‏نمایش پست‌ها با برچسب فیلیپ کلۆودێل. نمایش همه پست‌ها
‏نمایش پست‌ها با برچسب فیلیپ کلۆودێل. نمایش همه پست‌ها

۱۳۹۹/۰۹/۰۷

ڕۆحە خۆڵەمێشییەکان

 


ڕۆحە خۆڵەمێشییەکان 

فیلیپ کلۆودێل

ڕۆمان

وەرگێڕانی لە فەڕەنسییەوە: سەلاحەدین بایەزیدی

ڕێنووس: شاڵاو حەبیبە

دیزاینی بەرگ: ڕاز کامەران

دیزاینی ناوەوە: ژیوار جەوهەر

زنجیرە بڵاوکراوەکانی پەیک: ١

سلێمانی، چاپی یەکەم - ٢٠٢٠

تیراژ: ١٠٠٠

نرخ: پێنج هەزار دینار

لە بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی کتێبخانە گشتییەکان ژمارەی (٨٧٦)ی ٢٠٢٠ی پێ دراوە.

۱۳۹۹/۰۸/۰۲

ڕۆمانی ڕۆحە خۆڵەمێشییەکانی فیلیپ کلۆودێل دەکرێت بە کوردی


 دیدی من – وەشانخانەی پەیک

وەشانخانەی پەیک ڕایگەیاند کە مانگی داهاتوو چاپی کوردیی ڕۆمانی «ڕۆحە خۆڵەمێشییەکان»ی نووسەری ناوداری فەڕەنسی فیلیپ کلۆودێل چاپ و بڵاو دەکاتەوە. سەلاحەدین بایەزیدی ڕۆمانەکەی لە فەڕەنسییەوە کردووە بە کوردی.

ڕۆمانی ڕۆحە خۆڵەمێشییەکان خەڵاتی ڕونۆدۆ، خەڵاتی خوێنەرانی گۆڤاری ئێڵ و باشترین کتێبی ساڵی ٢٠٠٣ـی گۆڤاری لیری وەرگرتووە، وەرگێڕدراوەتە سەر نزیکەی سی زمانی دونیا و ساڵی ٢٠٠٥ لە لایەن دەرهێنەری فەڕەنسی یوڤێس ئەنجێلۆوە کراوە بە فیلم.

وەرگێڕی ڕۆمانەکە، سەلاحەدین بایەزیدی بە دیدی منی وت: ”ڕۆمانی ڕۆحە خۆڵەمێشییەکان یەکێکە لە ڕۆمانە هەرە سەرنجڕاکێش و ناسراوەکانی فیلیپ کلۆودێل و یەکەمین ڕۆمانی ئەم نووسەرە بوو کە من هەوڵی وەرگێڕانیم دا، بەڵام لەبەر هەندێک هۆکار و بە تایبەت سەرقاڵبوونی زێدەوە، دوای وەرگێڕانی چەند بەشێک وازم لێ هێنا و پاشان، «نەوەکەی میسیۆ لین»م بە پێشنیاری هاوڕێیەکم وەرگێڕا کە لە غەزەلنووس چاپ و بڵاو کرایەوە. ئەم بە پێچەوانەی نەوەکەی میسیۆ لین، ڕۆمانێکی سادە نییە، هەر بەم شێوەیە وەرگێڕانەکەشی بۆ من زۆر ئاسان نەبوو. ڕۆمانێکە پڕ لە وردەکاری، پڕ لە کەسایەتی جیاواز و ڕووداوی ئاڵۆز. لە ڕووی ژانریشەوە، دیسان ئەو فرەڕەهەندییە دەبینرێ، هەم مێژووییە و هەمیش پۆلیسی و دەروونناسییە. ئەگەرچی بەسەرهاتەکانی ئەم ڕۆمانە دەگەڕێنەوە بۆ زستانی ساڵی ١٩١٧ و یەکەم جەنگی جیهانی، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا ڕۆمانێک نییە لەسەر جەنگ، هیچ دیمەنێکی مەیدانەکانی شەڕ بەدی ناکەین، ئەوەی دەیخوێنینەوە فەڕەنسایەکی پشت بەرەیە.“

بایەزیدی وتیشی: ”ڕۆحە خۆڵەمێشییەکان لە زمانی کەسی یەکەمی تاکەوە نووسراوە، ئەو کەسەش پۆلیسێکە کە بە حوکمی پیشەکەی زانیارییەکی زۆر لەسەر خۆی نادرکێنێ، تەنیا دەتوانین هەست بەوە بکەین کە زۆر پابەندی هاوسەرەکەیەتی و ئەگەر دەشنووسێ هەر لەبەر ئەوە. ئەم پۆلیسە ئەزموونێکی ئەوتۆی لە نووسینی دەقی ئەدەبیدا نییە، بۆیشی گرنگ نییە چ بەسەر دەستنووسەکانیدا دێن، دەمێننەوە یان دەسووتێنرێن.“

ڕۆمانەکە بە ئاگاداری و ڕەزامەندی نووسەر کراوە بە کوردی و دەربارەی پەیوەندیی خۆی و کلۆودێل، بایەزیدی وتی: “هەر لە وەرگێڕانی یەکەم کتێبی ئەم نووسەرەوە پەیوەندی و نامەگۆڕینەوەم لەگەڵیدا هەیە و زۆر جاریش، ئەگەر لە کاتی وەرگێڕاندا کێشەیەکم بۆ هاتبێتە پێش، یارمەتی داوم.“

    ”باش نازانم لە کوێوە دەست پێ بکەم. تا بڵێی ئەستەمە. ئەم هەموو ماوەیە تێپەڕیوە، پەیڤەکان هەرگیز نابووژێنەوە – ڕووخسارەکانیش هەروا، بزەکان و زامەکانیش. بەڵام سەرباری ئەمانەش، دەبێ هەوڵ بدەم بیڵێم. باسی ئەو شتە بکەم کە بە درێژایی بیست ساڵ، جەرگودڵم هەڵدەکۆڵێ. پەژیوانییەکان و پرسیارە گەورەکان. دەبێ بە چەقۆ، وەک زگێک، نهێنییەکە هەڵبدڕم و بە هەموو هێزی دەست هەڵی بدەمەوە، تەنانەت ئەگەر هیچ شتێک نەگۆڕدرێ، هیچ شتێک.“
    لە دەستپێکی ڕۆمانی ڕۆحە خۆڵەمێشییەکانەوە 

