‏نمایش پست‌ها با برچسب موراد قەرەیڵان. نمایش همه پست‌ها
‏نمایش پست‌ها با برچسب موراد قەرەیڵان. نمایش همه پست‌ها

۱۳۹۳/۰۹/۲۶

کوردەکان: مۆدێلی نوێی ڕۆژهەڵاتی ناوین


محەمەد ئاڵتان
لە تورکییەوە: سەلاحەدین بایەزیدی

 
وێدەچێ کۆبانێ بووبێتە یەکێک لە گەورەترین خاڵەکانی وەرچەرخانی مێژووی کورد…
لەوانەشە گەورەترینیان.
هەر نەتەوەیەک، لەپێناو بەدەوڵەت بوون پێویستی بە 'حیماسەیەکی نەتەوەیی' هەیە. کۆبانێ، قارەمانێتییەکی بێ‌وێنەی خوڵقاند بۆ ئەوەی کوردەکان لە دەوری ئەو حیماسە گەورەیە کۆ بکاتەوە.
ئەو 'حیماسە' گەورەیەی لە کۆبانێ ڕووی دا و بۆی هەیە نەک هەر مێژووی ڕۆژئاڤا، بەڵکوو مێژووی ڕۆژهەڵاتی ناوینیش بگۆڕێ، کوردەکانی لەبەر چاوی دونیا کردە یەکێک لە گەلانی هەرە خۆشەویست و پۆپوولەر.

xxx
کوردەکان، هاوشانی فەلەستینییەکان وەک مناڵانی هەتیو لە ڕۆژهەڵاتی ناوین ناهەقییان لێکراوە، بەڵام [کوردەکان] نەیانتوانیبوو سۆزی جیهان بۆ لای خۆیان ڕابکێشن.
ئەو گەرموگوڕییەی جیهان بە فەلەستینییەکانی نیشان دا، بە کوردەکانی نیشان نەدا.
پێموایە چەوسانەوەی کوردەکان لە لایەن موسڵمانانەوە، ئەو پشتیوانییەی بۆ کوردەکان ئاستەنگ کرد کە لە ڕۆژهەڵاتی ناوین بۆ فەلەستینییە بەرەنگاربووەکانی جوولەکە دەربڕاوە.
بەردەوام لە هەمبەر پێشڤەچوونی کوردەکان لە تورکیا، ئێران، عێراق و سووریا کۆسپ دروست کراوە.
ئەو کوردانەی دژ بە دەوڵەتەکان ڕابوون، هەمیشە وەک 'تیرۆریست' پێناسە کراون.

xxx
کۆبانێ، دوو تابلۆی سەرنج‌ڕاکێشی لە یەک کاتدا نیشانی دونیا دا.
یەکەمینیان ڕاستەقینەیەکی سیاسی و سەربازی بوو.
لە کاتێکدا هیچ دەوڵەتێکی موسڵمان پێشڕەوییەکانی داعشی ئاستەنگ نەکرد یان بۆی ئاستەنگ نەکرا، کوردە 'عیلمانی'یەکان بە نرخی گیانیان، پێشیان پێ گرت.
دووهەمیشیان هەقایەتی جەنگێکی پڕاوپڕ لە بوێری بوو: ژنە گەریلاکانی کۆبانێ.
ژنانی قارەمان، کڵاشینکۆف بە دەست، پڕچ گرێ‌دراو، دەم بە خەندە و چاو گەشاوە، سینگیان دایە پێش، شارەکانیان، ماڵ و حاڵ و ماڵباتەکانیان پاراست و لەم پێناوەدا، بێ ئەوەی پێلووەکانیان لێک بنێن، گیانیان سپارد.
ژنانی بوێری ڕووگەش لە بەرامبەر لەشکری داعشانی نەعل لە پێ، ڕیش درێژ و سەربازانی مرۆڤ سەربڕی بەدەوی و چاو پڕ لە خوێن.
ئەو ژنانە بوونە سیمبۆلی کۆبانێ و دونیا بێ هیچ دڕدونگییەک خۆی لە بەرەی ئەو ژنانەدا دۆزییەوە.

xxx
ڕۆژێک کە ئەم جەنگانە تەواو بوون، ژنە گەریلاکانی کورد دەگەڕێنەوە ماڵەکانیان.
پاش بینینی ئەو ئەزموونانە، تێپەڕاندنی ئەو تاقیکردنەوە ئەستەمانە و چەندین جار لە مەترسی هاویشتنی گیانیان، هەمدیس ژیان دەست پێ دەکەنەوە.
دەبنە خاوەن ماڵ، مێرد، مناڵ، هاوسێ و ئیش.
ئەم ژنانە هەرگیز جارێکی تر، نە لە ماڵ نە لە سەر ئیش، لە لایەن پیاوانەوە سووکایەتییان پێ ناکرێ، پیاوان دەنگیان لە سەر ئەم ژنانەیان بەرز ناکەنەوە، هەوڵ نادەن بە گوتنی 'ئێمە دەزانین ژیان چییە'، ئەم ژنانە فێری ژیان بکەن.
ئاشقی ئەم ژنانە دەبن، ئەم ژنانە ڕێزیان لێ دەگیرێ.
لەوە بترازێ، ئەم ژنانە یەک، دوو و سێ نین، سەدانن، هەزارانن.
'نەریتی پیاوانە'ی تورکیا و ڕۆژهەڵاتی ناوین هەپروون بە هەپروون دەبێ، شێوازێکی نوێی ژیان و شێوازێکی نوێی پەیوەندیی بونیاد دەنرێن.
ئەو پیاوە بێ‌کەڵکانەی گرفتاری دزی و گەندەڵیی ڕۆژ‌هەڵاتی ناوین بوون، بۆیان دەردەکەوێ ژن چییە...
بگرە لەم ژنانەوە فێری پیاوبوون دەبن.
ژیان لێرانە دەگۆڕدرێ.

xxx
هەتا ئەمدواییانە وڵاتی مۆدێل بۆ ڕۆژهەڵاتی ناوین تورکیا بوو.
وڵاتێکی موسڵمان، عیلمانی، ڕوەو دیموکراسی، دەوڵەمەندبوو و بەرئەندامی یەکێتیی ئەوروپا.
لاڕێ‌بوونی تەیپ ئەردۆغان و پیاوەکانی لە ڕەوتی عیلمانی و دیموکراسی و بە بەرداکردنی کراسی 'سوننێتی'، دامەزراندنی پەیوەندیی گەرم‌وگوڕ لەگەڵ داعش، پەیڕەوکردنی زەخت و گوشار لە نێوخۆ، دووربوونەوە لە ڕۆژئاوا، گرتنەبەری ڕێگەی فاشیزم، هەڵپڕژان بە دەر و جیران بە شێوازی 'خەلیفایەتی' و ڕاگەیاندن و لێدوانی گاڵتەجاڕانەی هاوشێوەی سەرۆککۆمار عیدی ئەمین، لە ماوەیەکی کورتدا، تورکیای لە 'وڵاتی مۆدێل' هێنایە دەرەوە.
دیارە لە ڕۆژهەڵاتی ناویندا وڵاتێکی دیکەش بەدی نەدەکرا ببێتە مۆدێل.

xxx
کوردەکان، لە کۆبانێ وەک گەلێک هاتنە مەیدان کە دەکرێ ببنە مۆدێل بۆ ڕۆژهەڵاتی ناوین.
ئەمە ئەشێ هەڵبژاردەیەکی بەئەنقەست بێ…
جەخت‌کردنەوەی پەیتا پەیتای ئایسەل توغڵوک لە سەر 'سیکۆلاریزم' لە دوو وتاری دواییدا، زۆرتر بەکارهێنانی وشەگەلی 'عیلمانی و دیموکراسی' لە لێدوانەکانی سەلاحەدین دەمیرتاش، جەمیل بایک، قەرەیڵان، دووران کاڵکان و مستەفا قەرەسوو و ڕەنگدانەوەی دیمەنی دیموکرات و لاییکی 'کچ و کوڕان'ی کۆبانێ لە ئاستی جیهاندا، نابێ هەروا بە ڕێکەوت بێ…

xxx
عەبدوڵڵا ئۆجەلان سەبارەت بە گۆڕینی ڕۆڵی ژنانی کورد لە نێو کۆمەڵگەدا پێشەنگایەتی کرد.
جێگوڕکێی بە ژنی کورد کرد و هێنایە ئاستی پیاو، بگرە پێگەیەکی بەرزتر لە پیاوی پێ دا.
پەکەکە ڕێکخراوێک بوو ژنانی لەگەڵ پیاوان یەکسان کرد، تەنانەت خستیە سەرووی ئەوانەوە.
ژنە کوردەکانی کۆبانێش، ڕەنگە بۆ یەکەمجار لە ڕۆژهەڵاتی ناوین کە وەک کۆمەڵگەیەکی پیاوانی ڕیشن سەیری دەکرێ، بەمجۆرە بوونی ژنیان نیشان دابێ و بۆیەش سەرنجی هەموو دونیایان بۆ لای خۆیان ڕاکێشاوە.
کوردەکان هەم وەک واقع و هەم وەک ئیماژ، وەک کۆمەڵگەیەک کە ژن و پیاو شان بە شانی یەک خەبات دەکەن، لە گەلانی تری ڕۆژهەڵاتی ناوین دابڕان و ئیتر بەشێوازێکی جیاوازتر سەیر دەکرێن.

xxx
من پێموایە ژنانی کۆبانێ بوونەتە 'مۆدێل'ێک بۆ سەرجەم ژنانی ڕۆژهەڵاتی ناوین.
لە کاتێکدا ژنان لە کۆمەڵگەکانی دیکە سووکایەتییان پێدەکرێ، لەنێو ماڵدا حەپس کراون و نکۆڵی لە بوون و ڕۆڵیان دەکرێ، کوردەکان پلەی ژنانیان بەرز کردەوە، نەخاسمە لە کۆبانێ خستیاننە ڕیزی هەرە پێشەوە، ڕیزی هەرە عەگید و هەرە قارەمانەکان.
کوردەکان ڕەنگە بووبنەتە یەکەم نەتەوەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست کە بە ڕێزەوە پێشوازیان لە ژنان کردووە کە ئەمەش هێمایەکی گرنگی پێشکەوتنە.
لەم چوارچێوەیەدا، تورکیا لە پێشڤەچوون دوور کەوتەوە و بەرەو بوون بە وڵاتێکی نێرسالاری سوننە لە ڕۆژهەڵاتی ناوین هەنگاوی بەلەزی هاویشت.
دەتوانین بڵێین ئەمە ڕێککەوتێکی زەمەنی بێ‌وێنە بوو بۆ کوردەکان.
ڕەنگە مێژوو لەم پێناوەدا یارمەتیدەر بووبێ، بەڵام ئەوەی ڕاستی بێ کوردەکانیش ئەم هەلە نائاساییەیان باش قۆستەوە.

xxx
ئەمریکا، لە کاتێکدا تورکیا و ئەردۆغان هاواریان دەکرد 'مەحاڵە'، چەکی بۆ کۆبانێ نارد، ئەگەر [ئەمریکا] لە لایەکەوە ئامانجی ئەوە بێ پشتیوانیی لە ڕکابەرێکی بەهێزی دژ بە داعش بکا، ئەوا بێگومان لە لایەکی ترەوە بە نیازە پشتیوانی لەم مۆدێلە بکا.
گەلی کورد کە بە دامەزراندنی پەیوەندیی یەکسان لە نێوان ژن و پیاو، خۆی لە کۆمەڵگەکانی دیکەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست هەڵاواردوە و پڕاوپڕە لە ژنانی لەخۆبردوو، ئێستا تاکە گەلە لە ڕۆژهەڵاتی ناوین کە دونیای پێشکەوتوو نەک هەر بە سیاسەت بەڵکوو بە دڵیش پشتیوانی لێ دەکا.
کوردەکان کە لە ڕێگەی کۆبانێ‌یەوە چوونە سەر شانۆی جیهان و بەم هەڵسوکەوتەیان لە هەموو میدیاکانی جیهاندا بوونە بابەتی باس، بۆ ڕۆژهەڵاتی ناوین بە گشتی و ژنانی ڕۆژهەڵاتی ناوین بەتایبەتی دەبنە مۆدێل.

xxx
کۆبانێ، ئەگەر کوردەکانی کردبێتە 'گەلێکی مۆدێل'، ئەوا هاوکات گۆڕەپانێکی سیاسیی نوێی بۆ ئەوان هەموار کرد.
[کوردەکان] دەرفەتی بەدەوڵەتبوونیان وە دەست خست.
بارزانی لە باکووری عێراق نەیتوانی ناوکی دەوڵەتێکی گەورەی کوردی دروست بکا، بەڵام لە کۆبانێ، پەکەکە و پەیەدە دروستیان کرد.
کوردەکان گشتیان لە کۆبانێ لە دەوری یەک کۆ بوونەوە، تەنانەت بارزانیش کە سەرەتا لاقی چەقاندبوو، ناچار بوو سەرباز بۆ ئەوێ بنێرێ.
بێجگە لەمە دونیای ڕۆژئاواش بە تەواوی لەگەڵیانن.
سەرجەم هێزە دیموکراتەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوینیش پشتیوانی و سەرسامبوونی خۆیان دەربڕیوە.

xxx
ئەم پێشهاتە، دەوڵەتی ئاکەپەی لە تورکیا غافڵگیر کرد، ئەوان نە بۆ ئەوە ئامادە بوون کوردەکان ببنە 'مۆدێل' و نە بۆ ئەوەی ئەم ڕۆڵە لە تورکەکان بستێندرێ، نە بۆ ئەوەش کوردەکان لەپێناو دەوڵەتێکی کوردی لە داهاتوودا لە دەوری یەک کۆ ببنەوە.
تورکیا باجی سیاسەتی چەپەڵی ئەردۆغان و داودئۆغڵوی کە دژ بە کوردەکان پشتیوانییان لە داعش کرد، بە ڕادەست کردنی ڕۆڵەکەی لە ڕۆژهەڵاتی ناوین بە کوردەکان دایەوە.
ڕەنگە ئێستا هێز و دەرفەتی تورکیا وەک دەوڵەتێک لە هی کوردەکان زێدەتر بێ، بەڵام لە ڕووی سایکۆلۆژییەوە بێگومان کوردەکان باڵادەستن.
ئیتر مۆدێلی ڕۆژهەڵاتی ناوین ئەوانن.
ئیتر لە ڕۆژهەڵاتی ناوین گەلێک کە لەلایەن دیموکراتەکانەوە پشتیوانی لێ بکرێ، خەڵک دوای بکەوێ و لاسایی بکرێتەوە، کوردەکانن.

xxx
وا دیارە ئەم پێشهاتە لە نێو سیاسەتی کوردی لە تورکیاش ڕێگەی لە بەردەم هەندێک جیاوازی خۆش کردبێ.
تاقمێک لە سیاسەتمەدارانی کورد، بەتایبەت ئەوانەی دەچنە ئیمڕالی، 'ئاشتی و قۆناغی نوێ' دەخەنە پلانی یەکەمەوە، خۆیان لە بوارەکانی دیکەی سیاسەت هەڵناقورتێنن، زۆر بە جۆشەوە ڕەخنە لە دیموکراسی و عیلمانیەتی لەمەڕ ئاکەپە ناگرن.
تاقمێکی دیکەش، بەتایبەتی دەمیرتاش، توغڵووک و سەرکردەکانی پەکەکە لە قەندیل، زیاتر لە جاران پێداگری لە سەر 'عیلمانی و دیموکراسی' دەکەنەوە و ئەمە وەک مەرجێکی گرنگ بۆ ئاشتی دەخەنە سەر مێزی گفتوگۆ.
کوردەکان حەز ناکەن ناکۆکی و جیاوازییەکانی نێوخۆیان بهێننە سەر زمان، وەک جۆرێک 'فیتنە' لەمە دەڕوانن، سەرباری ئەمەش دەتوانین بڵێین، وێدەچێ لە سیاسەتی کوردی لە تورکیادا دوو ڕەوتی 'لۆکاڵ' و 'ئەنتەرناسیۆنالیست' بوونیان هەبێ.
جیاوازییەکە بە دەستەواژەگەلی 'عیلمانی و دیموکراسی' ئاشکرا دەبێ.

xxx
ئەوانەی داکۆکی لە سیاسەتێکی 'لۆکاڵ' دەکەن، وێدەچێ لەگەڵ ئەم ئاریشەیەدا بن کە پێی وایە 'ئێمە با لێرە لەگەڵ ئاکەپە پێک بێین، زۆر خۆمان لە ململانێی عیلمانیەت و دیموکراسی هەڵنەقورتێنین، هەندێک ماف دەستەبەر بکەین، بۆ ئەوی تر پاشان بیری لێ دەکەینەوە'.
ئەنتەرناسیۆنالیستەکانیش دەیانەوێ کەلێن لە نێوان دونیا و ئاکەپەدا کە خەریکە ببێتە مایەی گاڵتەجاڕی، دروست بکەن و ئامانجیان ئەوەیە بە لەبەرچاو گرتنی بەها گەردوونییەکان لە ڕۆژهەڵاتی ناوین ڕۆڵێکی سەرەکی بگێڕن.
لە کاتێکدا 'لۆکاڵەکان'، هەوڵ دەدەن لە وڵاتێکی فاشیستی ئایینی سەقامگیر بن و چاوپۆشی لەو سێبەرە دەکەن کە کەوتۆتە سەر ئاکەپە، ئەنتەرناسیۆنالیستەکان، بە دەستنیشان کردنی کەموکوڕییەکانی ئاکەپە، لەگەڵ ئەوە دان خاوەنداری لەو ڕۆڵە بکەن کە تورکیا لە ڕۆژهەڵاتی ناوین و دونیا لە کیسی داوە.

xxx
ئەگەر ئەم شڕۆڤانە مەبەستیان پێکابێ، ئەوا سیاسەتی کورد لە تورکیا لە خاڵی تەقان نزیک بۆتەوە.
چونکە مەیلێکی زۆر جیدی و سیاسەتێکی زۆر جیاواز لە گۆڕێیە.
ئەنتەرناسیۆنالیستەکان، داکۆکی لەوە دەکەن بە هەر شێوەیەک بووبێ ئەو دەرفەتە بقۆزنەوە کە لە کۆبانێ بۆ کوردەکان ڕەخساوە.
ئەوان ئەگەر لەگەڵ تورکیاش پێک بێن، دەیانەوێ بناغەکانی بە جۆرێک سەقامگیر بێ کە لەلایەن جیهانەوە ستایش بکرێ، پێیان وایە ئەمە هەم بۆ ئاشتی و هەم بۆ داهاتوو و ڕۆڵی کوردەکان لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست جێگەی بایەخ دەبێ.

xxx
دوابەدوای وازهێنانی تورکیا لە بوون بە وڵاتی مۆدێل، لە ڕۆژهەڵاتی ناوین، بێجگە لە کورد، هیچ کۆمەڵگەیەکی دیکە بەدی ناکرێ ببێتە بەرئەندامی ئەم مۆدێلە.
ئێران هەرچەند توانیبێتی لەم دواییانەدا ئیماژ و هەڵسوکەوتی خۆی گۆڕیبێ، بەڵام دەمێکە بۆ ئەم مۆدێلە ناشێ، وڵاتانی وەک عەڕەبستانی سعوودی، سووریا، عێراق، میسر و یەمەنیش تەنانەت بۆ ئەوە نابێ بیر لە بەرئەندام بوونیان بۆ ئەم مۆدێلە بکەیەوە.
هەڵبەت جیاوازی سیاسەتی کوردیش بە گۆڕینی ڕۆڵی کوردەکان لە کۆبانێ قووڵتر بۆوە.
هەتا [پێڤاژۆی] کۆبانێ، مەسەلەی ئاشتی لە تورکیا لە گۆڕێ بوو، بەڵام دوای کۆبانێ، مەیدانێکی زۆر گەورەتر لە بەردەم کوردەکان کرایەوە.

xxx
هەرچەند ڕوانگەکان سەبارەت بە سیاسەتی کورد لە تورکیا بۆ مشت‌ومڕ کراوە بن، بەڵام خاڵێک هەیە دەبێ لێی دڵنیا بین:
کۆبانێ و ژنە قارەمانەکانی کۆبانێ، دیرۆکی کوردەکان و ڕۆڵی مێژوویی ئەوانیان گۆڕی...
بوونە بەرئەندامی فاکتەری دیاریکەری داهاتووی ڕۆژهەڵاتی ناوین.
هەم تورکەکان و هەم کوردەکان، ئەوانەی بیانەوێ سیاسەت بکەن و لە کۆبانێ، لەوان تێنەگەن، سەریان وە دیواری مێژوو دەکەوێ.
ئیتر کۆبانێ نەک هەر بۆ کوردەکان، بەڵکوو بۆ ڕۆژهەڵاتی ناوینێش جۆرێک بووژانەوەیە.

سەرچاوە: gazete360

۱۳۹۲/۰۶/۰۶

"جووما" لە چاوی "جەمیل بایک"ەوە


مەحموود هامسیجی - بی بی سی
لە تورکییەوە: سەلاحەدین بایەزیدی

 
لە ناوچەیەکی بژوێن و سەرسەوزی قەندیل، بۆ ئەنجامدانی دیمانەیەک، چاومان بە جەمیل بایک کەوت. لە سەر کورسییەکی پلاستیک دانیشتین، هێشتا پرسیارەکانمان ئاڕاستە نەکردبوو، گوتی: "دەیانەوێ وەک دێوزمە بمانناسێنن، خۆ ئێمە دێو و درنج نین."
جلەکانی وەک جلی هەموو ئەندامانی پەکەکە وابوو، لە سەر گیرفانی کەواکەشی ڕۆزێتی ئاڵای پەکەکە و پۆرترەی عەبدوڵڵا ئۆجەلان بەدی دەکرا.
ئەگەر سەرنج بدەینە قسەکانی سەرەتای، دەبینین پاش ئەوەی بایک بوو بە هاوسەرۆکی کەجەکە، بانگەشەی میدیاکانی تورک، ڕەنگدانەوەیەکی بەرچاوی لە قەندیل هەبووە.
بایک، سیمایەکە زۆرترین مەراقی ڕای گشتیی تورکیای وروژاندوە. لە یەکەمین دامەزرێنەرانی پەکەکەیە کە بانگەشە دەکرێ دوای عەبدوڵڵا ئۆجەلان زۆرترین کاریگەریی لە سەر ڕێکخراوەکە هەیە و دەڵێن ئۆجەلان سەبارەت بەو گوتویەتی "ئەگەر من ٥٠% ئەو ڕێکخراوەم دامەزراندبێ، جەمیل ٢٥% و هەڤاڵانی دی ٢٥%یان دروست کردووە."
هەتا ئەمدواییانە زۆر بۆ میدیاکان قسەی نەدەکرد و ئەمەش هێنابوویە دۆخێک کە مەراق هێنەر بێ.

دەگوترێ سەرکردەی باڵی شاهینە

دوای گۆڕانکارییەکانی ئاستی سەرکردایەتی کەجەکە، هەواڵی میدیاکانی تورک وەک 'سەرکردەی باڵی شاهینی ڕێکخراوەکە'، 'لایەنگری ئێران' و 'دوژمنی قۆناغی چارەسەری' باسی جەمیل بایکیان کرد. بەڵام بە پێی قسەکانی خۆی ئەم بانگەشانە نەک هەر درۆن، بەڵکوو بەشێک لە 'شەڕێکی پلان بۆ دارێژراوی سایکۆلۆژی'ن.
بایک کە لە ناو حزبەکەیدا بە نازناوی 'جووما' دەناسرێ، دەڵێ ئامانج لە هێنانە گۆڕی مژاری شاهینەکان و کۆترەکان لە پێکهاتەی پەکەکەدا ئەوەیە کە بڵێن 'لە دژی ئەم قۆناغە شاهینەکانی پەکەکە ئەرکدار کراون' و دەیانەوێ بناغە بۆ داڕمان خۆش بکەن.
"یانی ئاڵوگۆڕی دەسەڵات لە نێو کەجەکەدا، هیچ مانایەکی تایبەتیی نییە؟" جەمیل بایک دەڵێ نا.
جەمیل بایک سەرنج بۆ سەر ئەوە ڕادەکێشێ کە ئەم گۆڕانکارییانە پێشتر بەرنامەیان بۆ دارێژراوە، بەڵام بە هۆی نامەکەی عەبدوڵڵا ئۆجەلان لە ٢١ی مارسدا، دوا خراون.
دەڵێ تەنانەت زۆر پێشتر، سەرۆکی پێشووتری کەجەکە، موراد قەرەیڵان گوتویەتی "ئیتر بەسە، من با بگۆڕدرێم، با من ئەرکی تر بەڕێوە بەرم"، بەڵام وەک تەڤگەر نەیانتوانیوە ئەو کات ئەم داواکارییە قەبوڵ بکەن.

لایەنگری ئێرانە؟

سەبارەت بەو بانگەشانەی کە گۆیا لایەنگری ئێرانە، پێدەکەنی و دەڵێ "بگرە مناڵێکیش بڕوا بەمە ناکا. مایەی پێکەنینە."
بایک دەڵێ لە ڕوانگەی ئەوەوە، هەڵسوکەوتی تورکیا و ئێران لە مەڕ پرسی کورد جیاوازییەکی ئەوتۆیان نییە و هیچکامیان لەوی دی بە باشتر نازانێ.
ئاماژە بەوە دەکا شان بە شانی ئەو بانگەشەیە، دەگوترێ گۆیا من عەلەویم و دەڵێ "من سەر بە بنەماڵەیەکی سوننە مەزهەبم. لە ناو سوننەکانیشدا، حەنەفی بووین. دایک و باوکم، بەردەوام خەریکی نوێژ و ڕۆژوو بوون و چوونەتە حەجیش. لە کاتێکدا عەلەوی نیم، وەک عەلەوی نیشان دەدرێم. دەکرێ عەلەویش بم. بۆچی دەیانەوێ دوژمنایەتی لەگەڵ عەلەوییەکان پەرە پێ بدەن؟"
کە لێی دەپرسین گۆیا یەکێکە لەو ناوە بەرچاوانەی هێڵی ئایدیۆلۆژی - سیاسیی پەکەکە دیاری دەکا، یەکسەر و پێداگرانە دەڵێ "نەخێر" و بەمجۆرە بەردەوام دەبێ "رێبەر ئاپۆ، هێڵی ئایدیۆلۆژی ئێمە دیاری دەکا. ئێمە هەوڵ دەدەین ئەو ئایدیۆلۆژیە وەربگرین و لە کردەوەدا پێکی بێنین."
دوای ئەوەی لە دیمانەکەماندا کۆتایی بە 'پرسیارگەلی سیاسی' دێنین، سەبارەت بە ئۆگرییەکانی جەمیل بایک لە دەرەوەی دونیای سیاسەت قسە دەکەین.

