۱۳۹۵/۱۱/۰۱
۱۳۹۵/۱۰/۲۶
پێ بکەنە
کەماڵ بورکای
لە تورکییەوە: سەلاحەدین بایەزیدی
دە پێ بکەنە، بڵا هەورەکان بڕەون
کارکەرەکان باش کار بکەن، پێ بکەنە
دەنا من چۆن بڕوێمەوە
بەشکم فیلمێک بێتە نێو شار
لە نووسینەکاندا ببێتە لێڕەوار
سەقا دەگۆڕدرێ، دەبێتە دەریای سپی، پێ بکەنە.
قامیشم هەبوون من، خودان چۆم بووم
زیخ و چەوم هەبوو
بەڵام تۆ شتێکی تری، لێم تێ دەگەی
وای دابنێ برسیم، لە دایکم تۆراوم
شار هەمووی لێم تۆراوە
پشیلەیەک چییە نیمە، لێم تێدەگەی
سەقا دەگۆڕدرێ، دەبێتە دەریای سپی، پێ بکەنە.
ژنەگۆرانیبێژی تورک سەزەن ئاکسوو ئەم شیعرەی کردۆتە گۆرانی. لێرەوە گوێ لە گۆرانییەکە بگرە.
شیعرەکە بە دەنگی شاعیر
۱۳۹۵/۱۰/۱۶
نا بۆ مردن…
ئاگۆتا کریستۆف
لە فەرەنسییەوە: سەلاحەدین بایەزیدی
نا بۆ مردن
جارێ نا
زوویە چەقۆ
زوویە ژار، زوویە زوو
خۆمم خۆش دەوێ هێشتاش
دەستەکانمم خۆش دەوێ کە جگەرە دەکێشن
کە دەنووسن
کە جگەرە دەگرن
قەڵەم دەگرن
پەرداخ دەگرن.
دەستەکانمم خۆش دەوێ کە دەلەرزن
کە هێشتاش خەریکی خاوێن کردنەوەن
کە دەبزوێن
نینۆکەکان ئێستاش دەڕوێن
دەستەکانم
چاویلکەکەم لە جێی خۆی دادەنێنەوە
تا بنووسم.
- ئەم شیعرە لە ژمارە (٢٤١)ی گۆڤاری ڕامان-دا بڵاو بۆتەوە.
۱۳۹۵/۱۰/۱۰
ئاسلی ئەردۆغان بە شێوەیەکی کاتی ئازاد کرا
پاش زیاتر لە چوار مانگ دەستبەسەرکردن، دوێنێ شەو (٢٠١٦/١٢/٢٩) ژنەڕۆماننووسی تورک ئاسلی ئەردۆغان لە گرتووخانەی ژنانی باکرکۆی ئازاد کرا. دادگایەکی ئەستەنبوڵ، پێنجشەممە بڕیاری ئازادکردنی ئەردۆغانی بە شێوەیەکی کاتی دا. ناوبراو بە تۆمەتی "ئەندامێتی ڕێکخراوێکی تیرۆریستی" قۆڵبەست کرابوو.
ئاسلی ئەردۆغان ئەندامی دەستەی ڕاوێژکاران و ستوون نووسی ڕۆژنامەی ئوزگور گوندەمی نزیک لە پارتی کرێکارانی کوردستان کە مانگی ئۆکتۆبری ڕابردوو داخرا، لەگەڵ هەشت هاوکاری تری لە لایەن تورکیاوە گیرابوون.
ئاسلی ئەردۆغان لە وتارێکیدا لە ڕۆژنامەی ئوزگور گوندەم نووسیبووی: "چ ئەستەمە ژیان و نووسین لەو ڕۆژانەی وا ژمارەیەک بریندارن و مناڵان لە ژێرزەمینەکاندا کە بۆ ئەوان بۆتە زیندان، لە نێو ئاگردا دەسووتێن؛ چ قورسە بێدەنگی؛ چ قورسی باری وشەیەک کە پاساو بۆ ئەم بێدەنگییە دێنێتەوە."
داواکاری گشتیی ئەستەنبوڵ داوای کردووە ئاسلی و هەشت رۆژنامەڤانەکەی دیکە بە زیندانی هەتاهەتایی یاخود هەڤدە ساڵ و نیو زیندان سزا بدرێن.
ئاسلی ئەردۆغان ساڵی ١٩٦٧ لەدایک بووە. لە نووسراوەیەکدا سەبارەت بە ژیانی خۆی ئاماژە بەوە دەکا لە ئەستەنبوڵ لەدایک بووە و لە گوندی و لە کەشوهەوایەکی پڕ توندوتیژیدا گەورە بووە. دەڵێ کە چوار ساڵ و نیوی تەمەن بووە، ڕۆژێک بارهەڵگرێکی تەژی عەسکەر هاتوون و باوکیان لەگەڵ خۆیاندا بردووە کە یەکێک بووە لە بەرپرسە گرنگەکانی سەندیکای خوێندکارانی چەپ.
ئاسلی ئەردۆغان باسی درێژەدان بە خوێندن لە بواری فیزیا لە ژنێڤ و دواتر لە برێزیل دەکا و دەڵێ لە برێزیل بێگانە بووە و لە تورکیاش خۆی وەک بێگانەیەک هەست پێ دەکا.
ئەو بەمجۆرە بەردەوام دەبێ: ئەمڕۆکە لە تورکیا هەمووان دەزانن من نووسەرێکی پڕخوێنەرم، بەڵام کەس متەقی لێوە نایە؛ بێگومان ئەم بێدەنگییە سامناکترین مەنفایە.
۱۳۹۵/۱۰/۰۳
۱۳۹۵/۰۹/۲۹
سویسرا ئاسلی ئەردۆغان دەخوێنێتەوە
ژنە ڕۆماننووسی تورک، ئاسلی ئەردۆغان کە لە مانگی ئووتی ڕابردووەوە بە هۆی بڵاوبوونەوەی وتارەکانی لە ڕۆژنامەی "ئوزگور گوندەم"ی نزیک لە پارتی کرێکارانی کوردستان بەند کراوە، بۆتە هێمایەک بۆ بەرەنگاربوونەوەی زەخت و گوشارەکانی ئەنقەرە. لە بەشی فەرەنسی زمانی سویسرا، چیرۆک و ڕۆمانەکانی ئەم نووسەرە ناسراوە وەک نیشانەیەک بۆ هاوپشتی و بە زمانی فەرەنسی لە کتێبخانەکان بۆ خەڵک دەخوێنرێنەوە.
پێشتر ڕاگەیەنرابوو کە ئاسلی ئەردۆغان ٢٣ی نۆڤەمبەر ئازاد دەبێ بەڵام دواجار بە وەپاڵ خستنی تۆمەتێکی نوێ لە گرتووخانە هێڵڕایەوە. ئەردۆغان وێڕای نۆ کەسی تر لە دەستەی نووسەرانی ڕۆژنامەی ئوزگور گوندەم بە "ئەندامێتی ڕێکخراوێکی تێرۆریستیی چەکدار"، "مەترسی نانەوە بۆ یەکپارچەیی خاکی تورکیا" و "پڕوپاگەندە بۆ ڕێکخراوێکی تیرۆریست" تۆمەتبار کران.
لە چەند مانگ لەمەوپێشەوە بەرهەمەکانی ئەم نووسەرە کە لە گرتووخانەی ژنانی ئەستەنبوڵ بەند کراوە، وەردگێڕدراوەتە سەر دەیان زمان.
لە بەشی فەرەنسی زمانی سویسرا، هەتا جەژنی نۆئێل، هەموو شەوێک بە دەنگی بەرز کورتەیەک لە نووسراوەکانی ئەم ژنە نووسەرەی لایەنگری مافەکانی مرۆڤ و دۆستی کورد بۆ خەڵک دەخوێنرێتەوە.
۱۳۹۵/۰۹/۲۸
۱۳۹۵/۰۹/۲۲
سنووری مردن
سنووری مردن
عوسمان ئیسماعیلی (ئاشق)
چاپی یەکەم، ٢٠١٢
وەشانێن ئەنیستیتۆی کورد لە ستۆکهۆڵم
...
[...] بەڵام ناتوانم لە دەربڕینی ئەو ڕاستییەش خۆ ببوێرم کە ساڵبەساڵ زیاتر تێدەگەم کە من لێرە نامۆم. لەشی من، ئەو لەشە کڵۆڵەی کە ئێش و ماندوویی کۆن و نوێی تێدا دێن و دەچن و هەرواش نەخۆشی و ئازارەکانی لە زیادبوون دان، لێرەیە و ڕووحی من بە وڵاتێکەوە بەسراوەتەوە کە ناوی کوردستانە.
