‏نمایش پست‌ها با برچسب ساڵح موسلیم. نمایش همه پست‌ها
‏نمایش پست‌ها با برچسب ساڵح موسلیم. نمایش همه پست‌ها

۱۳۹۸/۰۲/۱۱

تەنانەت لە ژاپۆنیش ئاستەنگی بۆ زوانی کوردی بنێنەوە


جەلال باشلانگچ / ئارتی گەرچەک
لە تورکییەوە: سەلاحەدین بایەزیدی

 
عەزیز نەسین، لەگەڵ وەفدی ڕۆژنامەنووسانی هاوچەرخ دەڕۆیشتە شڕناخ.
١٤ی سێپتەمبری ساڵی ١٩٩٢ بوو. شڕناخ سووتێنرابوو، وێران کرابوو. وەفدەکە دەیویست سەبارەت بە بەرپرسیارەکانی ڕووداوەکانی ئەوێ لێکۆڵینەوە بکا. 
لە ڕێگادا، عەزیز نەسین بە تاسووقەوە گوێی بۆ بەسەرهاتێک ڕاداشتبوو:
"هەروەک دەزانن لە ئایدیۆلۆژیای فەرمیدا کورد نییە. تورکە و لە شاخ دەژی. ئەمانە 'تورکی شاخستانی'ن. بەفری چیا لە هەوای سارددا ڕەق دەبێ. بە هۆی ئەوەی ئەم 'تورکە شاخستانی'یانە پێیان لە بەفر ناوە و دەنگی 'کارت کورت'یان لێ بەرز بووەتەوە، پێیان دەگوترێ 'کورد'. ئەمە گوتاری ئایدیۆلۆژیای فەرمییە."
بە ئاستەم بزەیەک لەسەر لێوەکانی [عەزیز نەسین] نیشت:
"تەنانەت من کە ئەو هەمووە ساڵە خەریکی تەنزم، شتی ئاوام بۆ وەسەر یەک نایە."
وادەی چاوپێکەوتن لەگەڵ فەرماندەی ئەوکاتی لیوای شڕناخ، عەمید مەتە سایاریش وەرگیرابوو. 
لە چاوپێکەوتنەکەدا، ڕستەیەکی هێنایە زمان، ڕەنگە بۆ ئەوەی کۆتایی بەو باسە بێنێ کە "کێ پەلاماری شڕناخی دا":
"ئەمن لێرە هەوڵ دەدەم تابلۆیەکی جوان بئافرێنم. ئەگەر هەوڵ بدرێ پەڵەیەکی بچووک بەم تابلۆیەوە بلکێنرێ، ئەم تابلۆیە بەسەر شڕناخییەکاندا دەڕووخێنم.
دواجار ڕووخاندیشم…"
عەزیز نەسین نەیتوانی وەڵامی ئەم قسەیە نەداتەوە:
"ئێوە لە دەروازەی شار نووسیوتانە 'چ بەختەوەرە ئەوەی دەڵێ تورکم'. ئەز تورکێکی پەتیم بەڵام بەختەوەر نیم. کورد چۆن بەختەوەر بێ!"
ساڵانی نەوەدەکان، دەوڵەت هێدی هێدی ئایدیۆلۆژیای "کورد نییە، تورکی شاخستانی هەیە"ی شکاندبوو. ئەمە ئیتر بۆ گوتاری "کوردەکان برامانن. ئێمە دژی پەکەکەین، دژی تیرۆرین" گۆڕدرابوو.
ئەوەی ڕاستی بێ ئەم گوتارە دەمامکێک بوو بۆ شاردنەوەی دژایەتیی کورد. چونکە لە دڵی خۆیاندا دەیانویست بڵێن "کورد هەیە بەڵان هەمووی تیرۆریستە". هەرچەندە هەوڵیشیان دابێ ئەم هەڵوێستانەیان وەستایانە حەشار بدەن، ناوە ناوە وتەبێژانی دەسەڵات قسەیان لە زار دەرپەڕیوە و نیەتی ڕاستەقینەیان "لەقاو" داوە.
بۆ نموونە، ٢٢ی ئووتی ٢٠١٦، پاش کۆبوونەوەی جڤاتی وەزیران، سەرۆک وەزیر بینالی یڵدرم ئەم لێدوانەی ڕاگەیاند:
"هێنانە ئارای قەوارەیەکی کوردی لە باشووری تورکیا، شتێک نییە ئێمە وەک تورکیا هەرگیز بتوانین پەسندی بکەین."
بینالی یڵدرم، دوو ڕۆژ دوای ئەم قسانەی، پاش چاوپێکەوتنی لەگەڵ جۆ بایدن جێگری سەرۆکی ئەوکاتی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا، زمانی بە هەمان شێوە "تەتەڵە"ی کرد:
"لە سنووری باشوورمان پێکهاتەیەکی نوێی کوردی قەبوڵ ناکەین."
ماوەیەک دواتر، هەر ئەو یڵدرمە کە ڕۆیشتبووە میتینگی دیاربەکر، توانی بەم ڕاحەتییە قسە بکا:
"ئێمە لە هیچ شوێنێکی دونیا دژی کورد تێنەکۆشاوین، ئەوەی پێچەوانەی ئەمە دەڵێ با بێتە مەیدانی دیاربەکر."
ساڵانی نەوەدەکان، هاوکات لەگەڵ بەدیهاتنی هەرێمی فیدڕاڵی کوردستان لە باکووری عێراق، "ڕوانگەی فەرمی"ی دەوڵەت هەر بەم شێوەیە بوو:
"لە باکووری عێراق ڕێگە بە پێکهاتنی قەوارەیەک نادەین."
پاش ئەوەی ئاکەپەش هاتە سەر دەسەڵات، دەوڵەت ئەم هەڵوێستەی هەر پاراست.
ڕۆژی ٦ی ژوئەنی ٢٠٠٧، ئەردۆغان، سەرۆک وەزیرانی ئەوکات، لە پەخشی ڕاستەوخۆی کاناڵ ٢٤دا لەسەر ئەو ڕایە بوو کە: "بەردەنگی ئێمە سەرکردە کوردەکانی ئەوێ نین."
"بەردەنگی ئێمە حکومەتی ناوەندی عێراقە. ئەمن چاوم بە سەرۆککۆمار و سەرۆک وەزیرانی حکومەتی ناوەندی کەوت. بێجگە لەمە، ئەمن لەگەڵ سەرۆک هۆزێک دانانیشم."
ئەم دۆخە لەگەڵ ڕستەیەک کە ئەردۆغان پەیتا پەیتا دەیهێنایە زمان، یەکیان دەگرتەوە؛ "لە کوێوە بۆ کوێ…"
هەر ساڵی ڕابردوو، لە میتینگی دیاربەکر، ئەردۆغان بەم جۆرە دوا:
"ئێمە بەرامبەر بەو بۆچوونەی کە خودی کوردەکان وەک کێشەیەک دەبینێ، دەڵێین 'کێشەی کورد لە گۆڕێ نییە'. تورکی، زوانی فەرمیمان کە هەرگیز ناگۆڕدرێ و هەر بەو شێوەیە دەمێنێتەوە، چەند بەنرخە، کوردی، زوانی دایکیشتان، بەو شێوەیە بەنرخە."
هەر ئەمساڵ بوو وەزیری کاروباری دەرەوە، مەولوود چاوشئۆغڵو لە ئاگری دەیگوت: "دەردی ئێمە تیرۆریستەکان و ڕێکخراوە تیرۆریستییەکانن. هیچ کێشەیەکمان لە تەک برا کوردەکانمان لە عێراق و ئێراندا نییە."
بەڵام ئەمە، وەک چۆن بە ساڵان پیادە کراوە، بۆ هەر دەسەڵاتێک کە لە تورکیا بێتە سەر کار، "دەمامکێکی کوردی" وازلێنەهێنراوە.
مانشێتی دوێنێی ڕۆژنامەی "یەنی یاشام" جارێکی تر ئەم دەمامکەی هەڵماڵی.
مانشێتی نووسەرانی یەنی یاشام بەم جۆرەیە:
"تەنانەت کوردیی ژاپۆنیش بووە مایەی بێزاری!"
سەردێڕی هەواڵەکەش پەیوەندیی بە وەزارەتی کاروباری دەرەوە هەیە کە ئەو چاوشئۆغڵویەی گوتبووی "هیچ کێشەیەکمان لەگەڵ برا کوردەکانمان نییە" بەرپرسیەتی:
"وەزارەتی کاروباری دەرەوەی تورکیا داوای کرد وانەی کوردی لە زانکۆی تۆکیۆ کۆتایی پێ بهێنرێ"
بە گوێرەی هەواڵەکە، وەزارەتی کاروباری دەرەوەی تورکیا، بێزاریی خۆی لەمەڕ وانەگوتنەوە بە زوانی کوردی کە لە یەکی ئاوریل بە دواوە لە زانکۆی توێژینەوەی بیانی لە ژاپۆن دەستی پێ کردبوو، بە وەزارەتی کاروباری دەرەوەی ژاپۆن ڕاگەیاندووە. سەرچاوەی هەواڵەکەش، مامۆستای زوانی کوردیی زانکۆکە، واکاس چۆلاکە.
پێشان، کەمێک دڕدۆنگ بووم و بە خۆمم گوت "تۆ بڵێی بە هەڵە خوێندبێتمەوە؟" شتێکی بەم جۆرە دەکرێ ڕاست بێ؟
پاشان، بەسەرهاتێکم بیر کەوتەوە کە ساڵح موسلیم ساڵی ٢٠١٣ گێڕابوویەوە…
دڕدۆنگی لە گۆڕێ نەما…
بە مەبەستی ئامادەکردنی "دۆسیەی کوردستان" بۆ گۆڤاری "تووکەنمەز"ی بزووتنەوەی ٧٨ەکان لەگەڵ نیمەت تانریکوولوو و جەلالەدین جان لە هەولێرێ بووین.
ساڵح موسلیمیش بۆ زنجیرە چاوپێکەوتنێک وەک هاوسەرۆکی پەیەدە هاتبووە هەولێر.
ئەم هەلەمان قواستەوە و وتوێژێکی دوورودرێژمان دەگەڵ ساڵح موسلیم ساز دا. موسلیم لەم وتوێژەدا "چیرۆکێک لە مێژووی" گێڕایەوە.
ئاخروئۆخری ساڵانی ١٩٥٠… سووریا و میسر خەریکی دامەزراندنی کۆماری یەکگرتووی عەرەبی بوون. ڕادیۆی قاهیرە پەخشی کوردی بەرنامەکانی دەست پێ کردبوو.
وەک دەگێڕنەوە باڵوێزی تورک لە قاهیرە بە مەبەستی گەیاندنی ناڕەزایەتیی تورکیا بە پەلەپڕوزێ خۆی دەگەیەنێتە نووسینگەی سەرۆککۆمار جەمال عەبدولناسر. داوای چاوپێکەوتنێکی خێرا دەکا.
تەنانەت دەڵێن باڵوێزی تورک ماوەیەکی زۆر چاوەڕێی بینینی عەبدولناسر بووە. دواجار ئەو پەسندی کردووە.
باڵوێزەکە داواکارییەکەی پێشکەش بە عەبدولناسر دەکا:
"ئەفەندم پێویستە کۆتایی بەم پەخشی کوردییە بێت، چونکە ئێمە لەم دۆخە بێزارین."
ناسر بە زەردەیەکەوە دەپرسێ: "بۆچی؟ چما لە لای ئێوە کورد هەن؟" باڵوێزە تورکەکە وەڵامی دەداتەوە: "نەخێر ئەفەندم، چ پەیوەندییەکیان پێکەوە هەیە."
ئەم قسەیە عەبدولناسر کۆتایی بە چاوپێکەوتنەکە دێنێ:
"ئەی کەواتە بۆچی بێزار دەبن؟"
ڕاستی ڕووت و قووت لەبەر چاوانە. یانی ئەو قسەیە کە دەڵێ "کوردەکان برامانن، ئێمە دژی تیرۆری پەکەکەین" و پەیتا پەیتا دووپات دەکرێتەوە، ئەوەی ڕاستی بێ، دەمامکێکە بە ڕووی ئەو بەڕێوەبەرانەی بە ساڵانە کۆماری تورکیا بەڕێوە دەبەن.
ساڵانی ١٩٥٠ کاتێک ڕادیۆی قاهیرە بە کوردی بەرنامەی بڵاو دەکردەوە، پەکەکە هەبوو؟
نابێ لە بیرمان بچێ کە ئەم هەڵوێستەی دژ بە کوردەکان و زوانی کوردی، دەرئەنجامێکی "سیاسەتی دەمامکدار''ە کە بە درێژایی ٩٠ ساڵ لە کۆماری تورکیادا پیادە کراوە.
با چاویان هەڵنەیە بە "تورکیا نوێیەکەتان"؛ گومان لەوەدا نییە لەچاو جاران خراپترە.
ساڵانی ١٩٥٠ بێزاریی خۆیان بە کوردیی قاهیرە دەردەبڕی. ئێستاش لە "تورکیای نوێ"ی ئاکەپەدا بە کوردیی تۆکیۆ ناڕەحەت دەبن.
وا دیارە ئەمانە قسەکەی حەزرەتی محەممەد بە هەڵە تێگەیشتوون کە دەڵێ: "زانست ئەگەر لە چینیش بێ، بە دوایدا بچن"، پێیان وایە گوتویەتی: "کوردی ئەگەر لە ژاپۆنیش بێ، ئاستەنگی بۆ بنێنەوە"!

۱۳۹۲/۱۱/۰۴

ساڵح موسلیم: بە بێ کورد چارەسەری بەدی نایە


ساڵح موسلیم، سەرۆکی پارتی یەکێتی دیموکراتیک (پەیەدە) بڕوا ناکا کۆنفڕانسی ژنێڤ-دوو سەرکەوتنێکی ئەوتۆ بەدەست بێنێ.

ئومانیتێ، فرانسواز ژێرمێن ڕۆبین
لە فەڕەنسییەوە: سەلاحەدین بایەزیدی

 
چ چاوەڕوانییەکتان لە ژنێڤ دوو هەیە؟
ساڵح موسلیم:
ئەم کۆنفڕانسە ناتوانێ سەرکەوتوو بێ. ئەگەر بمانەوێ گرفتێک چارەسەر بێ، دەبێ هەموو لایەنە پەیوەندیدارەکان بەشدار بن و لەگەڵ یەک گفتوگۆ بکەن. سەیر بکەن چ دەقەومێ: هەر کام لەوێ نوێنەرایەتی بەرژەوەندیی یەکێک لە هێزە دەرەکییەکان دەکەن کە لە پێناو قازانجی خۆیان دەست لە کاروباری سووریا وەردەدەن. نوێنەرانی فەڕەنسا، ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا، عەرەبستانی سعوودی، قەتەر و تەنانەت ڕووسیا هەن، بەڵام نوێنەرانی گەلانی سووریا لەوێ نین. هیچ حزبێک کە نوێنەرایەتی گەلی کورد بکا، بانگهێشت نەکراوە. چۆن دەتانەوێ ئەمە کەمترین چارەسەری بە دوای خۆیدا بێنێ؟

پێگەی فەڕەنسا چۆن لێک دەدەنەوە؟

یاریی فەڕەنسا ئەوەیە بەرژەوەندییە بازرگانییەکانی بپارێزێ. ماوەیەک لەمەوپێش، فەڕەنسا گرێبەستێکی سەرسووڕهێنەری واژۆ کرد بۆ ئەوەی چەکەکانی بنێرێتە لوبنان، پارەکە لە لایەن عەڕەبستانی سعودییەوە دەدرێ تەنیا بە ئامانجی ئەوەی پێکدادانەکان لە ئاراستەی خۆیاندا بپارێزن. عەڕەبستانی سعوودی سێ میلیارد دۆلاری داوە بە فەڕەنسا. هەمان شت بۆ تورکیاش ڕاستە، کە بڕیارە بەم زووانە سەرۆککۆماری فەڕەنسا سەردانی بکا و ئیتیلافێکی بازرگانی بە گومژەی ٢٢ میلیارد دۆلار بخەنە ڕێ.

ئایا لە لایەن کاربەدەستانی فەڕەنساوە پێشوازیتان لێکراوە؟

نەخێر، بە هیچ شێوەیەک. لەوەتەی سەرۆککۆمار ئۆلاند هاتۆتە سەر دەسەڵات، ئێمە هیچ چەشنە پەیوەندییەکمان لەگەڵ دەربەندی ئورسای نەماوەتەوە. هەر چەند هەندێک شتمان هەیە دەبێ قسەیان لە سەر بکرێ. بۆ نموونە، بوونی جیهادیستە فەڕەنسی و ئەوروپییەکان و بە تایبەت جیهادیستە بێلژیکییەکان لە سەر خاکی ئێمە. نزیکەی بیست گەنجی بێلژیکی لە لایەن ئێمەوە گیراون. پێیان گوتراوە کە دەچن لە دژی ڕژێمی سووریا جیهاد دەکەن، بەڵام لە ڕاستیدا زۆربەیان بەشداری هێرشەکانی ئەلقاعیدە دژ بە کورد بوون.

ئێستا ناوچە کوردییەکان لە چ بارودۆخێک دان؟

زۆر چەتوونە. کورد ناچار مان لە هەموو بەرەکان بجەنگن. لە دەسپێکی سەرهەڵدانە جەماوەرییەکاندا، ئێمە دەبوایە ڕووبەڕووی سەرکوتی ڕژێم و هێزەکانی ببینەوە. ساڵی ٢٠١٢ توانیمان ڕاویان بنێین و ناوچەکەمان ئازاد بکەین. ئینجا هێرشی سەلەفیستەکان دەستی پێکرد کە لە لایەن تورکیاوە پشتیوانیان لێدەکرا. زیاتر لە سێ هەزار جیهادیست لە ناوچەی ئێمە کوژراون. ئێمە دەبوایە پێشوازی لە پێنجسەد هەزار پەنابەر بکەین کە لە شوێنەکانی تری سووریاوە دەهاتن لە کاتێکدا هیچ یارمەتییەکمان نادرێ. تەنانەت هاوکاریی مرۆییمان پێ ناگا.

چۆن سەیری داهاتوو دەکەن: ئۆتۆنۆمی؟ سەربەخۆیی؟ یان فیدڕاسیۆنی ناوچە کوردییەکان؟

ئێمە خۆبەڕێوەبەرایەتییەکی گەلمان لەو سێ ناوچەیەی خۆماندا جێگیر کردووە. لەوێ خەڵک کاروبارەکانی خۆی بە شێوەیەکی گونجاو و دیموکراتیک بەڕێوە دەبا. ئێمە هەوڵی سەربەخۆیی نادەین. دەمانەوێ کێشەکانمان لە چوارچێوەی سووریادا چارەسەر بکەین. نامانەوێ سنوورەکان هەڵبوەشێنینەوە. لەگەڵ کوردەکانی تورکیا و کوردانی عێراق، پەیوەندیمان هەیە، بەڵام مێژوو و دامودەزگا و تەنانەت کولتورێکی تەواو وەک یەکمان نییە. کوردستانی ئێمە، کە پێی دەڵێین ڕۆژئاوا، جەماوەرێکی تێکەڵ بە یەکی هەیە: کورد، عەڕەب، ئەرمەنی… ئێمە دەبێ ڕێز لەمە بگرین.

ئاخۆ لە کوردستانی ئێوە بزووتنەوەی ئیسلامی بوونی هەیە؟

ئێمە بەرامبەر کاریگەریی ئایینییەکان لە سەرانسەری کوردستان خەبات دەکەین. کەچی سەرۆک وەزیری تورک ئەردۆغان، بە میلیۆن دۆلاری خەرج کردوە تاکوو جێ پێی ئاینییەکان لەوێ قایم بکا. ئەو دامودەزگایانەی ئێمە بونیادمان ناون، عیلمانین. هەروەها ژنێکیش سەرکردایەتی حزبەکەمان، پەیەدە دەکا: ئاسیە عەبدوڵڵا لەگەڵ من هاوسەرۆکە. ئێمە دەسپێشخەری هاوسەرگیری مەدەنی و یەکسانیی نێوان پیاو و ژن بووین. ٣٠%ی خەباتگێڕانی ئێمە ژنن. من پار چوومە تورکیا، ئەو وڵاتەی ٨٤٥ کیلۆمەتر سنوورمان لەگەڵی هەیە، تاکوو بۆیان شی بکەمەوە کە بۆ ئەوە نابێ لە هیچ شتێک بترسن: ئێمە سووریایین، نە تورکین و نە عێراقین، ئێمە ڕێبازی خۆمان دەگرینە بەر و خوازیاری پەیوەندی دۆستانەین.

ئەی پەیوەندیتان لەگەڵ پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە) بە چ شێوەیەکە؟

هەر وەک ئەو پەیوەندییەی لەگەڵ پارتی دیموکراتی کوردستان و یەکێتی نیشتیمانی کوردستان هەمانە. ئێمە هەموومان کوردین و هەوڵ دەدەین گوێ لە یەکتر بگرین، هەرچەند مێژوو و بیروبۆچوونی جیاوازمان هەبێ. تورکیا دەیەوێ ئەو بڕوایە بچەسپێنێ کە ئێمە سەر بە پەکەکەین بۆ ئەوەی ئێمەش بخرێینە نێو لیستی ڕێکخراوە تیرۆریستییەکانەوە.

کوردەکان دەیانەوێ کورسییەکیان لە ژنێڤ دوو پێ بدرێ


لە کاتێکدا ئەخزەر براهیمی لە نێوان نوێنەرانی حکومەتی شام و ئۆپۆزۆسیۆنی سووریا لە هاتوچۆ دایە، کوردەکان ڕۆژی پێنجشەممە (٢٣ی ژانوییە) داوایان کرد لە ڕەوتی چاوپێکەوتنەکاندا کورسییەکیان پێ بدرێ.

