‏نمایش پست‌ها با برچسب ئەحمەد ئاڵتان. نمایش همه پست‌ها
‏نمایش پست‌ها با برچسب ئەحمەد ئاڵتان. نمایش همه پست‌ها

۱۳۹۹/۰۳/۱۲

کاولێزا



 ئەحمەد ئاڵتان
لە تورکییەوە: سەلاحەدین بایەزیدی

ئەم وشە سەختە ناوی سترانێکی "میریام ماکبا"یە.
ئەم ژنە گۆرانیبێژەی باشووری ئەفریقا کە بە "ماما ئەفریقا"ش ناسراوە، لە کۆنسێرتێکیدا بەم جۆرە "کاولێزا"ی شی کردبۆوە:
"لە قەراغ شارەکانی ئەفریقای باشوور، لەو گەڕەکانەی ڕەشپێستەکان دەژین، منداڵە بچووکەکان کاتێک ئۆتۆمبێلی پۆلیسەکانیان دەبینی کە بە پاساوی جۆراوجۆر بۆ سەرکوتی خەڵکی دەهاتن، هاواریان دەکرد ''کاولێزا ماما''، یانی ''خێرا کە دایە''. ''خێرا کە دایە، توخوا با نەتگرن''. ئەم گۆرانییە، گۆرانیی ئەو منداڵانەیە."
ئەو گۆرانییەی پەنجا ساڵ لەمەوپێش گوێمان لێ دەگرت، دیسان دێتە چڕین.
ئەو هاوارەی ڕەشپێستە چەوساوەکانی ژێر سەرکوت و زەبروزەنگی پڕ لە قین و نەفرەتی سپیپێستەکان کە ببووە گۆرانی، ئەم جارە بە کوردی دەگوترێتەوە.
لەسەر ئەو خاکانەی تەنانەت لەمەڕ ناوەکەیشی ڕێک نەکەوتووین و تورکەکان پێی دەڵێن باشووری ڕۆژهەڵات و کوردەکان پێی ئێژن کوردستان، ''لە گەڕەکە کوردنشینەکان''، منداڵەکان کاتێک چاویان بە تانک و تۆپ و ئۆتۆمبێلی زرێپۆش دەکەوێ، دەقیڕێنن "خێرا کە دایە"، "ڕاکە، دەتپێکن".
هاواری دایکانیش جیاوازییەکی ئەوتۆی لەگەڵ ناڵە و قیڕەی منداڵاندا نییە، ئەوانیش هاوار دەکەن "ڕاکە ڕۆڵەم"، "دەتکوژن هەڵێ."
تۆپچییەکان، قەناسە هاوێژەکانی سەربانەکان، هێزەکانی تایبەت بە ڕەشاش و دەمانچە لە پشتەوە منداڵان دەپێکن…
داپیرە و باپیرەکان کە هەوڵ دەدەن نەوەکانیان بگەیەننە نەخۆشخانە بە گولـلە ڕێخۆڵەیان دێتە دەرێ، تەرمی ژنانی دووگیان لە کۆڵانەکان بەجێ ماوە، لەبەر ئەوەی ساردخانەکان پڕاوپڕن لە مردوو، منداڵە کوژراوەکان لە بەفرگرەکاندا دەشاردێنەوە.
میدیای تورکیش لە سەلاحەدین دەمیرتاشی هەڵپێچاوە کە بۆ نابیتە تورکیایی؟
باشە بۆچی بۆخۆتان نابنە تورکیایی؟
ئاخۆ تورکیایی بوون تەنیا ئەرکیی کوردەکانە؟
تورکەکان نابنە تورکیایی؟
ئەوێ خاکی تورکیا نییە؟
بۆچی کوشتنی کۆرپەی پێنج مانگە، منداڵی سێ ساڵە، لاوی خوێنگەرم، ژنی دووگیان و دایک و باوکانی بەساڵاچوو سرنجی ئێوەوانان ڕاناکێشێ؟
بۆچی لەپێناو پاراستنیاندا بچووکترین کاردانەوە نیشان نادەن؟
بۆچی کوشتنی کورد بە دەستی تورکەکان هێندە بە لاتانەوە ئاساییە؟
چما کە منداڵی کورد دەمرن بە ڕادەیەک بێویژدان و کوێرن کە گازندەنەکردن بە مافی خۆتان دەزانن؟
بۆچی هەم لە ڕوانگەی ئێوەوە تورکیا تەنها بریتییە لە "ڕۆژئاوا" و هەم بانگەواز ئاڕاستەی کوردەکان دەکەن "تورکیایی" بن؟
سەرەتا خۆتان تورکیایی بن.
خاوەندارێتی لەو مرۆڤانە بکەن کە لەسەر ئەم خاکانە دەمرن.
هەست بە ئازاری ئەو منداڵانە بکەن کە لە پێش چاوان دەپێکرێن.
تەنانەت بە خەیاڵیشتاندا نایە، وا نییە؟ چونکە ئەوان کوردن… مەرگی ئەو منداڵەی سێ مانگ لەمەوپێش لەدایک بووە، لەبەر ئەوەی لە نێوچاوانی نووسراوە "کورد"، هیچ بە لاتانەوە گرنگ نییە، گرنگ نییە کە ئەو منداڵە دەبێتە ئامانجی نیشانەشکێنێکی تورکێک، ئەو هەر لە ئان و ساتی لەدایکبووندا، لەسەر سینگی دەنووسرێ "دەکرێ بکوژرێ"، وا نییە؟
بپێکن، بکوژن، لە لایەکی دیکەشەوە گازندە بکەن، بەو کەسەی لەسەر ئەم منداڵانە وەدەنگ دێ بڵێن "خیانەتکار".
بە سڕینەوەی هەدەپە لە مەیدانی سیاسەت، بە پاساوی ئەوەی گۆیا نابێتە حزبێکی "تورکیایی"، گرنگترین دەرفەتی ئاشتی دەفەوتێنن… هەدەپە، گرنگترین و تاکە ئاکتەر بوو کە دەیتوانی بە سیاسەت ڕێگەی ئاشتی بۆ سەرانسەریی ئەم وڵاتە بکاتەوە، بۆ ئەوەی ئاکەپە لە "هەڵبژاردنی خولی دووەم" بیباتەوە، پەلاماری هەدەپەتان دا، هێزی هەدەپەتان تێکشکاند، بەڵام لەڕاستیدا، ئەوەی تێکتان شکاند، ئەگەری ئاشتی بوو.
هەدەپە تاکە حزب بوو کە دەیتوانی تورک و کورد لە ژینگەیەکی ئاشتییانە و دیموکراتییانەدا لێک کۆبکاتەوە… ئێوە نەتانویست ببێتە تورکیایی، ویستتان ببێتە تورک… چارەسەری ئەوە نییە ئەو حزبە ببێتە تورک، چارەسەری لەوە دایە ناسنامەی کوردبوونی لەدەست نەدا و داکۆکیی لە دیموکراسی و ئاشتیی هاوبەش بکا.
ئێوە لەبەر تورکبوون ڕێگەتان بە تورکیایی بوون نەدا، نەتانویست هەمووان لە دەوری ئامانجێکی هاوبەش کۆببنەوە، بە هۆی ئەوەی بەرژەوەندیتان لە دوژمنایەتی کردندا بوو، دەرفەتی "تورکیایی بوونتان" بۆ سەرانسەری وڵات لە کیس دا.
کێ نابێتە تورکیایی؟
ئەوەی نابێتە تورکیایی، ئێوەن.
ئێوەن پشتیوانی لە مەرگ و توندوتیژی و شەڕ دەکەن.
گۆیا منداڵانی کورد لە گەڕەکەکان "خەندەق" لێ دەدەن.
ئێ، دە باشە، کەواتە با بچین منداڵان بدەینە بەر دەسڕێژ.
دووهەم گەورە سوپای ناتۆ لە گەڕەکە کوردنشینەکان، لەگەڵ منداڵانی تەمەن چواردە و پانزە و شانزە ساڵدا "شەڕ" دەکا، گەلۆ زۆرتان پێ "ئاسایی"یە سوپایەک بچێتە جەنگی منداڵانەوە؟
ئایا پێتان خۆش نییە بزانن ئەو "شەڕکەر"انەی ئەوێ کێن و تەمەنیان چەند ساڵە؟
ئەوان منداڵن.
خەندەق لێ دەدەن، ڕێکخراو دادەمەزرێنن، شەڕ دەکەن بەڵام منداڵن.