 سەرچاوە: دیدی من

۱۳۹۶/۰۶/۲۱

پیشەی قورسی پەرێتی


فیلیپ کلۆودێل
لە فەڕەنسییەوە: سەلاحەدین بایەزیدی 

کە پەرییەکە بەدەر کەوت، کۆرالین لە ژوورەکەی خۆی قژی بووکەڵە خۆشەویستەکەی شانە دەکرد.
پەرییەکە بە دەنگێکی دڵبزوێن گوتی: "ڕۆژ باش."
کۆرالین، شەکەت و هیلاک، تەنانەت بە بێ ئەوەی سەیری بکا، وەڵامی دایەوە: "ڕۆژباش.
- من پەریم!
کیژۆڵەکە لە کاتێکدا هەروا خەریکی بووکەڵەکەی بوو، سەری ڕاوەشاند و گوتی: "ئێ…"
پەرییەکە هەندێک بەمە تێک چوو. کۆخی، چەند هەنگاوێکی بۆ چەپ و ڕاست هاویشت، داوێنی کراسە بەشکۆکەی هەڵدایەوە کە ڕەنگەکەی لە تریفەی مانگ دەچوو، چەند تایەکی قژی بردە دواوە کە بەسەر ڕووخسارە شەنگەکەیدا شۆڕ ببۆوە، ئەو ڕووخسارەی بە تاجێک لە زێڕی هەژدە عەیار خەمڵابوو. کۆرالین هەمدیس لێی نەڕوانی.
پەرییەکە جارێکی دی چرپاندی: "من پەریم…"
کۆرالین لەبەر خۆیەوە گوتی: "بەزمەکەیە!
- ببوورە؟
- ئەوە دووهەم جارە وا دەڵێن، قسەکەتان دووپاتەیە، دەزانم ئێوە پەرین!
- بەڵێ وایە، من پەریم و ئێستا لە ژوورەکەتم، هاتووم بتنینم.
- بەڵام من داوای هیچم لە ئێوە نەکردووە و بە دووشتاندا نەهاتووم. 
لێوەکانی پەرییەکە بڕێک هەڵلەرزین. شووڵکەکەی توند بە دەستەوە گرتبوو و نەیدەزانی بە ڕاستی چی بکا. کچە بچکۆلانەکە تا ئەو ساتەش نیگایەکی تێ نەبڕیبوو. بە سیمایەکی سەرقاڵ، بسکی بووکەڵەکەی دادەهێنا.
پەرییەکە لەوە پتر خۆی پێ نەگیرا و دواجار گوتی: "سەرەڕای ئەوانەش، هەست ناکەی بەخت بۆتە میوانت؟ چەند کیژۆڵە حەز دەکەن لە جێی تۆ بن؟ حەز دەکەن پەرییەک، ئەویش پەرییەکی ڕاستەقینە لە ژوورەکەیاندا ببینن؟ ئاخ، دە ماڵەتە سیلەی چاوێکم تێ ببڕە!"
کۆرالین هەناسەیەکی هەڵکێشا، ئەوسا ڕووی بەرەو ئەو ژنە شۆخە وەرگێڕا کە لە خۆشیان بە ئەفسوونێکی بێ وێنەوە خەریک بوو سەمای دەکرد.
کۆرالین گوتی: "بڕوانن خاتوون، من بێ قڕە و کێشە لە ژوورەکەی خۆم یاری دەکەم، بێ ئەوەی لە دەرگا بدەن هاتوونەتە ژوورێ، وەک ئەوەی ماڵی خۆتان بێ، کارێکی جوان نییە.
- بەڵام… ئاخر… من… ڕۆڵەم… تۆ… هەرچی بێ من پەریم!
- پێتان وایە ئەمە پاساوێکی باشە؟ پێتان وایە من بەردەوام هەموو کەسێ قەبوڵ دەکەم کە سەری بەرداتەوە و بێتە ژوورەکەم؟ کۆمەڵێک یاسا هەن خاتوون. من دەتوانم تەلەفۆن بۆ پۆلیس بکەم. ئەوان دەسبەجێ دەگەن و قۆڵبەستتان دەکەن. بێجگە لەمە، ئێوە مناڵێک، کچۆڵەیەکی کەم تەمەنتان جاڕز کردووە، من شەش ساڵم تەمەنە خاتوون، یاساش زۆر توند ڕووبەڕووی ئەو کەسانە دەبێتەوە کە ئازاریان بە مناڵانی بچووک دەگا، بێ ڕووخسەت خۆ بە ژوورەکانیاندا دەکەن، خۆ نەرم و نیان دەنوێنن و بە چیرۆکی سەیروسەمەرە هەوڵ دەدەن بیانخەڵەتێنن!"
چەند دڵۆپ ئارەقی درشتی ڕەش و شین لەسەر تەوێڵی نازەنینی پەرییەکە لووزەویان بەست. هێندە پەشۆکابوو، پاڵی بە هەڕزاڵەکەی کۆرالینەوە دا. هەوڵی دا چەند وشەیەک بێنێتە سەر زمان:
"ئەوە خەونی هەموو کیژۆڵەیەکە کە چاوی بە… ئادی، یانی، پێم وایە، کیژۆڵەکان، مناڵەکان… هەر هەموویان شێت و شەیدای پەرییەکانن… پێم وایە، لەسەر ئەو بڕوایەم…
- ئەگەر بەمە دڵخۆش دەبن وا بڕوا بکەن. ئەمە من جاڕز ناکا، بەڵام لە کۆڵم بنەوە تکایە.
- کۆمەڵێک توانای جادوییم هەیە دەزانی!"
پەرییەکە بە پەلە پەلێکی پتر قسەی دەکرد. کۆرالین هەناسەیەکی قووڵتر لە پێشووی هەڵکێشا، شانەکانی هەڵتەکاند و سەری ڕاوەشاند.
"توانای جادوویی؟
- بەڵێ، بێگومان، کۆمەڵێک تواناکاریی بێ وێنە، ئەویش لە سایەی ئەم شووڵکەوە!"
پەرییەکە متمانەی هاتەوە بەر و شووڵکە بە ئەڵماس نەخشێنراوەکەی چەند جارێک لە حەوادا ڕاوەشاند. کۆرالین بە هێمنی بووکەڵەکەی لەسەر عەرزی دانا، دەستەکانی لێک ئاڵاند و لێوی خوار و خێچ کرد.
"ئەوە هەفتەیەکە هەموو شەوێ دێنە ژوورەکەمەوە. ئەوە هەفتەیەکە یەک شتم بە گوێچکەدا دەچرپێنن، پەری، تواناکاری و شووڵک. سێشەممە ویستتان بارانێکی پەمەیی ببارێنن، بێجگە لە پەڵە هەورێک کە بۆگەنێکی سامناکی لێ دەهات و تا چەند سەعاتێک بۆنەکەی نەچوو، هیچی دیمان نەدی، ناچار بووم کەپۆم بگرم تاکوو خەوم لێ بکەوێ...
- هەڵەیەک ڕووی دا!
- … چوارشەممە ویستتان ورچە مەخمەرەکەی من بکەنە شازادەیەکی ژیکەڵە، ئاکام چ بوو: کردتانە پیوازی شین. گەرەکتانە چ لە پیوازی شین بکەم؟
- دەستوورەکەیم لێ تێک چووبوو!
- … پێنجشەممە کتێبی چیرۆکەکانی منت بێ سەروشوێن کرد…
- لە پتەم دەرچوو، بە سەهوو چووم!
- … هەینی کورسییەکەمتان شکاند کە دەتانویست بیکەنە داشقە و لە تەک دایکما لێمان بوو بە دەمەقاڵە…
- بە داخەوەم.
- … شەممە ویستتان سەگەکەی من وە گۆ بێنن، قەپاڵێکی لە لاقتان گرت…
- ڕاهاتنی زیاتر پێویستە، دەبێ لێم تێ بگەن.
- … کەواتە تواناکانتان پێشکەش بە خۆتان خاتوون! جا بە قسەی خۆش لە ژوورەکەم بڕۆن، بێ ئەوەی ناڕەزایەتی دەرببڕن و بیانوویەکی ترم بۆ بێننەوە، دەنا دەقیژێنم و باوکم دێ، باوکیشم هیچ توانا و دەسەڵاتێکی نییە، تەنانەت دەسەڵاتی دایکیشمی نییە، بەڵام لانیکەم بەهێزە!"
دڵۆپ دڵۆپ ئەسرین بەسەر گۆنای پەرییەکەدا شۆڕ بوونەوە. دەنگی هەنیسکەکانی ڕۆژە ڕێیەک دەڕۆیشتن. کۆرالین کە کچۆڵەیەکی دێزە نەبوو، دەسرۆکەیەکی بۆ ڕاداشت.
"خاتوون، وەرنەوە سەر خۆتان، دڵتان گەورە بێ تکایە."
پەرییەکە فرمێسکەکانی سڕییەوە، بە دەنگێکی بەرز لووتی خاوێن کردەوە، بە شووڵکەکەی ڕوومەتی خوراند، خۆی هاویشتە سەر قەرەوێڵەکە و بە دوو چاوی سوورەوەبوو لە کۆرالینی ڕوانی.
"دەمێکی درێژ بوو بێکار بووم. زۆر ناخۆشە بە درێژایی چەندین ساڵ ئیش نەکەی. ئیتر نازانم چۆن خۆم ڕابێنمەوە."
کۆرالین لێی نزیک بۆوە، دەستی لەسەر شانی دانا و گوتی:
"هێدی هێدی، جێبەجێ دەبێ… کرد و کۆشش پێویستە تا بەو ئاستە بگەیتەوە."
پەرییەکە کە دەرکەی هومێدی لێ کرابۆوە، پرسی: "تۆ بڵێی؟
- بێگومان، لەمە دڵنیام.
- لەوانەیە زۆر پیر بووبم…
- نا، وا نییە، بەڵام دەبێ بچنە لای دەروونناسێک، بۆ کاتی تەنگانە پێویستە. گرنگە سەر لە نوێ خۆت بونیاد بنێیتەوە، ببووژێیتەوە و بڕوات بە خۆت هەبێ: ئێمە لە کۆمەڵگەیەک دەژین کە دۆڕاوەکانی خۆش ناوێ. دەبێ شتی نوێت پێ بێ! ببن بە بکوژ!
- بکوژ؟
- ئیتر با بڵێین بەڵێ. بڵێن کە لە ناویان دەبەن!
- باشە بە کێ؟
- بە ئەوانی تر، ڕکەبەرەکان، کرێکارەکان… دەی، وازی لێ بێنن، ئەو قسانەم لە بیر بکەن… بۆ ئێوە، باشتر وایە لەگەڵ دکتۆرێکدا ڕاوێژ بکەن، ئێستا دەرمانی ئەوتۆ هەن کە شوێنەواری لاوەکییان نییە و کارتێکەریی بەرچاویان هەس.
- حەق بە تۆیە، دەبێ وا بکەم. تۆ کیژۆڵەیەکی زۆر باشی. دایک و باوکت بەختیان هەیە…
- ئێمە هەموومان کۆمەڵێ فراز و نشێومان هەیە، کۆرالین وای گوت و بووکەڵەکەی دەست دایەوە و پرچی شانە کردەوە.
- جا ئێستا بەجێت دێڵم.
- لە چاکەی خۆتانە، سپاستان دەکەم، تکایە بە دەرگادا بچنە دەرێ و دەنگە دەنگتان نەیە.
- نا، نا، خەمت نەبێ. چیتر نایەمەوە بێزارت بکەم. بەڵێن بێ.
- بەڵێ، پێم وایە بۆ خۆتان باشتر دەبێ.
- کەواتە بە نیازی دیدار کۆرالین.
- بە نیازی دیدار نا، ماڵئاوا، ماڵئاوا خاتوون. بەخت یاوەرت بێ!"