'ئێستا لایەنگری هیچ تاقمێ نیم"

دەڵێ "هەموو ژیان و کاتی من بە سەر لە نوێ ئافراندنەوەی مرۆڤەکانی ئەم کۆمەڵگەیە تێدەپەڕێ. کاتم بە دەستەوە نامێنێ. بۆیە دەرفەتی ئەوەم بۆ ناڕەخسێ بە شتێکی ترەوە سەرقاڵ ببم. ئەگەر دەرفەت هەبێ، بۆچی نا."
چی بۆ نموونە؟ لە وەڵامی ئەم پرسیارەدا باسی تەمەنی خوێندکاری و 'ئۆگری بە مۆسێقا، نیگارکێشی، باسکێتباڵ و والیباڵ' دەکا.
وەک دەگێڕێتەوە بە هۆی ئەوەی ئیتر حەزی لە تۆپی پێ نییە، لایەنگری لە هیچ یانەیەکیش ناکا، بەڵام پێشتر لایەنگری "بێشیکتاش'' بووە. کاتی خۆی ئەو بڕیارەی بۆیە داوە، چونکە پێی وابووە بێشیکتاش تاقمی هەژارەکانە.
حەزی لە مۆسیقای ڕەسەنە. دەڵێین "بۆ نموونە کێ؟"، ناوی ئارام تیگران، ئایشێ شان و مەریەم خان دێنێ.
سەبارەت بە کتێب دەڵێ لە هەموو بوارێکدا خوێندنەوەی هەیە و دوایین کتێب کە خوێندویەتیەوە، لێکۆڵینەوەی ئاڕکۆلۆژێکی ئاڵمانی لە سەر "گۆبەکلیتەپە" بووە.
لە کۆتایی دیمانەیەکی دوور و درێژ، لە قەندیل ڕۆژ خەریکە ئاوا دەبێ و کە تۆمارکردنەکەمان تەواو دەبێ، قسەکانی یەکەم ڕووبەڕووبوونەوە دووپات دەکاتەوە: "یانی ئێمە دێوزمە نین. با بێنە لامان و گوێمان لێ بگرن."
لە کاتی ماڵئاواییدا تەوقە دەکا و دوایین ڕستەی دێنێتە زمان: "ئینشاڵا بۆ دیمانەی داهاتوو، لە تورکیا یەک ببینین!"

۱۳۹۲/۰۲/۰۷

ژیانی نوێ دوای قەندیل


جەنگیز چاندار / ڕۆژنامەی ڕادیکاڵ
لە تورکییەوە: سەلاحەدین بایەزیدی

 
دەبێ بڵێم بۆ کەسێکی وەک من، 'دیمەنەکان'ی ڕۆژێک لەمەوبەری قەندیل مایەی کەیفخۆشیەکی (لە لایەکیشەوە پێکەنینی) بێ وێنە بوو. بەر لە من تەنیا حەسەن جەماڵ لە ساڵی ٢٠٠٩دا چووبوە قەندیل و وتوێژێکی دوور و درێژ و لە هەمانکاتدا گرنگی لەگەڵ موراد قەرەیڵان کردبوو. ئەو چاوپێکەوتنە، پێگەیەکی بە پێزی لە 'کرانەوە بە ڕووی کورددا' کە ئەو ساڵە هاتە ئاراوە، بۆ خۆی تەرخانکرد.
حەسەن جەماڵ 'رێکۆردی قەندیل' یان بە واتایەکی دیکە 'رێکۆردی چاوپێکەوتن' لەگەڵ موراد قەرەیڵانی تۆمار کرد. سێ جار، ساڵی ٢٠٠٩، ٢٠١١ و دەوروبەری مانگێک لەمەوبەر (٢٠١٣) ڕۆیشتە قەندیل. 'رێکوردی درێژترین چاوپێکەوتن'یش من تۆمارم کردوە. بە وتوێژی ساڵی ٢٠١٠ کە شەش سەعات و نیوی خایاند.
هەتا نزیکەی مانگێک لەمەوپێشیش، قەندیل شوێنێک بوو جێگەی گومان و هاتوچۆکردنی مەترسیدار بوو. دوو جۆرە مەترسیی لە ئارا دابوو: مەترسیی جەستەیی و یاسایی. جەستەیی، چونکە ئەگەری ئەوە هەبوو لە کاتی هاتوچۆ بۆ قەندیل، ببیە قوربانی 'رووداوەکانی بکەری نادیار'ی فاکتەرگەلی 'شاراوە'. گواستنەوە هەواڵ و قسەکانی موراد قەرەیڵان یان کاربەدەستێکی دیکەی پەکەکە بەس بوو بۆ ئەوەی بە تاوانی 'ستایشی ڕێکخراوێکی تیرۆریستی' دۆزێکی یاساییت لە بەرامبەر پەیڕەو بکرێ.
پنار ئوغونچ، لە وتاری دوێنێیدا لە ڕۆژنامەی ڕادیکاڵ بە نووسینی 'بە حیساب ڕێکخراوی تیرۆریستی، بە حیساب ڕۆژنامەنووس'، ئیمزای هاویشتە ژێر وتاری هەرە سەرنج ڕاکێش و بە لۆمەی ئەم ڕۆژانەی داویی. لە بانگەشەنامەی 'دۆزی چاپەمەنیی کەجەکە' ٦٥ جار ناوی قەندیل هاتووە، لەگەڵ دەستەواژەی 'قەندیل شوێنی مانەوەی بە حیساب بەڕێوەبەرانی ناوەندی و پلە باڵا'. هەروەها ٩٤٢ جار ناوی عەبدوڵڵا ئۆجەلان، ٣٢ جار ناوی موراد قەرەیڵان و ٣١ جاریش ناوی دوران کاڵکان.
دوای 'سەفەری قەندیل'ی میدیای تورک، پێویستە 'دۆزی چاپەمەنی کەجەکە' هەڵبوەشێتەوە.
زیاتر لە سەد ڕۆژنامەنووسی میدیا سەرەکییەکانی تورکیا چوونە قەندیل؛ مەکۆی 'بە حیساب ڕێکخراوی تیرۆریستی و بە حیساب بەڕێوەبەرایەتی پایەبەرزیی ناوەندی'، لەگەڵ ئەوەی کارەکە لایەنی سەرگەرمیشی هەبوو. دیارە ئەزگی باشاران، لە ڕۆژی لێدوانە ڕۆژنامەنووسییە 'مێژوویی'ەکەی قەرەیڵان لە قەندیل، نموونەی وتارێکی جوان و تەنزی بە ژێرسەردێڕی 'لە قەندیل wi-fi نییە' لە ڕۆژنامەی ڕادیکاڵ بڵاو کردەوە. باسی ئەوەی کردبوو لەو 'رۆژە مێژوویی'یەدا، میدیای تورک چ بە سەر موراد قەرەیڵان دێنن.
بیر بکەنەوە، لە کاتێکدا چوار پێنج مانگ لەمەوپێش بە هۆی وێنەکانی لە ئامێزگرتنی گەریلاکان لە دەوروبەری شەمزینان، هەڵگرتنی حەسانەی پەرلەمانتارانی بەدەپە لە ڕۆژەڤ دابوو، مانگێ لەمەوپێش، وێنەکانی ئەوان لەگەڵ بەڕێوەبەرە پایە بەرزەکانی ئەو گەریلایانە لە قەندیل و لە بەردەم ئاڵای پەکەکە و پۆستێڕی عەبدوڵڵا ئۆجەلان لە میدیا سەرەکییەکانی تورکدا بڵاو دەبێتەوە.
لە دوو ڕۆژ لەمەوپێشیشەوە وای لێهاتووە ئەگەر هەڵگری سیفەتی ڕۆژنامەنووس بی، نەچیتە قەندیل و لەگەڵ موراد قەرەیڵان و تەنانەت دوران کاڵکان چاوپێکەوتن ئەنجام نەدەی، ئەوا 'عەیبێکی پیشەیی'یە. قەندیل بوو بە مەیدانی 'ئاپۆرای قەرەباڵغی' میدیای تورک.
لەو ڕوانگەوە، کۆمەڵێ پرسیاری وەک 'بە چەکەوە پاشەکشە دەکەن یان بێ چەک، لە کوێوە پاشەکشە دەکەن و دەچنە کوێ'، ئیتر هەڵگری هیچ واتایەک نین.
خاڵی گرنگ، 'کۆتایی هاتنی قۆناخی خەباتی چەکداری'یە.
یانی تەواو بوو؟ خەباتی چەکداری پەکەکە لە تورکیا کۆتایی هات؟
بەڵێ، کۆتایی هات. ئەمە لە لایەن عەبدوڵڵا ئۆجەلانەوە لە ٢١ی مارس لە دیاربەکر لە 'دێکلەراسیۆنی نەورۆز'دا ڕاگەیەنرا کە لە بەردەم سەدان هەزار کەس خوێنرایەوە. تەنیا ئەو توانای ئەنجامدانی ئەو کارەی هەبوو. ئەو کردی. لێدوانی ڕۆژێک لەمەوبەری موراد قەرەیڵانیش لە قەندیل، پێکهێنانی 'بڕیاری ئۆجەلان'ە لە کردەوەدا.
رۆژی ٢١ی مارس کە لە تەلەڤزیۆنی ئێن تیڤی، بە شێوەیەکی ڕاستەوخۆ 'دێکلەراسیۆنی ئۆجەلان'م بینی لەو ساتەدا پێموابوو ئەمە 'مەشروعیەت'دانە بە عەبدوڵڵا ئۆجەلان. لە لایەکی دیکەوە دەتوانین 'کۆبونەوەی ڕۆژنامەنووسیی موراد قەرەیڵان' لە قەندیل وەک 'مەشروعبوونی پەکەکە' لێک بدەینەوە.
پەکەکە وەک گەورەترین ڕێکخراوی کوردی لە تورکیا و شوێن دانەرترین و گرنگترین ڕێکخراو لە ناوچەکە، کۆتایی بە 'خەباتی چەکداری' لە تورکیا هێنا و قۆناخی چوونە ناو 'خەباتی سیاسی' لە لایەن موراد قەرەیڵانەوە ڕاگەیەنرا. یان بە واتایەکی دیکە، قەرەیڵان ڕۆژێک لەمەوبەر، بەجێهێنانی ڕاسپاردەکانی عەبدوڵڵا ئۆجەلانی ئاشکرا کرد.
مژاری 'پاشەکشە بۆ دەرەوەی سنوور'، جگە لە 'سیمبولی کۆتایی هاتنی خەباتی چەکداری' پەکەکە لە تورکیا - کە ئەمەش گرنگە - هیچ مانایەک لە خۆ ناگرێ.
موارد قەرەیڵان، مانگی نۆڤامبری ٢٠١٠ لە وتوێژە دوورو درێژەکەماندا، باسی لەوە کرد ئەو خاڵەی ئەمڕۆ پێی گەیشتووین، تەنیا لە لایەن عەبدوڵڵا ئۆجەلان و پیادەکردنی ڕاسپاردەکانی لە لایەن ئەوانەوە دەکرێ بەدی بێ. قسەکانی وەک خۆی بەدی هاتن. لەم نێوانەدا، پێویستە گرنگیی دانی لە ڕادەبەدەری ڕۆژنامەنووس 'روشەن چاکر' بە لێدوانەکانی چەند ڕۆژ لەمەوپێشی دوران کاڵکان دەرک بکەین. دوران کاڵکان، سەبارەت بە پلانی پشت پەردەی 'کشانەوە بۆ دەرەوەی سنوور' گوتی: ''لە سەر بنەمای بڕیاری ڕێبەر ئاپۆ کە لە ئەنجامی گفتوگۆ لەگەڵ بەدەپە و ئێمە لە ئەوروپا و لێرە درا، پاشەکشە دەکەین. بێگومان ئەمە پەیوەندیی بە چاوپێکەوتنەکانی کاربەدەستانی دەوڵەت لەگەڵ ئیمڕالیشەوە هەیە. شتی هەرە گرنگ هەروەک سەرۆک وەزیریش چەندین جار گوتویەتی، ئەوەیە کە 'چەکەکان بێدەنگ بن، بیر و سیاسەت بێنە قسە!' ئەگەر کەسێک ئەمە بڵێ، ئێمە وەک پەکەکە دەڵێین بەڵێ. ئەگەر هێزی بەرامبەر بەردەم خەباتی سیاسیی خۆش بکا، پەکەکە ڕەتی ناکاتەوە. ئەگەر ڕەتی بکاتەوە بە زیانی خۆی تەواو دەبێ. ئەگەر بۆ نموونە ئۆپەراسیۆنەکانی کەجەکە نەبوایە کە ١٤ی ئاوریلی ٢٠٠٩ دەستیان پێکرد، قۆناخەکە بەمجۆرە نەدەچووە پێش. دەڵێن 'با سیاسەت بکەن.' سیاسەتمەدارەکان هەموویان لە گرتووخانەن، لەو هەلومەرجەدا کێ دەتوانێ سیاسەت بکا؟"
بەشێک لە قسە هەرە گرنگەکانی دوران کاڵکان، پەیوەندی بە باڵی 'شاهین'ی ناو پەکەکەوە بوو: "شەهێنەکان هەپەگەن (باسکی چەکداری پەکەکە). ئەوانەی بیانەوێ پەکەکە چ لە ڕووی چەکداری یان لە ڕووی ئایدیۆلۆژی و سیاسییەوە پاکتاو بکەن، کات و هێزێکی خۆڕایی بە فیڕۆ دەدەن. بەڵام ئەگەر بیانەوێ لە پەکەکە تێبگەن و لەگەڵیدا پێک بێن، لە زۆر شتدا قازانج دەکەن. ئێمە لەم ڕوانگەوە زۆر شەفافین و حزبێکی نەرمین.."
ئەگەر 'خەباتی چەکداری' بچێتە دەرەوەی بازنەوە، پەکەکە وەک 'دەزگایەکی سیاسی' لەگەڵ دۆخی سەلماندنی پەرەسەندن و پوختەبوونی ڕوبەڕوو دەبێتەوە. وەرچەرخانی ڕێکخراوە شەڕکەرەکان بۆ ڕێکخراوێکی سیاسی - مەدەنی بە 'قۆناخێکی کاتی'ی ئەستەمدا دەرباز دەبێ. کەواتە ئێستا پەکەکە لە بەردەم تاقیکارییەکی نوێ دایە.
تاقیکاری بەردەم پارتی ئاکەپەش ڕادەی بەشداریی لە تەختکردنی ئەو ئاستەنگیانە دایە. ئەویش لە پێناو گۆڕینی پەکەکە لە ڕێکخراوێکی چەکدارەوە بۆ دەزگایەکی سیاسی - سڤیل دەبی هەلومەرجەکان لەبار بکا، یانی ئەمە پەیوەندی بە بەجێهێنانی پێداویستیەکانی دیموکراتیزەبوونی تورکیاوە هەیە.
شان بە شانی ئەم قۆناخە، تورکیا لە بەردەم گۆڕینی 'پارادیگما' دایە. چەند مانگ لەمەوپێش تێڕوانینێکی بەمجۆرە لە ئارا دابوو: 'پێڤاژۆ'، خۆی لە ئیرادەی ئەوانەی کەوتوونەتە جموجوڵ سەربەخۆ دەگرێ و دینامیکەکانی خۆی دەئافرێنێ. 
واشی لێهات. ئەو 'قۆناخ' و ئاستەی ئەمڕۆ پێی گەیشتوون، بە بێ ئیرادەی تەیپ ئەردۆغان و دووربینی عەبدوڵڵا ئۆجەلان مەحاڵ بوو. لە مەوبەدواش، ئەگەر حکومەت، پەکەکە و پێکهاتەکانی و هەروەها کۆمەڵگە پێداویستی 'گۆڕینی پاڕادیگما' دەرک نەکەن، بەردەوام نابێ.
سەردەمی پۆست - قەندیل، پڕاوپڕ دەبێ لە جموجۆڵ و جۆش و خرۆش.

۱۳۹۱/۰۷/۲۱

نافەرمانی لە ناوچە کوردیەکان


جەیمز ڕەینۆلدز، بی بی سی / گەڤەر
لە تورکییەوە: سەلاحەدین بایەزیدی

 
بیرهاتی تەمەن ١٢ ساڵ لەگەڵ برا دە ساڵانەکەی ئەمرە ئیکە، لە کاتێکدا ئەو بەیانییە لە بەردەم تەلەڤزیۆن ڕاکشابوون و سەیری فیلمی کارتۆنیان دەکرد، بە هاتنی میوانەکان وەک تاوانبار قیت بوونەوە و هەستانە سەر پێ.
لە ڕاستیدا دەبوایە لە قوتابخانە بوایەن، بەڵام بنەماڵەکەیان بڕیاریان دابوو لە ماڵ بمێننەوە.
هەموو بەیانییەک، پەروەردە لە قوتابخانەکەیان، وەک سەرجەم قوتابخانەکانی تورکیا بە ڕستگەلی وەک "تورکم، ڕاستگۆم'' کە هەموویان هاوکات بە یەکەوە دووپاتی دەکەنەوە، دەست پێدەکا.
بنەماڵەی ئیکە کە کوردن، دووپات کردنەوەی ئەم ڕستانە ڕەت دەکەنەوە. دەڵێن پێیان خۆشە مناڵەکانیان بە کوردی بخوێنن نەک بە تورکی.
بیرهات دەڵێ "زمانی زگماکیمان گەرەکە. دەبێ وانەکانمان بە کوردی بخوێنین."
برا بچووکەکەشی بە سەر ڕاوەشاندن پشتیوانی لە قسەکەی دەکا. پاش ئەوەی بەمجۆرە هەڵوێستی سیاسی خۆیان ئاشکرا دەکەن، دوو مناڵەکە لە دیوەخان دەڕۆنە دەر و دەست بە یاری کۆمپیۆتەری دەکەن.
کوڕە هەرە بچووکەکەی بنەماڵەش، وەک ئەوەی زۆر حەزی بە میوانەکان نەهاتبێ، لە حەسار دەموچاوی گرژ کردووە و سەیری مریشکەکان دەکا.
دایکی مناڵەکان، کەناڵی فیلمی کارتۆن بۆ کەناڵێکی کوردی دەگۆڕێ کە لە ئەوروپا وەشان دەکا.

ئەو دایکەی دوو ڕۆڵەی لەدەست داوە

دایکی بابی مناڵەکان، ناجیە ئیکە، سیمایەکی چالاکی شاری گەڤەرە.
ئەمرەی کوڕی ساڵی ١٩٩٠، لە کاتێکدا پانزە ساڵی تەمەن بووە، بەشداری ڕیزەکانی پەکەکە بووە.
دوو ساڵ دواتر، کوژراوە و تەرمەکەی هەرگیز نەگەڕاوەتەوە.
ساڵی ٢٠٠٣ کوڕێکی تریشی بە ناوی عەلی ئیحسان بەشداری ڕیزەکانی پەکەکە بووە و ئەویش کوژراوە.
تەنیا کوڕێکی لە ژیاندا ماوە: جیهاد.
پێی گوتوە "تۆ نابێ بچی." جیهاد ئێستا ژمێریارە.
ناجیە ئیکە دەڵێ "سەبارەت بە نەوەکانم دەترسێم. نەک هەر بۆ ئەوان، بۆ هەموو کەس دەترسێم. ئێمە ئێستاش ئاشتیمان دەوێ، بەڵام گوێمان لێ ناگرن. لە یەکتری تێناگەیەن."
کوردەکان لە سەدا پانزە تا بیستی دانیشتوانی تورکیا پێک دێنن. بە گشتی مەزەندە دەکرێ ٢٥ تا ٣٠ میلیۆن کورد لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بژین.

'نەتەوەی بێ دەوڵەت'

کوردەکان بەردەوام بەوە دەناسرێن کە "گەورەترین نەتەوەی بێ دەوڵەتن لە سەر ڕووی زەوی". نیشتمانی دایکیان ڕۆژهەڵاتی تورکیا، باکووری عێراق و ناوچە شاخاوییەکانی سوریا و ئێرانە.
دەگوترێ لە ساڵی ١٩٧٨ەوە کە عەبدوڵڵا ئۆجەلان پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە)ی دامەزراندوە، لە ئەنجامی شەڕو پێکدادان لەگەڵ هێزە ئەمنیەکان ٣٠ تا ٤٠ هەزار کەس لە تورکیا گیانیان لەدەست داوە.
پەکەکە دەڵێ چیتر بۆ سەربەخۆیی شەڕ ناکا.
لە بری ئەمە، داوای خۆسەری دیموکراتیک لە دەوڵەتی تورکیا دەکا. بەڵام سەرەڕای دابەزینی ئاستی ئامانجەکانیان، توندو تیژی بە هەمان ڕادە کەم نەبۆتەوە.
تەنیا لە ماوەی ١٥ مانگی دواییدا، زیاتر لە ٧٠٠ کەس کوژراون.
پەکەکە هێرشی کردە سەر بنکە و بارەگا سەربازییەکان، بۆمبی تەقاندەوە و کەسانی سڤیلی ڕفاند.
سوپای تورکیا هێرشی کردە سەر مۆڵگەکانی پەکەکە لە ناوچە شاخاوییەکان و زۆر کەسی بە گومانی هاوکار و پشتیوانی ئەو بزوتنەوەیە قۆڵبەست کرد.
هەنووکە ڕەوشی عەبدوڵڵا ئۆجەلان لە گرتووخانە لە ساڵی ١٩٩٩وە بەو لاوە، لە قۆناغی هەرە دژواری دایە.
بە سەدان هاووڵاتی کورد لە گەڤەر، بە مەبەستی ناشتنی تەرمی ئۆرهان ئاک دۆغان یەکێک لە شەڕڤانانی پەکەکە بەرەو گۆڕستان ڕێ دەپێون.
بەشداربووانی مەراسیمەکە وێنەی ڕێبەری بەندکراوی پەکەکەیان بەرز کردۆتەوە. وێدەچێ پەکەکە پشتیوانیەکی ناوچەیی تۆکمەی هەبێ. ئەمەش خاڵێکی بە هێزە کە وای کردوە سوپای تورک نەتوانێ تەنیا لە ڕێگەی توندو تیژییەوە چۆک بەو بزووتنەوەیە دابێنێ.
سەرکان داری کە بەشداری ئەم مەراسیمە بووە، دەڵێ "زۆرمان تەرم لەم وڵاتە بینی. دیارە هی تریش دەبینین. ئەو زمانەی سەرۆک وەزیر بەکاری دەهێنێ، ئەمەمان پێ نیشان دەدا."
مناڵە کوڕەکانی شار و بەشێک لە گەنجەکان، مەیلی ئەوەیان هەیە نیشان بدەن کە دەتوانن دژی دەوڵەتی تورکیا بوەستنەوە. دەمامکەکانیان دەپۆشن و بە بەرد و مۆلۆتۆف هێرش دەکەنە سەر قوتابخانەی سەرەتایی 'گازی' کە ئاسانترین ئامانجە.
پەروەردەی قوتابخانە بە کوردی نییە و بە تورکیە. پاش ململانیەکی سەخت، مناڵەکان دەتوانن پۆلێکی قوتابخانە بسوتێنن. پۆلیسی تورک بە زرێپۆش گازی بیباریان پێ دا دەکا و هەوڵ دەدا بڵاوە بەم گەنجە ئاگرهاوێژانە بکا.
دەچینە شارۆچکەی شەمزینان کە نزیک سنووری ئێران و عێراقە لەگەڵ تورکیا و بە ئۆتۆمبێل سەعاتێک لە گەڤەر دوورە. سەرۆک شارەوانی شارۆچکەکە سەدات تۆرە، ئەندامی پارتی ئاشتی و دیموکراسی (بەدەپە)یە کە لە سەر بنەمای پرسی کورد سیاسەت دەکا.
لەگەڵ خواردنەوەی شەربەتی میوە لە سەر جادەی سەرەکی شەمزینان، گومانی خۆی سەبارەت بە پێکدادانەکان هێنایە زمان.
سەرنج بۆ سەر چیاکانی بەرامبەر ڕادەکێشێ و دەڵێ "ئەردۆغان، لەگەڵ هەر ئاماردانێک سەبارەت بە مردنەکان و بە گوتنی 'پرسی کورد نەما'، سەد گەنجی تر ڕەوانەی پەکەکە دەکا".
"لەوانەیە خۆی ئاگادار نەبێ، بەڵام ئێمە لێرەوە دەرئەنجامەکانی دەبینین. لەگەڵ هەر گوتنێکی 'پرسی کورد بوونی نییە'، هیوای لاوان دەمرێنێ، پلانەکانیان بۆ داهاتوو لە ناو دەبا و بۆ بەرەی پەکەکەیان دەنێرێ."
پەکەکە بە هەزاران شەڕڤانی هەیە. بارەگای سەرەکی ئەو بزووتنەوەیە، لە باکووری عێراق واتە ئەو شوێنەیە کە کوردەکان بەڕێوەبەرایەتی خۆجێیان هەیە.
موراد قەڕەیڵان، لیدەری ئێستای ڕێکخراوەکە، لە دیدارێکدا لەگەڵ تیمی بی بی سی لە باکووری عێراق، ڕایگەیاند ئامادەن شەڕ ڕابگرن.
"ئایا باسی چەک دانانی بێ مەرج دەکەن؟" قەرەیڵان ئەم پرسیارەی کرد و بەمجۆرە بەردەوام بوو:
"نەخێر، ئەمەم بەلاوە پەسند نییە. تورکیا ناچارە پلانێک ئامادە بکا کە وەڵامی هەموو پرسیارەکانمانی لە خۆوە گرتبێ. ناچارە وەک وڵاتێکی دیموکراتیک، کێشەی کورد چارەسەر بکا. ئەو کات چەکەکانمان دادەنێین. تا یەکێتی ئەوروپا و ویلایەتە یەکگرتوەکانی ئەمریکا ددان بە بوونی کوردان لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست دانەنێن و کێشەی کورد چارەسەر نەکەن، هیچ پێشکەوتنێک لە ئاشتی، سەقامگیری و دیموکراسی لە ناوچەکەدا دروست نابێ.''

