‏نمایش پست‌ها با برچسب قادر عەبدوڵڵا. نمایش همه پست‌ها
‏نمایش پست‌ها با برچسب قادر عەبدوڵڵا. نمایش همه پست‌ها

۱۳۹۸/۱۲/۱۱

کچە گەنجەکان و پارتیزانەکان-ی قادر عەبدوڵڵا بڵاو دەکرێتەوە


ئارام كۆشكی - سلێمانی
بڕیارە لەم مانگەدا ناوەندی رۆشنبیریی ڕەهەند نوێترین کاری وەرگێڕانی نووسەر و وەرگێڕ سەڵاحەدین بایەزیدی بەناونیشانی کچە گەنجەکان و پارتیزانەکان، کە کۆمەڵە چیرۆکێکی قادر عەبدوڵڵایە چاپ و بڵاو بکاتەوە.

قادر عەبدوڵڵا، لەم کتێبەیدا، بە زمانێکی شاعیرانە، چیرۆکەکانی نیشتمانی خۆی و هۆڵەندا دەگێڕێتەوە. نووسراوەکانی پردی پەیوەندیی نێوان ئەو دوو جەمسەرەن. ئەو لە توێی ئەم کۆمەڵەچیرۆکانەدا، بە بابەتگەلی وەک ڕابردوو، کۆچ، مەنفا، ژینگەیەکی تایبەت و سەرنجڕاکێش دەئافرێنێ.

"کچە گەنجەکان و پارتیزانەکان"، ساڵی ١٩٩٥، دوابەدوای بڵاوبوونەوەی، خەڵاتی شارلۆت کۆهلەری پێ بەخشرا و بووە هۆی زیاتر بەناوبانگ بوونی قادر عەبدوڵڵا کە تازە دەستی بە نووسین بە زمانی هۆڵەندی کرد بوو.

قادر عەبدوڵڵا کە ناوی ڕاستەقینەی خۆی حوسێن سەجادی قایمەقامی فەراهانییە و ئەم نازناوەی لە دوو هاوڕێی کوردیی وەرگرتووە، ساڵی ١٩٥٤ لە شاری "ئەراک"ی ئێران لەدایک بووە. ساڵی ١٩٨٨ ڕۆیشتۆتە هۆڵەندا و پاش فێربوونی زمانی هۆڵەندی، بەو زمانە نووسیویەتی و ئەمڕۆ بە یەکێک لە نووسەرە هەرە ناسراوەکانی هۆڵەندا لەقەڵەم دەدرێ. قادر عەبدوڵڵا بە هۆڵەندی دەنووسێ و لە هۆڵەندا دەژی.

پێشتریش هەمان وەرگێڕ کتێبێکی دیکەی هەمان نووسەری بەناوی "سەفەری بوتڵە بەتاڵەکان" چاپ و بڵاوکردووەتەوە. ئەمە بێجگە لەوەی چەند بەرهەمێکی دیکەی هەمان نووسەر لەلایەن شەفیق حاجی خدرەوە کراونەتە کوردی و بڵاوکراونەتەوە.

سەرچاوە: ڕۆژنامەی هەولێر، ژمارە ٢٢٧٥، یەکشەممە، ١-ی ئازاری ٢٠٢٠

۱۳۹۸/۱۲/۰۸

کچە گەنجەکان و پارتیزانەکان


کچە گەنجەکان و پارتیزانەکان
قادر عەبدوڵڵا
وەرگێڕانی: سەلاحەدین بایەزیدی
لە بڵاوکراوەکانی ناوەندی ڕەهەند
سلێمانی - ٢٠٢٠

۱۳۹۷/۱۰/۲۱

قادر عەبدوڵڵا دەڵێ چی؟


سەلاحەدین بایەزیدی

لەگەڵ قادر عەبدوڵڵا بە زمانی ئینگلیزی نامە ئاڵوگۆڕ دەکەین، هەرچەند من جارجارە بە بیری دێنمەوە کە ئینگلیزییەکەم باش نییە، هیچ لە مەسەلەکە ناگۆڕدرێ. بۆ دیتنی قادر عەبدوڵڵا، ئەو نووسەرە هۆڵەندییەی دوو کتێب و چەندین چیرۆکیم وەرگێڕاوە، دەبوایە بچمە شاری دێلفت کە بە شەمەندەفەر سەعاتێک لە ئەمستەردام دوورە. سەرەتا وامزانی گەڕەکێکی نزیک وێستگەی شەمەندەفەری ئەمستەردامە و بۆیە پێشوەخت هەوڵی دۆزینەوەی "فریشتەکە"، ئەو قاوەخانەیەم نەدا کە بۆ چاوپێکەوتن دیاری کرابوو. دوو سەعاتێک پێش دیدارەکە چاوێکم بە نامەکەدا خشاندەوە و بۆم دەرکەوت دەبێ بچمە شارێکی تر، بەپەلە خۆم ئامادە کرد و ئەگەر چەند خولەکێک درەنگ جووڵابامەوە، نەمدەتوانی لە کاتی خۆیدا سواری شەمەندەفەر بم و چاوم بە قادر عەبدوڵڵا بکەوێ. 


لە دێلفتەوە ئیتر دۆزینەوەی "فریشتەکە" ئاسان بوو. چونکە بە ڕستەی سادە و ڕوون، ڕێک وەک ناو ڕۆمانەکانی، بۆی شیی کردبوومەوە چۆن بە پێنج دەقە بگەمە ئەو شوێنە. پێش وی لەوێ بووم. کە دواتر ئەو وە ژوور کەوت، هەستم کرد لە یەک کاتدا سێ پیاو دێنە ژوورێ: حوسێن و قادر و عەبدوڵڵا.


حوسێن سەجادی قایم‌ مەقامی فەراهانی، ناسراو بە "قادر عەبدوڵڵا"، ساڵی ١٩٥٤ لە شاری "ئەراک"ی ئێران لەدایک بووە. ساڵی ١٩٨٨ ڕۆیشتۆتە هۆڵەندا و پاش فێربوونی زمانی هۆڵەندی، بەو زمانە نووسیویەتی و ئەمڕۆکە یەکێکە لە نووسەرە هەرە ناسراوەکانی هۆڵەندا. بەرهەمەکانی بۆ گەلێک زمان و لەوانە بۆ زمانی کوردی وەرگێڕدراون، بەڵام کتێبەکانی لە ئێران قەدەغەن و تەنیا دوو کتێبی کراوەتە فارسی و ئەوانیش لە هەندەران چاپ و بڵاو بوونەتەوە. 
دوایین ڕۆمانی قادر عەبدوڵڵا
سەرەتاکانی مانگی ئابی ئەمساڵ، پەردە لەسەر نوێترین ڕۆمانی وەرگێڕدراوی قادر عەبدوڵڵا بە ناوی "لە مەککە" هەڵدرایەوە کە لە لایەن شەفیقی حاجی خدرەوە کراوەتە کوردی. ئەم وەرگێڕە کوردە، پێشتر دوو ڕۆمانی تری قادر عەبدوڵڵای بە ناوەکانی "خانووەکەی مزگەوتێ" و "خەتی بزماری" کردووەتە کوردی. بەم جۆرە، تا ئێستا شەش کتێبی نووسەر لە ماوەی دوو - سێ ساڵدا بۆ سەر زمانی کوردی وەرگێڕدراون. ئەوەندەی بشزانم شەفیقی حاجی خدر خەریکی وەرگێڕانی دوایین ڕۆمانی نووسەرە کە ماوەیەک لەمەوپێش بە ناوی "ڕێچکەی قاپقاپە زەردەکان" کەوتە بەر دیدی خوێنەرانی هۆڵەندی زمانەوە. 

پێش ئەوەی دەست بە پرسیارەکانم بکەم، قادر عەبدوڵڵا دۆخی کوردەکانم لێ دەپرسێ، وەک ڕۆژنامەنووسە گەنجە چەپەکەی ساڵانی هەشتاکان مەراق دەکا بزانێ لە کوردستان چ ڕوو دەدا. ئەو پرسیارە ڕووبەڕووی من دەکاتەوە کە بۆ خۆی لە هەرەتی گەنجیدا بە دوایدا وێڵ و عەوداڵ بووە، لە توێی کتێبێکدا ویستویەتی وەڵامێکی بۆ بدۆزێتەوە و ئێستاش من نازانم لە ماوەیەکی کورتدا بڵێم چێ. تێدا دەمێنم. دواجار دەڵێم هەندێک لە سیماکانی کتێبەکەت هێشتاش لە گۆڕەپانی سیاسیی کوردستاندا ڕۆڵ دەبینن، جیاوازیی گەورە ئەوەیە شێخی مەزن ماڵئاوایی لێ کردووین. 


قادر عەبدوڵڵا زۆر خۆشحاڵە کە خوێنەرانی کورد کتێبەکانی وی دەخوێننەوە. پێی خۆشە بە سڵاو دەست پێ بکا: "سڵاوم هەیە بۆ خوێنەرانی کورد. دونیایەک سڵاو. بە فارسی، بە هۆڵەندی و بە کوردی."


سەبارەت بە وەرگێڕانی ڕۆمانەکانی بە زمانی کوردی دەڵێ: "هەموو کەس ئەم کتێبانە دەخوێنێتەوە، بەڵام خەڵکەکەی خۆم، بنەماڵەکەم لە ئێران ناتوانن بیانخوێننەوە. من دڵخۆشم ئێوە دەتوانن بیانخوێننەوە. کچەکانی من ڕەگێکیان کورد، زمانی کوردی و جوانییەکانی فەرهەنگی کوردییە. ئێوە کە دەخوێننەوە وەک ئەوە وایە کتێبەکانم گەڕابنەوە ماڵێ." عەبدوڵڵا دەڵێ هەوڵەکانی ئێوەی کورد بۆ وەرگێڕانم وەک وڵاتی بۆسنیا دێتە پێش چاو. چەند ساڵ لەمەوپێش لەوێ بووم، ئەوانیش لە هەموو ڕوویەکەوە لە هەوڵ دان و دەیانەوێ ئەدەبیاتی خۆیان دروست بکەن. 

یەکێکی دیکە لە ڕۆمانەکانی قادر عەبدوڵڵا کە کراوەتە کوردی و ئەمساڵ لە کوردستان چاپ کرا، ڕۆمانی "پێغەمبەر"ە، ئەم ڕۆمانە لە لایەن "دڵۆڤان" ناوێکەوە وەرگێڕدراوە، خاڵی سەرنجڕاکێش ئەوەیە وەرگێڕی فارسیی ئەم ڕۆمانەش هەر ناوی خوازراوی بەکار هێناوە، هەرچەند نووسەر جەخت دەکاتەوە کە چیرۆکەکان و ڕووداوەکانی نێو "پێغەمبەر" لەسەر بنەمای ڕاستی مێژوویی ڕۆنراون و دەبێ بە گوێرەی قانونەکانی ئەدەبیات بخوێندرێنەوە، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا کاردانەوە و ناڕەزاییان لێکەوتووەتەوە.


قادر عەبدوڵڵا دەڵێ: "من کتێبی پێغەمبەرم بە ڕێزەوە نووسی. من محەممەدی پێغەمبەرم خۆش دەوێ. محەممەد پیاوێکی گەورە بوو. قورئانەکەشی یەکێکە لە جوانترین کتێبەکانی وێژەی جیهان. من ئەگەر ڕۆژێک بچمە هەسارەی مارس، بەدڵنیاییەوە کتێبی تەورات، ئەنجیل و قورئان لەگەڵ خۆمدا دەبەم. ئەمانە گرنگترین کتێبەکانی مرۆڤن."


ڕووداوەکانی ناو ڕۆمانەکە لە زمانی زەید ئیبن سەلسەوە دەگێڕدرێنەوە و ئەم ڕۆمانە تا ئێستە بە دەیان زمان وەرگێڕدراوە. نووسەر پێی وایە کە لەم کتێبەدا، محەممەدی وەک مرۆڤ، وەک پیاوێک، وەک شاعیرێک، وەک بازرگانێک، ڕێبەرێک، پیاوێک کە ئاشقی ژنە گەنجەکانە خستووەتە ڕوو. ئەو دەڵێ "من لە خۆمەوە هیچم دەرنەهێناوە. هەمووی لە قورئاندا هاتووە. زۆر کەس ئەم کتێبەیان گەلەک خۆش دەوێ. هەندێکیش ڕقیان هەستاوە. من لە تووڕەیی ئەوان دەگەم و ڕێزیان لێ دەگرم."


نووسەر، نازناوی "قادر عەبدوڵڵا"ی لە ناوی دوو شۆڕشگێڕی کوردی هاوڕێی وەرگرتووە کە لەلایەن ڕژێمی ئێرانەوە لەسێدارە دراون. چۆن و بۆچ ئەو نازناوەی هەڵبژاردووە؟ 


عەبدوڵڵا هاوڕێیەکی کوردیی حوسێن بووە. قادریش هاوڕێیەکی تری کە ئەویش هەر کورد بووە. کاتێ ویستوویەتی یەکەمین کتێبی سەبارەت بە کوردەکان، واتە کتێبی "کوردەکان دەڵێن چی؟" چاپ بکا، نەیتوانیوە ڕاستەوخۆ ناوی خۆی بنووسێ. "مەترسیدار بوو. دەیانکوشتم. منیش ناوی قادر و عەبدوڵڵام لە لای یەک دانا و بووم بە قادر عەبدوڵڵا. ئەم هاوڕێیانەی من هەردووکیان ئەوکات گولـلەباران کران. بۆیەش ناویانم لەسەر کتێبەکەم هێشتەوە."


لە لایەکی دیکەوە، نازناوی "قادر عەبدوڵڵا"، پاشناوی باوکی باوەگەورەی لە کۆڵ کردووەتەوە؛ میرزا ئەبولقاسم قایم‌ مەقامی فەراهانی، پاشناوێک کە وەک سێبەر بە دوویەوە بووە. قادر عەبدوڵڵا، هەڵبژاردنی ئەم نازناوە هەم دەگەڕێنێتەوە بۆ هۆکارگەلیی سیاسی و هەم ئەدەبی. ئەو دەڵێ: "من یەکێکم لە نەوەکانی میرزا ئەبولقاسمی قایم مەقامی فەراهانی. میرزا ئەبوولقاسم لە هەموو شوێنێ ناو و دەنگی هەبوو. هەم وەزیر بوو، هەم نووسەر و شاعیر. شەقامەکانیان بە ناوی ئەوەوە کردبوو. کاتێ گەنج بووم، ئەمنیش دەمویست بەناوبانگ بم، بەڵام بە ناوی خۆمەوە. بۆیە بە دوای نازناوێکدا گەڕام. دواجار نازناوێکی خۆشم دیتەوە: قادر عەبدوڵڵا." 


