۱۴۰۰/۰۸/۱۶
گفتوگۆی بن شووراکان شه‌ڕێک هه‌رگیز کۆتایی نایه‌ت
رەوەز جەبار
یه‌کێک له‌و نووسه‌رانه‌ی له نێو ئه‌و بارە ناخۆشەی تورکیادا داوای تورکیایه‌ک ده‌کات کورد و تورک وه‌ک هاووڵاتی پله یه‌ک سه‌یر بکرێن، ئۆیا بایداره. ئه‌و خانمه رۆماننووسه تورکه له رۆمانه‌کانیدا په‌نجه ده‌خاته سه‌ر برینه‌کانی تورکیا. تازه‌ترین رۆمانی ئۆیا بایدار، رۆمانی گفتوگۆی بن شووراکانه. ئه‌م رۆمانه سه‌ڵاحه‌دین بایه‌زیدی وه‌ریگێڕاوه بۆ کوردی و له بڵاوکراوه‌کانی وه‌شانخانه‌ی مادیاره له سنه. له دوو توێی 183 لاپه‌ڕه‌دا چاپ و بڵاوبۆته‌وه. رۆمانه‌که چیرۆکی تورکیایه‌کی پڕ له خه‌م و مه‌راق و شه‌ڕ ده‌گێڕێته‌وه. تورکیایه‌ک که هه‌میشه پڕه له شه‌ڕ و ململانێ. شه‌ڕێک له دوای روخانی ئیمپراتۆرییه‌تی عوسمانی و له سه‌ره‌تای دروستبوونی کۆماره‌که‌ی ئه‌تاتورکه‌وه به‌رده‌وامه.
ئه‌م رۆمانه چیرۆکی چالاکوانێکی تورکه له‌سه‌رده‌می شه‌ڕی خه‌نده‌قدا ده‌چێته شاری ئامه‌د. له‌وێ هه‌وڵ ده‌دات به دروشمی گرنگ ژیانه به‌ر به‌و شه‌ڕه ماڵوێرانکه‌ره بگرێت. که بووه‌ته هۆی جه‌رگ سووتانی دایکان و بێوه‌ژن بوونی چه‌ندین ژن… هه‌ر وه‌ک له رۆمانه‌که‌دا ئه‌و دیمه‌نانه ده‌بینین که چۆن دایکانی جه‌رگ سووتاو داوای ته‌رمی کوڕه‌کانیان ده‌که‌ن. له‌ژێر شووراکان و به‌رامبه‌ر به «سوور» که ناوچه‌یه‌کی کوردنشینی ئامه‌ده و زۆربه‌ی خه‌ڵکه‌که‌ی کوردی عه‌له‌وی و مه‌سیحین، ئه‌و چالاکوانه له‌گه‌ڵ کوردێکدا ده‌که‌وێته گفتوگۆی چه‌مکه‌کانی نه‌ته‌وه، ئازادی، شه‌ڕ، زمان، مه‌رگ، ویژدان… لێره‌وه بابه‌تی سه‌ره‌کی ده‌بێت به پرسی کوردستانی باکوور و مه‌سه‌له‌ی شوناس و مافی که‌مینه. شوێن له‌م رۆمانه‌دا ناوچه‌ی سووره له ئامه‌د. سوور، ئه‌و ناوچه‌یه‌ی دڵی دیاربه‌کری کۆنه و بناغه‌ی شاره‌که‌یه و شوێنێکی که‌ونارایه. به گشتی فه‌زای رۆمانه‌که چیرۆکی تورکیایه‌کی پڕ کێشه و شه‌ڕ و ئاڵۆزییه. نووسه‌ر له رێگای دیالۆگی ئه‌و دوو که‌سایه‌تییه‌وه باسی ژیانی سه‌ختی تورکیا ده‌کات. ره‌خنه له ده‌سته‌ڵات ده‌گرێت، که بۆچی بارودۆخی کورد له تورکیادا ئاوا سه‌خت و دژواره. چیرۆکی شوناس و مه‌سه‌له‌ی کورد بوون و تورک بوونه. چیرۆکی شه‌ڕی نیو خه‌نده‌قه‌کانه.