۱۳۹۵/۰۹/۱۹
ھەرگیز ناتوانین بەرەو ئەو شتە بفڕین کە لە کیسمان داوە
تێڕامان و ڕانانێک بۆ ڕۆمانی (نەوەکەی میسیۆ لین)
بەنگینەپیرۆت نوری
دوای ئەوەی جەنگ کور و بوکەکەی لێسەند و وێرانەیی گوندەکەی بینی، میسیۆ لین نەوەکەی دەگرێتە باوەش بە کەشتیەک کۆچ دەکات لە وڵاتێکی دیوی دەریا دەبێتە پەنابەری سەر شەقامەکان. مشتێک خۆڵ لەگەڵ خۆیدا دەبات تا ھەرگیز گوند و نیشتمان و کەس و کارەکەی لەبیر نەکات، بەڵام ئایا مشتێک خۆڵ دەتوانێت بوونی خۆی لەناو تەنەکەیەک خۆلدا بپارێزێ و ووردە خیزی مشتە خۆڵێک لەناو تەنەکەیەکی گەورەی خۆڵ و خیز، خۆی وون نەکات؟ پیرەمیرَد دەیەوێ و دەبێ چی بکات و چۆن بتوانێت و دەتوانێ شارێکی گەورە وەک گوندەکەی بچوک بکاتەوە؟ شارێک قەرەباڵغیەکی بێ شومار جگە لە (میسیۆ بارک) کە ویستی قسە کردنی زۆرە و بەردەوام قسە دەکات و دەشزانێ (میسیۆ لین) لەقسەکانی تێناگات بەڵام لەوە دڵنیایە ژێیی دەنگی دەبیستێ، میسیۆ بارک پێی وایە گوێیەک دەنگی ببیستێت باشترە لەو گوێیانەی قسەکانی تێدەگەن و گوێی لێ ناگرن. شاریش پڕە لەکەسانی بێ گوێ و دەمی بێ قسە. مرۆڤیش ھەیە دەمێکی زۆر بڵێیی ھەیە گوێیەکی بۆ بیستن نییە. وشەکان وەک چۆن گەڵا لەدرەخت دەوەرن ئاوا لەدەم دێنەدەر . ئێمە کە نوسەرین، دەبێ چی بنوسین خەڵک لێمان تێبگەن! چۆن ئاخاوتن بکەین؟ چۆن بزانین خەڵک چی لێمان دەوێ!؟ ئایا نوسین بەسە خەڵک تێبگەن؟ ئایا نوسین و خوێندنەوە جێگەی قسە نەکردن دەگرێتەوە؟ بیگومان دەبێ جیاوازبین و جیاواز بنوسین ئەگەر دەمانەوێ خەڵک بیر بکاتەوە، دەبێ جیاواز لەخەڵکیش بیر بکەینەوە. ھەروەک جیاواز نوسین و جیاواز بیرکردنەوە و دەربڕینی جیاواز، نوسەری ئەم ڕۆمانە (فیلیپ کلۆودێل) دەکاتە پێشەنگ لەداھێنان و پێشەنگ لەو پێشەنگانەی کەسانی تر پێشەنگ بوون. من ناڵێم پێشەنگین، دەڵێم دەبێ پێشەنگ بین. دواجار پێم وایە ئەو نوسینانە پێشەنگن، خەڵک وا لێبکات قسە بکات و گوێ لەخۆی بگرێت و قسەی کەسانی تریش ببیستێت . خەڵکی شاری میسیۆ بارک پێچەوانەی خەڵکی گوندەکەی میسیۆ لین، پڕە لەکەسانێک وەک مێگەل کەڕ و کوێر بەسەر شوستەکاندا دێن و دەچن. ژیان لە گوند پڕە لەقسە و گفتوگۆی نێوان ھاوڕێ و کەسانی نزیک و گێڕانەوەی باسی ڕاو، ھەموو چرکەیەک چیرۆکێک دێتە ژیانەوە بۆیە گوند چێژی ژیانی ھەیە. ژیانی شار وەک ژیانی گوند نیە، پیرەپیاو خۆی بگونجێنێ و نەگونجێنێ ئەو دنکە خیزێکە لەمشتە خۆڵێک، مشتە خۆڵی ناو تەنەکەیەکی گەورەی پڕ لەخیز و خۆڵ. ترسەکەی میسیۆ لین لە بای دەرەوەی خەوتنگەکە لەبەر ئەوەیە خۆی ھەڵگری کلتوری دێرین و ڕابردوی خۆی و باپیرانیەتی، وەیستی پاراستنی نەوەکەی ھەیە دور لەئاوێتە بوونی بەشوێن و ژیانی تازە، دەیەوێت وەک ڕابردوی خۆی سانگ دیوو پەروەردە بکات.
کە کاتت بۆ خوێندنەوەی وەرگیرَدراوی بیانی بۆ سەر زمانی کوردی تەرخانکرد، لەوانە رۆمانە باشەکان، کە بەشێکی باشیەکەی بۆ وەرگێڕی چاک دەگەڕێتەوە، لەباشی ئەدەبیاتی وەرگێڕدراوی جیھانی تێدەگەیت چ سودێکی باشی بۆ دەوڵەمەند کردنی زمان و دونیابینی خوێنەر و ڕۆشنبیری ھەیە. لەزۆربەی وەرگێڕانە باشەکانیش، بەھۆی تێپەڕ نەبوونیان بەفیلتەر،ھەڵەی زمان و بوونی زاری ناوچەگەری بەسەریاندا زاڵە، ڕەنگە لای وەرگێڕ ئاسایی بێت بەڵام ناکرێ لای دەزگا و چاپخانەکان ئاسایی بێت, دەزگا و خانەکانی وەرگێڕان دەبێ لەوەرگێڕەکان باشتر وورد بینی ئەو کتێبانە بکەن چاپی دەکەن، چونکە دەزگاکانی چاپ و بڵاوکردنەوە زمانی گشتین. بەلەبەرچاوگرتنی ماندوبونی وەرگیری ڕۆمانەکە، دوای خوێندنەوەی وەک خوێنەرێک چەند سەرنجێک لەسەر ڕۆمانەکە لام گەڵاڵە بووە ھیوادارم بۆ کاک سەلاحەدین و وەرگێڕەکان بێ سود نەبێ.
لەلاپەڕە ٩٨ی ئەم ڕۆمانەدا نوسراوە (چەن ساڵتان تەمەنە مامۆ) ئەگەر گریمانەی بکەین لەخودی دەقە سەرەکیەکە نوسرابێ (چەن) ئایا دەکرێ وەرگێڕ ھەمان ھەڵەی دەقەکە بکات؟ لەکاتێکدا خۆشی دەزانێت (چەن) زاری ناوچەییە (چەند) تەواوکەری زمانی کوردیە. پرسیار ئەوەیە ئایا زمانی کوردی (کە پێم وا نییە زمانێکی یەکگرتوو و ستاندارد بێ) دەنوسرێ (چەن) یان (چەند)؟
جگە لەچەند ھەڵەیەک وەک گووتمان لەنەبوونی چاودێر و چاوپێداخشاندنەوە بەدەقەکاندا ڕوودەدات، لەوانەشە ھەڵەی وەرگێڕ یا چاپ بێت یاخود لەدەقە سەرەکیەکە وا نوسرابێ. بۆ نمونە لەلاپەڕە١٢٢ لەجیاتی بنوسرێ (ئەو زمانی وڵاتەکەی نازانێ) نوسراوە (ئەو بە زمانی وڵاتەکەی نازانێ) بوونی ئەو (بە)یە ماناکەی شێواندوە، لە زۆر شوێنی تریش بەھەمان (بە)یەکە (و) زۆر بەکار ھاتوە، بەڵام ئەمەیانم بە نمونە گرت.