۱۳۹۵/۰۹/۱۹

ھەرگیز ناتوانین بەرەو ئەو شتە بفڕین کە لە کیسمان داوە


تێڕامان و ڕانانێک بۆ ڕۆمانی (نەوەکەی میسیۆ لین)

بەنگینەپیرۆت نوری

دوای ئەوەی جەنگ کور و بوکەکەی لێسەند و وێرانەیی گوندەکەی بینی، میسیۆ لین نەوەکەی دەگرێتە باوەش بە کەشتیەک کۆچ دەکات لە وڵاتێکی دیوی دەریا دەبێتە پەنابەری سەر شەقامەکان. مشتێک خۆڵ لەگەڵ خۆیدا دەبات تا ھەرگیز گوند و نیشتمان و کەس و کارەکەی لەبیر نەکات، بەڵام ئایا مشتێک خۆڵ دەتوانێت بوونی خۆی لەناو تەنەکەیەک خۆلدا بپارێزێ و ووردە خیزی مشتە خۆڵێک لەناو تەنەکەیەکی گەورەی خۆڵ و خیز، خۆی وون نەکات؟ پیرەمیرَد دەیەوێ و دەبێ چی بکات و چۆن بتوانێت و دەتوانێ شارێکی گەورە وەک گوندەکەی بچوک بکاتەوە؟ شارێک قەرەباڵغیەکی بێ شومار جگە لە (میسیۆ بارک) کە ویستی قسە کردنی زۆرە و بەردەوام قسە دەکات و دەشزانێ (میسیۆ لین) لەقسەکانی تێناگات بەڵام لەوە دڵنیایە ژێیی دەنگی دەبیستێ، میسیۆ بارک پێی وایە گوێیەک  دەنگی ببیستێت باشترە لەو گوێیانەی قسەکانی تێدەگەن و گوێی لێ ناگرن. شاریش پڕە لەکەسانی بێ گوێ و دەمی بێ  قسە. مرۆڤیش ھەیە دەمێکی زۆر بڵێیی ھەیە گوێیەکی بۆ بیستن نییە. وشەکان وەک چۆن گەڵا لەدرەخت دەوەرن ئاوا لەدەم دێنەدەر . ئێمە کە نوسەرین، دەبێ چی بنوسین خەڵک لێمان تێبگەن! چۆن ئاخاوتن بکەین؟ چۆن بزانین خەڵک چی لێمان دەوێ!؟ ئایا نوسین بەسە خەڵک تێبگەن؟ ئایا نوسین و خوێندنەوە جێگەی قسە نەکردن دەگرێتەوە؟ بیگومان دەبێ جیاوازبین و جیاواز بنوسین ئەگەر دەمانەوێ خەڵک بیر بکاتەوە، دەبێ جیاواز لەخەڵکیش بیر بکەینەوە. ھەروەک جیاواز نوسین و جیاواز بیرکردنەوە و دەربڕینی جیاواز، نوسەری ئەم ڕۆمانە (فیلیپ کلۆودێل) دەکاتە پێشەنگ لەداھێنان و پێشەنگ لەو پێشەنگانەی کەسانی تر پێشەنگ بوون. من ناڵێم پێشەنگین، دەڵێم دەبێ پێشەنگ بین. دواجار پێم وایە ئەو نوسینانە پێشەنگن، خەڵک وا لێبکات قسە بکات و گوێ لەخۆی بگرێت و قسەی کەسانی تریش ببیستێت . خەڵکی شاری میسیۆ بارک پێچەوانەی خەڵکی گوندەکەی میسیۆ لین، پڕە لەکەسانێک وەک مێگەل کەڕ و کوێر بەسەر شوستەکاندا دێن و دەچن. ژیان لە گوند پڕە لەقسە و گفتوگۆی نێوان ھاوڕێ و کەسانی نزیک و گێڕانەوەی باسی ڕاو، ھەموو چرکەیەک چیرۆکێک دێتە ژیانەوە بۆیە گوند چێژی ژیانی ھەیە. ژیانی شار وەک ژیانی گوند نیە، پیرەپیاو خۆی بگونجێنێ و نەگونجێنێ ئەو دنکە خیزێکە لەمشتە خۆڵێک، مشتە خۆڵی ناو تەنەکەیەکی گەورەی پڕ لەخیز و خۆڵ. ترسەکەی میسیۆ لین لە بای دەرەوەی خەوتنگەکە لەبەر ئەوەیە خۆی ھەڵگری کلتوری دێرین و ڕابردوی خۆی و باپیرانیەتی، وەیستی پاراستنی نەوەکەی ھەیە دور لەئاوێتە بوونی بەشوێن و ژیانی تازە، دەیەوێت وەک ڕابردوی خۆی سانگ دیوو پەروەردە بکات.

کە کاتت بۆ خوێندنەوەی وەرگیرَدراوی بیانی بۆ سەر زمانی کوردی تەرخانکرد، لەوانە رۆمانە باشەکان، کە بەشێکی باشیەکەی بۆ وەرگێڕی چاک دەگەڕێتەوە، لەباشی ئەدەبیاتی وەرگێڕدراوی جیھانی تێدەگەیت چ سودێکی باشی بۆ دەوڵەمەند کردنی زمان و دونیابینی خوێنەر و ڕۆشنبیری ھەیە. لەزۆربەی وەرگێڕانە باشەکانیش، بەھۆی تێپەڕ نەبوونیان بەفیلتەر،ھەڵەی زمان و بوونی زاری ناوچەگەری بەسەریاندا زاڵە، ڕەنگە لای وەرگێڕ ئاسایی بێت بەڵام ناکرێ لای دەزگا و چاپخانەکان ئاسایی بێت, دەزگا و خانەکانی وەرگێڕان دەبێ لەوەرگێڕەکان باشتر وورد بینی ئەو کتێبانە بکەن چاپی دەکەن، چونکە دەزگاکانی چاپ و بڵاوکردنەوە زمانی گشتین. بەلەبەرچاوگرتنی ماندوبونی وەرگیری ڕۆمانەکە، دوای خوێندنەوەی وەک خوێنەرێک چەند سەرنجێک لەسەر ڕۆمانەکە لام گەڵاڵە بووە ھیوادارم بۆ کاک سەلاحەدین و وەرگێڕەکان بێ سود نەبێ.

لەلاپەڕە ٩٨ی ئەم ڕۆمانەدا نوسراوە (چەن ساڵتان تەمەنە مامۆ) ئەگەر گریمانەی بکەین لەخودی دەقە سەرەکیەکە نوسرابێ (چەن) ئایا دەکرێ وەرگێڕ ھەمان ھەڵەی دەقەکە بکات؟ لەکاتێکدا خۆشی دەزانێت (چەن) زاری ناوچەییە (چەند) تەواوکەری زمانی کوردیە. پرسیار ئەوەیە ئایا زمانی کوردی (کە پێم وا نییە زمانێکی یەکگرتوو و ستاندارد بێ) دەنوسرێ (چەن) یان (چەند)؟  

جگە لەچەند ھەڵەیەک وەک گووتمان لەنەبوونی چاودێر و چاوپێداخشاندنەوە بەدەقەکاندا ڕوودەدات، لەوانەشە ھەڵەی وەرگێڕ یا چاپ بێت یاخود لەدەقە سەرەکیەکە وا نوسرابێ. بۆ نمونە لەلاپەڕە١٢٢ لەجیاتی بنوسرێ (ئەو زمانی وڵاتەکەی نازانێ) نوسراوە (ئەو بە زمانی وڵاتەکەی نازانێ) بوونی ئەو (بە)یە ماناکەی شێواندوە، لە زۆر شوێنی تریش بەھەمان (بە)یەکە (و)  زۆر بەکار ھاتوە، بەڵام ئەمەیانم بە نمونە گرت.