تریبون دۆژنێڤ
وەرگێڕان لە فەڕەنسییەوە: سەلاحەدین بایەزیدی

 
کوردەکان دەیانەوێ گەرەنتی دەستووری بۆ مافە دیموکراتیکەکانیان دەستەبەر بکەن.
نوێنەرانی کورد و سوریانی لە یانەی سوییس بۆ ڕاگەیاندن لە ژنێڤ کۆبوونەوە و ڕایانگەیاند ئەوان بە مەبەستی بەشداری لە کۆنفڕانسی ئاشتی بۆ سووریا، هاوپەیمانێتیان پێک هێناوە. ئەوان لەگەڵ ڕاگەیاندنی ئەوەی کە نوێنەرایەتی پێنج میلیۆن سووریایی واتە چارەگێکی دانیشتوان دەکەن، لە بەرامبەر دووپات بوونەوەی هەڵەکانی پەیمانی لۆزان لە ساڵی ١٩٢٣، هۆشداریان دا. لەو ساڵەدا، مافەکانی کوردان لە ناوچەکە دانی پێدا نەنرا.
سەرۆکی پارتی یەکێتی دیموکراتیکی کوردی سووریا (پەیەدە)، محەممەد ساڵح موسلیم ڕەخنەی لەوە گرت کە لە کۆنفڕانسەکەی ڕۆژی چوارشمەممە لە مۆنترۆ، کورد بێبەش کراون.
"هێزە[دەوڵەتیی]ەکان بە ڕێککەوتنێکی سیاسی، لە هەوڵی بێبەشکردنی ئێمە دان. ئێمە لێرەین تا پەیوەندی ساز بکەین، چونکە خوازیاری گەرەنتی دەستوورین بۆ بەدیهاتنی مافە دیموکراتیکەکان"، ئەو سەرکردە کوردە وای گوت.

مۆدێلی سوییس
ساڵح موسلیم بە ئەنجامەکانی ژنێڤ-دوو گەشبین نییە. بە گوێرەی ناوبراو، هەوڵەکانی نەتەوە یەکگرتووەکان، پێکهێنانی ئاگربەستی بە دواوە نابێ، چونکە نوێنەرە بەشداربووەکانی ئۆپۆزۆسیۆن لە ژنێڤ "کۆنتڕۆڵی هێزە چەکدارییەکانیان لە سەر خاکی سووریاوە بە دەستەوە نییە."
"ئۆتۆنۆمی بۆ گەلی کورد نایەتە واتای دابڕان. ئێمە خوازیاری مۆدێلێکی هاوشێوەی سوییسین، یانی دیموکراسییەکی ڕاستەوخۆ''، ئیلهام ئەحمەد، ئەندامێکی دیکەی کۆمیتەی باڵای کورد وای گوت.
لە تەنیشت ئەوان، بەسسام ئیشاک سەرۆک و دامەزرێنەری کۆنسەی نەتەوەیی سوریانییەکان ڕایگەیاند "بە بێ داننانی هەمەلایەنە بە مافەکانی کوردان، سوریانییەکان، عەرەبەکان و سەرجەم پێکهاتەکانی کۆمەڵگای سووریا، چارەسەرییەکی درێژخایەن نایەتە ئاراوە".

هاتوچۆی براهیمی

مۆمال ڤانیان وتەبێژی نەتەوە یەکگرتووەکان ئاماژەی بەوە کرد، ئەخزەر براهیمی، ناوبژیوانی نەتەوە یەکگرتووەکان و یەکێتیی عەرەب، ڕۆژی پێنجشەممە بە جیا لە ژنێڤ چاوی بە بەرپرسانی هەر دوو لایەنی نوێنەرایەتی سووریا کەوتوە، سەرەتا لەگەڵ ئەحمەد جەربا، سەرۆکی ئیتیلافی نیشتیمانی سووریا و پاشان وەلید موعەلیم وەزیری کاروباری دەرەوەی سووریا کۆبۆتەوە.
دوابەدوای ئەم چاوپێکەوتنانە کە لە پشت دەرگا داخراوەکانەوە ئەنجام دران، لایەنەکان دەبێ لە پێناو ڕەوتی دیالۆگ، پێشنیارەکانیان پێشکەش بە ناوبژیوان بکەن. پاش سێ ساڵ ململانێ، ئەمە یەکەم هەوڵی هاوشێوەیە.
چاوەڕێ دەکرێ دانوستانەکان، ڕۆژی هەینی لە کوشکی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ ماوەیەکی نادیار دەست پێ بکەن. سێرگی لاڤرۆڤ وەزیری کاروباری دەرەوەی ڕووسیا، چوارشەممە لە مۆنترۆ ڕایگەیاند کە بۆی هەیە [دانوستانەکان] هەفتەیەک بخایەنن.
ئەخزەر براهیمی ئێوارەی چوارشەممە ئاماژەی بە هەندێک "نیشانەی ڕوون" کرد کە وێدەچێ لایەنە سوورییەکان ئامادە بن لە سەر هاریکاری مرۆیی، ئاگربەستی هەرێمی و ئازادکردنی گیراوەکان گفتوگۆ بکەن. پرسی ئاڵوگۆڕی سیاسی مەگەر لە پلانی دووهەمدا تاوتوێ بکرێ.

رەنگدانەوەی پێچەوانە

ئۆپۆزۆسیۆنی سووریا، ڕۆژی پێنجشەممە ڕژێمی بەشار ئەسەدیان بەوە تۆمەتبار کرد کە لە کۆنفڕانسەکەی دوێنێی مۆنترۆدا وەک "مافیا" هەڵسوکەوتی کردووە. ئۆپۆزۆسیۆن پێی وایە دانیشتنەکانی ڕۆژی یەکەم بە قازانجی ئەوان شکاوەتەوە و ڕەنگدانەوەی زۆر ئەرێنیی لە سەر بەرەی ئۆپۆزۆسیۆن لە سووریا هەبووە.
لە دیمەشق، بە پێچەوانەوە، میدیای ڕەسمی کۆنفڕانسیان وە بەر تۆپ دا. "لە کردنەوەی کۆنفڕانسدا، دوژمنانی حکومەت و گەلی سووریا، بە پێشەنگایەتی ئەمریکا-فەڕەنسا-سعوودیە-تورکیا، هەوڵیان دا بۆچوونی خۆیان لە مەڕ سنووردارکردنی ئەرکی کۆنفڕانس، پاڵپشت بە بەندی دەوڵەتیی کاتی پێشنیارکراو لە لایەن ژنێڤ-یەک، بسەپێنن"، ڕۆژنامە ئەلبەعس، ئۆرگانی پارتی باڵادەست وای نووسیوە.

بانگەوازی کۆتایی هێنان بە پێکدادانەکان

پێکدادان لە سەر خاکی سووریا بەردەوامە. سەرۆکی ئەلقاعیدە، ئەیمەن ئەلزەواهیری، لە پەیامێکی تۆمارکراودا کە ڕۆژی پێنجشەممە لە سەر ئەنتەرنێت بڵاو بۆتەوە، داوا لە جیهادییەکانی سووریا دەکا "خێرا" کۆتایی بە پێکدادانی براکوژییان بێنن.
چەند دەستەیەکی شۆڕشگێڕانی سووریا، لە خۆسەپاندنی دەوڵەتی ئیسلامی لە عێراق و شام (داعش) وە زاڵە هاتوون و لە سەرەتای ژانوییەوە ڕووی چەکەکانیان لەو گرووپە کردووە کە سەر بە ئەلقاعیدەن. بە پێی لێدوانی چاودێرانی مافەکانی مرۆڤی سووریا، لە ئەنجامی ئەم پێکدادانانەدا، ١٤٠٠ کەس لە ماوەی بیست ڕۆژدا مردوون.

۱۳۹۲/۰۸/۲۳

ساڵح موسلیم: جیهادییەکان لاواز بوون


لە فەڕەنسییەوە: سەلاحەدین بایەزیدی

ساڵح موسلیم سەرکردەی یەکێک لە سەرەکی ترین پارتە کوردییەکانی سووریا، لە پاریس ڕایگەیاند بزووتنەوە ئیسلامییەکان لە باکووری سووریا لە ڕوانگەی سەربازییەوە لاواز بوون و ڕۆژ بە ڕۆژ زیاتر لە ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتیان پاشەکشە دەکەن و شوێنەکەیان بۆ کوردەکان بۆ کوردەکان بەجێ دێڵن.
موسلیم، سەرۆکی پارتی یەکێتی دیموکراتیک (پەیەدە) لە لێدوانێکدا بۆ ئاژانسی هەواڵی ڕۆیتێرز بە بیری هێنایەوە کە ئەو بەڕێوەبەرایەتییە ئۆتۆنۆمەی لە ناوچە کوردییەکان ڕایانگەیاندووە، چارەسەرییەکی 'کاتی'یە تا ئەو کاتەی شەڕی نێوخۆیی کۆتایی دێ.
بە پێی ڕاپۆرتی ئاژانسی ڕۆیتێرز، لە ململانێی نێوان جوڵانەوەی کورد و جیهادیستە عەرەبەکان، چەند مانگێکە کوردەکان سەرکەوتنی بەرچاویان بە دەست هێناوە و بە تایبەتی لە سەرەتای مانگی نۆڤامبرەوە ناوچەیەکی زیاتریان خستۆتە ژێر کۆنتڕۆڵی خۆیانەوە.
"نزیکەی سێ هەزار سەلەفیست کوژراون. سەرەتا ئەوان بەهێز بوون، بەڵام ئێستا لاوازن'' ئەوە قسەی ساڵح موسلیمە کە کوڕەکەی خۆیشی لە شەڕ لەگەڵ ئیسلامییەکان گیانی لەدەست داوە.
سەبارەت بەو پرسیارەی کە ئایا ئەم سەرکەوتنە سەربازییانەی بزووتنەوەکەیان دەبێتە هۆکارێک بۆ ئەوەی چاو ببڕنەوە ناوچە ناکوردییەکانیش، ساڵح موسلیم ڕادەگەیەنێ کە ئەوان بە تەما نین بڕۆنە شام بۆ ئەوەی ڕژێمی بەشار ئەسەد بڕوخێنن، بەڵام بەڵێن دەدا هاریکاری هەموو ئەو کەسانە بکەن کە لە ناوچانە تێکەڵاوەکان دژی جیهادیستەکان دەجەنگن.
موسلیم دەڵێ "ئێمە پێویست ناکا بچینە ئەو شوێنانە کە هیچ کوردێکی لێ نییە."
سەرۆکی پەیەدە ئاشکرای دەکا کە حزبەکەیان، پارە و چەکی لە پارتی دیموکراتی کوردستان و یەکێتیی نیشتیمانی کوردستان، دوو پارتی سەرەکی کوردستانی عێراق و هەروەها لە پەکەکە وەرگرتووە.
ئەسەد و هاوپەیمانەکانی، پێیان وایە ئەو ناوچانەی لە لایەن کوردەکانەوە دەستیان بە سەردا گیراوە، ئەو ناوچانەن کە دەستی شۆڕشگێڕانیان پێ ڕانەگەیشتووە، بەڵام سەرۆکی پەیەدە هەرچەشنە ڕێکەوتن و گرێدانێک لەگەڵ شام ڕەت دەکاتەوە.
موسلیم دەڵێ "هیچ پەیوەندییەکمان نییە. پێموانییە ئەسەد دان بە ئۆتۆنۆمی کوردەکان دابنێ، چونکە ئەو تا سەرئیسقان دژی ئۆتۆنۆمی کوردەکانە."
بە گوێرەی قسەکانی ساڵح موسلیم، ٣٠%ی چاڵە نەوتەکانی سووریا لە ژێر کۆنتڕۆڵی کوردەکان دایە، بەڵام ئەوان ناتوانن ئێستا بەکاریان بێنن و وێناچێ بەم زووانەش بتوانن.

۱۳۹۲/۰۶/۲۱

کوردەکان، سووریا و تورکیا لە وتوێژێکدا لەگەڵ عەبباس وەلی



ئەجە کۆچاک - بیانەت
لە تورکییەوە: سەلاحەدین بایەزیدی


لەگەڵ پڕۆفیسۆر دکتۆر عەبباس وەلی، مامۆستا لە بەشی سۆسیۆلۆژی زانکۆی بۆغازیچی، سەبارەت بە پرسی سووریا کە لە ڕۆژەڤی سیاسەتی دونیا دایە، قسەمان کرد. دکتۆر وەلی ئاماژەی بە گەلێک بابەتی وەک ڕەوشی ڕۆژئاوا، بڕیاری دواخستنی دەستێوەردانی سەربازیی ئۆباما و بەکارهێنانی چەکی کیمایی لە لایەن سووریاوە دا و پێی وایە تورکیا لە سیاسەتی دەرەکیدا لە مەڕ سووریا سەرکەوتوو نەبووە.
عەبباس وەلی پێی وایە پێشگرتن لە دەستێوەردانێکی سەربازی هەمەلایەنە، پەیوەندیی بە دانوستانی کاریگەر لەگەڵ ڕووسیا و ئێرانەوە هەیە. ئەگەر هەموو لایەنەکان لە چوارچێوەی بەرژەوەندییەکانیان و بەر لە بڕیاری یەکلایی کۆنگرەی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا بگەنە ئەنجامێک، ئەوا دەستێوەردانی سەربازی برەوی نامێنێ و کێشەکە چارەسەر دەبێ.

کام بەشی کێشەکانی سووریا لە بەر چاوی میدیای نێونەتەوەیی یاخود میدیای تورک ونە؟ دەبێ چ شتێک سەبارەت بە سووریا بزانین کە لە میدیادا ڕەنگ ناداتەوە و نابینرێ؟

چەند هەفتە لەمەوپێش لە لەندەن بووم و بە سەرنجێکی زیاترەوە ئەو سەرچاوانەم شۆپاند کە دەتوانین وەک میدیای نێونەتەوەیی باسیان لێوە بکەین. خاڵی هەرە سەرنج ڕاکێش بەلامەوە ئەوە بوو کە گرنگییەکی کەم بە کێشەی کورد لە سووریا دەدەن. کێشەی سووریا لە لایەن میدیای نێونەتەوەییەوە، وەک ململانێی نێوان هێزەکانی ئۆپۆزۆسیۆن و حکومەتی ئەسەد، سەیر کراوە. لە کاتێکدا ئۆپۆزۆسیۆن لە نێو خۆیدا، هەڵگری ناکۆکیی گەورەی سیاسی و ئایدیۆلۆژییە.
سەبارەت بە ویست و ڕێبازە گشتییەکانیش جیاوازی هەیە. هیچ مشتومڕێک لە سەر وردەکارییەکانی پەیوەندیی سیاسی و کۆمەڵایەتی لە ناوچە کوردییەکان لە ئارادا نییە. تەنانەت دوابەدوای یەکەمین شەپۆلی توندوتیژییەکانی [بەرەی] نوسرە دژ بە گەلی کورد، سەیری هەندێک ڕۆژنامەی وەک "گاردیەن"م کرد و ئەم ڕووداوە، ڕەنگدانەوەیەکی کەمی هەبوو. هەڵاواردنی ئەتنیکی لە سووریا پشتگوێ دەخرێ؛ تەنیا داخوازی و کردەوەی سەلەفەییەکان، ئیخەوان موسلیمن و سوپای ئازادی سووریا سەرنج ڕادەکێشن. ئەوەندەی تا ئێستا سەرنجم دابێ کوردەکان لە بازنە دانین.
ئەگەر ئاوڕ لە میدیای تورکیش بدەینەوە، مخابن دەبینین کە لە ڕوانگەی دەوڵەتەوە، کێشەی کورد لە سووریا شی دەکاتەوە. سنوورەکان و پارامێتری کێشەی کورد لە سووریا، بە گوێرەی کێشەی کورد لە تورکیا وێنا دەکا. پێموایە ئەوە درێژەی ئەو سیاسەتەیە کە حکومەتی تورکیا بەم دواییانە گرتویەتیە بەر.
ئەگەڕ بڕواننە هەژدە مانگی دوایی، دەبینن سیاسەتی حکومەتی تورکیا، نەخاسمە لە کۆبوونەوەی جۆراوجۆر لەگەڵ لایەنە جیاوازەکانی ئۆپۆزۆسیۆنی سووریا بە سەرکردایەتی ئەحمەد داودئۆغڵو، پشتی بە دەرهاویشتنی ئۆپۆزۆسیۆنی کورد یاخود ماڕژیناڵیزە کردنی بەستووە. هەوڵێک هەبووە بۆ پێشگرتن لە دەستەبەرکردنی ستراتژی یاخود جێبەجێکردنی خۆسەریی لە لایەن کوردەکانەوە. ئەمە سیاسەتی دەوڵەتی تورکیا بووە و پێموایە قازانجێکی ئەوتۆی نەبووە. تەنانەت بەم هۆیەش، پارتی یەکێتی دیموکراتیک (پەیەدە)، ڕێگەی خۆی گرتە بەر و لە هەوڵدان بۆ ئاواکردنی ناوچەیەکی بەرینی مانۆڕدان سەرکەوتنی بەدەست هێنا. کاتێک حکومەتی تورکیا هەستی بەوە کرد سیاسەتەکانی دەرئەنجامی بەراوەژووی هەیە، سەرۆکی پەیەدە ساڵح موسلمیان بە مەبەستی دانوستان بۆ تورکیا بانگهێشت کرد، بەڵام بە ڕای من، ئێستا ساڵح موسلیم لە چاو هەژدە مانگ لەوە پێش لە دۆخێکی زۆر بەهێزتر دایە.
سەرباری ئەزموونی سیاسیی بەرفراونی حکومەتی تورکیا لە مەڕ پەیوەندی لەگەڵ کوردستانی عێراق و حکومەتی هەرێمی کوردستان و داواکارییەکانی حکومەتی هەرێم، سیاسەتەکانی دەوڵەت سەبارەت بە دانوستانی نێوان کوردستانی عێراق و تورکیا، بەردەوام لە چوارچێوەی پەیوەندیی دەوڵەت لەگەڵ پەکەکەدا پێشکەوتوون. ئەم هەڵەیە لە سووریاش ڕووی دایەوە و پێموایە ئەحمەد داودئۆغڵو هەستی بەوە کرد کە هەڵەیەکی گەورەیە. وەک دەرئەنجام ئێستا حکومەت تاسەباری مەسەلەی دەستێوەردانی سەربازییە. دەتوانم بڵێم میدیای تورکیش تا ئێستە، لەسەر ئەم ڕێبازە هەواڵی داڕشتووە. زۆر لە سەر پەیوەندیی نێوان پەیەدە و پەکەکە ڕۆیشتن. لە پاڵ ئەمەدا، بایەخێکی کەمیان بە پێکهاتەکانی ئۆپۆزۆسیۆنی عەڕەبی دژ بە سووریا دا. بۆی هەیە ئیخەوان ئەلموسلمین ڕۆڵێکی بەرچاوی لە پێشبینییە سیاسییەکانی تورک و ڕوانگەیان بۆ سووریا هەبووبێ و لەم ڕوەوە کاریگەریی دانابێ. میدیا گرنگی بە چی دابێ یان هەوڵی پەراوێزخستن و مارژیناڵ کردنی هەر شتێکی دابێ، پەیوەندیەکی چڕی بەو داهاتووەوە هەبوو کە بۆ سووریا وێنا کرابوو. بە ڕای من ئیتر ئەو وێناکردنە دەبێ بگۆڕدرێ، بگرە لەوانەیە گۆڕدرابێ. هێز و ڕەوشی نوێ دێنە ئاراوە کە بمانەوێ و نەمانەوێ سەرنجمان ڕادەکێشن.
وەک دوا خاڵ پێویستە ئەوەش بڵێم کە بە ئیرادەی دەوڵەت، تا ئێستا کێشەی سووریا، بەردەوام بە پرسگەلی مرۆڤدۆستانە بەستراوەتەوە و نیشان دراوە. ئەگەر لە پشت ئەم کێشەیە، بە پەیوەندیی هێزە سیاسیەکانیشەوە، گفتوگۆی ژیرانە، هاوسەنگ و پێواندار بەڕێوە چووبان، هەرگیز کوڕەو و قەتڵوعامی هۆڤانە نەدەبوونە سەرباسی میدیاکان. 

