‏نمایش پست‌ها با برچسب محەممەد ئاڵتان. نمایش همه پست‌ها
‏نمایش پست‌ها با برچسب محەممەد ئاڵتان. نمایش همه پست‌ها

۱۳۹۳/۰۹/۲۶

کوردەکان: مۆدێلی نوێی ڕۆژهەڵاتی ناوین


محەمەد ئاڵتان
لە تورکییەوە: سەلاحەدین بایەزیدی

 
وێدەچێ کۆبانێ بووبێتە یەکێک لە گەورەترین خاڵەکانی وەرچەرخانی مێژووی کورد…
لەوانەشە گەورەترینیان.
هەر نەتەوەیەک، لەپێناو بەدەوڵەت بوون پێویستی بە 'حیماسەیەکی نەتەوەیی' هەیە. کۆبانێ، قارەمانێتییەکی بێ‌وێنەی خوڵقاند بۆ ئەوەی کوردەکان لە دەوری ئەو حیماسە گەورەیە کۆ بکاتەوە.
ئەو 'حیماسە' گەورەیەی لە کۆبانێ ڕووی دا و بۆی هەیە نەک هەر مێژووی ڕۆژئاڤا، بەڵکوو مێژووی ڕۆژهەڵاتی ناوینیش بگۆڕێ، کوردەکانی لەبەر چاوی دونیا کردە یەکێک لە گەلانی هەرە خۆشەویست و پۆپوولەر.

xxx
کوردەکان، هاوشانی فەلەستینییەکان وەک مناڵانی هەتیو لە ڕۆژهەڵاتی ناوین ناهەقییان لێکراوە، بەڵام [کوردەکان] نەیانتوانیبوو سۆزی جیهان بۆ لای خۆیان ڕابکێشن.
ئەو گەرموگوڕییەی جیهان بە فەلەستینییەکانی نیشان دا، بە کوردەکانی نیشان نەدا.
پێموایە چەوسانەوەی کوردەکان لە لایەن موسڵمانانەوە، ئەو پشتیوانییەی بۆ کوردەکان ئاستەنگ کرد کە لە ڕۆژهەڵاتی ناوین بۆ فەلەستینییە بەرەنگاربووەکانی جوولەکە دەربڕاوە.
بەردەوام لە هەمبەر پێشڤەچوونی کوردەکان لە تورکیا، ئێران، عێراق و سووریا کۆسپ دروست کراوە.
ئەو کوردانەی دژ بە دەوڵەتەکان ڕابوون، هەمیشە وەک 'تیرۆریست' پێناسە کراون.

xxx
کۆبانێ، دوو تابلۆی سەرنج‌ڕاکێشی لە یەک کاتدا نیشانی دونیا دا.
یەکەمینیان ڕاستەقینەیەکی سیاسی و سەربازی بوو.
لە کاتێکدا هیچ دەوڵەتێکی موسڵمان پێشڕەوییەکانی داعشی ئاستەنگ نەکرد یان بۆی ئاستەنگ نەکرا، کوردە 'عیلمانی'یەکان بە نرخی گیانیان، پێشیان پێ گرت.
دووهەمیشیان هەقایەتی جەنگێکی پڕاوپڕ لە بوێری بوو: ژنە گەریلاکانی کۆبانێ.
ژنانی قارەمان، کڵاشینکۆف بە دەست، پڕچ گرێ‌دراو، دەم بە خەندە و چاو گەشاوە، سینگیان دایە پێش، شارەکانیان، ماڵ و حاڵ و ماڵباتەکانیان پاراست و لەم پێناوەدا، بێ ئەوەی پێلووەکانیان لێک بنێن، گیانیان سپارد.
ژنانی بوێری ڕووگەش لە بەرامبەر لەشکری داعشانی نەعل لە پێ، ڕیش درێژ و سەربازانی مرۆڤ سەربڕی بەدەوی و چاو پڕ لە خوێن.
ئەو ژنانە بوونە سیمبۆلی کۆبانێ و دونیا بێ هیچ دڕدونگییەک خۆی لە بەرەی ئەو ژنانەدا دۆزییەوە.

xxx
ڕۆژێک کە ئەم جەنگانە تەواو بوون، ژنە گەریلاکانی کورد دەگەڕێنەوە ماڵەکانیان.
پاش بینینی ئەو ئەزموونانە، تێپەڕاندنی ئەو تاقیکردنەوە ئەستەمانە و چەندین جار لە مەترسی هاویشتنی گیانیان، هەمدیس ژیان دەست پێ دەکەنەوە.
دەبنە خاوەن ماڵ، مێرد، مناڵ، هاوسێ و ئیش.
ئەم ژنانە هەرگیز جارێکی تر، نە لە ماڵ نە لە سەر ئیش، لە لایەن پیاوانەوە سووکایەتییان پێ ناکرێ، پیاوان دەنگیان لە سەر ئەم ژنانەیان بەرز ناکەنەوە، هەوڵ نادەن بە گوتنی 'ئێمە دەزانین ژیان چییە'، ئەم ژنانە فێری ژیان بکەن.
ئاشقی ئەم ژنانە دەبن، ئەم ژنانە ڕێزیان لێ دەگیرێ.
لەوە بترازێ، ئەم ژنانە یەک، دوو و سێ نین، سەدانن، هەزارانن.
'نەریتی پیاوانە'ی تورکیا و ڕۆژهەڵاتی ناوین هەپروون بە هەپروون دەبێ، شێوازێکی نوێی ژیان و شێوازێکی نوێی پەیوەندیی بونیاد دەنرێن.
ئەو پیاوە بێ‌کەڵکانەی گرفتاری دزی و گەندەڵیی ڕۆژ‌هەڵاتی ناوین بوون، بۆیان دەردەکەوێ ژن چییە...
بگرە لەم ژنانەوە فێری پیاوبوون دەبن.
ژیان لێرانە دەگۆڕدرێ.

