۱۳۹۴/۰۷/۱۰
هەڕەشەی خۆسووتاندنی کوردێک لەبەرامبەر کۆشکی فیدڕاڵ
دوێنێ پێنجشەممە (١ی ئۆکتۆبر)، بەرامبەر بە کۆشکی فیدراڵی، هاووڵاتییەکی سووریایی کە بە ڕەچەڵەک کوردە بەنزینی بە خۆی داکرد و هەڕەشەی خۆسووتاندنی کرد.
ڕۆژنامەی "بلیک" دەنووسێ بوویەرەکە ڕۆژی پێنجشەممە لە شاری بێرن لەپشت کۆشکی فیدڕاڵی لە سەعات ١٣:٣٠ بۆ ٢٠:٤٠ دەقە درێژەی خایاندووە. کەسێک کە خۆی بە کوردی سووریا ناساندووە، هەڕەشەی کردووە کە خۆی دەسووتێنێ. پۆلیسی کانتۆنی بێرن دەڵێ بێ هیچ گرفتێک کێشەکە چارەسەر کراوە.
پۆلیس هەروەها ئاماژە بەوە دەکا کە کەسەکە هیچی بەسەر نەهاتووە و بۆ شوێنی گونجاو گوازراوەتەوە.
کەسی ئاماژەپێکراو چل ساڵێکی تەمەنە، ئەندامێکی کۆنسەی بەڕێوەبەرایەتیی دەوڵەت و ڕۆژنامەنووسێکی ڕۆژنامەی "لۆتۆن" بە پیرییەوە چوون، بەڵام دیار نییە لەبەر چ هۆکارگەلێک هەوڵی داوە پەنا بۆ خۆسووتاندن بەرێ. بە پێی هەواڵێکی ماڵپەڕی "لۆتۆن" گۆیا ویستوویەتی بچێتە بریتانیا.
نووسینی دروشم لەسەر بینای دوو مزگەوت لە فریبوورگ
دوو بینا لە شاری فریبوورگ کە مزگەوتیان تێدا بووە، دروشمیان لەسەر نووسراوە و دروشمەکان پەیوەندییان بە پارتی کرێکارانی کوردستانەوە هەیە.
گالو ریس، بەرپرسی پەیوەندییەکانی پۆلیسی کانتۆنی فریبوورگ ڕایدەگەیەنێ "ئێمە ڕووداوەکان زۆر بەهەند وەردەگرین. لەسەر دیواری مزگەوت نووسرابوو "پەکەکە"، "تۆڵە" و "هەپەگە کە دەبێتە باڵی سەربازیی پەکەکە". دروشمەکان ناڕاستەوخۆ پەیوەندییان بە تێکهەڵچوونە خوێناوییەکانی ئەم مانگانەی دوایی سوپای تورکیا و شۆڕشگێڕانی کورد لە باشووری ڕۆژهەڵاتی تورکیاوە هەیە."
دوو بیناکە لە کۆڵانی ژوورا و شەقامیی ئەندووستری لە گەڕەکی پێرۆل هەڵکەوتوون و سەر بە ناوەندیی فەرهەنگیی ئیسلامیی فریبوورگن. ئەم دوو مزگەوتە زیاتر شوێنی نوێژ و عیبادەتی تورکەکانە، بەڵام کوردیش ڕووی تێدەکەن. شایەتحاڵێک کە بەردەوام دەچێتە مزگەوتی کۆڵانی ژوورا دەڵێ "سەرم سووڕماوە". هەر دوو بیناکە لە شەوێکدا دروشمیان لەسەر نووسراوە و وێدەچێ کەسەکانیش هەمان کەس بن.
ئەم بینایانە لە ژێر چاودێریی دان و ئێستا "دێمەنەکان لێکۆڵینەوەیان لەسەر دەکرێ". مزگەوتی گەڕەکی ژوورا چەند مانگ لەمەوپێش کامێرای چاودێریی داناوە. یەکێک لە ئەندامانی کۆمیتەی ناوەندیی فەرهەنگیی ئیسلامی دەڵێ "ئێمە نازانین بکەرەکان کێیە، بەڵام پێمان وایە خەڵکانی دانیشتووی فریبوورگن."
کوردەکان ئیدانەی دەکەن
ڕێکخراوی کوردەکانی فریبوورگ ئیدانەی نووسینی ئەو دروشمانە دەکا و بانگەوازێکی ئاشتیخوازانە بڵاو دەکاتەوە.
ڕێکخراوەکە لە بەیاننامەیەکدا "بە توندی" ڕووداوەکە ئیدانە دەکا و "ڕەتی دەکاتەوە هەر چەشنە پەیوەندییەکی بە نووسینی ئەو دروشمانەوە هەبێ."
ڕۆژنامەی لیبێرتێ
پێشەکییەک بۆ دەفتەری گەورە
ئاگۆتا کریستۆف، ژنە نووسەر، شاعیر، ڕۆماننووس و شانۆنامەنووسی سوییسی بە ڕەگەز هەنگارییە و ٣٠ی ئۆکتۆبری ١٩٣٥ لە گوندی "ژیسکڤاند"ی هەنگاریا لەدایک بووە. لە تەمەنی ٢١ ساڵیدا، پاش ئەوەی شۆڕشی ١٩٥٦ی هەنگاریا لە لایەن سۆڤیەتەوە تێک شکێنرا، لەگەڵ مێردەکەی و مناڵە چوار مانگەکەی هەنگاریایان بەجێهێشت و لە بەشی فەرەنسی زمانی سوییس، لە شاری "نۆشاتێل" گیرسانەوە. ئاگۆتا، لەو شارە بچووکەی سوییس، ڕۆژانە لە کارگەیەکی سەعات سازی ئیش دەکا و شەوانە خەریکی نووسین دەبێ. دوای فێربوونی فەڕەنسی، زمانی ئاوارەیی و غوربەت، زۆربەی هەرە زۆری نووسینەکانی بەو زمانە دەنووسێ.
ئاگۆتا کریستۆف بە شانۆنامە دەستی بە نووسین کردووە و بە سیانەی ڕۆمانەکانی بەردەوام بووە، ئەو سێ ڕۆمانەی نووسەریان بە جیهان ناساند. "دەفتەری گەورە" (١٩٨٦) یەکەم ڕۆمانێتی، پاشان ڕۆمانەکانی "بەڵگە" (١٩٨٨) و "سێهەم درۆ"ی (١٩٩١) نووسیوە. کریستۆف، خەڵاتی کتێبی نێونەتەوەیی لە ساڵی ١٩٩٢دا وەرگرتووە. ڕۆمانی دەفتەری گەورە، خەڵاتی باشترین کتێبی ئەوروپای لە ساڵی ١٩٨٧ پێ دراوە و بۆ زیاتر لە چل زمانی دونیا وەرگێڕدراوە. دوێنێ (رۆمان - ١٩٩٥)، نەخوێندەوار (ژیاننامە - ٢٠٠٤)، جیاوازییەکی ئەوتۆی نییە (کۆمەڵە چیرۆک - ٢٠٠٥) و تۆ لە کوێی ماتیاس؟ (شانۆنامە - ٢٠٠٦) چەند بەرهەمێکی تری ئەو نووسەرەن. ئاگۆتا کریستۆف، دواجار ساڵی ٢٠١١ لە شاری نۆشاتێل کۆچی دوایی کردووە.
رۆمانی "دەفتەری گەورە" بەرگی یەکەمی بەسەرهاتی دوانەیەکە کە بە ڕۆمانی "بەڵگە" (بەرگی دووهەم) و "سێهەم درۆ" (بەرگی سێهەم) بەردەوام دەبێ و هەر بۆیەش ناوی "تریلۆژی دوانەکان"ی لێ نراوە.
جەنگ، دوانەیەک لە شارێکی گەورە دادەبڕێ و ڕەوانەی ماڵی نەنکیان دەکا لە شارێکی تەریک و دوورەدەستی سەر سنوور، لەوێ وەبەر ژیانێکی سەخت و دژوار دەنرێن و ناچار دەبن لە تەمەنێکی کەمدا زۆر شت تاقی بکەنەوە. زۆربەی ڕووداوەکانی "دەفتەری گەورە"، چەند هەنگاو ئەولاتری سنووری نێوان دوو وڵات ڕوو دەدەن.
ئاگۆتا کریستۆف بە زمانێکی سادە، مینیماڵ و کاریگەر، بە تەنزێکی تاڵ، ڕەخنە لە کەشوهەوای پەروردە لە ماوەی ساڵانی جەنگدا دەگرێ. شان بە شانی دوانەکان، ڕووداوە تاڵ و ناخۆشەکانی ئەو ساڵانە لە دەفتەرێکدا دەنووسێتەوە و لە توێی کتێبێکدا دەیانخاتە بەر چاوی خوێنەر.
"دەفتەری گەورە"، یەکەم بەرهەمی وەرگێڕدراوی ئاگۆتا کریستۆفە بە زمانی کوردی. هیوادارم بە گوێرەی شیاو توانیبێتم ئەم نووسەرە بە خوێنەرانی کورد بناسێنم.
سەلاحەدین بایەزیدی
۱۳۹۴/۰۷/۰۹
دەفتەری گەورە
ناوی کتێب: دەفتەری گەورە
نووسەر: ئاگۆتا کریستۆف
وەرگێڕ: سەلاحەدین بایەزیدی
بابەت: ڕۆمان
نۆرەی چاپ : دووهەم
نرخ: 10000 تمەن(4500 دینار)
ژمارەی لاپەڕە : 194
ساڵی چاپ: 1393
ISBN: 78-600-94520-4-0
چاپەمەنی مانگ
رۆمانی "دەفتەری گەورە" بەرگی یەکەمی بەسەرهاتی دوانەیەکە کە بە رۆمانی "بەڵگە" (بەرگی دووهەم) و "سێهەم درۆ" (بەرگی سێهەم) بەردەوام دەبێ و هەر بۆیەش ناوی "تریلۆژی دوانەکان"ی لێ نراوە. شهڕ، دوانەیەک لە شارێکی گەورە دادەبڕێ و رەوانەی ماڵی نەنکیان دەکا لە شارێکی تەریک و دوورەدەستی سەر سنوور، لەوێ وەبەر ژیانێکی سەخت و دژوار دەنرێن و ناچار دەبن لە تەمەنێکی کەمدا زۆر شت تاقی بکەنەوە. زۆربەی رووداوەکانی "دەفتەری گەورە"، له چەند هەنگاو ئەولاتری سنووری نێوان دوو وڵاتدا روو دەدەن.
***
- دەفتەری گەورە
- چاپی یەکەم: زستانی ٢٠١٤
- بەرگ: یاسر گوڵی
- لە بڵاوکراوەکانی ناوەندی نووچە و شڕۆڤەی رۆژ
- چاپخانە: ڕۆژهەڵات/هەولێر
- لە بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی کتێبخانە گشتییەکان ژمارەی سپاردنی (٢٠٤)ی ساڵی ٢٠١٤ی دراوەتێ.
۱۳۹۴/۰۷/۰۸
نەوەکەی میسیۆ لین، یەکەم ڕۆمانی وەرگێڕدراوی فیلیپ کلۆودێل
نسێ
فیلیپ کلۆودێل، نووسەر، دەرهێنەر و فیلمنامەنووسیی ناسراوی فەرەنسی و ئەندامی ئاکادیمیای وێژەیی "گۆنکوور"ە. ڕۆمانی "نەوەکەی میسیۆ لین"ی لە ساڵی ٢٠٠٥دا نووسیوە و ساڵێک دوای نووسینەکەی خەڵاتی ئەوروپی (Euregio)ی پێ بەخشراوە.
ئەم ڕۆمانە بەسەرهاتی پیاوێکی پیر و تەنیا دەگێڕێتەوە کە بە هۆی شەڕ ناچار بووە زێد و نیشتیمانی خۆی جێ بهێڵێ و لەگەڵ نەوەکەی کە چەند هەفتەیەکی تەمەنە، پەنا بەرێتە بەر مەنفا. شوێن لەم ڕۆمانەدا غایبە و نووسەر باسی ئەوە ناکا کە ئەم پیرەمێردە خەڵکی کوێیە و پەنا دەباتە بەر کام وڵات، بەڵام ئاماژەکان دەریدەخەن کە ئاوارەیەکی جەنگی ڤیەتنامە.
"میسیۆ لین"، قارەمانی ڕۆمانەکە، هەموو کەس و کاری لە ئەنجامی بۆردوماندا لەدەست داوە و تەنیا دەتوانێ نەوەکەی ڕزگار بکا. بۆیە دەیەوێ بە هەر نرخێک بووە نەوەکەی بپارێزێ. لە ڕێگەی قاچاغ دەدا و پێ دەنێتە شارێکی گەورەی وڵاتێکی غەریبەوە کە هیچ شتێکی بۆ ئەو ئاشنا نییە. بەڵام لە وڵاتی نوێ، ڕۆژێک لەسەر کورسییەک تووشی کابرایەک دەبێ کە وەک ئەوانی تر لە زمانەکەی تێناگا، وەلێ هەست و غەمی هاوبەش دەیانکاتە دوو هاوڕێی گیانی بە گیانی.
ڕۆمانی "نەوەکەی میسیۆ لین" بە زمانێکی یەکدەست و شێوازێکی ساکار نووسراوە، بەڵام خوێنەر وەڕەز ناکا و دەیخاتە نێو بیرکردنەوەیەکی قووڵەوە. هەر لە سەرەتاوە خوێنەر دەکاتە هاوڕێیەکی نزیکی میسیۆ لین و وای لێدەکا بە پەرۆش و نیگەرانییەوە تا کۆتایی بەسەرهاتەکەی وازی لێ نەهێنێ.
فیلیپ کلۆودێل، ٢ی فێوریەی ساڵی ١٩٦٢، لە شارێکی سەر بە ناوچەی "لۆرێن" لەدایک بووە. بێجگە لە وانەگوتنەوە لە زانکۆ لە بوارەکانی ئەدەبیاتی مۆدێرن، کۆمەڵناسی و سینەما، مامۆستای گرتووخانەش بووە و لەگەڵ کەمئەندامان کاری کردووە. لە ساڵی ٢٠١٢ەوە ئەندامی ئاکادیمیای وێژەیی "گۆنکوور"ە. نووسەری کۆمەڵێک ڕۆمانی بەناوبانگ وەک: "ڕۆحە خۆڵەمێشییەکان" (٢٠٠٣)، "نەوەکەی میسیۆ لین" (٢٠٠٥)، "ڕاپۆرتی برۆدێک" (٢٠٠٧)، "لێکۆڵینەوە"(٢٠١٠)، "عەترەکان" (٢٠١٢)ە کە دەنگدانەوە و خوێنەری بەرچاویان لە فەرەنسا هەبووە. ڕۆمانەکانی بۆ زۆر زمان وەرگێڕدراون و بە هۆیانەوە دەیان خەڵاتی ئەدەبی وەرگرتووە.
نەوەکەی میسیۆ لین، لە لایەن کتێبفرۆشی غەزەلنووسەوە چاپ و بڵاو کراوەتەوە.
۱۳۹۴/۰۷/۰۷
نەوەکەی میسیۆ لین
نەوەکەی مسیۆ لین
ڕۆمان
فیلیپ کلۆودێل
سەلاحەدین بایەزیدی
لە فەرەنسییەوە کردوویه به كوردی
- بهرگ: باسم ڕەسام
- چاپ: یەکەم – 2015
- چاپخانه: تاران
- تیراژ: 1000 دانه
- نرخ: 4000 دینار
- بڵاوكار: ناوهندی غهزهلنووس- بۆ چاپ و بڵاوكردنهوه
له بهڕێوهبهرایهتیی گشتیی كتێبخانه گشتییهكان ژمارهی سپاردنی 1508ـی 2015ـی پێ دراوه.
۱۳۹۴/۰۷/۰۶
سهلاحەدین بایهزیدی بۆ میللهت: من تازهترین ڕۆمانه فهرهنسییهکان وهردهگێڕم
سازدانی: میللهت / ئهدهب و هونهر
سهلاحەدین بایهزیدی وهرگێڕێکی کورده، که له فهرهنسییهوه بۆ کوردی وهردهگێڕێت و نیشتهجێی سویسرایه. ئهو سێ ڕۆمانی ئاگۆتا کریستۆفی کردووه به کوردی که سێیینهیهکه. ههروهها ڕۆمانی "وڵاتێک بۆ مردن"ـی عهبدوڵڵا تایع. تازهترین وهرگێڕانی بریتییه له ڕۆمانی "نهوهکهی میسیۆ لین" که هیی فیلیپ کلۆودێله. بۆیه "میللهت" به پێویستی زانی ئهم گفتوگۆیهی لهگهڵدا ئهنجام بدات.
میللەت پرێس: سەرەتا باسێکی ئەوەمان بۆ بکە، کە چۆن لەگەڵ فیلیپ کلۆودێل و ڕۆمانی "نەوەکەی مسیۆ لین"ـدا ئاشنا بوویت؟
فیلیپ کلۆودێل لە ئەدەبیاتی ئەمڕۆی فەرەنسادا ناوێکی ئاشنایە و بە حوکمی ئەوەی من بە گشتی ئۆگری ئەدەبیاتی مۆدێڕنی فەرەنسام، زیاتر هەوڵ دەدەم بە دوای ئەو کتێبانەدا بچم کە ئەم ساڵانەی دوایی نووسراون، بەدەگمەن وا هەیە دەست بۆ کتێبی کۆن یان ئەدەبیاتی کلاسیک بەرم مەگەر لەلایەن وەشانخانەیەکەوە پێشنیارم پێ بکرێ، بۆیەش بڕیارم دا کتێبێکی کلۆودێل بە کوردی وەربگێڕم. سەرەتا ڕۆمانی "ڕۆحە خۆڵەمێشییەکان"م لێ خوێندەوە و لەبەر ئەوەی بە لامەوە زۆر سەرنج ڕاکێش بوو، بیرم لە وەرگێڕانی کردەوە، چەند لاپەڕەیەکم لێ وەرگێڕابوو کە بەهەڵکەوت خاتوونێک ڕۆمانێکی تری ئەو نووسەرەی پێ ناساندم و هانی دام بیخوێنمەوە. بەمجۆرە بڕیارم دا سەرەتا "نەوەکەی میسیۆ لین" وەربگێڕمە کوردی. هەرچەند لە کوردستاندا ناساندنی نووسەر و کتێبی نوێ ڕیسکە، بەڵام خۆشبەختانە کتێبفرۆشی غەزەلنووس پێشوازی لە کتێبەکە کرد. بەداخەوە پڕۆسەی وەرگێڕان لە کوردستان بە گشتی لە ژێر کاریگەریی کۆمەڵگەی فەرهەنگیی فارس یان عەڕەب دایە و نووسەرێکی ئەوروپی کە لە لایەن ئەوانەوە ناسراو نەبێ و کتێبەکانی وەرنەگێڕدرابن، بۆ وەشانخانەکانی کوردستانیش نامۆیە و بە ئاسانی خۆی لە قەرە نادەن. بۆ نموونە کە ڕۆمانەکانی ئاگۆتا کریستۆفم وەرگێڕایە سەر زمانی کوردی لەگەڵ یەک دوو ناوەندی چاپ لە کوردستان قسەم کرد، چونکە ناوی نووسەرەکەیان نەبیستبوو، تەنانەت بێ ئەوەی چاوێکی پێدا بخشێنن یان تێبینییەکیان لەسەر وەرگێڕانەکە هەبێ، ڕەتیان کردەوە. یانی مامەڵەکردن لەگەڵ ناو و پشتگوێخستنی دەق نەک هەر نووسەرانی کورد، بەڵکوو نووسەرانی بیانیشی گرتۆتەوە.
میللەت پرێس: ئەو تایبەتمەندییانە چین کە ڕۆمانی "نەوەکەی مسیۆ لین" لە ڕۆمانێکی دیکە جیا دەکاتەوە و وای لە تۆ کرد بە پێویستی بزانیت وەری بگێڕێت؟
زمانی شاعیرانەوە و گێڕانەوەی ساکاری ڕۆمانەکە هاندەری سەرەکیم بوون. جگە لەوەش زۆر زوو توانیم پەیوەندییەکی ڕۆحی لەگەڵ ڕۆمانەکە ببەستم، وەک پەنابەرێکی سیاسی خۆم لە زۆر شوێنی ڕۆمانەکە دەدیتەوە و هەستم کرد خوێندنەوەی ئەم ڕۆمانە بۆ خوێنەری کورد بێ سوود نابێ، بەتایبەت کە ئێمەش وەک کورد چەندین دەیەیە بە هۆی جەنگ، ماڵوێرانی، نائارامی و هێرشی داگیرکەران لەگەڵ دیاردەی کۆچی نائاساییدا ڕووبەڕووین. بەسەرهاتی میسیۆ لین بەسەرهاتی هەزاران پەناخوازی لاو و پیری کوردە، بە هۆی ئەوەی شوێن لە ڕۆمانەکەدا غایبە، خوێنەر ڕاحەتتر دەتوانێ زێد و نیشتیمانی خۆی لەو شوێنانەدا وێنا بکا. زۆر خاڵی هاوبەش لە نێوان وڵاتی میسیۆ لین کە دەبێ ڤییەتنام بێ لەگەڵ کوردستان بەدی دەکرێن، هەروەها چارەنووسی میسیۆ لین کە ناچار دەبێ لەو تەمەنەدا نیشتمانی خۆی جێ بهێڵێ و ڕوو بکاتە تاراوگە، ئێستاشی لەگەڵ بێ، چارەنووسی دەیان هەزار کوردە.
میللەت پرێس: کلۆودێل خۆی دەرهێنەری سینەماشە، بە بۆچوونی تۆ کە وەرگێڕی ڕۆمانەکەی، پێت وایە دیدێکی سینەمایی بەسەر ڕۆمانەکەدا زاڵ بێت؟
بەڵێ، ڕۆمانەکە پڕە لە دیمەنی سینەمایی و فلاشبەک. وەک ئاماژەتان پێکرد کلۆودێل خۆی دەرهێنەرە و تا ئێستا سێ سیناریۆنامە و چوار فیلمی درێژی بەرهەم هێناوە کە بریتین لە: دەمێکی درێژە تۆم خۆش دەوێ، هەموو خۆرەکان، پێش زستان و مناڵێتییەک. کە ڕۆمانی "نەوەکەی میسیۆ لین"یش دەخوێنیتەوە، هەست دەکەی سەیری فیلمێکی سینەمایی دەکەی و ئەوەش وا دەکا لە خوێندنەوەی جاڕز نەبی. ئەم دیمەنانە بە تایبەت لە وەسفی سرووشت و ڕووداوەکانی دەوروبەردا پتر خۆی دەنوێنێ. فیلمێکە کە دەبێ لە پای دابنیشی و چاوەڕوانی کۆتاییەکەی بی. چونکە لە چەند دیمەنی دواییدا کلیلی ڕووداوەکانت پێ دەدا.
میللەت پرێس: تۆ کەسێکی چالاکی و لەم ساڵانەی دواییدا بەردەوام کتێبی تازەت هەبووە. دەتوانیت پێمان بڵێیت پرۆژەی داهاتووت چییە؟
ئێستا خەریکی وەرگێڕانی ڕۆمانێکی رۆمەن گاریم و ئەوەندەی من ئاگادار بم ئەمە دەبێتە یەکەم ڕۆمانی وەرگێڕدراوی ئەو نووسەرە ناسراوەی فەرەنسا بە کوردی. یەکێکە لە ڕۆمانە بەناوبانگەکانی کە بە نازناوی ئەمیل ئاژار نووسیویەتی.
ژێدەر:
http://www.milletpress.com/art/post_detail.php?id=1069
ژێدەر:
http://www.milletpress.com/art/post_detail.php?id=1069
شۆرباوگۆشت

فیلیپ کلۆودێل
لە فەرەنسییەوە: سەلاحەدین بایەزیدی
دەوروبەری سەعات دوانزە و نیوی شەو بوو کە دواجار پیاوەکە توانی لوویی بدۆزێتەوە کە لە پشت قەنەفە سەوزەکەی ژووری دایک و باوکی شارەزایانە خۆی حەشار دابوو. چەندین کاتژمێر هەموو کوون و کەلێنێکی ماڵێی بۆ گەڕابوو. لوویی بە هەموو هێزی خۆی قیژاندبووی، ڕایکردبوو، هەڵبەزیبوو، دابەزیبوو، دەرگاکانی پێک دادابوو و کەس وەڵامی نەدابۆوە، کەس بۆ چارەنووسی ئەو بە پەرۆش نەببوو، نە باوکی، نە دایکی و نە دادە ژۆزێفینی. ئەوە چەندین شەوە پیاوەکە هەوڵ دەدا بیگرێ. پیاوەکە زەبەلاح و دەستەکانی پان بوون. کەلـلەسەری هەندێک لە هی گا دەچوو. قەت قسەی نەدەکرد. تا ئەو ساتەوەختە، لوویی بەردەوام توانیبووی خۆی لە چنگی ڕزگار بکا، بەڵام ئەمجارەیان پیاوەکە لەو بەهێزتر بوو. هەڵیکوتابووە سەر قەنەفە سەوزەکە و توند پڕی دابووە ملی کوڕیژگەکە و بۆ دەرەوەی ژوورەکە بە دووی خۆیدا ڕایکێشابوو. لوویی تەنیا دەرفەتی ئەوەی بۆ ڕەخسابوو باوک و دایکی ببینێ کە لەسەر قەرەوێڵەکەیان خرپ بۆی خەوتبوون. هەوڵی دا هاوار بکا و وە خەبەریان بێنێتەوە بەڵام هیچ دەنگێک لە زاری نەدەهاتە دەر. پیاوەکە بە قژ ڕایکێشا، بردیە دەرەوە، لە چاوترووکانێک بە قادرمەکاندا شۆڕی کردەوە و فڕێی دایە نێو مەتبەخەوە. لوویی بەسەر کاشییەکاندا کەوت. هەترەشی چووبوو. پیاوەکە وەک ئاژەڵێکی زل مشە مشی دەهات و تاو نا تاوێ هۆڕە هۆڕێکی لێ بەرز دەبۆوە. دەرکەی گشت دۆڵاب و چەکمەجەکانی کردبۆوە، لە شتێک دەگەڕا و بۆی نەدەدۆزرایەوە. ئەمە تووڕەی کردبوو. دەستێک دەوری هەڵگرت و ورد و خاشی کردن، پاشان چێشت گەرمکەرەوە، نان برژێن، ئاومیوەگر و مەکینەی قاوەکەشی فڕێ دایە سەر عەردی. مەتبەخ لە مەیدانێکی جەنگی ڕاستەقینە دەچوو. لوویی هەروا دەگریا. دواجار، پیاوەکە بە دیوارەوە ئەو شتەی بینی کە بە دوایدا وێڵ بوو. چەقۆیەکی گەورە! لەوانەی دمەکەیان سی سەنتیمەترێکە! لە خۆشیان هاواری لێ بەرز بۆوە، چەقۆکەی بە دەستێکەوە گرتبوو و بە دەستەکەی تریشی لوویی. کتوپڕ و بە وردی، قۆڵی ڕاستی کوڕیژگەکەی کردە چەند لەت. خوێن فیچقەی کرد و بەسەر پیاوەکەدا پژا کە ڕووخساری هەروا لە نێو تاریکیدا ون ببوو. ئینجا پیاوەکە قۆڵی چەپی، گوێچکەکانی، مەچەکی، ئەژنۆ و ڕانەکانی هەنجن هەنجن کرد. خوێن وەک ڕووبارێکی بەخوڕ دەخرۆشا. ئێش و ژان ئامانی لێ بڕیبوو. مەتبەخەکە سوور سوور دەچۆوە. لوویی توندتر لە پێشوو دەیقیژاند بەڵام بێ بەزەییانە پێش بە هاوارەکەی گیرا چونکە پیاوەکە زمانی بڕی، پاشانیش لێوەکانی، سەری و ملی لە لەشی جیا کردەوە. لوویییش بەر لەوەی پیاوەکە چاوەکانی دەربێنێ، تەنیا دەرفەتی ئەوەی بۆ لوا لەت و کوتەکانی جەستەی لە نێو مەنجەڵێکی پڕ لە ئاو، پیواز، توور، پەتاتە، مێخەک و گێزەردا ببینێ. دواتر ئیدی تەواو.
چەند سەعاتێک دواتر، لوویی لە مەتبەخ نان و چای بەیانی خوارد. خوێنەکە هەمووی پاقژ کرابۆوە، کەلوپەلە شکاوەکان کۆ کرابوونەوە و پیاوەکە بێ سەروشوێن ببوو. وەک سەرجەم بەیانییەکانی تر، ژۆسێفین بە دەم پیاڵە شۆکۆڵاتەکەیەوە خەونووچکە بردبوویەوە. باوک ڕۆژنامەکەی دەخوێندەوە. دایک پەیتا پەیتا دەیگوت هەموویان وە درەنگی کەوتوون. لوویی ئازای ئەندامی دێشا. هەر بە ڕاستی وەزعی باش نەبوو بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا دەبوایە بچێ بۆ قوتابخانە. لە کاتی ڕۆیشتنە دەرەوەدا، دایکی بە هێمنی ماچی کرد و بە گوێچکەیدا چرپاند: "ئەمشەو باشتر دەبی ئازیزە بچکۆلانەکەم: بۆ ئەوەی هێز و تینت بێتەوە بەر، دایکت خواردنە خۆشەکەت بۆ ساز دەکا، شۆرباوگۆشتێکی بەتام!"
۱۳۹۴/۰۵/۲۳
ژیان گەر یەک ڕیتمی وەرگرت، خۆبەخۆ بێڕەنگ دەبێت
هەژار فەقێ سلێمان*
ژیان گەر یەک ڕیتمی وەرگرت، خۆبەخۆ بێڕەنگ دەبێت.
یەکێک لەو چێرۆکانەی لە هەناوی ڕۆمانی (نەوەکەی میسێۆ لین)ی (فلیپ کلۆودێل) ڕای گرتم ئەوە بوو، کە میسێۆ لین دەیەوێت لە خەڵوەتگەی پیری هەڵبێت و بچێتە دیدەنی هاوڕێکەی، ئەو هاوڕێیەی کە هیچ لە زمانەکەی تێناگا، کەچی غەم و کەسەری ژیان و هاوبەشییان لە غەریبی ئەم بە وڵات و غەریبی ئەو لە هاوشارییەکانی کردبوونییە هاوڕێی گیانی. لە هەڵهاتنی یەکەمدا چاودێری دەکرێت و دەگیرێت، وەلێ لە جاری دووەمدا بە درێژایی چەند ڕۆژێک خۆی بە یەک نەزم لە ژیان و هەڵسوکەوتەوە سەرقاڵ دەکات، تاوەکو بیر دەچێتەوە و لە دواییدا سەرکەوتووانە هەڵدێت.
