۱۳۹۱/۰۶/۰۱

پێنج ڕۆژ بە نهێنی لە سووریا


 ژیار گوڵ، بی بی سی
لە فارسییەوە: سەلاحەدین بایەزیدی

 
لە کاتێکدا کە سوپای بەشار ئەسەد لە زۆربەی شارەکانی سووریا و بە تایبەتی لە دیمەشق و حەلەب دەستەویەخەی شەڕێکی خوێناوییە، کوردەکانی سووریا کە زۆربەیان لە باکووری ڕۆژهەڵات دەژین، هێدی هێدی کۆنتڕۆڵی ئەو ناوچەیە بە دەستەوە دەگرن.

ئەمدواییانە لەگەڵ تیمێکی بی بی سی فارسی و تۆڕی جیهانی، بە شێوەیەکی نهێنی بۆ ماوەی پێنج ڕۆژ چووینە ناوچە کوردنشینەکانی باکووری ڕۆژهەڵاتی سووریا. دێهاتیەکانی سەر سنووری کوردستانی عێراق دەیانگوت جاران بە ئاسانی دەتتوانی هاتۆچۆی ئەوبەری سنوور بکەی، بەڵام ئێستا چەند هەفتەیەکە هێزەکانی سوپای عێراق لەم نزیکانە جێگیر بوون.

ئەوان لە پێناو کۆنتڕۆڵکردنی تاکە سنووری فەرمی سووریا لەگەڵ کوردستانی عێراق، چی نەمابوو لەگەڵ هێزەکانی پێشمەرگە بەشەڕ بێن. حکومەتی کوردستانی عێراق، ئامادە نەبوو ئەم سنوورە فەرمیە ڕادەستی دەوڵەتی فیدڕاڵ بکات.

ئەم ڕووداوانە بوونە هۆی بستنی سنوورەکان. ئێمە ناچار بووین لە تاریکی نیوەشەودا خۆمان بگەیەنینە یەکەمین بنکەی سنووری سووریا.

راکردن لە هێزە ئەمنیەکان لە نیوەی شەودا

بنکەی سنووری سووریا، بیست ڕۆژ پێشتر کەوتبووە دەست هێزە چەکدارەکانی کورد YPG  یاخود یەکینەکانی پاراستنی گەل. ئەم گرووپە باڵی سەربازی پارتی یەکێتی دیموکراتیک (PYD)یە و دوڵەتی تورکیا زۆر جار بەوە تاوانباری کردوە کە بەشێکە لە پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە).

دیسپلینێکی تایبەت لە نێوان هێزەکانی YPGدا هەبوو و بێ ئێزنی فەرماندەکانی ژوور خۆیان ئامادە نەبوون وتوێژمان لەگەڵ بکەن. ئەم بنکەیە ڕێگەی نەداین فیلم هەڵبگرینەوە.

ئەو ئۆتۆمبێلەی بڕیار بوو لەسەر سنوورەوە ئێمە بگوازێتەوە نێوخۆی سووریا، مۆبایلەکەی لە دەرەوەی بازنە بوو و نەیتوانی ئێمە بدۆزێتەوە. نیوەی شەو سوارێکی وانێتێک بووین و بە ئێسکۆرتەوە بەرەو شاری دێرک یەکەمین شاری کوردنشینی سووریا ڕۆیشتین کە یەک سەعات لە سنوور دوور بوو.

لە هەندێک شوێن، شۆفێرەکە لە جادەی سەرەکی دوور دەکەوتەوە، زانیمان هێشتاش هەندێک خاڵی پشکنین لە ژێر دەستی هێزە ئەمنیەکانی سووریا دایە. لە شۆفێر و ئەو کەسە چەکدارەی هاوڕێیەتی دەکردین، پرسیمان ئاخۆ مەترسییەک هەڕەشە لە تیمەکەی ئێمە ناکا؟ گوتی "نیگەران مەبن. هێزەکانی دەوڵەت لە بنکەکانیان دوور ناکەونەوە و ئەگەر هاتنە بەردەممان، لێیان دەدەین."

بە یەکێک لە ڕێگاکانی چوونە ژوورەوەدا، کە کەوتبووە ژێر دەستی هێزەکانی کوردەوە، دەربازی ناو شار بووین. ئاڵای سێ ڕەنگی کوردەکان لە تەنیشت خاڵی پشکنینی ئەوێ دەشەکایەوە. کاتێک بە ناو شاردا تێپەڕێن، بینیمان وێنەی بەشار ئەسەد لە زۆربەی دامودەزگا دەوڵەتیەکان شکابوو و لە هەندێک شوێن وشەی "عەرەبی" لە دەستەواژەی "کۆماری عەرەبی سووریا" سڕدرابۆوە یاخود هێمای زەربی لێ درابوو.

ڕووناک حەمە، گەنجێکی تەمەن بیست و دوو ساڵە، بە ئێمەی گوت ئەو و هاوڕێیانی، ڕۆژی بیستی ژوئیەی مانگی ڕابردوو وەک زۆربەی شارە کوردنشینەکانی سووریا، شان بە شانی خۆپیشاندەران کە هەندێکیان چەکداریش بوون، هێرشیان کردۆتە سەر دامودەزگا گرنگەکانی دەوڵەت.

هێزە ئەمنیەکان بە بێ خۆڕاگری، زۆربەی ناوەند گرنگەکانیان چۆل کردووە. ئەوان ئاڵای سووریایان لە زۆربەی بینا دەوڵەتی و گشتیەکان هێناوەتە خوارەوە.

ڕووناک دەڵێ بەشێکی بەرچاو لە هیزەکانی بەشار ئەسەد کە لە باکووری ڕۆژهەڵاتی سووریا بوون، پاشەکشەیان کردوە و یەکێک لە فەرماندە گەورەکانی ناوچەکە کە سوننە بووە، بۆ تورکیا هەڵاتووە و هێزەکانی ژێر فەرمانی ئەویش گەڕاونەتەوە بۆ شارەکانیان.

ڕووناک دەڵێ ئەو پێی باشە لە بری ئامادەبوون لە وانەکانی زانکۆ، لە پێناو ڕووخاندنی ڕژێمی بەشار ئەسەد هەوڵ بدا و ئەمە کارێک بووە کە لە چەند مانگی ڕابردوودا ئەنجامی داوە.

هێشتاش لە هەندێک خاڵی هاتنە ژوورەوەی شار، بنکەی هێزەکانی دەوڵەت مابۆوە و خەڵک دەیانگوت هێزە ئەمنیەکان زۆر لاواز بوون و لە بنکەکانیان نایەنە دەرەوە. لەسەر ئاستی شاری دێرک شوێنەوارێک لە چەک بەدی نەدەکرا و زۆربەی دامودەزگاکانی دەوڵەت وەک جاران کراوە بوون.

سەعید حەمە، مامۆستای دەرکراو دەیگوت هەتا مانگێک لەمەوپێش زاتی نەبووە چاوی بە ڕۆژنامەنووسێک بکەوێ. ئەو بە بوونی هێزەکانی دەوڵەت زۆر بێزار بوو. "هەست بە ئازادی ناکەم، ئەگەرچی ئەمڕۆکە نامانکوژن، بەڵام تا ئەو کاتەی سەرجەم هێزە ئەمنیەکانی سووریا ناوچە کوردنشینەکان چۆل نەکەن، من هەست بە ئازادی ناکەم."

عێسامی تەمەن بیست و حەوت ساڵ دەیگوت کوردەکان نە دەیانەوێ لەگەڵ سوپای ئازادیخوازی سووریا بن و نە لەگەڵ ڕژێمی بەشار ئەسەد، ئەو دەیگوت ڕێگەی سێهەمیش هەیە: "ئێمە لەگەڵ هیچ کەسێک کە دان بە مافە نەتەوەییەکانمان دابنێ، کێشەمان نابێ."

کاربەدەستانی تورکیا زۆر جار پەکەکەیان بەوە تاوانبار کردووە کە هاوکاری ڕژێمی بەشار ئەسەد دەکا و دەڵێن حکومەتی بەشار ئەسەد بە ئەنقەست ناوچە کوردنشینەکانی ڕادەستی پەکەکە کردوە بۆ ئەوەی کێشە بۆ تورکیا بنێتەوە. بەڵام سیناریۆگەلێکی زۆر سەبارەت بە هۆکارەکانی پاشەکشەی دەوڵەت لە ناوچە کوردنشینەکان بەر گوێ دەکەوێ. هەندێک دەڵێن بەشار ئەسەد بە ڕادەست کردنی ئەم ناوچانە بە پارتی لایەنگری پەکەکە، دەیەوێ تۆڵە لە تورکیا بکاتەوە.

گروپێکی تر دەڵێن ئەگەر دیمەشق و حەلەب بکەوێتە دەست هێزەکانی نەیارەوە، بەشار ئەسەد ناوچەیەک بۆ عەلەوییەکان، لە کەنارەکانی دەریای مەدیترانە دادەمەزرێنێ. بە قسەی ئەوان ئەگەر بێت و کوردەکانیش لە باکووری ڕۆژهەڵات ناوچەیەکیان بە دەستەوە بێ، ئەگەری هاتنە ئارای سووریایەکی سوننە، مەترسیەکی کەمتری بۆ ئەوان دەبێ.

سوود وەرگرتنی کوردەکان لە سەرقاڵبوونی هێزەکانی دەوڵەت

بەڵام سیناریۆکانی تر، کە زۆربەی کوردەکانی سووریا بڕوایان پێیەتی، ئەوەیە کە دەوڵەت لە پێناو پاراستنی دیمەشق و حەلەب پێویستی بە هێزەکانێتی، بۆیە بە بانگهێشتکردنی ئەو هێزانە لە ناوچە کوردنشینەکانەوە، بۆشایی دەسەڵات دروست بووە، کوردەکان ئەم هەلەیان قۆستۆتەوە و کۆنتڕۆڵی ئەو شارانەیان گرتۆتە دەست.

بە درێژایی سەفەری پێنج ڕۆژەمان بە نهێنی، بێ ئەوەی بمانەوێ ڕووبەڕووی هێزە ئەمنیەکانی سووریا بووینەوە. لە بەردەم دادگای دێرک، فیلممان لە وێنەیەکی دڕاوی بەشار ئەسەد هەڵدەگرتەوە. سەربازێ کە نە جلی عەسکەری لەبەر دابوو و نە چەکی پێ بوو، بە نیگەرانیەوە سەیرمانی دەکرد. لەناکاو فەرماندەکەی بە جلی مەدەنیەوە هات و داوای لێکردین ئەو شوێنە چۆل بکەین.

گوتی ئەمە ئەرکی سەرشانێتی و تکای لێکردین "کێشەی بۆ دروست نەکەین." تاکوو چەند هەفتە لەمەوبەر، خەڵک زۆر لەم مەئمورانە دەترسا، بەڵام ئەمڕۆکە ئەوان زۆر نیگەران و پەشۆکاون.

بە مەبەستی چاوپێکەوتن لەگەڵ ساڵح موسلیم، سەرۆکی پارتی یەکێتی دیموکراتیکی کوردستانی سووریا، PYD، دەبوایە بڕۆینە قامیشلۆ، گەورەترین شاری کوردنشینی سووریا. لەسەر ڕێگەی چوونە ژوورەوەی قامیشلۆ، ژمارەیەکی زۆر لە خاڵەکانی پشکنین لە دەست هێزەکانی سووری دابوون. بەڵام سەنگەرەکانیان لە هەندێک شوێن بەتاڵ بوون. کۆمەڵێک کۆمیتە کە لە لایەن خەڵکەوە دروست کرابوون، شاری قامیشلۆیان بەڕێوە دەبرد.

لە کاک موسلیمم دەپرسم ئاخۆ PYD بەشێکە لە پەکەکە؟ ئەو دەڵێ ئامانجەکانیان لە عەبدوڵڵا ئۆجەلان نزیکە و پەیوەندییەکی ئاساییان لەگەڵ هەموو حزبەکانی کوردستان و لەوانە پەکەکە هەیە.

ئەو دەڵێ: "لە ماوەی چەند ساڵی ڕابردوودا، دەوڵەتی سووریا بە هەزاران ئەندامی پەکەکەی قۆڵبەست و ڕادەستی تورکیا کردۆتەوە. کەوابێ ناتوانین بڵێین پەکەکە هاوکاری دەوڵەت دەکا، خەبات بۆ کوردەکانی تورکیا ئامانجی پەکەکەیە بەڵام ئێمە پێگەیەکی جیاوازمان هەیە و ئامانجمان بەدیهێنانی مافی کوردەکانە لە نێوخۆی سنوورەکانی ئێستای سووریادا. ئێمە لە چوارچێوەی سووریایەکی دیموکراتدا، خۆبەڕێوەبەرایەتیەکی دیموکراتیکمان بۆ کوردەکان دەوێ."

لێم پرسی لە سەدا چەندی ناوچە کوردنشینەکان لە دەستی کوردەکان دایە و ئایا ئەوان لەگەڵ دەوڵەت لە پەیوەندی دان؟ ئەو گوتی: "لە کۆی ٢٣ میلیۆن خەڵکی سووریا، لە سەدا ١٤ کوردن و زیاتر لە ٥٠%ی ئەو ناوچانە کەوتۆتە دەست خەڵک. ئێمە وەک حزب هیچ پەیوەندییەکمان لەگەڵ دەوڵەت نییە. بەڵام کۆمیتەکانی خەڵک لە پێناو دابینکردنی ئاو، کارەبا و نان دەبێ لەگەڵ کاربەدەستان لە پەیوەندی دابن."

لە وەڵامی ئەو پرسیارەمدا کە بۆچی کوردەکان تەڤلی سوپای ئازادیبەخشی سووریا نەبوون و دژی بەشار ئەسەد شەڕ ناکەن، ساڵح موسلیم گوتی: "هێزەکانی ئۆپۆزۆسیۆن، یەکریز نین و هەندێکیان دەسکەلای وڵاتانی ناوچەکەن وەک تورکیا و عەرەبستانی سعودی، ئەلقاعیدە و سەلەفیەکان کاریگەرییەکی زۆریان لەسەر ئەوان هەیە. من لەگەڵ زۆر کەسی ئۆپۆزۆسیۆن کە لە گرتووخانە ناسیومن، پەیوەندیم هەیە. پێموایە مافی کوردەکان لە ڕێگەی توندو تیژییەوە دەستەبەر نابێ، ئێمە هەر ناتوانین بە یەکجاری لە ناویان ببەین، ئەوانیش بە ساڵان هەوڵیان داوە ئێمە لە ناو بەرن، وەک دەبینن هێشتا لێرەین، کەواتە شەڕ ڕێگە چارە نییە، بەڵام ئەگەر دەوڵەت بیەوێ بارودۆخی جاران بە سەر ئێرەدا بسەپێنێتەوە، ئێمەش شەڕ دەکەین."

لە ئەنجامی گەڕان بە شارەکانی دێرک، عامودێ و قامیشلۆ تێگەیشتین کە PYD پتەوترین حزبی کوردستانی سووریایە و زۆرترین لایەنگری هەیە. لە ڕابردوودا، ئەو حزبە و ژمارەیەک حزبی بچووکی ژێر چەتری کۆنگرەی نیشتمانی کوردستان KNC ناکۆکیان هەبوو. بەڵام مانگی ڕابردوو، حزبە کوردییەکانی سووریا بە میوانداری مەسعود بارزانی لە هەولێر کۆبوونەوە، سەرەڕای ناکۆکیەکانی ڕابردووی نێوان  PYD و KNC، لەسەر ئەوە ڕێککەوتن کە دەستەی باڵای بەڕێوەبردنی کوردستان دابمەزرێنن و دەسەڵات لە نێوان حزبەکان دابەش بکرێ.

نیگەرانی تورکیا لە بە مودێل بوونی کوردەکانی سووریا
ئەم دەستەیە دە ئەندامی هەیە، پێنج ئەندام لە KNC و پێنجی تر لە PYD. لە بیستی مانگی ژوئیەوە، ئەم کۆمیتەیە بە هاوبەشی شارە ڕزگارکراوەکان بەڕێوە دەبا.

لە شاری عامودێ کە بە تەواوەتی لە ژێر کۆنتڕۆڵی کوردەکان دایە، زۆربەی تابلۆکانی نێو شار بە کوردی نوسراون. سەردانی قوتابخانەیەکمان کرد کە بەمدواییانە بۆ خوێندن بە زمانی کوردی کراوەتەوە. هەر ئەمە دەیتوانی ساڵێک لەمەوپێش، سزای قورسی گرتووخانەی بەدواوە بێ. ئەم قوتابخانەیە نزیکەی ٢٦٠ خوێندکاری هەیە و خوێندکاران لە چەند دانێکی ڕۆژدا بە مەبەستی فێربوونی زمانی کوردی دێنە قوتابخانە.

مامۆستای قوتابخانە ئەندازیارێک بوو کە پاش تەواوبوونی کارەکانی لەوێ وانەی دەوتەوە.

دەوڵەتی تورکیا بە نیگەرانیەوە دەڕوانێتە ڕووداوەکانی کوردستانی سووریا. ئەمڕۆکە بەهێزترین حزبی سیاسی کوردی سووریا، لە ڕوانگەی ئایدیۆلۆژییەوە لە پەکەکە نزیکە. تورکیا لە لایەکەوە نیگەرانی ئەوەیە پەکەکە لە ناوچە کوردنشینەکانی سووریاوە هێرش بکاتە سەر هێزەکانی تورکیا و لە لایەکی دیکەوە ئەگەر کوردەکانی سووریا وەک کوردستانی عێراق بە جۆرێک لە ئۆتۆنۆمی بگەن، ئەمە لەوانەیە هاندەرێک بێ تاکوو لاوانی کوردی تورکیا بەشداری ڕیزەکانی پەکەکە بن و کوردەکانی تورکیاش ناوچەیەکی ئۆتۆنۆم دابمەزرێنن.

بە درێژایی چەندین ساڵ، هەزاران هەزار کوردی سووریا لە مافی پاسپۆڕتی سووری بێبەش بوون. دەوڵەتی بەعس ئەوانی بە بەشێک لە "نەتەوەی عەرەبی" لە قەڵەم نەدەدا. بەڵام ئەمڕۆ بارودۆخەکە زۆر گۆڕاوە.

ئەوان هیچکات بەو ڕادەیە بە وەدیهاتنی مافەکانیان هیوادار نەبوون. ساڵح موسلیم دەڵێ "ئێمە خوازیارین مافی کوردەکان لە قانوونی بنچینەیی سووریادا دانی پێدا بنرێ، ئێمە لایەنگری خودموختاری و دیموکراسین بۆ سەرجەم سووریەکان."

دیار نییە پاش کۆتایی هاتنی جەنگ – ئەگەر کۆتاییەک لە ئارا دابێ – چ چەشنە دەسەڵاتێک لە سووریا بەدی دێ. بەڵام ئەوەی ڕوون و ئاشکرایە کوردەکان سوود لە پێکدادانی بەشەکانی تری سووریا وەردەگرن.

زۆربەی ناوچە کوردنشینەکان لە پێکدادان و کوشت و کوشتار بە دوور بوون. باژێر و گوند لە کەشێکی هێمندا بەڕێوە دەبرێن. ئەگەر ئەم بارودۆخە بەردەوام بێ، هەر وەک کوردستانی عێراق، لەوانەیە کوردستانی سووریاش بتوانێ لەم گۆڕانکارییانەی سووریادا براوە بێ و جۆرێک لە خۆ مسۆگەڕ بکا.

۱۳۹۱/۰۵/۲۳

ئەڵتاش.. ئۆردوگا تۆقێنەرەکە | وتوێژ لەگەڵ هەفتەنامەی ئاوێنە


ئا: ئاوێنه‌

ئه‌ڵتاش، ناوی ئه‌و ئۆردوگا تۆقێنه‌ره‌یه‌ كه‌ به‌عس بۆ كورده‌ ئاواره‌كانی كوردستانی رۆژهه‌ڵاتی ساز كردو ماوه‌ی بیست ساڵ له‌نێو ئه‌و ئۆردوگا ته‌لبه‌ندكراوه‌ لماوییه‌ی بیابانی رۆمادیدا توندی كردن.
ئه‌م خه‌لَكه‌ كه‌ نزیكه‌ی په‌نجا هه‌زار كه‌س ده‌بوون، زێدی ڕه‌سه‌نی خۆیان ده‌كه‌وته‌ پشتێنه‌یه‌كی باریكی سه‌ر سنووره‌وه‌ به‌دیووی ئێراندا كه‌ "كرماشان و قه‌سری شیرین و جوانڕۆ و سه‌رپێلی زه‌هاو" ده‌گرێته‌وه‌. ئه‌م خه‌ڵكه‌ له‌گه‌ڵ هه‌ڵگیرسانی جه‌نگی ئێران و عێراقدا له‌به‌ر چه‌ندین هۆكاری جیاواز ئاواره‌ و په‌ڕیوه‌ی خاكی عێراق بوون و حكومه‌تی به‌عسیش له‌ساڵی 1982دا هه‌موویانی كۆكرده‌وه‌ و له‌بیابانی ئه‌ڵتاش "له‌دووری 160 كیلۆمه‌تر له‌به‌غداو نزیك سنووری ئۆرده‌ن" به‌ته‌لی دڕكاوی ئۆردوگاكه‌ی ته‌لبه‌ند كردن، كه‌ وه‌ك دوڕگه‌یه‌ك وابوو له‌بیابانێكی وشك هه‌ڵاتووی عه‌ره‌بنشیندا.
"سه‌لاحه‌دینی بایه‌زیدی" كه‌ یه‌كێكه‌ له‌و كورده‌ چالاكانه‌ی به‌دوای روخانی سه‌دامدا ڕووی كردووته‌ ئه‌ڵتاش و ساڵێكی ژیانی له‌و ئۆردوگایه‌دا به‌سه‌ر بردووه‌، ده‌ڵێت "له‌ئه‌ڵتاشدا، ژیان تیا تا دوا سنوور سه‌خت و دژوار بوو، خانووه‌كانی ئه‌م ئۆردوگایه‌ گڵ و تاریك و بچكۆلانه‌ و داته‌پیو بوون، خه‌ڵكه‌كه‌ی سیمایان برسی، منداڵه‌كانی چڵكن و چڵمن، كچه‌كانیشی ده‌تووت له‌دۆزه‌خدان كه‌ گه‌وره‌ترین رێژه‌ی خۆسووتاندنی ژنانی تیا بوو به‌به‌راورد به‌رێژه‌ی دانیشتوانه‌كه‌ی".
بایه‌زیدی ئاماژه‌ به‌وه‌ ده‌كات كه‌ ئه‌م ئۆردوگایه‌ زۆر له‌ئۆردوگای فه‌له‌ستینی نشینه‌كانی كه‌رتی رۆژئاواو باریكه‌ی غه‌زه‌ و به‌یروت داماوتر و تراژیدیتر بووه‌، سه‌رباری ئه‌وه‌ش له‌ڕووی هه‌ڵكه‌وته‌ی جوگرافیشه‌وه‌ ئه‌م په‌نابه‌رانه‌ خزێنرابوونه‌ ناوچه‌یه‌كه‌وه‌ كه‌ ته‌نانه‌ت نه‌ك گیای تیا سه‌وز نابێت، به‌ڵكو دڕك و داڵیشی تیا ناڕوێت.
بایه‌زیدی باس له‌وه‌ ده‌كات كه‌ ئه‌و په‌نابه‌رانه‌ له‌لایه‌ن رێكخراوه‌ مرۆڤدۆسته‌كانی وه‌ك خاچی سوور و كۆمیساریای بالای په‌نابه‌رانه‌وه‌ كۆمه‌ك و به‌خێو ده‌كران. هه‌روه‌ها وه‌ختی خۆی كه‌ براونه‌ته‌ ئه‌وێ، ئیتر بۆیان نه‌بووه‌ به‌بێ مۆڵه‌تی رێپێدراو له‌لایه‌ن ئیستیخباراتی عێراقه‌وه‌ له‌ئۆردوگاكه‌ بچنه‌ ده‌ره‌وه‌ له‌حاڵی چوونه‌ ده‌ره‌وه‌شیاندا بۆیان نه‌بووه‌ سه‌ردانی كوردستان بكه‌ن، هه‌رچه‌نده‌ كوردستانیش له‌ژێر ده‌ستی رژێمی عێراقدا بوو، به‌ڵكوو چوونه‌ ده‌ره‌وه‌كه‌یان ته‌نها له‌سنووری رۆمادیدا بوو. ئه‌و ده‌ڵێت "تراژیدیایه‌كی تری ئه‌و خه‌ڵكه‌ ئه‌وه‌ بوو كه‌ به‌شێك له‌م كوردانه‌ سه‌ر به‌ئاینزای ئه‌هلی هه‌ق بوون و له‌و چوارده‌وره‌ عه‌ره‌به‌ سوننه‌نشینه‌دا وه‌ك كافر سه‌یر ده‌كران".
ئه‌و هه‌لومه‌رجه‌ به‌وپه‌ڕی ناله‌بارییه‌وه‌ تا ڕووخانی رژێمی سه‌دام به‌رده‌وام بوو، به‌دوای هه‌ره‌سهێنانی ئه‌و رژێمه‌شدا زۆربه‌ی هه‌ره‌ زۆریان به‌دوای ژینێكی مرۆیانه‌تردا وێڵ بوون و ڕوویان كرده‌ كوردستان یان سنووری ئه‌رده‌ن، به‌ڵام هێشتا ژماره‌یه‌كی كه‌میشیان به‌هۆی ده‌ستكورتی و نائومێدییانه‌وه‌ به‌رامبه‌ر به‌جێنه‌كردنه‌وه‌یان له‌كوردستان و داڵده‌نه‌دانیان له‌ئه‌رده‌ندا به‌ناچار له‌ئه‌ڵتاشدا مانه‌وه‌.
بایه‌زیدی باس له‌وه‌ ده‌كات كه‌ چاره‌نووسی ئه‌وانه‌ی ئه‌ڵتاشیان به‌جێهێشت و ئه‌و رێژه‌ كه‌مه‌شی كه‌ له‌وێدا مانه‌وه‌، چاره‌نووسێكی غه‌مه‌نگێزو تراژیدیی بووه‌، چونكه‌ ئه‌وانه‌ی ئۆردوگاكه‌یان به‌جێهێشت و ڕوویانكرده‌ كوردستان یان سنووری ئه‌رده‌ن، تا ئێستاش له‌چه‌ندین كێشه‌و گرفتی گه‌وره‌دا ده‌ژین، ئه‌وانه‌شی كه‌ ماونه‌ته‌وه‌ تا ئێستا له‌ئۆردوگاكه‌دا و نزیكه‌ی 70 تا 100 خێزان ده‌بن، رووبه‌ڕووی چاره‌نووسێكی تراژیدیانه‌تر بوونه‌ته‌وه‌و ده‌ڵێت "ئه‌وانه‌ به‌شێكیان بوونه‌ قوربانی گروپه‌ تیرۆریسته‌كان، به‌شێكی زۆر كه‌میشیان بوونه‌ هاوكاری گرووپه‌ توندڕه‌وه‌كان و چوونه‌ پاڵ تیرۆریستان".
بایه‌زیدی ئاماژه‌ به‌وه‌ ده‌كات كه‌ له‌گه‌ڵ هه‌ڵكشانی كاری توند و تیژی و په‌ره‌سه‌ندنی هێز و توانای گرووپه‌ توندڕه‌وه‌ عه‌ره‌به‌ سوننه‌كان له‌ناو رۆمادی و ده‌وروبه‌ریدا، چه‌ندین جار هێرشیان كردووه‌ته‌ سه‌ر ئۆردوگاكه‌ و له‌سه‌ر ئه‌وه‌ی كورد بوون یان به‌تۆمه‌تی په‌یوه‌ندیكردن به‌ئه‌مه‌ریكییه‌كانه‌وه‌ گه‌نجه‌كانیان رفاندووه‌، ئه‌و ده‌ڵێت "یه‌كێك له‌هاوڕێ نزیكه‌كانم كه‌ ناوی شاهۆی عه‌باسی بوو له‌زانكۆی رۆمادی ده‌یخوێند له‌و كاته‌دا رفێندراو دوای چه‌ند رۆژێك ته‌رمه‌كه‌ی به‌سه‌ربڕدراوی دۆزرایه‌وه‌".
هه‌روه‌ها بایه‌زیدی ته‌ئكید له‌وه‌ ده‌كاته‌وه‌ كه‌ "كاره‌ساتی كورده‌ په‌نابه‌ره‌كانی ئه‌ڵتاش كاره‌ساتێكی گه‌وره‌ بوو، به‌ڵام وه‌ك پێویست له‌لایه‌ن حكومه‌تی هه‌رێم و حیزبه‌ كوردییه‌كانی ئێرانیشه‌وه‌ گرنگی و بایه‌خی پێنه‌درا، هه‌رچه‌نده‌ تا ئێستاش ئه‌م كاره‌ساته‌ی ئه‌وان هه‌ر به‌رده‌وامه‌ چونكه‌ له‌په‌رته‌وازه‌ییدا به‌هه‌ژاری و نائومێدی ده‌ژین و وه‌ك په‌نابه‌ری سیاسیش دان به‌مافه‌كانیاندا نه‌نراوه‌".

