یره كوردی ده‌دات.

كه‌سایه‌تی و هونه‌رمه‌نده‌كان له‌ ڕێگه‌ی مێدتیڤییه‌وه ده‌یانویست به‌ناوبانگ بن.
ته‌ڕه‌ته شه‌ش ده‌یه‌وێت له‌ ڕێگه‌ی هونه‌رمه‌ند و كه‌سایه‌تیه‌كانه‌وه به‌ناوبانگ بێت.

۱۳۸۷/۰۹/۱۴

هه‌وڵه‌کانی به‌ ئایینی کردنی پرسی کورد له‌ ئێران



سه‌لاحه‌دین بایه‌زیدی

 
یه‌کێک له‌ خاڵه‌ پۆزه‌تیڤه‌کانی جوڵانه‌وه‌ی کورد له‌ ڕۆژهه‌ڵاتی کوردستان تا ئه‌مڕۆ ئه‌وه بووه که‌ ئه‌م جووڵانه‌وه‌یه، مۆرکێکی ئاینی پێوه نه‌بووه‌ و هیچ حزبێکی سیاسی ئیسلامیش نه‌بووه که بتوانێت خه‌ڵک ئاڕاسته بکات. ئه‌و هه‌وڵه گه‌رچی له‌ سه‌ره‌تاکانی هاتنه سه‌ر کاری کۆماری ئیسلامی که ئه‌ویش به‌شێوه‌یه‌کی سنوردار له‌ هه‌ندێک ناوچه‌دا بره‌وی هه‌بوو، به‌ڵام له‌گه‌ڵ به‌رزبونه‌وه‌و په‌ره‌سه‌ندنی خه‌باتدا، که‌مڕه‌نگتر بووه تا گه‌یشته ئاستێک که‌شوێنه‌واری نه‌ما.

ده‌ربڕینی ئه‌و چه‌ند دێڕه دژایه‌تی نییه له‌گه‌ڵ هیچ ڕێکخراو و سازییه‌کی ئیسلامی، وه‌ک چۆن هێزه کۆمۆنیست و هێزه‌کانی دیکه مافی خه‌باتیان هه‌یه، هێزه ئیسلامیه‌کانیش هه‌ر به‌م شێوه ده‌بێ مافیان هه‌بێت، سه‌یر نییه ئه‌گه‌ر ڕێکخراوێکی چه‌پ یا هه‌ر ڕێکخراوێکی تر ڕاسته‌وخۆ یان ناراسته‌وخۆ هه‌وڵی دروستکردنی ده‌زگایه‌کی ئیسلامی بدەن. لێ ئه‌وه‌ی که بزوتنه‌وه‌ی کورد له‌ ڕۆژهه‌ڵاتی کوردستان خاڵی بووه له‌ پروپاگه‌نده‌ و ڕه‌ساڵه‌تی ئیسلامی، کاردانه‌وه‌یه‌کی سرووشتی خه‌ڵک و بزوتنه‌وه‌ی کورد به‌‌ هه‌موو بواره‌کانییه‌وه بووه به‌رامبه‌ر بە تیۆکراسی ئێران.

ئه‌وه‌نده‌ی بیرم یارمه‌تیم بدات، پێموابێت کریس کۆچێرایه که‌ ده‌ڵێت شۆڕشی داهاتووی ئێران شۆڕشێکی دژه‌ئایینی ده‌بێت، له‌به‌ر ئه‌وه‌ی کۆماری ئیسلامی ئێران، ئاینی به‌ هه‌موو مه‌زهه‌به‌کانییه‌وه له‌ پێش چاوی خه‌ڵک خستووه و ئه‌وه‌ش وای کردووه که به‌رده‌وام له‌ کوردستاندا مه‌یلی چه‌پ به‌سه‌ر مه‌یلی ڕاستدا زاڵ بێت.

هه‌ر وه‌ک له‌ سه‌ره‌وه‌ش ئاماژه‌م پێدا، بێگومان هه‌ڵنه‌گرتنی دروشمگه‌لی ئیسلامی خاڵێکی پۆزه‌تیڤی بزوتنه‌وه‌ی کورد بووه له‌ ڕۆژهه‌ڵات و جلێکی هاوچه‌رخانه‌تری کردووه به‌به‌ردا، هه‌ر ئه‌وه‌ش تا ڕاده‌یه‌ک مه‌شروعیه‌تی پێبه‌خشێوه‌ و خاڵی سه‌رنجی دیپلۆماته‌کانی بیانی و به‌واتایه‌کی تر ده‌رگایه‌کی دیالۆگ بووه به‌ره‌و ڕۆژئاوا. هه‌ر ئه‌وه‌ش تایبه‌تمه‌ندییه‌کی ته‌واو پێچه‌وانه‌ی کۆماری ئیسلامی به‌و بزووتنه‌وه‌یه به‌خشیوه‌.

به‌ڵام پاش ئه‌م هه‌موو ئه‌زمونه‌ی خه‌بات به‌ شێوازە جۆراوجۆره‌کانیه‌وه، به‌مدواییانه تا دێت هه‌وڵی ئیسلامیزه‌کردنی پرسی کورد له‌ ڕۆژهه‌ڵاتی کوردستان ده‌درێت و ئه‌مه‌ش شیاوی ڕامان و بیرکردنه‌وه‌یه. ئه‌وه‌ی به‌لای منه‌وه زۆر سه‌یره‌، ئه‌م خه‌باته هه‌م له‌ناوخۆ و هه‌م له‌ده‌ره‌وه ده‌ستی پێکردوه و به‌ جۆرێک مرۆڤ ده‌خاته ناو گومانه‌وه.

دامه‌زراندنی ڕێکخراوێکی ئاینی له‌لایه‌ن حدکاوه‌ له‌وه‌ زیاتر له‌سه‌ری نوسرا که منیش بمه‌وێت بۆچوونی خۆم ده‌رببڕم، به‌ڵام هه‌وڵی لایه‌نه‌کانی ناوخۆ و به‌تایبه‌ت هه‌وڵی ڕیفۆرمخوازه‌ کورده‌کان و هه‌ندێک تاقمی تر له‌ناوخۆ باسی زیاتر هه‌ڵده‌گرێت. ئه‌وانه ماوه‌یه‌که هه‌وڵی وروژاندنی پرسی کورد ده‌ده‌ن و له‌گه‌ڵیشیدا باسی هه‌ڵاواردنی ئاینی زه‌ق ده‌که‌نه‌وه‌ و به‌رێگه‌ی هه‌‌ندێک که‌سایه‌تی ئایینی یاخود ڕۆشنبیری فارس، کێشه‌ی کورد ده‌خه‌نه ناو قاڵبێکی ئاینیه‌وه. به‌مجۆره بوونه‌ته مینبه‌رێکی ڕاسته‌قینه بۆ بره‌ودان به‌مجۆره هزره‌ و هاوکا‌ت هه‌وڵێکی باش ده‌ده‌ن بۆ خولاسه‌کردنه‌وه‌ی کێشه‌ی کورد له‌چوارچێوه‌ی ئاییندا.

