۱۳۹۱/۰۸/۰۷

وتوێژێک لەگەڵ ئیسماعیل بێشکچی


گولای ئاڵتان – ڕۆژنامەی ئاکشام
لە تورکییەوە: سەلاحەدین بایەزیدی

 
ئیسماعیل بێشکچی، نووسەر و سۆسیۆلۆگ لەو یەکەمین ناوانەیە لە سەر مەسەلەی کورد کە ڕۆژەڤی بەردەوام گەرمی تورکیایە، لە دەرگاکەی دەدرێ. بەڵام ماوەیەکی درێژ بێدەنگ بوو. ئەو کاتانەی مەسەلەی لێژنەیەک لە "مرۆڤە ژیرەکان" مشت و مڕی گەرمی لە سەر بوو ویستمان بێشکچی بدوێنین؛ پاشان خەڵاتی ٢٠١٢ی دەزگای 'هرانت دینک'ی پێ بەخشرا، یەکەمجار بوو خەڵاتێکی نێونەتەوەیی پەسند دەکرد و لە مەراسیمی وەرگرتنی خەڵاتەکەدا پەیامی گرنگی پێشکەش کرد، بەم بۆنەوە دیسان داواکاریەکەمان بۆ وتوێژ خستە ڕوو و دواجار بێشکچی قەبوڵی کرد. کەسێکە ڕێزی یەکسانی هەیە هەم بۆ ئەوانەی بۆچوونەکانی وەردەگرن، هەمیش ئەوانەی تەواو دژی ئەو بیر دەکەنەوە.. هیچ حەز ناکا لە دەرەوەی بابەتەکان و بە تایبەت لە سەر خۆی قسە بکا. ئیسماعیل بێشکچی سۆسیۆلۆگ کە بە نووسراو و لێکۆڵینەوەکانی لە سەر کێشەی کورد ناسراوە، شەش جار براوەتە گرتووخانە و لە سەر یەک ١٧ ساڵ لە گرتووخانەدا ماوەتەوە. دەتوانین بڵێین سەرەڕای ئەوەی لە هەموو قۆناغەکاندا کتێبەکانی قەدەغە کراون، بەڵام خاوەنی زیاتر لە ٣٠ کتێبە. هێشتاش مەسەلەی هەڵگرتنی قەدەغە لە سەر کتێبەکانی بە هەڵپەسێردراوی ماوەتەوە...

پڕۆژەی "کرانەوە بە ڕووی کورد" کە لە لایەن حکومەتەوە پێشکەش کرا، زۆر کەس و لە ناویاندا ئێوەشی هیوادار کرد... ئەو ئاستەی ئەمڕۆ ''کرانەوە" پێی گەیشتووە، چۆن هەڵدەسەنگێنن؟

بەرنامەی "کرانەوە بە ڕووی کورد" لە مانگی ژوئیەی ٢٠٠٩ زۆر کەسی هیوادار کرد. بەڵام ئەم هیوایە کورتخایەن بوو. حکومەت دوا بەدوای ڕەخنە و تۆمەتبار کردنەکانی سوپا، جەهەپە و مەهەپە پاشەکشەی کرد. هەڵبەت وازهێنان لە خەباتی چەکداری و کرانەوەی ڕێگەی ئاشتی گرنگە، بەڵام ئاشتی چۆن سەقامگیر دەبێ؟ لەگەڵ چ لایەنێک لە شەڕ دابی، دەبێ لەگەڵ ئەو لایەنە دابنیشی. ئاشکرایە حزبی ئاشتی و دیموکراسیش لەو ڕوەوە ڕۆڵی گرنگی گێڕاوە.

ئەی لێدوانەکانی سەرۆک وەزیر ڕەجەب تەیپ ئەردۆغان سەبارەت بە پرسی کورد لە کۆنگرەی ئاکەپە لە ٣٠ سێپتامبر چۆن دەبینی؟

سەرۆک وەزیر لە کۆنگرەدا سەبارەت بە پرسی کورد هیچی نەگوت. لەو نامیلکانەی ئەو ڕۆژەش بڵاو کرانەوە، لە ناو قسە گشتیەکاندا، زانیارییەک بەدی ناکرێ. دروشمی برایەتی، دەستەواژەیەکی دەستکردە کە دووڕویانە هەوڵی شاردنەوەی پەیوەندییەکان دەدا.. کوردەکان ئیتر لەمە تێگەیشتوون. ڕستەگەلی وەک "یان ئەم وڵاتەت خۆش بوێ یان جێی بێڵە" هێشتا لە بیر نەکراوە. سەرۆک وەزیر لە هەککاری گووتی "یان ئەم وڵاتەت خۆش بوێ یان جێی بێڵە" پاش ئەوەی لە بەرامبەر حزبی ئاشتی و دیموکراسی دەنگێکی کەمی بەدەست هێنا. لەگەڵ ئەوەشدا ئاشتی وەک پێداویستیەک خۆی دەسەپێنێ. ئەو کات دانوستانی ڕاستەوخۆ لەگەڵ پەکەکەش دێتە ڕۆژەڤەوە.

دیارە زۆرترین باس و گفتوگۆکان لە چوارچێوەی "دانوستان" دەخولێنەوە.. ئێوە لە ساڵانی ڕابردوودا گوتتان پێویست ناکا حکومەت لەگەڵ ئۆجەلان چاوپێکەوتن ئەنجام بدا، حکومەت بۆ بابەتی وازهێنان لە چەک، با لەگەڵ دەتەپە دابنیشێ. بەڵام دەتەپە دەیگوت دەبێ ئەم مەسەلەیە ڕاستەوخۆ لەگەڵ ئۆجەلان تاوتوێ بکرێ. لە لایەکی دیکەوە کاتێک حکومەت لە ئۆسلۆ لەگەڵ پەکەکە لە سەر مێزی گفتوگۆ دانیشت، پێداگرانە داوای لە بەدەپە دەکرد 'پەکەکە شەرمەزار بکە و لێی دوور بکەوە، ئەگینا وەک بەردەنگ حیسابت بۆ ناکەین'. ئەم ناکۆکییە بە چ شێوەیەک دەبێ لێک بدرێتەوە؟ یاخود ئەوە بۆ ئێوەش جۆرێک ناکۆکی دەگەیەنێ؟

بێگومان ئەمە ناکۆکییە. لێرەدا خاڵێک زۆر گرنگە. لەگەڵ کێ بە شەڕ هاتووی، دەبێ لەگەڵ ئەودا ئاشت بیتەوە. دانوستانی ڕاستەوخۆی حکومەت لەگەڵ پەکەکە دەکرێ بخرێتە ڕۆژەڤەوە. کوردەکان لەگەڵ میت نا، بەڵکو لەگەڵ حکومەت دەبێ چاوپێکەوتن ئەنجام بدەن. حزبی ئاشتی و دیموکراسی، پەکەکە و سەرجەم گرووپەکانی تریش دەبێ ڕاستەوخۆ لەگەڵ حکومەت چاوپێکەوتن ئەنجام بدەن.

کاتێک باسی چارەسەری دەکرێ، یەکسەر ڕستەی 'با چەکەکان بێدەنگ بن' دێتە سەر زمان یا خود کۆمەڵێ سەردێڕێ وەک 'مافی دەستوری' و 'خۆسەری دیموکراتیک'... بەداخەوە گفتوگۆکان لەو بازنەیەدا خول دەخۆن و گەیشتوونەتە بن بەست. ئاخۆ ئێوە نەخشە ڕێگەیەکی ئەلتەرناتیڤتان هەیە؟ لە کوێوە دەبێ دەست پێ بکرێ؟

نابێ قەت لە بیرمان بچێ کە کێشەکە چۆن دەستی پێکرد. فاکتەری سەرەکی، زەوت کردنی مافی کوردەکانە کە لە سەرەتای دامەزراندنی کۆمارەوە دەستی پێکردووە. لەم ڕوانگەوە، ئەگەر لێژنەی کەسانی ژیر یاخود دامودەزگاکانی کۆمەڵگای مەدەنی داوا لە پەکەکە بکەن واز لە چەک بێنێ، هەڵەیە. بەڵکو پێویستە بانگەوازی ئاڕاستەی حکومەت و دەوڵەت بکەن بۆ ئەوەی دان بە مافە سروشتیەکانی کوردان دابنێ. خاڵی تر ئەوەیە کە ئەو ماف و ئازادییانەی سەرۆک وەزیر بە شێوەیەکی لێبڕاوانە بۆ فەلەستینیەکان، موسڵمانەکانی بۆسنی و کۆماری تورکی باکووری قوبرس باسیان دەکا، با لانیکەم بەشێکی بچووک لەو مافانەش بۆ کوردان ڕەوا ببینێ. کورد ئاگاداری ئەم پەیوەندییانە هەن.

ئێوە دەڵێن کوردەکان لە دنیادا خاوەن هیچ ستاتۆیەکی سیاسی نین. گەلۆ پێتان وایە بەڕێوەبەرایەتی هەرێمی کوردی لە باکووری عێراق قەوارەیەکی سیاسی نییە؟

هەڵبەت بەڕێوەبەرایەتی هەرێمی کوردستان، جۆرێک ستاتۆیە. ساڵی ٢٠٠٣ دواجار ویلایەتە یەکگرتوەکانی ئەمریکا هێرشی سەربازی کردە سەر عێراق. ئامانجی سەرەکی ئەمریکا لەو هێرشە ڕوون و ئاشکرایە و بێگومان مەبەستی ئەوە نەبووە کە بڵێ 'با چاکەیەکیش دەرهەق بەم کوردانە بکەم'، بەڵام ڕووخانی ڕژێمی سەدام حوسێن، هەڵوەشانەی حزبی بەعس و موخابەرات و هەروەها لە نێوچوونی مەترسی چەکی کۆمەڵکوژ ڕێگەی بۆ کوردەکان خۆش کرد. عێراقی فیدڕاڵ، بە هەڵوێستی پیداگرانەی کوردەکان دامەزرا. ئەمە نەک تەنیا بۆ کوردەکان، بەڵکو لە ژیانی سیاسی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بە گشتی، پێشکەوتنێکی گرنگە. کوردەکان و کوردستان، ساڵانی ١٩٢٠، واتە سەردەمی دامەزراندنی کۆمەڵەی نەتەوەکان، دابەش بوون و پارچە پارچە کران. لە ڕاستیدا زەبرێکی گەورە بوو وە جەستەی کورد کەوت. هێزە ئیمپریالیستەکانی ئەودەم، بریتانیای گەورە و فەرەنسا بوون. لە دامەزراندنی ستاتۆدا، کورد و کوردستانیان بێ ستاتۆ هێشتەوە. ٨٠ بۆ ٨٥ ساڵ دوای ئەم ساتەوەختە، هێزێکی تری ئیمپریالیستی واتە ویلایەتە یەکگرتوەکانی ئەمریکا، ڕێگەی بۆ کوردەکان خۆش کرد بۆ ئەوەی ببنە خاوەن ستاتۆ کە دەبێ ببێتە مژارێکی گرنگی فەلسەفەی مێژوو و سیاسەت.

ئاخۆ کوردەکان دەوڵەتیان گەرەکە؟ زۆر کەسایەتی یان حزب و ڕێکخراو لە لایەن خۆیانەوە وەڵامی ئەم پرسیارەیان داوەتەوە.. بەڕای ئێوە کێ دەبێ وەڵامی ئەم پرسیارە بداتەوە؟

دەکرێ بەمجۆرە وەڵام بدرێتەوە. لە ٢٧ ئەندامی یەکێتی ئەوروپا، ژمارەی دانیشتوانی وڵاتانی وەک لوکزامبورگ، قوبرس و مالتا دەوروبەری نیو میلیۆنە. لە ٤٧ ئەندامی کۆنسەی ئەوروپا، دەوڵەتانی وەک لیخن شتاین، ئاندۆرا، سان مارینۆ و مۆناکۆ، ژمارەی دانیشتوانیان دەوروبەری ٤٠ تا ٥٠ هەزار کەسە. لە دنیادا لەوانەیە ٤٠ دەوڵەتێک هەبن کە ژمارەی دانیشتوانیان خواروی میلیۆنێکە. تەنانەت هەیە ژمارەی دانیشتوانی دە هەزار، پانزە هەزارە. بەڵام ژمارەی کوردەکان لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست چل میلیۆنە و بچووکترین ستاتۆی سیاسیان نییە کە لە پەیوەندییە نێونەتەوەییەکاندا بەکەڵک بێ. ئەشێ بە شێوەیەکی جیاواز لێکۆڵینەوە لە سەر دەسەڵاتی هەرێمی کوردستان بکرێ. ئەمە نیشان دەدا لە سیستەمی نێونەتەوەییدا پێکهاتەیەکی ئانتی کورد دروست بووە. لێرەدا، دەبێ لێکۆڵینەوە لە سەر ئەوە بکرێ کە ئەم پێکهاتە ئانتی کوردە چۆن دروست بووە و پەرەی سەندووە. لە بری ئەوەی پرسیار بکرێ 'کوردەکان دەوڵەتیان گەرەکە یان نا' وروژاندنی پرسیارێکی بەمجۆرە گرنگە کە 'ئاخۆ بۆچی تا ڕۆژی ئەمڕۆ کوردەکان نەبوونەتە خودانی دەوڵەت؟'

سەبارەت بە پرسی کورد، خاڵیک کە دەبێتە جێگەی ڕەخنە، پێکهاتەی عەشیرەیی ئەو کۆمەڵگەیەیە. تێزی دکتۆڕاکەشتان لە سەر ئەمەیە. لەمدواییانەدا ئێوە چ گۆڕانکارییەکتان لە پێکهاتەی عەشیرەیی کوردەکاندا بینیوە؟

ئەوەی کە کوردەکان لە ئاڵوگۆڕە نێونەتەوەییەکاندا نەبوونەتە خاوەنی ماف، پەیوەندی بە پێکهاتەی عەشیرەییەوە نییە. عێراق، ئوردون، سوریا، فەلەستین و لوبنان کە ساڵانی ١٩٢٠ دامەزران، هەموویان لە سەر بنەمای عەشیرەتەکان دامەزران. لە هێرشی ویلایەتە یەکگرتوەکانی ئەمریکا بۆ سەرعێراق بینیمان. پاڕێزەرانی نزیکی سەدام حوسێن و پارێزەرانی کۆمار هەموویان عەشیرەی تکریت بوون. لە ئانالیزە سیاسی و کۆمەڵایەتیەکانی لیبیادا دەستەواژەی 'عەشیرەتەکانی لایەنگری قەزافی' و 'عەشیرەتەکانی دژ بە قەزافی' زۆر بە کار دەبرێ. بەڵام بۆ نموونە لە باکووری کوردستان پێکهاتەی عەشیرەتەکان لە مێژە چارەسەر کراوە.

گەلۆ هەست ناکەن نەتەوەپەرستی کوردی گەشەی سەندووە؟

بەڵێ، گەشەسەندنێکی گەورەی بە خۆیەوە بینیوە و بە خاڵێکی ئەرێنی دەزانم. چونکە نەتەوەپەرستی تورک، ڕەگەزپەرستە. بە کوردەکان دەڵێ 'ئاسیمیلەت دەکەم و دەتکەمە تورک'. لە بەرامبەردا، کوردەکان دەڵێن 'وەک کورد دەژیم، کولتور و زمانە چەوسێنراوەکەم دەبوژێنمەوە و دەمەوێ بە زمان و فەرهەنگی خۆمەوە بژیم'. نەتەوەپەرستی کورد، لە سەر بنەمای دژایەتی لەگەڵ نکۆڵی، توانەوە و ئاسیمیلاسیۆن پەرەی سەند، بۆیە ناوەڕۆکەکەی بریتی نییە لە هەوڵدان بۆ داگیرکردنی خاکی ئەوانی تر و ئاسیمیلەکردنی کەسانی غەیرە کورد. ڕێزی بۆ هەموو نرخ و مافێک هەیە.

رۆژنامەنووس محەمەد عەلی بیراند، لە وتوێژێکدا لەگەڵ ڕۆژنامەی 'تەڕەف' باسی لە 'شەڕی نێوخۆیی کوردەکان' کرد. بەڕای ئێوە گریمانەیەکی وا لە ئارادا هەیە؟

لە سەر ئەو بڕوایە نیم پێکدادانێکی وا دروست بێ. کوردەکان ئیتر ئەو هۆکارانەیان بۆ دەرکەوتووە کە بۆچی ساڵانی ١٩٢٠، لەت لەت و دابەش کران و نەبوونە خاوەنی هیچ ستاتۆیەک. ئەم زانستە کۆمەڵایەتی و مێژوییە دەبێتە هۆی پێشکەوتن و لێک تێگەیشتنیان. ئێستا ئیتر کوردەکان زۆر باش لە نیازی وڵاتانی زاڵ بە سەر کورد تێدەگەن.

لە چەند مانگی ڕابردوودا، چارەسەری لێژنەی 'مرۆڤانی ژیر' خرایە بەر باس. ئایا ئەم ڕێگەیە دەسکەوتێکی لێ شین دەبێ؟

بە ڕای من ئەو قسانەی دەیکەن، گرنگە. هەڵەیە ئەگەر بانگەوازی ئاڕاستەی کوردەکان بکەن و پێیان بڵێن 'دەستبەرداری چەک بن'. ئەوان دەبێ بانگەوازی ئاڕاستەی دەوڵەت و حکومەت بکەن.

لە هەندێک ماڵپەڕی خەبەری ڕاپرسی کرا و پرسیارێکی بەو شێوەیە خرایە ڕوو کە 'بە ڕای ئێوە کێ دەبێ لە لێژنەی مرۆڤە ژیرەکان دابێ؟'. ناوی ئێوە لە ڕیزی یەکەم دابوو. ئەگەر بە شێوەیەکی ڕەسمی ناوتان بێتە ڕۆژەڤەوە، ئایا وەک 'مرۆڤی ژیر' دەبنە بەشێک لە پلانی چارەسەری؟

 نەخێر. بێگومان هەر چەشنە هەوڵدانێک لە پێناو چەسپاندنی ئاشتی هەنگاوێکی گرنگە. هەوڵ و تێکۆشانی مرۆڤە ژیرەکانیش گرنگە، بەڵام من وەک تاکەکەس نامەوێ بچمە ناو ڕێکخستنێکی بەم چەشنەوە.

ئەوە ڕاستە کە پەکەکە ویستویەتی بێدەنگتان بکا؟ لەبەر ئەوەیە وەک 'رۆشنبیران'ی دیکەی کورد دەنگتان نابیسین یان میدیا لە بەرامبەر ئێوە هەڵوێستێکی تایبەتی هەیە؟

بێدەنگی، قسەکردن و نووسین پەیوەندی بە ئیرادەی خودی مرۆڤەوە هەیە. ئەگەر مرۆڤ شتێکی پێ بێ بۆ گوتن، هەوڵ دەدا بیهێنێتە زمان.

لە لایەکی دیکەوە بۆ نموونە وەک 'رۆشنبیرێک کە دەوڵەت پشتیوانی لێدەکا' باس لە کەماڵ بورکای دەکرێ. بە واتایەکی دیکە ڕۆشنبیرەکان بە دوو دەستەی نزیک بە حکومەت و دوور لە حکومەت دابەش دەکەن. ئەو تەوسیفە چۆن لێک دەدەنەوە؟

هەڵبەت ڕۆشنبیر لە دۆخی بەرهەڵستکار دایە. بەڵام ئەگەر بێت و هەندێک لە هەنگاوە پۆزەتیڤەکانی حکومەت باس بکا، ڕاست نییە ئەگەر بەو کەسە بڵێین 'لایەنگری حکومەت'. جگە لەمە، کەماڵ بورکای، ڕۆشنبیرێکی ڕێزدار و سیاسەتمەدارێکی هێژایە.

ئێوە دەڵێن ئامانجی سەرەکی کودەتاکانی ساڵانی ٦٠، ٧١ و ٨٠ کوردەکان بوون.. بەڵام گوتاری زاڵ و باو ئەوەیە کە دەڵێ 'ئامانجی کودەتای ١٢ی سێپتامبر کوردەکان نەبوون و ڕووداوەکانی گرتووخانەی دیاربەکر، پەکەکەی هێنایە بوون. چۆن بۆچوونەکەتان شی دەکەنەوە کە پێچەوانەی ئەمەیە؟

فاکتەری سەرەکی سەرجەم کودەتا سەربازییەکانی تورکیا، کێشەی کوردە. هەرچەند وا نەگوتراوە و بە 'ئاسایشی نەتەوەیی، نیزامی گشتی' لێک دراوەتەوە. بێگومان فاکتەری دیکەش هەبوون، بەڵام هیچکات باس لە مژاری کورد نەکراوە. زانستە کۆمەڵایەتی و سیاسیەکانیش پشتیان بە بابەتی کورد نەبەستووە. هۆکار، نکۆڵی کردنە. بە هۆی سیاسەتی نکۆڵی، مژاری کورد تێکەڵ بە ئانالیزە سیاسی و کۆمەڵایەتیەکان نەکراوە. لە لایەکی دیکەوە، ئەوانەی باسیان لێوە کردوە ڕووبەڕووی لێپرسینەوەی یاسایی و ئیداری قورس بوونەتەوە. ئەم بۆچوونە پێویستە پاڵپشت بە دیاردەی دەوڵەمەند توێژینەوەی لە سەر بکرێ. لەمبارەوە شتێکی گرنگ کە بمانەوێ پێوەی زیاد بکەین، ئەوەیە: عەسکەرەکان کودەتایان کردووە، بەڵام سڤیلەکانیش بۆ نموونە ڕاگەیاندن، زانکۆ و بەشێکی بەرچاو لە پرۆفیسۆرەکان بە شێوەیەکی زەق پشتیوانیان لە کودەتاکان کردوە.

بە هۆی ئەو نووسینە زۆرانەی ئەمڕۆ چیتر تاوان نایەنە ئەژمار، ١٧ ساڵی ڕەبەقتان لە گرتووخانە تێپەڕاند... ئەو ئاستەی ئەمڕۆ پێی گەیشتووین، لە ڕوانگەی 'ئازادی'یەوە چۆن هەڵدەسەنگێنن؟

ئەمڕۆکەش نزیکەی سەد ڕۆژنامەنووس لە گرتووخانە دان. بێگومان ئەمەش خاڵێکی نێگەتیڤە لە ئازادی ڕادەربڕین و ئازادی ڕۆژنامەنووسیدا. نزیکەی هەشت هەزار ئەندامی کەجەکە لە زیندان دان. هێشتاش لە بەردەم پەروەردە بە زمانی زگماکی بەربەست دروست دەکرێ. لە هەندێک زانکۆ، بە هۆی ئەوەی کەسانی ئاکادیمیسیەن باسی کوردەکان و کێشەی کوردیان کردوە، گرێبەستەکەیان نوێ ناکرێتەوە. ئەمانە پێشهاتی نەرێنین. تا ئێستا سەبارەت بە ڕۆبۆسکی (رۆژی ٢٨ی دێسامبری ٢٠١١ لەو گوندە، هاوڵاتیانی سڤیل بە فڕۆکە بۆردومان کران) ڕاگەیەندراوێک نەدراوە کە مرۆڤ قایل بکا و لاگری لە بەرپرسێکی پۆلیس کە پێشتر جەللاد بووە و بەرزکردنەوەی پلەکەی شتێک نییە لە بەر چاوان ون بێ. حکومەت لەم بوارانەوە دەبێ هەنگاوی ساغڵەم بەرز بکاتەوە. دۆخێکی ناشیاوە لە کاتێکدا هێشتا کار بە یاسای تێکۆشان دژی تیرۆر دەکرێ و بیروڕا سانسۆڕ دەکرێ.