ژێدەر:

۱۳۹۱/۰۵/۰۷

''دەسەڵاتی باکووری سووریا دەکەوێتە دەست کوردەکانەوە"


وتوێژی ''بی بی سی" تورکی لەگەڵ هاو سەرۆکی پەیەدە
وەرگێڕانی لە تورکییەوە: سەلاحەدین بایەزیدی

 
دوابەدوای ئەو هێرشەی ڕۆژی ١٨ی ژوئیە لە پێتەختی سووریا شام ڕووی دا و لە ئەنجامدا وەزیری بەرگری داود ڕاجیعە، یاریدەدەری وەزیری بەرگری ئاسف شەوکەت، سەرۆکی مێزی قەیران ژەنەڕاڵ حەسەن تورکمانی و سەرۆکی دەستەی ئاسایشی نەتەوەیی هیشام بەختیار کوژران، ئاڵۆزییەکانی سووریا کەوتنە پێڤاژۆیەکی تازەوە.

ڕووداوی هەرە گرنگ پاش ئەم هێرشە، ئەوە بوو کە هێزە کوردییەکان لە باکووری ئەو وڵاتە، لەو شوێنانەی دانیشتوانی کورد زۆرینەن، کۆنتڕۆڵی شارەکانیان گرتە دەست.

بە میواندارێتی مەسعود بارزانی، ڕۆژانی ٩ و ١٠ی ژوئیە، مەجلیسی گەل کە پارتی یەکێتی دیموکراتیک (پەیەدە)ش – ئەو پارتەی لەسەر ڕێبازی پەکەکەیە – دەگرێتە خۆ، لەگەڵ چەندین ڕێکخراوی جیاجیا بە ناوی ئجومەنی نیشتیمانی کوردی لە شاری هەولێر دوای کۆمەڵێ گفتوگۆ بڕیاری یەکخستنی هێزەکانیان دا.

 بە دوای ئەم بڕیارە، کوردەکان خۆیان بۆ قۆناغێکی نوێی سیاسی ئامادە کرد و پاش ئەوەی تەقینەوەکەی شام هاوسەنگیەکانی وە لەرزین خست، ئەوان هەوڵیان دا بەڕێوەبەرایەتی خۆجێی دابمەزرێنن.

ئاکتۆری هەرە گرنگی قۆناغەکە، پەیەدە (پارتی یەكێتی دیموکراتیک) بوو کە بەوە ناسراوە لەسەر ڕێبازی پەکەکە دەڕوا.

پەیەدە کە تا ڕۆژی ئەمڕۆ هەم خۆی لە دەسەڵاتدارێتی ئەسەد و هەمیش لە نەیارە چەکدارەکان دوورەپەرێز گرتبوو، بەم هەڵمەتە بوو بە ئاکتۆرێکی گرنگی سیاسی لە ناوچەکەدا.

لەمەوبەدوا، وێدەچێ بزووتنەوەی کوردیش ببێتە ئەکتەرێکی زۆر گرنگ هەر وەک سوپای ئازادی سووریا کە بە خەباتی چەکدارانە دژی دەسەڵاتی ئەسەد لە ئاستی نیشتیمانیدا پێگەیەکی دیاری هەیە.

سەبارەت بە ڕووداو و پێشهاتەکانی ناوچە کوردییەکان، هاوسەرۆکی پەیەدە ساڵح موسلیم بۆ بی بی سی دوا.

هەر دوابەدوای تەقینەوە بەهێزەکەی شام، پێشهاتی هەرە گرنگی سیاسی، یەکە یەکەی ناوچە کوردییەکان لە لایەن ئەنجومەنی نیشتیمانی کوردی و پەیەدە (پارتی یەکێتی دیموکراتیک) دەستی بەسەردا گیرا. کوردەکانی سووریا بە گشتی و پەیەدە بە تایبەتی ئامانجیان لەو هەنگاوە چییە؟ 

ئێمە وەک کۆمەڵگەی کوردی جۆرێک خوێندنەوەمان لە قۆناغەکە هەبوو. لەم ڕوەوە هەر لە سەرەتاوە تەگبیری خۆمان وەرگرت. گەلەکەمان بە ڕێکخستن کرد و کۆمیتەی خۆجێیمان دامەزراند. ئەمەش درێژەی هەوڵەکانی پێشوومان بوو. بۆ خۆئامادەکردن بوو لە پێناو قۆناغەکاندا. گەلێکی ڕێکخراو و مرۆڤێکی ڕێکخراو ڕووبەڕوی هەر قۆناغێک ببێتەوە، کاریگەری زیاتری دەبێ. پێکدادانەکان پەرە دەستێنن، بە سەرانسەری سووریادا بڵاو دەبێتەوە، بگرە گەیشتۆتە ناوچە کوردییەکانیش. شەڕ لەبەر دەرگایە. بۆ ئەوەی ئەم پێکدادانانە دزە نەکەنە ناوچەکانی ئێمەوە، کۆمیتە خۆجێیەکان کەوتنە خۆ، گەل ڕاپەڕی و دەستیان بەسەر دامودەزگاکانی ڕژێم داگرت. ڕژێمیان لەو شوێنانە دەرپەڕاند و گوتیان "ئێمە بۆ خۆمان، خۆمان بەڕێوە دەبەین و ئەو هێزەمان هەیە."

یانی ئامانجی سەرەکی لە بەدەستەوە گرتنی دامودەزگاکانی دەوڵەتی سووریا، ئەوە بوو پێکدادانەکانی نێوان هێزەکانی دەوڵەت و سوپای ئازادی سووریا لە ناوچە کوردییەکان بڵاو نەبێتەوە و زیان بە گەلی کورد نەگەیەنێ؟

 ئەمە تەگبیرێکە. لە شاری عەفرین دەستی پێکرد و بەرەو کۆبانی تەشەنەی سەند. لەوێ خەڵک دەستیان بەسەر دامودەزگاکانی ڕژێم داگرت، هێزە ئەمنیەکانیان وە دەر نا و ئێستا بەڕێوەبەرایەتی ناوچەکە بە دەستی خۆیانە. وەها ڕەوشێک لە دیرکیش هاتە  ئاراوە. ئێستا ئیتر گەل دەستی بەسەر سەرجەم دامودەزگاکان داگرتووە و بەڕێوەبەرایەتی بە دەست خۆیەتی. ئامانج لەمە پاراستنی خەڵکە.

بەگوێرەی ئەو زانیاریانەی بە دەست گەیشتوون، هێزەکانی دەوڵەت لە بەرامبەر گرتنی دامودەزگاکان بەرخۆدانی چەکداری ئەوتۆیان نیشان نەداوە. ئەمە چۆن هەڵدەسەنگێنن؟

 لە یەک دوو شوێن دەستیان کردەوە. شەهیدمان دا، هەم لە قامیشلی و هەم لە دێرک. هەروەها ژمارەیەکیش بریندار بوون. لە لایەکی ترەوە، تەگبیر وەرگیرابوون. لە کوبانی و لە عەفرین ١٢ سەعات مۆڵەتیان پێ درا بۆ ئەوەی دامودەزگاکان چۆل بکەن. ئەوانیش زانیان کە سەرجەم خەڵک هەستاوەتە سەر پێ.

یانی یەکێک لەو هۆکارانەی وایکرد خوێنی زۆر نەڕژێ، ئەوە بوو شەڕتان نەکرد و سەرەتا مۆڵەتتان پێ دان؟ 

بەڵێ، هۆشداریمان پێدان کە لە ناوچە کوردییەکان دەرکەون ئەگینا هەڵوێستی جیاوازمان دەبێ. ئەوانیش هەر لە سەرەتاوە خۆپیشاندانەکانی ئێمەیان بینیبوو، دەزانن داواکارییەکانی خەڵک بە چ ئاراستەیەکدا دەڕوا. لەبەر ئەمەش بێ ئەوەی خوێن بڕژێ، کوڵیان دا. زۆر باش بوو، خۆی ئێمەش نامانەوێ خوێن بڕژێ. لە شارەکانی دیکەش بۆ نموونە لە قامیشلی، چاوەڕوانی ئەوە دەکەین خوێن نەڕژێ. نامانەوێ هێرشی خوێناوی ئەنجام بدرێ. بەڵام گەل خۆی، خۆی بەڕێوە دەبا.

باشە جگە لە ئاستەنگ کردنی زیانی پێکدادانەکان لە ناوچەکە، داخوازییە سیاسیەکانی پەیەدە چین؟ ئایا ئامانجتان سەقامگیرکردنی ئۆتۆنۆمیە لە باکوری سوریا و لە چوارچێوەی وڵاتێکی یەکگرتوودا؟ 

سەرەتا با شتێکتان بۆ ڕاست بکەمەوە. ئێمە بەو ناوچەیە دەڵێین ڕۆژئاوای کوردستان. داخوازییەکانی ئێمە هەر لە سەرەتاوە دیار بوون. ئێمە چوار ساڵە لە چوارچێوەیەکی دیموکراتیکدا، یانی لە چوارچێوەی یەکپارچەیی سووریادا لە سەر پڕۆژەیەک کار دەکەین کە مافە نەتەوەییەکانی گەل (بۆ نموونە خوێندن و نووسین بە زمانی زگماکی) لە خۆوە دەگرێ و هەوڵێکە بۆ داننان بە گەلی کورد لە دەستوری بنەڕەتیدا. ئەمەشمان بە خۆسەری دیموکراتیک پێناسە کردووە. خۆسەری دیموکراتیک، نایاتە واتای ئۆتۆنۆمی. ئێمە بروشوری تایبەتمان لەمبارەوە بڵاو کردۆتەوە و بە هەموو کەسمان داوە. دیارە ئەمە تایبەت نییە بە کورد و بۆ ناوچەکانی تریشە ئەگەر خۆیان بیانەوێ.

 هەڵسوکەوتی دەسەڵاتدارێتی ئەسەد بەرامبەر بە ویستی خۆسەری دیموکراتیک چۆن هەڵدەسەنگێنن؟

 ئەوان چوار ساڵە پێیان وایە ئەمە دێتە واتای "لێکدابڕان". بێگومان ئێمە وا بیر ناکەینەوە. ئێمە لە چوارچێوەی یەکپارچەیی سووریادا، بیر لە مافە دیموکراتیکەکانمان دەکەینەوە. ئێمە سیاسەتێکی جیاخوازی یا خود سەربەخۆخوازی ناگرینە بەر. هەر وەک دەزانن ئێمە لەگەڵ ئۆپۆزۆسیۆنی عەرەبیش پەیوەندیمان هەیە. وەک پەیەدە لە ناو دەستەی کۆردیناسیۆنی نەتەوەییدا هەین. وەک چۆن ویستی سەربەخۆیمان نییە، داوای فیدڕالیزمیش ناکەین. خۆسەری دیموکراتیک، لە ڕووی جوگرافیەوە هیچ سنوورێک ناخاتە بەردەم خۆی.

کاربەدەستێکی باڵای سوپای ئازادی سووریا بۆ ڕۆژنامەی "زەمان"ی چاپی تورکیا قسەی کردووە و گوتویەتی پەیەدە لە باکووری سووریا دەیەوێ دەوڵەتێکی سەربەخۆ دابمەزرێنێ و ڕەخنەی لە پەیەدە گرتوە. بۆچوونتان لەسەر ئەم لێدوانە چییە؟

 پەیوەندیمان لەگەڵ سوپای ئازادی سووریا باشە. ئەم لێدوانە، زمانحاڵی سوپای ئازادی سووریا نییە. هەڵسوکەوت و نزیکایەتی سوپای ئازادی سوریا وەها نییە. من باسی کەسانی یەکەمیان دەکەم. لەوانەوە وشەی جوانمان بیست، وەک ''گەلی کورد بەشێکە لە شۆڕشی سووریا و پێرۆزبایی بە گەلی کورد دەڵێین" و ئێمەش بەمە گەلەک کەیفخۆشین.

یانی وەک ئێوە باسی دەکەن سووریا بە دەستی کێوە دەبێ بڵا ببێ، گرنگ ئەوەیە لەپێناو خۆسەری دیموکراتیک خەبات دەکەن؟ 

ڕاستە. بێگومان ئێمە بەڕێوەبەرایەتیەکی دیموکراتمان بۆ سووریا دەوێ. دەسەڵاتی ئێستا هیچ کات نەیتوانی دیموکرات بێ و پێشمان وا نییە دیموکرات بێ، بەڵام ئەوەی ڕاستی بێ بۆ وەی ویست و داواکارییەکانمان بەدی بێن، دەبێ حکومەتێکی دیموکرات لە شام هەبێ.

ئاخۆ پێتان وایە ئۆپۆزۆسیۆنی ئێستا ڕژێمێکی وەها دیموکرات دابمەزرێنێ؟ 

ئۆپۆزۆسیۆن، پارچە پارچەیە. ئەو بەشەی ئێمە پەیوەندیمان لەگەڵیدا هەیە، داخوازییەکانمان دەپەژرێنێ و بە ماقووڵیان دەزانێ.

سوپای ئازادی سووریاشیان لە ناو دایە؟ 

ئەویش لە ناویان دایە. ئۆپۆزۆسیۆنەکەی تر سەر بە دەرەوەیە و ددان بە لایەنەکان دانانێ. بەڵام ئۆپۆزۆسیۆنی دیموکراتیک واتە ئۆپۆزۆسیۆنی نێوخۆی سووریا، ددان بە هەموویان دادەنێ.

هەر وەک هەموومان ئاگادارین ئێوە لەم دواییانەدا، نەچوونە پاڵ ڕژێمی سووریا بەڵام لە هەمانکاتدا شان بە شانی هێزەکانی ئۆپۆزۆسیۆن و بە تایبەت سوپای ئازادی سووریا دژ بە ڕژێم پەناتان بۆ چەک نەبرد. ئەگەر ددان بە داخوازییەکانتان دادەنێن بۆچی لەگەڵیان ناکەون؟ 

ئەمە ڕاست نییە. ئێمە وەک حزب هەر لە سەرەتای دامەزراندنمانەوە لە ساڵی ٢٠٠٣ بە دواوە لە خەبات داین. ساڵانی ٢٠٠٤، ٢٠٠٥ و ٢٠٠٦ شەهیدمان دا. کە شۆڕشی سووریا یان با بڵێین بەهاری عەرەبی یا خود بەهاری گەلان دەستی پێکرد، ١٥٥٠ کەسی ئێمە لە گرتووخانەکانی ڕژێم دابوون. بۆیە ناکرێ بچینە پاڵ ئەوانەوە. شەڕمان کردوە بەڵام بێگومان لە ڕوانگەی خۆمانەوە.

بە ڕای ئێوە گۆڕانکاری لە بەڕێوەبەرایەتی ناوچە کوردنشینەکان چ کارتێکەرییەک لەسەر پەیوەندییەکانی تورکیا لەگەڵ ناوچەکە دادەنێ؟ 

سەرەتا دەبێ بڵێم ئێمە چاوەڕوانی ئەوە دەکەین پەیوەندی گەلان بە یەکەوە تۆکمەتر بێ و لەپێناو ئەمەدا تێدەکۆشین. هیچ کێشەیەکی ئەوتۆمان لەگەڵ گەلی تورکدا نییە. ئەو تەگبیرانەی لێرە گرتوومانە، لەپێناو پاراستنی گەلەکەمان دایە و بۆ دژومنایەتی هیچ لایەنێک نییە. بەڵام بەداخەوە بەڕێوبەرانی تورک فۆبیایەکی کوردیان هەیە. لە هەر شوێنێک کوردێک مافی خۆی بە دەست بێنێ، لە ڕوانگەی ئەوانەوە ناهەقە. ئێمە لەپێناو دیموکراتیزەبوونی سووریا تێدەکۆشین و تا ئەمەش بەدی دێ هەوڵ دەدەین گەلەکەمان بپارێزین. ئەمە مافی هەرە سروشتی خۆمانە. هیچکەس مافی نیە لەمبارەوە ڕەخنەمان لێ بگرێ.

دوای ئەم قۆناغە، دژ بە دەسەڵاتدارێتی سوریا درێژە بە چالاکی سەربازی دەدەن؟ 

ئێمە ئەگەر هێرشمان نەکرێتە سەر، هێرش ناکەینە سەر هیچ کەس.

پەیوەندیتان لەگەڵ بەڕێوەبەرایەتی کوردەکانی عێراق لە چ ئاستێک دایە؟

 لەسەر بانگهێشتی مەسعود بارزانی، دوو مەجلیسی ناوچەکەمان ڕێککەوتن. بە هۆی ئەم هەوڵانەوە، سوپاسی دەکەین. بەڵام بارزانی هیچکات خۆی نەخستۆتە نێو کاروباری ئێمەوە. لەسەر بنەمای ئەم ڕێککەوتنە، کۆمیتەیەک دادەمەزرێنین. کە یەکەم کۆبوونەوە بەسترا، پاشان کۆمیتەی ژێر چەتریش ئاوا دەکرێن. بەڵام ئەمە ڕێبازێکە کە کوردەکانی سووریا خۆیان گرتوویانەتە بەر.

لە نێو ئەم پێکهاتەیەدا، ناوی زۆر لایەن و ڕێکخراو هەیە، بەڵام ئاخۆ ئەکتەری سەرەکی پێڤاژۆکە پەیەدەیە؟ 

پەیەدە حزبێکی سیاسیە. باشترە بڵێین مەجلیسی گەل. مەجلیسی گەل لە ڕۆژئاوای کوردستان. لە لایەکەوە لە ژێر چەتری مەجلیسێکدا پانزە حزب هەیە و لە لایەکی دیکەشەوە دامودەزگا سڤیلەکان و پەیەدە هەن. شتێک نیە بە ناوی پەیەدەوە کرابێ، بەڵکو لە لایەن ئەم دوو مەجلیسەوە کراوە.

میدیای تورکیا، تەعبیری "باڵی سووریای پەکەکە" بۆ پەیەدە بەکار دێنێ، ئایا ئەم پێناسەیەتان پێ ڕاستە؟ 

پێمان وایە لە ڕوی فەلسەفی و ئیدیۆلۆژییەوە لێک نزیک بوونێک هەیە. دیارە ڕاشکاوانە باسمان لەوە کردووە. بەڵام هیچ چەشنە پەیوەندییەکی ئۆرگانیکمان لەگەڵ هیچ کەسێک نیە. جگە لەمە زۆر قسە و قسەلۆگ دەکرێ. دەڵێن پەکەکەییەکان لە دەرەوە هاتوون. تەنانەت کەسێکیش لە دەرەوە ڕا نەهاتووە. ئەم قسانە هیچ ئەسڵ و ئەساسێکیان نییە. ئێمە بە هێزی خۆمان، بە هێزی گەلەکەمان کاروباری کۆمیتەکان بەڕێوە دەبەین. هەڵبەت لەم ڕۆژانەی دواییدا، ئەمانە ڕاگەیەنراون. کۆمەڵێک یەکینە لە ژێر ناوی یەکینەکانی پاراستنی گەل دامەزراون. زۆربەی ئەمانەش لە هێزی گەنجان پێکهاتووە. بە مەبەستی هێرش کردن بۆ سەر هیچ لایەنێک دروست نەبوون، بەڵکوو بۆ پاراستنی خەڵک پێکهاتوون.

سەبارەت بە توانای هێزی چەکداریتان تا چ ئاستێک دەتوانن زانیاریمان پێ بدەن؟

 وەک ژمارە نازانم، بەڵام لە سەرانسەری ڕۆژئاوای کوردستان بڵاو بۆتەوە. بەشی هەرە زۆری خەڵک لەگەڵ ئێمەیە و پشتیوانیمان لێ دەکا.

وەک دوا پرسیار، شتێک ماوە بیڵێن؟ 

سەرەتا با ڕوو لە گەلی تورک بکەم... ئێمە دوژمنی گەلی تورک نەبووین و نابین. مێژوویەکی هاوبەشمان هەیە. بە کاربەدەستانی تورکیا دەڵێم با خۆیان لە فۆبیای کوردەکانی خۆیان ڕزگار بکەن بۆ ئەوەی هەندێک ئاشتی ڕوو لە ڕۆژهەڵاتی ناوین بکا. بە گەلانی دیکەی ڕۆژهەڵاتی ناوینیش دەڵێم... ئێمە هیچکات نامانەوێ دوژمنایەتی هیچ گەلێک بکەین. ویستی ئێمە برایەتی نێوان گەلانە. دەمانەوێ گەلان یەکسان بن. دەمانەوێ بە شێوەیەکی دیموکراتیک دان بە یەکتری دابنێین.

ئێوە کوردی سووریان، ئەو تورکیە ڕەوانە چۆن فێر بوون؟ 

من ئەندازیاری بواری کیمیام. دەرچووی زانکۆی تەکنیکی ئەستەنبوڵ (İTÜ)م. بۆیەش تورکیەکەم، تورکی ئەستەنبوڵە نەک تورکی ئۆرفا!