لە وەڵامەکەتاندا باسی ئەوەتان کرد کە کێشەی کورد لە بەر چاو نەگیراوە. ئەم پرسیارەم لەم چوارچێوەیەدا، پەیوەندی بە کوردستانی سووریا واتە ڕۆژئاواوە هەیە. لە سەرچاوەکانی میدیای ئاڵتەرناتیڤی تورکیا، هەواڵی ئەنجامدانی قەتڵوعامی سامناک لە ڕۆژئاوا بڵاو بۆوە. ڕۆژئاوا چۆن هاتە ئەو قۆناغەی ئێستا؟ بایەخی مێژوویی ڕۆژئاوا لە چوارچێوەی سووریادا بە چ شێوەیەکە و چۆن دەڕواننە پەیوەندی ڕۆژئاوا لەگەڵ ناوچەکانی تری سووریا؟ لە هەمووی گرنگتر، چۆن ئایندەیەک بۆ ڕۆژئاوا دێننە بەرچاو؟ ئاخۆ هەلومەرجی ئێستا ئیزن دەدا ڕۆژئاوا ببێتە دەوڵەتێکی سەربەخۆ، چۆن ستاتوسێکی دەبێ و چارەنووسی ڕۆژئاوا، چ کاریگەرییەکی لە سەر دانیشتوانی کوردی تورکیا دەبێ؟

ئەگەر بمانەوێ بە زمانێکی سیاسی بدوێین، بە ڕای من ڕۆژئاوا شانسی دەستەبەرکردنی قەوارەیەکی سەربەخۆ و دەسەڵاتداری نییە. ئەو شانسەی نییە و هەروەها بە ڕای من مەبەستیشی ئەوە نییە ئەو ڕێگەیە بگرێتە بەر؛ ئەگەر سەیری سیاسەت و ئایدیۆلۆژیای کۆنگرەی نەتەوەیی کورد بکەین کە پەیەدەش پارچەیەکە لەو، دەبینین باسێک لە چوارچێوەی سەربەخۆییدا نەهاتۆتە ئاراوە. بەڵام ئەگەرێکی زۆر بە هێزە لە ڕۆژئاواش ناوچەیەکی ئۆتۆنۆمی وەک کوردستانی عێراق دابمەزرێ.
فاکتۆرگەلی سیاسیی گرنگ هەن کە پێویستە لە بەر چاو بگیرێن. یەکێک لەوانە ئەوەیە کە لە ئەنجامی قەیرانی سووریادا، ڕژێمی ئەسەد چی بە سەر دێ و ئەم ئەنجامانە بە گشتی بۆ سووریا چ واتایەکی دەبێ؟ ئاخۆ سووریا بە سەر ناوچەی جیا جیادا دابەش دەبێ؟ ئەگەر هێزەکانی حزبوڵڵا، ئێران، برایانی موسڵمان و سعودیە ناوچەی گرێدراوی خۆیان ڕابگەیەنن، لەوانەیە کوردیش شنەی ئەم ئاڵوگۆڕانەی بەر کەوێ.
ئەگەر بڕوانینە ئەو کێشانەی لە چاوەڕوانی پڕۆژەی ئۆتۆنۆمی کورد لە ناوچەکە دان، دەبینین گرنگترینیان دەوڵەتی تورکە کە بە سوپایەکی گەورەوە لە سەر سنوور چاوەڕێ دەکا و بیر لە ڕووداوەکانی مارسی ٢٠٠٣ی عێراق دەکاتەوە. ئەگەر بێت و ڕەوشێکی هاوشێوە بێتە ئاراوە، تورکیا نایەوێ هەڵەی دەستێوەرنەدانی ئەودیو سنوور دووبارە بکاتەوە. پێموایە هەڵەی ٢٠٠٣ زۆر قورس لە سەریان کەوت. هەرچەند بڕیارێک بە دڵی چالاکانی دژی شەڕ و مرۆڤە ئاشتیخوازەکانیش بووبێ، بەڵام لە ڕوانگەی واقعی سیاسییەوە بە زیانی تورکیا تەواو بوو و نایەوێ ئەمە دووپات بێتەوە.
ئەگەر تورکیا بکەوێتە سووریاوە، یەکێک لە ئامانجە گرنگەکانی، ئاستەنگ نانەوە بۆ دامەزراندنی ناوچەیەکی خۆسەر لە ڕۆژئاوا دەبێ. هەڵبەت دیارە تورکیا لە پێناو نەهێشتنی ئەم ئەگەرە، ڕێگەی جۆراوجۆر تاقی دەکاتەوە. تورکیا لەگەڵ بەڕیوەبەرایەتی هەرێمی کوردستان ڕێککەوتنی هەیە و لە هەمووی گرنگتر، تورکیا، هەرێمی کوردستان لە سووریا وەک هێزی وەکیل بەکار دێنێ. بە بۆچوونی من، بەکارهێنانی حکومەتی هەرێمی کوردستان وەک هێزی وەکیل، بەر لە دەستێوەردانێکی سەربازی، مەیدان بۆ چالاکیی سیاسی خۆش دەکا و لەو مەیدانەدا پەیەدە و حکومەتی هەرێمی کوردستان دەکەونە ململانێیەوە. تاکوو ئێستا پەیەدە زاڵە و ڕێگەی بە حکومەتی هەرێمی کوردستان نەداوە ببێتە هێزێکی ململانێ.
لەم ڕووەوە، ئیتر زۆر شت پەیوەندیی بە وێناکردن و نەکردنی حکومەتی هەرێمی کوردستانەوە هەیە وەک هێزی وەکیل. لە مەڕ ناوچەی کورد لە سووریا، فاکتۆرێکی سیاسی تر دێتە گۆڕێ کە کارتێکەری گرنگی دەبێ. پێشهاتی نوێ کە لە سیاسەتی کوردیدا زۆریش شاراوە نییە و تا دێ بەرچاوتر دەبێ، ململانێی نێوان پارتی دیموکراتی کوردستان و پەکەکەیە. ئەم ململانێیە، ئەنجامی زۆر گرنگی بۆ ناوچەکە دەبێ. ئێستا تورکیا هەموو شتێک لەپێناو پاوانخوازی خۆیدا بەکار دێنێ، حکومەتی هەرێمی کوردستانیش بۆیە وەک هێزی وەکیل بە کار دێنێ تاکوو پێش بەوە بگرێ پەیەدە بەڕێوەبەرایەتی هەموو ناوچەکە بگرێتە دەست و هەروەها لە داهاتووی سووریادا باندۆڕی هەبێ.
کێشەکە لایەنێکی ئابووریشی هەیە. ئەگەر لە کێشەی نێوان [بەرەی] نوسرا و پەیەدە ورد بینەوە، دەبینین کە ئەم کێشەیە لە سەر کۆنتڕۆڵکردنی ناوچە نەوتییەکان چڕ بۆتەوە. پەیەدە بە شێوەیەکی جدیتر هەوڵی دەست بە سەر داگرتن و بەڕێوەبردنی کانە نەوتییەکان دەدا؛ ئەگەر ئەمە بێتە دێ، بۆ ستراتژییەکانی لایەنی تورک دەبێتە مۆتەکە. ئەو ناوچانەی چاوگەی ئابووری پێویستیان بۆ دامەزراندنی خۆسەری هەبێ، دەبنە خاوەنی پۆزۆسیۆنێکی زۆر پتەو. ئەگەر هێزی پێویستی ئابووریت نەبێ، ئەوا وابەستەی لایەنەکانی دەوروبەر دەبی. پێموایە پەیەدە تا ئێستا ئەگەر هەموو ئەو مەیدانانەشی نەگرتبێتە دەست، توانیویەتی بەشێکی زۆریان بخاتە ژێر کۆنتڕۆڵی خۆیەوە.
ئەگەر جەنگ دەست پێ بکا و ئەمریکییەکان، نموونەی باڵکان دووبارە بکەنەوە و بە مەبەستی لاوازکردن ئەسەد 'بکوتن'، ئەوا هێزی سەربازی ئەسەد زەبری وێ دەکەوێ و بۆی هەیە ڕژێم بڕووخێ. لەم دۆخەدا، پەیەدە هێزەکانی خورت تر و سەقامگیرتر دەکا. حکومەتی ئاکەپە لە بەر ئەم هۆکارە مەیلێکی زۆری بۆ دەستێوەردانی سەربازی هەیە.
لەم ڕوانگەوە، لەوانەیە زۆربەی قسەکانم سپۆکۆلاتیڤ بن، چونکە تا ئەم ساتەش نازانین ستراتژییە سیاسی و سەربازییەکانی ئەمریکا بە چ شێوەیەک دەبێ.

کاتێک ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا، عێراقی داگیر کرد، پەکەکە زۆر قازانجی لەم داگیرکردنە بینی. چونکە وەک دەڵێن لە ژێر سایەی داگیرکردنی عێراقدا، لە سەر سنووری تورکیا - عێراق، ئاسانتر دەستی بە چەک و هێزی مرۆیی و ئاڵوگۆڕپێکردنیان ڕاگەیشت. ئەوەندەی من تێگەیشتنم، ئەگەر دەستێوەردانی سەربازی لە سووریا بکرێ، پێتان وایە بە هۆی ڕۆژئاواوە هەمان ئاکام دێنە دی. ئایسەل توغڵوک، هاوسەرۆکی کۆنگرەی جڤاکی دیموکراتیک و نوێنەر پەرلەمانی وان-یش، لە وتاری ڕۆژی یەکی سێپتامبریدا، ئاماژەی بەوە کرد سەرۆک وەزیر ئەردۆغان دەیەوێ ڕۆژئاوا داگیر بکا و بەم هۆیە، پشتیوانیی لە دەستێوەردانی سەربازی ئەمریکا دەکا. ئێوە لەگەڵ ئەم نەرینەدا هاوڕان؟

مەسەلە هاوڕا بوون یان هاوڕا نەبوون نییە؛ بە بۆچوونی من، لە ڕوانگەی تورکیاوە ئەمە وەک ستراتژی زۆر ژیرانەیە. سیاسەتمەدار و ستراتژیستەکانی تورک ئەمە بە مەترسییەکی گەورە دەزانن. گومان لەوەدا نییە کە تورکیا دەیەوێ لەوێ کاریگەری هەبێ.

دەستێوەردانی سەربازی تورکیا لە سووریا، دەتوانێ چ بەرژەوەندی تری بۆ کێشەی کورد هەبێ؟

من پێموایە سیاسەتەکانی تورکیا لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست - هەر بە تەنیا من وا ناڵێم، بەڵکوو ئەمە بۆچوونی ڕۆژنامەکانیشتانە - بە جۆرێک لە جۆرەکان زۆر ناسەرکەوتوو بووە. نموونەی ئەم سەرنەکەوتنەمان لە میسر و فەلەستین بینی. بینیمان دانوستانەکانی ئاشتی نێوان فەلەستین و ئیسرائیل ڕادیکاڵ تر بوون و ڕووبەڕووی نسکۆیەکی مەزن بوونەوە. ئیسرائیلییەکان ناسازشکارانە هەڵسوکەوتیان کرد؛ حەماس و گرووپە ڕادیکاڵەکانی دی وە جموجوڵ کەوتن. لە هەلومەرجی ئێستادا، ئەم گرووپانە مەیلەو ئێرانن. یانی ڕووکردنی ئەم گرووپانە لە ئێران، دێتە ئەو واتایەی کە هیواکانی تورکیا لە مەڕ فەلەستین بە هەڵپەسێردراوی مانەوە. ئیسرائیل هیچ هاوکارییەکی نەکرد، بیناسازی لە فەلەستین ڕانەگرت و ئەمەش بوو بە کۆسپێکی گەورە لە بەردەم ئاشتی.
لە لایەکی دیکەوە، ئەگەر تەنانەت چاوپۆشی لە کێشەی کوردیش بکەین، تورکیا دەیەوێ لە سەر شێوازی حکومەتی داهاتووی سووریا خاوەن قسە بێ. پێشبینی کردنی ئەوەی تورکیا چی گەرەکە، زۆر ئەستەم نییە؛ ڕژێمێک کە بەشێک لە هێزە ئەمنییەکان و سوپا و برایانی موسڵمان بەڕێوەی بەرن و لەگەڵ عەرەبستانی سعوودیش پێک بێ بۆ ئەوەی عەلەوییەکانی سووریا مارژیناڵ بکا.
ئێستا فیکری هاوبەشی تورکیا و عەرەبستانی سعوودی ئەوەیە کە سوریا نەبێتە عێراقی دووهەم. فاکتۆرێکی تر کە تورکیا و عەرەبستانی سعودی لێک گرێداوە، ئەوەیە هەر دوو لا خوازیاری پێکهاتنن لە سەر ڕێککەوتنێک کە ڕۆڵی ئێران لە ناوچەکەدا لاواز و کەمڕەنگ بکاتەوە. تورکیا، عەرەبستانی سعوودی و ئۆردۆن، ئاواتەخوازی ئەوەن ئێران کاریگەریی کەم ببێتەوە. لە وەها ڕەوشێکدا، دیاردەی سووریا سەر لە نوێ شانسێکی تر بە وە گەڕ کەوتنەوەی سیاسەتەکانی تورکیا دەدا. ئەمڕۆکە بۆ وڵاتانی وەک تورکیا، عەرەبستانی سعوودی، میسر و ئۆردۆن هەلی بەرژوەندییەکی مەزن لە ئارا دایە بۆ ئەوەی لە سەر خاڵێکی دیاریکراو یەک بگرن. ئەم هەلومەرجە لەوانەیە سیاسەتە لاوازە دەرەکییەکانی تورکیا ببوژێنێتەوە.
پێموایە لە هیچ کەس شاراوە نییە کە لاساری تورکیا لە مەڕ پێشهاتەکانی میسر و داننەنان بە ئاکامەکانی ئەم پێشهاتانە، هەرچەند وەک هەڵوێستێکی ئەخلاقی جێگەی پەسند سەیر کرابێ، بە لە بەرچاوگرتنی ڕووداوەکانی ناوچەکە، سیاسەتێکی خراپ بوو. ئەوەندەی من بزانم ڕۆژنامەنووسە ناسراوەکانتان، پێشنیاریان بە حکومەتی تورک کرد سنوورێک بۆ شێوازی شەڕەنگێزانە و ڕەخنە قورسەکانی بەرامبەر بە سووپا دابنێ. بەمجۆرە ئەگەر تورکیا بە هەندێک لەو ئامانجانە بگا کە بۆ سووریا دایناون ئەگەرچی ئەوە شتێک نییە لە چاوتروکانێکدا بێتە دی، بە مەبەستی گۆڕینی هەڵوێستی سیاسی خۆی، هەلێکی لەباری ڕەخساندووە.
بە گشتی دەگوترێ سیاسەتی دەرەکی، بە شێوەیەک لە شێوەکان درێژەدەری ناوەڕۆک و چییەتی سیاسەتی نێوخۆییە، ئەمە تا ڕادەیەک ڕاستە. لە تورکیادا ئەمە دەبینین. بە ڕای من هۆکاری چەقبەستوویی و ناسەرکەوتوویی سیاسەتی دەرەکیی حکومەتی تورکیا لە ڕۆژی ئەمڕۆدا، ئۆپۆزۆسیۆنی لاوازی نێوخۆیە. ئۆپۆزۆسیۆنی نێو مەجلیس و سەرجەم پارتەکانی تری دەرەوەی ئاکەپە، بە شێوەیەکی باوەڕپێنەکراو بێ کاریگەر ماونەتەوە. حکومەتیان بۆ ڕاپەڕاندنی ئەرکەکانی بانگهێشت نەکرد، گوشاریان بۆ نەهێنا، لە سیاسەتەکانیاندا نەیانتوانی سەر لە نوێ هاوسەنگی و پەیوەندییە سیاسییەکانی نێوخۆی وڵات دابڕێژنەوە. لە پێڤاژۆی سیاسی - دیموکراتیکدا، ئۆپۆزۆسیۆنی لاواز بۆ سیاسەتی دەرەکی باش نییە.

ئەگەر ڕژێمی ئەسەد بڕووخێ، جا چ بە دەستێوەردانی سەربازی بێ یان بە شێوەی تر، لە سووریا شاهیدی چۆن ڕژێمێک دەبین؟ چۆن کەشوهەوایەکی سیاسی دەبێ؟ ئاخۆ سووریا وەکوو میسر لە ناو ناسەقامگیرییەکی سیاسیدا دەچەقێ؟

بێگومان دواخستنی بڕیاری دەستێوەردانی سیاسیی لە لایەن ئۆباما و چاوەڕێکردنی بڕیاری کۆنگرە، بۆ سیاسەتی نێوخۆیی ئەمریکاش گرنگ بوو، بەڵام شکی تێدا نییە کە هۆکارگەلی تریش هەن.
پێموایە ئەم بڕیارەی ئۆباما دەرفەتێکی زەمەنی بۆ دانوستانی هەستیاریی نێوان حکومەتەکان و ئەو هێزانەی نەیار ڕەخساند کە سەبارەت بە داهاتووی سووریا قسەیان پێیە. پێش بینی دەکەم ئێستا وتوێژی گرنگ لەگەڵ ئێران ئەنجام دەدرێن. لەوانەیە فەڕەنسییەکان لایەنێک و هەندێک دامودەزگای یەکێتی ئەوروپا لایەنی تر بن. گومان لەوەدا نییە کە ئەمریکییەکان لایەنێکی ئەم مەسەلەیەن. بیرۆکەی سەرەکی ئەوەیە بەر لە هەر چەشنە موداخلەیەکی سەربازی ڕووسەکان و ئێرانییەکان بەوە قایل بکرێن کە ئەسەد دەبێ بڕوا. ئامانجی ئەم دیپلۆماسییە شاراوەیە بێگومان هەر ئەمەیە. فەڕەنسییەکان زۆر ڕاشکاوانە باسی دەکەن، کەچی هەڵوێستی ئەمریکییەکان هەندێک جیاوازە. بەڵام ئاخۆ پێویست بە دەستێوەردان و زەبری سەربازی دەکا ئەگەر بێت و تەنانەت ئەسەدیش بڕوا؟ دواجار گۆیا دەزگای هەواڵگری ئاڵمانیا تۆمارێکی دەنگی باڵوێزێکی ئێرانی و ئەندامێکی حزبوڵڵای دەست کەوتووە. لەم گفتوگۆیەدا، باس لەوە دەکرێ کە ئەسەد ئەقڵی لە دەست داوە، بۆیە فەرمانی بەکارهێنانی چەکی کیمیایی داوە و ئەم فەرمانە هەڵەیەکی گەورە بوو. ئەمڕۆ لە هەواڵەکاندا ئەوەم خوێندەوە. ئەگەر ئەمە ڕاست بێ و ئەگەر ڕەفسەنجانی یەکێک لە کارەکتەرە گرنگەکانی ڕژێمی ئێران ڕاشکاوانە باسی ئەوەی بکا ئەسەد چەکی کیمیایی بەکار هێناوە، ئەوا نیشان دەدا ئێران سەبارەت بە سووریا، تێڕوانینێکی یەکدەست و تایبەتی نییە.
کۆنگرەی ویلایەتە یەکگرتوەکانی ئەمریکا ١٠-١١ی سێپتامبر گفتوگۆ لە سەر ئەم مژارە دەکا. تا ئەوکات هەفتەیەکمان لە بەر دەمە و بە پێی سیاسەت بێ، هەفتەیەک ماوەیەکی زۆرە. ئەگەر لە ماوەی ئەم هەفتەیەدا، ڕووسەکان و ئیرانییەکان لە چوارچێوەیەکی سیاسیدا قایل بکرێن، بۆی هەیە دەستێوەردانی سەربازی ئاڕاستەکەی بگۆڕدرێ و ئەم بژاردەیە وە لاوە بنرێ. لەوانەیە بێ بوونی ئەسەد، ڕژێمێکی ئەڵتەرناتیف بە بەڕێوەبەرایەتی ئەو بەشە لە سوپا و هێزە ئەمنییەکان دابمەزرێ کە 'پاکژ ماونەتەوە'.
هەڵبەت لەوانەیە ئەم ڕێگەچارەیە دوابەدوای دەستێوەردانی سەربازیش بێتە گۆڕێ. پێموایە سەرکەوتنی چالاکییە سیاسییەکانی حەماس، بەر لە بڕیاری کۆنگرە، دەتوانێ هۆکارێکی گرنگ بێ. لە داهاتوودا ڕوون دەبێتەوە. بە ڕای من تورکیا ئێستا نایەوێ وەها پێشهاتێک بێتە ئاراوە، چونکە تورکیا دەیەوێ دەستێوەردانێکی سەربازی بکرێ.

ئاماژەتان بە تۆمارێکی دەنگی کرد کە گۆیا گوتراوە ئەسەد ئەقڵی لە دەست داوە ئەگینا فەرمانی بەکارهێنانی چەکی کیمیایی نەدەدا. دەمەوێ بیروبۆچوونی ئێوە سەبارەت بە بەکارهێنانی چەکی کیمیایی بزانم. ئاخۆ بڕواتان وایە ڕژێمی ئەسەد چەکی کۆمەڵکوژی کیمیایی دژ بە خەڵکی سڤیل بەکار هێنابێ؟ ئاخۆ کەشوهەوای سیاسی و کۆمەڵایەتی ئێستای سووریا لە ڕەوشێکی وا دایە وەها بڕیارێک بدا؟

بڕوانن، بەکارهێنانی چەکە کیمیاییەکان بابەتێکە کە لە نێو کۆمەڵگەی نێونەتەوەییدا لە مێژە بە توندی شەرمەزار کراوە. بەکارهێنانی پێشێلکردنی یاسایە. بەکارهێنانی بەرچاوی ئەم چەکانە تەنانەت لە کاتی شەڕدا، ئەنجامی حیسابی هەڵەی جددیە. لەگەڵ ئەمەشدا، بۆی هەیە سیاسەتمەدارن لە هەلومەرجی سامناکدا بڕیارگەلی سامناک بدەن.
سەبارەت بە بەکارهێنانی چەکی کێمیایی، نموونەی هەرە بەرچاو عێراقە. بۆ یەکەمجار هاوکات لەگەڵ پێشڤەچوونی سوپای ئێران و پاشەکشەی سوپای عێراق بۆ ناو سنووری عێراق، ئەم چەکەی دژ بە سوپای ئیران بەکار هێنا. من پێموایە ڕۆژئاوا دەیزانی حکومەتی سەددام لە هەندێک ناوچەی دیاریکراو، چەکی کیمیایی بەکار هێناوە، بەڵام پشتگوێیان دەخست. ئەمجارەیان دۆخەکە زۆر جیاوازە؛ گەڕەکێک لە گەڕەکەکانی شام لەگەڵ مەیدانی جەنگی خاکی ئێران یان عێراق جیاوازی هەیە.
من لەو ڕوانگەوە سەیری ئەم بابەتە ناکەم کە "ئەسەد دەتوانێ یاخود ناتوانێ ئەم کارە بکا". سەیری لایەنی مرۆیی ئەسەدیش ناکەم. بەڵکو وەک ڕووخسارێکی سیاسی لێی دەڕوانم کە بە شێوەیەکی زۆر جدی تەنگاو بووە و بۆ ڕزگارکردنی ڕژێمی ئەسەد پێداگرە و بۆ ئەم مەبەستە، تاقیکردنەوەی هەموو ڕێگایەک ڕەوایە. بە بۆچوونی من، چەکی کیمیاییش دەکرێ یەکێک لەم ڕێگایانە بووبێ.
من ناڵێم حەتمەن وایە، بێگومان بەڵگەی سەلمێنراوم نییە. وەک بەڵگە تەنیا دەتوانم متمانە بەو نووسراوانە بکەم کە لە میدیاکاندا دەیانخوێنمەوە. پسپۆڕە ئاڵمانییەکان دەڵێن ئۆپۆزۆسیۆنی سووریا، تەکنیکی پێویستیان بۆ بەکارهێنانی چەکی کیمیایی نییە، ئەمە شتێکە دەکرێ لەبەر چاو بگیردرێ. فەڕەنسییەکانیش دەڵێن بەڵگەی سەلمێنراویان لە بەر دەست دایە کە ئەسەد چەکی کیمیایی بەکار هێناوە.
بۆ یەکەمجار دەبینین لە ئێرانیش جیاوازی بیروڕا هەیە. سەرۆککۆماری تازە هەڵبژێردراوی ئێران بەکارهێنانی چەکی کیمیایی مەحکووم دەکا، بەڵام لێدوانێکی ڕوون نادا سەبارەت بەوەی کێ ئەنجامی داوە. کارەکتەرێکی گرنگی وەک ڕەفسەنجانیش - لە دامەزرێنەرانی ڕژێمی ئیسلامی، هەڵبژێردراوی دوو خولی سەرۆککۆماری، کەسێکی کارتێکەر کە هەر لە کۆنەوە تا ئێستا پۆستی گرنگی هەبووە- ڕاشکاوانە ڕادەگەیەنێ ئەسەد چەکی کیمیایی بەکار هێناوە. دواتر کە ئەم لێدوانە ڕەت کرایەوە، تازە کاریگەری سیاسیی خۆی دانابوو.
ئەگەر سەتاسەت دڵنیاش نەبین کە ڕژێمی ئەسەد چەکی کیمیایی بەکار هێناوە، ئەوا هۆکار و بەڵگەی پێویست هەن. گرنگ نییە ئەم زانیارییانە ڕاستن یان نا، گرنگ ئەوەیە ئامانجی سیاسی ئەم زانیارییانە چ دەبێ و ئەم ئامانجانە خزمەت بە کێ دەکەن. ئەوەی ڕاستی بێ، ئێستا ڕۆژئاوا، سەبارەت بە چەکی کیمیایی لە سووریا، خاوەن بناغەیەکی ئەمن ترە لە چاو ئەوەی لە عێراق ڕووی دا. بەڵگەکانی عێراق، زۆر لاواز بوون، بەڵام ئەمریکا و بریتانیا لەمێژ بوو بڕیاری شەڕیان دابوو، تەنیا بە دووی پاساوێکدا دەگەڕان. ئێستا وەزعەکە زۆر جیاوازە.
تەنیا دەتوانم بڵێم هۆکار گەلێک زیاترە بۆ ئەوەی بڵێی ڕژێم چەکی کیمیایی بەکار هێناوە تا ئەوەی بانگەشە بکەی بە کاری نەهێناوە. نابێ تەنیا لە ڕوانگەی مرۆییەوە سەیری کەسانی وەک ئەسەد بکرێ. باسی سیاسەت و بەکارهێنانی هێزە لە پێناو بەرژەوەندی سیاسیدا.