قەت پێتان خۆش نییە لەو هۆکارانە بگەن کە بۆچی کۆمەڵگەیەک خەندەق بە منداڵانی خۆی لێدەدا و هەندێک لەوان چەک هەڵدەگرن و دەبنە شەڕکەر؟
ئاخۆ ڕێگەچارەی کێشەیەکی ئاوا ئەوەیە دەوڵەت بە تانکەوە بکەوێتە نێو ئەو گەڕەکانەوە، بیناکان بداتە بەر تۆپ و یەکە یەکە بیانڕووخێنێ، خەڵک لە کۆڵانەکان بداتە بەر دەسڕێژ و بیانکوژێ، تینوو و برسی، بنەماڵەکان لە ژێرزەمینە ساردوسڕەکاندا بپەستێوێ؟
هیچ دەوڵەتێک شەڕێکی ئاوا ناباتەوە.
شەڕکردن لەگەڵ ئەو منداڵانە و چوونە ناو گەڕەکەکانیان بە تانک و تۆپەوە بەو مانایە دێ کە ئێوە ئەو شەڕەتان دۆڕاندووە، ئەگەر تەنانەت دوایین کەسی ئەوێ سەرکوت بکەن، منداڵ، بەساڵاچوو و ژنانیش بکوژن، دیسان لەو شەڕەدا سەرناکەون.
دونیا هەمووی، گشت مرۆڤەکان و مێژوو گوێ لە گۆرانیی و هاواری ئەو منداڵانە دەگرێ.
هەر بوونەوەرێک لە دونیادا تۆسقاڵێک ویژدانی هەبێ، لایەنی ئەوە ناگرێ منداڵەکان بە تانک بکوژرێن.
تانک و تۆپت هەیە، گۆرانیت نییە.
گۆرانییەکان، منداڵە کوژراوەکان دەیانچڕن.
ئێوە کە شاییتان بە زۆروزەوەندبوون و بەهێزتربوونی بەڕێوەبەرایەتیی دەوڵەتە، نەفرەت لە کوردەکان چاوتانی کوێر کردووە.
دەڵێن هۆکاری هەڵگیرسانی ئەم جەنگە "منداڵانی خەندەقلێدەر"ن، لێ تەنانەت بۆ جارێک ناتانەوێ ببینن کە سەرجەم ئەم هۆڤێتییە سەرمایەیەکی خوێناوییە بۆ ڕاپرسیی "سەرۆکایەتی".
بە هۆی ئەوەی داکۆکیتان لە خاک، مرۆڤەکان و وڵاتی خۆتان نەکرد و نەبوونە "تورکیایی"، ئەم وڵاتە لەبەر یەک هەڵدەوەشێننەوە.
تورکیا پارچە پارچە دەبێ، تەنانەت ئەمەش نابینن.
پێتان وایە بە "ئۆپەڕاسیۆنی ئاوەز" هەموو شتێکتان چارەسەر کردووە.
ئۆپەڕاسیۆنی ئاوەز، یانی بۆ کەسێک کە لە نهۆمی بیستەمەوە بە سەر فڕێ دراوەتە خوارێ، بانگەشە بکەی کە "هەڵفڕیوە".
ئەگەر کەسەکە بە دەمدا کەوتبێ، جەرگ و ڕیخۆڵە و پەنکریاسی تەقیبن، ئێسکەکانی وردوخاش بووبن و ئێوە هەتا دەمرێ بڵێن "ئەوەنێ دەفڕێ"، دەتوانن درێژە بە "ئۆپەڕاسیۆنی ئاوەز" بدەن، بەڵام ئەم ئۆپەڕاسیۆنانە هیچ لەو ڕاستییە ناگۆڕن کە کەسەکە سەرەوژێر بەسەر عەرزەکەدا کەوتووە.
دەسەڵات پێی وایە بە دوژمنایەتی، شەڕ، کوشتن، توندوتیژی، کۆکردنەوەی "نەتەوەپەرستانی تورک" لە دەوروبەری خۆی، لە ڕیفڕاندۆمدا سەردەکەوێ بەڵام ئەگەر بەم جۆرە بڕواتە پێش، لە کاتی بەڕێوەبردنی وەها ڕیفراندۆمێکدا شتێک بە ناوی تورکیا نامێنێتەوە.
بە هاویشتنی هەر فیشەکێک، بە کوشتنی هەر منداڵێک، زیاتر کوردەکان لەم وڵاتە دادەبڕن.
باشە بە شەڕکردن لەگەڵ منداڵان یەکێتیی کام "میللەت" سەقامگیر دەکەن؟
ئاخۆ نازانن تایبەتمەندیی بوونە "میللەت"ێکمان لەدەست داوە؛ تەنها بە "ڕێبازێکی هاوبەش" دەتوانن بە میلیۆنان مرۆڤ کە لە ڕەگەز، ئایین، مەزهەب، بیروڕا و چینی جیاواز پێک هاتوون، بکەنە میللەت؟
لە تورکیا "ڕێبازێکی هاوبەش" ماوەتەوە؟
ڕێبازیی کورد و تورک هاوبەشە؟
ڕێبازیی ئەوانەی ئاکەپەیین و ئەوانەی ئاکەپەیی نین، هاوبەشە؟
جەماوەرێکی هەشتا میلیۆنی چۆناوچۆن بە پارچەکردن، لێکدابڕان، گرتن و کوشتن دەهێنیتە دۆخی "میللەت"ێکەوە؟
لە بری ڕێبازێکی هاوبەشی ونبوو، "توندوتیژی" دەسەپێنن، پێتان وایە دەتوانن مرۆڤەکان بە تۆبزی لێک کۆ بکەنەوە.
میللەت بەم ئاریشەیە چێ نابێ، بەم ئاریشەیە جەنگ هەڵدەگیرسێ.
بە خۆتان دەڵێن "با سیستەمی سەرۆکایەتی بێتە دی، پاشان کوردەکان بە داری زۆر دەهێنینە سەر ڕێ"، بەڵام ئەوە پەکەکە لە سووریا، بە پشتیوانیی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا و ڕووسیا، ڕووباری فرات تێدەپەڕێنێ، دەبێتە هێزێکی نێونەتەوەیی و فاکتەرێکی گرنگ لە گۆڕەپانی جیهانیدا.
ئەگەر تورکیا کە بە هیچ شێوەیەک دەستی بە سووریا ڕاناگا و لە شوێنی خۆی فڕۆکەی ڕووسیا دەپێکێ، لەگەڵ سیاسەتەکانی پەکەکە بەراورد بکەن کە هەم لەگەڵ ڕووسیا و هەم لەگەڵ ئەمریکا پەیمانی بەستووە و بۆتە یەکێک لە گرنگترین هێزەکانی سووریا، کامیان سەرکەوتووتر دێنە بەرچاو؟
بۆ ئەم پێشهاتانە سیاسەتگەلی گونجاو دەگرنە بەر یان سیاسەتی تەواو ناکۆک و دژ بە یەک؟
ئاخۆ بە ڕەتکردنەوەی ڕاستییەکان و قەتیسمان لە نێو خەیاڵی "سەرۆکایەتی"دا و بۆ ئەم مەبەستەش کوشتنی منداڵان، ژیانی هێمنانە و ئاشتییانە لە تورکیا دێتە دی؟
ئەم دەسەڵاتە، ئێسک و گۆشتی تورکیا لێک جیا دەکاتەوە.
هەنجن هەنجنی دەکا.
ئەم دەسەڵاتە نابێتە "سەرانسەری و تورکیایی".
نابێتە دەسەڵاتی تورکیا.
هەتا نەبیتە تورکیایی، هەتا نەبیتە خاوەنی کۆرپەکەی شاری "سوور"، دەتوانی ئەم وڵاتە بەڕێوە ببەی؟
بە ناردنی تانکەکان بۆ ناو گەڕەکەکان، ئاخنینی گرتووخانەکان بە ڕۆژنامەنووسان و تەخشان و پەخشان کردنی بێ ئینسافانەی بوودجەی دەوڵەت، لە پشتەوە چەقۆ لەم وڵاتە دەدەن.
ئێوە پێتان وایە تەنها منداڵەکان دەکوژرێن، بەڵام نابینن کە لە ڕاستیدا تورکیا دەکوژرێ.
هەتا ئەم دەسەڵاتە لەسەر کار بێ، تورکیا ڕزگاری نابێ.
ئەوەی لە پاش ئەم دەسەڵاتە بەجێ دەمێنێ، وڵاتێکی پەرشوبڵاو، مرۆڤگەلی کوژراو، توندوتیژییەکی هۆڤانە و گۆرانییە دڵتەزێنەکانی منداڵانی کورد دەبێ:
"ڕاکە دایە، دێن بتکوژن."