۱۳۹۱/۰۳/۲۲

له‌ ئۆپۆزێسیۆنێکی سروشتیی په‌رته‌وازه‌وه‌ بۆ به‌ره‌یه‌کی ڕێکخراو


سه‌لاحه‌دین بایه‌زیدی

ڕۆژهه‌ڵاتی کوردستان به‌حوکمی فره‌زاراوه‌یی، فره‌ ئایینی و فره‌ که‌لتووری له‌چاو پارچه‌کانی دیکه‌ی کوردستان پێکهاته‌یه‌کی پلۆرالیست و له‌هه‌مانکاتدا په‌رته‌وازه‌ی هه‌یه‌. هه‌ر ئه‌وه‌ش ڕێگه‌خۆشکه‌ر بووه‌ بۆ دانانی سنوور و به‌ربه‌ستێک له‌به‌رده‌م یه‌کگرتنی ڕیزه‌کانی جه‌ماوه‌ر. ناڕه‌زایه‌تی و سه‌رپێچی له‌به‌رامبه‌ری ڕژێم، له‌شوێنێکدا نه‌بۆته‌ هۆی ناره‌زایه‌تییه‌کی سه‌رانسه‌ری و هه‌مه‌لایه‌نه‌. چونکه‌ له‌پشت ئه‌و ناره‌زایه‌تییه‌وه‌ تایبه‌تمه‌ندییه‌کی هه‌رێمی خۆی نواندوه‌. یان ئه‌و هه‌ڵچوونه‌ له‌ئه‌نجامی گوشاری ڕژێم بۆ سه‌ر بیروباوه‌ڕی خه‌ڵکی ئه‌و ناوچه‌یه‌ بووه‌، یان له‌میانه‌ی ڕوداوێکی ڕۆژانه‌دا هاتۆته‌ گۆڕێ که‌ خه‌ڵکی ناوچه‌کانی دیکه‌ به‌ کێشه‌یه‌کی خۆیان نه‌زانیوه ‌و له‌گه‌ڵی هاوده‌نگ نه‌بوون.

بۆ نموونه‌ ئه‌گه‌ر ڕژێم گوشاری خستبێته‌ سه‌ر پێڕه‌وانی ئه‌هلی حه‌ق، یه‌کێکی موکریانی یان کورمانج سه‌ری پێوه‌ نه‌ئێشاندوه‌، یان ئه‌گه‌ر ناڕه‌زایه‌تییه‌ک شاره‌ سنوورنشینه‌کانی گرتۆته‌وه‌، وه‌ک ئه‌و هه‌موو ڕوداوه‌ی که‌ له‌ئه‌نجامی کوشتنی قاچاقچیه‌کدا بۆ وێنه‌ له‌مه‌ریوان یان پیرانشار ڕوو ده‌دات، نه‌بۆته‌ کێشه‌یه‌کی خه‌ڵکی کرماشان. ته‌نانه‌ت ڕووداوی تیرۆری شوانه‌ قادریش که‌ ده‌کرا ببێته‌ سه‌ره‌تایه‌ک بۆ ئیعترازێکی به‌رین و سه‌رتاسه‌ری، له‌به‌ر نه‌بوونی ڕێکخستن و قه‌یرانی له‌مجۆره‌ ته‌نیا هه‌رێمی موکریان و ئه‌رده‌لانی گرته‌وه ‌و ئه‌و ڕووداوه‌ش وه‌ک زۆر ڕوداوی تر که‌ به‌تایبه‌ت له‌م چه‌ند ساڵه‌ی دواییدا بێ پسانه‌وه‌ دێنه‌ ئاراوه‌، حاڵه‌تێکی هه‌رێمی به‌خۆوه‌ گرت. خۆپیشاندان و ناره‌زایی ده‌ربڕین له‌پێناو کوشتنی مه‌لا محه‌مه‌د ڕه‌بیعی و ده‌یان هه‌ڵچوونی دیکه‌ی هاوشێوه‌ له‌شاره‌ جۆراوجۆره‌کاندا هه‌ر له‌و بازنه‌یه‌دا ده‌خولێنه‌وه‌.

په‌رته‌وازه‌یی و نایه‌کریزی خه‌ڵک له‌م پارچه‌یه‌ی کوردستان واتای ئه‌وه‌ ناگه‌یه‌نێ که‌ خاوه‌ن ئامانج یاخود خاڵێکی هاوبه‌ش نین، به‌پێچه‌وانه‌وه‌. سه‌رجه‌م چین و توێژه‌کان بێ جیاوازی، ده‌ردێکی هاوبه‌شیان هه‌یه‌ و هاوکات ئامانجێکی هاوبه‌شیشیان هه‌یه‌. جا گرنگ نییه‌ سه‌ر به‌ کام زاراوه، کام ئایین و کام حزبن. به‌ساده‌ترین زمانیش ده‌توانین ڕزگاربوون له‌چنگ ڕژێم به‌ئامانجی هه‌موویان پێناسه‌ بکه‌ین. هه‌ر تاکێکی کورد هیوای ڕزگاری له‌ مێشک دایه‌ و بۆ گه‌یشتن به‌ ئامانجیش جگه‌ له‌ هه‌ندێ جیاوازیی لاوه‌کی له‌سه‌ر شێوازێکی خه‌بات و تێکۆشان کۆکن. دیاره‌ ئه‌م شێوازه‌ی خه‌بات و هه‌روه‌ها ڕزگاربوونیش به‌گوێره‌ی تێگه‌یشتنی هه‌ر مرۆڤێک له‌م چه‌مکه‌ ده‌گۆڕدرێ.

کارکردن و هه‌وڵدانی ڕژێم بۆ گۆڕینی ئه‌و دۆخه‌ واته‌ له ئۆپۆزێسیۆنه‌وه‌ بۆ هێزێکی دینامیکی گوێڕایه‌ڵ و سازشکار ئه‌نجامێکی ئه‌وتۆی نه‌بووه‌. چه‌نده‌ ئه‌و هه‌وڵانه‌ له‌سیاسه‌تێکی به‌رنامه‌بۆدارێژراویشه‌وه‌ سه‌رچاوه‌ی گرتبێ. کۆماری ئیسلامیی ئێران بۆ پێچه‌وانه‌کردنی ئه‌م دۆخه‌، پراکتیکێکی زۆر سیسته‌ماتیکی له‌ هه‌موو بواره‌کانی ژیان، په‌روه‌رده‌، بیرۆکراتی، ئابووری، وه‌رزش و ... به‌ڕێوه‌ بردووه‌، به‌شێوه‌یه‌ک که‌ جوڵانه‌وه‌ له‌ ده‌ره‌وه‌ی ئه‌م پرۆسه‌یه‌ی ڕژێمدا نامومکین و دژوار بێت، که‌چی توانیویه‌تی ته‌نیا له‌بواری شکڵه‌وه‌ پاشه‌کشه‌ی پێ بکات و له‌بواری مه‌عریفه ‌و تێگه‌یشتنه‌وه‌ له‌جێگه‌ی خۆی ماوه‌ته‌وه‌.

هه‌ر ئه‌مانه‌ش کاره‌کته‌ری ئۆپۆزێسیۆن بوونی پێ به‌خشیوه‌، ئۆپۆزێسیۆنێکی سروشتی که‌ پاڵنه‌ره‌که‌ی هه‌ست و تێگه‌یشتن بووه‌ نه‌ک هێز و دنه‌دانی ده‌ره‌کی. ئه‌م ئۆپۆزێسیۆنه‌ی خه‌ڵک وه‌ک هێزێکی سه‌ربه‌خۆ و جیاواز له‌ کرده‌وه‌دا خۆی نواندوه‌ و زۆر جاریش وه‌ک هێزێکی جیا حیسابی بۆ کراوه ‌و تاکتیک و ستراتیژییه‌تی هه‌ر له‌م چوارچێوه‌یه‌دا بووه‌. چونکه‌ وه‌ک چۆن نه‌که‌‌وتۆته‌ به‌ره‌ی ڕژێم و داموده‌زگاکانی، له‌به‌ره‌ی ئه‌حزابی کوردی و ئۆپۆزێسیۆنی ئێرانیشدا دووره‌په‌رێز ماوه‌ته‌وه‌. به‌حوکمی ئه‌وه‌ی ستراتیژی و ویست و داخوازییه‌کانی به‌ته‌واوی له‌گه‌ڵ پرۆژه‌ی سیاسی و داخوازی حزبه‌کان یه‌کی نه‌گرتۆته‌وه‌، به‌شێوه‌یه‌کی ناسه‌قامگیرو هه‌ڵپه‌سێراو لایه‌نگری و هه‌وادارێتی حزبێکی کردووه‌و سبه‌ی خۆی له‌شوێنێکی دیکه‌دا بینیوه‌ته‌وه‌.

ده‌توانم بڵێم چه‌نده‌ ڕژێمی کۆماری ئیسلامی ئێران نه‌یتوانیوه‌ له‌حاڵه‌تی ئۆپۆزێسیۆن بوون ده‌ری بێنێت، به‌پێچه‌وانه‌ حزبه‌کانیش له‌ خورت کردن و به‌هێزکردنی ئه‌م به‌ره‌یه‌دا نه‌یانتوانیوه‌ هه‌نگاوی به‌رچاو به‌رز بکه‌نه‌وه‌. هه‌رچی حیزبه کوردستانییه‌کانن، له‌بری ڕێکخستن و یه‌کریزی خه‌ڵک، زیاتر په‌رته‌وازه‌یان کردوه‌، نه‌ ته‌نیا نه‌یانتوانیوه‌ له‌ گۆڕینی ئه‌م بارودۆخه‌دا ڕۆڵیان هه‌بێت، به‌ڵکو هه‌مان تایبه‌تمه‌ندییان له‌ کۆمه‌ڵگاوه‌ گواستۆته‌وه‌ بۆ ناو سه‌نگه‌ره‌کانی خه‌بات و ئۆردوگاکانیشیان. تایبه‌تمه‌ندی ناوچه‌گه‌رایی و گرنگی دان به‌ هه‌رێمێک به‌ڕاشکاوی له‌ گوتاری سیاسی ئه‌و حزبانه‌دا ده‌رده‌که‌وێ و له‌ پراکتیکی ڕۆژانه‌یاندا خۆ نیشان ده‌دات.

سه‌رگرتنی به‌ره‌ی کوردستانی پێکهاتوو له‌ حزب و لایه‌نه‌کانی ڕۆژهه‌ڵاتی کوردستان ده‌یتوانی ده‌ستپێکێک بێ بۆ ئه‌وه‌ی ماڵی کوردی له‌و پارچه‌یه‌ یه‌ک بخات و کۆتایی به‌و بڵاوبوونه‌ بێنێت. به‌واتایه‌کی تر چه‌نده‌ به‌ره‌ی کوردستانی نوێنه‌ر و زمانحاڵی ئۆپۆزێسیۆنی کوردی بێت، ئه‌وه‌نده‌ش نوێنه‌ری هه‌موو چین و توێژه‌کانی کۆمه‌ڵگا بێت و سنووره‌کانی زاراوه‌ و ئایین بڕوخێنێ و که‌لتووری هه‌ڵکردن له‌گه‌ڵ یه‌کتری و یه‌کگرتن گه‌شه‌ پێ بدات.

ئه‌وه‌ باشترین و تاکه‌ مودێلی ڕێکخستنی ئه‌م حزبانه‌یه‌ بۆ وه‌سه‌ریه‌کنان و کۆکردنه‌وه‌ی ئه‌م دینامیکه‌ پرژو بڵاوه‌ و ده‌ربازبوون له‌و قه‌یرانه‌ی که‌ له‌بواری ڕێکخستنه‌وه‌ ده‌سته‌ویه‌خه‌ی ئه‌م پارچه‌یه‌ی کوردستان بۆته‌وه‌. به‌ڵام وه‌ک له‌ واقیعدا ده‌بینین پرۆژه‌ی به‌ره‌ی یه‌کگرتوو له‌به‌ر هه‌ندێک کۆسپ و ته‌گه‌ره‌ هه‌روا هه‌ڵپه‌سێردراو ماوه‌ته‌وه‌ و ته‌نانه‌ت له‌بیرۆکه‌ی شکڵ گرتنیشیدا دیسان دینامیکێکی به‌رچاو له‌ده‌ره‌وه‌ی پرۆسه‌که‌ ده‌مێننه‌وه‌.

ئه‌و به‌ره‌ کارتۆنییه‌ی که‌ له‌نێوخۆی ئێرانیشدا دروست بووه‌، به‌هیچ شێوه‌یه‌ک ناتوانێ ئه‌م ئه‌رکه‌ ڕاپه‌ڕێنێ و هه‌نگاو بنێت له‌پێناو یه‌کگرتنی خه‌ڵکدا.

له‌م نێوانه‌دا ته‌نیا بژارێک ده‌مێنێته‌وه‌، ئه‌ویش به‌ره‌ی یه‌کگرتووی خه‌ڵکه‌ که‌ به‌هه‌وڵ و هیممه‌تی خودی خه‌ڵک دروست ده‌بێ. به‌جۆرێک که‌ مه‌غزایه‌کی ته‌واو سیاسی بده‌ن به‌ هه‌ر جۆره‌ ناڕه‌زایه‌تی و جوڵانه‌وه‌یه‌کیان و هه‌وڵ بده‌ن بۆ ئه‌وه‌ی ده‌نگی خۆیان له‌ئاستی جیهانیدا به‌رز بکه‌نه‌وه‌. که‌سانی سه‌ربه‌خۆ به‌گشت چین و توێژه‌کانی، ڕۆشنبیران، سه‌ندیکا و داموده‌زگا سڤیله‌کان و لایه‌نگرانی حزبه‌کان له‌ کۆڵه‌که‌ بنچینه‌ییه‌کانی ئه‌م به‌ره‌یه‌ ده‌بن. خۆدیتنه‌وه‌ی لایه‌نگرانی حزبه‌کان له‌ئاراسته‌یه‌کی یه‌کگرتوو و هه‌ده‌فمه‌نددا گوشار بۆ پێکهاته‌کانی دیکه‌ی حزبیش دێنێ تاکوو له‌م قۆناخه‌دا یه‌کبگرن و ناکۆکییه‌ بچووکه‌کانیان وه‌لا بنێن.

۱۳۹۱/۰۳/۱۶

له‌ خاچ دانه‌وه‌ی پێشه‌وا


سەلاحەدین بایەزیدی

ئه‌ی مه‌سیح! نزیک به‌ دوو هه‌زار ساڵ تێده‌په‌ڕێ و تۆ هێشتا هه‌ر له‌ خاچ ده‌ده‌ن. ئه‌دی که‌نگێ تۆ له‌ خاچ ناده‌ن و کاتێک تۆ دێیت ئیدی جاویدانه‌ له‌ناوماندا ده‌ژیت؟
له‌ خاچ دانه‌وه‌ی مه‌سیح، نیکۆس کازانتزاکیس

ئه‌و به‌ره‌به‌یانه‌ی پێشه‌وا له‌ لایه‌ن دوژمنانیه‌وه‌ له‌ سێداره‌ درا، هه‌رگیز بیری له‌وه‌ نه‌کردبۆوه‌، له‌ داهاتوودا ڕۆڵه‌کانی له‌ سێداره‌ی دەده‌نه‌وه‌، ڕۆح و بیری خۆی و هاوڕێیانی بۆ جارێک و سه‌د جارێک ده‌ده‌نه‌وه‌ له‌ سێداره‌. قه‌ت بیریشی بۆ ئه‌وه‌ نه‌چووه‌ له‌ پێناوی به‌رژه‌وه‌ندیدا، ته‌ناف له‌ گه‌ردنی ڕه‌نج و ئامانجه‌کانی بکه‌ن. به‌ خه‌یاڵیدا نه‌هاتوه‌ هاوخوێن و هاوزمانه‌کانی، سووک و سانا ته‌سلیم به‌ دوژمنی بکه‌ن. وه‌یده‌زانی له‌ ناوماندا جاویدانه‌ ده‌ژی، ئه‌گه‌ر ڕۆڵه‌یه‌کی به‌ ئه‌مه‌کیش نه‌بین بۆی، لانیکه‌م خراپه‌مان بۆی نابێ و به‌ ڕێزه‌وه‌ یادی ده‌که‌ین.
ئه‌و کات له‌ مه‌یدانێک، له‌ به‌ره‌به‌یانێکی کپدا له‌سێداره‌ درا و ئێستا له‌ سه‌د مه‌یدان، له‌ هۆڵی خۆی، له‌ که‌مپه‌کانی حزب، له‌ باره‌گای مه‌سئوله‌کان، له‌ ناوه‌نده‌کانی ده‌وڵه‌ت و … له‌به‌ر چاوی هه‌ر هه‌موومان له‌ سێداره‌ ده‌درێته‌وه‌.
ئه‌و کات له‌ ژێر ئاڵای شێرو خورشیدی ئێران و ئێستا له‌ ژێر ئه‌و ئاڵایه‌ی خۆی بۆ یه‌که‌مجار هه‌ڵیکرد، ئه‌و کات له‌ مه‌یدانی چوارچرا و ئێستاش له‌به‌ر ده‌رکی سه‌را، له‌ شێخه‌ڵڵا. ئه‌و کات حوکمه‌که‌ی له‌ لایه‌ن عه‌جه‌مه‌کان و به‌ زمانی بێگانه‌ خوێنرایەوه‌، ئێستا له‌ لایه‌ن ڕۆڵه‌کانی خۆی و به‌ زمانی کوردی.
له‌ هه‌موو ئه‌و سێدارانه‌ گه‌وره‌تر، سێداره‌یه‌که‌ که‌ حکومه‌تی هه‌رێم ساڵانه‌ له‌ یادی خومه‌ینیدا بۆ پێشه‌وای به‌رز ده‌کاته‌وه‌ و له‌ پێش چاوی هه‌موومان، بێ به‌زه‌ییانه‌ ته‌رمی هه‌ڵواسراوی ئه‌و ڕێبه‌ره‌مان دێنێته‌وه‌ به‌رچاو. مۆمێک بۆ یادی خومه‌ینی ڕۆشن ده‌که‌ن و سه‌دان ڕووناکی له‌ دڵی ئێمه‌دا ده‌کوژێننه‌وه‌. گوڵێک له‌سه‌ر وێنه‌ی خومه‌ینی داده‌نێن و هه‌زاران تف له‌ کێلی پێشه‌وا ده‌که‌ن. فاتیحایه‌ک بۆ ڕۆحه‌ شوومه‌که‌ی خومه‌ینی ده‌خوێنن و بزمارێک له‌ تابووته‌که‌ی پێشه‌وا ده‌ده‌ن.
به‌ لای ئێمه‌وه‌ چه‌ند ئاسایی بۆته‌وه‌ له‌سێداره‌ دانی ڕۆح و کوشتنی خه‌ون. چه‌ند سانا بۆته‌وه‌ له‌سێداره‌دانی ڕابردوو و مێژوومان. سووکایه‌تی به‌ ئامانجمان، به‌ سروودمان، به‌ که‌سایه‌تیه‌کانمان و به‌ …  وه‌ک ئاو خواردنه‌وه‌ی لێهاتوه‌.
دواجار سه‌یر نییه‌ سبه‌ی ڕۆژ له‌ هۆڵی مه‌لا مسته‌فای بارزانی یادی سه‌ددام حوسێن بکه‌ینه‌وه‌، له‌ هۆڵی سه‌ید ڕه‌زای دێرسیمی یادی ئاتاتورک، له‌ هۆڵی جگه‌رخوێن یادی حافز ئه‌سه‌د و له‌ هۆڵی شێخ مه‌حموود، یادی عه‌لی کیمیایی بکه‌ینه‌وه‌. نا، هیچ سه‌یر نییه‌، چونکه‌ هه‌موو شتێک به‌ لامانه‌وه‌ ئاساییه‌.

۱۳۹۱/۰۱/۲۲

وتوێژی ڕۆژنامه‌ی ته‌ڕه‌ف لەگەڵ سه‌لاحه‌دین ده‌میرتاش



به‌شی یه‌که‌م

بۆچی سه‌لاحه‌دین ده‌میرتاش

ماوه‌یه‌ک له‌مه‌وپێش لێپرسراوێکی پایه‌بڵند له‌ ئه‌نقه‌ره‌ ڕایگه‌یاند حکومه‌ت په‌یڕه‌ویی له‌ ستراتژییه‌کی نوێ له‌مه‌ڕ کوردان ده‌کا. له‌ پێناو ئه‌مه‌دا سه‌ر له‌نوێ چاوپێکه‌وتنه‌کان ده‌ست پێ ده‌که‌نه‌وه‌! به‌ڵام جیاوازی ئه‌وه‌یه‌ ئه‌مجاره‌یان لەگەڵ ئیمراڵی و په‌که‌که‌ چاوپێکه‌وتن ئه‌نجام نادرێ. له‌مه‌وبه‌دوا، کێشه‌که‌ لەگەڵ پێکهاته‌ سیاسییه‌کان تاوتوێ ده‌کرێ. وه‌زیره‌کانی حکومه‌ت ئاگایان له‌م ستراتژییه‌ نوێیه‌ نه‌بوو، به‌ڵام سه‌رۆک وه‌زیر له‌ فڕۆکه‌دا کاتێک ده‌چوو بۆ کۆریا، بوونی وه‌ها ستراتژییه‌کی بۆ کۆمه‌ڵێک ڕۆژنامه‌نووس پشت ڕاست کرده‌وه‌ و له‌ پێناو وتوێژدا بانگه‌وازی ئاڕاسته‌ی پارتی ئاشتی و دیموکراسی (به‌ده‌په‌) کرد. به‌ده‌په‌ له‌ وەڵامی ئه‌م بانگه‌وازه‌دا، ڕایگه‌یاند بۆ وتوێژ و چاوپێکه‌وتن ئاماده‌م به‌ڵام... ئه‌ی پاشان چی ڕووی دا؟ گه‌لۆ وەڵامێک له‌ حکومه‌ته‌وه‌ بۆ به‌ده‌په‌ هات؟ ئه‌گه‌ر به‌ده‌په‌ لەگەڵ حکومه‌ت دابنیشێ، داوای چی له‌ حکومه‌ت ده‌کا؟ وتوێژه‌کان له‌ چ هه‌لومه‌رجێکدا به‌رده‌وام ده‌بن؟ به‌ده‌په‌، چی به‌ ئیمڕالی و قه‌ندیل ده‌ڵێ؟ ئایا به‌ده‌په‌ پلانێکی ئاشتی به‌ ده‌سته‌وه‌یه‌؟ حکومه‌ت چاوه‌ڕوانی چۆن چاره‌سه‌رییه‌که‌؟ ئیمڕاڵی چۆن چاره‌سه‌رییه‌کی ده‌وێ؟ قه‌ندیل ده‌ڵێ چی؟ ئاخۆ ئه‌گه‌ر خاکێک به‌ په‌که‌که‌ نه‌درێ که‌ خۆی به‌ڕێوه‌به‌ری بێ، مل بۆ ئاشتی ده‌نێ؟ قه‌ندیل، گوێ بۆ‌ ئۆجه‌لان ده‌گرێ؟ له‌ سیلڤان بۆچی گوێی پێنه‌دا؟ له‌ پێڤاژۆی چاوپێکه‌وتنه‌کانی ئۆسلۆدا چ شتێک ڕووی دا؟ له‌ ڕوانگه‌ی به‌ده‌په‌وه‌، دانوستانه‌کانی ده‌وڵه‌ت لەگەڵ ئیمڕالی، په‌که‌که‌ و که‌جه‌که‌ بۆچی و چۆن و که‌ی کۆتاییان پێ هات؟ ئاخۆ په‌که‌که‌ ئاماده‌یه‌ چه‌که‌کان بێده‌نگ بکا؟ ئه‌ی حکومه‌ت له‌ پێناو بێده‌نگ کردنی چه‌که‌کان چه‌ند ئاماده‌یه‌؟ کورده‌کان چۆن ستاتۆیه‌کی سیاسیان گه‌ره‌که‌؟ سنوری جوگرافیایی هه‌رێمه‌کانی خۆسه‌ر چۆن دیاری ده‌کرێن؟ چ ڕوداوگه‌لێک چاوه‌ڕوانی تورکیایه‌ک ده‌که‌ن که‌ کێشه‌ی کوردی چاره‌سه‌ر نه‌کردبێ؟ کوردستان چۆن داده‌مه‌زرێ؟ سه‌رجه‌م ئه‌م پرسیاره‌ گرنگانه‌ی په‌یوه‌ندیدار به‌ پرسی کورد و تورکیامان ئاڕاسته‌ی هاوسه‌رۆکی گشتی به‌ده‌په‌، سه‌لاحه‌دین ده‌میرتاش کرد. وەڵامی زۆر ڕوون، زۆر سه‌رنج ڕاکێش و جێگه‌ی مشتومڕمان ده‌ست که‌وت.