ئایا ئه‌مه هه‌وڵێکی سیسته‌ماتیکه یان ڕێکه‌وته؟ وه‌ک چۆن به‌رزبونه‌وه‌ی خه‌باتی نه‌ته‌وه‌یی کورد له‌ ڕۆژ‌هه‌ڵات جێگه‌ی به‌ هێزه ئیسلامییه‌کان لێژ کرد، ئایا لاوازبونه‌وه‌ی ئه‌م خه‌باته، سه‌ره‌تایه‌که بۆ زیندووبونه‌وه‌یان؟ هۆکاره‌کان هاتنه‌سه‌رکاری ئۆبامایه؟ ئایا به‌ ڕاستی ئه‌م زه‌مینه‌یه له‌ناو خه‌ڵکدا دروست بووه یان هه‌وڵێکی سیاسیه له‌لایه‌ن حزب یاخود سیسته‌مه‌وه؟ ئه‌مانه‌ و ده‌یان پرسیاری تر مرۆڤ ده‌خاته‌ ناو گومان و دڵه‌ڕاوکێوه. چونکه هه‌موومان کارنامه‌ی بزووتنه‌وه‌ی ئیسلامیه‌کانمان لانیکه‌م له‌م بیست ساڵه‌ی دواییدا له‌ ڕۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست بینیوه. خۆ ئیسلام وه‌ک هێزی سێهه‌م له‌ باشوری کوردستانیش له‌به‌ر چاوه. تازه به‌تازه خه‌باتێک دێته ڕۆژه‌ڤمانه‌وه که‌ له‌مێژه‌ باوی به‌سه‌ر چووه.

ئایا بیر له‌وه کراوه‌ته‌وه که‌ ئه‌م ئاڕاسته‌یه سنوره‌کانمان له‌گه‌ڵ کۆماری ئیسلامی کاڵتر ده‌کاته‌وه‌ و به‌ گوێره‌ی ئه‌و سیگناڵه‌ی مونته‌زه‌ری و کروبییه‌کان و ئایه‌توڵڵاکانی دیکه‌ی ناو ده‌سه‌ڵاتیش ده‌یده‌ن هه‌وڵی که‌مکردنه‌وه‌ی هه‌ڵاواردنی ئاینی ده‌ده‌ن‌ و ئه‌گه‌ر هه‌ندێک ڕیفۆرمی ئاینیش له‌ناو ئێراندا بکرێت، هه‌مو ڕیسی کورد ده‌بێته‌وه به‌ خوری و هیچ ده‌سکه‌لایه‌کمان نامێنیت، بادانه‌وه‌ش له‌وانه‌یه ئیتر دره‌نگ بێت. با بزانین سه‌نگه‌ری مزگه‌وت تا چه‌ند ده‌توانێ ئه‌لته‌رناتیڤی عه‌لمانیه‌تی ده‌ره‌وه و خه‌باتی مه‌ده‌نی ناوخۆ بێت.

۱۳۸۷/۰۸/۲۵

باراک ئۆباما و بێهه‌ڵوێستی حزبه‌کانی ڕۆژهه‌ڵاتی کوردستان


سه‌لاحه‌دین بایه‌زیدی

 
‌‌هه‌رچه‌ند ماوه‌یه‌ک به‌سه‌ر سه‌رکه‌وتنی ئۆبامادا تێپه‌ڕیوه، به‌ڵام هێشتا باسکردن و خوێندنه‌وه‌ی جواروجۆر بۆ ئه‌و سه‌رکه‌وتنه گه‌رموگوڕه. له‌ ڕاستیدا بوونی ئۆباما زۆر که‌س و ناوه‌ندی له‌ سه‌رانسه‌ری جیهان تووشی شۆک و سه‌رسوڕمان کرد، به‌ گشتی زۆر که‌س پێی وابوو که ئه‌مه سه‌رکه‌وتنی پڕۆسه‌یه‌کی دیکه‌ی دیموکراسییه له‌ ئه‌مریکا.

هه‌ر له‌گه‌ڵ سه‌رکه‌وتنیدا سه‌رجه‌م ده‌وڵه‌ت و داموده‌زگاکان و حزبه‌کان به‌تایبه‌ت ئه‌وانه‌ی به‌ جۆرێک زیاتر په‌یوه‌ندییان به‌ ئه‌مریکاوه هه‌یه، هه‌ڵوێستی خۆیان وه‌ک پشتگیری و خۆشحاڵی نیشان دا و ده‌ر‌‌بڕی، ده‌وڵه‌تانی خۆرهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست، چ ئه‌وانه‌ی پێیان خۆش و چی ئه‌وانه‌ی پێیان ناخۆش بوو، بروسکه‌یان بۆ ئۆباما نارد و خواست و چاوه‌ڕوانییه‌کانی خۆیان پێ گوت. کۆماری ئیسلامی ئێرانیش له‌ ڕیزی ئه‌و وڵاتانه‌دا بوو، واته بۆ یه‌که‌مجار له‌ هاتنه سه‌ر کاری ڕژێمی ئیسلامی ئێرانه‌وه. ئه‌مه‌ش سه‌رنجی جیهانیانی ڕاکێشا.