xxx
هەتا ئەمدواییانە وڵاتی مۆدێل بۆ ڕۆژهەڵاتی ناوین تورکیا بوو.
وڵاتێکی موسڵمان، عیلمانی، ڕوەو دیموکراسی، دەوڵەمەندبوو و بەرئەندامی یەکێتیی ئەوروپا.
لاڕێ‌بوونی تەیپ ئەردۆغان و پیاوەکانی لە ڕەوتی عیلمانی و دیموکراسی و بە بەرداکردنی کراسی 'سوننێتی'، دامەزراندنی پەیوەندیی گەرم‌وگوڕ لەگەڵ داعش، پەیڕەوکردنی زەخت و گوشار لە نێوخۆ، دووربوونەوە لە ڕۆژئاوا، گرتنەبەری ڕێگەی فاشیزم، هەڵپڕژان بە دەر و جیران بە شێوازی 'خەلیفایەتی' و ڕاگەیاندن و لێدوانی گاڵتەجاڕانەی هاوشێوەی سەرۆککۆمار عیدی ئەمین، لە ماوەیەکی کورتدا، تورکیای لە 'وڵاتی مۆدێل' هێنایە دەرەوە.
دیارە لە ڕۆژهەڵاتی ناویندا وڵاتێکی دیکەش بەدی نەدەکرا ببێتە مۆدێل.

xxx
کوردەکان، لە کۆبانێ وەک گەلێک هاتنە مەیدان کە دەکرێ ببنە مۆدێل بۆ ڕۆژهەڵاتی ناوین.
ئەمە ئەشێ هەڵبژاردەیەکی بەئەنقەست بێ…
جەخت‌کردنەوەی پەیتا پەیتای ئایسەل توغڵوک لە سەر 'سیکۆلاریزم' لە دوو وتاری دواییدا، زۆرتر بەکارهێنانی وشەگەلی 'عیلمانی و دیموکراسی' لە لێدوانەکانی سەلاحەدین دەمیرتاش، جەمیل بایک، قەرەیڵان، دووران کاڵکان و مستەفا قەرەسوو و ڕەنگدانەوەی دیمەنی دیموکرات و لاییکی 'کچ و کوڕان'ی کۆبانێ لە ئاستی جیهاندا، نابێ هەروا بە ڕێکەوت بێ…

xxx
عەبدوڵڵا ئۆجەلان سەبارەت بە گۆڕینی ڕۆڵی ژنانی کورد لە نێو کۆمەڵگەدا پێشەنگایەتی کرد.
جێگوڕکێی بە ژنی کورد کرد و هێنایە ئاستی پیاو، بگرە پێگەیەکی بەرزتر لە پیاوی پێ دا.
پەکەکە ڕێکخراوێک بوو ژنانی لەگەڵ پیاوان یەکسان کرد، تەنانەت خستیە سەرووی ئەوانەوە.
ژنە کوردەکانی کۆبانێش، ڕەنگە بۆ یەکەمجار لە ڕۆژهەڵاتی ناوین کە وەک کۆمەڵگەیەکی پیاوانی ڕیشن سەیری دەکرێ، بەمجۆرە بوونی ژنیان نیشان دابێ و بۆیەش سەرنجی هەموو دونیایان بۆ لای خۆیان ڕاکێشاوە.
کوردەکان هەم وەک واقع و هەم وەک ئیماژ، وەک کۆمەڵگەیەک کە ژن و پیاو شان بە شانی یەک خەبات دەکەن، لە گەلانی تری ڕۆژهەڵاتی ناوین دابڕان و ئیتر بەشێوازێکی جیاوازتر سەیر دەکرێن.

xxx
من پێموایە ژنانی کۆبانێ بوونەتە 'مۆدێل'ێک بۆ سەرجەم ژنانی ڕۆژهەڵاتی ناوین.
لە کاتێکدا ژنان لە کۆمەڵگەکانی دیکە سووکایەتییان پێدەکرێ، لەنێو ماڵدا حەپس کراون و نکۆڵی لە بوون و ڕۆڵیان دەکرێ، کوردەکان پلەی ژنانیان بەرز کردەوە، نەخاسمە لە کۆبانێ خستیاننە ڕیزی هەرە پێشەوە، ڕیزی هەرە عەگید و هەرە قارەمانەکان.
کوردەکان ڕەنگە بووبنەتە یەکەم نەتەوەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست کە بە ڕێزەوە پێشوازیان لە ژنان کردووە کە ئەمەش هێمایەکی گرنگی پێشکەوتنە.
لەم چوارچێوەیەدا، تورکیا لە پێشڤەچوون دوور کەوتەوە و بەرەو بوون بە وڵاتێکی نێرسالاری سوننە لە ڕۆژهەڵاتی ناوین هەنگاوی بەلەزی هاویشت.
دەتوانین بڵێین ئەمە ڕێککەوتێکی زەمەنی بێ‌وێنە بوو بۆ کوردەکان.
ڕەنگە مێژوو لەم پێناوەدا یارمەتیدەر بووبێ، بەڵام ئەوەی ڕاستی بێ کوردەکانیش ئەم هەلە نائاساییەیان باش قۆستەوە.