ئێستاکە ژمارەیەکی زۆر کۆچبەر لە سووریا ڕادەکەن و پەنا بۆ وڵاتانی ڕۆژهەڵاتی ناوین دەبەن. زۆربەیان بۆ تورکیا، لوبنان و ئوردۆن ڕادەکەن. جموجوڵی حەشیمەتی سووریا، لە درێژخایەندا چ ئەنجامێکی دەبێ؟ ناسنامەی ئەتنیکی و ئایینی پەنابەران، تا چەند کاریگەریی لە سەر ئەم کۆچانە دەبێ؟ بۆ نموونە هەواڵێک بڵاو بۆوە گۆیا بە هۆی ئەوەی نەیانویستووە کۆچبەرە عەلەوییەکان لە کەمپەکانی تورکیا بمێننەوە، ئەوان ناچار بوون لە دەرەوە بخەون.

پێموایە حەشیمەتی پەنابەران بە پێکهاتەی ئەتنیکی و ئایینیەوە، دوای ئەوەی بڕیاری دا بچێتە کوێ، کاریگەری وەردەگرێ. کوردەکان دەیانەوێ بچنە کوردستانی عێراق، عەلەوییەکان دێنە تورکیا، لەوانەشە هەندێک دەستە و گرووپ بچنە لوبنان یان ئۆردۆن. بە کورتی، دیارە ئەمە گرنگە، بەڵام من هیوادارم ئەم جێگوڕکێ کردنە کاتی بێ، چونکە هیچکام لەم وڵاتانە، نە تورکیا، نە کوردستانی عێراق، مافی نیشتەجێبوونی هەمیشەیی نادەن بەو پەنابەرانە و ئەو هەستە بەوان نابەخشن کە لە ماڵی خۆیانن. ژیانیان هەرگیز وەک هی مەملەکەتی خۆیان نابێ.
ئەگەر سەبارەت بە سووریا ڕێککەوتنێک بێتە ئاراوە، بێگومان پەنابەران دەگەڕێنەوە. ماڵ و حاڵی خۆیان لە چ دۆخێکدا دەبیننەوە، ئەوەیان مژارێکی ترە. ئەگەرچی سەبارەت بە پەنابەرانی کورد زۆر دڵنیا نیم. دوای ئەگەری دەستێوەردانی سەربازی لە لایەن تورکیاوە، دیار نییە لە ڕۆژئاوا چ ڕوو دەدا و لە درێژخایەندا ڕەوشی ئەوان بە هەڵپەسێردراوی دەمێنێتەوە.

هەرکات توندوتیژییەکی هەمەلایەنە بێتە ڕۆژەڤەوە، چاوەڕوانی ئەوە دروست دەبێ کۆمەڵگای نێونەتەوەیی کاردانەوەی هەبێ و شەرمەزاری بکا. ئەم شەڕ و پێکدادانە، بە بێ دەستێوەردانی سەربازی چۆن چارەسەر دەکرێ؟ نەتەوە یەکگرتووەکان بەردەوام بەوە تاوانبار دەکرێ کە خۆی دوورەپەرێز دەگرێ. بەڕای ئێوە جموجوڵی کۆمەڵگەی نێونەتەوەیی دەبێ بە چ شێوەیەک بێ؟

کە دەڵێین نەتەوە یەکگرتووکان، لە ڕاستیدا باسی پێنج زلهێز دەکەین. لە چوارچێوەی پەیوەندییە دیپلۆماسییەکان، چین و ڕووسیا لە ڕاستای حیساب و بەرژەوەندییەکانی خۆیاندا دەجووڵێنەوە. لە هەلومەرجی دیپلۆماتیکی ئێستادا، پێموایە سەر لە نوێ چاو بەم بەرژەوەندییانەدا دەخشێنرێتەوە. ڕووسەکان دوودڵن لەوەی چۆن کاردانەوەیەک نیشان بدەن؛ بەڵام پێموایە قایلکردنی چینەکان ئاسانترە.
ئەگەرچی بۆچوونی ڕووسەکان سەبارەت بە سووریا، وشک و توند دێنە بەر چاو، بەڵام ناکرێ باس لە بەرژەوەندیی ڕاستەوخۆی سەربازی یاخود ستراتژی بۆ ڕووسەکان بکرێ. زۆر کەس دەڵێن سووریا بنکەیەکی سەربازییە بۆ ڕووسەکان، لە کاتێکدا ئەم بنکە دەریاییە، مردوو و بێ بایەخە. بە ڕای من، ڕووسیا وەک کارتێک سووریا بەکار دێنێ. لە لایەکی ترەوە تا ئێستا ڕوون نییە ئەم کارتە بە چ ئامانجێک بەکار دێنێ. ئاخۆ داخوازییەکانی، قازانجێکی مادی زیاترە لەوەی سعودییەکان قەبوڵیان کردوە بیدەن یاخود شتی ترە؟
من ئاوا بیر دەکەمەوە؛ ئەگەر ڕووسەکان سەبارەت بە سووریا ڕێککەوتنێکیان پێکهێنابێ، ئەمە بۆ ئەو دانوستانە ناوکییانەی لەگەڵ ئێرانیش بەڕێوە دەچن، هەلێکی نوێ دەرەخسێنێ. بۆی هەیە ڕووسەکان بڵێن شتێکی ئاوایان گەرەکە، بەڵام دیار نییە ئەمریکییەکان ئامادەی ڕۆیشتن تا ئەو خاڵە هەن یان نا. سەبارەت بە ئێرانیش، هەڵوێستی ئەمریکا یان لە واتا گشتییەکەیدا ڕۆژئاوا و بە تایبەتی یەکێتی ئەوروپا بەرامبەر بە ئێران دەگۆڕێ و نەرمتری دەکا. کۆدەنگییەک لە سەر مەسەلەی نزیکایەتییەکی نوێ لە هەمبەر پرسی ناوەکیی ئێران، شتێکە کە ئێران ئارەزووی دەکا. پێموایە ڕووسیاش ئەمەی گەرەکە. ئەم بابەتە لەوانەیە بەشێک لە دانوستانەکان و ڕۆژەڤی سیاسیی ئێستا پێک بێنێ و لەوانەشە نا. ڕووسیا، سووریا لە بەرژەوەندیی ستراتژییەکی درێژخایەن زیاتر، وەک کارتێک بۆ سات و سەودای گەورەکردنی هێزی خۆی بەکاری دێنێ. بەڵام نازانم بۆچی دەیەوێ سات و سەودا بکا.
هەروەک گوتم، کاتێک دەڵێین نەتەوە یەکگرتووەکان، لە ڕاستیدا باس لە دەستەی ئاسایش دەکەین. سات و سەودا لەوێش بەردەوام دەبێ بەڵام پێموانییە ئەمریکییەکان چاوەڕێی ئەو ساتەوەختە بکەن. ئەگەر مۆڵەت لە کۆنگرە وەربگرن -هەڵبەت نابێ لە بڕیارێکی ئەرێنیدا سەرمان سووڕ بمێنێ - لەم حاڵەتەدا، پێویستە بە دوو شێوە لە دەستێوەردانی سەربازی بڕوانین؛ ئەم دەستێوەردانە یان سزادان دەبێ یان ئیفلیجکەر. ئەگەر لە پشت پەردە سیاسەتێکی کاریگەر نەبێ، دەستێوەردانی سەربازی تا هیچ کوێ بڕ ناکا، هەروەک چۆن لە شەڕی کەنداودا بینیمان.
من گومانێکی ئەوتۆم نییە سەبارەت بە وەرگرتنی بڕیارێک لە کۆنگرە چونکە کۆماریخوازانی ئەمریکا لەمێژ بوو داخوازییەکی وەهایان لەم کۆنگرەیەدا هەبوو. سێناتۆر مەککین دوێنێ شەو لە سەر ئەم بابەتە قسەی کرد و لە سەر ئەوە نەدوا تا چەند لە دەستێوەردانی سەربازی ڕازییە یان بە پێچەوانەوە بەڵکو گرنگیی ئەوەی هێنایە گۆڕێ دەبێ گورزی گەورە لە سووریا بوەشێنرێ.
ئەگەر دەستێوەردان لە سووریا، پشتیوانێکی سەربازی نەبێ و زیاتر و زیاتر یارمەتی چەک و چۆڵ پێشکەش بە نەیارەکانی سووریا بکرێ، ئەمە کاریگەرییەکی بەو شێوەیەی نابێ. ئەگەر سەرنج لە قسەی سیاسەتمەدارانی ئەمریکا بۆ میدیاکانی ئەو وڵاتە پاش دیداری دوێنێ شەویان لەگەڵ ئۆباما بدەین، هەموویان ئاشکرایان کرد کە دەستێوەردان دەکرێ و ئۆپۆزۆسیۆنیش بە شێوەیەکی ڕاستەوخۆتر یارمەتیی دەدرێ.
کێشەی سووریا لەمێژە ڕواڵەتی کێشەیەکی نێونەتەوەیی بە خۆوە گرتووە. هێزەکانی ناوچەکە نەیانتوانی کێشەکە بخەنە ژێر کۆنتڕۆڵی خۆیانەوە و سنوورە نەتەوەیی و ناوچەییەکانی تێپەڕاندوە. هێزە نێونەتەوەییەکانیش نەیانویست ڕاستەوخۆ ببن بە پارچەیەک لەو کێشەیە، بەڵام پێموایە هێرشی کیمیایی لەپێناو کاردانەوەیەکی بەرینی نێونەتەوەیی، بناغەیەکی پتەو دروست دەکا.

ئەگەر دەستێوەردانی سەربازی بکرێ، ئەنجامەکانی ئەم دەستێوەردانە چی دەبن؟ گەلۆ دەستێوەردان شتێک چارەسەر دەکا یاخود چاکی دەکاتەوە؟

دەستێوەردانی سەربازی تەنیا ئامرازێکە. ئەگەر دەستێوەردانی سەربازی پشت ئەستوور نەبێ بە سیاسەتێکی کارا، هەرگیز بە ئامانجی خۆی ناگا. ئەمە خاڵی سەرەکییە.
بە پێچەوانەوە، بەڵێ، حاشا هەڵنەگرە ئەمریکییەکان خاوەن هێزێکی سەربازیی ئەوتۆن کە زەبری گەورە لە سوپای سووریا بوەشێنن. دەگوترێ دەستێوەردانێکی سەربازی، تەنیا پۆزۆسیۆنی ئەسەد بەهێزتر دەکا. من بڕوا بەوە ناکەم؛ ئێستا پۆزۆسیۆنی ئەسەد بە هیچ شێوەیەک قایم نییە. بە ڕای من، دەستێوەردانێکی سەربازی گەورە و هەمەلایەنە، دەتوانێ ئەسەد بەرەو سیاچاڵ شۆڕ بکاتەوە، بەڵام لەوانەیە ڕژێمی ئەسەد لە شوێنی خۆیشی بمێنێتەوە. لەوانەیە وەک چۆن سەدام لە نێوان ساڵانی ١٩٩١ تا ٢٠٠٣ خۆی ڕاگرت، ئەویش بەرگە بگرێ. ئەگەر سیاسەتێکی کارا لە پشت دەستێوەردانی سەربازی پەیڕەو نەکرێ، بۆی هەیە ئەم ڕەوشە بەدی بێ.
دیارە ڕەوشی سووریا جیاوازترە؛ ئەو ڕۆژانەی سەدام لە ساڵی ١٩٩١دا هێرشی کرایە سەر، زۆر ئاشکرا بوو کە هێزەکانی ناوچە وەک عەرەبستانی سعوودی، تورکیا، ئۆردۆن و میسر نایانەوێ ئەو ڕژێمە بگۆڕدرێ. عەرەبستانی سعوودی وڵاتێکی تری شیعەی نەدەویست، تورکیاش تەنانەت نەیدەتوانی عێراقێکی نامەرکەزی بێنێتە بەرچاو و ترسی کێشەی کورد، ئەم وڵاتەیان لە ڕووی بیرکردنەوە ئیفلیج کردبوو.
رووداوی سووریا زیاتر بەرچاو و شیاوی تێگەیشتنە؛ ئیتر ئەو ترس و خۆفانە لە گۆڕێ نین کە بۆ عێراق لە ئارا دابوون. ئەگەر سیاسەتێکی کارا، دەستێوەردانی سەربازی بشۆپێنێ، بۆی هەیە بە گوێرەی ویستی ئەو هێزانەی خوازیاری دەستێوەردانن، بە ئەنجام بگا. بەڵام ئەگەر دەستێوەردانی سەربازی لە لایەن سیاسەتێکی کاراوە نەشۆپێنرێ، ئەوا دەستێوەردان باردودۆخەکە بەرەو ئاڕاستەیەکی خراپتر پاڵ پێوە دەنێ.

ئاخۆ پێتان وایە دوابەدوای ئەگەری دەستێوەردانێکی سەربازی، سیاسەتی چالاک و کاریگەر بەڕێوە ببرێ؟

ناوچەکە بە گشتی لە دۆخێکی ئاڵۆز دایە. ڕەوشی میسر، لیبیا و تونێس ئەوە لە بر چاوە. ئۆردۆن و لوبنانیش ناسەقامگیر بوون. ئەو ڕووداوانەی لە میسر دەقەومن، بە ڕاستی جێگەی نیگەرانین؛ لەوێ دیکتاتۆرییەکی نوێ سەر هەڵدەدا. عێراق بە تەواوی مانای وشە ئاڵۆزە. بە ڕای من، عەرەبستانی سعوودی، ئۆردۆن و هێزەکانی تری ناوچەکە، گوشار بۆ ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا و یەکێتی ئەوروپا دێنن بۆ ئەوەی بکەوێتە گەڕ. ناوچەکە لە ڕەوشێکی زۆر مەترسیدار دایە و ئەمەش ڕوون و ئاشکرایە.

پرسیارەکانی من تەواو بوون. ئەگەر دەتانەوێ شتێکی تر سەبارەت بە سیاسەتی تورکیا یاخود پێکدادانەکانی سووریا بە باسەکەوە زیاد بکەن، تکایە فەرموون.

بە شێوەیەکی گشتی باسی مەسەلەکەمان کرد، لە ڕاستیدا ئەگەر سەیر بکەن دەبینین هەتا زیاتر لەمبارەوە قسە بکەین، کەمە. شتێک کە دەمەوێ ئاماژەی پێ بکەم ئەوەیە کە حیسابی هەڵەی سیاسەتی دەرەکیی تورکیا، لە سیاسەتی ناوخۆییدا کاریگەریی لە سەر پێشهاتە سیاسییە گرنگەکان دادەنێ. بە ڕای من خوێندنەوەی هەڵە و هەڵسوکەوتی ناڕاستی تورکیا لە مەڕ ڕووداوەکانی سووریا و ڕۆژئاوا، لە سیاسەتی ناوخۆدا کاری لە سەر ئەو قۆناغە ئاشتییە دانا کە لەگەڵ پەکەکە بەڕێوە دەچێ. حکومەتی تورکیا کارەکەی نیوەچڵ هێشتەوە؛ هەرچەند دانیشی پێدا نەنێن بەڵام دەکرێ تێبگەی کە لە سەر بەردەوامبوونی قۆناغی ئاشتی سوور نین.
ئەم هەڵپەساردنە، لە خوێندنەوەی هەڵەی حکومەت بۆ داهاتووی سووریا سەرچاوە دەگرێ. هەڵبەت گومان لەوەدا نییە ڕووداوەکانی سووریا لە سەر داهاتووی پەیەدە، پەکەکە و کوردستانی عێراق، میسر و تورکیا و سەرجەم پەیوەندییەکانی لەگەڵ ئەم ئاکتۆرانە کاریگەری دادەنێ.
ئەگەر حکومەتی تورک سیاسەتێکی دەرەکیی خوڵقێنەرانە و شەفافی لە مەڕ پێشهاتە درێژخایەنەکانی سووریا بەڕێوە بردبا، بۆی هەبوو ڕەوشی ئێستا بە قازانجی وی تەواو ببوایە. ئێستا بارودۆخەکە تەنیا بۆتە بارێک بە سەر سیاسەتی نێوخۆوە. بە ڕای من دوو فاکتۆری سەرەکیی هەیە کە پێڤاژۆی ئاشتی حکومەتی تورک لەگەڵ پەکەکەی خستۆتە ژێر باندۆڕەوە.
یەکەم، قۆناغی خۆڕاگرییەکانی پارکی گەزی، حکومەتی ئاکەپەی خستە پۆزۆسیۆنی خۆپاراستنەوە. دەبوایە بەر لە هەڵبژاردنەکان سەر لە نوێ متمانەی خۆیان بە دەست بێننەوە. ئاکەپە بەمجۆرە ویستی بیانوو نەداتە دەست ئۆپۆزۆسیۆن و بەوە تۆمەتبار نەکرێ کە نیشتیمانپەروەر و نەتەوەپەرست نییە و وڵاتی بە کوردەکان و 'تیرۆریست'ەکان فرۆشتووە. فاکتۆری دووهەمیش پەیوەندیی بە دەرئەنجامەکانی سیاسەتی سووریاوە هەیە. تورکیا بە شێوەیەک دانیشت و جگە لە هێزی وەکیلی حکومەتی هەرێمی کوردستان، کاریگەرییەکی گرنگی نەبوو. هێزی حکومەتی هەرێمی کوردستانیش زۆر سنووردارە.

عەبباس وەلی کێیە؟

عەبباس وەلی ساڵی ١٩٤٩ لە شاری مەهابادی کوردستانی ئێران لەدایک بووە. خوێندنی سەرەتایی لە تەورێز تەواو کردوە. ساڵی ١٩٧٣، چۆتە زانکۆی میللی ئێران و زانستی سیاسی خوێندوە. پاشان ڕووی کردۆتەوە بریتانیا و ساڵی ١٩٧٦ لە زانکۆی (Keele) ماستەری لە بواری سیاسەتدا وەرگرتووە. ساڵی ١٩٨٣ لە زانکۆی لەندەن دکتۆڕای سۆسیۆلۆژی وەرگرتووە.
ساڵی ١٩٨٦، وانە گوتنەوەی ئاکادیمی لە زانکۆی (Wales) دەست پێکردوە. ساڵی ٢٠٠٥ لە لایەن حکومەتی هەرێمی کوردستانەوە بۆ دامەزراندنی زانکۆی ئەربیل بانگهێشت کرا. ساڵی ٢٠٠٨ لە زانکۆی هەولێر دابڕا و لەو کاتەوە، لە بەشی سیۆسیۆلۆژی زانکۆی بۆغازیچی وەک مامۆستا کار دەکا.

۱۳۹۲/۰۵/۰۵

ساڵح موسلیم: نە دەوڵەت، نە فیدراسیۆن


ئامبەرین زەمان - تەڕەف
وەرگێڕ لە تورکییەوە: سەلاحەدین بایەزیدی

 
بلێسەکانی شەڕی نێوان کوردەکانی سووریا و بەرەی ئەلنوسرە جارێکی تر نیگاکانی بۆ سەر پەیەدە، باڵی سووریای پەکەکە وەرسووڕاند. بانگەشەی ڕاگەیاندنی ''خۆسەری'' لە ڕۆژئاوای کوردستان لە چەند ڕۆژی داهاتوودا لە لایەن پەیەدەوە کە بەڕێوەبەریی چەند شارێکی کوردی گرتۆتە دەست، ئەنقەرەی خستۆتە جموجۆڵەوە. یاڵچین ئاکدۆغان نوێنەرپەرلەمانی ئاکەپە و یەکێک لەو ناوانەی سەرۆک وەزیر ئەردۆغان متمانەیەکی زۆری پێیەتی، لە ستوونی ڕۆژنامەی ''ستار''دا پەیەدەی بەوە تاوانبار کرد کە ''یاری بە ئاگر دەکا'' و جەختی لەسەر ئەوە کردەوە کە پێشهاتەکانی سەر سنووری سووریا تا دێ لە ڕوانگەی تورکیاوە ''بۆ پرسێکی ئاسایشی نەتەوەیی جیاوازتر لە جاران وەردەسووڕێن." تێکهەڵەنگوتنی هەواڵی گەیشتنی ئەمریکا بۆ خاڵی دەستێوەردانی سەربازی لە سووریا لە لایەن سەرئەرکانی گشتی ویلایەتە یەکگرتوەکانی ئەمریکا مارتین دێمپسەی لەگەڵ پەیامە توندەکانی ئەنقەرە، ئەو پرسیارە لە مێشکی هەموویاندا وروژاند کە گەلۆ تورکیا بە پشتیوانی واشنگتۆن خۆی بۆ دەست تێوەردان دژی پەیەدە حازر دەکا. بەڵام من ئەم ئەگەرە بە دوور دەزانم. سەرجەم ئەم پێشهاتە گەرموگوڕانەمان لەگەڵ ساڵح موسلیم هاوسەرۆکی پەیەدە تاوتوێ کرد کە ئێستاکە لە شاری هەولێری پایتەختی کوردستانی عێراق نیشتەجێیە.

ئامبەرین زەمان: تورکیا لە هەڵوێستی پەیەدە زۆر بێزارە. دەگوترێ بەم نزیکانە خۆسەری ڕادەگەیەنن، لە ڕۆژئاوا چ ڕوو دەدا؟ 

ساڵح موسلیم: ڕووداوەکان زۆر گەورە دەکرێنەوە. ئامانجی ئێمە دامەزراندنی بەڕێوەبەرایەتی کاتیی سڤیلە لەو ناوچانەی کورد لێی دەژین. لە نێو بارودۆخی پێکدادان و جەنگی سووریادا، مرۆڤەکان وێڵ و پەرێشان و چاو بە گریانن. ئاو نییە، نان نییە، گاز نییە. وەرزی چاندن هاتووە، بەڵام جووتیاران دانەوێڵەیان نییە. ئەگەر گەنم نەبێ، نانیش نابێ. بۆ بونیادنان و سەقامگیرکردنی سیستەمێک تا کۆتایی هاتنی شەڕ، ئێمە هەوڵی دامەزراندنی بەڕێوەبەرایەتییەکی کاتیمان دا. دەگوترێ پەیەدە نایەوێ دەسەڵات بەش بکا. ئەمە ڕاست نییە. ئێمە لەگەڵ هەموو گەلانی ڕۆژئاوای کوردستان بە عەرەب، ئێزدی و سووریانیەکانەوە ئامادەی ڕێککەوتن و سازشین. ئێستا لە هەولێر دەژیم. لێرە لەگەڵ گرووپە کوردە نەیارەکان خەریکی دانوستان و وتوێژین.
شتێک هاوشێوەی مەجلیس گەڵاڵە دەکەین. گرووپێکی سی چل کەسی. با بەڕێوەبەرایەتییەکی سڤیلی کاتی پێکهاتوو لە عەرەب و کوردە ژیرەکان پێک بێ. بۆ نموونە یەکێک خەریکی کاروباری نەوت بێ، یەکی تر ئابووری و یەکێک تەندروستی. چەند وەزارەتێک دابمەزرێن. شتێکی ئاوامان لە مێشک دایە.