بەڵام نووسەر تەنیا ناو ناگۆڕێ، وڵات و زمان و شێوازی نووسینیش گۆڕانیان بەسەر دادێ. قادر عەبدوڵڵا، ساڵی ١٣٦٧ی زایینی (١٩٨٨)، پاش لە سێدارەدانی ئامۆزاکەی، لە تەمەنی ٣٤ ساڵیدا ئێرانی بەجێ هێشتووە و لەو کاتەوە لە هۆڵەندا دەژی و بە هۆڵەندی دەنووسێ. ئەم زمانە بە زمانی ئازادی وەسف دەکا و دەڵێ: "من لەمبارەوە هیچ بڕیارێکم نەدا. خۆی وای لێهات. وەک ئاوێک کە کتوپڕ لە بن بەردێکەوە هەڵبقوڵێ. من لەناکاو بەرهەڵدا ببووم، سەرجەم ستۆپەکان شکابوون. ستۆپی زمانی فارسی، ستۆپی دابونەریتی بنەماڵە، ستۆپی فەرهەنگی، ستۆپی ئایینی. کتوپڕ وەک ئاسمانگەردێکم لێ هاتبوو کە لە بۆشایی و لە نێو ئاسمانگەڕێک دایە. ئازاد ببووم. ئەم ئازادییە زمانێکی هەبوو: زمانی هۆڵەندی. بەم زمانە دەمتوانی چیرۆکەکانم بگێڕمەوە."
لە ڕۆمانی "لە مەککە"دا ئەم گۆڕانکارییە مەزنەی ژیانی نووسەر بە هۆی زمانی هۆڵەندییەوە بەمجۆرە باسی لێوە کراوە:


"زمانە نوێیەکە {هۆڵەندی} گۆڕانکارییەکی مەزنی بەسەر ژیانی مندا هێنا. {...} بە هۆی زمانی هۆڵەندییەوە هەموو شتێک لە ژیانمدا گۆڕا، بەڵام دوو بوونەوەر، دوو ڕووخساری خۆشەویست هەرگیز نەگۆڕان؛ ئەوانیش ڕووخساری "جەواد" {ئامۆزا لەسێدارە دراوەکەی} و هی خوشکەکەم بوون." (لە مەککە، ل. ١١٤) 
قادر عەبدوڵڵا و شەفیقی حاجی خدر
لەگەڵ ئەوەشدا، زمانی دایکی، زێد و ئەدەبیاتی فارسی ڕۆڵێکی گرنگیان لە گێڕانەوەکانی قادر عەبدوڵڵادا بۆ خۆیان تەرخان کردووە. "زمانی دایکی، فەرهەنگی دەوڵەمەندی ئێرانی و ئەدەبیاتی فارسی لە نهێنییەکانی سەرکەوتنی منن. من هەندێک شتم خوێندووەتەوە و دەزانم کە هیچ نووسەرێکی هۆڵەندی نایانزانێ"، قادر عەبدوڵڵا وا دەڵێ.
 

بەمجۆرەش بەردەوام دەبێ:
"من قورئانم خوێندووەتەوە، شانامەم خوێندووەتەوە، سەعدیم خوێندووەتەوە، ڕوودەکیم خوێندووەتەوە.
من سروودە کوردییەکانم لەبەر کردووە. من شارەزای خەم و خەفەتی کوردەکانم. گشت ئەمانە هێز بە قەڵەمەکەم دەبەخشن."
 

"کوردەکان دەڵێن چی؟"، یەکەمین کتێبی قادر عەبدوڵڵایە کە بە زمانی فارسی نووسیویەتی. نووسەر لە سەرەتای ئەم کتێبەدا دەنووسێ: "بۆم دەرکەوت باشترین ڕێگە بۆ ناسینی کوردستان ئەوەیە بڕۆم و ئەوێ لە نزیکەوە ببینم، بۆیە جانتاکەم دەست دایە و کەوتمە ڕێ، سەرەتا نەمدەزانی لە کوێوە دەست پێ بکەم، دوای ڕووداوەکان کەوتم، ڕەنگە ئەمە ڕێگەیەکی باش نەبێ بۆ ناسینی کوردستان، بەڵام لەمە زیاتر هیچم لەدەست نەدەهات."
 

لە زۆر شوێنی ئەم کتێبەدا پێت وایە ڕۆمانێکی خۆش و سەرنجڕاکێش دەخوێنێتەوە و هەست ناکەی سەفەرنامە یان ڕاپۆرتێکی سیاسی بەدەستەوە بێ، بۆچی قادر عەبدوڵڵا بیری لەوە نەکردووەتەوە گەشتی کوردستان بکاتە ڕۆمان؟ لە وەڵامی ئەم پرسیارەدا دەبێژێ:
"هەر دوو کتێبەکەی من دەربارەی کوردستان، بەتایبەتیش "کوردەکان دەڵێن چی؟" بەرهەمی نووسەرێکی گەنجن کە لە ڕێگەیەک دەگەڕێ بۆ ئەوەی کتێبەکانی بنووسێ. کتێبی "کوردەکان دەڵێن چی؟" بە زمانێکی شیرین نووسراوە، بەڵام ئەودەم سەردەمی شۆڕش بوو. کاتی خوێندنەوەی ڕۆمان نەبوو. من چووبوومە کوردستان بۆ ئەوەی هاواری کوردەکانمان بە گوێی هەمووان بگەیەنم."
 

قادر عەبدوڵڵا دوای نووسینی ئەم دوو کتێبە سەبارەت بە کوردەکان، ڕوو دەکاتە نووسینی چیرۆک، ڕۆمان و وەرگێڕان و ئیتر ماڵئاوایی لە زمانی فارسی و ئەم جۆرە نووسینە دەکا. دوای دوو ساڵ مانەوە لە هۆڵەندا ڕاستەوخۆ بە زمانی هۆڵەندی دەنووسێ. هۆڵەندییەکی سادە و بێ گرێوگۆڵ. ئەو ڕستانەی قادر عەبدوڵڵا بەکاریان دێنێ کورت و سادەن، لێی دەپرسم ئاخۆ ئەم سادەنووسینە لەبەر نووسین بە زمانی هۆڵەندییە یان خۆی نووسەرێکی سادەنووسە؟
 

"نووسین بە زمانی ئەوانیتر، جوانیی و بەربەستی تایبەت بە خۆی هەیە. کە هاتمە هۆڵەندا سی و سێ ساڵم تەمەن بوو و لە سی و پێنج ساڵیدا بە هۆڵەندی نووسیم. سنوورداریت، بەڵام ڕێی تازە دەدۆزیتەوە بۆ گێڕانەوەی چیرۆکەکەت، ڕێگەی نوێ"، قادر عەبدوڵڵا وا دەڵێ. 
سادەنووسینیشی دەگەڕێنێتەوە بۆ سێ هۆکاری سەرەکی: "هۆکاری یەکەم، زمانی هۆڵەندییە کە زمانێکی دژوارە. هۆکاری دووەم، ئەوەیە کە سادەنووسین پرەنسیبێکی ئەدەبیاتی فارسییە. فیردەوسی دەڵێ "عجم زنده کردم بدین پارسی" (عەجەمم زیندوو کردەوە بەم زمانی فارسییە)، ڕستەیەکی سادە و پڕواتایە. هۆکاری سێهەمی سادەنووسینی من باوکم بوو. باوکم کەڕ و لاڵ بوو و من بەردەوام دەبوایە سادە، پتەو و ڕوون بە زمانی ئاماژە قسەم بۆ بکردایە."
 

زمانی ئاماژە لە چیرۆک و ڕۆمان و تەنانەت ڕاپۆرتە سیاسییەکانی قادر عەبدوڵڵادا ڕەنگدانەوەیەکی بەرچاوی هەیە. نووسەر، لە سەفەری بۆ شاری مەهاباد و دیداری لەگەڵ شێخ عیزەددین حوسێنی، بێدەنگ دەبێ و تەنیا بە زمانی ئاماژە لەگەڵی دەدوێ و بە نیگا بۆچوونەکانی پشتڕاست دەکاتەوە. لە ڕۆمانی "لە مەککەش"دا کە وەک زۆربەی ڕۆمانەکانی تر، نووسەر ئاوڕی لە ژیانی خۆی داوەتەوە، ئەم دێڕانە دەخوێنینەوە:
"من کاتی خۆی پەیم پێنەبردبوو، بەڵام دواتر کە هاتمە هۆڵەندا و لەوێ ژیام، ئەوەم بۆ دەرکەوت، هێشتاش ئەو زمانە ئاماژەیەی باوکم بەکار دەهێنم. ئەوەش مایەی سەرسامیم بوو، ئاخر هەرچەند تەمەنم هەڵدەکشا، زیاتر دەگەڕامەوە سەر خووی کۆن، سەر زمانی ئاماژە." (لە مەککە، لاپەڕە ٧٠)

ئەم وتووێژە لە ژمارەی (٩)ی گۆڤاری باران-دا بڵاو بووەتەوە.
قادر عەبدوڵڵا، لە ساڵی ١٩٩٣ بەو لاوە، یانی لە دوای چاپی یەکەم کتێب بە زمانی هۆڵەندی، دەیان کتێبی ئەدەبی بەو زمانە نووسیوە و چەند خەڵاتی نێوخۆیی و نێونەتەوەیی وەرگرتووە. بە ڕای زۆربەی ڕەخنەگران، ڕۆمانی "خانووەکەی مزگەوتێ" سەرکەوتووترین بەرهەمی نووسەرە، بەڵام خۆی لە نووسراوەیەکی کورت بۆ چاپی کوردیی "خەتی بزماری"، ئەو ڕۆمانەی بە ڕۆمانە خۆشەویستەکەی ناو دەبا، لەمبارەوە دەڵێ:
"کتێبی "خانووەکەی مزگەوتێ" بەناوبانگترین ڕۆمانی منە. بەڵام ئەمنیش وەک خوێنەرەکانم کتێبی "خەتی بزماری"م خۆش دەوێ. کتێبێکە دەربارەی باوکم. لەسەر ڕەنجەکانی باوکم و خەڵکی ئازیزی وڵاتەکەم دەدوێ. باسی خوشکەکەم و ئازارەکانی دایکم دەکا.
 

من ویستوومە گشت ئەمانە بە ئێوە نیشان بدەم. هەر کتێبێک دنیا و چارەنووسی تایبەت بە خۆی هەیە. من لەم ڕووەوە "خەتی بزماری"م زیاتر خۆش دەوێ، لەبەر باوکم."
کتێبەکانی قادر عەبدوڵڵا بۆ زیاتر لە سی زمان وەرگێڕدراون و هەزاران کەس لە ئەوروپا دەیانخوێننەوە.
 

دوای ساڵانێکی زۆر مانەوە لە هۆڵەندا، پەنابەری و کۆچ هێشتا بابەتی سەرەکیی ڕۆمانەکانی نووسەر پێک دێنن، قادر عەبدوڵڵا نایەوێ بە هەڵبژاردنی ئەم مژارانە کاریگەریی لەسەر بەردەنگی ئەوروپی و خوێنەران دابنێ. ئەو دەڵێ: "من هەرگیز نامەوێ کاریگەریی لەسەر تێڕوانینەکان دابنێم. من نامەوێ کاریگەریی لە سەر تێڕوانینی کوردەکانیش دابنێم. من لەگەڵ خۆمدا دەیانبەم بۆ سەفەر، بۆ دنیایەک کە پێم خۆشە نیشانیان بدەم. من دەمەوێ دنیای خۆم لەگەڵ ئەواندا بەش بکەم، هەر بۆیەشە دەنووسم."
 

لە کۆتایی ئەم وتوێژەدا کە بە ڕستەی کورت، پوخت و سادە و ڕەوان وەڵامی دامەوە، لە قادر عەبدوڵڵام پرسی چ شتێک لە نووسەرانی هۆڵەندای جیا دەکاتەوە، وەڵامی دامەوە:
"شتێک هەیە ئێمە بە یەکەوە گرێ دەدا، ئەویش دانیشتن و نووسینە.
شتێک ئێمە پێکەوە گرێ دەدا، ئێوەش نووسینە بۆ خوێنەر کە دواتر بەرهەمەکە دەخوێنێتەوە.
بەڵام زۆر شت من لەوان جیا دەکاتەوە، ئەویش ئەو شتانەن کە من هەمن و هەمبوون و ئەوان نیانە. ئەو شتانەش ئەمانەن: چیاکان، وشکەڕۆکان، لێڕەوارەکان، پادشا مەزنەکان، نووسەرە گەورەکان، بەرهەمە شاکارەکان، مزگەوتەکان، جەژنەکان، سەما و هەڵپەڕکێ، ژنە جوانە ئێرانییەکان، مێژووی ئێران، دایەگەورە خۆشەویستەکان، سروودە نەتەوەییەکان، دەرد و ئازاری کوردەکان، ئازەرییەکان، سیستانی و بلووچەکان. هەروەها ژنەکەم و کچەکانم کە ڕەگێکیان کوردە."

واژۆی قادر عەبدوڵڵا بۆ کتێبی کچە گەنجەکان و پارتیزانەکان
ئەزموونەکانی نووسین و نووسەریی قادر عەبدوڵڵا دەگمەن و شیاوی لێوەفێربوونن، نەخاسمە بۆ کەسێک کە خولیای فێربوون، خوێندنەوە و نووسین بە زمانێکی بێگانەی هەبێ، بەڵام کات دوژمنی قەستەسەرە. لە چاوپێکەوتنی بەم جۆرەدا، بەردەوام هەست دەکەی کات ئامادەیە و کەسی سێهەمە، هەست دەکەی لە سووچێک دانیشتووە و زوو زوو بە بیرت دێنێتەوە کە دەبێ واز لە بەرامبەرەکەت بێنێ، کە بۆی هەیە کاری هەبێ، بۆی هەیە نووسینێکی تازەی بە دەستەوە بێ، تۆش ناچار دەبێ هەستی. بەر لە ڕۆیشتن قادر عەبدوڵڵا پێشنیاری پێ کردم مادام تا ئێرە هاتووم، سەرێک لە "لاهای"یش بدەم کە نزیکە، پێی گوتم لەنێو ترامەوە دیمەنەکانی ڕێگە بەڕاستی سەرنجڕاکێشن. بە قسەم کرد.

کتێبەکانی قادر عەبدوڵڵا بە کوردی:
  • خانووەکەی مزگەوتێ، وەرگێڕانی شەفیقی حاجی خدر، هەولێر، ناوەندی ئاوێر، ٢٠١٦. 
  • سەفەری بوتڵە بەتاڵەکان، وەرگێڕانی سەلاحەدین بایەزیدی، سلێمانی، ناوەندی غەزەلنووس، ٢٠١٧. 
  • خەتی بزماری، وەرگێڕانی شەفیقی حاجی خدر، سلێمانی، ناوەندی ئەندێشە، ٢٠١٧.  
  • پێغەمبەر، وەرگێڕانی دڵۆڤان، ٢٠١٨. 
  • لە مەککە، وەرگێڕانی شەفیقی حاجی خدر، چاپخانەی حەمدی، ٢٠١٨. 
  • کوردەکان دەڵێن چی؟، وەرگێڕانی سەلاحەدین بایەزیدی، دەزگای ئایدیا، ٢٠١٨.