بۆچی ئێستاشی لەگەڵ دابێ کتێبەکانتان قەدەغەن، ئەو قەدەغەیە بۆ هەڵنەگیراوە؟

دەزگای ئەمن بۆ ئەوەی سەر لەنوێ هەندێک لە کتێبەکانم لە بازاڕ کۆ بکاتەوە، پەنای بۆ سەردۆزگەر بردوە. یەک – دوو کتێب هەیە کە دەیانەوێ لە بازاڕدا نەمێنێ و جارێکی تر قەدەغە بکرێن. پێموایە تا ئێستا دادگاکان سەبارەت بەم داواکارییە شتێکیان نەکردوە.

۱۳۹۱/۰۸/۰۴

قوربانییە سیاسییەکان بۆ جەژنی قوربان


جەنگیز چاندار/ ڕادیکاڵ
لە تورکییەوە: سەلاحەدین بایەزیدی

 
ڕێکخراوی لێبوردنی نێونەتەوەیی، لە سەروبەندی ڕۆژی عارەفەی جەژنی قوربان لە بانگەوازێکدا داوای کرد "رێز لە مافەکانی گیراوانی مانگرتوو بگیرێ."

بە پێی لێدوانەکەی ڕێکخراوی لێبوردنی نێونەتەوەیی، مانگرتن لە خواردن 'شێوازێکی پرۆتیستۆی ئاشتیانەیە' و کاربەدەستانی تورکیا، 'دەبێ پابەند بن بە ڕێزگرتن لە مافەکانی ئازادی ڕادەربڕین و لە ناویاندا مافی پڕۆتیستۆ کردنی گیراوان.'

هۆکاری بانگەوازی ڕێکخراوی لێبوردنی نێونەتەوەیی کە داوا دەکا 'رێز لە مافەکانی گیراوانی مانگرتوو بگیرێ'، بڵاوبوونەوەی هەندێک هەواڵ بوون سەبارەت بە گواستنەوەی گیراوانی مانگرتووی گرتووخانەکانی 'سیلیڤری' و 'شاکران' بۆ ژووری تاکەکەسی و هەروەها مامەڵەی ناشیاوی پاسەوانەکانی گرتووخانەی 'تەکیرداغ' بەرامبەر بەو گیراوانەی بەشداری مانگرتن لە خواردن ببوون.

بڵاوبوونەوەی چەندین هەواڵ لە سەر کاربەدەستانی گرتووخانە سەبارەت بە سنووردارکردنی گەیاندنی ئاوی خواردنەوەی گیراوان و تێکەڵ کردنی شەکر، خوێ، ڤیتامین و مادەی وزەبەخشی تر بەو ئاوە، بە گوێی ڕێکخراوی لێبوردنی نێونەتەوەیی گەیشتووە.

تا ٤٨ سەعات لەمەوبەر، ٦٥٨ کەس لە ٥٨ گرتووخانەی تورکیا مانیان لە خوارن گرتووە یان بە واتایەکی دی لە 'ڕۆژووی مەرگ' دان. لەوانەیە ئەمڕۆ ڕێژەی بەشداربوان زیاتر پەرە بستێنێ. ژمارەی ئەوانەی لە مانگرتن لە خواردن یاخود 'رۆژوی مەرگ' لە 'قۆناغی مەترسی' دان، گەیشتۆتە ٥٠ کەس. یەکێک لەو پەنجا کەسانە 'سەلما ئیرماک'ە. جێگەی ڕاستەقینەی سەلما ئیرماک، پەرلەمانی تورکیایە؛ چونکە بە پشتیوانیەکی گرنگی خەڵک هەڵبژێردراوە. لە بری ئەوەی لە پەرلەمانی تورکیا بێ، لە گرتووخانەی دیاربەکر، ژووری E، لە سەر 'سنوری مەرگ'ە.

سەرەتا گیراوانی ژووری E و Dی دیاربەکر و هەروەها گیراوانی گرتووخانەکانی سیرت و بۆلو، 'ڕۆژووی مەرگ'یان دەست پێکرد. دواتر شەپۆل شەپۆل ڕۆیشتە پێش و ئەمڕۆکە نزیک بە ٧٠٠ کەس لە دۆخی مردندا کەوتوون، ٥٠ کەس لەوانە گەیشتوونەتە سنووری 'مەرگ' و 'ئەو زیانانەی کە هەمیشە لە ناو جەستە دا دەمێننەوە'. ئەوان مانگ و نیوێکە مانیان لە خواردن گرتووە.

چییان گەرەکە؟ بۆچی بەم شێوەیە لەگەڵ مەرگ سەما دەکەن و پەنایان بۆ چالاکیەکی وا مەترسیدار بردووە؟

سێ داخوازییان ڕیز کردووە:

١ . لابردنی 'گۆشەگیری' سەر عەبدوڵڵا ئۆجەلان کە ماوەی ساڵێکە بەردەوامە.

٢ . مافی خۆپاراستن بە زمانی زگماکی.

٣ .  پەروەردە بە زمانی زگماکی.

سەرجەم ئەمانە، 'داخوازی سیاسین' و بە جێ هێنانیان لە وادەیەکی نزیکدا بابەتی باس نییە. بە ڕای من، سەرجەم ئەم داخوازییانە ڕاستن و زۆر دەمێکە من دیفاعیان لێ دەکەم. بەڵام ئیفادە کردنی ئەم داخوازییانە لە ڕێگەی 'مانگرتن لە خواردن' یاخود 'ڕۆژووی مەرگ' وەک 'ئامرازێ' پێموانییە ڕاست بێ؛ لەگەڵ ئەوەشدا نیم بەم 'ئامرازە' لە کورت خایەندا، دەرئەنجامی 'ڕاستەقینە' بێنە گۆڕێ.

لە لایەکی دیکەوە، ئەوانەی 'ڕۆژی مەرگ'یان گرتوە، بە هۆی ئەوەی هەڵگری 'ناسنامەیەکی سیاسی'ن، چونکە خۆیان بڕیاریان لە سەر هەڵبژاردنی شێوازێک لە شێوازەکانی 'چالاکی سیاسی' داوە؛ ئەگەر تەنانەت لەگەڵ ئەو 'بڕیارەش' نەبن، بە دڵیشتان نەبێ، لەم چوارچێوەیەدا مافی ئەوتۆی قسەکردنتان نییە.

ئەمانە و کۆمەڵێک چەواشەکاری وەک 'بەکارهێنانیان لە لایەن ڕێکخستن' و 'ناردنیان بەرەو مەرگ'، کات بە فیڕۆ دانە و 'بێ ڕێزی'یە بەرامبەر بە 'هەڵبژاردنی سیاسی' و کەسایەتی دەیان مرۆڤ.

مانگرتن لە خواردن لە دیرۆکی سیاسیدا نموونەی هەیە. لە باکووری ئیرلەندا، ئەندامانی کۆماریخوازی ئیرا (سوپای ڕزگاریخوازی ئیرلەندا)، بە مەبەستی خوڵقاندنی ئەفسانەی تێکۆشانیان، دژ بە بریتانیا پەنایان بۆ 'ڕۆژوی مەرگ' برد. زۆر ملیتانی گرنگی ئیرا و بە تایبەتی بابی ساندز کە لە بێلفاست بە دەنگێکی زۆر بۆ پەرلەمانی لەندەن هەڵبژێردرابوو، گیانیان لە دەست دا.

هەڵبەت پێڤاژۆ جیاوازە، هەلومەرج جیاوازە، وڵات جیاوازە، بەڵام مانگرتن لە خواردنی بابی ساندز و هەڤاڵانی، لە نێو ڕیزەکانی کۆماریخوازانی ئیرلەندا و جەماعەتی کاتۆلیک، ڕێگەی بۆ 'گفتوگۆی مرۆیی و سیاسی' خۆشکرد. لەم ڕوانگەوە، ١٩٧٢ی باکووری ئیرلەندا، جیاوازییەکی ئەوتۆی لەگەڵ ٢٠١٢ی تورکیادا نییە.

دیسانیش جیاوازی گەورە هەن و وەک خۆم، لەگەڵ ئەوە دام بە بۆنەی جەژنی قوربان و بە بیانووی ئینسانی و ویژدانی یاخود بیانووی سیاسی بە هەمان ڕادە گرنگ، کۆتایی بە مانگرتن بهێنرێ.

زێدەباری ئەمە، دەبێ بڵێم ڕێزێکی زۆرم بۆ ڕۆحی فیداکارانە، ڕووراستی و پاکژیان لە ڕێباز و بەهرەی چالاکی بە کۆمەڵی ئەو کەسانە هەیە کە مانیان لە خواردن گرتووە. هەموو ئەمانە، ئەگەر لە سەردەمێک لە سەردەمەکانی چەرخی ٢١ کە ئێمە تێیدا دەژین، بە تایبەت بۆ وەچەی نوێ هیچ واتایەک ناگەیەنێ، بە لای منەوە دەبێتە هۆکاری ئافراندنی ڕێزێکی تایبەت.

لەگەڵ ئەمەشدا، دووبارەی دەکەمەوە، 'ڕێکخستن' لە پاراستنی گیانی مرۆڤەکان بە کەمترین زیان بە شێوەیەکی 'واقع بین' نەجوڵاوەتەوە و بگرە دەیەوێ بە داخوازی 'ماکسیمالیست'  'رۆژووی مەرگ' بکاتە شۆڕشێک، لەم ڕوەوە پێموایە 'هەڵەی سیاسی' جددی هەیە.

لەم دۆخەدا، لە ڕۆژی عەرەفەی جەژنی قوربان، پاراستنی جەستەکان و بەرگری لە 'زیانی هەرمان' لە تەندروستی مرۆڤەکان، تەنیا و تەنیا بە ئیرادەی یەک لایەنەی مانگرتووانی ڕاپەڕیو لە ڕێگەی کۆتایی هێنان بە چالاکیەکەیانەوە ئیمکانی هەیە.

یان با حکومەت لەمەڕ چارەسەری پرسی کورد، بێ فرت و فێل دەستی هاوکاری بگوشێ و لە پێناو بەرزکردنەوەی هەنگاوی بابەتیانە، 'پەیامێکی جەژنانە'ی وا بدا کە لە بەرامبەردا، 'رۆژوی مەرگ' وەک 'ژێستێک' کۆتایی بێ.

بە پێچەوانە، جەژنی قوربانی ئەمساڵ لە داهاتووی نزیکدا، بە باشی یادی ناکرێتەوە. جەژنێکی قوربان کە 'قوربانی سیاسی' تێدا درابێ، بە چاکە ناوی ناهێنرێ...

۱۳۹۱/۰۷/۲۱

نافەرمانی لە ناوچە کوردیەکان


جەیمز ڕەینۆلدز، بی بی سی / گەڤەر
لە تورکییەوە: سەلاحەدین بایەزیدی

 
بیرهاتی تەمەن ١٢ ساڵ لەگەڵ برا دە ساڵانەکەی ئەمرە ئیکە، لە کاتێکدا ئەو بەیانییە لە بەردەم تەلەڤزیۆن ڕاکشابوون و سەیری فیلمی کارتۆنیان دەکرد، بە هاتنی میوانەکان وەک تاوانبار قیت بوونەوە و هەستانە سەر پێ.
لە ڕاستیدا دەبوایە لە قوتابخانە بوایەن، بەڵام بنەماڵەکەیان بڕیاریان دابوو لە ماڵ بمێننەوە.
هەموو بەیانییەک، پەروەردە لە قوتابخانەکەیان، وەک سەرجەم قوتابخانەکانی تورکیا بە ڕستگەلی وەک "تورکم، ڕاستگۆم'' کە هەموویان هاوکات بە یەکەوە دووپاتی دەکەنەوە، دەست پێدەکا.
بنەماڵەی ئیکە کە کوردن، دووپات کردنەوەی ئەم ڕستانە ڕەت دەکەنەوە. دەڵێن پێیان خۆشە مناڵەکانیان بە کوردی بخوێنن نەک بە تورکی.
بیرهات دەڵێ "زمانی زگماکیمان گەرەکە. دەبێ وانەکانمان بە کوردی بخوێنین."
برا بچووکەکەشی بە سەر ڕاوەشاندن پشتیوانی لە قسەکەی دەکا. پاش ئەوەی بەمجۆرە هەڵوێستی سیاسی خۆیان ئاشکرا دەکەن، دوو مناڵەکە لە دیوەخان دەڕۆنە دەر و دەست بە یاری کۆمپیۆتەری دەکەن.
کوڕە هەرە بچووکەکەی بنەماڵەش، وەک ئەوەی زۆر حەزی بە میوانەکان نەهاتبێ، لە حەسار دەموچاوی گرژ کردووە و سەیری مریشکەکان دەکا.
دایکی مناڵەکان، کەناڵی فیلمی کارتۆن بۆ کەناڵێکی کوردی دەگۆڕێ کە لە ئەوروپا وەشان دەکا.

ئەو دایکەی دوو ڕۆڵەی لەدەست داوە

دایکی بابی مناڵەکان، ناجیە ئیکە، سیمایەکی چالاکی شاری گەڤەرە.
ئەمرەی کوڕی ساڵی ١٩٩٠، لە کاتێکدا پانزە ساڵی تەمەن بووە، بەشداری ڕیزەکانی پەکەکە بووە.
دوو ساڵ دواتر، کوژراوە و تەرمەکەی هەرگیز نەگەڕاوەتەوە.
ساڵی ٢٠٠٣ کوڕێکی تریشی بە ناوی عەلی ئیحسان بەشداری ڕیزەکانی پەکەکە بووە و ئەویش کوژراوە.
تەنیا کوڕێکی لە ژیاندا ماوە: جیهاد.
پێی گوتوە "تۆ نابێ بچی." جیهاد ئێستا ژمێریارە.
ناجیە ئیکە دەڵێ "سەبارەت بە نەوەکانم دەترسێم. نەک هەر بۆ ئەوان، بۆ هەموو کەس دەترسێم. ئێمە ئێستاش ئاشتیمان دەوێ، بەڵام گوێمان لێ ناگرن. لە یەکتری تێناگەیەن."
کوردەکان لە سەدا پانزە تا بیستی دانیشتوانی تورکیا پێک دێنن. بە گشتی مەزەندە دەکرێ ٢٥ تا ٣٠ میلیۆن کورد لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بژین.

'نەتەوەی بێ دەوڵەت'

کوردەکان بەردەوام بەوە دەناسرێن کە "گەورەترین نەتەوەی بێ دەوڵەتن لە سەر ڕووی زەوی". نیشتمانی دایکیان ڕۆژهەڵاتی تورکیا، باکووری عێراق و ناوچە شاخاوییەکانی سوریا و ئێرانە.
دەگوترێ لە ساڵی ١٩٧٨ەوە کە عەبدوڵڵا ئۆجەلان پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە)ی دامەزراندوە، لە ئەنجامی شەڕو پێکدادان لەگەڵ هێزە ئەمنیەکان ٣٠ تا ٤٠ هەزار کەس لە تورکیا گیانیان لەدەست داوە.
پەکەکە دەڵێ چیتر بۆ سەربەخۆیی شەڕ ناکا.
لە بری ئەمە، داوای خۆسەری دیموکراتیک لە دەوڵەتی تورکیا دەکا. بەڵام سەرەڕای دابەزینی ئاستی ئامانجەکانیان، توندو تیژی بە هەمان ڕادە کەم نەبۆتەوە.
تەنیا لە ماوەی ١٥ مانگی دواییدا، زیاتر لە ٧٠٠ کەس کوژراون.
پەکەکە هێرشی کردە سەر بنکە و بارەگا سەربازییەکان، بۆمبی تەقاندەوە و کەسانی سڤیلی ڕفاند.
سوپای تورکیا هێرشی کردە سەر مۆڵگەکانی پەکەکە لە ناوچە شاخاوییەکان و زۆر کەسی بە گومانی هاوکار و پشتیوانی ئەو بزوتنەوەیە قۆڵبەست کرد.
هەنووکە ڕەوشی عەبدوڵڵا ئۆجەلان لە گرتووخانە لە ساڵی ١٩٩٩وە بەو لاوە، لە قۆناغی هەرە دژواری دایە.
بە سەدان هاووڵاتی کورد لە گەڤەر، بە مەبەستی ناشتنی تەرمی ئۆرهان ئاک دۆغان یەکێک لە شەڕڤانانی پەکەکە بەرەو گۆڕستان ڕێ دەپێون.
بەشداربووانی مەراسیمەکە وێنەی ڕێبەری بەندکراوی پەکەکەیان بەرز کردۆتەوە. وێدەچێ پەکەکە پشتیوانیەکی ناوچەیی تۆکمەی هەبێ. ئەمەش خاڵێکی بە هێزە کە وای کردوە سوپای تورک نەتوانێ تەنیا لە ڕێگەی توندو تیژییەوە چۆک بەو بزووتنەوەیە دابێنێ.
سەرکان داری کە بەشداری ئەم مەراسیمە بووە، دەڵێ "زۆرمان تەرم لەم وڵاتە بینی. دیارە هی تریش دەبینین. ئەو زمانەی سەرۆک وەزیر بەکاری دەهێنێ، ئەمەمان پێ نیشان دەدا."
مناڵە کوڕەکانی شار و بەشێک لە گەنجەکان، مەیلی ئەوەیان هەیە نیشان بدەن کە دەتوانن دژی دەوڵەتی تورکیا بوەستنەوە. دەمامکەکانیان دەپۆشن و بە بەرد و مۆلۆتۆف هێرش دەکەنە سەر قوتابخانەی سەرەتایی 'گازی' کە ئاسانترین ئامانجە.
پەروەردەی قوتابخانە بە کوردی نییە و بە تورکیە. پاش ململانیەکی سەخت، مناڵەکان دەتوانن پۆلێکی قوتابخانە بسوتێنن. پۆلیسی تورک بە زرێپۆش گازی بیباریان پێ دا دەکا و هەوڵ دەدا بڵاوە بەم گەنجە ئاگرهاوێژانە بکا.
دەچینە شارۆچکەی شەمزینان کە نزیک سنووری ئێران و عێراقە لەگەڵ تورکیا و بە ئۆتۆمبێل سەعاتێک لە گەڤەر دوورە. سەرۆک شارەوانی شارۆچکەکە سەدات تۆرە، ئەندامی پارتی ئاشتی و دیموکراسی (بەدەپە)یە کە لە سەر بنەمای پرسی کورد سیاسەت دەکا.
لەگەڵ خواردنەوەی شەربەتی میوە لە سەر جادەی سەرەکی شەمزینان، گومانی خۆی سەبارەت بە پێکدادانەکان هێنایە زمان.
سەرنج بۆ سەر چیاکانی بەرامبەر ڕادەکێشێ و دەڵێ "ئەردۆغان، لەگەڵ هەر ئاماردانێک سەبارەت بە مردنەکان و بە گوتنی 'پرسی کورد نەما'، سەد گەنجی تر ڕەوانەی پەکەکە دەکا".
"لەوانەیە خۆی ئاگادار نەبێ، بەڵام ئێمە لێرەوە دەرئەنجامەکانی دەبینین. لەگەڵ هەر گوتنێکی 'پرسی کورد بوونی نییە'، هیوای لاوان دەمرێنێ، پلانەکانیان بۆ داهاتوو لە ناو دەبا و بۆ بەرەی پەکەکەیان دەنێرێ."
پەکەکە بە هەزاران شەڕڤانی هەیە. بارەگای سەرەکی ئەو بزووتنەوەیە، لە باکووری عێراق واتە ئەو شوێنەیە کە کوردەکان بەڕێوەبەرایەتی خۆجێیان هەیە.
موراد قەڕەیڵان، لیدەری ئێستای ڕێکخراوەکە، لە دیدارێکدا لەگەڵ تیمی بی بی سی لە باکووری عێراق، ڕایگەیاند ئامادەن شەڕ ڕابگرن.
"ئایا باسی چەک دانانی بێ مەرج دەکەن؟" قەرەیڵان ئەم پرسیارەی کرد و بەمجۆرە بەردەوام بوو:
"نەخێر، ئەمەم بەلاوە پەسند نییە. تورکیا ناچارە پلانێک ئامادە بکا کە وەڵامی هەموو پرسیارەکانمانی لە خۆوە گرتبێ. ناچارە وەک وڵاتێکی دیموکراتیک، کێشەی کورد چارەسەر بکا. ئەو کات چەکەکانمان دادەنێین. تا یەکێتی ئەوروپا و ویلایەتە یەکگرتوەکانی ئەمریکا ددان بە بوونی کوردان لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست دانەنێن و کێشەی کورد چارەسەر نەکەن، هیچ پێشکەوتنێک لە ئاشتی، سەقامگیری و دیموکراسی لە ناوچەکەدا دروست نابێ.''

نزیکایەتیەکی چەند لایەنە

بەڵام ئەم پەیامە کاریگەریەکی ئەوتۆ لە سەر دڵی سیاسەتی تورکیا واتە ئەنقەرە دانانێ. ئەنجامی ڕاپرسیەکان لە ناو ڕای گشتی نیشان دەدەن کە بەشێکی بەرچاو لە خەڵک، پشتیوانی لەو ڕێوشوێنە ئەمنیە توندە دژ بە سیاسەتمەدارانی کورد دەکەن.
سەرۆک وەزیر ئەردۆغان، کۆتایی مانگی سێپتامبر، لە جڤینی گشتی پارتەکەیدا قسەی بۆ هەزاران ئەندام کرد.
ئەردۆغان گوتی "حزبەکەمان تەنیا حزبێکە لە ناوچەکە کە دژ بە ڕێکخراوی تیرۆریستی جیاخواز و باڵەکانی تێدەکۆشێ. ئاخۆ ئەمە دەمانترسێنێ؟ نەخێر. ئەگەر کەسێک بمرێ، هەزار کەس هەیە جێگەکەی پڕ بکاتەوە.؟" بەشداربووان بە چەپڵە و جۆش و خرۆش پێشوازییان لەمجۆرە قسانە کرد.
حکومەتی ئەردۆغان بەڵێنی پارە و سەرمایەگوزاری بە ناوچە کوردییەکانی تورکیا دەدا نەک خۆسەری.
دەسەڵاتدارێتی ئاکەپە چەندین ساڵ لە ئۆسلۆ لەگەڵ پەکەکە، چاوپێکەوتن و دیداری ئاشتی بەڕێوە برد.
بەڵام چاوپێکەوتنەکان کۆتاییان هات و توندوتیژی سەر لەنوێ پەرەی سەندەوە.
وەزیری کاروباری دەرەوەی تورکیا ئەحمەد داودئۆغڵو، بە بی بی سی گوت " لە خەبات دژی گرووپە تیرۆریستی و چالاکییە تیرۆریستیەکان، نزیکایەتیەکی چەند لایەنەمان هەیە."
بەمجۆرە بەردەوام بوو "تەگبیری ئەمنی یەکێک لەوانە. بەڵام ئەوانی تریش دەخرێنە بواری پراکتیکەوە. پێشکەوتنی ئابووری و دیموکراتیک، ئامرازی سەرەکی سیاسین لە پێناو داهاتووی تورکیادا."
بەڵام سۆز و بەڵێنی پێشکەوتن بەس نییە بۆ ئەوەی پەکەکە لە چیاکان بهێنرێتە خوارەوە.
دەوڵەتی تورکیا ڕەنگە بتوانێ ناوچە کوردییەکان بەڕێوە بەرێ، بەڵام لە شاری کوردنشینی گەڤەر، سەربازە تورکەکان ناچارن بە ئۆتۆمبێلی زرێپۆش هاتوچۆ بکەن.
سەربازەکان فیشەکەکانیان بە شێوەی زەرب لە سەر سینگیان ڕیز کردوە وەک ئەوەی هەموو کەسێ بیبینێ.