نزیکایەتیەکی چەند لایەنە

بەڵام ئەم پەیامە کاریگەریەکی ئەوتۆ لە سەر دڵی سیاسەتی تورکیا واتە ئەنقەرە دانانێ. ئەنجامی ڕاپرسیەکان لە ناو ڕای گشتی نیشان دەدەن کە بەشێکی بەرچاو لە خەڵک، پشتیوانی لەو ڕێوشوێنە ئەمنیە توندە دژ بە سیاسەتمەدارانی کورد دەکەن.
سەرۆک وەزیر ئەردۆغان، کۆتایی مانگی سێپتامبر، لە جڤینی گشتی پارتەکەیدا قسەی بۆ هەزاران ئەندام کرد.
ئەردۆغان گوتی "حزبەکەمان تەنیا حزبێکە لە ناوچەکە کە دژ بە ڕێکخراوی تیرۆریستی جیاخواز و باڵەکانی تێدەکۆشێ. ئاخۆ ئەمە دەمانترسێنێ؟ نەخێر. ئەگەر کەسێک بمرێ، هەزار کەس هەیە جێگەکەی پڕ بکاتەوە.؟" بەشداربووان بە چەپڵە و جۆش و خرۆش پێشوازییان لەمجۆرە قسانە کرد.
حکومەتی ئەردۆغان بەڵێنی پارە و سەرمایەگوزاری بە ناوچە کوردییەکانی تورکیا دەدا نەک خۆسەری.
دەسەڵاتدارێتی ئاکەپە چەندین ساڵ لە ئۆسلۆ لەگەڵ پەکەکە، چاوپێکەوتن و دیداری ئاشتی بەڕێوە برد.
بەڵام چاوپێکەوتنەکان کۆتاییان هات و توندوتیژی سەر لەنوێ پەرەی سەندەوە.
وەزیری کاروباری دەرەوەی تورکیا ئەحمەد داودئۆغڵو، بە بی بی سی گوت " لە خەبات دژی گرووپە تیرۆریستی و چالاکییە تیرۆریستیەکان، نزیکایەتیەکی چەند لایەنەمان هەیە."
بەمجۆرە بەردەوام بوو "تەگبیری ئەمنی یەکێک لەوانە. بەڵام ئەوانی تریش دەخرێنە بواری پراکتیکەوە. پێشکەوتنی ئابووری و دیموکراتیک، ئامرازی سەرەکی سیاسین لە پێناو داهاتووی تورکیادا."
بەڵام سۆز و بەڵێنی پێشکەوتن بەس نییە بۆ ئەوەی پەکەکە لە چیاکان بهێنرێتە خوارەوە.
دەوڵەتی تورکیا ڕەنگە بتوانێ ناوچە کوردییەکان بەڕێوە بەرێ، بەڵام لە شاری کوردنشینی گەڤەر، سەربازە تورکەکان ناچارن بە ئۆتۆمبێلی زرێپۆش هاتوچۆ بکەن.
سەربازەکان فیشەکەکانیان بە شێوەی زەرب لە سەر سینگیان ڕیز کردوە وەک ئەوەی هەموو کەسێ بیبینێ.

۱۳۹۰/۰۸/۲۴

عه‌بباس وه‌لی: له‌ سێ به‌شی ڕۆشنبیرانی کورد، زۆربه‌یان بێده‌نگن


به‌شی سێهه‌م و کۆتایی
 

پرۆفیسۆر دکتۆر عه‌بباس وه‌لی، مامۆستای به‌شی سۆسیۆلۆژی له‌ زانکۆی بوغازیچی ئه‌سته‌نبوڵ، له‌ به‌شه‌کانی ڕابردوودا، کێشه‌ی کوردی له‌ تورکیا، عێراق، ئێران و سووریا تاوتوێ کرد. له‌م به‌شه‌دا  وەڵامی ئه‌م پرسیارانه‌ی دایه‌وه‌:
ئه‌مڕۆکه‌ په‌که‌که‌ پشت به‌ چ ئایدیۆلۆژیایه‌ک ده‌به‌ستێ؟ بۆچی سیاسه‌تی کوردی ئازاد نییه‌؟ ئه‌گه‌ر په‌که‌که‌ ڕێگه‌ بدا، ئایا به‌ده‌په‌ ده‌بێته‌ حزبێکی فره‌ڕه‌نگ؟ په‌که‌که‌ بۆچی  لەگەڵ ڕۆشنبیرانی کورد نه‌سازاوه‌؟ ڕۆشنبیری کورد کێیه‌؟ ئایا ڕوشنبیری کورد هه‌یه‌ دژی په‌که‌که‌ نه‌بێ؟ سیاسه‌تی کورد له‌ داهاتوودا چۆن شێوه‌ ده‌گرێ؟ ئاخۆ ویلایه‌ته‌ یه‌کگرتوه‌کانی ئه‌مریکا پشتیوانی له‌ خۆسه‌ری ده‌کا؟ کورده‌کانی سوریا، مه‌سه‌له‌ی ئه‌مریکان یا خود تورکیا؟
ئه‌مه‌ش  وەڵامه‌کانی پرۆفیسۆر دکتۆر عه‌بباس وه‌لی:

 
سازدانی: خه‌زاڵ ئۆزڤاریش
له‌ تورکییه‌وه‌: سه‌لاحه‌دین بایه‌زیدی
 

 جیاوازی ناسیۆنالیزمی نوێی تورکی  لەگەڵ ناسیۆنالیزمی که‌مالیستی له‌ چی دایه‌؟

که‌ماڵیزم،  لەگەڵ ئه‌وه‌ی ده‌ربڕی ناسیۆنالیزمی کلاسیکی تورکه‌، له‌ هه‌مانکاتدا ئایدیۆلۆژیای به‌ ده‌زگابوونی ده‌وڵه‌ته‌، چونکه‌ کۆماری دامه‌زراندوه‌. به‌ڵام ئه‌مه‌ نایه‌ته‌ ئه‌و واتایه‌ی ناسیۆنالیزمێکی ته‌ک ڕه‌هه‌نده‌. به‌ڕای من ئه‌ردۆغان و حزبه‌که‌ی، تا ئێستا هه‌وڵیان داوه‌ که‌متر له‌ که‌ماڵیسته‌ کلاسیکه‌کان خۆیان ناسیۆنالیست نیشان بده‌ن. لەگەڵ که‌ماڵیزم له‌ ململانێیه‌کی دژوار دان که‌ سه‌رچاوه‌ی ئه‌مه‌ش ئایدیۆلۆژیا ئیسلامییه‌که‌یانه‌.
ئیسلامچیه‌تی ئه‌ردۆغان، به‌ پێچه‌وانه‌ی زۆربه‌ی ڕێکخراو و بزووتنه‌وه‌ سیاسییه‌ ئیسلامگه‌راکانی ئه‌مڕۆ، ئیسلامچیه‌تیه‌ک نییه‌ دژی ڕۆژئاوا بێ و له‌ به‌رامبه‌ر ناسنامه‌ی ئه‌تنیکی ڕادیکاڵ بێ‌. پێناسه‌ی پارتی دادو گه‌شه‌ پێدان بۆ ئیسلام، زۆر جیاوازتره‌‌ له‌ پێناسه‌ی خومه‌ینی و دیکه‌ی ئیسلامگه‌راکانی کۆمه‌ڵگە موسڵمانه‌کان. ئیسلامی ئوممه‌ت یاخود شه‌ریعه‌ت نییه‌. ئیسلامه‌تی ئه‌ردۆغان، ئیسلامچیه‌تیه‌کی ده‌وڵه‌ت – نه‌ته‌وه‌یه‌ که‌ له‌ سه‌ر ژێرخانی ئابوورییه‌کی کاپیتالیستی لاگری بازاڕ و جه‌ماوه‌ر شێوه‌ی گرتووه‌. ئه‌مه‌ش ته‌نیا له‌ چوارچێوه‌ی حقوق، ئابووری و سیاسه‌تی ده‌وڵه‌تێکی مۆدێرندا جێبه‌جێ ده‌بێ. جگه‌ له‌مه‌، ئاکه‌په‌ نیشانی دا زۆر هه‌ستیارانه‌‌ نزیکی مۆدێرنیته‌وه‌ و ئیسلام ده‌بێته‌وه‌. چه‌مکی ئیسلامیانه‌ی ئه‌ردۆغان و تاقمه‌که‌ی، دژایه‌تی  لەگەڵ ناسیۆنالیزمی تورکدا ناکا. ئایدیۆلۆژیایه‌کی ده‌وڵه‌تگه‌رایان هه‌یه‌، پێناسه‌یان بۆ نه‌ته‌وه‌ له‌ سه‌ر بنه‌مایه‌کی ئایینی نییه‌، به‌ڵکو له‌و پێناسه‌یه‌دا پشت به‌ ئه‌تنیک و زمان ده‌به‌ستن. ئاکه‌په‌ نیشانی داوه‌ بڕوای به‌ چه‌مکی هاووڵاتی عیلمانی، پلۆڕالیزم و به‌شداری سیاسی هه‌یه‌.
 
ناسیۆنالیزمی نوێ له‌ تورکیا، پشت ئه‌ستووره‌ به‌ شه‌ڕ؟

پێموانییه‌ ئه‌م ناسیۆنالیزمه‌ پشتی به‌ شه‌ڕ به‌ستبێ. شه‌ڕ، له‌ په‌یوه‌ندی نێوان ئه‌ردۆغان و په‌که‌که‌ زیاتر، بۆ په‌یوه‌ندیی نێوان ئه‌ردۆغان و هێزه‌ ئه‌منییه‌کان گرنگه‌. به‌ڕای من، ئه‌ردۆغان بۆ به‌ربه‌ره‌کانی دژی شه‌ڕ پێویستی به‌ بناغه‌یه‌کی سیاسی به‌هێز هه‌یه‌. نازانم ئه‌و شه‌ڕه‌ی به‌ نیه‌تی چاره‌سه‌رکردنه‌ یان نا، به‌ڵام ته‌نیا کاتێک جه‌ساره‌تێکی به‌مجۆره‌ی ده‌بێ که‌ پشته‌وه‌ی متمانه‌ی پێ بکا و به‌ دوژمنایه‌تی تورک تاوانبار نه‌کرێ.
 
کێن ئه‌وانه‌ی که‌سانی پشت ئه‌ردۆغان بێ متمانه‌ ده‌که‌ن؟ ئایا چه‌پی نێوه‌ندی تورکیایه‌؟

له‌ سیاسه‌تی تورکیادا، که‌مته‌رخه‌می چه‌پی نێوه‌ند کێشه‌یه‌کی زۆر گه‌وره‌ و گرانه‌. گه‌لۆ تا ئێستا چه‌پی نێوه‌ند هیچ له‌ ڕه‌وایی دان به‌ وشه‌ی تیرۆریزم خراوه‌ته‌ ژێر پرسیاره‌وه‌؟ هیچکات ئه‌مه‌یان نه‌کردووه‌. به‌ هیچ شێوه‌یه‌ک قسه‌ له‌ سه‌ر ئه‌نجامه‌کانی به‌کارهێنانی ئه‌و سیاسه‌تانه‌ نه‌کراوه‌ که‌ مۆری خۆیان له‌ به‌رده‌وامی شه‌ڕو کوشت و بڕه‌کان داوه‌. پێم وا نییه‌ هێزه‌کانی چه‌پی نێوه‌ند، خۆیان له‌و گوتاره‌ زیانبه‌خشه‌ی پارتی کۆماری گه‌ل (جه‌هه‌په‌) به‌ دوور گرتبێ. نازانن بۆچی؟ چونکه‌ له‌ ماوه‌ی ٢٠ ساڵی ڕابردوودا، پێکهاته‌ی سۆسیۆلۆژی کۆمه‌ڵگەی تورک گۆڕانی به‌ سه‌ردا هات. له‌ نێوه‌ندی شاره‌ گه‌وره‌ و گرنگه‌کان، چینێکی ناوینی نوێ به‌دی هات. به‌ها سیاسیه‌کان و تێڕوانینی ئه‌م چینه‌ بۆ دونیا زۆر جیاوازه‌. هه‌ڵبه‌ت ئێستاش چینی ناوینی که‌مالیستی کۆن ماون که‌ له‌ ژێر باندۆڕی ڕۆژئاوا دابوون، به‌ڵام چیتر له‌ نێوه‌ندی هێزی سیاسی تورکیادا نین. ئه‌گه‌ر بڕواننه‌ ئه‌مڕۆی تورکیا، ده‌بینن که‌ ئه‌م چینه‌ ناوینه‌ کلاسیکه‌، له‌ ڕێکخراوه‌ سیاسیه‌ کلاسیکه‌کان و نوێنه‌رایه‌تیه‌ سیاسیه‌کاندا زۆر هه‌ست به‌ بێ متمانه‌یی ده‌که‌ن. هه‌ست ده‌که‌ن که‌ مه‌یدانه‌که‌یان له‌ ده‌ست داوه‌ و ژێر پێیان به‌تاڵ بووه‌. مه‌سه‌له‌ی سه‌ره‌کی به‌ لای چه‌پی نێوه‌نده‌وه‌، دژایه‌تی کردنی ئه‌ردۆغان و پارتی دادو گه‌شه‌پێدانه‌. ده‌بێ ئه‌وه‌ش بڵێم، له‌ ئاکه‌په‌ زیاتر ڕقیان له‌ ئه‌ردۆغانه‌. له‌به‌ر ئه‌مه‌ش دژایه‌تی سه‌رجه‌م ئه‌و هه‌نگاو و سیاسه‌تانه‌ ده‌که‌ن که‌ له‌ لایه‌ن ئه‌ردۆغانه‌وه‌ پێشنیار کرابێ. دژایه‌تیی کردنه‌وه‌ یان داخستنی ده‌زگاکان ده‌که‌ن له‌ لایه‌ن ئه‌ردۆغانه‌وه‌. بۆ نموونه‌، ئه‌گه‌ر سبه‌ی ئاکه‌په‌ کتوپڕ بڕیاری دانیشتن و ڕێککه‌وتن لەگەڵ به‌ده‌په‌ بدا، چه‌پی نێوه‌ند بێ گوێدان به‌ ده‌رئه‌نجامی وتوێژه‌کان، هه‌ڵده‌کوتنه‌ سه‌ر ئه‌ردۆغان. ڕێکخراو و هێزه‌کانی چه‌پی نێوه‌ند، بیرکردنه‌وه‌یه‌کی ستراتیژییان نییه‌. ئه‌م بارودۆخه‌، مه‌یلی کردنه‌ ئامرازی کێشه‌ی کورد له‌ ناو سیاسه‌تی تورکیدا به‌هێزتر ده‌کا.
 
که‌واته‌‌ کێن ئه‌وانه‌ی به‌ ئه‌ردۆغان بێ متمانه‌ ده‌کرێن؟

ئه‌ردۆغان، له‌ نێو بۆشاییه‌کدا ناڕواته‌ پێش. له‌ ناو گۆڕه‌پانێک دایه‌ که‌ جه‌هه‌په‌، مه‌هه‌په‌، سوپا و هێزه‌ ئه‌منیه‌کانی ده‌وڵه‌تی تێدایه‌ و ئه‌م هێزانه‌ تێگه‌یشتنی خۆیان هه‌یه‌ بۆ پێناسه‌ی ناسیۆنالیزم و به‌رژه‌وه‌ندیه‌ میللیه‌ جیاوازه‌کانی تایبه‌ت به‌ خۆیان. پرسیار‌ ئه‌وه‌یه‌ ئایا ئه‌ردۆغان ده‌توانێ ببێته‌ نوێنه‌ری گۆڕان و چاره‌سه‌ری؟ پێموانییه‌. لانیکه‌م به‌ ته‌نیا ناتوانێ. ئه‌گه‌ر بڕیار بدا ئه‌م گۆڕانکارییه‌ بکاته‌ ئامانجێکی سه‌ره‌کی، پێویسته‌ ئاگاداری پشته‌وه‌ی بێ. چونکه‌ ئه‌گه‌ر ببێته‌ پارچه‌یه‌ک له‌م پێڤاژۆیه‌، له‌ مانایه‌کی مه‌جازیدا، له‌وانه‌یه‌ خه‌نجه‌ر له‌ پشتی بدرێ. ته‌نانه‌ت بۆی هه‌یه‌ ئه‌مه‌ له‌ لایه‌ن فراکسیۆنێکی ناو پارته‌که‌ی خۆی ئه‌نجام بدرێ که‌ به‌ گوێره‌ی بۆچوونی خۆیان نه‌یانه‌وێ ئه‌ردۆغان به‌و ڕاده‌یه‌ دژی ئایدیۆلۆژیای کلاسیکی ده‌وڵه‌ت بێ. به‌ بۆچوونی من، هه‌ر له‌ به‌ر ئه‌م هۆکاره‌ش، ئه‌ردۆغان بۆ به‌هێزکردنی پێگه‌ی خۆی له‌ به‌رامبه‌ر هێز و ڕێکخراوه‌ لائیک و ناسیۆنالسیته‌کان، که‌وته‌ ڕێبازێکه‌وه‌ که‌ کێشه‌ی کورد وه‌ک ئامرازێک به‌کار بێنێ. ئه‌ردۆغان ده‌ڵێ له‌ هه‌وڵی ئه‌وه‌ دایه‌ ده‌سه‌ڵاتی نادیموکراتییانه‌ی ده‌زگای داد و سوپا که‌م بکاته‌وه‌، به‌ڵام ده‌زانێ ئه‌م هه‌نگاوه‌ ڕادیکاڵانه،‌ به‌ وه‌ستان له‌ پاڵ ئیسلامییه‌کان یاخود چه‌په‌کان ناکرێ و ته‌نیا پاڵپشت به‌ بنه‌مایه‌کی ناسیۆنالیستی به‌هێز ئه‌نجام ده‌درێن. بۆ سه‌رخستنی هه‌موو ئه‌مانه‌ی ئاماژه‌یان پێدرا، ئه‌گه‌ر بڕواننه‌ ئه‌نجامی بڕیاره‌کانی به‌کارهێنانی کێشه‌ی کورد، ده‌بینن ده‌رئه‌نجامی پێچه‌وانه‌یان لێ که‌وتۆته‌وه‌. له‌م سی ساڵه‌ی دواییدا، مه‌سه‌له‌ی کورد له‌ سیاسه‌تی تورکیا، له‌ لایه‌ن حکومه‌ته‌ جیاوازه‌کانه‌وه‌ به‌رده‌وام وه‌کوو ئامرازێک به‌ کار هاتووه‌ و بۆته‌ یاسای گه‌مه‌یه‌کی قڕێژ بۆ سات و سه‌ودای سیاسی. بۆیه‌ سه‌رجه‌م ده‌سه‌ڵاتداره‌ سیاسی و ڕێکخراوه‌کان به‌شێوه‌یه‌کی ڕاشکاوانه‌ یا خود به‌ شاراوه‌یی په‌یڕه‌وی و پشتگیری لێده‌که‌ن. هیچکه‌س ئیراده‌یه‌کی سیاسی و بوێرییه‌کی ئه‌خلاقی نییه‌ له‌مڕوه‌وه‌ دژی ئه‌ردۆغان ده‌ربکه‌وێ و بیخاته‌ ژێر پرسیاره‌وه‌. له‌ تورکیا ده‌توانی سه‌باره‌ت به‌ ئیسلام، سوپا، کار، پرسی قوبرس یاخود مافه‌کانی ژنان ڕه‌خنه‌ له‌ سیاسه‌تی ده‌سه‌ڵات بگری، به‌ڵام خاڵێکی قه‌ده‌غه‌کراو هه‌یه‌ که‌ ئه‌ویش پرسی کورده‌. له‌و هێڵه‌ سووره‌ش به‌و لاوه‌تر، باسی ڕێککه‌وتنێک له‌ ئارا دایه‌ که‌ بۆته‌ هێڵێکی سوور. سه‌باره‌ت به‌ ده‌رهاویشتنی پرسی کورد له‌ قۆناغی دیموکراتی بووندا، یه‌کێتیه‌کی فیکری نه‌گۆڕ هه‌یه‌.
 
له‌ ده‌سه‌ڵاتی ئاکه‌په‌وه‌ گوێمان له‌وه‌ بوو "پرسی کورد هه‌یه‌" که‌ له‌ سه‌رده‌می "ئۆزال" به‌ دواوه‌ نه‌مانبیستبوو، میت و په‌که‌که‌ چاوپێکه‌تنیان ئه‌نجامدا، گرووپی ئاشتی له‌ ده‌روازه‌ی خابووره‌وه‌ گه‌ڕانه‌وه‌... پێتان وانییه‌ له‌ قسه‌کانتاندا ئه‌مانه‌تان له‌ به‌رچاو نه‌گرتووه‌؟

ئه‌ردۆغان، شتێکی هه‌یه‌ که‌ ماوه‌یه‌کی درێژه‌ له‌ تورکیا هیچ هێزێکی سیاسی نه‌یتوانیوه‌ به‌ ده‌ستی بێنێ‌. ئه‌ردۆغان سیاسه‌تی تورکیا له‌ ناوه‌نده‌وه‌ کۆنتڕۆڵ ده‌کا. به‌ده‌سته‌وه‌گرتنی ناوه‌ند و کۆنتڕۆڵکردنی، له‌ سیاسه‌تی یه‌کگرتنی بیرۆکه‌ی مۆدێرندا زۆر گرنگه‌. له‌ ساڵانی نه‌وه‌ده‌کان، حزبه‌ سیاسییه‌کان، هه‌ندێک جار به‌ ته‌نیا و هه‌ندێک جار له‌ ڕێگه‌ی دامه‌زراندنی کوالیسیۆن و ڕێککه‌وتنی سیاسی کورتخایه‌ن، هه‌وڵیان دا کۆنتڕۆڵی ناوه‌ندی بگرنه‌ ده‌ست، به‌ڵام نه‌یانتوانی. که‌چی ئه‌ردۆغان له‌مه‌دا سه‌رکه‌وت.
ئه‌ردۆغان، له‌ سایه‌ی هێزێک که‌ له‌ ئه‌نجامی ئه‌و سه‌رکه‌وتنه‌ به‌ده‌ستی هێنابوو، ڕۆیشته‌ دیاربه‌کر و گوتی "له‌ تورکیا پرسی کورد هه‌یه‌"، له‌ شاری ماردین، له‌به‌شی لێکۆڵینه‌وه‌ی کوردی، ڕێگه‌ی به‌ کۆرسی دڵخوازانه‌ی زمانی کوردی له‌ هه‌ندێک زانکۆ دا. ئه‌ردۆغان به‌م کارانه‌ی بۆ ئه‌وانه‌ی ده‌یانه‌وێ یاخود پێویسته‌ گوێی لێبگرن، په‌یامێکی به‌مجۆره‌ی دا: "من خاوه‌نی هێزێکم‌ ده‌توانم پێڤاژۆی چاره‌سه‌ری کێشه‌ی هه‌ره‌ سه‌خت له‌ تورکیا ده‌ست پێ بکه‌م که‌ پێشتر هیچ سه‌رۆک وه‌زیرێک نه‌یتوانیوه‌ بیکا. ئه‌م هێزه‌ش به‌ گوێره‌ی خوێندنه‌وه‌ی خۆم به‌کار دێنم." ئه‌ردۆغان ئه‌م په‌یامه‌ بۆ که‌سانێک ده‌نێرێ که‌ پێویسته‌ گوێیان لێ بێ و به‌ر له‌وه‌ی ته‌نیا په‌یامێک بێ، ده‌یه‌وێ له‌ مه‌رجه‌کانیشی تێبگه‌ن.
ئه‌م بانگه‌وازه‌ پڕ له‌ متمانه‌یه‌ی، به‌ کاره‌کته‌ری به‌هێز یاخود نیازێکی پاکی ئه‌ردۆغانه‌وه‌ نابه‌ستمه‌وه‌، به‌ڵکو په‌یوه‌ندیی به‌ سه‌رمایه‌ی سیاسی پاڵپشت به‌ پشتیوانی ناوه‌ند و پشتگیری چینی نێوه‌ندی نوێ هه‌یه‌ که‌ هه‌شت ساڵه‌ ده‌ستی به‌سه‌ر داگرتووه‌. ئه‌م سه‌رکه‌وتنه‌، ته‌نانه‌ت بوو به‌ هۆی ئه‌وه‌ی له‌ ناو پارته‌که‌یدا له‌ لایه‌ن هه‌ندێک گرووپه‌وه‌ پشتیوانی بێ مه‌رجی لێ بکرێ.
ئه‌گه‌ر ده‌ ساڵ له‌مه‌وپێش به‌ منیان گوتبا "پۆلیسه‌کان هه‌ڵده‌کوتنه‌ سه‌ر ناوه‌نده‌ سه‌ربازییه‌کان و ژه‌نه‌ڕاڵه‌ تورکه‌کان به‌ مه‌به‌ستی دادگایی له‌ دادگای سڤیل قۆڵبه‌ست ده‌که‌ن" بڕوام نه‌ده‌کرد، به‌ڵام چه‌ند ساڵ له‌مه‌وپێش ئه‌مه‌م به‌ چاوی خۆم بینی. ئه‌مه‌ نیشان ده‌دا که‌ ئه‌ردۆغان، له‌ سه‌ر بنه‌مایه‌کی تۆکمه‌ ده‌ڕواته‌ پێش و پشتی به‌ ده‌سه‌ڵات و پشتیوانی کۆمه‌ڵایه‌تی پێویست قایمه‌. سه‌ره‌ڕای ئه‌و ڕه‌خنانه‌ی سه‌باره‌ت به‌ که‌سایه‌تی ده‌سه‌ڵاتخواز و هه‌ڵوێسته‌کانی لێی ده‌گیرێ، دڵنیایه‌ پشتیوانی لێده‌کرێ. بیستوومه‌ له‌ ناو پارته‌که‌ی خوێشیدا سه‌باره‌ت به‌ هه‌ڵوێسته‌ ده‌سه‌ڵاتخوازانه‌که‌ی له‌ ڕوانگه‌ی سیاسییه‌وه‌ ڕه‌خنه‌ی هاوشێوه‌ له‌ ئه‌ردۆغان گیراوه‌.
 
