۱۳۸۹/۰۵/۲۵

فۆڕم و دیزاینی سروە لە وتوێژێکدا لەگەڵ سەیوان سەعیدیان


هەڤپەیڤین:
ئەنوەر حەسەن پور
سەلاحەدین بایەزیدی

 
سه‌یوان سه‌عیدیان، گرافیست و شێوه‌کاری رۆژهه‌ڵاتی کوردستان ساڵی ١٩٧٢ لە شاری پیرانشار لەدایک بووە. خوێندنی سەرەتایی تا دیپلۆمی لە شاری مەهاباد تەواو کردوە. لەساڵی ١٩٩٤ەوە دەستی بە چالاکی هونەری کردووە و دەرچووی بەشی شێوەکاری کۆلێژی هونەرە جوانەکانی شاری سلێمانییە. سەیوان سەعیدیان له‌ساڵی ١٣٧٦ه‌وه‌ دوابه‌دوای کۆچی دوایی مارف ئاغایی، جه‌عفه‌ری قازی و سه‌رتیپ مه‌نسووری ده‌بێته‌ هاوکاری گۆڤاری سروه‌ و بۆ ماوه‌ی نزیک به‌ دوو ساڵ له‌گه‌ڵیان به‌رده‌وام ده‌بێ. سه‌یوان له‌و دوو ساڵه‌دا بە گرێبەست، کاری لەسەر مۆتیڤەکانى گۆڤارى سروەی دەکرد. سه‌باره‌ت به‌داهاته‌ مادیه‌که‌ی پێمان دەڵێ "داهاتى ئەو کارەم یەکجار کەم بوو. بەڵام سەرەتایەکى باش بوو بۆ بە پرۆفێشناڵ بوون لە کارە هونەریەکانمدا."

لە گۆڤاری سروەدا، تا چەند سەربەست بووی لە کارکردندا و هێڵە سورەکان چی بوون؟
سه‌یوان سه‌عیدیان:
ئەو پرسیارە بە گشتى بە جۆرێک گرێدراوى سیاسەت و ستراتیژى گۆڤارەکەیە. گۆڤارێک کە خاوە ئیمتیازەکەى حکوومەتێکى تێئۆکراتیک و میلیتاریست بوو بە جۆرێک دەیەویست بە دانى کۆمەڵێک ئیمتیازى بچوک پرۆپاگەندەیەکى گەورەى پێبکات و لە هەمان کات لە ئاستى نێودەوڵەتیشدا خۆى دیموکرات نیشان بدات. دیارە لە بەرامبەریشدا کۆمەڵێک کەسایەنى رۆشنبیر و نوسەرى کورد هەبوون کە ئەوانیش بە جۆرێک داخوازى قۆستنەوەى ئەو دەرفەتە بوون کە رەخسابوو. بە تایبەت کە لە هەلومەرجى ئەو کاتدا هیچ گۆڤار و بڵاوکراوەیەکى جیدى بە زمانى کوردى نەبوو. دەتوانم بڵێم هەر لە سەرەتاوە پێکهاتنێکى سیاسى لە نێوان ئەو دوو بەرەیەدا بوونى هەبووە و تا ڕادەیەکیش سنوورەکان دیارىکراو بوون. منیش بێ ئەوەى بمەویت یان نا، پێویست بوو لە سنوورە تێنەپەڕم. ئەوەى ئەو کات بە لامەوە سرنج ڕاکێش بوو ئەوە بوو کە لە ورمێ ناوەندەکە دوو نهووم بوو. لە نهوومى یەکەم سەرجەم کارمەندانى سروە بوون و هەموو نهوومى دووهەمیش بۆ کەسێک بوو بە ناوى ئاغاى "جەوادى"-ئەگەر ناوەکەیم هەڵە نەکردبیت- کە کورد نەبوو. شێوازى کارى من بەو جۆرە بوو کە مۆتیڤەکانم لە مەهاباد کار دەکرد و دواى تەواو بوون دەمبردەوە بۆ ورمێ. ئەوەى سرنج ڕاکێش بێت ئەوه‌ بوو کە ئاغاى جەوادى دەبوو یەک بە یەکى دیتبا و منیش بۆم شی کردباوە. هێندێ جار هێندێک لە مۆتیڤەکانیش لا دەبران. ئەو مەبەستەش زیاتر لە هەر شتێک جۆرێک خۆ سانسۆرى تێدا بەدى هێنابووم کە دەرەنجامى باش نەبوو. خاڵى دووەم شێوازى بەستنى لاپەڕکان (صفحە ارایى) بوو. کە لە ورمێ و بە دەست دەکرا و پێشتر شوێنیک بۆ مۆتیڤێک دیارى دەکرا و منیش هەر دەبوو بۆ ئەو شوێنە و بۆ ئەو قەبارەیە کار بکەم. دیار لە رەوشێکى بەو شێوەیەدا فەزاسازى ماناى نامێنێت و دەرفەتى داهێنانیش زۆر لاواز دەبێت. ئەوە بوو کارەکانى ئەو قۆناخە لە پۆلینبەندى کار و پرۆژەکانم بە لاواز یان مامناوەندى دیارى دەکەم.

سروە گۆڤارێکی قەڕەباڵغ بو و هەمو بابەتێکی لە رەخنەی ئەدبییەوە بگرە تا دەستوری چێشت لێنانی دەگرتە خۆ، ئایا ئەوە ئاسته‌نگی بۆ کاره‌که‌ی تۆ دروست نه‌ده‌کرد؟

ئەو مەبەستە لە بوارى تکنیکییەوە زۆر بۆم جێگاى گرفت نەبوو.

گۆڤاری سروە لە ڕویی فۆرم و دیزاینەوە چۆن هەڵدەسەنگێنن و تا چەند لەم بوارەوە سەرکەوتوو بو و تا چه‌ند گرنگی به‌و بواره‌ ده‌دا؟

لە سەرەتاى دەرچوونى گۆڤارەکەدا من منداڵ بووم. هەموو جارێ وەکوو شتێکى پیرۆز دەهاتە ماڵەوە و سەرەتا دەگەییشتە خوشک و برا گەورەکان دواتریش بۆ ئیمە. ئەودەم هیچ زانیارییەکم سەبارەت بە فۆرم و دیزاین نەبوو. هەست دەکەم ئەو کات دیزاینەرى کوردیشمان نەبووبێت یان زۆر دەگمەن بوون. هەر بۆیە بەڕاى من دەرچوونى گۆڤارەکە زۆر گرینگتر بووە لە چۆنیەتى فۆڕمى. خاڵێکى تریش ئەوەیە کە تا ئەورۆش لە باشوور و رۆژهەڵاتیش بە دەگمەن سەرنووسەر وخاوەن ئیمتیاز هەن فۆڕمیان ئەوەندە پێ گرینگ بێت و بە شێوازێکى ئاکادمیک بیناسن. هەر بۆیە من ئەو لایه‌نە زۆر ناسروشتى نابینم کە لە ڕووى فۆڕمەوە باش نەبووبێت. چەند ساڵ لەمەوبەر چەند ژمارەیەکى سروەم بینى کە "کەیانوش غەریب پور" کارى هونەرى کردبوون. کە ئەوانەم بینى هەستم بە شانازى کرد. زۆر جوان و پرۆفێشناڵ بوون.

هەروەک بەڕێوەبەرانی سروە ئاماژەی پێدەدەن دەبوایە هەموو بابەتەکان کرابانە فارسی و بە فیلتەری کاربەدەستانی ئێراندا تێپەڕیبان، ئایا ئەو فیلتەرە دیزاینی سروەشی دەگرتەوە؟

هەر وەک پێشووتر باسم کرد من تەنیا کارى مۆتیڤم دەکرد و هەر وەک بۆم باس کردن لەویشدا سانسۆر هەبوو. بەڵام نە دەکران بە فارسی!

کۆسپە سەرەکییەکان چی بون لە بەردەم پێشکەوتن و گەشەسەندن و نوێبونەوەی گۆڤاری سروەدا؟

هەر وەک باس کرا یەکەم شت دەگه‌ڕێتەوە بۆ ستراتێژى گۆڤارەکە و ئەو چوارچێوەى کە هەر لە سەرەتاوە بۆى دانرابوو. دیارە ئەو مەبەستە هەموو لایەنێکى فیکرى، ئەدەبى، سیاسى، ئابوورى و هونەریش دەگرێتەوە. لەوەش گرینگتر ئەوە بوو کە ئەو گۆڤارە هەموو رەوتەکانى دەبوایە لە شوێنێکى سەرووتر –کە بەداخەوە زیاتر سیاسى و میلیتاریستى بون تا فیکرى و فەرهەنگى- بڕیارى بۆ گیرابا تا کارگێرانى گۆڤارەکە. من و کاک فەڕشادى وەلی زادە بەیەکەوە چووین بۆ سروە. من بۆ جیگاى کاک جەعفەرى قازی هەمیشە لە یاد و کاک فه‌ڕشادیش لە جێگاى کاک مارف دەسبەکار بوو. ئێمە هەر لە سەرەتاوە بڕیارى گۆڕینى فۆڕم و ناوەرۆکمان دا. ئەو مەبەستەش لەگەڵ دۆستان باس کرا. من بەرنامەى گۆڕانى هونەرى سروەم پێشکەشى کاک ئەحمەدى قازى وەکوو سەرنووسەر کرد. ئەو وتى هیچى لە دەست نایەت. دواتر ئەو پێشنیارانەم دا بە "ئاغاى جەوادى". ئەویش هەمان وەڵامى بوو. دواتر چووم بۆ تاران و ئەو مەبەستە باس کرا. ئەوانیش هەر هەمان وەڵامیان بوو. سه‌رنجراکێش بوو کە دواتر وەکوو گوڕانکارى فۆڕم و ناوەرۆک من و کاک فەرشاد لابراین!

رۆڵی جەعفەری قازی لە ناوەندی بڵاوکردنەوەی فەرهەنگ و ئەدەبی کوردی و بەتایبەت گۆڤاری سروەدا چۆن هەڵدەسەنگێنن؟

کاک جەعفەر لەو کەسایەتیە بە نرخانە بوو کە خۆڕسک بەو ئاستە گەیشتبوو. بەداخەوه‌ تەنیا جاریک دانیشتنم لەگەڵى هەبوو. کەسێک بوو کە ویستى گەورە و خەونى گەورەى بوو. ڕام وایە ئەگەر دەرفەتى ئەوەى ببوایە کە ئاکادمیک کارەکەى درێژە پێدا با ئێستا پێگەى هونەرى زۆر جیاواز دەبوو. کاک جەعفەر وەک ئەو کاتەى کە خۆشم کارم دەکرد زیاتر شێوەکار بوو تا گرافیست. منیش هەر ئەو گرفتەم هەبوو. هەر بۆیە ئەگەر وەکوو شێوەکار باسى بکەم جیاوازە لەوەى وەکوو گرافیستێک. بەڵام سەرەڕاى ئەوانەش چۆن گۆڤارى سروە زمانى کوردى ڕۆژهەڵات گەشاندەوە و پەرەى پێدا، کاک جەعفەریش هەمان دەورى لە بوارى وێنایی هەبوو و رۆَڵى هونەرى خۆى بە ئەنجام گەیاند. بۆ هەر لێکدانەوەیەکى فیکرى ،ئەدەبى، سیاسى، هونەرى و ... پێویستە زەمان و جوگرافیا و هەلومەرجە تایبەتییەکان لە بیر نەکەین.

ئەو جەوان و مەلەوانانەی کە مامۆستا هێمن بۆ گۆڤاری سروە بە پێویستیانی دەزانی، دواتر تا چ ئاستێک مەیدانیان پێدرا؟

مانەوە لەسەر کورسى دەسەڵات و پاراستنى تا ڕادەى مسۆگەر، کولتووری هەموو رۆژهەڵاتى ناوەڕاست و جیهانى ئیسلامییە و لە کۆنەوە بە خەڵات بۆمان جێ ماوە. هەموو حیزبە کوردى و غەیرە کوردیەکانیش هەر بەو بەڵایەوە دەناڵێنن. بەدەگمەن رۆشنبیر یان هونەرمەندێکیش هەڵکەوتووە بتوانێ بە سانایی جێگەى خۆى بۆ نەسلى دواى خۆى جێ هێشتبێت. ئەو مەبەستە هەم سروەش دەگرێتەوە هەم زۆر ناسروشتى نییە. ئێمە گەلێک کار و ئەزموونمان لە پێشە تا بتوانین بە رێفۆرم لاوازیان کەین یان لایان بەرین.

باشه‌ گۆڤاری سروە تا چەند توانی ببێتە مینبەرێک بۆ نوسەران و هونەرمەندانی رۆژهەڵاتی کوردستان؟

سروە لە کاتى خۆى تاکە گۆڤارى کوردى جیدى بوو کە لە رۆژهەڵات دەرچوو. تا ڕادەیەکى زۆریش هەر کەس بە هى خۆى دەزانى و ڕاستەوخۆ و ناڕاستەوخۆ خۆى تێدا دەبینییەوە. بەڵام چونکە ئەو گۆڤارە هەر وەک خۆتان باستان کرد بە جۆرێک هەمەڕەنگ بوو، هەر بۆیە دەکرێت نەیتوانیبێت ئاوێنەى باڵانوێنى هەموو نوسەران و هونەرمەندان بێت. بە تایبَەت کە تەوەر و بابەتى هونەرى تێیدا زۆر لاواز بوو. زۆر جار نەبوونى شارەزایی لە لایەن بەرپرسانى گۆڤارەکان دەبێتە هۆى ئەوەى کە پاک و پیس لێک بدرێن و کەسە شیاوەکان جێگاى شیاویان پێنەدرێت. ڕەنگە لەبەر ئەوەش هێندێک کەسى توانا و جیدى لێى بسڵمێنەوە. گۆڤارى سروەش کۆمەڵێک قۆناخى جیاوازى بووە. بە گشتى هەست دەکەم لەو بوارەدا لاوازى بەرچاوە.

لە ڕەوتی رۆژنامەگەری کوردیدا، سروە چ پێگەیەکی هەیە؟

بە هۆى ئەوەى پرسیارەکەتان زۆر گشتگیرە و پێویستى بە زانیارى زۆر لە ڕەوتى ڕۆژنامەگەرى کوردى بە گشتى هەیە و من لەو بوارەدا شارەزاییم کەمە بە داواى لێبوردن وەڵامى ئەو پرسیارە نادەمەوە.

۱۳۸۹/۰۵/۲۳

موحسین خالیدی: ئەوانه‌ی پێیاندەگوتین جاش قەڵەم، ئەمڕۆ فەرشی سوورمان بۆ ڕادەخەن



هەڤپەیڤین:
ئه‌نوه‌ر حه‌سه‌ن پور 
سه‌لاحه‌دین بایه‌زیدی

 
موحسین خالیدی کوڕی کەمالەدین، ساڵی ١٣٤١ی هەتاوی لە شاری بانە لەدایکبووه. ساڵی ١٣٤٢ بەهۆی تێکۆشانی سیاسیی باوکی بۆ شاری (ئەزنا) لە پارێزگەی لۆرستان دوورخراونەتەوە. دوای ٢ ساڵ چوونەتە تاران و تا کۆتایی خوێندنی ٥ی سەرەتایی لەوێ‌ ژیاوە. دواتر ڕۆیشتونەتە شاری سنە و ٧ ساڵیش لەوێ‌ بوون. خالیدی، ساڵی ١٣٥٨ بۆتە پێشمەرگەی حزبی دیموکرات و ساڵی ١٣٦٥ گەڕاوەتەوە ئێران. ساڵی ١٣٧٢ ژیانی هاوسەریی لەگەڵ (ژیلا کەریمی) پێکهێناوە و هەر ئەو ساڵەش بە شێوەی ڕەسمی لە گۆڤاری "سروە"دا دەستی بەکار کردوە، ساڵی ١٣٧٩ یەکەم کەس بووە کە لە سروە دەرکراوە و دوای ماوەیەکی کەم، هاوڕێیانی تری وەک (کافی عەلەوی، ڕەسول وەیسی، سوارە فتووحی و ...) بەو دەردەی ئەوەوە چوون و بێکار کراون. ساڵی ١٣٨٠ چۆتە ئەنیستیتۆی کورد لە تاران و لە دەرچوونی یەکەمین و ئاخرین ژمارەی گۆڤاری (کوردستان) ڕۆڵی کارای هەبووە. لەساڵی ١٣٨٢ وە لە شاری هەولێر نیشتەجێیە و سەرقاڵی کاری ڕۆژنامەنوسیە. لەرۆژنامەی ڕۆژانەی (کوردستان ڕاپۆرت)دا سکرتێری بەش بووە و ئێستاش لەرۆژنامەی (خەبات)، (راڤە) و (دەنگی پێشمەرگە)دا کار دەکا. ساڵی ١٣٨٧ لیسانسی زمان و ئەدەبیاتی کوردی لە زانکۆی سەلاحەدین وەرگرتوە. موحسین خالیدی دەڵێ: ئێستاش بە سەربەرزی بەرەو جێژنی ٥٠ ساڵیم هەنگاو دەنێم لەکاتێکدا لەم جیهانە پان و بەرینە یەک گلۆپم نییە، بەڵام بەوە دڵخۆشم کە کەس ناتوانێت بە منداڵەکانم بڵێت "باوکت هیچی بۆ میللەتەکەی نەکرد".

یەکەم بابەتی چاپکراوی موحسین خالیدی شێعرێک بووە بە ناوی (پاییز مەیە) کە لە ژمارە ١٧ی ئەو گۆڤارەدا بڵاوکراوەتەوە، بەڵام وەک دەڵێت "لەبیرمە کە کۆتایی شیعرەکەیان قرتاندبوو کە دروستەکەی ئاوا بوو (پاییز تۆ مەیە با نەیەت زستان، بەڵکو بە خەیاڵ بێت هەستی هەستان). هەرچەند خالیدی بەشیعر دەستی پێکردوە، وەلێ لە سروەدا زۆرتر بابەتی لێکۆڵینەوەی لەسەر مێژووی شارەکانی کوردستان و بابەتی ڕخنەی ئەدەبی نووسیووە و جاربەجاریش شیعرە تازەکانی بڵاو دەکردەوە.

ئاماژەتان بەوە دا دوای حەوت ساڵ کارکردن لە گۆڤاری سروە دەرکراون و بەدوای ئێوەشدا کەسانی دیکە، هۆکاری دەرکردنتان چی بوو؟ کێ بڕیاری دەرکردنی کارمەندانی سروەی دەدا؟

موحسین خالیدی: ماوەیەك بوو كە بەرپرسانی سروە هەستیان كردبوو كە من توانیومە پردێكی پەیوەندیی باش لە نێوان (سروە) و نووسەرانی پاریزگای كرماشان و ئیلام دروستبكەم، هاوكات نامەیەكم لەلایەنێكی سیاسی بۆ هاتبوو كە ئێستاشی لەگەڵدا بێت، نەمزانی هی كێ‌ بوو، بەڵام بەرپرسانی سەرەوە دیبوویان، هاوكات نەچوونە ژێرباری ئەوەی كە (سروە) بەرەو ئەو ئاقارە ببەین كە ئەوان دەیانویست و دواتریش بەرهەمەكەیمان دیت، بەشێك لە هۆكارەكانی دەركردنی من و هاوڕێیانم بوو. لەگەڵ ئەوەشدا (تاریخ مصرف)ی ئێمە تەواو ببوو، كاتێك كەمتر كەسێك خوێندن و نووسینی كوردی دەزانی، پێویستیان بە ئێمە بوو، بەڵام دواتر كۆمەڵە كەسێك هاتنە پێش و ئێمە خراینە پاشخان. پێشم سەیر نییە، چونكە ئەوە حاڵەتانەش بەشێكن لە خەبات. بڕیاری دەركردنیش بە دەست (رەحیم مەشایی) و تاقمە كاربەدەستەكەی بوو.

ڕۆڵی گۆڤاری سروە لە زیندوکردنەوەی فەرهەنگ و ئەدەبی کوردیدا چۆن دەنرخێنن؟

بێشک بڵاوبوونەوەی هەر چەشنە گۆڤار یان ڕۆژنامەیەک، کاریگەریی تایبەتی هەیە و سەرهەڵدانی گۆڤاری (سروە)ش لە بارودۆخێکی تایبەتی سیاسی و کۆمەڵایەتیی کوردستانی ئێران، شۆڕشێکی ڕووناکبیرانە بوو کە بنیاتنەرانی کوردی ئەو گۆڤارە و لە پێش هەموویان مامۆستا (هێمن)، ئەو هەلە ڕەخساوەی قۆستەوە کە ڕژیم بۆ مەرامی تایبەتی خۆی دەیویست بەکاری بێنێ‌، ئەوە لە سەردەمانێک بوو کە لە دوای کۆماری کوردستان لە مەهاباد، دەرفەتی خوێندن و نووسینی بە زمانی دایک بۆ کوردی ئێران نەرەخسابوو. کەواتە، سەرهەڵدانی گۆڤاری (سروە) یەکێک لە گرنگترین قۆناغەکانی زیندووکردنەوەی ئەدەب و فەرهەنگی کوردی بووە و بووە قوتابخانەیەک کە بە سەدان لاوی کوردی فێری خوێندن و نووسین کرد.

هەروەک دەزانین سروە یادگاری مامۆستا هێمنە، بەڵام مەرگ مەودای بە مامۆستا هێمن نەدا چەند ژمارەیەک زیاتر ببینێ، گەلۆ سروەی دوای هێمن، خەونەکانی هێمنی وەدی هێنا؟

خەونی مامۆستا هێمن هەبوونی گۆڤارێکی ئەدەبی کوردی بوو تا دواساتی ژیانیشی هەوڵی بۆ دا و ڕێبوارانی ڕێی توانیان وێرای ئەو هەموو تەنگ و چەڵەمە و سانسۆر و ... گۆڤارێکی وا بەرهەم بێنن کە جێی ڕەزامەندیی هەر تاکێکی کورد بە هەر پلەیەکی خوێندەواری بێت. بە بڕوای من ئەو کەسانەی کە لە بەردەم ئاگردان دادەنیشتن و سروەی دوای مامۆستا (هێمن)یان دەخستە پلەی سفر، یان هیچیان لەو بابەتە نەدەزانی یان بۆ خۆدەرخستن قسەی خەڵکی دیکەیان دووبارە دەکردەوە تا لە قافڵەی قسەبازان دوا نەکەون.

باشە گۆڤاری سروە تا چەند توانی وڵامدەرەوی ویست و داخوازییەکانی چینی ڕۆشنبیر و قەڵەم بەدەستی کوردستان بێ؟

هەروەک ئاماژەم پێدا، دەبێ‌ بارودۆخی سیاسی و کۆمەڵایەتی ئەو سەردەمە لەبەر چاو بگیردرێت تا بتوانین لێکدانەوەیەکی نزیک لە واقیعەکە بکەین. لەو سەردەمەدا، خەڵکی ئێمە بە بیرکردنەوەیەکی سیاسی تۆخ گۆشکرابوون، کەواتە سروە نەیدەتوانی وەڵامدەری ئەو بەشە و ئەو داخوازییانە بێت، بەڵام بە بڵاوکردنەوەی بابەتی کوردی وا کە بڕێکجار هەستی نەتەوایەتی خۆی تێدا حەشار دەدا، نەیدەهێشت ئەو ئاگرە زوو دابمرکێ‌. پێموایە کەمتر کەسێک سەرنجی بەرگی کتێبە چاپکراوەکانی ناوەندی بڵاوکردنەوەی فەرهەنگ و ئەدەیی کوردی (سروە)ی دابێت کە چۆن بە سێ‌ ڕەنگی ئاڵای کوردستان نەخشاون کە بەرهەمی هونەرمەندی کۆچکردوو (جەعفەر قازی)بوو. بەرپرسانی سەرەوەش درەنگ بەوەیان زانی. بەڵام لە بواری ئەدەبییەوە ڕاشکاوانە دەڵێم کە سروە یەکێک لە کاریگەرترین بڵاوکراوەکانی کوردییە کە توانی تا ئاستێکی باش وەڵامدەری داخوازییەکانی ئەو سەردەمەی کوردستانی ئێران بێ‌، وەک بەڵگەهێنانەوە بۆ سەلماندنی قسەکانم، بڵاوکردنەوەی چەندین هەفتەنامە و گۆڤار و ... و سەرهەڵدانی دەیان ڕۆژنامەنووس و شاعیر و چیرۆک و ڕۆماننووس دەهێنمەوە کە دوای چەند ساڵ لە بڵاوبوونەوەی سروە خۆیان نواند.