سازدانی: نه‌شه‌ دوزه‌ل – ڕۆژنامه‌ی ته‌ڕه‌ف
له‌ تورکییه‌وه‌: سه‌لاحه‌دین بایه‌زیدی
 
نه‌شه‌ دوزه‌ل: پاش ئه‌وه‌ی سه‌رۆک وه‌زیر {ئه‌ردۆغان} ستراتیژی نوێی کوردی ڕاگه‌یاند و گوتی له‌ مه‌ڕ پرسی کورد لەگەڵ پارته‌ سیاسیه‌کان دانوستان ده‌که‌ن، ئێوه‌ ڕاتانگه‌یاند بۆ ئه‌نجامدانی دانوستان ئاماده‌ن. ئایا حکومه‌ت وەڵامی ئه‌و لێدوانه‌ی ئێوه‌ی دایه‌وه‌؟ 
سه‌لاحه‌دین ده‌میرتاش: نه‌خێر، وەڵامی نه‌داوه‌ته‌وه‌. سه‌رۆک وه‌زیر، وه‌ک دوا قسه‌ گوتیشی "ئه‌گه‌ر هاوسه‌رۆکه‌کان به‌ ئیراده‌ی خۆیان بڕیار بده‌ن، چاوپێکه‌وتنیان لەگەڵ ئه‌نجام ده‌ده‌ین، به‌ پێچه‌وانه‌وه‌ لەگەڵ یان دانانیشین." زۆر سه‌رنج ڕاکێشه‌! سه‌رۆک وه‌زیر ده‌ڵێ "ئه‌گه‌ر ئیراده‌ و هێزی بڕیاردانتان نه‌بێ و نه‌توانن له‌ سه‌ر بڕیارێک کۆک بن، بۆ ده‌بێ چاوپێکه‌وتنتان لەگەڵ ئه‌نجام بده‌م؟"

به‌ڕای ئێوه‌ ده‌یه‌وێ بڵێ چی؟ سه‌رۆک وه‌زیر گوتی "لەگەڵ ئه‌و لایه‌نه‌ دانوستان ده‌که‌ین که‌ له‌ ڕێکخراوێکی تیرۆریستیه‌وه‌ فه‌رمانی پێ نه‌درێ و خاوه‌ن ئیراده‌ بێ".
له‌ ڕاستیدا ئه‌گه‌ر مه‌به‌سته‌کانی پشت ئه‌م دێڕانه‌ بخوێنینه‌وه‌، سه‌رۆک وه‌زیر ده‌ڵێ "ئه‌و مه‌سه‌له‌یه‌ی ده‌مه‌وێ قسه‌ی له‌ سه‌ر بکه‌م، چه‌که‌". ئه‌گینا گه‌ر سه‌رۆک وه‌زیر ده‌یه‌وێ له‌ سه‌ر پرسی کورد گفتوگۆ بکا، ده‌توانێ لەگەڵ به‌ده‌په‌ سه‌باره‌ت به‌ هه‌موو شتێک قسه‌ بکا.

هه‌موو شتێک وه‌ک چی؟
په‌روه‌رده‌ به‌ زمانی زگماکی، ده‌ستووری نوێ، شارۆمه‌ندی ده‌ستوری، گۆڕانکارییه‌کانی ده‌ستوور و تاد. سه‌باره‌ت به‌ هه‌موو ئه‌م مژارانه‌، خاوه‌نی ئیراده‌ی خۆمانین و هێزی بڕیاردانیشمان هه‌یه‌. به‌ڵام ده‌ردی سه‌رۆک وه‌زیر، ماف و ئازادی کورد نییه‌! بۆیه‌ ده‌ڵێ "لەگەڵ به‌ده‌په‌ سه‌باره‌ت به‌ چی قسه‌ بکه‌م؟ ئه‌وان هێزی بڕیاردان و ده‌سته‌ڵاتیان نییه‌." چونکه‌ ئه‌و به‌رده‌وام ده‌یه‌وێ له‌ سه‌ر چه‌ک قسه‌ بکا. له‌ مێشکی ئه‌ودا، سه‌باره‌ت به‌ پرسی کورد ته‌نیا چه‌ک هه‌یه‌!

ئێوه‌ وەڵامی بانگه‌وازه‌که‌تان دایه‌وه‌ و گوتتان "بۆ دانوستان ئاماده‌ین"، چاوه‌ڕوانی چۆن وەڵامێکن له‌ لایه‌ن حکومه‌ته‌وه‌؟
پێموانییه‌ وەڵام بده‌نه‌وه‌.

ئه‌گه‌ر حکومه‌ت لەگەڵ ئێوه‌ له‌ سه‌ر مێزی دانوستان دابنیشێ، له‌ چ هه‌لومه‌رجێکدا درێژه‌ به‌ دانوستانه‌کان ده‌ده‌ن؟
مه‌رجی سه‌ره‌کیمان ئه‌وه‌یه‌ دانوستانه‌کان ڕاشکاوانه‌ و شه‌فاف بن. دوای هه‌ر دیدارێک، ڕای گشتی له‌ ناوه‌ڕۆکی چاوپێکه‌وتنه‌که‌ ئاگادار بکرێته‌وه‌. ده‌بێ هه‌موو ئه‌و شتانه‌ ڕوون بکرێنه‌وه‌ که‌ ئێمه‌ چیمان گوتووه‌، قسه‌ی ئه‌وان چی بووه‌ و ده‌ستکه‌وته‌کانی ئه‌و چاوپێکه‌وتنه‌ چی بووه‌. مه‌رجی دووهه‌ممان ئه‌وه‌یه‌ دوای هه‌ر چاوپێکه‌وتنێک، حکومه‌ت هه‌نگاوی پراتیکی و به‌رچاو به‌رز بکاته‌وه‌.

تێنه‌گه‌یشتم...
سه‌باره‌ت به‌ پێڤاژۆی دانوستان، ته‌نیا‌ به‌رزکردنه‌وه‌ی هه‌نگاوی به‌رچاو و دیار متمانه‌ به‌ لایه‌نه‌کان ده‌دا و ته‌نیا له‌م حاڵه‌ته‌دا، ده‌کرێ که‌شوهه‌وای بێ پێکدادان بخوڵقێ. له‌ ژێر سایه‌ی که‌شوهه‌وایه‌کی ئارامیشدا، دانوستانه‌کان زیاتر پێش ده‌که‌ون. یانی دوو پێڤاژۆ هاوکات یه‌کتری ته‌واو ده‌که‌ن. بڕوانن... به‌ هۆی ئۆپه‌راسیۆنه‌کانی دژ به‌ کۆما جڤاکێن کوردستان (که‌جه‌که‌) و گوشاری سه‌ر چاپه‌مه‌نی، هه‌نووکه‌ هه‌لومه‌رجی سیاسی ژه‌هراوی کراوه‌. حزبێک که‌ حه‌وت هه‌زار ئه‌ندام، نوێنه‌ر و سه‌رۆک شاره‌وانی له‌ گرتووخانه‌کان دایه‌، بۆ ئه‌وه‌ی په‌یامی خۆی به‌ شێوه‌یه‌کی تۆکمه‌ له‌ ڕێگه‌ی که‌ناڵه‌ سیاسی و دیموکراتیکه‌کانه‌وه‌ ڕابگه‌یه‌نێ، ئه‌شێ به‌هێز بێ. که‌واته‌،‌ هه‌ندێک گۆڕانکاری ده‌ستووری و به‌ تایبه‌ت یاسای تێکۆشان دژی تیرۆر پێویستن‌.

واته‌ یه‌کێکی تر له‌ مه‌رجه‌کانتان، گۆڕینی بنکه‌ی دژی تیرۆر و به‌ردانی گیراوانی دۆزی که‌جه‌که‌یه‌؟
به‌ڵێ. له‌ سه‌ر مێزی دیالۆگ لەگەڵ حکومه‌ت، ئه‌م مژارانه‌ ده‌خه‌ینه‌ به‌ر باس. ده‌مانه‌وێ له‌مڕوه‌وه‌ هه‌نگاو به‌رز بکرێنه‌وه‌. به‌ندکراوانی که‌جه‌که‌ ئازاد بکرێن و چاوخشاندنه‌وه‌یه‌ک ئه‌نجام بدرێ. چونکه‌ ئه‌گه‌ر ئه‌م هه‌نگاوانه‌ نه‌نرێن، شانسی چاوپێکه‌وتنیش له‌ ئارادا نامێنێ. به‌ده‌په‌، حزبێکه‌ ڕۆژانه‌ ئه‌ندامانی قۆڵبه‌ست ده‌کرێن. تەنانەت هیچ گه‌ره‌نتیه‌ک نیه‌ که‌ من نه‌گیرێم. ته‌نانه‌ت نوێنه‌ری ئێمه‌ بۆ کۆمیسیۆنی ده‌ستوری بنه‌ڕه‌تی قۆڵبه‌ست کرا. بۆ ئه‌وه‌ی کێشه‌ی هه‌ره‌ سه‌ره‌کی سه‌دساڵی دوایی تورکیا چاره‌سه‌ر بکرێ، ئیتر پێویسته‌ هه‌نگاوی پراتیکی بنرێن. به‌ڵام ئه‌گه‌ر بێت و حکومه‌ت هه‌نگاو نه‌نێ...

چ ڕوو ده‌دا؟
ئه‌گه‌ر حکومه‌ت هه‌نگاو نه‌نێ، له‌ لایه‌که‌وه‌ ئۆپه‌راسیۆنی سه‌ربازی و شه‌پۆلی قۆڵبه‌ست کردنی ئه‌ندامانی که‌جه‌که‌ به‌رده‌وام ده‌بێ و له‌ لایه‌کی دیکه‌وه‌، ئه‌گه‌ر به‌ به‌ده‌په‌ بگوترێ "من هه‌مدیس له‌ سه‌ر مه‌سه‌له‌ی چه‌ک قسه‌ت لەگەڵ  ده‌که‌م"، له‌ ڕاستیدا ئه‌مه‌ دێته‌ ئه‌و واتایه‌ی که‌ حکومه‌ت نیازی چاوپێکه‌وتن و دانوستانی نییه‌. لەگەڵ ئه‌مه‌دا، یه‌که‌م چاوه‌ڕوانی ئێمه‌ له‌ ده‌ست پێکردنی دانوستانه‌کاندا بێده‌نگ کردنی چه‌که‌کانه‌.

چه‌که‌کان چۆن بێده‌نگ ده‌کرێن؟
چه‌که‌کان پێویسته‌ دوو لایه‌نه‌ بێده‌نگ بکرێن و پێویسته‌ حکومه‌تیش له‌ پێناو ئه‌مه‌دا، تێبکۆشێ. ده‌بێ حکومه‌ت ئۆپه‌ڕاسیۆنه‌کان ڕابگرێ. په‌که‌که‌ش ده‌بێ ئاگربه‌ست ڕابگه‌یه‌نێ. سه‌ره‌تا ده‌بێ پێشخانێکی ئاوا دابمه‌زرێ. ئه‌گه‌ر پێشخانێکی ئاوا دروست نه‌بێ، له‌ گفتوگۆ سه‌ره‌کییه‌کانماندا تووشی ئاسته‌نگی ده‌بین! پارتی دادو گه‌شه‌پێدان (ئاکه‌په‌) ده‌ڵێ "لەگەڵ تیرۆر دانانیشم"، به‌ڵام بۆ ماوه‌ی دوو ساڵ و نیو تا سێ ساڵ له‌ ئیمڕالی و ئۆسلۆ دانوستانی ئه‌نجام دا. ئه‌وده‌میش سه‌رۆک وه‌زیر ده‌یگوت "لەگەڵ تیرۆر دانانیشم". له‌م ڕوانگه‌وه‌، پێموانییه‌ دانوستانه‌کان به‌ یه‌کجاری کۆتاییان پێ هاتبێ.

دانوستانه‌کان لەگەڵ په‌که‌که‌ درێژه‌یان ده‌بێ؟
بڕوا ناکه‌م، به‌ڵام ناشێ بگوترێ "ئیتر جارێکی دیکه‌ چاوپێکه‌وتن له‌ نێوان په‌که‌که‌ و ده‌وڵه‌تدا ئه‌نجام نادرێ". ئه‌گه‌ر هه‌لومه‌رج بلوێ و قه‌ناعه‌تی دانوستان پێش بکه‌وێ، بۆی هه‌یه‌ سه‌رله‌نوێ چاوپێکه‌وتنه‌کان ده‌ست پێ بکه‌نه‌وه‌. له‌م چوارچێوه‌یه‌دا، به‌ده‌په‌ ده‌توانێ ڕۆڵ بلیزێ. با به‌مجۆره‌ شی بکه‌مه‌وه‌... بڵا حکومه‌ت قورسایی سیاسی کێشه‌ی کورد لەگەڵ ئێمه‌ تاوتوێ بکا. ئێمه‌، به‌رده‌نگی سیاسی کێشه‌که‌ین. ئێمه‌ له‌مڕوه‌وه‌ ده‌نگ، پشتیوانی و ده‌سه‌ڵاتمان له‌ ده‌نگده‌ران وه‌رگرتوه‌. مه‌شڕوعیه‌تمان هه‌یه‌. ئێمه‌...

به‌ڵێ...
ئێمه‌ پڕۆژه‌، به‌رنامه‌ی زه‌مه‌نی و پێشنیاری چاره‌سه‌ریمان هه‌یه‌ سه‌باره‌ت به‌وه‌ی ماف و ئازادییه‌کانی گه‌لی کورد به‌ چ شێوه‌یه‌ک له‌ ده‌ستوری بنه‌ڕه‌تی و له‌ ئاستی یاسا ئیدارییه‌کان گه‌ره‌نتی بکرێن و کێشه‌ی یه‌کسانی چۆن چاره‌سه‌ر بکرێ. حکومه‌ت، له‌ مژاره‌ سیاسیه‌کاندا زۆر به‌ ئاسانی ده‌توانێ گفتوگۆمان لەگەڵ بکا.

حکومه‌ت چ شتێک لەگەڵ ئێوه‌دا ناتوانێ بخاته‌ به‌ر باس؟
سه‌باره‌ت به‌ چه‌ک و ئاگربه‌ست ناتوانێ ڕاسته‌وخۆ لەگەڵ ئێمه‌ چاوپێکه‌وتن ئه‌نجام بدا: سه‌رۆک وه‌زیر زۆر باش ده‌زانێ ئێمه‌ له‌م ڕوه‌وه‌، ده‌سه‌ڵاتمان نییه‌. ئێمه‌ ڕاسته‌وخۆ ناتوانین له‌ سه‌ر چه‌که‌کان بڕیار بده‌ین. ئه‌گه‌ر لایه‌نه‌کان قه‌بوڵیان بێ، ئه‌وا ده‌توانین سه‌باره‌ت به‌ مه‌سه‌له‌ی چه‌ک، ڕۆڵی ناوبژیوانی بگێڕین. به‌ڵام سه‌رباری ئه‌وانه‌ش، سه‌رۆک وه‌زیر ده‌یه‌وێ لەگەڵ ئێمه‌دا مه‌سه‌له‌ی چه‌ک بخاته‌ گفتوگۆ! پاشان دێ و ده‌پرسێ "ئه‌گه‌ر له‌مڕوه‌وه‌ ده‌سه‌ڵاتی بڕیاردانتان نییه‌، من بۆچی لەگەڵ ئێوه‌ دابنیشم؟"

ئه‌ی وەڵامی ئێوه‌ چیه‌؟
ئێمه‌ش ده‌ڵێین "ئاخۆ ده‌ردی تۆ ته‌نیا چه‌که‌؟ ئه‌ی ماف و ئازادییه‌کانی کورد چییان به‌سه‌ر دێ؟ وه‌ره‌ با قسه‌ له‌ سه‌ر ئه‌مانه‌ بکه‌ین". چونکه‌ پرسی سه‌ره‌کی، کێشه‌ی کورده‌. مه‌سه‌له‌ی سه‌ره‌کی، کێشه‌ی په‌که‌که‌ نییه‌! ئێمه‌ له‌ چوارچێوه‌ی سیاسه‌ته‌کانی پارتیمان و ئه‌و ده‌نگانه‌ی پێمان دراوه‌، په‌یوه‌ندیدار به‌ مافه‌کانی گه‌لی کورد توانای هه‌ر چه‌شنه‌ بڕیارێکمان هه‌یه‌، به‌ڵام بڕیاردان له‌ سه‌ر چه‌ک، له‌ توانای ئێمه‌ به‌ده‌ره‌. سه‌رۆک وه‌زیریش ئه‌مه‌ ده‌زانێ. ئه‌گه‌ر ئه‌و بڕیاره‌ی له‌ ئێمه‌ی گه‌ره‌که‌، په‌یوه‌ندی به‌ چه‌که‌وه‌ هه‌یه‌، ده‌توانێ له‌ شوێنێکی تر چاوپێکه‌وتن ئه‌نجام بدا.

له‌ کوێ؟
لەگەڵ په‌که‌که‌ و ئۆجه‌لان چاوپێکه‌وتن ئه‌نجام بدا.

ئه‌ی باشه‌ بۆ مه‌سه‌له‌ی وازهێنان له‌ چه‌ک و دابه‌زین له‌ چیاکان، پێویسته‌ لەگەڵ قه‌ندیل چاوپێکه‌وتن ئه‌نجام بدرێ یان لەگەڵ ئۆجه‌لان؟
پێویسته‌ لەگەڵ هه‌ردووکیان چاوپێکه‌وتن ئه‌نجام بدرێ. ئه‌گه‌ر یه‌کێک له‌و لایه‌نانه‌ به‌شداری پێڤاژۆکه‌ نه‌کرێ، ئه‌وا کاروباره‌کان سه‌قامگیر نابن. به‌ڵام قسه‌ی دوایی له‌ بڕیاری کۆتایی په‌که‌که‌دا، ئۆجه‌لان ده‌یکا. پێویست حکومه‌ت بڵێ "ئه‌گه‌ر لایه‌نی به‌رامبه‌ر ئاگربه‌ست ڕابگه‌یه‌نێ، منیش ئۆپه‌ڕاسیۆنه‌کان ڕاده‌گرم."

به‌ڕای ئێوه‌ حکومه‌ت ئه‌م مه‌رجانه‌تان په‌سند ده‌کا؟
 باس له‌ مافی گه‌لێکی بیست میلیۆنی ده‌کرێ. ئه‌م مه‌رجانه‌ چین؟ هێشتا ئه‌مه‌ سه‌ره‌تای ڕێگه‌یه‌! ئه‌گه‌ر حکومه‌ت ته‌نانه‌ت له‌ شێوازدا، نیازی هه‌نگاونان و کرانه‌وه‌ی نه‌بێ... مینه‌کانی به‌رده‌م چاوپێکه‌وتن خاوێن نه‌کاته‌وه‌... جا سه‌باره‌ت به‌ مافه‌کانی کورد، لەگەڵیاندا باسی چی بکه‌ین؟ له‌ڕوانگه‌ی حکومه‌ته‌وه‌، ئه‌و بابه‌ته‌ زۆر قورستره‌.

ئایا پێتان وایه‌ حکومه‌تیش له‌ به‌رامبه‌ردا مه‌رجی ده‌بێ؟
بۆ ئه‌وه‌ی ڕای گشتی پشتیوانی بکا، بێگومان مه‌رجی ده‌بێ. ئێمه‌ش ده‌مانه‌وێ گوێمان له‌ شه‌رت و مه‌رجه‌کانی ئه‌و بێ.

باشه‌ دوابه‌دوایی ئه‌م لێدوانانه‌ی هه‌ر دوو لا، له‌ لایه‌ن حکومه‌ته‌وه‌ چاوپێکه‌وتنی نافه‌رمی لەگەڵ که‌س ئه‌نجام دراوه‌؟
نه‌خێر. نه‌ چاوپێکه‌تنێکی ڕاسته‌وخۆ ئه‌نجام دراوه‌ و نه‌ په‌یامێکمان پێ گه‌یشتووه‌.

ئه‌گه‌ر دانوستانه‌کان ده‌ست پێ بکه‌ن، چاوتان به‌ ئیمرالی یان قه‌ندیل ده‌که‌وێ، هیچیان پێ ده‌ڵێن؟ یاخود ته‌نیا گوێیان لێ ده‌گرن و قسه‌کانیان به‌ حکومه‌ت ڕاده‌گه‌یه‌نن؟
نه‌خێر. ئێمه‌ له‌م نێوانه‌دا، ته‌نیا نابینه‌ که‌ناڵی په‌یوه‌ندی، به‌ڵکو هه‌وڵ ده‌ده‌ین هه‌ر دوو لایه‌ن، بکه‌ونه‌ پۆزۆسیۆنێکه‌وه‌ چاره‌سه‌ری به‌ دواوه‌ بێ. به‌ڵام سه‌ره‌تا پێویسته‌ متمانه‌مان به‌ قۆناغه‌که‌ بێ. چونکه‌ ته‌نیا له‌ وه‌ها دۆخێکدا، ده‌توانین قه‌ناعه‌ت به‌وان بێنین متمانه‌ به‌م قۆناغه‌ بکه‌ن. سه‌یر که‌ن... ئه‌مه‌ خاڵێکی زۆر گرنگه‌. هه‌ر دوو لایه‌ن به‌شێوه‌یه‌ک هه‌ڵسوکه‌وت نه‌که‌ن که‌ پێشتر چاوپێکه‌وتنێک ئه‌نجام نه‌دراوه‌ گه‌یشتبێته‌ بن به‌ست‌.

چۆن هه‌ڵسوکه‌وت بکه‌ن؟
دانوستانه‌کانی ڕابردوو، بۆ هه‌ردوو لا بەنرخ بوو. دواجار هه‌م ئۆجه‌لان و هه‌میش په‌که‌که‌ له‌‌ چاوپێکه‌وتنه‌کاندا، به‌ ئیراده‌ی سیاسی زۆر بێ متمانه‌ن. هه‌ردووکیان بڕوایان به‌و لێژنه‌یه‌ هه‌بوو که‌ چاوپێکه‌وتنه‌کانی به‌ڕێوه‌ ده‌برد، به‌ڵام بڕوایان به‌ حکومه‌ت نه‌بوو. چونکه‌ حکومه‌ت له‌ ڕه‌وتی چاوپێکه‌وتنه‌کانی ئه‌و لێژنه‌یه‌ لەگەڵ ئیمڕالی، په‌که‌که‌ و که‌جه‌که‌ هیچکات ئیراده‌یه‌کی سیاسی به‌هێزی نیشان نه‌دا.

ئایا ناهه‌قی ناکه‌ن؟ ساڵی ڕابردوو، دروست به‌ر له‌ هه‌ڵبژاردنه‌کان، کاسێتی تۆمارکراوی چاوپێکه‌وتنی لێژنه‌ی ڕاسپێردراوی حکومه‌ت واته‌ ده‌زگای هه‌واڵگری تورکیا (میت) لەگەڵ په‌که‌که‌ له‌ ئۆسلۆ دزه‌ی کرده‌ ده‌ره‌وه‌... حکومه‌ت سه‌رجه‌م ئه‌مانه‌ی گرته‌ ئه‌ستۆ.
بڕوانن... ئه‌وه‌ی ڕاستی بێ پێڤاژۆی ئۆسلۆ به‌مجۆره‌ ڕۆیشته‌ پێش. ئه‌و لێژنه‌یه‌ی له‌ لایه‌ن حکومه‌ته‌وه‌ ده‌سه‌ڵاتی دانوستانی پێدرابوو، له‌ کاتی ئاماده‌بوونی پرۆتۆکۆلدا، لەگەڵ حکومه‌ت چاوپێکه‌وتن و ڕاوێژی ئه‌نجام دا! پاش ئه‌وه‌ی پرۆتۆکۆل حازر بوو و حه‌واڵه‌ی دوای هه‌ڵبژاردنه‌کان کرا، حکومه‌ت به‌ جۆرێک هه‌ڵسوکه‌وتی کرد وه‌ک بڵێی ئه‌م پرۆتۆکۆلانه‌ به‌ هیچ جۆرێک بوونیان نییه‌ و ئه‌مانه‌ ته‌نیا بیرۆکه‌ی ئۆجه‌لانن و ئه‌و خۆی له‌ سه‌ر کاغه‌ز هه‌ندێ شتی نووسیوه‌.

که‌وابێ بۆ دانیشتن لەگەڵ حکومه‌ت مه‌رجێکی دیکه‌شتان هه‌یه‌؟ ئایا به‌ حکومه‌ت ده‌ڵێن "با له‌و شوێنه‌وه‌ ده‌ست پێ بکه‌ین که‌ پێڤاژۆی ئۆسلۆ ڕاوه‌ستا"؟ له‌و شوێنه‌وه‌ ده‌ست پێده‌که‌ن که‌ پێتان وایه‌ وه‌ستێنراوه‌؟
ئێمه‌ وا ناڵێین به‌ڵام هیوادارم ئۆجه‌لان و په‌که‌که‌ وا بڵێن. ئێمه‌ ئه‌و کات له‌ نێو دانوستانه‌کاندا نه‌بووین. ئه‌وان ده‌ڵێن "بۆ ئه‌وه‌ی به‌م پرۆتۆکۆلانه‌ بگه‌ین، دوو سێ ساڵ چاوپێکه‌وتنمان ئه‌نجام دا و گفتوگۆمان کرد. له‌مڕوه‌وه‌ قسه‌کانمان بوون به‌ ده‌قێکی نووسراو. لێژنه‌که‌ ئه‌وانه‌ی برده‌ کن حکومه‌ت و حکومه‌تیش ڕه‌تی کردنه‌وه‌". چونکه‌ پرۆتۆکۆل، پێڤاژۆیه‌ک پێناسه‌ ده‌کا و ئه‌نجامه‌که‌ی چه‌ک کردنه‌. بۆیه‌ ده‌رباره‌ی پرۆتۆکۆلێک که‌ قه‌ندیلیش دانی پێدا نابێ، چاوه‌ڕوانی وەڵامێک له‌ حکومه‌ت ده‌کرێ.

به‌ڵام خۆ پێڤاژۆی ئۆسلۆ و ئه‌و پڕۆتۆکۆلانه‌ی له‌ ئه‌نجامی ئه‌ودا هاتنه‌ ئاراوه‌، ته‌نیا وازهێنان له‌ چه‌ک نه‌بوو. له‌ په‌روه‌رده‌ به‌ زمانی زگماکیه‌وه‌ بگره‌ تا ماف و ئازادییه‌کانی کوردان له‌و پڕۆتۆکۆلانه‌دا گونجێنرابوون. ئه‌گه‌ر له‌و پڕۆتۆکۆلانه‌وه‌ پاشه‌کشه‌ نه‌کرێ، ئێوه‌ لەگەڵ حکومه‌ت له‌ سه‌ر چ شتێک دانوستان ئه‌نجام ده‌ده‌ن؟
ده‌مه‌وێ بپرسم ئه‌م پڕۆتۆکۆله‌ بۆچی هه‌ڵوه‌شایه‌وه‌؟ حکومه‌ت ده‌بێ به‌شێوه‌یه‌کی فه‌رمی هۆکاری ڕه‌ت کردنه‌وه‌ی پڕۆتۆکۆله‌کان به‌ ڕای گشتی ڕابگه‌یه‌نێ. ئیتر پێویسته‌ حکومه‌ت له‌ سه‌ر ئه‌م پڕۆتۆکۆلانه‌ گفتوگۆ بکا. ده‌بێ بڵێ "فڵان ماده‌ په‌سند ده‌که‌م و فیسار ماده‌ی ڕه‌ت ده‌که‌مه‌وه‌". پێویسته‌ بڵێ "بناغه‌ی دیالۆگی ئێمه‌ لەگەڵ په‌که‌که‌ و ئۆجه‌لان، ئه‌م پڕۆتۆکۆله‌یه‌"!