سه‌رکردایه‌تی کورد له‌ باشوری کوردستان هه‌ر چه‌نده‌ش به‌ سه‌رکه‌وتنی ئۆباما دڵخۆش نه‌بوو، به‌ڵام غه‌مگینی خۆیشی ده‌رنه‌بڕی و بێهه‌ڵوێست نه‌بوو. ته‌نانه‌ت بۆ ئه‌وه‌ی دره‌نگ بروسکه‌یه‌یان نه‌ناردبێ، ئه‌ته‌کێتی دیپلۆماسیان له‌به‌ر چاو نه‌گرت و له یه‌ک ‌ده‌زگای سه‌رۆکایه‌تی هه‌رێمه‌وه دوو په‌یامی پیرۆزبایی ده‌رچوو. حزبه‌کانی تریش به‌ جۆرێک له‌ جۆره‌کان خۆێندنه‌وه‌ی خۆیان بۆ هه‌بوو. ئه‌وانیش به‌ به‌ژن و باڵای ئۆبامایاندا هه‌ڵگوت و داوایان لێکرد که‌ بایه‌خ بدات به‌ دۆزی ڕه‌وای گه‌لی کورد و له‌سه‌رخستنی پرۆسه‌ی دیموکراسی له‌ عێراقدا ده‌وڵه‌ته‌که‌ی وه‌ک جاران هاوکار بێت و هیوای سه‌رکه‌وتنیان بۆ خواستبوو. ته‌نانه‌ت محه‌مه‌دی حاجی مه‌حمود، سکرتێری گشتی حزبی سۆسیالیست دیموکراتی کوردستان، ده‌ستپێشخه‌ری ده‌کا و چه‌ند مانگ پێشتر په‌یامێک ئاراسته‌ی سیناتۆر ئۆباما ده‌کا و پێشبینی سه‌رکه‌وتنی ده‌کا.  هه‌رچه‌ند نامه‌که‌ی حه‌مه‌ی حاجی مه‌حمود وه‌ک هی نامه‌که‌ی ئه‌حمه‌دی نژاد ده‌نگی نه‌دایه‌وه، به‌ڵام دیسان تێبینیه‌کانی خۆی بۆ ئۆباما و کورد خسته ڕوو.

بزوتنه‌وه‌ی کورد له‌ باکوری کوردستانیش دوای سه‌رکه‌وتنی ئۆباما هه‌نگاوێکی سه‌رنج ڕاکێشی به‌رز کرده‌وه، له‌ڕاستیدا نیشانی دا بزوتنه‌وه‌یه‌که له‌گه‌ڵ سیاسه‌تی دنیادا ده‌چێته پێش و نه‌بزی ڕووداوه‌کانی له‌ده‌ست دایه. بروسکه‌ی پیرۆزبایی له‌لایه‌ن په‌که‌که و کۆنگره‌ی گه‌ل و پارتی کۆمه‌ڵگەی دیموکراتیک به‌ جیا هه‌ر چه‌ند کاتژمێرێک پاش سه‌رکه‌وتنه‌که‌ی ئۆباما ده‌نگدانه‌وه‌ی له‌ ناوخۆ و ده‌ره‌وه له‌وه زیاتر بوو که‌ من وێنام کردبوو. بێگومان ئه‌و په‌یامانه هه‌ڵوه‌سته‌یان له‌سه‌ر ده‌کرێت.

به‌ڵام له‌م ناوه‌دا، پارته‌کانی کورد له‌ ڕۆژهه‌ڵاتی کوردستان وڕ و کپ بوون. وه‌ک ئه‌وه‌ی شتێک پێچه‌وانه‌ی خه‌یاڵه‌کانیان ڕوی دابێت، بێده‌نگیان هه‌ڵبژارد. ئه‌گه‌رچی ئه‌وان به‌گشتی بێهه‌ڵوێستن به‌رامبه‌ر به دنیای ده‌ره‌وه و جیهانبینیه‌کی به‌رفره‌یان نییه، به‌ڵام به‌ حوکمی ئه‌وه‌ی به‌رده‌وام ئه‌مریکا له‌ لاشعوریاندا ئاماده‌گی هه‌یه، ده‌بوا ڕواڵه‌تیانه‌ش بێت، بۆچوون و چاوه‌ڕوانییه‌کانی خۆیان ئا‌شکرا بکردایه. ئه‌و بێده‌نگییه نائومێدی ئه‌وان ده‌گه‌یه‌نێ. ئاخر ئه‌وه چه‌ندین ساڵه خیتانی سیاسیی ئه‌وان له‌سه‌ر ده‌ستێوه‌ردانی سه‌ربازی ئه‌مریکا ساغ بۆته‌وه. ئه‌وان حه‌زیان له‌ سه‌رۆکێکی شه‌ڕانی وه‌ک بوشه نه‌ک که‌سێکی وه‌ک ئۆباما. له‌وه‌ ده‌چێ دوای مه‌ککه‌ین و پالین، په‌ژاره پارته‌کانی له‌مه‌ڕ خۆمانی داگرتبێ.

به‌هه‌ر حاڵ ئه‌و بێهه‌ڵوێستییه، تاسانی ئه‌و حزبانه‌ نیشان ده‌دا، چونکه به‌ ساڵانه حیسابی هه‌ڵه ده‌که‌ن و دیواری خوار به‌رز ده‌که‌نه‌وه. چونکه ئه‌وه چه‌ندین ساڵه خه‌ون به‌ ڕزگاری ئێرانه‌وه ده‌بینن له‌لایه‌ن ئه‌مریکاوه هه‌روه‌ک ئه‌فغانستان و عێراق. خه‌ون به‌وەوە ده‌بینن له‌ کۆشکه‌کانی تارانی پایته‌ختی ئازادکراو دان و کتوپڕ فه‌رمانده‌یه‌کی زه‌به‌لاحی ئه‌مریکی به‌ فڕۆکه‌یه‌کی جه‌نگی داده‌به‌زێ و ئه‌مانیش له‌سه‌ر ته‌ختی ده‌سه‌ڵات پێشوازی لێ دەکەن. بوش له‌گه‌ڵ ئه‌و هه‌موو هه‌ڕه‌شه‌یه‌شدا ئێرانی بۆ حزبه‌کان و گه‌ل ڕزگار نه‌کرد، به‌ڵام بوونی بۆ ئه‌و حزبانه دڵگه‌رمییه‌ک بوو، چونکه له‌ باوکێکی دڵڕه‌ق ده‌چوو، له‌ که‌سێکی به‌هێز که‌ ده‌تتوانی له‌ژێر سێبه‌ریدا خۆت حه‌شار بده‌ی و پێوه‌ی بنازی. به‌ڵام ئۆباما هیچ کوێی له‌ باوک ناچێت، بگره له‌ گه‌نجێکی لاواز ده‌چێت، ئه‌وه‌ش به‌لای حزبه‌کانی ئێمه‌وه مایه‌ی دڵخۆشی نییه.

۱۳۸۷/۰۲/۰۷

پشیله‌ی کوردی و پشیله‌ی ‌عێراقی!