ئه‌م زانیارییه‌تان له‌ کوێ ده‌ست که‌وتووه‌؟

ناوی که‌س ناهێنم. نازانم ڕاسته‌ یان ناڕاست، به‌ڵام نامه‌وێ بڵێم له‌ ناو ئاکه‌په‌دا فراکسیۆنێکی گه‌وره‌ دژ به‌ ئه‌ردۆغان هه‌یه. نه‌خێر، مه‌به‌ستم ئه‌مه‌ نییه‌، به‌ڵکو بیستوومه‌ له‌ ناو ئاکه‌په‌دا، هه‌ندێک که‌سی گرنگ و پایه‌به‌رز پێیان وایه‌ ئه‌ردۆغان هێزێکی زۆر گه‌وره‌ی قۆرخ کردوه‌. بۆ نموونه‌، له‌م دواییانه‌دا گوتیان که‌ سه‌باره‌ت به‌ هه‌ڵسوکه‌وتی به‌رفراوانی ناوبراو له‌ به‌رامبه‌ر میدیا ڕه‌خنه‌ی لێ گیراوه‌. هه‌ندێک سیمای ناو پارتی دادو گه‌شه‌پێدان، پێیان وایه‌ هه‌ڵوێسته‌کانی ئه‌ردۆغان بونیادنه‌ر نین؛ له‌ ئاخافتنه‌ تایبه‌تیه‌کاندا، ئه‌مه‌ به‌ شێوازێکی پاوانخوازانه‌ له‌ قه‌ڵه‌م ده‌ده‌ن.
 
ئایدیۆلۆژیای ئێستای په‌که‌که‌ به‌ چ شێوه‌یه‌ک پێناسه‌ ده‌که‌ن؟

ئایدیۆلۆژیای په‌که‌که‌ هه‌ر له‌ سه‌ره‌تاوه‌ تێکه‌ڵیه‌ک بووه‌ له‌ مارکسیزم و ناسیۆنالیزم. ئه‌م دوو ته‌وه‌ره‌، له‌ پێکهاته‌ی گوتاری ئایدیۆلۆژیای په‌که‌که‌دا زیاتر شان به‌ شانی یه‌کتر چوونەتە پێش. به‌ تایبه‌ت ئه‌گه‌ر له‌ قۆناغی نێوان ساڵانی ١٩٨٤ بۆ ١٩٩٤، مه‌یلی ناسیۆنالیزم زیاتر زاڵ بووبێ، ئه‌وا له‌ کۆتایی نه‌وه‌ده‌کاندا، به‌ تایبه‌ت پاش دابڕانی ئۆجه‌لان له‌ سووریا، بارودۆخه‌که‌ گۆڕا. به‌ڵام گۆڕانی ڕاسته‌قینه‌، دوابه‌دوای گیرانی ئۆجه‌لان له‌ فێبریڤه‌ری ١٩٩٩ هاته‌ ئاراوه‌. ئه‌م گۆڕانکارییه‌ که‌ به‌ره‌و ئاراسته‌یه‌کی چه‌پ ده‌ڕۆیشت، به‌ گوتاری کۆنگرا گه‌ل، گه‌یشته‌ لوتکه‌ی خۆی. به‌ بۆچوونی من، زاڵبوونی لایه‌نی مارکسیستی – سۆسیالیستی و وه‌رسوڕان به‌ره‌و چه‌پ شان به‌ شانی کۆنگرا گه‌ل، له‌ پارێزنامه‌ی عه‌بدوڵڵا ئۆجه‌لاندا باسی لێوه‌ کراوه‌ و له‌ زۆربه‌ی نووسراوه‌کانی دیکه‌یدا که‌ له‌ گرتووخانه‌ نووسیویه‌تی، له‌ سه‌ر هه‌مان ڕێباز ڕۆیشتۆته‌ پێش. ڕه‌وتی پێشڤه‌چوونی ئه‌م گۆڕانکارییه‌ به‌ره‌و چه‌پ، ڕه‌گه‌زی ناسیۆنالیزمی له‌ ئایدیۆلۆژیاکه‌یاندا که‌مڕه‌نگتر کرده‌وه‌. دوای کۆنگرا گه‌ل، له‌ ئایدیۆلۆژیاکه‌یاندا که‌متر جه‌خت له‌ سه‌ر کوردایه‌تی و ناسنامه‌ی ناسیۆنالیزمی کوردی کرایه‌وه‌ و گوتاری ڕێکخراوکه‌ به‌ره‌و سۆسیالیزم ئاڕاسته‌ کرا.
ئه‌گه‌ر ئه‌م گۆڕانه،‌ به‌ ڕاستی باش ئۆرگانیزه‌ کرابا، له‌ سه‌ر ژێرخانێکی قایم و سۆسیالیزمێکی دیموکراتیکی تیۆریزه‌ کراو ئه‌نجام درابایه‌، ئه‌وا پشتگیریم لێده‌کرد. به‌ڵام ڕه‌وشه‌که‌ به‌مجۆره‌ نه‌ڕۆیشته‌ پێش. به‌ڕای من، په‌که‌که‌ زۆر گرنگیی به‌ ژێرخانی تیۆری و فۆرمۆلاسیۆنی گۆڕانکارییه‌که‌ نه‌دا. تێناگه‌م بۆچی په‌که‌که‌ ناچار ما کاریگه‌ری زاڵبوونی لایه‌نی ناسیۆنالیزمی کورد که‌م بکاته‌وه‌ و له‌ سه‌ر بیرۆکه‌ی سۆسیالیزم چڕ بێته‌وه‌. هیچ هۆکارێکی سیاسی جگه‌ له‌ ململانێی ده‌سه‌ڵاتی فراکسیۆنه‌کانی ناو ڕێکخراوه‌که‌ له‌ پشت گۆڕانکاریی‌ له‌ ئایدیۆلۆژیاکه‌یاندا نابینم. پێموایه‌ کۆنگرا گه‌ل، له‌ ئه‌نجامی شه‌ڕی ده‌سه‌ڵاتی باڵه‌کانی نێو سه‌رکردایه‌تی په‌که‌که‌ دروست بوو. حاڵی حازر، فراکسیۆنی ناسیۆنالیزم لاواز و چه‌پ براوه‌یه‌. ئێستا له‌‌ ناو ڕێکخراوه‌که‌، له‌ نێوان ئه‌م دوو ڕه‌وته‌دا هاوسه‌نگیه‌کی باشتر هه‌یه‌. وێده‌چێ دوابه‌دوای به‌رزکردنه‌وه‌ی موراد قه‌ره‌یڵان وه‌ک که‌سی دووهه‌م پاش ئۆجه‌لان، له‌ نێوان باڵه‌کانی ناو ڕێکخراوه‌که‌ له‌ بۆچوونه‌کاندا سازشێک هه‌بێ.
 
ئێوه‌ ده‌ڵێن با په‌که‌که‌ شێوازی کارکردنی به‌ سیاسه‌ت دابگرێ. ده‌کرێ زیاتر ئه‌مه‌ ڕوون بکه‌نه‌وه‌؟

له‌ به‌ر زۆر هۆکار وا ده‌ڵێم و ئه‌مه‌ به‌ ته‌واوه‌تی بۆچوونی خۆمه‌. به‌ڕای من په‌که‌که‌، پێویسته‌ ڕیفۆرمی ناو ڕێکخراوه‌یی پێک بێنێ. گۆڕانی پراکتیکی و گوتاری په‌یڕه‌وکراو له‌ لایه‌ن کۆنگرا گه‌له‌وه‌، هه‌نگاونان بوو به‌ره‌و دواوه‌. پێموایه‌ پێویسته‌ په‌که‌که‌ ئایدیۆلۆژیاکه‌ی مۆدێڕنیزه‌ و به‌ڕۆژ بکا. له‌ هه‌ندێک ڕوانگه‌وه‌، ئایدیۆلۆژیای په‌که‌که‌ هێشتا له‌ ڕابردوودا ده‌ژی. له‌ ڕۆژی ئه‌مڕۆدا، پره‌نسیپی سه‌ره‌کی ڕێکخراوه‌کان، خۆ پێناسه‌ کردنه‌وه‌یانه‌ له‌ سه‌ر بنه‌ماگه‌لی دیموکراتیک. سه‌رکردایه‌تی، پێویسته‌ له‌ گرنگی دیموکراتیزه‌بوون تێ بگا و له‌پێناو دیموکراتیزه‌کردنی ڕێکخراوه‌که‌دا وه‌ جموجوڵ بکه‌وێ.
 
ئه‌م ده‌سته‌واژانه‌ له‌ کرده‌وه‌دا چۆن پیاده‌ ده‌بن؟

زۆر ئه‌سته‌مه‌ بڵێیت ئایدیۆلۆژیا و پێکهاته‌ی ڕێکخراوێکی سیاسی – چه‌کدار به‌ چ شێوه‌یه‌ک دیموکراتیزه‌ ده‌کرێ. خۆ ئه‌گه‌ر چاره‌سه‌رییه‌کی سیاسییانه‌ له‌ ڕۆژه‌ڤ دابایه‌، له‌مباره‌وه‌ ده‌متوانی به‌ ورده‌کارییه‌کی زیاتر و ڕاشکاوانه‌تر قسه‌ بکه‌م. به‌ڵام شتێکی وا به‌دی ناکرێ. بۆیه‌ نامه‌وێ ئێستا سه‌باره‌ت به‌ ڕێفۆرمی ناو ڕێکخراوه‌که‌ و دیموکراتیزه‌بوونی قسه‌ بکه‌م.
 
گه‌لۆ له‌وه‌ نیگه‌رانن‌ ئه‌گه‌ر ڕاشکاوانه‌ قسه‌ بکه‌ن زیان به‌ په‌که‌که‌ بگا؟

مه‌سه‌له‌، زیان گه‌یاندن به‌ په‌که‌که‌ نییه‌. هۆکاری دوودڵێم ئه‌مه‌ نییه‌. زۆر که‌س به‌وانه‌ی ناو په‌که‌که‌شه‌وه‌ لێره‌دا ده‌پرسن "کاتێک که‌ په‌که‌که‌ شه‌ڕی مان و نه‌مان ده‌کا، چۆن ده‌کرێ باسی ڕیفۆرم و دیموکراتیزه‌بوونی پێکهاته‌ و ئایدیۆلۆژیا بکرێ؟" له‌ به‌رامبه‌ردا ئه‌م ئارگۆمێنته‌، خاوه‌نی لۆژیکێکی زۆر به‌ هێزه‌. له‌مه‌ زیاتر قسه‌ ناکه‌م چونکه‌ هه‌لومه‌رجی ئه‌مڕۆ ده‌رفه‌ت به‌وه‌ نادا. هۆکاری بڕیاری نه‌چوونه‌‌ ناو ورده‌کارییه‌کان‌، ئه‌وه‌ نییه‌ که‌ ئه‌م قسانه‌ کێشه‌یه‌ک بۆ من دروست ده‌که‌ن. که‌سانی ناو ڕێکخراوه‌ سیاسیه‌ کوردیه‌کان، له‌ مشتومڕی ڕیفۆرم تێده‌گه‌ن. ده‌مه‌وێ بڵێم، سه‌باره‌ت به‌ مه‌سه‌له‌ی دیموکراتیزاسیۆن و ڕیفۆرم، بێ ئه‌وه‌ی له‌ قۆناغی سیاسی و سه‌ربازیدا بی، ئه‌گه‌ر له‌ ئۆفیسی زانکۆ دانیشتووین و فیکر پێشنیار ده‌که‌ین، با به‌ هه‌ق ڕه‌خنه‌ بگرین.
 
ئایا له‌ سه‌ر ئه‌و بڕوایه‌ن که‌ ستراتیژی خه‌باتی چه‌کداری ڕۆڵی خۆی بینیوه‌ و ئیتر پێویست به‌ سیاسه‌تێکی نوێ ده‌کا؟

به‌ڵێ پێموایه‌. هاوکات پێموایه‌ سه‌رکردایه‌تی په‌که‌که‌ش‌، له‌مباره‌وه‌ دژی من ده‌رناکه‌وێ. هه‌موو ئه‌ندامانی سه‌رکردایه‌تی ده‌زانن شه‌ڕ و پێکدادان له‌ به‌رامبه‌ر ڕێگاکانی تری تێکۆشان، ستراتیژییه‌ک نییه‌ هه‌تا دوایی به‌رده‌وام بێ. زۆر هۆکار هه‌ن بۆ ئه‌وه‌ی سه‌رکردایه‌تی په‌که‌که‌ بڕوا نه‌کا خه‌باتی چه‌کداری، ستراتیژییه‌کی ئه‌به‌دییه‌. بۆیه‌ ئه‌گه‌ر که‌سێکی وه‌ک من داکۆکی له‌وه‌ بکا که‌ سه‌رده‌می خه‌باتی چه‌کداری تێپه‌ڕیوه‌، ئه‌وانیش لەگەڵی هاوبۆچوون ده‌بن. ئاماژه‌ی به‌هێز هه‌ن که‌ نیشان ده‌دا له‌ مێژه‌ به‌و ده‌رئه‌نجامه‌ گه‌یشتوون. ئارگۆمێنته‌کانم نابێته‌ مایه‌ی سه‌رسوڕمانی ئه‌وان.
 
هه‌م ئۆجه‌لان و هه‌م قه‌ره‌یڵان ده‌ڵێن ئه‌وان لایه‌نگری شه‌ڕ نین به‌ڵکو ئاشتییان ده‌وێ. به‌ڵام له‌ لایه‌کی دیکه‌وه‌ په‌که‌که‌ په‌ره‌ به‌ هێرشه‌کانی ده‌دا. بۆچی؟

نازانم. ته‌نیا که‌سێک که‌ له‌ نزیکه‌وه‌ ئاگادار بێ له‌ ناو په‌که‌که‌ چی ڕوو ده‌دا، ده‌توانێ  وەڵامی ئه‌م پرسیاره‌ بداته‌وه‌. من ئێستا هیچ زانیارییه‌کم له‌ سه‌ر ئه‌م مژاره‌ نییه‌.
 
لەگەڵ ده‌سپێکردنی پێڤاژۆی ده‌ستورێکی بنه‌ڕه‌تی سڤیل و له‌ کاتێکدا ڕای گشتی پشتگیری له‌ چاوپێکه‌وتنه‌کانی میت – په‌که‌که‌ ده‌کرد که‌ ده‌رخه‌ری بوونی ئیراده‌ بوو له‌پێناو به‌دیهێنانی ئاشتی، بۆچی ٢٤ مرۆڤ کوژران و پێداگری له‌ سه‌ر توندوتیژی کرا؟ ئایا له‌مباره‌وه‌ هیچ ڕوونکردنه‌وه‌یه‌کتان نییه‌؟

پێم وانییه‌ ئه‌مه‌ ڕێگه‌یه‌کی بونیادنه‌ر بێ بۆ گه‌یشتن به‌ بابه‌تێک. پێویسته‌ بیر له‌و قسانه‌ش بکرێته‌وه‌ که‌ سه‌باره‌ت به‌ هه‌ڵسوکه‌وت  لەگەڵ پرسی کورد وه‌ک ئامرازێک له‌ سیاسه‌تی تورکیادا باسمان کرد. به‌ کارهێنانی پرسی کورد وه‌ک ئامراز، له‌ ململانێی ده‌سه‌ڵاتی نێو سیاسه‌تی تورکیا، به‌رده‌وام به‌رژه‌وه‌ندییه‌کی کورتخایه‌نی سیاسی به‌دواوه‌ بووه‌. به‌ڵام له‌ سیاسه‌تدا، یاسایه‌ک هه‌یه‌ به‌ناوی "یاسای ده‌رئه‌نجامه‌ نه‌ویستراوه‌کان" که‌ هه‌مووان به‌ باشی ده‌یزانن. لۆژیکی کورتخایه‌نی نزیکبوونه‌وه‌ له‌ مه‌سه‌له‌که‌ وه‌ک ئامرازێک، زۆربه‌ی کات ده‌رئه‌نجامی نه‌ویستراوی لێده‌که‌وێته‌وه‌ که‌ به‌رهه‌مهێنه‌رانی ئه‌م سیاسه‌ته‌ پێشبینی ده‌که‌ن. پۆزۆسیۆنی ئه‌مڕۆی په‌که‌که‌، ده‌بێ وه‌ک ئه‌نجامی نه‌ویستراوی به‌ ئامرازکردنی کورتخایه‌ن و بیرکردنه‌وه‌ی ساویلکانه‌ی سیاسه‌تی تورکیا ببینرێ.
 
بۆچی سیاسه‌تی کوردی ئازاد نییه‌؟

بۆ تێگه‌یشتن له‌م دۆخه‌ پێویسته‌ به‌ شێوه‌یه‌کی جیاوازتر سه‌یری سیاسه‌تی کورد و مه‌سه‌له‌ی په‌که‌که‌ بکرێ. له‌م ڕه‌وشه‌دا، گه‌ڕان به‌دوای مه‌سه‌له‌ی ئازادی و سه‌ربه‌خۆیی ته‌واوی به‌ده‌په‌ و دیکه‌ی پارته‌ کوردیه‌کانی ڕابردوو، شتێکی بێ مانایه‌. بۆ تێگه‌یشتن له‌مه‌، پێویسته‌ له‌ چوارچێوه‌ی ئه‌و ئایدیۆلۆژیایه‌ بێیته‌ ده‌ره‌وه‌ که‌ له‌ لایه‌ن حکومه‌ت و میدیای ناسیۆنالیستیه‌وه‌ بونیاد نراوه‌. ته‌نیا له‌م حاڵه‌ته‌دا، وێنه‌یه‌کی جیاواز به‌ دی ده‌که‌ی و له‌م وێنه‌یه‌شدا ئه‌م ڕاستیانه‌ ده‌بینی: په‌که‌که‌، ڕێکخراوێکه‌ به‌ دوو ناسنامه‌وه‌. له‌ لایه‌که‌وه‌ په‌که‌که‌یه‌ک هه‌یه‌ که‌ ڕێکخراوێکی سیاسیه‌ و له‌ لایه‌کی دیکه‌شه‌وه‌، په‌که‌که‌یه‌ک که‌ جوڵانه‌وه‌یه‌کی کۆمه‌ڵایه‌تی سیاسییه‌. پارته‌ سیاسیه‌کانی کورد، ده‌توانن دژی په‌که‌که‌ وه‌ک ڕێکخراوێکی سیاسی ده‌ربکه‌ون و هه‌وڵ بده‌ن سه‌ربه‌خۆیی سیاسی و پراتیکی خۆیان بپارێزن، به‌ڵام ناتوانن کار بکه‌ن ئه‌گه‌ر بێت و په‌که‌که‌ وه‌ک جوڵانه‌وه‌یه‌کی کۆمه‌ڵایه‌تی پشتیوانیان لێ نه‌کا. ده‌بێ له‌ نێوان ئه‌م دوو ناسنامه‌یه‌ی په‌که‌که‌دا جیاوازیه‌کی ورد دابنرێ و به‌داخه‌وه‌ حکومه‌تی تورکیا، ڕوشنبیران و میدیای ناسیۆنالیستی تورک له‌م جیاوازییه‌ تێناگا و نایبینێ.
ده‌توانن‌ په‌که‌که‌ به‌ "رێکخراوێکی تیرۆریستی" له‌ قه‌ڵه‌م بده‌ن، ده‌توانن بڵێن "ئه‌م مه‌سه‌له‌یه‌، مه‌سه‌له‌یه‌کی سوپا و هێزه‌ ئه‌منییه‌کانه‌" و به‌مجۆره‌ بابه‌ته‌که‌ بخه‌نه‌ ده‌ره‌وه‌ی بازنه‌یه‌کی سیاسیه‌وه‌، به‌ڵام ناتوانن پاشگری "تیرۆریست"ی به‌ بزووتنه‌وه‌یه‌کی کۆمه‌ڵایه‌تیه‌وه‌ بلکێنن. چونکه‌ جوڵانه‌وه‌ی کۆمه‌ڵایه‌تی له‌ ناو گه‌لی کورددا ڕیشه‌ی داده‌کوتێ‌. هیچ حکومه‌تێک له‌ دنیادا، به‌ گه‌لێک ناڵێ تیرۆریست. ئه‌گه‌ر ئه‌مه‌ بکا، ئه‌وا هه‌ڵه‌یه‌کی زۆر مه‌ترسیداری کردوه‌ که‌ ده‌بێته‌ هۆی پارچه‌بوونی وڵات له‌ ڕووی سیاسی و کۆمه‌ڵایه‌تییه‌وه‌. حکومه‌تێکی به‌م شێوه‌یه‌، ناتوانێ بانگه‌شه‌ بکا له‌ ناو گه‌لی کورد یان لانیکه‌م له‌ ناو به‌شی هه‌ره‌ زۆری ئه‌و گه‌له‌دا، مه‌شروعیه‌تی هه‌یه‌. ئه‌مڕۆکه‌ له‌ تورکیا زۆر ئه‌سته‌م نییه‌ بزانی په‌که‌که‌ وه‌ک جوڵانه‌وه‌یه‌کی کۆمه‌ڵایه‌تی کار ده‌کا که‌ گه‌لی کورد به‌رده‌نگیه‌تی.
 
ئایا به‌ده‌په‌ ده‌توانێ ببێته‌ حزبێکی فره‌ ده‌نگ، ئه‌گه‌ر په‌که‌که‌ ڕێگه‌ بدا؟

من باسی ئیزن دان یاخود مۆڵه‌تم نه‌کردوه‌. من ته‌نیا باسی په‌یوه‌ندی پارته‌کانم کردوه‌ لەگەڵ په‌که‌که‌ وه‌ک ڕێکخراوێکی کۆمه‌ڵایه‌تی که‌ له‌ ناو کۆمه‌ڵگای کورددا ڕیشه‌ی داکوتاوه‌. ئه‌گه‌ر مه‌به‌ستی پرسیاره‌که‌تان ئه‌مه‌ بێ، به‌ڵێ، وا ده‌ڵێم. به‌ڵام ئه‌مه‌ ته‌نیا له‌ ڕه‌وشێکدا دروست ده‌بێ که‌ مه‌سه‌له‌ی کورد چه‌ک بکرێ، هێزی ده‌سه‌ڵاتدار له‌ ڕۆژه‌ڤی ئه‌منی ده‌ربهاوێ و بیخاته‌ ناو قۆناغێکی دیموکراتیکه‌وه‌. له‌م ڕوانگه‌وه‌، ده‌توانین به‌ هۆی ئه‌وه‌ی په‌که‌که‌، هه‌وڵی داوه‌ و ده‌یه‌وێ هێژمۆنی سیاسی و فه‌رهه‌نگی خۆی به‌ سه‌ر ناوچه‌ کوردییه‌کاندا بسه‌پێنێ، ڕه‌خنه‌ی لێ بگرین. ئه‌وه‌ی ڕاستی بێ من ئه‌و کاره‌م کردووه‌. سه‌باره‌ت به‌ هه‌ڵسوکه‌وتی پاوانخوازانه‌ له‌ مه‌یدانی سیاسی و سڤیلی کورددا‌، ڕه‌خنه‌م له‌ په‌که‌که‌ گرتوه.‌ له‌ به‌رامبه‌ر وه‌ها ڕه‌خنه‌یه‌کدا،  وەڵامێکی به‌م چه‌شنه‌یان داوه‌ته‌وه‌، ته‌نانه‌ت به‌ خودی خۆشمیان گوتووه‌: "ئێمه‌ ناچارین خۆمان بپارێزین، ئێمه‌ هێزێکین له‌ شه‌ڕ داین."
 