ئەم بەڕێوەبەرایەتییە سڤیلە چۆن هەڵدەبژێردرێ؟ 

لە مانگێک لەمەوپێشەوە لەگەڵ گرووپەکانی تری کوردی سووریا لە هەولێر چاوپێکەوتن ئەنجام دەدەم. لەسەر ئەم مژارە گفتوگۆ دەکەین. هەوڵ دەدەم قایلیان بکەم. ئەوان دادەنیشن بیری لێدەکەنەوە و بڕیاری لەسەر دەدەن. هەندێک لەوانەیە بڵێن نابێ و هەندێک بڵێن دەبێ. با بزانین چۆن دەبێ.

ئاخۆ مەسعود بارزانیش لە نێو ئەم پێڤاژۆیە دایە کە دەمێکی درێژە هەوڵی لێک نزیک کردنەوەی حزبە کوردەکانی سووریا دەدا؟

 ئێمە تەنیا ئەو زانیارییەمان پێ ڕاگەیاندوە و هیچی تر. بەڵام بێگومان بە بەشداری کردنیان دڵخۆش دەبین.

ئەو قەیرانە درێژەی هەیە کە دوای قۆڵبەستکردنی دەیان کەسی نزیک لە بارزانی لە لایەن ئێوەوە لە مانگی مەی هاتە ئاراوە. دەرگای سنوور هێشتا داخراوە... 

بەڵێ، هەوڵ دەدەین ئەم کێشەیە چارەسەر بکەین. هیوادارم چارەسەر بێ.

مانگی مەی لە قاهیرە لەگەڵ وەفدی تورک چاوتان پێک کەوت. بۆ یەکەمجار بە شێوەیەکی فەرمی چاوپێکەوتنتان لەگەڵ تورکیا پشت ڕاست کرایەوە. سەهۆلەکان خەریک بوو بتوێنەوە، بەڵام دوای دامەزراندنی ''مەجلیسی گەل'' و لێدوانەکانتان سەبارەت بە ڕاگەیاندنی "خۆسەری دیموکراتیک" سەر لە نوێ گیروگرفت هاتنە ئاراوە... 

هەڵبەت لێرەدا خراپ تێگەیشتن هەیە. سیستەمی خۆسەری دیموکراتیک بە ڕاستی پڕۆژەی ئێمەیە. بەڵام ئێمە ئێستا هەمووی بە جارێک پیادە ناکەین و تەنیا بەشێکی جێبەجێ دەکەین. بۆ داهاتوو بیر لەم پڕۆژەیەمان دەکەینەوە. دوای ئەوەی شەڕ تەواو بوو و سەرجەم لایەنەکانی سووریا ددانیان پێدانا، ئەوا ئەودەم دەکرێ بەدی بێ، ئەگینا هیچ چەشنە هەوڵێکی داسەپاندنمان نەداوە و نایدەین. باسمان لە مەجلیسێکی دامەزرێنەر کردوە. ئەمانە لە ماوەی شەش مانگدا بەرەو هەڵبژاردن دەچن. کەم تا زۆر هەڵبژاردنێکی هەمەلایەنە دەبێ و لە ئەنجامدا بەڕێوەبەرایەتیەکی کاتی دادەمەزرێ. بەڵام کە شەڕ تەواو بوو، خۆی هەڵدەوەشێنێتەوە. ئێستاکە ڕەوشێکی نائاسایی هەیە. لەپێناو ئاسانکردنی ژیانی هاووڵاتیان، هەوڵی دامەزراندنی ئیدارەیەکی سڤیلی کاتی دەدەین.

لەگەڵ کاربەدەستانی تورک باسی ئەم پڕۆژەیەتان کردووە؟

 نەخێر.

باشە ئەی لە قاهیرە باسی چیتان کردوە؟

 باسی نیەت چاکی دوولایەنە و شتی وا. هیچ بیرمان لەم پڕۆژەیە نەکردبۆوە. ئێستا ئامادەین لەگەڵ لایەنی تورک گفتوگۆی لە سەر بکەین. ئەگەر تورکەکان بیانەوێ. لەگەڵ وەفدەکەی قاهیرە، باسمان لە مەسەلەی ئاسایشی سنوور، چۆنیەتی هاتنی یارمەتیی مرۆیی و چۆنیەتی پەیوەندی بەستن لەگەڵ سوپای ئازادی سووریا کرد. وەک دەزانن تورکیا پشتیوانی لە سوپای ئازادی سووریا دەکا.

گفتوگۆکان بۆچی پچڕان؟ 

کێ گوتویەتی پچڕاون.

لە دوا چاوپێکەوتنماندا وات گوت.

 بە هەڵە دەرمبڕیوە. نەپچڕاوە و بەردەوامیش نەبووە. بەڵێنمان بە یەکتری نەداوە کەی جارێکی دی دادەنیشینەوە. ئەگەر پێشنیارێک لە لایەن ئەوانەوە بێ، سەرلەنوێ دادەنیشین و گفتوگۆ دەکەینەوە. ئێستاکە پێکدادان لە ئارا دایە و گرووپە جیهادییەکان دەیانەوێ لە ناوچەکانی ئێمە ویلایەتی ئیسلامی دابمەزرێنن. دەیانەوێ سیستەمی شەریعەت بگەڕێننەوە. بە شێوەیەکی هۆڤانە سوریانییەکان دەکوژن. ڤیدیۆکان هەموو کەس بینیونی. ئێستاکەش ئەوە هێرش دەکەنە سەر مە.

ئەگەر ڕۆژئاوا و ئەمریکا یارمەتیتان بکەن، ئێوە ئامادەن دژ بەم هێزە سەلەفییانە بچنە نێو هاوپەیمانیەتیەکەوە؟ 

ئێمە هیچکات نەبووینەتە سەربازێکی بەکرێگیراو. ئێستاش لەگەڵ ئەو گرووپانە لە شەڕ داین. بۆ ئەوە نییە ئەمریکا دەیەوێ یان نا. بەڵکو چونکە کۆمەڵگاکەمان ئەوانی ناوێ. ئەمانە دەیانەوێ کۆمەڵگای ئێمە تێک بدەن. چونکە کۆمەڵگاکەمان، کۆمەڵگایەکی لاییکە و فرە دینی تێیدا زاڵە. بۆ نموونە ئێزدی هەن. بەڵام ئەگەر ویلایەتە یەکگرتوەکانی ئەمریکا، تورکیا و وڵاتانی تری ڕۆژئاوا خوازیاری سوریایەکی لاییک و دیموکراتن، پێویستە پشتیوانیمان لێ بکەن. بۆ نموونە ئێمە دەمانەوێ لەگەڵ کاربەدەستانی ئەمریکا چاوپێکەوتن ئەنجام بدەین بەڵام قەبوڵی ناکەن.

ئێوە بانگەشەتان دەکرد کە تورکیا پشتیوانی لە بەرەی ئەلنوسرە دەکا. 

ئێستاکە ڕاشکاوانە شتێکی وا نابینرێ. بەڵام هێشتا چەند دەروازەیەکی سەر سنوور لە ژێر دەسەڵاتی ئەوان دایە. بۆ نموونە دەروازەی سەر سنووری ئاکچاکالا و قرقامیش. تورکیا بەمە دڵخۆشە. هەروەها لە ڕۆژانی ڕابردوودا، لە پێکدادانی سەرێکانی (رەئسولعەین)دا، لایەنی تورک ناوچەکەی تۆپباران کرد، بۆچی؟ بە گوێرەی میدیاکانی تورک، پێنج هاووڵاتی تورک بریندار ببوون و کەسێکیش شەهید ببوو. گوللـە سەرلێشێواوەکان لە لایەن ئەوانەوە (نوسرەچیەکان) ڕەوانەی تورکیا کران، بەڵام تورکیا لە بری تۆپبارانی ئەوان، بنکەکانی یەپەگەی (باڵی چەکداری پەیەدە) بۆردومان کرد. ئەگەر بنکەکانی ئەلنوسرەی تۆپباران کردبا، ئەوا قسەیەکمان نەبوو.

بەڵام ئێوە دەڵێن تورکیا ئیتر ڕاشکاوانە پشتیوانی لە ئەلنوسرە ناکا. لێرەدا ناکۆکییەک بەدی ناکرێ؟

 ئێمە ئاگاداری ئەوە هەین بۆ نموونە لە پێکدادانەکانی پێشووتری سەرێکانیدا، لایەنی تورک ڕۆژانە بەشی ١٥ هەزار کەس خواردنی بۆ چێشتخانەیەکی ئەوێ دەنارد، ئامبۆڵانس و کەلوپەلی تری ڕەوانە دەکرد. بەڵام ئێستا وا نییە. ڕاشکاوانە یارمەتییان نادا.

سەبارەت بە ئەلنوسرە تۆ بڵێی تورکیا لە لایەن ئەمریکاوە هۆشداری پێ نەدرابێ؟ 

ئەمریکا ئەوانی بە تیرۆریست ڕاگەیاند. ئاخۆ ئێستا تورکیا تەگبیر وەردەگرێ یان نا. ئەوەیان نازانم. بەڵام لە دوا پێکدادانی سەرێکانیدا یەپەگە دەستی بە سەر بارەگای ئەوان داگرت و لەوێ ناسنامەی سێ تورکی دۆزیەوە. ئاخۆ ئەندامی ئەوان بوون؟ کوژراون یان ماونەتەوە، نازانم. ئەمانە بۆی هەیە بە دوو شێوە بەشداری ئەلنوسرە بووبن. یان ئەوەتا بە دزی کاربەدەستانی تورک کە لەو حاڵەتەدا یانی ئەلنوسرە لە نێوخۆی تورکیا چالاکی هەیە و چاوپۆشی لەو چالاکییانەی دەکرێ. یاخود بە ئاگاداریی تورکیا بەشدار بوون. ئەمەش کێشەیەکی ترە. ئەمانە دەبێ لە لایەن تورکیاوە لێکۆڵینەوەیان لەسەر بکرێ. پێویستە ئەمەش زۆر باش فام بکرێ. دەروازەی سەرسنووری نێوان سەرێکانی و تورکیا بە دەست هێزە سڤیلەکانەوەیە. ئەوان بەڕێوەی دەبەن. لەوێ یەپەگە و پەیەدە بوونی نییە.

بە شێوەیەکی کۆنکرێت لەگەڵ تورکیا چۆن پەیوەندییەک پێشنیار دەکەن؟

 جا وەڵڵا ئەگەر بە شێوەیەکی دروست و حیسابی سڵاو لە یەکتری نەکەین، پەیوەندی چی؟ بێگومان نابێ پەیوەندییەکە لەو ئاستە دابێ. مانگی ڕابردوو لیژنەیەکمان ناردە لای پارێزگای گازی عەنتاب. لەپێناو کارێکی مرۆییدا. ئێمە ناوچەی کۆبانی و عەفرینمان هەیە. ئەو دوو ناوچەیە ئێستا لە گەمارۆی گرووپە جیهادییەکان دان. لێرەدا تورکیا دەتوانێ دەرگای سنوورەکان بکاتەوە. بەم شێوەیە خەڵکی سڤیل کە لە ناو هەزار زەحمەتی و لە هەلومەرجی شەڕدا دەژی، لەوانەیە ئاسوودە دەبێ. قسەمان لە سەر ئەمانە کرد، بەڵام بە داخەوە بە هۆی ئەوەی خراپ لە ئێمە تێدەگەن، لەبەر ئەوەی هەواڵی وەک "سەیر کەن کوردەکان دەیانەوێ جیا ببنەوە" بڵاو دەبنەوە، لەگەڵ لایەنی تورک ناتوانین پرسی متمانە تێپەڕێنین. ئێمە نامانەوێ جیا ببینەوە. بێگومان وەها شتێک لە گۆڕێ نییە. بێگومان قەوارەیەکی فیدڕاڵی وەک باشووری کوردستانیشمان ناوێ. دەمانەوێ وەک بەشێک لە سووریا لە چوارچێوەی خۆسەرییەکی دیموکراتیکدا پێک بێین. دەمانەوێ خۆمان ناوچەکانی خۆمان بەڕێوە بەرین. گەڵاڵەی بەڕێوەبەریی کاتیش بۆ ئاسایشی زیاتری ژیانی خەڵکە لەو ئاڵۆزی و نائارامییەدا. سەیر کەن لە مانگی ڕەمەزاندا نرخی قالبە سەهۆڵ بەرز بۆتەوە. کەس لە توانایدا نییە بیکڕێ. بە میلیارد دۆلار یارمەتی دەڕژێتە نێو سووریاوە بەڵام هەمووی خەرجی چەک و چۆڵ دەکرێ. هیچکەس قوروشێک بە یارمەتی ناداتە کوردەکان. مرۆڤەکان بۆچی بۆ کوردستانی عێراق ڕادەکەن. زیاتر لە سەد هەزار کەس ڕایانکردووە. ئەگەر لێرە دەرفەتی ئیش بڕەخسێ، بۆچی ڕادەکەن.

بانگەشە دەکرێ کە لە تورکیاوە خەڵک بەشداری یەپەگە بووە. هێدی بوونەوەی پێڤاژۆی ئاشتی لە تورکیا بە سەر لەنوێ ساردبوونەوەی ئەنقەرە لە بەرامبەر پەیەدە پەیوەند دەدرێ... 

بێگومان شتێکی وا لە ئارادا نییە. نە لە پەکەکە و نە لە هیچ شوێنێکی ترەوە، کەس بەشداری یەپەگە نەبووە. ئێمەش لە ناخی دڵەوە دەمانەوێ پێڤاژۆی ئاشتی بەردەوام بێ. بەڵام تورکیا ئەگەر بە چاوی دوژمن سەیری کوردەکانی سووریا بکا، چۆناوچۆن لەگەڵ کوردەکانی تورکیا ئاشت دەبێتەوە؟ دواجار هەموومان یەک نەتەوەین. ئێمە دەمانەوێ لەگەڵ تورکیا دۆست بین. دەمانەوێ پێکەوە لە نێو ئاشتی و سەقامگیرییدا بژین.

بەڕای ئێوە ئەسەد براوە دەبێ؟ 

نەخێر بەڕێزم. ئەمە پێچەوانەی زانستە. بەو هەموو تانک و تۆپەیەوە هێرشی خەڵکەکەی بکا و دواجار براوە بێتەوە سەر ڕێ و شوێنی خۆی. مەحاڵە. تاکە ڕێگەی چارەسەری دانوستانە. لەم دانوستانانەشدا دەبێ هەموو چین و توێژەکان نوێنەرایەتی بکرێن. هەم نەیاران و هەم کوردەکان، هەم ئێران و هەم حیزبوڵڵا، هەم لوبنان و هەم قەتەر، هەم عەرەبستانی سعودی و هەم تورکیا. ئەگەر لایەنێک لە دەرەوە بمێنێتەوە، چارەسەری بەدی نایە.