لەلاپەڕە ١٣٢ نوسراوە (میسیۆ لین بە پیاوە قەڵەوەکە دەڵێ: (ئێستا وەرن، ھەواکەی فێنکە و دەتوانین پیاسە بکەین. خۆی (وەرن) بۆ کۆیە و بە چەند کەسێک دەگووترێ (وەرن) میسیۆ لینش بەیەک کەس دەڵێت (وەرە) ئەویش پیاوە قەڵەوەکەیە، بۆیە (وەرە) بۆ تاکە لەجیاتی (وەرن) دەبوایە نوسرابا (وەرە). ئایا دەکرێ ئەوەی لەلاپەڕە ١٣٣ نوسراوە (ژنانی ماڵێ ئەم گۆرانییە دەچڕن، بەڵام دەزانم کە ئەم ئاوازە دەخوێنم منداڵەکە حەزی لێیەتی، بۆیەشە بێ پسانەوە و پەیتاپەیتا (بەگوێیدا) دەچرپێنم) بێین بیگۆڕین بە (گوێیاندا) دەچرپێنم؟ بیگومان دەبێ بەشێوەیەک بەرامبەرەکەمان تێبگەیەنین، کە گۆرانیمان بۆ کەسێک گووتووە، چونکە پێشتر ووتووتراوە بۆ یەک کەس دواووم. لەبەرئەوە تۆ پێش ئەوەی بۆ خوێنەر بنوسیت بۆ کەسێکی تر دواووی. لەلاپەڕە ١٣٤یش بەھەمان شێوە نوسراوە (باش گوێ بگرن با گۆرانییەکی ترتان بۆ بچڕم) کە دەبوایە بنوسرایە (باش گوێ بگرە با گۆرانییەکی تر بۆت بچڕم) چونکە لەخوار ئەم چەند دێرە نوسراوە (پاشان دەست دەباتە بنگوێی تا ھاوڕێکەی ئاگادار بکاتەوە) کە مانای وایە گۆرانی بۆ یەک کەس دەچڕێ ئەویش ھاوڕێکەیەتی.
*ڕۆمانی (نەوەکەی میسیۆ لین) نوسینی (فیلیپ کلۆودێل) سەلاحەدین بایەزیدی لە فەڕەنسییەوە کردوویە بە کوردی. ناوەندی غەزەلنووس چاپ و بڵاوی کردووەتەوە.
سەرچاوە: ''ئەدەب و هونەر"ی کوردستانی نوێ
http://en.calameo.com/read/000163913810af5fa9a9e
۱۳۹۵/۰۸/۲۱
ئەو جاشکە بۆرەی دەیویست سپی بێ
فیلیپ کلۆودێل
لە فەرەنسییەوە: سەلاحەدین بایەزیدی
لە نێو لەوەڕگەیەک، جاشولکەیەک بە چواردەوری دایکیدا غاری دەدا، دایکی ماکەرێکی جوان و ژیر بوو:
"دایە، دایە، ئەوەندەم پێ خۆشە سپی بم!
- قسەی قۆڕ مەکە، ئاوا بە بۆری زۆر ژیکەڵەی.
- بەڵام من حەز دەکەم جاشولکەیەکی سپی بم دایکە!
- کەری سپیمان نییە، ئێمەمانان بۆرین و چ عەیبمان نییە!
- وا نییە، من نامەوێ بۆر بم، حەز دەکەم سپی بم!
- ڕقم هەڵدەستێنی ها، بۆ خۆشت نازانی دەڵێی چی! ئەوە شێت بووی؟ بڕۆ لە کۆڵم بەوە!"
جاشکەکە، زویر و جاڕز، لە دایکی کە دەمی لە لەوەڕێکی تەڕ و تازە نابوو، دوور کەوتەوە. وەرزی بەهار بوو. بەهارێکی دڵبزوێن. بەهارێک وەک هی کتێبە وێنەدارەکان، خۆ دەزانن باسی چی دەکەم، لەگەڵ کۆڵێک گوڵی ڕەنگاوڕەنگ کە عەتری بێ هاوتایان بە دەوروبەردا دەپڕژاند. خۆرەتاو، دوور دوور لە نێو ئاسماندا دەتگوت پێدەکەنێ. وەرزێڕەکان بەسەر ڕێگەکاندا هاتوچۆیان دەکرد و لە سەر تراختۆرە گەورەکان دانیشتبوون. تووشیان بە تووشی یەکتر دەبوو، ڕووخۆشانە سڵاویان لە یەکتری دەکرد و گۆنای یەکتریان ڕادەمووسی. پەلەوەرەکان هێلانەیان چێ دەکرد. ڕێوییەکان لە نێو بێشەڵاندا سەرخەویان دەشکاند. مار لێک دەهاڵان و کەروێشک سرتە سرتیان بوو. بە کورتی، ژیان هەبوو، ژیانێکی ڕاستەقینە!
بەڵام جاشکە کەرەکەی ئێمە بڕێک نەگبەت بوو. دەیویست بە هەر نرخێک بووە ببێت بە جاشکێکی چەرمگ. بە دڵزیزی لەوەڕگەی جێ هێشت و بە غاردان ملی ڕێگەی گرت. زۆری پێ نەچوو دووراودوور ئاشێکی بینی، ئاشێک کە باڵەکانی هەوا و بای تێک وەردەدا. ئاشەوان کە شەوێکی سەختی تێپەڕاندبوو، لەبەر دەرکەی ئاشەکە بە خەواڵوویی چاوەڕێ بوو. لە پەنا ئاشەوانیش، سێ تا ئاردی گەورەی ئاخنراو بەدی دەکران. جاشکەکەرەکە بیرۆکەیەکی بە مێشک گەیی. بە ئەسپایی، زۆر بە ئەسپایی ڕۆیشتە پێش، بێ ئەوەی بهێڵی دەنگی سمەکانی لە سەر عەرز، لە نێو ئاش و لای ئاشەوان ببیسترێ. پاشان، کە زۆر نزیک بۆوە، بە کەلـلەی سەری تا ئاردەکەی بەردایەوە. تا ئاردەکە ڕمبەی هات، سەرەکەی کرایەوە و ئارد بەو ناوەدا پەرژ و بڵاو بۆوە. جاشکەکە چەند جارێک خۆی تێ گەوزاند و کە هەستایە سەر پێ، بینی سپی بووە. لە خۆشیان یەک بە خۆی زەڕاندی و ئاشەوانەکەی وە خەبەر هێنا، ئاشەوان بە بینینی ئاردە ڕژاوەکە هەستا و ڕە پێی جاشکەکەی نا کە وەک شێتان پێدەکەنی. ئاشەوان گوڕاندی: "پانێر، تاڵانچی، دز، ڕیسوا، کەری ڕووڕەش!" بەڵام وەک دەزانن ئاشەوانێک ناتوانێ بگاتەوە سەر کەرێک، با ئەو کەرە بچووکیش بێ، نەخاسمە کە مرۆڤ زووتر هەناسەسوار دەبێ. جاشکەکە لە ئاسۆی ڕوانینا ون بوو.
بەڵام قەت دەرفەتی ئەوەی بۆ نەڕەخسا چێژ لە ڕەنگە نوێیەکەی تووکی لەشی ببینێ، چونکە بارانێکی توند و بەخوڕ لە پەڵەهەورێکی ڕەش کە ماوەی چەند خولەکێک بوو وەک شەپقەیەکی گەورە بەری ئاسمانی گرتبوو، دایکرد. تووکە کوڵکنەکەی لە چاوترووکانێکا وەک پێشووی لێهاتەوە، بۆوە بە بۆرێکی نەرم و نیان.
جاشکەکە بە خۆی گوت، ئەخر ئەوەش بوو بە قسە، من بۆ ماوەیەکی زۆر سپی نەبووم! بەڵام چەندەش قۆز بووم! ئارد دەردی من چارە ناکا!
کەمێک دوورتر، لەبەردەم دەروازەی گوند، دەروازەی گوندێکی ڕاستەقینە، گوندێک بە ماڵی جوان، باغچەی ڕازاوە، دەر و دراوسێی خۆشەویست، نانەوایەکی خڕ و خەپەڵە، قەسابێکی سمێل زل، پۆستەچییەکی پاسکیل دار، کۆڵانی پاک و خاوێن و ئۆتۆمبێلی بێ دووکەڵەوە، یانی گوندێکی بە تەواو مانا کە لە نێو کتێبەکاندا نەبێ ئیتر بەدی ناکرێن، لە دەروازەی ئەم گوندە ڕاستەقینەیە بۆیەچییەکی خانووبەرە، چووبووە سەر پەیژەیەک و نمایەکی پان و پۆڕی بە ڕەنگی سپی ڕەنگڕێژ دەکرد. سەتڵە ڕەنگەکەی بە دەرنجەیەکی پەیژەکەوە هەڵواسیبوو، بەدەم چڕینی گۆرانییەکی کۆن بە فیتوو، فڵچەکەی دەخستە نێو سەتڵەکەوەوە، پێموابێ ئاوازی گۆرانییەکەی گوڵەباغە سپییەکان بوو. ئێ، گۆرانییەکەتان نەبیستووە؟ بەداخەوە، گۆرانییەکی هەندێک دڵتەزێنە بەڵام بە ڕاستی خۆشە، دەبێ گوێی لێ بگرن، دڵنیاتان دەکەمەوە پەژیوان نابنەوە.