لەلاپەڕە ١٣٢ نوسراوە (میسیۆ لین بە پیاوە قەڵەوەکە دەڵێ: (ئێستا وەرن، ھەواکەی فێنکە و دەتوانین پیاسە بکەین. خۆی (وەرن) بۆ کۆیە و بە چەند کەسێک دەگووترێ (وەرن) میسیۆ لینش بەیەک کەس دەڵێت (وەرە) ئەویش پیاوە قەڵەوەکەیە، بۆیە (وەرە) بۆ تاکە لەجیاتی (وەرن) دەبوایە نوسرابا (وەرە). ئایا دەکرێ ئەوەی لەلاپەڕە ١٣٣ نوسراوە (ژنانی ماڵێ ئەم گۆرانییە دەچڕن، بەڵام دەزانم کە ئەم ئاوازە دەخوێنم منداڵەکە حەزی لێیەتی، بۆیەشە بێ پسانەوە و پەیتاپەیتا (بەگوێیدا) دەچرپێنم) بێین بیگۆڕین بە (گوێیاندا) دەچرپێنم؟ بیگومان دەبێ بەشێوەیەک بەرامبەرەکەمان تێبگەیەنین، کە گۆرانیمان بۆ کەسێک گووتووە، چونکە پێشتر ووتووتراوە بۆ یەک کەس دواووم. لەبەرئەوە تۆ پێش ئەوەی بۆ خوێنەر بنوسیت بۆ کەسێکی تر دواووی. لەلاپەڕە ١٣٤یش بەھەمان شێوە نوسراوە (باش گوێ بگرن با گۆرانییەکی ترتان بۆ بچڕم) کە دەبوایە بنوسرایە (باش گوێ بگرە با گۆرانییەکی تر بۆت بچڕم) چونکە لەخوار ئەم چەند دێرە نوسراوە (پاشان دەست دەباتە بنگوێی تا ھاوڕێکەی ئاگادار بکاتەوە) کە مانای وایە گۆرانی بۆ یەک کەس دەچڕێ ئەویش ھاوڕێکەیەتی.

*ڕۆمانی (نەوەکەی میسیۆ لین) نوسینی (فیلیپ کلۆودێل) سەلاحەدین بایەزیدی لە فەڕەنسییەوە کردوویە بە کوردی. ناوەندی غەزەلنووس چاپ و بڵاوی کردووەتەوە.