۱۳۹۱/۰۷/۰۳

قۆناغی ئۆسلۆ بۆ وەستا؟


بی بی سی
لە تورکییەوە: سەلاحەدین بایەزیدی

 
زوبەیر ئایدار، ئەندامی کۆنسەی بەڕێوەبەرایەتی کەجەکە، کە بەشداری کۆبونەوەی نێوان نوێنەرانی میت و پەکەکە لە ئۆسلۆی پایتەختی نۆروێژ بووە، حکومەت بە بەرپرسیاری کۆتایی هێنان بەم قۆناغە دەزانێ و مەرجەکانیانی بۆ سەرلەنوێ دەست پێکردنەوەی دانوستانەکان ئاشکرا کرد.
ئایدار بانگەشەی کرد لەو پێڤاژۆیەدا چ شتێک کەوتبێتە سەر شانیان، جێبەجێیان کردووە بەڵام حکومەت بەڵێنەکانی بەجێ نەهێناوە، بە لاڕێدا ڕۆیشتووە، بەشێوەیەکی جددی نزیکی قۆناغەکە نەبۆتەوە و بە بێ ئاگاداری کۆتایی بە دانوستانەکان هێناوە.

'لە قۆناغی بێ چالاکیدا، دۆزی گیراوانی کەجەکە دەستی پێکرد'

ئایدار ڕوونی کردەوە ساڵی ٢٠٠٩ قۆناغێک بوو دانوستانەکانی ئۆسلۆ بە خێرایی پێش کەوتن، ئاماژەی بەوەش کرد ئەوان لە پێڤاژۆی بێ چالاکی دابوون کە خەڵک لە سەر دۆزی کەجەکە گیران و پێی وایە ئەم ڕووداوە یەکەم زەبر بوو لە قۆناغەکە کەوت.
ئایدار سەبارەت بە ئۆپەراسیۆنەکانی دۆزی کەجەکە لە وەها قۆناغێکدا، بەمجۆرە بۆچوونی خۆی دەربڕی:
"لایەنی بەرامبەر لەم بوارەوە، ئیرادەی چارەسەرییان نەخستە ڕوو. ویستویانە بزووتنەوە لە کەشوهەوای بێ چالاکیدا ڕابگرن و پڕۆژەکانی خۆیان لە کردەوەدا پێک بێنن. بەم هەڵسوکەوتە بیریان لەوە کردبۆوە: دەتوانین ئەمانە بە لاڕێدا بەرین، هەڵبژاردنەکان ببەینەوە و دژ بە هەموو دامودەزگاکان لە تورکیا ببینە دەسەڵاتدار."

'بەڵێنیان دابوو گرووپی خابور دەستگیر نەکەن'

ئایدار هەروەها بانگەشەی کرد سەبارەت بەو گرووپەی پەکەکە کە ١٩ی ئۆکتۆبری ٢٠٠٩ لە دەروازەی سنووری خابورەوە چوونە ناو تورکیا، 'لە سەر سۆزی خۆیان نەمانەوە' .
''گروپەکانی ئاشتی تاقی کرانەوە، ئێمە بەڕێمان کردن. بڕیار بوو کەس دادگایی نەکرێ و نەگیردرێ. ئەو کەسانەی لە ناو گرووپەکە دابوون، ئێستا لە سوچی گرتووخانەن. دەوڵەت بەڵێنی دا هیچیان بە سەر نەیە بەڵام بەڵێنەکەی هەر ئەوەندەی بڕ کرد."
ئایدار لە وەڵامی ئەو ڕەخنانە کە دەڵێن، پەکەکە لە مەراسیمی پێشوازیدا خۆی نواند و ڕای گشتی بێزار کرد، بەمجۆرە هاتە ئاخافتن:
"خۆ هیچکەس پێشوازیەکی وەهای ڕێک نەخستبوو! گەل بەرەو پێشوازی ئاشتی چووبوون. بۆ یەکەمجار مرۆڤەکان بە پەیامی ئاشتیەوە دەهاتن و کۆمەڵێک تەرم نەبوون. هەموو کەسێک دەبێ پێی خۆش بێ. ئەوان [تورکیا] ئیماژێکیان دەخوڵقاند کە ئەوان دێن تەسلیم بن، بەڵام ئێمە مرۆڤەکانمان وەک پەیامێکی ئاشتی بەڕێ کردبوو."

'پێکدادانی سیلڤان بەرنامە بۆ داڕێژراو نەبوو'

ئایدار بانگەشە دەکا پەکەکە دەستپێشخەری هەموو پێکدادانەکانی ئەم قۆناغە نەبووە؛ ئاوریلی ٢٠١١ دژ بە پەکەکە ئۆپەراسیۆنی سەربازی دەستیان پێکرد، سەرەتا لە هاتای حەوت گەریلای پەکەکە و ئینجا ١٢ی ژوئەنیش ٢٠١١ ش لە گەرمەی هەڵبژاردنەکاندا، ٥٦ ئەندامی پەکەکە کوژران، هەروەها بانگەشەی کرد پەکەکە تا بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنەکان هیچ هێرشێکی ئەنجام نەداوە.
ئایدار دەربارەی ئەو ڕەخنانەی کە دەڵێن پەکەکە لە ئەنجامی پێکدادانی ١٤ی ژوئیەی  ٢٠١١ لە ناوچەی سیلڤانی سەر بە دیاربەکر کە بووە هۆی کوژرانی ١٤ سەرباز، مێزی ئۆسلۆی وەرسوڕاند، بەمجۆرە وە قسە هات:
"لە ڕووداوی سیلڤان، هیچ پلانێک لە ئارادا نەبوو. ڕوداوەکەی ئەوێ، ڕوبەڕوو بوونەوەی دوو هێز بوو لە میانەی ئۆپەراسیۆنێکی سەربازیدا. ئەودەم سەربازەکانیش دەیانتوانی سەرجەم ئەندامانی لایەنی تر بکوژن بەڵام لە وەها ڕۆژێکدا کێ زووتر بجوڵێتەوە، ئەوا ئەو ئەنجام وەردەگرێ."

'دوا دیدار لەگەڵ دەوڵەت لە سەر پڕۆتۆکۆلەکانی ئۆجەلان بوو'

ئایدار وەک پاشکۆیەک بۆ سەرجەم ئەم قسانەی بانگەشەی کرد کۆتاییەکانی ساڵی ٢٠١٠ و سەرەتاکانی ساڵی ٢٠١١، تورکیا، ئێران، عێراق و سووریا دژ بە پەکەکە ڕێککەوتوون و پلانی ئەم هێرشە هاوبەشە، کاریگەری نەرێنی کردۆتە سەر قۆناغەکە.
وەک ئایدار دەڵێ ئەم پلانە، دوابەدوای شکستی ئێران لە هێرش بۆ سەر قەندیل و کێشە نێوخۆییەکانی سووریا بە ئاکام نەگەیشت و سەرکەوتنی بە دەست نەهێنا.
ئایدار بانگەشەی کرد دوا دیدار لەگەڵ لایەنی دەوڵەت مانگی مەی ٢٠١١ بووە بۆ بڕیاردان لە سەر سێ پڕۆتۆکۆلی ئامادەکراو لە لایەن عەبدوڵڵا ئۆجەلان و دوای ئەمە بڕیار بوو لە مانگی ژوئەندا وەڵاممان لێ بگێڕنەوە کە وەڵامیان نەدایەوە.

'لە وتاری تەلەڤزیۆنی سەرۆک وەزیر وەڵاممان دەست کەوت'

بە گوێرەی لێدوانەکانی ئایدار، لایەنی پەکەکە، دوابەدوای وتارێکی تەلەڤزیۆنی سەرۆک وەزیر ڕەجەب تەیب ئەردۆغان، زانیویەتی چاوپێکەوتنەکان کۆتاییان هاتووە.
ئایدار بەمجۆرە قسەکانی ئەردۆغانی گێڕایەوە:
"رۆژی ٩ی ژوئەن، سەرۆک وەزیر تەیب ئەردۆغان لە ئەستەنبوڵ بەشداری پڕۆگرامێک بوو کە لە لایەن ٦٠ کەناڵی تەلەڤزیۆن و ڕادیۆ بە شێوەی ڕاستەوخۆ بڵاو بوویەوە. سێ ڕۆژی مابوو بۆ هەڵبژاردنەکان. گوتی 'عەبدوڵڵا ئۆجەلان بۆتە بەڵا بە سەر سەری ئەم وڵاتەوە. ئەگەر دوای گیرانی، یەکسەر لە سێدارە درابا، ئەمڕۆ ئەم شتانە ڕوویان نەدەدا. تا ئێمە هەبین، ئەو لەوێ دەرناکەوێ.' ئەودەم بەمجۆرە قسەکانی ئەردۆغان شی  کرانەوە 'پێش هەڵبژاردنەکانە و دەیەوێ دەنگەکانی مەهەپە کۆ بکاتەوە.' بەڵام ئێمە وەڵامی خۆمان وەرگرت. کۆسپی سەرەکی لەوێ دەستی پێکرد."

ڕەخنە لە جەهەپە

ئایدار ڕەخنەی لە بڵاوکردنەوەی بەڵگەنامەکانی تایبەت بە چاوپێکەوتنەکانیش گرت کە جەهەپە بڵاوی کردونەتەوە و گوتی نابێ مردنەکان ببنە قوربانی بەرژەوەندییە سیاسیەکانی ڕۆژ.
ئایدار ئەو پێشنیارەی سەرۆکی گشتی پارتی کۆماری گەل (جەهەپە)، کەماڵ کڵیچدار ئۆغڵوی بە هەڵوێستێکی بێ ئاگایانە لەقەڵەم دا کە گوتبووی 'ئەگەر واز لە چەک بێنن، با چاوپێکەوتن ئەنجام بدرێن' و بەمجۆرە بەردەوام بوو "لەو جۆرە چاوپێکەوتنانەدا، کەس نایە بڵێ 'دەتوانێ ئەمە بێنی یا خود نا'. هەر کەس لە ویست و داخوازیەکانی لە سەر مێزی گفتوگۆ ئازادە. بەڵام ئەمانە لە سەر میز دەگوترێن."

سەبارەت بە ناکۆکی جەماعەتی گویلەن - ئاکەپە دوای دزەکردنی فایلەکان

ئایدار ڕایگەیاند لە قۆناغەکانی داهاتوودا نهێنی چاوپێکەوتنەکان لە بەرچاو دەگرن، گوتی ئەوانەی بەڵگەکان ئاشکرا دەکەن لایەنگری شەڕن و لەم ڕوەوە جەماعەتی گویلەنی بە بەرپرسیار زانی.
ئایدار گوتی "ئەوانەی بەڵگەکانیان لەقاو داوە، لایەنگری ئەوە نین کێشەی کورد بە ڕێگەی دیالۆگ چارەسەر بێ. لە لایەکی دیکەوە، بەڕای من، لەقاودانیان دەگەڕێتەوە بۆ ناکۆکی نێوان جەماعەتی گویلەن و ئاکەپە. ئێمە وەک بزووتنەوە لە سەر ئەو بڕوایەین." ئایدار زیاتر گوتی "جەماعەتی گویلەن دەستی بە سەر زۆر دامودەزگادا گرتووە بەڵام نەیتوانیوە دەست بە سەر میت دابگرێ. بۆ ئەوەی میت بە گوێرەی خۆی بینا بکا، پێویست بوو هەندێکیان تاوانبار نیشان بدا و لە ڕێگەی دۆزگەری خاوەن دەسەڵاتی تایبەتەوە ویستی هەندێک لەوان بخاتە گرتوخانەوە. ئەگەر ئەو کات حکومەت نەجوڵابایەوە، ئەوانەی بۆ ئیفادە بانگهێشت کرابوون، ئێستا لە گرتووخانە دابوون.''

'بۆ چاوپێکەوتنی نوێ ئامادەین'
لە وەڵامی ئەو پرسیارەدا کە ئەگەر چاوپێکەوتنەکانی ئۆسلۆ سەر لەنوێ دەست پێ بکەنەوە، ئێوە ئامادەن، ئایدار وەڵامی دایەوە "بێگومان". پاشان گوتی:
"جەماوەری ئێمە لەمێژە بۆ ئاشتی ئامادەیە. لە پێشەوە جەماوەرمان بە گوێرەی ئەمە حازر کردوە. پێمان وایە ئەم ئیشە بە ڕێگەی دیالۆگ نەبێ چارەسەر نابێ. بە درێژایی قۆناغی چاوپێکەوتنەکان، ناوە ناوە پێکدادان هاتە ئاراوە و کۆسپ و تەگەرەی دروست کرد. بەڵام ئەو هێزە ئینسانیەی لەم ساڵەی دواییدا لە دەست چووە، چ لە لایەن ئێمەوە بێ و چ لە لایەنی بەرامبەر، خەساری ئێمە و خەساری ئەو وڵاتەیە. ئەگەر قۆناغی دیالۆگ بەردەوام بوایە، لەوانە بوو ئەم مرۆڤانە نەمردبایەن."
ئایدار گوتیشی ئەگەر بێت و داوایان لێ بکرێ 'بێ مەرج ئامادەی دانیشتنن'.
لە کۆتایی قسەکانیدا ئایدار گوتی "٤٢٤ ڕۆژە ئاگامان لە سەرۆک ئاپۆ نییە. بە بێ ئەو، ئێمە وەک بەڕێوەبەرایەتی لە ڕێکخستن، ئەگەر بڕیارێکیش دەربکەین، لەوانەیە لە جێبەجێکردنیدا تووشی ئاستەنگی ببینەوە. ئاپۆ گوتبووی 'بۆ ئەوەی بتوانم لەم هەوڵەدا ڕۆڵ ببینم، دەبێ تەندروست و ئەمن و ئازاد بجوڵێمەوە."

مەبەست لە دانوستانەکانی ئۆسلۆ چییە؟

'دانوستانەکانی ئۆسلۆ' بەو چاوپێکەوتنانە دەگوترێ کە لە نێوان کاربەدەستانی دەوڵەت و نوێنەرانی پەکەکە لە ئۆسلۆی پایتەختی نۆروێژ بە ئامانجی سەقامگیرکردنی ئاشتی پێکهاتن و ئەو قۆناغەی چاوپێکەوتنەکانیشی تێدا ئەنجام درا، بە 'قۆناغی ئۆسلۆ' ناسراوە. سەرەڕای دزەکردنی کاسێتی تۆمارکراو و دەقی نووسراو کە بانگەشە دەکرێ هی ئەم چاوپێکەوتنانەن، سەبارەت بە ناوەڕۆکی چاوپێکەوتنەکان تا ئێستا لێدوانێکی فەرمی ڕانەگەیەنراوە. بانگەشە کرا هاکان فیدان، ڕاوێژکاری میت، بە فەرمانی سەرۆک وەزیر ڕەجەب تەیب ئەردۆغان و بە سیفەتی 'نوێنەری تایبەت' بەشداری چاوپێکەوتنەکان بووە. ڕاوێژکاری یاریدەدەری ئەوکاتی سەرۆک وەزیران، فیدان ڕاوێژکاری میت، ڕاوێژکاری یاریدەدەری میت ئافەت گوینەش؛ لە لایەن کوردەکایشنەوە مستەفا قەرەسوو، سەبری ئۆک و زوبەیر ئایدار لەو ناوانەن کە بەشداری کۆبونەوەکان بوون. لێدوان و پێشهاتەکان، نیشان دەدەن چاوپێکەوتنەکان هاوینی ٢٠١١ کۆتاییان پێهاتووە. ڕۆژی ٨ی فێوریەی ساڵی ٢٠١٢، فیدان، گوینەش و ئەمرە تانەر ڕاوێژکاری پێشووی میت کە بەشداری چاوپێکەوتنەکانی ئۆسلۆ ببوون، لە چوارچێوەی لێپرسینەوەکانی دۆزی کەجەکەدا بۆ ئیفادەدان بانگهێشت کران. هەفتەیەک دواتر، میت بە شەوێک قانوونەکەی لە پەرلەمانی تورکیا گوڕی. ئیفادەدانی فیدان و ڕاسپێردراوەکانی تری میت، سەبارەت بە ئەرکەکەیان بە مۆڵەتی سەرۆک وەزیرەوە پەیوەند درا. ڕاسپێردراوانی میت ئیفادەیان نەدا. ڕای گشتی ئەم ڕووداوەی بە هۆکاری دروستبوونی ناکۆکی لە نێوان جەماعەتی ئاکەپە - فەتحوڵڵا گویلەن لێک دایەوە. دواجار دانوستانەکانی ئۆسلۆ بە ئاشکراکردنی دەقێکی پەیوەندیدار بە چاوپێکەوتنەکانی ئۆسلۆ لە لایەن جەهەپە، سەرلەنوێ کەوتە ڕۆژەڤەوە.

۱۳۹۱/۰۶/۳۰

بارودۆخ، ڕابردوو و ئێستای کوردەکان لە وتوێژێکدا لەگەڵ ناجی کوتلای


سازدانی: نەشە دوزەل / ڕۆژنامەی تەڕەف
لە تورکییەوە: سەلاحەدین بایەزیدی

 
بۆچی ناجی کوتلای
کێشەی هەرە گەورە لە تورکیا، کێشەی کوردە. شەڕێکی سی ساڵە لە ئارا دایە. ئەمڕۆکە گەنجێکی کوردی دیاربەکری کە تەمەنی گەیشتبێتە سی ساڵ، نازانێ ژیان و دونیایەکی "بێ شەڕ" هەیە. تورکیا سی ساڵە دەستەویەخەی شەڕی کوردە. باشە، پێش ئەم شەڕە بارودۆخ چۆن بووە؟ لە ساڵانی سەرەتای کۆماردا، کوردەکان لە چ هەلومەرجێک دابوون؟ لە سەردەمی عوسمانیەکاندا کورد لە چ دۆخێک دابوون؟ کوردەکان لە کام وڵات، لە چ هەلومەرجێکدا و لەگەڵ کێ ژیاون؟ ئەی ئەمڕۆکە ڕەوش و هەلومەرجی کورد لە وڵاتانی تر چۆنە؟ بۆچی لە تورکیا شەڕ دەرکەوت و بە هیچ شێوەیەک چارەسەر نەبوو؟ پاشخانی مێژوویی ئەم کێشە یا خود ئەم شەڕە چیە؟ کوردەکان بە زۆری لە لایەن چ کەسێکەوە خەیانەتیان پێکراوە؟ لە کاتی دامەزراندنی کۆماردا، کوردەکان چ چاوەڕوانیەکیان هەبوو؟ لە ڕۆژی ئەمڕۆدا، کورد بۆ چۆن پێکهاتەیەکی سیاسی تێدەکۆشی؟ سەرجەم ئەم پرسیارانەمان ئاڕاستەی ناجی کوتلای کرد کە شارەزای مێژووی کوردە و گەلێک کتێبی لەمبارەوە نوسیوە. هەندێک لە کتێبەکانی ئەم نووسەر و لێکۆڵەرە بریتین لە: گۆڕانکاری و نەتەوە پەرستی لە ناو کوردەکاندا، کوردەکان و ئیتیحاد - تەرەقی، دۆسیەی چل و نۆیەکان و هەرە دواییش کتێبی "قۆناغی پێکهاتنی ناسنامەی کوردی"ی نوسیوە کە لە لایەن وەشانخانەی دیپۆنت چاپ و بڵاو کراوەتەوە. 

***
 
نەشە دوزەل: وێڕای ئەگەری دامەزراندنی بەڕێوەبەرایەتیەکی خۆسەر لە سووریا لە لایەن کوردەکان و دروستبوونی دوو کوردستان لە ناوچەکە، نیگای هەموو لایەک چووە سەر کوردەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوین بە گشتی. ژمارەی کۆی کوردەکان کە دیارە بە سەر چوار وڵاتدا دابەش بوون، چەندە؟
ناجی کوتلای:
بە هۆی ئەوەی ئامارەکان جێگەی متمانە نین، ژمارەی کوردەکان بە وردی نازانرێ. بەڵام کۆی گشتی کوردەکان ٢٥ تا سی میلیۆن شیمانە دەکرێ.

لە کام وڵات و چەند {میلیۆن} کورد دەژین؟
دەگوترێ لە عێراق نزیکەی شەش میلیۆن، لە سووریا دوو میلیۆن و لە ئێران چوار میلیۆن کورد دەژین. لە تورکیاش ئەوە دەپەژرێنن کە هەژدە تا بیست میلیۆن کورد هەن. هەروەها لە وڵاتانی قەفقازیاش نزیکەی میلیۆنێک کورد دەژین. لە هەر کام لە وڵاتانی گورجیستان، ئەرمەنستان، قەزاقستان و کۆمارەکانی ئاسیای ناوین چەند سەد هەزار کوردێک دەژین.

کوردەکان لە عێراق دەوڵەتیان هەیە، لە سوریا خەریکە {دەوڵەت} دروست دەبێ، لە تورکیا ڕەوشی کوردان نادیارە. باشە، ئەی کوردەکانی ئێران لە چ بارودۆخێک دان؟
ئەوەی ڕاستی بێ لە ڕوانگەی کوردەکانەوە، لە ئێران و تورکیا دۆخێکی هاوشێوە هاتۆتە ئاراوە. چونکە کاتێک تورکیای مودێرن دامەزرا، ئێران وەک مودێلێک سەیری تورکیای مودێرنی کرد. دەسەڵاتداری ئێران، بە لاسایی کردنەوەی تورکیای مودێرن، گوشارەکانیان بۆ سەر کوردەکان پەرە پێ دا. دواجار ساڵانی ١٩٢٠، گوشار لە سەر کوردەکانی ئێران هەبوو هەرچەند لە چاو تورکیا کەمتر بوو.

ئەی ئەمڕۆکە ڕەوشی کوردەکانی ئێران چۆنە؟
کوردەکان لە ئێران لە دوو ناوچەدا دەژین. کوردە سوننەکان زیاتر لە نزیک سنوورەکانی تورکیا دەژین. کوردە شیعەکانیش لە دەوروبەری کرماشان. کوردی شیعە، ئەمڕۆکە لەگەڵ سیستەم زیاتر تەبان. کوردە سوننیەکان لە ڕابردوودا، دژ بە ڕژێمی شا لەگەڵ خومەینی جوڵانەوە، بە ئومێدی دامەزراندنی ئێرانێکی دیموکراتیک دژ بە ڕژێمی پاشایەتی شان بە شانی یەکتر تێکۆشان. پاش ئەوەی خومەینی هاتە سەر دەسەڵات، داوای خودموختاریان کرد، بەڵام خومەینی ویستی خودموختاری کوردە سوننەکانی قەبوڵ نەکرد.