۱۳۹۶/۱۲/۱۲

نامەیەکی کراوە بۆ ئەردۆغان


کەمال داود
لە فەڕەنسییەوە: سەلاحەدین بایەزیدی

 
 بە ناوی ئەوانەی کوژراون، گیراون و ئەشکەنجە کراون، بەخێر نەیەی ئەی ئەردۆغان!
نەخێر ئەی ئەردۆغان، بەخێر نەیەی بۆ جەزائیر.
ئێمە وڵاتێکین پێشتر بە خوێن و ڕۆندک باجمان داوە بەوانەی ویستویانە خەلافەتی خۆیان بە سەر ئێمەدا بسەپێنن، بیری خۆیان بخەنە سەرووی جەستەی ئێمەوە، ئەوانەی منداڵەکانیان بە بارمتە گرتووین، ڕۆح، نوخبە و دەرفەتەکانی داهاتوویان کوشتووین. ئێوەش بەشێکن لەو بنەماڵەیەی کە بە ناوی خودا و بە ناوی ئایین بۆ پاشەوە هەنگاو دەنێ، یارمەتیی ئابووری دەدەن، پشتیوانیی لێ دەکەن و خەون بەوەوە دەبینن ببنە سەرۆکێکی نێونەتەوەیی.
ئەو ئیسلامچێتییەی بۆ ئێوە نانی تێدایە، بووە چارەڕەشی بۆ ئێمە و فەرامۆشی ناکەین، ئێوە ئەمڕۆ بە بیرتان هێناینەوە. ئێوە نەک هەر سێبەر و باڵ دەخەنە سەر ئەوانەی دەیانەوێ وڵاتەکەمان لەبەردەم "بابی عالی"ی ئێوە بە چۆک دابێ، بەڵکوو لە هەمانکاتدا ڕۆحێکی پێچەوانەی نەتەوەی ئێمە دەهێننە دی: ئێوە بێزتان لە ئازادی و ڕۆحی ئازاد هەڵدەستێ، ئێوە حەزتان لە خۆهەڵکشاندن و مامەڵەی بازرگانییە لە ڕێگەی ئایینەوە، ئێوە خەون بە خەلیفەیەک لە سەر پشتی ئێمە و گەڕانەوە بۆ سەر خاکەکانمان دەبینن.
ئەمڕۆ، ئەمە لە ڕێگەی پشتیوانیی لە حزبە ئیسلامییەکانی لەمەڕ خۆمان، بە پێشکەش کردنی دیاری لە لایەن کۆمپانیاکانی سەر بە ئێوە، بە دەست ڕۆیشتوویی کۆڕ و کۆمەڵە زنجیرەییەکان و کۆنتڕۆڵکردنی مزگەوتەکان بەرە بەرە بەدی دێ. شێوازە کۆنەکانی "برایانی موسڵمان"تان کە بە دەستێک بەهەشتی خودامان نیشان دەدەن و بە دەستەکەی تر، گۆڕی ئێمەمانان هەڵدەکەنن.
نەخێر جەنابی ئەردۆغان، ئێوە مرۆڤێکی یاریدەدەر نین، خەباتکارێکی ئازادی نین، پیاوێکی بەپرەنسیب و لایەنگری "مافی چارەی خۆنووسینی گەلان" نین، بەتایبەت کە دەبینین چۆن بە ئاگری مەرگ خۆتان بە سەر کوردەکان و نەیارانی دیکتاتۆرەکەتاندا دەسەپێنن.
ئێوە لە ڕۆژهەڵاتی نزیک لەگەڵ قوربانی دەگرین و لەو لاشەوە لە تەک جەلـلادەکەیدا گرێبەست واژۆ دەکەن. ئێوە خەون بە کەرامەتی ئێمەوە نابینن، بەڵکوو خەون بە خەلافەتی خۆتانەوە دەبینن. ئێمە، سەرکوتەکانتان، لیستی ئەو تورکانەی دەبێ بگیردرێن، گرتووخانە سامناکەکانتان کە ڕۆژ بە ڕۆژ زیاتر تەژی دەبن، مەحکەمەکانی ژێر فەرمانی کۆشکەکانتان، ڕووداماڵاوی و خۆهەڵکشانەکانتان لە یادەوەریماندا دەهێڵینەوە.
ئێوە خەون بەوەوە نابین پەرە بە مرۆڤایەتی بدەن، بەڵکوو دەتانەوێ ڕۆڵی ئەمڕۆی عوسمانییەکان و ئەربابە چنگ بە خوێنەکانیان ببینن. ئیسلام بۆ ئێوە پەیژەیە، خودا ماڕکەیەکی بازرگانییە، مۆدێرنیتە دوژمنە، فەلەستین جامخانەیەکە و ئیسلامییە خۆجێیەکان کۆمەڵێک خزمەتکاری واق وڕماوی دەربارتانن.
مێژوو، فێل و تەڵەکەکانتان بۆ هێشتنەوەی دەسەڵات دێنێتەوە یاد، هەروەها کودەتا شاراوەکانتان، ڕاوەدوونانی مرۆڤەکان و جیاوازییەکان، ئەشکەنجەکراوان و مردێندراوەکاوی شیاوی سەرزەنشتی ئێوە لە سەرانسەری تورکیا.
مێژوو، بۆردومانەکانتان، شەڕە تەمبێکەرەکانتان و دۆشداماویتان بۆ دیالۆگ و شەڕەف بەس لەپێناو خۆتان و ڕۆمانی تایبەتیی خۆتان دێنێتەوە بیر. دەنگدانتان بۆ قودس بۆ ئەوە نەبوو بازرگانی پێوە بکەن؟ لێمان گەڕێ با لەگەڵ فەلەستینییەکان لە قاقای پێکەنین بدەین: فەلەستین سندووقی بوودجەی کاروانی ئێوەیە. وەک چۆن بۆ زۆر کەسان وایە. باش دەزانن بچنە سەر پشتی چەماوەکان!
لە جەزائیر، ئێمە لە چنگ ئەو کەسانەی خۆیان لە بری خودا دانا و بڕیاریان دا بە پێی میزاجی خۆیان ژیان ببەخشن و بیستێنن، ئازارمان چێشت و ئێستاش دەیچێژین. ئەوانن چەپڵە بۆ هاتنی ئێوە لێ دەدەن نەک ئێمە. ئێوە بوتی ئیسلامییەکانی جەزائیر و پۆپۆلیستەکانن، ئەوانەی ناتوانن بێ زەماوەندی کاتی لەگەڵ خەلیفەیەک بیر لە دەسەڵات بکەنەوە.
ئێمە وڵاتێکین بە خەونی ئازادییەوە، هەرچەند برابێتە ژێر پرسیاریش، وڵاتێکی کەرامەتین. ئەمە نە لە چوارچێوەی عەوداڵی بەرزەفڕی ئێوە دایە و نە لە چوارچێوەی ئاکارباشیتاندا.
تورکیای شۆختان کردە گرتووخانەیەک، هاوکات بازاڕێک بۆ ئەوانەی خۆتان، بۆ کەسانی نزیکتان، کردتانە میرنشینێکی بچووک. هیوادارین ئەم نەتەوە جوانە بە سەلامەتی لە چنگ ئێوە ڕزگاری بێ، بەندکراوەکانی، ئەشکەنجەکراوەکانی، مردووەکانی و منداڵە بۆردومانکراوەکانی زیندوو بمێننەوە. ئێوە وەهمێکن، خۆیشتان دەزانن و ئێمەیش.
ئێوە یاری بە مێژووی سووکایەتی پێکردنمان، بە هەستمان و بە بیروبڕوامان دەکەن، بۆ ئەوەی خۆتان وەک ڕزگاریدەر نیشان بدەن، ئەوەی ڕاستی بێ، ئێوە گوڕهەڵکەنن. پێشان بۆ وڵاتی خۆتان و پاشان بۆ جیرانەکانی. تورکیا موعجیزەیەکە کە هیچ بە ئێوە قەرزدار نییە، بەڵام قەرزداری ئەو ژن و پیاوە ئازادانەیە کە دیسان هێنایانەوە دونیا و بەهایان بۆ گەڕاندەوە. وەک ئەحمەد ئاڵتان کە بەمدواییانە سزای گیرانی هەتا هەتایتان بەسەردا سەپاندووە.
ئەخر وەک هەموو ئیسلامییەکانی تر، ئێوە حەز دەکەن سەرکەوتنی ئەوانی تر بدزن، چاوەڕێ دەبن تا شۆڕشەکان پێ بگەن بۆ ئەوەی بیانخەنە ژێر ڕکێفی خۆتانەوە و لە ژێر ناوی خودا یان مێژوودا، خۆتان بە خەلیفە لەقەڵەم بدەن. پۆپۆلیزمی ئێوە ئەم وڵاتە جوانە دەبەزێنێ و واعیزەکانتان ناتوانن تاوانەکانتان پەردەپۆش بکەن. ئیسلامی و پۆپۆلیستەکانی ئێمە کە پێشتر لای وەهابییەکان پشتیوانیی ماددیان دەست دەکەوت و ئەمڕۆکە لای ئێوە، لە ئێمە نین، خەڵکانی ئێمە نین. ئەوان بەس حەرەمی ئایدیۆلۆژیای ئێوەن.
مێژوو، مردوو و گیراوەکانی تورکیا بە بیر دێنێتەوە، ئەم وڵاتە جوانەی ژێر ڕکێفی خەلافەت، سڕینەوە و گەندەڵییەکانتان، فڕۆکە جەنگییەکانتان و کۆشکە دادپەروەرییەکانی ژێر فەرمانی دادی ئێوە دێنێتەوە بیر. لە جەزائیر کۆمەڵێک شتی ناشیاو لە زاکیرەی ئێمەدا ماوەتەوە. دەبێ پێتان بگوترێ بۆ ئەوەی وەک داگیرکەرێکی عوسمانی نەیەنە وڵاتی ئێمە، وەک باربارۆسی ڕزگاریبەخش. ئێمە زۆر باش شارەزای مێژووی ئەو چەتانەی دەریاین کە خۆیان وەک ڕزگاریدەر نیشان داوە. زۆر باش.
ئێمە خەون بە وڵاتێکی خورت، ئازاد و بەدەسەڵاتەوە دەبینین، وڵاتێکی سەقامگیر و بەختەوەر بە باب و کاڵ و دەسکەوتەکانی. جیاوازییەکان، ئیمان و سەرهەڵدان پەسند بکا، ئایین بژاردە بێ، هیوا ئەرک بێ، فرەچەشنی ماف بێ و بەختەوەری ئامانجی هاوبەش بێ.
ئێمە پێویستیمان بەو هاوڕێ و هاوپەیمانانە هەیە کە دەستیان بە خوێن سوور نەبووبێ. فێڵ و تەڵەکەی ئێوە لای ئێمە ڕێی پێ نادرێ. دارودەستەی ئێوە لێرە داهاتوویان نییە.
ئێوە لە سەر خاکێکی داگیرکراو نین. هەر وەک باب و باپیرانتان کە خاکی ئێمەیان داگیر کرد، ئێوەش لێرە ناتوانن ڕەگ دابکوتن. تەنیا وەهمی داگیرکەری دروست دەکەن. وەک گشت کۆلۆنیالیستەکان.