کە جاشکۆڵەکەمان ئەو ڕەنگەی بینی، بە خۆی گوت گومانی تێدا نییە ئەو شتەی بینیوەتەوە کە پێویستی پێیەتی. بەرەو پەیژەکە غاری دا و لووشکەیەکی توندی لێ دا. بۆیەچی فەقیر تەنیا دەرفەتی ئەوەی بۆ ڕەخسا خۆی بە گوێسوانەوە بگرێتەوە، پەیژەکە کەوت، سەتڵە ڕەنگەکە بەسەر عەرزیدا پەرش و بڵاو بۆوە، جاشکەکە خۆی تێ گەوزاند و لە چاوتروکانێکدا وەک بەفر سپی هەڵگەڕا. بۆیەچی فەقیر بە حەواوە لینگەفڕکێی دەکرد و بەسەر کەرەکەماندا دەینەڕاند "پانێر، تاڵانچی، دز، ڕیسوا، کەری ڕووڕەش!" دیارە کەرەش دوور کەوتبۆوە.
جارجارە خەون وەڕاست دەگەڕێن، بەتایبەت لە نێو چیرۆکەکان و نێو ژیانی ڕۆژانەدا. جاشکەبۆرەکە ئیتر ببووە جاشکێکی چەرمگ و کتوپڕ ژیان، ژیانی ڕاستەقینە ها، لەبەر چاوی جوانتر دەینواند، خۆر زەردتر و لەگەوەڕگە سەوزتر و ئاسمان شین تر بوون. لەناکاو زۆر حەزی کرد ئەم ڕواڵەتە نوێیەی نیشانی دوو باشترین هاوڕێی واتە گوێلک و کاریلە بدا.
لە قەراغ چۆم گوێلکەی دۆزییەوە کە خەریکی ژماردنی گوڵە چاوێشەکان بوو. گوێلک، هێندە بە کارەکەی خۆیەوە سەرقاڵ بوو، هاتنی جاشکەکەی نەبینی.
جاشکەکە زەڕاندی: "گوێلکە، گوێلکە. سەیرم کە، سەیرم کە!"
گوێلکەکە بە هێمنی سەری وەرسووڕاند، هاوڕێکەی بینی، زاری تەواو لێک هەڵپچڕی، چاوەکانی زەق بوون، زمانی شۆڕ بۆوە، پاشان لە قاقای پێکەنینی دا، پێکەنینێک کە بڕانەوەی بۆ نەبوو و تا دەهات پتر و پتر دەبوو.
"هە هە هە، هۆ هۆ هۆ، کوڕە خۆ نەمناسییەوە! بە خوا ناحەزی، حەح ئاوا ناشیرنی، خۆ جەژن و شتیش نییە بڵێ خۆت گۆڕیوە! هە هە هە، هۆ هۆ هۆ!"
گوێلکەکە بە دەست لە زگی خۆی دەدا و بە پێکەنین کەوتبووە سەر پشت. جاشکە بە تووڕەیی غاری دا و دوور کەوتەوە.
لە دڵی خۆیدا گوتی ئێرەییم پێ دەبا، بەخیلێکی پیسە و پێی خۆش نییە من لەوی جوانتر بم، خۆیشی نە بۆرە و نە سپی، ڕەش و سپییە! هاوڕێیەکی ڕاستەقینە نییە. بەڵام کاریلە لێم تێدەگا و پەسنم دەدا.
نەختێک دوورتر ئەویشی دۆزییەوە کە نوقمی خەیاڵ پڵاو ببوو و چاوی بەردابووە سێوەرەکانی داوێنێک.
جاشکەکە زەڕاندی: "کاریلەکە، کاریلەکە! سەیرم کە، سەیرم کە!"
کاریلەکە بە هێمنی سەری وەرسووڕاند، هاوڕێکەی بینی، زاری تەواو لێک هەڵپچڕی، چاوەکانی زەق بوون، زمانی شۆڕ بۆوە، پاشان لە قاقای پێکەنینی دا، پێکەنینێک کە بڕانەوەی بۆ نەبوو و تا دەهات پتر و پتر دەبوو.
"هە هە هە، هۆ هۆ هۆ، کوڕە خۆ نەمناسییەوە! بە خوا سەیری، حەح ئاوا سەیر و سەمەرەی، خۆ جەژن و شتیش نییە بڵێی خۆت گۆڕیوە! هە هە هە، هۆ هۆ هۆ!"
کاریلەکە بە دەم فڕکە فڕک و هەڵبەز دابەزەوە قاقا پێدەکەنی. بوغزێکی قورس ئەوکی جاشکەکەی گووشی و کتوپڕ دڵی گیرا. هەوڵی دا بەسەر ڕق و تووڕەبوونیدا زاڵ بێ. بە غاردان لەوێ دوور کەوتەوە.
لە دڵی خۆیدا گوتی "ئێرەییم پێ دەبا، بەخیلێکی پیسە و پێی خۆش نییە من لەو جوانتر بم، خۆیشی نە بۆرە و نە سپی، مەیلەو قاوەییە و هیچی تر! هاوڕێیەکی ڕاستەقینە نییە. با بچم دایکم بدۆزمەوە. هیچ نەبێ ئەو دەمناسێ و لێم تێ دەگا! تەنیا ئەوە دەتوانێ چاوی پێم هەڵبێ و پێم بێژێ تا چ ڕادە بەدەو بووم!"
ئەوسا جاشکەکە گەڕایەوە بۆ لای دایکی کە هێشتا لەوەڕگەکەی جێ نەهێشتبوو. ماکەرە قۆزەکە بە کاوەخۆ لە بێدەنگییەکی قووڵدا یۆنجەی کاوێژ دەکرد.
"دایکە! دایکە! هاتمەوە! هاتمەوە!"
ماکەرەکە نیگایەکی ساردی لە مناڵەکەی بڕی.
"ئێوە کێن؟ من ناتانناسمەوە؛ چۆن ئیزنتان بە خۆتان داوە بێنە لەوەڕگەکەمەوە بێ ئەوەی لە دەرگەی پەرژینەکە بدەن؟"
جاشکە بۆرە سپی بووەکە بە پێکەنینەوە گوتی: "دایکە، ئەزم!
- ئەز؟ کەس ناناسم ناوی ئەز بێ. بە هەڵەدا چوون. ئەم ڕووخسارەم پێشتر نەبینیوە. لە کۆڵم بنەوە!
- من کوڕی تۆم، جاشکەکەت، جاشکۆڵە ئازیزەکەت!
- پێم ڕادەبوێرن! سەیرێکی خۆتان بکەن! شێوەی هیچ نادەن، هیچ، سەرەڕای ئەوەش خۆتان بە کوڕی من دەناسێنن! شێت نەبوون!
فرمێسک لە چاوەکانی جاشکەکە شۆڕ بوونەوە: "دایکە، دایکە، من جاشکە خۆشەویستەکەی تۆم، جاشکۆڵەکەت…
- دەبێ شەرم داتانبگرێ! خۆتان لە جێی کوڕی من دادەنێن، جاشکە جوان و بۆر و نەرم و نیانەکەم، لە کاتێکدا کەس نازانێ لە چی و لە کێ دەچن! خێرا لە پێش چاوم ون بن دەنا پۆلیستان بۆ بانگ دەکەم!"
جاشکەکە بەوپەڕی پەشیمانی و چاوی پڕ لە ڕۆندکەوە لەوێ ڕۆیشت. خۆر ئاوا ببوو. ئاسمان ڕەش ڕەش هەڵگەڕابوو. مەلەکان چیتر نەیاندەجریواند. وەرزێڕەکان بە پرتە و بۆڵەوە تێدەپەڕین. گولیلک ژاکابوون. بەهار غەمبار و کەساس بوو و ڕۆژ وەک کاغەزێکی لۆچکراو پێچرابۆوە.
جاشکەکە کە خەمێکی قورس لەسەر دڵی بار ببوو، داخ و پەژارە دایگرت و لەبەر خۆیەوە دووپاتی دەکردەوە: "هاوڕێکانم گاڵتەم پێ دەکەن و، دایکم نامناسێتەوە. چەند گەمژەم کە ویستم سپی بم! چەند گەوجم، چەند گەوجم."
کوڵی گریان و فرمێسکە قەتیسماوەکانی نێو چاوی بەرەو چۆمێکیان پەلکێش کرد کە ئاوە ڕوونەکەی بەسەر بەردە خڕەکان لە خوڕین دابوو. دەستێکی خستە نێو ئاوەکەوە، پاشان دەستەکەی تری، ئینجا قاچێک و دواجار قاچەکەی تری. بەدەم بیرکردنەوە لە دایکی چووە ناو قووڵایی چۆمەکەوە. ماوەیەکی زۆر لە نێو ئاودا مایەوە، هەناسەی قووڵی هەڵدەکێشان، هەنیسکی دەدا، دەچووە نێو فکر و خەیاڵانەوە و تا بڵێی پەشیمان بوو، پاش قەدەرێکی درێژ، دواجار ئاوەکە بە فریای گەیشت و ڕەنگی تووکەکەی وەک پێشووی لێهاتەوە.