۱۳۹۷/۰۷/۲۴

کوردەکان دەڵێن چی؟


کوردەکان دەڵێن چی؟
قادر عەبدوڵڵا
وەرگێڕانی: سەلاحەدین بایەزیدی
لە بڵاوکراوەکانی دەزگای ئایدیا بۆ فکر و لێکۆڵینەوە
سلێمانی - ٢٠١٨

۱۳۹۶/۰۱/۳۱

سەفەری بوتڵە بەتاڵەکان


ئارام سدیق

ساڵی ڕابردوو ڕۆمانی "زۆر تایبەت"ی عەباسی مەعروفیم خوێندەوە، کە یەکێکە لە جوانترین ڕۆمانەکانی ئەو نووسەرە و ڕۆمانەکە باسکردنە لە تاکی ڕۆژهەڵاتی بە کولتووری ڕۆژئاوا و لێکەوتەکانی لەنێو ئەو کولتوورەدا. عەباس لەو ڕۆمانەدا بە وردی لەسەر ئەو بەرکەوتنانە کاری کردووە و توانیویەتی ئەوە پیشان بدات کە تاکی ڕۆژهەڵاتی لە دەستی چ شتێک لێرە ڕادەکات و دواجاریش لەوێ تووشی چ دەردیسەرییەکی دیکە دەبێت.

ئەم ڕۆژانەی پێشووش دوو رۆمانی دیکەم خوێندەوە، کە لە دەوری هەمان تێمە دەسوڕێنەوە یەکەمیان ڕۆمانی "وێرانەپیاو"ی عەبدولعەزیز بەرەکە بوو، کە قسەکردن لەسەر ئەم رۆمانە هەڵدەگرم بۆ دەرفەتێکی دیکە. بەڵام ئەوەی دووەمیان کە مەبەستی سەرەکی ئەم نووسینەیە قسەکردنە لەسەر ڕۆمانی "سەفەری بوتڵە بەتاڵەکان"ی قادر عەبدوڵڵا، کە سەڵاحەدین بایەزیدی کردوویەتی بە کوردی و ناوەندی غەزەلنووس لە دوتوێی 244 لاپەڕەدا چاپ و بڵاوی کردۆتەوە. من پێشتر تەنها رۆمانی "خانووەکەی مزگەوتێ"ی ئەم نووسەرەم خوێندبوەوە، کە ڕۆمانێکی مێژوویی سیاسییە لەسەر دۆخی کۆماری ئیسلامی ئێران لە سەردەمی شای ئێران و دەسەڵاتی خومەینیدا. بەڵام ڕۆمانی "سەفەری بوتڵە بەتاڵەکان"، زیاتر بە بایۆگرافیای کەسێکی پەناهەندە دەچێت، کە لە وڵاتێکی ئەوروپی (بەتایبەتیش هۆڵەندا)دا دەبێتە پەناهەندە. ڕۆمانەکە بە شێوەیەکی سادە دەست بە گێڕانەوەی چیرۆکێک دەکات، کە دەشێت هەموو پەناهەندەیەک رۆژێک لە رۆژان ڕووبەڕووی بێتەوە. بەڵام هێزی گێڕانەوەو ئەو بابەتانەی نووسەر وەک تێمەی کتێبەکە هەڵیبژاردووە جێی بایەخ و بابەتی هەستیارن.

پاڵەوانی ڕۆمانەکە کەسێکە بەناوی "بولفەزڵ" دەچێتە وڵاتی هۆڵەندا و لەوێ مافی پەنابەری وەردەگرێت و دەبێتە نیشتەجێی ئەو وڵاتە. یەکەم بەرکەوتنی ئەو لەنێو ئەو کولتوورەدا بەرکەوتنیەتی بە دراوسێیەکی بەناوی ڕۆنی، کە پیاوێکی هاوڕەگەزبازە. ئەم دراوسێیەی بولفەزڵ لەگەڵ ئەوەی کەسێکی لەم شێوەیەیە، بەڵام کەسێکە تا ئەوپەڕی ئینسانی و خاوەن هەستی مرۆدۆستی. ئەمەش ئەوکاتە بەتەواوی بۆ بولفەزڵ ڕوون دەبیتەوە کە دایکی سەردانی دەکات و کاتێک دەیەوێت نوێژ بکات بولفەزڵ نازانێت قیبلە لە کوێوەیە. بەحوکمی ئەوەشی کە ئەم کەسە نەیتوانیوە پەیوەندی لەگەڵ دراوسێکانیدا دروست بکات و نزیکترین هاوڕێی لە گەڕەکەکەدا ڕۆنییە ناچارانە داوا لە ڕۆنی دەکات قیبلەی بۆ بدۆزێتەوە. ڕۆنیش زۆر خەمخۆرانە دەست بە دۆزینەوەی قیبلە دەکات و بەهاوکاری نەخشە و قیبلەنومای تایبەت قیبلە دەدۆزێتەوە.

قادر عەبدوڵڵا دەیەوێت لەڕێی ئەم بەسەرهاتە کورتەوە کە ئەمە تەنها چەند لاپەڕەیەکی کتێبەکەی داگیر کردووە ئەوەمان پێ بڵێت کە کەسانی هاوڕەگەزباز، ئەگەرچی لەلایەن کۆمەڵگە و ئایینەوە ڕەتبکرێنەوە و بەر نەفرەت بکەون، بەڵام ئەم جۆرە کەسانە داماڵراو نین لە هەستی مرۆیی و گیانی هاوکاری. ئەم جۆرە کەسانە لەگەڵ ئەوەی خاوەنی ئەم تایبەتمەندییەن. بەڵام کەسانی ئاسایین و دەشێت هاوڕێیەتی بکرێن و وەکو هەر کەسێکی ئاسایی تر مامەڵەیان لەگەڵدا بکرێت. نەک بخرێنە بەر تانە و تەشەر و نەفرەتی کۆمەڵگە.

ئەگەرچی ڕۆمانی "زۆر تایبەت"ی مەعروفی، باسی لە بەرکەوتنی تاکی ڕۆژهەڵاتی دەکرد بە کولتووری ئەوروپی، بەڵام ئەوەی لای مەعروفی دەبینرا بەرکەوتنی تاکی ڕۆژهەڵاتی بوو بە ڕووکەشی ئەو کولتوورە، یان دروستترە بڵێم بەرکەوتنی تاکی ڕۆژهەڵاتی بوو بە ڕووکەشی ڕۆژئاوا یان بەشێکی کەمی ئەو کولتوورە. بەڵام ئەوەی قادر عەبدوڵڵا لە سەفەری بوتڵە بەتاڵەکاندا دەستی دەخاتە سەر بەرکەوتنی تاکی رۆژهەڵاتییە بە جەوهەری کولتووری ڕۆژئاوایی و دیوێکی نەبینراو و پەی پێنەبراوی ئەو کولتووە.

ئەم کتێبە ئەگەرچی لە قەبارەدا بچووکە بەڵام یەکێکە لەو کتێبانەی شایستەی خوێندنەوە و هەڵوەستە لەسەرکردنە، بەوپێیەی نووسەر کارێکی وردی لەسەر بەرکەوتنی پەنابەری ڕۆهەڵاتی کردووە بە کولتووری خۆرئاوا و ئەو ئاستەنگانەی دێنە بەردەمی. لە جێگەیەکدا نووسەر دەنووسێت:

"ناکرێ خاڵی کۆتایی بۆ چیرۆکێک دابنێی، چیرۆکەکان پەیڕەوی لە یاساکانی خۆیان دەکەن بۆ کەسێک کە بیەوێت ڕەوتی بەسەرهاتەکەیان بگۆڕێ. مل دانانەوێنن، چیرۆکێک یا ئەوەتا خامۆش دەبێ، یان بۆ هەتا هەتایە دەژی." ئەگەر هەر ئەم چەند ڕستەیە ببەستینەوە بە خودی تێکستەکەی ئەم نووسەرەوە دەبینین کە چیرۆکی نێو ئەم کتێبەش لەو چیرۆکانەن کە بۆ هەمیشەیی دەژین و چیرۆکی تەنها چەند ساڵێک و چەند دەیەیەکیش نین. بەڵکو چیرۆکگەلێکن کە دەتوانن سەدەکانیش ببڕن و بۆ هەمیشەیی بژین، چونکە تا مرۆڤ مابێت، دەبێتە پەناهەندە و ڕووبەڕووی دۆخی لەم چەشنەی بولفەزڵ دەبێتەوە.

دەستخۆشی بۆ سەلاحەدین بایەزیدی و وەرگێڕانە جوانەکەی و ناوەندی غەزەلنووس بۆ لەچاپدانی ئەم ڕۆمانە گرنگە، کە دونیای کوردی تێکستی لەم شێوەیەی زۆر پێویستە.

سەرچاوە: پەیجی فەیسبووکی نووسەر

۱۳۹۵/۱۲/۲۰

مارسیا


قادر عەبدوڵڵا
لە فەڕەنسییەوە: سەلاحەدین بایەزیدی

جار نا جارێ، بە هەڵکەوت، هەندێک کەس لە نادیارەوە دەکەونە نێو ژیانمەوە. ئەوان بۆ ساتێک لە لام دەمێننەوە و پاشان دەڕۆن.
ون دەبن، بەڵام ئەوەی ڕاستی بێ، بۆ هەتا هەتایە  لەگەڵ مندا دەمێننەوە.
مارسیاش لەو کەسانە بوو کە ڕۆیشت.
رەنگە ئەو توانیبێتی بڕوا، بەڵام سەرباری ئەوەش، لە کن من ماوەتەوە.
مێزەکەی ئێستا زەوت نەکراوە، بەڵام من هێشتا لەسەر جێگەکەی خۆی دەیبینم.
ئەگەرچی ئەو ئیتر لێرە نییە، بەڵام هێشتا بۆنی عەتری قژە درێژە لوولەکەیم بۆ دێ.

مارسیا هاتبوو تاکوو بە مەبەستی تاقیکردنەوە بۆ ماوەیەک لە کتێبخانە کۆن و سەرەکییەکەی ئێرە کار بکا.
ئەو هۆڵەندی بوو، بەڵام قژە درێژە لوولەکەی، ڕەش چەشنی شەو، ڕەگە دەرەکییەکانی ئەویان لەقاو دەدا.

وەک ئێستا، لە ژێرزەمین لە پشت کۆمپیۆتەرەکەم دانیشتبووم. لەناکاو، لە داڵانەوە گوێم لە دەنگی هەنگاوێ بوو. هەنگاوەکانی ژنێک.
من تەقەی پێی پێڵاوە پاژنە بەرزەکانم دەناسییەوە. ئەو دەنگە لە گۆشەیەکی چاڵاوی زەینمدا بەند کرابوو.
تارماییەک لە پشت شووشەی لێڵی دەرگاکە بە دیار کەوت. چەند چرکەیەک دواتر، دەرگاکە بە هێمنی کرایەوە. کچێکی گەنج بە دەرگای نیوەتاکدا سەری هێنایە ژوورەوە. 
"هەلەو! پێم وایە دەبێ لێرە بم. ناوم مارسیایە."
دەسرە ڕەشەکەی لەسەر مێزەکە - کە ئێستا چۆلە - دانا و لە تەنیشت زۆپاکە دانیشت.
بە ئاماژەی سەر مێزەکەی نیشان دا و گوتی: "هیوادارم ئەمە مێزی من نەبێ… چەند ناحەز و بەتاڵە!"
کۆگایەک کۆنە کتێب و دوو-سێ شریتم لەسەر مێزەکە دانا.
"ئێستا، ئیتر ناحەز نییە."
 لەگەڵ سەیرکردنیدا، چاوە کەسکەکانیم بینی. بیرەوەرییەکی کۆن لە مێشکمدا بووژایەوە. بە خۆمم گوت: ئەها، ئەوەش یەکێکی تر کە نابێ هەرگیز جێم بێڵێ.

ئەو پاش نیوەڕۆیە، کاتێک دەگەڕامەوە ماڵێ، هەستم کرد بێ تاقەتم. شتێک لە ناخمدا لرفەی دەهات، وەکوو بلێسەکانی ئاگر.
بە دەم ئاوێتەبوون  لەگەڵ هەستێکی پێناسەنەکراو، چووم ڕاکشام و خزامە بن لێفەکەمەوە.
یەکسەر خەو بردمیەوە و خەونم بینی. لە خەونەکەمدا شەو بوو. بایەک لە نادیارەوە هەڵیکردبوو و پارچەیەکی بەرەو من دەهێنا. کە پارچەکە نزیکتر بۆوە، لە من وابوو ئەوە چارشێوی ڕەشی خوشکمە. ئەو چارشێوەی ئێوارە سەختەکە لە خۆیەوە پێچا و ڕۆیشت. ئێستا ئیتر ئەگریجە درێژەکەیم دەناسییەوە کە دەشنایەوە. دواجار، خۆیشی بە دیار کەوت.
ماوەیەکی زۆر لە لام نەمایەوە. شەو و تاریکی سەر لە نوێ، بردیانەوە. دەتگوت با دەیەوێ لە منی بە دوور بگرێ.
تا ئەودەم، من هەرگیز خەونم بەوەوە نەبینیبوو. چاوەڕوانی هاتنی بووم، بەڵام ئەو هەر نەهاتبوو.
لە چەند ساڵ لەمەوپێشەوە ئیتر چاوم پێی نەکەوتبوو؟ نۆ ساڵ؟ سەد ساڵ؟ سێسەد و پەنجا و پێنج ساڵ؟
ئەز نازانم. تەنیا دەمزانی زۆر لەمێژ بوو خەونم پێوە نەبینیبوو و ساڵانێکی زۆر بەسەر ئەو کاتەدا تێپەڕیبوون کە بۆ دوایین جار چاوم پێی کەوتبوو.