سه‌لاحه‌دین بایه‌زیدی

 
کاتی خۆی له‌جه‌نگه‌ی شه‌ڕی براکوژی نێوان یه‌کێتیی نیشتمانی کوردستان و پارتی کرێکارانی کوردستاندا وتاری نووسه‌رێکم خوێنده‌وه له‌سه‌ر هۆکاره‌کانی ‌شه‌ڕ و هێزه‌کانی پشت‌په‌رده که‌ وه‌بیرم نایه‌ نووسه‌ره‌که‌ی کێ بوو، به‌ڵام بە بیرم دێ ئاماژه‌ی به‌وه کردبوو که یه‌کێتی نیشتمانی له‌و شه‌ڕه‌دا بۆته دارده‌ست و شوبهاندبووی به‌ پشیله که‌ ده‌یانه‌و‌ێت مشکی پێ بگرن. نووسه‌ره‌که سه‌رنجی بۆ ئه‌وه ڕاکێشابوو که له‌وانه‌یه هاوپه‌یمانانی یه‌کێتی نیشتمانی بۆ شه‌ڕ دژی پارتی کرێکاران، ته‌نانه‌ت دژی ئه‌و حزبه‌ و سه‌رکردایه‌تیه‌که‌شی (یه‌کێتی) بن، به‌ڵام به‌ هێنانه‌وه‌ی په‌ندێکی کۆن که‌ "پشیله ڕه‌ش بێت یان سپی، گرنگ نییه، گرنگ ئه‌وه‌یه مشک بگرێت"، ڕووداوه‌کانی شی کردبۆوه.

چه‌ند مانگ له‌وه پێش دیسان ئه‌م په‌نده له‌به‌ر چاوم زه‌ق بوویه‌وه، کاتێک سه‌رۆککۆماری عێراق جه‌لال تاڵه‌بانی، له‌به‌رامبه‌ر داخوازی تورکیا بۆ ڕاده‌ستکردنه‌وه‌ی کادیرانی په‌که‌که و به‌تایبه‌ت سه‌رانی ئه‌و حزبه، هه‌ڵوێستی نواند و وتی "ته‌نانه‌ت پشیله‌یه‌کی کوردیش ته‌سلیم به‌ تورکیا ناکه‌ینه‌وه"، ئه‌و ‌قسه‌یه‌ی مام جه‌لال له‌ناو که‌ناڵه‌کانی ڕاگه‌یاندنی کوردی و تورکیدا ڕه‌نگدانه‌وه‌ی هه‌بوو و منیش به‌خوێندنه‌وه‌ی هه‌واڵه‌که، بێ ویستی خۆم بزه‌یه‌ک نیشته سه‌ر لێوم. بزه بۆ ناوه‌ڕۆکی خودی قسه‌که‌ و هه‌روه‌ها هه‌ڵبژاردنی پشیله ‌له‌ناو سه‌رجه‌م ئاژه‌ڵانی تردا.

به‌هه‌ر حاڵ هه‌م له‌دڵدا ئافه‌رینێک و هه‌م له‌نه‌ستدا، دوودڵی و گومانێک قه‌تیس ما. چونکه به‌گوێره‌ی وته‌ی ڕۆژنامه‌نووسێکی بیانی، مام جه‌لال له‌ ڕیزی ئه‌و سه‌رۆکانه‌یه که له‌به‌رامبه‌ر قسه‌کانی خۆی به‌رپرسیار نییه‌ و زۆرترین ناکۆکی و ڕه‌تکردنه‌وه له‌ هه‌ڵوێسته‌کانیدا به‌دی ده‌کرێت. ئه‌و قسانه به‌گوێره‌ی هه‌لومه‌رج له‌ وڵاتێکه‌وه بۆ وڵاتێکی دیکه‌ ده‌گۆڕێن و چه‌ند مانگی به‌سه‌ردا تێناپه‌ڕێ که له‌لایه‌ن نووسینگه‌ی سه‌رۆککۆماری یا خودی سه‌رۆککۆماره‌وه به‌درۆ ده‌خرێنه‌وه.

له‌وانه‌یه سه‌رۆککۆمار وا هه‌ست بکا هه‌موو که‌سێک وه‌ک خۆی فه‌رامۆشکاره، یان له‌و کاته‌دا بیری له‌وه نه‌کردبێته‌وه که ‌له‌ ئه‌نکه‌ره ڕۆژنامه‌نوسێکی تورک به‌ربینگی پێ ده‌گرێت و لێی ده‌پرسێ؛ ئایا ده‌کرێت ئه‌و هه‌ڵوێسته‌مان بۆ ڕوون بکه‌یته‌وه که له‌ وه‌ڵامی داخوازی تورکیادا گوتت من ته‌نانه‌ت پشیله‌یه‌کی کوردیش ته‌سلیم ناکه‌مه‌وه؟ سه‌رۆککۆماریش زۆر ناشیانه، نکۆڵی له‌ قسه‌که‌ی خۆی بکات و بڵێ؛ ئێوه به‌ هه‌ڵه تێگه‌یشتوون من گوتوومه پشیله‌ی عێراقی نه‌ک پشیله‌ی کوردی!

که‌واته پشیله‌ی کوردی ته‌سلیم ده‌کرێته‌وه.

به‌ڵام به‌ر له‌وه‌ی ناکۆکیی نێوان قسه‌کانی مامجه‌لال شتێکی سه‌یر بێ و هه‌ڵوه‌سته‌ی له‌سه‌ر بکرێ، ئه‌و وته‌یه‌ی سه‌رنجڕاکێشه که ئێمه هاووڵاتیانی عێراقی ته‌سلیم به‌ تورکیا ناکه‌ینه‌وه و ئه‌مه پێچه‌وانه‌ی یاسای بنچینه‌یی عێراقه.

ئاوه‌ژووکردنی ئه‌م وته‌یه به‌م ئه‌ندازه‌یه ده‌بێته مایه‌ی پێکه‌نین؛ بۆ کام وڵات هاووڵاتیانی خۆی ته‌سلیم به‌ وڵاتێکی دراوسێ ده‌کاته‌وه؟ به‌ دووریش نییه دیپلۆماسی و سیاسه‌تی مامجه‌لال بۆ ڕازیکردنی دڵی وڵاتانی دراوسێ و دۆست، له‌ئه‌نجامدا ببێته هه‌ڕه‌شه بۆ سه‌ر ژیانی هاووڵاتیانی عێراقیش.