جاشکەکە کە بینی دیسان بۆر بۆر بۆتەوە، هیوایەکی زۆری هاتەوە بەر. بازی دایە دەرەوەی ئاوەکە، زەڕاندی و چوارناڵ بەرەو ئەو لەوەڕگەیەی دایکی لێی دەلەوەڕا، غاری دا.
بە پێکەنینەوە هاواری کرد: "دایە، دایە، دایە!"
ماکەرە جوانەکە ئاوڕی دایەوە، جاشکۆڵەکەی خۆی بینی و بزەیەکی هاتێ.
"ئەوەش کوڕی خۆم، ئەوەش کوڕە جوانەکەی خۆم، خەریک بوو نیگەرانت بم. وەی کە قۆزی! تەماشا ئەو تووکەی چۆن دەبریقێتەوە!"
جاشکەکە بەدەم خۆنووساندن بە دەست و پلی دایکییەوە، پێی گوت: "بەڕاستی وایە، چەند خۆشە کە بە جاشکێتی بۆر بی، من گوێم بە قسەکانی تۆ نەدەدا، هەڵە بووم، دان بە خەتاکەمدا دەنێم! بمبوورە دایە گیان!
- خۆشم دەوێی جاشکۆڵەکەم. بەم زووانە دەبی بە پیاو، بە دونیادا دەگەڕێی، وڵاتان دەبینی، فێری ژیان دەبی… ژیان، ژیان، ژیان ئەو شتە نییە لە نێو کتێبەکاندا نووسراوە، ژیان دەکرێ خۆش و دڵڕفێن بێ، بەڵام ژیان ئەگەر جارجارە پەمەیی نییە، ڕەنگ گۆڕین نایکاتە باشترین شت.
خۆت وەک خۆت خۆش بوێ
ئەوانی ترت وەک خۆیان خۆش بوێ.
ئەوەی ڕاستی بێ کوڕە ژیکەڵانەکەم، ئەمە دەکرێ وانەکە بێ."
۱۳۹۵/۰۸/۱۶
خۆپیشاندانی کوردانی دانیشتووی سویسرا لە زوریخ و بێڕن
![]() |
| وێنە: Keystone |
نزیکەی هەزار کورد ڕۆژێ شەممە (٥ی نۆڤامبر) لە شاری زوریخی سویسرا دژ بە سەرۆک کۆماری تورکیا ڕەجەب تەیپ ئەردۆغان خۆپیشاندانیان ئەنجام دا. بارانی بەخوڕ نەیتوانی پێش بە خۆپیشاندەران بگرێ کە لە Helvetiaplatz یەکیان گرت و دواتر بەرەو ناوەندی شار مەشیان. خۆپیشاندەران گرتنی نوێنەرانی کورد لە تورکیایان شەرمەزار کرد و دروشمی نەمان بۆ دیکتاتۆڕیان بەرز کردەوە.
ڕۆژێک پێشتر واتە هەینی بە دەیان کورد لەو شارە کۆببوونەوە و هەتا بەردەم کۆنسوڵخانەی تورکیا ڕێیان پێوابوو.
هەمان ئێوارە، نزیکەی ٤٠٠ کورد لە بێڕنی پایتەخت لە کاتێکدا ئاڵای پارتی دیموکراتیکی گەلان (هەدەپە)یان بەرز کردبۆوە، هەوڵیان دا خۆیان بگەیەننە بەردەم باڵوێزخانەی تورکیا بۆ ئەوەی گرتنی پەرلەمانتارانی کورد مەحکووم بکەن، بەڵام لە لایەن پۆلیسەوە پێشیان پێ گیرا. بە وتەی پۆلیس، خۆپیشاندانەکە بێ مۆڵەت بووە.
ژێدەر: 24heures
۱۳۹۵/۰۸/۰۶
"نهدهبوو" | خالید حیسامی (هێدی)
![]() |
| مامۆستا هێدی (٢٧.١٠.٢٠١٦ - ١٩٢٧) |
دڵ ئهگهر مهیلی به دڵداری نهدابا نهدهبوو
خهم کراسێک بوو به بهژنی نهبڕابا نهدهبوو
مهستی ئهو خاترهی ئهمباتهوه جێژوانی کۆن
به دزی بایه، دهسم ڕۆ نهکرابا نهدهبوو
ئهو خهیاڵهی له خهوێدا شهوێ پێی ڕادهپهڕم
دڵی دێوانه به ڕۆژ لێی نهدوابا نهدهبوو
پڕ له چیرۆکی من و تۆ بووه شار و باژێڕ
ئیتر ئهو پهرده بڵێی ههر نهدڕابا نهدهبوو
من له دووی یار و نهیاریش ئهوه به دوای منهوه
لهو گهڕابام من و، ئهو لهمنی گهڕابا نهدهبوو
هێنده ساڵهی که دهڵێن: کورد ههیه ڕزگاری دهوێ
پهت و سێداره ئهگهر ههڵنهخرابا نهدهبوو؟!
کورد پهکی کهوتووه بۆ دوژمنی! دیاره بۆیه
خۆبهخۆ یهکیهتی ههبوایه تهبا با نهدهبوو!
ئهوی لهو خاکه چهکی بۆ گهلهکهی دهس دایه
پڕ مهترسی بوو براکهم ئهگه مابا نهدهبوو
سهری بۆ دوژمنهکهی شۆڕ نهدهکرد پێشمهرگه
ژن و منداڵی وهبهر تۆپ نهدرابا نهدهبوو
کورد لهسهر مافی ڕهوای خوێن له برینی دهڕژا
دوژمنی تینوو دهمی پێوه نهنابا نهدهبوو
ژهنگی هێناوه له کالانهکهیا تیخی زوان
مشت و ماڵێک نهکرابا نهسوابا نهدهبوو
خوێنمژی دهوروبهری تێر نهدهبوون ئاخر، کورد
وهک گهلانی دی به سهربهستی ژیابا نهدهبوو
دڵی کۆستکهوته به دهردانهوه خوێنی تێزا
چهند تنۆکێکی له چاوم نهتکابا نهدهبوو
ئهی وهتهن شهرتی مه بوو "هێدی" لهبهر تۆ بمرێ
مردبایه دهبوو پهیمانی شکابا نهدهبوو!
۱۳۹۵/۰۸/۰۴
چیرۆکێک سەبارەت بە هیچ
ئاسلی ئەردۆغان
لە تورکییەوە: سەلاحەدین بایەزیدی
بە بێدەنگی هاتۆتە ژوورێ، یەکسەر خۆی گەیاندۆتە ئێوە. سەروسەکوتی پەشۆکاوە. تەنانەت بە نیونیگایەک تێ دەگەن دەروونی پڕە لە قسە و دەیەوێ هەڵیانڕێژێ. گەر بێت و خۆی لێ بدەن، وێدەچێ چەندین سەعات بەدەم هەڵبەز دابەزین و ناڵەناڵەوە، خۆ بە خۆ پێ بکەنێ و قسە بکا. قسەکردنێکی نائاسایی و ترسناک کە بە هیچ شێوەیەک سووکنایی بە کەس نابەخشێ. قسەکردنێک کە نازانی ناوی لێ بنێی هاتەران پاتەران یان چوونە ناو بنج و بناوانەوە.
بە پەرۆشەوە چاوەڕوانی یەکەم ڕستەی دەکەن. ڕەنگە بڵێ پەرێشان دیارن. بە ڕاستیش پەرێشان دیارن. لەوانەیە دەست بکا بە گێڕانەوەی چیرۆکێک: شەوێکی گەرمی ئاخروئۆخری نیسانی ساڵی ١٩٩٤ بوو. ڕادەوەستێ، جگەرەیەک دادەگیرسێنێ، هەمدیس هەوڵ دەدا دەست پێ بکاتەوە: جارێکیان، لە شوێنێکی زۆر دوور لێرە، لە پارزەمینێکی تر و شەوێکی تردا، لە نێو جەرگەی تێکهەڵچوونێکدا تێ گیرابووم. شەوێکی گەرمی ئاخروئۆخری نیسانی ساڵی ١٩٩٤ بوو.
