‏نمایش پست‌ها با برچسب ئەدەبیاتی تورکیا. نمایش همه پست‌ها
‏نمایش پست‌ها با برچسب ئەدەبیاتی تورکیا. نمایش همه پست‌ها

۱۳۹۸/۰۲/۰۶

گفتوگۆی بن شووراکان




ناوی کتێب: گفتوگۆی بن شووراکان
نووسەر: ئۆیا بایدار
وەرگێڕ: سەلاحەدین بایەزیدی
چاپ: یەکەم
ISBN: 978-622-9507-20-9 ‬‬‬
نرخ: 9000 تمه‌ن (3000 دینار)
ژمارەی لاپەڕە: 104
ساڵی چاپ: بەهاری 1397 (2019)

لە بڵاوکراوەکانی نشر مادیار

۱۳۹۷/۰۷/۱۶

سوڵتانی فیلەکان



سوڵتانی فیلەکان و مێرووە شەلەی ڕیشوور
یاشار کەمال
وەرگێڕانی لە تورکییەوە: سەلاحەدین بایەزیدی 
چاپی یەکەم: ٢٠١٨

بڵاوکار: ناوەندی غەزەلنووس بۆ چاپ و بڵاوکردنەوە

۱۳۹۶/۰۶/۰۲

دیسانەوە بۆ نیشتیمان



نازم حیکمەت ران
وەرگێڕانی: سەلاحەدین بایەزیدی

 
 نیشتیمانم، نیشتیمانم، نیشتیمانم،

نە کاسکێتە دروستکراوەکەی ئەوێم ما
نە ئەو سۆلەی رێگەکانی تۆی دەپێوا.
دوایین کەواکەی بەریشم
کە پارچەی ناوچەی 'شیلە' بوو
دەمێکە دڕاوە.
تۆ ئێستا تەنیا لە سپێتی پرچمدا
لە نێو جەڵتەی دڵم و
لە قرمیچۆکی نێوچەوانمدا هەی، نیشتیمانم،
نیشتیمانم،
نیشتیمانم….


___________
سۆل: پێڵاو، کەوش
شیلە: ناوچەیەکی بەشی ئاسیای ئەستەنبوڵە.
قرمیچۆک: چرچ، لۆچ، گنج

۱۳۹۵/۱۰/۲۶

پێ بکەنە



 کەماڵ بورکای
لە تورکییەوە: سەلاحەدین بایەزیدی

 
دە پێ بکەنە، بڵا هەورەکان بڕەون
کارکەرەکان باش کار بکەن، پێ بکەنە
دەنا من چۆن بڕوێمەوە
بەشکم فیلمێک بێتە نێو شار
لە نووسینەکاندا ببێتە لێڕەوار
سەقا دەگۆڕدرێ، دەبێتە دەریای سپی، پێ بکەنە.

قامیشم هەبوون من، خودان چۆم بووم
زیخ و چەوم هەبوو
بەڵام تۆ شتێکی تری، لێم تێ دەگەی
وای دابنێ برسیم، لە دایکم تۆراوم
شار هەمووی لێم تۆراوە
پشیلەیەک چییە نیمە، لێم تێدەگەی

سەقا دەگۆڕدرێ، دەبێتە دەریای سپی، پێ بکەنە.


ژنەگۆرانیبێژی تورک سەزەن ئاکسوو ئەم شیعرەی کردۆتە گۆرانی. لێرەوە گوێ لە گۆرانییەکە بگرە.  
شیعرەکە بە دەنگی شاعیر

۱۳۹۵/۰۸/۰۴

چیرۆکێک سەبارەت بە هیچ



ئاسلی ئەردۆغان
لە تورکییەوە: سەلاحەدین بایەزیدی
 
بە بێدەنگی هاتۆتە ژوورێ، یەکسەر خۆی گەیاندۆتە ئێوە. سەروسەکوتی پەشۆکاوە. تەنانەت بە نیونیگایەک تێ دەگەن دەروونی پڕە لە قسە و دەیەوێ هەڵیانڕێژێ. گەر بێت و خۆی لێ بدەن، وێدەچێ چەندین سەعات بەدەم هەڵبەز دابەزین و ناڵەناڵەوە، خۆ بە خۆ پێ بکەنێ و قسە بکا. قسەکردنێکی نائاسایی و ترسناک کە بە هیچ شێوەیەک سووکنایی بە کەس نابەخشێ. قسەکردنێک کە نازانی ناوی لێ بنێی هاتەران پاتەران یان چوونە ناو بنج و بناوانەوە.
بە پەرۆشەوە چاوەڕوانی یەکەم ڕستەی دەکەن. ڕەنگە بڵێ پەرێشان دیارن. بە ڕاستیش پەرێشان دیارن. لەوانەیە دەست بکا بە گێڕانەوەی چیرۆکێک: شەوێکی گەرمی ئاخروئۆخری نیسانی ساڵی ١٩٩٤ بوو. ڕادەوەستێ، جگەرەیەک دادەگیرسێنێ، هەمدیس هەوڵ دەدا دەست پێ بکاتەوە: جارێکیان، لە شوێنێکی زۆر دوور لێرە، لە پارزەمینێکی تر و شەوێکی تردا، لە نێو جەرگەی تێکهەڵچوونێکدا تێ گیرابووم. شەوێکی گەرمی ئاخروئۆخری نیسانی ساڵی ١٩٩٤ بوو.
ڕەنگە پاش ئەم دوو ڕستە ڕوون و ئاشکرایانەی سەرێ، جارێکی تر نەتوانێ تێ هەڵبێتەوە، نەتوانێ لەسەر لق و پۆپەکانی پێشوو هەڵنیشێتەوە، ڕستەی بێ سەروبەرە بە دووی یەکدا ڕیز بکا یان دەنا ڕستەگەلی قووڵ، ئاڵۆز و لێک پەیوەنددراو بە داوێکەوە کە خۆ بە دەستەوە نادا. کۆمەڵێک وشەی دووپاتە کە لە جێی خۆیاندا بەکار نایەن، سێ خاڵی ئەوتۆ کە لە بۆشایی زیاتر هیچ واتایەک ناگەیەنن، ئەو فاریزانەی کە دەڵێن: "کەمێک بێدەنگ بە، پشوویەک بدە"... ئاخۆ ئەمە شەڕێکی سەختە دژ بە بێ واتایی، دەست بە یەخەبوونێکی کوێرانەیە یان تەقەڵایەکە بۆ وە قسەهێنانی دونیا، کەس نازانێ. هەرچی بێ، قسەکانی پڕن لە ناهومێدییەکی لەڕادەبەدەر، هەروا بە نیوەچڵی دەبێتە بەرسڤی هەموو شتێک. وەک هەمیشە، هێز و توانای بەردەوامبوون لە خۆیدا دەدۆزێتەوە. هەڵبەت بە پێی پێویست جگەرەی پێیە… ئا لەو ساتەدا دەڵێ، کە بەسەر شۆستەدا ڕێم دەکرد، لە پڕێکا، مانگی نیسانی ساڵی ١٩٩٤، لە شەوێکی دووری پارزەمینێکی دوور، لە کاتێکا لە نێو چەند دزێکی ئۆتۆمبێلدا مابوومەوە، یانی لە نێوەڕاستی ئەو گولـلانەی منیان نەکردبووە ئامانج و هەروەها خۆشیان لێ نەدەبواردم… یانی بە ڕاستی کوێرانە، بە ڕاستی نادادپەروەر… ئەو کاتەی دزەیان قۆڵبەست کرد، کەلەبچەیان لێ دا و بردیانە پشت دیوارەکە… ئا لەو ساتەدا شتێکم بینی کە پێشتر هەرگیز نەمبینیبوو...
لێرەدا ڕادەوەستێ، لە نێوان لێوەکانیدا ئەمدیو و ئەودیو بە بێدەنگی دەکا. خۆی بێ هێز و داماو دێتە بەرچاو… ناتوانێ بڕیار بدا لە کوێ، کەنگێ، لە پەنا خۆی یان لە شوێنێکی زۆر دوور، لە شەوێکی پارزەمینێکی دوور بە دوای ڕاستیدا بگەڕێ…
جا مەرگ و ژین بە بەر چاوما دەهاتن و دەچوون، کە ڕاوەستام و سەیرم کرد، شتێکم بینی کە تا ئەو ساتە هەرگیز نەمبینیبوو: گەورەیی دونیا… دواتر، زۆر دواتر بە بڕیارە گەیشتم خەونێک بوو بەسەر یەکەوەم نابوو. بەڵام هێشتاش نەمتوانیوە ناوێک لەم خەونە بنێم.
کتوپڕ بێدەنگ دەبێ، چاوەکانی زەق زەق لە ئێوە دەبڕێ، لەو بۆشاییە دەڕوانێ وا ڕەنگدانەوەی ئێوەیە. هەست بە بەرتەسکبوونەوەی هۆشیاریی و پچڕانی پەیوەندیی نێوان وشەکان و ماناکانیان دەکەن. ئیتر، لەسەر یەکێک لە خاڵە کوێر و مردووەکانی ژیانە. چیرۆکەکەی لە نێوان سنووری گوتراو و نەگوتراودا تەواو دەبێ و ئێوە بە مەراقەوە چاوەڕێ دەبن ئاخۆ هەمدیس هێزی ئەوەی دێتەوە بەر لەو شوێنە هەڵفڕێتەوە وا پێی گەیشتووە.
بەو چاوانەی هەرچەند زەقن، بەڵام دەرگەکانی توند توند پێوە دراون، قەدەرێک هەروا دەڕوانێ. لە پڕێکا دەڵێ: "ئەوەی ڕاستی بێ، ئێمە قسەیەکمان بۆ گوتن پێ نییە، هاوڕێم!" ڕێک لەو کاتەدا، دەبێ ئیتر لەسەر مێزەکە هەستێ، بڕوا و بچێتەوە نێو قاوغی خۆی. تێدەگەن کاتی ئەوە هاتووە بە هەموو هێزی خۆی ئەو بێدارییە بگێڕێتەوە بۆ دواوە و فەرامۆشی بکا کە بە ژان و ترس و ڕۆندک بەدیی هێناوە… تێدەگەن ئەوەی ڕاستی بێ ئەو فیشەکانەی لە دزە قۆڵبەست کراوەکە گیراون، بەر ئەمیش کەوتوون، لەو ساتەوە، بە مەرگی پیاوە کەلەبچە بە دەستەکە مردووە. ئیتر مەرگ بە دەنگی ئەو دێتە دوو... بۆیەش وشەکانی، وەک ئەو ئاوێنانەی سەردەمی میسری کۆن لەگەڵ مردووان دەنێژران، چ سوودێکیان بۆ زیندووان نییە… دەزانن مرۆڤێکی تێکشکاوە… زۆر پێش ئێستا، ڕەنگە وەک خۆی دەڵێ مانگی نیسانی ساڵی ١٩٩٤ تێكشکابێ، زۆر لێرە دوور، ڕەنگ بێ لە پارزەمینێکی بە ڕاستی دوور کەوتبێتە نێو حەپسی نیگای… ئەو نیگایەش هێشتا نەبڕابێتەوە، ئەو شەوەش هێشتا کۆتایی نەهاتبێ... لەو ساتەوەش بەدوا، ئیدی دونیا ڕووی لێ وەرگێڕاوە، لەوانەیە خۆی لە بێدەنگییەوە پێچابێ تاکوو شان و شکۆی لەدەست نەدا… یان دەنا ڕەنگە تەنیا ڕستەیەک بێنێتە سەر زمان…
''ئەوەی ڕاستی بێ، ئێمە قسەیەکمان بۆ گوتن پێ نییە، هاوڕێم!''

ئاسلی ئەردۆغان:
ئاسلی ئەردۆغان، ڕۆماننووس، ڕۆژنامەڤان و فیزیازان و داکۆکیکاری مافەکانی مرۆڤ ساڵی ١٩٦٧ لە ئەستەنبوڵی تورکیا لەدایک بووە. ساڵی ١٩٩٣ یەکەم ڕۆمانی چاپ و بڵاو بۆتەوە. لە نێوان ساڵانی ١٩٩٩ و ٢٠٠٠ گۆشەنووسی ڕۆژنامەی "ڕادیکاڵ" بووە کە ڕۆژنامەیەکی چەپ بوو و لە ساڵی ٢٠١١ەوە بۆتە نووسەری ڕۆژنامەی "ئوزگور گوندەم"، ئەو ڕۆژنامەیەی هاوینی ئەمساڵ بە بیانووی پڕوپاگەندە بۆ پەکەکە لە لایەن تورکیاوە داخرا و ئاسلی ئەردۆغان لەگەڵ بیست کەسی تر لە نووسەران و هاوکارانی ڕۆژنامەکە ڕۆژی ١٧ی ئاگۆستی ٢٠١٦ قۆڵبەست کرا.
ئاسلی ئەردۆغان، سێپتەمبری ئەمساڵ لە لایەن یانەی قەڵەمی سویدەوە خەڵاتی تۆخۆلۆسکی پێ بەخشرا.

ئەم چیرۆکە لە ژمارە ٥٢٥ی ڕەخنەی چاودێردا بڵاو بۆتەوە.

۱۳۹۵/۰۳/۳۱

لە هوندوور



ئەحمەد عارف
وەرگێڕانی: سەلاحەدین بایەزیدی
 
ئاگات لێیە هۆ دیواری بەردین؟

دەرگەی ئاسن، پەنجەرەی کوێر،

باڵەنجەکەم، قەرەوێڵە و زنجیرەکەم،

لەپێناویا هەتا مەرگ چوون و هاتنەوەم،

لە دیمەنی دڵتەزێنی یادەوەریم،

ئاگات لێیە؟

زیارەت کەرەکەم، پیوازی شینی ناردووە،

جگەرەکەم بۆنی مێخەکی لێوە دێ،

چیاکانی بەهاری گەیوەتێ نیشتیمانی من…

۱۳۹۵/۰۳/۱۳

٢٠ی سێپتامبری ١٩٤٥


نازم حیکمەت
لە تورکییەوە: سەلاحەدین بایەزیدی
 

بەم کاتە درەنگە
بەم نیوەشەوی خەزانە
من پڕم لە پەیڤەکانی تۆ؛
پەیڤەکان
وەکوو زەمەن، مینا مادە جاویدان
ڕووت چەشنی چاو،
قورس وەکوو دەست
بە وێنەی ئەستێرەکانیش گرشەدار.
پەیڤەکانتم پێ گەیشت،
لە دڵ، لە سەر، لە جەستەی تۆ،
وشەکانت تۆیان هێنا،
ئەوان: دایک
ئەوان: خاتوون
ئەوان: هاوڕێ…
خەمینن، تاڵن، بە کەیفن، کامەرانن، قارەمانن،
پەیڤەکانت
مرۆڤن…

۱۳۹۴/۱۲/۰۹

ســـەیرم کــە بـــرا!