شوێنی ئیش کردنەکەم لە ژێرزەمین، لە نێو داڵانی عەمباری ئەڕشیڤدا هەڵکەوتبوو. کتێبخانە، مەخزەنێکی گەورەی هەبوو کە چەندین کیلۆمەتر کتێبی تێدا دەپارێزرا، ئەو کتێبانەی هێشتا پۆلێنبەندی و تۆمار نەکرابوون، بە بارستاییەکی لە ژمارنەهاتوو و پێشینەیەکی کۆنەوە.
هەندێکیان ئەوەندە کۆن بوون کە قەدەغە بوو دەستیان لێ بدەی و لە نێو تەپ و تۆزدا ون ببوون.
کەس نازانێ چۆن هاتوونەتە ئێرە. بەشێکیان لە کتێبخانە کۆنەکانەوە دێن کە بە تێپەڕبوونی کات، ساڵانێکی زۆر پێش ئێستا، لەناو براون. ئەوانی دی، سەر بە کتێبخانە تاکەکەسییەکانن. هەموو ئەوانە دەبێ تۆمار بکرێن بەر لەوەی خەڵک دەستی پێیان ڕا بگا.
تەنیا کەسێک کە بەرهەمەکانی عەمبارەکە تۆمار دەکا، منم. هەموو ڕۆژێ، بە ڕەفە کۆنەکاندا دەچمەوە، کۆگایەک کتێب هەڵدەگرم و لەسەر مێزەکەمیان دادەنێم.
بە پەڕۆیەک خاوێنیان دەکەمەوە، بە قەڵەم‌موویەکی گەورە تۆزی نێو لاپەڕەکان دەتەکێنم؛ پاشان، دەربارەی هەر کتێبێ کورتەیەک دەنووسم و لە نێو کۆمپیۆتەرەکەدا تۆماری دەکەم.
هاوکارەکانم حەز ناکەن لەم ژێرزەمینە ئیش بکەن. بۆیەش هەمیشە  لەگەڵ ئەم کەمپیۆتەرە کۆنە خاوەدا بە تەنیا دەمێنمەوە.
جار جارە، هەندێک فێرخواز دێن و یارمەتیم دەدەن. جێگاکەیان بە دڵ نابێ و ئەوانیش حەز ناکەن گۆشەگیر بمێننەوە. سەرنج ڕاکێش نییە یەکەم ئەزموونت لە ژێرزەمینێک، سەرباری ئەوەش  لەگەڵ بێگانەیەک بە دەست بێنی.
بەڵام هەمیشەش هەر وا نییە. بۆ نموونە، مارسیا  لەگەڵ ئەوانی تردا جیاوازی هەبوو.

دووهەم ڕۆژ، لەگەڵ مارسیا درێژایی داڵانەکەی ژێرزەمینم پێوا کە بەرەو عەمبارەکە دەچوو. دەمویست هەموو شوێنێکی پێ بناسێنم.
دەرگا کۆنە قاوەییەکەم کردەوە بۆ ئەوەی ڕێگەی نیشان بدەم و دوگمەی کارەباکە دابگرم. دوو سێ گڵۆپێک هەڵبوون، بەڵام هێشتا تاریک بوو. ئەو دەبوو ساتێک چاوەڕێ بێ تاکوو چاوی بەو تارماییە ڕابێ.
هاواری کرد: "بڕوانە، ئەو هەموو کتێبە!". ئەو چاوی بە ڕەفەکاندا خشاند و بە دەم خوێندنەوەی سەردێڕەکان دەهات و دەچوو. من چاوم لەسەر هەڵنەدەگرت.
لەودا شتێک خۆی دەنواند کە پەیوەندی بە ڕابردووی منەوە هەبوو. بەڵام چ شتێک؟
پێڵوەکانم لێک نا تاکوو بۆ ساتێک تێ بفکرم، بەڵام سەر لەنوێ دەنگی هەنگاوەکانی و تەقەی پاژنەکانیم لەسەر کاشییەکان بیستەوە. ئەم هەنگاوانەم دەناسییەوە…
ئەو هاواری کرد: "لێرە، هەناسەی ڕابردوو هەڵدەمژم."
لێی نزیک بوومەوە. بە ڕۆژنامەیەکی هەرێمی، خەریک بوو تاڵە جاڵجاڵۆکەکانی نێوان ڕەفەکانی گەسک دەدا.
گوتی: "باوەرپێکردنی ئەستەمە. خەڵک لە چەندین چاخ لەمەوپێشەوە خەریکی ڕۆژنامە دەرکردنن. لە ڕاستیدا، ئەو خەڵکانە ون بوون،  لەگەڵ ئەوەشدا هەر درێژە بە بوونیان دەدەن".
ڕۆژنامەیەکی هەڵگرت و بە پارێزەوە لاپەڕەکانی هەڵدایەوە. بەسەر دەقێکدا شۆڕ بۆوە - شیعرێک بوو - و هەوڵی دا بیخوێنێتەوە.
لە سەرووی شیعرەکە، وێنەی نووسەرەکە بەدی دەکرا.
گوتی: "بڕوانە، کە ئەم دەقە دەخوێنمەوە، شاعیرەکەی دێتە لام". خۆی بێ هەست کرد، گوێی ڕاداشت.
"گوێتان لێیەتی؟ خەریکە دێ، لێم نزیک دەبێتەوە."
من نەدەجووەڵامەوە، بەڵام لە بری ئەوەی ببیسم کەسێک نزیک دەبێتەوە، دەمبیست کەسێک ڕا دەکا.
بە پێکەنینەوە گوتی: "سەیرە، وا نییە، بۆتان نادۆزرێتەوە؟"
لە ڕەفەیەکەوە بەرەو ڕەفەیەکی تر ڕۆیشت تا ئەو کاتەی تاپۆکەی ئاوێتەی تاریکی بوو.

خوشکەکەشم هەر بەم شێوەیە لە نێو تاریکیدا ون بوو. 
سەبارەت بە من، شتەکە هەمیشە بەمجۆرە ڕوو دەدا.
هەر کە بوونێک لە نێو دڵمدا هەڵدەگرم، ئەو لێم دادەبڕێ. ئاوێتەی شەو دەبێ.
ئەوەی ڕاستی بێ، هەرگیز دەرفەتی ئەوەم بۆ نەڕەخسا خوشکەکەم باش بناسم. نازانم ئاخۆ چاوەکانی ئەویش هەمیشە کەسک بوون یان نا.
کاتێک بچووک بوو، بەدەگمەن دەمبینی. ئەو لە دونیا بچکۆلانەکەی خۆیدا نوقم ببوو. تەنیا خوشکە گچکەی من بوو کە لەو ماڵە دەژیا و دەڕۆیشتە قوتابخانە و هیچی تر.
هەموو جارێ کە دەگەڕامەوە ماڵی خۆمان، هەستم بەوە دەکرد هەندێک گەورە بووە. بەڵام هێشتا نەببووە خاوەنی قژێکی درێژی لوول.
بە درێژایی چەندین ساڵ، بۆ من ئەستەم بوو بگەڕێمەوە ماڵی خۆمان، لە ترسی ئەوەی نەکا بگیرێم، بکوژرێم یان خیانەتم لێ بکرێ، شتێک کە لە وڵاتی من هەموو ڕۆژێ دەقەومی.
بارودۆخ تا بڵێی مەترسیدار بوو، ئەوەندە مەترسیدار کە ناچار بووم گشت هێڵەکانی پەیوەندی  لەگەڵ ڕابردووم بەرتەسک بکەمەوە.
رۆژێک بە ڕادەیەک تاسەی بینینی کەس و کارم کرد کە چەمەدانەکەم پێچایەوە و شەو، بە دزی، بەرەو زێدی خۆم بەڕێ کەوتم.

هەموو شتێک لە ماڵێ گۆڕدرابوو. لەو مەودایەدا، دایک و باوکم پیر پیر ببوون، ڕەنگی دیوارەکان کاڵ ببۆوە، پەنجەرەکان درزیان تێ کەوتبوو، پلیکانەکان قەڵشیبوون و درەختەکان ڕزیبوون.
گشت سووچ و کەلێنێکی ماڵ، بەشێک لە ڕابردووی منی لە باوەش کردبوو.
لە حەوشە، بەسەر ئەو پەیژانەدا سەرکەوتم کە منیان دەگەیاندە ژوورە کۆنەکەم، ئەو ژوورەی ئێستا هی خوشکمە.
زۆپاکە وەک جاران هەڵکرابوو، کتێبەکانم لەسەر ڕەفەکان کە خۆم بە دیوارمەوە قایم کردبوون، هەروا بە ڕیز دانرابوون و جلەکانیشم وەک ئەودەم لە نێو دۆڵابی خۆیان دابوون.
چەمەدانەکەم لەسەر مێزە کۆنەکەم دانا و بە پەیژەکاندا هاتمەوە خوارێ بۆ ئەوەی بچمە لای ئەندامانی بنەماڵە.
بە بینینی من دڵخۆش بوون، بەڵام لە چاوەکانی ئەوانیشدا ترسێکم دەخوێندەوە. ترسی ئەوەیان هەبوو دەستەیەک لە سەربازانی مەرگ هەڵبکوتنە سەرم و قۆڵبەستم بکەن.
درەنگانی شەو، لە کاتێکدا لە نهۆمی سەرەوە، لە تەنیشت زۆپاکە خەریکی خوێندنەوە بووم، لەسەر پلیکانەکان گوێم لە تپەی پێ بوو.
کەسێک نەرم و نیان سەردەکەوت. دەنگی پاژنەیەکی ژنانەم دەهاتە گوێ.
ئەوە دەنگی هەنگاوەکانی دایکم نەبوو. ژنێکی دیکەش لە ماڵی ئێمە نەدەژیا. ئەم کەسە دەبێ کێ بێ؟
لە پشت شووشەی دەرگاکەوە تاپۆیەک بەدیار کەوت. تاپۆکە لە جێی خۆی ڕاوەستا و دەرگاکە بە هێمنی کرایەوە.
بە دەنگێکی نەرم گوتی: "ئەوە نەخەوتووی؟"
خەریک بوو نەیناسمەوە. مارسی بوو.
"تۆ تەماشا، ئەوە خۆتی، مارسی؟ ئێستا چ پرچێکی درێژت هەیە!"
هاتە ژوورێ.
گوتی: "دەزانی…"
بینیم لە ترسان زەرد هەڵگەڕاوە.
"چ بووە؟
- پێم وایە باشترە ئەمشەو لێرە نەبی.
- بۆچی؟
- پێم وایە باشترە لێرە بڕۆی.
- بڕۆم؟ مەبەستت چییە؟
- گوێ بگرە، ئەوەی ڕاستی بێ ئەمشەو… شتێک دەکەم."
کتوپڕ مووی لەشم ڕەق بوون. لە چەند چرکەیەکدا، هەستم کرد چ دەگوزەرێ. تێگەیشتم دەیەوێ شتێکی مەترسیدار ئەنجام بدا و نیگەرانی منە.
"دەبێ بڕۆم"، ئەوەی گوت و خۆی لە چارشێوێکی ڕەشەوە وەرپێچا.

هەستامە سەر پێ. هەستم کرد دەبێ شتێک بڵێم، لەو مەترسییەی ڕووبەڕووی دەبێتەوە ئاگاداری بکەمەوە، بەڵام بێدەنگ بووم.
ئێستا لە نووکی پێ تا تەوقی سەر، لە چارشێوێکی ڕەش پێچرابۆوە. دەتگوت کچە گەنجێکی غەریب لەوێیە و من نایناسم.
تەنیا دوو چاوی کەسک، ئاشنا و تەژی لە ڕۆندک سەیری منیان دەکرد. باوەشم ئاوەڵا کرد. بەرەو لام هات، گۆنای چەپی ماچ کردم و ڕۆیشت.
لە بەردەم دەرگاکە بە پێوە وەستام و بە نیگا شۆپاندم. دەمویست بانگی بکەم بۆ ئەوەی جارێکی دی چاوم پێی بکەوێتەوە، بەڵام ددانم بە جەرگم داگرت. لەوێ مامەوە تا ئەو ساتەی لە نێو جەرگەی تاریکیدا ون بوو، پاشان چاکەتەکەم لەبەر کرد، چەمەدانەکەم دەست دایە و بە بێدەنگی بە قادرمەکاندا هاتمە خوارێ: بەم زووانە شتێک دەقەومێ. شتێک کە من ناتوانم پێشی پێ بگرم. لە کەنگێوە لە نێو جووڵانەوەی خۆڕاگری دایە؟ من چیم لە دەست دێ؟ من دەبێ چ بە ماڵێ بڵێم؟ ئاخۆ دەبێ لە خەویان هەستێنم؟ نا، لێیان دەگەڕێم ئەمشەو بە هێمنی بنوون. بەیانی،  لەگەڵ دەرکەوتنی خۆردا، خۆیان بۆیان دەردەکەوێ ئەو شەوە چ شتێکی بۆ هێناون.
لە دەرەوە هەوا سارد بوو. بێدەنگییەکی سیحراوی باڵی بەسەر کۆڵانەکەماندا کێشابوو. لە ڕاستیدا، دەبوو زۆر خێرا ڕابکەم، بەڵام نەمتوانی. بڕیارم دا بە دووی بکەوم. هیچ هۆکارێک لە گۆڕێ نەبوو من خۆم بخەمە مەترسییەوە، بەڵام پێش خۆمم پێ نەدەگیرا.
ئەو دەبوایە لەم دەوروبەرانە لە شوێنێک بێ. من خۆمم لە ئیشەکانی وەرنەدەدا بەڵام ئەگەر تەنگاو بوایە، دەمتوانی یارمەتی بدەم.
بە چەمەدانەکەی دەستمەوە، بە کۆڵانەکاندا وێڵ و سەرگەردان بووم. شار کڕ و کپ بوو. دەتگوت ئارامی پێش تۆفانە.
دەبێ لە کوێ بێ؟ لە ژێر باڵی ئەم شەوە ئەنگوستەچاو و خامۆشەدا، بە نیاز بوو چ بکا؟ تۆڵە بستێنێتەوە؟ خودای من، چالاکی تۆڵە بە تۆڵە! خۆ دەخاتە گێژاوی چ ڕووداوێکەوە؟
دەیەویست بکوژ بە دوو فیشەک بکوژێ؟ تۆڵەی ئەو دوو فیشەکە بستێنێتەوە کە سەری براکەمانی پژاند؟

مات و بێدەنگ گوێم بۆ شەو ڕاداشت. لەناکاو دەنگی تەقە بەرز بۆوە. لە شوێنێک ویزەی گولـلەیەک لە حەوا بیسترا. هەناسەکانم قەتیس کرد. هەمدیس دەنگی تەقە بیسترایەوە.
بە ئاڕاستەی ئەو کۆڵانەدا ڕامکرد کە گەورەترین مزگەوتی شاری لێ هەڵکەوتبوو. ئەستەم بوو بزانی دەنگی تەقەکان لە کوێوە دێن. هەروەها نەمدەزانی ڕوو لە کوێ کەم.
لە چوارڕایەک، بە پشووسواری ڕاوەستام. لە پڕا، گوێم لێ بوو کەسێک بە نێو کۆڵانی مزگەوتدا ڕا دەکا. لە ژێر ڕووناکایی شۆقی بەردەم مزگەوتەکە ژنێکم لە چارشێوی ڕەشدا بینی. بەرەو بازار هەڵات و لە نێو تاریکیدا ون بوو.
ئاخۆ مارسی بوو؟ نەخێر، ئەو نەبوو… جگە لەوەش… 
تەقە تەقی پاژنەکانی لە نێو کۆڵانە چۆلەکەدا دەنگیان دەدایەوە.
پەح، دەبێ بە چ بیرۆکەیەک ئەم پێڵاوە نەگبەتانە لە پێ کرابن؟
هەوڵم دا بیگەمێ. هێشتا نەگەیشتبوومە مزگەوتەکە، لە نێو دڵی شەودا گوێم لە دەنگی هاوارێک بوو.
دەستەیەک پیاوی ڕیشن و تفەنگ بەدەست بە دیار کەوتن. لە نێو کۆڵانێکی بەرتەسکدا خۆم حەشار دا و ئیتر هیچم نەبینی، بەڵام گوێم لە دەنگی پۆستاڵی پیاوەکان دەبوو بە ئاراستەی بازاڕدا دەڕۆیشتنە پێش.