ئاخۆ گه‌ر د. مه‌حمود عوسمان و مه‌سرور بارزانی که له‌ناو لیستی داواکراوانی تورکیادا بوون، هاووڵاتییه‌کی ئاسایی بوایه‌ن، چ چاره‌نووسێکیان به‌سه‌ر ده‌هات؟

ناکرێ هه‌موو شتێک پاساوێکی سیاسی یاخود دیپلۆماسی بۆ بهێنرێته‌وه، وه‌ک ئه‌وه‌ی لایه‌نگران و ده‌وروبه‌ری مام جه‌لال ده‌یکه‌ن، ئه‌م قسانه ئه‌گه‌ر له‌ کرده‌وه‌شدا هه‌ڕه‌شه‌ نه‌بێ بۆ سه‌ر ژیانی سه‌دان خه‌باتگێڕ و په‌نابه‌ر، جۆرێک له‌ نه‌فس‌نزمی و بێ‌متمانه‌یی دروست ده‌کات.. خۆ ئه‌گه‌ر هه‌ندێکجار له‌ پراتیکدا نابنه هه‌ڕه‌شه، ئه‌وه له‌ ئه‌نجامی خۆش‌نییه‌تی به‌رامبه‌ره‌که نییه، به‌ڵکو په‌یوه‌ندیی به‌وه‌وه هه‌یه که له‌ده‌سه‌ڵاتی ئه‌و به‌ده‌ره.

له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا ئه‌گه‌ر به‌ جارێک شۆڕشگێڕان ته‌سلیم و سنوورداشیان ناکات، تا ئه‌و جێگایه‌ی له‌ ده‌ستی بێت، کوردستانیان لێ ده‌کاته دۆزه‌خ. ئه‌گه‌ر قۆڵبه‌ستیان ناکات، ده‌مبه‌ستیان ده‌کات. ئه‌گه‌ر سیاچاڵه‌کانیان پێ پڕ ناکا، زیندانێکی گه‌وره‌تریان له‌ناو وڵاته‌که‌یدا بۆ دروست ده‌کات.

له‌ کوردستانی ‌عێراق، هێشتاش ڕه‌وتی ژیان به‌ پێی یاساکانی جه‌نگه‌ڵ ده‌ڕواته پێش. کێ لاواز بوو مه‌حکوومه به‌ مه‌رگ و کێ به‌هێز بوو، قسه‌ی یه‌که‌م ده‌کا... ماسییه گه‌وره‌کان، ماسییه بچووکه‌کان ده‌خۆن، گورگه‌کان، په‌ز هه‌ڵده‌دڕن و بێگومان پشیله‌کانیش له ‌بازنه‌ی ئه‌م سووڕی مانه‌وه‌یه به‌ده‌ر نین.

۱۳۸۶/۱۰/۱۶

جیهان بێ ئه‌حمه‌دی نه‌ژاد



سه‌لاحه‌دین بایه‌زیدی

"پێویسته‌ ئیسرائیل له‌ سه‌ر نه‌خشه‌ی جیهان بسڕدرێته‌وه‌"، ئه‌م ڕسته‌یه‌ی مه‌حموود ئه‌حمه‌دی نه‌ژاد سه‌رۆککۆماری ئیسلامی ئێران له‌ کۆنفرانسی "جیهانی بێ زایۆنیزم"، کاردانه‌وه‌ی له‌ ئاستی نێونه‌ته‌وه‌یی و دیپلۆماسیدا له‌وه‌ زیاتر بوو که‌ ئه‌حمه‌دی نه‌ژاد خۆی بیری لێ کردبێته‌وه‌. وێده‌چێ ئه‌حمه‌دی نه‌ژاد هێشتاش نه‌یزانیبێ له‌ سه‌ر کام مینبه‌ر قسه‌ ده‌کات و له‌ چ پۆستێک دایه‌. ئه‌حمه‌دی نه‌ژاد که‌ به‌ قه‌ڵافه‌ت و شێوه‌ له‌ سه‌ربازه‌ به‌وه‌فا و گومناوه‌کانی ئیمام ده‌چێ و له‌ گه‌وهه‌ریشدا ده‌یهه‌وێ خۆی ساده‌ و "خه‌ڵک ئاسایی" نیشان بدات، له‌ شوێنه‌ ڕه‌سمییه‌کان و به‌رده‌م بڵیندگۆکان دوڕاوه‌یه‌. چونکه‌ ئه‌و هێشتا زمانی دیپلۆماسی و زمانی سه‌ربازێکی به‌وه‌ج و بێ په‌رده‌ی ئیمامی لێک جوێ نه‌کردۆته‌وه‌ و نازانێ که‌ ئه‌م قسانه‌ له‌ یه‌ک کاتدا ده‌بنه‌ مانشێتی به‌ هه‌زاران ڕۆژنامه‌ له‌ سه‌رانسه‌ری جیهان.

ئه‌مه‌ یه‌که‌م جار نییه‌ کاربه‌ده‌ستێکی باڵای کۆماری ئیسلامی ئێران وا ڕاشکاوانه‌ و بوێرانه‌ دژایه‌تی خۆی له‌ به‌رامبه‌ر ئیسرائیل نیشان ده‌دات و خوازیاری له‌ ناوچوونیه‌تی. قسه‌ مێژووییه‌که‌ی (هه‌ڵبه‌ت له‌ ڕوانگه‌ی سه‌یربوونیه‌وه‌) خومه‌ینیش که‌ "ئه‌گه‌ر هه‌ر موسڵمانێک ده‌به‌یه‌ک ئاو به‌ ئیسرائیلدا بکات، ئه‌وا ئه‌و ڕژێمه‌ ئاو ده‌یبات" نموونه‌یه‌کی بچووکه‌. له‌ ڕاستیدا ئه‌مه‌ فه‌لسه‌فه‌ و ڕێبازی ئه‌م ڕژێمه‌یه‌ هه‌ر له‌ سه‌ره‌تاوه‌ هه‌تا ئێستا. بیری فه‌نده‌مینتالیانه‌ و دژی ئیسرائیلیانه‌ی زاڵ به‌ سه‌ر موحافیزه‌کارانی ئێران که‌ به‌رده‌وام قسه‌ی یه‌که‌میان له‌ ده‌سه‌ڵاتدا کردووه‌، بنچینه‌یه‌که‌ له‌ پاشماوه‌کانی بیروبۆچوونی خومه‌ینیی دامه‌زرێنه‌ری ڕژێم. دوابه‌دوای ئه‌ویش بۆچوونی ئاماژه‌پێکراو له‌ خوتبه‌کانی ڕۆژی هه‌ینی و کۆڕ و کۆبوونه‌وه‌کانی تردا بنێشته‌خۆشکه‌ی سه‌ر زاری ئاخونده‌کان بووه‌. لێ جێاوازی ئه‌م وتانه‌ و ئه‌وانه‌ی ئه‌حمه‌دی نه‌ژاد له‌وه‌ دایه‌ که‌ ئه‌وان له‌ مینبه‌ری نوێنه‌رێکی ڕۆحانیه‌وه‌ قسه‌ ده‌که‌ن و له‌ ئاستی نێونه‌ته‌وه‌ییدا هیچ شه‌رعییه‌تێکیان نییه‌ و شیاوی به‌رپه‌رچدانه‌وه‌ نین. ئه‌وان له‌و به‌شه‌ له‌ سیسته‌مدا جێگه‌ ده‌گرن که‌ سیسته‌مه‌که‌ ده‌سکردی خۆیانه‌ و له‌ یاساکانی نێونه‌ته‌وه‌ییدا هیچ مانایه‌کی نییه‌. به‌ڵام جیهان به‌ چاوی سەرۆککۆماڕ و هه‌ڵبژارده‌ی گه‌ل!! له‌ ئه‌حمه‌دی نه‌ژاد ده‌ڕوانێ و بچووکترین په‌یڤی، شیکردنه‌وه‌ و ڕاڤه‌ی جۆراوجۆر هه‌ڵده‌گرێ.