ئێوه‌ ده‌ڵێن ئۆجه‌لان و په‌که‌که‌ وه‌ک یه‌ک جه‌سته‌ هه‌ڵسوکه‌وتیان کردووه‌، به‌ڵام گۆیا به‌م شێوه‌یه‌ نه‌بوو. ئه‌و ده‌مه‌ی ئۆجه‌لان گوتی "هه‌موو شتێک باش ده‌ڕواته‌ پێش، شه‌ڕی شۆڕشگێڕی گه‌ل پێویست ناکا‌"، قه‌ندیل گوێی به‌ ڕاسپارده‌کانی ئۆجه‌لان نه‌دا و ته‌واو به‌ پێچه‌وانه‌وه‌ جوڵایه‌وه‌. له‌ سه‌ر مێزی دیالۆگ هه‌ستا و هێرشی "سیلڤان"ی ئه‌نجام دا.
ئه‌مه‌ دووره‌ له‌ ڕاستیه‌وه‌! ئێمه‌ ده‌زانین قۆناغه‌که‌ به‌مجۆره‌ نه‌ڕۆیشته‌ پێش. ئه‌وکات ده‌ستێوه‌ردانێکی گه‌وره‌ کرا. حکومه‌ت به‌ گوتنی "سه‌یر که‌ن من خه‌ریک بووم ئاشت ده‌بوومه‌وه‌، ئه‌مانه‌ پوچه‌ڵیان کرده‌وه‌" و له‌ ڕێگه‌ی مۆنۆپۆلکردنی میدیا و که‌ناڵه‌کانی ڕاگه‌یاندنه‌وه‌، شه‌ڕێکی ده‌روونی به‌ڕێوه‌ برد. به‌ڵێ... ئۆجه‌لان گوتی "له‌ ڕه‌وتی چاره‌سه‌ری دیموکراسیانه‌ی ده‌ستووریه‌وه‌ له‌ ئاستێکی مێژوویی داین. مه‌گه‌ر سه‌د ساڵ جارێک بگه‌ینه‌ خاڵیکی وا".

به‌ڵێ...
چونکه‌ لێژنه‌که‌ ئه‌م په‌یامه‌ی پێدابوو "ئه‌و پڕۆتۆکۆلانه‌ی گفتوگۆمان له‌ سه‌ر کردوون، له‌ لایه‌ن که‌جه‌که‌وه‌ قه‌بوڵ کراون. ئێمه‌ ئیتر ده‌یبه‌ین بۆ حکومه‌ت. پێمان وانییه‌ چینی سه‌ره‌کی حکومه‌ت زۆر دژی ئه‌مانه‌ ده‌ربکه‌وێ. ئێمه‌ حکومه‌ت قایل ده‌که‌ین". به‌ڵام هه‌ڵبژاردنه‌کان کۆتاییان پێهات و ئاکه‌په‌ یارییه‌که‌ی ده‌ست پێکرد. سندووقه‌کان کۆکرانه‌وه‌ و ئه‌مجاره‌یان حکومه‌ت ڕووی له‌ ڕای گشتی کرد و پێی گوتن "پڕۆتۆکۆل و شتی وا له‌ ئارادا نییه‌. ئه‌م ڕاو بۆچوونی خودی ئۆجه‌لانن."

حکومه‌ت شتێکی به‌مجۆره‌ی بۆ ڕای گشتی ڕاگه‌یاند؟
بێگومان ڕاینه‌گه‌یاند. به‌ڵام ئێمه‌ ئاگادارین. زۆر به‌ ڕوونی ئاگادارین. یای گوڵته‌نیش ئاگاداره‌. وه‌کوو به‌ده‌په‌ش ئاگامان لێیه‌. دیاره‌ ئۆجه‌لانیش ئاگاداری ئه‌مه‌ هه‌یه‌..

حکومه‌ت ڕه‌تی کرده‌وه‌؟
ئێمه‌ تێگه‌یشتین حکومه‌ت ئه‌م‌ پڕۆتۆکۆلانه‌ به‌ هه‌ند وه‌رناگرێ. ته‌نانه‌ت ڕایه‌دارێکی پایه‌به‌رز، وێڕای ئاماژه‌ به‌ ‌هه‌ڵبژاردنه‌کان پێی گوتین "قۆناغه‌ هه‌ستیاره‌کانمان تێپه‌ڕاند". ئه‌مه‌ی پێ گوتین. ئه‌مه‌ بوو نێرینی حکومه‌ت! کرده‌وه‌یه‌کی ئه‌خلاقی نه‌بوو. ئێمه‌ به‌ ڕاستی زۆر نیگه‌ران بووین. دیاره‌ لایه‌نی کوردی به‌رده‌وام ئه‌م ئه‌گه‌ره‌ ده‌داته‌ به‌رچاو‌ "ئایا ئه‌م حکومه‌ته‌ پێمان ڕاده‌بوێری؟ ده‌یه‌وێ هه‌ڵمانخه‌ڵه‌تێنێ؟" به‌و به‌رپرسه‌مان گوت "ئێوه‌ ئاگاتان له‌ قسه‌کانتان هه‌یه‌؟"

گوتی چی؟
گوتی "به‌ڵێ، ئیتر قۆناغه‌ هه‌ستیاره‌کانمان تێپه‌ڕاند و پڕۆتۆکۆلێک له‌ گۆڕێ نییه‌. ئه‌مانه‌ بۆچوونی تاکه‌که‌سی ئۆجه‌لانن. دیاره‌ ئێمه‌ کێشه‌ی کوردمان تا ئاستێکی گرنگ چاره‌سه‌ر کردوه‌. درێژه‌ به‌ ڕێگه‌که‌مان ده‌ده‌ین".

باشه‌ هه‌ر که‌ ڕه‌وتی دانوستانه‌کان سست بۆوه‌ و فراز و نشێوی به‌ خۆیه‌وه‌ ببینێ، په‌که‌که‌ په‌نا بۆ چه‌ک ده‌با؟ هێرشی وه‌ک سیلڤان و چوکورجا پێکدێنێ؟
ئه‌مه‌ قۆناغێک نییه‌ بڵێی ڕه‌وتی دانوستانه‌کان سست بۆته‌وه‌! مێزی گفتوگۆکان له‌ لایه‌ن حکومه‌ته‌وه‌ ڕاده‌ست کرا. حکومه‌ت بوو ئه‌و په‌یامه‌ی دا "وتوێژی چی برام؟".

حکومه‌ت ده‌ڵێ ئه‌وه‌ په‌که‌که‌ بوو مێزی دانوستانه‌کانی کۆ کرده‌وه‌. کێ به‌ ئێوه‌ی گوت "ئیتر قۆناغه‌ هه‌ستیاره‌کانمان تێپه‌ڕاند. ئیتر پڕۆتۆکۆل و شتی وا له‌ گۆڕێ نییه‌"؟
ئه‌گه‌ر حکومه‌ت پێداگرانه‌ بڵێ "نه‌خێر، قه‌ت شتێکی وا له‌ ئارادا نیه‌"، با ڕاگه‌یاندنێکی هاوبه‌ش بده‌ین! سه‌یر که‌ن.. دیاره‌ حکومه‌ت به‌ر له‌ هه‌ڵبژاردنه‌کان، بڕیاری دابوو کۆتایی به‌ دانوستانه‌کان بێنێ. ته‌نانه‌ت پێش داخرانی مه‌جلیس، یاسای په‌یوه‌ندیدار به‌ سوپای تایبه‌تی ١٥٠ هه‌زار که‌سی هێنایه‌ ئاراوه‌. ده‌ڵێن سیلڤان خاڵی شکانه‌...

به‌ڵێ..
سیلڤان، چالاکییه‌ک نه‌بوو په‌که‌که‌ پلانی بۆ داڕشتبێ. چالاکی سیلڤان، هێرشی په‌که‌که‌ نه‌بوو بۆ سه‌ر یه‌کینه‌یه‌کی جێگیر. ڕووداوی سیلڤان هه‌ڵکوتان و هێرش نه‌بوو. ڕووداوه‌که‌ له‌ ئه‌نجامی ڕووبه‌ڕووبونه‌وه‌ی ئه‌ندامانی په‌که‌که‌ له‌ کاتی گه‌ڕانه‌وه‌ بۆ که‌مپه‌که‌یان لەگەڵ یه‌کینه‌یه‌کی سه‌ربازی هاته‌ ئاراوه‌. ئه‌گه‌ر کوژراوه‌کان په‌که‌که‌یی بوایه‌ن، هیچکه‌س نه‌یده‌گوت سیلڤان خاڵی شکان بوو.

ئۆجه‌لانیش ڕه‌خنه‌ی له‌ ڕووداوی سیلڤان گرت. دیاره‌ دیدار لەگەڵ پارێزه‌رانی به‌مجۆره‌ ڕاوه‌ستاند، وا نییه‌؟
ئۆجه‌لان له‌ سیاچاڵێکی ده‌ میتری ئیمڕالیه‌وه‌ هه‌موو دونیای ‌شۆپاند. ئێمه‌ ئه‌و ڕۆژه‌ له‌ دیاربه‌کر بووین و سێ ڕۆژ بوو سوپا درێژه‌ی به‌ ئۆپه‌راسیۆنه‌کان ده‌دا. له‌ سیلڤانه‌وه‌ هه‌واڵی پێکدادانی قورس هات و میدیاش به‌دواداچوونی بۆ کرد.

له‌ ڕۆژی بویه‌ره‌که‌ی سیلڤاندا، کۆنگره‌ی کۆمه‌ڵگەی دیموکراتیک خۆسه‌ری ڕاگه‌یاند. ئاخۆ سه‌رجه‌م ئه‌مانه‌، هێرش بوون بۆ به‌رده‌وامبوونی دانوستانه‌کان؟
حکومه‌ت به‌ هۆی ئه‌وه‌ی نه‌یده‌توانێ بڵێ دانوستانه‌کانی ڕاگرتووه‌، سیلڤانی به‌کار هێنا. سیلڤان بوو به‌ ده‌رفه‌تێک. وای نیشان دا که‌ په‌که‌که‌ ئه‌م کاره‌ی کردوه‌ بۆ ئه‌وه‌ی دانوستانه‌کان کۆتاییان پێ بێ. له‌ کاتێکدا ڕووداوی سیلڤان، بیلانچۆیه‌کی به‌ ئێش بوو که‌ له‌ ئه‌نجامی ئۆپه‌راسیۆنێکی سه‌ربازی و ڕووبه‌ڕووبونه‌وه‌ لەگەڵ په‌که‌که‌دا هاتبوه‌ ئاراوه‌.

با بگه‌ڕێینه‌وه‌ بۆ سه‌ر پێشنیاره‌ نوێیه‌که‌ی حکومه‌ت بۆ دانوستان.. ئاخۆ به‌ده‌په‌ پلانێکی ئاشتی سه‌ربه‌خۆی هه‌یه‌ له‌ هی حکومه‌ت، قه‌ندیل و ئیمڕالی جیاواز بێ؟
بێگومان. به‌ ده‌ردی سه‌رۆک وه‌زیر ده‌ڵێ پلانێک نییه‌ "فه‌رمانمان پێ درابێ و ئه‌نجاممان دابێ". پلانێکی ئاشتیمان له‌به‌ر ده‌ست دایه‌ که‌ له‌ لایه‌ن مه‌جلیسی حزبه‌که‌مانه‌وه‌ گفتوگۆی له‌ سه‌ر کراوه‌. مانگی ئۆکتۆبری ڕابردوو، له‌ جڤاتی گشتی به‌ده‌په‌دا، ماده‌ ماده‌ ئه‌م پلانه‌مان ئاشکرا کرد. به‌ڵام تا ڕۆژی ئه‌مڕۆ، هیچ پلانێکی ئاشتی به‌ده‌په نه‌خراوه‌ته‌ به‌ر باس و گفتوگۆ. پرسیاری سه‌ره‌کی لێره‌دا ئه‌وه‌یه‌ ئاخۆ حکومه‌ت هیچ پلانێکی ئاشتی هه‌یه‌؟

له‌ پێناو ئاشتیدا چیتان گه‌ره‌که‌؟
ئێمه‌ په‌روه‌رده‌ به‌ زمانی زگماکیمان ده‌وێ. ده‌مانه‌وێ له‌ سه‌رانسه‌ری تورکیا، به‌ڕێوه‌به‌ره‌ خۆجێیه‌کان ده‌سه‌ڵاتیان هه‌بێ. ده‌مانه‌وێ سه‌رجه‌م ئه‌و پێناسانه‌ی پێشێل کراون و نکۆڵیان لێکراوه‌، دانیان پێدابنرێ و له‌ ده‌ستووردا گه‌ره‌نتی بکرێن. شارۆمه‌ندی ده‌ستوریمان گه‌ره‌که‌. ئه‌مانه‌مان بۆ هه‌موو هاووڵاتیانی کۆماری تورکیا ده‌وێ، هه‌ڵبه‌ت بۆ کورده‌کانیش.

هێزی پاراستنی ڕه‌واتان ده‌وێ؟
ئه‌مه‌یان به‌ ته‌واوه‌تی چه‌واشه‌ کراوه‌. به‌ جۆرێک باسیان لێوه‌ کرد وه‌ک بڵێی یه‌کێنه‌ی پاراستنی ڕه‌وای سه‌ر به‌ په‌که‌که‌ داده‌مه‌زرێن. ئه‌و مرۆڤانه‌، بۆ ئه‌وه‌ی یه‌که‌ی پاراستنی ڕه‌وا به‌دی بێنن، نه‌چوونه‌ته‌ چیا. بڕوانن... له‌ جیهاندا به‌ گشتی، هه‌م ئه‌و هه‌رێمانه‌ی خۆسه‌رن و هه‌م له‌و شوێنانه‌ی به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی خۆجێی به‌‌هێزه‌، یه‌کینه‌ ئه‌منیه‌ خۆجێیه‌کان، سه‌ر به‌ به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی خۆجێین. پۆلیسی نیۆیۆرک، سه‌ر به‌ شاره‌وانی نیۆیۆرکه‌. ده‌بێ ئه‌سته‌نبوڵ، ئانتالیا و دیاربه‌کریش وا بن. ئه‌مه‌یه‌ به‌ڕێوه‌به‌رێتی خۆجێیی!

پۆلیس ده‌بێ سه‌ر به‌ کێ بێ؟
پۆلیس نابێ سه‌ر به‌ وه‌زاره‌تی کاروباری ناوخۆ بێ، ده‌بێ سه‌ر به‌ به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی خۆجێی بێ. هه‌ر چی سوپای پارێزه‌ری سنووره‌ میللیه‌کانیشه‌، سه‌ر به‌ ئه‌نقه‌ره‌ بێ. پێشنیاری مه‌، ئاوایه‌. ئێمه‌ نه‌مانگوتوه‌ میلیتانه‌ چه‌کداره‌کانی په‌که‌که‌ له‌ چیاکان دێنه‌ خوار و یه‌کینه‌ی پاراستنی ڕه‌وا پێکدێنن. دیاره‌ ئه‌مه‌ ڕاست نییه‌. هه‌ر وه‌ک گوتم، ئه‌وان له‌ پێناو ئه‌مه‌دا ڕوویان نه‌کردۆته‌ شاخ.

به‌ڕای ئێوه‌، حکومه‌ت چۆن چاوه‌ڕوانییه‌کی مه‌به‌سته‌؟
هه‌موو خه‌می حکومه‌ت ئه‌وه‌یه‌ که‌ په‌که‌که‌ ته‌سلیم ده‌بێ یان نا؟ ئاخۆ واز له‌ چه‌ک دێنێ یان نا؟ له‌ ڕوانگه‌ی حکومه‌ته‌وه‌ ته‌نیا په‌که‌که‌ وه‌ک کێشه‌ی تیرۆر هه‌یه‌. حکومه‌ت ده‌ڵێ "ته‌له‌ڤزیۆنی ته‌ڕه‌ته‌ شه‌شمان کرده‌وه‌. کۆرسی تایبه‌تی کوردیمان کرده‌وه‌. له‌ زانکۆکان به‌شی کوردیمان دامه‌زراند. ئه‌گه‌ر کێشه‌ی تیرۆریش چاره‌سه‌ر بکه‌ین، هیچ کێشه‌یه‌کمان نامێنێ".

وێده‌چێ له‌ داهاتویه‌کی نزیکدا، له‌ قوتابخانه‌کان زمانی کوردی ببێته‌ وانه‌یه‌کی هه‌ڵبژێردراو. به‌ڕای ئێوه‌، ئه‌مه‌ هه‌نگاوێکی ئه‌رێنی نییه‌ له‌ بواری دیموکراتیزه‌بوون و مافه‌کانی کورده‌وه‌؟
فێربوونی زمانی زگماکی گه‌لێک، ناکرێ وانه‌ی هه‌ڵبژێردراو بێ. ئێمه‌ دژی وانه‌ی هه‌ڵبژێردراو نین، با بکرێ، به‌ڵام حکومه‌ت پێداگرانه‌ ده‌ڵێ دژی په‌روه‌رده‌یه‌ به‌ زمانی زگماکی. چونکه‌ حکومه‌ت واز له‌ پڕۆژه‌ی به‌رهه‌مهێنانی نه‌ته‌وه‌ی پاڵپشت به‌ یه‌ک نه‌ته‌وه‌ و یه‌ک زمان ناهێنێ. به‌ گوێره‌ی ئه‌م پڕۆژه‌یه‌، له‌ تورکیا هه‌موو شتێک هی تورکه‌کانه‌. پۆلیس هی تورکه‌کانه‌، دۆزگه‌ر هی تورکه‌کانه‌. پۆلیس، پۆلیسی تورکه‌. ته‌نانه‌ت وه‌رزشکاریش، وه‌رزشکاری تورکه‌. بۆیه‌ حکومه‌ت نایه‌وێ هه‌نگاوێک بنێ که‌ زیان به‌ پڕۆسه‌ی یه‌کسانکردن و ئاسیمیلاسیۆن بگه‌یه‌نێ. سیسته‌می په‌روه‌رده‌ و کتێبه‌کانی مێژوو، جوگرافیا، مێژووی شۆڕش و ئه‌و کتێبانه‌ی تر‌ ناگۆڕێ که‌ حیساب بۆ جیاوازییه‌کان ناکه‌ن.

له‌ کتێبه‌کانی قوتابخانه‌دا بۆ نموونه‌ چ شتێک ناگۆڕێ؟
بۆ میناک، له‌ کتێبی مێژووی شۆڕشدا، له‌ دوو جێگه‌ ناوی کورد هاتووه‌. ئه‌ویش کاتێک باس له‌ کۆمه‌ڵه‌ زیانبه‌خشه‌کانی کورد کراوه‌. له‌ بری ئه‌مه‌ کورد بوونی نییه‌. چونکه‌ کورده‌کان به‌رده‌وام زیانبه‌خشن. له‌ کاتێکدا له‌ تورکیا گه‌لێک هه‌یه‌ به‌ ناوی کورد. مێژووی ئه‌وانه‌ چی به‌ سه‌ر هاتووه‌؟ له‌ کوێوه‌ هاتوون؟ باب و باپیریان کێن؟ له‌ کوێ به‌ شه‌ڕ هاتوون؟ ئاخۆ قاره‌مانێتی و شکستیان هه‌یه‌؟ ئێمه‌ به‌رده‌وام مێژووی تورکه‌کان ده‌خوێنین پاش ئه‌وه‌ی له‌ ئاسیای ناوینه‌وه‌ هاتوون. مناڵه‌که‌ی منیش هه‌ر ئه‌مه‌ ده‌خوێنێ. ئه‌گه‌ر ئاکه‌په‌ وازی له‌ سیاسه‌تی ئاسیمیلاسیۆن هێناوه‌، ئه‌ی مێژووی زارۆکی من له‌ کوێیه‌؟ کاتێک وانه‌ی مێژوو ده‌درێ، کورد بوونی نییه‌، له‌ فێرکردنی زماندا هه‌ر به‌م شێوه‌یه‌. له‌ شیکردنه‌وه‌ی جوگرافیادا، شتێک به‌ ناوی کوردستان بوونی نییه‌. له‌ کاتێکدا به‌ڕاستی له‌ سه‌ر ڕووی زه‌وی خاکێک هه‌یه‌ پێی بگوترێ کوردستان. له‌ ڕاستیدا، گه‌لی کورد، گه‌لێک نییه‌ کۆچبه‌ری ئێره‌ کرابێ. کورده‌کان گه‌لێکن، له‌ سه‌ر نیشتیمانی دایکی خۆیان ده‌ژین. بۆیه‌...

بۆیه‌...
ئه‌وانه‌ی خۆیان به‌ تورک پێناسه‌ ده‌که‌ن، چ مافێکیان هه‌بێ، ده‌بێ ئه‌وانه‌ی خۆیان به‌ کوردیش پێناسه‌ ده‌که‌ن، خاوه‌نی هه‌مان ئه‌و مافانه‌ بن. گومان و دڵه‌ڕاوکێی ئه‌وه‌ هه‌یه‌ "باشه‌، ئه‌و کات ئه‌مانه‌ جیا ده‌بنه‌وه‌؟" ئێمه‌ش نامانه‌وێ جیا ببینه‌وه‌. با پارچه‌بوون دروست نه‌بێ! وه‌رن با پێکه‌وه‌ ته‌گبیرێک بۆ ئه‌مه‌ بدۆزینه‌وه‌.

چۆن ته‌گبیرێک؟
زمانی فه‌رمی هاوبه‌شمان تورکی بێ. ئه‌و مناڵه‌ی به‌ زمانی کوردی ده‌خوێنێ، حه‌تمه‌ن فێری زمانی تورکیش ببێ. من وه‌ک هاووڵاتیه‌ک که‌ باج ده‌ده‌م، ئه‌مه‌ مافی منه‌. به‌ڵام له‌ هه‌رێمی خۆسه‌ر، له‌ قوتابخانه‌کان و شوێنه‌ گشتیه‌کان ده‌کرێ دوو زمانی فه‌رمی هه‌بن.

  درێژه‌ی هه‌یه‌...

۱۳۹۱/۰۱/۰۲

نه‌ورۆزی کوردی باش و نه‌ورۆزی کوردی خراپ



 جه‌نگیز چاندار 
 له‌ تورکییه‌وه‌: سه‌لاحه‌دین بایه‌زیدی
 
شا ئیسماعیل به‌دریخان ئۆغڵو سه‌رۆکی ده‌زگای گوین سیاد (کۆمه‌ڵه‌ی پیشه‌کار و په‌یمانکارانی باشووری ڕۆژهه‌ڵات)، گرنگییه‌کی تایبه‌تی به‌ ئاهه‌نگی پیرۆزبایی نه‌ورۆز دا که‌ شه‌وی یه‌کشه‌ممه‌ ١٨ی مارس له‌ کۆشکی چراخانی ئه‌سته‌نبوڵ به‌ڕێوه‌ چوو. چه‌ند ڕۆژ پێشتر ئاگاداری کردبوومه‌وه‌ و بۆ ئه‌وه‌ی سه‌داسه‌د به‌شداری ئاهه‌نگه‌که‌ ببم، جار جار ته‌له‌فۆنی بۆ ده‌کردم و به‌ بیری ده‌هێنامه‌وه‌.

 له‌ که‌شوهه‌وایه‌کدا که‌ پرسی کورد به‌ره‌و خراپبوون ده‌چێ یاخود گومانی خراپبوونی پرسه‌که‌ له‌ ئارادایه‌، پیرۆزبایی نه‌ورۆز له‌ نێو کۆشکێکی "پێته‌ختی ئیمپراتور" و به‌ جه‌خت کردنه‌وه‌ له‌ سه‌ر "ئیراده‌ی پێکه‌وه‌ ژیان"، بۆ به‌دریخان ئۆغڵو گرنگییه‌کی زۆری هه‌بوو.

 هه‌موو جارێ که‌ ته‌له‌فۆنی ده‌کرد، ئاماژه‌ی به‌وه‌ ده‌کرد وه‌زیره‌کان، نوێنه‌رانی پارتی دادو گه‌شه‌ پێدان، پارێزگاری ئه‌سته‌نبوڵ و هه‌روه‌ها نوێنه‌رانی پارتی ئاشتی و دیموکراسی، ڕێبه‌رانی کۆنگره‌ی کۆمه‌ڵگەی دیموکراتیک و ئه‌حمه‌د تورک به‌شداری ئاهه‌نگه‌که‌ ده‌بن.