خوشکم ئەو شەوە ڕۆیشت و، ئیتر هەرگیز نەمبینیەوە.
رەنگە ئەو وەک سەرجەم ئەوانی تر ڕۆیشتبێ، کەچی  لەگەڵ ئەوەشدا لە لام مایەوە. لە نێو بیرەوەرییەکانمدا، ئێستاش کە ئێستایە لە نێو کۆڵانێکی ئەنگوستەچاودا ڕادەکا.
ئەم مانگانەی دوایی، هەمدیس بیری ئەو کەوتوومەتەوە، بەڵام ئەو تەنانەت لە نێو خەونەکانیشمدا خۆیم نیشان نادا.
بێگومان لە نێو یادەوەرییەکانمدا ئەوەندە ڕای کردوە کە ئیتر نابینرێ.
ئەمە لە فیلمێک دەچێ کە هەتە بەڵام ناتوانی وە پێشی بخەی.
کاتێک مارسیا هات، مارسیش هاتەوە، بەڵام ماوەیەکی زۆر نەمایەوە. با یەکسەر لە منی دوور خستەوە.

مارسیا، هەموو ڕۆژێ کەمێک پێش من دەهات.
دەڕۆیشتە عەمبار و  لەگەڵ خۆیدا باوەشێک کتێبی دێنا، لەسەر مێزەکەی دادەنا و چاوەڕوانی هاتنی من دەمایەوە.
رۆژێک کە خەریک بووین زانیارییەکانمان لە نێو کۆمپیۆتەردا تۆمار دەکرد، لەپڕ دەنگی نزم کردەوە و بە گوێچکەیدا چرپاندم:
"گوێ بگرە! لە سەرەوە گوێم لە دەنگی پێی کەسێکە. ئێوە ئەو دەنگە نابیستن؟"
من گوتم: "دەنگی پێی خەڵکە لە هۆڵی خوێندنەوە دێ."
بێ ئەوەی بجووڵێتەوە، گوێ قوڵاغ بوو.
"سەرنج ڕاکێشە! بەر لەوەی بێمە ئێرە ئیش بکەم، بیرۆکەیەکی تەواو جیاوازم سەبارەت بە کتێبخانەیەک هەبوو. پێم وابوو تەنیا لە چەند هۆڵی خوێندنەوە پێک هاتووە و هیچی تر، بەڵام ئێستا… بە ڕاستی سەرنج ڕاکێشە! ئێمە لێرە وەک پشت پەردە واین. خەڵک بە هیچ شێوەیەک ئاگاداری بوونی ئێمە نییە. ئێمە گوێمان لەوان دەبێ، بەڵام ئەوان دەنگی ئێمە نابیسن. گوێ بگرن! گوێ بگرن! لە سەرەوە کەسێک بە هەڵاتن دوور کەوتەوە. گوێتان لەم هەنگاوە خێرایانە بوو؟ دەنگی پێی ژنێک بوو. ئاخۆ ئێوەش گوێتان لێ بوو؟"
بە خۆمم گوت، بەڵێ، دەنگی ئەو هەنگاوانەم زۆر باش بۆ دەرکەوت، بەڵام پێویست ناکا گوێی بۆ شل بکەم. هەر چی بێ، بەردەوام گوێم لە دەنگی پێی ژنێکە کە ڕادەکا.
لە کاتێکدا نوقمی بیرکردنەوەکانی ببوو، لە نێو جانتاکەی پاکەتە جگەرەیەکی دەرهێنا، قلێکی بە لێو گرت و بە دەنکە شەمچەیەک دایگیرساند. ئەو هێشتا بە جگەرەکێشان ڕانەهاتبوو. بۆ ساتێک، دووکەڵ ڕووخساری ئەوی لە پێش چاوم ون کرد. بە خۆمم گوت: ئێستا ئەو ئیتر لێرە نییە، ئەمیش ون بوو. 

دواجار مارسیا ڕۆیشت، بێ سەروشوێن بوو.
ڕۆژێک هاتە لام و پێی گوتم: "دەڕۆم… دەبێ بڕۆم."
دەمویست لێی بپرسم دەچێتە کوێ، بەڵام خۆ هیچم لە دەست نەدەهات. هەر دەمزانی ڕۆژێک دەبێ بڕوا،  لەگەڵ ئەوەشدا هەواڵی ڕۆیشتنی تووشی حەپەسانی کردم.
مەنگ و تاساو، ڕاوەستام و سەیرم کرد. لێم نزیک بۆوە، ڕوومەتی ماچ کردم و ڕۆیشت.
دەمویست بە ڕێی بکەم، سەیری بکەم چۆن دوور دەکەوێتەوە، بەڵام هیچم لە دەست نەهات.
چاوەڕێ بووم دەنگی تەقە تەقی پاژنەکانی نەمێنێ. بۆ ئەم مەبەستەش بەس ڕۆیشتمە داڵانەکەوە.
داڵان چۆل بوو و بۆنی مسکی زوڵفی ئەو ناوەی ئاخنیبوو.

من بڕوام بە چارەنووس نییە، بەڵام کەسێکم هەر کە ژنێکم خۆش دەوێ، وازم لێ دێنێ. لێم دادەبڕێ و جارێکی تر هەرگیز ناگەڕێتەوە لام.
پێم وایە بە تەنیا من دووچاری وەها قەدەرێک نەبووم و تەنیا من ڕابردوویەکی ئاوام بەسەر نەهاتووە.
بە ڕای من، مارسیاش ئەمەی دەزانی.
ڕۆژێک گوتی: "لە عەمبارەوە شتێکم بۆ هێناون.
- بۆ من؟"
پێداگرانە وەڵامی دایەوە: "بەڵێ، بۆ ئێوە."
کتێبێکی کۆنی لەسەر مێزەکەم دانا.
کتێبەکەم دەست دایە. تۆزاوی بوو. بە پەڕۆیەک تۆزەکەم لا دا. بە تێپەڕبوونی کات، لاپەڕەکان دڕابوون و ڕزیبوون. بە دوای ڕێکەوتێکدا دەگەڕام، بەڵام هیچم بۆ نەدۆزرایەوە. مشک، ڕێکەوتەکانیان جوتبوو.
دەقەکە بە دەست نووسرابوو و تەمرێکی کۆنی لەسەر ڕووبەرگەکە درابوو کە نیشانی دەدا کتێبەکە لە کتێبخانەیەکی تاکەکەسییەوە هاتووە.
لێرە، لەم کتێبخانەیە، فێری هۆڵەندی کۆن ببووم، بەڵام ئەم کتێبە سەر بە زەمەنێکی دوورتر و ئاڵۆزتر بوو.
"ئەم کتێبە چییە؟
- ڕۆژانەیەکی تایبەتە، پێم وابێ.
- هی کێیە؟ کێ نووسیویەتی؟
- شاعیرێکی پورتوگالی."
لاپەڕەکانیم هەڵدایەوە.
"شاعیرێکی پورتوگالی؟ بە هۆڵەندی؟"
لاپەڕەکانی کتێبەکە لەو کاغەزانە پێکهاتبوو کە بە دەست ساز کرابوون. وێنەیەکی پەیوەندی‌دار بە نێوەڕۆکەوە، دەسپێکی هەموو بەسەرهاتەکانی ڕازاندبۆوە. لە وێنەیەکدا پیاوێک بەدی دەکرا کە لە نێو کۆڵانێکی تەنگەبەر خۆی حەشار دابوو و لە شتێکی دەڕوانی و لە وێنەیەکی تردا، کۆمەڵێک بە دووی کەسێک یاخود شتێکەوە بوون. لە شوێنێکی تر، کچێکی گەنج خۆی قوتار دەکرد.
کتوپڕ، لە ژوور لاپەڕەکەی تر، دیمەنێکی تا بڵێی بەرچاوتری ئەم کچە گەنجەم بینی کە بە جەوهەری ڕەش و کەسک کێشرابۆوە. چینێک لە زوڵفی ڕەشی لە ژێر لەچکەکەی سەری هاتبووە دەرێ.
دڵم وە ترپە ترپ کەوت. کتێبەکەم وێک نایەوە.
"ئەم کتێبەتان لە کوێ دۆزیوەتەوە؟
- لە سووچێکی تاریکی ئەم دۆڵابە کۆنەدا.
- دەبێ ئەم شاعیرە پورتوگالییە لێرە بە دووی چیدا وێڵ بووبێ؟
- لە چنگ ئەنکیزیسیۆن ڕای کردووە."
لەمە زیاتر هیچی نەگوت.
بیانووم زۆر بوو بۆ ئەوەی جارێکی تر لاپەڕەکانی کتێبەکە هەڵبدەمەوە، بەڵام خۆم لێ بوارد، زاتم نەبوو. ترسی ئەوەم هەبوو لە لاپەڕەیەکدا چاوم بە وێنەی شاعیرەکە بکەوێ.

مارسیا ڕۆیشت و ئێستا کتێبەکە لە چەکمەجەی مێزەکەی من دایە. ئیتر لێکم نەکردەوە. دەگوترێ مێژوو، خۆی دووپاتە دەکاتەوە. من بڕوام بەمە نییە، لانیکەم پێم وایە سەبارەت بە خۆم، ڕاست نییە کە مێژوو خۆی دووبارە کردبێتەوە.
دواجار، لەوە زیاتر ناتوانم بەسەر خۆمدا زاڵ بم. لەبەر ئەوەی بڕوام بە چارەنووس نییە، هۆکارێک بەدی ناکەم بۆ ئەوەی بترسێم.
چەکمەجەی مێزەکەم دەکەمەوە و کتێبەکە دێنمە دەرێ، گڵۆپی سەر مێزەکە هەڵدەکەم و لاپەڕەکان هەڵدەدەمەوە. دەزانم وێنەی شاعیر دەبێ لەسەر یەکێک لە لاپەڕەکان بێ. دەستەکانم دەلەرزن، بەڵام بەردەوام دەبم لەسەر هەڵدانەوەی لاپەڕەکان.
لە سەرووی لاپەڕەی ٤٩، چاوم بە وێنەی شاعیر دەکەوێ، لەسەر مێزێک دانیشتووە، تەمەنی سی و هەشت ساڵ دەبێ، زەمەنی خۆڵەمێشی بوون.
کتێبێکی کۆن لە بەردەمی لێک کراوەتەوە، بە تێڕوانینی ڕا دەردەکەوێ کە بە دوای شتێکدا دەگەڕێ.


ئەم چیرۆکە لە ژمارە (٢١٣)ی گۆڤاری "ڕامان"دا بڵاو بۆتەوە.

۱۳۹۵/۱۲/۱۹

بۆ چاپی کوردیی "سەفەری بوتڵە بەتاڵەکان"


ساڵانێک لەمەوپێش یەکەم کتێبم سەبارەت بە کوردەکان نووسی. کتێبێک لە ژێر سەردێڕی "کوردەکان دەڵێن چی؟". لەوێدا باسی شین و شایی و خەباتی کوردەکانم کردووە. هەموو شوێنێکی کوردستانی ئێران گەڕاوم و بە سۆز و میوانپەروەری کوردەکان تینوویەتیم شکاوە.

ئێستە گەلێک ساڵە وەک هەزاران کوردی ئێرانی، عێراقی، سووریایی و تورکیایی لە دەرەوەی نیشتیمانەکەم دەژیم. لە ڕێگەی ئەم کتێبەوە کە کراوەتە کوردی، جارێکی دی سڵاوی خۆمتان ئاڕاستە دەکەم.

هەروەها دەبێ بڵێم ناوی من، قادر عەبدوڵڵا، لە ناوی دوو هاوڕێی کوردم کە گوللـەباران کران، وەرگیراوە.

من لە ڕێگەی دۆست و هاوڕێیانم و هاوسەرەکەمەوە بە کوردستانەوە پەیوەند دراوم. لە دی ئێن ئەی کچەکانمدا فەرهەنگ و ئاوازی کوردی هەیە، چونکە باوەگەورەیان خەڵکی کوردستانە.

من بیر لە ئێوە دەکەمەوە. بیر لە ئازادیتان دەکەمەوە و سروودەکانی ئێوە دەچڕمەوە.

وێڕای سڵاو و ڕێز

قادر عەبدوڵڵا
ئامستردام
 

۱۳۹۵/۱۲/۱۸

سەفەری بوتڵە بەتاڵەکان


سەفەری بوتڵە بەتاڵەکان

ڕۆمان
قادر عەبدوڵڵا
سەلاحەدین بایەزیدی
لە فەڕەنسییەوە کردوویە بە کوردی

چاپی یەکەم: ٢٠١٧
بڵاوکار: ناوەندی غەزەڵنووس بۆ چاپ و بڵاوکردنەوە

۱۳۹۴/۰۸/۱۵

ڕووبارەکان شایەتی دەدەن


قادر عەبدوڵڵا
لە فەرەنسییەوە: سەلاحەدین بایەزیدی

لە نیشتیمانی من، ڕووبارەکان شایەتحاڵن. هیچ شتێک حەشار نادەن. ئەوان لە چیا بەرزەکانەوە سەرچاوە دەگرن. گا گۆرانی دەچڕن. گا هاوار دەکەن، جار جارە بە بێدەنگی  لەگەڵ ئێمەدا دەگرین.
هەندێک جار نەرم و نیانن، جاری واشە تووڕەن، جاری وایە  لەگەڵ خۆیاندا گوڵ دێنن، جاری واش تەرمێک.   
رووبارەکان، هەمان ڕووبارن، جا چ لێرە بخوشن چ لە وڵاتەکەی من. 
کاتێک لێرە بە درێژایی ڕووباری "ئەیسێل"دا پیاسە دەکەم، چاوەڕێم ڕووبارەکە شتێکی پێ بێ و ڕووبەڕووی شتێکی چاوەڕواننەکراوم بکاتەوە. 
رووبارەکان دەتوانن جارجارە شتێک دروست بکەن، شێوەی پێ بدەن یان لەقاوی بدەن.