پاش ئەوەی ددان بە خودموختاری دانەنرا، چ ڕووی دا؟
کوردەکان دژ بە سوپای ئێران و ڕژێمی خومەینی شەڕی گەریلاییان دەست پێکرد. دیارە پارتی دیموکراتی کوردستانی ئێران بە سەرۆکایەتی دکتۆر عەبدولرەحمان قاسملوو لە گوند و لە شاخەکان بۆ خەباتی چەکداری ئامادە بوو. قاسملوو، لە لایەن ئەوروپیەکانیشەوە ناسراو بوو و گەلانی نێو ئێران بە ڕێزەوە سەیریان دەکرد. بەڵام زۆری پێ نەچوو دەزگای هەواڵگری ئێران، ڕێبەری کوردەکانیان لە ئەوروپا کوشت. دوای هاتنە سەر کاری خومەینی، من لە سوید چاوم بە عەبدولڕەحمان قاسملوو کەوت. قاسملوو و هەڤاڵانی، بە ئومێدی "دامەزراندنی ئێرانێکی دیموکراتیک، کوردستانێکی ئۆتۆنۆم" سەردانی خومەینیان کردبوو.

چ وڵامێکیان وەرگرت؟
پێویستە ڕاستگۆ بین. خومەینی وڵامی سەرجەم داخوازییەکانی نەدایەوە، بەڵام بە نیەت بوو هەندێک شت بکا کە کوردەکان لە ڕوانگەی کولتورییەوە قایل بکا. بە گەرمی نزیکی کردنەوەی قوتابخانە لە لایەن کوردەکان و دەرکردنی گۆڤار و ڕۆژنامە بە کوردی بۆوە. بەڵام کوردەکان خودموختاریان دەویست. ئەو سەردەمە، شەپۆلێکی شۆڕشگێڕانە لە نێو کوردەکاندا بەدی دەکرا. لە ژێڕ باندۆڕی ئەو شەپۆلە شۆڕشگێڕییە، بە مافە کولتوریەکان قانع نەبوون و بە خومەینیان نەگوت بەڵێ. پێیان وابوو مافی کولتوری بەس نییە. ئیتر ئەودەم خومەینی زۆر بەهێز بوو و ویستی خودموختاری کوردەکانی ڕەت کردەوە.

ئێستا کوردەکان لە ئێران چ مافێکیان هەیە؟
دیارە لە ئێراندا کێشەی دیموکراسی هەیە. ئەوەی دژایەتی بکا دەخرێتە گرتووخانە یاخود سزای لە سێدارەدانی بەسەردا دەسەپێ، بەڵام... مافی کوردەکان لە ئێران، هەمیشە لە پێش هی تورکیاوە بووە. چونکە ئێران بەردەوام بەمەی زانیوە. بە ڕێ و شوێنی توند و قەدەغەکردن بزووتنەوەی کوردی کۆتایی نایە، بە پێچەوانە پێیان وابووە کێشەکان زیاتر قووڵ دەکاتەوە و هەمیشە سیاسەتەکانیان لە سەر هێڵێکی نەرم ڕاگرتوە بۆ ئەوەی کوردەکانی پێ بەڕێوە بەرن. بۆیە لە ئێران زمانی کوردی قەدەغە نەکراوە و لە قوتابخانەکان وانەی کوردی هەیە و زمانی کوردی فێر دەکرێ. لە ئێران هەروەها ناوی کوردستان نە وەک بەڕێوەبەریەک بەڵکوو وەک هەرێمێکی جوگرافی، بەکار دەهێنرێ. بێننەوە بیر...

چی؟
لە ئێرانەوە فڕۆکەیەک بە ناوی کوردستانەوە هاتبوو و لە تورکیا چ هەرا و هەنگامەیەک بەرپا بوو. لە کاتێکدا لە سەردەمی عوسمانیەکان، لە تورکیا ویلایەتی کوردستان وەک هەرێمێکی جوگرافی هەبوو. تەنانەت زارا - کوچگری ستاتۆیەکی تایبەت و بەڕێوەبەرایەتیەکی تایبەت بە خۆی هەبوو.

وەک دروستبوونی یەکەم دەوڵەتی کوردی باس لە کۆماری مەهاباد دەکرێ. کۆماری مەهاباد چ بوو؟
مەهاباد، ناوچەیەکە کوردی سوننە لێی دەژین. کۆماری مەهابادیش، بە مانەوە لە چوارچێوەی یەکپارچەیی ئێراندا، ڕاگەیاندنی خودموختاری ناوچەی کورد بوو. یانی کۆماری مەهاباد، ناوی دەوڵەتی سەربەخۆی کوردی نەبوو. مەهاباد، ناوی بەڕێوەبەرایەتی خودموختاری کوردی بوو و بە پاڵپشتی یەکێتی سۆڤیەت، لە ساتەوەختێکدا دروست بوو کە شا هێزێکی ئەوتۆی نەبوو.

یەکەم کۆماری کوردەکان چۆن دامەزرا؟
دوای جەنگی جیهانی دووهەم، ناسیۆنالیزمێکی نوێی کوردی لەدایک بوو. ناسیۆنالیزمی پێشتری کورد، هی ئاغا و دەرەبەگ و مەلایان بوو. بەڵام ئەو ناسیۆنالیزمەی مودێڕنەی جەنگی جیهانی دووهەم و نەتەوە - دەوڵەت هێنایان، بوو بە ناسیۆنالیزمی ڕۆشنبیران، خوێندکاران، خەڵکی شار و چینی کاسپکاران. لە کۆماری مەهاباددا، ئەم دوو ناسیۆنالیزمە یەکیان گرت تاکوو لە ئێران کورد بگەیەننە دەسەڵات. ئامانج، دیموکراسی بۆ ئێران و خودموختاری بۆ کوردستان بوو.

بۆچی لە ئاکامدا سەرنەکەوت؟
ئەو کات کوردەکان دونیایان باش نەخوێندبۆوە. ڕووبەڕووبونەوەیان لەگەڵ ڕۆژئاوا باش نەبوو. لە بری بەستنی پەیوەندی گەرم و دۆستانە لەگەڵ ئەمریکا و بریتانیا و لایەنگری لەوان، ڕوویان کردە سۆڤیەت و یارمەتییان لەوان وەرگرت. پاش ئەوەی جەنگی جیهانی دووهەم کۆتایی هات، بە پێی ڕێککەوتننامەی سۆڤیەت لەگەڵ ئەمریکا و بریتانیا، ئەوان {سۆڤیەت} ناچار بوون لە ئێران دەرکەون. کوردەکانیش نەیانتوانی مەهاباد بپارێزن. بەمجۆرە ئەو ئۆتۆنۆمیەی ساڵی ١٩٤٦ دامەزرابوو، یانزە مانگ و نیو درێژەی خایاند. پێویستە ئەمەش بگوترێ: بە هۆی ئەوەی ئایینی فەرمی ئێران، شیعەیە، کوردە شیعەکان شان بە شانی کوردە سوننەکان نەڕۆیشتنە پێش. وەک چۆن لە تورکیا کوردە عەلەوییەکان لەگەڵ کوردە سوننەکان نەبون.

مەگەر ژمارەیەکی بەرچاو لە پەکەکە، کوردی عەلەوی نین؟
پەکەکە جیاوازە. ئەو بەرهەمی جیهانێکی نوێێە. کە سەرهەڵدانی شێخ سەعید ڕووی دا، عەلەوییەکان لە دژی وەستانەوە. لە سەرهەڵدانی کۆچگریشدا، سوننەکان دژایەتیان کرد. دیارە ناسیۆنالیزم ئەم لایەنە سەقەتانەشی هەیە. ئایین، پێش ڕەگ و ڕیشەی ئەتنیکی دەکەوێ. لەوانەیە ئێستە دەنگی نەبێ بەڵام هێشتاش هەروایە. بۆیە پێویستە ئەم دەنگەی ژێرەوە ببیسین.

مەلا مستەفا بارزانی باوکی مەسعود بارزانی یەکێک بوو لە فەرماندە پێشڕەوەکانی کۆماری مەهاباد. ئیشی سەرۆکێکی کوردی عێراقی، لە نێو ئۆتۆنۆمیەکی دامەزراو لە ئێران چییە؟
لەو سەردەمەدا، کوردەکانی عێراقیش دژی دەوڵەتی عێراق لە تێکۆشان دابوون. دوای نسکۆ، ڕۆیشتنە مەهاباد. لە لایەکی دیکەوە، خۆ سنووری عێراق - ئێران بە لای کوردەکانەوە، سنوور نییە! خەڵکی هەر دوو سنووری عێراق و ئێران، خزم و کەس و کاری یەکترین. خۆ ئەوان ناڵێن تۆ عێراقی و من ئێرانیم. ئەوان لە ڕێکخستنیشدا لە نێو یەکتری دابوون. هەم ڕێزیان لە سەرکردەی ئێرانی، قازی محەمەد دەگرت و هەم لە سەرکردەی عێراقی مەلا مستەفا. لە پێناو شیکردنەوەی دروست و ورد، پێویستە باش ئاگاداری پەیوەندی نێوان دین و ناسیۆنالیزم بین... 

ناسیۆنالیزمی پاڵپشت بە نەتەوە و ئەتنیک لەگەڵ ئایینی پاڵپشت بە ئوممەت پێکەوە دەسازێن؟
هەڵبەت دەسازێن. بۆ نموونە سەرجەم بناغەکانی ناسیۆنالیزمی کوردی لە {تەریقەتی} نەقشبەندی و قادریەوە سەرچاوە دەگرێ. بارزانی، قادری بوو پاشان بوو بە نەقشبەندی. چونکە قادرییەکان هێدی هێدی کەمڕەنگ بوونەوە، گۆڕان و بوون بە نەقشبەندی. ئەوانەی لە تورکیا ڕاپەڕیون، سەرجەمیان نەقشبەندی بوون. جگە لە سەرهەڵدانی دێرسیم و کوچگری. شێخ سەعید نەقشبەندییە. سەرۆکی کۆماری مەهاباد، قازی محەمەد هەروا.

بۆچی هەموویان نەقشبەندین؟ تۆ بڵێی ڕێکەوت بێ؟
رێکەوت نییە. مەولانا خالید، {تەریقەتی} نەقشبەندی لە تورکیا و ڕۆژهەڵاتی ناوین پەرە پێ داوە. ساڵانی ١٧٧٠ لە ناوچەیەکی نێوان کەرکووک و سلێمانی بە ناوی قەرەداغ ژیاوە و خەڵکی ئەوێیە. ئەو سەردەمە سەردەمی دەسەڵاتدارێتی ئیمپریالیزمی بریتانیایە بە سەر هیندستان ورۆژهەڵاتی دووردا. مەولانا خالید ڕۆیشتە هیندستان و لەوێ خەباتی دژە ئیمپریالیزمی ناسی. لە گەڕانەوەدا ٦٠ کەس بوونە موریدی، ٣٣ - ٣٤ کەس لەوان کورد بوون. ئەو کەسانە چووبانە هەر شوێنێک، تەکیەی نەتەوەپەرستی ئیسلامیان دادەمەزراند. سەنتەزێکیان لە ئیسلام و ناسیۆنالیزم دروست کرد و دوژمنایەتی بێگانەیان کردە ئامانج. ناسیۆنالیستە کوردەکان دوای مەولانا خالید کەوتن. تورکەکان بەو شێوەیە دوای نەکەوتن. تەنیا تورگوت ئۆزال ئەو ڕێچکەیەی شۆپاند. تورکەکان باڵی گوموشخانەوی نەقشبەندێتیان شۆپاند. ئەربەکان ئەم ڕێبازەی گرتە بەر.

کوردەکان لە کەنگێوە لە میزۆپۆتامیا دەژین؟
ئەوەی زانراوە، مێژووی ژیانی کوردەکان لە میزۆپۆتامیا دەگەڕێتەوە بۆ چاخی شەش و حەوتی بەر لە زایین. بەڵام بەڵگەی تریش هەن کە پەیوەندیان بە سەردەمی پێشووترەوە هەیە. کاتێک تورکەکان لە ئاسیای ناوین و ئێرانەوە هاتن، کوردەکان لێرە بوون.

کوردەکان بەردەوام پەرتەوازە ژیاون؟
بەردەوام بە پەرتەوازەیی ژیاون. چونکە پێکهاتەی کۆمەڵگەی فیۆداڵی پەرتەوازە و پارچە پارچەیە. جاران ئەڵمانەکان و ئیتالیەکانیش بەمجۆرە بوون. دەرەبەگێکی بەهێز یاخود پاشایەک، یەکگرتووی کردن. ئەوانیش دڵخوازانە نەهاتوونەتە لای یەک. کوردەکان هەوڵی یەکگرتنیان داوە بەڵام هەلومەرج و ئاستی تواناکاری خۆیان دەرفەتی بەمە نەداوە. لە کۆمەڵگەیەکی دواکەوتوو و پاشڤەڕۆ، یەکنەگرتن و پارچەبوون بە جۆرێک لە جۆرەکان، قەدەر و چارەنووسە.

بۆچی لە مێژوودا پاشایەتیەکی کوردی بە دی ناکرێ؟
بەڕای ئێوە بۆچی نییە؟

ئاخۆ پێکهاتەی فیۆداڵی کوردەکان لە بەردەم دامودەزگای دەوڵەتی ئاستەنگ بووە؟
ئەوە هۆیەکی سەرەکیە... هەروەها دەبێ ئەمەشمان لە بیر نەچێ: کوردەکان خۆشیان لەمەدا بەسەر نەکەوتن. لەوانەیە کەموکوڕییان هەبێ. دەبێ ددان بەوە دابنێین لە ناو کوردەکاندا کەسێکی ڕێکخراوی وەک ئەتاتورک دەرنەکەوتووە. جگە لەمەش کوردەکان خۆیان لە پاڵ عوسمانیەکاندا بینیەوە و دوای ئاریشەی دەوڵەت نەکەوتوون. لە لایەکی دیکەوە، ئەگەر لە سەرەتای دەسپێکردنی شەڕی ڕزگاریدا، کوردەکان لەوە نەترسێنرابان کە "ئێرە دەبێتە ئەرمەنستان" و لەگەڵ تورکیا نەخرابان، ئایا پاراستنی کۆماری تورکیا هەروا ئاسان دەبوو؟

کێ کوردەکانی ترساند؟
لە کاتی دامەزراندنی کۆماردا، سەرجەم ئەندامانی ئیتحیاد - تەرەقی، مستەفا کەماڵ و هاوڕێیانی بە کوردەکانیان گوت "ئەممان ئێرە دەبێتە ئەرمەنستان. وەرن با پێکەوە بین."

ئایا ئەمڕۆکە هیچ هەوڵدانێک هەیە بۆ کۆکردنەوەی سەرجەم کوردەکان لە ژێر سێبەری ئاڵایەکدا؟
نەخێر. بەشێکی کوردەکان، لە سووریا لەدایک بوون و لەوێ شێوەیان گرتووە. بەشێکیان نەتەوە - دەوڵەتی عێراقیان پەسند نەکردوە و بەردەوام بەرەنگاری بوونەتەوە. ئەوانەی تورکیا، چوونە ناو سیستەمی فرە حزبیەوە و لە چاو کوردەکانی تر، دیموکراتیک ترن. هەرچی کوردەکانی ئێرانیشە لە ناو شارستانیەتێکی جیاوازدا ژیاون. ئێستا چۆن ئەو مرۆڤانە لە دەوری یەک کۆ دەکەیتەوە؟ ئەگەر بشتەوێ، ناتوانی. هەر یەکەیان لە هەلومەرجێکی جیاواز و لە ژێر کارتێکەرییەکی جیاوازدا، گەورە بوون، کەسایەتیان شێوەی گرتوە و بوونەتە خاوەن جیهان بینی و تێڕوانینی جیاواز بە خۆیان. بەشێک کەوتوونەتە ژێر کاریگەری فەرەنسا و بەشێکی تر کاریگەری بریتانیایان لە سەرە. لە کاتێکدا کوردەکانی تورکیا، چەشنێک قۆناغی دەوڵەت - نەتەوە ژیاون. کۆکردنەوەی کوردەکان لە ژێر سێبەری ئاڵایەک ئەستەمە.

کاریگەری پەکەکە لە سەر ئەو چوار وڵاتە بە چ شێوەیەکە؟
لە سەر سووریا و تورکیا کاریگەری هەیە. لە سەر ئێران کاریگەرییەکی ئەوتۆی نییە. تەنیا لە نێو گەلدا هەندێک ئۆگری هەیە و بەس.

ئەی بارزانی چ ڕۆڵ و کاریگەرییەکی لە سەر کوردەکان هەیە؟
بە کوردەکانی تورکیاشەوە، بە ڕێز و حورمەتەوە سەیری دەکرێ بەڵام... هەروەک پەکەکە ئەویش ناتوانێ سەرجەم کوردەکان لە ژێر ئاڵایەکدا کۆ بکاتەوە، کوردەکان بەڕێوەبەرایەتی ئەو قەبوڵ ناکەن.

ئایا لە تورکیا ئەو کوردانە بەدی ناکرێن کە دەسەڵاتدارێتی بارزانی قەبوڵ بکەن؟
زۆرن بەڵام کوردێک بەدی ناکەم بیەوێ شان بە شانی ئەوان ببێتە پێشمەرگە.

دیرۆکی بنەماڵەی بارزانی، بۆ کوردەکان چ واتایەکی هەیە؟
وەک قارەمانێکی مێژوویی سەیری بارزانی باوک دەکەن. ئەو ئیماژەی بارزانی کوڕیش تا ئێستا دروستی کردوە، ئەرێنیە.

کوردەکان ڕووبەڕووی خیانەت بوونەتەوە؟
کوردەکان ڕووبەڕووی خیانەت بوونەتەوە و ئەمەش ئاساییە. چونکە کوردەکان کۆمەڵگەیەکی لەت و پەتن. جگە لەوەی لە ناو عەشیرەکاندا پارچەبوون بە دی دەکرێ، بە سەر چوار دەوڵەتدا دابەش کراون. دەوڵەتەکان و دەزگا هەواڵگرییەکانەوە، دەتوانن دەست بخەنە کاروبارەکانیانەوە.

کوردەکان زیاتر لە لایەن چ کەسانێکەوە خیانەتیان پێکراوە؟
لە لایەن هەموو کەسێکەوە. بۆ نموونە لە دامەزراندنی کۆمار{تورکیا} دا فیداکارییەکی زۆریان نواند بەڵام چیان بینی؟ نکۆڵی و حاشا لێکردن! گەلۆ پڕۆتۆکۆلی ئاماسیاتان خوێندۆتەوە؟ ئەم پڕۆتۆکۆلە ٢١ی ئۆکتۆبری ١٩١٩ واژۆ کراوە. یەکێک لە لایەنەکان، نوێنەری "هەیئەتی تەمسیلیە" بوو کە لە کۆنگرەی سیواس دامەزرابوو. لایەنێکی دیکەش حکومەتی ئەستەنبوڵ بوو. بەحریە نازری ساحیل پاشا نوێنەری حکومەتی ئەستەنبوڵ بوو. لە هەیئەتی تەمسیلیەشدا، مستەفا کەماڵ، ڕەئوف ئۆربای، بەکر سامی هەبوون. پڕۆتۆکۆلی ئاماسیا چ دەڵێ؟

دەڵێ چی؟
دەڵێ "هەر شەڕ تەواو بوو، هەموو جۆرە پێداویستییە کۆمەڵایەتی و نژادییەکانی کورد دابین دەکرێن". ئەی باشە، کوا؟ دوایی، هەر یەکسەر ویستیان ئەم ڕستەیە لە خەڵک بشارنەوە.

یانی دامەزرێنەرانی کۆمار ویستیان پڕۆتۆکۆلی ئاماسیا لە خەڵک بشارنەوە؟
بەڵێ، خاڵێکی زۆر گرنگیان حەشار دا. لە پڕۆتۆکۆلەکەدا هاتووە "دوای سەرکەوتن، سەرجەم داخوازییە کۆمەڵایەتی، سیاسی و نژادییەکانی کوردان جێبەجێ دەکرێن". لە وتاری ئەتاتورکدا ئەم ڕستەیە نەهاتووە، بەڵام لە پڕۆتۆکۆلەکەدا هاتووە. ئەمانە گشتیان چەرکەسن.

تێنەگەیشتم، چۆن ئەوانە پێکەوە دەبەستنەوە؟
ساڵح پاشا، بەکر سامی، ڕەئوف پاشا هەموویان چەرکەس بوون. ئەو چەرکەسانە ناڵێن "ئێمە ئەم کۆمارەمان شان بە شانی کوردەکان دامەزراند و پێکەوە ڕزگاری دەکەین". ئەوە باسی مانگی ئۆکتۆبری ساڵی ١٩١٩یە. دواجار ساڵی ١٩٢١، تۆپاڵ عوسمانیان ناردە لای نورەدین پاشا و کوردەکانیان کوشت. لە ناوچەی زارا و کوچگیری دەوروبەری هەشتا گوندیان خاپوور کرد... لە ڕاستیدا، ساڵی ١٩١٩ کاتێک ئەتاتورک ڕۆیشتە ئەرزروم، مەسەلەی هەرە گەورەی تورکیا، دیسان کێشەی کورد بوو. هەر بۆیەش ئۆکتۆبری ١٩١٩ پڕۆتۆکۆلی ئاماسیا واژۆ کرا.

ئەی باشە لە سەردەمی عوسمانیەکاندا کوردەکان لە چ دۆخێک دابوون؟
دیارە قەوارەی خۆسەر پێکنەهاتبوون بەڵام ڕەوشەکە واش نەبوو کوردەکان لە کوردایەتیان دوور بخاتەوە. کوردستان جوگرافیایەک بوو. کوردستان نوێنەرانی خۆی هەبوو. لە کاتێکدا، پاش دامەزراندنی کۆمار {ی تورکیا} وشەی کورد قەدەغە کرا. گوشار و قەدەغە بۆ سەر کوردەکان پەرەی سەند. کوردەکانیش هەستیان بەمە کرد، بۆیە لە سەردەمی کۆماردا ناوە ناوە ڕاپەڕینی بچووک دروست بوون. ڕاپەڕینە گەورەکانیش بریتی بوون لە سەر‌هەڵدانی شێخ سەعید، ئاگری، دێرسیم و کوچگیری.

کوردەکان چ چاوەڕوانیەکیان لە دامەزراندنی کۆمار هەبوو؟
چاوەڕوان بوون شانبەشانی تورکەکان لە دامەزراندنی کۆماردا دەستیان هەبێ. وەک پێکهاتەیەکی هاوبەشی کورد و تورک، بیریان لە کۆمار کردبۆوە. چونکە ئیتیحاد - تەرەقی لە پێکهاتنی مەشروتەی دووهەم لە ساڵی ١٩٠٨، کوردەکان و نەتەوەکانی تری پشت گوێ نەخستبوو. لە پێنج دامەزرێنەری ئیتیحاد - تەرەقی، دوانیان کورد بوون: عەبدوڵا جەودەت و ئیسحاق سوکوتی... بەڵام ئیتیحادچیەکان کاتێک لە باڵکان ڕووبەڕووی شکست بوونەوە، هەموویان بوونە ناسیۆنالیست.

قەتڵوعامی ئەرمەنییەکانیش دوای تەقینەوەی ئەو ناسیۆنالیزمە ڕووی نەدا؟
دەبێ ئەوەمان لە بیر نەچێ. ئەرمەنیەکان لە ساڵی ١٨٨٩ حزب و ڕ ێکخراوی خۆیان دامەزراند. ئەرمەنیەکان لە قۆناغی ژیانی بورژوازی دابوون. لە چاو کوردەکان کە تەنانەت ناتوانین بڵێین لە قۆناغی فیۆدالی دابوون، ئەرمەنیەکان سیستەمێکی بورژوازی دەژیان. ئینجا هەموویان لە ئەرمەنییەکان سلەمینەوە. دیارە لە هەموو کەس زیاتر کوردەکانیان لە ئەرمەنییەکان ترساند. ئیتیحاد - تەرەقی و سەرانی شەڕی ڕزگاریش ترسان.