xxx
ئەمریکا، لە کاتێکدا تورکیا و ئەردۆغان هاواریان دەکرد 'مەحاڵە'، چەکی بۆ کۆبانێ نارد، ئەگەر [ئەمریکا] لە لایەکەوە ئامانجی ئەوە بێ پشتیوانیی لە ڕکابەرێکی بەهێزی دژ بە داعش بکا، ئەوا بێگومان لە لایەکی ترەوە بە نیازە پشتیوانی لەم مۆدێلە بکا.
گەلی کورد کە بە دامەزراندنی پەیوەندیی یەکسان لە نێوان ژن و پیاو، خۆی لە کۆمەڵگەکانی دیکەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست هەڵاواردوە و پڕاوپڕە لە ژنانی لەخۆبردوو، ئێستا تاکە گەلە لە ڕۆژهەڵاتی ناوین کە دونیای پێشکەوتوو نەک هەر بە سیاسەت بەڵکوو بە دڵیش پشتیوانی لێ دەکا.
کوردەکان کە لە ڕێگەی کۆبانێ‌یەوە چوونە سەر شانۆی جیهان و بەم هەڵسوکەوتەیان لە هەموو میدیاکانی جیهاندا بوونە بابەتی باس، بۆ ڕۆژهەڵاتی ناوین بە گشتی و ژنانی ڕۆژهەڵاتی ناوین بەتایبەتی دەبنە مۆدێل.

xxx
کۆبانێ، ئەگەر کوردەکانی کردبێتە 'گەلێکی مۆدێل'، ئەوا هاوکات گۆڕەپانێکی سیاسیی نوێی بۆ ئەوان هەموار کرد.
[کوردەکان] دەرفەتی بەدەوڵەتبوونیان وە دەست خست.
بارزانی لە باکووری عێراق نەیتوانی ناوکی دەوڵەتێکی گەورەی کوردی دروست بکا، بەڵام لە کۆبانێ، پەکەکە و پەیەدە دروستیان کرد.
کوردەکان گشتیان لە کۆبانێ لە دەوری یەک کۆ بوونەوە، تەنانەت بارزانیش کە سەرەتا لاقی چەقاندبوو، ناچار بوو سەرباز بۆ ئەوێ بنێرێ.
بێجگە لەمە دونیای ڕۆژئاواش بە تەواوی لەگەڵیانن.
سەرجەم هێزە دیموکراتەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوینیش پشتیوانی و سەرسامبوونی خۆیان دەربڕیوە.

xxx
ئەم پێشهاتە، دەوڵەتی ئاکەپەی لە تورکیا غافڵگیر کرد، ئەوان نە بۆ ئەوە ئامادە بوون کوردەکان ببنە 'مۆدێل' و نە بۆ ئەوەی ئەم ڕۆڵە لە تورکەکان بستێندرێ، نە بۆ ئەوەش کوردەکان لەپێناو دەوڵەتێکی کوردی لە داهاتوودا لە دەوری یەک کۆ ببنەوە.
تورکیا باجی سیاسەتی چەپەڵی ئەردۆغان و داودئۆغڵوی کە دژ بە کوردەکان پشتیوانییان لە داعش کرد، بە ڕادەست کردنی ڕۆڵەکەی لە ڕۆژهەڵاتی ناوین بە کوردەکان دایەوە.
ڕەنگە ئێستا هێز و دەرفەتی تورکیا وەک دەوڵەتێک لە هی کوردەکان زێدەتر بێ، بەڵام لە ڕووی سایکۆلۆژییەوە بێگومان کوردەکان باڵادەستن.
ئیتر مۆدێلی ڕۆژهەڵاتی ناوین ئەوانن.
ئیتر لە ڕۆژهەڵاتی ناوین گەلێک کە لەلایەن دیموکراتەکانەوە پشتیوانی لێ بکرێ، خەڵک دوای بکەوێ و لاسایی بکرێتەوە، کوردەکانن.

xxx
وا دیارە ئەم پێشهاتە لە نێو سیاسەتی کوردی لە تورکیاش ڕێگەی لە بەردەم هەندێک جیاوازی خۆش کردبێ.
تاقمێک لە سیاسەتمەدارانی کورد، بەتایبەت ئەوانەی دەچنە ئیمڕالی، 'ئاشتی و قۆناغی نوێ' دەخەنە پلانی یەکەمەوە، خۆیان لە بوارەکانی دیکەی سیاسەت هەڵناقورتێنن، زۆر بە جۆشەوە ڕەخنە لە دیموکراسی و عیلمانیەتی لەمەڕ ئاکەپە ناگرن.
تاقمێکی دیکەش، بەتایبەتی دەمیرتاش، توغڵووک و سەرکردەکانی پەکەکە لە قەندیل، زیاتر لە جاران پێداگری لە سەر 'عیلمانی و دیموکراسی' دەکەنەوە و ئەمە وەک مەرجێکی گرنگ بۆ ئاشتی دەخەنە سەر مێزی گفتوگۆ.
کوردەکان حەز ناکەن ناکۆکی و جیاوازییەکانی نێوخۆیان بهێننە سەر زمان، وەک جۆرێک 'فیتنە' لەمە دەڕوانن، سەرباری ئەمەش دەتوانین بڵێین، وێدەچێ لە سیاسەتی کوردی لە تورکیادا دوو ڕەوتی 'لۆکاڵ' و 'ئەنتەرناسیۆنالیست' بوونیان هەبێ.
جیاوازییەکە بە دەستەواژەگەلی 'عیلمانی و دیموکراسی' ئاشکرا دەبێ.