۱۳۹۲/۰۵/۰۴

رۆژئاوا - پەیەدە و هەستیاریی درێژخایەنی دەوڵەت بەرامبەر کورد


جەنگیز چاندار - ڕادیکاڵ
لە تورکییەوە:  سەلاحەدین بایەزیدی

 
گەلۆ چ کەسێک لە ئارام تیگران پتر خزمەتی مۆسیقای کوردی کردووە؟ ئەگەرچی ساڵی ١٩٣٤ لە قامیشلی، گەورەترین شاری کوردیی سووریا لە دایک بووە، بەڵام مناڵی بنەماڵەیەکی دیاربەکرییە کە دوابەدوای کۆمەڵکوژیی ساڵی ١٩١٥ ڕایانکردوە و لەوێ گیرساونەتەوە. بە درێژایی ژیانی، ١٥ ئاڵبۆمی بڵاو کردەوە. ٢٣٠ گۆرانی کورمانجی، ١٥٠ گۆرانی عاڕەبی و ١٠ گۆرانی سوریانی (ئەرمەنی) چڕیوە. ڕۆڵەیەکی تایبەتیی میزۆپۆتامیایە. ڕەگێکی ئەرمەنیی دیاربەکری و کوردیی سوریای هەیە. ناوێکی نەمرە لە فەرهەنگی کوردی لە تورکیا.
ساڵی ٢٠٠٩ کە کۆچی دوایی کرد، دەوڵەت ڕێگەی نەدا تەرمەکەی لە دیاربەکر بە خاک بسپێردرێ و ئەمەش شیاوی تێگەیشتن نییە. ئەگەر لە دیاربەکر گڵکۆیەکی نییە ئەوا ئەمڕۆکە لە سیلڤان پەیکەرەی هەیە.
کاراپێتێ خاچۆ، دەسپێکی نەوەدەکان لە گوندێکی سەر بە شاری باتمان لەدایک بوو. ساڵی ١٩١٥، لە سایەی سەری کەسێکی ژین بەخشەوە، لە تەمەنی مێرمنداڵیدا خۆی لە قامیشلی بینیەوە. تا ساڵی ١٩٤٦ لە سووریا ژیا و پاشان تاکوو ساڵی ٢٠٠٥ کە کۆچی دوایی کرد، لە ئێریڤان نیشتەجێ بوو. لە ڕادیۆی کوردی خەبتی. دەنگێکی بەرچاوی بواری لاوکە. زۆربەی هەرە زۆری کوردەکان پێیان وایە کوردە.
جوان حاجۆ، زێدەتر بە کوردی سووریا ناسراوە. ساڵی ١٩٥٧ لە قامیشلی لەدایک بووە. دەنگێکی لەڕادەبەدەر خۆشەویستە لە مۆسیقای ڕاکی کوردیدا. زۆر جار هاتۆتە تورکیا، لە ناوچە کوردییەکان شارەو شار ئاهەنگی گێڕاوە. کوردێکی هاوڵاتیی سووریای لەدایکبووی قامیشلییە بەڵام بە ڕەچەڵەک ماردینییە. مناڵی بنەماڵەیەکی کوردە کە دوابەدوای سەرهەڵدانی شێخ سەعید ڕایانکردۆتە سووریا. بەڵام بۆ قامیشلی کوێیە؟ لە بنەپاڵەوەی شارۆچکەی 'نوسەیبین'ی سەر بە ماردینە. ڕێگەیەکی ئاسنی شەمەندەفەریان بە نێواندا دەڕوا کە دوای شەڕی یەکەمی جیهانی لە لایەن فەڕەنسییەکانەوە وەک هێڵی سنووری نێوان تورکیا - سوریا دروست کراوە.
هەمان ڕێگەی ئاسن، قارقامیش لە جەرابلۆس، دەرگای مورشت پناری سوروچ لە کۆبانی (عەین ئەلعەرەب)، ئاکچاکالا لە تەل ئەبیاد، جەیلان پنار لە سەرێکانی (رەئسولعەین) دادەبڕێ. عامودێ لە ماردینەوە دەبینرێ. مشتومڕە لەسەر ئەوەی دەربێسی لە کزڵ تەپە نزیکترە یان لە شەنیورت. چەند هەنگاوی جیزرە، شاری دێرکە.
سنوورێک لە هێڵی شەمەندەفەر، دوو ناوی جیاوازی بە دوو وڵات بەخشیوە بەڵام خەڵکی هەر دوو لایەنی سنوور، یەک نەتەوەن. بۆیەش ئەو کوردانەی لەو دیو سنوورەکانی تورکیاوە دەژین، بەولا ناڵێن سووریا و کوردەکانی سووریاش بەملا ناڵێن تورکیا. هەردوولا بە 'سەرخەت' و 'بن خەت' ناوی دێنن. خەت، هێڵی شەمەندەفەرە. ئەحمەد عارفی شاعیر لە کتێبی 'کەڵەبچەکانم لە تاسەی تۆدا ڕزاند' لە وەسفکردنی ئەم دۆخەدا دەڵێ 'ناخمان بۆ پەساپۆرت بە تین نەبووە'.
ئێستە هۆکاری ئەو پرینگانەوەیە چییە کە لە جەیلانپنارەوە، 'ئاڵایەکی کورد' لەسەر کارگەیەکی ماکارۆنی سەرێکانی دەبینرێ؟
بۆچی ڕاوێژکاری سەرۆک وەزیر (بە گشتیش بەشێکی بەرچاوی جموجوڵی سیاسی لێدوانی هەڕەشەئاسایە ڕوو لە کوردەکان)، نوێنەری ئانکارا یەکسەر پڕ دەداتە قەڵەم و خۆی ناچار دەبینێ لە لێدوانێکدا ڕابگەیەنێ کە ''پەیەدە یاری بە ئاگر دەکا''؟
بە پێی قسەکانی یاڵچین ئاکدۆغان، 'پێشهاتەکانی سەر سنووری سووریا، زیاتر و زیاتر بۆ تورکیا بۆتە کێشەیەکی ئاسایشی نەتەوەیی جیاواز لە جاران' و تورکیا لە وەها بارودۆخێکدا 'دەست لەسەر دەست دانانیشێ'.
چ دەکا؟ باس لەمەیان ناکا. بەڵام زمانەکەی ڕاشکاوانە زمانی 'هەڕەشە و گوڕەشەیە'. هەڕەشە لە کێ؟ بێگومان لە کوردەکانی سووریا. ئەو کوردانەی سووریا کە ڕەگ و ڕیشەیان سەر بە تورکیایە. با کەس نەڵێ "نەخێر هەڕەشەکە ڕووی لەوان نییە و هەڕەشەیە لە پەیەدە." لە ناو پێکدادان و توندوتیژییەکانی سووریادا، گەلۆ جگە لە پەیەدە (یاخود دەستەی باڵای کورد کە بە بەشداری پەیەدە سەنگ و قورسایی پەیدا کردوە)، دەسەڵاتێکی 'نوێنەر' هەیە کوردەکانی پاراستبێ و لە شارە کوردییەکان 'بەڕێوەبەرایەتی خۆجێیی' سەقامگیر کردبێ؟
ناوبراو سیاسەتەکانی تورکیاش لەمەڕ سووریا بەمجۆرە دەخاتە ڕوو: "تورکیا، ماف و حقووقی سەرجەم گرووپەکانی سووریا بە کوردانیشەوە دەپارێزێ. ئەو بزووتنەوانەی هەوڵدەدەن نکۆڵی لە گرووپەکانی تر بکەن و خۆیان بە سەردا بسەپێنن، لە بەردەم دەستەبەربوونی ئەم مافانە دەبنە کۆسپ."
زۆر جوانە. باشەی ئەی کاتێک کە هێزگەلی سەلەفی - ئیسلامیی وەک ئەلنوسرەی ڕێڕەوی ئەلقاعیدە یان لیوای ئەلفاروق و احرار الشام، لە پارەوە هەر جارناجارێ هێرش دەکەنە سەر سەرێکانی، تەنیا بۆ جارێکیش یاڵچین ئاکدۆغان ئەو کەڵکەڵانەی هێنایە زمان و ئەو لێدوانانەی ڕاگەیاند؟
نەخێر. کێشەکە ڕوون و ئاشکرایە و پەیوەندی بە دامەزراندنی بەڕێوەبەرایەتی و دەسەڵاتی کوردەکانەوە هەیە لە ناوچە کوردییەکان.
گەلۆ هەر لەبەر ئەو هۆکارەش، پار ئەحمەد داودئۆغڵو وەزیری کاروباری دەرەوە، کاتێک پەیەدە ڕۆژی ١٩ی ژوییە لە کۆبانێ، دەسەڵاتی دامەزراند، هەفتەیەک دوای واژۆکردنی پەیماننامەی نێوان کوردەکانی سووریا لە ژێر چاودێریی مەسعود بارزانی لە هەولێر، هەڵتەک هەڵتەک خۆی گەیاندە ئەو شارە، لە هەولێر لەگەڵ ژمارەیەک کەسایەتیی کوردی سووریا کۆبۆوە و چاوپێکەوتن لەگەڵ ساڵح موسلیم سەرۆکی پەیەدەی ڕەت کردەوە؟
بۆچی هەر ئەو ئەحمەد داودئۆغڵوویە لە یەکەمین ساڵڤەگەڕی 'شۆڕشی ڕۆژئاوا'دا، 'زەنگی هۆشداری' بۆ وەدەرنانی هێزەکانی ئەلنوسرە لە سەرێکانی (رەئسولعەین) لێدەدا و بە پێویستی دەزانێ ئەم قسانە بکا:
"لەمەوبەدوا هەر گرووپێک سەر بە چ لایەنێک و بە چ بیانوویەک دەبێ با ببێ، بە هەر شێوەیەک ببێتە هەڕەشە بۆ سەر ئاسایشی سنوورەکانمان، ئەوا تەگبیری چڕوپڕی لە بەرامبەر دەگرین و دەستوبرد وەڵامی دەدەینەوە... دیارە کەشوهەوای پێکدادانێکی تا دوا ڕادە دژوار و تێکدەر لە سووریا زاڵە. هەر چەشنە ئەمری واقعێکی نوێ یاخود هەوڵدان بۆ دامەزراندنی دۆخێکی دوفاکتۆ ئالۆزییەکە ئەوەندی تر پەرە پێ دەدا و دەرئەنجامی گەلێ نێگاتیڤی لێدەکەوێتەوە..."
ئەو ڕستانە لەسەر کاغەز زۆر دروست دێنە بەرچاو. باشە بەڵام بۆچی هەمان هەستیاری ئەو کاتانەش نیشان نەدرا و نەهاتە سەر زمان کە لە باکووری سووریا ڕێکخراوگەلی ئیسلامیی چەکداری سەر بە ئەلقاعیدە وەک ئەلنوسرە چەند خاڵێکی سەر سنووریان خستە دەست؟
ساڵح موسلیم، هاوسەرۆکی پەیەدە لە تازەترین وتوێژیدا لەگەڵ 'عەمبەرین زەمان' کە لە ڕۆژنامەی 'تەڕەف'دا بڵاو بۆوە، ئاماژەی بەوە کرد 'ئێستا وێناچێ تورکیا ڕاشکاوانە پشتیوانی ئەلنوسرە بکا'، بەڵام گوتیشی:
"لێ هەندێک خاڵی سنوور هێشتا لە ژێر کۆنتڕۆڵی ئەوان دان. بۆ نموونە دەروازەی سنووری ئاکچاکالا و کارقامیش. تورکیا بەمە دڵخۆشە."
ئەگەر وایە و لەمبارەوە بە شێوەیەکی ڕەسمی لە زاری هیچ کەسێکەوە 'بەیانی ناڕەزایەتی' دەرنەبڕدراوە، بەڵام کە کوردەکانی سووریا لەسەر دەروازەیەکی سنووری سەر بە خۆیان، ئاڵاکەیان دەچەقێنن، هەموو تورکیا هەڵدەستێنێتە سەر پێ، نیشانەی ئەوەیە کە دەوڵەتی تورکیا هەروا لە بەرامبەر کورد 'ئالێرژی' هەیە.
ئەندامی دەستەی بەڕێوەبەرایەتی کەجەکە، شاهین جیلۆ بە بۆنەی 'شۆڕشی ١٩ی ژوییە' وتوێژێکی لەگەڵ ئاژانسی فورات کردوە کە ئەم چەند دێڕە سەرنجی ڕاکێشام:
"... ماوەی ساڵێکە لە ڕۆژئاوا دروستبوونی قەوارەیەک لە ڕۆژەڤ دایە و دەتوانین وەک دەسەڵاتی هەرە دیموکراتیکی ڕۆژهەڵاتی ناوین لێکی بدەینەوە. ئەم سیستەم و بەڕێوەبەرایەتییە، توانی لە ناوچەکەدا ڕۆژئاوا بکاتە ناوچەی هەرە ئارام. لە کاتێکدا سووریا نوقمی وێرانییە، لێرە کەشوهەوایەکی ئەمن هەیە. ئەمە خۆی لە خۆیدا بۆ گەلانی سووریا دەبێتە میناک. کەچی لە بەرامبەردا هێزە ناوچەیی و نێونەتەوەییەکان سیاسەتی ڕەش کردن بەڕێوە دەبەن و لە هەمانکاتدا هێرشیشی دەکەنە سەر."
ئەم دۆخە، ڕێک ئەم پێڤاژۆیە، لە نۆ ساڵی سەرەتادا، دەسپێکی ساڵانی نەوەدەکان تا ساڵانی ٢٠٠٠ بۆ 'باکوری عێراق' واتە 'باشوری کوردستان'یش لە گۆڕێ دابوو. ئێستا ئەو شتانەی ئەوکات دژ بە کوردەکانی عێراق نیشان دەدران لە بەرامبەر 'رۆژئاوا' دەنوێنرێن.
ئەوەی لەم قەدەرەدا غەریبە، ئەوەیە کە کوردەکانی عێراق لەم ڕۆژانەدا، دۆستی هەرە نزیکی ئەنقەرەن. کوردەکانی سووریاش - کە لە چاو کوردەکانی عێراق، زیاتر لەگەڵ کوردەکانی تورکیا تێکەڵاون - سبەی ڕۆژ وایان لێدێ.
با لە بیرمان نەچێ، پەیەدە لەگەڵ بزووتنەوەی سیاسیی کورد لە تورکیا (پەکەکە - بەدەپە) دوو ڕووی یەک دراون. ئەگەر ئاساییە سەرۆک شارەوانییەکانی بەشێکی دیاریکراو لە تورکیا، بەدەپەیی بن، نابێ شتێکی ئەوتۆ تورکیا بێزار بکا ئەگەر شارە کوردەکانی سووریا لە ژێر بەڕێوەبەرایەتی پەیەدە دابن.
سەرباری ئەمە، پەیوەندی پتەو و دۆستانەی ئەنقەرە لەگەڵ پەیەدە، دەبێتە گەرەنتییەکی گەورە بۆ ئەوەی تورکیا لە ئامانجی 'پێڤاژۆی ئاشتی و چارەسەری'دا سەرکەوتوو بێ.

۱۳۹۲/۰۴/۲۶

سووریا، سەفەر بۆ کوردستانی ئازادکراو


لە وڵاتی ئاگر و خوێن، ئەو شوێنەی سوننە و شیعە دەستەویەخەی یەکتری بوون، کوردستانی سووریا سیمای دوورگەیەکی ئارامی بە خۆوە گرتووە کە ژمارەیەکی زۆر مەسیحی پەنایان بۆ هێناوە. لەوێ شێوازێک لە "هێڵی سێهەم" لە نێوان ڕژێمی ئەسەد و ڕێڕەوانی ئەلقاعیدە تاقی دەکرێتەوە. پاتریس فرانسێچی لەوێ گەڕاوەتەوە و بەسەرهاتەکان دەگێڕێتەوە.

نێردراوی تایبەتی فیگارۆ، پاتریس فرانچێسکی
لە فەڕەنسییەوە: سەلاحەدین بایەزیدی

 
لە نێوان سوپای ئازاد و دیمەشق، کوردەکان هەن 

نزیکەی شەش مانگ لەمەوپێش بوو: چەند سەد میلیشایەکی ئەلنوسرە - پارتیزانەکانی ئەلقاعیدە لە سووریا - شەوانە لە تورکیاوە دزەیان دەکردە کوردستانی سووریاوە. ئەوان چەکی قورسیان پێ بوو و مەشق و ڕاهێنانیان پێ کرابوو بۆ ئەوەی زەبرێک لە ئەزموونی سیاسیی و کۆمەڵایەتیی شۆڕشگێڕانی کورد بوەشێنن کە دوابەدوای ڕاونانی دارودەستەی بەشار ئەسەد لەسەر خاکی خۆیان دەستەبەریان کردبوو: واتە هەوڵدان بۆ بونیادنانی قەوارەیەکی ئۆتۆنۆم کە پاڵ پشتە بە بنەماکانی دیموکراسی، پاراستنی کۆمەڵە ئایینیەکان - لە کۆمەڵەی مەسیحییەکانەوە دەستیان پێکرد - و یەکسانی پیاو و ژن. ئەم پڕۆژەیە بۆ ئەو ئیسلامییانەی پێخۆر بە ئایدیۆلۆژی بین لادەنەوە دەکەن، شیاوی هەرسکردن نییە. نەخاسمە لەو شوێنانەی بەمدواییانە دەسەڵاتیان لێ گرتۆتە دەست، ئانارشیزم و قانوونی جەنگەڵ قسەی یەکەم دەکەن.
پێکدادانی چارەنووسساز لە ناوچەی سەرێکانی دەستی پێکرد، کە لەسەر چەند دەشتێکی بەرین هەڵکەوتووە و پاڵی بە چەند کۆمەڵە شاخێکەوە داوە. شەڕەکە کورت و سەخت بوو. کوردەکان خورت و بە دیسپلین بوون، یەکە یەکە ئیسلامییەکانیان لە ناو برد کە بە دەستەی شپڕێو و قەرەباڵغ دەهاتنە پێش و دواجار چەند سەد کەسی کوژراویان لێ بەجێما. بەوپەڕی شوورەیی ناچاربوون بۆ ناوچە عەرەبەکان پاشەکشە بکەن، چونکە لە لایەن هێزی گەریلای ژنانی کوردەوە ڕاو نرابوون کە بەشێوەیەکی بەرچاو لە نێو ڕیزەکانی گەریلادا خەبات دەکەن. ئەوان بوونەتە هێمایەک.
ئەم ڕووداوەی سەرێکانی سەرنجی سیاسەتمەدارە بڕیاردەرەکانی ڕۆژئاوا و لانیکەم میدیای نێونەتەوەیی بۆ لای خۆی ڕانەکێشا. بەڵام بە ناهەق. چونکە ئەوان [کوردەکان] نموونە و خودانی هێزێکی ئەوتۆن کە لە پێکهاتەی موزاییکی سووریا جێگیر بوون. لە نێوان ڕژێمی شام و سوپای سووریای ئازاد، لەمەوبەدوا کوردەکان هەن، نوێنەرانی لێبڕاوی هێڵێک بە نێوی "هێڵی سێهەم". ئەم هاوپەیمانە سرووشتییەی دیموکرات سۆسیالیستەکان، لەمڕۆوە تاکە فاکتەری سەقامگیرییە لە "رەئاکتۆری ناوکی'' ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا کە مەترسیی تەقاندنەوەی هەموو لایەکی - وەک هێرۆشیمایەکی عەسکەرتار - سیاسەت - لێدەکرێ.
بەڵام ڕۆژئاوا کوردەکانی پشتگوێ خستووە.
سەفەر بۆ کوردستانی سووریا، وەک ئەوە وایە بڕۆیتە سەر هەسارەیەکی تر. یان بەواتایەکی دیکە شینکاییەکە لە نێو جەرگەی بیاباندا. ئەم دیمەنە وەک هیوا بە داهاتوو و ئازادیی سێ میلیۆن کەسە لە نێو ئابلۆقەی نائومێدی، تیرۆر و سەرلێشێواویدا.
ئەم سەفەرە سەرسوڕهێنەرە بە تەلەفۆنی ئەحمەد بامەڕنی، کۆنە هاوڕێیەکی کوردی عێراقی دەستی پێکرد. ئێمە ساڵی ١٩٩١ لە سەردەمی جەنگی یەکەمی کەنداو یەکتریمان ناسی. ڕۆژانی خۆڕاگرییەکی سەخت بوو بۆ ئاستی ڕۆشنبیری ئەو. ئێمە ساڵانی دواتر، پێکەوە دوو سێ شتمان بۆ گەلەکەی کرد. پاشان دواجار جەنگ بردییەوە، سەرۆکەکەی بوو بە سەرۆککۆماری عێراق و بامەڕنیش بوو بە بالوێزێکی پایەبەرز. ئێستاش کە ئێستایە "سارد" نەبۆتەوە. لە بەغدا گەڕاوەتەوە و دەیەوێ سەبارەت بەو شتەی لە خاکی براکانی لە سووریا ڕوو دەدا، قسەم لەگەڵ بکا.
دوای خواردنی نیوەڕۆ خوانێک بە یەکەوە، پێی گوتم "تۆ دەبێ بچیتە ئەوێ. سەرانسەری کوردستانی سووریا لە پراکتیکدا ئازاد کراوە، تەنیا شوێنێکە بە ڕاستی تیایدا دیموکراسی سەقامگیر بووە، بەداخەوە هیچکەس قسەی لەسەر ناکا و هاریکاریمان ناکا. ئەمە شیاوی تێگەیشتن نییە..."
رووبەری خاکی کوردستانی سووریا ٨٠٠ کیلۆمەترە کە بە درێژایی سنووری باشووری تورکیا تا عێراق بەردەوام دەبێ. لەوبەر و لە بەشەکانی دیکەی ئەم سنوورانە، تا ئێران، سی میلیۆن کوردێک سەردەمانێکە خەون بە سەربەخۆییەوە دەبینن. ئەوان لە لایەن سێ نەتەوەی گەورەوە چەوسێنراونەتەوە و ئێستاش لە ژێر حوکـمڕانی ئەوان دان کە بریتین لە: عەرەبەکان، فارسەکان و عوسمانییەکان.
هەرچی پەیوەندی بە عەڕەبەکانەوە هەیە، لە دە ساڵ لەمەوپێشەوە کوردەکان لە عێراق کاروباری خۆیان ڕادەپەڕێنن و لەو کاتەوە، لە نێو جۆرێک ئۆتۆنۆمی، ئاشتی، سەقامگیری و دەوڵەمەندیدا دەژین کە لە هەموو شوێنەکانی دیکەی ئەو وڵاتە زیاتر جێگەی ستایشن، ئەوە لە کاتێکدایە کە شیعە و سوننە بە بەردەوامی خەریکی کوشت و بڕی یەکترین. سەبارەت بە تورکیا و ئێران، کوردەکان هێشتا هیچ حیسابێکیان بۆ ناکرێ. بەڵام ئەوەی لە سووریا کوردەکان دایدەمەزرێنن، هاوشێوە و دووپاتەی کۆنسەی بەرگریی نیشتیمانی (CNR)ە کە ساڵی ١٩٤٣ لە فەڕەنسا پێکهات. ئەو کۆنسەیە سەرجەم ئەو بزووتنەوانەی دژی نازی خەباتیان دەکرد، لە دەوری یەک کۆکردەوە. (CNR)ی کوردەکانی سووریا، دەستەی باڵای کوردی ناوە. ئەو دەستەیە هەڤدە حزبی سیاسیی شۆڕشگێڕی گرتۆتە خۆ، سەرباری ئەوەی جیاوازیی و ناکۆکییان هەیە. سەرەکی ترین جووڵانەوەی گەریلا، پەیەدەش، پەسندی کردووە هێزەکانی بکاتە ئەندامی ئەم دەستە تاقانەیە - کە شتێکی دەگمەن و چارەنووسسازە. ئەمە دیارە هەروا بە ئاسانی نەهاتە ئاراوە. پەیەدە، دەستەخوشکی ئایدیۆلۆژی پەکەکەی کوردستانی تورکیا، حزبێکی بە تەواو مانا شۆڕشگێڕە. بە درێژایی دەیان ساڵ، بە سەبر و تاقەتێکی زۆر، هیرارشی هاوتەریب و شاراوەی لە نێو گشت چینەکانی کۆمەڵگەی کوردی لە سووریا دامەزراندوە. لە لایەن دەیان هەزار پیاو و ژنی کوردەوە بناغەکەی داڕێژراوە کە شان بە شانی پەکەکە لەسەر چیاکانی تورکیا دژ بە ڕژێمی ئانکارا خەباتیان کردووە. چاوەڕوانی ڕۆژی خۆیان بوون. کاتێک بەهاری عەرەبی بە سەر سووریادا زاڵ بوو، ئەوان بۆ بە دەستەوە گرتنی دەسەڵات ئامادە بوون.
هاوڕێ دێرینەکەم، ئەحمەد، منی قایل کرد بۆ ئەوەی بڕۆم و ببینم چ لەوێ ڕوو دەدا.
سنووری نێوان کوردستانی عێراق و سووریا، جوانییەکی چاوڕاکێشی هەیە کە لەسەر کۆمەڵێ چیا و دەشتی پێکەوە لکاو تا بێ کۆتایی هەڵکەوتووە. ڕووباری ئەفسانەیی دیجلە، بە ئاوی خرۆشانی سنوورەکە لێک دادەبڕێ و لە ناوچەکەدا ون دەبێ بۆ ئەوەی تێکەڵ بە فورات و کەنداوی فارس بێ. ئێرە جەرگەی میزۆپۆتامیای کۆنە و ڕووناکایی زوڵاڵی، شەڕ لەگەڵ ڕەنگەکانی کۆلکە زێڕینە دەکا.
هێما و سیمبۆلی ڕۆژگاری نوێ، پردێکە لەسەر ڕووباری دیجلە کە لە لایەن کوردەکانی هەر دوو وڵاتەوە دروست کراوە. جاران، هیچ شتێکی لێ نەبوو. ئەم پردە زێدەتر بۆ سیاسەت بە کاردەهێنرێ تا بۆ تەکنۆلۆژی و ئابووری. ئەمە نیشاندەری ویستی کوردەکانە بۆ دۆزینەوەی چارەنووسێکی هاوبەشی جیاواز لە کێشمەکێشە مێژووییەکانیان.
پردەکە دەلەنگێ، ڕیزی کامیۆن بەسەریدا تێدەپەڕن کە لە عێراقەوە دێن و بژیوی ڕۆژانە دەبەنە سووریا. لەسەر ئەو لێوارە، بە دمی بۆلدزێرەکان بناغەکانی سنوورێکی مودێرن بونیات دەنرێن و هەر لە ئێستاوە باجی گومرگ لە نێو ئەو ژوورە دەستکردانەوە وەردەگیرێ کە بە پەلە لەوێ دانراون: پێویستە کوردستانی ئازادکراوی سووریا خۆی بژێنێ. دەستەی باڵاش کە سەرپەرشتی دەکا، لە هەموو شتێک بێ بەشە. کاتێک پرسیاری داهاتی مانگانە لەو کەسانە دەکەین کە بۆ حکومەتی نوێ کار دەکەن، یان ئەوانەی خەباتی بۆ دەکەن، لە دادوەرەوە بگرە تا لێپرسراو و ئەندازیار، هەموویان بە پەرۆشەوە وەڵام دەدەنەوە: "ئێستاکە هیچ، بارودۆخەکە ئەستەمە، پارە کەمە. پێویستە چاوەڕێ بکەین..." بەڵام چونکە دەتگوت هەموو شتێک باش بەڕێوە دەچێ، وازمان لە پرسیارکردن هێنا: کێ هاوکاری کوردەکان دەکا؟ نهێنییە. مرۆڤ حەز و مەیلی حەشاردانی شتەکانی دەبێ ئەگەر بۆ ماوەیەکی درێژ شۆڕشگێڕ بووبێ و شاراوە ژیابێ...
رۆژانی دواتر، بە بەشێکی گەورەی ناوچەی ڕۆژهەڵاتی کوردستاندا گەڕام کە دوو هێندەی دوورگەی کۆرس گەورە و دانیشتوانی دوو میلیۆن کەسە. بۆ من ئەستەم بوو بڕوا بکەم لە سووریای ئاگر و خوێنم کە هەموو شەوێ تەلەڤزیۆنەکان نیشانی دەدەن. ئاشتییەکی هەمەلایەنە بە سەر ئەم ناوچەیەدا زاڵە و هەستی نیشتیمان پەروەری لە گشت شوێنێک بەدی دەکرێ. ئەوان ڕۆژانی یەکشەممە دەچنە گەشت و سەیران، لە هەوارەکانیان دەمێننەوە، لەگەڵ دەسپێکردنی گەرمادا، دۆندرمەی سارد دەخۆن، شەوانە لە چایخانەکاندا کۆ دەبنەوە و …  بە کورتی، ئەوان توانیویانە لە ناوچەکانی ژێردەسەڵاتی خۆیاندا ڕێگە لە هەرچەشنە شەڕێکی سڤیل و پەرەسەندنی تاوان بگرن. لێرە هەموو شتێک لە ماوەیەکی زەمەنی چاوەڕواننەکراودا سەر لەنوێ ڕێک خراوەتەوە، لە خوارەوە ڕا بۆ سەرێ، ئەنجوومەنەکانیش لە پێناو بەڕێوەبردنی ژیانی ڕۆژانە و چارەسەرکردنی ئەو کەموکوڕییانەی ڕووبەڕووی نەخۆشخانەکان و قوتابخانەکان دەبنەوە، سەفەربەر بوون.
خاڵێکی دیکەی سەرنج ڕاکێش ئەوەیە ڕۆژ بە ڕۆژ ژمارەی مەسیحییەکان لێرە زیاتر دەبێ. هەموو ئەوانەی بەر لە شەڕ هەبوون - سوریانی، ئەرمەنی، ئۆرتۆدۆکس، کاتۆلیک - هەروەها ئەوانەش کە لە ترسی تۆڵەسەندنەوەی ئیسلامییەکان ڕایانکردووە و پەنایان بۆ تەنیا شوێنێک هێناوە کە تیایدا ئاسایشیان پارێزراوە و لە لایەن هێزەکانی یەپەگەوە بەرگرییان لێدەکرێ. کاتێک بۆچوونی مەسیحییەکان لەمبارەوە دەپرسین، بە کورتی دەڵێن: "جاران ئازادی دینیمان هەبوو، ئێستا هەموو چەشنە ئازادییەکمان هەیە..."
دواجار ئێمە بە هەستێک ئاوێتەی دوودڵی لە وەها سەفەرێک دەگەڕێینەوە. کێ چاوی بینینی ئەو کوردانەی هەیە کە لە ئەزموونە سیاسییەکەیاندا سەرکەتوون و پەلوپۆی بۆ دەرەوە بە گشتی و تورکیا بە تایبەتی هاویشتووە؟ هیچکەس. بەڵام ئەمڕۆکە کوردەکان تەنیا لایەنێکن توانیویانە ببنە ناوبژیوانی شەڕی خوێناوی نێوان شیعە و سوننە لە سووریا و هەروەها بوونەتە پەرژینێکی قایم لە بەرامبەر پەرەسەندنی ئیسلامی ڕادیکاڵ لە ناوچەکەدا. 
پاش ئەو خەبات و تێکۆشانەی ڕژێمی شامیان لە ناوچە کوردییەکان پاک کردۆتەوە، ژیان لە نێو جۆرێک ئاشتیدا ڕەوتی خۆی گرتۆتەوە بەر کە لە هیچ شوێنێکی سووریا بەدی ناکرێ.   