وه‌ختێ تورکه‌کان ئاماده نین ماف بده‌ن به کورد، کوردیش ناچاره چه‌ک هه‌ڵبگرێ و داوای مافی خۆی بکات. وه‌ک له رۆمانه‌که‌دا هاتووه تورکه‌کان ده‌ڵێن کوردی باش کوردی مردووه. ئه‌م رسته‌یه زیاتر له هه‌شتا ساڵه وای کردووه ئه‌و وڵاته نه‌حه‌سێته‌وه و به‌رده‌وام له شه‌ڕدابێ. چون کوردیش وه‌ک نه‌ته‌وه‌یه‌ک نایه‌وێت وه‌ک مردوو سه‌یر بکرێ و مافه‌کانی خۆی ده‌وێت. به‌شی زۆری ئه‌م رۆمانه گفتوگۆی ئه‌و دوانه‌یه و که‌متر په‌رژاوه‌ته سه‌ر وێنه و دیمه‌نی شوێن و که‌سه‌کان. زیاتر دیالۆگی ئه‌و دوو که‌سه‌یه. وه‌ک له‌وه‌ی گێڕانه‌وه به ژیانی که‌سایه‌تییه‌کاندا رۆبچێ. به گشتی له رێگای دیالۆگی ئه‌و دوو که‌سه‌وه ده‌چێته نێو مێژووی خوێناوی تورکیاوه و باسی کوشتاری ئه‌رمه‌ن و دێرسیم ده‌کات. وه‌ک له رۆمانه‌که‌دا هاتووه: ئێستا له سوور، له جیزره، له سلۆپی، له هه‌زه‌خ و گه‌ڕه‌که هه‌ژاره‌کانی نووسه‌یبین، له‌و دیو خه‌نده‌قه و مه‌ته‌رێزه‌کان، منداڵه به‌رد هاوێژه‌کان کۆمه‌ڵێک ئامانجیان هه‌یه که له یاخیبوون ئه‌ولاتر ده‌چێ: ئه‌وان داوای مافه‌کانی خۆیان و ئه‌و خاکانه ده‌که‌ن که به‌ڵێنیان پێ درابوو. ئه‌وان بۆ که‌سانی تر شه‌ڕ ناکه‌ن، ئه‌و شه‌ڕه‌ی ده‌یکه‌ن هی خۆیانه. یان وه‌کو ده‌ڵێ: ئه‌و کاته‌ی گه‌لی کورد وتی کێشه‌ی سه‌ره‌کی من ئه‌وه‌یه ته‌نیا له‌به‌ر کورد بوون ده‌چه‌وسێمه‌وه، زوڵمم لێ ده‌کرێ و وه‌ک شارۆمه‌ندی پله دوو سه‌یر ده‌کرێم، خه‌باتی ناسێنه تین و گۆڕی هاته به‌ر. هه‌ر ئه‌و کاتیش چه‌پی تورکی که‌م که‌م له‌و مه‌یدانه هاوبه‌شه پاشه‌کشه‌ی کرد. یان له به‌شێکی تری رۆمانه‌که‌دا ده‌ڵێ: باوکم له به‌ندیخانه‌ی دیاربه‌کر به ئه‌شکه‌نجه مرد. دایکم بێجگه له کوردی زمانێکی تری نه‌ده‌زانی. باوکم له‌به‌ر ئه‌وه‌ی له‌گه‌ڵ هاوسه‌ره‌که‌ی به کوردی قسه‌ی کردبوو. ئه‌شکه‌نجه‌کرا. باوکم نه په‌یوه‌ندی به رێکخستنه‌وه هه‌بوو. نه به چیا و نه به تیرۆره‌وه. ته‌نیا له‌به‌ر ئه‌وه‌ی کورد بوو، ئاماده نه‌ببوو چه‌کی جاشایه‌تی بکاته شان. خرابووه گۆشه‌ی به‌ندیخانه‌وه…
به‌گشتی ئه‌و سێ نموونه‌یه‌ی سه‌ره‌وه فه‌زای گێڕانه‌وه‌ی رۆمانه‌که‌ن، ته‌واوی رۆمانه‌که به‌و نه‌فه‌سه ده‌ڕوات، رۆمانێکی وشک و برینگه، جگه له‌و چیرۆکانه هیچی دیکه‌ی تێدا نییه. وه‌ک باسی خۆشه‌ویستی، سێکس، ژیانی ئاسایی کاره‌کته‌ره‌کان… ته‌نیا و ته‌نیا دیالۆگێکی پڕه له باسی شه‌ڕ، ململانێ، دانپێدانه‌نان، چه‌وسانه‌وه… ته‌نانه‌ت خوێنه‌ر نازانێ ئه‌و دوو کاره‌کته‌ره باکگراوندیان چییه و چۆن ژیاون و سه‌ر به چ چینێکن. ته‌نیا مه‌به‌ستی نووسه‌ر ئه‌وه‌بووه له رێگای ئه‌و دیالۆگه‌وه باس له ململانێی نه‌ته‌وه‌ی تورک و کورد و مه‌سه‌له‌ی شوناس ده‌کات.