xxx
ئەوانەی داکۆکی لە سیاسەتێکی 'لۆکاڵ' دەکەن، وێدەچێ لەگەڵ ئەم ئاریشەیەدا بن کە پێی وایە 'ئێمە با لێرە لەگەڵ ئاکەپە پێک بێین، زۆر خۆمان لە ململانێی عیلمانیەت و دیموکراسی هەڵنەقورتێنین، هەندێک ماف دەستەبەر بکەین، بۆ ئەوی تر پاشان بیری لێ دەکەینەوە'.
ئەنتەرناسیۆنالیستەکانیش دەیانەوێ کەلێن لە نێوان دونیا و ئاکەپەدا کە خەریکە ببێتە مایەی گاڵتەجاڕی، دروست بکەن و ئامانجیان ئەوەیە بە لەبەرچاو گرتنی بەها گەردوونییەکان لە ڕۆژهەڵاتی ناوین ڕۆڵێکی سەرەکی بگێڕن.
لە کاتێکدا 'لۆکاڵەکان'، هەوڵ دەدەن لە وڵاتێکی فاشیستی ئایینی سەقامگیر بن و چاوپۆشی لەو سێبەرە دەکەن کە کەوتۆتە سەر ئاکەپە، ئەنتەرناسیۆنالیستەکان، بە دەستنیشان کردنی کەموکوڕییەکانی ئاکەپە، لەگەڵ ئەوە دان خاوەنداری لەو ڕۆڵە بکەن کە تورکیا لە ڕۆژهەڵاتی ناوین و دونیا لە کیسی داوە.

xxx
ئەگەر ئەم شڕۆڤانە مەبەستیان پێکابێ، ئەوا سیاسەتی کورد لە تورکیا لە خاڵی تەقان نزیک بۆتەوە.
چونکە مەیلێکی زۆر جیدی و سیاسەتێکی زۆر جیاواز لە گۆڕێیە.
ئەنتەرناسیۆنالیستەکان، داکۆکی لەوە دەکەن بە هەر شێوەیەک بووبێ ئەو دەرفەتە بقۆزنەوە کە لە کۆبانێ بۆ کوردەکان ڕەخساوە.
ئەوان ئەگەر لەگەڵ تورکیاش پێک بێن، دەیانەوێ بناغەکانی بە جۆرێک سەقامگیر بێ کە لەلایەن جیهانەوە ستایش بکرێ، پێیان وایە ئەمە هەم بۆ ئاشتی و هەم بۆ داهاتوو و ڕۆڵی کوردەکان لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست جێگەی بایەخ دەبێ.

xxx
دوابەدوای وازهێنانی تورکیا لە بوون بە وڵاتی مۆدێل، لە ڕۆژهەڵاتی ناوین، بێجگە لە کورد، هیچ کۆمەڵگەیەکی دیکە بەدی ناکرێ ببێتە بەرئەندامی ئەم مۆدێلە.
ئێران هەرچەند توانیبێتی لەم دواییانەدا ئیماژ و هەڵسوکەوتی خۆی گۆڕیبێ، بەڵام دەمێکە بۆ ئەم مۆدێلە ناشێ، وڵاتانی وەک عەڕەبستانی سعوودی، سووریا، عێراق، میسر و یەمەنیش تەنانەت بۆ ئەوە نابێ بیر لە بەرئەندام بوونیان بۆ ئەم مۆدێلە بکەیەوە.
هەڵبەت جیاوازی سیاسەتی کوردیش بە گۆڕینی ڕۆڵی کوردەکان لە کۆبانێ قووڵتر بۆوە.
هەتا [پێڤاژۆی] کۆبانێ، مەسەلەی ئاشتی لە تورکیا لە گۆڕێ بوو، بەڵام دوای کۆبانێ، مەیدانێکی زۆر گەورەتر لە بەردەم کوردەکان کرایەوە.

xxx
هەرچەند ڕوانگەکان سەبارەت بە سیاسەتی کورد لە تورکیا بۆ مشت‌ومڕ کراوە بن، بەڵام خاڵێک هەیە دەبێ لێی دڵنیا بین:
کۆبانێ و ژنە قارەمانەکانی کۆبانێ، دیرۆکی کوردەکان و ڕۆڵی مێژوویی ئەوانیان گۆڕی...
بوونە بەرئەندامی فاکتەری دیاریکەری داهاتووی ڕۆژهەڵاتی ناوین.
هەم تورکەکان و هەم کوردەکان، ئەوانەی بیانەوێ سیاسەت بکەن و لە کۆبانێ، لەوان تێنەگەن، سەریان وە دیواری مێژوو دەکەوێ.
ئیتر کۆبانێ نەک هەر بۆ کوردەکان، بەڵکوو بۆ ڕۆژهەڵاتی ناوینێش جۆرێک بووژانەوەیە.