له‌ لایه‌کی دیکه‌شه‌وه‌ ئه‌شێ له‌ بێبه‌ختی ئه‌حمه‌دی نه‌ژاده‌وه‌  بێت، چوونکه‌ سه‌رده‌می ئه‌حمه‌دی نه‌ژاد له‌گه‌ڵ هی خاته‌می و ڕه‌فسه‌نجانی جیاوازی زۆره‌، ئه‌گەر ئه‌م قسانه‌ له‌ سەرده‌می ڕه‌فسه‌نجانیدا هێندێک ئاسایی هاتبایه‌ به‌رچاو، ئه‌وا له‌ سه‌رده‌می ئێستا قورسایی زیاتره‌. چاوی جیهان ئه‌مڕۆکه‌ له‌ سه‌ر ئێڕان و سوریایه‌. واته‌ خوازیارانی گۆڕانکاری له‌ خۆرهه‌ڵاتی ناوین و له‌ سه‌ره‌وه‌ی هه‌موویانه‌وه‌ ئه‌مه‌ریکا چاوه‌ڕێی شتێکی به‌م جۆره‌ن تاکوو په‌ڵپ و بیانووی پێ بگرن و مه‌شڕوعییه‌ت بده‌ن به‌ گوشاره‌کانیان بۆ سه‌ر کۆماری ئیسلامی و زۆربه‌ی ڕای گشتی جیهانیش بخه‌نه‌ پاڵ خۆیان.

ئه‌حمه‌دی نه‌ژاد بێ پەرده‌ و هه‌ڵماڵراوانه‌ نیاز و پیلانه‌کانی ڕژێمه‌که‌ی ده‌هێنێته‌ زمان، چونکه‌ پێی وایه‌ پێشتریش ئه‌م قسانه‌ له‌ لایه‌ن به‌ڕێوه‌بەران و له‌ سه‌ره‌وه‌ی هه‌موویانه‌وه‌ خومه‌ینییەوە ده‌ربڕاوه‌. دیاره‌ هه‌ر له‌گه‌ڵ هاتنه‌ سه‌ر ده‌سه‌ڵاتیشی وه‌ها ڕاشکاوانه‌ باسی له‌ پیلان و بەرنامه‌ ناوه‌کییه‌کانی ئه‌م ڕژێمه‌ کرد و له‌م بواره‌شه‌وه‌ جیهانیانی دڵنیا کرده‌وه‌. جگه‌ له‌مانه‌ گه‌ڕاندنه‌وه‌ی باندی تیرۆریستان و خاوه‌ن فایله‌کان بۆ ناو پڕۆسه‌ی ده‌سه‌ڵات ئه‌وه‌نده‌ی تری نیگەرانی خوڵقاندووه‌.

شه‌رمه‌زارکردنی ئه‌حمه‌دی نه‌ژاد له‌ لایه‌ن زۆربه‌ی ده‌وڵه‌ت و لایه‌ن و که‌سایه‌تیه‌کانه‌وه‌ بگره‌ فه‌له‌ستین و هه‌روه‌ها له‌ناو خۆی ئێراندا هه‌نگاوێکه‌ بۆ ئه‌وه‌ی چیتر ڕێگه‌ به‌م ڕژێمه‌ نه‌درێ، هه‌وڵی سه‌رخستنی پیلانه‌ نائینسانیه‌کانی بدات. هیچکات وه‌ک ئێستا جیهان هاوده‌نگ نه‌بووه‌ له‌ به‌رپه‌رچ دانه‌وه‌ی ئێران و هه‌وڵدان بۆ دانانی سنوورێک له‌ به‌رده‌م ئه‌م ڕژێمه‌. بۆیه‌ش جێگه‌ی ئومێده‌ به‌وه‌ی که‌ دنیا ڕووی ڕاسته‌قینه‌ی ڕژێمی ئێرانی بۆ ده‌رکه‌وێ و چیتر به‌ سازش و هاوکاری دیپلۆماسی و بازرگانی له‌گه‌ڵ ئه‌م ڕژێمه‌ خزمه‌ت به‌ پێشێلکردنی مافه‌کانی مرۆڤ و ئازادی  له‌و وڵاته‌ نه‌ده‌ن.

۱۳۸۶/۰۱/۱۸

پێش بە کوردستانیوز بگرن


سەلاحەدین بایەزیدی
دوابه‌دوای کوشتنی دوعا و بڵاوبوونه‌وه‌ی وێنه‌کانی، من پێکه‌نینم به‌و قسه‌ یاخود به‌و جۆره‌ هه‌ڵوێستانه‌ ده‌هات که‌ پێیان وابوو‌ ئه‌مه‌ ده‌ستی له‌پشته‌ یاخود ڕووداوه‌که‌ به‌ره‌و ئاقاری جیاواز ئاڕاسته‌ ده‌کرێت، ئه‌خر چونکه‌ پێشتریش بۆ هه‌موو ڕوداوێک ته‌فسیرێکی به‌مجۆره‌ ده‌کرا، به‌ڵام کاتێک چاوم به‌ لاپه‌ڕه‌کانی کوردستانیوزدا خشاند که‌ ڕۆژنامه‌یه‌کی ئه‌لکترۆنییه‌ و هه‌فته‌ی جارێک ده‌رده‌چێت، هیچ گومانم لا نه‌ما که‌ ئه‌م ڕووداوه‌ له‌لایه‌ن هه‌ندێک که‌س و به‌تایبه‌ت ئیسلامییه‌ فه‌نده‌مینتاله‌کانه‌وه‌ به‌شێوه‌یه‌کی خراپ و نائاسایی که‌ڵکی لێ وه‌رده‌گیرێت.