یاشار کەماڵ
لە تورکییەوە: سەلاحەدین بایەزیدی
 
یەکەم جار کە هاتبوو سواری شەمەندەفەر ببوو، جاری دووهەمیش ئێستا. ئارام و قەراری لێ هەڵگیرابوو. برۆکانی تێک نابوون. بێ ئۆقرە بوو. لەسەر چەمەدانە دارینە گەورە زەردەکەی دانیشتبوو. دەتگوت لەسەر پەنگر دانیشتووە. پاڵی بە دیوارەوە دابوو. شەپقەکەی، پاتۆڵەکەی، پەستەکەکەی، چاکەتەکەی و پێڵاوەکانی نوێ بوون و دەبریقانەوە. دەتگوت تازە لە کارگە هاتوونەتە دەر. پەستەکەکەی، زەردێکی هێڵ‌دار بوو. چاوی لەبەر هەڵنەدەهات. خەڵک، پۆل پۆل دەهاتن و دەچوون. لە تەقەڵا دابوون. نیگای لە هێڵی دوور و درێژی شەمەندەفەر بڕیبوو. زەرگەتەیەکی مردوو لەسەر عەرز بەدی دەکرا. چەند توێکڵە شووتییەک، توێکڵە کاڵەک و تۆوی تروکاو بە چیمەنتۆکەوە لکابوون… چەند زەرگەتەیەک لەسەر تۆوەکان دەنیشتن و هەڵدەفڕینەوە. زەرگەتەکان بەنێو لاقی خەڵکیدا دەسووڕانەوە. لە شوێنێکی جەستەی، ڕەنگە سەری یان پشتی، هەستی بە بێ‌تاقەتی، شەکەتی و ماندووبوون دەکرد.
کتوپڕ شەمەندەفەرەکە بە هاڕە هاڕ خۆی بە وێستگە داکرد. جانتا دارینەکان وە حەوا کەوتن. شەمەندەفەر کە دووکەڵی گەرم و شینی لێ بەرز دەبۆوە، وەستا. دەست و بردێ هەستا و بە نێو قەرەباڵغی خەڵکدا خۆی گەیاندە شەمەندەفەرەکە. بە هەڵەداوان خۆی لە داڵانی واگۆنێک پەستاوت. ناو داڵانەکان لە خەڵک جمەی دەهات. پێیان لێ نا و پێی لێ نان. لە بەردەم هۆدەیەک وەستا. سەراپای گیانی شەڵاڵی ئارەق بوو. ڕووخساری سوور هەڵگەڕابوو. دەتگوت ئێستا نا ئێستا کەواکەی لە شانی دادەکەوێ. دیار بوو ناشارەزایە. کچێک و کوڕێکی گەنج، لەنێو هۆدەکەدا دانیشتبوون. سەیری کردن. پاشان وە ژوور کەوت. جانتا گەورە دارینەکەی هەڵگرت و لە سەرەوە تاقەتی کرد. خۆیشی لە گۆشەیەک دانیشت. نێو هۆدەکە بۆنی پیوازی شینی لێ دەهات. ناوەوە هەوایەکی بەهاری هەبوو. جارێک بۆنی پێوازی شین، جارجارە خۆڵی تازە و جارناجارێ بۆنی بەهار…
شەمەندەفەر کەوتە ڕێ. کچە سەری خستبووە سەر شانی کوڕە گەنجەکەی بەرامبەر. چاوەکانی جارێک هەڵێنا و وە سەر یەکی نانەوە.
شەمەندەفەر، دووکەڵی شین و گەرمی لە حەوا دەکرد.
بڕیاری دا لە وێستگەی دواتر دەسکێ پیوازی شین بکڕێ. بەڵام دوودڵ بوو. لەبەر خۆیەوە گوتی "بەو دەم و دەستە پیوازی چی…"، پاشگەز بۆوە "تا دەگاتە گوند… مەزرایەکی پڕ…"، پاشان پەژیوان بۆوە، "بۆ دەسکە پیوازێک بە چەند قرووشە… نرخەکەی چەندە!"
لە وێستگە، دەسکە پیوازێکی گەورەی کڕی. بیست و پێنج قروشی پێ دا. کە گەیشتەوە گوند… بۆ خەڵکی ئاوایی دەگێڕێتەوە و هێندە وە پێکەنینیان دەخا، زگیان وە ئێش دێنێ... پیوازی تەڕ و تورت… پیوازی وا بەتام… کوا پێوازی وا! پیواز بە نۆرەی خۆی، بێ‌تامترین و خراپترین خواردنە. هەموو ڕۆژێکی خوا… پیاو بەرگەی ناگرێ. زاری مرۆڤ دەبێتە قالبە سابوون. کەفێ دەکا. لەگەڵ ئەوەشدا، بە درێژایی ساڵ لە تامەکەی تێر نابی. پیواز ئاوایە.
کچە خەوتبوو. کوڕەکە داڵغەی ڕۆیشتبوو. کاکۆڵی ڕەشی کوڕەکە لە بن شەپقەکەی هاتبووە دەرێ. قژە قەترانییەکەی لە ژێر تیشکی خۆردا سەوز دەچوو.
کتوپڕ هەستی بەوە کرد کوڕە گەنجەکە چاوەکانی بڕیوەتە ئەو و تێی ڕاماوە. دوو چاوی گەورە و زەق، قورساییان لەسەر جەستەی دانابوو.. سەری دانەواند. دڵی بەرایی نەدا، سەری بەرز کردەوە، بینی دیسان… هەمدیس سەری دانەواندەوە. سەیری ڕاست و چەپی خۆی کرد. بە ڕقەوە، قەپاڵێکی لە پیوازەکەی نێو دەستی گرت. پاشان هەمدیس سەری بەرز کردەوە. دیسان چاوی لەو چاوە گەورە و خەمۆکانە هەڵەنگووت. دەتگوت ئەو چاوانە لێخەی نابنەوە. بە حەپەسانەوە جووتێ پیوازی لە دەسکەکە کردەوە، دەستی بەرەو گەنجەکە ڕاداشت و گوتی:
"وەریگرە برام، وەریگرە! تۆش تامێکی بکە!"
گەنجەکە بە سووکە سەر ڕاوەشاندنێک، ڕەتی کردەوە.
ئەم پێداگرانە گوتی:
"وەریگرە، وەریگرە، وەریگرە برام! پارویەکی لێدە!"
کوڕەکە هەروا بە ئەسپایی سەری ڕادەوەشاند و چاوەکانیشی لەسەر وی هەڵنەبڕیبوو.
مەحموودە زەرد - ناوی پیاوەکە مەحموودە زەرد بوو - گوتی:
"با ئەو خوشکەش بیخوا! زۆرم پێیە. پیوازی شین، دەرمانە. ئەگەر پیوازی شین بخۆی، چەندەش شەکەت و هیلاک بی، لە گەرمای نیوەڕۆدا بنووی، کە هەستای، وەک ئەوە وایە ئێستا لەدایک بووی. شتی شین هەر باش و بەکەڵکە، وەک پیوازی شینت چنگ ناکەوێ."
کوڕە گەنجەکە ئەمجارەیان بە نیشانەی نا سەری توندتر ڕاوەشاند.
مەحموودە زەرد:
"پیوازی شین لە گەرمادا فێنکت دەکاتەوە."
چاوەکانی کوڕە گەنجەکە وەها لەسەر مەحموودە زەرد ئەبڵەق مابوون کە… لە ناوەوە ئاخێکی هەڵکێشا و لە دڵی خۆیدا گوتی:
"ئاخ. خێرە! ئەخە باشە ئەو تووتکە سەگە بۆ وا سەیرم دەکا؟"
کچەکە لەو ساتەدا خەبەری بۆوە. سەری بەرز کردەوە. مات مات ڕوانی و پاشان هەمدیس سەری بۆ سەر شانی کوڕەکە لار کردەوە و چاوەکانی نوقاند.
شەمەندەفەر، بەنێو دەشتێکی پان و پۆڕدا، بە لەز دەڕۆیشتە پێش. دەربەندێکی وشک و دارتێلەکانی تێلێگراف، خێرا بە پێش چاوەکانیدا ڕەت بوون. پاشان کۆمەڵێک دار. بایەک هەڵیکردبوو و پووش و پەڵاشی دەشتی بەرەو باشوور شکاندبۆوە. لەوانەشە لەبەر خێرایی شەمەندەفەرەکە وا بنوێنێ. پاشان، تۆزێک وەک هەور دەشتەکەی داپۆشی. دەشت بە جارێ لە تەپ و تۆز داماڵرا.
گەیشتنە ڕووبارێک. شەمەندەفەر لەسەر پردێکی بچووکی ئاسنین فیشکاندی. تیشکی خۆر، نێو ڕووبارەکەی ئاخنیبوو. دەرکەوتن و ونبوونی کەمەندی تیشک پێکەوە لکان. پاشان لە ئاسمان چاوی بە هەڵۆیەک کەوت. لە ماوەیەکی کورتدا، هەڵۆکەی کەشکەڵان، لە پشت سەریان بە جێما.
نیگاکانی کوڕەکە هەروا لە دڵی مەحموودە زەردا مابوونەوە. سەری بۆ ناوەوە وەرسووڕاند. چاوەکانی هەڵنەهێنا و لە کوڕەکەی نەڕوانی. سەری لەنێو کۆشی دابوو. پاشان هەمدیس سەری بۆ دەرەوە وەرسووڕاند. لە نێوەڕاستی دەشتەکەدا، تاقە مانگایەکی بینی دەڵەوەڕا و ئێسک و پرووسکی بە دیار کەوتبوو. مانگاکە لە ساتەوەختێکدا بای داوە و ون بوو.
تا چاو هەتەر کا دەشتێکی وشک و برینگ، چۆل و هۆل و کاکی بە کاکی بەدی دەکرا.
وەک خەونێک، نوقمی ڕوانینی دەشتەکە بوو. خاکی هەمەڕەنگ، داری جۆراوجۆر… جێگوڕکێی هەورە مۆر و سپییەکان… دونیا لە خوڕین دابوو… خۆی کۆ کردەوە. لەبەر خۆیەوە گوتی: "چ دەبێ با ببێ، چ دەبێ با ببێ". تووند سەری بۆ ناوەوە وەرسووڕاند. ویستی لەو ساتەدا لە ڕووخساری کوڕەکە بنوارێ. وەلێ پەژیوان بۆوە. سەری بەرداوە… پیوازەکە بۆنێکی تیژی لێدەهات. لە بن پێیەکانی تەپ و تۆز و توێکڵە پیواز بڵاو ببۆوە. کتوپڕ هەستی کرد کرێکارێک هۆدەکە گەسک دەدا. لاقەکانی کۆ کردەوە. لەو ماوەیەدا نیگای لەگەڵ نیگای کوڕەکە تێک ئاڵا. کوڕە چاوەکانی زەق زەق هەڵێنابوو. دەتگوت دەقیان گرتووە. چاوە دەق گرتووە گەورەکانی بە سەرسووڕمانەوە لەو بڕیبوو. سەری سووڕاند و لە کچەکەی تەنیشت ئەو کوڕەی ڕوانی. ڕووخسارێکی زراڤ، ڕەنگ پەڕیو، وشک. خەوێکی قووڵ بردبوویەوە.
تۆ بڵێی ئەو گەنجە سەیری چی و کوێ بکا؟ هی برینی قووڵی ئەو داسەی لەسەر ڕووخسارێتی؟ لە چاوەکانی گەنجەکەدا، خۆف و ژان و حەپەسان بەدی نەدەکرا. لەناکاو فیکری بۆ کاسکێتەکەی سەری چوو. نەکا شتێکی پێوە بێ. کڵاوەکەی دانا و بە دەستییەوە گرت. جوان لێی ورد بۆوە. ئینجا خێرا نایەوە سەری. دیسان سەری بەرز کردەوە. زامی ئەو داسە… کە زامی داسەکەی بیر کەوتەوە، موچوڕکێک بە لەشیدا هات… ئەو ڕۆژەی هاتەوە بەر چاو. شەڕ لەسەر ئاو لەگەڵ عەلی میستیک… بە هەموو هێز و توانایانەوە، بەو ڕق و کینەی لە چەندین ساڵ لەوە پێش لەسەر یەک کەڵەکەیان کردبوو، دەستەویەخەی یەکتری ببوون. تۆز و غوبار، قوڕ، دارێکی سەوز، گژوگیا، ئاسمانی شین، ئازار، سەرەگێژە، خوێنی ئاڵ…. خەڵتانی خوێن ببوو. دەتگوت لە ئاویان هەڵکێشاوە… هەمدیس سەری بەرز کردەوە. چاوەکان زەقتر لە پێشوو…
لاقەکانی، بەتایبەتیش لاقی ڕاستی، وا هەڵدەلەرزی، دەتگوت دەردەپەڕێ.
خۆیشی نەیزانی چۆناوچۆن بوو دەستی بە قسە کرد.
"ئەو کچە نەخۆشە چی برا؟ ڕەنگی بزرکاوە… نەخۆشی، بەڵایە. خوا تووشی هیچ کەسی نەکا. بەڵام شتێکە و بەسەرت دێ. دەبێ لەگەڵی ڕابێی. لەگەڵی ڕانەیەی، چت لە دەست دێ. وا نییە برا؟ بنیادەم چی لە دەست دێ! نەخۆشییە ئیتر! زاڵمە. چ نەخۆشییەکی هەیە؟"
کوڕە بێدەنگە. ئەم زیاتر ڕقی هەڵدەستێ.
"ناتوانم بڵێم مالاریایە… ئەگینا لەرز و تای دەبوو. ناتوانم بڵێم سیەسۆیەتی… ئەگینا دەکۆخی. نەخۆشە؟"
کوڕە چاوەکانی هەروەک پێشوون.
خۆی پێ ڕانەگیرا، بە هەڵچوونەوە دووپاتی کردەوە:
"ناتوانم بڵێم مالاریایە."
ئینجا بە متمانەوە سەیری چاوە زەقەکانی کرد.
کوڕە گەنجەکە کەمێک لە جێگەی خۆی جووڵایەوە. چاوەکانی بووژانەوە. بریسکەیەکی سارد بە چاوەکانیدا تێپەڕ بوو.
"ناتوانم بڵێم مالاریایە...."
''نەخۆشە"، گەنجەکە وای گوت.
خۆشییەک هاوکات لەگەڵ هەستێکی تاڵ لە دڵی مەحموودە زەرد گەڕا. دەموچاوی گەشایەوە.
"ناتوانم بڵێم…"
گەنجەکە بۆ یەکەم جار چاوەکانی لە عەرزەکە بڕی و گوتی:
"کەس نازانێ بە چ نەخۆشییەکەوە گرفتارە. دکتۆری هیچ شارێک نەماوە، نەمبردبێ. هیچ ئومێدێک نەماوە. بەڵام دیسان دەیبەمە لای دکتۆر. هەتا دەمرێ هەر دەیبەم..."
دەتگوت ئەو دەنگە لە قوڕگی خۆی نایەتە دەر. دەنگێکی وەها نزم ومەنگ بوو.
"لە گوندیش دەرمان نەما تاقیمان نەکردبێتەوە. بۆتە پارچەیەک پێست و ئێسقان. ئیتر بەردەوام ئاوایە، بەردەوام دەخەوێ. سێ ساڵە دەسگیرانمە. مانگێک پاش ئەوەی بوو بە دەسگیرانم، وای لێهات. ئیتر ئاوا!"
مەحموودە زەرد بە جارێ حەپەسا. دەبێ ئەو شوێنە کوێ بێ کچ بە دەستی دەسگیرانەکەی دەسپێرێ. نەخۆشە. جا با نەخۆش بێ.
بە پێکەنینەوە گوتی:
"چۆن کچەیان تەسلیم کردووە؟ ها، چۆن؟"
ئەویتر:
"ساڵێک نیشانیان نەدام. پاشان کە ئاوای بەسەر هات…"
چاوەکانی هەمدیس ئەبڵەق مان، بەڵام ئەمجارەیان بە دڵۆپێکی قەتیسماو لە گۆشەیەکی چاویدا.
مەحموودە زەرد لە دڵی خۆیدا گوتی:
"چاوت دەردەهات. بۆ ئاوا زەق زەق سەیرم دەکا؟ هەی ئەو چاوە زەقانەت بێنە دەرێ…"
لە وێستگەیەک، کابرایەک دەرگای هۆدەکەی کردەوە، چاوێکی بە دەوروبەردا گێڕا. پاشان دەرگاکەی پێوە دا و ڕۆیشت.
شەمەندەفەر وە جووڵە جووڵ کەوت. دەشت، وەک لەپی دەست وا بوو. دارتێلەکانی تێلێگراف لە پشت سەر جێ دەمان.
بە تاسەوە درێژەی بە قسەکانی دا:
"ئەمڕۆ دەچمەوە دێیەکەم. بەڵێ برا، دێیەکەم… پێنج ساڵ لە گوند دابڕام. چووم پارەی دوو گا کۆ کەمەوە. کەچی پارەی دە گام وە سەر یەک نا." پێکەنی. "لە ئیزمیر حەمباڵیم کرد. پارەیەکی زۆرم بە دەست هێنا. ئێستا هەر کە گەڕامەوە گوند، چوار گای شاخدار دەکڕم. یەک نا، دوان نا، چوار گا! چوار مانگاش دەکڕم. پەز دەکڕم برا، بزن دەکڕم… ئەسپێک دەکڕم، لەگەڵ ماینێک… کۆڵێک جلوبەرگم بۆ ماڵ و مناڵ کڕیوە، بۆ یەکە یەکەیان، بۆ براکەم، بۆ ژن براکەم، مناڵەکانیان، بۆ دایکم، دایکێکم هەیە هەشتا ساڵی تەمەنە و پشتی کووڕ بۆتەوە، بۆ کۆرئۆغڵوی خۆمان، بۆ هەموویان. لە گەڕانەوەما، ماڵەکەمان وەک گوڵی لێ دێ. هاوینان و بەهاران، چیاکان چۆن بە گوڵ دەخەمڵێن، ماڵەکەشمان ئاوای لێ دێ… ئەگەر باسی دێی خۆمانت بۆ بکەم، دەبێ بڵێم پڕە لە دارسنەوبەر. لە هەموو لاوە بۆنی عەتر و دارسنەوبەرت بۆ دێ برا! ئاوی حەیات لە کانیاوەکانی هەڵدەقووڵێ. دەوڵەمەندەکانی 'ماراش' بۆ سەیران ڕوو دەکەنە گوندی مە. بەڵێ، بۆ گەشت و گوزار دێنە وێ."
کوڕە گەنجەکە بە شەوقەوە قسەکانی بڕی:
"سێ ساڵە چاک نەبۆتەوە. هەر یەکە و شتێکی گوت... یەک گوتی فڵان، یەک گوتی فیسار…. سێ ساڵی ڕەبەق… بوو بە سێ ساڵی تەواو… دکتۆرێک گوتی سنەوبەر… دێی ئێمە ڕەق و ڕووتە. سنەوبەری لە کوێ بوو…"
مەحموودە زەرد:
"گوندەکەی ئێمە دارسنەوبەری گەورەی لێیە. خەڵکی شاری بۆ سەیران دێنە گوندەکەی ئێمە…"
پاشان کتوپڕ خورپەیەک بە دڵیدا هات. سەری هەڵێنا و لە ڕووخساری کوڕەکە ڕاما. چاوەکانی گەنجەکە چیتر سارد و لێڵ نەبوون، دەگەشانەوە و بە حەزەوە لەویان دەڕوانی.
دەموچاویشی سوور سوور هەڵگەڕابوو.
گەردەلوولی خۆشی لە دڵی مەحمووددا بەرپا بوو. لە خۆشیان سەری وەرسووڕاند. دڵی وە ترپە ترپ کەوت:
"سەیرم کە برا، دێیەکەمان پڕە لە دارسنەوبەر… من، ڕێک بایی دە گا پارەم کۆ کردۆتەوە. دە سەر گا… لە باتی مانگایەک چوار مانگا. ئەویش چوار مانگای بە شیر. مانگای 'حەلەب'ێ دەکڕم. مەڕ و بزن… ماڵ پڕە لە ڕۆن و شیر و هەنگوین…"
ڕاوەستا، خۆی قیت کرد و درێژەی بە قسەکانی دا:
"سەیرم کە برا! دەستی دەسگیرانەکەت بگرە و وەرە بۆ کن ئێمە. دەستی بگرە و وەرە! وەک گلێنەی چاو دەتانپارێزم. وەرە کاکە! لە بری پارەی دوو گا، پارەی دە گام کۆ کردۆتەوە، دەستی بگرە و وەرە! سێ مانگی پێناچێ دەسگیرانەکەت چاک چاک دەبێتەوە، دەردی لێ دەبڕێ. وەرە برا! دوای سێ مانگان دەبووژێتەوە، وەک ئەوەی تازە لەدایک بووبێت. دەستی بگرە و وەرە! چوار مانگای بە شیر دەکڕم. لە دێ شاییتان بۆ دەگێڕم… وەرە کاکە!"
دەستی ڕاستی گەنجەکەی گرت و گووشی. چاوەکانی قا قا پێدەکەنین.
"شیلەیەک لە دارسنەوبەرەکان دێتە دەرێ. ئەم شیلەیە یەکاویەکە. هەموو خەڵکی گوند ڕادەسپێرم. خەڵکی دێیەکەشمان زۆر باشن. جحێڵەکانی ئاوایی هەموویان وە خۆ دەکەون، باوەش باوەش شیلە هەڵدەهێنجن و بۆ نەخۆشی دێنن… شیلەی سنەوبەر! شیلەش چ شیلە. یەکاویەکە. ئەوەی شیلە بخوا، قەت نامرێ."
گەنجەکە سەری لە پەنجەرە هێنایە دەرێ، لە پێشەوەی ڕوانی و گوتی:
"ئێرەیە… کە شەمەندەفەرەکە ڕاوەستا."
پاشان ڕوو لە کچەکە گوتی:
"هەستە، هەستە دۆندوولوو. گەیشتین."
دۆندوولوو، بێ‌تاقەت سەری لەسەر شانی هەڵگرت. لەچکە تەنکەکەی ڕێکوپێک کرد.
کەمێک دواتر شەمەندەفەر وەستا. لەگەڵ وەستانی شەمەندەفەرەکەدا، لە سەربانی ماڵە چۆلەکەی وێستگە، پۆلێک قەلەڕەشە بە قڕەقڕ فڕین. گەنجەکە هەستایە سەر پێ، دەسگیرانە خەواڵوو و نیوە مردووکەی بە کۆڵدا دا. بە مەحموودە زەردی گوت "دێیەکەمان لە پشت ئەم تەپۆڵکەیە…" و کەوتە ڕێ.
مەحموود کتوپڕ لە جێگەکەی ڕاچەنی و پڕی دایە بەرۆکی کوڕە گەنجەکە:
"ئیتر ئاوا، ئەگەر نەیە گوندی ئێمە، لەو دونیای دی بەو دوو دەستەم بەرۆکت دەگرم. بەو دوو دەستەی خۆم. ئیتر خۆت دەزانی. هەر بەهار هات و نەهات، دەستی دەسگیرانت بگرە و وەرە. جا ئێستا بڕۆ! خوا ئاگادارت بێ برا!..."
کوڕەکە دابەزی. مەحموودە زەرد لە پشتەوە سەیری دەکرد. هەوای جەژن بەسەر شەمەندەفەردا زاڵ ببوو. هەموو شتێک، لە خۆشیان باڵی گرتبوو. جارێکی تر سەیری کرد، گەنجە دابەزیوەکە، دەسگیران لە کۆڵ، هاتبووە بەردەم پەنجەرەکە ڕاوەستابوو و هەمدیس چاوەکانی لەو بڕیبوو. چاوە گەورەکانی....
مەحموود نەیدەزانی چ بکا. شەمەندەفەر وە جووڵە کەوت.
مەحموود تا هەستی پێکرد، شەمەندەفەر کەوتبووە ڕێ. یەک بە خۆی هاواری کرد:
"ناوی گوندەکەمان هونوویە… گوندی هونووی سەر بە قەزای ئالبیستان. هوونوو!... هوونوو… هوونوو… هوونوو. ئالبیستان، ئالبیستان… وەرە ماراش! ئالبیستانی ماراش… هونوو… وەرە برا… دوو دەستم…"
شەمەندەفەر فیشکاندی… بەدەم پڕژاندنی دووکەڵی گەرم و شین، لە دەشتی هەراو و بەریندا، وەک ڕەشەبای خۆشی فڕی.