سەرچاوە: gazete360

۱۳۸۹/۱۰/۰۱

مەرگی زمانێک…



محه‌مه‌د ئاڵتان 
له‌تورکییه‌وه‌: سه‌لاحه‌دین بایه‌زیدی

 
به‌ بیرم دێ، نووسیویشمه‌... دوو پیره‌مێردی هاوڕێی مه‌کسیکی که‌ پێک هه‌ڵده‌پڕژان و لێک زیز ده‌بوون، ته‌نیا شتێک ده‌یانکرد ئه‌وه‌ بوو که‌ به‌و “زمانه‌ هه‌رێمی”یه‌ قسه‌یان نه‌ده‌کرد که‌ بەس خۆیان ده‌یانزانی... چونکه‌....

له‌ ویلایه‌تی تاباسکۆ که‌ ده‌که‌وێته‌ باشووری ڕۆژهه‌ڵاتی مه‌کسیک، دوو پیره‌مێرده‌که‌، دوا دووهه‌مین که‌س بوون که‌ زمانی گه‌لی “زوک”یان له‌ بیر مابۆوه‌.

له‌ کاتێکدا ئه‌و دوو پیره‌مێرده‌ به‌و زمانه‌ له‌ناوچووه‌، لێک دەتۆران، مه‌ترسی له‌ناوچوونی ٣٦٤ زمانی هه‌رێمی له‌ مه‌کسیک نموونه‌یه‌کی مه‌ترسیدار بوو...


***
نیو هێنده‌ی ئه‌و زمانانه‌ی سه‌رجه‌م خه‌ڵکی سه‌ر ڕووی زه‌وی قسه‌ی پێده‌که‌ن، له‌ هه‌شت وڵات چڕ بۆته‌وه‌ که‌ له‌ ناویاندا مه‌کسیکیش به‌دی ده‌کرێ.

وڵاتانی فره‌ زمانی تر جگه‌ له‌ مه‌کسیک بریتین له‌: بڕێزیل، هیندستان، پاپوا، گینه‌ی نوێ و کامێرۆن.

***

له‌م دواییانه‌دا، له‌ ئالاسکا زمانێک به‌ مێژوو سپێردرا... دوایین که‌سێ که‌ زمانی "ئه‌یاک"ی ده‌زانی، ئه‌و زمانه‌ی له‌ ڕۆژئاوای باکووری ئالاسکا قسه‌ی پێده‌کرا، له‌ ته‌مه‌نی ٨٩ ساڵیدا کۆچی دوایی کرد. به‌ پێی لێکۆلینه‌وه‌ی زمانناسان، ماری سمیت جۆنس دوایین به‌جێماوی زمانی "ئه‌یاک"ی بوو و ته‌نیا که‌سێک بوو که‌ ده‌یتوانی به‌و زمانه‌ قسه‌ بکا.

ماری سمیت جۆنس، له‌ پێناو پاراستنی زمانی "ئه‌یاک" به‌ساڵان خه‌بتی و له‌ ئاماده‌کردنی فه‌رهه‌نگی زمانی ئه‌یاک له‌ زانکۆی ئالاسکا ده‌ستپێشخه‌ر بوو.

له‌ ئالاسکا هه‌روه‌ها ٢٠ زمانی هه‌رێمی دیکه‌ به‌ شێوه‌ی مه‌کسیک، مه‌ترسی ئه‌وه‌یان له‌سه‌ره‌ هه‌مان چاره‌نووسی زمانی ئه‌یاکیان به‌سه‌ر بێ و ببنه‌ به‌شێک له‌ مێژوو.

***
یه‌ک...

پێنج و ده‌ نین....

له‌و شه‌ش هه‌زار زمانه‌ی له‌ دنیادا قسه‌یان پێده‌کرێ، دوو هه‌زار و پێنجسه‌د زمان مه‌ترسی له‌ناوچوونیان له‌ سه‌ره‌...

به‌ گوێره‌ی دوایین نه‌خشه‌ی زمانی ڕێکخراوی جیهانی یۆنسکۆ، ٢٠٠ زمان له‌ ماوه‌ی سێ وه‌چه‌دا (٧٠ – ٦٠ ساڵ) له‌ ناو ده‌چن، ٥٣٨ زمان له‌ بارودۆخێکی زۆر خراپ دان، ٦٢٣ زمان له‌ ژێر مه‌ترسی دان و ٦٠٧ زمانیش له‌ ڕه‌وشێکی هه‌ستیار دان.

به‌ پێی نه‌خشه‌ی ئاماژه‌پێکراو، هیندستان له‌ سه‌رووی ئه‌و وڵاتانه‌وه‌ دێ که‌ زیاترین ژماره‌ی ئه‌و زمانانه‌، تیایدا ترسی له‌ناوچوونیان هه‌یه‌. له‌ هیندستان ١٩٦ زمان، له‌ ویلایه‌ته‌ یه‌کگرتووه‌کانی ئه‌مریکا ١٩٢ زمان، له‌ ئه‌ندۆنێزیا ١٤٧ زمان، له‌ چین و مه‌کسیک ١٤٤ زمان و له‌ ڕووسیا ١٣٦ زمان له‌ ژێر مه‌ترسیدان.