 کچ کوژی له‌لایه‌ن هه‌ر مه‌زهه‌ب یاخود نه‌ته‌وه‌یه‌که‌وه‌ بکرێت مه‌حکووم و نائینسانییه‌ و ناکرێ داکۆکیی لێ بکه‌یت. به‌پێچه‌وانه‌ی زۆر که‌سیشه‌وه‌ پێم وایە ڕووداوه‌که‌ تا گه‌وره‌ بکرێته‌وه‌ باشتره‌، چونکه‌ ڕووداوێکی قێزه‌وه‌نه‌ و ناکرێ حاشای لێبکرێت و بشاردرێته‌وه‌ ته‌نانه‌ت ئه‌گه‌ر ئه‌مه‌ به‌ ڕیسوایی خۆشمان کۆتایی بێت. هەروەها ئه‌مه‌ یه‌که‌مجار نییه‌ که‌ کچێکی کورد ده‌کوژرێت و دواجاریش نابێ، ئه‌شێ "دوعا" چانسێکی گه‌وره‌ی بووبێ چونکه‌ شێوازی کوشتنه‌که‌ی به‌ کامێرا و مۆبایل ته‌سویر کراوه‌، ئه‌گینا له‌ناو موسڵمانه‌کانی خۆماندا به‌هه‌زاران نموونه‌ هه‌ن و که‌سیش ئه‌وه‌نده‌ له‌سه‌ری نه‌نووسیوه‌، له‌راستیدا به‌ده‌یان هه‌واڵی به‌مجۆره‌ ده‌بیستین، ته‌نانه‌ت له‌ناو دڵی پێشکه‌وتوترین وڵاتانی دنیادا. به‌پێچه‌وانه‌وه‌ ژنکوژی له‌ناو که‌مینه‌کانی ژێر چه‌تری کورده‌ موسڵمانه‌کان زۆر که‌متر و به‌ده‌گمه‌ن بووه‌.

 من له‌م وتاره‌دا نامه‌وێ ته‌نیا عاتیفه‌ و هه‌ستی خۆم سه‌باره‌ت به‌ "دوعا" ده‌رببڕم، به‌ڵکه‌ ده‌مه‌وێ باس له‌ئاستی کاردانه‌وه‌کان دوای کوشتنی دوعا بکه‌م و له‌میانه‌شیدا گومانی خۆم بخه‌مه‌ ڕوو.

 به‌ر له‌هه‌ر شتێ ئه‌وه‌ی زۆر سه‌رنجی ڕاکێشام، له‌زۆربه‌ی هه‌ره‌ زۆری ئه‌و نوسین و وتارانه‌ی له‌سه‌ر "دوعا" نووسران، که‌س نه‌ینووسی کچه‌کورد و هه‌موو به‌ کچه‌ ئێزدی یان یه‌زیدی ناویان برد. ئه‌وه‌ش دروستکردنی ئه‌ویدی یان بێگانه‌یه‌که‌. ئه‌گه‌ر که‌سێک ئه‌م وتارانه‌ بخوێنێته‌وه‌ وه‌ک که‌سێکی غه‌یره‌ کورد له‌ ئێزدییه‌کان ده‌ڕوانێت نه‌ک وه‌ک کوردی ڕه‌سه‌ن!! هه‌ر به‌کارهێنانی وشه‌ی "یه‌زیدی" خۆی جۆرێکه‌ له‌ نامۆبوون به‌مێژوو و که‌لتوری ئێزدی، ئه‌ویش چینێک که‌ خۆی به‌ رۆشنبیر بزانێت و بچوکترین زانیاریی له‌سه‌ر ئێزدییه‌کان نه‌بێت، جێگه‌ی تێرامانه‌.

 له‌هه‌مووشیان کاره‌ساتتر، بڵاوکراوه‌ی کوردستانیوزه‌. به‌جۆرێکی ئه‌وه‌نده‌ سه‌یر لایه‌نگری له‌و مه‌سه‌له‌یه‌ کردوه‌ که‌ هه‌ر که‌س به‌خوێندنه‌وه‌ی وتاره‌کانی ناوی و گوڵبژێرکردنی جۆری وتاره‌کان ڕاستی ئه‌و بۆچوونه‌ی منی بۆ ده‌رده‌که‌وێ. کوردستانیوز زۆر به‌پێداگرییه‌وه‌ ته‌ئکید له‌سه‌ر موسڵمانبوونی دوعا ده‌کات، له‌کاتێکدا دیارده‌که‌ موسڵمانبوون یاخود نه‌بوونی ئه‌و کچه‌ نییه‌ و ئه‌مه‌ش خۆشکردنی ئاگری شه‌ڕی تائیفییه‌. ئه‌م ڕۆژنامه‌یه‌ به‌شێوه‌یه‌کی سه‌یر هه‌موو ئێزدییه‌کان ده‌خاته‌ خانه‌ی مرۆڤه‌ دڕنده‌کان و پێشوه‌ختیش بڕیاریان له‌سه‌ر ده‌دات.