ئۆیا له‌و نووسه‌ره به هه‌ڵوێستانه‌یه که له‌سه‌ر حه‌ق وتن زۆرجار تووشی کێشه بووه و رووبه‌ڕووی مه‌ترسی و زیندان بووه‌ته‌وه. به هۆی نووسینی رۆمانی خودا منداڵانی فه‌رامۆش کردووه هه‌ڕه‌شه‌ی ده‌رکردنی لێ کراوه له قوتابخانه‌که‌ی. هه‌روه‌ها به هۆی ئه‌وه‌ی تێزی دکتۆراکه‌ی سه‌باره‌ت به سه‌رهه‌ڵدانی چینی کرێکار له تورکیا بوو له لایه‌ن ده‌سته‌ی پڕۆفیسۆره‌کانی زانکۆوه ره‌ت کراوه‌ته‌وه و ئه‌وه‌ش بووه هۆی پشێوی و ئاژاوه له ناو زانکۆ‌دا و له ساڵی 1971 قۆڵبه‌ست کراوه و له زانکۆ دوورخراوه‌ته‌وه. له دوای کوده‌تای 1980 تورکیای به‌جێهێشتووه و له ساڵی 1992 گه‌ڕاوه‌ته‌وه.
ئۆیا بایدار ساڵی 1940 له ئه‌سته‌نبوڵ له دایکبووه. به‌ده‌ر له نووسینی رۆمان مامۆستای زانکۆیه و ماوه‌یه‌کی زۆر به‌شداری له سیاسه‌تدا کردووه و وه‌ک نووسه‌رێکی چه‌پ رۆڵی گرنگی هه‌بووه و به سه‌لامه‌تیش لێی ده‌رنه‌چووه و زۆرجار رووبه‌ڕووی ئازاردان بووه‌ته‌وه. له ژیانی ئه‌ده‌بی خۆیدا کۆمه‌ڵێک به‌رهه‌می نووسیوه. له‌وانه رۆمانی ده‌رگای یه‌هودا، گه‌ڕانه‌وه بۆ هه‌ر جێگایه‌ک، سه‌رده‌می ئازادی و سه‌رده‌می هیوا، گوتاری پشیله، گفتوگۆی بن شوراکان و…
له پای ئه‌و کارانه‌ی چه‌ند خه‌ڵاتێکی پێبه‌خشراوه. له‌وانه خه‌ڵاتی یونس نادی ساڵی 1992 له‌سه‌ر رۆمانی گوتاری پشیله. خه‌ڵاتی ئۆرهان که‌مال، ساڵی 2001. خه‌ڵاتی جه‌وده‌ت قودره‌ت، ساڵی 2004. خه‌ڵاتی ده‌ریای سپی ناوه‌ڕاست- رۆشنبیریی ساڵی 2011.
سەرچاوە: کوردستانی نوێ
۱۳۹۹/۰۹/۰۶
هەژدیها لەبەر دەرگە پاسەوانە
ژنە نووسەرێكی تورك لە كوردبوون دەدوێ
نەجات نوری
(من بەردەوام بۆ مافی ئەوانی تر تێكۆشاوم: چونكە ویژدانم دژ بەو ناهەقییەی بەرامبەر ئەوانی دی پەیڕەو كراوە، ڕاپەڕیوە) ئۆیا بایدار
زمان، نیشتیمانی مرۆڤە، هێرش كردنە سەر خاك و هێرش كردنە سەر زمان یەك شتن... ئۆیا بایدار
(ئەو ئەشكەنجانەی بە بیستن و بیركردنەوە لێیان شەرم لە مرۆڤایەتیی خۆم دەكەم، یەكێك لە دە گرتووخانە هەرە سامناكەكانی دونیا. ئەو هەمووە كەسە بە ئەشكەنجە مردن و سەقەت بوون. لەوێ، لەسەردەمی كودەتاكاندا ئەشكەنجە بۆ ئەوە نەبوو وەك ئێمە بەقسە بهێنرێن و ناچاری ڕاپۆرتدان بكرێن تا وەكوو سەرەدەر لە ڕێكخستن دەربكرێ، لە گرتووخانەی دیاربەكر ئەشكەنجە بۆ ئەوە پەیڕەو دەكرا مرۆڤ كەرامەت و شەرەف و ڕێزگرتن لە خۆی بیر بچێتەوە. ئەوانە مرۆ نەبوون، كورد بوون، شایانی ئەمە بوون، پیساسییان دەرخوارد دەدرا، دەخرانە ناو قووڵكەیەكی پڕ لە گەناو و هاورێیانیان ناچار دەكردن جەستەی گواووییان بلێسنەوە، مەجبووریان دەكردن یەكتری لاقە بكەن.... لا 62)
(باوكم لە بەندیخانەی دیاربەكر بە ئەشكەنجە مرد. دایكم بێجگە لە كوردی زمانێكی تری نەدەزانی، باوكم بە هۆی ئەوەی لەگەڵ هاوسەرەكەی بە كوردی قسەی كردبوو، ئەشكەنجە كرا، باوكم نە پەیوەندیی بە رێكخستنەوە هەبوو، نە بە چیا و نە بە تیرۆرەوە، تەنیا لەبەرئەوەی كوردبوو و ئامادەنەببوو چەكی جاشایەتی بكاتە شان، خرابووە گۆشەی بەندیخانەوە... بەڵام باوكم لەوێ مرد، ئەمەیە ڕاستی من لا 63)