ئەم چیرۆکە لە ڕەخنەی چاودێردا چاپ و بڵاو بۆتەوە. 

۱۳۹۴/۰۸/۲۱

وەی لۆ لۆ، وەی لۆ لۆ، وەی لۆ لۆ



 دوایین ڕۆژی مانگی فێوریە، ڕێک لە ڕۆژێکدا کە هەنگاوێکی مێژوویی لەمەڕ پرسی کورد نرا و بانگەوازی 'ماڵئاوایی لە چەک' بڵاو کرایەوە، یاشار کەماڵ، ئەو نووسەری تەمەنی بۆ ئاشتی تەرخان کردبوو، کۆچی دوایی کرد. جەم ئەرجیەسی ڕۆژنامەنووس ئەم وتوێژەی خوارەوە، ساڵی ٢٠٠٩ لەگەڵ یاشار کەماڵ و بۆ ڕۆژنامەی 'ڕادیکاڵ' ئەنجام داوە و دیمانەکە پاش کۆچی دوایی ناوبراو، بۆ جارێکی تر لە ماڵپەڕی ڕۆژنامەی ڕادیکاڵدا بڵاو بۆتەوە.
 
وتوێژی ڕۆژنامەی 'رادیکاڵ' لەگەڵ یاشار کەماڵ
لە تورکییەوە: سەلاحەدین بایەزیدی
 
یاشار کەماڵ نەک هەر گەورەترین ناوی ئەدەبیاتی تورکیایە، بەڵکوو یەکێکە لە نووسەرە هەرە بە ویژدانەکانی ئەم کۆمەڵگەیە. بە درێژایی ژیانی بەرەنگاری هەر چەشنە زوڵم و زۆرییەک بۆتەوە و بەردەوام لایەنگریی لە ئازادی کردووە. یاشار کەماڵ، سەبارەت بە چارەسەری پرسی کوردیش، ڕاشکاوانە بۆچوونەکانی دەربڕیون. ماوەیەکی درێژە، بە بۆنە و درەفەتی جۆراوجۆر، هەڵوێستی خۆی لەمەڕ ئاشتی و ئازادی دەردەبڕێ. لە نووسین و قسەکانیدا، باس لەوە دەکا کە نابێ فەرهەنگ و زمانەکان قەدەغە بکرێن.
دەمێک بوو دەمانەویست سەبارەت بە کێشەی کورد لە تورکیا، هەڤپەیڤینێک لەگەڵ یاشار کەماڵ ئەنجام بدەین و بە شێوەیەکی تێروتەسەل و پڕ وردەکاری لەمبارەوە ئاگاداری بۆچوونەکانی بین. ماوەیەک لەمەوپێش، بەڵێنی وەها وتوێژێکمان وەرگرت و ڕۆژێک لەگەڵ عیسمەت بەرکان و ئۆرال چالشلار چاومان پێی کەوت.
یاشار کەماڵ، دۆخی 'ڕۆژهەڵات'ی [تورکیای] (باکووری کوردستان. و) هێنایەوە بیر، باسی لە سیاسەتەکانی دەوڵەت لە ناوچه‌كه‌، نکۆڵی لە بوونی کوردەکان و سیستەمی جاشایەتی و قەدەغەکردنی زمان کرد؛ 'کەس نایەوێ ڕۆڵەکانی بمرێ، گەلی کورد ئاشتی گەرەکە'، وای گوت و بەمجۆرە درێژە بە قسەکانی دا: "کورت و کورمانجی، دەبێ دوژمنانی شەڕ لە تورکیا یەک بگرن…"

پەیتا پەیتا دەگوترێ کوردەکان و تورکەکان لە [جەنگی] مەلازگیرد بە دواوە شان بە شانی یەک دەژین. ئەم دوو گەلە، هەم هەزار ساڵە پێکەوە دەژین و هەم سەدان ساڵە ڕاپەڕین، جەنگ و تاوان کۆتاییان نایە. چ شتێک لە پەیوەندیی نێوان تورکەکان و کوردەکاندا هەڵەیە، بۆچی گەیشتن بە ئاشتی ڕێگەیەکی وەها دژواری لە پێشە؟