ژنان لە هەموو شوێنێک هەن، بۆ نموونە لە نێو سوپادا 

بەشداریی ژنان لە نێو دامودەزگاکانی دەسەڵات، پیشەیەکی هەمیشەیی کوردەکانی سووریا و بەردەوام سەرچاوەی سەرسوڕمانە لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستێکی سەرتاپا نێرینەدا. یەکێک لەو هەنگاوە سەرەتاییانەی کوردەکان دوابەدوای ڕاونانی هێزەکانی شام بەرزیان کردەوە، هەڵوەشاندنەوەی فرەژنی و هەروەها سەرجەم یاساکانی دژی ژنان و جاڕدانی یەکسانی پیاو و ژن بوو. ئەم ئایدیایە لەوەوە سەرچاوە دەگرێ کە گەلێک شایانی ئەوە نییە دەست بەسەر نیوەی هێزی ژیانی خۆیدا بگرێ. دەوروبەرە کلاسیکەکان هەڵپرینگانەوە، بەڵام کۆمەڵگەی کورد بە ڕادەی پێویست گەشەی کردووە کە ئەو قۆناغانە بە کەمترین کێشە تێپەڕێنێ. لە لایەکی دیکەوە، هێزەکانی پەیەدە لە لایەن ژنێکەوە سەرکردایەتی دەکرێن و هەروەها زۆر ژن لە دەستەی باڵای کورددا هەن. زۆر لەوان دادوەر، پۆلیس، مامۆستا و کاربەدەستن و بوێریی خۆیان لە خەبات نیشان داوە. حاڵی حازر سوپای ژنانەی تایبەت بە خۆیان هەیە کە نێوی (ی.پ.ژ)یە و لە لایەن خۆیانەوە فەرماندەیی دەکرێ.

سەرکردەکانی سێ میلیۆن کوردی سووریا

هیچکەس لە ڕۆژئاوا نایانناسێ، بەڵام سەرکردەکانی کوردستانی سووریا، سبەی ڕۆژ لەسەر شانۆی ڕۆژهەڵاتی ناوین حیسابیان لەسەر دەکرێ. پیاوی بەهێزی ئەم کوردستانە ساڵح موسلیم ڕۆشنبیرێکی فرە زانە و لەمێژ ساڵە لە پێناو مافەکانی کورد خەبات دەکا. ئێستا سەرۆکی پەیەدەیە لەگەڵ ئاسیە عەبدوڵڵا، ژنێکی خاوەن کەسایەتیی کە سەرجەم ئەزموونەکانی خەباتی ژێرزەمینی تێپەڕاندووە. سەرکردە بەرچاوەکانی تر، لە نێو ژناندا سەنەم محەمەد و ئیلهام ئەحمەد و لە نێو پیاوانیشدا ئەحمەد ئەلسەلام و ئاڵدار خەلیل - لە شەڕدا دەستێکی پەڕیوە -ن. لە پێناو گەشەپێدانی دامودەزگا دیموکراتیکەکان و ئازادییە سەرەکییەکان - هەروەها ئەگەری سووریایەکی فیدراڵ کە فەرهەنگەکەیان گەرەنتی بکا -، سێ میلیۆن کورد چاو لە ڕێی ئەوانن.

۱۳۹۱/۰۶/۰۱

پێنج ڕۆژ بە نهێنی لە سووریا


 ژیار گوڵ، بی بی سی
لە فارسییەوە: سەلاحەدین بایەزیدی

 
لە کاتێکدا کە سوپای بەشار ئەسەد لە زۆربەی شارەکانی سووریا و بە تایبەتی لە دیمەشق و حەلەب دەستەویەخەی شەڕێکی خوێناوییە، کوردەکانی سووریا کە زۆربەیان لە باکووری ڕۆژهەڵات دەژین، هێدی هێدی کۆنتڕۆڵی ئەو ناوچەیە بە دەستەوە دەگرن.

ئەمدواییانە لەگەڵ تیمێکی بی بی سی فارسی و تۆڕی جیهانی، بە شێوەیەکی نهێنی بۆ ماوەی پێنج ڕۆژ چووینە ناوچە کوردنشینەکانی باکووری ڕۆژهەڵاتی سووریا. دێهاتیەکانی سەر سنووری کوردستانی عێراق دەیانگوت جاران بە ئاسانی دەتتوانی هاتۆچۆی ئەوبەری سنوور بکەی، بەڵام ئێستا چەند هەفتەیەکە هێزەکانی سوپای عێراق لەم نزیکانە جێگیر بوون.

ئەوان لە پێناو کۆنتڕۆڵکردنی تاکە سنووری فەرمی سووریا لەگەڵ کوردستانی عێراق، چی نەمابوو لەگەڵ هێزەکانی پێشمەرگە بەشەڕ بێن. حکومەتی کوردستانی عێراق، ئامادە نەبوو ئەم سنوورە فەرمیە ڕادەستی دەوڵەتی فیدڕاڵ بکات.

ئەم ڕووداوانە بوونە هۆی بستنی سنوورەکان. ئێمە ناچار بووین لە تاریکی نیوەشەودا خۆمان بگەیەنینە یەکەمین بنکەی سنووری سووریا.

راکردن لە هێزە ئەمنیەکان لە نیوەی شەودا

بنکەی سنووری سووریا، بیست ڕۆژ پێشتر کەوتبووە دەست هێزە چەکدارەکانی کورد YPG  یاخود یەکینەکانی پاراستنی گەل. ئەم گرووپە باڵی سەربازی پارتی یەکێتی دیموکراتیک (PYD)یە و دوڵەتی تورکیا زۆر جار بەوە تاوانباری کردوە کە بەشێکە لە پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە).

دیسپلینێکی تایبەت لە نێوان هێزەکانی YPGدا هەبوو و بێ ئێزنی فەرماندەکانی ژوور خۆیان ئامادە نەبوون وتوێژمان لەگەڵ بکەن. ئەم بنکەیە ڕێگەی نەداین فیلم هەڵبگرینەوە.

ئەو ئۆتۆمبێلەی بڕیار بوو لەسەر سنوورەوە ئێمە بگوازێتەوە نێوخۆی سووریا، مۆبایلەکەی لە دەرەوەی بازنە بوو و نەیتوانی ئێمە بدۆزێتەوە. نیوەی شەو سوارێکی وانێتێک بووین و بە ئێسکۆرتەوە بەرەو شاری دێرک یەکەمین شاری کوردنشینی سووریا ڕۆیشتین کە یەک سەعات لە سنوور دوور بوو.

لە هەندێک شوێن، شۆفێرەکە لە جادەی سەرەکی دوور دەکەوتەوە، زانیمان هێشتاش هەندێک خاڵی پشکنین لە ژێر دەستی هێزە ئەمنیەکانی سووریا دایە. لە شۆفێر و ئەو کەسە چەکدارەی هاوڕێیەتی دەکردین، پرسیمان ئاخۆ مەترسییەک هەڕەشە لە تیمەکەی ئێمە ناکا؟ گوتی "نیگەران مەبن. هێزەکانی دەوڵەت لە بنکەکانیان دوور ناکەونەوە و ئەگەر هاتنە بەردەممان، لێیان دەدەین."

بە یەکێک لە ڕێگاکانی چوونە ژوورەوەدا، کە کەوتبووە ژێر دەستی هێزەکانی کوردەوە، دەربازی ناو شار بووین. ئاڵای سێ ڕەنگی کوردەکان لە تەنیشت خاڵی پشکنینی ئەوێ دەشەکایەوە. کاتێک بە ناو شاردا تێپەڕێن، بینیمان وێنەی بەشار ئەسەد لە زۆربەی دامودەزگا دەوڵەتیەکان شکابوو و لە هەندێک شوێن وشەی "عەرەبی" لە دەستەواژەی "کۆماری عەرەبی سووریا" سڕدرابۆوە یاخود هێمای زەربی لێ درابوو.

ڕووناک حەمە، گەنجێکی تەمەن بیست و دوو ساڵە، بە ئێمەی گوت ئەو و هاوڕێیانی، ڕۆژی بیستی ژوئیەی مانگی ڕابردوو وەک زۆربەی شارە کوردنشینەکانی سووریا، شان بە شانی خۆپیشاندەران کە هەندێکیان چەکداریش بوون، هێرشیان کردۆتە سەر دامودەزگا گرنگەکانی دەوڵەت.

هێزە ئەمنیەکان بە بێ خۆڕاگری، زۆربەی ناوەند گرنگەکانیان چۆل کردووە. ئەوان ئاڵای سووریایان لە زۆربەی بینا دەوڵەتی و گشتیەکان هێناوەتە خوارەوە.

ڕووناک دەڵێ بەشێکی بەرچاو لە هیزەکانی بەشار ئەسەد کە لە باکووری ڕۆژهەڵاتی سووریا بوون، پاشەکشەیان کردوە و یەکێک لە فەرماندە گەورەکانی ناوچەکە کە سوننە بووە، بۆ تورکیا هەڵاتووە و هێزەکانی ژێر فەرمانی ئەویش گەڕاونەتەوە بۆ شارەکانیان.

ڕووناک دەڵێ ئەو پێی باشە لە بری ئامادەبوون لە وانەکانی زانکۆ، لە پێناو ڕووخاندنی ڕژێمی بەشار ئەسەد هەوڵ بدا و ئەمە کارێک بووە کە لە چەند مانگی ڕابردوودا ئەنجامی داوە.

هێشتاش لە هەندێک خاڵی هاتنە ژوورەوەی شار، بنکەی هێزەکانی دەوڵەت مابۆوە و خەڵک دەیانگوت هێزە ئەمنیەکان زۆر لاواز بوون و لە بنکەکانیان نایەنە دەرەوە. لەسەر ئاستی شاری دێرک شوێنەوارێک لە چەک بەدی نەدەکرا و زۆربەی دامودەزگاکانی دەوڵەت وەک جاران کراوە بوون.

سەعید حەمە، مامۆستای دەرکراو دەیگوت هەتا مانگێک لەمەوپێش زاتی نەبووە چاوی بە ڕۆژنامەنووسێک بکەوێ. ئەو بە بوونی هێزەکانی دەوڵەت زۆر بێزار بوو. "هەست بە ئازادی ناکەم، ئەگەرچی ئەمڕۆکە نامانکوژن، بەڵام تا ئەو کاتەی سەرجەم هێزە ئەمنیەکانی سووریا ناوچە کوردنشینەکان چۆل نەکەن، من هەست بە ئازادی ناکەم."

عێسامی تەمەن بیست و حەوت ساڵ دەیگوت کوردەکان نە دەیانەوێ لەگەڵ سوپای ئازادیخوازی سووریا بن و نە لەگەڵ ڕژێمی بەشار ئەسەد، ئەو دەیگوت ڕێگەی سێهەمیش هەیە: "ئێمە لەگەڵ هیچ کەسێک کە دان بە مافە نەتەوەییەکانمان دابنێ، کێشەمان نابێ."

کاربەدەستانی تورکیا زۆر جار پەکەکەیان بەوە تاوانبار کردووە کە هاوکاری ڕژێمی بەشار ئەسەد دەکا و دەڵێن حکومەتی بەشار ئەسەد بە ئەنقەست ناوچە کوردنشینەکانی ڕادەستی پەکەکە کردوە بۆ ئەوەی کێشە بۆ تورکیا بنێتەوە. بەڵام سیناریۆگەلێکی زۆر سەبارەت بە هۆکارەکانی پاشەکشەی دەوڵەت لە ناوچە کوردنشینەکان بەر گوێ دەکەوێ. هەندێک دەڵێن بەشار ئەسەد بە ڕادەست کردنی ئەم ناوچانە بە پارتی لایەنگری پەکەکە، دەیەوێ تۆڵە لە تورکیا بکاتەوە.

گروپێکی تر دەڵێن ئەگەر دیمەشق و حەلەب بکەوێتە دەست هێزەکانی نەیارەوە، بەشار ئەسەد ناوچەیەک بۆ عەلەوییەکان، لە کەنارەکانی دەریای مەدیترانە دادەمەزرێنێ. بە قسەی ئەوان ئەگەر بێت و کوردەکانیش لە باکووری ڕۆژهەڵات ناوچەیەکیان بە دەستەوە بێ، ئەگەری هاتنە ئارای سووریایەکی سوننە، مەترسیەکی کەمتری بۆ ئەوان دەبێ.

سوود وەرگرتنی کوردەکان لە سەرقاڵبوونی هێزەکانی دەوڵەت

بەڵام سیناریۆکانی تر، کە زۆربەی کوردەکانی سووریا بڕوایان پێیەتی، ئەوەیە کە دەوڵەت لە پێناو پاراستنی دیمەشق و حەلەب پێویستی بە هێزەکانێتی، بۆیە بە بانگهێشتکردنی ئەو هێزانە لە ناوچە کوردنشینەکانەوە، بۆشایی دەسەڵات دروست بووە، کوردەکان ئەم هەلەیان قۆستۆتەوە و کۆنتڕۆڵی ئەو شارانەیان گرتۆتە دەست.

بە درێژایی سەفەری پێنج ڕۆژەمان بە نهێنی، بێ ئەوەی بمانەوێ ڕووبەڕووی هێزە ئەمنیەکانی سووریا بووینەوە. لە بەردەم دادگای دێرک، فیلممان لە وێنەیەکی دڕاوی بەشار ئەسەد هەڵدەگرتەوە. سەربازێ کە نە جلی عەسکەری لەبەر دابوو و نە چەکی پێ بوو، بە نیگەرانیەوە سەیرمانی دەکرد. لەناکاو فەرماندەکەی بە جلی مەدەنیەوە هات و داوای لێکردین ئەو شوێنە چۆل بکەین.

گوتی ئەمە ئەرکی سەرشانێتی و تکای لێکردین "کێشەی بۆ دروست نەکەین." تاکوو چەند هەفتە لەمەوبەر، خەڵک زۆر لەم مەئمورانە دەترسا، بەڵام ئەمڕۆکە ئەوان زۆر نیگەران و پەشۆکاون.

بە مەبەستی چاوپێکەوتن لەگەڵ ساڵح موسلیم، سەرۆکی پارتی یەکێتی دیموکراتیکی کوردستانی سووریا، PYD، دەبوایە بڕۆینە قامیشلۆ، گەورەترین شاری کوردنشینی سووریا. لەسەر ڕێگەی چوونە ژوورەوەی قامیشلۆ، ژمارەیەکی زۆر لە خاڵەکانی پشکنین لە دەست هێزەکانی سووری دابوون. بەڵام سەنگەرەکانیان لە هەندێک شوێن بەتاڵ بوون. کۆمەڵێک کۆمیتە کە لە لایەن خەڵکەوە دروست کرابوون، شاری قامیشلۆیان بەڕێوە دەبرد.

لە کاک موسلیمم دەپرسم ئاخۆ PYD بەشێکە لە پەکەکە؟ ئەو دەڵێ ئامانجەکانیان لە عەبدوڵڵا ئۆجەلان نزیکە و پەیوەندییەکی ئاساییان لەگەڵ هەموو حزبەکانی کوردستان و لەوانە پەکەکە هەیە.

ئەو دەڵێ: "لە ماوەی چەند ساڵی ڕابردوودا، دەوڵەتی سووریا بە هەزاران ئەندامی پەکەکەی قۆڵبەست و ڕادەستی تورکیا کردۆتەوە. کەوابێ ناتوانین بڵێین پەکەکە هاوکاری دەوڵەت دەکا، خەبات بۆ کوردەکانی تورکیا ئامانجی پەکەکەیە بەڵام ئێمە پێگەیەکی جیاوازمان هەیە و ئامانجمان بەدیهێنانی مافی کوردەکانە لە نێوخۆی سنوورەکانی ئێستای سووریادا. ئێمە لە چوارچێوەی سووریایەکی دیموکراتدا، خۆبەڕێوەبەرایەتیەکی دیموکراتیکمان بۆ کوردەکان دەوێ."

لێم پرسی لە سەدا چەندی ناوچە کوردنشینەکان لە دەستی کوردەکان دایە و ئایا ئەوان لەگەڵ دەوڵەت لە پەیوەندی دان؟ ئەو گوتی: "لە کۆی ٢٣ میلیۆن خەڵکی سووریا، لە سەدا ١٤ کوردن و زیاتر لە ٥٠%ی ئەو ناوچانە کەوتۆتە دەست خەڵک. ئێمە وەک حزب هیچ پەیوەندییەکمان لەگەڵ دەوڵەت نییە. بەڵام کۆمیتەکانی خەڵک لە پێناو دابینکردنی ئاو، کارەبا و نان دەبێ لەگەڵ کاربەدەستان لە پەیوەندی دابن."

لە وەڵامی ئەو پرسیارەمدا کە بۆچی کوردەکان تەڤلی سوپای ئازادیبەخشی سووریا نەبوون و دژی بەشار ئەسەد شەڕ ناکەن، ساڵح موسلیم گوتی: "هێزەکانی ئۆپۆزۆسیۆن، یەکریز نین و هەندێکیان دەسکەلای وڵاتانی ناوچەکەن وەک تورکیا و عەرەبستانی سعودی، ئەلقاعیدە و سەلەفیەکان کاریگەرییەکی زۆریان لەسەر ئەوان هەیە. من لەگەڵ زۆر کەسی ئۆپۆزۆسیۆن کە لە گرتووخانە ناسیومن، پەیوەندیم هەیە. پێموایە مافی کوردەکان لە ڕێگەی توندو تیژییەوە دەستەبەر نابێ، ئێمە هەر ناتوانین بە یەکجاری لە ناویان ببەین، ئەوانیش بە ساڵان هەوڵیان داوە ئێمە لە ناو بەرن، وەک دەبینن هێشتا لێرەین، کەواتە شەڕ ڕێگە چارە نییە، بەڵام ئەگەر دەوڵەت بیەوێ بارودۆخی جاران بە سەر ئێرەدا بسەپێنێتەوە، ئێمەش شەڕ دەکەین."

لە ئەنجامی گەڕان بە شارەکانی دێرک، عامودێ و قامیشلۆ تێگەیشتین کە PYD پتەوترین حزبی کوردستانی سووریایە و زۆرترین لایەنگری هەیە. لە ڕابردوودا، ئەو حزبە و ژمارەیەک حزبی بچووکی ژێر چەتری کۆنگرەی نیشتمانی کوردستان KNC ناکۆکیان هەبوو. بەڵام مانگی ڕابردوو، حزبە کوردییەکانی سووریا بە میوانداری مەسعود بارزانی لە هەولێر کۆبوونەوە، سەرەڕای ناکۆکیەکانی ڕابردووی نێوان  PYD و KNC، لەسەر ئەوە ڕێککەوتن کە دەستەی باڵای بەڕێوەبردنی کوردستان دابمەزرێنن و دەسەڵات لە نێوان حزبەکان دابەش بکرێ.

نیگەرانی تورکیا لە بە مودێل بوونی کوردەکانی سووریا
ئەم دەستەیە دە ئەندامی هەیە، پێنج ئەندام لە KNC و پێنجی تر لە PYD. لە بیستی مانگی ژوئیەوە، ئەم کۆمیتەیە بە هاوبەشی شارە ڕزگارکراوەکان بەڕێوە دەبا.

لە شاری عامودێ کە بە تەواوەتی لە ژێر کۆنتڕۆڵی کوردەکان دایە، زۆربەی تابلۆکانی نێو شار بە کوردی نوسراون. سەردانی قوتابخانەیەکمان کرد کە بەمدواییانە بۆ خوێندن بە زمانی کوردی کراوەتەوە. هەر ئەمە دەیتوانی ساڵێک لەمەوپێش، سزای قورسی گرتووخانەی بەدواوە بێ. ئەم قوتابخانەیە نزیکەی ٢٦٠ خوێندکاری هەیە و خوێندکاران لە چەند دانێکی ڕۆژدا بە مەبەستی فێربوونی زمانی کوردی دێنە قوتابخانە.

مامۆستای قوتابخانە ئەندازیارێک بوو کە پاش تەواوبوونی کارەکانی لەوێ وانەی دەوتەوە.

دەوڵەتی تورکیا بە نیگەرانیەوە دەڕوانێتە ڕووداوەکانی کوردستانی سووریا. ئەمڕۆکە بەهێزترین حزبی سیاسی کوردی سووریا، لە ڕوانگەی ئایدیۆلۆژییەوە لە پەکەکە نزیکە. تورکیا لە لایەکەوە نیگەرانی ئەوەیە پەکەکە لە ناوچە کوردنشینەکانی سووریاوە هێرش بکاتە سەر هێزەکانی تورکیا و لە لایەکی دیکەوە ئەگەر کوردەکانی سووریا وەک کوردستانی عێراق بە جۆرێک لە ئۆتۆنۆمی بگەن، ئەمە لەوانەیە هاندەرێک بێ تاکوو لاوانی کوردی تورکیا بەشداری ڕیزەکانی پەکەکە بن و کوردەکانی تورکیاش ناوچەیەکی ئۆتۆنۆم دابمەزرێنن.