سەرچاوە: ''ئەدەب و هونەر"ی کوردستانی نوێ

http://en.calameo.com/read/000163913810af5fa9a9e

۱۳۹۵/۰۸/۲۱

ئەو جاشکە بۆرەی دەیویست سپی بێ


فیلیپ کلۆودێل
لە فەرەنسییەوە: سەلاحەدین بایەزیدی

لە نێو لەوەڕگەیەک، جاشولکەیەک بە چواردەوری دایکیدا غاری دەدا، دایکی ماکەرێکی جوان و ژیر بوو:
"دایە، دایە، ئەوەندەم پێ خۆشە سپی بم!
- قسەی قۆڕ مەکە، ئاوا بە بۆری زۆر ژیکەڵەی.
- بەڵام من حەز دەکەم جاشولکەیەکی سپی بم دایکە!
- کەری سپیمان نییە، ئێمەمانان بۆرین و چ عەیبمان نییە!
- وا نییە، من نامەوێ بۆر بم، حەز دەکەم سپی بم!
- ڕقم هەڵدەستێنی ها، بۆ خۆشت نازانی دەڵێی چی! ئەوە شێت بووی؟ بڕۆ لە کۆڵم بەوە!"
جاشکەکە، زویر و جاڕز، لە دایکی کە دەمی لە لەوەڕێکی تەڕ و تازە نابوو، دوور کەوتەوە. وەرزی بەهار بوو. بەهارێکی دڵبزوێن. بەهارێک وەک هی کتێبە وێنەدارەکان، خۆ دەزانن باسی چی دەکەم، لەگەڵ کۆڵێک گوڵی ڕەنگاوڕەنگ کە عەتری بێ هاوتایان بە دەوروبەردا دەپڕژاند. خۆرەتاو، دوور دوور لە نێو ئاسماندا دەتگوت پێدەکەنێ. وەرزێڕەکان بەسەر ڕێگەکاندا هاتوچۆیان دەکرد و لە سەر تراختۆرە گەورەکان دانیشتبوون. تووشیان بە تووشی یەکتر دەبوو، ڕووخۆشانە سڵاویان لە یەکتری دەکرد و گۆنای یەکتریان ڕادەمووسی. پەلەوەرەکان هێلانەیان چێ دەکرد. ڕێوییەکان لە نێو بێشەڵاندا سەرخەویان دەشکاند. مار لێک دەهاڵان و کەروێشک سرتە سرتیان بوو. بە کورتی، ژیان هەبوو، ژیانێکی ڕاستەقینە!
بەڵام جاشکە کەرەکەی ئێمە بڕێک نەگبەت بوو. دەیویست بە هەر نرخێک بووە ببێت بە جاشکێکی چەرمگ. بە دڵزیزی لەوەڕگەی جێ هێشت و بە غاردان ملی ڕێگەی گرت. زۆری پێ نەچوو دووراودوور ئاشێکی بینی، ئاشێک کە باڵەکانی هەوا و بای تێک وەردەدا. ئاشەوان کە شەوێکی سەختی تێپەڕاندبوو، لەبەر دەرکەی ئاشەکە بە خەواڵوویی چاوەڕێ بوو. لە پەنا ئاشەوانیش، سێ تا ئاردی گەورەی ئاخنراو بەدی دەکران. جاشکەکەرەکە بیرۆکەیەکی بە مێشک گەیی. بە ئەسپایی، زۆر بە ئەسپایی ڕۆیشتە پێش، بێ ئەوەی بهێڵی دەنگی سمەکانی لە سەر عەرز، لە نێو ئاش و لای ئاشەوان ببیسترێ. پاشان، کە زۆر نزیک بۆوە، بە کەلـلەی سەری تا ئاردەکەی بەردایەوە. تا ئاردەکە ڕمبەی هات، سەرەکەی کرایەوە و ئارد بەو ناوەدا پەرژ و بڵاو بۆوە. جاشکەکە چەند جارێک خۆی تێ گەوزاند و کە هەستایە سەر پێ، بینی سپی بووە. لە خۆشیان یەک بە خۆی زەڕاندی و ئاشەوانەکەی وە خەبەر هێنا، ئاشەوان بە بینینی ئاردە ڕژاوەکە هەستا و ڕە پێی جاشکەکەی نا کە وەک شێتان پێدەکەنی. ئاشەوان گوڕاندی: "پانێر، تاڵانچی، دز، ڕیسوا، کەری ڕووڕەش!" بەڵام وەک دەزانن ئاشەوانێک ناتوانێ بگاتەوە سەر کەرێک، با ئەو کەرە بچووکیش بێ، نەخاسمە کە مرۆڤ زووتر هەناسەسوار دەبێ. جاشکەکە لە ئاسۆی ڕوانینا ون بوو.
بەڵام قەت دەرفەتی ئەوەی بۆ نەڕەخسا چێژ لە ڕەنگە نوێیەکەی تووکی لەشی ببینێ، چونکە بارانێکی توند و بەخوڕ لە پەڵەهەورێکی ڕەش کە ماوەی چەند خولەکێک بوو وەک شەپقەیەکی گەورە بەری ئاسمانی گرتبوو، دایکرد. تووکە کوڵکنەکەی لە چاوترووکانێکا وەک پێشووی لێهاتەوە، بۆوە بە بۆرێکی نەرم و نیان.       
جاشکەکە بە خۆی گوت، ئەخر ئەوەش بوو بە قسە، من بۆ ماوەیەکی زۆر سپی نەبووم! بەڵام چەندەش قۆز بووم! ئارد دەردی من چارە ناکا!
کەمێک دوورتر، لەبەردەم دەروازەی گوند، دەروازەی گوندێکی ڕاستەقینە، گوندێک بە ماڵی جوان، باغچەی ڕازاوە، دەر و دراوسێی خۆشەویست، نانەوایەکی خڕ و خەپەڵە، قەسابێکی سمێل زل، پۆستەچییەکی پاسکیل دار، کۆڵانی پاک و خاوێن و ئۆتۆمبێلی بێ دووکەڵەوە، یانی گوندێکی بە تەواو مانا کە لە نێو کتێبەکاندا نەبێ ئیتر بەدی ناکرێن، لە دەروازەی ئەم گوندە ڕاستەقینەیە بۆیەچییەکی خانووبەرە، چووبووە سەر پەیژەیەک و نمایەکی پان و پۆڕی بە ڕەنگی سپی ڕەنگڕێژ دەکرد. سەتڵە ڕەنگەکەی بە دەرنجەیەکی پەیژەکەوە هەڵواسیبوو، بەدەم چڕینی گۆرانییەکی کۆن بە فیتوو، فڵچەکەی دەخستە نێو سەتڵەکەوەوە،  پێموابێ ئاوازی گۆرانییەکەی گوڵەباغە سپییەکان بوو. ئێ، گۆرانییەکەتان نەبیستووە؟ بەداخەوە، گۆرانییەکی هەندێک دڵتەزێنە بەڵام بە ڕاستی خۆشە، دەبێ گوێی لێ بگرن، دڵنیاتان دەکەمەوە پەژیوان نابنەوە.
کە جاشکۆڵەکەمان ئەو ڕەنگەی بینی، بە خۆی گوت گومانی تێدا نییە ئەو شتەی بینیوەتەوە کە پێویستی پێیەتی. بەرەو پەیژەکە غاری دا و لووشکەیەکی توندی لێ دا. بۆیەچی فەقیر تەنیا دەرفەتی ئەوەی بۆ ڕەخسا خۆی بە گوێسوانەوە بگرێتەوە، پەیژەکە کەوت، سەتڵە ڕەنگەکە بەسەر عەرزیدا پەرش و بڵاو بۆوە، جاشکەکە خۆی تێ گەوزاند و لە چاوتروکانێکدا وەک بەفر سپی هەڵگەڕا. بۆیەچی فەقیر بە حەواوە لینگەفڕکێی دەکرد و بەسەر کەرەکەماندا دەینەڕاند "پانێر، تاڵانچی، دز، ڕیسوا، کەری ڕووڕەش!" دیارە کەرەش دوور کەوتبۆوە.
جارجارە خەون وەڕاست دەگەڕێن، بەتایبەت لە نێو چیرۆکەکان و نێو ژیانی ڕۆژانەدا. جاشکەبۆرەکە ئیتر ببووە جاشکێکی چەرمگ و کتوپڕ ژیان، ژیانی ڕاستەقینە ها، لەبەر چاوی جوانتر دەینواند، خۆر زەردتر و لەگەوەڕگە سەوزتر و ئاسمان شین تر بوون. لەناکاو زۆر حەزی کرد ئەم ڕواڵەتە نوێیەی نیشانی دوو باشترین هاوڕێی واتە گوێلک و کاریلە بدا.
لە قەراغ چۆم گوێلکەی دۆزییەوە کە خەریکی ژماردنی گوڵە چاوێشەکان بوو. گوێلک، هێندە بە کارەکەی خۆیەوە سەرقاڵ بوو، هاتنی جاشکەکەی نەبینی.
جاشکەکە زەڕاندی: "گوێلکە، گوێلکە. سەیرم کە، سەیرم کە!"
گوێلکەکە بە هێمنی سەری وەرسووڕاند، هاوڕێکەی بینی، زاری تەواو لێک هەڵپچڕی، چاوەکانی زەق بوون، زمانی شۆڕ بۆوە، پاشان لە قاقای پێکەنینی دا، پێکەنینێک کە بڕانەوەی بۆ نەبوو و تا دەهات پتر و پتر دەبوو.
"هە هە هە، هۆ هۆ هۆ، کوڕە خۆ نەمناسییەوە! بە خوا ناحەزی، حەح ئاوا ناشیرنی، خۆ جەژن و شتیش نییە بڵێ خۆت گۆڕیوە! هە هە هە، هۆ هۆ هۆ!"
گوێلکەکە بە دەست لە زگی خۆی دەدا و بە پێکەنین کەوتبووە سەر پشت. جاشکە بە تووڕەیی غاری دا و دوور کەوتەوە.
لە دڵی خۆیدا گوتی ئێرەییم پێ دەبا، بەخیلێکی پیسە و پێی خۆش نییە من لەوی جوانتر بم، خۆیشی نە بۆرە و نە سپی، ڕەش و سپییە! هاوڕێیەکی ڕاستەقینە نییە. بەڵام کاریلە لێم تێدەگا و پەسنم دەدا.
نەختێک دوورتر ئەویشی دۆزییەوە کە نوقمی خەیاڵ پڵاو ببوو و چاوی بەردابووە سێوەرەکانی داوێنێک.
جاشکەکە زەڕاندی: "کاریلەکە، کاریلەکە! سەیرم کە، سەیرم کە!" 
کاریلەکە بە هێمنی سەری وەرسووڕاند، هاوڕێکەی بینی، زاری تەواو لێک هەڵپچڕی، چاوەکانی زەق بوون، زمانی شۆڕ بۆوە، پاشان لە قاقای پێکەنینی دا، پێکەنینێک کە بڕانەوەی بۆ نەبوو و تا دەهات پتر و پتر دەبوو.
"هە هە هە، هۆ هۆ هۆ، کوڕە خۆ نەمناسییەوە! بە خوا سەیری، حەح ئاوا سەیر و سەمەرەی، خۆ جەژن و شتیش نییە بڵێی خۆت گۆڕیوە! هە هە هە، هۆ هۆ هۆ!"
کاریلەکە بە دەم فڕکە فڕک و هەڵبەز دابەزەوە قاقا پێدەکەنی. بوغزێکی قورس ئەوکی جاشکەکەی گووشی و کتوپڕ دڵی گیرا. هەوڵی دا بەسەر ڕق و تووڕەبوونیدا زاڵ بێ. بە غاردان لەوێ دوور کەوتەوە.
لە دڵی خۆیدا گوتی "ئێرەییم پێ دەبا، بەخیلێکی پیسە و پێی خۆش نییە من لەو جوانتر بم، خۆیشی نە بۆرە و نە سپی، مەیلەو قاوەییە و هیچی تر! هاوڕێیەکی ڕاستەقینە نییە. با بچم دایکم بدۆزمەوە. هیچ نەبێ ئەو دەمناسێ و لێم تێ دەگا! تەنیا ئەوە دەتوانێ چاوی پێم هەڵبێ و پێم بێژێ تا چ ڕادە بەدەو بووم!"
ئەوسا جاشکەکە گەڕایەوە بۆ لای دایکی کە هێشتا لەوەڕگەکەی جێ نەهێشتبوو. ماکەرە قۆزەکە بە کاوەخۆ لە بێدەنگییەکی قووڵدا یۆنجەی کاوێژ دەکرد.
"دایکە! دایکە! هاتمەوە! هاتمەوە!"
ماکەرەکە نیگایەکی ساردی لە مناڵەکەی بڕی.
"ئێوە کێن؟ من ناتانناسمەوە؛ چۆن ئیزنتان بە خۆتان داوە بێنە لەوەڕگەکەمەوە بێ ئەوەی لە دەرگەی پەرژینەکە بدەن؟"
جاشکە بۆرە سپی بووەکە بە پێکەنینەوە گوتی: "دایکە، ئەزم!
- ئەز؟ کەس ناناسم ناوی ئەز بێ. بە هەڵەدا چوون. ئەم ڕووخسارەم پێشتر نەبینیوە. لە کۆڵم بنەوە!
- من کوڕی تۆم، جاشکەکەت، جاشکۆڵە ئازیزەکەت!
- پێم ڕادەبوێرن! سەیرێکی خۆتان بکەن! شێوەی هیچ نادەن، هیچ، سەرەڕای ئەوەش خۆتان بە کوڕی من دەناسێنن! شێت نەبوون!
فرمێسک لە چاوەکانی جاشکەکە شۆڕ بوونەوە: "دایکە، دایکە، من جاشکە خۆشەویستەکەی تۆم، جاشکۆڵەکەت…
- دەبێ شەرم داتانبگرێ! خۆتان لە جێی کوڕی من دادەنێن، جاشکە جوان و بۆر و نەرم و نیانەکەم، لە کاتێکدا کەس نازانێ لە چی و لە کێ دەچن! خێرا لە پێش چاوم ون بن دەنا پۆلیستان بۆ بانگ دەکەم!"
جاشکەکە بەوپەڕی پەشیمانی و چاوی پڕ لە ڕۆندکەوە لەوێ ڕۆیشت. خۆر ئاوا ببوو. ئاسمان ڕەش ڕەش هەڵگەڕابوو. مەلەکان چیتر نەیاندەجریواند. وەرزێڕەکان بە پرتە و بۆڵەوە تێدەپەڕین. گولیلک ژاکابوون. بەهار غەمبار و کەساس بوو و ڕۆژ وەک کاغەزێکی لۆچکراو پێچرابۆوە.
جاشکەکە کە خەمێکی قورس لەسەر دڵی بار ببوو، داخ و پەژارە دایگرت و لەبەر خۆیەوە دووپاتی دەکردەوە: "هاوڕێکانم گاڵتەم پێ دەکەن و، دایکم نامناسێتەوە. چەند گەمژەم کە ویستم سپی بم! چەند گەوجم، چەند گەوجم."
کوڵی گریان و فرمێسکە قەتیسماوەکانی نێو چاوی بەرەو چۆمێکیان پەلکێش کرد کە ئاوە ڕوونەکەی بەسەر بەردە خڕەکان لە خوڕین دابوو. دەستێکی خستە نێو ئاوەکەوە، پاشان دەستەکەی تری، ئینجا قاچێک و دواجار قاچەکەی تری. بەدەم بیرکردنەوە لە دایکی چووە ناو قووڵایی چۆمەکەوە. ماوەیەکی زۆر لە نێو ئاودا مایەوە، هەناسەی قووڵی هەڵدەکێشان، هەنیسکی دەدا، دەچووە نێو فکر و خەیاڵانەوە و تا بڵێی پەشیمان بوو، پاش قەدەرێکی درێژ، دواجار ئاوەکە بە فریای گەیشت و ڕەنگی تووکەکەی وەک پێشووی لێهاتەوە.
جاشکەکە کە بینی دیسان بۆر بۆر بۆتەوە، هیوایەکی زۆری هاتەوە بەر. بازی دایە دەرەوەی ئاوەکە، زەڕاندی و چوارناڵ بەرەو ئەو لەوەڕگەیەی دایکی لێی دەلەوەڕا، غاری دا.
بە پێکەنینەوە هاواری کرد: "دایە، دایە، دایە!"
ماکەرە جوانەکە ئاوڕی دایەوە، جاشکۆڵەکەی خۆی بینی و بزەیەکی هاتێ.
"ئەوەش کوڕی خۆم، ئەوەش کوڕە جوانەکەی خۆم، خەریک بوو نیگەرانت بم. وەی کە قۆزی! تەماشا ئەو تووکەی چۆن دەبریقێتەوە!"
جاشکەکە بەدەم خۆنووساندن بە دەست و پلی دایکییەوە، پێی گوت: "بەڕاستی وایە، چەند خۆشە کە بە جاشکێتی بۆر بی، من گوێم بە قسەکانی تۆ نەدەدا، هەڵە بووم، دان بە خەتاکەمدا دەنێم! بمبوورە دایە گیان!
- خۆشم دەوێی جاشکۆڵەکەم. بەم زووانە دەبی بە پیاو، بە دونیادا دەگەڕێی، وڵاتان دەبینی، فێری ژیان دەبی… ژیان، ژیان، ژیان ئەو شتە نییە لە نێو کتێبەکاندا نووسراوە، ژیان دەکرێ خۆش و دڵڕفێن بێ، بەڵام ژیان ئەگەر جارجارە پەمەیی نییە، ڕەنگ گۆڕین نایکاتە باشترین شت.
 خۆت وەک خۆت خۆش بوێ
ئەوانی ترت وەک خۆیان خۆش بوێ.
ئەوەی ڕاستی بێ کوڕە ژیکەڵانەکەم، ئەمە دەکرێ وانەکە بێ."