ڕەنگە پاش ئەم دوو ڕستە ڕوون و ئاشکرایانەی سەرێ، جارێکی تر نەتوانێ تێ هەڵبێتەوە، نەتوانێ لەسەر لق و پۆپەکانی پێشوو هەڵنیشێتەوە، ڕستەی بێ سەروبەرە بە دووی یەکدا ڕیز بکا یان دەنا ڕستەگەلی قووڵ، ئاڵۆز و لێک پەیوەنددراو بە داوێکەوە کە خۆ بە دەستەوە نادا. کۆمەڵێک وشەی دووپاتە کە لە جێی خۆیاندا بەکار نایەن، سێ خاڵی ئەوتۆ کە لە بۆشایی زیاتر هیچ واتایەک ناگەیەنن، ئەو فاریزانەی کە دەڵێن: "کەمێک بێدەنگ بە، پشوویەک بدە"... ئاخۆ ئەمە شەڕێکی سەختە دژ بە بێ واتایی، دەست بە یەخەبوونێکی کوێرانەیە یان تەقەڵایەکە بۆ وە قسەهێنانی دونیا، کەس نازانێ. هەرچی بێ، قسەکانی پڕن لە ناهومێدییەکی لەڕادەبەدەر، هەروا بە نیوەچڵی دەبێتە بەرسڤی هەموو شتێک. وەک هەمیشە، هێز و توانای بەردەوامبوون لە خۆیدا دەدۆزێتەوە. هەڵبەت بە پێی پێویست جگەرەی پێیە… ئا لەو ساتەدا دەڵێ، کە بەسەر شۆستەدا ڕێم دەکرد، لە پڕێکا، مانگی نیسانی ساڵی ١٩٩٤، لە شەوێکی دووری پارزەمینێکی دوور، لە کاتێکا لە نێو چەند دزێکی ئۆتۆمبێلدا مابوومەوە، یانی لە نێوەڕاستی ئەو گولـلانەی منیان نەکردبووە ئامانج و هەروەها خۆشیان لێ نەدەبواردم… یانی بە ڕاستی کوێرانە، بە ڕاستی نادادپەروەر… ئەو کاتەی دزەیان قۆڵبەست کرد، کەلەبچەیان لێ دا و بردیانە پشت دیوارەکە… ئا لەو ساتەدا شتێکم بینی کە پێشتر هەرگیز نەمبینیبوو...
لێرەدا ڕادەوەستێ، لە نێوان لێوەکانیدا ئەمدیو و ئەودیو بە بێدەنگی دەکا. خۆی بێ هێز و داماو دێتە بەرچاو… ناتوانێ بڕیار بدا لە کوێ، کەنگێ، لە پەنا خۆی یان لە شوێنێکی زۆر دوور، لە شەوێکی پارزەمینێکی دوور بە دوای ڕاستیدا بگەڕێ…
جا مەرگ و ژین بە بەر چاوما دەهاتن و دەچوون، کە ڕاوەستام و سەیرم کرد، شتێکم بینی کە تا ئەو ساتە هەرگیز نەمبینیبوو: گەورەیی دونیا… دواتر، زۆر دواتر بە بڕیارە گەیشتم خەونێک بوو بەسەر یەکەوەم نابوو. بەڵام هێشتاش نەمتوانیوە ناوێک لەم خەونە بنێم.
کتوپڕ بێدەنگ دەبێ، چاوەکانی زەق زەق لە ئێوە دەبڕێ، لەو بۆشاییە دەڕوانێ وا ڕەنگدانەوەی ئێوەیە. هەست بە بەرتەسکبوونەوەی هۆشیاریی و پچڕانی پەیوەندیی نێوان وشەکان و ماناکانیان دەکەن. ئیتر، لەسەر یەکێک لە خاڵە کوێر و مردووەکانی ژیانە. چیرۆکەکەی لە نێوان سنووری گوتراو و نەگوتراودا تەواو دەبێ و ئێوە بە مەراقەوە چاوەڕێ دەبن ئاخۆ هەمدیس هێزی ئەوەی دێتەوە بەر لەو شوێنە هەڵفڕێتەوە وا پێی گەیشتووە.
بەو چاوانەی هەرچەند زەقن، بەڵام دەرگەکانی توند توند پێوە دراون، قەدەرێک هەروا دەڕوانێ. لە پڕێکا دەڵێ: "ئەوەی ڕاستی بێ، ئێمە قسەیەکمان بۆ گوتن پێ نییە، هاوڕێم!" ڕێک لەو کاتەدا، دەبێ ئیتر لەسەر مێزەکە هەستێ، بڕوا و بچێتەوە نێو قاوغی خۆی. تێدەگەن کاتی ئەوە هاتووە بە هەموو هێزی خۆی ئەو بێدارییە بگێڕێتەوە بۆ دواوە و فەرامۆشی بکا کە بە ژان و ترس و ڕۆندک بەدیی هێناوە… تێدەگەن ئەوەی ڕاستی بێ ئەو فیشەکانەی لە دزە قۆڵبەست کراوەکە گیراون، بەر ئەمیش کەوتوون، لەو ساتەوە، بە مەرگی پیاوە کەلەبچە بە دەستەکە مردووە. ئیتر مەرگ بە دەنگی ئەو دێتە دوو... بۆیەش وشەکانی، وەک ئەو ئاوێنانەی سەردەمی میسری کۆن لەگەڵ مردووان دەنێژران، چ سوودێکیان بۆ زیندووان نییە… دەزانن مرۆڤێکی تێکشکاوە… زۆر پێش ئێستا، ڕەنگە وەک خۆی دەڵێ مانگی نیسانی ساڵی ١٩٩٤ تێكشکابێ، زۆر لێرە دوور، ڕەنگ بێ لە پارزەمینێکی بە ڕاستی دوور کەوتبێتە نێو حەپسی نیگای… ئەو نیگایەش هێشتا نەبڕابێتەوە، ئەو شەوەش هێشتا کۆتایی نەهاتبێ... لەو ساتەوەش بەدوا، ئیدی دونیا ڕووی لێ وەرگێڕاوە، لەوانەیە خۆی لە بێدەنگییەوە پێچابێ تاکوو شان و شکۆی لەدەست نەدا… یان دەنا ڕەنگە تەنیا ڕستەیەک بێنێتە سەر زمان…
''ئەوەی ڕاستی بێ، ئێمە قسەیەکمان بۆ گوتن پێ نییە، هاوڕێم!''
بە پەرۆشەوە چاوەڕوانی یەکەم ڕستەی دەکەن. ڕەنگە بڵێ پەرێشان دیارن. بە ڕاستیش پەرێشان دیارن. لەوانەیە دەست بکا بە گێڕانەوەی چیرۆکێک: شەوێکی گەرمی ئاخروئۆخری نیسانی ساڵی ١٩٩٤ بوو. ڕادەوەستێ، جگەرەیەک دادەگیرسێنێ، هەمدیس هەوڵ دەدا دەست پێ بکاتەوە: جارێکیان، لە شوێنێکی زۆر دوور لێرە، لە پارزەمینێکی تر و شەوێکی تردا، لە نێو جەرگەی تێکهەڵچوونێکدا تێ گیرابووم. شەوێکی گەرمی ئاخروئۆخری نیسانی ساڵی ١٩٩٤ بوو.
ڕەنگە پاش ئەم دوو ڕستە ڕوون و ئاشکرایانەی سەرێ، جارێکی تر نەتوانێ تێ هەڵبێتەوە، نەتوانێ لەسەر لق و پۆپەکانی پێشوو هەڵنیشێتەوە، ڕستەی بێ سەروبەرە بە دووی یەکدا ڕیز بکا یان دەنا ڕستەگەلی قووڵ، ئاڵۆز و لێک پەیوەنددراو بە داوێکەوە کە خۆ بە دەستەوە نادا. کۆمەڵێک وشەی دووپاتە کە لە جێی خۆیاندا بەکار نایەن، سێ خاڵی ئەوتۆ کە لە بۆشایی زیاتر هیچ واتایەک ناگەیەنن، ئەو فاریزانەی کە دەڵێن: "کەمێک بێدەنگ بە، پشوویەک بدە"... ئاخۆ ئەمە شەڕێکی سەختە دژ بە بێ واتایی، دەست بە یەخەبوونێکی کوێرانەیە یان تەقەڵایەکە بۆ وە قسەهێنانی دونیا، کەس نازانێ. هەرچی بێ، قسەکانی پڕن لە ناهومێدییەکی لەڕادەبەدەر، هەروا بە نیوەچڵی دەبێتە بەرسڤی هەموو شتێک. وەک هەمیشە، هێز و توانای بەردەوامبوون لە خۆیدا دەدۆزێتەوە. هەڵبەت بە پێی پێویست جگەرەی پێیە… ئا لەو ساتەدا دەڵێ، کە بەسەر شۆستەدا ڕێم دەکرد، لە پڕێکا، مانگی نیسانی ساڵی ١٩٩٤، لە شەوێکی دووری پارزەمینێکی دوور، لە کاتێکا لە نێو چەند دزێکی ئۆتۆمبێلدا مابوومەوە، یانی لە نێوەڕاستی ئەو گولـلانەی منیان نەکردبووە ئامانج و هەروەها خۆشیان لێ نەدەبواردم… یانی بە ڕاستی کوێرانە، بە ڕاستی نادادپەروەر… ئەو کاتەی دزەیان قۆڵبەست کرد، کەلەبچەیان لێ دا و بردیانە پشت دیوارەکە… ئا لەو ساتەدا شتێکم بینی کە پێشتر هەرگیز نەمبینیبوو...