ئەمە چەند دێڕێكی ناو ڕۆمانی (گفتوگۆی بن شووراكان)ە، ئەم ڕۆمانە هی ژنێكی توركە، خانمە (ئۆیا بایدار) كە ئێستا تەمەنی هەشتا ساڵە، ساڵی 1940 لە توركیا لە دایك بووە، ژنە نووسەرێك كە هەر لە تەمەنی لاوییەوە دەبێتە هەڵگری بیری سۆشیالیزم، بەو بیروباوەڕەوە تا ئێستا درێژە بە ژیان دەدات، لەژێر ئەو باوەڕدا چەندین ڕۆمانی نووسیوە و بۆ گەلێك زمان بەرهەمەكانی وەرگێردڕاون، ڕۆمانێكی هەیە بەناوی باجچەی چاوەڕوانی زیاتر لە سەد جار چاپکراوەتەوە، ژنێكە كە دواجار دەقێك بە منی ناساند، ئەو دەقەی كە ناوی (گفتوگۆی بن شووراكان)ە زۆركات ئاوا ڕۆمانێك درەنگ بە ڕۆحی كەسانێكت ئاشنادەكەن كە لە قووڵایی دەسەڵاتە شوومەكانەوە دێن هەموو چەپە توركەكان و كورد و ئەرمەن و ئێزیدیەكان قڕدەكەن، ئۆیا خۆی لەم دەقەدا ئاوا دەنووسێت (هەق بە تۆیە. لەناوبردن سانایە، دەسەڵاتدارەكان ڕێگە ئاسانەكە هەڵدەبژێرن. ئەم قسە شەرماوییە كە دەڵێ: كوردی باش، كوردی مردووە... لا 60 ) لێرەوە ئەم ژنە نووسەرە توركە لەژێر باوەڕی چەپایەتیدا دێت دەقێك بۆ هەڵدانەوەی ژیانە پڕ لە مەینەتیەكەی كوردەكانی باكور و و چەپەكانی توركیا دەنوسێت، ئەو ڕێگە بە خۆی دەدات لەڕێگەی باوەڕەكەیەوە كە جگە لە خۆی و نەتەوەكەی، زمان و بیرتریش هەبێت، ئەمەی لانابێتە شەرم و بەدئەخلاقی، وەكو نەتەوەپەرستێك بیرناكاتەوە، وەكو ئەوەی كە خۆی هەیە دەیەوێت كەسانی تریش بە ئازادانە هەبن، ئاوا دەنووسێت (نابینە یەك. بەڕێزگرتنی دوولایەنە و هاوڕێیەتی، هەركامە و بە بیروباوەڕی تایبەت بە خۆمان، زمان و فەرهەنگی تایبەت بە خۆمان دەژین، ئەمە هیوا و خەونی ئێمەیە، بەداخەوە ئەمڕۆ لە هەمیشە زیاتر لەو خەونە دوورین... لا 57)
ئەم ژنە توركە كاتێك دێتە سەر فاشیەتی تورك بۆ نەمانی زمانی كوردی لەناو گێڕانەوەیەكی جوان‌دا ئاوا دەنوسێت:
( زمان، نیشتیمانی مرۆڤە، هێرش كردنە سەر خاك و هێرش كردنە سەر زمان یەك شتن. زمان، وشیاریی بۆ ناسێنەی گەلەكەت و هەستی سەربەخۆبوونت بەهێزتردەكا، بۆیە لەگشت سووچ و قوژبنێكی دونیا، سەرجەم دەسەڵاتدارەكان لە پێناو تواندنەوەی گەلێك، مل پێ دانەواندن و كۆیلەكردنیدا سەرەتا زمانەكەی قەدەغە دەكەن، فۆرمۆڵەی بێ چەندوچووونەكەیان ئەمەیە: یەك زمان و یەك وڵات، یەك دەوڵەت .... لا 79)
لەم دەقەدا لە هەر لاپەڕیەكدا بۆ هونەری نووسنیی ڕۆمان و زمانی شیعری و فەنتازیا دەگەین، ئاوا دەق دەنوسرێت، لەهەر لاپەڕەیەكیدا، لەناو هەر چەند دێڕێكی ئەو لاپەڕانەدا بە زۆر مانای گرنگ و وێنەی ون بووی كورد و زمان و هەوڵەكانی دەگەین، ئەم دەقە قووڵایی لەوەدایە كە چەند بەشەكانی كورتن، زۆر لەوە زیاتر خوێنەران بەرە ئەوە دەچن كە بە دونیایەك مەرگەسات دەگەن.