۱۳۹۵/۰۲/۲۲

نەوەکەی میسیۆ لین

ئاواتەخوازم ئەم کتێبی هاوڕێیەتی، مەنفا و هیوایە سەرنجی خوێنەرانی کورد ڕابکێشێ و هێزیان پێ ببەخشێ.

فیلیپ کلۆودێل
سەبارەت بە چاپی کوردی "نەوەکەی میسیۆ لین"


۱۳۹۴/۰۷/۰۸

نەوەکەی میسیۆ لین، یەکەم ڕۆمانی وەرگێڕدراوی فیلیپ کلۆودێل


نسێ
فیلیپ کلۆودێل، نووسەر، دەرهێنەر و فیلمنامەنووسیی ناسراوی فەرەنسی و ئەندامی ئاکادیمیای وێژەیی "گۆنکوور"ە. ڕۆمانی "نەوەکەی میسیۆ لین"ی لە ساڵی ٢٠٠٥دا نووسیوە و ساڵێک دوای نووسینەکەی خەڵاتی ئەوروپی (Euregio)ی پێ بەخشراوە.
ئەم ڕۆمانە بەسەرهاتی پیاوێکی پیر و تەنیا دەگێڕێتەوە کە بە هۆی شەڕ ناچار بووە زێد و نیشتیمانی خۆی جێ بهێڵێ و لەگەڵ نەوەکەی کە چەند هەفتەیەکی تەمەنە، پەنا بەرێتە بەر مەنفا. شوێن لەم ڕۆمانەدا غایبە و نووسەر باسی ئەوە ناکا کە ئەم پیرەمێردە خەڵکی کوێیە و پەنا دەباتە بەر کام وڵات، بەڵام ئاماژەکان دەریدەخەن کە ئاوارەیەکی جەنگی ڤیەتنامە. 
"میسیۆ لین"، قارەمانی ڕۆمانەکە، هەموو کەس و کاری لە ئەنجامی بۆردوماندا لەدەست داوە و تەنیا دەتوانێ نەوەکەی ڕزگار بکا. بۆیە دەیەوێ بە هەر نرخێک بووە نەوەکەی بپارێزێ. لە ڕێگەی قاچاغ دەدا و پێ دەنێتە شارێکی گەورەی وڵاتێکی غەریبەوە کە هیچ شتێکی بۆ ئەو ئاشنا نییە. بەڵام لە وڵاتی نوێ، ڕۆژێک لەسەر کورسییەک تووشی کابرایەک دەبێ کە وەک ئەوانی تر لە زمانەکەی تێناگا، وەلێ هەست و غەمی هاوبەش دەیانکاتە دوو هاوڕێی گیانی بە گیانی. 
ڕۆمانی "نەوەکەی میسیۆ لین" بە زمانێکی یەکدەست و شێوازێکی ساکار نووسراوە، بەڵام خوێنەر وەڕەز ناکا و دەیخاتە نێو بیرکردنەوەیەکی قووڵەوە. هەر لە سەرەتاوە خوێنەر دەکاتە هاوڕێیەکی نزیکی میسیۆ لین و وای لێدەکا بە پەرۆش و نیگەرانییەوە تا کۆتایی بەسەرهاتەکەی وازی لێ نەهێنێ. 
فیلیپ کلۆودێل، ٢ی فێوریەی ساڵی ١٩٦٢، لە شارێکی سەر بە ناوچەی "لۆرێن" لەدایک بووە. بێجگە لە وانەگوتنەوە لە زانکۆ لە بوارەکانی ئەدەبیاتی مۆدێرن، کۆمەڵناسی و سینەما، مامۆستای گرتووخانەش بووە و لەگەڵ کەمئەندامان کاری کردووە. لە ساڵی ٢٠١٢ەوە ئەندامی ئاکادیمیای وێژەیی "گۆنکوور"ە. نووسەری کۆمەڵێک ڕۆمانی بەناوبانگ وەک: "ڕۆحە خۆڵەمێشییەکان" (٢٠٠٣)، "نەوەکەی میسیۆ لین" (٢٠٠٥)، "ڕاپۆرتی برۆدێک" (٢٠٠٧)، "لێکۆڵینەوە"(٢٠١٠)، "عەترەکان" (٢٠١٢)ە کە دەنگدانەوە و خوێنەری بەرچاویان لە فەرەنسا هەبووە. ڕۆمانەکانی بۆ زۆر زمان وەرگێڕدراون و بە هۆیانەوە دەیان خەڵاتی ئەدەبی وەرگرتووە.
نەوەکەی میسیۆ لین،  لە لایەن کتێبفرۆشی غەزەلنووسەوە چاپ و بڵاو کراوەتەوە.