سەرچاوە: http://www.huffpostmaghreb.com/algerie/

۱۳۸۹/۰۸/۰۶

وتوێژی ڕۆژنامه‌ی "رادیکاڵ" لەگەڵ موراد قەرەیڵان



ئاماژە: قه‌ندیل بۆته‌ جێی سه‌رنجی ڕۆژنامه‌نووسه‌ هه‌رێمی و بیاینیه‌کان. به‌مدواییانه‌ چه‌ندین ڕۆژنامه‌نووسی تورک ڕوویان کرده‌ قه‌ندیل و له‌گه‌ڵ که‌سی ژماره‌ یه‌کی په‌که‌که‌، موراد  قەرەیڵان چاوپێکه‌وتنیان ئه‌نجامدا‌. حه‌سه‌ن جه‌مال (رۆژنامه‌ی میللیه‌ت)، عه‌مبه‌رین زه‌مان (رۆژنامه‌ی خه‌به‌ر تورک)، عوسمان ساغرلی (رۆژنامه‌ی تورکیا)، ئه‌حمه‌د ئاڵتان و یاسه‌مین چۆنگار (رۆژنامه‌ی ته‌ڕه‌ف) و ئێستاش ئه‌رتوغرول ماڤی ئۆغڵو له‌ ڕۆژنامه‌ی ڕادیکاڵه‌وه‌ له‌ نزیکه‌وه‌ دیدارو چاوپێکه‌وتنیان لەگەڵ  قەرەیڵان ئه‌نجامداوه‌. له‌م وتوێژه‌دا ئه‌رتوغرول بانگه‌شه‌ ده‌کا که‌ یه‌که‌مجاره‌  قەرەیڵان وا بێپه‌رده‌ بۆ ڕۆژنامه‌یه‌کی تورکیا قسه‌ ده‌کا و وتوێژه‌که‌ به‌ "دانپێدانان" وه‌سف ده‌کا. هه‌ر چه‌ند ئه‌وه‌ له‌ ناو ڕۆژنامه‌نووسان و ڕۆژنامه‌کانی تورکیادا باوه‌ و هه‌میشه‌ هه‌وڵ ده‌ده‌ن و پێیان خۆشه‌ "یه‌که‌مین" بن و هه‌موو که‌سیش "یه‌که‌مین" شته‌کان به‌ ئه‌وان بڵێ.

سازدانی: ئه‌رتوغرول ماڤی ئۆغڵو
له‌ تورکییه‌وه‌: سه‌لاحه‌دین بایه‌زیدی

 
له‌ دۆڵی ئاکۆیانه‌وه‌ به‌ره‌و قه‌ندیل

له‌ تاریک و ڕوونی به‌یاینیه‌وه‌، نزیکه‌ی دوو کاتژمێر له‌ به‌رده‌م خانوویه‌ک چاوه‌ڕێم کرد. ماوه‌یه‌کی تر دێن و ئه‌و پیاوه‌ی له‌ به‌رامبه‌رم داده‌نیشێ، ده‌ڵێ "ئیتر تێگه‌یشتووین ده‌وڵه‌ت متمانه‌ی به‌ ئێمه‌ نیه‌، به‌ڵام ئێمه‌ش متمانه‌ به‌ ده‌وڵه‌ت ناکه‌ین." باس له‌و هه‌نگاوانه‌ ده‌کا که‌ له‌ درێژکردنه‌وه‌ی ئاگربه‌ستدا ڕۆڵیان هه‌یه‌ و زۆر ڕاشکاوانه‌ باس له‌ په‌یوه‌ندییه‌کانیان لەگەڵ ئێران، ویلایه‌ته‌ یه‌کگرتوه‌کان و ئیسرائیل ده‌کا. تا ئێستا وه‌ها ڕاشکاوانه‌ لەگەڵ که‌سدا قسه‌ی نه‌کردووه‌. گوتی "له‌مه‌وبه‌دوا له‌ لایه‌ن په‌که‌که‌وه‌ زیان به‌ که‌سانی سڤیل ناگا".

له‌گه‌ڵ نزیک بوونه‌وه‌ی ده‌نگی ئه‌و ئۆتۆمبێله‌ی به‌ره‌و قه‌ندیل ده‌ڕوا، له‌شوێنی خۆم هه‌ڵده‌ستم و ده‌چمه‌ به‌رده‌می. ئه‌و پیاوه‌ی خۆی به‌ "ده‌نیز" ده‌ناسێنێ، "مه‌رحه‌با"م لێده‌کا و ده‌م به‌ بزه‌ ده‌ڵێ: به‌خێر بێن. پێموابێ ڕێگه‌یه‌کی تاقه‌ت پڕوکێن بوو. گه‌لۆ ئاماده‌ن؟

له‌ناو تۆیۆتایه‌کی چوار ته‌گه‌ری جووت کابینه‌دا، هه‌ست ده‌که‌ی وه‌کوو چۆمێکی خرۆشاو له‌ناو دۆڵی ئاکۆیان که‌ ده‌که‌وێته‌ نێوان دیانا و ڕانیه‌وه‌، به‌ره‌و پێشه‌وه‌ ده‌چی. ڕێگایه‌ک که‌ ڕووی له‌ ناوچه‌کانی ئێرانه‌، فراز و نشێو و پێچ و خه‌می زۆر تێدایه‌ و هه‌ر چۆنێک بێ مرۆڤ هه‌ڵده‌به‌زێنێته‌وه‌.