لە نیشتیمانی من، ڕووبارەکان بە گشتی تەرمێک  لەگەڵ خۆیان دێنن. جاری وایە بە هەموو هێزی خۆیان، وەک شتێکی نەگریس تەرمەکە بە گاشەبەردەکاندا دەدەن. فڕێی دەدەنە قەراخ و درێژە بە پەنا و پێچەکانیان دەدەن، وێڵ، سەرگەردان. 
جاری وایە ڕووبارێک بە شێوەیەکی جیاوازتر تەرمێک هەڵدەگرێ. دەبینی ئاوەکە ئەو جەستەیە لەسەر دەستەکانی ڕادەژەنێ. گوێت لێ دەبێ کە ڕووبارەکە دەگری، دەبینی وەک شایەتحاڵێک هەڵسوکەوت دەکا. تەرمەکە بە زنارەکاندا نادا. لە قەراخەکان جێی ناهێڵێ. بە پەنا و پێچەکاندا، تەرمەکە لە باوەش دەگرێ و نیشانی هەموومانی دەدا. پاشان، بەرەو دەریا، بەرەو ئۆقیانووسی دەبا.
ڕووبارەکان لە نیشتیمانی من بەمجۆرە شۆڕ دەبنەوە. لە مێشکی منیشدا هەر بەمجۆرە پەنا و پێچ دەکەن.

لە نیشتیمانی من، ڕووبارەکان پەیوەندییەکی تۆکمەیان بە خەڵکەوە هەیە. لە ژیانی هەموواندا، شوێنێکی گرنگیان بۆ خۆیان تەرخان کردووە. ئەوان جێگەی متمانەن. خیانەت بە هیچ کەس ناکەن. گوێ بۆ مرۆڤەکان شل دەکەن و ڕازەکانیان  لەگەڵ خۆیان هەڵدەگرن. 
جارجارە، ئێوارە درەنگان، ژنێک دەبینی خۆی لە چارشێوەکەی پێچاوەتەوە و بە پێ دزە بەرەو ڕووبار دەخوشێ. لە ڕەخی ئارامی ڕووبارەکە، دەست دەکا بە قسە، دەگری و دەئاخفێ. بە دەم گریانەوە، ئەو شتانە دەگێڕێتەوە کە ڕوویان داوە، باسی ڕازەکانی بۆ دەکا. زۆری پێ ناچێ، نیگەرانییەکانی دەڕەوێنەوە و وەکوو سێبەر بەرەو ماڵەوە دەبێتەوە.
جاری وایە فرمێسکەکان ئالیکار نابن. لە نێو تاریکیدا، ژنەکە تا نیوەڕاستی ڕووبارەکە دەچێ و جەستەی بە شەپۆلە خرۆشاوەکانی دەسپێرێ. 
لە بیر و هزری هاووڵاتیانی مندا، ڕووبارێک دەخرۆشێ کە جەستەی پیاوێکی هەڵگرتووە. پیاوەکە چاویلکەکانی هەروا لە چاوە و ساکێک پڕ لە دەقی ئەدەبی قەدەغەکراوی بە دەستەوەیە.
ئەو پیاوە، سەمەدی بێهرەنگی‌یە، پارتیزانێکی بێ‌چەک، بەڵام دەوڵەمەند بە گەلێک چیرۆک.
لە نێو بیرەوەرییەکانمدا، سەفیدخانی، چۆمی مناڵیم شۆڕ دەبێتەوە.
چۆمی سەفیدخانی بە بەردەم ماڵی باوکمدا تێدەپەڕی. پردێکی دارین، گەڕەکی ئێمەی بە مێوەکانی ترێ دەبەستەوە، پردێکی سادە کە مانگاکان نەیاندەوێرا بە سەریدا بڕۆن. 
ئێمە بەردەوام لەوبەری چۆمەکە، لەسەر ڕێگەی مێوەکان یاریمان دەکرد. هەمیشە شوێنی خزینی مارەکانمان دەشۆپاند و کە کونەکانیانمان دەدۆزینەوە، دارمان تێ دەوەژاندن.

لە ڕوانگەی منەوە، ڕووبارەکان و مارەکان پەیوەندییەکی چڕوپڕیان بە یەکەوە هەیە. ئەم بیرۆکەیە بەردەوام ختووکەی مێشکم دەدا. 
کاتێک هەوا گەرم دەبێ، دەستەیەک پیرەماری بریقەدار دەبینی بە هاش و هووش بەرەو ڕووبارەکە دەخزن تاکوو خۆیان فێنک بکەنەوە. بۆ چرکەساتێک لە قەراخ ڕووبارەکە دەوەستن، سەیری ڕاست و چەپیان دەکەن و، ئەگەر کەسی لێ نەبێ، هەموویان تێکڕا بۆ نێو ڕووبارەکە دەخوشن. سەرەتا خۆیان بە پێلە سەرکێشەکان دەسپێرن، پاشان بە پێچەوانەی ڕەوتی ئاو مەلە دەکەن و خۆیان دەگەیەننەوە کەنار بۆ ئەوەی هەمدیس ڕوو بکەنەوە نێو مێوەکان.  

کاتێک لێرە بە قەراخ ڕووباری "ئەیسێل"دا پیاسە دەکەم، بێ ویستی خۆم چاو بۆ مارەکان دەگێڕم، بەڵام تا ئێستا هیچ مارێکم نەبینیوە.
ئەیسێل، جارجارە هەڵخەڵەتێنەرە. هەست دەکەم پۆلێکی بچووک لە مارەکان بەرەو کەنار دەخزن؛ کەچی مار نین، بەڵکوو کۆمەڵێک شەپۆلی ورد و ئارامن کە دێن قەراخ بلێسنەوە و پاشان دەگەڕێنەوە. 
لە نێو دەنگی شەپۆلەکاندا، من بەردەوام گوێم لە هەنیسکی کوڕیژگەیەکە. کاتێک ئێواران درەنگ بە قەراخ ئاودا پیاسە دەکەم، گوێم لەو دەنگە دەبێ. گوێم لێ دەبێ کوڕیژگەکە بانگی کەسێک دەکا. 
ئەوە کێیە ئەو کوڕیژگەیە کە کاتێک بە قەراخ ئەیسێلدا دەڕۆم، لە ناخی مندا دەست دەکا بە گریان؟ 
لە نیشتیمانی خۆم، هێندە سەرقاڵ بووم کە گریانەکەی سەرنجی ڕانەکێشابووم. 
ئێستا کە بە قەراخ ئەیسێلدا پیاسە دەکەم، بە ئاڵۆزی سیمای مناڵیمم دێتە بەر چاو. 
هەشت ساڵم تەمەن بوو و ئەو ڕۆژە هەوا تا بڵێی گەرم بوو. من لەو بەری ڕووبارەکە، لە نێو مێوەکاندا کایەم دەکرد. لەناکاو، گوێم لە قیژەیەکی بەرز بوو. کەسێک لە نێو مێوەکان هاواری دەکرد. بەرەو لای دەنگەکە هەڵاتم. کەسم نەبینی، بەڵام گوێم لە گریان و پاڕانەوە بوو: "وازم لێ بێنن، تکاتان لێ دەکەم، وازم لێ بێنن."
من لە بن پۆلە دارێکەوە بۆ بن پۆلێکی تر ڕامدەکرد و بانگم دەکرد: "ئەوە کێ‌یە دەگری؟"
لەناکاو، پیاوێکی چوارشانە، بە پانتۆڵی داکەنراو، لە نێو دارەکانەوە بەدیار کەوت. کوڕیژگەیەک وەک کەروێشکێکی زامدار لە نێو لاقەکانی پیاوەکە دەرپەڕی. ئەو پانتۆڵەکەی هەڵکێشاوە و بە دووی کەوت. مناڵەکە، ڕەزەکەی تێپەڕاند و بەرەو ڕووبارەکە ڕایکرد. بە پەلە بوو خۆی بگەیەنێتە پردەکە. کتوپڕ، هاوسەنگی لە دەست دا و کەوتە نێو ئاوەکەوە. گوێم لە هات و هاواری دەبوو، بەڵام کاتێک خۆم گەیاندە کەناری ڕووبارەکە، ئەو ون ببوو. 

لێرە، شان بە شانی ئەیسێل، هەر ئان و سات چاوەڕێم لەناکاو پیاوێک لە نێو دارەکانی قەراخ ڕێگە بەدیار بکەوێ. لە خەیاڵمدا، دەیبینم لە پشت دارێک لە دارەکان خۆی حەشار دەدا.
بە زەبیح شار شارۆکێ بانگمان دەکرد، چونکە لە نێو قووڵکەکان، لە پشت دارەکان یاخود لە ژێر پردەکان خۆی دەشاردەوە بۆ ئەوەی کوڕیژگەکان بە تەڵەوە بکا. 
لێرەکانە، دەیبینم لە نێو مانگاکاندا خۆی حەشار دەدا. لە نێو لاقی مانگا هۆڵەندییەکاندا کە لە قەراخ ئاو خەریکی لەوەڕن، قاچەکانی دەبینم.
ئەگەر نەیتوانیبا کوڕیژگەیەک بگرێ، بە دووی مانگاکان دەکەوت. مانگاکان لێی دەسلەمینەوە. هەر کە لە دوورەوە دەیانبینی، تێیان دەتەقاند. ئەو خۆی دەگەیاندنێ، یەکێکیانی بە گوێ دەگرت و تا داوێنی نشێوێک ڕایدەکێشا و لەوێ خۆی دادەمرکاندەوە. 
کە کارەکەی تەواو دەبوو، بەرەو لای ڕووبارەکە دەڕۆیشت بۆ ئەوەی نێوگەڵی بشواتەوە. ئەو ژنانەی لە قەراخ ئاوەکە جلیان دەشۆرد، وازیان لە جلەکانیان دەهێنا و بە پەلەپڕوزێ دەگەڕانەوە بۆ ماڵێ. بەمجۆرە، لە چنگ زەبیح شار شارۆکێ، ئەم بوونەوەرە سەیرە، ڕایان دەکرد. 

زەبیح یەكێک بوو لە لایەنگرانی شا. لەبەر ئەوەش کەس نەیدەوێرا سکاڵایەکی لە دژ تۆمار بکا. ئەو بە خاڵ دەموچاوی شای لەسەر سینگی هەڵکەندبوو: تاجێکی گەورەی لە بان سەری کێشابۆوە. 
من بە چاوی خۆم، لە کاتێکدا لە نێو ڕووبارەکە خۆی دەشۆرد، ئەو وێنەیەم لەسەر سینگی بینیبوو. لەسەر پردە دارەکە بووم و بە حەپەساوی لەم سەرە مەزنەی شام دەڕوانی. هەڵترووشکابووم و لە پشت پەرژینێک خۆم حەشار دابوو. زاتم نەدەکرد بجووڵێمەوە، لە ترسان لە جێگەی خۆم ڕەق هەڵاتبووم. ئەو چەندین جار هەوڵی دابوو من بگرێ، وەلێ نەیتوانیبوو. لە پڕێکا، ئەمنی بینی، بەرەو لام ڕایکرد و گوڕاندی: "دەتکوژم، دەتکوژم، هەتیوە بیژووە. دەبینی چیت…"
بە هەموو هێزی پێم، لە پردەکە پەڕیمەوە و بەرەو ماڵێ هەڵاتم. 
یەک بە خۆی هاواری دەکرد: "ئاخریەکەی دەبینی چیت لێ دەکەم؛ شەرت بێ تا هەتایە لە بیرت نەچێتەوە!"
خۆم لە ماڵێ کوتاوە.

ئەو پۆلیسانەی لە شار کاریان دەکرد، هەموویان هاوڕێی بوون، هاوڕێیەکی ڕاستەقینە نا، بەڵام لێی دەترسان. کاتێک بە لایەنگری لە شا، خۆپیشاندان بەڕێوە دەچوو، زەبیح شار شارۆکێ لە پێش هەموویانەوە ڕێی دەکرد. سینگی دەکردەوە و هاواری دەکرد: "بژی شا! بژی…"
بەردەوام چەقۆیەکی زامن‌داری پێ بوو کە بە جووڵەیەکی وشک دەیکردەوە و دمە ڕووتەکەی نیشان دەدا. چەقۆکەی لە ژوور سەری ڕادەوەشاند و هاواری دەکرد: "ئەوەم بۆ دوژمنانی شا هەڵگرتووە!"

رووباری ئەیسێل زێدەتر بە نێو لەوەڕگەکاندا تێدەپەڕێ، بەڵام بە درێژایی چۆمی سەفیدخانی، خانووی سادە بە دی دەکران کە خەڵک بە دەستەکانی خۆیان دروستیان کردبوون. پەنجەرەکانی ئەم خانووچکانە، دەڕواننە مێوستان و ترۆپکی بەرزی چیاکان بە كڵاوە سپییە کۆنەکانیانەوە. هەندێک دوورتر، لەو لای گەڕەکی ئێمە، نەخۆشخانەیەکی تازەی دوونهۆمی بونیاد نرابوو. کاتێک بە ناو ماڵەکاندا تێدەپەڕین، نەخۆشخانەکە نەدەبینرا، بەڵام لە تەنیشت ڕووبارەکە پەنجەرەکانی بیناکە کە تیشکی خۆریان دەگەڕاندەوە، بە دی دەکران.
رۆژێک، بەیانی زوو، کە چوومە نێو حەسارەکەمانەوە، کتوپڕ شتێکی سەیرم بە حەواوە بینی، بینایەکی بەرزی نوێ، دیوار بە دیواری نەخۆشخانە. هیچی لێ تێ نەگەیشتم. بە ڕاکردن بەرەو ڕووبارەکە ڕامکرد. نەخۆشخانەکە گەورە کرابۆوە. لە جێگەی خانووی کۆن، بینایەکی نوێ بەرەو کەشکەڵان بەرز کرابۆوە. 
دەتگوت سیحربازێک نەخۆشخانە بچووکەکەی بۆ بینایەکی گەورە گۆڕیوە. 
بۆچی پێشتر چاوم پێی نەکەوتبوو؟ 
دەبێ بڵێم نەخۆشی منی لەسەر جێگە خستبوو و دەبوایە بۆ هەفتەیەک لە ژوورێ نەیەمە دەر،  لەگەڵ ئەوەشدا، بە مەحاڵی دەزانم بینایەکی وەها بەرز لە ماوەیەکی وا کەمدا قووت بووبێتەوە. هەرچی بێ ئێستا بیناکە لەوێ بوو. بینیم خەڵک بەو سیوادی بەیانییە لەسەر ئیشن. بارهەڵگرەکان دەهاتن و دەچوون و بار دەکران. پەلەم کرد بۆ ئەوەی هەموو ئەمانە لە نزیکەوە ببینم. بڕوام بە چاوەکانی خۆم نەبوو. بە دەیان کرێکاری خانووبەرە، بە هەموو لایەکدا دەجووڵانەوە. بارهەڵگرەکان، بەرد، خیز و قسڵیان بۆ نێو حەوشەی نەخۆشخانەکە دەگواستەوە. خێرا نیوە خولێکیان لێ دەدایەوە و دەگەڕانەوە. چەند مەکینەیەک خەریک بوون عەرزیان هەڵدەکەند. کێبڵ‌کێشەکان، کێبڵی گەورەیان دەخستە نێو کەناڵە درێژەکانەوە. پاشان کرێکارەکان دەستوبرد خۆڵیان بەسەردا دەکردن. جۆشکارەکان، میلە ئاسنینەکانیان لەحیم دەکرد کە دواتر خێرا لە لایەن مەکینەکانەوە هەڵدەگیران. کارەباچییەکان، لە سووچێکی بیناکەوە بۆ سووچێکی تر ڕایاندەکرد. دارتاشەکان چوارچێوەی پەنجەرەکانیان لە نێو دیوارە نوێیەکاندا جێگیر دەکرد. شووشەبڕەکان دەسبەجێ جامیان تێ دەگرتن و ڕەنگ‌ڕیژەکان، دیوارە شێدارەکانیان ڕەنگ دەکرد. بەڕێوەبەری نەخۆشخانە، جلێکی ئیشی لەبەردا بوو و کوون و کەلێنەکانی بەسەر دەکردەوە. سەرم سووڕمابوو. مرۆڤ مەگەر لە خەودا ئەو هەموو شتە ببینێ. دەتگوت فیلمێکە و هیچی تر.