لێرەدا ڕادەوەستێ، لە نێوان لێوەکانیدا ئەمدیو و ئەودیو بە بێدەنگی دەکا. خۆی بێ هێز و داماو دێتە بەرچاو… ناتوانێ بڕیار بدا لە کوێ، کەنگێ، لە پەنا خۆی یان لە شوێنێکی زۆر دوور، لە شەوێکی پارزەمینێکی دوور بە دوای ڕاستیدا بگەڕێ…
جا مەرگ و ژین بە بەر چاوما دەهاتن و دەچوون، کە ڕاوەستام و سەیرم کرد، شتێکم بینی کە تا ئەو ساتە هەرگیز نەمبینیبوو: گەورەیی دونیا… دواتر، زۆر دواتر بە بڕیارە گەیشتم خەونێک بوو بەسەر یەکەوەم نابوو. بەڵام هێشتاش نەمتوانیوە ناوێک لەم خەونە بنێم.
کتوپڕ بێدەنگ دەبێ، چاوەکانی زەق زەق لە ئێوە دەبڕێ، لەو بۆشاییە دەڕوانێ وا ڕەنگدانەوەی ئێوەیە. هەست بە بەرتەسکبوونەوەی هۆشیاریی و پچڕانی پەیوەندیی نێوان وشەکان و ماناکانیان دەکەن. ئیتر، لەسەر یەکێک لە خاڵە کوێر و مردووەکانی ژیانە. چیرۆکەکەی لە نێوان سنووری گوتراو و نەگوتراودا تەواو دەبێ و ئێوە بە مەراقەوە چاوەڕێ دەبن ئاخۆ هەمدیس هێزی ئەوەی دێتەوە بەر لەو شوێنە هەڵفڕێتەوە وا پێی گەیشتووە.
بەو چاوانەی هەرچەند زەقن، بەڵام دەرگەکانی توند توند پێوە دراون، قەدەرێک هەروا دەڕوانێ. لە پڕێکا دەڵێ: "ئەوەی ڕاستی بێ، ئێمە قسەیەکمان بۆ گوتن پێ نییە، هاوڕێم!" ڕێک لەو کاتەدا، دەبێ ئیتر لەسەر مێزەکە هەستێ، بڕوا و بچێتەوە نێو قاوغی خۆی. تێدەگەن کاتی ئەوە هاتووە بە هەموو هێزی خۆی ئەو بێدارییە بگێڕێتەوە بۆ دواوە و فەرامۆشی بکا کە بە ژان و ترس و ڕۆندک بەدیی هێناوە… تێدەگەن ئەوەی ڕاستی بێ ئەو فیشەکانەی لە دزە قۆڵبەست کراوەکە گیراون، بەر ئەمیش کەوتوون، لەو ساتەوە، بە مەرگی پیاوە کەلەبچە بە دەستەکە مردووە. ئیتر مەرگ بە دەنگی ئەو دێتە دوو... بۆیەش وشەکانی، وەک ئەو ئاوێنانەی سەردەمی میسری کۆن لەگەڵ مردووان دەنێژران، چ سوودێکیان بۆ زیندووان نییە… دەزانن مرۆڤێکی تێکشکاوە… زۆر پێش ئێستا، ڕەنگە وەک خۆی دەڵێ مانگی نیسانی ساڵی ١٩٩٤ تێكشکابێ، زۆر لێرە دوور، ڕەنگ بێ لە پارزەمینێکی بە ڕاستی دوور کەوتبێتە نێو حەپسی نیگای… ئەو نیگایەش هێشتا نەبڕابێتەوە، ئەو شەوەش هێشتا کۆتایی نەهاتبێ... لەو ساتەوەش بەدوا، ئیدی دونیا ڕووی لێ وەرگێڕاوە، لەوانەیە خۆی لە بێدەنگییەوە پێچابێ تاکوو شان و شکۆی لەدەست نەدا… یان دەنا ڕەنگە تەنیا ڕستەیەک بێنێتە سەر زمان…
''ئەوەی ڕاستی بێ، ئێمە قسەیەکمان بۆ گوتن پێ نییە، هاوڕێم!''
ئاسلی ئەردۆغان:
ئاسلی ئەردۆغان، ڕۆماننووس، ڕۆژنامەڤان و فیزیازان و داکۆکیکاری مافەکانی مرۆڤ ساڵی ١٩٦٧ لە ئەستەنبوڵی تورکیا لەدایک بووە. ساڵی ١٩٩٣ یەکەم ڕۆمانی چاپ و بڵاو بۆتەوە. لە نێوان ساڵانی ١٩٩٩ و ٢٠٠٠ گۆشەنووسی ڕۆژنامەی "ڕادیکاڵ" بووە کە ڕۆژنامەیەکی چەپ بوو و لە ساڵی ٢٠١١ەوە بۆتە نووسەری ڕۆژنامەی "ئوزگور گوندەم"، ئەو ڕۆژنامەیەی هاوینی ئەمساڵ بە بیانووی پڕوپاگەندە بۆ پەکەکە لە لایەن تورکیاوە داخرا و ئاسلی ئەردۆغان لەگەڵ بیست کەسی تر لە نووسەران و هاوکارانی ڕۆژنامەکە ڕۆژی ١٧ی ئاگۆستی ٢٠١٦ قۆڵبەست کرا.
ئاسلی ئەردۆغان، سێپتەمبری ئەمساڵ لە لایەن یانەی قەڵەمی سویدەوە خەڵاتی تۆخۆلۆسکی پێ بەخشرا.
ئاسلی ئەردۆغان، سێپتەمبری ئەمساڵ لە لایەن یانەی قەڵەمی سویدەوە خەڵاتی تۆخۆلۆسکی پێ بەخشرا.
ئەم چیرۆکە لە ژمارە ٥٢٥ی ڕەخنەی چاودێردا بڵاو بۆتەوە.
۱۳۹۵/۰۷/۲۲
بۆب دیلان خەڵاتی نۆبێلی ئەدەبی وەرگرت
بۆب دیلان، گۆرانیبێژ و شاعیری ئەمریکی خەڵاتی نۆبێلی ئەدەبیاتی پێ بەخشرا.
ئەکادیمیای نۆبێل لە سوید، ڕۆژی پێنجشەممە (١٣ی ئۆکتۆبر) بۆب دیلان، گۆرانیبێژ و شاعیری ئەمریکی، بە براوەی خەڵاتی ئەدەبیاتی ٢٠١٦ ڕاگەیاند.
ئەکادیمیای نۆبێل هۆکاری بەخشینی ئەم خەڵاتە بە بۆب دیلانی بۆ "داهێنانی دەربڕینی شاعیرانەی نوێ لە دووتۆیی گۆرانیی کەلەپوری ئەمریکی" گەڕاندۆتەوە.
بۆب دیلان بە یەکێک لە کاریگەرترین سیماکانی مۆسێقای هاوچەرخی ئەمریکا دێتە ئەژمار.
خەڵاتی نۆبێڵ بۆ ئەدەبیات زۆرتر بۆ بەرهەمی چیرۆک و شیعر بە نووسەران دراوە و بۆب دیلان یەکەم گۆرانیبێژە ئەم خەڵاتە وەردەگرێ. سڤێتلانا ئالێکسیڤیچیش کە ساڵی ٢٠١٥ خەڵاتەکەی پێ بەخشرا، لەو دەگمەن نووسەرانە بوو بۆ بەرهەمی تری جیاواز لە ڕۆمان و شیعر ئەم خەڵاتەی بردەوە. دیارە پێشتر برتراند راسێل و وینستۆن چڕچیلیش بە هەمان شێوە ببوونە خاوەنی خەڵاتی نۆبێلی ئەدەبی.
بۆب دیلان ساڵی ١٩٤١ لەدایک بووە و خاوەنی زیاتر لە پێنجسەد ئاواز و گۆرانییە.
پار، سڤێتلانا ئالێکسیڤیچ، نووسەری بلاڕووسی ئەم خەڵاتەی وەرگرتبوو.
پار، سڤێتلانا ئالێکسیڤیچ، نووسەری بلاڕووسی ئەم خەڵاتەی وەرگرتبوو.
۱۳۹۵/۰۷/۰۹
وتوێژی ڕۆژنامەی LE TEMPSی سوییسی لەگەڵ سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان
ڕۆژنامەی لۆتۆن
وەرگێڕ لە فەرەنسییەوە: سەلاحەدین بایەزیدی
نوێنەرانی کوردی عێراق لەگەڵ ئەوەدا نەبوون ماوەی سەرۆکایەتی مەسعوود بارزانی درێژ بکرێتەوە، بەڵام ڕۆژئاوا کە تەواو بە هێرشەکەی سەر موسڵەوە سەرقاڵە، وا دەنوێنێ لەمە بێئاگایە.
ژماردنی پێچەوانەوە دەستی پێکردووە. هێزەکانی سوپای عێراق، هێزەکانی ڕۆژئاوا و پێشمەرگە خۆیان بۆ هێرشی موسڵ، دووهەم شاری گەورەی عێراق ئامادە کردووە کە لە ساڵی ٢٠١٤ەوە لە ژێر چنگی ڕێکخراوی دەوڵەتی ئیسلامی (داعش) دایە. ڕەنگە ئیتر لەمەودوا مەسەلەی ئەمڕۆ و سبەی بێ: ژمارەیەکی زۆر بەرپرس ڕۆژی ١٩ی ئۆکتۆبریان بۆ هێرشەکە دەستنیشان کردبوو.
نیشانەیەک وەک زۆر نیشانەی تر: ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا پەسندی کردووە ٦٠٠ کەسی زیاتر ڕەوانەی شەڕەکە بکات. ئەمریکییەکان (ئێستا زیاتر لە ٤٠٠ سەربازیان لە مەیدانەکە هەیە)، هەروەها بریتانیاییەکان، فەرەنسییەکان و ئاڵمانەکان، کەم و زۆر بە ڕاشکاوی، بە شێوەیەکی چالاک پشتیوانی خۆیان بۆ کوردەکانی عێراق دەربڕیوە کە ڕۆڵێکی سەرەکیی دەبینن لە گرتنەوەی ئەم شارەی بۆتە مەتەرێزی ٤٠٠٠ شەڕکەرێکی داعش لە نێو جەرگەی جەماوەرێکی سڤیلی زیاتر لە یەک میلیۆن کەسدا.
سەرۆکی هەرێمی کوردەکانی عێراق، مەسعوود بارزانی، لەم پێناوەدا هەموو هەوڵێک دەدا. ماوەیەکی کورت لەمەوپێش لە پاریس لە لایەن سەرۆک کۆمار فرانسوا ئۆلاندەوە پێشوازی لێکرا؛ لە کردەوەدا هەموو ڕۆژێ پەیوەندیی لەگەڵ ئەمریکییەکان (و بە تایبەتیش جێگری سەرۆک کۆمار جۆ بایدن) هەیە. جگە لەمەش: ڕۆژی پێنجشەممە، سەردانی بەغدا دەکا، لە کاتێکدا پەیوەندییەکانی نێوان دەوڵەتی عێراق و هەرێمی کوردستان لەوپەڕی خراپی دان. بەغدا ماوەی دوو ساڵە لە داهاتی فیدڕاڵ بودجەی هەرێمی نەداوە لە کاتێکدا بە تیۆری دەبێ ئەم بودجەیە بە هەولێری پایتەختی کورد بدا.
گەلۆ مەسعوود بارزانی، قارەمانی ڕووخانی بەرنامە بۆ داڕێژراوی دوایین قەڵای جیهادیستەکانە لە عێراق؟ بەڵام یوسف محەممەد سادق، سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان کە بە سەردانێک لە "بێرن"ە، دەڵێ: "بارزانی چیتر سەرۆکی یاسایی ئێمە نییە. چیتر نوێنەرایەتی ئێمە ناکا."
مەسعوود بارزانی کە لە ٢٠١٣ەوە دوو خوولی سەرۆکایەتی تەواو کردووە، توانی لە پەرلەمان ماوەی سەرۆکایەتییەکەی بۆ ماوەی دوو ساڵ بە شێوەیەکی "ئاوارتە" درێژ بکاتەوە. پار، ئەو داخوازییەی هەمدیس نوێ کردەوە. کەچی لە لایەن زۆرینەی پەرلەمانەوە ڕەت کرایەوە. لە لایەکی ترەوە، سەرۆک لە ئۆکتۆبری ڕابردووە لە بەردەم کۆبوونەوەی پەرلەمان بۆتە ئاستەنگ. "هەوڵم دا بچمە هەولێر. لێ لە بازگەیەک لە لایەن کۆمەڵێک پیاوی چەکدار بەربەست کرام. بە هەمان ئەو چەکانەی ڕۆژئاوا ناردبوونی تاکوو شەڕی داعشیان پێ بکرێ"، سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان بە بزەوە وا دەڵێ. ئا بەمجۆرە نزیکەی ساڵێکە سەرۆکی پەرلەمان ناتوانێ پێ بنێتە پایتەختی کوردستانەوە.
یوسف سادق دەڵێ لە ناخی دڵەوە ئاواتەخوازە پێشمەرگە بۆ هەتاهەتایە بەسەر جیهادییەکاندا سەرکەوێ. بەڵام لە بێرن، هەروەک ژنێڤ، لەو شوێنەی چاوی بە بەرپرسانی نەتەوەیەکگرتووەکان کەوت، ناوبراو جەختی لەسەر مەترسییەکانی چاونوقاندن لە حاند ئاریشەی ملهوڕانەی رژیمێکی دۆست بە بیانووی بەرەنگاربوونەوەی دوژمنێکی هاوبەش کردەوە. بە کورتی دەڵێ: "ئێمە سوپاسگوزاری کۆمەڵگەی نێونەتەوەیین بۆ یارمەتییەکانیان. بەڵام ناکرێ کوردەکان تەنیا وەک قوربانی بەکار بێن. کوردەکان بەس سەرباز نین، بەڵکوو ئەوانیش مرۆڤن و کۆمەڵێک ئارمانجی تریان هەیە."
سەرۆکی (پێشوو) مەسعوود بارزانی، پۆستی سەرۆک وەزیرانی داوە بە برازاکەی. یەکێک لە کوڕەکانی بەرپرسی هێزی سەربازییە. یەکێکی تریان ڕاوێژکارێکی سەرەکی خۆیەتی. سەرۆکی پەرلەمان دەڵێ: "سەرجەم پۆستەکان بەسەر بنەماڵەکەی و خزمەکانیدا دابەش کراون." یوسف سادق لەم ڕووەوە پێی وایە: هەروەها هۆزی بارزانی سەرمایەکی زۆریان ڕفاندووە، پارەیەکی زۆریان لە خەزانەی دەوڵەت "حەپەلووش" کردووە کە حاڵی حازر لە سویسرایە.
ناوچەکە خاوەنی یەکێک لە گرنگترین سەرچاوەکانی نەوت و گازە لە جیهاندا. بەڵام لە ڕووی ئابوورییەوە تەواو تێک شکاوە. یوسف سادق ئاماژە بەوە دەکا: "ئەمە پرسێکی سەرەکییە. لە بەرامبەر گشت ئەو مەترسییانەی لە ناوچەکە هەن، ڕۆژئاوا دەبێ پشت بە شەریکێکی کوردی تەندروست و دیموکرات ببەستێ. ئەمە تاقە ڕێگەی درێژخایەنە بۆ نانەوەی بەربەست بەرامبەر بە توندئاژۆیی."
مەسعوود بارزانی لە بەغدا، لە چاوپێکەوتنەکەیدا لەگەڵ حەیدەر عیبادی سەرۆک وەزیرانی عێراق، پەیتا پەیتا باسی "پاش موسڵ"ی کرد، بەتایبەت خواستی هاوپیشەکەی دڵنیا بکاتەوە کوردەکان لەو هێرشەی دادێ هەوڵ نادەن خاکی حوکمڕانیان بەرفراونتر بکەنەوە. بە پێچەوانەوە، لەمەڕ ئەگەری گواستنەوەی دەسەڵات لە کوردستان عێراق، هیچ شتێک ئاڵوگۆڕ نەکراوە.
اشتراک در:
پستها (Atom)