ئەرمەنیەکان قەتڵوعام کران و دوور خرانەوە. ئیتر لە ئەنادۆڵ ئەرمەنی نەمانەوە، ئەوانی مانەوە، ناچار بوون ناسنامەکەیان بشارنەوە. کورد، بۆچی لە ئەرمەنییەکان سلەمینەوە؟
ئەوکات هێشتا ئەو مەسەلانە نەبڕابوونەوە. ئیتیحاد - تەرەقی و کەماڵیستەکان بەردەوام دەیانگوت "ئەگەر کوردەکان ئەم خەباتە (شەڕی ڕزگاری) لەگەڵ ئێمە نەبەنە سەر، ئەرمەنییەکان دەگەڕێنەوە. ئێرە دەبێتە دەوڵەتی ئەرمەنستان. ئەو سامانەی لە ئەرمەنییەکان پێتان گەیشتووە، لێتان دەستێندرێتەوە". کوردەکان گومانیان لا دروست بوو و زۆر ترسان.

ئەتاتورک چ بەڵێنێکی بە کوردەکان دابوو؟
ئەوەی ڕاستی بێ، ئەتاتورک ڕاشکاوانە بە کوردەکانی نەگوتبوو "پێکهاتەی دەوڵەت وا و وا لێدەکەم و فڵان شت دەدەم بە کوردەکان."

ئەی، چی گوتبوو؟
گوتبووی "سەرجەم پێداویستییە کۆمەڵایەتییەکانی کوردان جێبەجێ دەکەم". ساڵی ١٩٢٣ لە لێدوانێکدا بۆ پەیامنێری ڕۆژنامە لە ئیزمیر گوتی "وەها ویلایەتێک بونیاد دەنێین کە مەجلیسەکانیان بە گوێرەی پێداویستەکانی ئەوێ بڕیار بدەن. ئەمە جۆرێک ئۆتۆنۆمیە." بەڵێنی جۆرێک لە ئۆتۆنۆمی، لەو سەردەمەدا دەیتوانی هەموو کەسێ قایل بکا. هەروەها پێش ئەمە، ئەتاتورک تەلەگرافێکی بۆ فەرماندەی سوپا نیهات بەگ نارد. لە تەلەگرافەکەدا ئەتاتورک گوتبووی "لەو ویلایەتانەی کوردەکان زۆرینەن، لە لایەن ئەوانەوە {کوردەکان} بەڕێوە دەبرێ."

ئەتاتورک کەی لەو بۆچوونانەی پاشگەز بوویەوە؟
پاییزی ١٩٢٤ پاشگەز بۆوە. هەم خۆی و هەم ئیتحادچیەکانی دەوروبەری، نەیانویست کوردەکان بۆ خۆیان، خۆیان بەڕێوە بەرن و زۆر بە ڕاحەتی بایان دایەوە. دیارە دوای ئەمەش، سەرهەڵدانی شێخ سەعید دەستی پێکرد. بزووتنەوەی ساڵی ١٩٢٥ی شێخ سەعید، جۆرێک شکست و لەناوچوونە. هەم ئایین و هەم بزووتنەوەیەکی کوردییە. دەستەی وەزیرانی ئەو کات، سەرەتا بە پێی بڕیاری دەرچووی سەرۆکایەتی دادگا، ئەم بزووتنەوەیان وەک بزوتنەوەیەکی کوردی نیشان دا. بەڵام پاشان بینیان لە داهاتوودا دەبێتە کێشەیەکی ئایدیۆلۆژی و سیاسی. دەستەی وەزیران بڕیارێکیان دەرکرد و گوتیان "بزوتنەوەی شێخ سەعید، بزووتنەوەیەکی ئایینیە."

کوردەکان لە وڵاتانی تریش ڕاپەڕیون؟
ساڵی ١٩٢٤ لە عێراق و ئێران سەریان هەڵدا. بەڵام وڵاتێک کە زۆرترین گوشاری لە سەر کوردەکان پەیڕەو کرد، تورکیا بوو. تورکیا لە ساڵی ١٩٢٥ بە دواوە پەنای بۆ شێوازێکی توندو تیژی برد کە بوو بە نموونە بۆ وڵاتانی تر و گوتی "کورد بوونی نییە". لە کاتێکدا وڵاتانی تر، نکۆڵیان لە بوونی کوردەکان نەکرد.

ئەی باشە ئێستا کوردەکانی تورکیا بۆ چۆن پێکهاتەیەکی سیاسی خەبات دەکەن؟
لە ڕاستیدا، زۆربەیان خوازیاری هاووڵاتی بوونێکی یەکسانن. پێشیان وایە تەنیا لە ڕێگەی خۆسەرییەوە دەبنە هاوڵواتیەکی یەکسان. مێشکی کوردەکان بۆ خۆسەری کراوەترە. هەم ئەزموون لە جیرانەکانیان وەردەگرن، هەم لە مێژوو و هەم لە پێشکەوتنەکانی ئەوروپا و پێیان وایە تەنیا شتێک کە دەتوانێ ئەم کێشەیە چارەسەر بکا، خۆسەرییە!

۱۳۹۱/۰۶/۱۳

ئەنتەرناسیۆنال سۆسیالیست یان برایانی مارکس لە ئەمریکای لاتین




سەرلێشێواوی ڕێکخراوێک کە خراپ ناسراوە
ئەنتەرناسیۆنال سۆسیالیست یان برایانی مارکس لە ئەمریکای لاتین (کورت کراوەتەوە)

موریس لۆموان / لۆمۆند
لە فارسییەوە: سەلاحەدین بایەزیدی

 
ساڵی ١٩٥١، ئەنتەرناسیۆنال سۆسیالیست (IS) لەپێناو "ئازادکردنی گەلان لە وابەستەبوونیان بە خاوەنانی کەرەستەی بەرهەمهێنان" چالاکییەکانی دەست پێکرد. شەست ساڵ دواتر، ڕێبەرانی ئەنتەرناسیۆنال سۆسیالیست پێیان باشە قسە لە "کۆنتڕۆڵی ژیرانەی کاریگەرییە نەرێنیەکانی بەجیهانی بوون" بکەن. لارێ بوونێکی هێواش کە نیشانەی هەڵسوکەوتی ئەم "سۆسیالیستانە"یە لە مەڕ هاوتاکانیان لە ئەمریکای لاتین.

لە قسەکانی کردنەوەی جڤاتی دەستەی ئەنتەرناسیۆنال سۆسیالیست (IS) کە ڕۆژی ١٥ی نۆڤامبری ٢٠١٠ لە بارەگای ڕێکخراوی فرە لیبڕاڵی هاوکاری و گەشەی ئابووری (OCDE) لە پاریس بەڕێوە چوو، مارتین ئوبری، سەرۆکی گشتی حزبی سۆسیالیستی فەرەنسا، بێ ئەوەی خۆشحاڵی خۆی بشارێتەوە، دەڵێ "دەمویست بە بۆنەی دەرئەنجامەکانی هەڵبژاردنی هەرێمی لە یۆنان، پیرۆزباییەکی تایبەت ئاراستەی سەرۆکمان جۆرج پاپاندرۆئۆ بکەم {وێرای بەشداری نەکردنی ٥٣%}. لە هەلومەرجی دژواردا، ئەم دڵگەرمی و سەرکەوتنە، پاداشێکە بۆ بوێری سیاسی کە بۆ هەموو لایەک مایەی ستایشە." کەس نییە نەزانێ سەرۆکی بزووتنەوەی سۆسیالیستی پان یۆنانی (پاسۆک) و ئەو "گۆشەگیرییە دادپەروەرانە"یەی کە بانگەشەی دەکرد بە سەر وڵاتەکەیدا سەپاندوە، چی بە سەر هات. هەروەها هەموو لایەک دەزانێ ژمارەیەک لە ئەندامە بەرچاوەکانی ڕێکخراوی سۆسیالیست ئەنتەرناسیۆنالیست چ چارەنووسێکیان بە سەر هات، بۆ نموونە لوران باگبۆ، زەینەدین بن عەلی یان حوسنی موبارەک. لە ناوهێنانی زیاتر خۆ دەبوێرم.

بەو شیکردنەوە لاوازە و ئەو شێوازە کارە، ئاخۆ بەڕاستی پێویستە مرۆڤ سەری لەوە سووڕ بمێنێ کە ئەم "ئەنجومەنە باڵایەی کاردینال سۆسیالیستەکان" سەبارەت بەو جموجوڵە بنەڕەتیانەی ئێستە زیاتر لە دەیەیەکە ئەمریکای لاتین دەگۆڕێ، کەمتەرخەمە؟

رۆژی ٧ی دێسامبری هەمان ساڵی ٢٠١٠، لە بروکسێل، وێنەیەک و ناوێک لە سەر دەرگای "ئالتی یرۆ سپینلی"ی پەرلەمانی ئەوروپا هەڵواسرا: "گیلێرمۆ فاریناس" سێهەمین نەیاری کوبییە کە لە ماوەی نۆ ساڵی ڕابردوودا خەڵاتی "ساخارۆف" بۆ ئازادی ئەندێشەی وەرگرتوە. لە بەرامبەردا، بێ ئەوەی ڕیکلامێک کرابێ، لە ئامفی تیاترێک، دە نوێنەری پەرلەمانی ئەوروپا و جێگر پەرلەمانێک، گوێ لە ڕاپۆرتی سەندیکالیست و چالاکانی مافی مرۆڤ دەگرن کە لە کۆلۆمبیاوە هاتوون.

خاڵی وەرچەرخانی کودەتای شیلی

هەندێک شایەتحاڵ مرۆڤ ڕادەچڵەکێنێ: لە چوار مانگ لەمەو پێشەوە واتە لە ساتەوەختی بە دەسەڵات گەیشتنی "خوئان مانوئێل سانتوس" (وەزیری پێشووی بەرەڤانی "ئالوارۆ ئوریبێ"ی، سەرۆک کۆماری پێشوو)، سی و نۆ ئەندامی سەندیکا و دوازدە چالاکی بەرەی دیموکراتیکی ئەلتەرناتیڤ (PDA) و ژمارەیەک کەسی تر، کوژراون. "ئولێ کریستنسن"، سۆسیال دیموکراتی دانیمارکی، زانیاری ورد پێشکەش دەکا: ناوبراو ژوئیەی ٢٠١٠ لەگەڵ "ریچارد هوویت"، لە پارتی کرێکاری بریتانیاوە کە خۆیشی بەشداری کۆبوونەوەکەیە، شان بە شانی ڕێکخراوی "عەداڵەت بۆ کۆلۆمبیا" سەفەرێک بۆ "ماکارنا" دەکەن کە ناوبانگێکی دڵتەزێنی هەیە. "ئێمە تا کوشتارگە ڕۆیشتین. زیاتر لە دوو هەزار کەس {قوربانیانی سوپا و چەکدارەکان} لەوێ نێژراون. ئێمە دەبێ بۆ پەیمانی بازرگانی ئازاد { TLC} کە یەکێتی ئەوروپا و کۆلۆمبیا پێکەوە دانوستان دەکەن، "نا" بڵێین." تەنیا دەنگێک بۆ داکۆکی کردن لە "بۆگۆتا" بەرز دەبێتەوە، دەنگی "ئێمیلیۆ دێل والێ"، نوێنەری پارتی سۆسیالیستی کرێکاری ئیسپانیا (PSOE): "پێتان وایە دەوڵەتێک بتوانێ لە ماوەی سێ مانگدا هەموو کێشەکان چارەسەر بکا؟ ئەگەر سەرانسەری وڵات {٥٥،٥٩% بەشداریان نەکردوە} دەنگیان بە "سانتوس" دابێ، دەبێ ڕێزی لێ بگیرێ."

وێدەچێ ئەو سێ نوێنەرەی پەرلەمانی ئەوروپا کە سەر بە تەشکیلاتی ئەندامی ئەنتەرناسیۆنال سۆسیالیستن، خۆیان هاوئاهەنگ نەکردبێ. "پۆل ئێمێل دوپرێ"ی بێلژیکی، ڕاوێژکاری چەپی یەکگرتووی ئەوروپی / چەپی سەوزی سکاندیناو (GUE/NGL)، ئەم کۆبوونەوەیە و کۆبوونەوەکانی دیکە، تاوتوێ دەکا: " کریستنسن و هوویت، لە دەستەی پەرلەمانی خۆیاندا {حزبی سۆسیالسیتی ئەوروپی (PSE)} بە پێچەوانەی ڕەوتی ئاو مەلە دەکەن. من دڵنیا نیم زۆرینەیەک دژی ئیمزاکردنی پەیمانی بازرگانی ئازاد (TLC) دەنگ بدا. سەرۆکی گرووپەکە، مارتین شولتسی ئەڵمانی {حزبی سۆسیال دیموکرات (SPD)} هاوڕایە. حزبی سۆسیالیستی ئیسپانیا (PSOE) تەنانەت ئەولاتریش، هیچ شەرت و مەرجی نییە!"

بێ ئەوەی پێویست بکا بگەڕێینەوە بۆ دەسپێک، بە بیرتان دێنمەوە کە حزبی سۆسیالیستی شیلی کە ساڵی ١٩٣٣ لە لایەن سالوادۆر ئالندێ دامەزرا، ڕەخنەی لە ئەنتەرناسیۆنال سۆسیالیست گرت کە "لە بۆتەی سیستەمی دیموکراتیک بورژوازی سەرمایەداریدا هەڵوێستی ئاشتی خوازانەی هەیە" و لە ئەندامێتی ڕێکخراوەکە خۆی بوارد. بە درێژایی جەنگی سارد، ئەم مژارە کێشەیەکی دروست نەدەکرد: ئەنتەرناسیۆنال سۆسیالیست لە ڕێگەی حیساب کردن بۆ ناوچەکە لە جەرگەی ناوچەکانی ژێر دەستی ئەمریکا، لەوێ بە دوای سەرئێشەدا نەدەگەڕا. ''ئانتوان بلانکا'' ئەو کات ئەندامی دەفتەری پەیوەندیە دەرەکیەکانی بەشی فەرەنسی ئەنتەرناسیۆنال کرێکار (SFIO) بوو، بیر دەکاتەوە و دەڵێ "هیچ دەقێکم نایەتەوە بیر، ڕووخانی "جاکابۆ ئاربێنز"ی لە ساڵی ١٩٥٤ لە گواتمالا مەحکووم کردبێ. دە ساڵ دواتر، کاتێک ویستم دەستێوەردانی سەربازانی هێزی ئاسمانی ئەمریکا لە "سەن دومینگۆ" {کۆماری دومینیکان} لەقاو بدەم، "گی موولێ" واقی وڕما."

سەرباری ئەمەش، لەو سەروبەندەدا، شۆڕشی کووبا (١٩٥٩) چەمکی دژە ئیمپریالیزمی خستبووە ڕۆژەڤەوە. بێ دەسکەوتێکی بەرچاو: "ئەنتەرناسیۆنال سۆسیالیست چاوێکی کڕیارانەی لێکرد بەڵام دووراودوور." تاکوو ١١ی سێپتامبری ١٩٧٣. ڕووخان و مەرگی سالوادۆر ئالندێ زەبرێکی ڕۆحی هاوشێوەی شەڕی براکوژی ئیسپانیا بوو کە لە ناو سۆسیالیستەکانی ئەوروپا "یەکگرتنی سۆزدارانە و دۆزینەوەی دونیایەک کە نەیاندەناسی" وروژاند. لە بیرەوەرییەکانی بلانکا کە ئەو کات بە نوێنەرایەتی لە لایەن ئەنتەرناسیۆنال سۆسیالیست، چەند ڕۆژ دوای کودەتا سواری فڕۆکە دەبێ و دەچێتە شیلی. لە "وینیا دێل مار" بەر لەوەی لەو وڵاتە دەربکرێ، دەچێتە سەر مەزاری "هەڤاڵ سەرۆککۆمار". "ئەمە یەکەمین ناکۆکی بەرچاوی ئەنتەرناسیۆنالێک بوو لە بەرامبەر واشنگتۆن دا کە تا ئەو دەم هەموو هەوڵێکی دەدا بۆ ئەوەی سەبارەت بە ستراتژی ئەمریکا و "ناتۆ" {رێکخراوی پەیمانی ئەتلانتیکی باکووری} ملکەچ بێتە بەرچاو."

لەو ساتەوە بە دوا، لایەنگری ویلایەتە یەکگرتوەکانی ئەمریکا لە دیکتاتۆڕەکان خاڵی ناکۆکی وەچەیەکی سۆسیال دیموکراتەکان لەگەڵ هاوپەیمانی ئەمریکایی پێک دێنێ: ویلی برانت (ئاڵمانیا)، ئۆلۆف پالمێ (سوید)، فەرانسوا میتەران (فەرەنسا)، برۆنۆ کرایسکی (ئوتریش) و هەروەها ماریۆ سوئارز (پورتوگال) و فلیپێ گونزالس (ئیسپانیا). لە لایەکی دیکەوە، حزبەکانی لایەنگری چاکسازی و قوربانیانی ئەم حکومەتە سەرەڕۆیانە، لە وڵاتانی پێشکەوتوو بە دوای هاوپەیمانیەوە وێڵ بوون. پەیوەندییەکان پەرە دەستێنن. دانیشتنێکی فەرمی لە مانگی ئاوریلی ١٩٧٦ لە "کاراکاس" لە سەر بانگهێشتی "کارلۆس ئاندرێس پرێز"، سەرۆک کۆماری ڤێنزۆئێلا و پارتەکەی بزووتنەوەی دیموکراتیک (AD) بەڕێوە دەچێ. "یەکەمین کۆنفرانسی ناوچەیی ئەنتەرناسیۆنال سۆسیالیست بۆ کاروباری ئەمریکای لاتین و کارائیب" لە "سەن دومینگۆ" لە مانگی مارسی ١٩٨٠، نیشانەی گەشەسەندنی ئەو ڕەوتە سیاسیەیە لە ناوچەکەدا.

هەڵسوکەوتی پشتیوانی دەربڕین

ئەو کات، لە نێوان بیست و نۆ ڕێکخراوی هەرێمی، لە نیکاراگوا، بەرەی ساندینیست بۆ ئازادی نەتەوەیی (FSLN) بەشدار بوو، کە لە ساڵی ١٩٧٨ەوە ببوو بە ئەندام، ئەوە لە کاتێکدا کە هێشتا چەکی دانەنابوو و لە پێناو دەرکردنی "ئاناستازیۆ سوموزا" خەباتی دەکرد. فیدێل کاسترۆ وەک سەرۆکی پێشووی "بزووتنەوەی وڵاتانی بێ لایەن" بۆ ئەو کۆنفرانسە بانگهێشت کرابوو. ئەوروپیەکانیش "مەترسیەکان بە گیان دەکڕن": بەشداری ئەحزابی "برا" لە بۆتەی بەرەی دیموکراتیکی شۆڕشگێڕ (FDR) لە ئال سالوادۆر، بەرەی دیموکراتیک دژی سەرکوت (FDCR) لە گواتمالا و بەرەی نیشتمان پەروەر (FP) لە هیندۆراس (دیارە دوو گرووپی یەکەم لقێکی سیاسی و لقێکی سەربازیان هەیە) ئەوروپییەکانی هان دا بە کردەوە پشتیوانی لە خەباتی چەکداری بکەن.

ساڵی ١٩٨١، لە فەرەنسا "میتەران" بە گوڵێکی سوورەوە، پێی نایە کۆشکی ئەلیزا. لە ژێر کاریگەری کەسانی وەک "لیونێل ژوسپێن"، "رۆژیس دوبرێ" (مەئموری تایبەتی لای سەرۆک کۆمار) و "بلانکا" (کە ساڵی ١٩٨٢ بووە باڵوێزی گەڕۆکی ئەمریکای لاتین)، پاریس، ویلایەتە یەکگرتوەکانی ئەمریکای لە ناوچەیەکی زۆر هەستیار بۆ ئەو وڵاتە، هێنایە مەیدان. ڕاگەیەندراوی هاوبەشی فەرەنسا و مەکزیک سەبارەت بە ئاستی متمانەی نەیارانی ئال سالوادۆر – لەگەڵ لقە سەربازیەکەیان - لە ٢٨ی ئووتی ١٩٨١، شوێنەوارێکی بەرچاوی بەجێ هێشت. میتەران هاوسۆزی خۆی لەگەڵ ساندینیستەکان ناشارێتەوە؛ پەیوەندییەکان لەگەڵ کووبا لە لووتکە دان. ''بلانکا'' بە خۆشحاڵیەوە ڕادەگەیەنێ: "بە ناوی ئەنتەرناسیۆنال سۆسیالیست و دوور لە چاوی واشنگتۆن، توانیم کۆمەڵێک کار ئەنجام بدەم، بۆ نموونە لە بەرزبوونەوەی ململانێی نێوان کوستاریکا و نیکاراگوا بەرگریم کرد."

سەرەڕای تووڕەبوون و هەڵچوونی ڕۆنالد ڕیگان، تیۆری ئەنتەرناسیۆنال سۆسیالیست لە مەڕ چارەسەری سیاسیانەی پێکدادانە سەربازییەکان لە ڕیزی پێشەوە دێ. ئۆسکار ئاریاس، سەرۆککۆماری کۆستاریکا، گەڵاڵەی ئاشتی بۆ ئەمریکای ناوەندی پێشنیار دەکا کە لە ساڵی ١٩٨٧ خەڵاتی نۆبێلی بۆ بە دیاری دێنێ. میگوئێل ئانجێل ساندۆڤالی کۆنە گەریلا، ئەندامی کۆمیسیۆنی سیاسی – دیپلۆماتیکی "یەکیتی شۆڕشگێڕی میللی گواتمالا" (URNG) بەمجۆرە ئەو ساڵانە دێنێتەوە بیر: "بزووتنەوەکەمان بەردەوام لە ئەنتەرناسیۆنال سۆسیالیستدا فەزایەکی لەباری بۆ پێشکەوتنی ئامانجەکانی واتە دانوستان و هەلی ئاشتی دۆزیوەتەوە.  بەم شێوەیە، یەکەمین چاوپێکەوتنمان لەگەڵ دەوڵەت و سوپا لە مادرید و بە ناوبژیوانی پارتی سۆسیالیست کرێکاری ئیسپانیا (PSOE) بەڕێوە چوو. بەڵام ئێمە بەردەوام ئاگاداری ناکۆکی قووڵی نێوان کۆمەڵێک حزبی وەک حزبی سۆسیالیستی سوید، فەرەنسا و ئیسپانیا و حزبەکانی دیکەین کە ڕیفۆرمخوازتر یان ڕاستڕەوێکی ئاشکران."

لە دانیشتنی "سەن دۆمینگۆ" بەملاوە، بە کردەوە ئۆردوگاکان خۆیان نیشان دەدەن. هەندێک ئەندامی "لاتینی" ئەنتەرناسیۆنال سۆسیالیست – حزبی ئازادی نەتەوەیی کۆستاریکا  (PLN)، بزوتنەوەی دیموکراتیکی ڤێنزۆئێلا (AD)، حزبی شۆڕشگێڕی دومینیکا (PRD) و ... تاد – لە ئەوروپیەکان دوور دەکەونەوە. بە پێچەوانەی ئەوروپییەکان، ئەوان کە ڕەگە دێرینەکانیان لە مارکسیسزمدا ناچەقێنن، بە هیچ شێوەیەک سەرمایەداری ناخەنە ژێر پرسیار و لە هەندێک حاڵەتدا خۆیان بە دژە کۆمۆنیستێکی توند نیشان دەدەن. ڕودریگۆ بورخا، سەرۆکی پارتی چەپی دیموکراتیکی ئێکوادۆر (ID) تەنانەت لەمە زیاتر پێ لە بەڕە ڕادەکێشێ و دەڵێ: "خودی چەمکی چینی کۆمەڵایەتیش لە ئەمریکای لاتین مشت و مڕێکی زۆر هەڵدەگرێ."