ئەم ژنە توركە نووسەرە دێت لەڕێگەی مەگەساتی كوردەكانی دیاربەكر و وێرانبوونی قەڵاكۆنەكەیەوە، ڕۆمانی (گفتوگۆی بن شووراكان) دەنووسێت، لەو جەنگە شوومە دەدوێت كە دەسەڵاتی تورك چۆن چۆنی دژی بوونی ئەم شارە و خەڵكە كوردەكەی بەرپای دەكەن، (ئەوانەی تەرمی ئەوكچە گەنجانەیان ڕووت كردووەتەوە كە بە گوللە كوژرابوو و وێنەكانیان دەستاو دەست پێ كردووە، تەنافیان لە گەردنی تەرمی گەریلاكان گرێ داوە و بە دوای زرێپۆشدا ڕایانكێشاون... لا 54) ئەو نووسەرانەی سەر بە هەچ نەتەوەیەكبن و بە بیروباوەڕی ئینسانیانە دەژین، وەكو ئەم ژنە نووسەرە توركە ناتوانن بێدەنگببن لە ئاست ئەو هەموو زوڵمەی كە دەسەڵاتدارانی خۆیان لەدژی نەتەوەكانی تر پەیڕەوی دەكەن، ئاوا لەم دەقەدا لە هەر لاپەڕیەكدا خوێنەران لە ئاست باوەڕی مرۆڤدۆستانەی (ئۆیا بایدار)دا دێڕ بە دێڕ ڕادەوەستن، دەزانن كە هێشتا لە ناو جەرگەی شۆفیەنیەتی توركدا، ئەم نووسەرانە دەنووسن و ڕەخنە دەگرن و دەقەكانیان دەكەنە خزمەتی گەلانی ترەوە، بوێری مرۆڤ یان بەشێك لە نووسەران لەوەدایە كە دەبێت شەرم لە بوونی خۆی بكات كە دەبینێت دەسەڵاتدارەكانی وڵاتەكەی ستەمكارانە زمان و فەرهەنگی گەلانی ژێر دەستەیان قڕدەكەن.
ئاخر (ئۆیا بایدار) لەڕێگەی دەقەوە بۆ مرۆڤایەتی دەنووسێت، بۆ ئازار و مەینەتیەكانی گەلانی ژێر دەسەڵاتی نەتەوەكەی خۆی دەنووسێت، دایان دەشۆرێت، مێژو‌ویان وێراندەكات، دەیانكاتە دڕندە لەپای هەموو كارە قێزەونەكانیان، ڕەخنە لە نەتەوەكەی خۆی دەگرێت، نەك ئەوە بەڵكو ڕوودەكاتە خۆرئاوایەكانیش كە لەسەر تێكدان و چەند درەختێكی پاركی گەزی دێنە دەنگ، ئەرز‌و ئاسمان دێننە یەك بەڵام لەو لاتر لە دیاربەكر میللەتێك قڕ دەكرێت كەس دەنگی لێوەنایەت (بۆ دارێكی پاركی گەزی، عەرز و ئاسمنتان وێك هێنا، لێرە خەڵك دەمرن، ئێوە لە كوێن... ڕۆژئاوا گوێی لەم قیڕەیە نەبوو، ئەگەر گوێشی لێ بووبێ، پەژارە داینەگرت لا 48) لە لایەكی ترەوە ئەم خانمە نووسەرە توركە چەپە، بانگ لە بێدەنگی چەپەكانی هاوڕێی دەكات (خاڵی هاوبەشی پێكگەیشتنەكان لەو سەردەمەدا، لانیكەم بۆ بەشێك لە ئێمە، چەپ و سۆشیالیزم بوو) بەڵام لای ئەو ئێستا ئەم هاوڕێیانەی بۆ ستەم و ستەمكاری بێدەنگ بوون، نایەنە دەنگ بۆ قڕكردنی كەسانی تر، ئەمەش دەكاتە مەرگیان...