قۆناغی گەشەی سروە یان لوتکەی ئەو گۆڤارە بەڕای ئێوە چ قۆناغێکە؟

سروە بەپێی سیاسەتی بەڕێوەبردنی، زۆربەی کات لەسەر یەک هێڵ دەڕۆی و بە لەبەر چاوگرتنی ڕێژەی خوێندەواریی خەڵک، تێدەکۆشا بۆ هەر چینێکی کۆمەڵگە بابەتی هەبێت، بۆیە لە بابەتی سادە و ساکار تا شیعر و بابەتی قورس و پسپۆریشی تێدا بوو، بۆیە پێموایە سروە لە یەکەمین ژمارە تا ٢٠٠ هەمووی بە لووتکە دادەنرێ‌، بەڵام لەوە بەدوا بە پێی سیاسەتی دارێژراو کە دەتوانم بڵێم پیلانێکی دیاریکراو بوو، تووشی کێشەیان کرد و کەمفرۆشتنی بەڵگەی قسەکانمە.

بۆچی پیلانیان بۆ داڕشت، ئایا پێویستیان بە سروە نەمابوو؟

مەسەلە ئەو نەبوو كە پێویستیان بە سروە نەمابوو، بەڵكو پیلانی سەرەكی بۆ وێرانكردنی ئەو ژێرخانە ئەدەبیی و زمانەوانییە بوو كە سروە بناخەی دانابوو. ئەوان دەیانویست خەڵك لە خوێندنەوە بتارێنن.

گرنگترین خاڵە لاوازەکانی ئەو گۆڤارە بەڕای ئێوە کامانەن؟

خاڵی لاوازی سروە تەنیا لە نەبوونی سەربەخۆیی لە کاردا دەبینم، چونکە دەبوایە هەموو بابەتێکمان بە فارسی وەربگێڕایە و ئینجا دوای بڕیاری ئاغایان و تەنانەت سانسۆری زۆر، بڵاوبکرابایە، بڕوا بکەن چەندینجار نیو دێری شێعرێکی کلاسیکیان لابردووە و هەر جارەی دەبوایە دەمەقاڵەمان بکردایە. تەنانەت بەکارهێنانی ژمارەی ٤ لە نووسینەکان قەدەغە بوو. بۆ وێنە نەدەکرا لە شێعرێکتدا بڵێی (من لە چوار دەلاقەوە لە دونیا دەڕوانم). کەواتە ئەگەر لەو ڕوانگەوە لە کارەکان بڕوانی و بێیتە ناو جەرگەی کارەکەوە، حەقم پێدەدەن کە بڵێم بە بەراورد لەگەڵ لایەنی بەهێزی، خاڵی لاوازی وای نەبوو کە زۆر زەق بنوێنێ‌.

ماوەیەک لە گۆڤاری سروە هەوڵ درا بۆ نوێبونەوە لەڕوی فۆرم و ناوەڕۆکەوە و گفتوگۆیەکی بەربڵاو دروست بوو و گفتوگۆکان تەنانەت تەشەنەیان سەند بۆ ناو ڕوناکبیرانی دەرەوەی سروەش. بەڵام ئەو گفتوگۆیان نەکەوتنە واری کردارییەوە. بەڕای ئێوە کۆسپەکانی بەردەم نوێبونەوەی گۆڤاری سروە چی بوون؟

ئەو نوێبوونەوە کە باسی لێوەدەکەن لە دوای دەرکردنی کارمەندانی چەندین ساڵەی سروە هاتە ئارا و وێرای داوای لێبوردن لەو هاوڕێیانەم کە دوای ئێمە هاتن، دەبێ‌ بڵێم کە کەوتنە داوی پیلانی بەرپرسانی سەرەوە. نوێبوونەوە لە سروە بە پێی بارودۆخەکان دەکرا، بەڵام پەڕینەوە بۆ قۆناغی پۆستمۆدێرنیزم لە وڵاتێکدا دەکرێ‌ کە خەڵکەکەی ئەوەندە شارەزایی لە زمانی دایک و قۆناغە ئەدەبییەکان هەبێت تا بتوانێت لەگەڵ ئەو شێوازە نووسینە ڕابێت. ئێمە (کادیرانی پێشوو) زۆرجار بابەتی لەو چەشنەشمان بڵاوکردبۆوە، بۆ نموونە شیعرەکانی کاک (حەمە ساڵح سوزەنی ) یان (یونس ڕەزایی)، بەڵام هەرگیز لەسەر ئەو باوەڕە نەبووم و نیم کە لە بارودۆخێکی وادا بێیت، ڕێبازی گۆڤارێک بگۆڕی. سەیرێکی ڕێژەی فرۆشتنی سروە لە ٨٠ ژمارەی کۆتایی بکەن تا ئەو ڕاستییەتان بۆ بسەلمێ‌ کە چۆن بەرپرسانی ئەو ناوەندە توانیان خەڵک لە خوێندنەوە دوور بخەنەوە.

سەبارەت بەستانداردکردنی زمانی یەکگرتوو، گۆڤاری سروە ڕاشکاوانە پێشوازی لەو بۆچونانە دەکرد کە شێوەزاری موکریانی ببێتە زاراوەی ستاندارد، هەرچەند ئەو گۆڤارە گرنگی بە زاراوەکانی دیکەش دەدا. تاچەند سروە لەو ئامانجانە نزیک بویەوە و ڕۆڵی چی بوو لە نزیک کردنەوەی زاراوەکان لێکتری؟

من لەگەڵ ئەو ڕایە بەو شێوە گشتگیرە نیم، بەڵام بێشک هەبوونی مامۆستا هێمن و دواتر کاک (ئەحمەد قازی) لە لووتکەی دەستەی نووسەرانی ئەو گۆڤارە و سەرنجدان بەو ڕاستییەی کە ئەو دوو مامۆستا بەڕێزە شارەزاییەکی باشیان لەسەر زمانی کوردی هەبوو و پەخشان و نووسینەکانیان شاهیدی ئەو قسەن، کاریگەری لەسەر ئەوە هەبووە کە تا ڕادەیەک شێوەزاری موکریانی کاریگەریی خۆی بنوێنێ‌، هاوکات ئەو ڕاستییەش لە بیر نەکەین کە زۆربەی نووسەرانی سروە خەڵکی بانە و سەقز و بۆکان و مەهاباد بوون کە کاریگەریی ئەو شێوەزارەیان بەسەرەوەیە، بەڵام پێموابێ‌ کە سروە یەکێک لە دەگمەن گۆڤارەکانی کوردییە کە بە زۆربەی زارەوە و بن زارەوەکان بابەتی بڵاوکردووەتەوە (کەلهۆری، هەورامی، کرمانجی سەروو بە پێتی لاتین و...). ئەوەش بۆ تاقانە گۆڤاری کوردی لە وڵاتێکی پان و بەرین وەک ئێران و لەو بارودۆخە تایبەتییەدا کارێکی یەکجار گەورە و جێی شانازیی بوو.

بەو پێیەی ئێوە باسی دەکەن، ئاخۆ گۆڤاری سروە لە کرماشان، ئیلام و بەشی باکوری ئازەربایجانی ڕۆژئاواش برەوی هەبو و لەلایەن خەڵک و نوسەرانی ئەو ناوچانەوە پێشوازی لێدەکرا؟

بەڵێ‌، بێشك لاینگری زۆر باشمان هەبوو. ئەگەر سەیری نووسینەكان بە تایبەت لە نێوان ساڵانی ١٣٧٤ تا ١٣٧٩ بكەین، دەبینین كە نووسەرانی لای كرماشان و ئیلام تا چەند بابەتیان بڵاوكراوەتەوە. ناوی (عەلیرەزا خانی/ ئیلام، فەرهاد عەزیزی، فەریدون قەنبەر وەیسی/ كرماشان. هوشەنگ ڕەشیدی/ ئیسلام ئاباد. عەزیز و عومەر مورادی، تاهبر ڕەمەزانی و فەریدون میرئەحمەدی/ جوانرۆ. كاوە سپەنجی (پاوە) و ... ئەو ناوانەن كە ئێستا لە یادم ماون كە هاوكاری باشی سروە بوون.

رێنوسی گۆڤاری سروە بە لای ئێوەوە چۆن بوو؟

کاریگەری مامۆستا هێمن و کاک ئەحمەد قازی و دواتر جوانەمەرگ (مارف ئاغایی) و ئەو خوێندنەوە بەردەوامەی دەستەی نووسەران کە زۆربەیان لە شاخ فێری خوێندنی کوردی ببوون، وایکرد کە ڕێنووسی سروە زۆر زوو خۆی بنوێنێ‌، تەنانەت کاریگەریشی لەسەر نووسەرانی کوردستانی عێراقیش هەبوو. بەو پێیەی کە زمانی کوردی و فارسی سەر بە یەک بنەماڵەی زمانین (هیندوئەرووپایی)، بۆیە لە داڕشتنی ڕستەدا بە پێچەوانەی زمانی عەرەبی کە سەر بە بنەماڵەی زمانیی (سامی)یە، دروستتر بەکار هێنران. هەر ئەو ڕێنووسە بوو بە سەرچاوەی زۆربەی ئەدیبانی کوردستانی ئێران.

یەکێک لەو ڕەخنانەی زۆر جار ڕوبەڕوی گۆڤارەکە دەبۆوە، ئەوە بو کە سروە گۆڤارێکی قەرەباڵغەو تایبەتمەند (تەخەسوسی) نیە، ئەو ڕەخنەیە چەندە بە جێ بوو؟

تۆ لە وڵاتێکدا دەتوانی گۆڤاری تایبەتیت هەبێت کە لانیکەم دەیان گۆڤار و ڕۆژنامە بگاتە بەر دیدی خوێنەران. چ جا خێرە کە ئەو سەردەمەی کە سروە تاقانە گۆڤاری کوردی لە ئێران بوو، بکرایە بە گۆڤارێکی تایبەت بە بوارێک. بە پێچەوانەی ئەو بۆچوونە، پێموایە کە ڕازی سەرکەوتن و خۆشەویستبوونی سروە، ئەو هەموو چەشنییەی بوو کە زور کەس بە پێی حەزی خۆی کەڵکی لێوەردەگرت.

داخرانی گۆڤاری سروە دوای بیست و پێنج ساڵ و بڵاوبونەوەی ٢٨١ ژمارە، ڕوداوێکی ئاساییە یان نائاسایی؟

کە شاڵاوی دەرکردنی یەک بە یەکی کارمەند و نووسەرە کۆنەکانی سروە دەستیپێکرد و بە پێی ئەو سیاسەتە نوێییەی کە دایڕشتبوو و هەنگاوەکانی دوای ئەو تا گواستنەوەی بۆ تاران و... داخستنەکەی ئاسایی دەینواند.

بەڕای ئێوە گواستنەوە بۆ تاران و دواتر سنە لەپێناوی چیدا بو و ئامانج لەو گواستنەوانە چی بوو؟

بە كورتی، دوورخستنەوەی لە خەڵكی كوردستان و وردەوردە هەنگاونان بەرەو داخستنی و سڕینەوەی ئەو پیرۆزییەی كە هەیبوو، ئامانجی سەرەكی ئەو هێنان و بردەیە بوو.

لە هەواڵەکاندا هات بەهۆی گرفتی مادی ئەو گۆڤارە نەیتوانیوە بەردەوام بێ، ئەگەر ئەو گرفتە نەبوایە، بەڕای ئێوە باشتر وابو سروە بەردەوام بێ یان کۆتایی هێنان بەچاپی ئەو گۆڤارە لە جێگەی خۆیدا بوو؟

هەبوونی هەر چەشنە بڵاوکراوەیەک دەتوانێ‌ خزمەتی خۆی بکات یان لانیکەم تینوویەتی کەسانێک بشکێنێ‌، کەواتە بوونی سروە بەهەر جۆر و بابەتێک پێویست بوو، هەرچەند لێتان ناشارمەوە کە دوای ژمارە ٢١٠ هیچ ژمارەیەکیم نەدیوە.
کە باسی داخستنی بەهۆی کێشەی مادی دەکەن، گاڵتەم پێیاندێت، چونکە لەم چەندساڵەی دوایی وەک ئاگادار بم، لە تاران دەرچووە و وەک سەردەمێ‌ دەرچوونی لە ورمێ‌، بارگە و کارمەند و ... نەبووە، کەواتە بۆ وڵاتێک کە لەسەر دەریای نەوت خەوتووە و بەرپرسی یەکەمی سروە (مەشایی) لە هاوڕێیان و جێگرەکانی ئەحمەدی نژادە، زۆر عەیب و شوورەییە کە کێشەی مادی بکەنە هۆکاری داخستنی سروە. نەخێر، ئەوان بەو سیاسەتەی کە لە ١٠ ساڵی ڕابردوو پەیرەویان کرد، توانیان پیرۆزیی و گەورەیی سروە تێکبشکێنن تا ئەو جێگەی کە دایانخست.

پێگەی ئەو گۆڤارە لەناو مێژوی ڕۆژنامەنوسی کوردیدا بەگشتی و لەکوردستانی ئێران بەتایبەتی چۆن هەڵدەسەنگێنن؟

ئەوەش وەک زۆر شتی دیکە، دەبێ‌ مێژوو شاهیدی بۆ بدات، بەڵام بە بڕوای خۆم، پێموایە کە سروە لە مێژووی ڕۆژنامەنووسی کوردیدا شوێنێکی بەرز و شیاوی بۆ خۆی تەرخانکردووە. ئەو کەسانەی کە تا دوێنێ‌ پێیاندەگوتین (جاش قەڵەم)، ئەمڕۆکە فەرشی سوورمان بۆ ڕادەخەن و بەو ئاکامە گەیشتوون کە سروە بە هەوڵ و ماندووبوونی یەک بە یەکی کارمەندانی، توانی ترووسکێک لە هیوا بۆ دوارۆژ لە دڵی میللەتدا زیندوو بکاتەوە. هەر ئەو نیشانەی سەرکەوتنی سروە بووە.

۱۳۸۹/۰۵/۲۰

ژنان و گۆڤاری سروە لە وتوێژێکدا لەگەڵ مه‌ریه‌می قازی



هەڤپەیڤین:
ئه‌نوه‌ر حه‌سه‌ن پور
سه‌لاحه‌دین بایه‌زیدی

 
مه‌ریه‌می قازی به پێی وەی كه سەرەتا كوردی باش نەزانیوه‌، زۆر هاوكاری سروە نەبووه، بەڵام دوایی كه‌ ورده ورده سروه توانی پەره به زمانی كوردی بدا، ئه‌ویش چیرۆكی كورت و وتار له‌و گۆڤاره‌دا بڵاو ده‌کاته‌وه‌، به‌ڵام هه‌موو بابه‌ته‌کانی بڵاو نه‌ده‌بوونه‌وه‌، وه‌ک خۆی ده‌ڵێ لە لایەك ڕا به‌هۆی لەبەرچاونەگرتنی هێڵی سوور بوو بەتایبەت كه له دەیەی ٦٠ بەردی بناغەی سەرجەم بڵاڤۆكەكانی ئێران به كوردی و فارسییەوه‌ لەسەر سانسۆر دارێژرابوو، لە لایەكی دیكەش ڕا هەر ئەم وتار و چیرۆكانە بە هۆی زاڵ نەبوون بەسەر زبانی كوردی له باری ڕێزمانیەوه لاواز بوون.

وه‌ک ژنه‌نوسه‌رێک، پێتان وایه‌ گۆڤاری سروه‌ تا چه‌ند توانی قه‌ڵه‌مه‌ ژنه‌کان بناسێنێ و هانیان بدا بۆ نووسین و خوێندنه‌وه‌؟

مه‌ریه‌می قازی: بە گشتی لە بەشی ژناندا دەورێكی ئەوتۆیان نەگێرا، نە ژنان بۆ خۆیان لەم بەستێنانەدا هیچیان بە دەستەوه بوو و به دەگمەن نەبێ، بە گشتی له دنیای نووسین و خوێندنەوه به كوردی بێگانە بوون و نە سروەش چالاكییەكی تایبەتی لەم پێیەدا بەرێوە برد كه توانیبێ ژنان بۆ ئەم بەشه هان بدا. بۆیه لەسەر ئەم باوەڕەم كه هزرێكی پیاوانه بەسەر سروەدا زاڵ بوو دەگەڵ وەشدا هەم كه ئەگەر هاتبا و نووسەرێكی ژن وتار یان بابەتیكی بە كوردی ناردبا، بە مەرجی لەبەرچاوگرتنی هێڵی سوور بابەتەكەی بڵاو دەبووه بەڵام ئەوەش بەو مانایه نەبوو كه بابەتەكەش ژنانه بووبێ. وەكی نەسرینی جەعفەری لە بەشی منداڵاندا بە كۆكردنەوەی چیرۆكه كۆنەكانی منداڵان بۆ ماوەیەكی باش هاوكاری ئەم گۆواره‌ی كرد.

لەو ساڵانەی دواییدا، وەک دەبینین ژمارەی نووسەر و شاعیرانی ژن زۆر لە جاران زیاترە و تەنانەت ڕەوتی وێبلاگنووسی لە لایەن ژنانەوە پێشكەوتووە، به‌ڵام وه‌ک بۆ خۆتان ده‌ڵێن بۆچی سروە ھیچ گرینگیەكی بەم لایەنە نەدا و لە ھەوڵی پەرەپێدانی دا نەبوو؟

لە بیرمان بێ سروه جیاوازێكی ئەوتۆی هەبوو دەگەڵ هەموو گۆوارەكانی دیكه، گۆوارێكی فەرمی و ڕەسمی بوو لە ژێر چاوەدێری توندوتیژ لە سەردەمێكی زۆر داخراو بە مەبەستێكی دیاریكراو و بە هیچ شێوه ئەم ناوەنده كەڵكەڵەی وەی نەبووه كه بێت و پەرە بدا به زبان و ئەدەبی كوردی و یان ژنان و هاندانی ئەوان بۆ بەشداربوونیان. ئیتر ئەوە شتێک بوو بەناچار بۆ ئەوەی بڵێن كه بایەخ دەدەن بە كەمایەتییەكانی وڵات و لە یاسای بنەڕەتی كۆماری ئیسلامیدا، هەروەها ئاماژه به ئازادبوونی خوێندن و نووسینەوه به كوردی كرابوو و جگە لەوەش داواكاری و حەولی دڵسۆزانەی هێندێ لە مامۆستاكان وەک هێمن و هەژار و ئەحمەدی قازی و چەند كەسێكی تر بۆ دامەزراندنی ناوەندێكی لەم چەشنه، ملیان بەم كارەدا و سوودێكی دوو لایەنەی تێدابوو كه بە خۆشییەوە له سایەی كارامەیی بەرێوەبەرانی، قورسایی لایەنی پەرەساندنی فەرهەنگی كوردی زیاتر بوو. بۆیە ئەم چاوەروانییه لە سروه نەدەكرا كه بێت و لە بەستێنێكی زۆر هەراودا بەچەشنێک كه بتوانێ هاندان و بەشداركردنی ژنان گەڵاڵه بكا، خۆی نیشان بدا. بەڵام لە هەموو دانیشتنەكاندا بەتایبەت لە لایەن مامۆستا ئەحمەدی قازی ئەم داواكارییە بۆ ژنان دووپاتە دەكراوه كه بێن و بەشداری تێدا بكەن، تەنانەت جارێک بە دانی وتارێكی تەنز لەسەر ژنان هۆی دلئێشانی تاقمێک له ژنانی بەشداری ئەو مەراسیمەی پێكهێنا كه لە لایەن ئێمه ئەندامانی ناوەندی فاروغوڵتەحسیلانی ڕۆژهەڵات (كە ئەودەم وێڕای ڕەحمانی پیرەبابی سەردەبیری ئەم ناوەنده بووم) بۆ یەكەم جار لەسەر ژنان لە ساڵی ١٣٧٦ لە سەرتاسەری ئێران بەرێوە چوو. مامۆستا لە وتەكانیدا ئاماژەی بەوە كرد سیستەمی زاڵ دەورێكی باشی نەبووه بۆ بەشداری ژنان و ئەوه كە ژنانیش بۆخۆیان تا ڕادەیەک تاوانبارن و لە جیاتی پاره بدەن به كتێب و زانیاری خۆیان بەرنە سەرێ، بۆ ڕزگاركردنی خۆیان لەم هەلومەرجه نالەباره، بۆ كڕینی پشتێندی پەشمینه ڕێچكە دەبەستن و هەروەها فەرموویان كه لە حالێكدا له تەواوی هەواڵەكانی وڵات بێخەبەرن ئاگایان لەوە هەیه كه بۆ وێنه له دوورترین وڵاتەكانیش چ جۆره قوماش و پارچەیەک بۆته مۆدی ڕۆژ.
كەوابوو سروه وەک ناوەندێكی كوردی هیچ حەولێكی وای نەداوه بۆ ڕاهێنانی ژنان و ئەوەی لەم پێیەدا لە لایەن قەڵەم بەدەستان و بەرێوەبەرانی سروه دەگوترا، ویستی تاک كەسایەتی خۆیانبوو لە دەرەوەی سروه.

ئه‌ی سروه‌ تا چ ڕادەیەك توانی دەور بگێڕێ لە نووسەری بە قەولی هێمن گوتەنی "جەوان" و "باغەوان"دا؟

بە ڕای من، سروه بەشێک بوو لە ئەم هۆكارانەی كه دەگەڵ هەموو كە‌موكۆری و گرفتەكانی، زبان و ئەدەبی كوردی تا ئاستێكی ستاندارد بووژاندەوه و دیاره ئەوەش بە مانای وە بوو كه كاروانێكی باشی لە گەنجان و هۆگرانی كوردی وەدووی خۆی دابوو كه دوایه هەر ئەو گەنجانه بوونه بەرێوەبەرانی چەند گۆوارێكی تری كوردی و هەروەها نووسەری زۆر بەرهەمی كوردیی دیكه. بەڵام ئەم ڕەوته له دوای هاتنەسەركاری خاتەمی ئاڵوگۆڕی بەسەردا هات ، كوتوپڕ سانسۆر تارادەیەک سێبەری ڕەشی لاچووبوو لە حالێكدا ئەم ڕەوته بەسەر سروەدا هەر زاڵ بوو واته بەرێوەبەرانی بەشی ئەمنی ئەم گۆواره تەنانەت دەگەڵ ئیسلاحاتی خاتەمی تێدا نەبوون و لە لایەكی دیكه بە لەدەست چوونی دڵسۆزانی كورد لەم ناوەنده و خانەنشین بوونی بەرپرسی سروه – مامۆستا ئەحمەدی قازی - و ئاوەڵاتربوونی دەستی ڕۆژنامه و گۆوارەكانی تری كوردی بەدوای ئیسلاحاتی خاتەمی بۆ نووسین و ڕەخنه ورده ورده سروه له پەراوێز كەوت و له كزی دا.

ئێوه‌ وه‌ک خۆتان له‌چاکسازی سه‌رده‌می خاته‌میدا، چیتان کرد و چۆن سوودتان له‌و فه‌زایه‌ وه‌رگرت که‌ به‌قه‌ولی خۆتان تا ڕاده‌یه‌ک تیایدا سانسۆڕ نه‌ما؟

ئێمه له دوای ئیسلاحاتی خاتەمی توانیمان ئەنجومەنی ئەدەبی شاری مەهاباد به یارمەتی مامۆستا قاسمی موئەیەدزاده و كاک سەعدی قازی دابمەزرێنین كه لەو بەشەدا بە هەل و مەرجێكی كه ڕەخسابوو دەستمان زۆر ئاوەڵاتر بوو و لەو بەشەدا توانیمان بە دەیان سیمینار و كۆنگره و دانیشتن بەرێوەبەرین و تەنانەت هەموو حەوتوان كۆبوونەوەمان هەبوو و ئیتر تەواو سەرقاڵی ئەم بەشە بووین.