ئەو حزبانەی ناویان برا، بە شێوەیەکی ئاڵۆز ڕیفۆرمخوازن، بۆ زاڵ بوون بە سەر دیموکراسی مەسیحی لە کاتی ڕووخانی دیکتاتۆرەکاندا، کەڵک لە ئەنتەرناسیۆنال سۆسیالیست وەردەگرن. چونکە ئاگاداری دەسەڵاتی ئابووری ئەو وڵاتانەن کە دۆستانی ئەوبەری ئۆقیانووسی ئەتلانتیک حکومەتیان تێدا دەکەن یان بە زوویی بە حکومەت دەگەن. ئەو سوودانە هەڵدەسەنگێنن کە لەوانەیە لەم ڕێگەیەوە نەسیبیان بێ. ساڵی ١٩٩٩، پورفیریۆ مونیۆس لێدۆی مێکزیکی (حزبی شۆڕشگێڕی دیموکراتیک، PRD) ناڕەزایەتیەکی توندی دەربڕی و گوتی: "شێوازی کاری ئەنتەرناسیۆنال سۆسیالیست لە سەر بنەمای پشتیوانی دەربڕینە. هەندێک حزب دێنە ئێرە بۆ ئەوەی لەگەڵ ئەوروپیەکان هەستن و دابنیشن، وەک بڵێی لەگەڵ چینێکی سەرتر هاموشۆیان کردوە."

لە کۆمیتەی ئەنتەرناسیۆنال بۆ کاروباری ئەمریکای لاتین و کارائیب (SICLAC) کە ساڵی ١٩٨٠ دروست بووە، کۆمەڵێک حزبی وەک (FSLN) و یەکێتی مەدەنی ڕادیکاڵ (UCR)ی فرە میانەڕەوی ئارژانتینی هاوشانن؛ هەروەها حزبی سۆسیالیستی شیلی (کە ساڵی ١٩٩٦ تەڤلی بووە!) و لەگەڵ دیموکراسی مەسیحی بە هاوبەشی حکومەت دەکەن، لەگەڵ حزبی شۆڕشگێڕی دامەزراوەیی مەکزیک (PRI) کە بە شێوەیەکی نە زۆر دیموکراتیک، هەفتا ساڵە دەسەڵاتی بە دەستەوەیە. لە لایەکی دیکەوە دەتوانین ئاماژە بە حزبی لیبڕاڵی کۆلۆمبیا (PL) بکەین کە مۆدێلی نیۆلیبراڵی (١٩٩٤ تاکوو ١٩٩٠) ژێر دەسەڵاتی هەمان ئەو حکومەتانە لە وڵاتەکەی پەیڕەو دەکا کە دامەزراوەی چەپی یەکگرتووی نیشتیمان پەروەریان (١٩٨٦ تا ١٩٩٠) خاشەبڕ کرد، هەمان ئەو حکومەتانەی "ئوریبێ" تا ساڵی ٢٠٠٢ سەر بەوان بوو.

با لەمانە تێپەڕین. لەگەڵ زۆربوونی ئەندامەکان لە ئەنتەرناسیۆنال، سۆسیالیستەکانی ئەوروپا "پەرە بە نفوزی خۆیان دەدەن". لەم ڕێگەیەشەوە، لە چوارچێوەی کۆمەڵێک بەڕێوەبەری باش کە لە ناو ئابووری لیبڕاڵدا گەشەیان سەندوە و تێدەکۆشن تاکوو لە پەراوێزدا هەندێک ڕێک و پێکی بکەن، دەبنە هۆی پێشخستنی بەرژەوەندی ناوەندە ئابووری و سەرمایەکانی ئەوروپا.

فلیپێ گونزالزێس، لە پەراوێزی دانیشتنی دەستەی ئەنتەرناسیۆنال لە بۆئنۆس ئایرێس لە ٢٥ و ٢٦ی ژوئەنی ١٩٩٩دا دەڵێ: "جاران،  سۆسیالیزم داخراوتر و دەوڵەتی تر بوو؛ بەڵام سۆسیال دیموکراسی بەردەوام بازاڕی پەژراندوە کە لە کردەوەدا شان بە شانی دیموکراسی دەڕواتە پێش. " ناوبراو ئەگەر "نایەکسانیەکی دێوزمە ئاسا کە جیهانی داگرتووە" مەحکووم دەکا، بەڵگەی دواتری حەشاردانی "سوودوەرگرتن لە بە جیهانی بوون" بە مەبەستی لە ناوبردنی بێکاری، برسیەتی و هەژارییە. بەکورتی بە پێی شیکردنەوەکانی "لئۆنێل بریزۆلای"ی برێزیلی (پارتی دیموکراتیکی کرێکاری، PDT ): "{دەقەکە} هێند گشتگیرە کە بە کەڵکی هیچ نایە. " پەرەگرافێکی کورت کە گۆیا هیچکەس نەیبینیوە (؟)، نیشانەی نیگەرانی ئەنتەرناسیۆنالە لە مەڕ "گۆڕانکاری ڕەوتی سیاسی لە ڤێنزۆئێلا {و} سیاسەتی دەستەویەخەبوونی بێ پسانەوەی دەوڵەت لەگەڵ چاوگەکانی دەسەڵات". هۆگۆ چاڤێز شەش مانگ نابێ دەسەڵاتی بە دەستەوە گرتووە.

رێوشوێنی هاوشێوە هەم بە سەر کۆبوونەوەی دەستەکان (کە کۆی حزبەکان تیایدا بەشدارن) و هەمیش بە سەر کۆبونەوەی هەرێمی SICLACدا زاڵە. خاتوو "مارگاریتا زاپاتا (FSLN)، جێگری پێشووی سەرۆکی ئەنتەرناسیۆنال سۆسیالیست، بە ناڕەحەتیەوە دەڵێ: "ناچاری دوو ڕۆژی ڕەبەق، وڕ و کاس، گوێ بدەیتە وتاری چەند سەرۆک دەوڵەت یاخود سەرۆک حزبێ، ئەو وتارانەی لە لایەن ڕاوێژکارانیانەوە ئامادە کراون و زۆربەیان پاش ئەوەی دەچنە بەردەم تریبوون، چاویان بە دەقەکە دەکەوێ و بۆیە بە ئاسانی بۆیان ناخوێنرێتەوە." ئاغای "بلانکا"ش وەک تەواوکردنی قسەکانی دەڵێ: "کۆمەڵێک وشەی پووچ، بە نیەتێکی چاکەوە، بەڵام بێ بەرهەم و بێ کەڵک؛ دواجار، هەر کەسە و بێ ئەوەی دیمەنێکی ورد لە بارودۆخەکەی وێنا کردبێ، ملی ڕێگە دەگرێ."

تاکە تایبەتمەندی ئەم کۆبوونەوانە: "چاوپێکەوتنی تایبەت و چاک و خۆشی کردنە لەگەڵ هاوڕێیانی کۆن" (بلانکا)، "پەیوەندی بەستن و بە تایبەت چاوپێکەوتن لەگەڵ دۆستان" (خاتوو زاپاتا). لە کاتێکدا کە هەموویان دەزانن "دوژمنانی دۆستانی من، دوژمنانی منن". "بەو بڕیارانەی کە وا هەست دەکەم دەگیردرێن، بارودۆخی ئەم وڵاتە زۆریش گونجاوە." لە قسەکانی "فیلیپێ گونزالێس" پاش ئەوەی کارلۆس ئاندرێس پرێز – کە سیفەتی CAPی پێ دابوو – لە یەکەمی ژانوییەی ١٩٨٩ جارێکی تر دەبێتە سەرۆک کۆماری ڤێنزۆئێلا. هەر بژی "هەڤاڵ"! CAP بە ڕووکردنە لیبرالیزم و بە دانوستانی چاکسازییەکی پێکهاتەیی لەگەڵ سندووقی دراوی نێودەوڵەتی، نەتەوەکەی لەمڕۆوە بۆ بەیانی برسی دەکا. خەڵکیش لە ٢٧ی فێوریە ڕادەپەڕێ، ئەو ڕۆژەی دواجار لە ژێر ناوی "کاراکازۆ" لە مێژوودا ناوی خۆیان تۆمار دەکەن.

بەرپەرچدانەوەی توندی دەسەڵاتی زاڵ کە تا بڵێی توندو تیژە، نزیک بە سی هەزار قوربانی لێ دەکەوێتەوە. خۆش بەخت تر لە "جڤاتی مەشروتەی دیموکراتیک RCD"، واتە حزبەکەی بین عەلی، سەرۆک کۆماری تونێس کە دوابەدوای سەرکوتی بزوتنەوەی خەڵک لە ژانوییەی ٢٠١١، لە ئەنتەرناسیۆنال سۆسیالیست دەرکرا، "بزووتنەوەی دیموکراتیک (AD) و پارتی (CAP)ن کە بە سڵامەتی دەرباز بوون. ساڵی ١٩٩٣، نوسینگەی ئەنتەرناسیۆنال برووسکەیەکی بۆ CAP نارد کە بە هۆی گەندەڵی لە سەر کار لابرابوو و لەو برووسکەیەدا ڕێز و حورمەتی خۆی بۆ ئەوان دەربڕیبوو. ئەوەی ڕاستی بێ، لە یەکەمین خولی سەرۆک کۆماریدا "ئەو لەگەڵ دۆستە ئەوروپیەکانی زۆر کراوە و دەست ئاوەڵا بوو: حاشا هەڵنەگرە کە لە ژێر سەرۆکایەتی گونزالێس، پارتی سۆسیالیست کرێکاری ئیسپانیا (PSOE) بە شێوەیەکی بەربڵاو سوودی لە "هاوپەیوەندی" مادی ئەو بینی". بەم حاڵەوە، چۆن چاوەڕوان دەکەن "چاڤێز" کە ٤ی فێوریەی ١٩٩٢ دژی "دیموکڕاسی گەندەڵ و زاڵمان" ڕاپەڕی، خۆشەویست نەبێ.

هەر وەک ڤێنزۆئێلا، سەرۆکی پارتە "لاتینی"یەکانی ئەندامی ئەنتەرناسیۆنال کە لە نێوان ساڵانی ١٩٨٠ تا ١٩٩٠ بە دەسەڵات گەیشتن – ئارژانتین، بۆلیڤی، برێزیل، شیلی، ئێکوادۆر، مێکزیک، پاناما و ... تاد- خودان سیاسەتێکی واقیعی کۆمەڵایەتی بوون: ئەوان دابینکەری ویست و داخوازی کەسانێکن کە جوان پۆشن و باش دەخۆن. لەگەڵ سڕینەوەی تەواو و تایبەت کردنی بێ سنوور، بە هاودەستی لەگەڵ واشنگتۆن، بانکی جیهانی و سندوقی دراوی نێودەوڵەتی (FMI)، ئەوان دواجار بێ بایەخ و تەنانەت دەفەوتێن. ڕێبەرانی نوێ لە میانەی خەبات یان پاڵپشت بە بزوتنەوەی خەڵک دەردەکەون، کەسانی وەک چاڤێز (ڤێنزۆئێلا)، لوئیس ئیناسیۆ لولا دسیلۆ (برێزیل)، ئوو مورالس (بۆلیڤی)، ڕافائێل کورئا (ئێکوادۆر).

۱۳۹۱/۰۶/۰۲

ژیانی ٥٤ گیراوی سیاسی لە گۆشەنیگایەکی نزیکەوە


 بەهمەن ئەحمەدی ئەمویی
لە فارسییەوە: سەلاحەدین بایەزیدی

 
بەهمەن ئەحمەدی ئەمویی، ڕۆژنامەنووسی گیراو، لە نامەیەکدا کە بە بۆنەی ڕۆژی لەدایکبوونی هاوسەرەکەی ژیلا بنی یەعقووب لە گرتووخانەوە نووسیویەتی، هەوڵی داوە دیمەنێکی ورد لە هەلومەرجی ژیانی گیراوانی سیاسی زیندانی ڕەجایی شار بخاتە بەرچاو. ئەحمەدی ئەمویی، ساڵی ٢٠١١ خەڵاتی هێلمن – هێمتی بردۆتەوە. ناوبراو بە تاوانی نووسینی وتاری ڕەخنەگرانە سەبارەت بە هەڵسوکەوتی ئابووری دەوڵەتی ئەحمەدی نەژاد لە ڕۆژنامەی "سەرمایە" و وێبسایتی تایبەتی خۆی و هەروەها سایتی "خرداد نو"، دوای هەڵبژاردنەکانی سەرۆککۆماری ٨٨ قۆڵبەست کرا و لەو کاتە بەدواوە لە گرتووخانەیە. ئەمویی هەتا دوو مانگ و نیو پێش ئێستا، لە بەندی ٣٥٠ی ئێوین زیندانی بوو و پاشان بۆ گرتوخانەی ڕەجایی شار گوێزرایەوە.
ئەمەش دەقی نامەکەی:

 
سڵاو ژیلا گیان
دوو مانگ و نیو لە هاتنم بۆ گرتووخانەی ڕەجایی شاری کەرەج تێدەپەڕێ، ئەو دوو مانگ و نیوەی هەر ساتێکی، کۆمەڵێک کەڵکەڵەی زەینی و سۆزداری بۆ تۆ دروست کردوە. سەبارەت بەم بابەتە، تەنیا شتێ دەتوانم بیڵێم ئەوەیە کە بە داخەوەم لەبەر ئەوەی هەلومەرجی ژیانی چەتوون و دژواری خۆمانمان، ڕۆژ بە ڕۆژ قورستر کردووە و تۆش ناچاری بە تەنیایی شانی داماوت بدەیتە بەر سەرجەم ئەم کوێرەوەرییانە. لەم ماوەیەدا، چەندین جار ویستوومە شتێک بنووسم، بەڵام نازانم بۆچی هەر جارە و کە دەستم بۆ قەڵەم دەبرد، هەستم دەکرد لە توانامدا نییە تەنانەت وشەیەکیش بنووسم.

بەڵام دواجار، ئەمڕۆ توانیم بنووسم. بەرەبەری ٢٨ی گەلاوێژە و ڕۆژی لەدایکبوونی تۆ. هەڵبەت ساڵڕۆژی ئەو کودەتا ڕەشەش کە زۆر لە ئاواتەکانی خەڵکەکەمانی لەگەڵ خۆیدا برد. لە بیرمە بەردەوام دەتگوت بەڕاستی مایەی شەرمە مرۆڤ ڕۆژی لەدایکبوونی لە وەها بۆنەیەکدا جەژن بگرێ. دەتگوت ژێر پێ خستنی سەرجەم زەحمەت و ڕەنجی ئەو پیاو و ژنە گەورانەیە گەرد و تۆزی مێژوو لەسەر سیمایان نیشتووە. لەگەڵ خۆمدا بڕیارم دابوو ئەگەر شتێکم بۆ ڕۆژی لەدایکبوونت نووسی، ئاماژەیەک بەم بابەتە نەکەم، بەڵام نازانم بۆچی نەمتوانی و دیسان هەردووکیان پێکەوە ختووکەی مێشکیان دام.

ژیلا، ئێستا کە خەریکم ئەم نامەیەت بۆ دەنووسم، تۆ لە کوێی؟ بیر لە چ دەکەیتەوە؟ بە چییەوە سەرقاڵی؟ بیستوومە دامودەزگا قەزاییەکان داوایان لێکردووی خۆت بە گرتووخانەی "ئێوین" بناسێنی تاکوو ساڵێک زیندانیەکەت لەوێ تێپەڕێنی. لەوانەیە ئێستا خەریک بی کەلوپەلەکەت بۆ ڕۆیشتن ئامادە بکەی. لە دڵی خۆمدا گوتم، ڕەنگە ئیتر کاتم نەبێ بە ئارامی قسەت لەگەڵ بکەم و دەردی دڵمت بۆ بەیان کەم. هەندێ جار، ژیان لەسەر هەر پێچێکی، وەها مرۆڤ دەگۆڕێ کە ئەگەر بێت و مرۆڤ خۆیشی بۆ ڕووبەڕووبوونەوە لەگەڵیدا ئامادە کردبێ، هەمدیس وەک بڵێی خافڵابی، سەرت سووڕ دەمێنێ کە دەبێ ئێستا چی بکەی؟ ڕێک وەک ئەو وەزعەی ئێستاکە من هەمە.

لە سێ ساڵی ڕابردوودا، بەردەوام چاوەڕێ بووم بگەڕێمەوە بۆ گرتووخانەی ئێوین. بە خۆمم دەگوت وەکوو سەرجەم ئەو گیراوانەی دوو هەفتە جارێک، چاویان بە هاوسەر، دایک یاخود خوشکیان کە لە گرتووخانەی ژنانن، دەکەوێ، منیش تۆ لەو دیو میلەکانی هەمان ئەو بەندیخانەیە دەبینم کە خۆم تێیدا حەپسم. بۆ ئەمەش بە ڕواڵەت خۆم بۆ ئەو ساتە ئامادە کردبوو. لەم ماوەیەدا، تۆ چەند خاولی و چەند مەلافەت بەڕێ کردبوو و منیش یەک دوو دانەم لە گۆشەیەک دانابوو بۆ ئەوەی هەر کاتێک هاتی، بەجۆرێک بۆت بەڕێ بکەم.  ئەو ڕۆژانە نەدەکرا بە سانایی کەلوپەلەکانت لەگەڵ خۆتدا ببەی بۆ زیندانی ژنان. منیش لەم ماوەیەدا، بۆ ئەوەی نەکا تۆ بێیت و کەلوپەلی ڕۆژانە و پێویستت پێ نەبێ، هەندێک شتم بۆ حازر کردبووی، یەک – دوو قوتووی حەبی وزەبەخش و ویتامین لەگەڵ باڵەنجیکی بچکۆلانە. بەڵام ئێستا کە من و ئەو کەلوپەلانە لە گرتووخانەی گەوهەردەشتی کەرەج، بە دەیان کیلۆمیتر لە تۆ دوورین، بڕیارە تۆ لە گرتووخانەی ئێوین بی.

سەرم لەم هەموو قومارانەی ڕۆژگار سووڕماوە، بە درێژایی ئەو ماوەیە نەڕۆیشتیە گرتووخانەی ئێوین و ئێستا کە منیان بۆ زیندانی ڕەجایی شار گواستۆتەوە، دەچیتە ئەوێ. نازانم بڵێم چی؟ لە دڵی خۆمدا دەڵێم بە سەرنجدان بە هەلومەرجی باو، وێدەچێ لانیکەم تا چەند مانگی داهاتوو یەکتری نەبینین. دەمەوێ دڵم بە خۆم و تۆ بسووتێ، بەڵام زۆر زوو تەریق دەبمەوە. لێرە، لە بەندی سیاسی بەندیخانەی ڕەجایی شار کەسانێک هەن کە چەندین ساڵە هیچ چاوپێکەوتنێکیان نەبووە، کەسانی بە ئیعدام حوکمدراو، کە دوای پێنج شەش ساڵ حوکمەکەیان شکاوە و بۆ حەپسی ئەبەد گۆڕاوە، ئەمێستا لە ساڵانی پانزە، دوانزە، چواردە و بیستی زیندانی بوونیاندا، هیوایان بەوەیە ڕۆژێک حەپسی ئەبەدیان هێندەش هەتا هەتایی نەبێ. ئەو زیندانیانەی لاوەتی و پیریی ناوەختیان لە پشت ئەم میلانەی گرتووخانە و لە فەرامۆشیدا تێپەڕاندوە.

محەمەد نەزەری، بیست و دوو ساڵی تەمەن بوو کە گیرا و ئێستا بیست ساڵە لە زیندانە بەڵام دەڵێی شەست ساڵی تەمەنە. عومەر و ئیبراهیم و خالید ئەندامانی حزبی دیموکراتی کوردستانن و پێیان ناوەتە مانگەکانی دەسپێکی چواردەهەمین ساڵی زیندانەوە، لە دوایین چاوپێکەوتنیان لەگەڵ بنەماڵە، چەندین ساڵ تێدەپەڕێ. لە خۆم دەپرسم ئەگەر حزبی دیموکرات ئێستاش بوونی هەبێ، ئاخۆ دەزانێ کەسانێک هەن بە نێوی ئەندامێتی لەو حزبە ساڵەهای ساڵە لە گرتووخانە دان. هەندێک جار بە خۆم دەڵێم لەوانەیە تەنانەت سیستەمی دادوەری ئێرانیش لە لیستی زیندانیەکانی خۆیدا، ناوی ئەوانی نەبێت.

چەند ڕۆژ لەمەوپێش کە هەواڵی لێبوردن و دابەزینی حوکمی ژمارەیەک لە گیراوانی سیاسی و ئەمنیەتیم خوێندەوە کە ڕۆژنامەکان ترش و خوێیەکی زۆریان پێوە کردبوو، یەکەم شت کە بە مێشکم گەیشت ئەوە بوو کە چ باش دەبێ ئەگەر لە ناویاندا یەکێک لەو گیراوانە هەبێ. بەڵام نا، دەڵێی خوداش ئەوانی لە بیر چۆتەوە.

مۆڵەتی چاوپێکەوتن، لێبوردن و کەمکردنەوەی سزایان بەو کەسانە داوە کە حوکمی هەندێکیان دوو ڕۆژی دیکە، دوانزە ڕۆژ یان دوو مانگی دیکە تەواو دەبوو. ژمارەیەکی تریش، سزای زیندانی یەک ساڵە و دوو ساڵە و سێ ساڵەیان نیوە ببوو یان لە نیوەی تێپەڕاندنی حوکمەکەیاندا بەخشرابوون. جگە لەوەی تاوانی هەندێکیان بەراستیش سیخوڕی و خیانەت بە وڵات بوو. تۆ بڵێی هیچکام لە کۆنە گیراوانی ئێرە، پاش تێپەڕاندنی ئەم هەموو ساڵەی زیندان، نەیاندەتوانی و نەدەبوایە چاوەنواری مۆڵەت، کەمکردنەوەی حوکم یان تەنانەت لێبوردن بن؟

کەرەمی خەیرئابادی، یەکێکە لەو کەسانەی شانزە ساڵە حوکمی لەسێدارەدانی بە سەردا سەپاوە، ئەو یەکشەممە و سێشەممانەی ئەگەری بەڕێوەبردنی حوکمی لەسێدارەدان هەیە، بە تێپەڕینی هەفتە و مانگ و ساڵانێکی زۆر، ئێستا ئیتر هیچ هەستێکیان بۆ نەهێشتۆتەوە. کاتێک لێی دەپرسم چ هەستێکی هەیە ئەگەر بێت و یەکێک لەو یەکشەممە یاخود سێشەممانە نێوەکەی بخوێننەوە، بە زەردەخەنەیەکی تاڵ وەڵامم دەداتەوە و بە زاراوە تۆخە خوزستانیەکەی دەڵێ: "خوا گەورەیە"

ئینجا بە جۆش و خرۆشێکی بێ وێنە، زۆربەی ڕووداوەکانی شانزە ساڵی ڕابردوو، وەک بڵێی دوێنێ ڕوویان دابێ، لەگەڵ ڕێکەوت و ناوی ئەو مرۆڤانەی لەو ماوەیەدا هەڵسوکەوتی لەگەڵ کردوون، یەکە یەکە دەگێڕێتەوە. دواییش ئامۆژگاریم دەکا کە لە گرتووخانە، تەنانەت بزمارێکیش بە کەڵکت دێ، بەڵام زۆر کەس ئەمە نازانن.