لای (ئۆیا بایدار) كوردبوون شەرم نییە، ئەمانیش بوونێك وەكو خۆی و نەتەوەكەی (ئەو كاتەی گەلی كورد گوتی كێشەی سەرەكی من ئەوەیە تەنیا لەبەر كوردبوون دەچەوسێمەوە، زوڵمم لێ دەكرێ وەك شارۆمەندی پلە دوو سەیر دەكرێم... لا 49) كاتێك نووسەرێكی ئاوا بوێری ژن دێت لە ناو 183 لاپەڕەدا، دەقێك لەژێر كاریگەری ئازار‌و مەرگی ئەو گەنجە كوردانەدا كە بوونەتە جەنگاوەری مانەوەی خۆیان لە سووری ئامەددا دەنووسێت، دەبێت ئێمە بەشوێن ئەو مانایەدا بگەڕێین كە دەق ئەوەتی هەیە بۆ ئەوە نووسراوە كە ببێتە پشتیوانی بۆ مرۆڤایەتی، بۆ پێكەوە ژیان و مانەوە، لەم دەقەدا ئەم نووسەرە ئەوە بەبیر دەسەڵاتدارانی توركەكان دەخاتەوە كە ئەگەر زوو بە فریایی ئەوە بكەوتنایە كە چارەسەری بەردی ناو دەستی منداڵەكوردەكان بكردایە، ئەوا لە كۆتاییدا ئەو بەردانە نەدەبوونە چەكی دەستیان لە چیاكاندا (ئێستا لە سوور، لە جیزرە، لە سلۆپی، لە هەزەخ و گەڕەكە هەژارەكانی نووسێبین، لەودیو خەندەق و مەتەرێزەكان، منداڵە بەردهاوێژەكان كۆمەڵێك ئامانجیان هەیە كە لە یاغیبوون ئەو لاوەتر دەچێ: ئەوان داوای مافەكانی خۆیان و ئەو خاكانە دەكەن كە بەڵێنیان پێ درابوو. ئەوان بۆ كەسانی تر شەڕناكەن، ئەو شەڕەی دەیكەن هی خۆیانە... لا 38 ) لەم دەقەدا خوێنەران نەك ماندوونابن، بەڵكو كورت و پووخت لەناو لاپەڕەكاندا لە ژێر ناوی بەشەكاندا، بە سەر دەیان وێنەی كوردبوون و مێژووی دەسەڵاتدرانی دڕندەی توركدا دەچنەوە، بەو مانایانە دەگەن كە دەق دەتوانێت ئاوا پڕكێشی گەورەبكات بۆ ناساندنی مێژوی نەتەوەكان و و چەپ و ئەو نوخبە شوومەی ناو دەسەڵات كە گەلان پێكدادەدەن و یەكتریان لە ژێر ناوی پووچدا پێ قڕدەكەن (ئەندازیارانی دەوڵەت نەتەوەی تورك، ئەم دیوارانەییان بە خشتەی ناسیۆنالیزم توركی و سیمای ئیسلام ڕاست كردووەتەوە... لا 42 ) ئاوا ئەم ژنە توركە دێت بارتاقای نەتەوەكەی خۆی ڕەخنە دەكات كە لە ژێر سیمای ئیسلام و نەتەوەپەرستیدا كورد و ئەرمەن قڕدەكەون (لە كوشتوبڕی ساڵی 1915و كۆمەڵكوژیی دێرسیمەوە بگرە تا ژنانی ئێزدی كە منداڵەكانیان لەناو باوەشاندا دەمرن لە كاتێكدا هەڵدەهاتن و هەوڵیان دەدا چیاكان تێپەڕ بكەن و ئەو كەسانەی بە هۆی گۆرانی چڕین بە زمانی دایكیان لێیان درابوو... لا 36) (ئۆیا بایدار) كە ئێمەی خوێنەری كورد درەنگ ناسیمان، ئاوا لەم دەقەدا ژیان دەكاتەوە بە بەری ئازارەكانی نەتەوەیەكدا كە ئەو خۆی بەرامبەریان بە شەرمەزار دەزانێت لەپای ئەو ستەمەی لێیان دەكرێت، ئەو نەتەوەی كە توركەكان وەكو كوردبوون نایەن مافەكانیان پێبدەن تا جەنگ كۆتای پێ بێ و پێكەوە بە ئاشنیانە بژین...
ئەم دەقە زۆر هەڵدەگرێت، دەقێكە لە نێوانی 183 لاپەڕدا بەبێ درێژدادڕی و لاپەڕە ڕەشكردنەوە و دێڕی بێ بەها، وەها دەتخاتە ناوجەرگەی ململانێكانەوە كە دواجار هەستدەكات خۆت پاڵەوانی ناو دەقەكەیت...
خۆزگە وەرگێڕە كوردەكان وەكو (سەلاحەدین بایەزیدی) ئاوا ئاوڕیان لەم خانمە توركە دەدایەوە و دەقەكانیان دەكرد بە كوردی بۆمان، لێرەوە دەبێ بڵێم: دەست خۆش سەلاحەدین بایەزیدی بەڕێز بۆ وەرگێڕانە نایابەكەت بۆ سەلیقە و هەوڵەكانت.
• گفتوگۆی بن شووراكان... ڕۆمان 183 لاپەڕە
• وەرگێڕانی سەلاحەدین بایەزیدی
• لە بڵاوكراوەكانی دەزگای مادیار 2019 سنە.