من لە مناڵیمەوە دەزانم کە تورکەکان و کوردەکان لەنێو کەشوهەوایەکی برایانە و ئاشتیانەدا پێکەوە ژیاون. لە ساڵانی سەرەتای دامەزراندنی کۆمار [ی تورکیا]دا لەنێو تاکە بنەماڵەی کوردی دێهاتێکی تورکمەن، چاوم بە ژیان هەڵێناوە و گەورە بووم. لە ماڵێ بەس بە کوردی قسەم دەکرد و لەنێو گوندیش بە تورکی. تەنانەت بۆ ڕۆژێکیش خۆم وەک بێگانە، پەراوێزخراو و جیاواز نەهاتە پێش چاو. من بە کولتووری تورکمەن دەوڵەمەندتر بووم و هاوڕێکانیشم، لە منەوە فێری گۆرانی کوردی بوون.
یەکەم کاری ڕۆژنامەوانیم بەو ڕێپۆرتاژانە دەستی پێکرد کە لە ڕۆژهەڵات [ی تورکیا] ئەنجامم دان و بە چەند بەش لە ژێر سەردێڕێ 'لە ڕۆژهەڵات شتی سەیروسەمەرەم بینی' بڵاوم کردنەوە. شەست ساڵ لەمەوپێش لەو دەڤەرە کە شێخ و مەشایخ حوکمیان دەکرد و دەوڵەت قەت خۆی تێهەڵنەده‌قورتاند، شتگەلی باوەڕپێنەکراوم بینی.
بەڵێ، کوردەکان و تورکەکان، هەزار ساڵە شان بە شانی یەکتری دەژین. لە سەردەمی عوسمانییەکاندا، چەندین نەتەوە پێکەوە دەژیان. نەتەوەیەک بە دی نەدەکرا بێزراو بێ یاخود سووکایەتی پێ بکرێ. ساڵانی دوایی، دەستەڵاتی عوسمانی گۆڕدرا. بزووتنەوە نەتەوەپەرستەکان پەرەیان سەند. یەکێک دروشمی سەربەخۆیی نەتەوەکانی بەرز کردەوە و یەکێکیش چووە ژێر سێبەری وڵاتانی ڕۆژئاواوە. لە ناو ئه‌مانه‌دا نه‌ته‌وه‌ی کورد به‌ دی نه‌ده‌كرا. کوردەکان سەرباری ئەو هەموو دەرفەتە، داوای سەربەخۆییان نەکرد.
ڕووسەکان، هەموو هەوڵ و تەقەڵایەکیان دا بۆ ئەوەی لەگەڵ کوردەکانی قەفقازیا یەکیان بخەن. ماڵ بە ماڵی کوردستان گەڕان. لە ماڵی بەگە کوردەکان مانەوە و چەندی کردیان و نەیانکرد، لە هەوڵەکانیاندا سەرکەوتوو نەبوون.
بە درێژایی ئەو هەزار ساڵە زۆر ڕووداو بەسەر کوردەکان هاتووە، بەڵام لەم ماوەیەدا کوردەکان تەنیا چەند جار بە شەڕ هاتوون، لە سەدەی نۆزدەدا، دوو ڕاپەڕین دروست بوون، کەچی لە سەردەمی کۆمار [ی تورکیا]، ٢٩ ڕاپەڕین هاتوونەتە ئاراوە. ڕاپەڕینی هەرە گرینگیان، پێش دامەزراندنی کۆمار و سەرهەڵدانی کۆچگری بوو کە لە ساڵی ١٩٢٠دا ڕووی دا. هەر دەتگوت سوپا بوونی نییە و سەرکوتكردنی ڕاپه‌ڕینی قۆچگیری سووک و سانا نەبوو. ٩٣ نوێنەری کورد لە مەجلیس، بەیاننامەیەکیان نووسی و ناردیان بۆ کوردستان. گوتیان تا تەوابوونی شەڕی ڕزگاری، ئێمە لەگەڵ تورکەکان دەبین و ڕاپەڕینی قۆچگیری سەرکوت کرا. دوابەدوای کۆماریش، پەیتا پەیتا ڕاپەڕین سەریان هەڵدا.
هەڵە و کەموکوڕی هێندە زۆرە، لە هەڵە و کەموکوڕی چۆتە دەرێ. بۆ نموونە با باسی چەند دانەیەکیان بکەم. کتوپڕ، شتێک بە ناوی کورد بوونی نامێنێ. کوردەکان هیچ شتێک نین، دوای شەڕەکان دەبنە نۆکەر و کۆیلەی تورکەکان. کەسانێک کە دەیانەوێ ئەمانە بزانن با ئەو ڕۆژنامانە بخوێننەوە کە پاش سەرهەڵدانی ئاگری‌داغ دەرچوون. سووکایەتی کردن بە مرۆڤێک، بە گەلێک و حیساب نەکردنی وەک مرۆڤ، لە پیاوکوشتن خراپترە.
کوردەکان، زمانیان نییە. زمانەکەیان، زمان نییە، 'کارت‌کورت'ە. ئەم زمانی کارت‌کورتەش کە بوونی نییە، قەدەغەیە. زۆربەی ئەو ئەرک‌پێدراوانەی بۆ ناوچە کوردییەکان بەڕێ دەکران، تاوانبار، دوورخراوە و گەندەڵ بوون. خەڵکی دێهاتەکانی ڕۆژهەڵاتی ئەنادۆڵ بە پیر ئەم ئەرک‌پێدراوانەوە نەدەچوون و ئەگەر ئیشێکیان بە حکومەت بوایە، ئەوا ئاغا و بەگ لە بری ئەوان ئەنجامیان دەدا. ئاغا و بەگ لە جیاتی دێهاتییەکان هەموو شتێکیان دەکرد. هەر بەگە و مەئمووری تایبەتی هەبوو، هەڵبەت ئەگەر ڕێيان نه‌كه‌وتبایە غەریبی.
بەم شێوەیە، حکومەت باوەشی بۆ ئاغا و بەگەکانی گەلی کورد کردەوە. خەڵک پەنایان بۆ ئاغا و بەگەکانی کورد برد. ئیشی ئەوان لەگەڵ حکومەت لەلایەن ئاغا و بەگەکانەوە ڕادەپەڕێنرا. بەمجۆرە، دەوڵەت دەستەڵاتی بەسەر گەلی کوردەوە نەبوو و ئاغا و بەگ بەڕێوەیان دەبرد.
لەم ساڵانەی دواییدا، جاشەکان و جەردەوانەکان، جێگەی ئاغا و بەگیان گرتەوە. چەکی دەوڵەتیان بە دەستەوەیە. بێستان و خاکی میلیۆنان کورد کە نەبوونەتە جاش و جەردەوان، وەک ئەوەی ماڵ و سامانی باوکیان بێ، بەکار دێنن، لەسەر خاکی ئاوارەکان پاڵیان لێ داوەتەوە. جاشەکان ناهێڵن ئاوارەکان بە دوای ڕێگەیەکدا بگەڕێن و بێنەوە سەر ماڵ و حاڵی خۆیان. ڕۆژنامەکان لەمبارەوە نووسیان، بەڵام کێ گوێ لە ڕۆژنامەکان دەگرێ!
بە درێژایی هەشتا ساڵ بیرمان لەوە نەکردەوە ئەم مرۆڤانە بۆچی ئەو هەموو ساڵە لە چیاکان دەمێننەوە. چاوەڕێ بووین ئەرکەکانی هاووڵاتیی بوون بەجێ بێنن، وەلێ لە پەروەردە، تەندروستی، وەبەرهێنان و ئەو خزمەتانە بێ‌بەریمان کردن کە هەر هاووڵاتییەکی دەوڵەت دەبێ هەیبێ. بە ئەقڵمان نەگەیشت وەک مرۆڤ و هاووڵاتی، مافەکانیان پێ بدەین.
هەشتا ساڵە ئەم ناوچەیە پشوویەکی نەداوە. کوردەکان ڕاپەڕیون. سه‌رباری ئه‌وه‌ی زانیویانه‌ شکست ده‌خۆن. سه‌رباری ئه‌وه‌ی هه‌ر له‌ سه‌ره‌تاوه‌ زانیویانه‌ ئه‌نجامی ڕاپه‌ڕین چۆن ده‌بێ. كارم به‌وه‌ نییه‌ زانیویانه‌ یان نا، به‌ڵام دەزانم زۆر مرۆڤ به‌ زانابوون بەرەو پیری مەرگ چوون. سەربوردەی شێخ شامیل دەزانم. دەزانم چەندین کۆمەڵگە مردوون. دەزانم کوردەکان بیست و نۆ جار، به‌ زانابوون به‌ پێشوازی مه‌رگه‌وه‌ چوون.
هەر چاخە و لە چاخێکی تر جیاوازە. وڵاتە پێشکەوتووەکان، خۆیان لەگەڵ چاخەکان گونجاندوە. کەچی ئێمە نابینین دونیا گەیشتۆتە کوێ، لە چاخ و دونیای شارستانییەت دوا کەوتووین. ئەم دۆخە بۆ نەتەوەیەک کارەساتە. ئەگەر وڵاتەکەمان، وڵاتێکی دیموکرات بوایە، لە نێو مرۆڤایەتی پێشکەوتوودا، سەرمان قیت قیت ڕادەگرت. گەلەکەمان، گەلێکە شایانی دیموکراسی. ڕوونەدانی شەڕێکی نێوخۆیی، سەرباری ئەو هەموو وروژاندن و دنەدانانە، ئەم ڕاستییە دەسەلمێنێ.
ئەوەش دەزانین کە هیوا خاوەن هێزێکە کە مرۆڤ دەکاتە مرۆڤ. ڕۆژێک هێزی شاراوەی هیوای مرۆڤایەتی بەدەر دەکەوێ. ئەم هیوا نوێیەش، مرۆڤەکان بەختەوەر دەکا.
وەی لۆ لۆ، وەی لۆ لۆ، وەی لۆ لۆ…
زۆر گۆرانیی کوردی بەناوبانگ بەم وشەیە دەست پێدەکا.

لە ماوەی ڕابردوودا، سەرۆک کۆمار سەبارەت بە کێشەی کورد ئاماژەی بە 'دەرفەتێکی مێژوویی' دا. ئێستا کە سەرۆک کۆماریش ئەمە بە 'سەرەکی ترین کێشەی تورکیا' وەسف دەکا، ئاخۆ کاتی چارەسەرکردنی مەسەلەکە هاتووە؟
سەرۆک کۆمار نیازپاکە. کێشەی کورد، سەرەکیترین کێشەی تورکیایە. کێشەی کورد، کێشەی هاوچەرخیی تورکیایە. کێشەی کورد، کێشەی دیموکراسیی تورکیایە.
لە کاتی دامەزراندنی کۆمار بە دواوە، چاوی بەڕێوەبەرانی دەسەڵات بە ڕووی کوردەکان هەڵنەهاتووە. لە خوارووی ئەنادۆڵ، بوونەوەرانێک خەوتوون بەڵام جار نا جارێ بە تیر و کەوان لە خەو ڕادەبن. کە ئەوان هەستن، هەڵبەت بە هەیبەتەوە هەڵدەستن. ئەو بوونەوەرانە دەکوژن، ئەوانەی ناشیانکوژن، بە پیر و مناڵەوە بۆ غوربەت دووریان دەخەنەوە. هێشتا باس له‌وه‌ ده‌كرێ کە دەستەڵاتدارانی ناوچەکە دەڵێن لە دێرسیم شتێکی وەک مرۆڤ بوونی نییە و پێدەکەنن، دەڵێن لەم چیایە شتێک نییە لە مرۆڤ بچێ و شادی دەردەبڕن. دەڵێن کارت‌کورتەکان چوونە کوێ و بزەیان دێ.
ئێستا ئیتر سەرۆک‌کۆمار بە تەنیا نییە. مرۆڤایەتی لەگەڵیەتی. ئەو بەڕێوەبەرانەی ئاگایان لەمە نییە، وا هەست دەکەن ئەویش وەک خۆیان وایە.
وێڕای ئەوەی سەرکردەی گەورە مستەفا کەماڵ ئاتاتورک ڕێ نیشاندەر بووە، بەڵام بەڕێوەبەران ڕێگەیان نەبینیووە. ئەوانەی تورکیایان هێناوەتە دۆخی ئەمڕۆ، زیاتر و زیاتر  له‌م پێناوه‌دا هەوڵ دەدەن. ئەمانە کێن، چ کەسانێک نەتەوەیەکیان گەیاندۆتە دۆخی ئێستا؟ کەس نازانێ ئەمانە کێن. سەرباری هەموو شتێ، تورکیا بە دیموکراسی شاد دەبێ. سەرۆک‌کۆمار، هێز و ورەی بەو کەسانە بەخشی کە نایانەوێ لە تورکیا شەڕ هەبێ. ئەم هێزە تا دێ گەورەتر دەبێ. هەروەها تا دێ زۆرینەی نیازپاک، پەی بە ڕاستییەکان دەبا.
تورکەکان و کوردەکان هیچکات خوازیاری ئەوە نەبوون لێک دابڕێن. هیچ هێزێکیش ناتوانێ لێکیان داببڕێ. ناحەزان کە زۆر باش ئەمەیان بۆ دەرکەوتووە، لە شەرمان ڕادەکەن و لە شوێنێک دەگەڕێن داڵدەیان بدا. وەک چاوەڕوان دەکرێ، ئەستەم نییە. گەلێکی وەک گەلی کورد، بە سانایی دەتوانی ڕۆڵەکانی شاخی بێنێتە خوار. لە مناڵی حەوت ساڵە ڕا بگرە تا پیری حەفتا ساڵە، کەس نایەوێ برا و ڕۆڵەکانیان، لە هیچ هەلومەرجێکدا گیان لەدەست بدەن. گەلی کورد ئاشتی دەوێ. من کوردەکان دەناسم. لە زمانی کوردیدا دەستەواژەیەک هەیە دەڵێ، کوردەکان لە پێناو قسەکەیاندا سەر دادەنێن، بەڵام پاشەکشە ناکەن. جا لە هەر کەس کە پەیوەندی بە کوردەوە هەیە، بپرسی هەر ئەوەیە.