بۆ خۆی پێی نەگوتووم بەڵام گیراوانی تر بۆیان گێڕاومەتەوە کە نانی پێویستی هەفتەیەکی بەردەوام بە وشکی هەڵدەگرێ، چونکە بە تاقی کردۆتەوە زۆر جار تەنانەت نانیش لە گرتووخانە دەست ناکەوێ.
دوای ئەمانە، چوار کەسی سەر بە حزبی پەکەکە هەن کە هەشت ساڵ و پێنج ساڵە چاوەڕوانی حوکمن، ئەو گەنجانەی لە نیوەی دووهەمی دەیەی بیستی ژیانیان دان.

زانیار و لوقمان مورادی ئامۆزان کە ماوەی چوار ساڵە لە ژێر حوکمی ئیعدام دان و بە فەرمانی قازی سەلەواتی لە چاوپێکەوتن لەگەڵ ماڵەوەیان بێبەشن. ئەوانیش دەمێکە چاویان بە بنەماڵەی خۆیان نەکەوتووە. هەندێک جار، ڕۆژانی چاوپێکەوتن شەرم دامدەگرێ لەوەی ڕاستەوخۆ سەیری چاوەکانیان بکەم.

ئەمجۆرە مرۆڤانە، لە هەموو کەس زیاتر پێویستیان بەوە هەیە ببینرێن و سەرنجیان بدرێتێ، ئەو شتەی هەم بەر لە زیندان و هەم لە نێو زیندان لێیان زەوت کراوە. تۆ چەند کەسێکیان دەناسی، چونکە پێشتر باسی ئەوانم بۆ تۆ کردووە. کەسایەتییان شیاوی ڕێزلێگرتنە، بە هەر شێوەیەک بێ خۆیان بژیوی ژیانیان دابین دەکەن، لە ڕێگەی درووتنی شاڵ و لەچکە، بووکەشووشە و کاری دەستی تر و فرۆشتنیان بە گیراوانی تر.

ئێستە ڕۆژی لەدایکبوونتە و بڕیارە بۆت بنووسم ئێرە چۆنە و من چ دەکەم؟ چونکە بەردەوام لە چاوپێکەوتنەکان لێم دەپرسی لێرە چ دەکەین و بارودۆخی ئەم گرتووخانەیە بە چ شێوەیەکە. منیش لە وەڵامی تۆدا دەڵێم باشە، هەموو شتێ ڕێکوپێکە و ئێمە – گیراوانی ئێرە – لەگەڵ یەکتری باشین.

بە خۆم دەڵێم ئێستا کە بڕیارە تۆش ڕێت بکەوێتە گرتووخانە و ڕۆژانی تر، لەوانەیە هەمان پرسیارم لە تۆ هەبێ، بۆ ئەوەی لەم بابەتەوە خۆم خاترجەم کردبێ، زۆر بە کورتی هەوڵ دەدەم سەبارەت بە خۆمان بۆت بنووسم و بەم شێوەیە دیاریی لەدایکبوونت پێ بدەم: گرتەیەک لە شوێنی ژیانی ٥٤ گیراوی سیاسیی ڕەجایی شاری کەرەج. ئەمانەت بۆ دەنووسم تاکوو لەگەڵ بەشێک لە حاڵ و هەوا و هەلومەرجی ئێرە ئاشنا بی و بە خەیاڵێکی ئاسوودە بڕۆیتە گرتووخانە و حوکمی ساڵێک زیندانیەکەت تێپەڕێنی.

ساڵۆنێکی پەنجا میتری و داڵانێکی سێ میتری کە فەڕش و مۆکێتی لێ ڕاخراوە، تیایدا سی و سێ ژووری دوو میتر و هەفتا سانتی لە دوو میتردا، دوو کۆلێری گەورە لە سەرەتا و کۆتایی ساڵۆنەکە کە بایەکی فێنک ئاڕاستەی یەکتری دەکەن، لەگەڵ دەرگایەکی ئاسنین کە زیاتر ققڵ دراوە و ئێمەی لە تەنیشت یەکتر لەو ساڵۆنە ڕاگرتوە. تاکە ڕێگەی پەیوەندی ئێمە لەگەڵ جیهانی پشت ئەم دەرگا ئاسنینە، تەلەفۆنێکە بە ئەفسەری پاسەوانەوە وەسڵە.

تۆ کە بچیتە گرتووخانەی ئێوین، دەبینە پێنج کەسێک کە خوشک یان هاوسەرمان لە گرتووخانەی ئێوینن و خۆمان لێرە. ساڵۆنی ١٢، خانەی ئامۆژگاری چوار، گرتووخانەی ڕەجایی شار.

ئەوان تا ئێستا هەر چەند نامەیان نووسیوە بۆ ئەوەی بەرپرسان، هەلی پەیوەندی تەلەفۆنی لەگەڵ ئازیزانیان بۆ برەخسێنن، سەرنەکەوتوون. دەشێ منیش بەم زووانە لە نووسینی ئەم نامە بێ وەڵامانەدا پەیوەست بەوان بم.

لێرە هەموو چەشنە گرووپ و مەیلێکی سیاسیمان هەیە. بە دەردی برادەرێک، داهاتووی ڕۆژهەڵاتی ناوین و ئێران، لە نێوان یەکێک لەم گرووپانەدا سەرهەڵدەدا. ڕاستی لە ساڵۆنی سەرووی ئێمە، سەدو هەفتا کەس، لە گیراوانی ئەلقاعیدە هەن.

لە نێوانماندا، بەهاییەکان زۆرینەن، بە گاڵتە پێیان دەڵێین: دواجار ئێوە لە شوێنێک چیتر کەمینە نین، ئەوانی تر کەسانی سەر بە پەکەکە، پەژاک، حزبی دیموکراتی کوردستان، گیراوانی ڕێکخراوی موجاهدینی خەلق، گیراوانی بزووتنەوەی سەوز، نیشتمانپەروەرەکان (کە لە لایەن دەزگا ئەمنییەکانی ئێرانەوە بە ئارکائیزم ناوزەد کراون)، لایەنگرانی حکومەتی پاشایی و هەڵبەت ئەو کەسانەی خۆیان پێ سەربەخۆیە و کەسانێکن کە تەنیا بە شێوەی تاک کار دەکەن و بە قسەی یەكێک لە هاوڕێیان: بە تەنیایی دەیانەوێ بە گژ کۆماری ئیسلامیدا بچنەوە.

لە دەرگای ئاسنینەوە کە دێیتە ناو ساڵۆنەکەوە، یەکەمین ژووری لای چەپ کە لە هەموویان گەورەتر و هەراوترە، چێشتخانەیە، تەباخێکی دەست سازی هەشت شوعلەی تێدایە. لە کۆتایی ساڵۆنەکەش، ڕیزێک توالێت و حەمام و دەستشۆر هەن.

ئەم ڕۆژانە کە مانگی ڕەمەزانە، بە گشتی کاتی بەربانگ دوو سوفرەی بچووک بە مەودای بیست میتر لێک دوور لە ساڵۆن ڕادەخرێن و شەش – حەوت کەس لە دەوروبەری دادەنیشن: یەکێک سوفرەی موجاهدینی خەلقە کە لە هیی ئەوانی تر قەرەباڵغ ترە و بەردەوام چەند میوانیشیان هەیە، سوفرەکەی دیش، سوفرەی ئەوانی تر... چەند کەسێکیش لە ژوورەکانیان خواردن دەخۆن و لە دەوری سوفرەکان کۆ نابنەوە.

لە یەک – دوو هەفتەی ڕابردوودا، کۆمەڵێک بوویەری سەیر و سەمەرە ڕوویان دا و مرۆڤ تا بە چاوی خۆی نەیبینێ، بڕوایان پێ ناکا. وەک چۆن لەوانەیە ئێستاکە تۆش بڕوا نەکەی: ڕۆنی هەشت سەد گرامی کە لە فرۆشگای گرتووخانە بە ٣٤٠٠ تمەن دەفرۆشرێ، ئیتر دەست ناکەوێ و لە هەندێک لە ساڵۆنەکان بە پانزە هەزار تمەن دەکڕدرێ و دەفرۆشرێ، هۆکاری کەمبوونی ڕۆنەکەش دیار نییە. ئەوە دوو مانگیشە قەدەغە کراوە چەغماغی پێنج سەد تمەنی بێننە گرتووخانە و ئێستا نرخی کڕین و فرۆشتنی بۆ سی هەزار تمەن بەرز بۆتەوە. ئاوی لیمۆش لەو کەرەستانەیە کە لێرە دەست ناکەوێ. چەند ڕۆژ لەمەوپێش، ٢١ بوتڵی نیو لیتری ئاو لێمویان هێنا و گوتیان ئەمە لە نێوان ٥٤ کەسی خۆتاندا دابەش بکەن. بەختەوەرانە یەكێک لە بەهاییەکان کە ئەندازیارە و سەری لە حیسێب و کتێب و ئەوانە دەردەچێ، زەحمەتی دابەشکردنەکەی وە ئەستۆ گرت: هەر پێنج کەسە و دوو بوتڵ. باقی کێشەکەی خستە ملی خۆمانەوە، گوتی ئیتر خۆتان دوو بوتڵەکە لە نێوان پێنج کەسدا دابەش بکەن.

بە گشتی هێنانی کەلوپەلی وەرزشی بۆ ئێرە قەدەغەیە و لە حاڵەتێکی تایبەت و بە ئەستەم ڕێگە بە هێنانی ئەو کەلوپەلانە دەدرێ. هێنانی پێڵاوی وەرزشی هەر بە تەواوی قەدەغەیە.

"وەرزش دەبێ من شکێن بێ نە من ساز" و "من وەرزشکار نیم بەڵام وەرزشکارانم خۆش دەوێ"، لە قسەکانی ئایەتوڵڵا خومەینین کە بە درشتی لە سەر دەرو دیواری حەوشە نووسراون.

کوڕەکان لە کاتێکدا سەرپاییەکانیان بە بەن و کێش بە قاچیانەوە بەستۆتەوە، شەق لە تۆپی جیر هەڵدەدەن، هەندێک پێڵاویان لە پێیە، پێڵاوێک کە لەوانەیە چەند ساڵ لەمەوپێش لە کاتی گیرانیاندا پێیان بووبێ و بە هۆی ئەوەی هاتنی هەر چەشنە پێڵاوێک بۆ گرتووخانە قەدەغەیە، ئێستا بنەکەیان لێ بۆتەوە و زۆربەیان بە موکێت و کارتۆن بنە پێڵاویان دروست کردوە.

لەگەڵ هەر شەقێکدا کە لە تۆپەکەی دەدەن، بەشێک لە پێڵاوەکەیان دەدڕێ ولەگەڵ تۆپەکەدا دەڕوا. لەگەڵ ئەمەشدا، کوڕەکان چێژ لەو دوو سەعات هەوا گۆڕینە دەبینن.

پێم خۆشە لەم بارەوە تێروتەسەل تر بۆت بنووسم بەڵام پێموایە ئێستا ئەوەندە بەسە و ئێستا ئیتر خەیاڵت ئاسوودەیە کە دەزانی لە چ هەلومەرجێکدا دەژیم.

بە ڕاست دواجار ئەو کتێبانەی، هەفتەی پێشوو بۆت ناردبووم، بە دەستم گەیشتن، ئەویش بە چ چەرمەسەرییەک. سەرەتا ناوی کتێب، وەشانخانە و نووسەری کتێبەکانم لە نامەیەکدا بۆ سەرۆکی زیندان نووسی تا سەرەئەنجام نامەکە دوای دوو هەفتە ئیمزا کرا و ڕەوانەی بەشی پاراستن – ئیتلاعاتی گرتووخانە کرا.

ئەو ڕۆژەی ڕۆیشتمە بەشی پاراستنی زیندان، تاکوو کتێبەکانم وەرگرم، فەرەجی نژاد بە بێزاریەوە پێی گوتم: تۆ بۆ وەرگرتنی کتێبەکانت چەند جار نامە دەنووسی؟ جگە لەمەش بە قەڵەمی سەوز ناوی تۆیان لە بەرگی پشتەوەی کتێبەکان نووسیوە، پێت وایە چ دەبێ؟ من لەو کەسانە نیم بەو کارانە هەڵبەزمەوە. دەتوانم کتێبەکانت فڕێ بدەمە ناو کووچە و کۆڵانەکان، ئینجا هەر چی پێت خۆش بوو بیکە.. ساتێک بێدەنگ بوو و گوتی: بەڵام ئەمجارەیان کتێبەکانت دەدەمێ. من لەبەر خۆمەوە گوتم ئیتر ئەمجارەشیان کتێبەکانم پێ دەدەی و ئەمە دەسکەوتە. پاشان خوا گەورەیە.

بە ڕاست ئاخۆ دەبینی ڕەنگی سەوز پاش سێ ساڵ، هەروا بەکاریگەر و وروژێنەرە؟ سەرنج ڕاکێشە. نا؟

ژیلا، ئەوە لە کاتێک دایە کە مادە بێ هۆشکەرەکان، لەم زیندانەش وەک سەرجەم زیندانەکانی تر بە بەربڵاوی دەبینرێن و بەرپرسانی زیندان ناچارن بۆ دۆزینەوەیان، گیراوێک هان بدەن سیخوری بکا و خەڵاتی پێ بدەن. لە یەکێک لەو پەیامانەدا کە بە دیواری گرتوخانەوە هەڵواسراوە، لە زاری سەرۆکی زیندانەوە، گیراوان سەبارەت بە هەڵگرتنی شتگەلی وەک کێرد، قەمە، کڕین و فرۆشتن و بەکارهێنانی مادە هۆشبەرەکان، تێکدانی نەزمی زیندان، هێنانە ژوور یا خود هەڵگرتنی مۆبایل، سیمکارت و مێمۆری، کڕین، فرۆشتن و بەکارهێنانی حەبی وەهم زێ، ئیهانە، سووکایەتی و جنێو، بە توندی ئاگادار کراونەتەوە.

چەند ڕۆژێکە لە دڵی خۆمدا بیر لەوە دەکەمەوە کاتێک هێنانی کتێب و کەلوپەلی وەرزشی هێندە سەخت و تەنانەت مەحاڵ بێ، چۆنە بە پێی ئەم ئاگادارینامەیە، ئەو هەموو مادە بێهۆشکەرە دێتە ناوەوە؟ گەلۆ گیراوێک لە نەبوون یاخود کەمبوونی ئیمکانات ڕوو لە وەها کارێک ناکا؟

ژیلای ئازیز، ئێمە باشین و بە ڕواڵەت تەندروست. ئەم ڕۆژانەش سەرقاڵی باغەوانین، کۆمەڵێک چوار لیتری پلاستیکیمان کردۆتە ئینجانە و بە یارمەتی و ڕێنوێنی "ساڵحی کۆهەندێل"، ڕیحانە، سەوزی، توور و تەرە تیزەمان تێدا چاندوون. هەموو ڕۆژێ لە دوو سەعات هەواگۆڕیندا، ئەوانیش لەگەڵ خۆمان دەبەین تاکوو خۆریان بەر بکەوێ و وەک ئێمە هەوایەک نوێ بکەنەوە. ئەگەر هەموو شتێک باش بڕواتە پێش، تا مانگی داهاتوو هەر کاممان چەند دەسک سەوزە، ڕێحان و توورمان بۆ خواردن دەبێ.

ڕەمەزان سەعیدی، گیراوی سیاسی و خەڵکی کوردستانە، قوتووی بەتاڵی ماست و ڕەنگی پڕ کردوە لە چیمەنتۆ و دەسکە گسکێکی ئاسنینی بە نێوانیاندا ڕەت کردوە و چەند دەمبڵێکی بۆ وەرزش پێ دروست کردوون. بەم شێوەیە وەرزشیش دەکەین و لە دوو سەعاتی هەوا گۆڕیندا، چەند دەقەیەک ڕادەکەین.

لە حەوشەی گەورەکەی بەندی گرتووخانەوە، کە ڕووی لە باکووری ڕۆژهەڵاتە، چیایەک لە دووردەست دەبینین کە زۆربەی ڕۆژەکان لە ناو کۆمەڵێک هەوری سپی و خۆڵەمێشیدا خۆی دەنوێنێ. گیراوە لەمێژینەکان دەڵێن زستانان دیمەنێکی جوانی هەیە. بەفر دایدەپۆشێ و سەیرکردنی لەم مەودایەوە، چێژێکی تایبەتی هەیە. ئەمە شتێکە ڕەنگ بێ ئێوە لە "ئێوین" لێی بێ بەش بن و ئێرەیی پێ بەرن. هەموو هەلومەرجێکی ئەستەم، هەندێک شتی باشی هەیە کە لە شوێنەکانی تر ناتوانی هاوتایەکی بۆ بدۆزیەوە. لەمەو بەدوا بە سەیر کردنی ئەم دیمەنە، بە خۆم دەڵێم لە بری ژیلاش، سەیری ئەم جوانیە دەکەم، کتێب دەخوێنمەوە تا لەگەڵ من بی، گوێ لە گۆرانی دەگرم تا لەگەڵ من بی و کە سەیری چیاش دەکەم لەگەڵ من دەبی.

ئاگات لە خۆت بێ
ڕۆژی لەدایکبوونت پیرۆز بێ
ئەی بوونی بەردەوام بۆ من

بەهمەن ئەحمەدی ئەمویی
گرتووخانەی ڕەجایی شار – ساڵۆنی ١٢
 

۱۳۹۱/۰۶/۰۱

پێنج ڕۆژ بە نهێنی لە سووریا


 ژیار گوڵ، بی بی سی
لە فارسییەوە: سەلاحەدین بایەزیدی

 
لە کاتێکدا کە سوپای بەشار ئەسەد لە زۆربەی شارەکانی سووریا و بە تایبەتی لە دیمەشق و حەلەب دەستەویەخەی شەڕێکی خوێناوییە، کوردەکانی سووریا کە زۆربەیان لە باکووری ڕۆژهەڵات دەژین، هێدی هێدی کۆنتڕۆڵی ئەو ناوچەیە بە دەستەوە دەگرن.

ئەمدواییانە لەگەڵ تیمێکی بی بی سی فارسی و تۆڕی جیهانی، بە شێوەیەکی نهێنی بۆ ماوەی پێنج ڕۆژ چووینە ناوچە کوردنشینەکانی باکووری ڕۆژهەڵاتی سووریا. دێهاتیەکانی سەر سنووری کوردستانی عێراق دەیانگوت جاران بە ئاسانی دەتتوانی هاتۆچۆی ئەوبەری سنوور بکەی، بەڵام ئێستا چەند هەفتەیەکە هێزەکانی سوپای عێراق لەم نزیکانە جێگیر بوون.

ئەوان لە پێناو کۆنتڕۆڵکردنی تاکە سنووری فەرمی سووریا لەگەڵ کوردستانی عێراق، چی نەمابوو لەگەڵ هێزەکانی پێشمەرگە بەشەڕ بێن. حکومەتی کوردستانی عێراق، ئامادە نەبوو ئەم سنوورە فەرمیە ڕادەستی دەوڵەتی فیدڕاڵ بکات.

ئەم ڕووداوانە بوونە هۆی بستنی سنوورەکان. ئێمە ناچار بووین لە تاریکی نیوەشەودا خۆمان بگەیەنینە یەکەمین بنکەی سنووری سووریا.

راکردن لە هێزە ئەمنیەکان لە نیوەی شەودا

بنکەی سنووری سووریا، بیست ڕۆژ پێشتر کەوتبووە دەست هێزە چەکدارەکانی کورد YPG  یاخود یەکینەکانی پاراستنی گەل. ئەم گرووپە باڵی سەربازی پارتی یەکێتی دیموکراتیک (PYD)یە و دوڵەتی تورکیا زۆر جار بەوە تاوانباری کردوە کە بەشێکە لە پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە).

دیسپلینێکی تایبەت لە نێوان هێزەکانی YPGدا هەبوو و بێ ئێزنی فەرماندەکانی ژوور خۆیان ئامادە نەبوون وتوێژمان لەگەڵ بکەن. ئەم بنکەیە ڕێگەی نەداین فیلم هەڵبگرینەوە.

ئەو ئۆتۆمبێلەی بڕیار بوو لەسەر سنوورەوە ئێمە بگوازێتەوە نێوخۆی سووریا، مۆبایلەکەی لە دەرەوەی بازنە بوو و نەیتوانی ئێمە بدۆزێتەوە. نیوەی شەو سوارێکی وانێتێک بووین و بە ئێسکۆرتەوە بەرەو شاری دێرک یەکەمین شاری کوردنشینی سووریا ڕۆیشتین کە یەک سەعات لە سنوور دوور بوو.

لە هەندێک شوێن، شۆفێرەکە لە جادەی سەرەکی دوور دەکەوتەوە، زانیمان هێشتاش هەندێک خاڵی پشکنین لە ژێر دەستی هێزە ئەمنیەکانی سووریا دایە. لە شۆفێر و ئەو کەسە چەکدارەی هاوڕێیەتی دەکردین، پرسیمان ئاخۆ مەترسییەک هەڕەشە لە تیمەکەی ئێمە ناکا؟ گوتی "نیگەران مەبن. هێزەکانی دەوڵەت لە بنکەکانیان دوور ناکەونەوە و ئەگەر هاتنە بەردەممان، لێیان دەدەین."

بە یەکێک لە ڕێگاکانی چوونە ژوورەوەدا، کە کەوتبووە ژێر دەستی هێزەکانی کوردەوە، دەربازی ناو شار بووین. ئاڵای سێ ڕەنگی کوردەکان لە تەنیشت خاڵی پشکنینی ئەوێ دەشەکایەوە. کاتێک بە ناو شاردا تێپەڕێن، بینیمان وێنەی بەشار ئەسەد لە زۆربەی دامودەزگا دەوڵەتیەکان شکابوو و لە هەندێک شوێن وشەی "عەرەبی" لە دەستەواژەی "کۆماری عەرەبی سووریا" سڕدرابۆوە یاخود هێمای زەربی لێ درابوو.

ڕووناک حەمە، گەنجێکی تەمەن بیست و دوو ساڵە، بە ئێمەی گوت ئەو و هاوڕێیانی، ڕۆژی بیستی ژوئیەی مانگی ڕابردوو وەک زۆربەی شارە کوردنشینەکانی سووریا، شان بە شانی خۆپیشاندەران کە هەندێکیان چەکداریش بوون، هێرشیان کردۆتە سەر دامودەزگا گرنگەکانی دەوڵەت.

هێزە ئەمنیەکان بە بێ خۆڕاگری، زۆربەی ناوەند گرنگەکانیان چۆل کردووە. ئەوان ئاڵای سووریایان لە زۆربەی بینا دەوڵەتی و گشتیەکان هێناوەتە خوارەوە.

ڕووناک دەڵێ بەشێکی بەرچاو لە هیزەکانی بەشار ئەسەد کە لە باکووری ڕۆژهەڵاتی سووریا بوون، پاشەکشەیان کردوە و یەکێک لە فەرماندە گەورەکانی ناوچەکە کە سوننە بووە، بۆ تورکیا هەڵاتووە و هێزەکانی ژێر فەرمانی ئەویش گەڕاونەتەوە بۆ شارەکانیان.