لە قوتابخانە بوو کە نهێنی نەخۆشخانە نوێیەکەم بۆ دەرکەوت. شا بۆ یەکەمجار سەردانی شارە هەژارەکەمانی دەکرد. ئەوەی ڕاستی بێ، ئەو بەرەو باشوور دەڕۆیشت، بەڵام دەیویست لە شارەکەی ئێمەش لا بدا. لە ڕوانگەی کاربەدەستانەوە، ئەمە کارەسات بوو چونکە شتێکیان نەبوو شا وە گەڕی بخا. بۆیە پێویست بوو پەنا بۆ خەیاڵیان بەرن و تەنیا پانزە ڕۆژیان لەبەر دەم بوو بۆ ئەوەی شتێک بئافرێنن. بەڕێوەبەری نەخۆشخانە کە کەسێکی تووڕە و تۆسن بوو، پێی گوتن: "ساتەوەختی بەدیهاتنی خەونەکانمە. بەردەوام حەزم کردوە گەورەترین نەخۆشخانەی وڵاتم هەبێ، نەخۆشخانەیەک کە ناوی منی بەسەرەوە بێ. بناغەکانی ئەم نەخۆشخانەیەم وەها قایم ساز کردووە کە تەنانەت دەتوانین تا نۆ نهۆمی بەرز بکەینەوە. بۆ ئێوە، گەرەنتییەک بە نرخێکی گونجاو و بۆ منیش، نەخۆشخانەیەکی گەورە." 
گرێبەست، درەنگانی شەو لە نەخۆشخانە واژۆ کرا. بەڕێوەبەری نەخۆشخانە یەکسەر دەست بە کار بوو بۆ ئەوەی خەونە لە مێژینەکەی وە دی بێنێ. 

بارهەڵگرە سەربازییەکان بە لەز و بەز نەخۆشەکانیان بۆ سەربازگەیەکی کۆن گواستەوە. بۆ بەیانییەکەی، دەیان کرێکاری خانووبەرە، لە بەردەم دەرگای نەخۆشخانە چاوەڕێ بوون. بارهەڵگرەکان، بۆلدوزێر و مەکینەکان لە خاک و خۆڵ وەر درابوون. سێ دەستە بۆ کاری بەردەوام دیاری کرابوون. پۆلێک کرێکار، پاش هەشت سەعات ئیشی تاقەت پڕووکێن، بیناکەیان بەجێ دەهێشت؛ پاشان دەیان ئیشکەری نوێ پێکەوە دەهاتن بۆ ئەوەی جێگەیان پڕ بکەنەوە. 
دواجار، شتێک بەرهەم هات کە لە هەر شوێنێکی تری دونیا مەحاڵ بوو بێتە دی. 
بەرەبەیانی سیانزەهەم ڕۆژ، کاروباری دروستکردنی نەخۆشخانە کۆتایی هات. سێ نهۆمی ژێرەوە، ئامادەی بەکارهێنان بوون، نهۆمەکانی تر، جارێ بەتاڵ بوون. 
خەڵكی لە نێو شار دەیانگوت: " لەگەڵ دەرکەوتنی خۆردا، نەخۆشخانەیەکی سپی جوانمان بینی تا کەشکەڵان بەرز بۆتەوە."
نەخۆشخانەکە لە سەرەوە ڕێکی چیا بەرزەکان بوو و لە خوارەوەش، بە داوێنی سەفیدخانی‌یەوە نووسابوو.
ماڵە نزم و ناحەزەکان بوونە کۆسپ و چیتر  لەگەڵ نەخۆشخانەکە یەکیان نەدەگرتەوە. ئیدی لە پێش چاو ون ببوون.

ڕۆژی چاردەهەم، ئیتر هیچ خانوویەک لەوێ نەما. بۆلدوزێر هەموویانی تەخت کرد. جادەیەکی بەرینی قیلەتاوکراو کە تێکەڵ بە ناوەندی شار دەبوو، جێگەیانی گرتەوە. 
هەموو شتێک بۆ پێشوازی لە شا ئامادە بوو. سەعات دوو، سەرجەم کۆمپانیاکان، قوتابخانە و نووسینگەکان داخران. هەمووان بە وێنەیەکی شاوە بەرەو نەخۆشخانەی نوێ هاتن تاکوو بەخێرهاتنی شا بکەن.
قوتابیان و تەماشاچییەکان لە قەراخ جادە ڕاوەستابوون. 
تیشکی خۆر سووتێنەر و قیلی سەر شەقامەکە هەروا دەتوایەوە و بە بن پێمانەوە دەنووسا. کاربەدەستانی شار کۆمەڵێک فەرشی گەورەیان ڕاخستبوو: ڕێگەیەکی دوور و درێژ، بە فەرشی پان و دڵڕفێن ڕازابۆوە.

سەعات دوو و چارەگ، شا، بە فڕۆکە تایبەتییەکەی کە هەر بۆ خۆیشی لێی دەخوڕی، لە فڕۆکەخانە بچووکەکەی سەربازگە نیشتەوە. 
لە نێو بۆنی ڕەنگ و قیلدا، چاوەڕوانی هاتنی شا بووین. 
بۆ بینینی ئەو پیاوەی تەنیا لە وێنەکاندا چاومان پێی کەوتبوو، بێ سەبرانە چرکەکانمان دەبژارد.
من ملم بەرز کردەوە بۆ ئەوەی بزانم ئۆتۆمبیلی شا گەیشتووە یان نا. کتوپڕ، زەبیج شار شارۆکێ وەک دیوارێک لە بەردەمم قووت بۆوە. لە ترسان ڕۆحم بە بەرەوە نەما. هیچی نەگوت. دەمزانی لەو ساتەوەختەدا  لەگەڵ من هیچی پێ ناکرێ، بەڵام ترسی ئەوەم هەبوو لە پێش چاوی هاوڕێیانی قوتابخانەم دەستم بۆ بێنێ. مناڵەکان دەیانناسی و بێگومان زۆر قوتابی دیکە، لە ڕیزی قوربانییەکانی دابوون. بۆی هەبوو هەندێک کەس پێیان وابێ من پەیوەندیم  لەگەڵی هەیە و لێم وە شک کەون. زەبیح ڕووبەڕوو سەیری کردم و من چاوە ترسناکەکانی مارێکم لە سیمایدا بینی. سەیرێکی دەوروبەری خۆمم کرد و بە خۆمم گوت خوایە گیان بمپارێزە. ئەو هاتە پشت سەرم و بە ئەسپایی دەستی بەرەو سمتم درێژ کرد. خوێن لە نێو دەمارەکانمدا وشک بوو. لە ترسان سەقەت ببووم و نەمدەتوانی لە جێگەی خۆم ببزوێم. دەستی بەرەو قایشی پانتۆڵەکەم برد. لەسەر پێستم هەستم بە نووکی پەنجەکانی کرد، لەو کاتەدا قوتابییەکان یەک بە خۆیان گوڕاندیان: "بژی! بژی شا!"
زەبیح وازی لێ هێنام و چووە ڕیزی پێشەوە. 
لیمۆزینێکی ڕەشی گەورە و بریقەدار نزیک بۆوە. بانەکەی کراوە بوو و شا لەسەر کورسی پشتەوە بە پێوە وەستابوو. جلی سوپای پۆشیبوو و کاسکێتێکی گەورەیشی لەسەر کردبوو. جەماوەر چەپڵەیان لێ دەدا، شادومانی خۆیان دەردەبڕی و هاواریان دەکرد؛ شا بە دەست سڵاوی لێ دەکردن. ئۆتۆمبێلە گەورە ڕەشەکە ئێستا بە بەردەمماندا تێدەپەڕی. شا کاسکێتەکەی لا برد، ڕوو لە ئێمە و زەبیح دەستی ڕاوەشاند. زەبیح، لەمە زیاتر نەیدەتوانی بەسەر جۆش و خرۆشی خۆیدا زاڵ بێ، بە قەڵەمبازێک خۆی هاویشتە ناوەڕاستی شەقامەکە و  لەگەڵ ڕاکردن بە دوای ئۆتۆمبێلەکەی شا، گوڕاندی: "بژی پاشای پاشاکان."
پۆلیسەکان دوای کەوتن و گرتیان. شا، ترسی ڕێ نیشت و ئاوڕی دایەوە. زەبیح، پەشۆکاو، هاواری دەکرد: "بژی پاشا."
شا ئاماژەی بە پۆلیسەکان کرد وازی لێ بێنن. زەبیح یەخەی کراسە سپییەکەی دڕاند و وێنەکەی سەر سینگی نیشان دا. سەرەتا شا تێنەگەیشت. بە سەرسووڕمانەوە، لە زەبیحی دەڕوانی کە ملی کراسە پچڕاوەکەی بە دەستەوە گرتبوو و هاواری لەرزۆکی لێ بەرز دەبۆوە: "بژی شا! بژی…"
شا دەستووری بە شۆفیر دا ڕابوەستێ. زەبیح لە چاوترووکانێکدا، کراسەکەی هەڵدڕی و ماسوولکەکانی سینگی دەرپەڕاند. وێنەکە، سەری شا لەسەر سینەی وە جموجوڵ کەوت. شا چاویلکەکەی لە چاو کرد و بە سەرنجەوە لێی ڕوانی. پاشان چاویلکەکانی دانایەوە، سەری زۆر بە هێمنی ڕوەو زەبیح دانەواند و بزەیەکی هاتە سەر لێو. دوایی ئۆتۆمبێلەکە کەوتەوە ڕێ. 
بۆ بەیانی، وێنەیەکی گەورەی شا و زەبیح لە لاپەڕەیەکی یەکەمی ڕۆژنامەیەکی سەر بە دارودەستەی شا بڵاو بۆوە: لە وێنەکەدا شا دەبینرا، چاویلکەکەی بە دەستەوە بوو و بزەیەکی شاهانە لەسەر لێوەکانی نیشتبوو، لەو لاشەوە زەبیح شار شارۆکێ بە تاتۆیەک لەسەر سینگی ڕووتی.

ماوەیەکی زۆر بەسەر ئەم ڕووداوەدا تێدەپەڕێ. کە بیر لە ساڵانی تافی مێرمناڵیم دەکەمەوە، بۆم دەردەکەوێ کە زەبیح مناڵیمی تۆقاندووە. بوونی ئەو، ژیانمی مەحکوومی چوار دیوارییەک کردبوو. زاتم نەدەکرد باڵ بگرم. چیا بەرزەکانی ئەو دیو ڕەزەکان، ڕۆحمیان بۆ لای خۆیان ڕاکێشابوو، بەڵام زەبیح وای کردبوو دوورەدەست بن. لە پێش چاوم لە دێوزمەیەک دەچوو کە لە بەردەم چوونی من بۆ چیاکان دەبۆوە ئاستەنگ.
لە هەموو شوێنێک، هەستم بە بوونی دەکرد. دەبوایە بەردەوام لەسەر هەست بم بۆ ئەوەی نەکەومە بۆسەیەوە، بەڵام بێهودە بوو و هەر چیم کردبایە، نەمدەتوانی لە چنگی ڕزگار بم.
پاش نیوەڕۆیەکی زۆر گەرمی ڕۆژێکی یەکشەممە، لە کاتێکدا  لەگەڵ هاوڕێیانم لە قەراخ ئاو یاریمان دەکرد، لەناکاو مارێکی ڕەنگ تۆخم بینی کە سەرە قاوەییە مەیلەوزەردەکەی لە کونێکەوە دەرهێنابوو. هەناسەم لە خۆم بڕی و لە جێگەی خۆم نەبزووتم. مارەکە ڕاستەوخۆ سەیری نێو چاوەکانی دەکردم. ئەگەر زەندەقم نەچووبا، ئەگەر لە جێگەی خۆم نەجووڵابامەوە، بێگومان دەخزیەوە نێو کونەکەی، بەڵام دەترسام، ترسێکی ئەوتۆ کە نەمدەتوانی لەسەر ئەژنۆ خۆ ڕابگرم. لە دەوروبەری خۆمم ڕوانی، نیوە خولێکم لێ دا و لەناکاو بەرەو مێوەکان هەڵاتم. بە هەموو هێزی پێ ڕام کرد، بەڵام هەستم دەکرد - یان ڕەنگە خەیاڵم وا بوو - مارەکە بە دوومەوەیە. لە پشت سەرم گوێم لە هاش و هووشی دەبوو کە بە نێو گژ و گیا و پنچکەکاندا دەخووشێ. لە پێشەوەم هیچ شتێک نەدەبینرا. گشت وزەم لە هێزی بیستندا کۆ کردبۆوە بۆ ئەوەی بزانم بە دوامەوەیە یان نا. کتوپڕ، زەبیح لە پشت دارێک لێم دەرپەڕی. سەرم لە زگی درا و کەوتمە سەر عەرزی. سەرم هەڵێنا و چاوم لێکرد. لە ترسان هەڵدەلەرزیم، قوڕگم وشک ببوو و هەستم بە تامێکی تاڵ لەسەر زارم دەکرد. 
"گرتمی هەتیوە بیژووە! ئاخریەکەی هاتیە بەر دەستم."
جەستە زەبەلاحەکەی شۆڕ کردەوە، دەستی ڕاستی درێژ کرد، بە قۆڵ گرتمی و بەرزی کردمەوە. هەترەشم چووبوو، پڕ بە زارم هاوارم کرد، هاوارێکی هێندە بەرز کە ڕاچەنی و دەستی لێ بەردام. هەلم قۆستەوە و لەسەر چۆک دوور کەوتمەوە، پاشان هەستامە سەر پێ و بەرەو پردەکە هەڵاتم. گەیشتبوومە نێوەڕاستی پرد کە هاوسەنگی خۆم لە دەست دا و کەوتمە خوارێ. لە کاتێکدا شەپۆلە بە خوڕەکان دەیانگواستمەوە، من دەمقیژاند و هاوارم دەکرد.