سەرچاوە: زەمەن پرێس
۱۳۹۸/۰۸/۲۸
۱۳۹۸/۰۲/۰۶
۱۳۹۷/۰۲/۱۹
ماڵئاوایی
| لەگەڵ ئۆیا بایدار - Photo: R. Demirkaya |
بەشێک لە کتێبی گفتوگۆی بن شووراکان
بە بیرت دێ، ڕۆژی بەفر و کڕێوەکە، لە کاتێکدا بەرەو دەروازەکانی سوور دەڕۆیشتین، گازی فرمێسک‌ڕێژیان ڕشاند. هەوڵمان دەدا خۆمان لە کۆڵانە تەنگەبەرەکان بپەستێوین. هەروا کە بە بەردەم دووکانێکی پەنیرفرۆشیدا تێپەڕ دەبووین کە دەڕابەکەی نیوە دادرابۆوە، خاوەن دووکانەکە ئێمەی بردە ژوورەوە.
بێگومان بە بیرم دێ. لەو هەڵپەوپەلەکردنەدا کە هاتمە دەرێ، چاکەتەکەم لە بیر چوو. دووکانەکان دەڕابەکانیان دادابۆوە، دوو ڕۆژی پێ چوو هەتا توانیم وەریبگرمەوە.
دووکانەکە نیوە تاریک بوو، بۆنی پەنیری برشاو دەهات. کوڕێکی لەرولاوازی دە سیانزە ساڵەش خۆی لە دووکانەکە خزاندبوو.
بە بیرم دێ، بۆ خۆپاراستن لە گاز پەڕۆیەکی سپیی لە دەمولووتی بەستبوو و لەتە لیمۆیەکی بە دەستەوە بوو.
سەیری کردم و پێی گوتم "تۆ چ کارت بە ئێرەیە، پوورێ، بگەڕێوە ماڵێ." ئەوەشت بە بیر دێ؟
بەڵێ. هەستم کرد ئەم قسانە برینداریان کردی و بە خۆمدا شکامەوە.
غەریبی لە ڕەنگ و ڕووم دەباری، وا نییە؟
ڕەنگە لە چاوی ئەوەوە تۆ هەندێک بەتەمەن دیار بووبی و لەوە ترسابێ ڕووداوێکت لێ بقەومێ. کاتێک ئێوەی هونەرمەندان، نووسەران و ڕۆشنبیران بە جادە و کۆڵانەکاندا بەرەو دەروازەکانی "سوور" ڕێتان دەپێوا، خەڵکی سەرشەقام چەپڵەیان لێ دەدا، ئەمەشت لە بیر نەچێ. دوای ڕۆژانێکی زۆر ئەوە یەکەمجار بوو مۆڵەت بە خۆپیشاندانێک دەدرا. خەڵکیش تێکەڵ بە ئێوە ببوون. تەنانەت ئەمە هەستێکی خۆشی پێ دەدان، هەناسەیەکی ئاسوودەیان هەڵکێشا.
ئێمە کۆمەڵێک بێگانەی خێرخواز بووین کە لە ڕۆژئاوایەکی کەڕ و لاڵەوە هاتبووین. بۆ خەڵکانی بێچارە، ئێمە دەربڕی هیوا بووین، با ئەو هیوایە کزیش بێ. دیارە هەر ئەمەش بوو لە ناخەوە سوکنایی پێ دەبەخشیم؛ پەی بردن بەوەی ئێمە چارەسەر نین… هەندێک چەپڵەیان لێ دەدا، ڕاستە؛ بەڵام ئەو کوڕەی ناو پەنیرفرۆشییەکەش هەبوو. بۆ ئەوانەی لەودیوی خەندەقەکانەوە شەڕیان دەکرد، بۆ ئەوانەی چەکیان دەدانە دەست، گڕی سەربەستی و سەربەخۆییان لە دڵیان‌دا هەڵدەگیرساندن و ڕەوانەی نێو خەندەق و مەتەرێزەکانیان دەکردن، ئێمە کۆمەڵێک کۆسپی جاڕزکەر بووین. یان تۆ بڵێی هەق بەوان بێ، نازانم.
هەمووی لە خۆڕا بوو؟
ئێستا ڕۆڵەکانمان گۆڕیوەتەوە؟ ڕەنگە لەخۆڕا نەبووبێ بەڵام کە سەیری ئاکامەکەی دەکەی، دەبینین سەرنەکەوتووین. نەمانتوانی بەرامبەر بە ئاغاکانی شەڕمان قسەی خۆمان بەرینە سەر؛ گوتمان "نابینە هاودەستی ئەم تاوانە!" بەڵام نەمانگوت "نابینە هاودەستی هیچ تاوانێک."