۱۳۹۴/۰۷/۰۷

نەوەکەی میسیۆ لین


نەوەکەی مسیۆ لین
ڕۆمان
فیلیپ کلۆودێل

سەلاحەدین بایەزیدی
لە فەرەنسییەوە کردوویه‌ به‌ كوردی


  • به‌رگ: باسم ڕەسام
  • چاپ: یەکەم – 2015
  • چاپخانه‌: تاران
  • تیراژ: 1000 دانه‌
  • نرخ: 4000 دینار
  • بڵاوكار: ناوه‌ندی غه‌زه‌لنووس- بۆ چاپ و بڵاوكردنه‌وه‌

له‌ به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تیی گشتیی كتێبخانه‌ گشتییه‌كان ژماره‌ی سپاردنی 1508ـی 2015ـی پێ دراوه‌.

۱۳۹۴/۰۷/۰۶

سه‌لاحەدین بایه‌زیدی بۆ میلله‌ت: من تازه‌ترین ڕۆمانه‌ فه‌ره‌نسییه‌کان وه‌رده‌گێڕم


سازدانی: میلله‌ت / ئه‌ده‌ب و هونه‌ر
سه‌لاحەدین بایه‌زیدی وه‌رگێڕێکی کورده‌، که‌ له‌ فه‌ره‌نسییه‌وه‌ بۆ کوردی وه‌رده‌گێڕێت و نیشته‌جێی سویسرایه‌. ئه‌و سێ ڕۆمانی ئاگۆتا کریستۆفی کردووه‌ به‌ کوردی که‌ سێیینه‌یه‌که‌. هه‌روه‌ها ڕۆمانی "وڵاتێک بۆ مردن"ـی عه‌بدوڵڵا تایع. تازه‌ترین وه‌رگێڕانی بریتییه‌ له‌ ڕۆمانی "نه‌وه‌که‌ی میسیۆ لین" که‌ هیی فیلیپ کلۆودێله‌. بۆیه‌ "میلله‌ت" به‌ پێویستی زانی ئه‌م گفتوگۆیه‌ی له‌گه‌ڵدا ئه‌نجام بدات.

میللەت پرێس: سەرەتا باسێکی ئەوەمان بۆ بکە، کە چۆن لەگەڵ فیلیپ کلۆودێل و ڕۆمانی "نەوەکەی مسیۆ لین"ـدا ئاشنا بوویت؟
فیلیپ کلۆودێل لە ئەدەبیاتی ئەمڕۆی فەرەنسادا ناوێکی ئاشنایە و بە حوکمی ئەوەی من بە گشتی ئۆگری ئەدەبیاتی مۆدێڕنی فەرەنسام، زیاتر هەوڵ دەدەم بە دوای ئەو کتێبانەدا بچم کە ئەم ساڵانەی دوایی نووسراون، بەدەگمەن وا هەیە دەست بۆ کتێبی کۆن یان ئەدەبیاتی کلاسیک بەرم مەگەر لەلایەن وەشانخانەیەکەوە پێشنیارم پێ بکرێ، بۆیەش بڕیارم دا کتێبێکی کلۆودێل بە کوردی وەربگێڕم. سەرەتا ڕۆمانی "ڕۆحە خۆڵەمێشییەکان"م لێ خوێندەوە و لەبەر ئەوەی بە لامەوە زۆر سەرنج ڕاکێش بوو، بیرم لە وەرگێڕانی کردەوە، چەند لاپەڕەیەکم لێ وەرگێڕابوو کە بەهەڵکەوت خاتوونێک ڕۆمانێکی تری ئەو نووسەرەی پێ ناساندم و هانی دام بیخوێنمەوە. بەمجۆرە بڕیارم دا سەرەتا "نەوەکەی میسیۆ لین" وەربگێڕمە کوردی. هەرچەند لە کوردستاندا ناساندنی نووسەر و کتێبی نوێ ڕیسکە، بەڵام خۆشبەختانە کتێبفرۆشی غەزەلنووس پێشوازی لە کتێبەکە کرد. بەداخەوە پڕۆسەی وەرگێڕان لە کوردستان بە گشتی لە ژێر کاریگەریی کۆمەڵگەی فەرهەنگیی فارس یان عەڕەب دایە و نووسەرێکی ئەوروپی کە لە لایەن ئەوانەوە ناسراو نەبێ و کتێبەکانی وەرنەگێڕدرابن، بۆ وەشانخانەکانی کوردستانیش نامۆیە و بە ئاسانی خۆی لە قەرە نادەن. بۆ نموونە کە ڕۆمانەکانی ئاگۆتا کریستۆفم وەرگێڕایە سەر زمانی کوردی لەگەڵ یەک دوو ناوەندی چاپ لە کوردستان قسەم کرد، چونکە ناوی نووسەرەکەیان نەبیستبوو، تەنانەت بێ ئەوەی چاوێکی پێدا بخشێنن یان تێبینییەکیان لەسەر وەرگێڕانەکە هەبێ، ڕەتیان کردەوە. یانی مامەڵەکردن لەگەڵ ناو و پشتگوێخستنی دەق نەک هەر نووسەرانی کورد، بەڵکوو نووسەرانی بیانیشی گرتۆتەوە.

میللەت پرێس: ئەو تایبەتمەندییانە چین کە ڕۆمانی "نەوەکەی مسیۆ لین" لە ڕۆمانێکی دیکە جیا دەکاتەوە و وای لە تۆ کرد بە پێویستی بزانیت وەری بگێڕێت؟
زمانی شاعیرانەوە و گێڕانەوەی ساکاری ڕۆمانەکە هاندەری سەرەکیم بوون. جگە لەوەش زۆر زوو توانیم پەیوەندییەکی ڕۆحی لەگەڵ ڕۆمانەکە ببەستم، وەک پەنابەرێکی سیاسی خۆم لە زۆر شوێنی ڕۆمانەکە دەدیتەوە و هەستم کرد خوێندنەوەی ئەم ڕۆمانە بۆ خوێنەری کورد بێ سوود نابێ، بەتایبەت کە ئێمەش وەک کورد چەندین دەیەیە بە هۆی جەنگ، ماڵوێرانی، نائارامی و هێرشی داگیرکەران لەگەڵ دیاردەی کۆچی نائاساییدا ڕووبەڕووین. بەسەرهاتی میسیۆ لین بەسەرهاتی هەزاران پەناخوازی لاو و پیری کوردە، بە هۆی ئەوەی شوێن لە ڕۆمانەکەدا غایبە، خوێنەر ڕاحەتتر دەتوانێ زێد و نیشتیمانی خۆی لەو شوێنانەدا وێنا بکا. زۆر خاڵی هاوبەش لە نێوان وڵاتی میسیۆ لین کە دەبێ ڤییەتنام بێ لەگەڵ کوردستان بەدی دەکرێن، هەروەها چارەنووسی میسیۆ لین کە ناچار دەبێ لەو تەمەنەدا نیشتمانی خۆی جێ بهێڵێ و ڕوو بکاتە تاراوگە، ئێستاشی لەگەڵ بێ، چارەنووسی دەیان هەزار کوردە. 

 میللەت پرێس: کلۆودێل خۆی دەرهێنەری سینەماشە، بە بۆچوونی تۆ کە وەرگێڕی ڕۆمانەکەی، پێت وایە دیدێکی سینەمایی بەسەر ڕۆمانەکەدا زاڵ بێت؟
بەڵێ، ڕۆمانەکە پڕە لە دیمەنی سینەمایی و فلاشبەک. وەک ئاماژەتان پێکرد کلۆودێل خۆی دەرهێنەرە و تا ئێستا سێ سیناریۆنامە و چوار فیلمی درێژی بەرهەم هێناوە کە بریتین لە: دەمێکی درێژە تۆم خۆش دەوێ، هەموو خۆرەکان، پێش زستان و مناڵێتییەک. کە ڕۆمانی "نەوەکەی میسیۆ لین"یش دەخوێنیتەوە، هەست دەکەی سەیری فیلمێکی سینەمایی دەکەی و ئەوەش وا دەکا لە خوێندنەوەی جاڕز نەبی. ئەم دیمەنانە بە تایبەت لە وەسفی سرووشت و ڕووداوەکانی دەوروبەردا پتر خۆی دەنوێنێ. فیلمێکە کە دەبێ لە پای دابنیشی و چاوەڕوانی کۆتاییەکەی بی. چونکە لە چەند دیمەنی دواییدا کلیلی ڕووداوەکانت پێ دەدا. 

میللەت پرێس: تۆ کەسێکی چالاکی و لەم ساڵانەی دواییدا بەردەوام کتێبی تازەت هەبووە. دەتوانیت پێمان بڵێیت پرۆژەی داهاتووت چییە؟
ئێستا خەریکی وەرگێڕانی ڕۆمانێکی رۆمەن گاریم و ئەوەندەی من ئاگادار بم ئەمە دەبێتە یەکەم ڕۆمانی وەرگێڕدراوی ئەو نووسەرە ناسراوەی فەرەنسا بە کوردی. یەکێکە لە ڕۆمانە بەناوبانگەکانی کە بە نازناوی ئەمیل ئاژار نووسیویەتی.