ڕووناک دەڵێ ئەو پێی باشە لە بری ئامادەبوون لە وانەکانی زانکۆ، لە پێناو ڕووخاندنی ڕژێمی بەشار ئەسەد هەوڵ بدا و ئەمە کارێک بووە کە لە چەند مانگی ڕابردوودا ئەنجامی داوە.

هێشتاش لە هەندێک خاڵی هاتنە ژوورەوەی شار، بنکەی هێزەکانی دەوڵەت مابۆوە و خەڵک دەیانگوت هێزە ئەمنیەکان زۆر لاواز بوون و لە بنکەکانیان نایەنە دەرەوە. لەسەر ئاستی شاری دێرک شوێنەوارێک لە چەک بەدی نەدەکرا و زۆربەی دامودەزگاکانی دەوڵەت وەک جاران کراوە بوون.

سەعید حەمە، مامۆستای دەرکراو دەیگوت هەتا مانگێک لەمەوپێش زاتی نەبووە چاوی بە ڕۆژنامەنووسێک بکەوێ. ئەو بە بوونی هێزەکانی دەوڵەت زۆر بێزار بوو. "هەست بە ئازادی ناکەم، ئەگەرچی ئەمڕۆکە نامانکوژن، بەڵام تا ئەو کاتەی سەرجەم هێزە ئەمنیەکانی سووریا ناوچە کوردنشینەکان چۆل نەکەن، من هەست بە ئازادی ناکەم."

عێسامی تەمەن بیست و حەوت ساڵ دەیگوت کوردەکان نە دەیانەوێ لەگەڵ سوپای ئازادیخوازی سووریا بن و نە لەگەڵ ڕژێمی بەشار ئەسەد، ئەو دەیگوت ڕێگەی سێهەمیش هەیە: "ئێمە لەگەڵ هیچ کەسێک کە دان بە مافە نەتەوەییەکانمان دابنێ، کێشەمان نابێ."

کاربەدەستانی تورکیا زۆر جار پەکەکەیان بەوە تاوانبار کردووە کە هاوکاری ڕژێمی بەشار ئەسەد دەکا و دەڵێن حکومەتی بەشار ئەسەد بە ئەنقەست ناوچە کوردنشینەکانی ڕادەستی پەکەکە کردوە بۆ ئەوەی کێشە بۆ تورکیا بنێتەوە. بەڵام سیناریۆگەلێکی زۆر سەبارەت بە هۆکارەکانی پاشەکشەی دەوڵەت لە ناوچە کوردنشینەکان بەر گوێ دەکەوێ. هەندێک دەڵێن بەشار ئەسەد بە ڕادەست کردنی ئەم ناوچانە بە پارتی لایەنگری پەکەکە، دەیەوێ تۆڵە لە تورکیا بکاتەوە.

گروپێکی تر دەڵێن ئەگەر دیمەشق و حەلەب بکەوێتە دەست هێزەکانی نەیارەوە، بەشار ئەسەد ناوچەیەک بۆ عەلەوییەکان، لە کەنارەکانی دەریای مەدیترانە دادەمەزرێنێ. بە قسەی ئەوان ئەگەر بێت و کوردەکانیش لە باکووری ڕۆژهەڵات ناوچەیەکیان بە دەستەوە بێ، ئەگەری هاتنە ئارای سووریایەکی سوننە، مەترسیەکی کەمتری بۆ ئەوان دەبێ.

سوود وەرگرتنی کوردەکان لە سەرقاڵبوونی هێزەکانی دەوڵەت

بەڵام سیناریۆکانی تر، کە زۆربەی کوردەکانی سووریا بڕوایان پێیەتی، ئەوەیە کە دەوڵەت لە پێناو پاراستنی دیمەشق و حەلەب پێویستی بە هێزەکانێتی، بۆیە بە بانگهێشتکردنی ئەو هێزانە لە ناوچە کوردنشینەکانەوە، بۆشایی دەسەڵات دروست بووە، کوردەکان ئەم هەلەیان قۆستۆتەوە و کۆنتڕۆڵی ئەو شارانەیان گرتۆتە دەست.

بە درێژایی سەفەری پێنج ڕۆژەمان بە نهێنی، بێ ئەوەی بمانەوێ ڕووبەڕووی هێزە ئەمنیەکانی سووریا بووینەوە. لە بەردەم دادگای دێرک، فیلممان لە وێنەیەکی دڕاوی بەشار ئەسەد هەڵدەگرتەوە. سەربازێ کە نە جلی عەسکەری لەبەر دابوو و نە چەکی پێ بوو، بە نیگەرانیەوە سەیرمانی دەکرد. لەناکاو فەرماندەکەی بە جلی مەدەنیەوە هات و داوای لێکردین ئەو شوێنە چۆل بکەین.

گوتی ئەمە ئەرکی سەرشانێتی و تکای لێکردین "کێشەی بۆ دروست نەکەین." تاکوو چەند هەفتە لەمەوبەر، خەڵک زۆر لەم مەئمورانە دەترسا، بەڵام ئەمڕۆکە ئەوان زۆر نیگەران و پەشۆکاون.

بە مەبەستی چاوپێکەوتن لەگەڵ ساڵح موسلیم، سەرۆکی پارتی یەکێتی دیموکراتیکی کوردستانی سووریا، PYD، دەبوایە بڕۆینە قامیشلۆ، گەورەترین شاری کوردنشینی سووریا. لەسەر ڕێگەی چوونە ژوورەوەی قامیشلۆ، ژمارەیەکی زۆر لە خاڵەکانی پشکنین لە دەست هێزەکانی سووری دابوون. بەڵام سەنگەرەکانیان لە هەندێک شوێن بەتاڵ بوون. کۆمەڵێک کۆمیتە کە لە لایەن خەڵکەوە دروست کرابوون، شاری قامیشلۆیان بەڕێوە دەبرد.

لە کاک موسلیمم دەپرسم ئاخۆ PYD بەشێکە لە پەکەکە؟ ئەو دەڵێ ئامانجەکانیان لە عەبدوڵڵا ئۆجەلان نزیکە و پەیوەندییەکی ئاساییان لەگەڵ هەموو حزبەکانی کوردستان و لەوانە پەکەکە هەیە.

ئەو دەڵێ: "لە ماوەی چەند ساڵی ڕابردوودا، دەوڵەتی سووریا بە هەزاران ئەندامی پەکەکەی قۆڵبەست و ڕادەستی تورکیا کردۆتەوە. کەوابێ ناتوانین بڵێین پەکەکە هاوکاری دەوڵەت دەکا، خەبات بۆ کوردەکانی تورکیا ئامانجی پەکەکەیە بەڵام ئێمە پێگەیەکی جیاوازمان هەیە و ئامانجمان بەدیهێنانی مافی کوردەکانە لە نێوخۆی سنوورەکانی ئێستای سووریادا. ئێمە لە چوارچێوەی سووریایەکی دیموکراتدا، خۆبەڕێوەبەرایەتیەکی دیموکراتیکمان بۆ کوردەکان دەوێ."

لێم پرسی لە سەدا چەندی ناوچە کوردنشینەکان لە دەستی کوردەکان دایە و ئایا ئەوان لەگەڵ دەوڵەت لە پەیوەندی دان؟ ئەو گوتی: "لە کۆی ٢٣ میلیۆن خەڵکی سووریا، لە سەدا ١٤ کوردن و زیاتر لە ٥٠%ی ئەو ناوچانە کەوتۆتە دەست خەڵک. ئێمە وەک حزب هیچ پەیوەندییەکمان لەگەڵ دەوڵەت نییە. بەڵام کۆمیتەکانی خەڵک لە پێناو دابینکردنی ئاو، کارەبا و نان دەبێ لەگەڵ کاربەدەستان لە پەیوەندی دابن."

لە وەڵامی ئەو پرسیارەمدا کە بۆچی کوردەکان تەڤلی سوپای ئازادیبەخشی سووریا نەبوون و دژی بەشار ئەسەد شەڕ ناکەن، ساڵح موسلیم گوتی: "هێزەکانی ئۆپۆزۆسیۆن، یەکریز نین و هەندێکیان دەسکەلای وڵاتانی ناوچەکەن وەک تورکیا و عەرەبستانی سعودی، ئەلقاعیدە و سەلەفیەکان کاریگەرییەکی زۆریان لەسەر ئەوان هەیە. من لەگەڵ زۆر کەسی ئۆپۆزۆسیۆن کە لە گرتووخانە ناسیومن، پەیوەندیم هەیە. پێموایە مافی کوردەکان لە ڕێگەی توندو تیژییەوە دەستەبەر نابێ، ئێمە هەر ناتوانین بە یەکجاری لە ناویان ببەین، ئەوانیش بە ساڵان هەوڵیان داوە ئێمە لە ناو بەرن، وەک دەبینن هێشتا لێرەین، کەواتە شەڕ ڕێگە چارە نییە، بەڵام ئەگەر دەوڵەت بیەوێ بارودۆخی جاران بە سەر ئێرەدا بسەپێنێتەوە، ئێمەش شەڕ دەکەین."

لە ئەنجامی گەڕان بە شارەکانی دێرک، عامودێ و قامیشلۆ تێگەیشتین کە PYD پتەوترین حزبی کوردستانی سووریایە و زۆرترین لایەنگری هەیە. لە ڕابردوودا، ئەو حزبە و ژمارەیەک حزبی بچووکی ژێر چەتری کۆنگرەی نیشتمانی کوردستان KNC ناکۆکیان هەبوو. بەڵام مانگی ڕابردوو، حزبە کوردییەکانی سووریا بە میوانداری مەسعود بارزانی لە هەولێر کۆبوونەوە، سەرەڕای ناکۆکیەکانی ڕابردووی نێوان  PYD و KNC، لەسەر ئەوە ڕێککەوتن کە دەستەی باڵای بەڕێوەبردنی کوردستان دابمەزرێنن و دەسەڵات لە نێوان حزبەکان دابەش بکرێ.

نیگەرانی تورکیا لە بە مودێل بوونی کوردەکانی سووریا
ئەم دەستەیە دە ئەندامی هەیە، پێنج ئەندام لە KNC و پێنجی تر لە PYD. لە بیستی مانگی ژوئیەوە، ئەم کۆمیتەیە بە هاوبەشی شارە ڕزگارکراوەکان بەڕێوە دەبا.

لە شاری عامودێ کە بە تەواوەتی لە ژێر کۆنتڕۆڵی کوردەکان دایە، زۆربەی تابلۆکانی نێو شار بە کوردی نوسراون. سەردانی قوتابخانەیەکمان کرد کە بەمدواییانە بۆ خوێندن بە زمانی کوردی کراوەتەوە. هەر ئەمە دەیتوانی ساڵێک لەمەوپێش، سزای قورسی گرتووخانەی بەدواوە بێ. ئەم قوتابخانەیە نزیکەی ٢٦٠ خوێندکاری هەیە و خوێندکاران لە چەند دانێکی ڕۆژدا بە مەبەستی فێربوونی زمانی کوردی دێنە قوتابخانە.

مامۆستای قوتابخانە ئەندازیارێک بوو کە پاش تەواوبوونی کارەکانی لەوێ وانەی دەوتەوە.

دەوڵەتی تورکیا بە نیگەرانیەوە دەڕوانێتە ڕووداوەکانی کوردستانی سووریا. ئەمڕۆکە بەهێزترین حزبی سیاسی کوردی سووریا، لە ڕوانگەی ئایدیۆلۆژییەوە لە پەکەکە نزیکە. تورکیا لە لایەکەوە نیگەرانی ئەوەیە پەکەکە لە ناوچە کوردنشینەکانی سووریاوە هێرش بکاتە سەر هێزەکانی تورکیا و لە لایەکی دیکەوە ئەگەر کوردەکانی سووریا وەک کوردستانی عێراق بە جۆرێک لە ئۆتۆنۆمی بگەن، ئەمە لەوانەیە هاندەرێک بێ تاکوو لاوانی کوردی تورکیا بەشداری ڕیزەکانی پەکەکە بن و کوردەکانی تورکیاش ناوچەیەکی ئۆتۆنۆم دابمەزرێنن.

بە درێژایی چەندین ساڵ، هەزاران هەزار کوردی سووریا لە مافی پاسپۆڕتی سووری بێبەش بوون. دەوڵەتی بەعس ئەوانی بە بەشێک لە "نەتەوەی عەرەبی" لە قەڵەم نەدەدا. بەڵام ئەمڕۆ بارودۆخەکە زۆر گۆڕاوە.

ئەوان هیچکات بەو ڕادەیە بە وەدیهاتنی مافەکانیان هیوادار نەبوون. ساڵح موسلیم دەڵێ "ئێمە خوازیارین مافی کوردەکان لە قانوونی بنچینەیی سووریادا دانی پێدا بنرێ، ئێمە لایەنگری خودموختاری و دیموکراسین بۆ سەرجەم سووریەکان."

دیار نییە پاش کۆتایی هاتنی جەنگ – ئەگەر کۆتاییەک لە ئارا دابێ – چ چەشنە دەسەڵاتێک لە سووریا بەدی دێ. بەڵام ئەوەی ڕوون و ئاشکرایە کوردەکان سوود لە پێکدادانی بەشەکانی تری سووریا وەردەگرن.

زۆربەی ناوچە کوردنشینەکان لە پێکدادان و کوشت و کوشتار بە دوور بوون. باژێر و گوند لە کەشێکی هێمندا بەڕێوە دەبرێن. ئەگەر ئەم بارودۆخە بەردەوام بێ، هەر وەک کوردستانی عێراق، لەوانەیە کوردستانی سووریاش بتوانێ لەم گۆڕانکارییانەی سووریادا براوە بێ و جۆرێک لە خۆ مسۆگەڕ بکا.

۱۳۹۱/۰۵/۲۳

ئەڵتاش.. ئۆردوگا تۆقێنەرەکە | وتوێژ لەگەڵ هەفتەنامەی ئاوێنە


ئا: ئاوێنه‌

ئه‌ڵتاش، ناوی ئه‌و ئۆردوگا تۆقێنه‌ره‌یه‌ كه‌ به‌عس بۆ كورده‌ ئاواره‌كانی كوردستانی رۆژهه‌ڵاتی ساز كردو ماوه‌ی بیست ساڵ له‌نێو ئه‌و ئۆردوگا ته‌لبه‌ندكراوه‌ لماوییه‌ی بیابانی رۆمادیدا توندی كردن.
ئه‌م خه‌لَكه‌ كه‌ نزیكه‌ی په‌نجا هه‌زار كه‌س ده‌بوون، زێدی ڕه‌سه‌نی خۆیان ده‌كه‌وته‌ پشتێنه‌یه‌كی باریكی سه‌ر سنووره‌وه‌ به‌دیووی ئێراندا كه‌ "كرماشان و قه‌سری شیرین و جوانڕۆ و سه‌رپێلی زه‌هاو" ده‌گرێته‌وه‌. ئه‌م خه‌ڵكه‌ له‌گه‌ڵ هه‌ڵگیرسانی جه‌نگی ئێران و عێراقدا له‌به‌ر چه‌ندین هۆكاری جیاواز ئاواره‌ و په‌ڕیوه‌ی خاكی عێراق بوون و حكومه‌تی به‌عسیش له‌ساڵی 1982دا هه‌موویانی كۆكرده‌وه‌ و له‌بیابانی ئه‌ڵتاش "له‌دووری 160 كیلۆمه‌تر له‌به‌غداو نزیك سنووری ئۆرده‌ن" به‌ته‌لی دڕكاوی ئۆردوگاكه‌ی ته‌لبه‌ند كردن، كه‌ وه‌ك دوڕگه‌یه‌ك وابوو له‌بیابانێكی وشك هه‌ڵاتووی عه‌ره‌بنشیندا.
"سه‌لاحه‌دینی بایه‌زیدی" كه‌ یه‌كێكه‌ له‌و كورده‌ چالاكانه‌ی به‌دوای روخانی سه‌دامدا ڕووی كردووته‌ ئه‌ڵتاش و ساڵێكی ژیانی له‌و ئۆردوگایه‌دا به‌سه‌ر بردووه‌، ده‌ڵێت "له‌ئه‌ڵتاشدا، ژیان تیا تا دوا سنوور سه‌خت و دژوار بوو، خانووه‌كانی ئه‌م ئۆردوگایه‌ گڵ و تاریك و بچكۆلانه‌ و داته‌پیو بوون، خه‌ڵكه‌كه‌ی سیمایان برسی، منداڵه‌كانی چڵكن و چڵمن، كچه‌كانیشی ده‌تووت له‌دۆزه‌خدان كه‌ گه‌وره‌ترین رێژه‌ی خۆسووتاندنی ژنانی تیا بوو به‌به‌راورد به‌رێژه‌ی دانیشتوانه‌كه‌ی".
بایه‌زیدی ئاماژه‌ به‌وه‌ ده‌كات كه‌ ئه‌م ئۆردوگایه‌ زۆر له‌ئۆردوگای فه‌له‌ستینی نشینه‌كانی كه‌رتی رۆژئاواو باریكه‌ی غه‌زه‌ و به‌یروت داماوتر و تراژیدیتر بووه‌، سه‌رباری ئه‌وه‌ش له‌ڕووی هه‌ڵكه‌وته‌ی جوگرافیشه‌وه‌ ئه‌م په‌نابه‌رانه‌ خزێنرابوونه‌ ناوچه‌یه‌كه‌وه‌ كه‌ ته‌نانه‌ت نه‌ك گیای تیا سه‌وز نابێت، به‌ڵكو دڕك و داڵیشی تیا ناڕوێت.
بایه‌زیدی باس له‌وه‌ ده‌كات كه‌ ئه‌و په‌نابه‌رانه‌ له‌لایه‌ن رێكخراوه‌ مرۆڤدۆسته‌كانی وه‌ك خاچی سوور و كۆمیساریای بالای په‌نابه‌رانه‌وه‌ كۆمه‌ك و به‌خێو ده‌كران. هه‌روه‌ها وه‌ختی خۆی كه‌ براونه‌ته‌ ئه‌وێ، ئیتر بۆیان نه‌بووه‌ به‌بێ مۆڵه‌تی رێپێدراو له‌لایه‌ن ئیستیخباراتی عێراقه‌وه‌ له‌ئۆردوگاكه‌ بچنه‌ ده‌ره‌وه‌ له‌حاڵی چوونه‌ ده‌ره‌وه‌شیاندا بۆیان نه‌بووه‌ سه‌ردانی كوردستان بكه‌ن، هه‌رچه‌نده‌ كوردستانیش له‌ژێر ده‌ستی رژێمی عێراقدا بوو، به‌ڵكوو چوونه‌ ده‌ره‌وه‌كه‌یان ته‌نها له‌سنووری رۆمادیدا بوو. ئه‌و ده‌ڵێت "تراژیدیایه‌كی تری ئه‌و خه‌ڵكه‌ ئه‌وه‌ بوو كه‌ به‌شێك له‌م كوردانه‌ سه‌ر به‌ئاینزای ئه‌هلی هه‌ق بوون و له‌و چوارده‌وره‌ عه‌ره‌به‌ سوننه‌نشینه‌دا وه‌ك كافر سه‌یر ده‌كران".
ئه‌و هه‌لومه‌رجه‌ به‌وپه‌ڕی ناله‌بارییه‌وه‌ تا ڕووخانی رژێمی سه‌دام به‌رده‌وام بوو، به‌دوای هه‌ره‌سهێنانی ئه‌و رژێمه‌شدا زۆربه‌ی هه‌ره‌ زۆریان به‌دوای ژینێكی مرۆیانه‌تردا وێڵ بوون و ڕوویان كرده‌ كوردستان یان سنووری ئه‌رده‌ن، به‌ڵام هێشتا ژماره‌یه‌كی كه‌میشیان به‌هۆی ده‌ستكورتی و نائومێدییانه‌وه‌ به‌رامبه‌ر به‌جێنه‌كردنه‌وه‌یان له‌كوردستان و داڵده‌نه‌دانیان له‌ئه‌رده‌ندا به‌ناچار له‌ئه‌ڵتاشدا مانه‌وه‌.
بایه‌زیدی باس له‌وه‌ ده‌كات كه‌ چاره‌نووسی ئه‌وانه‌ی ئه‌ڵتاشیان به‌جێهێشت و ئه‌و رێژه‌ كه‌مه‌شی كه‌ له‌وێدا مانه‌وه‌، چاره‌نووسێكی غه‌مه‌نگێزو تراژیدیی بووه‌، چونكه‌ ئه‌وانه‌ی ئۆردوگاكه‌یان به‌جێهێشت و ڕوویانكرده‌ كوردستان یان سنووری ئه‌رده‌ن، تا ئێستاش له‌چه‌ندین كێشه‌و گرفتی گه‌وره‌دا ده‌ژین، ئه‌وانه‌شی كه‌ ماونه‌ته‌وه‌ تا ئێستا له‌ئۆردوگاكه‌دا و نزیكه‌ی 70 تا 100 خێزان ده‌بن، رووبه‌ڕووی چاره‌نووسێكی تراژیدیانه‌تر بوونه‌ته‌وه‌و ده‌ڵێت "ئه‌وانه‌ به‌شێكیان بوونه‌ قوربانی گروپه‌ تیرۆریسته‌كان، به‌شێكی زۆر كه‌میشیان بوونه‌ هاوكاری گرووپه‌ توندڕه‌وه‌كان و چوونه‌ پاڵ تیرۆریستان".
بایه‌زیدی ئاماژه‌ به‌وه‌ ده‌كات كه‌ له‌گه‌ڵ هه‌ڵكشانی كاری توند و تیژی و په‌ره‌سه‌ندنی هێز و توانای گرووپه‌ توندڕه‌وه‌ عه‌ره‌به‌ سوننه‌كان له‌ناو رۆمادی و ده‌وروبه‌ریدا، چه‌ندین جار هێرشیان كردووه‌ته‌ سه‌ر ئۆردوگاكه‌ و له‌سه‌ر ئه‌وه‌ی كورد بوون یان به‌تۆمه‌تی په‌یوه‌ندیكردن به‌ئه‌مه‌ریكییه‌كانه‌وه‌ گه‌نجه‌كانیان رفاندووه‌، ئه‌و ده‌ڵێت "یه‌كێك له‌هاوڕێ نزیكه‌كانم كه‌ ناوی شاهۆی عه‌باسی بوو له‌زانكۆی رۆمادی ده‌یخوێند له‌و كاته‌دا رفێندراو دوای چه‌ند رۆژێك ته‌رمه‌كه‌ی به‌سه‌ربڕدراوی دۆزرایه‌وه‌".
هه‌روه‌ها بایه‌زیدی ته‌ئكید له‌وه‌ ده‌كاته‌وه‌ كه‌ "كاره‌ساتی كورده‌ په‌نابه‌ره‌كانی ئه‌ڵتاش كاره‌ساتێكی گه‌وره‌ بوو، به‌ڵام وه‌ك پێویست له‌لایه‌ن حكومه‌تی هه‌رێم و حیزبه‌ كوردییه‌كانی ئێرانیشه‌وه‌ گرنگی و بایه‌خی پێنه‌درا، هه‌رچه‌نده‌ تا ئێستاش ئه‌م كاره‌ساته‌ی ئه‌وان هه‌ر به‌رده‌وامه‌ چونكه‌ له‌په‌رته‌وازه‌ییدا به‌هه‌ژاری و نائومێدی ده‌ژین و وه‌ك په‌نابه‌ری سیاسیش دان به‌مافه‌كانیاندا نه‌نراوه‌".

ژێدەر: