۱۳۹۵/۰۴/۱۷

قاسملوو و بۆسەی ڤییەن


کریس کۆچێرا
لە فەرەنسییەوە: سەلاحەدین بایەزیدی

 
ڕۆژی ١٣ی ژوییەی ١٩٨٩، لە ئاپارتمانێکی ڤییەن، دوو گولـلە لە سەری عەبدولڕەحمان قاسملوو، کوردی ئێران و نەیاری ڕژێمی کۆماری ئیسلامی [ئێران] درا و لە ئاکامدا ئەو و دوو هاوڕێی دیکەی کوژران. قاسملوو، ڕێبەری حزبی دیموکراتی کوردستانی ئێران (حدکا) بوو. لە دە ساڵ پێشترەوە، شەڕ سوپای تارانی دەستەویەخەی پێشمەرگەکان (شەڕڤانانی کورد) کردبۆوە.
دوا بە دوای یەکەمین خولی پەیوەندییەکان لە دێسامبری ١٩٨٨ و ژانوییەی ١٩٨، قاسملوو سەر لەنوێ لەگەڵ نێردراوانی ئێران پەیوەندی بەستەوە، یەکێک لەو نێردراوانە محەمەد جەعفەر سەحراروودی، جێگری سەرۆکی هەواڵگریی (دەرەکی) پاسدارانی شۆڕش لە کوردستانی ئێران بوو کە دوای تەقە کردنەکە بریندار دەبێ. پۆلیسی ئوتریش، ڕێگەی دا سەحراروودی کە برینەکانی چارەسەر کرابوون، نەخۆشخانە بەجێ بێڵێ، پاشان پەنا بباتە بەر باڵوێزخانەی ئێران و ڕۆژی ٢٢ی ژوییە خاکی ئوتریش بەجێ بێڵێ. ئێرانییەکی دی، بۆزۆرگیان ناوێک کە پاسدار بوو، ماوەیەک لە بنکەی پۆلیس ڕاگیرا، بەڵام دواجار حوکمی قۆڵبەستکردنی هەڵوەشایەوە و ئەویش توانی بگەڕێتەوە بۆ تاران. کەسی سێهەم، حاجی موستەفەوی لاجوەردیش، سەرۆکی دەزگای نهێنی (ناوخۆیی) لە کوردستان، توانی ئازادانە ئوتریش بەجێ بێڵێ.

بەڵگەیەکی ئاوارتە

ئەم گفتوگۆیانەی نێوان نێردراوانی تاران و سەرکردەکانی کورد لە لایەن بەشداربووانە تۆمار کراوە: کاسێتەکانی قاسملوو پاش ئەوەی لە لایەن پۆلیسی ئوتریشەوە دەستیان بەسەردا گیرا، ڕادەستی حدکا کران: عەبدوڵڵا حەسەن زادە، سکرتێری گشتیی حدکا، بە تایبەتی مۆڵەتی گوێگرتنی پێ داین. بەڵگەیەکی بەدەگمەنە: عەبدولڕەحمان قاسملوو لەوانەیە هەرگیز بە تێڕوانینێکی ڕاهێنەرانەی ئەوتۆ، بۆچوونی خۆی سەبارەت بە ئۆتۆنۆمی بۆ کوردستانی ئێران نەخستبێتە ڕوو. پرسیار و وەڵامەکانی ئەم لایەنە ئێرانییانە، بە دڵنیاییەوە ئاراستە دەکرێن، ئەوان پێیان وایە قسەکانیان هەرگیز لەقاو نادرێ، زۆر ڕاشکاوانە سایکۆلۆژی و شێوازی هزری بەرپرسانی کۆماری ئیسلامیی ئێران دەخەنە ڕوو کە لە نێوان چاوگەکانی چەمکگەلی سیاسی مۆدێرن و هی سەردەمی خەلافەتی عەلیدا هاتوچۆ دەکا.
ئاخۆ بکوژانی قاسملوو و هاوڕێ کوردەکانی، پاش بیستنی ئەم لێدوانانەی، بڕیاری لەناوبردنیان دان؟ یان بەر لە دەسپێکردنی قسەکانی، بڕیاری کوشتنیان دابوو؟ تەنیا شۆپاندنی پڕۆسەکە، دەتوانێ وەڵامی ئەم پرسیارانەمان بۆ ڕوون بکاتەوە. خوێندنەوەی ئەم بەڵگە ئاوارتەیە، ڕێگە بۆ ئەم سیناریۆیەی خوارەوە خۆش دەکا:
دەسەڵاتدارانی ئێران کە ئاگاداری ئەوە بوون جووڵانەوەی قاسملوو لە ئاکامی زەبرەکانی سوپای ئێران و دابەشبوونێکی نوێ (١٩٨٨) زۆر لاواز بووە و هەروەها ڕەنگە بە تێگەیشتن لە ویستی [قاسملوو] بۆ گەیشتن بە چارەسەرییەک لە ڕێگەی وتوێژەوە بەوە هیوادار بووبن کە بە نیوەی داخوازییەکانی قایل بێ: یاسایی بوونی حزبەکەی. بەڵام قاسملوو پێداگری لەسەر ویستی ڕاگەیاندنی ئۆتۆنۆمی بۆ کوردستان لە لایەن بەڕێوەبەرە نوێیەکانی ئێران دەکا (خومەینی ٤ی ژوئەنی ١٩٨٩ مردبوو)، شەوی ١٢ی ژوییەی ١٩٨٩، نێردراوەکانی تاران پاش یەکەم چاوپێکەوتن پەیوەندی بە بەرپرسانی خۆیانەوە دەگرن: دیارە فەرمان دراوە: "بیکوژن".
***
''سڵاوتان لێ بێ! ئێمە لەسەر ئەوە ڕێک کەوتووین ئەم دانوستانانە بە تەواوی نهێنی بمێننەوە"، سەحراروودی وا دەڵێ، چونکە "کۆمەڵێک دوژمن هەن نایانەوێ ئەم کێشانە چارەسەر بن"... سەحراروودی بە تایبەت ئاماژە بەوە دەکا: "تەنانەت لە نێوخۆی حکومەتی ئێرانیش، کەسانێک دژی ئەم دانوستانانەن؛ لە ئاستی بەڕێوەبەرایەتیدا، مەحاڵە ڕاشکاوانە باس لەم کێشەیە بکەین".
عەبدولڕەحمان قاسملوو ڕاستەوخۆ دەچێتە سەر باسەکە:
"لە چاوپێکەوتنی دواییماندا، لەسەر دوو خاڵی سەرەکی قسەمان کرد:
- پەژراندنی پرسی ئۆتۆنۆمی.
- پرسی چالاکی ئازادنەی حزبەکەمان لە نێوخۆی وڵات.
ئێوە وەڵامتان دایەوە کە ئێستاکە کاربەدەستانی ڕژێم لەگەڵ پەژراندنی بنەمای ئۆتۆنۆمی دانین. سەبارەت بە خاڵی دووهەم، ئێمە بە تێروتەسەلی لە دەفتەری سیاسی قسەمان کرد: گەلۆ پێشمەرگەکان واز لە چەکەکانیان دێنن یاخود نا؟ دەفتەری سیاسی پێی وایە مەحاڵە چەکەکان ڕادەست بکرێن. ئێوە لەوە تێدەگەن کە پاش دە ساڵ شەڕ و ئەو هەموو قوربانییە، ئۆتۆنۆمی بۆتە سیمبۆلی داواکارییەکانمان. ئاخۆ پێویستە وشەیەکی تر بەکار بهێنرێ؟ ئەگەر ئێوە ناواخنی ئۆتۆنۆمیتان قەبوڵ بێ، بۆچی لەم وشەیە دەترسێن؟"
قاسملوو لەوە ناپرینگێتەوە کە خۆی وەک پیاوی ئۆتۆنۆمی پێناسە بکا - "وەچەی من، وەچەی دیموکراسی و ئۆتۆنۆمییە''- و بەردەنگەکانی بانگهێشت دەکا لەگەڵی دا درێژە بە وتوێژەکان بدا، هۆشداریشیان پێ دەدا:
"هەڵبەت، ئەگەر کێشەی کورد چارەسەر نەبێ، ڕەنگە ئەمە ببێتە هۆی دابڕان لە ناوەند و جیاخوازی"...
سەحراروودی درێژە بە باسەکە دەدا: "ئەوە یەکەمجارە لە نێو خۆماندا باس لەوە دەکەین کە ئیسلام بیر لە کێشەی نەتەوەکان دەکاتەوە. لە پێناو چارەسەرکردنی کێشەکانمان، ئێمە گوێ لە هیچ کەس ناگرین، نە ڕۆژهەڵات، نە ڕۆژئاوا، ئێمە ئامادەین خۆمان لە پێناو بیروباوەڕمان بکەینە قوربانی."
نۆرە دەگاتەوە عەبدولڕەحمان قاسملوو: "دەمەوێ پێتان بڵێم من سەبارەت بە سەرجەم ئەو کۆسپ و تەگەرانەی لە بەردەم ڕاگەیاندنی ئۆتۆنۆمی ئاماژەتان پێدا، قایل نەبووم… ئێستا ئاغای خامنەیی و ئاغای ڕەفسەنجانی پێش‌نوێژی هەینی تارانن. ئەوان دەتوانن سەبارەت بە ئۆتۆنۆمی بۆ کوردستان ڕوونکردنەوە بدەن".
پاشان قاسملوو بە وردی باس لە تیڕوانینی خۆی سەبارەت بە ئۆتۆنۆمی دەکا:
"بۆ ئێمە چوار خاڵی سەرەکی لە ئارا دان:
- ئۆتۆنۆمی، واتە چڕنەبوونەوەی دەسەڵات لە ناوەند.
- دووهەم خاڵی سەرەکی بۆ ئێمە، زمانی کوردییە. کوردی دەبێ ببێتە زمانی فەرمیی هەرێمە کوردییەکان.
- سێهەم گرفت، دەستنیشانکردنی سنوورەکانی هەرێمی ئۆتۆنۆمە. بۆ ئەم مەبەستە، پێویستە فاکتەرە جوگرافی، ئابووری و لە هەمووی گرنگتر ویستی خەڵکی ئەو ناوچانەی کورد لێی دەژین، لەبەر چاو بگیرێ.
- خاڵی چوارەم بۆ گەلی کورد خاڵێکی سەرەکییە: دەبێ ئاسایشی نێوخۆیی هەرێمی کورد لە لایەن کوردەکانەوە بپارێزرێ.
ئەو چوار خاڵە گرنگەیە و ئێمە لەوە زیاترمان گەرەک نییە… ئەوەندەی پەیوەندی بە وەدیهاتنیانەوە هەبێ، ئێمە واقع‌بینین. بۆ نموونە، بۆ دیاریکردنی سنوورەکان، ناکۆکی چێ دەبێ. بەڵام کوردەکان ئامادە نین لە پێناو شتە لاوکییەکان شەڕ بکەن، ئەگەر شتە بنەڕەتییەکان پەسند بکرێن."
قاسملوو باسەکەی کۆ دەکاتەوە: "مەحاڵە وشەی "ئۆتۆنۆمی" بگۆڕدرێ. ئەم وشەیە واتایەکی سۆزداری و مێژوویی بۆ گەلی کورد هەیە. سیمبۆلێکە. وا هەست دەکەم ئێوە نێوەڕۆکەکەی دەپەژرێنن، بەڵام دەتانەوێ چاوپۆشی لە وشەکە بکرێ. کاتێک دەقێکی پیرۆزی ئیسلام دەخوێنینەوە، ناتوانین بێ گوتنی "بسم اللە الرحمن الرحیم'' دەست پێ بکەین. ئەوەش هەمان شتە، ئێوە نێوەڕۆکی ئۆتۆنۆمی پەسند دەکەن، بەڵام "بسم اللە الرحمن الرحیم'' نا."
ئێرانییەکان دەڵێن بەر لە دەسپێکردنەوەی گفتوگۆکان کە "هیوایەکی زۆریان ئافراندوە"، دەبێ پەیوەندی بە تارانەوە بگرن. پاشان لێک دادەبڕێن و دەڵێن بە مەبەستی دیاریکردنی سەعاتی چاوپێکەوتنی داهاتوو واتە بەیانی، تەلەفۆن دەکەن.
لە دیدارەکەی تردا، ڕۆژی ١٣ی ژوییە، سەحراروودی دەڵێ پەیوەندی بە "برادەرانی" لە تارانەوە گرتووە.
"ئێوە دوێنێ گوتتان کە کاربەدەستانی ئێرانی دەتوانن لە وتاری نوێژی هەینیدا باسی ئۆتۆنۆمی بکەن… هەندێک گیروگرفت هەن کە کاربەدەستانی ئێران و ئیمامەکان دەتوانن لە بارەیانەوە بۆ خەڵک بدوێن. بەڵام پێویستە بگوترێ کە هەندێک کێشە هەن کە ئێمە بۆچوون و تێڕوانینی جیاوازمان لەسەریان هەیە."
پاشان سەحراروودی باسێکی دوور و درێژ و لاڕێ دەست پێ دەکا: "دیارە ئێمە کێشەی ترمان هەیە: ماوەی دە ساڵە مشتومڕێکی گەرم لەسەر ڕۆڵی بازاڕ لە ئارا دایە: هەندێک دەڵێن نابێ ڕێگە بدرێ ئابووری ئێران کۆنتڕۆڵ بکرێ و هەژاران وەک هاووڵاتی پلە دوو بە حیساب بێن. ئەو کات ئیمام [خومەینی] لە ژیان دابوو و دەیگوت ئیسلام لەگەڵ کاپیتالیزم و کۆنتڕۆڵی دەسەڵاتدا نییە، ئیسلام لە نێوەڕاستە، دەنگی سێهەمە و پەیڕەوی تایبەت بە خۆی هەیە! با ئاماژە بە نموونەی بازاڕی دەرەکی بکەم: یاساکان سێ جار لە مەجلیس خرانە ڕوو، بێ هیچ چارەسەرییەک… دواجار لە کۆتاییدا، ناچار بوون حەواڵەی جڤاتی دەست نیشانکردنی بەرژەوەندییەکانی بکەن.
ئێستا با بێینەوە سەر باسی ئۆتۆنۆمی… هەر وەک مەسەلەی ئابوورییە: لەمبارەوە دوو ڕا هەن. بۆچوونێک سەردەمی حەزرەتی عەلی (جێنشینی محەمەد و چوارەم خەلیفە) بە بیر دێنێتەوە. حەزرەتی عەلی لە ناوەندی خەلافەتەوە حوکمڕانی دەکرد؛ بەڵام هەرێمی تریش هەبوون کە ناویان "ویلایەت" بوو، ''والی"ییەکان (حاکمەکان) لە چاو ئۆتۆنۆمی زۆر دەستیان ئاواڵاتر بوو. مەکتەبێکی تر هەیە کە دەڵێ ئەوە سەردەمی عەلی بوو و هەلومەرجی ئەمڕۆ جیاوازن: ئێمە بە دوژمن ئابڵۆقە دراوین، ئەو وڵاتانەی لە نێو ناتۆ دان، ڕژێمە کۆنەپارێزەکان، کە نا‌هێڵن ئۆتۆنۆمی لە چوارچێوەی سنوورەکانیدا بمێنێتەوە. هەوڵ دەدەن بەرفراوانتری بکەنەوە، بۆ ئەوەی بە دابڕان کۆتایی بێ. کەوابێ ئۆتۆنۆمی کێشەیەک نییە بە یەک دوو وتاری نوێژی هەینی چارەسەر بکرێ.
کێشەی دووهەم: حدکا دەیەوێ هەمان بارودۆخ بپارێزێ و لە هەمان کادا لە گەڵ کۆماری ئیسلامی ئێران دانوستان بکا؛ بەڵام بۆ ئەمەیان، دڵنیام کە پەسند ناکرێ."
سەحراروودی باسێکی تری ناپەیوەند دێنێتە گۆڕێ بۆ ئەوەی ڕوونی بکاتەوە سیستەمی ئیسلامی چلۆن کار دەکا: "نموونەیەکی ترتان بۆ دێنمەوە: پەیوەندییە دەرەکییەکان. ئەمە بە درێژایی چەندین ساڵ، بەر لەوەی بڕیارێک بدرێ، گفتوگۆی لەسەر کرا. ئەگەر ئێمە پەیوەندییەکانمان لەگەڵ ویلایەتە یەکگرتوەکانی ئەمریکا پچڕاندوە و نێوانمان لەگەڵ یەکێتی سۆڤیەت خۆش کردوە، بڕیارێک نییە بە ڕۆژێک و دوان یان بە کەسێک و دوو کەس درابێ. گفتوگۆی لەسەر کراوە و دواجار، پاش زیاتر لە سێ ساڵ، دە ساڵ، یانزە ساڵ و هەروەها بە لە بەرچاو گرتنی بارودۆخی یەکێتی سۆڤیەت، بەو ئاکامە گەیشتووین لەگەڵ ئەوان ڕێککەوین. بۆچی؟ چونکە کێشەی ئەفغانستان، پاکستان، کەنداومان هەیە، چونکە لەگەڵ ڕۆژئاوا کێشەمان هەیە. کەوابێ ئۆتۆنۆمی، دەبێ بە درێژایی چەندین ساڵ گفتوگۆی لەسەر بکرێ. دڵنیام لە هەلومەرجێ ئێستادا، ئۆتۆنۆمی بەو شێوەیەی ئێوە باسی دەکەن، قەبوڵ ناکرێ." پاشان نۆرە بە حاجی مستەفەوی دەسپێرێ.
حاجی مستەفەوی: "بسم اللە الرحمن الرحیم… حزبە کۆمۆنیستەکان پشتیان بە تیۆری ناسیۆنالیزمی ستالین بەستووە. عەڕەبەکان دەڵێن: ئەمە تێڕوانینی ئێمەیە. پارتە سۆسیال دیموکراتەکان شێوازی چارەسەریی خۆیان هەیە. ئەوەی پەیوەندی بە ئێمەوە هەبێ، هێزە ئیسلامییەکان، کۆماری ئیسلامی ئێران، تا ئێستا ڕاڤەیەکمان بۆ کێشەی نەتەوەکان نەبووە. ئەگەر بتوانین وا بکەین کۆماری ئیسلامی ئێران لە ڕوانگەی تیۆرییەوە بە شێوەیەکی جیدی بیر لەم کێشەیە بکاتەوە، ئەوا سەرکەوتنێکی گەورە دەستەبەر دەبێ. هەڵبەت لە ئیسلامدا، پێغەمبەر و جێگرەوەکانی، ڕێوشوێنی تایبەت بە خۆیان هەبووە. هیوادارم ڕژێم لەم کێشەیەدا قووڵ بێتەوە و لە نێوان ئەو شتەی پێی دەگوترێ نەریت و ئەوەی ئێوە داوای دەکەن، بتوانین شتێک بدۆزینەوە…
قاسملوو دەکەوێتە نێو قسەکانەوە وەک بڵێی نەتوانێ دۆخی بەردەنگەکانی پەسند بکا:
"ئێوە دەڵێن ئێستا پرسی سەرەکی ئەوە نییە کێشەی ئۆتۆنۆمی چارەسەر بکرێ، بەڵکو چارەسەریی پەیوەندییەکانی نێوان حزب (حدکا) و کۆماری ئیسلامی ئێرانە: ئێمە هاتووین بۆ ئەوەی داواتان لێ بکەین کێشەی ئۆتۆنۆمی چارەسەر بکرێ". پاشان قاسملوو بە تێروتەسەلی باسی ئەوە دەکا کە مافی چارەی خۆنووسین دەکرێ بە شێوەی جۆراوجۆر بەدی بێ: سەربەخۆیی، فیدراڵی و ئۆتۆنۆمی.
قاسملوو درێژە بە قسەکانی دەدا: "بۆ ئێمە پرسی سەرەکی ئەوەیە کە بزانین ئاخۆ کۆماری ئیسلامی ئێران دەیەوێ بە ڕاستی کێشەی نەتەوەکان لە ئێران چارەسەر بکا. ئەگەر کۆماری ئیسلامی ئێران دەڵێ بەڵێ، ئەوکات دەمانەوێ بزانین: کۆماری ئیسلامی چۆن دەیەوێ کێشەکە چارەسەر بکا؟ گەلۆ ئەو شێوازە سەربەخۆییە، فیدڕالیزمە یان ئۆتۆنۆمی؟ ئێمەی کورد، لانیکەمی داخوازییەکانمان هێناوەتە گۆڕێ. ئێمە فیدڕالیزمیشمان قەبووڵە. هەڵبەت، بە ڕای من، وەک چۆن کاتی خۆی لە ئیسلامدا جۆرێک لە فیدڕالیزم بوونی هەبوو، باشتر وایە پەیڕەوی لە فیدڕالیزم بکرێ و بۆ نموونە یەکێتی کۆمارە فیدڕاڵییەکانی ئێران پێک بهێنرێ. جا ئەگەر نە سەربەخۆیتان قەبوڵ بێ، نە فیدراڵیزم و نە ئۆتۆنۆمی، ئەوە مانای وایە چارەسەری کێشەی نەتەوەکانتان قەبوڵ نییە."
لە کۆتاییشدا دەڵێ: "رەنگە سبەی ڕۆژ بەشێکی تری ئێران داوای ئۆتۆنۆمی بکا؛ لە پێناو چارەسەرکردنی کێشە نێوخۆییەکانی ئێران بە پرەنسیپ، بوێری پێویستە. یاسا دەبێ بۆ هەموان بێ، بۆ عەرەبەکان، بلووچەکان، تورکەمەنەکان و کوردەکان. ئەگەر لە ئەمڕۆوە نەتوانرێ ئەم کێشەیە چارەسەر بکرێ، لە داهاتوودا دەبێتە کارەساتێک بۆ وڵاتەکەمان."
دوای باسێکی کورت، لایەنەکان بڕیاری چاوپێکەوتن بۆ سبەینێ دیاری دکەن. فازڵ ڕەسوڵ، نێوبژیوانی کوردی عێراقی، دێتە قسە بۆ ئەوەی باس لە دەرئەنجامی دۆخی دوو لایەنی بەرامبەر بکا و دەڵێ: "یان ئەوەتا دەگەنە ڕێککەوتنێک یان درێژە بە دیالۆگ دەدەن، بێ ئەوەی شەڕ بکەن. یان لەگەڵ بەردەوامبوونی شەڕ، درێژە بە دانوستانەکان بدەن، بەڵام باشتر وایە ئێستا بگەنە ڕێککەوتنێک: قۆناخەکە گونجاوە. لەوانەیە سێ ساڵی دیکە بارودۆخەکە بگۆڕدرێ، هاوسەنگی و ناهاوسەنگیی هێزەکان گۆڕانی بەسەردا دێ، هەلومەرج جیاواز دەبێ…"
ئەمانە دوایین وشەکانیانن... دەنگی جوڵانی کورسی و مێزەکان دەبیسترێ... دواتر دەنگێک وەک چوار تەقەی کپ - تەقە بە ئامرازی چەکی بێدەنگ؟.. پاشان هیچ نابیسترێ... کاتێک پۆلیس لەسەر هۆشداریی جیرانەکان کە لە لایەن سەحراروودییەوە - دیارە ئەویش بریندار ببوو -  ئاگادار کرابوونەوە، دەچنە نێو ئاپارتمانەکەوە، چاویان بە تەرمی سێ کورد دەکەوێ...

 (لۆمۆند، یەکی ژانوییەی ١٩٩٨)
(فرانکفۆرتەر ئاڵگماینێ، ١٩ی ژانوییەی ١٩٩٨)
(دێر ستاندارد، ٣٠ی ژانوییەی ١٩٩٨)

۱۳۹۵/۰۴/۱۳

هۆ دزەکە، دزەکە، کامەیە ژیانی تۆ؟


ژ. م. گ. لۆ کلێزیۆ
لە فەرەنسییەوە: سەلاحەدین بایەزیدی

 
بێژە پێم، گشتی چلۆن دەستی پێ کرد؟

نازانم ئەز، نازانم ئیتر، زۆر زۆر لەمێژە، ئێستا چیتر بیرەوەرییم لە کات نەماوە، ئەوە ژیانی منە. من لە پورتوگال لەدایک بووم، لە ئەریسێیرا، ئەودەم گوندێکی بچووکی ماسیگرەکان بوو، نزیک لیسبۆن، سپی سپی لە سەرووی دەریا. پاشان باوکم لەبەر هۆکارگەلی سیاسی ناچار ما ئەوێ جێ بهێڵێ و، لەگەڵ دایکم و پوورم لە فەرەنسا نیشتەجێ بووین، منیش هەرگیز چاوم بە باپیرم نەکەوتەوە. ڕێک دوای جەنگ بوو، پێم وابێ ئەوکات مرد. وەلێ باش ئەوم بە بیر دێ، پیاوێکی ماسیگر بوو، هەقایەتی بۆ دەگێڕامەوە، بەڵام ئێستا بە گشتی چیتر بە پورتوگالی قسە ناکەم. دواتر، وەک بەردەستی بیناساز لەگەڵ باوکم کارم کرد، پاشان باوکم مرد، دایکیشم ناچار بوو مل بداتە بەر کار، منیش لە کۆمپانیایەک دامەزرام، بە نۆژەنکردنەوەی ماڵە کۆنەکان ڕادەگەیشتین، عەیبی نەبوو. ئەوکات، من وەک هەمووان بووم، کارێکم هەبوو، زەماوەندم کردبوو، دۆست و هاوڕێم هەبوون، بیرم لە بەیانی نەدەکردەوە، بیرم لە نەخۆشی نەدەکردەوە، فکرم بۆ ڕووداو و شتی وا نەدەچوو، زۆرم کار دەکرد و پارە کەم بوو، بەڵام نەمدەزانی بەخت یارمە.
پاشان لە بواری کارەبادا بوومە پسپۆڕ، من ڕەوتە کارەباییەکانم نۆژەن دەکردەوە، ئامرازەکانی ماڵەوە و ئامرازەکانی ڕووناکاییم جێگیر دەکرد، کێبڵەکانم چاک دەکرد. ئەم شتانەم بە دڵ بوو، کارێکی خۆش بوو. ئەمانە دەگەڕێنەوە بۆ سەردەمێکی هێند دوور کە جار نا جارێ لە خۆم دەپرسم تۆ بڵێی ڕاست بووبن، بڵێی کتومت بەمجۆرە بووبن، تۆ بڵێی زیاتر خەونێک نەبن ئەودەم بۆ خۆمم هەڵبەستبن، ئەو دەمەی هەموو شتێک ئارام و ئاسایی بوو، ئەو دەمەی ئێواران سەعات حەوت دەگەڕامەوە ماڵێ و کە دەرگام دەکردەوە هەستم بە هەوای گەرمی ماڵەکە دەکرد، گوێم لە قیژەقیژی مناڵان دەبوو، دەنگی ژنەکەمم دەبیست، ئەو بەرەو پیرم دەهات، ڕایدەمووسیم، بەر لە نانی شەو لەسەر قەرەوێڵەکە ڕادەکشام، چونکە هیلاک بووم، ئینجا چاوم دەبڕییە بن میچی ژوورەکە و لەو پەڵە سێبەرانەی سەرپۆشی گڵۆپەکان چێیان دەکرد، ورد دەبوومەوە. بیرم لە هیچ نەدەکردەوە، ئەوکاتانە داهاتوو لە گۆڕێ نەبوو، ڕابردووش هەروا، نەمدەزانی بە بەختم.

ئەی ئێستا؟

ئاخ، ئێستا هەموو شتێک گۆڕاوە. کارەسات لەوە دایە ئەم گۆڕانکارییە لە چاوترووکانێکدا ڕووی دا، کاتێ بێکار مامەوە، چونکە کۆمپانیاکە هەرەسی هێنابوو. گوتیان بەرپرس تا قوڕگ چۆتە نێو قەرزان، هەموو شتێ دەگرێو نرابوو. دواجار، خاوەنکار ڕۆژێک بێ ئاگاداری پێشوەخت ڕای کرد، سێ مانگ مووچەمان پێ قەرزدار بوو و چەند ڕۆژێک بوو پێشوەخت بڕە پارەی کارێکی وەرگرتبوو. ڕۆژنامەکان لەم بارەوە دەدوان، بەڵام جارێکی تر نە چاومان بە خۆی کەوتەوە و نە بە پارە. بەمجۆرە هەموومان دەست بەتاڵ ماینەوە، دەتگوت کوونێکی گەورەیە و هەموومان کەوتووینەتە ناوی. نازانم ئەوانی تر چیان بەسەر هات، پێم وایە چوونەتە شوێنی تر، خەڵکانێکیان دەناسی کە دەیانتوانی یارمەتییان بدەن. سەرەتا پێم وابوو هەموو شتێک جێبەجێ دەبێ، پێم وابوو بە سانایی دیسان کارێک دەدۆزمەوە، لێ هیچ شتێک لە گۆڕێ نەبوو، چونکە خاوەن کۆمپانیاکان کەسانی زگورتی و بێگانەکان دادەمەزرێنن، ئاوا کەی پێیان خۆش بوو بە ئاسانی لە کۆڵ خۆیانیان دەکەنەوە. بۆ کاروباری کارەباییش، بڕوانامەی پیشەییم نەبوو، ئاواش کەس کاری پێ نەدەدام. بەمجۆرە مانگ تێپەڕین و من هەروا بەتاڵ و حەتاڵ، تێرکردنی زگی کوڕەکانم و دابینکردنی پارەی پەروەردەیان ئەستەم بوو، ژنەکەم نەیدەتوانی کار بکا، دۆخی تەندروستی نالەبار بوو، تەنانەت پارەمان شک نەدەبرد دەوا و دەرمانی پێ بکڕین. پاشان یەکێک لە هاوڕێیانم کە تازە زەماوەندی کردبوو، کارەکەی بە قەرز پێ دام، منیش چوومە بەلژیک و سێ مانگ لەوێ کارم کرد، لە کوورە بەرزەکاندا. ئەستەم بوو، نەخاسمە کە دەبوایە بە تاقی تەنیا لە هۆتێل بژیم، بەڵام پارەیەکی باشم دەست کەوت و بەم پارەیە توانیم ئۆتۆمبێلێک بکڕم، بارهەڵگرێکی بچووکی جۆری پێژۆ، ئەو ئۆتۆمبێلەی ئێستاش هەمە. ئەودەم، بە خۆمم دەگوت بەو بارهەڵگرە بچووکە ڕەنگە بتوانم کەلوپەلی بیناسازی بگوازمەوە، یاخود بچمە بازاڕ و سەوزە و شتی وا بێنم. بەڵام دواتر، دۆخەکە گەلەک دژوارتر بوو، چونکە هیچم بە دەستەوە نەمابۆوە، تەنانەت سەرجەم پشتیوانییە ماددییەکانم لە کیس چوو. خەریک بوو ماڵ و مناڵ لە برسان بمرن. دوای ئەمە بوو لەگەڵ خۆما بڕیارم دا. سەرەتا بە خۆمم گوت شتێکی کورتخایەنە، بەس تا ئەو کاتەی پارەیەکم دەست دەکەوێ، تا ئەو کاتەی چاوەڕوانم. ئێستا، ئەوە سێ ساڵ تێ پەڕیوە، دەزانم ئیتر ناگۆڕدرێ.
ئەگەر ژنەکەم و مناڵەکان نەبوایەن، ڕەنگە توانیبام سەرهەڵبگرم، چووزانم، ڕەنگە چووبامە کەنەدا، ئوسترالیا، هەر شوێنێ بێ، شوێن گوڕکێم کردبا، ژیانم گۆڕیبا…

ئاخۆ ئەوان دەزانن؟

مناڵەکانم؟ نا، نا، ئەوان هیچ نازانن، ناکرێ پێیان بگوترێ، هێشتا زۆر بچووکن، تێ ناگەن باوکیان بۆچی بۆتە دز. سەرەتا، نەمدەویست بە ژنەکەم بڵێم، دەمویست پێی بڵێم دواجار ئیشێکم دۆزیوەتەوە، پاسەوانی شەوانەی بیناکانم، بەڵام گشت ئەو شتانەی دەبینی کە دەیانهێنمەوە ماڵێ، تەلەفزیۆنی جۆراوجۆر، تەسجیل و ڕادیۆ، کەرەستەی ماڵەوە، کەلوپەلی ڕازاندنەوەی ماڵ، قاپ و قاچاغی زیو، چونکە هەموو ئەمانەم لە گەراج لەسەر یەک کەڵەکە دەکرد و، ئەو دواجار هەستی بە شتێک کرد. هیچی نەگوت، بەڵام باش دەمبینی لە شتێ بە گوومانە. دەیتوانی چ بڵێ؟ لەو خاڵەی پێی گەیشتبووین، هیچمان نەبوو لە کیسی بدەین. یان ئەمە یان سواڵکەری لە کووچە و کۆڵانان… هیچی نەگوت، نەخێر، بەڵام ڕۆژێک لە کاتێکدا بارەکانم لە ئۆتۆمبێلەکە دادەگرت و چاوەڕوانی کڕیار بووم، هاتە گەراجەکە. دەسبەجێ کڕیارێکم دۆزیبۆوە، دەزانی، کڕیارەکە بێ ئەوەی مەترسی بگرێتە بەر چاو، قازانجێکی باشی دەست دەکەوت. ئەو دووکانێکی کەرەستەی کارەبایی و هی ماڵەوەی لە نێو شار هەبوو، دووکانێکی تری عەنتیکەفرۆشیشی لە شوێنێکی تر هەبوو، پێم وابێ لە دەوروبەری پاریس. گشت ئەمانەی بە نرخی دەستی دوو دەکڕی. بۆ کەرەستەی عەنتیکە، پارەیەکی زیاتری دەدا، بەڵام هەموو شتێکیشی وەرنەدەگرت، دەیگوت دەبێ شایانی ئەوە بێ خۆت تووشی سەرئێشە بکەی، ئاخر مەترسیدار بوو. ڕۆژێک، ڕەتی کردەوە سەعاتێکی دیواریم لێ بکڕێ، سەعاتێکی کۆن بوو، گوتی تەنیا سێ چوار سەعاتی لەم جۆرە لە دونیادا هەن و بۆی هەیە خۆی پێوە بکا. بۆیە سەعاتەکەم دا بە خێزانەکەم، بەڵام ئەو بە دڵی نەبوو، پێم وایە چەند ڕۆژ دواتر سەعاتەکەی خستە نێو زپڵەوە. ڕەنگە لێی ترسابێ. بەڵێ، دەمگوت، ئەو ڕۆژە لە کاتێکدا بارهەڵگرەکەم بەتاڵ دەکرد، هات، سەیرێکی کردم، بزەیەکی هاتە سەر لێو، بەڵام هەستم دەکرد لە ناخەوە غەمبارە، بەس پێی گوتم، باش لە بیرمە گوتی: مایەی مەترسی نییە؟ شەرم دایگرتم، پێم گوت نا و داوام لێکرد بڕوا چونکە کڕیارەکە دەهات و حەزم نەدەکرد ژنەکەم ببینێ. نەخێر، پێم خۆش نییە مناڵەکانم بەمە بزانن، هێشتا زۆر بچووکن. پێیان وایە وەک پێشوو کار دەکەم.
ئێستا پێیان دەڵێم شەوکارم و بۆیەش دەبێ شەوانە بچمە دەرێ و بەشێکی ڕۆژ بنووم.

ئەم ژیانەت خۆش گەرەکە؟

نەخێر، سەرەتاکان بە هیچ شێوەیەک حەزم لێی نەبوو، بەڵام ئێستا، چم لە دەست دێ؟

هەموو شەوێ دەچیتە دەرەوە؟

دیار نییە. پەیوەندیی بە شوێنەکانەوە هەیە. گەڕەکی وا هەن بە درێژایی هاوین کەسیان لێ نییە، گەڕەکی واشە زستانان. جاری وایە بۆ ماوەیەکی زۆر دەرناکەوم، دەبێ چاوەڕێ بمێنمەوە، چونکە دەزانم مەترسی ئەوە هەیە خۆم بە دەستەوە بدەم. بەڵام جاری وایە لە ماڵەوە پێویستیمان بە پارە هەیە، بۆ جلوبەرگ، بۆ دەوا و دەرمان. یان دەنا دەبێ کرێ خانوو و پارەی کارەبا بدەی. دەبێ جێبەجێیان بکەم. بە دوای مردووەکاندا دەگەڕێم.

مردووەکان؟

بەڵێ، بڕوانە، ڕۆژنامە دەخوێنیتەوە و کە بینیت کەسێک مردووە، کەسێکی دەوڵەمەند، دەزانی ڕۆژی بەخاک سپاردنەکەی دەتوانی سەردانی ماڵەکەی بکەی.

بە گشتی وا دەکەی؟

دیار نییە، بێ پەیڕەو و ڕێسایە. کاری وا هەن بەس بە شەو ئەنجامیان دەدەم، ئەگەر لە گەڕەکی چەپەک هەڵکەوتبن، چونکە دەزانم سەرئێشەم نابێ. هەندێک جار دەتوانم ئەمە بە ڕۆژ بکەم، دەوروبەری سەعات یەکی پاش نیوەڕۆ. بەگشتی، حەز ناکەم بە ڕۆژ ئەم کارە بکەم، چاوەڕوانی شەو دەمێنمەوە، تەنانەت کازیوەی بەیانی، دەزانی، ئاوا دەوروبەری سەعات سێ و چوار، باشترین ساتەوەختە، چونکە هیچ کەس لە شەقامەکان بەدی ناکرێ، تەنانەت پۆلیسەکان لەو سەعاتەدا دەخەون. بەڵام هەرگیز سەر بە ماڵێک داناکەم ئەگەر کەسێکی تێدا بێ.

چۆن دەزانی کەسی لێ نییە؟

یەکسەر هەست پێ دەکرێ، هەڵبەت ئەگەر ڕاهاتبی. تەپ و تۆزی بەردەم دەرگا، یاخود گەڵای وەریو، یان دەنا ڕۆژنامەی کەڵەکەکراوی نێو سندووقی پۆست.

بە دەرگادا دەچیتە ژوورەوە؟

ئەگەر ئاسان بێ، بەڵێ، قفڵەکە دەشکێنم، یان دەنا کلیلێکی تەزویر بەکار دێنم. ئەگەر ئەمەش نەبوو، هەوڵ دەدەم لە پەنجەرەڕا بچمە ژوورێ. چوارچێوەیەکی دەبڕم و بەوێدا وە ژوور دەکەوم. بەردەوام دەستەوانە لە دەست دەکەم تاکوو شوێن پەنجەم جێ نەمێنێ، هەروەها بۆ ئەوەی خۆم بریندار نەکەم.

ئەی دەزگای ئاگادارکەرەوە؟

ئەگەر ئاڵۆز بێ، وازی لێ دێنم. بەڵام بە گشتی، کۆمەڵێ ئامرازی سادەن، هەر بە چاوخشاندنێک دەیانبینی، ئەوەندە بەسە کێبڵەکان بپچڕی.

پێت باشە چی لەگەڵ خۆتدا ببەی؟

دەزانی، کاتێک سەرت دادەخەیت و پێ دەنێیتە ماڵێکی نەناسراو، نازانی چی دەدۆزیتەوە. دەبێ پەلە بکەی، پەلە و بەس، بۆ ئەوەی نەکا کەسێک شوێن پێی هەڵگرتبی. بۆیە چ شتێک شایانی هەبێ و بێ کێشە بێ، هەڵیدەگری، تەلەڤزیۆن، تەسجیل، کەلوپەلی ماڵەوە، یان دەنا قاپ و قاچاغی زیو، کەرەستەی ڕازاندنەوەی ماڵ، تابلۆ و ئینجانە و پەیکەرە بەو مەرجەی زۆر قورس نەبن.

ئەی گەوهەر؟

نا، بەو شێوەیە نا. دیارە کاتێک خەڵک دەڕۆن، گەوهەرەکانیان لە پاش خۆیان جێ ناهێڵن. بوتڵە شەرابیش سەرنج ڕاکێشن، باش دەفرۆشرێن. بێجگە لەمەش، خەڵک زۆر گوێ بە عەمبارەکانیان نادەن، قفڵی پتەوی لێ نادەن و بەو شێوەیە چاودێری ناکەن بزانن چ ڕوو دەدا. پاشان، دەبێ هەموو شتێک خێرا بار بکەیت و بڕۆی. بەختەوەرانە من ئۆتۆمبێلێم هەیە، بێ ئەم ئۆتۆمبێلە نەمدەتوانی وەها کارێک بکەم. ئەگینا دەبوایە ببمە ئەندامی دەستەیەک و ببامە چەتەیەکی ڕاستەقینە و ئا. بەڵام حەزم لەوە نییە، چونکە پێم وایە ئەوان زیاتر بۆ خۆشی ئەم کارە دەکەن نەک لە ڕووی ئاتاجەوە، دەدزن بۆ ئەوەی دەوڵەمەند بن، هەموو هەوڵیان دەخەنە گەڕ، دزی گەورە دەکەن، کەچی من بۆ بژیوی ژیانم ئەم کارە دەکەم، بۆ ئەوەی ژنەکەم و مناڵەکانم پارووە نانێک و جلوبەرگیان هەبێ، بۆ ئەوەی مناڵەکانم بتوانن درێژە بە خوێندن بدەن و پیشەیەکی ڕاستەقینەیان هەبێ. ئەگەر سبەی ئیشێک بدۆزمەوە، دەسبەجێ واز لە دزی دێنم، دەتوانم سەر لە نوێ بە ئارامی بگەڕێمەوە ماڵێ، ئێواران بەر لە خواردنی نانی شێوان لەسەر قەرەوێڵەکەم ڕادەکشێم، سەیری پەڵە سێبەرەکانی بن میچی دەکەم، بێ ئەوەی بیر لە شتێک بکەمەوە، بێ ئەوەی بیر لە داهاتوو بکەمەوە، بێ ئەوەی لە شتێک بترسم… نووکە، هەست دەکەم ژیانم پووچەڵە، لە پشت هەموو ئەمانەوە، شتێک بەدی ناکرێ، وەک دیکۆڕێک. ماڵەکان، خەڵک، ئۆتۆمبێل، هەست دەکەم هەر هەموویان دەستکرد و تەزویرن و ڕۆژێک پێم دەڵێن گشت ئەمانە کۆمێدیایە و هی کەس نییە. ئینجا، بۆ ئەوەی بیر لەمە نەکەمەوە، پاش نیوەڕوان دەچمە سەر شەقام، هەڕەمەکی ڕێ دەبڕم، دەڕۆم، دەڕۆم، لە ژێر تیشکی خۆر و دڵۆپی باراندا، هەست دەکەم بێگانەیەکم، وەک بڵێی هەر ئێستا بە شەمەندەفەر هاتبم و لەم شارە کەس نەناسم، کەس.

ئەدی هاوڕێکانت؟

ئەها، دەزانی، کە گرفتێکت تووش بوو، کاتێ زانیان کارەکەت لەدەست داوە و چیتر پارەت نەماوە، سەرەتا زۆر دڵسۆزن، بەڵام پاشان لەوە دەترسن بچیت و داوای پارەیان لێ بکەی، ئەوکات… تۆ زۆر سەرنجی پێ نادەی و ڕۆژێک بۆت دەردەکەوێ کەسێک بە دەوروبەرتەوە نەماوە و ئیتر تۆ کەس ناناسی… هەر بە ڕاست وەک ئەوەی بێگانەیەک بی و تازە لە شەمەندەفەر دابەزیبی.

پێت وایە دۆخەکە وەک جارانی لێ بێتەوە؟

نازانم… هەندێک جار بیر لەوە دەکەمەوە کە ساتەوەختێکی ناخۆشە و تێدەپەڕێ، کە هەمدیس پیشەکەم دەست پێ دەکەمەوە، پیشەی بیناسازی بێ یاخود کارەبا، گشت ئەو کارانەی پێشتر دەمکردن… بەڵام جاری واش هەیە بە خۆم دەڵێم ئەم ڕۆژانە هەرگیز تێناپەڕن، هەرگیز، چونکە خەڵکانی دەوڵەمەند گوێیان بە هەژاران نابزوێ، گاڵتەیان پێ دەکەن، سامانەکانیان بۆ خۆیان هەڵدەگرن، لە ماڵە بەتاڵەکانیانی دەپەستێون، دەیخەنە نێو سندووقەکانیانەوە. بۆ ئەوەیش شتێکت هەبێ، لەتە نانێکت هەبێ، دەبێ بچیتە ماڵەکانیان و خۆت ئەو شتە هەڵبگری.

کە بیر لەوە دەکەیتەوە بوویتە دز، چ هەستێکت بەسەردا زاڵ دەبێ؟

جۆرێکم لێ دێ، ئەوکم دەگیردرێ و لە پێ دەکەوم، دەزانی، جارجارە، کاتی شێو دەگەڕێمەوە ماڵ و ئیتر هیچ شتێک وەک پێشوو نەماوە، بەس ساندەویچی سارد هەیە، بەدەم سەیرکردنی تەلەڤزیۆنەوە دەیخۆم، مناڵەکان متەقیان لێوە نایە. دەبینم خێزانەکەم سەیرم دەکا، ئەویش هیچ ناڵێ، بەڵام ڕووخسارێکی تا بڵێی ماندووی هەیە، چاوەکانی خۆڵەمێشی و غەمبارن، ئەمنیش بیر ئەو قسەیە دەکەومەوە کە یەکەم جار پێی گوتم، کاتێ لێی پرسیم ئاخۆ مەترسییەک لە گۆڕێ نییە. من پێم گوت نا، بەڵام وا نییە، باش دەزانم ڕۆژێک، بتەوێ و نەتەوێ، کێشەیەک دێتە ئاراوە. پێشتر، سێ یان چوار جار، خەریک بووە بقەومێ، خەڵکانێک بە تفەنگ تەقەیان لێ کردووم. سەرتاپا ڕەشم پۆشیبوو، بیجامە و چاکەتی ڕەش، بە دەستەوانە و دەمامکی ڕەشەوە، بۆیەش بەختەوەرانە نەیانتوانی من بپێکن، چونکە لە نێو تاریکیدا منیان نەدەبینی. بەڵام دواجار، بتەوێ و نەتەوێ، دڵنیام ئەمە ڕوو دەدا، ڕەنگە ئەمشەو، ڕەنگە سبەی، کێ چ دەزانێ؟ بۆی هەیە پۆلیس بمگرن و بە ساڵان لە گرتووخانە بمێنمەوە، یان دەنا لەوانەیە لە کاتی تەقەکردندا نەتوانم خێرا ڕا بکەم و بمرم، بمرم. بیر لە وی دەکەمەوە، لە ژنەکەم، نەک لە خۆم، من هیچم نە گەرەکە، گرنگییەکی ئەوتۆم نییە. بیر لەو و لە مناڵەکانم دەکەمەوە، چییان بەسەر دێ، کێ لەم سەر گوێ زەوییە لە فیکری ئەواندا دەبێ؟ ئەو دەمانەی هێشتا لە ئەریسێیرا دەژیام، باوەگەورەم باش پێم ڕادەگەیشت، شیعرێکم لە بیرە کە بەردەوام بۆی دەخوێندمەوە، لە خۆم دەپرسم بۆچی ئەم شیعرەم بە بیر دێتەوە و یەکی تر نا، تۆ بڵێی ئەمە چارەنووس بێ؟ ئاخۆ هەندێک پورتوگالی شارەزای؟ شیعرەکە بەمجۆرە بوو، گوێ بگرە: 


O  ladraõ! Ladraõ!
Que vida e tua?
Comer e beber
Passear pela rua.
Era meia noite
Quando o ladraõ veio
Bateu tres pancadas
A’porta do meio.

هۆ دزەکە! دزەکە!
کامەیە ژیانی تۆ؟
خواردن و خواردنەوە
وێڵی نێو کۆڵان
نیوەشەو بوو
دزەکە هات
سێ جار کوتای
دەرگاکەی من.

سەرچاوە:
La Ronde et autre faits divers, J. M. G. Le Clézio, Editions Gallimard, 1982.

ئەم چیرۆکە لە ژمارە ٢٣٠ی گۆڤاری (ڕامان)دا بڵاو بۆتەوە:
http://www.raman-media.net/230/r10.pdf

۱۳۹۵/۰۴/۱۱

دەفتەری سوور


دێتەوە یادم کاتی دانی خواردن بە سەگەکان، بیرم لەوە دەکردەوە کە ئەوان خواردنیان لە هی من باشترە. قسەکانی خۆم و "ل"م وەبیر دێتەوە کە جارێک بە جیددی بە تەمای ئەوە بووین کۆنسێروێکی خواردنی سەگ بۆ جەمی شەو بکەینەوە و بیخۆین. 
...
دەفتەری سوور
پۆل ئاستر
وەرگێڕان لە ئینگلیزییەوە: هاشم ئەحمەدزادە
چاپی یەکەم، ئۆپسالا ٢٠٠٠

۱۳۹۵/۰۳/۳۱

لە هوندوور



ئەحمەد عارف
وەرگێڕانی: سەلاحەدین بایەزیدی
 
ئاگات لێیە هۆ دیواری بەردین؟

دەرگەی ئاسن، پەنجەرەی کوێر،

باڵەنجەکەم، قەرەوێڵە و زنجیرەکەم،

لەپێناویا هەتا مەرگ چوون و هاتنەوەم،

لە دیمەنی دڵتەزێنی یادەوەریم،

ئاگات لێیە؟

زیارەت کەرەکەم، پیوازی شینی ناردووە،

جگەرەکەم بۆنی مێخەکی لێوە دێ،

چیاکانی بەهاری گەیوەتێ نیشتیمانی من…

۱۳۹۵/۰۳/۱۶

وتوێژی ڕۆژنامەی LE TEMPSی سوییسی لەگەڵ سەلاحەدین دەمیرتاش

سەلاحەدین دەمیرتاش لە کاتی سەردانەکەیدا بۆ بێرن - وێنە: ڕۆیتێرز


فرێدریک کۆللێ
لە فەرەنسییەوە: سەلاحەدین بایەزیدی


سەلاحەدین دەمیرتاش، بەڕێوەبەری پارتی هەدەپە، پارتی لایەنگری کورد و سەرەکی ترین پارتی سیاسیی ئۆپۆزۆسیۆن لە تورکیا، بێدەنگیی ئەوروپییەکان بەرامبەر بە سەرەڕۆیی سەرۆک کۆمار ڕەجەب تەیپ ئەردۆغان مەحکوم دەکا.

سەلاحەدین دەمیرتاشی پارێزەر یەکێکە لە دوو بەڕێوەبەرەکەی پارتی دیموکراتیکی گەلان (هەدەپە) کە سەرەکی ترین پارتی نەیاری سەرۆک کۆمار ڕەجەب تەیپ ئەردۆغانە. شکانەوەی ئەم حزبە بە لای کورددا لە لایەن دەستەڵاتەوە مەحکووم کراوە و دەستەڵات پێی وایە پاساو بۆ تیرۆریزم دێنێتەوە و تەنیا بڵینگۆیەکی پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە)یە کە هەمدیس پەنای بۆ چەک بردۆتەوە.

هەدەپە، هێزی سێهەمی پەرلەمانی تورکیا، پاش دەنگدانی دوو هەفتە لەمەوپێش کە بە مەبەستی چاکسازی لە دەستووری بنەڕەتی بۆ هەڵگرتنی حەسانەی سەر پەرلەمانتاران و ئاستەنگکردنیان لە ڕێگەی یاساییەوە بەڕێوە چوو، ئێستا هەڕەشەی سڕینەوەی لەسەرە. هەڕەشە سەرجەم نوێنەرانی لایەنگری کوردەکان دەگرێتەوە. ئەم پەراوێزخستنە ڕێگە بە ڕەجەب تەیپ ئەردۆغان دەدا زۆرینەیەک لە پەرلەمان پێک بێنێ و پاڵپشت بە چاکسازیی لە دەستووری بنەڕەتیدا پەرە بە توانا و دەسەڵاتی سەرۆکایەتیی بدا.

سەلاحەدین دەمیرتاش پاش سەفەرێکی دوو ڕۆژە بۆ سوییس، هاوکات لەگەڵ پارێزەرەکانی بەیانی ڕۆژی شەممە (٤ی ژوئەن) دەگەڕێتەوە بۆ تورکیا.

لۆ تۆن: ئایا لە گەڕانەوەدا هەڕەشەی گرتنتان لەسەرە؟

سەلاحەدین دەمیرتاش: مەترسییەکە جددییە. حاڵی حازر، ٨٧ دۆسیە لە دژی من کراونەتەوە، بێگومان بۆی هەیە لە دۆزێکیاندا مەحکووم بکرێم و خۆم لە گرتووخانەدا ببینمەوە. تۆمەتی ئەوەم دەدەنە پاڵ کە ئەندام و تەنانەت بەڕێوەبەری ڕێکخراوێکی تیرۆریستیم.

ئاخۆ نەگەڕانەوەتان داوەتە بەر چاو؟
نەخێر، کاروبارم زۆرە. کۆتایی ئەم هەفتەیە دەبێ بەشداری چەندین کۆبوونەوەی گرنگ دژ بەو بڕیارە بم کە حەسانەی سەر پەرلەمانتاران هەڵدەگرێ. لە لایەکی دیکەوە گەلەک کۆنگرەی سیاسیی لە کوردستان هەن دەبێ تێیاندا بەشدار بم. لە هەموویشی گرنگتر، پێویستە هەلی پشتیوانی بۆ ئەو بنەماڵانە بڕەخسێنرێ کە لە کوردستان خانووەکانیان ڕووخاوە و ماڵ و سامانیان لەدەست داوە. هەروەها، من دوو کچی بچووکم هەیە، ئەوان دەیانەوێ ئەم هاوینە بیانبەمە قەراغ دەریا.

دۆخی ناوچە کوردنشینەکان چۆنە؟
زۆر دژوارە. هێزەکانی سەر بە حکومەت ٧٠%ی زۆربەی شارەکانی ناوچە هەژارەکانیان وێران کردووە. زیاتر لە ٥٠٠٠٠٠ کەس ناچار بوون ماڵ و حاڵی خۆیان جێ بهێڵن. تەنانەت لە سووریا، کاولکاری لەم ئاستەدا نییە. زۆر زەحمەتە ئەم شارانە خێرا بونیاد بنرێنەوە. حکومەت بە هانای خەڵکەوە ناچێ.

گەلۆ ئەوروپا دەبێ چاوەڕوانی هاتنی پەنابەرانی کورد لە تورکیاوە بێ؟
ئەگەر ئەم دۆخە درێژە بخایەنێ، ئەوروپا ڕووبەڕووی نەک تەنیا کورد بەڵکوو ئەو تورکانەش دەبێتەوە کە بە هۆکارگەلی سیاسی داوای پەنابەری دەکەن. تورکیا ڕۆژ بە ڕۆژ نائەمن تر دەبێ. تەنانەت مەترسیی شەڕێکی ئەتنیکی لە گۆڕێیە. ئەوروپییەکان بە مەبەستی گەیشتن بە ڕێککەوتنێک لەسەر پەنابەران، لەگەڵ ئەردۆغان بە پارێزەوە هەڵسوکەوتیان کرد، پێیان وابوو شتەکان بەرەو باشی دەچن. کەچی بە پێچەوانەوە ڕووی دا، ئەمە دۆخی سیاسیی لە تورکیا ئاڵۆزتر کرد. ئەوروپا لە ئاست سەرجەم پێشێلکارییەکانی مافی مرۆڤ، کە بە تایبەت دەرهەق بە ئێمە پەیڕەو دەکرێ، دەرهەق بە من و ئەندامانی حزبەکەم، پەیامێکی ڕوون و ئاشکرای نەبوو. مێرکێلی سەدری ئەعزەمی ئاڵمانیا بەم دواییانە چەند جارێک سەردانی تورکیای کرد، هاوکات لەگەڵ سەفەرەکانی، بە سەدان سڤیل کوژران و ئەشکەنجە پەیڕەو کرا. مێرکێل هیچی نەگوت. هەڵبەت، لە ڕاپۆرتەکانی یەکێتی ئەوروپادا کۆمەڵێک ڕەخنە ئاڕاستە کران بەڵام پەیامێکی ئەوتۆ لە لایەن سەرۆکەکانی دەوڵەتە ئەوروپییەکانەوە نەهات. بەس لە بەر ئەوەی ئەردۆغان بە پەنابەر هەڕەشەیان لێ دەکا.

ئێوە خەباتی گەلی کورد سەمبۆلیزە دەکەن. ئایا بیر لەوە دەکەنەوە بە شێوەیەکی تر داکۆکیی لە دۆزەکەتان بکەن؟
هەرچی بقەومێ ئێمە بەردەوام بە شێوازێکی ئاشتییانە خەبات دەکەین. من هەمیشە لەم ڕووەوە ڕوون و بێ پەردە بووم. تەنانەت ئەگەر پێویست بکا هەڵمبواسن، دوایین قسەم ئەوە دەبێ چەک لە دژی یەکتری بەکار مەهێنن. لە فەرهەنگی ئێمەدا ئەو هەستە زاڵە کە دەتوانین کێشەکانمان لە ڕێگەی توندوتیژییەوە چارەسەر بکەین. ئەم کولتوورە لە هەموو شوێنێکی ڕۆژهەڵاتی ناویندا بەدی دەکرێ، لە نێو دەوڵاتان و لە نێو گەلانیشدا، بگرە بە داخەوە لە نێو جەرگەی بنەماڵەکانیشدا حازرە. پێمان وایە هێز دەکارێ ئامرازێک بێ بۆ چارەسەرییەکی سیاسییانە. دەمێکی درێژە، من دەڵێم نا. ڕێ و ڕێبازی تر هەن. ئەم بیرۆکەیە لە نێو جەرگەی جەماوەردا ڕێگەی خۆی گرتۆتە بەر. دەزانین کارێکی ئاسان نابێ. بەڵام نەگەیشتووینەتە خاڵێک بە خۆمان بڵێین "ئێمە بە هەڵەدا چووین، توندوتیژی چارەسەرە."

ئاخۆ لە ژیانی خۆتان بە تالووکەن؟
چیتر سزای مەرگ لە تورکیا نەماوەتەوە، بەڵام گەلەک دۆز هەن و بۆی هەیە ڕاکێشی زیندانی هەتا هەتاییم بکەن. من بەردەوام هەڕەشەی کوشتنم لێ کراوە، هەندێک لەو هەڕەشانە جدی بوون و ئەوانی تریش بۆ ئەوە بووە بمترسێنن. لێ ئەم هەڕەشە و گوڕەشانە لە بەردەم هەوڵەکانم بۆ سەقامگیرکردنی ئاشتی نابنە بەربەست.

کوردەکان لە سووریا و عێراق لە پێناو دامەزراندنی دەوڵەتێکی کوردیدا خەبات دەکەن. ئێوە لەمبارەوە چۆن بیر دەکەنەوە؟
بەس ئەوان دەتوانن لەمەڕ داهاتووی خۆیان بڕیار بدەن. ئێـمە پشتیوانی لە بڕیارەکەیان دەکەین. ئەمە دەکرێ سەربەخۆیی بێ، دەکرێ دەوڵەتێکی فیدڕاڵ بێ، بڕیاردان لەسەر ئەوان کەوتووە. بەڵام حاشاهەڵنەگرە کە کورد چیتر نایەوێ وەک پێشوو، بێ بوونی پێگەیەک لە دونیادا بژی.

ئەمە کوردەکانی تورکیاش دەگرێتەوە؟

کوردەکانی تورکیاش مافی سەربەخۆییان هەیە. بەڵام ئێستا، زیاتر لەگەڵ پێکەوەبوون دان. چارەسەری لە تورکیا لە هی عێراق و سووریا جیاواز دەبێ. کوردەکان لە تورکیا زۆر بڵاون. زۆربەی هەرە زۆریان لە شارە گەورەکان دەژین. لە تورکیا ئەتنیک وەڵامدەرەوە نابێ، بە پێچەوانەوە دیموکراسییەکی ڕاستەقینەمان نابێ. بۆی هەیە حکومەتێکی هەرێمی ئۆتۆنۆم بێتە دی. لە عێراق و سووریا، سیستەمێکی فیدڕاڵ هەیە، بەڵام بۆی هەیە تا مافی چارەی خۆنووسین بچێ.

بە ڕای ئێوە لە ماوەی دە ساڵدا تورکیا چی بەسەر دێ؟

لە ماوەی کورتخایەندا، بارودۆخەکە بەرەو خراپی دەچێ، بەڵام لە ماوەیەکی زەمەنی مامناوەنددا، ئەردۆغان دەسەڵاتی خۆی لەدەست دەدا و هێزی تر دەردەکەون. لە ئێستاوە تا دە ساڵ، حزبەکەی ئەردۆغان لەسەر شانۆی سیاسەت ون دەبێ، بۆی هەیە کوالیسیۆنێکی دیموکراتیک دەسەڵات بگرێتە دەست. بۆی هەیە تورکیا ببێتەوە وڵاتی ئازادی.

ئەردۆغان چی دەوێ؟

ڕژیمێکی تۆتالیتەر و ئایینی دەوێ. دەیەوێ هەموو دەسەڵاتەکان کۆ بکاتەوە و خەلافەتەکەی لە خاکی موسڵمان وەک سەردەمی ئیمپراتۆریای عوسمانی بسەپێنێ.

ئەوروپا دەتوانێ چ بکا؟

ئەوروپا دەبێ بەهاکانی خۆی بپارێزێ. ئەوروپا ئەو مافەی هەیە چاودێری تورکیا وەک بەرئەندامێکی تێکەڵبوون بە یەکێتی ئەوروپا بکا و بزانێ ئاخۆ خۆی لەگەڵ یاسا و پەیڕەوەکانی ئەوروپا دەگونجێنی یان نا. ئەوروپا یان دەبێ واز لەم تێکەڵبوونە بێنێ، یان ئەوەتا پێودانگەکانی خۆی بسەپێنێ. وای دابنێن سوییس بەرئەندامی تێکەڵبوون بە یەکێتی ئەوروپا بێ و تانکی جەنگی لە بێرن شار وێران بکەن و ئەمەش دە مانگ بخایەنێ، پێتان وایە بروکسێل تەنانەت بەیاننامەیەکیش دەرناکا؟ ئاخۆ ئەوە تەنیا مافەکانی ئێوەن پێشێل دەکرێن یان تەنانەت ئەو پێودانگانەی یەکێتی ئەوروپاشیان لەسەر بونیاد نراوە؟ یەکێتی ئەوروپا، لە پەیوەندییەکانی دەگەڵ ئەردۆغاندا، سەرجەم بەها دیموکراتیکەکانی خۆی بردە ژێر پرسیارەوە. گەلەک جاران پێشیارم بە کوتلە سیاسییەکانی پەرلەمانی ئەوروپا کردووە کۆمیسیۆنێک بە مەبەستی چاودێریی چارەسەریی پرسی کورد لە تورکیا پێک بێنن. نوێنەرەکانیان دەیانتوانی چاویان بە بەڕێوەبەرانی پەکەکە بکەوێ، بە ئۆجەلانیشەوە، واتە سەرۆکە بەندکراوەکەیان، بۆ ئەوەی داوای ئاگربەستیان لێ بکەن، پاشان لەگەڵ ئەنقەرە کۆ ببانەوە و سەبارەت بە چاکسازییەکان گفتوگۆیان بکردایە. بە ئاگربەستێکی دوولایەنە، دەگەڕێینەوە بۆ سەر مێزی گفتوگۆ. یەکێتی ئەوروپا، دەیتوانی ڕۆڵی چاودێر بلیزێ و سەنگ و قورساییەکی گرنگی لەسەر هەر دوو لایەنی ململانێکە هەبێ. قەیرانی پەنابەران پەیوەندیی بەم کێشەیەوە هەیە. لە بری ئەوەی سێ میلیارد یۆرۆ بدرێتە ئەردۆغان، سەرۆکە ئەوروپییەکان دەیانتوانی ئەم چارەسەرییە ئەڵتەرناتیڤە پێشکەش بکەن.

وەڵامی پەرلەمانی ئەوروپا چی بوو؟

بە نیازم ١٦ی ژوئەنی ئەم مانگە لە برووکسێل چاوم بە مارتەن شوولز، سەرۆکی پەرلەمانی ئەوروپا بکەوێ و بۆچوونەکانمی بۆ باس بکەم. ئەگەر هات و لە بەردەم چوونم بۆ ئەوی ئاستەنگ بوون، ئەوا داوا لە مارتەن شوولز دەکەم بێت و لە گرتووخانە من ببینێ.

پەرلەمانی ئاڵمانیا دانی بە ژینۆسایدی ئەرمەنییەکان دانا. چ شتێک دەگۆڕدرێ؟

تیشک خستنە سەر ژینۆسایدێک بەردەوام ئەرێنییە. بە لەبەرچاوگرتنی ئەوەی ئاڵمانیا بە تایبەت دانی بە بەرپرسیارێتیی لەم ژینۆسایدە داناوە، دیارە لەم ژینۆسایدەدا هاوبەش بووە. ئەمە سەرکەوتنێک نییە بۆ دیموکراسی، سەد و یەک ساڵ چاوەڕوانی پێویست بوو. ئەمڕۆکە کوردەکان قەتڵوعام دەکرێن. ئاخۆ دەبێ هەمدیس سەد و یەک ساڵ چاوەڕێ بین بۆ ئەوەی ئەم قەتڵوعامانە مەحکووم بکرێن؟ ئەمانە کۆمەڵێک نمایشی دیپلۆماسین لەسەر شانۆی سیاسەت. ئەمانە کۆمەڵێک کەرەستەن لە پەیوەندییە نێونەتەوەییەکاندا. بڕیارێکی باشە، بەڵام دەستنیشانکردنی کاتەکە بۆ ئەوە دەبێ بخرێتە ژێر پرسیارەوە.

ئێستا پەیوەندییەکانی نێوان هەدەپە و پەکەکە لە چ ئاستێک دان؟

ئێمە پەیوەندیی ڕێکخراوەییمان پێکەوە نییە. ئێمە نوێنەرایەتی پەکەکە ناکەین و پەکەکەش نوێنەرایەتی ئێمە ناکا. بەڵام لە یەک چینی سیاسییەوە پشتیوانیی دەکرێین. ئەو خەڵکانەی پشتگیریی لە پەکەکە دەکەن دەنگ بە ئێمە دەدەن. هەر ئەو بنەماڵانەی ڕۆڵەکانیان پاش گرتن، ڕاوەدوونان و داڕمانی ماڵەکانیان ڕوو دەکەنە شاخ، پشتیوانی ئێمەن. کە ئێمە دەمانەوێ کەسانی مەدەنی بپارێزین، حکومەت بە داکۆکی لە پەکەکەی لێک دەداتەوە. حکومەت دەیەوێ سیستەمێکی سزادان بۆ چەندان میلیۆن کورد دابمەزرێنێ. کە ئەو سیاسەتە ڕەت بکەیتەوە، تاوانی داکۆکی کردن لە تیرۆریزمت دەدرێتە پاڵ.
سەرچاوە:
ڕۆژنامەی LE TEMPS، شەممە، ٤ی ژوئەن، ژمارە ٥٥٢٤.

۱۳۹۵/۰۳/۱۴

سەلاحەدین دەمیرتاش لە بێرنە


سەلاحەدین دەمیرتاش، مووی بەر لووتی سەرۆککۆماری تورک، لە میانەی سەردانێکیدا بۆ سوییس، وەڵامی پرسیارەکانی بەرنامەی "فۆرووم"ی ڕادیۆ و تەلەڤزیۆنی سوییس (RTS)ی دایەوە. سەرۆکی پارتی کورد و نەیار، هەدەپە، ڕەجەب تەیپ ئەردۆغان بە کەسێکی ملهوڕ پێناسە دەکا.

سەلاحەدین دەمیرتاش، ئەندام پەرلەمانی تورکیا و هاوسەرۆکی پارتی دیموکراتیکی گەلان (هەدەپە)، بە توندی دژی چاکسازی دەستووری بنەڕەتی دڵخوازی ڕەجەب تەیپ ئەردۆغانە کە بە نیازە ڕژێمێکی سەرۆکایەتی لە تورکیا سەقامگیر بکا.

لە ڕوانگەی دەمیرتاشەوە، سەرۆکی دەوڵەت "بە نیاز نییە ڕژێمێکی سەرۆکایەتی وەک ئەوەی لە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا هەیە، سەقامگیر بکا. بەڵکوو ئامانجی ئەوەیە جۆرێک دیکتاتۆڕی پاڵپشت بە دەستووری بنەڕەتی و مۆناڕشی دابمەزرێنێ و ئێمەش لە دژی ئەمە دەوەستینەوە."

"ئەردۆغان دەیەوێ هەموو شتێک کۆنتڕۆڵ بکا: دەسەڵاتی یاسادانان، بەڕێوەبردن، میدیاکان، بورۆکراسی، زانکۆکان، کۆمەڵگەی مەدەنی و … دەیەوێ هەموو ئەمانەش لە ژێر سایەی دەستووری بنەڕەتیدا ئەنجام بدا"، سەلاحەدین دەمیرتاش وای گوت.

سەرۆکی هەدەپە، کە بەم دواییانە وەک ١٣٧ ئەندام پەرلەمانتاری تر، حەسانەی پەرلەمانیان لەسەر هەڵگیراوە، دان بەوە دادەنێ کە زۆرینەی گەلی تورک پشتیوانی لەم سەرۆککۆمارە ئیسلامگەرا کۆنەپارێزە دەکەن و هۆکاری ئەمەش بۆ یەکنەبوونی ئۆپۆزۆسیۆن دەگەڕێنێتەوە.

"ئۆپۆزۆسیۆن هەرگیز نەیتوانیوە سەرۆکێکی ئەلتەرناتیڤ پێشنیار بکا و هەرگیز لە دۆخێکدا نەبووە وڵات بەڕێوە ببا. سەرەکی ترین پارتی ئۆپۆزۆسیۆنی تورکیا، جەهەپە، ئاو بە ئاشی ئەردۆغان دادەکا، نەخاسمە کە قسە دێتە سەر کەمینەی کورد"، ئەوە قسەی سەلاحەدین دەمیرتاشە.

شازادە چکۆلە


شازادە چکۆلە

ڕۆمان
ئانتوان دۆ سانت-ئێگزۆپێری
سەلاحەدین بایەزیدی
لە فەرەنسییەوە کردوویە بە کوردی

چاپی یەکەم: ٢٠١٦
بڵاوکار: ناوەندی غەزەلنووس بۆ چاپ و بڵاوکردنەوە

لە بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی کتێبخانە گشتییەکان ژمارەی سپاردنی (١٣٧١)ی ساڵی ٢٠١٦ی پێ دراوە. 

۱۳۹۵/۰۳/۱۳

٢٠ی سێپتامبری ١٩٤٥


نازم حیکمەت
لە تورکییەوە: سەلاحەدین بایەزیدی
 

بەم کاتە درەنگە
بەم نیوەشەوی خەزانە
من پڕم لە پەیڤەکانی تۆ؛
پەیڤەکان
وەکوو زەمەن، مینا مادە جاویدان
ڕووت چەشنی چاو،
قورس وەکوو دەست
بە وێنەی ئەستێرەکانیش گرشەدار.
پەیڤەکانتم پێ گەیشت،
لە دڵ، لە سەر، لە جەستەی تۆ،
وشەکانت تۆیان هێنا،
ئەوان: دایک
ئەوان: خاتوون
ئەوان: هاوڕێ…
خەمینن، تاڵن، بە کەیفن، کامەرانن، قارەمانن،
پەیڤەکانت
مرۆڤن…

۱۳۹۵/۰۲/۲۸

دوو سویسری لە نێو ڕیزەکانی یەپەگەدا

لە ڕاستەوە: بنیامین و هاوڕێیەکی تری

لە فەرەنسییەوە: سەلاحەدین بایەزیدی

ئەوان دیمەنەکانی سویسرایان بە دەریاچە زوڵاڵ و شەمەندەفەرە ڕێکوپێکەکانەوە جێ هێشتووە و چوونەتە زەلکاوەکانی تل تەمەر کە ماوەی کەمتر لە ساڵێکە لە چنگ گرووپی دەوڵەتی ئیسلامی ڕزگار کراوە. هێشتا نەبوونەتە سی ساڵ و سویسرین. ماوەی چوار مانگە، ئەم دوو گەنجەی سوییس ڕۆماند لە سووریان تاکوو لە شۆڕشی سۆسیالیستی "هاوڕێیانی کورد"یاندا پشکیان هەبێ. 

دەبوایە سەرەتا ئەپلیکەیشنێکی بە شیفرە بۆ ئاڵوگۆڕی پەیامەکان دابەزێنی و ئەوسا گفتوگۆ بکەی. بنیامین* ٢٥ بۆ ٣٥ ساڵی تەمەنە. ئەو خەڵکی بەشی فەرەنسی زمانی سویسرا و کوڕە وەرزێڕە. ماوەی چوار مانگە بە "کڵاشینکۆفێک و پێنج شارژۆر و دوو نارنجۆک"ەوە لە سووریایە. پێشتر لە سویسرای ئارام سۆزی بۆ دۆزی کورد هەبووە و ئێستا شان بە شانی "هاوڕێیان"ی یەکینەکانی پاراستنی گەل (یەپەگە) خەبات دەکا. "لەگەڵ هەڤاڵێک، ویستمان، وەک سەرجەم ئەنتەرناسیۆنالیستەکانی تر، چالاکانە بەشداری شۆڕشی سۆسیالیستانەی ڕۆژئاوا ببین. ئێستاکە تەنیا یەک دوژمنمان هەیە، ئەویش داعشە."
 
لە کاتی پەیوەندییەکەدا، بنیامین لە دووکانێکی بچووکی تل تەمەر بوو، شارێک کە لە باکووری سووریا هەڵکەوتووە و لەلایەن کوردەکانەوە لە چنگ داعش ڕزگار کراوە (داعش فێوریەی ٢٠١٥ سەدان دانیشتووی لەو شارە ئیعدام کرد). ئەم دوو سویسرییە، هەفتەی جارێک لەم دووکانە بچووکە و لە ڕێگەی ئەنتەرنێتەوە، بنەماڵە و هاوڕێیانیان لە بوونی خۆیان دڵنیا دەکەنەوە.
 
دەنگی پێکەنینی مناڵان لە کاتی گفتوگۆکەدا دەبیسترێ. "ئێرە پڕە لە مناڵ، ماوەیەکی تریش دەبێ قوتابخانە بکرێنەوە. لە سویسرا پێمان وایە ئەم ناوچەیە چۆڵ و هۆڵە، بەڵام ژمارەیەکی زۆر ماونەتەوە!" هەمووشیان بەپەلەن بگەڕێنەوە بۆ ماڵی خۆیان. "ئێمە لەگەڵ دانیشتووانی گوندێک کە سوور بوون لەسەر ئەوەی بگەڕێنەوە بۆ ماڵی خۆیان لێمان بوو بە هەڵڵا چونکە هێشتا مەترسی لە گۆڕێ دابوو. تەنانەت بۆ سەپاندنی ئارامی ناچار بوون تەقە لە حەوا بکەین."
 
دوو مانگی یەکەمی ئەم دوو سویسرییە بە کۆرسی چڕوپڕی فێربوونی کورمانجی، زمانی خەڵکی ناوچەکە تێپەڕێوە. هەروەها زانیاری سەبارەت بە جەنگ و بارودۆخی ناوچەکە. ئێستاکە جەنگ نزیک و لەبەر دەرگایە. لە ماوەی چەند ڕۆژدا، جەنگاوەرانی یەپەگە تل تەمەر جێ دەهێڵن تاکوو "ئۆپەڕاسیۆنێکی گەورە" دژ بە جیهادیستەکان ئەنجام بدەن، ئۆپەڕاسیۆنێک کە "نابێ هیچی لەسەر بگوترێ".
 
لێرە، ئەوان دەبێ تەقە بکەن. بکوژن. بنیامین دەڵێ: "ئێمە ئەوانە دەزانین. بە چاوبەستراوی نەهاتووینەتە نێو جەنگێکەوە. دەبێ تەقە لە خەڵکانێک، لە دوژمن بکەم. خەڵکانێک کە بە گولـلەکانی من دەمرن." ویزەی فیشەکی کڵاشینکۆف لە دوو لاوە دێ و بۆی هەیە لە هەر دوو بەرەی جەنگەوە بمرن. "بیرمان لەوەش کردۆتەوە و بێ ئاگا نین."
 
ئەی ئەگەر زیندوو مانەوە، بیریان لە گەڕانەوەیان بۆ سویسرا کردۆتەوە؟ "بۆ ئەمساڵ بەرنامەی بۆ داڕێژراوە." ئەوان دەبێ ملی ڕێگە بگرن، چەندین سەعات لەسەر سنوور بە پشتیوانی سنوورپارێزەکان ڕێ بکەن، پاشان بە سەعاتان تا گەیشتن بە فڕۆکەخانەیەک لە نێو ئۆتۆمبێل دابن. ئینجا بگەڕێنەوە ماڵ. هەڵبەت ئەگەر نەگیرێن، چونکە چالاکییەکەیان بە گوێری ماددەی ٩٤ی یاسای سزادانی سەربازی، تەواو نایاساییە. خۆحەشاردنەوە، نازناو، وەڵامی ڵێل سەبارەت بە چوون و هاتنەوەیان، بۆ ئەوەیە لە سویسرا سەرئێشەیان بۆ دروست نەبێ. بۆی هەیە سێ ساڵ بخرێنە گرتووخانەوە و غەرامە بکرێن. "ئێمە پارێز دەکەین، بەڵام بێگومان خۆمان بۆ وەها ئەگەرێکیش ئامادە کردووە."
 
بنیامین دەڵێ: "دایک و باوکم دانیان بە ڕێگەی من داناوە. ئەوان لەگەڵ بۆچوونەکانی مندا نین، لێیان تێناگەن، بەڵام دانیان بەو شتە داناوە کە هەڵمبژاردووە." هەروەها پاش چەند مانگ ژیانی شۆرەکات و جەنگ بۆ یەکێک لە دوایین شۆڕشە سۆسیالیستییەکان دەبێ دیسان بە سویسرا و ڕۆژئاوا ڕابێیەوە. "گەلەک هاوڕێی ئەنتەرناسیۆنالیست گەڕانەوە بۆ بەرەکانی جەنگ. بەرگەی وڵاتی خۆیان نەگرت. ئێمەش، با بزانین چۆن دەبێ…"
 
ئەم دوو گەنجە سویسرییە بۆ چێژوەرگرتن لە جەنگ ڕێیان نەکەوتۆتە سووریا. بە ڕای بنیامین، "وەک ساڵی ١٩٣٦ی ئیسپانیا، دەیان هاوڕێی ئەنتەرناسیۆنالیست هاتوون تاکوو پشکیان لەو شۆڕشە سۆسیالیستییەدا هەبێ کە لێرەکانە برەوی هەیە. ئەوەی ڕاستی بێ، من ئاشتیخوازم، بڕوام بە ئاشتی بۆ ئەم ناوچەیە هەیە، بەڵام بۆ گەیشتن پێی دەبێ بجەنگی." ئایدیای مرۆڤدۆستانە کە وا نییە هەموو بێگانەکان لەگەڵیدا هاوڕا بن لە نێو ڕیزەکانی یەپەگەدا بەدی دەکرێ. "کابۆ و کۆنەسەرباز هەن، ئەمانە بە تایبەت ئەمریکی و ئینگلیزین و بەس بۆ شەڕ دژی جیهادییەکان هاتوون. ئەوان سەرسەختانە و پێداگرانە دێن. بێگومان، هیچ گوێیان بە داهاتووی کوردەکان نابزوێ. بەڵام گرنگە هەموو کەس بەشداری ئەم خەباتە بێ."

نزیکەی دوانزە مانگێکە، بەتایبەت پاش سەرکەوتنی کۆبانێ لە ٢٦ی ژانوییەی ٢٠١٥، هێزە ئۆتۆنۆمیخوازەکانی کورد لە باکووری سووریا پاشەکشەیان بە داعش کردووە. لەو کاتەوە، هێزەکانی یەپەگە، بە هاوکاری هێرشە ئاسمانییەکانی هاوپەیمانان شەڕێکی دژواریان بەڕێوە بردووە و بەشێکی بەرچاوی باکووری سووریایان خستۆتە ژێر کۆنتڕۆڵی خۆیانەوە. ناوچەکە ڕۆژئاوای پێ دەگوترێ و ڕۆژی ١٧ی مارسی ڕابردوو ئۆتۆنۆمی ڕاگەیاندووە. بەڵام گشت ئەم سەرکەوتنانە نەبوونەتە هۆکاری ئەوەی پەیەدە بانگهێشتی گفتوگۆکان سەبارەت بە داهاتووی ئەم وڵاتە ببێ کە لە ژنێڤ بەڕێوە دەچن. ئەمەش جەنگاوەرانی لەوێ تووڕە کردووە. بنیامین دەڵێ "بێ پەیەدە ئاشتی بەدی نایە."

بە پێی زانیارییەکانی یەپەگە، تا ئیستا لانیکەم حەوت ڕۆژئاوایی لە نێو ڕیزەکانیاندا کوژراون: ئەمریکییەک، بریتانییەک، دوو ئاڵمانی، دوو ئوسترالی و کەنەدییەک.

*ناوێکی خوازراوە و لە لایەن ڕۆژنامەکەوە ناسراوە.

سەرچاوە:

24heures

۱۳۹۵/۰۲/۲۲

نەوەکەی میسیۆ لین

ئاواتەخوازم ئەم کتێبی هاوڕێیەتی، مەنفا و هیوایە سەرنجی خوێنەرانی کورد ڕابکێشێ و هێزیان پێ ببەخشێ.

فیلیپ کلۆودێل
سەبارەت بە چاپی کوردی "نەوەکەی میسیۆ لین"


۱۳۹۵/۰۲/۱۹

"وەرگەرێن مە د بن باندۆرا فارسی و عەرەبی دە مانە"



وەرگێرێ کورد سەلاح بایەزیدی دبێژە "مە وێژەیا دنیایێ ب گشتی ژ زمانێ فارسی و عەرەبی وەرگەراندییە ئوو ئەو وەرگەر د بن باندۆرا وان دوو زمانان دە مایە."

فەرید دەمیرێل


ستەنبۆل –
وەرگێر سەلاح بایەزیدی کوردەکی ژ رۆژهەلاتا کوردستانێ یە ئوو ل سویسرێ دژی. بایەزیدی دخوازە بەرهەمێن وێژەیا نووژەن یێن فرەنسی ب خوەندەڤانێن کوردی بدە ناسکرن. سەلاح بایەزیدی هەتا نها نێزیکی ١٠ پرتووکێن فرەنسی وەرگەراندییە. وەرگێر، دبێژە کوو هەتا نها هەر ژ عەرەبی ئوو فارسی وەرگەر ژ بۆ سۆرانی هاتیە کرن لێ ئەو دخوازە پرتووکێن بیانی بێهتر ژ زمانێن وان یێن ئۆرژینال بێن وەرگەراندن. سەلاح بایەزیدی پرسێن "Sputnik Kurdistan"ێ بەرسڤاند.


توو دکاری ژ مە رە بەحسا خەباتێن خوە یێن وەرگەرێ بکی؟ تە چ وەختێ دەست بە کارێ وەرگەرێ کر؟
من د تەمەنەکە پر جوان دە دەست ب خەباتێن وەرگەرێ کر. دکارم بێژم د تەمەنێ ١٧-١٨ سالییا خوە دە. من ب وەرگەرا نڤیس ئوو گۆتارێن بچووک دەست پێ کر. د دەسپێکێ دە ژ زمانێ فارسی نەڤیس وەرگەراندن. سالا ١٩٩٩-ان من ل رادیۆیا دەنگێ کوردستانا سەربەخۆ دەست بە خەباتێ کر. وێ چاخێ ئەز ١٨ سالی بووم، من ل رادیۆیێ هەررۆژ نووچە ئوو نەڤیس وەردگەراندن زاراڤایێ سۆرانی ئوو ئەو خەبات هەتا رۆژا ئیرۆ بەردەوام دکە. وەرگەراندن خەون و خەیالەکە منە کوو د تەمەنەکی بچووک دە ب من رە چێ بوویە ئوو ب من رە مەزن بوویە. ئەو حەزکرن ب خوەندنا ئەدەبیاتا جیهانێ رە مەزن بوو. دەما من رۆمانک ژ نەڤیسکارەکی/ە بیانی دخوەند ئەز هەرتم نەچار دەمام کوو ب فارسی وی بخوینم. لێ دەما پرتووک دگرت دەستێ خوە من حەز دکر ئەو بەرهەم ب کوردی ژی هەبە ئوو بکاربم ب کوردی وێ بخوینم.

هەتا نها تە چەند پرتووک وەرگەراندنە ئوو توو دکاری ناڤێ چەندان ببێژی؟
من هەتا نها زێدەیی ١٠ پرتووک وەرگەراندن سەر زمانێ کوردی. هینەک ژ وان پرتووکان ئەڤن: بیانی ژ ئالبێر کاموو – ژیان ل پێشیا خوە ژ رۆمەن گاری – نەڤیا مۆسیۆ لین ژ فیلیپ کلۆودێل – هەمی رۆمانێن ئاگۆتا کریستۆف – کاک ئیبراهیم ئوو گوولێن قورئانێ ژ ئێریک ئیمانوئێل شمیت – گاڤا کوو ماسی تی دبن ژ حەلیم یوسف ئوو ...

توو تەنێ ژ بۆ سۆرانی وەرگەرێ دکی یان ژ بۆ زاراڤایێن دن ژی پرتووکێن کوو تە وەرگەر کرنە هەنە ئوو توو چ جوورە پرتووکان وەردەگەرینی؟
بەلێ هەتا نها من تەنێ ژ بۆ سۆرانی وەرگەراندییە. ژ بەر کوو ب پرانی ژ فرەنسی ڤە وەرگەرێ دکم ئەز زێدەتر وێژەیا فرەنسی وەردەگەرینم ئوو د ناڤ وێژەیا فرەنسی ژی ب گشتی ئەدەبیاتا هەمدەم. وێژە یا نوو یا فرەنسی ب تایبەت پر بالا من دکشینە ئوو دخوازم بەرهەمێن نوو ژ نەڤیسکارێن نوو ئوو زێدە نەناسکری ب خوەندەڤانێن کورد رە پارڤە بکم.

تو ژ بۆ وەشانخانەیەکێ دخەبتی یان تو بخوە ڤی کاری دکی؟
ژ بۆ وەشانخانەیەکە تایبەت ناخەبتم لێ وەرگەرێن من هەتا نها ژ هێلا سێ وەشانخانەیان هاتنە وەشاندن ئوو خەباتێن من تەنێ ب وان رەیە. پرانیا وان وەرگەران ژ هێلا وەشانخانەیا غەزەلنووس ل سلێمانیێ هاتنە وەشاندن، هەروەها هینەک ژ وان ژ هێلا وەشانخانەیا مانگ ل بانە یا رۆژهەلاتێ کوردستانێ ئوو هەروسا ئەندێشە ل سلێمانیێ.

هەلوەستا نڤیسکار ئوو وەشانخانەیێن فرەنسایێ ل هەمبەر وەرگەرا ژ بۆ سۆرانی چاوایە؟
ئیران و عیراق دوو وەلاتن کوو کۆنڤانسیۆنا بێرنێ ژ بۆ پاراستنا بەرهەمێن وێژەیی ئوو هوونەری ئیمزا نەکرنە. ئوو مخابن هەمی پرتووک بێ ئیزنا وەشانخانە ئوو نەڤیسکاران تێن وەشاندن. هەتا نها وەرگەر ئوو وەشانخانەیێن کوردستانێ نەرازیبوونا خوە ژ بۆ وێ یەکێ نیشان نەدانە ئوو نەخواستنە وێ پرسگرێکێ چارەسەر بکن. لێ ئەز وەکە پرەنسیپ ئوو ئەرکەکە ئەخلاقی بەری کوو پرتووکەک وەربگەرینم ب وان رە دکەڤم تێکەلیێ. هەم دەرفەت ژ وان دخوازم ئوو هەم ژی نێرین ئوو دیتنا وان دستینم. ئەز رەوشا وەشانێ ل کوردستانێ ژ وان رە شرۆڤە دکم ئوو ئەو ژی مافێ وەرگەرێ ب هێسانی ددن من. بێگومان پر کێفخۆش دبن کوو ئەو پرتووک دبن کوردی. یەک ژ وان نەڤیسکارێن فرەنسی پشتی چاپا پرتووکا خوە ب کوردی، گۆتە من کوو هەتا نها هەیەجانەک وسا ب دیتنا وەرگەرێن وی، پێ رە چێ نەبوویە. گۆت هەمی وەرگەرێن ب زمانێن دن ددە ئالییەکی ئوو یا زمانێ کوردی ددە ئالییەکە دن. هەوقاس ژێ رە پیرۆز و گرینگ بوو.

ژ بۆ زمانێ کوردی کارێ وەرگەرێ د چ ئاستێ دایە، تو دکاری چ ببێژی؟
دەربارێ وەرگەرا ژ بۆ زاراڤایێ کورمانجی دکارم بێژم قەت تشتەک نەهاتیە کرن، بێگومان ئەو دەرفەت ژی هەتا نها توونەبوون. ژ بۆ زاراڤەیا سۆرانی ئەو خەبات دەمەکە دەست پێ کرییە لێ مە وێژەیا دنیایێ ب گشتی ژ زمانێ فارسی ئوو عەرەبی وەرگەراندییە ئوو ئەو وەرگەر د بن باندۆرا وان دوو زمانان دە مایە. وێژەیا رووسی، فرەنسی، ئینگلیزی، ژاپۆنی ئوو هەتا ترکی ژ زمانێ فارسی ئوو عەرەبی، ژ بۆ سۆرانی هاتنە وەرگەراندن ئوو ئەو ژی راستەراست باندۆر ل سەر کالیتا وەرگەراندنێ دانییە. نها وەشانخانەیێن کوردی ل باشوور ئوو رۆژهەلات گرینگییەک زێدەتر ددن وەرگەرا ژ زمانێ ئۆرژینال ڤە. لێ دیسا ژی زمانێن سەرەکە ژ بۆ وەرگەرا سۆرانی مخابن فارسی و عەرەبی نە.

۱۳۹۵/۰۲/۱۲

"ڕۆژ، ڕۆژی کوردە"

ئیسماعیل بێشکچی، دۆستی دڵسۆزی کوردەکان، وێنە: ئۆدیل مەیلان



بێرنارد بریدێل
لە فەرەنسییەوە: سەلاحەدین بایەزیدی

ئیسماعیل بێشکچی، کە بەم زووانە دەبێتە ٧٧ ساڵ، بە هیچ شێوەیەک خولیای بۆ پرسی کورد لەدەست نەداوە. ئەگەر بیر لەوە بکەینەوە کە ئەم کۆمەڵناسە تورکە بە هۆی نووسینەکانی، سەبارەت بە کوردەکان، هەڤدە ساڵ لە تەمەنی لە گرتووخانەکانی تورکیا تێپەڕاندووە، دەبینین لە خۆڕا نییە… لە میانەی سەفەرێکیدا بۆ شاری لۆزان، ناوبراو تیشک دەخاتە سەر بارودۆخی ئەم نەتەوە بێ دەوڵەتە کە گیرۆدەی گێژاوی شەڕە لە ڕۆژهەڵاتی ناویندا.

نەوەد و سێ ساڵ پاش پەیماننامەی لۆزان (١٩٢٣) کە نکۆڵیی لە مافەکانی کورد کرد، سێ لەو وڵاتانەی کوردەکان تێیاندا دەژین (عێراق، سووریا، تورکیا) دەستەویەخەی جەنگن. تۆ بڵێی ئەمە چارەنووسیان بگۆڕێ؟ 
هیوادارم. پەیماننامەی لۆزان دابەشکردنی کوردستانی سەپاند. چەشنی لەتوکوت بوونی جەستەیەک. ئەمڕۆکە دەتوانین بوونی ٥٠ میلیۆن کورد لە جیهاندا مەزەندە بکەین، بەڵام لە ئاستی نێونەتەوەییدا قەت ددانیان پێدا نەنراوە. ئەمە مایەی پەسند نییە بە تایبەت کە دەبینین وڵاتەیلی بچووکی وەک مۆناکۆ و ئاندۆرا ئەندامی نەتەوە یەکگرتووەکانن. سەرباری ئەوەش، هەر لە مارسی ٢٠١١ەوە کوردەکان لە سووریا کۆنترۆڵی ناوچەکەی خۆیان گرتۆتە دەست. ئەمە بۆتە هۆکاری جۆرە وشیارییەک لە نێو گەلی کورددا…

... و شەڕ دژی داعش زیاتر پەرەی بەمە دا، وا نییە؟

دەرکەوتنی داعش لە هاوینی ٢٠١٤دا دیاردەیەکی زۆر گرنگە. ئیسلامییەکان، پاش گرتنی موسڵ پەلاماری کوردەکانی عێراق و سووریایان دا. لە هەر دوو ناوچەدا، کوردەکان خۆڕاگرییان کرد و سەرکەوتووی مەیدانەکە بوون. ئەوەی ڕاستی بێ، ئیماژی ئەوان لە نێو بیروڕای گشتی نێونەتەوەییدا گۆڕانی بەسەر داهات و ئیتر لەمەوبەدوا ڕای گشتی سۆزێکی زۆری بۆ کوردەکان هەیە. پێم وایە ئیدی ڕۆژ، ڕۆژی کوردە.

ئاخۆ دەتوانین لە داهاتوویەکی نزیکدا کوردستانێکی سەربەخۆ لە عێراق وێنا بکەین؟
بەڵێ! ئەوەی لەوێ ڕوو دەدا بۆ سەرجەم کوردەکان باشە. دیارە دەبێ ئەمساڵ کوردەکانی عێراق بە ڕیفڕاندۆم لەمەڕ سەربەخۆیی خۆیان بڕیار بدەن.

گەلۆ زلهێزەکان و دەسەڵاتە گەورەکانی ناوچەکە (ئێران و تورکیا) کوردستانێکی سەربەخۆ دەپەژرێنن؟
کوردەکان کۆنتڕۆڵی سەرچاوە گرنگەکانیان لەدەست دایە (وەکوو نەوت، گاز، گەلێک ماددەی خاو). ئەمانە کارتی گەورەن. بۆ نموونە، تورکیا پێویستی بەم چاوگە نزیکانەی وزە هەیە. ئەوەی ڕاستی بێ، پێم وا نییە دەوڵەتی تورکیا دژایەتی دەوڵەتێکی کوردی سەربەخۆ لە عێراق بکا. سی ساڵ لەمەوپێش بۆچی، دژایەتی دەکرد، بەڵام ئەمڕۆکە نا. لە لایەکی دیکەوە، ئەنقەرە پەیوەندیی گەرموگوڕی دەگەڵ کوردستانی عێراق هەیە.

سەرهەڵدانەوەی دوژمنایەتی نێوان تورکیا و پەکەکە چۆن لێک دەدەنەوە؟
لە ئاستی نێونەتەوەییدا، تورکیا دەیەوێ بە هەر نرخێک بووە پێش بە ناوچەیەکی ئۆتۆنۆمی کورد لەسەر خاکی خۆی بگرێ چونکە دەبێتە پردی نێوان کوردستانی عێراق و سووریا و دەریای سپی. لە ئاستی نێوخۆدا، سەرۆک وەزیر ئەردۆغان پێی وایە سەرکوتی کوردەکان بواری ئەوەی پێ دەدا دۆخی ئێستا بپارێزێ. ئەمە بە دڵنیاییەوە هەڵەیە. کورد بژاردەی جیاوازیان لەبەردەم نییە، ئەوان دەبێ خۆڕاگری بکەن و سوور بن لەسەر بەدەستهێنانی مافەکانیان، هەروا خەبات بکەن دژ بەو نەزمە دژە کوردەی لە ساڵی ١٩٢٣وە لە جیهان سەقامگیر بووە.

سەرچاوە: تریبوون دۆ ژنێڤ

۱۳۹۵/۰۲/۰۹

ژنێڤ مل بۆ گوشارەکانی تورکیا دانانەوێنێ


دەسەڵاتدارانی تورکیا پەرەیان بە گوشارەکانیان بۆ سەر ڕەخنەگران و هونەرمەندانی نەیاری ڕەجەب تەیب ئەردۆغان لە وڵاتانی جۆربەجۆری ئەوروپا داوە. ڕۆژی سێشەممە، دەستەی بەڕێوەبەرایەتیی شاری ژنێڤ داواکارییەکی کۆنسوڵخانەی تورکیا و ئەنقەرەی لەمەڕ لابردنی وێنەیەکی فۆتۆگرافەری کورد - ئەرمەنی دەمیر سۆنمەز لە پێشانگایەکی بەردەم بارەگای نەتەوە یەکگرتووەکان ڕەت کردەوە. 

کونسوڵخانەی تورکیا تووڕەیە چونکە: "ئەم وێنەیە هەوڵ دەدا تۆمەتێکی نەڕاست و نادادپەروەرانە بخاتە پاڵ سەرۆک وەزیری تورکیا ڕەجەب تەیب ئەردۆغان." وێنەی ئاماژەپێکراو پۆرترەی کوڕیژگەیەکە کە هاوینی ساڵی ٢٠١٣ لە گۆڕەپانی تەقسیم کوژرابوو. وێنەکە ئەم نووسراوەیەی لەگەڵە: "ئەز ناوم بەرکین ئەلڤان-ە، پۆلیس بە فەرمانی سەرۆک وەزیری تورک منی کوشتووە." 


دەستەی بەڕێوەبەرایەتیی شاری ژنێڤ بەیاننامەیەکی نووسراوی بڵاو کردۆتەوە، لە بەیاننامەکەدا لەسەر ئەم وێنەیە وە جواب نایە، لێ ئاماژە بە پرەنسیپێک دەکا: "ئەم پێشانگایە دەکەوێتە خانەی داکۆکی لە ئازادی ڕادەربڕین. سوییس و ژنێڤ وڵات و شارێکن تێیاندا ئازادی ڕادەربڕین پرەنسیپێکی سەرەکییە."


لە لایەکی دیکەوە، ڕاوێژکارێکی دەستەی بەڕێوەبەرایەتی لە لێدوانێکی ڕاشکاوانەدا بە ڕۆژنامەی "بلیک"ی گوتووە: "ژنێڤ بە هیچ وڵاتێک چاوترسێن ناکرێ. وێنەکە لانابرێ!" وتەبێژی وەزارەتی کاروباری دەرەکیش بە بیری هێناوەتەوە: "سوییس پرەنسیپەکانی ئازادیی ڕادەربڕینی بەجێ هێناوە."


دەمیر سۆنمەز فۆتۆگرافەری سوییسی بە ڕەچەڵەک کورد - ئەرمەنی پێشانگەکەی ڕۆژی ١٥ی ئەم مانگە کردۆتەوە و ئەم پێشانگەیە بڕیار وایە تا ڕۆژی یەکی مەی بخایەنێ. 


سۆنمەز دەڵێ: "شانازی بە کاربەدەستانی شارەکەم دەکەم. ئەمە سەرکەوتنێکی پیرۆزی دیموکراسی و وانەیەکەیە لۆ تورکیا." ئەم وێنەگرە کە حەز دەکا پێشەنگەکەی لە وڵاتانی دیکەش بکاتەوە، بەم هەڕەشە و گوڕەشانەی تورکیا سەری سووڕ نەماوە: "دوای ئەو بوویەرانەی ئاڵمانیا و سوید دەمزانی کە وەها شتێک دەقەومێ."

۱۳۹۵/۰۲/۰۷

وتوێژی تایبەت لەگەڵ میشێل بووتۆر

 "ڕەنگە ڕۆژێک ئیتر کەس ڕۆمان نەنووسێ"

سەلاحەدین بایەزیدی


ئەگەر بە ئۆتۆمبێلی خۆت نەبێ، ئاسان نییە لە وادەی دیاریکراودا چاوت بە میشێل بووتۆر، شاعیر و نووسەری ناسراوی فەرەنسا بکەوێ. چونکە لە گوندێکی چەپەک و پەراوێزخراوی سەر بە "لووسەنژ" کە لەسەر سنووری سویس هەڵکەوتووە، دەژی. لە گەراجەکانی ژنێڤ، کەس نەبوو تەنانەت ناوی گوندەکەشی بیستبێ، تەنیا ئەوەندەیان دەزانی کە کەرەستەکانی هاتوچۆی گشتی ڕێیان ناکەوێتە ئەو شوێنە و دەبوایە بە تەکسی بچم. کە لە لووسەنژ ڕووم کردە ئەو شۆفیر تەکسییەی چاوەڕوانی ڕێبوار بوو، وادەی دیدارەکە تەنیا چەند خولەکێکی مابۆوە و ترسی ئەوەم ڕێ نیشتبوو شۆفێر تەکسییەکە بە ناشارەزایی ڕێگەکەم دوورتر بکاتەوە. بەڵام لێرەوە بەدوا مێشێل بووتۆر ناونیشانێکی ئاشنا بوو. پێش ئەوەی ئادرەسی ماڵەکەی بدۆزمەوە و بە شۆفیرەکەی بدەم، بە ڕێکەوت ناوی بووتۆرم هێنا. شۆفیرەکە زەردەخەنەیەکی کرد و وەک ئەوەی هەستێ پێکردبێ وە درەنگی کەوتووم، دەسبەجێ کەوتە ڕێ و گوتی بە ناوبڕ دەمگەیەنێت. شۆفیرەکە ڕۆمانەکانی میشێل بووتۆری نەخۆێندبۆوە، چونکە بە قسەی خۆی دانووی لەگەڵ "ڕۆمانی نوێ"دا ناکوڵێ، بەڵام باسی لەوە دەکرد خەڵکێکی زۆری بۆ ماڵەکەی ئەو نووسەرە گواستۆتەوە و جار جارەش لە تەلەڤزیۆن گوێی لە قسە و دیمانەکانی گرتووە. بە چاوگێڕانم بە دیمەنەکانی دەوروبەردا، بۆی دەرکەوت پرسیاری ئەوەم لە مێشکدا وروژاوە کە بۆچی ئەم نووسەرە ڕچەشکێنە لەم کوێرەدێیە دەژی، بێ ئەوەی پرسیارەکەم بێنمە سەر زمان، شۆفیرەکە هەڵیدایە: وەک دەبینن لە خۆڕا نییە لێرەکانە دەژی، ئێرە شوێنێکی بە ڕاستی سەرنجڕاکێشە. واش بوو.
دواجار، میشێل بووتۆر کە مانگێکی تر پێ دەنێتە تەمەنی ٨٩ ساڵییەوە، بە گەرموگوڕیی ناسیاوێک لە ماڵەکەی خۆیدا پێشوازی لێکردم. هێشتا بە خۆوەیە و لە خوێندنەوە و نووسین دانەبڕاوە، بەڵام ئەو ئێستا چیتر خۆی بە ڕۆمان و ژانرەکانی تری ئەدەبەوە سەرقاڵ ناکا و زیاتر شیعر دەنووسێ. ساڵی ١٩٥٩، دوایین ڕۆمانی بە ناوی "پلەکان" نووسیوە کە دەسپێکی ساڵی ١٩٦٠ چاپ بووە و ئیدی لەوساوە، واتە پتر لە نیو سەدەیە بە لای ڕۆماندا نەچۆتەوە. دەڵێ: "چونکە بە پێی پێویست نووسیم. زۆرم کتێب و نووسراوە چاپ کرد. ئێستا پڕۆژەیەکی گەورەم وەک نووسین بە دەستەوە نییە."

تاقانە یادگاری "ڕۆمانی نوێ"

مێشێل بووتۆر بە گشتی چوار ڕۆمانی نووسیوە و بەو ڕۆمانانە و لە سەرووی هەمووشیانەوە بە ڕۆمانی "وەرچەرخان" ناوبانگی جیهانی دەرکردوە. یەکەم ڕۆمانی ساڵی ١٩٥٤ لە لایەن وەشانخانەی (مینوی) لە پاریس چاپ کراوە. ڕۆمانەکانی میشێل بووتۆر دەچنە خانەی "ڕۆمانی نوێ" یان "قوتابخانەی مینوی"یەوە. ئەو ڕەوتەی لەسەر کۆمەڵێک ڕەتکردنەوەی هاوبەش دامەزرابوو، لەوانە ڕەتکردنەوەی فۆرمی کلاسیکی ڕۆمان، ڕەتکردنەوەی فۆرمی پشت ئەستوور بە باڵزاک و ریالیزم، ڕەتکردنەوەی قارەمان، ڕەتکردنەوەی بەسەرهات، ڕەتکردنەوە جیاوازی خستنە نێوان فۆڕم و نێوەڕۆک.
میشێل بووتۆر لەگەڵ کۆمەڵێک نووسەری وەک ناتالی سارۆت، ئالێن رۆب گرییێ، کلۆد سیمۆن، مارگریت دووراس و رۆبێر پانژێ بە گرنگترین سیماکانی ڕۆمانی نوێ لەقەڵەم دەدرێن. ئەمڕۆکە هەرچەند بووتۆر تەنیا یادگاری ئەو کاروانەیە، بەڵام هاوکات و بگرە پێش ئەوان ماڵئاوایی لە بزاوتی ئەدەبیی ڕۆمانی نوێ کردوە کە کۆتایی پەنجاکانی سەدەی ڕابردوو و شەشتەکان، هاوکات لەگەڵ گۆڕانکارییە سیاسی و کۆمەڵایەتییەکان لە فەرەنسا لە لووتکەی خۆی دابوو.
ئەی ئەگەر میشێل بووتۆر درێژەی بە نووسینی ڕۆمان دابایە، هەمدیس شێوازی "ڕۆمانی نوێ"ی بەکار دەهێنا؟ وڵامدانەوەی پرسیارەکە ئەستەمە. بووتۆر بە پێکەنینەوە دەڵێ مێژوویەکە ئیتر ڕۆمان نانووسم. بەڵام سەرسامبوونی خۆی بە نووسەرانی سەر بە "کارگەی ئەدەبیاتی هێزە نادیارەکان" (Oulipo) نیشان دەدا: "لە ناو نووسەرانی Oulipoدا کۆمەڵێک قەڵەم بەدەست هەن کە فرە فۆرمالیستن و نووسراوەکانیان مایەی تێڕامانە. بۆ نموونە نووسەرانی وەک ژۆرژ پێرێک و ژاک رووبۆ. ژۆرژ پێرێک کتێبێکی نووسیوە بە ناوی "ونبوون" کە پیتی "e" لە سەرانسەری کتێبەکەدا بەدی ناکرێ. کارێکی بێ هاوتایە چونکە ئەم پیتە لە فەرەنسیدا لە هەموو پیتەکان زیاتر بەکار دەبرێ. بەڵام ئەم کتێبە بێ ئەو پێتە نووسراوە و سەرکەوتووش بووە". بووتۆر، هۆکاری سەرنجڕاکێش بوونی ئەم نووسەرانە و هەروەها بەرهەمەکانی نووسەرانی ڕۆمانی نوێ بۆ ئەوە دەگەڕێنێتەوە کە هاندەر و وروژێنەری هێزی خەیاڵن. "هەرچەشنە جوانکارییەک لە لەحن و دەربڕیندا سەرنجم ڕادەکێشێ"، میشێل بووتۆر وا دەڵێ.

داهاتووی ڕۆمان

ئاساییە ئەگەر میشێل بووتۆر بە پێچەوانەی ڕۆماننووسەکانی دیکە سەبارەت بە ڕۆمان و داهاتوو و مانەوەی ئەم ژانرە ئەدەبییە دەمارگرژ نەبێ. ئەخە ئەو بۆخۆی نووسەری جۆرێک لە ڕۆمان بووە کە بە دژەڕۆمان ناسراوە. دەربارەی پێشەڕۆژی ڕۆمان پێی وایە بۆی هەیە ڕۆمان بوونی نەمێنێ وەک چۆن پێش ئەوەی لەدایک بێ، بە درێژایی چەندین سەدە بوونی نەبووە. بووتۆر بەمجۆرە بۆچوونی خۆی لەسەر داهاتووی ڕۆمان دەردەبڕێ: "ڕۆمان شتێک نییە بەردەوام هەبووبێ. ڕۆمان وەک ئەوەی ئەمڕۆ دەیبینین و پێناسەی بۆ دەکەین، بە درێژایی چەندین سەدە هەر بوونی نەبووە. بۆیە دەکرێ کتوپڕ نەمێنێ و شتێکی دیکە بۆ نموونە فیلم یان ئەڵقەی تەلەڤزیۆنی جێگەی بگرێتەوە. ڕۆمان لە واتا باوەکەیدا یانی کتێبێکی کاغەزی کە بەسەرهاتێک دەگێڕێتەوە، کە لە لاپەڕەی یەکەمەوە دەست پێدەکەین و پاش کۆمەڵێک فراز و نشێو، دەگەینە دوایین لاپەڕە. دەشی ئیتر ئەمە نەمێنێ. بۆی هەیە ڕۆژێک خەڵک چیتر ڕۆمان نەنووسن. بەسەرهاتەکان بە شێوەیەکی دیکە بگێڕدرێنەوە. بەڵام نەک لە توێی ئەو کتێبەی ئێستا دەیناسین. دیارە ڕۆمانی کۆن هەر دەخوێنرێتەوە و بەردەوام بۆ خەڵکی سەرنجڕاکێش دەبێ."
مێشێل بووتۆر کە نیشان دەدا نێوانی لەگەڵ تەکنۆلۆژیا خۆشە و پێشوازی لە هەر چەشنە ئەفراندنێکی نوێ دەکا، بێ نیگەرانی لە کاتێکدا دەوروبەری بە کتێب و ڕۆمان ئابڵۆقە دراوە، دەڵێ: "ڕەنگە شتی باشتر لە ڕۆمان بەرهەم بهێنرێ. ڕۆمان دەکرێ وەک هەنگاوێک سەیری بکرێ بەرەو فۆڕمێکی تری ئەدەبی. هەڵبەت ئێستاش ڕۆمان خەریکە جێگرەوەی بۆ پەیدا دەبێ. ئەمە نایەتە ئەو واتایەی کە ڕۆمانی کۆن ناخوێنرێتەوە. ڕۆمانی کۆن، هی دوێنێ و تەنانەت هی ئەمڕۆش هەر دەخوێنرێنەوە. بەڵام ڕەنگە ڕۆژێک ئیتر کەس ڕۆمان نەنووسێ. ڕەنگە خەڵک بە شتی ترەوە سەرقاڵ بن. دیار نییە، لەوانەشە ڕۆمان هەروا برەوی هەبێ."

"ڕۆمانەکانم بە کوردی وەربگێڕن"

نەک هەر میشێل بووتۆر، بەڵکوو هیچکام لە نووسەرانی بزاڤی "ڕۆمانی نوێ" لە زمانی کوردیدا ئاوڕیان لێ نەدراوەتەوە و کتێبەکانیان نەکراونەتە کوردی. لە کاتێکدا بزاڤی ڕۆمانی نوێ و نووسەرەکانی ناوبانگێکی جیهانییان هەیە و بە زۆربەی هەرە زۆری زمانەکانی دونیا وەرگێڕدراون. کە باسی ئەگەری وەرگێڕانی ڕۆمانەکانی میشێل بووتۆر بۆ سەر زمانی کوردی دەکەم، چاوەکانی دەبریسکێنەوە و بە خۆشحاڵییەوە دەڵێ "وەرگێڕانی ڕۆمانەکانم بە زمانی کوردی بۆ من وەک خەون وایە. تەنانەت بە خەیاڵیشمدا نەهاتووە. ڕۆمانەکانم بکەنە کوردی". ئاماژە بەوەش دەکا گرینگە نموونەکانی ڕۆمانی نوێ لە ئەڕشیڤی هەموو زمانەکاندا هەبن و خوێندنەوە و لێکۆڵینەوەیان بۆ بکرێ.

میشێل بووتۆر:

میشێل بووتۆر لە شاری "مۆنزەن بارۆل"، لە باکووری فەرەنسا لەدایک بووە. لە وڵاتانی دەرەوە بە تایبەت لە میسر، مامۆستای زمانی فەرەنسی بووە و ساڵانی ١٩٥٠ لە "قوتابخانەی نێونەتەوەیی" لە ژنێڤ وانەی فەلسەفەی وتۆتەوە. لە زانکۆکانی ئەمریکا، فەرەنسا و دواتر سویسیش مامۆستای ئەدەبیات بووە و ساڵی ١٩٩١ خانەنشین کراوە.
بێجگە لە نووسینی ڕۆمان و شیعر، دەیان کتێبی دیکەی سەبارەت بە ئەدەبیات و نیگارکێشی چاپ کردووە و چەند کتێبێکی وەرگێڕدراویشی هەیە. ساڵی ٢٠١٣، خەڵاتی ئەدەبیاتی ئاکادیمیای فەرەنسای بۆ کۆی بەرهەمەکانی وەرگرتووە. ئێستا لە گوندێکی سەر بە لووسەنژی فەرەنسا لە نزیک ژنێڤ دەژی.

۱۳۹۵/۰۱/۱۹

سەرین


سەلاحەدین بایەزیدی 

    سەرێکە و
سەرینی سەت سەودا
       خەوێکە و
       هوروژمی
هەزار خەونی خۆرنەدیو.
         

                ***

لەسەر سەرینێکە سەرمان
کە ناتوانێ لە کۆڵ بکا
باری غەم و تاسەکانمان.
      هانێ باسکم
با گوڵە ناسکەکانی ئەم سەرینە
هەڵنەوەرن.