بۆچی په‌که‌که‌ خۆی پاراست؟ بۆچی لەگەڵ ڕۆشنبیرانی کورد تێکه‌ڵ نه‌بوو؟

ئه‌م بزووتنه‌وه‌یه‌، له‌ قۆناغی تێکۆشان له‌ به‌رامبه‌ر هێزێکی ده‌ره‌وه‌ی خۆی که‌ هه‌ڕه‌شه‌ له‌ مانه‌وه‌ی ده‌کا، هه‌ڵوێستێکی یه‌کگرتوو ده‌نوێنێ. په‌که‌که‌، ته‌نیا په‌یوه‌ندیدار به‌م هه‌ڕه‌شه‌ و نه‌یارێتیه‌، ده‌توانێ پاساو بۆ هه‌ڵوێستی توند و پاوانخوازانه‌ی له‌ بواری سیاسی و ڕای گشتیدا‌ بێنێته‌وه‌. ئه‌گه‌ر ڕه‌وشی سیاسی گۆڕانی به‌ سه‌ر دابێ، هه‌ڵوێستی پاوانخوازانه‌ درێژه‌ی نابێ و له‌ ناو بزووتنه‌وه‌که‌دا فره‌چه‌شنی دروست ده‌بێ. ئه‌مه‌ش ده‌توانێ کاریگه‌ری بکاته‌ سه‌ر کۆمه‌ڵگای کورد. هه‌ن ئه‌و ڕۆشنبیرانه‌ی کورد ئه‌م هه‌ڵوێسته‌ پاوانخوازانه‌یه‌ په‌سند ناکه‌ن و دژایه‌تی ده‌که‌ن. هه‌ندێک له‌وان قسه‌یان کردو ڕێزیان نه‌ما. بۆچی؟ هۆکاره‌که‌ی ئاشکرایه‌: قورساییان له‌ده‌ست دا چونکه‌ زۆربه‌ی هه‌ره‌ زۆری گه‌لی کورد پێیان وابوو ئه‌وان وازیان له‌ ئامانجه‌ هاوبه‌شه‌کان و گه‌لی خۆیان هێناوه‌. زۆربه‌ی هه‌ره‌ زۆری ڕۆشنبیران بێده‌نگیان هه‌ڵبژارد، چونکه‌ پێیان وابوو قۆناغێکی هه‌ستیاره‌ و ده‌بێ ئه‌وان بێده‌نگ بن. سه‌ره‌ڕای ڕه‌خنه‌، ناکۆکی و ته‌نانه‌ت دژایه‌تی پێیان باش بوو گۆمه‌که‌ نه‌شڵه‌قێنن.
له‌ نموونه‌ی باشووری کوردستاندا، ڕۆشنبیره‌کان له‌ ڕوانگه‌ی مێژووییه‌وه‌ به‌شێک بوون له‌ بزووتنه‌وه‌ی خۆڕاگری کورد. بۆیه‌ش گرێدراوی ئه‌و دوو پارته‌ سه‌ره‌کییه‌ بوون که‌ پێشه‌نگایه‌تی خه‌باتیان ده‌کرد. به‌ڵام پاش ئه‌وه‌ی دوو هێزی ئاماژه‌پێکراو، حکومه‌تیان پێکهێنا، زۆربه‌ی هه‌ره‌ زۆری ڕۆشنبیران بوونه‌ پارچه‌یه‌ک له‌ پێکهاته‌ی ده‌سه‌ڵاتی ده‌زگاکانی حکومه‌ت. له‌به‌ر ئه‌وه‌ش مانه‌وه‌ی من له‌ هه‌ولێر مه‌حاڵ بوو. سه‌رۆکی زانکۆ بووم، واته‌ ئه‌رک پێ سپێردراوێکی فه‌رمی بووم. حکومه‌ت، له‌ کاتی بڕیاردان و سیاسه‌تگوزاریدا، ده‌یویست کاربه‌ده‌سته‌ پایه‌به‌رزه‌کان خاوه‌ن پۆزۆسیۆن بن. به‌م شێوه‌یه‌، ڕۆشنبیره‌کانیش بێده‌نگ ده‌بوون و ملکه‌چی هێڵی ڕه‌سمی ده‌بوون. به‌ڵام من وام نه‌کرد. بیرو بۆچوون و تێڕوانینی خۆم هه‌بوو. من خۆم شته‌کان ئانالیز ده‌که‌م، هه‌ڵیانده‌سه‌نگێنم و جێبه‌جێیان ده‌که‌م. به‌ر له‌ بینینی ڕووداوێک، بۆچوونێکی سه‌ربه‌خۆ سه‌باره‌ت به‌ ڕووداوه‌کان و قۆناغه‌کان به‌ دی دێنم. وه‌ک ڕۆشنبیرێک پێموایه‌ ده‌ربڕینی ئه‌م فیکرانه‌ به‌رپرسیارێتێکی ئه‌خلاقیه‌ له‌ سه‌ر شانی من. با نموونه‌یه‌ک بێنمه‌وه‌، سوپای تورکیا زستانی ساڵی ٢٠٠٨، سنوری به‌زاند و هێرشی کرده‌ سه‌ر په‌که‌که‌، خوێندکارانی زانکۆکه‌م ئه‌م هێرشه‌یان پرۆتێستۆ کرد. کاربه‌ده‌ستانی حکومه‌ت ڕاشکاوانه‌ بێزاری خۆیان له‌ به‌رامبه‌ر ئه‌م چالاکیانه‌ ده‌ربڕی. پێیان خۆش نه‌بوو ئه‌م ڕووداوانه‌ له‌ هه‌ولێر بێنه‌ ئاراوه‌. چاوه‌ڕوانی ئه‌وه‌ بوون من وه‌ک سه‌رۆکی زانکۆکه‌، گوشار بۆ سه‌ر خوێندکاران بێنم و چالاکییه‌ پرۆتستۆییه‌کان ڕابگرم. منێک که‌ بڕوام به‌ وه‌یه‌ هه‌یه‌ ئازادی ڕاده‌ربڕین مافی هه‌ره‌ سه‌ره‌کی و دیموکراتیکی تاکه‌ له‌ کۆمه‌ڵگەیه‌کی مه‌ده‌نیدا، چۆن به‌ خوێندکارانم گوتبا بێده‌نگ بن؟ ئه‌وه‌ مافی خۆیانه‌ به‌ره‌نگاری سیاسه‌تێک ببنه‌وه‌ که‌ پێیان وایه‌ هه‌ڵه‌یه‌ و زیانی لێده‌که‌وێته‌وه‌. ئێمه‌ش به‌ شێوه‌یه‌کی سه‌ربه‌خۆ نابێ مافی ئه‌نجامدانی چالاکی پێشێل بکه‌ین جا فیکری پشت ئه‌نجامدانی چالاکیه‌که‌ هه‌ڵه‌ بێ یان ڕاست. به‌ڕای من ئه‌گه‌ر ببیته‌ کاربه‌ده‌ستێکی ده‌وڵه‌تیش، نابێ واز له‌ بیری ڕه‌خنه‌گرانه‌ بێنی. ئه‌وه‌ ده‌مانگه‌ڕێنێته‌وه‌ بۆ هه‌مان په‌یوه‌ندی نێوان په‌که‌که‌ و ڕۆشنبیران. نرخی هه‌ره‌ گه‌وره‌ به‌ لای منه‌وه‌ ڕاستیه‌ و ئه‌مه‌ش نابێ ببێته‌ قۆچی قوربانی به‌رژه‌وه‌ندی سیاسی.
 
ڕۆشنبیری کورد کێیه‌؟

لێره‌دا ده‌مه‌وێ هه‌ڵاواردنێک بکه‌م. ده‌توانین ده‌رباره‌ی ڕۆشنبیرانی کورد و تورک قسه‌ بکه‌ین. زۆر که‌س به‌م بواره‌وه‌ سه‌رقاڵ بووه‌. به‌ڵام من که‌ بمه‌وێ سه‌باره‌ت به‌ چینی ڕۆشنبیری کورد قسه‌ بکه‌م، مه‌به‌ستێکی دیکه‌م له‌ پێناسه‌ی ڕۆشنبیری هه‌یه‌. چونکه‌ ڕۆشنبیر کاره‌کته‌رێکی دیاریکراوی هه‌یه‌ و ئه‌م کاره‌کته‌ره‌ ڕاسته‌وخۆ و ناڕاسته‌وخۆ، په‌یوه‌ندی به‌ پڕۆژه‌ی سیاسیه‌وه‌ هه‌یه‌. ئه‌گه‌ر لێم بپرسن له‌ تورکیا بۆ پێکهێنانی چ پرۆژه‌گه‌لێک کار ده‌که‌م، ئه‌وا پڕۆژه‌ی سیاسی من چاره‌سه‌ری ئاشتیانه‌ و دیموکراتیکی پرسی کورد ده‌بێ له‌پێناو کۆتایی هێنان به‌ توندو تیژی بێ واتا، مه‌رگ و له‌ناوچوون. ئه‌وه‌ی که‌ ئه‌م ئامانجه‌ به‌ چ شێوه‌یه‌ک به‌دی دێ، ئه‌وه‌ باسێکی دیکه‌یه‌ به‌ڵام خاڵی سه‌ره‌کی ئه‌وه‌یه‌ پڕۆژه‌که‌م کاره‌کته‌رێکی دیموکراتیک، مه‌ده‌نی و به‌هێزی هه‌بێ. کاره‌کته‌رێکی وه‌ها، به‌ ئامانجی تاکه‌که‌سی  لەگەڵ پڕۆژه‌ هاوشێوه‌کانی تر له‌ تورکیا په‌یوه‌ندی ده‌به‌ستێ و به‌مجۆره‌ له‌پێناو هه‌وڵدان بۆ چاره‌سه‌ری ئاشتییانه‌ و دیموکراتیکی پرسی کورد کۆمه‌ڵێک له‌ مرۆڤه‌کان لێک کۆ ده‌بنه‌وه‌. ئه‌م مرۆڤانه‌، به‌ مه‌به‌ستی کۆتایی هێنان به‌ مردن و له‌ناوچوون له‌ تورکیا و یارمه‌تیدان به‌ چاره‌سه‌ری مه‌سه‌له‌ی کورد، له‌ چوارچێوه‌ی پڕۆژه‌که‌دا ناسنامه‌یه‌کی هاوبه‌ش پێکدێنن.
 
کاتێک باس له‌ "رۆشنبیری کورد" ده‌کرێ، ئه‌و ناوانه‌ زیاتر به‌ مێشک ده‌گه‌ن که‌ پێناسه‌یه‌ی "یاڵچین ئاکدۆغان"ی ئاکه‌په‌یی ده‌یانگرێته‌وه‌: "دیموکراته‌کانی دژ به‌ په‌که‌که‌". ئایا له‌ ناو ڕۆشنبیرانی کورددا هه‌ن که‌سانێک دژی په‌که‌که‌ بن؟

به‌ر له‌ هه‌ر شتێ من له‌وه‌ تێناگه‌م بۆچی ڕۆشنبیرێک ده‌یه‌وێ وه‌ک دژبه‌ر یان لایه‌نگری په‌که‌که‌ له‌ قه‌ڵه‌م بدرێ. سیاسه‌ت، بڕوایه‌کی ئایینی نییه‌. به‌ بۆچوونی من، ڕۆشنبیره‌کان پێویسته‌ به‌ ویژدان بن، خوو بده‌نه‌ ڕاستی و ئه‌و فیکره‌ له‌ ناو به‌رن که‌ ببنه‌ دژبه‌ری په‌که‌که‌. که‌سێک که‌ خۆی به‌ ڕۆشنبیر پێناسه‌ ده‌کا، ته‌نیا له‌ سایه‌ی ئه‌مه‌دا، خۆی له‌ پێگه‌یه‌کی سیاسی ڕه‌هادا نابینێته‌وه‌. فیکری موتڵه‌ق و ڕه‌ها، له‌ دۆگمه‌وه‌ سه‌رچاوه‌ ده‌گرێ. په‌یوه‌ندی به‌ ڕاستینه‌ی دین و ئیمانه‌وه‌ هه‌یه‌. دۆگم، بیرکردنه‌وه‌ی ڕه‌ها و پۆزۆسیۆنی سیاسی ڕه‌ها، دژی ئه‌قڵ و بیرکردنه‌وه‌ی لۆژیکانه‌یه‌. ڕۆشنبیرێک ته‌نیا له‌ ڕێگه‌ی شۆپاندنی ڕاستی و ئه‌قڵه‌وه‌، ده‌توانێ بڵێ پشتیوانی له‌ پۆزۆسیۆنی په‌که‌که‌ ده‌کا یان ڕه‌تی ده‌کاته‌وه‌. ئه‌مه‌ بۆ‌ هه‌موو سیاسه‌تێک وایه‌‌. له‌ مه‌سه‌له‌ی ئه‌قڵدا، ڕاستی یاخود چه‌وتیی ڕه‌ها بوونیان نییه‌. ڕاستی ڕێژه‌ییه‌ و ته‌نیا ڕاستیه‌کی ڕێژه‌یی، ده‌توانێ ڕێبه‌ری ویژدانمان بێ. له‌ تورکیا، بۆچوونێکی گشتی هه‌یه‌ که‌ پێی وایه‌ ڕۆشنبیرانی کورد له‌ نێوان به‌رداشی حکومه‌ت و په‌که‌که‌ دان. به‌ شێواز و میتۆدی جۆراوجۆریش بێ، هه‌ر دوو لا گوشاریان بۆ دێنن. به‌ڵام هه‌ر دوو لا به‌ ڕاده‌یه‌ک کرده‌وه‌گه‌لی ده‌سپۆت و دژه‌ دیموکراتیکیان نییه‌ که‌ ده‌نگی ڕۆشنبیران کپ بکه‌ن. ناڵێم په‌که‌که‌ ڕێکخراوی هه‌ره‌ دیموکراته‌ و له‌ ڕابردوودا، ڕه‌خنه‌م له‌ ئاڕاسته‌ی پاوانخوازنه‌ و سه‌رکوتکه‌رانه‌ی په‌که‌که‌ له‌ بواری سیاسی، ڕۆشنبیری و گشتیه‌وه‌ گرتووه‌. ئێستاش ڕه‌خنه‌ له‌ مه‌یل وچالاکی زیانبه‌خش به‌ ڕۆشنبیری و ڕای گشتی ده‌گرم. ته‌نانه‌ت ئه‌گه‌ر بمه‌وێ پڕۆژه‌یه‌ک بۆ چاره‌سه‌ری ئاشتیانه‌ و دیموکراتیکی پرسی کورد له‌ تورکیا پێشکه‌ش بکه‌م، واز له‌مه‌ ناهێنم. به‌رپرسیارێتی و به‌ڵێنێکی ئاوا به‌ فکرێکی ڕه‌خنه‌گرانه‌وه‌ ده‌بێ ئاراسته‌ بکرێ؛ به‌ڵام ڕه‌خنه‌یه‌کی بونیادنه‌رانه‌ نه‌ک ڕوخێنه‌ر.
به‌ بۆچوونی من، په‌که‌که‌ به‌ گوێره‌ی پێویست گرنگی به‌ ئاوه‌زێکی ڕه‌خنه‌گرانه له‌  بواری کارکرد و گوتاری دیموکراتیک له‌ کۆمه‌ڵگەی مه‌ده‌نی نه‌داوه‌. ئه‌گینا هه‌وڵی نه‌ده‌دا له‌ بواری ڕۆشنبیری و ڕای گشتییه‌وه‌، پاوانخوازی تاقی بکاته‌‌وه‌. به‌ هه‌ڵه‌ تێگه‌یشتنی په‌که‌که‌ له‌ سروشتی دیموکراتیکی ڕای گشتی مودێرن و پراتیک و گوتاری ڕۆشنبیری په‌یوه‌ندیدار به‌مه‌وه‌، هه‌ڵه‌یه‌کی گه‌وره‌ بوو. په‌که‌که‌ جوڵانه‌وه‌یه‌کی کۆمه‌ڵایه‌تی زیندوو و کارتێکه‌ری دامه‌زراند، به‌ڵام نه‌یتوانی جوڵانه‌وه‌یه‌کی ڕۆشنبیر دروست بکا. خاڵی لاوازی و که‌مایه‌سی گرنگی په‌که‌که‌ هه‌ر ئه‌مه‌یه‌. ئاگاداری ئه‌مه‌ هه‌ن و له‌ کاتێکدا وازیان له‌ هه‌ڵسوکه‌وتی پاوانخوازانه‌ له‌ به‌ستێنی ڕۆشنبیری گشتی نه‌هێناوه‌، هه‌وڵده‌ده‌ن بارودۆخه‌که‌ له‌بار بکه‌نه‌وه‌. په‌که‌که‌ ده‌بێ بزانێ پێدوایستی هه‌ره‌ سه‌ره‌کی کۆمه‌ڵگەیه‌کی مه‌ده‌نی ئاکتیڤ، بنه‌مایه‌کی دیموکراتی گشتی و بوارێکی فه‌رهه‌نگی زیندووه‌. ده‌بێ پشگیری له‌م فه‌زا گشتیه‌ بکا و بۆ سه‌ربه‌خۆ بوونیان هانیان بدا. هه‌وڵ بدا هێزه‌کانی له‌ سه‌ربه‌خۆیی کۆمه‌ڵگای مه‌ده‌نیدا به‌کار بێنێ. ئه‌م کۆمه‌ڵگای مه‌ده‌نییه‌ دژی توندو تیژی یاسایی و نایاسایی ده‌توانێ ببێته‌ به‌ربه‌ستێکی به‌هێز.
ئه‌مڕۆکه‌ ڕۆشنبیری کورد به‌ سه‌ر سێ ده‌سته‌دا دابه‌ش بووه‌: که‌مینه‌یه‌کی لایه‌نگری په‌که‌که‌، که‌مینه‌یه‌کی دژبه‌ری په‌که‌که‌. ئه‌م دوو گرووپه‌ چالاکن و ده‌نگیان هه‌یه‌. به‌ڵام له‌ نێوان ئه‌م دوو گروپه‌ که‌مینه‌یه‌دا، زۆرینه‌یه‌ک هه‌یه‌. ئه‌م زۆرینه‌یه‌ بێده‌نگه‌ و ئاکتیڤ نییه‌. له‌ ڕای گشتیدا، شان به‌ شانی ئه‌وانی تر ده‌رناکه‌وێ. سیفه‌تی "رۆشنبیری دیموکراتی کورد" به‌ سه‌ر ڕۆشنبیرانی که‌مینه‌ گرووپی دووهه‌مدا ساغ بۆته‌وه‌. ته‌نیا هۆکاری پێدانی ئه‌و سیفه‌ته‌، ئه‌وه‌یه‌ که‌ ڕاشکاوانه‌ دژایه‌تی خۆیان  لەگەڵ په‌که‌که‌ دێننه‌ زمان. بۆیه‌ پێدانی نازناوی "دیموکرات" سه‌رچاوه‌که‌ی ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ بۆ هۆکاری سیاسی زۆر ڕوون. ئه‌گه‌ر به‌ڕاستی ده‌یانه‌وێ ڕه‌خنه‌گر و سه‌ربه‌خۆ بن و ده‌یانه‌وێ ببنه‌ به‌شێک له‌ چاره‌سه‌ری نه‌ک له‌ کێشه‌که‌، پێویسته‌ واز له‌ ناسنامه‌یه‌کی ئاوا بێنن.
 
به‌ڕای ئێوه‌ په‌که‌که‌ له‌م ڕوه‌وه‌ گۆڕانی به‌ سه‌ر دادێ؟

په‌که‌که‌ ده‌رکی به‌ گرنگی ڕای گشتی، گوتاری ڕۆشنبیران وه‌ک نوێنه‌رانی ئه‌م بواره‌ و ئافرێنه‌رانی ڕه‌وتی فه‌رهه‌نگی کردووه‌. هێمای ئه‌م ده‌رک پێکردنه‌، له‌ هه‌ڵسوکه‌وتی میدیاکان و به‌ تایبه‌ت ته‌له‌ڤزیۆن و ڕۆژنامه‌کان ده‌بینرێ. هه‌ست به‌‌ گرنگی بواری بینین و بیستن ده‌که‌ن له‌ ڕاگه‌یه‌نه‌ره‌ مودێرنه‌کاندا. له‌وانه‌یه‌ ئه‌م مه‌یله‌ له‌ دیکه‌ی بواره‌ فه‌رهه‌نگیه‌کانیشدا ڕه‌نگدانه‌وه‌ی هه‌بێ. به‌ڵام هه‌روه‌ک پێشتریش ئاماژه‌م پێدا، پێشکه‌وتنه‌کان په‌یوه‌ندی به‌وه‌وه‌ هه‌یه‌ تا چ ڕاده‌ ئاماده‌ بن واز له‌ هه‌ڵوێستی پاوانخوازانه‌ بێنن. ئه‌گه‌ر بواری خه‌باته‌ فه‌رهه‌نگیه‌کانیان دیموکراتیزه‌ نه‌که‌ن و له‌و بواره‌وه‌ پێداگر بن له‌ سه‌ر پاوانخوازی، ئه‌و ناکۆکیه‌ی له‌ سه‌ره‌وه‌ باسکرا هه‌روا به‌رده‌وام ده‌بێ و له‌ به‌رده‌م پێشکه‌وتنه‌کان ده‌بێته‌ ئاسته‌نگ.

ئاسۆی بزووتنه‌وه‌ی کورد چۆن ده‌بینن؟ ئایا له‌ هه‌ر به‌شه‌ و ٤ ده‌سه‌ڵات و به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی خۆسه‌ر داده‌مه‌زرێ؟

ئه‌سته‌مه‌ وا بڵێین چونکه‌ سیاسه‌ت شتێک نییه‌ به‌ وێناکردن ئه‌نجام بدرێ. به‌ڵام ده‌توانم به‌ دڵنیاییه‌وه‌ بڵێم ئه‌گه‌ر پرسی کورد له‌ تورکیا به‌ ڕێگه‌ی دیموکراتیک و له‌ نێو که‌شوهه‌وای ئاشتیدا چاره‌سه‌ر بکرێ، زۆر له‌ حکومه‌تی هه‌رێمی کوردستان پڕ بایه‌ختر ده‌بێ و هێزه‌ سیاسیه‌ نوێیه‌کانی تورکیا، له‌پێناو زمانێکی سیاسی و پێشکه‌وتنی دیموکراتیانه‌ ده‌بنه‌ خاوه‌نی تێڕوانینێکی نوێ. سه‌قامگیرکردنی دیموکراسی له‌ تورکیا، ده‌بێته‌ هۆی ئه‌وه‌ی نه‌وه‌کانی داهاتوو له‌ شۆڕشی دیموکراتیک دوا نه‌مێنن. کلیلی ئه‌م پێشکه‌وتنانه‌، بیری ستراتیژی و ئیراده‌ی سیاسیه‌ که‌ مه‌سه‌له‌ی کورد ده‌گه‌ڕێنێته‌وه‌ بۆ قۆناغێکی دیموکراتیک. ناوه‌نده‌کانی بڕیاردانی سیاسی، بۆ دووربوونه‌وه‌ له‌و که‌سانه‌ی حه‌ز به‌ سه‌رکه‌وتنی ئه‌مه‌ ناکه‌ن و بگره‌ نه‌فره‌تیشی لێده‌که‌ن، پێویسته‌ جه‌ساره‌تێکی ئه‌خلاقی و ئیراده‌یه‌کی سیاسیان هه‌بێ. به‌ڵام لێره‌دا ئێمه‌ قسه‌ له‌ سه‌ر سیاسه‌ت ده‌که‌ین و ده‌زانین که‌ له‌ نێو سیاسه‌تدا حه‌زکردن و نه‌فره‌ت مانای تایبه‌ت به‌ خۆیان هه‌یه‌.
 
ئاخۆ ویلایه‌ته‌ یه‌کگرتوه‌کانی ئه‌مریکا پشتگیری له‌ خۆسه‌ری ده‌کا؟

ئه‌مریکا به‌و ڕاستیه‌ گه‌یشتووه‌ که‌ ناوچه‌که‌ گۆڕدراوه‌، چیتر سۆڤیه‌ت نه‌ماوه‌ و شه‌ڕی سارد کۆتایی هاتووه‌. سیاسیه‌کانی ئه‌مریکا و ناوه‌نده‌کانی بڕیاری سیاسی له‌و وڵاته‌ ده‌زانن تورکیا و سوپاکه‌ی ڕۆڵیان له‌ ناوچه‌که‌ گۆڕدراوه‌. به‌ ڕای من، ویلایه‌ته‌ یه‌کگرتوه‌کانی ئه‌مریکا بۆ ئه‌و قۆناغه‌ سیاسیانه‌ی ده‌بنه‌ هۆی گۆڕانکاری له‌ نه‌خشه‌ی سیاسی ڕۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست، ئاماده‌ نییه‌. ئه‌مریکا، هه‌رگیز له‌ هیچ به‌شێکی کوردستان پشتگیری له‌ ده‌وڵه‌تێکی سه‌ربه‌خۆی کوردی ناکا. به‌ڵام به‌ ڕه‌زامه‌ندییه‌وه‌ پێشوازی له‌ چاره‌سه‌ری دیموکراتیانه‌ی پرسی کورد له‌ ناوچه‌که‌ و به‌ تایبه‌تی له‌ تورکیا ده‌کا.
 
تا ئێستا شاهیدی پشتگیری نه‌بووین. چ شتێک گۆڕاوه‌؟

ئه‌مریکا، دوابه‌دوای تورکیا دانی به‌و مۆرکه‌ "تیرۆریست"یه‌ دانا که‌ له‌ په‌که‌که‌ درابوو، تاکوو بۆ ناساندنی به‌رخۆدانی کورد و په‌که‌که‌‌ سوودی لێ وه‌ربگرێ. به‌ڵام ئه‌مه‌ ژێستێک بوو که‌ ده‌رئه‌نجامی ڕاوێژ، ڕێزگرتن و داننان بوو به‌ سیاسه‌تی سه‌ربه‌خۆی تورکی  له‌ چوارچێوه‌ی توانا یاسایی و سنووره‌ سیاسیه‌کانی خۆیدا. تورکیا هاوپه‌یمانێکی نزیکه‌ له‌ ناوچه‌که‌دا. ته‌نانه‌ت‌ هاوپه‌یمانێکی سه‌ربازییه‌ که‌ له‌ ناتۆ زیاتر نزیکتره‌. ئه‌گه‌ر بارودۆخی سیاسی و سوپا – ئه‌منیی ئێستا له‌ تورکیا بگۆڕدرێ، ئه‌و مۆرکه‌ زیانبه‌خشه‌ی به‌ ناسنامه‌ی جوڵانه‌وه‌ی کۆمه‌ڵایه‌تی کورده‌وه‌ دراوه‌، ڕووبه‌ڕووی گۆڕان ده‌بێته‌وه‌. پێویسته‌ ئاماژه‌ به‌ نموونه‌یه‌ک بکه‌ین، ڕێکخراوی موجاهدینی خه‌لقی ئێران، که‌ له‌ سه‌رده‌می حوکمڕانی ڕژێمی "شا"وه‌ هه‌یه‌، ڕێکخراوێکی چه‌کدار و ئیسلامی – سۆسیالیست بوو. ئه‌م ڕێکخراوه‌ که‌ دژی ده‌وڵه‌ت، خه‌باتی چه‌کدرای ڕاگه‌یاندبوو، هێرشی ده‌کرده‌ سه‌ر سامان و پێرسۆنێلی ئه‌مریکا له‌ ئێران. پاش کوشتنی پێرسۆنێله‌ سه‌ربازی و سیاسیه‌کانی ویلایه‌ته‌ یه‌کگرتوه‌کانی ئه‌مریکا له‌ ئێران، ئه‌مریکا ئه‌و ڕێکخراوه‌ نهێنیه‌ی خسته‌ لیستی تیرۆره‌وه‌. پاش شۆڕشی ئیسلامی ئێران، ڕێکخراوی موجاهدینی خه‌لق، بوو به‌ ئه‌ندامێکی چالاکی ئۆپۆزۆسیۆنی چه‌کدار دژ به‌ ڕژێمی ئیسلامی ئێران. سی ساڵ پاش شۆڕشی ئیسلامی ئێران، یه‌کێتی ئه‌وروپا ناوی ئه‌و ڕێکخراوه‌ی له‌ لیستی تیرۆر سڕیه‌وه‌ و ئه‌مریکاش به‌ شێوه‌یه‌کی جدی بیر له‌وه‌ ده‌کاته‌وه‌ ئه‌و ڕێکخراوه‌ له‌ لیستی تیرۆر بێنێته‌ ده‌ره‌وه‌. واتا سه‌رجه‌م ناسنامه‌کان له‌ لایه‌ن ده‌سه‌ڵاته‌وه‌ ده‌سه‌پێندرێن و له‌ لایه‌ن ئه‌وانیشه‌وه‌ ده‌گۆڕدرێن. ئه‌مه‌ مایه‌ی سه‌رسوڕمان نییه‌. له‌وانه‌یه‌ ئه‌مریکا بۆ ئاسانکاری ئاڵوگۆڕی دیموکراتیک له‌ تورکیا، هه‌مان شت له‌ سه‌ر په‌که‌که‌ش پیاده‌ بکا.
به‌ بۆچوونی من، دیپلۆماته‌ ئه‌مریکی و بریتانیه‌کان، له‌ شێوازی هه‌ڵسوکه‌وتی تورکیا لەگەڵ پرسی کورد ڕازی نین. چه‌ندین ساڵ له‌مه‌وپێش دیپلۆماتێکی بریتانی گوتبووی "چاوه‌ڕوێ بووین تورکیا له‌مڕوه‌وه‌ زۆر جوامێرانه‌تر بجوڵێته‌وه‌." پێموایه‌، ئه‌مریکیه‌کان سه‌باره‌ت به‌و ناسنامه‌یه‌ی به‌ سه‌ر په‌که‌که‌یاندا سه‌پاندوه‌، چاوه‌ڕوانی ئاماژه‌یه‌کن له‌ لایه‌ن حکومه‌تی تورکیاوه‌.
 