هەندێک وڵاتی ئەوروپایش هەن کە کێشەی هاوشێوەیان هەیە. ئەوان ئەم مەسەلەیەیان لە ڕێگەی مافە 'فەرهەنگی و سیاسییەکانەوە' چارەسەر کردووە. ئایا چارەسەری کێشەی کورد لە تورکیا، کاریگەریی ئەرێنی لەسەر پێڤاژۆی یەکێتی ئەوروپا دەبێ؟

 لە وڵاتانی ئەوروپا کەمینە هەن. ئەمانە ساڵانێکی درێژ لەسه‌ر خاكی خۆیان مانەوە، شەڕیان کرد، هەرەسیان هێنا، سەرکەوتن. كه‌ كاتی خۆی هات، زۆربه‌ی هه‌ره‌ زۆریان له‌گه‌ڵ به‌ڕێوه‌به‌رانی وڵاته‌كانیان پێكهاتن، به‌ مافی زمان و فه‌رهه‌نگی خۆیان گه‌یشتن. نموونه‌ی هه‌ره‌ به‌رچاو كاتالانه‌كانن. سه‌د ساڵ له‌گه‌ڵ ئیسپانییه‌كان شه‌ڕیان كرد و دواجار له‌گه‌ڵ ئیسپانیا پێكهاتن و یه‌كیان گرت. ئێستا كاتالانه‌كان زۆر به‌خته‌وه‌رن. له‌گه‌ڵ ژۆردی پووژۆلی سه‌ركرده‌ی ئه‌فسانه‌ییاندا چه‌ند سه‌عاتێك قسه‌مان كردووە. سەروبنی قسەکانی باسی ئاشتی بوو. سه‌رۆكیش وه‌ك گشتیان دڵخۆش و به‌خته‌وه‌ر بوو. ئاشتی بۆ هه‌ر دوو گه‌لیش، كامه‌رانییه‌كی گه‌وره‌ی باوه‌ڕپێنه‌كراوی له‌گه‌ڵ خۆیدا هێنا. ئه‌وان به‌ زمان و فه‌رهه‌نگی خۆیان گه‌یشتن. زمان و فه‌رهه‌نگێك كه‌ نه‌ك هه‌ر بۆ ئیسپانیا به‌ڵكوو فه‌رهه‌نگی دونیای ده‌وڵه‌مه‌ند كردووه‌ و گه‌له‌ك مرۆڤی گه‌وره‌ی پێگه‌یاندووه‌، له‌ نیگاركێشدا كه‌سانی وه‌ك خوان میرۆ، تاپیێس و دالی، له‌ بیناسازیدا هی وه‌ك گاودی، بۆفیل، له‌ مۆسیقاشدا ئالبەنیز، كاسال، كابال و كاره‌راس.
هاوڕێیه‌كی ڕۆژنامه‌نووسی كاتالان كه‌ دواتر ناسیم، ده‌یگوت ئه‌گه‌ر ئێستا له‌ ئیسپانیامان دابڕن، ئێمه‌ هه‌مدیس په‌نا بۆ چیا له‌ مێژینه‌كانمان ده‌به‌ینه‌وه‌. خۆزیا زمانی ئێمه‌تان زانیبا و له‌گه‌ڵ خه‌ڵكی كاتالان قسه‌تان كردبا، ئه‌وانیش هه‌مان ئه‌و شتانه‌یان پێ ده‌گوتن.
كاتالانیا له‌ سه‌د ساڵ له‌مه‌وپێشه‌وه‌ هه‌رێمی هه‌ره‌ ده‌وڵه‌مه‌ندی ئیسپانیا بووه‌ و ئه‌مڕۆكه‌ش هه‌ر وایە.
یه‌كێتی ئه‌وروپا هاوڕا نییه‌. هی وا هه‌ن توركیایان خۆش ده‌وێ و هی وا هه‌ن ڕقیان لێیه‌تی. به‌ڵام توركیایه‌كی دیموكرات ده‌توانێ بۆ یه‌كێتی ئه‌وروپا یارمه‌تیده‌ر بێ.
كێشه‌ی كورد ڕووداوێكه‌ هێزی توركیای له‌ دونیادا ڕزاندووه‌. یه‌كێتی ئه‌وروپا سه‌ری له‌وه‌ سووڕماوه‌ كه‌ بیست میلیۆن كه‌س له‌ مافه‌كانیان بێبه‌ش كراون و، توركیا دیموكرات نه‌بووه‌. نازانن چ بكه‌ن. ده‌سه‌ڵاتدارانی توركیاش له‌ دیموكراسی سڵ دەکەنەوە. له‌ وڵاتێكی دیموكرات، نه‌ك گه‌لێكی نزیك بیست میلیۆنی، به‌ڵكوو نابێ تەنانەت كه‌سێكیش له‌ مافه‌ مرۆییه‌كانی بێبه‌ش بێ.
گه‌لۆ بۆچی یه‌كێتی ئه‌وروپا له‌حاند هه‌موو شتێك یارمه‌تیی توركیا نادا. سه‌ره‌ته‌قه‌ی لێ ده‌رناكه‌م. ئاخۆ ده‌یانه‌وێ توركیا له‌ دیموكراسی بێبه‌ش بێ. له‌ كاتێكدا دامه‌زرێنه‌رانی یه‌كێتی ئه‌وروپا به‌ر له‌هه‌ر شتێك خوازیاری سه‌قامگیركردنی دیموكراسیی ڕاسته‌قینه‌ له‌ دونیا به‌ گشتی و ئه‌وروپا به‌تایبه‌تی بوون. یه‌كێتی ئه‌وروپا بۆ مرۆڤایه‌تی هیوایه‌كی گه‌وره‌ بوو.

كه‌ خه‌ڵاتی گه‌وره‌ی چاندی و هونه‌ریی سه‌رۆك كۆماریتان وه‌رگرت، گوتتان `هه‌ر گه‌لێك كه‌ له‌ ئەنادۆل ده‌ژی، ده‌بێ زمانی دایكی به‌كار بێنێ. به‌ زمانی دایكی په‌روه‌رده‌ ببینێ، كتێب بنووسێ و فیلم دروست بكا`. ئه‌وه‌ی ڕاستی بێ ئه‌مانه‌ مافه‌ بنه‌ڕه‌تییه‌كانی مرۆڤن، ئاخۆ داننان به‌م مافانه‌، كێشه‌كه‌ له‌ كۆكه‌وه‌ چاره‌سه‌ر ده‌كا؟
 

سه‌یر كه‌ برام، فیكر و زمانی من یه‌كه‌ و چیم له‌ مێشك دابێ ده‌یهێنمه‌ زمان. له‌م بۆچوونانه‌مدا، ڕه‌نگه‌ له‌ ژێر كاریگه‌ریی مرۆڤه‌ گه‌وره‌كانی سه‌رده‌م دابم. هه‌رچی بێ، ئه‌م بیر و بۆچوونانه‌، هه‌م بۆ چاخی مه‌ و هه‌م بۆ وڵاته‌كه‌مان کۆمەڵێ ڕاستیی حاشاهه‌ڵنه‌گرن.
هەر لە تافی گەنجێتیمەوە گوتومە دونیا باغچەیەکە بە هەزار گوڵەوە، به‌ڵام دەزانین دونیا باغچەیەکە پڕ لە گوڵی لە ژمارنەهاتوو. هەروەها لە گەنجێتیمەوە بەردەوام گوتومە دونیا باغچەیەکی فەرهەنگییە بە هەزار گوڵەوە. به‌ڵام دەزانین دونیا باغچەیەکی فەرهەنگییە بە گوڵی لە ژمارنەهاتووەوە. ئەگەر لە دونیادا، لە فەرهەنگێک داببڕێین، لە ڕەنگێک، بۆنێک و دەوڵەمەندییەکی دونیا بێبەش دەبین.
بە درێژایی مێژوو، فەرهەنگەکان بەردەوام شانبەشانی یەکتری گەشەیان سەندووە، کاریگەرییان لەسەر یەکتری هەبووە و یەکتریان پتەو کردووە. شارستانییەتەکان و فەرهەنگەکان، تا ڕۆژی ئەمڕۆش، قەت زیانیان بە یەکتری نەگەیاندووە. یەکتریان لەناو نەبردووە.
ئەنادۆڵ خاکێکی فرە فەرهەنگ، فرەزمان و فرەئایین بوو. چونکە ئەنادۆڵ هەم دەریای سپی، هەم میزۆپۆتامیا، هەم قەفقازیا و هەم دەریای ڕەش بوو. فەرهەنگەکانی ئەنادۆڵ، بە درێژایی مێژوو، بەردەوام یەکتریان پتەو کردووە. ئەگەر لە سەردەمی پێش زایینەوە، تەنیا بڕوانینە کەنارەکانی ئیجەی ئەنادۆل، دەبینین چەندە فرەزمان و فرەکولتوور بووە. ئەم فەرهەنگانەن کە فەیلەسووفەکانی گەل، هۆمێرۆس و دەیان شاکاری دیکەیان ئافراندووە و بوونەتە چاوگە بۆ فەرهەنگی مرۆڤایەتی.
ئەمڕۆکە لە ئەنادۆڵ، گەلەک فەرهەنگ، هەر لە سەردەمی کۆمار بە دواوە، سەرباری هەموو قەدەغە و قەدەغەکارییەکان، هه‌ر چۆنێك بێ ژیاون. لە ئەنادۆڵی فرەکولتوور، فەرهەنگی تورک ویستی تەنیا زمان و فەرهەنگی خۆی بسەپێنێ و سەرجەم زمان و فەرهەنگەکانی قەدەغە کرد. لەگەڵ هەوڵدان بۆ مۆدێڕنیزەکردن، سامانە خۆجێیەکان، ئەو ئاریشانه‌ی سەرچاوە فەرهەنگییەکانیان لەسەر پێ ڕاگرتبوو، ئەنیستیتۆکانی گوند و ماڵەکانی گەل خاپوور کران.
بەمجۆرە زمان و فەرهەنگی تورکیش لاواز بوو. بۆ نموونە، ئازادبوونی فەرهەنگ و زمانی کوردی کە بەردەوام یەک لەسەر سێی دانیشتووانی ئەنادۆڵیان پێکهێناوە، فەرهەنگ و زمانی تورکیشی دەوڵەمەند کردووە. دیارە فەرهەنگی تورکیش، دەوڵەمەندییەک بووە بۆ فەرهەنگی کورد. زمانەکانی چەرکەس، لاز، زمانەکانی دیکەی قەفقازیا، عەڕەبی، سووریانی، ئاشووری هەم یەکتریان ژیاندووە و دەوڵەمەند کردووە، هەمیش سوودیان بۆ زمانەکانی تورکی و کوردی هەبووە. فەرهەنگەکانی ئەمڕۆی ئەنادۆڵ، هەر وەک فەرهەنگەکانی کۆن لەو ناوچەیە کە ببوونە چاوگەی کولتووری مرۆڤایەتی، ئەگەر وەک پێشوو سەرچاوە و ئیلهام نەبووبن بۆ فەرهەنگی مرۆڤایەتی، ئەوا یارمەتییەکی بەرچاویان داوە.
کە نووسین و خوێندن بە زمانی کوردی قەدەغە کرا، کوردەکان ناچار مان پەنا بۆ ئەدەبیاتی زارەکی بەرن، ئەفسانە، گۆرانی، شین‌نامە و چیرۆکی گەورەیان خوڵقاند. هێزی وشەیان لە ئەدەبیاتی زارەکیدا تاقی کردەوە و گەشەیان بە هونەری جادوویی دا. ئەمڕۆکە، تەنانەت زۆر ڕۆشنبیری کورد لەمە بێئاگان. فۆلکلۆرێکی وەها ڕیشەداکوتراو و تۆکمە نەنووسراوەتەوە. ئەمڕۆ لە زانکۆکانی تورکیا، ئەنیستیۆی زمان، فلکلۆر و ئەدەبیاتی کوردیمان نییە. بە هەموو شێوەیەک سەلمێنراوە کە سەقامگیرکردنی دەوڵەتێکی یەک فەرهەنگی، دژ بە هەر چەشنە دەوڵەمەندییەکی تورکیایە. ئەنادۆڵ، موزاییکی فەرهەنگەکانە. هەم گەورەبوون و هەم دەوڵەمەندبوونی، دەگەڕێتەوە بۆ دەوڵەمەندیی زمان و فەرهەنگەکانی ئەنادۆڵ. بێبەش هێشتنەوەی تورکیا لەم دەرفەتە گەورانە، وڵاتی خستۆتە دۆخی ئەمڕۆوە و لە لایەکی دیکەشەوە، دەسەڵاتی کردۆتە دێوزمەیەکی سەیر و سەمەرە.
ئاخۆ تورکیا وڵاتێکی دیموکراتە یان دیکتاتۆڕانە بەڕێوە دەچێ؟ ئەوانەی وڵاتیش بەڕێوە دەبەن، سەریان لەم مەسەلەیە دەرناچێ. دەسەڵاتێکی بێ سەرە و بەرە. هەموو شتێک تێکەڵ پێکەڵە. لەم نێوانەدا، کوردەکان لەپێناو زمان و فەرهەنگی خۆیاندا خۆڕاگری دەکەن. دەسەڵاتیش دەڵێ ئێوە داوای سەربەخۆیی دەکەن. دەڵێ ئەگەر ئازادیی زمان و فەرهەنگتان پێ بدەن، ئەوا سەربەخۆیشتان دەوێ. بەمجۆرە چەندین ساڵە بە کرێتی و گەمارییەکی باوەڕپێنەکراو، شەڕێکی بێ واتا درێژەی هەیە.
بە هۆی ئەم شەڕەوە، تورکیا زامی گەورەی بەر جەستەی کەوت. ئەو دەسەڵاتەیش کە پێمان وایە دیموکراتە لە تورکیاش بریندار بوو. ئیتر نازانێ چ بکا و بچێتە کوێ. لەم نێوەڕاستەدا گیری کردووە.
دیموکراسی وڵامدەرەوەیە. دیموکراسی دەبێ بۆ هەموو مرۆڤایەتی بێ. سەرجەم دیموکراتە ڕاستەقینەکانیش، جا لە کوێ بێ گرنگ نییە، دەبێ هەرچییەکی لەدەستیان بێ بۆ ئەو کەسانەی خوازیاری پیادەبوونی دیموکراسین و لەپێناو دیموکراسیدا خەبات دەکەن، درێغی نەکەن.
دەبێ ئەوەش بڵێم من پرەنسیپێکی نەگۆڕم هەیە، بنیادەم بەردەوام گەشبینە. حەزی مرۆڤ بۆ ژیان، شتێکی نەمرە. پێشم وایە مرۆڤەکانی وڵاتەکەم کە لەسەر ئەم خاکە بەشکۆ فەرهەنگییە دەژین، هەر بەم شێوەیە نامێننەوە، ئەم خاکە فەرهەنگییە پڕ پیت و بەرەکەتە سەرلەنوێ دەبووژێتەوە، دواجار بە دیموکراسی ڕاستەقینە دەگەین و لە ڕێگەی خەبات بۆ دیموکراسی لە دونیادا، یارمەتیی گەلانی دیموکراتیی وڵاتەکانی دیکە دەدەین.