هەمدیس یەکسانکردنی بەشەتاوانی هەر دوو لایەن… ڕێک لێرە، لە دەرەوەی دەروازەکانی سوور کە نەمانتوانی پێیاندا تێپەڕ بین، ڕێک لە تەنیشت ئەم گوڵەباغە گفتوگۆکەمان دەست پێ‌کرد. گفتوگۆیەکی بێدەنگ، دوور و درێژ و خەفەتهێن. دیسان گەڕاینەوە بۆ خاڵی دەسپێک.
بەفر دەباری، گوڵپەڕەکانی دوایین گوڵەباغە سوورە ناوادەکە لە نێو دەستمدا ژاکان و بڵاو بوونەوە. گوتبووت بەهارێ گوڵی جوانتر و گەشتر دەپشکوێن. ئەوە بەهارە. ئەمساڵ، هەموو شتێک پێشوەختە هات. هەق بە تۆ بوو، گوڵەباغەکە دەیان غونچەی کەسک و گەشی دەرکردووە. سەرباری بەفر و بووران، هیواکەت بەم گوڵەباغە هاتە دی.
هیوای هاوبەشمان بوو، هەوڵمان دا پێکەوە پەرە بەم هیوایە بدەین.
من لەوە پیرترم پەنا بۆ هیوایەک بەرم، باری دونیا گرانە، بەرگەی ناگرم. بۆ لێستنەوە و سارێژی زامەکان - وات گوتبوو، وا نییە؟ -، وەک شازادە چکۆلە دەگەڕێمەوە بۆ هەسارەکەی خۆم.
هەتا ئەم ڤایرۆسی ویژدانە لە نێو تۆدا هەبێ، لە هەسارەکەی خۆیشت لە چنگ ئێرە ڕزگارت نابی. ماڵەکەت پڕ دەبێ لە ئازار و زیانەکانی مە.
کاتێ هەستت کرد لە ژێر قورسایی کۆڵەبارێکدا شانت دادەکەوێ، هەوڵ دەدەی لە ژێر بارەکە خۆت ڕزگار بکەی. ڕەنگە چارەسەری، ماڵئاوایی لە هەموو شتێک بێ. من پێویستیم بە ماڵئاواییەکی ڕاستەقینەیە.
ئەگەر بڵێم بمێنەوە، مەڕۆ، گەر بپرسم ئەو هەمووە قسەمان کرد، چ سوودێکی بۆمان هەبوو، بە کوێ گەیشتین…
نازانم دەبوایە بگەیشتینایە کوێ، بەڵام من بردمەوە.
کاتێک شازادە چکۆلە دەیەوێ ماڵئاوایی بکا، ڕێوی دەڵێ "دەگریم". شازادە چکۆلە دەڵێ "خەتای خۆتە، تۆ خۆت ویستت ماڵیت بکەم." ڕێوی دەڵێ "بەڵێ، دەزانم". شازادە چکۆلە دەپرسێ "بەڵام تۆ دەگری. چیت دەست کەوت؟" ڕێوی دەڵێ "ڕەنگی گەنمەجاڕم دەست کەوت. من نان ناخۆم. گەنم بۆ من بێ کەڵکە. گەنمەجاڕ هیچ واتایەکی بۆ من نەبوو. بەڵام تۆ پرچیکی زێڕینت هەیە، گەنمی زێڕین تۆم بەبیر دێنێتەوە. هەروەها حەزم لە هاژەی بای نێو گەنمەکان دەبێ. ئەمە شتێکی کەمە؟"
هەق بە ڕێوییە، بەڵێ، ئێمە دەگرین، بەڵام هەردووکمان بردمانەوە. ئێمە توانیمان پێکەوە خەون بە جیهانێکی نوێوە ببینین، لەوانەیە خۆمان بە چاو نەیبینین، بەڵام نەوە و نەتیجەکانمان شان بە شانی یەک بونیادی دەنێن.
ئەمنیش دونیایەکی مەزنم دەست کەوت. بەهاران، گوڵە چاوێشەی زەرد و مێلاقە ئاڵەکانی نێو مێرگوزارە کەسکەکان بەردەوام تۆم بە بیر دێننەوە. لە گشت چیایەکی سەر بە تەمدا دەتبینم. هەر کە گوێم لێ بێ بە زمانەکەی تۆ قسە دەکەن، دڵم وە ترپە ترپ دەکەوێ.
غونچەیەکی سوور لە گوڵەباغەکەی بەردەم سوور بقرتێنە و پێم بدە. بۆ ئەوەی هەرگیز گەڕانەوەی بەهار، دڵی خوێناوی سوور و تۆم لە بیر نەچێ کە لێرەکانە لە شوێنێک پەلەقاژەتە بۆ ئەوەی گڕوتین بە ژیان ببەخشی؛ بۆ ئەوەی لە بوونی تۆ هیوا هەڵێنجم، بۆ ئەوەی لە نێو دڵمدا هەست بە تۆ بکەم.