نازانم ئەمە چەندەی خایاند. لە پڕا بینیم نیوەی جەستەم لە نێو ئاو و نیوەکەی تری لەسەر خاکە و بە ئاستەم وە هۆش هاتوومەتەوە. لەناکاو، گوێم لە دەنگی ژنان بوو، هاواریانم دەبیست و نەدەبیست، ئەوان بە دەم گریانەوە لە چوار دەورم ئەڵقەیان بەست. پێیان وا بوو مردووم، بەڵام کاتێک زانیان هەناسە دەدەم، چیتر نەگریان. نەیاندەزانی چیم لێ بکەن. ئاخر ئەوان بەردەوام جەستەی مردوویان لە قەراخ ڕووبارەکە دۆزیبۆوە، نەک جەستەی نیوەمردوو. 
ژنێک بە قیژەیەکی خۆشی بێدەنگییەکەی شکاند، ئەوانی تریش بە هەمان شێوە لە هەلهەلەیان دا. دەیانویست بمبەنەوە گەڕەکی خۆمان، ماڵی خۆمان کە ژنێکیان هاواری کرد: "راوەستن! با سەرەتا ئاوی نێو زگی بێنینە دەرێ."
ئەوان کۆمەڵێک لق و پۆپی وشکیان کۆ کردەوە و ئاگریان پێ خست. پاشان ژنێک منی بە لاق بەرز کردەوە، دەتگوت کەروێشکێکی مردارەوەبووم، لە کاتێکدا کە سەرم لە بان ئاگرەکە بوو، ڕایوەشاندم. گوێم لە قیژە و هاواری خۆشییان دەبوو، گوێم لە دەنگی ڕۆ ڕۆیان دەبوو. ئەوان بە نۆرە ڕایاندەوەشاندم. هەستم بە بڵێسەکانی ئاگر دەکرد کە ڕووخساریان دەلێستمەوە. لەو ساتەدا، هەموو ئاوی سەفیدخانی‌م دەردایەوە.
ژنەکان سەر لە نوێ هەلهەلەیان لێدایەوە. ئەوان بە دەم گۆرانی وتنەوە، منیان بردەوە ماڵێ و بەسەر و برۆی هەڵپڕووزاو، ڕادەستی دایکمیان کردمەوە.
پیرەژنێک گوتی: "مزگێنیت لێ بێ! لەسەر تەوێڵی کوڕەکەت نووسراوە کە زۆر دەژی. سەفیدخانی بە زیندوویی هاویشتیە دەرەوە. دەبێتە کەسێکی بەناوبانگ."

ئەمڕۆکە، ساڵ و ڕۆژگار تێپەڕیون و من نەبووم بە کەسێکی بەناوبانگ. لەسەر تەوێڵم، هیچ نەنووسراوە، دوو وشەی "ڕاکردوو" و "نۆستالژیای تاهەتایی" نەبێ.
ئەو ژنانە دەیانویست لە داهاتووی تاریکیاندا، ڕووناکییەکیان هەبێ، بەڵام من ئەو ڕووناهییە نەبووم، نەبوومە هیوایەک. ئەوان هیچ کامیان بیریان بۆ ئەوە نەدەچوو.
ئاگرەکە، ئەو ئاگرە ڕزگاریدەرە، چەند برینێکی لەسەر جەستەم بە جێ هێشتووە. ئەوانە تەنیا یادگارێکن لەو ڕووداوە ناخۆشە هەڵمگرتوون.

بە قەراخ ڕووباری ئەیسێلدا پیاسە دەکەم و زەبیح شار شارۆکێ دەبینم بە دیار دەکەوێ. دەیبینم دەچێتە نێو دارەکان، دەچێتە نێو ئەو مانگایانەی خەریکی لەوەڕن. دەیبینم لە پشت ستوونی پردێکی کۆنی سەر ئەیسێل خۆی مات داوە بۆ ئەوەی کوڕیژگەیەکی هۆڵەندی بە تەڵەوە بکا.
نازانم، بەڵام پێم وایە مەنفا وێستگەیەکە دەتوانین لێیەوە بەرەو ساڵانی مناڵی بفڕین.
بەر لەوەی ئەیسێل بناسم، زەبیح شار شارۆکێم بە یەکجاری لە بیر چووبۆوە. کە ئەیسێل لە هزری مندا دەستی بە خرۆشان کرد، هاوکات گشت بیرەوەرییەکانمی لە نێو مێشکمدا زیندوو کردەوە. 
دواتر، کە گەورە بووم، ترسم لە زەبیح شکا. ئەوەی ڕاستی بێ، چیتر نەمدەبینی. من جیهانی کتێبەکانم دۆزیبۆوە، بۆ ئەوەی هەموو بیر و سەرنجی خۆم بدەمە سەر کتێبەکان، نیگام بۆ چیا دڵبزوێنەکانی ئەو لای ڕەزەکان وەرسووڕاندبوو. شتی سەرنج ڕاکێش و دوور لە خەیاڵم لەسەر ڕووبارەکانی تر، مارەکانی تر و هەروەها لەسەر ئەو بابەتانە دەخوێندەوە کە تەنیا لە مێشکی کوڕیژگەیەکی دانیشتووی شارێکی هەژاردا جێیان دەبۆوە. بەمجۆرە زەبیح شار شارۆکێ بەرە بەرە لە جیهانی مندا ون دەبوو. من لە گۆشەیەکی تاریکی یادەوەرییەکانمدا بە خاکم سپاردبوو، لە گۆشەیەکی هێند قووڵ و تاریک کە نەیدەتوانی تەنانەت بخزێتە نێو خەونەکانیشمەوە. ساڵانی دواتر، ڕووم کردە پایتەخت بۆ ئەوەی لە زانکۆ بخوێنم. لەوێ، پەیوەندیم بە جووڵانەوەیەکی نهێنی شۆڕشگێڕەوە کرد. لەو ساڵانەدا بوو شۆڕش تەقییەوە و شا تاج و تەختی خۆی بەردا. خومەینی هاتە سەر دەسەڵات و دارودەستەکەی کۆنتڕۆڵی شارەکانیان گرتە دەست. ئەوان، دڵەڕاوکێیان خستە نێو دڵی چەپەکانەوە. 
لەسەر ڕێگەکانی دەرچوون، ئەوان لە سەرکردەکانی ئۆپۆزۆسیۆن دەگەڕان و ئۆتۆمبێلەکەنیان دەپشکنی. ئێوارەیەک کە دەمویست لە تاران ڕا بگەڕێمەوە بۆ شارەکەم، لە بەردەم دەروازەی شار، سەربازێک لە ژێر ڕووناکی شۆق پژێنەکان لە کۆشکی چاودێری هاتە دەر. بە جووڵاندنی تفەنگەکەی، فەرمانی پێ دام ئۆتۆمبێلەکەم ڕابگرم. پێم بە کلاج دانا. سەربازەکە هاتە پێشێ، ڕیشی تا سەر سینگی شۆڕ ببۆوە و هەر دوو دەستی لەسەر چەکە درێژەکەی دانابوو. لە لای چەپی شانی، وێنەیەکی بچووکی خومەینی هەڵواسیبوو.
شووشەی ئۆتۆمبێلەکەم دادایەوە، ئەو سەری بۆ ناو ئۆتۆمبێلەکەم چەماندەوە. یەکسەر گوتی: "ناسنامەکەت".
کتوپڕ لە پشت ئەو ڕیشە خۆڵەمێشییە درێژەوە، من سیمای زەبیح شار شارۆکێم ناسییەوە. 
دووپاتی کردەوە: "پێم گوتن ناسنامەکەتان!"
من ڕاستەوخۆ، لە چاوەکانیم دەڕوانی، لە نێو نیگایدا لەناکاو نیشانەیەکی ئاشنایی بە دیار کەوت. خێرا پاشەکشەی کرد، لە ئۆتۆمبێلەکە دوور کەوتەوە و ئیزنی پێ دام درێژە بە ڕێگاکەم بدەم. 

نازانم لە ساتەوەختی ئەو پێک گەیشتنە چاوەڕواننەکراوەدا بیری لە چی کردۆتەوە، بەڵام من نەمدەتوانی ببمە بەشێک لەم بارودۆخە. دەشمزانی من بە تەنیا نیم. ئەو ئێستا لە پشت خومەینی خۆی حەشار دابوو و لە نێو شاردا، دوو ئەرکی هەرە قێزەوەنی گرتبووە ئەستۆ: سەر بە دەمارگرژترین سەربازەکانی خومەینی و بەرپرسی ژووری ئەشکەنجەی گرتووخانە بوو، ئەو گرتووخانەیەی گیراوە سیاسییەکانی تێدا بەند کرابوو. نەک هەر بۆ گیراوەکان، بگرە بۆ هەموو کەس ببوو بە مەترسییەکی گەورە. کەسانی بە ویژدانی شار نەیاندەتوانی بەرگەی ئەم بارودۆخە بگرن. 

شەوێک، چەند ڕۆژ دواتر، لە بەردەم پەنجەرەی ماڵی خۆمان بە پێوە وەستابووم و سەیری دەرەوەم دەکرد، سەیری تاریکی، ڕووبارە سەرهەڵگرتووەکە و، ئەو مێوانەی مارەکان بە نێو لقە و پۆپەکانیاندا دەخزین و بێگومان گوێیان بۆ ڕووبار ڕاداشتبوو. لەو کاتەدا، گوێم لە هاواری ژنان بوو، ئەو ژنانەی لە قەراخ ئاو جلەکانیان دەشۆن. نەمدەزانی ئەوە قیژە و هاواری خۆشییە یان شین و ڕۆڕۆ، بە پەلە ڕامکردە دەرەوە بۆ ئەوەی بزانم چ باسە. ئەوان لە دەوری تەرمێک ئاپۆرایان بەستبوو. لە ژێر تریفەی مانگدا، جەستەی سەربازێک کەوتبوو، نیوەی لە ئاوەکەدا و نیوەکەی تری لە دەرەوە. ڕیشە خۆڵەمێشییەکەی و وێنەیەکی خومەینی لەسەر سینگی، لە ژێر شۆقی مانگ دەدرەوشانەوە. 
وەکوو نەریت، دەبوایە لە کفنێکی سپی بپێچرێتەوە و ببرێتە گۆڕستان، بەڵام ئێمە خۆمان لە هیچ هەڵنەقورتاند. لە نێو تاریکیدا، بێدەنگ سەیری ماڵەکانی خۆمانمان کرد، ئەو ماڵانەی بە پێ دزە و بە پەنجەی پێ بۆیان ڕۆیشتینەوە. 
 من لە نێو تاریکیدا گەڕامەوە بۆ بەردەم پەنجەرە و سەیری دەرەوەم کرد. مانگ تریفەی دەهاویشت. تەرمەکە لە قەراخ ئاو کەوتبوو و ڕووبارەکە بە پارێزەوە دەخرۆشا. 

ئەم چیرۆکە لە ژمارە (٤)ی گۆڤاری ''ئیلیان''دا بڵاو بۆتەوە. 

قادر عەبدوڵڵا


حوسێن سەجادی قائیم‌مەقامی فەراهانی ناسراو بە "قادر عەبدوڵڵا"، ساڵی ١٩٥٤ لە شاری "ئەراک"ی ئێران لەدایک بووە. ساڵی ١٩٨٨ ڕۆیشتۆتە هۆڵەندا و پاش فێربوونی زمانی هۆڵەندی، بەو زمانە نووسیویەتی و ئەمڕۆکە یەکێکە لە نووسەرە هەرە ناسراوەکانی هۆڵەندا. قادر عەبدوڵڵا بە هۆڵەندی دەنووسێ و بەرهەمەکانی بۆ گەلێک زمان وەرگێڕدراون، بەڵام کتێبەکانی لە ئێران قەدەغەن و تا ئێستا هیچ کتێبێکی وەرنەگێڕدراوەتە سەر زمانی دایکی خۆی. 
نووسەر نازناوی "قادر عەبدوڵڵا"ی لە ناوی دوو شۆڕشگێڕی کوردی هاوڕێی وەرگرتوە کە لەلایەن ڕژێمی ئێرانەوە لە سێدارە دراون. لەمبارەوە لە وتوێژێکدا بە ڕادیۆ فەردای گوتوە: "بەردەوام ویستوومە نوسەرێکی گەورە و باشی ئێران بم، بەڵام گرفتێکم هەبوو و ئەویش پاشناوی باوکی باوەگەورەم بوو؛ میرزا ئەبولقاسم قائیم‌مەقامی فەراهانی، چەندەشم نووسیبا، دیسان هەر ئەو گەورەتر بوو. ئەگەر ناوی خۆم کردبایە قائیم‌مەقامی فەراهانی، بەردەوام ئەو قائیم‌مەقامە فەراهانییەی دی قورستر بوو. ئەو کێشەیەم هەمیشە هەبوو و نەمدەزانی بە چ شێوەیەک چارەسەری بکەم. کە یەکەم کتێبم لە ژێر چاپ هاتە دەر، بە دووی ناوێکدا دەگەڕام، بەداخەوە دوو هاوڕێم ڕێک لەو ڕۆژانەدا لە سێدارە دران. یەکیان ناوی "قادر" و ئەوی تریان "عەبدوڵڵا" بوو. بیرم کردەوە ئەگەر ناوی ئەو دوو هاوڕێیە لە پاڵ یەکتری دابنێم، دەبمە "قادر عەبدوڵڵا".
قادر عەبدوڵڵا لە ڕۆژنامەی "کار"ی زمانحاڵی ڕێکخراوی چریکەکانی فیدایی دەستی بە نووسین کردوە و بە شێوەیەکی نهێنی، دوو کتێبی بە ناوی "کوردەکان دەڵێن چی؟" و "کوردستان پاش بزاڤی خۆڕاگری" چاپ و بڵاو کردۆتەوە. 
قادر عەبدوڵڵا پاش لە سێدارەدانی ئامۆزاکەی ئێرانی جێ هێشتووە و ئێستا لە هۆڵەندا دەژی. گۆشەنووسی یەکێک لە کۆنترین و پڕتیراژترین ڕۆژنامەکانی هۆڵەندا بە ناوی فالکس کرانت-ە.
هەندێک لە کتێبەکانی قادر عەبدوڵڵا بریتین لە: کوردەکان دەڵێن چی؟ - کوردستان پاش بزاڤی خۆڕاگری - کچە گەنجەکان و پارتیزانەکان - سەفەری بوتڵە بەتاڵەکان - ماڵەکەی مزگەوت - پێغەمبەر - پاشا.
قادر عەبدوڵڵا ئێستا لە هۆڵەندا دەژی.