تۆیۆتا له‌ شوێنێک ده‌وه‌ستێ و بۆ دواوه‌ ده‌گه‌ڕێته‌وه‌. پاش پێنج خوله‌ک ڕۆیشتن، سه‌ر له‌نوێ ده‌وه‌ستێ و هه‌مدیس بۆ دواوه‌ ده‌گه‌ڕێته‌وه‌. زۆر به‌ ساده‌یی ده‌پرسم "رێگه‌تان هه‌تڵه کردووه‌؟" ئه‌و، که‌ چیا ڕوخساری سووتاندبوو، گوتی "نه‌خێر، چاوه‌ڕوانی هێمایه‌کم." به‌ڵام من له‌ ده‌وروبه‌ر ده‌ڕوانم و جگه‌ له‌ مه‌ل، له‌ ده‌عبا، له‌ دار و گوڵ، ئاماژه‌یه‌ک له‌ بوونه‌وه‌رێکی زیندوو نابینم. ئینجا سه‌رله‌نوێ ئۆتۆمبێله‌که‌ ده‌وه‌ستێ. شوفێر ده‌ڵێ "له‌مه‌وبه‌دوا هه‌ندێک به‌ پێ ڕێ ده‌که‌ین." هیچکه‌س له‌و ناوه‌ به‌دی ناکرێ. بێگومان ڕێپێوانێکی دوور و درێژمان له‌ پێشه‌. به‌ده‌ربه‌ندێکی بچووکدا تێده‌په‌ڕین و ناوچه‌یه‌کی سه‌وز دێته‌ به‌ر ده‌ممان. کتوپڕ چه‌ند چه‌کدارێک خوویا ده‌که‌ن، له‌ ژن ده‌چن. بێده‌نگ و وریا. له‌ پاش سه‌ریان موراد  قەرەیڵان ده‌بینرێ، ناوی ژماره‌ یه‌کی په‌که‌که‌ له‌ ده‌ره‌وه‌. ئه‌و که‌سه‌ی له‌ هه‌موو شوێنێکی جیهان به‌ دوایدا ده‌گه‌ڕێن. به‌گوێره‌ی ناسنامه‌که‌ی، ساڵی ١٩٥٤ له‌ "بیره‌جیک" له‌دایک بووه‌. ساڵی ١٩٧٩ به‌شداری ڕیزه‌کانی په‌که‌که‌ بووه‌. به‌ر له‌ کوده‌تای ١٢ی سێپته‌مبه‌ر په‌ڕیوه‌ی ده‌ره‌وه‌ی وڵات بووه‌ و قه‌ت نه‌که‌وتۆته‌ گرتووخانه‌وه‌. له‌ من نزیک ده‌بێته‌وه‌ و ته‌وقه‌م لەگەڵدا داکا: "به‌خێر بێن."

ئه‌وانیش وتوێژه‌که‌ تۆمار ده‌که‌ن

ئێستا له‌ناو تاوڵێک داین که‌ سه‌ره‌وه‌ و ده‌وروبه‌ری داپۆشراوه‌. مێزێک و سێ کورسی لێ دانراوه‌ و حه‌سیرێکیش له‌ سه‌ر ئه‌رزه‌که‌ ڕاخراوه‌. پێڵاوه‌کان داده‌نێین. موراد  قەرەیڵان له‌سه‌ر کورسیه‌ک داده‌نیشێ. منیش له‌ نزیک ئه‌و. له‌به‌رامبه‌رمدا بۆزان ته‌کین یه‌کێک له‌ به‌ڕێوه‌به‌رانی په‌که‌که‌ داده‌نیشێ. له‌ کن ده‌نگ هه‌ڵگره‌که‌ی من، ئه‌وانیش ده‌نگ هه‌ڵگری خۆیان داده‌نێن. وێنه‌ ده‌گرن و مۆڵه‌تم لێ وه‌رده‌گرن بۆ ئه‌وه‌ی چه‌ند خوله‌کێک به‌ کامێرا، چاوپێکه‌وتنه‌که‌ تۆمار بکه‌ن تاکوو له‌ ئه‌رشیڤی خۆیاندا هه‌بێ. ته‌نیا باس له‌سه‌ر ڕۆژه‌ڤی شه‌ڕو ئاشتی له‌ تورکیا و ئه‌و بابه‌تانه‌ی دیکه‌ ناکه‌ین که‌ قسه‌یان زۆر له‌ سه‌ر ده‌کرێ، به‌ڵکوو پێداگرم له‌سه‌ر ئه‌و پرسیارانه‌ی به‌ ساڵانه‌ سه‌باره‌ت به‌ په‌که‌که له‌ مێشکمدا که‌ڵه‌که‌ بوون. پرسیار ده‌که‌م و  قەرەیڵان وەڵام ده‌داته‌وه‌...

ئاخۆ دوا مۆڵه‌تی ئاگربه‌ست ٣١ی ئۆکتۆبه‌ره‌؟

له‌ڕاستیدا ئێمه‌ به‌رده‌وام لایه‌نگری ئاگربه‌ست و دژی شه‌ڕین. پێویسته‌ هه‌نگاوی متمانه‌به‌خش به‌رز بکرێنه‌وه‌. هه‌نگاوێک که‌ کۆتایی به‌ ئۆپه‌راسیۆنه‌کان بێنێ. پێشخستنی پێڤاژۆی دیالۆگ لەگەڵ ئۆجه‌لان واتایه‌کی گرنگی هه‌یه‌. دوا چاوپێکه‌وتن له‌ به‌رواری ١٦ی سێپته‌مبه‌ردا ئه‌نجام دراوه‌. پێویسته‌ شێوازێکی ئه‌رێنی، متمانه‌به‌خش و به‌سوود بۆ چاره‌سه‌ری به‌کار ببرێ. چاوه‌ڕوانین و هێشتا بڕیارمان نه‌داوه‌. ناتوانین شانبه‌شانی هه‌ڵسوکه‌وته‌ نه‌رێنیه‌کان، هه‌ڵوێستێکی ئه‌رێنی بنوێنین. هه‌ندێک شتیش هه‌یه‌ که‌ له‌ ده‌ره‌وه‌ی ئیراده‌ی ئێمه‌ ڕوو ده‌دا. ئێمه‌ خوازیاری ئاگربه‌ستێکی هه‌میشه‌یین. ده‌سپێکردنی قۆناغی دیالۆگ و وتوێژ، په‌یوه‌ندی به‌ بێده‌نگکردنی یه‌کجاره‌کی چه‌که‌کانه‌وه‌ هه‌یه‌. جارێکیان حه‌سه‌ن جه‌ماڵ گوتی "په‌له‌پیتکه‌تان له‌ سه‌ر ماشه‌ی تفه‌نگه‌کان لابه‌ن". ئێمه‌ وا ده‌که‌ین، ئه‌و قامکی لا نابا، یه‌کلایه‌نه‌ش نابێ. ڕووداوه‌کان هه‌ڵده‌سه‌نگێنین، چاوه‌ڕێ ده‌که‌ین و به‌ گوێره‌ی بارودۆخه‌که‌ بڕیارێک ده‌ده‌ین.