یانی ئه‌مریکا له‌ سه‌ر کاغه‌ز، په‌که‌که‌ به‌ ڕێکخراوێکی تیرۆریست ده‌بیننێ؟

به‌ڵێ، ئێستا وا دیاره‌. به‌ڵام ئه‌وه‌ی که‌ به‌رده‌وام بن له‌ سه‌ر به‌کار‌هێنانی وشه‌ی تیرۆریست، په‌یوه‌ندی به‌ تورکیا و هه‌ڵوێستی ئه‌و وڵاته‌ له‌مه‌ڕ پرسی کورد و کورده‌کانی تورکیاوه‌ هه‌یه‌. ئه‌گینا په‌که‌که‌ بۆ به‌رژه‌وه‌ندیه‌ میللی و گه‌ردونیه‌کانی ئه‌مریکا چ ده‌گه‌یه‌نێ؟ هه‌ندێک باس له‌وه‌ ده‌که‌ن که‌ ویلایه‌ته‌ یه‌کگرتوه‌کانی ئه‌مریکا، په‌یوه‌ندییه‌کی ڕاسته‌وخۆی هه‌یه‌ له‌ نێوان نوێنه‌ره‌ سیاسیه‌کانی کوردستانی عێراق و ڕێبه‌رانی په‌که‌که‌ له‌ چیاکانی قه‌ندیل. نازانم ئه‌مه‌ تا چه‌ند ڕاسته‌، به‌س زانیارییه‌که‌ له‌ سه‌رچاوه‌ سه‌ربه‌خۆکانی کوردستانی عێراقه‌وه‌ به‌ ده‌ستم گه‌یشتوه‌. به‌ڵام ئه‌گه‌ر ڕاستیش بێ، جێگه‌ی سه‌رسوڕمان نییه‌. له‌وانه‌یه‌ ئه‌مریکا چاوپێکه‌وتن بکا بۆ ئه‌وه‌ی بزانێ په‌که‌که‌ بۆچی له‌وێیه‌ و چ به‌رنامه‌یه‌کی هه‌یه‌، هه‌روه‌ها له‌ هه‌لومه‌رجی جێبه‌جێ بوونی به‌رنامه‌کانیان سه‌باره‌ت به‌ چاره‌سه‌ری کێشه‌ی کورد له‌ تورکیا دڵنیا بێ. به‌ هه‌ر حاڵ ئه‌وه‌ هه‌ستی منه‌. به‌ بۆچوونی من، ویلایه‌ته‌ یه‌کگرتوه‌کانی ئه‌مریکا سیاسه‌تێکی سه‌ربه‌خۆی له‌ مه‌ڕ په‌که‌که‌ نییه‌ و پێویستیشی به‌وه‌ نییه‌.
 
ئه‌گه‌ر ڕۆژهه‌ڵاتی ناوین سه‌ر له‌نوێ شێوه‌ بگرێ، ئایا بۆی هه‌یه‌ ئه‌مریکا جوڵانه‌وه‌ی کورد پشتگوێ بخا؟

کورده‌کانی سووریا، به‌ شێوه‌یه‌کی جدی و هه‌مه‌لایه‌نه‌ ئه‌مریکا نا، به‌ڵکو تورکیا سه‌باره‌ت به‌ به‌رده‌وامیی سیاسه‌ته‌کانی له‌ مه‌ڕ په‌که‌که‌ ده‌خه‌نه‌ ململانێوه‌. حکومه‌تی تورک، ڕێگا نادا له‌ قه‌یرانه‌کانی سووریادا، کورده‌کان ڕۆڵێکی گه‌وره‌ بلیزن، ته‌نانه‌ت به‌ پێی توانا شێوازێکی چاره‌سه‌ریی ده‌وێ که‌ ئه‌وان تیایدا ماڕژیناڵ بن. له‌ به‌ر ئه‌م هۆکاره‌، حکومه‌تی تورکیا هێنده‌ پێداگری له‌ سه‌ر چاره‌سه‌رییه‌کی به‌له‌ز و خێرا ده‌کا. تورکیا، له‌ پێناو به‌دیلێکی متمانه‌پێکراو بۆ سه‌قامگیری سووریای پاش ئه‌سه‌د، هه‌وڵی ناوبژیوانی ده‌دا. به‌م شێوه‌یه‌، سنووره‌ ناوچه‌ییه‌کانی ده‌وروبه‌ری تورکیا له‌ ژێر کۆنتڕۆڵ و متمانه‌ی خۆیدا ده‌بن. له‌ هه‌ڵبژاردنی ئه‌ڵته‌رناتیڤدا دوو حیسابی سه‌ره‌کی ده‌گرێته‌ به‌رچاو؛ حیسابی یه‌که‌م له‌ سه‌ر که‌مترین ڕۆڵی کورده‌کان له‌ حکومه‌تدا دارێژراوه‌، دوهه‌میش، حکومه‌تێکی ناوه‌ندگه‌رای به‌ هێز که‌ سوپای سوریاش پارچه‌یه‌ک له‌و بێ و له‌ ژێر سایه‌یدا سه‌قامگیری له‌ سیاسه‌تی سووریادا پێک بێ. به‌مجۆره‌ ناوچه‌ سنوورییه‌کان بۆ چالاکی هێزه‌کانی کورد و له‌ سه‌رووی هه‌موویانه‌وه‌ په‌که‌که‌ کراوه‌ نابێ.

لایه‌نه‌کانی وه‌ها ڕێککه‌وتنێک کێ ده‌بێ؟
حکومه‌تی تورک، زۆر پێداگره‌ له‌ سه‌ر ئه‌وه‌ی سوپای سوریا، ڕووی له‌ ئه‌سه‌د و حکومه‌تی به‌عس وه‌ربسوڕێنێ. ئه‌گه‌ر سوپای سوریا پشت له‌ ئه‌سه‌د بکا، ئه‌وا سوریا وه‌ک ساته‌وه‌ختی گۆڕینی میسری لێ دێ و تا ئه‌و ماوه‌یه‌ی سوپا، سیاسه‌ت ده‌خاته‌ ژێر کۆنتڕۆڵی خۆیه‌وه‌، سیاسه‌تی سوریا سه‌قامگیر ده‌بێ. به‌ڵام سوپای سوریا تا ئێستاش پشتیوانی له‌ ئه‌سه‌د ده‌کا. هه‌رچه‌ند هه‌ندێک به‌شی ناو سوپا سه‌ری هه‌ڵدابێ، به‌ڵام هێشتا ئاستی ناکۆکییه‌کان، ئامار و ژماره‌کان قووڵ نه‌بوونه‌ته‌وه‌ و دیاریکه‌ر نین. کۆتایی ئه‌مساڵ بۆمان ده‌رده‌که‌وێ چی ڕوو ده‌دا.
 

۱۳۸۹/۰۸/۰۶

وتوێژی ڕۆژنامه‌ی "رادیکاڵ" لەگەڵ موراد قەرەیڵان



ئاماژە: قه‌ندیل بۆته‌ جێی سه‌رنجی ڕۆژنامه‌نووسه‌ هه‌رێمی و بیاینیه‌کان. به‌مدواییانه‌ چه‌ندین ڕۆژنامه‌نووسی تورک ڕوویان کرده‌ قه‌ندیل و له‌گه‌ڵ که‌سی ژماره‌ یه‌کی په‌که‌که‌، موراد  قەرەیڵان چاوپێکه‌وتنیان ئه‌نجامدا‌. حه‌سه‌ن جه‌مال (رۆژنامه‌ی میللیه‌ت)، عه‌مبه‌رین زه‌مان (رۆژنامه‌ی خه‌به‌ر تورک)، عوسمان ساغرلی (رۆژنامه‌ی تورکیا)، ئه‌حمه‌د ئاڵتان و یاسه‌مین چۆنگار (رۆژنامه‌ی ته‌ڕه‌ف) و ئێستاش ئه‌رتوغرول ماڤی ئۆغڵو له‌ ڕۆژنامه‌ی ڕادیکاڵه‌وه‌ له‌ نزیکه‌وه‌ دیدارو چاوپێکه‌وتنیان لەگەڵ  قەرەیڵان ئه‌نجامداوه‌. له‌م وتوێژه‌دا ئه‌رتوغرول بانگه‌شه‌ ده‌کا که‌ یه‌که‌مجاره‌  قەرەیڵان وا بێپه‌رده‌ بۆ ڕۆژنامه‌یه‌کی تورکیا قسه‌ ده‌کا و وتوێژه‌که‌ به‌ "دانپێدانان" وه‌سف ده‌کا. هه‌ر چه‌ند ئه‌وه‌ له‌ ناو ڕۆژنامه‌نووسان و ڕۆژنامه‌کانی تورکیادا باوه‌ و هه‌میشه‌ هه‌وڵ ده‌ده‌ن و پێیان خۆشه‌ "یه‌که‌مین" بن و هه‌موو که‌سیش "یه‌که‌مین" شته‌کان به‌ ئه‌وان بڵێ.

سازدانی: ئه‌رتوغرول ماڤی ئۆغڵو
له‌ تورکییه‌وه‌: سه‌لاحه‌دین بایه‌زیدی

 
له‌ دۆڵی ئاکۆیانه‌وه‌ به‌ره‌و قه‌ندیل

له‌ تاریک و ڕوونی به‌یاینیه‌وه‌، نزیکه‌ی دوو کاتژمێر له‌ به‌رده‌م خانوویه‌ک چاوه‌ڕێم کرد. ماوه‌یه‌کی تر دێن و ئه‌و پیاوه‌ی له‌ به‌رامبه‌رم داده‌نیشێ، ده‌ڵێ "ئیتر تێگه‌یشتووین ده‌وڵه‌ت متمانه‌ی به‌ ئێمه‌ نیه‌، به‌ڵام ئێمه‌ش متمانه‌ به‌ ده‌وڵه‌ت ناکه‌ین." باس له‌و هه‌نگاوانه‌ ده‌کا که‌ له‌ درێژکردنه‌وه‌ی ئاگربه‌ستدا ڕۆڵیان هه‌یه‌ و زۆر ڕاشکاوانه‌ باس له‌ په‌یوه‌ندییه‌کانیان لەگەڵ ئێران، ویلایه‌ته‌ یه‌کگرتوه‌کان و ئیسرائیل ده‌کا. تا ئێستا وه‌ها ڕاشکاوانه‌ لەگەڵ که‌سدا قسه‌ی نه‌کردووه‌. گوتی "له‌مه‌وبه‌دوا له‌ لایه‌ن په‌که‌که‌وه‌ زیان به‌ که‌سانی سڤیل ناگا".

له‌گه‌ڵ نزیک بوونه‌وه‌ی ده‌نگی ئه‌و ئۆتۆمبێله‌ی به‌ره‌و قه‌ندیل ده‌ڕوا، له‌شوێنی خۆم هه‌ڵده‌ستم و ده‌چمه‌ به‌رده‌می. ئه‌و پیاوه‌ی خۆی به‌ "ده‌نیز" ده‌ناسێنێ، "مه‌رحه‌با"م لێده‌کا و ده‌م به‌ بزه‌ ده‌ڵێ: به‌خێر بێن. پێموابێ ڕێگه‌یه‌کی تاقه‌ت پڕوکێن بوو. گه‌لۆ ئاماده‌ن؟

له‌ناو تۆیۆتایه‌کی چوار ته‌گه‌ری جووت کابینه‌دا، هه‌ست ده‌که‌ی وه‌کوو چۆمێکی خرۆشاو له‌ناو دۆڵی ئاکۆیان که‌ ده‌که‌وێته‌ نێوان دیانا و ڕانیه‌وه‌، به‌ره‌و پێشه‌وه‌ ده‌چی. ڕێگایه‌ک که‌ ڕووی له‌ ناوچه‌کانی ئێرانه‌، فراز و نشێو و پێچ و خه‌می زۆر تێدایه‌ و هه‌ر چۆنێک بێ مرۆڤ هه‌ڵده‌به‌زێنێته‌وه‌.

تۆیۆتا له‌ شوێنێک ده‌وه‌ستێ و بۆ دواوه‌ ده‌گه‌ڕێته‌وه‌. پاش پێنج خوله‌ک ڕۆیشتن، سه‌ر له‌نوێ ده‌وه‌ستێ و هه‌مدیس بۆ دواوه‌ ده‌گه‌ڕێته‌وه‌. زۆر به‌ ساده‌یی ده‌پرسم "رێگه‌تان هه‌تڵه کردووه‌؟" ئه‌و، که‌ چیا ڕوخساری سووتاندبوو، گوتی "نه‌خێر، چاوه‌ڕوانی هێمایه‌کم." به‌ڵام من له‌ ده‌وروبه‌ر ده‌ڕوانم و جگه‌ له‌ مه‌ل، له‌ ده‌عبا، له‌ دار و گوڵ، ئاماژه‌یه‌ک له‌ بوونه‌وه‌رێکی زیندوو نابینم. ئینجا سه‌رله‌نوێ ئۆتۆمبێله‌که‌ ده‌وه‌ستێ. شوفێر ده‌ڵێ "له‌مه‌وبه‌دوا هه‌ندێک به‌ پێ ڕێ ده‌که‌ین." هیچکه‌س له‌و ناوه‌ به‌دی ناکرێ. بێگومان ڕێپێوانێکی دوور و درێژمان له‌ پێشه‌. به‌ده‌ربه‌ندێکی بچووکدا تێده‌په‌ڕین و ناوچه‌یه‌کی سه‌وز دێته‌ به‌ر ده‌ممان. کتوپڕ چه‌ند چه‌کدارێک خوویا ده‌که‌ن، له‌ ژن ده‌چن. بێده‌نگ و وریا. له‌ پاش سه‌ریان موراد  قەرەیڵان ده‌بینرێ، ناوی ژماره‌ یه‌کی په‌که‌که‌ له‌ ده‌ره‌وه‌. ئه‌و که‌سه‌ی له‌ هه‌موو شوێنێکی جیهان به‌ دوایدا ده‌گه‌ڕێن. به‌گوێره‌ی ناسنامه‌که‌ی، ساڵی ١٩٥٤ له‌ "بیره‌جیک" له‌دایک بووه‌. ساڵی ١٩٧٩ به‌شداری ڕیزه‌کانی په‌که‌که‌ بووه‌. به‌ر له‌ کوده‌تای ١٢ی سێپته‌مبه‌ر په‌ڕیوه‌ی ده‌ره‌وه‌ی وڵات بووه‌ و قه‌ت نه‌که‌وتۆته‌ گرتووخانه‌وه‌. له‌ من نزیک ده‌بێته‌وه‌ و ته‌وقه‌م لەگەڵدا داکا: "به‌خێر بێن."

ئه‌وانیش وتوێژه‌که‌ تۆمار ده‌که‌ن

ئێستا له‌ناو تاوڵێک داین که‌ سه‌ره‌وه‌ و ده‌وروبه‌ری داپۆشراوه‌. مێزێک و سێ کورسی لێ دانراوه‌ و حه‌سیرێکیش له‌ سه‌ر ئه‌رزه‌که‌ ڕاخراوه‌. پێڵاوه‌کان داده‌نێین. موراد  قەرەیڵان له‌سه‌ر کورسیه‌ک داده‌نیشێ. منیش له‌ نزیک ئه‌و. له‌به‌رامبه‌رمدا بۆزان ته‌کین یه‌کێک له‌ به‌ڕێوه‌به‌رانی په‌که‌که‌ داده‌نیشێ. له‌ کن ده‌نگ هه‌ڵگره‌که‌ی من، ئه‌وانیش ده‌نگ هه‌ڵگری خۆیان داده‌نێن. وێنه‌ ده‌گرن و مۆڵه‌تم لێ وه‌رده‌گرن بۆ ئه‌وه‌ی چه‌ند خوله‌کێک به‌ کامێرا، چاوپێکه‌وتنه‌که‌ تۆمار بکه‌ن تاکوو له‌ ئه‌رشیڤی خۆیاندا هه‌بێ. ته‌نیا باس له‌سه‌ر ڕۆژه‌ڤی شه‌ڕو ئاشتی له‌ تورکیا و ئه‌و بابه‌تانه‌ی دیکه‌ ناکه‌ین که‌ قسه‌یان زۆر له‌ سه‌ر ده‌کرێ، به‌ڵکوو پێداگرم له‌سه‌ر ئه‌و پرسیارانه‌ی به‌ ساڵانه‌ سه‌باره‌ت به‌ په‌که‌که له‌ مێشکمدا که‌ڵه‌که‌ بوون. پرسیار ده‌که‌م و  قەرەیڵان وەڵام ده‌داته‌وه‌...

ئاخۆ دوا مۆڵه‌تی ئاگربه‌ست ٣١ی ئۆکتۆبه‌ره‌؟

له‌ڕاستیدا ئێمه‌ به‌رده‌وام لایه‌نگری ئاگربه‌ست و دژی شه‌ڕین. پێویسته‌ هه‌نگاوی متمانه‌به‌خش به‌رز بکرێنه‌وه‌. هه‌نگاوێک که‌ کۆتایی به‌ ئۆپه‌راسیۆنه‌کان بێنێ. پێشخستنی پێڤاژۆی دیالۆگ لەگەڵ ئۆجه‌لان واتایه‌کی گرنگی هه‌یه‌. دوا چاوپێکه‌وتن له‌ به‌رواری ١٦ی سێپته‌مبه‌ردا ئه‌نجام دراوه‌. پێویسته‌ شێوازێکی ئه‌رێنی، متمانه‌به‌خش و به‌سوود بۆ چاره‌سه‌ری به‌کار ببرێ. چاوه‌ڕوانین و هێشتا بڕیارمان نه‌داوه‌. ناتوانین شانبه‌شانی هه‌ڵسوکه‌وته‌ نه‌رێنیه‌کان، هه‌ڵوێستێکی ئه‌رێنی بنوێنین. هه‌ندێک شتیش هه‌یه‌ که‌ له‌ ده‌ره‌وه‌ی ئیراده‌ی ئێمه‌ ڕوو ده‌دا. ئێمه‌ خوازیاری ئاگربه‌ستێکی هه‌میشه‌یین. ده‌سپێکردنی قۆناغی دیالۆگ و وتوێژ، په‌یوه‌ندی به‌ بێده‌نگکردنی یه‌کجاره‌کی چه‌که‌کانه‌وه‌ هه‌یه‌. جارێکیان حه‌سه‌ن جه‌ماڵ گوتی "په‌له‌پیتکه‌تان له‌ سه‌ر ماشه‌ی تفه‌نگه‌کان لابه‌ن". ئێمه‌ وا ده‌که‌ین، ئه‌و قامکی لا نابا، یه‌کلایه‌نه‌ش نابێ. ڕووداوه‌کان هه‌ڵده‌سه‌نگێنین، چاوه‌ڕێ ده‌که‌ین و به‌ گوێره‌ی بارودۆخه‌که‌ بڕیارێک ده‌ده‌ین.

ڕه‌خنه‌ی تووند له‌ چه‌پ

له‌ کاتێکدا که‌ ته‌رمی شه‌هیده‌کان دێنه‌وه‌ و گه‌نجانی په‌که‌که‌ له‌ چیاکان ده‌کوژرێن، ڕوداوه‌کان به‌ره‌و شه‌ڕێکی خوێناویمان ده‌به‌ن، له‌و حاڵه‌ته‌دا، ئاشتی چۆن سه‌قامگیر ده‌بێ؟ دانیشتوانی ترابزۆن، مانیسا، ئوشاک و ئه‌نقه‌ره‌ چۆن قایل ده‌بن؟
بێگومان له‌ به‌رامبه‌ر خه‌ڵکی تورکیا به‌رپرسیارێتیمان له‌ ئه‌ستۆیه‌. ئاریشه‌یه‌کی سیاسی ئه‌وتۆمان هه‌یه‌ که‌ خۆمانیان پێ بناسێنین. ناڵێم له‌و ڕوه‌وه‌ هه‌موو شتێکمان به‌جێ گه‌یاندووه‌. لێره‌دا، تاقمێکی دیکه‌ش به‌رپرسیارن. بزووتنه‌وه‌ی چه‌پی تورکیا. ئێمه‌ له‌ ناساندنی تێکۆشانه‌که‌ماندا که‌موکوڕیمان هه‌بووه‌ و چه‌پی تورکیاش له‌ به‌ر ئه‌وه‌ی که‌مایه‌سیی زۆر بوو، بۆشایه‌کی گه‌وره‌ هاته‌ ئاراوه‌.
شۆڤێنیزم بوو به‌ کاردانه‌وه‌یه‌کی کۆمه‌ڵایه‌تی. جوڵانه‌وه‌ی کورد به‌ تێپه‌ڕبوونی زه‌مان، به‌ جه‌ماوه‌ری بوو. هه‌رچی جووڵانه‌وه‌ی چه‌پیشه‌ دووره‌ په‌رێز ما. ئه‌گه‌ر لەگەڵ جووڵانه‌وه‌ی کورد به‌راوردی بکه‌ین، کۆمه‌ڵگەی تورک که‌وته‌ دۆخی گۆشه‌گیرییه‌وه‌. لەگەڵ جوڵانه‌وه‌ی کورد مه‌ودایان که‌وته‌ ناو. له‌لایه‌کی دیکه‌وه‌، هه‌ڵوێستی خۆ دوورگرتنی چه‌پی تورک، وایکرد پێگه‌یه‌کی ئه‌وتۆی له‌ناو کۆمه‌ڵگەدا نه‌مێنێ. لایه‌نێکی چاره‌سه‌رکردنی کێشه‌که‌ش، قایلکردنی گه‌لی تورکه‌. له‌مڕوه‌وه‌ تێکۆشانمان درێژه‌ی ده‌بێ.

له‌زۆر شوێن په‌که‌که‌ ته‌قینه‌وه‌ ئه‌نجام ده‌دا. هه‌روه‌ها په‌که‌که‌ هه‌ندێک لێدوانی ڕاگه‌یاند، بۆ نموونه‌ گوتی "چالاکیه‌کانمان ده‌به‌ینه‌ ناو شاره‌کانه‌وه‌ و شاره‌کانیان لێ ده‌که‌ینه‌ دۆزه‌خ." ئایا نابینن مرۆڤه‌کان زیانیان پێ ده‌گا و ڕقیان له‌م کرده‌وانه‌یه‌؟

له‌مباره‌وه‌ هه‌ندێک له‌ ڕووداوه‌کان له‌ده‌ره‌وه‌ی ویستی ئێمه‌ ڕوو ده‌ده‌ن. وه‌ک ڕووداوه‌که‌ی شاری هه‌کاری. با ئه‌وه‌تان پێ بڵێم. له‌م ساڵانه‌ی دواییدا به‌ هۆی پێشکه‌وتنی هه‌ندێک هه‌لومه‌رج، زۆر هه‌ستیارتر له‌جاران هه‌ڵسوکه‌وت ده‌که‌ین و له‌سه‌ر ئه‌م بنه‌مایه‌ هێزه‌کانمان به‌ پرنسیپ په‌روه‌رده‌ ده‌که‌ین. له‌ مه‌ترۆپۆله‌کان، له‌ هه‌ر شوێنێ چالاکی ئه‌نجام بده‌ین، پرنسیپی سه‌ره‌کیمان ئه‌وه‌ ده‌بێ زیان به‌ که‌سانی سڤیل نه‌گات. له‌رابردوودا ڕووی دا، به‌ڵام ئیتر ئه‌مه‌ دووباره‌ نابێته‌وه‌.

"به‌ڵێ هه‌ڵه‌مان کردوه‌"
زۆر ڕووداوی دڵته‌زێن هه‌ن. ڕووداوگه‌لی وه‌ک (ماڤی چارشی)، (چه‌تینکایا) و چه‌ندین ڕووداوی هاوشێوه‌ که‌ تیایدا ژماره‌یه‌ک زۆر که‌سی بێگوناح و سڤیل گیانیان له‌ده‌ست دا...

به‌ڵێ زۆر هه‌ڵه‌ هه‌ن که‌ له‌ ئێمه‌وه‌ سه‌رچاوه‌یان گرتووه‌. له‌شوێن و کاتی خۆیدا، سه‌باره‌ت به‌و هه‌ڵانه‌ی ئه‌نجاممان داون، داوای لێبوردن ده‌که‌ین و هه‌وڵ ده‌ده‌ین قه‌ره‌بوویان بکه‌ینه‌وه‌. به‌ڵام نابێ ئه‌وه‌شمان له‌ بیر بچێ که‌ زۆر چالاکی له‌ لایه‌ن ده‌وڵه‌ته‌وه‌ خرانه‌ ئه‌ستۆی ئێمه‌وه‌ که‌ په‌یوه‌ندیان به‌ مه‌وه‌ نه‌بووه‌. سه‌ره‌ڕای هه‌موو ئه‌وانه‌ش، بۆ ئه‌وه‌ی هیچ سڤێلێک له‌ چالاکیه‌کانی ئێمه‌ زیانی پێنه‌گا، ده‌توانم بڵێم ئێمه‌ به‌شێوه‌یه‌کی بڕواپێکراو هێزه‌کانمان په‌روه‌رده‌ ده‌که‌ین. هه‌رگیز ڕووداوێکی وا نایه‌ته‌ پێش. په‌یامی من بۆ کۆمه‌ڵگە ئه‌وه‌یه‌.