بۆ پاراستنی ئه‌و زمانانه‌ی به‌ مه‌رگی که‌سێک یان به‌ زیزبوونیان له‌ناو ده‌چن، باشترین ڕێگه‌ به‌ڕای چاودێران، جێبه‌جێکردنی سیاسه‌ته‌کانی په‌روه‌رده‌ و قسه‌کردنه‌ به‌و زمانانه‌.

***

ئاماژه‌مان پێکرد...

به‌ گوێره‌ی نه‌خشه‌ی ئه‌و زمانانه‌ی مه‌ترسیان له‌ سه‌ره‌...

له‌ تورکیا ١٥ زمان له‌ ژێر مه‌ترسی دان...

هه‌روه‌ها به‌ گوێره‌ی ئه‌و نه‌خشه‌یه‌ ژماره‌ی ئه‌و زمانانه‌ی له‌ تورکیا له‌ ناوچوون، سێ زمانن...

***

یۆنسکۆ له‌ بڕیاردان سه‌باره‌ت به‌وه‌ی زمانێک تا چ ڕاده‌ له‌ ژێر مه‌ترسی دایه‌، نۆ پێوانه‌ی سه‌ره‌کی ده‌گرێته‌ به‌رچاو:

گواستنه‌وه‌ی زمان له‌ وه‌چه‌یه‌که‌وه‌ بۆ وه‌چه‌یه‌کی دی...

ژماره‌ی ئه‌و که‌سانه‌ی به‌ زمانێک ده‌په‌یڤن...

رێژه‌ی قسه‌که‌ران به‌راورد به‌ دانیشتوان...

گۆڕانکاری له‌و هه‌رێمانه‌ی زمانێک قسه‌ی پێده‌کرێ...

کاردانه‌وه‌ی زمانی له‌ ژینگه‌ و شوێنی نوێ...

په‌روه‌رده‌ی زمان، بوونی سه‌رچاوه‌ و ژێده‌ری پێویست بۆ خوێندنه‌وه‌ و نووسینی ئه‌و زمانه‌...

هه‌ڵوێست و سیاسه‌تی داموده‌زگاکان و ده‌وڵه‌ت، به‌کارهێنان و دۆخی فه‌رمی ئه‌و زمانه‌...

هه‌ڵوێستی تاکه‌کانی کۆمه‌ڵگە له‌ به‌رامبه‌ر زمانی خۆیان... ژماره‌ و ناوه‌ڕۆکی ئه‌و به‌ڵگانه‌ی سه‌باره‌ت به‌و زمانه‌ له‌ ئارا دان.

***

باشه‌، زمانێک چۆن له‌ مردن ڕزگار ده‌بێ؟

له‌ ڕێنماییه‌کانی یۆنسکۆدا به‌مشێوه‌یه‌ وەڵامی ئه‌و پرسیاره‌ دراوه‌ته‌وه‌:

له‌پێناو ڕزگارکردنی زمانێک له‌ مردن، خاڵی هه‌ره‌ گرنگ قسه‌کردن به‌و زمانه‌ و ئافراندنی هه‌لومه‌رجی نوێیه‌ له‌ پێناو خوێندنی مناڵان.

***

وه‌ک ده‌بینین ئێستاکه‌ له‌ تورکیا گفتوگۆ له‌ سه‌ر “زمان” ده‌کرێ...

ئه‌وه‌ی ڕاستی بێ، پلان دارشتن بۆ له‌ناو بردنی زمانێک، واته‌ گفتوگۆ له‌ سه‌ر ئه‌نجامدانی تاوانێک.

دونیا پێشکه‌وتووه‌ و کار ده‌کرێ له‌ سه‌ر ڕزگارکردنی زمانه‌کان، به‌ڵام ئێمه‌ هه‌وڵ ده‌ده‌ین زمانێک له‌ ناو ببه‌ین که‌ بیست میلیۆن که‌س قسه‌ی پێده‌کا.

گه‌لۆ به‌ڕای ئێوه‌، ئه‌مه‌ جێگه‌ی شانازییه‌؟

سه‌رچاوه‌: ڕۆژنامه‌ی ستار

۱۳۸۹/۰۷/۲۶

نیشتمانی په‌که‌که‌ییه‌ بێ نێشتمانه‌کان کوێیه‌؟


محه‌ممه‌د ئاڵتان
له‌تورکییه‌وه‌: سه‌لاحه‌دین بایه‌زیدی

 
له‌م ڕۆژانه‌ی دواییدا، سه‌باره‌ت به‌ کۆتایی هێنان به‌ په‌که‌که‌، کۆمه‌ڵێک هه‌واڵم به‌رچاو ده‌که‌وێ، هه‌ر له‌چوارچێوه‌ی ئه‌و پلانه‌ی له‌ ساڵی ٢٠٠٤ه‌وه‌ داڕێژراوه‌ و له‌سێ قۆناغدا جێبه‌جێ ده‌بێ، به‌ڵام ئه‌مجاره‌یان به‌شێوه‌یه‌کی زۆر جددیتر که‌وتوونه‌ته‌ خۆ.

دواجار دوا بابه‌تی گۆڤاری نیوزویکیش که‌ ده‌ڵێ "له‌وانه‌یه‌ سه‌رهه‌ڵدانی کوردان کۆتایی بێت"، به‌م قۆناغه‌وه‌ گرێ ده‌ده‌م.