ڕه‌خنه‌ی تووند له‌ چه‌پ

له‌ کاتێکدا که‌ ته‌رمی شه‌هیده‌کان دێنه‌وه‌ و گه‌نجانی په‌که‌که‌ له‌ چیاکان ده‌کوژرێن، ڕوداوه‌کان به‌ره‌و شه‌ڕێکی خوێناویمان ده‌به‌ن، له‌و حاڵه‌ته‌دا، ئاشتی چۆن سه‌قامگیر ده‌بێ؟ دانیشتوانی ترابزۆن، مانیسا، ئوشاک و ئه‌نقه‌ره‌ چۆن قایل ده‌بن؟
بێگومان له‌ به‌رامبه‌ر خه‌ڵکی تورکیا به‌رپرسیارێتیمان له‌ ئه‌ستۆیه‌. ئاریشه‌یه‌کی سیاسی ئه‌وتۆمان هه‌یه‌ که‌ خۆمانیان پێ بناسێنین. ناڵێم له‌و ڕوه‌وه‌ هه‌موو شتێکمان به‌جێ گه‌یاندووه‌. لێره‌دا، تاقمێکی دیکه‌ش به‌رپرسیارن. بزووتنه‌وه‌ی چه‌پی تورکیا. ئێمه‌ له‌ ناساندنی تێکۆشانه‌که‌ماندا که‌موکوڕیمان هه‌بووه‌ و چه‌پی تورکیاش له‌ به‌ر ئه‌وه‌ی که‌مایه‌سیی زۆر بوو، بۆشایه‌کی گه‌وره‌ هاته‌ ئاراوه‌.
شۆڤێنیزم بوو به‌ کاردانه‌وه‌یه‌کی کۆمه‌ڵایه‌تی. جوڵانه‌وه‌ی کورد به‌ تێپه‌ڕبوونی زه‌مان، به‌ جه‌ماوه‌ری بوو. هه‌رچی جووڵانه‌وه‌ی چه‌پیشه‌ دووره‌ په‌رێز ما. ئه‌گه‌ر لەگەڵ جووڵانه‌وه‌ی کورد به‌راوردی بکه‌ین، کۆمه‌ڵگەی تورک که‌وته‌ دۆخی گۆشه‌گیرییه‌وه‌. لەگەڵ جوڵانه‌وه‌ی کورد مه‌ودایان که‌وته‌ ناو. له‌لایه‌کی دیکه‌وه‌، هه‌ڵوێستی خۆ دوورگرتنی چه‌پی تورک، وایکرد پێگه‌یه‌کی ئه‌وتۆی له‌ناو کۆمه‌ڵگەدا نه‌مێنێ. لایه‌نێکی چاره‌سه‌رکردنی کێشه‌که‌ش، قایلکردنی گه‌لی تورکه‌. له‌مڕوه‌وه‌ تێکۆشانمان درێژه‌ی ده‌بێ.

له‌زۆر شوێن په‌که‌که‌ ته‌قینه‌وه‌ ئه‌نجام ده‌دا. هه‌روه‌ها په‌که‌که‌ هه‌ندێک لێدوانی ڕاگه‌یاند، بۆ نموونه‌ گوتی "چالاکیه‌کانمان ده‌به‌ینه‌ ناو شاره‌کانه‌وه‌ و شاره‌کانیان لێ ده‌که‌ینه‌ دۆزه‌خ." ئایا نابینن مرۆڤه‌کان زیانیان پێ ده‌گا و ڕقیان له‌م کرده‌وانه‌یه‌؟

له‌مباره‌وه‌ هه‌ندێک له‌ ڕووداوه‌کان له‌ده‌ره‌وه‌ی ویستی ئێمه‌ ڕوو ده‌ده‌ن. وه‌ک ڕووداوه‌که‌ی شاری هه‌کاری. با ئه‌وه‌تان پێ بڵێم. له‌م ساڵانه‌ی دواییدا به‌ هۆی پێشکه‌وتنی هه‌ندێک هه‌لومه‌رج، زۆر هه‌ستیارتر له‌جاران هه‌ڵسوکه‌وت ده‌که‌ین و له‌سه‌ر ئه‌م بنه‌مایه‌ هێزه‌کانمان به‌ پرنسیپ په‌روه‌رده‌ ده‌که‌ین. له‌ مه‌ترۆپۆله‌کان، له‌ هه‌ر شوێنێ چالاکی ئه‌نجام بده‌ین، پرنسیپی سه‌ره‌کیمان ئه‌وه‌ ده‌بێ زیان به‌ که‌سانی سڤیل نه‌گات. له‌رابردوودا ڕووی دا، به‌ڵام ئیتر ئه‌مه‌ دووباره‌ نابێته‌وه‌.

"به‌ڵێ هه‌ڵه‌مان کردوه‌"
زۆر ڕووداوی دڵته‌زێن هه‌ن. ڕووداوگه‌لی وه‌ک (ماڤی چارشی)، (چه‌تینکایا) و چه‌ندین ڕووداوی هاوشێوه‌ که‌ تیایدا ژماره‌یه‌ک زۆر که‌سی بێگوناح و سڤیل گیانیان له‌ده‌ست دا...

به‌ڵێ زۆر هه‌ڵه‌ هه‌ن که‌ له‌ ئێمه‌وه‌ سه‌رچاوه‌یان گرتووه‌. له‌شوێن و کاتی خۆیدا، سه‌باره‌ت به‌و هه‌ڵانه‌ی ئه‌نجاممان داون، داوای لێبوردن ده‌که‌ین و هه‌وڵ ده‌ده‌ین قه‌ره‌بوویان بکه‌ینه‌وه‌. به‌ڵام نابێ ئه‌وه‌شمان له‌ بیر بچێ که‌ زۆر چالاکی له‌ لایه‌ن ده‌وڵه‌ته‌وه‌ خرانه‌ ئه‌ستۆی ئێمه‌وه‌ که‌ په‌یوه‌ندیان به‌ مه‌وه‌ نه‌بووه‌. سه‌ره‌ڕای هه‌موو ئه‌وانه‌ش، بۆ ئه‌وه‌ی هیچ سڤێلێک له‌ چالاکیه‌کانی ئێمه‌ زیانی پێنه‌گا، ده‌توانم بڵێم ئێمه‌ به‌شێوه‌یه‌کی بڕواپێکراو هێزه‌کانمان په‌روه‌رده‌ ده‌که‌ین. هه‌رگیز ڕووداوێکی وا نایه‌ته‌ پێش. په‌یامی من بۆ کۆمه‌ڵگە ئه‌وه‌یه‌.

"به‌رگری ڕه‌وا"
له‌گۆڕه‌پانی سیاسه‌ت و ڕۆژنامه‌نووسیدا سیفه‌تی "رێکخراوێکی تیرۆریستی" بۆ په‌که‌که‌ به‌کار ده‌برێ، گه‌لۆ ئێوه‌ تیرۆریستن؟

بانگه‌شه‌ ده‌که‌ین که‌ جووڵانه‌وه‌یه‌کی جه‌ماوه‌رین. ئه‌مه‌ش ڕاسته‌. ئێمه‌ ئه‌و گه‌له‌ین له‌دژمان‌ به‌ هه‌زاران کرده‌وه‌ی توندوتیژی په‌یره‌و کراوه‌. ئه‌وه‌ سیفه‌ته‌ ڕاسته‌ ئه‌گه‌ر به‌رگری ڕه‌وا به‌ تیرۆر پێناسه‌ بکرێ. به‌ڵام له‌ هه‌موو شوێنێکی دونیا و له‌ نه‌ته‌وه‌ یه‌کگرتووه‌کانیش به‌رگری ڕه‌وا وه‌ک مافێک په‌سند کراوه‌ ئێمه‌ کۆمه‌ڵگەیه‌کین، بڕیاریان داوه‌ له‌ناومان ببه‌ن، ڕه‌واین، مافدارین، داوای مافه‌ سروشتیه‌کانی خۆمان ده‌که‌ین. له‌پێناو ئه‌مانه‌دا سه‌ر دانانه‌وێنین، ڕۆحمان ڕاده‌ست ناکه‌ین. به‌رده‌وام ده‌ڵێن تیرۆر و تیرۆریست، به‌ڵام ڕاستی شتێکی دیکه‌یه‌. جووڵانه‌وه‌یه‌کی ڕزگاریخوازانه‌، ناتوانێ تیرۆریست بێ. لێ زلهێزه‌کان سه‌رجه‌م جوڵانه‌وه‌ جه‌ماوه‌رییه‌ ڕه‌واکان به‌ تیرۆریست پێناسه‌ ده‌کان. چه‌ندین ساڵ به‌ ماندێلایان گوت تیرۆریست. ٢٧ ساڵ له‌ به‌ندیخانه‌یان په‌ستاوت. ئێستا وه‌ک په‌یامبه‌ری ئاشتی لێی ده‌ڕوانن. یه‌کێکه‌ له‌ مرۆڤه‌ هه‌ره‌ پێشه‌نگه‌کانی دونیا. یاسر عه‌ره‌فاتیش هه‌روا.
به‌ ساڵان نازناوی تیرۆریستان دایه‌ پاڵ، پاشان بوو به‌ سه‌رۆکی ده‌وڵه‌ت. به‌پێی ده‌وڵه‌تی تورکیا، ئێمه‌ تیرۆریستین. به‌ڵام ده‌وڵه‌ت خاکی ئێمه‌ی داگیر کردووه‌، زمانمانی قه‌ده‌غه‌ کردووه‌، سامانه‌ ده‌وڵه‌مه‌نده‌که‌مانی به‌چه‌پاو بردوه‌. له‌ کاتێکدا ئێمه‌ گه‌لێکین هه‌زاران ساڵه‌ له‌ سه‌ر ئه‌م خاکانه‌ ده‌ژین.