"به‌رگری ڕه‌وا"
له‌گۆڕه‌پانی سیاسه‌ت و ڕۆژنامه‌نووسیدا سیفه‌تی "رێکخراوێکی تیرۆریستی" بۆ په‌که‌که‌ به‌کار ده‌برێ، گه‌لۆ ئێوه‌ تیرۆریستن؟

بانگه‌شه‌ ده‌که‌ین که‌ جووڵانه‌وه‌یه‌کی جه‌ماوه‌رین. ئه‌مه‌ش ڕاسته‌. ئێمه‌ ئه‌و گه‌له‌ین له‌دژمان‌ به‌ هه‌زاران کرده‌وه‌ی توندوتیژی په‌یره‌و کراوه‌. ئه‌وه‌ سیفه‌ته‌ ڕاسته‌ ئه‌گه‌ر به‌رگری ڕه‌وا به‌ تیرۆر پێناسه‌ بکرێ. به‌ڵام له‌ هه‌موو شوێنێکی دونیا و له‌ نه‌ته‌وه‌ یه‌کگرتووه‌کانیش به‌رگری ڕه‌وا وه‌ک مافێک په‌سند کراوه‌ ئێمه‌ کۆمه‌ڵگەیه‌کین، بڕیاریان داوه‌ له‌ناومان ببه‌ن، ڕه‌واین، مافدارین، داوای مافه‌ سروشتیه‌کانی خۆمان ده‌که‌ین. له‌پێناو ئه‌مانه‌دا سه‌ر دانانه‌وێنین، ڕۆحمان ڕاده‌ست ناکه‌ین. به‌رده‌وام ده‌ڵێن تیرۆر و تیرۆریست، به‌ڵام ڕاستی شتێکی دیکه‌یه‌. جووڵانه‌وه‌یه‌کی ڕزگاریخوازانه‌، ناتوانێ تیرۆریست بێ. لێ زلهێزه‌کان سه‌رجه‌م جوڵانه‌وه‌ جه‌ماوه‌رییه‌ ڕه‌واکان به‌ تیرۆریست پێناسه‌ ده‌کان. چه‌ندین ساڵ به‌ ماندێلایان گوت تیرۆریست. ٢٧ ساڵ له‌ به‌ندیخانه‌یان په‌ستاوت. ئێستا وه‌ک په‌یامبه‌ری ئاشتی لێی ده‌ڕوانن. یه‌کێکه‌ له‌ مرۆڤه‌ هه‌ره‌ پێشه‌نگه‌کانی دونیا. یاسر عه‌ره‌فاتیش هه‌روا.
به‌ ساڵان نازناوی تیرۆریستان دایه‌ پاڵ، پاشان بوو به‌ سه‌رۆکی ده‌وڵه‌ت. به‌پێی ده‌وڵه‌تی تورکیا، ئێمه‌ تیرۆریستین. به‌ڵام ده‌وڵه‌ت خاکی ئێمه‌ی داگیر کردووه‌، زمانمانی قه‌ده‌غه‌ کردووه‌، سامانه‌ ده‌وڵه‌مه‌نده‌که‌مانی به‌چه‌پاو بردوه‌. له‌ کاتێکدا ئێمه‌ گه‌لێکین هه‌زاران ساڵه‌ له‌ سه‌ر ئه‌م خاکانه‌ ده‌ژین.

"ئێمه‌ش ناتوانین ده‌وڵه‌ت تێک بشکێنین"
ئێستا گفتوگۆ له‌ سه‌ر ئه‌وه‌ ده‌کرێ که‌ په‌که‌که‌ له‌ چیاکان بهێنرێته‌ خواره‌وه‌. باس له‌ پاشه‌کشێ به‌ره‌و باشوور ده‌کرێ. به‌ڵام ئه‌وه‌نده‌ی من بزانم وه‌ک جاران په‌که‌که‌ هێزه‌کانی له‌ چیا سه‌قامگیر ناکا. ئایا په‌که‌که‌ لاواز بووه‌ یان چۆته‌ ناو شاره‌کانه‌وه‌؟

له‌شاره‌کان هه‌ین، به‌ڵام له‌ شاخیش ماوین. په‌که‌که‌ ده‌زگایه‌کی ڕێکخراوه‌، سیسته‌مێکه‌. سووک و سانا دروست نه‌بووه‌، وا به‌ ساده‌ییش شیته‌ڵ ناکرێ‌. کێشه‌ی کورد، کێشه‌یه‌کی قووڵه‌. ده‌کرێ له‌ سه‌ر بنه‌مای چاره‌سه‌رکردنی کێشه‌که‌، مامه‌ڵه‌ لەگەڵ پرسی په‌که‌که‌شدا بکرێ. له‌ڕێگه‌ی هاوپه‌یمانی لەگەڵ ده‌وڵه‌تانی دراوسێ و په‌ره‌پێدانی ئۆپه‌راسیۆنه‌کان، ئه‌م کێشه‌یه‌تان بۆ چاره‌سه‌ر نابێ. من بۆ خۆم ڕووبه‌ڕووی سه‌دان ئۆپه‌راسیۆن بوومه‌ته‌وه‌. ئێمه‌ فێر بووین له‌و شاخانه‌ خۆمان بپارێزین و خۆمان بژێنین. بست به‌بستی ئه‌و ناوچانه‌ شاره‌زاین. له‌پارچه‌کانی دیکه‌ی کوردستانیش ئه‌زموونمان هه‌یه‌. یه‌كێک ده‌نێرن بۆ نۆروێژ، یه‌ک بۆ ماڵه‌وه‌. ئه‌و مرۆڤانه‌ هاتوون کێشه‌که‌ چاره‌سه‌ر بکه‌ن. بۆچی بگه‌ڕێنه‌وه‌؟ ئێمه‌ ناڵێین سه‌رکه‌وتنمان به‌ ده‌ست هێناوه‌. له‌ئاستی نێونه‌ته‌وه‌ییدا ده‌یان جار هێرشیان کردوینه‌ته‌ سه‌ر، به‌ڵام پاکتاو نه‌بووین. ئه‌گه‌ر بیانه‌وێ په‌ره‌ به‌ توندوتیژی بده‌ن، بڕوا بکه‌ن په‌که‌که‌ زیاتر به‌ هێز ده‌بێ. ئه‌وکات له‌وانه‌یه‌ خۆی چاره‌سه‌ری بۆ خۆی بدۆزێته‌وه‌ و خۆی ئه‌و چاره‌سه‌رییه‌ ڕابگه‌یه‌نێ. وه‌ک دوا ڕێگا، په‌نا بۆ ئه‌مه‌ش ده‌با. به‌ڵام مه‌حاڵه‌ په‌که‌که‌ به‌ توندوتیژی و ته‌سلیم بوون کۆتایی پێ بێ. له‌به‌رامبه‌ردا ئه‌م ڕاستیه‌ش هه‌یه‌: ئێمه‌ش ناتوانین هه‌ره‌س به‌ ده‌وڵه‌ت بێنین. هه‌وڵدان بۆ تێکشکاندنی یه‌کتری له‌ ڕۆژه‌ڤ دایه‌. له‌سه‌ر ئه‌م بنه‌مایه‌ چاره‌سه‌ری ڕاستیه‌که‌ خۆی ده‌سه‌پێنێ. ئه‌گه‌ر به‌رده‌وام بێ، زیانی دوو لایه‌نه‌ زیاتر ده‌بن.

"ئۆتۆنۆمی"
 قەرەیڵان پێی وایه‌ حکوومه‌ت له‌ به‌رنامه‌ی دایه‌ هێدی هێدی کورده‌کان بتوێنێته‌وه‌ و له‌ پێناو چاره‌سه‌ریدا دوو خاڵ ده‌خاته‌ ڕوو: ئۆتۆنۆمی و کۆتایی هێنان به‌ سیاسه‌تی نکۆڵی لێکردن.

په‌که‌که‌ چ فه‌رمۆڵێکی هه‌یه‌ بۆ ئه‌وه‌ی چه‌که‌کان بێده‌نگ بن، ئاشتی سه‌قامگیر بێ و دواجار چاره‌سه‌ری بێته‌ ئاراوه‌؟

ئه‌وه‌ی ڕاستی بێ دوو جۆر هه‌ڵسوکه‌وت و پرۆژه‌ هه‌ن بۆ چاره‌سه‌رکردنی کێشه‌که‌. یه‌کێک له‌م دوانه‌ ئێمه‌ین. فه‌رمۆلی چاره‌سه‌ری له‌ ڕوانگه‌ی ئێمه‌وه‌ ئاوایه‌: ئۆتۆنۆمیه‌کی دیموکراتییانه‌. له‌سه‌ر بنه‌مای ڕێزگرتن له‌ یه‌کتری، له‌ ڕێگه‌ی گفتوگۆ و دانیشتنه‌وه‌ ئه‌م کێشه‌یه‌ چاره‌سه‌ر ده‌بێ. له‌چوارچێوه‌ی یه‌کپارچه‌یی خاکی تورکیادا، ئه‌م پێکه‌وه‌بوونه‌ زۆره‌ملییه‌ ده‌بێته‌ پێکه‌وه‌ بوونێکی دڵخوازانه‌. له‌سه‌ر بنه‌مای ده‌ستوورێکی بنه‌ڕه‌تی نوێ، کۆمه‌ڵگەی تورکیا سه‌ر له‌نوێ بونیاد ده‌نرێته‌وه‌. ئێستا دانیشتوانی ڕۆژئاوای تورکیا ده‌ڕژێنه‌ سه‌ر شه‌قامه‌کان و هاوار ده‌که‌ن "ئه‌و په‌که‌که‌یه‌ چییه‌، تیرۆریسته‌، چییه‌". ئه‌گه‌ر سه‌رۆک وه‌زیرێک بڵێ "ئێمه‌ به‌ساڵان نکۆڵیمان له‌ بوونی ئه‌و برایانه‌مان کرد، زمانی ئه‌وانمان قه‌ده‌غه‌ کرد، له‌سه‌ر ئه‌م بناغه‌یه‌ ویستمان بیانکه‌ین به‌ تورک به‌ڵام سه‌رنه‌که‌وتین. به‌هۆی ئه‌نجامدانی ئه‌و هه‌ڵه‌یه‌، زۆر تراژیدی هاتنه‌ ئاراوه‌. براکان ده‌سته‌ویه‌خه‌ی یه‌کتر بوون. به‌چاوی خراپ ڕوانیمانه‌ یه‌کتر، با ئێستا وا نه‌بێ. هۆکارێکی نوێ هه‌یه‌، پاڵپشت به‌م هۆکاره‌ قۆناغی هاوپه‌یمانی کۆمه‌ڵگە ده‌ست پێده‌که‌ین. چاکسازیی یاسایی ئه‌نجام ده‌ده‌ین." ئه‌وکات خه‌ڵکی ڕۆژئاوا چه‌پڵه‌ی بۆ لێده‌ده‌ن. ئه‌وانه‌ی به‌رژه‌وه‌ندی بازرگانیان له‌به‌رچاو نییه‌، بێگومان پێیان خۆش ده‌بێ.
پڕۆژه‌ی دووهه‌م پڕۆژه‌ی ده‌وڵه‌ته‌. دوابه‌دوای ڕوداوه‌کانی ساڵانی ٢٠٠٩-٢٠٠٨ ده‌وڵه‌ت تێگه‌یشت سیاسه‌تی نکۆڵی کردن ڕیشه‌یی نه‌بووه‌. هۆکارێکی نزیکبوونه‌وه‌ی ئاکه‌په‌ و سوپا هه‌ر ئه‌مه‌یه‌. ده‌وڵه‌ت له‌ڕێگه‌ی ئاکه‌په‌وه‌ ده‌یه‌وێ سیاسه‌تێکی نوێ له‌ سه‌ر کورد په‌یڕه‌و بکا. بۆ نمونه‌ له‌ چوارچێوه‌ی مافه‌ تاکه‌که‌سیه‌کاندا، که‌ناڵی ته‌له‌ڤزیۆنی کرده‌وه‌. ئێستا هه‌ر که‌س ده‌توانێ هاوار بکا. گۆرانی بڵێ به‌ڵام په‌روه‌رده‌ به‌ زمانی زگماکی قه‌ده‌غه‌یه‌.

ئاسیمیلاسیۆن
شارۆمه‌ندی خراوه‌ته‌ چوارچێوه‌ی بوونی نه‌ته‌وه‌ی تورکه‌وه‌. له‌ناو نه‌ته‌وه‌ی تورکدا، لازه‌کان، چه‌رکه‌ز و کورده‌کان بوونیان هه‌یه‌. یانی تۆ هه‌ی به‌ڵام له‌ چوارچێوه‌ی ئه‌و سیسته‌مه‌دا. قۆناغی به‌تورک کردن کتوپڕ نا، به‌ڵکوو هێدی هێدی به‌ڕێوه‌ ده‌برێ. ئینجا سیاسه‌تی ئاسیمیلاسیۆن سه‌ر ده‌که‌وێ. ٨٦ ساڵه‌ نه‌یانتوانیوه‌ سیاسه‌تی ئاسیمیلاسیۆن بسه‌پێنن، ئه‌وا هێدی هێدی پلانی بۆ داده‌ڕێژن بۆ ئه‌وه‌ی به‌ ئه‌نجام بگات.

"له‌ ده‌شت سیاسه‌ت ناکه‌ن"
له‌قسه‌کانی موراد  قەرەیڵان ڕا ده‌رده‌که‌وێ که‌ زۆر گرنگی به‌ مه‌سه‌له‌ی ئۆپه‌راسیۆنه‌کانی که‌جه‌که‌ و پڕۆسه‌ی دادگاییه‌کان ده‌دا. "با بێینه‌ سه‌ر بابه‌تی ئۆپه‌راسیۆنه‌کانی که‌جه‌که‌. ته‌نانه‌ت محه‌ممه‌د ئاغار گوتبووی با له‌ ده‌شت سیاسه‌ت بکه‌ن. ئه‌وه‌نێ ئه‌وانه‌ی له‌ ده‌شت سیاسه‌ت ده‌که‌ن، کۆیان ده‌که‌نه‌وه‌. جا چ په‌که‌که‌یی بن، چ که‌جه‌که‌یی. ئایا چه‌کیان به‌ ده‌سته‌وه‌ گیراوه‌؟ بۆ نمونه‌ با باسی فرات ئانلی بکه‌ین. پارێزه‌ره‌. پاشان له‌ هه‌ڵبژاردنه‌کاندا بوو به‌ سه‌رۆک شاره‌وانی. من سه‌رۆکی ده‌سته‌ی به‌ڕێوه‌به‌ری که‌جه‌که‌م، ئه‌گه‌ر ئه‌وان سه‌ر به‌ ئێمه‌ بن، ڕاشکاوانه‌ ده‌یڵێم."

ئۆجه‌لان له‌ ڕێگه‌ی پارێزه‌ره‌کانیه‌وه‌، هه‌م نامه‌ی بۆ قه‌ندیل نارد و هه‌م بۆ حکومه‌ت، به‌ڵام ڕایگه‌یاند که‌ بێ به‌رسڤ ماوه‌ته‌وه‌. ئایا وەڵامی ئۆجه‌لانتان نه‌داوه‌ته‌وه‌؟

به‌رسڤی نامه‌که‌ی ئۆجه‌لانمان دایه‌وه‌. به‌ڵام له‌وانه‌یه‌ له‌به‌ر هه‌ندێک هۆ به‌ده‌ستی نه‌گه‌یشتبێ. ئۆجه‌لان نامه‌یه‌کی نووسی که‌ هه‌ڵگری ڕێنوێنی بوو بۆ چاره‌سه‌ری. داوای کردوه‌ گۆڕانکارییه‌کانی ئه‌م قۆناغه‌ به‌ هه‌ند وه‌ربگیرێن. له‌ وەڵامدا نووسیمان: ئێمه‌ گومانمان هه‌یه‌، به‌ڵام له‌ هه‌ر هه‌لومه‌رجێکدا قسه‌کانی به‌هه‌ند وه‌رده‌گرین. له‌سه‌ر ناوی جووڵانه‌وه‌ درێژه‌ به‌ دیالۆگه‌کانمان ده‌ده‌ین، سه‌رجه‌م ئه‌و دیالۆگانه‌ی له‌وێ به‌ڕێوه‌ ده‌بڕێن، ئێمه‌ش لێره‌ ده‌یانخه‌ینه‌ بواری پراکتیکه‌وه‌. ئاکه‌په‌ و ده‌وڵه‌ت له‌سه‌ر دوو هێڵ ده‌ڕۆن. له‌لایه‌که‌وه‌ له‌ سه‌ر بنه‌مای مارژیناڵ کردنی بزوتنه‌وه‌که‌مان خۆیان بۆ جموجوڵی سه‌ربازی ئاماده‌ ده‌که‌ن، له‌ لایه‌کی تریشه‌وه‌ خۆیان وه‌ک لایه‌نگری چاره‌سه‌ری نیشان ده‌ده‌ن. دروستی و جدییه‌تیان تێدا نابینرێ.

" خواردنه‌وه‌ نیه‌، واز له‌ جگه‌ره‌ش ده‌هێنین"
په‌که‌که‌ به‌ ئاڵوگۆڕی پاره‌ی ڕه‌ش تاوانبار ده‌کرێ. سه‌باره‌ت به‌و بانگه‌شانه‌ی که‌ لەگەڵ قاچاغچیه‌کان هاوئاهه‌نگه‌، بازرگانی به‌ شه‌ڕ ده‌کا و له‌ به‌ر ئه‌مه‌ش هه‌رگیز واز له‌ چه‌ک ناهێنێ، له‌ موراد  قەرەیڵان ده‌پرسم "ئایا ئێوه‌ بازرگانێکی شه‌ڕن؟" له‌وەڵامدا ده‌ڵێ: ئه‌مانه‌ گشتیان سه‌فسه‌ته‌ن. پێتان خۆشه‌ چه‌ندین ڕۆژ لێره‌ بمێننه‌وه‌، ته‌نانه‌ت لیژنه‌ی ناوده‌وڵه‌تی بنێرن. هه‌موو ئه‌رشیڤه‌که‌مان ده‌خه‌ینه‌ ڕوو. ئه‌گه‌ر ته‌نیا یه‌ک شتی قاچاغیان دۆزیه‌وه‌، ئه‌و کات ده‌ڵێن سه‌رجه‌م ئه‌و قسانه‌ی گوتومانه‌ هه‌ڵه‌ن. کۆمه‌ڵێ پرنسیپمان بۆ ژیان هه‌یه‌. هه‌ر جۆره‌ مادده‌یه‌کی هۆشبه‌ر و خواردنه‌وه‌ی ئه‌ڵکۆڵی ڕه‌ت ده‌که‌ینه‌وه‌. ته‌نها جگه‌ره‌ ده‌کێشین، ئیتر واز له‌ویش ده‌هێنین.

سه‌رچاوه‌: ڕۆژنامه‌ی ڕادیکاڵ 28/10/2010

۱۳۸۸/۰۹/۰۵

"خەرجی رۆژانەم ناگاتە دۆلارێکیش"


وتوێژی ڕۆژنامەی (تورکیا) لەگەڵ موراد قەرەیڵان

سازدانی: عوسمان ساغرلی
وەرگێڕانی لەتورکییەوە: سەلاحەدین بایەزیدی


٢٤ کاتژمێر پاسەوانی لەخاڵی پشکنین

بەساڵانە، بارەگاو شوێنی حەوانەوەی پەکەکە واتە قەندیل، لە ڕووی جوگرافی و سروشتەکەیەوە، بە "هەکاری" دەشوبهێندرێ. ئەوانەی بیانەوێ بچنە قەندیل، بەو ژمارە زۆری دێهاتیەکانیشەوە، پێویستە خاڵی پشکنینی "کۆرتەک" دەرباز بکەن کە بیست و چوار کاتژمێر لەلایەن چەکدارانی پەکەکەوە پارێزگاری لێدەکرێ. ئەو کەسانەی گومانیان لێ بکرێ، لەلایەن هەپەگە (باڵی سەربازی پەکەکە) ئاستەنگیان بۆ دروست دەکرێ.

قەندیل، وەک بەرمۆدایەکی شەیتانی سێگۆشە

قەندیل لەنێوان تورکیا، عێراق و ئێراندا هەڵکەوتوە و خاوەنی پانتاییەکی تا بڵێی بەرینە. چیاکانی قەندیل بەرزاییان دەگاتە سێ هەزار مەتر و دەیان گوندیش دەگرنە خۆ. داوێنەکانی قەندیل ڕێگەی قیرتاویان هەیە و هەر چی بەرزاییەکانیشە بەتەواوەتی لەلایەن پەکەکەوە کۆنترۆڵ دەکرێن. ئەندامەکانی ئەو ڕێکخراوەیە، ناوە ناوە بەجلی سڤیلەوە دێنە ناو ئەو دێهاتانە و هەندێکجاریش دەچنە شارەکان و شتومەک دەکڕن.

یاساکانی قەندیل

* پێویستە هەمو ڕۆژێک پیاوەکان ڕدێنیان بتاشن.
* داربڕینەوە و ڕاوکردن قەدەغەیە.
* نابێ لەنێوان یەکتریدا گرژی دروست بکەن.
* بە پێچەوانەوە چەک دەکرێن (ئەمە لە شاخ قورسترین سزایە.)

هەر ئەندامێک دەبێ بڕیارەکانی ڕێکخراوەکە جێبەجێ بکا

لەناو قسەکانماندا لە دۆڵێکی قەندیل، موراد قەرەیڵان کە باسی هەڵوێستی پەکەکەی دەکرد سەبارەت بە قۆناغی کرانەوە، پشتگیری خۆیانی بۆ چارەسەری دیموکراسییانە دەربڕی، بەڵام گوتیشی پێویستە بەشێوەیەکی هەمەلایەنە کاری لەسەر بکرێ. قەرەیڵان وێڕای ئاماژە بەوەی لەناو ڕێکخراوەکەیاندا هەندێک کەس و لایەن هەن لایەنگری لە پێکدادان دەکەن، گوتی "کاتێک بڕیارێکمان پەسەند کرد، دەبێ هەمو کەسێ جێبەجێی بکات، جا چ پۆزۆسیۆنێک لەگۆڕێ بێ، گرنگ نییه."

پێشگوتن

کرانەوەی ناو تورکیا لەقەندیلەوە

یەکەم جار ساڵی ٢٠٠٧ لە کەرکوک ڕوبەروی پەکەکە بومەوە. دەزگای هەواڵگری سەر بە تاڵەبانی پاش ئەوەی زانیبویان من لەتورکیاوە هاتوم، خستیانمە ژێر چاودێری و نزیکەی حەوت کاتژمێر لێپرسینەوەیان لەگەڵدا کردم.
دو ساڵ بەسەر ئەو ڕۆژانەدا تێدەپەڕێ و لەو ناوەدا گۆڕانکارییەکی زۆر بەدی هاتوە، کرانەوە بەروی کورددا، ڕۆژەڤی تورکیای داگیر کردووە. دیسان لەباکوری عێراق و ئەمجارەیان لە ناوەندی پەکەکە واتە لە قەندیلم. بەرپرسی پەیوەندیە میدیایەکانی پەکەکە ئەحمەد دەنیز سەرەتا داوای منی بۆ وتوێژ لەگەڵ قەرەیڵان ڕەت کردەوە و گوتی "ئێمە نامانەوێ لەگەڵ میدیاکانی تورکیادا قسە بکەین. چونکە قسەکانی ئێمە دەگۆڕن و چی بەمێشکیان داهات دەینوسن. ئێوە دەتوانن بۆچونی خۆتان لەسەر ئێمە بنوسن، بەڵام ناکرێ قسەکانی ئێمە وەک خۆی بڵاو نەکەنەوە." بەڵام لەئەنجامی پێداگری مندا، پێی ڕاگەیاندم بەتەلەفۆن ئاگادارم دەکاتەوە و بەڕێی کردم.
پاش هەفتەیەک ئەحمەد دەنیز گوتی "هەڤاڵ (قەرەیڵان) بەتایبەت لەگەڵ تۆدا وتوێژ دەکا. بەڵام دڵنیا بن لەمەو دوا، نایبینن لەگەڵ میدیاکانی تورکیادا قسە بکەین، ئێستا چاوەڕوانی ئێوەیە." و بەمجۆره بانگهێشتی قەندیلی کردم.
٢٣٥ کیلۆمەتری نێوان هەولێر ــ‌ قەندیلمان بەچوار کاتژمێر بڕی، ڕوبەڕوی چەندین خاڵی پشکنین بوینەوە. جار جارە بە تولەرێیەکاندا دەڕۆیشتین و ئەمەش دەیهێنا، چونکە پەکەکە بەڵێنی ڕێپۆرتاژی بە من دابوو و بەگوێرەی خۆیان کرانەوەیەکیان ئەنجام دابوو. دوای تێپەڕاندنی خاڵی پشکنینی پەکەکە، لەشوێنێکی نزیک تەلەفۆنەکانم ڕادەست کردن. سەرەتا چاییمان خواردەوە و دوایی لەگەڵ دەستەیەکی پانزە کەسی لە پارێزەرەکانی، وتەبێژی پەکەکە موراد قەرەیڵان گەیشتە لامان.
دوابەدوای خۆناساندنێکی کورت، بێ متمانەیی خۆی لەمەڕ میدیاکانی تورکیا هێنایە زمان. لە وەڵامی مندا کە داوام کرد "لەو قسانە کە ئامانجیان زیاتر پڕوپاگەندەیە، دەمەوێ وەڵامی پرسیارەکانم بدەیەوە"، گوتی "هەر چی پێت خۆش بێ، بیپرسە، من بۆ پڕوپاگەندە نەهاتوم. ڕێگایەکی دورو درێژ هاتوم تەنیا بۆ ئەوەی متمانە بە ڕاستگۆیتان بکەم. نوسین و نەنووسینی، لەسەر ئێوە دەمێنێتەوە."
لەمیانەی وتوێژەکەماندا، ڕاشکاوانە وەڵامی پرسیارەکانی دایەوە. بەبەرزکردنەوەی تۆنی دەنگی و جموجوڵی هەوڵیدەدا کاریگەریی هەبێ. جارجارەش بزەیەکی دەهاتە سەر لێو. وتوێژەکەمان نزیکەی سێ کاتژمێری خایاند و بەگشتی پێنج کاتژمێر لەگەڵ قەرەیڵان ماینەوە. بەڵام قسەکانی قەرەیڵان لەسەر نانخواردن لەوانی دیکەی گرنگتر بوون.