 ئه‌م ڕستانه‌ی خواره‌وه‌ هه‌ڵبژارده‌ی هه‌ندێک له‌ هه‌واڵ و وتاره‌کانی ناو کوردستانیوزن:

 (دوعا ئه‌و کچه‌ یه‌زیدییه‌ بوو که‌ پاش موسڵمانبوونی... دوابه‌دوای به‌ردبارانکردنی کچه‌ موسڵمانبوی یه‌زیدی "دوعا" و کوشتنی به‌ده‌ستی ژماره‌یه‌کی زۆری عه‌شیره‌ته‌که‌یه‌وه‌ و .... ل ١)

 (دوعا خان ته‌نها له‌به‌ر خاتری ئه‌وه‌ تیرۆر کرا که‌ موسڵمانبوونی خۆی ڕاگه‌یاندووه‌ و پیاوانی ئێزدیش شاهیدن له‌سه‌ر ئه‌و ڕاستییه‌.... بۆیه‌ هه‌ر ئه‌وه‌نده‌ ده‌ڵێم که‌ ته‌نها و ته‌نها ڕێز و حورمه‌ت و که‌رامه‌تی مرۆڤ به‌تایبه‌تی ئافره‌تان ته‌نها لای ئیسلامه‌... ل ٤)

 (ته‌نها هۆی کوشتنه‌که‌ی موسڵمانبوونی دوعا بوه‌، که‌چی هه‌ندێ له‌ یه‌زیدیه‌کان ئه‌یانه‌وێت ناوێکی که‌ له‌م ڕوداوه‌ بنێن، ئه‌مه‌ چ عه‌قڵیه‌تێکی ژه‌نگرتوه‌ گه‌نج و شێخ و گه‌وره‌ و خێله‌کانی به‌عشیقه‌ پیاده‌ی ده‌که‌ن.... ته‌نها له‌به‌ر ئه‌وه‌ی به‌ئازادی خۆی ئاینی ئیسلامی هه‌ڵبژاردوه‌، ئه‌م ڕه‌فتاره‌ دڕندانه‌ییه‌ی یه‌زیدیه‌کان و جلوبه‌رگ و عه‌گاڵیان کوردبونیی خسته‌ ژێر پرسیاره‌وه‌، بۆیه‌ شه‌رم و شوڕه‌ییه‌ کورد که‌سی ئاوا دڕنده‌ و مرۆڤکوژی تیا بێت.... ل ٦)

 (وه‌ڵامێک بۆ درۆ شاخداره‌که‌ی سه‌رۆک عه‌شیره‌تی یه‌زیدیان... به‌وته‌ی ئێوه‌ گوایه‌ له‌سه‌ر ناحیه‌ی ئه‌خلاق وایان له‌دوعای شه‌هید کردوه‌ به‌ڵام کامێرای مۆبایله‌کانتان به‌درۆی ئه‌خاته‌وه‌ که‌ به‌ده‌نگه‌ ناخۆشه‌کانیان هاوار ئه‌که‌ن ئه‌ڵێن (واقع علی دینه‌).. ل ٦)

 (ئه‌و ده‌سته‌ ڕه‌شه‌ی "دوعا"ی موسڵمانی کوشت ده‌ستی جه‌هل و نه‌فامییه‌... به‌ڵام خودای گه‌وره‌ ئه‌و ڕێزه‌ی به‌خشی به‌ئافره‌تان و به‌هاتنی دینی ئیسلام ڕزگاریان بوو... ل ٧)

 (ده‌سته‌ پیسه‌کانی یه‌زیدیه‌ مرۆڤکوژه‌ بێ ڕه‌حمه‌کانه‌وه‌ ... ل ٧)

 (عومه‌ر نه‌ماوه‌ دوعا گیان تا له‌تۆڵه‌ی شه‌هید بونتا شاری شه‌یتان په‌رسته‌کان بسوتێنێ.. یه‌زیدیه‌ بۆگه‌نه‌ شه‌یتان په‌رسته‌کان به‌م کاره‌یان جارێکی تر... شه‌هاده‌تت پیرۆز بێ گوڵه‌ بۆنخۆشه‌که‌ی مزگه‌وت... ل ٨)

 (ئه‌م کاره‌ساته‌ له‌رۆحی شه‌یتانی ئه‌و ئاینزا قێزه‌وه‌نه‌ له‌دایک بوه‌.. ئه‌وان ئه‌سڵه‌ن له‌سه‌ر کورد حساب نین.. ل ٨)

 ئه‌وه‌ جگه‌ له‌وتاره‌که‌ی ڕزگار غه‌فور و نه‌به‌ز گۆران که‌ سه‌راپا هێرشکردنه‌ بۆ سه‌ر ئایینی ئێزدی و سوکایه‌تی کردن به‌و ئایینه‌ نه‌ک قسه‌ کردن له‌سه‌ر کلتوری توندوتیژی.

 ئه‌م سوکایه‌تیکردن و هێرشه‌ بۆ سه‌ر ئایینی ئێزدی له‌لایه‌ن هیچکه‌سێکه‌وه‌ قه‌بوڵ ناکرێت مه‌گه‌ر له‌لایه‌ن ئێزدییه‌کانه‌وه‌، ئه‌ویش به‌حوکمی ئه‌وه‌ی هیچ ده‌سه‌ڵاتێکیان نییه‌. ته‌نانه‌ت له‌هیچ شوێنێکی ئازادی جیهانیش ناتوانی به‌م شێوه‌یه‌ و وه‌ها ڕاشکاوانه‌ هێرش بکه‌یته‌ سه‌ر شته‌ پیرۆزه‌کانی ئایینێک و ته‌شهیریان پێ بکه‌ی.. ئایا موسڵمانێک بچوکترین بێ ڕێزی سه‌باره‌ت ب ه‌محه‌ممه‌د قه‌بوڵ ده‌کات؟ کاریکاتۆره‌کانی محه‌ممه‌د چ هه‌ڵایه‌کیان نایه‌وه‌؟ ئه‌گه‌ر ئه‌و قسانه‌ی له‌ مینبه‌ری کوردستانیوزه‌وه‌ ئاراسته‌ی ئێزدییه‌کان ده‌کرێت، ئایا ئه‌گه‌ر ئه‌م قسانه‌ ئاڕاسته‌ی ئیسلام بکرابایه‌، که‌س قه‌بوڵی ده‌کرد؟

 من به‌خوێندنه‌وه‌ی دێربه‌دێڕی ئه‌م وتارانه‌ ته‌نها شتێکم به‌مێشک گه‌یشت، ئه‌ویش ئه‌وه‌ی که‌ ئه‌وانی تر چه‌نده‌ له‌مێشکی ئێمه‌دا غایب و په‌راوێزن.. چه‌نده‌ بێوێژدانانه‌ هه‌وڵی سڕینه‌وه‌ی به‌رامبه‌ره‌که‌مان ده‌ده‌ین.. له‌بیرمان نه‌چێت ئه‌وانه‌ هه‌موو به‌رهه‌می که‌لتورێکن که‌ کورده‌ موسڵمانه‌کانیش ڕۆڵێکی سه‌ره‌کییان هه‌بوه‌ له‌شکڵگرتنیدا.