بە درێژایی چەندین ساڵ، هەزاران هەزار کوردی سووریا لە مافی پاسپۆڕتی سووری بێبەش بوون. دەوڵەتی بەعس ئەوانی بە بەشێک لە "نەتەوەی عەرەبی" لە قەڵەم نەدەدا. بەڵام ئەمڕۆ بارودۆخەکە زۆر گۆڕاوە.

ئەوان هیچکات بەو ڕادەیە بە وەدیهاتنی مافەکانیان هیوادار نەبوون. ساڵح موسلیم دەڵێ "ئێمە خوازیارین مافی کوردەکان لە قانوونی بنچینەیی سووریادا دانی پێدا بنرێ، ئێمە لایەنگری خودموختاری و دیموکراسین بۆ سەرجەم سووریەکان."

دیار نییە پاش کۆتایی هاتنی جەنگ – ئەگەر کۆتاییەک لە ئارا دابێ – چ چەشنە دەسەڵاتێک لە سووریا بەدی دێ. بەڵام ئەوەی ڕوون و ئاشکرایە کوردەکان سوود لە پێکدادانی بەشەکانی تری سووریا وەردەگرن.

زۆربەی ناوچە کوردنشینەکان لە پێکدادان و کوشت و کوشتار بە دوور بوون. باژێر و گوند لە کەشێکی هێمندا بەڕێوە دەبرێن. ئەگەر ئەم بارودۆخە بەردەوام بێ، هەر وەک کوردستانی عێراق، لەوانەیە کوردستانی سووریاش بتوانێ لەم گۆڕانکارییانەی سووریادا براوە بێ و جۆرێک لە خۆ مسۆگەڕ بکا.

۱۳۹۱/۰۵/۰۷

''دەسەڵاتی باکووری سووریا دەکەوێتە دەست کوردەکانەوە"


وتوێژی ''بی بی سی" تورکی لەگەڵ هاو سەرۆکی پەیەدە
وەرگێڕانی لە تورکییەوە: سەلاحەدین بایەزیدی

 
دوابەدوای ئەو هێرشەی ڕۆژی ١٨ی ژوئیە لە پێتەختی سووریا شام ڕووی دا و لە ئەنجامدا وەزیری بەرگری داود ڕاجیعە، یاریدەدەری وەزیری بەرگری ئاسف شەوکەت، سەرۆکی مێزی قەیران ژەنەڕاڵ حەسەن تورکمانی و سەرۆکی دەستەی ئاسایشی نەتەوەیی هیشام بەختیار کوژران، ئاڵۆزییەکانی سووریا کەوتنە پێڤاژۆیەکی تازەوە.

ڕووداوی هەرە گرنگ پاش ئەم هێرشە، ئەوە بوو کە هێزە کوردییەکان لە باکووری ئەو وڵاتە، لەو شوێنانەی دانیشتوانی کورد زۆرینەن، کۆنتڕۆڵی شارەکانیان گرتە دەست.

بە میواندارێتی مەسعود بارزانی، ڕۆژانی ٩ و ١٠ی ژوئیە، مەجلیسی گەل کە پارتی یەکێتی دیموکراتیک (پەیەدە)ش – ئەو پارتەی لەسەر ڕێبازی پەکەکەیە – دەگرێتە خۆ، لەگەڵ چەندین ڕێکخراوی جیاجیا بە ناوی ئجومەنی نیشتیمانی کوردی لە شاری هەولێر دوای کۆمەڵێ گفتوگۆ بڕیاری یەکخستنی هێزەکانیان دا.

 بە دوای ئەم بڕیارە، کوردەکان خۆیان بۆ قۆناغێکی نوێی سیاسی ئامادە کرد و پاش ئەوەی تەقینەوەکەی شام هاوسەنگیەکانی وە لەرزین خست، ئەوان هەوڵیان دا بەڕێوەبەرایەتی خۆجێی دابمەزرێنن.

ئاکتۆری هەرە گرنگی قۆناغەکە، پەیەدە (پارتی یەكێتی دیموکراتیک) بوو کە بەوە ناسراوە لەسەر ڕێبازی پەکەکە دەڕوا.

پەیەدە کە تا ڕۆژی ئەمڕۆ هەم خۆی لە دەسەڵاتدارێتی ئەسەد و هەمیش لە نەیارە چەکدارەکان دوورەپەرێز گرتبوو، بەم هەڵمەتە بوو بە ئاکتۆرێکی گرنگی سیاسی لە ناوچەکەدا.

لەمەوبەدوا، وێدەچێ بزووتنەوەی کوردیش ببێتە ئەکتەرێکی زۆر گرنگ هەر وەک سوپای ئازادی سووریا کە بە خەباتی چەکدارانە دژی دەسەڵاتی ئەسەد لە ئاستی نیشتیمانیدا پێگەیەکی دیاری هەیە.

سەبارەت بە ڕووداو و پێشهاتەکانی ناوچە کوردییەکان، هاوسەرۆکی پەیەدە ساڵح موسلیم بۆ بی بی سی دوا.

هەر دوابەدوای تەقینەوە بەهێزەکەی شام، پێشهاتی هەرە گرنگی سیاسی، یەکە یەکەی ناوچە کوردییەکان لە لایەن ئەنجومەنی نیشتیمانی کوردی و پەیەدە (پارتی یەکێتی دیموکراتیک) دەستی بەسەردا گیرا. کوردەکانی سووریا بە گشتی و پەیەدە بە تایبەتی ئامانجیان لەو هەنگاوە چییە؟ 

ئێمە وەک کۆمەڵگەی کوردی جۆرێک خوێندنەوەمان لە قۆناغەکە هەبوو. لەم ڕوەوە هەر لە سەرەتاوە تەگبیری خۆمان وەرگرت. گەلەکەمان بە ڕێکخستن کرد و کۆمیتەی خۆجێیمان دامەزراند. ئەمەش درێژەی هەوڵەکانی پێشوومان بوو. بۆ خۆئامادەکردن بوو لە پێناو قۆناغەکاندا. گەلێکی ڕێکخراو و مرۆڤێکی ڕێکخراو ڕووبەڕوی هەر قۆناغێک ببێتەوە، کاریگەری زیاتری دەبێ. پێکدادانەکان پەرە دەستێنن، بە سەرانسەری سووریادا بڵاو دەبێتەوە، بگرە گەیشتۆتە ناوچە کوردییەکانیش. شەڕ لەبەر دەرگایە. بۆ ئەوەی ئەم پێکدادانانە دزە نەکەنە ناوچەکانی ئێمەوە، کۆمیتە خۆجێیەکان کەوتنە خۆ، گەل ڕاپەڕی و دەستیان بەسەر دامودەزگاکانی ڕژێم داگرت. ڕژێمیان لەو شوێنانە دەرپەڕاند و گوتیان "ئێمە بۆ خۆمان، خۆمان بەڕێوە دەبەین و ئەو هێزەمان هەیە."

یانی ئامانجی سەرەکی لە بەدەستەوە گرتنی دامودەزگاکانی دەوڵەتی سووریا، ئەوە بوو پێکدادانەکانی نێوان هێزەکانی دەوڵەت و سوپای ئازادی سووریا لە ناوچە کوردییەکان بڵاو نەبێتەوە و زیان بە گەلی کورد نەگەیەنێ؟

 ئەمە تەگبیرێکە. لە شاری عەفرین دەستی پێکرد و بەرەو کۆبانی تەشەنەی سەند. لەوێ خەڵک دەستیان بەسەر دامودەزگاکانی ڕژێم داگرت، هێزە ئەمنیەکانیان وە دەر نا و ئێستا بەڕێوەبەرایەتی ناوچەکە بە دەستی خۆیانە. وەها ڕەوشێک لە دیرکیش هاتە  ئاراوە. ئێستا ئیتر گەل دەستی بەسەر سەرجەم دامودەزگاکان داگرتووە و بەڕێوەبەرایەتی بە دەست خۆیەتی. ئامانج لەمە پاراستنی خەڵکە.

بەگوێرەی ئەو زانیاریانەی بە دەست گەیشتوون، هێزەکانی دەوڵەت لە بەرامبەر گرتنی دامودەزگاکان بەرخۆدانی چەکداری ئەوتۆیان نیشان نەداوە. ئەمە چۆن هەڵدەسەنگێنن؟

 لە یەک دوو شوێن دەستیان کردەوە. شەهیدمان دا، هەم لە قامیشلی و هەم لە دێرک. هەروەها ژمارەیەکیش بریندار بوون. لە لایەکی ترەوە، تەگبیر وەرگیرابوون. لە کوبانی و لە عەفرین ١٢ سەعات مۆڵەتیان پێ درا بۆ ئەوەی دامودەزگاکان چۆل بکەن. ئەوانیش زانیان کە سەرجەم خەڵک هەستاوەتە سەر پێ.

یانی یەکێک لەو هۆکارانەی وایکرد خوێنی زۆر نەڕژێ، ئەوە بوو شەڕتان نەکرد و سەرەتا مۆڵەتتان پێ دان؟ 

بەڵێ، هۆشداریمان پێدان کە لە ناوچە کوردییەکان دەرکەون ئەگینا هەڵوێستی جیاوازمان دەبێ. ئەوانیش هەر لە سەرەتاوە خۆپیشاندانەکانی ئێمەیان بینیبوو، دەزانن داواکارییەکانی خەڵک بە چ ئاراستەیەکدا دەڕوا. لەبەر ئەمەش بێ ئەوەی خوێن بڕژێ، کوڵیان دا. زۆر باش بوو، خۆی ئێمەش نامانەوێ خوێن بڕژێ. لە شارەکانی دیکەش بۆ نموونە لە قامیشلی، چاوەڕوانی ئەوە دەکەین خوێن نەڕژێ. نامانەوێ هێرشی خوێناوی ئەنجام بدرێ. بەڵام گەل خۆی، خۆی بەڕێوە دەبا.

باشە جگە لە ئاستەنگ کردنی زیانی پێکدادانەکان لە ناوچەکە، داخوازییە سیاسیەکانی پەیەدە چین؟ ئایا ئامانجتان سەقامگیرکردنی ئۆتۆنۆمیە لە باکوری سوریا و لە چوارچێوەی وڵاتێکی یەکگرتوودا؟ 

سەرەتا با شتێکتان بۆ ڕاست بکەمەوە. ئێمە بەو ناوچەیە دەڵێین ڕۆژئاوای کوردستان. داخوازییەکانی ئێمە هەر لە سەرەتاوە دیار بوون. ئێمە چوار ساڵە لە چوارچێوەیەکی دیموکراتیکدا، یانی لە چوارچێوەی یەکپارچەیی سووریادا لە سەر پڕۆژەیەک کار دەکەین کە مافە نەتەوەییەکانی گەل (بۆ نموونە خوێندن و نووسین بە زمانی زگماکی) لە خۆوە دەگرێ و هەوڵێکە بۆ داننان بە گەلی کورد لە دەستوری بنەڕەتیدا. ئەمەشمان بە خۆسەری دیموکراتیک پێناسە کردووە. خۆسەری دیموکراتیک، نایاتە واتای ئۆتۆنۆمی. ئێمە بروشوری تایبەتمان لەمبارەوە بڵاو کردۆتەوە و بە هەموو کەسمان داوە. دیارە ئەمە تایبەت نییە بە کورد و بۆ ناوچەکانی تریشە ئەگەر خۆیان بیانەوێ.

 هەڵسوکەوتی دەسەڵاتدارێتی ئەسەد بەرامبەر بە ویستی خۆسەری دیموکراتیک چۆن هەڵدەسەنگێنن؟

 ئەوان چوار ساڵە پێیان وایە ئەمە دێتە واتای "لێکدابڕان". بێگومان ئێمە وا بیر ناکەینەوە. ئێمە لە چوارچێوەی یەکپارچەیی سووریادا، بیر لە مافە دیموکراتیکەکانمان دەکەینەوە. ئێمە سیاسەتێکی جیاخوازی یا خود سەربەخۆخوازی ناگرینە بەر. هەر وەک دەزانن ئێمە لەگەڵ ئۆپۆزۆسیۆنی عەرەبیش پەیوەندیمان هەیە. وەک پەیەدە لە ناو دەستەی کۆردیناسیۆنی نەتەوەییدا هەین. وەک چۆن ویستی سەربەخۆیمان نییە، داوای فیدڕالیزمیش ناکەین. خۆسەری دیموکراتیک، لە ڕووی جوگرافیەوە هیچ سنوورێک ناخاتە بەردەم خۆی.

کاربەدەستێکی باڵای سوپای ئازادی سووریا بۆ ڕۆژنامەی "زەمان"ی چاپی تورکیا قسەی کردووە و گوتویەتی پەیەدە لە باکووری سووریا دەیەوێ دەوڵەتێکی سەربەخۆ دابمەزرێنێ و ڕەخنەی لە پەیەدە گرتوە. بۆچوونتان لەسەر ئەم لێدوانە چییە؟

 پەیوەندیمان لەگەڵ سوپای ئازادی سووریا باشە. ئەم لێدوانە، زمانحاڵی سوپای ئازادی سووریا نییە. هەڵسوکەوت و نزیکایەتی سوپای ئازادی سوریا وەها نییە. من باسی کەسانی یەکەمیان دەکەم. لەوانەوە وشەی جوانمان بیست، وەک ''گەلی کورد بەشێکە لە شۆڕشی سووریا و پێرۆزبایی بە گەلی کورد دەڵێین" و ئێمەش بەمە گەلەک کەیفخۆشین.

یانی وەک ئێوە باسی دەکەن سووریا بە دەستی کێوە دەبێ بڵا ببێ، گرنگ ئەوەیە لەپێناو خۆسەری دیموکراتیک خەبات دەکەن؟ 

ڕاستە. بێگومان ئێمە بەڕێوەبەرایەتیەکی دیموکراتمان بۆ سووریا دەوێ. دەسەڵاتی ئێستا هیچ کات نەیتوانی دیموکرات بێ و پێشمان وا نییە دیموکرات بێ، بەڵام ئەوەی ڕاستی بێ بۆ وەی ویست و داواکارییەکانمان بەدی بێن، دەبێ حکومەتێکی دیموکرات لە شام هەبێ.

ئاخۆ پێتان وایە ئۆپۆزۆسیۆنی ئێستا ڕژێمێکی وەها دیموکرات دابمەزرێنێ؟ 

ئۆپۆزۆسیۆن، پارچە پارچەیە. ئەو بەشەی ئێمە پەیوەندیمان لەگەڵیدا هەیە، داخوازییەکانمان دەپەژرێنێ و بە ماقووڵیان دەزانێ.

سوپای ئازادی سووریاشیان لە ناو دایە؟ 

ئەویش لە ناویان دایە. ئۆپۆزۆسیۆنەکەی تر سەر بە دەرەوەیە و ددان بە لایەنەکان دانانێ. بەڵام ئۆپۆزۆسیۆنی دیموکراتیک واتە ئۆپۆزۆسیۆنی نێوخۆی سووریا، ددان بە هەموویان دادەنێ.

هەر وەک هەموومان ئاگادارین ئێوە لەم دواییانەدا، نەچوونە پاڵ ڕژێمی سووریا بەڵام لە هەمانکاتدا شان بە شانی هێزەکانی ئۆپۆزۆسیۆن و بە تایبەت سوپای ئازادی سووریا دژ بە ڕژێم پەناتان بۆ چەک نەبرد. ئەگەر ددان بە داخوازییەکانتان دادەنێن بۆچی لەگەڵیان ناکەون؟ 

ئەمە ڕاست نییە. ئێمە وەک حزب هەر لە سەرەتای دامەزراندنمانەوە لە ساڵی ٢٠٠٣ بە دواوە لە خەبات داین. ساڵانی ٢٠٠٤، ٢٠٠٥ و ٢٠٠٦ شەهیدمان دا. کە شۆڕشی سووریا یان با بڵێین بەهاری عەرەبی یا خود بەهاری گەلان دەستی پێکرد، ١٥٥٠ کەسی ئێمە لە گرتووخانەکانی ڕژێم دابوون. بۆیە ناکرێ بچینە پاڵ ئەوانەوە. شەڕمان کردوە بەڵام بێگومان لە ڕوانگەی خۆمانەوە.

بە ڕای ئێوە گۆڕانکاری لە بەڕێوەبەرایەتی ناوچە کوردنشینەکان چ کارتێکەرییەک لەسەر پەیوەندییەکانی تورکیا لەگەڵ ناوچەکە دادەنێ؟ 

سەرەتا دەبێ بڵێم ئێمە چاوەڕوانی ئەوە دەکەین پەیوەندی گەلان بە یەکەوە تۆکمەتر بێ و لەپێناو ئەمەدا تێدەکۆشین. هیچ کێشەیەکی ئەوتۆمان لەگەڵ گەلی تورکدا نییە. ئەو تەگبیرانەی لێرە گرتوومانە، لەپێناو پاراستنی گەلەکەمان دایە و بۆ دژومنایەتی هیچ لایەنێک نییە. بەڵام بەداخەوە بەڕێوبەرانی تورک فۆبیایەکی کوردیان هەیە. لە هەر شوێنێک کوردێک مافی خۆی بە دەست بێنێ، لە ڕوانگەی ئەوانەوە ناهەقە. ئێمە لەپێناو دیموکراتیزەبوونی سووریا تێدەکۆشین و تا ئەمەش بەدی دێ هەوڵ دەدەین گەلەکەمان بپارێزین. ئەمە مافی هەرە سروشتی خۆمانە. هیچکەس مافی نیە لەمبارەوە ڕەخنەمان لێ بگرێ.

دوای ئەم قۆناغە، دژ بە دەسەڵاتدارێتی سوریا درێژە بە چالاکی سەربازی دەدەن؟ 

ئێمە ئەگەر هێرشمان نەکرێتە سەر، هێرش ناکەینە سەر هیچ کەس.

پەیوەندیتان لەگەڵ بەڕێوەبەرایەتی کوردەکانی عێراق لە چ ئاستێک دایە؟

 لەسەر بانگهێشتی مەسعود بارزانی، دوو مەجلیسی ناوچەکەمان ڕێککەوتن. بە هۆی ئەم هەوڵانەوە، سوپاسی دەکەین. بەڵام بارزانی هیچکات خۆی نەخستۆتە نێو کاروباری ئێمەوە. لەسەر بنەمای ئەم ڕێککەوتنە، کۆمیتەیەک دادەمەزرێنین. کە یەکەم کۆبوونەوە بەسترا، پاشان کۆمیتەی ژێر چەتریش ئاوا دەکرێن. بەڵام ئەمە ڕێبازێکە کە کوردەکانی سووریا خۆیان گرتوویانەتە بەر.

لە نێو ئەم پێکهاتەیەدا، ناوی زۆر لایەن و ڕێکخراو هەیە، بەڵام ئاخۆ ئەکتەری سەرەکی پێڤاژۆکە پەیەدەیە؟ 

پەیەدە حزبێکی سیاسیە. باشترە بڵێین مەجلیسی گەل. مەجلیسی گەل لە ڕۆژئاوای کوردستان. لە لایەکەوە لە ژێر چەتری مەجلیسێکدا پانزە حزب هەیە و لە لایەکی دیکەشەوە دامودەزگا سڤیلەکان و پەیەدە هەن. شتێک نیە بە ناوی پەیەدەوە کرابێ، بەڵکو لە لایەن ئەم دوو مەجلیسەوە کراوە.

میدیای تورکیا، تەعبیری "باڵی سووریای پەکەکە" بۆ پەیەدە بەکار دێنێ، ئایا ئەم پێناسەیەتان پێ ڕاستە؟ 

پێمان وایە لە ڕوی فەلسەفی و ئیدیۆلۆژییەوە لێک نزیک بوونێک هەیە. دیارە ڕاشکاوانە باسمان لەوە کردووە. بەڵام هیچ چەشنە پەیوەندییەکی ئۆرگانیکمان لەگەڵ هیچ کەسێک نیە. جگە لەمە زۆر قسە و قسەلۆگ دەکرێ. دەڵێن پەکەکەییەکان لە دەرەوە هاتوون. تەنانەت کەسێکیش لە دەرەوە ڕا نەهاتووە. ئەم قسانە هیچ ئەسڵ و ئەساسێکیان نییە. ئێمە بە هێزی خۆمان، بە هێزی گەلەکەمان کاروباری کۆمیتەکان بەڕێوە دەبەین. هەڵبەت لەم ڕۆژانەی دواییدا، ئەمانە ڕاگەیەنراون. کۆمەڵێک یەکینە لە ژێر ناوی یەکینەکانی پاراستنی گەل دامەزراون. زۆربەی ئەمانەش لە هێزی گەنجان پێکهاتووە. بە مەبەستی هێرش کردن بۆ سەر هیچ لایەنێک دروست نەبوون، بەڵکوو بۆ پاراستنی خەڵک پێکهاتوون.

سەبارەت بە توانای هێزی چەکداریتان تا چ ئاستێک دەتوانن زانیاریمان پێ بدەن؟

 وەک ژمارە نازانم، بەڵام لە سەرانسەری ڕۆژئاوای کوردستان بڵاو بۆتەوە. بەشی هەرە زۆری خەڵک لەگەڵ ئێمەیە و پشتیوانیمان لێ دەکا.

وەک دوا پرسیار، شتێک ماوە بیڵێن؟ 

سەرەتا با ڕوو لە گەلی تورک بکەم... ئێمە دوژمنی گەلی تورک نەبووین و نابین. مێژوویەکی هاوبەشمان هەیە. بە کاربەدەستانی تورکیا دەڵێم با خۆیان لە فۆبیای کوردەکانی خۆیان ڕزگار بکەن بۆ ئەوەی هەندێک ئاشتی ڕوو لە ڕۆژهەڵاتی ناوین بکا. بە گەلانی دیکەی ڕۆژهەڵاتی ناوینیش دەڵێم... ئێمە هیچکات نامانەوێ دوژمنایەتی هیچ گەلێک بکەین. ویستی ئێمە برایەتی نێوان گەلانە. دەمانەوێ گەلان یەکسان بن. دەمانەوێ بە شێوەیەکی دیموکراتیک دان بە یەکتری دابنێین.

ئێوە کوردی سووریان، ئەو تورکیە ڕەوانە چۆن فێر بوون؟ 

من ئەندازیاری بواری کیمیام. دەرچووی زانکۆی تەکنیکی ئەستەنبوڵ (İTÜ)م. بۆیەش تورکیەکەم، تورکی ئەستەنبوڵە نەک تورکی ئۆرفا!