ئەوەش نمونەیەک لە قسەکانی: 

سەرۆک وەزیر ئەردۆگانیش، کۆمەڵیک تایبەتمەندی سەرکردایەتی هەیە. چونکە قۆناغێکی لەمجۆرە تەنیا لەلایەن ئەو کەسانەوە ڕەچاو دەکرێ کە سیفەتی سەرکردەیان هەبێ. وەک کەسێکی بوێریش هاتە بەرچاوم، لێبەلێ هەندێک گومانم هەیە. لەوە دەفکرم ئەنجامێکی وەک ئۆزالی بەسەر دێ.

ئەو سیاسەتەی لەسەر شارەوانیەکانی دەتەپە پەیڕەو دەکرێ، سیاسەتی تۆقاندنە. هیچکەسێ ناتوانێ پەڵەی ڕەش بەناسنامەی کوردایەتیمانەوە بلکێنێ. بەر لە هەموو کەسێک ئێمە دژی ئەو سیاسەتە دەردەکەوین.

- هەنگاوەکانی کرانەوە لە پەرلەماندا قسەیان لەسەر کرا. ڕاتان چییە لەسەر ئەو ئاستەی کە پرسەکە پێی گەیشتوە و ئیتر لەپەرلەمان گفتوگۆی لەسەر دەکرێ؟
سەرەتا پێویستە بڵێم گفتوگۆکردنی پرسی کورد لەچوارچێوەی پەرلەمان و بۆ یەکەمجار، خۆی لەخۆیدا بەلای ئێمەوە دەرئەنجامێکە. دیارە تورکیا بە پشت بەستن بە چارەسەری دیموکراتیانەی کێشەی کورد، دەیتوانی لەپێناو داهاتوی خۆیدا، پێڤاژۆیەکی نوێ دەست پێ بکا. بەداخەوە ئەمە ڕوی نەدا. هەنگاوی پراتیکی بەرز نەکردەوە. سەرەتا هیوایەکی زۆرترمان هەبوو. حاڵی حازر، هیچ چارەسەرییەک بەدیناکرێ.

ـ ئێوە چاوەڕوانی دەسپێکێکی چۆن بوون؟

پرسی کورد، کێشەیەکه بەڕەگدا چووە. بەکرانەوەی بچوک مەحاڵە چارەسەر ببێ. نەخۆشیەکی قورسی گورچیلە بە ئاسپرین دەرمان ناکرێ. کێشەی کورد، بەگۆڕینی ناوی هەندێک شوێن بۆ ناوە کۆنەکەی یان بەدامەزراندنی تەلەڤزیۆن چارەسەر نابێ. کورد ئەمڕۆ خۆی زیاتر لە پانزە کەناڵی تەلەڤزیۆنی هەیە. لەزانکۆیەک ئەنیستیتۆی کوردۆلۆژی دادەمەزرێنن. ئەمە چ شتێکی گرنگی تێدا دەبینرێ؟ ئەگەر مەسەلە ئەوە بێ، کوردەکانی دەرەوە چەندین ئەنیستیتۆیان دامەزراندووە. تەنانەت ئەگەر زمانی کوردی وەک زمانێکی هەڵبژاردەش پێی بخوێندرێ، چارەسەری دەگەڵ خۆیدا ناهێنێ.
لێرەدا کۆمەڵگەیەک هەیە. داننان بەناسنامەی ئەم کۆمەڵگەیە گرنگە. ئێمە باسی کێشەیەک دەکەین کە بەدرێژایی ٨٥ ساڵ تراژیدیای گەورە ژیاوە.
حکومەتی (وشەکە دەگۆڕێ) دەوڵەتی کۆماری تورکیا، لە ڕابردوەوە تا ئێستا ناسنامەو ڕاستینەی گەلی کوردی خستۆتە ژێر پێ. ئەمە هەڵە بوو. ئەوان دەبوایە گوتبایان "ئێمە ئێستا ئەو هەڵەیە ڕاست دەکەینەوە. کورد هەیە و ناسنامەیشی هەیە. دان بەهەر چەشنە ماف و ناسنامەیەکیاندا دەنێین. پێکەوە برایانە دەژین. مێژویەکی هەزاران ساڵەی هاوبەشمان هەیە. لەڕێگەی پێکەوە ژیانەوە، پڕۆژەی نوێی دەخەینە ڕۆژەڤەوە."

ـ بەڕێز سەرۆک وەزیرانیش هەندێک لێدوانی ڕاگەیاند کە مانایەکی هاوشێوەیان هەبوو. لە هەمویان گرنگتر، ڕوی کردە ئەوانەی داکۆکیان لە ڕوداوەکانی دێرسیم دەکرد و بەو کەسانە لەقەڵەمی دان کە فڕیان بەسەر مرۆڤایەتیەوە نییه. گوتی چیاکان بەهیچ و خۆڕایی بۆردومان کراون، گوندەکان سوتێنران، ڕوخێنران و هەروەها ئەو ڕۆڵانەی لەو جوگرافیایەدا دەژیان، بێ سەرو شوێن کران. ئەوە لەڕوانگەی ئێوەوە، پەیامێکی گرنگ نییه؟

بێگومان لێداونەکانی بەڕێز سەرۆک وەزیران مانای خۆی هەیە. بەڵام هێشتا کەمە. ئەگەر دەوڵەت لەم سیاسەتەیدا، هۆکاری ئازارەکانیش بخاتە ڕو، جێگەی متمانەیە.
ئەگەر سەرۆک وەزیر کردەوەی کەسانی نزیک لەخۆی ڕیسوا بکا، لەراستیدا هەڵسوکەوتێکی جیاواز دەبێ. ئەوانەی دەیانەوێ درێژە بەو کردەوانە بدەن، دەڵێن "کردەوەکانی ئێوە هاوچەرخ نین. پێویستە بەمیتۆدی نوێ نزیکی کوردەکان ببینەوە و بیانخەینە ژێر چاودێرییەوە."
باس لەیەکپارچەیی خاکی تورکیا دەکرێ. ئێمەش داکۆکی لەهەمان شت دەکەین. دەوڵەت بەهۆی مامەڵەی توندوتیژی لەگەڵ کوردەکان ڕەخنەی لێگیراوە. ئێستا دەیانەوێ بەمامەڵەیەکی نەرمتر کوردەکان بخەنە ژێر ڕکێفی خۆیانەوە. پارتی دادو گەشەپێدان دەڵێ "ئەم کێشەیە تەنیا بەشێوازی سەربازی و ئەمنی چارەسەر نابێ". خوێندنەوەی من بۆ قسەکانی ئەردۆگان ئاوایە "پێویستە پەکەکە پاکتاو بکرێ. ئەوان بە شێوازی سەربازی تەواو نابن. دەبێ ڕێ و ڕێبازی دی بەتاقی بکەینەوە." پاش ئەم قسانە من چۆن دەتوانم هیوادار بم.
سەرباری هەمو ئەمانەش، حکومەتی ئێستا بەگوێرەی ئەوانی ڕابردوو باشترە. پارتی دادو پارتی کۆماری گەل پێکەوە بەراورد ناکرێن. لێ نوکە لەبەرامبەرماندا حکومەتێک هەیە کە بانگەشەی چارەسەری دەکات. پێموایە ئەم حکومەتە بەو سیاسەتانەی ئێستای ناتوانێ چارەسەری بەدوای خۆیدا بێنێ. دیارە کێشەی لەمجۆرە بەشێوەیەک لەشێوەکان لەهەموو گۆشەو قوژبنێکی جیهان ڕویانداوە. واتە کێشەیەک نیە یەکەمجار دەستەویەخەی تورکیا بوبێ. ئەگەر ئامانج چارەسەری بێ، ئەوا لەڕێگەی گفتوگۆ و وەک بەردەنگ پەسەند کردنی لایەنی بەرامبەر، کێشەکان چارەسەر دەبن. ئێستا حکومەت دەڵێ کێشەکە بەبێ لایەنی کوردی چارەسەر دەکەم. دەڵی "بەردەنگ گەلە"، بەڵام لەڕاستیدا وا نییه. ئەم کێشەیە لایەنی بەرامبەریشی هەیە.

ـ ئەو شوێنەی کێشەکان تیایدا گەیشتونەتە بنبەست، هەر ئەم خاڵەیە. خوێندنەوەکان جیاوازن. ئایا ئەوە ڕاستە تەنیا حکومەتێک باجی قۆناغێکی ٨٦ ساڵە بداتەوە؟

سەرۆک وەزیر هەندێک شتی نوێ دێنێتە زمان. بەڵام لەبەرامبەر ئەمەدا دەڵێ "با پەکەکەش ئالیکاری بکات." دواجار بەم چەشنە دەسپێشخەریانەی سەرۆک وەزیر، چارەسەری بەدی نایە. ساڵی ١٩٨٨، تورگوت ئۆزال هاتە مەیدان و وەک ئەردۆگان قسەی نەدەکرد. چونکە کێشەکە ئەو پێگە نەتەوەیی و نێونەتەوەییەی ئێستای نەبوو. ئیتر دەرکەوتوە ئەم کێشەیە بەڕێگەی سەربازی چارەسەر نابێ. ئەمڕۆکە هەموو بەرپرسانی تورکیا بەگشتی و سەرۆک وەزیران بەتایبەتی، ناچارن کێشەکە چارەسەر بکەن.

ـ سەبارەت بەچۆنیەتی دەسپێکردن، تەنها ڕستەیەکتان هێنایە زمان، ئەویش داننان بەناسنامەی کورد... جگە لەمە پێشنیاری دیکەتان هەیە؟

من هەموو جارێ ناچار نیم یەکە یەکە ئەمانە بژمێرم. بۆ نمونە دەتوانم ئاماژە بکەم بە داننان بەزمانی زگماکی، داننان بەخوێندن بەزمانی زگماکی، دەرفەتدان بەرێکخستنی سیاسی، بەهێزکردنی دەسەڵاتە خۆجێیەکان و واژۆکردنی پرۆژەی پێکەوەسازانی کۆمەڵایەتی لەپێناو چارەسەری و زۆر بابەتی دیکە. بەناردنەوەی گروپەکانی ئاشتی، هەوڵماندا پەیامی خۆمان ڕابگەیەنین.

ـ پێشوازیکردنەکان ئۆرگانیزه کرابوون. دەتەپە بە هەموو توانایەوە، لەسلۆپیەوە هەتا دیاربەکر مرۆڤەکانی هەستاندە سەر پێ.

لەوانەیە دەتەپە هاوکاری کردبێ. بەڵام، نیشاندانی ئەم خۆشەویستیە قوڵە لەلایەن گەلەوە گرنگە. ئەگەر لێرەدا پڕوپاگەندە یان شەڕی سایکۆلۆژی کرابێ، ئەوا دەکرێ لێکۆڵینەوەیەکی جیای بۆ بکرێت. بەڵام ئەگەر بمانەوێ کێشەکە بخەینە سەر مێزی دیالۆگ و لەڕێگەی ئەقڵەوە چارەسەری بۆ کێشەکان بدۆزینەوە، پێویستە قسە لەسەر ڕاستیەکان بکەین. ڕاستی ئەمەیە؛ ئەگەر پەکەکە لەبەر چاو نەگیرێ، ناکرێ باس لەلایەنی کوردی بکەین. ٣٠ ساڵە ئێمە لێرە بە سیاسەتەوە سەرقاڵین. بەرپرسانی ئێستای کۆماری تورکیاش سیاسەت دەکەن. یانی ئەگەر ڕۆژانە جنێو بە پەکەکە بدەن، کێشەکە چارەسەر دەبێ؟ ئێوە دەتانەوێ کێشەکە چارەسەر بکەن، بەڵام ئاوا نابێ.

ـ ئەی چۆن هەنگاوێک پێویستە؟

بۆچی باسی ڕێ و ڕێبازە سیاسیەکان ناکا؟ ڕستەی "با فرمێسکی دایکان ڕابوەستێ" و ڕستەگەلی دیکەی لەو بابەتە کە سەرۆک وەزیر ڕیزی کردن، هەمویان جوان بوون. بەوتنی هەندێک شتی باش، کێشەکە چارەسەر نابێ. ئەگەر حکومەت هەنگاوی بەهەند بەرز نەکاتەوە، ئەوا کۆمەڵێ هێز سەرهەڵدەدەن و هەوڵدەدەن قۆناغەکە بشێوێنن.

ـ ئەو هێزانە کێن کە هەوڵی شێواندنی قۆناغەکە دەدەن؟

ئەو دەوروبەر و لایانانەن کە چارەسەرییان ناوێ... ئەو لایەنانەی لەشەڕی تورکیا سودی ئابوری و سیاسی دەستەبەر دەکەن..

کێشەی کورد و گەمەی بەریتانیا
ـ ئەوانە کوردن یان تورکن؟

بەر لەوەی کورد یان تورک بن، ئەو کەسانەن لەلایەن دەوڵەتەوە ڕێکخراون. ئایا لە نمونەی ئەرگەنەکۆندا نەبینرا؟ بەر لە هەموو شتێک، خۆ هەموو کردەوەکانی ئەرگەنەکۆن لێپرسینەوەیان لەسەر نەکرا. پێموایه بەشێکی بەرچاویان، لەناو خودی دەوڵەتدا درێژە بەمانەوەی خۆیان دەدەن. دەربڕینەکانی مەهەپە و جەهەپە نمونەی ئەم ڕاستیەیە. ئەرگەنەکۆن لەم خاڵەدا، قسەکانی ڕاستن. لەو قسەیەدا کە دەڵێ "دەتانەوێ تەرمی شەهیدەکان بگەڕێتەوە" و مەبەستی ئۆپۆزۆسیۆنە، ڕاست دەکا. هەن ئەو لایەنانەی لەناو بیرۆکراسی دەوڵەتدا لایەنگری لەبەردەوامیی شەڕ دەکەن. یەکێک لەو هۆکارانەی کە تا ئێستا وایکردوە کێشەکە لەسەر پێ بمێنێتەوە و ببێتە ئاستەنگ لەبەردەم چارەسەری، هەر ئەو هەڵسوکەوتەیە.

ئاڵمانیا دژی چارەسەری کێشەکانە
ـ گەلۆ بەهەڵوێستتان سەبارەت بەڕاگرتنی شەڕ، ئالیکار نابن بۆ چەسپاندنی ئەم کەشوهەوایە؟

لەناو هێزەکانی خۆماندا، هەوڵدەدەین ژیانێکی هاوسەنگ و سادەمان هەبێ. لەوانەیە خەرجی ڕۆژانەم نەگاتە دۆلارێکیش. ئەوانەی بازرگانی بەم شەڕەوە دەکەن، تەنیا لە ناوخۆی تورکیا ناژین. لەدەرەوەی تورکیاش هەن. ئەوانەی تا ئێستاش نەیانویستوە کێشەی کورد چارەسەر بێ، هێزە دەرەکییەکان بون. ئەوان پێیان خۆشە ئەم کێشەیە بەردەوام هەبێت و وەک کارتێک دژی تورکیا و وڵاتانی ناوچەکە بەکاری دێنن. ئینگلیزەکان لەو کۆنفرانسەی لە ساڵی ١٩٢١ لە قاهیره بەستیان، ئامانجیان چارەسەرکردنی پرسی کورد نەبوو، بەپێچەوانەوە هەوڵی چارەسەرنەکردنیان دا. هەروەها ئاڵمانیا، فەرەنسا و ئەمریکا دەیانەوێ ئەم کێشەیە بەوڵاتانی ناوچەکەوە بلکێنن. ئەمریکا لەرۆژی ئەمڕۆدا، هەوڵی بچوک کردنەوەی کێشەکە دەدات و نایەوێ کێشەکە بەشێوەیەکی ڕیشەیی چارەسەر ببێ. ئامانجیان لەهەڵپەساردنی ئەم کێشەیە ئەوەیە ڕۆژهەڵاتی ناوین لەژێر کۆنتڕۆڵی خۆیاندا بهێڵنەوە. لەبەر ئەم هۆکارانە ئێمە هاوار دەکەین؛ "وەرن با ئەم کێشەیە پێکەوە چارەسەر بکەین." ڕون و ئاشکرایە کە دەیانەوێ بەشەڕمان بدەن.

ـ ئایا ئەم هێزە دەرەکیانە لە گەڵ ئێوە پەیوەندییان بەست؟

ناوه ناوە بەڵێ. بەڵام نەک بۆ یارمەتیدان و پشتگیریکردن. بۆ نمونە، دژی ئێمە هەڵوێست دەنوێنن و بەوەش ئەو لایەنانە بەهێز دەکەن کە لە تورکیا دژی چارەسەری دەوەستنەوە. لێرەدا دەتوانین ئاماژە بە ئاڵمانیا بکەین. ئاڵمانیا نایەوێ پرسەکە چارەسەر بێ. چونکە ئاڵمانیا زۆر باش دەزانێ ئەگەر کێشەی کورد چارەسەر بێ، ئەوا تورکیا پێش دەکەوێ و دیموکراتیزه دەبێ. لەئەنجامدا، تورکیا لەیەکێتی ئەوروپا وەردەگیرێ. تەنانەت لەوانەشە تورکیا لە ڕۆژهەڵاتی ناوین پێشەنگایەتی یەکێتیەکی دیکە بکات. ئەگەر کێشەی کورد چارەسەر نەکرێ، تورکیا هیچکات دیموکراتیزه نابێ. پێموانییه هێزه نێودەوڵەتیەکان لەگەڵ چارەسەریی ڕیشەیی کێشەکەدا بن.

ــ ئایا بە پێداگریتان لەسەر خەباتی چەکداری، ئەو لایەن و کەسانە بەهێز ناکەن کە دژی چارەسەریین؟

ئێمە پێداگری ناکەین لە سەر خەباتی چەکداری. ئێمە بەشێکین لە ئیرادەی گەلی کورد. شانبەشانی هێزە چەکدارییەکانمان، هێزی سیاسیمان هەیە. ستراتیژی ئێمە بۆ چارەسەری کێشەکان دیالۆگ و شێوازی سیاسیە. لەساڵی (١٩٩٣)وە دەمانەوێ کێشەکان بەمیتۆدی سیاسییانە چارەسەر بکەین. لە ساڵی (١٩٩٩)یشەوە، ڕێبازی پاراستنی ڕەوامان بەکار هێناوه. ڕێبازەکەشمان ئاوایه؛ ئەگەر هێرشم بکەیتە سەر، ئەوا منیش خۆم دەپارێزم. چارەسەریمان دەوێ و تەسلیم نابین. ئەگەر پێکهاتن و دیالۆگێکی دولایەنە دروست ببێ، ئەوا بۆ ئاشتیەکی بەرومەت ئامادەین. لەپێناو دیموکراتیزەبوونی تورکیا و چارەسەر کردنی کێشەی کورد لەسەر بنەمای ئۆتۆنۆمی ئامادەین هەر چەشنە ئاسانکارییەک ئەنجام بدەین.

وتوێژ لەناو کتێبخانەی چیا

لەناو ئەو کتێبخانەیەی سێ کاتژمێر وتوێژمان لەگەڵ موراد قەرەیڵان کرد، مێزێکی تێنیس، تەلەڤزیۆنێک و ژمارەیەکی زۆر کتێب بەزمانی جوراوجۆر هەبوون.

چەند تێبینیەکی سەرنج ڕاکێش لەسەر ئەو وتوێژە

* بەکارهێنانی سیفەتی "بەڕێز" بۆ (رەجەب تەیپ ئەردۆغان) سەرنج ڕاكێش بوو.
* لەو شوێنانەی وشەی "حکومەت"ی بەکار دەهێنا، بەردەوام ڕستەکەی دەگۆڕی و وشەی "دەوڵەت"ی لەجێگە دادەنا.
* لەکاتی وێنەکێشاندا، وەک عەبدوڵڵا ئۆجەلان هەڵسوکەوتی دەکرد.
* بۆ ئەوەی جارجارە کامێراکانی خۆشیان وێنە بگرن، لەناو وتوێژەکەدا ڕوو لەکامێرا تۆنی دەنگی بەرزتر دەکرد و هەوڵی دەدا پەیامەکەی بەهاوڕێیانی بفامێنێ.
* دوای تەواوبونی وتوێژەکە، لە ئێمە دابڕا و بۆ ئەوەی بەدوای ئەودا لەکتێبخانەکە نەڕۆینە دەر، وشیارانە دەیڕوانی.
* ڕەوان دەئاخفی و هەوڵیدەدا ژێست و هەڵسوکەوتەکانی کارتێکەر بن. بەگشتی دەیویست وێنەیەکی دڵسۆزانە نیشان بدا.
* لەپشت ئەو کورسیەی لەسەری دانیشتبوو، جانتایەکی دیپلۆماسی دانابوو. ئەو جانتایەی لەگەڵ خۆیدا دەگێڕا.
* سەبارەت بەروداوەکانی ناوخۆی تورکیا، کۆمەڵێک پرسیاری ئاراستە کردین و هە‌وڵی دا بیرو ڕا ئاڵوگۆڕ بکرێ (بۆ نمونە سەبارەت بە ئەرگەنەکۆن).

مردنی ئۆزال بۆ تورکیا لەدەستچونێکی گەورە بوو
ـ لەم سی ساڵەی ڕابردودا کام دوڵەت پەیوەندی لەگەڵ ئێوەدا هەبووە و یارمەتی ئێوەی داوە؟ ئەمڕۆکە ئەو دەوڵەتانەی لەگەڵ ئێوە ڕوراست نین، کامانەن؟

ئێستا کێ هەیە یارمەتی پەکەکە بدات؟ لەساڵی ١٩٨٥ بەدواوە، ویلایەتە یەکگرتوەکانی ئەمریکا بەبەردەوامی ئالیکاری تورکیای کردوە دژ بە پەکەکە. بەڵام ئەمەشی بۆ بەرژەوەندی تایبەتی خۆی کردووە. دڵنیام ئەگەر ئەمریکا و دەوڵەتەکانی هاوشێوەی نەبوایەن، پرسی کورد لەمێژ بوو چارەسەر کرابوو. ئۆزال بۆچی کوژرا؟ مەرگی ئۆزال بۆ تورکیا لەدەستچونێکی گەورە بوو. دەیویست هەموو کێشەکانی تورکیا چارەسەر بکات بەڵام زلهێزەکانی جیهان بەهۆی ئەوەی چاویان بڕیبوه تورکیا، مۆڵەتیان پێنەدا.

ئێمە پانکاردمان بەرز نەکردۆتەوە
ـ لەدەروازەی خاپور دنەدان هەبوو. ئایا دروشمی "بژی سەرۆک ئاپۆ" و بەرزکردنەوەی پانکارد دنەدان نیه؟

ئەگەر ئەمە کرابێ هەڵەیە. بەڵام بۆ پانکاردەکان لێکۆڵینەوەمان کرد، ئەوە ئیشی ئێمە نەبوو. دیارە هێزه ئەمنیەکانیش خەریکی لێکۆڵینەوەن و تا ئێستا ڕون نەبۆتەوە کێ بەرپرسیارە.

ـ گروپی دیکەش لەڕێدان بۆ گەڕانەوە؟

ئیتر گەلی کورد بە وادە و بەڵێنی فریو نادرێ. بینیمان بەهەزاران کەس لەپاسەکان نزیک دەبونەوە و دەیانویست دەستیان لێ بدەن و ماچیان بکەن. ئەمە تاسەی متمانەیە بە ئاشتی.

ـ باشە لەمیانەی ناردنەوەی ئەو گروپانەدا، ئەنجامدانی میتینگی پێشوازی بەبەشداری دەیان هەزار کەس، پەیامێک نەبوو بۆ ئێوە؟ ئایا مەراسیمی پێشوازی لەدیاربەکر، ناکرێ وەک پەیامێک وەربگێرێ کە چیتر پێویست نییە ئێوە لەچیاکان بمێننەوە؟

بێگومان بۆ ئێمەش هەڵگری پەیام بوو... بەڵام ئاشتی هەوڵێکی دوو لایەنەیە. بەڵگەنەویستە گەلەکەمان ئاشتیەکی بەشەڕەفی دەوێ.

تایبەتمەندیە هاوبەشەکانی چیانشینان
* زمانی قسەکردن (بەزمانە بیانیەکانیشەوە) تورکی و کوردییه.
* جاران لایەنگری یانەی "گالاتا سەرای" بوون، ئێستاش یانەی "دیاربەکر سپۆر"یان خۆش دەوێ.
* بۆ بانگکردنی یەکتری وشەی "هەڤاڵ" بەکار دەهێنن.
* سەرمەشقیان عەبدوڵڵا ئۆجەلانە.
* دوژمنیان عوسمان ئۆجەلانە.
* جلوبەرگیان لەپانتۆڵێک و کەوایەک پێکدێ و پێڵاوی "مەکاپ"یان لە پێیە.
* پێیان وایه "ئونور ئۆیمەن" کەسێکی دڵسۆزه. (لەسەر ئەو بڕوایەن، چی لەدڵ دابێ، دەیهێنێته زمان.)
* لەهەرە گەورەکەیانەوە تا هەرە بچوکەکەیان، ڕستەگەلی هاوبەش بەکار دێنن و لاسایی ئۆجەلان دەکەنەوە.

بۆ ئەوەی لێت تێنەگەن، بەتورکی قسە بکە
ئەو پەکەکەییانەی لەخالی پشکنینی کۆرتەک کە دەروازەی ڕۆیشتنە بۆ قەندیل، کێشک گرن، لە کن بیانییەکان بەتورکی قسە دەکەن بۆ ئەوەی کەس لێیان تێ نەگا.