 ئاهه‌نگی پێرۆزبایی نه‌ورۆزی گوین سیاد له‌ کۆشکی چراخان و له‌ ١٨ی مارسدا‌، به‌ر له‌ بڕیاری ڕێگه‌نه‌دان به‌ پیرۆزبایی نه‌ورۆز له‌ لایه‌ن پارتی ئاشتی و دیموکراسی له‌ ئه‌سته‌نبوڵ و دیاربه‌کر له‌ ١٨ی مارس دابوو.

 کاتێک ڕێگه‌ به‌ به‌ده‌په‌ نه‌درا ئاهه‌نگی پیرۆزبایی له‌ مه‌یدانه‌کان به‌ڕێوه‌ ببا و به‌ده‌په‌ش پێداگر بوو له‌ سه‌ر پیرۆزباییه‌کان، تێگه‌یشتین نه‌ورۆزی ٢٠١٢ پڕ له‌ کێشمه‌کێش ده‌بێ. شه‌وی ١٧ی مارس له‌ به‌دریخان ئۆغڵوم پرسی ئاخۆ له‌ کۆشکی چراخان ئاهه‌نگی پیرۆزبایی به‌ڕێوه‌ ده‌چێ یان نا. ئه‌گه‌ر ئاهه‌نگ به‌ڕێوه‌ بچێ، هه‌ندێک لایه‌نی کورد ڕه‌خنه‌ی توندی لێده‌گرن. تۆمه‌تی لێده‌ده‌ن و ده‌ڵێن "ئه‌و نه‌ورۆزه‌ی بۆ گه‌لی کورد له‌ مه‌یدانه‌کان قه‌ده‌غه‌یه‌، بۆ بورژواکانی کوردی نێو کۆشکه‌کان سه‌ربه‌سته‌". دواجار واش بوو، ئه‌و قسانه‌ کران.

 له‌ پێناو لۆژیکی کۆنی ده‌وڵه‌ت له‌مه‌ڕ‌ کورده‌کان، واته‌ "پارچه‌ی بکه‌ و به‌ڕێوه‌ی ببه‌"، وه‌ک پێشبینی ده‌کرا، به‌کارهێنانی هێزی پێشگری پۆلیس له‌ ئاهه‌نگه‌کانی پیرۆزبایی نه‌ورۆز له‌ کازلی چه‌شمه‌ی ئه‌سته‌نبوڵ و دیاربه‌کر، وه‌ ڕاست گه‌ڕا. له‌ ئه‌سته‌نبوڵ به‌ڕێوه‌به‌رێکی به‌ده‌په‌ کوژرا، له‌ هه‌ر دوو شاری ئاماژه‌پێکراو، زیاتر له‌ ١٠٠ که‌س قۆڵبه‌ست کران. ئاڵۆزی هاته‌ ئاراوه‌. نه‌ورۆز له‌ "جه‌ژن" و "پیرۆزبایی" و "شایی"یه‌وه‌ گۆڕدرا بۆ‌ "پێکدادان".

هه‌ڵه‌ی بورژوازی کورد
 

وه‌ک گوتمان له‌ کۆشکی چراخان، ئاهه‌نگی پیرۆزبایی گوین سیاد به‌ڕێوه‌ چوو. هۆڵێکی مه‌زن پڕاوپڕ بوو له‌ خه‌ڵک. هه‌رچی که‌سایه‌تی کورده‌ له‌ تورکیا، له‌و که‌سانه‌وه‌‌ بگره‌ که‌ له‌ ده‌ره‌وه‌ی "باندۆڕی په‌که‌که‌" ماونه‌ته‌وه‌ تا که‌سانی‌ "دژه‌ په‌که‌که‌"ش، له‌وێ بوون. واتا "ئه‌و جۆره‌ کورده‌ی ده‌وڵه‌ت خۆشی گه‌ره‌که‌" یاخود "کورده‌ باشه‌کان".

 به‌ڵام جگه‌ له‌ چه‌ند نوێنه‌رێکی پارتی دادو گه‌شه‌پێدان، "ده‌وڵه‌ت" له‌وێنده‌رێ نه‌بوو. به‌ده‌په‌ییه‌کانیش به‌ هۆی ئه‌و ڕووداوانه‌ی ئه‌و ڕۆژه‌ ڕوویان دابوو و هه‌روه‌ها گیان له‌ده‌ستدانی ئه‌ندامێکیان‌، به‌ شا ئیسماعیل به‌دریخان ئۆغڵویان ڕاگه‌یاندبوو به‌شداری ئاهه‌نگه‌که‌ نابن. به‌ واتایه‌کی دیکه‌، هه‌ر دوو لایه‌نی سه‌ره‌کی کێشه‌که‌ له‌ کۆشکی چراخان نه‌بوون. ده‌وڵه‌ت و "کورده‌ خراپه‌کان" له‌وێ نه‌بوون.

 مۆسیقا گوێ بزوێن و ده‌نگه‌ به‌ سۆزه‌که‌ی هونه‌رمه‌ندی چه‌نگ ژه‌نی کوردستانی عێراق تارا جاف و دیمه‌نه‌ بێ وێنه‌کانی ئێواره‌یه‌کی به‌هاری، نه‌یانتوانی پاشه‌کشه‌ به‌ غه‌م و ماته‌می سه‌رچاوه‌گرتوو له‌ ڕووداوه‌کانی ئه‌و ڕۆژه‌ بکه‌ن. 

 دوو که‌س قسه‌یان کرد. شا ئیسماعیل به‌دریخان ئۆغڵو وتارێکی جوانی پێشکه‌ش کرد و ئاماژه‌ی به "گرنگی پیرۆزبایی نه‌ورۆز له‌ پێته‌ختی ئیمپراتوریه‌کان"  کرد و گوتی له‌ سه‌رده‌می عوسمانیه‌کاندا "کێشه‌ی کورد بوونی نه‌بووه‌". ئیسماعیل بێشکچیش قسه‌ی کرد. ئیسماعیل بێشکچی ئه‌و تورکه‌ی به‌ هۆی هه‌ڵوێسته‌کانی له‌ سه‌ر کێشه‌ی کورد، نیوه‌ی ته‌مه‌نی خۆی له‌ نێو چوار دیواردا تێپه‌ڕاندووه، له‌ وتاره‌که‌یدا گوتی "ده‌وڵه‌ت به‌ ئه‌نقه‌ست ڕێگر بووه‌ له‌ به‌رده‌م دروست بوونی چینێکی بورژوازی کورد و په‌ره‌سه‌ندنی بورژوازی کورد خزمه‌ت به‌ پێشخستنی کولتووری دیموکراتیک ده‌کا."

 به‌ هه‌ر حاڵ، با که‌س مه‌راق نه‌کا؛ ئه‌و کوردانه‌ی له‌ کۆشکی چراخان له‌ ده‌وری یه‌ک کۆ ببوونه‌وه‌، هه‌رچه‌ند ڕێکخه‌ره‌که‌ی گوین سیادیش بێ، نوێنه‌ری "بورژوازی کورد" نه‌بوون. هه‌رچه‌ند له‌م ساڵانه‌ی دواییدا، ئه‌م وشانه‌ که‌وتبنه‌ ڕۆژه‌ڤه‌وه‌، شتێک به‌ ناوی "بورژوازی کورد" بوونی نییه‌. چێ نه‌بووه‌.

 چونکه‌ له‌و واتایه‌دا، بورژوازییه‌کی کورد بوونی نییه‌ که‌ خۆی به‌رهه‌مهێنه‌ر بێ و "بازاڕی نه‌ته‌وه‌یی" خۆی به‌ڕێوه‌ ببا. ده‌توانین باسی کوردی ده‌وڵه‌مه‌ند بکه‌ین. که‌ ده‌وڵه‌مه‌ند و خاوه‌ن موڵکیشن، هۆکاره‌که‌ی به‌رهه‌م هێنان نییه‌ له‌ ناوچه‌که‌دا، به‌ڵکو له‌ ئه‌نجامی په‌یوه‌ندی بازرگانی له‌گه‌ڵ ڕۆژئاوای تورکیا و باکووری عێراق (کوردستانی عێراق) له‌م ساڵانه‌ی دواییدا به‌و ئاسته‌ گه‌یشتوون. ئه‌وانه‌ی گوین سیادیش هه‌ر به‌ هه‌مان شێوه‌.

 ئه‌وان، پردی پێکه‌وه‌ گرێدانی ڕۆژئاوای تورکیا به‌ ڕۆژهه‌ڵاتیان له‌ به‌رچاو گرتوه‌، بۆ ئه‌وه‌ی پرده‌که‌ نه‌ڕوخێ و قایمتر بێ، له‌ پایته‌ختی ئیمپراتۆریه‌کان، ئاهه‌نگی نه‌ورۆزیان به‌ڕێوه‌ برد، به‌ڵام سیاسه‌تی ده‌وڵه‌ت (یان باشتر وایه‌ بڵێین حکومه‌ت) له‌ مه‌ڕ پرسی کورد، ڕێگه‌نه‌دان به‌ پیرۆزبایی نه‌ورۆز له‌ مه‌یدانه‌کان له‌ ڕۆژی ١٨ مارس و هه‌ڵکوتانه‌ سه‌ر ڕۆژی جه‌ژن له‌ ئه‌سته‌نبوڵ و دیاربه‌کر، تا بڵێی بێزاری کردن.

 دواجار، شا ئیسماعیل به‌دریخان ئؤغڵۆ، دوێنێ ڕاشکاوانه‌ گوتی: چ ده‌بوو ئه‌گه‌ر مۆڵه‌تیان پێ دابایان. لانیکه‌م ئه‌مڕۆ مرۆڤێک نه‌ده‌چوه‌ ژێر خاک و له‌ ماڵی خۆی ده‌بوو.

قه‌ده‌غه‌کانی ده‌وڵه‌ت و دابڕانی ڕۆحی کورده‌کان
 

ئه‌گه‌ر ده‌وڵه‌ت – حکومه‌ت هه‌روا به‌ چاوی "مه‌سه‌له‌یه‌کی ئه‌منی" بڕوانێته‌ کێشه‌ی کورد، له‌ داهاتوودا شاهیدی تێکهه‌ڵچوونی دیکه‌ ده‌بین و له‌ نێو کورده‌کاندا ڕۆژ به‌ ڕۆژ دابڕانێکی ڕۆحی زیاتر دروست ده‌بێ.

 له‌ ئاهه‌نگی کۆشکی چراخاندا، له‌گه‌ڵ ژماره‌یه‌کی زۆر له‌ "کوردانی سه‌ر به‌ پارتی دادو گه‌شه‌ پێدان" که‌ له‌ هه‌موو ناوچه‌کانه‌وه‌ هاتبوون، قسه‌م کرد.

 به‌ گشتی هه‌موویان باسیان له‌و دابڕانه‌ ڕۆحیه‌ کرد. گوێم لێ نه‌بوو هیچکامیان چاوه‌ڕوانی‌ ئه‌رێنیان له‌ داهاتووی نزیک هه‌بێ. دیاره‌ پێداگرن له‌ سه‌ر نه‌که‌وتنه‌ ژێر باندۆڕی په‌که‌که‌، به‌ڵام پێیان وابوو تا دێ ناوچه‌که‌ - ته‌نانه‌ت نه‌وه‌ی نوێی ئه‌سته‌نبوڵیش – ده‌كه‌وێته‌ ژێر ئه‌و باندۆڕه‌وه‌.

 له‌م ڕۆژانه‌ی دواییدا، هه‌ڵسوکه‌وتی ده‌وروبه‌رانی حکومه‌ت و ده‌وڵه‌ت سه‌باره‌ت به‌ هه‌ڵاواردنی "کوردی باش – کوردی خراپ" له‌ نزیکه‌وه‌ ده‌بینم. شاشه‌ی ته‌له‌ڤزیۆنه‌کان و کورسیه‌کانی پلاتفۆرمی (ئابانت) له‌ لایه‌ن ئه‌وانه‌وه‌ پڕ ده‌کرێته‌وه‌، ئه‌گه‌رچی ئه‌وانه‌ له‌ ناو کوتله‌یه‌کی به‌رینی کورداندا هیچ گرنگییه‌کیان پێنادرێ. هێنده‌ی ئه‌و چه‌پڵانه‌ی له‌ ناوه‌نده‌کانی ده‌سه‌ڵاتدار له‌ ئه‌نقه‌ره‌ و ئه‌سته‌نبوڵ و له‌ لایه‌ن "تورکه‌ سپییه‌کان"ه‌وه‌ بۆیان لێده‌درێ، به‌و ڕاده‌یه‌ش له‌ لای ویژدانی کوردان نزمن.

 پسپۆڕێکی دیاربه‌کری، هه‌فته‌ی ڕابردوو گێڕایه‌وه‌ که‌ به‌ یه‌کێک له‌وانی گوتوه‌ "واز له‌وه‌ بێنن له‌ هه‌ر کوێ بۆتان هه‌ڵکه‌وت بڵێن میت (ده‌زگای هه‌واڵگری تورکیا)، په‌که‌که‌ی دامه‌زراندوه‌. ته‌نانه‌ت ئه‌گه‌ر به‌ڵگه‌ی چاوپێکه‌وتنی عه‌بدوڵڵا ئۆجه‌لان له‌گه‌ڵ "میت"یش بێنن، هیچ واتایه‌کی بۆ خه‌ڵکی دیاربه‌کر نابێ". بۆ تێگه‌یشتن له‌ هۆکاره‌کانی، پێویسته‌ مرۆڤ‌ حاڵه‌تی ڕۆحی کورده‌کان – ئه‌مڕۆشی له‌گه‌ڵ دابێ – بخوێنێته‌وه‌ و تێی بگا.

 ئه‌مڕۆکه‌ ته‌نیا ئه‌و کورده‌ی ڕووی له‌ ده‌وڵه‌ت کردووه‌ واته‌ "کوردی باش" نییه‌ که‌ له‌ حاڵه‌تی ڕۆحی کورده‌کان به‌ تایبه‌ت له‌ ناوچه‌کانی خۆیان تێناگا. به‌ڵکو ئه‌و قه‌ڵه‌م به‌ ده‌ستانه‌ی که‌ خۆیان به‌ نوێنه‌ری ده‌سه‌ڵاتیش له‌قه‌ڵه‌م ده‌ده‌ن، به‌ شێوه‌یه‌کی باوه‌ڕپێنه‌کراو که‌مته‌رخه‌من. پێیان وایه‌ بابه‌تی زۆر "ئۆڕژیناڵ" ده‌نووسن. پانزه‌ ساڵ له‌مه‌وپێش، تانسۆ چیلله‌ریش کۆمه‌ڵێ نووسه‌ری "راوێژکار"ی هه‌بوو. له‌وانه‌یه‌ ئاگادار نه‌بن تانسۆ چیلله‌ر و ڕاوێژکارانی ئه‌و کات چییان گوتووه‌، خۆێشیان ئێستا هه‌مان ئه‌و شتانه‌ دووپات ده‌که‌نه‌وه‌.

 به‌ڵام پاش تێپه‌ڕبوونی پانزه‌ ساڵ، ئه‌مڕۆکه‌ دابڕانی ڕۆحی کورده‌کان له‌چاو ئه‌و ساڵه‌ خوێناوییانه‌، مه‌ودایه‌کی به‌رین تری تێده‌که‌وێ.

 ئه‌گه‌ر حکومه‌ت له‌ بری شێوازی ده‌وڵه‌تێکی قه‌ده‌غه‌کار، به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تیه‌کی ده‌وڵه‌تی له‌ سه‌ر بنه‌مای پێشخستن و فراوانکردنه‌وه‌ی ڕه‌هه‌نده‌کانی ئازادی گرتبایه‌ به‌ر، ئه‌وا بۆی هه‌بوو ڕێگه‌یه‌کی خێراتر و پێچه‌وانه‌ واته‌ لایه‌نێکی باشترمان به‌روو دا کراباوه‌‌.

 هه‌ندێک بیر کردنه‌وه‌ به‌سه‌؛ یه‌کی گوڵانی ٢٠٠٨ چیها پێکدادان و ڕووداوی ناخۆش قه‌ومی. پاش ئه‌وه‌ی یه‌کی گوڵانیان به‌ "جه‌ژنی ڕه‌نج" و پشوو ڕاگه‌یاند، ساڵی ٢٠١٠ و به‌ تایبه‌تی ٢٠١١، له‌ ڕۆژی یه‌کی گوڵاندا هه‌موو شوێنێ ئارام بوو.

 با ڕۆژی ٢١ی مارس به‌ جه‌ژنی نه‌ورۆز ڕابگه‌یه‌نن. لێیان گه‌ڕێن، مرۆڤه‌کان چۆنیان پێ خۆشه‌، وه‌ها جه‌ژنه‌ پیرۆزه‌ بکه‌ن.

 ئاخۆ قیامه‌ت ڕاده‌بێ...

سه‌رچاوه‌: ڕۆژنامه‌ی ڕادیکاڵ

۱۳۹۰/۱۲/۲۸

دوودڵی کورده‌کانی سووریا له‌ مه‌ڕ‌ ته‌ڤلی بوونی ناڕه‌زایه‌تیه‌کان


تام لیتێل، بی بی سی
له‌ فارسییه‌وه‌: سه‌لاحه‌دین بایه‌زیدی

 
هاوکات لەگەڵ ڕێزگرتنی کورده‌کانی سووریا له‌ ساڵیادی ئه‌و تێکهه‌ڵچوونه‌ خوێناویه‌ی  ساڵی ٢٠٠٤ له‌ باژێری قامیشلی ڕووی دا، وێده‌چێ که‌مینه‌ی کوردی ئه‌و وڵاته‌ له‌ مه‌ڕ به‌شداری له‌ ناڕه‌زایه‌تییه‌کان دژی حکومه‌تی به‌شار ئه‌سه‌دی سه‌رۆک کۆمار هاوڕا نه‌بن.

کورده‌کان ١٠ تا ١٥%ی دانیشتووانی سووریا پێک دێنن، زۆربه‌یان له‌ ناوچه‌کانی باکووری ڕۆژهه‌ڵات و له‌ ناوچه‌ سنوورییه‌کانی عێراق و تورکیا ده‌ژین.

چه‌ندین ده‌یه‌یه‌ ڕایه‌دارانی سووری له‌ ترسی ئه‌گه‌ری خودموختاری کورده‌کان، به‌دژی ئه‌وان، هه‌ڵاواردنیان په‌یڕه‌و کردووه‌.

زۆربه‌یان دوابه‌دوای ده‌رچوونی یاسایه‌کی جه‌نجاڵی له‌ سه‌ره‌تای شه‌سته‌کانی زایینی، شارۆمه‌ندی ئه‌و وڵاته‌یان ڕه‌ت کرده‌وه‌.

هه‌ڵسوکه‌وتی ده‌وڵه‌تی سوریا له‌ به‌رامبه‌ر که‌مینه‌ی کوردی ئه‌و وڵاته‌ له‌ مانگی مارسی ساڵی ٢٠٠٤دا، بووه‌ هۆی دروست بوونی تێکهه‌ڵچوونی دژوار له‌ نێوان کوردان و هێزه‌ ئه‌منیه‌کان له‌ باژێری قامیشلی.

ئه‌گه‌رچی پێکدادانه‌کانی ساڵی ٢٠٠٤ له‌ قامیشلی له‌ لایه‌ن میدیاکانی جیهانیه‌وه‌ به‌ شێوه‌یه‌کی به‌رفراوان ڕووماڵ نه‌کرا، به‌ڵام چالاکانی نه‌یاری به‌شار ئه‌سه‌د له‌ ڕێگه‌ی تۆڕه‌ کۆمه‌ڵایه‌تیه‌کانی ئه‌نته‌رنێته‌وه‌، داوایان له‌ هاووڵاتیانیان کرد ساڵیادی ئه‌و ڕۆژه‌ به‌رز ڕابگرن.

تێکهه‌ڵچوونه‌کانی قامیشلیتێکهه‌ڵچوون له‌ قامیشلی دوابه‌دوای کێبه‌رکێی دوو‌ تیپی پێی سوری له‌ ١٢ی مارسی ساڵی ٢٠٠٤ له‌ قامیشلی ده‌ستی پێکرد. تیپی ئه‌لفتوا له‌ لایه‌ن عه‌ره‌به‌کانی ئه‌و وڵاته‌وه‌ لایه‌نگری لێده‌کرا و هه‌رچی کورده‌کانیش بوون هانده‌ری تیپی ئه‌لجه‌هاد بوون.

ده‌گوترێ ماوه‌یه‌ک پاش ده‌ستپێکردنی یاریی ئه‌و دوو تیپه‌، پۆلیسی دژه‌ شۆڕش چوونه‌ ناو یاریگاکه‌ و دوای ده‌مێکی کورت ئه‌م یارییه‌ بوو به‌ مه‌یدانی توندوتیژییه‌کی هه‌مه‌لایه‌نه‌.

له‌ ئه‌نجامی ئه‌و تێکهه‌ڵچوونه‌دا، شه‌ش که‌س له‌ لایه‌نگرانی هه‌ر دوو تیپه‌که‌ کوژران و سێ که‌سیش به‌ هۆی قه‌ره‌باڵغی و پاڵه‌په‌ستۆی خه‌ڵک له‌ کاتی ڕاکردن، گیانیان له‌ ده‌ست دا.

رۆژی دوای ئه‌م ڕووداوه‌، ته‌قه‌ی هێزه‌ ئه‌منییه‌کان له‌ میانه‌ی مه‌راسیمی به‌ خاک سپاردنی کوژراوه‌کان، بووه‌ هۆی توڕه‌بوونی له‌ ڕاده‌به‌ده‌ری کورده‌کان و ناڕه‌زایه‌تی به‌ربڵاو شارو ناوچه‌کانی ده‌وروبه‌ری قامیشلی گرته‌وه‌.

کورده‌کان له‌ شه‌قام و کۆڵانه‌کانی قامیشلی دژی ده‌وڵه‌ت دروشمیان به‌رز کرده‌وه‌ و ته‌نانه‌ت په‌یکه‌ری حافز ئه‌سه‌د، سه‌رۆک کۆماری پێشووی ئه‌و وڵاته‌یان له‌ ناو برد.

هێزه‌ ئه‌منیه‌کانیش ناڕه‌زایه‌تیه‌که‌یان سه‌رکوت کرد و به‌ هۆیه‌وه‌ زۆر له‌ کورده‌کان ڕایانکرده‌ هه‌رێمی کوردنشینی عێراق.

دوای هه‌شت ساڵهه‌شت ساڵ دوای ڕووداوه‌کانی قامیشلی، نه‌یارانی به‌شار ئه‌سه‌د، وێکچوونێکی زۆر له‌ نێوان ڕووداوه‌کانی ئه‌وده‌م و هه‌ڵسوکه‌وتی هێزه‌ ئه‌منییه‌کان له‌ سه‌رکوتی نه‌یاراندا ده‌بینن.

له‌وه‌ته‌ی ناڕه‌زایه‌تییه‌کانی سووریا له‌ مانگی مارسی ساڵی ڕابردووه‌وه‌ ده‌ستیان پێکردووه‌، تۆڕه‌ کۆمه‌ڵایه‌تییه‌کانی ئه‌نته‌رنێت، به‌ هۆی‌ نه‌بوونی هه‌واڵنێران له‌ مه‌یدانی پێکدادانه‌کاندا، ڕاپۆرت، وێنه‌ و فیلمیان بڵاو کردۆته‌وه‌.

هه‌ندێک له‌و سایتانه‌، به‌ بڵاوکردنه‌وه‌ی کۆمه‌ڵێک ئاگاداری داوایان کرد هه‌شته‌مین ساڵیادی پێکدادانه‌کانی قامیشلی به‌رز ڕابگیردرێ.

کوردی دوودڵتێکهه‌ڵچوونه‌کانی ساڵی ٢٠٠٤ی قامیشلی نیشانی دا کورده‌کانی ئه‌و وڵاته‌ لەگەڵ ده‌وڵه‌تی سوریا هاوته‌ریب نین و زۆربه‌یان پێیان خۆشه‌ به‌شداری ناڕه‌زایه‌تییه‌کانی ئه‌مدواییانه‌ بن.

به‌ڵام زۆربه‌ی حزبه‌ سیاسیه‌کانی کورد که‌ چه‌ندین ساڵه‌ خه‌ریکی خه‌باتی نهێنین، هێشتا به‌شداری شۆڕای میللی سووریا نه‌بوون که‌ هه‌وڵی یه‌کخستنی نه‌یاران ده‌دا.

زۆربه‌ی ڕێبه‌رانی کورد پێیان وایه‌ شۆڕای میللی سووریا، له‌ پێناو گه‌ره‌نتی کردنی مافی کورده‌کان، هه‌نگاوی پێویستی به‌رز نه‌کردۆته‌وه‌ بۆ ئه‌وه‌ی له‌ به‌رامبه‌ردا، کورده‌کان پشتیوانی لێ بکه‌ن.

ده‌گوترێ شۆڕای میللی سووریا به‌مدواییانه‌، بۆ ئه‌وه‌ی سه‌رنجی که‌مینه‌کان به‌ گشتی و کورده‌کان به‌ تایبه‌تی ڕابکێشێ، چه‌ند هه‌وڵێکی ئه‌نجام داوه‌.

له‌ لایه‌کی دیکه‌وه‌ جیاوازی سیاسیی نێوان هه‌ندێک گرووپی کورد، گرژی و ئاڵۆزی له‌ نێوانیاندا ناوه‌ته‌وه‌.