چ ساڵانێک به‌ لوتکه‌ یان قۆناغی گه‌شه‌سه‌ندنی سروه‌ ده‌زانن؟

بە ڕای من دەیەی ٦٠ و نیوەی دەیەی ٧٠، قۆناغی گەشەی سروە بوو چونکه‌ تەنیا گۆوارێک بوو كه بە زبانی كوردی دەردەچوو و ناچار هەموو ڕوویان لەو بەشه كردبوو. هەڵبەت گۆواروێكی تریش بوو بە نێوی «ئاوێنه» كه دەورێكی وای نەبوو و هەرچی مامۆستای بەكار بوو لە سروەدا كۆ ببوونەوه.

ئه‌گه‌ر باس له‌ خاڵه‌ لاوازه‌کانی گۆڤاری سروه‌ بکرێ، به‌ڕای ئێوه‌ ئه‌م خاڵه‌ لاوازه‌کان کامانه‌ بوون؟

دیاریكردنی هێڵی سوور لە لایەن سیستەمی زاڵ له هەموو كاتدا هۆكاری بنەرەتی كزبوونی بڵاڤۆكەكانه كه ئەم تاعوونه هیچكات له ماوەی مێژووی مەتبووعاتی ئێراندا دەستی له قۆڕقۆرووچكەی نووسەراندا بەرنەداوه. دیاره لە وەها هەلومەرجێكدا نووسەری لێهاتوو و كارامەی سەربەخۆ كه دەستی باڵای هەبێ له ڕەخنه و پێداچوونەوه سەر هەڵنادا و لە ئاكامدا دەمەوێ بڵێم نەبوونی نووسەرانی لێهاتووی شارەزا بەرادەی پێویست بەشێكی دیكەیە له هۆكاری كزبوونی گۆوارەكان و یەكێ لەوان سروە. ئەوە شتێكی دژ بە زانستەكانی كۆمەڵایەتییه كه گۆوارێک بۆی دیاری بكرێ تەنیا لە چەند تەوەرەیەكی دیاریكراودا بنووسێ چونكه هیچ شتێک له بۆشاییدا ڕوو نادا و وەک زنجیرەیەك بەیەكەوه ئەڵقاون. به تایبەت كه سیاسەت بە وتەی كانت «رەختاویزێكه‌ كه هەموو بەشەكانی تری زانستی ئینسانی بەودا هەڵواسراون» و له سادەترین تاریفی خۆشیدا بریتییە له دیاریكردنی چارەنووس لە لایەن تاک سەبارەت به خۆی و كۆمەڵگاكەی كە وابوو چۆن شێعرێک یان چیرۆكێک و وتارێک دەخوڵقێ كه‌‌ بە جۆرێک لە جۆرەكان باسی چارەنووسی مرۆڤی تێدا نەبێ؟ نووسەر لە هەموو كاتدا له زۆرترین بەردەنگ دەگەڕێ و سروه بە هۆی هەموو ئەو گرفت و هۆكارانەی باسم كردن و تا دەهات لە باری چۆنییەتی قەباره و چاپ و ڕووبەرگ و كاغەزێكی له كاری دێنا، له كزی دەدا و هەروەها ڕێکنەكەوتن دەگەڵ ئاڵوگۆرێكی كه پێكهاتبوو وردە وردە به ئەم ئەنجامە گەیشت كه چاوەڕوانی دەكرا و دەتوانم بڵێم ئەگەر دەوڵەت بوودجەی ماڵییەكەی بۆ دابین نەكردبا ئەم ڕووداوه پێشتر ڕووی دەدا.
سروه دەیتوانی فایلێكی تایبەت بە ژنانی هەبا كه ئەگەر ژنیش هاوكاری ئەو بەشەی نەكردبا خەسارناسێک كرابا لەسەر هۆكارەكانی بەشدارنەبوونی ژنان بەڵام ئەم باسه هەر بەزاندنی ئەم هێڵه سوورانه بوو كه دیاری كرابوون. كه وابوو ئەوەش چاوەڕوانێكی بێجێ بوو له سروه.

ماوەیەک لە گۆڤاری سروە هەوڵ درا بۆ نوێبونەوە لەڕوی فۆرم و ناوەڕۆکەوە و گفتوگۆیەکی باش دروست بوو و گفتوگۆکان تەنانەت تەشەنەیان سەند بۆ ناو ڕوناکبیرانی دەرەوەی سروەش. بەڵام ئەو گفتوگۆیان نەکەوتنە واری کردارییەوە. بەڕای ئێوە کۆسپەکانی بەردەم نوێبونەوەی گۆڤاری سروە چی بوون؟

یەكێ له هۆكارەكانی، هەر ئەو گیانسەختییە بوو كه بە گشتی له هەموو بوارەكاندا «سوننەت» له خۆی نیشان دەدا بە تایبەت كه دەسەڵاتیش دەگەڵ بەرۆژبوونەوە گرفتی هەیه و بنه‌ماخوازەكان لە هەموو كاتدا ڕێفۆرمخوازەكانیان تووشی گرفتی ئەوتۆ كردووه. زۆربەی نووسەرانی ڕەخنه‌گر و نوێخواز ئەوەتا یان بێدەنگ كراون یان پەڕیوەی هەندەران بوون و هەر له‌وێ سەرییان ناوەتەوه . هۆكارێكی تریشی بە ڕای من ئەوەبوو كه ئەم پرۆسەیە له لایەن ڕۆشنبیرانەوه بە شێوەیەكی جیددی درێژەی پێنەدرا، چونكه ئەم هەلومەرجەی بنەماخوازەكان پێكییان هێنا بەستێنێكی لەبار نەبوو بۆ گەشەساندن و بەرۆژبوونەوه. من ئێستاش بروام بە هەبوونی بزاڤێكێی بەهێزی ڕۆشنبیری لە نێوكورداندا چ له ژووری وڵات و چ لە دەرەوەی وڵاتدا نییه كه بە شێوەی پێویست توانیبێتی جێگه و پێگەیەكی ئەوتۆ لێكداتەوه. دەگێرنەوە كابرایەک دەچێ كاڵەک بكرێ، كابرای فرۆشیار زۆری پێهەڵدەلێ، كابرای كریار كه دەیباتەوه ماڵی و دەیشكێنێ، دەبینێ نەتەنیا شیرین نیه، بەڵكوو تاڵیشه، تاڵه هیچ، ڕزیویشه! دەیباته‌وه بۆ كابرای كاڵەکفرۆش و دەڵێ من كارم به‌وەی نییه تاڵه یان ڕزیوه بەڵام دەبێ بزانم چۆن بە بێ وەی بیكەیەوه، تێیریابووی؟

داخرانی گۆڤاری سروە دوای بیست و پێنج ساڵ و بڵاوبونەوەی ٢٨١ ژمارە، به‌ ڕوداوێکی ئاسایی دەزانن یان نائاسایی؟

ئەم ڕووداوانه بە گشتی ئاسایین و ئەگەر گۆوارێک به هەر دەلیلێک نەتوانێ ڕەزامەندی خوێنەرانی پێک بێنێ چاوەروانی تێداچوونی بۆ دەكرێ.

پێگەی ئەو گۆڤارە لەناو مێژوی ڕۆژنامەنوسی کوردیدا بەگشتی و لە کوردستانی ئێران بەتایبەتی چۆن هەڵدەسەنگێنن؟

سروەش له قۆناخێكی تایبەتدا، له وڵاتێكی سەرداخراوی جیهانی سێهەمدا بۆ ماوەیەک سەری هەڵداو و دەگەل هەموو كەموكووڕییەكانی لانیكەم لە باری بوژاندنەوەی زبانێكی حاشالێكراودا بە یارمەتی دڵسۆزانی ڕوڵێكی باشی گێڕا به له چاپدان و كۆكردنەوەی زۆر بابەتی فۆلكلۆر و كلاسیكی كوردی ئەوانی له مەترسی تێداچوون نەجات دا.

مریەمی قازی ساڵی ١٣٤٢ی هەتاوی له شاری مەهابادی ڕۆژهه‌ڵاتی کوردستان له‌دایک بووه. خوێندنی تا پلەی كارناسی له بەشی زبان و ئەدەبیاتی فارسی دریژه پێداوه، بەر له هاتنهسەركاری خاتەمی له ڕادیۆ و تەلەڤزیۆنی ناوەندی مەهاباد بۆ ماوەی چوار ساڵان نووسەر بووه‌، بەڵام بە هۆی نوسراوەكانی بە دەیان جار كەوتۆته‌ بەر لێپرسینەوه و دوو جار گیراوه‌ و دواجار له‌سه‌ر کار ده‌رکراوه‌. بڵاوکردنه‌وه‌ی گۆواری خوێندکاریی "زانا" له ساڵی ١٣٧٠ بە هاوكاری دوكتۆر مەجدی و تاقمێک له خوێندكارەكان یەكەم ئەزموونی ڕۆژنامەگەریی قازی بووه كه هەر بەدوای دوو ژمارەدا كەوته بەر لێپرسینەوەی دەزگا ئەمنییه‌کان. ساڵی ١٣٧٦ ئەنجومەنی ئەدەبی مەهابادیان بە هاوكاری دووكەسی تر به‌شێوەی ڕەسمی و بۆ یەكەم جار دامەزراند. ماوه‌یه‌ک وته‌بێژی ڕێكخراوی ژنانی «ژین» بوه‌. دوای پێكهاتنی «ریكخراوی لاوانی نەتەوەیی» وەك NGO له كانوونی لاوانی فاروغوڵتەحسیلی ڕۆژهەڵات بوو به لێژنەی بەرێوەبەرایەتی و وته‌بێژ. ئه‌ندامی کۆمیته‌ی ناوه‌ندی «بەرەی یەكگرتووی كورد» بووه‌ له تاران. تا ئێستا دوو كتێبی چاپ بووه به نێوی «زیندە بە گۆڕ» و «هاتنه ژوور قەدەغەیه» و ڕۆمانی «ژیانم خۆش دەێ دەگەڵ ئازادی » كه بەر له چاپبوون، سانسۆرچییەكان كامپیۆتێریان لێ بزر كرد و ڕۆمانه‌که‌ تێدا چووه.

۱۳۸۹/۰۵/۱۸

"سروه‌ گۆڤارێکی تایبه‌تمه‌ند نه‌بوو و له‌ چێشتی مجێور ده‌چوو"


هەڤپەیڤین:
ئه‌نوه‌ر حه‌سه‌ن پوور
سەلاحەدین بایەزیدی

 
- " په‌پووله‌:
ئاگر هانێ باڵه‌کانم پێی هه‌ڵفڕه‌!
له‌و په‌ڕ جه‌نگه‌ڵ، تاریکایی، 
ده‌ستی تا لای خودا چووه‌..."
ئه‌وه‌ یه‌که‌م شێعری ساڵح سووزەنی بوو که‌ کاتی خۆی ساڵی ١٣٦٧ له‌ سروه‌ی ژماره‌ ٢٧دا به‌ناوی ئیبراهیمی سووزه‌نی بڵاو کرایه‌‌وە و دواتر له‌ به‌ستێنی ره‌خنه‌ی ئه‌ده‌بی و وتار و شێعردا، به‌ناوی خۆیه‌وه‌، تا مارفی ئاغایی مابوو، هاوکاری کردوە و ساڵی ١٣٧٩ به‌پێی قه‌رارداد و له‌ده‌ره‌وه‌ی سروه‌ به‌شی ره‌خنه‌ی نوێ (ڕچه‌)ی له‌ ژماره‌ی ١٧١وه‌ گرته‌ ئه‌ستۆ و ئه‌و ته‌وه‌ره‌ پێنج ساڵ به‌رده‌وام بوو.

ساڵح سوزەنی، نوسەر و رەخنەگری ئەدەبی، لەم دیمانەیەدا پێی وایە گۆڤاری سروه‌ له‌ چوار قۆناغی بڵاوکردنه‌وه‌ی خۆیدا، رۆڵی تایبه‌تی گێڕاوە؛
١. له‌ سه‌ره‌تاکانی بڵاوکردنه‌وه‌ی خۆیدا، گۆڤاری سروه‌ و به‌گشتی ناوه‌ندی بڵاوکردنه‌وه‌ی فه‌رهه‌نگ و ئه‌ده‌بی کوردی (انتشارات صلاح الدین ایوبی) رێفۆرمێکی سیاسی بوو له‌ ئه‌نجامی چه‌ندین ساڵ هه‌وڵ و ته‌قه‌لاو و خه‌باتی بێوچانی گه‌لی کورد له‌ کوردستانی ئیران و به‌تایبه‌ت کاتێ له‌سه‌رده‌ستی به‌ڕێز مامۆستا هێمن( شاعیری ناسراو لای گه‌ل) هاته‌ وه‌شاندن، له‌راستیدا دایسانی مۆمێک بوو له‌ تاریکی چه‌ندین و چه‌ندسه‌دساڵه‌دا و…
٢. له‌ ره‌وتی ئاڵ و گۆڕخوازیی گه‌لانی ئێراندا، جم و جووڵی رۆژنامه‌گه‌ریی گه‌شه‌ ده‌کا و سروه‌ش له‌ تاقانه‌یی ده‌ردێ، به‌ڵام به‌داخه‌وه‌ به‌ هه‌ر بۆنه‌یه‌که‌وه‌ پێشڕه‌وبوونی خۆی له‌ده‌ست ئه‌داو ده‌که‌وێته‌ پاتکردنه‌وه‌ی خۆی و بۆ ماوه‌یه‌ک ده‌بێته‌ گۆڤارێک که‌ به‌س ده‌بێ بڵاو ببێته‌ و ده‌ورێکی ئه‌وتۆی له‌ گه‌شه‌ی رۆژنامه‌گه‌ریی (چ وه‌ک بابه‌ت و ناوه‌رۆک و چ وه‌ک فۆرم و بیچم) کوردیدا نامێنێ و…
٣. به‌شی ره‌خنه‌ی نوێ (رچه ) هه‌وڵ ئه‌دا ئاڵ و گۆرێکی بنه‌ڕه‌تی تێدا سازبکا و به‌ هاوکارێ زۆربه‌ی نوێخوازانی قه‌ڵه‌م به‌ده‌ستی کوردستان سه‌ره‌تایه‌کی نوێ دێته‌ پانتای نوێخوازییه‌وه‌ و دواتر هه‌موو به‌شه‌کانی سروه، واته‌ به‌شی ئه‌ده‌بی و کۆمه‌ڵایه‌تییش ده‌گرێته‌وه‌ و ده‌بێته‌ پێشڕه‌وترین گۆڤاریی ئه‌ده‌بی ره‌خنه‌یی و ئاوێنه‌ی باڵانوێنی نوێخوازیی و...
٤. نوێخوازان پێکه‌وه‌ سروه‌ به‌جێ دێڵن و سه‌رله‌نوێ سروه‌ ده‌بێته‌ گۆڤارێک که‌ به‌س ده‌بێ بڵاو ببێته‌وه‌ و...

هه‌ر وه‌ک ده‌زانن سروه‌ یادگاریی مامۆستا هێمنه‌، به‌ڵام مه‌رگ مه‌ودای نه‌دا چه‌ند ژماره‌یه‌ک زێده‌تر ببینێ، گه‌لۆ سروه‌ی دوای هێمن، خه‌ونه‌کانی هێمنی به‌دی هێنا؟

ساڵح سووزەنی: راسته‌ سروه‌ له‌سه‌رده‌ستی مامۆستا هێمن و ته‌عاموڵ له‌گه‌ڵ ده‌سه‌ڵات به‌ دوو ئامانجی ره‌نگه‌ دژ به‌ یه‌ک بڵاوکرایه‌وه‌، (لایه‌ک بۆ فێرکردن و بارهێنان و گه‌شه‌پێدانی زمان و ئه‌ده‌ب و کولتووریی نه‌ته‌وه‌یی و لایه‌ک بۆ پروپاگانده‌ی سیاسی و...) به‌ڵام من وه‌ک دامه‌زرێنه‌ریی به‌شیی نوێخوازی (رچه‌) له‌و گۆڤاره‌دا، حه‌ز ناکه‌م گۆڤاریی سروه‌ به‌ ناویی که‌سایه‌تییه‌وه‌ هه‌ڵسه‌نگێنم، له‌گه‌ڵ هه‌موو رێزمدا بۆ مامۆستا هێمن و ده‌قی هێمن (کاتی خۆی زۆرم له‌سه‌ر نووسیوه‌ و پێویست ناکا دووپاتی بکه‌مه‌وه‌) من لام وایه‌ سروه‌ یادگاریی ده‌قی نووسراوی له‌چاپدراوی بیست و پێنج ساڵی شاعیران و نووسه‌رانی کورده‌ له‌ بڕگه‌گه‌ل جیاوازیی رۆژنامه‌گه‌ریی خۆیدا، به‌ به‌رز و نزمیی و هه‌ڵس و که‌وتی تایبه‌تیی خۆیه‌وه. خه‌ونه‌کانی هێمنیش وه‌ک خه‌ونی هه‌موو مروڤێک له‌ ره‌وتی زه‌مه‌ندا ده‌گوڕدرا و ره‌نگه‌ رووناکیی و تاریکیی و ته‌م و مژیی زۆریی به‌سه‌رهاتبێ.. بۆ وێنه‌ چاوێک له‌ تاریک و روون بکه‌ن و خولیای به‌ئامانجگه‌یشتنی کۆماری کوردستان له‌ زۆربه‌ی به‌رهه‌مه‌کاندا ببینن، به‌ڵام هه‌مان خولیا له‌ ناڵه‌ی جودایی دا کاڵتر بۆته‌وه‌ و گرینگیدان به‌ جوانناسیی وشه‌ و زمان تیایدا به‌رجه‌سته‌تره‌.. له‌ ساڵانی دواییدا ئامانجی مامۆستا هێمن سه‌قامگیرکردن و به‌ده‌سه‌ڵات کردنی زمانی کوردی بوو و هه‌ر به‌و مه‌به‌سته‌شه‌وه‌ زۆری تانه‌ و ته‌شه‌ر ته‌حه‌موڵ کرد و سروه‌ی هێنایه‌ به‌ر... که‌وایه‌ ئه‌گه‌ر مه‌به‌ست خه‌ونه‌ سیاسیه‌کانی مامۆستا هێمنه‌ که‌ به‌داخه‌وه‌ زۆریی ماوه‌ بۆ وه‌دیهاتنی.. و ئه‌گه‌ر خه‌ونی به‌ده‌سه‌ڵاتکردن و سه‌قامگیرکردن و فێرکردن و په‌روه‌رده‌ی شاعیران و نووسه‌رانی کورده‌.. ئه‌وه‌ من لام وایه‌ سروه‌ له‌ قۆناغی سێهه‌مدا له‌ خه‌ونه‌کانی مامۆستا هێمنیشی تێپه‌ڕاند.

گۆڤاری سروه‌ تا چه‌ند توانی وه‌ڵامده‌ره‌وه‌ی ویست و داخوازیی چینی رۆشنبیر و قه‌ڵه‌م به‌ده‌ستی کوردستان بێ؟

به‌پێی پشت به‌ستن به‌ ده‌ق و ناوه‌ ناسراوه‌کانی ئه‌وکات و ئێستای رووناکبیرانی کوردستانی ئێران، له‌ قۆناخی یه‌که‌م و سێهه‌مدا سروه‌ زمانی به‌ربه‌ستکراویی زۆرینه‌ی قه‌ڵه‌م به‌ ده‌ستان و رۆشنبیرانی کوردستانی ئێران بووه‌ له‌ بواری ئه‌ده‌بی، کولتووری، ره‌خنه‌یی دا. مه‌به‌ستم زۆرینه‌ی ئه‌و قه‌ڵه‌م به ‌ده‌ستانه‌یه‌ که‌ تا ماوه‌ی بڵاوبوونه‌وه‌ی به‌رهه‌مه‌کانیان له‌ ئێران بوونه. که‌سی وا ناناسم که‌ له‌ بڕگه‌یه‌کی کاتیدا به‌رهه‌می له‌ سروه‌دا بڵاو نه‌کردبێته‌وه‌.. له‌ خاڵه‌مین و حه‌قیقی-یه‌وه‌ تا ره‌خنه‌گرانی نوێخواز.. به‌له‌ونێ هاوکاریی سروه‌یان کردوه‌. به‌و حاڵه‌ش له‌ به‌ر ئه‌وه‌ی رۆشنبیران و قه‌ڵه‌م به‌ ده‌ستان به‌س لایه‌نێکی گۆڤاریی سروه‌ بوونه‌ و لایه‌نه‌که‌ی دیکه‌ی ده‌سه‌ڵات و به‌رپرسانی حکوومه‌تی بوون (ته‌نانه‌ت ئه‌و کات که‌ نوێخوازان نه‌ وه‌ک مووچه‌خۆر و له‌ ناو دایه‌ره‌ی سروه‌دا له‌ ورمێ، به‌ڵکوو به‌پێێ قه‌رارداد و له‌ ده‌ره‌وه‌ی دایه‌ره‌ی سر‌وه‌ کاریان بۆ ده‌کرد)، هه‌رگیز ئه‌وه‌نده‌ی پێویست نه‌یتوانی وه‌ڵامده‌ره‌وه‌ی ویست و داخوازیی توێژی رۆشنبیری کوردستان بێ. بۆ وه‌ی دوو گوتاریی زاڵی بواریی رۆشنبیریی له‌ کوردستان، واته‌ گوتارگه‌ل چه‌پ و نه‌ته‌وه‌خوازیی له‌ سروه‌دا مه‌ودای بڵاوکردنه‌وه‌ی نه‌بوو.

قۆناغی گه‌شه‌ی سروه‌ یان لووتکه‌ی ئه‌و گۆڤاره‌ به‌رای ئێوه‌ چ قۆناغێکه‌؟ ‌

راسته‌ سروه‌ له‌ قۆناغی یه‌که‌مدا به‌ هۆی تاقانه‌یی و هه‌وڵدان بۆ فێرکردنی زمانی کوردی و بڵاوکردنه‌وه‌ی هه‌نێ کتێب و فستیواڵگه‌ل ئه‌ده‌بی و هونه‌ریی له‌ ماوه‌یه‌کی کورتدا زۆرکه‌سی به‌ ده‌ور خۆیه‌وه‌ کۆکرده‌وه‌ و بوو به‌ گۆڤارێکی جه‌ماوه‌ریی، به‌ڵام له‌ راستیدا له‌ بواریی رۆژنامه‌گه‌ریی و بابه‌ت و ته‌خه‌سوسی بووندا، سروه‌ به‌س له‌ قۆناخی سێهه‌مدا به‌هۆی بڵاوکردنه‌وه‌ی بابه‌تگه‌ڵ به‌ڕۆژ له‌ بواری ئه‌ده‌ب و ره‌خنه‌ و کۆکردنه‌وه‌ی زۆربه‌ی نوێخوازان و رووناکبیران و دامه‌زراندنی دیالۆگی ره‌خنه‌یی له‌گه‌ڵ نه‌ریتخوازان (سه‌له‌فیه‌تی ئه‌ده‌بی ئه‌وکات) و بڵاوکردنه‌وه‌ی دیمانه‌گه‌لی بابه‌تیی و... بوو به‌ یه‌کێ له‌ ده‌وڵه‌مه‌ندترین گۆڤاره‌کانی کوردی. له‌و قۆناغه‌دا بوو که‌ ره‌خنه‌ی نوێی کوردی به‌ مانای خوێندنه‌وه‌ نوێکانی سه‌رده‌م (نه‌ک وه‌ک حوکمدانی قازیقوزاتانه‌ له‌ سه‌ر ده‌ق) که‌وته‌ گه‌شه‌ و سه‌قامگیر بوون.