باسی ئەوەتان کرد 'کوردەکان لەپێناو زمان و فەرهەنگەکەیان خۆڕاگری دەکەن. دەسەڵاتیش دەڵێ ئیللا و بیللا، ئێوە داوای سەربەخۆیی دەکەن.' پێویستە زیاتر لەمبارەوە بدوێین؛ هەندێک پێیان وایە پەروەردە بە زمانی دایک و مافە فەرهەنگییەکان، ڕێگە لەبەردەم جیابوونەوە خۆش دەکەن. ئێوە لەمبارەوە چۆن بیر دەکەنەوە، ئاخۆ بۆی نییە ئەگەرێکی وا وە ڕاست گەڕێ؟ ئەگینا ئەم گوتارە لە کوێوە سەرچاوە دەگرێ؟
 

هەموو ئەم قسانەی ئێوە لە ڕوانگەی دیموکراسییەوە، بەشێکە لە مافەکانی مرۆڤ. هەوڵ و تەقەڵای مرۆڤە دیموکراتەکان و تەنانەت گیان بەختکردنیان بۆ ئەم مەبەستەیە. لە وڵاتە دیموکراتەکان، ناڵێن ئەم مافە لە دەرەوەی دیموکراسییە. وەک ئێمە مافەکانی گەلێکی بیست میلیۆنی پێشێل ناکەن. ئاخۆ کوردەکان سەرجەم مافەکانی شارۆمەندییان ڕانەپەڕاندووە؟ جگە لەوانەی شاخ [گەریلاکان]، گەلۆ هەر کوردێک ئەرکەکانی شارۆمەندی بەجێ نه‌هێناوه‌؟
ڕێگەی گەیشتن بە دیموکراسی، تەنیا چیاکان نین. مرۆڤ وەک چۆن داگیرکاریی لە ڕەگەوە نەهێشتووە، وەهاش نادادپەروەری لە بنەوە دەسڕێتەوە. بۆ ئەمەش پێویست بەوانەی شاخ ناکا. هەم ئەوانەی شاخ و هەم دەسەڵاتداران دەبێ ئەمە بزانن. ئەگەر ئەمڕۆ وەک سەردەمانی دامەزراندنی یەکێتی ئەوروپا بوایە، ئەوروپا دەبووە ناوبژیوان و هەر لە ساڵانی سەرەتادا ئەم شەڕەی لە گۆڕێ نەدەهێشتەوە. ئەگەر بەڕێوەبەرانی تورکیا بە چاوێکی وەها دوژمنانە سەیری کوردەکانیان نەکردبا، ئەم شەڕە دیسان لە ساڵانی سەرەتاوە کۆتایی دەهات. چونکە گەلی تورک و گەلی کورد هەزار ساڵە بە شێوەیەکی برایانە شان بە شانی یەکتری دەژین. پاش دەسپێکردنی شەڕ، لە شەڕڤانەکان زیاتر هەڵیانکوتایە سەر گەل. لاپەڕەی ڕەشیان بە مێژووەوە لکاند. وەک بڵێی کوردەکان هەزار ساڵ برا نەبوون، دوژمن بوون، وەک بڵێی ئەوان شەڕی ڕزگاریخوازییان پێکەوە نەکردبێ.
زمانە دایکییەکان، چۆناوچۆن تورکیا پارچە دەکەن، ئاخۆ لازەکان، چەرکەسەکان، ئاشوورییەکان، عەڕەبەکانی ئادانا، مێرسین، هاتای، ئوورفا و سیرت یاخود کوردەکان کە هەزار ساڵە لەگەڵ تورکەکان دەژین، تورکیا پارچە دەکەن؟ ئەوانەی ئەم قسانە دەکەن گەلۆ دۆستی تورکیان؟
من ئەوەندەی بە بیرم بێ بە هیچ کەسم نەگوتووە خاین بە نیشتیمان، تێنەگەیشتم مرۆڤێک چۆن خیانەت بە نیشتیمانەکەی دەکا. ئەوانەی دەڵێن تورکیا پارچە دەبێ، بۆچی ئەم درۆیانە دەکەن؟ هیچ تێناگەم خەڵک چۆن بڕوا بە درۆکانی ئەوانە دەکا.
بیر لە شتی خراپ خراپیش دەکەمەوە. گوێی شەیتان کەڕ، تۆ بڵێی ئەمانە بۆ شەڕی نێوخۆیی ئەم جیابوونەوەیەیان نەکردبێتە بنێشتەخۆشکەی سەر زاریان. سەریان دای لە بەرد. ئەوان هەزار ساڵە لە ناو ئافات و کارەساتدا پێکەوە ژیاون، لەبەرامبەر کارەساتەکان لە برایەتی دانەبڕاون. لەمەوبەدواش هیچ هێزێک لە یەکتریان دانابڕێ.
بەسە، بەسە، بەسە ڕۆڵە گەنجەکانمان لە دەست دەچن.
کوردەکان چ ویست و داخوازییەکیان هەیە، کەم کەس هەیە ئەو پرسیارە بکا. لە کاتێکدا ئەمە شادەماری مەسەلەکەیە و بەدەگمەن خۆی لێ دەدەن. هیچکەس لە ماوەی ئەم هەشتا ساڵەدا، بە گوێرەی پێویست هەڵوەستەی لەسەر ئەم بابەتە نەکردووە. هەڵدەستن و دادەنیشن دەڵێن جیاخوازی. کوردەکان جیاخواز نین. لە ویست و داخوازییەکانیان ڕا دیارە کە نایانەوێ جیا ببنەوە. هەمووان دەزانن کوردەکان چییان گەرەکە. دەزانن بەڵام دەڵێن ئەگەر داخوازییەکانیان بە دی بێنین، داوای جیابوونەوەمان لێدەکەن. دەزانن ئەمە درۆیە. لەپێناو ئەم درۆیانەدا، ئەم هەموو ساڵە شەڕ کرا و لەم پێناوەدا هەمدیس ڕۆڵەکان ڕەوانەی مەرگ کران. کێ لە وڵاتەکەمان دەتوانێ بۆ دایکانی شەهید، بۆ باوک، برا، خزم و کەس و کارەکانیان هۆکارەکانی ئەمە باس بکا، کێ، کێ.
ئه‌ی ئابووری و هەژاری لە وڵاتەکەمان. چی بەسەر ئەو خاکە پڕ پیت و بەرەکەتانەی ڕۆژهەڵاتی ئانادۆڵ هات، با پسپۆڕەکان لەمبارەوە لێکۆڵینەوە بکەن، بزانن چییان بۆ دەردەکەوێ. با بزانن ئاخۆ ئاژەڵداری هەر برەوی هەیە. مرۆڤەکان بە نرخی گیانیان پەنایان بۆ قاچاغچێتی بردووە. لەکاتێکدا ئەم خاکە، مەکۆی شارستانییەت بوو. شارستانییەتە گەورەکان بەردەوام لە خاکە بە پیتەکاندا گەشەیان سەندووە. ئێستا ئەم خاکانە مردوون. ئەم شەڕە گەلانی ئێمەی پەرێشان کردووە.
ئەی جەردەوانەکان. ئاخۆ لەم چاخەدا، دەوڵەتێکی دیكه‌ی هاوشێوەی نێو ئەم دەوڵەتە پێویسته‌، ئاخۆ دەتوانێ لە ژێر باری ئەم شورەییەدا سەری بەرز بکاتەوە؟ ئەم دەوڵەتە، دەوڵەتی ئەم گەلە بە شەڕەفەشە. دەوڵەتێك نابێ جاشی هه‌بێ. ئه‌وانه‌ی مناڵەکان، گەنجەکان، ژنەکان و بەساڵاچووەکان ده‌كوژن، ده‌ڵێن 'ئه‌گه‌ر پێ نه‌زانرابا دەمانگوت پەکەکە ئەوانی کوشتووە.' بەشێک لەوانیش جەردەوان بوون. هەر کەسێ دەبێ با ببێ، ئاخۆ دەتوانی لە ژێر ئەم بارە قورسەدا شانت بەرز بکەیتەوە؟ لەبەرامبەر ئەم ئیشە سەیرەدا هەموومان بێدەنگ بووین. کێ ئێمەی بێدەنگ کرد؟

ئاخۆ کوردەکان ئەو ئەرکەی لەپێناو ئاشتیدا بکەوێتە سەر شانیان، بە جێی دێنن؟ 

کوردەکان بە درێژایی ئەو ساڵانە چییان ویست و ئێستا چییان گەرەکە؟ ئەگەر ئەم دەرفەتەش لە کیس بدەین، کوردەکان چ دەکەن؟ ئەگەر چینی ڕۆشنبیری تورکیا و دونیا پێشیان پێ نەگرن، چی؟ نازانرێ لەمڕۆ بەدواوە چ دەکەن. باشە ئەگەر پەکەکە بە جۆرێک لە جۆرەکان لە گۆڕی نەمێنێ، چ دەبێ، لە ئێستاوە زەحمەتە بزانی بە گوێڕەی کات و سەردەم چ دەکەن.
لێرە بەدواوەی با له‌ نیشتیمانپەروەرانی لایەنگری شەڕ بپرسین، لایەنگرانی شەڕ هەموو شتێک لە هەموو کەس باشتر دەزانن، تا ئەو شوێنەی بەرژەوەندی خۆیان بر دەکا. دژ بە هەموو شتێکن تا ئەو کاتەی بەرژەوەندی خۆیان لە برەودا دەبێ.  کوردەکان پێشتر لە لۆزان هاواریان کردووە کە 'ئێمە کەمینە نین'، لە هەشتا ساڵ لەمەوپێشیشەوە هەروا دووپاتی دەکەنەوە و دەڵێن ئێمە کەمینە نین بەڵام دەسەڵاتداران گوێیان لەم هاوارانە نەبووە. ئێستاش گوێیان لێ نابێ. لەکاتێکدا دونیا گۆڕاوە، لە زۆر وڵات تەنانەت کەمینەکانیش بە سەرجەم مافە مرۆییەکانی خۆیان گەیشتوون.
ئه‌م ڕۆژانه‌ كورده‌كان زیاتر له‌ جاران هاوار ده‌كه‌ن. ئێمه‌ كه‌مینه‌ نین. هه‌ر شتێك بين، ئه‌م وڵاته‌ پارچه‌ نابێ. باجه‌كه‌ی چی ده‌بێ با ببێ، له‌تی ناكه‌ین.
کەسێک نەیەوێ ببیسێ، گوێی لەمەش نەبووە و نابێ. من لەچاو ئێوە خۆشبینم، بەردەوام گوتومە نووسەرێکی گەشبینم. هەر ئەمنیش گوتومە بنیادەم لە بێ هیوایی هیوا دەخوڵقێنێ. متمانەم بە مرۆڤەکانی وڵاتەکەشم هەیە. شانبەشانی دونیا، ئەوانیش دەگۆڕدرێن.

۱۳۹۴/۰۷/۲۰

خەونی ئیبراهیم


نازم حیکمەت
لە تورکییەوە: سەلاحەدین بایەزیدی 

له‌خه‌ونمدا یارم بینی
به‌ جووتێ مه‌مکی قیته‌وه‌
به‌ به‌ژنی نیوه‌ ڕووته‌وه‌
به‌ وێنه‌ی مانگ، به‌ ناو هه‌وره‌کاندا ده‌ڕۆی.

من ده‌ڕۆییم، ئه‌ویش هه‌روا
که‌ ڕاده‌وستام، ده‌وستا
لێم ده‌ڕوانی، لێی ده‌ڕوانیم.

دڵۆپ دڵۆپ فرمێسکی چاو
ده‌ڕژێنه‌ سه‌ر هێڵه‌کانی تێلێگراف.

هێڵی درێژی تێلێگراف: هه‌واڵ
رۆندکی گه‌رمی چاو: شادی.

خه‌ونه‌که‌ی وه‌ خێر گه‌ڕێ خودا
ده‌بێ هێشتا ده‌ ساڵی دی
له‌ زیندان دابێ ئیبراهیم.

۱۳۹۳/۱۲/۰۴

دوایین وتوێژی ییڵماز گونەی


کریس کۆچێرا
لە فەرەنسییەوە: سەلاحەدین بایەزیدی

دێرێکی کۆن له‌ گوندێکی بچووکی باکووری فه‌ره‌نسا بۆتە بەشێک لە تورکیا. له‌ نزیک دێرەکە تابلۆی "گرتووخانەی ناوه‌ندی"، به‌زمانی تورکی و له‌ ته‌نیشت په‌یکه‌ره‌یه‌کی حه‌زره‌تی مه‌ریه‌م به‌دی ده‌کرێ. لە هەموو شوێنێ، تابلۆکان باس له‌ شکۆ و شانازی کەماڵیست بوون دەکەن: "چ بەختەوەرە ئەوەی دەڵێ تورکم". له‌ ناو حەساری بیناکەدا، چەند دیوارێک بۆ چاودێری کردنی پیاسە و هاتوچۆی ڕۆژانەی گیراوان بەرز کراونەتەوە و لەوێوە ژاندەرمەیەک لە نێو بورجی پاسەوانیدا چاوی تێبڕیون. سه‌رسوڕهێنه‌ره‌ دێرێک وا بە هاسانی ببێته‌ گرتووخانە. لە بەردەم دەرگای بیناکەوە، ئۆتۆمبێلێکی جۆری کادیلاک، بە پلاکی ئانکارا، هێدی هێدی لە ئاپۆرای ژنانی لەچکە بە سەر و ئەو پیاوانە نزیک دەبێتەوە کە پانتۆڵێکی فشیان لە بەر دایە.