***

له‌گه‌ڵ ده‌سپێکردنی قۆناغی کرانه‌وه‌ به‌ڕووی کورددا، به‌رده‌وام ئه‌و پرسیاره‌ له‌ خۆم ده‌که‌م: ئایا په‌که‌که‌ ده‌رئه‌نجامه‌ یان هۆکار؟ ئه‌گه‌ر به‌گوێره‌ی ئه‌و پراگماتیکه‌ بێ که‌ ئه‌مریکا ده‌ستنیشانی کردوه‌، په‌که‌که‌ هۆکاره‌.

له‌ڕاستیدا، ئه‌م هه‌ڵسوکه‌وته‌ له‌میانه‌ی سه‌ردانی سه‌رۆک ده‌وڵه‌تی سوریا به‌شار ئه‌سه‌د بۆ تورکیا ئاماژه‌ی پێکرا و تیشکی "لێبوردنی سیاسی بۆ ئه‌ندامانی په‌که‌که‌" هه‌ڵکرا و بانگه‌وازی "چه‌که‌که‌ت فڕی بده‌ و بگه‌ڕێوه‌ بۆ نیشتمانه‌که‌ت" خاڵێکی گرنگه‌ له‌پێناو هێنانه‌ خواری نزیک به‌ دوو هه‌زار کوردی سوریای ناو په‌که‌که.

ته‌نانه‌ت چاره‌نووسسازیشه‌.

***

به‌ڵام بارودۆخێکی سه‌یر و سه‌مه‌ره‌ی له‌بیرکراو‌ یاخود ژه‌نگ گرتوو له‌ ئارا دایه‌. ژماره‌ی کورده‌کانی نیشته‌جێی سووریا به‌ میلیۆنێک و حه‌وت سه‌د هه‌زار که‌س به‌راورد ده‌کرێ که‌ له‌و ژماره‌یه‌ ٤٥٠ هه‌زار که‌س له‌ باکووری ئه‌و وڵاته‌ ده‌ژین و له‌ سه‌ره‌تایی ترین مافه‌کانیان بێ به‌شن. ناسنامه‌ی کوردبوون و شارۆمه‌ندی هیچکات له‌ لایه‌ن ده‌وڵه‌تی سوریاوه‌ ددانی پێدا نه‌نراوه‌ و هه‌ر چه‌شنه‌ تێکۆشانێکی نێونه‌ته‌وه‌ییش بۆ ده‌سته‌به‌رکردنی ئه‌و مافانه‌، وه‌ک دوژمنایه‌تی عه‌ره‌ب لێکدراوه‌ته‌وه‌ و ئاسته‌نگ کراوه‌.

به‌گوێره‌ی لێکۆڵینه‌وه‌یه‌کی دوو ساڵ له‌مه‌و پێش، له‌سووریا ٢٢٥ هه‌زار کورد هه‌ن که‌ ڕه‌چه‌ڵه‌کیان دیاری نه‌کراوه‌. بێبه‌شکردنی ئه‌و کوردانه‌ له‌ مافی شارۆمه‌ندی له‌ سه‌رژمێری ساڵی ١٩٦٢ه‌وه‌ سه‌رچاوه‌ ده‌گرێ. سه‌رۆک ده‌وڵه‌تی ئه‌وکات نازم قودسی، بۆ ئه‌وه‌ی ناسنامه‌ی عه‌ره‌بایه‌تی‌ زه‌ق بکاته‌وه‌، ١٢٠ هه‌زار کوردی له‌ مافی شارۆمه‌ندی بێ به‌ش کرد و بانگه‌شه‌ی کرد که‌ ئه‌و که‌سانه‌ له‌ تورکیاوه‌ هاتوون.

"کورده‌ بێ نیشتمان"ه‌کانی سووریا، له‌خزمه‌تگوزارییه‌کانی ده‌وڵه‌ت به‌ گشتی و له‌ بواری ته‌ندروستیه‌وه‌ به‌تایبه‌تی بێ به‌شن. ناتوانن ببنه‌ خاوه‌ن موڵک، له‌داموده‌زگا گشتییه‌کان دانامه‌زرێن، مۆڵه‌تنامه‌ی هاوسه‌رگیری و پاسپۆرتیان پێ نادرێت. ته‌نانه‌ت له‌ ناوخۆی سووریا، ناوه‌ ناوه‌ دوور ده‌خرێنه‌وه‌. ئه‌و کوردانه‌ی ددان به‌ ستاتۆی شارۆمه‌ندییان دانانرێ، له‌به‌رامبه‌ر ڕژێمی سووریا، به‌هه‌موو شێوه‌یه‌ک پشتیوانی له‌ ڕێکخستنه‌کانی په‌که‌که‌ له‌ سووریا ده‌که‌ن. به‌ ئه‌ندامانی سووریای په‌که‌که‌ش ده‌گوترێ "په‌که‌که‌ییه‌ بێ نیشتمانه‌کان".