گرینگترین خاڵه‌ لاوازه‌کانی سروه‌ کامانه‌ن؟

ئه‌لف، سروه‌ گۆڤارێکی سه‌ربه‌خۆ نه‌بوو و ده‌بوایه‌ توانا و ته‌حه‌موڵی کاک ئه‌حمه‌د ئاسات هه‌بوایه‌ بۆ به‌رده‌وام بوون و بڵاوکردنه‌وه‌ی ئه‌و بابه‌تانه‌ی که‌ نه‌خوازه‌ڵا گومانی به‌رپرسانی له‌سه‌ر هه‌بوایه‌.. سه‌یر ئه‌وه‌یه‌ به‌رده‌وام شێعر وبابه‌ته‌کانی منی نه‌گبه‌ت (به‌ قسه‌ی به‌ڕێزان کاک ئه‌حمه‌د و جه‌ڵال مه‌له‌کشا و مارفی جوانه‌مه‌رگ و.. ئه‌وکات به‌رده‌وام له‌ژێر ئه‌و گومانه‌دا بوو و له‌ ده‌یان ره‌نگه‌ یه‌ک بڵاو ده‌کرایه‌وه‌.. له‌ بیرمه‌ ساڵی ١٣٦٩ به‌شی دووهه‌می وتاریی "هه‌ڵسه‌نگاندنی شێعری شاعیران" که‌وته‌ به‌ر ئه‌و گومانه‌ و باوه‌کوو تا "صفحه‌آرایی"ش چووبوو، که‌وته‌به‌ر په‌لاماریی مقه‌ست و مارفی جوانه‌مه‌رگ هه‌ر به‌و لاپه‌ڕانه‌وه‌ (ئاماده‌ی چاپ) بۆی ناردمه‌وه‌!! و ئیستاش ئه‌و لاپه‌ڕانه‌ی سروه‌م لاماوه... به‌شی یه‌که‌می وتاره‌که‌ پیشتر له‌ژماره‌ی ٥٣ی سروه‌ له‌ ٧ لاپه‌ڕه‌دا بڵاو ببۆوه‌ و به‌راستی ده‌ستپێکی ره‌خنه‌ی زانستی بوو‌ له‌و کاته‌دا.
ب؛ سروه‌ گۆڤارێکی تایبه‌تمه‌ند نه‌بوو و له‌ چێشتی مجێور ده‌چوو (له‌ قۆناغی سێهه‌مدا به‌تایبه‌ت کاتێک هه‌موو به‌شه‌کانی سروه‌ که‌وته‌ ده‌ست نوێخوازان ئه‌و لاوازییه‌ نابینرێ).
ج؛ وه‌رگێڕانی هه‌موو به‌رهه‌مه‌کان به‌ زمانی فارسی (به‌س بۆ چاودێریی کردن نه‌ک بۆ بڵاوکردنه‌وه‌ و پێوه‌ندی کولتووریی) ناحه‌زترین کار بوو که‌ دواتر به‌شی نوێخواز خۆی لێ دزیه‌وه‌ و ئه‌و ئه‌رکه‌ی خسته‌ ئه‌ستۆی خودی به‌رپرسان...

ماوه‌یه‌ک له‌ گۆڤاریی سروه‌ هه‌وڵدرا بۆ نوێبوونه‌وه‌ له‌ ڕووی فۆرم و ناوه‌رۆکه‌وه‌ و گفتوگۆیه‌کی باش دروست بوو و گفتوگۆکان ته‌نانه‌ت ته‌شه‌نه‌یان سه‌ند بۆ ناو روناکبیرانی ده‌ره‌وه‌ی سروه‌ش. به‌ڵام بۆ ئه‌و گفتوگۆیانه‌ نه‌که‌وتنه‌ واری کردارییه‌وه‌؟

ساڵی ١٣٧٩ له‌ کۆره‌یادێک بۆ مارفی جوانه‌مه‌رگ (له‌ شنۆ) که‌ به‌ڕێز ئه‌حمه‌دی قازیی و هه‌نێ له‌به‌رپرسانی سروه‌ش ئه‌وکات له‌وێ بوون، من به‌رله‌ ده‌ستپێکردنی وتاره‌که‌م رامگه‌یاند که‌؛ بریا به‌رپرسانی سروه‌ له‌بری ئه‌وه‌ی مارف دوای مه‌رگ به‌رنه‌ ئاسمان.. ده‌فته‌ریی شێعره‌کانیان بۆ جاپ بکردایه‌ و... هه‌نێ ره‌خنه‌ی دیکه‌.. دوای ئه‌وه‌ کاک ئه‌حمه‌د پێی گوتم که‌ ئه‌و ره‌خنانه‌ ئێمه‌ ناگرێته‌وه‌ و باش وایه‌ له‌ نامه‌یه‌کدا هه‌موو ره‌خنه‌کان ئاراسته‌ی به‌رپرسانی سه‌ره‌وه‌!! بکه‌ی... و چه‌ند رۆژ دوای ئه‌وه‌ من له‌ نامه‌یه‌کدا بۆ سروه‌ رامگه‌یاند که‌ سروه‌ دواکه‌وتووه‌ و پێویسته‌ نوێبکرێته‌وه‌ و... هه‌مان ساڵ من بانگهێشت کرام بۆ سروه‌ و دوای گفتوگۆ و مه‌رج و شرووتی هه‌ردوو لا بڕیار درا من ١٢ لاپه‌ڕه‌ی ئه‌و گۆڤاره‌ به‌و چه‌شنه‌ی خۆم له‌ نوێکردنه‌وه‌دا به‌سه‌ڵاحی ده‌زانم و ته‌نانه‌ت به‌ ناوێکه‌وه‌ که‌ نوێخوازان هه‌ڵیده‌بژێرن (من "رچه"‌م هه‌ڵبژارد) وه‌ئه‌ستۆ بگرم و له‌ ژماره‌ی ١٧١ه‌وه‌ به‌م دیڕانه‌ی خواره‌وه‌ و وتاریی پڕ له‌ هه‌ڵه‌ی چاپیی!! "ئپیستمۆلۆژیای شێعریی کوردی" رچه‌ ده‌ست به‌کار بوو؛
"با بچینه‌ ناو ده‌قه‌کانه‌وه‌ و به‌ چاوێکی تر بیانخوێنینه‌وه‌. به‌شی "ره‌خنه‌ی نوێ" له‌مه‌ به‌دوا، به‌ پێی ویستی زه‌مه‌ن و ئاستی رۆشنبیریی وڵاته‌که‌مان، ئه‌یه‌وێ له‌ سروه‌دا ده‌لاقه‌یه‌کی نوێ بکاته‌وه‌ به‌ره‌و زمان وه‌ک سیسته‌مێکی نیشانه‌ (نیشانه‌ناسی) و هه‌ڵسه‌نگاندنی ئه‌ده‌بی هاوچه‌رخ له‌ روانگه‌ جۆراوجۆره‌کانی" فنۆمنۆلۆژیا" (دیارده‌ناسی)، پێکهاته‌خوازیی، پێکهاته‌شکێنی و چه‌ند ته‌وه‌ره‌یه‌کی تر له‌سه‌ر کێشه‌کانی سوننه‌ت، مودێرنه‌ و پۆست مودێرن له‌ ئه‌ده‌بی کورده‌واریی و جیهانیدا.... ئه‌م ئه‌رکه‌ش به‌ بێ یارمه‌تیدانی ئه‌دیبان و رۆشنبیرانی نوێخوازیی کورد له‌ کوردستان و ده‌ره‌وه‌ی وڵات، ئه‌سته‌مه‌... ده‌ستی یارمه‌تیمان بگرن و ئاستی رۆشنبیریی و ئه‌ده‌بی کورده‌واریی به‌رنه‌ سه‌ره‌وه‌! ره‌خنه‌ی نوێ هه‌ر پێداویستییه‌کی داسه‌پاو نیه‌... ده‌سه‌ڵاتێکی تری زمانییه‌ که‌ ده‌بێ شی بکرێته‌وه‌ .. بونیاد بنرێ و بشکێنرێته‌وه‌... تاکوێ نازانم. با "رچه‌" ناوی ته‌وه‌ره‌که‌ بێ. چاوه‌ڕوانی به‌رهه‌مه‌ به‌نرخه‌کانتانین!
به‌ خۆشیه‌وه‌ بانگه‌وازه‌که‌ باشی پێکا و هێندەی پێ نه‌چوو وتاری باشمان به‌ده‌ست گه‌یشت... پشتیوانی کردنی رێزداران ئه‌حمه‌د قازیی، ره‌هبه‌ر مه‌حموودزاده‌، یوونس ره‌زایی، عه‌بدولخالق یه‌عقووبی و.... گۆمه‌ مه‌نده‌که‌ی شله‌قاند و رچه‌ و دواتر به‌شی ئه‌ده‌بی و کۆمه‌ڵایه‌تیشی گرته‌وه‌... وتارگه‌ل قه‌به‌ بڵاوکرایه‌وه‌ که‌ تا ئه‌و کات هیچ گۆڤارێکی کوردی به‌خۆیه‌وه‌ نه‌دیبوو، گفتوگۆگه‌ل و شه‌ره‌قه‌ڵه‌مگه‌لێک له‌سه‌ر نه‌ریت و مودێرن سازکرا که‌ بێ وێنه‌بوون.. کتێبگه‌لێک بڵاو بوونه‌وه‌ که‌ ئێستاش باشترین خوێندنه‌وه‌کانی سه‌رده‌من... بڕواننه‌ "پێکهاته‌ی به‌یتی کوردی" (خوێندنه‌وه‌ی پێکهاته‌خوازانه‌ی به‌ڕێز ره‌هبه‌ر مه‌حموودزاده‌ له‌ سه‌ر به‌یتی کوردی)،" تیشکی بلوورینی ده‌ق"ی به‌رێز عه‌بدولخالق یه‌عقووبی، "له‌ژێر تیشکی ره‌خنه‌دا" و "نالی و خوێندنه‌وه نوێکانی سه‌رده‌م"ی ئه‌م قه‌ڵه‌مه‌ و ده‌یان شێعر و چیرۆک و خوێندنه‌وه‌ی نوێ و جیاواز له‌ شاعیران و نووسه‌رانی جیاواز و نوێترخواز.... چاوێک له‌ ژماره‌کانی ئه‌و ساڵانه‌ی سروه‌ بکه‌ن و کاردانه‌وه‌ی ئه‌و باسانه‌ ته‌نانه‌ت له‌ ده‌ره‌وه‌ی وڵات ببیننه‌وه‌ و ئه‌وسا ده‌زانن ئه‌و "رچه‌" یه‌ی ئه‌و ساڵانه‌ کرایه‌وه‌ ئیستا چۆن بۆته‌ رێگا و ته‌نانه‌ت پانه‌رێ.. ئێستا ئیتر که‌م نووسه‌ر و ره‌خنه‌گر و قه‌ڵه‌م به‌ده‌ستمان هه‌یه‌ ئاشنای "زمان ناسی و نیشانه‌ناسی و فورمالیسم و پێکهاته‌خوازیی و پێکهاته‌هه‌ڵوه‌شێنی و فمێنیسم و به‌گشتی خوێندنه‌وه‌ نوێکانی سه‌رده‌م نه‌بێ... ئه‌وه‌ هاتنه‌کردار نیه‌؟ ئه‌ی چیه‌؟ "رچه‌" به‌ هه‌موو که‌م ئه‌زموونی و په‌له‌کاریی و لاوازیه‌کانی ئه‌وکاتیه‌وه‌، ده‌هۆڵێک بوو که‌ دڵنیام ساڵ له‌گه‌ڵ ساڵ ده‌نگه‌که‌ی به‌هێزتر ده‌بێ....

کۆسپەکانی بەردەم ئەو نوێکردنەوەیە چی بوون، بۆچی بەردەوام نەبوون؟

کۆسپه‌کانی به‌رده‌م ئه‌و نوێکردنه‌وه‌یه‌ تا سه‌ر، وه‌ک هه‌میشه‌ گه‌ڕایه‌وه‌ سه‌ر به‌رپرسانی سه‌ره‌وه‌!!ی سروه‌. وه‌ک ئاماژه‌م کرد ئێمه‌ به‌ مه‌رجی خۆمانه‌وه‌ و به‌ "قرارداد" به‌شه‌کانی سروه‌مان وه‌ئه‌ستۆ گرتبوو و یه‌کێک له‌و مه‌رجانه‌ش ده‌ست تێوه‌رنه‌دانی بابه‌ته‌کانمان بوو له‌کاتی بڵاوکردنه‌وه‌دا، ئێمه‌ به‌ پێچه‌وانه‌ی جارانی سروه‌ بۆخۆمان بابه‌تمان وه‌رده‌گرت و خۆمان بڕیارمان له‌سه‌ر بڵاوکردنه‌وه‌ی بابه‌ت ده‌دا، مانگی رۆژێک ده‌چووینه‌ ورمێ و به‌ تایپی بابه‌ته‌کاندا ده‌چووینه‌وه‌ و ده‌هاتینه‌وه‌ و دواجار به‌ڕێز یوونس ره‌زایی ئاماده‌بوو ئه‌وکاره‌ش (واته‌ پیتچنین و رازانه‌وه‌ی لاپه‌ڕه‌ و ...تاد. گۆڤاره‌که‌ وه‌ ئه‌ستۆی خۆی خا و به‌رپرسان له‌ راستیدا به‌س ژماره‌یه‌ک گۆڤاری ئاماده‌یان چاوپێده‌که‌وت.. دیاره‌ ئه‌وه‌ بۆ به‌رپرسان خۆش نه‌بوو و سه‌ره‌تا ده‌ستێوه‌ردانی به‌شی ئه‌ده‌بیان کرد که‌ ئه‌وکات‌ به‌رپرسه‌که‌ی به‌رێز ره‌هبه‌ر مه‌حموودزاده‌ بوو.. کاک ره‌هبه‌ر خێرا ناڕه‌زایه‌تی خۆی به‌ شێوه‌ی "استعفا" (کشانه‌وه‌ له‌ کار) ده‌ربڕی و... من و کاک یوونسیش‌ وا رێکه‌وتین که‌ ئه‌گه‌ر کاک ره‌هبه‌ر نه‌گه‌ڕێته‌وه‌، ئێمه‌ش ئیتر هیچ بابه‌تێکیان پێ نه‌ده‌ین... به‌ڵام ره‌هبه‌ر سووربوو له‌سه‌ر ئه‌وه‌ی که‌ نه‌گه‌ڕێته‌وه‌ و وای به‌ سه‌ڵاح زانی که‌ له‌ بری ئه‌و به‌ڕێز عه‌بدولخاله‌ق به‌شی ئه‌ده‌بی وه‌ئه‌ستۆ بگرێ و… (ئه‌وکات کاک یوونس به‌رپرسی به‌شی کۆمه‌ڵایه‌تی بوو)... دوای ماوه‌یه‌ک سروه‌ له‌ ورمێ گواستیه‌وه‌ بۆ تاران و که‌وتنه‌ بیانوو له‌ یوونس ره‌زایی که‌ ئه‌وکات به‌راستی سروه‌ی ئاماده‌ی ته‌حوێڵ ده‌دان و به‌س ده‌بوا له‌تاران چاپیان بکردایه‌... به‌ڵام ئه‌وان جارێک فۆنتیان ده‌گۆری و گۆڕیان لێ ده‌کردینه‌ قۆڕ و جارێک ... یوونس بۆی ته‌حه‌موڵ نه‌کرا و ئه‌وه‌ی گوتی بۆ سه‌ره‌وه‌!! ته‌حه‌موڵ نه‌کرا... ئێمه‌ش پشتی یونسمان گرت و بۆ هه‌میشه‌ پێکه‌وه‌ سروه‌مان وێڵ کرد.. سروه‌ ئیتر هه‌رگیز خۆی نه‌گرته‌وه‌ و پشته‌وقه‌فار که‌وت و کاک ئه‌حمه‌دیشی له‌گه‌ڵ نه‌ما... و عه‌لی ده‌ستماڵی بێچاره‌ش بۆی هه‌ڵناسایه‌وه‌...و فت!

سه‌باره‌ت به‌ ستانداردکردنی زمانی یه‌کگرتوو، گۆڤاریی سروه‌ ڕاشکاوانه‌ پێشوازیی له‌و بۆچوونه‌ ده‌کرد که‌ شێوازیی موکریانی ببێته‌ زاراوه‌ی ستاندارد، هه‌رچه‌ند ئه‌و گۆڤاره‌ گرینگی به‌زاراوه‌کانی دیکه‌ش ده‌دا، تا چه‌ند سروه‌ له‌و ئامانجه‌ نیزیک بوویه‌وه‌ و رۆڵی چی بوو له‌ نیزیک کردنه‌وه‌ی زاراوه‌کان لێکتری؟

نوێخوازان هه‌ر له‌ سه‌ره‌تاوه‌ به‌ دروشمی زمان شکێنی و ئانارشیستییه‌وه‌ هاتنه‌ مه‌یدانه‌که‌ و ملیان به‌هیچ باوک و باوه‌پیاره‌یه‌ک نه‌دا... هه‌رچه‌ند ئه‌و دروشمانه‌ بۆ ئه‌وکات به‌راستی توندره‌وی کردن بوو به‌ڵام ئێمه‌ ئه‌وه‌مان وه‌ک خوازه‌ هێنایه‌ ئارا و به‌داخه‌وه‌ نه‌ریتخوازان له‌ خۆرا زۆری لێ تووڕه‌ بوون... ره‌نگه‌ ئێستا دوای ده‌ساڵ تێگه‌یشتبێتن نوێخوازان بۆ ئه‌وه‌ند دژایه‌تی سه‌له‌فیه‌تیان ده‌کرد... و مه‌به‌ست له‌ وانوێنی و زمانشکێنی چی بوو...

رێنوسی گۆڤاری سروه‌ به‌لای ئێوه‌وه‌ چۆن بوو؟

من رێنووسی سروه‌م پێ باش بوو و هەوڵه‌کانی کاک ئه‌حمه‌د (له‌به‌شی سۆرانی) و به‌ڕێز په‌رویز جیهانی (له‌ به‌شی کرمانجی) له‌و به‌ستێنه‌دا به‌ هه‌وڵگه‌لێکی چالاکانه‌ ده‌زانم... هه‌رچه‌ند هیچ کات له‌بری "له‌گه‌ڵ" "ده‌گه‌ڵ"م به‌کار نه‌هێنا.

یه‌کێک له‌و ره‌خنانه‌ی زۆرجار رووبه‌رووی گۆڤاره‌که‌ ده‌بۆوه‌، ئه‌وه‌بوو که‌ سروه‌ گۆڤارێکی قه‌ره‌باڵغه‌ و تایبه‌تمه‌ند (ته‌خه‌سوسی) نییه‌، ئه‌و ره‌خنه‌یه‌ چه‌ند به‌جێ بوو؟

سروه‌ له‌ ناسنامه‌دا گۆڤارێکی "فه‌رهه‌نگی، ئه‌ده‌بی، کۆمه‌ڵایه‌تی بوو ، به‌ڵام سه‌رده‌مانێک وای لێهاتبوو هه‌ر ده‌ستووری چێشت لێنانی تێدا نه‌بوو... ئه‌وه‌ش ده‌گه‌ڕایه‌وه‌ سه‌ر تاقانه‌بوونی سروه‌ و هه‌وڵدان بۆ دڵی هه‌موان رازیی کردن. دیاره‌ گۆڤارێک که‌ دڵی هه‌موانی لێ رازیی بێ، ده‌بێته‌ ره‌نگین نامه‌ و "شه‌له‌م شۆربا".. و ئه‌و ره‌خنه‌یه‌ به‌جێیه‌ و سه‌ره‌تا له‌ ڕاپرسی ژماره‌ سه‌دی ئه‌وگۆڤاره‌دا له‌ لایه‌ن منه‌وه‌ هاته‌ ئارا (بڕواننه‌ ڕاپرسی ژماره‌ ١٠٠ی گۆڤاریی سروه‌ له‌گه‌ڵ فه‌تاح ئه‌میری، ساڵح سووزه‌نی، ژیلا حسیه‌ینی و.. دا) به‌ڵام وه‌ک ئاماژه‌کرا له‌ قۆناخی سێهه‌مدا به‌تایبه‌ت ئه‌وکات که‌ به‌ڕێزان ره‌هبه‌رمه‌حموودزاده‌ و یوونس ره‌زایی به‌شه‌کانی ئه‌ده‌بی و کۆمه‌ڵایه‌تیشیان به‌ قه‌رارداد وه‌رگرت، ئیتر ئه‌و لاوازییه‌ به‌ سروه‌وه‌ نابینرێ.

وەک ئێوەش ئاماژەتان پێ دا سه‌رده‌مانێک گۆڤاری سروه‌ تاقانه‌ بوو، به‌ڵام دواتر کۆمه‌ڵێک گۆڤار و حه‌وتوونامه‌ی دیکه‌ به‌زمانی کوردی ده‌رکه‌وتن، وه‌ک گۆڤاریی زرێبار، مه‌هاباد و... ده‌مانهه‌وێ بپرسین دوای ده‌رچوونی ئه‌و گۆڤارانه‌، سروە نوشستی به‌ خۆوه‌ بینی یان زیتر پێشکه‌وت؟

باسی قۆناخی دووهه‌م ده‌که‌ن. که‌ له‌ سه‌ره‌وه‌ ئاماژه‌م پێکرد. ئه‌وه‌ راسته‌ و حاشای لێ ناکرێ. نیمچه‌ ئازادییه‌کی چاپه‌مه‌نی دوای ١٣٧٢ رووی کرده‌ وڵات و گۆڤار و حه‌وتوونامه‌ و وه‌رزنامه‌ی خوێندکاریی و... باش سه‌ریان هه‌ڵدا و ئه‌وکاتیش نوێخوازان هاوکاریی هه‌موویانیان ‌کرد.. به‌هۆی که‌شی ئازادتری ئه‌و گۆڤار و حه‌وتوونامانه‌ و بلاوکردنه‌وه‌ی باسگه‌ل سیاسی کۆمه‌ڵایه‌تی رۆژ و نه‌بوونی ئه‌و که‌ش و هه‌وایه‌ له‌ سروه‌دا، تووشی نوشست بۆوه‌ و زۆر وه‌دوا که‌وت...

داخرانی گۆڤاریی سروه‌ دوای بیست و پێنج ساڵ و بڵاوبوونه‌وه‌ی ٢٨١ ژماره‌، رووداوێکی ئاساییه‌ یان نائاسایی؟

داخرانی هیچ گۆڤارێک دوای ده‌وامی بیست و پێنج ساڵ و ده‌رکردنی ٢٨٣ ژماره‌ له‌ هیچ وڵاتێکی جیهان و به‌ تایبه‌ت له‌م وڵاته‌ بێ گۆڤاره‌ی ئێمه‌دا ئاسایی نیه‌ و به‌راستی جێی داخه! به‌ڵام وه‌ک پێشتر گوتم، گۆڤاریی سروه‌ له‌وه‌ پێشتر مردبوو و هه‌ربۆیه‌ داخستنه‌که‌ی هیچ که‌سی نه‌هه‌ژان.. بۆ وه‌ی پێشتر به‌ زۆر بۆنه‌وه، ‌ نووسه‌ران و قه‌ڵه‌م به‌ده‌ستانی لێ تاکابوونه‌وه‌. ‌

هه‌روه‌ک له‌ هه‌واڵه‌کاندا هات به‌ هۆی گرفتی مادی ئه‌م گۆڤاره‌ نه‌یتوانیوه‌ به‌رده‌وام بێ، ئه‌گه‌ر ئه‌و گرفته‌ نه‌بوایه‌، به‌ڕای ئێوه‌ باشتر وابوو سروه‌ به‌رده‌وام بێ یان کۆتایی هێنان به‌چاپی ئه‌و گۆڤاره‌ له‌ جێگه‌ی خۆیدا بوو؟

گرفتی مادی؟؟؟!!! چیه‌ کاتێک.... راستیه‌که‌ی ناوێرم. باشتر وابوو سروه‌ بمایه‌ و به‌ده‌ست دڵسۆزانی ئه‌ده‌ب و فه‌رهه‌نگی کوردیه‌وه‌ هه‌ڵسووڕایه‌ .. ئه‌گینا به‌ ملی شکاو... به‌ خۆشیه‌وه‌ رۆژنامه‌گه‌ریی دیجیتاڵی کوردی له‌مێژه‌ سه‌ری هه‌ڵداوه‌ و مان و نه‌مانی سروه‌ هیچ دیارده‌یه‌کی ئه‌وتۆ ناگۆڕێ..

پێگه‌ی ئه‌و گۆڤاره‌ له‌ناو مێژووی رۆژنامه‌نووسی کوردیدا به‌گشتی و له‌ کوردستانی ئیران به‌ تایبه‌تی چۆن هه‌ڵده‌سه‌نگێنن؟
وه‌ک گوتم؛ سروه‌ یادگاریی ده‌قی نووسراویی بیست و پێنچ ساڵی ئه‌دیبان و قه‌ڵه‌م به‌ده‌ستانی کوردییه‌ و له‌ مێژووی رۆژنامه‌نووسی ‌ کوردستانی ئێراندا به‌ هه‌موو هه‌ڵس و که‌وته‌کانیه‌وه‌ ره‌نگه‌ له‌ تاقانه‌یی ده‌رچێ، به‌ڵام دڵنیام به‌هۆی هه‌وڵی دڵسۆزانه‌ی زۆرکه‌سان و زۆر ده‌قی زیندوو وه‌ک ئاڕشیوێکی باش ده‌مێنێته‌وه‌ و دیسان دڵنیام کاتی خۆی قسه‌ و باسی زێده‌تری له‌سه‌ر ده‌کرێ.

حەمە ساڵح سووزەنی لەچەند دێڕێکدا
حەمەساڵح سووزەنی، ساڵی ١٣٣٨ لەدایک بووە، خوێندنی سەرەتایی لە سەقز و دانشسەرای لە شاری سنە تەواو کردوە. ماوەی هەشت ساڵ مامۆستای قوتابخانە بووە و لە ساڵی ١٣٦٢ بەو لاوە بەهۆی هەنێ کیشەی سیاسییەوە بۆ هەمیشە لە کاری دەوڵەتی دەرکراوە.
لە ساڵی ١٣٥٧ەوە دەستی داوەتە قەڵەم بە زمانی کوردی و لەم بوارانەی خوارەوەدا نووسیوە:
١. شیعر: تا ئێستا حەوت دیوانی شیعری بووە و وەک خۆی دەڵێت "بە داخەوە تا ئێستا هیچکامی بواری بڵاوکردنەوەی بە شێوەی رەسمی نەبووە «سەمفۆنیا ـ دیاری ـ هەزار دیوانی کەڵەگەت لە پرسەدا ـ درۆ موقەددەسەکان ـ شێعرەسات ـ بەژمارەی تەلەفۆنەکانی عالەم ـ وەهمەکانی ئەشق و درۆکانی دەمامک» زۆربەی ئەو شێعرانە لە گۆڤار و حەوتوونامەکاندا و بەشێوەی غەیرەرەسمی، لەکۆر ِو کۆبوونەوەکاندا، بڵاوکراونەتەوە...
٢. رەخنەی ئەدەبی و وتار: کیێبی "له ژێر تیشکی ره‌خنه‌دا"‌ که‌ ناوه‌ندی هه‌نار له‌ سلێمانی بڵاوی کردۆته‌وه‌. کتێبی "نالی و خوێندنه‌ نوێکانی سه‌رده‌م" که‌ سه‌نته‌ری رووناکبیری ئێل به‌گی جاف بڵاوی کردۆته‌وه‌ و وتارگه‌لێکی زۆر که‌ لە گۆڤار و چاپە‌مەنییە‌کانی کوردستاندا بڵاو کراونەتەوە.
٤. وەرگێڕان: شێعر و چیرۆک و وتاری ئەدەبی و زنجیرە‌ی تلویزیۆنی و…
٥. شانۆنامە: «کایه» و «دەوران دەوران»
٦. کردنەوەی تەوەرەیەکی نوێ بۆ نوێخوازان لە گۆڤاری سروەدا بە ناوی «رچە»
٧. دامەزراندن و بڵاوکردنەوەی حەوتوونامەی «ئاوای کوردستان» تا ٣ ژمارە.
٨. هەنێ شیعری تایبەت بۆ شیعر و گۆرانی کە زۆریان لێ بڵاو کراوەتەوە.
٩. ئەندامی دەستەی نووسەرانی حەتوونامەی ئاسۆ و گۆڤاری سروە بووە.
١٠. داوه‌ر و ره‌خنه‌گریی حه‌وت ده‌وره‌ی فستیواڵی چیرۆکی کوردی و ئه‌ندامی لێژنه‌ی زانستی زۆرێ له‌ فستیواڵگه‌ل ئه‌ده‌بی و ره‌خنه‌یی له‌ کوردستان و....
حه‌وت ساڵه‌ رۆژنامه‌گه‌ریی دیجیتالی کردۆته‌ پیشه‌ و ئێستا سه‌ری به‌ وێبلاگه‌کانیه‌وه‌ قاڵه‌.

۱۳۸۹/۰۵/۰۹

"کارگەرییا سروەیێ لسەر خاندوانێن کورمانج گەلەک کێم بوو"



هەڤپەیڤین:
ئەنوەر حەسەن پور
سەلاحەدین بایەزیدی

 
سەید کافی عەلەوی خەلکێ گوندێ کورانه سالا ١٣٤١ (١٩٦٢) ل ناوچا برادۆست سەر ب ئۆرمیێ ژ دایک بوویە. ل باژێرێ ئۆرمیێ دیپلۆم و لیسانسێ باستان شناسی، رشتا زمانێن کەڤنە ڤەرگرتییە. چونکو بابێ وی یەک ژ کارمەندێن رادیۆیا کوردییە ئۆرمیێ بوویە، پرتۆکخانەیەک ژ کتێبێن کوردی هەبوو و ئەو هاندانە کو خۆ فێرە کوردی بکن، هەر ل خاندنا سەرەتاییڤە کافی، دگەل ئەدەبیاتا کلاسیکە کوردی و پیتێن ئەبجەدی و لاتین و سریلیکە کوردی ئاشنا بوویە و دەست ب خاندنا بەرهەمێن کوردی کریە و بوویە هۆگرەکی ئەدەب و زمانێ کوردی. پاییزا سالا ١٤٦٣ێ ل رادیۆیا کوردییە ئۆرمیێ دەست ب کارێ راگەهاندنێ کرییە. کارێ وی ل رادیۆیێ، دەرهێنان، بێژەری و نڤیسەری و ئامادەکاریا دەنگوباسا بوو. ئەو دبێژە "ل مدەهێ کو ئەز ل رادیۆیا ئۆرمیێ دخەبتیم، من بابەت بۆ گۆڤارا سروە دنڤیسین . سالا ١٣٦٨ ئەز رێکرمە رادیۆدیا کوردییە تەهرانێ، کو لوێ ژى من درێژی دا کارێ خۆ و بوومە ویراستاری ئەدەبییە بەرنامێن کوردی. سالا ١٣٧٠ێ دەستەیا گوزینشێ ئەز رەد سەلاحییەت و هەروها ل خەدەماتێ دەولەتی مەحرووم کرم. دەما کو ئەز ل تەهرانێ بووم دگەل هەڤکارەک خۆ بناڤێ کاک ناسرێ سینا مە دەست ب کارێ ڤەرگەراندنا کورتە چیرۆکێن کوردی کر کو ئەدەبیاتا کوردی ب خاندوانێن فارس بدەنە ناسین و سەرجەم مە ٥٩ کورتە چیرۆک ل حەموو پارچێن کوردستانێ و دەرڤە ڤەرگەراندنە سەر زمانێ فارسی، کو مخابن لبەر دەرکرنا من و کاک ناسر ل رادیۆیێ و دوورکەتنا مە ژ تەهرانێ، تنێ یەک ژ وان چیرۆکا ب ناڤی ( تاسەک گەنم) نڤیسینا بابایێ کەلەش ژ ئەرمەنستانێ کو من ژ رۆژناما (رێیا تەزە) ڤەرگرتبوو ل گۆڤارا (چیستا)دا هاتە بلاڤکرن."

پاییزا سالا ١٣٧٢ێ هەڤالێن گۆڤارا سروە ژ کافی عەلەوی دەخازن کو هاریکارییا وان بکە و وەکە کافی دبێژە: من ژى بدل ئەو داخاز قەبوولکر و دەست ب کارێ رۆژنامەگەریێ کر. هەلبەت حەتا وێدەمێ کورمانجییا ژۆری ژی ب پیتێن ئەبجەدی دهاتە نڤیسین لێ دو ژمارەیەک بوو کو کاک پەرویز هندەک بابەت ب لاتینی بەلاڤدکرن. پشتی دەست بکاربوونا من ل سروەێدا ب یەکجاری پشکا کورمانجییا ژۆرین ب لاتینی هاتە بەڤکرن. مخابن گەلەک پێ نەچۆ کو کاک پەرویز بۆ پشکداریکرن د بیرئینانا هەلبەستڤانێ مەزنە کورد ئەحمەدێ خانی چۆ ئالمانیا و نەڤەگەرییا و بارێ پشکا کورمانجی کەتە سەر ملێ من و خودێ لێخۆشبووی کاک سەرتیپ مەنسووری کو پشتی ڤەغەرکرنا وی ژی من ب تەنێ پشکا کورمانجییە سروە یێ برێڤەبر و هەژمارا لاپەرێن کورمانجییا ژۆری ل هەشت لاپەرا من گەهاندە شانزدە لاپەرا. ل رەخ خەباتا کارێ گۆڤارێ من دەست ب ڤەرگەراندنا پرتووکێن کو ب تورکێ لسەر پرسا کورد و هەروها رۆمانێن کوردی ب فارسی کر وەک: کوردستان مستعمرە بین دول نڤیسینا ئیسماعیل بێشکچی، کورد و کوردستان نڤیسینا بۆتان ئامێدی، بیرەوەرییێن رەحمەتی مووسا عەنتەر و شڤانێ کورد نڤیسینا عەرەبێ شەمۆ بابێ رۆمانا کوردی و گوندێ مێرخاسا یا عەلی عەڤدلرەحمان و چەندین پرتووکێن دی کو مخابن چ یەک ژ وان نەهاتنە بەلاڤکرن. نەورۆزا سالا ١٣٨٠ێ لبەر هەڤپەڤینا من دگەل( تەلەڤزیۆنا رۆژ) لسەر (رۆژنامەگەرییا کوردی ل رۆژهەلاتێ کوردستانێ) ئەز ل سروە یێ ژى دەرکرم کو پشتی دەرکرنا من، پشکا کورمانجییا ژۆرینە گۆڤارا سروەیێ ژی تەعتیل بوو و پاشێ ژی من ژمارەیەک تایبەت کورمانجی وەک پاشکۆیا سروەیێ ئامادەکر و ژ لایێ بەرپرسێن گۆڤارێ هاتە بەلاڤکرن لێ رێنەدان ئەز هەژمارا دوویێ ئامادە بکەم، چەند سالەکە ژی ئەز ل هەولێرێ مە و مدەهەکێ من کارێ راگەهاندێ دکر و نها کارێ ئازاد دکەم.

چما رێ نەدان هەژمارا دوهەمین ئامادە بکەی؟
کافی عەلەوی:
ئەوان ئەز ل سروەیێ دەرێخستبوون و نەدخاستن کارەک بناڤێ من بێتەکرن و هندەک کەسێن کو من قەلەم دابوو دەستێ وان و فکر دکرن کو بوونە نڤیسەر و دشێن سەربخۆ کار بکەن ناڤێ وان بکەڤینە ناڤ ناڤان، ئەو ئاگادار کربوون کو ئەگەر کافی نەبیت ئەمێ باشتر کار بکەن و تنێ شییان هەژمارەک دی هەلبەت ب هاریکارییا من بەلاڤکرن.

نرخاندنا وە دەربارێ رۆلا گۆڤارا سروە ل ڤەژاندنا فەرهەنگ و ئەدەبا کوردیدا چییە؟

 رۆلا گۆڤارا سروە ل ڤەژاندنا فەرهەنگ و ئەدەبا کوردی بتایبەت ل ناوچا موکریانێ بۆ خوارێ رۆلەکی گەلەک مەزن و بێ وێنە بوو و ئەز دشێن بێژم پرانییا نڤیسەر و رۆژنامەگەرێ کو نها ل رۆژهەلاتا کوردستانێ دخەبتن و دنڤیسن، شاگردێن مەکتەبا سروەیێ نە. بەری گۆڤارا سروە چەند بەلاڤۆکەک کوردی بەلاڤبوون لێ نەشییان وەک سروەیێ دۆم بکەن و دناڤ خاندوانێن کورد دا جهێ خۆ ڤەکەن. دەمێ دەستبکاربوون و بەلاڤبوونا سروەیێ خەلکێ مە تێنییێ پرتووک و گۆڤار و بەلاڤۆکێن کوردی بوون و گۆڤارا سروە ژی کو گۆڤارەکی فەرهەنگی، ئەدەبی و هەنەری و دوور ل سیاسەتێ بوو شییا جهێ خۆ ل دلێ خاندوانێ دلسۆزە کورد دا ڤەکەت و ببیتە مەکتەبەک بۆ فێرکرن و هاندانا وان بۆ ئاڤردانەوە ل فەرهەنگ و ئەدەبا کوردی کو ئیرۆ ئەم بەرهەما وێ دبینن. سرويێ پشکەک زۆر ژ ئەدەبیاتا دەڤکییە مە ژ مرن و نەمانێ رزگارکر و بۆ بەرەیێن پاشەرۆژێ پاراست.

پشتی بیست و پێنج ساڵان سروە داویی بەوەشانا خۆ ئانی، ل گۆر وە هۆکارێن داخستنا گۆڤارا سروە چنە؟ 

هەرلەداییک بوونەکێ، مرنەک هەیە و هندەکا تەمەنێ وان کورتەک و هندەکا درێژ. ب گۆتنەکی دی هەربەهەمەکێ تاریخ مەسرەفەک هەیە. هندەک جارا ژی پێشوازیکرنا خەلکێ مەیدانا بەرهەمەکێ فرە دکەت یان ل مەیدانێ دەردیخیت. سروە پێشتر وەک ئاوەکی سار و زەلال بوو کو تێنیتیا رێبوارێن فەرهەنگ و ئەدەبا کوردی ل ناڤخۆ و دەرڤە دشکاند و خەباتکارێن وی ژی پەیوەندەکی بتەو دگەل خەلکێ و خاندوانێن وێ هەبوون. پشتی بیست و پێنج سالا، سروەیێ ئەو تایبەتمەنییا خۆ ژ دەست دا و وەکی بەرێ ژی نەشییا داخازێن خەلکێ بجی بینیت و ئەوان تێر بکەت. سروە وەک دارەکی ببەر بوو کو ئێدی ل بەردانێ کەتبوو و نە بۆ خودان سوود هەبوو و نە کەسەکێ سوود ژێ دبر. دارا بێ بەر دبیت بێتە بررین.

گەلۆ هۆکار چ بون کو سروە تایبەتمەنییا خۆ ژ دەست دا؟ 

نڤیسەرێن وان سالێن داوییێ ل سروەیێ خۆ ل خەلکێ خاندوان زاناتر و داناتر دزانیین و بەر هندێ ژی نەدشییان وەکی پێویست تێکەلی خەلکێ بن و پەیوەندێ بگرن و گەلەک جار خاندوان ل نڤیسینێ وان تێنەدگەشتن. ئەو مۆدێرن و پۆست مۆدێرن بوون و خەلک گەلەک ل وان پاش بوو!!!

چما و ل سەر بڕیارا کێ ئورمیێ بوو بە ناوەندا گۆڤارێ سروە؟ 

ب دیتنا من زێدەتر لبەر مەسەلێن ئەمنی، ناوەندا سەرەکیێە وێ ل ئۆرمیێ بوو و رەنگە ل باژێرەکی کو ب تەواوی کورد بوون وەک ئۆرمیێ نەهاتبا پاراستن و ئەز نزانم کێ بریاردا کو ناوەندا وێ ل ئۆرمیێ بیت.

وەکە دزانن ژ بلی زاراوەیا کورمانجیا ناوین، گۆڤارا سروە بە زاراوەیا کورمانجیا ژورین ژی وەشان دەکر، وەشان بەزاراوەێن دن، بیرۆکەیا کێ بوو؟ 

ئەز نزانم ئەو بیرۆکا کێ یان چ کەسانێک بوو، لێ ئەز فکردکەم ئەڤ بیرۆکەیە یا رایەدارێن برریاردەرە سروەیێ بوو کو حەموو زاراوە ئاخڤا رازی بکەن و بکێشنە لایێ خۆ، چونکو هەتا هەژمارا شانزدێ ژی بابەتەک بەرچاڤە زاراوێن دییە کوردی ل سروەیێ دا خوویا ناکەن. بیرا مدایە ل هەژمارا نوزدە و بیستێ دا دو بابەت بناڤێن (مرنا خەزالێ) و (گیگۆر) کو من ژ پرتووکا (عەفراندنێن بژارە) ل پیتێن کریل ڤەگوهاستبوونە سەر پیتێن ئەبجەدی بەلاڤبوون و ل سەر وان (بەرەو زمانی یەکگرتوو) هاتبوو نڤیسین. دەما من سەبەبێ وی کاری ژ کاک پەرویز پرسی، بەرسڤدا گۆت هەڤکارێن مە رێ نادەن ئەم کورمانجی بەلاڤ بکەن و کاک ئەحمەدێ قازی ژی کو وێ دەمێ سەرنڤیسەر بوو د بەرسڤا ڤێ پرسێدا گۆت: پرانییا خاندوانان سۆرانی ئاخڤن و گەلەک نامە بۆ مە نڤیسینە و ناخازن بلی سۆرانی ب زاراوەیەک دی بابەت بێنە بەلاڤ کرن، مە ئەڤ رستەیە نڤیسییە کو خاندوان توورە نەبن، ئەگەر هەرکەسەک ب زاراوا خۆ بابەتا بنڤیسیت و ئەم بەلاڤ بکەن ئەم نەشێن ببنە خودانێ زمانەکی یەکگرتی و ئەم بخۆ ژی سەر وێ رایێنە کو تەنێ دبیت ب زاراوا سۆرانی بنڤیسن کو خاندوان تێبگەهن.

ل گۆر ئەو ئەزمونا کو وە ل سروەدا بە کار ئانی، وەشان ب زاراوەێین دن چ رۆلەک دەبینە لە چێکرنا زمانەکی یەکگرتی ئان گەلۆ ئەو زمان بەر ب بەلاڤ بوونێڤە دبە؟

من باڤری ب گۆتنا "زمانێ یەکگرتی" چنینە، یا راست " زاراوا رەسمی" یە. دەمەکێ ئەم دشێن ببنە خودانێ زاراوەیەکی رەسمی کو نڤیسەرێن مە کوردی زان بن. زاراوە ئاخێڤەک کو تنێ دەڤۆکا ناوچە یان ئێل و گوندێ خو دزانیت و زاراوە و دەڤۆکێن کوردی ناناسیت، نەشیت بێژیت ئەز ب زمانێ کوردی دنڤیسم، یان بێتە گۆتن نڤیسەرەکی کوردی زانە. مەبەست ل کوردی نڤیسینێ ئەوە کو نڤیسەر بزانیت پەیڤا کو بکارتینیت ل زاراوێن دی دا ب چ واتایەکێیە. نڤیسەرەک دەمەکێ کوردی نڤیسە کو خاندوانێ زاراوێن دی ژی ب هێسانی ل مەبەستا وی تێ بگەهیت. بۆ نموونە ئەگەر کەسەکی سۆرانی ئاخێڤ رستەیەکێ ب ڤی ئاوایی : " ملم دێشیت " بنڤیسیت، کورمانجی ئاخێڤەک دێ چاوان بزانیت کیدەرا وی تێشیت؟ چونکو ب کورمانجی دبیتە: " ملێ من تێشیت" کو ب خەلەت دێ تێبگەهیت، مل پەیڤەکی کوردییە لێ ل سۆرانی دا مەبەست "پشت گردن"و ل کورمانجی دا "بازو"یە. جگە ل وێژی نڤیسەرێ کوردی زان دێ هەول بدەت پەیڤێن کو هەڤپارن و ڵ پرانییا زاراوادا ب یەک مانایێ بکار تێن، بکار بینیت. ئەگەر نڤیسەرێن مە بگەهنە وێ ئاستێ کو کوردی زان بن، ئەم دشێن هیڤیدار بن کو رۆژەکێ ئەم ببنە خودانێ زاراوەیەکی رەسمی. هەبوونا زاراوا رەسمی ژی ب مانایا سڕینا زاراوێن دی نینە.

وەکە بەرپرسێ پشکا کورمانجیا گۆڤارا سروە، هوون چ قاس ژ پشکا کورمانجیێ رازی بوون؟

ئەز وەک کەسەکێ کو چەند سالا بەرپرسێ پشکا کورمانجی بووم، لدەسپێکێ لبەر کێم بوونا بابەتێن کورمانجی و نەبوونا نڤیسەرێن لاو و کێمییا لاپەرێن تەرخانکری بۆ کورمانجی، گەلەک ل وێ پشکێ نەرازی بووم. لێ وان چەند سالێن داوییێ زێدەبوونا نڤیسەرێن تازە نەفەس و زێدەبوونا لاپەرێن پشکا کورمانجی، نەک رازی، ب گازندە نەبووم.

د دەسپێکێ دە پشکا کورمانجی ب پیتێن عەرەبی بو لێ پشتڕا بو ب لاتینی، لێ وەکە ئەم دزانن لاتینی نڤیسێن ل رۆژهەڵاتێ کوردستانێ زێدە جهێ خۆ ڤەنەکربو.

درووشما سروەیێ (بۆ هەر کوردەکێ ل هەر دەرەکێ بوو ). بۆ گەلەَک خەلکێ مە یێن رۆشەنبیر و نڤیسەر ل پارچێن دی و دەرڤە دهاتە رێکرن کو ئەوان نەدشییان ب پیتێن ئەبجەدی بخوونن. مەبەست ل لاتینی نڤیسینێ، بێ پار نەمانا خەلکێ مە ل دەرڤەیی ئیرانێ بوو. هەرچەند پرانییا بە روالەت رۆشەنبیرێن سۆران ب ئاشکەرا دژی لاتینی نڤیسینا سروەیێ بوو و بۆ هندێ کو بشێن پێشییا لاتینی نڤیسینێ بگرن، ب نڤیسین یان گۆتن، بۆ خۆ شرینکرنێ دگۆتنە بەرپرسێن سروەیێ: ئەوە خیانەت ب بەیتولمالێ و پەیرەویکرنا ل سیاسەتا ئاتا تورکییە و خەلکێ ل ئیسلام و قۆرئانێ دوور تێخیت .هەلبەت ئەگەر پێویست بیت، ئەز دشێم ناڤێن ئەوان کەسێن بەرووالەت رۆشەنبیر رێز بکەم.

کێ بوون ئەو کەسانە؟

هندەکا وەفات کرنە کو ئاخڤتنا پشت سەرێ مرییا باش نینە و دانە بایا کایا کەڤن بێ فایدەیە. یێن زندی ژی نابیت ئەم کەساتییا وان لەکەدار بکەن، چونکو رێزکرنا ناڤێ وان دەردەکی مە دەرمان ناکەت. ئەم دبیت خۆ ل تشتێن کو دوبەرەکییێ چێدکەت بپارێزن.

کاریگەرییا سروە لسەر خاندەوانێن کورمانج و فێرکرن و ئاشناکرنا وان ل گەل رێنڤیسا لاتینی د چ ئاستەکی دابوو؟

ب گشتی کارگەرییا سروەیێ لسەر خاندوانێن کورمانج گەلەک کێم بوو، چونکو پرانییا کورمانجا باژێری نەبوون و دگەل ئازەرییا ل باژێرێن ئازەربایجانا رۆژئاوا دژین و سروە ب دەگمەن نەبیت ل وان باژێرا نەدهاتە بەلاڤکرن و سروەیێ چ شەڤە هەلبەست و کۆنفراس و سیمینار و فەستیڤال ل باژێرێن باکوورا ئازەربایجانا رۆژئاوا رێڤەنەبرن. لێ پاش دەستبکار بوونا تەلەڤیزیۆنا مەدیا، رێنڤیسا لاتینا سروەیێ ژی دەورەک باش د فێربوون و ئاشنابوونا خاندوانی کورمانج دا هەبوو.

گەلۆ د گۆڤارا سروەدا وەکە تێ گوتن زەخت لسەر پشکا کورمانجی هەبوو؟

هەڤکارێن مە ل پشکا سۆرانی دژی زیادکردنی لاپەرەکانی کورمانجی بوون، چونکە زێدەبوونا لاپەرێن کورمانجی دبوو سەبەبێ کێم بوونا لاپەرێن سۆرانی.

هێلێن سۆر یا گۆڤارا سروە د بلاڤ کرنا بابەت و بەرهەمێن نڤیسکاراندا چ بوون؟

چوارپاچە، نیشتمان، گەل، کەسک و سۆر و زەر و هەر تشتەک کو بێهنا سیاسی لێهاتبا، هێلێن سۆر بوون.

گۆیا کاربەدەستێن ئیرانێ وەکە ئامرازەکە پروپاگەندەێی سوود ژ گۆڤارا سروەیێ برنە، لسەر ڤێ ئەساسی سروە زێدەتر خزمەتێ گەل کر ئان خزمەتێ حکومەتێ؟

هیچ سەرمایەدانەرەک بێ بەرچاڤگرتنا سوودا خۆ سەرمایەگوزاریێ ناکەت. بەلێ حکوومەتێ ل مەیدانا سیاسەتێ دا سوود ل سەرمایەگوزارییا سروە کر و خەلکێ مە ژی سوود کر. ئەز نەشێم بێژم کێ زێدە و کێ کێم سوود بر، گرنگ ئەوە نڤیسەر و خاندوانێ مە ئەو سەرمایەگوزارییە وەک دەرفەتەکێ بۆ پێش ئێخستنا خۆ بکار برن.

جەنابێ تە باسێ سودێ نڤیسەر و خاندوانێن کورد ژ سروەیێ کر، لێ سودێن سیاسی یێ حکومەتێ چ بون؟

تشتا کو حکوومەتێ نەدشییا ب هێزا تۆپ و تانکا بکەت ب سەرمایەگوزارییا سروەیێ دەستخۆڤە ئینا. سەرمایەگوزارییا سروە و د ئەنجامدا سەرهلدانا رۆژنامە و گۆڤارێن دییە کوردی بوونە سوپاپا تەخلییە. تۆپا سروەیێ بێدەنگ بوو. رۆژ ب رۆژ هەژمارا جاش قەلەمێن کو پاشێ بوونە سەربازێن گومنام، زێدە بوو!!

رۆلا مامۆستا هێمن د گۆڤارا سروەدا چاوا دەنرخینن؟

ئەز فکر دکەم ئەگەر مامۆستا هێمن نەبا، سروەیێ ئەدشییا ئەوێ پێگەهێ دناڤ خاندوان و نڤیسەرا پەیدا بکەت. سەرنڤیسەرییا مامۆستا هێمن بەرگەک بەرەندە بوو بۆ جی کەتنا سروە یێ.

وەکە داویی؛ سروە چ پێگەهەک هەیە ل ناڤ رۆژنامەگەرییا کوردیدا؟

سروە ل دەمەکی لەباردا سەرهلدا و باش خۆ نیشا دا و پێشخست و شییا ل مەیدانا رۆژنامەگەرییا کوردیدا جهەکی دیار و تایبەت بخۆ بگرت.

۱۳۸۸/۰۹/۰۶

نێگەتیڤ


سەلاحەدین بایەزیدی 

 
کەمتر پەنابەرێک هەیە ڕۆژانە سەیری سندوقی پۆستەکەی نەکات و هەموو جارێکیش بە بینینی نامەیەکی زەرد دڵی ڕانەچڵەکێ، بەتایبەت لەقۆناغی ئێستادا کە دۆخی پەنابەری لە وڵاتانی ئەوروپا بەگشتی ئەستەم بووە، زۆربەی هەرە زۆری پەنابەرەکان چاوەڕوانی وەڵامی نێگەتیڤ دەکەن تا هیی پۆزەتیڤ.

سامان عەبدولخالق مستەفا ڕۆژی جەژنی قوربان وەک هەموو ڕۆژەکانی دی، سەردانی سندوقی پۆستەکەی دەکا، بە بینینی نامەیەک سەڕی سوڕ نامێنێ، چونکە وەک خۆی دەڵێ "چاوەڕوانی دەکرد نامەیەکی لەو جۆرەی بۆ بێت" و پێشتریش بە هاوڕێکانی گوتبوو کە من لەم ڕۆژانەدا نێگەتیڤم بۆ دێ. بەڵام ئەو پێی سەیرە ڕێک لەو ڕۆژەدا نێگەتیڤی بۆ هاتووە و بەپێکەنینەوە دەڵێ "ئەوە جێژنانەی سویسرایە بۆ من."

سامانی تەمەن (٢٥) ساڵ لەشاری هەولێر لەدایک بووە و سێ ساڵە لە شارۆچکەی مارتینی لە سویسرا دەژی. ئەوە دووهەمین نێگەتیڤە وەریدەگرێ و لەم ڕوەوە هەندێک غەمبارە. سامان کە لە ژورێکی بچوکدا بەتەنیا دەژی، دەیویست لە ڕۆژی جەژندا، تەلەفۆن بۆ ماڵەوەیان بکات و پیرۆزبایی جەژنیان لێ بکات، بەڵام بەوەرگرتنی وەڵامی نێگەتیڤ موڕاڵی دابەزیوە و جەژنەکەی لێ تاڵ بووە.

سویسرا یەکێکە لەو وڵاتانەی زۆر بە ئەستەم وەڵامی پەنابەران دەداتەوە و تا چەند ساڵ چاوەڕێیان دەهێڵێتەوە. ئەوەش بەهۆی ئەوەی زۆربەی هەرە زۆری ئەو پەنابەرانەی پەنجەمۆری وڵاتێکی دیکەیان هەیە، ڕوو لەم وڵاتە دەکەن. بەگوێرەی ئامارە فەرمییەکان، ١٦ هەزار و ٦٠٦ پەنابەر لە ساڵی ٢٠٠٨دا وەرگیراون کە ئەو ڕێژەیە دوو هێندەی ساڵانی ڕابردوویە. وڵاتێکی وەک ئاڵمانیا کە ژمارەی دانیشتوانی یانزە قاتی سویسرایە، لەو ساڵەدا تەنها ٢٢ هەزار کەسی وەک پەنابەر وەرگرتووە. هەلومەرجی ئاماژەپێکراو چەندە گرفتی بۆ سویسرا دروست کردووە، بۆ پەنابەرێکی وەک سامانیش کە سێ ساڵە وەڵامێکی ڕونی نەدراوەتەوە، زۆر دژوارە. سامان لەکاتێکدا نامەکەی بەدەستەوەیە و چەند جار لەسەر یەک دەیخوێنێتەوە، دەڵێ "من لێرە کۆن بووم، بەم وڵاتە ڕاهاتوم و زمانەکەیان فێر بووم. تازە چۆن بچمە وڵاتێکی دیکە یان چۆن بگەڕێمەوە بۆ شاری خۆم؟"

پاش ئەوەی سویسرا پەیوەست بوو بە پەیمانی "شێنگێن"ەوە، هیوادارتر بوو لەپێناو ئەوەی ژمارەی پەنابەرەکانی وڵاتەکەی کەم بکاتەوە. ئەم وڵاتە ئێستا دەتوانێ وەک یەکێک لە ئەندامانی پەیمانی ئاماژەپێکراو، ئەو پەنابەرانەی لە وڵاتێکی دیکەوە هاتوون، مافی پەنابەرێتیان ڕەت بکاتەوە. کانتۆنی "ڤالێ" لەو کانتۆنە محافزەکارە کاتۆلیکانەیە کە بەر لەم ئاڵوگۆڕییانەش یاسای سنورداری دژ بەپەنابەران پەیڕەو دەکرد. لەساڵی ٢٠٠٨دا ژمارەیەکی زۆر لە کوردانی باشووری کوردستان لەو کانتۆنە، وەڵامی نێگەتیڤیان درایەوە یا خود قۆڵبەست کران.

سامان ئێستا لە هەوڵی ئەوە دایە پەیوەندی بە یەکێک لە هاوڕێیەکانییەوە بکا کە مانگێک لەمەوپێش لەیەک ژوردا پێکەوە دەژیان و پاش ئەوەی هاوڕێکەی وەڵامی نێگەتیڤی وەرگرت و مۆڵەتێکی یەک مانگەی پێدرا، سویسرای بەجێهێشت و ڕووی کردە فینلاند. ئەوان پێیان وایە ئێستا فینلاند باشترین وڵاتە بۆ کوردەکانی باشور و زو وەڵامیان دەداتەوە. سامانیش بیر لەوە دەکاتەوە وەک هاوڕێیانی دیکەی ڕوو لەو وڵاتە بکات. ئەو مۆڵەتی پێدراوە تا کۆتاییەکانی مانگی ژانوییەی ٢٠١٠ سویسرا بەجێ بهێڵێ و دەبێ لەو ماوەیەدا فیکرێک بکاتەوە. لەکاتێکدا سەیری بەفری لوتکەی سەر چیاکان دەکا، دەڵێ "تاقەتی ئەوەم نییە جارێکی دی ئاوارە ببمەوە، ئەویش لەو زستانەدا."

شەقام و کۆڵانەکانی شار، بەگڵۆپ و داری کریسمەس ڕازێنراونەتەوە، هەرچەند کەش و هەوا زۆر ساردە، بەڵام خەڵکێکی زۆر دێت و دەچێ. سامانیش کە ئەو بەیانییەی مەنفا خۆی بۆ جەژن ئامادە کردبوو، مۆبایلەکەی دەکوژێنێتەوە. دەست لەناو گیرفان، خۆی دەکات بە فرۆشگایەک بۆ ئەوەی سێتێک بیرە بکرێت و لەم ڕۆژەدا بیانخواتەوە.

۱۳۸۸/۰۹/۰۵

"خەرجی رۆژانەم ناگاتە دۆلارێکیش"


وتوێژی ڕۆژنامەی (تورکیا) لەگەڵ موراد قەرەیڵان

سازدانی: عوسمان ساغرلی
وەرگێڕانی لەتورکییەوە: سەلاحەدین بایەزیدی


٢٤ کاتژمێر پاسەوانی لەخاڵی پشکنین

بەساڵانە، بارەگاو شوێنی حەوانەوەی پەکەکە واتە قەندیل، لە ڕووی جوگرافی و سروشتەکەیەوە، بە "هەکاری" دەشوبهێندرێ. ئەوانەی بیانەوێ بچنە قەندیل، بەو ژمارە زۆری دێهاتیەکانیشەوە، پێویستە خاڵی پشکنینی "کۆرتەک" دەرباز بکەن کە بیست و چوار کاتژمێر لەلایەن چەکدارانی پەکەکەوە پارێزگاری لێدەکرێ. ئەو کەسانەی گومانیان لێ بکرێ، لەلایەن هەپەگە (باڵی سەربازی پەکەکە) ئاستەنگیان بۆ دروست دەکرێ.

قەندیل، وەک بەرمۆدایەکی شەیتانی سێگۆشە

قەندیل لەنێوان تورکیا، عێراق و ئێراندا هەڵکەوتوە و خاوەنی پانتاییەکی تا بڵێی بەرینە. چیاکانی قەندیل بەرزاییان دەگاتە سێ هەزار مەتر و دەیان گوندیش دەگرنە خۆ. داوێنەکانی قەندیل ڕێگەی قیرتاویان هەیە و هەر چی بەرزاییەکانیشە بەتەواوەتی لەلایەن پەکەکەوە کۆنترۆڵ دەکرێن. ئەندامەکانی ئەو ڕێکخراوەیە، ناوە ناوە بەجلی سڤیلەوە دێنە ناو ئەو دێهاتانە و هەندێکجاریش دەچنە شارەکان و شتومەک دەکڕن.

یاساکانی قەندیل

* پێویستە هەمو ڕۆژێک پیاوەکان ڕدێنیان بتاشن.
* داربڕینەوە و ڕاوکردن قەدەغەیە.
* نابێ لەنێوان یەکتریدا گرژی دروست بکەن.
* بە پێچەوانەوە چەک دەکرێن (ئەمە لە شاخ قورسترین سزایە.)

هەر ئەندامێک دەبێ بڕیارەکانی ڕێکخراوەکە جێبەجێ بکا

لەناو قسەکانماندا لە دۆڵێکی قەندیل، موراد قەرەیڵان کە باسی هەڵوێستی پەکەکەی دەکرد سەبارەت بە قۆناغی کرانەوە، پشتگیری خۆیانی بۆ چارەسەری دیموکراسییانە دەربڕی، بەڵام گوتیشی پێویستە بەشێوەیەکی هەمەلایەنە کاری لەسەر بکرێ. قەرەیڵان وێڕای ئاماژە بەوەی لەناو ڕێکخراوەکەیاندا هەندێک کەس و لایەن هەن لایەنگری لە پێکدادان دەکەن، گوتی "کاتێک بڕیارێکمان پەسەند کرد، دەبێ هەمو کەسێ جێبەجێی بکات، جا چ پۆزۆسیۆنێک لەگۆڕێ بێ، گرنگ نییه."

پێشگوتن

کرانەوەی ناو تورکیا لەقەندیلەوە

یەکەم جار ساڵی ٢٠٠٧ لە کەرکوک ڕوبەروی پەکەکە بومەوە. دەزگای هەواڵگری سەر بە تاڵەبانی پاش ئەوەی زانیبویان من لەتورکیاوە هاتوم، خستیانمە ژێر چاودێری و نزیکەی حەوت کاتژمێر لێپرسینەوەیان لەگەڵدا کردم.
دو ساڵ بەسەر ئەو ڕۆژانەدا تێدەپەڕێ و لەو ناوەدا گۆڕانکارییەکی زۆر بەدی هاتوە، کرانەوە بەروی کورددا، ڕۆژەڤی تورکیای داگیر کردووە. دیسان لەباکوری عێراق و ئەمجارەیان لە ناوەندی پەکەکە واتە لە قەندیلم. بەرپرسی پەیوەندیە میدیایەکانی پەکەکە ئەحمەد دەنیز سەرەتا داوای منی بۆ وتوێژ لەگەڵ قەرەیڵان ڕەت کردەوە و گوتی "ئێمە نامانەوێ لەگەڵ میدیاکانی تورکیادا قسە بکەین. چونکە قسەکانی ئێمە دەگۆڕن و چی بەمێشکیان داهات دەینوسن. ئێوە دەتوانن بۆچونی خۆتان لەسەر ئێمە بنوسن، بەڵام ناکرێ قسەکانی ئێمە وەک خۆی بڵاو نەکەنەوە." بەڵام لەئەنجامی پێداگری مندا، پێی ڕاگەیاندم بەتەلەفۆن ئاگادارم دەکاتەوە و بەڕێی کردم.
پاش هەفتەیەک ئەحمەد دەنیز گوتی "هەڤاڵ (قەرەیڵان) بەتایبەت لەگەڵ تۆدا وتوێژ دەکا. بەڵام دڵنیا بن لەمەو دوا، نایبینن لەگەڵ میدیاکانی تورکیادا قسە بکەین، ئێستا چاوەڕوانی ئێوەیە." و بەمجۆره بانگهێشتی قەندیلی کردم.
٢٣٥ کیلۆمەتری نێوان هەولێر ــ‌ قەندیلمان بەچوار کاتژمێر بڕی، ڕوبەڕوی چەندین خاڵی پشکنین بوینەوە. جار جارە بە تولەرێیەکاندا دەڕۆیشتین و ئەمەش دەیهێنا، چونکە پەکەکە بەڵێنی ڕێپۆرتاژی بە من دابوو و بەگوێرەی خۆیان کرانەوەیەکیان ئەنجام دابوو. دوای تێپەڕاندنی خاڵی پشکنینی پەکەکە، لەشوێنێکی نزیک تەلەفۆنەکانم ڕادەست کردن. سەرەتا چاییمان خواردەوە و دوایی لەگەڵ دەستەیەکی پانزە کەسی لە پارێزەرەکانی، وتەبێژی پەکەکە موراد قەرەیڵان گەیشتە لامان.
دوابەدوای خۆناساندنێکی کورت، بێ متمانەیی خۆی لەمەڕ میدیاکانی تورکیا هێنایە زمان. لە وەڵامی مندا کە داوام کرد "لەو قسانە کە ئامانجیان زیاتر پڕوپاگەندەیە، دەمەوێ وەڵامی پرسیارەکانم بدەیەوە"، گوتی "هەر چی پێت خۆش بێ، بیپرسە، من بۆ پڕوپاگەندە نەهاتوم. ڕێگایەکی دورو درێژ هاتوم تەنیا بۆ ئەوەی متمانە بە ڕاستگۆیتان بکەم. نوسین و نەنووسینی، لەسەر ئێوە دەمێنێتەوە."
لەمیانەی وتوێژەکەماندا، ڕاشکاوانە وەڵامی پرسیارەکانی دایەوە. بەبەرزکردنەوەی تۆنی دەنگی و جموجوڵی هەوڵیدەدا کاریگەریی هەبێ. جارجارەش بزەیەکی دەهاتە سەر لێو. وتوێژەکەمان نزیکەی سێ کاتژمێری خایاند و بەگشتی پێنج کاتژمێر لەگەڵ قەرەیڵان ماینەوە. بەڵام قسەکانی قەرەیڵان لەسەر نانخواردن لەوانی دیکەی گرنگتر بوون.

ئەوەش نمونەیەک لە قسەکانی: 

سەرۆک وەزیر ئەردۆگانیش، کۆمەڵیک تایبەتمەندی سەرکردایەتی هەیە. چونکە قۆناغێکی لەمجۆرە تەنیا لەلایەن ئەو کەسانەوە ڕەچاو دەکرێ کە سیفەتی سەرکردەیان هەبێ. وەک کەسێکی بوێریش هاتە بەرچاوم، لێبەلێ هەندێک گومانم هەیە. لەوە دەفکرم ئەنجامێکی وەک ئۆزالی بەسەر دێ.

ئەو سیاسەتەی لەسەر شارەوانیەکانی دەتەپە پەیڕەو دەکرێ، سیاسەتی تۆقاندنە. هیچکەسێ ناتوانێ پەڵەی ڕەش بەناسنامەی کوردایەتیمانەوە بلکێنێ. بەر لە هەموو کەسێک ئێمە دژی ئەو سیاسەتە دەردەکەوین.

- هەنگاوەکانی کرانەوە لە پەرلەماندا قسەیان لەسەر کرا. ڕاتان چییە لەسەر ئەو ئاستەی کە پرسەکە پێی گەیشتوە و ئیتر لەپەرلەمان گفتوگۆی لەسەر دەکرێ؟
سەرەتا پێویستە بڵێم گفتوگۆکردنی پرسی کورد لەچوارچێوەی پەرلەمان و بۆ یەکەمجار، خۆی لەخۆیدا بەلای ئێمەوە دەرئەنجامێکە. دیارە تورکیا بە پشت بەستن بە چارەسەری دیموکراتیانەی کێشەی کورد، دەیتوانی لەپێناو داهاتوی خۆیدا، پێڤاژۆیەکی نوێ دەست پێ بکا. بەداخەوە ئەمە ڕوی نەدا. هەنگاوی پراتیکی بەرز نەکردەوە. سەرەتا هیوایەکی زۆرترمان هەبوو. حاڵی حازر، هیچ چارەسەرییەک بەدیناکرێ.

ـ ئێوە چاوەڕوانی دەسپێکێکی چۆن بوون؟

پرسی کورد، کێشەیەکه بەڕەگدا چووە. بەکرانەوەی بچوک مەحاڵە چارەسەر ببێ. نەخۆشیەکی قورسی گورچیلە بە ئاسپرین دەرمان ناکرێ. کێشەی کورد، بەگۆڕینی ناوی هەندێک شوێن بۆ ناوە کۆنەکەی یان بەدامەزراندنی تەلەڤزیۆن چارەسەر نابێ. کورد ئەمڕۆ خۆی زیاتر لە پانزە کەناڵی تەلەڤزیۆنی هەیە. لەزانکۆیەک ئەنیستیتۆی کوردۆلۆژی دادەمەزرێنن. ئەمە چ شتێکی گرنگی تێدا دەبینرێ؟ ئەگەر مەسەلە ئەوە بێ، کوردەکانی دەرەوە چەندین ئەنیستیتۆیان دامەزراندووە. تەنانەت ئەگەر زمانی کوردی وەک زمانێکی هەڵبژاردەش پێی بخوێندرێ، چارەسەری دەگەڵ خۆیدا ناهێنێ.
لێرەدا کۆمەڵگەیەک هەیە. داننان بەناسنامەی ئەم کۆمەڵگەیە گرنگە. ئێمە باسی کێشەیەک دەکەین کە بەدرێژایی ٨٥ ساڵ تراژیدیای گەورە ژیاوە.
حکومەتی (وشەکە دەگۆڕێ) دەوڵەتی کۆماری تورکیا، لە ڕابردوەوە تا ئێستا ناسنامەو ڕاستینەی گەلی کوردی خستۆتە ژێر پێ. ئەمە هەڵە بوو. ئەوان دەبوایە گوتبایان "ئێمە ئێستا ئەو هەڵەیە ڕاست دەکەینەوە. کورد هەیە و ناسنامەیشی هەیە. دان بەهەر چەشنە ماف و ناسنامەیەکیاندا دەنێین. پێکەوە برایانە دەژین. مێژویەکی هەزاران ساڵەی هاوبەشمان هەیە. لەڕێگەی پێکەوە ژیانەوە، پڕۆژەی نوێی دەخەینە ڕۆژەڤەوە."

ـ بەڕێز سەرۆک وەزیرانیش هەندێک لێدوانی ڕاگەیاند کە مانایەکی هاوشێوەیان هەبوو. لە هەمویان گرنگتر، ڕوی کردە ئەوانەی داکۆکیان لە ڕوداوەکانی دێرسیم دەکرد و بەو کەسانە لەقەڵەمی دان کە فڕیان بەسەر مرۆڤایەتیەوە نییه. گوتی چیاکان بەهیچ و خۆڕایی بۆردومان کراون، گوندەکان سوتێنران، ڕوخێنران و هەروەها ئەو ڕۆڵانەی لەو جوگرافیایەدا دەژیان، بێ سەرو شوێن کران. ئەوە لەڕوانگەی ئێوەوە، پەیامێکی گرنگ نییه؟

بێگومان لێداونەکانی بەڕێز سەرۆک وەزیران مانای خۆی هەیە. بەڵام هێشتا کەمە. ئەگەر دەوڵەت لەم سیاسەتەیدا، هۆکاری ئازارەکانیش بخاتە ڕو، جێگەی متمانەیە.
ئەگەر سەرۆک وەزیر کردەوەی کەسانی نزیک لەخۆی ڕیسوا بکا، لەراستیدا هەڵسوکەوتێکی جیاواز دەبێ. ئەوانەی دەیانەوێ درێژە بەو کردەوانە بدەن، دەڵێن "کردەوەکانی ئێوە هاوچەرخ نین. پێویستە بەمیتۆدی نوێ نزیکی کوردەکان ببینەوە و بیانخەینە ژێر چاودێرییەوە."
باس لەیەکپارچەیی خاکی تورکیا دەکرێ. ئێمەش داکۆکی لەهەمان شت دەکەین. دەوڵەت بەهۆی مامەڵەی توندوتیژی لەگەڵ کوردەکان ڕەخنەی لێگیراوە. ئێستا دەیانەوێ بەمامەڵەیەکی نەرمتر کوردەکان بخەنە ژێر ڕکێفی خۆیانەوە. پارتی دادو گەشەپێدان دەڵێ "ئەم کێشەیە تەنیا بەشێوازی سەربازی و ئەمنی چارەسەر نابێ". خوێندنەوەی من بۆ قسەکانی ئەردۆگان ئاوایە "پێویستە پەکەکە پاکتاو بکرێ. ئەوان بە شێوازی سەربازی تەواو نابن. دەبێ ڕێ و ڕێبازی دی بەتاقی بکەینەوە." پاش ئەم قسانە من چۆن دەتوانم هیوادار بم.
سەرباری هەمو ئەمانەش، حکومەتی ئێستا بەگوێرەی ئەوانی ڕابردوو باشترە. پارتی دادو پارتی کۆماری گەل پێکەوە بەراورد ناکرێن. لێ نوکە لەبەرامبەرماندا حکومەتێک هەیە کە بانگەشەی چارەسەری دەکات. پێموایە ئەم حکومەتە بەو سیاسەتانەی ئێستای ناتوانێ چارەسەری بەدوای خۆیدا بێنێ. دیارە کێشەی لەمجۆرە بەشێوەیەک لەشێوەکان لەهەموو گۆشەو قوژبنێکی جیهان ڕویانداوە. واتە کێشەیەک نیە یەکەمجار دەستەویەخەی تورکیا بوبێ. ئەگەر ئامانج چارەسەری بێ، ئەوا لەڕێگەی گفتوگۆ و وەک بەردەنگ پەسەند کردنی لایەنی بەرامبەر، کێشەکان چارەسەر دەبن. ئێستا حکومەت دەڵێ کێشەکە بەبێ لایەنی کوردی چارەسەر دەکەم. دەڵی "بەردەنگ گەلە"، بەڵام لەڕاستیدا وا نییه. ئەم کێشەیە لایەنی بەرامبەریشی هەیە.

ـ ئەو شوێنەی کێشەکان تیایدا گەیشتونەتە بنبەست، هەر ئەم خاڵەیە. خوێندنەوەکان جیاوازن. ئایا ئەوە ڕاستە تەنیا حکومەتێک باجی قۆناغێکی ٨٦ ساڵە بداتەوە؟

سەرۆک وەزیر هەندێک شتی نوێ دێنێتە زمان. بەڵام لەبەرامبەر ئەمەدا دەڵێ "با پەکەکەش ئالیکاری بکات." دواجار بەم چەشنە دەسپێشخەریانەی سەرۆک وەزیر، چارەسەری بەدی نایە. ساڵی ١٩٨٨، تورگوت ئۆزال هاتە مەیدان و وەک ئەردۆگان قسەی نەدەکرد. چونکە کێشەکە ئەو پێگە نەتەوەیی و نێونەتەوەییەی ئێستای نەبوو. ئیتر دەرکەوتوە ئەم کێشەیە بەڕێگەی سەربازی چارەسەر نابێ. ئەمڕۆکە هەموو بەرپرسانی تورکیا بەگشتی و سەرۆک وەزیران بەتایبەتی، ناچارن کێشەکە چارەسەر بکەن.

ـ سەبارەت بەچۆنیەتی دەسپێکردن، تەنها ڕستەیەکتان هێنایە زمان، ئەویش داننان بەناسنامەی کورد... جگە لەمە پێشنیاری دیکەتان هەیە؟

من هەموو جارێ ناچار نیم یەکە یەکە ئەمانە بژمێرم. بۆ نمونە دەتوانم ئاماژە بکەم بە داننان بەزمانی زگماکی، داننان بەخوێندن بەزمانی زگماکی، دەرفەتدان بەرێکخستنی سیاسی، بەهێزکردنی دەسەڵاتە خۆجێیەکان و واژۆکردنی پرۆژەی پێکەوەسازانی کۆمەڵایەتی لەپێناو چارەسەری و زۆر بابەتی دیکە. بەناردنەوەی گروپەکانی ئاشتی، هەوڵماندا پەیامی خۆمان ڕابگەیەنین.

ـ پێشوازیکردنەکان ئۆرگانیزه کرابوون. دەتەپە بە هەموو توانایەوە، لەسلۆپیەوە هەتا دیاربەکر مرۆڤەکانی هەستاندە سەر پێ.

لەوانەیە دەتەپە هاوکاری کردبێ. بەڵام، نیشاندانی ئەم خۆشەویستیە قوڵە لەلایەن گەلەوە گرنگە. ئەگەر لێرەدا پڕوپاگەندە یان شەڕی سایکۆلۆژی کرابێ، ئەوا دەکرێ لێکۆڵینەوەیەکی جیای بۆ بکرێت. بەڵام ئەگەر بمانەوێ کێشەکە بخەینە سەر مێزی دیالۆگ و لەڕێگەی ئەقڵەوە چارەسەری بۆ کێشەکان بدۆزینەوە، پێویستە قسە لەسەر ڕاستیەکان بکەین. ڕاستی ئەمەیە؛ ئەگەر پەکەکە لەبەر چاو نەگیرێ، ناکرێ باس لەلایەنی کوردی بکەین. ٣٠ ساڵە ئێمە لێرە بە سیاسەتەوە سەرقاڵین. بەرپرسانی ئێستای کۆماری تورکیاش سیاسەت دەکەن. یانی ئەگەر ڕۆژانە جنێو بە پەکەکە بدەن، کێشەکە چارەسەر دەبێ؟ ئێوە دەتانەوێ کێشەکە چارەسەر بکەن، بەڵام ئاوا نابێ.

ـ ئەی چۆن هەنگاوێک پێویستە؟

بۆچی باسی ڕێ و ڕێبازە سیاسیەکان ناکا؟ ڕستەی "با فرمێسکی دایکان ڕابوەستێ" و ڕستەگەلی دیکەی لەو بابەتە کە سەرۆک وەزیر ڕیزی کردن، هەمویان جوان بوون. بەوتنی هەندێک شتی باش، کێشەکە چارەسەر نابێ. ئەگەر حکومەت هەنگاوی بەهەند بەرز نەکاتەوە، ئەوا کۆمەڵێ هێز سەرهەڵدەدەن و هەوڵدەدەن قۆناغەکە بشێوێنن.

ـ ئەو هێزانە کێن کە هەوڵی شێواندنی قۆناغەکە دەدەن؟

ئەو دەوروبەر و لایانانەن کە چارەسەرییان ناوێ... ئەو لایەنانەی لەشەڕی تورکیا سودی ئابوری و سیاسی دەستەبەر دەکەن..

کێشەی کورد و گەمەی بەریتانیا
ـ ئەوانە کوردن یان تورکن؟

بەر لەوەی کورد یان تورک بن، ئەو کەسانەن لەلایەن دەوڵەتەوە ڕێکخراون. ئایا لە نمونەی ئەرگەنەکۆندا نەبینرا؟ بەر لە هەموو شتێک، خۆ هەموو کردەوەکانی ئەرگەنەکۆن لێپرسینەوەیان لەسەر نەکرا. پێموایه بەشێکی بەرچاویان، لەناو خودی دەوڵەتدا درێژە بەمانەوەی خۆیان دەدەن. دەربڕینەکانی مەهەپە و جەهەپە نمونەی ئەم ڕاستیەیە. ئەرگەنەکۆن لەم خاڵەدا، قسەکانی ڕاستن. لەو قسەیەدا کە دەڵێ "دەتانەوێ تەرمی شەهیدەکان بگەڕێتەوە" و مەبەستی ئۆپۆزۆسیۆنە، ڕاست دەکا. هەن ئەو لایەنانەی لەناو بیرۆکراسی دەوڵەتدا لایەنگری لەبەردەوامیی شەڕ دەکەن. یەکێک لەو هۆکارانەی کە تا ئێستا وایکردوە کێشەکە لەسەر پێ بمێنێتەوە و ببێتە ئاستەنگ لەبەردەم چارەسەری، هەر ئەو هەڵسوکەوتەیە.

ئاڵمانیا دژی چارەسەری کێشەکانە
ـ گەلۆ بەهەڵوێستتان سەبارەت بەڕاگرتنی شەڕ، ئالیکار نابن بۆ چەسپاندنی ئەم کەشوهەوایە؟

لەناو هێزەکانی خۆماندا، هەوڵدەدەین ژیانێکی هاوسەنگ و سادەمان هەبێ. لەوانەیە خەرجی ڕۆژانەم نەگاتە دۆلارێکیش. ئەوانەی بازرگانی بەم شەڕەوە دەکەن، تەنیا لە ناوخۆی تورکیا ناژین. لەدەرەوەی تورکیاش هەن. ئەوانەی تا ئێستاش نەیانویستوە کێشەی کورد چارەسەر بێ، هێزە دەرەکییەکان بون. ئەوان پێیان خۆشە ئەم کێشەیە بەردەوام هەبێت و وەک کارتێک دژی تورکیا و وڵاتانی ناوچەکە بەکاری دێنن. ئینگلیزەکان لەو کۆنفرانسەی لە ساڵی ١٩٢١ لە قاهیره بەستیان، ئامانجیان چارەسەرکردنی پرسی کورد نەبوو، بەپێچەوانەوە هەوڵی چارەسەرنەکردنیان دا. هەروەها ئاڵمانیا، فەرەنسا و ئەمریکا دەیانەوێ ئەم کێشەیە بەوڵاتانی ناوچەکەوە بلکێنن. ئەمریکا لەرۆژی ئەمڕۆدا، هەوڵی بچوک کردنەوەی کێشەکە دەدات و نایەوێ کێشەکە بەشێوەیەکی ڕیشەیی چارەسەر ببێ. ئامانجیان لەهەڵپەساردنی ئەم کێشەیە ئەوەیە ڕۆژهەڵاتی ناوین لەژێر کۆنتڕۆڵی خۆیاندا بهێڵنەوە. لەبەر ئەم هۆکارانە ئێمە هاوار دەکەین؛ "وەرن با ئەم کێشەیە پێکەوە چارەسەر بکەین." ڕون و ئاشکرایە کە دەیانەوێ بەشەڕمان بدەن.

ـ ئایا ئەم هێزە دەرەکیانە لە گەڵ ئێوە پەیوەندییان بەست؟

ناوه ناوە بەڵێ. بەڵام نەک بۆ یارمەتیدان و پشتگیریکردن. بۆ نمونە، دژی ئێمە هەڵوێست دەنوێنن و بەوەش ئەو لایەنانە بەهێز دەکەن کە لە تورکیا دژی چارەسەری دەوەستنەوە. لێرەدا دەتوانین ئاماژە بە ئاڵمانیا بکەین. ئاڵمانیا نایەوێ پرسەکە چارەسەر بێ. چونکە ئاڵمانیا زۆر باش دەزانێ ئەگەر کێشەی کورد چارەسەر بێ، ئەوا تورکیا پێش دەکەوێ و دیموکراتیزه دەبێ. لەئەنجامدا، تورکیا لەیەکێتی ئەوروپا وەردەگیرێ. تەنانەت لەوانەشە تورکیا لە ڕۆژهەڵاتی ناوین پێشەنگایەتی یەکێتیەکی دیکە بکات. ئەگەر کێشەی کورد چارەسەر نەکرێ، تورکیا هیچکات دیموکراتیزه نابێ. پێموانییه هێزه نێودەوڵەتیەکان لەگەڵ چارەسەریی ڕیشەیی کێشەکەدا بن.

ــ ئایا بە پێداگریتان لەسەر خەباتی چەکداری، ئەو لایەن و کەسانە بەهێز ناکەن کە دژی چارەسەریین؟

ئێمە پێداگری ناکەین لە سەر خەباتی چەکداری. ئێمە بەشێکین لە ئیرادەی گەلی کورد. شانبەشانی هێزە چەکدارییەکانمان، هێزی سیاسیمان هەیە. ستراتیژی ئێمە بۆ چارەسەری کێشەکان دیالۆگ و شێوازی سیاسیە. لەساڵی (١٩٩٣)وە دەمانەوێ کێشەکان بەمیتۆدی سیاسییانە چارەسەر بکەین. لە ساڵی (١٩٩٩)یشەوە، ڕێبازی پاراستنی ڕەوامان بەکار هێناوه. ڕێبازەکەشمان ئاوایه؛ ئەگەر هێرشم بکەیتە سەر، ئەوا منیش خۆم دەپارێزم. چارەسەریمان دەوێ و تەسلیم نابین. ئەگەر پێکهاتن و دیالۆگێکی دولایەنە دروست ببێ، ئەوا بۆ ئاشتیەکی بەرومەت ئامادەین. لەپێناو دیموکراتیزەبوونی تورکیا و چارەسەر کردنی کێشەی کورد لەسەر بنەمای ئۆتۆنۆمی ئامادەین هەر چەشنە ئاسانکارییەک ئەنجام بدەین.

وتوێژ لەناو کتێبخانەی چیا

لەناو ئەو کتێبخانەیەی سێ کاتژمێر وتوێژمان لەگەڵ موراد قەرەیڵان کرد، مێزێکی تێنیس، تەلەڤزیۆنێک و ژمارەیەکی زۆر کتێب بەزمانی جوراوجۆر هەبوون.

چەند تێبینیەکی سەرنج ڕاکێش لەسەر ئەو وتوێژە

* بەکارهێنانی سیفەتی "بەڕێز" بۆ (رەجەب تەیپ ئەردۆغان) سەرنج ڕاكێش بوو.
* لەو شوێنانەی وشەی "حکومەت"ی بەکار دەهێنا، بەردەوام ڕستەکەی دەگۆڕی و وشەی "دەوڵەت"ی لەجێگە دادەنا.
* لەکاتی وێنەکێشاندا، وەک عەبدوڵڵا ئۆجەلان هەڵسوکەوتی دەکرد.
* بۆ ئەوەی جارجارە کامێراکانی خۆشیان وێنە بگرن، لەناو وتوێژەکەدا ڕوو لەکامێرا تۆنی دەنگی بەرزتر دەکرد و هەوڵی دەدا پەیامەکەی بەهاوڕێیانی بفامێنێ.
* دوای تەواوبونی وتوێژەکە، لە ئێمە دابڕا و بۆ ئەوەی بەدوای ئەودا لەکتێبخانەکە نەڕۆینە دەر، وشیارانە دەیڕوانی.
* ڕەوان دەئاخفی و هەوڵیدەدا ژێست و هەڵسوکەوتەکانی کارتێکەر بن. بەگشتی دەیویست وێنەیەکی دڵسۆزانە نیشان بدا.
* لەپشت ئەو کورسیەی لەسەری دانیشتبوو، جانتایەکی دیپلۆماسی دانابوو. ئەو جانتایەی لەگەڵ خۆیدا دەگێڕا.
* سەبارەت بەروداوەکانی ناوخۆی تورکیا، کۆمەڵێک پرسیاری ئاراستە کردین و هە‌وڵی دا بیرو ڕا ئاڵوگۆڕ بکرێ (بۆ نمونە سەبارەت بە ئەرگەنەکۆن).

مردنی ئۆزال بۆ تورکیا لەدەستچونێکی گەورە بوو
ـ لەم سی ساڵەی ڕابردودا کام دوڵەت پەیوەندی لەگەڵ ئێوەدا هەبووە و یارمەتی ئێوەی داوە؟ ئەمڕۆکە ئەو دەوڵەتانەی لەگەڵ ئێوە ڕوراست نین، کامانەن؟

ئێستا کێ هەیە یارمەتی پەکەکە بدات؟ لەساڵی ١٩٨٥ بەدواوە، ویلایەتە یەکگرتوەکانی ئەمریکا بەبەردەوامی ئالیکاری تورکیای کردوە دژ بە پەکەکە. بەڵام ئەمەشی بۆ بەرژەوەندی تایبەتی خۆی کردووە. دڵنیام ئەگەر ئەمریکا و دەوڵەتەکانی هاوشێوەی نەبوایەن، پرسی کورد لەمێژ بوو چارەسەر کرابوو. ئۆزال بۆچی کوژرا؟ مەرگی ئۆزال بۆ تورکیا لەدەستچونێکی گەورە بوو. دەیویست هەموو کێشەکانی تورکیا چارەسەر بکات بەڵام زلهێزەکانی جیهان بەهۆی ئەوەی چاویان بڕیبوه تورکیا، مۆڵەتیان پێنەدا.

ئێمە پانکاردمان بەرز نەکردۆتەوە
ـ لەدەروازەی خاپور دنەدان هەبوو. ئایا دروشمی "بژی سەرۆک ئاپۆ" و بەرزکردنەوەی پانکارد دنەدان نیه؟

ئەگەر ئەمە کرابێ هەڵەیە. بەڵام بۆ پانکاردەکان لێکۆڵینەوەمان کرد، ئەوە ئیشی ئێمە نەبوو. دیارە هێزه ئەمنیەکانیش خەریکی لێکۆڵینەوەن و تا ئێستا ڕون نەبۆتەوە کێ بەرپرسیارە.

ـ گروپی دیکەش لەڕێدان بۆ گەڕانەوە؟

ئیتر گەلی کورد بە وادە و بەڵێنی فریو نادرێ. بینیمان بەهەزاران کەس لەپاسەکان نزیک دەبونەوە و دەیانویست دەستیان لێ بدەن و ماچیان بکەن. ئەمە تاسەی متمانەیە بە ئاشتی.

ـ باشە لەمیانەی ناردنەوەی ئەو گروپانەدا، ئەنجامدانی میتینگی پێشوازی بەبەشداری دەیان هەزار کەس، پەیامێک نەبوو بۆ ئێوە؟ ئایا مەراسیمی پێشوازی لەدیاربەکر، ناکرێ وەک پەیامێک وەربگێرێ کە چیتر پێویست نییە ئێوە لەچیاکان بمێننەوە؟

بێگومان بۆ ئێمەش هەڵگری پەیام بوو... بەڵام ئاشتی هەوڵێکی دوو لایەنەیە. بەڵگەنەویستە گەلەکەمان ئاشتیەکی بەشەڕەفی دەوێ.

تایبەتمەندیە هاوبەشەکانی چیانشینان
* زمانی قسەکردن (بەزمانە بیانیەکانیشەوە) تورکی و کوردییه.
* جاران لایەنگری یانەی "گالاتا سەرای" بوون، ئێستاش یانەی "دیاربەکر سپۆر"یان خۆش دەوێ.
* بۆ بانگکردنی یەکتری وشەی "هەڤاڵ" بەکار دەهێنن.
* سەرمەشقیان عەبدوڵڵا ئۆجەلانە.
* دوژمنیان عوسمان ئۆجەلانە.
* جلوبەرگیان لەپانتۆڵێک و کەوایەک پێکدێ و پێڵاوی "مەکاپ"یان لە پێیە.
* پێیان وایه "ئونور ئۆیمەن" کەسێکی دڵسۆزه. (لەسەر ئەو بڕوایەن، چی لەدڵ دابێ، دەیهێنێته زمان.)
* لەهەرە گەورەکەیانەوە تا هەرە بچوکەکەیان، ڕستەگەلی هاوبەش بەکار دێنن و لاسایی ئۆجەلان دەکەنەوە.

بۆ ئەوەی لێت تێنەگەن، بەتورکی قسە بکە
ئەو پەکەکەییانەی لەخالی پشکنینی کۆرتەک کە دەروازەی ڕۆیشتنە بۆ قەندیل، کێشک گرن، لە کن بیانییەکان بەتورکی قسە دەکەن بۆ ئەوەی کەس لێیان تێ نەگا.

۱۳۸۸/۰۸/۱۴

لەگەڵ (میت)دا، پلانی گه‌ڕانه‌وه‌مان داڕشت


وتوێژی ڕۆژنامه‌ی (ته‌ڕه‌ف) لەگەڵ نێچیرڤان بارزانی
له‌تورکییه‌وه: سه‌لاحه‌دین بایه‌زیدی

 
نێچیرڤان بارزانی، یه‌کێک له که‌سایه‌تییه‌ سه‌ره‌کییه‌کانی هه‌رێمی کوردستانی عێراق، ئه‌م لێدوانانه‌ی به "ئامبه‌رین زه‌مان" ڕاگه‌یاند؛ په‌كه‌که هه‌ڵه‌یه‌کی گه‌وره‌ی ئه‌نجام دا، به‌ڵام پرۆسه‌ی گه‌ڕانه‌وه بۆ ماڵ به‌رده‌وامه. سه‌رۆک وه‌زیرانی پێشوی کوردستانی عێراق نیچیرڤان بارزانی هاتنه خواری په‌كه‌که‌ی له چیاکان به پرۆژه‌یه‌ک وه‌سف کرد که هیوای لای هه‌موو که‌سێک ئه‌فراندوه. به بیریشی هێنایه‌وه سوپای تورک ناتوانێ له ڕێگه‌ی سه‌ربازییه‌وه، کێشه‌کان چاره‌سه‌ر بکات. ئێمه ئه‌م پڕۆژه‌یه‌مان لەگەڵ ڕاوێژکاری میت، ئه‌مره تانه‌ر پێش خست. به ڕای بارزانی، هه‌ڵوێستی په‌که‌که سه‌باره‌ت به‌ گه‌ڕانه‌وه بۆ ماڵ، تا دوا ڕاده چه‌وت بوو. شێوازگه‌لی دنه‌ده‌ر، زیانیان به پێڤاژۆی چاره‌سه‌ری گه‌یاند و بیانویه‌کی دیکه‌ی دایه ده‌ست ناحه‌زانی ئاشتی. په‌که‌که به خۆنواندن، هه‌ڵه‌یه‌کی مێژویی ئه‌نجامدا، به‌ڵام پڕۆژه‌که‌ به‌رده‌وامه.

له‌میانه‌ی سه‌ردانی مێژویی وه‌زیری کاروباری ده‌ره‌وه‌ی تورکیا ئه‌حمه‌د داودئۆغڵو بۆ هه‌رێمی کوردستانی عێراق که هه‌ینی ڕابردوو کۆتایی پێهات، نێچیرڤان بارزانی یه‌كێک له ناوه گرنگه‌کانی هه‌ڕیمی فیدڕاڵی کورد و سه‌رۆک وه‌زیرانی پێشوو، بۆ ڕۆژنامه‌ی "ته‌ڕه‌ف" دوا. بارزانی وێڕای ئه‌وه‌ی به ئینگلیزییه‌کی ڕه‌وان قسه ده‌کا، له وتوێژه‌که‌ماندا وه‌رگێڕی بەکار هێنا. ناوبراو جه‌ختی له‌سه‌ر ئه‌وه کرده‌وه که قۆناغی گه‌ڕانه‌وه‌ی ئه‌ندامانی په‌که‌که به‌رده‌وام ده‌بێ به‌ڵام ئاماژه‌ی به‌وه‌ش کرد ئه‌و "دوژمنانه" هه‌ن که ده‌یانه‌وێ پێڤاژۆکه لاڕێ بکه‌ن. پرسیارمان کرد "دوژمنه‌كان" کێن، به‌ڵام خۆی له ورده‌کارییه‌کان دزییه‌وه. به گوێره‌ی ئه‌و سه‌رچاوانه‌ی له نزیکه‌وه قۆناغه‌که ده‌شۆپێنن، له ناو په‌که‌که‌دا مشتومڕی زۆر توند سه‌باره‌ت به‌و ڕوداوانه له ئارا دایه.

بۆ یه‌که‌مجار له مێژوی کۆماری تورکیادا، وه‌زیرێکی ده‌ره‌وه‌ی ئه‌و وڵاته پێی نایه ناو خاکی کوردستانی عێراقه‌وه. له په‌نا ئاڵای کوردستانی عێراق په‌یامی دۆستایه‌تی ڕاگه‌یاند. به‌ڕای ئێوه، ڕۆڵی پارتی دادو گه‌شه‌پێدان له‌م هه‌وڵه مێژوییانه‌دا چیه؟ ڕۆڵی له به‌هێزکردنی سیاسه‌تی سڤیل له تورکیا چییه؟

به‌ر له هه‌موو شتێک، ئه‌م هه‌نگاوانه‌ی تورکیا جێبه‌جێی کردون، به لای ئێمه‌وه گرنگ و هیوابه‌خشه و پێمان وایه ئه‌مانه ئاماژه‌ن بۆ سه‌ره‌تای گۆڕانێکی ڕیشه‌یی. گومانی تێدا نییه ده‌سپێکردنی ئه‌م سیاسه‌ته به هه‌وڵی هه‌ر یه‌که له به‌ڕێز سه‌رۆک ڕه‌جه‌ب ته‌یپ ئه‌ردۆگان و به‌ڕێز سه‌رۆککۆمار عه‌بدوڵڵا گویل هاتۆته ئاراوه. به‌ڵام ئه‌گه‌ر دورتر لێی بڕوانین، ده‌بینین ئه‌مه به ته‌نیا سیاسه‌تی حکومه‌ت نیه، به‌ڵکه سیاسه‌تی ده‌وڵه‌تیشه. به ته‌نیا وه‌ک سیاسه‌تی حزبێک سه‌یری ناکه‌ین. به‌ڕای ئێمه، ئه‌مه سیاسه‌تێکی ڕاسته بۆ چاره‌سه‌رکردنی کێشه‌یه‌ک که ماوه‌یه‌کی درێژه له سه‌ر یه‌ک که‌ڵه‌كه بووه. ئاواته‌خوازین نه‌ته‌وه‌ی تورکیش داخوازی له سه‌ر بێت و کێشه‌که به‌ره‌و چاره‌سه‌ری بچێ. پێمانوایه هه‌موو که‌س و لایه‌نێک پشتگیری له‌م سیاسه‌ته ده‌کا. به‌تایبه‌ت سه‌رۆک ئه‌ردۆگان، به‌رپرسیاریه‌تیه‌کی گه‌وره‌ی گرته ئه‌ستۆ، پێویسته گشت داموده‌زگاکان پشتگیری لێ بکه‌ن.

باشه به‌ڕای ئێوه، ئه‌م پشتگیرییه به‌دی ده‌کرێ؟

گۆڕان ئاسان نیه. گۆڕان، دوژمنی زۆره. له‌وانه‌یه‌ که‌سانێک ده‌ربکه‌ون که بیانه‌وێ به لاڕێیدا به‌رن، به‌ڵام ئه‌وانه‌ی شایانی سیفه‌تی "سه‌رۆک‌"ن، ده‌توانن پێشه‌نگایه‌تی گۆڕان بکه‌ن و گۆڕان بچه‌سپێنن. خاڵی گرنگ، ده‌رئه‌نجامه. جگه له‌مه‌ به خه‌یاڵدا نایه‌ت کێشه‌کان له شه‌وو ڕۆژێکدا چاره‌سه‌ر ببن. ئه‌نجامدانی هه‌ندێک شت بۆ نه‌ته‌وه‌یه‌ک که هه‌شتا ساڵه حسابی بۆ ناکرێت، وه‌ختی پێویسته. ده‌بێ هه‌مو لایه‌نێک ڕاست بین بن.

به‌ڕای ئێوه هێزه چه‌کداره‌کانی تورک له کوێی ئه‌م قۆناغه‌ دان؟ ئه‌گه‌ر ئه‌وان په‌سندیان نه‌کردبا، ئایا به‌م ڕۆژه ده‌گه‌یشتین؟ پێتان وایه پشتگیری له کرانه‌وه به ڕوی کورددا ده‌که‌ن؟

له سه‌ر ئه‌و بڕوایه‌م سوپا گه‌یشتۆته ئه‌و قه‌ناعه‌ته‌ی پشتگیری لێ بکه‌ن. ئه‌گه‌ر هه‌مووشیان وا نه‌بن، ئه‌وا تاقمێکی گرنگی ناو سوپا به‌مجۆره بیر ده‌کاته‌وه. به شێوه‌یه‌کی ئاسایی ڕوبه‌ڕوی دروستبونی ئه‌م قه‌ناعه‌ته ده‌بمه‌وه، چونکه هیچ که‌سێک له‌مڕوه‌وه، هێنده‌ی سوپا ئه‌زمونی نییه. ئایا ئه‌م کێشانه به شێوازی سه‌ربازی چاره‌سه‌ر ده‌بن یاخود نا؟ به‌ڕای ئێمه ئیتر سوپا ڕوبه‌ڕوی ئه‌م پرسیاره بونه‌ته‌وه؛ "٢٥ ساڵ هه‌وڵمان دا له ڕێگه‌ی ته‌گبیری سه‌ربازییه‌وه ئه‌م کێشه‌یه چاره‌سه‌ر بکه‌ین. گه‌لۆ تیایدا سه‌رکه‌وتین؟" پێموایه سوپا له تورکیا، تێگه‌یشت که له پێناو داهاتوویه‌کی گه‌ش له‌و وڵاته ئێتر ئه‌م پرسه ده‌بێ چاره‌سه‌ر بکرێ.

په‌یوه‌ندیتان لەگەڵ هێزه چه‌کداره‌کانی تورک زۆر پته‌و بووه. ئایا له نزیکه‌وه ده‌یانناسن...

به‌ڵێ، ئێمه و تورکیا پێکه‌وه ئه‌زمونێکمان وه‌رگرت. به‌تایبه‌ت لەگەڵ سوپای تورکیا. بۆمان ده‌رکه‌وت ئه‌م پرسه ته‌نیا به شێوازی سه‌ربازی چاره‌سه‌ر نابێت. ده‌بێ بزانرێ ئێمه هیچ بوێرییه‌کمان نییه سه‌باره‌ت به ده‌ستێوه‌ردان له کاروباره ناوخۆییه‌کانی تورکیا. ڕۆڵی ئێمه ئه‌وه‌یه پشتگیری له‌م پڕۆژه‌ گه‌وره‌یه بکه‌ین که لای هه‌مو که‌سێ بۆته مایه‌ی هیوا. بێگومان سه‌باره‌ت به‌م بابه‌ته لەگەڵ تورکیا له ڕێککه‌وتن داین و به‌رده‌وام زانیاری ئاڵوگۆڕ ده‌که‌ین. لەگەڵ ده‌سپێکردنی ئه‌م پڕۆژه‌یه، لەگەڵ میت و سه‌رۆکی میت ئه‌مره تانه‌ر زۆرمان قسه له سه‌ر پڕۆژه‌که کردووه و هه‌وڵمان داوه گه‌شه‌ی پێ بده‌ین. به‌ڵام ئه‌مه نایه‌ته مانای ده‌ست تێوه‌ردان له کاروباری ناوخۆی تورکیا. ئێمه له‌م قۆناغه‌دا، ئالیکاری له ڕێگه‌ی سیاسه‌تی لۆژیکانه به ئه‌رکی خۆمان ده‌زانین.

ئه‌و مه‌سه‌له‌یه‌ی ئه‌مڕۆ له تورکیا له هه‌موو شتێک زیاتر لای خه‌ڵک مه‌راقی دروست کردوه، کاردانه‌وه‌ی به‌شێک له کۆمه‌ڵگەیه دوابه‌دوای گه‌ڕانه‌وه‌ی دوو گروپه‌که‌ و هه‌روه‌ها ئه‌وه‌ی که ئایا ئه‌م گه‌ڕانه‌وانه‌ی په‌که‌كه به‌رده‌وام ده‌بێ یان نا. گه‌لۆ به‌رده‌وام ده‌بێ؟

پێش هه‌موو شتێ ده‌بێ ڕونی بکه‌مه‌وه، خۆنواندنی په‌که‌که پاش گه‌ڕانه‌وه بۆ ماڵه‌وه‌یان، تا دوا ڕاده چه‌وت بوو. شێوازی دنه‌ده‌ر، به‌ڕای ئێمه زیانی به پێڤاژۆی چاره‌سه‌ری گه‌یاند. پێویست ڕاستیه‌کان ببینین، ئه‌م پڕۆژه‌یه دوژمنیشی زۆره. هه‌م له تورکیا و هه‌م له ناوخۆی په‌که‌که‌ و هه‌م له‌ناو وڵاتانی جیراندا. له هه‌موو شوێنێک دوژمنی هه‌یه.

یانی پێتان وایه مه‌ترسییه‌کانی له‌باربردنی ئه‌م قۆناغه هێشتاش له ئارا دایه؟

هه‌ڵبه‌ت مه‌ترسییه‌کان به‌رده‌وامن. بۆیه ده‌بێ خۆمان له‌و جموجوڵانه به‌دوور بگرین که مه‌ترسیه‌کان خورت تر ده‌که‌ن. نابێ بیانو بده‌ینه ده‌ست دوژمنان. هه‌ڵوێستی خۆنواندنی په‌كه‌که له کاتی گه‌ڕانه‌وه بۆ ماڵ، بیانوی دایه ده‌ست دوژمنان. خاتو ئامبه‌رین، باشتره به‌مجۆره بۆتان شی بکه‌مه‌وه. که ده‌ته‌وێ پرسێک چاره‌سه‌ر بکه‌ی، دوو هه‌ڵسوکه‌وت و شێوازی جیاواز دێنه گۆڕێ. هه‌ندێکجار ته‌نیا گرنگی به خۆنواندن و ڕۆاڵه‌ت ده‌درێ و کاكڵی مه‌سه‌له‌که له بیر ده‌کرێ. به‌داخه‌وه په‌که‌که‌ییه‌کان زیاتر گرنگیان به خۆنواندن دا. به‌ڕای من، هه‌ڵه‌یه‌کی مێژوییان ئه‌نجام دا. پێویسته گشتمان پشتگیری له‌م پڕۆژه‌یه‌ بکه‌ین.

کاربه‌ده‌ستانی تورک به‌گوێره‌ی ئه‌و لێدوانانه‌ی به ئێمه‌ی ڕاده‌گه‌یه‌نن، بانگه‌شه ده‌که‌ن ده‌سپێشخه‌ری گه‌ڕانه‌وه له ده‌ست ده‌وڵه‌ت و کۆماری تورکیا دایه. به‌ڕای ئێوه ده‌کرێ ئه‌مه پێناسه‌یه‌کی ڕاسته‌قینه‌ی قۆناغه‌که بێ؟

منیش پێموایه ئه‌مه ڕاسته. ده‌وڵه‌ت تورکیایه، حکومه‌ت تورکیایه و ئه‌وه‌ی بڕیاریش ده‌دا، هه‌ر تورکیایه. په‌که‌که ده‌بێ سود له‌م ده‌رفه‌ته وه‌ربگرێ.

به بۆچونی ئێوه، په‌که‌که بۆ ئاشتی ئاماده‌یه‌؟

پرسیارێکی زۆر گرنگه. به بۆچونی من، له ناو په‌که‌که‌شدا نه‌رینی جیاواز هه‌یه، لێ به‌شی هه‌ره زۆری بۆ ئاشتی ئاماده‌یه.

تۆ بڵێی گه‌ڕانه‌وه به‌رده‌وام بێ؟

به بۆچونی من، ئه‌م پڕۆژه‌یه به‌رده‌وام ده‌بێ. سه‌ره‌تا پێویسته له که‌مپی مه‌خموره‌وه ده‌ست پێبکرێ. خه‌ڵکی ئه‌وێ، هه‌موویان هاووڵاتی کۆماری تورکیان. قایل کردنی ئه‌وان بۆ گه‌ڕانه‌وه، زۆر ئاسان تره. له‌وانه‌وه ده‌کرێ باشتر تێبگه‌ین که هه‌ر دو لایه‌ن بۆ چاره‌سه‌ری کێشه‌که ئاماده‌ن.

کاربه‌ده‌ستانی تورک له‌م گه‌شته‌یاندا، به ئێوه و به‌تایبه‌ت به به‌ڕێز مه‌سعود بارزانیان ڕاگه‌یاند سه‌باره‌ت به چاره‌سه‌رکردنی پرسی په‌که‌که، هه‌م خاوه‌ن بڕیارن و هه‌میش دروستکارن. هه‌روه‌ها ئه‌وه‌شیان نه‌شارده‌وه که له ڕوی لۆژستیکیه‌وه به گوێره‌ی پێویست په‌که‌که ته‌نگاو ناکه‌ن.

ئێمه به‌رپرسی جموجوڵه‌کانی په‌که‌که نین. چیمان له ده‌ست بێت، ده‌یکه‌ین بۆ ئه‌وه‌ی په‌که‌که زیان به تورکیا نه‌گه‌یه‌نێ. وه‌ک ئێوه‌ش ده‌زانن گه‌یشتن به چیاکان ئه‌سته‌مه و ئه‌وان له ناوچه‌یه‌ک ده‌ژین که جوگرافیایه‌کی توش و دژواری هه‌یه. زۆر زه‌حمه‌ته له‌وێ ده‌ربکرێن و ناوچه‌که‌ بخرێته ژێر کۆنتڕۆڵه‌وه.
ئێمه لەگەڵ سوپای تورکیا ساڵانێکی زۆر هه‌وڵماندا له‌وێ ڕاویان بنێین، ئه‌نجامیش له به‌ر چاوانه.

په‌یوه‌ندییه‌کانتان لەگەڵ تورکیا به‌رزی و نزمییه‌کی زۆری به‌خۆیه‌وه بینیوه. به‌ڵام تورکیا، دوابه‌دوای شه‌ڕی یه‌که‌می که‌نداو، ڕێگه‌ی به دامه‌زراندنی هێزی چه‌کوش دا له بنکه‌ی ئه‌نجه‌رلیک و به ساڵان ئێوه‌ی له به‌رامبه‌ر سه‌دام حسێن پاراست. ئایا کشانه‌وه‌ی هێزه‌کانی ئه‌مریکا نیگه‌رانتان ده‌کا؟ ئایا جارێکی دیکه له پێناو دابینکردنی ئاسایش ڕو له تورکیا ده‌که‌ن؟

ئێمه له دوایین داخویانیه‌کانی سه‌رۆک ئۆباما به‌م ده‌رئه‌نجامانه گه‌یشتین. هه‌تا ئاسایش به‌ته‌واوی له‌عێراق سه‌قامگیر نه‌بێ، ئه‌مریکا درێژه به پاراستنی ئاسایشی عێراق ده‌دا. به‌بۆچونی من، عێراق بۆ ماوه‌یه‌کی دور و درێژ هه‌روا پێویستی به ئه‌مریکا ده‌بێ.

بۆچی؟ هه‌ندێک له عێراقیه‌کان ڕایان وایه هۆکاری سه‌ره‌کیی ناسه‌قامگیری له عێراق، بونی سه‌ربازی ویلایه‌ته یه‌کگرتوه‌کانی ئه‌مریکایه.

عێراق ناتوانێ ئاسایشی خۆی بپارێزێ. کێشه‌ی سه‌ره‌کیی، له متمانه‌ی له‌ڕاده‌به‌ده‌ری هاوڕێیانمان له به‌غداوه سه‌رچاوه ده‌گرێ. ده‌بێ واقع بینانه نزیکی پرسی ئاسایش ببینه‌وه. له‌م ڕوه‌وه، تورکیا چ ڕۆڵێکی ده‌که‌وێته ئه‌ستۆ؟ به بۆچونی من، تورکیا وه‌ک وڵاتێکی ده‌ره‌کی، ڕۆڵێکی چێکه‌ری بینی. بێگومان ده‌توانێ درێژه‌ به‌م ڕۆڵه‌ی بدات. هه‌ر چی بێ، خۆ ئێمه وه‌ک ساڵانی نه‌وه‌ده‌کان کێشه‌کانی ئاسایش پێناسه‌ ناکه‌ین. هاوسه‌نگییه‌کانی ناوچه‌که و پێکهاته‌ی ئاسایشی گۆڕانێکی زۆریان به‌سه‌ردا هاتوه.

یانی چیتر ئه‌نجه‌رلیک بۆ پاراستنی ئێوه گرنگ نییه؟

بۆ ئێمه نه‌خێر. خۆمان ده‌توانین ئاسایشی خۆمان بپارێزین. بێگومان گرنگی ده‌ده‌ین به پته‌وبونی په‌یوه‌ندییه‌کانمان لەگەڵ وڵاتانی ناوچه‌که‌دا...

به‌ ساڵان خه‌یاڵی کوردستانێکی سه‌ربه‌خۆ ژیان. به‌ڵام ئه‌وه پێنج ساڵه له سه‌ر بنه‌مای ده‌ستوری بنه‌ڕه‌تی عێراق و له چوارچێوه‌ی پێکهاته‌یه‌کی فیدڕاڵیدا، درێژه به بوونی خۆتان ده‌ده‌ن. جه‌لال تاڵه‌بانی سه‌رۆککۆماری عێراق، کورده. وشیار زێباریی وه‌زیری کاروباری ده‌ره‌وه‌ش هه‌روا. ئایا به‌و بڕوایه گه‌یشتون له داهاتوودا، وه‌ک به‌شێک له عێراق بمێننه‌وه؟

ئه‌و عێراقه‌ی ئێستا له ناویدا ده‌ژین، عێراقێکه ده‌کرێ تیایدا چاوه‌ڕوانی هه‌مو شتێک بین.

مه‌به‌ستتان لایه‌نه پۆزه‌تیڤه‌که‌یه‌تی؟

ئێمه پێمان وایه هه‌لومه‌رجی هه‌نوکه‌یی عێراق نائاساییه.

چۆن یانی؟
تا ئێستا عێراق وه‌ک وڵاتێک نه‌هاتۆته‌وه سه‌ر خۆ. ئه‌و خاڵه‌ی به لای ئێمه‌وه گرنگه، ئه‌وه‌یه پاشاگه‌ردانیی عێراق ڕوو نه‌کاته ئێره. مانه‌وه‌ی ئێمه‌ش لەگەڵ‌ عێراق، په‌یوه‌ندی به ڕێزگرتن له خاڵه‌کانی ده‌ستوری بنه‌ڕه‌تی ئێستا (داننان به پێکهاته‌ی فیدڕالی) هه‌یه. عێراق چ قازانجێکی بۆ ئێمه هه‌بووه؟ پێنج هه‌زار گوندمان کاول کرا و سوتێنرا، نزیکه‌ی دوو سه‌د هه‌زار که‌سمان بێ سه‌رو شوێن کرا. به‌رده‌وام ڕوبه‌روی چه‌ک و مه‌رگ بووینه‌وه. له به‌ر ئه‌مه، یه‌کێتی عێراق ته‌نیا به دروشمی مایه پوچ نایه‌ته دی. ئێمه به هاوڕێیانی به‌غدامان گوت "یان ده‌ستوری بنه‌ڕه‌‌تی جێبه‌جێ بکه‌ن، یا ئه‌وه‌تا خۆمان ڕێگه‌ی خۆمان دیاری ده‌که‌ین."

کێشه‌ی سه‌ره‌کیی نێوانتان، ستاتۆی که‌رکوک نییه؟
که‌رکوک بیانووه. سه‌رنجێک بده‌نه قسه‌کانی سه‌رۆک وه‌زیر مالیکی. ناوه ناوه ده‌ڵێ "ده‌ستوری بنچینه‌یی ده‌گۆڕین". یاسای بنچینه‌یی ئێستای عێراق، ٨٠%ی ده‌نگه‌کانی پێدراوه. خاڵی گرنگ ئه‌قڵیه‌ت و هه‌ڵسوکه‌وته. ئایا عێراق ده‌یه‌وێ له سه‌ر پره‌نسیپ و بنه‌ماکانی دیموکراسی، فیدڕاڵی و فره‌یی به‌ڕێوه بڕوات؟ ئه‌گه‌ر وابێ ده‌توانین پێکه‌وه بژین.

به‌ڵام دیسانیش که‌رکوک پرسێکی گرنگه. زۆر پسپۆڕی ڕۆژئاوا پێیان وایه له که‌رکوک شه‌ڕی کورد و عه‌ره‌ب هه‌ڵده‌گیرسێ.

که‌رکوک بیانووه. پرسێکی هێنده گرنگ نییه. بیانویه‌که بۆ ئه‌وه‌ی خۆیان له هه‌ڵبژاردن بدزنه‌وه. بۆچی که‌رکوک جیا ده‌کرێته‌وه؟ ئه‌گه‌ر کێشه له پێکهاته‌ی دانیشتوانیدا هه‌یه، ئه‌ی بۆچی ناوچه‌کانی دی ناخرێته ڕۆژه‌ڤه‌وه که ده‌ست تێوه‌ردان له پێکهاته‌ی دانیشتوانیدا ده‌کرێ؟ ئێمه له پێناو چاره‌سه‌رکردنی کێشه‌ی که‌رکوک، هه‌مو جۆره جه‌ساره‌تێکمان نیشان داوه.

کورده‌کان به‌شداری ئه‌و هه‌ڵبژاردنه ده‌بن که پێشبینی ده‌کرێ ١٦ی ژانویه‌ ئه‌نجام بدرێ؟

ئێمه سه‌باره‌ت به به‌شداری له هه‌ڵبژاردنه‌کان هێشتا بڕیارێکی ڕونمان نه‌داوه. دیاره به هیچ شێوه‌یه‌ک په‌سند ناکه‌ین که‌رکوک گرێ بدرێت به مامه‌ڵه‌یه‌کی "تایبه‌ت"ه‌وه.

له کۆتاییدا، ده‌مه‌وێ بپرسم؛ پاش چه‌ندین ساڵ تێکۆشان له سه‌ر چیاکان، دواجار ئێوه‌ی کورد شارنشین بوون. له‌چیاکان دابڕاون و له شاره مودێرنه‌کان، له چوارچێوه‌ی دیواره چیمه‌نتۆکاندا ده‌ژین. پێتان وا نییه شتێک له ڕۆح و پاکبوونتان که‌م بۆته‌وه؟

ئه‌و تێکۆشانه‌ی له‌ شاخ ئه‌نجاممان دا، بۆ ئه‌وه بوو ئه‌مڕۆ ببینین. بۆ ئه‌وه‌ی له ناو گه‌له‌که‌ماندا بین. ئه‌مه ئامانجی هه‌ره گرنگی ئێمه بوو. به‌ڵام ئه‌وه نایه‌ته واتای فه‌رامۆشکردنی خه‌باتی ڕابردومان. ئێستا جار جاره بۆ نوێکردنه‌وه‌ی بیره‌وه‌رییه‌کانی ئه‌و ڕۆژانه، وێڕای هاوڕێیانم ده‌چمه شاخ. هه‌ندێکجار پێنج شه‌و و ڕۆژ له شاخ ده‌مێنمه‌وه. چه‌ندین کاتژمێر ڕێ ده‌پێوم. لەگەڵ خه‌ڵکدا ده‌ئاخفم و بیره‌وه‌رییه‌کانی تێکۆشانی ئه‌وان ڕۆژان لەگەڵ خه‌ڵکدا ده‌ژێنمه‌وه. هه‌لومه‌رجه‌کان گۆڕان، به‌ڵام ڕۆحمان قه‌ت نه‌گۆڕا.

نێچیرڤان بارزانی کێیه؟
نیچیرڤان بارزانی که پۆستی سه‌رۆکایه‌تی حکومه‌تی هه‌رێمی ڕاده‌ستی یه‌کێتی نیشتمانی کوردستان و به‌رهه‌م ساڵح کرد، یه‌کێکه له سه‌رۆکه هه‌ر گرنگ و کاریگه‌ره‌کانی جوڵانه‌وه‌ی کورد له عێراق. به که‌سێکی ژیر، بوێر، تێکۆشه‌رو تا دوا ڕاده پراگماتیک ناسراوه. نێچیرڤان که دێته واتای "راوکه‌ر"، ساڵی ١٩٦٦ لەدایک بووه و به‌شێکی گرنگی ژیانی لەگەڵ مه‌لا مسته‌فای باپیری له تاراوگه و له ئێران به‌سه‌ر بردوه. له ته‌مه‌نی لاویدا شانبه‌شانی ئیدریسی باوکی سیاسه‌تی به‌ڕێوه بردووه و زۆر به خێرایی له ناو پارتی دیموکراتی کوردستاندا به‌ره‌و پێش چووه. بارزانی له ئێران زانستی سیاسی خوێندوه و له ئه‌مریکا کۆتایی پێهێناوه، لەگەڵ "نه‌بیله"ی کچی مه‌سعود بارزانی سه‌رۆکی پارتی دیموکراتی کوردستان و له هه‌مانکاتدا ئامۆزاکه‌ی زه‌ماوه‌ندی کردووه. ده‌گوترێ له داهاتودا بۆ به ده‌سته‌وه‌گرتنی پارتی دیموکراتی کوردستان، ته‌نها ڕکابه‌ری هه‌میسان کوڕی مه‌سعود بارزانی، "مه‌سرور" ده‌بێ که ئێستا به‌رپرسی ده‌زگای "زانیاری"یه.