وێنە هەڵگرتنەوە لە "دیوار"
 لە تەنیشت کامێرا، ییڵماز گونه‌ی، خەریکە وێنە هەڵگرتنەوەیە لە چاودێری گشتی گرتووخانە - چاودێر کەسێکی فەڕەنسییە، تەنانەت ئەندامێکی کابینەی ژاک لانگی وەزیری فەرهەنگە. ییڵماز گونەی، هێمن و ئارام، وەک هەمیشە دەم بە بزە، لە نێوەڕاستی دەستەیەک ئەکتەری لاوەکیدا بەدی دەکرێ.
"با شووشەکان بشکێنن تا مه‌له‌کان ئازاد بن" ناونیشانی ئەم فیلمەی دواییە کە هێشتا بڕیاری یەکجاری لەسەر نەدراوە. فیلمەکه‌ باس لە سەربوردەی شۆڕشێک لە نێو گرتووخانەدا دەکا. شۆڕشەکە لە لایەن مناڵانەوە هەڵدەگیرسێ - ئێمە ییڵماز گونەی دەبینین، خەریکە بە ئەکتەرێکی ناشی بە ڕەچەڵەک ئۆرۆگۆیی کە ڕۆڵێ پاسەوانێک دەبینێ، دەڵێ چۆن کاردانەوەیەک نیشان بدا ئەگەر یەکێک لە مناڵەکان بە چەقۆی چێشتخانەوە هەڕەشەی لێکرد. به‌ڵام شۆڕش سەرناگرێ و فیلمه‌که‌ بە سەر لە نوێ گەڕانەوەی مناڵەکان بۆ گرتووخانە کۆتایی دێ.
دروستکردنی که‌شوهه‌وایه‌کی تایبه‌ت به‌ ژووری ناوەوەی گرتووخانەیەک له‌ گه‌ڵ ئه‌کته‌ره‌ ئاماتۆڕه‌کان کارێکی زۆر دژواره‌. ییڵماز گۆنه‌ی لە ڕێگەی "ریالیزمێکی شاعیرانه‌"ەوە توانیویەتی ئەم کارە بکا.

سوپایەک لە ڕۆڵی لاوەکی و ئەکتەری ناشارەزا
ییڵماز گونەی بە بەشداری سەد مناڵێکی کورد فیلمەکەی دروست دەکا کە شەوانە لە ژووری نوستن دەخەون - هەندێک لە بەرلێنی ڕۆژئاواوە هاتوون - و هەروەها نزیکەی سەد تا دووسەد کەسی بە تەمەن؛ پاسەوانەکانی گرتووخانە، کەس و کاری گیراوان کە لە کارگەی پۆشاک یا خود کارگە پیشەییەکانی دەوربەری پاریس کار دەکەن. جگە لەمانە نزیکەی سەد تەکنیکارێکی ناشارەزاش لەگەڵ گونەی لە دێرەکە دەژین. مناڵەکان خۆشحاڵن و ئەکتەری باشن: "بیر بکەنەوە دەبێ چ ڕوداوێکی گەورە بێ بۆ ئەو مناڵانە کە لە بەرلین و ناوچە پەراوێزەکانی پاریس تەنانەت ناتوانن خەون بە ژیانێکی ئاساییەوە ببیننن. لێرەش ئەکتەری سینەمان." 
 لە کاتە ئاساییەکاندا، هۆڵەکانی دێر وەک قوتابخانەی گوند کەڵکیان لێ وەردەگیرێ. قوتابخانەیەکی تا بڵێی کەونەشۆپ؛ له‌ نێو پۆلێکی مناڵان، خوێندکاران یاساکانیان لەسەر دیوار نووسیوە، بە تایبەت ئەم یاسایە: "خه‌وتن له‌ کاتی وانە گوتنەوەدا قه‌ده‌غه‌یه‌!". لە پێناو ئازادییەکی زیاتر، گونەی پێشنیارەکانی دروستکردنی خانوویەکی گەورەی بەرهەم هێنانی فیلمی ڕەت کردۆتەوە. بەڵام ئەو بەرهەمهێنەرەی هەڵیبژاردبوو، هەلومەرجی کاری سەخت و دژواری خستبووە بەردەم. هیچ شتێک نابێ لە سیناریۆی فیلمەکەدا دەستچن بکرێ بەر لەو ڕێکەوتەی بەرهەمهێنەر بۆ وەگەڕخستن دیاری کردوە. ئەو دیمانەیەی کە ییڵماز گونەی سەرباری مژووڵبوونی دەرفەتی سازدانی بۆ ڕەخساندین، وتوێژێکی ئاوارتەیە لەو بێدەنگییەی ئەو گرتویەتیە بەر….

پ: ئەگەر ئاوڕێک لە ڕابردوو بدەنەوە، فیلمی "مێگەل" و "رێگا" چۆن هەڵدەسەنگێنن؟
ییڵماز گونەی: وەکوو هەموو دەرهێنەرانی تورکیا و کوردستان، له‌ سەر ڕێگاکەمان ڕووبه‌ڕووی تەنگ و چەڵەمەی ڕژێمی سەرکوتکەر بووینەوە. به‌ درێژایی ژیانی سینه‌ماییم، زۆر ڕێگه‌م بۆ ده‌ربڕینی ئه‌ندێشه‌کانم به‌تاقی کردۆته‌وه‌. ده‌بێ ڕاستگۆیانه‌ دان به‌وه‌دا بنێم که‌ هیچکام له‌به‌رهه‌مه‌کانم تا ڕۆژی ئه‌مڕۆ ئه‌و شته‌یان ده‌رنه‌بڕیوه‌ که‌ خۆم ویستومه‌، نه‌ له‌قه‌واره‌ و نه‌ له‌ناوه‌ڕۆکدا. تایبەتمەندی زاڵی ئه‌م به‌رهه‌مانه‌ ئەوەیە کە ڕێگه‌چاره‌یه‌کن بۆ سازان.
 "مێگەل" له‌ڕاستیدا بەسەرهاتی گه‌لی کورده‌، به‌ڵام من تەنانەت نه‌متوانی له‌م فیلمه‌دا زمانی کوردی بە کار بێنم. ئه‌گه‌ر زمانی کوردیم تێدا به‌کار هێنابا، سه‌رجه‌م ئه‌و که‌سانه‌ی هاوکاری فیلمه‌که‌یان کردبوو، ده‌خرانه‌ گرتووخانەوە. سه‌باره‌ت به‌فیلمی "رێگا"ش دەبوو زیاتر لەسەر دیاربەکر، ئورفا و سیرت بوایە. هەر چەند فیلمەکە لە ئەوروپا مۆنتاژ کرا، بەڵام نەمتوانی هەمووی بە زمانی کوردی دوبلاژ بکەم. به‌جێگه‌ی ئه‌مه‌ هه‌وڵمدا ئه‌م که‌موکوڕییه‌ به‌مۆسیقا قه‌ره‌بوو بکه‌مه‌وه‌.

پ: قاره‌مانه‌ سه‌ره‌کیه‌کانی فیلمه‌کانت زۆربه‌یان کوردن و شوێنی ڕووداوه‌کانیش کوردستانه‌، چۆن ده‌توانن ئه‌م فیلمانه‌ له‌ده‌ره‌وه‌ی وڵاتەکەتان دروست بکه‌ن؟
ی. گ: لێره‌ ئێمە ڕووبەڕووی کێشەیەکین: له‌ کرده‌وه‌دا ته‌نها ئه‌کته‌رێکی پڕۆفشنه‌ڵمان هه‌یه‌ ("تونجه‌ل کورتیز" که‌ لە فیلمی "مێگەل"دا ڕۆڵی باوک ده‌بینێ)؛ ئه‌وانی تر هه‌موویان ئاماتۆڕن و هه‌رگیز له‌ هیچ فیلمێکدا ڕۆڵیان نه‌بینیوه‌. هێنانی ئه‌کته‌ری شارەزا له‌تورکیایه‌وه‌ مەحاڵه‌... ئه‌وانه‌ی له‌ ئه‌وروپاشن زاتی ئه‌وه‌یان نییه‌ له‌ فیلمه‌کانمدا ڕۆڵ ببینن. ئه‌وان ته‌نانه‌ت ئامادە نین قسه‌شم له‌گه‌ڵ بکه‌ن.

پ: چۆن شتی وا دەبێ؟ ئاخۆ ئه‌کته‌ره‌ تورکه‌کان شانازی بەوەوە ناکەن له‌ گه‌ڵ ده‌رهێنه‌رێکدا کار بکه‌ن که‌ خه‌ڵاتی خورمای زێڕینی لە ڤێنیز وه‌رگرتوه‌.
ی. گ: ئه‌وانه‌ی له‌ قۆناغە ئارامەکاندا سروودی شۆڕشگێڕانه‌ ده‌ڵێنه‌وه‌، پێیان باشه‌ له‌ ڕۆژە سەختەکاندا خۆیان لە پشت دەرگاکان حه‌شار بده‌ن…. چش. من کامێرامانی تورکم لەگەڵە به‌ڵام تەکنیک کارەکان لە بوارەکەی خۆیاندا پسپۆڕ نین. بۆ نموونە بۆ دیکۆڕ تەنانەت یەک کەسی شارەزام لەگەڵ نییە.

پ: ئێوه‌ تەنیا ئاماژه‌تان به‌و کێشه‌ ته‌کنیکییانه‌ دا که‌ له‌ کاری وێنه‌گرتن له‌ ده‌ره‌وه‌ی وڵات ڕووبەڕووی بوونەتەوە. به‌ڵام کێشه‌ سه‌ره‌کییەکان هەر لە جێی خۆیانن: ئێستا که‌ ڕەگ و ڕیشەتان له‌ تورکیا هەڵکەنراوە، چۆن ده‌توانن فیلمەکانتان دروست بکه‌ن؟
ی. گ: مژاری فیلمه‌که‌ی ترم لەسەر گرتووخانەیە. تیایدا تاریکی، خەم و خه‌فه‌ت دێنمه‌ سه‌ر په‌رده‌، ئەو شتانەی پێویستیان بە سرووشت و دیمەنەکانیەوە نییە.

پ: چما گرتووخانە؟
ی. گ: له‌به‌ر دوو هۆ: یه‌که‌میان ئه‌وه‌ی که‌ باشترین سووژەیە په‌یوه‌ندیی به‌ بارودۆخی ئێستای تورکیاوه‌ هه‌بێ، دووهه‌میان من هێشتاش ئاماده‌ نیم له‌ که‌شوهه‌وای ئه‌وروپادا وێنه‌گری بکه‌م.

پ: هەڵبەت، دیارە ئێوه‌ سیناریستێکی تورکیان که‌ له‌ هه‌موو شتێک زیاتر باس له‌ مرۆڤ و سرووشتی وڵاته‌که‌ی ده‌کا، به‌ڵام فیلمەکانت لە لایەن هاوڵاتیانی خۆتەوە نەبینراون. ئێستاش ئێوە لە مەنفا سەرقاڵی کارکردن لەسەر ئەو گەلە و ئەو سرووشتەن. چۆن ئه‌م کێشه‌یه‌ چاره‌سه‌ر ده‌که‌ن؟
ی. گ: بێگومان ئێمە ڕێگه‌یەک دەبینینەوە بۆ ئەوەی گەلەکەمان فیلمی (رێگا) ببینێ... به‌ڵام ناتوانم پێتان بڵێم چۆن. جگە لەمە، دوای ئه‌م فیلمه‌م که‌ ده‌رباره‌ی گرتووخانەیە، نامه‌وێ فیلمێکی تر له‌ سەر کوردستان، لە کەشوهەوایەکی دەسکرددا دروست بکه‌م.

پ: که‌ی زانیتان کوردن؟
ی. گ: ئەگەر ڕاستیتان دەوێ، من کوردێکی ئاسیمیلە کراوم: دایکم کورمانج و باوکم زازایه‌. له‌ مناڵیمه‌وه‌ تا پانزه‌ ساڵیش له‌ناو ماڵدا به‌ کورمانجی و زازاکی قسه‌مان ده‌کرد. پاشان من له‌ ژینگەی ماڵبات دابڕام، شتێک کە تەنانەت زەبری لە شوناس و خۆناسینم دا. بە درێژایی ئەم ماوەیە، به‌رده‌وام گوێم لێ دەبوو کە دەیانگوت: "کورد و زمانی کوردی بوونی نییە"، به‌ڵام من دەمبیست بە کوردی قسە دەکەن و بە کوردی گۆرانی دەڵێن، ده‌مبینی که‌ کورده‌کان له‌ دۆخێکی زۆر ناله‌بار دان. باوکم بە ئەسڵ خه‌ڵکی سیڤه‌ره‌که‌، ئه‌و شوێنه‌ی تا شانزه‌ ساڵیم نه‌مبینی. هه‌ر له‌وێ تێگەیشتنێکی ڕاستەقینەم لا دروست بوو. لەوێ توانیم په‌ی به‌ ڕه‌نج و ئازاری بنه‌ماڵه‌یه‌کی بێ ڕیشه‌ ببه‌م؛ باوکم و دایکم به‌رده‌وام ده‌یانگوت: "ئێوه‌ له‌ریشه‌ دابڕاون".. له‌ ته‌مه‌نی 34 ساڵیدا توانیم زێدی دایکم "مووش" ببینم، دایکم سه‌ر به‌ هۆزی "ژیبران" بوو. هەوێنی چیرۆکی "مێگەل"، به‌سه‌رهاتی کۆتایی هاتنی ئه‌م هۆزه‌ کۆچه‌ره‌یه‌.

پ: کوردستان له‌ فیلمه‌که‌ی داهاتوتدا چ پێگه‌یه‌کی ده‌بێ؟
ی. گ: پرسی کورد، پرسێکی زۆر ئاڵۆزە، نه‌ک بە تەنیا له‌ وڵاتی تورکیا، به‌ڵکو له‌ ئێراق و ئێرانیش. بە تەمام ڕۆژێ فیلمێک لەسەر تێکۆشانی گەلێک لە پێناو هاتنە دونیا یاخود ژیانەوەدا دروست بکه‌م. ئێستا کێشەیەکی گەورەیە. پێویستە ڕێگە چارەی پرسی کورد له‌ گۆشە نیگای جیاوازه‌وه‌ تاوتوێ بکرێ. ئەستەمە بە شێوازێکی ئۆبژەکتیف بتوانی لەم کێشەیە نزیک ببیەوە. مێژووش تەنیا ئەوە نییه‌ تەژی بکەی له‌ سه‌رکه‌وتن، به‌ڵکه‌ پڕاوپڕە لە شکست، لاڕێبوون و هه‌ڵخه‌ڵه‌تان.