"ئێمه‌ش ناتوانین ده‌وڵه‌ت تێک بشکێنین"
ئێستا گفتوگۆ له‌ سه‌ر ئه‌وه‌ ده‌کرێ که‌ په‌که‌که‌ له‌ چیاکان بهێنرێته‌ خواره‌وه‌. باس له‌ پاشه‌کشێ به‌ره‌و باشوور ده‌کرێ. به‌ڵام ئه‌وه‌نده‌ی من بزانم وه‌ک جاران په‌که‌که‌ هێزه‌کانی له‌ چیا سه‌قامگیر ناکا. ئایا په‌که‌که‌ لاواز بووه‌ یان چۆته‌ ناو شاره‌کانه‌وه‌؟

له‌شاره‌کان هه‌ین، به‌ڵام له‌ شاخیش ماوین. په‌که‌که‌ ده‌زگایه‌کی ڕێکخراوه‌، سیسته‌مێکه‌. سووک و سانا دروست نه‌بووه‌، وا به‌ ساده‌ییش شیته‌ڵ ناکرێ‌. کێشه‌ی کورد، کێشه‌یه‌کی قووڵه‌. ده‌کرێ له‌ سه‌ر بنه‌مای چاره‌سه‌رکردنی کێشه‌که‌، مامه‌ڵه‌ لەگەڵ پرسی په‌که‌که‌شدا بکرێ. له‌ڕێگه‌ی هاوپه‌یمانی لەگەڵ ده‌وڵه‌تانی دراوسێ و په‌ره‌پێدانی ئۆپه‌راسیۆنه‌کان، ئه‌م کێشه‌یه‌تان بۆ چاره‌سه‌ر نابێ. من بۆ خۆم ڕووبه‌ڕووی سه‌دان ئۆپه‌راسیۆن بوومه‌ته‌وه‌. ئێمه‌ فێر بووین له‌و شاخانه‌ خۆمان بپارێزین و خۆمان بژێنین. بست به‌بستی ئه‌و ناوچانه‌ شاره‌زاین. له‌پارچه‌کانی دیکه‌ی کوردستانیش ئه‌زموونمان هه‌یه‌. یه‌كێک ده‌نێرن بۆ نۆروێژ، یه‌ک بۆ ماڵه‌وه‌. ئه‌و مرۆڤانه‌ هاتوون کێشه‌که‌ چاره‌سه‌ر بکه‌ن. بۆچی بگه‌ڕێنه‌وه‌؟ ئێمه‌ ناڵێین سه‌رکه‌وتنمان به‌ ده‌ست هێناوه‌. له‌ئاستی نێونه‌ته‌وه‌ییدا ده‌یان جار هێرشیان کردوینه‌ته‌ سه‌ر، به‌ڵام پاکتاو نه‌بووین. ئه‌گه‌ر بیانه‌وێ په‌ره‌ به‌ توندوتیژی بده‌ن، بڕوا بکه‌ن په‌که‌که‌ زیاتر به‌ هێز ده‌بێ. ئه‌وکات له‌وانه‌یه‌ خۆی چاره‌سه‌ری بۆ خۆی بدۆزێته‌وه‌ و خۆی ئه‌و چاره‌سه‌رییه‌ ڕابگه‌یه‌نێ. وه‌ک دوا ڕێگا، په‌نا بۆ ئه‌مه‌ش ده‌با. به‌ڵام مه‌حاڵه‌ په‌که‌که‌ به‌ توندوتیژی و ته‌سلیم بوون کۆتایی پێ بێ. له‌به‌رامبه‌ردا ئه‌م ڕاستیه‌ش هه‌یه‌: ئێمه‌ش ناتوانین هه‌ره‌س به‌ ده‌وڵه‌ت بێنین. هه‌وڵدان بۆ تێکشکاندنی یه‌کتری له‌ ڕۆژه‌ڤ دایه‌. له‌سه‌ر ئه‌م بنه‌مایه‌ چاره‌سه‌ری ڕاستیه‌که‌ خۆی ده‌سه‌پێنێ. ئه‌گه‌ر به‌رده‌وام بێ، زیانی دوو لایه‌نه‌ زیاتر ده‌بن.

"ئۆتۆنۆمی"
 قەرەیڵان پێی وایه‌ حکوومه‌ت له‌ به‌رنامه‌ی دایه‌ هێدی هێدی کورده‌کان بتوێنێته‌وه‌ و له‌ پێناو چاره‌سه‌ریدا دوو خاڵ ده‌خاته‌ ڕوو: ئۆتۆنۆمی و کۆتایی هێنان به‌ سیاسه‌تی نکۆڵی لێکردن.

په‌که‌که‌ چ فه‌رمۆڵێکی هه‌یه‌ بۆ ئه‌وه‌ی چه‌که‌کان بێده‌نگ بن، ئاشتی سه‌قامگیر بێ و دواجار چاره‌سه‌ری بێته‌ ئاراوه‌؟

ئه‌وه‌ی ڕاستی بێ دوو جۆر هه‌ڵسوکه‌وت و پرۆژه‌ هه‌ن بۆ چاره‌سه‌رکردنی کێشه‌که‌. یه‌کێک له‌م دوانه‌ ئێمه‌ین. فه‌رمۆلی چاره‌سه‌ری له‌ ڕوانگه‌ی ئێمه‌وه‌ ئاوایه‌: ئۆتۆنۆمیه‌کی دیموکراتییانه‌. له‌سه‌ر بنه‌مای ڕێزگرتن له‌ یه‌کتری، له‌ ڕێگه‌ی گفتوگۆ و دانیشتنه‌وه‌ ئه‌م کێشه‌یه‌ چاره‌سه‌ر ده‌بێ. له‌چوارچێوه‌ی یه‌کپارچه‌یی خاکی تورکیادا، ئه‌م پێکه‌وه‌بوونه‌ زۆره‌ملییه‌ ده‌بێته‌ پێکه‌وه‌ بوونێکی دڵخوازانه‌. له‌سه‌ر بنه‌مای ده‌ستوورێکی بنه‌ڕه‌تی نوێ، کۆمه‌ڵگەی تورکیا سه‌ر له‌نوێ بونیاد ده‌نرێته‌وه‌. ئێستا دانیشتوانی ڕۆژئاوای تورکیا ده‌ڕژێنه‌ سه‌ر شه‌قامه‌کان و هاوار ده‌که‌ن "ئه‌و په‌که‌که‌یه‌ چییه‌، تیرۆریسته‌، چییه‌". ئه‌گه‌ر سه‌رۆک وه‌زیرێک بڵێ "ئێمه‌ به‌ساڵان نکۆڵیمان له‌ بوونی ئه‌و برایانه‌مان کرد، زمانی ئه‌وانمان قه‌ده‌غه‌ کرد، له‌سه‌ر ئه‌م بناغه‌یه‌ ویستمان بیانکه‌ین به‌ تورک به‌ڵام سه‌رنه‌که‌وتین. به‌هۆی ئه‌نجامدانی ئه‌و هه‌ڵه‌یه‌، زۆر تراژیدی هاتنه‌ ئاراوه‌. براکان ده‌سته‌ویه‌خه‌ی یه‌کتر بوون. به‌چاوی خراپ ڕوانیمانه‌ یه‌کتر، با ئێستا وا نه‌بێ. هۆکارێکی نوێ هه‌یه‌، پاڵپشت به‌م هۆکاره‌ قۆناغی هاوپه‌یمانی کۆمه‌ڵگە ده‌ست پێده‌که‌ین. چاکسازیی یاسایی ئه‌نجام ده‌ده‌ین." ئه‌وکات خه‌ڵکی ڕۆژئاوا چه‌پڵه‌ی بۆ لێده‌ده‌ن. ئه‌وانه‌ی به‌رژه‌وه‌ندی بازرگانیان له‌به‌رچاو نییه‌، بێگومان پێیان خۆش ده‌بێ.
پڕۆژه‌ی دووهه‌م پڕۆژه‌ی ده‌وڵه‌ته‌. دوابه‌دوای ڕوداوه‌کانی ساڵانی ٢٠٠٩-٢٠٠٨ ده‌وڵه‌ت تێگه‌یشت سیاسه‌تی نکۆڵی کردن ڕیشه‌یی نه‌بووه‌. هۆکارێکی نزیکبوونه‌وه‌ی ئاکه‌په‌ و سوپا هه‌ر ئه‌مه‌یه‌. ده‌وڵه‌ت له‌ڕێگه‌ی ئاکه‌په‌وه‌ ده‌یه‌وێ سیاسه‌تێکی نوێ له‌ سه‌ر کورد په‌یڕه‌و بکا. بۆ نمونه‌ له‌ چوارچێوه‌ی مافه‌ تاکه‌که‌سیه‌کاندا، که‌ناڵی ته‌له‌ڤزیۆنی کرده‌وه‌. ئێستا هه‌ر که‌س ده‌توانێ هاوار بکا. گۆرانی بڵێ به‌ڵام په‌روه‌رده‌ به‌ زمانی زگماکی قه‌ده‌غه‌یه‌.