***

به‌شار ئه‌سه‌د دوو ساڵ له‌مه‌وپێش کاتێک بۆ دووهه‌مین جار به‌ سه‌رۆک ده‌وڵه‌تی سوریا هه‌ڵبژێردرایه‌وه‌، له‌مه‌راسیمی سوێندخواردن له‌ په‌رله‌مانی ئه‌و وڵاته‌ ڕایگه‌یاند که‌ کێشه‌ی کورد چاره‌سه‌ر ده‌کا. ئه‌سه‌د، پلانی وابوو له‌ڕێگه‌ی به‌رزکردنه‌وه‌ هه‌نگاوی به‌رچاو بۆ پێدانی مافی شارۆمه‌ندی بۆ ئه‌و کوردانه‌ی بێ ناسنامه‌ن، هه‌م به‌رۆژئاوا نیشان بدات که‌ وڵاته‌که‌ی دیموکراتیزه‌ بووه‌ و هه‌میش سه‌قامگیریی ناوخۆ به‌هێز بکات. له‌م ماوه‌یه‌دا، سه‌رژمێری کورده‌کان تۆمار کرا، به‌ڵام کورده‌کان هێشتاش له‌ مافی شارۆمه‌ندی بێ به‌شن.

***

ئه‌گه‌ر کێشه‌ی کورد ته‌نیا و ته‌نیا وه‌ک پرسی "په‌که‌که‌" مامه‌مه‌ڵه‌ی له‌گه‌ڵدا بکرێ، ترسێنه‌ره‌. هه‌رچی له‌م چوارچێوه‌یه‌دا بیکه‌ن، چاره‌سه‌رییه‌کی ڕیشه‌یی له‌گه‌ڵ خۆیدا ناهێنێ.

چونکه‌ په‌که‌که‌ هۆکار نییه‌، ده‌رئه‌نجامه‌.

زۆرترین ڕێژه‌ی کورده‌کان ئه‌مڕۆکه‌ له‌ تورکیا ده‌ژین، به‌ڵام له‌ ئێران، عێراق و سوریاش ژماره‌ی کورده‌کان زۆره‌... ئه‌گه‌ر باکووری عێراق (باشووری کوردستان) بخه‌ینه‌ لایه‌که‌وه‌، ئه‌م ژماره‌ زۆره‌ له‌ ڕۆژهه‌ڵاتی ناوین بێ ده‌وڵه‌تن. پێموابێ کێشه‌ی سه‌ره‌کیش لێره‌دایه‌: کێ ده‌بێته‌ "ده‌وڵه‌ت"ی ئه‌م کوردانه‌؟

***

ئه‌مریکییه‌کان زۆر مه‌یدانی بیر ده‌که‌نه‌وه‌ و چاره‌سه‌رییه‌ک بۆ ئه‌وان به‌سه‌ که‌ کاره‌کانیان به‌ڕێوه‌ به‌رێ. له‌ڕوانگه‌ی ئه‌وانه‌وه‌ سه‌باره‌ت به‌ پرسی کورد "په‌که‌که‌ ده‌توانێ هۆکارێک بێ": به‌ڵام ئه‌مه‌ بۆ ڕژێمه‌ ئه‌نتی دیموکراته‌کانی ناوچه‌که‌ ڕاست نییه‌.

وه‌کوو میناک، تورکیا به‌درێژایی ته‌مه‌نی کۆمار ڕوبه‌ڕووی ٢٩ شۆڕشی کورد بۆته‌وه‌. له‌به‌ر ئه‌م هۆکاره‌، په‌که‌که‌ ده‌رئه‌نجامێکی شێوازه‌ نادیموکراتیکه‌کانه‌. ئه‌و هه‌وڵانه‌ی ئێستا له‌ ئارادان، ئه‌گه‌ر چه‌که‌کان بێده‌نگ بکه‌ن، بێگومان ئه‌رێنین، به‌ڵام به‌س نین...

هه‌نگاوی پوخت و پێویست، دیموکراسیه‌کی ڕادیکاڵه‌ له‌ ناوچه‌که‌دا بۆ ئه‌وه‌ی سه‌رجه‌م ئه‌و کوردانه‌ بگرێته‌ باوه‌ش که‌ هه‌ست ده‌که‌ن "بێ نیشتمان"ن، وڵاتێک که‌ به‌شێوه‌یه‌کی دیموکرات و یه‌کسان هه‌ڵسوکه‌وتیان له‌گه‌ڵدا بکات... سه‌رباری هه‌موو گرفته‌کان، وڵاتی هه‌ره‌ نزیک له‌و چاره‌سه‌رییه‌، تورکیایه‌.

***

سه‌باره‌ت به‌ گۆڕانکارییه‌کانی ڕۆژ، ئه‌گه‌ر ته‌نیا له‌ڕوانگه‌ی سووریاوه‌ بڕوانینه‌ بابه‌ته‌که‌، فه‌رمۆل هه‌مان فه‌رمۆله‌...

کێشه‌، ته‌نیا لێبوردن نییه‌ له‌ دوو هه‌زار "په‌که‌که‌یی بێ نیشتمان"، چاره‌سه‌ر ئه‌وه‌یه‌ ئه‌وان نیشتمانێکی ڕاسته‌قینه‌یان هه‌بێ. ئه‌مه‌ بۆ وڵاتانی دیکه‌ش هه‌روایه‌ که‌ هاووڵاتی کوردیان هه‌یه‌. هیچ وڵاتێک ناتوانێ ئه‌م کێشه‌یه‌ چاره‌سه‌ر بکات ئه‌گه‌ر کورده‌کان نه‌هێنێته‌ دۆخی شارۆمه‌ندێکی یه‌کسانه‌وه‌.

سه‌رچاوه‌: ڕۆژنامه‌ی ستار