ژێدەر:
http://www.milletpress.com/art/post_detail.php?id=1069

شۆرباوگۆشت












فیلیپ کلۆودێل
لە فەرەنسییەوە: سەلاحەدین بایەزیدی

دەوروبەری سەعات دوانزە و نیوی شەو بوو کە دواجار پیاوەکە توانی لوویی بدۆزێتەوە کە لە پشت قەنەفە سەوزەکەی ژووری دایک و باوکی شارەزایانە خۆی حەشار دابوو. چەندین کاتژمێر هەموو کوون و کەلێنێکی ماڵێی بۆ گەڕابوو. لوویی بە هەموو هێزی خۆی قیژاندبووی، ڕایکردبوو، هەڵبەزیبوو، دابەزیبوو، دەرگاکانی پێک دادابوو و کەس وەڵامی نەدابۆوە، کەس بۆ چارەنووسی ئەو بە پەرۆش نەببوو، نە باوکی، نە دایکی و نە دادە ژۆزێفینی. ئەوە چەندین شەوە پیاوەکە هەوڵ دەدا بیگرێ. پیاوەکە زەبەلاح و دەستەکانی پان بوون. کەلـلەسەری هەندێک لە هی گا دەچوو. قەت قسەی نەدەکرد. تا ئەو ساتەوەختە، لوویی بەردەوام توانیبووی خۆی لە چنگی ڕزگار بکا، بەڵام ئەمجارەیان پیاوەکە لەو بەهێزتر بوو. هەڵیکوتابووە سەر قەنەفە سەوزەکە و توند پڕی دابووە ملی کوڕیژگەکە و بۆ دەرەوەی ژوورەکە بە دووی خۆیدا ڕایکێشابوو. لوویی تەنیا دەرفەتی ئەوەی بۆ ڕەخسابوو باوک و دایکی ببینێ کە لەسەر قەرەوێڵەکەیان خرپ بۆی خەوتبوون. هەوڵی دا هاوار بکا و وە خەبەریان بێنێتەوە بەڵام هیچ دەنگێک لە زاری نەدەهاتە دەر. پیاوەکە بە قژ ڕایکێشا، بردیە دەرەوە، لە چاوترووکانێک بە قادرمەکاندا شۆڕی کردەوە و فڕێی دایە نێو مەتبەخەوە. لوویی بەسەر کاشییەکاندا کەوت. هەترەشی چووبوو. پیاوەکە وەک ئاژەڵێکی زل مشە مشی دەهات و تاو نا تاوێ هۆڕە هۆڕێکی لێ بەرز دەبۆوە. دەرکەی گشت دۆڵاب و چەکمەجەکانی کردبۆوە، لە شتێک دەگەڕا و بۆی نەدەدۆزرایەوە. ئەمە تووڕەی کردبوو. دەستێک دەوری هەڵگرت و ورد و خاشی کردن، پاشان چێشت گەرمکەرەوە، نان برژێن، ئاومیوەگر و مەکینەی قاوەکەشی فڕێ دایە سەر عەردی. مەتبەخ لە مەیدانێکی جەنگی ڕاستەقینە دەچوو. لوویی هەروا دەگریا. دواجار، پیاوەکە بە دیوارەوە ئەو شتەی بینی کە بە دوایدا وێڵ بوو. چەقۆیەکی گەورە! لەوانەی دمەکەیان سی سەنتیمەترێکە! لە خۆشیان هاواری لێ بەرز بۆوە، چەقۆکەی بە دەستێکەوە گرتبوو و بە دەستەکەی تریشی لوویی. کتوپڕ و بە وردی، قۆڵی ڕاستی کوڕیژگەکەی کردە چەند لەت. خوێن فیچقەی کرد و بەسەر پیاوەکەدا پژا کە ڕووخساری هەروا لە نێو تاریکیدا ون ببوو. ئینجا پیاوەکە قۆڵی چەپی، گوێچکەکانی، مەچەکی، ئەژنۆ و ڕانەکانی هەنجن هەنجن کرد. خوێن وەک ڕووبارێکی بەخوڕ دەخرۆشا. ئێش و ژان ئامانی لێ بڕیبوو. مەتبەخەکە سوور سوور دەچۆوە. لوویی توندتر لە پێشوو دەیقیژاند بەڵام بێ بەزەییانە پێش بە هاوارەکەی گیرا چونکە پیاوەکە زمانی بڕی، پاشانیش لێوەکانی، سەری و ملی لە لەشی جیا کردەوە. لوویییش بەر لەوەی پیاوەکە چاوەکانی دەربێنێ، تەنیا دەرفەتی ئەوەی بۆ لوا لەت و کوتەکانی جەستەی لە نێو مەنجەڵێکی پڕ لە ئاو، پیواز، توور، پەتاتە، مێخەک و گێزەردا ببینێ. دواتر ئیدی تەواو.  
چەند سەعاتێک دواتر، لوویی لە مەتبەخ نان و چای بەیانی خوارد. خوێنەکە هەمووی پاقژ کرابۆوە، کەلوپەلە شکاوەکان کۆ کرابوونەوە و پیاوەکە بێ سەروشوێن ببوو. وەک سەرجەم بەیانییەکانی تر، ژۆسێفین بە دەم پیاڵە شۆکۆڵاتەکەیەوە خەونووچکە بردبوویەوە. باوک ڕۆژنامەکەی دەخوێندەوە. دایک پەیتا پەیتا دەیگوت هەموویان وە درەنگی کەوتوون. لوویی ئازای ئەندامی دێشا. هەر بە ڕاستی وەزعی باش نەبوو بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا دەبوایە بچێ بۆ قوتابخانە. لە کاتی ڕۆیشتنە دەرەوەدا، دایکی بە هێمنی ماچی کرد و بە گوێچکەیدا چرپاند: "ئەمشەو باشتر دەبی ئازیزە بچکۆلانەکەم: بۆ ئەوەی هێز و تینت بێتەوە بەر، دایکت خواردنە خۆشەکەت بۆ ساز دەکا، شۆرباوگۆشتێکی بەتام!"

۱۳۹۴/۰۵/۲۳

ژیان گەر یەک ڕیتمی وەرگرت، خۆبەخۆ بێڕەنگ دەبێت



هەژار فەقێ سلێمان*

ژیان گەر یەک ڕیتمی وەرگرت، خۆبەخۆ بێڕەنگ دەبێت.

یەکێک لەو چێرۆکانەی لە هەناوی ڕۆمانی (نەوەکەی میسێۆ لین)ی (فلیپ کلۆودێل) ڕای گرتم ئەوە بوو، کە میسێۆ لین دەیەوێت لە خەڵوەتگەی پیری هەڵبێت و بچێتە دیدەنی هاوڕێکەی، ئەو هاوڕێیەی کە هیچ لە زمانەکەی تێناگا، کەچی غەم و کەسەری ژیان و هاوبەشییان لە غەریبی ئەم بە وڵات و غەریبی ئەو لە هاوشارییەکانی کردبوونییە هاوڕێی گیانی. لە هەڵهاتنی یەکەمدا چاودێری دەکرێت و دەگیرێت، وەلێ لە جاری دووەمدا بە درێژایی چەند ڕۆژێک خۆی بە یەک نەزم لە ژیان و هەڵسوکەوتەوە سەرقاڵ دەکات، تاوەکو بیر دەچێتەوە و لە دواییدا سەرکەوتووانە هەڵدێت.

ئەمە و چەندین چیرۆکی تر لە هەناوی ئەم ڕۆمانەدا وەبەر دیدە دەکەوێت، سەرەڕای ئەو زمانە شعریییە بەرزە و ئەو هەموو وێنە هونەرییە ناوازەیە، کە لە زۆر جێگادا هەست دەکەی دەقێکی شیعری دەخوێنیتەوە.

سوپاس بۆ کاک سەلاحەدین بایەزیدی، وەک هەمیشە ئەم دەقە جوانەشی بە جوانی وەریگێڕاوەتە سەر زمانی کوردی، سوپاس بۆ غەزەلنووس بۆ لە چاپدانی وەها ڕۆمانێک.

بەو هیوایەم ئێوەش لە خوێندنەوەی ئەو ڕۆمانە بێبەش نەبن.

*لە لاپەڕەی فەیسبووکی نووسەر وەرگیراوە.