پ: مانەوەتان لە فەرەنسا پەرانتێزێکە لە کار و پیشەتاندا؟
ی. گ: من به‌ پێی مۆڵه‌تێکی تایبه‌ت لە فەرەنسام، ته‌نها بۆ وێنه‌گرتنی ئه‌م فیلمه‌. مۆڵه‌تیان پێداوم تا فلیمه‌که‌م ته‌واو ده‌بێ، لێره‌ بم. پاشان نازانم. نامه‌وێ ئێستا سه‌باره‌ت به‌ئاینده‌ قسه‌ بکه‌م…

میدل ئێست ماگازین، ژانوییەی ١٩٨٣

۱۳۹۳/۰۲/۲۲

پێشەکیی ییڵماز گونەی بۆ کتێبی چیرۆک بۆ کوڕەکەم


هەر لە ساڵی ١٩٧٢ەوە، ئەو کاتەی لە "سەلیمییە" بووم، بیری نووسینی "چیرۆک بۆ کوڕەکەم" ختوکەی مێشکی دام. هونەرمەندێک کە ڕۆحێکی شۆڕشگێڕانەی هەیە، دەشێ میراتێکی شۆڕشگێڕانەش بۆ کوڕەکەی بەجێ بێڵێ. لەم پێناوەدا، چەند هەوڵێکی ناسەرکەوتوو، نیوەچڵ و نادڵنیام دا. ناوەڕۆک، شێواز و ئاکام بە هیچ جۆرێ قایلیان نەکردم. 
نیازم وابوو ئەو مرۆڤانەی چیرۆکەکانم دەخوێننەوە، بکەونە ژێر باندۆڕەوە، بیر بکەنەوە و لە ئاڕاستەی گۆڕانکاریدا، مەیل و حەزیان بوروژێ. ئەم هەستی گۆڕانە لە کردەوەدا پێک بێنن و بەمجۆرە تێکۆشانی شۆڕشگێڕانەمان دەوڵەمەند بکەن.
لەم چوارچێوەیەدا خۆم ماندوو کرد، نووسیم، ڕەشم کردنەوە، سەر لە نوێ نووسیمنەوە، دڕاندمن. دواجار بەو بڕیارە گەیشتم کە تیایدا سەرکەوتوو نابم و لە توانای مندا نییە.
بەڵام نەدەبوو ڕێگە بە نسکۆ و بێ توانایی بدەم؛ سەر لە نوێ دەستم بەو خەباتە کردەوە. کۆتاییەکانی ساڵی ١٩٧٧، لە گرتووخانەی قەیسەری، توانیم یەکەم چیرۆکم بنووسم کە هەستم کرد ناواخن و شێوازەکەی تەواوکەری یەکترین و لە خەیاڵ و بیرکردنەوەکانم نزیکە. بە خۆمم گوت دەبێ لێرەوە دەست پێ بکەم. چیرۆکی "بڕوا بە ناوکە قۆخ بێنە، متمانەت بە هێزی خۆت هەبێ" یەکەم نموونە و هەنگاوی ئەو خەباتە بوو.
رۆژێک کە چاوم بە دەستنووسە کۆنەکانمدا دەگێڕا، چیرۆکێکم بینیەوە کە لە گرتووخانەی سەلیمییە نووسیبووم و لە دڕاندن ڕزگاریی ببوو:
"مراوی و مناڵ"...
ئەم چیرۆکە، نموونەیەکە لە ئەزموون و تاقیکردنەوە سەرەتاییەکانم و ئەگەر بمەوێ لەگەڵ چیرۆکەکانی ترمدا بەراوردی بکەم، دەبێ بڵێم لە ڕووی ناوەڕۆک و شێوازەوە جیاوازە و وەک یەکەم نموونە لە کار و هەوڵەکانم، لەم کتێبەدا بڵاوم کردۆتەوە.
ئەم چیرۆکانە، دیارییەکە لە ناخی دڵمەوە بۆ کوڕەکەم و لە ڕێگەی کوڕەکەمەوە بۆ هەموو مناڵانی دونیا. ئەگەر لە پێشکەوتنە ئەرێنییەکانی ئەواندا پشکی هەبێ، ئەوا بۆ من مایەی شانازییە.

ییڵماز گونەی
٢٠ی دێسامبری ١٩٧٨
 گرتووخانەی "تۆپتاشی"

۱۳۹۳/۰۲/۱۳

داشقەی دار



ییڵماز گونەی
لە تورکییەوە: سەلاحەدین بایەزیدی
مناڵ بەدەم گریانەوە گەڕایەوە ماڵێ.
باوکی گوتی: "بۆچی دەگری کوڕە جوانەکەم؟"
مناڵەکە گوتی:
"ئەکرەم داشقەی داری هەیە، بەڵام سوارم ناکا. منیش داشقەم دەوێ."
باوکە گوتی:
"ئێوە ئاواڵی یەکترین، داشقەیەک بەشتان ناکا؟"
مناڵەکە گوتی:
"ئەکرەم قەت من سوار ناکا. هەر ئەو سوار دەبێ و منیش ڕایدەکێشم. دەڵێ ئەتۆ ئەسپی داشقەکەمی. دەڵێ ئەو داشقەیە ئی منە، ئەتۆ ئەسپی داشقەکەمی."
"جاران تۆ و ئەکەرەم نێوانتان خۆش بوو.. باشترین ئاواڵ بوون، یەکتریشتان زۆر خۆش دەویست… بۆ وای لێهات؟"
مناڵەکە فرمێسکەکانی سڕینەوە و گوتی:
"باوکی ئەکرەم داشقەی داری بۆ دروست کردوە! پێش ئەو داشقەیە نێوانمان خۆش بوو، زۆریش خۆش بوو. ئەسپی قامیشمان هەبوو و بەردەوام بە یەکەوە قومارمان دەکرد. دوایی باوکی ئەکرەم، داشقەیەکی داری بۆ دروست کرد. لەو ڕۆژەوە گۆڕاوە. قەت سواری داشقەکەم ناکا و هەر دەبێ داشقەکەی ڕابکێشم… زۆر جار پێشم ڕاناکێشێ، مناڵی دیکە ڕایدەکێشن…"
"دەی ئەوان ڕایکێشن باشترە.. تۆ ڕایناکێشی."
"ئەگە من ڕاینەکێشم، منداڵەکانی دیکە ڕایدەكێشن. پێی دەڵێم ئەکرەم با هەندێکیش ئەمن سوار بم، تۆ ڕایکێشە، دوایی تۆ سوار بە و من ڕایدەکێشم. دەڵێ نابێ. دەڵێ هەموو مناڵەکان پێیان خۆشە داشقەکەم ڕابکێشن. زۆری شایی بە داشقەکەیەتی. ئێستا بابی بۆیاغیشی بۆ کڕیوە و داشقەکەی بۆ ڕەنگ دەکا. ڕەنگی شین و کەسکی لێدەدا."
"بە مناڵەکان بڵێ با ئەوانیش ڕاینەکێشن… یەک بگرن، قسەتان بکەنە یەک، بە نۆرە سوار بن و بە نۆرە ڕایکێشن."
"گوێ لە قسەی من ناگرن خۆ.. هەموویان بە دووی ئەکرەمدا غار دەدەن. لەسەر ڕاکێشانی داشقەکە خەریکە یەکتری بخۆن. بە ئەکرەمم گوتوە ئەمنیش سوار کە، من ئاواڵێ تۆم. پێم گوتوە تۆش کەمێکی ڕاکێشە. دەڵێ نا. نە من سوار دەکا و نە مناڵەکانی دی."
باوکە بیری کردەوە. گوتی:
"وا دیارە ئەو داشقەیە کەوتۆتە نێوان تۆ و ئەکرەم و ئەکرەمی گۆڕیوە. ئەگەر ئەو داشقەیە ئی ئەکرەم نەبوایە و ئی تۆ بوایە، یانی ئەگەر ئەکرەم داشقەی نەبوایە و من داشقەیەکەم بۆ ساز بکردایەی، تۆ ئەو کارانەت دەکرد کە ئەکرەم ئێستا دەیانکا.. سواری داشقەکە دەبووی، مناڵەکانت وە دووی خۆت دەدا و شاییت بە خۆ دەبوو و …"
"ئەمن وام نەدەکرد.. هەموو مناڵەکانم بە نۆرە سوار دەکرد."
باوکە پێکەنی و گوتی:
"باشە کوڕم. منیش داشقەیەکی دارت بۆ دروست دەکەم."
مناڵەکە شاگەشکە بوو و گوتی:
"با لە داشقەکەی ئەکرەم جوانتر بێ، ڕەنگەکەشی سوور بێ."
باوکە یەکسەر خەریکی دروست کردنی داشقەی دار بوو.
مناڵەکە دڵخۆش بوو.
چاوەڕێ بوو داشقەکە تەواو بێ.
کاتێک داشقەکە تەواو بوو، مناڵ بە پێکەنینەوە هەمبێزی بە باوکی داکرد و لە دڵەوە ماچی کرد.
باوک چاوی لە کوڕەکەی دەکرد کە بە پۆلی منالانەوە پەیوەست بوو.
مناڵێک، داشقەکەی ئەکرەمی ڕادەکێشا.
مناڵانی دیکەی گەڕەک، کە کوڕەکەیان بینی داشقەیەکی تازەی پێیە و نزیک دەبێتەوە، خێرا تێی هاڵان…
مناڵەکە گوتی: "داشقەی خۆمە. بابم بۆی دروست کردووم. سبەینێش ڕەنگی سووری لێدەدا."
یەکێک لە مناڵەکان ویستی سواری داشقەکەی بێ. مناڵەکە بە توڕەییەوە پاڵی پێوە نا و قیژاندی:
"داشقەی خۆمە."
کەمێک دواتر، بە فیزەوە داشقەکەی دامەزراند.
مناڵەکە قەڵسەی لە ئەکرەم دەگێڕا، بێ ئەوەی لێی دوور کەوێتەوە، داشقەکەی بە یەکە یەکەی مناڵەکان ڕادەکێشا.
ئەکرەم گوتی:
"داشقەی من لە ئی تۆ باشترە."
مناڵەکە گوتی: "نەخێر. داشقەی من باشترە."
ئەکرەم گوتی: "با کێبڕکێ بکەین."
مناڵەکە بە تانەوە گوتی: "باشە."
لە نێو دەستەی مناڵاندا دوو ئەسپیان هەڵبژارد.
باوکە پێکەنینێکی تاڵ لەسەر لێوانی نیشت.
ژنەکەی پێی سەیر بوو کە بینی مێردەکەی لە خۆیەوە پێدەکەنێ، لێی پرسی:
"خێرە. بە چی پێدەکەنی؟"
پیاوەکە گوتی: "پێکەنینم بە داشقە دێ."
ژنەکە سەری بۆ لای مناڵەکان وەرسووڕاند.
داشقەی ئەکرەم و کوڕەکەی لە تەنیشت یەک، چاوەڕێی دەست پێکردنی کێبڕکێ بوون. مناڵێک ژمارەکانی دەبژارد:
"یەک… دوو… سێ."
ژمارەی سێی گوتبوو و نەگوتبوو، دوو داشقەکە وە ڕێ کەوتن.
ئەکرەم و مناڵەکە، دەستیان ڕادەوەشاند، وەک بڵێی بە قەمچی لە ئەسپەکانیان دەدەن و بە جۆش و خرۆشەوە دەیانگوڕاند:
"دەی.. دەی.."
مناڵەکانی دیکەش بە کەیفەوە بە دووی داشقەکاندا هەڵدەهاتن. منداڵێک کەوتبوو و لە پشت هەموویانەوە دەگریا.

۱۳۹۲/۱۱/۱۱

چیرۆک بۆ کوڕەکەم بە کوردی


گۆڤاری "توركیاناسی" كتێبی "چیرۆك بۆ كوڕەكەم"ی چاپ و بڵاوكردەوە، كە كۆمەڵە چیرۆكێكی نووسەر و دەرهێنەری ناسراوی كورد ییڵماز گونەیە و سەڵاحەدین بایەزیدی وەریگێڕاوەتە سەر زمانی كوردی. لە بارەی کتێبەکە و لە لێدوانێکدا بۆ بەشی (ئەدەب)ی ڕۆژنامەی هەولێر، وەرگێڕ (سەڵاحەدین بایەزیدی) گوتی: "کتێبەکە سیانزە چیرۆکی کورت و دوایین وتوێژی ییڵماز گونەی لە خۆ گرتووە. هەروەک نووسەر لە پێشەکی کتێبەکەدا باسی دەکا، بۆ یەکەمجار لە گرتووخانەدا بیری نووسینی چیرۆکەکان ختووکەی مێشکی داوە. وەک هونەرمەندێک کە ڕۆحێکی شۆڕشگێڕانە و سەرکێشی هەیە، بە پێویستی زانیوە میراتێکی شۆڕشگێڕانەش بۆ کوڕەکەی بەجێ بێڵێ."
بایەزیدی ئەم چیرۆکانەی لە زمانی تورکییەوە وەرگێڕاوە و سەبارەت بە هۆکاری هەڵبژاردنی ئەو چیرۆکانە بۆ وەرگێڕان و کردنی بە کتێبێک گوتی: "هۆکارەکان زۆرن، یەکەم لەبەر ئەوەی ییڵماز گونەی فیلمساز و دەرهێنەرێکی کوردە و لە دیدێکی شۆڕشگێڕیی کوردییەوە چیرۆکەکانی نووسیوە، تەنانەت لە یەک دوو چیرۆکدا ڕاشکاوانە هەوڵی داوە ئازار و نەهامەتییەکانی کورد بێنێتە زمان. لە لایەکی دیکەشەوە بە هۆی ئەو بۆشاییەی لەم بوارەدا لە کتێبخانەی کوردی بەدی دەکرێ. بەداخەوە دەزگاکانی چاپ و بڵاوکردنەوە کەمتر بایەخ بە ئەدەبیاتی مناڵان دەدەن و بە تەواوی پشتگوێیان خستووە."
شۆڕش محەممەد

۱۳۹۲/۱۰/۲۵

چیرۆک بۆ کوڕەکەم


ناوی کتێب: چیرۆک بۆ کوڕەکەم (کۆمەڵە چیرۆک)
نووسەر: ییڵماز گونەی
وەرگێڕ: سەلاحەدین بایەزیدی
نۆرەی چاپ: یەکەم، 2014
تیراژ: 2000 دانە
نرخ: (3000) دينار
چاپخانە: بەردان- ئیستانبوڵ
لە بڵاوکراوەکانی گۆڤاری تورکیا ناسی - هەولێر

لە بەڕێوەبەرایەتی گشتی كتێبخانە گشتییەكان
ژمارەی سپاردنی (6)ی ساڵی 2014ی دراوەتێ.