ئاسیمیلاسیۆن
شارۆمه‌ندی خراوه‌ته‌ چوارچێوه‌ی بوونی نه‌ته‌وه‌ی تورکه‌وه‌. له‌ناو نه‌ته‌وه‌ی تورکدا، لازه‌کان، چه‌رکه‌ز و کورده‌کان بوونیان هه‌یه‌. یانی تۆ هه‌ی به‌ڵام له‌ چوارچێوه‌ی ئه‌و سیسته‌مه‌دا. قۆناغی به‌تورک کردن کتوپڕ نا، به‌ڵکوو هێدی هێدی به‌ڕێوه‌ ده‌برێ. ئینجا سیاسه‌تی ئاسیمیلاسیۆن سه‌ر ده‌که‌وێ. ٨٦ ساڵه‌ نه‌یانتوانیوه‌ سیاسه‌تی ئاسیمیلاسیۆن بسه‌پێنن، ئه‌وا هێدی هێدی پلانی بۆ داده‌ڕێژن بۆ ئه‌وه‌ی به‌ ئه‌نجام بگات.

"له‌ ده‌شت سیاسه‌ت ناکه‌ن"
له‌قسه‌کانی موراد  قەرەیڵان ڕا ده‌رده‌که‌وێ که‌ زۆر گرنگی به‌ مه‌سه‌له‌ی ئۆپه‌راسیۆنه‌کانی که‌جه‌که‌ و پڕۆسه‌ی دادگاییه‌کان ده‌دا. "با بێینه‌ سه‌ر بابه‌تی ئۆپه‌راسیۆنه‌کانی که‌جه‌که‌. ته‌نانه‌ت محه‌ممه‌د ئاغار گوتبووی با له‌ ده‌شت سیاسه‌ت بکه‌ن. ئه‌وه‌نێ ئه‌وانه‌ی له‌ ده‌شت سیاسه‌ت ده‌که‌ن، کۆیان ده‌که‌نه‌وه‌. جا چ په‌که‌که‌یی بن، چ که‌جه‌که‌یی. ئایا چه‌کیان به‌ ده‌سته‌وه‌ گیراوه‌؟ بۆ نمونه‌ با باسی فرات ئانلی بکه‌ین. پارێزه‌ره‌. پاشان له‌ هه‌ڵبژاردنه‌کاندا بوو به‌ سه‌رۆک شاره‌وانی. من سه‌رۆکی ده‌سته‌ی به‌ڕێوه‌به‌ری که‌جه‌که‌م، ئه‌گه‌ر ئه‌وان سه‌ر به‌ ئێمه‌ بن، ڕاشکاوانه‌ ده‌یڵێم."

ئۆجه‌لان له‌ ڕێگه‌ی پارێزه‌ره‌کانیه‌وه‌، هه‌م نامه‌ی بۆ قه‌ندیل نارد و هه‌م بۆ حکومه‌ت، به‌ڵام ڕایگه‌یاند که‌ بێ به‌رسڤ ماوه‌ته‌وه‌. ئایا وەڵامی ئۆجه‌لانتان نه‌داوه‌ته‌وه‌؟

به‌رسڤی نامه‌که‌ی ئۆجه‌لانمان دایه‌وه‌. به‌ڵام له‌وانه‌یه‌ له‌به‌ر هه‌ندێک هۆ به‌ده‌ستی نه‌گه‌یشتبێ. ئۆجه‌لان نامه‌یه‌کی نووسی که‌ هه‌ڵگری ڕێنوێنی بوو بۆ چاره‌سه‌ری. داوای کردوه‌ گۆڕانکارییه‌کانی ئه‌م قۆناغه‌ به‌ هه‌ند وه‌ربگیرێن. له‌ وەڵامدا نووسیمان: ئێمه‌ گومانمان هه‌یه‌، به‌ڵام له‌ هه‌ر هه‌لومه‌رجێکدا قسه‌کانی به‌هه‌ند وه‌رده‌گرین. له‌سه‌ر ناوی جووڵانه‌وه‌ درێژه‌ به‌ دیالۆگه‌کانمان ده‌ده‌ین، سه‌رجه‌م ئه‌و دیالۆگانه‌ی له‌وێ به‌ڕێوه‌ ده‌بڕێن، ئێمه‌ش لێره‌ ده‌یانخه‌ینه‌ بواری پراکتیکه‌وه‌. ئاکه‌په‌ و ده‌وڵه‌ت له‌سه‌ر دوو هێڵ ده‌ڕۆن. له‌لایه‌که‌وه‌ له‌ سه‌ر بنه‌مای مارژیناڵ کردنی بزوتنه‌وه‌که‌مان خۆیان بۆ جموجوڵی سه‌ربازی ئاماده‌ ده‌که‌ن، له‌ لایه‌کی تریشه‌وه‌ خۆیان وه‌ک لایه‌نگری چاره‌سه‌ری نیشان ده‌ده‌ن. دروستی و جدییه‌تیان تێدا نابینرێ.

" خواردنه‌وه‌ نیه‌، واز له‌ جگه‌ره‌ش ده‌هێنین"
په‌که‌که‌ به‌ ئاڵوگۆڕی پاره‌ی ڕه‌ش تاوانبار ده‌کرێ. سه‌باره‌ت به‌و بانگه‌شانه‌ی که‌ لەگەڵ قاچاغچیه‌کان هاوئاهه‌نگه‌، بازرگانی به‌ شه‌ڕ ده‌کا و له‌ به‌ر ئه‌مه‌ش هه‌رگیز واز له‌ چه‌ک ناهێنێ، له‌ موراد  قەرەیڵان ده‌پرسم "ئایا ئێوه‌ بازرگانێکی شه‌ڕن؟" له‌وەڵامدا ده‌ڵێ: ئه‌مانه‌ گشتیان سه‌فسه‌ته‌ن. پێتان خۆشه‌ چه‌ندین ڕۆژ لێره‌ بمێننه‌وه‌، ته‌نانه‌ت لیژنه‌ی ناوده‌وڵه‌تی بنێرن. هه‌موو ئه‌رشیڤه‌که‌مان ده‌خه‌ینه‌ ڕوو. ئه‌گه‌ر ته‌نیا یه‌ک شتی قاچاغیان دۆزیه‌وه‌، ئه‌و کات ده‌ڵێن سه‌رجه‌م ئه‌و قسانه‌ی گوتومانه‌ هه‌ڵه‌ن. کۆمه‌ڵێ پرنسیپمان بۆ ژیان هه‌یه‌. هه‌ر جۆره‌ مادده‌یه‌کی هۆشبه‌ر و خواردنه‌وه‌ی ئه‌ڵکۆڵی ڕه‌ت ده‌که‌ینه‌وه‌. ته‌نها جگه‌ره‌ ده‌کێشین، ئیتر واز له‌ویش ده‌هێنین.

سه‌رچاوه‌: ڕۆژنامه‌ی ڕادیکاڵ 28/10/2010