یەکێک لەو چێرۆکانەی لە هەناوی ڕۆمانی (نەوەکەی میسێۆ لین)ی (فلیپ کلۆودێل) ڕای گرتم ئەوە بوو، کە میسێۆ لین دەیەوێت لە خەڵوەتگەی پیری هەڵبێت و بچێتە دیدەنی هاوڕێکەی، ئەو هاوڕێیەی کە هیچ لە زمانەکەی تێناگا، کەچی غەم و کەسەری ژیان و هاوبەشییان لە غەریبی ئەم بە وڵات و غەریبی ئەو لە هاوشارییەکانی کردبوونییە هاوڕێی گیانی. لە هەڵهاتنی یەکەمدا چاودێری دەکرێت و دەگیرێت، وەلێ لە جاری دووەمدا بە درێژایی چەند ڕۆژێک خۆی بە یەک نەزم لە ژیان و هەڵسوکەوتەوە سەرقاڵ دەکات، تاوەکو بیر دەچێتەوە و لە دواییدا سەرکەوتووانە هەڵدێت.
ئەمە و چەندین چیرۆکی تر لە هەناوی ئەم ڕۆمانەدا وەبەر دیدە دەکەوێت، سەرەڕای ئەو زمانە شعریییە بەرزە و ئەو هەموو وێنە هونەرییە ناوازەیە، کە لە زۆر جێگادا هەست دەکەی دەقێکی شیعری دەخوێنیتەوە.
سوپاس بۆ کاک سەلاحەدین بایەزیدی، وەک هەمیشە ئەم دەقە جوانەشی بە جوانی وەریگێڕاوەتە سەر زمانی کوردی، سوپاس بۆ غەزەلنووس بۆ لە چاپدانی وەها ڕۆمانێک.
بەو هیوایەم ئێوەش لە خوێندنەوەی ئەو ڕۆمانە بێبەش نەبن.
*لە لاپەڕەی فەیسبووکی نووسەر وەرگیراوە.
۱۳۹۴/۰۲/۲۴
۱۳۹۴/۰۲/۲۰
وڵاتێک بۆ مردن
وڵاتێک بۆ مردن
ڕۆمان
عەبدوڵڵا تایع
سەلاحەدین بایەزیدی
له فەڕەنسییەوە كردوویه به كوردی
•بەرگ: باسم ڕەسام
•نەخشەسازیی ناوەوە: سینا حەکیمزادە
•ڕێنووس و هەڵەچنیی: ئەکبەر حەسەن
•چاپ: یەکەم- ٢٠١٥
•چاپخانە: تاران
•تیراژ: ١٠٠٠ دانە
•نرخ: ٤٥٠٠ دینار
•بڵاوکار: ناوەندی غەزەلنووس- بۆ چاپ و بڵاوکردنەوە
لە بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی کتێبخانە گشتییەکان ژمارەی سپاردنی ١٣١٢ـی ساڵی ٢٠١٥ـی پێ دراوە.
۱۳۹۳/۱۲/۲۴
۱۳۹۳/۱۲/۱۲
کاک برایم و گوڵەکانی قورئان
کاک برایم و گوڵەکانی قورئان
ڕۆمان
ئێریک ئێمانوئێل شمیت
سەلاحەدین بایەزیدی
له فەرەنسییەوە کردوویە بە کوردی
- بەرگ: باسم ڕەسام
- چاپ: یەکەم- ٢٠١٥
- چاپخانە: تاران
- تیراژ: ١٠٠٠ دانە
- نرخ: ٣٠٠٠ دینار
- بڵاوکار: ناوەندی غەزەلنووس- بۆ چاپ و بڵاوکردنەوە
لە بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی کتێبخانە گشتییەکان ژمارەی سپاردنی ١١١٤ـی ساڵی ٢٠١٥ـی پێ دراوە.
...
پاریس، ساڵانی ١٩٦٠.
مۆمۆ، گوڕیژگەیەکی جوولەکەی تەمەن چاردە ساڵ، لە گەڕەکی "بلۆ(شین)" دەبێتە هاوڕێی کۆنە دووکاندارێکی عەڕەب بۆ ئەوەی خۆی لە چنگی خێزانێکی ساردوسڕ ڕزگار بکا.
لێ، ڕواڵەتەکان ڕاست دەرناچن: کاک برایم عەڕەب نییە، کۆڵانی "بلۆ"، شین نییە و ژیانی ڕۆژانەش هێندە ڕۆژانە و ئاسایی نییە…
کاک برایم و گوڵەکانی قورئان، بە زمانی جواروجۆر، زیاتر لە سێ میلیۆن نوسخەی لێ فرۆشراوە.
اشتراک در:
پستها (Atom)