کۆمه‌ڵێک له‌ چالاکانی نه‌یاری به‌شار ئه‌سه‌د له‌ سووریا، ئه‌ندامانی حزبی یه‌کێتی دیموکراتیکی کوردستان به‌ لایه‌نگری له‌ ده‌وڵه‌تی ئه‌و وڵاته‌ تۆمه‌تبار ده‌که‌ن.

ئه‌گه‌رچی حزبی دیموکراتیکی کوردستان ئه‌و بانگه‌شانه‌ی ڕه‌ت کردۆته‌وه‌، به‌ڵام وێده‌چێ به‌دیهاتنی یه‌کێتی نێوان ئه‌م که‌مینه‌یه‌ی کورد، ئاسۆیه‌کی دوورده‌ستی له‌ به‌رده‌م بێ.

به‌شار ئه‌سه‌د، له‌ هه‌نگاوێکدا بۆ دڵدانه‌وه‌ی کورده‌کان، مانگی ئاوریلی ساڵی پار، شارۆمه‌ندی سووری بۆ زۆربه‌ی هه‌ره‌ زۆریان ده‌سته‌به‌ر کرد. هه‌رچه‌ند به‌ ته‌واوی ژماره‌ی ئه‌و کوردانه‌ی شارۆمه‌ندی سووریان وه‌رگرتووه‌، ڕوون نه‌بۆته‌وه‌.

ئامانجی سه‌ره‌کیی کورده‌کانی سووریا، چوونه‌ ناو گروپێکی نه‌یار نییه‌، به‌ڵکوو مه‌سه‌له‌ی سه‌ره‌کی به‌ لایانه‌وه ئه‌وه‌یه‌ مافه‌ مه‌ده‌نییه‌کانیان له‌و وڵاته‌دا گه‌ره‌نتی بکرێ.

بڕیاری کورده‌کانی سووریا هه‌ر چی بێ، بێگومان ڕۆڵێکی گرنگیان له‌ ده‌سکه‌وت و ده‌رئه‌نجامی ناڕه‌زایه‌تیه‌کانی ئه‌و وڵاته‌دا ده‌بێت.
 

۱۳۹۰/۱۲/۱۷

"دایه‌ گیان ئێمه‌ کوردین، به‌ڵام له‌ قوتابخانه‌ به‌ تورکی قسه‌ ده‌که‌ن"


وتوێژی ڕۆژنامه‌ی ڕادیکاڵ لەگەڵ ڕه‌یحان یاڵچین داغ هاوسه‌ری عوسمان بایده‌میر
له‌ تورکییه‌وه‌: سه‌لاحه‌دین بایه‌زیدی

 
ره‌یحان یاڵچین داغ، پارێزه‌ر، چالاکوانی مافه‌کانی مرۆڤ و هاوسه‌ری سه‌رۆکی شاره‌وانی دیاربه‌کر عوسمان بایده‌میر ده‌ڵێ "پاش ئه‌وه‌ی دوو مناڵه‌که‌م چوونه‌ باغچه‌ی ساوایان، ته‌نانه‌ت وشه‌یه‌ک به‌ کوردی قسه‌م لەگەڵ ناکه‌ن."  له‌م وتوێژه‌دا لەگەڵ ڕیحان یاڵچین داغ بایده‌میر، قسه‌مان له‌ سه‌ر ئه‌م بابه‌تانه‌ کرد: بنه‌ماڵه‌یه‌ک له‌ نێو جه‌غزی خه‌باتی سیاسیدا به‌ چ شێوه‌یه‌ک ده‌ژی، کوڕه‌که‌یان میر زانیار و کچه‌که‌یان ڕانیا که‌ تورکیان نه‌زانیوه‌، کاتێک چوونه‌ته‌ باغچه‌ی ساوایان، چ گۆڕانێکیان به‌ سه‌ردا هاتووه‌. نه‌سڵی نوێ چ خولیایه‌ک لای مناڵانی کورد دروست ده‌کا.

ماوه‌یه‌ک پێش ئێستا له‌ هه‌وڵی ئه‌وه‌ دابوون بۆرسی خوێندن بۆ کوڕی ئه‌و ژنه‌ دابین بکه‌ن که‌ ئێسک و پروسکی براکانی له‌ گۆڕێکی به‌کۆمه‌ڵدا دۆزراوه‌ته‌وه‌. له‌و به‌ری شاریش، هاوسه‌ره‌که‌تان لەگەڵ چه‌ند سه‌رۆک شاره‌وانیه‌کی تر، ده‌ستیان به‌ مانگرتن کرد. ئێوه‌ چۆن بنه‌ماڵه‌یه‌کن؟
به‌ر له‌وه‌ی لەگەڵ عوسمان زه‌ماوه‌ند بکه‌م، دوو به‌ڕێوه‌به‌ر بووین که‌ له‌ یه‌ک بواردا کارمان ده‌کرد. په‌یوه‌ندی سۆزداری دواتر دروست بوو. له‌و په‌یوه‌ندییه‌دا، هیچکاممان ڕووبه‌ڕووی هه‌ڵه‌ نه‌بووینه‌وه‌. لێره‌، ڕه‌وتی ژیان زۆر جیاوازه‌. که‌ ژیانی هاوسه‌ریشمان پێکهێنا، له‌ سه‌ر هه‌مان ئه‌و بابه‌تانه‌ قسه‌مان کرده‌وه‌. له‌به‌ر ئه‌مه‌ش وه‌ک بنه‌ماڵه‌یه‌کمان لێ نایه‌. بڕوا ده‌که‌ی وێنه‌یه‌کی چوار که‌سی و ڕێک و پێکمان نییه‌... هه‌روه‌ها ئه‌گه‌ر بزانن کاتێک سکم پڕ بوو، چیم به‌ سه‌ر هات‌...

چ ڕووی دا؟
ئه‌و ڕۆژانه‌ی ده‌ که‌سی سڤیل و له‌ ناویاندا حه‌وت مناڵ له‌ دیاربه‌کر ژیانیان له‌ده‌ست دا، من جێگری سه‌رۆکی گشتی ده‌زگای مافی مرۆڤ بووم. هه‌شت مانگ و نیو بوو سکم به‌ میر زانیار پڕ بوو.. من چووم ته‌رمی ئه‌و حه‌وت مناڵه‌م بینی. عوسمانیش تا کازیوه‌ی به‌یانی له‌ هه‌وڵی ئه‌وه‌ دابوو که‌شه‌که‌ ئارام بکاته‌وه‌. به‌ هیچ شێوه‌یه‌ک نه‌مانتوانی یه‌کتری ببینین.

چۆن فێر بوون بۆ یه‌کتری نیگه‌ران نه‌بن؟
ئه‌وه‌نێ پێتان ده‌ڵێم هیچ شتێکمان ئاسایی نییه‌. ئه‌وکات هه‌واڵی کوشتنی عوسمانمان ڕۆژانه‌ به‌ ده‌ست ده‌گه‌یشت. سێ ڕۆژ دوای له‌ دایکبوونی میر زانیار، هاوڕێیه‌کی ئه‌وروپام، ڕووداوێکی بۆ گێڕامه‌وه‌ و وایزانی من پێشتر ئاگاداری بووم. دوای بیستی ئه‌م قسانه‌، شیری مه‌مکانم وشک بوو. میر زانیاریش مناڵێک بوو به‌رده‌وام ده‌گریا. دکتۆره‌که‌مان گوتی مناڵه‌که‌تان تووشی خه‌مۆکی بووه‌ و نه‌ده‌بوایه‌ شیری خۆت پێ دابا. ئه‌و په‌رێشانییه‌م له‌ شیره‌وه‌ بۆ کوڕه‌که‌م گواسته‌وه‌. ڕووبه‌ڕووبونه‌وه‌ لەگەڵ ڕووداوه‌کان، هه‌روه‌ها هێزێکی جیاوازمان پێ ده‌به‌خشێ. ئێمه‌ فێربووین هیچکات نه‌پرینگێینه‌وه‌، به‌رده‌وام سه‌رمان به‌رز بێ و له‌ هه‌موو بارودۆخێکدا پشتیوانی له‌ خه‌ڵکانی تر بکه‌ین...

باشه‌ که‌ ژیانێکی وا سه‌ختتان هه‌یه‌، بۆچی دوو مناڵتان هێنایه‌ دونیا؟
له‌ ڕاستیدا پلانمان بۆ دانه‌ڕشتووه‌. به‌ڵام عوسمانیش بڕوایه‌کی قووڵی به‌وه‌ هه‌یه‌: ئێمه‌ ئه‌مڕۆکه‌ هه‌ین و له‌وانه‌یه‌ سبه‌ی نه‌بین. جگه‌ له‌مه‌ براکان لێره‌ پشتیوانیه‌کی زۆر له‌ یه‌کتری ده‌که‌ن. ئه‌مه‌ خه‌سڵه‌تێکی کۆمه‌ڵگەی کوردییه‌ و ئێمه‌ش له‌ لایه‌ن بنه‌ماڵه‌وه‌ پشتگیرییه‌کی به‌هێزمان لێ ده‌کرێ. چه‌ندین ساڵه‌ دایکم و باوکم لەگەڵ ئێمه‌ ده‌ژین. خێرانی برای مێرده‌که‌م دوو ساڵ ئاگای له‌ مناڵه‌کانمان بوو. له‌ سایه‌ی سه‌ری ئه‌وه‌وه‌، مناڵه‌کانم کورمانجیه‌کی باش ده‌زانن. نه‌ریتی بنه‌ماڵه‌ی ژن برای مێرده‌که‌م ئه‌وه‌یه‌ له‌ ماڵه‌وه‌دا ته‌نانه‌ت وشه‌یه‌ک به‌ تورکی قسه‌ ناکه‌ن.

به‌ر له‌وه‌ی میر زانیار بچێته‌ باغچه‌ی ساوایان، تورکی ده‌زانی؟
نه‌خێر، به‌هیچ شێوه‌یه‌ک. چونکه‌ له‌ ماڵه‌وه‌ به‌ تورکی قسه‌مان نه‌ده‌کرد. زمان شتێکه‌ ده‌بێ ڕۆژانه‌ لەگەڵیدا بژی. زیندوومانه‌وه‌شی په‌یوه‌ندیی به‌ خۆته‌وه‌ هه‌یه‌. ئه‌گه‌ر ئاگات لێی نه‌بێ، ڕووت لێ وه‌رده‌گێڕێ و هێدی هێدی له‌ ناو ده‌چێ. خه‌ریکی تێکۆشان و خه‌باتین. نه‌سڵی من له‌ به‌ر ده‌رگای گرتووخانه‌کان گه‌وره‌ بوو، بۆیه‌ هه‌موومان سه‌باره‌ت به‌ زمان به‌ شێوه‌یه‌کی سه‌یر بریندارین. ته‌مه‌نم شه‌ش ساڵ بوو، مامم له‌ گرتووخانه‌ دابوو. نه‌نکم تورکی نه‌ده‌زانی، کاتێک ده‌چووه‌ سه‌ردانی، هیچ له‌ تورکی تێنه‌ده‌گه‌یشت و ده‌گریا. دڵ پڕی ئه‌و ڕۆژانه‌ین. باوکم کارمه‌ند بوو و له‌ نێوه‌ندی شار ده‌ژیاین. سه‌روبه‌ندی ١٢ی سێپتامبر، به‌رده‌وام عه‌سکه‌ره‌کان هه‌ڵیانده‌کوتایه‌ سه‌رمان و ماڵی ئێمه‌یان ده‌پشکنی. باوکم له‌ ترسان نه‌یده‌هێشت ئێمه‌ به‌ کوردی قسه‌ بکه‌ین. ڕۆژێک له‌ زمانم ده‌رچوو و لایه‌ لایه‌ی کوردیم چڕی، زۆر توڕه‌ بوو.

ئاخۆ لەگەڵ کاک عوسمان بڕیارێکی تایبه‌تتان داوه‌ سه‌باره‌ت به‌وه‌ی له‌ ماڵه‌وه‌ ته‌نیا به‌ زمانی کوردی قسه‌ بکه‌ن؟
مناڵه‌کانی ئێمه‌ نابێ کوردیان له‌ بیر بچێ، ئه‌وه‌ زمانی ئێمه‌یه‌. بڕوانن، ده‌بێ فێری تورکیش بن. ئێمه‌ دژایه‌تی خۆمان ده‌رنه‌بڕیوه‌. ته‌نانه‌ت ئێستا له‌ هه‌مانکاتدا ئینگلیزیش فێر ده‌بن.

به‌ر له‌ مه‌کته‌ب، لەگەڵ مامۆستاکانیاندا قسه‌تان کردووه‌؟
بێگومان. پێمگوتن "ئه‌م مناڵانه‌ فێری تورکی ده‌بن به‌ڵام تکایه‌ ئه‌گه‌ر ئاسته‌نگ بوون و به‌ کوردی پرسیاریان لێکردن، وەڵامیان بده‌نه‌وه‌". چونکه‌ مامۆستاکان، هه‌موویان کوردی ده‌زانن. دیاره‌ یارمه‌تیده‌ریش بوون، به‌ڵام ڕۆژانی سه‌ره‌تا میر زانیار گه‌ڕایه‌وه‌ ماڵه‌وه‌ و گوتی "دایه‌ که‌س لێم تێناگا."

ئێوه‌ چیتان پێ گوت؟
پێمگوت "دایه‌ گیان، ئێمه‌ کوردین. زمانی ئێمه‌ کوردیه‌ به‌ڵام له‌ تورکیا ده‌ژین و له‌ مه‌کته‌ب به‌ تورکی قسه‌ ده‌کرێ." تێگه‌یشت و گوتی باشه‌. له‌ ماڵه‌وه‌ به‌رده‌وام بووین له‌ سه‌ر قسه‌کردن به‌ زمانی کوردی، به‌ڵام له‌و کاته‌وه‌ی لەگەڵ هاوڕێکانی سه‌یری کارتۆن ده‌کا و به‌ تورکی قسه‌ ده‌کا، له‌و کاته‌وه‌ی کتێبه‌ تورکییه‌کانی مه‌کته‌ب جێگه‌ی کتێبه‌ کوردییه‌کانی ماڵه‌وه‌یان گرتۆته‌وه‌، گۆڕدراوه‌.

چۆن؟
یانی ته‌واو بوو و ئه‌مه‌ کاریگه‌ری خراپی ده‌بێ له‌ سه‌ر کچه‌ بچووکه‌که‌م ڕانیا. چونکه‌ ئیتر میر زانیار له‌ ماڵه‌وه‌ به‌ تورکی قسه‌ ده‌کا. میر زانیار هه‌تا ته‌مه‌نی پێنج ساڵیش تورکی نه‌ده‌زانی، به‌ڵام بۆ ڕانیا وا نابێ. ئێستا میرزانیار زۆر باش کوردی ده‌زانێ و تێده‌گا، به‌ڵام به‌ تورکی وەڵام ده‌داته‌وه‌. چونکه‌ باوکیش لێره‌دا سازش ناکا، جۆرێک له‌ ئاڵۆزی دروست بووه‌.

به‌ چ شێوه‌یه‌ک؟
عوسمان به‌رده‌وام به‌ کوردی قسه‌یان لەگەڵ ده‌کا. به‌ هیچ شێوه‌یه‌ک به‌ تورکی نادوێ. بۆیه‌ش مامۆستاکان گۆرانکارییه‌کانی مه‌کته‌ب له‌ باوکیان زیاتر بۆ من ده‌گێڕنه‌وه‌. دوێنێ لەگەڵ باوکیان یاری شه‌تڕه‌نجیان ده‌کرد. له‌ شوێنێکدا ئاسته‌نگی دروست بوو. به‌ هۆی ئه‌وه‌ی زانیار ده‌یزانی ئه‌گه‌ر پرسیار له‌ باوکی بکا، به‌ کوردی وەڵامه‌که‌ی وه‌رده‌گرێته‌وه‌، هات له‌ منی پرسی.

به‌ڕێز بایده‌میر له‌وه‌ ده‌ترسێ به‌و هه‌ڵوێسته‌ی مناڵه‌کانی لێی دوور بکه‌ونه‌وه‌، ڕای ئێوه‌ چییه‌؟
بڕوانن، چیمان به‌ سه‌ر هات. ساڵانه‌ دایک و باوکی خوێندکار سه‌باره‌ت به‌ پیشه‌که‌یان ئاگاداری ده‌ده‌ن. سێ ساڵ بوو به‌رده‌وام من ئه‌و کاره‌م ده‌کرد، به‌ڵام دواجار عوسمان کاره‌کانی لێک جیا کرده‌وه‌ و له‌ مه‌کته‌ب، باسی کاروباری شاره‌وانی ده‌کا. ئه‌مه‌ یه‌که‌م پرسیار بوو که‌ به‌ لای میر زانیاره‌وه‌ دروست بوو: به‌ڵام دایه‌ گیان، هیچ هاوڕێیه‌کم کورمانجی نازانێ، چۆن تێده‌گه‌ن؟ هیچکات نه‌یبینیوه‌ باوکی به‌ تورکی قسه‌ بکا. ئه‌مه‌ به‌ لای عوسمانیشه‌وه‌ دڵته‌زێن بوو. ده‌یگوت "من ئێستا به‌ تورکی بۆ خوێندکاران قسه‌ ده‌که‌م، پاشان لەگەڵ کوڕ و کچه‌که‌م به‌ کورمانجی. ئه‌مه‌ چۆن ده‌بێ..."

دواجار چ قه‌وما؟
رۆیشت و به‌ تورکی باسی ئه‌رکه‌کانی شاره‌وانی کرد. چیتر کاریگه‌ری نه‌ماوه‌، لەگەڵ میر زانیار و ڕانیا دیسان به‌ کوردی قسه‌ ده‌کا. ئه‌وه‌یه‌ ژینی مه‌. له‌مباره‌وه‌ لەگەڵ چه‌ند پسپۆڕێکدا ڕاوێژ‌مان کردوه‌. بڕیارمان دا، عوسمان به‌ کوردی قسه‌ بکا و من به‌ تورکی. ئێستا ئینگلیزیشی پێوه‌ زیاد بووه‌. دوێنێ مامۆستای ئینگلیزی ته‌له‌فۆنی بۆ کردم و گوتی "خاتوو ڕه‌یحان، ئه‌مڕۆ له‌ مه‌کته‌ب میر زانیار قسه‌یه‌کی کرد، تێر و پڕی پێ پێکه‌نین. له‌ بری ئه‌وه‌ی به‌ ئینگلیزی قسه‌ بکا، پێم ده‌ڵێ چه‌وانی، باشی؟" مناڵه‌کانم به‌مجۆره‌ گه‌وره‌ ده‌بن، له‌ ماڵه‌وه‌ به‌ زازاکی و کورمانجی، له‌ مه‌کته‌بیش به‌ تورکی و ئینگلیزی.

نێوانی لەگەڵ هاوڕێیانی چۆنه‌؟
میر زانیار له‌ قوتابخانه‌ هاوڕێیه‌کی هه‌یه‌ به‌ ناوی میرئالان. زارۆکی بنه‌ماڵه‌یه‌کی کورده‌ به‌ڵام ده‌ ساڵ له‌ بریتانیا ژیاون. ئه‌ویش ته‌نیا ئینگلیزی و کورمانجی ده‌زانی، تورکییه‌که‌ی دووکه‌ڵی لێ هه‌ڵده‌ستا. بۆیه‌ش بوو به‌ هاوڕێی هه‌ره‌ خۆشه‌ویستی. به‌ یه‌که‌وه‌ ده‌گه‌ڕێن، وه‌ک دوو غه‌درلێکراوی زمان.

وه‌زعی ڕانیا چۆنه‌؟
دایه‌گه‌وره‌ به‌ زازاکی قسه‌ی لەگەڵ ده‌کرد.. بۆیه‌ هه‌م له‌ کورمانجی و هه‌م له‌ زازاکی تێده‌گا. ئێستا فێری تورکی و ئینگلیزیش بووه‌. به‌ڵام ئێستا هه‌ردووکیان به‌ تورکی وەڵام ده‌ده‌نه‌وه‌. نیگه‌رانی ئه‌وه‌ین له‌ کوردی داببڕێن. له‌ چی ده‌چێ ناویان کوردی بێ و نه‌توانن به‌و زمانه‌ قسه‌ بکه‌ن؟ ئێستا له‌م بێنه‌ و به‌ره‌یه‌ تێناگه‌ن و که‌ گه‌وره‌ بوون هه‌رگیز ئه‌م دۆخه‌ ئاڵۆزه‌ له‌ بیر ناکه‌ن و له‌و که‌سانه‌ش نابوورن که‌ خوڵقێنه‌ری ئه‌و دۆخه‌ بوون.

ئێوه‌ توانیوتانه‌ زمانی خۆتان بپارێزن، میر زانیار و ڕانیا بۆ ده‌بێ له‌ بیریان بچێته‌وه‌؟
گه‌لۆ له‌ یه‌ک قۆناغی مێژووییدا ده‌ژین؟ ئێمه‌ نه‌نک و باپیرمان به‌ ده‌وروبه‌رمانه‌وه‌ بوو. ده‌ڕۆیشتینه‌ گوند، هه‌موو به‌ کوردی قسه‌یان ده‌کرد... تۆ بڵێی ئێستاش وابێ؟ په‌یوه‌ندییه‌کان که‌متر به‌ زمانی کوردین، به‌ڵام حه‌سره‌ت و مه‌راق هه‌ر وا له‌ جێی خۆیه‌تی.

چۆن؟
وه‌ک چۆن من ئه‌و سه‌ردانه‌ی گرتووخانه‌ی دیاربه‌کرم له‌ بیر ناچێته‌وه‌ که‌ لەگەڵ نه‌نکم ڕۆیشتم، مناڵانی ئه‌مڕۆکه‌ش ئه‌و خزمانه‌یان له‌ بیر ناچێته‌وه‌ که‌ له‌ زیندان ئاخنراون. زۆر مناڵی هاوته‌مه‌نی زانیار هه‌ن، باوکیان ئێستا له‌ گرتووخانه‌یه‌.

بۆ ئه‌وه‌ی ئه‌و ڕق و کینه‌ له‌ کوڕ و کچه‌که‌تاندا گه‌وره‌ نه‌بێ، چ ته‌گبیرێکتان وه‌رگرتووه‌؟
تا ڕاده‌یه‌ک ده‌توانی ته‌گبیر وه‌ربگری، بۆ ئه‌وه‌ی زه‌ره‌رمه‌ند نه‌بن و بوغز و کین نه‌یانگرێ، به‌ڵام خۆیان هه‌موو شتێک ده‌بینن. ڕانیا ڕووخساری باوکی له‌ ته‌له‌ڤزیۆندا بینیبوو ئه‌و کاته‌ی گازی بیباری لێ درابوو. چه‌ند ڕۆژ له‌ سه‌ر یه‌ک بۆی گریا. سه‌باره‌ت به‌ هه‌ست و سۆزی میر زانیار، زۆر نیگه‌رانم. بۆ نموونه‌، کاتێک عوسمان چالاکی مانگرتن ئه‌نجام ده‌دا، پێویسته‌ ته‌له‌ڤزیۆن هه‌ڵبکه‌م. بمه‌وێ و نه‌مه‌وێ، له‌ شوێنێک ده‌یبینێ، ده‌یبیسێ و له‌ کاتی خواردنی شه‌ودا ده‌ڵێ ئه‌گه‌ر باوکم برسی بێ، منیش نان ناخۆم. کێ ئه‌م برینه‌ سارێژ ده‌کا؟ کێیه‌ حیساب بدا؟ ئێمه‌ وه‌ک دایک و باوکی ڕانیا و میر زانیار نامانه‌وێ ئه‌و شتانه‌ی به‌ سه‌ر خۆمان هات، به‌ سه‌ر ئه‌وانیش بێ و پێمان خۆشه‌ ئه‌م نه‌سڵه‌ ئه‌و کێشانه‌ نه‌بینێ. نازانم زاکیره‌ی ئه‌م مناڵانه‌، چۆن لەگەڵ ده‌وڵه‌تدا ئاشت ده‌بێته‌وه‌؟

۱۳۹۰/۱۲/۱۲

جوان حاجۆ: ئه‌ردۆغان و به‌ده‌په‌ ده‌توانن کێشه‌کان چاره‌سه‌ر بکه‌ن


 وتوێژی ڕۆژنامه‌ی ڕادیکاڵ لەگەڵ جوان حاجۆ
له‌ تورکییه‌وه‌: سه‌لاحه‌دین بایه‌زیدی
 

جوان حاجۆ، له‌ ژێر سێبه‌ری بیره‌وه‌رییه‌کانی مناڵی و له‌ داوێنی شێعره‌کانی شاعیری کورد جگه‌رخوین، پاش پێنج ساڵ به‌ ئاڵبۆمی ''ڤه‌گه‌ڕ" گه‌ڕایه‌وه‌. ئه‌و موزیسیه‌نه‌ کورده‌ی سووریا ده‌ڵێ ''رۆژێک بێگومان ئه‌و شه‌ڕه‌ کۆتایی دێ..''
پێمخۆش بوو ئه‌م وتوێژه‌ به‌ کوردی ئه‌نجام بده‌م، لێ به‌لێ به‌ ئینگلیزی قسه‌مان کرد. له‌ به‌ر ئه‌مه‌ش، زۆر قسه‌ی باشتر که‌ ده‌بوو کردبامان، نه‌کران.
ئه‌وکات تۆ بچۆ بۆ کۆرسی زمانی کوردی و منیش فێری تورکی ده‌بم. به‌مجۆره‌ کێشه‌مان نامێنێ...

ئه‌گه‌ر کێشه‌کان هه‌ر له‌ سه‌ره‌تاوه‌ چاره‌سه‌ر کرابان، له‌وانه‌ بوو پێویست به‌ کۆرسی زمان نه‌کا..
به‌ڵێ...

با بگه‌ڕێینه‌وه‌ بۆ سه‌ر ئه‌ڵبۆمه‌ نوێیه‌که‌تان، هه‌ندێک باسی "ڤه‌گه‌ڕ"مان بۆ بکه‌..
ئه‌و گۆرانیانه‌ی له‌و ئه‌ڵبۆمه‌دا گونجێنراون، ئه‌و ئاواز و گۆرانیانه‌ن فڕچکم پێ گرتوون و لەگەڵیان گه‌وره‌ بووم، له‌ سه‌رده‌می مناڵیما، له‌ ته‌مه‌نی ١٤، ١٥، ١٦ ساڵیدا... ئه‌و گۆرانییانه‌ی ئه‌وکات له‌ ڕادیۆ گوێم لێ ده‌بوون.. ئه‌وده‌م دڵخۆش بووم، ئێستاش که‌ به‌ بیریان دێنمه‌وه‌، هه‌ست به‌ دڵخۆشی ده‌که‌م.

له‌ ئاڵبۆمه‌که‌تاندا نووسراوه‌ ئه‌و کات گوێتان له‌ ڕادیۆی ''تی ئاڕ تی'' ڕاگرتوه‌، به‌ڵام بۆ خۆتان ده‌ڵێن ڕادیۆی دیاربه‌کر بووه‌.
نازانم کامیان بوو. ئێمه‌ پێمانده‌گوت ڕادیۆی دیاربه‌کر. بنه‌ماڵه‌که‌م لەگەڵ سه‌رهه‌ڵدانی شێخ سه‌عید، له‌ ''میدیات''ه‌وه‌ ناچاری کۆچی زۆره‌ملێ کران بۆ سووریا. مامه‌کانم به‌ تورکی قسه‌یان ده‌کرد، به‌ڵام ئه‌من لێیان تێنه‌ده‌گه‌یشتم. کاتێک گوێم له‌ ڕادیۆش ده‌گرت، له‌ گۆرانییه‌کان تێنه‌ده‌گه‌یشتم به‌ڵام حه‌زم له‌ مۆسێقاکه‌ی بوو.

ئه‌وکات له‌ ماڵی ئێوه‌دا باسی سه‌رهه‌ڵدانی شێخ سه‌عید ده‌کرا؟
به‌ڵێ، به‌ڵام شتێکی ئه‌وتۆم له‌ بیر نه‌ماوه‌ته‌وه‌. ئه‌و شوێنه‌ی لێی نیشته‌جێ کراین، هیچ ئاوه‌دانییه‌کی لێ نه‌بوو. هاوکات لەگەڵ ئێمه‌، سوریانی و ئێزدیه‌کانیش کۆچبه‌ر کرابوون و ئێمه‌ش هه‌ر وه‌ک گونده‌که‌ی تورکیا، له‌ سووریاش گوندێکمان دروست کرد (به‌ پێکه‌نینه‌وه‌). له‌و قۆناغه‌دا، هاموشۆی سه‌ربازه‌ فه‌ره‌نسییه‌کانم له‌ بیره‌.

مناڵیتان ته‌واو بوو و ڕۆیشتنه‌ به‌رلین. پاش ١٥ ساڵ گه‌ڕانه‌وه‌ گونده‌که‌تان، به‌ڵام ئه‌مجاره‌یان عه‌ره‌به‌کان له‌وێ ده‌ژیان...
سه‌ره‌تا تورکه‌کان ئێمه‌یان له‌ سه‌ر خاکه‌که‌مان وه‌ده‌رنا و پاشان عه‌ره‌به‌کان. تورکه‌کان ده‌ڵێن "خاکه‌که‌تان مه‌ده‌ن به‌وان". ناتوانین بگه‌ڕێینه‌وه‌ و له‌ گوندیش هیچکه‌س نه‌ماوه‌. سه‌ر له‌نوێ ناچاری کۆچی زۆره‌ملێ بووین. بێگومان کۆچی دووهه‌م له‌ هی یه‌که‌م قورستر و ناخۆشتره‌. به‌ڵام ئه‌گه‌ر هه‌ر چی خاکه‌ لێت زه‌وت بکه‌ن، ئه‌وه‌ واته‌ ''ئێره‌ جێ بهێڵن''. دیاره‌ هه‌موو ئه‌مانه‌ مایه‌ی خه‌فه‌تن.

وه‌ک خۆت ده‌ڵێی ئه‌م ئازارانه‌ هه‌سته‌کانتی پیر کرد. ئایا ئه‌م ئازارانه‌ سارێژ ده‌کرێن؟
بۆ ئه‌وه‌ی ئه‌م ژانانه‌ کۆتاییان بێ ده‌بێ هه‌ندێک شت ئیدی بگۆڕدرێن. پێویسته‌ خێرا بگۆڕدرێن.

ساڵی ٢٠٠٣، له‌ کاتی پێشکه‌شکردنی کۆنسێرتی "باتمان"دا، مه‌سه‌له‌ی "کرانه‌وه‌ به‌ ڕووی کورد" له‌ ڕۆژه‌ڤ دابوو. ئه‌و ئاسته‌ ده‌بینی که‌ پێی گه‌یشتووین.
که‌شوهه‌وای کۆنسێرتی "باتمان"م له‌ بیر ناچێ، نائاسایی بوو. هه‌مووان له‌ ئاشتیدا ده‌ژیان، ده‌تگوت هه‌رچی کێشه‌یه‌ چاره‌سه‌ر کراوه‌. گوتم "خوایه‌ گیان شوکرت. دواجار ته‌واو بوو!" به‌ڵام پاشان کۆمه‌ڵێک شت ڕوویاندا و ئه‌و که‌شوهه‌وایه‌ گۆڕدرا.

بۆیه‌ گۆڕدرا چونکه‌ هیچ ڕووی نه‌ده‌دا..
با وای دابنێین به‌ڵام چونکه‌ من سیاسه‌تمه‌دار نیم باسی هۆکاره‌کان ناکه‌م. هیوادارم ڕۆژێ دابێ کێشه‌کان چاره‌سه‌ر بن و له‌ ناو فه‌زای ئاشتیدا بژین. ته‌نیا شتێک که‌ له‌ ده‌ستم دێ ئه‌وه‌یه‌ هیوادار بم ڕۆژێک ئه‌مه‌ ڕوو بدا.

ساڵی ١٩٨٩، له‌ گۆرانی "گرتیێن ئازادیێ"دا، به‌سه‌رهاتی ئه‌و به‌ندکراوانه‌ت گێڕایه‌وه‌ که‌ له‌ گرتووخانه‌کان به‌ دژوارترین شێوه‌ ئه‌شکه‌نجه کراون‌. ئه‌مڕۆکه‌ش زۆر کورد و تورکی نه‌یار له‌ گرتووخانه‌کان دان. له‌وانه‌یه‌ وه‌کوو جاران ئه‌شکه‌نجه‌ په‌یڕه‌و نه‌کرێ، به‌ڵام... به‌ڕای ئێوه‌ چی گۆڕدراوه‌؟
هه‌ر دووکیان یه‌ک شتن. گرتووخانه‌، گرتووخانه‌یه‌. زۆر جێگه‌ی داخه‌. به‌رده‌وام پێم وابووه‌ مرۆڤه‌کانی تورکیا، خه‌ڵکانێکی به‌هێزن. تورکیا بۆ ڕۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست زۆر گرنگه‌. ئه‌گه‌ر کورد و تورک، وزه‌کانیان یه‌ک بخه‌ن، کێشه‌کان چاره‌سه‌ر ده‌که‌ن. جا له‌وانه‌یه‌ له‌ ماوه‌ی ساڵێک، یان دوو ساڵ یاخود پێنج ساڵ.. تورکیا ده‌یه‌وێ ڕۆڵێکی گه‌وره‌ی له‌ ڕۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاستدا هه‌بێ. بوونی ئه‌و هه‌موو مرۆڤه‌ له‌ گرتووخانه‌، له‌ تورکیا ناوه‌شێته‌وه‌. ڕۆژنامه‌گه‌لی وه‌ک نیۆیۆرک تایمز و تێلێگرافیش هه‌ر وا ده‌ڵێن. چاره‌سه‌رنه‌کردنی ئه‌مانه‌ به‌ ڕاستی جێگه‌ی داخه‌.

سوریاش لێی ناوه‌شێته‌وه‌ وڵاتێک بێ ئازادی نه‌وێ.
به‌ داخه‌وه‌. ڕۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست به‌ گشتی، ناچاره‌ به‌م گۆڕانکارییه‌دا تێپه‌ڕێ. پێموایه‌ هه‌موو شتێک به‌ره‌و باشی ده‌ڕوا.

شیعری "ئه‌سمه‌ر"تان له‌ ته‌مه‌نی ١٤ ساڵیدا نووسیوه‌. پێموابێ گۆرانییه‌کی عاشقانه‌یه‌.
ئه‌و کات عاشقی زۆر کچان بووم. مانگێک عاشقی کچێکی عه‌ره‌ب ده‌بووم و مانگی دوایی عاشقی کچێکی دیکه‌..

ئێستاش خێرا خێرا عاشق ده‌بی؟
نه‌خێر. ئێتر ژیانی هاوسه‌ریم پێک هێناوه‌. دوو مناڵم هه‌یه‌. ئیتر کاتی ئه‌وه‌ هاتووه‌ مناڵه‌کان عاشق بن...

له‌ ڕاستیدا ده‌تتوانی لەگەڵ "یڵدز تیلبه‌"ش کارێکی هاوبه‌شی هونه‌ری بکه‌ی. پێموایه‌ ده‌نگی "تیلبه‌" زۆر له‌ هی "ماچه‌ک" دێته‌وه‌.
بۆچی نا. ده‌نگێکی زۆر خۆشی هه‌یه‌. چه‌ندین ساڵ له‌مه‌وبه‌ر له‌ نۆروێژ، لەگەڵ هاوڕێیه‌کم له‌ ته‌له‌ڤزیۆنه‌وه‌ گوێمان له‌ ده‌نگی یڵدز تیلبه‌ ده‌گرت. ئه‌وکات ناسراو نه‌بوو. هاوڕێیه‌کم گوتی "ئه‌م کچه‌ زۆر به‌ناوبانگ ده‌بێ". هه‌ر واش بوو.

ئه‌ڵبۆمه‌ نوێیه‌که‌تان شیعری شاعیرانی وه‌ک سه‌یدایێ گه‌رۆک و جگه‌رخوینی تێدا گونجێنراوه‌‌. وه‌ک خۆت ده‌ڵێی له‌ گۆرانی "هه‌ست"ی ئه‌ڵبۆمی "ڤه‌گه‌ڕ"دا، له‌ حزووری جگه‌رخوینی شاعیر داین. ڕێبازی ئه‌و شاعیره‌ چۆن هه‌ڵده‌سه‌نگێنن؟
ئه‌گه‌ر باسی ده‌قێکی زۆر کۆنی جگه‌رخوین بکه‌م، ده‌بێ بڵێم به‌رده‌وام گوتویه‌تی "ئێمه‌ ئاشتیخوازین، ئێمه‌ ئازادیخوازین. من ده‌مه‌وێ لەگەڵ تۆدا بژیم، به‌ڵام تۆ قه‌بوڵی ناکه‌ی."

ئه‌ی ئه‌و کاته‌ی له‌ قوتابخانه‌ به‌ عه‌ره‌بی ده‌رست خوێند..
زۆر زۆر قورس بوو. له‌ ماڵه‌وه‌ زمانێکی جیاواز، له‌ قوتابخانه‌ زمانێکی دیکه‌. ئه‌مه‌ ناکۆکه‌ لەگەڵ پره‌نسیپه‌کانی مرۆڤایه‌تی. تێناگه‌م بۆچی ده‌بێ له‌ ته‌مه‌نی پێنج – شه‌ش ساڵاندا مناڵان ناچاری ئه‌و شێوازه‌ بکرێن، ده‌ره‌وه‌ی پێوانه‌کانی مرۆڤایه‌تییه‌.

چه‌ندین ساڵ له‌مه‌وپێش، ماری بوان بۆ سازدانی کۆنسێرتێک هاته‌ ئه‌سته‌نبوڵ و وتوێژێکم لەگەڵ ئه‌نجام دا. گوتی هاوڕێیه‌کی نزیکی تۆیه‌ و پشتیوانی له‌ جووڵانه‌وه‌ی ئازادیخوازی کورد ده‌کا. بوان، به‌ ڕه‌چه‌ڵه‌ک سامییه‌. ئه‌وانیش له‌ سکاندیناوی، هاوشێوه‌ی کورده‌کان، شه‌ڕێکی ڕزگاریخوازانه‌یان به‌ڕێوه‌ بردووه‌.  گوتی پاش ٧٢ ساڵ توانیویانه‌ به‌ زمانی خۆیان قسه‌ بکه‌ن. له‌م خاکانه‌دا، کورده‌کان ده‌بێ چه‌ند ساڵی دیکه‌ چاوه‌ڕوان بن؟
سامییه‌کان له‌ سوید په‌رله‌مانی خۆیان هه‌یه‌. مناڵان له‌ قوتابخانه‌ی سه‌ره‌تاییدا، به‌ زمانی خۆیان وانه‌ ده‌خوێنن. دوایی زمانی سویدیش فێر ده‌بن. هیوادارم ئێمه‌ش به‌م مافانه‌ بگه‌ین. ته‌نانه‌ت به‌وه‌نده‌ش زۆر دڵخۆش ده‌بم. ئه‌وان خاکی خۆیان هه‌یه‌، په‌رله‌مانته‌ری خۆیان هه‌یه‌ و به ئاشتی و له‌ ئازادیدا ده‌ژین. به‌ دوو زمان ده‌په‌یڤن و زه‌خت و زۆری سویدیان له‌ سه‌ر نییه‌. دڵنیام ئێره‌ش وای لێ دێ. به‌ڵام که‌ی؟ وەڵامی ئه‌م پرسیاره‌ ناده‌مه‌وه‌. مرۆڤه‌کانی ئه‌م وڵاته‌ ژیر و تێگه‌یشتوون. به‌ڵام که‌ باسی ئازادی ده‌که‌ی، به‌ جۆرێک قسه‌که‌ت وه‌رده‌گرن وه‌ک ئه‌وه‌ی پلانێکی ترت به‌ ده‌سته‌وه‌ بێ. پێویسته‌ چاره‌سه‌رییه‌ک بۆ ئه‌مه‌ بدۆزرێته‌وه‌. من مرۆڤێکی گه‌شبینم. ڕاسته‌ شتی دڵخۆشکه‌ر ڕوو نادا، به‌ڵام له‌ داهاتوودا ئاوا نامێنێته‌وه‌.

له‌ یه‌که‌م ئه‌ڵبۆمی یاساییتان له‌ تورکیا به‌ ناوی "سی و سه‌ گولـله‌"، شیعری به‌ناوبانگی سی و سه‌ گولـله‌تان خوێندووه‌. ئایا به‌ نیازن به‌رهه‌مێکیش تایبه‌ت به‌ کوژراوانی ڕۆبۆسکی ئاماده‌ بکه‌ن؟
بیستنی هه‌واڵێکی له‌و چه‌شنه‌ کاریگه‌رییه‌کی زۆر له‌ سه‌ر مرۆڤ داده‌نێ، به‌تایبه‌ت ئه‌گه‌ر ئه‌و قوربانییانه‌ مناڵ بن. به‌ڵام پێموانییه‌ ئێستا گۆرانییه‌ک ئاماده‌ بکه‌ن. بۆ ده‌ربڕینی ئه‌و هه‌ستانه‌، قۆناغێک پێویسته‌. ئه‌گه‌ر پرسیار بکه‌ی چ هه‌ستێکم هه‌یه‌، ئێستا منیش وه‌ک تۆ به‌داخه‌وه‌م. به‌و ئه‌ندازه‌یه‌ی که‌ هه‌موو که‌سێک پێویسته‌ خه‌مبار بێ... هیودارم ئه‌م ڕووداوانه‌ کۆتاییان بێ. مرۆڤه‌کان له‌ ئاشتی و ئازادیدا بژین..

ده‌ڵێن "من سیاسه‌تمه‌دار نیم" به‌ڵام له‌ مۆسیقاکه‌تاندا هه‌یه‌...
به‌ڵێ، به‌ڵام به‌ درێژایی ژیانم ئه‌ندامی هیچ ڕێکخراوێکی سیاسی نه‌بووم. مرۆڤیش ده‌گۆڕدرێ. ئه‌و کاتانه‌ی گه‌نج بووم، گۆرانی زۆر ڕادیکاڵم ده‌چڕی. ئێستاش گۆرانی سیاسی ده‌ڵێم، به‌ڵام کێشه‌ساز نین، زیاتر ئه‌و گۆرانیانه‌ن که‌ مرۆڤه‌کان بۆ دیالۆگ هان ده‌ده‌ن و له‌ خۆگری به‌هاکانی مرۆڤایه‌تین. سه‌باره‌ت به‌وه‌ی ئاخۆ په‌یامێکیان هه‌یه‌، ده‌بێ بڵێم هه‌ڵبه‌ت. من لایه‌نگری ئاشتی و چاره‌سه‌رکردنی کێشه‌کانم. ئه‌وه‌نده‌ و به‌س. من ناتوانم کێشه‌کان چاره‌سه‌ر بکەم، به‌ڵکو ڕه‌جه‌ب ته‌یب ئه‌ردۆغان و به‌ده‌په‌ ده‌توانن چاره‌سه‌ری بکه‌ن.

نازانم تا چه‌ند ئاگادارن‌، به‌ڵام پارێزه‌ره‌کانیان له‌ گرتووخانه‌ دان، سه‌رۆک شاره‌وانییه‌کانیان‌ گیراون...
به‌ کوردی ده‌یانشۆپێنم، تا ئه‌و ئاسته‌ی بتوانم. به‌ده‌په‌ واقعێکی ئه‌م وڵاته‌یه‌. زۆر جێگه‌ی داخه‌، نوێنه‌رانیان له‌ گرتووخانه‌ دابن.

له‌ ئه‌ڵبۆمه‌که‌تاندا جێگه‌ به‌وانه‌ی شاخیش دراوه‌ که‌ بۆ هه‌ندێکیان ئه‌وان ته‌نیا تیرۆریستن و هیچی تر...
هه‌موویان مرۆڤی ئه‌م ئاو و خاکانه‌ن. ئه‌مه‌ش کێشه‌یه‌کی تورکیایه‌. له‌ ڕوانگه‌ی منه‌وه‌، هه‌ر دوو لا وه‌ک یه‌کن. هه‌م بۆ گیان له‌ده‌ست دانی عه‌سکه‌ره‌کان و هه‌م بۆ گیان له‌ده‌ست دانی گه‌ریلاکان خه‌م دامده‌گرێ. خۆم به‌ هاوبه‌شی ئازار و ژانی هه‌ر دوو لا ده‌زانم. چونکه‌ هه‌ر دوو لایه‌نیش، مرۆڤن.

هه‌ندێک له‌ لایه‌نگرانت ڕه‌خنه‌یان لێگرتی به‌ هۆی ئه‌وه‌ی کاری هاوبه‌شت لەگەڵ هولیا ئه‌فشار ئه‌نجام داوه‌.
هه‌ر چی پێیان خۆش بێ ده‌توانن بیڵێن. دۆستایه‌تیه‌کی پته‌وم لەگەڵ هولیا هه‌یه‌. کاتێک هاتمه‌ تورکیا، منی بۆ به‌رنامه‌ی ته‌له‌ڤزیۆن بانگهێشت کرد. گۆرانیمان گوت و هه‌موو که‌س پێی خۆش بوو. هه‌روه‌ها که‌یفیان به‌وه‌ هات هولیا ئه‌فشار به‌ کوردی گۆرانی ده‌ڵێ. هیچ شتێکم له‌ده‌ست نایه‌ بۆ ئه‌و که‌سانه‌ی به‌ دڵیان نه‌بوو. دواجار به‌رهه‌مێکی هونه‌ریه‌. به‌ڵام به‌ گشتی په‌یامی پیرۆزباییم به‌ ده‌ست ده‌گه‌ن. له‌ دیاربه‌کر و ئه‌سته‌نبوڵه‌وه‌ بگره‌ تا ئه‌نقه‌ره‌ و ئانتالیا و مێرسین.

۱۳۹۰/۱۲/۰۹

جودایی کورد لە فارس


سەلاحەدین بایەزیدی

وه‌ک چاوه‌ڕوان ده‌کرا، ئه‌سغه‌ر فه‌رهادی ده‌رهێنه‌ری ئێرانی، خه‌ڵاتی باشترین فیلمی نا ئینگلیزی زمانی، له‌ مه‌راسیمی هه‌شتاو چواره‌مین خولی ئۆسکار وه‌رگرت و به‌مجۆره‌ فیلمی "جیابوونه‌وه‌ی نادر له‌ سیمین" بوو به‌ یه‌که‌م فیلمی ئێرانی که‌ خه‌ڵاتی ئۆسکار وەردەگرێ.
وه‌رگرتنی خه‌ڵاته‌که،‌ "جیابوونه‌وه‌"یه‌کی دیکه‌شی له‌ ئاستی ئێران نیشان دا، خه‌ڵکانێک که‌ به‌ جۆش و خرۆشه‌وه‌ چاوه‌ڕوانی وه‌رگرتنی ئه‌و خه‌ڵاته‌ بوون و شه‌ویان له‌ پای ته‌له‌ڤزیۆنه‌کان ڕۆژ کرده‌وه‌، پیرۆزباییان له‌ یه‌کتر کرد و به‌ شێوه‌ی جۆراوجۆر خۆشحاڵی خۆیان ده‌ربڕی. له‌ لایه‌کی دیکه‌وه‌، خه‌ڵکانێک که‌ له‌ به‌رامبه‌ر وه‌رگرتنی خه‌ڵاته‌که‌ هه‌ستێکی ئه‌وتۆیان نه‌بوو و ڕۆژه‌ڤیان نه‌گۆڕدرا، وه‌ک بڵێی ئه‌م ڕووداوه‌ هونه‌رییه‌، هیچ په‌یوه‌ندییه‌کی به‌و جوگرافیایه‌وه‌ نییه‌ که‌ ئه‌وان تێیدا ده‌ژین.
ئه‌و جۆره‌ بۆنانه‌، به‌ شێوه‌یه‌کی زۆر ڕوون که‌ڵکه‌ڵه‌ جیاوازه‌کانی نه‌ته‌وه‌ جۆراوجۆره‌کان له‌ ئێران ده‌خاته‌ ڕوو و به‌ بیرمان دێنێته‌وه‌ که‌ به‌ هیچ شێوه‌یه‌ک خه‌م و شادی ئه‌و نه‌ته‌وانه‌ لێک ناچێ. جگه‌ له‌وه‌ی هه‌ستی جیاوازیان هه‌یه‌، جۆرێک له‌ ململانێش ده‌ژین. هه‌ستی چه‌وساوه‌بوونی نه‌ته‌وه‌ ژێرده‌سته‌کان له‌و بۆنه‌ و ڕووداوانه‌دا، زیاتر به‌رجه‌سته‌ ده‌بێ.
به‌ڵام پێش ئه‌وه‌ی ئه‌سغه‌ر فه‌رهادی خه‌ڵاتی ئۆسکار وه‌ربگرێ، هونه‌رمه‌ندێکی ئێرانی به‌ناوی موحسێن نامجوو یاداشتێکی کورتی سه‌باره‌ت به‌و ده‌رهێنه‌ره‌ بڵاو کرده‌وه‌ و هێڵه‌کانی جیابوونه‌وه‌ی کورد له‌ فارسی تۆختر کرده‌وه‌. نامجوو بێزاری خۆی له‌و چه‌شنه‌ له‌ سینه‌ما ده‌ربڕیبوو که‌ ''ئێران وه‌ک گوندێکی گه‌وره‌ به‌ خه‌ڵکی جیهان ده‌ناسێنێ، پڕ له‌ خه‌ڵکی هه‌ژار و شاعێر که‌ زۆربه‌یان به‌ زمانی کوردی و به‌ زاراوه‌ی دوورده‌ست قسه‌ ده‌که‌ن".
بێ ئه‌وه‌ی بمه‌وێ بچمه‌ سه‌ر مژاری ئه‌و فیلمانه‌ یان ته‌نانه‌ت قسه‌کانی نامجوو، کاردانه‌وه‌کانی پاش ئه‌و قسانه‌، به‌ دژبه‌ر و هاوڕاوه‌ بۆ من سه‌رنج ڕاکێش بوو. له‌و جۆره‌ باسانه‌دا به‌ گشتی دوو به‌ره‌ دروست ده‌بێ، به‌ره‌یه‌کی هێرشبه‌ر و به‌ره‌یه‌کی به‌رگریکار. ئه‌وه‌ش ئه‌و جیابوونه‌وه‌یه‌یه‌ که‌ له‌ هه‌ستی تاکه‌کاندا دروست بووه‌ و تا دێ پڕ ڕه‌نگ تر ده‌بێ.
منیش له‌و که‌سانه‌ بووم هیچ هه‌ستێکی تایبه‌تم نه‌بوو له‌وه‌ی فیلمێکی ئێرانی بۆ یه‌که‌مجار خه‌ڵاتی ئۆسکار ده‌باته‌وه‌.